وتارێکی سڵاڤۆ ژیژەک سەبارەت بە ئەفغانستان.. لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

هۆکاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی کە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای
لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بکات.

سلاڤۆی ژیژەك
لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

٨٠ هەزار سەربازەکەی تاڵیبان دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و شارەکانیش وەك پوولی دۆمینە دەکەوتن، لەکاتێکدا ٣٠٠هەزار سەربازی سەر بە حکومەت، کە بەهێزترن و بەشێوەیەکی باشتر ڕاهێنراون و چەکی باشتریشیان پێیە، کەچی بێ شەڕکردن خۆیاندا بەدەستەوە و توانەوە.

ئەمە بۆچی ڕوویدا؟

میدیا ڕۆژئاواییەکان پێمان دەڵێن کە دەتوانرێت چەندین لێکدانەوە بۆ ئەمە بکرێت. یەکەمیان میدیایەکی ڕەیسیستی بێشەرمانەیە کە دەڵێت: زۆر بە سادەیی خەڵکی ئەفغانستان ئەوەندە پێگەیشتوونین تا لە مانای دیمۆکراسی تێبگەن، زۆر تامەزرۆی فێندەمێنتاڵیزمی ئایینین (بانگەشەیەکی زۆر بێمانا و بێهاوتا لە گاڵتەجاریدا).
نیو سەدە لەمەوبەر ئەفغانستان وڵاتێکی (تاڕاددەیەك) ڕۆشنبیر بوو، پارتێکی کۆمۆنیستی بەهێزی هەبوو بەناوی پارتی دیمۆکراتی گەلی ئەفغانستان، کەتەنانەت توانی بۆ چەند ساڵێك دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەفغانستان تەنیا ئەوکاتە بوو بە فەندەمێنتاڵیستێکی ئایینی، کە هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکارییەکەی سۆڤیەت وەرگرت، ئامانجی داگیرکارییەکەی سۆڤێتیش ئەوە بوو ڕێ لە کەوتنی پارتە کۆمۆنیستییەکە بگرێت.

لێکدانەوەیەکی تر کە ئەو میدیا ڕۆژئاواییە پێماندەڵێت بریتییە لە تیرۆر، ئەوەی تاڵیبان بێبەزەییانە نەیارە سیاسییەکانی خۆی دەکوژێت.
لێکدانەوەیەکیتریشیان باسکردنە لە ئیمان، بە سادەیی تاڵیبان باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەوەی دەیکەن گوێڕایەڵیکردنی ئەو فەرمانەیە کە خودا خستوویەتیە ئەستۆیان و سەرکەوتنیان مسۆگەرە، بۆیە دەتوانن ددان بەخۆیاندا بگرن، چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەوانە.
لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزتر و ڕیالیستیانەتر بۆ ئەوەی کە بۆچی تاڵیبان توانی جارێکیتر بەو ئاسانی و خێراییە دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێتەوە، بریتییە لە پشێوی و پاشاگەردانییەك کە شەڕی بەردەوام و گەندەڵیی هۆکارەکەیین. ئەمەش ڕەنگە بووبێتە هۆی دروستبوونی بڕوایەك کە هەرچەندە تاڵیبان ستەم بەکار دەهێنێت و یاسای شەریعە پەیڕەو دەکات، بەڵام بەلایەنیکەمەوە هەندێك ئاساییش و سیستەم فەراهەم دەکات.

بەهەرحاڵ، هەموو ئەو لێکدانەوانە وادیارە ڕاستییەکی سادە فەرامۆش دەکەن کە بۆ ئەو تێڕوانینە ڕۆژئاواییە لیبراڵە بۆتەتراوما (خورپەی ڕاتەکێن). ئەویش بێباکیی تالیبانەکانە بەرامبەر ڕزگاربوون و مانەوەی خۆیان بە زیندوویی، هەروەها ئامادەکردنی شەڕکەرەکانیانە بۆ “شەهیدبوون”، بۆ ئەوەی بمرن، نەك تەنیا لە جەنگدا بەڵکو لە کردە خۆکوژییەکانیشدا.
ئەو لێکدانەوەیەی پێیوایە تاڵیبان وەك کۆمەڵێك فەندەمینتاڵیست “بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەیە” کە ئەگەر ئەوان وەك شەهید بمرن دەچنە بەهەشتەوە، ئەمە لەوێدا کورت دەهێنێت کە ناتوانێت جیاوازیی لەنێوان دوو جۆر باوەڕدا ببینێت: باوەڕ بەمانای تێگەیشتنێکی هوشیارانە (دەزانم من دەچمە بەهەشت، ئەوە ڕاستییە) وە باوەڕ وەك وابەستبوون بە پێگەی تایبەتیی کەسەکە خۆیەوە.
بەمانایەکیتر، لەوەدا کورت دەهێنێت بتوانێت توانای ماددی ئایدیۆلۆژیا ڕەچاو بکات “لەم حاڵەتەدا توانای ئیمان”، ئەمەش بە سادەیی لەسەر پتەویی بۆچوونەکانمان نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە چۆن بوونی خۆمانمان وابەستەی باوەڕەکەمان کردووە: ئێمە کەسانێك نین ئەم یان ئەو باوەڕ هەڵبژێرین، بەڵکو ئێمە خودی باوەڕەکەمانین بەو تێگەیشتنەی ئەم باوەڕە ژیانی ئێمەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.

بەهۆی ئەم خەسڵەتەوە بوو فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ کەوتە ژێر جادووی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٨ و دوو جار سەردانی ئێرانی کرد. ئەوەی ئەوی سەرسامکرد تەنیا ئەو هەڵوێستەی قبووڵکردنی شەهیدبوون و ئەو بێباکییە نەبوو بەرامبەر بەوەی کەسێك ژیانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو ئەو سەرسامییەی فۆکۆ وابەستەی ئەو گوزارشتەی خۆی بوو کە لە “مێژووی ڕاستیی”دا باسی دەکات، ئەویش تۆخکردنەوەی فۆرمی پارتیزان و جەنگاوەرانە بۆ گوتنی – ڕاستیی، وە گۆڕان لەڕێی خەبات و تێکۆشانەوە، وەك دژێك بەرامبەر ئارامکردنەوە و ناکاراکردن (بێکاریگەرکردن) و ئاساییکردنەوە کە فۆرمەکانی دەسەڵاتە مۆدێرنە ڕۆژئاواییەکانن. ئەوەی بۆ تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە، کۆنسێپتی ڕاستییە لە کاردا لەناو گوتارە ڕەخنیی – سیاسییەکەدا، کۆنسێپتی ڕاستیی وەك لایەنداریی، وەك ئەوەیتەرخانکرابێت بۆ پارتیزانەکان.

یان، وەك فۆکۆ خۆی باسی دەکات:
“ئەگەر ئەم کەسەی دەربارەی ڕەوایەتی ) یان بڵێین ڕەوایەتییەکان( قسە دەکات باسی ڕاستیی بکات، ئەو ڕاستییە ئیتر ڕاستییە گەردوونییەکەی فەیلەسووف نییە. ئەوە ڕاستە کە ئەوگوتارە دەربارەی جەنگی گشتگیر، “ئەو گوتارەی کە هەوڵدەدات ئەوجەنگەی ژێر ئاشتیی ڕوونبکاتەوە”، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ باسکردنی جەنگ وەك گشتێك وە هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی ڕێچکەی گشتیی جەنگ. بەڵام ئەمە نایکاتە گوتارێکی گشتئامێز یان بێالیەن، بەڵکو هەمیشە گوتارێکی نیگائامێزە )perspective .)تەنیا لەو مەودایەدا مەیلی بۆ گشتگیریی هەیە کە بتوانێت لەیەك دیوی چەمکەکانەوە لێی بڕوانێت، بیشێوێنێت و لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە بیبینێت. بە جۆرێکیتر باسی بکەین، ڕاستیی ئەو ڕاستییەیە کە بتوانرێت تەنیا لە ڕووبەری جەنگەکەی خۆیدا بڵاوبکرێتەوە، لە گۆشەنیگای خواستی سەرکەوتندا و لە کۆتاییشدا، ئەگەر ئەم گوزارشتە گونجاو بێت، بۆ ڕزگاربوونی خودی قسەکەرەکە سەرڕێ بخرێت .”
ئایا دەکرێت گوتارێکی لێکئاڵاوی لەو جۆرە ڕەت بکرێتەوە وەك هێمایەك بۆ کۆمەڵگەی بەرمۆدێرن “سەرەتایی” کە هێشتا نەچۆتە ناو تاکگەرایی مۆدێرنەوە؟ هەروەها دەکرێت ژیانەوەی ئەو “سەرەتایی”یە لەمڕۆدا وەك هێمایەك بۆ گەڕانەوەی فاشیست ڕەتبکرێتەوە؟
وەڵامەکە بۆ هەرکەسێك کەمترین شارەزایی لە مارکسیزمی ڕۆژئاوایی هەبێت ئاشکرایە:
فەیلەسووفی هەنگاریی جۆرج لۆکاش “Lukács György ” ئەوەی ڕوونکردەوە کە چۆن مارکسیزم “ڕاستییەکی گەردوونییە” نەك لەگەڵ ئەوەشدا کە لایەندارانەیە ” partiality ” بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشئامێزە، تەنیا لە پێگەیەکی دیاریکراوی تایبەتییەوە دەستەبەر دەکرێت.
دەشێت ئێمە هاوڕا یان دژەڕای ئەم بۆچوونەبین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوەی فۆکۆ دوور دەکەوتەوە و لە ئێران بۆیدەگەڕا (فۆرمی ناکۆکیخوازیی “جەنگ” بۆ گوتنی ڕاستیی ) بە شێوەیەکی بەهێز لەو تێڕوانینە مارکسیستییەدا بوونی هەیە کە دەڵێت کەوتنە ناو لە خەباتی چینایەتییەوە ڕێگر نییە لەبەردەم زانینی “بابەتیانە”ی مێژوودا بەڵکو ڕەخساندنیەتی.
مانای پۆزەتیڤیستی باو بۆ زانین وەك میتۆدێكی بابەتیانە بۆ واقیع کە بە هۆی وابەستەبونێکی دیاریکراوی تایبەتییەوە نەشێوێنراوە (ئەوەی فۆکۆ بە “فۆرمە ئارامکەر و سستکەر و ئاساییکەرەوەکانی دەسەاڵتی مۆدێرنی ڕۆژئاوا” ناوزەدی دەکات) ئەوە ئایدیۆلۆجیایە بە پوختەترین شێوە – ئایدیۆلۆجیای “کۆتایی ئایدیۆلۆجی”.
لەلایەکەوە زانینێکی “بابەتیانە”ی نا – ئایدیۆلۆجی پسپۆرمان هەیە. لەلایەکی ترەوە تاکە پەرشوبڵاوەکانمان هەیە، کە هەر یەکێکیان ئاگایی خۆیانیان لەسەر خودێتی خۆیان چڕکردۆتەوە ” idiosyncratic” ” ئاگا لەخۆبوون”(ئەو چەمکەی فۆکۆ لەو کاتەدا بەکاریهێنا کە وازی لە ئەزموونە ئێرانییەکەی خۆی هێنا)، شتێکی بچووك کە چێژ بە ژیانی تاکەکە دەبەخشێت.
لەم تێڕوانینەی تاکگەرایی لیبرالیزم، وە وابەستبوونی گەردوونیی، بەتایبەتی ئەگەر مەترسی سەر ژیانیش بگرێتەوە، گوماناویی و نا-ژیرانەیە…
لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی لێکدژییەکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لەکاتێکدا ئەوە زۆر جێی گومانە کە مارکسیزمی تەقلیدی بتوانێت لێکدانەوەیەکی باوەڕپێکەرمان پێشکەش بکات بۆ سەرکەوتنی تاڵیبان، نموونەیەکی تەواو ئەوروپیمان پێشکەش دەکات لەچەشنی ئەوەی فۆکۆ لە ئێران بەدوایدا دەگەڕا ( وە ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەکات)، نموونەیەکە کە بە هیچ ئایینێکی فەندەمێنتاڵەوە گرێنەدراوە، بەڵکو پەیوەستبوونێکی هەموانییە بۆ ژیانێکی باشتر.
پاش سەرکەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە سەرکوت کرا، وە ئێستا ئەم باری سەرکوتکردنە
لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە.
ئایا دەتوانین مەزەنەی گەڕانەوەی ئەو سەرکوتکراوە بکەین لە فۆرمە گونجاوەکەی خۆیدا وەك وابەستە بە ڕزگاربوونی هەموانەوە؟ لەڕاستیدا نەك دەتوانین مەزەنەی بکەین، ئەوە بە هێزێکی زۆرەوە لە دەرگاکانمان دەدات. با تەنیا ئاماژە بۆ کارەساتی گەرمبوونی گەردوون بکەین – ئەوە پێویستی بە هەڵوێستی هەموانیی زۆر گەورە هەیە، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەهیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاهاتووین.
ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاکگەرایی “ئاگا لەخۆبوون” ببین کە هەموو سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی چێژبینینەکانمانە. ئەم کارە بەتەنیا زانستی پسپۆڕ ئەنجامی نادات – بەڵکو پێویستە زانستێکی ڕەگداکوتراوبێت لەوابەستەییەکی هەموانیی قووڵتردا. پێویستە ئەمە وەاڵمەکەمان بێت بۆ تاڵیبان.

https://www.rt.com/op-ed/532207-zizek-taliban-retake-afghanistanreason/?fbclid=IwAR2QuNU24KxE1zs16Tzu9OcwW7OiWHI_DCnGFwrpM0Zj0K0Vk6g9ZKxmIds




دیاردەی قاچاخچێتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و یاریکردن بە ژیان و سەلامەتی خەڵکەوە.. عوسمان حاجی مارف

لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا عەلی حەمە ساڵحی ئەندام پەرلەمانی گۆڕان باسی لە دیاردەی قاچاخچێتی بەرپرسانی حکومەت و حزبەکانی کرد و هەروەها ئاماژەی بە مەترسی ئەو مەوادانە کرد کە قاچاخچێتیان پێوە دەکرێت لەسەر سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانی کوردستان. لە یەکێك لە قسەکانیدا ووتی کە بەرپرس هەیە لە مانگێکدا ٣٦ ملیۆن دۆلاری دەست کەوتوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە هەندێك مەواد لەناو گازوایلی موەلیدەکاندا هەیە کە ژەهر دەکاتە ناو کەشوهەواوەو چەندین مەوادی دیکە دێنە هەرێمەوە بە قاچاخ کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات و چەندین کەس بەهۆی ئەو ژەهرانەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. هەروەها دەلی من بە ڕاپۆرت و بەهەموو جۆرێك ئەو مەترسیەم خستۆتە بەردەم دەسەڵاتداران بەڵام ئەوان ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نیە.
بە هەر شێوازێک عەلی حەمە ساڵح دەیەوێت دەسەڵاتداران ئاگادار کاتەوە لەو مەترسیەو وە خۆشی ئەندامی حزبێکە لە هەمان دەسەڵاتدایە، پێویستە بە وردتر لەو دیاردەیە بروانین و مامەڵەی بکەین.

قاچاخچێتی لە کوردستان دیاردەیەک نیە کە هەر تەنها کاری چەند بەرپرسێکی حزبی بێت و لەو ڕێگایەوە چەندین ملیۆن دۆلار بەدەست بهێنن، بەجیا لەوەی لە زۆر شوێنی سنورەکانی دنیادا ئەم دیاردەی قاچاخچێتیە جۆرێکە لە بازرگانی نا یاسایی، کە لە گەڵ هەردەستکەوتێکی گەورەی چەندین ملیۆن دۆلار بەم جۆرە بازرگانیە، ژیانی هەزاران خەڵکی نەدارو زەحمەتکێش دەبێتە قوربانی، ئەو قاچاخچێتیەی کە عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی پێدەکات وەک مەترسیەک بە کاری چەند بەرپرسێک پێناسەی دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر هاوڵاتیان، لە نمونەی هەمان ئەو جۆرە قاچاخچێتیە کە نمونەکەی وەک قسەمان لەسەرکرد لە زۆربەی سنورەکانی جیهاندا بونی هەیە، بەڵام جیاوازیەک کە پێویستە لە کوردستاندا دەربارەی قاچاخچێتی قسەوباسی لەسەر بکەین، بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت کە هەردووهێزی بنەماڵەو میلیشیای پارتی و یەکێتی و هاوکارانیان، دەوری سەرەکی دەبینن لە سیستماتیک پێکردنی قاچاخچێتی و تاڵانی و گەندەڵی وەک سەرچاوەیەکی دەستکەوتی داراییە بۆ بنەماڵەکان و هێزەکانیان، نەک تەنها بەکەمتەر خەم بۆیان بروانین.

گەر سەرنج بدەن کێشەیەک کەدەورێکی زۆر نەرێنی هەیە لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، قاچاخچێتی نەوت و پەیوەندی ژێربەژێرە بۆ ناردن و ساغکردنەوەی سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەجیا لەوەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار ڕۆژانە بازرگانی بەسەدان هەزار بەرمیل نەوتەوە دەکەن، لەڕێگەی قاچاخیشەوە سەدان هەزار بەرمیلی تر دەچێتە ئێران، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، روسیا..هتد. پارتی و یەکێتی گەورەترین مافیای کۆمپانیای قاچاخن، لەهەمان کاتدا لەسەر سنورەکان کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە هەرچی کەرەسەی ئیکسپایەرو بۆگەن و مەوادی ژەهراویە بەئاسانی دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی کوردستان وە ساغ کردنەوەیان بەبێ تێپەڕبوونیان بە کۆنترۆڵی جۆریدا.

گەر بەڕاشکاوانەتر لەم بارەیەوە لەسەر تەواوی دەسەڵاتی سی ساڵەی ئەم دوو هێزە میلیشیایە بدوێین، ئەوەمان لە یاد نەچوە کە لەیەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیانەوە تەواوی کەرەسەو ئامێرو پێداویستیە تەندروستیەکان و کارەبایی و خزمەتگوازەریەکانیان ئاودیو کرد بۆ ئێران و فرۆشتیان، سنورەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانیان و گەورەترین سەرچاوەی دەستکەوتی سەرمایەکانیان لە ڕێگەی قاچاخچێتیەوە بەدەست دەهێنا، لە ماوەیەکی کەمدا هەردوو بنەماڵەو حزبەکانیان بونە خێزانە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان.
ڕەخنەگرتن لەوەی قاچاخچێتی دیاردەیەکە کە کاری چەند بەرپرسێکی حزبیەو دەسەڵات کەمتەرخەمە بەرامبەری، وە داوابکەین وەک گەندەڵکارانێک لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن، لەبەرئەوەی مەترسین بۆ سەرژیانی هاوڵاتیان، ئەم ڕەوتە لە ڕەخنەو مامەڵە نەک بەهیچ جۆرێک نامانگەینێتە ئەو ئەنجامەی کەئەتوانین فریاد ڕەسی قوربانیەکانی ئەم کارە چەپەڵە بین، بەڵکو دەبێتە وون کردنی ئەو ئومێدو ڕێگایەی کە دەبێتە هۆکاری کۆتایی هێنانی ئەم دەسەڵاتە، واتە علی حمە سالح لەگەڵ خواستی کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە نیە، بەڵکو دەخوازێ چاکسازیەک بخاتە ڕوو کە دەسەڵات بەربە قاچاخچێتی بگرێت ئەمەش مەحاڵە لە خەونیشدا ببینرێت.

بەو مانایەیی پێکهاتەو سروشتی ئەم دەسەڵاتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستکەوتە داراییەکەی کەڵەکەی سەرمایەی قاچاخچێتی و جەردەیی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، واتە خودی ئەم دەسەڵاتەیە بە هەموو پێکهاتەو دەزگاکانیەوە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی خەڵک، پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە هەر ژەهرو کەرەسەیەکی بۆگەن و ئێکسپایەر لە سایەی بەردەوام بونی هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی کارێکی مەحاڵە، هەر کەس و لایەنێکێش، لە چوارچێوەی مانەوەی ئەو دوو بنەماڵەیەو هاوبەش بون لەدەسەڵاتەکەیاندا، بەنیاز بێت ڕێگایەک بۆ پاراستن لەمەترسیەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان پەیدا بکات، ئەوە کارێکی بێ هودەو گەوجانە دەکات، یان هەوڵی چەواشە کاری هاوڵاتیان ئەدات، بەتایبەتی گۆڕان و ئیسلامیەکان هەر قسەیەک لەسەر قاچاخچێتی و گەندەڵی بکەن نابێت جگە لەوەی وەک کاری چەواشەکاری بۆیان بڕوانین چاوەڕوانی ترمان لێیان هەبێت، چونکە بۆ خۆیان بەشێکن لە پارێزەری ئەم سیستمە و پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێک کە بۆ خۆی ژەهرە بۆ هاوڵاتیان.
هەربۆیە ڕزگارکردنی هاوڵاتیان لەهەرمەترسیەکی بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانکاری و هەروەها کەڵەکەی سەرمایە بە کاری بەکرێیەک کە لەهەلومەرجی کاری ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەدایە لە کوردستاندا، تەنها لەڕێگای کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە مەیسەر دەبێت.




بسکەی سمێڵی ئیسلامیەکان بۆسەرکەوتنی تاڵیبان.. مەحمود عەبدوڵڵا

تاڵیبان ئەو گروپە توندڕەوە دواکەوتوە یە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ حوکمی ئەفغانستانیانکرد،ئەوانە گروپێک بون لەدواکەوتو ترین هەرێمەکانی ئەفغانستان .کاتێک دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرت تاڵاویان بەخەڵکی ئەو وڵاتە چێشت،دۆزەخێکیان بۆژنان سازکرد،خەڵکیان بەزۆر ناچار دەکرد بۆنوێژی هەینی ،پۆلیسی ئەمربەچاکەو نەهی لەخراپە بەسەردیواردا و بێ ئیزنی دادگا دەچونە ژورەوە. فەرمانبەری حکومەت ئەگەر سەربەتاڵیبان نەبوایە بەچەند مانگ جارێک موچەی وەردەگرت، کەسێکی سەربەتاڵیبان بۆدامەزراندن ئەوەندە بەس بو ئایەتێکی قورئان بخوێنێ باهیچیش نەزانێ، مۆسیقاو تەلەفزیۆن و گۆرانی یاساغ بوو، ئەنگوستیلەو سەعاتیان لەدەسی پیاوان دەکردەوە و… .بەکورتی شەریعەتیان وەک خۆی جێ بەجێ دەکرد .ئەمە بەشێکە لەونەهامەتیانەی کەوحید مژدە دەیگێڕێتەوە لەسەردەستی تاڵیبان .
ئەو کە خۆی پێنج ساڵ لەوەزارەتی دەرەوەی سەردەمی تاڵیبا ن کاریکردووە لەهەموکەس زیاتر شایەتی کارو کردەوەکانی ئەو گروپە توندڕەوەیە …

بەڵام دوای گەڕانەوەی تاڵیبان کە دیارە بە ئۆکەی ئەمریکا گەڕانەوە. ئەوەی زۆر کۆمیدی یە ئیسلامیەکانی کوردستان دڵیان بە سەرکەوتنی ئەوگروپە خۆشەو پیرۆزبایی لێدەکەن. ئیسلامیەکان بسکەی سمێڵیان دێ دڵیان خۆشە خۆشە لەهەر کوێیەک ئیسلامی سیاسی سەرکەوێت. لە کاتێکدا گروپە ئیسلامیەکان لە پێش هەموو کەسێک لە بریتانیاو ئەمریکا نزیکن. هەموو کەسێک دەزانێت کە لەسەردەمی بەهێزی سۆڤیەت ئەمریکا پشتیوانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکانی دەکرد،لەدژی کۆمۆنیزم،بەناوی پێشتێنەی سەوز . ئێ کەواتا پێویستە خەڵک بپرسێت ئیسلامیەکانی کوردستان چیان دەوێت ؟ ئایا ئەوان دینداری دەکەن یان دەیانەوێت کوردستان بەشێک بێت لەجیهانی ئیسلامی و کێشەکانی ؟بۆچی ئەوان هەمیشە کێشەکانی جیهانی ئیسلامی دێننە ناوخۆ،بۆچی هەرگیز ناتوانن کێشەکانی خۆما ن ببەنە ناوجیهانی ئیسلامی؟ بەواتایەکیتر بۆچی ئەوان کێشەی هەموکەسیان هەیە و کەس کێشەی ئێمەی نییە لەجیهانی ئیسلامیدا؟ محمد حەکیم دەڵێت: تاڵیبان گۆڕاون! پاشان هیوا خوازە پەرە بەخوێندەواری بدەن و ڕێگە بەژنان بدەن بخوێنن و خۆیان لە وابەستەیی بەوڵاتانی دەرەوە بپارێزن.
نازانم ئەم برادەرە چۆن دەزانێ کەگۆڕاون.ئەگەر مەبەستی ئەو لێدوانەی تاڵیبانە کە گوایە ڕێگە بەژنان دەدەن بخوێنن ئەوە لەڕاستیدا تەکتیکی هەموو گروپێکی ئیسلامییە هەموو گروپە ئیسلامیەکان لەئەمڕۆدا ناچاران تا بەتەواوی جێ پێیان قایمدەبێت ئاوا بڵێن ، ساڵی نەوەت وشەش حەسەن ئاخوند کە بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان بوو بە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوری وتبوو:ئێمە دژی ژن وخوێندنی ژنان نین،من حەزدەکەم هاوسەری داهاتوم پزیشک بێت!
.بەڵام دواتر وابو! ئیسلامیەکان جۆرێک لە دوڕویی پەیڕەو بکەن،ئەگینا کاتێک بەتەواوی دەست بەسەر وڵاتدا دەگرن دەبنە پۆلیسی ئەخلاق و شەریعەت دەسەپێنن،وەک عەلیباپیر دەڵێت:”دەبێت بزانی چەندت بۆدەلوێت!ئیتر ڕاستیەکە ئەوەیە بۆلوانە چەندە بۆیان بلوێ ئەوەندە ئەحکام و شەریعەت بەسەر کۆمەڵگا دا دەسەپێنن. جەنابی محمد حەکیم شەریعەت بۆ کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار هاتووە!بۆیە گروپە ئیسلامیەکان ناچارن کۆمەڵگا نەخوێندەواربکەن بۆئەوەی بتوانن شەریعەتی بەسەردا بسە پێنن،دەبێت کۆمەڵگا بێ ئەقڵ بکرێ،تابتوانێت نەقڵ حوکمی بکات.پاشان تاڵیبان خۆیان لەدواکەوتوترین گروپی ئەفغانستان بوون،ئەوان خۆیان بەرهەمی نەخوێندەوارین،چۆن کۆمەڵگا خوێندەواربکەن،ئەوان تەنها دەتوانن کە قورئان و حەدیس بە خەڵک دەرخ بکەن،هەر ئەوەی کە ئیسلامیەکانی خۆشمان دەیکەن لەدەرەوەی پەروەردەی ڕەسمی.ئینجا خوێندەواری فێرکردنی ئەلیف با نییە،بەڵکو فێرکردنی بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەی فەلسەفی،بەڵام ئیسلامیەکانی خۆمان ،خۆیان نەیان هێشتوە کۆمەڵگای ئێمە خوێندەواربێت بەواتای ئەوەی تاکێکی بیرکەرەوەبێت،هەرکەسێک دەستی ئیسلامیەکانی پێ گەیشتبێت بێگومان بێ بەشە لەبیرکردنەوەی ئەقڵانی. پاشان دەڵێت گرنگی بەمافی مرۆڤ بدرێت و لە گەڵ ئیسلام کێشەیان نییە.ئەمە خۆ خەڵەتاندنە،مافەکانی مرۆڤ ڕیشەیا ن لە ئەقڵانیەتی مۆدێرندایە،لەکوێ لەگەڵ ئەمر بەچاکەو نەهی لە خراپە دەگونجێن!وحید مژدە دەڵێت:شکی تێدانیە کە حوکمی ئیسلامی بێ ئەمربەچاکە و نەهی لەخراپە نابێت.عەلیباپیر لەوتارێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە .مافی مرۆڤ وەک وتم ڕیشەیان لە ئەقڵانیەت و ویستی تاکەکاندایە،بەڵام دین و ئەحکامەکانی واتا ویستی خوا و سەرکوتکردنی ئازادیەکان.ئاخر لەکوێدا مرۆڤ مافی ئازادی ڕەئی هەیە لەئیسلامدا بەشێوەیەکی گشتی ناچینە ناو وردەکاری بەڵام ئەوە ئەفسانەی پێش دەسەڵاتی ئیسلامیەکانە.ئەگینا جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە گەڵ ئیسلام بەریەک کەوتنی هەیە ویستی خواو ویستی مرۆڤ دوشتی جیاوازن کاک محمد حەکیم.ئیسلامیەکان هیچیان لەوە بەدەرنین”بەویستی خەڵک بگەنە دەسەڵات و بەویستی خوا حوکم بکەن”ئەوە هەموومان ئەزمونمان لەگەڵیان هەیە بەرچاوەرین نمونەش ئەردۆغانە! واباشترە لەجیاتی ئامۆژگاری تاڵیبان بەخۆتان دابچنەوە و بەرژەوەندی وڵاتی گەلی خۆتان بەبەرژەوەندی ئێران و سعودیەو قەتەر و پاکستان نەفرۆشن ،تاوەکو کوردستا ن وەک ئەفغانستانی لێنەیەت ،مەبەستم هەموو گروپە ئیسلامیەکانە،چونکە بەڕاستی ئەگەر کەسێک پێویستی بە ئامۆژگراری بێت خۆتانن. ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین ئەزانین کە گوتاری توندڕەوی ئاینی بەگشتی و سەلەفیەکان بونە مایەی چ تەخەلوف و دۆگماتیزمێک چۆن ڕک وکینەتان بڵاو کردۆتەوە لە ژێرناوی ئاینداریدا. گوێ لە وحید مژدە بگرن کە دەڵێت: لەئەفغانستان هیچ گروپێک نەبووە بێ پشتبەستن بەوڵاتانی دەرەکی دوای پشتیوانیش بونە هەڵم وەک نمونە حیزبەکەی حیکمەتیار. پاشان ئامۆژگاری ئەوەیە بۆ گەلانی ئەفغان کە بەرژەوەندی گشتی وڵات لەسەروی ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕە. ئیتر وەک چۆن تاڵیبان بۆبەرژەوەندی پاکستانو وڵاتانیتر تاڵاویان بەخەڵک چەشت،ئێوەش بۆ بەرژەوەندی تاڵیبان و وڵاتانیتری ئیسلامی تاڵاو بە گەلی کوردستان مەچێژن. ئاخر ئەمڕۆ تێکەڵ کردنی سیاسەت و ئاین نیشانەی تەخەلو فو دۆگمایی نەبێت هیچیتر نییە،ئەنجامەکەشی ماڵوێرانییە بۆ هەمولایەک .بەداخەوە ئیسلامیەکان ڕاستگۆ نین لەگەڵ خەڵکی کوردستان لەلایەک خۆیان گرێداوە بە وڵاتانیترو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیسلامی دەپارێزن و لەژێرەوە پارەو پول وەردەگرن،وەک چۆن سعودیە پارەی ئەدایە تاڵیبان،تا دواجار عەرەب و ئایدیۆلۆژیاکەیان کردنی بەسینەمایەکی جیهانی.خەڵکی کوردستان ئەوەندەش بێ زاکیرە نییە،تارە بوو برا ئەنساڕەکانتان تاڵاویان بەخەڵکی هەوارامان چێشت.خۆ ئەو برا دینیانەتان تەنها لەسەر دەسەڵات نەبوو کە ناکۆک بون بەڵکو لەسەر ئەوەبو وەک عەلیباپیر لە کۆڕێکدا دەڵێت:لەسەر ئەوەبوو ئێوە دەتانزانی بۆتان نالوێ بەشێوەی جەماعەتی کرێکار توندو تیژی بکەن.لەڕاستیدا نەتاڵیبان گۆڕاون نەئێوەش،بەڵام دەبێ بۆتان بلوێ،چونکە ئەگەر وەک تاڵیبانی کۆن نەکەن ئەوە لە ئیسلام لاتان داوە.
بسکەی سمێڵتان نەیە چونکە دواجار ناچاردەبن بڵێن تاڵیبان تەمسیلی ئیسلام ناکات.

مەحمود عەبدوڵڵا





وەرن دەسا هاوڕێیان.. گەشاوە جاف

هەرگیز بە بیرمدا نەهات
بۆ ساتێک
چرکەیەک
ئێرە جێ بهێڵم.!
ئاخر گەلۆ نەمویست جارێکی دیکە
شەرابی دووری و غوربەت
پێک پێک بنۆشم!
بەڵام ڕەشتکرد
ژیان لەم شارە
بە سەدەها شەو دانیشتم، کاڵ نابێتەوە تاریکی ئەم ڕۆژگارە،
دەسا هاوڕێیان وەرن
دەرمانی کەن دڵەی زامدار
دەناڵێنی دەگری
وەک منداڵێکی باوان دڵ لێ تۆراو،
دەسا وەرن هاوخوێنان
ببینن حال و زارم
ببنە تەبیب بۆ دڵەی زامدارم
ئێوە بلێن بە منی وێڵ و شەیدا
بینوویتانە لێدانی خەنجەری دەستی کەس لە پشتا..!!!

14/08/2021
سلیمانیی
گەشاوە جاف