رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار لە نێوان رۆمانی خۆماڵی و سەربوردەی بێگاناندا

دڵشاد کاوانی ڕۆمانووس و ڕخنەگر.

پێشەکی

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، رۆمانێکی خۆماڵی کوردییە بە پێنووسی رۆماننووسی گەنج و بەتوانا رێبوار وەلی کاوانی لە دوو تووێی (15) بەش و کۆتایی و لە (227) لاپەڕە پێکهاتووە و هەرێم عوسمان پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ کردووە وەک یەکێک لە رۆمانە جوانەکانی ساڵی(2021) چاپ و وەشێندراوە.
رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار ئاستێکی بەرزی مەعریفی نووسەر نیشاندەدات کە لێزانانە یاری بە گێڕانەوەی چیرۆک و سەربوردەکانی کارەکتەری سەرەکی دکتۆر دژوار بە گەڕانەوە و فلاشباگ و لە رێگای شەپۆڵی هەستی و لە جوغزی دۆزینەوەی دەفتەری بیرەوەرییەکانی دژوار لای تارای هاوسەری پاڵەوانی سەرەکی دەبێتە گێڕەوەی سەرەکی رووداوەکانی ژیانی و سەرجەم رووداوە بچووک و گێرەرەوەکانی دیکە وەک شرغەی دەوری پوورە هەنگی رۆمانەکە دەدەن. رۆمانی سەرکەتوو ئەو رۆمانانەن کە خوێنەر بەدوای خۆیان دا پەلکێش دەکەن لە کاتی خوێندەوەیدا. نایشارمەوە ئەم رۆمانەش لەگەڵ دەستپێکی خوێندەوەیدا خستمیە مزاقەوە و لە هەر بەشێکیدا تاروکەی ئەوەم بوو بزانم لە بەشی دواتر چی روو دەدات.
هەموو دەقێکی باش خۆی دەرگای رەخنە بەسەر خۆیدا واڵادەکاتەوە، رەخنەگر ناچار دەکات شووڵی لێ هەڵبکێشێت و بەدوای سەرەداوەکان و جوانیی و ئاریشە و نەنگییەکانی بگەڕێت. لەم سۆنگەیەوە گەرەکمە بە چاوێکی رەخنەگرانە مافی چێژوەرگرتنەکەم رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار بدەمەوە.

چیرۆک و رووداوەکان

چیرۆک و رووداوەکانی ناو رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، باس لە ژیانی گەنجێکی پێنجوێنی دەکات کە بۆ خوێندنی پزیشکی لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی روو لە شاری سلێمانی دەکات، بۆ ئەم مەبەستە خانووێکی چۆڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شار بەکرێ دەگرێت، لەوێ تووشی رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو دەبێت بە تۆمەتی کوشتن و فڕێدانە خوارەوەی پیاوێک لەسەر نهۆمی دووەمی خانووەکەی تۆمەتبار دەکرێت.
بۆیە ساڵێک یان کەمتر لە زیندان دەباتە سەر، دواتر لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە بێتاوانی دەسەلـمێت و دادگا ئازادی دەکات، بەم هۆیەشەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و ساڵانێک یادەوەرییەکانی لە بیر دەچێتەوە.
تا ئێرە بەسەرهاتەکە زۆر ئاساییە، بەڵام کۆی چیرۆکی رووداوەکان لە بیرۆکەی رۆمانە فارسییەکان وەرگیراوە و زۆر بە جوانی رێبوار بەرگی کوردی کردۆتە بەری، بەڵام خۆزیا دەیتوانی چیرۆکەکانی نێو رووداوەکان، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردەواری دەبوون.

تەکنیک و بونیادی گێڕانەوە

تەکنیک و شێوە و شێوازی بوونیادی گێرانەوەی رۆمانەکە، لە ئاستێکی زۆر باش دایە و خاڵی نییە لە تەکنیک و گێڕانەوە رۆمانی پۆستمۆدێرنیزم. رۆماننووس پەیڕەوی سەرجەم بنەما و شەپۆڵە هەستییەکان و فلاشباگ و گەڕانەوە و یاریکردن بە کات و شوێن و زەمینەکانی نێو رۆمانەکەی کردووە، لە گەنجیەتی پاڵەوانەوە دەستپێدەکات و بۆ سەردەمی منداڵی و نوستالیژیای دژوار دەمانگێڕێتەوە و دواتر لە رێگای یاداشتەکان و گێڕانەوەی کارەکتەری سەرەکی. کۆتا، سەرەتا، ناوەند، کۆتا. بەم جۆرە دوو گێڕەوەی سەرەکی دەکەونە بەرچاو، دژوار و دەفتەری یادەوەری، کەمترین کات رۆماننووس وەک گێڕەوە دەردەکەوێت ئەمەش بۆ باڵادەستی نووسەر دەگەڕێتەوە.
بۆگێڕەوەی گشتی تارایە و لاوەکیش ژمارەیەک هاوڕێی زیندانی دژوارن. بەمەش رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار لە تەکنیکەوە بەهێزە، هەرچەندە رۆماننووس رەچاوی لۆژیکی گێڕانەوەی نەکردووە، یاخود دەستی بەسەردا نەشکاوە، کە زۆرترین گێڕانەوەی رۆمانەکە لە دانیشتنێکی نانی بەیانی یەک سەعاتی نێوان تارا و دژوار گێڕداروەتەوە.

ناوەرۆک

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و تێگەیشنێکی قووڵی بۆ کۆمەڵگەی کوردی و کێشە هەنووکەییەکانی تاکی کورد هەیە. رۆماننووس گەرەکییەتی لە رێگەی دژواری پاڵەوانی رۆمانەکە ئاریشە و سەختییەکانی تاکی کوردی نیشانبدات. زۆر بە دیقەت و ورد پەنجە دەخاتە سەر برینەکان و لێهاتووانە فۆڕم و بابەتییانە، رەهەندەکانی ژیانکردنی کەسی کوردی لە رۆمانەکەوە رەنگدەداتەوە، لەوانە دەروونناسیی و یاسا، پزیشک، کەلتور و خوڕاف، ئەمانە و چەندین تەوەری دیکە گەوهەری نێو رۆمانەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆماننووس لە هەندێ شوێن دەکەوێتە نێو هەڵەی زەق و گەورەوە، بۆ نموونە لە لاپەڕە (53) دەڵێت: خۆ ناسینەوەی درۆزنەکان هێندە سەخت نییە، تەنها سەرنج بدە لە کاتی پێکەنین بەبێ بوونی هۆکارێکی لۆژیکی بە دەنگێکی بەرز قاقا پێدەکەنن، یان کاتێک قسە دەکەن دەنگیان زۆر بەرز دەکەنەوە. ئەم تێکستە بۆ ناسینەوەی کەسانی درۆزن هیچ بنەماییەکی دەروونی نییە و مەرج نییە، هەموو کەسی قاقاکێشا و درۆزن بێت، یان کەسانی دەنگ گەورە درۆزنبن. ئەم روانینە دوورە لە زانستی دەروونناسی بۆ کەسە درۆزنەکان.

لە لا(88) دژوار لە زیندانی گەورانی سلێمانی کاتی هەواڵی بێتاوانبوونی خۆی لە نیوە شەودا بە تەلەفۆن بە باوکی دەدات و دەنووسێت: ئەو هەواڵەم بە باوکم گەیاند و نەمدەزانی سەعات چەندە، بەڵام شەو داهاتبوو، باوکم هێندە پەلەی بوو خێرا تەلەفۆنی دایە دەست دایکم و بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت.
لێرەش دوو پرسیار خۆی قیت دەکاتەوە، ئایە بەم نیوە شەوە دژوار چۆن تەلەفۆنی دەست کەوت؟ لە کاتێکدا دژاوار بەندکراوێکە لە زیندانی گەورانی سلێمانی!. ئەی باوکی دژوار کە هەواڵەکە دەبیستێت بۆچی تا بەیانی نەوەستا کە دەوام ببێتەوە و بۆ سلێمانی بەڕێ بکەوێت. راستە ئەو دەڵێت ئەمە خۆشەویستی باوکە بۆ کوڕ، بەڵام ئەگەر باوکی لە نیوە شەودا لە پێنجوێنەوە بێتە سلێمانی شەو لەکوێ دەمێنێتەوە؟ بێ ئەوەی رۆماننووس شوێنی مانەوەی باوکی دژوار ئەو شەوە ئاشکرا بکات و بە نەزانرای دەمێنێتەوە، بۆیە باشتر وابوو بنووسێت: باوکم بەیانییەکەی زوو بەرەو سلێمانی کەوتە ڕێ.

هەروەها لە لا(101) رۆماننووس رووداوی بینینی جنۆکە لای باپیری دژوار کە گێڕەوە دژوارە و لەسەر زاری باپیری وێنای جنۆکە دەکات و دەڵێ: من وام خەمڵاندبوو ئافرەتێک دەبینم باڵای بەقەد باڵای پشیلەیەک بێت، … ئەوەی بینیم زۆر جیاواز هێندە کەڵەگەت بوو ناچاری سەر بڵندکردنەوە دەبووم. لێرە نووسەر پێچەوانەی خورافی وێناکراوی جنۆکە دەکات، چونکە لە دێرزەمانەوە و تا ئێستا هەموو ئەوانەی کە خۆیان بە پسپۆر و شارەزا لە بواری جنۆکەناسی دادەنێن، هەرگیز باسی ئەوەیان نەکردووە، جنۆکە خۆی بێنێتە سەر شێوەی مرۆڤ، ئەم خەسڵەتە بۆ فیرشتەیە نەوەک جنۆکە، چونکە جنۆکە تەنیا دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤ. هەرگیز ناچێتە سەرشێوەی مرۆڤ تەنیا توانای ئەوەی هەیە، خۆی بکات بە پشیلە و سەگ و مار و ئاژەڵی دیکە. ئەگەر بێت و جنۆکە خۆی دەرکەوێت ئەوە رەگەزی جنۆکە باڵای زۆر کورتترە لە مرۆڤی ئاسایی نەوەک کەڵەگەتر، بەم جۆرە بە هەموو پێوەرێکی خورافی و ئەفسانەیی گێڕدراوە لەسەر جنۆکە، راستیی و ناڕاستیی بوونی بەم جۆرە هاتووە.

لە لا (17)داهاتووە، لەسەر زاری باپیری دژوار دەگێڕێتەوە کە لە ئاهەنگگێڕانی جنۆکاندا، لەگەڵ جنۆکەکان لە نیوە شەودا خەریکی ئاهەنگگێڕان و کەبابخواردن بوون، هەرچەندە مێژووی کەباب کۆنە ئەو سەردەمەش دەگێڕێتەوە کە باسی کردووە، بەڵام جوانتر دەبوو لەگەڵ جنۆکەکاندا لە بڕی کەباب قەلیە و گۆشتبرژانی بەکارهێنابووایە فۆلکلۆریتر دەبوو، چونکە کەباب خواردنێکی زۆر شارستانییە.
لە بەشی (14) و لا(194 بۆ 197) کاتێک دژوار بۆ یەکەم جار لە ماڵێکی بچووکی نوێدا لە شاری سلێمانی چاوی هەڵدێنێت و هۆشی دەگەڕێتەوە، بە هۆی نەخۆشی دەروونی و بیرچوونەوە، بەشێک لە یادەوەرییەکانی لەدەستداوە. هەریەک لە دایک و باوکی و کاک ئازاد و هاوکار و دیبەر و فاتمەی ژنی ساڵح، هەموویان بەیەکەوە یەک لەدوای یەک سەر دەخەنە سەر نەخۆشەکە و یادەوەرییەک و راستی رووداوەکانی بۆ باس دەکەن، دواتر دکتۆر هیوا بەوردی لەدەستدانی بیر و شێتبوونی و نەخۆشییەکەی تێکڕا بۆ دژوار دەگێڕێتەوە، بە حسێبی خۆی دکتۆر هاوکاری نەخۆشەکە دەکات، بەڵام لە باری دەروونی هەر نەخۆشێکی دەروونیدا، ناکرێت تۆ لە یەک کات و بە جارێک هەموو روانینە هەڵەکان و یادەوەرییە ناخۆشەکانی بیر بهێنیتەوە و هەڵەکانی بۆ راست بکەیتەوە، دەبێت ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی پراکتیکی بێت نەوەک هەموو شتێک بۆ نەخۆشەکە باس بکرێت، بەمەش باری دەروونی نەخۆشەکە شێواوتر دەبێت.

زمان و رستەسازیی

رۆماننووس جگە لە شێوەزاری خۆی، شارەزاییەکی باشی زمانی شار و شارۆچکەکان و هۆز و شێوەزارەکانی دیکەی کوردییە، رۆمانەکەی بە زمانێک و رێنووسی و رێزمانییەکی جوانی ئەدەبیی کوردیی نووسیوییەتەوە.
تەنیا لە بەشی (15) و لا (207) دژوار باسی باپیری دەکات کە هەرگیز بە هۆی شەرموونی گوێڕایەڵی ئەوەی وەک نەوەیەک لا پەسند نەبووە، کەچی ئامۆزایەکی دیکەی دەم هەڕاش و سەرەڕۆی خۆشویستووە، بۆیە وا دەپەیڤێت: من باسی باوکی ئەو ئامۆزایەم نەکرد کە ناوی سەردار بوو. لێرە رۆماننووس سەر لە خوێنەر تێک دەدات، ئایا سەردار ناوی ئامۆزاکەیەتی، یان ناوی مامییەتی، گەر سەردار مامی دژوار بێت، دەبوایە بەم جۆرە بنووسێت: من باسی مامە سەردارم نەکرد، کە باوکی ئەو ئامۆزیەم بوو. یان پێچەوانەکەی بەم جۆرە دروستە: من باسی باوکی سەرداری ئامۆزاکەم نەکرد.

ئەنجام

رۆمانەکە یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی کوردی، کە لە زمان و ناوەڕۆک و شێواز و بونیادی رۆمانی هاوچەرخ لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا جێگای خۆی گرتووە، هەوڵ و ماندووبوونی رۆماننووسی پێوە دیارە و هەرچەندە رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار کەمترین لای لێکراوەتەوە، بەڵام ئەرخەیانم کە رۆمانەکە دەبێتە رۆمانێکی درەوشاوە لە ئەدەبییاتی کوردی دا.




لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان.. وریا مه‌عروف

     مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگادا ژیان ده‌كات، زیاتر هه‌وڵده‌دات كرده‌وه‌گه‌لێك ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ نۆرم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بسازێت، گه‌رنا ده‌كه‌وێته‌ به‌ره‌یه‌ك به‌ته‌نیا خۆی دژی گشت ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ئاراسته‌ی‌ گشتی‌ له‌گه‌ڵ به‌ها مرۆییه‌كان یه‌كانگیر نیه‌، مرۆڤ بوون و ویژدانی بوون ده‌بێته‌‌‌ كێشه‌یه‌كی قوڵ و ترسناك.

     كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك به‌های مرۆیی هه‌بێت كه‌ یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تی، تاكوو هه‌موو تاكه‌كانی به‌ ڕێگه‌یه‌كی باش و چاك ئاراسته‌ بكات، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی پێشكه‌وتووی لێ دێته ‌كایه‌وه‌، ئه‌م بەهایانه‌ تاك ئاراستە دەکات لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تردا توخمی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. ئاڕاستەکردنی مرۆڤ بەرانبەر بە هەڵبژاردەکانی و هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری خۆی و وە ئەو بەهایانەی کە تاک هەیەتی بۆ ماوه‌یی نین، بەڵکو دەرئەنجامی پەروەردەکردن و پێگه‌یاندنی کۆمەڵایەتی تاکه‌ له‌ژیانیدا، كه‌ دواجار سنورێكی گشتی بۆ كۆمه‌ڵگا داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌یه‌كی مرۆییدا ڕه‌فتاره‌كان و كرده‌وه‌كانی پراكتیزه‌ بكات، بەها مرۆییەکان بریتین لە: ڕێزگرتن، هه‌قیقه‌ت، ویژدانی بوون، نه‌رم و نیانی، چاكه‌، ‌سۆز و به‌زه‌یی، گوێگرتن و پێزانین و خۆشەویستی بۆ ئەوانی دیكه‌، کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ توانای چەسپاندنی بەها ئەخلاقییەکانی هەیە، وەک دادپەروەری و ده‌ستپاكی، ناتوندوتیژی، دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌، خراپه‌كای و ئازاردانی یه‌كتری ئەوە هانی تاک دەدات کە بیربکاتەوە و قسە بکات و بەشێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار بکات و، ده‌بێته‌ پێوه‌رێك بۆی، چونکە ڕەفتارەکانی سنوردار ده‌كات و ئەوەش نیشان دەدات کە زۆربەی بەهاکان بە خۆشەویستی و خۆشی و ئاشتی و میهرەبانی و باوه‌ڕه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن. به‌ڵام كاتێك ئه‌م به‌هایانه‌ ده‌كه‌ون كۆمه‌ڵگه‌ تووشی شڵه‌قاوی ده‌بێت و به‌ره‌و كه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌وتن چه‌مكێكی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و مانایه‌كی جێگری نیه‌ ده‌شێ بۆ هه‌ركه‌سێك مانایه‌كی هه‌بێت، به‌ڵام كه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌ كه‌وتنی مرۆڤه‌ به‌و مانایه‌ی مانایه‌كی نه‌بێت بۆ به‌رده‌وام بوون، به‌مانایه‌كی تر به‌ها مرۆییه‌كانی له‌ده‌ست بدات یان ئه‌وه‌تا به‌ها مرۆییه‌كان دژی واقیعی گشتی بن تاكو كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی به‌رگریكردن لێی له‌خودی تاكیشدا مه‌حاڵ بێت، یاخود بڵێن ژینگه‌ی گشتی به‌هایه‌كی مرۆیی بۆ نه‌مابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ كه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌یه‌.

     له‌ باری نه‌مانی به‌ها مرۆییه‌كاندا له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك تاك ڕێگای لێ ون ده‌بێت، ئاخۆ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ كامه‌یه‌؟ كرداری مرۆییانه‌ و ویژدانیانه‌یه‌‌ یان پێچه‌وانه‌كه‌ی، گه‌ر كرده‌وه‌ و ڕه‌فتاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ویژدانی و به‌ها مرۆییه‌كان بێت ئه‌وا زیان به‌خۆی ده‌گات ده‌دۆڕێ و ده‌شكێ به‌ ته‌نیا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵ تا ئاستی په‌راوێزخستن، چونكه‌ لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان بووه‌ته‌ خواستێكی گشتی و ئاراسته‌ی گرتووه‌ و نه‌ریت و مۆده‌یه‌كی خوازراوه‌، ئه‌گه‌ریش كرده‌و و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ به‌هاكان نه‌یه‌ته‌وه‌ ئه‌وا خۆی نائاسووده‌ و ویژدانی شه‌كه‌ت.

     جیهانی ئه‌مڕۆكه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕانكاریدایه‌ و هه‌ر ڕۆژه‌ی تیۆر و ڕێگایی نوێ بۆ به‌ره‌و پێشچوون باشتركردنی ژیان ده‌دۆزرێته‌وه‌ و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌هاكان جێگیر نین و ده‌گۆڕدرێن، نابێت پارێزگاری كۆنه‌پارێزانه‌ بین كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وژمی گۆڕانكاریه‌ نوێیه‌ی كوالیتی ژیان نه‌یه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناشكرێ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گۆڕانكاریه‌كان په‌رش ببێته‌ ناو كۆمه‌ڵگا و دواجار تاكه‌كانی ئاماده‌یی ئه‌م گۆڕانكاریه‌ هه‌ڵنه‌گرن و دۆخێكی لادانی گشتی بێنێته‌ ئاراوه ‌و شڵه‌قاوی كۆمه‌ڵگه‌ی لێ دروست بێت، كه‌ ئاكامه‌كه‌ی بێزاری و نائارامی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پلان و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێكبخرێت كه‌ خزمه‌تی مرۆڤ و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات و ئاراسته‌یه‌كی مرۆییانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ئاشته‌وایی و ئارامی لێبكه‌وێته‌وه‌.

     بەهاکان ئامانجە مرۆییە خوازراوەکانن كاتێك نامێنن دۆخێكی دژیه‌كی هه‌م له‌خودی تاكدا هه‌م له‌ كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌كه‌ن و ئاكامی بێزاری گشتی و نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی و فێڵ و لادانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌شی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا په‌یڕه‌وی له‌و لادانه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كات كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێكی هه‌ر به‌نابه‌دڵیش په‌یڕه‌وی لێ بكات، له‌م دۆخه‌دا ڕه‌نگه‌ مرۆڤ به‌رگری له‌هیچ نه‌كات، چونكه‌ ئاراسته‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌ گه‌رنا په‌راوێز ده‌خرێ و وه‌ك شكستخواردوویه‌ك ده‌بینرێت له‌چاوی گشتیه‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یڕه‌وكاریی له‌ به‌ها مرۆییه‌ جوانه‌كان له‌چاوی گشتیه‌وه‌ شكست بێت، واته‌ به‌نه‌ریتبوون و مۆده‌بوونی لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ قه‌یرانێكی قوڵی مرۆڤ بوون دروست ده‌كات.




دیوی ناوەوەی ئەتمۆسفێری ئەکادیمیاکان.. نووسینی: هاوڕێ خالید

بەر لە هەر شتێک، دەبێ بڵێم کە من نووسەری لا شعوری خۆمم، لا شعورم دەنووسمەوە، نامەوێت لاشعورم ببێ بە زبڵدان و کەلاکخانە. ڕاشکاوتر نامەوێت ببم بە مرۆڤیکی بۆگەنی، بۆ ئەم مەبەستە دەستم داوەتە ڕیسایکلینی ئەو ماددانەی زیانبەخشن لەم زبڵدانە، بەشێوازێکی ئەدەبیانە، بۆ دووبارە فڕێدانەوەی بۆ ناو سەرچاوە ڕەسەنەکەی خۆی کە ئەتمۆسفێرە گشتییەکەیە، لەم پرۆسەیەشدا بەهیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ دەست بۆ واقیع نابەم، چونکە من هەواڵبێژ و زانیاریدەر نیم وەزیفەیەکی ڕۆژنامەنووسم نیە، بەڵکو ئەوەی دەینووسم بەشێک لە وێنەکان و وێناکردنی بەشێک واقیعە لە لا شعوری مندا. لە ڕاستییدا من فەلسەفەکارم بەڵام خۆم وا پێناسە کردووە، ئەو دیمەنە وردانەی کە کرێت و ئازار دەرن و لە هەمانکاتدا پرس و باسی فەلسەفی نین، بەڵام گرنگ و ژیاریین، بە قسەیان دێنم و قسەیان لەگەڵ دەکەم و قسەیان لەسەر دەکەم، وەکو منداڵە وردیلەیەکی هەرەپاس، دووبارە پەروەردەیان دەکەمەوە، بە ئەدەب یارییان لەگەڵ دەکەم و بۆ ئەمە شێوازێکی تەنز ئامێزی ئەدەبی، ڕەخنەیی بەکاردێنم.

لە ماوەی نزیکەی نۆ ساڵی ڕابردوودا چ وەک قوتابی و چ ئێستاش وەک ئەکادیمیەک، ئەگەر بمەوێت سەرە قەڵەمێک لەبارەی کەشی ناوەوەی ئەکادیما و ئەدەبیات و مۆدێلی پەیوەندی ئەکادیمییەکان بنووسم، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوە پانتاییانەی من بینیوومە و وەکو نمونە وەرمگرتووە……. بەمشێوەیە:
هەر کە بەیانیانەکەی لە پرسگەکانەوە تێپەڕبووی گوێچکەکانت بەر ئاپۆرای سەلامو عەلێکچیان دەکەوێ، کە هەر یەکێک لە نەزمێکەوە نوزەیەکی لێ دەردەچێت، لە ڕووی زانستی میوزیک و هەندەسەی دەنگییەوە، چەندین تۆنی نەشازە. هەندێکیان بەیانی باش بەکاردێن، وەکو خۆ نواندنێک، ڕەنگە هەر لەگەڵ وتنیدا خەیاڵ ببێ بە بیرکردنەوە لە حاڵی شڕی خۆی.
بەنزیکەی هەمووشیان، شیوازی دەبڕینەکەیان لەگەڵ ئاکتینگی دەمووچاویان، نا هاڕمۆنی و نەسازە.
ئینجا ماچ ماچانێی ژنانی دەوامدار دەستپێدەکات، چاو بەیەککەوتن و خۆ هەڵدانە باوەش بەیەکترکردنیان یەک لەحزەیە، دەڵێی عەیامێکە یەکتریان نەبینیووە، بۆ من نا، کە ئەو ماچە بە مل داهاتوو و بێ ڕوحە بەلامەوە، ماچە خوداییەکەی هێمنیشی لەبەرچاو خستووم. بەڵام بۆ شاعیرێکی سینگڵی پەنجا ساڵان، ئەمە کەمێک سەختە، بەرگری دەوێ، لەو هەموو ماچ ماچێنە بێسوودە، تەنانەت پڕیشکی لیکاوی ماچێک بەسودفەیش ناپەڕێتە سەر کوڵمی ئاوساوی بە شەرابی هەنار پڤ بووی، تاوەکو تا ئێوارە خۆش ئیلهام بێت و لەگەڵ هەر دەست پیا هێنانێکی کوڵمەکانی، دوو دێری دیکە بخاتە سەر گومەزی گونی شیعرەکانی.

کە دەکەونە دیالۆگ لەگەڵ یەکتر، شێوازی قەرار و جواب لە لە قسەکردنیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، زوو زوو ئاوتێک دەکەن و قسەکانیان تێکەڵ بەیەک دەبێ، خيرا دەست دەکەن بە عەفوەن عەفوەن، لەولاوە تازە یەکێکیان دێت بۆ دەوام، یەکسەر خۆی پیا دەکا هەر پاش سەلامو عەلێک، تومەز دواکەووتووە، یەکسەر بە قوڕگی نوساو دەپرسێ: چی هەیە چی نییە؟ ئینجا گەرم دەبێ، … بابەتەکان وەها تێکەڵ و پێکەڵ بەیەک دەکەن، کە ئەفڵاتۆن و هیگڵیش لەناویا دەربازیان نابێ و پێیان حەل ناکرێت، ون دەبن. جا سەری مانگی مووچە کە گیرفانیان گەرمە، پلان بۆ قسەکردن دادەرێژن، به میوە و چەرەزات و لوقمە شروبی، سەر مێزەکەی بۆ دەنەخشێنن، ئینجا کردنەوەی مەوزوع لە مەجلیسی ژناندا لە ناوقەدییەوەیە، (لاو نیو) لە ناوکەوە بۆی دەچن، وەک کەمتیار بەپەلەن دەیانەوێ زوو بگەنە هەناوی مەسەلەکە، وەکو پیاوان ناچنە ناو مەوزوع بەڵکو مەوزوع بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن. لەبەر ئەوە قسەیان نەسەری هەیە نەبن. کەچی هەمیشە ئەنجامەکانیان وردو ڕێک و زانستی ترە لە قسەی پیاوان! ئینجا شتێک هەیە لێی تێناگەم زۆر سەرسوڕهێنەرە، لە مەجلیسی ژناندا کەس گوێ لە کەس ناگرێ، کەچی هەمووشیان لەیەکتر تێدەگەن! بۆیە پێم وایە دیموکراتی ڕاستەقینە تەنها لە مەجلیسی ژناندا هەیە، هەموان لە یەک کاتدا قسه دەکەن و کەسیش گوێ لە کەس ناگرێ!
لە بەشی زۆری شەهادەداری زانکۆ هێندە بێ ئومێد و بێ متمانەبووم، تەنانەت ئەگەر لێم بپرسن چۆنی؟ تاقەتم نییە بڵێم باشم، لەڕاستیدا هەر ناوێرم بڵێم باشم! دەکرێ ئەو کێشەی لەگەڵ باش بوونی مندا هەبێت. بیەوێت باش بوونم تێکبدات. بەمە ئاسایشی سەلامەتیم دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمە وەڵامێکی ژیرانە نییە بڵێی باشم، تا درۆزن بی سەلامەتتری، تا هەلپەرستبی بە ئەدەبتر دەردەکەوی. گریمان ئەگەر هەر ویستت بڵێی ((باش))م، دەبێ خەلەلێک بخەیتە نێو قسەکەتەوە، بە زمانی جەستە ناڕاستەوخۆ بە مڕو مۆنی ئەوەی پێ بڵێی.
ئەوە ڕاستییەکە تایپێک لە مرۆڤ هەیە شەڕانگێرە، کێشەی لەگەڵ بەها ئەخلاقییە باشەکان هەیە، دەشێ نەخۆشی سادیزمی هەبێت، یا خەوشدار بێت، لە خاڵی هاوبەشی خۆی بگەڕێت.
لە نێو ئەو هەموو ژاوەژاو و هەراو زەنایەدا، ئەرێ چۆن سەلامەت دەبێت؟ چۆن دەتوانیت باش بیت؟
ئەرێ هەر بەجدی، چۆنی چاکی؟کەی پرسیارە؟ زۆر جار هەیە مرۆڤ خۆشی نازانێ چۆنە، من وەکو خۆم، زۆرجار نە باشم نە خراپ، ئینجا پرسیار نامە (اسئلە)یەکی لەسەر چۆنی و چاکی بۆ ئامادەکردوویت، ناشبێ بڵێی خراپم، چونکە ئەوە ئەدەبیاتی ئێمە نیە. ئینجا لەسەر یەک وتنەوەی، وەکو نواندنی ڕێز و ئەدەبێکی زیاتر … چ گاڵتەجاڕییەکە ئەمە؟! حەوانەوە لەم ئەتمۆسفێرەدا، پێویستی بە دەبەنگایەتییەکی لە ڕادەبەدەر و بێشومارە.
ئەم پانتایی ئەکادیمی و زانکۆیە هەبوو کە مرۆڤ تیایدا وەکو مرۆڤ ببینرێت و هەناسە بدات، ئەویش بۆتە پێشانگا و بازاڕی خۆ نمایشکردنی، ئەم ئەدەبیاتە هەزەلی و سەفیهە.
بەر لەوەی بچمە زانکۆ، خەیاڵاتم دەکرد لە ژێر کاریگەری نووسەرە وجودییەکانی ئەوروپا، بە ژیان پێدەکەنیم، پێم وابوو، ئەگەر دڵپڕ و خەفەتبار بم ئاساییە بچمه ناو گۆڕەپانی زانکۆ پڕ بەدڵ هاوار بکەم و بقیژێنم. بەرمەبنای ئەوەی پێم وابوو دواجار لەوێ مرۆڤ هەر مرۆڤە و پێویستە وەکو مرۆڤیش ببنرێت. بەڵام نا، تێگەیشتم ئێرە نە کۆماری ئەفلاتۆن، نە ((مدینە الفاضلە)) ی فارابی، نە شاری خودای سانت گۆستین نییە، ئێرە پاریس نییە، لێرە نە سارتەر هەیە نە فۆکۆ. ئێرە سیخناخە بە کۆمەڵناسی خۆ نەناس، سایکۆلۆجیستی غرور و نەرجسی و ئەنسرۆپۆلۆجی سۆفیلکە و عەشقە تەسبیحات مێژووکارو عەرەبیزانی پاساوهێن، بۆ ئەو تراژیدیایانەی بەسەر ئەم میللەتەی ئێمەدا هات.

سیخناخە بە، …
دکتۆرای دیکتاتۆر و ئاغا بیر و موراهیق پۆز.
شاعیری عەشایری شعور شێوێنراوی بێ لا شعور.
نوسەری نەوسن و عەشقە چەپڵە و چەلاو و تەپوتۆز.

مەجلیسە ئەکادیمیەکان جمەی دێ لە ئەکادیمیستی پڕ پاردۆکس و سەفسەتەچی، پڕە لە موجامەلات و نوکتە و قسەی بێ موناسەبەی بۆش و بەتاڵ و پێکەنینی صناعی و نەشاز و نائیستاتیکی. لە تەحلیلاتدا، ڕەچاوی هیچ جۆرە میتۆدێک ناکەن، قسە گران فرۆش و چەرچیانە معامەلە زانن.
ئەو دیمەنەی کە زۆر تراژیدیی و جەرگبڕە، ئەوەیە زۆرجار ئەگەر یەکێک زۆر جدی و کارزان بێت، بەجۆرەها شێواز ئازار دەدرێ، وەک چوارپەل بگرە جار هەیە وەک کەل و پەل، بةكاردةهيريت هەندێ جاریش هەیە هەر بە هیچ دانانرێت. جۆرەها شێوازی لەسەر تاقیدەکرێتەوە، هەر کەسە و بەشێوازی تایبەتی خۆی وەکو گاشە بەردێک که لەو ناوە کەوتبێت زمانە چەقۆکەی خۆی لێ دەسوێ و خۆی پێ تیژ دەکاتەوە.
هەرگیزیش فێر نابن واز لە ژیان و ئازادی و تایبەتمەندییە زۆر تایبەتیی و کەسییەکانی یەکتر بهێنن. ئەگەر دەست لە ڕەنگی جلەکانت وەرنەدەدەن خۆیان بە گوناهبار دەزانن، هێشتا تێنەگەیشتوون ڕەنگ پێش ئەوەی ڕەمز بێت، ئیستاتیکایە و زەوق و سەلیقەیە
لەم دۆخانەدا جارجار ژانە سەرێک دەمگرێ وەکو ئەوە وایە کە نەیزەکێک بەر سەرم کەوتبێت.
ڕق بەرامبەر بەیەکتر لە ئاستێکە کوتلە و گروپ و دەستەی لێکەوتۆتەوە، تا سەری داوەتە ئەوەی زۆر جار لەسەر تەماشا کردنی قونی کیژۆڵەیەک، سەنگەر لە یەکتر دەگرن. زۆرینە بوونەتە پۆلیسی ئەخلاقی بەسەر یەکترەوە،
لێرەدا هەرگیز سەری سپی نیشانە نییە بۆ دڵی سپی یان ڕەوشتی سپی، بەڵکو زۆربەی جار ئاماژەیە بۆ حەسودی و حەساسیەت و مەزاج و چاو لە زیاتری و ڕەزیلی، کە ئەمەیان داخێکی ترە.
لەو هەموو نا نەجابەتییە، پیاو واقی وڕدەمێنێت.
ئەم سکانداڵانە هێندە شەرمەزارکەر و تاقەت پڕوکێنن، دەبێت هەموو ڕۆژێک شین و واوەیلای بۆ بگێڕین و وازی لێنەهێنین.
ڕەنگە هەندێکجار، نەیانەوێت گوێیان لەو حەقیقەتانە بێت. کە گوێچکەکانیان گرت، مانای وایە شتێک لەناو دەستی تۆیە بەقەد ترسناکترین شت ترسناکە، جار وایە وتنییان خۆکوژانەیە، وەکو ڕاکێشانی ئەلقەی نارنجۆکێک وایە لەنێو پەنجەکانتەوە.

نوسینی : هاوڕێ خالید




باشوری کوردستانم وا بینی.. هیوا ناسیح

(میلله‌تێک له‌ ڕه‌وشێکی تاڵ و خه‌وێکی شیریندا)

دوای نزیکه‌ی پێنج ساڵێک سه‌فه‌ری باشوری کوردستانم کرد و پێش چه‌ند رۆژێک گه‌ڕامه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ٢٢ ساڵه‌ له‌ کوردستان دوورم، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره دوای ماوه‌یه‌کی وا درێژ سه‌ردان بکه‌مه‌وه‌.
پێنج هه‌فته‌ له‌ کوردستان مامه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ گه‌رمایه‌کی تاقه‌تپڕوکێن بوو، که‌متر بواری سه‌ردان و یه‌کتر بینین هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی کرا، هه‌ندێک شاری کوردستان به‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ گه‌ڕام و جگه‌ له‌ که‌سوکار و هاوڕێیان ده‌یان که‌سی ڕۆشه‌نبیر، راگه‌یه‌ندکار، به‌رپرسی حزبی و حکومیم بینی. ئاسوده‌ بووم له‌ هه‌ردوو مه‌راسیمی ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شه‌هیدان سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و ویداد حوسێندا به‌شداریم کرد، که‌ له‌ دوو رێکه‌وتی جیادا سازکران. لێره‌دا هه‌ندێک سه‌ره‌قه‌ڵه‌م ده‌نوسم، که‌ ڕا و سه‌رنج و تێبینی خۆمه‌ له‌سه‌ر باشور، هیوادارم هه‌ڵه‌ بم و له‌ خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌کاندا نه‌مپێکا بێت:

  • جگه‌ له‌ خه‌ڵکی کاسبکار و ناموچه‌خۆر، زۆربه‌ی زۆری موچه‌خۆرانی حزبی و حکومی چه‌ند سه‌عات و رۆژانێکی زۆر که‌م له‌ هه‌فته‌دا کار ده‌که‌ن، زۆریان له‌ کاتی ده‌وام و سه‌ر کاریشیاندا هه‌ر بێکارن و کات به‌ڕێ ده‌که‌ن. زۆربه‌ لایان سه‌یر بوو کاتێک ده‌مگوت، من رۆژانه‌ هه‌شت سه‌عات و نیو و پێنج رۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا له‌ ئه‌وروپا کار ده‌که‌م.
  • ئه‌و گروپه‌‌ی باسم کردن کاتێکی زۆری به‌تاڵییان هه‌یه‌ و نازانن چۆن پڕی بکه‌نه‌وه‌، زۆربه‌یان سود له‌ کاته به‌تاڵه‌کانیان نابینن و هه‌ر به‌ خه‌وتن و سه‌یری که‌ناڵه‌کانی تی ڤی و تۆڕه‌ کۆمه‌‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ڕێی ده‌که‌ن. زۆرترین پشوو ده‌ده‌ن و که‌مترین جوڵه‌ ئه‌‌نجام ده‌ده‌ن.
  • زۆربه‌ به‌یانییان دره‌نگ هه‌ڵده‌ستن و خه‌وی پاش نیوه‌ڕوانیش بووه‌ته‌ نه‌ریتێکی ئاسایی لای زۆربه‌ی خه‌ڵک! (میلله‌تێک له ڕه‌وشێکی تاڵ و له‌ شیرینی خه‌ودا).
  • ئێستاش زۆرێک لایان وایه‌ ڤایره‌سی کۆرۆنا درۆیه‌ و هیچ مه‌ترسی نییه‌، بۆیه‌ خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م خۆپارێزی ده‌که‌‌ن.
  • هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌ ئه‌کادیمی و خاوه‌ن بڕوانامه‌ به‌رزه‌کان و رۆشه‌نبیره‌کانیش رێزی کات و مه‌وعید نازانن و ناگرن و زۆر که‌م به‌ به‌ڵێن یان مه‌وعیده‌وه‌ په‌یوه‌ستن، دواتریش هه‌زار بیانوی حازربه‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه‌ بۆ پابه‌ند نه‌‌بوونیان.
  • باشترین دوو ده‌زگای راگه‌یاندنی ئه‌هلی که‌ ئاوێنه‌ و هاوڵاتین، ئاوێنه‌ له‌به‌ر خراپی باری ئابوری و خۆنه‌فرۆشتنی به‌ حزبه‌کان هیچ نوسینگه‌ و باره‌گایه‌‌کیان نه‌‌ماوه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ چه‌ند خۆبه‌خشێک سایته‌که‌یان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، هاوڵاتیش چه‌ندکه‌سێکی که‌م و ماندوو له‌ نوسینگه‌یه‌کی خاکیدا چاپ و بڵاوی ده‌‌که‌نه‌وه‌، واته‌ حاڵیان له ئاوێنه‌ باشتره‌، به‌ڵام زۆریش نا. ده‌‌توانین بڵێین، که‌ میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نه‌ماوه‌!
  • ڕاگه‌یاندن بووته‌ بزنسێکی ناڕه‌وا و چاوچنۆکی و قه‌ڵه‌م و ویژدان و کیبۆرد فرۆشتن، چوومه‌ نوسینگه‌ی هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی به‌ ناو ئه‌هلی، ده‌تگوت نوسینگه‌ی سی ئێن ئێن و بی بی سییه‌، که‌ ده‌‌پرسی ئه‌م نازو نیعمه‌تتان له‌ کوێوه‌ هێناوه‌، ده‌ڵێن به‌ پاره‌ی ئیعلانات و پشتیوانیی هه‌ندێک که‌س، ده‌وه‌ره‌ وشه‌ی (هه‌ندێک که‌س) سه‌رنجت ڕانه‌کێشێت!
  • هه‌ر که‌س سه‌ره‌گوریسێکی حزبی یان حکومی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت (به‌رپرسیاره‌تییه‌کی هه‌بێت) خۆی پێ گه‌وره‌یه‌ و ده‌جار تێلی بۆ بکه‌، ئه‌و جارێک بۆت ناکاته‌وه‌! هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌ دوو سێ مۆبایل و ژماره‌ی جیاجیای هه‌یه‌. زۆربه‌شیان هیچیان به‌ده‌ست نییه‌.
  • خوێندن و بڕوانامه‌ هێنان بووته‌ ئاوخواردنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و که‌سوکاری به‌رپرسه‌کان، له مامۆستایه‌کی زانکۆم پرسی، که‌ هاورێیه‌کی نزیکمه‌، ئێستا به نزیکی چه‌ند هه‌زار خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرا له‌ باشور هه‌یه‌ و چه‌ندیان به‌ ماندوبوون و کۆششی خۆیان پێی گه‌‌یشتون، وڵامه‌که‌‌ وابوو: نزیکه‌ی ٢٠ هه‌زار هه‌یه‌ و نیوه‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ بێماندووبوون و شه‌ونوخونی به‌ده‌ستیان هێناوه‌! سڵاو له‌ زانست!
  • توێژێک دروست بووه‌، که‌ مووچه‌ی‌ زۆر و زه‌به‌لاح و پاره‌ی موفتیان هه‌یه‌، که‌ یان له‌ حکومه‌ت و حزبه‌ باڵاده‌سته‌کانه‌وه‌، یان به‌ هۆی بێده‌ربه‌ستی حکومه‌ته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی بازرگانی بێسه‌روبه‌ره‌ی جۆراوجۆر تا ده‌گات به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان، به‌‌و ده‌سته‌ پاره‌ی موفتیان ده‌ست ده‌که‌وێت و به‌م ده‌سته‌ش ته‌خشان و په‌خشانی ده‌که‌ن.
  • نه‌وه‌یه‌‌ک له‌ کچ و کوڕی لێپرسراوه‌کان دروست بووه‌، که‌ پاره‌یه‌کی زۆریان خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست و له‌ ڕووی هه‌ست به‌لێپرسراوێتیکردن و مۆراڵی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌‌کانه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی نزمی و داته‌‌پیویدان. خه‌ریکه‌ وه‌ک کچان و کوڕانی شێخه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بیان لێ دێت، که‌ ته‌نها پاره‌یان هه‌یه‌ و وا ده‌زانن به‌ پاره‌ ده‌توانن هه‌موو شت بکڕن و ناز به‌ سه‌ر زه‌ویدا ده‌که‌ن!
  • بازاڕ و سه‌رجاده‌کان پڕیه‌تی له‌ نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبیلی گرانبه‌ها و که‌شخه‌، هاوکات پڕیه‌تی له‌ سواڵکه‌ر و ده‌سگێڕی مناڵ و پیره‌ژن و پیره‌مێردی ماندو و بێچاره‌ و ته‌نانه‌ت ئافره‌تی گه‌نج و له‌شفرۆشیش!
  • له‌سه‌ر ئاستی حکومه‌ت و یاسا، جێبه‌جێکردن یاسا ته‌نها به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌ ڕه‌شوروت و هه‌ژار و بێ پشته‌که‌دایه‌. لێپرسراوان و نه‌وه‌کانیان له‌سه‌رو یاساوه‌ن و حساب بۆ که‌س ناکه‌ن. ئاماده‌ن له‌ سه‌ر ده‌ستشکانه‌وه‌ی شۆفێرێک به‌ سه‌ریاندا، یان نوسینی سزای سه‌رپێچیی پۆلیسێک بۆیان لایه‌کی شار بکه‌نه‌ به‌ر‌‌ه‌ی شه‌ڕ.
  • جیاوازیه‌کی ئاشکرا له ڕووی رێگه‌وبان و پارک و باڵه‌خانه‌وه له نێوان سه‌وز و زه‌رددا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی دابینکردنی ئاو و کاره‌باوه‌ وه‌ک یه‌کن.
  • سێکته‌ره‌کانی خزمه‌تگوزاریی، په‌روه‌رده‌، خوێندنی باڵا، دادوه‌ریی، سه‌ربازیی …هتد له‌ ڕه‌وشێکی زۆر خراپدان و به‌ره‌و خراپتریش ده‌ڕۆن، به‌ قه‌ولی که‌سانی میکانیک، له کوێوه‌ ده‌ستی بده‌یتێ، بڕغو و واشه‌ر و پارچه‌‌ی لێ به‌رده‌بێته‌وه‌. نازانیت باسی کوێ و چییان بکه‌یت!
  • سیاسه‌ت و حزبایه‌تی زۆر بێ رمێن و ڕه‌واجه‌، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری حزبه‌کان به‌ ئیمتیازات و ئیغرائات کادر و ئه‌ندامه‌کانیان به‌ خۆیانه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌. خه‌‌‌ڵک وا فێرکراوه‌ ته‌نها حزبایه‌تی بۆ مافی که‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی بکات.
  • که‌سێکی کاسبکار و بێلایه‌ن نابینیت که‌ داکۆکی له‌ حکومه‌تی هه‌رێم بکات، جگه‌ له‌ هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌و ره‌وشه‌ سودمه‌ندن.
  • دوای ڕووداوه‌کانی تالیبان و ئه‌فگانستان لێپرسراوانی باشوریش جۆره‌ سام و ترسێکیان لێ نیشتوه‌، که‌ ئه‌و ره‌وشه‌یان لێ تێک ده‌چێت و وا بۆیان ناچێته‌سه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ وا خۆشیان نیشان ده‌ده‌ن که‌ پێیانه‌وه‌ دیار نه‌بێت.
    چه‌ند دیارده‌یه‌کی پۆزه‌تیف:
  • ژنان و کچان تا ڕاده‌یه‌ک هاتونه‌ته‌ ناو بازاڕی کار و ریستورانت و کافێ و فرۆشگاکانه‌وه‌.
  • هۆشیارییه‌کی ژینگه‌پارێزی به‌دیده‌کرێت، لای که‌‌می لای نه‌وه‌ نوێکه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا به‌ پێی پێویست نییه‌ و زۆری ماوه‌.
  • به‌ گشتی خێزان که‌متر مناڵ ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ چاو ساڵانی رابردوودا، که‌ ئه‌مه‌ بارێکی قورسی له‌ سه‌ر ژنان به‌‌تایبه‌تی و خێزان به‌ گشتی لابردوه‌، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک که‌س ئه‌م خاڵه‌ بۆ بابه‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ خاڵێکی نێگه‌تیڤ ده‌بینن.
    – هه‌ستی نه‌ته‌وه‌چێتیی ته‌سکبین و ناوچه‌گه‌ریی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکان و گه‌شتیاری عه‌ره‌بی باشور و ناوه‌ڕاست که دێنه‌ کوردستان زۆر که‌م بووه‌ته‌وه‌.

تێبینی: وه‌ک ڕای خۆم ده‌ڵێم زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ حکومه‌ت و ده‌سته‌ڵات لێی به‌رپرسن نه‌ک خه‌‌‌ڵکانی ئاسایی.




فلاشباک..8.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی هەشتەم

دیسان ئەمڕۆش، بە رەشبینییەوە لە خەو رادەچڵەکم، دەستم خستۆتە ژێر چەناگەم و سەرم بەسەر کتێبێکدا شۆڕ کردۆتەوە، دەخوێنمەوە بێ ئەوەی بزانم ئەمە چ سوودێکی هەیە؟. ئیرەیی بەوانە دەبەم کە مردوون. چوون مەرگ بۆ رۆژگارێکی پڕ کوێرەوەریی وەک ئەمڕۆ کە تەمی شەڕ ئاسمانی گرتووە رزگارەکە. مەرگ رزگارەکە. هەر چەند بیر دەکەمەوە، هۆیەک نابینم، وەک ئەو خەڵکە گەشبین بم، ئامڕازێک بۆ گەشبینی شک نابەم، جگە لە درۆ. “کۆڵن وڵسن” باس لە داڕووخانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ دەکات و پێیوایە هەموو شتێک بەرەو خاڵی پایانی خۆی دەڕوات. ئیدی هەموو شتێک لە کۆتایدایە. دڵنیام رۆژێکی دوور نییە کە مرۆڤ لەسەر زەوی وەک دەیناسۆرەکان ئینقراز دەکات. بەڵام لە پاش چی؟. لە پاش ئەوەی گەردوون وێران دەکات، وەک درێغیشی نەکردووە.
تۆ سەیری ئەم دنیا پووچە بکە، سامانی 130 کەس لە ئەمەریکا، هەموو کیشوەری ئەفەریقای پێ دەکڕدرێت!. سەیر بکە ساڵانە رۆژئاوای لانکەی هیومانیزم و لیبرالییەت و بازاڕی ئازاد، سەدەها هەزار تۆن دانەوێڵە و گەنم، نغرۆی ئۆقیانووس دەکات، کەچی لە رواندا و تانزانیا و کیشوەری رەش، مرۆڤ لە بێ نانی دەمرێت لە برساندا. تۆ سەیری “شەپۆلی سێیەمی ژیاری مرۆڤایەتی”یەکەی تۆفلەر و “کۆتایی مێژوو”ەکەی فۆکۆیاما بکەن، چۆن دنیای لە ئاشوبێک هەڵکێشاوە لە ئەفسانەی “بابلی”شدا نموونەی نەبینراوە. ئەمە ئەو رۆژگارەیە “نزار قەبانی” باسی دەکات، کە برسییەکان ددانیان لە مانگی چواردە گیر کردووە، چوونکە شێوەی لە نان دەچێت.

بە بڕوای من، دەسەڵات لە پشتی گەشبینییەوەیە، گەشبینەکان بیانەوێ و نەیانەوێ خزمەتکاری سیستمی کۆن و داڕزیوی حکوومەتەکانن. ئێستا من لە حاڵێکدام کە “ئەدگار ئالان پۆ” هەمیشە دەیووتەوە “پڕاوپڕم لە ئازار و ترس و پووچی”. من لێوانلێوم لە نهێلیزم. خەڵک چۆن بیر ئەکاتەوە با بیکاتەوە، چوونکە رقم لەو شتانەیە کە زۆرینەی خەڵک بڕوایان پێیەتی و پیادەی دەکەن، من ئەنتی کەلتووری باڵادەستم، رقم لەو مێگەلییەیە کە بەرهەمی ناسیۆنالیزمی شوانکارەی کوردە. من رقم لەو ژیانەشە کە بەشایی و هەلهەلە دێیتە ناوی و بەشین و رۆ رۆ لێی دەردەچی، وەک “حەسار”ەکەی “شێرزاد حەسەن”، “من بە هەلهەلەی شایی هاتمە ناو حەسار، بەڵام دەبینن بە وەلوەلەی شین لێی دەچمە دەرێ”. ئای خودایە لە جوانی “حەسار و سەگەکانی باوکم”.

چەند سەختە ئێمە لە وڵاتێکدا مەحکوم کراوین بە ژیان خوێنی پەپوولەی تیا دەڕژێ و سەرچۆپی مەرگی ناسکیی تیا دەگیرێ، کەچی لەولاوە خێڵی جنۆکە فەرشی سوور لەبەرپێیان رادەخرێ!. ئەوەتا من بەو تەمەنە کورتەی هەمە هێندەی هەزار ساڵ ئازارم بینیوە و وام لێهاتووە لە رووی دەروونییەوە بوومەتە کەسێکی ماسۆشی، چێژ لە ئازار و خەمەکانم وەرئەگرم چوونکە خەم و ئازار پانتایی ژیانمی داگیر کردووە. خەمی من بۆ نان نییە، ئەگەرچی خەمی نان هێشتا خەمی زۆرینەی کۆمەڵگەیە، خەمی من کڵۆمدانی خەون بینینە. خەونی من، لوتکەی ئازادییە نەک قەفەزی ئاسنینی کەلتور و ئاین و سیاسەت و دەسەڵات. لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم وەک چۆن خولە شێت وڕێنەکانی خۆی لەسەر کارتۆنە جگەرە ئەنووسێ و بڵاویان ئەکاتەوە، فرمێسک ئەڕژم و فرمێسکم بەم جۆرە تەوزیف کردووە لە وڕێنەیەکما:
پرسیاری ئەوە مەکە بۆچی فرمێسک دەڕێژیت؟
پرسیاری ئەوە بکە بۆچی فرمێسک ناڕێژیت؟.

15-1-1998

سلێمانی – سەهۆڵەکە

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 30-33 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




بمرێ تالیبان لەکابۆڵ بێت یان لە تاران!.. حەمید تەقوایی وەرگێڕانی: کاوە عومەر

“بمرێ تالیبان لە کابوڵ بێت یان لەتاران”. ئەم دروشمەی خەڵکی ئێران جارێکی تر دێتەوە شەقام.هەرئێستا لەگەڵ گەڕانەوەی دیوەزمەی تالیباندا،بەوتنەوەی دروشمی”ئەمارەتی ئیسلامی مان ناوێت،ناوێت”لە شەقامەکانی تاراندا بەرزبوەتەوە.ئەمە تەواوکەری دروشمی کۆماری ئیسلامی مان ناوێتی خەڵکی ئێرانە.ئەمە خاڵی یەکدەستی خەڵکی ئێران وئەفغانستانە لە دژی هێزو دەوڵەتە شەڕەنگێزە ئیسلامەکانی ئێران وئەفغان و تەواوی ناوچەکە.
دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دوجار تالیبانیان دروست کرد.جارێک لە کۆتایی ساڵی حەفتاکاندا لەدژی باڵادەستی سۆڤیەت و جاری دوهەم ئەمرۆیە کەلەدژی خەڵکی پێشکەوتوخوازی دونیا،پاش لە قوڕدا غەرق بونی ماکینەی جەنگی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و شکستی ستراتیجی باڵادەستی خوازی میلیتاریستی کە هەر لە سەردەمی بۆشی باوکدا لە دەستوری هەیئەتی باڵادەستی ئەو وڵاتەدا دانرابوو. سەردەمی تاکە سوارەکانی پاش شەڕی ساردی ڕۆژئاوا بە بانگهێشتی هێزە ئیسلامیەکان لەلایەن ئۆباماوە بە”دەستەکانتان بکەنەوە تا دەست لەناو دەستی یەک بکەین” و ئەم ڕێبازە” ڕابەری لە کورسی دواوە”بەکۆتایی گەیشت و هەر لەو کاتەوە هەوڵیاندا کە جارێکی تر تالیبان بگەڕێننەوە مەیدان.سەرکردەو چالاکەکانیان لە زیندان ئازادکرد.لە دوحە مەکتەب سیاسیان بۆ دروستکردنەوە،دەستیان بەگفتوگۆکرد لەسەر دروستکردنی”دەوڵەتی کاتی”! وەک دەردەکەوێت کە تالیبان مشتی نوقاویان کردبویەوە،و ئەوەی قبوڵ کردبوو کە کاری بەسەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتەوەکان و هاوپەیمانەکانیەوە نەبێت،و بەم هۆیەشەوە ئیتر هەر بەڵایەک بەسەر خەڵکی ئەفغانستان بهێنن وەک کردەی هێزێکی تیرۆریستی ناخرێتە چوارچێوەی پێناسەی فەرمی وڵاتانی ڕۆژئاواوە!
ئەمڕۆ سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا لە خێرایی پێشڕەویەکانی تالیبان و هەرەسهێنانی دەوڵەتی کۆپیکراوی ئەشرەف غەنی و ئەو سوپایەی کە لە ئەفغانستان دروستیان کردبوو سەرسوڕمانی خۆیان دەرئەبڕن.بەڵام ئەمە تەنها شێوە خۆنواندن دیپلۆماسیەتێکی قیزۆونە. وەک ڕۆژی ڕون ئاشکرابوو کە تالیبان شەریک بون لەدەسەڵاتدا پەسەند ناکات و بەشتێکی کەمتر لە ئیمارەتی ئیسلامی ڕازی نابێت.ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیشی ئەوەیان بەباشی دەزانی و لەبنەڕەتدا ئامانجیان جگەلەوە شتێکی ترن نەبوو هەر لە هەمان کاتی بەناو گفتوگۆکاندا،تالیبان تەقاندنەوەی زانکۆ و خوێندنگاکانی كچانیان دەست پێکرد بوو تەنانەت لە گفتوگۆکانیشدا ڕاشکاوانە ڕایان گەیاند بوو کە دەوڵەتی ئەفغانستان بەڕەسمی ناناسن وخوازیاری ئیمارەتێکی ئیسلامین بەتەواوی ڕێکەوێت لەگەڵ یاساکانی شەرێعەتی ئیسلامیدا.
بەڵام بۆچی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پاش بیست ساڵ ئامادەی سەربازی لە ئەفغانستان و خەرجکردنی ملیاران دۆلار دوبارە پەنایان بردەوە بەر تالیبان؟
ئەم پرسیارە لە دوو ئاستی سیاسی-تاکتیکی و ڕێبازی-ستراتیجی وەڵامی بدەیتەوە کە ئەڵبەت پەیوەندی ڕاستەوخۆشیان بەیەکەوەیە.

لە دیدی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا ولەسەرویانەوە ئەمەریکا بەشوێن ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێزو سەقامگیری لایەنگری ڕۆئاواوەن.و کاتێک گەشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەتانی لەرزۆکی هاو شێوەی دەوڵەتی حامید کارزایی و ئەشرەف غەنی ناتوانن ئەو دەورە بگێڕن دوبارە پەڕوباڵیان دایەوە بەتالیبان.ئەمە ئامانجێک بوو کە هەر لەسەرەتای هەبونی سوپای سۆڤیەت لە ئەفغانستانەوە بەشوێنیەوە بون وئەمڕۆش دوبارە گەڕاونەتەوە بۆ هەمان سیاسەت.ئەوەی کە جیاواز بوو هێرش بوو بۆسەر ئەفغانستان لەسەر دەمی بۆشی کوڕدا.پاش هێرش بۆسەر دوو بورجە دوانە بازرگانیەکەی نیۆرک ویستیان مشتەکۆڵەی بەهێزی خۆیان نیشان بدەن قورعەکەیان ناوی ئەفغانستان و “بەدوای ئەویشداعێراق” دەرچوو.ئەم سەردەمە جیاوازە لەزۆر دەمێکەوە بەسەر چوە.لەڕاستیدا هێنانە پێشەوەی سەرلەنوێی تالیبان درێژەی هەمان سیاسەتی پێشوە.ئەڵبەتە لەم سەردەمەدا پێشبڕکێ لەگەڵ بلۆکی ڕوسیا-چینیش زیاد بوە بۆ هاوکێشەکانی ناوچەکە.کوتلەی ئەمەریکا ئومێدەوارە بە سەرنج دان لە نزیک بونەوەی تالیبان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و پاکستان و دوژمانەیەتی لەمیژینەیانە لەگەڵ سۆڤیەتی پێشوو کە لەمپەرێکش لەبەرانبەر هەژمونی بلۆکی روسیا-چاینەدا دروست بکات.
لەڕوانگەی سیاسی وستراتیجی و فەلسەفەی سیاسیەوە گێڕاانەوەی تالیبان نمونەی کارکردی پۆست مۆدێرنیزم و پاشەکشەیە لە کۆمەڵگەی مەدەنی و ئیستراتیجی دامەزراندنی دەوڵەتە موزائیکیەکانە.لۆیا جیرگە و دەوڵەتی لاوازی حامید کەرازی و ئەشرەف غەنی لەسەر بنەمای هەمان لۆژیک و فەلسەفەی سیاسی کە ئیماراتی تالیبان و بەدەقیقیش بەهەمان هۆکار ئەم دەوڵەتانە هیچ پێگەیەکیان لەناو خەڵکی ئەفغانستاندا نیە.
ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و ئەورپا تا واشینتۆنپۆست و بی بی سی نیگەرانی خۆیان دەرئەبڕن لە هەڵەی بەکەم گرتنی کلتوری خەڵکی ئەفغانستان و هەوڵدان بۆ سەپاندنی دیموکراسی شێوە ڕۆژئاوایی بەسەریاندا.ئەڵێن تالیبان زۆرتر لەگەڵ کلتوری خەڵی ئەفغانستان نزیکە!ئەمە پڕوپاگەندەیەکی قێزۆونە.کارەساتێکی مرۆیی کە بە ئاوارەی ملیۆنی خەڵک لە ترسی دەسەڵاتی تالیبان دروست بوو.هاواری ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوانی بەرگری لەمافەکانی ژنان لە ئەفغانستان ولەدەرەوەی وڵات لەدژی ئەم سیاسەتە تاوانەکارانەیە.لوتکەی بێ شەرمی ئەم بانگەشەکارانە نیشان ئەدات.

تالیبان،هەروەکو،ئیسلامی شێوەی خومەینی بەرهەمی کلتوری سیاسی خەڵک نیە.بەرهەمی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لەبەرانبەر”مەترسی”چەپدا.تالیبان پەنتاگۆن دروستی کرد و خومەینیش کۆنفرانسی سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گوادالوپی بردیانە پێشەوەو خستیانە ژێر تیشکی بلاجیکتۆرەوە.ئەمە نەهیچ پەیوەندی بە”هەناردەی دیموکراسی” ئیستا بەهەر مانایەکی ئەم وشەیە.و نەلەبنەڕەتدا وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانی و خەمیان دەستەبەرکردنی ئازادی سیاسی و مافەمەدەنیەکانە تەنانەت بەهەر پێناسەیەکی”کەموکورت و مینیماڵیستی” ئەم وشانەوە ،هەبوە. هەر وەک لەشکرکێشی سەربازی بۆ سەر عێراق وئەفغانستان هیچ پەیوەندیان.بە”هەناردەی دیموکراسیەوە نەبوو.
تالیبان و کۆماری ئیسلامی و وڵاتان و هێزەکانی گرێدراو بەبزوتنەوەی ئیسلامی سیاسیەوە نەلە کلتوری خەڵکی ناوچەکەوە سەرچاوەیان گرتوە نە لە کلتوری خەڵکی پێشکەوتوخوازی ڕۆژئاواو و هەموو جیهانەوە.ئیسلامی سیاسی دەرهاویشتەی بن بەستی ئایدۆلۆجی-سیاسی وڵاتانی رۆژئاوا و دەسەڵاتی هەموو لەسەدا یەکەکانی جیهانە؛بەرهەمی بۆگەناوی سەرمایەداری سەردەمی ئێمەیە.ئەمە دیموکراسی لە جۆری شۆڕشی گەورەی فەرەنسا نیە.بەڵکو دیموکراسی پۆست مۆدێرنیستیی هاوشێوەکانی ڕێگان و تاچەر وفریدمان وترامپە کە حوکمی دونیا دەکات.خەڵکی ئەفغانستانیش وەک هەموو لە سەدا نەوەدونۆکانی خەلکی جیهان خوازیاری ژیانێکی سەردەمیانە وئینسانی وخۆشگوزەران و متەمەدینانەن؛ئەزمونی ئەفغانستان نیشانی ئەدات کە لەسەدایەکە سەرمایەدارەکان ودەوڵەتانی سەرمایەداری لە هەموو جیهان،لە ئەمریکا وئەوروپای یەکگرتوە وە بیگرە هەتا ڕوس و چاینە وکۆماری ئیسلامی وعەرەبستانی سعودی و تورکیا لەڕیز بەرانبەر جەماوەری خەڵکی دونیادا وەستاون .
دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی جارێکیترتالیبانیان بەرزکردەوە ،بەڵام بارودۆخی جیهان بارودۆخی ساڵی دەیەی هەشتاکان نیە.هیلاری کلنتۆن لە کتێبەکەیدا بەناوی “هەڵبژاردنە سەختەکان”دا بە شانازیەوە دەنوسێت ئێمە تالیبانمان لەدژی کاریگەری سۆڤیەت دروست کردو لەو سیاسەتەشدا سەرکەوتوبوین.ئەم جارە سەرکەوتنێک لە گۆڕیدا نیە.
جەماوەری خەڵکی ئەفغانستان وجەماوەری ئازادیخوازی خەڵک لەسەرتاسەری دونیا بلۆکی سۆڤیەت نیە هەتا پاشەکشەبکات.دونیا جارێک دێوزمەی تالیبانی ئەزمون کردوە و ئاکامی سیاسەتی میلیتاریستی دەوڵەتی ئەمریکاو “هەناردەکردنی دیموکراسی”خستنەپاڵ یەکی حکومەتە موزائیکیەکان لە عێراق و سوریا وئەفغانستانیشیان بینیوە.ئێستا نزیکەی سێ ساڵە کە بزوتنەوەیەکی جاماوەری فراوان لە دژی حکومەتی ئاینی-نەتەوەیی و هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا ئارادایە.بزوتنەوەی جەماوەری بەدروشمی نە نەتەوەیی نە ئاینی حکومەتی سکۆلاریستی.کۆمەڵگەی ئێرانیش لە ئاستانەی شۆڕشێکی گەورەدایە لەدژی بڕبڕە پشت وسەری مارەکەی ئیسلامی سیاسیدا وەستاوە.
ئەمجارەیان جیهانی موتەمەدن زۆر ئامادەترو هێرش بەرانەتر بۆ بەرگری لە خەڵکی ئەفغانستان دێتە دەرەوە. حزبی ئێمە بەتەوای تواناوە بەم نەبەردەوە پەیوەست ئەبیت و لەلایەنی بەهێزکردن و فراوانکردنەوەی لەهیچ هەوڵێک کەمتەرخەمی ناکات.

١٦\٨\٢٠٢١




خەڵکی ئەفغانستان بەرەو ڕوی سیناریۆیەکی تاریکتر کرایەوە!

گەڕانەوەی هێزەکانی تاڵیبان بۆ ناو شارەکانی ئەفغانستان و دوبارە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی، ئەوەی بۆ خەڵکی جیهان ڕۆشنکردەوە کە ئامانجی جەنگی ئەمریکا و داگیرکاری ئەفغانستان پێش بیست ساڵ لەمەوبەر نە دژی تیرۆر بووه‌ نە بۆ ڕزگاری خەڵکی ئەفغانستان بووە لە ژێردەستەیی کۆنەپەرستترین هێزی میلیشا و دڕندەیەکی وەک تاڵیباندا، بەڵکو خەڵکی کرانە گەورەترین قوربانی نەخشە و سیاسەتی ئیمپریالیستانەی ئەمریکا بەسەر جیهاندا. ئەفغانستان هەمان هەڵبژاردەی ئەمریکا بوو لە نمونەی عێراق تا بیکاتە مەیدانی ئەو جەنگەی سەودا و مامەڵەی سیاسەتەکانی بۆ باڵا دەستی بەسەر جیهانی سەرمایەداریدا پێوە بکات.
گەڕانەوەی تاڵیبان واتە جارێکی تر ئەفغانستان دەبێتەوە بە كوشتارگای ژنان و خەڵکی سڤیل و ئازادیخواز و موخالفانی خودی تاڵیبان. دەبێتەوە بە گەورەترین زیندان بۆ دانیشتوانەکەی. لەژێر سایەی تاڵیباندا دوبارە شەریعەتێك دەسەپێندرێ کە هاوسەرگیری کچی نۆ ساڵ ڕەسمیەت پێدەدەن. مانای بە زۆر لەچک کردنی ژنان و بێرێزی بە کەرامەتی ئینسان و ئەشکەنجە و بەردباران و دەستبڕین و لە سێدارەدان یاسای نەگۆڕی تاڵیبانە. سەرباری ئەوانەش دەبێتە بنکەی کارخانەیەکی گەورەی پەروەردەکردنی تیرۆریستان و بڵاوە کردنەوەیان بە جیهاندا. ئەم سیناریۆ تەڵخ و تاریکە لەلایەک ئاکامی پاشەکشە و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە هەوڵدانی بۆ باڵادەستی بەسەر جیهاندا لەبەرامبەر قوتبە ڕکابەرەکانی وەکو چین و ڕوسیا، لەلایەکی ترەوە بێتوانایی ئەمریکایە بۆ سازدانی دەوڵەتێکی سەقامگیر لەو وڵاتەدا، کە ببێتە بنکەیەك بۆ تەواجودی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بەوجۆرە نەمانی پێویستی ئەمریکا دەبوایە هەرچی لەناو ئەو زەلکاوەی تێی کەوتبوو دەربکێشێت بۆ رێکەوتن لە پڕۆسەیەکی دووساڵی لەگەڵ تاڵیباندا، سەرەنجام ئەفغانستان ڕادەستی تاڵیبان بکاتەوە!
تاڵیبان وەکو داعش و ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێزە میلیشیا مەزهەبی و تائفی و قەومیەکانی عێراق هەڵبژاردەی خەڵک نین و هێزی بەزۆر سەپێنراون بەسەر ئیرادەی خەڵکدا، تا جۆرێک لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە کاری هەرزان و سەپاندنی ژیانی زەبونی و کۆیلایەتی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا پەیگیرانەتر درێژه‌ پێبده‌ن.
دەوڵەتی ئەمریکا ،دوای بیست ساڵ لە داگیرکاری و وێرانکردنی ئەفغانستان و کوشتنی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئەو ووڵاتە، و ئیداره‌ی بایدن ئەم دیاریەیان لە بری ڤاکسینی کۆرۆنا پێشکەش بە خەڵکی ئەفغانستان و دنیا کرد!
بە سەدان هەزار کەس بەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هەر کەسێکی ناڕازی بە دەسەڵاتی تاڵیبان، هیچ متمانە و ئەمنیەت و پەیمانی لێبوردنێک ناتوانێ گەرەنتی ئەوە بدات کە بتوانن لە سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا پارێزراوبن. ئەمریکا و ئەوروپا بە ئاشکرا بایەخێك بۆ پاراستنی گیانی ئەو کەسانە دانانێن و هیچ بەرپرسیاریەتێک لەبەرامبەر ئەو گێژاوە سیاسیە و ئەو سیناریۆ تاریکەی کە سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ ژیانی خەڵکی ئەفغانستان پێکی هێناوە، ناگرنە ئەستۆ.
دەسەڵاتی تاڵیبان و ئیمارەتە ئیسلامیەکەی جێگای نەفرەت و توڕەیی تەواوی خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆستی جیهانە. بەجیا لەوەی دەوری بەرەنگاری ئازادیخوازان لە ئەفغانستاندا بەرامبەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە چ ئاستێکدا دەبێت، بەڵام پێویستی بە پشتیوانیە. بۆیە دەبێت فشارێکی بەرفراون و هەمەلایەنە لە تەواوی جیهاندا بەڕێ بخرێت و ڕێگا نەدرێ دان بەو حکومەتەی تاڵیباندا بنرێ کە دەیەوێ پێکیبهێنێت، لەلایەن تەواوی دەوڵەتان و رێکخراوە جیهانیەکانەوە. هەروەها نابێ هیچ جۆرە پەیوەندی و ڕێکەوتنێكی لەگەڵدا ببەسرێت. بزوتنەوەیەکی جەماوەری جیهانی وەها بەر فراوان بەڕێ بخرێت کە شکست بە حکومەت و ئیماراتی ئیسلامی تاڵیبان بهێنرێت. هاوکات پێویستە فشار بۆ تەواوی دەوڵەتانی ئەورپا و ئەو ووڵاتانەی پەناهەندە وەردەگرن بهێنرێت تا سنورەکانیان بەڕووی پەنابەرانی ئەفغانیدا بکەنەوە و بە زوویی قەبوڵ بکرێن و ژیانێکی ئاسودەو پارێزراویان بۆ دابین بکرێ.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان لەڕیزی پێشەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەدا ڕادەوەستێت کە لەهەر شوێنێکی دنیادا لەبەرامبەر تاڵیباندا پێدەنێتە مەیدانەوە، هاوکاتیش ئەو رێکخراو و لایەنانەی پشتیوانی لە دەور و پێگەی تاڵیبان دەکەن، بەتایبەتیش ئەو هێزە ئیسلامیانەی کە لە کوردستاندا پەیامی ئومێد بەخش بە گەڕانەوەی تاڵیبان بڵاودەکەنەوە، سەرکۆنە و ڕیسوا دەکات و دەیانخاتە ریزی ئەو شانە نوستوانە کە هاوکاری داعش دەکەن و بەرەو رووی نەفرەت و ناڕەزایەتی هەر ئێستای جەماوەری کوردستانیان دەکاتەوە.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
٢٤/٨/٢٢٠٢١