داهێنان.. مەحمود عەبدوڵڵا

هەموو داهێنانێک باشە ئەگەر وەک ئامراز بمێنێتەوەو خزمەتی مرۆڤ بکات،بەڵام هەموو داهێنانێک خراپە ئەوکاتەی مرۆڤ دەبێتە ئامراز بۆ بەخێوکردنی و مرۆڤ دەبێتە خزمەتکاری.
هەموو سیستەمێک کەدا ئەمەزرێت ،کە دائەهێندرێت دواجار دەگۆڕێت بۆ ئامانج و مرۆڤ دەخرێتە خزمەت هەڵسوڕانیەوە. هەموسیستەمێک لەسەرەتاوە فیکرو بیرکردنەوەیە ،بەڵام دواتر پاراستنی دەبێتە دۆگماو دژی بیرکردنەوە!چونکە بۆداهێنانی سیستەم پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قوڵ و فرەلایەنە،بەڵام بۆ پاراستنی پێویستیمان بە بیرنەکردنەوەیە،هەموو سیستەمێک لەفیکرەوە لەدایک دەبێت و لە لەسەر بێ فیکری دەژیت.سیستەم بەرهەمی پرسیارو کێشەیە بەڵام کاتێک سیستەم دادەمەزرێت پرسیار دەبێتە کێشە بگرە دەبێتە تاوان!هەموو سیستەمەکان لەبنەڕەتدا بۆ پاراستنی شێوەژیانێک و لەقاڵبدانی مرۆڤ دێنەکایەوە،ئەوە سیستەم نییە دەکشێت و فراوان دەبێت بگوێرەی باڵابونی مرۆڤ،بەڵکو ئەوە مرۆڤە دێتەوەیەک و بچوکدەکرێتەوە بەگوێرەی سیستەم…هەموسیستەمێک کە دائەمەزرێت بۆئەوەیە بخرێتە خزمەت چۆنیەتی کارکردنی مرۆڤ،بەڵام دواتر مرۆڤ دەخرێتە خزمەت کارکردنی سیستەمەوە. لەدۆخی پشێویدا سیستەم دێتە کایەوە،بەڵام دواجار پشێوی بۆ پاراستنی سیستەم دێتەکایەوە. هەموو سیستەمێکی نوێخوازی داهێنەرانەیە بەڵام پاراستنی کۆنەخوازی و جێگیرییە.

داهێنانی سیستەم گۆڕانە بەڵام پاراستنی جێگیری و نەگۆڕانە،ئامانج لەداهێنانی سیستەم گۆڕینی دونیایە بەڵام باراستنی ئامانجی نەگۆڕان و خولانەوەیە لەبازنەی سیستەمدا. سیستەمە گەورەکان لەپێناو گەورەبونی مرۆڤ دانەهێندراون،بەڵکو لەپێناو بچوکردنەوەو وەک یەک لێکردنی مرۆڤەکان داهێنراون.سیستەم بۆ پاراستنی پێویستی بەوەیە هەموانوەک یەک بیربکەینەوە و لەخزمەت سیستەمدابین.بۆیە مرۆڤ لەجیاتی ئەوەی هەوڵدات خۆی گەورەببێت،سیستەمی گەورەی داهێناوە لەپێناو بچوکردنەوەی مرۆڤ و وەستانی لەدۆخێکدا. هەموسیستەمێک لەقاڵبدانی مرۆڤە،بە سیستەمی بیرردنەوەشەوە،سیستەم دژی گەورەبون وگۆڕانەلەدژی سروشت و پەرەسەندنە،سیستەم دژە زانستە،خودی زانست دەبێتە ئامرازی پاراستنی سیستەم. سیستەم دژی فەلسەفەو بیرکردنەوەیە،چونکە فەلسەفە پرسیار لەهەموشت دەکات،بەڵام سیستەم پرسیار قبوڵ ناکات،لەبەر ئەوە هەموسیستەمێک دژی فەلسەفەیە. هیچ دۆگماتیزمێک نییە شان لەشانی ئەو دۆگماتیزمە بدات کە سیستەم دروستی دەکات .

ئەوەی کە مرۆڤ پێی وابووە شتێک هەیە بەناوی قەدەر ئەوە خودی سیستەمە کە لەدژی ویستی مرۆڤەکان ئاوا کراوە و لەناو خۆیدا دەیانهاڕێت.تێپەڕکردنی سیستەم شۆڕشێکی گەورەدەبێت لە ژیانی مرۆڤایەتی،دەبێتە سەرەتایەکی نوێ،ڕوداوێک هێندە گەورەدەبێت کە بە هەزاران ساڵ مرۆڤ وەک جەژنێک یادی بکاتەوە.تێپەڕکردنی سیستەم بەئەندازەی دابڕانی مرۆڤ لە ئاژەڵە هاوچەشنەکانی ڕوداوێکی گەورەدەبێت ،تێپەڕکردنی سیستەم واتا تێپەڕکردنی مرۆڤ بە هەموو نەهامەتیەکانی،واتا ڕزگاربون لەقەدەری سیستەمەکان واتا ژیان بەویستی مرۆڤ نەک سیستەم .لەسەرەتاوە مرۆڤ سیستەم دروست دەکات،بەڵام دواجار سیستەم مرۆڤ دروست دەکات.

مەحمود عەبدوڵڵا




چیتر لە خۆم ناچم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گوێ رابگرە، ئەو هاڕەیە
شکانی روانینە شوشەییەکانی منە
لەم وەرزە بەردینەی گوماندا
گوێ رابگرە، ئەو ناڵەیە
کەوتنەوە خوارەوەی چاوی منە
بۆ ناو گلێنە ئاگراوییەکانی یار
گوێ رابگرە، ئەو نرکەیە
دوا هەناسە شیرینەکانی منە
لەم کۆڵانە تاڵەی وجوددا
گوێ رابگرە، ئەو هاوارە
سەدای خنکاوی گوڵەکانی منە
لە نێو ئینجانەکانی گوناهدا
گوێ رابگرە، ئەو چرپەیە
وەسێتنامەی نامرادی منە
لەم مەزادخانەیەی نیشتماندا
گوێ بگرە، دەنگی ئەو گەردەلولە
شەپۆلی ئەشکی داگیرساوی منە
لەم چاخە قەترانییەی پێکەنیندا
بیر بکەوە، پێشتر چۆن بووم؟
کاسە بەتاڵەکانی بیناییم
پڕ دەکردەوە لە شەرابی نیگا
دەمی شەوم دەکردەوە و
قەترە قەترە تیشکی سپێدەم پێدەدا
لێوی وشکی پیرەداری زەمەنم
بە ماچە حەرامەکانی ژیان تەڕ دەکرد
مەرکانە تینووەکانی مەراقم
پڕ دەکردەوە لە ئاوی سازگاری ئومێد
گیرفانە تەسکەکانی دوێنێم
پڕ پڕ دەکرد لە شیلکی ئەمڕۆ
مەزرا سوتماکەکانی دڵم
بە باراناوی عاتیفە دەژیاندەوە
زیندانە نوتەکەکانی فەنتازیام
پڕ دەکرد لە پەپولەی ئازاد
کەلاوە وێرانەکانی دابڕانم
بە ژوانێکی تر ئاوەدان دەکردەوە
تێکەڵی ئەو لافاوانە ئەبووم
رێیەکیان لە چاوەکانی تۆ و
رێیەکیان لە ئارەزووەکانی من بوو
کتێبەکانی چارەنووسم ئەخوێندەوە
پەڕەیەکیان دەچووەوە سەر زەردەخەنە و
پەڕەکانی تریش سەر حەسرەتی هەڵوەرین
پەنجەرە روونەکانی مێژووم ئەکردەوە
ماڵئاواییم لە دوێنێی خۆشنودی ئەکرد و
خۆم بۆ سەفەری ئەمڕۆ ئامادە ئەکرد
سەفەرێک بۆ مەملەکەتی خورپە و
بەرەو دوورگە سەرابییەکانی عەشق
بیر بکەوە پێشتر من چی بووم؟
لە دارستانی کپیدا، تەور بووم
لە دەریای ئەویندا، کەشتی بووم
لە جەنگەڵی گڕدا، ئاو بووم
لە زریانی تاریکیدا، مۆم بووم
لە بیابانی دڕکەزیدا، گوڵ بووم
لە قووڵایی ئاسماندا، ئەستێرە بووم
لە بەستەڵەکی هەستدا، ئاگر بووم
لە چاوەڕوانیدا، کورتترین رێ بووم
لە ماچدا، شیلەی سەر لێو بووم
لە باوەشدا، گەرمی لەش بووم
لە لێکئاڵاندا، حەزێکی شێت بووم
لە قەفەزی تاریکیدا، مانگەشەو بووم
لە چیای بێهودەییدا، هەڵۆی ئومێد بووم
لە کۆشکی شیعردا، ساقی بووم
ئێستا وەرە سەیرم بکە
وەک کارمامزێک هەموو رۆژێک
لە شاخەکانی تۆوە هەڵدەدێرێم
بەرەو دۆڵە خەزانییەکانی پەژارە
وەک پیرە بازێکی ناو غوبار
چاوی فڕینم کوێر بۆتەوە و
کەوتوومەتە نێو مێرگی مەمکەکانت
کە وەک خونچە گوڵ شکۆفەیان کردووە
وەک سەربازێکی مەیدانی جەنگ
هەموو ئازادیی خۆمم خستە
قەفەزی تیشکاویی دڵی تۆوە
وەک نێچیرێکی بێ چارە
قاچم کەوتە ناو داوی عەشقت و
رۆژژمێری درەوشانەوەم
لە ناو دەمارەکانی دیرۆکدا
بوونەتە سوتووی بەر رەشەبا
وەک باڵندەیەکی تەزیو
لە نێو بەفرستانی غوربەتدا هەڵدەلەرزم و
لە نێو کورەی چاوە بڵێسەدارەکانتدا
پەروانەئاسا هەڵدەکڕوزێم
وەک ئەو کچە دڵشکاوانەی
لە بەردەم ئاوێنەکانی ناپاکیدا
بۆ پاکیزەیی عەشق دەگرین
شیوەن ئەگێڕم
بەسەر تەرمی خۆمدا
لەو کاتەی وتم سەفەرێکم لەبەرە
سەفەرێک بۆ ئاسمانە باراناوییەکانی ئەوین
سەفەرێک بەرەو ونبوونی خۆم
لە رێگا پێچاوپێچەکانی دڵی تۆدا
من تێر تێر ئەگریم
بۆ ژینی تاڵی ئارامی پێشووم و
رۆژانی شیرینی بێ ئۆقرەی ئێستام
لەگەڵ تۆ
ئیدی من چیتر لە خۆم ناچم
نە ئەو نەورەسەی جارانم
ئاسمان پڕ بکەم لە بۆنی هێمنی و
نە ئەو کۆترە شینکەیەی پێشووم
بەسەر قوبە بەرزەکانەوە ستران بچڕم
من ئەمێستا کوڕی رەهێڵەم و
باوکی هەموو تۆفانەکانی سروشت
ئەمێستا برازای گەردەلوولم و
مامی هەموو رەشەباکانی کەون
ئەمێستا نەوەی باپیرە هەورم و
باوە گەورەی گشت بارانەکانی عەشق
ئەمێستا هیچ لە پێشووی خۆم ناچم
من زۆر گۆڕاوم، زۆر زۆر.




کتێبێکی تازەی شاعیر و نووسەر عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بڵاوبۆوە

لەم ڕۆژانە، کتێبی (لەودیو پەنجەرەی ڕۆژەکانەوە ڕاوەستاوم و دەڕوانم – بیرەوەریی شاعیرێکی جەنگاوەری مارکسیست)ی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) چاپ بوو و بڵاو بۆوە. ئەم کتێبە بیرەوەری نووسەرە و جگە لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی، نیشاندانی واقیعییەتی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و هەروەها نیشاندانی سیمای بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نوێیە لە کوردستانی عێراق لە دەیەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیست. ئەم کتێبە ٣٩١ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوە. شایانی وتنە ئەم کتێبە هەژدەهەمین کتێبی نووسەرە و ئێستا لە زۆربەی کتێبخانەکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان بەردەستە.




دڵی من.. شیعر : ایرج رزمجو.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

دڵی من
چیتر هەڵە مەکە
لەگەڵ نا ئاشنایان
وەفادار مەبە
ژیانت دۆڕان ، دڵی من
خەڵکت ناسی ،دڵی من

تا کەی گیروودەی حەقیقەتی
تا کەی وێرانەی خۆشەویستی

هاودەمی ئەم و ئەو ئەبیت
شەکەت و پەرێشان ئەبیت

دەشتی بەختت بە بیابان ئەگۆڕێ
باڵندەی ئارەزوو دیل ئەکرێ

بەرامبەرت ، سەرابە
پشتی سەرت وێرانەیە

بە ئارام و بێ دەنگی ، دڵی من
وەک کوننە بەپوی کوێری، دڵی من
ژیانت دۆڕان ، دڵی من
خەڵکت ناسی، دڵی من

دڵی من، چیتر هەڵە مەکە
لەگەڵ نائاشنایان وەفادار مەبە

ژیانت دۆڕان ،دڵی من
خەڵکت ناسی ، دڵی من
لە ناو خوێن دانیشتیت، دڵی من
بە بێ دەنگی دۆڕایت، دڵی من

ژیانت دوڕان، دڵی من
خەڵکت ناسی، دڵی من
ئارام و بێ دەنگی، دڵی من
وەکو کوننەبەپووی کوێری، دڵی من

…………..
(1) : لە شیعرێکی خاتوو” همامیر افشین” بە هەمان تایتڵەوە وەرگیراوە




پێناسێکی کورت.. نەوزاد بەندی

ئەوەی بە چەک و تاقم تفەنگەوە وێنەی خۆی بڵاوکردەوە ، داوای حەقدەستی خەباتەکەی لە خەڵکەکە ئەکات .
هیچ شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە بە چەک و تەقەمەنییەوە وێنەی خۆی بڵاو نەکردۆتەوە ، بۆ نمونە غاندی و ماندێلا و چیڤارا ، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ژیانیان لە ئازار و زینداندا بەسەر بردووە و تەنانەت تیایاندایە گیانی خۆیشی لەو ڕێیەدا بەختکردووە ، هیچیان بە چەک و تەقەمەنییەوە وێنەی خۆیان پەخش نەکردووە ..
ئەوان خۆیان لە بازرگانییان بە چەک و خوێن و داهاتی گەل و خاکەکەیان بە دوور گرتووە ، هەر بۆیە بوونەتە سیمبوڵ بۆ نەتەوەکانیان و ..سەرجەم مرۆڤایەتیی شانازییان پێوە دەکات ..
بە پێچەوانەیشەوە ، ئەوانەی بازرگانی بە وێنەی چەکدارییەوە ئەکەن و هەزار جار مێژووی خۆیان کاوێژ ئەکەنەوە ، دەرگاکانی مێژووی شۆڕشگێڕیی بە ڕوویاندا ناکرێنەوە و ..ئەبنە بارێکی قورس بەسەر خاک و نەتەوەکانیانەوە ..برسێتی و نەزانی و دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆ و هەزار و یەک کێشەی دوور و نزیک بەناو خەڵکەکانیاندا بڵاو ئەکەنەوە …
دواجار ، شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بە نەمریی ئەمێنێتەوە و .. بازرگانەکانی شۆڕشیش ئیفلاس ئەکەن و وەک کابوسێک لە پەڕاوێزی یادگاری و هەواڵەکاندا ، ترس بڵاو ئەکەنەوە .




ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا پشتیوانی خۆی ڕادەگەیەنێت لە کەمپینی ” ناوی من، ناوی دایکمە “

بەڕیزان ڕێکخەرانی کەمپینی ” ناوی من ، ناوی دایکمە “
لە ڕیگەی ئەم نامەیەوە پشتیوانی ڕێکخراوەکەمانتان پێ ڕادەگەیەنین لە کەمپینی ” ناوی من ، ناوی دایکمە” کە بە ئامانجی دابین کردنی مافی یاسایی و کۆمەڵایەتی ژنان و منداڵانێک دەستتان داوەتێ کە بوونەتە قوربانی کەلێنێکی یاسایی کە بێ بەشیان دەکات لە مافی ناسنامەی فەرمی و گونجاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە ئەمە بە مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دەزانین کە هەموو ئینسانێک ، هەموو ژن و منداڵێک ، پێویستە بەهرەمەند بن لە مافی هەڵگرتنی ناسنامەی گونجاو تا مافە مەدەنی و یاساییەکانیان بە یەکسانی لەگەڵ هەموو هاوڵاتیانی تر لە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراقدا دابین بکرێت و پارێزراو بێت.
هەر لێرەوە هاوپشتی وهاودەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئێوە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو چەواشەکاری و بەلاڕیدابردنانە ، کە بە بەهانەی جۆراو جۆر ، لە هەوڵی ئەوەدان ئامانجی کەمپینەکەتان و هەقاننیەتی داواکاریەکەتان بخەنە ژێر پرسیارەوە . ڕێکخراوی ئێمە ، بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانە ، هەنگاوەکەی ئێوە بەرز دەنرخێنێت لە ڕاستای خەبات کردن بۆ بونیاد نانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی وسیکولار کە بتوانێت مافی هەموو هاوڵاتیان یەکسان و هاوتا دابین بکات.

وەک پشتیوانیەک بۆ دەنگی ئێوە بە پێویستی دەزانین کە وەک نمونەیەک ئەوە ڕۆشن کەینەوە کە لە ووڵاتی بەریتانیا منداڵ لەڕۆژی لەدایک بوونیدا ناو و ناسنامەی فەرمی خۆی وەردەگرێت . کەسی سەرەکی لە دیاری کردن و بڕیاردان لەو ناو و ناسنامەیەدا دایکی منداڵەکەیە ، هەڵبەت بەڕێککەوتن لەگەڵ باوکی منداڵ لە کاتی بوون و ئامادەبوونیدا . بەڵام هیچ کات نەبوونی باوک یان ئامادەنەبوونی بۆ بەخشینی ناسنامەی خۆی بە منداڵ ، نابێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی ئەو منداڵە ، و یان ڕێگر لەبەردەم دانپێدانانی منداڵەکە وەک هاووڵاتیەکی تەواو و یەکسان لە لایەن دام و دەزگای ئیداری و حکومیەوە، ئەمەش بە یاسا چەسپێنراوە.
لەمەش زیاتر ، ئازادی هەڵبژاردنی ناو و ناسنامە ، و گۆڕینیان مافێکی سەرەتایی تاکە لەهەر قۆناغێکی ژیانیدا . بۆ منداڵانیش لە دوای ڕۆژی لە دایک بونیانەوە ، بە هەبوونی هۆکاری گونجاو و بە ڕەزامەندی دایک و باوک یان هەر بەخێوکەرێکی سەرەکیان ، وە لە چوار چێوەیەکی ڕێکخراو و پرۆسە یەکی فەرمی و یاساییدا ئەم مافە دیاری کراوە. خۆ ئەگەر ئەو منداڵە بەرهەمی دەستدرێژی جنسی یان دوورکەوتنەوە و نابەرپرسیارێتی باوکی بێت ، ئەوا ئەم مافەی منداڵ و دایک وەک خۆی پارێزراوە . بگرە هۆکاری لەوجۆرە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی دام و دەزگای دەوڵەت کە ئەو دایک ومنداڵە لە خزمەتگوزاری و پشتیوانی دەزگاکانی سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بن تا لە باری دەروونی و مادییەوە یارمەتی پێویست وەرگرن و ڕێگای ژیانکردنێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکرێت. ئەم هەوڵەی ئێوە سەرەتایەکی مێژوویی گرنگە بۆ بە ڕەسمی ناسینی ئەم مافە سەرەتایی یە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەت بۆ ئەو دایک ومنداڵانەی کە چەندین ساڵە بوونەتە قوربانی ئەم بێ مافی یە .

ئێمە لێرەوە دەستی هاوپشتیتان بۆ ڕادەکێشین و ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و چالاکیەکی پیویست لەگەڵتان تا ئامانجی ئەم کەمپینەتان بەدی دێت . لە کۆتاییدا ئێمەش وەک ئیوە خۆمان بە بەرپرس دەزانین لە هەوڵدانی بێ ووچان لە گەڵتان تا دابین کردنی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و مافە سەرەتاییەکانی دایکان و منداڵانی قوربانی دەستی ئەم کێشە یاسایی وکۆمەڵایەتی یە.
سەرکەوتن بۆ کەمپینی ” ناوی من ، ناوی دایکمە “
ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست – بەریتانیا
٠٣/٠٩/٢٠٢١
بۆ پەیوەندی :
سەوسەن سەلیم : ٠٠٤٤٧٧٤٨٨٥١١٢٥ گۆنا سەعید : ٠٠٤٤٧٨٩٤٢٥٢٧٠٨