فەلسەفەسازی زۆربڵێی نییە!- بەشی سێهەم.. ئازاد حەمە

دەستپێک:
لە گەڕانەوەدا بۆ ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەوە تێدەگەین کردەی فەلسەفەسازی لە خۆتازەکردنەوەی بەردەوامدایە. ئەم كردەیە نە وڕێنەیە و نە گوتنی بۆش، بەڵكو كردەییەكی بەرپرسیارئامێزە و ویستیشە بۆ دانایی و ئەم ویستەیش لە فۆڕمی ئەڤینداریی بۆ ئەم داناییە خۆی نیشاندەدات، لە کۆتایشدا هەر فەیلەسووفە، كە هاوڕێی داناییە و بگرە تاكە هاوڕێشیەتی. كردەی ناوبراو بریتینییە لە زۆربڵێییbabble و زۆروێژیی، تەنانەت لە گۆكردنی ئەوەیش، كە لێیحاڵینابین. ئەڵبەتە كردەی فەلسەفەكردن زێدەڕۆییكردن و چەقاوەسۆیش ناگەیەنێت. كردەی فەلسەفەسازی تەنانەت ئەوەیش ناگەیەنێت هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی بێتەگۆکردن. كەوابێت، فەلسەفەسازی كردەیەكی هەڕەمەكیی نییە، بەپێچەوانەوە فەلسەفەسازی كردەیەكی دژوار و ناسانایە و بە ڕێساگەلێكی ڕێڕەوییەوە گرێدراوە. هاوكات فەلسەفەسازی لە زۆروێژیی و چەنەبازیی جیاوازە، لەو شتە جیاوازە دۆشدامان و سەرسوڕمان ناسازێنێت. ئەگەرچی فەلسەفەسازی سەرقاڵبوونە بەوەی جێیباس و جێیباس نییە، لێ فەلسەفەسازی مەرامێكی مەبەستگەریشی لەخۆیڕا حەشارداوە. واتە لە گوتراوی فەلسەفییدا مەبەست و ئامانج پەنهانە.

گوتنی فەلسەفیی گوتنێكی هزرییە

بەپێی ئەوەی کردەی فەلسەفەسازی كردەیەكی زەینی پوختە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە هەچ شتێك تێینەگەیشتن دروستبکات ناچێتە خانەی فەلسەفەوە. هەموو گوتنێكیش نەتوانێت خۆی وەك گوتنێكی فەلسەفیی نیشانبدات بە فەلسەفە دانانرێت. بەم شێوەیە، دەشێت بپرسین: گوتنی فەلسەفیی چییە؟ یاخود گوتنی فەلسەفی چ جۆرە گوتنێكە؟ گوتنی فەلسەفیی بریتیە لە گوتنێكی كۆنكرێت(دیاریكراو) و كراوە، وەلی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، گوتنی فەلسەفیی بێ سنور و بێتخوبە. لە هەموو ئەوانە گرنگتر گوتنی فەلسەفیی بریتییە لە گوتنێكی هزریی، لە شیكردنەوەیەكی ئاوەزیانەی ئەو شتانەی دەبن بە بابەتی شیكردنەوەكە.
وێڕای ئەوە،، كردەی فەلسەفەسازی كردەیەكە لە گەڕان بەدوای زانین، گەیشتن بە ڕاستیی، بەو داناییەی، کە پێویستمانە. پێویستمانە، چونکە نیمانە. وەلی ئەم كردەیە سانا و ساکار نییە، بگرە دژواریشە. ئەم كردەیە خۆی بەوە لە كردەكانی تر جیادەكاتەوە، کە تێڕامانی قوڵ و پوخت دەكات بە بناغە بۆخۆی. هەروەها كردەی فەلسەفەسازی دەیەوێت وەك بیرێكی سەرتاسەری و یەكانگیر خۆی نیشانبدات. گەڕانی فەلسەفە بەدوای زانین گەڕانە بەدوای ڕاستی. بەپێی ئەوەی ڕاستیی هەمیشە ون و نا-ئامادەیە، هەر لەبەرئەوە فەلسەفە پێویستی بەم گەڕانەیە. ئەم گەڕانە گشتی و هەمەلایەن، بەردەوامیشە.
فەلسەفە لەبەرئەوەی گومان دەكات ڕاستیی هەبێت، ئەمە وایلێدەكات لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا بەردەوامبێت. ئەم لایەنە لای پۆل ڕیكۆر Paul Ricoeur ئاقارێكی تر وەردەگرێت، ئەمەیش لەسەر ئەو بناغەیەی گەڕان بەدوای ڕاستیی لەنێوان دوو لادایە. لایەك بریتیە لە حالەتێكی كەسیی(شەخسیی) و ئەوەیتر تەماشاكردنە بۆ بوون. كەوابێت گەڕان بەدوای ڕاستیی گەڕانە بەدوای شتێك تەنها ئەو كەسە دەیكات، کە مافی هەیە ئەو گەڕانە بكات. گەر بوونی ئەم كەسە واتای هەبێت و بێمانا نەبێت ئەوا تەنها ئەم كەسە مافی ئەم پرسیاركردنەی هەیە. ئەمەو بۆ ڕیكۆر گەڕان بەدوای ڕاستیی واتە گوتنی شتێكی باش بۆ گشت، بەس ئەم گوتنە تەنها بریتینییە لە گوتنی هەرچ شتێك، كە بشێت بگوترێت. بەهۆی ئەم گوتنەشەوە دەشێت من(هەرچ منێك) ئامادەبێت لە بووندا، واتە گوتنەكە دەبێت بەهۆكاری ئەوەی، كە شوێنم لەناو بووندا هەبێت. ئەمەیش ئەوە دەگەێنێت، كە ڕیكۆر لەڕێگای گەڕان بەدوای ڕاستیی بەدوای شوێنێك، پەیوەندیی لەتەك، بووندا دەگەڕێت (1). بۆئەوەی بەقوڵی لەوە بڕوانین، كە ڕیكۆر دەیڵێت پێویستمان بەوە دەبێت هەڵوێستەیەک لەئاست وشەی گەڕاندا بكەین.

فەلسەفەسازی گەڕانە بەدوای ئاسۆ

گەڕان ئاسۆییەكی نوێمان بۆ دەستبەردەكات. ئەم ئاسۆیەش ئەو كاتەیە، كە دەیژێین. گشت كاتەكان گەڕانی خۆیان پێویستە، یان هەموو كاتێك ویستی خۆی بۆ گەڕان هەیە، ئەڵبەتە گەڕان بۆ خوڵقانی ئاسۆ. ئەم ئاسۆیە، كە بەرهەمی بەشداری منە(هەرچ منێك) لە جیهاندا شوێنێكیشە بۆ خۆنوێكردنەوە. جیهان، كە ئێستای منە چركەی ئامادەبوونی ئەو منەشە. لێرەوە دەشێت بگوترێت فەلسەفەكردن هەوڵێكە بۆ نیشتەجێبوون لە جیهاندا و جەخكردنیشە لە ئامادەبوون لەو جیهانە. كەواتە فەلسەفەكردن لە جیهاندا، لەو شوێنەی دەژێین، كۆششە بۆ پووچەڵكردنی نامۆیی، وەكیتریش مەشقكردنە لەسەر بوون بە بوونەوەرێكی ئامادە و زەفەربەر بەو تەگەرانەی بوونمان لە شوێنێكدا دەشێوێنن. لێرەشەوە دەگەینە ئەو سەیركردنەی پرۆسەی گشت فەلسەفەكردنێك هەنگاوێكی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە بوونمان، لەو جێگەیەی تیایدا ئامادەین. بەم پێیە ئەو ئاسۆ نوێیەی فەلسەفەكردن هەڵماندەداتە ناویەوە بەجۆرێك لە جیهاندا ئامادەماندەكات، كە لەتەك ئەوەیتردا لە ڕووبەڕووبوونەوە دابین. دیارە ئەوەیتر یەكێكە لەو چەمكانەی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا وەك دژە جەمسەری خود بەكاری دەبات، لێ لەم دژبەكاربردنە ئێمە بە ڕووخسارێكی تر ئاشنادەكات، بەو كەسەی لە منەوە دوورە. تاكە سەرچاوەیەكی ئەم ئێتیكە ئەو فێنۆمێنۆلۆژیایەیە دەموچاوی خودی خۆ ڕووبەڕووی دەموچاوی ئەوەیتر دەكاتەوە. تەنها لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەموچاوەكان بەریەكتردەكەون. ڕووبەڕووبوونەوەی دەموچاوەكان بۆ لێڤیناس Levinas ئەوەمان پێدەڵێن، كە تەنها دەموچاویان بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هەیە. لێرە دەموچاو ئامرازە. كەوابێت كاتێک ئێمە فەلسەفەدەكەین هەم لە ناو بوونی خۆماندا جێگیرین و هەم بە بوونی، بە ئامادەبوونی، ئەوەیتر ئاشنادەبین. ئەوەی ئێمەی بەم ئاشنابوونە گەیاند، كەوایلێكردین درك بە ئامادەبوونمان لە جیهاندا بكەین فەلسەفەكردنە، فەلسەفەكردنەكانی فەیلەسووفەكانە، ئەو ئاسۆ تازەیەیە، کە ئێمە لە بوونماندا پێیگەیشتووین. دەشكرێت فەیلەسووفەكان هەڵەبكەن، بەس لە هەڵەكانیانەوە شت فێردەبن، كردنی هەڵەكانیش بۆ زۆرترگەڕانن بەدوای ڕاستیدا. گومانیشیناوێت، جیاوازیی لەنێوان شێوازەكانی بیركردنەوەی فەلسەفییدا بوونی هەیە، یان شێوازەكانی بیركردنەوە یەك جۆر نین، لێ بەردەوامی فەیلەسووف لە پشكنین بەدوای ڕاستیی سەرجەمی شتەكان دەگۆڕێت و فڕێشماندەداتە ناو ئەزموونێك لە تێژیانێکی نوێوە. بۆیە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی (چەنەبازی، درێژدادڕیی) جیاكردنەوەی فەلسەفەیە لەو شتەی پێویستناكات، ئەو شتەی نامانگەێنێت بە هیچ شتێك. پێویستیی ئێمە بۆ فەلسەفە پێویستیە بۆ ئەو شتەی هانماندەدات بیربكەینەوە و ئاسۆ بدۆزینەوە.

فەلسەفە لەگەڵ چەنەلێدان یەکناگرێتەوە

كەوابێت ئاماژە بۆئەوە دەكەین، بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە، یان بیركردنەوەیە لەمەڕ بیركردنەوە، یاخود بیركردنەوە دەستەمۆدەكات. ئەمە وادەكات فەلسەفە نەتوانێت لە دەرەوەی ئەو كردەیە كاری خۆی بكات و جگەلە بیریاریی شتێكی تر بكات بە مۆڵگەی مەبەستی خۆی. ئەمەیش بەجۆرێكی تر وادەكات هیچ هاوخەمیی و هاوهەڵوێستییەك لەنێوان فەلسەفە و زۆربڵێیدا نەبێت. زۆربڵێیی، كە تێكەڵێكە لە گوتنێكی دووبارەساز واتاسازێنەر نییە و پڕیشە لە دەمامک و نیشانەی لێوانلێو لە بێمانایی و لەگەڵ فەلسەفەشدا یەكناگرێتەوە. بۆیە پووچەڵكردنەوەی گشت پرۆسەیەكی زۆربڵێیی پووچەڵكردنەوەی ئەو بەشەیە لە گوتن، كە دەشێت نەوترێت، ئەو بەشەی هەر لەسەرەتاوە دەچێتە خانەی گوتراوە سواوەكانەوە. لەڕیشەشدا زۆربڵێییی بریتییە لە گوتنی گوتراو و گوتنی گۆكراو. ئەمەیش وادەكات زۆربڵێییەكان ڕۆچوون بەخۆوە نەبین و خۆشیان لە كردەگەلێكی پەلە و پەرت و زێدەڕۆئامێز بریتیبكەن. لەمیانەی گشت زۆربڵێییەکیشدا واتا بەوپەڕی مەبەستەوە دەمرێنرێت و ئەوەیش لە گوتندا دەهۆنرێتەوە، كە ناپێویست و ناكاریگەرە. کاتێک گوتن بێمانایی و گۆكردنی گۆكراو بەرهەمدەهێنێت، کە گوتن واتا لە خۆیدا حەشارنادات. ئەمەو زۆربڵێییەكان ناتوانن هیچ تێگەیشتنێك پووچەڵبكەنەوە و هیچ ڕۆڵێكیش لە داماڵینی هیچ جۆرە ماسكێكدا نابینن، نەک هەر ئەوە بگرە دەبن بە بەرهەمهێنەری دنیاییەك لە ماسك و ئاماژەی بێ واتا. ئەمەیش لەسەرێكی ترەوە ئەوەمان پێدەبێژێت، بنەبڕكردنی زۆربڵێیی بەچۆكدادانی ئەو بەشە لە گوتن لە خۆدەگرێت، كە ناتوانێت تێگەیشتنێكی نوێ دروستبكات.

بەپێی ئەوەی كردەی زۆربڵێییی لە دروستكردنی تێگەیشتنەوە دوورە، ئەمە وادەكات زۆربڵێییی ببێت بە پڕۆسەیەك لە قسەكردنی ناسێستەماتیك و ناكۆنكرێت. ئەو بەربەستانەیش زۆربڵێییی لەناو تێگەیشتنەكانمان دایدەنێت، پێگەی بێمانایی لە گوتنەكانمان بەهێزدەكات و شوێنێك بۆ واتاسازیی و ڕوونكردنەوەی پێویست بوونی نابێت. لە زۆربڵێییدا هیچ نیگەرانییەك، یان سڵەمینەوەیەك جێی دیار نییە، چونکە لەناو زۆربڵێییدا ئەوەی دەوترێت گومان و نیگەرانیی لەپاش خۆی بەجێناهێڵێت. بۆیە دەڵێین: ئەزموونی زمان و بیركردنەوە لە فەلسەفە ئەزموونێكی دژە زۆربڵێییە و کارێکی سانا نییە. ئەمەیش لەبەرئەوەی ئەزموونی فەلسەفە لەسەر تێڕامان و سەیركردنەكانمان كاریگەریی لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت. دواتر فەلسەفە حاڵەتێكی تریشمان لا دروستدەكات، ئەوەیش ئەوەیە، كە فەلسەفە بە ئەوانی ترەوە گرێماندەدات، دەمانخاتە ناو كۆمەڵگە و لەگەڵ بەرپرسیاریەتیشدا ڕوبەڕووماندەكاتەوە. فەلسەفەكردن، كە كاری خستنەڕووی دید و بیرە، ئەمە بەجۆرێكی ناهەڕەمەكیی و لۆژیکیی، تاڕادەیەكی زۆر هەر ئەوەیشە فەلسەفەكردن لە زۆربڵێییی جیادەكاتەوە. هەر لەبەرئەوە هەمیشە لە هزری هزرەڤاناندا ئەزموونی هزریی نوێ نمایشدەكرێت و ساتەوەختەكان ژێرپرسیار و گوماندەخرێن. ئەڵبەتە كەلەپوری ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی مرۆڤایەتیش هەر لەژێرسایەی ئەو ژێرپرسیار و گومانخستنانە بە ئاكامدەگات و لەو کێشانەش حاڵیدەبێت ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. لێرەوە دەكرێت قسە لەسەر ئەوە بكەین، ئەو دەمەی زۆربڵێیی وەك فۆڕمێكی زاڵی گوتن خۆی نیشاندەدات، شوێنێك بۆ گوتنی لۆژیكی نامێنێت و بوونی بیركردنەوەی لۆژیكیش ئەستەم و ناشیاو دەبێت. لەبەرئەوەی زمان و لۆژیك یەكانگیرن ئەمە وادەكات لۆژیكیبوون داوای ئەوەمان لێبكات زمان كاریگەرانە بەربەكاربردن بخەین(2). ئەم شێوە بەكاربردنەی زمان ڕێگا لە زۆربڵێییی دەگرێت و دوژمنی گەورەی زێدەڕۆییexaggeration شە. هاوكات ئەو كێشە ئێپیستێمۆلۆژییەی لێرەدا، لە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی، پێویستە ئاماژەی بۆبكرێت ئەوەیە، كە فەلسەفە خەسلەتێكی گەردونایی و گشتیی هەیە، ئەم لایەنە وادەكات لە فەلسەفەدا سێستەمێكی زمانەوانیی كاری خۆی بكات، كە ئەوەیش بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت. خەسڵەتی بیركردنەوەی فەلسەفی خۆی لەوەدا پوختدەكاتەوە، كە شێوازەكانی بیركردنەوە جۆراوجۆرن. كەوابێت گوزارەكردن بەشێوازی جیا شێوازەكانی بیركردنەوە دەیسەپێنن. مرۆڤ، كە زانی بۆ بیردەكاتەوە؟ لە ئەوەیش حاڵیدەبێت بیركردنەوە چی دەگەێنێت. ڕوونە، كە هەر كەسە و شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە و ئەو شێوازەش بەپێی دۆزە جیاكان گۆڕانی بنەمای دێتەسەر، بەڵام بیركردنەوە جیاوازەكان نە شیاوی لەبەردەم زۆربڵێیی دەكەنەوە و نەش جیاوازی لە بیركردنەوە مەترسیە بۆسەر پێكهێنانی واتا. دەكرێت كەسێكی ئاینی جیاوازتر لە كەسێكی سیاسی بیربكاتەوە و دەشكرێت كەسێك مۆدێرنانە بیربكاتەوە و كەسێكی تر نامۆدێرنانە، ئەڵبەتە بیركردنەوەی هەرزەکارێکیش لە بیركردنەوەی پیرێك جیایە، ئەم جیاوازیانە نامانگەیەننە ئەو تێڕامانەی بڵێین بیركردنەوە جیاكان لە زۆربڵێیی كەسەكان بەرپرسیارن.

لۆژیکیبوونی فەلسەفە بەڵگەهێنانەوەیە

لایەنێكی تر، لێرە گرنگە هێمای بۆ بكرێت ئەوەیە، كە ئەو دەمەی فەلسەفەدەكەین واتە هەوڵدەدەین لۆژیكییانە بەڵگەبهێنینەوە، یان توانایەكی شیاكاری لە بیركردنەوەكانماندا بخەینەگەڕ. ئەم توانایەش كاتێک لە فەلسەفەدا دەیخەینەگەڕ، کە پێویستمان بەوە بێت ئەوەی دەیڵێین بەڵگەداریبكەین. لەوە گرنگتر ئەوەیش، کە چۆن بەڵگەیەك ڕاستیئامێز بكرێت، یان ڕاستیگەرییreality بۆ بدۆزرێتەوە، چۆن وابكرێت، ڕاستیی پەسەندكراوبێت؟ هەروەها لە فەلسەفەدا گرنگە چۆن بەڵگە پەسەندكراوانە acceptable بنیاتبنرێت؟ واتە فەلسەفە ئەوە هەڵناوەشێنێتەوە پەسەندكراو و باشە، بەڵكو توێژینەوە لەو بارەیەوە دەكات، چۆن شت پەسەندكراو و باش بێت؟ ئەمەیش لەگەلێك ڕووەوە فێری ئەوەمان دەكات نەك هەر فەلسەفە لە زۆربڵێیی جیابكەینەوە، كە خۆی ئەوەیان شەڕی نێوان لۆژیكیبوون و نالۆژیكیبوونمان بیردەخاتەوە، بەڵكو لە ڕێگای جیاكردنەوەی شتی بەڵگەدار لە شتی بێبەڵگە بەوەش دەگەین، زۆربڵێیی کردەیەكە لە گوتنێکی ناسێستەماتیكی بێبەڵگە.
گومانی ناوێت، فەلسەفە ئەوەمان بیردەخاتەوە، چۆن دەتوانین ڕەخنەییانە توانای بەڵگەهێنانەوەمان هەبێت و لەم حاڵەتەشدا ئەوەی گرنگە ئەم لایەنانەن: چۆن بڕیاربدەین؟ ئەوەی پێیدەڵێن ئاكام، یان دەرئەنجامی ڕاستەقینە چۆن پێیدەگەین؟ هەروەها چۆن گریمان پێكدێت؟ ئاشكرایشە هیچ یەك لەم لایەنانە لە زۆربڵێییدا ئامادەنین و بۆیە زۆربڵێیش ناکارێت واتا دروستكەربێت. هاووەخت لە گفتوگۆ فەلسەفیەكاندا پێویستمان بە بەكاربردنی چەندین واتای شیكارەییە، تا ئەوەی دەمانەوێت بیگەێنین و پەسەندكراویشبێت، وەك: پرێمیس premise یان سەرەتا، پێشەكیی، بەڵگە، ئاكام یان دەرئەنجام، كۆتایی، پەیوەندیی ڕێژەیی، زاراوە، تایبەت و گشت … هتد. دیارە بۆ فەلسەفە پرسیاری چۆن بە زانینێكی دڵنیا دەگەین؟ هەمیشە مەسەلەیەكی، یان پرسیارێكی بنەڕەتی بووە. بەواتایەكی تر، گەڕانی بەردەوامی فەلسەفە بەدوای زانینێكی پەسەندكراو، باوەڕپێكراو و ڕاستیئامێز هەروەها ئەوەیش، كە چۆن زانین بەهائامێزدەبێت خودی ئەو پرۆسە ئاڵۆزەمان بۆ شیكاردەكەن فەلسەفە تیایدا بەرهەمدێت، یان فەلسەفە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات.
سەرباری ئەوەی لای سەرەوە باسكرا هێما بۆئەوەیش دەكەین، گەر ئێمەی مرۆڤ تا هەنووكە لەوە حاڵینەبووبێتین بۆ دەبێت(بۆ دەبایە) فەلسەفە هەبێت؟ لەوەش حاڵینین پرۆسەی فەلسەفەكردن، كە لەتەك لێوردبوونەوە و پشكنیندا دەست لەملانە، چەند واتای بۆ بەردەوامی فەلسەفە هەیە. بەردەوامی فەلسەفە پێویستییە بۆ بیری فەلسەفیی، بۆ ئەو شتەی هەموان كۆدەكاتەوە، چونكە هەموان لە ئامادەبوونی فەلسەفە، لەو شتەی بیر لە ئێمە دەكاتەوە، لە بوونمان، لە هەنووكەیی ژیانمان، سوودمەندین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنانی كۆنەوە بەو پرسیارە دەستیپێکردووە “ئەو شتە واتای چییە” (3)، لێ ئەمە بەو واتایە ناێت، كە فەلسەفە كاری دووپاتكردنەوەیە. سەختیشە ئێمەی مرۆڤ لەوە حاڵینەبوبێتین بیری فەلسەفیی خۆی لە بیرەكانی تر بەوە جیادەكاتەوە لە پەیوەندیدانییە بە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆییەوە. دیارە فەلسەفە ڕەخنە لە هەڵوێستە فەلسەفییە بەسەرچووەكان دەگرێت، دەبێت بە گوشار بۆسەر گەلێك تێگەیشتنی تر، كە خۆی لەتەكیاندا لە ناكۆكی دەبینێتەوە، کە بۆ یەكلاكردنەوەی شتەكان بە پەرۆشە و هەنگاویش بۆ گەیشتن بە ئاكام دەنێت، کە بە ڕەگ و ڕیشەی شتەكان ڕۆدەچێتەخوارێ تا بگاتە ئەو شوێنەی پێینەگەیشتووین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی خەمی فەلسەفە سۆراخكردنە لەو شتەی هیچ لەبارەیەوە نازانین و پێینەگەیشتووین، لەوانەش سەیرتر دەکارێت وەك” چالاكییەك یان تێڕاپی(چارەسەر)”(4) تەماشابكرێت. بۆئەوەی فەلسەفە گشت ئەمانەیش بكات پێویستی بەوەیە ڕیسكئامێز riskful بێت. ئەو ئێستایەیش، كە فەلسەفە تیایدەژیت بەرهەمی ئەو ڕیسكە هزریانەیە پێشتر كردوونی. ڕیسكەكان فەلسەفەیان بەرەو ئەزموونگەلێكی جیا و فرە ئاڕاستە بردووە. كەوابێت كاتێك فەلسەفە ئاسۆكان دەخاتە ژێرپرسیارەوە، لێماندەپرسێت چەند ئەو شتە دروستە؟ پرسیارە بووناوییە-مێتافیزیكییەكان دەوروژێنێت، دەپرسێت: سەرچاوەكانی زانین چییە؟ ئەركی زانین چییە؟ سروشتی زانین چییە؟ چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت؟ هەموو ئەمانە پێماندەڵێت فەلسەفە خۆی لەسەر جۆرە گوتنێك ڕادەهێنێت، تێگەیشتن بەدەستەوەبدات، كە ئێمەش هەرئەوەمان پێویستە. لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەی، كە فەلسەفە بەوەش لە زۆربڵێی جیادەكەینەوە، كە فەلسەفە تێگەیشتن و لێكدانەوە دەگەیەنێت و ئەمەیش تامەزرۆیی ئێمەی مرۆڤ بۆئەوە نیشاندەدات، كە خۆمان لە بیری سواو و نەزۆك بپارێزین.

شەڕی فەلسەفە بۆ گەیشتنە بە زانین، زانینی ڕاستی

سەرباری ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە زانین وترا، دەكرێت بڵێین: شیاوە پرسیارێكی فەلسەفیی بكەین بێ ئەوەی لە فەلسەفەدا پسپۆڕبین؟ ئایا ئەوە زێدەڕۆییە؟ پێمانوایە نەك هەر فەیلەسووف بگرە مرۆڤی سادەش دەکارێت پرسیاری فەلسەفیی بكات. بۆنموونە هەمووان دەكرێت بپرسین بۆ ئاسمان لە گشت شوێنێك بەسەر سەرمانەوەیە؟ ئەمە گەر پرسیارێكی فیزیایی بێت لەناواخندا فەلسەفیشە. یان بۆدەبێت كۆتایی ژیان مەرگ بێت؟ ئەمەیش دیسانەوە پرسیارێكە، کە گشت یەكێك لە ئێمە، چ پسپۆڕ بێت لە فەلسەفە و چ كەسێكی خاكیی و بێ ئاگا لە زانست و فەلسەفە، دەتوانێت بیكات. ئاشكرایە وەڵامەكان زۆرجار ئاستی تێگەیشتنی ئێمە بۆ پرسیارەكانمان دەستنیشاندەكەن. ئەو دەمەش بەم جۆرە دێینەگۆ، واتە، كە ئامانجێك لە گۆكردنەكانماندا بەدیدەكرێت و ئەو ئامانجە سنورێك بۆ ئەوەی گۆدەكرێت دادەنێت، لەوە حاڵیدەبین ئێمە شتێكمان بۆ گوتن هەیە. واتە شێوەی گوتنەكانمان جیاكارەیی دروستدەكەن و ساتەوەختی خۆیان لە گوتندا دەپارێزن. گوتنی ئێمە گوتنی خۆمانە، ئەو گوتنەیە ئامانجێك لەپشت گوتنیەوەیە، هەر ئەو ئامانجەش واتا بە گوتنەكانمان دەبەخشێت و ئەوەیش، كە گوتراوە لەوە جیادەكاتەوە بەجۆرێكی تر گوتراوە، یان گوتراوە و هیچ واتایەكی نەپێكاوە. لێرە جەختكردنەكە لە گوتن و لە واتاپێكانە نەك لە شتێكی تر. بیریشمان نەچێت گشت فەلسەفەكردنێك پەیوەندیی بە ئامانجێكی دیاریكراوەوە هەیە. بەشێك لە ئامانجەكان پەیوەندییان بەوەوەیە، ئەو كەسەی فەلسەفە دەكات دەیەوێت زانین بەدەستبهێنێت. واتە، تێگەیشتن لەسەر شتێك بەدەستبهێنێت نایزانێت.
كەواتە كەسی فەلسەفەكەر بە هیوای چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، فەلسەفەدەكات و ئەو بۆشاییانە لە تێگەیشتنیدا پڕدەكاتەوە كەلێنی گەورەیان لە زانینیدا بەرانبەر بەو دیاردەیە دروستكردووە، کە قابیلە بە گوتن، یان بەو شتەوەی فەلسەفەی بەسەرەوە دەكرێت. بەم جۆرە ئەوەی فەلسەفەدەكات بە گومانە لە تێگەیشتن و زانینەكانی و دەیەوێت دڵنیابێت ئایا ئەوەی ئەو وا دەیزانێت و تێیدەگات بەوجۆرەیە و زانین و تێگەیشتنەكانی ڕاستن. گشت ئەم شێوە سڵەمینەوە و تێڕامانانە جۆری گوتنەكانمان لێكدی جیادەكەنەوە و مەرام و ڕیشەیان دەستنیشاندەكەن. بۆنموونە كاتێك كیمیاناسێك پرسیارمان لەبارەی ڕەنگ، یان کەڕووەوە لێدەكات، یان كاتێك فیزیاناسێك پرسیارمان لەبارەی بارستایی و كێشەوە لێدەكات واپێویستدەکات وەڵامەكانیش كیمیایی و فیزیایی بن و لەخودی خۆیانیشدا وەڵامگەلێكی زانستیی و لەدواینباریشدا وەڵامگەلێكی فەلسەفیی پێكبهێنن. ئەم جۆرە زانستانە پێشتر لەهەناوی فەلسەفەدا بوون و دواتر وەك دوو زانست لە فەلسەفە جیابوونەتەوە و جیابوونەوەكەشیان ئاڕاستەی كاركردنەكانیانی لاوازنەكردووە. هەروەها ئەو پرسیارانەی كیمیاناس و فیزیاناسان دەیكەن لەهەمان ئاستدا خەڵكانێكی سادە ناتوانن، نە ئەو پرسیارانە بەو جۆرە بكەن و نە وەڵامەكانیشیان لەئاست وەڵامی كیمیاناس و فیزیاناساندا دەبێت. بۆیە ئەو وەڵامانەی كیمیاناس و فیزیاناسێك بەدەستەوەی دەدات بریتییە لە جۆرە گوتنێكی تایبەتی سنوردار، سنوردار لە چوارچێوەی زانینێكی دیاریكراو.

دیارە نەزانین سنوری نییە و زانینەكانیش سنور تێدەپەڕێنن، بەڵام ئەمە سنور و ڕێسکەكان لەنێوان زانین و نەزانیندا تێناپەڕێنێت. ئەمەیش لەبەرئەوەی نەزانین ناچێتە خانەی زۆربڵێییەوە. نەزانین كردەیەكە لەو پرۆسەیەی بۆ بەدەستهێنانی زانین دێتە دنیاوە، هەرچی زۆربڵێییە پرۆسەیەكی زۆربارە و بێمەرامە. هەروەها نەزانین دانپێدانانیشە بەو شتەی تێیناگەین و پێینەگەیشتووین، بۆیە زۆربڵێیی ناتوانێت خۆی بەسەر نەزانیندا بسەپێنێت هیچ نەبێت لەبەرئەوەی زۆربڵێیی لەبارەی شتێكەوەیە گوتراوە و تێشیگەیشتووین. هاوكات لە نەزانینەوە تێگەیشتنێكی قوڵ دەستەبەردەبێت، كە زۆربڵێیی ناتوانێت هەرگیز ئەوە دەستەبەركات. زۆربڵێیی دەیەوێت لە كونفەیەكونێكدا بە زانین بگات، بەو شتە بگات لێیحاڵی نییە. حاڵینەبوون بەردەوامە، چونکە پرۆسەی وەدەستهێنانی زانین لەلایەن مرۆڤەوە بەردەوامە. كاتێكیش لە هێنری بێریگسۆن Henri Bergson دەپرسن “باشترین كتێب چییە، كە دە ساڵی تر چاپدەبێت لە وەڵامدا دەڵێت: جا ئەگەر بمزانیایە خۆم دەمنوسی”. ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە ئەو شتەی دێت زانیمان لەسەری نییە هەچ زێدەڕۆییەكیش لەو بارەیەوە بكەین بەهیچزانین كۆتایدێت.
کەوابێت، ئەو دەمەی ئێمە چەنەلێدەدەین هیچزانین بەرهەمدەهێنین و دووپاتكردنەوەكانیشمان بەشوێنێكی تازەمان ناگەیەنن. لە زۆربڵێیدا چەندبارەكردنەوە ئامادەیە و گومانیش لەگەڵ زۆربڵێیی و زۆر دووپاتكردنەوەدا یەكناگرێتەوە. بەپێی مێتۆدی سوكرات بێت دەشێت ئێمە خۆمان وەك نەزان نیشانبدەین تائەوە فێربین چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت. گرنگ نییە ئێمە دەزانین، كە چی نازانین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئێمە نەزانین چی نازانین. تەنها ئەو كاتە لەو پرسیارە حاڵیدەبین، كە بەم جۆرەیە: نەزانین چییە؟ دەمانەوێت هێما بۆ ئەوە بكەین، پرسیاری نەزانین چییە؟ هەروەك پرسیارە مێتا_فەلسەفییەكان، بۆنموونە پرسیاری فەلسەفە چییە؟، بە پرسیارگەلێكی ڕیشەیی لە فەلسەفەدا دادەنرێت، ئەو دەمەش، كە دەپرسین نەزانین چییە؟ مەراممان دەربازبوون لە نەزانین، كە لە نەزانینیش دەربازماندەبێت لەسەر خوانی زانین، زانینی ئەوەی نایزانین، دادەنیشین. واتە، نەزانین بە پەیداكردنی زانین كۆتای دێت، زانین لەمەڕ ئەو شتەی ئاگاییمان لەسەری نییە. ئەوەی لە نەزانیندا سەبارەت بە شتێك نوقمە دەبەنگ نییە، بەڵكو دانبە نەزانینی خۆیدا دەنێت سەبارەت بەوەی، كە نایزانێت. بەم جۆرە، ئەوەی جاهیل لە نەزان جیادەكاتەوە ئەوەیە دەبەنگ نازانێت، كە نازانێت، لێ نەزان ئەو كەسەیە دەزانێت، كە نازانێت، بۆیە كەسی نەزان دەخوازێت بزانێت. كەوابێت نەزانین بەرهەمی نەزانینی ئەو كەسەیە، كە زانینی تایبەت بە شتێكی دیاریکراو پێنییە.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئێمە، كە نازانین “ڕاستیی چییە؟” ئەمە ئەو نەزانینەیە تایبەت بە ڕاستیی هەمانە، لێ كاتێک زانیمان ڕاستیی گەڕانە بەدوای ڕاستییەكی ڕەها و ڕێگاكانیش بۆ گەیشتن بە ڕاستیی جۆراوجۆرن و تاكە ڕێگایەكیش لەو بارەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی بوونی نییە بەمە لەوە حاڵیدەبین نەزانینی ئێمە لە چیدا خۆی كورتكردووەتەوە. واتە، ئێمە پاش ئەوەی زانیمان پەیوەندیی سروشت، یان گەردوون بە مرۆڤەوە بریتیە لە ڕاستیی و ئەو پەیوەندییەش لە ناوەوەی ژیانی ئێمەی مرۆڤدا ئامادەیە بەوە زانینێك تایبەت بە ڕاستیی بوونمان دەخەینە سەر خەرمانەی زانینەكانمان، ئەمەیش وادەكات ئێمە نەزانینی خۆمان دەستنیشانبكەین، یان بناسینەوە. دیارە بۆ كەسی نەزان هەمیشە ئەوە پرسیارە، کە كێ خاوەنداری ڕاستییە، یاخود ڕاستیی لای كێیە؟ هەر ئەم لایەنە وا لە نەزان دەكات زۆرترین تێڕامان لەوە بكات، كە نایزانێت. بۆ كەسێك، كە نازانێت، بۆنموونە فەیلەسووف، هەمیشە گەڕان بەدوای ڕاستیی بۆ بیركردنەوەی فەلسەفیی پێویستیە. بۆیە بیرمەند بێوچان ویستویەتی بەدوای ڕاستیدا وێڵبێت، كاتێك بیرمەند ئەمە دەكات بۆ ئەوە دەیكات تا لە ڕێگای ئەوەوە لە سەرچاوەكانی كێشەكانی ناو بوونی خۆی بگات. ئەوكاتەش، كە كەسی بیرمەند بە ڕاستیی دەگات خۆی لە ناوچەكانی یەقین نزیكدەكاتەوە و پێویستی بەوە نابێت گومان لەوە بكات، كە جارێ گومانی تیادا دروستنەکردووە.

لەسەر بناغەی گوتنەكانی لای سەرەوە بێت پرسیارگەلێك وەك: چۆن دەزانین، كە دەزانین؟ چۆن دەزانین، كە ئەوەی دەیزانین ڕاستە یان هەڵەیە؟ هەروەها چۆن دەزانین، كە زانینەكانمان باشن نەك خراب؟ ڕێنماییەكی فەلسەفیی زۆرماندەكەن، کە لە بنەچەی نەزانینی خۆمان بگەین. شرۆڤەكردنی ئەو لایەنەش، واتە نەزانینی مرۆڤ، شرۆڤەكردنی ئەو بەشە گرنگەیە، مرۆڤ لەخۆیدا بەئاسانی دركیپێناكات. ڕاستە دركپێكردنەكانی ئێمەی مرۆڤ بێ خەوش نین بەتایبەت گشت كەسێك خاوەنی ئەزموونی دركپێكردنی خۆیەتی، ئەمەیش، واتە دركپێكردن، پرۆسەیەكە لە شرۆڤەكردنێكی ناسادە، یان کارێکی ئاڵۆزی هزریی. ئەمەیش بەزۆری لەبەرئەوەی هەموو وەك یەك درك بە هەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرمان ناكەین. بۆئەوەی درككردن لە ئێمەدا بە باشی بڕسكێت پێویستمان بەوەیە ڕۆڵ لە ڕێكخستنی ئەو زانیاریانەدا ببینین لە دەوروبەرمانەوە پێماندەگات، بۆیە گرنگە جەخت لەوە بكەین پرۆسەی درككردن پرۆسەیەكی زانینییە (مەعریفییە).
بۆئەوەی گفتوگۆكان لە كۆنتێكستی فەلسەفیی باسەكەدا چڕبكەینەوە جەخت لەسەر ئەو لایەنە دەكەین، كە فەلسەفە لە ئاكامی گەڕان بەدوای چۆنیەتی پێكهێنانی زانین دروستدەبێت. لەناو فەلسەفەدا زانین بەهۆی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە دێنەسازان، كە فەلسەفە ئەنجامیدەدات. جا وابێت ڕۆشنبیریی فەلسەفیی لەمیانەی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە نەشونمادەكات و بەمە فەلسەفە ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێت و وەك فۆڕمێك لە بیركردنەوە خۆی نیشاندەدات. لەناو ئەم فۆڕمە گشت دووپاتكردنەوە و جوینەوەكان جۆرە دووبارەبوونەوەیەک دروستدەكەن بەهەموو جۆرێك لە فەلسەفەكردنەوە دوورن. بیركردنەوەكان نەزۆكیی بەرهەمدەێنن. زۆربڵێیش ئەو نەزۆكیەیە شتێكی نوێ ناخوڵقێنێت، لە زۆربڵێییدا (كە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆیی پەنهانە) وێنابوونی زەینی قوڵ لە بینین و لە واتادا بەدیناكرێت. بۆیە، هەمیشە لەوەی دەوترێت، لە گوتراو دا، پێویستمان بەوەیە بەدوای ڕیشاڵی هزریی گوتراوەكەدا بگەڕێین، ئەم لایەنەش هەمیشە دەمانخاتە بەردەم جۆرە سڵەمینەوەیەك لە گوتراو. گومانیشی ناوێت، گوتراو بەرهەمی بیركردنەوەیە و پێچەوانەی ئەو گوتراوەیە لە شێوەی چەنەبازیی خۆی نیشاندەدات. ئەمەیش لەبەرئەوەی زۆربڵێیی بیركردنەوەیەكی سواوە و هیچی لێوە سەوزنابێت.

فەلسەفە = گوتنی گوتنێكی نەگوتراو
هاوكات لە زۆربڵێیدا گوتن سنوری نییە و وێنەكان هیچ كات پوختنابنەوە. بەواتایەكی تر، زۆربڵێیی تێگەیشتن بەدەستەوەنادات و دووبارەكردنەوەی ئەوەیە، كە دەیزانین. كاتێكیش ئالان بادیو دەپرسێت بیركردنەوە لە ئەم ئێستاماندا چی دەگەیەنێت؟(5). ئەم تێگەیشتە وامانلێدەكات بۆئەوە بچین هێزی بیركردنەوە لە ئەمڕۆدا ڕوو لە خوارە، یان ئەو جۆرە بیركردنەوانە ڕوو لە خوارن گوتنێكی پێویست بەرهەمناهێنن. لێرە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێک لە سەیركردنە فەلسەفییەكانی ڤیتگێنشتێن تایبەت بەم لایەنە بدەینەوە. لەسەر ئەو بناغەیەش ئاماژە بۆئەوە دەكەین بۆئەوەی سنورێك بۆ بیركردنەوە دانرێت پێویستە بیر لە هەردوولای سنورەكە بكرێتەوە ( واتە ئێمە مەرجە بتوانین لەوە بیركەینەوە، لە شتێك، كە ناكرێت بیری لێبكرێتەوە)(6). ئەڵبەتە ڤیتگێنشتێن پێیوایە ئەو سنورە لەم حاڵەتەدا لەرێگەی زمانەوە دێتەدی. بەم شێوەیە بێت ئەوە زمانە بیركردنەوە لە بیرلێنەكراو جیادەكاتەوە و ئەوەیش، كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەم سنورەوە، بێماناییە(7).
بەپێی ئەو تەماشاكردنە فەلسەفییانەی لای سەرەوە بێت گوتن لە پەیوەندیی دایە لەلایەك بەڕاستیی، لەلایەكی تر بەوەی لەناخی گوتندا ئامادەیە، كە ئەوەیش واتایە؟ گوتن فۆرمی هەیە و ئەم فۆرمەش واتای هەیە. واتە ئەوەی فۆرمی گوتن دیاریدەكات واتاكەیەتی، یان ئەوە واتایە فۆرمی قسەكردن دەستنیشاندەكات، بەڵام بابپرسین چۆن ئەم ڕێسایەی ڤیتگێنشتێن كاری لەسەر دەكات، دەکارێت واتا بەرهەمبهێنێت، یان بەگشتی چۆن دەكرێت واتا بەرهەمبێت؟ لەڕاستیدا ئەوەی واتا بەرهەمدەهێنێت بەپێی سەیركردنی ڤیتگێنشتێن فاكتە Fact. بەڵام لەو بیرە فەلسەفییە یاریئامێزەی تراكتاتۆسدا، ئەوەندەی لێیحاڵی بووبێتین، واتا لە پەیوەندیدایە لەتەك گوتندا. گوتن، كە مۆدێلێكە، وێنەیەكە، لە ڕاستیی ئەم ڕاستییە، ئەوەندەی لە تراكتاتۆس گەیشتووبێتین، واتا بەرهەمدەهێنێت. ئەمەیش بەهۆكاری ئەوەی لە گەرووی گوتندا واتا حەشاردراوە. هەرچی گوتنی توتۆلۆژی Tautology یە (دوبارەكردنەوەی هەمان واتا) بەم جۆرە نییە. ئەم جۆرە گوتنە نە وێنەیەكە لە ڕاستیی و نە واتایش لەناخیدا پەنهانە. ئەمە بۆ ئێمە واتای ئەوەیە گوتنی توتۆلۆژیی شیاوی لەبەردەم بەمانابوون ناكاتەوە. نەك هەرئەوە، بەڵكو ئەم گوتنە لە پەیوەندیشدا نییە لەتەك ڕاستیی. توتۆلۆژیی، كە هیچ دەڵێت لەبەرئەوەیە واتای لە ناخی خۆیدا بەرجەستەنەكردووە. لەبەرئەوەی، گوتنی توتۆلۆژیی واتە دوبارەكردنەوە بەبێ واتا، یان گوتنی گوتنێكی ناپێویست، گوتنی هەمان شت، گوتنی شتێك بە هەمان وشە و بە هەمان واتا.
سەرباری ئەوەی گوترا، توتۆلۆژی گوتنی ئەو شتەیە، ڤیتگێنشتێن گوتەنی، هیچ شتێك لەبارەی ڕاستیەوە ناڵێت. هاوكات توتۆلۆژیی گوتنی شتێكە گوتراوە، لێ بە واتای جیا، ئەمەیش شێوازێكی ناجۆر لە گوتندا دروستدەكات. ئەمەیش لەبەر ئەوەی شتێك دەوترێت پێشتر گوتراوە، یان دوبارەبوونەوە لە قسەكرندا پێكدەهێنێت. بەم جۆرە لە قسەكردنەكانماندا شتێك دەڵێین هەمان ئەو شتەیە پێشتر وتومانە بەمە دەكەوینە ناو دووبارەكردنەوەیەك لە واتاوە دوورە، یان هەمان واتا دوبارەدەكرێتەوە. لە لۆژیكیشدا توتۆلۆژیی دەتوانێت خۆی وانیشاندات لە ڕستەكەدا، یان لەژێرسایەی هەمان بەهادا شتەكە دەوترێتەوە(9).

سەرئەنجام:
سەرئەنجام بەو تێگەیشتنە دەگەین گوتنی توتۆلۆژیی، گوتنێكی هەمان شتە، دوبارەكردنەوەی هەمان گوتنە، دووجار گوتنی ئەوەیە، کە گوتراوە، بۆیە پێویستمان بەوە دەبێت لە توتۆلۆژیی دووركەوینەوە. توتۆلۆژیی دروستكەری بێزاریی و گوتنی شتێكە دەیزانین. كەواتە فەلسەفەكاری كردنی ئەو شتەیە نایزانین، فەلسەفە بۆ گەیشتنە بەوەی نەوتراوە، یان ئەوەی هەمان واتا، یان زانین بەدەستەوەنادات. گەر فەلسەفە بۆ گەیشتن بێت بە دانایی، ئەو داناییە نەوتراوە، هاوشێوە و هەمان واتا لەخۆ حەشارنادات. بۆئەوەی فەلسەفە دروستبێت پێویستی بە بڕین و دیسانەوە دەستپێكردنەوەیە. بەواتایەكی تر، لە گوتندا، یان لە بیركردنەوەدا، کاتێک بێزاریی و زێدەڕۆیی دروستدەبێت، فەلسەفە لەوێدا ئامادەبوونی نەبێت. بۆ هایدیگەر پرسیار لەسەر فەلسەفەكردن، نەك خودی فەلسەفە، کاتێک مەرج بووە، کە فەلسەفەكردن توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو پیادەكردنی فەلسەفەوە، هەرچی فەلسەفەیە توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو تەنها فەلسەفەوە. ئەمەیش داوای مانەوە، یان نیشتەجێبوونمان لێدەكات، واتە ژیان لەناو فەلسەفە. مانەوە، یان نیشتەجێبوون لەناو فەلسەفە بۆ هایدیگەر گرنگ بووە تا بۆمان هەبێت بپرسین فەلسەفە چییە؟ ئەگەرنا بۆمان نییە بپرسین فەلسەفە چییە؟ لێرە ئێمە هاوكۆكی خۆمان لەتەك هایدیگەر نیشاندەدەین، كە دەبێژێت: گشت سەردەمێكی فەلسەفیی پێویستیێكی خۆی هەیە. كە ئەوەیش دواتر وادەكات ئێمە فەلسەفە بكەین. كاتێکیش فەلسەفە دەكەین پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵی بین كردەی فەلسەفەکردن لەبنڕا بۆ گەیشتنە بە زانینێكی نەزانراو، ئەو زانینەی نادووبارە و نەوتراوە.

سەرنج:
لە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگە کوردییەکانی تردا زۆربڵێی بە چەنەبازی، چەقەسرۆی، چەقەسووی، چەقاوەسۆی، زۆروێژی، هەڵەوەڕی، دەمهەراشی، چەنەوەری هاتووە.

—————————————————

رفڕێنسەکان
1.Paul Ricoeur.History and Truth. Introduction : Charles A. Kelbley, Foreword :David M. Rasmussen . Northwestern University Press.2007. pp.54-55.
2.D.Q.Mclnerny. Being Logical: A Guide to Good Thinking. Random House Trade Paperbacks. 2005.p3.

  1. Bryan Magee. Från antikens naturfilosofer till dagens moderna tänkare . Bonniers stora bok om filosofi.1998.
    4.Gunnar Fredriksson. Wittgenstein. En biografi. Stockholm : Bonnier. 1993.
    5.Alain Badiou. Andra manifestet för filosofin. Översättning: Carin Franzén.Tankekraft förlag, 2012.s. 1.
    6.Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, översättning, inledning och noter av Anders Wedberg, Thales, 1997.s.37.
  2. Ibid.
  3. Poul Lübcke.red . Filosofilexikonet. Stockholm. 1988. Ss. 539-540.
  4. Dag Prawitz. ABC i symbolisk logik: logikens språk och grundbegrepp. Stockholm: Thales. 1991.s. 62.
    Wittgenstein om tautologier och andra logiska satser.
    http://www.phil.gu.se/posters/festskrift2/mnemo_radovic.pdf



ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان قەندێک لە شەکرە داری فەرهادی.. دڵشاد کاوانی

کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان کتێبێکی (١٧٤) لاپەڕییە، بە بەرگ و دیزاینێکی جوان و ناوازە لە ساڵی (٢٠٢٠) لە تاران چاپ بووە و لە کوردستان وەشێندراوە. لە نووسینی نووسەر و ئەدیبی دیاری کورد عەبدولڕەحمان فەرهادییە، کە لە (٣٣) بابەت و فەرهەنگیلەیەکی (١٣٧) وشەیی، لێکدانەوەی واتایی بۆ کراوە و غەریب پشدەری پێشەکیی بۆ نووسیوە.

سەرەتا:

ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، کتێبێکی جوانکیلەی نایابی پڕ چێژ و بە زمانێکی پاراو و بێگەرد و خەوش، وەک ئەزموونیکی نوێ بۆ هەڵڕشتنی نیاز و ڕازی نووسین، خستنەڕووی گرفت و ئاریشە و چەمەسەرییەکانی ژیانی تاکی کورد و پەنجە خستنە سەر کەماسیی و دیاریکردنی کرێتی و ناجوورییەکانی ژیان، کە هەڵقووڵاوی ئاوی سازگاری ئەدەبی عەبدوڵڕەحمان فەرهادییە، بە شێوەیەکی تەنز و چیڕۆکیلە و یادەوەریی بە زمانێکی تایبەتی نووسەر نووسراوەتەوە.

فۆڕم لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

تەنز لە ڕووی فۆڕمەوە تەنیا گاڵتە و گەپ و تڕیقانەوە نییە بە ڕووی دەق دا، ته‌نانه‌ت هەندێکجار دەشێت ڕەوشتی بێ مێشکانه‌ش له‌خۆ بگرێت، بۆیە چەمکی تەنز دیاریکراو نییه‌، ‌سروشتی وه‌ک ئامێری میوزیک وایه‌ که‌ ‌ده‌توانرێت بە چه‌ند ڕیتمی جیاواز بژەندرێت. سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م فۆڕمه‌ ته‌قلیدییانه‌ی کە هەن، دەکرێت فۆڕمەلەی‌ جیاواز لە ناوخۆی مانیفێست بکات.
شاراوە نییە، ئەدەبی تەنز ئامێز لە فۆڕمی جیا جیا وەک شیعر و پەخشان و چیڕۆک و ڕۆمان و بابەتی ڕەخنەیی و تاد… خۆی نمایش دەکات، ئەگەرچی کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، بە گشتی بە فۆڕمێکی تەنزی ئەدەبیی نووسراوەتەوە، لە هەموو بەشەکانی ناو کتێبەکەدا زمانێکی تەنز و تیتاڵی توانج و تێوەژەنانی ڕشقانجاڕی لای نووسەر دەبیندرێت، تا ئەندازەیەک نووسەر هەوڵی تەواوی داوە، کە بەم فۆرمە تیتواژییە زاڵبێت بە سەر فۆڕمی گشتی و تێیدا سەرکەتووبووە، لێ نووسەر بە هۆی دیارینەکردنی یەک فۆرمی و خۆیەکلانەکردنەوەی لە یەک بابەتیی کتێبەکەدا، هەرچەندە فەرهادی لێزانانە بارەتەقای دەق هاتووە، لێ هێزی فرە فۆڕمی دەقی تەنزی لە ناو خۆیدا دەغەر کردووە.

ناوەڕۆک لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

هەموو دەقێکی ئەدەبی بێ ناوەڕۆکێکی بەهێز و زیندوو، جەستەیێکی مردوو و بێ ڕۆحە، بۆیە ناوەڕۆک چەقی سەرەدەرکردنی خوێنەرە و قووڵبوونەوەیەتی لە دەق، دیاریکردنی دەلالەتەکانی تێگەیشتن و مەعریفەی نووسەرە، کە لە دەلاقەی دەقەوە خوێنەر لە ناوەڕۆک دەڕوانێت. لە ئەدەبیاتی جیهانی و ئەدەبیاتی کوردیشدا، زۆرێک دەق دەبینرێن، کە لە ناوەڕۆکیکی تەنزیی و گاڵتەجاڕییەوە خۆیان دەردەخەن، هەرچی تەنز و تیتاڵی کوردییە، لە ناوەڕۆک وەک تەنزی جیهانی لە دەقدا قاڵ نەبۆتەوە.
‏لای نووسەرانی كورد ئەم چەشنە دەقە لە ئەدەبی كوردیدا، گرنگییەكی وای پێ نەدراوە، کەچی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە تەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە، لەوانە (بۆكۆڤسكی) لە چیڕۆك و ڕۆمانە تەنزئامێزەكانیدا، لە (ڕۆمانی بازاڕی) و کۆمەڵە چیڕۆکی (سۆزانی ١٣٥ کیلۆیی ) بە ڕوونی ڕەخنە لە دەسەڵات و بواری ئابووری و ڕامیاریی ئەمەریكا دەگرێت. ئەوڕووپا خاوەنی (مۆڕاڤیا)ی ئیتاڵی و لە ئەدەبیاتی ڕوسیایی سپیش (دۆستۆڤسكی و ئەنتۆن چیخۆف)، ڕۆژهەڵاتیش خاوەنی (عەزیز نەسین)ی تورکن. ئەم کەڵە نووسەرانە، لە بەرهەمە تەنزئامێزەكانیاندا، توانیویانە كۆمەڵگەی خۆیان بخەنە ژێر پرسیار.
هەڕچەندە لە ئەدەبیاتی کوردیدا ناوەڕۆکی دەقی تەنزئامێز کەمتر بەڕچاو دەکەوێت، لێ ئەدەبی کوردییش لە ڕێگەی هەجووی شیعریی شێخ رەزای تاڵەبانی و دەقی تەنزێئامێزی پەندەکانی پیرەمێرد و ڕشتەی مرواریی عەلائەددین سەجادی، لە دەلاقەی گۆشە ئەدبییەکانی سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، کوردیش لە ئەدەبی تەنز، بە تەواوی بێبەش نەبووە.
لێ ناوەڕۆک لە دەقی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، لە هیچیان ناچێت و بێ بەشیش نییە لە هیچیان. ناوەڕۆک لای فەرهادی لە دەقدا زۆر دەوڵەمەندە و ڕێچەکەیەکی سەربەخۆی هەیە و زۆر بە دیقەت و بە وردی تەنزی ڕیالیستی و پۆستمۆدێرنیی تیکەڵ بەهەم کردووە. توانیوییەتی لە ناوەڕۆکدا پەنجە بخاتە سەر برینەکانی کۆمەڵگە و کولتوور و ئایین و ڕامیاری، گەلێ بە جوانی ڕاڤەی کردووە و توانج و تیزی تێوەژەندووە و لێهاتووانە سەری مارەکانی بە کوتکی پەلار پانکردۆتەوە. دەتوانم بڵێم ناوەڕۆک لە دەقی تەنزییدا، لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان قەندێکە لە شەکرە داری فەرهادی، کە خۆی وێنا کردووە.

ئارۆنییەت لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

ئەوەی کە دەبیبینن لە ژێر ناوی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، کە لە زۆربەی بابەتەکاندا ڕا و سەرنجەکانی نووسەر ئایرۆنین، هەرچەندە جەخار لە کوردی واتایەکی دیاریکراومان بۆ چەمکی ئایرۆنی نییە، لە کوردیدا وەک گەپ و گاڵتە و تەوس، بەتایبەتی بە شانۆی گاڵتەئامێزەوە گرێ دراوە. لێ ئایرۆنییەت واتە دەستکەوتنی حەقیقەت لە ڕێگەی جیاواز، یان کە نووسەر لەسەر ڕووداوێک و تەوەرێک دەنووسێت، بە تەواوەتی مەبەستی شتێکی ترە، یاخۆ ڕێک پێچەوانەکەی تەواوە، دوو نموونەی زەقی ئایرۆنی لە مێژوو دەبینرێت (جیۆردانۆ برۆنۆ) کەسێکی ئاییندار و بڕوادار بوو، کەچی وەک ئەستێرەناسێک خۆی دەناساند، کڵێسایش وەک بێ باوەڕێک سزای کوشتنینان دا. (مایکڵ ئەنجیلۆ) بە پێچەوانەی ئەو، کەسێکی بێ باوەڕ بوو، کەچی بۆ ڕازیکردنی کلێسا خۆی وەک کەسێکی باوەڕدار نیشان دەدا، بەم جۆرەش پیاوانی ئایینی کلێسای تەفرەدا و لەخشتەی بردن، کە لە بەرهەمەکانی بە ڕوونی باوەڕنەبوونی دەردەخات.
ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان لە پاڵ ئەوەشدا خستنەڕووی ئەزموون و کۆمەڵێک وتار و دید و بۆچوونی تایبەتیی فکری و مەعریفیی نووسەرە، لەسەر کۆی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە بە زمانێکی ئەدەبیی چیڕۆکئامێزی قشت و تەوس نووسراوەتەوە.

پەیام لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

لەپشت هەموو دەقێکی ئەدەبی، بە گشتی و تەنز بەتایبەتی پەیامێکی شاراوە هەیە، دەبێت خوێنەری زیرەک بیدۆزێتەوە، لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان عەبدولڕەحمان فەرهادی لە هەموو بابەتێکی ناو کتێبەکەیدا پاشخانێکی مەعریفیی بەهێز هەیە، لە خۆرا فەرهادی خاڵی نەخستۆتە سەر پیتەکان، بەڵکوو زۆرترین پەیامی شاراوە و ئاشکرای لە خستنەڕووی بابەتەکاندا هەیە، دروستە عەزیز نەسین ئازا دەمانخاتە پێکەنین، لێ لە پشتی دەقەکان نووسەر پێمانئێژێ، ژیان تەنیا تریقانەوە نییە بە ڕووی مرۆڤ، ئازار، چەرمەسەری، نەزانی، دواکەوتوویی، نادادی کۆمەڵایەتی، نایەکسانی ڕامیاری، خراپەکاریی، ئیرەیی و لاسایی، دەروون نەخۆش و ڕووخاوی، دەستی ناوەتە بینایی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئازارێکی قورسە نیشتیمان پێیەوە دەناڵێنێت.

گیڕانەوە لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

تەکنیک و گێڕانەوە لە کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، بە تەکنیک و شێوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، نیشاندانی داهاتووی ڕووداوەکان و کات و شوێن و کارەکتەرانی نێو ڕووداوەکان، هەبوونی پاڵەوان لە هەر گێڕانەوەی ڕووداوێکدا، شێوازی داڕشتن و گەمەکردن بە گێڕانەوەکان و دەستنیشانکردنی پەیام و بوونی گرێچن و سەرەتا و کۆتایی نێو بابەتەکان، بە تەواوەتی بنەماکان و بونیادی ڕەگەزی کورتە چیڕۆک و هەندێک جار چیڕۆکیلەی لێ دێتە دی. ڕاستە نووسەر لە ناونانی ژانرەکەی لە نێوان چیڕۆک و سەربردان و یادەوەری، خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە، لێ بە ڕوانینی من، لە هەموو بارێکەوە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان لە کۆمەڵە چیڕۆک نزیکترە، نەوەک یادەوەریی.

زمان لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

ئەوەی کە بەلای من جوانترین بەشی نێو کتێبەکەیە و زۆرترین سەرنجی منی بۆ خۆی قاو داوە، بەرزی و لێهاتوویی و زمانزانیی نووسەرە، کە کتێبەکەی بە زمانێکی زۆر تایبەتی نووسیوەتەوە، دەتوانین بڵیین: عەبدولڕەحمان فەرهادی لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، زمانی لە هیچ کەس ناچێت، بەڵکوو زمان لای فەرهادی لە بەرزترین ئاستی زمانزانی دایە و زۆرترین وشە و ئیدیۆم و زاراوە و شێوەزمان، سەرزمان و بنزمانی بەکاربردووە. زمان لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، نە زمانی ستانداردی گشتییە و نە زمانێکی خۆجێییە، بەڵکوو زمانێکی تێکەڵە و تایبەتە بە خۆی، لە هەر جێگاییەک ئەم زمانە لە نووسین دەناسرێتەوە.
هەرچەند فەرهەنگۆکێکی بچووک لە دوا لاپەڕەکانی کتێبەکە دا هەیە، لێ ژمارەی ئەو وشانەی ئاخێندراونەتە نێو فەرهەنگەکە، لە چاو دەوڵەمەندیی و زەنگینی وشەسازیی ناو بابەتەکان، جەخار ئێجگار کەمە، پێویست بوو نووسەر سەرجەم وشە نائاشناکانی ڕاڤە بکردایە و زۆرتر گرنگیی بە فەرهەنگۆکەکە دابوایە، نەوەک وا بەسانایی لە کۆڵ خۆی بکردایەتەوە، چون چەندین وشەی خۆجێیی هەولێریان و گۆتە لەبیرکراوەکانی کۆنی هێناوەتەوە سەر زمان و زیندووی کردوونەتەوە. ھەروەھا لە هەندێ شوێن فەرهادی خاوەنی وشەسازیی خۆیەتی.
ئەوەی کە زۆر نیگەرانی کردم لەگەڵ ئەم هەموو توانایە لە بن نەهاتووەی نووسەر، بە هیچ کلۆجێک خۆی لە وشە و زاراوە بیانی و عەرەبییەکان نەپاراستووە، بە تایبەتی لە ناونیشانی کتێبەکەی یەکەم وشەی بە ماجەرا کە بە شێوەزاری هەورامی واتە ڕووداو، هەرچەند نووسەر لە فەرهەنگۆکەکەی دا، بردوییەتە سەر ما جری ی عەرەبی، لێ دەکرا بیکات بە سەربردەی دختۆر کاکۆی سەگەوان، کە زۆر کوردی و جوانتر دەبوو. جگە لە وشەکانی ئیسراحەت، ماسیحە، عەمۆ، عادی، عەیب، سەعات، یەعنی، وەزع، زروف، سەفەر، عیلاج، عەسکەر، مەعادن، کەعبولعالی، عەمەل، مەحەلئومییە، مەرحەلە، فەقیروفوقەرا، ئەشراف، تەکلیف، فایدە، تەجنید. مەکتەبلی، ڕاستە دەمێکە لە ناو کورد بەکاردێت، وەلێ مەکتەبلی ڕەگەزی وشەکە، پێکهاتەی هەردوو بەشی یەکەم: مەکتەب عەرەبییە و پاشگری لی تورکییە، بەداخەوە کە نووسەر توانایەکی باشی لەوە هەیە، کە زاراوە و واتای هاوتا کوردییەکانی دەزانێت، لێ بێ هەواڵ لەوەی کە نووسەرانی گەنج و نەوەی دوای خۆی بەکاری دەبەن و زمانی کوردی هەر بە شێواوی بە بێنازی دەمێنێتەوە. هەرچی نووسەر نایشارێتەوە کە باوەڕی بە پەتی بوونی کوردی نییە و هەبوونی وشەی بێگانان لە زمانی کوردی بە ئاسایی دەبینێت، بۆیە لە بەشی تۆفیق پەتپەتۆک، لە لاپەڕە (١٠٧) دا، سەرزەنشتی تۆفیق دەکات کە لەتامی بردۆتە دەر، هەر کەسێک وشەیەکی بێگانانی بەکار هێنابا، تۆفیق ڕقی هەڵدەستا و جنێوی تێ دەسرەواند، بۆیە دەنووسێت: ئێ خۆ لە خەبات و تێکۆشان کەمی نەدەکرد. شیمانە ئەمە بۆ خەباتی سیاسی ڕاست بێت و هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، لێ بۆ زمان ڕێک پێچەوانەیە، هەر وشەیەکی بێگانە، جێگا بە وشەیەکی کوردی لەق دەکات و وشە کوردییەکە ون دەکات.
لە هەندێک شوێن، فەرهادی دەکەوێتە هەڵەی ڕستەسازییەوە، وەک لە بابەتی چۆن بووم بە حەمید ڤانکۆخ، لە لاپەڕە (٧٦)دا دەنووسێت: خەڵک ئەو ساڵانە بە لێشاو لە کوردستان هەڵدەهاتن و سەرەڕۆیانە بەرەو ئەوڕوپا ڕێی هات و نەهاتیان هەڵدەبژارد و تێیان دەتەقاند. لێرەدا نووسەر وشەی سەرەڕۆ بۆ کۆچی کوردان بەکاردەهێنێت، سەرەڕۆ بۆ کەسانی بەڕەڵا و بێکەڵک و لادەر بەکاردێنێت، مەرج نییە هەموو کۆچبەرێک سەرەڕۆ و بەڕەڵابێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی لە کوردستان هەژاری و برسییەتی و کوشتن و بڕین هەبوو، زۆربەی ئەوانەی کۆچییان دەکرد لە ناچارییان بوو، نەوەک لە سەرەڕۆییان بێت.
لە بەشی پرێمزچی، لە لاپەرە (١٠٢)، دبیژێت: تاهیرە فەندیم ئێستا کە بە ئینگلیزی دەدوێ دەڵێی حەیرانان دەخوێنێتەوە. بێ ئاگا لەوەی کە حەیران دەگوترێت، نەک دەخوێندرێتەوە، ڕەنگە ئەمەی لەسەر زاران وەرگرتبێت، هەروەک زۆرێک ئێژن: مەولوودێکم بۆ وەخوێنە. ئەمە ڕێی تێ دەچێت، ڕاستە مەولوودنامە ئەزبەر دەکرا، لێ مەولوودنامە نووسراوەتەوە و خوێندەوارەکانیش دەیانگوتەوە، کەچی حەرانبێژان زۆرینەیان نەخوێندەوار بوون و حەیرانیش گۆتراو بووە، نەوەک نووسراو، بۆیە بە هیچ پێیەک خوێندنەوە بۆ حەیران ناگونجێت.

ئەنجام:

کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، ژانرێکی ئەدەبیی بێ ناونیشان وەک بابەت، هەنووکەییە و ناوەڕۆکێکی فرەچەشن و فرەڕەهەند و مەعریفەیەکی بەهێزی نووسەر دەردەخات، هەروەها لە دەقدا قووڵبوونەوەیە لە گرفت و ئارێشەکانی کۆمەڵگە. زمان تێیدا زۆر کارایە و جگە لەوەی کە خۆی وەک چیڕۆک و تەنزە چیڕۆک دەناسێنێت، لێ ئیسکلۆپیدیایێکی زمانەوانیی ناوچەیی و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی کوردەواریی چەند دەیەیەکی قۆناغەکانی ڕابردووە، وەک بیرهێناوەیەک بۆ خوێنەر خۆی دەنوێنێت. دەتوانم بڵێم کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان یەکێکە لە باشترین کتێبەکان، خوێنەر بۆ خۆی پەلکێش دەکات و شایانی خوێندەوەیە و خۆی دەرگای خوێندنەوە بەسەر خۆیدا دەکاتەوە.

دڵشاد کاوانی▪️ڕۆمانووس و ڕەخنەگر.




به‌ پاره‌ هه‌موو شتێكمان ده‌ست ده‌كه‌وێت ئه‌خڵاق نه‌بێت!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

تۆڵستۆی نووسه‌ری ناوداری جیهانی ده‌ڵێت:_( به‌ پاره‌ هه‌موو شتێكمان ده‌ست ده‌كه‌وێت ئه‌خڵاق نه‌بێت) هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌خڵاق لێره‌دا، به‌ مانا فه‌رهه‌نگی و كولتوورییه‌كه‌ی ئێمه‌ نییه‌، كه‌ به‌ مانای شه‌ڕه‌ف و نامووس و شه‌ڕه‌ف و ناموسیش، له‌ ئافره‌ت و له‌ ئافره‌تیش، له‌ شوێنێكی دیاریكراو ده‌یبینین، به‌ڵكو ئه‌خڵاق به‌ مانای هه‌موو ئه‌و به‌ها مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه‌، كه‌ ڕه‌هه‌ندی مرۆڤدۆستانه‌ی مرۆڤێك دیاری ده‌كه‌ن. ئه‌خڵاق به‌ مانای هه‌ستكردن و درككردن به‌ ڕاده‌ی مرۆڤبوونمان و هه‌ڵوێست و بیرو باوه‌ڕ و ویژدان و هه‌موو ئه‌و خاسیه‌ته‌ جوانانه‌ی كه‌ ده‌بێ له‌ مرۆڤدا بوونیان هه‌بێت. ئێمه‌ له‌ كوردستاندا له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژین، به‌ داخه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و به‌هایانه‌، له‌ پاره‌دا ده‌بینین و بڕوامان وایه‌ كه‌ پاره‌مان هه‌بوو، ئیدی هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌ و پێویستیمان به‌ چیتر نییه‌. تێگه‌یشتنێك بۆ زۆربه‌ی زۆری مرۆڤه‌كان دروست بووه‌، كه‌ له‌ پێناو به‌ها مادییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ڵپه‌رستی تاكه‌ كه‌سیانه‌، هه‌موو شتێك له‌ پاره‌دا كورت بكه‌نه‌وه‌ و هه‌رچی خاسیه‌تی جوانی مرۆیانه‌یه‌ ده‌خه‌نه‌ ژێر پێیان. بێگومان كه‌س نییه‌ ئه‌وه‌ نه‌زانێت، كه‌ ماده‌ پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی ژیانه‌ ، به‌ڵام كاتێ هه‌موو ژیان له‌ ماده‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌، ئیدی كاره‌ساته‌كه‌ لێره‌دا ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌و كات ماده‌ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی هه‌موو شتێك و ڕه‌نگه‌ به‌لامانه‌وه‌ ئاسایی بێت كه‌ له‌ پێناو پاره‌دا هه‌موو شتێك بكه‌ین. ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجام ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌ك و له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك په‌تایه‌ك بڵاو ده‌بێته‌وه‌.
كاتێ ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌رزشی ناوداری جیهانی، له‌ پێناو پاره‌ی زیاتر، پشت ده‌كاته‌ یانه‌یه‌ك، كه‌ هه‌موو ته‌مه‌ن و مێژووی ژیانی خۆی تێدا بردۆته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ مانای وایه‌ لای ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌، پاره‌ له‌ ناوبانگ، له‌ مێژوو، له‌ هه‌وادارانی و خۆشه‌ویستانی، له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌. سه‌رنج بده‌ن، سیاسی وا هه‌یه‌، تا ئاستی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی ده‌ڕوات، له‌ خه‌باتی نهێنی و شار و شاخدا، قوربانی گه‌وره‌ی له‌ پێناو بیر و باوه‌ڕه‌كه‌ی داوه‌، كه‌ چی سووك و ئاسان، پشت له‌و مێژووه‌ درێژه‌ و هه‌موو ئه‌و قوربانیدانه‌ سیاسی و شۆڕشگێڕییانه‌ ده‌كات و له‌ پێناو پاره‌ی زیاتر، سه‌نگه‌ر ده‌گوزاێته‌وه‌ نێو حزبێكی دیكه‌. له‌وه‌ سه‌یرتریش، به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته‌ دژایه‌تی بیرو باوه‌ڕی پێشوویی و داكۆكی له‌ سه‌نگه‌ره‌ نوێكه‌ی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو ژیانی له‌ حزبه‌ تازه‌كه‌ بووبێت! ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژین، پاره‌ بووه‌ته‌ هه‌موو شتێك لای زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆرمان و هه‌موو شتێك له‌ پاره‌دا ده‌بینین. بۆیه‌ به‌لاشمانه‌وه‌ ئاساییه‌ له‌ پێناوی پاره‌دا، هه‌موو ڕێیه‌ك له‌ ناپاكی و گۆڕینی بیرو باوه‌ڕ و شكاندنی شكۆی كه‌سیمان و سه‌نگه‌ر گۆڕین و ته‌نانه‌ت كردنه‌ پردی كه‌سه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانیشمان تاقیبكه‌ینه‌وه‌. بێ ئاگا له‌وه‌ی مه‌سیح وته‌نی ( چی به‌ كه‌ڵكی مرۆڤ دێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو دونیا به‌رێته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت) كاتێ كه‌سێكیش هزر وكه‌سایه‌تی، شكۆ و پێگه‌، قه‌ڵه‌م و سه‌نگه‌ر و بیرو باوه‌ڕ و ویژدان و هه‌ڵوێستی خۆی به‌ پاره‌ ده‌فرۆشێت و ده‌گۆڕێته‌وه‌، بێگومان ئه‌و پاره‌ی بردۆته‌وه‌، به‌ڵام تا هه‌تایه‌ خۆی دۆڕاند. من ده‌زانم تازه‌ مه‌حاڵه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ مرۆڤه‌كان دروست بكه‌ین، كه‌ هه‌موو شتێك له‌ پاره‌دا نه‌بینن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به‌و شێوه‌یه‌ بیر ناكه‌نه‌وه‌ و له‌و كڵاوه‌ ڕۆژنه‌یه‌وه‌ ناڕواننه‌ ژیان، هیوادارم ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و ڕێكه‌ جوانه‌ و به‌رز پیرۆزه‌ی و بوون و ژیان بمێننه‌وه‌.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

• ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی( ڕێگای كوردستان) ژماره‌ی ڕۆژی 28/8/2021بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




كاكه‌ مه‌م بۆتانی: ناسين و بيره‌وه‌رییه‌ك.. سه‌باح ره‌نجده‌ر

هیچ چیرۆك و ڕۆمانێكی: (كاكه‌ مه‌م بۆتانی: 10/1/1937 كۆیه‌ – 25/10/2020 هه‌ولێر) كاركردی له‌سه‌ر چێژ و خولیای من نه‌بووه ‌و سه‌رنجكێشیان نه‌كردووم، خودانه‌خواسته‌ نه‌ك ئاگاداریان نه‌بووبم، نه‌ء. له‌ هه‌ر كتێبيكیدا چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌كیانم خوێندوو‌نه‌‌ته‌وه‌، وه‌كوتر نه‌متوانیوه‌ ته‌واویان بكه‌م. ناوه‌ندی بینینیان بۆ نه‌ڕه‌خساندم، واته‌: زه‌مه‌نی كه‌سایه‌تی خۆم. كه‌سایه‌تی خوێنه‌ر، تا تاسه‌م بۆی هه‌بێت، واته‌: وه‌كو ئه‌ده‌ب دڵخوازی چێژ و خولیای من نه‌بووه‌. وه‌كوتریش هاوته‌مه‌ن و براده‌رم نه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌ به‌ پشتگیری و په‌سندكردنی حزبی ده‌ستنیشان كرا بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد زۆرم به‌شایه‌سته‌زانی و به‌دامه‌زراندنیه‌وه‌ ماندووببوو، ئه‌دیبى داهێنه‌ر ده‌ستنیشانكردن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و به ‌هه‌ڵبژاردن و ده‌نگه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر سه‌كۆ.
به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م حاڵ و باره, كه‌وانه‌یه‌كی سیاسییه‌‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ من قسه‌ی تێدا بكه‌م. په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسیاره‌تی نووسه‌ربوون و نووسینه‌وه‌ هه‌یه‌.
یه‌كێتی نووسه‌ران خزمه‌تێكی زۆری نووسه‌رانیان كردووه‌، چ ئه‌ندام و غه‌یره‌ ئه‌ندام، كتێبیان بۆ زۆرینه‌یان چاپ كردووه‌، منیش له‌م خزمه‌تكردنه‌دا سوودمه‌ند بوویمه, كتێب بۆچاپكردن ڕێزلێنانێكی گه‌وره‌یه‌‌.
له‌ 16/9/2012 ته‌له‌فۆنێكم بۆ هات، وه‌ك براده‌رێكی نزیك دواندمی و گوتی: شاعیری شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ قووڵ و به‌دیهێنه‌ری شیعر, سه‌رێكم لێ ناده‌ی كارێكم پێت ده‌بێت. منیش نه‌ ژماره‌ و نه ‌ده‌نگه‌كه‌م نه‌ناسی. به‌شه‌رمه‌وه‌ گوتم: بێ ئه‌ده‌بی نابێت گه‌ر بتوانم به‌ڕێزت بناسم. خۆی ناساند و گوتی هه‌موو ڕۆژان جگه‌ له‌ ڕۆژانی پشوو له‌ كاتژمێر چوار تا نزیكه‌ی حه‌وت له‌ باره‌گای یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد ده‌بم، چاوه‌ڕوانتم. )دكتۆر هیمداد حوسێن)ی براده‌ریشت حه‌ز ده‌كات بتبینێ. منیش له‌ كاتی خۆیدا چوومه‌ خزمه‌تی و له‌پشت مێزه‌كه‌ی كتێبخانه‌یه‌كی بچووك هه‌بوو. گوتی ئه‌م كتێبانه‌ كتێبی دڵخوازی خۆمن. دوای ڕاهی كردنی ئیش و كاری ئێوه‌مانان ده‌یانخوێنمه‌وه‌. خودا له‌م ته‌مه‌نه‌ ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ ڕه‌خساندم تا بتوانم لێره‌ به‌شێنه‌یی پرۆژه‌كانم ته‌واو بكه‌م.
بۆ ‌مه‌به‌ستی بانگردنه‌كه‌ی, هه‌ر ده‌یویست پێش گوتنی مه‌به‌سته‌كه‌ی دڵم ڕابگرێت و شێوه‌ی باری ده‌روونیيم بزانێ. گوتی میوانی یه‌كه‌مجار بۆت هه‌یه‌ چه‌ند كتێبێك بۆ خۆت هه‌ڵبژێری. كه‌ گوتی كتێبی دڵخوازی خۆمن دڵم نه‌هات ده‌ست بۆ هیچێكیان ببه‌م، به‌ڵام زۆر له‌ ڕۆمانێكی: (سه‌لیم به‌ره‌كات) به‌ وه‌رگێڕانی: (جه‌وهه‌ر كرمانج) وردبوومه‌وه‌.
ئه‌مه‌ی له‌ناو كتێبه‌كاندا ده‌رهێنا, گه‌وره‌یى نواند و له‌پێشی دانام, گوتی قاوه‌ ده‌خۆیته‌وه‌، یان چا. هه‌ر خۆشی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ شاعیران ئالووده‌ی قاوه‌ن, با قاوه‌ بێت.
به‌ دانیشتن و میوانداری و یه‌كتر ناسینه‌كه‌ زۆر دڵخۆش بووم و گله‌ییم له‌ خۆم كرد بۆ زووتر بۆنه‌یه‌كه‌م بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌ ئه‌و پیاوه‌ میهره‌بانه‌ بناسم, كه‌ هێمنییه‌كی به‌هێز له‌ مامه‌ڵه‌كردن و ڕوخساریدا هه‌یه‌. هه‌ستیشم كرد زیاتر هێزی سیاسه‌تی له‌خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه‌، نه‌ك هێزی داهێنانی ئه‌ده‌بی.
دیار بوو دووربه‌دوور ده‌یزانی من چیرۆكه‌كانی: (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)م لا داهێنان و نوێبه‌خشین، باسوخواسی زۆرى نێوان خۆی و ئه‌وی گێڕایه‌وه‌ و ده‌یویست لابه‌لا تاقیم بكا‌ته‌وه‌ و ده‌مارم بگری, وه‌ك ده‌روونناسێك شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌م بناسێت. گوتی چیرۆكه‌كانی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج زۆر خراپن. كه‌ زانی له‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی گه‌یشتم, گوتی نا نا له‌ هه‌موومان چڕتر ده‌نووسێت. شێواز و فۆرمێكی زۆر نوێی له‌ چیرۆكی كوردیدا زاڵ كرد‌.
دیار بوو له‌گه‌ڵ دكتۆر هیمداد حوسێنیش ڕێك كه‌وتبوون, كه‌ من هاتم ئه‌ویش بێت و به‌خێرهاتنم بكات و له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌شداری بكات.
پێش ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌بابه‌ته‌ مه‌به‌ستداره‌كه‌ی بكات، گوتی ڕه‌نجده‌ر بیستوومه‌ كوڕێكی خۆپارێز و هێمن و له‌سه‌رخۆ و به‌سه‌بر و پشوو درێژی . كتێبێكمان بۆ چاپ بۆ هاتووه‌، كه‌ نامه‌ی ماجستێری كوڕی یه‌ك له‌ شه‌هیده‌ گه‌وره ‌و له‌سێداره‌دراوه‌كانی كوردستانه‌. به‌ناونیشانی: ( ملامح سریالیة‌ في شعر ادونیس و صباح ر‌نجدر ـ دراسه‌ مقارنة‌ ـ سه‌روه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د) لێژنه‌ی چاپكردنی كتێبیش كتێبه‌كه‌یان به‌ باش زانیوه‌ و ڕێوه‌ڕه‌سمه‌ هونه‌رییه‌كانمان ته‌واو كردووه‌, نه‌خشه‌سازی و به‌رگیشی بۆ كراوه‌، ته‌نانه‌ت چووه‌ته‌ ڕيزی‌ چاپخانه‌ش. یه‌ك له‌ براده‌رانمان ناڕازییه‌ و ده‌ڵێت سه‌باح ڕه‌نجده‌ر سڵاوم لێ ناكات. ئه‌م كتێبه‌ش له‌باره‌ی ئه‌وه‌, نابێت چاپ بكرێت. ئه‌گه‌ر چاپ بكرێت خۆم ده‌زانم چی و چی ده‌كه‌م, هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی كردووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی گرژی نه‌كه‌وێته‌ ناومان. داوای بووردن ده‌كه‌ین, هۆكاری چاپنه‌كردنی ئه‌مه‌یه‌ و به‌س، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی ناڕازییه‌كه‌ی نه‌هێنا، بۆ منیش گرینگ نه‌بوو بپرسم كێیه‌. جه‌ختی له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌, كه‌ زۆری به‌لاوه‌ گرینگه‌ دڵی هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕابگرێ و باره‌كه‌ یه‌كئاست بكات. منیش بزه‌یه‌كی ڕه‌زامه‌ندیم نواند و زۆر به‌ ڕه‌زامه‌ندییه‌وه‌ گوتم هه‌موو كتێبی كوردی به‌هی خۆم ده‌زانم. هه‌ر كتێبێك چاپ بكرێ ئه‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌یه, كه‌ به‌ڕێزت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بانگت كردووم‌.
دكتۆر هیمداد حوسێن له‌ یه‌كێتی نووسه‌راندا به‌رپرسی ڕۆشنبیری و چاپكردنی كتێب بوو، كه‌ براده‌ری له‌مێژینه‌مه‌ ‌و هه‌میشه‌ میهره‌بانی به‌رانبه‌رم نواندووه‌. بێ داوا و ئاگاداری من, به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، كتێبه‌كه‌ی بردبوو بۆ ( ئه‌كادیمیای كوردی). ئه‌مانیش له‌ چاپێكی جواندا چاپیان كرد، له‌ ئه‌نجامبینینی ئه‌م كارانه ده‌بێ بڵێین دنیا هێشتان خێری پێوه‌ ماوه‌ و ده‌توانین بۆی بژین.
كتێب و مرۆڤ كلتوورن، ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ كتێب هه‌ڵبێنێته‌وه‌. مرۆڤ و كلتوور له‌ناو ده‌بات.
دوای دانیشتنه‌‌كه‌ تا ده‌رگای حه‌وشه‌ به‌ پێكه‌نین و به‌خێر بێيت میوانی ڕه‌زاسووك به‌ڕێی كردم، كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دیتم و ئۆتۆمبێلێكی زۆر ئاسایی بوو، گوتی: داوا بكه‌م ئۆتۆمبێلێكی له‌هی خۆم باشترت بۆ بكڕن. نازانم تانه‌ بوو، یان‌… به‌هه‌ر حاڵ منیش به‌خاكه‌ڕاییه‌وه‌ گوتم به‌داوا نا, خودا یارم ده‌بێت به‌خۆم ده‌یكڕم.
هه‌موو مرۆڤه‌ میهره‌بانه‌كان یادیان به‌خێر, پێویسته‌ به‌چه‌ندین شێوه‌ یادیان بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌سته‌كان بورووژێنین.
خودایه‌ داخوازیه‌كی گه‌وره‌م هه‌یه،‌ نه‌مكه‌یت به‌ به‌رپرسی به‌ردێكی ‌سه‌ر ڕێگاش، نه‌ك ببمه‌ بیره‌وه‌رییه‌كی خراپ له‌ دڵی ڕێبوارێك، ته‌نانه‌ت ڕێبوارێكی زۆر تیژ تێپه‌ڕیش.

ئه‌یلوولی 2021 هه‌ولێر




گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا.. هەردی حوسێن

بۆ خوێندنەوەی دەقی «نەمرەڕێ»ـی پێشەوا کاکەیی، سەرەتا پێویستمان بە پێناسی دەقەکەیە، واتە بزانین ئەم دەقە لە چ خانەیەکدا جێکەوتە دەبێت، بۆ ئەم باسەیش دەبێت بگەڕێینەوە سەر ناوەرۆکی شیعرەکە. چونکە ئەگەر بمانەوێت، لە ھەر گۆشەنیگایەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەوا دەبێت بە ناوەرۆکی بابەتەکەدا تێپەڕببین.
پێشەوا کاکەیی، لە «نەمرەڕێ»ـدا، دەکرێت بڵێین باسی دۆخێک دەکات کە مرۆی ئەو سەردەمە تیایدا غەرق بووە و بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پێویستمان بە «ڕێ»ـە. ئەم ڕێیە، لە دەرەوەی زەمەن و شوێنە. واتە «ڕێ»ـیەکە ئەو ڕێیە نییە کە ئێمە بچین و بە پێی پەتی تیایدا ڕێ بکەین بەڵکوو ئەو ڕێیە لە دەرەوەی بوونە! ھەروەک لە دەستپێکی دەقەکەدا ھاتووە دەڵێت:

«ناوێکمان بەر گوێ کەوت، (ڕێ) بوو،
نازانین بە ڕێککەوت بوو، یان بۆی بە ڕێ کەوتین!
یان ڕێک کەوتین تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ.
با ھێندە بەوێ ڕێیەدا ھەڵا نەڵێین، نەبادا سەدان توولەڕێ
ڕاستی لە تەپوتۆزی شوێنپێی خۆیەوە بڵێ. »

لێرەدا شاعیر دەیەوێت وێنەیەک نیشانی ئێمە بدات کە بوودائاسا کەسێک دەکەوێتە ڕێ و بۆ ئەم کەوتنە ڕێیە، دەبێت لە ناخەوە خۆمان بانگھێشتی ئەو ڕێیە بکەین «تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ» واتە مرۆ دوو بەشە، ھەم جەستە و ھەم ڕۆح. ژین بێ گرینگیدان بە ئەویدیکە دەچیتە بیابان و خۆی ون دەکات بۆ ئەوەی ڕێ بکات و خۆی ون نەکات، دەبێت لەگەڵ ڕاستی بکەویتە ڕێ، ھەروەکوو دەڵێت:
«ڕاستی، بەبێ پێ دەچێتە ڕێ،
بەبێ ڕێ دەچێتە بیابان و
خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ. »

لێرەدا زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو نەمرەڕێیەی کە ئێمە پێویستە لە ڕێیەکەوە دەست پێ بکەین، ئەوا پێویستی بە ڕاستییە، بەڵام ڕاستی پێویستی بە ڕێ نییە!

«ڕاستی، سەرچاوەی قورساییە
ڕەگوڕیشەی ڕێیە. »

چونکە دەتوانێت، بە پێی پەتی بڕوا بۆ بیابان، بێ ئەوەی پێویستی بە ڕێ بێت. بۆ سەلماندنی ئەوەش دەڵێت: «خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ.»
ھەروەکوو ئەریستۆ لە پۆیەتیکا (شیعر)یەکەیدا، دەڵێت: «شاعیر لەو ڕووداوە دەدوێت کە ھێشتا ڕووینەداوە یان دەبوایە ڕوویبدایە.» لەم کتێبەدا، شاعیر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوێکی نێو کات و شوێندا ناکات، چونکە ئەوەی ئەو باسی دەکات ڕووینەداوە و پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە. لەبەر ئەوە ڕاستەقینە لای شاعیر ھەمەکی«جاویدان»ـیە. بۆ ئەم ھەمیشەییە، پێویستە دڵمان بە ڕووی جیھاندا واڵا بکەین و ڕێگە بدەین ھەواگۆڕکێ بەنێوماندا بکرێت و گوێبیست و چێژ لەو جوانییە ببینین کە بە منداڵی لە شتێکی بچووکەوە تا گەورە بەهای ھەبوو. ھەروەکوو شاعیر لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:

«بۆ وەی دڵت بە ڕووی جیھاندا بکەیتەوە،
نابێت چاوت لێڵ بنوێنێ،
زمانت تێکەڵ‌ـ‌پێکەڵ بێ،
دوو بیستییت کاس و کەچی ڕووی لە چل بێ، »

ھەرکاتێک مرۆڤ توانی بەو ڕێیەدا بڕوات و خۆی پەلکێشی خۆی بکات، بێ درۆ و بێ ڕق و کینە گوێ بۆ ئەو دەنگانە ڕادێرێت کە لە جیھاندا ھەن، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ جیھاندا ھەڵبکات، لەگەڵیدا ھاوئاھەنگ بێت. واتە شاعیر تاک بە جیھان بەروارد دەکات و گۆڕینی خود واتە گۆڕینی جیھان. ھەرکاتێک مرۆڤ توانی خۆی بێت و لە خۆیدا ڕۆبچێت، ڕاستی ڕێبازی بێت و گەردوون وەک بەشێک لە خۆمان ببینین و خەمی بۆ بخۆین، دەتوانین ھەرکاتێک بمانەوێت دەست پێبکەینم، چونکە ئەم جیھانە ھەرچەند مێژوویەکی یەکجار دێرینی ھەیە، بەڵام دەکرێت دەست پێبکەین. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:
«ئەم جیھانە ماسوولکەکانی لاوازە،
وەک منداڵێکی تازەبوو وایە، با کۆنیش بێ کەون،
لێ وەھایە
بە دڵێکی سادە،
ئێسکێکی نەرم،
دەنگێکی پاک،
لە گشت لاوە مرۆڤ وە خۆ دەگرێ.»

دەکرێت بڵێین ئەمە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی چامەشیعرییەکەی کتێبەکە. کە شاعیر دەرگا واڵا دەکات، وەک چۆن زەمین باوەش بە ئێمەدا دەکات ئاواش ئێمە باوەش بە ئەودا بکەین. دوای ئەوە، شاعیر دێت یەک‌بەیەکی پیتەکان دەدوێنێت و شیعریان پێ دەنووسێت. دیارە شاعیر لە گرینگیدان بە پیتەکان و خستنە ناو شیعریانەوە زۆر شارەزایانە و وەستایانە ئەم کارە بە لێزانی و فەرھەنگی دەوڵەمەندی دەخاتە نێو چامەکتێبەکەیەوە. لە ئەلف ھەتا ێ/یێ. ئەم کارە دەکات بێ ئەوەی یەک وشەی دەرەکی بەکار بھێنێت، سەرکەوتوانە بە تەواوی پیتەکان شیعر دەنووسێت. دواتر، شاعیر ھێواش ھێواش دەچێتە نێو ئەو ڕێیەی کە خۆی مەبەستییەتی بۆی بچێت، بە بیرکردنەوە و ڕامان لە خۆی دەتوانێت بکەویتە ڕێ، چوونە نێو ڕێش ھەروەکوو گوتمان پێویستی بە ڕاستی دەبێت، چونکە ناکرێت بتەوێت کارێک بکەیت کە تەواوی ژیانت بگۆڕێت، کەچی ڕاستی دەگەڵ نەبێت. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:
«بیر بکەوە تا بکەویتە ڕێ،
چوونە نێو کێڵگەوە بێ ڕاستی،
گەوھەرێکی دوور لە ڕاستی دەر دەکەوێ، »

لێرەدا پەیامی شاعیر ڕوونە و بێ گرێ و گۆڵ دەدوێت، بەڵام ئێمە کە خۆمان وێڵ کردبێت و لەنێو خۆمان نەگەڕابین ناتوانین ھیچ لەبارەی خۆمانەوە بدوێین و خۆمان بۆ ھیچ ڕێیەک ئامادە بکەین کە دەمانبات بەرەو نەمرەڕێ. ئەوەی زۆر گرینگە وریایی شاعیرە، چونکە شاعیر شیعرەکانی پەیوەندییان بە ڕووداوێکی کاتییەوە نییە. چونکە ئەگەر شیعر پەیوەندی بە ڕووداوێکی کاتییەوە ھەبوو، وەکوو بابەتەکەی کاتی دەبێت و نەمر نابێت.
ھەر لەو گۆشەنیگایەوەیە کە ئێمە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین و بتوانین بگەینە نەمرەڕێ! شاعیر ڕوو دەکاتە خوداناسان و دەڵێت:
«خودا ناسینی ناوێت، گەر دەتەوێت خۆی بێ،
فڵچەیەک تاو مەدەیە پڕڕەنگی بکەیت کە خۆی ڕەنگ بێ.
ژاوەژاو مەکە و پڕدەنگی بکەیت کە خۆی بێدەنگیی بوێ. »

دیارە شاعر عیرفانیانە دەڕوانێتە خودا و دەیەوێت، پێمان بڵێت خودا نانەخشێنرێت وەک ئەوەی ئێمە ھەریەکە فڵچەیەکمان لە دەستدایە و ئەو ڕەنگەی دەکەی کە خۆمان بمانەوێت، سەرەنجام ھەریەکە بۆ ناسینی خودا، دەیەوێت تەنھا ڕەنگی خۆی بێت و غەیری ئەو ڕەنگەی کە خۆی کردوویەتی قەبووڵی نییە. دیارە ئەوە بۆ تەواو جیھان و بە تایبەتیش ڕۆژھەڵات و تایبەتتریش کوردستان ڕاستترینە، چونکە لێرە خەڵکانێک خودا بە ڕەنگی خۆیان نەبێت ناناسن و ھەریەکەیان بە پێی داکەوتی خۆی ڕەنگڕێژی دەکات و کام گوتەیەی خودای بوێت کە سوودی بۆ خۆی ھەیە ئەو وەکاردێنێت، نەک بۆ سوودی گشتی… ئەمەش وادەکات مرۆڤ سەری لێ تێک بچێت و نەزانێت بۆ کوێ بکەوێتە ڕێ، ھەروەکوو شاعر دەڵێت:
«کاروانسەرایە
لێیان تێک چووە سەرەڕێ،
ھەریەکە بەرەو ونبوون ڕێی گرتۆتە بەرێ، »

شاعر وێنەی ئەو کاروانانەمان نیشان دەدات کە کەوتوونە ڕێ، بە ترس و لەرز، چونکە نازانن بۆ کوێ دەچن و بۆ کوێ بکەونە ڕێ و شوێنپێی کێ بکەون وەکوو ئەم نموونەیەی خوارەوە کە بە شیعر بۆمان بەیان دەکات؛

«نە شوێن من بکەوە نە کەسیش!
دە خۆتدا تەماشای توولەڕێیەکان بکە و
بزانە چۆن ھاتۆتە دەرێ! »

دیارە شوێنکەوتەی کەسانی دیکە، دەتگەیەنێت بەو شوێنەی کە ئەو کەسەی لەگەڵی دەڕۆیت نەک ئەو شوێنەی خۆت دەتەوێت. کەواتە دەبێت شوێن توولەڕێکانی خۆمان بکەوین بۆ ئەوەی بگەینە مەنزڵ. دوای ئەوەی ئێمە توانیمان ئەو (خود)ە بدۆزینەوە کە لەنێو خۆماندایە و شوێن توولەڕێکانی کەوتین بۆ گەیشتن بە نەمری. ئەمەش تەنھا بە قووڵبوونەوە دەزانین کە ئەو درزەی ڕۆحمان لە کوێدایە و کەوتۆتە کوێوە.
ئێمە دەکرێت بڵێین، نەمرەڕێ تەواو گەشتێکی ڕۆحییە. گەشتێک کە تاک‌بەتاکی ئەو سەردەمە پێویستییەتی، بەڵام ئەو فەزا گشتییەی کە خوڵقاوە و ئێمەش کەوتووینە نێوییەوە کە دنیای سەرمایەدارییە، لە دنیایی سەرمایەداریشدا، پێوانەی ھەموو شتەکان دەبن بە پارە. واتە ھەرشتێک دەستکەوتێکی ماددی نەبێت و مرۆڤ ئەو شتەی کە دەیکات دەستکەوتێکی ماددی دەستنەکەوێت، پێی وایە بێ بەرھەمە. وەدووکەوتنی پارەش ھیچ چێژێکی نییە، تەنھا ماندووبوون نەبێت. کەواتە مرۆڤ ئەوەی لە یادی نییە، خود و خودایە کە یەک «ا»ـە جیاوازیی ئەو دووانەیە! لەو تێڕوانییەنەوە کە لە شیعرەکانیشدا شاعیر زۆر وریایانە چەندین جار یاری ئاوا لەگەڵ خوێنەر دەکات. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:
«بزانن لەو ڕێیەدا گومان چی لێ بەسەر دێ،
دەتڕەوێنێتەوە یان خۆی کپ دەبێ!
خود و خودا لە ئەلفی درێژدا ڕوونتر دەبێ،
داخۆ ئاگایی لە کوێوە دێت و بەرەو کوێ دەچێ! »

خود لێرەدا لەگەڵ خودا درزێک لە نێوانیاندا ھەیە. ئەو درزە شاعیرانە خراوەتە نێو دنیای شیعر و عیرفانەوە. شاعیر ھەوڵدەدات پێمان بڵێت ناکرێت نەزانی کاتێک درزێک بکەوێتە ڕۆحتەوە، چونکە دەکرێت لە ڕێی ئەو درزەی کە کەوتۆتە ڕۆحمانەوە چی ڕووناکی و جوانی ئێمە ھەیە لەوێوە بڕوات و ئێمە نەتوانین ھەست بە گەرمی ڕۆحمان بکەین و سەرەنجام ساردوسڕی نێوان مرۆڤەکان بگاتە ئاستێک کە یەکجاری وەک بە بەردبوویەکمان لێبێت. لێرەدا بۆ پاڵپشتیکردنی قسەکانمان و نموونەیەکی شیعری شاعیر دەخەینە بەرچاوتان کە دەڵێت:
«خۆت دەزانیت، بزانە خۆت درزت خستۆتە جەستەوە؟
ئاخۆ سارد و تەزیویت؟
کلووەبەفر کەوتۆتە نێو دڵتەوە؟ »

لەو چامەشیعرەی سەرەوە، ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبینەوە کە وامان لێدەکات بۆ چەند ساتێکیش بێت لەگەڵ خۆمان بکەوینە گفتوگۆوە و ئەو فەزایەی کە تیایداین کە پێش چاومانی تەڵخ و لێڵ کردووە و ناتوانین دوور ببین و ھەرچی نەیەتە بەردەممان و بە بەردەمماندا ڕەت نەبێت، ئێمە نەتوانین پێشبینییەکی باشی بۆ بکەین. چونکە ئێمە فێرە گەشت نەبووین و گەشتمان نەکردووە! ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە پرسیار ئاڕاستەی جیھان دەکات کە ئایین وەکوو ھەرشتێکی دیکە کە قانجی ھەبێت بەکاری دەھێنن و بیر لە قازانج دەکەنەوە نەک مرۆڤبوون، ھەروەکوو لە دێڕی دەیەمی کۆپلەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە.
وا خەریکین شۆڕ دەبینەوە بۆ ئەو ڕێیەی کە لە خۆماندا بزرمان کردووە. ڕێیەک کە تا ئێستاش نەمان توانیوە پیاسەیەکی ئێوارانی تێدا بکەین. یاخود وەک ڕێبوارێک لە قەراغ ئەو ڕێیەدا، پشوویەک بدەین و شەوان بەدیار سەیرکرنی ئاسمانەوە زیاتر لە خۆماندا ڕۆ بچین و بزانین کە بۆ کوێ دەچین و بۆچی دەچین! ئاخر کە تۆ گەشتێکی دوور و درێژت لە پێش بێت، شەو و ڕۆژی تێدەکەوێت، دەبێت بیر بکەینەوە و بە وریاییەوە بکەوینە ڕێ.
«ئێمە لە کۆڵانەکانی تاریکیی خۆمانمان نەڕوانیوە
نازانین بەرەو کوێ چووین و چۆن ڕۆ نیشتووین. »

دوای ئەوەی کە لەگەڵ خۆمان کەوتینە ڕێ و چاومان بە تاریکی ناخمان کەوت و کونج کەلەبەری ڕێیەکەمان بینی و زانیمان بەشێکین لە تاریکی و لە پەیڤی ناشیرین کە تازە بۆمان ڕوون بۆتەوە شاعیر پێی باش نییە بوەستین و بگەڕێینەوە، بەڵکوو دەیەوێت ڕێنوێنیمان بکات و بڵێ ڕێ ھەرچەند تاریک بێت و ھەرچەند کە پەیڤمان نەپشکنیوە، بەڵام پێویست دەکات بەردەوام بین، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەر دەکەوێت و ئەگەر بەردەوام نەبین لەو تاریکییەدا، ڕەنگە گوم بین.
«بڕۆ!
چنگت پڕ لە پەلەموورە
ئەمڕۆ یان سبەی،
وەک خەونێک لە چنگت ڕاست دەبێتەوە و هەڵدەفڕێ و
دەبێتە قەقنەس. »

کە ڕۆیشتین بۆ ڕێ، ئەگەر ئاگایی لەگەڵ نەبێت، نابێت! چونکە فەزای دەرەوە وەکوو بازاڕ و ھەندێک شوێنی دیکە نییە پێویستمان بە ئاگایی نەبێت، پێویستە بە ئاگابین و وریابین ڕۆیشتن لەگەڵ خۆتدا بوێری دەوێت، چونکە فەلسەفەی ژیان و مردنمان فێر دەکات. ئێمەش دەمانەوێت بڕۆین و بگەین بە نەمرەڕێ. بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێش پێوستمان بە (خود)ە، ئەو خودەش پێویستی بە ئاگاییە. کاتێک بە ئاگابین و بکەوینە ڕێ، ناتوانین شت لەم و لەو کۆپی بکەین، چونکە ھەر خۆمانین و دەمانەوێت بگەین بەو خودەی کە دەمانگەیەنێتە (نەمرەڕێ)ـی شاعیر، ھەروکوو شاعیر دەڵێت:
«بۆ ئەوەی لە جوانیدا
فێرە فڕین بم، بێ ئەوەی فڕین لە پەڕەسێلکە بدزم.
باوەش لە کەون بدەم و تەیرێکی بچووکی نێو کەونیش بم. »

ھەرمرۆڤێک گەیشت بە نەمری و توانی وەک ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە، بێ ئەوەی کەس بچێت دایبگیرسێنێت، ئەوا دەتوانێت سەفەر بکات بۆ لای ئەو کەسانەی کە پێش ئەو بەو ڕێیدا ڕۆیشتوون و گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، بەڵام شاعیر پێش ئەوەی دەرگامان بۆ واڵا بکات، بۆ ئەوەی نەمرانی ئەو ڕێگەیە ببینین، پێمان دەڵێت:
«ناواخنت هەڵتەکێنە با خۆشەویستییت ڕوون بێت!
بۆشاییت پڕ مەکە لە تەم با برووسکە تەڕت بکات! »

شاعیر ھەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، ڕاستەڕێیەک دەکێشێت و لەگەڵ خۆی پەلکێشمان دەکات و شتەکانمان بۆ ڕاڤە دەکات، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەدۆزینەوە و ھەموو ئەو شتانەی کە ژینمانی داگیر کردووە و نرخێکی زۆری ماددییان ھەیە لە دنیایەکی سەرمایەداریدا، کە چوویتە نێو خۆتەوە، ئەوانە ئەو نرخەیان نامێنێت، چونکە شتێکی دنیایین! و شاعیر لە ڕوویەکی دیکەوە پێمان دەڵێت جیھانی نوێ جیھانی شمشێر و بێبەزییانە دەبێت خۆمان لەو شەڕە شمشێرە بپارێزین کە مەبەستی تەنھا قازانج و کوشتنی ئەم و ئەوە. خۆمان بە دوور بگرین لە دەمامک و ببینین، دەمامک چی بە مرۆڤ دەکات و سەرمایەداریش ھۆکاری ئەو شەڕ و دڕییەیە، شەڕ و دڕیش لەبری خۆشەویستی، ڕق و کینە بەرھەم دێنێت. ھەروەکوو شاعیر لە چامەیەکدا دەڵێت:
«دەبێ دڵ بێ شوورە بێ،
وەک دەشت و تەپۆڵکە، گرد و کێو ئاوەڵە بێ،
ڕوو لە ئاسمان بکا، پێبکەنێ،
تریقانەوەی ببیسترێ،
چاونووقانی ببینرێ. »

کە توانیمان دڵێکی جوان و پاکمان ھەبێت و بە ئاگاییەوە ڕوانیمانە ڕێ و توانیمان تاریکاییەکانی ئەو سەردەمە ببینین و بزانین چی دەنێو ئەو تاریکییەدا دەگوزەرێ، ئەوا دەرگاکە واڵا دەبێت و ئێمەش دەتوانین بچینە نێو نەمرەڕێ و ئەوانرش ببینین کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ. لێرەدا شاعیر ڕێیەک دەکاتەوە بۆ چیرۆکی نەمران و کۆمەڵێک کەسایەتی گرینگ بە ئێمە نیشان دەدات و جیھانە نەبینراوەکەی ئەوانمان نیشان دەدات و بەشێک لە ژیانی ھۆنەرەکەش لە پەراوێزدا ڕوون دەکاتەوە.
ھەروەها، شیعری خۆی ئاوێتەی شیعر و ژانی ئەوان دەکات و داھاتووی پێدەخوێنێتەوە. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن. نەمرەڕێ وەک کەتەلۆکێک خۆی دەنوێنێت. وەک چۆن ڕێ و شێوازی ھەیە بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێ. دواتریش کۆمەڵێک ھۆنەر کە لە دیدی شاعیرەوە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ و نەمرن. ھەڵبژاردنی ئەو شاعیرانە لە لایەن شاعیرەوە کارێکی زۆر وردی دەوێت. هەروەها، تێگەیشتنیش لەو مەبەستەی شاعیر، پێویستی بە چەند جارێک خوێندنەوەی ھەیە، چونکە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زەمەنێکی زۆر لەمەو پێش و زانینی باگراوەندی ئەو شاعیرانە. ھەرچەندە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا، پەراوێزی پوختی بۆ نووسیون، بەڵام ھێشتاش ھەر پێویستمان بە وردبوونەوەیە، چونکە شاعیر ھەر تەنھا ناوی ئەو ھۆنەرانەی نەھێناوە، بەڵکوو چەند بەیتێکی ئەوانی لەگەڵ شیعرەکانی خۆیدا بەکار ھێناوە و ئاماژەشی پێداون. ئەمانە ھەموو بۆ خوێنەران دەبنە جێگەی پرسیار و دەکرێت لێیان بکۆڵدرێتەوە، جا لە ڕووی مێژووییەوە بێت یاخود ھەر گۆشەنیگایەک بێت کە خوێنەر بە پێویستی دەزانێت ئەو گۆشەنیگایە دەربخات.

لێرەدا ئێمە بە ھەمان گۆشەنیگا کە لە سەرەتاوە وەکوو سوورەداوێک بەکارمان ھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە نەمرەڕێ، بە ھەمان هەناسە درێژە پێدەدەین. ئێمە لە یەکەم دیدارماندا لەگەڵ ئەو ھۆنەرانەی کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، چاومان بە ھۆنەرێکی گەورە دەکەوێت کە لە سەدەکانی دووھەم و سێھەمی کۆچیدا ژیاوە، لە ناوچەی ھەورامان. کاتێک ئەو شاعیرە دەخوێنییەوە کە شاعیر نێوی باڵووڵی ماهی دەھێنێت ھەست دەکەیت ھاوەڵی باڵووڵی ماھی بووە و دەیەوێت سەرلەنوێ ڕێبازەکەی زیندوو بکاتەوە و لەگەڵ یارانی لوڕستانی سەفەرێکمان پێبکات و لە ڕێدا، ئەو سەرمایەدارانە بەر تللار بدات و پێیان بڵێت کاڵفام و شێت ئێوەن. ھەروەکوو لە چامەکتێبەکەدا ھاتووە.
«وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆردا هەڵدێم،
دەرگا دەکەمەوە بە ڕووی خەڵکدا،
سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،
نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن،
کە پرسیاری نەمریێتییان لێ دەکەم، وەک پەمۆ هەڵدەوەرێن. »

ھەرچەندە چەندین سەدە بەسەر ژیانی باڵووڵی ماھی تێپەڕ بووە، بەڵام شاعیر بە ھەمان هەناسەی باڵووڵی ماھی دێت، وەک پەمۆ ئەو سەردەمە شی دەکاتەوە و درێژە بە ژیانی باڵووڵی ماھی دەدات و لەسەر زمانی ئەو بە شیعر لەگەڵمان دەوێت. تاوەکوو ئێمە زیاتر پەند لە ژیان و بەسەرھاتەکانی وەربگرین.
«شێتی لەگەڵ خۆمدا دەگەڕێنم و خۆمی پێ دەدوێنم،
تا یەکێ لە بۆنم ڕەنگ بگرێ،
لە خەیاڵم کەمێک هۆش وەرگرێ. »

وەک لەو شیعرەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێدا، دەبینین باڵووڵی ماھی وەک وەسیلەیەک بۆ گەیاندنی پەیامی شیعری، لێزانانە سوود لە ژیان و کارەکانی وەرگیراوە و شاعیر دەق و پەیامێکی یەکجار جوانی پێ خوڵقاندووە. دووبارە بە ھەمان شێوەی باڵووڵ بە ئێمە و بە ھاڕوونیش دەڵێتەوە کە ھەموو سەروەت و سامانی دنیا قمە ئاوێک ناھێنێت!

دواتر، بابالوڕەی لوڕستانی دێت. شاعیر وێنەی ژیان و گوزەرانی ھۆنەرمان لە شیعرێکدا بۆ بەیان دەکات. کاتێکیش لە سیمای ئەو شیعرە دەڕوانین کە بابالوڕەی لوڕستانی بە ھەمان سیماوە خۆیمان نیشان دەدات، جارێکی دیکە ھەست بەو جاڕسییە دەکەین، کە بەرانبەر کۆمەڵ ھەیبوو. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:
«وەک بابالوڕەی لوڕستانی دەڕۆم
لەبن درەختێكا دادەنیشم، دوور لە ژاوەژاو
کۆڵەکەم دادەگرم کە پڕە لە سەدەفی ساردوسڕ،
تەنیا بەدیار درەختەوە ڕادەمێنم، تا ڕەنگ و بۆ بگرێ، »

لێرەدا دەقی تێکەڵ بە ژیان و جیھانبینی ھۆنەر کراوە و پەیامێکی شیعریشی دراوەتە پاڵ. دواتر دەگەین بە باباڕەجەبی لوڕستانی ساتێک لەگەڵ ئەو ھۆنەرە بە توانایەدا، گوێ بۆ تەنبوورەکەی دەگرین و ئەو شیعرە دەخوێنینەوە کە دەڵێت:
«وەک باباڕەجەبی لوڕستانی لەم کوێستانانە دێم و دەچم
با هێلانەم هەر نەبێ، خۆ سرووشتی کوردستانم هەیە. »

کاتێک ئەم شیعرە دەخوێنینەوە، وا ھەست دەکەین باباڕەجەبی لوڕستانی تەنبوورەکەی دەژەنێت و زیاتر تێکەڵ بە شیعرەکەیمان دەکات و پێمان دەڵێت ڕاستە ھیچ شوێنێکی وەکوو ماڵ شک نابەم، بەڵام خۆ من کوێستانیم و بەردەوام دێم و دەچم. کەواتە نە ماڵم ھەیە و نە دەشمەوێت، چونکە سرووشتی کوردستانم ھەیە. لێرەدا دەزانین بۆچی شاعیر ئەو ھۆنەرەی لە ڕیزی نەمران داناوە و لە ڕێی نەمرەڕێ تووشی باباڕەجەب دەبین. بۆ ئەوەی ئێمەش وەکوو ئەو خەونی بچووک و کاتی قووتمان نەدەن و نەتوانین ھەناسە بدەین. دەکرێت ئێمە شتی زۆر گەورەمان ھەبێت و ھەستی پێنەکەین، چونکە وێڵین بەدوای شتی بچووکەوە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستمان بە درکردنێکە ھاوشێوەی باباڕەجەب بۆ ئەوەی بە ئاگابین و بزانین. دوایی شاعیر دێت و (باباحاتەمی لوڕستانی)ـش. بە ئێمە دەناسێنێت و پێمان دەڵێت ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە یارانی باڵووڵی ماھی و یەکێکی دیکەیە لە تەنبوورژەنەکانی لوڕستان و بە جامێک لە مەی سەرخۆشمان بکات و شیعرێکیش لەگەڵیدا بخوێنێتەوە و شاعیریش ھەروەک ئێمەی داوەتی ئەو کۆڕە کردبێت بە بەیتێک وەڵامی دەداتەوە.
«وەک باباحاتەمی لوڕستانی کە گوتی:
(ساقی جام مەی، ساقی جام مەی
پەرێم باوەرە، ساقی جام مەی)
گۆزەی من دووسەرە مەیگێڕ! گوتم
بۆم تێ بکە نوێیە مەیەکەی! »

کاتێک لەگەڵ یاران لە کۆڕێکی وەھادا دابنیشین و شیعر بخوێنرێتەوە و تەنبوور بژەنرێت و مەی مەستمان بکات. دەبێت ڕۆح بییەوێت لە کوێدا خۆی پەنھان بکات و بییەوێت بۆ کوێ باڵ بگرێ و بفڕێ و بیەوێت بە دیداری کێ شادبێت. شاعیر وەک ڕۆحێکی بەدمەست ئەوە بە دەرفەت دەزانێت و بە شیعرێک ئەو دۆخە عیرفانییەمان بۆ بەیان دەکات و دەڵێت:
«نە گۆزەیەکی شکاوم، ترس و تۆقین
شەقی کردبم،
نە دەشڵەژێم کە گۆزەم لە ڕووناکی پڕ بێ،
خۆشم دەوێی ئەی یەزدان! لەبەر خۆت نا،
ئەمە مرازی منە، دڵم دەیەوێ بە تۆ شاد بێ. »

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شاعیرە گەورەکانی عیرفانی بدەینەوە، ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت کە دەیان گوت ئێمە خودامان خۆش دەوێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییە نە لە ترسی جەھەندەمە نە لەبەر خۆشی بەھەشت؛ بەڵکوو لەبەر خودی خوایە ئەو پەرستش و خوداپەرستییە! شاعر زیاتر لەمە ڕۆدەچێت و دەڵێت من دڵم کانیی نوور و ئەشقی خودایە! ڕێم، ڕێی مەستی و یاد و یارم ھەر ئەوەیە، بۆیە من دڵم دەیەوێت بە تۆ شادبێت و ئەمە مرازی منە، دەمەوێت مرازەکەشم حاسڵ بێت! پردی پەیوەندی شاعر و یەزدان تەنھا خۆشەویستییە و بەس. کاتێک ئەو مرازە حاسڵ بوو، ڕازی خۆی بۆ بەیان بکات و پێی بڵێت ئەو مرۆڤەی خەڵقت کردووە، مرۆڤێکە ھێشتا نەبووە بە بوونەوەر، تەنھا ئەوە ئەوەیە کە لە بووندایە و ئەو بوونەشی پڕکردووە لە کرم و خەریکە گیانی بوون دەکێشێت. ھەروەکوو ئەو شیعرەی خوارەوە؛

«بوونەوەرێک لێرەیە، چەندین چەرخە
هێشتا لە جیهانی خۆیدا نەبووەتە بوونەوەر،
هەر گینگڵ دەدا و دەڕوانێ بۆ دوور،
کە ئاوڕ دەداتەوە
پەشیمانیی پڕ بووە لە کرم،
کرمێکی نەوسن و وێرانکەر. »

کەواتە دەبێت ئێمە بیر بکەینەوە لە خۆمان و لە خۆمان بپرسین باشە بۆچی ناتوانین ئاوڕک لە ڕابردوومان بدەینەوە. خۆ ئەوەی تیایدا ژیاوە ھەر ئێمە بووین و ئێمە بەرپرسین لەم بوونە. دنیا ئێمەی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆ کوێ بیەوێت بۆ ئەوێمان دەبات، بەڵام شاعیر جارێکی دیکە دەمانھێنێتەوە سەر ئاسنەڕێی بوون و بە شیعرێکی ناسک کە سەروای لێسەندرابێتەوە دەڵێت:
«دەڵێم ئەی گاسنی نێو چەرخەکان!
بە نێوی جیھانەوە مەمانکێڵە! »

دوای ئەم شیعرە، دەگەین بە دیداری سۆفیگەر و عاریفی گەورە (حەللاج.) ئەو دیمەنە دەگمەنانە دەبینین کە پێش لە داردانی تیایدا ژیاوە و شوێنکەوتوانی بۆ خوداپەرستی نوقمی بیرکردنەوە کردوون و وێڵی سارا و ھەردی کێوانی کردوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین لە دەوری ھۆنەردا چەند بێگوێ و کەڕ و ڵاڵ ھەبوونە و حەللاج بەستیانە گرفتار بووە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە لە (حەللاج)یان نواڕیوە و ڕاناوەستن تا دەیکەن بە داردا. شاعیر دێت و ئەو دەورانەی حەللاج ئاوێتەی سەدەی ٢١ دەکات و دەڵێت:

«وەک حەللاج
لە جیهانێکدام ژەقنە،
دەرگا کەڕ،
پەنجەرە کوێر،
وەلێ ئەوەی دەگەڵیدا دەدوێم لاڵ نییە!
ئاسمانە، مڕومۆچ نییە،
شەوە، دۆزینەوەی ڕۆشنایی دژوار نییە،
ئەستێرەیە، هێجگار گۆشەگیریش نییە،
چاوەکانم
حەوتەوانەی بچووک دادەگرن و
دەیخه‌نه‌ نێو دوو کەوانەی گەورەوە،
بە دڵ دەڵێت
دەرکەوە با ئەم جیهانە یەکانگیر بێت! »

لێرەدا شاعیر زۆر جوانە وێنەی نەک حەللاج بەڵکوو ھەموو ئەوانەی لە سەردەمێکی کوێردا دەنووسن و بیر دەکەنەوە، نیشان دەدات و پێمان دەڵێت ئەوە زەمەنێکە نە پەنجەرەیەک ھەیە بۆ ڕوانین و نە دەرگایەکیش ھەیە ئێمە لێی بدەین و بچینە ژوورەوە لەگەڵ خاوەنماڵ دابنیشین، نا ئەو سەردەمە سەردەمێکی بێگیانەیە، سەردەمێکە وەک چۆن حەللاج بەو گەورەییەی لەجیاتی ئەوەی گوێی بۆ بگیرێت و بیکەن بە سەرمەشق لە داریان دا! بەڵام نا وادەم ئەوان گوێ ناگرن و خۆیان وەک کەڕ وێنا دەکەن، من دەچم دەبمە ھاوەڵی ئاسمان و ئەستێرەکان، چونکە ئەوان وەک مرۆڤ دڵڕەق نین و لەوپەڕی تاریکیشدا بێت، دەتوانم داوای کەمێک ڕووناکی لە شەو بکەم.
ئەگەر حەللاج مامۆستا و سەرمەشقی سۆفیگەر و عاریفان بێت و بە ناھەق کرابێت بە داردا، ئەی ئەگەر ئێستا لە ژیاندابایە و ئێستای بەغدای بینیبایە دەبوو چ قسەیەکی بکردایە؟ دەبوو خەڵکەکە لەجیاتی لە داردان، چ سزایەکی ئەم سەردەمە نەگریسەیان بەسەردا سەپاندبایە؟ ئەی ئەگەر ئەو میر، شالیار، شێخ، سەید، ئاخوند و مەلایەنەی بدیبایە، ئاخۆ کڵپەی شۆڕشی ھەڵنەدەگیرساند؟ ئاخۆ چی پێیان دەگوت! دوای ئەوەی حەللاج بە داردا کرا. شاعیر دێت، پەیامێک بە گوێی (باباسەرهەنگی دەودانی)ـدا دەدات و دەڵێت:

«تۆ ئەی باباسەرهەنگ!
گەر خۆیشت بگەڕێیتەوە دەڕشێیتەوە،
ڕۆحانیێتی ئەمڕۆ
تێکەڵی توندوتیژی بووە،
پێویستە شۆڕشی بەسەردا بکەیتەوە. »

دەبینین شاعیر ئەو داکەوت(واقیع)ـە بۆ ھۆنەر باس دەکات کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ھەیە و چۆن لەجیاتی عیرفانی و سۆفیگەری، توندوتیژی لە برەودان و جیھانیان لە ئامێز گرتووە؛ بەڵام ناکرێت ئێمە دابنیشین و چاومان لە دەستی ئەو ھۆنەرانە بێت. شاعیر خۆی دەکاتە قەڵغان و دەیەوێت، ھێزێکی نوێ بخوڵقێنێت و خۆری ستەمکاران ئاوا بکات. دوای ئەوەی لە ململانێی ژیانی ئاڵاین و بە ڕۆحێکی بە تینەوە ڕووبەڕووی دژوارییەکانی بووینەوە. بەردەوام دەبین لە ڕۆیشتن بۆ گەیشتن بە نەمری، ھەر لەو ڕێیە، ھێشتا زۆر ھۆنەری ڕۆحسووکی دڵشکاو لە سەردەمەکەیان ماون بیانبینین لەوانە (سالار مەجید) ئەویش بەشی خۆی دەردی دڵی ھەیە بۆمان بەیان بکات و ڕۆحی شیرینیان تێکەڵ بە تاڵی ئەو ڕۆژگارە بکات. ھەروەکوو لە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا دەڵێت:
«بە زمانی ئەوین دەپەیڤم
کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا، »

ئەگەرچی شاعیر بۆ گەیشتن بە نەمری ڕێی ئەوینی گرتۆتە بەر، بەڵام ڕۆژگار ڕێ نادات بە ڕێی ئەوینیش بدوێت. عەشق ڕێ و ڕێبازی یارانە، بۆیە لەو ڕێبازەدا تەنھا ئەوین دەبینی و ئەوینت دەست دەکەوێت. شاعیر ھەورامان وەک دوا وێستگەیەک وێنا دەکات کە کۆمەڵێک ھۆنەری پایەبەرز تیایدا گەیشتوون بە نەمری و ئێمە دەکرێت وەک مامۆستای خۆمان لێیان بڕوانین. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵت، پێویستە ئێمە بۆ نەمری بگەڕێینەوە بۆ ھەورامان، چونکە ھەورامان سەرچاوەی زۆرێک لە ھۆنەران و عاریفانی کوردە. ھەروەکوو شاعیر ڕوو دەکاتە باباسرنج و دەڵێت:
«وەک باباسرنج
بەدەم تینی ئاورەوە
وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،
وەک دار قرچەقرچیان ھات و دەبوونە بڵێسە،
نەمریم لە ھەوراماندا دۆزییەوە. »

ھەر لە ھەورامان دەمێنینەوە و دەگەین بە عزوری یەکێکی دیکە لە یارانی باباسەرهەنگ. ئەویش (باباگەرچەکی هەورامی)ـیە. ئەویش بە تەنبوورەکەی دڵمان تێکەڵی سرووشتە جوانەکەی ھەورامان دەکات و بەنێو شاخ و گاشەبەردەکاندا سەفەرێکی ڕۆحیمان پێدەکات. دواتر دەگەینە یەکێکی دیکە لە ھۆنەرە ھەرە باڵاکانی ھەورامان و شاعیر ئاشنامان دەکات بە دیوە خوداناسییەکەی و ئێمەش لەگەڵ ھەرشیعرێکیدا مەست دەبین، بەدەم مەستییەوە دەڵێین: ئاخر چۆن دەکرێت، دایەتەورێز نەناسین؟ ھەوڵدەدەین بەدوای پاساوێکدا بگەڕێین، بەڵام دەستمان ناکەوێت. بە خوێندنەوەی چامەکتێبی شاعیر ھێندەی دیکە مەست دەبین و زیاتر ھۆگری تەنبوورەکەی دەستی دایەتەورێزی ھەورامی دەبین. لەگەڵ خەون و خولیاکانی ھۆنەردا تێکەڵ دەبین و جیھانبینی ئەومان لە شیعرێکەوە بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت:
«دەبێ ئەم جیھانە شەڕانگێزە ئەھوەن بکەینەوە،
ئەو ڕەگە دوورودرێژانەی توند لە ڕۆح خۆیان گرێ داوە،
ڕیشاڵەکانی بکەینەوە تەنبوور و پێی بژەنین،
بە دەف مەستیان بکەین،
فوو بە شمشاڵدا بکەین و کونیلە گیراوەکانی دڵیان بکەینەوە. »

شاعیر زۆر جوان درک بە دڕی ئەم جیهانە دەکات. ھێند وردبۆتەوە، ھێند جوان گەیشتووەتە ھەقیقەت کە ناکرێت ئێمە نەوەستین و وەڵامی شاعر بە گرینگییەوە سەیری نەکەین. ئەگەر سەرنج بدەین شاعر دەزانێت ئەم جیھانە ڕق و کینە ڕەگی قووڵی داکوتاوە، بەڵام شاعر زۆر ھونەرییانە وەڵامی ئەو ڕق و کینانە دەداتەوە و دەڵێت با ڕیشاڵەکانی بکەینە تەنبوور! دواتر درێژە بەم باسە دەدات و لەگەڵ گەیشتن بە دیداری بابافەقێی لوڕستانی ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە ئەگەرچی بە شمشێریش ڕووبەڕووم ببنەوە، ئەوا ناتوانن ڕێ لە ڕۆحی بەرزەفڕم بگرن ھەروەکوو شاعر دەڵێت:
«بابافەقێ شمشێریشم لە دژ ڕاکێشێ
ھێشتا نووکە تیژەکەی
ناتوانێ ڕۆحی فڕیوی نێو مۆسیقام ببڕێ،
ڕۆحم نالەرزێ،
ھاتووم بدرەوشێمەوە،
بەڵکوو تاریکیتان بگۆڕێ !»
دواتر شاعر یەکێک لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی لوڕستانی بە ئێمە دەناسێنێت کە ئەویش (دایەجەلالە)یە. دایەجەلالی لوڕستانی ژیان و شێوازی لە دایکبوونی شاخۆشینی کوڕی، ھاوشێوەی لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم بووە. شاعر ئەم ڕووداوەی بە شیعر بۆ وێنا کردووین و لە دیوێکی دیکەشەوە دەکرێت چەندین لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ بکرێت؛
«دایەجەلالە
بە تۆزقاڵێ تیشکی خۆر دووگیان دەبێ!
زانستی شیعرم ناکۆکە
بێ ئەوەی ئەم ڕووبارە دەمی تێ بنرێ،
ئاوس بێ بە ڕووناکی و
ھەر تیشکی خۆریشی لێوە دەرچێ، »

شاعر لەدایکبوونی شاخۆشینی کوڕی دایەجەلالی چەند ورد وێنا کردووە! چ فەلسەفەیەک دەخوڵقێنێت بە ژیانی شاخۆشینی دایەجەلال! بوون و نەبوون چەند سەرنجڕاکێش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت! زۆر جوان دەتوانین ھەست بە نائارامی شاعر بکەین لەم شیعرەدا و دەیەوێت پێمان بڵێت نەک ھەر من، بەڵکوو ئەوانەی نەشھاتوونەتە دنیاوە، ئەگەر وەکوو من بزانن چۆنە دنیا، ئەوا سەریان دەخەنەوە نێو ڕەحمی دایکیان و نایانەوێت چاویان بە دنیا بکەوێت؛ چونکە ئەم دنیایە لە ڕاستیدا، پارچەیەکە لە ناخۆشی. ڕاستە زەمین ھەموو شتێکی تێدایە و ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەربگرین، بەڵام ئێمە ناتوانین لە پەیامی زەمین و دنیا بگەین، بەڵکوو ھەرکەسە خەمی خۆیەتی و دەیەوێت ھەمووی بۆ خۆی بێت! دواتر، چاومان دەکەوێت بە ڕێحان‌خانمی لوڕستانی و دەمانەوێت لەگەڵ ئەو ڕۆحە بپەیڤین کە دڵی لە ژەنگی ڕۆژگار پاک کردبووەوە و ئەوینی یەزدان دەروونی ڕووناک کردبووەوە! ئێمەش بە ئاماژەدان بە دێڕێکی کورت و پەیامێکی یەکجار گەورە، ئەو شاعیرە بەسەر دەکەینەوە کە شاعر دەڵێت:
«دڵۆپێک قاوە
تاڵی ئەم ڕۆژگارەی پێ ناخوێنرێتەوە! »

دواتر، دەگەینە فاتمە لوڕە! کە ڕەند و خواناس بووە و ئەوینداری باباتاھیری ھەمەدانی بووە. ڕەنگە ھەریەکێک لە ئێمە، کاتێک ئەمە دەخوێنێتەوە، واقی وڕ بمێنێت. بۆیە دەڵێین ئەگەر شاعیر ھیچی نەکردبێت، ئەوا دیوێکی زۆر شاراوەی بۆ ئێمە ڕووناک کردووەتەوە! چونکە زانینی زانیارگەلێکی لەم شێوەیە بەدوادا گەڕانێکی ورد و سەلیقەیەکی یەکجار زۆری دەوێت، بەڵام شاعیر ماندوونەناسانە لە نەمرەڕێدا کاری کردووە و کۆمەڵێک کاری زۆر گرینگیشی بۆ لێکۆڵەران بەجێ ھێشتووە. کە دەکرێت لە چەندین ڕووەوە لێکۆڵەران لەم چامەکتێبە پڕ زانیاری و مەعریفەییە دەستیان بکەوێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن. دیارە ئێمە تەنھا لە یەک ڕوانگەوە یاخود بڵێین لە یەک پەنجەرەوە لێی دەڕوانین. وەگەرنا، چامەکتێبی شاعیر گەلێک کون و کەلێنی ھەن کە ھەر کەسێک ویستی نووسین و لێکۆڵینەوەی ھەبێت دەتوانێت پێیان بگات! دێینەوە لای فاتمە لوڕە و شاعیر لەدەمی ئەوەوە دەردی دڵی فاتمە لوڕەمان بۆ بەیان دەکات و ئەو دیمەنەمان بۆ بە شیعر وێنا دەکات کە لەتاو دووری باباتاھیری ھەمەدانی چی بەسەر فاتمە لوڕە ھاتووە.
«فاتمە لوڕە ڕازی خۆییم بۆ بەیان دەکا،
دەڵێ کوڕم! کووڕ بوومەوە بۆ باوەشێکی بابا.
بە گوڕ دەچمەوە بە گژ دنیادا،
تەنبوور و یار و بابام ھەبێ،
باکم نییە، ئەگەر بشچم بە گووڕدا.
گوتم وا جیھانێکە کە گوێمان قوت نەکەینەوە،
دەمانھاڕێ و قووتمان دەدا. »

دواتر، شاعیر لە ڕێی کۆمەڵێک لەم شاعیرانەی ھەستی خۆیمان بۆ بەیان دەکات. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن «عەتتاری نەیشابووری، باباتاھیری ھەمەدانی، میرزا محەمەدعەلی سائیبی تەورێزی، بیدەل (بیدەل دەھلەوی)، گوڵزار، مەولانا و تاگوور» شاعیر ھەریەکێک لەم ھۆنەرانە بە زمانی شیعر دەدوێنێت و دەیەوێت پێمان بڵێت ئەو ڕێیە چەندین ئەوین و ئەوینداری ھەنە کە دەکرێت ئێمە کەڵکیان لێ وەربگرین و لەگەڵ ژیان و شیعریان زیاتر درێژە بە ژیان بدەین.

شاعیر زۆر لێزانانە لە سەرەتاوە داوای گەڕان و پشکنینی ڕێیەکی لە ئێمە کرد. بۆ ئەم باسەیش شاعیر خۆی تەیار کرد و بە ئێمەی گوت دەبێت بیر بکەینەوە بۆ ئەوەی لەم جیھانە جاڕسکەرەدا نە جاتمان ببێت، بۆ ئەمەش دەبێت لە خۆمان تێفکرین. تا خود دەدۆزینەوە و لەوێوە بکەوینە ڕێ بۆ شوێنک کە تیایدا ڕۆح بفڕێت و خۆشەویستی ببارێنێت. دواتر، بۆ ئەوەی ئەم خەیاڵە لە لای ئێمە ببێتە داکەوت، ئەوا شاعیر دەگەڕێت بەدوای ئەو ھۆنەرانەدا کە بۆ ڕێیەک بەڕێ کەوتبوون پێی دەگوترێت نەمرەڕێ! لەو ڕێیەدا، چەندان ھۆنەرمان ناسی بە ھەمان ڕێدا ڕۆیشتبوون و تاڵی و سوێری ڕۆژگار ھاڕی بوونی. شاعیر تا بڵێی لێزانانە لەسەر زمانی ئەوان بۆمان پەیڤا و وەک بڵێی پەیامی ئەوانی بۆ ھێنابین وا جوان شیعریەتی کردبوو و شیعرەکانی تێکەڵ بە بیری ھۆنەران، ژیان و ئەو پەیامەی کە خۆیشی مەبەستییەتی بیگەیەنێت تێکەڵ کردبوو. دواتر، شاعیر لە ڕێی چەند شاعیرێکەوە کۆتایی بە چامەکتێبی نەمرەڕێ دەھێنێت و لە کۆتاییشدا فەرھەنگۆکێکی زۆر دەوڵەمەندی بۆ وشەکان نووسیوە، کە ھەر دەکرێت ئەمانە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان لەسەر بکرێت. دواتر، ڕوودەکاتە بوودا و پەیامی ماریفەت بە ئێمە دەگەیەنێت و دەڵێت:
«ھەڵگەڕێن بە داری ماریفەتدا!
ببنە بێدار و دانا، ژیریتان بفڕێ! »

زانا کەسێکە لە خۆیدا ڕۆبچێت و ترسی لە گوتنی ڕاستی نەبێت. وەک بوودا خۆی بکەوێتە بیرکردنەوە و ترس نەتوانێت پەلوپۆی بشکێنێت. ڕاستە بۆ گەیشتن بە نەمری پێویستیمان بە قوربانییە، بەڵام گەورەتین قوربانیی خۆتی کە نەتتوانیبێت خود ڕام بکەیت و بە نە فامی ژان بکەیت. ھەر وەک شاعیر لە دێڕەکانی چامەکتێبەکەدا دەڵێت:
«گەمژە کەسێکە لە خۆیدا بەجێ دەمێنێت،
پەرداخێکە
ناتوانێت تامی خۆشی بکات .»

پەرداخ یاخود کەچک کەرەستەی سەرەکین و جۆرەھا خواردنیان تێدەکرێت، بەڵام ئایا دەتوانن تامی ئەو خواردنانە بکەن و چێژی لێ وەربگرن؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئەوانە بێگیانن. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت گەمژە بە ھەمان شێوەی ئەم کەرەستانە ناتوانێت چێژ لە ژیان وەرگرێت و بگات بە نەمری! شاعر دەڕوات و بە چەندین دێڕی سەرنجڕاکێشی لەم جۆرە دەیەوێت بمانباتە سوێی نەمری و پێمان بڵێت ئا ئەوە بوو نەمری و نەمرەڕێ!

——————————————————–

. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، وەشانی نووسیار-دانمارک، چاپخانەی جەنگەل، تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١. ل. ٥.
. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ٥.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٢.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل.٣٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٤.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٩.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 34.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤١.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٠
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥١.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٧.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٩.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦١.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦2.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦٢-٦٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 65.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٧.
. بەیتێکی باباحاتەمی لوڕستانییە.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٩.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٢-٧٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٧.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٢.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩١.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٣.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٤.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٨.
. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٩.




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند کارۆخ هاشم.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

كارۆخ هاشم : له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان داخوازی له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانم هه‌یه‌
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هونه‌ری كارده‌ستی ، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رانه‌ی كه‌ ده‌تواندرێت ، كاری سه‌نج راكێش و كللتوری نه‌ته‌وه‌كان له‌رێگه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ نمایش بكرێت له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ كلتووری نه‌ته‌وه‌كان به‌یه‌كتری ئاشنا به‌كرێن ،زۆر جاریش ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ وه‌كو بازرگانی كاری پێوه‌ كراوه‌ .
ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ پێویستی به‌سه‌لیقه‌یه‌كی باشی هونه‌ری ده‌بێت، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كاره‌ هونه‌رییه‌ ده‌كه‌ن به‌رێز (كارۆخ هاشم سعید)-ه‌ دانیشتووی قه‌زای رواندزه‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌سه‌رمان كردۆته‌وه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵ دا ئه‌نجام دا:
*پێمان باشه‌ سه‌ره‌تا باس له‌ چۆنییه‌تی ئاشنا بوونت به‌ هونه‌ری كاری ده‌ستی بكه‌یت.
-سه‌ره‌تا ئاشنا بوونم به‌ هونه‌ری كاری ده‌ستی بۆ سه‌رده‌می منداڵیم ده‌گه‌رێته‌وه‌، كاتێ له‌ قوڕ شێوه‌ی جۆراوجۆرم دروست ده‌كرد، به‌م شێوه‌ش له‌رێگه‌ی كاری به‌رده‌وام و ئه‌زموون ، په‌ره‌م به‌تواناكانی خۆم دا تا ئه‌و ئاسته‌ی توانیم شاره‌زایه‌كی باش له‌ هه‌موو جۆره‌كانی كاری ده‌ستی په‌یدا بێت ، بگه‌مه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا.

  • كێن ئه‌وانه‌ی هاوكارو پاڵپشت بوون ، ئایا هیچ خوولی هونه‌ریت بینیوه‌؟

    -سه‌ره‌تا هاوكاری و پاڵپشتم دایك و باوكم زۆر هاوكارو پاڵپشتم بوون ، به‌جۆرێك هانی زۆریان دام بۆ ئه‌وه‌ی ،له‌سه‌ر كاره‌كه‌م به‌رده‌وام بم، ئێستاش ماڵه‌وه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی خێزانه‌كه‌م ،كه‌ئه‌ویش ئاره‌زووی هونه‌ری كاری ده‌ستی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵم فێری ئه‌م هونه‌ره‌ بووه‌ هاوكارێكی باشی كردووم ، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ شاره‌كه‌مان خوولی هونه‌ری بۆ هونه‌ری كاری ده‌ستی نه‌كراوه‌ته‌وه‌،بۆشم نه‌گونجاوه‌ له‌ ده‌روه‌وه‌ی شار به‌شداری خوول بكه‌م ، بۆیه‌ به‌شداری هیچ خوولێكی هونه‌ریم نه‌كردوه‌.

    *ئه‌و كه‌رستانه‌ی له‌ كاره‌كانت به‌ كاردنیت له‌ چی پێك هاتوون؟

  • ئه‌و كه‌رسته‌و ئامێرانه‌ی به‌ كاری ده‌هێنم ، جۆراوجۆرن ، به‌ڵام به‌گشتی كه‌ره‌سته‌كان پێك هاتوون له‌ دار و ته‌خته‌+سوف+گونیه‌و په‌ت و داوی موو +مۆری و یاقوت وه‌كۆمه‌ڵێ ده‌رمانی تر له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ماده‌ی وه‌ك و غه‌ڕه‌ وارنیش واتا ڕه‌ونه‌ق و چه‌سپ.
  • به‌شداری پیشانگه‌ی تایبه‌ت ، یان هاوبه‌ش به‌ كاره‌كانت كردوه‌؟
  • ئه‌وه‌ی راستی بێت ، خۆمان بۆ پیشانگه‌ی تایبه‌تی ئاماده‌كردبوو ، هه‌موو ماده‌كانیش ئاماده‌ بوون ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤیارۆسی كۆرۆنا پیشانگایه‌كه‌ دواكه‌وت ، هیوادارم به‌زووترین كات ئه‌م نه‌خۆشه‌ نه‌گریسه‌ كۆتایی بێت ، ده‌رفه‌ت هه‌بێت ئه‌م چالاكییه‌ ئه‌نجام بده‌ین.
  • له‌ رووبای بازرگانییه‌وه‌ سوودت له‌ كاره‌كه‌ت بینیوه‌؟
  • پێم وایه‌ كارێكی ئاسییه‌ ، بتوانم له‌رێگه‌ی كاری هونه‌ری ده‌ستی، بتوانم داهات بۆخۆم كۆبكه‌مه‌وه‌ كاره‌كانم سوپاس بۆ خودا له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان داخوازی له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانم هه‌یه‌،بۆیه‌ سوود و قازانجم له‌ كاره‌كه‌م بینیوه‌.
  • پێشوازی هاوڵاتیان له‌ كاره‌كانت چۆن ده‌بینی؟
  • به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ دوكان و یان شوێنێكی دیاركروام نییه‌ بۆ نمایش كردنی كاره‌كانم نیه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵاتییه‌كانه‌وه‌ وه‌كو فه‌یسبوك و انستا گرام.. كاره‌ هونه‌رییه‌كانم نمایش ده‌كه‌م ، ته‌نیا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ، هاوڵاتیان كاره‌كانم ده‌بینن.
  • بۆ ئه‌نجام دانی كارێك چه‌ند كاتت پێویسته‌؟
  • كاته‌كان به‌پێی شێوه‌وفۆرم و جۆری كاره‌كه‌ ده‌بێت، هه‌ندێ بابه‌ت هه‌یه‌ كاتی زۆر ناوێ ،به‌ڵام هه‌ندێ بابه‌ت هه‌یه‌ كات ماوه‌ی زۆری ده‌وێت ، به‌ تایبه‌تی كاری ده‌ستی كه‌له‌ دار بێت .
  • پێتان باشه‌ چی بكرێت ، بۆ پێشڤه‌چوونی هونه‌ری كاری ده‌ستی؟
  • به‌ بۆچوونی خۆم، ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری ده‌ستی ده‌كه‌ن پێویسته‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو كه‌رتی حكومی و تایبه‌ت ، گرنگیه‌كی زۆریان پێ بدرێت وپاڵپشتی بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له‌ كاره‌كانیان و به‌رهه‌مه‌كانیان پێشكه‌وتووتر بێت ،ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگا و دابین كردنی كه‌رسته‌و شوێن بۆ نمایش كردنی كاره‌كانیان.



فلاشباک..11.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی یانزە

من سەر لە دووفاقیی کورد دەرناکەم، عەلی وەردی هەر ئەوەندەی پێکرا چەند کتێبێک لە بارەی دەبڵ کەسێتی تاکی عێراقی و رۆژهەڵاتییەوە بنووسێ، وا بزانم ئەویش بەم داخەوە سەری نایەوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی “فرۆید”م خوێندەوە. لە داخی بیرکردنەوە لە درۆی خەڵک و دووفاقی تاکی کورد بە باشی تێنەگەیشتم، بۆیە سەرلەنوێ دەبێت بیخوێنمەوە. هەمیشە رەخنەم لێدەگرن، کە هیچ دیپلۆماسیەتێکم نییە، ئەتەکێت نازانم، دوایی بۆم روون بووەوە ئەو شتەی پێی دەوترێ دیپلۆماسییەت بریتییە لە ئیزدواجییەت و ماسک بەستن و گەمەکردن لەسەر هەموو پەتەکان. ئەوەش بە من ناکرێ، پێم خۆشە ئینسانێکی نادیپلۆماسی و بێ ئەتەکێت بم وەک لەوەی ئیزدواجی و درۆزن بم. کامۆ وتەنی خۆشترە بە پێوە بمرین، نەک لەسەر ئەژنۆ بژین. ژیانیش چەند لەحزەیەکی بێمانایە ئیدی ئەم هەرا و هۆریایەی بۆچییە؟. رقم لە ژیان نییە، تائێستاش هەوڵی خۆکوشتنم نەداوە، بەڵام ژیانیش بەو شێوەیەی ئێمە مومارەسەی ئەکەین دیوێکی تری مردن و بەرزەخە.

سەیری بکە، سیاسیی درۆزن، مەلا و قەشەی درۆزن، نووسەری درۆزن، ژنی درۆزن، پیاوی درۆزن، مامۆستای درۆزن، کاسبکاری درۆزن و هتد… چەندە رێز لێگیراون، کەچی هەر کەس هەقیقەت بڵێ وەک شێت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. راستە هەقیقەت شتێکی رێژەییە و ئێمەی نەوەی دوای ئەنشتاین شەرمە بڵێین هەقیقەت رەهایە، بەڵام کاتێک من بە جیددی فەرمانبەری دەوڵەتم یان پیاوی ئاینم یان نووسەرێکی لات و لەوێر، بۆچی ئەگەر سرکەی درۆ نەکەمە ئیش و قسەکانمەوە، خۆشەویست نیم، گوێم لێناگیرێ، قسەم ناڕوات؟؟؟ چوزانم ئەم خەڵکە بۆ وان، بەڵام ئەزانم زۆربەی خەڵک بێ پرنسیپ و بەهان و ئاینیان دۆلارێکە. لە خزمەتی بۆرژوایەکی چاوبرسی ئەبنە جووتێک جزمە، بەڵام لە بەرانبەر ئینسانێکی هەژار و بێ نەوادا، وەک شێر سنگ دەکوتن. ئەدی خۆ من لە چینی سەرەوە و بۆرجوازم، بەڵام رقم لە فەرهەنگی بۆرجوازییەتە. رقم لە ئاکار و لوتبەرزیی دەوڵەمەندەکانە.

پێشنیازیک لە مێشکما گینگڵ ئەخوا ئەویش ئەوەیە کاتی ئەوە هاتووە فەرهەنگی زمانەوانی لە دەستەواژەی مرۆڤایەتی پاک بکەینەوە، ئاخر بۆ مرۆڤ هەیە تاکو باسی مرۆڤایەتی بکەین؟. زۆریش شورەییە مرۆڤ باسی خۆشەویستی بکات چوون لە ناخی هەر مرۆڤێکدا ئەژدیهایەک بە پەنهانی هەناسە ئەدا. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە شت دڵم پێی خۆش بێ، بوونی مەعشووقێکی میهرەبانە. لەو رۆژانە وتی ئەگەر من بڕۆم چی دەقەومێ، ئەوسا ئیستم گرت و بێدەنگ بووم، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا، بۆی ئەنووسم “من خۆم ناکوژم ئەگەر تۆ بڕۆی چوونکە ئەوسا مەرگ من هەڵدەبژێرێ، نەک من مەرگ هەڵبژێرم” ئەوەش ئەنووسم “ئاشقەکان لەو سوپایە ئەچن پردەکان دوای خۆیان ئەڕوخێنن بۆ ئەوەی رێگەی گەڕانەوەیان بۆ دواوە نەمێنێت بەڵکو هەمیشە بۆپێشەوە ئەڕوانن. من خۆم ئەم ئەشقە ئەزموون ئەکەم”.
تووڕەم، زۆر زۆریش تووڕەم لەم وڵاتە، محەمەد ماغوت وتەنی تەنیا پێڵاوەکانم بەم نیشتمانە ئیغتسابکراوەوە ئەمبەستێتەوە، هیچ هەستێکم بۆ وڵاتێک نییە کەبووە بە بەهەشتی دز و مافیا و دووڕووان. وڵاتێک ئایندەی نییە لەبلەبان و ماستاوچییەکان وەک ئاشی نەزان بیگێڕن. من بەرگەی ئەم هەموو ناشرینە ناگرم، هەرچەندە دەبێ پرسیار بکەم، ئاخۆ منیش چەندە ناشرینم؟ چوونکە خۆم نایبینم. کۆمەڵگەیەکمان هەیە، تاکی نییە، مێگەلی ئەخۆین و ئەخۆینەوە و لێمان ئەخوڕن بۆ دۆڵ و چیا، هەر کەس لە مێگەل جیا بێتەوە، بەر گۆچانی کەلتوور ئەکەوێ. بەهەرحاڵ مەست و سەرخۆشم و بێهودە دەستی خۆم بە نووسینی ئەم دێڕانەوە ئازار ئەدەم. دەی ئیتر تەواو قسەم نەما.

ستیڤان شەمزینی

17-6-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 39-42 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




ژنێكی پڕ پڕ له‌ درۆم.. چنوور نامق

له‌رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا
پێش هه‌زار ساڵ
چیتر
نه‌متوانی گوڵه‌كان ئاوده‌م
بومه‌ ئینجانه‌ی چوار ته‌مه‌ن بۆ ژاكانیان
لێوم بۆ هه‌ر باده‌یه‌ك برد هه‌ر گاڵته‌جاڕ بوو وه‌رزی دڵ
شه‌كره‌ زه‌قنه‌بوته‌ لێوم كه‌ ناتوانم
تامی ماچه‌كان بكه‌م و
نزای ئه‌وین بمباته‌وه‌ بۆ كۆشی خۆی
ئه‌ی بۆ بمبا؟
كه‌ نه‌متوانی ببم به‌ژنێكی زانا له‌ واڵاكردنی ده‌رگاكان بێ‌ ته‌قه‌ته‌ق
كه‌ نه‌زانبووم له‌ ئاودێریی شتڵه‌كانی تامه‌زرۆیی
له‌هه‌ڵدانی ریزه‌ ماچه‌كان له‌ بادا…
ئێستا خۆم ئه‌توانم بڵێم
له‌شاری دڵ فاشیلترین ژنی ئه‌م مێژووه‌ سه‌رسپییه‌م،
هیچ
كتێبێكی عه‌شق نه‌ما پیاسه‌ی بێ‌ مه‌یلیی تیانه‌كه‌م
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی توانام هه‌بێ‌ نۆته‌ سوره‌كانی ئه‌وین وه‌رگێڕمه‌ سه‌ر زمانه‌كانی په‌پوله‌
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بوێریكه‌م چه‌پكه‌ گوڵێك بده‌مه‌ ده‌ستی یاره‌وه‌
هه‌زار ساڵه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ئه‌وین له‌ پۆلێكم
له‌دایكمه‌وه‌ بۆم ماوه‌
ترس
خورپه‌
پێنه‌كه‌نین
هه‌زار ساڵه‌ فێری ته‌قوی و تاعه‌ت ئه‌كرێم،
ژنێكی نه‌وێری به‌ر باران چۆن ئه‌توانێ‌ په‌ڵه‌ بدا؟
چۆن ئه‌توانێ‌ به‌ته‌ماشا هاتوچۆی هه‌وره‌كان راگرێ‌؟
چۆن ئه‌وێرێ‌ ئه‌ستێره‌كان بگرێت به‌ده‌سته‌كانیه‌وه‌؟
چۆن ئه‌توانێ‌ شه‌پۆله‌كان به‌گیر بێنێ‌؟
زه‌نگ
ده‌نگ
هێڵی سوور و
فرمانه‌كان
مه‌كه‌ و
مه‌ڕۆ
هه‌زار ساڵه‌ شێتم ئه‌كا
هه‌زار ساڵه‌ گریان ژیرم ئه‌كاته‌وه‌ و به‌خۆی ئه‌گری
ژنێكی پڕپڕ له‌ درۆم
له‌ نمایشی هه‌تاییدا وا وشك ئه‌بم
هه‌زار ساڵه‌ پێكی ترساو هه‌ڵئه‌ده‌م و له‌ پۆلی ئه‌وین قوتابیم
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی چه‌پكه‌ گوڵێك بده‌مه‌ ده‌ستی یاره‌وه‌
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بوێریكه‌م
وشه‌ی عه‌شق وه‌رگێڕمه‌ سه‌ر زمانه‌كانی باڵنده‌
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی توانام هه‌بێ‌
ماچێك له‌ بادا هه‌ڵبده‌م……

٥-١١-٢٠٢١




ژنێک بڕیارە خۆشی بوێم!.. شیعری: عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

عاشقی وردە بارانە و
بەپیاسەی ناو دارستانی ئارەزووەکانم ئاشنایە
حەزی لە مۆسیقایە و
جارجارەش سەما
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم.

زمانی باڵندەکان دەزانێ و
دوای هەر دووشێک بەشیعر خۆی دادەپۆشێ
نە لەسێبەر درەختێ ئۆقرە دەگرێ و
نە لەژێر گەرمی هەتاوی خۆشەویستیم
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم

ئێواران کووچە و کۆڵانی غەریبیم پەی دەکا
بەدەم گۆرانییەوە سەرخۆش ئاسا
پەرداخەکەی فڕێ ئەدا و
تانگۆیەک ئەیکا بە پەری
نیمچە ڕووتی قەراغ دەریای شۆڕە شیعرێک
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم

بەپێکەنینەوە کتێب دەگرێتە باوەش و
لەگەڵ خوێندنەوەی پەرەگرافە سەرهەڵگرتووەکان
لەررەیەک لەمەمکەکانی، بوومەلەرزەی خاکوخۆڵی
دڵم بە هەشت پلەی ڕێختەر وێران دەکا
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم

هیچ ئێوارانێک نییە پەرداخە شەرابێکی خەست
نەنێتەسەر
بەنیمچە مەستییەکەوە لەسەر دەسکی قەنەفەکەم دادەنیشێ
دەستێک نەنێتە سەر شانم
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم

سبەینان خۆر ختووکەی ئەدا
تەزووی بارینی بارانێک دەیخاتە سەر هەستی ورووژاوی ناخی
مۆسیقایەکی لەسەرخۆ دڵی دەهێنێتە سەما
هەڵدەسێت و مەمکەکانی دەداتە بەر
سیحری نەسیمی بەیانیان
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم

ئاخ ژنێک بریارە خۆشی بوێم،نایدۆزمەوە
لە کەلێنی شیعر و کتێب بۆی دەگەڕێم
لە قووژبنی وەرزەکان سەردەکێشێ
بە تاک بەتاکی پەنجەرەکانی ڕۆژەکان
جاری تەمە و جارێ سێبەرێکی وێڵبوو
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشی بوێم!

شیعری : عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)
١٢-١-٢٠٢١
کەنەدا




ئیسلامیەکان لەپشتی ناوزڕاندنی ژنانەوەن لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا!.. تاهیر عیسا

ئەوەی کە ئەم ڕەوتە دینییە کۆنەپەرستە لەڕێگای هەزاران مزگەوت و واعیزو بانگخوازیەوە و لەڕێگای دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەوە و لەڕێگای سەدان پەیج و ڕۆژنامە و وەسیلەی پەخشی ئیعلامیەوە، نەیتوانیوە بەر بەم گەشەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ و تێکەڵ بوون وئاوێتەبوونیان لەگەڵ یەکتردا لەناو جیهانی عەولەمەی ئەمڕۆدا بگرێت، کە ئاستی تەکنۆلۆجیای جیهانی ئەمڕۆ، دنیای لە گوندێکی بچووکدا لێک هەڵپێکاوەو لە باکوریەوە هەتا باشوری و لە ڕۆژهەڵاتیەو هەتا ڕۆژئاوای لە ڕایەڵەیەکی کۆمەڵایەتی سوک وئاساندا پێکەوە گرێداوە، بگرێت و لەڕێگای هێنانەوەی شێرو ڕێوی وەک قال و قیلەوە ناکام و مایە پووچ ماونەتەوەو نەیانتوانیوە نیوەی کۆمەڵگای بەشەری کەژنانن، دەستەمۆو وابەستەی یاساو ڕێسا ئاینیە ودواکوتووە کۆنەپەرستیەکانی خۆیان بکەن، کە لە ئایات و فەرموودەی دۆگمایی دەیان سەدە لەمەوبەردا، هەتا ئەمڕۆکە لەلایەن سیستەمە سیاسییە چەوسێنەرە یەک لەدوای یەکەکانی مێژووی ئەم ڕەوتەدا دەستاو دەستی پێکراوەو تابەمڕۆکە وەک ژەهرێک دەرخواردی چین و توێژی مەحڕومی کۆمەڵگای موسوڵمان نشینی دەدرێت و کە لەهەر جێگاو بڕگەیەکیشیدا دەستیان چووبێتە ژیانی خەڵکەوە و وەک یاساو ڕێساو حوکمڕانی دەوڵەتی و شەریعەتی دۆگمای ئیلاهی، بەسەر خەڵکیدا لەڕێگای شمشێرو سێدارەوە سەپێندراوە، وێڕای ئەوەی دەوڵەتانێک لەڕێگای شەرعیەتی نێو دەوڵەتیەوە وەک عەڕەبستانی سعودیەو ئێران و گەڕانەوەی جارێکی دیکەی تاڵیبان لەئەفغانستان بەگڵۆپی سەوزی ئەمریکا وەک ئیمپریالیزمێکی تاسەر مۆخ دژە ئینسانی، سڵیان لەدەستبردن بۆ بەپڕاکتیککردنی دەقە پیرۆزەکانیان و شەرعیەتە ئیلاهیەکەیان لەبەرچاوی جیهاندا نەکردۆتەوە، هاوکاتیش ئەمڕۆ ناوە ناوە بۆ ترساندن و خەفەو بێدەنگکردن و بێ ئومێدکردن و ڕەشبینکردنی کۆمڵگای ئینسانی لەژیان وخەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، ڕێشمەو هەوسارو جڵەوی نموونەهایەکی وەحشەتناکی وەک قاعیدەو بۆک وحەرام (خوێندن حەرام)و داعش و نوسڕەو تاڵیبان و ئیخوانیەکان و چەندین دەستەو تاقمی دڕندەی تری بارگاوی بە دەق وفەرموودە دژە ئینسانیەکانی ناو تاریکایی مێژووی ململانێی هۆزو عەشیرەتە دواکەوتووەکانی وڵاتانی وەک سعودیەو ئەردەن و عێڕاق و فەلەستینی چواردە سەدە لەمەوبەر، بەردەدرێنە ناو مەیدانی خەبات و تێکۆشانی ئینسانهای مەحڕوم و بێبەش لەژیان و ئازادی شایستەی پڕ لەکەڕامەتی مرۆیی، هەتا ئاراستەو ئاسۆ و چارەنووسی هەوڵ وتێکۆشانیان بۆ ژیانێکی باشتریان بەلاڕێدا ببرێت ، وەک لە میسرو تونس و ئەفغانستان وبەتایبەتیش جەهەننەمێک کە بۆ خەڵکی سوریاو یەمەن وعێڕاقیان خوڵقاند، چاوەڕوانی لەمانە خراپتریش بۆ چەندەهەمین جار لەئەفغانستان دەکرێت.

هەموو ئەم هەل و مەرجە دڕاماتیک تڕاژیدیا ئامێزیە لەناو ئەجێندای تەواوی وڵاتانی زلهێزی دنیای ئەمڕۆ و هەموو ئەو ڕایەڵە دەوڵەتی و حکومەتیانەی کە کوللی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆی پێکهێناوە بەبلۆکە بەناو ناکۆکە ئابووری وسیاسیەکانیشیەوە، لەبردنە پێشی وەها سیاسەتێک و وێرانترکردنی ژیانی مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا ، کۆک وتەباو هاوبەشن.
ئەوەی کە لەناو جەهەننەمێکی لەم جۆرەشدا، گۆڤەندەکان لێرەو لەوێی کۆمەڵگا نەریتیەکاندا، پەلاماری حوڕمەت و کەڕامەتی ژنان وکچانێک دەدەن کە مافی موتڵەق و ڕەهایان وەک هەر ئینسانێکی دیکەی ئازادی سەر ئەم گۆی زەوییە لە موماڕەسەی ئازادیە هەمەجۆرەکانیاندا هەیە، بێشک بۆ هێشتنەوەی ئەو کەلێنە بەرفراوانەیە، کەلە ناو نەریت و بیرو فکرو فەرهەنگی کۆمەڵگا دواکەوتووە دینی و مەزهەبیەکاندا هەیە، هەتا بتوانن لەم کەلێن و قڵشت و جیاوازیە جێندەریەدا، باشتر کۆنتڕۆڵی ئیرادەی هەر هەوڵ و تێکۆشان و بەرگریکردنێکیان لەخۆیان، بەرپێبگیرێت!! کە ئەمە هەم بەقازانجی دەوڵەت و حکومەتە خۆجیێیەکانی ناو ئەم کلتورو فەرهەنگە دواکەوتوانەیە تەواو دەبێت هەم بەقازانجی ئەو حەڵقانەی دیکە کە وەک زنجیرێک لەئاستی جیهاندا تەواوکەری یەکترن .

بەدیلێک کە دەتوانێت لەم هەل ومەرجەدا سەردەربێنێت، پێویستە لەم گۆشە نیگایەوە بڕوانێتە چارەسەریەکان!؟
واتە جیهانی عەولەمەی ئەمڕۆ کە تەکنۆلۆجیای سەرمایەداری لەگوندێکی بچوکدا وەک ڕایەڵەیەکی سیاسی و ئابووری سەربازی لێکی هەڵپێکاوە، بێشک ناتوانێت بەربەست لەبەرامبەر لێک هەڵپێکانی کلتورو فەرهەنگە جیاوازەکان و دواجاریش ئاوێتەبوونیاندا بکات ، کە ئەمەش قسەیەکی مارکسمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت سەرمایەداری خۆی گۆڕهەڵکەنی خۆی بۆخۆی دروست دەکات، واتە هەتا هەرچی جیاوازییە شارستانیەکان لەباری فەرهەنگ وکلتوورەوە کاڵتر ببنەوە بەربەستەکانیش بۆ لێک نزیکبوونەوەیان و ئاشنایەتی و هاودەردییان کەمتر دەبنەوە، ئەمە ئەو پاڕادۆکسیەیە کە سەرمایەداری ئەمڕۆکە تێی کەوتووە، لەلایەک هەوڵ و تەقەڵای دەستەو تاقمە دینییەکان لەلایەک بۆ بەرگرتن بەم ڕەوتە ڕوولەپێشە مێژووییەو بەم ئاوێتە بوون و بەم هەوڵی ئازادییە فەردیانەی لەناو ئەم جیهانە بچووککراوەدا لەئارادان، لەلایەکیش جیهانەکە خۆی جگە لەم ئاوێتە بوون و تێکەڵبوونە ناچاریانەیەدا شتێکی دیکە هەڵناگرێت،دواجاریش تێکشکاندنی بەربەستە کلتووری و شارستانیە جیاوازەکان،ڕێگایەکی ئاوەڵاتر بۆ وشیاربوونەوەی یەکگرتنێکی سەرتاسەریانەی مرۆڤە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی ناو ئەم جیهانە بچووکە دەکاتەوە، کە ئەمڕۆکە هەم ڕۆژئاوا و وڵاتە زلهێزەکانی نایخوازن، هەم وڵاتە کۆنە پەرستە دواکەوتوو نەریتیەکان، بەڵام ئەم پڕۆسێسە ناچاریی وحەتمیەو ئەمڕۆ یان سبەی واتە زوو یان درەنگ هەر ڕوودادات.

تاهیر عیسا
05.09.2021




میللەتێکی ئاو تیا وەستاو.. نەوزاد بەندی

زۆر سەیرە ، بڕۆ لە ڕەشماڵێکەوە بیگرە هەتا کۆشکێکی شاهانە ، تەماشا ئەکەی ئاو لە تەنیشت گەلییەکاندا وەستاوە و پەنگی خواردۆتەوە ، ناگاتە گەلییەکان و بڕوات و نەجاتی بێ ..ئایا ئەمە هەڵەی وەستای کاشییە ؟ یان هی وەستای کۆنکرێت ؟ هەڵەی ئەندازیارە یان کاری ڕاکێشانی زەوی و مەد و جەزری کێشکردنی مانگە ؟ یان کورد خۆی وەک چۆن میللەتێکە ئاو لای داوە بە هەمان شێوە ، میللەتێکە ئاو تیای وەستاوە ؟ ..نازانم ..
لەوەیش سەیرتر ، بڕۆ سنکێکی مەڕ مەڕ یان ستیل بکڕە ، تەماشا ئەکەی لە گۆشەیەکیدا ئاو ئەوەستێ و ناگاتە ئاوەڕۆکەی ..
ئەڵێم تۆ بڵێی ئەم ئاو نەگەیشتنە گەلییە ، ئیشی بازرگانی ماسیحەکان نەبێ ؟ ئێ ئەگەر ئاو لە سوچ و قوڕنەکانا نەوەستێ ، کێ ماسیحە ئەکڕێ ؟ بڕۆ سەیری ئەو بازاڕە بکە ، بەسەر ماسیحەدا ئەڕوخێ ، ماسیحەی درێژ ، مام ناوەند ، کورت ..کورتتر .. تەنانەت ماسیحەی ئەوەندە بچووک لە بازاڕدایە ئەتوانی کونێکی تێکەیت و کلیلەکانتی پێوە بکەیت ، واتا بیکەی بە مەدالیا ..
ئەچیتە هەر ماڵێ سێ ماسیحەی لە حەوشە داناوە ، دوو ماسیحە لە بالکۆنەکان ..ماسیحەیەک لە مەدخەلەکە ..دوو دانەی بچوک لەسەر سنکی مەتبەخ ..ماسیحەیەک لە حەمام و دووان لە WC ..
ئەچیتە هەر مارکێتێ ، لە دوورەوە و لەبەردەم مارکێتەکەدا ،کۆمەڵێ توڵ ئەبینی چوون بە ئاسماندا وەک سوچەڕ وایە ، ئەوانە کلکە ماسیحەن ..یان هەندێ دوکان ماسیحەکانیان بە بنمیچی چەتری دوکانەکانیاندا هەڵواسیوە ، ئەڵێی خاچی کڵێسانە ، لە پڕ ڕەشەبا دانەیەکیان ئەخاتە خوارەوە و ئەیکێشێ بە بناگوێی موشتەرییەکدا ، ئیتر خەجاڵەتم و قوربانتم هەزاری بە فلسێ ..
ئاو تیا وەستان و ماسیحە ، دوو گیانن لە یەک جەستەدا ..وەک گوێز و گوێزشکێن ..وەک نینۆک و نینۆککەر ..وەک کورد و چاکسازیی ، لە دژی یەک ئیش ئەکەن و بە بێ یەکیش نایانکرێ ..
میللەتێکی ماسیحە بە دەست و ئاو تیا وەستاوین ..هەندێ ئەڵێن قەدەری ئیلاهییە .. هەندێ ئەڵێن جا ئەوە چیە ..هەندێکیش ئەڵێن جا کوا باران تا ئاو بوەستێ .. شتی تریش زۆر ئەڵێن ، کە ناکرێ لێرەدا باس بکرێ ..
ماسیحەتان باش .. ئاوی وەستاوتان باشتر ..

ــن.بەندیــ




سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە کەمپی “بەرخۆدان”ی عەفرین بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەکانی مۆسیقا لە کەمپی “بەرخۆدان” لە عەفرین بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” HAWAR بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەکانی مۆسیقا و بە دروشمی “بەهاری نوێی” Buharek Nû، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ناوچەی عەفرین و بە هاوکاری بزووتنەوەی فەرهەنگ و هونەری “میزۆپۆتامیا” Mesopotamia لە سێ قۆناغدا لەوانە: قۆناغی یەکەم لە ڕۆژانی 7 تا 9ی سێپتەمبەری 2021، قۆناغی دووهەم لە ڕۆژانی 14 تا 15ی سێپتەمبەری 2021 و هەروەها قۆناغی سێهەم لە ڕۆژی 20ی سێپتەمبەری 2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە کەمپی “بەرخۆدان” لە ناوچەی عەفرین لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” کە لە کاتژمێر 7ی ئێواری ئەمڕۆ دووشەمە 6ی سێپتەمبەری 2021 لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەکرێتەوە؛ “بەرخۆدان بە کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگ و هونەر” ناویی لێنراوە و لەم ڕێگایەوە لە هەموو ڕەوت و لایەنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی جیهان داواکراوە کە یارمەتی ئاوارەکانی عەفرین بدەن تاکوو بگەڕێنەوە بۆ شار و زیدی خۆیان.

مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە دووساڵانە گۆرانییە، پەروەردەکردن و بارهێنانی بەهرەمەندانی لاو و تازەپێگەیشتووە بە شێوازیی زانستی مۆسیقای ڕۆژ، تاکوو مەقام و گۆرانییە جوانەکانی مۆسیقای کوردی بە شێوازی جۆراوجۆر، پێشکەشی کۆمەڵگای کوردستانی بکەن.

بە دەستپێکردنی ئیدارەی سەربەخۆ و پێکهێنانی ناوەندەکانی ئیدارەی فەرهەنگ و هونەر لە کانتۆنی عەفرین و بەدواداچوونی شێوازە جۆراوجۆرە ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئاشنایی هەرچی زیاتریی خەڵکی لەگەڵ کەلتووری خۆماڵی و نەتەوەیی خۆیان، ئەم ڕووداوە مۆسیقاییە دەستی بە چالاکی کردووە.

ئیدارەی فەرهەنگی کانتۆنی عەفرین Afrin، لە ساڵی 2015 فێستیڤاڵ سترانی میراتی “هاوار”ی Festîvala Stranê لە ناوچەی ئیستڕاتیجی عەفرین دامەزراند و زۆر گه‌نجی دەنگخۆشی ناساند کە لە بەرهەمەکانیدا گۆرانی و مه‌قامی ڕەسەنی کوردییان پێشکەش کرد، تاکوو ڕەوتی توێژینەوە بە بەڵگەکردنی ئەم گۆرانییە هەرمانانە لە گوندەکانی زنجیرە چیاکانی “کۆرمینگ” Kurming بە دروشمی “ڕۆشنبیری لە هەر ماڵێک بوونی هەیە” دەستپێبکات.

فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە ساڵی 2015 و 2016 بەڕێوەچوو و پاشان بە هۆی هێڕش و دەستدرێژی هێزە سەربازییەکانی تورکیا و داگیرکردنی نایاسایی عەفرین و ئابڵۆقەی ئەم شارە کوردییە؛ چالاکییە هونەرییەکانی وەستا و ئەمساڵ دیسانەوە بە هەوڵی شێلگیرانەی هەندێک لە هۆگرانی جیدی فەرهەنگ و هونەری ئه‌م ناوچه‌یه، چالاکییە مۆسیقاییەکانی خۆی دەستپێدەکاتەوە.

ناونیشانی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە کێوی ناودار و بەرزی “هاوار” یەکێک لە شاخە بەرزاییەکانی “جبل الاکراد” Jabal al-Akrad وەرگیراوە کە هێمای خۆڕاگری کوردەکان دێتەئەژمار و لە نووکی ئەم کێوەدا ئاسەواریی قەڵای “جەبەل هاوار” بەدیدەکرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە بەشێکی گرینگە لە مێژووی ناوچەی عەفرین.

کێوی “هاوار” لە مێژووی ناوچەکە و لە بیروەری خەڵکیدا، پێگەیەکی تایبەت و مومتازی هەیە؛ تا ڕادەیەک کە زۆربەی هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە، بە هۆی جیاوازییه‌که‌ی، لە گۆرانییە ڕەسەن و حیماسییەکانی خۆیاندا ناوی ئەم شاخەیان بردووە و لەگەڵ بیرەوەرییه‌کانیدا ژیانیان بەسەر بردووە و بوونی ئەم شاخە، بۆیان بۆتە سەربەرزیی و سیمبولی خوڕاگریی و لەناخیاندا پێگە و پایەیەکی بەرزیی هەیە.

بۆ زانیاریی زیاتر
https://hawarfestival.com/

https://www.facebook.com/hawarsongfestival

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار”.