په‌روه‌رده‌ و ژیان.. وریا مه‌عروف

هەموو مرۆڤێک کە لە دایک دەبێت توانایه‌كی سەرسوڕهێنەری هەیە، بۆ بره‌ودان پێی پێویستی به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و كواڵێتی به‌رزه‌ كه‌ یارمه‌تی بدات له‌ ده‌ستگه‌یشتنی به‌ زانیاریه‌ به‌سوود و به‌نرخه‌كان، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كواڵێتی ژیان به‌ره‌و باشتر و خۆشگوزه‌رانی زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و توانایه‌ به‌كار نه‌هێنرێت یان به‌ خراپی به‌كاربهێنرێت له‌ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی خراپ و ئاست نزمه‌وه‌ ئه‌وا تاكه‌كانی ئاراسته‌یه‌كی لاده‌رانه‌ ده‌گرن و ژیان پڕ ده‌بێت له‌ بێزاری و نادادی و تاریكی.

پەروەردە سیستمێکە مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان وەک مرۆڤ، وه‌ یارمەتی دەدات بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی و هاوئاهەنگی لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکات بۆ پێگەیشتنی راستەقینە. هه‌روه‌ها‌ ئامرازێکە زانیاری و لێهاتوویی و تەکنیک بۆ مرۆڤ دابین دەکات و توانای زانینی ماف و ئەرکەکانیان بەرامبەر بە خێزانەکەیان و کۆمەڵگا و نەتەوەکان په‌ره‌ پێدەدات، بینین و تێڕوانین فراوان دەکات بۆ بینینی جیهان، تواناکان پەرەپێدەدات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نادادپەروەری و توندوتیژی و گەندەڵی و چەندین توخمی تری خراپ لە کۆمەڵگەدا.

له‌م نووسینه‌دا باس له‌ كێشه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌گشتی ده‌كه‌ین كه‌ وشه‌ی “په‌روه‌رده‌” له‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌یه‌ به‌ په‌ره‌وه‌رده‌ی پێش چوونه‌ قوتابخانه‌ و قوتابخانه‌ و دوای زانكۆش، كه‌ پرۆسه‌ی په‌روره‌ده‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ تا كۆتایی ته‌مه‌ن، ئامانج لێی بونیادنانی ئینسانێكی باش و چاك و گونجاو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ پێناو ژیانێكی به‌ره‌و باشتر. ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌ جگه‌ له‌ خێزان و قوتابخانه‌، هه‌مه‌ جۆره‌ له‌ ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا (میدیا- درامای دۆبلاژكراو- فیلمی كۆمیدی ئاست نزم، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) كه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆڵی كاریگه‌ر و به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی تاك و به‌ ئاشكرا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌. سه‌رباری سووده‌كانی كاریگه‌ری و خراپی ته‌كنه‌لۆژیا و میدیا به‌جۆرێكه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا به ‌زیانه‌كانی نازانێت و خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی كاریگه‌ریه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی به‌ده‌رده‌كه‌ون ئاراسته‌ی خۆی گرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌شێ دۆخێكی لادانی گشتی دروست بكات و ببێته‌ نه‌ریت و ئه‌وكات به‌رگرتن لێی ئه‌سته‌م ده‌بێت. ده‌كرێ بڵێن له‌ناو واقیعێكی ئاڵۆز و بێ سه‌ر وبه‌رداین كه‌ ڕێگای گونجاو ڕاست و سپی شاش بووه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ به‌م زووانه مشورێكی قوڵ و دڵسۆزانه‌ له‌ ئینسان و كۆمه‌ڵگای خۆمان بخۆین، به‌وه‌ی كه‌ كار له‌سه‌ر بونیادنانی ئینسانێكی باش و چاك بكه‌ین كه‌ دواجار كۆمه‌ڵگایه‌كی باش و چاكی لێ به‌رهه‌م بێت.

كاتێك دۆخێكی نائارامی و بێزاری گشتی دێته‌كایه‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ده‌ست یه‌كتر بێزاره‌ و له‌بری ئه‌وه‌ی هاوكار و ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن، ئه‌وا دیاره‌ كێشه‌ له‌ له‌ ئینسانی بووندا هه‌یه‌، پێویسته‌ سه‌ر له‌نوێ به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێنه‌وه‌ و دووباره‌ كار له‌سه‌ر بونیادنانی تاكێكی باشتر بكرێ، كه‌ ببێته‌ هۆی ژینگه‌یه‌كی ئارام و له‌بار بۆ مرۆڤ تاكوو ژیانێكی شایسته‌ فه‌راهه‌م بكات‌، لێره‌دا “ناتوانرێ کێشەکان چارەسەر بكرێ بە بەکارهێنانی هەمان جۆرە بیرکردنەوە کە کێشەکانی دروست کردووە”
قۆناغی هەرزەکاری کاتێکی گرنگی گەشەی مێشکە،كه‌ دووه‌مین قوناغی بونیادنانه‌ له‌ دوای منداڵی، ده‌بێت گرنگی زۆری پێ بدرێت به‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌، كه‌ ببنه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای خۆی بدۆزێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و باش و چاك خۆی نمایش بكات و ڕێگایه‌كی دروست بگرێته‌به‌ر‌.

په‌روه‌رده‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ قوتابخانه‌، به‌ڵكو قوتابخانەکان هەلێکی نایاب دەڕه‌خسێنن بۆ دروستکردنی کەسانی زیرەک كه‌ ده‌بنه‌ هۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌کەنە شوێنێکی جوان و باشتر بۆ ژیان بۆ هەموو دانیشتوانەکەی.
توانا و لێهاتووی و زیره‌كی مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی په‌ره‌وه‌رده‌وه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و په‌ره‌ی پێده‌ده‌رێت و ده‌توانێت تواناكان و زانیاریه‌كانی زیاد بكات. په‌روه‌ره‌ده‌ و فێربوون پرۆسه‌یه‌كی درێژ و به‌رده‌وامه‌ تا كۆتایی ژیان، قوتابخانه‌ و خیزان و ته‌واوی ئامرازه‌كانی تر ڕێگایه‌ك ده‌روازه‌یه‌كت نیشان ده‌ده‌ن و به‌رپرسیارێتی ژیانكردنت و گه‌یشتن به‌ زانیاری گه‌وره‌ و شایسته‌ی‌ ژیانكردن له‌ ئه‌ستۆی خۆتدایه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی توانا و هێزی بیركردنه‌وه‌ت و ئه‌و به‌هره‌یه‌ و لێهاتوویه‌ی هه‌ته‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌نێیت و خۆت پێده‌گه‌ینی، هه‌روه‌ها پەروەردە پێکهاتەیەکی سەرەکی خۆشگوزەرانییە و لە پێوانەی گەشەی ئابووری و کوالێتی ژیانیشدا كاریگه‌ری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا تۆ كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو گه‌شه‌سه‌ندو باشیت یان دواكه‌وتوو یان خراپ، ئه‌مه‌ دواجار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و وڵاتیشدا ده‌بێت.

پێویستە ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ بڕه‌خسێنرێت ڕێگایەک دروست بكرێت بۆ ئەوەی تاك بە ئاسانی خۆی پەروەردە بكات و بگات به‌ زانیاری نوێ له‌ڕێگای میدیا و ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌ ئاسانی ده‌توانن شته‌كان بگه‌ینن بۆ ئەوەی بەردەوام فێری باشترکردنی ژیانی خۆیان بن و دونیای خۆیان باشتر بکەن، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ به‌بێ گوێدانه‌ به‌ها باڵاكانی مرۆڤ نمایشی خراپ و لادان له‌ به‌هاكان نمایش بكه‌ن و ببێته‌ شتێكی ساده‌ و ئاسایی به‌بێ سانسۆر، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌پێی كات په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت و ده‌بێته‌ نه‌ریت و دواجار كێشه‌ بۆ بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگا و سیسته‌م دروست ده‌كات كه‌واته‌ “کێشەی پەروەردە سیستمییە، کاریگەری لەسەر تەواوی سیستەم ده‌بێت”.
ژیانی ئه‌مڕۆ به‌ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز و پڕ له‌ كێشمه‌ كێشه‌ به‌هۆی کاریگەری جیهانگیری كه‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ به‌ ئاسانی ده‌گات و ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه‌ش دوو لایه‌نی هه‌یه‌: سوود، زیان، پێویسته‌ به‌جۆرێك پلانی بۆ دابڕێژرێت و كۆنترۆل بكرێت دۆخێكی لادان له‌ پێوه‌ره‌كان و بێ سه‌روبه‌ری دروست نه‌كات. په‌روه‌رده‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه نه‌هێڵێت تاكه‌كانی بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریه‌ خراپ و زیانه‌كانی، به‌ڵكو‌ هاوسه‌نگیش بپارێزێت له‌ نێوان مرۆڤ و ژیان و واقیع، تاوه‌كوو مرۆڤێكی ئارام دروست بكات، دامه‌زراوه ‌و ئامرازه‌كانی په‌روره‌ده‌ پێویسته‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا هه‌بێت له‌گه‌ل به‌ره‌وپێشچوونی جیهان و مێشكی مرۆڤ ئه‌وانیش پێشڕه‌وی بكه‌ن و له‌گه‌ل دۆزینه‌وه‌ نوێیه‌كان و بیروباوه‌ڕ و گۆڕانكاریه‌ نوێیه‌كان خۆیان بگونجێنن و هاوسه‌نگی دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی بونیادنانی تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆڤایه‌تی.

پێویسته‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌ به‌ ستراتیژیه‌تێكی نیشتمانی ڕێكبخرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ خه‌می ئینسان داببێت و مشورێكی قوڵی لێ بخورێت كه‌ له‌ پێناو به‌ها باڵاكانی مرۆڤدا ئاراسته‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی باشتر و گونجاوتر بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابین بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و مرۆڤایه‌تی بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها گرنگیدان به‌ ئاستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێویستیەكی گرنگ و سه‌ره‌كیه‌ بۆ گەیشتن بە چاکسازییەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا خێراتر په‌یڕه‌وی لێبكات و هه‌ست به‌ دڵنیایی بكات كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو گیراوه‌، ئه‌ویش له‌رێگای دادپه‌روه‌ره‌یه‌وه‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ دروست ده‌بێت.
گۆڕان زۆر گرنگە! ئێستا کە ھەموو شتێک لە بارەی مرۆڤەوە گۆڕاوە، بێگومان دەبێت پەروەردە بگۆڕدرێت، بەڵام دەبێت دۆسەیەک ھەبێت، خشتەیەک، و لە سەرووی ھەموو شتێکەوە، لۆژیکێک بێت، بە ستراتیژیەتێک لەخزمەتی مرۆڤدابێت. فەلسەفەیەکی پەروەردەیی پێویستە بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی جیهان و تێڕوانینی كوردستان بۆ داهاتوو. ڕێگای ئەم کارە لە ڕێگەی گرتنەبەری تێگەیشتنێکی فره‌چه‌شنه‌ لە پەروەردەوە. بەرپرسیارێتی پەروەردە نابێت تەنها بۆ دەوڵەت بەجێ بهێڵرێت، ده‌بێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەروەردە ئەم بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرن، چونكه‌ خراپی له‌ بونیادنانی تاكه‌كان زیانی گشتی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگا. پێویستە کە ئێمە ئەولەویەتی خۆمان بگۆڕین بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی گونجاو. ئەمە پێویستی بە چاکسازی تەواوی پەروەردە هەیە لە دەرەوەی پێداچوونەوەی پرۆگرامی خوێندن.

وریا مه‌عروف




کۆنگرەی بالیسان.. عومەر محەمەد

نازانم کەی کۆنگرەی بالیسان بەسترا، تەنانەت مانگ و ساڵەکەشیم لەیاد نەماوە، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ و پێش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، لەبن چادرێکی گەورەدا بوو، سەرزەنشتی خۆم دەکەم کوا ڕەوایە ڕۆژێکی ئاوا بایەخدارو مێژوویی میللەتەکەم لەیاد بکەم ! بەڵام دڵنیام هەرمن نیم بەڵکو تاقە کوردێک تەنانەت ئامادەکارانی کۆنگرەو سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانیش لە بیریان نەماوە!.
بەهەرحاڵ منیش بانگهێشتکرابووم و ماڵیان ئاوابێت بەهۆی ئەوەی لە دۆسیه‌ی ئەنفالدا چالاکم، ووتەیەکیان بۆدانابووم، دەبوو لەماوەی ٥ خولەکدا لەکۆنگرە پێشکەشی ئامادەبووانی بکەم، ئەوە بۆمن دەرفەتێکی گرنگ بوو، چونکە حزب و ڕێکخراوەکان لە لوتکەدا بەشداربوون، بارزانی و تاڵەبانی لە پێشی پێشەوە دانیشتبوون، نەدەبوو دەرفەت لە دەست بدەم، هەرچەندە کاتەکەم زۆرکەم بوو، بەڵام ئامانجم پێکا. لە وتەکەمدا لەپێشەوە بە رەخنەیەک دەستم پێکرد، گوتم: دەبوو کۆنگرە لەژیر ئەم دروشمی ( شەرمە ! دەست ‌و پەنجەی ئازیزانمان لە بیابان تێكەڵ بەلم بن، ئێمەش لێرە دەست‌ و پەنجەی یەكتر بشكێنین ) بەرێوەچوبایە، تەماشام کرد لەنیگاو چاویاندا دیارە بەرپرسان قسەکەم قەڵسن، گوێم نەدانێ و درێژەم دایە، ڕووم لە هەردوو سەرکردەی یەکێتی و پارتی و سەرۆکی هەردوو حکوومەتی هەرێم کرد، چونکە ئەوکاتە هەرێمی کوردستان دوو حکومەت و دوو سەرۆک وەزیران و دوو وەزیری کارەباو دوو وەزیری تەندروستی و دوو وەزیری مافی مرۆڤی هەبوو، کەچی نە کارەبا هەبوو، نەتەندروستی هاوڵاتییەکانی باش بوو، نەبریندارانی چەکی کیمیایی چارەسەرکرابوون و مافی مرۆڤیش لەوپەڕی خراپیدا بوو! بەڵام کۆنگرەی بالیسان مژدەبەخش و بنیاتنەربوو، چونکە بۆهەتا هەتایە کۆتاییی بەشەڕی ناوخۆهێنا کە دەتوانم بڵێم ئەوتارە کورتەی من کۆتایی بەشەڕی ناوخۆ هێنا، کە ئەم چەند پەرەگرافە بوون :
بیرۆکەی بەستنی کۆنگرەی بالیسان، کە بۆ گەڕانەوەی شکۆی خەڵک و ئاشتی ومتمانە بوو، پێشنیازی من بوو کە داوام کردبوو لەناوچە ئەنفالکراو وکیمیابارانکراوەکاندا ببەسترێت بۆیە هەق بوو، رێزلەخاوەنداریتی گیرابا، ڕەخنەی ئەوەم گرت هەرلەبەراییەوە دزییەک هەیە، ئێستاش من گەردنتان ئازاد دەکەم بەمەرجێک (قات لەبەرێک نەهاتبێ وەک بیرۆکەی خۆی پێی فرۆشتبنەوە) بیرۆکەکەم بۆئەوە بوو وەک رێزلێنانێکی مەعنەوی و سەرمایەی رەمزی بۆ قوربانیانی ئەنفال وکیمیاباران وشەهیدانی سەنگەر بەتایبەتیش وەک رێزلێنانێک بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆدا گیانیان لەدەستداوە، یاخود ئەندامێکی جەستەیان لە دەستداوەو ئێستا خاوەن پێداویستی تایبەتن و پێیان دەگوترێت کەمئەندامی سەنگەر.
لە یەکێک لە شارەکان یاخود لە گوندە کیمیابارانکراوەکان (وەک شاری هەڵەبجەو گوندەکانی بالیسان وشێخ وەسانان، گۆپتەپەو عەسکەر، سێوسێنان) یان لەگەرمیان کۆنگرەیەکی ئاشتی ببەستن پەیمانی شەرەف بدەن و بۆ هەتاهەتایە، کۆتایی بەشەڕی ناوخۆ بهێنن .
ئامانج لەبەستنی کۆنگرە لە بالیساندا بۆئەوەیە چیتر مزایەدە کردن بەخوێنی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە نەکرێت، بەهەر حاڵ، کۆنگرەی بالیسان کۆمەڵێک بڕیاری گرنگیدا بەم شێوەیەی خوارەوە :
0 لەبەر ڕۆشنایی کۆنگرەی بالیسان، پەرلەمانی کوردستانی پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکات بۆئەوەی هەرحزبێک دەستپێشخەری شەڕی ناوخۆبکات، بخرێتە لیستی ڕەشەوەو پەرلەمانی کوردستان بەسوکایەتی کردن بەشەهیدو ئەنفالکراوان بریاری لێبدات.
1 لەبەرئەوەی هەموو لایەک كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنفال گەورەترین هەڕەشەو بێحورمەتی بوو، بە مرۆڤ بوونی كورد، ئەوا پێویستە ئێمەش لەبەرامبەردا تائەوپەری مرۆڤدۆست‌و میهرەبان بین لەگەڵ یەكتر‌و لەگەڵ دەوروبەرو تەنانەت لەگەڵ هەموو مەل وباڵندەو زیندەوەرانیش، چونکە ئەوانیش وەک مرۆڤ بە چەکی کیمیایی مردن و تەنانەت وەک مرۆڤ سوکایەتیان پێکرا.
2 باشترین رێزگرتن لە شەهیدان و قوربانیانی تاوانی جینۆساید رێزگرتنە لە ماف ‌و ئازادی زیندووەكان، بۆیە پاراستنی ئازادیەکانی ئینسان دەبێت گرنگترین خاڵ بێت لە نوسینەوەی دەستوری هەرێمدا .
3 یادەکانی كیمیابارانی هەڵەبجەو كۆمەڵكوژی ئەنفال ناکرێنە پشوو، بەڵکو دەبێت زۆرترین کارو ئەرک بگرینە ئەستۆ، بەو پێیەی داواکردنی پشوو کۆمەڵگا دەکاتە تەمبەڵخانەو بۆ یادەکانی جینۆساید پێشنیارێکی هەژارە، بۆیە بەباشی نازانین، چونكە وەفاداری‌و ئەركی تێدانیە بەرامبەر قوربانیەكان بەپێچەوانەوە بڕیار دەدەین ئەو ڕۆژانە گەرم‌و گورتر كاربكەین‌، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بەلای كەمەوە لە1%ی داهاتی ئەو ڕۆژەی هەر تاکێکی کوردستان ببەخشرێتە بنیاتنانەوەی وڵات، یان چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیاوی، پێكهێنانی پڕۆژەی ڕۆشنبیری ‌و فریاگوزاری‌ و تەندروستی بۆ ئەو ناوچانەی بەر سیاسەتی جینۆساید کەوتوون، بۆئەوەی هەموو هاووڵاتیەك پشكی راستەوخۆی لەو پڕۆژانەدا هەبێ‌‌ و شەرەفی بەشداری كردنی راستەوخۆی بەربكەوێ‌‌ و شانازییان پێوە بكات .
4 لە هەر رٶژێکی یادەکانی جینۆسایددا،هەر کوشتنێکی بەئەنقەست بەدەر لە سزایی یاسایی خۆی دووساڵی رێزنەگرتن لە قوربانیانی ئەنفال وکیمیاباران وشەهیدانیشی بچێتە سەر.
5 هەردوو کەسێک لەو ڕۆژانەدا بەشەڕ بێن بە تۆمەتی رێزنەگرتن لە قوربانیانی جینۆساید دادگایی بکرێن .
6 هەر رێکخراووکەسایەتیەک ئەگەر دەرکەوت بازرگانیی بەسەر ئەو دۆسێیانەوە دەکات، مۆڵەتی کارکردنی لێ وەربگیرێتەوە و رێگەی بەشداریکردنی هیچ چالاکییەکی نەدرێت .
7 هەر ماڵێکی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوی هەموو شەهیدەکانی لەسەر پێناسی شەهیدەکەی بنوسرێ کە وارسی یاسایی هەڵیدەگرێت،
8 هەموو ماڵێکی شەهیدو ئەنفالکراوان لە سەر دیوارو دەرگای ماڵەکەی ناوی شەهیدەکان و ئەنفالکراوەکانیان بنووسرێت .
9 لەبەر ئەوەی یادەکان هی هەمووانن، بۆیە نابێت کەس بە نامەی فەرمی داوەتی ئەم یادانە بکرێن.
10 دەبێت بۆ کۆنگرەی داهاتوو لەبری ئەم چادرە مۆنۆمێنتێکی شایان و ڕێک وپێک دروست بکرێت وهۆڵی گەورەی بۆ کۆنگرەکان تێدابێت.
11 مەرج نیە ئەم کۆنگرەیە هەموو ساڵێک لەبالیسان بکرێت.

من لەم خەیاڵانەدا ون ببووم کە زەنگی تەلەفۆنەکەم وه‌ئه‌گای هێنام، یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم لە بالیسانەوە ئاگاداری کردم، کەسبەی بۆ یادی کیمیابارانی بالیسان داوەتکراویت و پێمانخۆشە ئامادە بیت. بۆ زانیاری خوێنەران هەتا ئیستا بالیسان نەک شوێنێکی شایان بۆ یادی کیمیابارانی تێدانیە، بەڵکو مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدانی کیمیابارانیش نەکراوە.

پێشکەش بە خۆپیشاندەرانی دۆڵی بالیسان

٩/٢/٢٠١٦ سلێمانی




کامە چاکسازی.. هۆشیار جەمال

کورتە وتار..

لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەرکات حکومەتی هەرێم کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکهێنەرین، و جگە لە پارتی دوو حیزبەکەی تر هەرکات ویستان پۆست وەرگرن خێرا دەکەونە تانە لێدان و ڕەخنە گرتن، پارتیش وەک حیزبێک کە باش حیزبەکانی تری ناسیوە هەردەم له کاتێکدا ئەوان دەکەونە هاوارکردن بە پێدانی پۆستێک یان دوو پۆست بێ دەنگیان دەکات بۆ ماوەیەکی دیاری کراو.

لە تەنیشت ئەم هاوارکردنە بە ناوی مافی هاوڵاتیەوە کە بۆ پۆست و پێگەی حکومیە لە پێناو دەوڵەمەند بوونی خۆیان و کۆکردنەوەی پارە بۆ حیزب، دوو ساڵی ڕابردوو هەرکاتێک هاوڵاتی خۆپیشاندانی کردبێ یان له سۆشیال میدیا هەڵمەتی ناڕازی بوون بەرپابووبێت، ئەوکاتە حکومەت لە ڕێگای هەندێک  وەزیرە وە بانگەشەی چاکسازی کردوە و ناوبەناو یەک کۆمەڵک ناو بڵاودەکاتەوە ڕۆژێک دەڵێن زیاتر لە سەدان کەس موچەیان بڕاوە، ڕۆژێک دەڵێن سەدانی تر موچەیەکیان لێ وەرگیرایەوە، ماوەیەک دواتر دەڵێن لیژنەی بۆ پێکهێنراوە تا ئێستا سەدانی ناسایی موچەیان بڕاو  و هەزارانی تر نەهاتون بە دەم کاری لیژنەوە، چونکە زانیویانە موچەکانیان نایاسایە.

لە تازەترین داهێناندا ناوی کۆمەڵێک کەسی تر بڵاوکراوتەوە چەند ساڵە بە موچەی وەزیر و وەکیل وەزیر موچە وەردەگرن کە زۆرینەی ناوەکان سەر بە یەکێتی و گۆڕانن. لێرەوە ئەم پرسیارانە  دروست دەبێت ئایا پارتی وەزیری خانەنیشین و وەکیل وەزیری نایاسایی نەبووە؟ ئایا ئەم بەرپرسانە کە چەندین ساڵە بە نایاسایی وەزیرن بڕینی مووچەکانیان بەسە یان دەبێت لێی وەرگیرێتەوە؟

ئایا بە ڕاست مووچەی ئەم بەرپرسانە بڕاوە یان تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە،ئەگەر ئەو هەموو ناوانانەی له دوو ساڵی ڕابردوو لە ژێر ناوی چاکسازیدا وەک دەڵێن مووچەکانیان بڕاوە، ئەی پارەی  گەڕاوە چی لێهاتوە؟ بۆچی بێ پارەکەی بەغداد ناتوانن یەک مانگ مووچە بێ لێبڕین بدەن بە فەرمانبەران، بۆچی گەڕانەوەی ئەم پارانە نابێتە هۆی کردنەوەی پله بەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە بە نایاسایی ڕاگیراوە؟

هۆشیار جەمال