فلاشباک..13.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی سیانزە

ئەمڕۆ، رۆژی لە دایکبوونمە، بۆ من جەژنی لە دایکبوون هیچ مانایەکی نییە، بۆچی هاتنە ناو دنیایەکی پڕ ئازار و خەونی بەدینەهاتوو، جەژن بێت!؟ دەبێت لە بناغەوە بەم وشەیەدا بڕۆینەوە، ئەگەر جەژن واتای شادییە، ئەوە هاتنە دنیای مرۆڤ بۆ ناو ئەم جیهانە جەنجاڵ و ناشرین و پڕ چەرمەسەرییە، دەبێ شادییەکەی لە کوێدا بێت؟. شتێک ئێستا یارمەتیم یدات هەناسە بدەم، تەنیا موزیکە، خۆ لە خۆڕا نییە، “نیتشە” پایەی موزیک لە سەرووی فەلسەفەوە دادەنێت!!. هاوڕێیەک لە شام گەڕابووەوە گوایە چەند کاسێتێکی هێنابوو کە چەند پارچە موزیکی “سێبستیان باخ و مۆزارت”ی لەسەر بووە، بەڵام بەداخەوە هەواڵی ئەوەم پێگەیشت ئەو هاوڕێیە لە رێگای سلێمانی- دوکان، تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بریندارە، رووم نییە لەم کاتە هەستەوەرەدا داوای خۆراکە رۆحییەکەم بکەم.
ماوەی یەک هەفتەیە لە ماڵەوە لە ژووری نووستنی خۆم نەهاتوومەتە دەرەوە، تەنیا دەخوێنمەوە، رقم لە دەرەوەیە کە پڕیەتی لە تابلۆی قێزەون، پڕیەتی لە ئەکشنی بریندارکەر. هیچ سیمایەکی ژیان بە چڕ و چاوی خەڵکی ئێمەوە نییە. هەموو تاکێک هەست بە گرێی “ئۆدیب”ی خۆی دەکات و ویژدانی بیمارە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین خاڵییە لە ئیرۆسییەت. وەک فۆکۆ دەڵێت “ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە”. ئیدی کوردی ژێر چەپۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستی عەرەب، فارس، تورک و ناسیۆنالیزمی خێڵەکی ئەو نەتەوانە، چوزانێ ئێرۆتیکا چییە، ئەو لە مێژوودا تەنیا خەمی پارووە نانێکی هەبووە، یان ساباتێک نەکەوێتە ژێر جەوری ستەم و پۆستاڵی بێگانە. مەزنترین خەونی ئەوە بووە فڕۆکە و کۆپتەر لەسەر ئاسمانی گوندەکەی نەبینێ.
خەریکە منیش هەستە ناسیۆنالیستییەکەم دەبزوێ، بەڵام پێکەنینم بە خۆم دێت، پێموایە بە وڕێنەکانی من، لەکۆمەڵگەیەکدا کە بڕوایەکی کۆنکرێتی بە خورافە و ساناتۆس و خێڵایەتی هەیە، شتێک دەگۆڕێ، جاری وا هەیە مەست دەبم و بە سێبەرە گەورەکەی خۆم، باڵ فش دەکەمەوە، کەچی لە واقیعدا گەردێکی بچووکم، قسەی من و تەرحی من، نەک گوێی لێ ناگیرێ، بەڵکو هێشتا بڤەیە، خەڵکی دەڵێن تۆ شێت بوویت یان ئەوەندە سەرت بەسەر کتێبدا داگرتووە مێشکت شڵەقاوە، ئەگینا ئەم قسە هەلەق و بەلاقانە چییە؟. ئەرێ بە راست من شێت بووم یان مێشکم شڵەقاوە؟. ئەگەر شێتیش بم، ئەی پەندە کوردییەکە ناڵێت “قسە لە مناڵ یان لە شێت”؟.
لەبەر خۆمەوە ئەم چەند دێڕەم نووسی وەک مسۆدەی بابەتێک، ئیتر نازانم لە دایک ئەبێ یان هەر لاپەڕە رەشکردنەوەیە “لە نێو دنیای خەیاڵات نقووم بووم، زووتر بڕوام بە دۆنادۆنی گیانەکان هەبوو، ئێستا بیروڕا ماتریالیستییەکان ئەو باوەڕە کۆنکرێتییەیان هەڵوەشاندوومەتەوە، رەنگبێ جاروبار، بەشێوەی مەجازی بەکاری بهێنم، لە نموونەی ئەو هەستە پڕ نارسیزمەی لە بارەی خۆمەوە هەمە، وەک ئەوەی بمەوێ بڵێم بەر لە هەزاران ساڵ، من گوڵێکی سوور بووم کە بە دیاری بۆ مەعشوقێکیان بردووە، یان لە گیانی سوارچاکێکەوە هاتووم، کە سەفەری ژیانی تەنیا رێگایەک بووە بەرەو دڵی یار”. زۆر سەیرە لەنێوان مارکس و نیتشەدا راوەستاوم! ئاخر شێتێکی وەک من نەبێ، کێ ئەتوانێ ئەو دوو جەمسەرەی گەرمی و ساردیی لە خۆیدا کۆبکاتەوە؟، بە جەستە لاواز و بە باڵا بچووکم، بەڵام گەورەیی و بەرینی رۆحم هێندەی هەموو کەونە.
لەرۆژی لە دایکبوونما ئەم چەند دێڕە لەسەر کارتێک ئەکەمە دیاری بۆ یار “وەرە خۆمان بدەینە بەر شەپۆلەکانی دەریا تا خەمی قووڵی ناخمان بشواتەوە، وەرە ببینە شەپۆلێکی شێتی دەریا تا کەنارمان لە خاشاکی پێی مرۆڤ پاک بکەینەوە”. دڵنیاش نیم ئایا لە کرۆکی مەبەستم تێئەگات یان نا؟ بەڵام هەر بۆی ئەنووسم تا تێئەگات!.

3-8-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 45-48 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




کورد وشەڕی مۆدێرنیتە.. مەحمود عەبدوڵڵا

بێ تێگەیشتن لەمۆدێرنیتە، لەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تێناگەین،لەهێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش هەروەها . کاتێک ئۆجالان دەڵێت سەدەی بیست ویەک سەرەڕای ئەگەری سەرکەوتن بۆکوورد ،ئەگەری جینۆسایدیش لەئارادایە.ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بەفاشیزمی دەوڵەت نەتەوەی تورک بەڵکو پەیوەندی بە بناغەی مۆدێرنیتەوە هەیە.دەبێت ئێمە لەمۆدێرنیتەو بنەماکانی تێبگەین هاوکات لەوداڕوخان وئاستنزمیەی سیاسەت و مرۆڤیش تێبگەین، کە نیچە وەک گەورەترین مەترسی دەیبینێت بۆسەر مرۆڤایەتی،بەتایبەت داڕوخانی فەلسەفە و بچوکبونەوەو تایبەتمەندبونی و بون بەپسپۆڕی .یان بەواتایەکیتر مەترسی داگیرکردنی عەرشی فەلسەفە لەلایەن زانستەوە. کە نیچە مەترسیەکەی دەبینی و پێشبینی هزرڤانانی نوێی دەکرد بۆ ئەوەی بێن مرۆڤ لەوداڕوخانە و لەم ماڵیبون و گەمژایەتیەی زاناکان دەیکەن دوای ئەوەی لە هەردو سەروەر دین و فەلسەفە ڕزگاریان بوو.
کاتێک دەڵێین جینۆساید لەبناغەی مۆدێرنیتەدایە لەبەر ئەوەیە کە بیری مۆدێرن هەڵگری ئایدیاو بیرۆکەی پێشکەوتنە،ئەمەش دروشمێک یان بیرۆکەیەکی بەتەواوی هەڵەیە لەدیدی نیچە وە .چونکە بابەتی پێشکەوتن لە کێشەدایە لەگەڵ کلتورەکانی تر و بەردەوام هەوڵی مارژیناڵیزە و پەراوێزی کلتورەکانیتر دەکات، واتا بیری مۆدێرن هەرلەسەرەتاوە لەگەڵ هەندێک کێشە دەرگیربووە،کە بەبێ ڕزگاربون لێیان لە جینۆسیاید ڕزگاری نابێت ،چونکە بەبێ ڕزگاربون لەدوالیزمی پێشکەوتو ودواکەوتو مرۆڤایەتی بەتایبەت کۆمەڵگەکانی دەرەوەیی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەمەترسی تواندنەوە ڕزگاریان نابێت. جیالەوەی کۆمەڵگە ئەوروپیەکان ئێستا لەسەردەمی ئینحیلال دەدەژین و بونە مێگەلی مۆدێرن،بە قەولی نیچە لە ڕێکخستنی سیاسیدا گەیشتونەتە ئاستی داڕوخان،ئەوا سورن لەسەر تواندنەوەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان تەنانەت لەناو خودی خۆیشیدا شارستانیەتی ئەوروپا لەدژایەتیدا یە لەگەڵ هەر تەرزە ژیان و ئەخلاقێکیتر، ئەخلاقی باڵا. بۆیە ئەمڕۆ ئەو روپا کە بانگەشەی ئەخلاق دەکات و دەڵێت”من ئەخلاقم” وەک سەگ گاز لە هەر فەلسەفەکارێکیتر دەگرن واتا فەلسەفەکار ی نوێ ،نا مەسیحی و نائەوروپی ودژی فیترەی مێگەل ،ئەو فەلسەفە کارەی زەمینە بۆ مرۆڤی باڵا خۆشدەکات.
ئەوەی شارەزایی هزری نیچەبێت دەزانێت ئۆجالان مرۆڤی باڵایە، یان ئەو هەورە قوڕس و بروسکەیە موژدەی مرۆڤی باڵایە. کە ئەوسەگانەی هێشتا لەداڵانەکانی ئەوروپا خەریکی وەڕینن گەلەکۆمەکییان لێکرد. ئەوە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە کە دژی گەریلایە ،ئەو شارستانیەتی ڕۆژئاواو سەرمایەداری فەتحکارە لەدژی ئاپۆ و پەکەکە …کە هەوڵدەدات بۆ ئایندە،ئەو مرۆڤەیە کە زەردەشتی نیچە مژدەی دەدا لەدژی مێگەلی ناو مەترە پۆڵەکان. ئەومرۆڤەی کە هیچ شتێک ی بۆخۆی ناوێت هەموو ڕۆحی خۆی دەبەخشێت تا خانو بۆ مرۆڤی باڵا، مرۆڤی ئایندە دروستبکات.بۆیە ئەگەر لە مۆدێرنیتە تێبگەین لەو ڕۆحە سەرچڵ و پێشکەونخوازەی مۆدێرنە تێبگەین ئەوسا دەزانین ئەوەی لەدژی گەریلا پەیڕەو دەکرێت تەنها لەدژی گەریلا نییە وەک کورد بەڵکو لەدژی ئایندەیە لەدژی مرۆڤی ئایندەیە ئەو مرۆڤەی کە دەیەوێت لەوقەدەرە ڕزگاری بێت کە بەسەریدا سەپاوە . بەڵام کاهینەکانی بازاڕ و ئابوری سەرمایەداری و نیولیبڕالیزم وەک ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری ڕێگرن لەبەردەم لەدایکبونی مرۆڤی باڵا .

مەحمود عەبدوڵڵا




سۆناتای لەخاچدان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

داهۆڵی جەستە خوێن لێتکاوەکان،
هێنرایەوە ژێر خۆرێکی قەترانی،،،
ئێمەین هەزاران جار لە خاچ ئەدرێین ونامرین ..
بە پروشەی مەرگەساتی نوێ ،،
زیندوو ئەبینەوە،،
فڕۆکەجەنگیە مۆدێرنەکان،،
وەک واشەی دەنووک بە لاشەی چڕاوی ژنی..
تابووت، منداڵی خەڵوز و پیاوی شکست،،
بەشەو دێن و..
وەک گورگی سپی هار،،
کەڵبەی نەشتەریانە..
لە جەستەی شەقار شەقاری خاکێکی سوتماک،،
شاریش هێشتا لە ژێر لولەی تفەنگی دۆڕاوی..
دزو جەردەی براکانە،
فڕۆکە نوێکانیش..
جارێکی تر بە بەرچاوی فریشتە باڵسوتاوەکان…
ڕاوی ئەستێرە و مانگ و گزنگە،،
دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێش،،
ڕۆحی دزراومانیان لە خاچداینەوە،،
هۆلاکۆیەک جارێکی تر لە بەرگی ئیبلیسدایە،،
دەڵی منم فریادڕەس ،،و،، دوامکەون،،
بۆ مەملەکەتی خۆرێکی درۆ،،
پەیامبەرێکی ساختەش ،،،
چرایەکی کزی هێناوە،،
هەزاران موریدی خەولێکەوتووی ..
ڕاکێشاوەتە تەمتومانی بێئاگایی مێژویەک،،
سوور بە گریانی هەوری ئاوس بە تێکشکان،،
پاڵەوانێکی بەزیویش سپێدە نیە،،
نەیەتە دەرگای نزرگە ئەرخەوانیەکەی کازیوەمان،،
باڵەخانەیەک لە خەیاڵ و ئەفسانە.. و..
دوکەڵمان بۆ هەڵئەچنێ،،
جەنگیزخانێکی نوێ ،،
هەموو ڕیشۆڵە سپیەکانی بەرائەتی..
لە قەتماخەی خوێنمانا گەوزاند،،
باکمان نیە چیتر ،،
وەک پەیکەرێک لە سۆناتای مەرگی ناوەختە،،
بە بارتەقای سوتماکی سووری ..
مێژووی داری زەڕی بوون،،
خۆڵی جەستەمان بکەنە زەریای چوارمێخەکراو،،
ئاهەنگی مەرگەساتی ئێمەیە،،
جیهانێک بێ زمان و چاو و هەست،،
لە سەرابا نامان بینێ،
پۆلە تارماییەکین،،،
دێین و ئەچین،،
سەرمان لەلاشەمان جیائەکەنەوە ،،
هەر بە تراژیدیای دۆڕانی خۆمان زەردەخەنەمانە،،
تیر لە ڕۆحمان ئەچەقێنن،
لە خاچمان ئەدەن،،
هەزار جار ئەمرین و..
هەزارجار زیندوو،،
جەلادەکانمان دێن و ئەڕۆن،
بە ماسکی جیاواز،،،
بە ئاڵای ڕەش و سپی و زەردو و مۆرو سەوزو پرتەقاڵی ،،
دێنە بەردەم نشینگەی فیردەوسی سوتاومان،،
ئێمە هەر شایی و لۆغانی..
سرووتی چوارمێخەکەی ڕۆحی خۆمانە،،
بمبینە ئەی فریشتەی باڵسوتاوی …
جەنگەکانی دوێنێ و ئەمڕۆو سبەینێ..
لە سۆناتای لە خاچدانمان..
من لەسەر خاچی خۆم،،
بە لێوی بەردبووی پڕ کلۆ خوێنمەوە،،
ڕوو ئەکەمە تۆ..
ئەی هاوڕۆحی لە خاچ دراو،،
ئای چەند تەنیاین،،،
لە ژێر باهۆزی لمی دەوار ڕەشەکان..
تۆش بە چرپەیەکی نیوە ڕۆحت ،،
پێت وتم، ئای چەند نامۆین،،
لە ژێر نەشتەری دەنووکی ..
واشە ی سوڵتان تەور بەدەستەکان،،
کوژێنەری تروسکەی چاوی کچانی برسی و..
فڕێنەری مەشخەڵی دەستی یاخیەکان، تۆبڵێێ…
بوونی پڕ ئەشکەنجەمان ،،
تەرزە مەرگی کتوپڕ هێنابی،،
یان زریانی ژەهر ،،؟!
ساڵە نەزۆکەکانی تەمەنیش ئەژمێرین ،،
تاوەکو تۆفانی ڕۆحکێشانی ئێمە تێپەڕکات….
وەک بڵیی بە تەنزەوە..
خواوەندی ئاسمانێکی زەردی ژەهرین ..
پێمان بڵێ، ئای چەند تەنیان….
بێ نشینگەکانی خاکێک زەڕ،،
هەی تانەلێدراوانی فیردەوسێکی سوتاو..
لە ژەهروتیر و ئازار.
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
Joe-jplenio
بەسوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە