لێبوردەیی لەسەر حیسابی حەقیقەت.. مەحمود عەبدوڵڵا

پێویستە ڕێزی بەرامبەر بگرین. پێویستە لێبوردەبین.دەبێت بڕوامان بە ئازادی دەربڕین هەبێت.ئەمانە کۆمەڵێک دەربڕینی هەنوکەین لە پانتایی ڕۆشنبیری کوردیدا کە زۆرکەس”بێ توانایی و بێ جورئەتی”خۆی لەپەنایاندا دەشارێتەوە. سەیر ئەوەیە ئەم بیرکردنەوەیە بۆتە دۆگماو شتی پیرۆز بەجۆرێک کە ناتواندرێت بیریشیان لێبکرێتەوە.ئەڵبەت ئاساییە بۆ عەوام کە بەسروشتی خۆی ڕواڵەتییە و ئەقڵی لەچاو و گوێیدایە،ئەوەی دەیبیستێت و دەیبینێ هەر ئەوە حەقیقەتە.بەڵام ئەمە بۆنوخبە ئاسایی نییە،شەرم هێنەرە و کارەساتیشە نوخبەی ڕۆشنبیرو عەوام یەک دونیا بینییان هەبێت یەک ڕوانگەو بۆچونیان هەبێت بۆ مەسەلە گشتییەکان یان بابەتە ئەبستراکتەکان . تەساموح ئەوەنییە من نەتوانم لەبەر ڕەزایەتی گشتی ڕەئی خۆم دەرببڕم. چونکە عەوام قسەکردن لەسەر دین و حیزب ئایدیۆلۆژیا و پیاوی ئاینی بە گوناه دەزانێت منیش بەگوناهی بزانم. وەک جۆن ستیوارت میل دەڵێت “ڕەتی دەکەمەوە چاودێری فیکری خۆم بکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ جەهلی تۆدا بگونجێت”
بەگوێرەی ئەم لۆژیکەی ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان باوە،فەیلەسوفە ڕۆشنگەرەکان ،ئەوانەی کەچرای ئەقڵیان هەڵکرد و بەرچاوی مرۆڤیان ڕۆشنکردەوە ،ئەوانەی توانییان پێبخەنە هەرێمی لاهوت و دەسەڵاتەکەی ،ئەوانەی کەوتنە بەرغەزەبی جەهلی عەوام و سوڵتەی دینی کەسانی نا لێبوردە بوون چونکە ڕێزیان لە بۆچونی خەڵک نەگرت و دەستیان بۆ پیرۆزیەکان برد!بەڵام لەڕاستیدا ئەوە گاڵتەجاڕییە گاڵتەجاریەک کە کەمتەرخەمی و بەکێشە نەبونی پرسی حەقیقەتە لەلای ئەو ئەفەندیانەی خۆیان ناوناوە نوسەرو ڕۆشنبیر. ئەوانە نەسەربەخۆن لەبیرکردنەوەدا ،نە ئەو جورئەت و توانایەشیان هەیە سەربەخۆبن. کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ناڕەسەنمان هەیە کە لە عەوام دوڕوتر مەراییکەرترن بۆ دەسەڵات .لەژێرناوی تەساموح و ڕۆشنبیریدا بونە پارێزەری عەوام و ڕۆژی پێنج جاران بەڵێن دوپات دەکەنەوە کە ئەوان قسە لەسەر پیرۆزیەکان ناکەن،کاریان بەسیاسەت و فیکری خەڵک نییە.” . لەڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری نوسەرو شاعیرو ڕۆشنبیرەکانمان توانای وەستانیان نییە لەبەرامبەر حەقیقەتەکانی عەوامدا،و حیزبین، یانیش خۆبەکەم زانن،یانیش هەرلەبنەڕەتدا باڵۆنێکن عەوام فوی تێکردون،ئەترسن پوچ ببنەوە،بۆیە بەردەوام مەرایی عەوام دەکەن و نزیکی قەرەباڵغین. ئەم جۆرە نوسەرو ڕۆشنبیرو وتاربێژ و کۆڕگێڕانە جۆرێکن لە مامۆستای ڕاهێنەر ی گەشە پێدانی مرۆیی نەک ڕۆشنبیر.

هەرکەس ئازادە و ڕەئی خۆیەتی ئۆکەی،منیش دەڵێم هەرکەس ئازادە،لێ کاتێک تۆ بۆعەوام دەنوشتێیتەوە،کاتێک جورئەتت نییە لەبەرامبەر عەوام بوەستی کاتێک وەک ئەوان بیردەکەیتەوە کەواتا نازناوی ڕۆشنبیرو توێژەر و هتد …لەخۆت بکەرەوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە نوسەر یان ڕۆشنبیر دەبێت دونیایەکیتر بۆخۆی دروستبکات و لوتبەرز بێت لەئاستی خەڵکی ئاسایی،بەڵکوو بەو واتایەیە هەموکەس نازانێت ،ناتوانێت دروست بیربکاتەوە لەهەمووی گرنگتر هەموکەس ناتوانێت لەئاستی حەقیقەت بوەستێت ڕەنگە ئەرکی هەمووکەسیش نەبێت! کەواتا ڕۆشنبیر بیرمەند واتا ئەو کەسەی بیردەکاتەوە،لەسەروی دین و حیزب و ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەی لەپێناو باشترکردنی ژیانە لەپێناو حەقیقەتە. بەڵام کایەی فیکر ئەوەندە داڕوخاوە کە مرۆڤ بە زەحمەت دەتوانێت خۆی بگرێت و قاقا پێنەکەنێت بەرامبەر ئەم تەرزە لەبیرکردنەوەیەی ڕۆشنبیرو نوسەرانێک کە ڕەخنەو جنێو دان لێک جودا ناکەنەوە. جیاوازی نێوان بۆچون و حەقیقەت ناکەن.وەک هانا ئارێنت دەڵێت :خەڵکی ئاسایی پێیان وایە حەقیقەتیش هەربۆچونێکە وەک بۆچونەکانیتر . هەربۆیە دەبینین ئەمڕۆ زۆربەی تاکەکان پێیان وایە هەموو حەقیقەتەکانیان دەرخ کردووە،هەموان لەسەرحەقن هەرکەس دەنوسێ بۆخۆی دەنوسێت و ڕای خۆیەتی و تەمام!ئیتر جیاوازی دانایەک و گەمژەیەک نیە! ئەوەی فەیلەسوفێک دەیڵێت وئەوەی کادرێکی “حیزبی کوردی “دەیڵێت هەر یەک شتە. مرۆڤ وەک چۆن حەزی لەجۆرە سێوێکە ئاواش حەزی لەجۆرە بیرو باوەڕێکە ،وەک چۆن کەس ناتوانێت ڕەخنە لەسێو خواردنەکەمان بگرێت کەسیش بۆی نییە ڕەخنە لەبیروباوەڕەکانمان بگرێت. بەم شێوەیە لەناو غروری زانینی ساختەدا نقوم بوین. ئەم دۆخە لە بێ پرەنسیپی لەبیرکردنەوەدا ،ئەم جۆرە لۆژیکە ساختەیە،ئەم سەفسەتەیە دونیابینیەکی خراپی دروستکردوە،وای لێهاتووە کە خەڵکێک بەشانازییەوە جاشایەتی فیکری بکات بۆتورک،بۆ عەرەب و … نەمانی جدیەت و پرەنسیپ لە بیرکردنەوەو قسەکردن،لە گوێگرتن و گوێنەگرتن ئەو دونیا خراپ و وێرانەی بۆ خوڵقاندویین …

حەقیقەت و ڕاستیەکان بەژمارە دەپێورێن، هەرشتێک زۆرینە حەزی لێبوو حەقیقەتە!ئەم گەمژانە لە لایەنگری حەقیقەتیشدا دیموکراسی پەیڕەو دەکەن،هەربۆیە ئەمڕۆ حەقیقەتیش بۆتە قوربانی پڕوپاگەندە و جەماوەر کۆکردنەوە بۆی ئەگەر بەکڕینیش بێت!لەم ناوەندەدا ئەوەی دەبێتە قوربانی ڕاستیەکانن،ئەوانەن کە وێڵی حەقیقەتن تەنانەت جدیەت لەبیرکردنەوەدا وەک شتێکی نامۆ سەیر دەکرێت و قسەکردنیش بەهایەککی نەماوە، ئەم دۆخە دەسەڵات و میدیاو دەربارەکانی لەپشتییەوەن.کاتێک بیرکردنەوەو قسەکردن بەهای نامێنێت دەسەڵات ئەرخەیان دەبێت چونکە ئیدی کەس ناتوانێت کارێک بکات ،چونکە وتنی ڕاستی لەبەرامبەر درۆکانی دەسەڵاتداران یەکسان دەبێت. کۆمەڵێ درۆزنی گەورە کەخاوەن توانای نائاسایی درۆکردنن دەتوانن وڵامی هەموو پرسیارێک بدەنەوە! بەیەک نمونە سەدان مەلەفی دزی و خیانەت لەبەرامبەر وڵامێکی درۆینەدا پوچ دەبێتەوە یان ئەسڵەن نابێتە کێشە بەڵام هەواڵێکی موچە زۆرترین خوێنەری هەیە .

ئیتر هەرکەس بتوانێت وڵامی تۆمەتەکان بداتەوە بێ بەرییە. تاکیکورد لەسەر چاوکراوەییەکی ساختە ڕاهاتووە ئەوەی کە دەیخوازێت ئەوەی لەبەرژەوەندیەتی ئەوە حەقیقەتە ! ئیتر سەرکردەیەک کە نیوەی نیشتیمانەکەشی فرۆشتبێت ئەو پشتیوانی دەکات،دژایەتی ئەوەش دەکات کە هەموو ژیانی ببەخشێتە نیشتیمانو چاکەی گشتی مادام ئەو حەزی پێناکات . بەم شێوەیە سیاسی بچوک وخائین گەورە دەکرێن و خەڵکانی هەلپەرست و بێ مێشک دەبن بە پێشەنگ. .. هیچ گەمژەیەکیش خۆی بەسوقڕات ناگۆڕێتەوە لەکۆتایدا ئەوەی قوڵبێتەوەئەوەی دور بڕوانێت و ئەوسەری کێشەکان ببینێت،ئەوەی نەی هەوێت لەسەرحیسابی داهاتو ئێستای خۆشبکات،ئەوەی جدی و بەپرەنسیپ بێت دیکتاتۆرو توند ڕەوە!هەر خۆی پێ ڕاستە.بەم شێوەیە جدیەت و تەتەڕوف و تەخەلوف لەتەرازوی عەوامدا یەک قورساییان هەیە.

فەیلەسوفێکی ڕۆشنگەرو بیڕمەندێکی دینی لەتای یەک تەرازودان ،بۆچون هەربۆچونە!لێرەدا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەقڵانی و نائەقڵانی،فەلسەفی و دینی، بەیەک چاو سەیر دەکرێن.بەڵێ هەمووشتەکان وەک یەکن کاتێک ئێمە کوێرین. هەموو ئەو قسانە بەواتای ئەوەنییە کە دژی ئەودەربڕینانەی سەرەتابین،بەڵکو بۆئەوەیە تێبگەین کە تەساموحی ناپێویست ئەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە و لەسەر حیسابی حەقیقەت دەبێت. لەئەنجامدا جیاوازی زانین ونەزانین کاڵ دەبێتەوە و نەزانینیش خۆشترە،بۆیە بەرەو نەزانی زیاتر دەڕۆین،کە دواجار هەموو کوێرایەتیەکان لەنەزانیەوە سەرچاوە دەگرن.دەمەوێت بڵێم ئەوەی کە لەبەر ڕێزی ئەوانیتر سازش لەسەر بۆچونەکانی دەکات،ڕێزی خۆی نەگرتوە،ئەوەی باوەڕی بە ئازادی ڕەئی بۆخۆی نەبێت درۆزنەو باوەڕی بەازادی ئەوانیتریش نیەو ئەنگێزەی تری هەیە! ڕێزگرتن لەخەڵک و دینی خەڵک شتێکە و بیرکردنەوەی لۆژیکی و ئەقڵانیە ت شتێکیتر . . .

مەحمود عەبدوڵڵا




پاثۆلۆجی* ئیسلامییەکان لە کوردستان.. سامانی وەستا بەکر

پاثۆلۆجی* ئیسلامییەکان لە کوردستان”pathological”

تێبینی// ئەم بابەتە ڕوو لە بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستانە و گشتگیرنیە.

”pathological”
پاثۆلۆجی* بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان بابەتێکە گرنگە، ئەبێ هەڵوێستەیەکی جدی لەسەر بکرێ، لەناو کۆمەڵگەیا بەگشتی وە لەناو خودی حیزب و هێزو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانا بەتایبەتی، لەلایەن خەلکانێکی ناو خودی ئیسلامییەکان کە بۆ کوردایەتی و خواپەرستی چوونەتە ناو ئەو حیزب و ڕێکخراوانەوە نەک بۆ تەنها خواپەرستی، چونکوم خواپەرستی لەناو ماڵ و مزگەوت و هەر شوێنێکا ئەکرێ و پێوستی بە حیزب نیە، مرۆڤی ئیماندار بەبێ حیزبیش ئەتوانێ پەیوەندییەکی ڕەوانی لەگەڵ خوای خۆیا ببەستێ بەبێ هاوکاری، بەڵام خەڵکانێک بۆ تەواوکردن و پڕی ئیمانیان و خواپەرستییەکی ڕاست کە خاک و نیشتمان خۆشویست بەشێکە لێی حیزب و ڕێکخراوی جیاجیایان هەڵبژاردووە، مەخابن سیاسەتی بەشێک لەو حیزبانە و سەرکرادیەتییەکانیان پێچەوانەی خواستی ئەندامە کوردپەروەرەکانیانە و سود لە نیەتی پاکی ئەو خەڵکانە وەرەگرن، لەبری کوردایەتی کۆیلایەتی خەڵکانی ئەودیوی سنورەکان ئەکەن نمونەی ئەردۆگان نوێترین دیکتاتۆری سەردەم.

تاڵیبان و کوردستان:
تاڵیبان کە بە هێزێکی توندڕەو ڕادیکاڵی ئیسلامی تیرۆرست ناسراون چوونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەفگانستانەوە، یەکەمین خەڵکانێک کە پەیوەندیان پێوەکردن و دوعای خێریان بۆ کردن بەشێک لە هێزە ئیسکامییەکانی کوردستان بوون، لە کاتێکا هەموو جیهان گەواهی توندڕەوی و چەوسانەوەو سوکایەتی بە ژن و کچ و خەڵکانی مەدەنی ئەو وڵاتە ئەیەن لەلایەن تاڵیبانەوە، لەسەردەمی حکومڕانی تاڵێبانا ئەفگانستان بووبووە مۆڵگە و حەشارگەی گەورەترین و ترسناکترین تیرۆرستان، تاڵیبان تەنها بە خەلافەتێک ڕازی ئەبن کە تیرۆری بیرو هزری ئازادی خود تیایا باڵادەستبێ و ترس و تۆقان سیمای حوکمڕانییەکەیانبێ.
ئەگەر تەماشایەکی مێژوو و کردەوەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعش بکەین ئەوا ئەبینی کە تاڵیبان وەک ئەلقاعید و وداعش نیە، ئەگەرچی هەرسێکیان هێزی ئیسلامی توندڕەو داپڵۆێسێنەر و خۆسەپێنن، بەڵام تاڵیبان لە خەڵکانی پەراگەندەو ئەو دیووی سنورەکان و کۆکراوەی قینی ڕادیکاڵی ئیسلامی بەرامبەر ئازادییەکانی مرۆڤ و سەربڕین و جیهاد لە پێناو وە بۆ حۆرییەکانی بەهەشتا لەناو خاکی وڵاتانی تردا دروست نەبووە، ئەگەرچی تاڵیبان لەناوخۆی وڵاتەکەی خۆیانا توندڕەوێکی ڕادیکاڵ و دڵ ڕەق و دەمارگیرن بەرامبەر ئازادی تاک بەگشتی و ژنان بەتایبەتی، بەڵام ئەوان جیاوازن لە ئەلقاعیدەو داعش.
تاڵیبان خەڵکانێکی جەنگاوەری ئەفگانین لەسەر خاکی وڵاتی خۆیان بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی دروست بوون. تاڵیبان بەرهەمی دڕدۆنکی و پەنجەشکانی براکان و دانونەکولانی هێزەکانی پێشخۆیانن. زۆر کەم بیستراوە کە جەنگاوەرانی تاڵیبان کاری خۆکوژیان لەناو خاکی وڵاتێکیترا بە ئەنجام گەیاندبێ، سنوری وڵاتانی درواسێیان بڕیبێ بۆ کاری خۆکوژی یان هەوڵدان بۆ دەستبەسەراگرتنی خاکی وڵاتانیتر بە مەبەستی دروست کردن و ڕاگەیاندنی خەلافەت.
ناتوانرێ چاو لەو ڕاستیە بپۆشرێ کە تاڵیبان هێزێکی تاریک پەرست و بەربادن، دژی ئازادی مرۆڤن، دنیابینی ئەوان بۆ بەڕێوەبردن زۆر پێچەوانەی کۆمەڵگایەیەکی مۆدێرن و لیبراڵە، بەڵام ناشکرێ دان بەوەیا نەنرێ کە تاڵیبان هێزێکی ئەفگانە و هەمیشە لە ئەفگانستاندا بووە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئەفگانستاندا شەڕی کردووەو و قوربانیناوە. سیاسەت و ئایدۆلۆجیاکەیت بە دڵ بێت یاخود نا، ئەمە ڕاستییەکە پێویستە بزانرێت.
ڕێڕەوی تاڵیبان دیارە و ئەزانرێ لەکوێوە هاتوون بۆ کوێش ئەچن، خاوەن ناسنامەی ئەفگانین، بەپێچەوانەی ئەلقاعیدو داعشەوە کە دوو هێزی چەتەگەرای و بێ ناسنامەن، دوو هێزی کۆکراوەی خەڵکانی پەراگەندەو ڕاونراوی وڵاتەکانی خۆیان، ئامانجیان دامەزرانی خەلافەتێکە کە مرۆڤی ئازاد بوونی نەبێ، ژن و کچان کالایەکی سێکسیبن و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێ، تۆقاندن شوێنی یاسا بگرێتەوە.
بۆیە ئەگەر بەراوردیکی زانستیانە بۆ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بکرێ ئەوا ئەبێ ئەو بەراوردە بەرامبەر تاڵیبان و ئیخوان موسلمین و حەماس و جیهادی ئیسلامی غەزە بێت نەک ئەلقاعیدە و داعش.
بەڵام باری هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر تاڵیبان لاسەنگ ئەبێت چونکوم ئەمان بەشێکن لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و لە چەندین وێزگەشا بوونەتە پارێزەری دەسەڵات و حکومەت، ڕێگربوون و هاوکارنەبوون لە گۆڕینی دەسەڵات، بەڵام تاڵیبان لەماوەی ٢٠ساڵا تەنها بۆ جارێکیش سازشی لەسەر بیروباوەڕ و دنیابینی خۆی نەکرد، نەک هەر لە حکومەت نزیک نەبۆوە بەڵکو شاخ و کێویان هەڵبژارد بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ژیانی شاهانە.
ئەگەرچی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بە ڕووکەش خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن ئەناسێنن بەڵام ژێربەژێر پێچەوانەی ئەوە کارئەکەن، نمونەش کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمانەکەی بڕیاریانا کە تەمەنی سەرۆکی هەرێمی ئەوکاتە درێژنەکەنەوە بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی ڕێگربوو ئامادەنەبوون بۆ ئەو کارە چونکە بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ درێژەدان بەم جۆرە حکومڕانی و سیستەمەیە کە هەرێمی پێ ئەبرێ بەڕێوە.
لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی کە هێزە ئەیسلامییەکانی کوردستان کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات و حوکمڕانی کوردستانا نیە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم پەتەکەیان بۆ شلکەن هیچ نەڵێن لەبەرامبەر ئەوەی ئەمان کۆمەڵگە تەسقیف بکەن و زۆرترین ئەندام بەلای حیزبەکانیان ڕاکێشن، زۆرترین کچ و ژن باڵاپۆشبکەن بەپۆشاکێک کە ئەمان خۆیان ڕەنگەکەی دیاریئەکەن، زۆرترین خەڵک لە مزگەوتەکانی سەربەخۆیانا کۆببنەوە، زۆرتین خەڵک بەشداری دەرس و وانەکانیان بێت کە مەبەست لێی بارگاویکردنیانە بە حیزبایەتی و ڕاپێچکردناینە بۆ ناو حیزبەکانیان، هەڵبەتە باسی پشکی حیزبەکانیان ناکەین لەپارەی دزراوی میلەت و ئەمەیان ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان ئەکەینەوە، خۆ ئەگەر بشڵێن پارە لە هەردوو حیزبی باڵادەست و حکومەت وەرناگرین ئەوا سووچ لە قەباعەت خراپتر، کەواتە سەرچاوەی داهاتەکانیان لەکوێوەیە؟

ژن و ئیسلامیەکان:
بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەم بوون لە پیرۆزبایی کردن لە تاڵتیبان دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە ئەفگانستان، بەبرا و هاوپەیمان و هاوڕێ ناویان بردن و دوعایان بۆ ئەکردن کە سەرکەوتووبن و ئاستەنگ نەیەتە ڕێیان، تا ئێرە کێشە نیە، هەموولایەک چاوی لەوەبوو کە ئەکرێ گۆڕانکاری بەسەر بیری توندڕەوی تاڵیبانا هاتبێ و باشترە بەکردار ببینرێن و پاشان قسەیان لەسەر بکرێ.
وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له‌په‌یامێكا ووتی، “ئه‌ركى ژنان ته‌نها مناڵ بوونه‌، پێویست ناكات به‌شدارییان له‌حكومه‌ت‌ و پۆسته‌كانا پێبكرێت”. سەید زیکروڵڵا ئەلهاشمی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی”تۆلۆ”یان “طلوع” کە (کەناڵێکی بازرگانییە و سەر بە گرووپی “مۆبی”یە، کەناڵێکی داری فارسیە و تاجیەکەکان خاوەندارێتی ئەکەن، خاونی کەناڵی “لێمار”یشن کە بە زمانی پشتۆ پەخش ئەکات) لە وەڵامی پرسیارێکا لە ئەگەری بەشداری پێکردنی ژنان لە کابینەی حکومەتەکەی تاڵیبانا ووتی “ئەرکی ژنان مناڵ بوونە و پێویست ناکا بەشداری کاری سیاسی بکەن، بەڵکو بەو سوکایەتیەش دڵی ئاوی نەخواردەوە و زیاتر ڕۆی و دانی بەوەیا نەنا کە ژنان نیوەی کۆمەڵن، ووتی بەدانانیان لە ئەنجومەنی وەزیران نایانکات بەنیوەی کۆمەڵ بەبێ ئەوەی بزانرێ تا چەند مافەکانیان پێشێل ئەکرێ”، لەکاتێکا پێش چەند چرکەیەک هیچ ماف و ئازادییەکی بۆ ژنان نەهێشتەوە کاتێک ووتی کاری ئەوان تەنها مناڵ بوونە، ئەمە لەکاتێکایە کە واباوە “ئافرەت نیوەی کۆمەڵەو دایکی نیوەیکەیتریشێتی”، ئەی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان چییان ووت؟
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەهێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەمین خەڵکانێک بوون لەپیرۆزبای و دوعای خێر بۆ تاڵیبان کەچی کاتێک ووتەبێژەکەی تاڵیبان ئەو سوکایەتیەی بە کۆی ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی ئەفگانستان بەتایبەتی کرد، هیچ هیزێکی ئیسلامی کوردستان نەبەتاک، نەبەکۆمەڵ، نەوەک حیزب و ڕێکخراو بێبەری بوونی خۆیان لەوبیرە پڕ شەرمەزاری و ئابڕوتکێنەی ووتەبێژەکەی تاڵیبان ڕانەگەیان، هەر لایەنی کەم ئەگەر تەنها بۆ موجامەلەکردنی شەقامی کوردیشبێت، تەنانەت لەم کاتەشا کە چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش خۆی لەخۆیا زەنگێکی پڕ مەترسی و ئاگایارکردنەوەیە بۆ هەموو ئازادیخوازێک، پەیامێکە لە هێزە ئیسلامییەکانەوە بۆ شەقامی کوردی کە لەئەگەری گرتنە دەسەڵاتی ئیسلامییەکانی کوردستان دوورنیە هەمان سوکایەتی بەژن و ماف و ئازادییەکان بکرێت، چونکە کاتێک تۆ ئامادەنەبی قسە لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییە بکەیت و دڕدۆنک نەبی لەگەڵ بۆچوونی ووتەبێژەکەی تاڵیبانا کەواتە تۆ ڕازیت و ئەوەی ئەو ئەیڵێ بڕوات پێیەتی و جێبەجێشی ئەکەی کاتێک دەسەڵات هەبێ، کە ئومێدەکەم هەڵوێستی خۆیا ئاشکرابکەن و شک لەیەقین ببڕن.

پیاوسالاری و ئیسلام:
ڕاستییەک هەیە کە نابێ نادیدە تەماشا بکرێ، ئەویش حەزی مرۆڤە بۆ دەسەڵات جا چ ژن بێت یان پیاو، واتە مرۆڤ هەر لە ڕەچەڵەکەوە حەزێکی زۆری بۆ خۆسالاری و گرتنە دەستی دەسەڵات هەیە، ئیتر لە ماڵا بێت یان لە قوتابخانە یان فەرمانگە تا حکومەت، هەمیشە شەڕی خود بۆ دەسەڵات هەر لەگەڵ دروست بوونی مرۆڤەکانەوە هەبووەو هەر ئەشبێت، ئەم شەڕە لەناو بوونەوەرەکانیتریشا هەر بەهەمان شێوەیە، هەمیشە ئازاترین سەرۆکایەتی ئەو گەلەئاژەڵە ئەکات کە لە دەورووبەرین، ئەگەرچی هێز تا ئێستاش یەکلاکەرەوەیە لەناو ئاژەڵەکانا بەڵام ئەمە لەناو مرۆڤا گۆراوە بۆ ئەقڵ پاشان هێز، واتە مرۆڤ ئەقڵ بەکارئەهێنێ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ئەگەرچی بەڕێگای توندوتیژی و هێزی چەکیشەوە بێت بەڵام سەرەتا ئەقڵ بەکارئەهێنێ پاشان هێز واتە ئەقڵ خستنە خزمەتی هێزەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و خۆسالاری.
لە بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوین و بەشێک لە ئەفریقا کۆی ئەو جوگرافیایەی ئیسلام ئاینی باوی کۆمەڵگەکەیەتی هاوکارییەکی زۆر هەیە بۆ تێرکردنی حەزی پیاو سالاری، ئەو هاوکارییە لە پارچەکانیتری جیهان بەردەست نیە، ئەویش ئاسانکاری ئیسلامە بۆ خۆسەپاندن و پیاوسالاری.
ئیسلام ڕێگەی بەوە یاوە کە پیاو خاوەنی دەسەڵاتبێت و دەسەڵات و هێز لەبەرژەوەندی پیاو یەکلای بکاتەوە (الرجال قوامون على النساء)، جا ئیتر موفەسیرە ئیسلامییەکان هەر جۆرە لێکدانەوەیەک و داتاشینێکی بۆ بکەن شوێن ناگرێ، چونکە لەیەکەم بەرکەوتن و گوێ بۆگرتنا، ئەوە لای گوێگر دروست ئەکات کە پیاو لە ژن بەهێزترە، پیاو حاکم و دەسەڵات بەدەست و سەرۆکە، پیاو لە ژن باشترە، پیاو زیرەکتر و زرنگترە، بەڵگەش بۆ ئەمە دوو شتی زۆر ئاسانە کە ئیسلامیەکان ناتوانن ئینکاری بکەن، یەکەمیان ئەوەیە کە خواوەند بە پیاو پێناسە کراوە، کۆی ناوەکانی نێرینەیە و هەر بە سیفەتی پیاویش ناوهێنراوە. دووەمیش ئەوەیە کە کۆی پەیامبەرەکان “پێغەمبەر” نێر بوون، لە گێڕانەوەکانی “البخاري”ا هاتووە کە پەیامبەری ئیسلام ووتوویەتی “لن يفلح قوم ولوا أمرهم امرأة” واتە گەل سەرناکەوێ ئەگەر حاکمەکەی یان دەسەڵاتدارەکەی ژن بێت.
لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە پیاوانی وڵاتانی ئیسلام لەپاڵ غەریزەی بۆماوەیی دەسەڵات و حەزی مرۆڤ بۆ خۆسالاری، ئیسلامیش هاندەرێکی سەرەکی و پاڵنەرێکی زۆر هاوکار و باشە بۆ پیاوان تا هەمیشە لەبیری پیاوسالاری و خۆ بەیەکەم و ژن بە پاشکۆ ببینێت.

خاک، نەتەوە، ئاین:
هەرچۆنێک ئەیهێنی و ئەیبەی ئەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی ئیسلامی سیاسی کورد یان لە ئاینەکەی تێنەگەشتووە، یان هەڵخەڵەتێنراوە و لەخشتەبراوە، یان باش لە ئاینەکەی گەشتووە و ئەوە ئاینەکەیەتی داوای لێئەکا کە خاک و نەوتەوە بکات بە قوربانی ئاینەکەی کە ئەمیان هەڵەیەوە ئاینی ئیسلام شی وای نەوتووە.
ڕاست ئەوەیە و ئەبێ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان خاک و نەتەوە بە بەشێک لەخوداپەرستی و تەواوکردنی ئیمانیان تەماشابکەن، وەک ئەوەی لە گێرانەوەکانی پەیامبەری ئیسلاما هاتووە (من قتل دون ماله فهو شهيد، من قتل دون دمه فهو شهيد، من قتل دون دينه فهو شهيد، من قتل دون اهلە فهو شهيد)، بەداخەوە بەشێک لە حیزب و هێز و ڕێکخراوی ئیسلامی هێندەی لەخەمی موسوڵمانێکی بۆرما وفەلەستین و موریدی ئەردۆگانن، چارەکی ئەوە هەستیان بۆ خاک و نەتەوە نیە.
هێزە ئیسلامییەکان بە گشتی ئەوانەی کوردستانیش ئەگەرچی یەک خواو یەک پەرتوک و دینیان کردووە بە چەندین پارچەوە مەزهەب و تەریقەوە، لەژێر ناوی ڕێکخراوی جیاواز جیاوازا بۆ بەرژەوەندی کەسی و خێزانی و ئابوری خۆیان ڕێکخستووە، بەڵام ناوەرۆک هەموویان هەر یەکن، ئەگەرچی هەندێکیان توندئاوێژ و هەندێکیشیان میانڕوەو خۆیان نمایش ئەکەن، بەڵام چەند نمونەیەکی مێژووی نزیکی ناوچەکە و جیهان گەواهی ئەوە ئەیەن کە هەموویان یەک ئامانجیان هەیە بەڵام ڕێگایان جیاوازە.
ئەگەر هەڵوێستی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر سێ ڕووداو لە فەرەنسا، فەلەستین و ئەفگانستان وەرگرین ئەوا بەڕوونی ئەبینین و بە ئاسانی تێئەگەین کە نەرمترین تا توندترین ئیسلامی سیاسی بیروبۆچوونیان چۆنە و ئەگەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ چ جۆرە حوکمێک ئەچەسپێنن.
هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان لەماوەی ڕابردووا تا دواین گۆڕانکاری لە ئەفگانستان هەڵوێستیان نەگۆڕبووە لەوەی کە ئەوان پاڵپشتی دەسەڵات و حوکمی ئیسلامی ئەکەن کە ئەمەش مافی خۆیانە و هەر بۆئەوەش تێئەکۆشن.
نابێ حیزبێکی ئیسلامی یان کۆمۆنیست بانگەشەی نەتەوەیبوون بکەن، چونکە ئەوان بۆ ئەوە دروست نەبوون.
کۆمۆنیست خەبات بۆ بەختیاری گەلان ئەکات و باوەرێ بە سنور نیە، ئیسلامییەکانیش خەبات بۆ دروست کردنی خەلافەتی ئیسلامی ئەکەن و نەتەوەو سنور بۆ ئەوان هیچ واتایەکی نیە، هەڵبەتە لە کۆمۆنیست و لە ئیسلامیەکانیشا ئەکرێ کەسانێک هەبن کە جیاوازتر بیربکەنەوەو باوەڕیان بە کوردایەتی و دەوڵەتی کوردی هەبێ بەڵام ئەو کەسانە کەمینەیەکی ناو ئەو حیزبانەن.

سێ نمونە:
کاتێ لەغەزە تیرۆرستێکی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کردەوەیەکی تیرۆرستیان ڕزگاری نابێ و ئەکوژرێ، لە هەواڵی حیزبە ئیسلامییەکانا بە شەهید ناوی ئەهێنرێ کەچی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا بە کوژراو ئەخوێننەوە، یان کە لە غەزە مناڵێلک ئەکوژرێ یا کە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکانا ڕوئەیا ڕاستەوخۆ ئازراو ناڵەی عەرەبە فەڵەستینیەکان لە هەناو و گەرووی هێزە ئیسلامیەکانی کوردستانەوە بەرزئەبێتەوەو یەنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەکەن، کەچی کاتێ تورکیا و سەرۆکە ئیخوانیە شۆڤێنیەکەی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی داگیرئەکا و تیرۆرستە ئیسلامیە یاوەرەکانی دەستدرێژی ئەکەنە سەر کچانی کورد و سوکایەتی بە پیرو بە تەمەنەکان ئەکەن، مەخابن هێزە ئیسلامییەکان بێدەنگی هەڵەبژێرن.
لەسەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەما زۆربەی زلھێزەکانی جیھان کەوتنە دژایەتی عوسمانیەکان و پاشانیش بوون بە نەیاری ئەتاتورک، کەچی گڕگڕ کورد بەڕابەرایەتی پیاوانی ئاینی و شێخ و مەلاکان بوو بە ھاوپەیمان و داردەستی تورک، کە تا ئێستاش کورد باجی ئەو هەڵە مێژووییە ئەیات کە ئەگەر ڕاستکردنەوەی مەحاڵ نەبێ ئەوا بەبێ هاوکاری و بەخودی کورد تاقەت پڕوکێن ئەبێ.
ئێستاش جارێکیتر کە زۆربەی ھەرە زۆری زلھێز و دەرو دراوسێی و وڵاتانی دیموکراسیخواز بوون بە نەیار و دژایەتی سیاسەتی ئەردۆگان ئەکەن،کەچی دیسانەوە گڕگڕ بەشێک لە ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵ و ئیخوانی بوون بە دۆست و موریدی کابرای دیکتاتۆر، هەڵبەتە لێرەیا باسی هێزە ئیسلامییەکان ئەکەین ئەگەرنا حیزبەکانیتریتیش لەو خووە ناشرینە بێبەش نین.

کاتێک کە خوێنکارێکی ڕادیکاڵی ئیسلامی بەشێوەیەکی وەحشیگەرای هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی و سەری لەجەستەی جیاکردەوە، ئەو بابەتە بۆ بەڕۆژەی جیهانی و هەموو مرۆڤدۆستانی هێنایە سەر هێڵ و سەرکۆنەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیان کرد، پاشان سەرۆکی فەرەنسا وتارێکی پێشکەش کرد و بەرگری لەڕای ئازاد کرد لەو وڵاتە، کەچی ئسلامییەکانی کوردستان وەک هەر توندڕەوێکیتر دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر فەرەنسا و سەرۆکەکەی و دیوە ڕادیکاڵییەکەیان بەسەریانا زاڵتر بوو لە مرۆڤایەتی بەبێ ئەوەی هیچ چاکەیەکی فەرەنسا بەرامبەر کورد و دۆسێکەی بیانجوڵێنێ.

فەرەنسایەک کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ وە بۆتە چەتر بۆ کورد و وەک ئەندامێکی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیوەدەوڵەتی لە ھەوڵدایە بۆ دۆستایەتی کورد و دژایەتی و شکستپێھێنانی ھەر کارێک کە لە بەرژەوەندی کوردا نەبێت.
ئەو ڕووداوەی فەرەنسا شەرێک نەبوو/نیە لەنێوان فەرەنسا و ئیسلاما، بەڵکو ئەوە شەڕێکە لە نێوان کۆمەڵگەی فەرنسا بە ھەموو چین و توێژو ئاین و مەزھەبەکانەوە لەگەڵ لەگەڵ فکرێکی ڕادیکاڵی توندئاوێژ و تیرۆریستی نامۆ بە مرۆڤایەتی، کەچی بەشێک ئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆرست و ڕادیکاڵەکانا مانەوە.
ئەو شەڕی نێوان کۆمەڵگە و ھەڵگرانی بیری توندوتیژی و ئیسلامی ڕادیکاڵ تەنھا لە فەرەنسا نیە و پەیوەندیشی بە نیشاندان و بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیامبەری ئیسلامەوە نیە ھێندەی خواستێکی تێرکردنی ئەو ڕق و کینە و ئارەزووی خوێن ڕشتنەی ئیسلامیە ڕادیکاڵ و ھەڵگرانی بیری توندوتیژیەوە ھەیە، بۆ نمونە بەھاری ساڵی ٢٠١٧ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیا کەسێکی توندئاوێژ و ئیسلامی ڕادیکاڵ بە بارھەڵگرێگەوە لەناو جەرگەی سەنتەری شاری ستۆکھۆڵما خۆی کرد بەناو خەڵکی سڤیل و بێ تاوانا چەندین کەسی شێلاو پێنچ کەسیشی کوشت کە یەکێکیان مناڵێکی بێ تاوانی یانزە ساڵان بوو، کەچی بەشێک ئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆرست و ڕادیکاڵەکانا مانەوە.

ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین کاردانەوەیەکی دۆگمایی و ترسناکە، کاتێک ئەبینی کە کوردێكی موسوڵمان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی بۆ خوێن ڕێژێک و سەربڕێکی چیچانی توندڕەو، تیرۆرستێکی فەلەستینی، دیکتاتۆرێکی تورکی ئیخوانی و بزوتنەوەیەکی ئیسلامی ڕادیکاڵی ئەفگانی دژ بە ژن و ئازادی و پێشکەوتن دەرەبڕێ، ئەوە واتای ئەوەیە کە موسوڵمانی کورد شوناس و ناسنامەی خۆی لێ وون بووە، لە نێوان نەتەوە و دین، توندڕوی و میانڕەوی و ئاشتەوایی و شەڕەنگێزی، بۆیە گرنگە ئاقڵمەندانی ناو هێزە ئەو ئیسلامیانەی کوردستان هەڵوێستەیەک بکەن و جارێکیتر بیرلە سیاسەت و ئاین و نەتەوە و خاک و نیشتمان بکەنەوە، ڕێگەنەیەن کە بەشێک لە سەرکردایەتی ناو ئەو حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامیانە خواپەرستی و کوردایەتی و خۆشەویستی و خاک و نیشتمان و نەتەوە لێکجیاکەنەوە.

سامانی وەستا بەکر
١٨-٩-٢٠٢١
سوید-ستۆکهۆڵم

*پاثۆلۆجی = زانستی نەخۆشی




نایەکـسانی جـێـندەری لە ئـەدەبی منـداڵان دا.. رەزا شـوان

لە ئەمـڕۆدا، لە ئەنجـامی کاردانـەوەی ئەو هەموو ســتەم و نـاڕەوایی و نایـەکسانی و نادادپەروەری و تونـدوتیژی و پێشێلکارییانەی کە لە کۆمەڵگای کوردیمانـدا، لە لایەن پیـاوانی دەسـەڵاتسالارەوە، بەرانبـەر بە کچـان و بە ژنـانی کورد دەکـرێن، کە هـەمـوو بوارەکان و جمگەکانی ژیانیان قـورخکـردوون و هـیچ بـوار و دەرفەتێکیان بۆ کچـان و ژنـان نەهـێشتوونەتەوە و ئازادییـان سـنووردارکـردوون. بە چاوێکی کەمـتر و بە پلـە دوو لە کچـان و ژنـان دەڕوانـن و مافـە رەواکانیان پێ رەوا نابینن و بەبێ دەسەڵات و بـە زەعـیـفە و دەڵـەشــڕ و نـاوچـاخ نـاویـان دەبـەن. ئـەم نـایـەکـسـانییەش سـەرجـەم کۆمەڵگاکانی رۆژهـەڵاتی گرتۆتەوە، بە تایبەتیش لە دەوڵەتانی ئیسلامیدا. کە ژنـان بە کارەکەر و بە موڵک و بە پاشکـۆی پیاوان دەزانن. دەبێ پیاوان بەسەر ژنانـدا زاڵـبن.
یەکسانی (جـێـندەر) و بزووتنـەوەی (فـێمێـنیزم) بـوونەتە باسێکی گەرم و بە بابەتـێکی گرنگ و هەستیاری میدیا و راگەیاندن و سایتە ئەلیکترۆنییەکان. ساڵانە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و پانێل و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربارەی ئەم پرسە سازدەکرێن. کە کەسانی ئاکادیمی پسـپۆر و شارەزا و رێکخراو و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، باس و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و را و بیرۆکە و بۆچوون و رەخنە و پێشنیارەکانیان بۆ چـارەسەری ئەم کـێشەیە پێـشکەش دەکـەن. بەشـداریکـردنی هـەردوو رەگـەزی نێـرینە و مێـینە بە یەکسانی، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری، تەنیا چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانی جـێندەری. پێویستە ئەم راستییەش نەک هـەر بە قسەی رووت، بەڵکو بە راستی و کـرداری لە رۆشنبیری و لەسەر زەویی راسـتیدا، رەنگـدانـەوەی هـەبێـت. ئـەمـە راسـتیـیەکی هـاشـا هـەڵـنەگـرە، کـە ژنـان و پیـاوان هەردوو نیوەکەی کۆمەڵـن و تەواکەری یەکـترین و هەردوو باڵی ژیان و پێشکەوتـنن.
“جـێـندەر” وشەیـەکی ئینگـلیـزییە و لە وشـەی “جـینـۆس”ی لاتـینـیـیەوە هـاتـووە.
وشەی”جـێندەر” لە زانستی زمـان و لە فەرهەنگـدا، بریتییە لەو جیاوازییە زگماک و سروشتییانەی کە لە نێوان نێر و مێـدا هـەن. بە تایبەتیش لە جیاوازە بایۆلۆژییەکاندا.
جیاوازییە بایـۆلـۆژییەکانی جەستەش چەسپاون و نەگـۆڕن. کەواتە زاراوەی جـێـندەر پێناسـەیە بۆ هـێـمای دوو گـیانـلەبـەری نـێریـنە و مـێـینە. ئـەم دوو مـرۆڤـە لە رووی بایـۆلـۆژییـەوە جیـاوازن و وەک یەکـنـین، هـەریەکـەیـان خەســڵەت و تایبـەتـمەنـدیی رەگـەزیی خـۆی هـەیـە. کە شـونـاسـنامەی رەگـەزی مـرۆڤ پـێکـدەهـێـنـن، ئەمـەش سـروشتییە، مـرۆڤ کە لەدایـک دەبێت یا کچـە یا کـوڕە. جـێـندەر لە ناوەڕۆکـدا، واتە قـبووڵکـردنی رەگـەزی یەکـترییـە وەک کـچ و کـوڕ.
چەمکی “جـێندەر” بەرامبـەر بە “رەگـەز” پێناسەکـراوە. بە پێی ئەو پـێناسەیەی کە لە ئەنسیکـلۆپیـدیـای (نەتـەوە یەکگـرتـووەکان) و رێکەوتنە نێـونەتـەوەییەکانـدا هـاتـووە، جـێندەریان بەرانبەر بە رەگەز داناوە. بەپێی پیناسـەکەی نەتـەوە یەکگرتووەکان، واتـای جـێندەری (بەرابەری رەگەزییە، واتا دابینکـردنی هـەل و پێـداویستییەکـانە بە یەکـسانی لە نێـوان ژنـان و پیـاوان دا، هەروەهـا بەرابـەرییە لە بـەردەم یاســادا).
لە “پسـوولـەی کەسایەتی” و “پاســپۆرت”ی هەریـەکە لە ئێـمە، بەرانبـەر”رەگـەز” مـێ یا نـێر نـووسـراوە. ئەمـەش ئاماژەیـە بە ناسـنامەی رەگـەزی هـەریەکمـان.
ئامانجی نەتەوە یەکگـرتووەکان ئەوەیە، کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ کچان و کوڕانـدا بکـرێت. یەکسانی جـێـندەری یەکێکە لە ئامـانجە گرنـگەکانی راگەیانـدنی گـەردوونی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە لایەن نەتـەوە یەگرتووەکانەوە راگەیەندراوە. یەکسانی جـێندەری بەشێکە لە پرۆگرامە نەتەوەییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا. کە هەر لە منداڵییەوە پەیـڕەویی ئەم یەکسانییە جـێندەرییە دەکەن و بە یەکسانی لە کچـان و کـوڕان دەڕوانن. هـەردوو رەگەز ئـازدن. جیاوازیش لە ئەرکەکان و لە مافـەکانی کچـان و کـوڕان ناکەن.
جـێندەریزم، سیستمێکی کۆمەڵایەتی و باوەڕێکی کولتوورییە. کە دەڵێت: جێندەر تەنها دوو دانـەی هـەیـە: نـێر و مـێ. هـەر وەک چـۆن دوو زایـەنـد هـەن. واتـە جـێـنـدەری کەسایەتییەک هاوشێوەی زایندەکەیەتی. کچان گەورەدەبن و دەبن بە ژنـان، کوڕانیش گەورەدەبن و دەبـن بە پیـاوان. ئەمەش راستییەکی زگمـاکی و سروشـتی و نەگـوڕە.
جـێندەر پێیوایە، کە هەموو ئەو ناڕەوایی و نایەکسانی و پەراوێزخستنەی رووبەڕووی کچان بوونەتەوە. هیچ پەیوەنـدییەکیان بە تایبەتمەندییەکانی بایـۆلـۆژییەوە نییە. بەڵکو دەرئەنجامی نۆرم و رێساکان و بنیادنانی کولتوورییـەکەی کۆمەڵگایە. ئەوە کۆمەڵگایە لەسـەر بنەمـای بایـۆلـۆژی، جیـاوازیی خسـتۆتە نێـوان کچـان و کـوڕان. ئەم جیـاوازی کردنـەش لە ئەنجـامی پەروەردەیـەکی نادروسـت و سەقـەتی کۆمـەڵایەتییـەوە دروسـت بـووە. کـە هـیچ رەوایـەکی لـۆژیـکی و مـۆراڵی و یاسـایی و مـرۆڤـایـەتیـیان نیـیە.
یەکسانی جـێندەری، ئاماژەیە بۆ مامەڵـەکردنی یەکسانـانەی دروست لە نێـوان کچـان و کـوڕانـدا، بەپـێی پێویستی و توانـا و لێهـاتـوویی هـەر یەکـەیـان. بێگـومان یەکـسانی و هاوسەنگی جێـندەری دەبێتە رەهـەند و هۆیەکی زۆر گرنگی پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابـووری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایەتی و دادپـەروەری و رامیـاری و سەقـامگـیری و یەکـتری قـبووڵکـردن. لەمە زیـاتر ناچـینە نـاو قـووڵایی ئـەم باسـە فـراوانـەوە. دێیـنە سەر کـرۆکی باسـەکەمان کە دەربـارەی نایـەکسانی جـێـندەرییە لە ئـەدەبی منـداڵان دا.

منـداڵان لە تەمەنێکی زۆر زوودا، هـەستی رەگەزییان گەشەدەکات. زۆربەی منـداڵان لە نێـوان (١٨) مانـگ بـۆ (٣٠) مانـگ ناسـنامەی رەگـەزییـان گەشـەدەکات. کـەواتە جێندەر لایەنێکی گرنگە لە لایەنەکانی گەشەکردن. بابەتێکی بڵاوە لە ئەدەبی منداڵان دا دەتـوانین ئاشکـرای بـکەیـن. منـداڵان لە گـەلێ سەرچـاوەوە زانـیـاری وەردەگـرن. لە خـێزان و مامۆسـتاکان و هـاوڕێکـانیان، هـەروەهـاش لە ئـەدەبی منـداڵانەوە. منـداڵان هـەوڵی دروستکـردنی ناسنامەی تایبەتی خۆیـان دەدەن. یەکـێک لەو رەگـەزانـەی کە کارتێکـردنیان لـەم ناسـنامـەیـەدا هـەیە. ئـەو ئـەدەبـەیە کە دەیخـوێنـنەوە یان بـۆیـان دەخوێننەوە. ئـەدەبی منـداڵانیش بە گشتی بەوە پێناسە کراوە، هەر شتێک دەگەیەنێت کە منـداڵان دەیخـوێنـنەوە. بـەڵام ئـەم پێـناسـەیە لە جـیهـانی ئەمـڕۆدا بەرتەسـکە.
دەکرێت لە رێی ئەدەبی منداڵان و چالاکیی پەیوەندیداردا، کارتێکردن لە هەڵوێستەکانی منـداڵان و رەگەزییەکـانی منـداڵان بکـرێت. زۆربەی منـداڵان هەستێکی جـێگـیریان بە ناسـنامەی رەگـەزی خـۆیـان هـەیە.
نووسەرانی بوارەکانی ئەدەبی منداڵان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە چاندنی تۆوی یەکسانی جـێندەریدا هەبێت، بە دابەشکردنێکی یەکـسانی و لەسەر بنەمـای توانا و لێهـاتوویی، بێ لایەنگیری، رۆڵ و چالاکی پاڵەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی ئەو بابەتە هەمەجـۆرە ئەدەبییانەی کە بۆ منداڵان دەیاننووسن دابەش بکەن. کە لە ئەمڕۆ و لە داهـاتووشـدا کاریگەری و رەنگـدانـەوەیـەکی ئەرێنـیان دەبێـت.

شـێواز و رێبازی گونجـا و ئەرێـنی، لە دەربڕینی رۆڵی هەردوو رەگەز، بێ لایەنگـیری لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، کارتێکـردنی لەسـەر بۆچـوون و هـەڵـوێستەکـانی منـداڵان دەبێت دەربـارەی رەفـتار و هـەڵسوکـەوتی گـونجـاو بـۆ جـۆری کۆمـەڵایـەتی لـە کۆمـەڵـدا.
بەڵام بە زۆری تێبینی ئـەوە دەکـەین کە لە ئـەدەب بە گـشتی و لە ئـەدەبی منـداڵانـدا بە تایبەتی، نایەکسانی و ناهـاوسەنگی و نادادپەڕوەریی لە رۆڵی رەگەزی کۆڕان و کچـان بە زەقـی بەدیـدەکـەین. ئەمـەش بـۆ بـاوبـوون و بۆ لایـەنـگـیریی رەگـەزیی کـۆمـەڵـگا دەگەڕێتەوە، کە جیاوازییەکی کۆمەڵایەتییە نەک بایـۆلـۆژی. کـۆڕان لە پێشتر دەزانـن، هەمـوو ئـازایـەتی و بەهـێزی و قـارەمـانـێـتی و سـەرەکـێـشی و هـیوا و سەرکـەوتـن و فـریـادڕەسـییەک، دەیـانـدەنە پـاڵی کـوڕان. بەڵام سـۆزداری و لاوازی و بێ هـیـوایی و شکستی و بێ دەسەڵاتی و بەدەبەخـتیش، دەیـانـدە پـاڵی کچـان. تا ئەمـڕۆش بەشێک لە کۆنەپەرستان و ئەقـڵ ژەنگگـرتووان. هەبوونی کـچ و نەبـوونی کـوڕ بە (وچاخ کوێـر) ناودەبـەن. لە کاتێکـدا کە کچـانی کوردمـان لە هـەمـوو بوارەکـانـی ژیـانـدا، بە کرداری سەلمانـدوویانە کە هـيچـیان لە کـۆڕان کەمـتر نییە. ئەوەتـا لە سەنـگەرەکانی پێشـەوە بەرگـری لە کـوردسـتانی نیـشـتـمانی پیـرۆزمـان دەکـەن. شـان بـە شـانی بـراکـانیـان، گیانبەخـشانە دەجـەنگـن و چەنـدین داسـتانی بێـوێنەی قـارەمانێتیان تـۆمـارکـردوون و بوونـەتە جێی سەرسوڕمانی میللەتـانی جـیهـان و بە نموونە بۆ کچانی شۆڕشـگـێڕ و تێکۆشەر. ئەی پێشینانی کورد نەیانـوتووە:”شـێر لە لانە دەربـچێ.. چ نـێر چ مێ”.

بڵاوبوونەوەی نایەکسانی جێندەری لە ئەدەبی منـداڵاندا، جێی سەرسوڕمان نییە، کاتێک کە کۆمەڵگا روانینی ناهاوسەنگی و نایەکسانیان دەربارەی جـۆری کۆمەڵایەتی رەگەزی هـەبێت. تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری بابەتەکانی ئەدەبی منداڵان لە چوارچیۆە و قالبێکی نوخبـەیی رەگەزی دان. نەک هەر لە ئەدەبی منـداڵانی کورد، بەڵکـو لە زۆر لە شـاکارە ئەدەبییەکانی جیهـانیش بۆ منداڵان، بە زەقی دیـاردەی نوخبـەی رەگەزییـان پێـوە دیـارە. دەبینین بە زۆری لایەنگیری رەگەزی نێرینەیان گرتووە، رۆڵی پاڵەوانێتی و کەسایەتییە سەرەکییەکانیان بە رەگەزی نێرینـە داون. بەمەش هەلی ناسانـدنی رەگەزییان لای کچان سنووردار کردوون. نەک هەر لە ئەمـڕۆدا، بەڵکو هەر لە سەرەتا و لە دێـر زەمـانەوە، هەژموونی نێرینە و کوڕسالاری، کە دروستکراوی کۆمەڵگایە، لە ئەدەبیات دا باوبووە. کەواتە ئەمـە سـتەم و نایەکسانییەکی مێـژووییە دەرهـەق بە کچـان کە نیوەی کۆمەڵـن. بە داخەوە کە لە ئەمـڕۆی پێشکەوتـووشدا، ئەم نایەکسانییە رەگـەزییە درێـژەی هـەیە.
زۆر لەو تـۆژێنـەرانەی کە شرۆڤـەی ئـەدەبی منداڵانیـان کـردووە، بۆیـان دەرکـەوت کە زۆربـەی ئەو پەرتـووکـانەی بۆ منـداڵان چاپکـراون، هـەژمـوونی کەسایەتی نـێرینەیـان پێوە دیارە. بۆ نموونە: تـۆژێنـەر(ئێس. ئێرنست) لە ساڵی (١٩٩٥) دا لە شیکردنەوەی ناونیشانەکانی ئەو پەرتووکانەی کە بۆ منداڵان نووسراون و چاپکراون، بۆی دەرکەوت کە ناوی نـێرینەکـان دوو هـێندەی ناوی مێـینەکانن. ئەوەشی بۆ دەرکەوت تەنـانەت ئەو پەرتووکـانەش کە نـاوی کچـان یا نـاوی بێ لایـەنی نێـوان هـەردوو رەگـەزیـان بەسـەر ناونیشانەکـانیانەوە هـەیە. بە زۆری بە دەوری کەسایـەتییەکی نێـرینـەدا دەسوڕێنـەوە.
لایەنگـیری رەگەزیش زیـان بە کوڕان و کچـانیش دەگـەیەنێت. بۆیە پێویسـتە بە وردی پێـداچـوونـەوە بە پـڕۆگـرام و بە پەرتـووەکـەکـانی خوێـنـدنـەوەی کـوردی قـوتـابخـانە بنەڕەتییەکاندا بکرێن و تا بزانـرێت تا چ رادەیەک رەچاوی یەکسانی جێندەری لە نێوان کچـان و کوڕانـدا کـراوە. میدیـا و راگەیانـدن و رێکخراوەکانیش، دەتوانن لەم بارەیەوە رۆڵـێکی باش ببیـنن لە هـۆشـیارکردنـەوەی دایـکان و باوکـان و مامۆسـتاکـان.
جارێکیان دادەیەکی باخچـەیەکی منـداڵان لە سلـێمانی، لە بەرنـامەیـەکی تەلەفـزیـۆنیـدا گـێڕایەوە و وتی: کـوڕێکی منـداڵی بـزیـۆی باخچـەکەمـان، هەمـوو رۆژێـک بەبـێ هـۆ لە کچێکی دەدا، زۆر ئامۆژگاری و سەرزەنشمان کرد، بەڵام بێ سوود بوو. ناچاربووین و بانگی دایکـیمان کرد و لەم ستەم و رەفتـارەی کوڕەکی ئاگـادارمان کرد. کەچی دایکی بە هەموو ئەقـڵێکییەوە وتی: جا با لێی بـدات، ئەو کچە ئامۆزای خۆیەتی کە گەورەبێت هـەر بۆ کـوڕەکـەمە. با لە ئێسـتاوە زاڵـبێـت بە سەریـدا و لـێی بترسـێت. لەم نمـوونەی ئـەم جـۆرە ئەقـڵـییەتە کۆنـەپـەرسـتە، کە کـۆیـلەی پیـاوسالاریـن و بێ ئـاگـان لە دنیـای ئـەمـڕۆ، بـوونیـان مـاون.
دەکرێت نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، ئەڵتەرناتیـڤـێکی تر دابـهـێنن، کە ببێت بە ئیلهـام بۆ بنیاتنانی هەڵوێستی باشتر، بۆ یەکسانی جێندەری لە نێوان هەردوو رەگەزدا.
ئاسانترە کە لە منـداڵانەوە، دەسـت بە چاکـسازی و گۆڕانکـاری و بە بنیاتنانی هەستی هاوسەنگی و یەکسانی رەگەزی لە نێـان کچـان و کوڕانـدا بکەین. هـەر لە منـداڵییەوە منـداڵەکـانمان بە یەکـسانی رەگـەزی وهـاومـافی و هـاوئەرکی، گـۆش و پـەروەردەیـان بکەیـن. بۆ هـێنانـەدیی ئـەم ئامانجـانەش، دایـکان و باوکـان و مامۆسـتاکـان و میدیـا و راگەیانـدنەکان و نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان و گۆڤـارەکانی منـداڵان، دەتـوانن رۆڵـێکی باڵایان لەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزەدا هەبێت. چونکە ئازادی و گەشەکردن و پێشکەوتنی گـەل و نیشـتمان لە هەمـوو بـوارەکـانـدا، بەنـدن بە بەدیهـێنانی یەکـسانی رەگـەزییەوە.
(*) بۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، تـا رادەیـەک سـوودم لـە چـەنـد سـایتـێکی ئینگـلـیزی و عـەرەبی و کـوردی وەرگـرتـووه.

رەزا شـوان
سـويـد: ١٧/ سـێـپتەمبەر/ ٢٠٢١




پێش ئه‌وه‌ی مه‌یسوون شه‌هید بێ.. فله‌یحه‌ حه‌سه‌ن.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

پێش ئه‌وه‌ی مه‌یسوون(1) شه‌هید بێ
ئاسمان به‌ ڕاستی شین بوو
شه‌قامه‌كان فراوانتر
ژنان ئێواران له‌ به‌ر ده‌رگا داده‌نیشتن
حیكایه‌تیان ده‌هۆنییه‌وه‌
چایخانه‌كانیش به‌ پێكه‌نینی پیاوان شلۆغ ..
باوكم ده‌گڕژییه‌وه‌ كه‌ ڕایده‌سپارد :
( فله‌یحه‌) بۆ ساڵۆنی جوانكاری
له‌گه‌ڵ خۆت مه‌به‌
ڕه‌نگی خۆر له‌ قژت بده‌
لێ با شه‌وقی شه‌و
به‌ قژی منداڵه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ ..
وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ :
ئه‌م (ناو)ـه‌ت قورسه‌ ،
ئه‌و شیعره‌ی لێ ناتكێ له‌ ڕۆحت دایه‌
له‌باتی تۆبم ده‌یگۆڕم ..
هه‌موومان پێده‌كه‌نین ..
……….
دایكم له‌ گشتمان گه‌رم و گوڕتر بوو

  • باوكم ده‌یگوت ،
    بۆ ئه‌وه‌ی سۆزتان له‌بیر نه‌كه‌ن
    له‌سه‌ر یه‌ك سێنی كۆ ببنه‌وه‌
    ئێمه‌ش وامان ده‌كرد ..
    ……….
    دوای كۆچی تۆ
    دونیا كراسی خۆڵی پۆشی
    بای شه‌ڕ
    شۆسته‌ی شه‌قامه‌كانمانی ماڵی
    ئێستا ژنان هه‌میشه‌
    ڕه‌ش و خه‌م ده‌پۆشن
    چایخانه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان
    به‌ ده‌نگی
    به‌یاننامه‌ درۆینه‌كانی سه‌ركه‌وتن
    شلۆغن
    كه‌ پێشكه‌شكارێك ده‌یخوێنێته‌وه‌
    به‌ نهێنی
    به‌ خه‌ڵك پێده‌كه‌نێ ..
    ده‌نگی پیاوانی گه‌ڕه‌كێ
    به‌ جگه‌ره‌ و
    هه‌ڵدانی پیاڵه‌ی شكست كه‌رخ بووه‌ .
    كۆچی تۆ
    ڕه‌نگی به‌فری به‌سه‌ر قژمدا پرژاند
    كه‌ من هێشتا خۆشه‌ویستی تۆم
    له‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌م تێنه‌په‌ڕاندووه‌ .
    قۆناخی به‌رایێ بوو
    ڕۆح به‌به‌ر خوێنبه‌ره‌كانتدا بدرێ
    تا بزانم
    ئه‌وه‌ی تێیدا دێ و ده‌چێ خوێنه‌
    یا خواوه‌ند
    له‌ دره‌خت هاشه‌ی گه‌ڵاكانی و
    له‌ هه‌ور ساوی په‌مۆیی و
    بنچینه‌ی شه‌ونمی به‌یانیان
    كه‌ تۆ له‌وی
    هه‌ڵێنجاوه‌ ؟
    گه‌ر نه‌ختێ خۆت گرتبا
    ده‌تبینی چۆن ( به‌ختیارترین مرۆڤ له‌ دونیا) (2)ده‌نووسرێ
    پێشكێش كردنی دیوان بۆ :
  • فله‌یحه‌ ، ئه‌و ناوه‌ی فریشته‌ی شیعر خۆشی ده‌وێ ،
    ته‌نانه‌ت خواوه‌ندیش بۆی ده‌مرێ ..
    ناوه‌كه‌ سه‌ركه‌وت
    لێ تۆ به‌ مه‌رگ
    ناپاكیت له‌گه‌ڵ كردم
    دایكیشم به‌ جێهێشتنم خیانیتی لێ كردم
    باوكیشم
    ئه‌ویش لێمان جیا بووه‌وه‌ و
    فه‌وتا ..
    هه‌موو ئامۆژگارییه‌كانی
    له‌ گوێی به‌ردین دایه‌
    نانمان
    له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خوان دا خوارد
    تێر بووین
    له‌ شه‌ڕ و ئابلووقه‌ و نه‌بوونی و
    لێك جودایی و ده‌ربه‌ده‌ریی
    وام لێ هات
    كه‌ هاوارم ده‌كرد برا
    (ئه‌لیف) لێ ده‌چووه‌وه‌ و
    منیش له‌ په‌شیمانییان
    دڵی خۆم ده‌گه‌سته‌وه‌..
    مه‌یسوون ، ئاخر چۆن بڕوا بكه‌م
    ڕۆكێتێكی ئێرانی
    به‌سه‌ر ماڵێتدا بكه‌وێت و
    تۆ به‌و خێراییه‌ بتوێیه‌وه‌ ..؟
    چۆن باوه‌ڕ بكه‌م
    تۆ شتێك
    به‌ده‌ر له‌ عه‌باكه‌ی خۆت
    بۆ كفنت نه‌دۆزییه‌وه‌
    گۆڕێكت نه‌بێ له‌ باخچه‌ی خۆتان زیاتر ؟
    چۆن ؟
    سوودی ده‌بێ نه‌فره‌ت له‌ یه‌كیان بكه‌م
    تا بگه‌ڕێیه‌وه‌ ؟
    به‌سه‌ ،
    به‌س سه‌ما له‌ یاداوه‌ریم بكه‌
    ته‌نیا ده‌ خووله‌كم پێ بده‌
    به‌ ئارامی بنووم .. تكایه‌
    ده‌ خووله‌ك ، زیاتر نا
    من زۆر ماندووم
    به‌ ژماردنی كوژراوه‌ بێ گوناهه‌كان .

ئاماژه‌
(1) مه‌یسوون حه‌سه‌ن كه‌موونه‌ ، تاكه‌ ده‌سته‌خوشكی مناڵیم
كه ‌له‌ ڕۆكێت بارانێكدا شه‌هید بوو سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران – ئێراق .
(2) – به‌ختیارترین مرۆڤ له‌ دونیا – كۆشیعرێكی شاعیری كۆچكردوو
( كزار حه‌نتووش)ـه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر نووسیبوو .

(*) له‌ ( الحوار المتمدن)ـه‌وه‌ ژماره‌ 4605
بڕوانه‌ :

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=437491




به‌چی شێوه‌یه‌ك ده‌ستمانپێكردو بووین به‌چی؟.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب


وانه‌كانی ژیان :

له‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراق له‌ ئازاری 1978 و داواكردنی هه‌ڵپژاردن ودانانی ده‌ستوریكی هه‌میشه‌یی بۆ وڵات، حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی رۆژنامه‌ی ـ الراسدی ـ راسپارد هێرش بكاته‌ سه‌ر حزبی شیوعی و له‌ پاش له‌ سێداره‌دانی كۆمه‌ڵێكی پرشنگدار له‌ هاورێیان ودۆستانی شیوعی و، باره‌گاكانی حزب له‌ پارێزگاو شاره‌كاندا كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی درندانه‌ی به‌عسیان و ده‌ستكرا به‌ گرتنی شیوعییه‌كان و ئازادانیان به‌ شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه‌و ، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی به‌عس شیوعییه‌كان له‌ شارو لادیكان روویان له‌ شاخه‌كان كردو له‌ چه‌ند شوێنێك باره‌گایان كرده‌وه‌.

كاتێك شاڵاوه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ دژ به‌ هاورێیان و باره‌گاكان په‌ره‌ی سه‌ند سه‌ره‌تا هه‌ندێ له‌ هاورێیانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ره‌ی روویانكرده‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و له‌ به‌ر نه‌بوونی چه‌ك وجموجوڵی سوپای عێراق و جاشه‌ چلكاوخۆره‌كانی هاورێیان بیریان كرده‌وه ‌ شوێنیكی گونجاوو شیاو بدۆزنه‌وه‌و، ئه‌وه‌ بوو ده‌ستنیشانی ( به‌له‌بزان) له‌ ناو خاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كراو له‌وێ بنكه‌ دامه‌زراو هاورێیان له‌ عه‌ره‌ب و كوردو تورك و ئاسوری سریان و ئه‌رمه‌ن له هه‌موولایه‌كه‌وه‌ په‌یوندیانكردو ژماره‌ گه‌یشته‌ 120 ــ 150 هاوری و دۆستی حزب و ژیان زۆر قورس و دژوار بوو ، چه‌كمان كه‌م بوو 5 ـ 10 پارچه‌ چه‌كی كۆن و، خواردنمان : به‌یانیان و نێوه‌روان و ئێواران بریتی بوون له‌ نان و چاو، هیچ راخره‌یكمان نه‌بوو له‌ سه‌ر زه‌وی ره‌ق وته‌ق ئه‌نووستین و، ئاسان نه‌بوو هاورێیان خۆیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و بارو دۆخه‌ بگونجێنن و حزب به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌كاری بۆ پێشهاته‌یه‌كی له‌و جۆره‌ نه‌كردبوو، بۆیه‌ كاتێك سه‌دام حوسه‌ێن له‌ ساڵی 1979 ئه‌حمه‌دحه‌سه‌ن به‌كری له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات لاداو بوو به‌ سه‌رۆك كۆمارو له‌ پاش قه‌سابخانه‌كه‌ی سه‌دام ده‌رهه‌ق به‌ تاقمێك له‌ سه‌ركرده‌كانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی به‌ توومه‌ت و تاوانی خیانه‌تكردن له‌ دژی حزبی به‌عس بریاری لیخۆشبوونی گشتی ده‌ركردو، هه‌لێكی باش بوو بۆ هاورێیان كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخدا نه‌ئه‌ ‌گونجان به‌ره‌و ماڵه‌كانیان و ئه‌و شوێنانه‌ی لێیهاتوون بگه‌رێنه‌وه‌و، باری باره‌گاكه‌یان سوككردو ژماره‌مان كه‌م بووه‌وه‌و چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌ك دروست بوو یه‌كێكیان به‌ناوی مه‌فره‌زه‌ی سلێمانی بوو.

به‌ ناچاری و له‌ كارێكی مه‌ترسیدارو گه‌شتێك به‌ناو سه‌ربازگه‌و ربیه‌كانی سوپای عێراق كه‌ هه‌موو كون وقوژبنێكی ته‌نی یوو مه‌فره‌زه‌یه‌كی 50 كه‌سی به‌ چوار چه‌كی خراپ له‌ بنكه‌ی (هه‌زارپه‌س) به‌ره‌و تووژه‌ڵه‌ و زڵێ كه‌وته‌رێ و له‌ پاش چه‌ند رۆژێك مه‌فره‌زه‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشته‌ باره‌گای سه‌ركردایه‌تی و دابه‌شبوون به‌ سه‌ر بارگای سه‌ركردایه‌تی و باره‌گاكانی هاورێیانی هه‌ولێرو و رانیه‌و قه‌ڵادزێ (پشده‌ر) و له‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك یان زیاتر هاورێیانی سلێمانی داوایانكردبه‌ مه‌فره‌زه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی برۆن و، له‌ پاش وه‌رگرتنی چه‌ندپارچه‌یه‌كی چه‌كی خراپ وكۆن مه‌فره‌زه‌كه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی دوكان و ماوه‌ت و سلێمانی و ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ ‌ هاتووچۆیئه‌كرد له‌ نێوان باره‌گای سه‌ركردایه‌تی و ناوچه‌كانی سلێمانی و، له‌ رژی 24/3/1980 مه‌فره‌زه‌كه‌مان تووشی شه‌رێكی قورس و سه‌خت و دژوار بووه‌وه‌و ژماره‌مان 16 بوو 15 هاورێ وئه‌وی ترمان ( سیخوری به‌عسی عه‌دنان تاڵه‌قانی ــ بابی هێمن ــ بوو له‌ پاش ماوه‌یه‌ك له‌ خزمه‌تكردنی حزبی به‌عس، ده‌ركه‌وت سیخوری به‌عسه‌) و له‌ داستانی قزله‌ردا 5 هاورێ قاره‌مان شه‌هید بوون( عومه‌ری حمه‌ بچكۆل ، حه‌سه‌ن ره‌شید، شه‌فیق كه‌ریم، كه‌مال مام هه‌مزه‌، موعته‌سه‌م عه‌بدولكه‌ریم) و، له‌ گه‌رانه‌وه‌دا داوامانكرد باره‌گای تایبه‌تی به‌ ناو سلێمانی بكه‌ینه‌وه‌.
له‌ ته‌موزی ساڵی 1980 فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رژێمی به‌عسی عێراق تۆپبارانی باره‌گای حزبه‌كانی له‌ دۆڵی حزبه‌كاندا له‌ تووژه‌ڵه‌و نازه‌نگ كرد.
له‌ پاش دوو مانگ واته‌ له‌ مانگی‌ ئه‌یلول مه‌فره‌زه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌ نه‌مر محمود دیكتاریۆڤ و سه‌رپه‌رشتی هاورێ بهاءالدین نوری ( بابی سه‌لام) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزب بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاو بۆ باره‌گای حزب كه‌وته‌ری و له‌ پاش دوو رۆژ بریاردرا له‌ ( مه‌زرێ) له‌ نزیك دێی بێتوش باره‌گا دابمه‌زرێنین.

له‌ رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز ( ئازاری 1981) له‌ سه‌ر شاخی نۆرێ نزیك له‌ سه‌ربازگه‌كانی سوپای عێراق له‌ ناوچه‌ی ئالان ئیزگه‌كه‌ی حزبی شیوعی به‌ناو : ئێره‌ ده‌نگی كه‌لی عێراقه‌ كه‌وته‌ ئیش و كۆمه‌ڵیك له‌ هاورێیان وه‌ك نووسه‌رو بێژه‌ر كاریان تیادا كردو له‌وانه‌ : عادل موخلس به‌رپرسی هونه‌ری ئیزگه‌، هاشم كوچانی، سامی سابیر، ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب ، سامی المالح ، عه‌واد ناسرو كه‌سانی تریش وه‌ك یارمه‌تیده‌ر : بدریه‌ محمد امین و گه‌لاوێژ نایب به‌ڵام له‌ كۆتایی مانگی ئایار هه‌واڵ گه‌یشت رژێمی به‌عسی عێراقی نیازی هێرشی هه‌یه‌و ئیزگه‌كه‌ زۆر له‌ سه‌ربازگه‌ی سوپا نزیك بوو بریاردرا به‌ زووترین كات ئیزگه‌ بۆ خوارووی شاخی نۆرێ بۆ كه‌پره‌كانی سلێمان ئاغا بگوێزرێته‌وه‌و له‌ پاش هه‌ره‌شه‌كانی به‌عس به‌ چه‌ند رۆژێك فرۆوكه‌ جه‌نگییه‌كانی سه‌دام ناوچه‌ی مه‌زنێی بۆردمانكردو له‌ ئه‌نجامدا دوو كه‌س له‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ شه‌هید بوون و له‌ سه‌ر بریاری سه‌ركردایه‌تی حزب ئیزگه‌ له‌ 4/6/1981 بۆ نۆ كان گوازرایه‌وه‌و دواتر بۆ پشتاشان و، بۆ هاوین باره‌گای حزب چووه‌ دۆڵی موسا له‌ دامێنی شاخی زه‌ردكه‌و له‌ پاش شه‌هیدكردنی هاورێی نه‌مر خه‌لیل كه‌بابچی له‌ ده‌رمان ئاوا له‌ لایه‌ن تاقمێكی رووره‌ش و به‌ كرێگیراو سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باره‌گای حزب چووه‌ سه‌روی دێی دولكان خانوه‌كانی مام ئه‌وره‌حمان پیاوێكی هێمن و پاك و له‌ پاش دروستبوونی مه‌ڵبه‌ده‌كان، مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك چووه‌ دێی حاجی مامه‌ند.
پاش قه‌سابخانه‌كه‌ی پشتاشان و هێرشه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ساڵی 1983 بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزب، مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك رووی كرده‌ ناوچه‌كانی قه‌ره‌داغ و ده‌ربه‌ندیخان و ده‌شتی شاره‌زورو له‌ دوواییدا له‌م شوێنانه‌ له‌ زه‌نجیره‌ی چیای سورینی سه‌ربه‌رز باره‌گای حزبمان هه‌بوو : هه‌زارستون” بانی شار، خۆرنه‌وه‌زان و ئه‌حمه‌د ئاوا.
له‌ پاش رێككه‌وتن وئاشتبوونه‌ له‌ نیوان حزب و یه‌كێتی باره‌گاكانی حزب چوونه‌ شارباژێر له‌ چاڵه‌خه‌زینه‌و چه‌مه‌ك و سپیارو، له‌ دووای هێرشی ئێران به‌ناوی ( والفجر نۆ ـ الفجر التاسع) چووینه‌ دێی ( سیاگوێز) ی خاپووركراوو وێرانه‌و پاشان حزب هێزێكی نارد بۆ دۆڵی چافایه‌تی به‌ فه‌رمانده‌یی هاورێیان : حه‌مه‌ ساڵح سورداشی ـ ماموستا سه‌ردارو ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب و له‌ پاش ماوه‌یه‌ك چووینه‌ قه‌ره‌داغ و باره‌گای مه‌ڵبه‌ند چووه‌ نزێك دێی ئه‌ستێڵی سه‌روو، حزب باره‌گای تری هه‌بوو له‌ : گه‌رمیان به‌تالیونی 4 ی گه‌رمیان له‌ دێی باوه‌كرو، به‌تالیونی 7 هه‌ورامان له‌ دێی شیوی قازی و، به‌تالیونی 9 ی سلێمانی له‌ دێی كه‌سنه‌زان و، به‌تالیونی 15 ی قه‌ره‌داغ له‌ دێی كۆشكی حواروو.
له‌و ساڵانه‌دا ده‌ستكرا به‌ چالاكی سه‌ربازی له‌ لایه‌ن هاورێیانی پێشمه‌رگه‌و هاورییان ئازایانه‌و دلێرانه‌ بۆ به‌رز راگرتنی ناوی شیوعییه‌ت روو به‌ رووی رژێمی خوێنرێژی به‌عس بوونه‌و به‌ خوێنی خۆیان مێژووی سه‌روه‌ریان تۆماركردو له‌ گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سوسیالیست توانیان شاروچكه‌ی قه‌ره‌داغ ئازاد بكه‌ن و هه‌روا به‌ ته‌نها شیوعییه‌كان شارۆچكه‌ی نه‌وجولیان ئازاد كردو خه‌ڵكێكی زۆر ( سه‌ربازو جاش و سیخور) به‌ دیل گیران و، حزب بووه‌ خاوه‌نی چه‌كێكی مۆدێرنی باش و هه‌روا كه‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ندی وه‌ك جیهازی راكاڵ و ئوتومبیل و تراكتور و موه‌لیده‌ی كاره‌باو و ته‌له‌فزیونی ره‌نگاوره‌نگ.

هاورێیانمان وپێشمه‌رگه‌ ئازاكانی حزب تێكۆشه‌رانی شیوعی قاره‌مانانه‌ به‌رنگاری پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵیان كردو خوێنی خۆیان به‌خشییه‌ گه‌ل و نیشتمان له‌و پیناوه‌دا شه‌هید بوون وه‌ك : مولازم سامی، مولازم ئه‌بو یه‌سار، ماجد عه‌لی خه‌لیفه‌ ، شوانی حه‌مه‌ قتو، بارام هه‌ورامی و هاورییانیان، له‌ دوای ئه‌نفالی قیزه‌وه‌نی گه‌رمیان گه‌راینه‌وه‌ بۆ قۆبی قه‌ره‌داغ وپاشان له‌ گه‌ل برینداره‌كان كه‌وتینه‌رێ به‌ره‌و ده‌شتی كۆیه‌، سماقوڵی وچه‌ند رۆژێك له‌ ئاوه‌گرد بنكه‌یه‌كمان كرده‌وه‌ به‌ڵام زۆر نه‌ماینه‌وه‌و به‌ره‌و كاروخ و پشتاشان و ره‌زگه‌ چووین تاگه‌یشتینه‌ باره‌گای حزب له‌ دۆڵه‌كۆگا و له‌ به‌ر زۆری ژماره‌مان باره‌گایه‌كی ترمان له‌ گوێزی دامه‌زراندو شایه‌نی باسه‌ له‌ پاش پروسه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی ئه‌نفال هه‌موو هێزه‌كانی حزب له‌ سلێمانی و هه‌ولێرو بادینان و سه‌ركردایه‌تی حزب بوونه‌ میوانی ئێمه‌و، ئێمه‌ش وه‌ك مه‌ڵبه‌ند گومركیكمان هه‌بوو سه‌رچاوه‌ی ژیانمان بوو ته‌نانه‌ت یارمه‌تی هاورێیانی رێكخستنی حزبمان ئه‌دا.
به‌ڵێ ، هاورێیانی سلێمانی و كه‌ركوك و گه‌رمیان له‌ سفره‌وه‌ به‌ بێ پاره‌و چه‌ك ده‌ستمان به‌ پێشمه‌رگایه‌تی كردو بووینه‌ خاوه‌ن پاره‌ی بژێوی خۆمان و چه‌كی جۆراوجۆری پاش.

نه‌مری بۆ شه‌هیدانی حزب.
سه‌رشۆری و مردن بۆ دوژمنانی شیوعییه‌ت.
16/9/2021




وەرزە سەوزەکانی ئەوین- وەرزی سێیەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

پێش جەنگ “کەناریی”
لەسەر منارەی دڵم ئەیخوێند و
موناجاتی عەشقێکی سەرمەدیی ئەکرد
پاش جەنگ کوندەپەپوو
لەسەر کەلاوەی رۆحم ئەیخوێند و
خوێنی رژاوی گوڵە ئاشقەکانی ئەژمارد


لە سەمای یەکەم بە یەکگەیشتندا پێتوتم
ناوت ئەنێم ئینجانەی گوڵە مۆرە شەکەتەکان
لە دوا سەمای یەکتر جێهێشتنا پێتوتم
ناوت ئەنێم دوایین دڵۆپە خوێنی عەشقێکی ناکام


ئەمەوێت شیعرێکت بۆ بنووسم
تاکو ئێستا هیچ قەڵەمێک نەینووسیبێ و
هیچ زارێکیش دەرینەبڕیبێ
ئەمەوێت سووتانێک بۆت بسووتێم
تاکوو ئێستا هیچ دارستانێک ئاگری وەها
لە لەشی سەوزی بەرنەبووبێ


وێڵم بە دوای
ئەو ژنە یاقووتییەی پرچی پەلکەزێڕینە و
زەردەخەنەکەی پڕ لە شەپۆلی رەنگە
وێڵم بە دوای
ئەو ژنە تریفەییەی چاوەکانی دەریا و
هەستەکانی پڕ لە گوڵی نیلوفەرە


گوێیەکانم سەڕاوێژن لە سۆزی دەنگت و
چاوە دەریاییەکانم لێوانلێون
لە روانینە خەمۆکەکانت
دەستەکانم تەڕتەڕن بە تاڤگەی ئەسرینت
دڵ و رۆحیشم
لە مێژە چزاون بە پشکۆی ئەوینت


بمخوێنەوە وەک دارسنەوبەرێک
لە کاتی خۆکوشتندا و
بمچڕە، زۆر خێرا بمچڕە
وەک سترانێکی رەشبین
ئەتخوێنمەوە وەک پاڵەوانی
چیرۆکێکی غەمناک و
ئەتژەنم، توند ئەتژەنم
وەک “ساز”ێکی زۆر کەساس


لە حەزرەتی ئاو بپرسە
من کوڕی کام هەسارەم و
لە جەنراڵ زریان بپرسە
من لە کوێوە هاتووم؟
لە ئاسمانی موحیبەت پرسیار بکە
کەی دەبارێم و
لە بێستانی هەستت
بپرسە کەی لەتۆدا خۆش ئەکەمەوە؟


سروشتم وایە لە کۆتاییەوە
دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتا و
لە سەرەتاکانیشەوە دێمەوە نێو کۆتایی
زۆر سەیرە لەسەر شاڕێی
هەموو سەرەتاکان و
کۆتایی گشت رێگاکان
هەر دەگەمەوە بە تۆ!!


بمبورە ئەگەر لە ناکاو
وەک ئەستێرەیەک ون بووم و
لە هیچ شوێنێکی گەردوون ئاسەوارم نەما
هیچ دڵتەنگ مەبە و چاوەڕێی بەهارێک بکە
وەک چڵە نێرگزێک بڕوێم لەسەر رێتا


لەوەتی من هەم
خەونی رەنگاورەنگت پێوە ئەبینم
چەشنی خەونی هەژارێک بۆ پارچەیەک نان
لەوەتی من هەم بە بێدەنگی خۆشم ویستی
هەر وەک عەشقی باڵندەیەک بۆ ئاسمان

————-







کاتژمێر بیست و پێنج.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گەڵایەک،،
هێواش دەکەوێتە خوار ،
چاوی ئەو دوور ڕوانی،،
ئاخۆ، چەند ڕۆژی ووشک و سیس،،
لە داری ڕۆحی وەری بێ؟!
………………..
ئۆقیانوسە جەستە،،
شەپۆلەکانیش، ئەو ساڵانەن..
مرواری ووشە جێماوەکانی بیرەوەری،،
لەگەڵ خۆی برد.
………………..
تا کەی چاوەڕوانی ،؟
شنەبایەکی هەناسە سارد..
لە گوێچکە ماسی گەردوونی چۆڵدا،،،
دەنگی دایەوە..
………………..
هیچ ئارامیەک نیە،،
لە کۆچی بێ ئامانج،
کتێبێکی بێ سەرەتاو کۆتایە،،
ڕێگا، یادەوەریەکانیشت..
چاپتەرێ ،،،
لە وەرزێ لە ئەشکەنجە.
………………..
ڕۆشتنت، هەم وونبوون..
هەم دەربازبوون ،،،
بەرەو نەبوون!
………………..
شمشالژەنێکی نادیارە ،
ووشە نەوتراوەکانی تۆ،
لە شەوانێکی سپی،،
ژێر کڕێوە بەفری تەنیایی!
………………..
بە ڕۆحێکی تەزیوا،،
تێئەپەڕمە…
سەرکەنارێکی چۆڵ،
بەڵام پڕ، لە تارماییت.
………………..
خۆرئائوابوون،
چی شیعرێکە،،
چنگەکانی پڕ خوێنی جوانی..
ئەو خونچە ئەرخەوانیانەی،،
تۆ، بە شپۆلەکانی…
سەفەرت سپارد.
………………..
بێ تۆ، کاسێک لە…
شەرابی ڕەشی شەو،
جگەرەیەک ،،
لە تەمەن، شیعرێ…
لە ژەهری ڕۆشتنت
………………..
نێوان وێڵبوون ،،
لە نێو دارستانی تەمهەڵچنی..
نیگات، و ڕاکشانێ…
لە نێو گیای تەڕی…
ژێر بارانی سەفەرت، مەستم.
………………..

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی /
Xavia Andrew
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




ژاكانی تابلۆی هه‌ور.. ستار ئه‌حمه‌د

گڵ له‌زامه‌كانم وه‌رده‌ده‌م
له‌كه‌ناری ئه‌ستێره‌یه‌كا
ده‌چمه‌ تابلۆی تاریكیه‌وه‌
شه‌وه‌زه‌نگ سیاچاره‌ییم له‌گۆڕده‌نێ‌
به‌ره‌و خۆزگه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی
رامووسان له‌چرپه‌ی خۆرده‌چنن
كانیه‌ك ماچده‌كه‌ن
لێویان له‌ده‌روونی ته‌رم ده‌كه‌وێ‌
ئه‌م هه‌واره‌ ره‌جم كراوه‌
هه‌وری سپی ….
كفنی بابرده‌و
ئه‌گریجه‌ی شۆڕه‌ژنی گه‌رمیانه‌
گه‌رمیان… ئه‌سپه‌شێی حه‌سره‌ت و
چاوگی ئه‌نفال و ژه‌هروخوێن
بویه‌ گه‌واله‌یه‌ك به‌سه‌رما بگرمێنێ‌
ده‌روونم بریسكه‌ ده‌دات
گۆشه‌نیگام ….
گوله‌ ئه‌ستێره‌ی باڵوه‌ریوه‌
به‌ته‌نیایی….
له‌بێده‌نگی ئاسمان
ژاكانی خاك
به‌ربوونه‌وه‌ی رۆحی ئه‌ستێره‌كان
زریان ده‌كه‌مه‌ كه‌پر
باڕه‌شێك ناسنامه‌م لوول ده‌دات
سه‌رابێك…
په‌نجه‌كانم ده‌كا به‌گژی ده‌ستما
سه‌به‌ته‌یه‌ك له‌هێشووه‌ وشه‌
له‌سینه‌مدا ده‌ته‌قنه‌وه‌
شنه‌بای ئارام و
خواوه‌ندی جوودایی
له‌نێو سه‌مفۆنیای بێده‌نگیا
به‌پاكی ئاشنام بكه‌
گڤه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ له‌هه‌ناوما شیكه‌ره‌وه‌
چیتر مه‌مده‌ره‌ ده‌ستی قه‌ده‌ری ئاوه‌وه‌
له‌ژوانگه‌ی خنكانێكا به‌مردن بسمیلمكه‌
من له‌گوناه‌ هه‌ڵكێشراوم
له‌به‌رائه‌ت ده‌سرازه‌یان بۆ چنیوم
تازه‌ له‌سه‌دا تێناگه‌م
ماڵه‌كه‌مه‌م له‌گۆڕی غه‌ریبان كپتره‌
له‌كوێ‌ له‌م سه‌فه‌ری عه‌شقه‌
به‌گرمه‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌ور
ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك رادێم
به‌حه‌وت ئاسمانه‌وه‌…
له‌شیله‌ی حه‌زێكا دانامركێم
چۆن له‌خه‌نده‌ی چڵێكا
چڵوپۆ ده‌رده‌كه‌م
بۆ به‌م سووتانه‌م…
له‌خۆرم نزیك ده‌كه‌یته‌وه‌
له‌به‌رامه‌ی گڵ‌و باران دامده‌بڕێنی
ئه‌م عومره‌م له‌ خه‌ڵوه‌تی ده‌روێشان درێژتره‌
ئیتر بۆ ده‌فی دڵم ده‌ده‌یت به‌شانی رووباردا
به‌رامبه‌ر زریان‌و ره‌هێڵه‌ یه‌قینم پێده‌دۆڕینی
من دڵنیام ئه‌م هه‌وره‌ پاڵتۆی گژوگیایه‌
چیاش برسێتی به‌ كوڵمی ئاونگێك ده‌سپێرێ
عومری ئێمه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌
له‌ باده‌ی شه‌ودا
ده‌نگه‌كان به‌ گوێمانا ده‌دات
بۆیه‌ له‌ خۆم بێزاربم
ترس ده‌بێته‌ زایه‌ڵه‌‌و
كۆڕه‌وی ته‌نیایی به‌ ده‌روونمدا ده‌گوزه‌رێنێ
په‌لگه‌زێڕینه‌ روومه‌تم ده‌كاته‌ په‌راوێزی تابلۆكانå
پاشماوه‌ی ده‌نگه‌كان ئاوێته‌ی رۆحم ده‌بن

ستار ئه‌حمه‌د




با و موژدە.. سەردار جاف

(من و با ) وڕێنە بۆ يەک هەڵدەڕێژين
دەڵەمەی خەياڵدانی ئەو ئاڵۆسکاوە
سەرگوزشتەی داستانی بوون و نەبوونی
لە بيرچووە ، يا خزاوەتە دەرياوە
منيش لە نێو دەبەنگی غوربەتی خۆما
باوەش بە ڕەگی ئاو دەکەم
گێژەڵوکەيش نەی لەراندووم
خەياڵێکە و بۆ تەنيايی خۆی گرياوە
با لە باوکێکی ئەرستۆ و
دايکێکی گەرم هاوێرە
وڕێنەکانيشی جارجار
بە چرپەيەک دەيدرکێنێ
باوکم دەريا و دايکم خۆڵە
منی گێلکرد
بخولێمەوە لە سوسەی خۆم
نازانم من لە ئاتەشم
يا لە هەناوی بەفردام
يا حەرامزادەی سروشتم
کە خەياڵدانم بنکۆڵە
با پەردەی سەر ئيشقی لا دا
خولاوی نێو پانتايی ئەوينی ئەو بووم
شەيدا و مەست و
ئەو غايەڵەی پەيوەستيم بوو
باهۆڕی کرۆنای هێنا و لێی ئاڵانم
پەنام بۆ ئاوێکی ڕوون برد
کانی و ڕوبار و دەرياکان
لێم ياخی بوون
سەرنگونی نێو زريان و تۆفانيان بووم
ئاراميم لە بەر بڕا بوو
دەفەی سينەی يار دوا مەنزڵ
کەچی لەوێش لە بێ موژدەيی ناڵانم

16.09.2021
Deutschland – Bad Camberg