فلاشباک.. بەشی پانزە.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی پانزە

دوێنێ پاش پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی “ئیمێرجنسی” هاتمە دەرەوە و ئێستا لە ماڵەوەم. لە رۆژی 2-3-1999 لەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێیان بووم لە گوندی “دێلێژە و چەپە چنارە”ی قەرەداغ، کە سەرقاڵی مەشقی پراکتیکی عەسکەریی بوون، نارنجۆکێک بە هەڵە لەلایەن هاوڕێ “کاوە نەسیب مقەدەم” هەڵدرایە نزیکم، بەو هۆیەوە دوو پارچەم بەرکەوت، یەکەمیان کەوتە سەر برۆی چەپ و دووەمیشیان دەستی چەپی گرتم. هەرچەند من بۆ مەشقەکە نەچووبووم بەڵکو بۆ کاری وێنەگرتن و ئامادەکاریی بەرنامەیەکی رادیۆیی لەگەڵ “ئاسۆی پەیامنێر” چووبووین، بەڵام تیایدا بریندار بووم، لە رێگەی هاوڕێ “نازەنین ساڵح” کە نامەیەکی تایبەتی نووسیبوو بۆ “د.عەدنان” رۆژی 3-3 داخڵی نەخۆشخانە بووم و هەمان رۆژ نەشتەرگەرییان بۆ دەستم ئەنجامدا، سەرەتا بڕیار بوو بە بەنجی مەوزوعی بیکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارچە رومانەکە بەرەو قووڵایی چوو بوو، ناچاربوون بەنجی گشتیی بەکاربێنن.
ئەمەوێ بڕۆمە دەرەوە، هیچ بەرنامەیەکم نییە، جگە لە بینینی یار، لەگەڵ ئەوەش ئەو هەمیشە لە بیرۆکەکانم تۆقیوە، لەبەرئەوەنا، بیری تۆقێنەرم هەیە، بەڵکو بەو هۆکارەی ترسی هەیە ئەو یاخیبوونەم لە کەلتوور، لە بنەماڵە، لە ئاین، لە خێڵ و دەسەڵات، لە کۆمەڵگە و حزبەکان، سەرئەنجام ببێتە مایەی دەردیسەرییەکی گەورە بۆم. مرۆڤ چەند بیەوێ خۆی بێت ناهێڵن! چەند بیەوێ لە قاڵبە داتاشراوەکانی نەتەوە و مەزهەب و سیاسەت بێتە دەرەوە ناهێڵن!. ئازادیی تەنیا درۆیەکی گەورەیە لە هەموو جیهاندا، وەلێ حاڵەتەکە رێژەییە، بەڵام لەسەر زەوی هیچ ئازادییەک نییە. ئازادیی لە زەمەنی سیستمی نوێی جیهاندا لەلایەن دەوڵەتانی زلهێز و بێهێزەوە ئەتک کراوە.
زۆرجار ئەڵێن قەمعی سیاسیی و سێکسی و کۆمەڵایەتی خەسڵەتێکی کۆمەڵگە پیریمتیڤەکانە، ئەوانەی بە جیهانی سێهەم ناسراون، کەچی داخی گرانم لە سایەی سەرمایەداریی و شەپۆلی سێیەمی شارستانی لە جیهانی رۆژئاوا مرۆڤ کائینێکی کۆنترۆڵکراوە و بە رۆبۆتکراوە! فەرموو چالاکییەکی گرنگی ئەنتی سیستم بکە، بزانە چۆن پۆلیسی نێودەوڵەتی وەک کارلۆس دەستبەسەرت ئەکا. مەبەستم داکۆکی نییە لە کارە مافیاییەکانی کارلۆس، بەڵام تۆ کارێکی ئینسانی بکە کە زیانی بۆ سیستمی سەرمایەداریی هەبێ، بەهەمان میزان ئەتکێشن و دزێوت ئەکەن. تیرۆرکردنی قەشەکانی لاهوت تەحریرە لەلایەن سی ئای ئەی “CIA” باشترین بەڵگەیە.
ناهێڵن مرۆڤ بێ دیسپلین بژی، ناهێڵن مرۆڤ لەگەڵ سروشت ئاشت بێتەوە، ناهێڵن مرۆڤ بێ ناچارکردن بە هەزار شت کە ئارەزووی ناکا بژی. مرۆڤ بە جۆرێ کۆیلەی سیستمی سەرمایە کراوە کە هیچ کات ئەو کۆیلەدارییە شێوەی نەبینراوە بەدرێژایی هەموو مێژوو. ئەنگلس وتەنی “لە کۆندا کۆیلە یەک جار بە یەک کەس دەفرۆشرا، بەڵام پڕۆلیتاریا ناچارە هەموو رۆژێک بگرە هەموو کاتژمێرێک خۆی بفرۆشێ”. خۆفرۆشتن بەو مانایەی کە هێزی میکانیکی و جەستەیی بە کۆی سیستمی کاپیتالیزم ئەفرۆشێ. ئەوە کەی ناوی ئازادییە لە جیهانی رۆژئاوا کە خەڵک هەموو وەک شارە مێروولە بەیانیان ئەڕژێنە وێستگەکانی شەمەندەفەر و پاس؟ بۆ ئەوەی زووتر بگەنە کارخانە و فابریکەکانیان، هەشت نۆ سەعات رۆبۆت ئاسا کاربکەن و دواتر بە شەکەتی دێنەوە ماڵ. ئەمە داڕنینی مرۆڤە لە هەموو بەها و ئارەزووە ئینسانییەکانی، ئەمە پرۆسەی خنکاندنە بە هەنگوین نەک ئەو فۆرمە کلاسیکییەی کوشتن کە لە دنیای رۆژهەڵاتیدا باوە. ئەمە وێرانکردنی هەست و رۆحی ئینسانەکانە.
مرۆڤ گەیشتۆتە ئەو راددەیەی کە “بیتهۆڤن” لەسەرە مەرگدا وتی “هاوڕێیان بیکەنە چەپڵەڕێزان، گاڵتەجاڕییەکە ئیدی تەواو”. نامۆبوونی ئینسان گەیشتۆتە ئەو ئەندازەی هەست ئەکات بە مردوویی ئەژی و مردنیش وەک پرۆسەیەکی فیزیکی بە جەژن و زەماوەند لێکبداتەوە! ئەزانن ژیان خۆی لە خۆیدا ناماقووڵە، هیچ و پووچە، لەوەش کارەساتبارتر دەستتێوەردان لەو هیچی و ناماقووڵییەدا بکەیت. تا زۆرتر و زۆرتر و زۆرتر، هیچیتر و ناماقووڵتری بکەیت!!. هەر لەبەرئەوەیە پێکێک لەم وێسکییە ئەخۆمەوە و نەفەسێکی خەمبارانە لە جگەرەکەم ئەدەم، پێش ئەوەی سەرم بکرێتە تەپڵەک.
ئەم بەیانییەش شیعرێکم نوسیوە کە بەمجۆرە دەست پێ ئەکات:
گەر بەدەستم ئەبوو لەئاسمانەوە نان و ئازادیم ئەباران
گەر خودایەک هەیە چەند شەرمە کە ئەم کارە ناکات؟
ئەگەر بەدەستم ئەبوو فرمێسکم ئەگۆڕی بۆ بزەی شیرین
گەر خودایەک هەیە بۆچی دڵخۆشە بە قووڵپی گریان؟.

8-3-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 51-55 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




کۆمۆنیزمی کرێکاری وئازادییە تاکە کەسیەکان حەمید تەقوایی

سازدانی دیمانە:خەلیل کەیوان
وەرگێڕانی:کاوە عومەر

ئەم دەقە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنیکی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان:ئەڵێن کۆمۆنیستەکان گرنگی بەئازادی تاکە کەسی نادەن.ئایا هۆکاری بڵاو بونەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ئەزمونە شکست خواردوەکانی سۆڤیەت وچین وهتددە؟کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بەئازادییە تاکەکەسیەکان چی دەڵێت؟ئایا یەکسانی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا کەیەکێک لە ئامانجە بنەڕەتیەکانی کۆمۆنیستەکانە بەمانای نەهێشتنی جیاوازیە تاکەکەسیەکانە؟ڕوانگەو کارنامەی عەمەلی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە بواری ئازادیە تاکەکەسیەکاندا چیە؟ئەم پرسیارانەو زۆر پرسیاری تریش هەر لەم بوارەدا لەگەڵ حەمید تەقوایی دەخەینە ڕوو.
حەمید تەقوایی وێنەیەکیان داوە کە کۆمۆنیستەکان تاکیان کردوەتە قوربانی گشت.ئایا ئەمە ڕاستە کە کۆمۆنیزم بەهۆی ئەو گرنگیەی کەبە کۆمەڵگەو ژیانی کۆمەڵایەتی ئەدات،ئازادی ومافە تاکەکەسیەکانی فەرامۆش کردوە؟

حەمید تەەقوایی:بەوشیوەیە نیە.بەتەواوەتی پێچەوانەیە،گرنگی و پێگەو دەورێک کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ تاک وئازادییە تاکەکەسیەیان قایلە زۆر تۆکمەترە لە لیبریاڵ ترین و دیموکراتی ترین ئەو ڕوانگانەی بلۆکی بەرانبەر،لە بلۆکی بەرگریکار لە سەرمایەداریدا بونی هەیە.
یەکەم ئازادیە تاکەکەسی وکۆماڵایەتیەکان جیواز نین لەیەکتر.بەڵێ کۆمۆنیزم لەبنەڕەتدا لەپیناو ئازادی و یەکسانی وڕزگاری تەواوی کۆمەڵگەدا خەبات دەکات و کۆمەڵگە چەقی خەباتەکەیەتی بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە رزگاری کۆمەڵگە،ئازادی هەموو خەڵک ودابین کردنی خۆشگوزەرانی گشتی،لە ئاستی هەر ئەندامێکی کۆمەڵگەدا دەنگدانەوەو مانای دەبێت و ناتوانێت مانایەکیشی هە بێت جگەلە خۆشگوزەرانی و ئازادی یەک بەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگە.
دوهەم خاڵی گرنگ تر ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنها بەرگریکاری مافی تاکەکان نیە بەڵکو ئەیەوێت لە پێداوستیە ئابوری-کۆمەڵایەتیەکان بەهرەمەند ببن وئەو مافانە بۆ هەموان دەستەبەربکرێت.
سەیرکەن،زۆرکات لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا،لە سیستەمی سەرمایەداریدا،کاتێک قسە لەسەر ئازادی ومافی تاکەکان دەکرێت،بابەتەکە تەنها لەئاستی قانونی ویاساییە و بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێنێتەوە.بۆ نمونە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا تۆ دەتوانیت و مافی ئەوەت هەیە کە بۆ هەر شوێنێکی دونیا کە بتەوێت سەفەر بکەیت بەڵام ئەگەر پارەو پیداویستیەکانی سەفەرت نەبێت،ئەگەر ناچار بیت بۆ دابینکردنی ژیانت هەموو ڕۆژێک کار بکەیت،لەکردەوەدا ناتوانیت سەفەر بکەیت،تۆ مافی ئەوەت هەیە کە هەر خانویەک پیت خۆشە بیکڕیت بەڵام ئەگەر توانا مالیەکەیت نەبوو ئەوکاتە هەتا کۆتایی تەمەنت دەبێت کرێ نیشین بیت و ناتوانیت سود لەمافی هەبونی خانوو وەربگریت.تۆ دەتوانیت ئازادانە ڕای خۆت دەرببڕیت بەڵام ناتوانیت سود لە ڕاگەیاندنە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە بیروڕای گشتی پێکدەهێنن.تەنها بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو بەردەستە.تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کەبە”لانکەی دیموکراسی” ناسراون هەموان دەتوانن لە هەڵبژادنەکاندا بەشداری بکەن بەڵام ئەگەر ملیۆنان دۆلار بۆ پڕوپاگەندەی هەڵمەتی هەڵبژاردن سەرف نەکەیت لەڕاستیدا شانسی سەرکەوتنتان نابێت.
ئەم نمونانە و هەزاران نمونەی هاوشێوەی پیشانی ئەدەن کە هەبونی ماف، و توانای کردەیی سود وەرگرتن لەماف،دوو بابەتی بەتەواوەتی جیاوازن.ئەم فاکتەرەی دوهەم هیچ پێگەیەکی لەئیعرابدا نیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا و هیچ کەس قسە لە بارەیەوە ناکات.ئێوە ئەگەر بەیاننامەی مافی مرۆڤ بخوێنیتەوە دەبینیت تەنها وشەیەکیشی لەبارەی لەتوانادابونی بەهرەمەند بونی هەموو خەڵک لەیەکسانی تێدا نیە .لەسەر کاغەزدا.هەموو مافی یەکسانیان هەیە بەڵام بەکردوە ناتوانن سود لەم مافانە وەرگرن.ئەم کیشەیە تەنها لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت.کۆمۆنیزم نەک هەر تەنها باوەڕی بە ئازادی ومافە تاکەکەسیەکانە،بەڵکو توانایی سود وەرگرتنی هەموانە لەم ماف وئازادیانە. ئەم ئەگەرە،ئەوەی کەلەڕوی بابەتیەوە مرۆڤەکان بتوانن لەم مافانەیان بەهرەمەند ببن،بەتەواوەتی لە گرەوی سۆسیالیزم دایە.هەتا سەرمایەداری ڕیشەکێش نەکەیت ئەم بوارە ناڕەخسێت.
بە دەستەواژەیەکی تر کۆمۆنیزم بە لەناوبردنی ئەو فشارە ئابوریەی کە لە هەناوی سەرمایەداریدایە کەبەسەر زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگە،بەدەستەواژەی ئیمڕۆیی لەسەدا نەوەدونۆکاندا دەسەپێنرێت،بەشێوەیەکی ڕاستەقینە توانای دەست ڕاگەیشتنی بەو ماف وئازادیانە مەیسەر دەکات.کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری وەڵامێکیان بۆ ئەم کێشەیە پێنیە و تەنانەت بانگەشەیەکیشیان لەم بوارەدا نیە.
خەلیل کەیوان:بەڵام ئەزمونەکانی وەکو سۆڤیەتی جاران وچین و کۆریای باکور پیشانی ئەدەن کەئازادیە تاکەکەسیەکان لەو کۆمەڵگەیانەدا پیشێل دەکرێت.هۆکار چیە؟ئایا ئەم کارە پەیوەندی بە ئایدۆلۆژی کۆمۆنیستی ئەو دەوڵەتانەوە نیە؟
حەمید تەقوایی:خالی یەکەم ئەوەیە ئەو ڕژێمانەی کە ناوت هێنان خۆیان بە کۆمۆنیزم دەزانی یان دەزانن.لە قسەکانیاندا خۆیان بەکۆمۆنیست ناو دەبەن لە کردوەشدا شتیک نین جگە لەسەرمایەداری دەوڵەتی.بەتایبەتی چین بەکردەوە ئەم ڕاستیەی نیسانی دونیا داوە.کۆمۆنیزم لەبنەمادا لەپێناو نەمانی چەوسانەوە هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکریدایە.ئەمە هەموو دونیا،چ لایەنگران وچ نەیارانی کۆمۆنیزم دەیزانن.لەهەمان کاتدا هەموان دەبینن کە چەوسانەوەو کۆیلایەتی بەکرێ لە چین بەتوندوتیژترین شێوە،تەنانەت توندتر لە وڵاتانی سەرمایەداری کە ئیدێعای کۆمۆنیزمیان نیە.لە ئارادایە.لەبەر ئەوە زۆر ئاشکرایە کە ئەم جۆرە رێژێمە پێشێل کارەی ئازادیە کەسیەکان هیچ پەیوەندیان بە ئامانج و ئاسۆی کۆمۆنیزمەوە نیە.بەڵکو پەیوەستە بەجۆرێکی تایبەت لە سەرمایەداری، کە پێویستیان بە هێزی بێ ڕکابەری دەوڵەتە لە ئابوری و لە سیاسەتدا.شێوازی سەرمەیەداری دەوڵەتی کە بەرنامە بۆ داڕێژروای دەوڵەت وپشت بەستوە بە کۆنتۆڵی هەموو هۆکارەکانی ئابوری وسیاسی،بەڵام هەر وەکو سەرمایە لە جۆری ڕۆژئاوا چەرخی ئابوریەکەی لەسەر بنەمای چەوسانەوەی هێزی کارو قازانج هینان و کەڵەکەی سەرمایە دەسوڕێت.
هۆکاری ئەوەی کەلەو ڕژێمانەدا ئازادی ومافەکان زیاتر پێشێل دەکرێت لە دوو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێت.یەکەم کە کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت بەسەر هەموو کارو کاردانەوە ئابوریەکانی کۆمەڵگەدا پێوستی بە سەپاندنی دەسەڵاتی موتڵەق وپاوانی دەوڵەتە بەسەر کۆمەڵگەدایە لە هەموو بوارەکاندا،لە لایەنی ئابوری وسیاسی وکلتوری و کۆمەڵایەتی و هتد،ئەمەش پێویستی بەپێشێلکردنی تەواوی ماف وئازادیەتاکە کەسی و مەدەنیەکانی هاوڵاتیانە و دوهەم هەر ئەم ناکۆکیەی نیوان ناوو بانگەشەی کۆمۆنیستی و ڕاستیە کاپیتالیستیەکانی ئەم ڕژێمانە ئەوە دەخوازێت کە دەوڵەت پێش بەهەر ڕادەربڕینێکی ڕەخنەگرانە و هەر ئاماژەیەک بەم ناکۆکیە بگرێت.ڕاست لەبەر ئەوەی ڕژێمێکی کاپیتالیستی کە خۆی بە کۆمۆنیست ناو دەبات ناتوانێت رێگە بدات کە کەسێک پەنجە ڕاکێشێت بۆ ئەو ناکۆکیە و بۆ نمونە کەسێک یان حزبێک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن دژی ئەم کارە بوستێتەوە.ئەم ناکۆکیە ئەوەندە ئاشکراو ڕونە کە کەمترین دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی ئەو بارودۆخە ئەتوانێت ببێتە بزوتنەوەو هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی،.لە بلۆکی شورەویش هەر بەو شێوەیە بوو.یەکێک لە هۆکارەکانی هەرسهێنانیشی هەر ئەو ناکۆکیەبوو.
ئەم دوو فاکتەرە دەستبەسەردا گرتنی تەواوەتی دەوڵەت بەسەر هەموو کاروباری کۆمەڵگە و ناکۆکیەک کە لەنیوان ئیدیعای کۆمۆنیستی دەوڵەت و واقیعیەتەکانی کۆمەڵکەدا هەیە بنەما و سەرچاوەی پێشل کردنی ماف وئازادیەتاکەکەسیەکانە لە ڕژێمە سەرمایەداریەکانی داواکاری کۆمۆنیزمدا نەک ئایدۆلۆژیا و یا سیاسەتی کۆمۆنیستی نامەجوودی ئەو دەوڵەتانە.

خەلیل کەیوان:باسێکی تر بابەتی تایبەتمەندیە تاکەکەسیەکانە.لایەنی تایبەتی کۆمۆنیزم جەختکردنەوە لەسەر یەکسانی هەموو ئینسانەکانە.ئایا ئەم جەختکردنەوەیە،لەسەر یەکسان کردنەوەی تاکەکان بە پیشێلکردن و نکوڵیکردن لە تایبەتمەندی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا کۆتایی نایەت؟

حەمید تەقوایی:بەهیچ شێوەیەک یەکسانی بەمانای وەک یەکبون نیە.ئێمە باسی یەکسانی دەکەین نەک وەک یەک بوون.ئاسۆو ئامانجی ئێمە بەدیهێنانی ئەم دروشمە دیارو ناسراوەیە.لەهەرکەس بە پێی توانا،و بۆ هەرکەس بەپێی پێوستی.بەدڵنیایی پێویستی مرۆڤەکان جیاوازە.مرۆڤە جیاوازەکان پێویستی جیاوازیشیان هەیە و وەڵام دانەوەی ئەم پێویستیانە نەک هەر بەمانای پێشێل کردن و نکوڵی کردن لەم تایبەتمەندیانە نیە بەڵکو بەڕەسمی ناسینی ئەو تایبەت مەندیە کەسیانەیە وەک بنەمای مامەلەکردن لەگەڵ تاکەکان دای دەنێن،بیگومان خێزانیکی چەند نەفەری بەراورد بە کەسێک کە بەتەنها دەژی پیویستی بە خانویەکی گەورەتر هەیە.و یان کەسانیک کەلە هەڵبژاردنی جل وبەرگ و کەلوپەلی ژیان و جۆری سەرگەرمی و هتد سەلیقەو ئەولەوێتی جیاوازیان هەیە پێویستی جیاوازیان هەیە.لە دروشمی هەرکەس بەپیی پێویستیەکەی هەموو ئەم تایبەت مەندی و جیاوازیانە لەبەرچاو گیراوە،پێویستیەکان جیاوازن و کاتێک ئامانج و سیاسەتی ئێوە ئەمە بێت کە پێویستیەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر ببێت مامەڵەی وەک یەکت لەگەڵ تاکەکان نەکردوەو چون یەکبونێک لە ئارادانابێت.

من دەزانم کە کۆمەڵگەی چاینە،بە یەک شێوەکردنی پۆشاکەکان و تەنانەت بەهاکان و سەلیقە هونەری و کلتوریەکان بەتایبەت پاش شۆڕشی کلتورگۆڕین لە وڵاتدا برەوی پەیداکرد،ئەو وێنەی بەدونیا داوە کە گوایە کۆمۆنیزم خوازیاری چونیەککردنی تاکەکانە. لە وەڵام بەمەدا ئەبێت جارێکی تر ئاماژە بکەم بەسەرمایەداری دەوڵەتی لەژێر ناوی کۆمۆنیزم و ئەو بەڵاو و کوێرەوەریە تایبەتانەی کە دەرهاویشەتەی بون.دەستبەرداگرتنی بێ ڕکابەری دەوڵەتی پێویستی بە کۆمەڵگایەکی سەربازگەییە و ئەمەش ئەمڕۆ لە کۆریای باکوردا دەبینین.
کۆمۆنیزمی کرێکاری ،کۆمۆنیزمێک کە نوینەرایەتی مانیڤێست وبرنامەی دونیایەکی باشتر دەکات،نەک تەنیا ناکۆکە لەگەڵ وەچونیەک لێکردندا بەڵکو ڕێگەدەدات کە بەفراوانترین و هەمەلایەنەترین لایەنی،تایبەتمەندیەکان وئامادەییە تاکەکەسیەکان بگەشینەوە.ڕێک وەدیهێنانی ئیمکانی بەهرەمەندبون لە ماف وئازادیە تاکەکەسیەکان،کەلەسەرەتای ئەم دیمانەیەدا ئاماژەم پیدا،زامنی بەدیهاتنی دەورو پێگەیەکە بۆ تاکەکان کە تەنانەت لە لیبریاڵترین ڕژێمەکانی سەرمایەداریدا ئەوە نابینیت.

خەلیل کەیوان:ئەم تێگەیشتنەی ئێوە لە گرنگی و پێگەی تاک، بۆ کۆمۆنیزمێک کەلە ئۆپۆزۆسیۆندایە چ مانایەکی هەیە؟

حەمید تەقوایی:کارنامەی حزبی ئێمە بە ڕونی گرنگی جیگای تاک پیشان ئەدات.بۆ نمونە هەرکەس بەدوای مێژووی حزبی ئێمەدا گەڕابێت دەبینێت کە مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ماف وئەرکەکانی ئەنداماندا،بەتەواوەتی جیاوازە لە وێنەیەک کە ئەو کۆمۆنیستانەی ئێستا لەدەوڵەت و یا ئۆپۆزۆسیۆندان نیشانیانداوە.حزبی ئێمە یەکەمین ڕەوت و بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەلە ئێراندا کە لە دژی سونەتی نهێنی کاری و ناشەفافیەت وئەندامانی تواوەو و ڕوخسارداپشراو لە ڕیکخراوە چەپەکاندا کەوتە ڕوبەڕو بونەوەو ڕایگەیاند کە ئەندامان وهەڵسوڕاوانی حزبی ئەبێت بە ناوی خۆیانەوە بنوسن ودیمانە بکەن و بەتەواوەتی خۆیان نیشان بدەن.ئەمە باسێک بوو کە مەنسور حیکمەت لە کاتی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا پیشنیاری کرد و بەئاشکرا لەو بارەیەوە نوسی و ڕونکردنەوەیدا.ئەو جەختی کردەوە لە گرنگی ناوو ئیمزای کەسەکان لەسەر سیاسەتەکان و لێکدانەوەکان وبۆچونە بڵاوکراوەکان لەلایەن حیزبەکان و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکانەوە.ئەم میتۆدە حزبەکان وسیاسەت و هەڵوێستەکانیان دیاری دەکات.نیشانی ئەدات کە حیزب کۆمەڵە کەسێکی دەموچاو شاراوەو بێ ناسنامە نیە کە وەک بڵێی هەمویان لە ڕێکخراودا تواونەتەوە.تا ئەو کاتە سونەتی باو ئەوە بوو- و تا ئێستاش لە هەندێک لەڕێکخراوە چەپەکاندا تا ئاستێک ئەم سونەتە هێشتا هەرماوە-کە ئەندامانی ڕێکخراو شوناسی ڕوبەدەرەوەو ئاشکرایان نەبێت و تەنانەت ڕابەرانی ڕێکخراوەکانیش نەناسراوبن.هۆکارێکی ئەم کارە بارودۆخی سەرکوت ومەسەلەی ئەمنیەت بووبەڵام ئەمە هەموو گرفتەکە ڕون ناکاتەوە.دەیانتوانی بەناوی خوازراو بنوسن و خۆیان پیشان بدەن.ئەمە بەر لە کێشەی ئەمنی و نهێنی کاری،ئاکامی لێکدانەوەو جۆرە بیرکردنەوەیەک بوو کە دەرکەوتن و خۆدەرخستنی تاکەکەسی بەناکۆک دەزانی لەگەڵ هەڵسوڕانی بەکۆمەڵدا.وەک ئەوەی هەموو ئەندامانی ڕێکخراو وەک یەکن.باسەکەی ئێمە ئەوە بوو کە ئەبێت ڕون بێت کە یەکەم ڕابەرانی ڕێکخراوەکان چ بۆچون و هەڵوێستیکیان هەیە و دەورو کاریگەریان لەسەر سیاسەت و کارکردی ڕێکخراوەکەیان چیە و دوهەم کۆمۆنیستەکان ئەبێت ڕوخسارێکی دیارو ناسراویان لە ئاستی کۆمەڵگەدا هەبێت.ئەبێت ئاشکرابێت کە چ کەسانێک نوێنەرایەتی چ بۆچونێک دەکەن.بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەبێت ئاشکراو ناسراو بن و گۆشەیەکی ئەم کارەش ناساندنی کەسایەتیەکانە بەکۆمەڵگەیە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە بۆی هەیە لە ڕێکخراوەکاندا بۆچونی جیاواز هەبێت کە بەسیاسەت وپێکهاتەی ڕابەری جیاواز کۆتای بێت.ئەبێت کۆمەڵگە ئاگاداری ئەم ئاڵوگۆڕانەبێت.بەتایبەتی کاتێک ئەم بۆچونە جیاوازانە بە پێکهێنانی فراکسیۆن وجیابونەوەکۆتای دێت.کۆمەڵگە دەبێت بزانێت کە هەرکەسێک چی دەڵێت و ڕەوتی باسەکان چۆن بوە.ئەمە بەشێکە لە شەفافیەت و بەرپرسیارێتی گرتنە ئەستۆیە لەبەرانبەر کۆمەڵگەدا.تەنانەت لە حزبێکداو بە سیاسەتێکی یەک دەست پیداگری تاکەکان وئەولەوێتەکان و شێوە تەبلغی کەسەکان جیاوازە،ئەبێت کۆمەڵگە ئەوە ببینێت.بەتایبەت خاوەن بۆچون و تیئۆریسێنەحیزبیەکان ئەبێت ناسراوبن.تاکتیک داڕێژەرانی حیزب ئەبێت ناسراوبن،ئێمەهەر لەو سەرەتایەوە،لەکاتی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،لە سی و چەند ساڵ لەمەبەر،لەسەر ئەو بنەمایە بەم دیدگایەوە لە پێگەی تاک لە حیزبدا چالاکیمان کردوە.ئەم هەڵوێستگیریە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا بە بۆچونی حیزب و کەسایەتیەکان تەواو بوو.
ئەمڕۆ حیزبی ئێمە خاوەنی زۆرترین کەسایەتی ناسراوە لەئاستێکی ئاشکراو کۆمەڵایەتیدا.ئەندامانێک کە بەواژۆی خۆیان لە بڵاوکراوە حیزبیەکاندا وتار دەنوسن،لە میدیا کۆمەڵایەتیەکاندا ناسراون،لە ڕوبەڕوبونەوەو کەمپینەکاندا ئامادەن،هەموانیش دەزانن کە ئەم هەڵسوڕاوانە ئەندام وکادیرانی حزبن.
خاڵیکی تر باسی حزب و کەسایەتیەکان.بەبۆچونی ئێمەئەڵقەی پەیوەندی نیوان حزب وکۆمەڵگە کەسایەتیە حزبیەکانە وکاریگەریدانان لەسەر ئاڵوگۆڕو ڕوبەڕوبونەوەکان لە بنەمادا لە ڕیگەی کەسایەتیەکانەوە ئەنجام ئەدریت.لەم لایەنەشەوە ئەمڕۆ حزبی ئێمە خاوەنی کەسایەتیە ناسراو و خۆشەویستەکانە لەمەیدانە جیاوازەکاندا،ئەکرێت بڵێی نەبەردە جیاوازەکانی،وەک خەبات لە دژی ئیعدام،لەدژی بەردەباران،بەرگری لەمافی پەنابەری،بەرگری لە زیندانیە سیاسیەکان،لە بزوتنەوەی کرێکاری و هتد وهتد بەهرەمەندە.ئێمە تەنانەت هەوڵمانداوە ئەمە بکەینە کلتورێکی گشتی ولە بزوتنەوەی چەپ و لە بزوتنەوەی کرێکاری.ئەمڕۆ دەبینین کە بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران خاوەنی زۆرترین کەسایەتی چالاکە و کەسایەتی و چالاکوانی ناسراو و خۆشەویستی لە ئاستی هەموو کۆمەڵگەدا هەیە.بیست ساڵ لەمەوبەر بەو شێوەیە نەبوو.ئەمڕۆ نەک تەنها حزبی ئێمە بەڵکو بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی تریش بەرەو ئەم لایە جوڵاون.
کۆتا خاڵ مافی تاک لە حزبی ئیمەدایە.ئێمە باوەڕمان بەتواندنەوەی ئەندامان لە ڕێکخراوو لەژێر تیشک دانانی تاک لەڕێگەی ڕێکخراوەی حزبیەوە نیە.ڕێز بۆ فیداکاری و لەخۆبردویی دادەنێین.بەڵام ڕێکخستنی حزبی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە نیە،بۆ ئێمە ژیانی تایبەتی و لەپێشترینە کەسی و خێزانیەکانی ئەندامەکانمان گرنگیان هەیە و فاکتەرێکی گرنگە بۆمان لە کاری ڕێکخستنی کەسەکاندا.لە دابەشکردنی بەرپرسیاریەتیەکانیشدا ئارەزو هەڵبژارەدی تاکەکان بنەمای کاری ئێمەیە.بەرپرسیارێتیەکان لە حزبی ئێمەدا لەسەر بنەمای توانایی وئامادەیی و ڕازیبونی کەسەکان دیاری دەکرێت.بەم ڕیزبەندیە نەک هەر ڕوبەکۆمەڵگە بەڵکولە ئاینامە لە بۆنە ناوخۆیی و ڕێکخراوەیەکانیشدا تایبەتمەندیەکانی کەسەکان بۆ ئێمە گرنگن.چ لە کۆمەڵگەو چ لە حزبدا کەسانێک هەن کە لەکۆتایدا دەتوانن لە ئاستی کلتوری وکۆمەڵایەتی وسیاسیدا بڕۆنە پیشەوەو داهێنان وتواناییەکانیان پیشان بدەن.بەم ڕێگایە کۆمەڵگە دەجێتە پیشەوە.حزبیش هەر بەو ڕێگایە گەشەدەکات.
خەلیل کەیوان: ئەشێ بەستنی کۆنگرە بەشێوەی ئاشکراو لەجێیەکدا کە هەموو خەڵک دەستیان بگات بەئەندامان و ڕابەرایەتی حزب وکۆمیتە ناوەندی حزبیش، هەر لەم چوارچێوەیەی دیدگایی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ تاک لەبەرچاو بگریت.بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
حەمید تەقوایی:ڕێک ئەوەش بەشێکەلە هەمان هەوڵی ئێمە بۆ ناساندنی کەسایەتی وناساندنی کەسانێکە کە سیاسەتەکان وبابەتەدیاریکراوەکانی حزب نوێنەرایەتی دەکەن،لەکۆنگرەکاندا نوێنەران وئەندامانی بەشدار بوو قسەوباس و بۆچونەکانی خۆیان دەخەنەڕوو.دەنگ بە بڕیار نامەی جۆراوجۆر ئەدەن،ڕاپۆرت ئەدەن لەبارەی ئەو کاروچالاکیانەی کەلە نیوان دوو کۆنگرەدا ئەنجامدراون.قسە لەبارەی خاڵەلاوازو بەهێزەکانی حیزبەوە دەکەن و ئەمانەهەموو بەبەرچاوی خەڵکەوە ئەنجام ئەدرێت.ئەمە بەشێک لە سیاسەتی ئاشکراو شەفافی حیزبە کەدەبێتە ئەڵقەی نیوان و لە ڕێگەی هەڵسوڕاوانەوەبەکردەی دەکرێتەوە.بەم شێوەیە کۆمەڵگە نەک تەنهالەناو باس و کاردانەوەکانی ناوخۆی حزبی ئێمەدا ئەبێت بەڵکو ئاگاداری هەڵویست و کارکردو بۆچونی ئەندامەکانیش دەبێت لەم کاروکاردانەوەیەدا.ئاکامی ئەم شەفافیەت و ئاشکرایی و گرنگی دانە بە تاک،حیزبێکی کراوەو دیارو ناسراو و لە ئەنجامدا بەتەواوەتی شوێنی دادوەری و هەڵسەنگاندنە لەڕێگەی کۆمەڵگەوە.
ئەمە بەتەواوەتی لەبەرانبەر سونەتی کۆمۆنیستی ناشەفاف وناڕون و مەکتەبیدا دەوەستێت کە بەداخەوە هەندێک لە هێزە چەپەکان گیرۆدەی بوون.کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم ڕوانگەیەشەوەبەپێچەوانەی شەپۆلەوەیە.

خەلیل کەیوان:دوا پرسیارم سەبارەت بە ئازادی ومافە تاکەکەسیەکانە لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا.پاش سەرکەوتن و سەقامگیری ئەو کۆمەڵگە سۆسیالیستیەی کە ئامانجی ئێوە بوو مافی تاکەکان لە چ ئاستێکدا بەڕسمی دەناسرێت .ئایا ئازادی دژایەتی لەگەڵ حکومەتی سۆسیالیستیشدا بونی ئەبێت؟

حەمید تەقوایی: بێگومان.ئێمە باوەڕمان بەئازادی بێ کۆت وبەند هەیە و ئەوەش دەکەینە شتێکی کردەیی.ئەمڕۆش وەک ئۆپۆزۆسیۆن ئەو بنەمایە دەپارێزین و لەسبەینیی بەدەسەڵات گەیشتنیشمان ئەمە لە کۆمەڵگەدا دەکەینە یاسایەکی سەرتاسەری و پیادەی دەکەین.ئازادی بێ کۆت وبەند واتە ئازادی تەنانەت ڕەخنەگرتن لە کۆمۆنیزم وسۆسیالیزم و دژایەتیکردنی دەوڵەتی سۆسیالیستی و پایەبەرزو بەرپرسەکان لە کۆمەڵگەدا.ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە هەموو حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان تەنانەت ئیسلامیەکانیش دەتوانن فەعالیەت بکەن.تەنها مەرجی ئێمە ئەوەیە کە شەریکە تاوانی کۆماری ئیسلامی نەبن کەلە حاڵەتێکی وەهادا بەپێی یاسای تاوانەکان ئەبێت دادگایی بکرێن وباجی تاوانەکانیان بدەن.جگەلەم حاڵەتە هەموان،بەهەر ڕادەیەک کە لەگەڵ سۆسیالیزم وکۆمۆنیزمدا ناکۆک بن،یان لانگری ڕژێمی کاپیتالیستی بن،ئازادن کە ڕێکخراو و دامەزراوەو ڕاگەیاندنی خۆیان هەبێت و چالاکی ئەنجام بدەن.هەموو حیزب و ڕاگەیاندنێک ئازادە ئیتر مەسەلەی “پیلانگێڕی لە دژی ڕژێم”و”لەبەر تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و”سوکایەتی بە پیرۆزیەکان” و “سوکایەتی بە ڕابەری” و هتد لە ڕژێمی سۆسیالیستیدا جێگایەکی نابێت.

بۆچی بەو شێوەیە؟بۆچی مەترسیەکمان لەنەیارانی دەوڵەتی سۆسیالیستی نیە؟لەبەر ئەوەی ئازادی و یەکسانی وخۆشگوزەرانی بۆ هەموان دەستەبەر دەکەین.تا ئەو جێگەی کە دەوڵەتی سۆسیالیستی،کە هەمان دەوڵەتی پێکهاتوە لە شوراکانی خەڵک.بتوانێت ئەو ئامانجە ئینسانیە دابین بکات و تەنانەت خەڵک بیبینن کە کۆمەڵگە بەرەو ئەو لایە دەڕوات،و ئەگەر کێشەو گرفتێک هەیە واقیعی وبابەتیە.کە دەوڵەت خەریکی چارەسەرکردن ونەهێشتنیانە،ئەگەر کۆمەڵگە ببینێت ئەو نیزامە بەرەو لای دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی ودەستەبەرکردنی ئازادی ویەکسانی بۆ هەموان بەڕیکەوتوە،ئەوکاتە هێزو حیزبە نەیارەکان پێگەیەکیان نابێت وپەراوێز کەوتوو ناکاریگەر دەمێننەوە،ئاشکرایە کە ئەو هێزانەی لایەنگری سەرمایەداری کە دەسەڵاتی سیاسیان لەدەستداوە
بۆ ماوەیەک درێژە بەژیانی سیاسی خۆیان ئەدەن و هەوڵ ئەدەن بارودۆخ بگەڕیننەوە.ئەوانە دەتوانن لە شوراکاندا چالاکی بکەن و هەوڵ بدەن هێز کۆکەنەوە،بەڵام کۆمەڵگەیەک کە لەسەر دەرگاکەی نوسراوە”لە هەرکەس بەپێی توانا وبەهەرکەس بەپێی پێویستی”لەبەرانبەر ئەم هەوڵی بۆ دواوە گەڕاندنەوەیەدا پارێزبەندیان هەیە.هەر لەم ڕوەوە ئێمە نەک تەنها نیگەرانیەکمان لە هەڵسوڕانی حزبە نەیارەکان نیە بەڵکو ئازادی هەڵسوڕانیان بە بەشێک لە پلاتفۆڕمی سۆسیالیستی دەستەبەری ئازادیە بێ کۆت ومەرجەکان بەهۆکاریک دەزانین لە پەسەندکردن ولەباریی رژێمی سۆسیالیسی،بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئێراندا کە بەردەوام لەگەڵ سەرکوت وخەفەکردنی ئازادیەکاندا بەرەوڕوبووە.
هەر بەو شێوەی کە ئاماژەم پێدا ڕژێمی سۆسیالیستی ڕژێمی شوراییە و لە شوراکاندا دەتوانرێت بۆچون سیاسەتی جیاواز پێشنیار بکرێت و لەکۆتاییدا شوراکان لەسەر بنەمای ڕای زۆرینە بڕیار ئەدات.حیزبی ئێمەش حیزبێکە لەناو حیزبەکانی تردا کە سیاسەتەکانی لەناو شوراکاندا پێشنیار دەکات و دەیخاتە بەرباس.ئێمە دڵنیاین کە لە پەیوەندیەکی لەو شێوەیەدا،تەنانەت ئەگەر هەر ئەمڕۆ و لەدڵی سەرمایەداری ئێستادا جێگیر ببێت،سۆسیالیستەکان زۆرینەی زۆر بەدەست دەهێنن.

١٥ سیپتەمبەری٢٠٢١




ئێوارەیەک لە خۆڵەمێش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

با هاژە سیمفۆنیای شۆڕشێکی تر،
کەلاوەخاکی جیهان بهاژێنێ،،
پێدەشتی خۆر، سوور،،،
بە خوێنی کاتی لەدەستچوو،
نامرم، تا تۆ گەردوون،
لە چاوتا زیندانی بێ،،
پەرتبوونی جەستەی ئێوارەیەکیش، لە خۆڵەمێش،
هێندەی شەکەتبوونی مەلە تەرەکانی دووریتە،،
هێشتا گژو گیای مۆری….
ژێر نەشتەری بروسکە، ،،
مەستە، بە زرنگە بەندۆلی کاژێری نامۆیی ،،
پرسیت، بۆ ترپەی دڵی نمە،
هەڵاڵەکانی شەوێکی مۆر ناژاکێنێ؟!
شەتڵی نێرگزی قەترانی یاخیبوونم ڕواند ..
تا ئەو سنورەی،،
ڕۆحی چوارمێخە کێشراوی هەردوکمانی تیا تەلبەندە،،،
پێش هەورسوتان،،،
پەپولەو گوڵی بابردووی چوونتم سۆراخکرد ،،
تاوەکو شکۆفەی ووشە بیرچوەکان،،
لە بەردەم کانی بەخوڕی جوانیت زیندووکەمەوە،
ئای لە سوتماکی خاکێ…
چەتەکانی شەو جێیان هێشت،،
گەیشتنی سمکۆڵانی ئەسپی سوور،
هەروەک هەتاوی دەربازبوون،،،
تابلۆیەکە هێشتا ڵێڵ و تەواو نەبوو،،
جریوەیەک لە چۆلەکەی مسینی بێهودەیی،
لە تاوێرە بەردی مێژویەک سیخناخە،،
بە خوێنی نوسراو لەسەر تەوێڵی مێژونوسی دوێنێ ،
ئەو ڕوبارە سەرکێشەی ساڵە خؤلەمێشیەکانی بردین،
کاتێ هەموو پەریە باڵسوتاوەکان لە کۆڕەوی..
ژێر گابەردی خلۆربووی نیشتمانا بوون ،،
ئەستێرەوانی سەرکەلی بێهودەیی مرۆڤ ،
بە پەنجە وەریوەکانی سەر ڕۆژمێری خۆڵ ..
پەیامە نەگیشتوەکانی فیردەوسێکی لە سەراب خوێندەوە،
دارەکان ڕوبارەکان کۆئەکەنەوە،،
کۆتەرەری وشەکانیش ،
لە سۆراخی پایزێکی سەرو ڕوخسار سپی،
بڵێسەی گرت ، مەلێک…
لە نێوان زیندانی ..
خۆشبەختی..و…
بەدبەختی..
وەک هەورازێ لە حەسرەت،،
قەتیس ماوە، گەرچی مەنفا تەنها…
لە هەوارگەی ئێوارەیەکی خۆڵەمێشی،،
ڕۆخی ئاڵتونینی زەریای جێماوی نیگاتە،،،
دوای ڕەهێڵە ئێوارەیەک لەخۆڵەمێش،
بە نێوڕەزی ووشک و سوتاوی بێدەنگی،،
ساڵانی زڕی تێپەربوو، تێئەپەڕم،
شەبەنگی ڕەشی غوربەت،،،
پێش هاتنیشمان..
شنەبایەکی ئاوزەنگبووە ،،
بە چیرۆکی نەمانی ئەم هەوارە لەسوتماک،
پێش نەمانیشمان،،
بەفری ڕەشی تەنیایی دایپۆشی، ،،
بێستانی شەختەگرتووی دڵی ژنانی جەنگ،،
پێم ووت، ئاو لە ڕۆحی تۆیە، یان..
ڕەنگی بیابان،،
هەمان خاکی خؤڵەمێشبووی ڕوخسارتە؟،
بۆ گلێنەی هەورێ ووشکترە،،
لە کانیە کوژراوەکانی بەهەشت؟
بە دەوەنێک لە ڕابردوو، هەڵزەنی…
کەناریەک لە خۆڵەمێش..
کچە زەریاپۆشەکان،
یادەوەریە پەرشوبڵاوەکانی شاریان، لە سەفەرا..
بردەوە سندوقی ڕەشی ئۆقیانوسی بیرچوون،،
سەرگوزشتەی ئەندێشەنوسەکان،،
لە دوتوێی ئەفسانەی کەنارا هەڵگیرا،،
هەر وشەیەکی بای غوربەت،،
تەمەنێ ئەگوزەرێنێ،
تارمایی من و تۆ،
وەک دوو پەڕی ڕۆژنامەی..
بابردووی لێهات،
کڵاوی پیاوی بێهودەیی..
لە شەقامەکانی دوێنێدا،،
بای نیشتمانێکی دزراو بردی،،
زەریاش لەگەڵ شەو دەستی تێکەڵاو..
تا گلێنەی چاوی هەورەکان ،،
دڵۆپە تەنیایی تۆ ببارێ..
ژیان، تابلۆیەکی تەواونەکراوی مرۆڤ،
لەبەردەم پەنجەرەیەکی پۆڵاینی ژەنگنی واڵا
بەسەر شانۆی وێرانەجیهان،
پروشە لمی ساتەکان،،
مێژوی ڕۆشتویەکی…
بێ شوناس ئەنوسێتەوە،،،
وەرزی ..و…ە..ر..ی…ن..ی..
هەموانە،،..
لە ئاوێزانی تیشکێ،،
شەکەت و بێزار،
لە نەهاتنی بەهارێک،
پڕ لە تۆ.

………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی /
Maria .Bochina
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




دەواری ئاشتی.. شیعر: فریدون مشیری.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

گەر کەسێ جارێک لێ ی پرسیم
ئەو ماوەیەی وا لە ژیانای چیت کردوە؟
دەفتەری ژیانمی لەبەر دەمیا بۆ ئەکەمەوە
گریان و خەندە ئەگاتە ئاستی سەرم
ئەوکاتە ئەڵێم :
كە ” تۆو ” بەتازەیی پەرش و بڵاوە
تا چرۆ ئەکا…تا بەردار ئەبێ
زۆری ماوە

لە ژێر ئەم ئاسمانە شینە بێ کۆتاییە
لەهەر گۆرانیەک چەندین جەسارەتم هەبوە
ناوی سەربەرزی عەشقم دووبارە کردەوە
بەم دەنگە شەکەتە ، شایەت
خەوتوویەکم لە چوارلای ئەم دونیایە
بەئاگا هێنایەوە

من ستایشی میهرەبانیم کرد
من جەنگم بەرامبەر خراپکاری کرد
بە ووشک بونی چڵێ گوڵ. ئازارم کێشا
مەرگی “کەناری” لە قەفەسا، غەمباری کردم
لە ئاە وخەفەتی خەڵکا شەوی سەد جار مردم
شەرمەزاری خۆم نیم هەر وەک مەسیح
كە لەوێ هاواری حەسرەت بکرێ
من بە سەبووری ، لەژێر باری دەردەسەریا بووم

بەڵام گەر جەنگ لەگەڵ نا ووشیارەکانا
پێویست بە شمشێر هەڵگرتن بێ
بەرم لێ مەگرە
من بە ڕێ ی موحیبەتا ڕۆشتم

لە چاوی منا
شمشێر کە لە دەستا بێ
یانی کوشتنی کەسێ

ئەو ڕێ باریکەی کە پیایا تێپەڕیم
نا ووشیاری لە تاریکیا بوو بە ستەم
بڕوا بوون بە ئینسان
چرای شەوی من بوو
شمشێر ، شمشێری دەستی ئەهریمەن بوو
لەو نەبەردەیا
تاکە چەکی من ،گفت و گۆ کردن بوو

گەر شیعرم
لە فیکری ئاگرا نەفرۆشرا
بەڵام دڵم چەشنی تەختە
لەهەردوو سەرەوە سووتا

پەڕەکانی ئەم دەفتەرە
بخوێنەوە ، شایەت بڵێ ی
كە ئایا ئەکرا لەمە زیاتر بسووتێ
……….تۆ بڵێ ی

شەوانی بێ پایان نەنووستم
بە ئاشکرا پەیامی ئینسانم
بۆ ئینسان ووتوە
لە دەشتی دڕک و داڵی دوژمنان
ووتەکانم سرەوی دەواری ئاشتی بوو
شایەت کە زریانێکی قورس بوو
كە ئەبوایە ببوایە
تا بونیادی ئەم ئەهریمانە ڕیشە کێش بکرایە

باو و باپیران
ئامۆژگارییان هەبوە :
درەنگە….درەنگە
تاریکی ڕۆحی زەمینە
وەک ئێمە سەدان هێز
هاوار لە بیابانە

ئەبێ ” نوح” ێکی تر
و
تۆفانێکی تر
دونیایەکی تر دروست کا
و
لەوێشا سەرلە نوێ
……….ئینسانێکی تر

بەڵام ئێستا ئەم کەسە تەنیا بەسەبرە
بە کۆڵەپشتی پەرۆشی خۆی سپاردوە
تا لە دڵی ئەم تاریکاییە نوورێ
………بهێنێتە دەرێ
لە هەر لایەک ڕووناکی شیعر تێپەڕێ
ئەوا موعجیزەکانی ئینسان هەر ئومێد بەخشە
ئەوا موعجیزەکانی ئینسان هەر ئومێد بەخشە




بەفرێک لە کاتی زیادکراوا.. شیعری: نەوزاد بەندی

ڕۆژێک بەفر ئەبارێ و .
من لەوێ نیم ..
بە تولەڕێیەکی پیریدا ،
خەریکی بێنە و بەردەی سەعاتێکم ،
کە ئەیەوێ بمباتەوە و
کە ئەمەوێ بیدۆڕێنم ..
شەقامەکان گرژ ئەبن و
خۆڵەکان ئەچنەوە یەک و
خرمەی پێی ئەو مناڵانە دێ ،
ڕائەکەن هەتا مژدەی ئەوە بدەن بە دایکیان کە بەفر مەکتەبی داخست ..
بەفر ئەبارێ و ..فریا ناکەوم
خوێچەشی بکەم ، بزانم ،
ڕێژەی فرمێسکی چەندێکە و ..
چەند گرام مناڵیی تێکراوە ..
فریا ناکەوم فەحسێکی شەکرەی بۆ بکەم
بزانم هەر لە شەقام بەجێی بێڵم یان بیبەم بۆ خەستەخانە ..
پیریی قۆڵم با ئەدات و
ئەڵێ با تا ئەوسەر بڕۆین ..
ڕێگام نادا سەرتاکەی بە ڕیش و قژمەوە ،
بێ بە ئاو و .. بێتە خوارێ ..
ناهێڵێ تەزین دانیشێ و
چایەکم لەگەڵا بخوا ..
قۆڵم با ئەدات و
ئەڵێ با تا ئەوسەر بڕۆین ……. هتد …