كچە كتێب دزەكە.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانێکی قەبارە مەزنی٦٥٠لاپەڕەیی- خەیاڵی- مێژوویی(مارکۆس زۆساک) نووسەرو ڕۆماننووسی ئستورالیەو یەکەم چاپی لەساڵی٢٠٠٥لێ بڵاوبووەو لەساڵی ٢٠١٣، فیلمێکی سینەمایی هەر بەهەمان ناونیشان لێ بەرهەم هێندرا، توانی چەندین خەڵات بەدەست بێنێت و بەپێی لیستی ڕۆژنامەی(نیویورک تایمز) بۆ ماوەی٢٣٠هەفتە، ژمارە پێوانەی لە پڕفرۆشترین تۆمارکردووەو پڕفرۆشترین ڕۆمان بووە،
ڕوداوەکانی ناو دوو توێی ئەو ڕۆمانە باس لەتاریکترینی قوناغی ژیان و چرکەساتی مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نازیەکان و حوکمی هیتلەر،لەکاتی دووەم جەنگی جیهانیدا،لەئەڵمانیا، ئەو کاتەی تەواوی ئەڵمانیا، سیستەمێکی دیکتاتۆرانەی تۆتالیتارانەی نازیزمانەی پۆلیسی و قەمعی بەڕێوەی دەبات و بیری ڕەگەزپەرستی لەترۆپکدایەو کابوسی هەژاری و دێوەزمەی برسیەتی تەنگی بەژیانی خەڵک هەڵچنیوەو تارمایی تەمی ترسی نازیەکان هەموو لایەکی ژیانی تەنیوەو خەڵکی بەدەست دەیان موعانات و، نەهامەتیەکانی جەنگەوە دەناڵێنێن و خەم و ئازارو تراژیدیاکانی ژیان لەسایەی جەنگدا گیانیان دەهاڕێت، ئەو جەنگەی کەسایەتی و دەروونی ڕوخاندوون و هەموو بونی تێک و پێکی شکاندوون و ژیانێکی پڕ لە کابوساوی لەگەڵ دەنگی فڕۆکەو تەقەی جەنگ و بوردومانە یەک لەدوای یەکەکان بەڕێدەکەن،جەنگێک جەستەی وڵات و مرۆڤەکانی پارچە پارچەکردووەو دەیان و سەدان هەزار مرۆڤ دەبن بە قوربانی و سوتەمەنی ئاگرە بێ ئامانەکەی، بەو شێوەیە خەڵکی لەگەڵ ترس و مەرگ، لەگەڵ تراژیدیاو نەهامەتی و ئازارەکان ژیانێکی کۆڵەمەرگانە بەڕێدەکەن،ئاسمانی ئاڵمانیا، تەمی بیری ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستی دایپۆشیوەو جووەکان توشی چەوساندنەوەو ئیبادەو کۆمەڵکوژی دەبنەوە لەلایان نازیەکانەوە، هیچ ئاسۆیەک و ئومێدەک و دەروازەیەک نییە بۆ قورتاربوون و چوونە دەر لەو دۆخە دۆزەخیە، تائەو کاتی لەساڵی١٩٤٥، ئەمریکیەکان دێنە ناو ئەڵمانیاو نازیەت شکست دێنێت و بتی هیتلەر بۆ هەتاهەتایە دەکەوێت و کابوسی نازیزم لەناو دەچێت و تاریکایی و تەمی دەمارگیری و دەگەزپەرستی و دەسەڵاتی دیکتاتۆرانە،لەئەڵمانیا، ئاوا دەبێت و بەیەکجاری ون دەبێت، لەو ڕۆمانە، مەرگ گێڕەڕەوە(راوی)ڕووداوەکانە، پاڵەوانی «كچە كتێب دزەكە».

(لیزل) کچێکی تەمەن نۆساڵانەو حوکومەتی نازی بەبیانوی ئەوەی دایک و باوکی شیوعین، لەگەڵ براکەی کە دواتر دەمرێت، لیزل و براکەی لەدایک و باوکی دەسەنێت و خانەوادەیەکی هەژار، خانەوادەی هۆبێرمان، پێک دێن لە (هانز هۆبرمان) و (روزا)ی هاوسەری، وەک کچی خۆیان تەبەنیان دەکەن و لەخۆیاندەگرن ژیاندەکات، ئەوخانەوادەی لەژیانێکی پڕ لە ترس و قەڵەق و نیگەرانیدا دەژین، بەهۆی دەسەڵاتی نازیەکانەوە، ئەو کاتەی(ماکس)جو دێت و لەترسی ڕاوەدونانی نازیزمەکان خۆی لەژێرزەمینی ماڵەکەی ئەوان حەشاردەدات، قوڕی ترسەکەیان دەقات خەستردەبێت و هێندەیتر مۆتەکەی ترس لەنازییەت باڵیان بەسەردا دەکێشێت، ئەو نازیەتەی هەرچی کتێبە کە لەگەڵ بیری نازیزمدا ناگونجێت هەموویان کۆدەکاتەوەو گڕیان تێبەردەدات و دەیانسوتێنێت و خوێندنەوەی هەر کتێبێک، جگە لەکتێبەکانی حیزبی نازی وەکو کفرێکی ئاشکراو دەرچوون لە یاسای نازیەت و سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی هیتلەرو تاوانێکی گەورە ئەژماردەکرێت و خوێنەرەکەی بەتوندترین شێوە سزادەدرێت، هەموو خەڵکی لەژێر هەڕەشەوهێزو فشار ناچاردەکات ئاڵای نازیزم لەماڵەکانیان هەڵبواسن، مناڵەکان لەقوتابخانە درووشمی نازیزیەت بڵێنەوەو هەموان بە ئایدیۆلۆجیەتی نازیزم تەلقین دەدرێن و بەو بیرە ڕەگەزپەرستانەو فاشیانەگۆشدەکرێن و فێری دەمارگیری و ڕق و توندو تیژی دەکرێن و دەروونی پاکیان دەشوێندرێت و دەکرێن بە خزمەتکارو جێ بەجێکاری ئارەزو ئەجێندای نازیزم،
لیزیل، ئەوکاتەی ماکس دێت،ماگس جو، گەشتی خوێندنەوەو چوونە نێو دنیای کتێب و تێکەڵبوونی ئەو بەکتێب دەست پێدەکات و کتێبگەلێک دەخوێنێتەوە، کە لەگەڵ ئاست و تەمەنەکەی ئەو ناگونجێت،هەر لێرەشەوەیە گەشتی دزینی کتێبی لیزیل دەستپێدەکات و نازناوی کچەکتێب دزەکە وەردەگرێت و ئەو هەر کتێبێک کە دەیدزێت و دوای ئەوەی کە دەخوێنێتەوە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی،
من لێرەوە کۆتایی بەگێڕانەوەی چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە دێنم و پاشماوەو تەواوی ڕووداوەکان و هەرچیترو ئەوەیتری ماوە، بۆخوێنەر خۆی جێ دێڵم بڕوات چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە تەواوبکات، تاوەکو بزانێت لەئەنجامدا چیرۆکی ژیانی لیزل و هانز، ڕۆزا، دایک و باوکی ڕاستەقینەی، هاوڕێکانی(ماکس ، و ڕۆدی) و دۆخی ژیان، بەکوێ دەگات و چی لێدێت.
..
شەماڵ بارەوانی




ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤبوون لە کۆمەڵە چیڕۆکی ” نۆبەرەی مەرگم دیت” ی دڵشاد کاوانی.. میدیا خۆشناو

کتێبی ( نۆبەرەی مەرگم دیت) خۆی لە بیست و سێ چیڕۆکی فانتازی مێژوویی و ئایینی و فەلسەفی وتراژیدی تاک و شیوەنی مرۆڤایەتی دەبینێتەوە .

هەڵبەتە خوێندنەوەی هەر کتێبک ، بە پێی جیاوازی گۆشەنیگاکان، دەتوانرێ ، دەیەها و سەدەها ، تێڕوانینی لێ هەڵبهێنجرێت.
هەمیشــــە گوتوومە، بۆ خوێندنەوەی هەر کتێبێک ، پێویستە خوێنەر واز لە شتی سادەو بە ئاسانی گەیشتن بەوەی دەیهەوێت بهێنێت، بەڵــکوو ، پێویستە لە دیووی دووەمی نووسینەکە بکۆڵێتەوە ماندوو بێت.

خۆشبەختانە ( نۆبەرەی مەرگم دیت) ، پڕە لە کۆد و
شتی شاراوە کە خوێنەر پەرۆش و ماندوو دەکات، ماندووبوون بەمانا سستبوون و بێزاربوونی نا ، بەڵکوو ، بەمانای باڵایی نووسەر و پەرۆشی خوێنەری بە سەلیقەو لێهاتوو.

ــ ئەو لایەنە باشانەی کە من لە “نۆبەرەی مەرگم دیت “بینیم

١ – شینی نووسەر بۆمرۆڤایەتی: تۆی خوێنەر کاتێ نۆبەرەی مەرگم دیت ، دەخوێنیتەوە، هەست بە ژان و ئێشێکی ڕۆحی دەکەیت، کە ڕادەچڵەکێی ، بۆ مەینەتەکانی کۆمەڵگە و پیاو سالاری و هەژاری، کوشتن و قڕکردن و پڕکردنەوەی ئازارێک بە ئازارێکیتر بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی.

٢ ـ فەلسەفەی قووڵ: هەمیشە لە نووسینەکانی نووسەر و چیڕۆکنووس ” دڵشاد کاوانی” هەست بە قووڵییەکی زۆری فکری دەکەیت ، هیچ کات مانای شتەکانت وەها بە ئاسانی نادات بە دەستەوە، دەیەوێت خوێنەر ، بەشێکی گەورە بێت لە نووسینەکانی و دەتباتە جیهانێک، تا شتەکان نەدۆزیتەوە ، ناتوانی بێیتەوە جیهانی حەقیقی.

٣ – ورووژاندنی بابەتی هەستیار: زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمە، ناتوانین وەها بە ئاسانی باسی شتگەلێک بکەین ، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئایین بەڵام نووسەر زۆر لێهاتوانە بە قەڵەمەکەی کۆت و بەندی شکاندووە ئەوەتا ، لە چیڕۆکی هەشتی ” ئیمپڕاتۆریای ژن” کە باس لەوە دەکات، ژنان پێویستە بێنەدەر و کۆتایی بە پیاوسالاری بهێنرێت، جیهانەکە دەکات بە هی ژن دوور لە نێرینە ، لە دەربڕینێکا دەڵێت” خوداش ناچار بوو یەکێک ڕەوانە بکات پێغەرێکی ژن و بە زمانی ژن بدووێ.”!!

٤ – ڕۆح بە بەرداکردنی نووسین : بۆ نووسەرێک کە ئازاری کۆمەڵگە دەنووسێتەوە، ڕەنگە شتێکی قوڕس نەبێت ، تۆ و منێکی خوێنەر هەست نەکەین، کە دەربڕین و چیڕۆکەکانی هەتا وشە بە وشەی نێو کتێبەکە بۆ خۆی ڕۆحێکە، ئەوەتا لە چیڕۆکی پانزەی ” هەرگیز پاشگەز نابمەوە” لە دێڕەکانی کۆتاییدا دەڵێت ” خوێنی سنگ و دڵە بە سۆزەکەی نەورۆز و سەر و مێشکی کاوەی دڵسۆز ، لەگەڵ خوێنی دامێنی پاکی نیشتمان بەیەکەوە ڕژانە سەرخاک، لەگەڵ گریانی خاک بوو بە جۆگەڵەیەک و پاشان بوو بە دەریا ، سەربازەکانی تێدا خنکاند و دەرگا پۆڵاینەکانی شکاند”.
٥ – درووستکردنی خوێنەری باڵا: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە من لەو چیڕۆکانە بەدیم کرد ، ئەوەبوو، دەشێ خوێنەرێکی ئاسایی بکاتە خوێنەرێکی سەخت و باڵا ڕوانین، مەحاڵە تۆ کتێبی دڵشاد کاوانی بخوێنیتەوە ، کەچی سێ جار بیری لێ نەکەیتەوە.

جیهانبینی ، لەم کۆمەڵە چیڕۆکە ، بەڕای من زیاتر ئاشنات دەکات، بۆ ئێشی مرۆڤایەتی، قوڵبوونەوەیەکی سەخت و تێگەیشتن لە ئایین و فەلسەفە وەک خۆی، ئەوەی زۆر گرنگە، واقیعی ڕەشی کۆمەڵگەی لە ڕێگای فانتازیا بە شێوازێکی ئەدەبی بە خوێنەر دەگەیەنێت.
لە کۆی ئەو چیڕۆکانەی کە خوێندمەوە، چەند دانەیەکیان لای من زۆرتر سەرنجڕاکێش و بەچێژ بوون ئەمانە بوون.
لەوانە:
ـ منداڵەکانی ئاگر.
ـ تارای بووکی ئاشتی.
ـ ماری ڕەش و داپیرەی ڕەش.
ـ هەرگیز پاشگەز نابمەوە.
ـ نووسەری چاو پێڵاو.
ـ دادگا.
لە کۆتاییدا ، هیوای سەرکەوتن بۆ چێڕۆکنووس و ڕۆمانووس م. دڵشاد کاوانی دەخوازم.
بە هیوام بۆ هەمیشە قەڵەمەکەی ئازارەکانی کۆمەڵگە بنووسێتەوە، وەک چۆن هەر بە ئەمەش وایکردووە ، جیاواز بێت لە هەر نووسەرێکیتر.

میدیا خۆشناو




هەڵبژاردن پڕۆسەیەک بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، یان پڕۆسەیەک بۆ بزنس و سەرمایەگوزاری !؟

تاهیر عیسا

دوای دوو ڕۆژی تر، بۆ چەندین جارو جارێکی تر، گەمەی کۆمەڵێک دزو مافیای بێ مۆڕاڵی هەتا سەر ئیسکان، بێمۆڕاڵ و بێ ئەخلاق، لەژێر ناوی گەمەی پڕ لە گاڵتەجاڕئاسای هەڵبژاردندا، دووبارەدەکرێتەوە!
کەئینسان زەحمەتە بتوانێت لەناو ئەم هەموو بۆگەناو و زێرابە پیسانەدا، لەنێوان ئەو هەموو ڤایڕۆسە کوشندانەی کۆمەڵگادا، کامیان بەخراپ و کامیان بە خراپترو کامیشیان بە خرپترینەکان بزانێت، هەتا لانی کەم بتوانێت، خراپەکان هەڵبژێرێت و لە خراپترو خراپترینەکانیش پارێز و دوورەپەرێزی بکات!
کۆمەڵێک بێمۆڕاڵی بەمەعنای وشەکە خۆی، یان شەعبیانەتر، بێئەخلاقی سیاسیی و ویژدانی و کۆمەڵایەتی، کە لەماوەی سی ساڵی حوکمڕانییاندا، ناوە ناوەو تاوە نا تاوێک، لەم گەمەی وەعدو وەعیدی بڕ لەدرۆی بێ ئەخلاقیەدا، وەکو قەوانێکی سواو بەردەوام بۆ خەڵکی هەژارو بێدەرەتانی کوردستانی لێدەدەن و فریوو چەواشەی چەندین بارەی دەکەنەوە !
هەر کەسێکی مەحڕوم وبەشخوراو، لەم عێڕاق وکوردستانەدا، بەچاوگێڕانەوەو ئاوڕدانەوە لەڕابردووی دوورو نزیکی خۆیدا، بۆ ئەوەی بتوانێت داوەریی لەسەر گەمەو شۆخی هەڵبژاردنی ئەم مافیایەنەدا بکات، پێویست بەوە ناکات، نەڕۆژنامەوانێک بێت،یان نەسیاسیی و خوێنەرو لێکۆڵەرێکی کارامە، هەر بەنیگاو چاو فکرو تێڕوانینی زۆر سەرپێیانە، تۆزێک و بۆ چەند چرکەیەک ژیانی خۆی و خێزان و کەس و کارە زەحمەتکێشەکەی دەورو بەری، بەراورد بەژیانی فیرعەون ئاساییانەی ئەم سیاسییە بێمۆڕاڵانەو خێزان و کەس و کاری دەوروبەریانەوە بکات، بەراوردێکی مەسکەن وماڵ وحاڵی خۆی و ئەم ناجەنابانەی ناو کایەی سیاسیی ئەم کۆمەڵگایە و سەرکردە دزو مافیاکانی بکات، دەتوانێت لەوە تێبگات، کە ئەمانە نەک تەنیا مەعدەنێکی بێکەڵک و بێ بەها بوون، بەڵکو ڤایڕۆسێکی بێئەندازە کوشندەی کۆمەڵگاش بوون و بوونەتە بارێکی قورس بەسەر شانی کۆمەڵگاوە!
تۆزقاڵێک، بڕوانێتە شانۆی سیاسیی و ئابووریی وکۆمەڵایەتی هەر ئەم چەند ساڵانەی ڕابردوو، هەر لە خەڵتان خوێنکردنی بەدەیان خۆپیشاندەرەوە، هەتا تیرۆری چالاک و ڕۆژنامەوانانێک کە لەڕیزی پێشەوەی ناڕازیەکانی کۆمەڵگادا، بیرو هۆش وقەڵەمەکانیان لەخزمەتی ژیانێکی باشتردا خستبووەگەڕو خەڵتانی خوێنکران، هەتا دەگات بەو چالاک و هەڵسوڕاوانەی ئەمڕۆش کە لەزیندانەکانی بنەماڵەی بارزانیدا یاری بەچارەنوسیانەوە دەکرێت و ئازاری دەروونی خۆیان وکەس و کارو خێزانەکانیان دەدرێت و هەر جارە ناجارێکیش بەبیانووی بێبنەما، دادگایکردنیان دوادەخرێت، تەنانەت هەندێکیشیان لەدادگای بنەماڵەی بارزانیدا بەچەندین ساڵ حوکمدراون، بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەوەی لەناو ئەم کەش وهەوایەشدا، لەژێر هەر ناوو دروشمێکدا بەشدارە، هاوشانی ئەمانە ڕەوایەت و شەرعیەت بە حوکم ودەسەڵاتی ئەم دەستەو تاقمە دژە ئینسانی و مافیایانە دەدات و هەمان یاساو ڕێساو حوکمی قەرەقوشئاسای ئێستای سیستەم، بۆ ئایندەش درێژە پێبدات و دەیهێڵێتەوە!
هەر لە بەناو چەپ وپێشکەوتوو خوازیی ناو ئەم یاریەوە، هەتا دەگات بە سەر بەخۆ کانیان و هەتا دەگات بە کۆنەپەرسترینیانەوە، وردو درشتی، بەهەر ناوێکەوە ئەمڕۆ، پڕوپاگەندەی باشترکردنی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگای عێڕاق و کوردستان بکات، درۆیەکی شاخدار دەکات و ئامانج تەنها هێشتنەوەی سیستەمی هەرێمی کوردستانی دزی وتاڵانیە، ئامانج تەنیاو تەنیا سەرمایەگوزاری وبیزنسێکە لەسەر حیسابی دەنگی خەڵک، بۆ شەرعیەتدان بەدزیی و تاڵانیەکانیان لەدەورەیەکی دیکەی حوکمڕانیاندا.
هەر دەورانەو بەملیاران دۆلار تەرخان وتەخشان وپەخشانی ئەم گەمە بێکەڵکە دەکرێت، چی لەڕێگای پڕوپاگەندەی درۆکانیانەوە، چی دواتریش لەو ئیمتیازە بێشومارەی لەم گەمەیەدا وەریدەگرن و چی لەو سەرمایە زەبەلاحەی لەم ڕێگایەدا دەی چننەوە، تەنیاو تەنیا لەسەر حیسابی خەڵک و بەرهەم وداهاتێکە، کە دەبوایا بەپێی یاسای بۆ هەر کەس بەپێی تواناو بۆ هەر کەس بەپێی پێویست، هەم کارو هەم داهاتەکەیشی دابەشبکرایا، نەک کۆمەڵێک دزو درۆزن و ساختە چی لەنێوان خۆیان بەپێی یاسای دارستان، دابەشکاری وقۆڕخکاریی تێدا بکەن!
هەر لەئێستاوە ژێر بەژێر کەوتوونەتە مامەڵەو سەودا لەسەر پۆستەکانیان، ئەوانەی هەتا دوێنێ و ئەمڕۆش مەسەلەی ڕیفڕاندۆمیان کردۆتە بابەتێکی تەبلیغاتی و خەڵکی کوردزمانی ساویلکەی پێفریو دەدرێت و ختوکەی هەستی قەومچێتیانەی پێدەدەن، وا ئێستا لەبەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاقی یەکپارچەدا نرخەکەی گەیشتۆتە سەد ملیۆن دۆلار !
بەئاشکرا پێمان دەڵێن کە خەریکی چبزنسێکی بێڕەوشتانەن لەسەر حیسابی دەنگ وهەست و نەستی خەڵکی هەژارو داماوی کوردستان.
ئەمانە هێندە بێ ڕەوشت و بێمۆڕاڵن، تەنانەت، موچەی بێ لێبڕینی ئەم دەورانەی هەڵبژاردنی موچە خۆرانیشیان بەمەرجی دووسەد ملیار دیناری بەغداوە بەستۆتەوە، کە هاوشانی ئەم بێ لێبڕینەش نرخی نان و سوتەمەنی و تەواوی کاڵاو کەل و پەل و پێداویستییە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیشیان زیاتر لەئاستی ئەم بێ لێبڕینە بردۆتە سەرەوە، کە ئەمەش ئەگەر جارێک بە زیانی موچە خۆران تەواو بووە، ئەوا چەندینجار بەزیانی بێکاران لەلایەک و هەروەها بەزیانی کاسبکارو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، کە قوتی ڕۆژانەی خۆیان و خێزانیان تەنیا لەڕێگای فرۆشتنی هێزی کاری ڕۆژانەوە دابین دەبێت، تەواو بووە!
تەنانەت، مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی مافیاگەرێتی و تاڵانی، ڕۆژ نییە موچەخۆران بەدەردی گیسکەکەی هەیاس نەبات و بەچکە گورگیان پیشان نەدات و دەڵێت ئێمە موچە بێ لێبڕین دەدەین، ئەگەر بەغدا دووسەد ملیار دینارەکەمان بۆبنێرێت، ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەمە بەردەوام نابێت و دەشڵێت خۆ ئەگەر نەینێرێت لەکوێی بهێنین؟! کەچی لەمیدیاکانی پەکەکەوە بڵاو کرایەوە کە تورکیا چل و دوو ملیار دۆلاری بنەماڵەی بارزانی بۆمەبەستی فشارو ناچار کردنیان بەشەڕی پەکەکە دەست بەسەرداگرتووە!
بەپێی فاکت و واقیعی چەندین ساڵەی عێڕاق و کوردستان، هەڵبژاردن نەک ڕێگایەک نەبووە بۆ باشترکردنی کەمترین ڕادەی ژیانی خەڵک، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەڵبژاردن هەرچی زیاتر ڕێگایەک بووە بۆ بێ ئیرادەکردنی خەڵک و خراپترکردنی ژیانی خەڵک، کە هەرچی زیاتر لەم چوارچێوەیەدا خەڵکی عێڕاق وکوردستانی دووچاری بێئومێدی بێ ئاسۆییەکی گەورەکردۆتەوە! بۆیە، لەپاڵ ڕاست وچەوتدا هێنان بەسەرتاپای ئەم پڕۆسەیە، ڕاست وچەوت لاهێنانە بەسەرتاپایئەم سیستەمە، نە بایکۆت و نە کاغەزی سپی و نە ڕاست وچەوت داهێنان بەسەر کارتەکان و نە تێک و پێکدانی سندوقی دەنگدان و کەش و هەوای دەنگدانیش، ناتوانێت شتێک لەم دۆخەدا بگۆڕێت، بەبێ وشیاربوونەوەی گشتی خەڵک، وشیار بوونەوەش هەتا ئاستی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەئاستی ئاڵ و گۆڕی ڕیشەیی لەکۆمەڵگادا، بەقازانجی ژیانێکی باشترو دنیایەکی باشتر!
دنیای باشترو ژیانی باشتریش، لە جیهان بینی سۆسیالیستانەوە سەرچاوەدەگرێت، کە لەناو ناخ ودەرون و ویستی نائاگاییانەی هەر ئینسانێکی زەحمەتکێش و مەزڵوم و مەحڕومی دنیادا بوونی هەیە!
ویستی تێرو تەسەلی لەژیان و دەستڕاگەیشتن بە تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەو ویستی ئاسودەگی و ئارامی و خۆشبەختی وەک یەکی، ویستی گەڕان و گەشت وگوزارو سەفرەو سیاحەت، ویستی دەستڕاگەیشتن بە ماڵ ومەسکەن و پێداویستیەکانی، ویستی دەستڕاگەیشتن، بە دکتۆرو دەرمان و ویستی هەر کەس بەپێی تواناو هەر کەس بەپێی پێویست، ئەمە تەنیا فەنتازیاو خەون و خەیاڵێک نییە کەئینسان نەتوانێت بەدی بهێنێت، بەڵکو لەهەندێک گۆشەو کەناری دنیادا، بەبەراورد بەهەندێک گۆشەو کەناری تری دنیادا، بەشێوەیەکی نسبی گەورە لەڕێگای خەبات وتێکۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا، بەدیهاتووە.
هەر ئەم گەشەو بەرەو پێشچوونە، بەهەر ئەندازەیەک لەوڵاتانی دواکەوتوودا بڕواتە پێش، بەشێوەیەکی تەریبیش، لەوڵاتانی پێشکەوتوودا بەرەو ئەم جیهانە سۆسیالیستیە هەنگاو دەنێت ودەستەبەردەبێت، ئەمە حوکمی ڕولەپێشی مێژووە.
بەدیل بۆ هەڵبژاردن، جگە لەم تێگەیشتنە بۆ ژیان، نامان گەیەنێتە هیچ پنتێکی دیکەو تەنیا دووچاری سەرگەردانی و خولانەوە لەناو هەمان بازنەی دووبارەبوودا دەبین.
ئەمەش بەشێوەیەک لەناو پانتایی بەرفراوانی جیهاندا، هەم بەشێوەی ئاسۆیی و هەم بەشێوەی ستوونی، دەبێت بڕواتە پێش. مێژووش ئەم ویستە سۆسیالیستیە نائاگاییەی لەناو ناخ ودەروونی هەر تاکێکماندا بوونی هەیە، بەشکڵێکی ئاگایانە و وشیارانە، لەناو پڕۆسەی ململانێی و مشت ومڕی هێزە ڕەش و تاریکەکان لەلایەک و هێزی یەکسانیخوازو ئازادیخوازی کۆمەڵگای ئینسانیدا بەقازانجی ژیانێکی باشترو دنیایەکی باشتردا ئەمڕۆ بێت یان سبەی بەدڵنیاییەوە یەکلادەکاتەوە!

تاهیر عیسا
٨/١٠/٢٠٢١




وەرزە سەوزەکانی ئەوین- وەرزی حەوتەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دوای تۆ بڕیار ئەدەم سەفەر بکەم
بەڵام نازانم بۆ کوێ!
پاش تۆ بڕیار ئەدەم بمێنمەوە
بەڵام نازانم لە کوێ!!
دوای تۆ هەموو مێژووم
پڕ دەبێت لە ئێشی نەبڕاوە
پاش تۆ ئەوەی لێرە ئەمرێت
شاعیرێکی روح سووتاوە

کە هەر ئەڕۆیت با یادگاریی
ناو جانتای سەفەرت من بم
کە هەر ئەڕۆیت با فرمێسکی
رێگای دوورت هەر من بم
کە هەر ئەڕۆیت با دواهەمین
دڵداری عومرت من بم
کە هەر ئەڕۆیت بهێڵە
ئەوەی هاوسەفەرتە هەر من بم

چیدی چاوەڕوانت ناکەم
سەرم هەڵدەگرم و دەڕۆم
بەڵام هەرچی یادگارییەکانتە
دەیبەم لەگەڵ خۆم
چیدی لە بۆتەی
شیعرێکی تەڕدا ناتنووسمەوە
چوون هەرچی گەڵای شیعرمە
دانە دانە لەبەردەمتا
بە زەلیلی هەڵوەران

بەو هەموو گڕەی من
نەتتوانی مۆمێک داگیرسێنی
بۆ رووناککردنەوەی
ئەو تاریکستانەی ناو رۆحت
پاش ئەو هەموو چاوەڕوانییە
نەتتوانی هەنگاوێک بنێی
بەرەو ئەو سەنگەرەی عەشق
کە بە خوێنی خۆم سوورم کردبوو

هیچ شتێکم نەوت بەر لەوەی فویەک
لە چرای تەمەن بکەم
چونکە لە کۆتایی هەر شەوێکدا
نەمووت عاشقتم
لەم ئێوارەی تەمەنەدا
هەموو شتێکم بە ناتەواویی جێهێشت
چون نە توانیم لە خۆم تێبگەم
نە فریا کەوتم تۆ بنووسمەوە

چ زەمەنێکی تاعوونییە ئەم چەرخە
مریەم لەشفرۆشی ئەکا
عیسا لە خاچەکەی هاتۆتە خوار و
نیشتمان هەڕاج ئەکا
منیش لە لیستی عاشقەکاندا
ناوی خۆم ئەسڕمەوە و
تۆش بەسەر پشتی ئەسپی ماڵئاواییەوە
خوێنساردانە لێم ئەڕوانی

لە حکایەتەکانی داپیرەم
لە شەوانی زستاندا ئەوەم بیر ماوە
دەیووت پێکەنینم پێوە نایێ
خودا ئەم پێکەنینە بەخێر بگێڕێ
لە چیرۆکی عەشقی مندا
تەنها ئەوەم لە یاد ماوە
تەنانەت خوداش نە پێکەنین
نە گریانی بەخێر نەگێڕا

لەگەڵ هەموو ئازارەکانما
خۆشەویستی تۆم هەیە
لە پەنا نیشتمانێکی زامدارەوە
چەند سەیرە
عەشقی تۆ تیمارە!!
لەگەڵ هەموو پووچییەکانی
ئەم تفتییەی ناوی ژیانە
چەند سەیرە
خۆشەویستیت تاکە ماقوڵە
خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم!!

من نازانم شیعرێک بنووسم
بۆ وەرینی گەڵاکانی پایزی عەشقت
من ناتوانم سەمایەک بکەم
لەسەر ئەو بەستەڵەکەی ناوی دڵی تۆیە
تۆ نازانیت حەیرانێک بڵێیت
لاس و غەزال لە شەقامی خەیاڵێکدا
دەستیان لەناو دەستی یەکتر بێ
تۆ ناتوانیت سەرچۆپی زەماوەندێک بگریت
تیایدا زین بووکی یەک شەوەی مەم بێ

شیعری: ستیڤان شەمزینی