بنەڕەتی دەسەڵات و چارەسەری لای ژۆن-ژاک ڕوسۆ.. کاوە جەلال

ڕوسۆ، کوڕی دەوڵەتشاری ژنێڤ، لێ نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوفی فەڕەنسی، زۆر بەقووڵی بەریەککەوتنەکانی کەسی خۆی و دەسەڵات بەهەند وەردەگرێت. خەریکبوونی تیۆرییانەی ئەو بەم پرسەوە قۆناغبڕە بە کاریگەیی قووڵەوە لە دەرەوەی فەڕەنساش. ئەمە بەوەدا ڕووندەبێتەوە کە زۆرینەی فەیلەسوفانی هاوچەرخی مەگەر تەنیا لەنێو کتێبەکانی مێژووی فەلسەفەدا ناوببرێن، بۆ نموونە ڤۆلتێر، لێ ڕوسۆ تا ئەمڕۆ هەنووکەییە.
ڕوسۆ یەکێکە لە فەیلەسوفانی “تیۆریی مافی سروشتی”، کە ناسراوترین نوێنەرانی بریتین لە تۆماس هۆبس و جۆن لۆک. فەیلەسوف لەم شێوەیەی فەلسەفاندندا تیۆرییانە دەسەڵاتدارییەکی ڕەوا بە تێڕوانینی خۆی بنیاتدەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پەیوەندییە دەوڵەتییەکانی سەردەمەوە بەرەو پاش دەگەڕێتەوە بۆ نێو ڕەوشێکی سروشتی، واتا بۆ نێو پێکەوەژیانی مرۆڤان پێش دامەزراندنی دەوڵەت، تاکو ئیدی لەم ڕەوشەوە ئەرگومێنتەکانی خۆی بۆ بناغەڕشتنی دەوڵەتێکی ماف هەڵبهێنجێت. بێگومان هەر فەیلەسوفێکیان بەگوێرەی مرۆڤدیدییەکەی خۆی گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەک (مرۆڤناسییەک) دەدات و تێیدا گریمانەی پەیوەندییە بەسروشتی بنیاتنراوەکانی نێوان مرۆڤان دەکات. دیدێکی کورت و پوخت لە هەر یەکەی تیۆرییەکانی هۆبس و لۆک گەرەکە یاریدەمان بدات ڕوونتر پرسی سوڤەرێنێتی (دەسەڵاتداری) لای ڕوسۆ ببینین.

هۆبس و لۆک، وەک دوو فەیلەسوفی سیستەماتیکی ئینگلیزی، ئەزمونگەران، لێ ئەزمونگەری لای هۆبس پتر واتای سێنسوالیزم (سێنسگەرایی) دەگەیەنێت، واتا ئەم گریمانە دەکات کە سێنسەکان (حەواسەکان) بەسەر مرۆڤاندا سەروەرن و بەمەش دەیانکەن بە بەرژەوەندگەرا. جگە لەوە ئەم دوو فەیلەسوفە “مێژوو” ناناسن، بەڵکو لە سەرەتاوە گریمانەی ڕەوشێکی سەرجەمییانەی سروشتی دەکەن. بە شێوەیەکی دی ببێژین، هزرینی مێژوویی لە فەلسەفاندندا بۆ یەکەم جار لای ژۆن-ژاک ڕوسۆ سەرهەڵدەدات.
هۆبس لەو ڕۆژانەدا دێتە جیهانەوە کە فیلیپی ئیسپانی گەلەکەشتییەکەی خۆی بەناوی “ئەرماندا” بۆ هێرشبردنە سەر لەندەن ئامادەکردبوو و دانیشتوانی ئەو شارە لە ترسدا تۆقیبوون. هۆبس سەبارەت بە زایینی خۆی دەبێژێت: “دایکم دووانەی هێنایە جیهانەوە: من و ترس”. ئەم هەستە خۆییە کە هۆبسی کامڵ دەریدەبڕێت، لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەیدا وێنەدەداتەوە و مرۆڤ ناودەنێت “گورگ”. ئەو لە سێنسگەراییەوە، لە ڕوانگەی بارگاویبوونی سێنسە مرۆڤییەکانەوە بە خواست و بەرژەوەندیی خۆیی، سەرجەم پەیوەندییەکانی نێو ڕەوشی سروشتی ناو دەنێت “دۆخی جەنگی یەک دژ بە یەک”، ئەمەش وەک سەرئەنجامی سروشتی مرۆڤی گورگ. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە جەنگ لای ئەو تەنیا واتای شەڕی فیزیکی ناگەیەنێت، بۆ نموونە کوشتار بە چەکی جیاواز، بەڵکو بوختان، فیتنەیی، ماچ و پاشقول، زەمکردن، تا دەگات بە داگیرکردنی ناڕەوای زەوی و باخی کەسانی دی، یان سامانکۆکردنەوە لەسەر ورگی خەڵک و هتد، مۆرکی ئەم ڕەوشەن. ئاخر مرۆڤ وەک بەرژەوەندگەرا هەر شتێک وەردەگرێت کە بۆ ئەو شادیبەخش بێت، لێ هەر شتێک بۆ ئەو شادیهێن نەبێت یان بە بەرژەوەندییەکانی نەگونجێت، ڕەتی دەکاتەوە. بێگومان لە ڕەوشی سروشتیدا یاسای ئەرێنیی سروشتی هەن کە بڕێک ڕەوشی جەنگ هێوردەکەنەوە، وەک: سڵاوکردن، بەهاناوەچوون، هەستان لەبەر میوان و هاوشێوەیان، لێ پێکڕای ئەم ڕەفتارانە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیی دەنوێنرێن. بەکورتی: ئەمە ڕەوشێکی هەژار، داماو و دازناوە کە تا سەر مرۆڤان بەرگەی ناگرن. لە حەوسەڵەیاندا نامێنێت. بۆیە زەروورەی پەیمانێکی جڤاکی ناچاریان دەکات هەڵوێست وەربگرن:
“من بەو مەرجە دەستبەرداری مافی خۆم بۆ هەبوونی هەر شتێک دەبم، کە تۆش دەستبەرداری هەمان مافی خۆت بۆ هەبوونی هەر شتێک ببیت”.
لێ ئەم پەیمانە جڤاکییە هێشتا ناتەواوە، بەس نییە بۆ “هەڵبەستن”ی دەوڵەت. ئاخر تەنیا کاتێک بەرژەوەندچییان ڕادەگیرێن و بەمەش پەیمانە جڤاکییەکە وەک دەوڵەت کارایی خۆی وەردەگرێت، گەر سەرجەمی پەیماندەران مافی خۆیان تەسلیمی سوڤەرێنێک (سەروەرێک) بکەن کە دەبێت ڕەها (ئەب-سولوت = لێ-جیابۆوە) بێت، واتا خۆی لە دەرەوەی دەوڵەت ببینێتەوە، ئەوجا بە یاسا و زەبری چەک ژیانی ئاشتەوایی بسەپێنێت، سزای ئەوانە بدات کە پێویستە و پاداشتی ئەوانە بداتەوە کە شایستەیین.
هەروەها جۆن لۆک ڕەوشێکی سروشتیی سەرجەمییانە دیاری دەکات. لەم ڕەوشەدا مرۆڤان بە یاریدەی ئاوەزی خودابەخش پێکەوە بەئاشتی دەژین، پێکڕا ئازادن و بە دەستوێژی سروشتی خەریکی ئاڵوگۆڕن (مەڕێک بە فەردەیەک گەنم). لەم ڕەوشەدا هیچ کەس مافی نییە هەبوونی ماف بۆ هەر شتێک لە هیچ کەس زەوتبکات. موڵکایەتی مافێکی پیرۆزی هەمووانە. وەلێ هەمووان وەک یەک ئاوەزیان بەگەڕناخەن و چوست و چالاک نین کە ئیدی تا ڕادەی شیان زەویی فراوان بۆ چاندن بەپیت بکەن. چالاک و ئاوەزمەندەکان بەم مۆرکەیان لە باقییەکەی دیکەی نێوەندە جڤاکی-سروشتییەکە جیادەبنەوە. جگە لەوە کرداری بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان کە تایبەتە بە ئەوان، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە، چونکە ئەو ئاوەزمەند و چالاکانە پەرە بە داهاتی گەلەکی دەدەن. بۆیە کێ تەمەڵ بێت و زەویی بۆ چاندن بۆ نەمێنێتەوە، مافی نییە گلەیی بکات، چونکە کەسی یەکەم بەهێزی ئاوەز و بازووی خۆی تا ڕادەی شیان زەویوزاری فراوانی بەپیتکردووە و زیاد لە پێداویستیی خۆی بەرهەمی خستۆتەوە. بەم شێوەیە بە هاتنەئارای جیاوازی موڵکایەتی، بەتایبەتیش بە سەرهەڵدانی پارە وەک دەستوێژی ئاڵوگۆڕ کە نە بۆگەن دەکات و نە دەوەرێت، ڕەوشی سروشتیی پڕ لە ئاشتەوایی وەردەگۆڕرێت بۆ دۆخی جەنگی یەک دژ بە یەک، کە بەتایبەتی زیانی بۆ دەوڵەمەندەکان دەبێت، چونکە جارێ ئینستانسێک لەگۆڕێ نییە کە مافی موڵکایەتی دیاری بکات و ئاشتەوایی جڤاکی بسەپێنێت. لێرەوە ئیدی پەیمانی جڤاکی پێویست دەبێت و پێکڕا بە ڕێبەریی دەوڵەمەندەکان حکومەتێک پێکدەهێنن، لە نێوەندیشیدا، کەواتە نەک لە دەرەوە وەک لای هۆبس، سوڤەرێن خۆی دەبینێتەوە. سوڤەرێن بە دەنگی زۆرینە دێتە سەر حوکم و هەر بە دەنگی زۆرینە وەک پێویست لادەبرێت. ئەم تیۆرییە دەچێتە نێو دەستووری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.
ڕوسۆ تیۆرییەکانی “مافی سروشتی”ی پێش خۆی چاک دەناسی. لێ ئەم، بۆ نموونە وەک هۆبس و لۆک، فەیلەسوفێکی ساردوسڕ نەبوو کە تەنیا بە داڕشتنی لۆژیکی، یان بە زمانی هۆبس ببێژین، “بەبێ خشڵ”، خۆی دەرببڕێت. هۆبس دەیگۆت، فەلسەفە وشک و ناشرینە، مەبەستیشی لەوە بوو کە نابێت لە فەلسەفەدا کەمترین “ڕەوانبێژی” هەبێت. لێ ئێمە بە نموونەی ڕوسۆ هاوکات بەر هزری “دێلیکاتێس”ی فەڕەنسی دەکەوین، کە واتای “بەچێژ، بەتام” دەگەیەنێت و لەم پەیوەندییەی هزرینیشدا ئاماژەیەکە بۆ داڕشتنی جوان کە لە بنەڕەتدا ئەدگاری ئەدەبە. بێگومان گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ڕوسۆ خۆیشی نووسەری ئەدەبی و هونەرمەند بوو و ئەم ئەدگارەی لە نووسینەکانیدا وێنەدەداتەوە.
ڕوسۆ لە “دیسکورزی نایەکسانی”دا (1755) گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی دەدات. بەم نووسینەی ئەو هزرینی فەلسەفەیی-مێژوویی دێتە نێو فەلسەفەوە بە کاریگەریی قووڵەوە نەک تەنیا لەسەر ئیدیالیزمی ئەڵمانی، بەڵکو لەسەر مارکسیزمیش. ئەنترۆپۆلۆژیی مارکسیزم کتومت ئەنترۆپۆلۆژییەکەی ڕوسۆیە.
ڕوسۆ پەیوەند بە ڕەوشی سروشتییەوە پێشبینیی “ناتورێک”ی، یان زیندەوەرێکی مرۆڤیانەی ئاژەڵئاسا دەکات کە لەنێو خودی سروشتەوە دەر-چووە بەبێ ئەوەی خاوەنی ئاوەز و زمان یان ڕەوشت بێت. ئەم مرۆڤە تەنانەت خواستی بەکۆمەڵایەتیبوونی نییە، بۆیە پەیوەندیی تەنانەت بە هاوڕەگەزی خۆیەوە نییە، بەڵکو بۆ خۆی دەژی و تەنیا مشوری ساتارکردنی پێداویستییەکانى دەخوات، پێداویستییەکانیش بریتین لە خواردن و خواردنەوە، نووستن و جووتبون.
گرنگترین مۆرکی مرۆڤ لە ڕەوشی سروشتیدا بریتییە لە ڕەمەکی “خۆخۆشویستن” کە سروشت بۆ مسۆگەرکردنى خۆهێشتنەوە پێیداوە. ڕەمەکى خۆخۆشویستن بە دیدی ڕوسۆ سیمایەکى باشى مرۆڤى سروشتە، چونکە بەهۆى ئەو ڕەمەکەوە بەردەوام خەریکى خۆیەتى و لێرەشەوە دەیبزوێنێت بۆ ئەوەی خۆی وەک تاک بپارێزێت. مرۆڤ بێگومان ترسى لە ئازار و برسێتى هەیە، ئەوە نەک بەهۆى مەرگەوە، چونکە ئاژەڵ هەرگیز نازانێت کەى دەمرێت. مرۆڤ لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا بە مەئریفەی مەرگ و وەى دەگات.
“بەزەیى” ڕەمەکێکى دیکەى سروشتییە و چە لاى مرۆڤ و چە لاى ئاژەڵ بەدى دەکرێت، بۆ نموونە لاى ئەسپ. بەزەیى “نەویستن ى مرۆڤە بۆ بینینى هاوڕەگەزەکەى لە ئازاردا”، بۆیە خێرا لە تەنگانەدا بەهانایەوە دەچێت، بەمەش بەزەیی دەبێتە هۆى هێشتنەوەى ڕەگەزى مرۆڤ، چونکە سنوورێک بۆ خۆخۆشویستن دادەنێت و نایەڵێت کاریگەرییەکى نالەبارى هەبێت. ڕوسۆ بەزەیى لە ڕەوشی سروشتیدا بەرانبەر ڕەوشت لە ڕەوشی جڤاکیدا دادەنێت.
“خۆشەویستى” یەکێکە لەو ڕەمەکانە کە بەسەر هەموو بەربەستێکدا زاڵ دەبێت. لێ خۆشەویستی دوو جۆرە کە ڕوسۆ ناویان دەنێت جەستەیى و دەروونی. یەکەمیان ڕەمەکێکی گشتییە کە ڕەگەزێک بۆ لاى ڕەگەزەکەى دى دەبات، دووەمیان مەیلێکە کە ڕەمەکە گشتییەکە بە کەسێکى تایبەتییەوە بەند دەکات. مرۆڤى سروشت بە دیدی ڕوسۆ تەنیا خۆشەویستیى جەستەیى دەناسێت و دوای بەیەکگەیشتنی ڕەگەزەکان و جووتبوونیان، لە یەکدی دووردەکەونەوە، تەنانەت زارۆک دایکی خۆی جێدەهێڵێت دوای ئەوەی پێویستی پێی نامێنێت. بە پێچەوانەشەوە خۆشەویستیى دەروونى هەستێکە کە لەتەک کولتووردا دێتە ئاراوە، واتا لەتەک ئەو خو و نەریتانەدا کە کۆمەڵێک لەسەریان ڕێکدەکەوێت.
ئێمە گەرەکە لای ڕوسۆ جیاوازی لە نێوان دوو قۆناغی ڕەوشی سروشتیدا بکەین: لە ڕەوشی سەرەتایی سروشتیدا نە “من”ی مرۆڤ و نە زمان لەگۆڕێن. لێ پەیوەندیی نێوان مرۆڤان و ژینگە، هەروەها کێشەی ساتارکردنی پێداویستییە مرۆڤییەکان، هێدی هێدی شێوەیەکی نزیککەوتنەوە لە یەکدی پێویست دەکەن. ئاخر درەختی بەرز هەن و مرۆڤ هێندە ئاسان دەستی بە بەری گرتوویان ناگات، ئاژەڵی دڕندە هەن و بە هەمان خۆراکی ئەو خۆیان دەژێنن، کەواتە ڕوودەکەنە ژیانی ئەو و ناچاری دەکەن فێری ڕاکردن یان بەرگریکردن ببێت، لێرەشدا چەکە سەرەتاییەکانی بەرد و لکی درەختن. بە خڕبوونەوەی ناچارەکیی مرۆڤان کۆمەڵگەلی بچووک دێنەئاراوە کە ئەندامانیان بە خواستی خۆیان لە یەکدی نزیککەوتوونەتەوە، جگە لەوە پێکڕا هاومافن، یەکسانن، ئازادن. هەموو هاوکاریی یەکدی دەکەن تاکو پێداویستییەکانیان ساتار بکەن.
ڕوسۆ لە ڕەوتی داڕشتنی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبووندا ئێکسکورزێک دەکات بە خەریکبوونێکی زمانفەلسەفەییەوە لەتەک سەرهەڵدانی زماندا. ئەو بەم فەلسەفەیەی زمان خودای سەردەمەکەی، واتا ئاوەزی ئەزەلی، لەسەر تەختی دەسەڵات دادەگرێت و پێشانی دەدات کە چۆن هەموو تێگەکانی مرۆڤ “هێدی هێدی” لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا سەریانهەڵداوە.
یەکەم زمان کە لە ڕەوشى سەرەتایی سروشتیدا پێویستە، بریتییە لە “هاوار” کە ڕەمەکییانە بەهۆی مەترسى یان ئازارەوە لە مرۆڤ هەڵدەستێت و مرۆڤ بەو دەنگە داواى یارمەتى لە هاوڕەگەزى دەکات. پاشان لەتەک پەرەسەندنى گرفتەکانى ژیان و لە ڕەوتى بەکۆمەڵایەتیبووندا دەربڕین بە دەنگی جیاواز و گەیەنراو بە بزووتنێکى تایبەتیى لەش (بە ژست) دەوڵەمەند دەکرێت تاکو واتاکە ڕوونتر بکرێتەوە. مرۆڤ سەرەتا بابەتە دیار و بزێوەکان بە ئاماژە و بابەتەکانى بیستن بە دەنگ ڕوون دەکاتەوە، لێ تەنیا بابەتەکانى ئامادە دیارى دەکات، ئەویش نەک هەموو کات، چونکە بابەتەکان بە هاتنى تاریکى دیار نامێنن و چیدى شیاوى بەکارهێنان نابن. بۆیە ئێستا “سەرنج” پتر پێویست دەبێت. سەرەڕای ئەوە جارێ دەستوێژی دەنگ زەحمەتە بۆیان بەهۆی ئۆرگانە تورتەکانی زمانەوە، چونکە ڕاهێنانیان پێنەکراوە. لە سەرێکى دیکەوە دەبێت وشەکانیان واتایەکى زۆر فراوانیان هەبووبێت، دەبێت بە یەک وشە ڕستەیەکیان دەربڕى بێت، چونکە جارێ نەیان توانیوە ئاخافتن بەسەر ڕستەى تێگەیەنەردا بەش بکەن. مرۆڤ بەدووى ئەمەدا و بە تەقەلایەکى زۆر و درێژخایەن فێر دەبێت، بکەر لە تەواوکەر و ڤێرب لە ناو جیا بکاتەوە، لێ ناوەکان جارێ ناوى خۆیى بوون و چاوگیش تاکە فۆرمى ڤێرب بووە. تێگەى ڕاناو زۆر درەنگتر دێتە ئاراوە، چونکە هەموو ڕاناوێک ڕوو دەکاتە واژەیەکى ئەبستراکت، هەروەها چونکە ئەبستراکتکردنەکان چالاکییەکى ناسروشتى و درێژخایەنى هۆشمانن. لە ڕەوتی کارابوونی زماندا هەر بابەتێک ناوێکى تایبەتیى لێ دەنرێت بەبێ گرنگیدان بە ڕەگەز و جۆرەکان. گەر داربەڕوویەک ناو بنرێت “ب”، ئەوا دەبێت دارگوێزێک ناوبنرێت “پ”، چونکە یەکەم تێگە کە مرۆڤ لە دوو شتەوە چێى دەکات، تێگەی “جیاوازى”یە، ئەمەش کاتێکى درێژخایەنى تێڕوانینى دەوێت، تا ئیدی مرۆڤ دەزانێت کە داخۆ ئەو دوو شتە لە چیدا جیاوازن یان یەکدەگرنەوە. ئاخر ناولێنانێکى بەم چەشنە ئاسان نییە، چونکە سەرەتا دەبێت مۆرکى بابەتەکان بناسرێت و ئەوجا ئەو لایەنە کە لە یەکیان جیا دەکاتەوە، ئەمانەش پێش پلەى جیاوازیکردن و ناولێنانن. جگە لەوە تێگەکان لە هۆشى مرۆڤدا ناچەسپێن گەر وشەکان یاریدەدەر نەبن، هۆشیش لە ڕستەدا نەبێت لێیان تێناگات. کەواتە مرۆڤ دەبێت فێری ئاخافتن ببێت، کە “هێدی هێدی” لەتەک بەکۆمەڵایەتیبووندا دێتەدی، بەتایبەتى لەنێو خێزاندا، لێرەش بەتایبەتى لاى زارۆک، چونکە ناچارە پێداویستییەکانى بە دایکى ڕابگەیەنێت.
ڕوسۆ دوای ئەم ئێکسکورزە ڕوودەکاتەوە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون. بە تەشەنەى ڕەگەزى مرۆڤ بەنێو جیهاندا گرفتەکانى مرۆڤان پەرەدەسێنن. جۆری زەوییەکان کە ئەوان لەسەریان دەژین و کەژەکانى ساڵ دەبن بەهۆى ڕێکخستنى شێوازى جیاى گوزەران. ساڵى نەهات، زستانى درێژخایەن و سارد، هاوینى گەرم و پڕووکێنەر، دەبن بەهۆی سەرهەڵدانی وزەى جیاوازی چالاکی لەنێو مرۆڤاندا. مرۆڤان لە کەنارى دەریا و ڕوبارەکاندا قولاپ دروست دەکەن و دەبن بە ماسیگر و ماسیخۆر؛ لە دارستانەکاندا تیروکەوان دروست دەکەن و دەبن بە ڕاوچى و شەڕانى؛ لە ناوچە ساردەکاندا دەکەونە بەخێوکردنى ئاژەڵ و بە پێستەکانیان خۆیان دەپۆشن، تا ئیدی جارێک بروسکەیەکى ئاگر هەڵگیرسێنەر ئاگریان پێدەناسێنێت و ئەوانیش بۆ خۆپاراستن لە سەرما بەکاری دەهێنن، پاشان فێرى دەستوێژێک دەبن بۆ ئەوەى ئەو توخمە بپارێزن و سەرلەنوێ ئاگر هەڵبگیرسێننەوە. ئەم گۆڕانە نوێیانە دەسەڵات بە مرۆڤان دەدەن مامەڵەیەکی دی لەتەک ئاژەڵاندا بکەن، کە ئیدی پتر بێدار دەبنەوە، ئەوجا فێرى “تەڵەنانەوە” و “فێڵ” ى دیکە دەبن، تا لە کۆتاییدا دەبن بە وەستاى “بەخێوکردن”.
لێ خزانى مرۆڤ بۆ نێو هزرین لەوەش قووڵتر بڕ دەکات: مرۆڤ بە ڕوانینی بۆ دەرەوە هاوکات فێر دەبێت لە خۆى بڕوانێت، بەم ڕێیەشەوە میانەیەک لە نێوان خۆى و جیهانى دەرەوەیدا دەهێنێتە گۆڕێ. ئەمە دەسپێکی “نامۆبوون”ی مرۆڤە لە خۆی، چونکە بە ڕوانین لە خۆ یەکانەی مرۆڤ دەپچڕێت – دەبێت بە دوو بەشەوە. سەرەڕای ئەوە ئێستا لە ناخی مرۆڤدا ئارەزووى “نازین” دەپشکوێت و هاوکات خۆى وەک ڕەگەز لە سەرووى ئاژەڵەوە دادەنێت، کە پاشان لێرەوە فێردەبێت لەنێو ڕەگەزەکەى خۆیشیدا جیاوازی بکات. ئاخر تاکى مرۆڤ لە ڕوانینیدا بۆ دەرەوە هاوڕەگەزى خۆیشى دەکەوێتە بەرچاو.
ئەم گۆڕانانە زۆر درێژخایەنن و هەنگاوەکان هێواش دەنرێن، لێ توانا بە مرۆڤان دەدەن هەنگاوى خێراتر بنێن: تا چەند هۆش پێبگات، ئەوەندەش بەرهەمەکانى چالاکیى لەشیان کامڵتر دەبن. ئێستا چیدى مرۆڤ لەنێو ئەشکەوتدا نانوێت، بەڵکو بە ئامرازى بەردین “خانوو” لە قوڕ و لکى درەخت دروست دەکات. ڕوسۆ ئەم گۆڕانە نوێیە ناو دەنێت “یەکەم شۆڕش (ڕێڤۆلوسیۆن)”. مرۆڤان بەهۆی ئەم گۆڕانەوە بەسەر خێزانى جیاوازدا بەش دەبن، سەرەڕای ئەوە بەشداربووانى ئەم کۆمەڵە بچووکانە جارێ لە یەکێتیدا پێکەوەدەژین، چونکە ئازاد و یەکسانن. ئەم ڕەوشەی ئێستا ئەوەیە کە لە مارکسیزمدا ناودەنرێت “کۆمونەی سەرەتایی”.
لێ ئەم ڕەوشە لەنێو خۆیدا یەکەمین توخمەکانی سەرهەڵدانی نایەکسانیی لەخۆگرتووە، چونکە ئازاترین و جوانترین کەس، دەنگخۆشترین و باشترین سەماکەر و هتد بەزۆریی “دەرکیان پێدەکرێت”، بەمەش فێری “ناز” و “فیز” دەبن. ئەوجا گەرچی ئەم ڕەوشە هێشتا هەر “لاوێتیی ڕاستینەی مرۆڤایەتییە” و هیچ ناچارییەکی بۆ تێکچوون لە خۆ نەگرتووە، وەلێ کتوپڕ ڕوداوێک سەرجەم ژیان دەگۆڕێت، هەروەک ببێژین، “کودەتایەک” بەسەر ژیانی ئازادی و یەکسانی و خۆشەویستیدا ڕوودەدات، کە ڕوسۆ بەم شێوەیە دەریدەبڕێت:
“یەکەم کەس کە بە بیریدا هات ببێژێت ‘ئەم زەوییە هینی منە’، ئەوجا کەسانێکی زۆری ساویلکە بڕوایان پێکرد، ئەو کەسە دامەزرێنەری ڕاستینەی سیڤیلیزاسیۆنە / ژیارییە”.
کەواتە ئاگایی موڵکداری هۆکاری کۆتاییهێنانە بە ڕەوشی “سەرەتایی” سروشتی و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئەو ڕەوشە. ئیدی هەرکەس دەیەوێت خاوەندار بێت، بەم ڕێیەشەوە ئێستا “خۆویستی” جێ بە خۆخۆشویستن لێژ دەکات، تەنانەت سەروەری بەسەریدا وەردەگرێت. ئەم هەستە تەواو نێگەتیڤە، چونکە مرۆڤ بەهۆیەوە گیرۆدەی خۆی دەبێت و هۆش و ئارەزووی تەنیا بە بەرژەوەندییە ماتەریەلەکانییەوە خەریک دەبن. خۆویستی دەردە و مرۆڤ بەهۆیەوە لە خۆی وەک بەشێک سروشت نامۆبووە.
بەکارهێنانى زەوى بۆ کشتیارى و پاشان دابەشاندنى، ڕاستەوخۆ ماف بە خاوەنى دەدات بۆ ئەوەى بەرهەمەکەى بۆ خۆى هەڵبگرێت و پاشان زەوییەکە خۆیشى وەربگرێت. لێرەوە موڵکداریى بەردەوام سەرهەڵدەدات، کە ساڵ بە ساڵ دەگۆڕرێت بۆ خاوەنداریى تایبەتى. کشتیارى بە دیدی ڕوسۆ بریتییە لە بناغەى سەرهەڵدانى خاوەندارى و دامەزراندنى حکومەت و دانانى یاسا.
لە ئەنجامى کارى دابەشدا کشتیار و کارکەرى مێتال لە یەکدى جیادەبنەوە، هاوکات ناچار دەبن بەرهەمەکانیان لەگەڵ یەکدیدا بگۆڕنەوە. لێ ڕادەى جیاوازى پێداویستییە ئابوورییەکان دەبێت بەهۆی سەرهەڵدانی ئاستى جیاوازى بەندبوونی نێویەکی لەنێو سەرجەم دانیشتواندا، تا لە کۆتایى ئەم گۆڕانە بەردەوامەدا موڵکدار و بێموڵک سەرهەڵدەدەن و بەرانبەر یەکدى دەوەستنەوە. موڵکدارەکان پشت بە “مافى سروشتی” دەبەستن، واتا بەو کاتە کە دەستیان بەسەر یەکەم موڵکدا گرت، لێ بێموڵکەکان جەخت لە “مافى بەهێزتران” دەکەن. سەرەڕای ئەوە موڵکدارەکان جارێ ناتوانن مافێک بسەپێنن کە بەو پێیە بێموڵکەکان لە “هەبوونى ماف بۆ هەر شتێک” بەدەربکرێن. سەرەنجامی ئەم بەدپەیوەندییە بریتییە لە “جەنگى یەک دژ بە یەک” کە بەتایبەتى زیان بە دەوڵەمەندەکان دەگەیەنێت، چونکە لە لایەک لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو نین و لە لایەکى دى هێزێکى ئەوتۆیان نییە کە خۆیان و موڵکەکانیان بپارێزێت. ڕوسۆ لێرەشدا بە بۆهاتنێکی بلیمەتانە وەرچەرخانەکە ڕووندەکاتەوە: “دەوڵەمەند” پلانێکى “بێڕادە فێڵبازانە” دەچنێت: “پەیمانى جڤاکی”. دەوڵەمەند ڕووی دەمی دەکاتە مرۆڤەکانى دەورى:
“با یەک بگرین، تا لاوازان لە چەوساندنەوە بپارێزین و تەمائکاران بەگیربهێنین، تا بۆ هەر یەکەمان ئەوە مسۆگەر بکەین کە هینى ئەو خۆیەتى؛ با پەیڕەوەکانى ئاشتى و دادپەروەرى دابڕێژین، تاکو هەموومان بۆ پێکەوەژیان ناچار بکەن؛ بە کورتى، لەجیاتى ئەوەى هێزەکانى خۆمان بۆ تێکشکاندنى خۆمان بخەینە گەڕ، لە دەسەڵاتدارییەکى تاک و بڵنددا یەکیان دەخەین، تاکو بەگوێرەی یاساى دانایانە ڕێبەریمان بکات، ئەندامانى جڤاک بپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات، دوژمن بشکێنێت و ژیانى گشتى لەنێو بەختیارییەکى نەگۆڕدا مسۆگەر بکات”.
بەم شێوەیە هەژارانی لەژمارەنەهاتوو بۆ پەیمانێک ناچاردەکرێن کە بەتایبەتی زیان بە خۆیان دەگەیەنێت، چونکە ئێستا بۆ هەمیشە ڕەوایەتی بە نایەکسانیی جڤاکی دەدرێت.

“دیسکورزی نایەکسانی” بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی بێدادی دەوڵەمەندەکان کۆتایی پێدێت. ڕوسۆ چەند ساڵێک دوای ئەو نووسینە (1762)، بە نووسینێکی دیکەی تیۆرییانە خۆی بە پرسی دەسەڵاتدارییەکی ڕەواوە خەریکدەکات: “پەیمانی جڤاکی”.
دەستپێکی ئەم نووسینە ڕستە بەناوبانگەکەیەتی کە دەبێژێت: “مرۆڤ بەئازادی دێتە جیهانەوە، لێ لە گشت لا لە کۆت و زنجیردایە”. ئێمە بێگومان بۆ تێگەیشتن لەم ڕستەیە دەبێت پرسیار و وەڵامەکانی دوای ئەو بخوێنینەوە. ئاخر ڕوسۆ بەدوویدا دەپرسێت: “ئایا چۆن ئەوە هاتۆتە ئاراوە؟”، ئەوجا خۆی وەڵام دەداتەوە: “نازانم”؛ “ئایا چۆن ئەوە چارەسەر دەکرێت؟ باوەڕ دەکەم بتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە”. ڕوسۆ بە “پەیمانێکی جڤاکی” وەڵامی کێشەی ئازادیی مرۆڤ و پێکەوەژیان دەداتەوە، وەلێ وەڵامەکانی گەلێک دژبێژی لە خۆ دەگرن. ئاخر وەک گۆتمان ئەو سیستەمگەرا نەبوو و دەرچەیەکی هزرینی لۆگیکی بچەسپێنێت.
ئازادی پرسی ڕوسۆیە. لێ ئازادی هەردەم دەشێت وەک هەقیقەتێکی ناخەکییانەی مرۆڤ لەگۆڕێ بێت، واتا جیاوازە لە پابەندی مرۆڤان بە دەسەڵاتدارانەوە، بە ڕەوشە ئابووری و جڤاکییەکانەوە. ئەمەش قووڵترین کێشەی بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسییە.
لای ڕوسۆ بەبێ پێکەوەگرێدانی پەیمانی جڤاکی (دەوڵەت) و ئەخلاق نەشیاوە دەسەڵاتدارییەکی سیاسیی ڕەوا دابمەزرێنرێت، کە ئاشکرایە لەبرییەکە بۆ دەوڵەتی ستەمکاری دەوڵەمەندەکان. ئەم فێڵبازانە دواى تێکچوونى دۆخى ئاشتەوایى و ئاسایشی سروشتی خەڵکیان بۆ خاتری بەرژەوەندیى تایبەتییان فریو دا و لە خۆویستییەوە پەیمانێکى جڤاکییان بەسەردا زیتکردنەوە، وەک ستەمکار بەسەریانەوە زیتبوونەوە. ڕوسۆ بە پێچەوانەوە پەیمانێکی جڤاکیی دەوێت کە “لە نێویدا هەرکەس، کاتێک لەتەک هەموواندا یەکی گرتووە، تەنیا گوێرایەڵى خۆى بێت” و هاوکات وەک “ئەندام” هەمەکییانە (تۆتال) لەتەک جڤاکدا یەکبگرێتەوە. لێرەدا واژەی “هەرکەس” ئاشکرای دەکات کە ئەو مەرجە بەبێ جیاوازى چواندنی بۆ سەرجەم پەیمانبەستووان هەیە، کەواتە هیچ کەس بۆی نییە داوا بکات ئەو مافانەی بۆ بهێڵرێنەوە کە پێش بەستنی پەیمان هەیبوون، یان گەر تەنانەت کەمترین بڕی لەو مافانەی پێشووی پێبدرێتەوە، پەیمانی جڤاکی هەڵدەوەشێتەوە.
ئێمە لەم پەیمانە جڤاکییەی ڕوسۆدا کۆکردنەوەی مافەکانمان نییە، یان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ ببێژین، گەلەکۆمەکێمان نییە، گەڕەلاوژێی سوننەتیمان نییە، بەڵکو بەستنی پەیمانێکمان هەیە لە پرنسیپی چەسپێنراوەوە. ڕوسۆ ئەم پرنسیپە ناو دەنێت “ویستی گشتی” وەک دەرهاویشتەی ویژدان.

پەیمانی جڤاکی فاکتە، سەرهەڵدانێکی سیاسییە، لێ ویستی گشتی فاکت نییە، بەڵکو ئاڕاستەییە، بریتییە لە “گەرەک” و فۆرمێک دەچەسپێنێت کە لە دوو ڕووەوە کارایی وەردەگرێت: دەبێت لە ناخى هەر تاکێک و هاوکات لە ناخى هەموواندا هەبێت. واتا: ویست “گەرەکە” گشتی بێت پەیوەند بە هەر تاکێکی پەیمانبەستووەوە، کەواتە هەمووان بەبێ جیاوازى بگرێتەوە، هەروەها “گەرەکە” ئاڕاستەى سەرجەم، واتا خۆی کرابێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێستا ویستێکى ئۆبژێکتیڤییە کە بە مرۆڤ نابێژێت “چى” ئەنجام بدات، بەڵکو فەرمان دەدات کە “چۆن” گەرەکە ئەو بڕیار بدات بۆ ئەوەی خۆی و کردارەکانی چاک بن، ئەوا بریتییە لە ئۆتۆنۆمى و ئازادى.
ئێمە بۆ تێگەیشتن لە ویستی گشتی وەک ویستی سەرجەم گەرەکە لە پێکهێنانێکی دیکەی جڤاکی بڕوانین کە ڕوسۆ ناوی دەنێت “ویستى هەمووان” وەک کۆی ویستەکان. لێرەدا بەر تێزەکەی تیۆریی گێشتاڵت دەکەوین کە دەبێژێت: “سەرجەم / فۆرم گەورەترە لە کۆی کەرتەکان”. بۆ نموونە فۆرمی خانوویەک کە بەنێو خانووەکەدا “هەڵهاتووە”، گەورەترە لە کۆی کەرتەکانی خانووەکە، وەک بەرد، دەرگە، پەنجەرە و هتد. ئەم فۆرمە سەرجەمییە ئامانجی پەیمانە جڤاکییەکەی ڕوسۆیە، بە پێچەوانەشەوە ویستى هەمووان تەنیا کۆى بەرژەوەندییە جیاکانە، چونکە هەر تاکێک پەیمانەکەی بە مەرجی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی قبووڵکردووە. ئێمە لەم کێشەیە باشتر تێدەگەین، گەر لە هەڵوێستى ڕوسۆ بەرانبەر پارتى سیاسى و دەستە و تاقمە یەکگرتووەکان بڕوانین. هەموو پارێکی سیاسی دەشێت پەیوەند بە خۆیەوە ویستێکی گشتی، لێ پەیوەند بە سەرجەم جڤاکەوە ویستێکی تایبەتیی هەبێت. بۆیە ڕوسۆ داوا دەکات کە نابێت لەنێو دەوڵەتدا پارتى سیاسى هەبێت، چونکە پارت شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، بەو ڕێیەشەوە زیان بە دەوڵەت، واتا بە “گەلی یەکگرتوو” دەگەیەنێت. هەروەها جیاوازیکردنی ڕوسۆ لە نێوان “سیتۆیا” و “بۆرژوا”دا کلیلێکمان بۆ تێگەیشتن لە پەیمانە جڤاکییەکەی ئەو پێدەدات. ئەوانەی یەکەم پەیمانبەستووانن، ئەوانەی دووەم، واتا بۆرژواکان، دوای بەرژەوەندیی تایبەتییان، دوای ویستی تایبەتیی خۆیان، دەکەون.

کەواتە ڕوسۆ لەم پەیوەندییەی پەیمانی جڤاکیشدا دەکەوێتەوە بەردەم کێشەی ئەو نامۆبوونەی نێو دۆخی سروشتییانەی جەنگی یەک دژ بە یەک کە لە “دیسکورزی نایەکسانی”دا دایڕشت. بێگومان ئەم کێشەیەی نامۆبوون هەر تاکێک دەگرێتەوە، کەواتە زۆر قووڵتر لە پەیوەندییە نوێ سەرهەڵداوەکانی نێو دەوڵەت بڕدەکات (کە لە خوارەوە ڕوونتر دەبێتەوە). سەرەتا ئێمە لە دەوڵەتەکەی ڕوسۆدا کە ناوی دەنێت “ڕێپوبلیک / کۆمار”، لە لایەک پەیمانبەستووانمان هەن کە بەویژدانانە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا لە ویستی گشتیی خۆیانەوە کردار دەنوێنن، لە لایەکی دی “لە وڵاتدا” کەسان هەن کە گوێ لە دەنگی ویژدان ناگرن، بەڵکو خۆویستیى بێجڵەو وەک بناغەى تێڕوانین و ژیانیان دادەنێن. ئێمە لێرەدا بەڕوونی تیۆریی “سوڤەرێن”ەکەی ڕوسۆ دەبینین. لای هۆبس پەیمانبەستووان سەرجەم مافی خۆیان بە سوڤەرێنێک دەدەن کە لە دەرەوەی قەوارە سیاسییەکەوە، دەوڵەتەوە، بەسەریانەوە حوکم دەکات؛ جۆن لۆک سوڤەرێنێک بە دەنگی زۆرینە لە نێوەندی قەوارە سیاسییەکەدا بۆ حوکمڕانی دادەنێت؛ لای ڕوسۆ بە پێچەوانەوە یەکگرتووان خۆیان بریتین لە سوڤەرێن، کە لەسەر ڕێنومای ویستی گشتی سەرجەمە ویستێکی گشتی پێکدەهێنن، بۆیە ئەم سوڤەرێنە نەشیاوە بەرژەوەندییەکى جیاى لە هینى ئەوان خۆیان هەبێت. ئەوجا ئەنجامدانی ویستى گشتى بریتییە لە سوڤەرێنێتی و تەنیا ئەم بۆى هەیە دەوڵەت ڕووەو ئەو ئامانجە بەڕێوەبەرێت کە خودی دەوڵەت لە پێناویدا دامەزراوە: بەختیاریى گشتی. تیۆریی سوڤەرێنی ڕوسۆ بریتییە لە تیۆریی دێمۆکراتییەکی جەماوەری.
لێ چۆن پەیمانی جڤاکی بەبێ پرنسیپی ویستی گشتی کارایی وەرناگرێت، بەهەمان شێوە سوڤەرێنێتی ناتوانێت بەبێ بنەڕەتێکی گشتگیر ئامانجەکانی چالاکبوونی خۆی بەدیبهێنێت. ئەم بنەڕەتە بریتییە لە یاسا کە گەرەکە دەوڵەت بەرەو ئامانجی دامەزراندنی ئاڕاستە بدات. لەم ڕوانگەیەوە پەیمانی جڤاکی یان دەوڵەت لای ڕوسۆ قەوارەیەکی چەسپێنراوی ویستی گشتییە، لێ هاوکات پرۆژەیە، واتا لە بزووتندایە ڕووەو بەدیهێنانی بەختیاریی گشتی، ئەمەش وەک نیشانەی ئاشتبوونەوەی، واتا یەکگرتنەوەی مرۆڤ لەتەک خودی خۆیدا – وەک کۆتاییهێنان بە نامۆبوون (کۆمونیزمە یوتۆپییەکەی مارکسیزم).

ڕوسۆ لەم پەیوەندییەشدا خزاوەتەوە نێو دژبێژییەوە، لێرەشدا بەر کێشەیەکی نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی و سروشت دەکەوین کە لە سەرەوە پێشانمان دا. ڕوسۆ یاسا وەک بەرجەستەبوونی ویستى گشتی، وەک یاسای سەرجەم “گەل”ی پەیمانبەستوو بۆ هەمووان دیاری دەکات، لێ هاوکات دەبێژێت: گەرچی “گەل” هەردەم چاکەی دەوێت، ئەویش چونکە لە ویستی گشتیی خۆیەوە کردار دەنوێنێت و هاوکات خۆی خستۆتە ژێر ڕکێڤی ویستی گشتییەوە وەک ویستی سەرجەم، سەرەڕای ئەوە هەموو کات لە لایەنى خۆیەوە کێشە ئاڵۆزەکان نابینێت و ئەو بڕیارانە ناناسێت کە ویستى گشتى بەڕێوە دەبەن. ئاخر بڕیارەکان ڕۆشن نین، بۆیە پێویستییەک بەرۆکیان دەگرێت: پێویستە ڕێگەى ڕاستی پێشانی گەل بدرێت و کێشە و بڕیارە ئاڵۆزەکانى بۆ ڕوون بکرێنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت پێویستی بە “لێجیسلاتوێر”ە (یاسادانەرە)، واتا بە “مرۆڤێکى شاز” کە خاوەنى “ژیرییەکى نائاسایى” و “دەروونێکى میهرەبان”ە، کە هەموو سۆزەکانى مرۆڤ دەناسێت و لەژێر ڕکێفى هیچ کامیاندا نییە، کە بەختیارییەکی سەربەخۆی لە بەختیاریی گەل هەیە و سەرەڕای ئەوە مشوری بەختیاریى گەل دەخوات. ڕوسۆ پەیوەند بە لێجیسلاتوێرەوە تەنانەت دەبێژێت: “مرۆڤ پێویستیى بە خودایەکە تاکو یاسای بۆ دابنێت”. لێ ئەم داواکارییەی ڕوسۆ پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە.
لێجیسلاتوێر یاسادانەر نییە. گەر ئەو دانەرى یاسا بێت، ئەوسا یاساکان هینى خۆى دەبن، کەواتە لە نێویاندا ویستی تایبەتیی خۆی بەرجەستە دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تێگەی لێجیسلاتوێری ڕوسۆ تەنیا دەستوێژێکی کۆنستروکسیۆنە. ڕوسۆ دەبێژێت: “لێجیسلاتوێر کۆمار دادەمەزرێنێت، لێ خۆى لە دەستوور بەدوور دەگرێت. پێگەى ئەو ئاستێکى تایبەتى و بەرزترە و هیچ پەیوەندییەکى بە دەسەڵاتداریى مرۆڤەوە نییە”. ئەو تەنیا بەڕێى داناییەکەیەوە ویست و بەختیاریى گەل دەناسێتەوە، هاوکات ئەرکێک لە ئەستۆیدایە کە هاوشێوەى پێگەکەى شازە: لەبەرئەوەی گەلى خۆیەکخستوو لە زمانى مۆرالپەروەرى و دانایى، واتا لە زمانى یاسادانەر (و فەیلەسوف) تێناگات، هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ئەندامێکى جڤاک تەنیا بەو پلانانە ڕازى دەبێت کە پێى هەڵدەسووڕرێن و تێیاندا سوودی خۆیی دەبینێت، ئەوا ئەرکى سەرەکیى لێجیسلاتوێر بریتییە لە پەروەردە. لێرەدا ئاشکرایە کە گەل دەبێت ئۆتۆرێتیی ئەوی ناساندبێت تاکو ئیدی بتوانێت ئەرکە یەکجار “مەزن و دژوار”کەی بەجێبگەیەنێت کە ڕوسۆ دەیخاتە ئەستۆی: لێجیسلاتوێر دەبێت پێکهاتەى ناخەکییانەی مرۆڤ هەڵبگێڕێتەوە و کەسێتییەکی دیکەی پێبدات؛ دەبێت لە مرۆڤ هێزە خۆییەکانى بسەنێت و هێزى دیکەى ئەوتۆى پێبدات کە بە ئەو نامۆن و بەبێ یارمەتیى کەسانى دى نازانێت بەکاریان بهێنێت؛ دەبێت فۆرمی هەر ئەندامێک کە لە خۆیدا سەرجەمێکى کامڵ و سەربەخۆیە، بۆ کەرتى سەرجەمێکى گەورەتر وەربگۆڕێت!

ئامانجی ڕوسۆ لەم ئەرکە “مەزن و دژوار”ەی لێجیسلاتوێردا ئەوەیە کە “ئاگایی جڤاک ببێت بە بەرهەمى دەستوور”. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە گۆڕانێکى مێژووییمان لای ڕوسۆ هەیە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە: “پەرجوى یاسا” گەرەکە هاوڵاتییان بەو ئازادییە بگەیەنێتەوە کە لە دۆخی سەرەتایی سروشتیدا مۆرکی ئەوان بوو. لێ لەبەر ئەوەی دەشێت ئەو ئەرکە بۆ خودی لێجیسلاتوێر ببێت بە مایەی لێهزرین، یان ببێژین، تەنانەت ببێت بە مایەی سەرئێشە، ئەوا زۆر جار ناچارە لە پێناوی بڕواهێناندا بە ڕاڤەی کێشە زۆر و ئاڵۆزەکان هانا بۆ ئۆتۆرێتییەکى دیکە بەرێت کە بەبێ زەبر و گفتدان بڕواهێنەر بێت بە مرۆڤ، واتا هانا بۆ ئاسمان بەرێت، هاوشێوەی باوکانی گەلان (موسا، لیکروگ، محەمەد) کە هانایان بۆ ئاسمان بردووە و بانگى خودایەکیان کردووە، هاوکات دانایی خۆیان وەک پەیامى نێرراوى خودا ڕاگەیاندووە تاکو گەلەکانیان بڕوایان پێبکەن. مەسەلەکە لای ڕوسۆ لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە گەر مرۆڤ یاساکان وەک دەربڕینى ویستى خودایەکى ئەزەلى ببینێت، ئەوسا ناتوانێت لێیان لا بدات، هاوشێوەی یاساکانى سروشت کە هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت وەریانبچەرخێنێت، کەواتە یاساکان هاوشێوەی یاساکانی سروشت وەک زەروورە وەردەگرێت و بە ڕێگرى ئازادیى خۆى دایان نانێت.
گەچی سەرجەم دەسەڵات لای گەلی پەیمانبەستووە وەک سوڤەرێن، سەرەڕای ئەوە گەرەکە حکومەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە پێویستەکانی کۆمار پێکبهێنرێت. لێ پرسی بەڕێوەبەرایەتی لای ڕوسۆ لاوەکییە، گرنگ ئەوەیە کە سوڤەرێن بەردەوام چالاک بێت: گەرەکە کۆمیتە جیاوازەکانی سەرجەم ناوچەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوامی پێویستدا بن، گەرەکە “دێمۆکراتییەکی خۆسەری” بریتی بێت لە کەتواری جڤاک، هاوکات هەر سوڤەرێن خۆی چاودێریی هەر هەنگاوێکی حکومەت بکات تا دەرفەتی نەبێت لە ئەرکی پێدراوی کە خزمەتکاریی سوڤەرێنە، لابدات. ئەرکی حکومەتێکی بەم چەشنە ئەوە نییە کە هەژاران لە دەوڵەمەندان بپارێزێت، بەڵکو ئەوەیە کە ڕێ لە کۆکردنەوەی سامانی زۆر لە هەمووان بگرێت. بێگومان ڕوسۆ دژی خاوەنداریی تایبەتی نییە، بە پێچەوانەوە بە مافێکی نەشیاوی دەستبەرداریی دادەنێت. گرنگ ئەوەیە کە نابێت لە کۆماردا دەوڵەمەند و هەژار هەبن.

کۆمار دوو زەمینەی ئابووریی پێویستە: کشتیاری کە یەکەم دابینکەری ئاسایشی جڤاکی و ئایندەی کۆمارە، ئەوجا پیشەی دەستی. ڕوسۆ دژی ئیندوستریی زەبەلاح بوو. ئێمە لێرەشدا سەرلەنوێ ئاماژەیەک بۆ گەلی پەیمانبەستوو وەردەگرینەوە. کشتیاران سەرجەم پێداویستییە خۆراکییەکانی کۆمار دابین دەکەن، پیشەگەرانی دەستی ئامرازە پێویستەکان بەرهەمدەهێنن. ئێمە لێرە لای ئەو توێژەین کە لە مارکسیزمدا ناودەنرێت “وردە بۆرژوا”. ڕوسۆ لای ئەمان لە ماڵی خۆیدا بوو. ئاخر پیشەگەرانی دەستی بە داهاتی کەم ڕازی دەبن، هاوکات کار بە کەسانی دیکە دەدەن، واتا بە شاگردەکانیان، بەمەش لە بەرژەوەندیی کۆماردا هەڵوێست وەردەگرن. ڕوسۆ لە ڕۆمانی “ئێمیل”دا ئامۆژگاریی ئێمیل دەکات کە گەرەکە لە تەمەنی گەنجێتیدا فێری پیشەیەکی دەستی ببێت، چونکە بەو ڕێیەوە ئازاد دەبێت: کەی قسەیەکی ناشرینی پێبگۆترێت، هەگبەکەی دەپێچێتەوە و دەڕوات، ئەوجا لەتەک خۆیدا “هەردوو دەستی دەبات”. پیشەگەری دەستی وەک کشتیار نییە کە دەشێت ڕۆژی چەند جار لەسەر زەوییەکەی ڕسوا بکرێت. بێگومان ئاشکرایە لێرەدا ڕوسۆ لە کشتیارانی نێو ڕەوشی سروشتی دەدوێت نەک نێو ڕەوشی کۆماری.
ئێمە لە سەرەوە بە نموونەی پەرجوی یاسا و رۆڵی لێجیسلاتوێر بینیمان کە ڕوسۆ زۆر ڕیشەییترە لەوەی تەنیا بە پەیمانێکی پراگماتییانەی جڤاکی قایل بێت. ئێستاش بە هەمان شێوە، دوای دیاریکردنی سوڤەرێنێتی و رۆڵی حکومەت و ئابووریی دەوڵەت، بنەڕەتێکی دیکەی “شوناسی کۆمارەکەی” دەچەسپێنێت کە بەڕاستی شۆڕشگێڕە: کۆمار زەمینەیەکی ڕەوانیی پێویستە، واتا ئاینێک وەک لەبریی بۆ ئاینی کریستیانی. ئاخر هەموو دەوڵەتێک پێویستی بە ئاینە وەک بناغەیەکی شوناسییانەی یەکێتیی دەوڵەت. ڕوسۆ ئەم ئاینە ناو دەنێت “ئاینى هاوڵاتى” کە تەواو جیاوازە لە ئاینی کریستیانی (یان ئاینە ئاسمانییەکانی دی). ئاینی کریستیانی داوای ملکەچی لە مرۆڤان دەکات و ڕێنوما ئاینییەکانی خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێت، ئەوانیش دەبێت بێچەندوچوون ڕازی بن پێیان، هەروەها دەبێت ڕێکخراوە دامەزراوەییەکەی قبووڵ بکەن، کەواتە ڕێیان پێنادات وەک هاوڵاتیی ئازاد ئەرکەکانیان گونجاو بە توانستیان ڕابپەڕێنن. “ئاینی هاوڵاتی” بە پێچەوانەوە گەرەکە پاڵهێز بێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان فرمانەکانى خۆیانیان “خۆشبوێت”، ئەمەش بەواتای، گەرەکە ڕێنوماکانی وەک لاى کریستیانەکان “دۆگم نەبن”، بەڵکو دەرهاویشتەی “هەستى جڤاک” بن و بەمەش بە هەر هاوڵاتییەکی پەیمانبەستوو ئاشنابن. تەنیا بەڕێى ئەم هەستەى سەرجەم جڤاکەوە دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەى هەر ئەندامێک بتوانێت “هاوڵاتییەکى چاکى دەوڵەت و ژێردەستەیەکى دڵسۆزی یاساکان” بێت. بۆیە گەرەکە بنەماکانى ئاینى هاوڵاتى بە ژمارە کەم بن، هاوکات ڕوون بن و پێویستیان بە ڕاڤەکردن نەبێت. گرنگترینی بنەما پۆزەتیڤەکانى ئیمان بریتین لە: هەبوونی خودایەتییەکى ئاوەزمەند، پیرۆزیى پەیمانى جڤاکى و یاساکان.
بێگومان چۆن لەنێو کۆماردا کەسان و گروپی جیاواز هەن کە دوای ویستی تایبەتیی خۆیان دەکەون، بۆ نموونە “بۆرژواکان” یان تاقمە سیاسییەکان، بە هەمان شێوە مەرج نییە لە پرسی ئاینی هاوڵاتیشدا هەمووان بڕوای پێبهێنن. ڕوسۆ لەم ڕەوشەدا ماف بە سوڤەرێن دەدات ئەو کەسانە لە دەوڵەت بکاتە دەرەوە کە بڕوایان بە ئاینی نوێی کۆمار نەهێناوە، لێ نەک وەک بێئیمان (ئەمە هەڵوێستی کریستیانەکان بوو لەدژی کەسانی دی)، بەڵکو وەک “دوژمنى جڤاک” کە یاساکان و دادپەروەرییان خۆشناوێت، یان ژیانیان لەکاتى پێویستدا بۆ فرمانەکانیان بەخت ناکەن. ڕوسۆ هەر لەم پەیوەندییەدا هەڵوێستێکی توند لەدژی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە بەرواڵەت، نەک ناخەکییانە، بڕوا بە بنەماکانى ئاینی نوێ دەهێنن و هاوکات تا ڕادەی شیان بە پێچەوانەی ئەوانەوە کردار دەنوێنن. سوڤەرێن گەرەکە سزاى مەرگ بەسەر ئەم جۆرە کەسانەدا بسەپێنێت.
گەرچی ڕوسۆ دژبەری شۆڕشی بگۆڕی پەیوەندییە جڤاکییەکان بوو، بەڵکو تەنیا تیۆرییەکی جڤاکی بەداد دادەنێت، سەرەڕای ئەوە لە ڕووی هزرییەوە ڕوسۆ دەبێت بە یەکێک لە ڕێخۆشکەرانی شۆڕشی فەڕەنسی، هاوکات کتێبی “پەیمانی جڤاکی” دەبێت بە ئینجیلی ژاکۆبییەکان و ڕۆبسپیا بەتایبەتی کە تەنانەت لە “ئاینی هاوڵاتی”یەکەی ڕوسۆوە ئاینێکی نوێ بۆ دەوڵەتی فەڕەنسی بنیاتدەنێن و ڕایدەگەیەنن.




داگیركردنى ڕوناكى له‌ “داگیركردنى تاریكى” به‌ختیار عه‌لى دا.. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

دوێنێ له‌ خوێندنه‌وه‌ى ڕۆمانى”داگیركردنى تاریكى” نوسه‌رى كورد به‌ختیار عه‌لى بوومه‌وه‌. من هه‌میشه‌ عه‌وداڵى جیاوازى و جیانووسى و ده‌رچوون له‌ تایپه‌ كلاسیكه‌كانى بیركردنه‌وه‌ و كار و كردارم. له‌ ئیشه‌كانیشمدا پشت به‌ بیركردنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌ییانه‌ ده‌به‌ستم و بۆ نوسین و به‌رهه‌مى ئه‌وانى تریش دۆلۆز وته‌نى هه‌میشه‌ زمانى دووه‌م كه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ به‌كاردێنم. داگیركردنى تاریكى ڕۆمانێكى جیاوازه‌ هه‌م له‌ ڕووى تیمه‌(بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كیى) و خولانه‌وه‌ له‌ ده‌ورى ئه‌م تیمه‌یه‌ تا كۆتایى، هه‌میش له‌ ڕووى ئاگایى نووسه‌ر له‌ نه‌پچڕانى خه‌یاڵ و نه‌ترازان و نه‌خلیسكانى بۆ سه‌ر بیرۆكه‌ په‌راوێزیه‌كان كه‌ له‌ خۆیدا ئه‌م نه‌خزینه‌ به‌ڵگه‌ى پارێزگاریكردنى نوسه‌ره‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى بابه‌ت و مانه‌وه‌ى له‌ خه‌یاڵستانى خۆى و دواتر به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌م خه‌یاڵستانه‌ به‌ (شوێن) كه‌ جوگرافیایه‌ و ئینجا به‌ زه‌مه‌ن كه‌ مێژووى به‌سه‌رهاته‌ جۆراوجۆره‌كانه‌.

ئیشكردنى جیاواز له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو ڕوداوانه‌ بیرێكى ڕێكخراوى ئۆرگانیزه‌كراوى ده‌وێ هه‌روه‌ك ئالان بادیۆ ده‌ڵێ بۆ چاره‌سه‌ركردنه‌ هزریه‌كانى ئه‌م هه‌مو ناهۆمۆجینیه‌ته‌. به‌ختیار عه‌لى ئه‌زمونێكى دورودرێژى له‌ نوسین هه‌یه‌ چ له‌ ڕۆمان و شیعر و چ له‌ بواره‌كانى هزرى فه‌لسه‌فى و سیاسیى دا، له‌ لایه‌ن نوسه‌ر و كه‌سانى تره‌وه‌ گه‌لێك له‌سه‌ر لایه‌نى نوسین و زمانى نوسینه‌كه‌ى نوسراوه‌، من لێره‌دا ته‌نها سوكه‌ ئاماژه‌یه‌ك له‌ ڕووى زمانه‌وه‌ به‌ خودى ناونیشانه‌كه‌ و دواتر تیمه‌ى سه‌ره‌كى ڕۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌م كه‌ هه‌رهه‌مووى له‌سه‌ر ونبونى زمان و دواتر دۆزینه‌وه‌یه‌تى.

له‌ ناونیشان قسه‌ى به‌ختیار له‌سه‌ر تاریكیه‌، ئه‌م جۆره‌ تاریكیه‌ش به‌ مانا فڕۆیدى و دواتر لاكانیه‌كه‌ى پانتاییه‌كى له‌ بن نه‌هاتووى هه‌یه‌ له‌ خود و كیانى تاكه‌كان و هیچ هێزێك تواناى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ تا بنى بنه‌وه‌ى بچێت و سه‌ره‌نجام هه‌ر هه‌مووى داگیر بكات و بیخاته‌ ژێر ڕوناكایى ئاگایى و (من) ه‌ هوشیاره‌كانه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ وا باشتر ده‌بوو كاك به‌ختیار زیاتر خۆى به‌ سكیماى ئه‌بیستیمۆلۆجى(نه‌خشه‌ى سیستمى مه‌عریفیى) كه‌ له‌ زماندا به‌رجه‌سته‌یه‌ ماندوو كردبایه‌، ئه‌وسا ئه‌و كه‌مه‌ هه‌ڵانه‌ش كه‌ تێیكه‌وتوون نه‌ده‌بینران و ڕه‌مزییه‌تى وشه‌ و ئایدیه‌م و چه‌مكه‌كانیش وردتر ئامانجه‌كانیان ده‌رده‌خست. هه‌ڵبه‌ته‌ دڵنیام كه‌ كاك به‌ختیار بایه‌خى زمان و دنیاى زمان وه‌ك ئه‌لته‌رنه‌یتیڤێكى لاكانیانه‌ى نه‌ست و كۆنه‌ستى خه‌ڵك ده‌زانێ و باش له‌وه‌ حاڵیه‌ كه‌ زمان ده‌لاله‌تێكى وجودیانه‌ى هه‌یه‌ و پێكهێنه‌رى هۆش و مانا وجودیه‌كانى ژیانه‌ بۆ تاك و بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، جا بۆیه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ كه‌ لاى من جیاوازه‌ و ده‌رچونیشه‌ له‌ تایپى له‌سه‌ر ڕاهاتووى ئیشه‌كانى به‌ختیار زۆر باڵاتر ده‌رده‌كه‌وت گه‌ر هاتبا و به‌ باڵایى زمان و ڕێساكانی له‌ ده‌ورى تیمه‌ى زمانی نەتەوەیی كه‌ هه‌رچى ڕۆمانه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌رى دامه‌زراوه‌ خولابایه‌وه‌، چون مادامه‌كێ گرفتى ڕۆمانه‌كه‌ له‌ ڕووى میتۆدیه‌وه‌ ململانێیه‌كى وجودیانه‌یه‌ له‌ نێوان مان و نه‌مانى زمانێك كه‌ كوردیه‌ له‌ لایه‌ك و توتالیتاریزمى زمانى توركیى له‌ لایه‌كى تر، ده‌بوو زمانى نوسینى ڕۆمانه‌كه‌ش به‌قه‌د فراوانى خه‌یاڵى به‌ختیار و پڕۆژه‌ تۆلیرانس(لێبورده‌)ییه‌كه‌ى كه‌ ده‌ربڕى به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و داننانه‌ به‌ جیاوازیه‌ سروشتى و ئینسانیه‌كان باڵا بوایه‌.
داگیركردنى تاریكى له‌ خودى تاكه‌كاندا هه‌وڵێكى فڕۆیدیانه‌یه‌ بۆ فراوانكردنى ئاگایى و كه‌مكردنه‌وه‌ى چه‌پاو و هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى تاك له‌ ژیانى خۆى ده‌ره‌قه‌تیان نه‌هات یا بۆى نه‌لوا وه‌دیانبێنێ، به‌ڵام له‌ تێگه‌یشتنى خه‌یاڵى به‌ختیاردا سه‌راوكه‌وتنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و بڤه‌ و قه‌ده‌غه‌كراوانه‌یه‌ كه‌ مێژوویه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى تاكه‌كان به‌ره‌و تاریكایى خودى تاكه‌كانى بردوون و له‌ نوته‌كه‌كانى هه‌ر یه‌كه‌یاندا واى خه‌فه‌كردوون به‌ حیسابى پڕۆژه‌ى داگیركاریى تا ئه‌به‌د ڕوناكایى نابیننه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ له‌ موتوربه‌كاریه‌ له‌ نێوان تێكستێكى ئه‌ده‌بى وه‌ك ڕۆمان و ڕوانینێكى سایكۆلۆژیانه‌ ئاگایى نوسه‌ر هه‌م له‌ سایكۆلۆجى و هه‌م له‌ سایكۆلینگویستیك به‌ تایبه‌ت تیۆره‌ چۆمسكیه‌كه‌ نیشان ده‌دا.
به‌ختیار ژیرانه‌ ویستویه‌تى ڕاستیه‌كى تا سنورێكى زۆر غه‌ریزى و سرووشتى كه‌ به‌ تێپه‌ڕینى كات له‌ چوارچێوه‌یه‌كى كولتووریى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئاخنراوه‌(زمان و كولتورى نه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌) بۆ خوێنه‌ر به‌ جۆره‌ ئاسایى و نائاساییه‌كه‌یه‌وه‌!! وه‌دیاربخات، كه‌ ئیدى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یاسا سروشتیه‌كانى زمان و دیارده‌ سایكۆنه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ده‌رونكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناكرێت كه‌ نه‌ته‌وه‌ى تورك له‌ چوارچێوه‌ى كولتوورى ڕقه‌وه‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانى خۆیدا ده‌یسه‌پێنێ و له‌م ئه‌زمونه‌وه‌ ڕاستیه‌كى غه‌ریزى كه‌ له‌ قوڵایى تاریكستانى نه‌ست و كۆنه‌ستى هه‌ر تاك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك حه‌شاره‌ ده‌رده‌خا، ئه‌ویش بێهوده‌یى سیستمه‌ توتالیتار و ڕه‌یسیسته‌كانه‌ كه‌ هه‌رگیز ئامانجه‌كانیان نایه‌نه‌ دى، به‌ڵكو ئارامى و ئاسوده‌یى ده‌رونكۆمه‌ڵایه‌تى و دواتر سیاسى و كولتوورى به‌دوادا دێت. خۆ ئه‌وه‌ لاى زانستخوازان ئاشكرایه‌ كه‌ تیۆرى مانه‌وه‌ بۆ به‌هێزه‌ى داروین ئه‌وه‌نده‌ى لاى مرۆڤ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رهه‌مهێنانى تواناى عه‌قڵ نیو ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ به‌رهه‌مى هێزى بیۆلۆجیه‌وه‌ كه‌ تاریق ئاكانسۆ پێیوابوو پیرۆزه‌.

به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ى ڕۆمانى”داگیركردنى تاریكى” جۆرێك له‌ شۆڕبونه‌وه‌یه‌كى ئاركیۆلۆژیانه‌ى چینه‌ زه‌مه‌نیه‌كانى پێوه‌ دیاره‌ و به‌ختیار بونیادگه‌ریانه‌ ده‌سه‌ڵاتى وێرانسازیى كه‌ غه‌ریزه‌ى شه‌ڕانگێزى ده‌وڵه‌تى تورك نماینده‌یه‌تى هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و دیارده‌ناسیانه‌ش ده‌سه‌ڵاتى بونیاتنانه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى (زمانێك، دابێك، نه‌ریتێك) كه‌ له‌ تاریكاییدا شاردراوه‌ته‌وه‌ وه‌دیارده‌خا، چون ئیشه‌كه‌ى به‌ختیار سه‌رله‌به‌رى ده‌رچونه‌ له‌ تاریكایى و چونه‌ به‌ره‌و ڕوناكیى، ئه‌م دیارده‌ هیبۆكراتیه‌ كه‌ دواتر بوو به‌ بناغه‌ى دیارده‌ناسیى ئه‌و ڕاستیه‌مان فێرده‌كا كه‌ هه‌موو ده‌ركه‌وتنێك له‌ تاریكاییه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووناكایى له‌ قوڵاییه‌كى غه‌ریزیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و مرۆڤ له‌ جینیتیك و سروشتى خۆیدا بۆى ئاماده‌یه‌ گه‌ر شوبنهاوه‌ر وته‌نى ئیراده‌ى پیاده‌كردنى ئه‌م حه‌ز یا غه‌ریزه‌ى هه‌بێت. ڕیزكردن و تواناى له‌یه‌كگرێدانى ڕووداوه‌كان و ناساندنى هه‌ر ڕووداوێك به‌ كاره‌كتەره‌كانیه‌وه‌ و دواتر دیاركردنى بكه‌ر و سازێنه‌ره‌كانى هه‌ر ڕوداوێك شاره‌زاییه‌كى زۆرى له‌ ڕۆماننوس پێده‌وێ كه‌ به‌ختیار له‌م كاره‌یدا یه‌كێتیه‌كى هۆش و گێڕانه‌وه‌مان نیشان ده‌دا كه‌ پێموایه‌ ئه‌م پێكهاتانه‌ له‌گه‌ڵ هیتریش ڕۆمانه‌كه‌یان بردووه‌ته‌ ئاستێكى جیهانیى ئه‌وتۆ كه‌ هه‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌دا قه‌تیس نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ى له‌م تابلۆ هه‌مه‌ جۆره‌ غه‌مگین و خه‌مۆكیانه‌وه‌ ئاماژه‌گه‌لێكى حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كى ژیاندۆستیانه‌ لاى مرۆڤگه‌لێكه‌وه‌ كه‌ كوردن(وه‌ك سایكۆلۆجیه‌تى نه‌ته‌وه‌) بۆ ده‌ره‌وه‌ى خۆى ده‌رده‌خا، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ستراتیجى تێكسته‌كه‌ به‌ گشتیى و نیشاندانیه‌تى به‌وه‌ى له‌به‌رانبه‌ر وێرانسازیدا كه‌ له‌ ناخى هه‌ر تاكێكدا هه‌یه‌ غه‌ریزه‌یه‌كى به‌رده‌وامى و ژیانسازیى هه‌یه‌.
ئه‌گه‌رچى به‌ختیار عه‌لى له‌ ته‌واوى ئه‌م تێكسته‌ 721 لاپه‌ڕه‌یدا كه‌ نزیكه‌ى په‌نجا ساڵ ئه‌زموونى كه‌مالیزمى تێئاخنیوه‌ پڕمان ده‌كا له‌ نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكى و نائارامیى، به‌ڵام به‌ تێگه‌یشتنى من گه‌ر ئه‌و له‌ ستراتیجه‌ فڕۆیدیه‌كه‌ى بۆى چوبێ كه‌ له‌ بنچینه‌دا فڕۆیدیش داروینیى بووه‌ ئه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا هه‌ر گه‌یشتنه‌ ئامانج مه‌رجى سه‌ره‌كیه‌، جا چ له‌ تاریكاییه‌وه‌ به‌ره‌و ڕوناكیى بچن، یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ڕوناكیه‌وه‌ بۆ تاریكایى شۆڕبینه‌وه‌. كه‌ ده‌ڵێم فڕۆید داروینى بووه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌رهه‌مهێنێكى ئینسانیانه‌ى هێز و به‌هێز بووه‌ و نه‌ك وه‌ك تاریق ئاكانسۆ به‌ هه‌ڵه‌ ملى دابێته‌ به‌ر تیۆرى مانه‌وه‌ بۆ به‌هێزه‌ى داروین.

به‌ مانایه‌كى تر ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌رداخێكمان نیشان ده‌دا نیوه‌ى ئاوى تیایه‌ و نیوه‌شى به‌تاڵه‌ له‌ ئاو، هه‌ن سه‌رنجیان له‌سه‌ر به‌تاڵاییه‌كه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا زۆرینه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆمانه‌كه‌شدا هه‌ر زۆرینه‌ن. هه‌شن سه‌رنجیان له‌سه‌ر به‌شه‌كه‌ى تره‌ كه‌ ئاوه‌ و ئه‌مانه‌ش به‌ ئومێد و گه‌شبینه‌كانن و بێگومان هه‌م له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى خۆمان به‌ گشتى و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆمانه‌كه‌ى به‌ختیاردا كه‌مینه‌ن. ئه‌وه‌ى من تا ئێستا تێیگه‌یشتبم به‌ختیار له‌ نائومێدیه‌وه‌ به‌ره‌و ئومێد ده‌چێ كه‌ له‌ ڕووى پۆزێتیڤ سایكۆلۆجیه‌وه‌ یا له‌ ڕووى سایكۆوجودیه‌وه‌ تا ئاست و ماوه‌یه‌كى زۆر نیگه‌رانى به‌رهه‌مدێنێ، به‌ڵام ده‌رچوون له‌ ده‌رونێكى ڕوناكه‌وه‌ به‌ره‌و تاریكستانى خود سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئاسۆیه‌كى پۆزێتیڤ دواى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا تین و تاقه‌تێكى زۆرمان لێ زه‌وت ده‌كا، كه‌چى ئه‌گه‌ر تا بكرێ ڕوبه‌رى ڕوناكى فراوان بكه‌ین سه‌ره‌نجام به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى ڕوبه‌ره‌كانى تاریكایى كه‌مده‌بنه‌وه‌. ئه‌م ڕوانینه‌ به‌سه‌ر ڕۆمان و تێكسته‌ هزریه‌كانیشدا جێبه‌جێ ده‌بێ، جا بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ختیار له‌ پێشدا ئه‌م توانا هزرى و ئه‌ده‌بى و خه‌یاڵیه‌ فراوانه‌ى خۆى له‌ پڕۆژه‌ى ڕوناككردنه‌وه‌ى بینیندا خه‌رج كردبا و له‌وێوه‌ تیشكى زیاترى خستبایه‌ سه‌ر نوته‌ك و نێگه‌تیڤه‌كان خوێنه‌رى زیاتر شه‌یداى مانه‌وه‌ له‌ فه‌زاى ڕۆمانه‌كانى ده‌كرد و له‌ كۆتاییشدا چون ئیشه‌كه‌ى ئه‌و له‌ بنچینه‌دا له‌ چوارچێوه‌ى تۆلیرانس(لێبورده‌یى)یه‌ خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌واوبونى ڕۆمانه‌كه‌ كۆتاییش به‌ ڕق و توڕه‌ییه‌كانى ده‌هات.

له‌م ڕۆمانه‌ جوانه‌ى به‌ختیاردا جێگه‌ى ئه‌وه‌ ده‌بۆوه‌ گه‌ر چه‌ند دیمه‌ن و دیارده‌ و ڕوداوێكى ئومێدبه‌خش و شادیهێنیشى تیابایه‌، چون مادامه‌كێ ململانێ و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ چێژ له‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زانه‌ى ژیانیش هه‌ر هه‌ن، ئه‌م ڕایه‌ زۆر سایكۆوجودیانه‌یه‌ و مرۆڤى چالاك هه‌ر به‌ته‌نها له‌سه‌ر مردن نادوێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ى قسه‌ى له‌سه‌ر ژیانیش به‌هه‌مان شێوه‌ و قه‌باره‌ هه‌یه‌ و دنیایه‌ك بابه‌تى خۆشه‌ویستیش له‌ هه‌ناوى وجوده‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێن و پڕیشیه‌تى له‌ مه‌یلى ئازادى و ئومێد بۆخواستنى و ئینجا خودى ڕۆمانى”داگیركردنى تاریكى” تێكستێكى وجودیه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بوایه‌ هه‌ر چه‌مكى مردن زاڵ نه‌بوایه‌، به‌ڵكو (خۆشه‌ویستى و ئازادى و ژیان)یش به‌قه‌د ئه‌و ئاماده‌بونایه‌.

ده‌ستخۆشى له‌ كاك به‌ختیار ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌ره‌ جوان و هاوسه‌نگ و جیهانیه‌ى، ئه‌گه‌رچى ماندوو بووم له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌هۆى ئه‌م ترس و تۆقین و خوێن و مردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌ختیار ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ هه‌ر شه‌ڕێكى له‌م جۆره‌ و هه‌ر جۆره‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستى و خۆگیڤكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌رده‌ستانه‌ كۆتاییه‌كه‌ى و بگره‌ به‌رده‌وامیه‌كه‌ى نائارامى و نائاسوده‌یى ڕه‌وانى و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌.

ماندوبونه‌كه‌م له‌ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م تێكسته‌ به‌ فیڕۆ نه‌چوو، چون به‌ختیار زۆر هوشیارانه‌ بابه‌تێكى ئینسانى گه‌وره‌ى خستۆته‌ نێو تێكستێكى ئه‌ده‌بى باڵاى ئه‌وتۆ كه‌ پڕیه‌تى له‌ فیگۆرى مانادار هه‌ر هه‌مویان له‌ وێنه‌یه‌كى جه‌شته‌ڵتیانه‌ى گه‌وره‌تردا سه‌رده‌مێكمان له‌ تابلۆیه‌كى وجودیدا بۆ ده‌نه‌خشێنن.

محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن




ڕۆمانی(جیهانی سەدام حوسێن).. شەماڵ بارەوانی

یەکەم چاپی لە دوو توێی ڕۆمانێکی قەبارە مەزنی٤١٤لاپەڕەیی لە٢٠٠٣/٤/١٤، لێ بڵاو بووەوە، نوسەرەکەی لەژێر ناوی خوازراوی(مەهدی حەیدەر)ئەو ڕۆمانەی لەچاپداوەوناوی ڕاستەقینەی خۆی نەنووسیوەو تائێستا ناسنامەی ڕاستەقینەی ڕۆمانەکە ئاشکرانەبووە بەشێک پێیان وایه عەبدولڕەحمان مونیف، یاخود فوئاد تکرلی لەوەدەچێ نووسەرەکەی بێت ،بەڵام ئەمانە هیچیان پشت ڕاست نەبووەتەوەو کەس نازانێت کێ نووسەری ڕاستەقینەی«جیهانی سەدام حوسێن»ە.
بەهەرحاڵ هەرکێ بێت ،نوسەرەکەی، گرنگ دەست و قەڵەمی خۆش بێت و شاکارێکی جوان و بەرزی ئەدەبی لەبارەی دیکتاتۆرە گۆڕبەگۆڕەکەی عیراق پێشەشکردین،
نووسەری ناونادیار لەپشەکی ڕۆمانەکەیەوە لەبارەی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت«ئەو ڕۆمانە کارێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو کارێکە بەرهەمی خەیاڵە، خەیاڵێک واقع بۆمەبەستی بونیاتنانی خەیاڵێکی هاوشێوەی دنیای عیراقی بەکاردێنیت.. جارانێک ڕێک وەکو عێراق و هەندێک جاریش پێچەوانەیەتی.”
نووسەر بۆماوەی دەساڵ(١٩٩٢-٢٠٠٢)، خەریکی نووسینی ڕۆمانەکە بووە، لەهەردوک وڵاتی نیپال-پیرۆ،
«جیهانی سەدام حوسێن».
ڕۆمانێکە تەنها داهێنراوێکی زادەی خەیاڵێکی ڕوت و گێڕانەوەیەکی سادەو ساکاری کۆمەڵێک چیرۆکی فانتازی و ئەفسانەیی نییە، بەڵکو ڕۆمانێکە، تێکەڵیەکە لەژیانی کەسێنی، مێژوو و خەیاڵ و نووسەر خەیاڵ لەبەرژەوەندی واقع دادەڕێژێتەوەو باس لەحەقیقەتی ژیان دەکات لەوڵاتێک کە پێی دەڵێن عیراق، ڕۆمانێکە ئەگەر نەتوانین بەدیاری کراوی پۆلینی بکەین، بۆ کامە بەش، ئەوە دەتوانین بڵێین داستانێکی مرۆڤانەی ئەدەبی مەزنە، ئەدەبێکە باس لەدیکتاتۆر دەکات و لەشێوەی ڕۆمانەکانی (جەنابی سەرۆک-ی میگێل ئەنخل ئاستۆریاس )و (پایزی پەتریکێک-ی گابرێل گارسیا مارکیز). هەردووک نووسەری ناودارو جیهانی و ئەمریکای لاتین، بە ئەدەبی دیکتاتۆرو لەڕیزی ڕۆمانەمەزنە جیهانیەکان دایبنێین.
«جیهانی سەدام حوسێن».
جیهانێک پڕی لە ڕق و کینە، تیرۆرو تۆڵە،پیلان و کوشتن، فاشیەت و دیکتاتۆریەت، سیخناخ لە ترس و دڵەڕاوکێ، کابوس و فۆبیا. جیهانێک، خاڵی لە مرۆڤایەتی و ویژدان، جیهانێک بێبەش لە سۆزو میهرەبانی، لەهێمنی و جوانی، لەئازادی و عەدالەت و کامەرانی، «جیهانی سەدام حوسێن».
جیهانێک،لێوان لێو لە دۆسیەی نهێنی و هەواڵی ڕۆژنامەوانی و ڕاستی مێژوویی لەبارەی سەرکردەی دیکتاتۆرو تۆتالیتار جەنابی سەدام حوسێنی فاشیست.
نووسەرلەکاتی جەنگی دوومی کەنداو دەسپێدەکات، لەو کاتەی: ١٦/یەنایەری/ ساڵی١٩٩١، ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر بەغدا،
لەبەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا،سەدامی دیکتاتۆر هێشتا لەپڕمەی خەودایە،لەژێر زەمینی یاریگای تۆپی پێ، ٥کیلۆمەتر لەکۆشکی سەرۆکایەتی دوور، لەوشوێنەی تەنراوەتەوە بە هێزو پاسەوانی کۆماری، ئینجا باس لەسەردەمی دروووستبوونی دەوڵەتی عیراق و سەردەمی پاشایەتی و حومڕانی پاشاکان و کاتی ڕۆخانی سیستەمی پاشایەتی لەعێراق و کۆتایی هەیمەنە و ئینتیدابی بەریتانیەکان لەو وڵاتە دەکات و پاشان ڕێڕەوی ڕووداوەکان درێژدەبێتەوە بۆ دواترو سەردەمی نوری سەعید و عەبدولسەلام عارف و عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکرو تا سەردەمی سەدام حوسێنی شۆڤینی.
نووسەر لە«جیهانی سەدام حوسێن»دا. گەشتێکی زەمەنی بە لاپەڕەکان و وێستگەکانی ژیانی دیکتاتۆری کۆچکردوو (سەدام حوسێن) بەخوێنەر دەکات و بە تەواوی لایەنەکانی ژیان و قۆناغەکانی ژیانی ئەو تۆتالیتارو فاشیستەئاشناماندەکات،باس لە وێستگە بەوێستگەی ژیانی سەرکردەی دیکتاتۆردەکات،لەژیانی منداڵی و لەو کاتەی سەدام تەمەنی پێنج ساڵان دەبێت و لەماڵی خاڵی(خەیرواللە تلفاح) دەبێت،لەشاری تکریت، کاتێک ئینگلیزەکان خاڵی دەخەنەزیندانەوە، ئینجا ژیانی سەدام لەگەڵ (سەبحە)ی دایکی لەگوندی شویش،دزی، کارکردن، خوێندن، هاروهاجی سەدام و ڕاوەدوونان و بەردبارانکردنی لای مناڵانی دێ،دواترچونی سەدام بۆ ماڵی خاڵۆی لە کەرخ، ئینجا چونی بۆ شاری تکریت، بەغدا،هاوڕێیەتی سەدام و هاوڕێ بەعسیە تکریتیەکەی خاڵی عەقید(ئەحمەدحەسەن بەکر)، چیرۆکی پرۆسەی هاوسەرگیری کردنی سەدامی دیکتاتۆر لەگەڵ کچە خاڵەکەی(ساجیدە خەیرواللە تلفاح).
پەیوەندیکردنی سەدام بەڕیزەکانی بەعس و وەرگرتنی پۆستی کارو باری ئەمنی لەناوحیزب،ململانێی نێوان شیوعیەکان و بەعسیەکان لەدوای ڕوخانی سیستەمی پاشایەتی و چیرۆکی برینداربوون و زیندانی کردن و ڕاکردنی سەدامی فاشیست ،لەدوای هەوڵی کودەتایەکی شکستخواردووی بەعسیەکان بۆ تیرۆرکردنی(عەبدولکەریم قاسم). ئەمانەو دەیان زانیاری و چیرۆکی ترلەنێو دوو توێی ئەم ڕۆمانەدا هەن، لەبارەی دیکتاتۆری پێشوو(سەدام حوسێن).
«جیهانی سەدام حوسێن».
چیڕۆکی ژیانی کەسێکە، کەژیانی سەراپا کودەتاو خوێنڕشتن و تیرۆرکردن بوو،کەسێک زۆر لەتەمەنێکی زووەوە پەیوەندیدەکات بە ڕێکخستنەکانی فاشیسترین حیزبی سەدەی بیستەم(حیزبی بەعس)، ئەو کەسەی لەپێناو حیزبە شۆڤێنیەکەی و مەبدەئەفاشیستیەکانی، ئیتر دەبێت بەمەزنترین دڕندەی عیراق و پاڵەوانی حیزبی بەعس و هەرکاتێک حیزب بیەوێت کەسێک تیرۆربکات، سەدام ڕادەسپێرن بۆ تیرۆرکردنی و ئەرک و ڕۆڵی سەدام لەناوحیزب دەبێت بە پاکتاوکردن و تیرۆرکردنی هەموو ئەوکەسانەی حیزب بەڕەخنەگرو نەیارو ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەری خۆی دەزانێت و هەرکاتێک حیزب لەکەسێک توڕەدەبێت و دەیەوێت لەنێوی بەرێت، سەدام لەگەڵ کومەڵەک کەسیتری بەڵتەجی بەعسی بەو ڕۆڵی لەناوبردن و تەسفیەکردن و کوشتنە هەڵدەستێت،سەدام بەو جۆرە دەبێت بە کەسێکی دڵرەق و فاشیست و تەسفیەچی و کودەتاچی و ئیتر بەچەک هێرشدەکاتە سەر کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی عەبدولسەلام عارف و شکست دێنێت و ڕادەکات بۆ میسرو دواتر کودەتا بەسەر هاوڕێکەی (حەسەن بەکر)دەکات و لەدەسەڵات لایدەبات و دەگات بەهەڕەمی دەسەڵات و لوتکەی بڕیاردان و بەفیعلی دەبێت بە کەسی یەکەمی وڵات و سەرۆکی دەوڵەت و مێژووی عیراق هێندەی تر ڕەش و خوێناویتر دەکات و سیخناخی دەکات لە خوێن و توندو تیژی و پاکتاوکردن و تیرۆرکردن و بۆ ماوەی ٣٤ساڵ ،بێ وەستان و بێ بڕانەوەو بەزەبری هێزو کوتەک و ئاگرو ئاسن حوکمی خەڵک دەکات و دەوڵەتێکی پۆلیسی قەمعی تۆتالیتێری ڕۆدەنێت و هەرچی دەنگێکی ناڕازی و ڕەنگێکی جیاوازو نابەعسی بێت، هەمووی دەخنکێنێت و دەسڕێتەوەو وڵات یەکپارچه دەکات بە بەعسیستان و ئەنفالستان و شۆڤینیستان و لەسایەی حوکمی بەعسیزمدا ئیتر هەناسەیەک بۆ ئازادی و شوێنێک بۆ کەسی نا بەعسی نامێنێتەوەو تۆ بە بیرو باوەڕ، بەعسی و فاشی نەبیت،چارەنووست پاکتاوکردن و تیرۆرکردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن و لەناوچون و نەمانە، یاخود یاخی بوون و ڕووبەڕووبوونەوەو جەنگ و شۆڕشە، یا ڕاکردن و وڵات جێ هێشتن و ڕووکردن لەغەریبی و تاراوگەو هەندەرانە، یان سەرشۆڕی و جاشێتی و کۆیلەیەتی بۆ بەعس و ڕادەست بوون بە بەعسیەکانە، بەوشێوەیه ژیان لەژێر دەسەڵاتی بەعس لەعیراقدا زۆر لەپێشەخۆی وێرانترو کاوڵتردەبێت، ئەو عیراقەی کە نووسەر لەبارەیەوەدەڵێت( لەدوای دەرچوونی هەر بەیان نامەیەکی تازەی بەعس، پیاوەکانی بەعس گەمارۆی ماڵەکان دەدەن و کۆمەڵێک پیاو ون دەبن-دەڕفێندرێن) بەو چەشنە لەسایەی حیزبی بەعس و حوکمی سەدام حوسێندا، ئەمن و ئارامی، ئازادی و ژیان، ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەیەکجاری لەوڵات بارگەیان تێکدەنێن و باردەکەن، یاخود لەپشت چواردیواری بەندیخانەکانی بەعس دەست و پێو دەمیان دەبەسترێتەوەو بەنددەکرێن، یا لەسەردەستی جەلادەکانی بەعسیزم لەسێدارەدەدرێن و بۆماوەی سیواچوار ساڵ، خوێنڕشتن و بێ سەروشوێن کردن و کوشتن و تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و ئەنفالکردن و تەعریبکردن و بە بەعسکردن دەبێت بە سیمای سەرەکی ژیان و بنەماکانی دەوڵەتی عیراق، لەژێر هەژمونی سێبەری دەسەڵاتی بەعسی تیرۆرست و تۆقێنەرو دڕندە، لەژێر دەستی سەدامی کورد کوژو مرۆڤ کوژی ڕەگەزپەرست و لەمۆڕاڵ و مرۆڤ داچۆڕاو،ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیەی تەعریبکردن و ئەنفالکردن و کوشتن و تیرۆرکردنەی تائێستایش ، لەژێرناو بەپاساو بەشێوازو لەناودەمامکیتر بەتایبەتی لەدژی نەتەوەی کورد درێژەی پێدەدرێت و کۆتایی نەهاتووە و هەرماوە.
..

شەماڵ بارەوانی




وەرزە سەوزەکانی ئەوین/9.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزی نۆیەم

کزە با ساردەکەی ئەم باکوورە
یاری بە تاڵ تاڵی پرچت ئەکرد
رەشەبا بێ ئۆقرەکەی ناو من
جۆلانەی بە بورکانی هەستت ئەکرد
کە لە ئامێزم گرتیت
دڵم وەک تاڤگەیەک کەوتە هاژە
کە لە چاویشم ون بوویت
بە فرمێسکم وت خۆت بگرە و مەبارێ
سبەی دێتەوە ژوان دووبارە

من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
من شەرابی سوور دەنۆشم و
تۆ شەرابی سپی
من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
تۆ گوڵی سپی باخی سۆزم
بۆ دەکەیتە چەپک و
من گوڵی سووری شیعرت
لە باخچەی هەست بۆ ئەڕنم
من و تۆ هەر ئەوەندە لێک دوورین
هەڵاوی هەناسەت وەک ئۆکسجین
دەڕژێتە نێو سییەکانمەوە

زۆر جادووگەرانە لێت ئەڕوانیم
بۆیە ماچەکانم بوونە پەپولەی شیعر و
لەسەر گوڵەباخی لێوت نیشتنەوە
زۆر رۆمانسییانە لێم ئەڕوانیت
هەنسکەکانت بوون بە قاقای پێکەنین و
رژانە نێو بێ ئۆقرەیی دڵمەوە

لە وێستگەی شەمەندەفەر
هەر لەگەڵ نیگاکردنەکانی تۆدا
چاوی تامەزرۆم لە فرمێسکا نغرۆ ئەبێ
لە وڵاتی وەیشومە و بەفردا
رۆحی شەیدای چاوەڕوانم
لە لەشی ناسکی شیعر دەئاڵێت
وەرە ئەی ئاگری کڵپەسەندوو
سەری بەستووم لە مێژە
تینووی گڕی سووری تۆیە

بریا دەمتوانی میلی کاتژمێر رابگرم
زەمەن لەو بینینەدا بوەستێنم
تا بۆ هەمیشە لە ژوانی تۆدا بمێنمەوە
بریا دەمتوانی هەستی خۆمت پێبڵێم و
پڕ بە هەموو ئاسمان هاوارم بکردایە
خۆشم ئەوێی گوڵە ئەستێرە
بریا دەمتوانی ببمە هەورێک
دڵۆپ دڵۆپ، تنۆک تنۆک
بەسەر ژنێتیتدا بباریمایە

ئەمڕۆ رۆژێکی قەترانییە
لە ئاسمانەوە بێزاریی ئەبارێت
سەیرە من هەر عەشقی تۆم
بەسەردا ئەبارێ!
ئەمشەو شەوێکی شەختەیە
لە هەموو لایەکەوە گڤەی رەشەبایە
سەیرە من هەر شنەبای عەشقی تۆ
بەرەو رووم دێ!

لەودیو پایز و
گەڵاڕێزانی خەندەکانمەوە
بەهاری عەشقت، ئامێزی
بۆ منی شاعیری دڵشکاو کردۆتەوە
لەودیو زەمەنی چەقۆ و
زمانی بڕاوی هاوارە خەمۆکەکانمەوە
بزەیەکی عەشقی تۆ
هەزار شەوی تەنهایی
بۆ ئەبەد بیر بردمەوە

ئەو ساتە کابوساوییانەی
بە دیار تەماشای وێنەیەکی لاویمەوە
پیر پیر بووم
تۆ بوویتە شەرابێکی جادوویی و
لەگەڵ یەکەم پێکی عەشقت
سەرلەنوێ لە دایک بوومەوە
ئەو کاتە تەمومژاوییانەی
پرسەم بۆ مەرگی لاولاو دانابوو
شینم بۆ فڕینی چۆلەکەی
خۆشنوودیم دەگێڕا
تۆ وەک شاخێکی بەفرین
بەسەر عەشقی مندا
هەرەست هێنا

تۆ لە شەوی دەیجورمدا چرایت
لە وشکەساڵیمدا شەستە بارانیت
لە تەنهاییمدا هاوڕێی ئازارەکانیت
لە بێدەنگیمدا هاواریت
لە بێکەسیمدا هەموو کەسیت
لە ئاسمانمدا ئەستێرە گەشەیت
لە زەوی چاوەکانمدا رووباریت
لە خەونمدا واقیعت
لە واقیعمدا خەونێکی جوانیت
لە دڵیشمدا مەجنونترین لەیلایت




هەر بێ سوعبەت/ شیعر.. نەوزاد بەندی

ئەڵێم ..
کۆترێکی لای خۆمان ،
هەڵفڕێ بەرەو هەندەران ..
تۆ بڵێی کۆترەکانی ئەوێ ،
پەنجە مۆرێ لێوەرگرن و
لە قوتویەکی ژەنگاوی
قەراغ شارا ، ڕایگرن و ..
هەفتەی حەوت دەنک گەنم و
حەوت قوم ئاو و ..
هەتا پێنج ساڵ ،
لێی یاساغ بکرێ هەڵفڕین ؟

خاڵخاڵۆکەیەکی لای خۆمان ،
لە گیرفانی قاچاخچیەکا ،
گەر ڕێی بکەوێتە ئەڵمانیا ..
تۆ بڵێی بیخەنە کەمپ و ..
پێی بڵێن : تا خاڵەکانت سپی نەبن ،
بۆت نیە باڵت لێک نێیت و ..
بە دوو دڵۆپ چەسپی خێرا ،
باڵەکانی داخەن و
بیکەن بە کیسەڵ ؟

ئەڵێم سەیرە ..
تۆ بڵێی سەرۆکە زۆر و بۆرەکان ،
کە لە سەر فەرشی سوور ئەڕۆن ،
بەعزە جارێ شەرمەزار نەبن بۆ تاوێ ؟
کە لە پەنجەرەی فڕۆکە تایبەتەکان ، ئەبینن ،
هاووڵاتییەکان لە بنی دەریای ئیجەدا ،
لەسەر مێزی قرشەکان بە ڕیز دانراون ؟

ئەڵێم چەند سەیرە ،
ڕۆژێکیان ،
مێشولەیەکی لای خۆمان ،
ڕێی بکەوێتە فنلەندا ..
لەوێ نەهێڵن یەک دڵۆپ خوێن بمژێت و
سێ ژەم مەعکەرۆنەی بەنێ ..!

ئاخر سەیرە ،
شوتیەکی بەشارەتیی ،
ڕێی بکەوێتە لەندەن و ..
لەوێ بە قاش قاشکراویی
جا بە سنوورداشکراویی
بینێرنەوە بۆ ئەستەمبوڵ ..




دووەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی مەم و زین بەڕێوە دەچێت

ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لەدرێژەی کار و چاڵاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی، دووەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی مەم و زین، بە درووشمی:
“ دا خەلقی نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن بێ ئەسڵ و بنیاد (خانی)
لە هەولێر سازدەکات.
فێستیڤاڵی مەم و زین فێستیڤاڵێکی ساڵانەی ئەدەبییە، کە ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین بەڕێوەی دەبات، لەپێناو زیاتر برەودان بە کەرتی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی لە کوردستان.
وا بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە هەولێر دووەمین فێستیڤاڵی مەم و زین بەڕێوە بچێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا پانێڵی ( ڕەوشی ئەدەبیات لە کوردستان) پێشکەش دەکرێت، بە ئامادە بوونی لێکۆڵەر و نووسەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان. هەروەها لە فێستیڤاڵەکەدا نووسەرێکی دیار و کاریگەری کورد خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی مەم و زینی پێشکەش دەکرێت .




فیلمی “سپی پۆش” که له کوردستان وێنه‌گیراوه بووه نوێنه‌ری ئێران له ئۆسکاری 2022

مه‌نسوور جیهانی ـ

کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” له‌ نووسینی سیناریۆ و ده‌رهێنانی “ره‌زا فه‌هیمی” که له کوردستان وێنه‌گیراوه وه‌کوو فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران که‌ رووداوی په‌سندکراوی ئه‌کادیمیای ئۆسکاره‌، نوێنه‌رایه‌تی سینه‌مای کورته‌ فیلمی ئێران له‌ نه‌وه‌د و چواره‌مین خه‌ڵاتی ئۆسکار له‌ ساڵی 2022 له‌ ئه‌ستۆی دایه‌.
کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” به‌رهه‌می “ره‌زا فه‌هیمی” که‌ ساڵی رابردوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد، له کوردستان وێنه‌گیراوه و کۆمه‌ڵێک له ستافی په‌شه‌گه‌ڕیی سینه‌مای کوردستان له‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌شدارییان کردووه، به‌ پێی یاسا و رێکارنامه‌ی ئه‌کادیمیای ئۆسکار، وه‌کوو نوێنه‌ری سینه‌مای کورته‌ فیلمی ئێران له‌ نێو کۆی کورته‌ فیلمه‌کانی ناسێندراو له‌ لایه‌ن ئه‌و فێستیڤاڵانه‌ی که‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌کادیمیای ئۆسکاریان هه‌یه‌، ئاماده‌ ده‌بێت.
به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ده‌ست‌نیشان کردنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران له‌ پێڕستی فێستیڤاڵه‌کانی “ئۆسکارکوالیفاید”، ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و فێستیڤاڵه‌کانی دیکه‌ی ئاماده‌بوو له‌م لیسته‌دا، به‌ پێی یاسا و رێساکانی ئۆسکار، ده‌توانن له‌ ماوه‌ی کاتی دیاری کراوی 1ی ئوکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ تا 30ی سێپتێمبه‌ری ساڵی دواتر، ناوی کورته‌ فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌مان خول له‌ رووداوه‌که‌ به‌م ئه‌کادیمیایه‌ بناسێنن. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” به‌رهه‌می “ره‌زا فه‌هیمی” که‌ له‌ سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستهێنا، له‌ ئۆسکاری 2022 به‌شداری ده‌کات.
نه‌وه‌د و چواره‌مین خه‌ڵاتی ئۆسکار له‌ به‌شی کورته‌ فیلمه‌کاندا، میوانداری به‌رهه‌م گه‌لێک ده‌بێت که‌ له‌ رۆژانی یه‌کی ئوکتۆبه‌ری 2020 تا کۆتایی سێپتێمبه‌ری 2021 له‌ فێستیڤاڵه‌کانی په‌سندکراوی ئۆسکار له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هه‌ڵبژێردرێن و به‌م ئه‌کادیمیایه‌ ناسێندرابێتن.
کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” که‌ به‌ پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران به‌رهه‌م هێنراوه‌، پێشتر له‌ رووداوه‌کانی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو؛ فێستیڤاڵی “کله‌رمۆن فران”ی فه‌ره‌نسا، فێستیڤاڵی “شۆرت شۆرتس”ی ژاپۆن (له‌ فێستیڤاڵه‌کانی ئۆسکارکوالیفاید)، فێستیڤاڵی “کۆنکورتۆ”ی ئیتاڵیا و چه‌ندین فێستیڤاڵی سینه‌مایی دیکه‌ به‌شداری کردووه‌.
فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌ ئاماده‌بوون له‌ ریزی پێڕستی فێستیڤاڵه‌کانی په‌سندکراوی ئه‌کادیمیای ئۆسکار که‌ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ مێژووی سینه‌مای ئێراندا هاتۆته‌ ئاراوه‌، فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ هه‌ر خولێکی فێستیڤاڵه‌که‌دا، هه‌موو سالێک به‌ ئه‌کادیمیای ئۆسکار ده‌ناسێنێت.
“سادق مووسەوی” بەڕێوبەریی گشتی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، لە لایەن ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت، گوتی: لە قاڕەی ئاسیا وڵاتانێکی دەگمەن لەوانە: ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، سەنگاپوور، تورکیا و لە باکووری کیشوەری ئەفریقاشدا تەنیا وڵاتی میسر ئەو شانازییەیان هەیە کە فێستیڤاڵەکانی ئۆسکار کوالیفایدیان هەبێت. لە ئێستادا، تەنیا 127 فێستیڤاڵی سینەمایی لە ئاستی دنیادا بوونیان هەیە کە “ئۆسکار کوالیفاید” بن.
مووسەوی لە درێژەی ئەم وتووێژەدا گوتی: لە ئێستادا، زیاتر لە 10 هەزار فێستیڤاڵی باوەڕپێکرا و باوەڕپێنەکرا لە جیهاندا، بەڕێوەدەچن؛ لەم هەمان کاتدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، پێگەیەکی باشی لە ئاستی جیهاندا هەیە. ئەم ڕووداوە سینەماییە لە لایەنی کۆنی و باوەڕپێکراوییەوە؛ گرینگترین فێستیڤاڵی کورتە فیلم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتەئەمار.
بەڕێوبەریی گشتی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران له کۆتایی قسه‌کانیدا گوتی: دوای لابردنی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکانی ناردنی پارە، ناونووسی بەلاشی فیلمەکان وەلادەنێردرێت و وەکوو فێستیڤاڵەکانی دیکەی جیهان، ئێمەش خەرجی ناونووسی لە بەشداربووان وەردەگرین و بەم شێوەیە، فێستیڤاڵیش دەتوانێت تەواوی خەرجەکانی خۆی دابینبکات. لە ئێستادا ناونووسی بەرهەمەکان لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران و هەروەها پێشکەش کردنی بەرنامەکانی بۆ سینەماکارانی کورتە فیلم، بەلاشە.