ژیان وا لە شوێنێکی دیکە*.. شێرزاد حەسەن

لە دوای ‘راپەڕین’ەوە بۆ ھەمیشە سەدا و وتاری زاڵ لەسەر دڵکرمێ بوون و گومانکردن ئیشی کردووە و ئاوازی ناسازی دەسەڵاتدارانی ئێمە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە دەنگی ھەموو کەسێک یان گروپ و لایەنێک کە ئەگەر بەرھەڵستکار و نا-قایل و رەخنەگر بووبێت سەبارەت بە واقیعی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، یاخود رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی چۆنییەتی حوکمڕانی حیزبەکان بکەن کە نوقمن لە گەندەڵی و بێ مۆڕاڵی، ھەر پرسیارکردنێک لە راستی و رەوابوونی ئەو دەستەڵاتە ستەمکارە، وایکردووە کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس-میدیا بکەونە گەڕ و سەدەھا ھەقایەتی خیانەتکاری و پلانی دەرەکی و تابووری پێنجەمی ناحەز و لە باربردنی ئەزموونە ساواکەیان دەبێت بە مانشێت و سەروتار و دیبەتی بەتاڵ و بیانوو هێنانەوە بۆ داڕووخان و شکستی کۆی هەیکەل و پەیکەری دەوڵەتداری فشؤڵی ئەوان، بێئەوەی دان بەو راستییەدا بنێن کە لە ئەزموونی کارکردەی سیاسەت لە ماوەی ئەم (٣٠/ سی) ساڵەدا، ئەوەی سەلماند کە دەستەڵاتدارانی کورد دونیای خۆیان جیا کردەوە لە دونیای ئەو ملیۆنەھا مەردمگەلەی کە لەسەر ئەم خاکە دەژین کە دیارە عاشقانی دەستەڵات و عەرشی کەلاوە دیوارێکی زێدە بڵند و ئەستووریان بونیاتنا کە ملیارەهای تێدا خەرجکراوە کە ئەوان لە ئێمە داببڕێت، ھەتا بەوانەشی کە کەمەکێ خۆشگوزەرانن و سەر بە چینی ناوەراستن، بەو مانایەی کە گومانی تێدا نییە گروپ و بنەماڵەی میراتگر و دەستەیەکی پادشا ئاساکان کە خواهانە فەرمانڕەوان و لێماندەخوڕن وەک ئەوەی مێگەل بین، بە دەرگاوان و وەرزێر و گزیر و کارەکەر و کەنیزەک کۆیلە و و کۆی دەست و پێوەندی ناو کۆشکەکانی خۆیانمان دەشوبهێنن.. بارەکەڵلا یان بارەکەلئیبلیس-و!

ئەوان ھەمان ژیانی پادشاکان و شازادەکان دەگوزەرێنن لەسەر حیسابی ئارەقە و فرمێسک و خوێنی ملیۆنەهای بندەست و ستەمدیدە و نەدارای ناو ئەم ئۆردوگایەی کە تەلبەندکراوە و ناوی کوردستان-ە یان گورگستانن بەدەر لە خەڵکی خاکەڕا و بندەستی باوک و پاتریارکە کورد-زمانەکان؟ ساڵ دوای ساڵ دونیای سیاسەتبازە سەرمایەدارەکان بە تەواوی دوورکەوتەوە و دیوارێک کەوتە نێوان ئێمە و ئەوان، درۆیەکی گەورەیە بڵێین لە ھەمان جوگرافیادا دەژین و خاوەنی ھەمان مێژوو بین.. مەحاڵە، ئەوان بە تەواوی خۆیان جیاکردەوە و وەکو خواوەندەکان بۆ تاوێک ھاتنە سەر زەمین و تێکەڵ بە ڕەشە خەڵکەکە و عەوام بوون و پاشان چوونەوە ئاسمان و وان لەژێر عەرشی یەزدان و بەهرەمەند لە عەیش و نۆشی بەهەشت ئاسا.. ئەی وا نییە.. مەگەر لای خۆمان بە دەوڵەندەکان ناگوترێت خواپێداوەکان؟

ھەموو حکومەتێکی پاکزاد پێویستی بەوە هەیە کە رێگا بدات ھاونیشتمانیانی سەر خاکەکەی خۆیان لە چۆنییەتی فەرمانڕەوایی و دەوڵەتداری پشکی بەشداریان گەورە و بە هەڕمێن بێت و لە خۆشی و ناخۆشیدا ھاوبەش بن، بەواتا گەر نان ھەیە.. با بۆ ھەمووان بێت، گەر نییە.. دەبا هەموومان پێکەوە برسی بین، نیشتمانپەروەری و رۆحێکی پارتیزانی و شەرعییەتی شۆرشگێری موڵکی چەند سەرۆک و بنەماڵەیەک و حیزبێک نییە، ئەوەی لە دوای ‘راپەڕین’ەوە کوشندەتر بووە، بە ئەنازەیەک کە ئەو رۆحی شۆڕشڤانی و پارتیزانەی ھەبوو مرد، یان وا راستترە بڵێین: کوشتیان، ھەم لەلای کۆنە شۆڕشگێرەکانی سەردەمی شاخ مردووە و ھەم نەوەی بەر لە راپەڕین و دوای راپەڕینیش بە تەواوی تۆرا و ئینتیمای نەما، چونکە بەھەزارەھا مرۆڤی کورد، گەر نەڵێم ملیۆنەھایە، وەک دەرۆزەکەری بەر قاپی خواپێداو و گەورەکانیان لێھاتووە، کە دیارە ناکرێت داوا لە دەرۆزەکەر و سواڵکەرەکان و بێ لانەکان بکەین خاک و خەڵکی خۆیان خۆشبوێت، یان داوایان لێبکەین نیشتمانی خۆیان لەلا جوان بێت و لە سەروەختی ھێرش و پەلاماری دوژمناندا، داوا لە گەداکان و بێماڵەکان بکەین بەرگری لەخاک و نەتەوە بکەن.

دەستەڵاتدارانی کورد لەو (٣٠/سی) ساڵەدا ھەرێمی خۆیان جیاکردەوە لەو ڕەشە خەڵکە، لۆرتەکانی/ یان ‘لۆردەکانی’ ناو سیاسەتگەرایی کوردی خاوەنی ھەمان قوتابخانە و خەستەخانەو سەیرانگەکانی ھەژاران نین، ھەمان نان و بەرگ ناخۆن و لەبەرناکەن، لە فرۆکەشدا ‘لۆجی’ جیاوازیان ھەیە و پەردەیەک لە ئێمەی ڕەشۆکی جیایان دەکاتەوە، بەر لەوەی سواری فڕۆکە بن لە (VIP)پشوویەک دەدەن و دەخۆن و دەخۆنەوە، لە ھەمان ئاھەنگدا بەشداری ناکەن کە هەتا گەر ئێمە تیایدا مەیموونی سەماکەرە بین، گۆڕستانیشیان لەھی ئێمە ناچێت، بگرە بە ھەمان نوکتەی ئێمە پێناکەنن، پرسەکان و گریانیشمان لە یەکدی ناچن، قەڵا و قولللە و کۆشک و تەلار و بارەگای سەرۆکەکان وان لە شوێنی زۆر خۆش و بڵند و قایمدا، کە پتر داگیرکردنی ئەو سەیرانگا و ھاوینە ھەوارانەیە کە «بەعس» نەیتوانی داگیریان بکات، کەچی پێشەوا و سەردارانی کورد بە تەلبەند و شوورای بڵند خۆیان لە ھەمووان جیاکردەوە، حەزیان بە ترۆپکی گرد و شاخەکانە، ماڵی ھەندێکیان سەدەھا دۆنم زەوی و زارە، لەوە دەچێت ھەمان ھەوا ھەڵنەمژن کە «عەوام و مسکێن» ھەڵیدەمژن. ھەمیشە سوپایەک لە چەکدار و جێبی جام رەش ئەوان لە خەڵکی دوور دەخاتەوە، ھەر گومانکردنێک لەو جۆرە ژیانە خواهانە و شاھانەیە کە خەڵکانی دیکە لێی بەھرەمەند نین، لە چاوی ئەوانەوە وەک ئیرەیی و بەغالەت و بێ وەفایی تەماشا دەکرێت، یان رەتکردنەوە و رێزنەگرتنی ئێمەیە بۆ ئەوان کە حیساب بۆ ئەو ھەموو تێکۆشان و رەنج و خوێنەی سەردەمی بەرخودانی قۆناغی شاخ ناکەین و سپڵە سک رەشین.

ئەم روانینە چەوتە وەک ئەوە وایە ھەموو کوردگەل بۆ هەتاهەتایە ناچار بێت قەرزی قۆناغی بەرگری و بەرخودانی شاخ بداتەوە، کە تیایدا کوڕگەلی خانەوادە هەژارەکان شەهید بوون نەک هی فیرعەونەکانی زەمان. شەرعییەتی شۆڕشگێری مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێوە کۆشکنشین بن و بە ملیۆنەھاش کەلاوەنشین و گووفەک-نشین، ئێوە خوان و سفرەتان چەور بێت وبە هەزارەھاش لە ناو زبڵخانەکاندا بگەڕێن بۆ ئەوەی لە پاشماوەکانی ئێوە بخۆن، شۆڕشگێری و خەونی ئازادی راستەقینە ئەوەیە کە ھەمووان لەو خێرو خۆشی و ئازادییە بەھرەمەند بن کە وایکرد هەمووان بۆی بجەنگن نەک تەنها ئێوە، بەوانەشی کە لە شارەکان و گوندەکان بوون و پاڵپشتی شۆرش بوون بە جۆرەها شێوە. رەنگە لەم سەردەمەدا «غاندی» و « نێلسن ماندێلا» دوو نموونەی جوانی ئەو چەشنە تێکۆشانە بن کە رەوشتی بەرزی تێکۆشان قیبلەنومایان بوو، خاوەنی ئەوە بوون کە خەڵکی هەیانبوو.. زیاتر نا، بە واتا خوێن و فرمێسک و ئارەقە و ھاوار و ناڵەی ئەوان ھی ئێوەش بێت، شۆڕش بۆ خۆی لە ناوەڕۆکدا رۆحێکی سۆفیگەرانە دروست دەکات کە تا ڕادەیەک وا لەو کەسە دەکات ئازادی و خێر و خۆشی ئەوانی دیکە بخاتە پێش حەز و تەماع و دەستەڵاتەکانی خۆی، سازدانی ژیان و گوزەرانێکە کە ئەوانیدیکە شاگەشکەی ببن و تۆی دەستەڵاتداریش شادومان بکات، وەک ئەو باوک و دایکەی کە ئامادەن خۆیان برسی بکەن بەو مەرجەی منداڵەکانیان تێر و پۆشتە و پەرداغ بن.

ئەمەیان ئارەزووێکە بۆ خۆشبەختی ھەموو خەڵکانی چوار دەورت، سیاسەتباز و سەردارەکانی کوردستان ئارەزووی پێچەوانەیان گەورەترە کە پڕە لە تەماع و چڵێسی و نەوسنییەکی کوشندە بۆ دەستەڵات و ھەموو ئەو ناز و نیعمەتەی کە پلە و پایە لەگەڵ خۆیدا دەیھێنێت، لەوەدا ناچارین کە سەیری ھەموو ئاغاکانی سیاسەت بکەین لە ‘رۆژھەڵاتی ناوەڕاست’دا کە شەھوەتێکی کوشندە و هەمیشەییان ھەیە بۆ پارە و پلە و پایە کە بە مەرگ یان کوشتن و تڕۆکردن کۆتایی ھاتووە، چڵێسی و نەوسنییەکە کە لە برسییەتییەکی کوشندەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێربوونی بۆ نییە، کە مەرج نییە برسییەتی ناو سک بێت، دەکرێت سایکۆلۆژیا یارمەتیمان بدات کە لەو دڕندەیە تێبگەین بۆ ھەموو دونیا دەخوات و تێر نابێت. بۆچی دەبێت بە «شایلۆک»ی ناو شانۆگەرییەکەی «بازرگانی ڤینیسیا»ی شکسپیر کە چەندە دەوڵەمەندەتر بێت، چاوچنۆک و قرچۆکتر دەبێت، قەرزەکانی لە بری خوێنمژینی ئەوانیدیکە بێ گیرفان و نەدارایە!

پێکەوە ژیانمان لە ناو ھەمان جوگرافیا و مێژوودا وامان لێناکات کە وا ھەست بکەین ھاوشان و تەبا و تفاق لە ناو ھەمان پەیوەندی مرۆڤانەداین، چونکە ناھاوسەنگی و جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەو دوو ژیانەدا ھەیە کە ھی دەسەڵاتدارەکان و خەڵکی بندەستە: چی وەک رۆح و چ وەک جەستە و پێویستییەکان و کەرەستەکانی بەردەستی ئەوان و خەڵکی جیاوازن، خەون و خولیا و خەمی جیاواز، ئەوان لە شوێنێکدان کە مەحاڵە ھەمووان بتوانن بە ئاسانی بچنە ناوی و تیایدا بژین، سەر بە ھەمان زەمەن نین، دەسەڵاتدار تاقانەیە و ھەم دونیای تایبەتی خۆی ھەیە کە دەگمەنە، لە چاوی دەستەڵاتدارانەوە ئەو رەشە خەڵکە وەک تەنێکی ھاوشێوە وان و ھیچ تایبەتمەندییەکیان نییە، حەز و ھیوا و هەوەسێکی ئۆرستوکراتیانە وا کوشندە لە خوێنی کەسانی دەستەڵاتخوازدایە کە ھەرگیز دەستەبەرداری نابن، بوون و ھاتنی ئەو ھەموو دونیا سادە و غەمگینەکەی ئێمە دەشڵەژێنێت، ئەوان بڕوایان وایە کە خوێنێکی شین نەک سوور بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێت، نوێنەری هەڵبژاردە و یەکەمی یەزدانە لەسەر زەوی، ھەموو دونیا ھی خۆیەتی، ئەو شوێنەی من و تۆش جێگەی تایبەتی ئێمە نییە و مافێکی ئادەمیانە و خاکەڕایی خۆمان نییە، چونکە ئەوی دەسەڵاتدار میھرەبانە و بەخشیوییەتی بە ئێمە، مەرجی دەستەڵاتدار ئەوەیە کە زۆرتر بخوات و جوانتر و چاکتر لەبەر بکات و جێگەی تایبەتی خواھانەی ھەبێت، تاوەکو زۆرتر بژی و ئاگاداری ئێمە بێت، ئەگینا بێ «ئەو» ھەر ھەموومان بێ جێگە و رێگە دەبین و دەفەوتێین، رێک وەک باوکی من کە دەبوو ھەر ھەموومان، بە دایک و خوشک و براکانمەوە، دەستەو نەزەر لە بەردەمیدا بوەستین و خوانی بۆ برازێنێنەوە، چونکە «ئەو» رەنجی کێشاوە و گەر نەمێنێت گورگ دەمانخوات!

ھەمیشە جێگە و بالینگی باوکە لە بنەبانی ژوورەکە بوو، ئێمەش لە پایینی و لە خوارەوە دادەنیشتین، ئەم حکومەت و میرییە چەندە لە ماڵە شێواوەکەی ئێمە دەچێت. ماڵ وەک شوێنێک ھی باوکە بوو، ئامادەگی ئێمە لە ماڵدا لە وەختی ھاتنەوەی ئەودا ئەوپەڕی رێز و وەفا بوو کە پڕ بوو لە ملکەچی و ترس، ھەروەک چۆن نیشتمان ھی ئاغاکانی سیاسەتکارە و زۆرینەی ئەوانیدیکە کرێچین، خاکێکە گوایە کە ئەوان ئازادیان کردووە و تا ماوین ئەرکە لە سەرمان سوپاسگوزار بین، ھەر وەک چۆن باوکە شەوان دەچووە گژ دایکمان و لە ھەمان ژووردا خۆمان مت و کپ دەکرد، ھەتا گەر دایکە ئاسوودەش نەبووایە، ئەو ھەر بە زۆردارەکی لاقەی دەکرد و لە تەکیدا جووت دەبوو، ئێمە دەبوو خۆمان بکەین بە خەوتوو، رێک ھەمان وێنەیە کە دەسەڵاتدار گەر خاک و خەڵک ئەتک بکات، مادامەکێ ھی خۆیەتی و ئازادی کردووە، مەرجە ھەمووان خامۆش بن، ھەر بۆیە مەردمگەل بە ماڵەکان و نیشتمانی خۆیان نامۆ و نەناس دەبن، بێ ئەو رۆحەی کە کۆمان بکاتەوە، مەحاڵە بانگەشەی ئەوە بکەین کە لە ھەمان کات و شوێندا دەژین، ئەمەیان دۆخێکە کە لەڕووی فیزیکییەوە لەتەک یەکتریدا دەژین، بەڵام وەک رۆح و ئینسان دوورین لە یەکترییەوە و نزیکیمان لە یەکدی درۆیەکی گەورەیە، ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە پڕە لە درۆی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان، بەڵام چ بە ئاشکرا و چ بە دزییەوە ژێر بەژێریش بێت پڕە لەجەنگ و دوژمنکاری، چونکە رۆح ژەھراوی بووە..( ژان پۆل سارتەر) واتەنی “ئەوانیدیکە بۆ من دەبنە دۆزەخ”.

ئەوەی کە لە سەرەتای راپەڕینەوە سەبارەت بە ئازادی وتراوە، وای نەکردووە کە مرۆڤەکان خاوەن ویست و سەرکەشی و شکۆمەندی خۆیان بن، ھیچ دەزگایەکی پەروەردە نادۆزینەوە لە ماڵ و مەکتەب و مزگەوت و بە حیزبیشەوە لەو ویست و شکۆمەندییەی نەدابێت، گەر لە دەرەوە چەند زیندانێکی سەردەمی “بەعس “رووخابن، ئێمە بووین بە خاوەنی زیندانی کوردی و لە ھەمووی خراپتر ھیچ پەروەردەیەک نەیتوانی ئەو بەندیخانەیەی ناو رۆحی مرۆڤەکان بڕمێنێت، تۆ بڵێیت ئازادی و سەربەستییەک ھەبێت لە دەرەوەی تێگەیشتنی ئێمە و لە دەرەوەی ئەم جیھانە و لە سەرووی سروشتەوە کە ئێمەی گەلحۆ تێینەگەین و نەیزانین چییە.

دەسەڵاتدار وەک یەزدان دوورە، لە جێگەیەکی دیاریکراو نییە بیگەینێ و گفتوگۆی لەتەکدا بکەین. ھەتا ئاسان نییە بە زۆردارەکی و ھەڕەشەش لە خۆمانی نزیک بخەینەوە، ئەم ھەرگیز ناچار نییە ئەو خەڵک و عەوامە ببینێت و بیدوێنێت، گەرچی جێگەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام خودا ئاسا لە ھەموو شوێنەکاندایە و ھەزارەها چاو و دەستی ھەیە کە کەی حەزی کرد بۆ خێر بێ یان شەڕ بە کاریان دێنێت. گومانی گەورە لەوەدایە کە ئاخۆ ھەر ھەموومان لە نێوان ھەمان جیھانداین، یان دوو جیھانی جیاواز، یاخود چەندین جێگە و پێگەی جیاواز کە لە نێوانیاندا ھیچ پردێک نییە؟ ئاخۆ خاوەن ھەمان زمان و کەلتوورین؟ کێ سەنتەری ئەم ژیان و بوونەیە و کێ پەراوێز کراوە؟ ئاخۆ ھەمان ئاڕاستە و ئارەزوو ھەیە بۆ کۆبوونەوە لەسەر خوانێک و لە گۆڕەپانێکدا کە میھرو سۆز و خۆشەویستی زمانی ئاخافتن بێت و عەقڵ بەرکەماڵ بێت؟ چەندە ویست و نیازە پاک و راستەقینەکان ئاڵ و گۆڕ دەکەین؟ چەند ھێزمان ھەیە فەرمان بە شەیتان و دڕندەکانی ناو ناخمان بکەین بۆ تاوێک بخەون؟ بایی چەند دەتوانین لەو خودپەرستیییەی خۆمان دەربچین؟ چ مۆدێلێکی ئەخلاقی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی لەناو ئەم کولتوورەی خۆمان پەسەندە؟

ھەموو پەیوەندییەکی مرۆڤدۆستانە بێ سەربەخۆیی و ئازادی دوو لایەنەکە: مەحاڵە، جا چ پەیوەندییەکی سیاسی بێت یان عاشقانە، لە نێوان دەسەڵاتدارێکی زاڵ و کەسانی بێ ویست و ژێردەستدا ھیچ پەیمانێکی مرۆڤپەروەرانە لە ئارادا نییە، ھەر دوو لایەن و بەرە وان لە ناو ھەمان دونیادا، بەڵام ئەو جیھانەی تیایدا نیشتەجێین، ھەمان جیھان نییە، رەنگە واقیعی و کۆنکرێت بێت بۆ ھەر دوو لایەن، چ سەرکردەکان بن و چ بنکردەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەمان جیھان نییە بۆ خۆشی و ناخۆشی ھیچ کامیان، بەشدارییەک لە ئارادا ھەیە لەسەر ھەمان خاک، بەڵام بە خەم و خولیا و خەونی جیاوازەوە، پەیوەندییەکی ناڕێک لە ئارادایە کە پتر پەیوەندی “بکەر” و “بەرکارە”، ئاغا و کۆیلە. بابەت و شتگەلێک لەبەرانبەردا هەن، بەڵام جیھانێکی ھاوبەش نییە بۆ ھۆگربوون و پێکەوە ژیان، لەسەر دوو لێواری دوور لە یەکدی سەر خەرەندێکی قووڵ و ھەزار بە ھەزاردا دەژین، نە ھاوکووف و ھاوشانی یەکدین و نە دەتوانن ببنە جێگر و زمانحاڵی یەکدی، ئەم دووربوونەی دەستەڵاتداران لە رەشە خەڵکەکە وەک دۆخێکی ناتەندروست هەم گشتگیرە، چونکە ئەوان وەک تەنێک حەشاماتەکە دەبینن، کە پتر لە پەیوەندی شوان و مێگەل دەچێت، بەو مانایەی شوانەکان وەک سوود و قازانجی تایبەت بە خۆیان سەیری مەڕو ماڵات دەکەن، نەک وەک ژمارەیەک لە گیانلەبەری ناو سروشتێکی زیندوو، یان وەک بولبولی ناو قەفەز کە جوانی و خۆشییەکەی لەوەدایە چەند خۆشخوانانە بۆ خاوەن قەفەز بچریکێنێت. ھەمیشە گەورەکان ناویان ھەیە و دەناسرێن، بەڵام خەڵکی رەشۆکی بێ ناون و وەک حەشامات و تەنێکی بێ ناسنامە و گەوھەر دەردەکەون، دەستەڵاتداران رابردووی خۆیان جیا دەکەنەوە، ئێستاشمان تەواو جیاوازە، بۆ ئایندەش بەھەمان رێگادا ناڕۆین، بۆ چوونە ناو بەھەشت و دۆزەخیش کلیلەکانی دەرگاکان وا دەنێو گیرفانی ئەواندا، لەسەر چاکە و خراپەی مەردمگەل سزا و پاداشت دەکەونە چنگی خوداوەندەکانەوە.

لە ناو وەھا جیھانێکدا گەڕان بە دوای زمانێکی ھاوبەشدا کە دڵنیامان بکاتەوە لەوەی ئێمەش خاوەنی بوونێکی راستەقینەین لەتەک ئەوانیدیکەدا، زمانێک کە بۆ مانا ئاشکرا و نادیارەکاندا بتوانین دەست بۆ ھەمان فەرھەنگ ببەین کە ئاماژە و کۆدەکانمان بۆ بکەنەوە، بگەڕێینەوە سەر زمانی دایک بەر لەوەی بارگاوی بووبێت بە ھەموو ئەو مانا و نیاز و حەزانەی کە ئێمە و ئەوانیدیکەی لە یەکدی جیا کردەوە، زمانێکی نێرینەیی پڕ لە توندوتیژی ئەوان کە تیایدا خۆ بە نەمر و خوداوەند بزانن، ئێمەش فانی و بەندەی لە ڕێلادەر و گوناھبار، مەرجە بگەڕێین بۆ زمانێک کە وەفادار بێت بۆ ژیان خۆی، بۆ گەشەکردن و کامڵبوون و گەیشتن بەوی دیکە، گەرچی ئەو زمانە ھاوبەشەی خەونی پێوە دەبینین کە لە نێوان ئەو دوو لایەن و بەرەیەدا ھەبێت بۆ ئاشتیەوانی کە کەوتوونەتە دوو دونیای جیاوازەوە، کە بەرەیەکی زاڵە و بەرەی دووەم بندەست و کۆیلە، دۆزینەوە وەها زمانێک لە مەحاڵ نزیک بۆتەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە کە دیالۆگ و گوێگرتن لە یەکدی وەھا گران و ئەستەم بووە، ئێمە پێویستیمان بە زمانێک ھەیە کە یارمەتی ھەمووان بدات کە بێنە ناو بوون و ژیان و دۆخێکی شیاو بە مرۆڤ، زمانێک کە لەگەڵ رسکان و زمان پژاندا بمانگۆڕێت و گەورەترو عاقڵترو فامیدەترمان بکات، یارمەتیمان بدات لەوەی بێینە ناو جیھانێک کە پێکەوە ھەڵبکەین، کەچی جیھانە جیاوازەکان پتر لە یەکدی دوور دەکەونەوە، بۆ ئەبەد زمانی دایکمان لەیاد دەچێتەوە و دەکەوێنە ناو ھەرێمی زمانی باوکە ستەمکار و چەوسێنەرەکان کە بە زمانی خوێن لەگەڵ یەکتری دەدوێن، زمانێک زاڵە کە بە رۆحی پیاوە جەنگاوەرەکان و خوێناوی دەستیان سواغ دراوە، زمانێکە لەو کاتەوە لە یادمان چۆتەوە کە لە سەروەختی ناوک بڕین لە دایکانی خۆمان جیامان دەکەنەوە، ئەو کاتە درامییەیە کە بە ناوی باوکەکانەوە بانگ دەکرێین.. نەک دایکانی گەوزیو لە ناو خوێناو و ئازارچەشتوو بە ژانوژور، کە ناوکەکە بڕا و لە کۆشی دایکە جیا بووینەوە بە واتا لە ماڵ جیا دەبینەوە، لە ھێلانەی یەکەم کە ھەر ھەموومان دەتۆرێین تا دەگات بە دوا تۆرانی ھەتاھەتایە لە ماڵی دووەم کە ‘نیشتمان’ە، نیشتمانی باوک و پیاوە خوێنخۆرەکانی ناو خێڵە بەربەرییەکان.

ئیدی زمانێک نامێنێت لەگەڵ خودی ژیان و خۆشنوودی و میھر و خۆشەویستی و زیندەگی و بوونی خۆمان و ئەوانیدیکە ئاشتمان بکاتەوە، زمانێک کە تەنها بەو ئاقارەدا دەمانبات کە بەردەوام بین و بمێنین و لە ورتە ورت و ورێنەکردندا بەردەوام بین، لە خۆگوزەراندن و خۆلەوەڕاندن و خۆسەرقاڵکردن و خەسارکردنی جوانی، زمانێکە پڕ بە پێستی ژیانێکی کولەمەرگی و رۆژ بەرێکردن و سیاسەتی ‘مەمرە و مەژی’. لەبەرانبەریشدا ئیمپراتۆر و فیرعەون و بارۆنەکانی سەدەی بیست و یەک دەپرسن کە بۆچی قسەمان بیرچۆتەوە و زمانمان چۆتە کلیلەوە، یان کە دەدوێین بۆچی تێمانگەن و ئەوەیان چ زمانێکە لەسەر زەمین کە ئێمە بۆ خۆمان دامانتاشیوە و لە ھەموو فەرھەنگەکانی دونیادا دەگەڕێن بۆ مانا شاراوە و ئاڵۆزەکانی.. کەچی نایدۆزنەوە. ھەر بۆیە پتر داخدار دەبن و بە زۆر دەمانخەنەوە ناو کلاسەکانی زمان فێربوونەوە تاوەکو سەرلە نوێ و بۆ هەمیشە فێری زمانی ئەوان بین و تووتی ئاسا لاسایی ئەو نیوە بنیادەمانە بکەینەوە کە میراتگری سەر و ماڵی ئێمەن، ئەوسا ئەمەیان زمانێک نابێت بۆ خەمڵینی رۆحێکی یەکگرتوو، بۆ پێکەوە بوون و ژیان، ئەوەی فێرمان دەکەن زمانێکە پڕ لە غوربەت و تەوەللابوون و ھەلاھەلا بوون و پەرتبوون.

گرفتی زمان لەوەدایە کە وەک ھەبوویەک بەسەر یەکەوە دروستکراوی مرۆڤ خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەندا کارگەیەکە مرۆڤ پەروەردە دەکات و سەرلە نوێ بۆ بوون و ژیان ئامادەی دەکاتەوە، لە دونیا تۆران و غوربەت و نامۆبوونی کوشندە بە تەنها لە ناو شوێنەکان و سەردەمەکاندا نییە، بەڵکو نامۆیی و غوربەتی یەکەم لە ناو زماندا دەڕسکێت کە ھەر ھەمووان بە ھەموومان نامۆ دەکات، رێک وەک ھەنووکە و ئا لێرەدا. نەمانی زمانی دایک و پیسبوونی بە زمانی باوکە دەسەڵاتدار و ستەمکارەکان، بزرکردنی ھەموو ھێلانە و پەناگاکان و جوانییەکانە، پچڕانی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ ئەواندیکە و ڕمانی ھەموو ئەو پردانەیە کە جیھانەکان بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە. سەرەتای زاڵبوون بەسەر مرۆڤدا و کۆیلەکردنی بە تەنها زاڵبوون نییە بەسەر جەستە و زیندانی کردن و کەلەبچە لە دەست بەستن و زنجیر و سندم لە پێبەستن، بەڵکو زاڵبوونە بەسەر ئەو زمانەی قسانی پێدەکەین، یان لێسەندنەوەی زمانێکە و سەپاندنی زمانێکی دیکەی دسەڵاتدارە، زیندووترین نموونەش زاڵکردنی زمانی عەرەبی و فارسی و تورکییە بەسەر ئێمەی داگیرکراودا، کە دوا جار بە داگیرکردنی عەقڵ و رۆح کۆتایی دێت.

سیاسەتخوازی کوردی لەمرۆکەدا پێماندەڵێت ئێمە ھیچ زمانێکمان نییە بۆ گفتوگۆ و گردبوونەوە و چوونە ناو ژیان و ئاشتبوونەوە، «تی.ئێس. ئیلیەت»ی شاعیر واتەنی، “ئەو زمانە چەندە لە خشەخشی قاچی مشکەکان دەچێت کە بەسەر شوشەی شکاودا رێدەکەن” بەواتا داماڵراو و بەتاڵ لە مانا جوان و بەهادارەکان. مێژووی خوێناوی ئێمەو شەڕی براکان لە بەرانبەر یەکدیدا، لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەڵگەی نەبوونی زمانێکی ھاوبەشە کە تا ھەنووکە درێژەی کێشاوە، شەڕی نۆ ئەمارەتی کوردی و خیانەتی ھۆز و تیرە و خێڵەکان لە یەکدی و سی/٣٠ ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانی پڕ لە قەیران و شکستی سیاسەتی ئێمە و گەیشتی بە بنبەست بۆ خۆی مردنی ئەو زمانەیە.

ئەو جیھانەی لەو بیست ساڵەدا دروست بووە، جیھانی دەستەبژێرێکە لە سیاسەتبازانی قاچاغچی و نەوتفرۆش و قۆنتەراتچی و فەرهوود رەفتار و ملیاردرێری بێ خەون کە لەسەر خوێن و فرمسێک و رەنج و ئارەقەی ملیۆنەھا دەلەوەڕێن، ئەو دەستەڵاتدارانەی کە لە ناو جیھانێکدا دەژین کە خۆیان دایانمەزراندووە و رێنوما و بۆسەڵەی ئەخلاقی تێدا ونبووە، تاکە زمانی ھاوبەش لە ناو ئەو پەیمانە ستراتیژییەی کە لە نێوان سەرانی حیزبەکاندا مۆر کراوە، پەیمان و رێکەوتنێک بووە لەسەر دابەشکردنی بازاڕەکانی کوردستان بەوپەڕی وەفا و شەرەفی بازرگانە لە خەم رەخسیوەکان کە یان سەر بە زۆنی زەردن یان زۆنی کەسک/سەوز. ئەمەیان دوو جیھانی جیاوازە، جیھانێک بۆ رەشە خەڵکەکە کە وان لە ژێرزەمینەکان و کەلاوەکاندا، جیهانێکی دیکەش کە تیایدا ھەموو سەرزەمین ھی ئەوانە و بۆ خۆیانە و بۆ ھەمیشە بە میرات دەیدەنەوە بە فرزەندەکانی خۆیان، وڵاتێکە یان جیھانێکە کە تاپۆکەی و قۆچانی رەشی وا لە گیرفانی چەند کەسانێکدا.

دامەزراندن و چوونە ناو پەیوەندی مرۆڤپەروەرانە وا دەخوازێت کە ھەر ھەمووان پێکەوە لە ھەمان جیھاندا بژین، لە خۆشی و ناخۆشی و خەون و خولیا و خۆزگەکاندا پشکی ھاوبەشمان ھەبێت، لە خوڵق و خوو و خدە و موودی ھاوبەشەوە تا دەگات بە گوتاری ھاوبەش، رۆح لەتەک رۆحدا بدوێت و بوونەکان بە یەکدی خۆیان گەرم بکەنەوە، گەر ئێمە بە نیازی ئەوە بین کە پێکەوە بژین، پێشمەرجی پێکەوەبوون و دۆزینەوەی ئەو زمانە دزراوەی لێمان زەوت کراوە، دەرچوونە لە خۆپەرستی و چڵێسی و نەوسنی ھەتاھەتایە. گەر قووڵتر بڕوانین.. گومان لەوەش دەکەین کە ھەمان ھەوا ھەڵمژین و ھەمان شیری پاکی دایکانی خۆمان خواردبێت!

ئاخۆ ئەوەی کە گوێبستی دەبین لە قسە و ھات و ھاوار و غەڵبە غەڵب، وتووێژ و دەمەتەقێیەکی پڕ مانا و راستەقینەیە یان بە تەنها دەنگە دەنگە و لە زار دێتە دەر و بە تەنها ھەوا دەشێوێنێت و هیچی دیکە؟ ئاخر ماناکانی ژیان بە تەنها لە پەیوەندی ھەموو کەسەکان و لایەنەکان و بەرەکاندا دەسازێت و کە زمانێکی ھاوبەش پردی نێوانیانە، ئەوەی کە دەگوزەرێت یارمەتیمان نادات ئەو جیھانە بناسینەوە کە تیایدا دەژین، جیھانێکە لە بری ئەوەی تیایدا ئۆقرە بگرین و ھۆگری بین و نیشتەجێ بین، پتر تیایدا سەرگەردان و وێڵ دەبین، وەھا جیھانێکیش شیاوی رەتکردنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەیە، جیھانێکە رووی لە وێرانە و خاپووربوونێکی رۆحی و مۆڕاڵییە، گەرچی تاوەرەکان و باڵەخانەکانی بڵند بە پێوەش بوەستن، جیھانێکی وا وەک ئەوە وایە بەر زەبری کارەساتێکی گەورەی سروشتی یان مرۆیی کەوتبێت، کە وا بکات هەتا زووە ھەر ھەموو مەلەکانی ئاسمان و ماسییەکانی ناو رووبار و زەریاکان و گیاندارانی سەر وشکانی و مەردمگەلی سەر زەمین بیر لە ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن و فڕین و بەجێھێشتنی بکەنەوە و ئاوڕ نەدەنەوە!
ئەو کۆچ و سەرھەڵگرتنەی نیو سەدەی رابردوو بەڵگەیە لەسەر نەبوونی ژیان لێرە، بە تایبەتی لەو سی ساڵەی دواییدا کە داستانی گەورەترین کۆچڕەوی تۆمارکردووە، “رامبۆ-ی شاعیر واتەنی: ژیان وا لە شوێنێکی دیکە!”
گرفتەکە لەوەدا نیە کە گومان بکەین لە بوونی زمانێکی ھاوبەش، زمانێکیش ھەبووبێت، ھیچ یاسا و رێسایەکی سینتاکسی (syntax) تێدا نەماوە، پەیڕەوی لە رێزمانێک ناکات کە بە ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی دوو لایەن و دوو کەس و دوو تاقمدا تێپەریبێت، ھیچ ریزکردنێک و رێک و پێکییەک لە رستەسازی و داڕشتنی زمانەکەدا نادۆزینەوە، پەیوەندییەکانی وشەکانی ناو رستەکان لێمان ون دەبن، چونکە پەیوەندی ئینسانی و رۆحی نێوانمان بزر و شاراوەیە، وەک کۆی جیھانی خوداوەندەکانی سەر ئەم خاکە لە ئێمە شاراوەو بزرن، وەک شاردنەوەی ناوی پروژە و قۆنتەرات و پلانەکان و ژمارەی پارە و پوولەکانتان و رووگە و ئاراستەی سەفەرەکانتان، تەقەت و داخراو وەک کۆشک و تەلار و قاسەکان و بانقەکانتان، دۆڕانی گەورە ئەوەیە بەسەر شان و کۆڵی ئەو خەڵکەوە ھاتنەوە ناو شارەکان، بەسەر رووباری خوێن و فرمێسک و ئارەقەی ھەزارەھا پەڕینەوە ناو باخچەکانی شار، کەچی ھەنووکە وان لەودیو دیوار و شورا بڵندەکان، چەقیونەتە ناو کورسیە گرانبەھاکانتان و تازە زەحمەت بووە واز لەو حەرەمسەرایە بێنن و کەمەکێ لەو تەخت و تاراجە بێنە خوارێ و گوێ لەو ڕەشەخەڵکە بگرن کە ناچارن ھاوار بکەن بەڵکو خوداوەندەکانی سەرزەمین ئاوڕێک لەو ھاوارە و ناڵەیە بدەنەوە، ئێوەش بێباک لەو نواندن و نمایشە خوێناوییەی سەر سەکۆکان و سەر جادەکان و بەر بارەگاکانتان، ھەروەک ئەوەی شانۆگەرییەکی تراژیدی «شکسپیر» بێت و چاوەڕوانی تەواوبوونی نمایشەکە بکەن و ھیچی!

شێرزاد حەسەن

——————————————–
* تایتلی ئەم وتارە لە شاعیری فرەنسا-یی “ئارتر رامبۆ: ١٨٥٤-١٨٩١” وەرگیراوە کە دێڕە شیعرێکە، کە دواتر رۆماننووسی “چیکی” ‘میلان کۆندێرا:١٩٢٩-‘ کردی بە تایتڵی رۆمانێکی خۆی هەر وەکو خۆی “ژیان وا لە شوێنێکی دیکە” کە دیارە سەرسامیم بەم رۆمانە وایکرد کە لە ئینگلیزییەوە وەریبگێڕمە سەر زمانی خۆمان.




داعش و سوننەی عێڕاق وەک دوانەیەک.. هەرێز خەسرەو تۆفیق

داعش کێ بوو، چی بوو وە لەسەنگەری کێیوە تەقەی دەکرد؟ تەبعەن پێشتر زەرقاوی سەرکردەی تیرۆریستان لەبەرگی قاعیدەداو کۆنە بەعسییەکان لەبەرگی دیفاع وەتەنیداو دواتریش داعش لەبەرگی دەوڵەتی ئیسلامییدا، هەموو ئەمانە بەجۆرێک لەجۆرەکان وەکو نزیک لەسوننە یاخود پشتیوانییانی سوننە هەژمارکراون. لانیکەم تەواوی ئەم گروپە تیرۆریستی و توندئاژۆییانە لەسەنگەری ”مەزهەبی سوننە”دا تەقەیان لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەیارانی بەعس و سوننە دەکرد.

بۆیە ئەتوانم بڵێم، هەموو ئەم گروپە تیرۆریستانەی لەدوای ٢٠٠٣وە بەناوو لۆگۆو ڕەنگی جیاوازەوە دروستبوون بەشێوەیەک لەشێوەکان سوننە بوون وە سوننەش ئەم گروپانە بووە. یەعنی بەدیوێکیتردا وەکچۆن وتەیەک هەیە دەڵێت: هەموو موسوڵمانێک تیرۆریست نییە، بەڵام هەموو تیرۆریستێک موسوڵمانە. بۆیە ئەگەر هەموو سوننەیەکیش لەگەڵ ئەم گروپە تیرۆریستانە نەبوون و نەبن ئەوا لانیکەم هەموو ئەو چەکدارە تیرۆریستانەی شەڕیان کردووەو دەیکەن لەپێناو پاراستنی ناوەڕاستی عێڕاق و ناوچە سوننی نشینەکان، ئەوا سوننەی موسوڵمانن. تەبعەن بێگومان مەزهەبی شیعییش خاوەنی دەیان گروپی تیرۆریستییە، بەڵام گروپە توندئاژۆکانی سەر بەمەزهەبی شیعیی، ئەوان گشتیان لەچوارچێوەی هێزێکی میلیشیایی نیمچەقانونیدا کۆکراونەتەوە بەناوی حەشدی شەعبی وە هەمووییان ئیعازو فەرمان لە مەرجەعی باڵای شیعەکان وەردەگرن.

من لێرەدا مەبەستمە زیاتر قسە لەسەر سوننەی تونڕەوو تیرۆریستانی سەر بەم مەزهەبە بکەم. کە بەڕاستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گروپگەلێکی مەترسیدارن، وە هەزاران و ملیۆنان مرۆڤی بێتاوانی ئەم جیهانە بەجۆری جیاواز قوربانی دەستی ئەم گروپانەن. سەیرەکە ئەمەیە جیهان بەگشتی و غەرب بەتایبەتی پێیان وایە تەنها ئەوانە قوربانین کە ڕاستەوخۆ فیشەکی ئەم گروپانە بەر جەستەییان کەوتووە، لێ کەم کەس بیری لای ئەوەیە کە خەڵکانێک هەن بەشێوەیەکی فیزیکی و هەیە بەماددی و هەیە بەمەعنەوی قوربانی دەستی گروپە تیرۆریستەکان و داعشن. بۆنمونە من یەکێکم لەوکەسانەی ئەگەرچی موباشەڕ فیشەکی داعشم بەرنەکەوتووە، بەڵام ئەم باجە قورسەی من لەڕووی مەعنەوییەوە داوم و لایەزال ئەیدەم زۆر دژوارترە لەوەی ئەگەر فیزیکییەن ئازاردرابام، چونکە ئەگەر لەوساوە چەند فیشەکێکم بەرکەوتبایە ئێستا دەمێک بوو برینەکانم ساڕێژ ببوون و هەر بیرم چوبویەوە، بەڵام من شەخسی خۆم یەکێکم لەوکەسانەی بە”دیل” یەسیر کەوتمە دەستی داعش و دوای چەند کاژێرێک بەموعجیزە ڕزگارم بوو، دواتریش هەڕەشەی جددی لەسەر گیان و ژیانم بوو، وە من وەکو هەرێز ئامانجێکی دیاریکراوی داعش بووم، هەربۆیە ناچارکرام وڵاتی خۆم جێبێڵم و دەردەبەری ئەوروپا بم، بەڵام بەداخەوە لەوێش بۆم دەرکەوت مافی مرۆڤ درۆیەکی ماکیاجکراوی ڕازێندراوەیە دەرهەق بە من، چونکە من وامزانی وەکو قوربانی و هەڵاتوویەکی دەستی داعش مافی “پارێزگاریم دەبێت” وە پێشوازییم لێدەکرێت وەکو قارەمانێکی جەنگێکی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەڵام ئەمانە بۆ من هیچی وەڕاستنەگەڕان و توشی شۆکێکی گەورەییان کردم. وە من ئەوەی هەمبوو لەژیانا لەدەستمدا ئێستاش تەواو بێئومێدم هەم لەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێڕاق تەعویزێکم بکەنەوەو بمپارێزن، هەم لەوەی لەوڵاتانی ئەوروپا بپارێزرێم، بۆیە هیچم بەدەستەوە نەماوە ئەوەنەبێت کە هەموو ئەوەی لە ٣٥ ساڵی تەمەنمدا ئەزمونم کردووەو فێریبووم بۆدونیای بەیان بکەم، بۆئەمەش هیچ ڕێگەیەکم شکنەبرد جگە لەنوسین. من پێموایە ژیانی من تراژیدیایەکی ئازاربەخشە بۆیە بەنیازم لەچوارچێوەی ڕۆمانێکدا بەناوی “نزیکبونەوە لەمەرگ” بڵاوی بکەمەوە. چونکە لەحەقیقەتدا تارمایی مەرگی داعش باوەشی پێداکردم و سێبەری فریشتەی ئەجەل لەتەنیشتمەوە تێپەڕی. وە ژیانی تراژیدیاو دەربەدەری و لەدەستدانی ژیانێکی ئارامم دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لەچنگی داعش ڕزگارم بوو، چونکە نە وڵاتی خۆم و نەوڵاتانی غەرب هیچ قەرەبوویەکی ماددی و مەعنەوییان نەکردمەوە، بۆیە ئەبێت من ئەم چیرۆکە مەرگەساتە بۆنەوەی دوای خۆم بگێڕمەوەو بەرلەوەی خەنجەری جەهل و تارمایی تیرۆر لەئامێزم بگرن و بۆئەبەد بێدەنگم بکەن. ئەبێت قسەبکەم و ئەو ڕاستییە تاڵانەی سەبارەت بە دووڕوویی جیهان پێیگەیشتم دەبێت بیدرکێنم. وەکو سەرەتاییەکیش بەنیازم لەچەند نوسینێکی سیاسییدا تەعبیر لەم بۆچونانەم بکەم کەماوەیەکە کەللە سەرم دەکۆڵن. ئیتر چونکە منیش نە کەناڵێکی تی ڤی نە ڕۆژنامەو نەڕادیۆم نییە بۆیە لەهەر کەناڵێکی میدیاییدا بڵاویان دەکەمەوە کە بتوانێت ئەم بیروڕا سیاسییانەم بۆبڵاوبکاتەوە.

ئەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەم خاڵەی کەپێشتر تەعریفی مەزهەبی سوننەو تیرۆریستانم کرد، لەڕاستیدا من نامەوێت بڵێم تەواوی سوننەی موسوڵمان توندئاژۆن، بەڵام ئەتوانم بەڕێژەیی بڵێم کەزۆرینەی شوێنکەوتووانی مەزهەبی سوننە لەگەڵ گروپە تیرۆریستەکان یەک موتوربەن بەقەدی دارێکەوە بەناوی ئیسلام.
ڕاستییەکەی ئیسلام دوو ڕوخساری هەیە، ڕوخسارە جوانەکەی ئەوەیە کە دایکو باوکانی ئێمەومانان پەیڕەوی ئەکەن، کەجگە لەمیهرەبانی، مرۆڤدۆستی و گیانی بەیەکەوەژیان شتێکیترنییە. ئەم دیوە جوانەی ئیسلام بەردەوام نیشاندەدرێت و خەڵکی پێئاراستە ئەکرێت.
وەلێ کەم کەس توانیویەتی خۆی لەقەرەی باسکردن لەدیوەکەیتر بدات. لێرەدا ئێمە دەمانەوێت ڕووی دووەمی ئەم مێژووە هەڵماڵین، بەتایبەتی ئاراستەی سەلەفی ئەهلی جیهادی قیتال و ئیسلامی داعشئاسا. ئەوانەی ئینکاریی ئەوە دەکەن داعش لەناو دەقەکانی ئیسلامدا جێینابێتەوە، بەشێکیان لەمێژووی فتوحات تێنەگەیشتوون، بەشێکیشیان هەوڵدەدەن ڕووە باطینیەکەی داپۆشن. ئێمەش ئەمانەوێت ئەم دەمامکە لادەین و بڵێین ئەوەی داعش دەیکاتو کردی لەچوارچێوەی دەقەکانی شەریعەتدا جێگای دەبێتەوە. لەڕاستیدا داعش، قاعیدە و حیزبە ئیسلامییەکانی ناو حکومەت هەریەکێکن و گشتیان لەیەک مەنهەج فیکریان هەڵدێنجن، کەشەریعەتی ئیسلامە. حیزبە ئیسلامییەکانی عێڕاق و کوردستان بەژداری هەڵبژاردنی دیموکڕاسیانە دەکەن و لەناو پەڕلەمانن و باسی ئازادی دەکەن. ئەوان هەتاکو ئەو کاتەی دەسەڵاتی ئیسلام ناوچەکە کۆنتڕۆڵدەکات ئەو ڕووخسارە میانڕەویە نیشاندەدەن، ئەگینا گەر دەمامکیان لادەی جیاوازیان نییە لەگەڵ داعش و هەمان فیکرو تێڕوانینیان هەیە سەبارەت بە شەریعەت. بەڵام ئەوان جیهادی قیتالیان بۆ داعش جێهێشتووەو خۆشیان لەناو کۆمەڵگادا وردەوردە کۆمەڵگا بەئیسلامی دەکەن و دەیانەوێت هەموو ژنان حیجاب ببن و مەیخانەکان دابخرێن و لەهەموو کۆڵانەیەکیشدا مزگەوتێک بونیاد بندرێت. حزبی ئیسلامی تیرۆری فیکری دەکەن و داعشیش تیرۆری فیزیکی دەکات. حزبی ئیسلامی عەقیدەی ئیسلام بە دیدە تەکفیرییەکەی دەرخواردی خوشک و براکانی ئێمەمانان دەدەن و داعشیش فیشەک و شمشێری ئاراستەی مل و دەمی پێشمەرگەو سەربازان دەکرد. ئەوان هەردوکیان ئەرکیان تیرۆرە، جا یەکێکیان تیرۆری فیکری و ئەویتریان تیرۆری فیزیکی.

هەموو ئەوانەش چ ناوێکیان هەیە گرنگ نییە، چونکە هەمویان ئەو مناڵە توندڕەوەن لەدامێنی شەریعەتی ئیسلامەوە لەدایکبوون. بەعس و داعش لەژێر ڕۆشنایی سوڕەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردیان بەزیندوویی خستە ژێر گڵەوەو ژنەکانیشیان کردن بەکۆیلەو لەلایەن جەنگاوەرە جیهادییەکانەوە هەتککران. لەڕابردوشدا ئیسلام بەزەبری شمشێر کوردستانی داگیرکردو جەنگاوەرەکانی عەڕەب هەزاران ژنی کوردیان کردە کۆیلەو هەزاران لەبابوباپیرانی ئێمەییان سەربڕی. لەقورئاندا ئایەتی (النساء) دەڵێت: ئەو ژنە ناموسوڵمانانەی لەجەنگدا بە ”غەنیمە” بەتاڵانی دەکەونە دەستتان بۆتان حەڵاڵن و دەتوانن بەبێ ڕەزامەدی خۆیان سێکسیان لەگەڵ بکەن! یانی ئەوەی داعش لەشەنگال دژی ئێزیدیەکان کردی ڕێک جێبەجێکردنی شەریعەت بوو. هەتائێستاش هەموو عولەمایانی ئیسلام نەیانتوانیوە بڵێن داعش ئیسلام نییە.

ئیسماعیل سوسەیی، کەئیمامێکی بەناوودەنگە پێش گرتنی وتی: پێشمەرگە لەبەرەی ڕۆژئاوایە و سیستەمێکی عەلمانیی دەپارێزێت بۆیە شەهید نییەو ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام داعش بانگەوازی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و جیهاد لەپێناوی خودادا دەکات بۆیە ئەوان شەهیدن و دەچن بۆ بەهەشت.
سەیرکە ئێمە ئەبێت زۆر بەقوڵی تێڕامێنین و ئەم بابەتە زۆر بەجددی وەربگرین کاتێک فتوای ڕێبەرێکی ئیسلام کە سەدان هەزار شوێنکەوتووی هەیەو ئیعاز بەموسوڵمانان ئەدات کە لەدونیای داعشدا شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکەن، یانی کاتێک سەدان ئیمامی ئاوا کاریگەر فتوای کوشتنی ئێمەومانان دەدەن، ئەوا بەڕاستی مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانمانەو ئەگەری تیرۆرمان لەهەر لەحزەیەکی بێئاگاییدایە. ئەتوانم بڵێم هەموو بەیانییەک هەر یەکێک لەئێمەومانان کاتێک لەماڵ دێینە دەرەوە تارمایی مەرگ لەسەری کۆڵانەکە چاوەڕێمانەو لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا زیاتر نزیک دەبینەوە لەنوکی ئەم خەنجەرەی بەدەستی هەر موسوڵمانێکی عەوامەوەیە.

هەرێز خەسرەو تۆفیق




فلاشباک..22.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست و دوو

سێ رۆژە لە ماڵەوە دەرنەچووم، کاتەکانم بەم جۆرە دابەشکردووە: کاتژمێر شەش بۆ شەش و نیو لە خەو هەستان و نان خواردن. شەش و نیو بۆ دوانزە و نیو خوێندنەوە. دوانزە و نیو بۆ دوو پشوودان و خۆشتن و خواردنی گوێز و میوە. دوو تاکو شەشی ئێوارە دووبارە خوێندنەوە. شەش بۆ هەشتی شەو پشوودان و نان خواردن. هەشت بۆ دەی شەو نووسینی تێبینی لەسەر ئەو کتێبانەی ئەیانخوێنمەوە. دە تاکو شەشی بەیانییەکی تر دیسانەوە خەوتن. لەماوەی ئەم سێ رۆژە تەنها لەسەر سوریالیزم و دادایزم خوێندمەتەوە، کە دوو رێبازی ئەدەبی و هونەریی سەروەختی جەنگی جیهانی یەکەم و دوو ساڵی یەکەمی دوای تەواوبوونی جەنگن. خاڵی لێکچوو زۆرە لە نێوان ئەو دوو قوتابخانەیە گرنگترینیان فەرامۆشکردنی لۆجیکە بەمەبەستی دروستکردنی واتای نوێ و تەرزێک لە هونەر و ئەدەب کە لەنێو فەوزا و پاشاگەردانیی کارکردندا مانا و رەهەندی تازە بەرجەستە بکا، لە نێو هەردوو رەوتەکەدا کەسێتی “تریستیان تزارا” لە رەوتی دادایزم و “سلڤادۆر دالی” لە رێبازی سوریالیزم زیاتر سەرنجیان بەلای خۆیاندا راکێشام.
وەک هەمیشە لە پەنا دەنگی مۆسیقا ئەخوێنمەوە، هەفتەی پێشووش تەسجیلێکی نوێی جۆری “جۆسۆنیک”ی دەبڵ کاسێتم کڕی لەگەڵ چەند کاسێتێکی مۆسیقای کلاسیک کە کەس بایەخی پێنادا. زۆرجاریش کە گوێ لە مۆسیقا ئەگرم، رامدەکێشێ بەرەو جیهانی “نیتشە” ئێستا ئەو وتەزایەی ئەو فەیلەسووفە لە مێشکما ئەزرنگێتەوە “رۆحە گچکەکانم خۆشناوێت، خۆشم ناوێن لەبەرئەوەی هیچ شتێکی باشیان تێدا دەستناکەوێ، دەشێ بڵێین هیچ شتێکی خراپیشیان تێدا بەدی ناکرێ”. واتە تێدەگەم کێشەی سترۆکتۆری نیتشە لەگەڵ ناخی مرۆڤە، ئەو ناخەی “ولیەم رایش” بە درێژایی کتێبی “گوێبگرە ئەی پیاوی بچووک” سەرقاڵی دواندیەتی.
هەندێ جار، کەسوکار ئەڵێن بخوێنەرەوە، دنیای خۆت تێکمەدە بۆ خەونی هەرزەکارانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی!، زۆرجار منیش ئەڵێم ئەو هەموو کتێب و تیۆرییە تەنیا بۆ چێژی خوێندنەوە نەنوسراون، بەڵکو بۆ گۆڕینی جیهان نوسراون، ئەشێ رۆژێ ئینسان بێ کتێب بژی، بەڵام مومکین نییە بێ ئازادیی بژی، من ئەو ژیانەی لە ناو چوارچێوەکاندا بەند کراوە بە دیوێکی تری مردن تێدەگەم. ئەڵێن تۆ دانیشە، خەڵکی تر با بیکات.! بەدەست خۆم نییە لەم کاتانەدا دێڕێک لە گۆرانی “فریشتە”ی “کاروان عوسمان”م دێتەوە یاد کە ئەڵێت “من نەبم، تۆ نەبی، کێ گورگەکان راو بکات؟.”. ئەگەرچی شۆڕش بۆ ژیان ئەکەین، بەڵام چڕنوکی تیژی گورگەکان ژیانمان ئەبڕێ، من لە پێناوی ژیاندا پێم خۆشە، ئەشکەنجە ببینم، نەک جەستەیەکی بێ زام تەسلیم بە مردن بکەم.
دێڕێک لە شانۆیەکی “ژان ژینێ” ئەم لەحزەیە دێتە مێشکمەوە، ئەگەر هەڵە نەبم، بەمجۆرەیە “رەنگە لە رۆژێکی پڕ جوانیدا، دامێنی چاکەتەکەم بە فرمێسک بڕازێتەوە، بێگوومان تەنیا بە ئەسرینێکی زۆر گرانبەها”. ئێستا من لە نامەیەکدا بۆ یار ئەنووسم “لێم خۆشبە، ئەگەر سەرم دانا، لێم ببوورە ئەگەر لە ژوانێک دواکەوتم و چوومە پێشەوەی خۆپیشاندان یان خرۆشانێک و لەوێدا کوژرام. بمبورە ئەگەر رۆژێ پەیمانی گوڵێکی سوورم پێدای، بەڵام دیار نەبم و بۆ سبەینێ تۆ گوڵێکی رەش بخەیتە سەر تابووتەکەم”. مەبەستم ئازاردانی نییە، بەڵام ئەمە خراپترین لەوانەیە، ئەمەوێ رایبهێنم کە هەڵکردن لەگەڵ کەسێک کە خەونی گۆڕینی جیهان مێشکی داگیر کردووە، هەروا ئاسان نییە، رێگەکەمان سەختە و بڕواش ئەکەم قوربانی زیاتری بۆ بدەین. بیری “بەکر عەلی” ئەکەم، ئێستاش وتارەکەی ئەخوێنمەوە کە لە کتێبی “نمایشێکی چینایەتی مەزن” ئەرشیف کراوە. ئەو وتارە و چالاکییە سیاسییەکانی کردیانە خۆراکی گورگەکان. ئیدی بۆچی ئەم ئەگەرە بۆ خۆشمان لەبەر چاو نەگرین؟.

ستیڤان شەمزینی

15-11-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 76-79 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




( نه‌ی )یم بدێ.. جوبران خه‌لیل جوبران.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(نه‌ی)یم بدێ و بستره‌
ستران نهێنی نه‌مرییه
دوای له‌ناوچوونی وجوودیش
ناڵه‌ی نه‌ی هه‌ر
ده‌مێنێته‌وه .

داخۆ تۆ وه‌كو من
دارستانت
له‌باتی كۆشك و ته‌لاران
كردووه‌ به‌ ماڵ ؟
وه‌ك من به‌ كه‌ڤڕان
هه‌ڵگه‌ڕاوی ؟
زرێبار و زرێبار ڕۆیوی؟
خۆت به‌ گوڵاوێ شووشتوه‌
به‌( نوور)ێ خۆت
وشك
كردبێته‌وه‌ ؟
سپێده‌ت وه‌ك مه‌ی
له‌ پیاڵه‌ی حه‌وادا خواردووه‌ته‌وه ؟

(نه‌ی)یم بدێ و بستره‌
ستران خێرترین نوێژه‌
دوای نه‌مانی ژیانیش
ناڵه‌ی نه‌ی هه‌ر ده‌مێنێ .

تۆیش وه‌كو من ئێواران
له‌ ناو چیله‌مێوان دانیشتووی ؟
تلمیسكی هێشووان
وێنه‌ی چلچرای زێڕین
شۆڕ بووبنه‌وه ؟‌‌
شه‌وان گیات ڕاخستووه‌
ئاسمانت به‌خۆتا دا بێ ؟
سوپاسگوزار به‌وه‌ی دێ
له‌بیركراو له‌‌وه‌ی ڕۆیی ؟

(نه‌ی)یم بدێ و بستره‌
ستران دڵان دێنێته‌وه‌
ناڵه‌ی نه‌ی
دوای نه‌مانی گوناهانیش هه‌ر ده‌مێنێ ..

(نه‌ی)یم بدێ و بستره‌
ده‌رد و ده‌رمان له‌بیر بكه
ئاخر خه‌ڵكی چه‌ند دێرێكن‌
به‌ڵام به‌ ئاو نووسراونه‌وه‌ . ‌

له‌ ماڵپه‌ڕی :
https://fairouziyat.com/lyrics/%D9%82%D8%B5%D8%A7%D8%A6%D8%AF/%D8%A3%D8%B9%D8%B7%D9%86%D9%8A%20%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%A7%D9%8A.html