قاعیدە لە بەرامبەر داعش دا.. نووسینی: کۆڵ بەنزڵ/ وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێکۆشان و ململانێی هێزە جیهادییەکان لە( ئەفغانستان)ی تاڵیبان دا!

هاتنەوە سەر حوکمی تاڵیبان، بەو خێراییە، لە ئەفغانستان دا بووە هۆی درووستکردنی ترس لەوەی ئەو وەڵاتە جاریکی تر دەبێتەوە بە پەناگەیەک بۆ میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە دەیانەوێت کاری تیرۆر لەوەڵاتانی تر ئەنجام بدەن. جا کە تەماشایەکی مێژووی تاڵیبان دەکەین لە وەخۆگرتنی ئەو جۆرە گرووپە توندڕەوانە، ئەو ترسە لە تاڵیبان وەڕاست دەگەڕێت. بەڵام ئەو دوو بزووتنەوەیە، کە قاعیدەو داعشن، لە ناو ئەفغانستان دا لەسەر نفوز و دەسەڵات لە پێشبڕکێ دان. هەردووکیشیان ڕووبەڕووی چەندین تەگەرەی گەورە دەبنەوە لە کاتی بەکارهێنانی ئەفغانستان وەک مینبەرو سەکۆیەک کە ببێتە پاڵپشتییەک بۆیان و تاکو لەوێوە شەپۆلێکی تازە لە کاری تیرۆریستی دەست پێبکەنەوە.
ئەو گرووپانە لە نێو خودی خۆیاندا بە شێوەیەکی زۆر خەراپ دابەشبوون دەربارەی ئەوەی کە ئەفغانستانی ئێستای ژێر حوکمی تاڵیبان چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە جیهادی جیهانی دا. بە لای قاعیدەوە سەرکەوتنی تاڵیبان سەرکەوتنێکی گەورەیە و بەدیهاتنی بەڵێنی خودایە بە سەرخستنی باوەڕداران بەسەر بێباوەڕان دا. بەڵام بە لای داعشەوە بەهیچ شێوەیەک بەسەرکەوتن هەژمار ناکرێت، بەڵک و بەڵگەیەکی ترە لە ویستی تاڵیبان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا.

خەلافەتی دواڕۆژ یان هاوپەیمانی ئەمریکیەکان؟
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە داعش پەرەی سەندو خەلافەتیشی لە ساڵی دواییدا ڕاگەیاند لەو ناوچانەی بەدەستیەوە گرتن لە عێڕاق و سوریا. لەولاوە قاعیدە هەوڵی ئەوەی دەدا کە خۆی وا نیشان بدات کە لە دوو گرووپەکەی تر مۆدێرن ترو گونجاوترە. قاعیدە خۆی بەدوور دەگرت لە بەکافردانانی موسڵمانەکانی ترو زیاتریش گرنگی دەدا بە ڕای گشتی لە جیهانی ئیسلامیدا. هەروەها قاعیدە پەیوەندییەکانی، کە لە مێژبوو هەیبوون لەگەڵ تاڵیبان، قوڵتر کردنەوە. پەیوەندییەکانی ئەو دوو گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان بەدەستەوە گرت. ئەوەبوو کە تاڵیبان ڕێگای بە ئوسامە بن لادن دا کە لەوێ بمێنێتەوە لە ژێر پارێزگاریی تاڵیبان دا. ساڵی ٢٠٠١ بوو پێش ڕوودانی ١١ی سێپتەمبەر کە بن لادن بە ئاشکرا سوێندی خواردو بەیعەتی دا بە تاڵیبان بە ڕابەرایەتی مەلا عومەر وە داواشی کرد لە هەموو قاعیدەو ئەندامەکانی کە لە ناو ئەفغانستان دا بوون کە وەک و ئەو بکەن.

قاعیدە لە ژێرڕابەرایەتی ئەیمەن ئەلزەواهیری، جێگری بن لادن، زۆرتر جەختی لە وەلاو دڵسۆزی بۆ تاڵیبان کردەوە. ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستان، کە ناوە فەڕمیەکەی تاڵیبانە، لە پروپاگەندەکانی قاعیدەدا وەک ئەوجێگایە باسی لێوە دەکرێت کە خەلافەتی ئیسلامی تێدا پێشبینی دەکرێت. ڕابەری تاڵیبانیش کە فەرماندەی باوەڕدارەکانە، تایتڵێکە کە لەلایەن خەلیفەکانەوە بەکار هاتووە وەک فیگەرو کەسایەتیەکی نیمچە خەلیفە وێنا دەکرێت. ئەو گۆڕانکاریە کاتێک سەری وەدەرنا کە داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ دا خەلافەتی ڕاگەیاند و فەرمانیشی دەرکرد کە تەواوی گرووپە جیهادییەکانی تر کە قاعیدەش لە نێویاندا بوو هیچی تر یاسایی نین. وەڵامی قاعیدە، بۆ ئەو بریارەی داعش بریتیبوو لە پێدانی مانایەکی تازە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاڵیبان و دەیان گوت کە تۆڕی قاعیدە لە پەیوەندی و پەیمانێکی نیمچە خەلافەتیدایە لەگەڵ تاڵیبان و لە ژێر چاودێری و پارێزگاری ئیماڕەتی ئەفغانستاندایە.

ڕێگایەک کە قاعیدە ئەمەی پێکردووە، جەختکردنیەتی لە سەر بەیعەتدان بە حاکمی تاڵیبان. بۆ نموونە قاعیدە لە هەواڵنامەیەکی ٢٠١٤ یدا تازەکردنەوەی بەیعەتی ڕاگەیاند بۆ ئەمیری باوەڕداران، موجاهیدی جیهاد، مەلا محمد عمر”خوا بیپارێزێت”. دوپاتی دەکاتەوە کە قاعیدەو تەواوی لقەکانی لە هەموو شوێنەکان سەربازن لە سووپای ئەودا. لە هەمان کاتدا ئەلزەواهیری بە ئاشکرا لە جیاتی هەموو تۆری قاعیدە بەیعەتی دایەوە بە هەردووک ڕابەرانی تاڵیبان کە لە دواییدا هاتن. لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەیعتی دا بە مەلا ئەختەر مەنسور و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بەیعەتی دا بە مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە. ئەلزەواهیری لە هەر پەیامێکیدا ( ئیماڕەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان)ی وەک یەکەم ئیماڕەتی شەڕعی و درووست وێنا دەکرد کە لەدوای ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی یەوە لە ساڵی ١٩٢٤ وە هاتبێ. بە هەمانشێوە گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدەوە ڕابەری تاڵیبانیان وەک دەسەڵاتی باڵای خۆیان دەبینی. بۆ نموونە کاتێک کە لە ئازاری ٢٠١٧ دا ئەیاد ئاغالی، دژبەری مالی، پێکهێنانی لقێکی تازەی قاعیدەی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕاگەیاند، وەلای خۆی نەک هەر بۆ ئەلزەواهیری بەڵک و بۆ ئاخوند زادەش ڕاگەیاند.

سەرکەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە لای قاعیدەوە سەرکەوتنێکە وەک نەبەردو داستان وایە، بەڵام بە لای داعشەوە هەرگیز بە سەرکەوتن دانانرێت.
ئەوەش هەمووی بە پێچەوانە دەردەکەوێت لە گەڵ دەقی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە مانگی فێبروەری ٢٠٢٠ دا لە نێوانی تاڵیبان و ئەمریکادا بەسترا. لەو ڕێکەوتنەدا تاڵیبان بەڵێنی دا کە هاوکاریکردنی بۆ قاعیدە بوەستێنێ و لە گەڵ حکومەتی ئەفغانستانیش بچێتە ناو گفتوگۆی ئاشتییەوە. هەرچەندە تاڵیبان ڕازی نەبوو بە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، وەک و ئەوەی کە لە هەندێک جاراندا وێنای بۆ کراوە، بەڵام بەڵێنیدا کە ئیترمیوانداری نەکات لە قاعیدەو گرووپەکانی ئەمسالی قاعیدە. هەروەها تاڵیبان بەڵێنی ئەوەشی دا کە نەهێڵێت ئەفغانستان بەکاربهێنڕێت بۆ هەڕەشە لە ئاساییشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

ڕابەرایەتی باڵای قاعیدە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەوە ناچێت کە بەو ڕێکەوتنامەیە ناڕەحەت بووبێت. ئەوەتا لە ئازاری ٢٠٢٠ دا ئەو گرووپە لە ڕاگەیەندراوێکیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تاڵیبان کرد کە ئەمریکا بەڵێنی چوونەدەرەوەی دا لە ئەفغانستان. لەو ڕاگەیاندنەدا قاعیدە پێشوازی لە ڕێکەوتنی دۆحە کرد کە بە نێوەندگیری قەتەڕ ئیمزا کرا و بەسەرکەوتنێکی مێژوویی ناوی هێناو بانگەوازیشی لە تەواوی موسڵمانانی جیهان کرد کە چاو لە تاڵیبان بکەن لە ڕووی ئیلتیزامییەوە بە جیهاد. قاعیدە لەو بانگەوازەیدا ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستانی وەک ناوکی دەوڵەتی ئیسلامی، بە مانای دەوڵەتی خەلافەت، وێنا کرد کە بە پێی یاساو شەریعەتی خودا حوکم دەکا.
لە کاتێکدا کە قاعیدە پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان بەهێز دەکرد، داعش تۆمەتی بە لاڕێدا ڕۆییشتنی دەدایە پاڵ تاڵیبان. لە دیدی (داعش)ەوە تاڵیبان لایداوە لە ئیسلامی ڕاستەقینە بە تایبەتی لە دوای مردنی مەلا عومەرلە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەو لادانە ڕووی لە هەڵکشان کرد. داعش پێی وایە تاڵیبان لە دوای مەلا عومەر کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام . داعش دەڵێ: تاڵیبان ڕووەو نەتەوەچیەتی ملی ناوە، لێبوردەو نەرمە لەبەرامبەر کەمایەتی شیعە لە ئەفغانستاندا و هەروەها کاری لەسەر بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی کوفر کردووە کە لە نێویاندا لە گەڵ قەتەری موڕتەدو هەڵگەڕاوە لە ئیسلامە. داعش ڕەخنەی ئەوە لە تاڵیبان دەگرێت کە داواکاری داعشیان بە دامەزراندنەوەی خەلافەت ڕەتکردۆتەوە وهەروەها قاعیدە نەیهێشتووە هەوڵەکانی داعش سەربگرن بۆ درووست کردنی پارێزگایەک لە سەرخاکێک ، وەک و کە پێی دەگوترێت خاکی خوڕاسان، کە ناوچەیەکی مێژووییەو تەواوی ئەفغانستانی ئێستاش لە خۆدەگرێت. ئیتر لەو رۆژەوەو بە بەردەوامی تاڵیبان لە شەڕدا بووە لە گەڵ ئەو ویلایەتەی داعش کە پێی دەگوترێت خوڕاسان و لە هەندێک جارانیشدا ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەرهاوکاری هەوایی تاڵیبانی کردووە.
هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی ٢٠٢٠ی نێوان واشنتۆن و تاڵیبان، داعش ئەو ڕێکەوتنامەیەی بە بەڵگەیەکی تر لە ڕێ لادانی تاڵیبان وێنا کرد. بڵاوکراوەی فەڕمی داعش ئیدانەی تاڵیبانی کرد کە ئەمریکای کردە هاوپەیمانی تازەی خۆی. هەروەها داعش لە ڕێگەی قسەکەرەکەیەوە وتی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانی، کە هەمیشە بەیەکەوە لە پیلاندا بوون لە دژی داعش، فەڕمی کردەوە. بە پێی قسەکانی ئەو وتەبێژەی داعش ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنها پەردەیەک بووە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان میلیشیای تاڵیبانی موڕتەد و هەڵگەڕاوە لە ئیسلام لە گەڵ خاجپەرستان دا.

سەرکەوتێکی کێشە لەسەر

دوای ئاهەنگی ڕێکەوتنی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک قاعیدە هیج لێدوان و تەعلیقێکی لەسەر بارودۆخەکەی ئەفغانستان نەدا. تاڵیبان، بە پێی زانیارییەکانی وەکالەتی ئیستیخباڕاتی بەرگری، داوای لە قاعیدە کردووە کە چالاکیەکانی کەم بکاتەوەو پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان گرووپەکان دەرنەخا هەتا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە تەواوی لە ئەفغانستان دەچنەدەر. هەر بۆیەش کاتێ لە ٣١ی ئاب کە دواین سەربازی ئەمریکا لە کابوڵ هاتەدەر، قاعیدە هەستی بە ئازادی کردو چەند سەعاتێک دوای ئەوە بە فەڕمی ڕاگەیاندنێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەوە لە تاڵیبان و تەواوی کۆمەڵگای ئیسلامی دەرکرد.
بە پێی ڕاگەیاندنەکە: ” ئەنجامی ئەوەی کە ڕوویدا لە ئەفغانستان، سەلماندی کە ڕێبازی جیهاد، نەک سازش و ئاشتبوونەوە، باشترین میتۆد بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی کافردا. بۆیە شکەستی ئەمریکا کۆتایی هێنا بە سەردەمی لووتبەرزی ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان لە ویست و ئارەزوویان بۆ داگیرکردنی خاکی موسڵمانان بە ڕێگای سەربازی. هەرچەندە قاعیدە نەیگوت کە دوژمنە دوورەکەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بە تەواوی شکەستیان هێناوە، بەڵام پێناسەی قۆناغی داهاتووی کرد: ” وەک قۆناغاکێک کە زۆرتر جەخت دەکرێتەوە لە بڵاوکردنەوەی جیهاد لە نێو وەڵاتانی تر لە جیهانی ئیسلام دا. ” پشتیوان بە خوا سەرکەوتنی تاڵیبان ڕێگاکە پاک دەکاتەوە بۆ برا موسڵمانەکانمان تا بتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە دەستی حوکمی تاغوتیانەی وەڵاتەکانیان کە بە پێی دەستوورو شەریعەتی ئیسلام حوکم ناکەن. هەروەها ڕێگای ڕزگار کردنی موسڵمانانی فەلەستینیش ئاسانتر دەکات لە دەستی داگیرکاری زایۆنی”.
لە لایەن لقە لۆکاڵیەکانی وابەستە بە قاعیدەوە بە هەمان شێوە هەستی خۆشی دەربڕا.. قاعیدە لە نیوە دورگەی عەڕەبی و لقەکانی یەمەنی وابەستە بە قاعیدە هەنگاوەکانی تاڵیبانیان لە سازش نەکردن و دەستگرتن بە سەوابتی ئایینی ئیسلام بەرز نرخاند. “سەرکەوتن لە ئەفغانستان دا جێی شانازییە و پەل دەهاوێت بۆ لادانی حوکمی چەوسێنەرو سەرکوتگەران و دەرپەڕاندنی غوزات و داگیرکەران لە وەڵاتی موسڵماندا”. حراس الدین کە لقێکی قاعیدەیە لە سوریا دەڵێت ” سەرکەوتنی تاڵیبان نیشانی دا کە جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات”. لقەکانی وابەستە بە قاعیدەوە لە باکوری ئەفریقاو ساحل لە بەیانێکی هاوبەش دا، خۆڕاگری تاڵیبانیان بەرز نرخاند و لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن کە: ” تاڵیبان سەلماندیان کە ڕێبازی جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ جیهانی ئیسلامی کە لە ڕەزیلی و سەرشۆڕیی ڕزگاری ببێت و بگاتە ژیانێکی سەربەرزو پڕ لە شکۆ”.

بەڵام بە لای داعشەوە ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە تاڵیبان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە ئەفغانستان دا جێی پێکەنینە. ئەوەی کە ڕوویدا لە دیدی داعشەوە: “بریتیبوو لەوەی کە ئەمریکا ئارەزوومەندانە دەسەڵاتی تەسلیم بە تاڵیبان کردو تاڵیبانیش بە فێعلی بوو بە بەکرێگیراوی ئەمریکا”. هەر لە دوای گرتنی کابوڵ لە لایەن تاڵیبانەوە لە ١٥ی ئاب، هەواڵنامەی هەفتانەی داعش لە گرنگی ئەو سەرکەوتنە سەربازییەی تاڵیبانی، کە خەڵکی تووشی شۆک کردبوو، کەم کردەوە. لە هەواڵنامەکەدا داعش نووسیبووی: “شتێکی ئاساییەو ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانە کە لە ساڵی پێشوودا لە دۆحە ئەنجام دراوە”. هەروەها داعش دەڵێت :”ئەمە هیچ نیە بێجگە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە حاکمێکی بت پەرستەوە بۆ یەکێکی تری بت پەرست”. داعش دەڵێ ئەمە گۆڕینی حاکمێکی بتپەرستی بێ ڕیشە بە یەکێکی تری ڕیشداری بت پەرست. تاڵیبان پەیمانی بە ئەمریکا داوە کە جارێکی تر ١١ی سێپتەمبەرێکی تر ڕوو نەدات و ئەمریکاش تاڵیبانی هێنایەوە سەر دەسەڵات و کابوڵیشی تەسلیم کردن بە بێ ئەوەی یەک فیشەکی تێدا بتەقێت.

ئێستا تاڵیبان لە دیدی داعشەوە بووەتە بەکرێگیراوێکی ئەمریکا

هاوکارانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تەنانەت پێش بڵاوکراوەکەی داعش هەمان ڕەخنەیان لە تاڵیبان گرت. یەکێک لە کەسە دیارەکانی داعش تێبینی کردووە کە ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە تێکدان و خەراپکردنی تاڵیبان لە ڕووی ئایینیەوە. ” خودا دەفەرموێت ئەوان، ئەگەر بتوانن، شەڕلە دژی ئێوە ناوەستێنن هەتاکو لە دین وەرتان نەگێڕن”( قورئان: ٢:٢١٧). وە توانیویشیانە کە تاڵیبان لە ئایینەکەی خۆیان وەرگێڕن. زۆر ڕوونە کە دیدو بۆچوونەکانی قاعیدەو داعش پێکەوە هەڵناکەن. جا لێرەدا یا تاڵیبان بەرەو نەرمی ڕۆیشتووە لە بەرامبەر ئەمریکاو بەرژەوەندییەکانی زۆرتر لەوەی کە قاعیدە هیوایەتی، یاخود تاڵیبان زۆرتر بەلای توندڕەویدا ملی ناوە لەوەی کە داعش دەیەوێت باوەڕی پێ بکات.
حەقیقەت ڕەنگە لە شوێنێکدا بێت لە ناوەڕاست. تاڵیبان وای پێباشە کە هەردووک لایەکەی هەبێت. لە لایەکەوە بەردەوامی بدات بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ قاعیدەو لە لاکەی تریشەوە بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێونەتەوەیی کە ئەوان حاکمی شەڕعی ئەفغانستانن. بە شێوەیەکی گشتی، بەرنامەو ئەجیندای تاڵیبان، لانی کەم بۆ خۆیان ئەو ئیدیعایە دەکەن کە وەک هی قاعیدە نییەو ناچێتە دەرەوەی سنووری وەڵاتەکەیان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناو ئەفغانستان دا دەست پێدەکەن و هەر لەوێشدا کۆتاییان دێت. لە هەمان کاتدا تاڵیبان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ قاعیدە بەستووە. لەوبارەوە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە قاعیدە نزیکەی ٥٠٠ کەسی لە ناو ئەفغانستاندا هەیەو بەسەر ١٥ پارێزگادا بڵاوی کردوونەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکە قاعیدەو تاڵیبان لەسەر هەمان پەیوەندی دەمێننەوەو هیچ ئاماژەیەکیش نابینرێت کە بەرەو لێکترازان بڕۆن.

هەرچەندە هەندێک لە قسەکەرانی تاڵیبان ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان هەبێ لە گەڵ قاعیدە، هەتا یەکێکیان بوونی بەیعەتی هەر ڕەتکردەوە. تاڵیبان، وەکو تاڵیبان خۆی، زۆر سەرسەختانە هەرچەندە زۆریشی لەسەر کەوت بەڵام نەیویست ئیدانەی قاعیدە بکات. ئەو سەر ڕەقییەی تاڵیبان دەتوانرێت فاکتەرەکانی دیاری بکرێت. بۆ نموونە تاڵیبان و قاعیدە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە یەکەوە لە یەک سەنگەردا دژی ئەمریکا جەنگاون و لەو بارەسەشەوە پەیوەندیی خوێنیان گەشە پێداوە. هەروەک کە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەەکان ئاماژەی پێداوە کە تاڵیبان و قاعیدە پەیوەندی ژن و ژنخوازی لە نیوانیان دا درووست بووە و هاوبەش و وەک یەکیش پێکەوە بوون لە خەبات دا. جا ئێستا ئەو پەیوەندییە زیاتر کۆنکرێتی و بەهێزتر بووە لە نێو نەوە و وەچەی دووەم دا. هۆیەکی تری لۆجیک و مەنتیقی کە ئەو پەیوەندییەی نێوان تاڵیبان و قاعیدە کۆتایی نایەت ئەوەیە کە ئیدانەکردنی قاعیدە دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردن و لاتەریک کردنی ئەو باڵ و خەتە توندڕەوەی نێو تاڵیبان کە سیراجودین هەقانی و تۆڕەکەی لەگەڵ قاعیدە دەگرێتەوە.

هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان قاعیدەو تاڵیبان بەردەوامی هەیە، بەڵام تاڵیبان بەرژەوەندی زۆری لەوەدایە کە کۆنتڕۆڵی قاعیدە بکات. بە تایبەتی کە ئێستا تاڵیبان بەرەو ئەوە دەڕوات کە دانپێدانانی نێو دەوڵەتی بەدەست بێنێت..بۆیە کارێکی شێتانە دەبێت بۆ تاڵیبان ئەگەر بێت و ڕێگا بە قاعیدە بدەن لەوێوە هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاواو وەڵاتانی موسڵمان. زەحمەت نییە کە پێشبینی سیناریۆیەک بکرێک کە تاڵیبان کۆمەکی دارایی و جێگاو ڕێگا بە قاعیدە بکات بۆ بەردەوامی بە کاروچالاکی و لە لایەکی تریشەوە نەیهێڵێت پەلامارو هێرشەکانی ئەنجام بدات. ئا لێرەدا جارێکی ترئەفغانستان دەبێتەوە بە بنکەو شوێنی حەوانەوە کە تێیدا قاعیدەو ڕابەرەکانی و ئەندامەکانیان دەتوانن، یەکتر بگرنەوە، پارەو کۆمەک کۆبکەنەوە، پروپاگەندە بڵاوبکەنەوە و هەروەها ڕێنمایی بۆ تۆڕە گەورەکانی تری وابەستە بە قاعیدە بڵاوبکەنەوە. بەڵام ئەو شوێنە جێگایەک نابێت کە بتوانن هێرش و پەلامارەکانیان ئەنجام بدەن. دووەمین هەوڵی تاڵیبان بۆ حوکم کردنی ئەفغانستان بۆ ڕاگرتنی بالانسە لە نێوان دەستگرتن بە مەبدەئو پڕەنسیبەکانی باڵی توندڕەوی تاڵیبان و دابین کردنی زەمانەتی مانەوەی تاڵیبان. پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ قاعیدە دەتوانرێت هەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ هاتنەوە سەرخۆ

گرنگ نییە تاڵیبان چ کۆمەکێکی پێدەکات، هێشتا قاعێدە ڕێگایەکی درێژی لەبەردەمە لە ڕێخستنەوەی ڕێکخراوە پەرش و بڵاوەکەی. گرفتەکە لە سەرێوە دەست پێدەکات، چونکە ڕابەری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوبرا. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠ یشدا ئەبو محمد ئەلمیسری، دووەمین ڕابەری قاعیدە، لە ناو شەقامەکانی تاران دا درایە بەردەسڕێژی گولە و کوژرا. هەر دوای دوو مانگی تر حسام ئەبو ئەلڕەوف، بەرپرسێکی باڵای تری قاعیدە، لە ئەفغانستان دا کوژرا. ژمارەیەکی بەرچاویش لە ڕابەرو بەرپرسی دیاری قاعیدە بەرەو سوریا ڕۆیشتن بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگایەکی تری باش کە تێیدا سەلامەت بن. بەڵام لە سوریاشدا کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری درۆنەکانی ئەمریکاو هەر جارەو یەکێکیان لیدەکوژرا. تا وای لێ هات یەکێک لە شارەزاو ئایدیۆلۆجیستەکەیان بڵێت: “سوریا بۆ ئێمە بۆتە شوێنێک کە تێیدا ڕاومان دەکەن”.

ئەوەی کە گرفتەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە کە ڕابەری ئایینی قاعیدە کە لە حەفتاکاندایە و دەنگ و باس بڵاو بووەتەوە کە نەخۆشە. بەڵام کتێبێک و ڤیدیۆیەک کە لە لەیەن ڕابەری قاعیدەوە دەرچوو ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە کە ساڵی ڕابردوو باسیان لە مردنی زەواهیری دەکرد. بۆیە ڕوون نییە هەتا چەندی دیکە دەژی. سەیف ئەلعادل کە تەمەنی ٦١ ساڵەو جێگرەوەی زەواهیرییە بۆ ماوەی دوو دەیە دەبێت لە ئێران دا دەژی. وا دیارە کە حکومەتی ئێران ئەو ڕابەرەی قاعیدەو چەندینی دیکەش دەحەوێنێتەوە وهەندێک ئازادی پێداون لە ناو خۆدی ئێراندا هات و جۆبکەن، بەڵام ڕێگەیان پێنادات وەڵات بەجێبهێڵن. ئەو کارەی ئێرانیش بەمەبەستی بەکارهێنانیانە لە کاتی پێویستدا. بەڵام نیشتەجێبوونیان لە ئێران گرفتی گەورە بۆ قاعیدە دەخوڵقێنێت، چونکە ڕێکخستنی قاعیدە پێی وایە ئێرانی شیعە مەزەب دۆستیان نییەو دۆژمنی قاعیدەیەو بۆیە نیشتەجێبوونی ڕابەرەکانیان لە ئێران کارێکی باش نییە. جا ئەگەر عادل هەوڵی ئەوەی دا کە ڕێبەرایەتی قاعیدە لە ئێرانەوە بەدەستەوە بگرێت لە وانەیە تووشی ڕووبەڕووبوونەوە ببێت لە گەڵ هەندێک باڵی توند ڕەوی نێو قاعیدە. ئەو ڕابەرانەی قاعیدە کە ئێستا لە ئێرانن لەوانەیە بیر لە ڕۆیشتن بۆ ئەفغانستان بکەنەوە بەڵام ڕوون نییە ئاخۆ ئێران ڕێگەیان پێدەدا ئەو کارە بکەن یان نا.

گرفتێکی تر ئەوەیە کە ڕابەرایەتی قاعیدە هێزو توانای فەرمان و کۆنتڕۆڵی بە سەر دەستەو گرووپەکانی وابەستە بە خۆیەوە نییە. قاعیدە ئەوڕۆ بریتیە لە تۆڕێکی گەورەو نامەرکەزییانە کاردەکات، دەستەو لقەکانی وابەستە بەخۆی لە باکوری ئەفریقاوە تاکو باشووری ئاسیا بە ڕاستەوخۆیی لە لەیەن بەرپرسە باڵاکانی ڕابەرایەتی قاعیدەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. هەندێک لە شڕۆڤەکاران پێیان وایە ئەو نا مەرکەزیەی قاعیدە نیشانەی بەهێزییەتی، بەڵام بە بێ بوونی ناوەندێکی بەهێزو بەتوانا تۆڕی قاعیدە دەکەوێتە بەرمەترسی دابەشبوون و لەبەریەک هەڵوەشان. بۆ نموونە لە ٢٠١٣ قاعیدە نەیتوانی ڕێ بگرێت لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو لە جیابوونەوەو لە دواییشدا داعش درووست بکات و هێزی سەربازیش درووسست بکات. هەروەک لە ٢٠١٦ قاعیدە نەیتوانی ڕێ لە جەبهەت ئەلنوسڕە بگرێت، کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو، کە پێڕەکەی ئەوان بەجێ نەهێڵێت.

لە ناو دڵی ئەو گرفتەی کە قاعیدە تووشی دەبێت بریتییە لە جیاوازی ستراتیج کە لە نێوان ڕابەرایەتی سەرەکی قاعیدە و گرووپەکانی وابەستە پێی دا هەیە . هەرچەندە ڕابەرایەتی قاعیدە هەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ جەنگی دوژمنی دووربکرێت کە مەبەستی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە، بەڵام گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدە چالاکییەکانیان تەنها لۆکاڵی دەبێت و هیزو توانای خۆیان سەرف ناکەن بە جەنگان لە دژی دوژمنی دوور کە مەبەستیان ئەمریکاو ڕۆژئاوایە.

دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئاگایان لە خۆبێت و وریا بن نەباکو یەکێک یان هەردووک گروپەکە، واتە داعش و قاعیدە، بەهێزەوە بێنەوە مەیدان.
جا سەیرەکە لێرەدایە کە ویلایەتی خوراسانی داعش کە بۆی هەیە دوژمنی تاڵیبان بێت و هەر لە سۆنگەی حوکمی تاڵیبانیشەوە زۆرترین سودی پێدەگات. داعش لە ئەفغانستان دا لەوانەیە تێدا بچێت و دیارنەمێنێت چونکە زۆر زەربەی خواردووە، بەڵام داعش بەوە ناسراوە کە ستراتیجێکی زۆر باش وتۆکمەی هەیە کە توانای ئەوەی هەیە لەو واقیعەی کە ئێستا هاتۆتە کایەوە وەبەرهێنانی تێدا بکات. بۆ نموونە داعش دەتوانێت خۆی وەک باڵی توندڕە و وێنا بکات و تاڵیبانیش وەک لایەنێکی مۆدێرن و خۆبەدەستەوەدەر بناسێنێت لە نێو موسڵمانان دا. ئەوەتا داعش لە هەواڵنامەیەکی دا دەڵێت: تاڵیبان بەرژەوەندی و جاسووس و سیخوڕەکانی خاچپەرستان دەپارێزن لە ناو فرۆکەخانەی کابوڵ دا.

هەروەها داعش سوود دەبینێت لە چونەدەری ئەمریکا لە ئەفغانستان، چونکە هێزی هەوایی ئەمریکا نەی دەهێشت داعش هیچ دەسکەوتێک لە ناو ئەفغانستان دا بەدەست بێنێت. هەواداران و هاوکارانی داعش لە سۆشیال میدیا لێکدانەەکانیان ئاهوا بوو یاخود ئاهوا بارودۆخەکەیان دەبینی. هەروەک یەکێک لە هاوکارانی داعش بە شانازییەوە دەڵێت: سەربازانی خەلافەت لە خوڕاسان ئێستا لە باشترین بارودۆخ دان، چونکە هیچیترسوپای ئەفغانی نەماوە و تەواوی دامەزراوە حکومییە بتپەرستەکان و زوربەی سەربازەکانیان و سەرکردەەکانیان شکان و ئەفغانستانیان بەجێهێشت. هەروەها هیچیتر بنکەکانی ئەمریکا نەماون لە ئەفغانستان تا هاوکاری سوپای ئەفغان بکەن و لە بنکەکانیشەوە هێرش بکەنە سەر موجاهیدەکانمان. ئێستا تەنها تاڵیبانە موڕتەدەکان ماوون و ئەوانئیش بێ شک کۆتاییان پێدێت و چاوەڕێی دواڕۆژی خۆیانن جا یان بە گولەیەک کە کەلە سەریان دەپێکێت یان بە چەقۆیەک کە ملیان دەپەڕێنێت..

هەرچەندە لە وانەیە داعش سوود ببینێت لە کەم بوونەوەی فشاری سەربازی لە ئەفغانستان دا، بەڵام ئەو گرووپە خەڵکی زۆر بەدوو ناکەوێت. بەشێکی لەبەرئەوەیە کە داعش وابەستەیە بە سەلەفیەتەوە کە ئیسلامی سوننی ڕاستەقینەیەو لە نێو ئەفغانستانیشدا کەمایەتییە چونکە مەزەهەبی حەنەفی تێیدا بڵاوە و ڕێبازی ئایینی ماتریدیدا تێیدا زاڵە. زوربەی ئەو جێگایانەی کە داعش وەک ناوچەی خۆی لێیان دەڕوانێت، ئەو شوێنانەن کە سەلەفیزم بە شێوەیەکی نائاسایی خەڵکی لێ کۆبۆتەوە. لەوانەشە داعش هەندێک لە توند ڕەوەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە لە پاێزگاکانی وەک کونارو نەنگارهار، بەڵام سەخت دەبێ کە بتوانێت زیاتر بۆ شوێنەکانی ترپەل هەڵباوێت .

داعش و قاعیدە هەردووک لایان ڕووبەڕووی دژواری و زەحمەتی جیدی دەبنەوە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ خۆسازدانەوەی خۆیان لە ئەفغانستان دا. گەڕانەوەی تاڵیبان باشترین هەل و فڕسەتە بەلای قاعیدەوە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بۆ خۆپێکهێنانەوەو خۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە مەوقیعێکی ئەوەندە باشدا نیە کە بتوانێت بە باشی ئەو هەلە بقۆزێتەوە. جا داعش لەمەودوا ڕۆڵێکی تێکدەرانە دەبینێت. بەڵام بۆ داعش زۆر سەخت دەبێ کە بتوانێت پشتیوانی ناوخۆیی بەدەست بێنێت و بتوانێت لە ڕووی هێزی مرۆیی و سەرچاوەوە خۆی بگەێنێتە تاڵیبان. لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە لاوازکردنی هەردووک گرووپی داعش و قاعیدە لە ڕێگەی لێدانیان بە دڕۆن. جا ئەمریکا لە لێدانی داعشدا ڕەنگە بە هاوکاری تاڵیبانیش ئەو کارە ئەنجام بدات. بەڵام هیچ کام لەمانە بۆ کەم کردنەوەی ئەو هەڕەشانە نییە کە ئەو دوو گرووپە جیهادییە لە سەر ئەفغانستان و جیهان و هاوسێکانیان دەیان بێت. بۆیە دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وریاو بە ئاگابن لە ترسی گەڕانەوەی داعش و قاعیدە، یان لانی کەم یەکێکیان بۆ دەسەڵات. بەڵام جیهادییەکان چەندە سەرکەوتوو دەبن لە بەکارهێنانی ئەفغانستاندا شتێکە کە هەمیشە ڕوون و دیاردەبێت. جا بۆیە سەرکەوتنی ئەوانەش بە هیچ شێوەیەک جێی لەبیرکردن نییە.

نووسینی: کۆڵ بەنزڵ: ١٤-٩-٢٠٢١
سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

تێبینی: کۆڵ بەنزڵ لە پەیمانگای هۆڤەرە لە زانکۆی ستانفۆرد و هەروەها خاوەنی بلۆگی (جیهادیکە)یە
https://www.foreignaffairs.com/articles/afghanistan/2021-09-14/al-qaeda-versus-




كۆمەڵەی میسێلا و ماڵی داهاتوو.. فریشتەیەك لە ‘بابل’ دابەزیوە

“پوختەی پرۆژە”

+پرۆژەی “بابلیۆن” جەخت لەسەر كار و كاریگەریی دوو نوسەر دەكات: “فریدریش دوێرینمات” و “شێرزاد حەسەن”. ‘فریدریش دوێرینمات’ لە كانوونی دووەمی/ (٢٠٢١)دا (١٠٠) سەد ساڵ بەسەر لەدایكبوونیدا تێدەپەڕێت. نووسەری كوردیش “شێرزاد حەسەن” كە لەسەر ئاستێكی جیهانی ناوبانگی هەیە وەك داكۆكیكارێك لە مافەكانی ژنان، هەروەها وەك نووسەر و توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەبی، تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە سەبارەت بە كورد و پێناسەی نەتەوەیی، هەر لە هەمان ساڵدا حەفتاهەمین یادەوەری لە دایكبوونی دەكاتەوە. بواری سەرەكی كارەكەی بریتییە لە ناساندنی دۆخی سەرەتای قۆناغی “گواستنەوە” تایبەت بە دانیشتووانی كوردستان-ی گەمارۆدراو لە ناو بازنە و چوارگۆشەی سنووری نێوان {سوریا و عێراق و ئێران و توركیا}دا. هەندێك لە شاکارەکانی بریتین لە: چیرۆکەکانی “لۆزان”، “مارلین”، “گەمەی گۆڕینەوەی قەرەوێلەکان”، “گۆرانییە خەمناكەكانی غوربەت”، “نهێنی”، “دووكەڵ”، “گەڕەکی داهۆڵەكان”، “ئیزرائیل”، لەتەک چەندین رۆمان و چیرۆکی دیکە و وتارگەلێک سەبارەت بە سیاسەت و پەروەردە و ژینگە و ئاریشەکانی ژنان و لاوان و منداڵان، سەرباری وەرگێڕانی سی (٣٠) کتێب لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی کە فرە تەوەر و ژانری جیاوازن. ئەوەی كە ‘هێشتا’ تێبینی نەكراوە لە کۆی پرۆسە و پرۆژەکەی ئێمەدا ئەوەیە کە “سویسرا” نیازمەندە پێشوازی لەم دوو نووسەرە بکات، لە میانەی لە سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە و ئاهەنگێکی کولتووری بەرفراوان بە بیانووی یادی (١٠٠) سەد ساڵەی لەدایكبوونی “دۆرینمات”، کە تیایدا ئەو هەلە دەقۆزینەوە کە خودی کەرنەڤالەکەمان رازاوەتر بکەین بەوەی کە وەرگێڕانەکەی “شێرزاد حەسەن”ە ببێت بە تەوەرێکی دیاری ئەو دیدارە، كە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا نووسەر لە زمانی ئینگلیزییەوە شانۆگەرییەکی “دوێرینمات”ی بە نێوی “فریشتەیەك لە ‘بابل’ دابەزیوە”ە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە.

ئەو نەخشە و رێڕەوەی کە ئێمە گرتوومانەتە بەر بۆ ورووژاندنی ئەم بۆنە و بابەتە سەنگینە، بە روانینی ئێمە شایستەی دەركەوتن و دیالۆگێکی فرە لایەنە، لە ئێستادا، کە نیازمەندین کە پسپۆران سەبارەت بە خودی ئەم شانۆگەرییە و بەرهەمەکانی دیکە سەرگەرمی لێكۆڵینەوە و راڤەکردن بن؛ لەتەک پرۆژەیەكی تایبەت و فرە رەهەند، هەروەها بۆ ئەوەی كە ئەو بابەتە بە شێوەیەكی پراكتیكی و لە ڕێگەی نمایش و پانتۆمایم و مۆسیقا و کۆی ئەو بەشانەی دیکەی هونەر دەخەینە گەڕ کە دەنگ و رەنگ تیایدا پتر پرۆژەکەمان رەنگین و سەنگینتر بکات، کار لەسەر ئەوەش دەکەین کە خودی شانۆگەرییەكە پەیوەست بەو رووداوە تراژیک و كارەساتبار و مەرگەساتەکاندا بکەینەوە کە بە چەق و رۆحی ئەو رووداوە مەزنەی خۆمانی دەزانین، بۆ نموونە: جەنگ و کاولکارییەکانی هەمیشەیی کە یەكێكە لەو ئاڵانگاری بەرەنگاربوونەوە سەرسەختانەی کە “دوێرینمات” لەگەڵ “بنیاتنانی تاوەر”دا یەکانگیری دەکاتەوە کە رەگی وا لە ناو ‘میتۆلۆژیا’ی ئێمە و ئەواندا تۆمار و چەسپیوە، هەروەها لەگەڵ گەڕان بە دوای رەگوریشەی ئەفسانەكانمان. هەر لە سۆنگەی ئەوەشەوەیە کە ئێمەش ناوونیشانی “فریشتەیەك لە ‘بابل’ دابەزیوە”مان بۆ ویستیڤاڵەکە هەڵبژاردووە. بە هەر حاڵ.. ناوەرۆکی شانۆگەرییەکە بە کوردی و زمانەکانی دیکەش لەبەر دەستە، چەند لایەنێكی دیكەی شانۆگەرییەكە و كارەکتەرەکانی ناوئاخنی چیرۆكە ئەفسانەئامێز و خەیاڵییەكانی و مانا شاراوەکانی دەبنە بابەتی دیالۆگ و شیکاری، بە نیازین کە پەیوەستیان بکەینەوە بە مێژووی پڕ لە تراژیدیا و دراما و رووداوە خوێناوییەکانی ئێستا و ئەو کاروانی قوربانییانەی كە لەم رۆژگارە و هەم لە رابردوودا هەبوون و نەبڕاوەن؛ کە تا هەنووکەش بەردەوامن کە تیایدا ‘نەتەوەی کورد’ لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری دوچاری “جینۆساید” و کارەساتی جەرگبڕ بووە، کە دواترینیان قڕکردن و ئەتککردنی ژنان و کچان بووە، سەرباری کاولکردنی زێدی ئێزیدییەكان بوو کە نموونەی بەرجەستەی رۆحی بارباریست و خوێناوی کەسانێکن کە زادەی خودی مێژوویەکن کە هەمیشە بۆ هەزارەها ساڵە بە خوێن سوور بووە.

لەگەڵ دامەزراندنی تیمی شانۆی “ئیمێنتەڵ / كوردی” لە لایەن گروپێك کە ئەندامەکانی ئارەزوویان لە هەموو ئەو بوار و بابەت و کایانەدا هەیە کە پەیوەندیدارن بە خەم و گرفت و کێشە مرۆییەکانەوە، لەسەر هەموو ئاست و رەهەندەکاندا، کۆی پرۆژەکەمان پتر جێکەوتە بوو ئەو کاتەی لەڕێگەی یەكگرتنی ئەكتەرانی گروپی/٤٠٠- asa) کە بۆ ساڵی {٢٠١٦} بوون بە براوەی “خەڵاتی/ BAK سویسری” کە تایبەتە بە شانۆ. هەروەها بە هاوکاریکردن لەگەڵ هونەرمەندانی خاوەن هونەرە بەرجەستە و بینراوەكان. هاوکات کۆی میوانان و بەشداربووان وەک رێزلێنان لە پێگەی خودی”دۆرینمات” لەو مارش و پیادەرەوییە بەشدار دەبن کە چەندین كاژێر دەخایەنێت.

+هەنگاوی یەکەمین لە ناوچەی “كۆڵۆنفینگن”دا دەستپێدەکات کە زێدی لە دایكبوونی ‘فرێدریش دۆرینمات’ە کە دوا قۆناغ و هەواریش دەگەینە “وانەر” کە دەکا “مەزرای پەیكەرتاش ‘وانەر نیوهاوس’ كە خۆیشی هونەرمەندێکی فرە بەهرەیە و هەم سەرگەرمی کشتوکاڵە و ئەندامی مێسێلا”یە.
كۆتاییەکەی یادكردنەوەی كار و داهێنانەکانی “فرێدریش دۆرینمات”ە، هەروەها رۆشنایی دەخرێتە سەر وەرگێڕانە كوردییەكەی “شێرزاد حەسەن” بە یاوەری هونەرمەندە سویسری و كورد-زمانەكان.

پرۆژەی “فریشتەیەك لە ‘بابل’ دابەزیوە” یەكەم بەشە لە پرۆژەیەكی درێژخایەنی (سێ‌ ساڵی) كە ناوونیشانێكی سێیانی هەیە “كانتۆنەكان / كانتۆنەكان / كانتۆنەكان”. پرۆژەكە لە لایەن “كۆمەڵەی مێسێلا”وە دانراوە بە هاوكاریی “ماڵی داهاتوو – Maison du Futur” کە لە ( ٢٠٢١/ تا/ ٢٠٢٣) دەخایەنێت. كرۆكی پرۆژەكە پەیوەستكردنی كەلتوور و سیاسەتی “هێڵڤیتی/ هێڵڤژیانی” کە ئاماژەکردنە بە سێگۆشەی ‘کۆماری هێلڤیتی’کە لە مێژووی “سویسرا”دا هەوڵێکی وا هەبووە کە دەستەڵاتێكی سێنتراڵ و ناوەندگەرا بەسەر هەموو سویسرا بسەپێنن. کە لە سەردەمانێکی زووتردا چەندین کانتۆنی لە خۆ گرتبوو کە لە ئۆتۆنۆمی خۆیان بەهرەمەند بوون، بەڵام لەژێر هاوپەیمانییەکی سەربازی لاوازدا، دواتر فرەنساوییەکان داگیری دەکەن و لەژێر هەمان ناودا کۆمارێکی چکۆلەیان بۆ ساز دەکەن و کە وەک هاوپەیمانی “فرەنسا” ئەو قەوارەیە جێگیر دەکرێت
کە ئاماژەیە بە کۆنفدرالی خێڵە کۆنەکانی سویسرا کە بەسەر چوار ناوچەدا دابەش ببوون، لە سەردەمی رۆمانییەکاندا، هاوکات کۆماریكی خۆیان هەبووە بە هەمان ناو کە بەردەوام لە تەنگژەی سیاسیدا بووە-(١٧٩٨-١٨٠٣) “یە، هەڵبەتە لە ناو ئەو پرۆژەیەدا نیازمەندن کە ئەم دۆخە سیاسی و کولتوورییەی “‌‌هێڵڤژیان” لەگەڵ مێژووی ‘كوردستان’دا پرد و پەیوەست بکەینەوە؛ هاوکات ئاماژە بە تراژیدیای ئەوان و کوردستان بکرێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی {لۆزان}دا كە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا سەد ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامەیەدا تێدەپەڕێت.

باكگراوند/پاشخان: لە ساڵی (١٩٢٣)دا وڵاتە زلهێزەکان کە لە براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم بوون. بە گوێرەی پەیماننامەی {لۆزان} ئەو ناوچانەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد كە پێشتر لەژێر دەستەڵاتی ئیمپراتۆرێتی “عوسمانلی”دا بوون. هەروەها ئەمە ئەو پەیماننامەیەشی گرتۆتە خۆی كە سنوورەكانی ئێستای “توركیا” و “یۆنان”ی دیاری کردووە. بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی كە “ئینگلتەرە” و “توركیا” لە سەرەتای دانوستانەكاندا دابوویان، پەیماننامەی {لۆزان} هیچ ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بە كوردەكان نەبەخشی. تاوەكو ئەمڕۆکەش ئەوان گەورەترین گروپی ئێتنین لە جیهاندا كە وڵاتی خۆیان نییە.

پرۆژەی “فریشتەیەك لە ‘بابل’ دابەزیوە” مامەڵە لەتەك ناوکۆی كارلێكەكانی ئەدەبیاتدا دەکات، سەر و سەودای لەگەڵ هونەرە بینراوەكان و هەم ژینگەییدا هەیە، لەگەڵ رۆشنایی خستنە سەر “سویسرا” و “كوردستان”. لە ناوجەرگەی لێكۆڵینەوەكەدا هاوشێوەیەكی كولتووری و سیاسی و ئەفسانەیی لە نێوان كارەكان و ژیاننامەی “فرێدریش دۆرینمات” و “شێرزاد حەسەن”دا هەیە کە نیازمەندین یەکانگیری بکەین.

+دووەم بەشی: پرۆژەكە بە ناوی “كۆبانی”وە دەناسرێت، كە لە ساڵی (٢٠٢٢) مۆنیومێنتێكی بۆ دادەنرێت وەك هێمایەك بۆ وێرانكردنی “كۆبانی”‌ و ئەو جینۆسایدەی كە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام/ داعش) ئەنجامیدا دژ بە “ئێزیدییەكان”. هەروەها بۆ یادەوەری قوربانیانی كوردستان }مۆنیومێنت{ێكی ئێلیكترۆنی دادەنرێت بە جۆرێك كە بتوانرێت لە دوورەوە ‘مۆنیومێنت’ەكە ببینرێت.

+سێهەم بەشی: پرۆژەكە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا كە بەردوامی خۆی وەردەگرێت لەژێر ناوی “لۆزان”ەوەیە و جەخت لەسەر كاریگەرییەكانی پەیماننامەی “لۆزان” دەكات لەسەر ئاستی سیاسی و رەهەندە چارەنووسسازەکانی دیکە بۆ گەلی كوردستان. ئەم پرۆژەیەیان لە شێوەی گوتاربێژی و شانۆیی و نواندن ‌و هەروەها بە شێوەیەکی تۆکمە و دامەزراوییەوە مامەڵە لەتەك بنچینە و دەرئەنجامەكانی ئەو پەیماننامەیەدا دەكات. سەرەڕای ئەوەش کە ئەو کەیس و بابەتە دەخرێتە ڕوو كە ئاخۆ دەشێت رۆڵی “سویسرا” و “ئاوروپا” چلۆن دەبێت بۆ سەر لە نوێ‌ دیاریكردنی چارەنووسی ئایندە و داهاتووی كوردستان؟

(بەشی یەکەمی نمایش و چالاکییەکە لە “كۆبانی” و “هەولێر” رێکدەخرێت؛ هەروەها لە “سلێمانی”ش دیمەنەكانی شانۆگەرییەكە بە شێوەیەكی ئەوتۆ نمایش دەکرێن كە بتوانرێت لە لایەن تیمێكی دیاریكراوی ناوخۆیی و کوردستانییەوە لەو شوێنانەی کە لە ناو خاکی کوردستان هەڵیاندەبژێرین.. بە رێککەوتن؛ لە دوای ماوەیەكی كورتخایەنی پرۆڤەكاریی و مەشق و راهێنان بە ئاسانی مامەڵەیان لەتەكدا بكرێت بە نیازی سەرکەوتنی پرۆژەکەمان. بەرهەمهێنانەكە بەندە بە رێنماییەكانی نەخشەسازەکانی كولتووری بەو مەرجەی کە بەردەوامی بدات بە خۆی، ئەمەش گۆزەگۆز و گەشتكردنی ناپێویست كەم دەكاتەوە، لە هەمان کاتدا ئاڵوگۆڕێكی كولتووری ‌و پرۆسەیەكی راستەقینەی بەشداریكردن لەگەڵ دانیشتووانە ناوخۆییەكانی {کوردستان}دا دروست دەکەین کە ئاماژەکردنە بە سێگۆشەی ‘کۆماری هێلڤیتی’کە لە مێژووی “سویسرا” هەوڵێکی وا هەبووە کە دەستەڵاتێكی سێنتراڵ و ناوەندگەرا بەسەر هەموو سویسرا بسەپێنن. کە لە سەردەمانێکی زووتردا چەندین کانتۆنی لە خۆ گرتبوو کە لە ئۆتۆنۆمی خۆیان بەهرەمەند بوون، بەڵام لەژێر هاوپەیمانییەکی سەربازی لاوازدا، دواتر فرەنساوییەکان داگیری دەکەن و لەژێر هەمان ناودا کۆمارێکی چکۆلەیان بۆ ساز دەکەن و کە وەک هاوپەیمانی “فرەنسا” ئەو قەوارەیە جێگیر دەکرێت.

هەڵبەتە هەر کەسانێک مێژووی دێرینی ‘سویسرا’ و ‘کوردستان’ بخوێننەوە بەسەر ئەو راستییە تراژیدییەدا دەکەون کە بە درێژایی مێژووی دێرینی خۆیان بۆ چەندەها سەدە کەوتوونەتە بەر زەبری کاولکاری و داگیرکاری، بە لە بارچاوگرتنی دۆخی جیاواز و هەنووکەیی هەردوو لایەن.

www.maison-du-futur.ch
www.mesela.ch


دەعوەتنامەی کۆمەڵەی مێسێلا بۆ نووسەری بەڕێز شێرزاد حەسەن..

ازیزی رێزدار/ شێرزاد حسن

  • ئێمە گروپێكی هونەریی و رەوتێكی روناكبیرین كە شوێنی سەرەكیمان “سویسرا”یە. یەكێك لە پرۆژەكانی داهاتوومان، كە لە خودی خۆیدا یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی ئێمە، بە هاوكاری رێكخراوێكی دیكەی “سویسرا”یی دەبێت بە ناوی (كۆمەڵەی مێسێلا /Verein Mesela ) كە بایەخ و تیشكۆی كارەكانی لەسەر ناوچەی “خۆرهەڵاتی ناوەندە” و بە تایبەتیش ‘كوردستان’.

پرۆژەكە كە بە ناوی “فریشتەیەک لە ‘بابل’ دادەبەزێت” کە رۆشنایی دەخاتە سەر كارێكی فرێدیریش دوێرنمات (Friedrich Durrenmatt) كە بە هەمان ناوونیشانە، هەروەها ئەو وەرگێڕانە نایابەی كە تۆ خستووتە بەرچاوی هەمووان. ئێمە لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی “سویسرایی” و “كوردەیل”دا پلانی پرۆژەیەكی هێماگەری و رەمزی دادەنێین كە چالاکی نمایشی جۆراوجۆری تێدەکەوێت، سێمینار و دیالۆگی بازنەیی و پێشانگا و ئاهەنگی میوزیك و كۆنسێرت و چالاکی دیکە لە خۆدەگرێت و رۆشنایی دەخاتە سەر ژمارەیەك بابەتگەلی جیاواز، بەڵام هێندەی كە پەیوەندی بە شانۆگەری”فریشتەیەك لە ‘بابل’ دادەبەزێت”ەوە هەیە؛ لەوەدا درێغی ناکەین و هەوڵدەدەین کە ببێتە تەوەرێكی سەرەكی و چەقی رووداوەکە کە تۆی وەرگێڕ پشکی بەشداری دەبێت. لەتەک هاوپێچی ئەم ئیمەیڵە، تۆ ئاشنا دەبیت بە وردەکاری و ناسینی سەرتاپای پرۆژەكە.

بۆ كاركردن لەسەر ئەم بابەتە، ئێمە زۆر دڵخۆش و سوپاسگوزار دەبین ئەگەر بتوانین راستەوخۆ لەگەڵ تۆدا بدوێین. هەروەها ئێمە پێشنیاری گفتوگۆ و چاوپێكەوتنێكی ڤیدیۆیی دەكەین كە بە “ئۆنلاین” ساز بکرێت، دیارە زمانی ئینگلیزی دەبێت بە پردی لێکتێگەیشتنی نێوانمان کە ئەم بەڕێزانەن:-

  • رێزدار ‘ساموئێل شڤارتز’: بەڕێوەبەری “ماڵی ئایندە: “Maison du Futur”
  • رێزدار ‘لیۆپۆڵد هێلبیك’: شارەزای بواری ئەدەبیات.
  • خاتوو ‘ئۆزڵەم یەشار’: یەكێك دامەزرێنەرانی “كۆمەڵەی مێسێلا / Mesela” هەروەها بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی نێوان سویسرا و كوردستان-ە.
  • هەروەها خۆم، بەندە “كاثى لینز” كە بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكان و كار-رێكخستنەكانی “Maison du -Futur” ماڵی ئایندە”م.

خۆ ئەگەر بەو پێشنیارەی دیدار و لێدوانە دۆستانەیە قایل بوویت لەمەڕ”فریشتەیەك لە ‘بابل’ دادەبەزیوە”، هەروەها پشتگیریت لە پرۆژەكەمان، ئەوسا دەتوانین تاووتوێی بژاردەكان بكەین سەبارەت بە بەروار و كات بۆ کۆبوونەوەکانی هەموومان.

پێشەكی زۆر سوپاس بۆ وەبەرچاوگرتنتان.

لە “سویسرا”وە ئەوپەڕی هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە دەخوازین.

(كاثى لێنز)




فلاشباک..23.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی


بەشی بیست و سێ

کاتژمێر 1:30 شەوە، لە سەهۆڵەکە ماوینەتەوە، ئەمشەو بۆنەی سەری ساڵی نوێ تاموبۆیەکی تری هەبوو، جیهان دەروازەی هەزارەی سێیەمی لە خۆی کردەوە. ئەمشەو شەقامی سالم شێوە کەرنەڤاڵێکی بەخۆوە گرتبوو، نمایشی ئەو کچە جوانانە بیری بردینەوە لە رەمەزانداین. من تام لەم خۆشییە دەستکردانە نابینم، هەرچەندە زۆر دڵخۆشم بە بیبینی ئەو کچ و کوڕە راقییانەی بەرەو رووی دنیای خورافی بوونەوە. نمایشی ئەمشەو رەنگێکی مەدەنیتری بە سلێمانی بەخشی، پێیووتین تەمەدونی خەڵکی ئەم شارە بە جەهلی تاریکبیرەکان پاشەکشە ناکات. دوا کات خەڵکی ئەم شارە قسەی خۆی دەکات. ئەوەی دڵی ئێمە بەو شارە جەنجاڵە ماندووە خۆش دەکات تەنیا ئەم یاخیبوونە جوانەیە لەگەڵ یەکەم بەردی بناغەی سلێمانیدا چرۆی کردووە. ئەمشەو شەوێکی سەیر بوو، خەڵک پێیانوابوو گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ، یان کەوتوونەتە بەر شەبەنگەکانی “شەپۆلی سێیەم”ی ژیاری هاوچەرخی مرۆڤایەتی کە “تۆفلەر” باسی دەکات. ناتوانم چێژ لەو کەرنەڤاڵە وەربگرم، وەلێ دەزانم سبەی مەلاکانی شار ئاگری رقی ئیبلیسیان بە وتارە ئاگرینەکانیان خاڵی دەکەنەوە. تەنیا ئەمەیە دڵم دەکاتەوە کە سەرکەوتنی تەمەدون بەسەر کۆنسەرڤاتیزمدا دەبینم، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە، ئەوە کەم نییە هەرچەندە نابێت پێمان زۆریش بێت.
لەگەڵ ئەوەش نابێت ئەم رووداوە سەرمەستمان بکا، لەبەرئەوەی باکگراوەندی کۆمەڵی کوردیی ئاین و خێڵە. لەناو ئەو کەلتوورەشدا هەناسەیەک بۆ ژیان نییە، کۆمەڵگەی کوردیی بە بەراوورد بە دەیەی هەفتاکان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە لە رووی دیاردەگەرایی مودێرنەوە، ئەگەرچی ئێمە بەر ماتریاڵەکانی مۆدێرنە کەوتووین، کەچی مودێرنە وەک رۆح و فکر و ئایدیا نەگەیشتووە پێمان. بە واتایەکی تر پێشکەوتنی ئێمە فۆرمالیستانەیە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هاوتەریب نییە لەگەڵی. بڕۆ لەگەڵ ئەو کچە قسە بکە کە پۆشاکەکەی هەمان پۆشاکە لە پاریس و ستۆکهۆڵم لەبەر ئەکرێ، کەچی وەک نەنکی بیر ئەکاتەوە و وەک باپیریشی قسە ئەکات. مارکس کاتی خۆی وتی: لە کاپیتالیزمدا هەموو شتێک ئاوسە بە دژەکەی. لەوە دەچێت هێشتا کورد لە قۆناغی فیوداڵی و بەر لە سەرمایەدارییدا بێت چوونکە هەموو شتێک ئاوسە بەهاوشێوەکەی خۆی، زۆرجار هاوشێوەیەکی زۆر خراپیش.
ئەمشەو لەگەڵ ئاسۆ عوسمان، ئەیوب رەزا، ئارام قانیع، گۆران عومەر، حەمە عەدنان، عەلی ئازەرنیا. کاتێکی زۆرمان پێکەوە بەڕێ کرد. ئەوان بێ ئەوەی بخۆنەوە مەستی شادییەکانی ئەمشەوە ببوون، منیش دوای نۆشینی نیو قاپ ویسکی و دوو بیرە هیچ مەست نیم، تەنیا غەرقی بیرکردنەوەکانی خۆمم کە دڵنیام رۆژێک یان سەرم دەخوات یان وەک نیتشە دێوانە دەردەچم، بەڵام من بە شەقامەکانی شاردا دەسووڕێمەوە و هاوار دەکەم، کێ دڵێکی دەوێ بۆ کڕین بە شەرتی ئەوەی هەرگیز گەردی رقی نەگرتبێت؟. هاوار دەکەم کێ رۆحێکی دەوێ لە ئەوەڵ مەزاددا بە مەرجی ئەوەی ژەنگی کینە زەفەری پێ نەبردبێت؟. دڵنیام کەس نییە موشتەریی ئەم دڵ و رۆحەم بێت!، دڵێک دەبەمە ژێر خاک، رۆحێک دەبەمەوە بۆ ئاسمان کە بە ئاوی بێگەردی خۆشەویستی هەمیشە زاخاو کراوە.

31-12-1999
ستیڤان شەمزینی

بە حساب یەک کاتژمێر و نیوە سەرەتای ساڵ و سەدە و هەزارەی نوێیە.

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 79-82 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




مەنسوور جیهانی بۆ ئاژانسی “فڕانس پڕێس”: بەهمەنی قوبادی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندرا

“مەنسوور جیهانی” پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری کورد “بەهمەنی قوبادی” و زۆربەی سینەماکارانی گەورەی ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە جیهان ناسێندران.

“مەنسوور جیهانی” بەرپرسی هەواڵە بیانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وتووێژ لەگەڵ “سامی کێتز” Sammy Ketz پەیامنێری گەورە و بە ئەزموونی ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەنی قوبادی” هەڵگری خەڵاتی کامێڕای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا و خەڵاتە گرینگەکانی فێستیڤاڵە بەرچاوە جیهانییەکان و هەروەها ئەندامی ئێستای ئاکادیمیای ئۆسکار، “ئەسغەر فەرهادی” براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی، هەڵگری خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلینالە” و هەروەها خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، “ڕەزا میرکەریمی” سەرۆکی پێشووی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “فەجر”، “شەهرام موکری” دادوەری بەشی “ئاسۆکان” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز”، “مەجید بەرزگەر” و سینەماکارانی دیکەی ناوداری سینەمای ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندراون.

ئەو سەبارەت بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: ئەم فێستیڤاڵە نزیکەی ٤٠ ساڵ مێژووی پڕ لە شانازیی هەیە و لە نێوان فیلمسازانی کورتە فیلمی ئێران و جیهاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێک نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە ڕەوانە دەکەن. لە ساڵەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٤٥٠٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ڕەوانە دەکرا، بەڵام ئەمساڵ، دوای ئەوەی کە لە لایەن ئاکادیمیای ئۆسکارەوە پەسەندکرا، دوو هەزار فیلم زیاتر و بە گشتی ٦٤٠٢ بەرهەم لە لایەن دەرهێنەرانی سەرتاسەری دنیاوە بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناردرا.

ئەم پەیامنێرە سەربەخۆیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، گرینگترین فێستیڤاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ بەرهەمە کورتەکان دێتەئەژمار و سەرنجی فیلمسازانی کورتە فیلمی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە؛ بۆ نموونە سینەماکاری کورد “ڕێزان یێشیلباش” Rezan Yesilbas دەرهێنەری کورتە فیلمی “بێدەنگ” Silent لە سینەمای تورکیا کە بەم بەرهەمە توانی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٢ بەدەستبێنێت، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەمان ساڵدا کە لە دەرەوەی وڵات پێکەوە بوومان، زۆر هۆگریی ئەوە بوو کە فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ئامادەبێت و خۆشبەختانە ئەم بەرهەمەی بۆ فێستیڤاڵ نارد و ئەم فیلمە کوردییە درەوشاوەیە لەم ڕووداوە سینەماییەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.

جیهانی سەبارەت بە دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لەم خولەی فێستیڤاڵدا “لیدا بێلتڕامی” لە وڵاتی ئیتالیا براوەی خەڵاتی “ئاشتی ڤێنیز”، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دادوەرانێک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ژاپۆن، نەمسا و ئێران؛ بەرهەمەکانی ئەم بەشەیان هەڵسەنگاند.

ئەو سەبارەت بە تایبەتمەندیی بەرجەستەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لە هەواڵێکدا کە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی جیهان ناردم، ڕەنگدانەوەی یەگجار زۆریی بەدواوە بوو؛ بۆ نموونە گۆڤاری گرینگی نێودەوڵەتی “وڕایتی” Variety ئاماژەی بە دوو خاڵی گرینگ کردبوو، یەکەمیان ئەوە بوو کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، بۆتە درگای خەڵاتەکانی ئۆسکار و دووهەم بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەکان بوو کە هەر ساڵە بە ئامادەبوونی مامۆستایانی شارەزای سینەما لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش ١٢ سینەماکاری نێودەوڵەتی لەوانە: دکتۆر “ئەحمەد ئەلەستی” مامۆستای زانکۆی ویلایەتی تێگزاسی ئەمەریکا، ڤۆرکشۆپەکانی سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد و خاڵە گرینگ و تایبەتەکانیان بە فیلمسازانی کورتە فیلم ئاراستە کرد.

“مەنسوور جیهانی” لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا سەبارەت بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: دوو ساڵە کە بە هۆی باروودۆخی کۆڕۆناوە هیچ میوانێکی بیانی لە فێستیڤاڵ ئامادەنەبووە؛ بەڵام ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران چۆتە لیستی فێستیڤاڵەکانی “ئۆسکار کوالیفاید” OSCAR® qualifying، زۆربەی ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، خوازیاریی ئەوەبوون کە لە فێستیڤاڵدا ئامادەبن، بەڵام بە هۆی باروودۆخی پەتای کۆڕۆناوە ئەم دەرفەتە نەڕەخسرا کە لە فێستیڤاڵ، خانەخێوی هیچ میوانێکی بیانی بین.

فۆتۆکان: عەتا تاهیرکەنارە