شاعیر لە نێوان ڕەخنە و غرووریدا.. کاروان حەسەن

هەموومان کە گوێمان لە وشەى ڕەخنە دەبێ لەدڵەوە نائومێد و دڵمان پێی توند دەبێت، چونکە بونیادی مرۆڤ وایە بەکەمترین وشەی دژ هەڵدەچێ و میزاج و سەروسیمای ئاڵۆزدەبێ و تووشی داڕمانی دەروونی دەبێ کە ئەمە گەورەترین هەڵەو تێگەیشنە لەواقیعی کارەکە، چونکە مەرج نییە ئەو ڕەخنەیە ڕوخێنەربێ، ئەشێ بنیات نەر بێت و بەرەو کاری دروستتر و باشتر و جوانترت بەرێ.
ڕاستە تاڕاددەیەک تۆ بەکارێک ماندووبوویت و یەکێک بێت سەرتاپای کارەکەت بەهیچ بزانێ مافی خۆتە پێت ناخۆشبێ و لێی زویر بیت و دڵت بڕەنجێ بەڵام کە دوو وشە و ڕەخنەی بنیات نەر لەبەرهەم و کارەکەت گیرا ئەبێ سوپاسگوزاربیت و دڵت خۆشبێ نەوەک ناحاڵیبوون و غرووری و زویر بیت، ئەوەی لێرە ئامانجی سەرەکییە زۆر جار تووشی ئەو جۆرە ڕوو بەڕووبوونەوانە دەبین و لەجیاتی دەستخۆشی و دڵخۆشی بەرامبەر تووڕەیی و ناحاڵی بوون دێتەکایەوە، ئەبێ تۆ بزانی و لێکی بکەیەوە کە بیروڕای کەسی ئەکادیمی و لێزان و شارەزا لەو کار و بەرهەم و ئەو بابەتانەی مەبەستە، جیایە لەگەڵ کەسێکی تر کەهەرخۆی پێ ڕاستە و ڕا و بۆچوونی بەرامبەر وەرناگرێ و پێی وایە تۆ هەڵەی، کڕۆکى مەبەست لەم نووسینە ئەوەیە هەندێ شاعیر بە ڕەخنە گرتن زوویر دەبن و ناتوانن خوێنەرەکانیان قەناعەت پێبهێنن و مەبەستى سەرەکى و ماناى وردى شیعرەکانیان بۆ خوێنەر بخەنە ڕوو، تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ئێستا زیاتر گفتو گۆ و باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بۆیە ئەبێ هەم خوێنەرى شیعر وردبینتر بێت و هەم شاعیریش بەدلێکى فراوانەوە ڕەخنەکانى قبوڵ بێت.

(جان ری)ی نووسەر، زۆر جوان وتوویەتی:
کەسێک بەدیقەتەوە گوێ بۆ ڕەخنە لێگرەکانی بگرێت، ئەو کەسە خوازیاری پێشکەوتنە.(١) بۆیە زۆر جار لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیس بووک کە شیعرێک دادەنرێ و بڵاو دەکرێتەوە، زۆربەی خوێنەران هەر دەستخۆشی دەکەن و دەنووسن(جوانە، بژیت، دەست خۆش) کەلەوانەیە دەقەکەی نەشخوێندبێتەوە و هێچیشی لێ حاڵی نەبووبێت، کەچی خوێنەرێکی بەسەلیقە و ورد کاتێک ڕەخنەیەک لەدەقەکە دەگرێ، یان ڕاو و بۆچوونی جیایە یاخود سەرنجێکی هەیە، خاوەن دەق پێی توڕە دەبێ و هەڵدەچێ و دەبێتە گفتوگۆیەکی ناشیرین و لێک حاڵی نەبوون ڕوودەدات. زۆر جار دەچێتە ئەو دۆخەی کە ناوزڕاندن و وشەی نەشیاوی لێبکەوێتەوە، کە ئەمەش لە خوڕەوشت و ئەدای شاعیر و نووسەران ناوەشێتەوە و ئاکارێکى جوان نییە.
خوێنەری بەسەلیقە و ورد دەیەوێت باشتر حاڵی بێت و لەدەقەکە تێبگات، بۆیە جاری وا هەیە پرسیارێکی بۆ دروست دەبێت مافی خۆیەتی تێی بگات و لێی ورد بێتەوە، شاعیریش پێویستە بەدڵێکی فراوانەوە چی ڕەخنە و سەرنج و تێبینی هەیە وەریان بگرێ و سوودیان لێ ببینێ، نەوەک پێی ناخۆش بێت و تووشی شلەژان و هەڵچوونی دەروونى بکات.
ئەوە جوانی و تێگەیشتوویی شاعیرە ئەگەر قبوڵی هەموو ڕایەکان بکات،لەم سەردەمەدا شیعر هێندە ئاڵۆز بووە، جاری وا هەیە خودی شاعیریش خۆی نازانێ چۆن شیکردنەوەی بۆ بکات و بزانێ جوانترین مانا و مەبەست کامەیە؟ بۆیە ئەبێ وردتر، جوانتر، باشتر لەڕەخنە تێبگەین و لێی بڕوانین، ئەوە ڕەخنەیە نووسەر، شاعیر بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوە خوێنەری کارا و وردبین و بەسەرنجە شاعیر دەخاتە ڕێزی باشترینەکان و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، زۆرجار دەستخۆشی و چەپڵە لێدان شاعیر و نووسەر دەخەنە دۆخی مەغرووری و لەخۆبایی بوونەوە
تۆ سەیری (گۆران) ی شاعیر بکە، ئەو ڕابەر و نوێکەرەوەی شیعری کوردی بوو هێندە ورد و جواننووس بوو، کەچی دەڵێ:
(من کە دەکەومە سەر شیعر نووسین، نەک هەر بێهێز دەبم، بەڵکو نەخۆشیش دەبم، نەخۆشیەکی زۆر قورسیش، هەست بەئازارێکی زۆر دەکەم و ئاگام لەدەوور و بەری خۆم نامێنێ، تا لەشیعر دانانەکە دەبمەوە، ئینجا وردە وردە، بەخۆ دێمەوە و دوای ماوەیەک دەبمەوە مرۆڤێکی ئاسایی)(٢) کەچی شاعیر هەیە بە نامیلکەیەک بەچەند دەقێک لەخۆی بایی دەبێت و وەڵامی خوێنەر ناداتەوە بەبیانووی ئەوەی خوێنەر لەدەقەکانی ئەو تێناگات و نەگەیشتۆتە ئاستی وشەکانی ئەو، ئەمە جۆرێکە لەغرروریەتی شاعیر و بەهەند وەرنەگرتنی سەرنج و ڕەخنەی خوێنەرە.


(١)من و ئێمە ،بەرگی یەکەم ،ئەمیر ڕەزا ئارمیوون، چاپی یەکەم ٢٠١٩ ل١١١
(٢) گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا، مامۆستا جەعفەر، ڕێبوار حەمە تۆفیق،چاپى یەکەم- سلێمانى 2007 ل ٤١٧




خوێندنەوەیەک بۆ شیعری(گەشت و پێناسین)ی (سەلام محەمەد).. نووسینی/ تەلار تاهیر(پەری دەریا)

نازانم بۆ هەرکاتێک بە شەقام و گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانی شاری کەرکوک تێدەپەڕم ، تایبەتتر بە گەڕەکی ئیمام قاسم و شۆرجە و ڕەحیماوا ، هەمیشە وا هەست دەکەم بۆنی گوڵاوی شیعرەکانی مامۆستا ( سەلام محەمەد ) وەک شنەبایەک بەرەو ڕووم دێت . ڕەنگە ئەم هەستە لە شێوەی سەرابەوە بێت و هەستێکی هەڵخەڵەتێنەر بێت ، بەڵام هەندێجار خەیاڵ و فەنتازیاکانیش دەتوانن جێگای واقیع بگرنەوە ، بۆ نموونە لە چیڕۆکی ( ئەسپی دیلۆنی )ی ( کاروان عومەر کاکەسوور ) ، ( خەیاڵ فەزایەکی گەورە لەناو دونیای واقیع ئەدزێت و پێشکەشی ژیانی دەکات ) ، واتە بە دید و تێڕوانینی من ڕۆحی شیعرەکانی مامۆستا سەلام محەمەد لە شاری کەرکوکەوە زۆر نزیکە ، بۆیە زیاتر ئامازە بەو دەکەم چونکە دەستەواژەی ( دڵی کوردستان ) بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کوردستان و کەرکوکیشدا ناوی یەکەم کۆمەڵە بەرهەمە شیعری مامۆستا سەلام بوو لە ساڵی ( ١٩٧٠ ) کە پێشنیازی نووسەری بە توانا ڕەزا شوان بوو ! بەڵام بڵاو نەکرایەوە ، لە دواییدا دەستەواژەی ( دڵی کوردستان ) دەپەڕیتەوە بۆشارەکانی دیکەی کوردستان و دەبێتە دروشمێک بۆ شاری کەرکوک لە دوایدا بەرهەمی ( دەمەو ئێواران دەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە ) لە دایک دەبێت لە ساڵی ( ١٩٨٨ ) ، بە بۆچوونی من نووسین و بەرهەمەکانی سەلام محەمەد گوڵێکە بە یەخەی شیعری نوێگەرییەوە . چرایەکیشە لەسەر قەڵای کەرکوک هاوشیوەی ئاگری باوەگوڕگوڕ هەمیشە بە داگیرساوی دەمێنێتەوە ! زۆربەی کات شیعر و بەرهەمە ناوازە و کاریگەرەکانی لە ناخی ئازارێکەوە دێنە بوون . ئازارێکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی چەند شاکارێک بۆ نموونە کارەسات و کیمیابارانی هەلەبجە چەندەها بەرهەمی کاریگەر و ناخ هەژێنی خوڵقاندووە بەڵام ، مەرجیش نییە هەموو کاتێک وابێت بۆ نموونە ( عەبدوڵا گۆران ) لە گوتەیەکدا لە بەسەرهاتەکەیدا دەڵێت : ( کاتێک شۆڕشەکەی شێخ مەحمود شکستی هێنا زۆر گریام ، بەڵام فرمێسکەکانم نەبوون بە شیعر ) ، لە بەرهەمی ( دەمەو ئێواران دەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە ) شیعرێک هەیە بەناوی( گەشت و پێناسین ) کە لە ڕیکەوتنی ( ١١ ئازار ) ی ساڵی ١٩٧٢ نووسراوە کەباسی ئەو ناخۆشی و نەهامەتییە دەکات کە لەناو جەرگەی شاری نیشتەجێبوونی شاعیرەوە سەریهەڵداوە ، شارێک ڕەنگە کورتکراوە و ڕەنگدانەوەی وڵاتێکی بچووکدا ، بۆ نموونە لە کۆپلەیەکدا دەڵێت :
چوومە ناوشار
پێشڕەوەکان ، لەناو لێشاوی چەپڵەدا
باوێشک دەدەن
واتە ئەو کەسانەی خۆیان بە سەرداری کۆمەڵگە دەزانن لە خەوی نەزانین و بە ئاگایی کۆمەڵگە بە تەواوی هۆشیار نەبوونەتەوە ، بۆ نموونە ( ئەحمەد موختار جاف ) لە شیعرێکدا دەڵێت :
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تاریخی عالەم شاهیدی فەزل و هونەرتانە
هەندێک جاریش کەمتەرخەمی هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگەیە ، بۆ نموونە ( ماهاتما گاندی ) لە گوتەیەکدا دەڵێت : کەمتەرخەمی بەشیکە لە تەمەڵی ، واتە ڕەنگە توانایەک لەبوون هەبێت ، بەڵام کەمتەرخەمی و گوێنەدان دەبێتە هۆی پووکانەوەی توانای مرۆڤەکان ، لە کۆپلەیەکی تردا :
نوێخوازانی ئەم شارە بێ هاوارن
پێتان بڵێم ، چاک بزانن
نوێخوازانی شارەکەمان بازرگانن
بازرگانن … بازرگانن
واتە ڕەخنە لە چینی ڕۆشنبیر دەگرێت کە پێشڕەوی کۆمەڵگەن ، ڕەنگە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگە زیاتر پەیوەست بێت بە چینی ڕۆشنبیرانەوە ، چونکە دەستبژێری کۆمەڵگەن ، شاعیر لێرەدا پێی وایە ڕۆشنبیران بێدەنگن لە ئاست مافە ڕەواکانی خەڵک و لە پێناو بەرژەوەندی تاک ، بەرژەوەندی کۆمەڵگە وەلا دەنێن ،
هەندێجار شاعیر بە زمانێکی یاخی و تووڕەئامێز دەدوێت نەک لە کەسانی ئاسایی ناو کۆمەڵگە ، بەڵکو یاخی دەبێت لەو کەسانەی خۆیان بە ئازادیخواز و پێشڕەوی مەعریفە دەزانن ، بۆ نموونە کاتێک دەڵێت :
دەرچووم لە شار … دەرچووم لە شار
ئەی لاوەکان
لەسەر بیابانی چاوتان تۆماری کەن
منم ڕووبار
تۆماری کەن ، یاخیم لە نوێخوازانی شار
شاعیر مەبەستی ئەوەیە لەتاو خەم و ئازار گەر ڕێی ناچاری بگرنەبەر ، با نەوەکانی دواڕۆژ ئەو ناخۆشی و نەهامەتییانە لەناو مێژووی یادەوەرییەکان تۆمار بکەن و ون نەبێت ، یاخۆ بە مەبەستێکی تر ( ڕووبار و بیابان ) بەیەکەوە هەڵناکەن ، چونکە بیابان هەمیشە چەقبەستووە ، بەڵام رووبار هەمیشە لە جێگۆڕکێدایە ، لێرەدا شاعیر قەناعەتی بە ژیانێکی چەقبەستووی وەک بیابان نییە کە دەڵێت : ( ( منم ڕووبار ) ، واتە لە شوێنێک ناوەستێت و ڕووبارێکی یاخی و ئازادە . لە هەمان کۆپلەی کۆتادا دەڵێت :
من یاخیم لە نوێخوازانی سار
واتە ، شاعیر لێرەدا یاخییە لەو کەسانەی خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن و هەڵویستییان نییە ، واتە کۆمەڵگە پێویستی بە ڕۆشنبیری کورد گوتەنی ( زۆر و بۆر نییە ) ، ئەوەندەی هەن ، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بن بەسە . بۆ نموونە ( لۆسەر مارتن ) کە قەشەیەکی ڕۆشنبیری ئەڵمانی بوو ، بە تەنیا خۆی شۆڕشی عەقڵی بەرپا کرد . هەندێجار شاعیر لە تاو ئازار و خەم وا هەست دەکات لە خۆشیی ژیان بێبەش و دابڕاوە ، بۆ نموونە کاتێک دەڵێت :
من شەیاتانم
کە دەرکرام لە بەهەشتا
بە دوای کەشتێکا ئەگەڕێم
بێ ڕابردوو
لێرەدا مامۆستا سەلام شەیتانی وەک سیمبۆلی یاخیبوون بەکار هێناوە ، واتە چۆن شەیتان بەهۆی ڕۆحی یاخیبوونەوە لە خۆشی بەهەشت بێبەش کرا ، بەهەمانشێوە شاعیریش بەهۆی ڕۆحی ئازادیخوازانەوە لە خۆشی ژیان بێبەش کراوە . یاخۆ لە کۆپلەیەکی تردا دەڵێت :
لە کوردستانێک ئەگەڕێم ، بێ خەواڵوو
واتە شاعیر بەدوای کوردستانێکدا دەگەڕێت تاکەکانی لە خەوی نەزانین بە ئاکا بێنەوە و دوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەون ، وەک چۆن شێخ سەلامی عازەبانی لە شیعرێکدا دەڵیت :
هەستە لەخەو لاوی کورد
تێبکۆشە بە دەست و برد
لە کۆپلەیەکی تردا دەڵێت :
من کوردێکم
فرمێسکی زامی کۆستکەوتووی ئاشتیم پێیە
تابووتی سەربەستیم پێیە
لێرەدا شاعیر هیچ ئومێد و هیوایەکی بە داهاتوویەکی گەش نییە سەربەستی و ئازادی لە ژیانی ئەودا مردووە و کۆتایی پێ هاتووە . بۆیە دەڵێت :
من کوردێکم
لەوەتەی هەم ، بە ڕووی خۆما ئەتەقمەوە
لەوەتەی هەم ، فەرهەنگەکەم
بە زاراوەی بێگانەکان ئەشۆمەوە
مەبەست ئەوەیە / لەوەتەی هەیە لەتاو خەم و ئازار ، خۆی دەخواتەوە ، لێرەشەوە پێمان دەڵێت سەرەکیترین کێشە ، ڕەنگە کێشەی زمان بێت ، چونکە هێما و بوونی میلەتێک بەستراوە بە زمانی دایکەوە ، باسی ئەوەش دەکات کە لە ناوجەکەی خۆیدا زمانی بێگانە زاڵترە بەسەر زمانی خۆیدا ، بەڵام شاعیر لەناو جەرگەی خەم و ژانیشدا هەر خۆی نادات بە دەستەوە ، بگرە تروسکە هیوایەک لە داهاتوویەکی گەش دەبینێت ، بۆیە دەڵێت :
تفەنگەکەم ، بێ فیشەکە
وەرن ئەی ئاشتیخوازان
تەنیا فیشەکێکم بەنێ
لێرەدا هاوار بۆ ئاشتیخوازان دەکات بۆ ئەوەی فیشەکێکی بدەنێ ، هەر خۆی فیشەک و چەکی ئاشتیخواز ڕەنگە هیواو ئومێد بێت بە داهاتوویەکی گەش و ڕوونتر بۆ کوردستانێکی جوانتر .
بە گشتی لەم شیعرەدا مامۆستا سەلام محەمەد باس لە ناخۆشی و نەهامەتی گەلی کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی دەکات ، ” دیاترین “یان کێشەی زمان ، چونکە زمان بوونی نەتەوەکەی دەسەلمێنێت . ( چارڵز باکۆفسکی ) لە گۆتەیەکدا دەڵێت : کاتێک دەنگ هەڵدەبڕم بە تەنیا خەمی خۆم نییە ، بەڵکو خەمی کۆمەڵگەیەکە یاخۆ ( مانی ) گەورە ڕۆشنبیری فارس ، لە پێناوی ئازادی ، کۆتاجار بە گۆرانی و سروودی ( بژی ئازادی و بژی ئازادیخوازان ) لە ژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدات . واتە ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەمیشە کورد گوتەنی ( خەمکەی خەمانن ) هەمیشی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی وەلا دەنێت ، لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگەو ژیانێکی باشتر .
لە کۆتاییدا دەڵێم / هیواخوازم بە ئەندازەی باڵای ئەو خزمەتە جوانەی لە پێناو دنیای ئەدەب ( وێژە ) و مەعریفەدا کردوویەتی ، پەیکەرێک لە کەرکووک بۆ شاعیری بە توانا مامۆستا سەلام محەمەد دروست بکرێت .

باکڕاوند
سەلام محەمەد لە ساڵی ١٩٥٤ لە کەرکووک لە دایک بووە ، لە ١٩٧٨ کۆلیژی یاسای لە زانکۆی بەغداد تەواو کردووە ، لە ساڵی ١٩٩١ ەوە نیشتەجێی سویدە .
بەرهەمێکی شیعری چاپکراوی هەیە لە ساڵی ١٩٨٨ بە ناوی ( دەمە و ئێواران ئەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە ) ، گۆڤاری هەنار کۆبەرهەمە شیعرییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بەناوی ( دیوانی سەلام محەمەد ) چاپکرد ، کتێبێکی عەبدوڵا سلێمان ( مەشخەڵ ) ساڵی ٢٠١٣ ، تایبەت لەسەر ژیان و بەرهەمی سەلام محەمەد بڵاوکرایەوە .




ژەنگ و ژان.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

جۆلانەیەکی ئاسنی ژەنگاوی. کۆڵانێکی قوڕی قەرەباڵغ. کۆمەڵێک منداڵی سیسی چاو گەش. ژەنگ و قوڕ و سیسبوون گرنگ نەبوون. نۆرە گرنگ بوو.
من لە ناوەندی سڕەکەدا بووم. پێنج کەسم لە پێش بوو. چاوم لەگەڵ جۆلانەکەدا دەهات و دەچوو، خوا خوام بوو نۆرەم بێت. زوو زوو ئاوڕێکم دەدایەوە، دوعام دەکرد، بانگم نەکەنەوە. دوای نیو سەعاتی تر، یەک کەسم لە پێش مابوو. پەنجەم خستە ناو دەمم و بیرم لە نۆرەی خۆم دەکردەوە، لەوە دەکردەوە چۆن جۆلانەکە دەمبا.
“دڵخۆش . . . دڵخۆش،” باوکم بانگی کردم. خۆم لە گێلی دا، هێندەم نەما بوو. هەر بانگی دەکردم.
باوکم، ڕیش و سمێڵێکی زل، بەرەو جۆلانەکە هات. نەمدەزانی چی بکەم: وەڵامی بدەمەوە نۆرەکەم لە کیس دەچێت، نەیدەمەوە، سزا دەدرێم. پێکەنین و گارەگاری منداڵان لە لایەک، لێدانی دڵم لە لایەک، حەزی جۆلانەشم لە لایەک، قورسایی ئەویش لە لایەک.
هەرکە منداڵەکە هاتە خوارێ، توند زنجیری جۆلانەکەم گرت و سوار بووم، خەریک بوو جێی خۆم خۆش دەکرد، دەستێکی ئاسنئاسا یەخەمی گرت. ئاوڕم دایەوە، باوکم ئاگر لە چاوی دەباری، بەڵام لەبەر دەوروبەر بزەیەکی بۆ کردم. بزەکە بڵقی لێ هەڵدەستا.
“گوێت لێ نییە، ئەوە سەد جارە بانگت بکەم؟” هێواش نەڕاندی.
لە باوەشی کردم، توند گوشیمی، خەریک بوو پەراسووەکانم بشکێن. “جارێکی تر کە بانگم کردی، یەکسەر بڵێ بەڵێ.”
نەموێرا تەنانەت لێویشم بجوڵێنم.شەش ساڵانەیەکی وەک من چی پێ دەکرا؟ شنە بایەکی بەهار قژمی وەک جۆلانە لەراندەوە.
دراوسێکانمان لە هەردوو بەری کۆڵانەکە لەبەر دەمی دەرگە مەجلیسیان گەرم کردبوو. باوکم زەردەخەنەکەی باش نمایش دەکرد. سڵاوی لێیان کرد وەک بڵێی منی هەر لە باوەشیش نییە، بێ ئاگا لەوەی خەریکە بخنکێم.
لەسەر شانی، سەیری جۆلانەکەم کرد. منداڵێکی تر چێژی لێ دەبینی. تفم قووت دایەوە. حەسوودیم پێی هات. چاوم لەگەڵ جۆلانەکە دەهات و دەچوو، خەریک بوو بێتە دەر.
لە حەوشە، باوکم منی دا بە ئەرز، زلەیەکی تووندی لە بن گوێ دام. زرچەی هات، فرمێسک چاوەکانمی پڕ کرد، بەڵام نەموێرا بیانڕێژم. خۆڕاگری تاکە فریام بوو.
“دایمە شەرمەزارم دەکەی.” چاوی لێم زەق کردەوە، زێتر ترساندمی. “مۆنی مۆن، چاوت حیزە، ڕۆژێک دێ ئەو عائیلەی سەرشۆڕ دەکەی، شەڕەفمان دەشکێنی.”
لە یەک وشەی تێنەگەیشتم. لە تۆنی دەنگی، سووری چاوی و بڕکەی هەناسەی دەمزانی خراپترین وشەگەلن. لەڕ و لاواز، لەبەری هەڵدەلەرزیم، شەڕم بوو لەگەڵ فرمێسکەکانی خۆم، دەمزانی، ئەگەر بێنە خوارەوە باوکم تووڕەتر دەبێ.
“ئافرەت، ئافرەت،” شیڕاندی بەسەر دایکمدا. “حازری کە.”
ڕاهاتبووم بە شیڕاندنی بەسەر دایکمدا، بەس تێنەگەیشتم بۆچی حازرم کە. بیرم بۆ هەزار شت چوو: ڕەنگە بمباتە بازاڕ جل و پێڵاو و یاریم بۆ بکڕێت. خەونم بەوەوە دەبینی دەستی باوکم بگرم و لە دوکان شت هەڵگرم.
“باشە هەر ئێستە.” دایکم بە دەنگێکی نزم و نەرم وەڵامی دایەوە، بۆنی ترسانی لێ دەهات. بە بەزەییەوە تەماشای کردم و دەستی گرتم.
“دەرگەکە داخە، با منداڵ و هیچ کەس نێن.” ئەمرێکی دیکەی کرد.
“ئەگەر دراوسێ لە دەرگە بدەن، ناتوانم بیانوەستێنم.” دایکم گوتی.
“بێ دەمە دەم، ئایش،” شیڕاندی.
ڕوومەتەکانم گەرم داهاتن، دڵم خێراتر لێی دا، بێو دایکم وەڵامی بدایەوە، یەکسەر لێی دەدا. چاک بوو، بێدەنگی هەڵبژارد. منیش بیرم چووەوە سەر حازرکردنم.
ئەگەر شتم بۆ نەکڕێت، ڕەنگە بچینە سەیران، یان بچینە پیاسە و دۆندرمە بخۆین.
“ئەوە بۆ وا وەستاوی، چاوەڕێی چیت؟” باوکم وازی نەهێنا. “بیبە ژوورەوە و شتەکان حازر کە. لەسەر کورسییە کۆنە ئاسنەکەی دانیشتەوە. “ژووری پشتەوە باشە، ئەوەی پێشەوە بە کەڵک نایەت.”
دایکم سەری دانەواند و منی بردە ژوورێ. ئیستە کە فام دەکەم، ئەو سەر نەویکردنەی دایکم وەک کۆیلەیەک وابوو بۆ پاشاکەی.
“ئەوە چییە؟” دایکم نۆڕییە ڕوومەتم. “ئەو ڕوومەتە جوانەی کچی خۆم بۆ وای لێ هاتووە؟”
ئەو دەمە فرمێسکەکانم واڵا بوون و دەمیشم بوویەوە. “باوکم زلەی لێ دام و نەیهیشت جۆلانە بکەم.”
“گوێی مەدەرێ بە قوربان، هیچ نییە، تۆ کچێکی ئازای، بەهێزی.” دڵی دامەوە کەچی چاوەکانیشی بوون بە گۆم.
ژووری پشتەوە: سێ بە چوار. کۆنکریت. دیوار لەبغ. گلۆپێکی کز. کانتۆرێکی کۆن لایەکی گرتبوو، پڕی سەری دۆشەک و بەتانی بوو. یەک پەنجەرەی بچووک دەیڕوانییە حەمام و توالێت. بۆنی توالێتەکە ژوورەکەی کاس کردبوو.
دوای ئەوەی کراس و بێجامەکەی لەبەر داکەندم و مەکسییەکی سووری کردە بەرم، دۆشەکێکی ڕاخست لە ناوەندی ژوورەکە. “گیانەکەم، لێرە پاڵ کەوە، ڕجات لێ دەکەم نەگری کە میوانەکەمان هات.”
گریان؟ میوان؟ نەمزانی باسی چی دەکات.
“دایکە، ئێستە خەوم نایەت. ئەی باوکم نەیگوت حازرم کە.” ڕوومەتم وشک بووبوونەوە، بەس چاوەکانم هەر تەڕ بوون.
“ئێ ئێستە حازری، بەس نەخەوی. لێرە بە هەتا میوانەکەمان دێت.”
“دەمەوێ بچمەوە لای جۆلەنەکە.”
“ئەگەر ئاقڵ بی، ئەوا دواتر تێر جۆلانە دەکەی.”
هیچ چارم نەبوو. لەسەر دۆشەکە قاوەییەکە پاڵ کەوتم. بیرم کردەوە: ڕەنگە پوورە گێلاس بێت، پاش چایە و شەربەت دەچمەوە لای جۆلانەکە.
“ئافرەت . . . ئایش.” باوکم بوو دیسان. ئێستەش ڕقم لە وشەی ئافرەت و ئایشە، چونکە لە دەمی باوکم زۆر ناشرین بوون.
دایکم چووە دەرەوە و منیش بیرم چووەوە لای جۆلانەکە هەتا میوانەکە هات.
“خاتوو ئەڵماس بەخێر بێی، زۆر بەخێر بێی.” گوێم لە باوکم بوو پیێشوازی لە میوانەکە کرد. ” ئەوە سێ سەعاتە چاوەڕێت دەکەین.”
“مێردەکەم منداڵێکی گەورەیە؛ وەک پاشا دە شت بە یەک جار داوا دەکات. بە ئەمرەکانی ڕاناگەم.” خاتوو ئەڵماس وای گوت.
“نا، دەبێ هەموومان ڕێزی ئافرەت بگرین، ئەو پیاوەی خێزانی ئەزیەت بدات، پیاو نییە.”
“زۆر ڕاستە کاک ڕەسول، ژن نە کۆیلەیە و نە خزمەتکار لە ماڵەوە.”
“دایمە دەڵێم ئافرەت تاجی سەرە.” باوکم گوتی.
“هەموو شتێک حازرە؟” خاتوو ئەڵماس بابەتەکەی گۆڕی.
“بەڵێ، بەڵێ، وا لە ژووری پشتەوەیە، چاوەڕێت دەکات.” باوکم بە هەوایەکی شەڕەفمەندانە و پیاوانە وای گوت.
کە دەرگە کرایەوە، لا شاخێک هاتە ژوورێ. زەردەخەنەکەی تۆقاندمی. ددانەکانی خواروخێچ و ژەنگاوی. چەفییەکی ڕەش لەسەری. چاوە ڕەشەکانی لەگەڵ مەکسییەکەی دەهاتنەوە. ورگ زل . لووت زل. دەست و پێ زل.
نوتقم گیرا.
“ئایش، بەردەستی بکە.” باوکم ئەمری کرد و چووە دەرەوە.
دایکم مەکسییەکەی تا ناوقەدم هەڵکرد. بە دەنگێکی کز و لەرزۆکەوە بە دایکم گوت من نەخۆش نیم و نامەوێ دەرزیم لێ بدەن.
خاتوو ئەڵماس جانتایەکی ڕەشی لە تەنیشت سەرم کردەوە. سەرم سوڕاند: موس، چەقۆی بچووکی تیژ، لەفاف، پەمۆ، دیتۆل. تفم بە زۆری قووت دایەوە و دەستم کرد بە گریان. ترس و دڵەڕاوکێم بە فرمێسک ئاو دان.
“قاچەکانی تەواو لێک بکەوە، تووند بیانگرە، نەهێڵی بجووڵێ،” خاتوو ئەڵماس بە دایکمی گوت، هەناسەی تەنگ بووبوو. “هێندەمان پێ ناچێت، بە یەک دەقە تەواو دەبین.”
گوتم دایکە بۆ قاچم دەبڕنەوە. چۆن یەکێک لەبەر بەفراو بنێی، ئاوا دەلەرزیم. لەبەر باوکیشم نەمدەوێرا بقیژێنم.
دایکم قاچی ڕاستەی تووند گرتم، خاتوو ئەڵماس قاچی چەپەی لە ژێر ئەژنۆی نابوو. کاتێ موسەکەم بینی بە دەستی خاتوو ئەڵماسەوە، یەک بەخۆم قیژاندم. مێشکم جامی کردبوو و هەموو شتێکیشم بە بیردا دەهات. ئەوانیش دەتگوت تاوانبارێک ئەشکەنجە دەدەن.
خاتوو ئەڵماس دەستی لە شوێنی تایبەتم دا، موسەکەی بەکار هێنا. دوای چەند چرکەیەک بەڕووی مندا هەناسەیەکی قووڵی دایەوە. بۆنێکی ناخۆش. ئارەقەیەکی ڕەش و شین.
“ناتوانم بیکەم، زۆر دەجووڵێت.” هاواری کرد. “پێویستمان بە یەکێکی ترە تا باش بیگرێت و نەجووڵێت.”
باوکم یەکسەر هاتە ژوورێ.
“تۆ لای سەرەوەی کۆنتڕۆڵ بکە،” خاتوو ئەڵماس پێی گوت.
باوکم بە نیگایەک و هەناسەیەکی قووڵ حاڵەتەکەی لێ قورستر کردم.
“ئەی گیان، دڵخۆش گیان،” دایکم بەزەیی پێمدا هاتەوە. “توخوا با جارێ . . .”
باوکم شێت بوو بەوەندە. نێوچەوانی کرژ کرد و کەف لە دەمی دەردەهات. “دەتەوێ کە گەورە بوو ببێتە قەحپە. ها؟ ئەو چاو حیزە هەر سەرمان شۆڕ دەکات، خاوەنی دایکێکی وا بێت.”
هیچم فامم نەدەکرد، بەس وەستام لە گریان. بۆ دایکم وەستام، بۆ خۆم نا.
بە ئاستەم هەناسەم دەدا، خەریک بوو بخنکێم. باوکم لای سەرم دانیشتبوو، خۆی بەسەرمدا هێنا و دەست و سەری تەواو کۆنتڕۆڵ کردم. مێشک بە ئازاری هیچ بەشێکی جەستەم ڕانەدەگیشت. هەستم دەکرد بە چوار ئەسپ بەستراومەتەوە، هەر یەکەی پەلێکم بە ئاڕاستەیەکی جیاواز ڕادەکێشێت.
خاتوو ئەڵماس، بەبێ بەنج، پارچەیەکی لە لەشم بڕی. قیژەم چووە ئاسمان، سییەکانم لە پەراسووم هاتنە دەر، هەستم دەکرد وا پارچە پارچەم دەکەن. خوێن فیچقەی دەکرد. هەناسەم خێرا. دڵم خێرا. ئازارم تیژ. ئارەق هەموو گیانمی سواق دا.
نوتقم گیرا.
خاتوو ئەڵماس بە باوکمی گوت کچێکی زۆر بەهێزە.
باوکم وا سەیری دەکردم وەک بڵێی غەدرم لێی کردبێت. کونەلووتی فش کردبۆوە. چاوی زەق زەق. لەسەر حاڵی خۆم، هێشتا دەیویست لێم بدا.
خەریک بوو ئێسکەکانم لە پێستم دەرچن. ژان لە تایەک و دڕندەیی باوکم لە تایەکەی تر.کام تا قورستر بوو؟ نازانم چونکە مێشکم خەریک بوو وەک بورکان بتقێتەوە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە بە کوردی و ئینگلیزی لە پڕۆژەی کولتور بڵاو کراوەتەوە.




دەرسەکانی ناڕەزایەتی ملیۆنی سودان, کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک.. نوری بەشیر

رۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەر واتە سێ رۆژ لەمەوبەر ناڕەزایەتی سەرتاسەری وڵاتی سودانی داگرت کە بە ٤ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت بەدژی کۆدەتای سەربازی کە بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی لەرۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەردا روویدا. زۆربەی خۆپیشاندانە گەورەکان لە شارەکانی؛ خەرتوم، بەحری، ئومدورمان، زەلینگی، نیاڵە، ئیل عوبێد، بەندەری سودان، کاسەلا، گەدەریف، ئەربەجی، ئیبری، دۆنگۆلا، ئەلنەهود، مەدانی و کۆستی بوون هەروەها لە ٥٠ شاری جیهان خۆپیشاندانی هاوپشتی نێودەوڵەتی ڕوویدا، لەوانە؛ واشنتۆن دی سی، ئۆتاوا، پاریس و لەندەن.
ئەم خۆپیشاندانە لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکان، ژنان، ڕێکخراوە پیشەییەکان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان بوو، ناڕەزایەتی ئەمجارە دەورەیەکی نوێی خۆپیشاندانی لە سوداندا بەخۆوە دەبینێت ئەویش جەماوەری رێکخراو بوو بەنوێنەرایەتی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان.
ئەمە دەوریەکی نوێیە لەهاتنەمەیدانی خەڵکی مەدەنی و ڕێکخراوە کرێکاریی و جەماوەریەکان، ئەم هاتنەمەیدانە لەناوچەکدا نوێیە. ئەم ناڕەزایەتیە لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ دا بەدژی دەسەڵاتدارێتی سەربازی لەو وڵاتەدا کە عومەر حەسەن بەشیر و ژمارەیەک لەسەرکردە سەربازیەکانی هێنایەخوارەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ دەسەڵاتێکی دوولایەنە لە مەدەنی و سەربازی دامەزراند، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی لەو دوو ساڵە زیاتر چاویان بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و ترسە بۆسەر ئایندەیان بۆیە کۆدەتای سەربازیان کرد بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی و جەماوەری.
هاتنەمەیدانی ریزی ملیۆنی بە ناڕەزایەتی توندو دروشمی نا بۆ دەسەڵاتی عەسکەری و بەڵی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، نەک تەنها ترسی خستە بەردەم دەسەڵاتی عەسکەری تازە کۆدەتا چیەکان و هێزە میلیشیاکان، بەڵکو ترسی خستەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە سەرمایەداریە گەورەکانی وەک “ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و روسیاو چین” ش. بۆیە هەموو هێزە سەربازی و میلیشیاو عەشایەرە چەکدارەکانی سەر بەدەسەڵاتی سەربازی بەپۆشینی جلوبەرگی تایبەت و دەمامکەوە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتیە لە خۆپیشاندانی گەورەی شارەکان وەستانەوە هەروەها دەستیان برد بۆ بڕینی خەتی تەلەفون و سۆسیال میدیای وڵاتەکەو لە رێگای میدیای چەواشەکاری خۆیانەوە دەیانویست خۆڵ بکەن چاوی خەڵک، بەڵام خەڵک لەرێگای پەیوەندیەکانی کۆمیتەکانی گەڕەکەوە لەپەیوەندا بوون.
سەربازانی چەکداریان بەجلی مەدەنیەوە ناردە ناو خۆپیشاندانەکان تا لەپشتەوە هاوکاتی تەقەکردن و هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران لەناوەوەش لێیان بدرێت، کە ئەمە بووە هۆی پاشەکشە بە خۆپیشاندانەکان و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠کەس و کوژرانی ژماریەکیترو دەستگیرکردن و هەتا چوونە نەخۆشخانەکان بۆ دەستگیرکردنی بریندارەکان و چوونە سەرماڵانی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و بەزۆری چەک دەستگیرکردنیان و ترساندنی خێزانەکانیان بەکوشتن وە دەستگیرکردنی هەڵسوڕوانی مەدەنی هەر لەرۆژی کۆدەتاکەوە لە دوو شەممەی پێشووەوە دەستی پێکردبوو.
ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە جەماوەریە گەورەیەی کرێکاران و ژنان و بێبەشانی کۆمەڵگا لە خوارەوە، بەدوای دوو ساڵ لە ناڕایەتیەکاندا کە ئەوکات سوپای ناچارکرد بە بەرزکرنەوەی “بەئاشتی بەئاشتی” بۆ ئاڵوگۆڕو دامەزراندنی حوکمی هاوبەشی مەدەنی و سەربازی بۆ ئەوەی خەڵک دەست بۆ چەک نەبات، بەڵام لەم خۆپیشاندانەشدا جەماوەر هەمان دروشمی “بەئاشتی بەئاشتی” ڕووبەڕووی هێرشی هەمان سەربازانی دوێنێی ئەو دروشمانە کردەوەو ئەمە خاڵی لاوازی ناڕەزایەتی ئەمجارە بوو.
هاتنەمەیدانی ملیۆنی لە خەڵک لە سەرتاسەری وڵات بەشێوەی مەدەنی و بێچەک و بەدروشمی “بەئاشتی” لەبەرامبەر جەنڕاڵەکان و سەربازانێکی کۆدەتاچی کە چاویان بەدەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و بەردەوام هەموو ڕوکنە بنچینەییەکانی ئابوری و سیاسی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، هەروا بەئاسانی دەستهەڵناگرن و مل نادەن بەدەسەڵاتی جەماوەری. بەهەمانشێوە هێزو دەوڵەتە سەرمایەدارە ناوچەیی و جیهانیەکانیش لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتێکی مەدەنی لە بەرژەوەندایاندا نیە، بەڵام بەناچاری و ترس لەو هێزە گەورە رێکخراوەی جەماوەری لەخوارەوە کەوتونەتە ناوەندگیری و جارێکی کە قسە لەسەر دەسەڵاتی دوولایەنەی جەماوەری سەربازی دەکەنەوە لەژێر ناوی بۆ کۆتایی بەو هەلومەرجە پشێویەی کە سودانی تێدایە، بەڵام لە راستیدا ترسە لەو هێزە گەورەیەی کە هاتۆتە مەیدان و دەزانن کە ناتوانن پاشکشەی پێبکرێت بە یەکجاری.
ئەگەر دەستکەوتی ئەمجارەی ئەم ناڕەزایەتیەی سودان سەرهەڵدانی لەکۆمیتەکانی گەڕەک و هەڵسوڕاوانی ئەم کۆمیتانە لە گەڕەکدا بێت و هاوکات لایەنەکانی تر بانگەوازی خۆپیشاندانی کردووە بەدژی دەسەڵاتی سەربازی، کە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هاتنەمەیدانی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا کە سوپا هەروا بەئاسانی ناتوانێت تاسەر پاشەکشەی پێبکات؛ خاڵی لاوازی ئەم ڕیزە ملیۆنیەو پاشەکشەپێکردنی ئەم خۆپیشاندانە گەورەیە ئەوەیە کە ڕێزێکی چەند ملیۆنی و بەرامبەر دەسەڵاتی سەربازی کۆدەتاچی بەدژی دەسەڵاتی مەدەنی لەژێر ناوی لابردنی ژمارەیەک جەنەراڵ و دورخستەوەیان، بە دروشمی “بەئاشتی” لە باتی چەکداربوون و چەکداربوونی کۆمیتەکانی گەڕەکە، ئەم بزوتنەوەیە لەبەرامبەر هێزە سەرکوتگەرو میلیشیا کەمایەتیەکاندا خستە بەردەم پاشەکشەی کاتی.
ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەی سودان و دەرسەکانی بە خاڵە پێشڕەوی و لاوازەکانیەوە، بەتایبەت لەنەبوونی ڕێکخراوبوونی حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاریی بۆ ڕابەرایەتی هێزێکی جەماوەری وا گەورە بەتایبەت لەگەڕەکەکانداو گۆڕینی بەشۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەکۆمەڵگەدا نەک تەنیا دەرسەکانی و کاریگەریەکانی بۆ سودان بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت. خۆپیشاندانی ئەمجارەی سودان بە رێکخراوبوونی جەماوەری و کۆمیتەی بەرگری گەڕەکەکان، ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ی سودانی تێپەڕاندو هەروەها ناڕەزایەتیەکانی دوو ساڵ لەمەوبەری لوبنان، ئۆکتۆبەری عێراق و ١٧ی شوباتی کوردستانیشی تێپەراندا کە زەروورە لەو خاڵەوە بۆ رێکخراوبوونی جەماوەری مەدەنی و چەکداری لە گەڕەکاندا دەست پێبکات، ئەمە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەبەرەژەوەندی خەڵک مسۆگەر بکات.

٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
.




شکست و ئابڕووچوونێکی دەسەڵاتدارەکەی تاران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشانێک بەسەر کۆنفرانسی بە ناوی “وەحدەت” لە تارانی پێتەخت!

ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بە ئامادەبوونی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی دەرەوەی رژێمی ئێران، کۆنفرانسی ساڵانە بە ناوی “کۆنفرانسی یەکبوون (وەحدەت)” بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا کە ساڵێک پێش ئێستا 167 کەس و ساڵی پێشووتریش 350 کەس لە بەکرێگیراوانی رژێم ئامادەی ببوون، تەنها 52 کەس بەشدارییان تێدا کرد، کە ئەوەیش بەر لە هەر شتێک گوزارشت لە دۆخی لەرزۆک و روو لە کەوتنی رژێمی ئێران دەکات. ئاماری بەشداربووان دەرخەری ئەم راستییەن کە لایەنگرانی ڕژێمی ولایەتی فەقیهی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تا چەند هەڵوەریون. پێکهاتەی بەشداربووانیش خۆی بەڵگەیەکیتری ئەم شکستە ستراتیژییەی رژێمن.
هۆکاری شکست!
لە بەر رۆشنایی پێشکەوتنەکانی موقاومەتی ئێران و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان، کە بوونەتە هۆکاری سەرەکی شکستپێهێنانی ڕژێم لە گۆڕەپانی ناوخۆ و دەرەوە و، بوونەتە هۆی ئەوەی، دەوڵەتان لەم ڕژێمە سەدەی ناوەڕاستیە دوور بکەونەوە و هاوکات بیروڕای گشتی جیهانیش بگۆڕدرێت، ئەم رژێمە لە رووی تیرۆر و کردنەوەی ناوەندی سیخۆڕی و تیرۆریستی لە وڵاتان ریسوا و بێ ئابڕوو بکرێت و پروپاگەندای ئەم رژێمە چیتر کڕیاری بۆ نەمێنێت.
رژێمێک، کە بەرپرسی سەرەکییە لە کوشتن و تیرۆرکردن و وێرانکاری و تەقینەوە لە عێراق و سوریا و لوبنانەوە تا ئەفغانستان و یەمەن و فەلەستین و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا وڵاتانی دوور و نزیک.

ناوەندە تیرۆریستی و سیخۆڕییەکانی ڕژێم لە وڵاتان!

جگە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ڕژێمی ئێران لە وڵاتان و شارە گەورەکانی جیهان، کە کاربەدەستانی ئەم رژێمە ساڵانە بڕێکی زۆر پارەی بۆ خەرج دەکەن، پێویستە بوترێت کە رژێم ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە بەناو ڕۆشنبیری و ئایینییەکانی لە وڵاتانی جیاجیا کردۆتەوە تا لە کاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت بۆ کاری تیرۆریستی. ئەندامانی بەشدار لە کۆنفرانسی ساڵانەی بە ناو یەکریزی (وحدت)یش لە راستیدا سەر بەو ناوەندانەن.
لە ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییانەدا، خەڵکی سەرانسەری ئێران روو لە عەلی خامنەیی ئەو درووشمەیان بەرز دەکردەوە کە(شەرم کە! خامنەیی. واز لە غەزە، سوریا، لوبنان و…بهێنە) و…
تاوان و بێشەرمییەک!
ئەوەی سەرەتا بە بینینی کۆنفڕانسەکە سەیر دێتە بەرچاوی بینەر، ئامادەبوونی عەلی خامنەییە بە “دەمامک” لە کۆنفرانسەکەدا. خامنەیی لە رۆژی 4ی مارسی 2019 باسی لە کۆرۆناڤیروس کرد و وتی: “ئەم بەڵایە ئەوەندە گەورە نییە و لەو گەورەتریشمان هەبووە. ماوەی ئەم ڕووداوە زۆر کورتە و نائاسایی نیە. زۆر گەورەی نەکەینەوە. دەکرێت بە نزا و دۆعا چارەسەر بکرێت”. لە رۆژی 9ی کانوونی دووەمی 2020یش لە وتارێکی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا وتی: “هاوردەکردنی ڤاکسێنی ئەمریکی و بەریتانی بۆ ئێران قەدەغەیە”.
دوای 526 ڕۆژ، خامنەیی لە رۆژی 11ی ئابی 2021 لە ترسی ڕاپەڕینی جەماوەر دەرکەوت و وتی:” کێشەی کۆرۆناڤیروس ئەمڕۆ بە بڕوای من یەکەم پرسی وڵاتە، کێشەی بەپەلە و کوشندەی وڵاتە کە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت”. هەمان ڕۆژ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە وتارێکدا نوسیوی: “خامنەیی داوای هاوردەکردنی ڤاکسین دەکات”.
کورەی کۆرنا، تاوانی خامنەیی دژ بە گەلی ئێران!
دیمەنی بەستنی کۆنفرانسەکە بیرخەرەوەی گیان لە دەستدانی نزیکەی “نیو ملیۆن ئێرانی”ە بە هۆی کۆرۆناڤیروسەوە، کە بە هەر پێوەرێک بێت تاوانێکی گەورەیە لە دژی مرۆڤایەتی و فاکتەری سەرەکیش عەلی خامنەیی و ڕژێمەکەیەتی کە گەلی ئێرانی کردووە بە قەڵغانێک بەرانبەر بە سزا نێودەوڵەتییەکان و ئەم خەڵکەی بە کورەی کڕۆنا لە ناو بردووە. تاوانێک کە تا ئێستایش هەر بەردەوامە و ڕۆژانە سەدان کەس دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتە نگریسەی رژێم. لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەتا ترسناکەیان خستۆتە پشت سەر و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.
مەبەست لە بەستنی کۆنفرانسەکە!
شارەزایانی کاروباری ئێران لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئامانجی ڕژێمی ئێران لە بەستنی ئەم کۆنگرە گاڵتەجاڕانەیە ئەوەیە کە وەلی فەقیهبوونی خامنەیی بە (ئیمام) بنوێنن بۆ موسڵمانانی جیهان و هەروەها لە وڵاتانی ئیسلامی کرێگرتە تیرۆریستەکانی خۆی چالاک بکات. عەلی خامنەیی کە وتارەکەیدا لەم کۆنفڕانسە بە بێشەرمییەوە وتی کە پێغەمبەرانیش (ئیمام) بوون! خومەینی و خامنەیی و سەرکردەکانیتری ئەم ڕژێمە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شەرعییەتی خۆیان و ڕژێمەکەیان لە خوا وەردەگرن و رژێمەکەیان رژێمێکی خوایی و پیرۆزە!
لە ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا خەڵکی سەرانسەری ئێران بە یەک دەنگ ئەو درووشمەیان دووپات دەکردەوە کە(خامنەیی قاتڵە. دەسەڵاتەکەی باتڵە و ناڕەوایە).

بەڵگەی ئابڕووچوون و شکستی ڕژێم!
ئەو کۆنفرانسە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی خامنەیی لە هەموو لایەکەوە بێ دەرەتان و لە بن بەستدایە و و لە بەرامبەر گەلی ئێران و موقاومەتی ئێران لە لێواری داڕماندایە. لەم دواییانەدا، ئاخوند موحسینیی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران و دەستنیشانکراوی خامنەیی وتی: (ئێمە لە لێواری هەڵدێرگەیەکداین کە ئەگەر بە وردی کار نەکەین هەر هەموومان دەکەوینە ناو دۆڵەکە). عەلی خامنەیی کە بە ڕوونی لە هەر هەنگاوێک پاشەکشەی رژێمەکەیدا، کۆتایی ڕژێمەکەی بەرچاو دەکەوێت، هەروەک خومەینی سوورە لەسەر سەرکوتکردن و هەناردەکردنی توندڕۆیی و تیرۆرکردن و شەڕخوازی بۆ دەرەوی ئێران. هەر بۆ ئەم مەبەستەیشە کە ئیبراهیم ڕەئیسی دەستنیشان کردووە لە پۆستی سەرۆکایەتیەکەیدا.
ئیبراهیم ڕەئیسی کە ئێستا بە تاوانبارێکی گەورەی مێژوو لە ئێران و ڕای گشتی جیهان ناسراوە، بە هۆی ڕۆڵی تاوانبارانەی لە قەتڵوعامی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1988، لەم کۆنفڕانسەدا وەلی فەقیهی بە (ئیمام) دانا و وتی: “ئیمامی گەورەمان بە دوای پێغەمبەری ئەکرەم(د) و پشت بەستن بە خوا و خەڵکدا بوو کە راپەڕی”.

یەکبوون لە ڕوانگەی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدارەوە!

باسکردنی (وەحدەتی ئیسلامی) لە زاری وەلی فەقیهی دەسەڵاتدارەوە، هەنگاوێکی فریودەرانەیە بۆ پێشبردنی تیرۆر و توندڕۆیی لە ژێر ناوی ئیسلام لە ئێران و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە دەیان هەزار کەس لە شوێنکەوتوانی شیعە و سوننە لە ئێران و دەرەوەی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن ئەم ڕژێمەوە لەسێدارەدراون یان کوشتار کراون. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئێراندا، شوێنکەوتوانی سوننە و شوێنکەوتوانی تری ئایینە ئاسمانییەکان بە توندی سەرکوت کراون. ئەهلی سوننە لە هەبوونی تەنانەت مزگەوتێک لە پایتەختی ئێرانیش بێبەش کراون و ڕژێمی ئێران ئازادیخوازانی سوننە لەسێدارە دەدات. زۆر جار مزگەوتەکانیان لە تاران و شوێنەکانی تری ئێران لەلایەن ڕژێمەوە رووخێندراون. شوێنکەوتوانی سوننە و شوێنکەوتوانی تری ئایینە ئاسمانییەکان مافی ئەوەیان نییە پۆستی سەرەکی لەو وڵاتەدا وەربگرن، لەوانەیش پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
دروشمی “هەموومان پێکەوە” کە سەرەتا لەلایەن خومەینی، دامەزرێنەری ڕژێمی ویلایەتی فەقیهەوە لە ئێران هاتە ئاڕا، دروشمێکی ساختە بوو. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە ئێران و سەرکوتکردنی کەمینەکان لە ناو ئێران و شەڕئەنگێزی دژ بە دراوسێکانی ئێران و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانیتر. ئێستا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئامانجی ئەم دروشمە “هەمووتان لەگەڵ من” بوو. واتا سەپاندنی خۆی بەسەر گەلاندا. لە ئێستایشدا هەمان شت لە پەیوەند لەگەڵ خەڵک و ئاڕاستە فیکری و نەتەوەییەکان پەیڕەو دەکرێت و هەر لەسەر ئەو بیرۆکەیە کار دەکات کە خومەینیی لەسەر بووە و بیر لە (ئومموقرای ئیسلامی) و فرەخوازی دەکاتەوە! ڕێزگرتن و پێکەوەژیان، هیچ شوێنێکی لە کەلتووری ڕژێمی ویلایەتی فەقیهیدا نەبووە و نییە. کارنامەی 43 ساڵەی رژێمی ئێران ڕوونترین بەڵگەنامەی ئەم ڕاستییەن.
ئاخوند شەهریاری، کە کەسێکی نزیکە لە خامنەییەوە لە رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2021دا دانی بەم ڕاستییەدا ناوە و دەڵێت “ئێمە تۆمەتێکی سوننەمان لەسەرە کە دەڵێن ئێوە باس لە یەکڕیزی و یەکبوون و هاوکاری و هاودڵی و یەکگرتوویی شیعە و سوننە دەکەن، بەڵام ئەوە لە دەرونتاندا نیە! بە رواڵەت شتێک باس دەکەن بەڵام بەدوای ئامانجێکیترەوەن”.

دواوتە!
کارنامەی 43 ساڵەی ڕژێمی ئێران سەلمێنەری ئەم راستییەن کە دەستەواژەی یەکبوون (وحدت) هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەرۆک و سیاسەت و بەرنامەی ئەم ڕژێمەوە نەبووە و نییە. لە هەر شوێنێک ئەم ڕژێمە هەنگاوی هەڵداوە، دابەشبوون و داڕمان و دوژمنایەتی، جێگەی پێکەوەژیان و ئاشتی و دۆستایەتی گردۆتەوە. قسەکانی عەلی خامنەیی لە کۆنفڕانسەکەیشدا گوزارشتە لە هەمان سیاسەت و بەرنامە و بەس!
کۆتایی




دوو هەڵەی ستراتیجی نەوشێروان مەستەفا لەسەردەمی گۆڕاندا.. دکتۆرعەبدولڕەحمان مەولود

هەر کەسیك نکۆلی لە ڕۆلی گۆڕان بکات لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەلگایەکی چاکتر، سەقامگیتر لەوەی هەبوو، ئەوا کەسێکی تەرەفدارەو ناتوانێ بێلایەنانە بیرکاتەوە. لەم نێوەشدا کاریگەری ئیجابیانەی نەوشێروان مستەفا لە دروستکردنی ئەم ئاراستە نوێیەی سیاسەت لە کوردستان بەراورد بە هیچ کەسی تر ناکرێت. بەلام، سەرەرای گرنگی گۆڕان بۆهێنانە کایەی سەردەمێکی نوێی سیاسەتکردن لە کوردستان و دوربینی و جیهانبینی نەوشێروان مستەفا بۆ سیاسەتکردن و بەرژیەوەندیەکانی خەلکی کوردستان ئەمیش لە کەموکوری بێبەری نییە. من لێرەدا، دوو هەڵەی ستراتیجی نەوشێروان مستەفا دیاری دەکەم. من پێموایە، ئەم دوو هەڵەیە لەو خالە سەرەکیەکانەن کە گۆرانیان بەم ڕۆژە گەیاندو ، هەر ئەوانەش وادەکەن هەستانەوەی گۆڕان بەم ناو و فۆرمەی ئیستای بکەنە مستەحیل. ئەم دوخالەش ئەمانەن:

یەکەم، دەستنەگرتن بەسەرمایەی مرۆیی گۆران.
باشترین کەمپانیای تەلارسازی ئەگەر دەست بەئەندازیارەکانی نەگرێت زۆری پێناچی مایە پووچ دەبیت. باشترین نەخۆشانەی پلەیەکی جیهان ئەگەر دەست بەپەرستارەکانی نەگریت لەکار دەکەویت. باشترین کۆمپانی بۆشایی ئاسمان کە سالانە کەشت بۆ بۆشایی ئاسمان ڕێکبخات ئەگەر دەست بە زاناکان و کرێکارەکانی نەگرێت ئەوا لەناو دەچێت، هتد. هەر لەسەرەتاوە گۆران زۆر بیمنەت بوو لەسەرمایەی مرۆیی. بۆ نمەوونە، لەژێر چاودێری کاك نەوشێروان بریاردرا کە ڕێگا بۆ خۆکاندیدکرنەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی نەدات. نییەت لەم بڕیارە هەرچی بێت، لە کۆتاییدا ئەم هەلوێستە بووە هۆی لەدەستدانی سەرمایەکی گەورەی مرۆیی لە بزووتنەوەی گۆران. ئەم بریارەی گۆڕان بووە هۆی دورخستنەوەی ژمارەیەك لەو توانایانەی کە جگەلەوەی خبرەی کاری سیاسی، ئیداری و تەخسوسیان پەیداکرد بوو، ببوون بە سیما، ناو و ناوبانگی گۆڕانیش. گۆڕان لە کاتێك بریاریدا کە ئەندام پەرلەمانەکانی ناتوانن خۆیان دوبارە کاندین بکەنەوە، لەسەرتاسەری دونیا خۆکاندید کردنەوە هیچ عەیبەی لەسەر نەبوو. لەو شوێنانەی کە بە لانکەی دیموکراسی، هەلبژاردن و پەرلەمان ناسراون بەسەدان و هەزارن ئەندام پەرلەمان هەن کە جگە لە کاری پەرلەمانتاری هیچ کاریتریان نەرکردووە لە ژیان.

تێنەگەیشتن یان لاموبالات بەرامبەر بەسەرمایەی مرۆیی گۆڕان، گۆڕانی بەم ڕۆژ گەیاند. لە ئێستاشدا هەر هەولێك بۆ چارەکردنی ئەم بابەتە بدرێت درەنگە. ئەو مەتریالە مرۆییە لەچاوەروانی گۆراندا نەماوە. هەندێکی بێهیوا بوو بەیکجاری وازی لەکاری سیاسی هێناوە، هەندێکی بوو بە ئۆپۆزیسیۆن، هەندێکی کاری سیاسی لە قالبیتردا دەکات، هەندێکی متمانەی بەهیچ کەسێکی گۆڕان نەماوە، …تاد.

دووەم، كاك نەوشیێروان شکستی هێنا لە دارشتنی بیرۆکەی دابینکردن سەرچاوەی ماڵی بزووتنەوەی سیاسی پێویستە جەماوەر بێت.

سەرەرای ئەو نەوشێروان مستەفا لەخەمی ئەوەدابوو کە فۆرمێکی نوێی حیزبایەتی لە کوردستان بێنێتەوە ئاراوە کە هاوشێوەی حیزبایەتیکردن بێت لە ڕۆژئاوا و جیاواز بێت لە حیزبی بەلشفی و ستالینی کە حیزب مەکتەبی سیاسی، ڕۆژنامەی مەرکەزی حیزبی، بنەو بارەگا ، دەزگای هەوالگیری، … تاد هەبێت، بەڵام، جگە لە گۆرانکاریەکی کەم ، ئەو نەیتوانێ گۆرانکاریەکی گەوەرە لەشێوەی کارکردنی حیزبایەتی لە کوردستاندا بێنێتە ئاراوە.

ئەم سەدەیە، بەجیاوازیەکی کەمەوە ، دوو فۆرمی سەرەکی حیزبایەتیکردن لەسەرتاسەری دونیا بەرهەم هێناوە. یەکێکیان ئەوەیە کە لە چین ، یەکێتی سۆڤیەتی و بلۆکی شەرقی کۆن و وولاتە داپلۆسێنەرەکان هەیە یان هەبوو، ئەوەی تریش کە لەوولاتانی ڕۆژئاوا، هەر لە ئەسکەندەنافیا، تاکو ئەوروپا ، ئەمەریکا و ئوسترالیادا هەیە. لەوەی یەکەمدا، حیزب پۆلێت بیرۆ (politburo) ، دەزگای ئەعلامی مەرکەزی، ئۆرگانی مەرکەزی حیزب، دەزگای هەوالگیری، زیندانی حیزبی … تاد هەیەو دەستیش بەسەر هەمو مومتەلەکاتی دەولەتدا دادەگرێت یان کەمپانیای زەبەلاحیان هەیە. بۆ نموونە، هەر ئێستا لە پەرلەمانی چین زیاتر لە دوو سەد بلیۆنێر هەن ( هەر بلێۆنیك هەزار ملیۆن دۆلارە ). لەوەی دووەمدا، حیزب هیچ ئەو دەزگایانەی نییە کە باسکمکردن. حیزب پێش هەر هەلبژاردنێك پێشبرکێەك لەنێوان ژمارەیەك لە ئەندامانی لەهەر بازنەیەکی هەلبژاردن ڕێکدەخا و کاندیدەکانی بۆ هەلبژاردن دیاریدەکات. حیزب و کاندیدەکانیش دەست دەکەن بەکۆمەك کۆکردنەوە بۆ هەلمەتی هەلبژاردنەکانیان، تاد.

تا ئەو ساتەش شێوەی باوی حیزبایەتیکردن لە کوردستاندا شێوەکاری حیزبی بەلشەفی و ستالینیە. پارتی و یەکێتی ئەم فۆرمە لە حیزبایەتیکردنیان بەمیرات لە حیزبی بەعسی ڕوخاو بۆماوەتەوە. گۆرانیش هەر لەسەرەتاوە بەهەڵە دەستی پێکرد. ئەو لەسەر بودجەی گشتی و مولکی گشتی دروست بوو، بەبێ ئەوەی مۆلەتی لە ڕای گشتی وەرگرتبێت. جا ئەگەر تەبریرێكیش هەبێت بۆ چۆنیەتی دروستبوونی گۆڕان بەپشت بەستن بە بودجەو مولکی گشتی، ئەوا هیچ تەبریرێك نەبوو بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەم شێوە لەکارکردن، کۆمپانیا دروستکردن و کارکردن لەسەر شێوەکارکردنی یەکێتی و پارتی.

دەستپێشخەری نەکردنی گۆڕان لەوەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکی مالی جەماورەی بەرێخات بۆ هەلبژارن ، هەروەها داوانەکردن لە کاندیدەکانی گۆران کۆمەك کۆبکەنەوە تاکو هەلمەتی هەلبژاردنی خۆیانی پێبەرێخەن، ئەو هەلە ستراتیجیە کوشندەیە بوو کە نەوشێروان موستەفا فیکری لێنەکردەوە، بەبیری دانەهات یان کاری پێنەکرد. واتە، كاك نەوشێروان شکستی هێنا لە دارشتنی بیرۆکەی دابینکردن سەرچاوەی ماڵی بزووتنەوەی سیاسی پێویستە جەماوەر بێت. كاتێكیش گۆڕان شکست دێنێت لەم بابەتە، گۆڕان دوور دەکەوێتەوە لەوەی ببیتە بزووتنەوەیەكی جەماوەرەی (Grassroots movement) و ناچار دەبێت دەست ببات بۆ کەرستەوەو شێوەکاری کارکردنی یەکێتی و پارتی. هەر بۆیە، بۆ نموونە، کاتێك ئەندامانی گۆڕان ڕەخنەیان دەگرت لە دەستپیسی وەزیرەکانی گۆڕان لە بەغدا، عومەری سەید عەلی وەك ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە باسی لەوە دەکرد وەزیرەکان پارە بۆ حیزب پەیدا دەکەن. ئەمەش سەرەتای کۆتایی گۆڕان بوو.

بەداخەوە، تازە مارکەو براندی گۆڕان تەواو بوو. حیزب وەك هەر کەماپانیایەکی بازرگانی کە متمانەی کڕیاری لەدەستدا، ئیتر هیچ (CEO) یەك یان سەرۆکێك ناتوانی پشتی ڕاست بکاتەوە. بەلام، سەرەرای کۆتایی گۆران یان مانەوەی وەك دوکانێکی سیاسی، کۆمەلگای کوردستان لەهەموو کات زیاتر وێلی سەردەمێکی سیاسی نوێنن کە كاك نەوشێروان دەستپێشخەر بوو لە هەولدان بۆ داهێنانی ئەم سەردەمە نوێێە لە سیاسەتکردن لە کوردستان.

هەولەکەی کاك نەوشێروان، یەكەم هەولی جدی بوو بۆ دروستکردنی ئاراستەیەکی نوێ لە سیاسەتکردن لە کوردستان، بەلام زۆربەی کات هەولەکانی یەکەم و دومەیش شکست دێنن. سەیری سەڤن ئاپ (7up) بکەن، بۆیە پێی دەلێن سەڤن ئاپ، چونکی شەشی هەولی پێشتری داهێنەرەکەی شکستی هێناو لە حەوتەمدا سەرەکەوت و بۆیە ناوینا سەڤن ئاپ. ئەوەی گرنگە کۆلەندانی ئەو کەسانەیە کە بروایان بەچاکسی لە سیستەمی بەرێوەبردن و حوکمرانی کوردستاندا هەیە.

تاکو ئیستا لە سولەێمانی ڕەوت و بزووتنەوەی جۆراوجۆر دروست بوون، لەوانە ڕیکخراوەکەی دکتۆر بەرهەم، نەوەی نوێ، گۆڕان، ڕەنگە رەوتی كاك لاهوریشی بێتە سەر. ئەمانە ئەگەر بەیەکەوە کاربکەن و بەسەر جیاوازیەکانیان سەرکەون و ” ئاراستەی دیموکراتی نوێ” پێك بێنن و ڕێکەون لەسەر کۆتایی هێنان بەمۆدیلی حیزبی بەلشفی لەکوردستاندا و کەموکوریەکانی گۆڕان تێپەرێنن، ئەوا دەتوانن ببن بەدیلی یەکێتی و پارتی. ئەگەرنا، کۆمەلگای کوردستان لەبەردەم شکستێکی گەورەدایە، سەرتاکەی بە نەمانی یەکێتی و پارتی دەست پێدەکات، بەلام بەچی دەگات دیار نییە. شکستێك زۆر گەوەرەتر دەبێت لە نسکۆی ئەیلول، شکستی ڕیفراندۆم و دۆرنداندنی سامانی سروشتی کوردستان.

دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود
پرۆفسۆری یاریدەر، زانکۆی لۆریە، واترلۆ ، کەنەدا




منم عاشقی ئازادیی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە گاگۆڵکێی ژانەوە
من لەناو دڵیدا ترپە ترپمە
لە هەر کۆڵانێک گوڵ بپلیشێتەوە
من پرسە دائەنێم
لە هەر ماڵێک نان نەبێت
من سفرەیەکی نیگەرانم
لە هەر شوێنێ ژنێک بکوژرێ
من فلوتی ماتەمینیم
من لە یەک کاتدا
برینێکی ساڕێژنەبووی دێرین و
رەشەبایەکی مەلوولی رەنگ پەڕیوم،
لە شەقامی رەهێڵە و گەردەلوول
لە دایکبووم و
لەناو بێشکەی مەراقی
گەلێکی پەژمووردەدا پێم گرت
گەنجیم بەخشی
بە ئازادیی نیشتمانێکی لاقەکراو و
ئێستا سەر و ریشی ماش و برنجیم
خستۆتە نێو کۆشی غوربەتێکی دڵڕەقەوە
من لە یەک کاتدا
لە سولالەی شێخی نەهری و
تفەنگە ماندووەکەی مەلیک مەحموودم،
پەتی گەردنی “قازی”یە
لە ملی ئازادیم ئاڵاوە و
خوێنی ئەنفالە
وەک کانی لە جەستەم هەڵدەقووڵێ و
تاکو عەرعەر و نوگرە سەلمان
رێچکە ئەبەستێ
عومەری خاوەر پاسپۆرتە جیهانییەکەمە و
پێنج هەزار پەپولەی هەڵەبجە میدالیای بەرۆکمە
گۆڕی بە کۆمەڵ و ئەبوغرێب ناسنامەمە و
پێشمەرگە شەرەفی نەتکاوە
گەریلا پاسەوانی خەونەکانمە
من لە یەک کاتدا میراتگری شێخی پیران و
بەیتێکی هیچ کات نەگوتراوی (ئەحمەد خانی)م
رەشەبای سلێمانیم و
گڕی چاوەکانی بابەگوڕگوڕ
تووڕەییەکانمە لەو قەمچییانەی
قەعقاع و حەجاجەکان
لە ئەسپی سەرکەشیمی ئەوەشێنن
قەڵای هەولێر
سەری بڵندی کوردبوونمە و
چوارچرای مهاباد
زنجیری پچڕاوی دەستەکانمە
قامیشلۆ و ئامەد
دوو بووکی تارا رەشی دیرۆکی منن و
لە زاوای نیشتمانەکەم زەوت کراون
من لە یەک کاتدا
چاویلکەکەی شەهید ئارام و
چڵە نێرگزێکی گوندی ئەڵمانە و
سەر گۆڕی کاک فوادم
رووسووریی ژنە ئێزدییەکی شەنگالم
کە چڵکی بیابانشینەکان و
شمشێری غەزەوات
نەیتوانی پەڵەیەک
لەسەر بێگەردییان دروست بکا
نەبەزینی “کوبانی”م
کە تەپڵی سەرکەوتنمی تێدا لێدرا و
بوو بە گۆڕستانی قالۆنچە رەشەکانی دنیا
نرکە نرکی خۆڕاگریی
زیندانی شوومی “ئەوین”م
کە عەمامە و مێزەری ئایەتوڵاکانی تێدا
ریسوا کرا و
بەدەم چڕینی سروودی ئەی رەقیب و
بژی کوردەوە
زەندەقی ریش رشکاوییەکانی تارانی تیا برا
من لە یەک کاتدا
خوێنی پەڕەمووچی شەرەفخان و
گوللەی بڕنەوەکەی “بارزانی”م
خوێنی بەناهەق رژاوی قاسملۆ و
شەوە درێژەکانی ئیمراڵی و
نێو زیندانەکەی ئاپۆم
بەرخۆدانی چیاکان و
خۆپیشاندانەکانی شارم
دەستێکی پۆڵاینم هەیە
بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان
دەستەکەی تریشم
ئاوریشمە بۆ ئاشتەوایی
خاوەنی سەروەریی
خوێناویی “گوردانی شوان” و
داستانی ئەفسووناویی
هەندرێن و دابان – هەلاجم
من لەیەک کاتدا
هەڵبەستێکی پڕ ورەی مەلا عەلی و
تەڵێکی پڕ نەعرەتەی
سازەکەی شڤان پەروەرم
ژن پێشڕەوی شۆڕشمە
و گڕی لەشی زیلان و
پەتی رزیوی سێدارەکەی لەیلا قاسمم
هەشت هەزار جامانەی
لە خوێنا سووربووی بارزانم
رووناکیی هەردەم نەکوژاوەی ئاتەشگا و
بریسکە و مەشخەڵی
داگیرساوی مەزدا ئاهورام
گوندی لە خاچدراوم و
شاری خنکێنراوم
هاواری سەربەخۆیی و
نەسیمی ئازادیم
سەرەخۆرەی سەدام و
ئەتاتورک و شای گۆڕ بەگۆڕم
من کوڕی رەسەنی نیشتمانێکم
لەشیان پڕ برین کرد
کەچی ئەو هەر لە جێی خۆیەتی
دڵیان هەپروون هەپروون کرد
کەچی ئەو هەر نەمرد
خەردەلیان کردە چاوەکانی
کەچی هەر ئاسۆ ئەبینێ
من لەیەک کاتدا
فرمێسکی بەخوڕی
دایکێکی رەشپۆش و
زەردەخەنەی پەلکەزێڕینەیی
منداڵە شەهیدم
منم لە میدیاوە
تاکو ئێستا کۆت و زنجیر ئەکرێم
بەڵام لە کۆتاییدا
هەموو زنجیرێک ئەپچڕێنم
منم شاعیری کوردستان
منم عاشقی ئازادیی.




ونبە،.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ونبە، کە شارەکان…
لە کتێبی شیعرێکتا،،
خۆی حەشار ئەدا، وونبە،،
کاتێ شەمەندەفەرێکی سپی..
دڵت ئەبا، وونبە،،
کاتێ کچە ڕەشپۆشی..
پاشماوەی جەنگ،،
قژی سپیان،،
لە ڕوباری خەمی بێ ژوانا،،
شانە ئەکا، وونبە،،
کە پێڵوی هەورەکان ،
لە فرمێسک ڕژانی..
دوای نیوەشەوی خوێنا…
ووشک ئەکا، وونبە، ،،،
کاتێ بەندەری مەنفا..
گیتاری ڕۆحت ،،
لە بێستانی مۆری خۆشبەختی..
لەدەستچوو ئەبا، وونبە،،،
لە سەفەرێکا،،
بە نێو خەرابستانا!
بە نێو ئافاتە قەشەنگە..
یەک لەدوای یەکەکانا!،،
وونبە، کە ووشەکانت،،
لە سپێدەیەکی قورمزی هەناو خوێنا!
تەرە ئەبن، سەربەست ئەبن،،
ئەبنە پۆلە نەورەسی شین ،
بە ئاسمانێکی ناکۆتاو بێسنورا،،
وونبە،،
نامۆبە، شاعیربە،
نیگاکە، لە گوڵە شەڕانگێزە…
سرکەکان،،
لە نزرگە ئاسنینەکانا!
وونبە، با گڕکانی دڵت،،
شەوەئەنگوستەچاوی بەیداخی ڕەش،،
هەنجڕ هەنجڕ کا،،
وونبە، لە کەنار دەریا..
وەک شەپۆلێ ،،
وەک ئاوازێ،،
ئێستا تەواو ئەبێ،
گرنگ نیە،،
لە ساتێکی تر،
پریشکەی دڵ،،
خامۆش ببێ،
وەک هارمۆنیکا،
ئێستا ئاوازێک بە،
وەک هەور، ،،
جەستەی خۆی ببارێنێ،
تۆ وونبە،،
نمەیەکی…
کەم تەمەن بە،،،
باکت نەبێ ،
کام گوڵە لەیلەکی عاشق،،
بە مەی ڕژاوی ڕۆحت،،
سەرخۆش ئەبێ!

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی هؤڵەندی
Vincent van Gogh




بۆچی ترەمپ و زۆرینەی کۆماریەکان مەترسین بۆ دیموکراتیەت؟.. ئاوات ئەسعەدی

ئەگەرچی جۆ بایدنی دیموکراتەکان ساڵێ بەر لەئیستە (لە 2020/11/3) لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی وڵاتی بە 269 کورسی (بەرامبەر بە 232 بۆ دۆنالد ترامپ) بێ چەندوچوون بردەوە، کەچی تا ئەمڕۆش ترەمپ و لایەنگرە پەڕگرەکانی، نەک هەر بالۆرەی بوونی ساختەکاری لەو پرۆسانەدا ئەجونەوە، بەڵکو زۆر بەجدیش لە هەوڵی ئەوەدان، قانوونی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە، بە بەهانەی ئەو بانگاشە چەواشەیەی بەردەوامن لەسەری، بە شێوەیەک بگۆڕن، کە پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر سەخت بکات.
لە 43 ولایەتدا پەرلەمانتاران 250 پڕۆژەقانوونیان ئامادەکردوە. لە هەندێ شوێنیشا بۆیان رەخساوە، هەندێ لە قانوونەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن. بۆ نموونە لە تێکساس و جۆرجیا و فلۆریدا چیتر دەنگدەر ناتوانێت بە درایڤ ئین (Drive in)، کە زیاتر ئەفرۆئەمریکاییەکان بەکاری ئەهێنن، دەنگبدات. کاتی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان کورتکراوەتەوە. قانونی هەڵبژاردن بە نامە توندکراوە. دەسەڵاتی چاودێرانی پارتەکان بەهێزتر کراوە. هتد.
سەبارەت بە بانگاشەی روودانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانا، نەک هەموو داواکانی لایەنگرانی ترەمپ لە دادگاکانا رەت کراونەتەوە، بەڵکو وەزیری دادی ئەو کاتەی ئەمریکا، ویلیام بار، کە زۆریش دڵسۆزی ترەمپ بوو، لەگەڵ ئەو درۆی ساختەکاریە نەبوو و دواتریش دەستی لە کار کێشایەوە.
ئەوەش راستە، کە ترەمپ کەسێک نیە، بە راستگۆ ناسرابێت. لێکۆلەڕانی رۆژنامەی واشنتن پۆست لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی ترەمپدا 30573 وتەی “درۆ” و “چەواشە”ی ئەم کۆماریەیان ئیسپات کردوە.
بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتاییە نایەت: بەپێی راپرسینێک، کە لەسەر داوای CNN ئەنجام دراوە، لە 78٪ لایەنگرانی کۆماریەکان بڕوا بە ترەمپ ئەکەن، کە گوایە ساختەکاری رووی داوە. بەمەش ترەمپ هەر بەگشتی دڕدۆنگیەکی بەهێزی لای لایەنگرانی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتیدا دروستکردوە. واتە ترەمپ بۆی لواوە، لای لایەنگرانی “ڕاستی بکاتە درۆ و درۆش بکاتە راستی”.
ئەم کردارو رەوشتەی ترەمپ و زۆرینەی کۆماریەکان بنکۆڵ کردنی دیموکراتیەتە.
ئەگەر کار وابڕوات، ئەوا ئەو جیاوازیە نامێنێت لە نێوان هەڵبژاردەکانی وڵاتێکی “پێشەنگی دیموکراتی” وەک ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکتاتۆری وەک چین و روسیا و بێلاروس وهتد.
ئەمەش دیارە زۆرینەی وڵاتانی بەدبەختی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەگرێتەوە.
لەم وڵاتانەشدا، کەبێگومان مەحاڵە بێ مستێک یان کۆڵێک لە ساختەرکاری پڕۆسەی هەڵبژاردنی “دیموکراتی” بەڕێوە بچێت، متمانەبوون بە شێوەسیستەمێکی “دیموکراتی” پتر دووچاری شکستهێنان ئەبێت، هەر وەک چۆن دواجار لە پرۆسەی هەڵبژاردەکانی عێراقا بینیمان.




رۆژنامەی دەنگی کرێکار ژمارە ٢٧

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 27 کلیکی ئێرەبکەن…




ترەیلەری “چوار دیوار”ی “بەهمەنی قوبادی” لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

ترەیلەری فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی “بەهمەنی قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” هاوکات لەگەڵ نمایشی لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” لە وڵاتی ژاپۆن بڵاوکرایەوە.

فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” The Four Walls لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەنی قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” Roger Waters موزیکزانی بەناوبانگی جیهان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی هەرمانی “پینک فلۆید” Pink Floyd بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا و بە ڕۆل بینینی “ئەمیر ئاقایی” و چەندین ئەکتەری دیکە لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا ڕۆژی سێشەمە 2ی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” Tokyo لە وڵاتی ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و ترەیلەری ئەم بەرهەمە هاوکات لەگەڵ نمایشەکەی لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەدا بڵاوکرایەوە.

دوای یەکەمین نمایشی “چوار دیوار” لەم فێستیڤاڵەدا یەکێک لە ڕخنەگرانی سینەمایی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا گوتی کە ڕۆڵ بینینی “ئەمیر ئاقایی” وەکوو “ڕۆبێرت دێنیرۆ” Robert De Niro ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان دەچێت.

“بەهمەنی قوبادی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە وێڕای ستایش لەم ئەکتەرە ئێرانییە گوتی کە ئاقایی لە ماوەی سێ ڕۆژ پێش کاتی وێنەگرتن؛ بە بیر و تێگەیشتوویی خۆیەوە، لە خوڵقاندنی ئەو کەسایەتییەی کە تیایدا نواندنی کرد، ڕۆڵێکی کاریگەری بینی.

لە “چوار دیوار” حەوتەمین بەرهەمی بڵندی “بەهمەنی قوبادی”؛ “حوسێن جەعفەریان” بەڕێوەبەری وێنەگرتن،”حوسێن عەلیزادە”، “بەهمەنی قوبادی” و “ودات ییلدریم” Vedat Yıldırım ئاوازدانەر، “هایدە سەفی یاری” مۆنتێر و “بەهمەن ئەردەڵان” دەنگدانەر بوون و تیایدا “فۆندا ئێریگیت” Funda Eryiğit، “فاتیح ئاڵ” Fatih Al، “باریش ییلدیز” Bariş Yildiz لە تەنیشت “ئەمیر ئاقایی” ڕۆڵیان بینیوە.

سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” بە سەرۆکایەتی “هیرۆیاسۆ ئاندۆ” Hiroyasu Ando لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سینەمای ژاپۆن، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی “ئیزابێل هۆپێر” Isabelle Huppert ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی و بە نمایشی زیاتر لە 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “داهاتووی ئاسیا”، بەشی “هەڵبژاردەی گاڵا”، بەشی “تەرکیز لەسەر سینەمای جیهان”، بەشی “ئەنیمەیشنی ژاپۆنی”، بەشی “جیهان، نیوەگۆی باکوور”، بەشی “سینەمای کلاسیکی ژاپۆن” و … بە شێوەی ئامادەبوون لە ڕۆژانی 30 ئۆکتۆبەر تا 8ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://2021.tiff-jp.net/en/lineup/film/3401CMP06

https://wetransfer.com/downloads/ee1a9c255c80a7c55b5b842ef49b65c820211103051853/04dfea

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “چوار دیوار”.