زۆڵ و زۆڵناسی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی-5- ئازاد حەمە

بەشی پێنجەم
ئازاد حەمە

دەستپێک: زۆڵناسی

زۆر لەمێژەیە نیازمەندین پوخت و پاراو لە زۆڵ بدۆێین، لەو کەسە بدوێین، دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازین بڵێین: فەلسەفە ئەمجارە هاتووە و بەندەی لەگەڵ خۆی ڕاپێچی نێو گفتوگۆیەکی زێدە پێویستی کۆمەڵایەتی کردووە. هەر بۆیە لەم کورتە نوسینەدا سەرەتاتکێیەکی شکۆمەندانە لەتەک فەلسەفە، لەتەک ئەو باشەیەی فەلسەفە لەتەک بەندەدا کردوویەتی، دەکەین و وەک ئەرکێکی ڕەوشتیش، بە پێویستی دەزانین ڕوانگەی خۆمان تایبەت بە دیاردەیەکی گەمار، چڵکن و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردی بخەینەڕوو، کە ئەوەش دیاردەی زۆڵ و زۆڵیەتییە.
ئەو نیەتەی لەدووتۆێی ئەم باسەدا مەبەستە پێکانی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی کوردین. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەین ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی یاسای (شەرعی) لەدایکدەبێت و کەچی کەسێکی زۆڵەشەیتانی قۆڵبڕ، بێوەفا، هەلپەرست، بێباک و دژە بەهایە.
کێ زۆڵە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵ؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زیرەکی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە زانکۆیەک پرۆفیسۆر بیت؟ لەناو حیزبێک وەزیر یان ئەندامی سەرکردایەتی بیت؟ یەکێک بیت لە ڕوناکبیرەکانی شار (شێوەکار، شاعیر، نوسەر، ڕۆماننوس، شانۆکار، موزیسیان)؟ پزیشکێکی ناسراوی بواری تەندروستی بیت؟ یاخود پەروەردەکارێکی دیار بیت؟
لە سۆنگەی ئەم باسەوە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکان شیرازەی کۆمەڵگەی ئێمەیان لەبەر یەک ھەڵوەشاندوەتەوە. زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکى بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا (نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن. لێرەدا هیچ دورناڕۆین گەر بلێین: ژمارەیەکى بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری تاڵبەنی کۆمەڵگەن و لە داتەپاندن و گەندەڵکردنی ئەو نێوەندانەش بەرپرسیارن. لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، دەبینین سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و ڕۆشنفکری بی بەها و قێزەوەنکراوە.
چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکرێت، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان شۆرکردووەتەوە ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان.
لێرەوە ئێمە بە پێویستمان زانیوە قسە لە زۆڵ بکەین و بچینە ناخی وشەدانی زۆڵ و ئەو دیاردە قێزەوەن و ناشکۆمەندانەی کەسی زۆڵ لەناو خێزان و پەروەردە و دواتر کۆمەڵگە بەگشتی دروستیدەکات. هێما بەوەش دەکەین، کە تا سیاسەتی هەڵە بەردەوامبێت، کە لە نادادپەروەری و گەندەڵی بەرپرسیارە، زۆڵ دەبێتە نەجیب و شکۆمەند و ژیربێژی کۆمەڵگە.
زۆڵەکانی ئەو سێ نێوەندە خەریکن ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی پێویستە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات زۆڵناسی زەقکەینەوە بۆ حاڵیبوون لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتی، بۆ ئەو دۆزەی زۆڵ دروستکەریەتی لە کۆمەڵگە، کە سەرلەبەری دۆزەکەش لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی.
سەرئەنجام، کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بێباکیشن بەرامبەر بە ئاییندەمان. زۆڵەکان ڕۆژانە نەمامی ناشرینی و دزێوی دەچێنن و لەوسەرەوە بە باشە بە ئیمەی دەفرۆشنەوە. ئێمە لەوەش حاڵیین، کە قسە لە زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی قسەوباسی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لەم نوسینەدا کەمترینی ئاوڕیلێدراوەتەوە.

وشەدانی زۆڵ

زۆڵ لە زمانی گشتی و باو و بازاڕی دا بە کەسێکی قێزەوەن، حەقیر، فێڵباز، گزیکەر و قۆڵبڕ دێت. وەکیتریش، زۆڵ بەپێی فەرهەنگ و وشەدانە کوردییەکان بەم جۆرە دێت: بیژی، حەرامزادە، قومەزە، ئەردە، بیژوو، ئەو مناڵەی لە باوکێکی ناڕەوا و ناشەرعی بووە، یان زۆڵ کەسێکە باوکی خۆی ناناسێتەوە.
لە زۆربەی فەرهەنگە عەرەبیەکان (وەک الصحاح، لسان العرب) زۆڵ بە نغل دێت، بەو کەسە دەشوبهێنرێت پیسکەر، شێوێنەر و تێکدەری شتە. لەم حاڵەتەدا زۆڵ ئەو کەسەیە لە پەیوەندییەکی ناشەرعی(نایاسایی) bastard لەدایکدەبێت، کە پێیدەڵێن (ابن الزنا، أو ابن الحرام، أو ابن غير شرعي)، ڵێ لەم نوسینەدا هیچ کات ئێمە لەم دیدەوە سەرنج ناخەینە سەر زۆڵ. لەبەرئەوە، ئەو زۆڵەی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی لەدایکدەبێت جیاوازە لەو زۆڵەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە. زۆڵ بەمانای مناڵی نایاسایی و لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی جیایەیە لە زۆڵی فێڵباز. زۆڵەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری زۆرجار کەسانی زۆر بایەخ پێدەرن بە بەها و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی. زۆریک لەو زۆڵانەش، کە لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی لەدایکبوونە خەڵکی بلیمەت و دانایان تیاهەڵکەوتووە.

زۆڵەکان پێشیان دەوترێت شەیتان

زۆڵەکان، ئەوانەشن، کە پێیان دەوترێت شەیتان. ئەم جۆرە زۆڵە داهێنان لە فێڵ و تەڵەکەبازیدا دەکات، کە پێشیان دەوترێت شەیتان لەبەرئەوەیە لە خەڵەتاندن و تەڵەنانەوە بۆ ئەوەیتر زیرەکن. ڕەنگە کارلۆس غوسن Carlos Ghosn، سەرۆکى پێشووى کۆمپانیاى نیسان و ڕینۆ، نموونەیەک بێت لەسەر زۆڵەزیرەکەکان. “هەندێک دەڵێن لەناو سندوقێکی موزیک بەیارمەتی تیمی خزمەتگوزاری تایبەتی خۆی لە ژاپۆنەوە توانیویەتی بۆ لوبنان هەڵبێت”. ئەمەیە زۆڵ، کە خۆی دەخاتە ئاستی پارچە موزیکێک. مافیاکان زۆر شتی لەم جۆرەیان کردووە، چ بۆ گواستنەوەی کۆکاین و هێرۆین، چ بۆ بڕینی سنورەکان. هەر بۆخۆی ڕێگا تازەکانی فرۆشتن و گەیاندنی بارمتە، هێرۆین، قاچاخ و پارەی دزراو زۆرترین ژیریی زۆڵانە و شەیتانانەی تیادەکرێت. ئەوەی لە فیلمەکانیش دەیبینین بەشیکی کەمن لەوەی لە دۆسیەی پۆلیسخانەکانی وڵاتاندا هەیە. بۆیە زۆرجار بۆ بەغیلیبردن بە زۆڵێکی لەو جۆرە دەوترێت ئای لەو زۆڵە! ئاو لەو شەیتانە!

زۆڵایەتی بووە بە پیشە

بۆ بەشێک لە زۆڵەکان زۆڵایەتی بووە بە پیشە. ئەڵبەتە پیشەێکیش، کە پێویستی بە ژیرییە. زۆڵ دەشێت ژیر بێت، لێ زۆڵ ئەو ژیرە نییە، کە دەدرێتە پاڵ موزیسیانێکی وەک هایدن، رۆماننوسێکی وەک دەستەێڤسکی، یان شیوەکارێکی وەک کاندینسکی، یاخود فیزیاناسێکی وەک نیوتن. ژیریی زۆڵ لەوەدایە، کە چۆن ئامانجەکانی بپێکێت؟ چۆن بگات بە مەرامی خۆی؟ چۆن ئەوە بکات کە بیگەێنێت بە لوتکە؟ کەوابێت، کەسی زۆڵ نیەت پیس و تێکدەرە. ئەوە دەکات بۆ خۆی چاکە. هیچ شتێکی پێ عەیب نییە و هیچ کەسێکی لە خۆی زیاتر بەلاوە گرنگ نییە. خەمی خۆیەتی و بەس. خەونی زۆرە، گشت ئامانجی ئەوەیە بەرەو لوتکە بچێت، بەڵام چ لوتکەیەک، بۆ ئەوانیتر تەپۆلکەش نییە!
قەد هەڵە ناکەین گەر بڵێین: دەتوانین لەناو وتاری ناسیۆنالیزم و وتاری ڕوناکبیریماندا دەیەها زۆڵە سیاسی و ڕوناکبیر ببینینەوە، کە دەگەی زۆریان لە کردەی سیاسی و ڕوناکبیریمان داوە. ئێستاش هەمان بەزم لە نێوەندی ئەکادێمیمان خۆی دووبارەدەکاتەوە. نەگبەتییەکە لەوەدایە ئەو سێ نێوەندە هەستیارە پڕبووە لە قۆڵبڕ و کلاوچی، لە کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و فێڵباز، کە خەمی خۆیان سەرووی گشت خەمەکانە. بۆیە هەمانە زۆڵە و وەزیرە، جێگری وەزیرە، موزیسیانە، رۆماننوسە، پارێزگارە، شاعیرە، شێوەکارە، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبە، پارێزەرە، پرۆفیسۆرە، عاشقە و……….. . بەمجۆرە پێویستە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەوەنی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان هەڵبگرین. تا زۆڵیش لە ڕوناکیبیر و ئەکادێمیست و سیاسی ڕاستەقینە جیانەکەینەوە ئەو سێ نێوەندەمان بەدەست زۆڵیەتی ئەو زۆڵانەوە دەناڵێنێت.

زۆڵەکانی مێژوو

کەسانێک هەن، کە بە زۆڵی لەدایکبوونە، قەدەریان وابووە لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی بێنە دونیاوە، لێ مرۆڤایەتی تائێستاش قەرزاریانە. لەوانە، کۆنفووشیوس Confucius ی بیرمەندی چینی، لیۆناردۆ دا ڤینچی Leonardo da Vinci ی وێنەکێش و بیرکاری ئیتالی، تۆماس پاین Thomas Paineی چالاکەوانی سیاسیی ئەمریکی-ئینگلیسی،لاورانسی عەرەب Lawrence of Arabia، ئێڤا پێرۆن Eva Peron ی ناسراو بە ئێڤیتە، هاوسەری سەرۆکی ئەرجەنتینی و چەندینی تر. بەشێک لە زۆڵەکانی مێژوو ، کە خەڵکی بلیمەتیان لێدروستبووە، هەستیان بە ئازاری زۆڵبوونی خۆیان کردووە و لەناو خەڵکیش کەسانێکی بە ئازاربوونە و باجی زۆڵ بوونی خۆیان داوە، بەڵام هەرگیز زۆڵبوونی خۆیان بۆ خەڵەتاندنی کۆمەڵگە بەکارنەبردووە.

زیرەکی (ژیری) و زۆڵی

زۆڵەکان لە فێڵبازی و تەڵەکەبازیدا سەرسامتدەکەن. ئەوە دەکەن بیریلێنەکراوەتەوە. دەیانەوێت وێنەیەکی ئەوتۆیان لەسەر دروستبێت، کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی تێگەیشتووی بە هۆش، بە ئاوەز و هوشمەندن. هەر لەبەرئەوە زیرەکی (ژیری) و زۆڵی، یان زیرەکی کەسی زۆڵ جێیسەرنجە. ئەمەش بەزۆی لەبەرئەوەی زۆڵەکان زیرەکیشیان پێدەوترێت. زۆڵەکان ژیرییەکی خۆیانیان هەیە. ژیریەکەیان بۆ خۆیانە و بەس. ژیری و زیرەکی زۆڵەکان تەنیا خزمەت بە خۆیان دەکات. گشت ڕێگایەک، ئەڵبەتە بیرلێنەکراو، دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئامانجەکانی زۆڵەکان هەردەم چەپەڵ و قێزەوەنە. زیرەکەزۆڵ ئەو زیرەکە، سمارتە، نییە کە دەدرێتە پاڵ ئەنیشتاین، یان ئەدیسۆن. زیرەکە زۆڵ کەسێکی زیرەکە لە هەلپەرستی و چاوچنۆکی، لەبەرئەوەی گرنگی بە بەهاکان نادات بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی ئامادەیە فێڵ لە نزیکترین کەسی خۆی بکات. داهێنان لە گزی و تەڵەکەبازی پیشە هەمیشەییەکەیەتی. بۆچوون و دیدی ئەوەیتر دەدزێت و دەیکات بە هی خۆی. زۆڵە زیرەکەکان، کە فێڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەن، شێتی پۆست و پلەو پایەن. زۆڵ ئامادەیە ببێتە موزیسیان، شاعیر، ئەندام پەرلەمان، پارێزەر، لێ بە ڕەچەڵەک ڕۆحی لە هیچیشیانەوە نزیک نییە.

زۆڵ و مەرام

زۆڵەکان کار بۆ مەرامی خۆیان دەکەن. ئەمە کاری بەردەوامیانە. گشت ئەوەی زۆڵی داگیکردووە مەرامەکانیەتی. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. زۆڵ کاری پێتە تا مەرامەکانی تەواو دەبێت. ئەمە کێشەکە نییە. کێشەکە ئەوەیە مەرامی زۆڵەکان کۆتای نایەت. زۆڵ واتە مەرام. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. کاتێک کەسێک دەستدەداتە زۆڵی واتە باشترین پەیوەندی بە مەرامەوەیە. مەرامی زۆڵەکان بوونیشیانە. بوونی زۆڵەکان بە مەرامەکانیانەوە گرێدراوە. زۆڵەکانی نێوەندی ئەکادێمی تەنیا کارەساتبار نیین بۆ خودی نێوەندەکە، بگرە شێوێنەری نێوەندەکانی تریشن(سیاسیی و ڕوناکبیریی). گلانی نێوەندی ئەکادێمی بە سیاسەتەوە تاکە خەونی زۆڵەکانە، لێ بەهۆی ئەم گلانەوە سیاسەتیش نالەبار و قێزەوەندەکەن. سیاسەت، کە کاری دروستکردنی یەکسانییە لە کۆمەڵگە(ڕانسیێر)، زۆڵەکان کاری سیاسەت لەناو جەرگەی سیاسەت و لە نێوەندی ئەکادێمیش قێزەوەندەکەن. بوونی زۆڵ لە نێوەندی ئەکادێمی و هەوڵی زۆڵە ئەکادێمی بۆ لێکئاڵانی زانکۆ بە سیاسییەوە تاکە هیوایە لەبەردەم زۆڵە ئەکادێمی بۆ خۆپاراستنی لە داڕمان و ژێرکەوتن.
گومانی ناوێت زۆڵبوون لەگەڵ ئەکادێمیبوون یەکناگرێتەوە، بەڵام زۆڵ دەروەسنایەت نێوەندی ئەکادێمی بەهۆی زۆڵیەتییەکانیەوە چی بەسەردێت. زۆڵی، کە پەتایەکی زیانبەخش و مەترسیدارە، لەگەڵ زۆڵی زۆڵ دا نەبێت لەگەڵ هیچ شتێکی تردا یەکناگرێتەوە. زۆڵ دەروەس نییە بەوەی، کە زانکۆ پێویستە شوێنی زانین و ڕوناکبیری بێت. بۆ زۆڵ باشترین شوێن ئەو شوێنەیە، کە پاشاگەردانی تیایدا سەروەرە.

زۆڵ و قەشمەر

ڕاستە زۆڵەکان قەشمەری بە کۆمەڵگا و بەتایبەت بەهاکان، لەسەرووی هەموویانەوە ڕاستگۆیی، دەکەن، لێ زۆڵەکان خۆشیان قەشمەری کۆمەڵگەن. زۆڵەکان کاتێک بۆیان دەردەکەوێت قەشمەری کۆمەڵگەن، کە شکستدێنن. بەس ئەو کاتانەی زۆڵەکان براوەن تا ئەوپەڕی گاڵتە بە کۆمەڵگە و خودی ژیانیش دەکەن. ژیان ، کە قێزەوەن و بێ بەها بووە، لە زۆر ڕووەوە دەستی زۆڵەکانی کۆمەڵگەی تیایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی زۆڵەکان دوژمنی گەورەی ڕاستی و داد و یەکسانیین. ئەمان، زۆڵەکان، بۆیە هەن چونکە بەرهەمی درۆ و بێ دادی و نایەکسانیین. واتە ڕەچەڵەکی ئەمانە بە بێدادی، بە بێ بەهاییەوە گرێدراوە. بێ بەهایی و گاڵتەجاڕی ماهیەتی زۆڵەکانە. زۆڵەکان هیچ شتێک بە جدی وەرناگرن، ئەوە نەبێت، کە دەینکات بەوەی هەبن. هەن لەبەرئەوەی حورمەتیان بۆ بەهاکان نییە.
قەشمەرجاری زۆڵەکان قەشمەرجارییە پێش هەموو شتێک بە شتە جدییەکان، بە مرۆڤی جدی و دڵسۆز. زۆڵەکان لە جدی دەترسن و گەمەشیان بە ڕۆحپاکی و میهرەبانی دێت. بۆ زۆڵ بلیمەتی بوونی نییە، گەر هەشبێت ئەوا بریتییە لە زۆڵی. بۆ زۆڵەکان بلیمەتی زۆڵیەتی تیانەبێت مانای نییە.

زۆڵی و فتبوون

زۆڵ پێیوایە هەر هەیە. ئەم بوونی خۆێ بە بوونی زۆڵییەوە بەستوەتەوە. زۆڵ باوەڕی بە فتبوونی خۆی نییە. زۆڵ وایبۆدەچێت تا زۆڵی مابێت، تا ئەو ژیرییە هەبێت، کە زۆڵ لە زۆڵیدا بەکاریدەبات فتنابێت. واتە زۆڵەکان باوەڕیان بە شکست نییە، یان با بڵێین: زۆڵەکان گاڵتەیان بە شکست دێت. بۆ زۆڵ شتێک نییە ناوی دۆڕان بێت. دۆڕان لە مەزهەبی زۆڵ دا نییە، چونکە زۆڵ بە زۆڵیەتی هاوکێشەکانی دۆڕان دەگۆڕێت بۆ بردنەوە. دۆڕان بۆ زۆڵ شتێکی کاتییە و هەستانەوەش هەر دێت. لەبەرئەوەی زۆڵ گاڵتەی بە ڕەوشت دێت، بۆ زۆڵ دوای دۆڕان فێڵی تازە و زۆڵیەتی نوێ چارەسەرە.

زۆڵ بێ شکۆیە

ڕەوشت چییە؟ پرسیارێکە، کە بۆ زۆڵ بوونی نییە. زۆڵ لە پرسیاری وا ڕادەکات. بۆیە یەکێکی تر لە خەسڵەتەکانی زۆڵ بی غرورییە (بی شکۆییە). زۆڵ ناتوانێت شکۆی هەبێت. زۆڵ و شکۆ یەکناگرنەوە. زۆڵ ناتوانێت شکۆدار بێت، چونکە زۆڵ شکۆداری تێناگات. شکۆ، کە بە ڕەوشتەوە گرێدراوە، بۆ زۆڵ بێ بەهایە. بۆیە ژیان بۆ زۆڵ لە گشت شوێنکدا بوونی هەیە لەناو غروردا نەبێت، لە هەموو جێگایەک ئامادەیە ئەوێ نەبێت، کە ڕەوشت تیایا سەروەرە. لەم سەروبەندەدا زۆڵ کاتەکانی، تەمەنی، بە بێ غرور بەسەردەبات. بەپێی ئەوەی درۆ، خراپە و چەپەڵی لەژێر کردە و ڕەفتاری زۆڵەکان شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت شکۆ ناتوانێت دڵخوازی زۆڵەکان بێت.

سەرئەنجام

چی لەو چەند لاپەڕانەی لای سەرەوە حاڵیبوین؟ ئەوە حاڵیبووین، کە زۆڵەکان دروستکەری پاشاگەردانین، دوژمنی سەرسەختی بەهاکانن، گرنگی بە ڕەوشت نادەن. زۆڵەکان گەر بایەخ بە ڕەوشت بدەن نابنە زۆڵ، ناگەنە مەرامەکانیان. زۆڵەکان ژیرن لە بانگەشەکردن بۆ شت، ئەو شتەی مەبەستیانە و پێویستیانە. زۆڵەکان سواڵی پۆست، سۆز، دەنگ و هەموو شتێک دەکەن تەنها هەیبەت و شکۆداری نەبێت. زۆڵەکان خۆیان بە شەهید نیشاندەدەن. وێڕای ئەوە، غەمی کۆمەڵگەی کڵۆڵی ئێمە بەدەست زۆڵەکانەوە هەم كۆن و هەم تازەیشە، لێ زۆڵەکانی سەردەمی ئایتی، کۆمەڵگەی ئێلکترۆنی، جۆرە غەم و پەژارەییەکی تر بۆ ئێمە دێنن، جیاوازتر کاری دزێوی خۆیان ئەنجامدەدەن. ئەمانە، زۆڵەکان، کە بەربەستن لەبەردەم ڕەوشتباشی ئێمەدا، سەرسوڕھێنەرانە لێرە و لەوێ زۆڵیەتی خۆیان پراکتیزەدەکەن. ئەمە وادەکات بێژین: پێویستە زۆڵی لە کۆمەڵگە ریشەکێشبکەین و خۆمان لە چڕنووکی بەدییەکانیان بۆ هەمیشە دەربازبکەین.

ئەوەی، کە چارەنوسی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان بکەوێتە دەست زۆڵەکانەوە دیاردەیەکی تاڵ و خه‌مبارانه‌یه، کڵۆڵیهێنەر و بەشمەینەتییە. بەهۆی هەڵپەرستی و مامەڵەی پیسی ئەمانەوە کۆمەڵگە شێواو و تێکچڕژاوە. هەر لەبەر ئەوە، جێی خۆیەتی بڵێین: گەر لە کار و ڕەفتاری زۆڵەکان لەو سێ نێوەندەی هێمامان بۆکرد بڕوانین، دەبینین چەندین لێکەوتەی ترسناک و شەرمەزارئامێزی لێکەوتووەتەوە. زیانمەندی یەکەمی ئەم لێکەوتنەوەیەش خەڵکە، خەڵکە بێ پەنا و دڵساف و بەئەمەکەکانە.
لە کۆتاییدا ئەوەش هەر پرسیارێکی دەستکارینەکراوە، کە کێ دەکارێت بۆ لەمەودوا ئارکیۆلۆژیای (هەڵکۆڵینناسی) زۆڵ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بنوسێت؟ گرنگە نوسینی ئەو بەشە، چونکە زۆڵەکان گاڵتە بە کوردایەتی، مرۆڤدۆستی و گشت بەهاکان دەکەن.




لێبوردەیی: لە بژاردەیەکی ئاکارییەوە بەرەو مافێکی دەستووری.. د. سەربەست نەبی.. و. هاوڕێ خالید

ساڵی 1995 تۆلێرانس* وەک پێداویستییەکی ناچارەکی بۆ داکۆکیکردن لە شکۆی مرۆڤبوون، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی دەستەیەک یاسا فۆرمەلە کرا. بەمە جەخت لەوە کرایەوە کە تۆلێرانس نەک هەر بژاردەیەکی ئاکارییە بەڵکو لە بنەمادا مافێکی سروشتی مرۆڤە. بەمەش خەسڵەتێکی حەتمی دەستووری و فەرمی پێبەخشرا.
لەم وتارەدا ڕوناکبیری کورد (سەربەست نەبی) تێپەڕینێکی خێرایە دەکات بە چەند وێستگەیەکی مێژووی بیری لێبوردەییانەی فەلسەفی.
جاڕنامەی پرەنسیپەکانی لێبوردەیی، کە لەلایەن یونسکۆ (مۆسکۆ/1995) ەوە ڕاگەیەندراوە، ئەمە بەدەر لە تێنووس و گرنگییە ئاینیی و ئاکارییەکان، لێرەدا چەمکی لێبوردەیی چیتر تەنیا پابەندییەکی ئاکاری نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسی و یاساییە بە ئامانجی ئاشنابوون بە مافە جیهانییەکانی مرۆڤ و زامنکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەوانیتر.
سروشتی بارودۆخی مرۆیی کۆمەڵگانی ئەم چەرخە بە گشتی مەحکومە بە پێکەوە ژیان و ململانێ لە هەمانکاتدا. ئەمەش پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر لێبوردەیی هەیە لە کۆمەڵگا فرە کولتوورییەکان کە پڕن لە شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی جیاواز و هەمەجۆری تێڕوانین و باوەڕی جۆراوجۆر لەوێدا چەمکی لێبوردەیی گرنگیی و پێگەیەکی سێنتڕاڵ وەردەگرێت. لێبوردەیی لە فۆرمی نموونەیی و ئامانجەکی بیرو باوەڕ، هیچ مانایەکی نییە…….. ڕاینەر فۆرێست لە کتێبی لێبوردەیی ململانێدا جەخت لەسەر پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان بەرهەڵستی و ململانێ دەکاتەوە ئاماژە بەوە دەکات لێبوردەیی لەناکۆکییەوە سەری هەڵداوە و لە هەناوی ناکۆکییەکانی نێوان مرۆڤەکان لەدایک دەبێت.
ناتوانرێت لێبوردەیی تەنها وەک بەهایەکی ئاکاری پەتی جیا لە مێژوو و پێشکەوتنەکانی هەژمار بکرێت. لێبوردەیی تەنیا پرەنسیپێک نییە کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە حەزی تێپەڕاندنی دژە واقیعی ئێستای پێ جێبەجێ بکات، بەڵکو پشت بە کولتووری زاڵی سەردەمەکان و پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی دەبەستێت. ئەگەر چەمکی لێبوردەیی بە جیا لە چوارچێوە مێژووییەکەی بخەینەبەر باس و وەک بوونێکی سەربەخۆ و ئەبستراکت بەبێ لەبەرچاوگرتنی کۆنتێکستە مێژووییەکەی، ئەوا سەرجەم بەها مرۆیی و پراکتیکییەکان لە دەستدەدات.
لە چوارچێوەی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هزری ڕوشنگەرى و کڵێسای مەسیحی لەماوەی سەدەکانی 17 و 18 یەمدا، چەمکی لێبوردەیی بەرزکرایەوە ئاستی فەلسەفاندنی چەمکە فەلسەفییەکان. هەرچەندە زۆر لەمەو پێشتر بابەتی ڕەنگدانەوەی فەلسەفی و فەرمایشتە ئایینی و ئەخلاقییەکان بوو. وتە بەناوبانگەکەی سوکرات کە دەڵێت ” من یەک شت دەزانم؛ ئەوەیە کە من هیچ نازانم” تەرخانکراوە بۆ هۆشیاریی لێبوردەیی لە ڕێگەی ناسینەوەیەکی قوڵی ئەو زەلیلییە دەروونییەی کە پێدەچێت ڕای ئەویتری تێدا قبوڵ بکرێت و هاوکات لەگەڵیدا ناڕازیش بێت. هەمان شتیش لەسەر ئیمام شافعی هەیە کە دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوتبێتی “ڕای من ڕاستە، دەکرێت هەڵە بکات و ڕای تۆش هەڵەیە، کە پێدەچێت ڕاست بێت”، بەڵام بوێرترین و ڕوونترینیان بەیاننامەیەکە کە بۆ ئیمام جەعفەری ئەلسادق دەگەڕێتەوە کە تێیدا بە سووربوونێکی ئەخلاقی ئەو دەڵێت: “بێگوناهی هەر گوناهە”. کارل پۆپەر لە گوتاری فەلسەفی هاوچەرخدا پرەنسیپی “هەڵەی بێ بەرامبەر” ی دامەزراند، کە تێیدا لە ڕوانگەی ئەبستیمییەوە جەختی لە ڕێژەیی بوونی حەقیقەت کردەوە. لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە دانی بە پێویستی جیاوازی و شەرعییەتی دانا.

ڤۆڵتێر شکۆی جیاوازی و لێبوردەیی بە ڕستە بەناوبانگەکەی بەرز کردەوە و وتی: “لەوانەیە من لەگەڵ تۆدا ناکۆک بم، بەڵام خوێنی خۆم دەدەم لە پێناو مافی قسەکردنت” جیاواز لە کۆتاییدا، فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت باسی لە کاریگەری خۆبەزلزانی وشەی “تۆلێرانس” کرد. گۆتەش، بە هەمانشێوە، بە زەلیلی و ڕیسوایی دەزانێت. ئەو پێی وایە کە پێویستە لێبوردەیی کاتی بێت و هەندێکجار ببێتە هۆی ناسینەوەی لە کۆتاییدا. ڕادیکاڵترین ئەڵمانی فریدریک نیچە پێیوابوو کە ئامانجی مرۆڤ لە ژیاندا گەڕانە بەدوای هێز و دەسەڵاتدا بۆیە داوای لێبوردەیی هیچ شتێک نییە جگەلە مەزهەبێ بۆ کۆیلە و لاوازەکان کە خاوەنی خواست و توانای تۆڵەسەندنەوەن. بەبۆچوونی ئەو، لێبوردەیی نیشاندەری بێسەروبەریی و دەرخەری ملکەچی و تەمومژایەتی و هەروەها زۆر سوکایەتی و ڕیسوایی بۆ کەرامەتی مرۆڤ. مارکسی ڕوسی لیۆن ترۆتسکی پێناچێت پرسیار لە سودی لێبوردەیی بکات: نزیکەی هەزار ساڵە ووتراوە “دوژمنەکانت خۆش ببە” و “ڕوومەتی ڕاستت بگۆڕە…” تەنانەت باوکی پیرۆزی ڕۆمانیش سەرکەوتوو نەبوو لە ئازادکردنی خۆی لە ڕق و کینەی نەیارەکانی. ناسینەوەی مەهاتما گاندی، پیرۆزی ناتوندوتیژی، لەم ڕووەوە بە شێوەیەکی زۆر گرنگ دەمێنێتەوە کاتێک گوتی” من حەزم لە لێبوردەیی نییە، بەڵام ناتوانم لەو باشتر بدۆزمەوە” ئەو خۆی بە ناچاری زانی کە دان بەوەدا بنێت کە شتێک هەڵەیە. باشترین شت بوو کە دەیبینی و ئەو باشترینە لەو شتانەی دەیبینێت.
کورت و پوخت؛ لێبوردەیی ئاماژە بە هەڵوێست دەکات بەرامبەر بە بیر و بۆچوون و باوەڕ و بەرژەوەندی ئەوانیتر. هەروەها ڕەنگدانەوەی توانای کەسێکە بۆ ژیان لەگەڵ شێوازەکانی عادات و ڕەفتاری خۆی. لێبوردەیی پێویستە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و کۆدەنگی لەسەر پرسە ناکۆکەکان و تێڕوانینی جیاواز و شکاندنی بەرژەوەندییە ناکۆکەکان بەبێ پەنابردن بۆ سەرکوتکردن و توندوتیژی و دوورخستنەوە… لە کۆتاییدا ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە؛ ئایا لێبوردەیی واتای ئەوەیە کە ئێمە لێبوردەبین بەرامبەر بە نا- لێبوردەکان؟




کۆریای باشوور لە وڵاتێکی دواکەوتووەوە بۆ وڵاتێکی گەشەسەندوی جیهان.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کە باسی کۆریای باشوور دەکەین، یەکسەر چەند وێنەیەکی جوانی ئەم وڵاتە دێتە پێشچاومان. وڵاتێکی گەشەسەندووی ئابووریی و مۆدێرن، لەپەنا ئەمەشدا کۆمەڵێک پاڵەوانی درامای تەلەفزیۆنی، کۆمەڵێک ئامێری ئەلکترۆنی دەبینین. ئەمانە هەموو ئەو وێنانەی کەلەبەردەم چاوی ئێمەدان. لەراستیدا بۆ من کۆریای باشوور جگە لەو وێنانە، کۆمەڵێک وێنەی جوانی تری لە پێش چاومە و وایکردووە کە ئەم وڵاتەم خۆشبوێت و گرنگی پێبددەم.
کاتێک سەیری مێژووی ئەم وڵاتە دەکەین، دەبینین کە ئەمیش وەکو زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بەدەست برسێتی، هەژاریی، دواکەوتوویی و کۆمەڵێک کێشەی ناخۆیی و دەرەکییەوە ناڵاندوویەتی. بەڵام ئەم گەلە بڕیارییداوە کە خۆی رادەستی ئەم کێشانە نەکات و کار بۆ جیهانێکی باشتر بکات، بەمشێوەیەش سەرکەوتووبوە.
بە بڕوای من گەلی کۆریای باشوور لەم 50 ساڵەی پێشوودا، سێ شۆڕشی ئێجگار گەورەی کردووە، یەکەمیان: شۆڕشێكی ئابووریی، کە ئەم وڵاتەی لە هەژاریی و برسێتیی و دواکەوتوویی رزگار کرد و کردیە زلهێزێکی ئابووریی جیهانی. دووەم شۆڕشی گرنگیش، شۆڕشێکی سیاسی بوو، بەتایبەتی لەم 30 ساڵەی دواییدا، توانییان بە هێمنیی و بەبێ رژانی خوێن و پشێویی نائارامی، کۆتایی بە سیستمی دیکتاتۆریی و سەربازیی بهێنن و سیستمێکی ئازاد و دیموکرات بونیات بنێن.
سێیەمین شۆڕشیش، دەتوانم بە شۆڕشێکی کەلتووریی وەسفی بکەم، لەم 30 ساڵەی دواییدا، کۆریای باشوور لە بواری پێشخستنی دراما و فیلمی کۆریدا گەشەی گەورەی بەخۆوە بینی، جگە لەوەش لە بواری سیستمی پەروەردەییشدا، بەهەمانشێوە بووە پێشەنگی وڵاتانی جیهان. بەهۆی ئەم سێ شۆڕشەوە، گەلی کوریای باشوور توانیی، نەفەسی ئازادی هەڵمژێت و قۆڵی لێهەڵماڵێت و لە هەموو کەرتەکانی تردا پێشكەوتن و داهێنانی گەورە دروست بکات.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکی بچووک بخەمە سەر ئەم وڵاتە و چەند زانیارییەکی سنووردار لەبارەیەوە بڵێم. گرنگی ئەزموونی ئەم وڵاتەش بۆ ئێمەی کورد دەربخەم، هەرچەندە لە وتارێکدا ناتوانین باسی تەواوی ئەم ئەزموونە بکەین، کە ئێستا لە تەواوی جیهاندا، لێکۆڵینەوەو کتێبی هەمەجۆری لەبارەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

ئەوپەڕی ئاسیا
کۆریای باشوور دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیاوە، لە چاو وڵاتانی تر، هێندە گەورە نییە و کۆی گشتی رووبەری دەگاتە 99 هەزار کم چوارگۆشە،ژمارەی دانیشتوانیشی دەگاتە 51821000 کەس. لە باکوورەوە کۆریای باکوور، لە خۆرهەڵاتەوە ژاپۆن، لە خۆرئاواشەوە، کۆماری میللی چین دراوسێیەتی.

مێژوو
کۆریا خاوەنی مێژووییەکی دێرین و پرشنگدارە و خاوەنی شارستانییەتێکی مەزنە، بەتایبەتی ساڵانی فەرمانڕەوایەتی ” شیلا Shilla کە لە نێوان ساڵانی676 تا935 حوکمیان کردووە، هەروەها فەرمانڕەوایەتی Koryo کە لە ساڵانی 935 تا 1392 حوکمیان کردووە، دواتریش فەرمانڕەوایەتی Choson 1392 تا 1910 حوکمیان کردووە. کۆرییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێشخستنی شارستانی مرۆڤایەتی. ئەم مێژووە پرشنگدارەش رۆڵی گەورەی هەیە بەسەر کۆمەڵگەی ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتەوە.

داگیرکاری ژاپۆنی
هەمیشە ژاپۆن گەورەترین مەترسی بووە بۆ گەلی کۆریی، ژاپۆنییەکان چاوی تەماعکارییان لە کۆریا بووە. دواجار ساڵی 1910 بەیەکجاری ژاپۆن کۆریای داگیرکرد و هەتاوەکو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی لە ساڵی1945 ، کۆریا لە ژێر حوکمی داگیرکاری ژاپۆنی بوو.
داگیرکاری ژاپۆنی بە یەکێک لە قۆناغە ترسناک و ناخۆشەکانی کۆریا دادەنرێت و ملیۆنان کەس بوونە قووربانی حوکمی تۆقێنەرو نامرۆڤانەی ژاپۆنییەکان. زیاتر لە2.5. ملیۆن کۆری ، وەکو کۆیلە لە کارگەکان و سەربازگەکاندا بەزۆرەملێ کاریان پێدەکرا، جگەلەوەش ژنانیش وەکو کۆیلە لە سەربازگەکان لەلایەن سەربازی ژاپۆنییەوە پەلاماردەدران و ئەتک دەکران، هەربۆیە ساڵانی حوکمی ژاپۆنی لە کۆریا، ئازارێکی گەورەی لە ناخی هەموو کۆرییەکدا بەجێهێشتووە.

کەرتبوونی کۆریا
لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەلی کۆریی کەمێک هەوای پاکی ئازادیی و سەرفرازی هەڵمژیی و لە کۆتوبەندی داگیرکارێکی دڵڕەق و خوێنمژی ژاپۆنی رزگاری بوو کە دۆزەخێکی گەورەیان بۆ گەلی کۆری دروست کردبوو. بەڵام بەداخەوە هەر لەپاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، جەنگێکی نوێی جیهانی دەستیپێکرد کە ئەویش جەنگی سارد بوو لە نێوان ئەمریکا و روسیادا. بەڵام ئەم جەنگە لە کۆریادا سارد نەبوو بەڵکە گەرم بوو، ئەوەبوو کۆریا بووە یەکەم مەیدانی ئەم جەنگەی نێوان ئەم دوو زلهێزە، جەنگی سۆڤێتی و ئەمریکی لە نێوان کۆرییەکاندا هەڵگیرساو لە ساڵی 1950 وە دەستیپێکرد هەتاوەکو ساڵی 1953 ی خایاند، لەم جەنگەشدا بەشێکی زۆری خاکی کۆریا وێران و خاپوور بوو، جگە لەوەش بووە هۆی کوشتنی نزیکە 5 ملیۆن خەڵکی مەدەنیی و سەرباز، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، لە هەمووشی خراپتر خاک و گەلی کۆریا بەسەر دوو کۆریادا دابەشبوون، کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم دابەشبوونە بەردەوامە.

شۆڕشێکی ئابووریی
هەتاوەکو کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو، کۆریای باشوور یەکێک بوو لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان، ساڵی 1970 کۆی گشتی داهاتی نیشتمانی تەنها 6 ملیارد دۆلار بوو لە ساڵێکدا، بەڵام لەم پەنچا ساڵەی دواییدا بەتایبەتی لە کۆتایی هەشتاکانەوە، ئەم وڵاتە هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە دەنێت، دیارە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسیی و ئابووریی و ئیداری رۆڵی گەورەیان لەم بازدانە گەورەیە و گەشەسەندنە خێرایەی کۆریای باشووردا بینیووە. لەپێش هەمووشیانەوە، بوونی نەخشەیەکی بەهێزی دەوڵەت، بۆ پێشخستنی کەرتەکانی پیشەشازیی، کشتووکاڵ، گەشتیاریی. جگە لە باشکردنی و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیی و بازرگانی. لەپەنا دەوڵەتیشدا کەرتی تایبەتیش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لەم گەشەسەندنەدا و چەند کۆمپانییایەکی گەورەی کۆریش لەدایک بوون لەوانە: سامسونگ، هیواندای، ئێل جی” و چەند کۆمپانیاییەکی تر، کە رۆڵیان لەپێشخستنی ئەم وڵاتەدا هەبووە.
ئێستا گەشەی ساڵانەی دەگاتە 2٪ ، پلەی 17 هەیە لە جیهاندا. لەرووی هەناردەشەوە ساڵانە 543 ملیارد دۆلار شمەک هەناردە دەکات و پلەی 7 هەیە لە جیهاندا،لەرووی هاوردەشەوە پلەی 9 هەیە لە جیهاندا،ساڵانە 503 ملیارد دۆلار شمەک هاوردە دەکات. بەرهەمی گشتی ساڵانەی 1646 ملیارد دۆلار، پلەی 10 هەیە لە جیهاندا. هەموو ئەمانەش وایکردووە کە داهاتی تاک 31850 دۆلار لە ساڵێکدا، پلە10 ی هەیە لە جیهاندا.
ئەزموونی کۆریا لە بواری گەشەسەندنی ئابووریدا، بووە قوتابخانەیەک بۆ زۆر وڵاتی تری ناوچەکە، بەتایبەتی چینییەکان، زۆر سوودیان لە ئەزموونی کۆری وەرگرتووە.

لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسیی
کۆریاش وەکو زۆرێک لە وڵاتە ئاسیاویی و تازەپێگەیشتووەکانی تر، لەلایەن هێزی سەربازییەوە حوکم دەکرا سیستمێکی دیکتاتۆری هەبوو، بەڵام لە پاش ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشوو، ئەم وڵاتە بوو بە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراسی، ئەزموونی ئەم وڵاتە لە رووی هەنگاونان بۆ دیموکراسی و دامەزراندنی حوکمێکی مەدەنیی و پلورالیستی و ئازادیی، نموونەیەکی جوانە لە جیهاندا، کە دەکرێت زۆر لە دەوڵەتانی تری جیهان سوودی لێوەربگرن بەتایبەتی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو.

شۆڕشێکی کەلتووری
کۆریا جگە لە چەکی ئابووریی و سەربازیی، خاوەنی چەکێکی مەزنی تریشە کە ئەویش دەتوانم بە چەکی کەلتووری یان نەرمەهێزی کۆریا وەسفی بکەم. پێمخۆشە لەم وتارەدا تیشکێکیش بخەمە سەر ئەم لایەنە جوانەی کۆریا.

جیهانی سەیری درامای کۆری دەکات
لەماوەی پێشوودا درامایەکی کۆری تەواوی جیهانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە و لە تەواوی میدیاکانی جیهاندا باسی لێوەدەکرێت کە ئەویش درامای Squid Game، هەندێکیش دژی دراماکەن چونکە رۆحی توندوتیژیی زۆری تێدایە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سکای نیوز بێت، تەنها لەماوەی 28 رۆژی یەکەمدا، نزیکەی 111 ملیۆن بینەری هەبووە. لە ئەمریکا کە خاوەنی هۆڵیودە، ئەم درامایە یەکەم بووە. ئەم درامایە لە 94 دەولەتی جیهاندا پەخش دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتانیشدا یەکەمە.
دیارە پیشەشازیی دراما و فیلمی کۆریی لەچاو وڵاتانی تری جیهاندا گەنجە، سەرەتاکانی بەرهەمهێنانی دراما دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961 کاتێک بۆیەکەمجار کەناڵی تەلەفزیۆنی لە کۆریای باشوور کرایەوە. سەرەتا زۆربەی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و دراماکان، سیمایەکی سیاسیی و دژی کۆمۆنیست و کۆریای باکوور بوون،بەڵام لەپەنا سیاسەتی رەسمی دەوڵەتدا، تەلەفزیۆن رێگەی خۆشکرد بۆ لەدایکبوونی درامای کۆریی.
هەتاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 1990 یش، زۆربەی دراماکانی کۆریا زیاتر قاڵبێکی سیاسییان هەبوو، کەمتریش رۆمانسیی و کۆمەڵایەتیی بوون، بەڵام لە دوای ساڵانی نەوەتەکانەوە، ئیتر درامای کۆریی لە چنگی دەسەڵاتی دەوڵەت دەردەچێت و دەبێتە پیشەسازییەکی بەهێزی ئەم وڵاتە. ساڵ لە دوای ساڵیش گەشەی زیاتر دەستێنێت و ئەمڕۆش بۆتە کەرتێکی زۆرباشی ئابووری ئەم وڵاتە. ساڵی 2013 داهاتی کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمی فیلم و دراما گەیشتە نزیکەی 3.5 ملیارد یۆرۆ، بۆ ساڵی 2019 گەیشتە نزیکەی 6.5 ملیارد یۆرۆ. ساڵ لە دوای ساڵیش گەشەی زیاتر دەستێنێت.
جگە لە سوودی ئابووری، سوودێکی گەورەی تری درامای کۆری، گەیاندنێکی پەیامی کەلتوورییە، جگە لە زاڵبوونی هەژموونی کۆریی بەسەر وڵاتانی تردا ئەویش لەرێگەی دراماوە، ئەمەش چەکێکی ترە بەدەست ئەم وڵاتەوە.

سیستمی پەروەردە
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی تری کۆریای باشوور بوونی سیستمێکی پەروەردەو خوێندنی زۆر پێشکەوتووە کە لە جیهاندا بە یەکێک لە سیستمە پێشكەوتووەکانی بواری خوێندن و پەروەردە دادەنرێت. دیارە بۆ دانانی ئەم سیستمەش، ماوەی چەندین ساڵی پێچووەو کۆمەڵێک سیمای تایبەتی هەیە. لە ساڵانی 1950 تا 1955 نزیکەی 80% ی کۆرییەکان نەخوێندەوار بوون، بەڵام پاشان حکومەتی کۆریای باشوور چ لە سایەی رژێمی دیکتاتۆری سەربازیی یان دیموکراسیدا، گرنگییەکی ئێجگار گەورەیان بەکەرتی پەروەردەو فێرکردن داوەو ساڵانە نزیکەی 20%ی بودجەی دەوڵەتی بۆ دانراوە. ئەمەش وایکردووە کە ئێستا سیستمی پەروەردەی کۆریای باشوور لە لیستی 10 باشترین سیستمی پەروەردەو فێرکردنی جیهان بێت. ئەمڕۆ لە کۆریای باشوور 191 زانکۆی هەمەجۆر هەیە. 10 پەیمانگەی بواری پەروەردە، 40 پەیمانگەی هەمەجۆر کە بواری زانستیی و ئیداریی و تەکنیکی و تەکنۆلۆجی دەگرێتەوە. ساڵ لە دوای ساڵیش کەرتی پەروەردەو فێرکردن و لێکۆڵینەوەی زانستی، لەم وڵاتەدا پێشدەکەوێت، ئەوەش بە پلەی یەکەم بەهۆی پشتگیریی دەوڵەت و بە پلەی دووەمیش بە پشتگیریی کۆمپانیا ئەهلییە گەورەکان.

ئەزموونی کۆریای باشوور بۆ کورد
ئەزموونی کۆریای باشوور بۆ ئێمەی کورد لە چەندین رووەوە زۆر گرنگە، چونکە ئەم وڵاتەش وەکو ئێمە، پێشتر وڵاتێکی پاشکەوتووبو لە هەموو روویەکەوە وڵاتێکی هەژار بوو، بەڵام پاشان توانی ببێتە زلهێزێکی ئابووری گەورەی ئاسیا و جیهان. لەرووی سیاسیشەوە ئەزموونی ئەم وڵاتە گرنگە، چونکە پاش چەندین ساڵ لە حوکمی سەربازیی و دیکتاتۆری، دواتر بووە نموونەی وڵاتێکی ئازادو دیوکراسی، ئەزموونی کۆریاش لەرووی دیموکراسیەتەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. خۆشبەختانە ئێستا لەناو نووسەران و دەزگا و میدیای کوردیدا گرنگی باش بە ئەزموونی کۆریای باشوور دەدرێت، یەکێکیش لەو هەوڵانە کەمایەی دەستخۆشی لێکردنە، وەرگێڕانی کتێبی ” ئەزمونی کۆریای باشوور” کە لە لایەن کاک سابیر عەبدوڵڵا کەریمەوە کراوە بە کوردیی و دەزگای ئایدیا چاپیکردووە. ئەم کتێبە کۆمەڵێک زانیاریی باشی تێدایە لەبارەی ئەزموونی ئەم وڵاتە، کە بۆ خوێنەری کوردی زۆر گرنگە.

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەزموونی کۆریای باشوور یەکێکە لە ئەزموونە پێشكەوتوو سەرکەوتووەکانی جیهان لە بواری گەشەسەندنی ئابووریی و و سیاسی و فەرهەنگی، هیوادارین هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی گەلی کۆریای باشوور وەربگرێت بەتایبەتی لە رووی گەشەسەندنی ئابووریی و هەنگاونان بەرەو سیستمێکی ئازادیی و دیموکراسیی و سەروەری یاسا و دژایەتییکردنی گەندەڵیی و دانانی سیستمێکی باشی پەروەردەو فێرکردن و پشتگیرییکردنی کەرتی درامای و فیلمی کوردیی.

سەرچاوەکان:
1/ ئەزموونی کۆریای باشوور. وەرگێڕانی سابیر عەبدوڵڵا کەریم. دەزگای ئایدیا. 2020
Südkoreas Schüler büffeln bis tief in die Nacht. www.suedkurier.de/2

Kultur als Wirtschaftsmacht am Beispiel der Koreanischen Welle. www.grin.com/3

/4مسلسل كوري يحطم الأرقام القياسية.. رغم خطورة مشاهدته.. www.skynewsarabia.com

Südkorea: Bildung und Wissenschaft. www.daad.de/5

Koreas Geschichte




تیرێک بۆ شەرەف.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

تا نۆرەی هات، سەت جار وەڵامەکەی لە دڵی خۆیدا پراوە کرد. دڵی خێرا لێی دەدا، ئارەقەی کردبوو، ناو زاریشی وشک بووبوو. مەسەلە متمانە نەبوو، بەس لای قورس بوو لەبەردەمی مام و ئامۆزاکانی قسەی دڵی خۆی بکات.
بریا یەکەم کەس با، ئێستە وەڵامی دابووەوە، کۆڵی سووک بووبوو.
“هیچ خەونێکم نییە، بەس حەزم لێیە لێدەم و بوکتم.” کاتێ کەسی یەکەم وای گوت، سی و هەشت پیاوی جەمەدانی لەسەر وێکڕا تەقینەوە، هێند پێکەنین ئاو لە چاویان هات. وەڵامدەر شاگەشکە بوو، کەیفی دنیای بەخۆی دەهات.
ئەو تاسا بە کاردانەوەی مام و برازا و خاڵەکانی. ئێ خۆ ئەوە وەڵام نەبوو. پێی وابوو ئەوان لە پرسیارەکە نەگەیشتوون. تەماشایەکی باوکی کرد، هەستی پێی کرد بە وەڵامەکە تێکچووە و بەسەر خۆیدا ناهێنێت.
ئەو پێی خۆش نەبوو باوکی ئەو پرسیارەی کرد، بەڵام دەیزانی بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە دەکات. دەیزانی دەیەوێت لە ڕێی ئەم جۆرە پرسیارانە هانی برازاکانی بدات بخوێنن و بخوێننەوە، جدی بن لە قوتابخانە. دەیشیزانی بۆ باوکی هانی خۆی و ئامۆزا و خاڵۆزاکانی دەدات، بۆ ئەوە بوو مەرهەمی برینی خۆی بکات، ئەو خوێندنی لە کیس چووبوو.
“دەمەوێ وکی بابم سێ ژنی بینم.” کەسی دووەم وای گوت. کاردانەوەی دیوەخان لەوەی یەکەم خراتر بوو. دەستخۆشییان لە وەڵامدەر نەدەکرد، بە باوکیان دەگوت، “وەڵلاهی پیاوی.”
ئەو سەری داداوە و شەرم دایگرت. بەراوردی وەڵامەکەی خۆی دەکرد لەگەڵ هی ئەوان. تێگەیشت ئەوان تێنووی چ جۆرە وەڵامێکن. ئەوان حەزیان لە مەجلیسی باوکی بوو، بەس کە دەهاتە سەر مەسەلەی جدی، دەیانکردە گەپ.
باوکی جارجار هەمووانی لە ماڵی خۆی بۆ ئێوارەخوانێک کۆ دەکردەوە. هەموو جار دەیگوت با خزمایەتییان سارد نەبێتەوە، با منداڵەکانی ئامۆزا و مام و کەسوکاریان بناسن. ئەم جارە، دوای نانخواردن، مەجلیسەکەی بە پرسیارێک گەرم کرد. نەک هەر کچەکەی، بگرە براکانیشی حەزیان لە پرسیارەکە نەبوو.
ئەو تاکە کچ بوو لە مەجلیسەکە. کچەکانی تر خەریکی قاپ شووشتن بوون لە حەوشە. لەوێ مەجلیسیان گەرم کردبوو. باس باسی جل و مکیاج بوو. چەند جارێک بانگیان کرد، نەچوو. لای چەپی باوکی دانیشتبوو.
باوکی دەستی لە کوڕەکانی شووشتبوو. وەک خۆی نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن. وەک خۆی نا. خۆی زیرەک بوو بەس دۆخەکە لەبار نەبوو. کوڕەکانی تەمبەڵ بوون و زێتر چاویان لە مفتە بوو. ئەو بووبووە جێی هیوای باوکی. تا پۆلی هەشت ساڵانە هەر یەکەم دەبوو. دەیانگوت، “کچەکەی حاجی ڕەسوڵ دەبیتە دختۆر، وەڵا بابە تەواومان کرد.”
ئەو چاوی لە دکتۆری و ئەو شتانە نەبوو. بەرزتر دەیڕوانی، خەونی گەورەتری هەبوو.
“ئەمن نازانم خەون و مەون چییە، جارێ بەس دەزانم قۆپییەی بکەم.” باوکی بە وەڵامی کەسی سێیەم حەپەسا. ویستی لێی قیت بێتەوە و ئامۆژگاری بکات، بەس کە بینی باوکی وەڵامدار هیچ ناڵێت و پێی پێدەکەنێت، هیچی نەگوت. یەک لە ئامۆزاکانی گوتی، “ئەرێ وەڵا وەستای قۆپییەیە لە مەکتەب.” قاقای پێکەنین بڵندتر بوو.
لەو دەمەی یەکێ ئاوی گێڕا. ئەو پەرداخێک ئاوی هەڵقوڕتاند، کەچی دەمی هەر وشک بوو. چەندە سەرقاڵ بوو بە وەڵامەکەی خۆی، سێ ئەوەندە ئاگای لە باوکی بوو چەند بەو وەڵامانە شلەژا بوو. چەند جارێک ویستی واز بێنێت و بچێتە مەجلیسی قاپ شووشتن، بەڵام نەیتوانی دەستبەرداری وەڵامەکەی بێت، نەیشیدەتوانی دڵی باوکی بشکێنێت.
تا نۆرەی نێزیکتر دەبووەوە، ئارەقەی زێتر دەکرد. لەگەڵ هەر وەڵامێک مەجلیسەکە لانسی وەردەگرت و سەدای پێکەنین و گاڵتە و خۆهەڵکێشان ئەستوورتر دەبوو. قەت بەو شێوەیە مام و خاڵەکانی نەدەناسی. شەرمی لە جەمەدانی و نوێژ و جەماعەتیانی دەکرد.
نۆرەی گەیشتێ، کەس حسێبی بۆ نەکرد. دۆمینەیان هێنا گۆڕێ. هیچیان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کچەکەی حاجی ڕەسولیش وەڵامی پرسیارەکەی باوکی بداتەوە. بەڵام باوکی هاتە دەنگ، “ڕاوەستن کاکە، ئەدی لۆ گێ لە وەڵامی کچەکەی من ناگرن، خۆ ئەویش بەشەرە.”
شەرمەزار نەبوون، هەستیان نەجوڵا، فشەیان پێی دەهات، بەڵام لەبەر ڕێزی برا گەورەیان گوتیان دەی با بیڵێت. باوکی تەماشای کرد. ئەو ڕەش داگەڕا بوو. ڕاڕا و پەشێو، نەیدەتوانی تەماشای باوکیشی بکات.
“دەی کچم، شەرمێ مەکە، با بزانین ئەتو خەونت چییە؟” باوکی پێی گوت.
سەری هەڵبڕی، زێتر لە سەت چاو دەیاننۆڕی. بۆ چەند چرکەیەک کەڕ بوو. بێجگە لە تەپەی دڵی، گوێی لە هیچ شتێکی تر نەبوو. خەریک بوو لە سینگی بێتە دەر. کە گوێی بوەوە، باوکی هانی دەدا شەرم نەکات و قسە بکات.
“دە لێی گەڕێ حاجی، ئەو فەقیرەت خستیتە ناو مەوقیفی، ئەو حورمە غەریبە چوزانی خەون و مەون چییە، ما هەر مێردکردن نییە.” مامی گەورەی وای گوت. ئەوەی لەوێ دانیشتبوو سەری ئەرێی دەلەقاند. “ئەشهەدو” سەدای دەدایەوە.
ئەو تەماشای باوکی کرد و پاشانیش ئەوان. چاوی لەسەر مامی گەورەی ڕاگرت و گوتی، “خەونم ئەوەیە ببمە ئەکتەر، ساڵێکی تر پۆلی نۆ تەواو بکەم و بچمە بەشی شانۆ لە هونەرە جوانەکان.”
دیوەخان شکا، نوتقی نما. وەڵامەکە دەتگوت تیرێکە لە شەڕەفیان چەقی. هەریەکە لەبەر خۆیەوە دەیگوت، “ئەستەغفیڕوڵلا.”




دەڵێن.. سعاد الصباح.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

دەڵێن،
کە نووسین تاوانی گەورەیە
کەواتە مەنووسە !!
نوێژیش لەبەردەمی پیتەکان دا حەرامە
کەواتە نزیک مەبەرەوە !!
هەروەها مەرەکەبی قەسیدەکان زەهرە
نەچی بیخۆیتەوە !!

دە ئەوەەتا من
زۆریشم خواردەوە
نەخۆشیش نەبووم بە مەرەکەبی سەرمێزەکەم!
دە ئەوەتا من
زۆریشم نووسی
ئاگرێکی گەورەم بەردایە هەرئەستێرەیەک
خوداش ڕۆژێک لێم تووڕە نەبوو!!
وە نە پێغەمبەریش لێم نیگەران بوو!!

دەڵێن،
کە ئاخاوتن تەنها بۆ پیاوانە
کەواتە قسە مەکە !!
هەروەها موغازەلەش هونەری پیاوانە
کەواتە ئەویندارییش مەکە !!
هەروەها نووسین دەریایەکی قووڵە
کەواتە خۆتی تێدا نقووم مەکە
دە ئەوەتا من خۆشەویستیشم زۆر کرد!
دە ئەوەتا من مەلەشم زۆر کرد!
بەرەنگاریی هەموودەریایەکانیشم کردو نەشخنکام !

دەڵێن:
کە من بە هۆنراوەکانم دیواری چاکخوازییم شکاند
هەروەها ئەوە پیاوانن کە شاعیرن
چۆن دەبێت شاعیرێکی ژن لە ناوهۆزدا لە دایک ببێت؟
وە من پێدەکەنم بەو هەمووگووتە هیچ و پووچانە
گاڵتە دەکەم بەوانەی کە دەیانەوێت لە سەردەمی جەنگی ئەستێرەکاندا
کۆرپەڵەی مێینە لە ناوببەن !!
پرسیاریش لە خۆم دەکەم؛
بۆ دەبێ گۆرانی گووتن بۆ نێر حەڵاڵ بێت
وە دەنگی ژنان شوورەیی بێت بۆیان؟

بۆچی،…. بۆچی؟….. بۆچی؟
ئەو دیوارە خوڕافییە درووست دەکەن
لە نێوان کێڵگەکان و درەخت دا؟
وە لە نێوان هەورەکان و باران دا؟
وە لە نێوان ئاسکی نێر و مێ دا؟
کێ گوتوویەتی کە بۆ هۆنراوە ڕەگەز هەیە؟
وە بۆ پەخشان ڕەگەز هەیە؟
وە بۆ هزر ڕەگەز هەیە؟
ئەدی کێ گوتوویەتی
کە سرووشت دەنگی باڵندە جوانەکانی ناوێت؟
دەڵێن،
کە من کێلە مەڕمەڕەکەی گۆڕی خۆم شکاندووە
ئەوەیان ڕاستە.
وە من شەمشەمە کوێرەکانی سەردەمی خۆم سەربڕیوون
ئەوەش ڕاستە.
وە من بە هۆنراوەکەم ڕەگی بوختانم هەڵکەندووە
وە سەردەمی تەنەکەم تێکشکاندووە
جا ئەگەر برینداریشیان کردم
ئەوە جوانترین شت کە لە بوون دا بێت، ئاسکێکی بریندارە
وە ئەگەر لە خاچیشیان دام ..هەر سوپاسیان دەکەم
کە منیان خستە ڕیزی مەسیحەوە

دەڵێن،
کە مێینەیی لاوازییە
باشترین ژنیش بریتییە لە ژنێکی ڕازیبوو
ڕزگاربوونیش سەری تاوانەکانە
شیرینترین ژنیش ژنێکی کەنیزەیە

دەڵێن،
ئەدیبە ژنەکان جۆرێکی نامۆن
لە گژوگیا….کە بیابان ڕەتی دەکاتەوە
وە ئەو ژنەی کە هۆنراوە دەنووسێت
هیچ نییە بێجگە لە شایەرێک !!
پێکەنینم دێ بە هەمووئەوەی دەربارەم دەگووترێ
هزری سەردەمی تەنەکە ڕەت دەکەمەوە
لۆجیکی سەردەمی تەنەکەش….
بەردەوامیش دەبم لە گۆرانی گووتن لەسەر لوتکەی بەرزم
دەشزانم کە هەورەتریشقەکان تێپەڕدەبن
وە باهۆزەکانیش تێدەپەڕن
شەمشەمەکوێرەکانیش دەڕۆن
وە دەشزانم کە ئەوانە نامێنن
ئەوە منم کە دەمێنمەوە…

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
سەرچاوە: لبنان الجدید

https://www.newlebanon.info/lebanon-now/205121




ژوانێک تەڕتر لە باران.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەو شارە جەنجاڵەوە
باهۆزی عەشقم هەڵیکرد
لە ئێوارەیەکی هێمندا
کەرنەڤاڵی ئاوێزانبوونمان دەستیپێکرد
من ئەمەویست هەرچی خۆشاوی ماچە
لەسەر لێوی تۆ بیتوێنمەوە
تۆش بە چاوێکی شەرمنانەوە
باوەشت کردبوو بە پیاوێکی شێتدا
ئەو پیاوە دێوانەیەی
لەو سەری ئەوسەری دنیاوە
هاتە نێو خەونەکانتەوە
من ئەمویست، بتخوێنمەوە
وەک چۆن تینوو ئاو ئەخوێنێتەوە
ریشۆڵە رێگای کوێستانان ئەخوێنێتەوە
دەریا کتێبی چارەنووسی شەپۆل ئەخوێنێتەوە
تۆش ئەتویست، نیگام بکەیت
ئەتویست شتێک بڵێیت و هەر نەتوت
خۆ من ئەمزانی
رازی دڵە پەمەییەکەت چییە
خۆ من ئەمزانی چاوەکانت چی ئەڵێن
هەموو شتێکم
لە نیگا گەرمەکانتا خوێندەوە
دەمزانی ئەتەوێت وەک بڵێسەیەک
خۆت بخەیتە زەریای شیعرمەوە
دەمزانی ئەتەوێت وەک باڵندەیەک
لە رۆحی داگیرساوی مندا بنیشیتەوە
دەمزانی ئەتەوێت
مەشخەڵی عەشقێکی ئەبەدی
لە نێو چاوەکانی مندا داگیرسێنیت
هەموو شتێکم خوێندەوە
لە توێی دوا باوەشی بەر لە ماڵئاوایی
دەنگی شمشاڵی خۆزگەکانتم خوێندەوە
لە چاوبڕینە ناو چاوەکانم
بەهەشتێکی سەوزم خوێندەوە
من هەموو شتێک تێگەیشتم
کاتێک بە زمانی پەلکەزێڕینە
باسی رنوە بەفری موحیبەتت ئەکرد
من خەیاڵم لەلای ئەو سروەی عەشقە بوو
لە جەمسەری باکووری دڵتەوە
بە ئەسپایی رووەو من ئەهات
کاتێک بە زمانی فریشتەیەک
حکایەتەکانی خۆت ئەگێڕایەوە
من لە ئەندێشەی تەمێکدا ون ببووم
کە تەنیا رووناکی تۆم لێ دیار بوو
کاتێک بە زمانی گوڵ
باسی ئینجانە شکاوەکانت ئەکرد
من بیرم لە لای ئەو سترانە بوو
بەناو رێگاکانی مەحاڵدا تێدەپەڕی
کاتێک بە زمانی بروسکە و تیشک
داستانی درێژی خۆت لەگەڵ
شەوە نوتەکەکان ئەگێڕایەوە
خەیاڵم پڕ ببوو لە سەرگوزشتەی
ئەو کۆترە زامدارانەی بەسەر تەرمی
دڵۆپە بارانەکاندا هۆن هۆن ئەگریان
کاتێک بە زمانی پاسارییەکان
هۆنراوەکانی مەستیت ئەخوێندەوە
من لە نێو دێڕ بە دێڕیاندا
خۆم ئەبینی، وەک ئیمپراتۆری
سەر عەرشی بەرینی ئومێد
خۆم ئەبینی، وەک گەدایەک
لەبەردەم پەیکەری ڤینۆسیی باڵات
کاتێک بە زمانی هەور
باسی ژوانێکت ئەکرد تەڕتر لە باران
من لەناو ئاونگی خەیاڵی خوسان و
توانەوەی پەشمەکی هەناسەکانتدا
وێڵ ببووم
کاتێک بە زمانی شەماڵ
باسی درەختی عاتیفەت ئەکرد
من لە نێو رووباری بەرائەتدا
وەک مەلەوانێکی بزێو نغرۆ ببووم
کاتێک بە زمانی رەیحانە
لە بارەی چنارەکانی عەشقەوە ئەدوایت
من رۆژووی مەراقە دێرینەکانم
بە جامێ شەرابی سۆزت ئەشکاند
من هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی بە بێدەنگی ئەدوایت و
بە هاوارەوە بێدەنگ بوویت
لەوە تێگەیشتم، ئەو قەدەرەی
من و تۆی لەم شارە نەناسە کۆکردۆتەوە
تەنها سەرکێشییەکی ئەویندارانەیە
ئەوەی من و تۆی بەیەک گەیاندووە
تەنها تەختەی شانۆی فرمێسکە
ئەوەی من و تۆی لێرە کۆکردۆتەوە
تەنها حەسرەتی درێژترین چاوەڕوانییە
ئەوەی من و تۆی پڕ کردووە لە متمانە
تەنها خەتمی کتێبە بریسکاوییەکەی
حەزرەتی جوانییە
من لە هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی لە باوەشمدا دەلەرزیت و
دەرزی عەشقی من لە دڵت دەچەقی
تێگەیشتم، لە عەشقێک
بۆنی کوچە گرینۆکەکانی
نیشتمانی لێدێت
تێگەیشتم، لەو پەنجەرە روونەی
لە دەلاقەکەیەوە سەیری
کۆترە یاخییەکانی گەڕەکت لێ ئەکرد
تێگەیشتم، لەو بزە بکوژەی
منی خستە ناو دارمەیتی ژیان و
لە باوەشی مانگەشەودا رواندمی
تێگەیشتم، لەو ئەسرینە روونەی
وەک جۆگە بە لای سنەوبەری
خەونەکانی مندا رەت ئەبوو
تێگەیشتم، لەو دڵە ئەڵماسییەی
سنووری غەریزە سەرشێتەکانی
منی ئەبڕی
من لە هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی وەک زریان هورژمم هێنا و
تۆش وەک کەفی دەریا
سپی هەڵگەڕابوویت
من تێگەیشتم، ئەو ئەستێرەیەی
لە ئاسمانی مندا دەرکەوتووە
نەوەی رەسەنی ئاهورامەزدایە
تێگەیشتم، ئەو پەرییە ژنەی
ئاسۆی تاریکمی رووناک کردۆتەوە
ژنێکە لە جنسی بەهار و
یەکەمین ژوانمان خوسان بوو
تەڕتریش بوو لە باران




گوڵە مۆرەکانی کۆچ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

خوڕەی نمەی ئێوارەیەکی درەنگ،،
چۆڵ لە تۆ،
هەر سەمایەک،
لە گەڵا پەرتبوەکان،
دوای ڕۆشتنی تۆ،
پاسەوانی پایز،،،
دەرگای باخچەکەی داخست،
ئێوارەیەکی سارد لە دەرەوە،،
پەلکێشی بێهودەیمان ئەکا،،
هاوڕێ، دەرگای خۆر،،
بە کراوەیی جێ بهێڵە، پاش..
هەر گیأنەڵە بارانێکی دورە نیشتمان،،
بە مەستیەوە،،،
نیگای کەشتیە کۆچەریەکەی..
کەنارێک،،،،
پڕ لە موسافیرە هەڵهاتوەکانی ،،
وێرانە پەرادیسێ دەکەم،،
بە فرمێسکی وەریوی..
هەورە قورمزیەکانا هەڵئەشاخم،
وەک پەڕی خونچە مۆرەکانی کۆچ..
هێدی هێدی، ئەوەرم، ،
بگەرە فریام تابلۆی کێڵگە..
فڕیوەکانی نێو ڕیتمێک،،
لە بەرائەتی ڕابردوو،،
لە وڵاتێ خاپوور، ڕامان…
وەک ئەندێشەی مەلێک،،
بە نێو سارانشین،،
گرتنی تاجە ئەستێرەیەک،،
پێش بەخۆڵەمێش بوون ،
ئیتر چارەنوسێکە،،
هەر خۆت بە، تا گەیشتن،،،،
بە مرواریە شاراوەکانی خەون،
ئیتر چارەنوسێکە،،،
هەر خۆت بە،،،
لە ئێوارەیەک لە زومردا،
ئیتر چارەنوسێکە ،
تێپەڕبە، بە نێو ڕەشەبایەک..
لە نامۆیی،،،
ڕۆح دەربازنابێ ،،
لە گێژەنە قامیشەڵانی قەدەر،،
گەرچی هێشتا گیا مۆرەکانی کۆچ ،
بریقەیان دێ ،
گەمەیەکی تراژیدیکۆمیدیایە،،
خۆشاردنەوە، لە دارستانێ..
نێو شەستەخۆڵی تاریکی ژیان،،
هەڵدێین، لە تۆفانە زەمەن
پەیکەری ڕژاوی لمینی جەستەمان،،
پەلکێشی ئەفسانەی کۆچێکی تر ئەکەین،،
وشکە ڕوباری ئازار،،
دڵ شەقار شەقار ئەکا،،
ساتەکانی پەراوێزبوونی مێژووی بەرد،،
فێری کردین، ،،
تا بە چاوکراوەیی ..
لەژێر کلۆبەفری ڕەشی بێهودەیی بمرین،،
لەسەردەمێک،،
لە دوکەڵ دوکەڵترو لە ژەهریش ژەهرتر!
لە چرۆش چرۆترن…
پەڕی لێوە ئەرخەوانیە وەریوەکانی..
ئەوێک لە نمە نمەتر!
لە کانیش بە خوڕتر،،
عیشقی کوکوختیە جێماوەکانی..
سنەوبەرە وشکبوەکان،،
لە زەمینێک،،،
بوەتە زەلکاوە ژەهر،،
کەی بتدۆزمەوە،
لە نێو بەردەڵانی دۆزەخی ڕۆژە مسینەکان،؟؟!،
دەستم بگرە ئەی شنەبای تەنیایی،،
لەم تەمتومانە خؤلەمێشیەی وونبون،،
ئەی سەمەرەی گەردوونێ ، لە فەنا،،،
تۆبڵێی فرمێسکی ئەستێرە پرشنگدارەکان ،
هەر بڕژێ، دوای نەمانم؟؟!
گەرچی پێش پەرتبوونی،،
گوڵە مۆرەکانی کۆچ،،
ئارەزووم،،،
لە قومێ ئاوی سازگاری..
کانیەکە لە خەیاڵی سرک،
لە گرتنی شیری بروسکەیەکی تێکشكاو،
بەسەر لوتکەی چیای کارەسات،،
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Monet / Lilac irises.




سلێمانی پێش 43 ساڵ.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌موو ئه‌زانین‌ رژێمی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ین و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ رۆژی هاتنیاندا بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا به‌رده‌وام بوون له‌ گرتنی هاوڵاتیان و تێهه‌ڵدان وئازاردان و كوشتن و خاپوركردنی دێهاتی كوردستان، له‌و ساڵانه‌دا به‌ تایبت له‌ حه‌فتاكان ئه‌ده‌ب وهونه‌ر له‌ گه‌شه‌سه‌ندن بوو، گه‌رانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ساڵانه‌ی پێشوو تامو جێژێكی تایبه‌تی هه‌یه ، لاوێتی و ئه‌نجامدانی چاڵاكی جۆراوجۆرو گه‌ران و سه‌یران و سه‌ردانی هونه‌رمه‌ندانی شانۆو مۆسیقاو شیوه‌كارو رۆ شننبران.
به‌ڵێ ، له‌ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو چالاكی هونه‌رو ئه‌ده‌ب له‌ ئاستێكی به‌رز بوو ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و بوارانه‌دا رۆڵینان هه‌بوو : حه‌سیب قه‌ره‌داغی، شێركۆ بێكه‌س ، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم ، ره‌ووف بێگه‌رد، شیرین ك ، دڵشاد مه‌ریوانی ، فوئاد مه‌جید میسری ، شوكریه‌ ره‌سوڵ، ئه‌رخه‌وان ره‌سوڵ ، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و حه‌مه‌ فه‌ریق حه‌سه‌ن ، ئازاد شه‌وقی ، ئیسماعیل خه‌یات، لاله‌ عه‌بده‌ ، عه‌لی جۆڵا، ئه‌حمه‌د سالارو تیپی شانۆی پێشره‌و ، ته‌ها خه‌لێل، عوسمان چێوار، به‌دیعه‌ دارتاش، سمكۆ ناكام ” حه‌مه‌ ره‌شید هه‌ره‌س، ولیه‌م یوحه‌نا، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی وتیپی مۆسیقای سلێمانی ، فه‌ردون دارتاش و سه‌ڵاح ره‌ووف و سه‌دانی تریش.
{ پیشانگای یه‌كه‌می هونه‌رمه‌ند خالید ره‌سول
سلیمانی هولی سانه‌وی كوردستانی كچان 1978}
له‌و ساڵانه‌دا له‌ چالاكییه‌كانی به‌ریوبه‌رایه‌تی روشنبیری جه‌ماوه‌ر له‌ سلیمانی له‌ روژانی 16 –24/2/1978 هونه‌رمه‌ندی لاو خالید ره‌سول یه‌كه‌م پیشانگای خوی كرده‌وه‌ له‌ هولی ئاماده‌یی كوردستانی كچان
پیشانگاكه‌ 48 تابلوو قه‌له‌مكاری و كاری ده‌ستكردی تری به‌خووه‌ گرتبوو خالید له‌ گه‌ل ده‌وروبه‌ری خویدا مامه‌له‌ ده‌كا ئه‌مه‌شیان به‌ روونی له‌و خۆلكانه‌یدا ده‌رده‌كه‌ویت كه‌ تیكه‌لی سروشتی سیحراوی شاره‌كه‌ی ده‌بیت وه‌ك تابلوكانی : دیمه‌نیك له‌ به‌هاردا، سه‌راوی سوبحان ئاغاو به‌فرو چه‌ندتابلۆیه‌كی تر.
له‌ { بیری نوی } ژماره‌ 282 سالی شه‌شه‌م شه‌مه‌ 11/3/1978 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و، له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ هاورێم سامی سابیر بۆ پیشانگه‌كه‌و له‌ په‌رتوكی میوانان نووسیوومه‌:
پیخوشحال بووین به‌ بینینی پیشانگاكه‌‌و هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتنت بو ده‌خوازین، ئه‌م پیشانگایه‌ هه‌ندی مسائیلی فیكری قوول باس ئه‌كات ، هونه‌رمه‌ند زیاتر پیویستی به‌ پیاچوونه‌وه‌ ئه‌كات
ئیمه‌ له‌ كاتیكدا ئه‌م ووته‌یه‌ ئه‌نووسین دیاره‌ كامه‌رانین به‌ پیشكه‌وتنی هه‌موو مروڤیك به‌ تایبه‌تی ئه‌وكه‌سانه‌ ئه‌توانن خواست و هه‌ستی جه‌ماوه‌ر بخه‌نه‌روو، دووباره‌ سه‌ركه‌وتن ده‌خوازین بۆ هونه‌رمه‌ند
سامی سابیر احمدرجب / په‌یامنیری
روژنامه‌ی بیری نوی وطریق الشعب

20/2/1978
به‌ هۆێ شاعیری گه‌وره‌و رێزدار خاتو ئه‌رخه‌وان ره‌سول خوشكی هونه‌رمه‌ند خالد ره‌سول ئه‌و یادوه‌رییه‌م ده‌سكه‌وت و، هیوادارم نموونه‌یان زۆرتر بێت و هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو بن له‌ گه‌ل سڵاوو رێزدا.
10/11/2021




ناوی کتێب: گوتاری شـەوڕۆ.. نووسـەر: فازیل شـەوڕۆ

بابەت/ ١٢ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ٣ بانێژەباس

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..