مەرگەساتی کۆرپەلەیەک.. شێرزاد حەسەن

بەر لە دوو هەفتەی رابردوو، گەرماوگەرم هەواڵی لە دایکبوونی منداڵێک لە شارۆچکەی ‘زاخۆ’دا بڵاو بۆوە، کە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ماس- میدیا قۆستیانەوە و بوو بە هەواڵێکی تراژیک و سەمەرە و غەمهێن تا ئەوپەڕی بێچارەیی و دۆشداماوی کە نیگەران و غەمناکی کردم، بێگومانم کە کەسانی دیکەشی دڵتەنگ کردووە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی زۆرینە بووە؛ ئەوە بوو کە ئەم وەک کۆرپەلەیەکی تازە لە دایکبوو، لە باری جەستەیی و تەندروستییەوە گرفتی کوشندەی هەبووە، بە واتا شێواوییەک لە بونیادی فیزیکی ئەودا هەبووە کە زێدە جەرگبڕ بووە کە کۆرپەلەکە بە یەک دەست و یەک قاچەوە هاتۆتە دونیاوە، “کۆم”ی نەبووە بۆ پیسایی و پاشەرۆک دەردان، هەروەها ئەندامی زایەندی سروشتی نەبووە تاوەکو بزاندرێت کچە یان کوڕە، بە واتا میزەڕۆی نەبووە، هەتا نێرەمووکیش نەبووە، کە نێرەمووک بوون لەم مەملەکەتەی ئێمە بۆ خۆی کارەساتێکی کوشندە و رسواکەرە، بە درێژایی تەمەنی خۆی، نێرەمووک لە ناو خێزانەکەی خۆیشی بێزراوە، بێجگە لە خەڵکی دیکە، گەرچی گوایە ئەویش هەر خەڵقەندەی خودایە!

کۆرپەلەی بێئاگا لە ژینگەی دەوروبەر هەرچی بخوات دەیهێنێتەوە و دەڕشێتەوە، نە گووی پێدەکرێت و نە میز، تەنها پێنج سەعات لە خەستەخانە بووە، گوایە خانەوادەکەی نائومێد بوون لە چارەسەرکردنی، ئیدی بە ملعندی و لەسەر ئەستۆی خۆیان بردوویانەتەوە بۆ ماڵی خۆیان کە ئەوەشیان جێگەی سەرنج و پرسیارە، چونکێ.. چارەنووسی کۆرپەلەکە دەخاتە مەترسییەکی کوشندەترەوە.

لە نێو دونیای پێشکەوتوودا بە مانا زانستی و نوژدارییەکەی ئەرک و کاری دەوڵەتداری و وەزارەتی تەندروستییە کە هەر لە سەرەتاوە کە خانمان ‘دووگیان/ ئاوس*’ دەبن و دەکەونە سەروەختی سکوزاکردن؛ پزیشکی پسپۆر و تیمێکی شارەزا هەنگاو بە هەنگاو چاودێری تەندروستی دایکەکان و ئەو دەڵەمە و کۆرپەگەلەیە دەکەن کە هێشتا تۆماوە و نەخەمڵیوە، ئاخر مەرجە هەر کۆرپەلەیەک بە ساغڵەمی و بە لەشێکی بونیاد تۆکمە و کامڵ و بێ کەموکوڕی بێتە دونیاوە کە خودی ‘یەزدان’ ئەو بەڵێنەی پێداوین، سەرباری ئەوەش کە هەر کۆرپەلەیەک مرۆڤێکە کە ئایندەی خانەوادە و نیشتمان و نەتەوەکان لەسەر هێز و هزر و توانای رۆحی و فیزیکی نەوەی نوێ وەستاون و پەرە بە خۆیان دەدەن لەسەر هەر هەموو ئاستەکان.

لە لای خۆمان لەم بوارەدا بێ سەر و بەرییەکی ئەوتۆ هەیە کە تا ئەوپەڕی بێباکی و کەمتەرخەمی لە ئارادایە و بگرە لە دوای راپەڕین، ساڵ لە دوای ساڵ، لە پاشەکشێدایە، کە پتر دەدرێتە دەست رێکەوت و قەدەر و دانایی و تێنەگەیشتن و پەینەبردن بە ئەسراری ‘حیکمەتی ئیلاهی’. پەنا دەبرێتە بەر نوشتە و نزا و گەرمە شین و شەپۆڕ و خۆدانە دەست چارەنووس. سیستمی تەندروستی لای خۆمان زێدە سەرەتایی و پریمیتیڤ و بێ کەڵکە، چونکە خودی مرۆڤ لای ئێمە بەها و سەنگێکی ئەوتۆی نییە کە دڵخۆشکەر بێت. ئەو سەگ و پشیلانەی وان لە “رۆژئاوا” بەختەوەرترن بە بەڵگەی ئەوەی کە خانەوادەکان بیر لە تەندروستی گیاندارەکانی خۆیان دەکەنەوە، بە هەر هەموو جۆرەکانییەوە، بگرە ناو و ناسنامە سەرجەلە و پاسپۆرتیان هەیە، خەستەخانە و خۆراک و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە، سەرباری بڕینەوەی شتێک لە بودجە و خەرجی و پێویستییەکانی ئەو گیاندارانە: لە پشیلە و سەگ و مشکەوە بیگرە تا باڵندە و پەلەوەر و گیاندارانی ئاویی.

لە دێر زەمانەوە، مامەڵەیەکی خراپ و نامرۆییانە لەتەک مەردمگەلی شکست و دەردەدار لە باری فیزیکی و رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کراوە و تاوەکو ئێستاکی بەردەوامە، بۆ نموونە؛ لە “یۆنان”، بە تایبەتی لە شاری “سپارتا” وەک نموونەیەک لە مێژووی کۆنینەدا کە هەرێمێکی سەربەخۆ بووە وەک لایەنی حوکمڕانییەکی خۆسەری، کە دیارە ئەو هەرێمە بەوە ناسراوە کە رۆحی جەنگاوەربوون و ئازایەتی لە شەڕدا بۆ هەمووان مەرجی جوامێری و ئازایەتی بووە، لەو رۆژگارەی کە رۆحی شەڕانگێزی و خەونی داگیرکردنی خاک و خەلكی دیکە بەرکەماڵ بووە، لەو سەروبەندەدا کەمئەندامەکان لەسەر ئاستی فیزیکی و عەقڵی و سایکۆلۆژی نەدەچوونە ناو بازنەی مرۆڤبوون و پیاوبوونەوە، لە سۆنگەی ئەوەی کە نەیاندەتوانی جەنگاوەری ناو کوشتارگاکان بن، کەواتە دەبوو لە ناو ببرێن، هەمان یاسا و رێسا لە لایەن “نازییەکان”ی سەردەمی ‘هیتلەر’ دووبارە دەبێتەوە، بە کورتی بە درێژایی مێژوو و هەم دەنێو جوگرافیای جیاوازدا کەسانی کەمئەندام وەک بارگرانی و بەڵا و نەفرەتزەدە چاویان لێکراوە، لەسەر ئاستی میللیگەرایی و مەزهەبزەدەیی هەندێکجارلە دایکبوونی منداڵانی کەمئەندام زادەی بەدکاری و گوناهباری دایکان و و باوکانە، یانژی کەسانێک هەن وا مەزەندە دەکەن کە تاقیکردنەوەیەکە بۆ دایکان و باوکان و خودی خانەوادەکان کە لە لایەن ئاسمانەوە تاقیدەکرێنەوە کە بزاندرێت بایی چەندە خۆراگر و پشوودرێژن و شوکرانەبژێرن بەو پەند و حیکمەتەی کە تەنها ئاسمان خۆی دەیزانێت، بەدەر لەوەی کە لە نێو خودی کولتوور یان ئاییندا رەگی هەبێت یان نەبێت، یان لە یەکێکیاندا بووبێتە جۆرێک لە روانینێکی جێگیر و هەقیقەت!

مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە مامەڵەکردنێکی ترسناک و خوێناوی بەرامبەر بەو منداڵانەی کە بە ناکامی و ناکامڵی لە دایک دەبوون، بگرە لەسە یاستی میللیگەرایی وا چاویان لێکراوە کە خودی خودا سزای داون.. دەنا وایان لێنەدەهات، بگرە کەسانی شێتۆکە و گێلۆکە دەکران بە کەسانی دەستخەڕۆ و فریو خواردووی ‘شەیتان’ و جنۆکە و لەمەچێتر کە گوایە لە ناو رۆحی ئەوانی دەللی و دەیری و کاڵفام لانەیان چێکردووە، کە مەرجە بە زەبری سزا و ئازاردانی ئەوانی کاڵفام و شێتۆکە، بە بیانووی دەرکردنی “شەیتان” و ‘جنۆکەکان لە ناو گیانیاندا، هەرچی کوشندە و خوێناوییە پیادە دەکرا تا ئەندازەی کوشتنیان کە تاوەکو هەنووکەش لە هەندێک جوگرافیای ئێرە و ئەوێندەرێ پیادە دەکرێت، بە واتا گەر نەکرا رۆحی شەڕانگێز و خراپ لە ناو گیانی ئەوانی دەردەدار دەربکرێن و قاو بدرێن، ئەوسا مەرجە بەدەم ئەشکەنجە و سزاوە بمرن، بە بیانووی دەرکردنی رۆحی بەد و پیس و نەگریس لە ناو رۆحی ئەوانی بیمار و دەردەداردا لە باری جەستەیی بووبێت یان رۆحی و سایکۆلۆژی کە بە ژمارە پترن. دیارە دیسانەوە وا لێکدراوەتەوە کە رۆحی شەڕانگیزی ئەوانی ناکامڵ و نەخۆش و کەمئەندام و گێلۆکە و شێتۆکە هی خودی “شەیتان’ە و بەرجەستەی رۆحی کۆی شەڕ و خراپەکارییە کە گوایە ‘خودا’ خۆی بۆ تاقیکردنەوەی هەر هەموومان بەری داوەتە سەر ئەم سەرزەمینە کە مایەی تێڕامان و پرسیارە، بگرە خودی هەردوو فەیلەسووفی یۆنانی:”ئەفلاتون” و “ئێرستۆتل” و دەیان بیرمەندی دیکە: نموونەی فەیلەسووفی ئەلمانی:”هیگل: ١٧٧٠-١٨٣١”ی هاوسۆزی لە ناوبردنی ئەو کەمئەندامانە بوون!

با بێمەوە لای کۆرپەلەی نامێ و ناکام و ناکامڵ وەک بوونی جەستەیی کە لای خۆمان ئەو کەمئەندامانە بە {سەقەت} ناوزەد دەکرێن کە داتاشراوە لە زمانی عەرەبییەوە، لە هەنووکەدا کە مرۆیانەتر و شیاوترە بەو کەسانە دەگوترێت ‘خاوەن پێداویستی تایبەت’ کە نەزاکەتێکی تێدایە.

دیارە وەک مەزەندە کراوە لە نێو یەک ملیۆن کۆرپەلەی لە دایکبووی بەم شێواوییە، تەنها یەک دانەی وەک ئەم کۆرپەلەیەی ‘زاخۆ’ بە ناکامڵی دێتە دونیاوە کە ئەمساڵ بوو بە خەڵات و دیاری بۆ ئێمە. پرسیاری من ئەوەیە کە بە گوێرەی {ئایەتی ژمارە ‘٤’ و لە سورەتی التین/ هەنجیرەکە}* بێت مەرجە بنیادەم کە مینا و موعجیزە و پەرجووی پەروەردگارە کە خودی ئایەتەکە ئاماژەیەکە بەوەی کە ‘خودێ’ مرۆڤی بە جوانترین و باشترین وێنە و شێوە و شەمائیل خوڵقاندووە.
زۆر جاران کە پرسیار لە مەلا و ئاخوند و قەشە و حاخام و مەزهەبزەدە و دیندارەکان کراوە کە کوا ‘حیکمەتی ئیلاهی’ و یەکسانی و دادپەروەری؟ بۆچی دەبێت کۆرپەگەلێک لە دایک ببن بە ناکامڵی؟ کوێر و لاڵ و کەڕ و ئۆتیزم و کەمئەندام و کاڵفام و شێتۆکە و گێلۆکە… ‌هتد؟ وەڵامی باوی زۆرینەیان لەوەدا چڕ بۆتەوە کە نهێنییەکە لای خودی ‘یەزدان’ی خالیقە. رۆژانە منداڵانێک هەن کە لە باری جەستەییەوە ناکامڵانە دێنە دونیاوە، وەڵامی ساز و ئامادە ئەوەیە کە کامڵبوونی خولقاندنی لە لای ‘خودا’ بە تەنها مەبەستی “ئادەم و حەوا”یە و بەس، دوای ئەوان فاکتەری دیکەی ناکامڵبوونی خولقاندن گەلێک زۆرن کە مەرجە بیر لە سروشتی و ناسروشتی لایەنی بایۆلۆژی بکەینەوە لە نێو ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکان تیایدا لە دایک دەبن، یان مەرجە ئەو هەڵە و پەڵە و ناجۆری گرفتەکانی زایەندی و پەیوەندی ژنان و پیاوان بە هەند وەربگرین، یانژی پیسی و پاکی لایەنی تەندروستی بە گشتی کە ئیدی مەرجە مەردمگەل خۆیان بەرپرس بن کە خاوەن ئاوەز و عەقڵن!

پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە دایک و باوکی ئەو کۆرپەلەیەی “زاخۆ” هێشتا گەنجن، بڕیاریانداوە کە ئەگەر کۆرپەکە ژیا و کچ بوو: ناوی”فاتیمە”یە، گەر کوڕیش بوو: ناوی “ئەحمەد”ە کە دوو ناوی عەرەبی و ئیسلامین، دیارە لە باری سایکۆلۆژییەوە ئەم دایک و باوکە بیانوووی هەڵبژاردنی دوو ناوی پیرۆز بە مەرامی نزا و نماز و تکاکارییە لە خودا کە ئەم کۆرپەلەیە بکات بە خەڵاتی ئەم خانەوادەیە، بۆ من پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی دوو ناوی سەردەمییانەیان هەڵنەبژاردووە؟ وەڵامی خۆم لەوەدا چر دەکەمەوە کە لە کنە منیش ئەوەیان ئاماژەیەکی ئاشکرا و روونە کە ئیمەی کوردگەل لە ناوەکانمانەوە تا ناوەرۆک و رۆح و مێژوومان داگیر کراوین و تا هەنووکەش زۆرینە پێیان راست و رەوایە، کە زووتر لە دوا وتارێکی خۆمدا بە نێوی {دوا مانیفێستی من} دەیەها پرسی کوشندەترم درکاندووە سەبارەت بە داگیرکردنی ئێمەی کوردگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا.
ئەوەی کە مایەی قەهر و تێڕامانە بۆ من ئەو هەموو حیزبە فشۆڵانەی خۆمان کە دروشمی ” ناسیۆنالیزم” و نەتەوەگەری و کواردایەتیان بەرز کردۆتەوە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە وا بکەن کە لەسەر ئاستی دەوڵەتداری و دەزگایی هانی دایکان و باوکان بدەن کە هەرهیچ نەبێت وەک خەڵکانی بندەست و داگیرکراو لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێونەتەوەیی و گڵۆبالیست، بە فەرمی ناوی کوردی بۆ کچەکان و کوڕەکانمان هەڵبژێرین کە سادەترین ئاماژەی هۆشیارییە بۆ نەتەوەیەک کە لەسەر خاکی خۆی پەنابەرە!

با بێینەوە لای کۆرپەلەی تایین کە ژمارەیەکی کەم بێت یان زۆر، شێواوی جەستەیی ئەم بە موعجیزە و پەرجوو دەزانن، سەبارەت بە پرسیارێکی ناحەزانەی من لە چاوی ژمارەیەک لە مەزهەبزەدەکان کە ئاخۆ چ پەند و حیکمەت و موعجیزەیەکی ئیلاهی لە پشت وەها خەڵقەندەیەکەوە هەیە؟ وا مەزەندە دەکەم بێجگە لە تەکفیر و تەفسیق و تەبدیع و نەفرەتکردن گوێبیستی هیچی دیکە نابم لە بەرامبەر ئەم پرسیارەم کە ئەوەشیان سەیر و سەمەرە نییە و خۆشە بوویمە!

بەربڵاوترین و سادەترین وەڵامی زۆرینە ئەوەیە کە ‘یەزدان’ پێشتر رەسمی کردووە کە خوڵقاندن بە چ یاسا و رێسا و بەرنامە و رێنماییەکدا دەڕوات، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم شێواوی و ناکامڵییە دەگێڕنەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنەی ژنان و پیاوان لەتەک یەکتریدا کە نازانن بە دروستی پەیڕەوی ئەو رێ و رەسمانە ناکەن کە خودا و هەم زانست و نوژداری دەیخوازن، یانژی هەڵە و پەڵەیەک و نەزانینێک هەیە سەبارەت بەو ژنگەل و پیاوانەی کە زاووزێ دەکەن، کە بە هەق لە باری سروشتی و دونیاییەوە راستییەکی تێدایە.

وەڵامێکی دیکەش هەیە کە لە لای مەزهەبزەدەکان بە مانا دینییەکەی گوێبیستی دەبین کە پتر لە پینەوپەڕۆکردن دەچێت و لۆژیکی تێدا نییە، کە ئەوەشیان بێجگە لە پاساو و خۆپەڕاندنەوە لە خودی پرسیارەکەمان کە ئەویش ئەوەیە: ئایا بە راستی و دروستی دەکرێت ‘یەزدان’ خۆی دایکان و باوکان فەرامۆش بکات کە چلۆن بە پێچەوانەی یاسا و رێسا و بەرنامەی خودا مامەڵە بکەن؟ دیارە لە وڵاتانی بڕواهێن بە ‘سێکیولاریزم’ و زانست پەرجووی نوژداری: دەوڵەتداری ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە رێگەی نەخشە و پلانی تۆکمە و پێشین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و زیندەگی هەمووان، هەرگیز رادەستی چارەنووس و ئاسمانی ناکەن.

” ئەبو حامیدی غەزالی: ١٠٥٨-١١١١” لای وایە خودا وەک مالک و خاوەندار مافی رەهای هەیە بەسەر مرۆڤ و دروستکراوەکانی، کەسیش بۆی نییە کە پرسیار لە کار و کردەوەی ئیلاهی بکات. لە کاتێکدا زاتی ئیلاهی دەتوانێت پرسیار و لێپرسینەوە لە هەمووان بکات.

ئەو وەڵامانەی ‘مەزهەبزەدکان’ لەوەدا خۆی چڕ دەکاتەوە کە گریمان منداڵەکان و گەورەکان بە ناکامڵی دروست دەبن کە یان زگماکە، یان رووداوێکی سروشتی یان ناسروشتی کوشندە بۆتە مایەی شێواوی و پەککەوتن، جا چ بە دیوە رۆحی و رەوانییەکەی بێت یان فیزیکی و جەستەیی، وەڵامی ئاسانی باوەڕدارەکان ئەوەیە کە خودا خۆی میهرەبانە و لەو دونیا پاداشتیان دەداتەوە، هاوکات لە خۆشی و جوانی بەهەشت بەهرەمەندیان دەکات، بە مەرجێك بەدکار و گوناهبار نەبووبن و خودای خۆیان ناسیبێت. هەمان بەڵێنی خەڵات و پاداشت بۆ ئەو دایک و باوکانەش دابین کراوە، بە مەرجێک شوکرانەبژێر و ئارام و پشوودرێژ بن و ئەو دۆخەی خۆیان و منداڵ و زارۆکەکانیان تێیکەوتوون و گیرۆدە بوون، وا رەواترە کە بە تاقیکردنەوەی ئاسمانی تێبگەن بۆ بەندەکانی خودای تەبارەک وەتەعالا، بە دەردێکی وا کوشندەی نەزانن، بەڵام دیسانەوە مەرجی لە پێشینە بۆ دایان و باوان ئەوەیە کە پاکزاد و خوداناس بووبن!

ئەوەی کە منی خستۆتە گومان و پرسیارەوە، لە سەردەمانێکەوە کە هەرزەکار بووم تاوەکو ئێستاکێ: ئەوەیە کە بۆ هەمیشە بڕواداران لای خۆمان پاساو و بیانوو بۆ هەموو مەرگەسات و گرفتێکی ئینسانی دێننەوە، هەرچەندە کوشندە و ناماقووڵ بێت، ئاسانترین وەڵامیش ئەوەیە کە دەڵێن: ئاسمان خۆی دەزانێت و ئێمە لە نهێنییەکانی ‘مەلەکوتی ئەعلا’ تێناگەین، ئێمەی بەندە لەوە کاڵفامترین بیزانین و تێیبگەین و بگرە بێچارەین و بەو چارەنووسەش شوکرانەبژێرین!
من وای دەبینم کە ئارامییەکی زۆر لای خەڵکی ئێمە لەوەدایە کە پرسیار و گومانیان نەبێت و حەساوەترن گەر هەر هەموو مەرگەساتەکان رادەستی ئاسمان بکەنەوە، بەوەش سەریان سووکتر و خەویان خۆشترە.
دیوێکی زۆر غەمهێنی ئەم دۆخەی کە لە ئارادایە ئەوەیە کە منداڵان و کۆرپەگەلێک هەن کە هەرکە لە دایک دەبن دوچاری نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە بوون کە هەندێکیان دەمرن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی میللیگەرایی خەڵکانێک هەن بڕوایان بەوە هێناوە کە کێ ناڵێت ‘حیکمەتی ئیلاهی’ تێدا نییە کە ئەوانەی نابینا و کەڕ و گول و لاڵ و تلاوەی دەستی دەردی گرانن، هەر خودا خۆی دەیزانێت چلۆن وا بە ناکامڵی و دەردەداری دەیانخوڵقێنێت، چونکە گوایە ئەگەر تەندروست و ساغڵەم بوونایە، لەوەدا بوو شەڕانگێز و بەدکار بوونایە و زیانیان بۆ خەڵکی بێگوناە و بیدەرەتان هەبووایە، بە واتا ناکامڵی کۆرپەلەکان گەر بە زگماکیش بێت، خەڵکانێکی بێشومار هەن وا مەزەندە دەکەن کە دانایی و ‘حیکمەتی ئیلاهی’ تێدایە کە ئەوەشیان خۆ دزینەوەیە لە کارەساتەکان، دیارە بە درێژایی تەمەنی خۆم تا هەنووکە گوێم لەم چەشنە لێکدانەوە و روانینە و بڕوایە دەبێت کە ئەوەشیان چەقبەستنێکە لە ناو تاکە وەڵامێکدا کە دەبوو چەندین سەدە لەمەوبەر وەڵامێکی تازەمان هەبووایە.. کە نیمانە!

ئەمن ناچارم ئاماژە بەوەش بدەم کە کەمئەندامی و نوقسانی بە تەنها لەسەر ئاستی فیزیکی و جەستەیی نییە، بەڵکو کۆی سیستمی ناسیستماتیکی ئێمە لەسەر ئاستی هەموو خانە پەروەردەییەکاندا وەها نارێک و شکست و بەربادە کە لە باری دەروونییەوە هەر هەموومانی نەخۆش خستووە، بە واتا هەر یەکێک لە ئێمە بیمارە لە باری رۆحی و رەوانی کە لە رەفتاری هەر هەمووماندا دەرکەوتەی زۆر خراپی هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و کۆبەندی کولتووری بە مانا هەرە فراوانەکەی. سەرباری ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە هەزارەها لە کەسانی دڵڕەق و دەروون بیمار بە ناو و ناتۆرە و سووکایەتی کردن بە کەسانی “خاوەن پێداویستی تایبەت” و هاندیکاپ بەزم و رەزمی سەیر بەو زاتانە دەکەن کە لە باری فیزیکی و جەستەییەوە گرفت و کێشەیان هەیە، کە ئەوەشیان دەبێت بە مایەی خۆ بە کەم بینین و تێكشانێک و کەمبودی لە باری رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کە دەمخواست بیاننوسمەوە، بەڵام لیستێکی درێژە و هەمووتان دەیزانن!

هەر بۆ نموونە: من بۆ خۆم بۆ ماوەی پتر لە (١٠) دە ساڵ پێیاندەگوتم {کوندەمیز}دەرئەنجامی ئەوەی شەوەهای شەو بۆ چەندین ساڵ لە منداڵییەوە میزم بە خۆمدا دەکرد و بنە خۆم تەڕ دەکرد کە لە زۆربەی چیرۆکەکانمدا رەنگی داوەتەوە، یان منی لەڕ و باریک و بنێس و ‘جافیلۆک’ لە پای لاوازی و ترس و شەرمی کوشندەی خۆم جێگەی مەزاق و پێڕابواردن بووم، یان پێیاندەگوتم “کوڕی زارە دۆمێ/ قەرەج” کە ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ وتارێکی دیکە، بیرمە جاروبار دایکم دەگریا کە ئەگەر گەورە بم و ئیدی سەروەختی ئەوە هاتەپێشێ کچێکم بۆ بخوازن، لە تاوان دایکم شینی دەگێڕا و دەیگۆت، “کوو حەیا و نامووسمان دەچیتن لە مەملەکەتێ کە لە شەوی یەکەمی بە زاوابوون و چوونە پەردەوە ‘شێرۆ’ پێخەفی بووک و زاوایەتی لە میزدا نوقم بکاتن.. واوەیلا لۆ ئەوێ رۆژێ و.. هەش و قوڕ بەسەر خۆت زارێ؟ هەڵبەتە پێڕابواردن و شەرم و شکانی من و خووی میز بە خۆداکردنی من گەیشتە گوێی ژنان و کچانی گەڕەکێ، رێک ئەو کاتەی کە ئیدی باڵق ببووم بە ناخێری گیانم!

دێمەوە سەر چەمکی عەدالەت و ‘دادپەروەری خواهانە’ کە بۆ من مایەی تێڕامان و تێفکرینە کە لە رۆمانی “برایانی کارامازۆف”ی “فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی: ١٨٢١-١٨٨١” کە لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکان پرسیارێکی ترسناک دەکات و دەژنەوێت، “خودایە.. بۆچی منداڵەکان دەخولقێنیت و کەچی زۆر زووش دەیانمرێنیت؟” لێرەدا گەرەکمە نموونەیەک بێنمەوە سەبارەت بە بوون و نەبوونی دادپەروەری ‘یەزدان’ کە لە ناوئاخنی هەمان رۆماندا دۆزیومەتەوە، لە میانەی ئەو رۆمانەدا تێبینی دەکەین کە خانەوادەی “کارامازۆف” سیخناخە لە نێرینە و بە ژمارە براکان زۆرن، هەر یەکە و لە هەوای خۆیدا دەژی و تەواو لە یەکتری جیاوازن، جێگەی سەرنجیشە تارمایی کچێکی تێدا نییە و بێ خوشکن، لە نێوا براکاندا کە لێکدی ناچن، بە تایبەتی “دێمتری” و “ئیڤانۆڤ” کە وەک دوو برا سەرگەرمی جەنگێکئ فیکری و رەوشتمەندین لەگەڵ یەکتریدا کە کۆتایی نایەت، یەکێکیان ئاتەییست و خوانەناسە و ئەویدیکەیان خواناسێکی دەمارگیر و سەرسەختە، لە میانەی دیالۆگ و دەمەتەقێیەکی کوشندەدا سەبارەت بە ‘خودا’یەکی هەستیار و دادپەروەر کە بە راست هەیە یان بێباک و کەمتەرخەمە و دەستی لە دونیای دوون شۆریوە؟ خوانەناسەکە پرسیارێکی جەرگبڕانە و زیرەکانە لە برا خواناسەکەی دەکات، بەو مەرجەی کە خوداناسەکە یەکسەر و یەکاندەردوو وەڵام بداتەوە، کە یەک چرکە نەوەستێت بۆ تێرامان و تێفکرین، چونکە بڕوادارە و پێویستی بەوە نییە خێرا و بە یەکهەناسە وەڵام نەداتەوە.

پرسیاری برا خوانەناسەکە لە برا خواناسەکەی بەم چەشنە دەبێت:
” هۆ برا ئاییندارەکەم.. من دەزانم کە تۆ بڕوات بە دادپەروەری و هاوسەنگی خودای خۆت هەیە، ئایا قایل و رەزامەندی هەموو خەڵکانی مەملەکەتی {روسیا}ی خۆمان تێر و پۆشتە و پەرداغ و خۆشبەخت و بێخەم بن، بە مەرجێک لەسەر حیسابی تلانەوە و ئازار و برسییەتی یەک کەس بێت، کە دەکرێت ئەو کەسە من بم یان تۆ بیت، چ قەیدییە کە هەمووان تێر بن بەو مەرجەی من یان تۆ برسی بین؟”
خودانەناسەکە سڕ و سەرسام و واقوڕماو.. جام دەبێت، بە پەریشانییەوە زاری گۆ ناکات و بەدەم تیفکرین و تێرامانەوە بۆ وەڵامێک دەگەڕێت کە خودا زویر نەکات.. ناتوانێت و لاڵ دەبێت بەرامبەر بە پرسیاری ترسناکی برا خوانەناسەکەی!
خودانەناسەکە بە برا ئیماندارەکەی دەڵێت:
“ئەتۆ لە من خوانەناس و بێ بڕواتریت مادامەکێ بۆ وەڵامێک دەگەڕێیت کە دوو وشەیە: “نەخێر” یان “بەڵێ”، کەواتە ئەتۆش بڕوات بە دادپەروەری ئیلاهی نییە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە من!”

کەواتە منیش دەپرسم کە ئاخۆ ڕەوا و خواهانەیە کە کۆرپەلەیەک لە دایک بووە و نوقسانە بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کە نە کۆمی هەیە و نە کێر وگون و نە کوزیلە، دەست و قاچێکی لە ئاسمان بەجێماوە و بە دوو پەل: دەستێک و قاچێک، رەوانەی سەرزەمین کراوە کە دەکرێت هەر یەکە و بۆ وەڵامێک یانژی پەند و حیکمەتێکی ئیلاهی بگەڕێت، بە مەرجێک بوێرێت و بە تەنها بۆ خۆ دەربازکردن نەژنەوێت: سوبحانەڵلا!
پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە لەو ملیۆنەها یان ملیارەها فریشتەگەلی ژیر و میهرەبان و سۆزدارەی ئاسمان، شتاقیان هاوارێک لەو کۆرپەلەیە ناکەن و تاق دەستەکەی بگرن و بیوەستێنن تاوەکولە کارگە سەراسیمەکەی ‘یەزدان’دا دەستیك و لاقێکی دیکەی بدەنێ و ئینجا رەوانەی لە ئیمەی بکەن!

———————————————

*پەراوێز:

  • ئاوس: هەن دەستەواژەی “ئاوس” بوون بۆ خانمان بە نەشیاو دەزانن، کە وا نییە، چونکە لە لقی شێوە زاری دیکەی سۆرانی، بە تایبەتی لە هەولێر، مایەی نەنگی و شەرم نییە، کە لە سلێمانی ‘دووگیان’ باوترە، ‘سکپڕ’یشمان هەیە.
  • دیارە من وشەی “سەگتۆپ” یان “تۆپین” بە ڕەوا نابینم بۆ هیچ گیاندارێکی سەرزەمین، بە تایبەتیش بۆ “سەگ” کە ئەگەر ئەم گیاندارە نەبووایە قۆناغی “شوانکارەیی” کە یەکێکە لە قۆناغە هەر پێشکەوتووەکانی زیندەگی مرۆڤایەتی، بۆ چەندین سەدەی دیکە دوا دەکەوت، دیارە هاوسۆزیم بۆ گیاندارەکان لەوەوە هاتووە کە ئەوان وەک ئێمە بەدکار و پۆخڵ نەبوون، چونکە ئەو گیاندارانەی کە فڕندە بن، یان پەلدار و سەر بە وشکانی. یانی ئاویی، هەرگیزاوهەرگیز ‘هەوا’ و ‘ئاو’ و ‘خاک’یان پیس و بۆگەن نەکردووە وەک ئێمە، بەڵام دەستەواژەی ‘سەگتۆپ’ لەسەر زاری ئێمە بەکار دێت بۆ سووکایەتی کردن بە کەسانێک کە گوایە خراپەکار و گڵاون، بەڵام گیانداران و ئاژەڵان لە ئێمە بێ زیان و بێوەیترن، چونکە ئەوان ژینگەی خۆیان وەک ئێمە ژەهراوی نەکردووە و تێکیان نەداوە، ئێمەیەک کە گوایە نازی ئەوە دەکەین کە مرۆڤ ‘خەلیفە’ی خودایە لەسەر زەمین، دەی.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە..چی دەکرد؟ چونکە شارازەیانی ژینگە پێشبینی بەدبینانە دەکەن کە ئەم ئەستێرە رەنگینەی کە ئێمە لەسەری دەلەوەڕێین و دەژین، سەردەمانێک دێت لەسەر دەستی ئێمەی مەردمگەل دەکوژێتەوە و نامێنێت!
    “شێرزاد حەسەن”



گرفتەکانی مێژووناسی و مێژوونووسینی ڕوداوەکان.. مەحمود چاوەش

مێژووناس بەوە پێناسە دەکرێت، کە ڕوداوەکانی مێژوو بە چاویلگەی زانستیانە دەهزرێنێت (دەنرخێنێت)، توێژئنەوە لەچوارچێوەی فاکت و بەڵگەنامە زانستییەکانی مێژوودا بەرپادەکات. فاکتە زانستیەکان دەکاتە بناغەی هەلسەنگاندنە مێژووییەکان، بە وردی و ویژدانی مرۆیی کار لە ڕووداوەکاندا دەکات، زیادە ناخاتە پاڵیان و کورت و بێچێژ و ئاوەژویان ناکاتەوە. ویژدانی مێژووناس لەوەدا پێناسە دەکرێت، سەنگی فاکتە زانستیەکانی و شیکار و گەرگومێنتەکانی بە بەڵگەنامەی زانستی و فاکتی مێژيیی دەخاتە بەردەم خوێنەرانی، ئازار و ڕەنجکێشان و خۆشی سەرکەوتنەکان بە نۆرم و پێوانەی زانستیانە دەپێوێت. مێژووناس یان توێژەری مێژوو کەسێکی زانستکارە (زانکارە)، کە ئەکادێمیانە و تەنها لە چاوگ و ئەدەبیاتی زانستییەوە بەشوێن ڕووداوەکاندا یان فێنۆمێنەکاندا دەگەڕێت، بەچاوی ڕەخنەوە شیکاریان دەکات، ڕێگە بەخۆی نادات، سۆزەکیانە لەگەڵیاندا مامەڵە بکات، فاکتە مێژووییەکان لەگەڵ هەڵاتلێدان (ئیدیعاکردن)دا بەیەکتر دەچوێنێت، تاکو بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات. مێژووناس مێژوو بۆ دەسەڵاتداران ناهۆنتەوە، ڕووداوەکان بە دەستپاکیەوە دەگوێزیتەوە، فاکتە مێژووییەکان لە خۆێنەر ناشارێتەوە، بە زانیاری لەخودهەڵێنجراو (ئاوەژووکراو) و فشەوفیشاڵ خوێنەر هەڵناخڵەتێنێت. گەر پێویست بکات لێکچونە مێژووییەکان لە سەردەمی جیاوازدا بە نموونە دەهێنێتەوە، لێ یەکێک لە خەسڵەتەکانی مێژوو دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانێتی. مێژووناس/مێژووزان یان توێژیاری مێژوو سەرقاڵی ڕابردوو یان ڕووداوەکانی مێژووە.

بە پێوەری زانستی ئەمڕۆ ئەو مێژوونووسانەی، کە لەسەر مێژووی ئەنتیک، سەدەکانی ناوەند و مێژووی تازەش کاریانکردووە بە توێژیار و مێژووناس ناوزەد ناکرێن،. بەم جۆرە کەسانە دەوترێت مێژوونووس یان دیرۆکنووس (Historiograf) ڕەنگە مێژوونووسە کۆنەکان لەم کاتیگۆرییەدا ناوزەدبکرێن. مێژووناس لە وشەی یۆنانی کۆن (Historiker) ەوە وەرگیراوە و بەمانای توێژەر/لێکۆڵەر (Erforschung) یان ناسینەوە (Erkennung) دێت. مێژووی توێژینەوەی زانستیانەی مێژوو بەشێکە لە زانستی مێژوو، لێ مێژووی نووسینەوەی مێژوو لە سەرتای ئەنتیکەوە بوونی هەبووە لەچوارچێوەی مێژوونووسیندا، بەڵام توێژینەوەی مێژوو بەشێوە سیستێماتیکەکەی لە سەدەی 19 بەدوواوە دەستیپێکردووە. لە ڕەوتی (ڕێڕەوی) مێژووی نووسینی مێژوودا نووسەرانی جیاوازیش کاریان لەسەری کردووە و پەرەیان بەم بوارە داوە، بەڵام سەرتای مێتۆدی مامەڵەکردن لە پێداچونەوەی بابەتە مێژووییەکان بەوە پەیوەندیدارکراوە، کە داخۆ مێژووناسان بۆ توێژینەوەکانیان لەچ نووسینێکی پێش خۆیان سودیان وەرگرتووە. گەر بنەمای شیکاری ڕوداوەکان لەسەرچاوەی زانستییەوە هەڵنەهێجرابن، مێژوونووسان بە شێوەی بابەتی (ئۆبیەکتیڤ) ڕوداوەکان ناخەنە بەر دەمی خوێنەرانیان.
مێژوونووس (دیارە مەبەست لە هەموو مێژوونووسێک نییە) بەوە پێناسە دەکرێت، ڕووداوەکان/ناسینەوەکان لەچوارچێوەی زانستیدا شیکار ناکات، بەڵکو ڕووداوەکان هەندێجار بەمەیل و ئارەزووەکانی خۆی دەهۆنێتەوە، زیادە دەخاتە پاڵیان، چاودێرییە مێژووییەکان لە چاویلگەکانی خۆیەوە دەبینێت، ڕوداوەکان بێبەرن لە فاکتی زانستی و ئەرگومێنتەکانی لە بنەما زانستییەکان. ڕەنگە گەلەک ڕووداوی مێژوویی و بەسەرهات و ئەنجامەکانیان لەلایەن مێژوونووسانەوە بەبێ شیکار و فاکتی زانستی نووسرابێتنەوە. مێژووی ڕووداوەکان هەندێجار لەدیدی دەسەڵاتدارانەوە هۆنراونەتەوە، مێژوونووسەکان هەندێجار ڕوداوەکانیان بە ئارەزو حەزەکانی ئەوان نووسیوەتەوە. چەواشەکاری ڕاستیەکان لای خوێنەرانی دەبنە فاکتێک بۆ ڕووداوە مێژووییەکان. مێژوو لێرەدا دەبێتە فیداکەری چەند پێنووسێکی بێویژدان. لە ڕاستیدا هەمووکەسێک دەتوانێت ببێتە مێژوونووس، لێ مێژوونووسی پیشەیەک نیە، کە لەلایەن یاساوە پارێزراوبێت، هەرکەسێک سەرقاڵی مێژوونووسین بێت، یان کەسێکی ڕۆژنامەوان بێت، دەتوانێت خۆی بە مێژوونووس ناوزەدبکات، بەڵام کەسی مێژووناس دەبێت بە فاکتی زانستی ڕووداوەکان هەڵسەنگێنێت/معالەجەیان بکات.مێژوونووسانی کۆن خۆیان بە سەرهەڵدان و جوڵانەوە و چالاکیەکانی فیگەرە مێژووییەکانەوە سەرقاڵکردووە و لەسەریان نووسیون. مێژووی چەرخە کۆنەکان، مێژووی بابلیەکان، ئاشوری و میسری و فارسەکان، لە چاوگ و لەسەر بنەمای شیکاری زانستییەوە هەڵنەهینجراون، بەڵکو زۆرجار ڕوداوەکانیان بە شێوەی “حیکایەتخوازی” و بە سیستەمی دەماودەم لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕاگواستۆتەوە. لێرەدا ڕاوەستەیەک دەکەین و دەپرسین:
دەبێت لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا چ ناهەقییەک بەرامبەر بە خودی مێژوو و مێژووی ڕووداوەکان کرابێت. دەبێت چەند کەسی بێتاوان بە تاوانی هەڵچنراو و بەدەر لە فاکتی زانسیتی و ڕاستپەرستییەوە حوکم درابێتن. بۆ نموونە نووسینەوەی مێژووی ڕووداوەکانی هێرشی مەنغۆلەکان بۆ ناوچەکانی جیهان، یەکەم و دووهەم جەنگی جیهانی ، مێژووی قەتڵوعام (کۆمەڵکوژییە) کانی ئیسلامی و فتوحاتی ئیسلامی، ڕوداوەکانی جێنۆسایدی ئەرمەنیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بێبەرنین لە هەڵگەڕانەوەی ڕاستیەکان و ئارەزووماندانەی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە.
لەم نێوەدا ئاڕاستەی کۆمپلێکسێک دەبینەوە، کە لێرەدا بەکۆمپلێکسی مێژوو ناوزەدی دەکەین، کۆمپلێکسێکی ئاڵۆ ز و پڕکێشەیە، ئاخر ئێمە چۆن لە ڕوودا و بەڵگەنامە و فاکتەکانی مێژوو تێبگەین، گەر ئەم مێژووە بەهەڵە و تەزویر و نازانستیەنە هۆنرابێتەوە، بە ئارەز و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و ئاییندارەکان و بەناو پیاوچاکانەوە نووسرابێتنەوە. چالاکوان و هەرزەکارە خوێنگەرمەکان چۆن لەم هەڕەمە مێژووییە تێبگەن و ئاگاداریان بن، گەر ڕاستیەکانیان لێ ئاوەژووکرابێت. دەسەڵاتدارانیان لێکرابێت بە خواپیاوان و ئایندارانیان لێکرابێتە پیاوچاکان، هەژاریان لێکرابێتە سوڵتان و دەوڵەمەندان بە پاتریۆت. ئەمانە گیروگرفتەکانی ئەم کۆمپلێکسەیەی مێژوون.

پێش هەر باسێک لەم نێوەندەدا باشترە پێناسە ی ئەم دوو تێگەیە/مەفهومە بکەین. مێژووناس و مێژوونووس. مێژووناس بە لاتینیەکەی دەبێتە “Historiker, Geschichtswissenschaftler”. ئەو ئامرازەکانی نووسینەوەی مێژوو و ڕوداوەکانی لەسەر بناغەی فاکت و شیکارە زانستییەکان بەرنامەڕێژ دەکات، دوورن لە بەرژەوەندی کەسی و ئارەزوومەندی و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران. ڕوداوەکان بە مێژووی پێش خۆیان و سات و کاتی ترەوە گرێدەدەن. “کون و کەلەبەریان” تێدا نیە، فاکتەکان تەنها لە ڕوانگەی زانستییەوە شیکاردەکەن. بابەتگەران و بەویژدانی مرۆڤپەروەرانە کاریان تێدا دەکەن.
دەبێت ئەوەش بخرێتەڕو، کە لەهەمان کاتدا مەرج نییە مێژوونووسان هەموویان ناڕاستبێژییان لە ڕووداوەکاندا کردبێت و ئاوەژو و خودمەندانە دەسکاریانکردبێت، بەڵکو تەنها ئەوەیە کارەکانیان بێبەرن لە فاکت و بنەمای زانستی، چونکە هەندێک لە مێژوونووسان هەمیشە بەدوای بنەما زانستیەکاندا نەگەڕاون و نەیانکردۆتە مێتۆدی نووسینەکانیان.
لێرەدا گرنگە، کە چەند ڕووداوێکی مێژوویی بە نموونە بهێنینەوە، کە تاکو ئەم سەردەمەش بەشێوەی جیاواز لە ڕاستیەکانیان باسدەکرێت. دوو جەمسەری ناکۆک لەنوسەرانی، لێرەدا مەبەست مێژووناسان و مێژوونووسانی ڕووداوەکانە، ئەم مێژووە بە شێوەی جیاواز شیکار دەکەن، هەندێکیان مێژوونووسانی ڕووداوەکانن، کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا ڕووداوەکانیان هۆنیوەتەوە. دیارە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری، بەرژەوەندی بازرگانی و دیپلۆماتی لە پشتی مەرامەکانیانەوەبوون. لەسەر هەمان ئەو ڕووداوانە کەسانی مێژووناسیش لەسەریان نووسیون، بەڵام بە بەڵگەنامە و توێژینەوە لەسەر بنەمای فاکتەکانی ئەو ڕووداوانە. یەکێک لە ڕوونترین ڕووداوەکانی دووسەدەی ڕابردوو گێنۆسایدی (ناسراو بە قەتڵ و عام یان کۆمەڵکوژی) ئەرمەنەکانە لەپێش تاکۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی. مێژوونووسانی سەر بە ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سوڵتان عەبدوولحەمیدی دووەم/٢ مێژووی ڕووداوەکانیان لە بەرژەوەندی سیاسی، ئابوری و دیپلۆماتی ئەو سەردەمە هۆنیوەتەوە. دیارە مێژوونووسانیش توێژینەوەیان لەسەر ڕووداوەکان کردووە و بە شوێن بنج و بناوانی، واتە ڕاستیەکان و هۆکاری ڕووداوەکاندا گەڕاون.
ئەگەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی زیمبۆلی دەسەڵات و هێز یان مێژووی (پاڵەوانەکانی) تۆمار کردبێت، ئەرکی مێژووناسان و توێژینەوەی مێژوو لەسەر ڕووداوەکان بێگومان ئەوە نییە، لایەنگری دەسەڵاتداران و حکومداران بکات، بەڵکو توێژینەوەیەکی زانستیانە و ڕەخنەگرانە دەبێتە ئەرکی ئەو کەسانەی مێژووی ڕوداوەکان تۆمار دەکەن. مێژووناسان دەبێت لە هۆکارەکانی (بزواندن و هاندەرەکان)ی، لە ڕەوت و شێوازی سیاسی و ئابورییەکانی ڕووداوەکان بکۆڵنەوە ڕەخنەگرانە کاری تێدابکەن. ئەمەش دەمانگەیەنێتە تێمای (بابەتی) خێر و شەڕ. خاوەندەسەڵات لە هەر سێکتەرێکی کۆمەڵدا بێت، بەدەوڵەمەندەکانیشەوە، نابێت هێزەکانی/هێزەکانیان وەک دەسڵاتنواندن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ بەرامبەر کەمینەکان بەکاربهێنێت، بەڵکو پێویستە لەڕێگەی ئاوەزمەندێتی (عەقڵەنییەت) و لۆگیکی بەخشندەییەوە ئاڵوگۆر و هاوسەنگیەکانی ئەم دەسەڵاتە پێناسەبکات و دابەشیان بکات (مەبەست دابەشکردنی هێزەکانە بە شاقوڵی و ئەستونی).

ئەگەر سەرچاوە زانستییەکان و توێژینەوە ڕەخنەییەکانی مێژووی ڕوداوەکانی جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە ستاندارتێکی مێژووییەوە وەربگرین، زۆر زوو بۆمان ڕوندەبێتەوە، کە مێژوونووسانی تورکی عوسمان و لاوانی تورکی دوای سوڵیان مەحمودی دووەم ٢ ڕوووداوەکان لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە و پارێزەرانی کۆمارەکەیەندا هۆنیوەتەوە. بەرامبەر درۆ و ئاوەژووکردنی ڕاستییەکان گەلەک سەرچاوە و فاکتی مێژوویی هەنە، کە لەسەر بناغەی زانستی و چاوەدێرییەکانەوە ئەم ڕووداوە مێژێییە هەڵدەسەنگێنن. یەکێک لەو چاوگە زانستیانە، کە باس لەم ڕووداوانە دەکات کتێبە بەناوبانگەکەی یۆهانس لێپسیۆس (Johannes Lepsius)1ە، کە بەڕونی تاوانەکانی سوڵتان مەحمودی دووەم ٢ بەرامبەر ئەرمەنیەکان ئاشکرادەکات و دڕندەییەتی دانیشتوانی سیڤیلی تورکی ئەو سەردەمەمان بۆ ڕوندەکاتەوە. یۆهانس لێپسیۆس ئەو کاتە خۆی چاودێری ڕووداوەکانی کردووە و بەشێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەویژدانانە لەسەر ڕووداوەکانی نووسیوە. لە کتێبەکەیدا زۆرێک لە فاکتە مێژيییەکان و هۆکاری ئەم “قەتڵوعامە” ڕوندەکاتەوە.
لێپسیۆس بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی ساڵی 1985 دەکات: “ڕاوەدونانی ئەرمەنیەکان لە تورکیا لە پایزی ساڵی 1985 وە دەستیپێکرد” 2 و لەپاشدا لێپسیۆس وەکو شاهێدێکی زانستکاری ئەو سەردەمە لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: “ئەمەش بووە کوشتار و خوێنڕشتن تادەگات بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لەزۆر ناوچەی جیاوازدا لە لایەن تورکەکانەوە.3 لەماوەی دوو ساڵ (1894 بۆ 1896)دا 312.000 ئەرمەنی لەناوبران. لە کۆتایی ساڵی 1897 دا تەنها لە ناوچەی کیلیکیەن (Kilikien) 2500 گوندی ئەرمەنی و 500 کەنیسە وێران و تاڵان (فەرهود) کران. 300 کەنیسە کرانە مزگەوت و 50.000 منداڵی ئەرمەنی باوانیان لەدەستچوو.4

زۆرینەی گەلی تورک و بانگێشەی فەرمی حکومەتە یەک لەدوایەکی کۆماری تورکیاش تاکو ئەم ساتەش دانیان بە گێنۆسایدی (کۆمەڵکوژی) ئەرمەنەکاندا نەناوە و بەڕەسمی داوای لێبوردنیان لەگەلی ئەرمەن نەکردووە. لێرەدا زۆر بەڕونی دیارە، کە تورکەکان بەرامبەر هەڵە مێژووییەکانیاندا نەوەستاونەتەوە و شێرپەنجەی خوێناوی مێژوویان بۆ نەوەکانی داهاتویان بەدەمارەکانی جەستەی ناسیۆنالیستی و شۆفێنیستی تورکیدا گواستۆتەوە. مەخابن کە لە وڵاتەکەیاندا ملیۆنەها ئەرمەنی بوونەتە قوربانی سیاسەتی سوڵتان و تورکە لاوەکانی کۆماری تورکیا.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، نەوەی ئێستا و لاوەکانی مۆدێرنی تورک چۆن بڕواننە ڕووداوێکی مێژوویی وڵاتەکەیان، ئەگەر فاکت و توێژینەوە زانستییەکان بەژێر گۆڕدا کرابن، ڕاستییەکانیان لێئاوەژوو کرابن. لاوان گەلێک توانای بووژاننەوە و جڤاکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییان هەیە، کە مێژووی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو و ڕاستبێژی لەبەر دەستیاندا بێت و کاری تێدابکەن.
دیارە مێژوو تەنها لەلایەن مێژوونووسانەوە تۆمار نەکراوە، بەڵکو مێژووناسان توانیویانە بەشوێن سەرچاوە زانستیەکانی ئەم ڕووداوانەدا بگەڕێن و بیروڕای خۆیانی لەسەر بدەن.

مێژوو ئاوێنەیەک نیە، کە ڕووداوەکان کتومت بپەرچێنێت، بەڵکو کۆمپلێکسێکی کرفتلەخۆگرە و ڕووداوەکانی پێویستیان بە هزری ڕەخنەگرانە و توێژینەوە هەیە. هەڵسەنگاندیان چاوانی تیژبین و ویژدانی مرۆڤانەیان گەرەکە. گەر بەراوردێکی مێژوویی لەتەک ڕووداوەکانی مێژووی قەتڵوعامی ئەرمەن لە تورکیادا بە ڕووداوەکانی دووەم جەنگی جیهانی لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە لە ڕوانگەی شکاری زانستیانەوە بکەین، ڕون و ئاشکرا دەبێت، کە هەندێک لە مێژووناسانی ئەڵمانی (لێرەدا مەبەست لە سەرچاوە ئەڵمانیەکانە، کە بۆ ئەم نووسینە سودی لێوەرگیراوە) توانیان ڕوداوەکانی جێنۆسایدی جوەکان لە دووەم جەنگی جیهانیدا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و بە مێتۆدی زانستیانە شیکار بکەن، کە هێزی شەڕانخوازی نازییەکان بەرامبەر ئەوان کردوویانە. نەک مێژووناسانی ئەڵمان، بەڵکو بەشێکی زۆرینەش لە گەلی ئەڵمان دانیان بە شرۆڤە ڕەخنەییەکاندا هێناوە، هەستیان بەو هەموو تاوانە بەرامبەر گەلان و کەمینە و کەمئەندامان و کەسانیتر کردووە. ئەڵمانەکانی دوای جەنگ گەلەک بە خێرایی دەستیان هەڵبڕی و داوای لێبوردنیان لە جیهان و لە گەلانی ناوچەکە و لە جوەکانی هەموو جیهان کرد. تورکەکان تاکو ئەم ساتەش دان بەتاوانەکانی قەتلوعامی ئەرمەنەکان ناکەن، چجا داوای لێبوردن. مێژووناسانی ئەڵمان دیارە کارێکی زۆر و کاریگەریەکی زۆریان هەبووە لەم “ڕاستبێژییەی مێژووەکەیاندا”. ئەوان توانیان ڕوداوەکان بە پێوەرێکی زانستی و ویژدانێکی مێژووییەوە شیکاربکەن و ڕەخنەیان لێبگرن، بۆ ئەوەی ئەو هەڵە مێژووییە دووبارە نەکەنەوە. ڕەنگە ئەمە بە “هەستیاریکردن بەرامبەر بە مێژوو” پێناسەبکرێت و حیکمەتی/هۆژمەندی لێوەربگیرێت.

گێرهارد ڕیتە (Gerhard Ritter)5 یەکێکە لەو مێژووناسانەی ئەڵمان، کە بە مێتۆدێکی زانستیانە و ڕاستگۆیانە ناوەڕۆکی ڕوداوەکانی مێژووی جێنۆساید و بەربەرێتی ڕژێمی نازیەکانی ئەڵمانیای شیکار کردووە و بەکۆمەڵگەی ئەڵماننی و جیهانی ناساندووە. ڕیتەر زۆر بەڕوونی و بەبێ پێچوپەنا ئەم هاوکێشە پڕگرفتە لەم ڕستەیەدا دەهۆنێتەوە. “مرۆڤایەتی ئەوروپا لە هەموو سات و سەردەمەکاندا خولیا و مەفتونی دەسەڵات بووە، کە ئەویش بەشێک بووە لەو هۆشدارییە ترسنهێنەرە و دووفاقەئاساو چەتوونیەی دەسەڵات “6
ڕاستبێژی و ویژدانی دادپەروەرانەی مێژووناسێکی وەک ڕیتەر دەنگێکی بەرز و ڕاچڵەکانێکی ویژدانی و مێژوویی بوون بۆ گەلێکی وەکو ئەڵمان، کە دوو جەنگی جیهانی بەرپاکردبوو. ئەو پێیان دەڵێت هەڵەکانمان تەنها بە ڕاستبێژی و ویژدانی مرۆڤپەروەرانە ڕاستدەکەینەوە. ئەگەر ڕەخنەگرانە لە ڕوداوەکان نەڕوانین، لەسەر هەڵەکانمان بەردەوام دەبین. دیارە گێرهارد ڕیتەر تەنها مێژووناسێکی ئەڵمان نەبووە،کە لەسەر ئەم ڕووداوانەی نووسیبێت، زۆرێک لە نووسەران و فەیلەسوفان و مێژووناسانی تری ئەڵمانی بەچاوی ڕەخنەگرانە لەسەر ڕوداوەکانیان نووسیوە.
نەک لایەنە فەرمییەکان، بەڵکو زۆرینەی گەلی ئەڵمانیش دانی بەم تاوانەدا ناوە وداوای لێبوردنیان کردووە، کە ڕۆڵی مێژووناس و ڕۆشنبیرانی گەلێک نیشاندەدات. ئەوان ڕاستی ڕووداوە مێژووییەکان لەبەر چاودەنێن و هێما و هێڵە سەرەکییەکانی ئاشتیخوازانە بەیەکتر دەگەیەنن.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی پەنجاساڵ لەوەپێشدا بخشێنین، جارێکی تر ڕوبەڕوی هەمان گرفت و کۆمپلێکسی مێژوویی دەبینەوە، پرسیار دەکەین ئایا مێژوو کێ دەینووسێتەوە، دەسەڵاتداران و کاربەدەستەکانیان، یان مێژووناسان و ڕۆشنبیر و ئەکادیمێکانیان؟ ئەمە گرفتەکەیە، کە زۆرێکی ڕوداوە مێژوییەکان بنەمای زانستی مێژوویی ئەوتۆیان نیە، کە مێژووناسانی سەردەم بیکەنە بنەمای پێداچونەوەکانیان و بیروڕای خۆیانی لەسەر بدەن. گەر بە کۆنکرێتی چاوێک بەم مێژووەدا بخشێنین، بە ڕوونی دەبینین، کە حکومەتە یەکلەدویەکەکانی دەوڵەتی تورکیا تاکو ئەم ساتەوەختەش بەردەوامن لەهەڵە مێژووییەکانیاندا و پەلاماری گەلانی ناوچەکە دەدەن. زۆرجار دەڵێن “مێژوو عیبرەتە”، ئایا گەلان سودیان لەم عیبرەتە وەر نەگرتووە، یان مێژوو دووبارەبوونەوەیەکی خەڕەکئاسایە و دەبێت دووبارە و چەندبارەی بکەینەوە؟

—————————————————–

سەرچاوە:

  1. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.
  2. یۆهانس لێپسیۆس لە 15.12.1858 لەدایک بووە، لە 03.02.1926 دا کۆچی دوایی کردووە. تیۆلۆگێکی پڕۆتێستانت و ڕۆژهەڵاتناسێکی (ئۆرێنتالیست)ی باش بووە، بەتایبەتی لەسەر مێژووی گەلی ئەرمەنی. لە ساڵی 1880 دا دوکتۆرای لەبەشی فەلسەفەدا بەدەستهێناوە و لەکۆتاییدا سەرقاڵی دراساتی تیۆلۆگی (زانستی خوداناسی) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری “پەیامبەرانی مەسیحی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیا” بووە. لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەی لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیادا کردووە.
  3. هەمان سەرچاوە لا 33
  4. هەمان سەرچاوە لا 124ـ123
  5. G. Koutcharian: Der Völkermord an den Armenier und seine Auswirkungen. In: Pogrom Nr.: 72/73, 1980, S. 9-20, hier Seite 10 کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان و ئاکەمەکانی، لە گۆڤاری پۆگڕۆم، ژمارە 73/72 دا، ساڵی 1980، لاپەڕەی 10
  6. Gerhard Ritter: Die Dämonie der Macht. Beitrag über Geschichte und Wesen des Machtproblems im politischen Denken, Heinrich F.C. Hansmann Verlag Stuttgart, 1947 گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانین بە مێژوو و چیییەتی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا.
  7. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197

دیارە دەبێت لێرەدا ئەوە لە یادنەکەین، کە کوردەکان و هەندێک لە عەشیرەتەکانی کوردیش بەشداری ئەم تاوانەیان کردووە، سوارەی حەمیدی و هەندێ لە کاربەدەستە کوردەکانی ئەو سەردەمە، بە عەشیرەتە کوردەکانیشەوە، لەژێر فەرمانڕەوایی سوڵتان حەمیدی دووەم/ ٢ دا لە هەندێک ناوچەدا قەتڵوعامی ئەرمەنیەکانیان کردووە. گەر ئێمەی کوردیش پەند لە ئەزمونە مێژووییەکانی خۆمان وەرگرین، دەبێت بە فەرمی و کۆلێکتیڤ داوای لێبوردن لەگەلی ئەرمەنی بکەین.




هێڕشەکانی داعش لە بەرژوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمە.. زاهیر باهیر

بە داخەوە کە چڕبوونەوەی هێڕشەکانی داعش لەم ماوەیەدا بووە هۆی بە قوربانیدانی کۆمەڵێك چەکداری ڕەش و ڕوت، کە ئەوەی پاڵیان پێوەدەنێت کە خۆیان بدەنە کوشت و منداڵ و خێزانیان و ئازیزانیان لەدوای خۆیان بە ئازارەوە، سەرگەردان بکەن، بژێوی ژیانیانە دەنا کەسێکیان نییە کە باوەڕی بە کوردایەتی و پاراستنی خاك و نیشتمان و نیشتمانیبوون، بێت.
هاوکاتیش زۆرێك لە ڕۆشنبیران و نوسەران و ئەهلی فەیسبوك نەك هەر گلەیی لە حیزبەکانی دەسەڵاتدار و سەرانی کورد، دەکەن ، بەڵکو هێڕشیشیان دەکەنە سەر و بە خائینیان دادەنێن کە لە کاتێکدا ئامادەنین هیچ جۆرە ئاسانکارییەك بۆ چەکدارەکانیان لە بەرانبەرر هێڕشی داعش-دا بۆ بکەن. لەوانەش ناردنی چەکی باش و سەیارەی هەمەر و ئامادەبوونی ئیسعاف لە کاتی زەرووریدا بۆ گواستنەوەی برینداران یا هەر هیچ نەبێت راهێننانی دووان لە چەکداران لە سەنگەرەکانیانا دەربارەی ئیسعافاتی ئەوەلی و زیادە موچە یاخود هەر هیچ نەبێت پێزانین و سوپاسگوزاریەکیان .
لە ڕاستیدا ئەوانەی سەرەوە کارێکی ئاسانە و تێچونێکی زۆریشی تێناچێت لە بەرانبەر بەهیزکردنی هێڵی پێشینەی جەنگ و بەرەی شەڕ دژ بە داعش.

بەڵام بۆچی ناکرێن؟
دەسەڵاتدارانی کوردی باشوور زۆر زیرەکن و خۆیان دەزانن چی دەکەن . ئەوان ئەو جۆرە ئەرکانە یاخود تاکتیکانە بەکارناهێنن لە پێناوی بەرگریی یاخود پارێزگاری لە ستراتیجیان، بەڵکو ئەوان ئەو تاکتیکانە دەکەنە قوربانیی لە پێناوی ستراتیجییەتیانا.
ستراتیجێتی دەسەڵاتداران مانەوەیانە لە حوکمڕانیدا، مانەوەشیان لە حوکمڕانیدا یانی هەر بە تەنها بوونی دەسەلاتی سیاسی نییە بەڵکو دەسەڵاتی ئابووری و فەرهەنگی و کولتوریی و پێگەی کۆمەڵایەتی و نێو خێزانی و پاراستنی ئەجەندەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە. بۆ ئەمەش ئەوان پێویستیان بەوە هەیە کە خۆیان لە مەترسی خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە کە ڕەنگە کۆتاییەکەی بە ڕاپەڕین بێت ، بپارێزن .

دەسەڵاتداران چۆن ئەمە دەکەن؟

هەموو حکومەتەکانی سەر زەمین بە تایبەتی حکومەتەکانی وەکو وڵاتانی ڕۆژائاوا و ئەمریکا و کەنەدە و ڕوسیا، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی مەترسییەك دەبنەوە بۆ لە خشتەبردنی هاووڵاتیانیان و بەلاڕێبردنیاندا و سەرنجنەخستنە سەر داخوازییە هەنووکەییەکانیان، دیمەنێکیان بۆ دەهێننە پێشەوە کە پلانیان لە کردنیا، پێشوەخت کردوە.
دیارە ئەم بەلاڕێبردن و لە خشتەبردنە لە کوردستانا جیاوازە تاکو با بڵێین وڵاتێکی وەکو بریتانیادا ، چونکە هەر یەکەیان بە جۆرێك لە جۆرەکان کە پێویست بکات ئەو تاکتیکە بەکاردەهێنن. بۆ نموونە تۆنی کلیف-ی کۆنە پەڕلەمانتاری حیزبی کرێکارانی بریتانیا دەڵێت: کەسایەتی مارگرێت تاچەر سەرەکوەزیرانی ئەو کاتەی بریتانیا ئەوەندە دابەزیبوو هاتە خوارەوە بۆ لە سەدا 17 ئیتر ئەوە نەنگی بوو بۆی . بۆیە باشترین کارێك بۆ بەرزکردنەوەی کەسایەتی و پاراستنی حوکمەکەی هات کێشەی دوورگەی فۆکلەندی لە تەك ئەرجەنتینا کردە بەهانەیەکی زۆر گەوەرە و لە 02/04/1982 دا شەڕی هەڵگیرسان. دوای بردنەوی ئەم شەڕەش کە ڕاپرسی کرایەوە لەسەر کەسایەتی تاچەر ، رادەی کەسایەتی ئەو بۆ لە سەدا 67 بەرزبووەوە .
هەر دوور نەڕۆین جەنگی ئێران و عێراق بووە هۆی درێژبوونەوەی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران کە لە سای ئەو جەنگەدا نەك هەر خەڵكێکی زۆری ئێرانیان گەمژاند بەڵکو هەموو موعارەزەی ناو ئێرانیشیان تێشکان و ئیدۆلۆجی دەسەڵاتخوازی ئیسلامیان برەو پێدا و چەندەها حیزب و هێزیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ دروستکرد. ئەمە جگەلەوەی کە ئەمەریکایان بە مەترسی گەورە لەسەر نەتەوەکانی ئێران، زەقکردەوە تاکو تێکۆشان دژ بە ئەمریکا سەراپای نەهامەتیەکانی کە دانیشتوانی ئێران رووبەڕووی بووبوونەوە، خەفەبکرێت.
لە ئەمەریکا لە هێڕشی ڕاستڕەوەکان بۆ سەر کۆشکی سپی لە دیسەمەبەری ساڵی پێشوودا و زەقکردنەوەی ئەم کێشەیە کە تا ئیستاش بە بەردەوامی لە ناو میدیاو سەنەتای ئەمەریکیدا باس دەکرێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دانراوە کە بە دەیەها ملیۆن دۆلاری تێدەچیت، ئەمانە هەمووی بۆ خەفەکردنی کێشە سەرەکەییەکانی خەڵکی ئەمریکی بوو بۆ داپۆشینی ئەو کێشانە و لابردنی سەرنجی هاووڵاتیان بوو بە سەرنجڕاکێشانیان کە گوایە پرسی ” دیمۆکراسی” لە مەترسیدایە و ئەمە کێشەی سەرەکی هاووڵاتیانی ئەمەریکەییە .
من دەتوانم دەیەها نموونەی جۆرا و جۆر لە زۆر وڵاتدا بۆ هەمان مەبەست بهێنمەوە، بەڵام لێردا دەوەستم و دەگەڕێمەوە سەر کوردستان .

ئەی لە کوردستاندا ئەمە چۆن دەکرێت؟

لە کوردستاندا بۆ لابردنی مەترسی و لە ڕێلادانی خەڵکی ، ” خودا” داعشی داوە . پێشتر بەعس بوو کە هەر خەڵکی گلەیی لێبەرز دەبووەوە ، بەوە دەمکوتدەکران کە حکومەتەکەیان ساوایە، دەبێت خەڵك ئەوە لەبیرنەکەن. بەڵام ئێستا کە داعش هەیە ئەمان بە هەموو شێوەیەک مەترسی لە کاتی کردنی ئەم هێڕشانەدا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە کە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی هەیە، بۆیە هەر بەرپرسێك لە لایەکەوە سەبارەت بەو مەترسییە لاوەکییە کە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە تێچونێکی کەم چارەسەر بکرێت ، ڕاگەیاندن دەدات. ببینن:
“مەسرور بارزانی: داعش بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان.”
” قوباد تاڵەبانی: زۆربونی ھێرشەکان سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌ مە‌ترسی ئەو داعش هێشتا زیندوە”
نابێت باوەڕ بەمانە هیچی بکرێت شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بە دەستی خۆیانە [ تکایە واتێمەگە کە بڵێم ئەمان بەشێکن لە داعش و پەیوەندی گەرموگوڕ و راستەوخۆیان هەیە] بەڵام هەر بیهێننەوە بەرچاوی خۆتان ، باشە بۆچی کە لە ئێستادا کە خۆپیشاندانی گەورەکراون و هەن، هێڕشی داعش لە زۆر لاوە بەردەوامە؟!!
گەر ئەمە بۆ تۆ خاڵێك نەبێت، لای من فەرامۆش ناکرێت، جێگای بیرکردنەوە و تێڕامانە.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
05/12/2021




ڕەوەندی سیاسی پاش هەڵبژاردن لە عێراقدا.. موئەیەد ئەحمەد

هەڵبژاردن و ڕاپەرین

هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایـیەی پەرلەمانی عیراق، هەڵبژاردنێکی هێزەکانی دژە شۆرش بوو، ئەمەش بەسادەیی لەبەرئەوەی هەڵبژاردن کاتیک توانرا بخرێتەڕوو و سازبدرێت کە بەهێزترین هەڵچوونی شۆڕشگێرانەی جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەداران و لاوانی کچ و کوڕی ئەم چین و تۆێژانە، سەرکوتکران و بەلێشاو نوقمی خۆین کران. لە ئاکامی ئەم تاوانکاری و خوێنڕێژییـەی ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومی و میلیشیاکانی، زیاتر لە (٨٠٠) خۆپێشاندەر کوژران و هەزارانیشیان لێگیرا و تیڕۆر و بێ سەروشوێن کران، و دەیان هەزاریشیان بریندار کران. لە هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی لە دێسێمبەری (٢٠٢٠)دا ژمارەیەک خۆپیشاندەریان خەڵتانی خۆین کرد و بە زەبروزەنگ و گرتن و ڕاوەدوونان توانیان بەشێوەیەکی کاتی کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکەن، و لەم دوایانەشدا ڕاپەرینی خوێندکاران و گەنجان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بۆ چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو.

گەر لە شوێن و پێگەی ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر لە عێراق و نارەزایەتیەکانی خەڵک لەهەرێمی کوردستانەوە، و لە هیوا و ئامانجە ئازادیخوازەکانیانەوە، ورد بـبـینەوە لەوەی کە گوزەراوە و ئەگوزەرێ، تابلۆی خۆینتکان ئەبینین لەسەرجەم جەستەی ئەم هەڵبژاردنەدا، و ئازار ئەشکەنجەکانی هەزاران بێسەروشۆینکراوان و گیراوان و برینداران و ناڵەی کەسوکاریان ئەخۆێنـینەوە، و ڕیسوایی هەموو ئەو لایەن و کەسانە ئەبینین کە بەناوی ڕاپەرینەوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنەیان کرد. ئەم تابلۆیە واقع و مانای ئەم هەڵبژاردنە دژە شۆڕشەیە بۆ جەماوەری نەداری ئەم کۆمەڵگەیە کە بە (١٨٠) پلە بە پێچەوانەی پیاهەڵخۆیندنەکانی دەسەڵاتداران و هێز و حزبەکانیانە.

کارکتەری سیاسی جیاکەرەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە، بۆ پەرلەمانی عێراق، لەوانەی پێشووتر، ئەم پەیوەندیـیەی هەڵبژاردن بوو بە سەرکوتی ڕاپەرینەوە. جەوهەری ‌هەڵبژاردن، وەک کردەوەیەکی سیاسی و ئامڕازێکی دەستی هێزەکانی دژە شۆرش، بریتی بوو لەم پەیوەندیـیە و لەم سەرکوتە، و مەبەست لێی بە پلەی سەرەکی چنینەوەی بەرهەمەکانی سەرکوتی ڕاپەرین بوو لە بەرژەوەندی بورژوازی ئیسلامی و قەومی و نیولیبرالی دەسەڵاتدار نەک جێبەجێکردنی ئامانج و داوکاریەکانی ڕاپەڕین.

بۆ هێزەکانی دەسەڵات هەڵبژاردن ئامرازێکی سیاسی “نەرم”ی تەواوکەری پڕۆسەی سەرکوتی خۆێناوی ڕاپەرین بوو. لیڵکردن و شێواندنی ئامانج و داواکاریەکانی ڕاپەرین بەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەخت جێبەجێکردنی داواکاری ڕپەراینی ئۆکتۆبەرە و بەقسەی موستەفا کازمی بۆ فەراهەمهێنانی “دەوڵەت و ڕیفورم و ڕەفزی گەندەڵی” بوو، بە ئاشکرا ئەم تەواوکاریەی پرۆسەی سەرکۆت دەرئەخات. کازمی لەم گوتەیەیدا لە تیوتەر نە قسەیک لەسەر ئەوە ئەکات کە ڕاپەرین بە دژی سیستم و نایەکسانی و هەژاری و بیکاری بوو و نە ئەچێتە سەر ئەوەی کە ئامانج و دروشمی ڕاپەرین ڕوخاندنی سەرجەم ڕژێمەکە و دەسەڵاتی حزبەکان بوو، وە نە باسی ئەوەش ئەکات کە جەماوەری شۆرشگێر ئەیەویست گەندەڵی لە مێخەوە هەڵکێشێ و وەک سیستم دایڕمێنی.

هەروەک ئاماژەم پێدا، هەڵبژاردن، وەک نەخشە و سیاسەتی بورژوازی دەسەڵاتدار، لە پەیوەندیدا بە ڕاپەرینەوە، بۆ چنینەوەی بەرهەمەکانی سەرکوتی ڕاپەرین و سەقامگیرکردنی ڕژێم خرایەڕوو، و لەم ڕاستایەشدا بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی ئەو کوتەکە گەورەیەی کە ڕاپەرین سرەواندیـیە پەیکەرەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئیسلامی سیاسی و تایفەگەریەتی لە عیراقدا. ستراتیژێک کە ‌هێزەکانی ڕژێم لەم بوارەدا بەڕێوەیان برد و ئیستاش بەڕێوەی ئەبەن چەناڵیزەکردنی ئەو گۆڕانکاریە سیاسی و فیکریانەیە کە ڕاپەرین فەراهەمیهیناوە تا بەئارامی هەرس ببن لە جەستەی سەرخانی سیاسی و فیکری سیستمی زاڵی سەرمایەداری و ببنە هۆی سەقامگیرکردنی ڕژێمی سیاسی حاکم.

حزب و هێز و ڕەوتە فکری و سیاسیەکانی بورژوازی هەم لەناو دەسەڵاتدا و هەم ئەوانەشیان کە لە ئۆپۆزسیۆندان وە یا لە بەرەی بایکۆت دان، و هەندێک لەوانەش کە لەناو ڕاپەریندا بوون، و بەناوی “تشرینەوە”، واتە ئۆکتۆبەرەوە، ئەدوێن، هەموو ئەمانە بەکردەوە خەریک بوون و ئیستاش بەردەوامن کە بەربەستی ئەو زەڕبەیە بکەن کە ڕاپەرین داویەتی لە پەیکەرەی رەوتی ئێسلامی سیاسی و نیزامی سیاسی بورژوازی لە عێراقدا. هەڵبژاردنی پەرلەمانیش ساتێک بوو لە ساتەکانی ئەم پرۆسەیە، و یەکانگیرکردنەوەی ئەم هەوڵوتەقەلا کۆنەپەرستانەیەی هەموو ئەم لایەنانە و چەنەڵایزەکردنی بوو بە مەبەستی جێگیرکردنی نیزامی سیاسی دەسەڵاتدار و تواندنەوەی هێواش و لەسەرخۆی دەستکەوتە فیکری و سیاسیەکانی ڕاپەرین لەناو سیستم و ڕژێمدا.

میکانیزمی سەرلەنۆێ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتداریەتی هێزە ئیسلامی و قەومیەکان، و دینامیزمی سیاسی ناو کۆمەڵگەی بورژوازی لە عێراقدا، بە بەردەوام و بەشیوەی جۆراوجۆر خەڵکی کرێکار و نەداری ئەو کۆمەڵگەیە و ڕیزی بەرینی بێکاران و ژنانی ستمەدیدە و لاوانی شۆرشگیر ئەخاتە ژێر باری قورسی ئەم هێرشە ئایدیۆلۆژی و تیۆری و سیاسیـیەی ڕەوت و لایەنەکانی بۆرژوازی و سیاسەتە دوژمنکاریەکانی هێزەکانی دژە شۆڕش. ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی کە نەهێڵرێت خەباتی سەربەخۆی ئەم چین و تۆیژە نەدار و چەوساوانە بەرەوپێش بچێت و ئاکامەکانی هەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بچننەوە و دەستکەوتە شۆڕشگێرانەکانیان ببێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی زیاتری هوشیاری سیاسی و فیکری سەربەخۆیان و جێگیرتر ببێت لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەریندا.

هەر لەم ڕاستایەشدا، هێزەکانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار و پاڵپشتە نێودەوڵەتەکانیان و بە مەبەستی ملنەدان بەهیچ داواکاریەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئازادیخوازانەی جەماوەری نەدار و شۆرشگێڕ و هێزە کۆمەڵایەتی و چینایەتیە پرۆلیتاریەکەی ڕاپەرین، هەڵبژاردنیان لە جێگەیدا دانا کە بۆخۆی لە بەرژەوەندی جێگیرکردنی سیستمی زاڵی بورژوازیە. دیارە ئەوان باش ئەزانن کە داسەپاندنی سادەترین داواکاری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئازادیخوازانەی ئەو جەماوەرە نەدار و شۆڕشگێڕە بەسەر بورژوازی و ڕژیمەکەیدا ئەبێتە دەسکەوتی جێگیر نەک هەر بۆ ئەنجامدانی باشبژێوی لە ژیانی چین و تۆیژە نەدارەکان بەڵکو بۆ گۆڕینی پارسەنگی هیزی چینایەتی بەلای ئەم چین و تۆیژانەدا و بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی و فیکریان و لە دواشیکردنەوەدا بەهیزترکردنی پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلا کۆنەپەرستانەیەی بەرەی دژە شۆرش، کەس ناتوانی ئەوە ڕەت بکاتەوە کە ڕیزی بەرینی جەماوەری زەحمەتکێش و نەدار و بیکارانی کچ و کوڕ لەوپەڕی بێزاریدان و ناڕەزایەتیەکان لەناو دەروونی کۆمەڵگەدا جمەی دێت و هەمەلایەنەتر بووە، و ڕێژەی بەرزی بایکۆت و دەنگنەدان بەگۆیرەی راپۆرتەکان نزیکەی (%٨٠)ی دەنگدەران بوو و هەموو هیزە سەرەکیەکانی دەسەڵات ژمارەی دەنگەکانیان کەمتر بوەتەوە. هەموو ئەمانەش دیاردەی قەیرانیکی قوڵ و بەرینە کە نیزامی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زاڵ لە عیراقدا دەرگیریەتی، و هەردەم ئەبێتە هۆی بەردەوامیی ناڕەزایەتی و هەوڵوتەقەلاکانی نەداران و کرێکاران و بێکاران و گەنجان بۆ گۆرینی دۆخی زاڵ. لە ئیستادا ئەبینین خۆپێشاندانەکانی خوێندکاران و لاوان لە کوردستاندا بەردەوامە و پێشبینی ئەوە ئەکرێت کە دەورەیەکی نوێ لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەئاستی هەموو عیراقدا دەستپێبکاتەوە لە سەر زەمینەیەکی بەهێزتر و هەمەلایەنەتر.

دۆخی دوای هەڵبژاردن و سەقامگیکردنی ڕژێمی سیاسی بورژوازی

ڕژێمی سیاسی لە پێش هەڵبژاردن و لە دوای هەڵبژاردندا لەسەر بنەمای سیستمی تایفی و قەومی و هێزی میلیشیایی دامەزراوە و درێژەی پێئەدرێ، و هەڵبژاردن نەک دەستکاری ئەم سیستمە ناکات، بەڵکو چاکسازیەکانیش کە بە فۆڕماڵیستی باسی لێوە ئەکری بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهینانەوە و جێگیرکردنی زیاتری ئەم سیستمەیە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئەم سیستمە خۆی دەرگیری قەیرانە و زۆربەی زۆری جەماوەر سەنگەریان لێگرتووە.
خاسیەتی سەرەکی ئەم دەورەیەی پاش هەڵبژاردن قوڵتربوونەوە و بەرینتربونەوەی قەیرانی دەسەڵاتداریەتی بورژوا ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمە لە عێراق و کوردستاندا و سەرچاوەکەشی، بە پلەی سەرەکی، قوڵتربونەوەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی بەرینە کە هەڵقوڵاوی توندوتیژبوونەوەی ناکۆکیـیەکانی سیستمی ئابوری زاڵی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و دینامیزمی ژیانی کۆمەڵایەتیـیە لە چوارچێوەیدا، و هەروەها لەقبوون و لێکترازانی هیژمۆنی ئایدیۆلۆژیا و ئاسۆی سیاسی و فیکری ئیسلامی سیاسی و قەومیـیە بەسەر زەینی جەماوەری بەرینی نەداران و کرێکاران و لاوانی كچ و کوڕی ئەم کۆمەڵگەیە. بۆیە ئەم قەیرانە سیاسیەی ڕژێم و ئەم جەمسەرگیریەی جەماوەر لە بەرامبەر دەسەڵاتدا هەردەم تەشەنە ئەکات و قوڵتر ئەبێتەوە و کار بەئاستێک گەیشتۆتە کە بەناچاری ئەبێ ئاڵوگۆڕیـیەک، لە بەرژەوەندی جەماوەر یا بە دژی، بێتە ئاراوە و ئەوەی ئیستا هەیە و زاڵە تێپەڕێنرێ.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆ فەراهەمهێنانی ئەو ئاڵوگۆڕیـیە، هەم هێزە چینایەتی و کۆمەڵایەتیـیەکانی کریکاران و نەداران و گەنجانی كچ و کوڕی ناڕازی و سۆشیالیست و ئازادیخواز لە کێشمەکێشدان لە بەرامبەر چینی بۆرژوازی باڵادەست و ڕەوت و حزب و هیزە سیاسیەکانی، لەناو دەسەڵات وە یا لە ناو ئۆپۆزسیون، وە هەم ئەم حزب و هێزانەی بۆرژوازیش کەوتونەتە گیانی یەکتری و لە ململانێدان و لە هەمانکاتیشدا یەکدەستن بە دژی پرۆلیتاریا و بەرەی شۆرش.
تا ئەو شوێنەی باسەکەمان لەسەر دەسەڵات و دەوڵەتە لە عێراقدا، کێشمەکێشی نیوان هێز و باڵەکانی دەسەڵات تەنها لایەنێک و بەشێک لە کارەکتەری دەوڵەت و نیزامی سیاسی لە عێراقدا پێک ئە‌هێنی، بەڵام مەسەلەی بناغەیی لەم بوارەدا ئەوەیە کە هێزە سەرەکیـیەکانی دەسەڵات و گەورە سەرمایەداران و تۆێژە دەستڕۆیشتووەکانی بورژوازی ناوخۆیی و هەروها بۆرژوا ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە نیودەوڵەتیەکانی و تەنانەت ‌هێزە ناوچەیەکانیش، لەوانە ئیران، چوونیەکن و یەکدەستن لەسەر سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی بورژوازی لە ڕیگەی ئەم فۆرمە سیاسیـیە ئیسلامی و قەومیە پشکپشکێنەیەی کە هەیە لە عیراقدا.
هەموو ئەم هێزانەی بورژازی نەک هەر کێشەیەکیان نیـیە لەسەر ئەوەی کە پاراستنی نیزامی سەرمایەداری و کارکردی جوڵە و کەڵەکەی سەرمایە، کە بەشێکە لەجوڵەی سەرمایەی جیهانی، بەم ڕژێمە گەندڵ و سەرکوتگەرە دابین بکەن، بەڵکو وەک زەرورەتێک مامەڵەی لەگەڵ ئەکەن و لە هەوڵی سەقامگیرکردنیدان. هەروەها کار لەسەر ئەوە ئەکەن ڕژیم سەقامگیر بکەن و ئیحتوای هەر هەوڵوتەقەلایەکی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا و نەدارن و ئازادیخوازن و سۆشیالیستەکان بکەن، و نەهێڵن لە سەروسیمادان بەو ئاڵگۆریەی کە بوەتە ناچاری ڕۆلیان هەبێ و هەر لەم ڕاستایەشدا قەیرانەکەیان بەجۆرێک چارەسەربکەن کە بـبـێـتە هۆی جێگیرترکردنی دەسەڵاتداریەتی بورژوازی ئیسلامی و قەومی و پایەکانی دەوڵەت و دکتاتۆریەتی بورژوازی.
بۆ ئەمریکا و بورژوازی نێودەوڵەتی هاوپەیمانانی، گرنگ ئەوەیە کە ئەم هێزانە بتوانن ڕژێمەکە درێژە پێبدەن و دەور و کارکردی هێزەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران کەم بکەنەوە و هەنگاو بنێن بۆ سەقامگیرکردنی ڕژێمی سیاسی بورژوازی لە وڵاتدا. ئیتر ئەوە نەک هەر گرنگ نیە بۆیان کە کۆنەپەرسترین هیزی وەک (سەدر)یـیەکان و (پارتی)یەکان و (حەلبوسی)یەکان و هاوپەیمانەکانی تریان بتوانن حکومەتی زۆرینە دامەزرێنن و پایەکانی ڕژیمی سیاسی بورژوازی بەم شێوەیە سەقامگیر بکەن، بەڵکو جێگەی دەستخۆشانە و پشتگیریانە. (سەدر)یـیەکان چۆن سەرکوتی هاوڵاتیان ئەکەن و چ بێمافی و دیلیەتیک بەسەر ژناندا ئەسەپێنن، و (پارتی) چی بەسەر جەماوەری کوردستاندا ئەهێنی و حوکمی بەعس ئاسای چۆن لە کوردستاندا بەهێزتر ئەکا، و (حەلبوسی)یەکان و هاوپەیمانانی چ سەودایەک بە چارەنوسی دانیشتوانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای “غەربیە”ی عێراقەوە ئەکەن، ئەمانە هیچیان نیگەرانیەکانی ئەوان نین و هێنانەدی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و جیۆسیاسیەکانیان مەشغەڵەتیانە.

چەڵێنجی سەرەکی بەردەم پرۆلیتاریا
لەگەڵ سەرکوتکردنی ڕاپەرین، هێزە کۆمەڵایەتیـیە پرۆلیتاریەکەی کەوتە ئەو دۆخەی کە ناچار بێت لە فۆرمی تردا بەردەوامی بەخەباتی بدات تا دەرەویەکی تازەی هەڵچوونی جەماوەری. گەندەڵکاری سیاسی بەشێک لە چالاکەوانانی ئۆپۆرتیونیستی ناو ڕاپەرین کە بەحوسن و ڕەزای خۆیان بونەتە پاشکۆی ڕژێم و بەشێکیان بونەتە هەڵمات بەدەست لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی، سەر بەم دەوڵەوت ئەو دەوڵەتی جیهانی و ناوچەیی، تەنها دیاردەی داڕوخانی ئەم بەشەیە لە چالاکەوانانی ڕاپەرین و هیچی تر، و بەشێکە لە پرۆسەی بەرەوپیشچوونی جەمسەرگیری زیاتری هیزەکانی شۆرش و دژە شۆرش، هێزەکانی گۆرانکاری و کۆمەڵگەی نوێ و هێزەکانی کۆنەپارێزی و ئیستبداد.

جەماوەری کریکار و زەحمەتکێشی لە عێراق و لە کوردستانیش بەشێوەی دیاریکراوی خۆی، لەبەردەم چەڵینجێکی گەورەدایە لە بارودۆخی پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن. سەقامگیربوونی ڕژیمی بورژوازی و دەوڵەتی بورژوازی ئیسلامی و قەومی لە عێراقدا کە ڕێک بێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی بورژوازی نێودەوڵەتی و کەمپی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە بارودۆخی ئیستادا بە شیوەیەکی ئاڵۆز و ڵێکهەڵپیکراو لە ئارادایە، و ئەوەی کە پێشیلی ئەکەن بەرژەوەندیەکانی جەماوەری نەداری عێراقە بۆ فەراهمهێنانی ئاڵوگۆریی سیاسی شۆرشگێرانە و ڕیشەیی.

هەر بۆیە لەم دەورەیەدا بوار بۆ تەمومژی سیاسی نەماوەتەوە و ڕەوەندی کێشمەکێشی سیاسی چینایەتی نێو کۆمەڵگە جەمسەرگیری ڕۆشنتری بە خۆیەوە دیوە و بۆرژوازی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیـیەکانیان ئەیانەوێت دەوڵەتی بورژوازی لە عێراقدا بەم فورمە سیاسیە ئیسلامی و قەومیەیەوە بچەسپێنن و سەقامگیری بکەن و نایانەوێت بە ئاسانی ئەوەی بەدەستیان هیناوە لە دەستی بدەن. هەر بەم پێیەش دەوری ئەو بەشە لە ڕابەران و چالاکەوانانی ڕاپەرین، کە کەوتونەتە ژێر کاریگەریەکانی ئەم ستراتیژەی بورژوازی، بەسەرچووە، و دیاردەی پاشکۆبونیان بۆ ڕژێم و بۆ هێزە ئۆپۆزسیونەکانی بۆرژوازی، لە نێوانیاندا گەشەیکردووە و ئۆپۆرتیۆنیزمی سیاسیان بووە بە پراتیکێکی ڕیسوابوو.

دیارە تەیفی تازەی ڕاپەرینکاران و پرۆلیتاریا لە ناو کۆمەڵگەدا لە جمووجوڵدایە، بەڵام ئەوەی گرنگە سیاسەتی ئۆپۆرتۆنیستی لافلێدەرانی ڕیفۆڕم و چالاکەوانانی گەندەڵکار و دژە حزبی و دژە سیاسی پێشوو، ناتوانن کاریگەری جارانیان هەبێ لەسەر ئەو جموجۆڵەی کە لە دەرونی کۆمەڵگەدا لە پێشکەوتندایە.
گەشەدان بە بڵاوکردنەوەی خوڕافاتی قەومی و دینی و تایفەگەری کارکتەری سەرکی سیاسەت و ڕەفتاری باڵەکانی بورژوازیە، کە بەپلەی سەرەکی وەزیفەی دژە شۆرش بوونیان بەرجەستە ئەکاتەوە و بریتیـیە لە هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە بێهیزکردنی پۆتینسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری نەدار و زەحمەتکێش و کولکردنی هەر ئایدیایەکی سۆشیالیستی و شۆرشگێرانە. ئەمە سەرباری ئەوەی لەژێر کوتەکی شۆرش و بەرەوپێشجوونی پڕۆسەی شۆرشگێریدا ئەگەری ئەوە هەیە پەنا بەرنە بەر بەهێزکردنی دڕندانەترین ڕەوتی فاشیستی و میلیتاریزەکردن دۆخەکە و بەرپاکردنی جەنگی پرۆکسی و تیرۆر و تەنانەت داگیرکردنی سەربازی.
تاکە زەمانەت لە بەرامبەر هەموو ئەم ئەگەرانەدا یەکخستنی ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران و نەدارن و زەحمەتکێشانە لە دەوری ئاسۆی سیاسی سەربەخۆی خۆیان و ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستیان. ئەزمونی ڕاپەرینی ئۆکتوبەر و هەموو ئەزمونە شۆڕشگیریە جەماوەریەکانی تری ناوچەکە ئەمەمان بۆ ئەسەلمێنی.

بەدیلی سۆشیالیستی
خاڵی دەستپیکردنی ناسینی خودی ئەو قەیران و كێشمەكێشە هەمەلایەنەیەی کە ئەگوزەرێ لە عیراقدا ناسینیەتی وەک کولـلیـیەتێک و پرۆسەیەکی نەوەستاو و لێکهە‌ڵپێکراو. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە بەدیلی شۆرشگیرانە و سۆشیالیستی و ئازادیخوازی چۆن بتوانی ئەم کێشمەكێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیـیە بە ئاراستەیکدا بەرەوەپێش بەرێت کە هەردەم سەربەخۆیی سیاسی و چینایەتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا زامن بکات و فەراهەمی بهێـنێـتەوە لە هەموو وەرچەرخانە سیاسیەکاندا.
هەموو هیزەکانی بورژوازی بە هەموو ئەوانەی کە لەناو دەسەڵاتدان و ئەوانەشی کە لە ئۆپۆزسیۆندان مۆدیل و بەدیلێکی ئابوریان نیە بۆ کۆمەڵگە و ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوریـیەکەی جگە لە کەپیتالیزمی نیولیبرالیی هاوچەرخ، و هێچ ئاسۆیکی ئابوری لە ئەجندەیاندا نیـیە کە خۆشگوزەرانی بۆ جەماوەر دابین بکات. ئەمەش بۆخۆی خاڵی لاوازیانە و زەمینەی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتیـیـەیە کە هەردەم قەیرانی سیاسیان توندوتیژتر ئەکاتەوە. هەربۆیە بەپیجەوانەی بانگەشەکانی دوژمنانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم کە هەردەم باسی کۆتاییهاتنی بەدیلی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی ئەکەن، ئەوە سەرمایەداری نیولیبرالیزم و ناکۆکیە کارەساتبارەکانیەتی کە کۆتایی پێهاتووە، و بە زەبروزەنگ و بە هۆکاری پارسەنگی هیزی سیاسی چینایەتی لە بەرژەوەندی بورژوازی بەڕێوە ئەبرێ.

خولانەوە لە بازنەی فەراهەمهێنانی ڕیفورم لە سەرخانی سیاسی نیزامی سەرمایە و خولانەوە لەناو کایەی سیاسەتی بورژوازی بەبێ گرتنەبەری ئاسۆی گۆڕانکاری ئابوری و سۆشیالیزم و چارەسەری کولـلیـیەتی ئەم بارودۆخە هیچ دەردێکی پرۆلیتاریا دەرمان ناکات. كێشە و مەسەلەکانی جەماوەری نەدار و زەحمەتکێش نە لە بازنەی هەڵبژاردن و بایکۆتدا وەڵام وەرئەگرنەوە، وە نە لە بازنەی گۆڕینی سیستمی سیاسی بە گۆێرەی مۆدێلەکانی بورژوازی و ڕیفۆرمیان.
بۆ پرۆلیتاریای سۆشیالیست چوونەپای خەباتی چینایەتی و كێشمەکێشی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی خۆی مانایەکی نیـیە بەبی بەرزکردنەوەی ئاڵای سۆشیالیزم و ئاسۆی گۆرانکاری شۆرشگیرانەی ئابوری و ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی سەرمایە و سەرمایەداری. ئەو تەنها بە ئاسۆی سۆشیالیستی ئینتەرناسیۆنالیستیەوە ئەتوانێ بەهیز و تواناوە بەرەو ڕووی ئەم دەورەیە لە گۆرانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ببێتەوە و لە بەرژەوەندی نەداران و زەحمەتکێشان بیانشکێنێتەوە، و تەنانەت ڕیفورمێش لە پرۆسەی ئەم خەباتەیدا بەدستبهێنێ بۆ ئەوەی شۆرش بەرپا بکات بەسەر هەموو ئەو سەرخانە سیاسیەی کە بورژوازی قەومی و دینی و لیبرالی لە عێراقدا کردویانە بە قەڵای کۆنەپەرستی و درێژەدانی دیلیەتی ملیونەها ئینسان و ژیانی کارەساتباریان.

٢٩ نوڤەمبەری ٢٠٢١




ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵای (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر)ی پێشەوا کاکەیی بڵاو ده‌کرێتەوە

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی پێنجەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی سێیەم و چوارەمم (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) لە ساڵی ٢٠١٧ نووسرا و لە ساڵی ٢٠١٨ چاپ کرا. لەو پەڕتووکەدا، پێشەکی و کورتەیەکی تێدایە لە هەمبەر (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) وەک ژانرێکی نوێی شیعری، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی شیعری. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی شیعردا. لەو پەڕتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە یەکەمین جارە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دێتە بەرهەم. هەروەها، یەکەمین جارە (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە شیعر. هەروەها، یەکەمین جارە شیعری تێدا بزێتەوە و بە شیعر ببەسترێتەوە. ئەم پڕۆژە شیعرییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو شەپۆلەکانی زەریا و بەستەڵەکی باشووردا شتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەمیش لە جیهان دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو و ئاو و بەفر و بەستەڵەکدا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. داهاتوو دەخوێنێتەوە.

پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

قەت بە قەد قەدی درەختێک‌ ڕوو لە با نەوەستاوم،
با، ئاوسم بە مێشکی ئاوریشمم،
نازانم ئاوم یان ئاور،
چۆن قەت بە قەد قەدی درەختێک
لە جێی خۆم نەوەستاوم.
ئێستا ڕاوەستاوم لە ئێدنبرەی حەوتدەریایی،
لەسەر دەفتەری هەوا، دەنووسم (با.)
ئەی با! کە هاتی،
ناونیشانم، ئاو و ئاورە،
لەم شیعرەدا بۆت دەر دەکەوێ،
باڵکۆنێکم نییە لەم جیهانەدا؛
کە هاتیت، بمبە لەگەڵ خۆتدا و
لە جیهانی خۆتدا نیشتەجێم بکە!

پێشەوا کاکەیی
پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ 1984. لە گەڕەکی “جووتکانیان”ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی 2006-2005 بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە سەر زمانی تر…

بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، 2008.
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩.
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە (تاران،)2015.
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ،2017.
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.
٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.
٧. گەردووننامە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، سلێمانی، 2019.
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠.
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، بڵاوکراوەکانی نووسیار، سلێمانی، ٢٠٢١.
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 20٢١.

  1. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢.



لە قاڵبدانی منداڵ.. زاهیر باهیر

پەروەردە و قوتابخانە بەهرەی سروشتیی لە منداڵان دەسەننەوە. شتێك نییە جگە لە قاڵبدانی منداڵان، ئاوەز و تێفکرینیان سنوردار دەکات ، مەیلی سروشییی و داهێنانیان کۆنترۆڵ دەکات ، ئازادیی و ژیانی سروسشتیانەیان لێ زەوت دەکات، دەیانکاتە دوژمنی یەکدی، گیانی بەریەککەوتن و کێبڕکێیی نێوانیان زیاددەکات، سەرەنجام مەخلوقێك دەبن کە زیاتر خزمەتی بازاڕ دەکەن تاکو کۆمەڵ. خۆشەویستییان بۆ پارە و موڵکییەت و کەڵەكەکردنی سامان بەردەوام زیاتر دەبێت لە خۆشەویستییان بو دەوروبەریان. مەخلوقێك دەبن کە چینی حوکمڕان بۆ خولقاندنی جۆرێك لە کرێکار پێویستی پێیان دەبێت، کە لەڕاستیدا قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی دەبێت ئاراستەی هاوکاریکردنی تەواوی ئازادیی تاک بکات.
زۆرێك لەوانەی کە داهێنەربوون، خزمەتی کۆمۆنێتییەکە و خەڵکیان کردووە یا خوێندەوارییەکی کەمیان هەبوووە، یاخود لە قۆناخێك لە قۆناخەکانی ژیانی خوێندنیانا چی تر نەیانتوانیوە لەگەڵ قوتابخانەدا هەڵکەن و لێی هەڵهاتوون.
گەر منداڵان بە جۆرێکی دیکە لە قوتابخانەی مۆدێرینی هاوچەرخ [ نەك مۆدێرنی سەردەمی ئێستا] بخرێنە بەر خوێندن و پەروەردە بکرێن، بە داهێنان و دەستپێشکەری خۆیان زۆر جیاواز دەبن لەوەی ئێستایان و بە دڵنیاییشەوە کۆمەڵی ئایندە کە ئەوان تاکە هەر هۆشیارەکانین زۆر جیاواز دەبێت لەمەی ئێستا. بەڕای من منداڵان فێری شتەکان نەبن بەڵکو فێری مانای شتەکان ببن.
ئێمە نمونەمان زۆرە لەو منداڵانەی ئەو بەهرە و توانایەیان لە بوارێکدا و لە سەردەمێکی خوێندندا تێدا دەرکەوتووە بەڵام بە حوکمی پەروەردە و پڕۆگرامی باو و خزمەت بە سیاسەت و بە کوڵتوری دواکەوتووی کۆمەڵ ڕیگایان لێگیراوە و کراونەتەوە بە قاوغەکەی خۆیانا. وەکو دەیڤد گرەیبەر دەڵێت ” دەزگەکان جەنگیان بەرانبەر بە خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرپاکردووە، ئەوان قەوارەی خەیاڵ و بیرکردنەوەمان بۆ دادەنێن لە ڕێگایەکەوە کە بە سیستەمێکی تایبەتی سوودمەند بێت”
فرەنسیسکۆ فیرەر، Francisco Ferrer ، کە ئەنارکستێکی کەتەلۆنیای ئیسپانی بووە لە 31/05/1906 دا بە تاوانی بەشداریکردن لە پیلانی کوشتنی 26 کەس بریندارکردنی زیاتر لە 100 کەسی تر لە زەماوەندی پاشادا، ڕۆژی دواتر گیرا و دوای ماوەیەك بەردرا بەڵام دووبارە گرتیانەوە لەسەر ئەوەی کە یە كێکی زۆر چالاك بووە و لە پشتی ڕاپەڕینەکانی ئەو چەند ساڵەوە بووە ، ئیتر دووبارە ئەو پرسەی پێشتریشی بۆ زیندوکرایەوە لە تەمەنی 59 ساڵیدا لە 13/10/1909 ڕەمی دەکرێت. ئەو وەختێکی زۆری خۆی بۆ پەروەردە و قوتابخانەی مۆدیرن بەکاردەبات. بۆ ئەمەش چەند ساڵێک بە هەوڵێکی زۆر لە بەرشەلۆنە لە 08/09/1901 دا بە هاوکاریی خەڵکانی بە توانای دیکە توانیوێتی ئامانجەکەی بپێکێت. یەکەم بڵاوکراوەکەی [ نەشرە] قوتابخانەکەش لە 30/10/901 دا دەرکرد کە ئیتر بوو بە بڵاوکراوەیەکی مانگانە. ئامانجی ئەم بڵاکراوەیەش ئافراندنی پلاتفۆرمێك بوو بۆ گەشەپێکردنی تئیوری پەروەردەی ماقوڵ. گەر چی زۆربەی وتارەکان دەربارەی پرسی پەروەردە و پیداگۆگی بوو، بەڵام هاوکاتیش زانستی کۆمەڵایەتیی و [ سۆشیال ساینس] فێمەنیزم و زانستی تاوان [ کریمۆلۆجی] و ئاین و مێژو و چینەکان و پاکوخاوێنی و داوودەرمان… گەلێکی تر لەم بابەتانە دەگرتە خۆی. بەداخەوە کە ئەم بڵاوکراوەیە لە 31/05/1906 وەستا بە گیرانی خودی فرانسیسکۆ فیرەر بە داخستنی قوتابخانەکەش.
فیرەر ئەوەندە باوەڕی بە توانا و دەستپێشکەری و خۆ خۆیی منداڵ هەبووە لە یەکێک لە قسەکانیا دەڵێت ” من پێمباشترە ئازادیی خۆخۆیانەی منداڵم هەبێت کە هیچ شتێک زیاتر لە زانیارییەکی لەفزی/دەمیی و زیرەکییەکی شێواو، نازانن، ئەمەم لا پەسەندترە لە کەسێك کە ئەزموونگەری پەروەردەی ئەم سیستەمە هەنوکەییەی هەبێت”
ئێما گۆڵدمانیش لە وتاری ” منداڵ و دووژمنەکەی” کە سیستەمی پەروەردەی ترەدیشنەڵ ڕەخنە دەکات دەڵێت” سیستەمەکانی پەروەردە لە فایلەکانا گردکراونەتەوە، ناونوس و بەژمارە کراون. ئەو سیستەمانە نوقسانی تۆوی بە پیت و بەهێزیان هەیە کە لە زەوی بە پێزدا دەچێنرێت، تاکو منداڵان وا لێبکات کە گەشەی باڵا بکەن، سیستەمەکان پارچە پارچە و زەرەرمەندن و توانای بە ئاگاهاتنەوەیان لە خۆبەخۆیی کاراکتەرەکە نییە” لە وتارێکی دیکەیدا دەڵێت” پەروەردە پرۆسەی دەرهێنانە نەك چونە ناوەوەیە، لێوەرگرتنە نەك پێدان، نیشانگرتنە لە گریمانی/ شانسی بەجێهێڵانی منداڵەکە کە ئازاد بێت لە گەشەکردنی خۆخۆییدا، ئاراستەی تواناکانی خۆبە بەخۆی بکات و لقەکانی زانیاری کە خۆی ئارەزوی خوێندنی دەکات، هەڵبژێرێت”
سەبارەت بە لێهاتوویی و داهێنان و بیرڕۆشنی منداڵە قوتابییەکانی کە لەو قوتابخانەیەدا دەیانخوێند لە کتێبی ‘ پەروەردەی ئەناکستانە و قوتابخانەی مۆدێرن ‘ ی فرانسیسکۆ فیرەر دەیەها نموونە لە دەمی منداڵانی بە ڕەگەز و تەمەن جیاوازەوە دەگێڕێتەوە وەکو بەڵگەی نیشاندانی ئاوەز و ڕۆشنفکریی و موبادەرەی زۆر جوان کە هاوکات بەو شێوەیەی گونجاوە لەگەڵ ئارەزو ویست ودەستپێشکەری و داهێنانیاندا .
بۆ بەرچاوخستنی خوێنەر چەند دانەیەک لە نوسین و هەڵوێستی ئەو قوتابییە مندالانەم هەڵبژاردووە و دەیخەمە پێش چاوی خوێنەر.
• کچێکی 9 ساڵ بە تێڕوانینی خۆی ئەمەی نوسیوە ” تاوانبار حوکمی مردن دەدرێت، ئەگەر بکوژ شایانی ئەم سزایە بێت، ئەوەی کە حوکمی کوشتنی ئەم دەدات و ئەوەشی کە دەیکوژێت، هەردوکیان بکوژن. کەواتە ئەگەر لۆژکانە تێیبروانین دەبێت ئەوانیش بمرن ، ئا بەم شێوەیە مرۆڤایەتی کۆتایی دێت. لەبری ئەوەی سزای تاوانبارێك بە تاوانێکی تر، بدرێت، باشترە کە ئامۆژگارییەکی باشی بکەین تاکو جارێکی تر دووبارەی ئەوە نەکاتەوە. لە سەروو ئەمەشەوە ئەگەر ئێمە هەموومان یەکسانبین ئەوە نە دز و بکوژ دەبێت و نە هەژار و دەوڵەمەند، بەڵکو هەموان یەکسان دەبن لەتەك هەبونی خۆشەویستی و ئازادیی..”

• کوڕێکی 12 ساڵ سەبارەت بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی دەنوسێت و دەڵێت ” ئەو، کە ڕاستگۆ و دڵسۆز نییە بە ئاشتیانە ناژی ، ئەو هەمیشە لە مەترسی کەشفبوونی ئەوەدایە. کاتێك کە کەسێك دڵسۆزە و ئەگەر یەکێك هەڵەیەکی کرد بانگەشەی دڵسۆزی ویژدانی پاكدەکاتەوە. ئەگەر یەكێك لە منداڵیدا درۆی کرد، کاتێك کە گەورە دەبێت درۆی گەورەتر دەکات کە زیانی زیاترە. کەیسیش هەیە کە کەسەکە دەبێت ڕاستگۆ و دڵسۆز نەبێت . بۆ نموونە، یەکێك لە پۆلیس هەڵهاتووە و دێتە ماڵەکەمان، دواتر پرسیارمان لێدەکرێت ئەگەر ئێمە ئەومان بینیوە ، پێویستە نکوڵی لێبکەین، پێچەوانەکەی خیانەتە و ترسنۆکییە…”

• کچێکی 13 ساڵ سەبارەت بە تێڕوانینی توندڕەوێتی کە کاراکتەرێکی خراپە و لە وڵاتێکی دواکەوتووەوەیە توێژینەوەی بۆ دەکات هۆکارەکەی دەدۆزێتەوە، دەنوسێت ” توندڕەوێتی سەرەنجامی حاڵەتی بێ دەربەستییە [ئیهمالییەت] و دواکەوتویەتییە کە ژنێك خۆی لەوێدا دەبینێتەوە. ئا لەو بارەدا کاسۆلیك نایەوێت کە ژنەکە خۆی ڕۆشنبیربکات چونکە ژنەکە هاوکاری مەبادیئەکانایانە،…………”

• سەبارەت بە قوتابخانەی تێکەڵاو ، كچان و کوڕان، کچێکی 13 ساڵان دەنوسێت ” قوتابخانەی تێکەڵاو کە بۆ هەردوو ڕەگەزەکەیە، بە پلەیەکی باڵا زەروورییە. کوڕ کە لە شانی ئەوەوە دەخوێنێت و کاردەکات و یاریدەکات وردە وردە فێڕی ڕێزلێگرتن و یارمەتی دانی کچەکە دەبێت، هەمان شتیش بۆ کچ. بەڵام ئەگەر بە جیا لە یەکدی پەروەردەبکرێن، بە کوڕ بوترێت کە کچ هاوەلێکی باش نییە و خراپترە لەو ، ئیتر کوڕ ڕێز لە ژنان ناگرێت کاتێك کە ئەو پیاوێکە وەکو ئامرازێکی یاریکردن [لەعابە] یاخود کۆیلەیەك حساب بۆ ژن دەکات، ئەمە ئاوایە بۆیە لە ئەمڕۆدا ژنان بەهایان هاتۆتە خوارەوە. کەواتە دەبێت ئێمە هەموومان کار بۆ بیناکردنی قوتابخانەی هەردوو ڕەگەزەکە بکەین لە هەر شوێنیکدا دەکرێت، لە شوێنێکیشدا کە ناکرێت دەبێت هەوڵی لابردنی ناڕەحەتی و تەگەرەکانی بدەین.”.

• کچێکی 11 ساڵ سەبارەت بە جەنگ و جیاوازی نێوانی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەوڵەمەند لەسەر کاری کەسانی دیکە و مەحرومکردنی هەژاران دەژی، دەنوسێت ” لەبری یەکدی کوشتن لە جەنگەکانا و ڕك و کینە بەرانبەر بە یەکتری بە هۆی جیاوازی چینایەتییەوە. بۆچی پیاوان بە ئاگاییەوە خۆیان بۆ کار و دۆزینەوەی شتی باش بۆ مرۆڤایەتی، خۆیان تەرخان ناکەن؟ پیاوان دەکرێت یەکبگرن لە خۆشەویستی یەکدیدا و برایانە بژین ….”

• کوڕێکی 10 ساڵ سەبارەت بە قوتابخانەکە و قوتابییەکان نوسیوێتی ” کۆبوونەوەمان لە ژێر بنمیچێکدا [سەقفێکدا] ئارەوزی فێربوونی ئەوەین کە نایزانین بێ جیاوازی چینایەتیی، ئێمە خوشک و براین و بە هەمان ئامانج ئاڕاستە دەکرێین….. پیاوی جاهیل بەتاڵە ، تۆزێك یاخود هەر هیچ چاوەڕوانی لێدەکرێت. ئەو ئاگەدارمان دەکاتەوە کە وەخت بە زایە نەدەین وامان لێدەکات کە لەوەوە سوودببینین لە دواترا خەڵاتمان دەدرێتێ …..ئێمە هەرگیز سوودی قوتابخانەی باش لەبیرناکەین و مامۆستاکانمان، خانەوادەکانمان کۆمەڵەکامان کە دەمانەوێت بەختەوەرانە بژین، شەرەفمەند دەکەین “

• قوتابییەکی کچی 10 ساڵ فەلسەفانە سەبارەت بە هەڵەی بەشەرییەت دەدوێت و کە بە بۆچونی ئەو دەکرێت ئەو هەڵانە لە ڕێگای ئامۆژگاریی و نێتباشییەوە مرۆڤەکان خۆی لێنەدەن ” لە نێو هەڵەکانی بەشەرییەتدا دووڕوویی و خۆپەرستی و غروور هەیە. ئەگەر پیاوان ، بە تایبەتی ژنان باشتر ئامۆژگاری بکرێن هەرەەوها ئەگەر ژنان بە تەواوی یەکسان بن بە پیاوان، ئەم هەڵانە بزردەبن. ناکرێت باوکان و دایکان منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە دینییەکان کە ئایدیای درۆیان تێدا دەچێنن، بەڵکو بیاننێرن بۆ قوتابخانەی ماقوڵ کە لەوێ وانەی لە سەرو سروشتەوە فێرنابن، کە بوونی نییە یاخود دروستکردنی جەنگ بەڵکو ژیان لە هاوپشتی و کارکردن بە جەماعیی فێردەبن….”

• سەبارەت بە کۆمەڵی هەنوکەیی کچە قوتابییەکی 9 ساڵ دەنوسێت ” کرێکاران، بۆ تۆی خوشەویست بۆ ئەو کارانەی کە لە وەکالەتی کۆمەڵەوە دەیانکەیت ، کە دەبێت پێزانین و تەقدیربکرێن لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵ زەروورن، نەك بۆ دەوڵەمەند کە کرێیەکی مەمرە و مەژیت پێدەدات، پارەی ژیانت پێنادات، چونکە ئەگەر تۆ کارت نەکردایە ئەوان دەبوایە خۆیان ئەو کارەیان بکردایە.”

• قوتابییەکی 9 ساڵانی کوڕ، دەلێت ” دەبێت زەوی بۆ کرێکاران هەروەها بۆ هەموو کەسانی دیکە بێت. سروشت پیاوانێکی نەخولقاندووە تاکو هەموو شتێکیان هەبێت . دەبێت زەوی بکێڵرێت بێ ئەوەی کە کەسانێک کاری تێدا دەکەن بچەوسێنرێنەوە و ئەوی دیکە میوەکەی یا بەرەکەی بخوات. کرێکار لە ماڵێکی بچوك و تاریكدا دەژی ، تۆزێك خواردن دەخوات ئەویش جۆری خراپە و وەکو بورجوازی سەیارە لێناخوڕێت……پاشان کە کرێکاران زۆرن و بە زۆرری، یاخود باشترە بوترێت ئەوەی کە ئارەزوی دەکەن دەتوانرێت یەکسەر دەستیان بکەوێت…”

• کچە قوتابییەکی 11 ساڵ دەڵێت ” کە کار زیاتر دەبێت ئیتر زیاتر حسابی بۆ دەکرێت ، هۆکارێك قۆرخی دەکات، زانست سەردەکەوێت ، هەروەها چینەکانی کۆمەڵیش بزردەبن . بەرپرسێتی پیاو ئەوەیە ئەوەی کە دەکرێت بیکات، ئیتر لە ڕێگای کاری دەستییەوە / جەستەییەوە بێت یاخود کاری زهنی…………”

• قوتابییەکی کوڕی 12 ساڵ دەڵێت ” کێ چێژ لەبەری کار دەبینێت؟ دەوڵەمەند. دەوڵەمەند باشی چییە؟ ئەم پیاوانە بێ بەرهەمن . ئەوانی دیکە تەنها بە هەنگ بەراورددەکرێن… جگە لەوەی کە سمارتن چونکە مشەخۆران دەکوژن.”

• کچێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” .. کرێکار کۆیلەی بورجوازییە … کاتێك کە دەوڵەمەند چێژ لە ژیانی خۆیان دەبینن، پیاسە لە باخەکانیانا دەکەن ، هەر ئاواش کرێکاران هەن منداڵەکانیان داوای نانیان لێدەکەن ، بەڵام هیچیان نییە بیاندەنێ. بۆچی ئەمە ڕوودەدات، چونکە دەوڵەمەند هەمووی دەخوات.”

• کچیکی 12 ساڵ نوسیوێتی ” ئەی کرێکاران ئێوە مەسافەکان بە ڕێگای قیتارەکان نزیکدەکەنەوە ، ڕەنگە ڕۆژێك بێت توانای ئەوەتان هەبێت کە سنورەکان بسڕنەوە کە نەتەوەکانی لە یەکدی دابڕیوە. ئێوە زۆر بەخێر هاتن بۆ ئێرە چونکە لەتەك قیتاری سەرزەوی پیشەسازی گەشەدەکات و فراوان دەبێت ئەو کاتەش خەڵك لەگەڵ وڵاتە دوورەکانا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. “

• کوڕێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” هەژاری ڕێکخستنی کۆمەلایەتی، زۆر ناڕەوایانەی نێوانی پیاوانی خولقاندووە ، لەوە کاتەوەی کە دوو چین لە پیاوان هەیە… ئەوانە کە کاردەکەن و ئەوانەی کە نایکەن . …کاتێك کە مانگرتنە پاسەوانە مەدەنییەکان لەبەردەم دەرگەکانی کارگەکان ئامادەن بە بەکارهێنانی ڕووپۆشەکەیان ، باشتر نەبوو لەبری ئەوە مامەڵەی بە سوودیان هەڵبژاردایە؟..

• کچێکی 12 ساڵ دەڵیت ” .. سەبارەت بە کرێکار دەبێت ڕێزی لێبگیرێت وەکو هەموو پیاوێك ڕێزی لێبگیرێت، هەروەها بۆ مافەکانی دەبێت سەرکەوێت بێ ئەوەی کە سوکایەتی پێبکرێت یاخود ڕقیان لێهەڵبگیرێت ئەو دەبێت خۆی پەروەوەردە بکات.”

• کچێکی 13 ساڵ دەنوسێت ” چەوساندنەوەی پیاو لەلایەن پیاوەوە کارێکی بێڕەحمانەیە، نامرۆڤانەیە و دڕندانەیە………..ئەو ڕۆژە دێت کاتێك کە کرێکاران یەکدەگرن و داوادەکەن کە بورجوازییەت بۆ هەمیشە شەڕەنگێزی چەوساندنەوە بوەستێنێت.”

• کچێکی 14 ساڵ دەنوسێت ” گەڕان مافی هەموو پیاوێکە بۆ پەیداکردنی ئەوەی باشە و بە سوودە بۆ خۆی و بۆ هاوەڵانی بکات ، ئەوەندەی بکرێت یارمەتیان بدات هاوبەشی خەم و ناخۆشییەکانیان بکات . ئەوەی کە ئەمە نەکات شایستەی ئەوە نییە کە بە مرۆڤ بانگبکرێت. هاوپشتی ، برایەتی ، یەکسانی گەورەترین ئیلهامی ئایندەیە”

بەرەنجام:
ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیەها نمونەی کە لەو کتێبەدا هاتوە. ڕەنگە هەندێک لەو نموونانە کە من وەرمگێڕاون مانای تەواو نەدەنەدەست ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەوانە نوسینی منداڵانن هەر بە داڕشتن و شێوەی دەربڕینی ئاسایانەی خۆیان نوسراوەنەتەوە هەر وەکو لە ئینگلیزییەکەدا هاتون، منیش وەکو خۆیان بە ناڕونی وەرمگێڕاون، نەدەکرا بیانکەمە دەقی مرۆڤێكی گەورە و نوسەرێکی باش.
ئەوەی گرنگە لەو نمونانەدا هەستکردنە بە توانا و بەهرەی ئەو منداڵانە کە هەندێك قسەیان لە هی گەورەیەکی ئەزموومدار، دەچێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو سەردەمە چونکە بزوتنەوەی کرێکاران بەهێز بووە کارایی خۆی لەسەر گەورە و بچوکی خێزانە کرێکارەکان دادەنا هەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت سەرسام ببین بەو کورتە نوسینانەی ئەو منداڵانە کە سەراپای قسەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیانی نێوخێزانی و کۆمەڵایەتیان بووە. هەموویان منداڵانی خێزانە کرێکارەکان بوون ، نەك هی خێزانێکی چینی مامناوەندی یاخود چینی باڵا .
ئەوەی کە هەستی پێدەکەین جیاوازی منداڵانی سەردەمی کۆن و منداڵانی ئێستایە لەڕووی هۆشارییەوە کە زۆر کەلێنێکی گەورە لە نێوانیانا هەیە. دیارە منداڵانی ئێستا بە گشتی چابوك و زیرەکن لە بەکارهێنان و شارەزاییانا لە تەکنەلۆجیای نوێی سەردەمدا. ئەوان بازاڕییکردن و ڕێکلامەکانی کە سەبارەت بە کاڵای نوێ و ئالەتی نوێنن ، هەست و بیر هۆشیانی داگیرکردووە. ئەمان زیاتر سەرسامن بە کەسە مەشوورەکانی یانەکانی وەرزش، جەستە جوانەکان و ئەوانەی کە لەسەر شاشەی تی ڤییەکان یاخود کرتە ڤیدوێییەکان دەردەکەون . وەکو لە سەرەتادا وتم ئەم وەچانەی ئێستا بوونەتە کۆیلەی بازاڕ، بەهۆکاری ئەوانەی سەرەوە هۆشیاری و توانا و بەهرەی ئەمان لە کێشە چیانیەتیی و کۆمەڵایەتییەکانا دەرناکەوێت و ڕەنگناداتەوە. لە کاتێکیشدا کە بزوتنەوەی کرێکاران لەوپەڕی لاوازیدایە، هەر ئاواش لەسەر ژیانی منداڵانی چینی کرێکاران و هەژاران ڕەنگیداوەتەوە.
لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەمانەشدا پیداویستی بوونی قوتابخانەی مۆدێرن بەو مانایەی کە منداڵان لە کەش و هەوایەکی ئازادانەی ئاوادا پەروەدردە ببن کە هەموو توانا و دەستپێشکەری و پێشنیار و سەلیقەکانی خۆیانی تێدا گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بڕوات بەرپرسێتی کۆمەڵی ئایندەیان بکەوێتە ئەستۆ، نابێت فەرامۆشبکرێت.

بەڕای من ئێمە هەموومان دەبێت جەنگێکی بێ ڕەحمانە دژ بە ڕەوتینیات بکەین کار لەسەر فێرکردنی خۆمان یەکەم لە تەك ئەزموونگەری خودی خۆمانا، بکەین و دواتریش هاندانی هەمان ڕیفۆرم بین لە قوتابخانەکانا. لە باشترین بوار و ڕێکەوتێکی باشیشا گەر بکرێت و گریمانی هەبێت قوتابخانەی مۆدێرنی لەو جۆرە کە دەمانەوێت بکرێتەوە، گەر چی تا ڕادەیەك ئەمە کارێکە ئێکجار ئەستەمە کە توانای داراییەکی زۆری دەوێت هەم لە بەیەکادان و بەرکەوتنیشدا دەبێت لەگەڵ ڕژێمی سیاسی و پەروەردەی ئەو ڕژێمەدا.

خەسڵەتی گەورەی ئەم جۆرە پەروەردەیە جیاکردنەوەیەتی لە پەرروەردەی دینی / ئاینی کە بە ڕۆشنی تیشک دەخاتە سەر مێشك لە ڕێگای بەڵگە و دەلیلە زانستیەکانەوە چونکە ئەو پەروەردەیە بە بەردەوامی بە سەلماندنی ئەزموونەکانەوە، خۆی بنیاتدەنێ و ڕاستییەکان دەگەیەنێت.
گرنگە لە پەروەردەی ئاوادا مامۆستاکان کار لەسەر بەتواناکردنی قوتابیە لاوازەکان/کەمتواناکان بکەن لەبری وەسف و سەنای زۆری قوتابییە زیرەکەکان و هیچ جۆرە چیرۆکێك کە باس لە بتەکان بکات، باسیان بۆ قوتابیان نەکرێت، هەر ئاواش مامۆستا دەبێت خۆی بپارێزێت لە پرسیارکردن کە هەمیشە لە هەمان قوتابی دەکات. بەڵکو لە قوتابییەکانی دیکە دەبێت بکرێت تاکو ئەوانیش متمانە بەخۆیان پەیدا بکەن، دەبێت مامۆستا ئەوەندەش بە ئاگا بێت کە منداڵ هەست نەکات کە بۆ زۆربەی کات پرسیار لەو دەکات، نەبا قوتابییەکە گومانی خراپی لا دروست بێت و دواجار ئەوەش کاردانەوەی خراپتری لەسەر دروست بکات. کەواتە پەروەردە دەبێت بۆ بەتوانا و بەهێزکردنی بیرکردنەوەی سەربەستانە بێت، هاوکاتیش دەبێت جیاوازی لە نیوانی وتنەوەی وانە و پەروەردەدا بکرێت.

…………………………………..

زاهیر باهیر
03/12/2021




گۆشە نیگاکانی ڕۆژانە.. نەوزاد بەندی

گەنجێ بە تی شێرتێکەوە ، گاڵتە بە زستان ئەکا ..
پێکەنێنێ لە لووتکەکەی قاقادا ئەڕوا دەنگ بە گریان ئەدا ..
پیرەمێردێ بە پاڵتۆیەکەوە ، ئەیەوێ هاوین تووڕە کا ..
کۆمەڵێ بازرگان خۆیان مات داوە لە تەنیشت قەیوان و کۆڕەکا ..
کچێ بە بۆتۆکسێکەوە ،
بە نیازە کۆمەڵێ گەنج سەرخۆش کا ..
زانکۆیەک بە گردبوونەوە ، بە تەمایە قاسەی ئاغاکان بۆش کا ..
دوو هێزی ئاڵودە بە برنج و فاسۆڵیا ، هێشتا مێشولەیەکیان نەخستۆتە خوارەوە ..
هەورێ فێری پیاسە بووە ، هەفتەی جارێ دێ بە لانجە و لارەوە ..
شارێکی گەورە کراسێکی قەناعەتی تەسکی لەبەر کراوە ..
هەزاران بڕوا نامە ، لە دەوری تورێکی قوڕاوی ، خێمەیان هەڵداوە ..
ئایفۆنێ هەزاران جنێو و جڕت و تانە و تەشەری لێ بار کراوە ..
نەخۆشخانەیەک هەزاران لەشساغی دروون نەخۆش ، تێی داوە ..
سەرقەبرانێ تایبەت بە نووسەری تیرۆر کراو ..
تەندەری خۆ کوشتن ، تایبەت بە کچی هەژار و شاعیری لە بیرکراو ..
پەیکەرتاشێکی جیهانیی ، لە چایخانەی کرێکاران ، کەوتۆتە ژێر پێلەقەی خەمۆکی ..
دەریایەک نەوت ، برسێتی توند گرتوێتی بەرۆکی ..
زانست و زانیاریی ، وەک چڵم بە لووتی نەخوێندەوارێکا هاتۆتە خوار ..لێی ئەخوا و لێی ئەخواتەوە ..
دکتۆرایەک ، گێزەر و گون لە یەکتر جیاناکاتەوە ..
شتی تریش ..

نەوزاد بەندی




شه‌ش قه‌سیده‌ له‌ (ئانا ئه‌خماتۆڤا)ـه‌وه‌.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(ئانا ئه‌خماتۆڤا) ، شاعیری ڕووسی به‌ ڕه‌گه‌ز ئۆكرانیایی یه‌كێكه‌ له‌و ژنه‌شاعیرانه‌ی
هه‌میشه‌ جێی سه‌رنج بووه‌ و خاڵی كاریگه‌ر له‌ شیعری نوێی ڕووسی ..
ئه‌خماتۆڤا له‌ ئۆكراین له‌ دایك بووه‌ ، لێ زیاتر له‌ ڕووسیا ژیاوه‌ و به‌ شاعیری
له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ڕووس ناسراوه‌ و له‌ ته‌مه‌نی یازده‌ ساڵییه‌وه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ شیعرنووسین و چه‌ند جارێك بۆ خه‌ڵاتی نۆبل ده‌سنیشان كراوه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زۆر زمانی دونیا وه‌رگێڕدراون .
ئه‌خماتۆڤا له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسۆندا بووه‌ و ناڕازی بووه‌ له‌ هه‌ڵوێستی شۆڕشی به‌ڵشه‌فی له‌ به‌رابه‌ر نووسه‌ر و ڕۆشنبیراندا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز وڵاته‌كه‌ی
به‌جێ نه‌هێشت ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یان ساڵی 1921 له‌ سێداره ‌دا .

كه‌سێ به‌ره‌و پێش ده‌ڕوا

كه‌سێ به‌ره‌و پێش ده‌چێ
كه‌سێكی دی به‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی ده‌ڕێیێ دایه‌
ئه‌مه‌‌یان چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ماڵی باوكی
ئه‌وی دییان چاوه‌ڕێی دۆسته‌ كۆنه‌كه‌یه‌تی
لێ من ،
ده‌ڕۆم و كاره‌ساتم به‌ دواوه‌یه‌
نه‌ له‌‌ ڕێیه‌كی ڕاست و نه‌ ڕێیه‌كی پێچاو‌پێچ‌
به‌ڵكو بۆ ناشوێن
بۆ نائاراسته‌
وه‌ك شه‌مه‌نده‌فه‌رێك
له‌ ڕێڕه‌وی خۆی لای دابێ .

تۆ ده‌ژی ، به‌ڵام من نا

تۆ ده‌ژی ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ من نا
ئه‌وه‌ دوا بادانه‌وه‌یه‌
ئای به‌ چ دڵڕه‌قییه‌ك ،
فرت و فێڵی نادیاری قه‌ده‌ر
ده‌ستی له‌ بینه‌قاقامان ناوه‌ ..

هه‌ر یه‌ك به‌ شێوازی خۆی ده‌مانپێكێ
هه‌ر یه‌ك به‌ ڕۆڵی خۆی
هه‌ر یه‌ك به‌ به‌شی خۆی
هه‌ر گورگێكیش
چار نییه‌
ده‌بێ بپێكرێ ..

گورگ كه‌ ئازادن گه‌وره‌ ده‌بن
لێ واده‌یان كورته‌
له‌ ناو به‌فر ، له‌ شه‌خته‌ ، له‌ نێو گیادا
هه‌موو گورگێك
ده‌بێ بپێكرێ ..

گه‌ر له‌ گه‌رما یا له‌ سه‌رما بی
كه‌گوێت له‌ بانگی خه‌مبار و بێئومێدی من بوو
مه‌گری دۆستی خۆشه‌ویستم !

• ده‌نگێك له‌وێدا ‌بوو

ده‌نگێك له‌وێدا بوو ، بانگی كردم
هێورم بكاته‌وه‌
وتی : وه‌ره‌ ئێره‌ !
واز له‌و وڵاته‌ چۆل و هۆڵه‌‌ هه‌ڵه‌یه‌ بێنه‌
تا هه‌تایێ ڕووسیا به‌جێ بێڵه‌
من ده‌سته‌كانت له‌ خوێن پاك ده‌كه‌مه‌وه‌
شووره‌یی ڕه‌ش له‌ دڵت ده‌ردێنم
به‌ ناوێكی نوێوه‌ ده‌تشارمه‌وه‌
ئازاری خه‌م و شكستت لێ داده‌ماڵم
به‌ڵام من به‌ هێمنی و بێباكییه‌وه‌
به‌ له‌پی ده‌ست گوێیه‌كانم گرتن
تا ئه‌و قسه‌ سووك و چرووكانه‌‌
ڕۆحی خه‌مگینم گڵاو نه‌كه‌ن .

بۆردوومانی نامه‌كه‌م مه‌كه‌ براده‌ر

بۆردوومانی نامه‌كه‌م مه‌كه‌ براده‌ر !
تا كۆتایی بیخوێنه‌وه‌
وه‌ڕس بووم له‌وه‌ی
له‌ ڕێگاتدا
نامۆ و نادیار بمێنمه‌وه .

ئاوا ڕووگرژ و مۆن مه‌ڕوانه‌ !
من خۆشه‌ویستی تۆم ، من بۆ تۆم
من نه‌ شوانم و نه‌ شازاده‌
دێرنشینیش نیم
ڕه‌نگه‌ هێشتا
له‌ پۆشاكی خۆڵه‌مێشی ئاسایی خۆمدا بم
به‌سه‌ر دوو پاژنه‌ی كۆنه‌وه‌ ..
به‌ڵام من وه‌ك جاران
له‌ ئامێزتێوه‌رێناندا گه‌رمم و
‌ چاوه‌ گه‌وره‌كانم تژی ترس ده‌بن ..
بۆردوومانی نامه‌كه‌م مه‌كه‌ براده‌ره‌كه‌م !
به‌ درۆیه‌كی شیرینه‌وه‌ مه‌گری !
نامه‌كه‌ له‌ جانتا هه‌ژاره‌كه‌ی سه‌فه‌رت دانێ
له‌ هه‌مان قووڵایی بنیدا .

دوا پێك

پێكی ماڵی كاول هه‌ڵئه‌ده‌م
بۆ ژیانی كوێره‌وه‌ریم و
ئه‌و ته‌نیاییه‌ی پێكه‌وه‌ی تێداین ..
له‌ پێناوی تۆشدا
پێكێك ده‌خۆمه‌وه‌
بۆ لێوه‌ درۆیینه‌كانت
كه‌ ناپاكیان لێ كردم
بۆ چاوه‌ وه‌ك مه‌رگ سارده‌كانت
بۆ ڕاستییه‌ك
‌كه‌ ئه‌م جیهانه‌ دڵڕه‌ق و بێ وه‌فایه‌ ..
خواوه‌ندیش ڕزگاری نه‌كردین .

تۆ به‌ خۆت ده‌زانی

تۆ خۆت ده‌زانی
ئاهه‌نگم
بۆ ڕۆژی تاڵی پێكگه‌یشتنمان ناوێ
چیت به‌ یادگاری بۆ به‌جێ بێڵم ؟
سێبه‌رم ؟
چی له‌ سێبه‌رم ده‌كه‌ی ؟
پێشكه‌شی ئه‌و شانۆییه‌ی ده‌كه‌ی سووتاندم و
خۆڵه‌مێشی لێچووه‌وه‌ ؟
یا ئه‌و وێنه‌ دژواره‌ی ساڵی نوێ
كه‌ ئێستا له‌ چوارچێوه‌كه‌ی دێته‌ ده‌رێ ؟
یا ئه‌و مووچڕكه‌ په‌نهانه‌ی
دار چنارێ له‌ گۆشه‌ په‌نهانه‌كان ؟
یا ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌وانی دی
له‌ بێ وه‌ختییان نه‌مان وتبوو ؟

• ئه‌م شیعرانه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ( القصيدة كوم )ـه‌وه‌ كراون به‌ كوردی.
بڕوانه‌ : https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=2800




بۆشایی ئەمنی.. فازیل شەوڕۆ

لەگەڵ پەرلامارە خوێناویەکانی ئەو دوایەیی تێڕۆڕستانی داعش بۆ سەر چەند بنکە و سەنگەرێکی پێشمەرگە و چەند کوێرە گوندێکی تخوبی سنووری هەڕێمی کوردستان ــ کە بە زاراوی جیا جیا پێناسە دەکرێ، لە میدیاکاندا، دەستەواژەی (بۆشایی ئەمنی) بووە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هەمووان، لە گەورەترین سەرکردەوە بگرە تا پەیامنێرێکی ئاسایی. ئەم دەستەواژە ڕازاقورسە، خوێن و فرمێسک و مەرگەسات و نەهاماتییەکی دڵتەزێنی بەدوای خوێدا هێنا، چەندان پۆلە پێشمەرگەی گیان لەسەردەست و خەڵکی سڤیل و منداڵی بێ گوناح بوونە قوربانی، بە دەیان شێرەژن بوونە بێوەژن و بە دەیان دایک جەرگی بە کوچکێوە نراوە و بە سەدان منداڵ هەتیوو بوون… .

بەداخەوە، دەستەواژەی (بۆشایی ئەمنی)، نەک هەر نەیتوانی هاوڵاتی سەرشەقام و خەڵکی عەوام و ڕۆشنبیر ئیقناع بکات و کارەساتەکان پەردەپۆش کات، بەڵکو بووە هاندەر بۆ چارشیولادان لەسەر چەندان خاڵی ئیستراتیژی و بایەخدار بۆ ئاسایشیی نەتەوایەتی و ئایندەی خاک و نەتەوەکەمان.

ئەگەر مەبەست لە (بۆشایی ئەمنی) ئەو پارچە زەوییانە بێ کە بە چۆل و هۆلی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقن، دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١٧)، و ئیمڕۆ بوونەتە هۆتێل و مۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ چەکدارانی داعشی تێروڕست و کۆنە بەعسییەکانی ڕژێمی پێشوو، خەڵک دەپرسێ: ئەدی ئەو هەموو ساڵە، ئەو دوو حکومەتە لە کوێ بوون ئەم بۆشایانە پڕ بکەنەوە؟ ئەدی کە بە چاوی خۆیان کاروانەکانی داعش و ڤڕەڤڕی ماتۆڕسکلەکانیان دەدیت، بۆ هیچ کاردانەوەیەکێان نەبوو؟ بۆچی لە نێو بەرلەمانی بەغدا و لە دیوەخانی کۆشکی کۆماری و لە مەجلیس و کۆبوونەوە و بۆنە و ئاهەنگەکاندا، ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوانی سەرانی حکومەتی ناوەندە و حکومەتی هەرێمدا بوونی نییە؟ بەڵام لەو چۆلەوانیەدا بۆشایی هەیە؟ خەڵک دەپرسن: شارەکانی کوردستان، بوونەتە ئارامگە و ماڵی عەرەبەکانی هەموو عێراق، ئێ باشە، خێرە! نابێ پێشمەرگەی کورد و و سەربازی عەرەبی بەیەکەوە، لە ژێر دەوارێکدا، لەو ناوچانە، پاسەوانی خاک و وڵات بکەن؟
خەڵک دەپرسێ: بۆچی گوندنشین بتوانێ بەو چەکە سووکەی هەیەتی دیفاع لە کوێرە گوندەکەی خۆی بکات، بەڵام نزیکەی ملیۆنێک هێزی چەکداری عێراق ـ بە سوپا و حەشد و پێشمەرگەوە، نەتوانن بە هاواری (١٢) ماڵ بچن کە (٦) سەعات گیانفیدایانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە؟

هاووڵاتییەک، گوتی:” ئەو پەلامارانەی داعش، زۆر نهێنیی کەشف کرد، کە چ گەندەڵێیەک لە چەک و چۆڵ و داپێویستییەکانی ئەو پێشمەرگە بوێر و ئازا و نەبەردانە دەکرێت، کە بەو حاڵە شڕە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی نابەرانبەری داعش دەکرێن!”

کە ئەم دێرانە دەخوێنینەوە، کزەمان لە جەرگییەوە دێ، لە خەمخۆری خۆمانە بۆ خوێنی شەهیدان و ئایندەی زێدەکەمان. چونکە چاوخشانەوە بەو (بۆشایی ئەمنی)یانە، ئێمڕۆ لە هەموو کاتێک پتر پێویستەوە و هی ئەوە نییە دەقەیەک دواخرێ.

بۆشایی ئەمنی تەنها لە تخوبی سنوورەکەماندا نییە، بۆشایی (پەروەردەیی) ئەوا دێ هەرس بە پیرۆزترین و گرنگترتین کۆڵەکەی ئەم نیشتمانە بێ نێ، کە کەرتی پەروەردەیە، چارەنووسی ملیۆن و نیوێک فێرخواز لە مەحەکدایە!

بۆشایی (تەندرووستی) وا دێ وەک پەتا و تاعون، ڕۆحی ژن و منداڵ و گەورە و گچە دەماشێتەوە، پڕ گرفتن نەخۆشخانە و دەرمانخانە و ژینگە و تەندرووستیمان!

بۆشایی (ئابووری)، تەواو بازاڕی شەپرەلێداوە و ڕیزی دوکان و هوتێل و بازاڕە داخراوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکەن. سەر شۆستەکانی چییر جێ کرێکاری بێ کاری نابێتەوە! ئابووریمان شەکەستە، چارەی دەوێ!

بۆشایی(ئاسایشیی) لە کوشتن و خۆکوشتن و ژن کوشتن و شێواندنی باری دەروونی خەڵک، بەو وەزع و بارودۆخە تەلەزگەییەی هاتووەتە ئاراوە، لە زۆربەی شوێنەکاندا، عیلاجی دەوێ.

بۆشایی( کۆمەڵایەتی) ئەو هەموو لێکترازان و دابڕانەی خێزان و هەڵاتن و کۆچکردن و نغروو بوون لە بێئومێدی و نامرادی و بێ مرازی. هەڵچوونی ڕێژەی تەڵاق لە عێراق، گەیشتوووەتە ڕادەیەک، بە درێژایی مێژوو شتی وا ڕووی نەداوە، لە هەر سەعاتێک، (١٠) خێزان لەبەر یەک هەڵدەوشێتەوە. هەر کچە دەبێتە قەیرە و هەر کۆڕە دەبێتە ڕەبەن!

بۆشایی(ژینگەیی)، شارەکان بوونەتە یەک پارچە کۆنکریتی چەمەنتۆ، هەموو سەرە کۆڵانێک و دەووری شار زبڵخانەیە. دارودرەخت بڕانەوە، سەوزایی نەماوە. گیاندار و تەروتووارەکانیشمان لەگەڵ خۆمان گرفتار کردووەو، وەک خۆمان لە ناویان دەبەین!

بۆشایی(ڕێگاوبانەکان)، بەڕاستی قەسابخانەی سەبەخۆیە، لەو ڕێگاو بانانە، خەڵکی کۆیە و ڕانیە و کەلار و کفری و زاخۆ و ئامیدی و چۆمان، کە سەفەر دەکەن، وەسیەت دەکەن، چونکە ڕێگایەکانیان، بە ڕیگای مەرگ ناوزەند کراون.

(بۆشای ئەمنی)ییەکانمان، لە ژمارە نایەن، بەڵام ئێستاش گەر نیەت و ئیرادە و بەرنامە و پلان هەبێ، پڕکردنەوەیان ئاسانە و ئەستەم نییە.




کورتەنامەی شیعریی( بەشی پازدەم ),, فەتاح حەسەن

زەردەخەنە لێم تۆراوە
هەرکەسێ ئاشتمان کاتەوە
دەیخەمە خانەی..
ئازیزان.


هەر دڵێ
تۆوی خۆشەویستیی تیانەڕوێ
بە مشتێ کەپەك بیگۆڕییەوە..
هێشتا زەرەرتە.


هەرجوانێك ببینم
بەتۆی دەچوێنم
لەتۆ جوانتر
کەسی نەدیوە.. چاوانم.


تاڵاوی تەنیاییم زۆر چەشتوە
هەربۆیە..
ناهێڵم تەنهابێ، خەم.


ڕۆژێ دادێ
بەماچی ، دەم
مردوو..
زیندوو، ببێتەوە.


پەلکێشت کەن، بەرەو دۆزەخ
دەبمە سایەت،
کە، تۆ لەدۆزەخ بیت..
کەی ڕەوای هەقە،
بەهەشت بێت..
جێم!!


هەرکات..
بێ دڵی من نەکەی
دڵنیابە،
نزاکانت بەرەو یەزدان
گیرا دەبن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




ڕوونکردنەوەیەک بۆ سەرنجەکانى کاک هەڵو به‌رزنجى

دواى سێ ساڵ لە نووسینێکى ڕێزدار (هەڵۆ بەرزنجى) سەبارەت بە پەرتووکى (پارتى سۆسیالستى کورد_ پاسۆک) ، کە لە١٤/٤/ ٢٠١٩ بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، بە باشم زانی لەئێستادا لەڕێگاى چەند ڕوونکردنەوەیەکه‌وه‌ وەڵامى سەرنجەکانى بەڕێزیان بدەمەوە، هۆکارى دواکەوتنى ئەم ڕوونکردنەوەیەم، بە مەبەست بوو، چونکە دەمویست زۆرترین کەس پەرتووکەکەى ئێمە بخوێنێتەوە، لەلایەکى ترەوە ئەو نووسینەى بەڕێزیان وەک پاڵپشتیک بۆ ناسینى پەرتووکەکەمان لێکمانداوەتەوە، بۆیە لەئێستادا دەمانەوێت، خاڵ بە خاڵ ڕوونکردنەوەی پێویست بخەینە بەردەستی بەرێزیان و هه‌روه‌ها ته‌واوی ئه‌و ئازیزانه‌ی پەرتووکەکەى ئێمەیان خویندووەتەوە.

دەستپێک:
دەمه‌وێت بۆ جارى دووەم سوپاسى تایبەتى کاک هەڵۆ بکەمەوە، چونکە هەر لەگەڵ دەستپێکردنى توێژینەوەکەم و پەیوەندیکردن بە بەڕێزیان بۆ هاوکاریکردنمان، زۆر بەپەرۆشەوە بەدەم داورکارییەکەمانەوە هات؛ هەر لەگەڵ دەستپێکردنى تویژینەوەکەمان تا کۆتایى هاوکارمان بووە، بە پێدانى زانیاریى و سەرچاوەى پێویست بە بابەتەکەمان، وێراى بینینى بەڕێزیان و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵیدا.

ڕوونکردنەوە و وەڵام:
پێش خستنەڕووى سەرنج و تێبینیەکانى، کاک هەڵۆ درکى بە ماندوێتیى ئێمە کردووە، چونکە بەڕێزیان دەزانن پاسۆک ئەرشیفێکى نەبوو تابتوانین سوودى لێوەربگرین، وێراى ئەوەى زۆرێک لە هاوبیرانى پاسۆک یەکیان نەدەناسی، ئەمەش زەحەمه‌تییەکى زۆرى بۆ دروست کردبووین، چونکە ئەندامێتیى لە پاسۆکدا زۆر قورس و مەرجدار بووه‌، ڕێکخستنێکى زۆر تووندی هه‌بووە، وێڕاى ئەوەى هەندێکى تریان ئامادە نەبوون قسەمان بۆ بکەن، بە هۆکارى جیاجیا، هەر لەگەڵ دەستپێکى سەرنجەکانیدا تێبینى ئەوه‌ى لا دروست بووە، كه‌ ئێمە نەدەبوو لە شۆڕشى (١٤/تەمموزم١٩٥٨)ه‌وه‌ دەست پێ بکەین! لەکاتێکدا باس لە پارتێکى نەتەوەیی دەکەین.
بەڕێزیان ئاگادارن، كه‌ پاسۆک هەر کاژیک بوو لە فۆرمێکى تردا، هەموومانیش دەزانین شۆڕشى ١٤ى تەمموز، هۆکارى گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دەرکەوتنى هزر و ڕەوتە جیاوازەکان بوو لە عێراق، بەتایبەتى ڕەوتى چەپ و نەتەوەییەکان، بۆیە باسنەکردن لە گۆڕانکارییەکان دەبوو هۆکارى کەمیى لە توێژینەوەکه‌ماندا. لێره‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م خاڵ بە خاڵ قسە لەسەر سەرنجەکانى بەڕێزیان بکەم:
1- بەرگی کتێبەکەمان دەکەوێتە سنوورى کارى توێژینەوەکان (١٩٧٥١٩٩١)، وەک بەڕێزیانیش دەفەرموون، ئەو ئارمە هى پاش کۆنگرە و ساڵى ١٩٩١، ئێمە بەوردى باسمان لە کۆنگرەی پاسۆک و گوڕانکارییەکان کردووە، بۆیە به‌ پێودانگی زانستی‌ كارێكی زۆر دروستمان كردووە، چونکە ئارمەکە پەسەندکراوى یەکەمین کۆنگرە پاسۆک بووە لە ساڵى ١٩٩١. 2- توێژینەوەکەى ئێمە لە ده‌روازەیەک و سێ بەش پێک هاتووە، نەک تەنها سێ بەش! لە ده‌روازەدا باسمان لە دۆخی سیاسیى باشورى کوردستان کردووە لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلوولدا، چونکە ئەو ماوەیە کاریگەریى ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر هەموو ڕووداوە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان لەوانەش (کۆمەڵەى ئازادیی و ژیانەوەى یەکێتیى کورد کاژیک ١٤/٤/١٩٥٩)، وێڕاى ئەوەى توێژینەوەیەکەى ئێمەى توێژینەوەیەکى (مێژوویی سیاسی)یه‌، به‌ڵام هاوكات پشتمان بە میتۆدى (وەصفى _شیکاری)یش بەستووە.

3- ڕەنگە کاک هەڵۆ پێویست بکات جارێکى تر پەرتووکەکە بخوێنێتەوە، چونکە لە باسکردنى هەڵوێستى پاسۆک بەرانبەر بەرەى کوردستانى وامان نووسیوە: (لە هاوینى ١٩٧٦ بە ئامانجى یەکگرتنى هەموو پارت و ڕێکخراوەکان بە دروشمى تا ملکەچى یەکی نەخستووین با بۆ ئازادیى یەک بگرین) پرۆژەیەکى بە ناوى (بەرەیەکى هاوتا و یەکسان) خستە بەردەم ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان، نەک ئەوەى بەڕێزیان دەیڵێن گوایە تەنها وتوومانە پێشکەشی کۆمەڵەی کردووە! (بڕوانە لاپەڕە ١٧٨_١٩٨)

4- ئێمە لە باسكردنى نەبەستنى کۆنگرەدا، وەک تەعن و کەموکورتى باسمان نەکردووە، تەنها وەک ڕاستییەکى مێژوویى خستوومانەتە ڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەى کارى زانستیدا ئەنجم دراوە، بەڵام کاک (ئازاد مستەفا)، نەبەستنى کۆنگرەى بە هەر بیانوویەک بە عه‌یبەیەکى گەورە زانیوە بۆ حیزب، لەکاتێکدا بەڕێزیان کەسى یەکەمى پاسۆک بووە لەنێوان ساڵانى ١٩٧٦_١٩٨٩.

5- سەبارەت بە گۆڕینى ناوى حزب لە کۆنگرەدا زۆر ئاسایى و سروشتییە، هەر لە کۆنگرەدا چەند ناوێک پێشنیاز کراوە، پارتى سەربەخۆى کورد بە ٧٠ دەنگ پەسەند دەکرێت، بەڵام بەڕێزیان تێبینى ئەوه‌یان کردووە، كه‌ نەدەبوو لەبەرانبەر پارتى سەربەخۆى کورد کورتکراوەی پاسۆک بەکاربهێنرێت، ڕاستە، ئەمە هەڵەى تایپە بە هۆى زۆر بەکارهێنانى وشەى پاسۆک بووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٠٤)

6- لە ناساندنى بڵاوکراوەکانى پاسۆکدا، نەمانوتووە (سەربەخۆیى) گۆڤار بووە، بەڵکوو وتوومانە (سەربەخۆ: بڵاوکراوەیەک بوو، سەر بە ئۆرگانەکانى ناوەندیی پارتى سوشیالستى کورد_پاسۆک بوو)، لەدواى نەمانى ئاڵاى سورى کوردایەتى دەردەکرا بە دروشمى (کوردستان تەنها موڵکى کوردە) (بڕوانە لاپەڕە١٣٣)

7- لە کاتى ئەنجامدانى چالاکییەکانى پاسۆک لەناو شاردا، تیشکمان خستووه‌تە سەر یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانى پیشمەرگەکانى پاسۆک لە ١٥/٢/١٩٨١، کە ئەویش گرتنى (٢٧ فێرخوازى ئوردنى) بووە، بۆ ئەم مەبەستەیش وێڕاى ساغکردنەوەى لە ڕیگاى چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێک لە پێشمەرگەکان بەتایبەتى (ملازم شوان)، کە سەرپەرشتیى چالاکییەکەى کردبوو و بەدەستخستنى بەڵگەنامەى گرنگ و تایبەت بەو چالاکییە، تیشکمان خستووتە سەر گەورەیى چالاکییەکە، سەبارەت بەوەى پاسۆک مەرجى ئازادکردنى ١٠خێزانى بۆ خۆى دانابوو، کاک هەڵویش دەزانێ، كه‌ پاسۆک لەڕووى ژمارەوە کەمتر بوو لەوانیتر، ژمارەکان دیسان هەڵەى تایپ بووە ئەگەرنا ئێمە ئەو ژمارانەمان لە گۆڤارى سورى کوردایەتى (ژمارە٣، لاپەرە ٤٥ وەرگرتووە) (بڕوانە لاپەڕە ١٣٢)

8- لە کاتى دروستبوونى جوقد، هەموو هێزە سیاسییەکان دەیانویست بەشداریى بکەن، پاسۆکیش یەکێک بووە لەو هێزانە، کاک هەڵۆیش دەزانێت مولازم مه‌نصور ئەندامى سەرکردایەتیى پاسۆک و یەکێک بووە لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانى پاسۆک، وێڕاى ئەوەى یەکەمین کۆنفرانسى پاسۆک لە ساڵى ١٩٧٧ لە ماڵى ملازم مه‌نصور دەبه‌سترێت و ئاگادارى ڕووداوەکان بووە، بۆیه‌ بەڕێزیان بە نوێنەرایەتیى پاسۆک ڕۆیشتووە بۆ لاى یەکێتى، بە به‌ڵگه‌ی تۆمارى دەنگى، قسەکانى بەڕێزیان لای ئێمه‌ پارێزراوه‌. (بڕوانە لاپەڕە ١٣٩_١٦٠.)

9- سەبارەت بە شەڕى مامەخەڵان، ئێمە تەنها ڕاى کەسى یەکەممان وەرگرتووە، توێژەریش بۆ گەیشتن بە ڕاستى دەبێ هەر ئەو کارە بکات، ئێمە نەهاتووین ڕەوایەتیى بە شەڕەکە بدەین، بەڵکوو باسمان لە هۆکارەکانى تێکچوونى پەیوەندییەکانى پاسۆک و یەکێتی کردووە، پێشمەرگەکانى پاسۆک لە تۆڵەى (بێستوون و فارس) لە شەڕى گەڕەدێ ژمارەیه‌ک لە پێشمەرگەکانى کۆمەڵە، کە باڵێکى سەر بە یەکێتى بوون، دەکۆژن، هەموو ئەو بەڕێزانەیش چاوپێکەتنمان لەگەڵ ئەنجامداون سەبارەت بە شەڕى مامخەلان، هەموویان پاسۆک بوون، نەک یەکێتى، کاک هەڵۆ وێراى ئەوەى ئاگادارى هۆکارەکانى شەڕەکە نەبووە، لە کاتى نووسینى سەرنجەکانى ڕاستى نووسینەکانى ئێمەى نەخستووه‌تە بەرباس، بەڵکوو بەشێکى نەبێ، کە بەلاى بەڕێزیانه‌وه‌ پەسەند نەبووە، لەکاتێکدا ئێمە لە باسى شەڕى مامەخەلان باسمان لە چوار هۆکار کردووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٥١_١٥٥)

10- وه‌ك پێشتریش ئاماژەم پێی دا، بە هۆى ڕێوشوێنی توندی ڕێکخستنەکانى پاسۆکەوە، هەندێک لە هاوبیرانى پاسۆک ئێستایشی لەگەڵدابێ یەکتر ناناسن، دەنگى (کاك فوئاد) لاى ئێمە پارێزاوە، کاک هەڵویش دەزانێت، پاسۆک پەیوەندییان زیاتر لەگەڵ پارتى بەهێز بووە وەک لە حزبەکانى تر، تەنانەت لەدواى نەمانى حیزبى یەکگرتن لە کۆتایى ساڵى ١٩٩٤، کە پاسۆک بەشێک بوو لێی، زۆرێک لە هاوبیرانى پاسۆک بوون بە پارتى، ئەمەش ئاساییە.

11- لەباسکردنى سیاسەتى پاسۆک بەرانبەر بە بەرەى جود، بەڵگەنامەمان بەکار هێناوە، لە کاتى ئەنجامدانى توێژینەوە بەڵگەنامەکان بە باشترین سەرچاوە دادەنرێن. دیسانەوە دەیڵێین تەنها ڕاستیى ڕووداوەکانمان خستووه‌تە بەرباس. (وانە لاپەڕە ١٤٩_١٦٠)

12- سوپاس.

13- هەڵویستى پاسۆک سەبارەت بە دەوڵەتانى داگیرکەر، ڕوون و ئاشکرایە، دژایەتى هەموو نزیکبوونەوەیەکیان کردووە لەگەڵ حکومەتى عێراق. بۆیە ئەو بەیاننامانە هەموویان لە توێژینەوه‌کەماندا دانراون، وەک بەڵگەنامەى بڵاونەکراوە بەکارمان هێناون.

14- وەک کاک هەڵو دەڵێت، پاسۆک بەدرێژایى مێژووى خەباتیان هیچ کات گومرک و سەرانەیان لە کەس وەرنەگرتووە، به‌ڵام هەموو ئەوانەى باسیان لە یارمەتى یەکێتى کردووە بۆ پاسۆک، هەموویان پێشمەرگەى پاسۆک بوونە، کە ئێمە زانیاریمان بۆ توێژینه‌وه‌كه لێ وەرگرتوون. (بڕوانە لاپەڕە ١٩٩_٢٠٦)

15- وێڕاى پشتیوانیکردنم لە سەرنجەکانى خاڵى (16)، بەڵام کاک هەڵۆ لێرەشدا ئەو بەشەى بەدڵی بووە باس کردووە، (بڕوانە لاپەڕە ٢٠٦) بەڵام باسى دژایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانی نەکردووە لە کاتى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان، کاک غاندى لە ساڵى ١٩٩١ بەرپرسى مەڵبەندى پاسۆک دەبێ لە دهۆک (لەئێستایشدا ئەندامى ئەنجومەنى پدک لە سلێمانی) دەڵێت: پاش ڕاپەڕین پاسۆک ئاڵاى کوردستانى لەسەر بارەگاکان هەڵ کرد، پارتى نوێنه‌ری خۆى ناردە لامان، پێیان وتین دەبێت ئەو ئاڵایە بێننە خوارەوە یان بارەگاکانتان دابخەن یان ڕووبەڕروى ئێمە ببنەوە، چونکە بە مەترسییان دەزانى بۆ سەر خۆیان. (بڕوانە لاپەڕە ٢٠٩)

16- سەبارەت بەوەى بۆ نەیتوانیوە لەگەڵ یەکێتى پەیوەندییان باش بێت، ئەمە هۆکارى خۆى هەبووە، هەموو ئەو هۆکارانەمان ڕوون کردووەتەوە بە پشتبەستن بە سەرچاوەى ڕەسه‌ن، وێڕاى جیاوازیى فیکرى نێوان پاسۆک و کۆمەڵە، کە باڵێکى سەرەکیى یەکیتى بوون. (بۆ زانیاریى زیاتر بڕوانه‌ لاپەڕە ٢٠٥)

17- تەواوى چالاکییەکانى پاسۆک بەوردیى خراونەتە ڕوو لە دوو باسدا، بە ناونیشانی: چالاکییەکانى پاسۆک لە شاخدا، چالاکییەکانى پاسۆک لە شاردا، چالاكییه‌كانی پاسۆك له‌ناو شاردا، كه‌ له‌ باسانه‌دا چالاکییەکانى نووسین و هەڵواسینی پۆستەره‌كان کراوە، بۆیە بۆ جارى دووەم داوا لە بەڕێزیان دەکەم پەرتووکەکەمان جارێکى تر بخوێنێتەوە. (بڕوانە لاپەڕە ١١٥_١٣٩)

18- لە نووسینى نامەى ئەکادیمیدا، ڕێگا بە بڵاوکردنەوەى هەندێک وێنە نادرێت، بۆیە نەمانتوانیوە وێنە بڵاوبکه‌ینه‌وه‌.

19- ئێمەش پاڵپشت بە سەرچاوەکان، ئەوەمان سەلماندووە لە پێناو دۆزى کورد و گەیشتن بە دەوڵەتى کوردی، پاسۆک لەگەڵ دەستپکردنى شۆڕشى نوێ داواى لە لایەنەکان کردووە، لە بەرەیەکى یەکگرتوودا کۆببنەوە، بە مەبەستى یەکخستنى تواناکانیان و بەکارهێنانى لە دژى دوژمنانى کورد، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئه‌مه‌ش بڕوانە (لاپەڕە١٧٨-١٩٩)

20- توێژینەوەکەى ئیمە، وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێی دا، توێژینەوەیەکى مێژوویى سیاسییه‌، سەرەڕاى ئەوەى پەیڕەو پرۆگرامى پاسۆک بەتەواویى پشتى پێبەستراوە و سەرچاوەى سەرەکیى توێژینەوەکەمان بووە، بەوردیى باسمان لە ستراتیژ و بیروباوەڕەکانى پاسۆک کردووە، باسێکى تایبەتیشمان بۆ ته‌رخان کردووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٠٦_١١٢)

ماوەتەوە بڵێم، هیچ توێژینەوەیەک بێ کەموکورتى نابێ، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە زۆرترین زانیاریى کۆبکەینەوە، تابتوانین ڕۆلى (پارتى سۆسیالیستى کورد_پاسۆک) بەزیندوویى بمێنێتەوە، مێژوویان ون نەبێت، له‌وه‌شدا بە دڕێژایى هەوڵەکانمان خۆمان لە لایەنگیریى و دژایەتیی بەدوور گرتووە، بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ نووسینه‌وه‌ و تۆماركردنی ڕووداوەکاندا کردووە.




بۆ ئیدریس کەریم لە دادگا چاومان بە یەکتر دەکەوێتەوە.. ستیڤان شەمزینی

پاش ئەوی وەڵامی ئیدریس کەریمم دابووەوە لەسەر دزینی ناونیشان و تاڵانکردنی خەیاڵ و رووتکردنەوەی ئەندێشەی شیعریم لەلایەن کاوە عوسمانەوە ئەو پرسە دەبەمە دادگا لەبەرئەوەی:
یەکەم: بە بەڵگەوە لە بەرسڤی پێشوودا سەلماندم، لانیکەم لە نێوان دەقەکانی من و کاوەدا سێ ساڵ ماوە هەیە، بەوەی دەقەکانی من بە سێ ساڵ پێشتر نووسراون و لە کتێبێکدا بەناوی “وەرزە سەوزەکانی ئەوین” لە ساڵی 2018دا چاپ بوون، ئەگەر دزییەک لە ئارادا بێت ئەوە کاوە لە منی کردووە نەک بە پێچەوانەوە.
دووەم: بۆ شاردنەوەی دزییەکەی کاوە و تاڵانکردنی بیرۆکە شیعرييەکانم ئیدریس ناوێک “کە تائێستا ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەبووە” هەستاوە بە نووسینی وتارێکی پڕ کینە و شکاندن لە دژی من.
سێیەم: لە وتارەکەی ئیدریس دا “ئەگەر کاوە خۆی نەبێت بێ شک دەزانێت کێیە” ناوبانگی تایبەتی من زڕێنراوە کە چارەگە سەدەیەکە سەرقاڵی کاری نووسین و رۆژنامەوانی و ئەدەبیم، کە لەو ماوە درێژەشدا بەسەر زیاتر لە یەک رشتەی رۆشنبیرییدا کراومەتەوە، دە ساڵ سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامە بووم، هاوکات خاوەنی 21 کتێبی چاپکراوم لە بوارەکانی کولتوور و سیاسەت و فیکر و شیعردا.
چوارەم: دادگا “کە بێگومان لە ئەوروپا دەبێت” باشترین بژاردەیە، من بەدەر لە کاری نووسین، یاساناسیشم. دەمەوێت هەموو کارەکان بە شێوەیەکی یاسایی مەجرای خۆیان وەربگرن، ئەنجامی دادگاش هەرچۆنێک بێت جارێکی تر من لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوی دەکەمەوە.
پێنجەم: نەریتێکی نوێ دادەهێنم تا لەم پاشەگەردانی و بازاڕی عوکازەدا، ئەدیبی ساختە و ئەدیبی راستەقینە روون ببێتەوە کێیە؟. هەروەها ئەمە دەبێتە فاکتۆرێکی ترسیش “هەڵبەتە ترسی یاسایی” کە هیچ کەسی تر بە تۆمەتی بێ بناغە و ناراست نووسەرێک یان هاووڵاتییەکی ئاسایی تاوانبار نەکات.
شەشەم: من سکرینی نووسینەکانی ئیدریس ناوەکەم کردووە، هەروەها ئەم نووسینەی خۆم و وەڵامەکەی پێشووشم، رادەستی پۆلیسی دەکەم تا ئەو بابایە “ئیدریس” فێر نەبێت لە خۆیەوە قەڵەم بخاتە سەر کاغەز و هێرشی نەیارانە و شکێنەرانە بکاتە سەر کەسێک یەک چارەگە سەدە مێژوو و باکگراوەندی کاری رۆشنبیریی و ئەدەبی و رۆژنامەوانی هەیە.
باقی وەلسەلام

ستیڤان شەمزینی
4-12-2021




شیعر/ ئاونگ.. سەردار جاف

سپێدەيە
تک تک دەتکێی بە سەر ڕۆحی
خەرمانەی دڵی شێت بووما
نمەت ئاشنای پەڕەی گوڵ بوو
يا ديلی نێو داوی ڕاوچی
گلای بە سەر
هەناسەی پەرتبووی تێکچووما
………………………………….
لە تاریکی شەوڕا هاتووي
دڵم خۆری تیا ڕواوە
بە ئومێدەوە بڕوانە
ژيان پێکەوە تەواوە
………………………….
پەنجەکانی تۆ ئاونگن
بە سەر ڕايەڵەی نێوانمان
لەنجەيانە
سپێدان بەر لە گوڵ کەوتن
بۆنی سەبای ڕۆژگاريانە
…………………………..
گوڵ و شەونم
دار و گەڵا
هەور و باران
نسرمی شەوی تريفە
پێکڕا لە ژوانی بەیان
چاو و نيگا
دەست و گوشين
هەست و قوڵپ
دڵ وترپە
جاڕدانێکن بۆ گوڵ و سەمای ژيان
……………………………………………….
پەنجەکانم
دەبا يەک يەک هەڵبوەرێن
ئەگەر ئازاری نیاز بێ
چاوەکانم
لە ئاستتدا نابينا بن
گەر بە هەڵە لە ديقەتدان
بێ بۆن و سۆزی پڕ ناز بێ

ئەڵمانيا
٥. ١٢ . ٢٠٢١




شیعر/ کۆمەڵێک چەقۆی فێندەمێنتالیست.. شەماڵ بارەوانی

..
تەعریبتان باش
من ناوم قەرەچوخە
دوێنێ شەو
ڕەوێک شمشێری توندئاژۆ
بەکۆمەڵێک
فەتوای خوڕافەو
زەمبیلێک جەهالەتەوە

بەسەتڵێک ڕق و
ئارپیچیەک دەمارگیریەوە

خۆیان کرد بە کەندیناوەمدا
و
جەستەی خدرجیجەیان
شەلالی خوێن کرد

کۆترێکیان شەهیدکردم
هێشتا گمەی نەگرتبوو

کانیەکیان کوێرکردمەوە
هەزاران ساڵە
دروشمی کوردایەتی دەوتەوە

درەختێکیان سەر بڕیم
هێشتا زامی دەستی سەدام
و
خوێنی ئازادی لێدەچۆڕا

کۆمەڵێک شەوەزەنگ
لەڕەنگی ڕەش تاریکتربوون
زمانیان نەدەزانی

نەمزانی کێن
بەڵام گوتیان ئێمە
لەشکری سەحراین

سەر بەچەمکی بەربەرین و
و
لەئارشیفی فەرهودەوە هاتووین

لەڕەچڵەکی قەحتان و نەوەی عەدنانین

لەمنداڵدانی عروبەوە لەدایک بووین
و
ڕەگمان دەچێتەوە سەر فتوحات

ئێمە درێژکراوەی مێژووی هەزارو چوارسەت ساڵ
بەر لەئێستاین و هاتووین پرۆسە
تەواونەکراوەکەی تەعریب تەواوکەین

کۆمەڵێک چەقۆی دەمارگیرو توندڕۆ
پڕ بوون لە توڕەیی و نەفرەت
دەستیان هەمووی خوێن بوو

بۆنی بەغداو بەعس
بۆنی ئەبو عیزرائیل و زەڕقاوی
بۆنی ئیمان و ئەنفالیان لێدەهات

نەمزانی کێن
بەڵام
گوتیان ئێمە پاشماوەی غەزەبی خوداوەندین
لە قافلەی مەعاویەو
سەربە توخمی مەرگین

لەدەماری عەفلەقەوە هەڵقوڵاوین
لەناو پۆستاڵەکانی عەلی کیمیاوییەوە
هاتووین
و
بە ئەسڵ دەچینەوە
سەر شەرعی ئیفلاس

هاتووین
تا سرودی ئەی رەقیبتان
مەحکوم بەزەندیک بکەین
و
دوایین یەزدەکوردتان
بسڕینەوە

بەڵێ ئەوان
کۆمەڵێک قەمەی ڕادیکاڵ و
بە حوشترێک لە تەعریب و
ڕەشماڵێک ئەجێندای سیاسی و
فنجانێک پیلانی عروبەوە هاتبوون

بەڵێ ئەوان
کۆمەڵێک چەقۆی فێندەمێنتالیست بوون
گوتیان کە
لەزۆنگاوی تیرۆرو
تونێڵی تاریکیەوە هاتووین

نەسەبمان دەچێتەوە
سەر خالد
و
لەمەزهەبی ڕەجمین

ئێمە
مۆڵەتی خوداوەندمان پێیە

بەمیتۆدی قەعقاع و
بە ئاگاداری
ئاسمانەوە هاتووین