تێدامانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئایندا.. موحسین عیسا

دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتورەکان و کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم، نەتەوە ژێردەستەکان بوون بەخاوەن دەوڵەتی خۆیان. زۆریک لەو نەتەوانەش بۆ سەربەخۆی سوودیان لە ئاین بینی، واتە ئاینیان خستە خزمەت نەتەوەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئاین بدەینەوە، ئەوا دەبینین کە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر بێت پیناسەی ئاینیش بکەین، ئەوە وشەی ئاین لە ئینگلیزیدا لە بەرامبەردا وشەی Religion بەکاردێت و لە چەند ڕوانگەیەکی جیاوازیشدا پێناسە بۆ ئاین کراوە، یەکێک لەو ڕوانگانە کە چوارچیوەی ئەم باسە لە خۆی دەگرێت ڕوانگەی کۆمەڵناسییە. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵناسی ئینگلیزی ئەنتۆنی گیدێنز لەبارەی ئاینەوە دەڵێت: ”ئاین بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەمز، کە داوای هەستی رێزگرتن و ترس دەکەن و پەیوەندیان بە چەند ریتواڵ و رێورەسمەوە هەیە، کە لەلایەن کۆمەلی دیندارانەوە ئەنجامدەدریت”. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئاین وەک لایەنێکی روحی و ئەخلاقی لای مرۆڤەکانەوە قبووڵ کراوە و بووتە بەشێک لە رێکخستنی ژیانی رۆژانەیان. لە پاڵ ئەمەشدا بە تێپەڕ بوونی قۆناغەکای ژیانی مرۆڤ ئاینیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چوارچێوەیەکی سیاسی وەرگرتووە، ئەمەش وایکرد ئاین خۆی لەناو سیاسەت ببینێتەوە و ببێتە بەشێکی گرنگ لە کایە سیاسیەکاندا.

ئاین ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە زۆرێک لە نەتەوەکان بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستیدا. واتە نەتەوە داگیرکراوەکان توانیویانە ئاین بخەنە خزمەت ناسیۆنالیزمەوە. ئەگەر بێت و باس لە سەرهەڵدانی میژووی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا پیویستە ئاوڕێک لە شۆرشی پیشەسازی بدەینەوە، کە لە ناوەراستی سەتەی هەژدەهەم لە ئەوروپادا سەری هەڵدا، چونکە لە ئەنجامی سەرهەڵدانی شۆرشی پیشەسازی لایەنی بەرهەمهێنان و کەلەکە بوونی سەرمایە گەشەسەندنیکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وڵاتە ئەوروپیەکان بیر لە بازارێک بکەنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان تێدا ساغبکەنەوە، هەربۆیەش وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵسان بەداگرکردنی وڵاتان و کردنیان بە بازارێک بۆ بەرهەمەکانیان. هەروەها شۆرشی پیشەسازی بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە ببێتەوە و چینێکی نووێ لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵبدات، ئەم چینەش چینی بورژوازی بوو. هەڵبەتە ئەم چینە ئامانجی دەستگرتن بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی دەستەلات بوو لەژێر دەستی کلێسا و پاشادا. بۆ ئەوەی ئەم چینە بەهێزبێت و دەستەڵات بەدەست بهێنێت ئەوە پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەتێک هەبوو. ئەمەش بەو مانایەدێت کە شۆرشی پیشەسازی دەرگە بەڕووی ناسیۆنالیزمدا دەکاتەوە، کە ئامانج لێی دروستکردنی دەوڵەتە. هەروەک جۆرج حەنان لەم بارەیەوە دەڵێت: ”شۆرشی پیشەسازی بووە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەی دەرەبەگ و ئاینییەکان بتوێنەوە و پیکهاتەی نەتەوەی جێگای بگرێتەوە”. کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین چینی بورژواز چێنێک بووە هەوڵیداوە کۆمەڵگە لە قۆناغی خێڵەکییەوە بۆ قۆناغی مۆدێرن بگوازێتەوە.

لە لایەکی تریشەوە هەوڵەکانی لۆک، مۆنتسکیو و رۆسۆ لە دارشتنی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا، کە لە گرێبەستی کۆمەلایەتیدا ئەوەیان باسکردبوو کە دەبیت لەنێوان گەڵ و دەوڵەتدا ڕێکەوتنێک هەبێت و مافی تاکی تێدا پارێزراوبیت، کە خواستێکی چینی بورژوازی بوو، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆرشی فەرەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ دا، ئەم شۆرشەش هەڵگری گوتاری گواستنەوەی دەستەڵات لە تاکەوە بۆ دەوڵەت بوو. هەروەها چەمکی نەتەوە وەک ئایدۆلۆژیا لە شۆرشی فەرەنسی دەرکەوت، کە بانگەشەی دامەزراندنی نەتەوەی نووێی دەکرد.
لێرەشدا دەتوانین بڵێین کە مێژووی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی سەتەی ١٨ و دواتریش بەشیوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاو بووەوە و شێوەی ئایدۆلۆژیای جیاوازی لەخۆگرت، دواتریش لە سەرەتاکانی سەتەی ١٩ دا بە هەموو ئەوروپادا بڵاو بوویەوە. هەروەها بەهۆی کاریگەری ناسیۆنالیزم بەسەر نەتەوە ژێردەستەکان و دروستکردنی گوشار بەسەر ئیمپراتوریەتی نەمسای، هەنگاری، روسیا، عوسمانی و…تاد، ئەوا ناچار بوون دان بە سەربەخۆی هەندێک نەتەوە ژێردەستەکانیان دابنێن.

هەروا گرنگە بزانین وشەی ناسیۆنالیزم لە وشەی Nationalism ی ئینگلیزی، یان Nationaliteی فەرەنسیە، کە لە وشەی Nation وەرگیراوە. ئەم وشەیەش بە مانای گروپێکیی نەژادی دەگەینێت کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا لە دایکبوون و سەر بە یەک هەرێمن. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بێت و پێناسەی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا لە ”فەرهەنگی ئۆکسفۆرد”ی ئینگلیزیدا هاتووە ” ناسیۆنالیزم ویست و ئارەزووی گروپیکی مرۆییە کە هاوبەشە لە رەگەز، کولتوور، زمان و…تاد، بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ”. ئەمەش بەو واتایە دێت بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی نەتەوەی بونیات بنێین، ئەوا پێویستی بە دروستکردنی یەکێتییەکە لەسەر ویستی هابەشی کۆمەڵە خەڵکێک، کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەژین و خاوەنی چەند بنەمایەکی هاوبەشن.
ئەوەی لەم نووسینەدا گەرەکمە بیخەمە بەرباس، ڕۆڵی ئاینە لە بەروپێشبردنی ناسیۆنالیزمدا. هەڵبەتە پەیوەندی ئاین و ناسیۆنالیزم پەیوەندیەکی مێژووییە، لە مێژووشدا ژمارەیەکی زۆری نەتەوە هەن توانیویانە پرسی نەتەوەی خۆیان لە ڕێگەی ئاینەوە بەرەو پێشەوە بەرن، واتە ئاینیان بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان بەکارهێناوە و کردووتیانە هێزێک بۆ جودا خوازی و بونیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەی تایبەت بەخۆیان، وەک ئەوەی لە وڵاتی هنددا ڕوویدا، کاتێک هند لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیی ڕزگاری بوو ئەوا پاکستان بەشێک بوو لە خاکەکەی، بەڵام دواتر بەهۆی جیاوزی ئاینیەوە لێی جودا بووەوە و بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەهەمان شێوەش وڵاتی سودان بەهۆی ئاینەوە دابەش بوو، ئەم دابەش بوونەش بووە هۆی ئەوەی باشووری سودان لە باکووری سودان جیا ببێتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا زۆرێک لە نەتەوەکان لە ڕێگەی دروستکردنی مەزهەبێکی جیاواز لە نێو ئاینێکدا بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیا، بۆ نموونە: سەفەویەکان بەهۆی دروستکردنی مەزهەبێکی تایبەت بەخۆیان لە نێو ئاینی ئیسڵامدا توانیان خۆیان لە هاوئاینەکانیان جودا بکەنەوە، ئەمیش بە دروستکردنی مەزهەبی شیعەبوو، بەهۆی ئەم رەوتە ئاینیەی کە تایبەت بەخۆیان بوو توانیان یەکێتییەکی نەتەوەی دروست بکەن و ببن بەخاوەن دەوڵەتی خۆیان. واتە توانیان ئاین لە فۆرمی ناسیونالیزمدا وێنا بکەن.
لە دوای ئەوەی دەوڵەتی مەرکەزی ئێران دامەزرا لە سەردەمی مەشروتیەکاندا، ئەوا مەزهەبی شیعە لە قانوونی ئەساسی ئەم وڵاتەدا کرا بە بنەمای سەرەکی نەتەوەی ئێران، تاکوو ئێستەش مەزهەبی شیعە بنەمای سەرەکی نەتەوەی ئێرانە. لە لایەکی تریشەوە ئێرانییەکان ویستیان بەهۆی ئەم مەزهەبەوە سۆزی کەمایەتیەکانی تری موسڵمانی وەک: تورکەکانی ئازەربایجان، کورد و عەرەب، بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
لێرەدا دەتوانین بڵێین جگە لەوەی ئاین لە خزمەت نەتەوە بەکار هاتووە، لە هەمان کاتیشدا بووتە چەکێکیش بۆ نەتەوەی سەردەست، کە نەتەوە ژێردەستەکان لە نێو خۆیدا بتوینێتەوە، ئەمیش بەهۆی دروشمی بریقەداری برایەتی ئاینییەوە، هەروەک ئەوەی عوسمانی و سەفەویەکان لە ژیر ناوی برایەتی ئاینەوە هەوڵیانداوە سۆزی کورد بەڵای خۆیاندا رابکێشن و لە نێو خۆیاندا بیتوێنەوە. سەڕەرای ئەمەش نەتەوە داگیرکەرەکانی کورد، هەر لە ژێر ناوی ئاینیەوە شەرعیەتیان بەخۆداوە بۆ قەڵاچۆکردنی کورد، وەک ئەوەی عێراقی فاشڵ لەسەردەمی بەعسدا بە پشت بەستن بە دەقی ئاینی کوردی ئەنفاڵ کرد.

یەکێک لەو بەربەستانەی بەردەم دروستبوونی دەولەتی کوردیدا هەبووە، بەربەستی ئاینی بوو، چونکە هەمیشە بەهۆی ئاینەوە داگیرکەران کوردیان وابەستەی خۆیان کردووە، بێ ئەوەی کوردیش توانی بێتی وەک گەڵانی تری جیهان ئاین بخەتە خزمەت نەتەوەکەیەوە. هەرچەندە زۆربەی شۆرشە کوردییەکان لە ڵایەن پیاوانی ئاینییەوە سەرکردایەتی کراون، بەڵام نەیانتوانیوە ئاین بخەنە خزمەت نەتەوەکەیانەوە. واتە شۆرشەکەیان هەڵگری گوتارێکی ئاینی و ناوچەیی بووە، نەک گوتارێکی نەتەوەی، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ئەم شۆرشانە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئاین و خێڵدا بوونە. راستە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی چەق بەستووە و نەیتوانیوە گەشە بکات لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کە بتوانێت لە قۆناغی خێڵەکی دەربازی ببێت، هەربۆیەش یەکگرتنی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی شتێکی ئەستەمە بە هۆی ئەو جیاوازیە بنچینەیانەی کە خێڵێک هەیەتی لەگەڵ خێڵێکی تردا، جگە لەوەش تاکی خێڵەکی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ خێڵەکەی لەپێش هەموو شتێکی ترەوەیە. بەڵام کورد دەیتوانی خۆی لەو پەرتەوازەیە ڕزگاربکات کە بەهۆی کۆمەڵگە خێڵەکیەوە هەیبووە، ئەمیش لە ڕێگەی سوودبینین لە ئاین، چونکە زۆربەی کورد وابەستەی ئاینەکەیانن و لە ئایندا هاوبەشن، ئەوا دەتواندرا ئاین بکاتە چەترێک و تاکی کورد لە ژێر ئەم چەترەدا کۆبکاتەوە و یەکێتییەکی نەتەوەی دروست بکات. واتە ئاین بخاتە خزمەت ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. بەڵام کورد نەک هەر نەیتوانی سود لە ئاین ببینێت بۆ پاراستن و ڕزگاری نەتەوەکەی، بەڵکوو لە ڕێگەی ئاینەوە خۆیان هەڵواسی بە نەتەوە داگیرکەرەکان و خۆیان بە بەشێک لە داگیرکەر بینی. داگیرکەرانی کوردستانیش توانیان لە ڕێگەی ئاینەوە گەشە بەناسیونالیزمی خۆیان بدەن و کاریگەریەکی گەورە لە سەر هزری تاکی کوردا دروست بکەن، کە وایان لە تاکی کورد گەیاندبوو موسڵمان و ئیسلام یەک ئۆمەتن، نابیت بیر لە نەتەوە و دەوڵەتی تر بکرێتەوە، هەر بۆیەش کاتێک لە نێو کورددا باس لە دەوڵەتێکی سەر بەخۆ دەکرا، ئەوا بەکوفریان دەزانی و پێیان باشتربوو لە دونیا کەیتردا ئازادبن نەوەک لەم دونیایەدا. ئەم تێگەیشتنەش بۆ نەبوونی ئاستی هۆشیاری نەتەوایەتی لە نێو تاکی کورددا دەگەرێتەوە، کە تاکی کورد بەشیوەیەک کەوتبوونە ژێر کاڕیگەری ئاینێکەوە کە خزمەتی بە ناسیۆنالیزمی داگیرکەر دەکرد و دەبووە هۆی توانەوەی خۆی لە نێو نەتەوەی داگیرکەردا.

ئەگەر ئاورێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، ئەوا دەبینین مێژووەکەی تژییە لەو حوکمڕانیانەی کە بەهۆی کاریگەری ئاینەوە بونەتە قوربانی و لە ناو چوون، یەکێکیش لەو حوکمڕانیانە حوکمڕانی شێخ عوبەیدوڵای نەهرییە، شێخ عوبەیدوڵا خاوەن پێگەیەکی ئاینی و سەرۆکی تەریقەتی نەقشبەندی بوو، کە لە ساڵی ١٨٨٠ دا لە ناوچەکانی شەمزینان، هەکاری و مەهاباددا شۆرشی لە دژی دەستەڵاتی عوسمانی و قاجاریەکان بەرپا کرد. هەڵبەتە دوای لە ناو چوونی میرنشینە کوردیەکان بۆشایەکی سیاسی گەورە لە کوردستاندا دروست بوو، تەنها شتێک کە ئەم بۆشاییە سیاسیە توانیبا پڕبکاتەوە، پیاوانی ئاینی بوون، بەحوکمی ئەوەی کە شێخ عوبەیدوڵا پێگەیەکی ئاینی هەبووە و خاوەن مورید و نفوسێکی زۆر بووە، ئەوا توانیی جلەوی دەستەڵات بگرێتە دەست. هەرچەندە شێخ عوبەیدوڵا کەسێکی ئاینیی بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کەسیکی نەتەوەیش بووە، کۆششی بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی دەکرد و هەوڵیدەدا کورد بە جیاواز لە ئەوانیتر بناسینێت. بۆ ئەم مەبەستەش شێخ عوبەیدوڵا زۆر بەلێزانانە توانی کار لە سەر هەستیارترین لایەنی ڕوحی تاکی کورد بکات، ئەویش لایەنی ئاینی بوو، چونکە تاکی کورد تاکێک بوو وابەستەی ئاینەکەی بوو، کە ئەویش ئاینی ئیسلام بوو، بەهۆی ئەوەشەوە بوو ویستی لە ڕێگەی ئاینەوە برەو بە ناسیۆنالیزم بدات. هەروەها هەر لە ڕێگەی ئاینەوە توانی داگیرکەرانی عوسمانی و قاجاریەکان لە نێو کورددا وا وێنا بکات کە لە ئیسلام لایانداوە و خوا نەناسن، وای لەتاکی کورد گەیاند کە چیتر خۆی بە برای دینی داگیرکەران نەبینێت و هەستی خۆ بە بێگانە زانین لای چەکەرە بکات.

هەرچەندە شێخ هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئاینەوە برەو بە ناسیۆنالیزمی کوردی بدات و ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام لە هەمانکاتدا هەر بەهۆی ئاینەوە ناسنامەی نەتەوەکەی بۆتە قوربانی، چونکە شێخ عەبەیدوڵا بە هۆی هاوسۆزی ئاینییەوە وەلای بۆ خەلیفە و خەلافەتەکەی هەر هەبوو، ئەمەش بە روونی لە قبولکردنی داواکاری سوڵتان عەبدول حەمید دەردەکەویت، کاتێک داوا لە شێخ عوبەیدوڵا دەکات بێتە بەرەی خەلافەتەکەی(عوسمانی) دژ بە دەستەلاتی روسی بجەنگێت لە ساڵی ١٨٧٧١٨٧٨ دا، ئەویش داواکەی سوڵتانی عوسمانی قەبوڵ کردوو لە دژی روسەکان چووە جەنگەوە. قەبوڵکردنی ئەم داوایەی سوڵتانی عوسمانی لە لایەن پیاوانی ئاینی بەرز نرخێندرا و پشتگیری خۆشیان بۆ شێخ عوبەیدوڵا دەربڕی کە لەگەڵ وڵاتێکی ناموسڵمان چووتە جەنگەوە. ئەم لایەنگرییەی شێخ دەرخەری ئەوەیە کە نەیتوانیوە ئاین لەرێگەی ناسیونالیزمەوە تیۆریزە بکات و لە ڕوانگەیەکی نەتەوایەتییەوە سیاسیانە سوود لەو دۆخە سیاسیە لاوازییەی دەستەڵاتی عوسمانی وەربگرێت، چونکە بە چوونە جەنگی عوسمانی لە گەڵ ولاتاێکی وەکوو روسیادا، ئەوا لە بەرژەوەندی کورددا دەبوو، چونکە هەر لەسەرەتاشدا جولانەوەکەی شێخ عوبەیدوڵا بۆ ڕزگار بوون لەژێر دەستی عوسمانی بوو، گەر هاتبا و پشتیوانی عوسمانیشی کردبا، ئەوا دەبا بەشیوەیەک پشتیوانی ڵی کردبا کە لە قازانجی میلەتەکەی دابا. بەلام شێخ لەڕیگەی ئاینەوە فریوی خواد و نەیتوانی ئاین بکاتە وەسیلەیەک بۆ ڕزگار بوون لە ژیر دەستی. شێخ عوبەیدوڵا دژی بەرەیەک چووە جەنگەوە(روسیا) کە ئەگەر هاتبا کوردستانشی داگیر کردبا، ئەوە تەنها بەچاوی داگیرکەرەوە لە کوردستانی دەڕوانی و تەنها ئاماج لێی بەتاڵان بردنی سامانی کوردستان بوو، کەچی پشتگیری لایەنێکی کرد کە نەک هەر کوردستانی داگیر کردبوو و سامانەکەی بە تاڵان دەبرد، بەڵکوو بەچاوی ئەوە سەیری خاکی کوردستانی دەکرد کە کوردستان بەشێکە لە خاکەکەی. هەڵبەتە ئەو لایەنگرییەی شێخیش لە بەرئەنجامی کاریگەری ئاین و هاوسۆزی بۆ خەلیفە بوو، کە بەمەش شێخ دەستەلاتەکەیی وەک بەشێک لە سیاسەتی خەلافەتی عوسمانی وێناکرد. لێرەدا دەتوانین بڵێین کە شێخ عوبەیدوڵا نەیتوانی لە ڕێگەی ئاینەوە یەکێتییەکی نەتەوەییە لە نێو کورددا دروست بکات و بتوانێت تەریقەتی نەقشبەندی بکات بە ڕێبازێکی ئاینی تایبەت بە کورد و هەموو کورد بەدەوری ئەم ڕێبازە ئاینیە کۆ بکاتەوە، دواتریش هەر لەم ڕێگەیەوە کورد هانبدات بۆ ڕزگاری نیشتیمان، چونکە ئەم تەریقەتە تایبەت بە جوگرافیایەکی بەرتەسکی دیاریکراو نەبوو، کە وەک خێڵێک تایبەت بە ناوچەیەک بێت، بەڵکوو سنورێکی جوگرافی بەرفراوانی هەبوو، تەنانەت شوینکەوتوانی لە وڵاتانی تریشیدا هەبوو، هەروەها لایانگرانی ئەم تەریقەتە سۆزیکی گوێڕایەڵیان بۆ شێخ و تەریقەت هەبوو، ئەوا دەکرا ئەم تەریقەتە ببێت بە بنەمایەکی سەرەکی لە کۆکردنەوەی کورد بەدەوریدا، دواتریش ئەم ڕێبازە ئاینییەیان خستبایە خزمەت نەتەوەکەیانەوە. لە ئێستەشدا چەندان پیاوی ئاینی و پارتی ئاینی لە کوردستاندا هەن، بەڵام ئەوەندەی لە خەمی مەزهەبی داگیرکەراندان، ئەوەندە لە خەمی گەڵەکەیان دانین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەریتەوە کە کورد نەیتوانیوە ئاین بە کوردی بکات و لە گەڵ تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بیانگونجێنێت، چونکە هیچ ئاینێک نەیتوانیوە بەوشێوەیەی کە هەیە جێبەجێبکرێت، بەڵکوو خۆی گونجاندووە.

هەربۆیە ئەو پارتە ئاینیانەی لە کوردستاندا هەن، درێژە پێدەری ئەو مەزهەب و ئاینە هاوردەیەن کە لەلایەن وڵاتە داگیرکەرەکانەوە بۆ برەودان بەناسیۆنالیزمی خۆیان هاوردەیان کردووە و سۆزی کوردیان بەڵای خۆیاندا راکێشاوە. بۆ ئەوەی کورد لە ژێردەسی رزگاری بێت، ئەوا پێویستە هەموو بیروڕا جیاوازەکان لە دەوری یەک ئامانج کۆ بکاتەوە، کە ئەویش ئامانجی ڕزگاری نیشتیمانییە. لە لایەکی تریشەوە پیویستە تاکیک پەروەردە بکرێت کە نەتەوەکەی لە پێشەوەی هەموو شتێکەوەبێت و وابیربکاتەوە بەبێ بوونی نەتەوە شتەکانی تر هیچ مانایەکیان نابێت. هەروەها نابێت ڕۆلی پیاوانی ئاینیش لە بیر بکرێت، چونکە زۆربەی تاکی کورد سۆزی گوێڕایەلیان بۆ پیاوانی ئاینی هەیە. هەربۆیە پیاوانی ئاینی ڕۆڵیکی گرنگیان لە ئاڕاستەکردنی تاک و دروستکردنی خۆشەویستی نیشتمان هەیە و پێویستە وا لە تاک بگەینرێت کە ئامانجی ئاین ڕزگارکردنی مرۆڤە لە ژێردەستی، هەربۆیەش رزگارکردنی نیشتیمان ئەرکیکی ئاینییە. لە کۆتایی ئەم نووسینەشدا دەگەین بەو دەرئەنجامە کە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ئەنجامی شۆرشی پیشەسازی و دروستبوونی چینی بوورژوازی لە ئەوروپادا بووە. دواتریش بەهۆی شۆرشی فەرەنسی ناسیۆنالیزم وەک ئایدلۆژیای جیاواز بە جیهاندا بڵاوبووتەوە. هەروەها ئاین و ناسیۆنالیزم پەیوەندیەکی مێژوویان هەیە، زۆرێک لە نەتەوە ژێردەستەکان بە هۆی دارشتنی تیۆریکی ئاینی نەتەوەی بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیان. واتە لە ڕیگەی ئاینەوە پەڕەیان بەناسیۆنالیزمدا، وەك: تورک و فارس. بەڵام کورد لەم ڕووەوە نەیتوانی سود لە ئاین وەربگرێت و بیخاتە خزمەت نەتەوەکەیەوە، ئەمیش بەهۆی ئەو تێدامانەی بزوتنەوە کوردیەکان لە نێوان ئاین و نەتەوەدا.

—————————-

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌:

• سەعید، هیوا عەزیز(٢٠٠٠). ناسیۆنالیزمی کوردی(١٨٨٠١٩٣٩).لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری(ی.ن.ک).

• سەلام، گۆران(٢٠٠٤). کاریگەری خێڵ وئاین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە نێوان ساڵانی ١٨٤٧_ ١٨٨١. چاپی سێیەم، چاپخانەی جەمال عیرفان، هەولێر.
• عەلی،جەحفەر(٢٠١٣).ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی کوردی.چاپی دووەم،چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر.
• قەرەداخی، عەتا(٢٠٠٧). گوتاری ناسیونالیستی کوردی_ بەرگی یەکەم. چاپی یەکەم، چاپخانەی رەنج.
• ناسیونالیزم و ئاین،٢٠٢٠. {online}. پەیجی چوارباغ، ١١\١٢\٢٠٢٠، کەناڵی یوتوبی کورد، ٣\١١\٢٠٢١، https://youtu.be/q48aRyyqSMw.
• هاڵیدا، فرید، (٢٠١٧).ناسیۆنالیزم رێبازێکی سیاسی بۆ بونیات نانی وڵات. و:د.ئەنوەرمحەمەد فەرەج، چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی سەردەم
• ئیروانی، موسڵح عەبدولقەهار، ٢٠٠٢. ئاین و ناسیونالیزم؛ ڕۆڵ و کاریگەری و پەیوەندی نێوانیان لەدوای راپەرینی ١٩٩١ لە هەریمی کوردستاندا. کۆلیژی ئاداب _ زانکۆی سەڵاحەدین.
• ئەمبن، سەمیر(٢٠١٨).ناسیۆنالیزم. و:هاوار محەمەد، سلێمانی، چاپخانەی حەمەدی.

—————————————————–

موحسین عیسا




ڕوقی داڵتۆن ئەو شاعیرە کۆمۆنیستەی بە غەدر تیرۆر کرا!.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی : عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

ڕوقی داڵتۆن هەر بە تەنها شاعیر نەبوو، بەڵکو شاعیرێکی شۆڕشگێر بوو.

ئێستا نزیک بە نیو سەدە تێدەپەڕیت بەسەر تراژیدیای تیرۆرکردنی شاعیری کۆمۆنیستی وڵاتی سلڤادۆر ڕوقی داڵتۆن؛ کە لە تەمەنێکی زۆر زوودا (چل ساڵ)، نەک هەر جەستەی ئەو شاعیرەیان خەڵتانی خوێن کرد، بەڵکوو ڕوحی داهێنانی ئەدەبیی و شیعرییشیان لەنێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی سلڤادۆر بۆ ماوەیەک سڕ کرد. ڕوقی گەرچی کەم ژیا، بەڵام گەلێ بەرهەمی ئەدەبی و سیاسی دوای خۆی جێهێشت کە بە خوێندنەوەیان گەلێ سەرنج و تێڕامان لای خوێنەر دروست دەبێت. بەرزی ئیستاتیکای ئەدەبی و ڕەنگدانەوەی مارکسیزم لەسەر دەق و نووسینەکانی ڕوقی و گرنگتر لەمەش بێئۆقرەیی روحی شۆڕشگێرانە و گیانی گیڤارایی کە لەپراکتیکی ژیانی ئەم شاعیرە شەپۆڵی دەدا، کە گەواهیدەری گیانفیدایی ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە بوون، شایانی هەڵوەستە لەسەر کردنن. نووسین بۆ ئەم شاعیرە وەک هۆکارێکی گوزارشت، مەنفەسێکی گرنگی دەربڕینی تێڕوانینی شاعیرە بۆ ژیان و جیهان و کۆمەڵگە.

ئاه..ئەی شیعری ئەمڕۆ
لەگەڵ تۆدا دەتوانرێ
هەموو شتێک بوترێ(١)
شیعر بۆ ڕوقی ئەو بانیژەیەیە کە لێوەی وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕ پەیامی خۆی بڵاو دەکاتەوە. ڕوقی داڵتۆن یان ڕوقی ئەنتۆنیۆ داڵتۆن گارسیای شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی شۆڕشگێڕ و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی لە وڵاتی سلڤادۆر لە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٣٥ لە باوکێکی ئەمریکی خاوەن زاویوزار و دایکێکی سلڤادۆریی پەرستار لەدایکبووە. هەرچەندە هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمی بەدەسی نەهێناوە، بەڵام لە زانکۆکانی شیلی و سلڤادۆر یاسای خوێندووە. ڕوقی ئەو کاتەی لە وڵاتی شیلی دەبێت، بەهۆی خوێندکارە چەپەکان و هەروەها دیکۆ ڕیڤارای شێوەکاری مەکسیسکی، مارکسیزم دەخوێنێتەوە و ئامانجی سۆشیالیزم وەک ئامانجی بەرزی ئینسانی خۆی دەبینێت. کاتێکیش دەگەڕێتەوە سلڤادۆر دەست بە هەڵسوڕانی سیاسی دەکات و ئینجا پاش کۆمەکیکردن بە دامەزراندنی حەلقەی ئەدیبان لە زانکۆ، ڕوقی دەست دەکات بە شیعر نووسین. دواتر پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی سلڤادۆرەوە. ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦١ دەستگیر دەکرێت. لە ساڵی ١٩٦١ کاتێک لە زیندان دەبێت و سزای ئیعدامی دەبێت، خۆشبەختانە زەمین لەرزەیەک ڕوو دەدات و دیواری زیندانەکە دەڕووخێت و ڕوقیش ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و ڕا دەکات و ئینجا بەهۆی هاوڕێ شۆڕشگێرەکانییەوە کۆمەک دەکرێت و لە سلڤادۆر دوور دەخرێتەوە و ئەویش بەناچاری دەچێتە مەکسیک و لەوێشەوە بەرەو کوبا دەڕوات کە لەوێ شیعرەکانی بڵاو دەکاتەوە و ئینجا لە وڵاتەکانی کوبا و مەکسیک و چیکسلۆڤاکیا پەرە بە نووسین دەدات و وەکو نووسەرێکی کرێکاریی دەناسرێت. لە وڵاتی کوبا چەندینجار مەشقی سەربازی دەکات و ساڵی ١٩٦٥ کەدەگەڕێتەوە بۆ سلڤادۆر جارێکی تر دەستگیر دەکرێتەوە. ساڵی ١٩٦٩ دەچێتەوە بۆ کوبا و لەوێشەوە بۆ پراگ تا وەک پەیامنێری گۆڤاری نێونەتەوەیی (ئارێشەکانی ئاشتی و سۆشیالیزم)(٢) کار بکات. لەهەمان ساڵ خەڵاتی (کاسا لێ داس ئەمەریکاس)ی(٣)پێدەبەخشرێت. دوای جێهێشتنی کوبا لە ساڵی ١٩٧٣، ڕوقی پەیوەست دەبێت بە (سوپای شۆڕشگێرانەی خەڵک)(٤) و لەوێدا لەگەڵ فەرماندەی یەکەمی ئەو سوپایە دەکەوێتە ململانێیەکی تووند و سەرەنجام بەتیرۆرکردنی ئەو شاعیرە کۆمۆنیستە،کۆتایی بەو ململانێیە دێت. (٥)
لە سەرمایەداریدا درۆیە ئەگەر بڵێین
ئاگات لە خۆت بێت. تۆ کێشی خۆت زێڕ دەهێنیت
چونکوو لە سەرمایەداریدا تەنها خاوەن زێڕەکان
بەهای کێشیان زێڕ دەهێنن.

لە بنیادنانی سۆشیالیزمدا
هیچکەس درۆ ناکات و دەتوانرێت بوترێ
تۆ زیاتر لە کێشی خۆت زێڕ دەهێنیت
پێویستە ئاگادر خۆت بیت و
زێڕ موڵکی گشتییە و
ئاڵۆگۆڕی بیانیش گرنگە بۆ خۆی

تەنها لە کۆمۆنیزمدا دەکرێ بوترێت
تۆ شایانی ئەوەی کە دەیهێنیت
زێر هیچ پەیوەندییەکی بە کێش و بەهای تۆوە نییە

لە کۆمۆنیزمدا زێڕ تەنها لە میانی
بەکارهێنانی کرێکاران و هاووڵاتییانەوە بەهای دەدرێتێ
بۆ نموونە لە پزیشکی ددان
لە نەقشسازی
یان جوانکردنی مل و گوێی کچان .(٦)
شێوازی ژیان و کەسێتی ئەم شاعیرە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. ڕوقی سەرباری ئیلتزامی بە کێشەکانی سلڤادۆرەوە، هەروەها بەهۆی کارە هەمەجۆرەکانی کە سنوورەکانی بیروباوەڕی مارکسیستی خۆشی تیپەڕاندبوو، بووە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەری سەردەمەکەی خۆی. بۆیە دوای مەرگی ئەم شاعیرە لەلایەن حکومەتی سلڤادۆرەوە دانی پیا دەنرێت و تا کار گەیشت بەوەی زانکۆی سلڤادۆر بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەخشی پێی. ساڵی ١٩٧٠ دەبێتە یەکێک لە سیما هەرە ناسراوەکانی بزووتنەوەی چەپی سلڤادۆر. بەڵام ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە گەرچی سیاسەت و مارکسیزم سێبەری خستبووە سەر تەواوی ژیانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵی پڕ لە خۆشەویستی بوو بۆ ئینسان و ژن.

بەبێ دەستەکانی تۆ
دڵم دووژمنی سینگمە.(٧)
ڕوقی داڵتۆن لەدوای خۆی پانزە کۆشیعر و ڕۆمانێک و شانۆنامەیەک و ژمارەیەک کورتەچیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبی و نووسینی سیاسی جێهێشت. بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و چیکیی و ڕووسی و ئیتالی. ڕوقی دەڵێت ( لەسەر شاعیر پێویستە وەپێش هەموو شاعیرێک لەسەر شاعیری کۆمۆنیستی پێویستە گوزارشت لە هەموو شتێکی ژیان بکات، خەباتی پرۆلیتاریا، جوانی ئەو کاتیدرایانەی لەلایەن داگیرکەرانی ئیسپانییەوە بۆمان جێماوە. چێژی کاری سێکسی و پێشبینی داهاتووی بەرهەمدار بەهۆی نیشانەکانی ئەم سەردەمانەوە.)(٨)ڕوقی داڵتۆن دڵی بۆ ئازادی لێدەدا، ئەو بڕوای وابوو کە تێکۆشانی مرۆڤە ستەمدیدەکان نەک هەر ڕەوایە، بەڵکوو جێی پشتیوانی و قوربانیدانیشە. شاعیر خوێنی خۆی وەک خوێنی خەڵکی شۆڕشگێڕ دەبینێت و ئامادەیە ئەو خوێنە لەپێناو ئازادیدا بڕژێنێت.

لەوبڕوایەدام جیهان جوانە
ئەم شیعرەشم وەکوو نان وایە بۆ هەموو کەس
دەمارەکانیشم لەنێو جەستەم کۆتاییان نایە
بەڵکوو لەناو خوێنی هەموو ئەوانە کۆتاییان دێت
کە لەپێناو خۆشەویستی و ژیان و شتومەک و گوند و
نان و شیعر بۆ هەمووان دەکەن، تێدەکۆشن.(٩)

ڕوقی شاعیر هەموو ژیانی تەرخان کردبوو لەپێناو مەسەلە جەوهەری و بنەڕەتییەکانی خەبات و سۆشیالیزم. مارکسیزم ئەو باوەڕە بەرزەی شاعیر بوو کەلە سێبەریا هەناسەی ژیانی دەدا. بەڵام بەداخەوە ڕفاندنی ئەم شاعیرە مانگێک پێشتر و پاشان تیرۆرکردنی ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە بەو شێوە تراژیدیایە، لەسەر دەستی پۆلێک لە گەریلاکانی سوپای شۆڕشگێڕانی خەڵک، کە هەر هاوڕێی خۆی بوون، بەبیانووی ئەوەی کە سەر بە دەزگای هەواڵگری کوبایە و دوایش تۆمەتەکەیان گۆڕی بەوەی کە سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکایە، پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر مێژووی سیاسی سلڤادۆر و بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی سلڤادۆر لەو قۆناغەدا. روقی لەناو ژووری نووستنەکەی لە گەڕەکی سانتا ئەنیتا لە سلڤادۆر تیرۆر کرا، سەرەتا دەستڕێژی لێ دەکرێت و بەر ناکەوێت. بۆیە یەکسەر خۆی فڕێ دەداتە سەر تەختە خەوەکەی و ئینجا هاوار دەکات مەمکوژن. بەڵام جاقوین ڤیلالۆبۆس و جۆرج مێڵێندز دووەم دەستڕێژی لێدەکەن و دەیکوژن. کار و یادەوەرییەکانی ئەم شاعیرە بوونە ئیلهامبەخشی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوە چەپەکانی سلڤادۆر. لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی چەپی سلڤادۆر بڕیاریدا، چواردەی ئایاری هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی شیعری نەتەوەیی وەک ڕێزلێنانێک بۆ لەدایکبوونی ئەو شاعیرە بەغەدر تیرۆرکراوە.(١٠)

ئامادەکردن و وەرگێڕانی : عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

——————————

سەرچاوە و پەراوێز :
(١)Rouqi Dalton; Poet anf Revolutionary by Claribel Alegria
https://www.jonathancohenweb.com/dalton.html

(٢)ئەم گۆڤارە ڕووسییە لە ساڵی ١٩٥٨ تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام دەرچووە و لەلایەن حیزبە کرێکاریی و کۆمۆنیستەکانی جیهانەوە پشتیوانی لێدەرا.
(٣)کاسا لێ داس ئەمەریکاس یان ماڵی هەردوو کیشوەری ئەمریکا، ئەم ڕێکخراوە لە وڵاتی کوبا ساڵی ١٩٥٩ چوار مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا، هاتە دامەزراندن. ئامانج لەم ڕێکخراوە پشتیوانی گەشەپێدان و پتەوکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی – کلتووری لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی و جیهانە لەڕێی بەخشینی خەڵاتەوە.

(٤)سوپای شۆڕشگێرانەی خەڵک، ڕێکخراوێکی چەپی گەریللایی بوو و ساڵی ١٩٧٠ لە سلڤادۆر لەئەنجامی یەکگرتنی سێ ڕیکخراو هاتە دامەزراندن. باوەڕی زاڵی نێو ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە بوو. بەدەیەها چالاکی سەربازییان ئەنجام داوە و سەرەنجام لەساڵی ١٩٩٢ کۆتایی بە ئەم ڕێکخراوە دێت.
(٥)بۆ زانیاری و دیتەیڵی زیاتر بڕوانە
https://en.wikipedia.org/wiki/Roque_Dalton

(٦)و (٧) و (٨) و (٩)All of Life, Roque Dalton, poet and Revolutionary by Mickey Gallagher sep.3rd, 2013 . For more info please visit
https://www.peoplesworld.org/article/all-of-life-roque-dalton-poet-and-revolutionary/
(١٠)https://www.telesurenglish.net/news/Roque-Dalton-The-Death-of-a-Revolutionary-Poet-20150510-0010.html




کۆنگرەی ژینگە و دیموکراتی و بەرکوڵێك.. زاهیر باهیر

پاش پسکە پسکی دوو ساڵ و لە خشتەبردنی هەندێك کەسی دڵسۆز و پرس و ڕا بە هەندێك لەسەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبێکی نوێ سەری لە هێلکە جوقان. لە راستیدا دوکانێکی سیاسەتبازیی بۆ ڕامکردنی هەرچەند بکرێت لە خەڵکی داما و و بێ هیوای کوردستان، کرایەوە ، دوکانێك گەر چی بەناو نوێیە بەڵام کەلوپەلی کۆنەی پێیە، نۆژەنی جەلالییەت و نەوشیوانییەت دەکاتەوە، دەیەوێت مێشکی گەنجانمان بە فکری کۆنی بەسەر چوو، زاخاوبداتەوە.
خەڵکینە بە ئاگا بن، زمانی شیرین و قسەی بریقەدار و دروشمی ڕەونەقدار، لەخشتەتان نەبەن، لەبیرتان بێت شکستێکی دیکەتان نەوشیروان ئاسا، بەسەردا نەهێنن، جارێکی تر بێ هیوا و بێ ئومێدتان نەکەن ، هەمان کەسانی جارانن و تەنها دەم و لەفزیان گۆڕیوە، هەمان ئیدۆلۆجیە و تەنها ڤێرشنەکەیان گۆڕیوە.
بەڵێ کۆمەڵێك لە کۆنە جەلالی و کۆنە دەهۆڵلێدەرانی بەناو بزوتنەوەی گۆڕان، پیاوانی کۆنی بەوەفا و بەئەمەکی نەوشیروان، لە دیمەنێکی تردا، لە ژێر ڕوپۆشێکی دیکەدا، دەیانەوێت بەردەوامی بدەنەوە بە پەتا و کارەساتی کورداییەتی ، بە سیاسەتی لیبراڵ، بە پێناسەی ” ئەخلاق” کە دەزانین کە سیاسسی دەسەڵاتخواز هەرگیز ئەخلاقی نەبووە و نییە ، بە مژدەی حکومەتی باش ، کە دەزانین حکومەتی باش هەر نییە.

من لێرەدا هەر بەرکوڵێك لەم ڕاگەیاندنەی ئەم چەند ڕۆژەی پێشویان دەکەم کە لە دروستبوونی حیزبی کۆنگرەی ژینگە و دیمۆکراتیی، ئاگەداریان کردینەوە. ڕاگەیاندنەکەیان پەیامێکی گرنگە زۆر بە کورتی و بە چڕو پڕی هەر هیچ نەبێت چەند خاڵێکی گرنگیان دەربڕیوە و ئەوە هەدەفیانە کە بۆ من مایەی ڕەخنە و لەسەر نوسینە و بە ئەرکی سەرشانی هەموو ئازادیخواز و سۆشیالیست و شیوعییەکی دەزانم کە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی پوچکردنەوەی زیاتری پوچگەراییەکانی ئەم حیزبەدا بین، پێشئەوەی ئەمانیش بەرەو شکستێکی ترمان بەرن وەکو چۆن جەلالیەت و مەلایەت و نەوشیروانییەت کردیان و بەردەوامن لە کردنیا.
من لێرەدا تەنها چەند خاڵێك لەو ڕاگەیاندنەیان دەگرم، هەر کاتیش پەیرەو و پڕۆگرامیان کە کاڵایەکی بەسەرچووە کەوتە بازاڕەوە، ئەو کاتەش بە گوێرەی توانا و وەختم لەسەری دەنوسم .

لەم ڕاگەیاندنەدا “…. کار بۆ ئەوە دەکات ئەو فۆرمە کوشندەو کلاسیکییە تێپەڕێنین، کە حیزب بۆ ئەوەی هەبێ دەبێت: عەمیلی وڵاتێک بێت، پارەو پرۆژەی ناشەرعی و بارەگای گەورەی هەبێت..”
دروستبوونی هەر حیزبێك لە کوردستاندا لە هەوڵی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتدا بێت لەناو ئەو هەموو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکە کە هەندێکیان خاوەنی هێزی گەورەی جەکدارن دوای ئەوەش وڵاتێکی وەکو کوردستان کە بەشێکە لەعێراق و عێراق-یش وەکو یاری گوریس گوریسێنە لە لایەکەوە تورکیا ڕای دەکێشێت و لە لایەکی دیکەوە ئێران و لەولاشەوە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و هی ناوچەکە… ئایا لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەوە قسەی خەڵکانی ئاوەزدارن کە لە ڕاگەیاندنەکەیانا ئەوەی سەرەوە بڵێین؟ ئایا یەکێتی و پارتی هەتا ئیسلامییەکانیش حەز ناکەن کە سەربەخۆ بن؟ بۆچی بە خۆشی خۆیان و ئارەزوومەندییان چونەتە پال ئێران یا تورکیا یاخود دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بریتانیا و ئەمەریکا؟ ئێوەیەك کە دەوڵەت و دەسەڵاتتان بوێت ئایا دەکرێت هەر لە دەرەوەی دەسەڵاتیش چجای لە دەسەڵاتدارێتیدا سەربەخۆ بن؟ ئایا دەتوانن راگەیاندنی نەك هەر توند و تیژ بەڵکو مرۆڤ و ژینگە دۆستانەش بە بەردەوامی دژ بەو دەوڵەتانە بڵاو بکەنەوە؟ ڕەنگە بۆتان بکرێت بەلام ئایا لە وەها کردنێکدا شانسێکی هاتنە دەسەڵاتتان دەبێت؟!!
بەڕیزان ئەم قسانە قسەی بۆشن، بێ بەڵگەن و قسەی خەڵکانی مایەپوچن، پلانی ئایندە لەسەر قسەی ڕووت، نەبوونی شارەزایی لە مێژوو، دەرکنەکردنی واقیعی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، بێ ئاگایی لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی-ن. دەکرێت بڵێن ئیوە کەمتر پاشکۆ دەبن، ئێوە کەمتر پیاوی دەوڵەتانی دەوروبەر و دەزگە سیخوڕییەکانیان دەبن، ئەمەیان ئامەننا بە هەرحاڵ بەڵام ئا بەو خەستییە و شەدەی بخەنەسەر جێگای باوەڕ نییە ، مەگەر لای کەسە ساویلکەکان.

“… کارکردنە لە سەر خولقاندنی فەرهەنگێکی نوێی سیاسی و کەرامەت و خۆناسین و لێبوردەیی؛ کارکردنە لە سەر کاری هەرەوەزی مرۆڤە ئازاو دڵسۆزەکانی ئەم وڵاتە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوماندا”
کردنی ئەم جۆرە قسانە، ناردنە دەرەوەی ئەم جۆرە پەیامانە، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتیت، زۆر ئاسانە. بەڵام کە تۆ چویتە دەسەڵات تاکە فەرهەنگێك کە هەیە و ئەوانی دیکە کەلادەخات فەرهەنگی بازاڕی ئازادە ، فەرهەنگی سیاسەت و ئابوریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵە . سەراپای پڕۆگرامی پەرەوەردە و پێگەیاندن لە قوتابخانە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانا ئەوەیە، کە تاکی خۆپەرست، خزمەت بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە دروستدەکات. چ حیزبێك هاتۆتە دەسەڵاتەوە کە کەرامەتی بووبێت؟ ئەخلاقی بووبێت؟ چ خۆخۆییەکی یا پێناسەیەکی جگە لە دەزگەیەکی مشەخۆری سەرکروتکەری دژ بە میللەت هەبێت ؟ چ حکومەتێك ئەمڕۆ لە دونیادا هەیە کە کار لەسەر پرۆژەی هەرەوەزی بکات؟ کێیان هەن لە خزمەتی بازاڕدا نەبن؟ نەبووبنە برغویەكی دشخوراوی [سلاكبوو ] ئەم سیستەمە کە بە بوون و نەبوونی ئەوانەوە سیستەمەکە هەر بەردەوامە و ئاراستەی خۆی بەرنادات. چ دەسەڵاتێک هەیە کە مرۆڤدۆستی و مرۆڤە دڵسۆزەکانی وڵاتی خۆیان بناسن؟ دڵسۆزی بەكێ؟ تاکو ئێوە ئاوابن؟!!! .
لەمانەش زیاتر ئێوە هەر پێشوەخت قسەکانتان لەسەر پرسی هەرەوەزی هەڵوەشانۆتەوە. ئێوەیەك کە باوەڕتان بە حکومەتی باش و پرۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراوەی پەڕلەمان هەیە و سەربەستکردنی سەرمایەداران هەیە، باشە پیمان ناڵێن ئەمانە لەگەڵ کاری هەرەوەزیدا چی کۆیان دەکاتەوە؟ باشە ئێوە چۆن دەسەڵات، سەرمایەداران و تەراتێنکردنیان لە دونیای بازاڕی ئازاددا لە دەروازەی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ نیو-لیبراڵەوە لەگەڵ کاری هەرەوەزیانەدا جوتدەکەن؟ لە کوێی دونیادا ئەمە هەبووە [ دیارە من باسم لە هەندێك کەس یا خود کۆمۆنێتییەك نییە هێشتا هەر هەرەوزیانە دەژین ]
“…ئەم مانیفێستە پێمان دەڵێت: حكومەتێکی باش و بەهێزو دیموکرات و دادپەروەر لە هەناوی پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیموکرات و دادپەروەرەوە دێتە دەرێ، هەروەک پارتێکی لەم جۆرەش لە هەناوی تاک و کۆمەڵگەیەکی هوشیارو بەهێزو دیموکراتەوە دێتە دەرێ.”
ئەمەی کە ئێوە دیڵێنن هەموو حیزبەکانی دونیا هەمان شت دەڵێنەوە و دەڵێن و هەموشیان خۆیان بە دادپەروەر و دیمۆکرات دەزانن و ئەوانەی ئێوەشیان دەوێت . ئادەی پێمان بڵێن حیزبێکی دەسەڵاتدار، دیکتاتۆرێکی سەرۆك لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا بە خۆی وتوە: من دیکتاتۆرم، پیاوکوژم، سەرکوتکەرم؟ … هەر هەموویان هەمان دروشم و قسە و ئامانجی ئێوەیان هەبووە، بەڵام ئایا دەسەڵات کە خۆی لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین خۆی ڕاگرتووە، دەتوانێت ببێتە حکومەتێکی باش؟ دەتوانێت ببێتە ” باوکی میللەت”؟
سەیرە کە ئێوە خۆتان لە کردنی حیزبایەتی و مێژوی حیزبەکان، با هەر بڵێین لە کوردستانا، غافڵ دەکەن ، خۆتان بێ ئاگا و نەزان دەکەن. دەی ئەگەر ئاوا نییە تاکە حیزبێکی باش کە لە کوردستاندا کە لە شاخ و شاردا بووبێت، پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیمۆکرات و دادپەرروەر بووبێت؟!! . مرۆڤدۆستی، ژینگە دۆستی و ژیاندۆستی، دادپەروەری و دیمۆکراتی نەك هەر لەناو حیزبدا نییە بەڵکو خودی حیزب و دامەزراوەی حیزب تەواوی کار و کارنامەیان دژ بەوانەیە کە نوسیوتانە.

ئەوە ڕاستە تاکی باش کۆمەڵی باش دەداتە دەست ، بەڵام کۆمەڵی باش هەرگیز دەسەلاتی باش ناداتە دەست ، چونکە سروشتی خودی دەسەڵات باش نییە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە بە دەست هەر کەس و لایەن و حیزبێکەوە بێت. دەسەڵات باش و باشترینی نییە بەڵکو خراپ و خراپترینیان هەیە. دەسەڵاتێك نییە کە لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و مەحرومکردنی زۆرێك لە هاووڵاتیانی، دانەمەزرابێت ، دەسەڵاتێك نییە هەر ڕەنگ و دەنگێکی هەبێت، کاتێك بەرانبەری وەستایتەوە، گیان و نەریت و سروشتی کوشتن و بڕین و داپڵۆسین لە هەناویدا نەبێت.
بەڕێزان، کەرەسەکانی کە دەتانەوێت حکومەتی باشی پیدروستبکەن شتێکی نوێ و جیاوازمان لەوەی کە نەوشیروان موستەفا دەیویست دروستی بکات، ناداتە دەست . ئەویش ئابوری لیبراڵی دەویست، دۆستی بازاڕی ئازاد و مونافەسەی شەریفانە بوو ، ئەویش خەڵکانی تەکنۆکراتی دەویست لە حوکما، ئەویش خەڵکی شیاوی بۆ شوێنی شیاو دەویست . بەڵام خۆشتان زۆر باش دەزانن دواتر ئەو لەسەر دانانی مودیر ناحێیەك کە بۆ گۆڕان بێت، شەڕی لەتەك پارتی و یەکێتیدا دەکرد . باشە بەشێکی ئێوە لەو قوتابخانەوە هاتون و بەو سیاسەتە پەروەردە کراون هەمان شت دەلێنەوە، ئیتر بۆچی خۆتانمان لێدەگۆڕن و گوایە شتێکی نوێترمان بۆ دروستدەکەن؟ ئیتر چۆن دەتوانن پێمانبڵین کە ئێوەش شکستێکی گەورەتر بەسەر ئەم میللەتە هەژارەدا ناهێنن؟
“….. داوای سەربەستکردنی سەرمایەداران لە ژێر چەپۆکی گروپەکانی دەستڕۆیشتوی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەکات، داوای ئابورییەکی بەهێزی خۆژێنی ژینگە دۆست و دادپەروەری هەژار دۆست و ئازادی یاسایی دەکات”.
دەبێت سوپاسگوزاریان بین بۆ ئەم بڕگەی مانیفێستەکەیان کە ئەو ڕاستییەیان لێنەشاردوینەتەوە کە ئەوانیش کۆنترۆڵ و سزای سەرمایەداران ناکەن و نادەن. واتە خوێنمزژان و دز و جەردەی ئابوریی، لە قاچاخچییەکانی هێنانی کەرەسە و پێداویستییەکان ، کە بەشێكیان بەسەرچوون، لە دروستکەرانی قوتابخانە و خەستەخانە و جادەکان و خانو و شوقەکان، لە کردنەوەی کارگە و کارخەنە بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و هەژاران و نەبوونی هەل و مەرجی سەلامتییان و زۆری تر … هەموو ئەم خوێنمژانە لە دەستی حیزب و حکومەت دەردەهێنن و ئازادیان دەکەن، واتە بەرەڵایاندەکەنە گیانی هاووڵاتیانی کوردستان، هەر وەکو دەسەڵات و حیزبەکان کردویانە، تاکو بە ئارەزوی خۆیان سەرمایەی خۆیان دروستبکەن بێ لێپرسینەوە و سزادانێك، چونکە ئازادیی و سەربەستییان پێدراوە.

ئاخر ئەگەر ئابووری وڵات ئابووری قاچاخچێتی و زەربەدان بێت لە هاووڵاتیان بۆ پەیداکردنی زیاتری سەرمایە لە لایەن سەرمایەدارانەوە لە چوارچێوەی بازاڕ-ئازاددا، دەی چۆن دەکرێت کە ژینگە دۆست بێت، مرۆڤدۆست بێت، هەژارپەرست بێت؟ کەسێک لەم دونیایەدا، نەك هەر ئێوە بەڕێزان، دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بزنس و ژینگە دۆستی، دژ بەیەك نین؟ ئەی نابینن کە ژینگە چۆن وێران بووە لە سای دەوڵەت و سیاسییەکان کە کارئاسانی بۆ بزنس و سەرمایەداران دەکەن بۆ چڕکردنەوەی زیاتری بازاڕی ئازاد؟ ئایا وێرانبوونی ژینگە لای ئێوە، حورمەتداران، مرۆڤکردە یاخود خوداکردە؟ ئێوەیەك کە بانگەشەی سەربەستی سەرمایەداران دەکەن، کە یانی بانگەشەی وێرانکردنی ژینگە لە هەر بوارێکدا کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ مەبەستی کەڵەکەکردنی سەرمایە ، پاوانە بکرێت بۆ سوود و قازانجی سەرمایەداران. بەداخەوەم کە دەڵێم ئەمەش هەر قسە فڕێدانە لە هەوادا و باجی لەسەر خەڵکانی ساویلکە و کەسانی دەسەڵاتخواز لەسەر نییە.
بەڕیزان ئەمەی ئێوە ئاڵتەرناتیڤ بۆ بارودۆخی کوردستان و هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە، نییە. ئاڵتەرناتیڤی دروست و واقیعانە دەستبەرداربوونی حیزب و حیزبایەتی و دەسەلات و دەسەڵاتخوازییە، دەستبەرداربوونی ڕادەستبوونی حوکمە ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت ، چوونە دەرەوەی مشەخۆران و بازرگانانی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتدارانی پیاوکوژ و داپلۆسەرە لەم کایەیە، لەم یارییە قێزەوەندە خوێناوییە. ئەوەی کە دروستە بکرێت لای خەڵکی خۆی ، خۆڕێکخستنییەتی لە هەموو شوێنێکی ژیانیا، سەر کاریا، خوێندنیا، نێو خێزان و گەڕەك و شەقام شوێنەکانی دیکەیە ، لە گروپ و رێکخراوی ئاسۆیانەدا ، دەستکردنە بە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و دانی بڕیارەکان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیەوە و هەوڵی بەڕیوەبردنی خۆیانە و دەستبەکاربوونی ژیانی هەرەوەزییانەیە.
“….. ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، هێندەی مەبەستمانە پێش هەر شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە هاووڵاتیان و خۆیان رۆڵیان هەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا.”
لەم بڕگەیەدا ئەم برادەرانە پسکە پسکی دووساڵەیان لەگەڵ ئەم و ئەودا پشتڕاستکرۆتەوە ، ئەمەشیان هەر قسەیەکی بێ مانایە وەکو ئەوانەی دیکەیان. باشە هەرگیز شتی ئاوا هەبووە کەسێك شەو خەوتبێت و بەیانی زوو حیزبێکی ڕاگەیاندبێت؟ باشە حیزب جەماعییە یا تاکڕەویانەیە ؟ ئەوەندەی بزانین حیزب ڕێکخراوی سیاسیانەی خەڵکە بە جەماعی، هەر لەبەر ئەوەش ناکرێت تۆ حیزبێك ڕابگەیەنیت بێ کردنی پسکە پسك و قسە لەگەڵ کەسانێکدا کە لەڕێی گفتوگۆ و ئەزمونەوە نزیکی و دووریان لە ڕاو بۆچنتەوە، نەبێت. حیزبێك نییە لە دونیادا و نەبووە کە یەکسەر بەیانێکی کتوپڕی لە دەربڕینی پارتێکی سیاسیدا، بڵاوکردبێتەوە ، تەنها ئەوەی کە جیاوازە ماوەکەیە کە چەندی ویستووە بۆ ئەوەی کە بە ئاشکرا خۆی ڕابگەیەنێت.
ئەوەش دەزانین کە ئێوە بۆچی ناتانەوێت لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و داڕزاو ببنە بەشێك ، ئەویش ، نەك ئەوەی کە خۆتان دەیڵێن، بەڵکو لەبەر چەند هۆیەكە:

یەکەم: دەسەڵاتدارانی هەرێم چی تر لەسەرتان ناکەن و پێویستیان بە ئێوە نییە، هەندێكتان کاتی خۆی لە ناو بە ” حیزبی گۆڕاند” بوون چەند بە پەرۆشەوە ویستتان لەگەڵ یەکێتیدا ڕێكبکەون بەڵام ئەوان بەو مەرجانەی ئێوە ڕازی نەبوون و قەبوڵیان نەکردن .
دووەم: ئێوە هەندێکتان کە لە دەسەڵاتدا بوون ئیتر لە پلەی باڵا یا خوارتر بەشێكبوون لە گەندەڵی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێم. ناکرێت نەزانن گەر بە هەمان پۆشاکەوە بچنەوە ناو ئەو دەسەڵاتە ، خەڵكی نە حسابتان بۆ دەکات و نە بە دڵسۆزی خۆیان و میللەتان دەزانن، لەبەر ئەوە پێویستە جلە پیس و پۆخڵەکانی پێشترتان فڕێ بدەن و جۆرێکی نوێ بپۆشن و بە دەمامکێكی ترەوە بێنەوە ناو خەڵك.
سێیەم: ئێوەیەك کە بەشێکتان لە دەسەڵاتدا بوون بەشێکی کەمی کێکەکەتان پێدەدرا، بەڵام ئێوەش هەمویتان دەویست. ئێستا ئێوە دەزانن دەستبەسەراگرتنی هەموو کێکەکە لە م ڕێگا تازەیەوەیە، ئەگەر میللەت باوەڕتان پێبکات و دەستتان لە دەسەڵات گیربێت ، تا ڕادەیەك ڕەنگە ڕووبدات.
بەڕێزان، ئەمە قومارێکە و دەیکەن پێشتر دۆڕاندوتانە و ئێستا دەتانەوێت بیبەنەوە، بەڵام من دڵنیاتان دەکەمەوە ئێوە تۆوی شکستی خۆتانتان هەر لەم سەرەتایەدا، لەهەناو و لەبنهەنگڵی خۆتانا چاندووە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
07/12/2021




سیناریۆیی برسێتی بەتامی تێربوون.. نوسینی: ڕزگار باهیر

١… ڕۆژە… دەشتێکە …دەرەوەیە.
کۆمەڵێك سەگی ڕەش وسپی و قاوەی و بەڵەکی ماندوو و هیلاکی لەڕو لاوازی برسی لە وەڕین و حەپە حەپ و قورسکانەوەدا نیشان دەدرێت.
٢… ڕۆژە … دوکانێکە … ناوەوەیە.
دەستێکی زلی دەسکێش ڕەش لەدەست ماسیەکی هێشتا زیندوو دەدات بەکۆنکرێتی سەکۆی بەردەم دوکانەکەیداو بەچەقۆ تێیدەنیشێ و لەتوپەتی دەکات.
٣ … ڕۆژە … شەقامێکە … دەرەوەیە.
وێنەی هەردوو تایەی ماتۆڕێک نیشاندەدرێ لەکاتی لێخوریندا.
٤… ڕۆژە … دوکانی برژاندنی ماسییە … ناوەوەیە.
خاوەنی دوکانەکە سەرقاڵی ناوسك دەرهێنانی ماسیەو نیازی ٥٥ ساڵەش دێتە ناو دوکانەکە.
نیاز:
کاکە گیان سڵاو .. ماسییەکی گەورەم دەوێت
ئەگەر بتوانن لە دوای سەعاتێکی تر بە دلیڤەری
بۆمان بهێنن بۆ سەر ئاوەکەی لای پردەکە.
دوکاندار:
هەی بەسەرچاو …. بەڵام لەو وشکانیە چی دەکەن
ئاو مانا چیە تێیدا نەماوە بۆ نایەن لێرە بیخۆن مامۆستا.
نیاز:
نا کاکە گیان پارەی دلیڤەریەکە چەندە دەیدەین و لەوێ
دەیخۆین خۆمان حەزمان لێیە… ئەگەر بەئەرکی نەزانی
ئەو ناوسکی ماسی و زیادانەشم بدەیتێ مەمنونم .
نیاز دەست دەکات بەگیرفانیداو دەیەوێت پارە بدات بەڵام کابرا دوکاندار دەیوەستینێ ………
دوکاندار:
پارەی ماسیەکە بدەن بەوەی دەیهێنێت بۆتان ..
چونکە جارێ نازانم چەند کیلۆیە، بەڵام مامۆستا
ئەو ناوسک و پیسیە ناخورێ بۆچیتە.
نیاز بە سەر سوڕمانەوە سەیرێکی کابرای دوکاندار دەکات …. هیچ وەڵامی ناداتەوە……………….

٥ … ئێوارەیە … دەشتایی و چەمیکی وشکە …. دەرەوەیە.
لەچاوی سێ هاوڕێکەی نیازەوە کەهەموویان نزیك تەمەنی خۆین ..ئۆتۆمۆبیلەکەی نیاز دەردەکەوێت و دێت بەرەو ڕویان تا دەگاتە لایان و دادەبەزێ و کیسەیەکی گەورەی پێیە و سەگەکان چوار دەوری دەگرن و یەکێك لە هاوڕێکانی کیسەی ناوسکی ماسیەکان وەردەگرێ لە نیاز و هەڵیدەڕێژێ بۆ سەگەکان کە زۆر بەپەرۆش و بە تامەزرۆوە دەست دەکەن بەخواردنی .

٦ … ئێوارەیە … دوکانی ماسی فرۆشەکەیە … ناوەوەیە.
دەنگی ماتۆڕێك دێت و دەوەستێ پاشان دەکوژێنرێتەوە .. دانەری تەمەن ١٧ ساڵ دێتە ژورێ بۆلای خاوەن دوکانی ماسییەکە.
دانەر:
وەستا گیان هەرچۆنێك بوو ماتۆڕەکەم چاککردەوە.
دوکاندار:
ئەم ماتۆڕە شڕەی تۆ مشتەریەکانی هەموو لێکردم
بۆ خاتری خوا بڕۆ وازم لێبێنە من بەتەکسییەکەی
نەوە جوجە دەینێرم بە نیوقیمەت .. ئەم فڕە فڕەم
لە کۆڵکەرەوە.
دانەر:
توو گۆڕی باوکت و باوکم وەستا فازیل بهێڵە ئیشکەم
… بڕوات بێت پارەم قەرزکردووە هەموو شوێنێکیان
بۆ چاککردومەتەوە.. ئەوە دوو ڕۆژە لای فیتەر نفت و
نوێیان کردۆتەوە بۆم … هیچ خەمت نەبێت.
دوکاندار:
هەتیو نازانم چیت لێبکەم بێتاقەت بووم بەدەستەوە …
بەڵام ئەمجارە ئەخیر جارت بێت من ماتۆرم ناوێت
بشکێ … دوای نیو سەعاتی تر ئەو ماسیە بەرە بۆ ئەو
سەرلێشێواوانە دیارە ئێستە ئەوەندەی ترسەرخۆشبوون
سەریان لێتێکچووە لە خوار پردەکەوەن لەو دەشتەیان.

٧ … ئیوارەیەکی تاریکە … دەشتایی وچەمێکی وشك … دەرەوەیە.
هەندێك لەسەگەکان سەریان لەو قاپە سەفەرییانەدایە کەنیازو هاوڕێکانی ئاویان بۆ تێکردون و ئاو دەخۆنەوە … ئەندام بتڵێ بیرەی پێیەو دەینێت بەسەریەوە.
ئەندام:
ئەم سەگانە دەڵێی ئێستا لە گۆڕەوە هاتونەتەوە…

شەماڵ:
ئەم زەمەنە پێویستی بە دەنگی وەرین و وەفاو
خۆشەویستی ئەمانەیە.

زەنگی تەلەفونەکەی نیاز دێت و وەڵام دەداتەوە …………………

نیاز:
بەڵێ ئەوم … کاکە گیان هەر لەولای پردەکەوە
بەدەستی ڕاستا وەرەخوارێ … ماتۆڕت پێیە ..
ئێ زۆرچاکە…
ڕزگار:
جاکەس هەیە ئەم جێگەیە نەزانێ… چەمێکی بێ
ئاووخاکێکی وشکی بێ بەرهەم پڕیش لە گیانەوەری
برسی….

٨ … ئێوارەیە … سەرەڕێگایەك … دەرەوەیە.
ماتۆڕێکی کۆنی نیمچە شڕ نیشاندەدرێ کەدانەر لێیدەخوڕێ ولەبەشی دواوەی قەفەزێکی سوری لێبەستراوەو خواردنی تێدایە بەخێرایی دەڕوات تائەوکاتەی ماتۆڕەکە لەپڕ لە تاسەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەدات و بەرزدەبێتەوە و وەردەگەڕێ.

٩ … ئێوارەیە … دەشتایی و چەمێکی وشکە… دەرەوەیە.
سەگەکان بەئارامی لەوناوەدا دێن ودەچن و پاڵدەکەون. نیاز و هاوڕێکانیشی خەریکی خواردنەوەن… لەم کاتەدا زەنگی تەلەفوونەکەی نیاز لێدەدات.
نیاز:
چۆنی کاکە!!!!!ناتوانیت بێیت؟ بۆ کاکە تۆ ئێستا
ووتت بۆتانی دێنم … ئێستا بۆ پەشیمان بوویتەوە.
دەنگی دانەر لەتەلەفونەکەی نیازە دێت ……………………………………
دەنگ:
بەکەڵك نایە ماسییەکە سارد بۆتەوە وەرن لە دوکان
ماسیەکی ترتان بۆ دەکەین.
نیاز:
ئێمە ئەمانەوێ لێرە بیخۆین … چۆن با ساردبێت
کێشە نیە …سەیری تۆ برالە.. بەکەڵكنایە!!!!!!!
باشە کاکە بابزانم …خواحافیز .
هەموویان سەیری نیاز دەکەن چاوەڕێن قسەیان بۆ بکات ……………………………
شەماڵ:
چی بووە بۆ قسەی گۆڕی ..یەعنی چی سارد بۆتەوە!
ئەندام:
دیارە شتێك بووە .. ناڵێت بۆم نادۆزرێتەوە دەڵێت
دەڵێت ساردبۆتەوە… شوێن لەمە ئاسانتر نیە .
شەماڵ:
ئیتر ئەوە بڕوبیانووە.. ساختە چیە..
ڕزگار:
ئێ جەماعەت ئێرەش خەریکە بەتەواوی تاریك دەبێت
دەڵێن چی بیکەین بەشەو و بچین لای ماسی فرۆشەکە
بیخۆین.
نیازو هاوڕێکانی فکرەی ڕۆیشتن بۆ لای ماسی فرۆشەکە بەگونجاو دەزانن و خۆیان کۆدەکەنەوە…..

١٠ … ئێوارەیە … سەرڕێگای نزیك پردێکە … دەرەوەیە.
دانەر خەریکی چاکردنی ماتۆرەکەیەتی کە بەوەرگەڕانەکە شکاوە سەبەتە سورەکەی پاش ماتۆڕەکەش شکاوەو خواردنەکەی ناویشی لەسەر زەوییەکە کەوتووە …. لەگەڵ خەریك بوونی بە ماتۆڕەکەی ، دانەر فرمێسك بەچاوانیا دێنە خوارێ، لەم کاتەدا نیاز و هاوڕێکانی بەئۆتۆمۆبیل دێن و لەنزیك دانەرەوە دەوەستن … دەنگی سەگەکانیش دێت.هەر لەپەنجەرەی ئۆتۆمۆبیلەکەوە یەکێکیان پرسیار لە دانەر دەکات.

ئەندام:
تۆ بوویت بەماتۆڕ ماسییەکەت بۆ ئەهێنایین؟

دانەر بەشەرم و جۆرێك بەدزییەوە چاوە فرمێسکاوییەکانی دەسڕێ و بە سەر جوڵەی بەڵێ وەڵام دەداتەوە.
نیازو هاوڕێکانی دادەبەزن دەبینن ماتۆڕەکەی شکاوەو خواردنەکەی بۆ ئەمانیشی هێنابوو لەولاوە لەسەر
زەوییەکە کەوتووە، هەموویان زۆر بەسۆزەوە سەیری دەکەن.

دانەر:
ببوورن ئاوام لێهات بۆیە نەمتوانی خواردنەکەتان
بگەیەنمێ بەڵام دەتوانن بچینەوە دوکان و لەوێ لە
خزمەتانادەبم.
نیاز:
بای چەند بوو ماسییەکە و دلیڤەریەکەت؟
دانەر:
هیچ ناکات ئێوە هیچتان نەخواردووە.
شەماڵ:
چۆن دەبێت تۆ زەرەر بکەیت.. ئەگەر نایڵێیت دەچین
لەدوکانەکە پارەکەی دەدەین.
دانەر:
نا ..نا .. بای بیست هەزارە … بەس ئاخر چۆن دەبێت
پارەبدەن.

جەماعەت پارە دەردەهێنن بۆی کۆدەکەنەوە وبەزۆر دەیدەنێ …………………
شەماڵ:
فەرموو ئەوە بیست پێنج هەزاربۆ ماسییەکە ئەوەش
سی هەزار بۆ چاکردنەوەی ماتۆڕەکەت.
دانەر:
نابێت بەخوا چۆن شتی وادەبێت …………..
جەماعەت بەزۆر دەیکەن بە گیرفانیاو باوەشی پێدادەکەن و دڵی دەدەنەوە … سەگەکان کەبەدوای ئۆتۆمۆبیلەکەدا هاتبوون خەریکی خواردنی ماسی و خواردنەکەن کە دانەر بەدلیڤەری هێنابووی کە لەسەر زەوی کەوتووە.
نیاز:
وەرە کوڕم بابتبەینەوە بۆ دوکان چی دەکەی لەم
چۆڵەوانییە بەم شەوە.
دانەر:
نابێت چۆن ئێوە عەزێت دەدەم ..دوای ئەوەش دەبێت
ماتۆڕەکەم بەرمەوە.
شەماڵ:
بڕۆ باوکم عەزێت نیە … ماتۆڕەکەشت بەیانی
بەپیکابێك بەرەوە.
دانەر:
ناتوانم بێم وەستاکەم ئاوا بمبینێ دەرم دەکات.
ئەندام:
ئەوەیان کێشە نابێت نزیک دوکانەکە داتدەگرین.
دانەر:
ئاخر تەلەفوونم بۆ هاوڕێیەکم کردووە ئەویش ماتۆڕی
هەیە و شتی چاکردنیش لەگەڵ خۆی دێنێت ئێستا بەڕێوەیە
بەرەو ئێرە دێت. توخوا بمبورن ئێوەم بەبرسێتی هێشتەوە.
نیاز:
کوڕەکەم ئێمە تێر بووین هەر نان ناخۆین و ناشچین
بۆ دوکانەکەشتان بڕوات بێت… دەی مادام وایە ئێمە
دەڕۆین.
هەموویان خواحافیزی لێدەکەن سواری ئۆتۆمۆبیلەکە دەبن دەڕۆن……………………

١١ … شەوە … شەقامێکی دەرەوەی شار… دەرەوەیە.
دەسکی بەنزین زیادکردنی ماتۆڕێك نیشان دەدرێ لەکاتی لێخوریندا، لەسەرشەقامێکی دەرەوەی شار کە بەخێرایی دەڕوات.
١٢ … شەوە … شەقامێکی دەرەوەی شار… دەرەوەیە.
سەر هەمان ڕێگاوبانی دیمەنی ١٢یەو تەواوکەرێتی… تەنکەرێکی نەوت نیشاندەدرێ دەنگی گۆرانی تورکی دەبسترێ و شۆفێرەکەی سەرقاڵی جگەرە خواردن و قسەکردنە بەتەلەفوون، لێخورینەکەی خێرایە … لەم کاتەدا لە ناکاو لەگەڵ ماتۆڕی دیمەنی پێشوو بەتەواوی نزیکی یەك دەبنەوە و دەنگی ئیستۆپی تایەو زرمەیەکی گەورە دێت لەگەڵ وێنەی خشاندنی تایە.

١٣ … شەوە … سەر ڕێگای پردێکە … دەرەوەیە.
دانەربەلای ماتۆڕە شکاوەکەی لەسەر بەردێك دانیشتووە و چاوەڕێیە، سەگەکانیش لەو چواردەوری پاڵکەوتون جارجارێك دەنگی وەڕین وقوروسکانەوەیان دێت لەوشەوە تاریک و بێ دەنگەدا.
کۆتایی.




دڵشاد کاوانی نێوی دەچێتە نێو فیستیڤاڵێکی ئەدەبی ئیسپانی ەوە… شەهلا رحیمی

دڵشاد کاوانی ئەو نووسەرە گەنجەی کورد کە نێوی دەچێتە نێو فیستیڤاڵێکی ئەدەبی ئیسپانی، کەچی شوناسی لە نێوان دوو وڵات و نەتەوە گوم دەبێت

شەهلا رحیمی: لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادەوە.

گەلی کورد ئەو نەتەوە ژێردەستەیە کە کەپیتالیزمی جیهانی و گەلانی سەردەستە لە دێر زەمانەوە لە نێوان خۆیان دا جەنگ و موبارەزەیان لەسەر شکست پێهێنانی و قوماریان لەسەر ئینجاز و دەسکەوتەکانی کردووە، زۆر جاریش داهێنەرانی ئەم گەلەش لە کۆنەوە تا ئێستاکینێ بوونەتە قوربانی یاری نێوان گەلانی دیکە، ئەمان خۆیان کردۆتە خاوەنی دەستکەوتەکانی مێژوویی کورد لەسەرجەم بوارە جوداکان هەروەک زەردەشت و کاوە و زوحاک، سەلاحەددینی ئەیبویی و عەبدولباست عەبدولسەمەد و سلیم بەرەکات، ئییبراهیم یونسی و یاشار کەمال، تاد.. ئەوەی زۆر سەرنجی منی بۆخۆی ڕاکێشا و جێگەی تەئەسوفە دواین هەوڵی شێوانی شوناسی کوردی، ئەمیش رووی لە گەنجێکە کە بە خێرایی لە دونیای ئەدەب دا سەر و سەربوردەی دەرکەوت و جێگەی پەنجەی خۆی لەسەر کایەی ئەدەبی دا نەخشاند، هەڵبەتە بە چاپکردنی ڕۆمانێک لە ژێر نێوی بە ڕێگاوە دا، کە وەک یەکەم ڕۆمانی سادیستی و ماسۆخیزمی دەرکەوت. ئەم بەرهەمەی نووسەر دوای ئەوەی لە ڕووی تەكنیك و گێڕانەوە و نێوەڕۆك بە تەواوی لە ڕۆمانەكانی تری پێش خۆی جیاوازە بوو، گرنگی ڕۆمانەكە لەوەدایە یەكەم ڕۆمانی سادیستی ماسۆخزمییە كە بە ڕۆمانی توند یان خوێنی دەناسرێن، کە لە دوای ڕۆمانەكانی دۆناتا ئەڵفۆنیس فڕانسۆ دیسادی فەڕەنسی و فۆن زاخر مازۆخی نەمساووی ئەم ڕێچكەیە تازە نووسراوەتەوە، کە لە جیهانی فارسی و ئەرەبیش و وەك پێویست كاری لەسە نەكراوە. هەرچەندە نەجیب مەحفوزی ئەرەب و سەلیم بەڕەكات لە هەندێك لایەنی نێو ڕۆمانەكەیان هەوڵیان داوە كەسێییەتی توندئاژۆ و خوێنرژی دەربخەن، وەلێ بەهۆی داخراوی كۆمەڵگەی ئەرەبی نە چوونەتە قووڵایی سادیزمەوە، بۆیە بە ڕۆمانی سادیستی هەژمار ناكرێن. بۆ كورد جێگەی ئیفتخار و شانازییە كە دڵشاد کاوانی ڕۆمانەكەی تاقە ڕۆمانی كوردییە بەرلەوەی تەواوی دەقی ڕۆمانەكە وەربگێردرێتە سەر زبانەكان، لەسەر ئاستی نێوەندی ئەرەبی و فارسی و ئینگلیسی لەسەری نووسراوە. لەوانە ڕۆژنامەكانی سەباح نیوسی توونسی و سەباح جەدیدی ئێڕاقی بە زبانی ئەرەبی و بیبیسی بە زبانی فارسی و ئێنگلیسی و ڕۆژنامەی هامشەهری فارسی و چەند پەیج و كاناڵی دیكەی ئێراقی و ئێرانی باسیان كردوە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە پیدرۆ خوسێ ئەندامی پێشووی شورای پارلەمانی ئیسپان و ئوستادی زانکۆ ، لەکاتێکدا هێشتا ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی ڕۆماننووس لە نێوان ئێران و ئێراق و یەکلای نەبۆتەوە، لە سەردانێکی بۆ ئێران لەپاڵ ژمارەیەک کتێبی ئەدەبی دیکەی فارسی ئەم ڕۆمانە کوردییەی ئیختیار کرد و خستییە نێو ساکی کتێبەکانی بۆ بەشداریکردن لە ئامادەسازی فیستیڤالی لۆکالی زانکۆکانی غرناتە و کومبلتنسەی وڵاتی ئیسپان بۆ ئەدەبی رۆمان بە زبانە جوداکانی گەلان، وەک ئەرەبی و ئەمازغی و زبانە ئاریاییەکان لەو وڵاتە.
ئەمەش وایکرد کە شوناسی لە دایکبوون و رەچەڵەکی ڕۆماننوسی گەنج، بە دەستی ئەنقەست یاخود بە نائاگاهی لەنێوان فارسبوون و کوردیبوونی ڕۆماننووس بشێوندرێت، کەچی لە کاتێک دا نووسەر خۆی لە زیندەگی دایە، بۆیە پێشتر نووسەر روونکردنەوەیەکی لە میدیاکانی باشوور لەوانە ڕۆژنامەی زاری کرمانجی، وێبسایتی کوردستانپۆست، دەنگەکان، بڵاو کردۆتەوە، نیگەرانی خۆی نیشان داوە کە بەشێک لە میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان بەهۆی پشتبەستن بە راڤەیەکی فەرهەنگی فارسی (واژە یاب)واتە (ڕاڤەی وشەكان) كە گەورەترین تۆڕی فەرهەنگی فارسییە لەسەر ئاستی ئێران، ڕاڤە و لێكدانەوەی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن وشە و ئیدیۆمی زبانی فارسی کردووە. واژەیاب راڤە و شیکاری بۆ وشەی (کاوانی) کردوە کە نووسەر وەکوو هۆز و بنەماڵەکەی هەڵگری ئەم پاشنێوەیە، بۆیە دڵشاد کاوانی دەڵێ: پاشنێوی كاوانی نێوی بنەماڵە و هۆزەکەمە کە زیاتر لە دوو سەت ساڵە کۆچیان کردوە و هاتوونەتە باشوور و بۆتە نازناوی نووسینم، کە واژەیاب کە وشەی (کاوانی) بە درەفشی كاویانی و ئاڵای ئەختەرییان گرێ داوە، بردویانەتەوە سەر ئەسفەهان، كە ئەمە هیچ ئیرتیباتی بە نێوی منەوە نییە، ئەوەش بۆتە هۆکار بۆ بە فارس كردنم، بۆیەشە میدیاکان منیان بە نووسەر و ڕۆمانووسێكی كورد نەناساندوە.
کاوانی گوزارشتی زیاتر دەدات و دەڵێ: ڕاستە من لە دایکبوونم شاری قەزوێنی ئێرانە، ئێستا دانیشتووی شەقڵاوی هەولێرم. لێ ئەوان مەبەستیان بووە، من وەك نووسەرێكی فارسی یان ئێرانی بناسێنن، لە كاتێكدا من كوردم و خەڵكی باشووری كوردستانم. لە کاتێک دا دڵشاد کاوانی تاقە نووسەری کوردە کە لە تەمەنێکنی جەوانی و گەنجیەوە خاوەنی دە خەڵاتی ئەدەبیی و هەشت بڕوانامەی ڕێزلێنانە، لە دیدارێکی ئەدەبی دا کە لە پۆلەتیک دیار لەتیف لەگەڵی سازداوە نایاشارێتەوە و ئەم ڕاستییە تاڵە دەخاتەڕوو، كە بەختی نووسەرانی كوردە كە نێوەندی ئەكادیمی و ئەدەبییە كوردییەكان بە گشتی پشتگوێ خراوون. دەستەوەستانن لەبەرامبەر گرینگیدان بە نووسەری نێوخۆ و تەنیا ڕوویان لە نووسەرە بێگانەكانە و لە یەك جیانەكردنەوەی باش و خراپ و دەقی زیندوو و دەقی كرچ و كاڵ. گلەیی لە حكومەت و دەزگە و نێوەندە ئەدەبییەكانی باشوور دەکات کە خۆیان بە خاوەنی نازانن، كە لە نیشتمان و ڵاتەكەی خۆی لای لێ نەكراوەتەوە. لە کاتێک دا گەلانی دی شانازی پێوەدەکەن، ئەو خۆی بە بێ نازاترین نووسەر دەزانێت چونكە هیج فكرێكی سیاسی لە پشتەوە نییە و هەموو دەرگاكان لە ڕووی دا داخراوون. لە بەرامبەردا نووسەری خراپ و بێ نێونیشان گەورە دەكرێن.
دڵشاد کاوانی جگە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە کۆمەڵە چیڕۆکێکی دیکەی هەیە بە نێوی نۆبەرەی مەرگم دیت، کە ئەو نووسەرە لە باشوور بەقەڵەمی هەژاران مەعرفی بووە. من خۆم دوای هەڵ وتەقەڵایەکی زۆر توانیم لە ڕێگەی هاوڕێ بابەکی ئازیز، لە بۆکان وێنەیەکم لە رۆمانەکە دەستکەوێت و بیخوێنمەوە، بەڕاستی بێ پێداهەڵگوتن ڕۆمانی بەڕێگاوە یەکێکە لە جوانترین و باشترین ڕۆمانە کوردییەکان، شایانی ئەوەیە هەرچی زوویە لەلای وەرگێڕانەوە بخرێتە سەر زبانەکانی دیکەی جیهانی مەخسوسەن زبانی فارسی، بۆ ناساندی ئەدەبی بەرزی ڕۆماننوسی کوردی ئاشابوون بەم شاکارە جوانە، وەلێ بەداخەوە دڵشاد کاوانی نووسەری ڕۆمانەکە بە وێب سایتی دیدی منی گتبوو: کە داوای سێ ملیۆن دیناری پوڵی ئێراقی لێ کراوە بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانەکەی کەچی ئەو ئەم بڕە پوڵەی نییە بیدات و دەزگە پەخش و وابەستەکانی ئەدەب بۆ ئەم مەبەستە کۆمەکی ناکەن، خەڵکی دیکە خۆی بە خاوەنی ڕۆمانەکە دەزانێت و کەچی لەبەرابەر ئەمە دا بە هەزاران دۆلا لە باشوور بۆ ئاهەنگ و کلیپ و سەمای ڕۆژئاوایی خەرج دەکرێت.

———————————————-
سەرچاوەکان
کوردی

-دەیانەوێت بە زۆر بمكەن بە فارس، من ڕەچەڵكم كوردە و كوردستانیم. دڵشاد کاوانی کوردستان پۆست.

  • دڵشاد کاوانی دووەم کتێبی بڵاو دەکاتەوە. ڕۆژنامەی وشە محمەد میران.
  • بۆ دڵشاد کاوانی قەڵەمی هەژاران. قەڵەمەکەت ون مەکە ، ئەگینا ژیان دەمـــــرێت….!میدیا خۆشناو. قەڵەم.

    وێبەکان
    -https://galawej.com/.html گەلاوێژ.

  • https://ckb.wikipedia.org/wiki وکی پیدیا.

فارسی

-لام تاکام https://lamtakam.com/dictionaries/dehkhoda/

عەرەبی

  • الصباح جيديد. الاثنين 17 اب 2020 العدد (4447) محمد هيلالي.



له‌ ژنـە شۆڕشگـێڕەکانی کورد (قـه‌ده‌م خـێر).. رەزا شـوان

“قـه‌ده‌م خـێـر ئـه‌ی خوشـکی پـۆڵایـیـن …. کـۆشـکی په‌هـلــه‌ویـت هـێـنــایه‌ لـه‌رزیـن”
کورد لە زووەوە وتوویه‌تی:” شـێر له‌ لانـه‌ ده‌رچـێ چ نـێر چ مـێ ” مێـژووی دێـرین و نـوێی پڕ له‌ شانازی و شکـۆداری گه‌له‌که‌مان، لاپـه‌ڕه‌ زێـڕینه‌کـانی به‌ نـاوی ده‌یـان ژنی هه‌ڵکه‌وتووی کوردمان له‌هه‌موو بواره‌کاندا ڕازانـدۆه‌ته‌وه‌، که‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌ بوارێکـدا ڕوڵێکی به‌رز و گرنگی بینیوه‌ له‌ خزمه‌تکـردن و به‌رگـریکـردن له‌ کورد و کوردســتان، له‌ زانسـت و زانیـاری، له‌ بنیـاتـنـانی شـارسـتانـیـدا. لـه‌ نـاویـانـدا شـازاده‌ و میـرزاده و سه‌رکرده‌ و شۆڕە سواری ئازا و دلێر و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ و شەرڤان و گەریلا و فـه‌رمانـڕه‌وا و زانـا و سـیاسه‌تـمـه‌دار و شـاعـیر و نـووسـه‌ر و ئـه‌فـسه‌ر و پـارێـزەر و میدیاکار و چالاکوان هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ و.. تا ده‌گاته‌ په‌ڕله‌مانتار و وەزیر.

ئه‌گـه‌ر گه‌شـتنامه‌ و یادداشـتـنامە و کـتێب و نـووسـینه‌کـانی ئـه‌و گـه‌شـتیار و گـه‌ڕیـده‌ و رۆژهـەڵاتناس و کوردناس و بازرگانه‌ بیانییانه‌ بخوێنینه‌وه‌، که‌ هـاتوونه‌ته‌ کوردستان و به‌ چاوی خۆیان ڕۆڵ و هه‌ڵس و که‌وتی کچان و ژنانی کوردیان بینوه‌، به‌ ویژدانه‌وه‌ له‌ سه‌ریـان نووسیون. هه‌موویان جه‌خـت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌که‌ن، که‌ کچـان وژنانی و کورد، نموونه‌ی کچـان و ژنـانی ڕۆژهـه‌ڵاتی نـاوه‌ڕاسـتن. لـه‌ ژنـانی تـورک و فـارس و عـه‌ره‌ب ئازادتر و سه‌ربه‌سترن. له‌ هه‌موو بواره‌کاندا شان به‌شانی پیاوان تێده‌کۆشن و خـزمه‌ت ده‌کـه‌ن. له‌ به‌رگـری و شه‌ڕیشـدا له‌ جـیهـانـدا بێـوێنه‌ن و بوونـەتە نمـوونـەی شۆڕشگێڕی و قارەمانێتی بۆ ژنانی جیهـان. چەنـدین داستانی قـارەمانێتی و نەبەردیان تۆمارکـردوون. نەیارانی گەلەکەمان لەپێش دۆستەکانمانـدا، دان بـەم راستییەدا دەنـێن.
یه‌کێک له‌و ژنە‌ ناودارانه‌مان، میـرزاده‌ ( قه‌ده‌م خـێر)ی نه‌مره‌، کەڵە ژنێکی قاره‌مان و ‌ شۆڕەسوار و سه‌رکـرده‌یه‌کی شۆڕشگـێڕی دلـێر و چاونەترس و بەجـەرگی کورد بوو، کورد و کوردستانپه‌روه‌رێکی که‌م وێنه‌ بوو، کوردستانی له‌ گیانی و ژیانی لەلا شیرینتر و لە پێشتر بـوو. قەدەم خـێر شۆڕشگێڕێکی نەتەوەییمان بوو. هـیوا و ئاواتی ئه‌وه‌بوو که‌ هەموو بستێکی خاکی کوردستان له‌ داگیرکه‌رانی ڕه‌گـه‌زپه‌رست و بێویـژدان ڕزگـار بکات. بۆ هـێنانه‌دیی ئه‌م ئامانجه‌ پیـرۆزه‌ش، له‌ گیانبازی و له‌ مـردن سـڵی نه‌کـرده‌وه‌. چـیتر جه‌ور و زوڵـم و ناڕەوایی و چه‌وسانه‌وه‌ی کوردی، له‌لایه‌ن شای ئێران ره‌زا شا په‌هله‌وییه‌وه‌، پێ قبووڵ نه‌کـرا “که‌م بژی و که‌ڵ بژی”ی له لای‌ لە ژیانی ژێرده‌ستی و دیـلێتی پێ خۆشتر بـوو. بۆیه‌ چه‌کی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی کرده‌ شانی و له‌ ناوچـه‌ی (پشتکۆ) لە چیاکانی زاگرۆس، لە لوڕستانی بچووک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، جاڕی ڕاپه‌ڕیـن و شۆڕشی ڕاگه‌یانـد. ویستی سه‌ربه‌خـۆیی لورسـتان ڕابـگه‌یه‌نێـت. بیکات بە دەروازەیـەک بـۆ رزگـارکـردنی هەمـوو کوردسـتان.
ناوچـەی لوڕسـتان لە زۆربـەی سەردەمەکـانـدا، لە سەردەمی عـەباسییەکان تا دەگـاتە سەفـەوییەکـان لە ئێـران، لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتانـدا، میرنشـینە کـوردە فـەیـلییەکـان فەرمانـڕەوایی ناوچـەکەیـان دەکـرد، نیـمچـە سـەربەخـۆبـوون.
قەدەم خـێر لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کورد و کوردستان پەروەر، لە ساڵی (١٨٨٩) دا، لە باکووری شاری (ئەنـدیمەشک) لەنـاو چیـا سەرکەشەکـانی لوڕسـتان لەدایـک بـوو. کچـی مـیر (قـەنـدی قـەلاوەنـدی) یـە، کـە سـەرکـردەی نـاسـراوی هـۆزی قـەلاوەنـدی فـەیـلی بـوو. قـەدەم خـێر تەنیـا خـوشـکی (٩) بـرا بــوو. کچـێکی زیـرەک و جـوان و شـۆخ و شـەنـگ و بـاڵا بەرز و بەژن رێـک بـوو . شووی بە میرزادەیەکی قەلاوەندی کـرد. کـوڕێـکیـان هـەبـوو. وشـەی (قـەدەم خـێر) يش بە واتـا (پـی بـەخـێر)ە.
قەدەم خێر هێشتا نیوچە کچ بوو، بەشـداری لە هەموو ئەو شەڕانەدا کرد، کە براکانیان لە دژی سوپـای ئیران کردیـان. ئـازا و چـاونەتـرس و نیشـان شـكـێنێکی لێهـاتـوو بوو.
رەزا شـای ئـێران، بە بیانـووی چـاکـسازییەوە، سوپـایەکی گەورە و دڕنـدەی رەوانـەی ناوچەی لوڕستان کرد. ویستی بە سەرکـوتکردن و کوشـتن و تـۆقـانـدن و بە زۆرداری دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو دەڤـەرەدا بسەپێـنێـت. ئەم نیـازە گـڵاوەشی بە ئاسانی بـۆێ نەچووە سەر. سوپاکەی رووبەڕووی بەرگری و شەڕێکی سەخت بۆوە. شۆڕشگێڕانی لوڕستان بە سەرکردایەتی میر (شامراد خـان) جـوامـێرانە بەڕگـریـیان لە ناوچـەکەیـان کـرد و زەبـر و زیـانێکی زۆریـان لە سوپـاکەی ئـێران گەیـانـد.

دوای ئەوەی کە (شـامراد خـان) ی برای، کە سەرکردەی شۆڕشگـێڕان بوو، لە ساڵی (١٩٢٥) لەگەڵ برایەکی تری و هـاوژینەکەشی لە شەڕێکی سەخـتی دەستەویەخـەدا، لە بەرزاییەکانی (گـاوازین) دا، فـڕۆفـێڵیان لێیـان کـرد و شەهـید بوون. قەدەم خـێر بە کوشـتنی نامەردانەی دوو بـراکەی و هـاوژینـەکەی زۆر تـووڕە و ڕق ئەسـتوور بـوو. ئەم نامەردی و ناهەقییەی شای پێ قبووڵ نەکرا. شوێنی شامراد خانی برای گرتەوە و بڵێسەی شۆڕشی گەشتر کرد و ئاڵای بەرگری لە لـوڕستان بەرزکـردەوە و درێـژەی بە خەبات و شۆڕش دا. بەڵێنی دا کە زۆرداری و ژێـردەستی و مل کەچی قبـووڵ نەکات و نەهـێڵێت وڵاتەکەی ببێت بە پاروویەکی ئاسان و شای ئێران قووتی بدات. لە ماوەیەکی کەمدا تـوانی هـێزێکی باش لە فەیـلییەکان پێکـبهـێنێـت. جاڕی راپـەڕین و شۆڕشی دا. خۆشی بـوو بە سەرکردەی شۆڕشەکە. بارەگای شۆڕشەکە لە (پشتکـۆ ) لە شاخەکانی زاگـرۆس لـە ناوچـەی لـوڕسـتان بـوو. ویستی سەربەخـۆیی لـوڕسـتان رابـکەیـەنێـت.
شۆڕشه‌کەی قەدم خێر هاوکات‌ بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکرده‌ی گه‌له‌که‌مان سمکۆی شـوکـاک و شـۆڕشی ئه‌زه‌رییـه‌کان له‌ ئێـران. بەراوردکـردنی قـەدەمخـێری کورد له‌گه‌ڵ کچه‌ سه‌رکـرده‌ی شـۆڕشی فه‌ره‌نسا «ژانـدارک» کە له‌ دژی ئینگـلـیزه‌کانی داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌ی بـوو. قـەدەم خـێر و ژاندارک تا رادەیەک لە رووی ئامانجـەکانیانەوە لەیەک دەچـوون، هەردووکیـان نیشـتمان پەروەر و ئازادیخـواز و رزگـاریخـواز بـوون. بـەڵام قـه‌ده‌م خـێر له‌ ژانـدارک ئـازاتـر بـوو. هـه‌ردووکـیان زۆر به‌ نامه‌ردی شەهـید کـران.

میرزاده‌ “قـه‌ده‌م خـێر” کچی میر” قه‌نـدی قه‌لاوه‌نـدی”یه‌ که‌ یه‌کێک بوو له‌ میره‌کانی میرنشینی لورستانی بچووک. له‌ هـۆزی لوڕی فه‌یلییه‌، که‌ به قاره‌مانی و‌ جوامێری و خۆشـه‌ویستی و دڵسـۆزی و هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ کـورد و کوردسـتان ناسـراون.
مێژووی جیاواز دەربارەی ساڵی شەهیدبوونی قەدەم خێر هەیە. لە هەندێ سەرچاوەدا سـاڵێ (١٩٢٩) ز، بە ساڵی کـۆچکـردنی دانـراوە. لە هەنـدێ سەرچـاوەی تـردا سـاڵی (١٩٣٣) ز دانراوە. پێموایە کەیەکەمیان لە راستییەوە نزیکترە. به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ چه‌نـد خوشک و برایـه‌کی ڕۆشـنبـیری فـه‌یـلیـمان کـرد. ئه‌وانیـش نه‌یـان زانی.
شۆڕشگێڕانی لوڕستان بە سەرکـردایەتی قـەدم خـێر، چه‌نـدین جـار و له‌ چه‌نـدن لاوه‌، شێرانه‌ په‌لامـاری سوپاکه‌ی ره‌زا شایـان دا، لە شەڕی” بیرانـوو” دا بە سەرکردایەتی قەدەم خێر، زەبرێکی گەورە و زیانێکی زۆریان بە سوپای ئێران گەیاند و و زه‌خیره‌ و چـه‌ک و جـبـه‌خـانـه‌یـه‌کی زۆریـشیان لـەو شـەڕەدا ده‌سـتکه‌وت. شـای ئێـران ویسـتی سەرۆکەکانی هـۆزەکانی‌ کورد به‌ پاره‌ و پایه‌ بخه‌ڵه‌تێـنێ و بیان کـات به‌ جـاش و بیان کـات به‌ گـژی شـۆڕشگـێڕه‌کـانـدا. شـەڕی کـورد بە کـورد بـکات. بـه‌ڵام که‌سـیان ئـه‌م ناپـاکـییه‌یـان قـبووڵ نه‌کـرد و ڕازی نه‌بـوون کە ده‌ست بخـه‌نه‌ خـوێنی بـراکـانیـانەوە.

سوپای شاه چه‌نـد هـێڕشێکی تری کرده‌ سه‌ر شۆڕشگـێڕه‌کان. به‌ڵام له‌ به‌رده‌م بڕوای پۆڵایین و هه‌ڵمه‌ت و لێدانی گورچکبڕی شۆڕشگێڕه‌کاندا، خۆیان ڕانه‌گرت و تووشی شکستی و زیانێکی زیاتر بوون. شۆڕشگێڕەکان له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانیان زۆربه‌ی ناوچـه‌کـانی لـوڕسـتان له‌ سـوپـای داگـیرکه‌ری ئـێرانی پـاک بـکەنـەوە. ‌
قـه‌ده‌م خێر نامه‌یه‌کی بۆ شێخ مه‌حمـوودی حه‌فـید نارد. له‌ نامه‌که‌یدا باسی ئه‌و ستەم و زۆردارییەی کردبوو کە لێیان دەکرێ. باسی لەوەش کردووە کە چۆن رەزا شا پەهلەوی بە نـاڕەوا و بە نامـەردی میـر (شـامـراد خـان) ی کـاکی کـوشتووە. هه‌ر له‌و نامه‌یـه‌دا، داوای له‌ شـێخی نه‌مـر کـردووە، که‌ هـێزەکـانیـان، بکـه‌ن به‌ یـه‌ک و به‌ یـه‌ک هـێزه‌وه‌ پـه‌لامـاری داگـیرکه‌ران لـه‌ ڕۆژهـه‌ڵات و لـه‌ باشـووری کـوردسـتانـدا بـدەن. چـونـکە دەیزانی کە هێز لە یەکێتی و لە یەکڕیزی دایە. ئه‌وه‌شی بۆ نووسیوە من ئاماده‌م هه‌موو شۆڕشگـێڕه‌کانمـان، بخـه‌مه‌ ژێـر فه‌رمـانـده‌ی به‌ڕێـزتـان، له‌گه‌ڵ هه‌مـوو ئـه‌و چـه‌ک و جبه‌خا‌نەیه‌ش ‌کە هه‌مانه‌، که‌ به‌شی دوو ساڵی شه‌ڕکردن ده‌که‌ن. به‌ڵام شێخ مه‌حمـوود گـوێی بـه‌ نامـه‌که‌ی نـه‌دا بە هـەنـدی نـەزانی و به‌ ده‌نـگی داخـوازییـه‌کـه‌یـه‌وه‌ نه‌هـات. گوایه‌ شێخ له‌وه‌ ترساوه، ‌ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنێکی وا بکات سواره‌کانی لێی دوورده‌که‌ونه‌وه‌. چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان به‌ هه‌ڵه‌ لێکیبدەنەوە و وابزانن که‌ شێخ له‌ پێناوی سه‌روه‌ت و سامـانی میـرزاده‌یـه‌کی ده‌وڵـه‌مه‌نـدا، ئـه‌م ڕێـکه‌وتـن و یه‌کـگـرتنـه‌ی کـردووه.‌

ره‌زا شای په‌هـله‌وی، دوای ئه‌وه‌ی کە چه‌نـد جـارێک سوپاکه‌ی شکستی هـێنا، په‌نـای بۆ فـڕوفـێڵ و درۆ و پیـلان بـرد. شانـدێکی به‌ کۆمه‌ڵـێک دیـاریی به‌ نـرخـه‌وه‌، بۆ لای قـه‌ده‌م خـێر نارد، به‌ڵـێنی ئه‌وه‌یـان داێی کـه‌ شـا بڕیـاری لێبـووردنی گـشتی بۆ هەموو چەکهـەڵگـرتووەکـان دەرکـردووە و بڕیـاری ئەوەشی داوە، کە کۆمه‌ڵـێک چاکسازی و ئاوه‌دانی له‌ لوڕستاندا جـێبه‌جێ بکات و باری گوزه‌ران و ژیـانی دانیشتوانیشی خۆشتر ده‌کات، داواشی کـردووه‌ که‌ قـه‌ده‌م خـێر شـووی پێ بکـات. قـه‌ده‌م خـێر زۆر لە شاندە نێراوەکەی شا تـووڕه‌ بوو. وتی: چی دیارییه‌کتان هـێناوه‌ هه‌رهه‌مووی له‌گه‌ڵ خوتاندا بیـان به‌رنه‌وه‌، ده‌قی ئه‌م قـسه‌یه‌ی منیش که‌ وه‌ڵامی داخوازییـه‌که‌ی ‌شایەکـه‌تانه،‌ پێی ڕابگه‌یه‌نن کە قـەدەم خـێر وتی:”مـن ژن نیـم تـاکـو شـوو بـکه‌م، به‌ڵکـو تـۆ ژنیـت”. قه‌ده‌م خێر به‌ باشی له نیاز و مه‌به‌ستی گـڵاوی شای بێڕه‌وشت تێ گه‌یشتبوو که‌ چییه.‌ ‌
که‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی قه‌ده‌م خـێریان بە شا ڕاگه‌یاند”مـن ژن نیـم و تـۆ ژنیـت” زۆرگـرژ و تـووڕه بـوو. سوپایه‌کی زه‌بـه‌ڵاحی به‌ به‌هـێزتـرین چه‌کـی قـورسەوە به‌ره‌و لوڕسـتان به‌ڕێکرد. ده‌ستیان لە هيچ کەسێک نه‌ ده‌پاراست و به‌ سه‌دان منداڵ و ئافره‌ت و پیری بێ گوناهـیان کوشت، به‌ ده‌یان ئاوایی لوڕستانیان کاولکرد و تەر و وشکیان سوتاند، تـاڵان و دزییـان کرد و سیاسەتی قـێزەوەنی، سـەر بـۆ ئـێـمە و مـاڵ بۆ ئێـوە و زەوی سوتمـاکـیان جـێبەجـێکـرد. به‌ڵام له‌گـه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا سه‌رکـه‌وتنیـان به‌ ده‌سـت نه‌هـێنا و نه‌یان توانی شاخه‌کانی دەڤـەری لورستان بگـرن. شۆڕشگێره‌کان له‌ دیـوی گه‌رمیانی باشووری کوردستانـدا ڕیـزه‌کانی خۆیـان ڕێکخسته‌وه‌ و دووبـاره‌ هـاتنـه‌وه‌ بۆ دیـوی لورستان و له‌ چه‌ند قۆڵێکەوە‌ هێڕشیان کرده‌ سه‌ر سۆپاکه‌ی شای ئێرانی داگیرکەر و زه‌بـرێکی کاریگه‌ر و زیانێکی زۆریان بە سوپا بەزیوەکەی ئیران گەیانـد. ‌‌شای ئێران که‌ زانی ئەستەمە ‌کە بتوانێت به‌ زه‌بـری هـێز و لەشکـركێشی بەسەر شـۆڕشگـێڕاندا زاڵ بێت و کۆتایی بە شۆڕشەکەی لوڕستان بهـێنێـت. کە شەڕی پـارتیـزانییان دەکرد. شای درۆزن دووباره‌ که‌وته‌ فـڕوفێڵ کردن و سوێندخواردن و به‌ڵێنی درۆ و پیلانێکی چەپـەڵ و گـڵاوتـر. ئه‌مجـاره‌یـان ویـسـتی لـه‌ رێـی ئـایـین و دڵـپـاکی و خـۆشــبڕوایی قەدەم خـێر و فەرماندەکانی شۆڕشەکە بخه‌ڵه‌تێنێت. شا شانـدێکی تری بۆ لای قـه‌ده‌م خـێر نارد، کە پێکهـاتبوون لە چەنـد مەلایـەک و چەنـد سەرۆک هـۆزێکی کـورد، که‌ نامه‌یه‌کی تری بۆێ پێـیانـدا ناردبوو، هه‌ر به‌ ئه‌م شانـدەدا، نوسخـه‌یه‌کی قـورئانی به‌ دیاری بۆ قـه‌ده‌م خـێر ناردبوو،‌ کە له‌سه‌ر به‌رگی یه‌که‌می قورئانه‌که‌دا،‌ شـای درۆزن مـۆری شـوێن ده‌ستی خـۆی له‌سه‌ر مـۆرکردبوو، تا بڕوای پێبکه‌ن و دڵنیابن، گـوایه‌ شـا مـۆسوڵـمـانێکی له‌ خـواتـرسه‌ و ده‌سـتی به‌ ئـه‌م قـورئـانـه‌دا‌ داوه‌ و نـێـتی پاکه ‌و قورئانه‌که‌ش شاهیده‌. ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوو، که‌ دووبارە بڕیاری لێبووردنی گـشتی دەرکردووە، کە بەبێ مەرجێک هه‌موو چـه‌ک هـه‌ڵگرێک ده‌گرێته‌وه‌. لـێپێچـینەوەش لەگەڵ هـیچ چەکـدارێکـدا ناکـرێـت. هه‌مـووشـتان ده‌گـه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نـاو مـاڵ و منـداڵی خۆتـان. و لورسـتانیـش له‌ جـاران ئاوه‌دانـتر ده‌کـه‌ینـه‌وه.‌

زۆربه‌ی شۆڕشگـێڕه‌کان که‌ قـورئانه‌که‌یـان بینی و دەستەمـۆری شایـان لەسـەر بینی، بڕوایـان به‌ به‌ڵـێن و بڕیار و به‌ درۆ‌که‌ی شا کرد، به‌ چه‌که‌کانیانه‌وه‌ خۆیان به‌ ده‌ست سـوپـای ئێـرانـه‌وه‌ دا. ته‌نهـا قـه‌ده‌م خـێر و چـه‌نـد شۆڕشگـێڕێـکی زۆر که‌م نه‌بـێـت، ئه‌وانیش که‌ زانیان هـیچ ده‌ره‌تانیان نییه‌، به‌ ناچاری لەگەڵ سەد سواری شۆڕشگێڕدا کە زۆربەیـان فەرماندە بوون، خـۆیـان به‌ده‌سته‌وه دا‌ و بەرەو تارانی پایتەخـت بەڕێ کەوتـن. ئەگـه‌رچی بـڕواشیان به‌ لـێبووردن و بە سـوێنـد و پەیمـان و بەڵـێنەکەی شا نه‌بوو. لە پێشا بۆ چەواشەکاری بە گەرمی پێشوازیان لـێکـردن. ئەمەش یەکەمین جار و دووەمـین جار نییە، کە سەرکردەکانی کوردمان بە بەڵـین و سوێنـد و بە فـڕوفـێڵ و بـڕیـارە درۆکـانی دەسـەڵاتـدارە داگـیرکـەرەکـانی کـوردسـتان، لەژێـر پـەردەی ئـایـنی ئیسـلامدا بخەڵەتێن و تێبکەون. پێشتر و دواتریش چەندین سەرکردەی شۆڕشگـێڕی کوردمان، پەند و وانەیان لە سوێند و بەڵێن و بڕیاره درۆکانی داگیرکەرانی کوردستان وەرنەگـرت، بە هەمـان پیـلان و سـوێنـد و بەڵـێن هـەڵخەتـان. گەلـەكەشـمان باجـێکی زۆری ئەم نابەڵـەدی و هـەڵانـەی سەرکـردەکـانی داوەتـەوە. داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستان، دڵپاکی و خۆشبڕوایی، کە خاڵێکی لاواز و نەرێنی سەرکـردەکانی کوردمانە قـۆستوونەتەوە. چەنـدین جـاری تر بە هـەمـان پیـلان و بەڵـێن و پەیمان و فـڕوفـێـڵ، سەرکـردەکـانی کوردیـان هەڵخـەڵەتـانـدوون.
سوپای دڕنده‌ی و رەگەزپەرستی ئێران، هه‌ر له‌ یه‌که‌م شەوی خـۆبەدەستەوەداندا، بە نامەردی زۆربه‌ی شۆڕشگـێڕه‌کانیان کوشـت‌. قـه‌ده‌م خـێر و” ١٧” له‌ سه‌رکـرده‌کانی شۆڕشه‌که‌شیان نـاردن بـۆ تـاران، لە دوای ڕۆژێـک هـه‌ر (١٧) سـه‌رکـرده‌کـەیـان‌ له‌ سـێـداره‌ دا. هه‌نـدێـک ده‌ڵـێن نـامـه‌ردانه‌ پـرچـی قـه‌ده‌م خـێریـشـیان به‌ست بـه‌ کـلکی هـێسترێکی چه‌مووشه‌وه‌، رایکرد و قەدم خێری ڕاکـێشا. هه‌موو گیانی شکا و خوێنی لێ ده‌چـۆڕایه‌وه‌. ئینجا خستیانه‌ زینـدانی تارانـەوە. رۆژانە ئەشکەنجـەی جەستەیی و دەروونیان دەدا. به‌ڵام قـەدەم خـێر زۆر ئازا و خۆڕاگربوو. داوای لێبووردن و به‌زه‌یی لێ نه‌کردن. لە بەندیخانەدا، نه‌خۆش که‌وت و له‌ ماوه‌یـه‌کی زۆر که‌مـدا، ئه‌م شێره‌ژنە شـۆڕشگـێرە سه‌رکـرده‌یه‌مـان، لـه‌ زینـدانـی تارانـدا، به‌ سـه‌ربـه‌رزی و بە مـه‌ردی لە ساڵی (١٩٢٩) ز کۆچی دوایی کـرد. شانـازی و سه‌روه‌ریی و شکـۆداری بۆ کـورد و کوردسـتان و نه‌مـریشی بـۆ خـۆی تـۆمـارکـرد. تەرمەکـەشـیان لـە گـۆڕسـتانی شـاری (کەربەلا) ناشت. تا ئەمڕۆ هـیچ زانیارییەک لە بارەی شوێنی مەزارەکەیەوە نازانین.

شۆڕشـه‌که‌ی قـه‌ده‌م خـێر (٣) ساڵی خـایانـد. لـەو مـاوە کـورتـەدا، چەنـدین داسـتانی قارەمـانێـتیـیان تۆمارکـرد. شکـستهـێنانی شـۆڕشەکەی قـەدەم خـێر بۆ ئەم هـۆکارانە دەگـەڕێتـەوە:
١ـ نابەرانبەری هـێز و چـەک. چەکەکـانی شۆڕشگـێران کۆن و ساکار بوون. بەڵام سوپای ئێران قـورسترین چەکی مۆدێـرزمی ئەو سەردەمەیـان لە دژی شۆڕشگـێڕان بەکاردەهـێنا. ژمارەی سەربازەکانیشیان سەد بە قەی ژمارەی شۆڕشگێڕان دەبـوون.
٢ـ دووبەرەکی و ناکۆکی کەوتە نێوان شۆڕشگـێڕەکانەوە. بەشێک لە فەرمانـدەکـان و لە شۆڕشگـێڕەکان هەڵخـەڵەتـان و بـڕوایـان بە بـڕیاری لێـبووردنی گـشتی و بەڵـێنی درۆی رەزا شا کرد. بە چەکەکانیانەوە خۆیان رادەستی سوپای ئێـران کرد. ناپاکـییان کـرد و هەمـوو نهـێنییەکـانی شـۆڕشـەکەیـان دا بە دوژمـن دا.
٣ـ کەمبوونەوەی چـەک و تەقـەمەنی و ئازووقە و کەرەستەی پێویستی شۆڕشگێڕان.
٤ـ پشت تێکردنی سەرۆک هۆزەکانی کورد لە دەڤەرەکەدا، لە شۆڕشەکەی قەدەم خێر.

بە داخـەوە، تا ئێسـتا زانیـاری زۆر که‌مـه‌ ده‌ربـاره‌ی ئـه‌م کـەڵـە ژنە شـۆڕشگـێڕەمـان هەیە. دەبـوایە مـێژوونووسانی کوردمان لە پەرتووکێکدا، بە وردی و تەسەلی باسیان لە ژیاننامە و لە شۆڕشەکەی قـەدم خـێر بکردایە. دەبوایە هـونەرمەندانی دەرهـێنەری کوردمـان، ژیاننـامە و شـۆڕشـەکەی قـەدم خـێریان بـەرز رابگـرتـایـە و بیـان کـردایـە بە بابەتی فیلمێکی سینەمایی دیکۆمێنتاری، یان بە زنجیرە لە درامایەکی تەلەفـزیـۆنی. پێشنیاری ئەوەش دەکەم، کە پەیکەرتـاشێکی بە توانای کوردمان، بە هـاوکاری لەگەڵ شارەوانی شارێکی باشووری کوردستان، لە گۆڕەپانێکی گونجـاودا، بۆ بەرزراگـرتنی یادی قـەدەم خێری شۆڕشگـێڕ و سەرکردە، پەیکەرێکی شایستەی بۆ دروست بکەن.
چـیرۆکی قـارەمانێتی قـەدەمخـێر، بووە بە بەشێک لە کەلەپـووری نەتـەوەییـمان، کە شـەوانی سـاردی زسـتان، دایـکان و داپـیـرە کــوردە فـەیـلـییەکـان بـۆ منـداڵـەکـانیان دەیگـێڕنـەوە. تا سـاڵانی پەنجـاکـانیـش، وێنـەی قـەدم خـێر لـە زۆربـەی ژوورەکـانی ماڵـە بـرا کـوردە فـەیـلییەکـانمـان لە بەغـدا هـەڵـواسـرابـوو.
بە دەیـان شیعـری ستایش و گـۆرانیش بەسەر جـوانی و شـۆڕشگـێڕی و قـارەمانێتی قەدەم خـێردا هەڵدراون کە تا ئەمڕۆش فەیلییەکان بە خۆشییەوە گوێ لەو گۆرانییانە دەگـرن. دەنگخۆشەکانیشیان بە ئاوازەوە دەیان ڵێنەوە. نووسەری ناسراوی کوردمان دکتـۆر (زوهـیر عەبـدولمەلـیک) دەڵـێت:”لە سـاڵانی حەفـتاکـانی سـەدەی رابـردوودا، شریتێکی تۆمارکراوم دەستکەوت، کە گۆرانییەکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شۆڕشگێڕی فەیلی قەدەم خێری لەسەر تۆماکراوە، کە گۆرانییەکی ناوچەی (بابی) یە کە دەکەوێتە لـوڕسـتانی ئـەوپـەڕی باشـووری رۆژهـەڵاتی کـوردسـتان” ئەمـەش دەقـی وشەکـانی گۆرانییەکەیە، کە نووسەر زوهیر عەبدولمەلیک لە دیالێکتی فەیلییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی. منیش لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی:
لەسـەر لـووتـــکە چــــیـاکـانـەوە
قـەدەمـخــێـر هــــاتـە خــــوارەوە
سـوورە لەسـەر جـەنگ و شـەڕ
لە لـۆیـەکـانی پشــتـێـنە ئـاوریـشـمـیـیەکـەیـدا
دەمـانـچـــــەیـەکی پـڕ لە فـیـشــــەک هــــەیە
قـەدم خـــێـر، ئـەی کـــەوش قـەدیـفـــــەیی و
قــــــــــــــــــژ خـەنــــــــــــــــــــــەیی
جـوانی بەدەرت سەرسـامی کـردووم
چـەکـەکەی دەسـتـیـشـت گـڕ لە پەرۆشــم بـەردەدات
دوژمـنــەکـانـت لە گـۆڕەپــانی جـەنـــگـدا هـەڵـــدێـن
ئەوانەی بـشـمـێـنـنەوە بەشــیان نەگـبەتی و دۆڕانـە
خـانـمــــەکـەم، دەســت بـە شـەڕکــردن بـکـە
کـەژاوەیـەکـت لە رێحـانە بۆ دروسـت دەکـەم
تـا لە تـیــنی گـــــەرمی خـــــــۆر
چــاوە جــوانـەکـانـت بپـارێـزێـت

————————————————–

(*) تا رادەیـەک سـوودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـووە:
١ـ مـن تـراث النساء.. قـدم خـير الکـوردیة. بقـلـم: الـدکتور زهـير عبـدالملک.
المنشـور في موقـع کـلکـامش في: ٢٣/ سبتـمبر/٢٠١٠
٢ـ لە ئافـرەتە نـاودارەکـانی کـورد.. قـەدەم خـێر.
نووسینی: رەزا شـوان ـ ساڵی بـڵاوکـردنەوەی لە سایتـەکـاندا: ٢٠١٠
٣ـ ثـورة الامیـرة الـفـیلـیة قـدم خـیر ـ بقـلـم الکـاتب: شهـاب القـرەلـوسي.
المنشور فی العـدد (١٥٣) ـ جـریـدة الاتحـاد: ١٤/ ئوکـتوبـر/٢٠٢١

٤ـ هەڵـۆی بەرزە فـڕی زاگـرۆس.. قـەدەم خـێر ـ سایتی (ژنها) نووسەر: ت . پ.

٥ـ نضـال المـرأة الکـوردیـة وإسـتـقـلال الـوطـن الکـوردسـتاني.
بقـلم: علاء یارکة ملک الماسبي ـ موقع: کلکامش. تاریخ النشر: ٢٦/ ینایر/٢٠١٠
٦ـ ئافـرەتی شـۆڕشگـێڕی کـورد (قـەدەم خـێر) ی فـەیـلی.
نووسـینی : کـەریـم شارەزا
ناوەنـدی رەوەنـدی کـورد لە دەرەوە ـ دوا نوێکـردنەوەی لە: ١١/ ٦/٢٠٢١
٧ـ أعـلام الکـورد ـ الامـیرە قـدم خـیر. بقـلـم: غـالـب عـلي.
موقع : کـلکـامش ـ تاریـخ النـشر: ٦/ سبتـمبر/ ٢٠١٠
رەزا شـوان
سـویـد: ٢٠٢١




له‌ بوختانه‌وه‌ بۆ شیوعییه‌كی قاره‌مان و ئازاو تێكۆشه‌ر.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هاوریی خۆشه‌ویستم یادی به‌خیر عه‌لی حامید كتیبێكی به‌ ناو ( بولێڵه‌) له‌ پاش كۆچكردنی بڵاوكرایه‌وه‌و باس له‌ زۆر بابه‌ت ده‌كات و به‌سه‌رهاتی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌و پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستێت فڵانه‌كه‌س وتی، یه‌كێكی تر بۆی گیرامه‌وه‌ یان بیستم وبیستی ئه‌وش ناورۆكی كتێبه‌كه‌ به‌لاریدا ده‌بات و سوودو به‌هایه‌كی واینامێنێت و، ده‌بێته‌ جێی پرسیارو دروستبوونی بوختان.

خۆزگه‌ هاوری عه‌لی له‌ ژیاندا بووایه‌و ئه‌م نووسینه‌ی بدیبا.

هاورێ عه‌لی حامید له‌ لاپه‌ره‌ (19) له‌ بابه‌تێك به‌ناو ( پیاوه‌ ماتۆرسواره‌كه‌ ) ده‌ڵێت : وه‌ستا عه‌زیز حه‌سه‌ن ناسراو به‌ عه‌زه‌ی ئایشێ بۆی گێرامه‌وه‌و وتی : له‌ ساڵانی حه‌فتادا له عه‌ربه‌ت له‌ دروستكردنی باڵه‌خانه‌یه‌كی نوێ بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی خواره‌وه‌ ئیشم ده‌كرد ، پیاوێك به‌ سواری ماتۆر له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ وه‌كو چاودێر ده‌هات بۆ سه‌ر ئیشه‌كه‌، هه‌ستم ده‌كرد كه‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چاودێری ده‌كرا. رۆژانه‌ به‌رده‌وام ده‌هات چاودێریی ئیشكردنی باڵه‌خانه‌كه‌ی ده‌كرد.
رۆژێكیان هه‌واڵی ئه‌وه‌مان بیست حكومه‌ت كابرای ده‌ستگیر كردووه‌، دواتر له‌ ریگای حزبه‌وه‌ زانیمان كه‌ ماتۆر سواره‌كه‌ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب بوو.
ئه‌و گێرانه‌وه‌یه‌ دووره‌ له‌ راستی و هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان ده‌زانن قه‌ت توخنی ماتۆر نه‌بووم و خاوه‌ن ماتۆریش نه‌بووم بۆیه‌ پشتبه‌ستن به‌ گێرانه‌وه‌ زۆر جار درۆیه‌و ده‌بێته‌ بوختان‌. ‌.
به‌ڵی ئه‌و كات به‌نده‌، ئه‌ندامی لێژنه‌ی جوتیاران بووم { به‌رپرس بووم له‌ رێكخراوه‌كانی حزب له‌ سنووری قه‌ره‌داغ وباوه‌نورو شیخ ته‌ویل و ده‌ربه‌ندیخان و وارماوا} و هه‌روا له‌ گه‌ل هاورێیانی دێرینم تێكۆشه‌ران جه‌لال كه‌ریم { جه‌لال ئه‌بو شوارب} و عه‌لی ئه‌حمه‌د خورشید پێكه‌وه‌ به‌رپرس بووین له‌ رێكخراوی حزبی شیوعی تێكۆشه‌ر له‌ ده‌ربه‌ندیخان { گه‌وره‌ترین رێكخراوی حزب له‌ پاریزگای سلێمانی} ئه‌و كات و، ناحه‌زان و دوژمنانی حزب چه‌ندین ناویان بۆ ئێمه‌ دانابوو وه‌ك : بڤه‌ ، ئاگره‌ سووره‌، بایه‌قوش و هتدو… بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئێمه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌و، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو ‌ حكومه‌ت به‌ هه‌موو شیوه‌یه‌ك دژایه‌تی وچاودیریمانی ده‌كرد.
له‌ هه‌مان لاپه‌ره‌دا هاوری عه‌لی حامید ده‌نووسی : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب و حسین نادر كه‌ هه‌ردووكیان خه‌ڵكی خانه‌قین بوون ، له‌ دواییدا ده‌ركه‌وت كه‌ حسین نادر له‌ گه‌ڵ شیخ عه‌لی به‌رزنجی و توفیق ئه‌حمه‌د به‌ نهێنی رێكخراوه‌كانی حیزبیان له‌ كه‌ركووك سه‌رپه‌رشتی ده‌كردو ده‌برد به‌ رێگاوه‌، ئه‌وه‌ بوو ناوبراوان پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ستگیركران به‌ڵام له‌ دوای به‌ێنێكی كه‌م ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب ئازاد كراو به‌ شوێن ئه‌ویشدا حسین نادر و توفیق ئه‌حمه‌دیش ئازاد بوون، ( توفیق ئه‌حمه‌دقه‌ت نه‌گیراو روخاوو ئازاد بوو) ، به‌ به‌ردانه‌كانیاندا دیار بوو كه‌ هه‌موویان ئۆباڵ و به‌رپرسیارێتی هه‌موو كارو ئه‌ركه‌كانی رێكخراوه‌ نهێنییه‌كانی حیزبیان له‌ كه‌ركووك خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆی شیخ عه‌لی.

من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به‌ رێكخراوه‌كانی كه‌ركوك نه‌بووه‌.

بۆ زانینی هاورێیان و خه‌ڵكی تر له‌ مانگی نیسانی 1971 به‌ نامه‌یه‌كی راستوخۆ له‌ مه‌كته‌بی لێژنه‌ی محه‌لی سلێمانی ( ملمس) ئاگادار كرام بۆ كارێكی تایبه‌تی و، پیویسته‌ بچم بۆ كه‌ركوك و، چووم بۆ مالێكی حزبی كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ماڵی { شیوعی فه‌وزییه‌ی ره‌جه‌بی خۆشكم وهاوسه‌ره‌كه‌ی هاورێ حوسه‌ێن نادر ئه‌مینی شوانی بوو} و، له‌وی چاوم به‌ هاورێ { عه‌لی به‌رزنجی} كه‌وت و، پێی وتم : ئێمه‌ تۆمان بۆ كارێكی تایبه‌ت هێناوه‌و وه‌ك ئه‌ركێكی حزبی و جۆری ئه‌و ئه‌ركه‌ی بۆم روونكرده‌وه‌و ئاماده‌ییم پیشانداو. له‌و رۆژانه‌دا له‌ ساڵی 1971 ته‌وفیق ئه‌حمه‌د ( هه‌ژار) ئه‌ندامی كۆمیته‌ ناوه‌ندی و سكرتێری ناوچه‌ی به‌غدا له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی رژیمی به‌عسی خوێنرێژ گیراو رووخاو، هاوكاری ده‌زگای ئه‌منی كردو، ئه‌و ده‌زگانه‌ به‌ هاتووچۆی گه‌رۆك بۆ ماڵه‌ حزبییه‌كان و ناساندنی هاورێیان له‌ ماڵان و له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا ته‌وفیقی رووخاویان به‌ كارهێناو، رێكخراوی به‌غدایان ته‌فروتوونا كردو، هه‌رچی زانیاری هه‌بوو خستییه‌ به‌ر ده‌ست به‌عسییه‌كان و گرنگترینیان زانیاری له‌ سه‌ر ماڵه‌ حزبییه‌كان بوو له‌وانه‌ش ماڵی حوسه‌ین نادرو فه‌وزیه‌ ره‌جه‌ب و شیخ عه‌لی به‌رزنجی بوو، ( ته‌وفیق كه‌ رووخا نه‌گیراو ئه‌و بووه‌ هۆێ گرتنی ئێمه بۆ ئاگادری ته‌وفیق زانیاری ته‌واوی به‌ ئه‌من دابوو له‌ باره‌ی چابخانه‌كه‌و ئۆتۆمبێلێكی شڤرولیت مودیل 58 كه‌ به‌ناو خودی توفیق بوو ).‌ ته‌نها له‌ هێرشه‌ چه‌په‌له‌كه‌ی رژیمی حزبی به‌عس كه ‌له‌ به‌هاری 1970 ده‌ستیپێكرد تا هاوینی 1971، هه‌زاران شیوعی گیران و، درندانه‌ ئه‌شكه‌نجه ‌دران و زۆریان له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ یان به‌ تێرۆركردن شه‌هید بوون وه‌ك: محه‌مه‌د ئه‌لخه‌زه‌ری، عه‌لی به‌رزنجی، ماجد ئه‌لعه‌بایجی، مشكور مه‌ترود، حوسه‌ین نادر، ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب، عه‌بدوللا ساڵح، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لدوجه‌یلی ، عه‌بدئه‌لئه‌میر رشاد، جواد عه‌تیه و ، له‌ پێش ئه‌و شاڵاوه‌ درنده‌یه‌ ستار خزه‌یر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ كادری كرێكاری عه‌بدئه‌لئه‌میر سه‌عید شه‌هید كران.
ئۆبالی گرتن و زانیاری له‌ سه‌ر شیخ عه‌لی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ته‌وفیق ئه‌حمه‌د ( هه‌ردووكیان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بوون) و، من زوو به‌ره‌ڵا نه‌كرام به‌ڵكو له‌ گه‌ڵ هه‌زاران شیوعی تر له‌ پاش تشرینی دووه‌م ( نۆڤه‌مبه‌ر) 1971 ئازاد كرام كاتێك حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ( پرۆژه‌ی كاری نیشتمانی) خسته‌روو حزبی شیوعی عێراق به‌ره‌و به‌ره‌ ملشكێنه‌ پر ریسوایه‌كه‌ بریاریدا.

له‌ پاش ئازاد كردنم له‌ رێی سه‌روچاوه‌ی رانیه‌ به‌ره‌و به‌رسه‌رین و ده‌رگه‌ڵه‌ كه‌وتمه‌رێ بۆ باره‌گای سه‌ركردایه‌تی و، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك چاوم به‌ هاورێ ئه‌بو فاروق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌وت و ئیتر گه‌رامه‌وه‌ بۆ سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان و، وه‌ك جاران ده‌ستم به‌كاری حزبی كردو كاتێك حزبی شیوعی عێراق له‌ گه‌ڵ حزبی به‌عسدا به‌ره‌ی نانیشتمانیان مۆركردو، وه‌ك له‌ نووسینێكی تردا ئاماژه‌م پێداوه‌ چه‌ند ئه‌ركێك به‌ من راسپێران وه‌ك : تایبه‌تمه‌ندی ( مختصة) كرێكاران، نووسینگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری، كاروباری باره‌گاو په‌یامنێری رۆژنامه‌كانی حزب { طریق الشعب والفكر الجدید ــ بیری نوێ } و، بووم به‌ نوێنه‌ری نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌رێمی كوردستان له‌ گه‌ڵ هاورێیان و یه‌كێك له‌وانه‌ هاوری ( ئه‌حمه‌د حامید) برای هاورێ عه‌لی حامید بوو، به‌ پێی بریاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش ( مجلس قيدة الثورة) گوازرامه‌وه‌ بۆ پارێزگای میسان ( العماره‌) ئه‌وه‌ بوو وازم له‌ كاروبار هێناو و هاوسه‌ره‌كه‌م و پینج منداڵم به‌جێهێشت و چوومه‌ شاخ و بوومه‌ پێشمه‌رگه‌ی حزب و له‌ زۆر بواردا كارم كردو گرنگترینیان له‌ راگه‌یاندن و بێژه‌ر له‌ یه‌كه‌مین ئێزكه‌ی حزب و، له‌ كاتی دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌نده‌كان بووم به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی به‌تالیۆن له‌ گه‌ل هاورێ ( عومه‌ر حامید) برای هاورێ عه‌لی حامیدو، له‌ كۆتاییدا بووم به‌ ئیداری مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی وكه‌ركوك.
كاتێك خه‌رێكی ( موعامه‌لاتی) زیندانی سیاسی بووم داوای شاهیدییان كردو یه‌كێك له‌وانه‌ هاورێ عه‌لی حامید بوو له‌ به‌رده‌م دادوه‌ر به‌ ئاماده‌ بوونی هاوریی و برایان: مامۆستا كه‌مال ئه‌مین بشده‌ری و كاك ئه‌وره‌حمانی حاجی محه‌مه‌دو فاتیح فه‌ره‌ج له‌ وه‌ڵامی دادوه‌ر هاورێ عه‌ڵی حامید وتی : به‌ڵێ ، ئه‌مه‌ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌بی قاره‌مان و ئازاو تێكۆشه‌ری ر‌ۆژه‌ سه‌خته‌كانه‌ و له‌ ساڵانی حه‌فتاوه‌ ده‌یناسم. هه‌زاران سڵاو له‌ یادتان هاورێ عه‌لی حامیدو ره‌وانتان شادو ئاسووده‌ بێت.

له‌ ساڵانی شه‌سته‌كانه‌وه‌ تا ئه‌و ئه‌و رۆژه‌ی بووم به‌ پێشمه‌رگه‌ 4 جار گیراوم و ( بێ له‌ گرتنی سه‌ره‌ مه‌قه‌ست وراونان و تێهه‌ڵدانی رژانه‌ی ئه‌من و ئیستخبارات) و، و كه‌س به‌ هۆی منه‌وه‌ یان هیچ رێكخراوێك تووشی زه‌ره‌رو زیان نه‌بووه و، قه‌ت له‌ حزبیش دانه‌براوم و تا ئێستاش به‌رده‌وامم.
نه‌مری بو شه‌هیدی قاره‌مان عه‌لی به‌رزنجی و هاورییانی و یادی هاوریم عه‌لی حامید به‌خیر.
مردن بۆ دوژمنانی شیوعییه‌ت.

6/12/2021




چاوخشاندێک بە براوەکانی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”

مەنسوور جیهانی ـ

براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” دیاریکران.

ڕێوڕەسمی کۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە ئامادەبوونی دکتۆر “عەلی تەتەر” پارێزگاری دهۆک، “ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر” سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، “شەوکەت ئەمین کورکی” دەرهێنەری هونەری ئەم فێستیڤاڵە، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، سینەماکارانی بەشداربوو لەم ڕووداوە سینەماییە و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان ڕاگەیێندران و خەڵاتی زێڕینی “گەلای مێو” و خەڵاتی نوقەرەیی “گەلای مێو”ی ئەم فێستیڤاڵە، لەوحەی فەخری و هەروەها خەڵاتی نەقدیی بەسەریاندا دابەشکرا.

بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”ی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” کە بریتی بوون لە: “سەدیق بەرمەک” Siddiq Barmak دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئەفغانستان (سەرۆکی لێژنەی دادوەران)، “فەیاز دۆمان” Feyyaz Duman ئەکتەر لە تورکیا، “حەسەن عەلی” Heseen Ali دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان، “هێڤین ئیل ـ سیندی” Havin Al-Sindy بەڕێوەبەری هونەری لە وڵاتی ئەڵمانیا و “موهەنەد حەیال” Mohanad Hayal دەرهێنەر لە عێراق، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە فیلمی سینەمایی “ژیان” Jiyan لە دەرهێنانی “سوهەیلا شۆنک” Süheyla Schwenk لە وڵاتی ئەڵمانیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی سینەمایی “نامۆ” The Alien لە دەرهێنانی “نادر ساعی وەر” لە ئێران پێشکەش کرا.

بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” ئەم فێستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: “حوسێن تەباک” Hüseyin Tabak سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا (سەرۆکی لێژنەی دادوەران)، “دیرک شێفێر” Dirk Schafer دەرهێنەر و مونتێر لە وڵاتی ئەڵمانیا، “ئێلیس وان مارکە” Elise Van Marcke بڵاوکەرەوە و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ڕۆمانی، “ساڵم سەڵەواتی” دەرهێنەر لە ئێران و خاتوو “زوبێدە بۆلۆت” Zübeyde Bulut ئەکتەر لە تورکیا، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە “ئەرسەلان ئەمیری” بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە “نەوید پوورفەرەج” بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” لە ئێران پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت بە خاتوو “مریەم بووبانی” بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی “زەماوەندی عەلی و زەین” The Dance of Ali and Zin لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم بە فیلمی سینەمایی “سەدیق و پڵینگ” Sidik and the Panther لە دەرهێنانی “رۆبێر دۆسکی” Reber Dosky لە وڵاتی هۆڵەندا پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە فیلمی سینەمایی “پارێزەریی برا” Brother‘s Keeper لە نووسینی هاوبەشی “گوڵستان ئاکێت” Gülistan Acet و “فەرید کاراهان” Ferit Karahan لە تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە “هەڵۆ ڕامشتی” Hello Ramshtî ئەکتەری فیلمی سینەمایی “نیشتمانی پیس” Dirty Land لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.

بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” کە بریتی بوون لە: “کامیلا لارسۆن” Camilla Larsson بەڕێوەبەریی سندووقی نوێی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی فیلمی “یۆتۆبۆری” Goteborg لە وڵاتی سوید (سەرۆکی لێژنەی دادوەران)، “ئاپۆ بازیدی” Apo Bazidi دەرهێنەر لە تورکیا و خاتوو “زەهرا غەندۆر” Zahraa Ghandour ئەکتەر لە عێراق، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی بە کورتە فیلمی “حەوت سەمفۆنیای زاگڕۆس” Seven Symphonies of Zagros لە دەرهێنانی “پەرویز ڕۆستەمی” لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بە کورتە فیلمی “ڕیکۆردی گەورەی ئیستانبوول” The Great Istanbul Depression لە دەرهێنانی “زێنەب دیلان سۆرێن” Zeynep Dilan Süren لە تورکیا پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانیش بە کورتە فیلمی “بێدەنگ” Silence لە دەرهێنانی “بڕوا وەهاپور” لە ئێران بەخشرا.

بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”ی ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” کە بریتی بوون لە: “تەلال دێرکی” Talal Derki دەرهێنەر لە ڕۆژئاوا، خاتوو “باوی یاسین” Bavi Yasin دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەلژیکا و “شەماڵ سەبری” Shamal Sabri بەرهەمهێنەری سەربەخۆ و بەرپرسی نووسینگەی ئەنستیتۆی ئەڵمانی “گۆتە” لە هەرێمی کوردستان، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردیی بە فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” Holy Bread لە دەرهێنانی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی بە فیلمی دیکۆمێنتی “ئەو بەریی ڕووبار” The Other Side of the River لە دەرهێنانی “ئانتۆنیا کیلیان” Antonia Kilian بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و فینلەندا پێشکەش کرا.

خەڵاتی فیپێڕشی:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم “فیپێڕشی” FIPRESCI ئەم فێستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: دکتۆر “ییلماز ئۆزدیل” Yılmaz Özdil ڕخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە تورکیا، “هینک بوڤێکێرک” Henk Bovekerk ڕۆژنامەنووسی سینەمایی لە وڵاتی هۆڵەندا و “ئیکسێل تیمۆ پۆٌڕ” Exel Timo Purr سەرنووسەر لە وڵاتی ئەفریقای باشوور؛ خەڵاتی فیپێڕشیان بە فیلمی سینەمایی “زەماوەندی عەلی و زەین” The Dance of Ali and Zin لە دەرهێنانی “محەمەد عەلی کۆنار” Mehmet Ali Konar لە تورکیا پێشکەش کرد.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا” APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە سەرۆکایەتی “ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر” و بە دەرهێنانی هونەری “شەوکەت ئەمین کورکی” بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

هەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، بە نمایشی 94 بەرهەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، 5 بەڵگەفیلم و 9 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، واتە: 6 فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 12 کورتە فیلم، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، واتە: 8 فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و 7 کورتە فیلم، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، واتە: 17 کورتە فیلم، بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان” 8 فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەمای کوردستان” 4 فیلمی بڵندی سینەمایی لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.duhokiff.com/




دەروازەی غوربەت .. شەماڵ بارەوانی

..
بەهۆی تۆوە
هێشتا وشەکانم مەحکومن بە نەزیف
و
لەهجەی ڕستەکانم لەحاڵەتی
سکوتدان

بەهۆی تۆوە
ڕەهێڵەی بارانی گریانم
ناسی
و
ئاشنای دەڤەری خەم بووم

بەهۆی تۆوە
کەشتی ئومێدم
لەنۆکەندی دڵشکان لەنگەری گرت
و
گۆزەی ئاواتم شکا

بڕۆ ئازیز
نامەوێ چیتر
بەو هیلاکی عومرمەوە
بگەڕێمەوە
ناو زەمەنی خۆشباوەڕیم
و
دووبارە
لەکونی کۆنە عیشقێکەوە
چزوی خەیانەت
بمگەزێت

نامەوێ
جارێکیتر
لە ئاوێکی لێڵدا سەوڵ لێبدەمەوە
کەیەکەم بەڵەمم
تێیدا بەشەپۆڵی غەدر خنکا

برۆ فرمێسکەکانت
ببەرەوە بۆ مەملەکەتی خەجاڵەتی
و
ملوانکەی پەشیمانیت
بەگەردنی تەریق بوونەوە بسپێرە

کە شعوری ئینجانەی حەلاجی
حەرفەکانم
بە گوڵە سورەکەی شبلی شکا

کە مەسنەوی موناجاتەکانم
بەفیراقی شەمس
سوتا
موتاڵاکردنی حەسرەتەکانی مەولانا
سودی چییە

کە تێکستەکانم
تووشی عەقیدەی خەمۆکی بوون
و
کتێبی شیعریم
ڕۆشتە سەر عەبەسترین مەزهەب
بەئەرشیفکردنی سەراب
مانای چییە

تازە من چومەوە زەمەنی پیری و
وەرزەکانم
هەمووی بوو بەخەرابات

تازە
باڵندەی خەندەکانم
بەرەو خەرەندی فرمێسک
کۆچیان کرد
و
مەنفای دڵشکانیان کرد بەنیشتمانی
بێدەنگی

ببورە
من خەریکی کۆکردنەوەی
پاشماوەی بیرەوەرییەتاڵەکانم
و
چیتر حەوسەڵەی گوێگرتن
لە سەرگوشتەی هەڵکڕوزانم
نەماوە

خۆمن تازە هەموو چرکاکەنم
لەکارکەوتوون
و
هەناسەکانم
لەلێواری ئیفلیجدان

من
لەمێژە چۆگەڵەی هەنسکەکانم
وشکی کردووە

لەمێژە ڕۆشتومەتەوە
سەر ڕەچەڵەکی عەزابێکی ڕەهاو
و
بوخچەی باوەڕم
تژی بووە لە دەهری بوون

لەمێژە
سپێدەی هەنگاوەکانم
بەرەو دەروازەی غوربەت
کەوتووەتەڕێ و
خۆری چاوەڕوانیم
بەرەو تخوبی ئاوابوون

لەمێژە
سەربردەکانم پڕبوون لە زام
و
مەوتنی ڕۆحم
سیخناخ لەچۆڵەوانی

لەمێژە چۆڵەکەی هێزم
لەفڕین کەوتووەو
و
تەرمی خەونەکانم
بە تابووتی نشووست سپاردووە

ببورە
من ئیدی چومەتە ئەو دیوی وەرزی کوژانەوە
و
میزاجی جارانم نەماوە
ڕادیکاڵانە خۆشم بوێیت

تازە چۆن بتوانم
ئەو هەموو پیرییە لەئاوێنەی تەمەنم
بتەکێنم

چۆن گەمارۆی ئەو هەموو تاڵەسپیەی
قژی هۆنراوەکانم
بشکێنم

چۆن بتوانم
وەرزی پەرتبوون بێدەنگ بکەم
و
کەناری ئۆقرەییم
لەشەپۆڵی هەراسان
بەتاڵ کەمەوە

ببورە
من تاتوانم
هیچ تەرجەمەیەکی
ئەو هەموو بێ تاقەتیەی
دەربەندی دەروونم
بکەم

ناتوانم
غوباری غروری
ئەو تاریکیە نەرسسیەی
باڵەخانەی
ڕۆحم دوور خەمەوە

ئیتر
چۆن بتوانم
جارێکیتر
دوو ڕکعات نوێژی زەمهەریر دابەستم

ناتوانم
نا
ببورە من دەبێ بڕۆم
ئەوە
شەمەندەفەری مەرگ
وا دەگات
بە دوا سنورەکانی تەمەنم

خوا حافیز
ئەی ناپاکی