نە کۆچکردن چارەیە بۆخەڵکی کوردوستان و نە دەبێ کۆچیشی پێبکرێت!.. حەسەن ڕازانی

بە بڕوای من، نابێت ئامانجی خەڵک خۆ ڕزگارکردن بێت لەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییە بە ڕێگەی وەڵات بەجێهێشتن بۆی، بەڵک و دەبێت بە ڕێگەی وەلانانی ئەو دەسەڵاتە بێت لەسەر خەڵک خۆی. بۆیە کۆچکردن لە دەست ئەو دەسەڵاتە و بەجێهێشتنی وەڵات وچۆڵکردنی مەیدان بە تەواوی بۆ ئەو دەسەڵاتە، بە بڕوای من، ڕێگە چارەیەکی درووست نییە. چارەسەرێکی نێگەتیڤانەیە و بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە بەڵام بە شێوەیەکی لاوازانەو بێدەسەڵاتانە. هەروەک لە ناو کوردا باوە کە دەگوترێت : ” ئەگەر بە دوژمنت نەوێرای ڕاکردنیش لەبەری هەر ئازایەتییە”. بۆیە لەوبارەوە ناتوانم هاوڕا نەبم لەگەڵ هاوڕێم عەبدوڵا مەحمود کە پێی وایە: ” ئەو شەپۆلی رۆشتن و جێهێشتنە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەرەنگارییەکی سلبییە و “نا” یەکی نیگەتیفە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەڵام هاوکات تەعبیرە لە نەویستی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەیان و دەچێتە خانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە لەسەراسەری کوردستاندا قوڵپ دەدات”..(ع.م) وێڵبوون بە دوای ژیاندا.١٨ی تەشرینی دووەمی٢٠٢١ ماڵپەڕی بۆپێشەوە.
. بەڵام دیسان، بە بڕوای من، ئەگەر خەڵک مەبەستییەتی ڕزگاری ببێت لەو نەهامەتییەی کە بۆچەندین دەیە دەچێت بەرۆکی گرتووەو لە گەڵیا دەژیت، با پێی وانەبێت کە بەڕاکردن لەدەست ئەو دەسەڵاتەو خۆ هاویشتنە ئەودیو سنوورەکانەوە ئیتر دنیا بۆی دەبێتە شامی شەریف. کاتێک کە زۆرایەتییەکی ڕەهای خەڵکی ناڕازی، وەک ئێستای کوردوستان، بەدەست دەسەڵاتێکی ستەمکاری وەک وئەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییەوە گرفتار دەبێت و گیردەخوا، ڕێگا چارەی درووست ڕاکردن لەبەری و کۆچکردن نییە !.

کۆچڕەوی بەکۆمەڵی زۆرایەتی ڕەهای ناڕازی بەدەسەڵات نابێتە ڕێگەچارەی درووست و درێژمەودا بۆ ئەو زۆرایەتییە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە وەڵات بەجێهێشتن و کۆچکردن و ڕاکردن لە دەست دەسەڵاتی سەرکوتگەرو ستەمکار، زۆرینەی جاران، سوودی لێوەرگیراوە هەم لە کورت مەوداداو هەمیش لە درێژ مەودادا بەڵام وەک تاک و وەک لایەن و گرووپێکی دیاریکراو . بۆنموونە: لایەنێکی بچووک و کەم هێزی سیاسی ناڕازی کە دەسەڵات تەنگی پێهەڵچنیبێت، تاکێکی سیاسی ناڕازی بەدەسەڵات کە هەڕەشەی تێداچوونی لەسەر بێت، چالاکوانێک، ڕۆژنامووسێک، نووسەرێک..،.. هتد. بۆ ئەمانەی کە ناویان هێنرا بەڵێ دەتوانرێت وەڵات بەجێهێشتن وەک ڕێگەچارە سوودی لێوەربگیرێت.
بەڵام کاتێک زۆرایەتی خەڵک ئەو دەسەڵاتەی نەوێت و ئەو کەمایەتییەی کە لە گەڵ دەسەڵاتیشدایە، دەسەڵات بە تەواوی لە هەمووی دڵنیا نەبێت کە هەتا سەر لەگەڵیدا دەبێت و بەڵکو وەکو کوردەکە دەڵێت: لەوانەیە تا ژێر پەتەکە لەگەڵ دەسەڵات دا بێت، لە بارودۆخێکی ئاهواداو بۆ زۆرایەتییەکی ئاهوا ڕەهای خەڵکی ناڕازی لە کوردوستاندا کە وەڵات بەجێ بهێڵێت و کۆچڕەو هەڵبژرێت وەک ڕێگە چارە، بە بڕوای من، ڕێگەچارەیەکی درووستی هەڵنەبژاردووە.

زۆرایەتی ڕەهای خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵات شاهیدە، هەروەها پەرپرسانی دەسەڵات خۆشیان دان بەوەدا دەنێن و دەنگدانی ئەم دواییانەش زیاتر ئەو بۆچوونەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە تەنانەت ئەو کەمایەتییەی کە لە گەڵ دەسەڵاتیشدایە هێشتا هەمووی بە دڵسۆزی لە گەڵیدا نییە. بۆیە ئەگەر خەڵک وەڵات بەجێنەهێڵێت و لە جیاتی ڕاکردن خۆی لە ناوحیزبی خۆیدا ڕێکبخات و خۆی یەکگرتوو بکات، ئیتردەسەڵات لە بەردەم خۆڕاگری و یەکگرتوویی خەڵکدا بێهێزو بێ نموود دەمێنێتەوە. هەر ئەوەشە، بە بڕوای من، کە دەبێ وەک ڕێگەچارەی درووست حیسابی لەسەربکرێت.

بە بڕوای من، هۆی سەرەکی بێهێزی و بێئیرادەیی و بێ سەرەوبەرەیی خەڵک لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە دەسەڵات هێندە بەهێزو بە ئیمکانییاتە کە ڕووبەرووبوونەو دژایەتی کردنی وەکو بە گژ قولەی قافدا چوون بێت. بەڵک و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خەڵک ڕێکخراو نییە و خۆی رێکنەخستوە لە حیزبی ڕاستەقینەی خۆیدا. ئەوەی هەبووە تا ئێستا ئەو حیزبە موعارەزە هەلپەرستانە بوون کە خەڵکیان بەکارهێناوە بۆ مەرام و بەرژوەندییەکانی خۆیان. بۆیە ئەگەر خەڵک بیەوێت بکەوێتە ژیانێکی باشترەوەو ڕزگاری ببێت لەو دەسەڵاتە، ڕێگەچارەی درووست ڕاکردن نییە لەبەری بەڵکو بەرەنگاربوونەوەیەتی بەشێوەی ڕێخراوو یەکگرتوو.

دەبێ لای خەڵک ڕوون و ئاشکرا بێت کە تاوانباری سەرەکی و هۆی سەرەکی کە خەڵکی کوردوستان وەڵات بەجێدەهێڵێت و کۆچڕەو دەکات بەرەو هەندەران ، ئەو دەسەڵاتەی کوردوستانە. بەڵێ درووستە کە بەشێک لە وەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا و ئیقلییمیش بوونەتە هۆی سەرچاوەو هۆی شەڕوئاشوب و پشێوی لە ناوچەکەدا. بۆیە بارودۆخی جەنگ و وەڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی حەتمەن کاریگەری خەراپ دادەنێت لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک. حەتمەن دەبێتە هۆی ناجێگیری سیاسی و ئەوەش دڵەڕاوکێ و حاڵەتی دەروونی خەراپ درووست دەکات لەلای خەڵک. ئەمەش بۆ خۆی فاکتەرێکی ترە کە وا لە خەڵک دەکات وەڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی و جەنگاوی بەجێبهێڵێت و بەرەو وەڵاتانی جێگیرو بێ کێشەی سیاسی و جەنگ مل بنێت. بەڵام سەرباری هەبوونی فاکەتەرو هۆی دەرەکی کە دەبنە هۆی ناچارکردنی خەڵکی کوردوستان کە وەڵات بەجێبهێڵن، بە بڕوای من، هێشتاش هەر دەبێ سەری ڕمی تاوانبارکردن هەر ڕووی پێ لەدەسەڵات بکەین. چونکە گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات تاوانباری یەکەم و سەرەکییە بۆیە هەر دەسڵاتیش دەتوانێت خۆی بکاتە چارەسەری یەکەم و سەرەکی لە کۆتایی پێهێنانی ئەوبارودۆخە دژوارە.

کوردوستان ئێستا،بە بڕوای من، لە بارودۆخێکی ئاهوای جەنگ و شەڕوپێکدادانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی وادا نییە تا خەتای کۆچکردنی خەڵک بخەینە ئەستۆی بارودۆخەکە. بەڵکو هۆی سەرەکی ئێستای کۆچکردنی خەڵکی کوردوستان بە پلەی یەکەم هەر دەسەڵاتەکەی کوردوستانە. هیچ هۆیەک نییە کە دەستی دەسەڵاتی کوردوستان بگرێت لە دابین کردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک. تەنانەت زوربەی بەرپرسە گەورەکانی ئەو دەسەڵاتەش دان بەو ڕاستییەدا دەنێن بەڵام دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بە کرداری لەوبارەوە نەناوە. هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتیش پێیان وایە کە دەسەڵاتی هەرێم توانای ئەوەی هەیە کە کۆتایی بەو نەهامەتییەی خەڵکی کوردوستان بهێنێت و بەڵام ئەوکارە ناکات!!.
بابەتی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردوستان ئێستا بۆتە بابەتێکی گەورە . بۆیە هەر لەو بارەوە هەندێک لایەن و دەستەو گرووپ و تەنانەت لە نێویاندا حیزبی سیاسیش هەیە کە دنەو هانی خەڵکی کوردوستان دەدەن کە کۆچڕەوی بەکۆمەڵ و ملیۆنی ئەنجام بدەن. ئەوانە پێیان وایە ئەگەر خەڵک کۆچڕەوی بەکۆمەڵی ئەنجام دا، دەبێتە فشارێک بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و لایەنگرانی مافی مڕۆڤ کە بێنە سەرخەت و وەخۆ کەون. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەرخەت و حەتمەن بە قازانج دەشکێتەوە بۆ خەڵکی ڕاکردوو. ئەمانە پێیان وایە یا ئەوەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی ڕاکردوو وەردەگرن و دابەشیان دەکەن بەسەر وەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوادا. وە ئەگەر ئەمەیان بۆ مەیسەر نەبوو، ئەوە بۆی هەیە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کوردوستان بەڵک و ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن و ئەو هۆیانە لابەرن یا هیچ نەبێت کەم بکەنەوە کە بوونەتە هۆی ڕاکردنی خەڵک .

بە بڕوای من، بۆچوونێک کە پێی باشە خەڵک بە کۆمەڵ کۆچڕەو بکات هەم وەک ڕێگەچارەی باشترکردنی ژیانی خەڵک و هەمیش وەک تۆڵەو فشار بۆسەر دەسەڵات هیچ نییە بێجگە لە کردارێک کە، من پێم وایە، لە تاقیکردنەوەی بابەتێکی فیزیایی دەچێت کە ئاخۆ ڕاست دەردەچێت یان نا ؟. ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی ژیان و گوزەران و نەهامەتیەکانی خەڵک تەواو دەبێت. ئەم بۆچونە پێی دەگوترێت کۆچپێکردن. بزووتنەوەی کوردایەتی تەجروبەی باشی هەیە لە کۆچپێکردنی خەڵکدا چونکە وەبەرهێنانی سیاسی باشی تێدا کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. پرسیارەکە لەو بارەوە ئەوەیە : ئایا هەڵگرانی ئەم بۆچوونەی ئێستای کۆچپێکردنی خەڵکی کوردوستان هەمان مەبەستی بزووتنەوەی کوردایەتییان هەیە تاکو وەبەرهێنانی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بکەن؟؟ ئەگەر دەرکەوت کە بەڵێیە و بۆ ئەو مەبەستە بووە، ئیتر دەبێ وەڵامیان بۆ خەڵکی کوردوستان چی بێت کە دەرکەوت و ئاشکرا بووکە: بابە ئەوەتە ئەوانەش وەک بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کۆچڕەویان بەخەڵک ئەنجامدا.؟
بە بڕوای من هەڵگرانی بیرۆکەی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵی خەڵک زۆر کورتبینانە و ناسیاسییانە مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گەورەو گرنگی وەک کۆچی خەڵک دەکەن. بە بڕوای من ئەوەی کە ماهییەتی ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان شارەزابێت، ناچێت پێشنیاری کۆچڕەوی بەکۆمەڵ بۆ خەڵک بکات.

کۆچڕەوی بەکۆمەڵ، لە سەردەمی ئێستادا، نە پێی دەکرێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی خەڵکدا بهێنێتەسەرخەت و نە دەبێتە هۆی فشاریش بۆسەر دەسەڵاتی کوردی. چونکە یەکەم: ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوەو زەمان زەمانی سی یان بیست ساڵ لیرەو پێش نیەو کۆچڕەوی بەکۆمەڵی خەڵک بۆتە شتێکی ئاسایی بە نیسبەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە. چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان لەو بارەوەو بێ خەتا نین. دەسەڵاتی کوردوستانیش بە کۆچڕەوی بە کۆمەڵی خەڵکی نە ویژدانی دەبزوێت و نە دەشڕوخێت و نە ناوەڕۆکی سیستەمەکەشی لە بەرژەوەندی خەڵک ئاڵوگۆڕ پێدەدات. دەگونجێت لە ڕووی بەڵێنەوە بگۆڕێت و زۆرتر بەڵێن بدات بەڵام بە کردار هەر وەک خۆی دەمێنێت. دەسەڵات بە بەرەنگاری و وەستانەوەی بە کۆمەڵی خەڵک و ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ و یەکگرتوویی خەڵک لە دژی کاری تێدەکرێت، نەک بە مەیدان چۆڵکردن و وەڵات بەجێهێشتن بۆی.

لە جیاتی کۆچپێکردنی خەڵک، دەبێ پێشنیار بکرێت کە خەڵک لە نێو حیزبی خۆیدا خۆی ڕێکبخات. دەبێ پێشنیاربکرێت کە خەڵک لە باتی وەڵات بەجێهێشتن بۆ ئەو دەسەڵاتە گرگنە بەرەنگاری و وەستانەوە بە دژی هەڵبژێرێت. وە دەبێ لەو نێوەدا خاوەنی پێشنیار خودی خۆی بە کرداری تا ئەو شوێنەی کە بۆی دەگونجێت لەناو ئەو ئەو پێشنیارەدا بیت. دەبێ پلان و ڕێگای گێڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک بگیرێتە بەر نەک پلان و ڕێگای هێندەی دیکە ڕووخاندنی وورەو ئیرادەی خەڵک. کۆچپێکردنی خەڵک بریتییە لە ڕوخاندنی هێندەی دیکە لە وورەی خەڵک، لە ئیرادەی خەڵک، لە بیری بەرەنگاری، لە بیری وەستانەوە بە دژی زوڵم و ستەم. بە بڕوای من خاوەنانی ئەو بۆچوونەی کۆچپێکردن ناڕاستەوخۆ خزمەت بە دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵات دەکا.
ڕێگا چارە زۆرن بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک خۆشبکرێت و ڕزگاریان ببێت لەدەست دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو ستەمکەری وەک دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردوستان. نابێت یەکسەربازدەین و بچین بەرەو ڕێگاچارەی کۆچپێکردنی خەڵک. پێش ئەو ڕێگا چارەیە دەیان ڕێگا چارەی تری گونجاوترو سەلامەت تربۆ خەڵک هەن. ڕێگاچارەی کؤچپێکردن نەک هەر نابێ لە ئاخر پلەشدا پەنای پێبەرین بەڵک و هەرگیزاو هەرگیز نابێ وەک ڕێگەچارە بیریشی لێبکەینەوە. ئەم ڕێگەچارەیە هی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی بۆ مەبەست نییە بەڵک و بەرژەوەندی خۆیان بە پلەی یەکەم دێت.

لە هەر چوار لای دنیادا زۆر کەم شوێن و وەڵات هەیە خەڵک ڕانەکات لەدەست سیستەمی سیاسی حوکمڕانی وەڵاتەکانیان. لە هەندێک شوێنیش بە ملیۆنان لە خەڵکی وەڵات بەجێدەهێڵن . بۆ نموونە لە ئەفغانستانی ئێستا . بەڵام تاڵیبان مێشی میوان نییەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێچارە و دەستەوستانە. کورتەی مەبەستم ئەوەیە کە نابێت هەمان تاکتیک و پلانی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ مەرامی سیاسی لەسەر شانی خەڵکی کوردوستان جێبەجێ بکرێت. وە نابێت خەڵک بکرێتە وەسیلەی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پلان و تاکتیکانە.. لە بیرتان بێت ووتە مێژووییەکەی مام جەلال کە بە پێنوسی نەوشیروان موستەفا تۆمارکراوە لە بیرەوەرییەکانیدا کە وتویەتی : “ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر” !!! ئەمەیە وەبەرهێنان و بەکارهێنانی خەڵک و قوربانییەکانی خەڵک بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکان… بۆچوونی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵ لە ئێستادا، بە بڕوای من، کاریگەرییە خەراپەکەی لە سەر خەڵک لە نەتیجەدا هیچی کەمتر نییە و نابێت. دەبێ لەو جۆرە کارانەو وەبەرهێنانە سیاسییانە خۆ بە دووربگیرێت ئەگەر دەتانەوێت هاوتەریب نەبن لە گەڵ ویست و ئارەزووەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دا.!!

حەسەن ڕازانی
١٩-١١-٢٠٢١




ژن له‌شارستانیه‌تی میسری كۆندا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

میسر یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن شارستانیه‌تی دره‌وشاوه‌بوون، په‌یوه‌ندیه‌كی مێژوویی و دێرینی‌ له‌گه‌ڵ كورددا هه‌بووه‌، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان په‌یوه‌ندی كورد و میسر بۆ سه‌رده‌می ئیمپڕاتۆریه‌تی میتانی و فیرعه‌ونه‌كانی میسر ده‌گێڕنه‌وه،‌ له‌ سه‌رده‌می پاشای میتانی (توشه‌رتا- 1390 پێش زاین) دروست بووه‌، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانی میسر به‌ هاوڕێی زۆر نزیك له‌ فیرعه‌ونه‌كانی میسر باسیان كردووه. به‌ تایبه‌ت (ئه‌منحو‌تبی سێهه‌م و چواره‌م )، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و ژن و ژنخوازى له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌.
ئیمپراتۆریه‌تى میتانى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌، تاكو باكوورى عێڕاقی ئێستا درێژبۆته‌وه‌، له‌سه‌ده‌ى 15 و 14 پێش زایییندا له‌وپه‌ڕى ده‌سه‌ڵات و به‌هێزیدا بوون. هاوتاى فیرعه‌ونه‌كانى میسر بوون.

یه‌كێك له‌ خوشكه‌كانی پاشای میتانی هاوسه‌ری ئه‌منحوتبی سێهه‌م بوو، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ كچه‌كانیشی به‌ناوی (نه‌فه‌رتیتی) بووه‌ هاوسه‌ری ئه‌منحوتبی چواره‌م. نفرتیتی به‌ یه‌كێك له‌ شاژنه‌ جوانه‌كانی میسر و یه‌كێك‌ له‌به‌ناوبانگترین كه‌سایه‌تیه‌ ئافره‌ته‌كان له‌میسری سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كان داده‌نرێ، ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ چاكسازی ئاینی و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاینی میتانیه‌كان یه‌كتاپه‌رست بوون‌، كاتێك نفرتیتی بووه‌ هاوسه‌ری (ئه‌منحوتبی چواره‌م )، له‌ژێر كاریگه‌ری شاژن (نه‌فرتیتی) فیرعه‌ونی میسر ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئاینی یه‌كتا په‌رستیه‌وه،‌‌ ئه‌مه‌ وا له‌ فیرعه‌ونی ئه‌وكاته‌ی میسر (ئه‌خناتون) ده‌كات، له‌ساڵی (1369-1353پ.ز) سه‌رجه‌م بته‌كانی میسر تێك بشكێنێت و ئایینی یه‌كتاپه‌رستی له‌سه‌رانسه‌ری میسردا ڕابگه‌یه‌نێت، پاشان بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م شاژنه‌ (نه‌فرتیتی) ده‌سه‌ڵاتدارێتی میسر ده‌گرێته‌ ده‌ست.

دوای كنه‌ و پشكنینی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی میسر و دۆزینه‌وه‌ی په‌یكه‌ری مۆمیاكراوی فیرعه‌ونه‌كان و هه‌زاران پارچه‌ی پاشماوه‌ی‌ شوێنه‌واری سه‌رنجڕاكێش، نیشاندانی ڕووی جوانی نه‌فرتیتی له‌سه‌ر دیواری په‌رستگاكانی میسر بڵاوبووه‌وه‌، نفرتیتی یه‌كێكه‌ له‌به‌ناوبانگترین كه‌سایه‌تیه‌ ئافره‌ته‌كان له‌میسری سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كاندا، ده‌ركه‌وتنی ئه‌و له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا له‌ ئاهه‌نگ و په‌رستش و دانیشتنه‌ خێزانیه‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌ پاشماوه‌ی تابلۆكانه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌شداربووه‌ له‌ سه‌یركردنی نیشاندانه‌ سه‌ربازییه‌كان. هه‌روه‌ها له‌كاتی مردنی یه‌كێك له‌ كچه‌كانی (میكیت- ئاتون) له‌تابلۆكاندا نه‌خشكراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌و تابلۆیانه‌ی نیشانی ده‌ده‌ن له‌ جلوبه‌رگی شاژنی (مه‌لیكه‌یی)دا، له‌یه‌كێك له‌ بینا مێژووییه‌كاندا نووسراوه‌، ئه‌و(نفرتیتی) (ئافره‌تی دڵڕفێنه‌ر و به‌لای هه‌مووانه‌وه‌ په‌سند بوو، ژنێك بوو، ئاغای هه‌ردوو ناوچه‌ی میسری سه‌روو و میسری خوارووی خۆشحاڵ كرد).

سه‌باره‌ت به‌ په‌یكه‌ری نفرتیتی
كاتی كنه‌وپشكنینی شوێنه‌واره‌كانی میسر له‌ (تل عمارنه‌) له‌شه‌شی كانوونی یه‌كه‌می (1912ز) له‌لایه‌ن زانای شوێنه‌وارناسی ئه‌ڵمانی (لود بورخارت) نیوه‌ی په‌یكه‌ری نفرتیتیان دۆزییه‌وه‌، بڕوایان وابوو، ئه‌م په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری (1350 پ.ز).
له‌سایتی (B.B.C)دا له‌ژێر ناونیشانی (ململانێ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری نفرتیتی به‌رده‌وامه‌) بڵاوی كرده‌وه‌: نیشاندانی جوانترین ئافره‌ت له‌ جیهاندا له‌سه‌ركارتی به‌رید له‌پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، سه‌رنجی هه‌زاره‌های به‌لای خۆیدا كه‌مه‌ندكێش كرد، ئه‌م په‌یكه‌ره‌ تائێستاش جێگای لێوردبوونه‌وه‌ و بابه‌تی گفتوگۆیه‌، وتەیەكی ئەفسانەیی هەیە ده‌رباره‌ی نفرتیتی دەڵێ‌ : (میسر جوانتری بە خۆیەوە نەبینیوە لە وێنەی مێ‌، كە واتای ناوەكەی تەواوكەری وەسفەكانی بێت)
میتانیه‌كان یه‌كێك له‌ ئیمپڕاتۆریه‌ته‌كانی كورد و خاوه‌نی شارستانیه‌تێكی گه‌وره‌ بوون، سیرامیكى ڕه‌‌نگاوڕه‌نگى زۆر جۆان و نایابیان هه‌بووه‌. به‌له‌م و كه‌شتى و گالیسكه‌كانیان ڕازینرابووه‌وه‌ به‌ وێنه‌ و نه‌خش و نیگار و ڕووناكى و باگراوندى تۆخیان هه‌بووه‌. هێنده‌ گرنگیان به‌ ڕه‌نگ و ڕازانه‌وه‌ داوه‌‌ ته‌نانه‌ت دواى 5000 هه‌زار ساڵیش شوێنه‌وارناسه‌كان به‌ڕه‌نگ و وێنه‌كانیان بیانناسنه‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌و ماڵ و موڵكیان له‌ ئیمپراتۆره‌كانى دیكه‌ جیاواز بوون.

نفرتیتی ژنێك بوو له‌نێوان شاره‌ستانیه‌تی دوو ئیمپرتۆریه‌تی گه‌وره‌ی جیهانی كۆن (میتانی – میسر) ژیاوه‌، له‌ناو شارستانیه‌تی میتانی په‌روه‌رده‌ كراو، لە بنەماڵەی هەژدەهەمی فیرعەونی میسردا گەشەی كرد، زۆرترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر وڵاتی میسری خاوه‌ن شارستانیه‌تی هه‌بوو، هیچ باوه‌ڕ ده‌كرێ یان شیاوه‌ وه‌ك ئافره‌تێكی نه‌فام و سه‌رده‌می جاهیلی پۆلێن بكرێ.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




مێژووی ڕەش.. هەرێز خەسرەو تۆفیق

من وەک تاکێکی کور ئەگەر بە حەوت پشتیش چوبامەوە سەر ئەم خێڵ و بنەماڵە خیانەتکارە هەرگیز لە ڕووم نەدەهات نەک هەر باسی سیاسەتو کوردایەتی و نیشتمان پەورەری بکەم، بەڵکو بۆ هەتا هەتایە سەری خۆم کز دەکردو ، دەستم بەکوڵاوەکەی خۆمەوە دەگرت..
جاشەکانی ڤێتنمام ئەوانەی هاوکاری سوپای ئەمریکایان کرد دژی گەل و شۆڕشی خۆیان تا ئیستاش کوڕو نەوەو نەوە زاکانیان ،باجی ئەم خیانەتە دەدەن، لەکاتێکدا خەڵک و شۆڕشی ڤێتنام لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردودا گەورەترین شانازیان بۆخۆیانو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی تۆمار کردو سەریان بە ملهوڕترین ئیمپریالیزمی جیهانی و هێزێکی گەورەو زەبەلاحی وەک ئەمریکا شۆڕ کرد.
جاشەکانی وڵاتی جەزایریش بۆ هەتاهەتایە دوور خرانەوە لەولات و سوپای داگیرکەری ئەوسای فەڕەنسا ناچاربوو هەموویان بەرێت لەگەڵ خۆیدا، چونکە شۆرش و خەڵکی جەزائیری قبوڵیان نەبوو جاش و خیانەتکاران وەک هاوڵاتیش بمێننەوە لەگەڵیاندا!!
لەم کاتوو ساتەدا بارزانی باوک کە خاوەنی زیاتر لە١٠٠ هەزار پێشمەرگە بوو، بەیەک فیکەی شای ئێران ئاشبەتاڵێکی ئابڕوبەرانەیان ڕاگەیاند، لەکاتێکدا سوپای عێراقی ئەوسا بەتەواوی شپرزە بوو بوو، نەیان دەتوانی لەتاکە شەڕێک و ڕووبەروونەوەیکدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن!!
زۆر شت لەسەر ئەم ئاشبەتاڵە نوسراوە، سەرۆک خێڵی بارزان و مەسینە هەڵگرەکانیا بەنسکۆو شکستی شۆڕش، یاخود کارەسات ناوی دەهێنن، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە میژوو بۆمان دەنوسێتەوە.ئەم ئاشبەتاڵە لەمێژووی هیچ گەلێک و بزوتنەوەیەک ڕووینەداوە.
ئەگەر کورد گەلێکی هۆشیاربا، ئەوا دوای ئاشەبەتاڵ هەرگیز کەسێک نەدەبوایە ئاڵا شڕەکەی بۆ پێشەوە بارزانی بەرز کاتەوەو، دەبوایە وەک جاشەکانی ڤێتنام و جەزایر سزادرابان، دەبوایە ئەوانیش ئاووهەوای کوردستانیان پێ حەرام کرایە.
کەچی ڕێک بەپێچەوانەوە کوڕو کوڕەزاکانی پاڵەوانی ئاشبەتاڵی ١٩٧٥، کە ئێستا تەواوی کوردستانیان لەبەر دەستدایەو هەرچی پلەو پایەو خێرو خۆشی هەیە لەنێوان خۆیاندا بەشیان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژیک نەبووە خیانەتێک ، کارەساتێک بۆ ئەو گەلە ستەم دیدەیە تۆمار نەکەن، سەرباری ئەوانەش هەڕەشە دەکەن و خەڵک و لایەنی تر بە بەکرێ گیراوو دەستی داگیر کەر لەقەڵەم دەدەن..
زۆرجار کادیرو دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکڕاتی کوردستان گلەیی و گازندە لەنەیارانی پارتی دەکەن کەبۆچی ئێمە ٣١ی ئاب بە خیانەت لەقەڵەم دەدەین و زیاتریش دەڵێن کە گوایە ئێمە یەکڕیزی ماڵی کورد تێکدەدەین، ئەم توتیە قوڕمیشکراوانەی پارتی لەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب دەڵێن، کەگوایە ئەوان واتە پارتی نادیموکراتی نا کوردستانی (سەگیان) بە(سەگ ) دەرکردوە، واتە
بەعسیان هێناوە وەک (سەگێک) ،یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستانیان له‌هه‌ولێر پێ دەرکردووە!؟
بەڵام نەک هەر ٣١ی ئاب بەڵکو هەموو مێژووی بنەماڵەی بارزانی پڕە لەخیانەتی نیشتیمانی و ٣١ی ئاب دڵۆپێکە لەدەریای خیانەتی ئەم بنەماڵەیە. وەهەروەها سەگ بە سەگ سەگی دەرکردوە لەهەولێرو سەگێکی گڵاوترو دڕندەتر جێگەی سەگەکانیتری گرتۆتەوە. هەرچەندە چواندنی ئەمانە بەسەگ، بێ ڕێزی و زوڵمێکی زۆرە لەسەگی دەکەین بەڵام، دەبوایە بۆ وەڵامی ئەم پارتیە خوێن زەردانە هەر ئاوا بدوێین.
داخەکەم ئیمەی کورد نەمانتوانی بچوکترین دەرس و پەند لەخەباتی گەلانی تر وەربگرین، بۆیە تائێستاش ئەم بنەماڵەیە حوکم دەکەن، کەم کوردیش هەیە لەهەر چوار پارچەی کوردستان پریشکی خیانەتی ئەم بنەماڵەیان بەرنەکەوتبێت، بۆیە ئەبێت، ئەم بنەماڵەیە فرێ بدرێتە زبڵدانی میژووەوە، وە پێشموایە نیشانەی وەدەرنانیان ڕۆژ بەرۆژ زیاتر دەردەکەوێت، هاکا بینیمان، قەڵای زوڵم و زۆرداری ئەوانیش وەک دیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکە ڕوخا، بەڵام ئەوسا تەنانەت نابێت بەمردویش جنازەکانیان لەگۆڕستانی خەڵکی ئاسایی بنێژرێت، بەڵکو ئەبێت گۆڕستانێک بکرێتەوە تایبەت بە سەرانی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی و پارتی و بنەماڵەی بارزانی وە ناوی بندرێت ”گۆڕستانی ناپاکان”






ڕۆژژمێری بەخت.. شادی بەکر

ئەمرۆ لە ڕۆژەکانی تر
رۆژمێری بەخت و هيوام شۆختر ديارە
نازئەکا بەسەر رۆژ و مانگ و وەرزدا
ئەمرۆ جێ نشینی خۆری و ،تاتۆنەیەی ئاوانابێت
گوێم لەترپەی دلی خۆمە
دەنگی ھەنگاوی پێڵاوت
بۆ ناخم ئەگوازێتەوە
دەوەرەوەو
قژی ئاڵۆسکاوی شيعر و
رەنگی سیای ھەوری بەخت و
شەستە بارانی عەشقمە
باڵای بەرزی ڕوباری خۆشەویستیمان
با ببینیت
ئەمرۆ وەرەو بەر لەوەی رۆحـم ئاوابێ
تۆدەرکەوە
وەرە بۆ تەنهاجارێکیش
بەرچنەیەک ماچی وشک و ،
چارۆکەیەک موحیبەتی تینوێتيم بۆبھێنەوە
ھەموشتێ بەش بەش بکە
ماچی تەرەت با بۆ ئەوبێ
ئەرێ ھەناسەی تۆم بەسە
بالات بۆئەو سێبەرەکەت بۆ من کەسە
دلت بۆ ئەو موحیبەتت بۆ من چەتری هەردوو دەسە
سەرت بۆ سەر قۆلی ئەو بێ، خەیاڵت لای يادەوەریم و هەناسە
تۆ وەرەوە
وا خەریکەلەچاوەروانی ھاتنەوەت وشک ئەبم
ئەگەر ویستت یەک بەیەکی پیتەکانی هەموو جەستەم لێکەرەوە
بيکە بەپەتی ھۆنراوەیەکی خەمناک
منیش لەتام وپۆکەیدا
سەرخەوی ئەوين ئەشکێنم
زۆر ئەترسم رۆژێ دابێ ،حیکایەتی دابرانمان پێ بنوسیيەوە
کاتێ دواجار
ئەو رۆحەی بۆ ژوانێ بە منت سپارد
بینێرمەوە

سلێمانی
٢٠٢١/١١/١٦




دووربینی حەراری چییە؟.. فازیل شەوڕۆ

لەوەتەی ئەو دڵۆپە ئاوەی، لەسەر پەڕە کاغەزێکدا، پیتەکانی چەند بار گەورەتر کرد، یان لەوەتەی (سینیکا)ی زانای ڕۆمانیی دێرین، پێش (٢٠٠٠) ساڵ، سەرنجیدا کە خڕە کریستاڵ، شت گەورە دەکات، زانایان خۆیان سەرقاڵ کردووە بە داهێنانی نوێترین و وردبینترین زووم( عەدەسە). جا پێشکەوتنی لە حەد بەدەری زانست و تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمەش، شێواز و بەکارهێنانەکانی ئەو زوومەی، کە سەرچاوەکەی دڵۆپە ئاوێک بوو، گەیاندە ئەو پەڕی گۆڕانکاری و کاریگەریی. دووربینی حەراریش یەکێکە لەو داهێنانە پشکەوتووانەی ئەم سەردەمە. (نامانەوەی لێرەدا لە جیاتی زاراوەی حەراری، زاراوەی گەرمیی بەکاربهێنین، چونکە دووربینی حەراری لەسەر زاران جێیخۆی کردووەتەوە.)

بیرۆکەی دووربینی حەراری، کەتومت، لەسەر بنچینەی زانستیی کارکردنی چاوی مرۆڤ کاردەکات، تاکە جیاوازی ئەوەیە کە چاوی مرۆڤ لە ڕۆناکایدا دەبینی، بەڵام دووربینەکە لە تاریکی و لێڵی و تەمومژیشدا دەبینی. چاوی مرۆڤ، تیشک وەردەگرێ و خووردی دەکاتەوە و لە ڕێی مێشک دەیخوێنێتەوە، هەرچی ئەو دووربینەیە، شەپۆڵی کاروموگناتیسی وەردەگرێ و شی دەکاتەو و دەخوێنێتەوە.

هەموو شەبەنگێکی کاروموگناتیسی، وزەیەکی دیاری کراوی خۆی هەیە، کە پەیوەستە بە درێژیی شەپۆڵەکەی، جا تا ئەو شەپۆڵە کورتتر بێ، ئەوا وزەکەی زۆرتر. جا شەبەنگی شەپۆلی، بریتییە لە تیشکی ژێر سوور، کە شەپۆڵەکەی درێژ، واتا وزەکەی زیاتر و بە هێزترە. تیشکی ژێر سووریش (٣) ناوچەی هەیە: (شەبەنگی بینراوی نزیک / شەبەنگی بینراوی مام ناوەند / شەبەنگی حەراری ــ کە درێژترین شەبەنگی کاروموگناتیسی هەیە، لە (٣) مایکڕۆن بۆ (٣٠) مایکڕۆن).

جا جۆری شەبەنگی حەراری لە تیشکی ژێر سووردا (Thermal-infrared)، شەبنگکەی لەو تەنانەدا دەردەچێ کە گەرمایییان هەیە یان گەرمایی دەدەن. ئەمەیش لە هەر تەنێک وەدەست دێ کە پلەی گەرمییەکەی لەسەرووی سفری موتلەق بێ و دواتر خامۆش بێتەوە. ئەوکاتەی ئەلکترۆنەکانی ئەتۆم کە بە هۆی گەرم بوونیان وەزە بەرهەم دێنن، دەچنە ئەو مەدارانەی وزەیان بەرزتر و دواتر لە گەڵ خامۆش بوونەویان وزەکانیش دەگەڕێنەوە سەر دۆخی پێشووتریان. جا لەو سەین و بەینەدا، ئەلکترۆنەکان وزە دەردەدەن، ئەم وزەیەش پێی دەگوتورێ: تیشکی حەراری. تا پلە جوولەکان پتر بێ، ڕادەی تیشکەکە بەهێزتر دەبێ.

لە دووربینی حەراریدا، زوومەکان وا درووستکراون بە پشت بەستن بە کردارە تەکنەلۆژیایی پشکەوتووە و دیگیتەڵییەکان، ئەو تیشکە ژێر سوورانە کە لە تەنەکان دەردەچن، بدۆزنەوە و کۆکەنەوە وەرگرن. جا چونکە ئەو دووربینە لە یەک کاتدا دوو گەرمای وەردەگرێ: گەرمای جەستەی مرۆڤ یان گیاندار، وە گەرمی داروبەرد و دارودرەختەکە، لە ڕێی ئامیری تایبەتەوە، لێکیان جیادەکاتە و مرۆڤەکە یان گیاندارەکە دەبینێ و نیشانی دەدا.
ئیمڕۆ، بە پشکەوتنی زانست و پیشەسازیی چەک و تەقەمەنی، ئەو جۆرە دووربینە لە سەر چەکەکان چەسپ دەکرێن و بۆ دەستنیشان کردنی نیشانە و پێکانیان. ئەمەش بەم شێوازە ئەنجامدەدرێت:

1. بە چەند زمێک، لە شێوەی زوومی کامێرا، شەبەنگە حەرارییەکان کە لە تەنەکان دەردەچن وەردەگیرێن.
2. ئەو تیشکە کۆکراونانە، لە ڕیی هەستەوری تایبەتیدا دەکرین بە نەخشە و وێنە حەراری.
3. ئامێری تایبەت ئەو نەخشە حەراریە دەکاتە شەپۆلی ئەلکترۆنی.
4. ئامێری تایبەت ئەو شەپۆلە ئەلکترۆنییانە دەهێنێتە سەر سکرین.
5. سارد و گەرمی تەنەکان، بەو تەکنەلۆژیایە، وێنەی کەسەکە یان شتەکە نیشان دەدەن.
6. ئێستا وێنە کەسەکە یان شتەکە لە تاریکی بێ یان لە نێو تەمومژ و دوکەڵ و لێڵی دابێ، دەبینرێت. بە تایبەتی لە کاتی جوولە کردندا.

لە ساڵی (١٩٩١)وە زانایای چەک و چۆڵ، لە ڕوسیا سەرقاڵی داهێنانی جۆرە دووربینێک بوون لەم شیوەی کە ئێستا هەیە، ئەوبوو لەساڵی (١٩٩٧) کۆمپانی لێکۆلینە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای حەراری، کەوتە نەخشەکێشان و دیزاینی ئەو دووربینە، تا لەساڵی (٢٠١٤) لە پێشەنگایەکی چەک و تەقەمەنی لە مۆسکۆ نمایش کرا. هەر لە هەمان کاتیشدا، وڵاتە پشکەوتەکانی دیکەش هەر خەریکی ئەو داهێنانە بوون بە گوێرەی تەکنەلۆژیایی خۆیان.

دووربینی حەراری جکە لە بەکارهێنانە سەربازییەکەی، دەکرێ بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوان و شتومەکی بزر بوو و ڕواو شکار و توێژینەوەی زانستی و وێنەگرتن بەکار بێ. بۆ زانینی ژمارە کریکاری و مردوو و زیندوو لە نێو کان و بیر و چاڵی داتەپیودا.

ئیمڕۆ، ئەو دووربینە بە چەندان جۆر و مۆدێل و قەبارە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشیت، هەیانە کێشەکەی هەر (٦٥) گرامە.

دووربینی حەراری، دەرگای زۆر داهێنانی دیکەی لە جۆری چەکەکانیش کرد. ئەم دووربینە کە لەسەر هەموو چەکێک چەسپدەکرێ بە تفەنگی وەکو کلاشنکۆفیشەوە، چەکی تایبەت بەخۆی هەیە، کە سەد لە سەد، نیشانەکە تا دووری (١٢٠٠) م دەستنیشان دەکات و دەپێکی، لە هەمان چرکەدا دەتوانی وێنەشی بگرێ، بە رەش و سپی یان ڕەنگاڵ یان ڤیدویی، دەتوانی تۆماری بکات لەسەر مێمۆری، وە دەشتوانی یەکسەر لەڕیی ئینتەرنێت و (CPS) ەوە بینێری بۆ هەر شوێنێک کە مەبەست بێ. واتا قەناس، کە ئەو چەکە سەر بە دووربینی حەرارییە بەکاردێنێ، لە گەڵ پێکانی نیشانەکەی دەتوانی (بە زیندووی) گرتەکە بگوازێتەوە بۆ کەسێک کە بە هەزاران کێلۆمەتر لەو دوورە و بە چاوی خۆی دیمەنەکە ببینی.
ئەو دووربینانە لە هەموو کەش و هەوایەک کار دەکەن لە (٤٠) پلەی سەدی ژیر سفرە و تا (٦٠) پلەی سەدی، لە بەفر و باران و زریان و گەرداو کاردەکات . ئێستا دووربینی ئەوتۆی درووست کراوە، کە دۆزینە و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان زۆر ئەستەمە.

بۆ لە کارخستنی ئەو جۆرە دووربینە، تاکو ئێستا هەر دوو ڕیگە هەیە: یەک، دروستکردنی سەرچاوەکەی گەرمی، وەک ئاگر، لە نێوان خۆت و قەناسەکەدا. یان پۆشینی پۆشاکی تایبەت کە ناهێلێ گەرمی جەستە بچیتە دەرەوە و هەمیشە پلەی گەرمایی جەستەی کەسە، یەکسان دەکات بە پلەی گەرمی دەووروبەری، لەو حاڵەتەدا، دووربینەکە نازانێ کامیان نیشانەکەیە و کامیان دارو بەردەکەیە.




یەکێتی و پارتی قومبەلەی ژێر ماڵی کورد.. ئومێد محەمەد فەرەج

ئەگەر بەچاو خشانێکی خێرا سەیری مێژووی ڕەشی پارتی و یەکێتی بکەین، بەئاسانی تێدەگەین کە لەسەرەتای دروستبوونیانەوە بۆ تەنها ئامانجێکی سەرەکی دروستبوون، ئەویش تێکدانی ناو ماڵی کوردبووەو هەمیشە وەکو قومبەلەیەکی تەوقیتکراوی ژێر ماڵی کورد کڕ کەوتوون، لەهەر دەیەیەکیشدا لانیکەم دوو جار بەڕووی بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکانی کورددا تەقیونەتەوە. هەربۆیە یەکێتی و پارتی لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وڵاتانی دووژمنی کورد دروستبوون وەکچۆن یەکێتی لەدیمەشقی پایتەختی سوریای عەڕەبی دروستبوو، کە سوریا یەکێکە لەم وڵاتانەی بەدوژمنی کورد هەژمار دەکرێت و ئامانجی کورتخایەن و درێژخایەنی هەیە بۆ نەهێشتنی کورد، ئاسانترین ڕێگەش ئەوەیە کە ئامانجەکانی بەکوردە ناپاک و خۆفرۆشەکان بپێکێت، ئەوکاتیش لە جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد گونجاوتری نەدۆزیەوە، تەبعەن ئەوەی ئەیڵێم بۆ وڵاتانی عێڕاق و تورکیا و ئێرانیش ڕاستە، ئەوانیش دوژمنی کوردن و بەردەوام هەوڵیان داوە بەدەستی کورد ناوماڵی کورد تێکبدەن. هەروەها پارتیش بەهەمانشێوە لەژێر ئیشڕافی دەزگای هەواڵگری ساواک و شای ئەوکاتی ئێران دامەزراوەو وەکو مەقاش هەرجارەو بەدەستی دەوڵەتێکی دوژمنی کوردەوە بووە بۆ سەرکوتکردنی کوردی پارچەیەکیتر بۆبەرژەوەندی دەوڵەتێکیتری نەیاری کورد.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان هەڵگری پاشناوو دروشمی زۆر گەورەو پڕ لەناوەڕۆکی کوردایەتین، بەڵام لەڕاستیدا لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە هەتاکو ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تەنها ئامانجیان ئەوە بوو لەژێر ڕوکەشی شۆڕشی نەتەوەیی کوردیدا خزمەت بەوڵاتانی دوژمنی کورد بکەن، دوای ساڵی ١٩٩١یش وەکو دوو دوکانی سیاسیی بۆبازرگانی کردن بەسامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان دەست بەکار بوون و چوونە قۆناغێکیتری خەباتی وێرانکردنی نیشتیمانی کوردستان. ئەم ئامانج و قۆناغەش لەدوای ٢٠٠٣ زۆر تۆختر بویەوەو دوای ئەوکات سامانی ژێر زەوی وەکو نەوت و غازو کانزاکانیتر زیاتر دەرکەوتن و کەوتنە دەستی ئەم دوو حیزبەو ئەتوانم بڵێم بەتەواوی لەدوو حیزبی سیاسیی حوکمڕانەوە گۆڕدران بەدوو کۆمپانیای بازرگانی کردن بەتەواوی سەروەتی نیشتیمانییەوە، وە بەهێزکردنی لایەنی ئابوری بوو بەئەولەویەتیانو تەڵاقی سیاسیی هەمیشەییان دایە تەواوی قەزیە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.

ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە بەمێژوودا دەبینین سەرەتای دروستبوونی یەکێتی بەسەرپەرشتی سوریا بوو وە بۆ ئامانجی لێدانی شۆڕشی کوردی ئەوکات دامەزرا، پێشتریش جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد ناپاکیان لەشۆڕشی کورد کردو لەساڵی ٦٦ تەسلیم بە دەوڵەتی عێڕاقی دوژمن بونەوەو تاڕادەیەک شکستیان بەشۆڕشی کورد هێنا. ئەگەرچی مەلا مستەفاش دەستی هەبوو لەم خیانەتە، چونکە ئەویش لەپێناو پاوانخوازی دەسەڵاتدا ویستی مام جەلال و برایم ئەحمەد ملکەچی خۆی بکات و کاتێکیش ملکەچ نەبوون، خۆی پاڵی پێوەنان بۆتەسلیم بوون بەحکومەتی بەغداد، وە سەرچاوە مێژوویەکانیش ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی مەلا مستەفای بارزاندا مابانەوە ئەوا تیرۆری دەکردن. بۆیە هەم مام جەلال و برایم ئەحمەد خیانەتییان کردو بوون بەجاشی بەغداد هەمیش مەلا مستەفاش خیانەتی کرد.

هەروەها دواتریش یەکێتی و پارتی لە حەفتاکانەوە هەتا ساڵی ٩١ دەیان جار شەڕی ناوخۆو براکوژیان ئەنجامداو هیچ حیزبێکی کوردی نەما کە شەڕی لەگەڵ نەکەن. دواتریش بەئیعازی تورکیا یەکێتی و پارتی بەهاوبەشی لەساڵی ١٩٩٢ جەنگێکی خوێناوییان لەدژی پەکەکە هەڵگیرساندو سەدان گەنجی کورد لەهەرسێ لایەن کوژرانو ئاکامیش زیانێکی گەورەی ماددی و مەعنەوی بەر گەلی کورد کەوتوو یەکێتی و پارتیش وەکو پاداشتی جاشایەتییان سەدان ملیۆن دۆلاریان لەتورکیا وەرگرت. ئینجا دوای ئەمە دیسان لەساڵی ٩٣ تاکو ٩٨ شەڕێکی کوشندەی ناوخۆییان هەڵگیرساند کە تێیدا ٣٦ هەزار گەنجی کورد کوژران، کە هەڵگیرسێنەری ئەم شەڕە زیاتر یەکێتی بوو، هەرچەند هەردوک حیزب تاوانباری جەنگێکی مێژوویین. جارێکیتر پارتی لەکۆتایی نەوەدەکان شەڕێکی خوێناوی لەدژی پەکەکە هەڵگیرساند. دواتریش و جارێکیتر لەساڵی ٢٠٠٠ دیسان یەکێتی شەڕێکیتری خوێناوی براکوژی لەگەڵ پەکەکە هەڵگیرساند، ڕاستی ئەگەر خیانەتەکانی یەکێتی و پارتی بژمێرم سەدان لاپەڕەم پێویستە، بۆیە تەنها دواهەمین خیانەتی مەزنی هەردوک حیزبی حوکمڕانی بنەماڵەیی بیردێنمەوە، کە ئەویش یەکێکیان ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو لە ٢٠١٧ کە خەنجەرێکی ژەهراوییان دا لە پشتی کوردو نیوەی خاکی کوردستانییان هەرزانفرۆشکردو کوردیان گێڕایەوە بۆبەر لە٣٠ ساڵ پێشتر، گەیشتە ئەوڕادەیەی کە ناوییان نا لە یەکێتی نوسینگەی فرۆشتنی زەوی و زاری نیشتیمان.

ئەم دوو حیزبە نەک تەنها سەدان خیانەتییان لەنەتەوەو نیشتیمانی خۆیان کردووە، بەڵکو سەدان خیانەتییان لەیەکتریش کردووە. بۆنمونە خیانەتی یەکێتی لە پارتی، کە لە چەند بارێکدا ئەنجامی داوە، لەوانە، ھاوکاریکردن و داواکردنی یەکێتی لەحکوومەتی عێراق بۆ بڕینی بەشەبودجەی کوردستان. هەروەها رادەستکردنی کەرکووک بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. هەروەها ئەوگەلەکۆمەی لەبەغداد کردی بۆسەرخستنی کاندیدی یەکێتی د.بەرهەم و شکستهێنان بەکاندیدی پارتی، ئەگەرچی جیاوازی نێوان کاندیی پارتی و یەکێتی تەنیا وەکو جیاوازی سەگی ڕەش و سەگی سپییەو هەردوکیان بێجگە لەخزمەتکارێکی بەرژەوەندییەکانی عەڕەب هیچیتریان لێچاوەڕوان ناکرێت. هەروەها خەنجەرێکیتری یەکێتی کەلەپشتی پارتیدا، ئەوەیە کەلایەزال هاوکاری حەشدی شەعبی دەکات لەهێرشی موشەکی و درۆنەکان بۆ سەر پایتەختی کوردستان و مەتاڕی نێودەوڵەتی هەولێر.

هەروەها پارتیش سەدان جار خیانەت و فێڵی سیاسیی لەیەکێتی کردووە، لەنمونەی ئەوەی ڤیدیۆی ئابڕوبەرانەی لەچەند سەرکردەیەکی یەکێتی گرتووەو ملکەچی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆی کردوون. هەروەها لە٣١ی ئابدا خەنجەری خیانەتی دا لەپشتی یەکێتی و بەهێزی دوژمن پایتەختی کوردستانی داگیرکرد. هەروەها پارتی و بنەماڵەی بارزانی ماوەی ١٥ ساڵە بەدەیان تەکتیک و دەستشکانی سیاسیی یەکێتییان کردووە بەپاشکۆی خۆیان و دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی جومگە هەستیارەکانی کوردستان. هەروەها پارتی ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لەترازانی ناوماڵی یەکێتی و کەلێنی زۆری خستۆتە ناو باڵەکانی یەکێتی و کە تازەترین و کاریگەرترینیان ئەمەی ئەم دوایە بوو، کە بەپلانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئینقیلابێکی سپی کرا بەسەر لاهوری شێخ جەنگی و باڵەکەیداو لەئەنجامدا لەدەسەڵات دورخرانەوەو یەکێتی باڵێکیتری لێبویەوە. بەمەش ئەتوانین بڵێین ئەم هەڵۆیەی یەکێتی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئەکەوێتە ژێر هێرشی پارتی و ڕۆژێک چڕنوکەکانی دەشکێنێت و ڕۆژێکیتر دەنوکی کورت دەکاتەوەو ڕۆژێکیتر کلکی ئەقرتێنێت و دواجاریش باڵێکی بەتەواوی شکاند…

تێبینی: بەردەوام دەبین لەهەڵدانەوەی مێژووی ڕەشی ئەم دوو بنەماڵەیە لەبەشی دووەم

ئومێد محەمەد فەرەج




خوێنەری خێرا، نەوەی فاست فوود..!.. جواد خەلیل

ئینسان کاتێک بیەوێ هۆشیاری و ئاگایی خۆی بباتە سەرێ، دوو ڕێگای گرنگی دێنە پێش، خوێندنەوە یان گەشت کردن. زۆرینەی کورد لەبەر بێ پارەیی و نەبوونی و هەندێک هۆکاری دیکە، گەشت و گەڕانی وڵاتانی لێ سەنراوەتەوە، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە بۆی، تەنها و تەنها کتێب و خوێندنەوەیە.

ئایا کورد بە گشتی گەلێکی خوێنەرە؟ بێگومان نەخێر، کورد تا ئێستایش لە ڕیزی ئەو کۆمەڵگایانەدایە کە لە ڕووی ڕۆشنبیری و خوێندەوارییەوە خاوەن فەرهەنگێکی ئێجگار هەژارن و بە دەگمەن نەبێت ناخوێننەوە. ئەگەر تۆ کەسێک بیت توانای گەشتکردنت نەبێت و نەشتوانی بخوێنیتەوە، کەواتە چۆن ئاگاییت دەبەیتە سەر؟ جێگرەوە و سەرچاوەی زانیاری ئەم گەلە نەخوێندەوارە چیە؟

ئێستا تەلەفزیۆن و فەیسبوک و تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی تر بە گشتی، خۆیان وەک جێگرەوەی کتێب و گەشتکردن بە ئینسانی کورد ناساندووە. لە دونیای دیجیتاڵیشدا، ئینسان کەمترین کاتی هەیە، هەمیشە بە پەلەیە و وزەی وردبوونەوەی نیە، هەر پۆستێک کە دەیبینێ، هەر گرتەیەک کە دێتە پێش چاوی، دەبێ بۆ چەند چرکەیەک بێ و زۆر لەسەری نەڕوا و لە کورتی بیبڕێتەوە. بەواتایەکی تر سەردەمی خوێندنەوەی خێرا و خوێنەری بەپەلە و نووسینە کورتەکانە، ئەمە یانی چی؟ یانی ئیتر خوێنەری ڕووکەشبین و تێپەڕ، نووسینی سەتحی و لاواز زۆر دەبن، قووڵبوونەوە و تێڕامان و بیرکردنەوە بە مانا فەلسەفییە گەورەکەی غائیب دەبێت. ئاخۆ دەرئەنجامی ئەم خۆبەریکردنە لە بیرکردنەوە و خوێندەواری دەمانباتە کوێ؟ بۆ هیچ کوێمان نابات، هەر لێرە دەمانهێڵێتەوە، چونکە ئێمە لە دەرئەنجامداین. دەبێ ئەمجارە بپرسین: چی بکەین بۆ ڕزگاربوون لەم دەرئەنجامە خراپە؟ هەوڵدان بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێ، کە خوێنەرێکی چەند دێڕی و دونیابینێکی سادە نەبێت؛ بەڵکو خوێنەری دەقە مەزن و گەورەکانی بەشەرییەت بێت؛ باشترین ڕێگای دەربازبوونە لەم دەرئەنجامە خراپە.

“ئەلبێرتۆ مانگوێل” پێی وایە بوونی کتێبخانە لە ماڵدا وادەکا مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە عاشقی خوێندنەوە و کتێب بێت، چونکە دواجار کتێبخانەکە و کتێبەکانی نێویشی دەبنە بەشێکی گرنگ لە یادەوەری خێزان، هەر شتێکیش لەیادەوەری منداڵی و خێزانییەوە سەرچاوە بگرێت لای مرۆڤ دەبێتە جێی ڕێز و خۆشویستن.
ئەوە بۆیە ئینسانی کورد بە گشتی نە دەخوێنێتەوە و نە حەزی لەو کەسانەشە کە باسی کتێب دەکەن و خوێنەرن،چونکە ئەو لە یادەوەری خێزانی و منداڵانەی خۆیدا هیچ شتێک نایگەڕێنێتەوە بۆ کتێب! چواردەورەکەی و ئەو ژینگەیەشی کە تێیدا گەورە بووە، دوژمنی سەرسەختی کتێب و زانینن. واتا ئەو تاکی کۆمەڵگایەکی حازر ویست و پەلەکار و فاستفوودییە، کۆمەڵگایەک تاقەتی هەموو شتێکیان هەیە، جگە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی قووڵ.

جواد خەلیل




دیوانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی.. ستار ئه‌حمه‌د

مه‌هاباد قه‌ره‌داغی..یه‌كێكه‌ له‌و شاعیره‌ ناسراوانه‌ی ،هه‌رده‌م له‌به‌خششی به‌رده‌وامدایه‌،واقبعیانه‌ له‌رووداوه‌كان ده‌ڕوانێت،زانستیانه‌ بیرده‌كاته‌وه‌،له‌توێی وشه‌ی ئاڵ و په‌یڤی شیریندا به‌گژ ناهه‌موارییه‌كاندا ده‌چێت…..ئه‌و شاعیرێكه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی پاكی و نیشتمان په‌روه‌ری به‌گوێمانا ده‌دات،هه‌میشه‌ په‌یامێكی نوێی پێیه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێ‌.
له‌شبعرێكدا ده‌ڵێت:.
چه‌رخێ‌ داهات
پێیان ده‌ووت چه‌رخی زانست
خۆری ده‌گۆڕی به‌زێڕو
به‌رد به‌بۆمبا
خه‌م به‌چرا
له‌كوردستانی ئێمه‌شدا
زانستێكی تازه‌ داهات
چۆنێتی كوشتنی برا
مه‌هابادی شاعیر…هۆشمه‌ندانه‌ تاوتوێی ده‌وروبه‌ر ده‌كات،ده‌بینێت گه‌لان له‌هه‌وڵی زانست و تازه‌گه‌ریدان..ئه‌وه‌تا كه‌سانێكن ده‌توانن ..خۆر بگۆڕن به‌زێڕو نه‌هامه‌تییه‌كان به‌مۆم و چرا.له‌هه‌نیه‌ی زه‌مین یاقووت ده‌رده‌هێنن،كه‌چی له‌م كوردستانه‌ی خۆمانیشدا ..تازه‌ به‌تازه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ خۆكوژی و شه‌ڕی براكوژی ده‌نێنه‌وه‌،شاعیر دڵگرانه‌ له‌خوێن رشتن،ئاڵای ته‌بایی هه‌ڵگردووه‌،ده‌یه‌وێت له‌نیشتمانێكدا بژین جێگه‌ی ئارامی و زانست و ئاشتی و یه‌كسانی بێت،بۆیه‌ نموونه‌ی گه‌لانی دیكه‌مان بر ده‌هێنێته‌وه‌،بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ له‌وان وه‌ربگرین،چیتر خوێنی برای خۆمان نه‌ڕێژین و له‌جیاتی خراپه‌و شه‌ڕ و ئاژاوه‌..بیر له‌پێشكه‌وتنی وڵات بكه‌ینه‌وه‌،بتوانین داهێنه‌رانه‌ بژین،هه‌تا بتوانین به‌ری ره‌نجمان گه‌لێكی ئاسووده‌ بنیات بنێت ،له‌سایه‌ی بیر روونیدا خۆشگوزه‌رانی ئامانجمان بێت.
مه‌هابادی شاعیر ده‌ڵێت:.
وتم یان نا
هه‌تاو هه‌رچه‌ند له‌تووره‌كه‌ی ئاوابووندا
به‌ند بكرێت و
شه‌وه‌زه‌نگیش وه‌ك پاسه‌وان
ده‌روازه‌ی ئاسۆی لێ‌ بگرێ‌
له‌كازیوه‌ی ده‌مبه‌یاندا
دڕ ده‌داته‌ تووره‌كه‌ی ئه‌ستووری زیندان
په‌رده‌ی ره‌شی شه‌وه‌زه‌نگ هه‌ڵده‌داته‌وه‌و
دیسان هه‌ڵدێ‌
شاعیرمان هێمایه‌كه‌ بۆ ئازادی و به‌رخودان.ئه‌و لێره‌دا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێ‌ :.سه‌ربه‌ستی هیچ گه‌لێك زه‌وت ناكرێ‌،گه‌ر جه‌سته‌كان له‌سنوورده‌ن،كۆت و په‌یوه‌ست بخه‌نه‌ جه‌سته‌كانه‌وه‌..رۆحه‌كان نامرن.هه‌رده‌م ئازادن و تاریكی و سه‌رابی سه‌ر شه‌وگاری هه‌موو میلله‌تێك ده‌ڕه‌وێته‌وه‌،ئه‌مه‌ش به‌هه‌وڵ و بازووی رۆڵه‌كانی دێنه‌دی،بۆیه‌ بانگه‌وازی هه‌وڵ و كۆشش به‌گوێمانا ده‌دات.میلله‌ت له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت راده‌په‌ڕێنێ‌،ئه‌و ده‌زانێت به‌هه‌وڵ و ته‌قه‌لا مه‌حاڵه‌كان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و دێنه‌دی.ئیتر به‌م شیعره‌ شرینه‌ دڵنه‌واییمان ده‌داته‌وه‌،دڵنیایه‌ ئه‌م كورده‌..ئه‌م میلله‌ته‌ ره‌ش و رووته‌ رۆژێك دێت،له‌جه‌ورو سته‌م رزگاری ده‌بێت .ده‌بێته‌ خاوه‌نی نیشتمانی خۆی..له‌ژێر سایه‌ی كۆششدا ده‌حه‌سێته‌وه‌.خوێنی نه‌دارو سته‌مدیده‌ به‌هه‌ده‌ر ناڕوات،دایكی شه‌هیدانیش به‌تۆڵه‌ی رۆڵه‌كانیان ده‌گه‌ن،ئه‌و كاته‌ لێوه‌كان به‌ماچ ئاشتده‌بنه‌وه‌،ده‌سته‌كان به‌گوڵ و خاكیش به‌نه‌رمه‌بارانی سۆزو ته‌بایی..
شاعیر له‌شیعرێََكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:.
له‌چۆڵایی گه‌ردووندا.بێ‌ بڵندگۆ
خۆم ره‌نگم..
خۆم ده‌نگم،خۆم سه‌ودا
خۆم ته‌وارێكی زامداری هه‌ودا
یه‌ك وشه‌ ده‌بێته‌ هه‌زاران
ئه‌نفال..فال..فال..فال..فال..فال
فال..فال..فال..فال
فال..فال
فال
ف
ا
ل
هه‌رگیز ته‌واو نابێ‌..ئه‌نفال
مه‌هاباد خان كچی بادینان و سۆران و كه‌ركوك و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌..ئه‌وه‌تا به‌شێوه‌یه‌ك وشه‌ی ئه‌نفال له‌ناخیدا قه‌تماغه‌ی به‌ستووه‌،ده‌ستی ئه‌هریمه‌نه‌كان ده‌بڕێت و سكاڵای ئه‌م زامه‌ به‌گوێی ئێمه‌و هه‌موو جیهاندا ده‌دات،به‌شێوه‌یه‌ك وه‌كوو دایكێكی ژانگرتوو ،چه‌شنی خوشكێكی برا ئه‌نفال،دایكێكی رۆڵه‌ ونبوو،بۆ شه‌هیدو زام ده‌خوێنێ‌.نووزه‌ی سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار ئه‌نفال به‌خواو دادو راستی ده‌گه‌یه‌نێ‌.له‌نێو خوناودا له‌بۆسۆی هه‌واری سووتاودا برینه‌كانی ناگیرسێنه‌وه‌.ئه‌و رۆحی جه‌نجاڵی ئاسووده‌ نابێت ،هه‌تا مافی بێده‌ست و بزربووه‌كان وه‌رنه‌گرێ‌.ئه‌و خه‌ونی پاش مه‌رگ و له‌ناوچوان و وێڵ و ئاواره‌كان ..ده‌بنه‌ پێمه‌رده‌و رۆحی ده‌سمن.شاعیر له‌هه‌موو ژان و سۆی خه‌ڵكه‌كه‌یدا به‌شداره‌،نازانێت ئارامگه‌ی داد،نیشتمانی سره‌وتن..له‌كوێی زامی وشه‌یه‌كا..له‌چاڵه‌كانی عه‌رعه‌رو نوگره‌ سه‌لمانا ده‌ربهێنێ‌،ناتوانێت ده‌سته‌پاچه‌ دانیشێت و خوێن له‌جه‌رگی میلله‌ته‌كه‌ی بچۆڕێ‌،چونكه‌ ده‌زانێت هه‌ر به‌ردێ له‌م كوردستانه‌ به‌خوێنی شه‌هیدێك سوور بووه‌ ،هه‌ر گوڵێك له‌م خاكه‌دا هێمای رۆڵه‌ی ئه‌نفالێكه‌……
مه‌هابادی شاعیر جوان په‌رسته‌…به‌و شێوه‌یه‌ له‌جوانی ده‌ڕوانێ‌………….
كێ‌ ده‌ڵێ‌ جوانی سنووری هه‌یه‌
بابڕوانێته‌ سروشتی عه‌شق و
خاترجه‌م بێ‌ له‌بێئه‌ندازه‌ی جوانی
جوانی لای شاعیر بێسنووره‌و كۆت و په‌یوه‌ست نازانێ‌،ئیتر جوانی ناخی ئینسانه‌كان یاخود سروشت،تابلۆیه‌ك،یان نیشتمان بێت..ئه‌و به‌ته‌واوه‌تی نوقمی ده‌ریای شته‌ جوانه‌كانه‌،له‌پیرۆزی عه‌شق و ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی مرۆ بۆ مرۆ یاخود گیاندارو داروبه‌رد په‌ل ده‌هاوێ‌.ده‌بێته‌ رۆحێكی بزێو ،عاشقێكی تینوو،سۆفییه‌كی رێگای سۆز،دێوانه‌یه‌كی گۆشه‌ی جوانییه‌كان،هه‌موو كاتێك توێشووی پڕ له‌شیعری قشت و وشه‌كانی له‌ته‌لیسمی جوانییه‌كاندا سه‌رده‌نێنه‌وه‌.
شاعیر له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:.
شه‌رمه‌ ئیدی..زۆر شه‌رم
له‌جێی وشه‌ی به‌سۆزو گه‌رم
سه‌نگه‌سار
په‌لامار
لووت بڕین
به‌سه‌ ئیدی..شه‌رمه‌ شه‌رم
خاتوو مه‌هاباد……هیچ كاتێك دیوی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌ی له‌یاد نه‌كردووه‌،هه‌میشه‌ ده‌ست بۆ ژانه‌كانی ئافره‌تان درێژ ده‌كات ،ئه‌م وشه‌یه‌ به‌رز راده‌گرێ‌،كه‌ده‌كاته‌ خوشك و خاك و نیشتمان و دایك.
به‌زامه‌كانیان كه‌ف و كوڵی جه‌سته‌ی بڵێسه‌ ده‌سێنێت و ئاگری مافیان له‌جه‌سته‌یا رۆحی بێنه‌وای ده‌سووتێنێ‌،پێمان ده‌ڵێت :.هه‌تاكه‌ی زه‌برو زه‌نگ و ره‌شه‌كوژی و ئازاردان.به‌كه‌مته‌رخه‌م و تاوانبار له‌قه‌ڵه‌ممان ده‌دات،ئه‌م كه‌موكوڕییه‌
به‌روومانا ده‌دات ..پێمان ده‌ڵێت:.هۆ پیاوگه‌ل زۆر شه‌رمه‌ سه‌ده‌ی رۆچوونی نه‌زانینه‌و ئێوه‌ تازه‌ به‌تازه‌ خه‌ریكی زینده‌ به‌چاڵكردنی مێینه‌ن و بیرێك له‌راستی و ماف و جوانییه‌كان ناكه‌نه‌وه‌،به‌شه‌رمه‌زارو ریسوا دامان ده‌ناو په‌نجه‌ی نه‌زانی و ترسنۆكیمان بۆ درێژ ده‌كات ،پێمان ده‌ڵێت:.باببڕێته‌وه‌ باوكسالاری و كوشتن و نێرپه‌رستی
به‌راستی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:.
یه‌كێكه‌ له‌شاعیره‌ ناسراوو چاكه‌كانی كوردو شیعره‌كانی تژییه‌ له‌وێنه‌ی دڵڕفێن و ئیقاعی نه‌رم و هه‌رگیز له‌هیچ كۆپله‌یه‌كدا ئه‌و دیوی خه‌یاڵ و مه‌عریفه‌ی له‌یاد نه‌چووه‌و شیعره‌كانی پانتاییه‌كی چاكیان له‌دورگه‌ی هزرو بیردا داگیركردووه‌،خۆشحاڵم ژنه‌ شاعیرێكی ناوداری وه‌كوو مه‌هاباد خان زاده‌ی بیرو هۆشێكی زانستیانه‌ گۆشی كردووه‌،له‌مه‌یانی بواره‌كانی ئه‌ده‌بدا چ شیعرو چیرۆك و رۆمان و …..هتد ….جێ‌ ده‌ستی دیاره‌.
چرایه‌كی له‌رێگه‌ی ئازادی و جوانی ،ماف،داد،ته‌بایی،سه‌ربه‌ستی،خۆشه‌ویستی،راستگۆیی-بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆی هه‌ڵگردووه‌-هزری فراوانی وایلێكردوه‌ له‌ژانرێكی ئه‌ده‌بدا نه‌گیرسێته‌وه‌..هه‌میشه‌ هه‌وڵی نوێگه‌ری و داهێنان له‌خوێنیا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ ،به‌ره‌و ترۆپكی به‌خشش هه‌نگاوی پاكیزانه‌ ده‌نێت.

ستار ئه‌حمه‌د




لە دەرگای نسکۆیەکی کە.. کەنعان مدحەت

دوا پێشبینییەکانم بە ئاوا چوون
هەوڵی هەڵکردن لەگەڵ ئاژەڵە کێوییا ڕائەگرم
خەمۆکی تەراتێنیەتی
هەردو وەردی سڕ کردووم
من چیم لە فەیروزی
ئەبو لوئلوئەی دەست بە خوێن داوە
یەخەم بۆ لە ئاین و ئۆینی
هەزار و پێنج سەت ساڵەی عەلی و عومەر
نەکرێتەوە؟
ئای کە وەرسم لە ژەنین و دەنگی دەهۆڵ
وەرس لەو مامانەی کە دەڵێ
یاخیبوون لە سکی زەمەنا هەڵگەڕاوە و
بۆی دەرنایە

درزیان خستووەتە شانەکانی هێزمەوە
قیت وەستانیان پێ لە بیر بردووم
ئاسۆیی نەبێ
هیچیان پێ نەبڕیوم

پێپلیکەی ژێر پێی هەناسەم داڕماوە
لە هەوڵدام و
پێمیشەوە دیار نییە
لە چالاکرنەوەی کۆن و
پۆلیشکردنی ئێستامم

بۆشاییەکان..
بێ ناوبڕ دەمهارن
لە جێی دانەوێلە بۆ چۆلەکە و
ئاسن و نەیترۆجین..
بۆ خاک
دەمکەنە خۆراکی
خاکی برسی
ئەگەری ئەوەم لێ دەکرێ
بەرگەی کۆسپێکی تر نەگرم
دڵنیا نیم لە ڕێرەوی ڕێژنە و
حوکمی کورسی
مەترسیم لێ نیشتووە دیسانەوە ئاراستەی
بەردەڵانی کەناری خۆ کرێم و
بە جووتە
تیاچینەوە!

5-6-2019 کفری




خەون و کۆلارە.. عەلی حەمەڕەشید

ڕۆژێک منی دەست ڕەنگین
لای بابە و دایەی شیرین
بە بیرۆکەیەکی ورد
یەک کۆلارەم دروستکرد
دەزووی زۆرم بۆ دانا
هەڵیدەم بە ئاسمانا
هەڵمگرت و بێوەستان
خۆمم گەیاندە سەربان
هەر هەڵمدا بۆ ئاسمان
کەوتە ڕێ کۆلارەی جوان
دەزووم بۆ شل کرد تەواو
خەریکبوو ون بێت لە چاو
سەرنجمدا کۆلارە
لای ئەستێرەی نازدارە
دوای ئەوە بە ئارەزوو
لێیدانیشتم بۆ پشوو
ورد دەزوم پێچایەوە
کۆلارە گەڕایەوە
دڵخۆش و شاد و ڕوو گەش
کۆلارەم گرتە باوەش
زۆر بەنەرمی و لەسەرخۆ
هێواش کەوتە گفتوگۆ
وتی (ڕاسا) دەزانی
چەند خۆشە بە میوانی
لەماڵی ئەستێرە بیت
بۆ خۆت هەر بێیت و بچیت
جا هەوری پەشمەک ئاسا
بانگی دەکردم (ڕاسا)
هەر بۆ جۆلانێ کردن
جار جار وەرە بۆلای من
مانگیش بە ڕوناکیی خۆی
بە شیرینیی گفتوگۆی
وتی بە شادومانی
ئەمڕۆ لای من میوانی
….
١/٤/٢٠٢١