ئەفسانەی پاکیزە یی، ووەهمی پشکنینی پەردەی کچێتی و “چاککردنەوەی” کچێتی ؟!.. شیرین عبدوڵڵا

لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهەمو ئەو ووڵاتانەی ژێر دەسەڵاتی ئیسلام، یەک شت کە ژنان لێی بێ بەشن، ئەویش سەربەخۆییە بەسەر فیکر وهەڵسو کەوت و جەستەی خۆیاندا.
بە پێی داب و نەریتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵایەتی، هاوژینی و سێکس کردن پێش هاوسەرگیری لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینیەوە لەم کۆمەڵگەیانەدا بۆ ڕەگەزی مێ قبووڵ نیە و وەک تاوان مامەڵە دەکرێت. ژن موڵکی تایبەتی پیاوە، وشەرەف وەک حاڵەتیێکی سایکۆلۆژی پیاو وئامرازێکی کۆنترۆڵ و ژێر دەستەیی ژن، بەستراوەتەوە بە پاکیزەیی ژنەوە. هەر لەکەیەک وە یان گومانێک لەپاکیزەیی ژن دەرەنجامی یەکجار قورسی لێ دەبێتەوە وەدەبێتە مایەی شەرمەزاری ونەفرەت لێکردن لەبەر لەکەدارکردنی ئابڕووی خێزانی وتووشی توندوتیژی وهەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری وتەڵاق وتەنانەت کوشتن بە مەبەستی ‘سڕینەوەی عەیبە’ و ‘بەرگری کردن لە شەرەف’.

دیاردەیەک کە بە ڕاددەیەکی بەرچاو لەزیادبووندایە ئەویش پشکنینی پەردەی کچێنی* (غشاء البکارە)، بە مەبەستی سەلماندنی پاکیزەیی کچ لە بەرامبەر مێرد و کەسوکاری ئەودا وە هەروەها کەسوکاری کچەکە خۆیدا. بە هۆی ئەوەی لە ‘بازاڕی هاوسەرگیریدا’ بەهای کچی پاکیزە لەسەرترە، ویان بۆ لابردنی گومان لەسەریان، وە وەک جۆرێک لە “تاقی کردنەوەی کاڵا پێش کڕین”، کچەکان یان لە ڕێگەی پۆلیس و دادگاوە، وە یان بە شێوەیەکی نهێنی لە کەرتی تایبەتدا، ولە هەردوو حڵەتەکەدا، لە ژێر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێ ئەندازە گرژ وسەختدا، لەلایەن کەس وکاری خۆیان یان مێردەکانیانەوە، ڕاپێچی پزیشکی دادوەری وە یان کلینیکە پرایڤەتەکان دەکرێن تاکو لێکۆڵینەوە وپشکنین لە ڕابوردوی سێکسییان بکرێت.

بەڵام ئەم پشکنینە، چ ئەگەر لە ڕێی پۆلیس و دادگاوە ئەنجام بدرێت، وە چ بە شێوەی نهێنی لە کلینیکە پرایڤەتەکان، خۆی جگە لەوەی کە سوکایەتی پێکردنێکی تەواوە بەم کچانە وڕیسوا کردنیانە، وتووشی بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەخت و دژواریان دەکات، وبە جۆرێک لە دەست درێژی جەستەیی دادەنرێت، سەرەڕای ئەمانە هەمووی، لە ڕاستیدا ئەم پشکنینە ناتوانێت هیچ بسەلمێنێت وهیچ بنەمایەکی زانستی نیە. پشکنینی کچێتی تەنها وەڵامێکی سەقەتە بە، وتەعبیرە لە، خۆرافە وجەهلێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی سەدان ساڵە وبەردەوامی بەمە دەدات.
بۆ هەندێک لەم گەنجانە کە لە ڕابوردودا تووشی دەست درێژی سێکسی بوون، ئەم پشکنینە دەبێتە هۆی بەبیر هێنانەوەی ڕووداوەکە (یان ڕووداوەکان) ودووبارەبونەوەی ترۆما وتووشبوونی کێشەی دەروونی کە لەوانەیە بگاتە ڕادەی خۆکوشتن.

چاککردنەوەی پەردەی کچێتی:
بە زیاد لەوەی کە ئەم پشکنینە ئازار بەخشە نازانستیە بەربڵاوە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەمەبەستی نەهێشتنی گومان و دووبارە درێژەدان بە ئەفسانەکە، چارەسەری ساختەش پەیدا بووە ولەگەشەدایە، ئەویش بە ‘دورینەوە’ یان ‘چاککردنەوەی’ پەردەری کچێتی**.
هەبوونی ئەم ‘پێداویستیە کۆمەڵایەتیە’ و ئەو زوروفە کۆمەڵایەتیە ئاڵۆزەی تیایدا ئەنجام دەدرێت، باشترین فرسەتی خوڵقاندوە بۆ ئیستغلال و کەڵک وەرگرتن وقازانج وکردوویەتی بە کاڵایەکی نموونەیی لە بازاڕی سەرمایەداری نیولیبراڵیدا، چاوپێخشانێکی خێرا بە ئینتەرنێتدا دەری دەخات پزیشک و کلینیکە پرایڤەتەکان وەک نەشتەرگەریەکی ‘جوانکاری’ (کە هیچ سوودێکی بۆ تەندروستی کچەکە نیە) بەینی ١٠٠$ – ٤٠٠$ بۆ پشکنین و ١٠٠٠$ تا ٣٠٠٠$ بۆ نەشتەرگەری دەستێنن.
ئەوەی کە ئەم کاڵایە بێ سوودە، یان تەنانەت زیان بەخشە بە کچەکە، وە یان لە ڕووی مۆڕاڵیەوە قبووڵ نیە، ڕێگری نین لەبەردەم بازاڕی ئەم کاڵایەدا ودەسەڵاتدارانیش باکیان نیە و ڕێی پێ ناگرن چونکە لەگەڵ سیستەمەکەدا ناکۆک نیە.

کۆکردنەوەی زانیاری وئامارەکانی ئەم پشکنین و نەشتەرگەریانە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجار نهێنی ئەنجام دەدرێن وزۆر جار فایلەکانی ئەم کەیسانە لەناو دەبرێت بۆ سڕینەوەی بەڵگە، وە هەروەها نە کچەکان و نە کەسوکاریان وە نە پزیشک و کلینیکەکان ئامادە نین زانیاری تۆمار کراو بدەن بەدەستەوە. بێگومان لە سایەی ئەم نهێنیکاریەدا ئەگەری زیان پێ گەیشتنی کچەکان دوو قات دەبێت، ئەگەر توشی هەر گرفتێک بن لەئاکامی نەشتەرگەریەکەوە ئەوا بەدواداچونی پزیشکی و هەروەها یاسایی زۆر زەحمەتە بۆیان.
شایانی باسە، نە پشکنینی کچێنی و نە ئەم نەشتەرگەریانەی ‘چاککردنەوەی’ کچێتی، لە هیچ کۆلیژێک و سیستەمێکی پزیشکیدا ناخوێندرێت وهیچ استانداردێکی زانستی وڕێنمایی (گایدلاین) ێکی پزیشکیان بۆ نیە، هەر بۆیە بە شێوەی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێن وهەندێک جار لە لایەن کەسانێکەوە کە مەرج نیە هیچ ڕاهێنانێکی پزیشکیشیان هەبێت. دووبارە ئەمەش هۆکارێکی کەیە بۆ زیاد بوونی ئاڵۆزی وناڕۆشنی و بارێکی هەستیار کە دروست دەبێت بۆ ئەم کچانە.

بۆچی ئەم پشکنینە هیچ ناسەلمێنێت؟
چەند فاکتێک:
پەردەی کچێنی بریتیە لە پارچە پێستیکی تەنک لە ناو زێی مێدا کە کردنەوەیەکی بچوکی تێدایە کە خوێنی مانگانەی لێوە دێتە خوارێ. ئەم بەناو پەردەیە هیچ وەزیفەیەکی بایۆلۆجی وفیسیۆلۆجی نیە، بوون ونەبونی ئەم پەردەیە بەهیچ جۆرێک هیچ کاریگەریەکی لەسەر تەندروست و هەڵسو کەوت و فەنکسیۆنی هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەی ژن نیە ونەبوە ونابێت، بەڵام گرنگە بزانین ئەو کەسانەی کە پەردەیان بەتەواوی داخراوە وکردنەوەی تیا نیە، توشی قەتیس بوونی خوێنی مانگانە دەبن وکیشەی تەندروستیان دەبێت وپێویستان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

جۆرەکانی ئەم بە ناو پەردەیە لە زۆرێک لە میدیا و لاپەڕەکانی تۆڕی ئینتەرنەتدا هەیە و لێرەدا نایهێنمەوە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم پەردەیە هەندێک جار ئەوەندە تەنکە کە لەکاتی سێکس کردندا بۆ یەکەم جار وە یان لە ئەنجامی زەبری دەرەکی ئیمکانی هەیە بدڕیت ولەوانەیە یەک دوو دڵۆپ خوێن ببینرێت. لە هەمان کاتدا، وبە پێچەوانەی ئەو هەزاران وێنە ودایەگرام و ڤیدیۆ یوتیوبیانەی لە سەر ئینتەرنێت دەبینرێت، ئاوا صاف و ڕێک وپێک نیە، بەڵکو چرچ ولۆچە و قابیلی کشانە، واتە مەرج نیە بدڕێت و خوێنی لێ بێت.
ئەم دڵۆپە خوێنەیە کە وەک بەڵگەی بێ تاوانی بەکار هاتوە وچەندین سەدەیە کۆمەڵگای بەشەری حوکم بەسەر ژناندا دەدات وکاتیک ئەگەر ئەم دڵۆپە خوێنە نەبینرێت گومان دروست دەبێت وتۆمەتی ناپاکیزەیی و بێمتمانەییان دەخاتە پاڵ ودۆزەخیان بۆ دادەگیرسێت و پاساو بۆ کوشتنیان دەکرێت بە بیانووی ئابڕوو چوونەوە.
جگە لە سێکس، چەندین هۆکاری دەرەکی هەیە کە دەبێتە هۆی دڕاندن یان شکاندنی پەردە. لەوانە کەوتن یان باز هەڵدان، هەندێک جۆری وەرزش وەک سواری ئەسپ وپاسکیل ..هتد، وئەم کەسانە کە بۆ یەکەم جار سێکس دەکەن خوێن نابینن.
ئەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە هەبونی خوێن لە کاتی جووت بووندا و یان لەپاش سێکس ودوبارە بونەوەی ئەم خوێنە لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی زاووزێ بێت ودەبێت بە بێ دواکەوتن پشکنینی بۆ بکرێت تاکو چارەسەر بکرێت.

دژە ژنی بەڕەسمی:
لە عێراق و کوردستان، پشکنینی غشاء البکارە لە لای لیژنەیەکی پزیشکی دادگایی کە لە ٣ کەس پێک هاتووە دەکرێت دوای هێنانی نوسراوێک لە لایەن پۆلیسەوە. واتە لەم کۆمەڵگایەدا کە کۆنەپەرستی تیا زاڵە، ئەم پراتیکە دژە ژنانەیە ڕەسمییەتی هەیە، وژنان وەک تاوانبار سەیر دەکرێن، دەستگاکانی پۆلیس و دادگا لە خزمەتی داب و نەریتی پیاوسالاری وکۆنەپەرستیدان، لەکاتێکدا کە ژنەکان هیچ جۆرە پاڵپشتێکی یاسایی وکۆمەڵایەتیان نیە و ژیانیان بە ڕاستی دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەم پراتیکانە ئەڵقەیەکن لە زنجیرەی توندوتیژی دژی ژن و دەبێت قدەغە بکرێن نەک ڕەسمییەتیان پێ بدرێت.

پاش چەندین سەدە لەم کردەوە دژە ژنانەیانە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی قدەغە کردنی پشکنینی کچێتیان دەرکرد، لەبانگەوازەکەیاندا دەڵێن: “کچێتی یان پاکیزەیی ووشەیەکی زانستی یان پزیشکی نیە، بیرۆکەی پاکیزەیی شتێکی کۆمەڵایەتی وکولتوری ودینییە، وتەعبیرە لە جیاوازی وژێر دەستەیی ڕگەزی مێینە لە کۆمەڵگادا..” ***
بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە هەرچەندە قەدەغە کردنی ئەم جۆرە دەست درێژیانە بۆ سەر جەستەی ژنان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە، بەڵام بانگەوازێک بە تەنها گۆڕانکاری دروست ناکات و لە توندوتیژی دژی ژنان کەم ناکاتەوە. بەڵکو دەبێت کۆتایی بەو بنەما کۆمەڵایەتیانەی کە سەرچاوەی نایەکسانی وتوندوتیژی جەندەریە بهێنرێت.
لە ڕاستیدا، تەنها ڕێگە یەک بۆ زانینی ڕابوردوی سێکسی کەسێت ئەوەیە لە خۆی بپرسیت، بەڵام تەنها کاتێک دەتوانرێت چاوەڕوانی وەڵامی ڕاستەقینە بیت کە ژنان سەربەخۆیی وئازادی تەواویان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانیاندا وکاتێک کە کۆمەڵگا ڕێزی تەواو بۆ ئەم ئۆتۆنۆمیەیان دابنێت.
بە بەدەستهێنانی ئەم ئازادیە، خۆشگوزەرانی هەمو کۆمەڵگە دەچێتە پێشەوە، وئەو کات پرسیارکردنەکە خۆی دەبێتە جێگەی پرسیار!.

شیرین عبدوڵڵا
14.11.2021


  • پشکنینی پاکیزەیی چیە: پشکێنەرەکە دوو پەنجە دەخاتە زێی کچەکەوە وە یان بە چاو سەیری دەکات وحوکم لەسەر ڕابوردووی سێکسی ئەو کەسە دەدات.
    ** ئەم “چارەسەرە” شێوازی جۆراوجۆری هەیە؛ هەندێکیان چەند ڕۆژێک پێش هاوسەرگیری، بە دەرزی ودەزوو دوو- سێ تەقەڵ دەدەن لە دیوارەکانی ناو زێی کچەکە، وە یان پارچە پێستێک لەبەشێکی تری ناو زێی بەکاردەهێنن، بۆی لە کاتی جووت بووندا شوێنەکەی بریندار بێت و خوێنی لێبێت.. لە هەندێک ووڵات، چەند کەپسولێکی وورد بەکار دەهێنرێت کە دیوارێکی تەنکی هەیە وشلەیەکی سووری تیایە لەخوێن دەچێت، ئەم کەپسولە دەخرێتە ناو زێی کچەکەوە وبەهەمان شێوە وا دەردەکەوێت خوێنی لێهاتوە.
    *** https://www.who.int/news/item/17-10-2018-united-nations-agencies-call-for-ban-on-virginity-testing



تێکشکان.. شيعر: پشکۆ ناکام

نە ئەڕوخام ،

گەر لە خودی خۆمانا

نە ڕوخاینایە…

نە ئەکەوتینە سەر جۆک

گەر لە گاگۆڵکێیەوە

فێری چۆکدان نەبوینایە

“”””””’

بە خۆری هاوڕێیەتی

سووتاین…

ئەو خۆرەش نەبوایە

گوڵاڵە…هەرچوار وەرزە

بۆنی لە دەوارەکانمان

وەک شوناسنامەمان

یادێکە..و

لە ڕابردوومانایە

“”””””

تۆ ئێمەت ڕوخان

خۆشمان وەک لاسکە نێرگز

لاواز نەبوینایە

نەئەبوایە ، بە یەکەم ” با “

بچەمێینەوە ..و

بە زمانی سازش

قسەمان بکردایە

“”””””’

نە ئەڕوخام

گەر ڕاستگۆیی

لە فرمێسکەنمانا

نەبوایە …

خۆ بەدەستەوە دان

نەنگ و قورس قورسە

مەحاڵە….گەر

لەگەڵ شیرا

خۆمان بۆ حازر نەکردایە

“””””’

بە شەپۆلێک

پاپۆڕ تێکناشکێ

مەگەر ئەوە نەبێ

كە کاپتێنەکەی

مەست و بێ حاڵ بێ

“”””””’

ئێمەیەکی بێ دوێنکی نووسراو

ئێستایەکی نەنووسراو

سبەینێک کە :

نابێتە نووسراو

مل لەهەر کوێ یەک بنێین

تێناگەین لە مێژوویەک

لێی نووسراوە :

بێ ئەرشیف..نەنووسراو

“”””””

دوێنێ :

خوێن ..فرمێسک ..بەرگمان ڕەش

ئەمڕۆ :

لاوازی زیندوو بون

و

بێ حورمەت کردنی ئینسان

سبەیەک :

نا دیار بۆ خودی خۆم

و

هەر کەسێک ،،هەر گوڵێک

گوێ ڕایەڵی دڕک و شمشێر بەدەستەکان

نەبێ…

شمشێری پەڕینی ملی ئازادی

و

حوکمی ڕیش و نەوت و خێڵ و

كۆیلایەتی ئینسان

“”””””

نە ئەڕوخام

گەر لە خودی خۆمانا

نەڕوخاینایە

لە بۆتەی بوونی خۆما

تێکشکاووم

بەڵام بەرامبەر تۆ

” ووشە” ی جوان

و

بۆنخۆشم نەبوایە

وەک لاسکە نێرگز

ڕەنگە

بەرگەی یەک وەرزم

نەگرتایە.

“”””””””””’

JULY/ 2019




کاتێک خوێن دەبێتە ئاو.. جواد خەلیل


(عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب، ئەگەر ئەلبابێک مابێ!)

چوار سەدە لەمەوپێش (میر ئەبداڵی یەکەم) کە کوڕی (میر شەمسەدین) ی میری بۆتان بوو، لە باوکی یاخی دەبێت و پەنا دەباتە بەر شای سەفەویەکان، ئەوانیش چونکە دژی عوسمانیەکان و میرنشینی بۆتان بوون، بۆیە پاڵپشتی میر ئەبداڵ دەکەن و دەیکەنە سەرداری ناوچەیەکی فراوانی موکریان  و هانی دەدەن تاکو دژی میری بۆتان بوەستێتەوە و لە سەر حسابی میرنشینەکەی باوکی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات.

دوای ماوەیەک (ئەبداڵ خان) کە هەواڵی مەرگی باوکی دەبیستێ، بێ پرسی شای ئێران دەچێتەوە بۆتان و دەبێتە میری ئەوێ، هەردوو کوڕەکەی ( کاکە شێخ و کاکە میر)یش دەکاتە فەرمانڕەوای پشدەر و مەرگە. بەڵام ئەم جووتئاغاییە هەتا سەر نابێ و (کاکە میر)ی برا بچووک بە فیتی ئێران هەڵدەدا لە برایێ خۆی، تەنها بۆ ئەوەی خۆی ببێتە تاکە سەرداری ناوچەکە (کاکە شێخ)ی برا گەورەی دەکوژێت.

هاوسەری (کاکە شێخ)ی کوژراو، بە خۆی و کوڕەکەیەوە هەڵدێ و دەچێتە دێی (خدران) و لەوێ خۆی دەشارێتەوە ، دوای ساڵانێک کوڕەی گەورە دەبێ و بە دنەدان و پاڵپشتی تورکان بە دووی تۆڵەدا دەگەڕێ. هەر لەو سەروەختەدا (کاکە میر) کۆچی دوایی دەکا و کوڕانی دێنە پێشەوە، کوڕانی کاکە میر پێکەوە ناسازێن و لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە سەردار، پێک هەڵدەشاخێن و لە نێو یەکدیدا دەبێتە شەڕیان.

کوڕی (کاکە شێخ)ی کوژراو کە دواتر بە ( فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە)ناوبانگ دەردەکا، ئەم هەلە دەقۆزێتەوەو بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی پەلاماری ئامۆزاکانی دەدا و چ ماڵ و موڵکی دەستبەسەراگیراوی باوکی هەیە، دەیگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی و دەبێتە تاکە سەرداری بێ ڕکابەری ناوچەکە.  فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە (١٦١٠-١٦٦٠) میرنشینی(بابان)دادەمەزرێنێ و لە دوای خۆی جێگرەوەکانی سلێمانی دەکەنە پایتەخت.

لەو سەردەمەوە تا کۆتایی هاتنی حوکمی بابانەکان، میرانی جێگرەوە هەر جارەو ئامۆزا و برایەکیان لێ هەڵدەگەڕێتەوە و بەردەبنە گیانی یەکتری. زۆرجاریش ناچار بوون بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان، پەنا ببەنە بەر سەفەوی و عوسمانیەکان.  بەمجۆرە زۆر بە ئاسانی لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا، فەرمانڕەوایانی سلێمانی کە خزمی نزیکی یەکتر بوون، هەموویان یەک لەدوای یەک بێهێز کران و  لەناوچوون. دوایین میری بابانەکان نەبێ (ئەحمەد پاشای بابان) کە لە بەرامبەر پێدانی پۆست و پلەوپایەیەکی بەرزتردا و کردنی  بە والی (یەمەن) دەستبەرداری سلێمانی و فەرمانڕەوایەتیەکەی بوو، بەیەکجاری فرۆشتیە سوڵتانی عوسمانیەکان.

هەڵبەت (ئەحمەد پاشای بابان) لەمەدا ناهەقیشی نەبوو، چونکە (عەبدوڵا)ی برای لەگەڵ تورکەکان ڕێککەوتبوو هێرش بکاتە سەر براکەی و لە ناویبدات، بۆیە ناچاربوو خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە پایتەختەکەی ڕادەست بکات و داهاتووی خۆیشی لە شکست بپارێزێ! هەم گەشتی فەرەنسا و ئەستەنبوڵ بکا و هەمیش بکرێتە والی یەمەن!

جواد خەلیل




مامەڵە لەگەڵ داعش و مامەڵە بەداعش.. عوسمان حاجی مارف

ئەو شەڕەی لە موسڵ و شارەکانی سوریا، ووڵاتانی زلهێزی دنیا لە بەرامبەر داعشدا هەڵیان گیرسان، نەک کۆتایی بە داعش نەهێنا بەڵکو بە ملێون خەڵکی بێ تاوان بونە قوربانی ئەو شەڕە، لە کوشتن و برینداری و کەم ئەندامکردن و ئاوارەیی و بێ نان و ئاوی. گەر داعش لەلایەک کابوس و کارەساتێک بو لە مێژووی ژیانی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەکی ترەوە ئەو جەنگەش ووڵاتە ئیمپریالیەکان بۆ لێدان لە داعش بەرپایان کرد، کارەساتەکەی نەک کەمتر نەبو لە کاری تیرۆرستانەی داعش، بەڵکو نمونەی ئەو جەنگە وێرانکاریە گەورانەو کارەساتبارانەیە کە لە مێژوی بەشەریەتدا جێگای تێرامانە، لە هەمان کاتدا بەدوای ئەو شەڕە هێزە تیرۆرستەکانی داعشیش بە چەند ناوچەیەکدا بڵاو بونەوە کە هۆکاری مەترسی بەردەوامن لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داعش مەفرەزەکانی بنەکەیان هەیە، دوو ساڵ زیاترە کە لە ناوچەی دەورو بەری حەمرین و کفری و خانەقین و وتوزخورماتو، لەدەورو بەری کەرکوک و حەویجە مەفرەزەکانیان شەڕی پارتیزانی دەکەن و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێزار دەکەن، ئێستاش لە ناوچەی قەرەجوخ و پردێ و.. هێرشێکی تازەی بەردەوامیان دەست پێکردووە و زیانی گیانی و ئاوارەییان خولقاندووە.
داعش لە ئێستادا فرسەتی هێناوە سود وەرگرێت لەو دۆخە نالەبارو قەیرانەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و هەرێم دەرگیری بون، لە نەتوانینی پێکهێنانی حکومەت و چاوەروانیان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتانەی بەرەوڕوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە. لەلایەکی تریشەوە بەرنامەڕێزی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، بەگشتی ئەم هەلومەرجە سیاسیە لە بەرزبونەوەی زیاتری گێژاوو ناسەقامگیری سیایسی، بۆتە بۆشاییەک کە داعش لە هەرشوێنێکدا بۆی گونجا گورزی خۆی دەهاوێت وبەزیان و کارەسات ئەو ناوچەیە دەهاژێنێت.
گورزەکانی ئەم چەند ڕۆژەی داعش کەلە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەنگی دایەوە، سەرسامی ڕای گشتی تەنها لەوەدا نەبو کە داعش ئەتوانێ مانۆڕی سەربازی دەکات، بەڵکو زیاتر پرسیار لەسەر ئەوەبو کە بۆچی هێزەکانی پێشمەرگە نەیان توانی هێزی پارێزەربن و بە دەنگ خەڵکی ئەو ناوچانەو هیزەکانی خۆشیانەوە بن.
بەگشتی ئەوە ڕۆشنە کەبە دوای ڕوداوی کارەساتی یانزەی سێپتەمبەری دوو هەزار، ئەو جەنگ و کەمپینەی دژی تیرۆر، ئەمریکاو هاوپەیمانانی بانگەشیان بۆدەکرد، لە باری عەمەلی و واقعیەوە بە تایبەتی دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پوچی و بێ ناوەڕۆکی ئەو درۆیە زیاتر بەرجەستە بوەوە.
هەر بۆیە گەر ئەم هەلومەرجە ناسەقامگیریە سیاسیەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی قەیرانی ئێستای حزبەکانی دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت، لە هەمان کاتدا سیاسەتی پاشکۆبونیان بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە قەیرانێکی قوڵترو چاوەڕوانیەکی وەها نادیاردا ڕایاندەگرێت، کە نازانن چۆن مامەڵەی ئاڵوگۆڕەکان بکەن.

بەگشتی بزوتنەوەی کوردایەتی خاوەن دەسەڵات، ئەو چاوەڕوانیەی سەرگەردانی کردون هێشتا لەبەردەم ملکەچی و وەفاداری پاشکۆبونیانن بۆ بەرژوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێرانە، هەربۆیە لەبەرامبەر دەست وەشاندنەکانی داعشدا، لەلایەک بێ ئیرادەن و لەلایەکی ترەوە لە هەوڵی ئەوەدان مامەڵەی سیاسی پێوە بکەن، لەم نێوەدا بەهەر قیمەت مەوقعیەت و جێگاوڕێگایەک کەپارتی وەک هێزی یەکەم لە کوردستاندا بەدەستی هێناوە، ئاشکرایە کە هەوڵ ئەدات ئەو هاوسەنگیە ڕاگرێت و لەدەستی نەدات، ئەمەش ئەوەمان نیشان ئەدات، هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدایە دەکرێ یا غافڵگیری بێت، یا ئامادەییە بۆ سەوداو مامەڵە لەگەڵ داعش، یاخود مامەڵە بە داعشەوە دەکات لەگەڵ ئەمریکاو حکومەتی عێراق و هەر هێزێکی رەقیبیدا.

بەکورتی لەو بارەیەوە ئەتوانم بڵێم ڕاستە بونی داعش لەهەر ناوچەیەکدا جێگای مەترسی و خولقاندنی کارەساتە، بەڵام ئەوەش کە ئەم مەترسیە زیاترو ترسناکتر دەکات، جۆری ئەو سەوداومامەڵەیە کە حزبەکانی کوردایەتی و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە ئیسلامیەکانە بە داعشەوە دەیکەن، هیچ کات سیاسەتی کۆتایی هێنانی داعشیان نەبوەو نیەو پارێزەری ژیان و ماڵی خەڵک نەبون و نین، بەرژەوەندی حزب و هێزەکانیان لەسەرو هەمو ئعتبارێکەوەیەو داعشیش کارتێکە جێگای خۆی هەیە بۆ سەوداو مامەڵەکانیان.
هەربۆیە ئامادەیی بەرگری هێزی خەڵک بۆ وەستانەوە بەرامبەر داعش ئەو ڕێگایەیە کە ئەتوانێ پاشەکشەو شکستی گەوەرە بە دەوری داعش بهێنێت، لە هەمان کاتدا هەر ئەم ڕێگایەشە ئەتوانێ بەر بە هەر سەوداو مامەڵەیەک بگرێ کە ووڵاتان و هێزەکانی کوردایەتی و عروبەو ئیسلامی لەگەڵ داعش دەیکەن یا بەداعشەوە دەیکەن.




داعش نەما، داعش هاتەوە!.. کامل احمد

لە چەند مانگی ڕابوردوودا ئێمە شاهیدی دووبارە هێرشبردنەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش بووین بە تایبەتی لە کوردستاندا لە شوێنی جۆراجۆر و کاتی جۆراوجۆردا. هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابورردوودا ئەم هێرشانە توندبوونەوەی زیاتریان بەخۆیانەوە دیوەو چەندین گوندی ناوچە سنوریەکان، یان ڕاستترە وایە بڵێین ئەو گوندانەی کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی هێزە سەربازی و میلیشیاییەکانی عێراق و هێزە میلیشیاییەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستانەوە. ئەم هێرشانە بە ئاشکراو بە بەرچاوی هەموو ئەم هێزانەوە ڕوودەدات. هێزێک هێرش دەکات و دەیەوێت خۆی دەرخاتەوە کە گوایە کۆتایی بە دەسەڵات و خیلافەتی هێنراوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و ئەمریکای هاوپەیمانیان. هێزێک کە بە دانپێدانانی سەرانی بورژوازی دەسەڵاتداری کوردستان و عێراق لە تازەترین و نوێترین چەک و جبەخانە و تاکتیکی سەربازی بەهرەمەندە کەم ئەم سوپا و هێزانەی عێراق و کوردستان لێی بەهرەمەندنین. ئەوەشی ئاشکرایە ئەمە لە ئاسمانەوە دانابارێتە سەرزەوی و بێگومان هێزی گەورەی لە پشتە.

ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ کاتی سەرهەڵدانی داعش و مەبەست لێی لە ٢٠١٤ دا، وێڕای بوونی چەندین گرووپی چەکداری جۆراوجۆری گۆشکراو بەم پرەنسیپە ئایینیە توندڕە و ماڵوێرانکەرە لە پێش ئەویشدا، بە ئاشکرا دەبینین کە داعش لە چوارچێوەی هاوسەنگی پێدان، وە یان جێگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی دا لە ناوچەکەدا و بە تایبەتی لە عێراق دا هێنرایە سەر کایەی ململانێ و کێشمەکێشی دەسەڵاتی سیاسی. ئەو کات و ئێستاش مەبەست لێی کەمکردنەوەی نفوز و پایگای ئێرانە لە عێراق و ناوچەکەدا. ئەو کات داعشیان وەک هێزێکی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و خوێنڕێژ بەردایە گیانی خەڵکی موسڵ و شەنگاڵ و بەشێک لە ناوچە سوننی نشینەکانی عێراق بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، بدەن کە لایەنگرێک و ئەڵقە لە گوێیەکی تەواوی ئێران بوو. کاتێک ئەمریکا هەستی کرد کە ئیتر مالیکی ئەو کەسە نیە بتوانێت بەرژەوەندیەکانی خۆی و مانەوەی لە عێراق دا لە سایەی دا مسۆگەر بکات، پەنای بۆ داعش برد بۆ ئەوەی جێ پێی بلەرزێنێت و دەسەڵاتی وەلا بنێت. ئەوەبوو لە ڕووی واقیعیشەوە مالیکی لە دەسەڵات لابرا و بە عەبادی جێگەی گیرایەوە بەو هیوایەی کە بتوانێت هەم بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق دا مسۆگەربکات و هەم ئێرانیش قبوڵی بکات.

ئەو تراژیدیایانەی بینیمان لە جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان و وێرانکردن و خاپورکردنی شارێکی وەک موسڵ بە سەر دانیشتوانەکەیدا، بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراقەوە بەڕێوەچوو وە ئاسانکاری بۆ کرا. ئەو کاتیش ئەو سوپا زەبەلاحە و ئەو هەموو چەکدارە کوردانەی کە گوایە پارێزگاری لە شەرەف و خاکی کوردستان دەکەن تەنها بڵقی سەر ئاو دەرچوون وە لە ڕێکەوتنێکدا بە قازانجی مەرامەکانی خۆیان ئەو هەموو ماڵوێرانی و تاوانانەیان ئەنجام دا لە بەرامبەرخەڵکی کوردستان و عێراق دا و بە بێ هیچ بەرگرییەک هەموو ئەو ناوچانەیان ڕادەستی داعشکرد و ئەو دێوەزمەیەیان لێ دروستکرد کە بووە هۆی لێسەندنەوەی ژیان و هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

ئێستاش هەمان سیناریۆ بەڵام لە کات و ساتێکی تردا و لە ئاڵوگۆڕێکی تردا لە ناوچەکدا خەریکە وەک تراژیدیایەکی کۆمێدی خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئێستا ئەم گوند و ئەو گوندی کوردستان هێرشی دەکرێتە سەر و دەسەڵاتدارانی کوردستان وە بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی ڕێگاخۆشکردن و ئاسانکارین بۆ ئەم کارە قێزەونە. سیناریۆی ئەم جارە ئەوەیە کە ئەمریکا وادەی دەرچوونی هێزەکانی لە عێراق دا نزیکبۆتەوە کە کۆتایی مانگی دیسێمبەری ئەم ساڵە. ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان و شکستی لەوێ و پەیدابوونی دڵە ڕاوکێ لە نێوان هاوپەیمانەکانیدا و دابەزینی پێگەی لە نێویاندا، پێدەچێت بیەوێت چاو بەم ستراتیژیەی خۆیدا بگێڕێتەوە و عێراق و ناوچەکە چۆڵ نەکات بۆ نەیارەکانی وێڕای سەرقاڵبوون و تاودانی ئەسپی خۆی لەو ناوچەیەدا لە بەرامبەر ڕکابەری گەورەو سەرکی خۆی کە چینە. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمە دەستەبەربکات پێویستی بە هێنانەوەی مۆتەکەی داعشە. پێویستی بەوەیە کە ئەگەر ناچار بە کشانەوەش کرا بتوانێت لە ڕێگای هەم داعش و هەم هاوپەیمانەکانیەوە ئەم بوونەی خۆی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات و بەرانبەر ئێران بە پلەی یەکەم و بەرژەوەندیەکانی چین لە ئاستی ماکرۆدا بگرێت.
ئەمریکا بەم مانۆڕانەی لە ڕێگای داعش و هاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیەوە لە عێراق و کوردستاندا دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت. دەیەوێت هەڵبژاردنێکی پێشوەخت کە لە عێراقدا وەک سیاسەتێکی ئەمریکی تەواو عەیار بەڕێوەچوو وە تا ئێستا ئەمریکا لەمەدا بە براوە هەژماردەکرێت، بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بە سەرەنجام بگەیەنێت و هەوڵدەدات لە پێگە و هەیمەنەی ئێران کەمبکاتەوە و هاوپەیمانەکانی خۆی بخاتە سەر کورسی دەسەڵات و بیانهێڵێتەوە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا داعش وەک چەکوشێک بەکاردەهێنێت لەم هەلومەرجەدا کە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانە سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمی ئێران لە ڤییەنا. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە و لە بارودۆخی جیهانی ڕاگوزەری ئەمڕۆدا لە زۆر کات و شوێندا قابیلی ئەوەیە گۆڕانی بەسەردا بێت.

ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراقیش گرنگە ئەوەیە کە وێڕای ماڵوێرانیەک کە بە نسیبی ئەوان دەبێت، هیچ پەیوەندیەکی نە بە شوێنی ژیانیان و نە بە ئایندەیانەوە نیە. ئەوان دەبێت ئەوەیان لا ئاشکرابێت کە دەبنە خۆراکی ئەم سیاسەتە فریوخوازانەیەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەژێر ناوی بەرگری لە خاکی کوردستان و کۆتاییهێنان بە داعش. داعشێک، کە بە قەولی سەرانی بورژوازی خۆیان و بە پێی هەموو ئەو بەڵگەنامانەی تا ئێستا ئاشکرابووە، دروستکراوی دەستی ئەمریکایە بۆ بەکارهێنانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا.
هەتا ئەمریکا لە ناوچەکەدا بێت و هەتا داگیرکاری ئەمریکی بەردەوام بێت، نە خەڵکی کوردستان و نە خەڵکی عێراق ناتوانن لە ئاسایش بەهرەمەندبن و لەم چەشنە جەنگە بە وەکالەتانە بە دووربن. بۆیە خواستی سەرەکی خەڵکی کوردستان و عێراق دەبێت چوونە دەرەوە و ملشکاندنی هەموو هێزەکانی ئەمریکا بێت لە عێراق و ناوچەکەدا بۆئەوەی چیتر هێزەکانی وەک داعش نەتوانن پەیداببن و گەشەبکەن و ئەم هێزانەش نەتوانن بەم بیانووەوە ماڵ و ژیان و چارەنووسی خەڵک بە بارمتەبگرن.

08.12.2021

کامل احمد

kamil.ahmed.f@gmail.com




مەسرور و نوسینگەکەی لەوەڵام بە سکانداڵی فەسادی.. تاهیر عیسا

مەسرور و نوسینگەکەی لەوەڵام بە سکانداڵی فەسادی وگەندەڵیەکەی سکانداڵێکی دیکەی خستە پاڵ سکانداڵیەکانی دیکەی!

تۆزقاڵێک ڕانەچڵەکام کاتێک وەڵامە کرچ وکاڵ و ئاست نزمەکەی مەسروربارزانی ونووسینگەکەییم، خوێندەوە، لەپەیوەست بەو ڤێللاو دەرمانخانە هەژدەملیۆن دۆلاریەی، لە میامی ئەمریکادا، کڕیویەتی کە لەلایەن ڕۆژنامەوانێکی ئەمریکی بەناوی Zack kopplin کە لە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لەژێر ناوی the american prospect وە، وەک سکانداڵێکی گەورەی ئەم سەرۆک وەزیرانە، بڵاوکرایەوە!
ئەوان وەک پیشەی هەمیشەییان لەوەڵام بەهەر چالاکێکی سیاسیی یان مەدەنی، لەکوردستاندا، کە هەڵس وکەوت و کردەوەی سیاسیی و ئابووریی ڕۆژانەی ئەوانی خستبێتە ژێر سانسۆرو چاودێرییەوە یان هەر ڕاپۆرت وگوزارشتێکیان لەبارەی دزی وفزی و فەزاحەتەکانیان، لەڕۆژنامەکاندا یان بەهەر شێوازێک لەشێوازەکانی ڕاگەیاندن ڕووبەکۆمەڵگادا بڵاو کردبێتەوە، یان تیرۆریان کردوون یان تۆمەتی ناڕەوایان بۆ هەڵبەستوون و داویانن بەداگا نادادپەروەریەکانیان و مەحکوم بەچەندین ساڵ زیندانیان کردوون!
کەم نین ئەوانەی لەم مەیدانەدا لە لایەن ئەم سەرۆکە و بنەماڵە و حیزبەکەیەوە تیرۆر کراون!
ئەمە نەیەکەم ڕاپۆرتێکە کەلەبارەی فەسادیەکانی ئەم بنەماڵە دەستڕۆیشتوانەی کوردستان وحکومەتەکەیان بڵاو کرابێتەوە، نەدوا ڕاپۆرتیش دەبێت.
پێشتر ویکیلیکس خاوەندارێتی مەسرور بارزانی بەبەڵگە بۆ گروپی کۆمپانیاکانی ستێرگروپ کە نزیکەی بیست کۆمپانیا لەناو ئەم ستێر گرووپەدا وەک ئیمپراتۆریەتی بنەماڵەی بارزانی، لەناو حکومەتێکی داتەپیوو داڕزیوی کوردستاندا کەتەواوی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگای تێدا کۆنتڕۆڵ کراوە بڵاو کردەوە، کەچی سۆران عومەرێک کە خودی ئەم بەڵگەنامانەی بەزمانێکی ڕۆژنامەوانی بڵاو دەکردەوە ئەمیان دەدا بەدادگاو پارێزبەندی پەڕلەمانییان لەسەر هەڵدەگرت، بۆ ئەوەی ئاسانتر وەک نموونەی ئەردۆغانی دۆستیان کە لەتورکیادا پەیڕەوی لێدەکرد لەدژی نەیارەکانی، ئەمانیش نەیارە سیاسیەکانیان بێدەنگ بکەن!
هەر ئێستا لەلایەن خودی ئەو کۆمپانیایەی خۆیان بۆ چاودێری لە فرۆشی نەوت ونرخ وداهاتەکەی گرێبەستیان لەگەڵدا کرد، کە ناوی دیلۆیدە، دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لەنیو ملیار دۆلاری حکومەتی
هەرێمی لە بانقێکی لوبناندا، بڵاو کردەوە، کە دیارە بەنیازی سپیکردنەوەی ئەم بڕە پارەیە بوون، کەدواتریش مەعلووم نییە چارەنووسی چیدەبێت؟ کە ساڵێک لەمەوبەریش نزیکەی بڕی ملیارو نیوێکی دیکە هەر لەلوبناندا دەستی بەسەرداگیراو دواتریش چارەنووسەکەی کەس نەیزانی بەکوێ گەیشت!؟

مەسرورو نووسینگەکەی،ئێستاش، لەوەڵام بە ڕاپۆرتی زاک کۆپلین، و لەبەشێکیدا ئاوا دەنووسن:–
[…نووسەری ڕاپۆرتەکە بۆ هەڵبەستنی درۆیەکانی پشتی بە کۆنتراکتێک بەستووە، کە گوایە واژوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم واژویە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکومەتەوە نیە.
ئاشکرای دەکات، دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری ڕاپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە کە هاووڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا(ئەم سەرۆک وەزیرانە، مەبەستی لە سەرکەوت شەمسەدین، پەڕلەمانتاری پێشووی عێڕاق و هاوسەرەکەی شنیار ئەنوەر ە)
نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە، هەڵبەستراوە و بەشێکە لەو هەڵمەتە چەواشەکارییەی، کە دژی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت دەکرێت.]

مەسرور بارزانی و نوسینگەکەی، بۆ خۆدزینەوە لە ئەسڵی بابەتەکە و پەردەپۆشکردنی سکانداڵیەکەی، پەلاماری کەسایەتی کەسانی تردەدات و تیرۆری ئەخلاقیان دەکات، کە وەک خۆیان واتە نووسەری ڕاپۆرتەکەو دەزگاکەیان، دەڵێن لەژیانیاندا نەیان بینیوە!
بەم هەنگاوەشیان بۆ جارێکی تر بەدنیایان پیشاندا کە ئەوان لە مافیایەکی تاسەر ئێسقان، بێمۆڕاڵی بەد ڕەوشت زیاتر، هیچیتر نین!
ئەوان ئەگەر پاشەڵیان پاک و تەمیزبووایا، دەیانتوانی، بەجۆرێکی دیکەو بەلێدوانێکی شیاوو گونجاوی پڕ لەمۆڕاڵیانەی دیکە، کە لەئاستی جێگاو ڕێگاکەیاندا بووایا، وەڵام بدەنەوە نەک پەنا ببەنە بەر تەشهیرو ناوزڕاندنی کەسانی دیکەی دەرەوەی ئەم بابەتەو نوسەرو ڕۆژنامەکەی.
من نازانم، چ پەیوەندیەک لەنێوان ئەم فەزیحەیەو هەڵبژاردنەوەو هەڵنەبژاردنەوەی پەڕلەمانتارێک و هاوسەرەکەیدا هەیە؟
ئێستا کەهەڵنەبژێردراوەتەوە، ئەی ئەگەر بۆ جارێکی دیکە هەڵبژێردرابایەوە چی لەم بابەتە دەگۆڕی یان چی لەهەڵوێستی مەسرورو نوسینگەکەی دەگۆڕی؟
ئایا لە ئاستیدا ئەوکاتە دانیان دەنا بەم فەزیحەیەو دەستیان لەحکومەت دەکێشایەوە؟
بێشک نەخێر، بەڵام دەلاقەی عەیب وعارەکانیان هێندە زۆرن، کە هەتا یەکێکیان بەدرۆو پینەو پەڕۆو لێدوانی ئاستنزمانە دەگرن، چەندین زەندۆڵی تریان تێدەبێت کە بەهیچ پینەو پەڕۆو درۆو لێدوانێک ناتوانن دایپۆشن،
ئەوان دەیانتوانی لایکەم، ئەگەر پەرێزپاک و پاشەڵپاکبوونایا، داوا لە پەڕلەمانە کارتۆنیەکەیان بکردبایا، کە لیژنەیەک هەڵبژیرن و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکرێت !
یان لیژنەکەی سەرپشک دەکردو کۆمپیاڵەو سەنەدی قەبەڵکردنی بۆ ئیمزادەکردن!
یان دەیتوانی لە ڕێگای سکاڵاکردن، بەبەڵگەی ئەوەی کە هەم ناوی وەک سەرۆک وەزیرانێکی بێ تاوان وتۆمەت بۆهەڵبەستراو، زڕێندراوە، بەتایبەت لەوڵاتێکی دامەزراوەیی وەک ئەمریکا ڕێکارێکی شیاوو گونجاوو لەبار دەبوو، بۆ ئەستۆپاککردنی خۆی وحکومەت وبنەماڵەکەی، نەک پێچەوانەی ئەم ڕێکارانە، پەنا بباتە بەر ناوزڕاندنی کەسانی دیکەو لەناویشیاندا ژنێک تۆمەتبار بکات بەوەی کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ نووسەری ڕاپۆرتەکەدا هەیە، بۆ بەلاڕێدابردنی کەیسەکە، کە ئەمەش لە نموونەی ئەوپەڕی بێڕەوشتی و بێمۆڕاڵی هاوشێوەی کەسانێکی زۆر لۆمپنی بازاڕیمان، پیشان دەدات، نەک کەسانێک لەلوتکەی دەسەڵات وفەرمانڕەواییدا.
ئەرێ بەڕاست لەناو ئەم هەموو فەزاحەتانەتاندا، دەتوانن پێمان بێژن چلەزەتێک لەم ژیانە پڕ لەڕیسواییەتان دەبینن؟؟

تاهیر عیسا

/١١.١٢.٢٠٢١




ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی پەروەردەیی بۆ منداڵان.. ئامادەکردنی:باران عەلی

ڕۆژی شەممە ٢٧/١١/٢٠٢١ پڕۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان لە سلێمانی،لە هۆڵی باخچە و قوتابخانەکەیان مەراسیمێکیان سازکرد بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ منداڵان بۆ مامۆستای شاعیر (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی) کە پڕۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان ئەرکی لەچاپدانیانی لە ئەستۆ گرتبوو.ئەوانیش(نیشتمانی ماسی و خۆزگە و خەونی منداڵان ) بوون،شایانی باسە کۆمەڵێک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایان و شاعیران و نوسەران و هونەر مەندان ئامادە بوون،هەروەها دوای بەخێرهاتن وتاری پڕۆژەی خەونی منداڵان لەلایەن( تابان مەحمود) سەرپەرشتیاری پڕۆژەی خەونی منداڵانەوە خوێندرایەوە، دوای پێشکەشکردنی گۆرانی بەخێرهاتن لەلایەن منداڵانی باخچەی خەونی منداڵانەوە ،چەند منداڵێکیش لە قوتابخانەی خەون چەند پارچە هۆنراوەیەکی مامۆستا عەلی حەمەڕەشیدیان خوێندەوە،دواتر لەلایەن هونەرمەند عەزیز حەمەکریمەوە چەند گۆرانییەکی تایبەت بە منداڵان پێشکەش کرا کە هۆنراوەکانی هی مامۆستا عەلی بوون ..پاشان مامۆستا عەلی حەمەڕەشید باسێکی کورتی دەربارەی هۆنراوەی منداڵان کرد و چەند هۆنراوەیەکی خوێندەوە…پاشان هەردوو کتێبەکە بە دیاری پێشکەش بە ئامادە بووان کران.




رەهەندەکانی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

پێشکەش بەهەموو ژنە چەوساوەکان…

لەوەرزێک لەدایک بووم
لێوان لێو بوو لەکاتژمێرەکانی ژن کوشتن

ویستم دەنگی ژن بنووسمەوە
گوتیان
لەهجەی ژن عەورەتە
و
ئارەزووی پیاو دەجوڵێنێت

ئوە خودایە
من تێناگەم
بۆچی مێ باجی شەهوەتەکانی نێر بدات
و
ئەو هەموو گوناهەیان
لە ڕەشنووسی ژن
بارکرد

خودایە
ئەوە چ مەوسمێک بوو
خەندەکانی ژنیان
لەتابووتی هەڵوەرین ناشت

ئەوە ڕەهێڵەی چ بارانێکی دڵ ڕەق بوو
فەرهەنگی ژنی پڕ کرد
لەدڵۆپە خوڕافە

خودایە
هێشتا وەرزی ئێستام دانەگیرساندبوو
چاوی خەیاڵە شینەکانیان کوێرکردم
و
مۆمی ئایندەیان کوژاندمەوە

هێشتا هێشووی هیواکانم
پێنەگەیشتبوون

درەختی تەمەنیان بڕیمەوە
و
ڕەهەندەکانی ژنبوونیان ئیکمال کرد

چ زوو زەمەنی ژنیان پڕکرد لە گۆچان
و
ژنبوونیان بە تخوبەکانی پیری
و
نەسەبی ژنیان بە دەروازەی
سەراب سپارد

خۆمن
تازە خەریک بووم
ئینشای یەکسانی بنووسم
و
نەخشەی ژن بوون بکێشم

کەچی
لەپڕ کۆمەڵێک تاریکی
لەنەژادی مەرگ
کۆمەڵێک تەمتوومان
لەخێڵی جەهالەت
بە باوەشێک ڕەجم و
دەرزنێک دۆگمەوە

بە حەشاماتێک قامچی و
ڕستێک قانونی کۆنەوە

هاتن
و
حەقیقەتی ژنیان
موتوربەی ئەفسانەکرد
و
هەرێمی ژنبوونیان
پڕکرد لە تابوو

ئاواتەکانی ژنیان
خەساند
و
هەموو ڕەنگەکانی ژنبوونیان
بردەوە سنووری کوێری

من تێناگەم
خودایه بۆچی
بەرلەمێژوو ژن و هەڵە
خرانە تای تەرازووەک
و
خەتاکەی ئادەمیان خستە ئەستۆی ژن!

خودایە
ڕاستە دەڵێن ژن بوو مەسیحی
لەخاچدا
و
هەر ژنیش بوو
فووی کرد بە ئاگرەکەی ئیبراهیمدا؟

من تێناگەم
بۆچ دەبێ خنکاندنی خەونەکانی
ژن شەڕەفی پیاو
و
هەڵوەرینی خۆزگەکانی ژن
قەدەری خودا بێت

گلەیی بێ خودایە
گەر ئەو جارە ژنت دروست کرد
با لە میهرەبانی خۆت بێت
نەک پەراسووی پیاو

من نامەوێ چیتر لەڕەگی خەم بم
بمبەرەوە
سەر ڕەچەڵەکی خۆت ئەی خودا

خودایه
تاکەی ژن
هەر سێبەری پیاو کۆپی
و
بێدەنگی خۆی ئەرشیف بکات

خودایە
لەکامە سورەتت هاتووە
پیتەکانی ژن دەبێت بچێتەوە
ڕستەکانی پیاو
و
دەنگی ژن
لەناو تەرمی عەورەت
مۆمیا بکەن

خودایە
بە مەنتقی کامە
قەبیلەبوو
مەلەفی کوشتنیان بۆ ژن کردەوە

بە فەتوای کامە
مەزهەب بوو
ژن بوون حەرام کرا

ئەوە ڕدێنی چ ڕێزمانێک بوو
عەورەتی ئاوەڵناوی کرد بەبەر ڕستەی ژنبووندا

بە وڕێنەی
کامە عەقیدە بوو
ڕێنووسی ژنیان
لەدەفتەری ژیان نەزیفکرد

بە سمێڵی کامه نیچەبوو
تواناکانی ژنیان بەستەوە

بە ئاگری کامە نیرۆن بوو
ژنیان سوتان
و
بە میزاجی کامە ڕادیکاڵ بوو
ژن بەردباران کرا

خودایە
چۆن ڕێگەت دا
ئەلف و بێی ژن بوون
لەقەفەسی پیاودا
ئیعراب بکرێت

چۆن هێشتت
قیژەکانی ژن
بپڵیشێتەوە
و
ئەبجەدیەتی ژن
بوون
لەبەردەم
منارەی پیاودا
بسڕدرێتەوە