کاتێک کە ئیبلیس بە خوا هەناسەی دەم بە دەم دەدات.. نووسینی: جەلال حەیدەری نەژاد.. لە فارسیەوە: مەریەم کاکایی

نازانم ئەمە بیرۆکەی چیرۆکێک بوو یاخود پەرەگرافێکە لە سبەی؟ بەشێک لە چارەنووسم بوو یان پەێڤگەڵێک کە وەک وەحی بۆم دادەبەزین. یانی، دەرگای ئاسمانیان داخستبوو و ئێستا کرابووەوە؟ دەورەی پێغەمبەرە گشتییەکان بەسەرچوو بوو و پێدەچێت من پێغەمبەری تایبەتی کەسێک بوومە. ئەگەرنا هۆکاری چییە کە بەیانی زوو، جبرایل بەپەلە لە نێو گوێچکمدا ئاواز بچڕێت و پەیڤگەڵێک لە پاڵ یەک ڕیز بکات، کە هی من نین. دەنگی جبرایل لەرزۆک بوو، لە جیاتی ئەوەی دەبووا من بلەرزام. خۆ ئەو پێشێنەی ناردنی وەحی هەبوو ! ئیدی بۆ وا پەشۆکابوو؟ ڕاڕابوو؟ لەرزان بوو؟ چەرچەفەکەی خۆم بە دەوری جبرایلدا دەپێچم تا ئارام بگرێت. بە ئەندازە و شێوەیەکی ئاسایی له باوشی دەگرم و دڵی دەدەمەوە. رەنگ بە سیمایەوە نەماوە پیرەمێرد. ماندوو لە گەیاندنی وەحی. ئیستکانێ چای داخ دەدەمە دەستیەوە، بەپەلە فڕی دەکات. گەرم دەبێتەوە و ئارام دەگرێت، بەڵام دەنگی تاڕادەیەک هێشتا دەلەرزێت. ترساوە. نیگەران و بێ قرارە. لەو فەخفەخە و هەیبەتەی چیرۆکە بیستراو و ڕوایت کراوەکان هیچ باسێک نییە. جبرایل بێ ئوقرە و تەنانەت بە پەلە بوو و هیچ باسێک لە (اقراء ) نەبوو. بخوێنە لە مانگی سەرکەلدا..محاق.. بوو، بە تکا و دەنگێکی لەرزۆکەوە لێی ڕوانیم و وتی: اعرف! .
“بزان” جێی خۆی دابوو بە بخوێنەوە. (بزان کە سوقوت “داڕمان”، بووتە هۆی کۆتایی ئاوێنەیەک.) و من بە بێ ئەوەی زبانم بگرێ بە شوێنیدا وتمەوە. جبرایل بە سوقوتی دەوت سوقرات. و نەیدەزانی کە من ئەم هەواڵم بەر لە ئەو بیستبوو.

بەیانی زووە. هێشتا چاوم نەکردووەتەوە، کە خێوەت دادەکووتی لە سەر دڵ و هزرم و ئەمە واتا لە هەموو ئەو کاتژمێرانەی چاوم داخستبوو (گوایە خەوتبووم ) وەکو خەوگەردەکان دەستم بە دیواری بوونتەوە دەکێشا و کوێرانە دەڕۆمە بەر ئەو ئاوێنەیەی کە هەمووم دەرناخات. واتا دڵم ئاوێنەی قەدی دەوێ؟ ئایا ئاوێنەیەک هەیە کە مروڤ بە تەواوی پێشان بدات‌؟ ئەویش دووای نائومێدییەکی گەورە کە سەرانسەر بوونی گرتەوە وخوا دیقی کرد؟ و هەموو فریشتەکان ژاریان خواردەوە و ڕوو بە قیبلەی ئادم ڕاکشان؟ و ئیبلیس عاشقانە هەموویانی تیمار دەکرد؟ ئەو دەمەی کە گەورەترین ئاوێنە لە بەرزترین سەربانی ئاسمانەوە کەوتە خووارەوە؟
کینە، بێهوودەیی، فەزا، هەوا، بەربوونەوە، بێ کێشی، چێژی ورد و خاش بوون، پارچە پارچە بوون، ترس ، عیشق، ڕق، نەبوون، هێڵنج، تاران، ڤێژە بەردەوامەکان، هەڵاتن لە چاوشارکێیە عاشقانەکان، ڕاکردن لە سەرلێشێواوییە فەیلەسووفیانەکان، فەریادە ئاراستەدارەکان، خۆکوشتنی بیرەوەرییەکان و سقووت و سقووت و سقووت…. سوقرات و سوقرات!

چیتر ئاوێنەیەک نییە. هەیە بەڵام قەدیی نییە! ورد و خاش دەبێت. بوون سقووت دەکات. سقرات دەبێتە ذاتی بوون. خوا مۆر هەڵگەڕاوە. ئیسرافیل متقی بڕاوە. عوزرایل مردووە. جبرایل ون بووە و ئبلیس بە پەشوکاویەوە بە خوا هەناسەی دەم بە دەم دەدات. پارچە ورد و خاش بووەکانی ئاوێنە گەورەکە سەخت دەناڵێنن بەڵام فرمێسکی شادیش دەڕێژن. پارچە پارچە بوونە و گەورەترین پارچەیان نووکی موژگانی خواش پێشان نادەن. چە سقووتێکی سوقراتیانە! عاشقانە و زیرەکانە! ئەمێستا چیتر پارچە ورد و خاش بووەکانی ئاوێنەکە، ئازاد و ڕەهایانە بۆ یەکتر دەگەڕێن. تەنانەت لە نێو خاکیشدا. هەروا بێ باکانە.
من دەسیانم خوێندووەتەوە . هەروا ئیبلیسیش. من ڕۆڵەی ئیبلیسم! گرێیەک دەکەوێتە نێو چاوانی ئیبلیسەوە. خوا بە سەرسووڕمانەوە ڕووی وەردەگێڕێت. و ئەم سقووتە دەبێتە سوقراتی بوون و هەروا بوونی سوقراتیش!

ئەمێستاکە من دڵم بەربوونەوەی دەوێت.کەوتنەخووارەوە لە سەربانێکی بەرزی دەوێت. وردو خاشبوون -تلقانەوە. حەزدەکەم مێشکم بە وردترین پاشماوەی پارچەکانی زمانم، تام بکەم. حەز دەکەم پەرشبوونی خۆم بچێژم! حاڵەتی دڵتێکچوونم هەیە. هێڵنچ ئەدەم. حاڵەتی تارانم هەیە.دیسانەوەش. چاوەکانم دەردەپەڕن. شین و مۆر دەبمەوە. دڵ و لیلەخۆکانم دەڕژێنە دەرەوە. دڵم کە ڕژایە دەرەوە بە ددان دەیگرم. خوێنی گەرم دەڕژێتە دەرەوە. تامی جەرگ دەدات. توبڵێی ئێسکەکانم بە باشی هەڵبپڕوکێن؟ خوا بکا گوێچکم گەورەترین لەتی جەستەم بێت! هێشتا هەر خەریکە بەردەبمەوە. بەڵام هاوار ناکەم. بێ دەنگ بەردەبمەوە. وەکو خودا بەردەبمەوە. دیارە هەندێ کات دەبات. خوا بکات ئێسکەکانم هێندە تیژ بن کە گۆشت و پێستم پارچە پارچە بکەن. خوا بکا ئێسکەکانم هێندە تورد بن کە ورد و خاش بن. لە هەموو گرنگتر کاسەی سەرمە. رەنگە هەر بەسەرەوە بکەوم. بۆم گرنگە. مێشکم بپشکێتە هەموو لایەک جوانتر دەبێ. هەموو لایەک دەبێت رەنگ و بۆنی مێشک و هزری من بگرێت. هێشتا بە نێو فەزا و هەوادا غلۆر دەبمەوە. چیتر ماوەیەکی زۆری نەماوە.
شتێک دەچێتە ژێر پێستمەوە. شتێک وەکو بیرەوەری دەپەنەمێم. هەنێ خۆشحاڵ دەبم. نەک ڵەبەر بیرەوەری بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەپەنەمێمەوە. با دەکەم و باشتر دەپڕوکێمەوە. بیروەریگەلێک لە ڕەگەزی با. راستی نین، تەلبیسی ئیبلیسن. موتفەڕکن. بەڵام زیاتر دەبنە هۆی داپڕوکانی من. هانجن هانجن بوونم زەمانەت دەکەن. گەرانتی لەت لەت بوونم دەدەن. خنکانی دڵ و پرۆکانی مێشکم بەبێ ئامادەبوونی پزیشکی دادوەریی پشت راست دەکەنەوە. ئیبلیس هێشتا هەناسەی دەم بە دەم دەداتە خوا و خوا ڕوو بە هیچ لا، لە پەشیمانیا دەداتە بان دەستی خۆی. و ئیبلیس لەسەر پشتی خوا دەدات. هەر دووکیان سەر تەکان دەدەن بەڵام من حاڵەتی دڵ تێکچوونم هەیە. هێڵنچ دەدەم. حاڵەتی تارانم هەیە. لیلەخۆکانم دەێنە دەرەوە و دڵم ئارام ئارام دەخنکێنن و…..خنکا! تەواو! پیرۆزم بێت پژانی میشکم بە دەر و دیواری بووندا. ئێستا دەبێت تاهەتایە بە دوای پارچە پەرتبووەکانی خۆمدا بگەڕێم، هەنگاو بە هەنگاو. بە وجودی تێکەڵبوو بە سوقرات و دڵنیگەرانی خودایەک کە شین و مۆر هەڵگڕاوە.

تاران 2004

————————————————–

بیوگرافی نووسەر:
جەلال حەیدەری نەژاد، نووسەر و رۆژنامەنووس و دەرچووی کۆلێژی تارانە بەشی کۆمەڵناسی. لە ساڵی 1971 لە شاری تاران لە دایکبووە و لە تەمەنی بیست ساڵەییەوە لە رادیۆوە دەستی بە نووسین کردووە. نزیکەی دوو دەیە لە میدیا جیاجیاکان وەکو ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، رۆژنامە و بڵاوکراوەکان بە نووسین و شیکردنەوە لە بوارەکانی فەرهەنگ و کۆمەڵگە کاریکردووە . هەمیشە لە روانگەیەکی تایبەت بە خۆیەوە خوێدنەوە و شیکاری بۆ دۆخ و رووداوەکان هەبووە. ئەو لە گێڕانەوەی هزری خۆێدا هەندێ جار چیرۆکێشی نووسیوە. چیرۆکەکانی سەبکێ تایبەتیان هەیە، کە بەرجەستەترین تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە ڕاست و ڕەوان و بی پەردە و دژەباون، هەروا دەرچوون لە بازنەی تێگەیشتنی باو و ئاسایی کۆمەڵگا. ئەو هەروا سەرنووسەری بڵاوکراوەی زانستی کتابدارانی ئێران و چەندین بڵاوکراوەی شیکاری ئانلاین وەکو بڵاوکراوەی (عەتف) بووە. جەلال حەیدەری نەژاد ئێستا دانیشتووی وڵاتی کەنەدایە و بەشداری لە دانیشتنە فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی و ئەدەبییەکان دەکات. ئەو نووسەرێکە کە بە هەر یادداشتێک، شیکاری یان چیرۆک کۆمەڵێک پرسیار لە هزری خۆێنەردا گەڵاڵە دەکات. لە ڕاستیدا خۆێنەرانی بانگهێشتی بیرکردنەوە و ڕامان دەکات، بیرکردنەوەیەکی رووت و ڕەوان. ئەم چیرۆکە کورتەی ژێرەوەش نموونەیەکە تژی لە نیشانە و هێماکان کە لە ڕەواڵەتدا هەمووان پێی ئاشنان بەڵام نووسەر وێنا و تەفسیرێکی لەو شتانە ساز کردووە کە بە یەک خاڵ کۆتاییان دێت: کە ئەویش پرسیارگەلێکی تازە و نوێن!

لە فارسیەوە: مەریەم کاکایی

سەر چاوە:
وێب سایتی “از روزگار هرگز” https://jalalheidarinejad.net/?p=355




رەخنە: بازدانە ناشیعریەکانی شوعەیب میرزایی.. ئیسماعیل بابائی

لە سەردەمی ئێستاماندا شیعری کوردی بە هەردوو بەشەکەیەوە: پۆپۆلیست و نوخبەیی بەرەو دابڕانێکی زۆر گەورە دەچێت لەسەر گۆڕەپانی ژیان و لە گیان: (هەست و سۆزو هزرو دەروون)ی مرۆڤەکان دوورتر دەکەوێتەوە، رەسەنایەتی و نوێبوونەوەو داهێنانی ئیجابی تێدا کەم دەبێتەوە، بەهۆی دوو هۆکاری زاتی و مەوزوعیەوە، ئێمە قسەمان لە هۆکارە دەرەکی و گشتییەکان نییە کە زۆربەمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی فەرهەنگ لە زەمەنی تەکنەلۆژیادا بەرەو کاڵبوونەوەو هەژاریی و کەمبوونەوەی هەوادارانی دەڕوات، بەڵام گەر بێینە سەر هۆکارە زاتییەکان کە تایبەت بە خودی دنیای شیعرە، ئەوا دەگەینە چەند بەرەنجامێك؛ کە بەڵێ هەرچەندە رەنگە خوێنەرانی شیعری نوخبەیی (دەستەبژێریی) رەنگە لە هەموو کوردستاندا لە ٤٠ کەس زیاتر تێنەپەڕێت کە ئەوانیش بەشێکیان شاعیران و نووسەران و لێکۆڵەوەران خۆیانن، ئەمە حەقیقەتێکە و رەنگە زۆربەمان غروری نەفس ڕێگەمان نەدات دان بەو ڕاستییەدا بنێین، بەڵام بەرەنجامەکانی واقیع و سروشتی دەقەکانیش ئەمەمان پێ دەڵێن.
بێگومان لێرەدا باسمان لەو شەپۆلە دەستخۆشییە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ شیعرێك دەنووسرێت کە رەنگە نەشخوێندرابێتەوە، یان هۆکەی موجامەلەی شاعیرو نووسەران لەگەڵ یەکدیدا بێت و هەر بە شان و باڵی یەکتریدا هەڵدەن، کە لە راستیدا ئەمانە هیچ گۆشەنیگایەکی شیعرییان نییەو هیچ ئیزافەیەكیش نە بە دەق نە بە خوێنەران نابەخشن.
لێرەدا مەبەستمە لە سەر ٣ دەقی ڕێزدار شوعەیب میرزایی بدوێم کە بەرودوا لە وێبسایتی هاوچەرخ دانراون: (باڕەش بێت)، (بەشێک لە ‘تارانەکانی…’ – شوعەیب میرزایی)، (شەش کورتە شێعر) کە پێوەری تیۆری رەەخنەیی جودایان لەگەڵدا بەکاردێنین و بنەماکانیان هەڵدەوەشێنینەوە بۆ یەکەو پێکهاتە زمانەوانییەکان و دواتر بواری بڕیاردان بۆ خودی خوێنەری بە دیقەت بەجێ دەهێڵین، هیوادارین کاک شوعەیب بەمە نەڕەنجێ و ڕێزی زۆرمان بۆ خودی خۆی هەیە
شاعیر رەنگە پێشوەختە لە ژێر ناوی نوێخوازیدا دەقەکانی خۆی پۆلێن بکات و رەفزی سەرلەبەری ئەم رەخنانە بکاتەوە بە بیانووی ئەوەی پێوەری لەقاڵبدانی کلاسیکین و دەقەکانی ئەو زۆر لەسەروو ئەوەوەن و شاعیر ئازادە، بەڵام ئەمە بێگومانم بەس بۆ دڵدانەوەی خودەو هەر یەکە لە ئێمە پێوەریی شیعرێتی تێکستەکان دەناسێتەوەو لەئەنجامی ئەزموون و سەلیقە کە ئەو باکراوندانەی بۆ بنیات ناوین، بەڵێ شاعیر تا ئەو کاتە ئازادە کە پرۆسەی نووسینی شیعرەکە تەواو دەکات ئیتر خوێنەر دەبێت بە خاوەنی و رای خۆی دەردەبڕێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات.
تەوەرەی رەخنەکانمان لەسەر ئەم ٣ شیعرە بەسەر چەند خاڵێکدا دابەش دەکەین بەم جۆرە:
١- وشەی قسەکردن و سواو و سوکایەتیئامیز:
ئەوەی ڕیتمی شیعر لە قسەی ئاسایی جیادەکاتەوە زاراوەو وشەی شیعریین کە خاوەنی ئیقاع و تایبەتمەندی دەلالی خۆیانن و هەم لە باری سیمیائی و هەم لەباری فۆرمەوە تایبەتمەندی دەبەخشن بەو تێکستەو جیای دەکاتەوە لە ئاخاوتنی رۆژانەی خەڵکی، ئەگینا گەر ئاستی شیعر ئەوەندە نزم بکرێتەوە بۆ قسەی رۆژانە ئەوا چ هونەرێك لە شیعردا دەمینێتەوە؟ ئیتر بۆچ گازندە لەوانە بکەین کە دەڵێن کورد هەموویان شاعیرن.
گەر چاو بەو ٣ دەقەی مامۆستا شوعەیبدا بگێڕین زۆر دەستەواژەی ناشیعریی دەبینینەوە کە بەکارهێنانیان لە بەهاو ئاستی دەقەکان دێنێتە خوارو نزیکیان دەکاتەوە لە ئاخاوتنی بازاڕیی و ئەمەش بە هەر هۆیەك بێت رادەی نابایەخدان و ناگرنگی لای شاعیر دەردەخات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شیعردا.
بۆ نموونە گەر تەماشای ئەم ٣ دەستەواژەیە بکەین دەبینین لە یەکەمیاندا شاعیر هەر بە شێوازی داڕشتنی نامە نووسین باس لە خۆی دەکات بێ ئەوەی هیچ تەکنیك بە فۆرم و دیوێکی تر بە مانا ببەخشێت، منیش بێ بیرکردنەوە دەتوانم ئەو گێڕانەوەیە بخەمە سەر کاغەزو ناوی شیعریشی لێ نانێم چونکە دەزانم ناتوانم چاوبەست لەخۆم و خەڵك بکەم، شاعیر تا لێوانلێو نەبێت لە شیلەی داهێنان ئەوا لێینەڕژێت باشتره، چونکە هەژاریی پریاسکەی شاعیر کەشف دەکات، دواتر گەر شاعیر لای ئاساییە وشە بازاڕیی و سوکەکانی وەك (سەگ و حیزو ئەعساب و تاد…) وەکو کەرەسەی شیعر بەکاربێنێت ئەوا لەبەرانبەریشدا دەبێت بزانێت بۆ نموونە کە مانای راستەقینەی سەگ وەك سیمبوڵ بێ وەفایی دەگەیەنێت نەك وەفا، چونکە سەگ کلك بۆ هەموو ئەوانە دەلەقێنێت کە پارچەیەك ئێسقانی بۆ فڕێ دەدەن، هەروەها لێرەدا دیقەت بدەن وشەی (سڵام) دەستپێکی نووسینی نامەی رۆژانەیە چ نەخوێندەوارێك بیڵێت یان میوەفرۆشێك لە بازاڕدا چ شاعیرێك، دواتر کە وشەی (یانێ) بەکارهێناوە ئەوە هەر خۆی نیشانەی شیکردنەوەو شەرحە، کە ئەمیش بێگومان لە نووسینی داڕشتندا بەکاردێت نەك شیعر.
سڵام
خراوم و خراو خۆشتم ئەوێ
تا شەوێ بەم بێ شارییە شڵپاوە و عەتا زامارە
خۆشتم ئەوێ ”وەک سەگ”
وەک ئارەق سەگی
…….
شپرزیاگم و خراوم و پێویستم بە کەمێ ئەعسابە
……..
یانێ تاران تەنیایی حیز ئەکا

  • دواجار من سەبارەت ئەم کۆپلەیە هیچ کۆمێنتێك نانووسم بەڵام دەیکەم بە وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا خوێنەری حەپەساو و ماندوو دەبێت چ سیمایەکی شیعر لە ئیستاتیك و رەوانبێژی و وشەسازی و ئایدیاو چەشە و سیمانتیك… لەم چەند دەستەواژە سادەو ناشیعرییەدا بدۆزێتەوە؟:
    خانمی مەجبووری و باش
    مەجبووری و دووری
    با چکێ لە خۆم دانیشم
    ٢-هەڵەی مانا و زاراوە:
    یەکێك لەو سکانداڵەی شاعیران گیرۆدە دەکات هەڵەی زمانەوانییە، بۆچی؟ چونکە چەکی شاعیر تەنیا زمانە، جا گەر ئەو زمان بەهەڵەو کەموکورتی بەکاربهێنێت ئەوا بۆچی گازندە لە خاوەن پیشەکان دەکەین کە بابەتی تەقەلوبی دەفرۆشن؟ لێرەدا چەند نموونەیەك دێنینەوە نەك هەموو نموونەکان کۆبکەینەوە، چونکە نووسینەکە زۆر درێژ دەبێتەوە. کاتێك شاعیر دەقئاوێزان دەکات چ لە کەلەپوور یان فۆلکلۆر یان شیعری شاعیرانی تر یان تیۆلۆژیا…هتد، ئەوا دەبێت تەواو درکی بە هەموو لایەنەکانی ئەو بەکارهێنانە کردبێت لە شوێنگای یەکەمدا و خۆی ماندوو کردبێت لە ساغکردنەوەیاندا ئەنجا دەتوانێت سەرکەوتووانە دەقەکەی خۆی پێ بڕازێنێتەوەو دەوڵەمەند بکات.
  • لەیەکەم نموونەدا ببینن دووبارە لە گێڕانەوەیەکی شەخسیداو شیعری خۆ بەگرنگ داناندا چۆن دەکەوێتە هەڵەوە لە بەکارهێنانی دەستەواژەی (نیەتمە فەرزێ)، چونکە ئەمە لە شوێنی خۆیدا (زیکر) نییە بەڵکو لە ئاییندا بۆ دابەستنی نوێژ بەکاردێت کە (پەرستش)ە، کە نییەت پەیوەندی هەیە بە کرداری خودەوە نەك خەڵك، کەواتە کە خۆت نییەت دێنیت شیعر بنووسیت هیچ پەیوەندی بە خەڵکەوە نییە کە زامنی نە دزینی بکەیت، کەواتە ئەو دێڕە لە بناغەوە هەڵە داڕێژراوە کە دەبوو بەم جۆرە بێت(نییەتمە فەرزێ شێعر بنووسم لەکەسم نەدزیبێ)
    ئەو ڕۆژانەی لە تەرم و تاران گەڕامەوە
    لە گەڵ بێهزاد کوردستانییا زکرمان ئەکرد:
    نییەتمە فەرزێ شێعر بنووسم کەس نەیدزێ
    ………..
  • من فاکتەری ئاسمیلاسیۆن بە هۆکارێکی مەحرومکردنی گەلان دادەنێم بۆ بێبەشکردنیان لە فێربوونی زمانی دایک بە تەواوی، بەڵام شاعیر لەبەر ئەوەی کەسی ئاسایی نییە بۆیە کاتێك بە زمانێك شیعری نووسی دەبێت خەباتێکی زۆری کردبێت و کەرەسە و وشەسازییەکان بەهەڵە بەکارنەهێنێت و قووڵ بووبێتەوە لەو زمانەدا.
    من باسم لە سواوی تییمای خۆشەویستی نییە لەم دێڕەدا، وەلێ لێرەدا وشەی (خۆشیم ئەویست) پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە، بۆ نموونە کورد کە لەباسی کەسی دووەمی تاکدا دەدوێ دەگێڕێتەوەو دەڵێ(خۆشم ئەویست) چونکە خۆشی +م ،مانایەکی تر دەدات واتای بەختەوەەری ئەوم دەویست، دیقەت بدەن کاكە میرزایی دەنووسێت:
    دەئەنازەی تەواوی ماسیەکان خۆشیم ئەویست
    ………….
  • من باس لە هەڵەی ڕێنووس ناکەم لەم کۆپلەیەدا و باس لە لاوازیی داڕشتنەکەی ناکەم کە لە باشترین باردا دەتوانین بڵێین کۆپلەیەکی تەنزئامێزە، ئیتر بانگەوازی نوێترخوازو جیلی چوارو پێنج مەگەر لە تیکنەلۆژی تۆڕی ئینتێرنێتدا هەبێت، بەڵام ئەوەی مەبەستمە وردبوونەوەیە لە بەکارهێنانی شاعیر بۆ وشەی (دوکتر) کە ئەمەش بە ڕوونی دیارە کە فۆنەتیکی وشەیەکی دزراوی بیانییەو کراوە بە فارسی ئەگینا خۆی لە راستیدا(دۆکتەر یان دوکتۆر)ه، ئێ باشە کە شاعیر شیعری کوردی دەنووسێت بۆچی خۆی ماندوو نەکردووە وشەی(پزیشك) بەکاربهێنێت؟ ئایا شاعیرێکی فارس دەبینیت بچێت وشەی کوردی قەرز بکات و لەناو شیعرەکانیدا بەکاریبهێنێت؟ یان ئەم کاریگەربوونە هەر جیۆپۆلەتیکی نییە بەڵکو دەروونیشە!.
    دوکتری “سەرخۆش خانەکان”
    لە منا دەسی بشۆرێت و بڵێ :
    ئارەق خۆش
    ………………
    *نموونەی دووەم : کورد دەڵێت: دەمارەکانم بەفر یان سەهۆڵیان گرتووە وەك دەربڕینێکی مەجازیی، کەچی شاعیر ڕێزمانی ونکردووەو دووبارە روو دەکاتەوە قەرزکردن لە زمانی بێگانەوەو وشەی (یەخ) بەکاردێنێت، کە بەکاریشی هێناوە لە سیاقێکی ڕێزمانی کوردی تەواودا ڕێکی نەخستووە، کە دەبوو بنووسێت: دەمارەکانم یەخیان گرتووە، نەك:
    دەمارەکانم یەخیان خستووە
    ……………
  • لەم نیوەدێڕە شیعرەدا کە لە ٣ وشە پێكهاتووە دووانیان کە (وەسەت و ناوەست)ن، نە شیعریین نە کوردین، سێهەمیشیان هەڵەی ڕێزمانی تێدایە، کە ئەگەر مەبەست لەوان بێت ئەوا دەبوو بینووسیایە بڕشێنەوە، ئەگەر مەبەست لە خودی بێژەرە ئەوا دەبوو بنووسرایە (بڕشێمەوە) یان گەر کەسی دووەمی تاکی بۆ خود بەکارهێناوە دەبوو (بڕشێیتەوە) بوایە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە زمانی کوردی شیریندا وشەی (میانەڕەو)مان هەیە کە زۆر شیاوتری شیعرە، کەچی ئەو نووسیویەتی:
    بە وەسەت و ناوەستیانەوە بڕشیتەوە
    …………
  • لەم نووسینەدا وەك چۆن ئاماژەی کەموکورتیەکان دەکەین لە هەمان کاتیشدا دەبێت بێلایەنی بپارێزین و بڵێین لەبەکارهێنانی زاراوەی لێكدراوی(باڕەش بێ)دا هەوڵێکی جوان هەیە کە لە رەوانبێژیدا پێی دەگوترێت جیناسی تەواو، چونکە هەمان وشە زیاتر لەمانەیەك دەگەیەنێت. بەڵام گەر لایەنی ڕەشەباکەی بگرین ئەوا دنیا خاپوور دەکات ئیتر کە کاول بوو خۆی چ پێویست بە خاپوور دەکات؟ وێڕای ئەوەی (بەشار ئەسەد و دەمشق بەیرووت) شیعر لە شیعرێتی دەخات و دەیکاتە زمانی هەواڵ.
    با رەش بێ دنیا کە کاولیش خاپوور ئەکات
    ……….
  • کورد دەڵێت شەوارە کەوتوو و گۆڕ ون یان گۆڕ بزر، وێڕای ئەوەی جادە وشەیەکی بێگانەیەو لە کوردیدا شەقاممان هەس، کەواتە شاعیر باشتر وابوو سەرلە نوێ بەدەقەکەیدا بچوایەتەوەو هەڵەبژێری بکردایە، ئەو کاتە دڵنیام ئەم نیوەدێرە شیعرییەی بە جۆرێکی تر دەنووسی نەك ئاوها بەجێی بهێشتایە کە دەڵێی کەسێك نووسیویەتی فێری کوردی بووە نەك خۆی کوردزمانە:
    شەوارە دات بگرێت و جادە گوم بیت
    ئایا گونجاوتر نییە بگوترێت: شەوارە دات بگرێت و شەقام ونت بکات
    یان :شەوارە کەتوو و بزر لە شەقام… هتد
    ٣- دووبارەکردنەوەی بێزارکار:
    لە شیعردا هەندێك شوێن هەن پێویست بە دووبارەکردنەوەی وشە دەکەن بە مەبەستی جەختکردنەوە یان سەرنجدانی خوێنەر بۆ هەڵبەزو تاسەکانی نێو دەق، یان بەمەبەستی سازاندنی ریتم و ئیکۆیەکی مەبەستدار، بەڵام لەم تێکستانەی م.میرزاییدا زۆر دووپاتکردنەوەی جاڕسکار هەن کە بڕشت لە هەناسە شیعریەکان دەبڕێت و دوورمان دەخاتەوە لە پێوەرە ستاندارەکانی شیعر کە بەها دەبەخشن بە شیعرو پاراوی دەکەن، هەرچەندە شاعیر لە گەردووندا ئازادە چی هەڵدەبژێرێت و چی بەکاردێنێت بەڵام گرنگە بۆتیقایی بن، هەندێكجار وشەی زیادە شیعر دەڕوشێنێت و لاوازی دەکات، بۆیە ئابووریکردن لە وشەبەکارهێناندا لای یابانی و چینییەکان هەر لە کۆنەوە کراوەتە مەرجی چڕو پوختی و تۆکمەیی شیعر، بۆ نموونە دووبارەکردنەوەی (چوارکڵاف) لەم دێڕەدا زیادەیە، بەڵام بۆ نموونە گەر وشەی ژمارە(چوار)ی ٤ جار بنووسیایەتەوە ئەوا ئاماژەیەکی دەلالی قووڵی دەداو لە خزمەت ئایدیای کۆپلەکەدا دەبوو، هەرچەندە ئەو شیعرە هەموو شتێکی تێخزێنراوەو لە بابەتێکەوە باز دراوە بۆ باتێکی تر، بەڵام مەبەستی من بەس لە وشەی چوار کڵافە لەم کۆپلەیەدا:
    ئەشێ ڕۆژێ چوار کڵاف
    چوار کڵاف ئەم نیشتمانە کون کونیشە بدوورم
  • ئەگەر شاعیر لەبەر ئەوەی دێڕە شیعرێکی مەحوی دەقئاوێزان کردووە ڕای وابێت (شێعری کوردی لە مەحوییەوە دەس پێ ئەکا) ئەوە رای تایبەتی خۆیەتی کە من هاوڕای نیم هەرچەندە نکۆڵیم لە گرنگیی بەهای شیعریی مەحوی نییە، بەڵام بەکارهێنانەوەی ئەو دەستەواژەیە لەو شیعرەدا هیچ خزمەتێك بە ستراتیژی و مەبەستەکانی شێوازی دووبارەکردنەوە لە نێو شیعردا ناکات، وەك ئەوەی ئەو نووسیویە:
    بەڵام شێعری کوردی لە مەحوییەوە دەس پێ ئەکا
    شێعری کوردی لە مەحوییەوە دەس پێ ئەکا
  • بەکارهێنانی وشەی (هەنار) وەك میتافۆڕ جارێك لەدەقدا جێی خۆی دەگرێت بەڵام گەر لەوەترازاو تێکەڵی چەندان زاراوەو بابەتی دووراودووری تر کرا ئیتر دەبێتە جاڕسکارو خوێنەر حەز دەکات زوو ئەو دەقە جێبهێڵێت، مەگەر خوێنەری جدی بە دوای رەهەندی نوێ و ناوازەو داهێنەرانەدا ناگەڕێت؟ ئیتر نازانم بۆچی سەیر نەبێت کە شاعیر بە وشەیەکەوە دەیگرێت و بەری نادات، ئایا ئەمە بێ بەرنامەیی و نابەهرەیی لە دەقدا دەرناخات؟ من قسەم لە (رکيكی)و بێتامی بەکارهێنانەکان نییە کە خوێنەر هیچ ڕەوانییەکی تیا نابینێتەوە کە ئەمانەش بەشێكن لەو بەکارهێنانە لە دەقی دووەمدا (بەشێک لە ‘تارانەکانی…’ – شوعەیب میرزایی) بۆ میوەی هەنار وەك خوازە: –
    دایکم هەنارێکی پاییزی نەتڵیشام
    هەنارێ لە ئەشقا گەوزابێ
    هەنار لەوە کاڵتر دڵ بە خوێنی خۆش کەیت
    ئاو هەنار بگرێت
  • دەقئاوێزان دەبێت دەقێکی جوانتری لێ پێك بێت لە وەرگیراوەکان، بەڵام بێ سەلیقەیی و تێکەڵی و پێکەڵی ئەو هەموو کەوانانە لەم شیعرەدا هەم لە بەهای ئەوانی دابەزاندووە هەم شتێکی جوانتریان لێ بەرهەم نەهاتووە، رەنگە ئەوانیش لە دڵی خۆیاندا گوتبێتیان خۆزیا ئێمەی بەو جۆرە نەخزاندایەتە ناو ئەو فەوزایەوە، جا چ گیانی کۆچکردووەکان بێت وەك مەحوی و شێرکۆ بێکەس یان زیندوەکان…. ببینن بەهەمان جۆریش چەند ناوێکی تر چەندبارە دەکاتەوەو چەشەی و هەستی شیعریی خوێنەری پێ دەتۆرێنێ وەك:
    *عەتا:
    نیشتمانم بە عەتاوە بە بادا،
    یانێ من عەتام هەر بە مناڵی نووسی
    عەتا زامارە
    *سەگ:
    سەگ: بۆ سەگییەکانم،
    حەسار و سەگەکانی باوکم،
    بە تۆ وحەسەن زیرەک و ئارەق سەگی.
    خۆشتم ئەوێ ”وەک سەگ”
    وەک ئارەق سەگی، سەگیش بم
  • بیمارستان، نەخۆشخانە:
    بیمارستان: لە نەخۆشخانەکانا بێکەس
    من کە تۆم لە نەخۆشخانەیێکی دوورا فەرامۆش
    یان درەختێ پەشیمان لە بیمارستان دانیشێت
    وەرە بەردەرکەی _ بیمارستان؟
    تیمارستان
  • هەلەم ((هایە هایە هایە هایە هایە هایە هایە هایە هایە هایە هەم ))
    هەلەم
    هەلەم
    هەلەم!
    *بەکارهێنانی ٥ جار (نییەتمە فەرزێ) لە جێی ٥ فەرزەکان، بەڵام نییەتەکانی نێو ئەم شیعرە چونکە شاعیر هێندە بە پەلەپروسك هێناونی هیچیان مانای دروست نادەن بەدەستەوە، وەك دەڵێت:
    نییەتمە فەرزێ شێعر بنووسم کەس نەیدزێ
    نییەتمە فەرزێ کچێ بدۆزمەوە ڕەنگ و بێ ڕەنگ
    نییەتمە فەرزێ تەنیایی تەنیا شێعری تیا ئەنووسرێت
    نییەتمە فەرزێ ماچت بکەم و لە دەنگتا بە خوڕ باران ببارێ
    نییەتمە فەرزێ ئەم خیابانە ئەونە جەماعەتە
    ……………….
  • هەروەها شەشبارەو زیاتر بەکارهێنانەوەی لەدوای یەکی وشەکانی وەك (زبان کردی)، (رەش)،(ڕەنگی)،(هذا الهدی)، (چکێ)،(سڵام)، (من)، (وای)، هیچ بواری هونەرکارییەك و تەکنیکی شیعریی نوێترخوازی تێدا ناهێڵێتەوە.
    ………….
    ٤- نەبونی دنیابینی و بونیاتێکی یەکگرتوویی شیعر:
    گەر قسە لەسەر شاعیرانی پرۆفیشناڵ بکەین، ئەوا ئەوان بە گشتی دابەشی دوو پۆل دەبن؛ یەکێکیان نەخشە بۆ کۆپلەکانی شیعرەکەی دادەنێت و دەیهەوێت کارامەیی تێدا ئەنجام بدات و ئەو مەبەستانەی هەیەتی لە دەقەکەدا بیهێنێتە دی، ئیتر هەندێكجار سەرکەوتوو دەبێت و هەندێکجاریش دەبێت بیدڕێنێت کە رامبۆو پازو زۆری تریش ئەم تەکنیکەیان گرتووەتە بەر بە تایبەتی لەدوای ساڵەکانی سەرەتای بەشاعیربوونەوە، هەشە خۆی تەسلیمی هەوای بەهرەو ئیلهام دەکات بەڵام پێشوەخت بابەت بۆ ماوەیەك لە ناخیدا گێنگڵ دەدات و لە ساتێکی دیاریکراودا وەکو بوڕکانێکی پڕو خەست بە تەواوی دێتە دەرو خوێنەر هەستی بۆتیقایی تێدا دەبینێتەوە؛ بەڵام بە داخەوە لە شیعری نوێدا کە زۆر ئاسان و زۆر لە خامە بەدەستان بێ خۆماندوو کردن و قاڵبوونەوە یەکسەر ئەوەی دێت بە هزریاندا لە ژێر ناوی نوێخوازیدا دەیخەنە سەر کاغەزو لە ئەلفەوە تا یاء هەموو شتێکی تێدایەو نازانیت تیمای سەرەکی دەقەکە چییە؟ هەر هیچ پێناسەیەکی بۆ نەدۆزنەوە ئەوا بەرگی عەبەسییەت و سوریالیزمی دەکەنەبەر، بەمجۆرە هزرو هەستی خوێنەر پەرتەوازە دەبێت و ئەوەی کە بە دوایدا دەگەڕا نایبینێتەوە و پەشیمان دەبێتەوە لە کات کوشتنی، بۆیە رەنگە ئیتر لەو تەرزەی شیعر زوویر بێت. تا ئەم هەڵەیە روو نەدات ئەوا پەلە نەکردن و پڕبوونی ناخ و بوونی هەستی شاعیرانە و پتەوی بنەمای زمان و ئایدیای ناوازەو داهێنەرانە بە راستی ئەرکێکی گرانن و بەهۆی ئەم فاکتانەشە لەمڕۆدا زۆر بە دەگمەن بەر دەقی شیعریی پاراو و داهێنەرانە دەکەوین.
    ٥- دەقئاوێزانی هەڵە:
    وەك چۆن کاکە میرزایی سەرکەوتوو نەبوو لە دەقئاوێزانی چەمکی (نییەتمە)، هەروەها بەکارهێنانی (هذا الهدی) ، ئێستا نموونەیەکی تری ئەو هەڵە بەکارهێنانە دەهێنینەوە لە دەقی دووەمدا؛ ئەویش ئەوەیە کە لە زمانی عەرەبیدا وشەی (یَاایُّهاالَّذینَ) بەمانای (ئەی ئەوانەی) دێت، کەچی شاعیر ئەمەی بۆ کەسی دووەمی تاك بەکارهێناوەو گەر بیکەین بە کوردی ئەوا ئاوها دەردەچێت (ئەی ئەوانەی ئەوەی)، کەواتە گەر کەمێك خۆی ماندووبکردایەو لانی کەم لەمانای وشە وەرگیراوەکە تێبگەشتایە دەینووسی (یَاایُّهاالَّذي) کەچی ئەو راناوی کۆی عەرەبی لەگەڵ راناوی تاکی کوردی بەکارهێناوە، وەك دەڵێت:
    یَاایُّهاالَّذینَ ئەوەی شەوانە لە منا نەققاشی ئەکێشی
    ٤- گێڕانەوەی ناشیعریی:
    بە ئاسانی لە خوێندنەوەی شیعرداو بە بەر کەوتن بە شێوازی نووسینەوەی شیعر دەزانرێت کە تا چەند ئەو شیعرە داهێنانی تێدایەو بۆ ئەفراندن نووسراوە یان ئایا بەس دەربڕینی کەفوکوڵەکانی ناوەوەی خودی شاعیرە وەك هەر مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی کە گێرمەوکێشەی خۆی هەیە، بەڵام نەیتوانییوە بیکات بە شیعرو کەسانی تر هاوبەشی ناوەڕۆكەکەی بکات، ئیتر لەوێدا دەبێتە شیعرێکی زاتی و چیرۆك ئامێز، چ سنوورێکی شوێنکات نابڕێت و مانەوەی درێژخایەن بۆ خۆی تۆمار ناکات، وەك لێرەدا دەبینین شاعیر بە زمانێکی راپۆرت و سادەو یەك لایەن باس لە منداڵی خۆی دەکات و دەڵێت:
    هەر بە مناڵی
    هەژدە ڕۆژ تایلە بووم
    دووبارە بابێنیەوە سەر شاعیرو بەهزادو ئەمجارە لەجیاتی چوارمشقی، گۆڕیویە بۆ چوارمەیتی، ئیتر بێ ئەوەی بزانێت داتاشینی ئەو زاراوە ئاوێتەیە چەندێك خزمەت بە پەیامی دەق دەکات، چونکە بمانەوێت یان نا هەر دەقێك تەنانەت ئەوانەش کە دەڵێن بڕوامان بە مەبەستدارێتی دەق نییە، مانایەك دەدات بە دەستەوەو لەو ڕێیەوە نامەیەك ئاراستەی وەرگر دەکات، دواتر بابزانین شاعیر چۆن نامە ناشیعریەکەی دەنووسێتەوەو لەگەڵ بێهزادا چیان لێ بەسەر دێت، ئەنجا بۆم هەیە منی خوێنەریش بپرسم ئایا ئەم گێڕانەوەیە چ زیادەیەك دەخاتە سەر خەرمانەی مەعریفیم و چ ناوازەییەکی شیعریی تێدایەو چ جیاوازییەک بە دیدگای من دەبەخشێت بە بەراورد بەو سەدان بەسەرهاتە ڕۆژانەی لێرەو لەوێ دەیبیستین، ئایا شایستەی بە شیعرکردن و بڵاوکردنەوەو نمایندەگیی کردنی شاعیرەکەیەتی لای خوێنەر؟
    سڵام-:
    چوار مەیتی بە دیار خۆمەوە دانیشتووم
    چوار مەیتی بە خیابان هەڕا ئەکەم
    سڵام
    بێزادیش خاسە و چوار مەیتی بە دەردی خۆیەوە داکەوتووە
    ٥ – شێوازی دادایی زمانی تر:
    أ- وشەبڕ:
    لە لاپەڕەکانی کۆتایی زۆر لە گۆڤارە گشتییەکاندا گۆشەی وشەی یەکتربڕو چەندان خشتەو شێوەی جیاواز هەن بۆ زاخاوی مێشك، ئەمە وەك شێوە لە شیعردا رەنگە جیاواز بێت بەڵام لەو سەرەوە گیانی شیعربوون دەکوژێت، چونکە بەرگی ئەم بوارە بە باڵای سەربڵندی شیعر ناکات و کەم و کورت دەردەچێت، ئیتر بەو جۆرە زۆر لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شیعریی؛ وەك هەست و سۆزو چێژ و خرۆشان و ڕیتم و…فەرامۆش دەکرێت و دەکرێتە قوربانی ئەم شێوازە ئەلەکترۆنییە وشکە، رەنگە ئەمە راهێنانێك بێت بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان بە وشەی شیعریی لای خوێنەرانەوە تا توانای خۆیان لە نووسینی شیعردا تاقیبکەنەوە، بەڵام لای منی شەیدای دەقی رەسەن و پاراو جێی قبوڵ و هەرسکردن نییە، با زیاتر بابەتەکە درێژ نەبێتەوە و ئەم کۆپلەیە بکەینە نموونەی ئەم جۆرە لە نووسین کە ناوی شیعری لێ دەنرێ:
    ئه م هێڵانه سپی ئه چم تا
    / نه چم/
    نازانی
    عافیه ت قه وری له کوێ بوو؟
    ب- زمانی بێگانە:
    وەك چۆن پێشتر نموونەی دەقئاوێزانی زاراوەی عەرەبیمان هێنایەوە، لێرەشدا چەند نموونەیەکی زوبانی فارسیش دێنینەوە، بەڵام ئەمجارە دەقئاوێزان نییە، بەڵکو تێهەڵکێشکردنی رستە و دەربڕینی شاعیرە بە زمانی فارسی لە ناو شیعرە کوردیەکەدا، ئیتر نازانم شاعیر بەمە دەیەوێت پێمان بڵێت ئەو زمانی فارسی دەزانێت؟ یان شانازی بەوەوە دەکات کە زمانی فارسی لە دەقێکی کوردیدا بەکاربێنێت؟ سەیرەکە لەوەدایە یەکێك لە نموونەکان ئەگەر وتەیەکی نووسیارو هزرمەندی فرەنسی ژاك لاکان بێت ئەوا ئەو لە بنەچەدا بە فرەنسی گوتوویەتی کەچی کاک میرزایی وەکو کە بە فارسی خوێندویەتییەوە هەر بە فارسیش لە دەقێکی کوردیدا نووسیویەتییەوە، بەڵام ئەگەر بەناوی لاکانەوە هەڵبەسترا بێت ئەوا ٢ جار هەڵەیە وەك دەڵێت:
    کە لاکان وتی لێ گەڕێ
    بە تختمت کە آدم نمی‌شود
    هەروەها لە پارچەیەکی تردا بەهەمان شێوە داڕشتنی فارسی تێهەڵكێشی کوردیەکە دەکات و خۆیمان لە ئاستی مەحویدا نیشان دەدات و هانی خوێنەران دەدا کۆشش و بەدواداچوون بکەن بۆ شۆڕشی دەستوریی و شەمسی لەنگرودی ساواك ، یان با بەدگومان نەبین بەڵکو بە پێچەوانەوە بەم هەوڵەی گوایا مەبەستێتی فارسان فێری زمانی کوردی بکات، بۆ نا؟
    بەڵام شێعری کوردی لە مەحوییەوە دەس پێ ئەکا
    من از انقلاب مشروطە
    از شمس لنگرودی
    کە ساواک بهش گفتە بود تو از نیما هیچی نمی‌فهمی برگرد خونەتون
    ………………….
    دواگوتە:
    منیش لە ئاکامی ئەم نووسینەدا دەڵێم :
    لە ئاوەدانییەوە کە ئەوەندە ماعیرانیان چۆڵ بوو
    گۆڕتان گوم کەن
    خۆ داهێنانی شیعریی و ڕچەشکێنی بە لاپەڕە ڕەش کردنەوەو دروشمدان و تێکەڵاوکردنی دۆودۆشاو نابێت، خۆ بەوە نابێت کەسێکی ناشاعیرو نا رەخنەگرو نا خاوەن هەستی شیعریی لە هەرێمێکی تردا کۆڕ بۆ شاعیر بگێڕێت و پێی شاگەشکە بێت، راستە پاشاگەردانی واقیعی پۆلەتیك و بێ سەروبەرەیی بەڕێوەبردن و ون بوونی ناسنامە ئازاربەخشن، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەوێنی داهێنانن، با بزانین هەر یەکە لە بەرگی خۆماندا خۆمان بە دنیا ناگۆڕینەوەو کەسیش بەرهەمەکەی بەکەم نابینێت، بەڵام زۆرێك لەم هەستانە هەڵخەڵەتێنن و هاوڕێیانی ڕووپاما و ڕیاکار زیاتر پێی بابای قەڵەم بەدەست دەخزێنن و لە خشتەی دەبەن، من ئەم چەند نموونە سادەیەی بواری هەڵەکانی تەکنیكی ئەو ٣ شیعرە تەنیا وەك چەپکێك لە دیاری دەیچنم و دەیدەم بە مامۆستای زێدە ئازیز شوعەیب میرزایی و لێرەوە دەشزانین خەڵکانی دوور لە پەیوەندی شەخسی چۆن بەس بە هەڵسەنگاندن و ڕوانین لە شیعرەکان خەریك دەبن و مامەڵە دەکەن. بەڵام بێگومان بە لە خۆبووردوویی دەتوانین زاڵ بین بەسەر غروری نەفسدا، زۆر جار پێگەو بڵاوکراوەیەکی وێژەیی رەنگە خاوەنەکەی هەڵنێت بەڵام ئەوە لە سەر بنەمای بەخشینی شیعریی نییە ، زۆرمان دیت بەمجۆرە بۆ نموونە وەك دڵشاد عەبدوڵلا کە کاتێك سەرپەرشتیاری چاپەمەنی بوو لێکۆڵینەوەو رەخنە لەسەر شیعرەکانی بەدوای یەکدا دەنووسران و بڵاودەکرانەوە، بەڵام کە پێگە ئیداریەکەی نەما لێکۆڵینەوەو وتارەکانیش نەمان. هەر بە هەمان شێوەی زۆر شتی تر کاتێك شەپۆلە سەرەکییەکان بە هۆی هێزو دەسەڵاتیانەوە سەر دەکەون واقیعی خۆیان فەرز دەکەن بەڵام رەنگە لە واقیعدا جۆرێك لە هەڵخەڵەتاندمان بەرانبەر ئەنجام درا بێت و بەخۆمان نەزانیبێت، چونکە دەنگە راستەقینەکان لە شوێنێکی ترن کە زۆرجار بەهۆی فشارە جیاوازەکانەوە لەسەریان، یان سروشتی بێ فیزیی خۆیان رەنگە هەر نەگەنە لای ئێمە، لە مێژووی دوورو نزیکیشدا زۆر دیاردەو حاڵەتمان بینیوە ئاوها تێپەڕیوە بەسەر دەستەجەمعداو پاش چەندان ساڵ دانیان بە ڕاستیدا ناوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە خەڵەتێنرابوون.



ڕۆڵی پەروەردە لە چاککردنی خوی خۆشباوەڕی و دێرباوەڕیدا.. مەحمود عەبدوڵڵا

“مرۆڤی پەروەردا نەکراو نامەنتیقییە.” فردریک نیچە

ئاشکرایە کە تەنها پەروەردەیەکی دروست دەتوانێت ڕووی وڵات بگۆڕێت،هەتا بۆگۆڕینی جیهانیش ڕێگایەکیتر نییە جگە لەپەروەردە. پەروەردە دروستکردنی مرۆڤە ،ئەگەر سروشت پێکهێنەری بایۆلۆژی بێت،ئەوا پەروەردە پێکهێنەری لایەنی سایکۆلۆجییە .ئەگەرچی گریمانی سروشتی باشی مرۆڤ لای هەندێ دەرونناس هەیە،کە مرۆڤ بەسروشت باشە ،بەڵکو کۆمەڵگە و شارستانیەت خراپی دەکات،بەڵام گەڕانەوە بۆ تیۆری گەشبینی سروشتی گریمانەکراو نزیکە لەمەحاڵ ،کەواتا کاری کردەنی تەنها گرنگیدانە بەپەروەردەیەکی دروست ،پەروەردەیەک لەگەڵ ڕۆحی سەردەم گونجاو بێت و پاساوەکانی لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی زانستی و مادی شارستانیەت و مرۆڤی ئەمڕۆیێ گونجاو بێت. بۆ ڕزگاربون لە هەڵچونی بەکۆمەڵ و کەف وکوڵی دەروونی وبێ بەزەیی و نەفرەت و وێرانکاری وستەمکاری ،لەپێناو کۆمەڵگەیەکی لێبوردەو ئازاد و دیموکرات هیچ ڕێگایەک نییە جگە لەپەروەردەیەکی دروست و سەردەمیانە پەروەردەیەک کە فەلسەفەکەی دژیەک نەبێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان .ئەمڕۆ کاری پەروەردە قوڕستربووە لەبەر کۆمەڵێک هۆکا، بەڵام سەرەکیترینیان تەکنەلۆژیای زانیارییە کە لەبەردەستی مناڵان و هەرزەکاراندایە،بەو هۆیەشەوە باس لەوە دەکرێت کە تەمەنی نەوجەوانی نەماوە،بەهۆی بەکارهێنانی ئینتەرنێت ،قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی زیاتر لەتەمەنی خۆیان دەزانن ،ئەمەش وایکردووە کاریگەری مامۆستا کەمترببێتەوە لەسەر دەرونی قوتابیان،بۆیە پێویستی خۆپەروەردەکردن و خوێندنەوە بۆمامۆستایان لەجاران زیاتر گرینگە . لەلایەکیتر مۆمۆستایان بەردەوام گلەیییان لە قوتابیان هەیە و ڕێزی مامۆستا ناگرن وەک جاران!ئەڵبەت ڕوونە دوو هۆکار هەیە بۆ ئەم پرسە:
کەکەم مناڵان تارادەیەک بەو مافەی خۆیان گەیشتون ئەویش نەمانی توندوتیژییە یان قەدەغەکردنیەتی، دووەم دەرئەنجامی هەمان هۆکاری گۆرینە کە بووەتە هۆی نەمانی قۆناغی نەوجەوانی .بێگومان دەبێت بۆهەردوو پرسی ڕێز نەگرتن و نەمانیقۆناغی نەوجەوانی بەدیل هەبێت.ئاشکرایە بۆیەکەمیان خۆشەویستی و هاوڕێیەتی قوتاببییە ،ئەوەێ خۆشمان نەوێت و خۆشی نەوێین ناتوانێت کاریگەریمان لەسەردابنێت.
بۆدووەمیان زیاتر دەبێت خێزان و ڕاگەیاندن هاوکاری قوتابخانە بکەن لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت مامۆستا ڕۆڵی هەبێت لەهۆشیارکردنەوەی قوتابیان بەرامبەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان .بۆئەوەی چیتر لەناوەڕۆکی بابەت دورنەکەومەوە باس لە کێشەیەکیتر دەکەین ئەویش چاککردنی خوی خۆشباوەڕی ودێر باوەڕییە کە گرفتێکە کۆمەڵگاکەمان بەدەستیەوە گرتووە، دەبێت لەم سەردەمەدا پەروەردە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەری ئەم گرفتە ،چونکە بەڕوکە ش گرفتێکی سادە وساکارە،بەڵام لەناوەڕۆکدا گرفتێکی قوڵی دەرون مەعریفیە و شای کێشە کانە ،هۆکاری توندڕەوی و دۆگماتیزمە ،واتا کێشەی خۆشباوەڕی و دێرباوەڕی.
ئەبێت مناڵ پەروەردەبکرێت،ئینجا لێگەڕێین دواتر مرۆڤ چی دەخوێنێتەوەو گوێ لەکێ ئەگرێت.ئەگینا دورنیە بەڕێکەوت کتێبێکی بکەوێتە دەست و هزری داگیربکات با ئەوکتێبە خراپیش بێت! یان بکەوێتە بەر رەحمەتی کەسێکی زمانپاراوی دۆگماو کۆنەپەرست! ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە ی ئێمە دەبیندرێت ڕۆڵی زمانپاراویەبەهۆی لاوازی ئەقڵەکان لەداوەریکردن، زمانپاراوێک ئەتوانێت سەت هێندەی بیرمەندێکی ژیر کاریگەری هەبێت ،هەرچەندە بیروڕاکانی مەترسیداربن لەناو زماندا دەیان شارێتەەوە،ئینجا کۆمەڵگایەک کە ئیش لەسەر ڕوکەشدەکات،لەهزروبیریشدا هەروایە ئەوەندەی سەرنجی خەڵک لەسەر زمانە هێندە لەسەر تێگەیشتنو ژیری نییە،ئاشکراشە کە کەسانی تایبەت پەروەردەدەکرێن تا خەڵک هەڵبخەڵەتێنن و بیانخەنەداوی زمانپاراوی نەک ژیری و بیرکردنەوە،لەوێوە حوکمە ڕەهاکانی خۆیان ئەسەپێنن.ئەمە جگەلەوەی فێرکاریە تەڵقینیە بەکۆمەڵەکان، ئەو فێرکاریە هزریانەی لەمناڵیدا فێری خوێندکاردەکرێن،کەهێشتا لێیان تێناگات، دواتر قوتابی ئەوپەڕی هەوڵدەدات لەکاریگەریە سیحریەکانی ئەو فێرکاریانە ڕزگاری نەبێت ،نەک بەهۆی بەڵگە ی ئەم هزرانە بەڵکو بەهۆی تەڵقینکردن و زمانپاراوی فێرکارو تێکەڵکردنیان بە سۆزو کەفو کوڵ.یان هاندان بۆنەفرەت لەشتانێکی دیاریکراو ،کەوادەکات مناڵ لەگەورەیشدا بەو ئەندێشانەوە بژی وەک ڕق لەبێباوەڕ و ئێزیدی و مەسیحی ئاینەکانیتر…لەکاتێکدا ئەوکەسانە داوەرییان نەکردوە و بەوهۆی تەڵقین و باوەڕی پێشینە، وەک سەردەمی مناڵی بڕیار دەدەن و ڕقیان لە ئەوانەیە هاوڕایان نین. کەف و کوڵ و هەڵچونی دەستەجەمعی ئەنجامی پەروەردە نەکردنی تاکەکانە،ئەنجامی هەمان خۆشباوەڕی یان دێرباوەڕییە،کە ئەنجامیش باوەڕی کوێرانەو نەفرەت و وێرانی و بێ بەزەیی لێدەکەوێتەوە. بۆیە بەبێ ئەو پەروەردەیە دیموکراتی مەحاڵ دەبێت .ئەوەتا لاوکێکی ئێزیدی هەڵچونی موسڵمانانی گرتۆتەوە کە تەنانەت دوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەریان هات هێشتا ڕق و توڕەییان نەنیشتوتەوە، ئەمە هۆکاری نەبونی پەروەردەی نادروست و نەبونی توانای دواوەریکردنی تاکەکەسییە کەوادەکات بانگخوازێک ڕقی موسڵمانان دژی ئێزیدییەکان بجوڵێنێت ،بەهۆی دروستکردنی کۆمەڵێک ئەفسانە و تۆمەت لەدژی ئێزیدیەکان،موسڵمانان نەک هەستی بەزەییان نەجوڵا،بەڵکو هێرشیان دەکردە سەر کەلتورو ڕۆشنبیی کۆمەڵگەی ئێزیدی کە پاراستنی ئەوکلتورە مافی خۆیانە..برتراند ڕاسێل: پێی وایە هەڵچونی دەستەجەمعی ڕەفتاری کوێرانەو،نامرۆڤانەی لێدەکەوێتەوەو ئەم جۆرە خەڵکانە بەهێز نەبێت پێشیان پێ ناگیرێت، وەک داعش دونیا وێران دەکەن دەسەڵاتیان ببێت ئەمانە بیرکردنەوەیان نییە بەهۆی حوکمە پێشینەکان بڕیار دەدەن،هەرئەوەندە ئاگاداربکرێنەوە مەترسیان لەسەرە لە لۆژیک دەچنە دەرو کەفو کوڵ و هەراوزەنایان پەیدادەبێت.

برتاند ڕاسێڵ دەربارەی ئەم خاڵە ،واتا زمانپاراوی و خۆپارێزی لێی، پێیوایە بەم شێوەیە دەبێت مناڵ پەروەردە بکرێت و دەڵێت:
پەروەردەو فێرکردن ئەبێت بەشێوەیەک بێت،کە خۆشباوەڕی و دێرباوەڕیە سروشتیەکانی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێت چاکسازی تێدابکرێت.خوی باوەڕکردنی قسەیەکی دڵنیایی بێ بەڵگە و،خوی باوەڕنەکردنی قسەیەکی نادڵنیاهەرچەندە کە باشترین بەڵگەی بۆ بەکار بهێندرێت.
بێگومان ئەم حاڵەتە کاریگەی هەیە لەسەر هێشتنەوەی کۆمەڵگا بە دواکەوتویی، چونکە زمانپاراوی ڕێگا دەگرێت لە پێشکەوتن و پشکوتنی هزری زانستی و دواجار زیان بە مەعریفە و زانستمان دەگەیەنێت،و پێمان وایە بەهۆی لاسایکردنەوەی دەربڕینەکانی ڕابەرە سیاسی و ئاینیەکان،دەتوانین،خۆمان لەنەزانی بدزینەوە. سەبارەت بەمێژوو وباقی زانستەکان ئێمە توخمێکی ئەفسانەیی بەسەر مەعریفەماندا زاڵە ،وەک ئەرستۆ لە میتافیزیکادادەڵێت : ئێمە گوێ بۆقسەیەک دەگرین و یەکێک ڕەتدەکەینەوە ،لەبەر ئەوەی لەگەڵ زهنیەتمان نایەتەوە.ئەمە یەکێکە لەگرفتەکان،نەبونی کێشەی حەقیقەت،شتێک ڕاستە لەبەر ئەوەی من پێم خۆشە،و بە پێچەوانەشەوە بەڵام نابێت هیچ شتێک بکرێتە قوربانی حەیقەت.
برتراندڕاسڵ لەوبارەیەوە دەڵێت:ئەگەر سەرپشکی پەروەردەو فێرکردن لەدەستی من بوایە، مناڵەکانم ئەخستە بەردەم توندترین و پاراوترین قسەکەر وبەرگریکاری بەشەکانی مەسەلەسیاسیەکان،تالەڕادیۆی بی بی سی وانەیان بۆ باسبکرایە. پاشان دەبوو مامۆستا لەفێرخوازەکانی بویستایە کە بەڵگەوباسەکان کورتبکەنەوەو زۆربەناسکی ئەم خاڵەیان بۆ فێرخوازەکان تەڵقین بکردایە کە هەرچەندە قسەکان پاراوتربن بەهای مەنیقیان کەمترە!بەدەستهێنانی خۆپارێزی لەبەردەم پاراوی ڕەوانبێژی بۆ هاوڵاتیانی دیموکراتی ئەو پەڕی نرخ و بەهای هەیە.بۆنمونە وانەی مێژوو ئەبێت هاوڕێی ئەم جۆرە ڕوحیەتەبێت. لەڕابردوودا قەسەکەر و ڕەوانبێژ، بەژیرییەکی فراوانەوە باس و بەرگریان لەبابەتێک دەکرد.وەک ڕاستایەتی جادوو، سودی کۆیلەیی …هتد.بەڵام ڕاسێل دەڵێت:
من ئەم قسانەو مامۆستاکانیان ئەناسێنم بەفێرخوازەکان بەشێوەیەک هەم ڕەوانبێژی ٫و هەم -لاربیر-یەکەیان بناسن.
بۆنمونە بۆوانەیەکی مێژوو ئەوە بەس نییە کە لەکتێبێکدا نوسراوە، لەوانەیە بەگەڕانەوە بۆ ئەرشیفی ڕۆژنامەکان،یان ئەدەب ڕاستی زیاتر دەربکەوێت.
یان باسی مێژوی جەنگی جیهانی یەکەم ،ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی ئەوزەمەنە،جیاوازی زۆر هەیە لەگەڵ کتێبەکانی مێژوی فەرمی.کەواتا مێژو ئەوکاتە سودی دەبێت،کە :بەخوێندکارەکان بوترێت: ئەگەر بێت و بەوردی زۆر هەوڵنەدەین بۆ داوەریکردن،لەوانەیە لەگەڵ دەسەڵات توشی شێتایەتی ببین بۆ خوێنڕشتن.بۆ هاوڵاتی دیموکراتی دەبێت دۆزینەوەی ڕاستی لەلاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا لەهەموشتێک بەنرختربێت.“
مەبەست لەم وتارە بەهەند وەرگرتنی ئەو کێشە دەرون مەعریفیەیە،کەبەڕواڵەت سادەیە ،بەڵام وەک وتم سەرچاوەی زۆرێک لە کێشە کانمانە. هەم لەڕووی سیاسی وهەم لەڕوی زانستی زیانمان پێدەگەیەنێت. چونکە تاکێک کە خۆشباوڕیان دێرباوەڕبێت دەبێتە ئامرازێک بەدەست قۆڵبڕە سیاسی و ئاینی و دۆگماکان،و دواجار کۆمەڵگەیەکی دواکەوتو و دژ بەماف و ئازادیەکانیشمان دەبێت.

مەحمود عەبدوڵڵا




لەبارەی شۆڕشەوە.. ئازاد شکور

پرەنسیپەکانی ئازادیی و دادگەریی کۆمەڵایەتی دوو لەو پرنسیپانەن، کەزۆرترین بازرگانیان پێوە کراوە. مێژووی سیاسی پڕە لەو جۆرە نمونەنانەی ڕۆژگارێک وەک داکۆکیکارێکی ئازادیی خەباتیان دەکرد، بەڵام دوای دەسەڵات وەرگرتنیان هەرخۆیان بوون بە سەرسەختترین نەیاری پرەنسیپەکانی ئازادی، دواجار تەنها هاوڵاتییانی چینی سێیەم بوون بە سووتەمەنی شۆڕش.

بۆ نموونە: گەر تەماشایەکی شۆڕشی فەرەنسی بکەین، دەبینین ئەو شۆڕشەی کە بانگی مۆدێلێکی نوێی لێ دەدا،گۆڕدرا بۆ قەسابخانەیەک کەلەمێژووی مرۆڤایەتی دا وێنەی نییە! شۆڕش لەجیهادکردنەوە بەناوی ئازادی و یەکسانیەوە گۆڕدرا بۆ ستەمکارییەکی ڕێکخراو،کە تێیدا چەوساندنەوە لەوپەڕی بەربڵاویدا بوو،حەق و چاکە و جوانی گۆڕا و لەبری ئەوان ترس و تیرۆر و تۆقاندن جێی گرتەوە. تەنها ئەوانە دەیان خوارد کەبازرگانیان بەهەست و سۆزی جەماوەرو خەڵکە سادەکەوە دەکرد و ڕێبەرانی ڕیفۆرم و چاکسازیش تا دەهات لەپرەنسیپەکانی ئازادی و چاکسازی دووردەکەوتنەوە و پشتیان تێدەکرد.

“ماکسیمیلان ڕۆبسبیر”کەسی یەکەمی کۆمارە نوێکەی فەرنسا ساڵی (1793) بوو بە سەرداری ووڵات و لەماوەی تەنها ٦هەفتەدا سەری ٦هەزار مرۆڤی پەڕاند تەنها لەماوەی یەکساڵدا لە فەرەنسا سەردەمی فەرەنسا ناونرا بە(سەردەمی تیرۆر وترس و تۆقاندن)،ئەم پیاوە یەکەم کاری دامەزاندنی دادگای شۆڕش بوو،،ئەو ئامێرەی کەئەرکی پانکردنەوەی( کەلەسەر) بوو هێندە موشتەری زۆر بوو هەندێ جار مرۆڤ گولەباران ئەکرا هەندێ جاریش تۆپبارانی مرۆڤەکان زۆرجاریش (مەقسەڵەکە) فریا نەدەکەوت بە خەنجەر، کۆتای بەنەیارەکانی کۆمارە تازەکە ئەهێنرا!

لەماوەی تەنها یەک ساڵدا ٨٠٠٠ مرۆڤ ڕاپێچی زیندانەکان کران، زۆرجاریش بەهۆی زۆری گیراوەکان بەبێ دادگاو لێکۆڵینەوە سەریان پان ئەکرایەوە. جارێکیان ئافرەتێکیان تۆمەتبار کرد کەدژی کۆمارە تازەکەیە، لەکاتێکدا هەم کەڕو هەم لاڵییش بوو پارێزەرەکەی وای پێشبینی کرد کەدادگای شۆڕش داوای لێبوردن بکات بەڵام دادگای شۆڕش وتی ئێمە پێوستمان بە سەری تۆمەتبارەکەیە نەک زمانی،”ڕۆبسبیر” پێی وابوو لەڕێگەی لەناوبردنی دوژمنی ناوخۆوە دەتوانین پارێزگاری لەکۆمارە نوێکەمان بکەین، “مەقسەڵە” کە ئەرکی سەرپەڕاندن بوو جیاوازی نێوان چینەکان نەدەکرد،جگە لەپەڕاندنی سەری نەیار سەری براکانیشی دەپەڕاند بۆ نموونە ڕۆبسبێر لەگەڵ “دانتۆنی” هاوڕێی ڕێککەوتن کەسەری دوو هاوڕێی تری خۆیان بپەڕێنن، پاشان ڕۆبسبیر گومانی خستە سەر دانتۆنی برایشی کەهەردووکیان لەیەک حزب و سیمبولی شۆڕش بوون،مەقسەڵە سەری “دانتۆنیش”ی لەجەستەی جیاکردەوە “ڕۆبسبیر” خۆی بووە تاکە سەرداری ووڵات. ساڵی ١٧٩٣ لەماوەی ٢٨ دەقیقەدا سەری ٣٢ مرۆڤی پەڕاند،سەری ١٢پیاو تەنها لەماوەی 5 دەقیقە پانکرایەوە!

ئەوەی گرنگە و لەم شۆڕشەوە دەکرێت فێری ببین، ئەوەیە تاک زۆر وریایانە هەنگاو بنێ و باجی ئەجێندای لایەنێک نەخوات بەناوی یەکسانی و ئازادییەوە، شۆڕشی جوڵانەکان گرنگە ڕێبەرەکانیان ناسراوبن و ئەجێندایان ڕوون بێت دراسەی سایکۆلۆجیایان کرا بێت، ئامانجەکەی ڕوون بێت تەواوی لایەکانی بەباش و خراپیەوە لێکدرابێتەوە، گرنگە بزانرێت کێن ئەوانەی شۆڕش دەکەن و بۆچی دەیکەن؟ نەک هەروا بڕیاری شۆڕش بدەین، بێ هیچ دیراسەیەکی پێشتر.

ئازاد شکور




هاوکێشەکە گۆڕاوە.. سامانی وەستا بەکر

“پێش- مەرگ”ە:
لە مێژەوە وا ڕاهێنراوین کە پێشمەرگە قارەمانترین خەڵکێن، گیانفیدا و ڕۆح لەسەر دەست، چاونەترس و بەجەرگ، هەڵمەتبەر و پارێزەری خاکی کوردستان و خۆبەخش و خۆنەویست.

کاتێک داعش دزەئەکا و ئەگاتە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و چەندین کوڕی گەنج و نەدار و گیرفان بەتاڵی کورد شەهید ئەکەن لەبەرامبەرا بەپرسان وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ خۆدزینەوە و سود وەرگرتن لەو ڕەوشە نەخوازراوەی کە هەیە هۆکاری شەهید بوونی پێشەمەرگە ئەبەستنەوە بە نەبوونی دووربینی شەوان و چەکی پێشکەوتوو…. هتد کە لەڕاستییا ئەمانە لایەنی کەمی ڕاستییەکانن.
هۆکاری ڕاستەقینەی شەهید بوونی پێشمەرگە بەدەستی داعش بەپلەی یەک باوەڕنەبوون و ڕژد بوونە بە کارەکەیان، بەواتای ئەوەی پێشمەرگایەتی لە گینافیداییەوە گۆڕاوە بۆ هەلی کار واتە هەلی کار بەرامبەر ژیان.
ئەوەی ئێستا پێی ئەوترێ پێشمەرگە لەڕاستیا کۆمەڵێ گەنج و پیاوی گەلەکەمانن کە وەک فەرمانبەرێکی حکومەت لەبەر نەبوونی هەلی کار و گیرفان بەتاڵی لەپێناو بەدەستهێنانی مووچەیەکی مانگانەیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و بژێوی ژیان بەناچاری ئەبن بەچەکدار، بەلام چەکداری دوو حیزب نەک دەوڵەت.
ئاخر پێشمەرگەی ساڵانی پێش ڕاپەڕین نە دووربینی شەوانی هەبوو، نە درع و گولەنەبڕ، نە هەمەر، نە درۆن، کەچی بە سێ پێشمەرگە لیوایەکی ڕژێمیان شپرزە ئەکرد، تەنها هۆکاریش باوڕن بوون و ڕژد بوون بوو بەوەی کە ئەیکەن و لەپێناویا تێئەکۆشن.
بەڵام پێشمەرگەی ئێستا تەنها بیری لای ئەوەیە بیگەیەنێتە سەری مانگ تا مووچەکەی وەرگرێ و لە بۆڵەی کرێی خاوەن ماڵ ڕزگاری بێت و بتوانی لایەنی کەمی پێداویستی بۆ خێزانەکەی دابین بکات.
ئەمە کەمکردنەوە نیە لەو ڕۆڵە گرنگ و یەکلاکەرەوەیەی پێشمەرگە ئەیگێڕێ، بەڵکو ڕاستییەکە ئەگەر تاڵیشبێ هەر ئەبێ بە شیرینی قووتبدرێ تا بگاتە چارەسەر.
هیچ جیاوازییەک لە ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگەی کۆن و نوێیا نیە بەڵکو ئەوەی هەیە جیاوزییە لەو بیرەباوەڕی پێشمەرگەی کۆن و نوێیا.
لەکۆنا پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی خاک تێئەکۆشا تا بتوانێ پشووی تیاوەرگرێ، خاک ڕزگاربوو بەڵام ژیانی پێشمەرگە نەک هەر وەک خۆی مایەوە بەڵکو بەشێکیان ناچاربوون خاک جێبهێڵن.
لە کۆنا پێشمەرگە بۆ ئازادی ڕادەربڕین ئەجەنگا، کوردستان ئازادکرا کەچی زمانی هەر کەسێک بڕا کە دژی دەسەڵاتدار و دزە سیاسیەکان شتێکی ووت، بەتۆپزی پێشمەرگەش بێدەنگکرا.
لە کۆنا پێشمەرگە بۆ سەربەستی و خۆسەری بەڕێوەبردن گیانی خۆی فیدائەکرد، خۆسەری بەڕێوەبردن بەدەستهێنرا، کەچی سەربەستی زەوترکرا، پێشمەرگە بەکۆیلەی حیزبکرا.
کەواتە ئەوە پارتی و یەکێتین ئەیکەن تەنها بەکوشتدانی گەنج و جوانی وڵاتە، چونکە ئەگەر لە سی ساڵی حکومەتداریانا بیانتوانیایە هەلی کار دروست بکەن، ئەوان گەنجەکان ناچار نەئەبوون ببن بەچەکداری جووت حیزب لەژێر ناوی پێشمەرگەیا، بەڵکو ئەگەر خەڵکی گیرفانی پڕبووایە ئەوا فەرمانبەر، دەستگێڕ ،کرێکا، جوتیار….هتد هەر کەسەو کاری خۆی لەبواری پسپۆڕی خۆیا ئەکرد، گەلی کوردیش گەلێکی قارەمانە ئەوکات خەڵکی لە هەموو تەمەنێکا گیانیفیدای خاک ئەبوون و وەک پێشمەرگەی سەردەمی پێش ڕاپەڕین بەژمارەیەکی کەم سنورەکانیان ئەپاراست.
پێشمەرگە لەبەرچی خۆی بەکوشتبات و چۆن گیانفیدابێ کاتێک ئەبینێ دەسەڵاتداران بوون بە فیرعەون و مناڵەکانیشیان بوون بە سەرۆکی پێشوەخت و شاهانە ژیان بەڕێئەکەن، پێشمەرگە لەباشترین کاتەکانیا تەنها مووچەکەی وەرەگرێ بەرامبەر ژیان بەخشین بەڵام بەپرسەکان لەژێر سایەی گیانفیدای ئەوانا بوون بە ملیاردێر و بازرگانی چەک، دەرمان، نەوت، هێلکە، دووگ، جگەرە…..هتد
خەڵکێکی زۆر بەناچاری بوون بە پێشمەرگە کە ڕقیان لەشەڕو تفەنگو گولە ئەبێتەوە، ئەگەر حکومەتێکی کارزان هەبێ و هەلی کار بڕەخسێنێ، ئەوکاتە هەر کەسەو ئەوە ئەکا کە دڵخوازی خۆیەتی و چەندین گەنج و بەتەمەنیش وەکو جاران ئەبنەوە پێشمەرگەی وڵاتپارێژ نەک بەکرێگیراو کۆیلەی حیزب.

حوکمداری:
بەرپرسەکان ئەڵێن دیموکراسی دیسپلینی خۆی هەیە بەرەڵایی نیە، بەڵام ڕستەکە تەواوناکەن و ناڵێم ئاخر حوکمڕانیش دیسلپینی خۆی هەیە لەبەڕێوەبردن و دابینکردنی ئازادی، هەر کاتێ ئەو دیسپلینە لای حکومەت و دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ نەکرا ئەوا ڕاستەوخۆ دیسپلینی دیموکراسی تێکئەچێ و خەڵکی بەناچاری و بەشیوازی جۆراوجۆر ئەگەڕێن بەدوای ئازادی و مافی دەربڕینا.
حوکمداری تاوان بەخشینەوە نیە و بەسیخوڕ کردنی ڕەخنەگران و چالاکوانان نیە، هەروەکچۆن هەڵبەستن و لەکەیارکردنی ئەخلاقی خەڵکانێک نیە کە تەنها پرسیار بکەن و بڵێن (من این لک هذا)؟
حوکمداری دروستکردنی هێزی چەکداری بێشومارنیە لەژێ ناوی جیاوازا، دابەشکردنی مووچەش نیە، هەروەکچۆن داگیرکردن و دروستکردنی چەندین باڵەخانەش نیە، پێشوازی کردن و خوانیش نیە.
حوکمدار نابێ ببێ بە موزەخەو پەمپی نەوت، تەنها کاری ڕاکێشانی سامانی ژێرزەوی بێت، دزی کردنیش نیە لە نەوەکانی داهاتوو بۆ پڕکردنی گیرفانی خێڵ و بنەماڵە و خێزان و تاکە کەس و مناڵی مناڵەکانیان.
حوکمداری دابینکردنی خزمەتگوازی، هەلی کار، خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتیە. دروستکردنی موئەسەسات و ژێرخانی ئابوری و پرۆژەی ستراتیژی و پاراستنی ژینگە و سامانی ژێر زەوی وڵاتە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
کاتێک حکومەتێک تەنها کارەکەی ئەوەبێ کە وەک قاسەیەک پارەی تێبچێ و دابەشی بکاتەوە، دروستکردنی ژێرخان و پرۆژەی هەر شارێک لەسەر بودجەی ناوخۆی خۆیبێت، ئەوا ئەو حکومەتە خودی خۆی بێکارە و ئەبێ بەدوای هەلی کارا بگەڕێت بۆ خودی خۆی یان خۆی ناونوسبکات لە فەرمانگەی دەستبەتاڵ و بێکاران.

سامانی وەستا بەکر
١٥-١٢-٢٠٢١
سوید ستۆکهۆڵم




گەڕان بەدوای نەمریی .. لە ئەفسانەی (میرمح)ی ئیزەدییەکان دا.. پڕۆفیسۆر دکتۆرمەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشەکی: فۆلکڵۆری ئیزەدییەکان بەشێکی گرنگی فۆلکڵۆری کوردیمانە، ئەو فۆلکلۆرە چۆن زۆر کۆنەو ڕەهەندێکی ئایینی هه یە و بە پیرۆزی سەیردەکرێن ، خۆش ئەوەیە ئیزەدییەکان زمانی ئایینەکەیان کوردییە ، ئەمە وای کردووە کە دەقە فۆلکڵۆریەکانیان بە کۆنترین و ڕەسەن ترین و پیرۆزترین فۆلکڵۆری کوردی دەژمێردرێن .
لە نێو ئەو فۆلکڵۆرە کۆنەی ئیزەدییەکان بیرۆکەی( گەڕان بەدوای نەمریی) دا شوێنێکی تایبەتی هه یە ، من تا ئێستا زیاتر لە چوار دەقی جیاو وەک یەک گەڕان بەدوای نەمریم لە فۆلکڵۆرو دەقە ئایینیەکانی ئیزەدییەکان دەسکەوتووە، جگە لە چەندین دەقی تر لە نێو ئەفسانەکانی کوردی دا.
پێناسەی ئەفسانە: تا ئێستا سەتان پێناسە بۆ ئەفسانە کراوە، لە گەڵ ئەوەش دا هێشتا پێناسەی تر هه ڵدەگرێ،ئەویش بە هۆی دەوڵەمەندیی ناوەرۆکی ئەفسانەوەیە. بەڵام، باشترین پێناسە بۆ ئەم ئەفسانەیە ئەوەیە :(ئەفسانە گرنگترین و بەرزترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە.)

ڕەگەزەکانی ئەفسانە:
ئەوەی کە ئەفسانە لە حەکایەتەکانی تر جیادەکاتەوە ئەو ڕەگەزانەن:

١-پاڵەوانی ئەفسانەیی: میرمح کە هه زاران ساڵ تێدەپەڕی هه ر گەنجەو پیرنابێ.
٢-کەرەستەی ئەفسانەیی: داری خەتەر کە لە خۆوە بەرز دەبێتەوەو نزم دەبیتەوە.
٣-شوێنی ئەفسانەیی: بەهه شتی پەریان کە لەم شوێنە دا کەس نامرێ .
٤-کاتی ئەفسانەیی : هه زاران ساڵ تێدەپەڕی میرمح هه ر گەنجەو هه ستی پیناکات.
٥-ڕووداوی ئەفسائەفسانەیی:پیربوون و مردنی میرمح پاش نەمانی سێوەکان .
٦-بیرۆکەی ئەفسانەیی: گەڕان بەدوای نەمریی دا.

گەڕان بەدوای نەمریی و هه میشە گەنجی و پیرنەبوون و نەخۆش نەکوتن و تەمەندرێژیی ، خواستێکی کۆنی مرۆڤەو مرۆڤ بە زۆر شیوە هه وڵی داوە ئەمانە بەدەست بێنێ ، هه ر بە هۆی ئەم هه وڵانەشە کە ( ئێکسیری نەمریی و ئاوی نەمریی و نانی نە مریی و سێوی نەمریی وگیایی نەمریی و شوێنی نەمریی…هتد ) وەک هۆیەک بۆ نەمریی زۆر باس دەکرێن ، کۆنترین دەقی نووسراوو بەردەستیش داستانی (گەڕانی گلگامشە بەدوای نەمریی دا) لە ئەفسانەی سۆمەرییەکان. کە ئێستا ناوبانگێکی جیهانی هه یە . هه ر ئەو دەقە کۆنە بووە بە نموونەی دەقەکانی نەمریی ودەقەکانی تر وبە دەقی گلگامش هه ڵدەسەنگێندرێن . لەدەقی( میر مح) یش هه موو مەرج و قۆناخەکانی دەقی گەڕانی دروستی تێدایە.
جۆرەکانی نەمریی : ئایینەکان هه ر لە کۆنەوە بیرۆکەی نەمرییان لە خۆیان هه ڵگرتووەو هه ر یەکەو بەشێوەیەک ، کە زۆرتریننیان (نەمریی روح و نەفس) دەگرێتەوە ، بەڵام ئەوەی لە ئەفسانەکان دا هاتووە ، بەدوای نەمریی جەستەیی دا دەگەڕێن ،هه ر بۆیە تائێستا سێ جۆر نەمریی دەسنیشان کراوە .
١-نەمریی جەستەیی .٢-نەمریی گیانی – روحی ٣-.نەمری بەناو
ئەفسانەی میر مح : ئەفسانەیەکی یەکجار کۆنەو هێمای چەندین ئایینی کۆن و ڕابردووی لە خۆدا هه ڵگرتووە ، ئێمە لێرە ناچینە ناو ئەو گەنگەشە نەبڕاوەییەی فەیلەسوفەکان و پیاونی ئایینەکان، چ ئەو فەیلەسوفانەی بیرۆکەی نەمریی ڕەتدەکەنەوە وەک ئەوەی دیڤید هیوم دەڵێ: ( ئەگەر مردن نە بوایە مرۆڤایەتی نەدەما!) و چ ئەو پیاوە ئاییننیانای بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕوایان بە جۆرێک لە نەمریی هه یە ، ئێمە لێرە تەنیا قسە لە نەمریی نێو ئەفسانەی میر مح دەکەین .
هێما ئایینیەکان لە نێو دەقی میر مح دا:
یەکەم : باوکی میر مح ، میر مح دەخاتە نێو کۆشکیکی تاریک بۆ ئەوەی هیچ لە بارەی خراپەو مردن نەزانێ، ئەمە بەڵای ئێمەوە هێمای سەردەمی تاریکی وهیچ نەزانین و بێ ئاگایی وبیرنەکردنەوەی مرۆڤە لە مردن و نەمریی .

دووەم:
میرمح کە تیشکی خۆر دەبینێ دەیهەوێ بیگرێ و لە ئەنجام دا دێتە دەرەوە لە کۆشکی تاریک و ڕۆژو ڕووناکایی دەبینێ و چاوی دەکرێتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ سەردەمی ئایینی (خۆرپەرستی – میهرپەرستی) کە ئایینێکی کۆنەو سەردەمێکی زۆر زۆربەی ڕۆژهه ڵات و جیهانی گرتبووەوە. هه ر ناوێ میرمحیش بەڕای ئێمە لە بنە ڕەتا (میرمیهر ) ە.
سێیەم:
سێ سێو کە پەریەکان دەیدەن بە میر مح وەختێ دەیەوێ بگەڕێتەوە ماڵی باوکی و دەڵێن ئەو سێوانە مەچووێنە، چۆن هه تا ئەو سێ سێوانەت لابێ نەدەمری و نە نەخۆش دەکەوێ و نە پیردەبی و هه میشە بەگەنجی دەمێنیتەوە، بەڕای ئێمە ئەم سێ سێوە هێمای سێینەی زەردەشتیانە کە دەڵی: ( بیری چاک، گوفتاری چاک ، کرداری چاک) دیسان دەکرێ هێمای سێیینەی مەسیحیەت و هه تا ڕادەیەکیش یەهودییەت بێت (باوک و کوڕو گیانی قدوس)
چوارەم:
کە باوکی میر مح ، میرمح دەخاتە نێو کۆشکە تاریکەکە،( سەیداو ئاخوندی ) بۆ دێنێ بۆ ئەوەی فێری دەستوری ئایین و ژیانی بکەن ، سەیداو ئاخوند زۆرتر هێمای پیاوی ئایینی موسلمانەتین، دیسان کە میر مح لە ئەنجامی گەڕان بەدوای جێگایەک کە مردنی تێدا نە بێت دەگاتە ( بەهه شتی پەریان) بەهه شتی پەریانیش زۆرتر ڕەهه ندێکی ئیسلامی هه یە.
پێنجەم:
بیرۆکەی گەڕان بەدوای نەمریی ، نەمریی بە جەستەو لە سەر دنیا، بیرۆکەی ئایینە کۆنەکانە ئەوانەی بڕوایان بە نەمریی خوداوەندەکان هه بوو، ئەو خوداوەندانەی وەک پاشا دەژیان ، کە میر محیش باوکی پاشا و خۆشی کوڕە پاشابوو، ئەمەش هێمایە بۆ دەسەڵاتداری و پاشایەتی و خوداوەندیە ، لە کاتێکدا کە ئەفسانەکەش بۆ خۆی ڕەهه ندێکی یەکجار کۆنی هه یە .
گەڕانی میر مح بە دوای شوێنێک کە مردنی تێدا نە بێت

  • میر مح کە لە کۆشکە تاریکە کە دێتە دەرەوە جەنازەی مردووێک دەبینێ کە دەیبەن دەیشارنەوە، دەپرسێ ئەمە چیە ؟ دەڵێن ئەمە مرۆڤەو مردووە . دەپرسێ مردن چیە؟ دەڵێن: مردن ئەوەیە هه موو کەس دەبێ بمرێ! دەڵی منیش دەمرم؟ دەلێن بەڵێ ، میرمح دەڵی: من دەچمە جیگایەک مردنی لێ نەبێت ! پێی دەڵێن: هیچ جێگایەک نیە کە مردنی لێ نەبێ . میر مح گوێ بەم قسەیە ناداو سەرهه ڵدەگرێ و دەڕوا.
  • لە یەکەم قۆناغ میر مح توشی جوتیارەک هات کە جووتی دەکرد ، گوتی ها میرمح دەچیتە کوێ؟ گوتی دەچمە جێیەکی کە مردنی لێ نەبێت! گوتی میر مح هیچ جێگایەک نیە مردنی لێ نەبێت، وەر مەڕۆ ئەودەشتە بەرینە دەبینی کە من جووتی تێدا دەکەم ، هه تا جووتەکە تەواو نەبیت من نامرم ، ئەوا خەتی ئەخیریم ماوە ، پاش ئەو خەتە جووتە من دەمرم تۆش من بخە قەبرەوەوبا ڕووم لە ڕۆژێ بێت وئەوسا بڕۆ. جوتیار دوا خەتی جووتی کرد و گیانی سپارد . میرمح جوتیارەکەی خستە گۆڕو ڕۆیشت.
  • لەقۆناغی دووەم توشی سیمرخ هات ، سیمرخ گوتی: میر مح دەچیتە کوێ ؟ گوتی دەچمە جیگایەکی مردنی لێ نەبێت! سیمرخ گوتی ئەو جێگایە نیە وەرە تۆ ئەم دۆڵە دەبینی پڕ بوو لە (گاڕس- زوڕات-دەرە) هه ر ڕؤژی دەنکێکم دەخوارەدو بەمە تەمەنی خۆم درێژکرد، ئێستاش یەک دەنکم ماوەو دەمرم ، تۆش من بشارەوەو بڕۆ..، میرمح سیمرخیشی لە گۆڕناو ڕۆیشت .
  • میرمح ڕۆیشت و توشی (بە هه شتی پەریان) هات، پەری ئەویان بردە بەهه شتی و میرمح ئەمەی بەدڵ بوو، یەكی لە پەریەکان بە میر محی گوت : تەنیا سەر ئەو دارە مەکەوە خەتەرە . -میر مح هه زاران ساڵ لەو بە هه شتە هه ر بەگەنجی مایەوە، نەپیردەبوو نە نەخۆش دەکەوت و نەدەمرد ، نەک هه ر بۆ خۆی هه تا ئەسپ و تاژیەکەشی چۆن بوون هه روا مابونەوە.
  • میر مح ڕؤژێک سەر ئەو دارەکەوت کە لێی قەدەغە کرابوو، دار بەرز بووەوە بەرز بووە وە هه تا میر مح وڵات و شاری خۆی لێ دەرکەوت ، کەوتە بیری دایک و باوک و کەس و کارو وڵاتی ، دار نزم بووەو میر مح هاتە خوارەوەو دەستی بەگریان کرد. پەری هاتن گوتیان بۆ دەگرێی ، دیارە سەر ئەو دارە کەوتوووی ؟ گوتی دەچم سەرەکی لە دایک و باوکم دەدەم. گوتیان هه زاران ساڵ بەسەر باوک و دایکت دا ڕابردووەو ئێستا کەسیان نەماوە . میرمح پێداگری کردوو گوتی هه ر دەچمەوە. پەریەکان سێ سێویان دایێ و گوتیان ئەو سێوانە نەدۆڕێنی، هه تا ئەو سێوانەت لابێ نامری.
  • میرمح سواری ئەسپ بوو ڕۆیشت تا گەیشتەوە شاری خۆی ، چوو لە بەردەرگای ماڵی پاشا ڕاوەستاو بانگی خولامانی کرد ، کەس بە دەنگیەوە نەهات! پرسی ئەوە دایک و باوکم لە کوێن بۆ نایێنە پێشوازیم؟ کەس ئەوی نە ناسیەوە ، پاشا سەرسام بوو هیچ تێنەگەیشت و بە دوای پێرێکی دنیادیدەی نارد ، پیرەهات و بەسەرهاتی میرمحی پرسی ، گوتی : لە حەقایەتان دەگێڕنەو کە کاتی خۆی کوڕە پاشایەک لە مردن هه ڵاتوەو بەدوای جێگایەک داگەڕاوە کە مردنی تێدا نەبێت، دیارە ئەمە ئەو لاویە. میر مح کە کەس نەیناسیەوە بەناچاری گەڕاو بۆ بە هه شتی پەریان .
  • لە ڕێگا پیرەک هاتە پێش میر مح و گوتی: لاوۆ بۆنی سێو دێت من کچەکەم زۆر نە خۆشە ، کەتمە بەختی تۆ سێوێکم بدەرێ بەلکو کچەکەم چاک بێتەوە ، میرمح سێوێکی دایێ ، یەکسەر پیری لێ بەدەرکەوت کەمێکی تر ڕۆیشت پیرە خۆی گۆڕی و گوتی :لاوچاک منداڵەکەم نەخۆشە داوای سێو دەکات ، بۆنی سێوت لا دێت ، سێوێکم بدەرێ با منداڵەکەم نەمری ، میرمح سکی پێی سوتاو سێوێکی دایە ئەویش، ئەم جارە میرمح یەکجار پیرتر بوو، جارێکی تر پیرە خۆ گۆڕی کردو دیسان گوتی: کوڕەکەم نە خۆشەو داوی سێو دەکات ، چاکەیەکم لە گەڵ بکەو سێوێکم بدەرێ، ئەوکاتە میر مح نزیکی بەهەشتی پەریان بوو ، پەری هاوریان کرد میر مح نەیدەیتێ ..میرمح گوێی هیچی نەدەبیست ، سێوی سێیەمیشی دا پیرە ، هه ر ئەوەندە بێ سێو مایەوە، یەکسەر مرد . ئەو مردوو ئەسپ و تاژیەکەشی گیانیان لەدست دا. پەری هاتن میرمحیان خستە گۆڕ.

    هێماکانی نەمریی:
    یەکەم : جوتیار گوتی هه تا کێڵانی ئەو زەویەمابێت من نامرم ، لە گەڵ دوا خەتە جووت جوتیار گیانی سپارد. کارکردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی.
    دووەم : سیمرخ گوتی ئەم دۆڵە پرە لە گاڕس – دەرە یە، من هه ر ڕۆژ دەنکێکی دەخۆم و تەمەنی خۆم بەم گاڕسە درێژکردووە، ئێستا دوا دەنکم لە دەم دایە، بیخۆم دەمرم. خواردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی .
    سێیەم : میر مح هه تا سێوەکانی پێ بوو نەدەمرد ، لە گەڵ نەمانی هه ر سێوێک میرمح پیرو پیرتر دەبوو ، تا لە گەڵ نەمانی دوا سێو ئەویش گیانی سپارد.
    ئەم ئەفسانەیە چیمان پێ دەڵی ؟
    یەکەم: بیرۆکەی ترسان لە مردن و گەڕان بەدوای نەمریی دا زۆر کۆنە.
    دووەم: چەند هۆیەک هه ن تەمەن درێژ دەکەن ا- کارکردن و زەوی کێڵان ب- خواردنی گاڕس – دەرە .
    سێیەم : شوێنێک هه یە بە ناوی بە هه شتی پەریان کە مردنی لێ نیە!
    چوارەم: سێو هه یە کە هه تا ئەو سێوانەت لابێت نامرێ .
    پێنجەم : بەزەیی مرۆڤ خاڵی لاوازییەتی ، کە بووە هۆی لە دەستدانی سێوەکان بۆ میر مح.
    شەشەم : مردن بەشی مرۆڤەو هه رچی بکات دواجار دەبێ بمرێ.
    حەوتەم: بە هه شتی پەریان هێمایە بۆ بەهه شتی ئایینەکانی زەردەشتی و یەهودیەت و مەسیحیەت و ئایینی ئسلام ، کە لەو دنیا ژیان تییدا هه میشەییە .

    هه شتەم: لە ئەفسانەی میرمح وەک گلگامش دەرکەوت مرۆڤ بەجەستە ناتوانێ نەمربێ.
    بازنەی سەرەتاو ئەنجام :
    ١- ترسی باوک بۆ مردنی کوڕەکەی خستنیە نێو کۆشکێکی تاریک.
    ٢- بینینی تیشکی خۆرو خۆری ئاسمان.
    ٣- بینینی جەنازەو ترسان لە مردن.
    ٤- گەڕان بەدوای شوێنێک مردنی لێ نەبێت.
    ٥- ڕۆیشتن.
    ٦- ئامۆژگاری جوتیارو سیمرخ.
    ٧- گەیشتن بە بەهه شتی پەریان کە مردنی لێ نیە.
    ٨- ئامۆژگاری لە چوونە سەرداری خەتەر.
    ٩- تێپەڕینی هه زاران ساڵ.
    ١٠- چوونەسەرداری قەدەغەو بینینی شارو ماڵی خۆی.
    ١١- بڕیاری گەڕانەوە.
    ١٢- وەرگرتنی سێوو ئامۆژگاری.
    ١٣- گەیشتنە شارو کەس نایناسێتەوە.
    ١٤- پەشیمان بوونەوەو بڕیای گەڕانەوە.
    ١٥- دۆڕاندنی سێوەکان بەهۆی سۆزی مرۆڤبوون.
    ١٦- مردن .

    دوا وشە:
    وەک لەسەرەتا گوتمان بە هۆی کۆنی فۆلکڵۆرو کلتورو ئایینی ئیزەدییەکان و کوردی بوونی زمانی ئایینەکەیان ، ئەفسانەیەکی زۆرو گرنگیان هه یە ، ئەو ئەفسانەو فۆلکڵۆرە شایانی کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی وردو زانستیە ، ئەگەر ئەمە بکرێ دەستمان بەزۆر بیرۆکەی فەڵسەفی و ئایینی یەکجار کۆنی کورد ڕادەگات و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندی زیاتری کلتورەکەمان ، چۆن ئەفسانەی ئێمە هیچی لە ئەفسانە ناسراوەکانی جیهان کەمتر نیە.