لەمەڕ مانگرتن.. وێلادیمێر ئلیچ لێنین.. وەرگێڕان: هیوا ئەمانی

لە هەنگاوی یەکەم دا دەبێ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕوودان و پەرەسەندنی مانگرتنەکان بدۆزینەوە. هەرکەسێک کە مانگرتنێکی وەبیر بێتەوە کە ئەزمونی کەسیی خۆی، ڕاپۆرتی کەسانی تر و یان ڕۆژنامەکان بێت، لەپڕ سەرنجی بۆ ئەوە ڕادەکێشرێت کە مانگرتنەکان لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن و پەرەدەستێنن کە کارخانەی گەورەی لێ دروست کراون و لە ڕووی ڕێژەیەوە ڕوو لە زیاد بوونن. زۆر بە کەمی دەتوانین کارخانەیەکی گەورە -سەدان و بگرە هەزاران کرێکاری هەبێ- بدۆزینەوە کە مانگرتنێکی بە خۆوە نەدیبێ. ئەو کاتەی کە لە ڕووسیا تەنیا چەندانە کارخانەی گەورە بوونیان هەبوو، ژمارەی مانگرتنەکانیش کەم بوو؛ بەڵام کاتێک کارخانە گەورەکان –چ لە ناوچە پیشەسازیە کۆنەکان، چ لە شارەکان و دێهاتە تازە بنیاتنراوەکان– بە خێرایی گەشەیان کرد، ژمارەی مانگرتنەکانیش ڕوو لە زیاد بوون چوون. بەڵام بۆچی مانگرتن هەمیشە لەو کارخانانەدا ڕوودەدا کە بەرهەمی زۆریان هەیە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە سەرمایەداری دەبێ بە ناچاری ببێ بە خەباتی کرێکاران بە دژی خاوەنکارەکانیان و کاتێک بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی یەکجار زۆرە، ئەو خەباتە خۆی لە مانگرتن دا دەنوێنێ.

یارمەتیم بدەن کە ئەوە شی بکەمەوە

کاپیتالیزم، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەیە کە تیایدا زەوی، کارخانەکان، ئامێرەکان و هەتا دوای… لە ژێر ڕکێفی کۆمەلێک خاوەن زەوی و سەرمایەداردان کە ژمارەیان هێندەی ژمارەی پەنجەکانی دەستە، ئەمە لە کاتێک دایە کە کۆمەڵی بەرینی خەڵک خاوەنی هیچ شتێك نین یان خاوەنی شتێکی زۆر بچوکن، هەر بۆیە پێ ملە کە خۆی وەکوو کرێکارێک بە کرێ بدا. خاوەن زەوی و سەرمایەدارەکان، کرێکاران بە کرێ دەگرن و وایان لێدەکەن کە فڵانە شتومەک بە مەبەستی فرۆش لە بازاردا بەرهەم بهێنن. وەهەروەها، خاوەنکار تەنها هەر ئەوەندە حەقدەست بە کرێکار دەدات کە بەشی ژیانی نەمرنەژی خۆی و بنەماڵەکەی بێ، لەولاوە ئەوەی لە کرێی کاری کرێکار دەمێنێتەوە وەک قازانج دەچێتە گیرفانی خاوەنکارەوە. هەر بۆیە لە ئابووری سەرمایەداری دا کۆمەڵی بەرینی خەڵک، کرێکاری بەکرێگیراون و بۆ خۆیان کار ناکەن بەڵکو لە بەرامبەر حەقدەستێک دا کار بۆ خاوەنکار دەکەن. دەکرێ تێبگەین کە هەوڵی هەمیشەی خاوەنکار لە پێناو کەم کردنەوەی کرێی کاری کرێکارانە؛ هەرچی کەمتر کرێی کار بدەن، بەو ڕادیە قازانجی خۆیان زیاتر و زیاتر دەبێ. لەملاوە هەوڵی کرێکار بۆ ئەوەیە کە کرێیەکی زیاتر وەربگرێ تاکوو بتوانێ بۆ بنەماڵەکەی خۆراکێک بە ڕادەیەکی پێویست و باش وەدەست بێنێ، لە ماڵی باش دا بژین و هەروەک خەڵکی تر جل و بەرگی جوان لەبەر بکەن، نەک وەکوو سواڵکەر بژین.
هەر بۆیە خەباتێکی بەردەوام لە نێوان کرێکار و خاوەنکار لەسەر کرێی کار لە ئارادایە؛ خاوەنکار ئازادە کە کام کرێکارە کە پێ باشە بە کرێی بگرێ، هەر بۆیە دەچێتە سۆراغی هەرزانترینیان. وە هەروەها کرێکاریش ئازادە کە خۆی بە خاوەنکارێک کە خۆی پێ باشە بە کرێ بدا، هەر بۆیە دەچێتە سۆراغی خاوەنکارێک کە زۆرترین کرێی کار دەدا. بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە کرێکار لە شار کار دەکا یان لە دێهات، خۆی بە خاوەنی زەوی، جوتیاری دەوڵەمەند و یان خاوەن کارخانە بە کرێ دەدا، ئەولای مامەڵەکەی خاوەنکارە، و هەر لەگەڵ ئەویشدایە کە لەسەر کرێی کار شەڕ دەکا.
بەڵام ئایا بەڕاستی بۆ کرێکارێک وەک تاک توانای بەرەوپێش بردنی ئەو خەباتە مەیسەرە؟ ژمارەی کرێکارەکان ڕوو لە زیاد بوونە: جوتیارەکان ماڵ و حاڵیان وێران دەبێ و لە دێهاتەکانەوە هەڵدێن بۆ شارەکان و کارخانەکان. خاوەن زەوی و کارخانەدارەکان خەریکی بەکار هێنانی ئامێرگەلێکن کە کار لە کرێکار دەدزێ. لە شارەکاندا بێکاری ڕوو لە زیادبوونە و لە لادێکانیش ژمارەی سواڵکەرەکان بەرەو زیاد بوون دەچێ. خەبات لە دژی خاوەنکار بۆ کرێکار وەک تاک وردە وردە خەریکە ئەستەم دەبێ. کرێکارێک کە داوای حەقدەستێکی مامناوەند لە خاوەن کار دەکا یان بە حەقدەستی هەرزان ڕازی نابێ، ڕووبەڕووی ئەو جوابەی خاوەنکار دەبێتەوە: “بڕۆ دەرەوە! خەڵکانێکی زۆری برسی لە دەرەوە چاوەڕێن و گەلێک کەیف خۆش دەبن کە بە حەقدەستێکی کەمتر کار بکەن”.

کاتێک کە هەلومەرجی خەڵک تا ئەو ڕادەیە خراپ دەبێ کە هەمیشە خەڵکانێکی زۆری بێکار لە شار و دێ بوونیان هەبێ، و کاتێک کارخانەدارەکان سامانێکی لە ڕادەبەدەر پێکەوە دەنێن و زەویدارە وردەکان لەلایەن ملیۆنێرەکانەوە سەریان پان دەکرێتەوە، کرێکاری تاک –لە بەرامبەر سەرمایەداردا- بە تەواوی بێ دەسەڵات دەمێنێتەوە. لەو کاتەدایە کە دەرفەت بۆ سەرمایەدار دەخوڵقێ تاکوو کرێکار تێکبشکێنێ، و هەتاکوو مردن –نەک تەنیا لەخۆی بەڵکوو لە ژن و منداڵەکانیشی– وەکوو کۆیلە کار بکێشێتەوە. بۆ نمونە، ئەگەر چاوێک لەو کارانە بکەین کە تیایدا کرێکار نەیتوانیوە پشتیوانی یاسا بۆ خۆی مسۆگەر بکا و توانایی وەستانەوە لە بەرامبەر بە سەرمایەداری نەبێ، شایەتی سەعات کارێکی لە ڕادەبەدەرین (تەنانەت ١٧ تا ١٩ سەعات لە ڕۆژ دا)، کاری تاقەت پڕوکێنی منداڵانی ٥ یان ٦ ساڵە، و وەچەیەک لە کرێکارانی هەمیشە برسی دەبینین کە زۆر بە هێواشی لە برسان خەریکن دەمرن. نمونەکەی کرێکار گەلێکن کە لە ماڵی خۆیاندا کار بۆ سەرمایەدارەکان دەکەن؛ هەموو کرێکارێک دەتوانێ نمونە گەلێکی لەو چەشنە وەبیر خۆی بهێنێتەوە.

ئەو ڕادەیە لە چەوسانەوە کە لە سەرمایەداریدا ڕوودەدا تەنانەت لە سەردەمی کۆیلەداری و دەرەبەگایەتی دا لەهەمبەر کرێکاراندا ڕووی نەداوە. بە تایبەت کە کرێکاران توانای بەرەنگاریان نەبێ، و لە پشتیوانی یاساگەلێک کە ملهۆڕیەکانی خاوەنکار بەرتەسک بکاتەوە، بەهرەمەند نەبن. کەواتە بۆ ئەوەی کە نەگەن بەو ئاستە لە زەلیلی، کرێکاران خەباتێکی بێ هیوا دەست پێدەکەن. و کاتێک بۆیان دەردەکەوێ کە بە تەنیایی چەندە بێ دەسەڵات و بێ هێزن و ستەمی سەرمایە، هەڕەشەی لەناو بردنیان لێ دەکا، دەست دەکەن بە ڕاپەڕینی بە کۆمەڵ لە دژی خاوەنکار و مانگرتنە کرێکاریەکان دەست پێدەکا.
لە سەرەتادا کرێکاران نازانن کە بەدوای چیەوەن، وشیار نین لەهەمبەر هۆکارەکەی؛ لەبەرئەوە دەست دەکەن بە شکاندنی ماشێنەکان و تێکدانی کارخانەکان. ئەوان تەنیا دەیانهەوێ کە توڕەیی خۆیان نیشانی کارخانەدار بدەن. هێزی کۆمەڵیان بۆ ڕزگاری لەم هەلومەرجە تاقەت پڕوکێنە تاقی دەکەنەوە، بە بێ ئەوەی کە هێشتاش بزانن بۆچی لەم هەلومەرجە نالەبار و بێ هیوایەدا بەسەر دەبەن و دەبێ هەوڵ بۆچی بدەن. لە هەموو وڵاتەکاندا توڕەیی کرێکار لە سەرەتادا، وەکوو شۆڕشە دوورەپەرێزەکان خۆی نیشان دا، لە ڕووسیا، پۆلیس و خاوەن کارخانەکان ناویان لێنابوو “هەڵچوون”. ئەم شۆڕشە دوورەپەرێزانە، لە هەموو وڵاتاندا، لە لایەکەوە دەبوون بە مانگرتنی ئاشتیخوازانە و لە لایەکی ترەوە، دەبوون بە هەوێنی خەباتی هەمەلایەنی چینی کرێکار بۆ ڕزگاری.

مانگرتن (یا خود دەست لە کار کێشانەوە) چ تایبەتمەندیەکی بۆ خەباتی چینی کرێکار هەیە؟ بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە دەبێ وێنایەکی تەواوەتی لە مانگرتن بکێشین. هەر وەک پێشتر بینیمان، کرێی کاری کرێکارێک بە پێی ڕێککەوتنی نێوان کرێکار و خاوەنکار دیاری دەکرێ. بە پێی هەلومەرجێکی وەها، بینیمان کە کرێکاری تاک و تەنیا بێ هێزه، کەواتە تەواوەن سروشتیە کە کرێکاران دەبێ بە شێوەی بە کۆمەڵ بۆ خواستەکانیان خەبات و تێکۆشان بکەن، و ناچارن کە مانگرتن گەلێک بۆ بەرامبەركێ لەگەڵ کەمکردنەوەی حەقدەست و بردنە سەرەوەی حەقدەست رێکبخەن. ڕاستیەکەی ئەوەی کە لە هەر وڵاتێكی سەرمایەداریدا، مانگرتنە کرێکاریەکان لە ئارادا هەن. لە هەموو شوێنێک، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا، ئەو کاتەی کە کرێکارەکان یەکگرتوو نین، هەست بە بێ هێزی دەکەن؛ و تەنیا کاتێک توانای بەربەرەکانێ لەگەڵ خاوەنکاریان هەیە کە بەکۆمەڵ دەست بە مانگرتن یان هەڕەشەی مانگرتن بکەن.

هەرچەند سەرمایەداری زیاتر و زیاتر گەشە دەکا، و هەرچەند کارخانە گەورەکان خێراتر دروست دەکرێن، و هەرچەند سەرمایەدارە بچوکەکان لە لایەن سەرمایەدارە زەبەلاحەکانەوە لە مەیدان وەدەر دەندرێن، بەو ڕادەیە پێویستی خەباتی بە کۆمەڵ زیاتر و زیاتر هەست پێدەکرێ، چونکوو بێکاری ڕوو لە زیادبوون دەکا، ململانێی سەرمایەدارەکان بۆ بەرهەم هێنانی شتومەک بە هەرزانترین شێوە، زیاتر دەبێ ( بۆ ئەم مەبەستە دەیانهەوێ تە ئەو جێگایەی کە دەتوانن حەقدەستی کەمتر بە کرێکاران بدەن)، هەڵکشان و داکشانە پیشەسازیەکان زیاتر خۆی نیشان دەدا و قەیرانەکان دژوارتر دەبنەوە. کاتێک کە پیشەسازی بازاڕی گەرمە، خاوەن کارخانەکان قازانجی گەورە دەکەن، بەڵام لە بیری شەریک کردنی کرێکار دا نین؛ بەڵام کاتێک قەیران دەست پێدەکا، خاوەن کارخانەکان دەیانهەوێ زەرەرەکە لە پێی کرێکارەکاندا بنوسن. لە کۆمەڵگا ئەوروپاییەکاندا پێویستی مانگرتن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا تا ڕادەیەک بۆ هەمووان ناسراوە کە یاسای ئەم وڵاتانە ناتوانن مانگرتن قەدەغە بکەن. تەنیا لە ڕووسیایە کە یاساگەلی دڕەندە بە دژی مانگرتن جێبەجێ دەکرێ.
بەهەرحاڵ، مانگرتنەکان -کە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵگای سەرمایەداریەوە هەڵدەقوڵێن- نیشانەی دەستپێکی خەباتی چینی کرێکارن بە دژی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتیە. کاتێک سەرمایەداری لەگەڵ کرێکارێکی تەنیا کە خاوەنی هیچ شتێک نیە ڕووبەڕوو دەبێ، هەلومەرج باس لە کۆیلایەتی بێ ئەملا و ئەولای کرێکار دەکا. بەڵام کاتێک هەر ئەو کرێکارە فەقیرانە یەکگرتوو دەبن، هەلومەرجەکە دەگۆڕێ. هیچ سەروەتێ لە دنیا دا بەکەڵکی سەرمایەدار نایەت مەگەر ئەوەی کە بتوانێ کرێکارانێک پەیدا بکا کە ئامادە بن هێزی کاری خۆیان لەسەر ئامراز و شتومەکێک کە هی سەرمایەدارە بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی سەروەتی تازە بەرهەم بهێنن. تا ئەوکاتەی کە کرێکاران ناچارن بە شێوەی تاک لەگەڵ سەرمایەدارەکان مامەڵە بکەن، کۆیلەی ڕاستەقینە دەمێننەوە کە ناچارن بۆ وەدەست هێنانی پارویەک نان بەردەوام سوود بە کەسانیتر بگەیەنن. و دەبێ تا کۆتایی دنیا خزمەتکاری بەکرێگیراوی زمانبەستراوبن. بەڵام کاتێک کە کرێکاران داواکاریەکانی خۆیان بە شێوەی کۆمەڵ داوا دەکەن و ئامادە نین دەستبەردار بن، کۆیلە بوونیان کۆتایی دێ، دەبنەوە بە مرۆڤ؛ داوای ئەوە دەکەن کە نابێ زەحمەتیان تەنیا لە خزمەت چەند مفتەخۆرێک دا بێ، بەڵکو دەبێ ئەو کەسانەی کە زەحمەت دەکێشنیش وا لێبکا کە وەکوو مرۆڤی ڕاستەقینە بژین. کرێکاران داوای ئەوە دەکەن کە ئەوانیش ببن بە ئاغا. داوای ئەوە دەکەن کە ژیانیان نابێ بەو جۆرە بێ کە سەرمایەدارەکان و خاوەن زەویەکان دەیانەوێ، بەڵکوو دەبێ بەو جۆرە بێ کە خۆیان دەیانهەوێ. هەربۆیە سەرمایەدارەکان هەمیشە لە مانگرتن دەترسن، چونکوو زاڵ بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە سرودێکی کرێکاری ئاڵمانی دا، کە سەبارەت بە چینی کرێکارە هاتووە کە: “هەموو چەرخەکان لە خولانەوە دەوەستن، گەر بازوی بەهێزتان بیهەوێ”. لە دنیای ڕاستەقینەشدا هەر بەو جۆرەیە: کارخانەکان، زەوی زەویدارەکان، ماشێنەکان، هێڵی ئاسنینەکان و هتد، وەکوو چەرخی ماشێنێکی گەورە دێنە هەژمار – ماشێنێک کە مادە لە کانەکان دەردەهێنێ، بەرهەمیان لێ وەدەست دێنێ، ڕێکوپێکیان دەکا و دەیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. تەواوی ئەم ماشێنە لەلایەن کرێکارەوە جوڵەی پێ دەکرێ. کرێکارە کە زەوی دەکێڵێ، کانزا دەردەهێنێ، و لە ناو کارخانەکان دا خەریکی بەرهەم هێنانە، ماڵ و کارگا و هێڵی ئاسن دروست دەکا. کاتێک کە کرێکاران خۆ لە کارکردن دەپارێزن مەترسی وەستانی تەواوی ماشێنەکان لە ئارادایە. هەر مانگرتنێک ئەوە وەبیر سەرمایەدار دەهێنێتەوە کە کرێکارەکان ئاغای ڕاستەقینەن نەوەک ئەوان. کرێکار گەلێک کە هەر جارە بەرزتر لە جاری پێشوو داوای مافەکانیان دەکەن. هەر مانگرتنێک کە ڕوودەدا ئەوە بە گوێی کرێکاران هەڵدێنێ کە لە هەلومەرجیان دڵسارد نەبنەوە، و ئەوان بە تەنیا نین. سەیرکەن کە مانگرتن چ کاریگەریەکی گەورەی لەسەر خودی مانگرتووان و هەروەها لەسەر کرێکارانی کارخانەکانی دەوروبەر وە یان کرێکارانی هەر ئەو کارخانەیە کە لە بەشەکانیتردا کار دەکەن هەیە.

لە کاتی ئاسایی و ئاشتی دا کرێکار بە بێ بۆڵەبۆڵ خەریکی کارە، لەگەڵ خاوەنکار مشتومڕ ناکا، سەبارەت بە هەلومەرجی خۆشی هیچ قسەیەک ناکا. بەڵام لە کاتی مانگرتندا ماف و داواکاریەکانی بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکا، تەواوی ستەمەکانی سەرمایەدارەکان وەربیر سەرمایەدارەکان دەهێنێتەوە، هەرشتێک کە مافی بێ ئەم لاو ئەولای ئەوە داوای دەکا، و ئیتر تەنیا بیر لە خۆی و حەقدەستەکەی ناکاتەوە بەڵکو بیر لە هەموو هاوکار و هاوچارەنووسەکانی دەکاتەوە کە هاودەنگ لەگەڵ ئەو دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و بە بێ ترس باسی بێبەشی دەکەن و بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجی کرێکاران ڕاپەڕیون. هەر مانگرتنێک، کۆمەلێک بێبەشی زۆر بۆ کرێکارانی بەدوایەوە، بێبەشی و بێدەرەتانیەک کە تەنیا دەکرێ لەگەڵ شەڕ و بەدبەختیەکانی شەڕدا بەراورد بکرێ: بنەماڵەیەکی برسی، بێ داهات، دەستگیرکردن و زۆربەی کات دەرکردن لە شار و زێدی خۆی. لەگەڵ تەواوی ئەو ئازار و ناخۆشیانە، کرێکاران، بە چاوی سووکەوە سەیری ئەو کەسانە دەکەن کە سەفی مانگرتوان بە جێ دەهێڵن و دەچن لەگەڵ خاوەنکار ڕێکدەکەون. لەگەڵ تەواوی ئەو ئازار و ناخۆشیانەی کە بەدوای مانگرتنەوەیە، کرێکارانی کارخانەکانی دەوروبەر، هێزێکی تازە دەگرن کە دەبینن هاوکارەکانیان ئاوا ئازایانە داوای مافەکانیان دەکەن.
یەکێک لە مامۆستایانی گەورەی سۆسیالیزم، ئنگێڵس، سەبارەت بە مانگرتنی کرێکارانی ئینگلیس ئاوا دەڵێ: “خەڵکانێک کە ئەوەندەیان سەبر هەیە تاکوو پشتی بۆرژوایەکی تاک لە زەوی بدەن، توانایی ئەوەشیان هەیە کە پشتی هەموو بۆرژوازی لە زەوی بدەن و تێکیان بشکێنن”. بە شێوەیەکی گشتی مانگرتن لە یەک کارخانە بەسە بۆ ئەوەی مانگرتن بۆ باقی کارخانەکانی تریش بگوازرێتەوە. بەڕاستی کە مانگرتن دەتوانێ کاریگەریەکی ئەخلاقی زۆر بێهاوتا و دەگمەنی هەبێ، دەتوانێ کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر ورەی باقی کرێکارەکانیتر هەبێ کاتێک ئەوان دەبینن کە هاوڕێ و هاوکارەکانیان چۆن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێ کۆتایان بە کۆیلایەتی خۆیان هێناوە و بە دژی سەرمایەداران ڕاپەڕیون.

هەر جار کە کرێکاران مان دەگرن، زۆر بەهێز ئەندێشەی سۆسیالیزم دەچێتە مێشکی کرێکارانەوە؛ ئەندێشەی خەباتی تەواوی چینی کرێکار بۆ ڕزگاری لە ستەمی سەرمایە. زۆر پێشهاتووە کە تا پێش لە مانگرتنێکی گەورە، کرێکارانی کارخانەیەکی دیاری کراو، یان لقێکی تایبەتی پیشەسازی، و یان شارێکی دیاریکراو، هیچ شتێکیان لەسەر سۆسیالیزم بیستبێ یان بیریان لێکردبێتەوە. بەڵام دوای مانگرتن، کۆمەڵە و ئەنجومەنی خوێندنەوە لە نێویاندا پێکهاتوە و ژومارەی کرێکارانی سۆسیالیست زۆرتر و زۆرتر بووە. مانگرتن ئەوە فێری کرێکاران دەکا کە پەی بەوە بەرن کە هێزی سەرمایەدار و کرێکاران لە کوێوە دێ؛ فێریان دەکا کە تەنیا بیر لە خاوەنکار و یان هاوکارەکانی خۆیان نەکەنەوە، بەڵکو بیر لە هەموو خاوەنکارەکان و تەواوی چینی سەرمایەدار و چینی کرێکار بکەنەوە. کاتێک کە کارخانەدارێک لە کۆی ڕەنج و ماندووبوونی چەندین نەوە لە کرێکاران، میلیۆنها سەرمایەی بەدەست هێناوە، بەڵام خۆی لە زیاد کردنێکی کەمی حەقدەستی کرێکاران دەبوێری و تەنانەت لە هەوڵی کەم کردنەوەی ئەو حەقدەستە دایە، و کاتێک کرێکاران لە بەرامبەری دا ڕادەوەستن، و ئەو کارخانەدارە بە هەزاران بنەماڵەی برسی دەردەکاتە سەر جادەکان، بۆ چینی کرێکار بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە کە چینی سەرمایەدار -وەکوو گشتێک- دوژمنی چینی کرێکارن، و کرێکاران تەنیا دەتوانن پشت بە خۆیان و هێزی یەکگرتوویان ببەستن. زۆرجار ڕوودەدات کە کارخانەدار -وەک خێرخوازێک- هەموو هەوڵی بۆ فریودانی کرێکاران دەخاتە گەڕ، و بە بانگهێشتی کرێکاران بۆ سەر سفرە و خوانی جوان هەوڵ بۆ شاردنەوەی چەوساندنەوەکان بدا. مانگرتن، هەمیشە ئەم فرت و فێڵانەیان بە زووی ئاشکرا دەکا و ئەوە نیشانی کرێکاران دەدا کە “خێرخوازەکەیان” تەنیا گورگێکە لە پێستی مەڕ دا.

هەروەها، مانگرتن چاو و گوێی کرێکاران نەک تەنیا لە هەمبەر ناوەڕۆکی سەرمایەداری بەڵکوو لە هەمبەر ناوەڕۆکی حکومەت و یاساکانیش دەکاتەوە. هەروەک چون کارخانەدارەکان دەیانهەوێ پۆزی خێرخوازی لێبدەن، هەر بەوجۆرە نێردراوانی حکومەت و بەکرێگیراوانیان هەوڵ دەدەن کە کرێکاران دڵنیا کەنەوە کە تێزار و حکومەتی تێزاری، بە پێی ویستی یاسا، وەک یەک چاو لە خاوەنکار و کرێکار دەکا. کرێکاران هیچ شتێک لە یاساکان نازانن، و لەگەڵ مەئمورەکانی دەوڵەت پێوەندیان نیە، بەتایبەت ئەوانەی کە پۆستی باڵایان لە حکومەت دا هەیە، هەر بۆیە لە زۆربەی کاتەکاندا باوەڕیان پێدەکەن. دواتر مانگرتن ڕوودەدا. داواکاری گشتی، پشکێنەری کارخانە، پۆلیس و زۆر جارانیش هێزی سوپا لەبەردەم دەرگای کارخانەدا ڕادەوەستن. کرێکاران بۆیان دەردەکەوێ کە یاساکانیان شکاندووە: خاوەنکارەکان یاسایی ئەو مافەیان هەیە کە لە دەوری یەک کۆببنەوە و لەسەر چۆنیەتی کەم کردنەوەی حەقدەستەکان گفتوگۆ بکەن. بەڵام ئەگەر کرێکارەکان بە لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش بگەن، ئەوا دەبن بە تاوانکار! کرێکارەکان لە ماڵ و حاڵیان دەردەکرێن، پۆلیس ئەو دوکانانەی کە کرێکارەکان دەیانتوانی بە قەرز لەوێ شتومەک بهێنن دادەخەن و تەنانەت کاتێک هەڵسوکەوتی کرێکارەکان تەواوەن ئاشتیخوازانەیە هەوڵ دەدرێ کە سەربازەکان لە دژی کرێکاران هان بدەن. تەنانەت فەرمان بە سەربازەکان دەکرێ کە تەقە لە کرێکارەکان بکەن و هەر ئەو کاتەی لە پشتەوە تەقە لە کرێکارە هەڵهاتوەکان، کرێکارە بێ چەکەکان دەکەن، خودی تێزار ئەوپەڕی سپاس و پیزانینی هەیە بۆ هێزە چەکدارەکان (هەر بەو شێوەیە تێزار سپاسی هێزە چەکدارەکانی کرد کە لە ساڵی ١٨٩٥ کرێکارانی مانگرتووی یاروسلاولیان دایە بەر دەست ڕێژی گوللە و کوشتیانن) وردە وردە بۆ کرێکاران ڕوون دەبێتەوە کە دەوڵەتی تێزار خراپترین دوژمنیانە. چونکوو پشتیوانی لە سەرمایەدارەکان دەکا و دەست و قاچی کرێکاران دەبەستێتەوە. کرێکاران وردە وردە هەست بەوە دەکەن کە یاساکان تەنیا لە خزمەت بە مافەکانی سەرمایەدارەکانن کە نووسراون، و مەئمورینی حکومەت تەنیا و تەنیا پارێزەری ئەو مافانەن، کە دەمی چینی کرێکار بگرن و نەهێڵن کە دواکاریەکانی وەزمان بهێنێ؛ چینی کرێکار دەبێ بۆ خۆی مافی مانگرتن، مافی چاپ و بڵاو کردنەوەی رۆژنامەی کرێکاری، مافی بەشداری کردن لە کۆڕبەندی نەتەوەیی کە تیایدا یاساکان دەنووسرێ و چاوەدیری پەیڕەوکردنی یاساکان دەکا، بەدەست بێنێ. حکومەت زۆر باش دەزانێ کە مانگرتن چاو و گوێی کرێکاران دەکاتەوە؛ هەر بەو هۆیەشە کە ئاوا لە مانگرتن دەترسێ و دەست بۆ هەمووشتێک دەبا بۆ ئەوەی بەری پێ بگرێ. بێ هۆ نیە کە جارێکیان وەزیری ناوخۆی پرۆس -کە ناوبانگی تایبەتی هەبوو لە بەدواداچوون و گرتنی سۆسیالیستەکان و کرێکارانی وشیار- لە بەرامبەر بە نوێنەرانی خەڵک دا وتی: “لە پشت هەر مانگرتنێکەوە، دێوزمەی شۆڕش و ڕاپەڕین لە بۆسەدایە”.

هەر مانگرتنێک ئەم تێگەیشتنە لە کرێکاران دا بەهێز و گەشە پێدەدا کە حکومەت، دوژمنیانە و چینی کرێکار دەبێ خۆی بۆ خەبات بە دژی حکومەت و مافە ڕەواکانی جەماوەر ئامادە بکا. هەر بۆیە، مانگرتن ئەوە فێری کرێکاران دەکا کە یەکگرتوو بن؛ ئەوە نیشان دەدا کە تەنیا کاتێک دەتوانن بە دژی سەرمایەدارەکان شەڕ بکەن کە یەکگرتوو بن؛ فێریان دەکا کە بیر لە بەرخۆدان و خەباتی چینی کرێکار بکەنەوە بە دژی چینی سەرمایەدار و بە دژی حکومەتی داپڵۆسێنەری پۆلیسی. هەر بەو هۆکارەیە کە سۆسیالیستەکان مانگرتن بە “قوتابخانەی خەبات” ناودێر دەکەن. قوتابخانەیەک کە تیایدا کرێکاران فێری ئەوە دەبن کە چۆن بۆ ئازادی هەموو جەماوەر، هەموو کەمپی کار لە دیلیەتی کاربەدەستانی حکومەتی و لە دیلیەتی سەرمایە، لەگەڵ دوژمنانیان شەڕ بکەن. بەڵام “قوتابخانەی خەبات” خودی خەبات نیە. کاتێک کە مانگرتن لە ناو کرێکاران دا بەربڵاو دەبێ، هەندێک لە کرێکاران (لەوانە هەندێک لە سۆسیالیستەکان) شک لەوە دەکەن کە چینی کرێکار تەنیا دەتوانێ خۆی لە مانگرتنەکان، سندوقی مانگرتن، و یان کۆمەڵەی مانگرتن بەرتەسک بکاتەوە. کە تەنیا لە ڕێگای مانگرتنەوە چینی کرێکار بتوانێ هەلومەرجی ژیانی بەشێوەیەکی بەرچاو باش بکا و ئازادیەکانی وەدەست بێنێ. کاتێک کە کرێکاران دەبینن چ هێزێکی گەورە لە مانگرتنی چینی کرێکاری یەکگرتوو و مانگرتنە بچوکەکان دا بوونی هەیە، هەندێک وەها بیر دەکەنەوە کە چینی کرێکار ئەگەر مانگرتنێکی سەرتاسەری لە هەموو وڵات دا بەڕێوە بەرێ دەتوانێ هەرشتێک کە لە سەرمایەدارن و لە دەوڵەتی داوا دەکا وەدەستی بێنێ. ئەم بیروڕایە لە وڵاتانی تریشدا سەردەمانێک کە بزوتنەوەی چینی کرێکار لە هەنگاوەکانی سەرەتایی خۆی دابوو و کرێکاران هێشتا زۆر بێ ئەزموون بوون بوونی هەبوو. ئەم بیروڕایە هەڵەیەکی کوشەندەیە. مانگرتن یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە کرێکاران لە ڕێگای ڕزگاری خۆیاندا کەڵکی لێوەردەگرن. بەڵام تاکە ڕێگا نیە و ئەگەر کرێکاران بیر لە باقی ڕێگاکانی تر خەبات نەکەنەوە، ئەوا گەشە و سەرکەوتنەکانی چینی کرێکار خاو دەکەنەوە. ئەوە ڕاستە ئەگەر مانگرتنەکان بیانهەوێ سەرکەوتوو بن بوونی سندوقی مانگرتن بۆ پشتیوانی دارای کرێکارە مانگرتوەەکان لە کۆی پرۆسەی مانگرتندا پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە. ئەم جۆرە سندوقە کرێکاریانە لە هەموو وڵاتانیتریش دا بوونی هەیە؛ بەڵام لێرە لە ڕووسیا، ئەم کارە بەتایبەت هەڵەیە چونکوو پۆلیس شوێن سندوقەکە دەکەوێ و دەیدۆزێتەوە و پارەکان دەبا و کرێکارەکان دەستگیر دەکا. هەڵبەتە کرێکاران دەتوانن ئەو سندوقانە لە پۆلیسەکان بشارنەوە، و سروشتیە کە ئەم جۆرە سندوقانە زۆر بەنرخن و ئێمە نامانهەوێ کرێکاران ئامۆژگاری بکەین کە بیر لە دامەزراندنی ئەو جۆرە سندوقانە نەکەنەوە. بەڵام نابێ وا بیر بکرێتەوە کە سندوقی مانگرتن تا ئەو کاتەی لە ڕووی یاساییەوە قەدەغەیە دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر یارمەتیدەری هەبێ و تا ئەو کاتەی کە ژمارەی یارمەتیدەرەکانی هێندە کەم بێ ناتوانێ زۆر یارمەتیدەر بێ. هەروەها، تەنانەت لەو وڵاتانەی کە یەکیەتیە کرێکاریەکان بە ڕەسمی بوونیان هەیە و بڕێکی زۆر پارەیان لەبەردەست دایە، چینی کرێکار هێشتا ناتوانێ خەباتی خۆی تەنیا لە مانگرتن دا بەرتەسک بکاتەوە. تەنیا پێویستە کە وچانێکی کاتی لە کاروباری پیشەسازی دا (وەکوو قەیرانێک، هەر ئەو شتەی کە خەریکە لە ڕووسیا نزیک دەبێتەوە) ڕووبدا؛ تاکوو خاوەن کارخانەکان ئەگەر تەنانەت بە دەستی ئەنقەستیش بووبێ مانگرتن شكڵ پێ بدەن، چونکوو بە قازانجیانە ئەگەر بۆ ماوەیەک کار نەکرێ و سندوقی مانگرتنی کرێکاران خاڵی ببێ. هەر بۆیە بە هیچ چەشنێک کرێکاران ناتوانن تەنیا خۆیان لە مانگرتن و کۆبوونەوەی مانگرتوان بەرتەسک بکەنەوە. هەروەها مانگرتنەکان تەنیا کاتێک دەتوانن سەرکەوتوو بن کە کرێکاران بتوانن کاتی شیاو بۆ مانگرتن هەڵبژێرن، و کاتێک کە دەزانن چۆن داواکاریەکانی خۆیان باس بکەن، و کاتێک کە لەگەڵ سۆسیالیستەکان لە پێوەندیدان و لەلایەن ئەوانەوە دەتوانن ڕاگەیەندراو و نامیلکەکان وەدەست بێنن. هێشتا ژومارەی ئەو جۆرە کرێکارانە لە ڕووسیا زۆر زۆر کەمە و دەبێ هەوڵ بۆ زیادکردنی ئەو جۆرە کرێکارانە، بۆ ناساندنی ئاڕمانی چینی کرێکار بە جەماوەری کرێکار و ئاشنا کردنیان لەگەڵ سۆسیالیزم و خەباتی چینی کرێکار بدرێ. ئەمە ئەرکێکە کە سۆسیالیستەکان و کرێکارانی وشیاردەبێ پێکەوە بیخەنە سەرشانیان و پێکەوە بۆ ئەم مەبەستە حیزبی سۆسیالیستی چینی کرێکار دامەزرێنن. هەروەها، مانگرتنەکان ئەوەی فێری چینی کرێکاری هەموو وڵاتان کردووە کە بۆ مافی کرێکاران و بە شێوەیەکی گشتی مافی میللەت، بە دژی دەوڵەت خەبات بکەن. هەر وەک وتمان تەنیا حیزبێکی سۆسیالیستی چینی کرێکارە کە دەتوانێ ئەم خەباتە بە بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی چەمکگەلی دورست لە دەوڵەت و ئاڕمانی چینی کرێکار لە ناو خەڵک دا بە سەرەنجام بگەیەنێ.
لە کاتێکیتردا بەتایبەتی باس لەوە دەکەین کە چۆن مانگرتنەکان لە ڕووسیا ڕێبەری دەکرێن و چۆن کرێکارانی وشیار دەبێ کەڵکیان لێوەربگرن. لێرەدا تەنیا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە مانگرتنەکان، هەروەک وتمان “قوتابخانەی خەبات”ن و نە خودی خەبات و مانگرتنەکان تەنیا ئامرازێکن بۆ خەبات و تەنیا لایەنێکن لە بزوتنەوەی چینی کرێکار. کرێکاران دەبێ لە مانگرتنە دوورەپەرێزەکان زیاتر بڕۆن و بیر لە خەبات بۆ ڕزگاری تەواوەتی چینی کرێکار و هەموو کەمپی کار بکەنەوە، هەروەک چۆن کرێکارانی هەموو وڵاتەکان -بە کردەوە- وادەکەن.
کاتێک کە هەموو کرێکارانی وشیار دەبنە سۆسیالیست، واتە کاتێک کە بۆ ڕزگاری تێدەکۆشن و مەبەستیان بانگەشە و بردنی سۆسیالیزمە بۆ ناو کرێکاران و هەوڵدەدەن کە کرێکاران فێری هەموو ڕیگاکانی خەبات بە دژی دوژمنانیان بکەن، لە هەموو وڵاتدا یەکگرتوو دەبن، کاتێک کە حیزبی سۆسیالیستی کرێکاری بنیات دەنێن تاکوو خەبات بۆ ڕزگاری هەموو خەڵک لە ژێر ستەمی حکومەتی و ڕزگاری هەموو کرێکاران لە دیلیەتی سەرمایە بەرنە پێش، تەنیا لەو کاتەدایە کە چینی کرێکار دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لەو بزوتنەوە کرێکاریە گەورەیەی کە کرێکارانی هەموو وڵاتەکان تیایدا ڕێکخراو بوون؛ بزوتنەوەیەک کە هەموو کرێکاران لە ژێر ئاڵایەک دا یەکگرتوو دەکا کە بە “کرێکارانی هەموو وڵاتەکان یەکبگرن!” نەخشێندراوە.

وەرگێڕان: هیوا ئەمانی




تێزه‌ ئه‌كادیمییه‌كان و چه‌ند سه‌رنجێك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

گه‌لێك جار، له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری كوردیدا، ڕٍووبه‌رووی ده‌سته‌واژه‌ی نووسینی ئه‌كادیمی و نائه‌كادیمی ده‌بینه‌وه‌ و به‌ بڕوای به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌كادیمییه‌كانی ئێمه‌، هه‌ر نووسینێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌ و نێوه‌نده‌كانی زانكۆ بنووسرێت، ناشێ وه‌ك نووسینێكی بابه‌تی و گرنگ، ته‌ماشای بكه‌ین و پشتی پێ ببه‌ستین. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسانگه‌ندنه‌ بۆ گوتار و نووسینی نووسه‌ران، له‌ دوای گه‌شه‌كردن و به‌ره‌ و پێشه‌وه‌چوونی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانكۆ، بره‌وی سه‌ندوو بووه‌ مۆدێل. بنه‌ماڵه‌ی ڕووناكبیری مه‌لا كه‌ریمی موده‌ڕیس و كوڕه‌كانی، ده‌رچووی خانه‌قا و ته‌كییه‌ی بیاره‌ و ته‌وێڵه‌ن، كه‌چی نووسینه‌كانییان له‌ باره‌ی شاعیره‌ كلاسیكه‌كانی كورد، ئه‌وه‌نده‌ ورد و بابه‌تی و شڕۆڤه‌یین، هیچ مامۆستایه‌كی زانكۆ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك ئه‌وان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بكات و ئێستاش به‌ سه‌دان ئه‌كادیمی بۆ ڕاڤه‌كردنی شیعری كلاسیكی، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌وان. ئه‌وه‌ی له‌ نووسیندا گرنگه‌، واتاو مانایه‌. ئه‌گه‌ر نووسینێك هه‌ڵگڕی ئاماژه‌یه‌كی واتایی و بابه‌تی و مه‌عریفی بوو، ئیدی جۆری بڕوانامه‌ و پێگه‌ی زانست و پیشه‌یی، زۆر بایه‌خی نییه‌. له‌ نێو ئێمه‌دا، هێندێك نووسینی ئه‌كادیمی هه‌ن، ژماره‌ی په‌راوێَز و سه‌رچاوه‌كانییان له‌و په‌ڕه‌گرافانه‌ زیاتره‌ كه‌ نووسه‌ر نووسیونی. نازانم نووسه‌رێك، ئه‌گه‌ر سه‌دان په‌راوێز و سه‌دان سه‌رچاوه‌ی، له‌ كتێبێكی سه‌د ڵاپه‌ڕه‌ییدا به‌ كار هێنا، ئیدی بۆچوون و تێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌و له‌ كوێدا بوونییان ده‌بێت و جێگه‌یان ده‌بێته‌وه‌؟ زۆرن له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌كادیمیه‌وه‌ن، كه‌چی نووسینه‌كانییان له‌ ئاستێكی به‌رزی فیكری و مه‌عریفیدایه‌. بۆیه‌ نابێ بنه‌مای نووسینێك به‌ پێوه‌ری زانكۆیی و ئه‌كادیمی هه‌ڵبسه‌نگێندرێت. ئێستا بایه‌خێكی زۆر به‌ نامه‌ ئه‌كادیمییه‌كان و ئه‌و تێزانه‌ ده‌درێت كه‌ وه‌ك نامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا له‌ باره‌ی بابه‌تێكه‌وه‌ ده‌نووسرێن و ئاماده‌ ده‌كرێن. ئه‌م نامانه‌، هێنده‌ی له‌ پێناو وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كارگێڕین له‌ پێناو ده‌سكه‌وتی ماددی زیاتر، به‌ بڕوای من زۆر كه‌میان له‌ پێناو ساغكردنه‌وه‌ی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و نووسینی داهێنه‌رانه‌ن. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌یان له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، هیچ جیاوازییه‌كییان نییه‌ له‌گه‌ڵ نووسینی كه‌سانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ندێكییان هه‌ر ته‌نها ئاماده‌كردنن نه‌ك نووسین. ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كردبێت ئه‌و نامانه‌ی كه‌ چاپ ده‌كرێن، له‌ گه‌لێك ڕووه‌وه‌ كه‌موكورتییان هه‌یه‌ وه‌ك:_
یه‌كه‌م:_ زۆرینه‌یان جگه‌ له‌ په‌راوێزی بابه‌تی نووسه‌رانی دیكه‌ و تێكهه‌ڵكێشكردنی په‌ڕه‌گرافی نووسه‌ران له‌ نامه‌كه‌دا، توێژه‌ر خاوه‌نی هیچ ڕاو سه‌رنج و ئیزافه‌یه‌كی خۆی نییه‌. بۆ نموونه‌: نامه‌یه‌كم خوێنده‌وه‌، ته‌نها دوو سه‌دوو هه‌شتا لاپه‌ڕه‌ بوو، كه‌چی نووسه‌ره‌كه‌ی دوو سه‌دوو هه‌ژده‌ سه‌رچاوه‌ی به‌كار هێنابوو، واتا به‌ نزیكی ئه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌ و بۆچوونی كه‌سێكی دیكه‌ی تێدا بوو. من نازانم له‌ كتێبێكی له‌و شێوه‌یه‌دا، نووسه‌ر خاوه‌نی چ جۆره‌ نووسین و ڕایه‌كی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر زانستییانه‌ش نه‌بێت؟
دووه‌م:_ گه‌لێك جار، ڕه‌چاوی هیچ بنه‌مایه‌كی ڕێزمانی ناكه‌ن، وشه‌ هه‌یه‌ به‌ چه‌ندین ڕێنووسی جیاواز نووسراوه‌ و هه‌مانه‌ وشه‌شه‌. وه‌ك:( میلله‌تمیله‌ت، تێگه‌یشتن_ تێ گه‌یشتن، جێبه‌جێكردن_ جێ به‌ جێ كردن) ده‌یان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌ ئه‌كادیمییه‌كانی ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ زمانی نووسینی نووسه‌رانی تر ده‌گرن و ته‌نانه‌ت به‌ نه‌خوێنده‌واریشیان ده‌زانن!
سێیه‌م:_ له‌و نامانه‌دا، زۆرجار یه‌ك زانیاریی مێژوویی و ئه‌ده‌بی، به‌ دوو شێوه‌ی جیاواز نووسراوه‌. بۆ نموونه‌: له‌ نامه‌یه‌كییان شاعیره‌ ته‌لیعییه‌كانی هه‌ولێر ( نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت، عه‌باس عه‌بدوڵا، دڵشاد عه‌بدوڵا) نووسراوه‌، كه‌چی له‌ یه‌كێكی دیكه‌یان (جه‌لال به‌رزنجی، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، هاشم سه‌راج، عه‌باس عه‌بدوڵا، دڵشاد عه‌بدوڵا ) نووسراوه‌. به‌ پێی زانیارییه‌كانی من، نه‌وزاد ڕفعه‌ت له‌و گرووپه‌ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رنج بوو ئه‌وه‌ بوو، كه‌ هه‌ردوو نامه‌كه‌، له‌ باره‌ی شیعره‌وه‌ن و تێزی ماسته‌رن. هه‌ردووكیشیان له‌لایه‌ن یه‌ك مامۆستاوه‌ سه‌رپه‌رشتی كراون، كه‌ ئه‌كادیمییه‌كی دیاره‌ و دكتۆرای له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌یه‌. تۆ بڵێی ئه‌و دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌، تێبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردبێت كه‌ ناكرێت ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ ناوی شاعیران هه‌بێت؟ یان ئه‌وه‌تانێ نامه‌كانی نه‌خوێندۆته‌وه‌، یان به‌ هه‌ڵه‌ی نه‌زانیوه‌! كه‌ هه‌ردووكییان له‌ یه‌كتری خه‌وشدارترن.
چواره‌م: درێژدادڕیه‌كی زۆر له‌و نامانه‌، له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ ده‌بینرێت، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌و بابه‌ته‌وه‌ نییه‌ كه‌ وه‌ك ناونیشان بۆ تێزه‌كه‌ ده‌ست نیشان كراوه‌. بۆ نموونه‌: كاتێ توێژه‌رێك باس له‌ وێنه‌ی پیاو له‌ شیعری ژنه‌ شاعیرێكی كورد ده‌كات، ده‌بێت زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری تێزه‌كه‌ی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌رخان بكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ ناونیشانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌. به‌ڵام زۆرجار پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بینین و ته‌نها به‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌كی كه‌م باس له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی تریان ته‌نها درێژكردنه‌وه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ نییه‌.
پێنجه‌م:_ ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نامانه‌، زۆرجار هاوشێوه‌ و نزیك و كۆپی یه‌كترین، ته‌نها جیاوازییه‌كی كه‌می ڕووكه‌شی و ناواخنی ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت ناونیشان هه‌یه‌، چه‌ندین جار، كراوه‌ته‌ تێزی نووسینی نامه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له‌ شێوه‌ی ماسته‌ر یان دكتۆرا. من نازانم بابه‌تێك كه‌ پێشتر نووسراو و قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ كرا، چ هونه‌رێكی تێدایه‌ كه‌سانێكی تر هه‌مان بابه‌ت دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌؟
شه‌شه‌م:_ زۆرجار، لایه‌نه‌ تیۆریی و پراكتییه‌كانی ئه‌و نامانه‌، یه‌كتری ناگرنه‌وه‌ و پارادۆكسی گه‌وره‌یان تێدایه‌. بۆ نموونه‌: یه‌كێك له‌و نامانه‌، باسی شیعری ئۆتۆماتیكی ده‌كات و ئه‌و شێوازه‌ له‌ شیعر نووسین ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ناگایی ولایه‌نی نه‌ستی مرۆڤ كه‌ لۆژیك و ئه‌قڵ هیچ ڕۆڵێكی تێدا نابینن، كه‌چی ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو ئه‌وه‌ بوو، هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی وه‌ك نموونه‌ی ئه‌و باسه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ هێنراونه‌ته‌وه‌، به‌و په‌ڕی ئاگایی و لۆژیكی و دیدی هزریانه‌وه‌ له‌لایه‌ن شاعیره‌كانه‌وه‌ نووسراون. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن له‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نامانه‌ ده‌وه‌ستن و ته‌نها مه‌به‌ست وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌یه‌ له‌ پێناو ده‌سكه‌وتی ماددی زیاتر و هیچی تر نا.
دواجار ده‌ڵێین، ئه‌گه‌رچی ئه‌كادیمییه‌كانی ئێمه‌، هه‌میشه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ر لێكۆلینه‌وه‌یه‌ك و نووسینێك، كه‌سێكی ئه‌كادیمی نه‌ینووسیبێت، یان سه‌دان سه‌رچاوه‌ی تیادا به‌ كار نه‌هاتبێت، ئه‌وا ناشێ وه‌ك نووسینێكی مه‌عریفی ببینرێت و پشتی پێ ببه‌سترێت. له‌ كاتێكدا نووسین نووسینه‌، ئه‌كادیمییه‌ك بینووسێت، یان كه‌سێكی ئاسایی ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ناوه‌ڕۆكی نووسینه‌كه‌یه‌ نه‌ك شوناسی پیشه‌ییانه‌ی. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژار موكریانی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یی و زمانی كوردی كردوویه‌تی، به‌ هه‌زاران له‌ ئه‌كادیمیییه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یان كردووه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ران جێدێڵین.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

———————————————-

سه‌رنج: له‌ به‌ر ناو و ناوبانگی نووسه‌ره‌كان، ناوی نووسه‌ری نامه‌كان و سه‌رپه‌رشتی تێزه‌كانم نه‌هێناوه‌، ده‌نا ده‌توانم به‌ به‌ڵگه‌ ناوی هه‌موویان بنووسم.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی (ڕێگای كوردستان) ژماره‌(1273) ی ڕۆژی 14/12/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




بە موڕتەدکردنی عەدلەخانم لە لاوکە داستانی دەروێش عەڤدی.. یونس تانج

سوکایەتیکردن بە هەر کەسێک لە هەر پلەو پایەیەک، بە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی ئاسمانی و زەمینی، بەشێکە لە قەیرانی ئەخڵاقی و نەبوونی گوتارێکی ئەقڵانی و ئیفلاسێکی بێ چەندوچوونی مەعریفی.
جوڵاندنی کۆ هەستی ئیماندارانی سادە بۆ مەرامگەلێکی تایبەت، دروستکردنی واتە وات و هەلڵاو هەنگامەیەک، لە بارەی یەکێک لە دێڕەکانی لاوکێکی کوردی بە ناوی دەروێش عەڤدی، کە سەرچاوەکەی داستانێکی چەند سەد ساڵەیە لە باکوری کوردستان، جێگەی ڕامانە ” منێ ڕۆژێ سێ جارا کەرەم دکەم ب دەروێشێ عەڤدی.. حاشا دکەم ل دینێ موحەممەدی.. ساف ئەز ئێزدیمە”
لە تەواوی ئەو بڵاوکراوە و بەیاننامەو لێدوانە مەتەڵیانەی دەربڕدراون، تەنها باس لەوە دەکرێت کە سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام کراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وشەو دەستەواژەیەک بدرێت لەم سوکایەتیپێکردنە، بەبێ ئەوەی مەغزا و هۆکارەکانی بە سوکایەتی دانانی ئەم دێڕە بخرێتە پێش چاو.

هەر چەند لەم دێڕە ورد دەبیتەوە هیچ جۆرە سوکایەتییەک بەدی ناکرێت، تەنها کەسێک هەیە کە بانگەشەی گۆڕینی ئایینەکەی دەکات، عەدلەخانم وەک کچە دلبەرێکی موسڵمان، پاش کوشتنی خۆشەویستەکەی، لە حەژمەت ژانی دڵی خۆی، لاوک و لاواندنەوەیەک بۆ مێرخاسە بە زوڵم کوژراوەکەی دەچڕێت، لە یەکێک لە بەندەکان باس لە گۆڕینی ئایینەکەی دەکات و دەخوازێت بچێتە سەر ئایینی خۆشەویستەکەی (ئێزدیاتی).
ئەمە و ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەم بەرگرییەی دەروێش عەڤدی بە سوکایەتی سەیر نەکرێت، بەوەی چۆن زاتی ئەوەی کردووە لە بەرامبەر شمشێری پیرۆزی سەڵتەنەتی عوسمانی بەرگری لە دەڤەر و خاکەکەی بکات!!
لە ڕاستیدا هەڵبژاردن و دەستبەرداربوون و گۆڕینی ئاین بابەتێکە پەیوەندی بە خودی مرۆڤ خۆیەوە هەیە، لە قورئانیشدا لە چەندان ئایەت ئاماژە بەم ڕاستییە کراوە، هەڵبەتە ئەگەر بوار بدەن و ئەم ئایاتانە بە نەسخکراو و مەنسوخ بە ئایاتی سەیف لە قەڵەم نەدەن!!

خۆ بواردن لە ڕوون نەکردنەوەی ئەوەی بۆچی حاشاکردن لە ئایین سوکایەتییە، دەرخەری ئەوەیە ئەوان وەک خوازەیەک و کۆدێک وشەی سوکایەتی بەکاردێنن، ئەگەرنا وشە ڕاستەکە بریتییە لە هەڵگەڕاوە یاخود موڕتەد، بەپێی ئەحادیسیش هەرکەسێک لە ئیسلام هەڵگەڕێتەوە دەکوژرێت، بەڵام بۆچی توقییە و تەدلیس دەکرێت و ڕەپ و ڕاست ئاماژە بەو فەرموودەیە ناکرێت، ئەوەیان جێگە باسی ئەم وتارە نییە.
کۆت و بەندکردنی ئەدەبی کوردی هیچ سودێک ناگەیەنێت، لە گاڤێکدا زایەڵەیەکی زەبەلاح خەریکە سەرهەڵدەدات، نیازمەندە بە گوێرەی نۆڕمە رەجعییەکانی ئەو حوکمی وێژە و فەرهەنگ و میراتە کەلەپووری و کلتووری و ژیارییەکانی کورد بکرێت، هەروەها بە پێی میزاج و پێوانەی ئەوان فڵان دەق و فیسار دەق پەسند بکرێت و ئەوی دیکە ئەنفال بکرێت.

وێڕای ئەوەی دەقە ئەدەبی و فۆلکلۆرییەکان هیچ جۆرە حوکمێکیان بەسەردا ناسەپێت، چونکە ئاوێزانن بە هەست و سۆز و خەیاڵ و هەڵچوونە ناوەکییەکانەوە..ئەم قسەیەی عەدلەخانم تەنانەت لە واقیعیشدا هیچ دەرهاوێشتەیەکی لێناکەوێتەوە، چونکە ئۆلی ئێزدی هاوشێوەی جووەکان وەک ئاینێکی داخراو، ڕێگە نادات هیچ کەسێک بێتە ناو ئایینەکەوە، ئەگەر ئەم کەسە بە دایک و باوک ئێزدی نەبێت. بێگومان عەدلەخانم چاک لەم ڕاستییە حاڵی بووە، بۆیە پەنای بۆ ڕەگەزێکی ئەندێشەیی بردووە بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە نەکردەیە.
ئەم ڤێرژنە کۆنە لە تەدەیون، ئەم دنیا بینییە داخراوە بۆ ئایین، لە لایەن تەوژمێک کە هەڵگری دیدێکی توندگیری فێندەمێنتاڵە بۆ دین و شەریعەت، خەتەرناکەو سەرەتای زەنگێکی مەترسیدارە لە بەردەم ئازادی ئایینی تاک، هەڵبەت پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و چاو سورکردنەوەیەکیشە بۆ سەرجەم تاکەکانی جڤات و فێرخوازان، بە شێوەیەک بڵێت.. ئێمە لە کچی ناو داستانێک کە بە ستران دەڵێت واز لە ئاینەکەم دەهێنم خۆش نەبووین، لە هیچ کەسێک خۆشنابین گەر کاتی خۆی بێت.

لە کۆتاییدا بڕیاری لابردنی ئەم داستانە لە پڕۆگرامی خوێندن هیچ نییە جگە لە ملدان بۆ ویستی نەگریسی توندڕەوی و سەپاندنی ئیڕهابی فکری، لە ئاکامیشدا جێبەجێکردنی حوکمی هەڵگەڕانەوەکە لە عەدلەخان و ملپەڕاندنی بە بەرچاوی وەزارەتی پەروەردەوە!!

یونس تانج




كوردی دەستخەڕۆکراو..!.. جواد خەلیل

(کتێبێک دەربارەی شکستی ڕیفراندۆم و کاریگەرییەکانی لەسەر کورد)

“فوئاد مەتەر” ڕۆژنامەنوس و نوسەرێکی ناوداری لوبنان و جیهانی عەرەبییە. لە ساڵی 1962 ەوە تا ئێستا بەردەوامە لە نووسین. ئەو جگە لە کاری ڕۆژنامەنوسی، چەندین کتێبی گرنگیشی بە تایبەتی لە بواری سیاسیدا نووسیوە. کەسێکی لیبراڵە و لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوەتی پەیوەستە بە باوەڕی نیشتمانی گەورەی عەرەب.

دوایین کتێبی ئەم نوسەرە ( الكردي المخذول، رواية الدولة السراب في الوطن المستحيل) تایبەت کراوە بە پرسی کورد و ڕیفراندۆم، کە زۆر بە وردی و لێهاتوییەوە هەموو ڕووداوە گرنگەکانی ئەو سەردەمەی تیا تۆمارکراوە. ئەوەی جێی سەرنجە فوئاد مطر بە بەراورد بە نووسینەکانی پێشووی، تەنانەت بە بەراورد بە نووسەرەکانی دیکەی دونیای عەرەبیش زۆر بابەتیانەتر و واقیعبینانەتر لە بارەی کورد و خەونی سەربەخۆیبوون و ڕیفراندۆمەکەیەوە نووسیویەتی.

ڕەنگە ڕاشکاوی نوسەر لە درکاندنی هەندێک ڕاستی و حەقیقەتی تاڵدا، زۆر خوێنەری کورد بێزار و تووڕە بکات، بەڵام دواجار هەر دەبێ بزانرێت هۆکاری ئەم هەموو نسکۆ  و شکستە مێژووییانە چین!

ئەم کتێبە باسی چی دەکا؟

کتێبەکە 256 لاپەڕەیە و لە 13 بەش پێک دێت و هەربەشێکی تەرخانکراوە بۆ بابەتێکی کاریگەر و جێ بایەخ. لە دەستپێکدا نوسەر دەمانباتەوە بۆ مێژووییەکی دوور، مێژووی شکست و نادادی و چەوساندنەوە و خەباتی دوورودرێژی کورد لە پێناوی ئازادیدا، دواتر دێتەوە بۆ سەردەمی نوێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری بارزانی بۆ ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕیفراندۆم و دۆخی نێوخۆی کورد و حساب نەکردنی بارزانی بۆ ڕای وڵاتە زلهێزەکان.

لە بەشێکی کتێبەکەدا نوسەر باس لە شکست و نسکۆ گەورەکەی دوای ڕیفراندۆم دەکا و هۆکارەکانی ئەم شکستهێنانە دەخاتە ڕوو. بە بڕوای وی زیانە ماددیەکانی ڕیفراندۆم بەو ڕادەیە زۆر نەبوون، بەڵام ئەوە زیانە مەعنەوییەکانێتی کە ئەوەندە زۆربوون لە هەژمار نایەن و قەرەبوو ناکرێنەوە. نوسەر پێی وایە کورد لە دوای ڕیفراندۆمەوە شکۆ و باوەڕبەخۆبوونی شکێنراوە و هاوشێوەی دۆڕاوێکی جەنگ لە لایەن ئێران و تورکیا و عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دراوسێکانی کورد لەمەدا سەرکەوتن و کوردیان دەستخەڕۆ کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەک دەستخەڕۆیەکی بێ خەون، جەنگاوەرێکی بەزیو و ژێردەستەیەکی سەرکز.

” فوئاد مطر” دۆخی “مەسعود بارزانی” لە دوای ڕیفراندۆم بەراورد دەکا بە دۆخی “جەمال عەبدولناسر” دوای شکستی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل و چۆنێتی پەراوێزخستنی هەردووکیشیان دەخاتە ڕوو. هاوکات پێی وایە دۆخی گەلی کوردیش هاوشێوەی دۆخی گەلی فەڵەستینە و لە زۆر باردا لەیەک دەچن. ئەم دوو گەلە هەردووک باجی جوگرافیا و نەبوونی سەرکردەی بەتوانا دەدەن، ئەوان لە نێو خاکێکدا دەژین کە خاکی ڕکابەرییە، مەیدانی بەرژەوەندی و چاوتێبڕینی زلهێزەکانی جیهانە، سەرباری هەموو ئەمانەش ناکۆکی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی و خۆخۆری هێندەی تر  لاواز و سەرکزی کردوون.

ئەم کتێبە دەشێت لە زۆر ڕووەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ، بەڵام هێشتاش وەک بابەتیانەترین کتێبێک دەمێنێتەوە کە تا ئێستا لە سەر ڕیفراندۆم نووسرابێ و بێ لایەنانە شرۆڤەی شکست و کاڵبوونەوەی خەونی سەربەخۆیی کوردی کردبێت. ئەم کتێبە نە لەگەڵدایە و نە دژ، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووییەکە بە ئاگایی و ئەمانەتەوە و تا ڕادەیەکیش وەک خۆی.

جواد خەلیل




مێژووی شانۆی سریانی.. ن- سه‌باح هورمز.. و: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م نمایشی كوردی له‌ كوردستانی عێراق به‌دیاركراوی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ساڵی 1921 نمایش كرابێت ، ئه‌وا یه‌كه‌مین نمایش به‌زمانی سریانی له‌ ساڵی 1912 له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لقۆشی سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ له‌ژێر ناوی (الملكه‌ استر) نمایش كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن (مه‌تران ئستیڤان كجۆ ) كاری نووسین و ده‌رهێنانی بۆ كردبوو ، واته‌ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ،به‌ 9 ساڵ پێش شانۆی كوردی نمایش كراوه‌ .
ئه‌گه‌ر ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی، له‌ موسڵ كه‌ له‌ كنائیسه‌كان نمایش كراون به‌ نمایشی سریانی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین ئه‌وا یه‌كه‌م نمایشی سریانی مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1880 ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ شانۆگه‌ره‌یه‌ك بووه‌ به‌ ناوی (ئاده‌م و حه‌وا) له‌نووسینی (شماس حنا حبش) بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ من(سه‌باح هورمز) ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌به‌زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كراون به‌ شانۆیی سریانی هه‌ژمار ناكه‌م.
له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆی سریانی له‌عه‌نكاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ شانۆی كوردی له‌ شاری هه‌ولێر ،به‌هۆی ئه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ له‌شاری هه‌ولێر زۆر نزیكه‌ و وه‌كو ناحییه‌ك سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێره‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا به‌راوردكردنی ئاست ودروست بوونی شانۆ له‌ عه‌نكاوه‌ له‌گه‌ڵ شانۆ له‌ هه‌ولێر كارێكی زه‌حمه‌ته‌ به‌جۆرێك ، به‌راوردكرنیشی له‌ گه‌ڵ شارۆچكه‌كانی تری سریانی وه‌كو بخدیدا و ئه‌لقۆش زه‌حه‌مه‌ته‌.
به‌رده‌وام نه‌بوونی شانۆی سریانی له‌گه‌ڵ شانۆی عێراقی و شانۆی كوردی به‌تایبه‌تی له‌ عنكاوه‌ به‌هۆی ئه‌و ستمكاره‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژوو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایی یه‌كه‌كان، رووبه‌رووی گه‌له‌كه‌مان بۆته‌وه‌ ،به‌تایبه‌تی رووداوه‌كانی سمێل كه‌ بووه‌ هۆی ترس له‌ قه‌واره‌كه‌ی بكرێت به‌جۆرێك سریانه‌كان واراهاتن كه‌خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و باروو دۆخه‌ بگونجێنێت كه‌به‌سه‌ریان سپێنراوبوو، چ له‌رێگه‌ی دامركانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی یان ناچار كردنی كه‌ پشتگیری له‌ رۆشنبیری عه‌ره‌بی بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی نامۆیه‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌، به‌ ده‌یان په‌روه‌دكار و ئه‌ندازیار و پزیشك و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز به‌رزی به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌جێ په‌نجه‌یان له‌ نێو شاره‌كانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دیاره‌، به‌ڵام له‌م بواره‌ هونه‌ره‌یه‌ شارستانیه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان بووه‌ ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ شانۆكارانی به‌به‌راورد، به‌ بواره‌كانی تر به‌رهه‌م هێنراون ، هۆكاره‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بۆ بۆچوونی خۆم، بۆ په‌روه‌رده‌ی دایك و باوكان ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هانی نه‌وه‌كانیان ده‌دات له‌خوێندن سه‌ركه‌تووبن و بڕوانامه‌ی به‌رز به‌ده‌ست بێنن،بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زانكۆییه‌كان وه‌ربگیرێن به‌جۆرێك بۆچوونیان له‌سه‌ر هونه‌ر به‌گشتی و شانۆ به‌تایبه‌تی بۆچوونێكی كراوه‌یی نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ بووژانه‌وه‌ شانۆ له‌ شاری هه‌ولێر كۆمه‌ڵی له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی شانۆ له‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ ده‌ركه‌وتن به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ره‌تایه‌كانی حه‌فتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی تیپێكی هونه‌ری فه‌رمی مۆڵه‌ت پێدراو ،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ كۆبكاته‌وه‌ ، بۆ نمایشه‌كانیان، زیاتر پشتیان به‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ست بۆیه‌ له‌ كاروانه‌كه‌ به‌رده‌وام نه‌بوون له‌ دیارترینیان: زوهێر عبدولمه‌سیح ، سه‌عدی ئه‌لمالح ، جۆرج مه‌نسوڕ ، ئه‌كره‌م نوری ، بترۆس هرمز ، ره‌فیق نوری ، له‌ گه‌ڵ نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌ (سه‌باح هرمز).
هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵی ئاسته‌نگ وكێشه‌ رووبه‌روی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ بوویه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ حه‌فتاییه‌كان توانیان كۆمه‌ڵێ له‌ شانۆگه‌ری پێشكه‌ش بكه‌ن وه‌كو شانۆگه‌ری (شمعدانات الاسقف) كه‌له‌ رۆمانی (البوساْ ) ئاماده‌كرابوو له‌گه‌ڵ شانۆگه‌ری (راتب شهر) له‌ نووسینی سوبحی خزعه‌لی بوو یه‌كه‌میان به‌زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كرا ئه‌وی تریان به‌ زمانی سریانی بوو ،هه‌ردوو شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی (زوهێر عبدولمسیح) بوو، به‌ڵام نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌ (سه‌باح هرمز) كاری ده‌رهێنانی بۆ سێ شانۆگه‌ری كردوه‌ كه‌ بریتیتن له‌ شانۆگه‌ری (الانتصار ) له‌نووسینی سه‌عدی ئه‌لمالح، شانۆگه‌ری (تومر بیك) له‌نووسینی یوسف ئه‌لعانی ، شانۆگه‌ری (من الاتی) له‌نووسینی داود زیا، هه‌رسێ شانۆگه‌رییه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كرا، هه‌ر له‌ هه‌شتایه‌كان هونه‌رمه‌ند ره‌فیق نوری حه‌نا شانۆگه‌ری له‌رووداوه‌ گرنگه‌كان له‌ ژیانی مه‌سیحا پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی نمایشه‌كان له‌رووی زمانه‌وه‌ زمانێكی خۆرسك بوون ، به‌ڵام كه‌شێكی باشی بۆ كۆمه‌ڵێ لاوی عنكاوه‌ی خوڵقاند بۆ ئه‌وه‌ی عه‌شقی هونه‌ری شانۆ بن تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ندێكان بچنه‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان چه‌ندین شانۆگه‌ری نماش بكه‌ن وه‌كو: ره‌فیق نوری ، خه‌لیل لۆقا ، سامی سڵیوه‌ ، مهه‌ند بترۆس ، سیروان بترۆس ،فوئاد سڵێوه‌.
وه‌كو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ مێژوو ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند كه‌ له‌ عه‌نكاوه‌ ده‌رچووی كۆلێژی هونه‌ر- به‌غدا بێت خودا لێی خۆشبێت (دنحا بۆیا) بوو،له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و خووله‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د سالاربوو وه‌ هونه‌رمه‌ندی دووه‌م زوهێر عه‌بدولمه‌سیح بوو.
به‌پێوه‌ری سه‌رده‌م وكاته‌كان مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆیی سریانی به‌به‌راورد به‌ شانۆی نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ عێراق وه‌كو شانۆی عه‌ره‌بی شانۆی كوردی و شانۆی توركمانی شانۆی سریانی درێژترین و كۆنترین شانۆیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێژووی له‌ دایك بوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1880 ، چه‌ندلێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ شانۆی سریانی پێش ئه‌م مێژووه‌ هه‌بووه‌ له‌و كاته‌ی شانۆی عێراقی له‌ سه‌ده‌ی رابردوو به‌ دیاركراوی له‌ ساڵی 1922 سه‌ریهه‌ڵداوه‌ وه‌ شانۆی كوردی له‌ ساڵی 1921 له‌ دایك بووه‌ واته‌ شانۆی سریانی به‌(42) ساڵ پێش شانۆی عێراقی بووه‌ وه‌ به‌(41) ساڵ پێش شانۆی كوردی بووه‌.
له‌ خۆبایی بوون نییه‌ ئه‌گه‌ر مێژوو دووباره‌ بێته‌وه‌ و شارستانییه‌تی شكۆی ئاشوورییه‌كان دووباره‌ بێته‌وه‌ ، یه‌كه‌مین تروسكه‌ی له‌ كۆنترین شار كه‌له‌مێژوودا ناسانرابێت ئه‌وه‌ شاری نه‌ینه‌وایه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو شانۆكارانی عێراقی و كوردی دا هه‌بووه‌ ، چه‌ندین ده‌قی شانۆییان له‌نووسه‌ركانیان ورگرتووه‌ باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ده‌قی( الامیر الاسیر) له‌ نووسینی (نه‌عوم فه‌تحوڵڵا سحار) كه‌ له‌شاری هه‌ولێر پێشكه‌ش كراوه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌وردی و بابه‌تییانه‌ بچینه‌نێو ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌ی شانۆی سریانی ، به‌ره‌چاو كردنی ژماره‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ونیوێك،پێشكه‌ش كراون له‌رووی ئاستی هونه‌ره‌یان به‌به‌راورد به‌ ئاستی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن شانۆكارانی عێراقی و كورد پێشكه‌ش كراوه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ به‌راورده‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ واته‌ ته‌مه‌نی شانۆی سریانی زۆر كورتره‌ له‌ ته‌مه‌نی شانۆی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ (كورد و عه‌ره‌ب) چونكه‌ ده‌بێ له‌ رووی ئاسته‌وه‌ به‌راورد بكرێت.

هۆكارێكی تری كه‌ شانۆ له‌ عه‌نكاوه‌ له‌ نێو كاروانی شانۆی سریانی لاوازه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو ده‌رفه‌تی به‌ شانۆكارنی نه‌ده‌دات نمایشه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌ كار ده‌كه‌ن ، سه‌ر به‌لایه‌نی سیاسین . بۆنموونه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاییه‌كان ده‌سڵات له‌رێگه‌ی رێكخراوی به‌عس له‌عه‌نكاوه‌، رێگه‌ی نه‌دا شانۆگه‌ری (الحزیز ) له‌نووسینی مه‌كسیم گۆركێ پێشكه‌ش بكرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ستاڤی شانۆگه‌رییه‌كه‌ لایه‌نگری حزبی شیوعیین ئه‌مه‌شمان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 بۆ ده‌ركه‌وت ، ئه‌وه‌ی جێگای پێكه‌نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی خوێندۆته‌وه‌ بۆ مۆڵه‌ت دان دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ شانۆ نه‌بووه‌ له‌ ژیانیدا یه‌ك ده‌قی شانۆیی نه‌خوێنۆته‌وه‌ و یه‌ك شانۆگه‌ریشی نه‌بینیوه‌ ، بگره‌ زۆریش له‌ بواری شانۆ دوور بووه‌.

بۆ مێژوو ده‌ڵێم شانۆكارانمان، له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991ی گه‌لی كوردستان نه‌یان توانییوه‌ ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزنه‌وه‌ ، دامه‌زراندنی هه‌ردوو تیپی (عه‌شتار) و تیپی( شمشا) به‌داخه‌وه‌ نه‌یان توانی به‌باشی به‌ گیانی قوربانی دان و راستگۆیانه‌ هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تیپه‌كه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌ شانۆییه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش وباش ببن و جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندێك به‌ربه‌ست و رێگری تر هه‌بوون بۆیه‌ تیپه‌كان نیان توانی په‌ره‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن تا ئه‌و راده‌ی ئێستا هه‌ردوو تیپه‌كه‌ نه‌ماوه‌ن.




ئایا ناسیونالیزمی ئایینیی کوردی هەیە؟.. نووسینی: عەتا قەرەداخی

مەبەست لە ناسیونالیزمی ئایینی کوردی چیە؟ ئایا دەشێت لە کۆمەڵگای کوردیدا ناسیونالیزمی ئایینی پێکبێت و بتوانێت ببێتە هەڵگری گوتاری دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی؟ ئایا ئەگەر ناسیونالیزمی ئایینی کوردی دروست بێت، پایەکانی بنەما رۆحی و عیرفانی و تەسەوفیەکانی ئیسلام دەبێت، یان لە ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا کامیان پێگەیەکی بەهێزتریان هەیە لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردیدا، ئیسلام وەکو پەیام، یان ئیسلام وەکو سیاسەت؟ ئاشکرایە ئیسلام وەکو پەیام و وەکو ئایینی خەڵک لەسەردەمی فەتحی ئیسلامیەوە گەیشتووەتە کوردستان و بووەتە ئایینی خەڵک. بەڵام ئیسلامی سیاسی مێژوویەکی کورتی هەیە لە کوردستاندا.
لە دوای دروستبوونی ئیسلامی سیاسی بە تایبەتی ئیخوان موسلیمین لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردوودا لە میسرو بڵاوبوونەوەی لە نیشتیمانی عەرەبیدا لە ناویشیاندا عێراق، وادەردەکەوێت لە ڕیگای عێراقەوە بیرو ئایدیۆلۆجیاو رێکخستنی ئەم رێکخراوە لە شەستەکانی سەدەی رابرددا گەیشتبێتە باشوری کوردستان و لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بە تایبەتی بە کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەم لە کوردستاندا و هەم لە جوگرافیای سونەی عێراقدا شوێنکەوتوانی ئیخوان زیاتر پەرەیان سەند. هاوکات لە جوگرافیای شیعەی عێراقدا پارتە سیاسیە شیعەکان کە راستەوخۆش سەربە ئێران بوون پەرەیان سەند. لە باشوری کوردستان لە ساڵانی هەشتاکاندا، پارتی ئیسلامی دەستی دایە چەک و شانبەشانی پارتە سیاسیە کوردیەکان لە شاخ بوو. بێگومان سەرباری ئەوەی کە ئەم پارتە ئیسلامیە ئیلهامی لە ئیخاون موسلیمینەوە وەرگرتبوو، پارتێکی سونەی ئیسلامی بوو، بەڵام پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەبوو. هەر بە کاریگەری کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ ئەو رابوونەوە ئیسلامیەی کە لە چارەکی دوایی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا، نەک هەر کوردستان بەڵکو شەپۆلی رابوونەوەی ئیسلامی تورکیایشی گرتەوەو پارتی رەفای ئیسلامی تورکی دروستبوو. لە سەروبەندی شۆڕشی ئیسلامیدا حیزبوڵای کوردی لە باکوردی کوردستان دامەزرا..حیزبوڵای کوردی سەربە مەزهەبی سونەن، دامەزراندنیان لە ساڵی ١٩٧٩دا، بەشێوەیەکی لەبەرچاو بە کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی بوو. لە ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا زۆر نزیکبوو لە حکومەتی ئێرانەوە(١)..لە پاڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، پەرەسەندنی لقی کوردی ئیخوان موسلیمین لە سوریاو، رووداوە تووندوتیژەکانی حەمای سوریا لە ساڵی ١٩٨٢ دا و رابوونەوەی ئیسلامی جیهانی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پێگەی حیزبوڵای کوردی لە تورکیا هەبووە(٢). لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، پۆلیسی تورکیا حیزبوڵای کوردی هەڵوەشاندەوە، کە تاوانبارکرابوو بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی(٣). لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە ئیسلامیە پارتێکی تر لە پاشماوەو زیاتر رێخستنەکانی ئەم پارتە دروستبوو بە ناوی هوداپار کە ئەمیش سەربە ئێران بوو.

بەرنامەکەی دوو پایەی هەبوو قورئان و نەریت(٤). بۆچوونی لەوجۆرە هەبوو لە باکوری کوردستان کە دەیگوت ئەو پارتە سیاسیانەی کە لەوێ دروستبوون چەپ و عیلمانین و هێچ کام لەوانە نوێنەرایەتی کوردی مسوڵمان ناکەن و ئەوەش وادەکات کە لە هەڵبژاردندا رووبەرێکی فراوان لە کوردی مسوڵمانی کۆنەپارێزو نەریتی دەنگ بە پارتی دادو گەشەپێدان بدەن، بۆیە ..پێویستبە دامەزراوەیەک هەبێت کە پێکەوە دەنگ بە چارەسەری ئیسلامیانە بدات و پشتگیری کوردو بەرەی کوردایەتیش بکات(٥). لە شاڵاوی هەڵبژاردنی پەرلەماندا ساڵی ٢٠١٥، سەیت شاهین لە بەردەمی خەڵکدا گوتی: ئێمە دەمانەوێت داوای پشتگیری بکەین بۆ ئەوەی ببینە دەنگی ئیسلام لە پەرلەماند(٦). بێگومان حیزبوڵای کوردی و هوداپاریش وەکو دوو پارتی ئیسلامی بەردەوام لەگەڵ پارتە کوردییەکان بە پارتی کرێکاران و پارتە مەدەنیەکانی تریشەوە ناکۆک بوون و دوژمنایەتیان دەکردن و ناڕاستەوخۆ لەبەر دژایەتی پارتە کوردیەکان بوونەتە هاوپەیمانی پارتە ئیسلامیە تورکەکانی وەکو پارتی سەعادەت و پارتی دەنگی خەڵک و پارتی دادو گەشەپێدان کە پارتی فەرمانڕەواو خاوەن دەوڵەت بوو.

بەئاشکرا دیارە کە ئەم دوو پارتە سیاسیە ئیسلامیەی لە باکوردی کوردستان و لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دروستبوون بە پلەی یەکەم ئیسلام بوون و وەکو خۆیان دەڵێن ویستوویانە نوێنەرایەتی ئیسلام بکەن لە پەرلەمانی تورکیادا، یان چارەسەری ئیسلامیانە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، دیارە مەبەست لە کێشەی کوردیشە. ئەگەر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردانە بەرنامەیان نوێنەرایەتیکردنی کوردی مسوڵمان بوایە لە پەرلەمانی تورکیا، یان بەرنامەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسلامی کوردییان هەبووایە، هەرچۆن پارتی دادو گەشەپێدان و پارتە ئیسلامیە تورکەکانی تر زیاتر لە ناسیونالیستی عیلمانی تورک پارێزەری دەوڵەتی نەتەوەیی تورکن و هەرچۆن شیعەی ئیسلامی دەوڵەتی شیعەی ئێرانی دامەزراندووەو تەشەیوع و ئێرانیبوون و لە پشتی ئەوەشەوە فارسیبوون و پاراستن و بەهێزکردنی ئامانجی سەرەکیەتی. ئەگەر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردانە بەرنامەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی کوردییان هەبووایە، ئەوا مانای ئەوەبوو کە ئەمانە ناسیونالیزمی ئایینی کوردین. بەڵام لە راستیدا ئەم دوو پارتە ئیسلامیەی باکوری کوردستان دوو پارتی پان ئیسلامی بوون و نەک بە ئاراستەی کوردبوون یان بەکوردی کردنی گوتاری ئیسلامی هەنگاویان نەناوە بەڵکو بە ئاراستەی بە ئیسلامیکردنی کوردو تواندنەوەی کورد لەناو ئەوانی ئیسلامدا کاریان کردووە. بە مانایەکی تر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردییانە نەک هەر لە چوارچێوەی ناسیونالیزمی ئایینی کوردیدا جێگایان نابێتەوە، بەڵکو بوونیان کاریگەری نەرێنی لەسەر گوتاری کوردی و کاوازکردنی هەبووە.

ئاشکرایە لە ڕێگای گەیشتنی بیرو ئایدیۆلۆجێاو رێکخستنی ئیخوان موسلیمین بۆ عێراق، ئیسلامی سیاسی گەیشتتوەتە کوردستان و شوێنکەوتووان یان لایەنگرانی ئیخوان لە باشوری کوردستانیش پەیدابوون. لە دوای روخاندنی میرنشینەکانەوە، قۆناغێک دەستیپێکرد کە شێخ و سەیدەکان بە تایبەتی شێخەکانی هەردوو رێبازی نەقشنەندی و قادری یان سەیدەکانی عەلەوی رابەرایەتی راپەڕینەکانیان لە کوردستاندا کردووەو راپەڕینەکانیش بەو ئەندازەی پاڵنەری نەتەوەیی لە دوایانەوە بووە، ئەوەندەش پاڵنەری ئایینی کە مەبەست ئایینی ئیسلام و رێبازەکانی تەسەوفی ئیسلامیە لە پشتی ئەو راپەڕینانەوە بووە. تا گەیشتنی کاریگەری ئیسلامی سیاسی بە کوردستان، ئیسلام زیاتر لەوەی بەرنامەی سیاسی بووبێت، ئایینی کۆمەڵگا بووە. واتە کۆمەڵگای کوردی کە شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلام بووە، کۆمەڵگایەکی دابڕاو نەبووە لە ئایین، بەڵکو لە ئاستێکی بەهێزدا ئایین تیکەڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم کۆمەڵگایە بووە. بەڵام ئەوەی پێێ دەگوترێت ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگای کوردیدا مێژوویەکی تازەی هەیەو سەرەتاکەی وەکو رابوونەوەی ئیسلامی لە کۆمەڵگای کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە پارتی ئیسلامی و تەنانەت بزوتنەوەی چەکداری ئیسلامیش لە کوردستان دروستبوو. بێگومان هۆکارێکی گرنگی دەرەکی کە رۆڵی گرنگی بینیووە لە دروستکردنی پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناوچەکەدا، دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا.

لە پەیڕەوی ئەم پارتە ئیسلامیەدا ئەوە هاتووە کە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان وەکو یەکەم بزوتنەوەی ئیسلامی چەکدار لە باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا دەرکەوت. هەرچەندە پێشتر رێکخراوی (پەیوەندی ئیسلامی) هەبوو کە شێخ محەمەدی بەرزنجی دروستیکردبوو، دواتر لەگەڵ بزوتنەوە تێکەڵاوبوو. بزوتنەوەی ئیسلامی، بزوتنەوەیەکی پەروەردەی جیهادی ئیسلامیە، لەسەر پەیڕەوی ئەهلی سونەت و جەماعەت کاردەکات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا. پاشان لە ساڵی ١٩٩٩بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بزوتنەوەی راپەڕین یەکیانگرت و بزوتنەوەی یەکبوونیان پێکهێنا. بەڵام ئەم یەکبوونە درێژەی نەکێشاو بزوتنەوە دابەشبوو بۆ سێ بەش کە یەکێکیان بە ناوی بزوتنەوەوە مایەوە، ئەوانی تریش بریتیبوون لە کۆمەڵی ئیسلامی و جوندولئیسلام. هەڵبەت باڵێکی تریش هەبوو بەناوی باڵێ ئیسڵاح و لەگەڵ جوندولئیسلام یەکیانگرت و ئەنسارولئیسلامیان پێکهێنا. روانینی ئەو بەشانەی لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە بۆ دۆزی کوردو بابەتی نەتەوایەتی جیاوزنەبوو لەو روانینەی کە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوە هەیبوو کە چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلامی بوو. بێگومان پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە مەسەلەی نەتەوایەتیەوە نەبوو.
کۆمەڵی ئیسلامی کە دوای جیابوونەوەی لە بزوتنەوە، وەکو پارتێکی ئیسلامی کوردی، لە رووی پێگەی جەماوەریی و ئامادەبوونی لە بزوتنەوە بەهێزتر بوو. کۆمەڵ کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ دادگەری، ئەمیش پارتێکی ئیسلامی سیاسیەو رێکاری سونەت و جەماعەت جێبەجێ دەکات. هەڵبەت هەرچۆن بزوتنەوە لەژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامیدا بووەو تاکو ئێستاش هەربەوجۆرە ماوەتەوە، بەهەمان شێوە کۆمەڵی ئیسلامیش سەرباری پەیوەندی باشی لەگەڵ پارتە ئیسلامیە سونەکانی عێراق، لە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامی دەرنەچووەو پەیوەندی لەگەڵ ئیرانیش باشەو ئەمیش وەکو پارتێکی ئیسلامی سیاسی گوتارەکەی لەسەر بنەمای ئایین بنیادنراوەو کەمتر رەگەزی کوردبوونی پێوە دیارە.

پارتێکی دیاری تری ئیسلامی سیاسی لە باشوری کوردستاندا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. یەکگرتوو پارتێکی ئیسلامی سونەیە لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە باشوری کوردستان دامەزرا. بە پێچەوانەی بزوتنەوەو ئەوانەی لە بزوتنەوە جیابوونەتەوە، کە لە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامیدان، یەکگرتوو لەژێر کاریگەری ئیسلامیەکانی تورکیا یان باشتر بڵێین لەژێر کاریگەری پارتی دادو گەشەپێداندایە کە پێشتر عەبدوڵا گویل و ئێستاش رەجەب تەیب ئۆردۆگان کە سەرۆک کۆماری تورکیایە، سەرۆکایەتی ئەو پارتە دایکە دەکات کە یەکگرتوو شوێنکەوتووی ئەوە. دروشمە سەرەکیەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بریتیە لە سیانەی ئازادی، برایەتی، دادپەروەری و بە پێچەوانەی پارتە ئیسلامیەکانی ترەوە یەکگرتوو پارتێکی مەدەنیە و لە قۆناغی شاردا دروستبووەو بە ئەمیندارو زۆرینەی سەرکردەکانیەوە ئایینداری ئەفەندین لەبری چەک قەڵەمیان هەیە. یەکگرتوو دەڵێت پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکانی کورد دەکات.

کەواتە با لێرەدا بپرسین ئایا گوتاری ئەم پارتە سیاسیە ئیسلامیانەی باشوری کوردستان لە کوێی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیدایە؟ ئایا گوتاری ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە زیاتر پەیوەندیدارە بە کوردەوە یان گوتاری هەردوو رێبازی قادری و نەقشبەندی؟ ئایا هیچ کام لەم پارتە ئیسلامیانەی کوردستان دەچنەوە سەر رێگای شێخان و رێبەرانی قادری و نەقسبەندی؟ ئایا ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە میراتگری مێژووی چواردە سەدەی مسوڵمانێتی کوردن یان لەبەر ئەوەی بە کاریگەری رابوونەوەی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی ناوچەکە دروستبوون نامۆن بە واقیعی کوردەواری؟ ئایا ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە دەتوانن ببنە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی ئایینی کوردی و بەرنامەی دەوڵەتی ئیسلامی کوردییان هەبێت؟ یان بەکاریگەری ئایدیۆلۆجیای سیاسیان وابەستەی پایتەختەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە ئیسلامیەکانی کوردستانن؟
ئەگەر سەرنجی پێناسەی ئەم پارتە ئیسلامیانەی کوردستان بدەین، کە بەگشتی وشەی کوردستانیان لکاندووە بە ناوەکانیانەوە، وەها پێناسەی خۆیان دەکەن کە پارتی ئیسلامی سونەن و پەیڕەوی سونەت و جەماعەت دەکەن و لە پێناوی بەها ئیسلامیەکان و ئازادی و دادپەروەری و برایەتیدا تێدەکۆشن. بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەوانەی لێی جیابوونەتەوە بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا خەبات دەکەن. ئەم دەربڕینە ئەوە نیشان دەدات کە هەڵگرانی ئەم تێڕوانینە کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ سەیردەکەن و لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەتیەکی عیلمانیدایە، ئەمان دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ فەرمانڕەوایەتیەک لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام بنیاد بنرێت. واتە ئەم ئاراستەیەی پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان خۆیان لەوە دووردەخەنەوە کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراوەو دەوڵەتانی ئەو سێ نەتەوە لە ئیستادا شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی دەستوریانەو کەچی هیچ مافێک بە کورد رەوا نابینن و تەنانەت هەر چوار دەوڵەتی ئیسلامی کە کوردستانیان داگیرکردووە، بڕوایان بە جیاوازی ئیتنیکی و نەتەوەیی نیەو لەسەر بنەمای ئایین یەکێتی خاکی نیشتیمانە بە زۆر داڕێژراو و دروستکراوەکانیان کردۆتە بنەما بۆ ئینتیما نەک بنەمای ئیتنیکی. ئاشکرایە گوتاری ئیسلامی گوتارێکی نێونەتەوەییە، بەڵام بەمەرجێک گوتاری نەتەوەی هەژمووندار گوتاری باڵادەست و بڕیاردەر بێت. واتە گوتاری ئیسلامی بۆ عەرەب و تورک و فارس گوتاری ناسیونالیزمی ئایینیەو رەوایەتی داوە بە داگیرکردنی نیشتیمانی کورد لە لایەن دەوڵەتانی ناسیونالیستی ئایینی ئەم سێ نەتەوەوە. کەواتە لە کاتێکدا گوتاری ئیسلامی بۆ ئەو سێ نەتەوەیە گوتاری ناسیونالیزمی ئایینیە، بەڵام بۆ کورد گوتاری کۆڵۆنیالیست یان داگیرکەرە. گوتاری بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەو پارتە ئیسلامیانەی تری کوردستان کە لە هەناوی ئەوەوە لە دایکبوون، هەمان بۆچوونی دەسەڵاتی خەلافەتیان هەیەو ئەوان لە بری دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی، دەوڵەتێکیان دەوێت کە فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان بچەسپێنێت لە کوردستاندا. ئەوان تێدەکۆشن کە فەرمانڕەوای ئەو دەوڵەتە خۆیان بن. خۆ ئەگەر هاتوو خۆیان نەبوون، بێگومان بەلایانەوە پەسندترە کە عەرەب و فارس و تورکی مسوڵمان فەرمانڕەوایی کوردستان بکەن، نەک فەرمانڕەوایەتیەکی عیلمانی کوردی، تەنانەت ئەگەر ئەو فەرمانڕەوایەتیە تەنیا بە روکەشیش عیلمانی بێت وەکو ئەو عیلمانیەتە رووکەشەی پارتی و یەکێتی. هەر لێرەوە ناکۆکی و شەڕی زۆری نێوان ئیسلامیەکانی کوردستان و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووەو هەر پاساوێکی تر بە ناوی گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری و ئازادی لە سیستێمی فەرمانڕەوایی یەکێتی و پارتیدا تەنیا بۆ شاردنەوەی ئامانجی ناکوردی و ناکوردستانی پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستانە. ئەگینا پارتە ئیسلامیە سیاسیە چەکدارەکان هەمان شێوەی پارتە کوردیەکان و خراپتریش دەستیان بە خوێنی زۆر لە رۆڵەکانی کورد سورەو لە هەر شوێنێکیش دەسەڵاتیان هەبووبێت، هەموو ئازادیەکیان لەناوبردووەو لەسەر بیرورای جیاوازیش هەتا بواریان هەبووەو توانیوویانە رێگای نادیموکراتی وناشارستانییان لەبەرگرتووە. لە کاتی بێ دەسەڵاتیشدا بەرامبەر رای جیاواز یان رەفتاری نەگونجاو لەگەڵ گوتاری ئەواندا دەنگی ناڕەزاییان بەرزکرۆتەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەکو پارتێکی ئیسلامی سونە کە دروشمەکانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەریە، ئەمیش کوردستان بە ناوەکەیەوە لکێنراوە. بەڵام لە رووی بەرنامەو ستراتیژەوە نابینرێت باسی کوردو سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی بکات مەگەر بە رووکەش و بۆ راگرتنی هەستی خەڵک. بێگومان ئەمیش هەوڵدەدات دەسەڵاتێکی ئیسلامی سونە لە کوردستاندا دابمەزرێنێت. ئەم پارتە تاکو ئێستا خەباتی مەدەنی دەکات و هەوڵدەدات لە ڕیگای هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگەوە بگات بەدەسەڵات. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت پارتە ئیسلامیەکان لە باشوری کوردستاندا لە قۆناغێکدا گەشەیان کرد، بەڵام لە روخاندنی سەدامەوەو بە تایبەتیش لە دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بەرەو لاوازی زیاتر رۆیشتوون و پێدەچێت ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و نێودەوڵەتیەی ئەوان تیایدا گەشەیان کرد و لەبارو گونجاو بوو بۆ بەهێزبوون و جەماوەریبوونی ئەوان، گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و بەرەو لاوازبوون چووبێت. هەرئەوەش وایکردبێت لەم هەڵبژاردنانەی دوایدا لیستە ئیسلامیەکان لە رووی دەنگدانەوە پاشەکشە بکەن.
بەهارحاڵ سەرباری نەبوونی خاڵێکی دیار لە بەرنامەو کاری یەکگرتووی ئیسلامیدا سەبارەت بە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام یەکگرتوو دەڵێت پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستوریەکانی کورد دەکات. ئەم خاڵە تا ئەندازەیەک گوتاری یەکگرتوو لە گوتاری ئیسلامیەکانی تری کوردستان جیادەکاتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لەوە بەئاگاین کە ئیسلامی سونە گوتاری ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامیەو بەوپێیەش پارتە ئیسلامیە سونەکان هەڵگری گوتاری خەلافەتن و ئەوەش مانای هەموو مسوڵمانان بێ رەچاوکردنی جیاوازی ئیتنیکی و نەتەوەیی هاووڵاتی دەوڵەتی خەڵافەتن. ئەم گوتارە لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینەوە هەتا روخاندنی دەوڵەتی عوسمانی گوتاری باڵادەستی دەوڵەتی خەلافەت بووە. هەر لێرەوە پەیوەندی پتەوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی ئیسلامی سیاسی سونەدا دەردەکەوێت بۆ نموونە دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی پارتی دادوگەشەپێدان کە لەو رووەوە خۆی بە جێگرەوە یان درێژکراوەی دەوڵەتی خەلافەت واتە عوسمانی دەزانێت.

یەکگرتووی ئیسلامی باسی پارێزگاریکردن لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکانی کورد دەکات. لێرەدا دیارە مەبەستی یەکگرتوو ئەو خاڵانەی دەستوری عێراقیە کە گوایە تیایدا دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا نراوە. ئەوەی لە دەستوری عێراقیدا وەکو ماف و دەستکەوتی کورد دیاریکراوە ناوهێنانی عێراقە وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی و داننانە بە کوردستانی پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٣دا وەکو دەسەڵاتێکی فیدراڵی. دیاریکردنی ئەو مێژووە واتە نەورۆزی ٢٠٠٣، بۆ ئەوەیە بگوترێت کەرکوک و رووبەرێکی فراوانی باشوری کوردستان سەربە هەرێمی کوردستان نین. یەکگرتوو ئەو مافانە دەپارێزێت کە لەو دەستورەدا هاتوون. بێگومان ئەو خاڵەی ناو دەستوری عێراقی بە فشاری زۆرینەی عەرەب و بە تایبەتی شیعە سەپێندراوەو لە دوای ئەو دەستورەش ئەستەمە کەرکوک و ئەو ناوچانەی تر بێنەوە سەر کوردستان. کەواتە یەکگرتووی ئیسلامی پەیوەست بە کورد پارێزگاری لەو شتانە دەکات کە دەستوری عێراقی دانی پێداناوە، کە ئەویش لە ئاستی یەکەمدا هێشتنەوەی هەرێمی کوردستانە وەکو بەشێک لە عێراق و هێشتنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری ژێر سایەی حکومەتی ناوەندیە لە ژێر دەستی حکومەتی ناوەنددا. واتە لەم رووەوە گوتاری یەکگرتووی ئیسلامی گوتارێکی عێراقیە و بەو روانینە کاردەکات کە مانەوەی کورد لە سایەی دەوڵەتی عێراقدا بەردەوام دەبێت و ئەم پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکان دەکات، چونکە هەرگیز حکومەتی عێراقی بە پێی ئەو دەستورەی دایناوەو کوردیش لەگەڵیدا بەشدار بووە، رێگا بە دابەشبوونی عێراق نادات، واتە گوتاری کوردی لە گوتاری عێراقی جیاناکاتەوە. یەکگرتوو پارێزگاری لەو دەستکەوتە دەستورییانە دەکات، ئەو دەستکەوتانەی لە رووی دەستوریەوە حکومەتی عێراقی بە کوردی داوە. بەڵام بێگومان ئەو دەستکەوتانەی لە دەستوری عێراقیدا تەنیا بە نووسین بە کورد دراون، ئەگەر وەکو خۆیشیان جێبەجێبکرێن، هێشتا لە رووی گوتاری ناسیونالیزمی خاوەن شوناسەوە شتێکی کەم و ناتەواون، چونکە لە رووی راستی و رەوایەتیەوە مافی هەر نەتەوەیەکە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیی هەبێت و خۆی بەڕێوەببات.

لێرەوە دیارە یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە دەزانێت کە دەستوری عێراق دانی پێداناون. ئاستی ئەو دەستکەوت و مافانەی کورد، کە دەستوری عێراقی دانی پێداناون لە ئاستی گوتاری ناتەواوی نەتەوەیدان، لە کاتێکدا ناسیونالیزمی ئایینی هەڵگری گوتاری تەواوی نەتەوەییە. بۆ نموونە گوتاری ناسیونالیزمی ئایینی عەرەبی و تورکی و فارسی لە سەروەری نەتەوەیی هەریەکە لەو نەتەوانەدا پێناسە دەکرێت. بەڵام پارتی ئیسلامی کوردی بڕوایان بەسەروەری دەوڵەتی نیستیمان هەیە لەو وڵاتانەدا کە ناسیونالیزمی ئایینی نەتەوە سەردەستەکان فەرمانرەوان و کوردیش نەتەوەی دووەمەو ژێردەستەو پاشکۆیەو هیچ سەروەرییەکی نیە. لێرەوە گوتاری پارتی ئیسلامی کوردی وەکو گوتاری پارتە شیوعیەکانی رابردووی ئەم وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە گوتاری نیشتیمانیە کە دەبێتە گوتاری نەتەوەی دەسەڵات بەدەست، واتە عەرەب و تورک و فارس. لێرەوە ئاشکرا دیارە کە پارتی ئیسلامی کوردی هەڵگری گوتاری نەتەوەیی نیەو بەو پێیەش پارتە ئیسلامیە کوردیەکان پارتی ناسیونالیزمی ئایینی کوردی نین، بەڵکو پارتی ئیسلامی نیشیمانی ئەو وڵاتانەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوەو دەوڵەتەکانیان داگیرکەری کوردستانن. ئەمەش لە ئاستی قوڵدا لەبەرئەوەیە کە بیری ئایینی داننانێت بە رۆڵی ناسیونالیزمدا لە بنیادنانی بنەما رۆحی و گشتی یان گەردونیەکانی ئاییندا، چونکە بنیادی ئایینی بەگشتی بنیادێکی رەهایەو سەرچاوەکەی ئیلهام یان وەحیەکی هاتووە لە دەرەوەی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتیبوون، واتە گەوهەری بیری ئایینی گەردوونی یان جیهانیەو دان بە سنوورە ئیتنیکیەکاندا نانێت و جیهان وەکو یەکەیەک دەبینێت و سنوری جیاکەرەوە بۆ ئەو، هێڵی نێوان بڕوادارو بێ بڕوایە، نەک جیاوازی رەگەزی و ئیتنیکی و نەتەوەیی. واتە ئایین و بەو پێیەش گوتاری ئایینی لەسەروی نەتەوەو جوگرافیاوەیە. بەڵام کاتێک ئایین دەبێتە بنەمای دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئایینی، ئەوا دەبێتە بەشێک لە گوتاری ناسیونالیزم وەکو گوتاری ناسیونالیزمی عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیش لە هاتنی ئیسلامی سیاسیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیادا. بێگومان جیاوازی گەوهەری هەیە لە نێوان بنەماکانی ئایین و نەتەوەداو ئەوەش کاریگەری هەیە لەسەر شێوەی کارکردنی پارتە ئایینیەکان لە ناویاندا پارتە ئیسلامیەکانی کوردستانیش. بەڵام شتێکی دیارو لەبەرچاو هەیە کە کورد وەکو پێکهاتەیەک لە نەتەوە خاوەن سەروەرییەکان جیادەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکی دابەشکراو و داگیرکراوەو خاوەنی سەروەری نیەو ئەمەش ئەرکێکی نوێ بۆ کۆی پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگاش دێنێتە پێشەوە، کە بەدەستهینانی سەروەیە، ئەویش تەنیا لە دروستکردنی دەوڵەتدا دەستەبەر دەبێت. وەکو گوتمان بنەماکانی ئایین و نەتەوە یەکن، واتە سەرچاوەی ئایین کە خاسیتی پیرۆزیی هەیە لە شوێنێکی باڵاوە دێن، شوێنێکی نادیار کە لەسەروی مرۆڤەوەیە. نەتەوە لە بنەڕەتدا بوویەکی دنیایی و سیاسیە. هەریەکە لە ئایین و نەتەوە دەیانەوێت مانا بە ژیان ببەخشن. بەڵام ناسیونالیزمی ئایینی رێککەوتن لە نێوان ئەم جیاوازانەدا ناکات، بەڵکو زیاتر پێوانە ئایینیەکان دەکاتە بنەماو بەکاریان دێنێت بۆ پێناسەکردنی نەتەوەو ئەندامانی نەتەوە(٧). لە راستیدا ناسیونالیزم وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و عەقڵانیەت و عیلمانیەت دەردەکەوێت. ئەمەش وادەکات کۆکردنەوەی ئایین و ناسیونالیزم وەکو دوو رەگەزی پێکەوە نەگونجاو و تەنانەت ناکۆک دەردەکەون. لە کاتێکدا مۆدێرنیستەکان ناسیونالیزم وەکو بەرهەمی مۆدێرنێتە سەیر دەکەن، بیری ئایینی و شوناسە ئایینیەکان وادەبینن لەگەڵ شوناسە نەتەوەییەکاندا نەگونجاو بن. لەسەر ئەم بنەمایە زۆر لە توێژەرانی ئەم بوارە ئایین و نەتەوە وەکو جێگرەوەی یەکتر سەیر دەکەن و چەمکی ناسیونالیزمی ئایینی وەکو یەکگرتنی دوو دژ دەبینن(٨). هەر لەم رووەوەو لە رونگەی مۆدێرنێتەوە کۆکردنەوەی ئایین و ناسیونالیزم پێکەوە وەکو شتێکی نەگونجاو دەردەکەوێت چونکە بەشێک لەو ئەرکانەی لە رووی کۆمەڵایەتیەوە کە ئایین پێشتر بینیونی، ناسیونالیزم وەکو جێگرەوەی ئایین ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانە دەبینێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا جێگایەک بۆ ئەوە نامێنێت کە ئایین کاری کۆمەڵایەتیبوون بکات. لە راستیدا ئایین بواری بۆ یەکبوونی کۆمەڵایەتی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان بە نەتەوەشەوە کردۆتەوە. ناسیونالیزم لەم رووەوە وەکو شوێنگرەوەی ئایین دەردەکەوێت و کاردەکات و دوای جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی تاکەکەس دەکەوێت و لێرەشەوە زەمینە بۆ دروستکردن و پتەوکردن و بەهێزکردنی شوناسی دەستەجەمی یان شوناسی گروپ خۆش دەکات.. ناسیونالیزمی نوێ ئایینی خستۆتە دەرەوەی ئەوەی کە کارکەرێکی سەرەکی بێت لە پەیوەندییەکانی گروپ یان پێكهاتە مرۆییەکاندا. لەم رووەوە ئەندرسۆن و گیلنەرو هۆبزباوم رایان وایە ئایین لەگەڵ ناسیونالیزمی نوێدا ناسازێت و دەشێ ناسیونالیزم شوێنی ئایین بگرێتەوەو ببێتە ئایینێکی سیاسی.

ئایین خاسێتێکی کۆمەڵگای نەریتی بووە کە لە هاتنی ناسیونالیزمی نوێدا شوێنی پێ لەق کراوە(٩). مەبەستی ئەم نووسەرانەی بواری ناسیونالیزم ئەوەیە کە ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی کۆمەڵایەتی بنەما یان رەگوڕیشەی ئایینی هەیە. هەربۆیە لە دەرکەوتن و گەشەکردنی ناسیونالیزمدا سەرئەنجام ناسیونالیزم پەل دەکێشیت بۆ ئەو رووبەرانەی ئایین کاریان تێدا دەکات و سەرئەنجام کاریگەری ئایین لەو رووەوە هۆکاری بەهێزو یەکەمینی دروستکردنی شوناس و پرۆژەی دەستەجەمی بێت کاڵتر دەبێتەوەو کەم دەبێتەوە. بێگومان ئەمەی گوتمان روانینی مۆدێرنێتەو عیلمانیە بۆ ناسیونالیزم و پەیوەندی نێوان ئایین و ناسیونالیزم. بەڵام لەپاڵ ئەم بۆچوونەشدا، دەشێ وەها سەیر بکرێت کە دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئایینی و تەنانەت فاندمێنتالیزمی ئایینی بەگشتی لە ئەنجامی شکستەکانی ناسیونالیزمی عیلمانیدا بێت، لەو رووەوە کە ناسیونالیزمی عیلمانی نەیتوانیووە پێداویستیەکانی تاکەکەس و کۆمەڵ لە هەموو ئاستەکاندا جیبەجێ بکات، بە تایبەتی لە ئازادی و یەکسانی و برایەتی و لە بەدەستهێنانی سەروەری و لە پیادەکردنی دیموکراسی و دادپەروەری چەمکی هاوولاتیبووندا.
دیسان لێرەدا ئەو پرسیارە سەهەڵدەدات: ئایا پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستان وەکو کاردانەوە لە ئەنجامی شکستی پارتە سیاسیە بە رووکەش عیلمانیەکاندا دروستبوون، یان پێداویستی کۆمەڵگای کوردی دروستی کردوون، یان بە کاریگەری سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە نیشتیمانی عەرەب و دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی لە تورکیاو بەدەستگرتنی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دروستبوون؟ ئایا پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان سودیان هەیە بۆ پرۆژەی ناسیونالیزمی ئاییندەیی کورد یان رۆڵی نەرێنیان هەیە؟ ئایا هیچ ئەگەرێکی ئەوە هەیە ناسیونالیزمی ئایینیی کوردی دروست ببێت و دەوڵەتی ئیسلامی کوردی دروست بکات و پارتە بە رووکەش عیلمانیەکان و بەناو نەتەوەییەکان بخاتە پەراوێزەوە؟ بێگومان لە روانگەیی نەتەوەییەوە ئەوەی گرنگە بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراوی وڵات داگیرکراو رزگاربوونی نیشتیمان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. ناسیونالیزمی عیلمانی یان ناسیونالیزمی ئایینی یان ناسیونالیزمی چەپ … هەرکەس ئەو دەوڵەتە دروست بکات، ئەو دەکەوێتە پێش ئەوانی ترەوە، هەر ئاراستەیەکیش لە داهاتووی کورددا نەبێتە هەڵگری گوتاری نەتەوەیی و کار بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت نەکات دەکەوێتە پەراوێزەوەو کاروانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بەجێی دەهێڵێت و شوێنێکی ئەوتۆ لە مێژووی کورددا ناگرێت.

————————————————
سەرچاوەکان:

١- کوردەکان، وەرگێرانی عەتا قەرەداخی، سلێمانی، دەزگای جەمال عیرفان، ٢٠٢٠، ل ١٠٩.
٢- کوردەکان، ، ل. ١٠٩.
٤- کوردەکان، ل ١٠٩.
5- Shahen, Sait: Interviewed by Firat Erez. Hudapar: The other Kurds. Turkey Agenda, http-www turkeyagenda.com
٦- کوردەکان، ، ل ١١٢.
٧- کوردەکان، ل١١٢.
8- Greenfield, L., Nationalism: Five Roads to Modernity, Harvard University Press, 1992, p. 67
9- Bruce B. Lawrence, Shattering the Myth, Islam Beyond Violence, Princeton University Press, 1998, p. 16.




سەرۆککۆمار.. ئەمجەد شاکەلی

لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەوافوق و تەوازون وشەراکەت و سەدان کڵاوبازی و قسەی قۆڕی دیکەوە، بێفەڕترین و دواکەوتووترین سیستمێکی حوکومڕانی بە سەر عیراقدا سەپێنرا. سیستمێک، لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی و ئایینزایی، لە لایەن ئەمریکاوە دامەزرا و تا هەنووکە، پێڕۆ دەکرێت. ئەم سیستمە، کۆپێیەکی گەنتر و دزێوتری سیستمی سیاسیی لبنان بوو و لبناناندنی عیراقی لێکەوتەوە. هەرسێ سەرۆکایەتییە باڵاکەی عیراق، حوکوومەت، کۆمار و پەرلەمان، لەنێوان شیعە و سوننە و کورددا دابەش کران. سەرۆکایەتی حوکوومەت، کە گرنگترین و کاریگەرترین و بەدەسەڵاتترین پۆستە، بوو بە پشکی شیعە. سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو بە پشکی سوننە. سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە پشکی کورد. عەرەب، کران بە دوو کەرتەوە و لە عەرەبەوە وەک نەتەوەیەک و نەتەوەی سەردەست و زۆرینەی عیراق، کران بە شیعە و سوننە. تا ئەمڕۆ، کورد سێ جار، پۆستی سەرۆککۆماریی وەرگرتووە، یەکەمیان جەلال تاڵەبانی بوو و دووەمیان فوئاد مەعسووم و سێیەمیان بەرهەم ساڵح. پۆستی سەرۆککۆمار، بێجگە لە بڕێک پارەوپووڵ و تایبەتمەندی ماددی بۆ حیزبەکەیان و خۆیان، هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کورد و کوردستانییان تێدا نییە. سەرۆککۆمار بێدەسەڵاتترین دەسەڵاتدارە لە سیستمی حوکومڕانیی عیراقی دوای بەعسدا. سەرۆککۆماری عیراقی دوای بەعس، هەر هێندەی تاها موحیەددینی سەردەمی سەددام حوسەین دەستی دەڕوات.

سەرۆککۆمار، کە وەک نیشانە و هێمایەک و ڕوویەکی عیراق، لە دەرێی عیراق دەبینرێت و عیراقیش وەک دەوڵەتێکی عەرەبی دەژمێردرێت، دەکاتە ئەوەی سەرۆککۆمار سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبییە. دانانی کوردێک بە سەرۆککۆمار و قایلبوونی کورد بەوەی پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرێت، گەورەترین سووکایەتیکردنە بە عیراق، وەک دەوڵەتێکی عەرەبی، کە سەرۆککۆمارەکەی کورد بێت و گەورەترین سووکایەتیکردنە بە کوردیش، کە سەرۆککۆماری دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و لە دەرەوە وەک عەرەب بژمێردرێت. ئەو سووکایەتیپێکردنە، ئەمەریکا بۆ سەرشۆڕکردنی، هەردوو کورد و عەرەب دایهێنا و بۆ ناشیرینکردنی ڕووی سەرۆککۆماری عیراق. لە یەکەم سەرۆککۆماری دوای ڕووخانی بەعسەوە، ئەو پۆستە بەدەست یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بووە و هەیە. تەنیا لە دانانی جەلال تاڵەبانیدا وەک یەکەم سەرۆککۆمار، پارتیی دیموکراتیی کوردستان دژایەتی و ناڕازیی نەبوو بۆ ئەو سەرۆککۆمارە، ئیدی لە دانانی فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵحدا، پارتیی بەربژێری ڕکابەری بۆ هەردوویان هەبوو، لێ پۆستەکە هەر بوو بە هی یەکیەتیی. چۆن عەرەب کران بە شیعە و سوننە و وشەی عەرەب لە قانوونی دانانی ئەو سێ پۆستە باڵایانەدا سڕایەوە، هەر بەو جۆرە بۆ کوردیش، تا ڕادەیەک و بە کردار وشەی کورد سڕاوەتەوە و وشەگەلی یەکیەتی و پارتی جێگەیانی گرتووەتەوە، بەتایبەت لای کورد خۆی و دیارە لەکن عیراقییانیش. سەرۆککۆمار بووەتە تاپۆی یەکیەتیی و سەرۆکی هەرێم بووتەوە تاپۆی پارتی. کورد، ئەگەر بڕێک وردبین بووایە، هەرگیز توخنی پۆستی سەرککۆماری نەدەکەوت، پۆستێک کە هیچی لەباردا نییە و کورد گوتەنی”لاقی مریشکێکی پێ ناکرێتەوە” و دەستەوسان و دەەستەپاچە، دەبێ چاوەنۆڕی بەزەیی و دلۆڤانی و میهرەبانی دوو سەرۆکەکەی تری حوکوومەت و پەرلەمان بێت.

جەلال تاڵەبانی، کە یەکەم سەرۆککۆماری کورد بوو لە عیراقدا، بەو هەموو کاریزما و لەبلەبانی و زارقەرەباڵغی و زمانە لەچەرخدراوەی و بەو هەموو فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی و پێوەندداری و لێزانین و هەلپەرستی و ڕەنگگۆڕین و دووڕوویی و هەڵبەزودابەز و دەیان سیفەتی دیکەیەوە، مەلا غەفووری دەبباغی گوتەنی:”زگگورگی سەرمەڕ بۆ وا فەقیری؟ خۆ تۆ هەوێنێ نۆ مەنجەڵ شیری!”، ئەو هەوێنی سەد مەنجەڵ شیریش بوو، لێ هیچی لێ هەڵنەکڕدرا و هیچ خێروبێرێکی بۆ کورد نەبوو. سەرۆککۆمارە خەواڵووەکەی دوای ئەو، فوئاد مەعسووم، گێرەی لە هەولێرێ دەگەڕا و سەرۆکەکەی ئێستاش، بەرهەم ساڵح، کە دەرسی شەیتان دەدات، بۆ کورد تەنێ زمانێکی لووس و دوودەستی بەتاڵی پێوەیە. هیچ سەرۆککۆمارێکی کورد لە عیراقدا و لە سایەی وەها دەوڵەت و قانوونێک و سیستمێکی سیاسییدا، هەرگیز لەمانەی ناویان هات، باشتر نابن. کاتێک کورد دەتوانێت بەمانە بڵێت لالۆ (سەرۆککۆمار)، چۆلەکەی بۆ بگرن. ئەمانە نەک چۆلەکە بۆ کورد دەگرن، چۆلەکە بۆ کورد ناگرن و بەڵکە چۆلەکەکەی دەستی کوردیش بەرەڵڵا دەکەن. ئەو هەموو ساڵانەی بەسەر چوون، گرنگترین پرسی کورد، خاک بوو و خاکە، کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێنراوەکان، “قودس”ەکەی ئەو سێ سەرۆککۆمارە کوردانە، بە ماددەی سەدوچل و بە 16ی ئوکتۆبەر و بە نابەرپرسیاریی خۆیان، هەموویان دۆڕاند و ڕادەستی نەیارانی کوردستانیبوونی کەرکووکیان کرد.

عیراق، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبیی دەژمێردرێن. لە 22 مارسی 1945دا و پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو(UN)، بە چەند مانگێک، حەفت دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆی خودان سەروەریی سیاسی: میسر، سووریا، شانشینی سعوودییەی عەرەبی، ڕۆژهەڵاتی ئوردون، لبنان، عیراق و یەمەن، خڕ دەبنەوە و بڕیاری دامەزراندنی چەترێک، بازنەیەک، یەکیەتییەک بۆ خڕکردنەوەی دەوڵەتانی عەرەبی، گەلی عەرەب و خاکی جیهانی عەرەبی لەنێو و لەچوارچێوەی ئەو بازنەیەدا و لەژێر ئەو چەترەدا، دەدەن. عیراق، وەک شاکارێکی سایکس-پیکۆ و کۆڵۆنیالیزمی بریتانی، بە هەموو پێوەرێک و لەبەر ئەندامبوونیشی لەو کۆمکارەدا، دەوڵەتێکی عەرەبییە و بێجگە لەوە شتێکی دیکە نییە.
لە وەڵاتێکدا پۆستی سەرۆککۆمار دەتوانێت بە بایەخەوە لێی بنۆڕدرێت و کاریگەریی هەبێت و نوێنەرایەتی تەواوی دانیشتووانی وەڵاتەکە بکات، جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکانی وەڵاتەکەدا نەبێت و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ و خەڵکی وەڵاتەکە وەک هاووەڵات سەیر بکرێن و هاووەڵاتیەتی چ پێوەندێکی بە ڕەگەز، ڕەنگ، ئایین، نەتەوە، زمان، ئایینزا، ڕەچەڵەک و…نەبێت، بەڵکە تەنێ لەسەر بنەمای هاووەڵاتیبوون حیسابی بۆ بکرێت. وەک نموونە دەکرێ وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا باس بکرێن.

لە وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا، کە کیشوەرێکی بەرینە و پتر لە 650 میلیۆن مرۆڤ تێیاندا دەژین، لە ماوەی 40 ساڵێکدا 11 سەرۆککۆمار، کە بە بنەچە و ڕەچەڵەک عەرەبن، فەرمانڕەواییان کردووە. عەرەب، بۆ خۆیان دانیشتووانی ڕەسەنی لاتین ئەمەریکا نین، بەڵکە وەک پەنابەر و کۆچبەر لە ماوەی یەک سەدەدا و بەرەبەرە لەو کیشوەرە نیشتەجێ بوون. لە تەواوی لاتین ئەمەریکادا نزیکەی 40 میلیۆن مرۆڤی بە ڕەچەڵەک عەرەب دەژین. 12 میلیۆن لەوانە لە برازیل و 1,2 میلیۆن لە ئەرجەنتین و ئەوانی دی لە وەڵاتانی دیکەی ئەو کیشوەرەن. ڕێژەی عەرەب لە لاتین ئەمەریکادا دەکاتە 6%ی تەواوی دانیشتووانی ئەو کیشوەرە. لە نێو زمانی سپانیۆلی و پۆرتوگیزی، کە لە لاتین ئەمەریکادا زمانانی هەموو کیشوەرەکەن، 500 وشە و دەستەواژەی عەرەبی، تێکەڵ بەو دوو زمانە بوون و لە هەندێک لەو وەڵاتانەدا بوون بە بەشێک لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک.

ئەو سەرۆککۆمارانەی، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن و لە لاتین ئەمەریکا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست ئەمانەن:
کارلۆس منعیم(Carlos Menem)، لەنێوان 1989-1998، سەرۆکی ئەرجەنتین بوو، لە دایک و باوکێکی سووریایی هاتووەتە دنیاوە. ئەنتۆنیۆ سەقا(Antonio Saca)، سەرۆکی ئێلسەلڤادۆر، بە ڕەچەڵەک فلستینی بوو. سەرۆکێکی دیکەی ئێلسەلڤادۆر، نەجیب بووکیلە یا ناییب بووکیلە(Nayib Armando Bukele Ortez)، لە باوکێکی فلستینی و دایکێکی ئێلسەلڤادۆری بوو. ميشال تامر(Michel Temer)، سەرۆکی برازیل، بە ڕەچەڵەک لبنانییە. خولیۆ تیۆدۆرۆ سالیم(Julio Teodoro Salem)، عەبدەڵڵا بووکەرەم(Abdalá Bucaram) و جەمیل مەعەووەز(Jamil Mahuad)، هەرسێیان بە ڕەچەڵەک لبنانین و سەرۆکی ئێکوادۆر بوون. خولیۆ سیزار تەربای یا خولیۆ سەمیر تەربای(Julio César Turbay)، لە باوک و دایکێکی لبنانی هاتووەتە دنیاوە، سەرۆکی کۆلۆمبیا بوو. سەلڤادۆر نەسرەڵڵا(Salvador Nasralla) و کارلۆس ڕۆبێرتۆ فلوورێس یا کارلۆس فەققووسە(Carlos Roberto Flores)، هەردووکیان دایک و باوکیان فلستینی بوون، سەرۆکی هۆندوراس بوون. ماريۆ عەبده بێنیتز(Mario Abdo Benítez)، سەرۆکی پاراگوای، لە دایک و باوکێکی لبنانییە. بێجگە لە سەرۆککۆمار، سەدان وەرزشکار، سینەماکا، میدیاکار، مامۆستای زانستگە، ئەدیب و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان و شارەزای ئابووری و قانوون و دەیان بواری دیکە هەن، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن . نەک هەر خەڵکی بە ڕەچەڵەک عەرەب، بەڵكە خەڵکی بە ڕەچەڵەک وەڵاتی دیکەش بوون بە سەرۆککۆمار، نموونەش ئەلبێرتۆ فوجیمیرۆ(Alberto Fujimori)، سەرۆکی پێرو، کە لە باوک و دایکێکی ژاپۆنی هاتووەتە دنیاوە.
تەواوی ئەوانە بوون بە سەرۆکی دەوڵەت لە کیشوەری لاتین ئەمەریکادا، نەک بە ناوی عەرەب یا ژاپۆنی، بەڵکە بەناوی ئەرجەنتینی، برازیلی، ئیلسەلڤادۆری، کۆڵۆمبیایی، هۆندوراسی، پاراگوایی، پێرویی، ئێکوادۆری. ئەوان نوێنەری ئەو دەوڵەتانە و گەلانی ئەو دەوڵەتانە بوون، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەچەڵەک و بنەچەی ڕەسەنی خۆیانیان فەرامۆش نەدەکرد و ناکەن، کە عەرەبن. گەلێ جار و لە کاتی پێویستدا هەڵوێستی سوودبەخشیان بە نەتەوە ئەسڵییەکەی خۆیان(عەرەب) و وەڵاتانی عەرەبی نواندووە و گەیاندووە.

کورد، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو خاکەن، کە پێی دەگوترێ کوردستان و بەشێکی بە عیراقەوە لکێنراوە و ڕێژەیشی لەنێو عیراقی ئێستادا لە ڕێژەی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک عەرەبن لە لاتین ئەمەریکا و ئێستا تواونەوە و بوون بە خەڵکی ئەو وەڵاتانەی تێیاندا دەژین، گەلێک زیاترە. کورد 20-25%ی دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن. کورد، دەبوو خۆی دوور گرتبا لەوەی سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و بە ناوی عەرەبەوە قسان بکات. ملانێی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر هەر پۆستێک لەنێو عیراقدا و بەتایبەتیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، دزێوترین ملانێیە. وەها ملانێیەک، سڕینەوەی کوردە و سڕینەوەی کوردستانە و چەسپاندن و جێگیکردنی حیزبە(یەکیەتی یا پارتی یا…) لەبری کوردستان و کورد. لە دێر زەمانەوە گوتراوە:”چێشتی پڕکابان بێخوێ یا سوێرە”، بەو ملانێیە پارتیی و یەکیەتیی، نەک چێشتی بێخوێ یا سوێر دەرخواردی کوردستانییان دەدەن، بەڵکە زەقنەبووت و ژەهری هەلاهەلایان دەرخوارد دەدەن. وەدەستهێنانی پۆستێکی کارا، لە کەرکووک و دەڤەرە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە بتوانێت وەک کورد، وەک کوردستانیی، نەک وەک یەکیەتیی یا پارتیی، یەک میتر خاک، بیرەئاوێک، درەختێک بگێڕێتەوە ئامێزی کوردستان، عەرەبێکی هەناردەی داگیرکاری کوردستان وەدەرنا، کوردێکی هەڵاتووی کەرکووک و خورماتوو و مەندەلی بگێڕێتەوە جێی خۆیان، ناوە کوردییەکەی ئاواییەکی عەرەبێنراو، خوێندنگەیەک، شەقامێک، جۆگەڵەئاوێک، دۆڵێک، تەپۆڵکەیەک بکاتەوە کوردی، گەلێک لە پۆستی سەرۆککۆمارێکی تەوەزەلی تێڕە باشتر و بەکەڵکترە. عەرەبی عیراق بۆ خۆیان دەبوو پۆستی سەرۆککۆماریی عیراق نەدەن بە کورد و بە مۆڵکی خۆیانی بزانن. ئەو پۆستی سەرۆککۆمارە، کە عیراق دەوڵەتێکی عەرەبی بێت، مافی عەرەبە و هەرگیز مافی کورد نییە.

17-12-2021




ئارشیفی لەبیرچوونەوە.. شەماڵ بارەوانی

وەرە با
هەنسکەکان
بە سنووری فەنابوون
بسپێرین
و
شەقامی چاوەڕوانی
بەپیاسەی ئامێز
ئاوەدانکەینەوە

وەرە
با کەڕنەڤاڵی ماچ بگێڕین
و
هەموو بزەو وەریوەکانمان
کۆبکەینەوە

وەرە
با شوشەی فیراق
بە بەردی ویساڵ
هەپرون هەپرون کەین
و
ئەو نیشتمانەی مەراق
لەبێتاقەتی بەتاڵ کەینەوە

وەرە
با پاشماوەی
بیرەوەریەکان تەواوکەین
و
ژێلەمۆی دووری
بکوژێتەوە

وەرە
بەر لەوەی
وەزری پیری
لەسەر درەختی تەمەنم
چرۆبکات
و
مانیفێستی ئاواتەکانم بەنیوە ناچڵی
سەربنێتەوە

وەرە
با
خەمەکان دەمکوت کەین
و
شەپۆلی ئازارەکانمان
ببڕێتەوە

وەرە با
ماچی ئشتیها
لەترۆپکی تامەزرۆیی
داگیرسێنین
و
چرۆی ئەو هەموو
حەسرەتە کاڵبێتەوە

وەره
با
دۆسیەی دابڕان دابخەین
و
تەرمی تەنیایی
لەئارشیفی لەبیرچوونەوە
بنێژین
و
چیتر
فرمێسک بۆ فیراق
نەڕێژین




سێ شیعر له‌ شاعیری ئه‌مه‌ریكایی ( فۆرتێسا لاتیفی )یه‌وه‌.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ
یازده‌ جار پێش به‌رچایی دڵم تێكشكا

به‌یانیی ئه‌مڕۆ
پێشی به‌رچایی
یازده‌ جار دڵم تێكشكا
شه‌ش جارانم پێشی فراڤینێ درووییه‌وه‌
یه‌كه‌مین جار : كه‌ خاولییه‌كه‌ت له‌ گه‌رماودا
له‌ ته‌نیشت خاولی من بوو .
دووه‌م جار : كه‌ زانیم پێوسته‌ جله‌كانت دوور بخه‌مه‌وه‌
تا كه‌ له‌ به‌ر خۆم هه‌ڵدێم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ نه‌تبینمه‌وه‌ .
سێیه‌م : كه‌ دایكم گۆرانی ده‌چڕی
وه‌ك گوڵێكی له‌به‌ر خۆر كراوه‌دا ده‌رده‌كه‌وت
گریام
كه‌ كچی ئه‌وم
بۆچی ئه‌وه‌نده‌م تاریكی خۆش ده‌وێ
من كچی ئه‌وم .
چواره‌م : كه‌ ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ی له‌ فڕۆكه‌خانه‌دا پێی گه‌یشتم
ته‌له‌فۆنی بۆ كردم ،
وتی وه‌ره‌ له‌ ڤییه‌ننا بمبینه‌
قاوه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌دا ده‌خۆینه‌وه‌ و
ده‌بینه‌ دوو غه‌ریب ته‌واو له‌ یه‌كدی ده‌گه‌ن
وه‌ره‌ له‌ ڤییه‌ننا بمبینه‌ ..
پێنجه‌م : بۆچی هێشتا له‌ قه‌سیده‌كانم ده‌رده‌كه‌وی ؟
شه‌شه‌م : بۆچی هێشتا له‌ خه‌ونه‌كانم ده‌رده‌كه‌وی ؟
حه‌فته‌م : بۆ تا ئێستا ده‌رنه‌كه‌وتی ؟
هه‌شته‌م : كه‌ خوشكم وتی :
ئایا ده‌زانی زانینی ئه‌وه‌ی به‌سه‌رت هاتووه‌
چه‌ند به‌ ئێشه‌ ؟
مه‌گه‌ر نازانی چه‌ند به‌ ئێشه‌ ؟
نۆیه‌م : كه‌ گوێم له‌ باوكم بوو
قاوه‌ی ده‌هاڕی
نه‌مده‌زانی به‌و ڕاده‌یه‌ غه‌ریبی ده‌كه‌م
ده‌یه‌م : كه‌ ئه‌و قه‌سیده‌یه‌م خوێنده‌وه‌
دوێنی شه‌و به‌ مه‌ستی نووسیبووم
ته‌واو ڕاستگۆ و
شێوازێك تژی ڕاستی

  • به‌سه‌ چیدی مه‌خۆره‌وه‌ ، تۆ هه‌مه‌نگوای نی به‌سه‌ خواردنه‌وه‌ –
    یازده‌م : زانینم به‌وه‌ی ئه‌م به‌یانییه‌
    دڵم پێش به‌رچایی یازده‌ جاران تێكشكاوه‌ .

• وه‌ك بڵێی عاشق بین

هه‌ردووكمان درۆ ده‌كه‌ین
به‌ڵام ئه‌وه‌ ‌
له‌ به‌ته‌نێ خه‌وتن باشتره‌
ڕقم له‌ پانكه‌كه‌ته‌
كه‌ به‌ درێژایی شه‌وێ ده‌خوولێته‌وه‌
هه‌ستی قه‌سرینم لا دروست ده‌كا
به‌ڵام من نایڵێم
چوون كه‌ قسه‌ ده‌كه‌م
گوێت لێم نییه‌
گوێت لێم نییه‌ ، یا ناته‌وێ گوێت لێم بێ
گرینگ نییه‌
له‌ هه‌ر دوو باران
به‌ ئێشی گه‌رووم
بێدار ده‌بمه‌وه‌ ..
وا پێشان ده‌ده‌م خه‌وم دێ
مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌روایی ده‌رده‌كه‌وێ
كه‌ نزیك ده‌بمه‌وه‌ له‌وه‌ی
ده‌ستت بگرم
براده‌ره‌كانم
به‌ نووستنم له‌سه‌ر ته‌ختی تۆ
شڵه‌ژاون
له‌ كاتێكا ئێمه‌ یه‌كدی ماچ ناكه‌ین
چه‌ند فلیمێك ده‌بینین ڕقم لێیانه‌
ده‌نووین و پشتمان تێك كردووه‌
خۆ لێك ناسووین
كه‌ ده‌شتوانین
به‌یانی ،
به‌ وردی ژووره‌كه‌ت ده‌پشكنی
دڵنیا بی هیچ شوێنه‌وارێكی
په‌یوه‌ندییه‌‌ خواروخێچه‌كه‌مانم جێ نه‌هێشتووه‌
شه‌رم له‌ وایه‌ری بارگاوی كردنی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م ده‌كه‌یه‌وه‌
‌ به‌ دیواره‌كه‌ته‌وه‌یه‌
دایكت وا پێشان ده‌دا
ئۆتۆمبیله‌كه‌می له‌ ڕاڕه‌وه‌كه‌دا نه‌بینیوه‌ .

هه‌موو شه‌وێ
له‌ ته‌نیشت یه‌كدی هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین
وه‌ك بڵێی ئه‌مه‌ مانایه‌ك ببه‌خشێ .

• خه‌مۆكی چییه‌ ؟

پاكه‌تی جگه‌ره‌ هه‌ڵگرتن
بێ ئه‌وه‌ی بیكێشی
پۆشینی جلوبه‌رگی به‌ سێ ژماران گه‌وره‌تر
دابه‌زاندنی دوانزه‌ كیلۆ له‌ كێش
له‌ هه‌مووی گاڵته‌جاڕتر دایكم ده‌ترسێنم
كڕینی پلیتی فڕۆكه‌
بایی هه‌رچی هه‌مه‌
گریان له‌ به‌شی خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی
دووكانی به‌ققاڵه‌كان
پلان دانان بۆ زۆر شت
پاشان په‌شیمان بوونه‌وه‌ ..
پێنج سه‌عاتان نووستن له‌ نێوه‌ڕۆدا
دادانه‌وه‌ی په‌رده‌ی په‌نجه‌ران
له‌بیر كردنی به‌كارهێنانی دژه‌ڕۆژ
نامه‌ به‌ كۆمپیوته‌ر ناردن بۆ مامۆستاكان
له‌ باره‌ی دوا كه‌وتن
ئۆتۆمبیل لێخوڕین تا بناری شاخ
بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر بكه‌وی
زۆر قاوه‌ خواردنه‌وه‌
خه‌و بردنه‌وه‌ ، پیاڵه‌ی خواردنه‌وه‌ش به‌ ته‌نیشت جێخه‌وه‌وه‌
چه‌ندین هه‌فته‌ هه‌مان فانیله‌
پاشان له‌ ناكاو دانه‌یه‌كی نوێ .

فۆرتێسا لاتیفی
() ژنه‌ شاعیرێكی ئه‌مریكاییه‌ كه‌ ‌ بیابانی كردووه‌ به‌ نیشتمانی خۆی ساڵی 1993 هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌ . (*) ئه‌م قه‌سیدانه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی (القصيدة كوم)ـه‌وه‌ كراون به‌ كوردی
بڕوانه‌ :
https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=4618




زێـراب.. شــەماڵ بارەوانــی

کارەساتتان باش..

من ناوم شنگالە
و
نازناوم گـۆڕی بە کـۆمـەڵ

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو
لەپڕ
کۆمەڵێک شمشێری ڕادیکاڵ و
ڕەوێک خەنجەری بیابان

کۆمەڵێک شەوی ئەنگوستەچاو
مەزهەبێکی زۆر کۆن
ڕژانە کۆڵانەکانی
کۆجۆم

کۆمەڵێک شمشێر
شێوەیان دەڕۆشتەوە سەر
سەدەکانی ناوەڕاست
و
بۆنی خوێنیان لێدەهات

ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز
سیخناخ بوون
لەجەهل و تاریکی
پڕ بوون لە نەفرەت

بێ لەدەرگادان
و
بە ڕستێک قەفەز
و
باوەشێک شەریعەت

بە فرسەخێک تقوسی سەحراو
قاپێک خەڵووزی خوڕافە

بەکۆمەڵێک ئایدیای ڕق
و
ستڵێک فەتوای ڕەق

خۆیان کرد بە ژوورداو
گوتیان
ئێمە پاسەوانەکانی دەرگای دۆزەخین
و
لەو دیوی سردابی مێژوو و
حاشیەکانی جەهالەتەوە هاتووین

ڕەگمان دەچێتەوە سەر زێراب
و
مۆڵەتی ئاسمانمان پێیە

بەڵێ
ئەوان لەبەردەم بێدەنگی هەمواندا
پەلاماری گۆمەزی شەرفەدینیان داو
کچێنی شنگالیان نەزیف کرد

بەرائەتی جیلوەیان
بە چەقۆی ئەنفال سەربڕی
و
مەسحەفی ڕەشیان
خەڵتانی سورەتی کفرکرد

نەمزانی کێ بوون
بەڵام
گوتیان ئێمە سەر بەخێڵی بەردو
پاشماوەی فتوحاتین

ئێمە نەوەی نەفرەت و
لەنەسەبی قانونی ڕەجمین

بەڵێ ئەوان
هەمان ئەو ڕەوە خەنجەرەبوون
کە شەهرەبانویان کرد بەکەنیزەو
لەگەڵ فرمێسکەکانی یەزدەکورد
ناردیانن بۆ سنوری تەعریب

هەمان
ئەو چەقۆیانەبوون
کە بەر لە هەزارو چوارسەت ساڵە

ئاگری ئاتەشگای ئەشۆیان کوژاندەوە
و
بەرماڵی نزای زەردەشتیان شەهیدکرد

هەمان ئەو شمشێره ڕادیکاڵانەبوون
کە پەنجەرەی میحرابی متیرایان
بە لمی بیابان سواق
و
کراسی بووکێنی گوڵاڵەیان دڕاند

هەمان
ئەو خەنجەرە ئوسوڵیانەبوون
کە گاتاکانی ئاڤێستایان پڕکرد
لە ئیقاعی زندیکبوون و
شادەماری مەچەکی یەسناکانیان بڕی

کۆمەڵێک تاریکی
چاوەکانیان
هێشتا جۆگەڵەی خوێنی
هەفتاو چوارفەرمانی ئێزدیخانی
لێدەچۆڕا

هێشتا
بۆنی دەهریبوونی ئاهۆرامەزدا
و
فوغانی دایکە ئەنفاڵکراوەکانیان لێدەهات

هێشتا
بۆنی حەرامسەرای کەنیزەکان و
توڕەیی فەرمودەکانی فتوحاتیان لێدەهات




هۆنراوەیەک بۆ منداڵان بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان.. عەلی حەمەڕيشید

ڕۆژی ئاڵا
منداڵێکی بچکــۆلانـــــە و
وریـــام بینی زۆر زرنگ بوو
کــــــە ئـاڵایەکی بچــوکی
کـوردستانی لەسەر سنگ بوو
بــەھێمنی ڕێگـــــای دەبڕی
پۆشاکی کــــوردی پۆشیبوو
لێوبەخەندە و سەرنج ڕاکێش
دیــار بـوو دڵی پڕ خۆشیبوو
بانگم کـــرد و پێم وت چییە؟
ئــــاوا خۆشیت لــــە دڵدایە
پێکــــەنی وتی نـــــــازانی
کـــە ئەمــڕۆ ڕۆژی ئــاڵایە

عەلی حەمەڕيشید
١٧/١٢/٢٠١٩