هزرین لەنێو جیهانی دیاردەییەوە.. کاوە جەلال

لە خۆرهەڵاتی ئیسلامی هەردەم زانیارییەکانی موبەقی دیعایە، “وتی وتی”، پێوەکردنی بەهارات بە ڕووداوی یان هەواڵی گێڕراوە و “وتی-وتییەکان”ەوە، وەک کەتوارێک (واقعێک) وەردەگیرێن، مرۆڤ خۆی پێوەیان ڕادەگرێت و بەرهەمیاندەهێنێتەوە. ئەوجا تەنگژەی قووڵی سەرجەم بوارەکانی ژیانی جڤاکی و ئابووری و سیاسی دێتە پاڵ ئەم هەقیقەتە ئیسلامی-خۆرهەڵاتییە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە بۆچی ئێمە هەنووکە نەک تەنیا لە پرسە چارەنوسسازەکاندا، بەڵکو لەبارەی زۆر ڕووداوی ژیانی ڕۆژانەشمان هیچ یان نزیکەی هیچ نازانین، بەڵکو لەنێو تەوەنی دیاردەیی تەنییەوەدا گیرمانخواردووە، ئەوجا کاتێک ئەو تەوەنە وەک کەتوار دادەنێین، ئیدی دەوروژێین بۆ خۆخاڵیکردنەوە لەنێو کۆڕی هەڤاڵان و سەرمێزی نادییەکان و سۆشیالمیدیادا، بەڵێ تەنانەت بۆ نووسین دەمان وروژێنێت. تەنانەت میدیاکارانی سەرقاڵبووی نێو ڕووداوە سیاسییەکان، بێگومان هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر جڤاکییەکانیش، ئاگایان لە زۆرینەی پاشخانی ڕووداوەکان نییە، لەم بێئاگاییەشەوە “ئینفۆرماسیۆن”ەکانی خۆیان دەئاخننە نێو دەروون و هۆشمانەوە. بەڵی دەتوانین ببێژین، لەو دەڤەرە کولتوورییەدا تەنانەت ئستۆپی زار بچڕاوە و ئەو خەڵکە بەردەوام بە هەر شێوەیەک دەبێژن و هەر دەبێژن. ئایا “تاریق ڕەمەزان” کێ بوو و بۆ بەردرا، یان تایبەتیتر بپرسین:
بۆچی کەسێکی دیاریکراو بەری دا؟ ئایا ئەم یان ئەو پارت چۆن هێندە دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا هێناوە؟ نایزانین، جا گەرچی ئەمڕۆ بژاردنی دەنگ ئاسانترین کارە و کۆمپیوتەر ئەنجامی دەدات. ئایا هەقیقەتی ڕێفەراندوم چی بوو؟ ئایا بۆچی لە ناوچەی مەخمور شەڕ لەدژی داعش چێبووە؟ بۆچی کوڕەکانی جەلال تالەبانی بەو شێوەیە گڕیان بۆ دەسەڵات گرتووە و ئایا هۆیەکیان هەیە شەڕ بە ئامۆزاکەیان بفرۆشن یان ئەمیان هۆکاری نوێترین تەنگژەی ئەو “بەناو” پارتەیە؟ ئایا چۆن بازرگانیی نەوت دەکرێت؟ ئایا بەڕاستی هۆی چییە کە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی و ئەمڕۆش بە نیوەناچڵ و لە کاتی دیارینەکراودا بڕێک پارە بە هەرێمی کوردەکان دەدات؟ بۆچی ئەو کیژەی دراوسێ خۆی سوتاند؟ ئایا سووتێنرا؟ باوکی کوشتی؟ ئایا فڵان میدیاکار و هاوسەرەکەی کوژران یان ئەو خۆیان و تاکە زارۆکەکەیانی لەناوبرد؟ ئایا کاتێک ئەو هەموو کەسە تووڕە و ئەخلاقییە لە سۆشیالمیدیاکاندا دەنگیان هەڵدەبڕن، لە کرۆکیشدا ئەوهان، ئەوجا گەر ئەوها بن، ئیدی لەبەر چە هۆیەک هیچیان لەدژی ئەم کێشە ئاڵۆز و چارەنوسسازانە پێناکرێت؟ ئایا خودی هەرێمەکە هەڵقوڵاوێکی توخمیی کوردان خۆیانە یان تەنیا “زۆڵ”ێکی سیاسییە و هەر بەم هۆیەشەوە ئەوها بووە بە مەهزەلەیەکی ناوچەیی کە وەک تۆپی پێی دەوڵەتان گەمەی پێدەکرێت؟

بەڵێ، ئێمە لەنێو دیاردەگەلی ئاڵۆزکاودا گیرمانخواردووە و بەهۆیانەوە وڕ و کاس بووین، ئاخر بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەو دیاردانە دەمانهەنگێون، ئەوجا لەبەرئەوەی کوردین، کەواتە لەبەرئەوەی هەردەم بە ترس تەنراوین، ئەوا نەک تەنیا پێیان بارگاوی دەبین، بەڵکو ڕوودەدات کە خۆمانیان بۆ شل دەکەین تاکو بارگاویمان بکەن. ئێمە ئەوداڵی هەواڵی باشین، چاکسازی بێت یان ڕاپەڕین. هەروەها چەند تووڕە بین لەو هەرێمە، هێشتا هەر دەترسین کە نەمێنێت. دەمانەوێت نەمێنێت، هاوکات دەترسێین کە نەمێنێت. ئەوجا بۆ پاڵ ئەم ترسە سەرجەم کێشە جڤاکی و سیاسییەکانی نێو خودی ئێراق خڕدەبنەوە. لەوێش سوننە و شیعە، شیعە و شیعە، لە ناکۆکیی سەختدان، بوون بە تۆپی پێی دەوڵەتانی هەرێمی و دیکەی زلهێز.

لەپاڵ ئەو هەموو دیاردەیە و گەلێکی دیکەدا هاوکات شیرازەی هەموو ڕەوشەکان تێکچووە، نزیکەی هیچ شتێک ڕێگەیەکی ئاسایی ناگرێتە بەر، نە خوێندن گونجاو بە چییەتیی خوێندن بەڕێوەدەچێت، نە پیشەی دەستی، نە سیاسەت و ئابووریگەری. هەروەها هەقیقەتی بەناو پارتە سیاسییەکانیش بەتەواوی ئاشکرابووە. گەرچی دەزانین کە نە “پارتی” کوردستانی و دێمۆکراتییە، نە “یەکێتی” نیشتمانی و “یەکێتی”یە، نە “گۆڕان” گۆڕانخوازە، نە “نەوەی نوێ” نیۆلیبەرالە یان هیچ نەبێت لیبەرالە، نە کۆمونیستەکان کۆمونیستن و نە ئیسلامییەکان لە بنەڕەتی ئیمانیانەوە کەمترین کێشەی مرۆڤییان پێ چارەسەر دەکرێت، سەرەڕای ئەوە دیدێکی گشتگیرمان بۆ نێو هیچ ڕەوش و قەوارەیەکی سیاسی نییە. جیهانەکەمان وێرانەیە، جیهانێکی فراگمێنتارییە. ئێمە هیچ نازانین، چونکە لە هیچ کوێ (ئۆبژێکتە ئەدەبی و هونەرییەکان یان بەگشتی نوسراوە – باشە – کۆنکرێتەکانی لێدەربچن) ناوەرۆکمان لە بەردەمدا نییە. تەنانەت گەر ڕاستەوخۆ و بەبێ خەوش دەرکی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر بکەین، یەکسەر ڕەوشە دەرککراوەکانمان بە ئینفۆرماسیۆنی میدیایی و هەواڵی “موبەقی دیعایە”ی کوردی-خۆرهەڵاتی دەشێوێن.

بۆیە ڕەنگە تەنیا ئێسەییستییانە بتوانین پەی بە ئەم یان ئەو پرسی نێو ئەو وێرانەیە بەرین – کەواتە نەک بە شێوەی زانستییانەی سیستەماتیکی. ئاخر نەشیاوە هیچ “زانا”یەکی قەدیمی یان مۆدێرن بتوانێت بەتەنیا و تەواوەتی مێژووی کوردان لە 1961 بەدوواوە تا ساڵی 1975 بنووسێت. نەشیاوە هیچ سۆسیۆلۆژێک بتوانێت سۆسیۆلۆژییەکی قەوارە جڤاکییەکەی کوردانی ئێراق لە 1991 تا 2003 (جا نەخوازە تا ئەمڕۆ) گۆڕانپێبدات – ڕەنگە کاری بەو چەشنە ئەوپەڕی بە ئینتەردیسپلینێر (لە نێوان چەند بەشێکی زانستەگەییدا) و نێوزانایی، لە ماوەی درێژخایەنی چەند ساڵیدا، تا ڕادەیەک شیاوی ئەنجامدان بێت، وەلێ هێشتا هەر بەهۆی ئاڵۆزکاویی وێرانەکانی ئەو دەڤەرەوە تەواونەکراو و پڕکێماس دەخرێتە بەردەممان.

کاوە جەلال




بازرگانی بەهێرشەکانی داعشەوە.. ئومێد محەمەد فەرەج

ئەگەرچی هێرشەکانی داعشی تیرۆریست بۆخەڵکی گوندنشینەکانی دەوروبەری کەرکوک ماڵ وێرانی بوو، چونکە هەم زیانێکی ماددی زۆرو هەم زیانی گیانی زۆر بەر خەڵکی سڤیل کەوت. بەڵام بۆ هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتدار بزنزێکی زۆر باشبوو، یەکێتی و پارتی ژێربەژێر لەگەڵ داعش ڕێککەوتبوون و بەپیلانێکی سیاسی قێزەون و ”بەمەبەست” بۆشاییەکی ئەمنیان لەم ناوچانە دروستکرد بۆئەوەی داعش هێرش بێنێت، لەئەنجامیشدا چەند سەد کەسێکی سڤیلی کورد دەربەدەربوون و چەند گوندێکیان بەتەواوی سەروەت و ماڵو بەرژەوەندییەکانیانەوە چۆڵکردو کەلەلایەن داعشەوە هەموو ماڵەکان سوتێندران، دەیان مرۆڤی سڤیلیش کوژران، کەجەرگبڕترینیان ئەوەبوو سێ برا بەیەکەوە لەیەک ماڵدا کوژران کەیەکێکیان مناڵێکی نۆ ساڵ بوو. ئەم کەسانەی کوژران لەڕاستیدا لەسەر خاکو نەتەوە نەبوو، چونکە ئەم دەسەڵاتە وایکردووە کەس ئینتیمای نیشتیمانی نەمێنێت، بەڵام ئەم خەڵکانەی زیاتر لەسەدەیەک دەبێت لەم ناوچانە نیشتەجێن لەباوو باپیرانیانەوە ئەم زەویانەیان بۆماوەتەوە، هەروەها بژێوی ژیانی خۆیانو خێزانو مناڵەکانیان لەم ناوچانە دەستدەکەوێتو لەکۆنەوە خۆیان خاوەنی زەویەکانی ئەم ناوچانەن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەوە بەپیلانێکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی و داعش ناچارکران ناوچەکانیان جێبهێڵن.

ئەوەی کەبرینی خستە سەر دڵی هەموو کوردێک بەداخەوە ئەوەبوو، کە بینیمان خەڵکی دەربەدەرو خاوەن شەهیدەکان بۆکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێک نهێنی زۆر ئازاربەخشو مەترسیداریان درکاند، کەئەوەبوو، ئەوان بەوازحی وتیان کاتێک داعش هێرشی کردە سەرمان چەند نوقتەیەکی سەربازی چەکدارە میلیشیاکانی پێشمەرگەی سەر بەیەکێتی و پارتی لەنزیکمان بوون و هاواری هاوکاریمان بۆیان کرد، بەڵام ئەوەی ئێمەی توشی شۆک کرد ئەوەبوو پێشمەرگەکان وتیان پێمە لەسەروی خۆمان ئەمرمان پێکراوە کەتەقە نەکەین، نەلەداعش و نەلەسوپای عێڕاق و نە لەحەشدی شەعبی، ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارەکانی پێشمەرگە زۆر نزیک بوون، ئەگەر داعش مۆڵەتی لەئەوان وەرنەگرتبایەو تەنسیقیان نەبووایە هەرگیز داعش ناتوانێت بێت هێندە لەنزیکی پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر گوندەکەمان و بۆماوەی ٦ سەعات شەڕە تەقەبوو لەنێوان دانیشتوانی گوندەکەو داعشە تیرۆریستەکان. هەروەها وەک خەڵکی گوندەکان وتیان ئەگەر تەنانەت پێشمەرگە بەس پێنج دەقە تەقەی هەوایی بەئاسماندا بکردبایە بەتەئکید داعشەکان پاشەکشەیان دەکردو ئەوکات ئەم هەموو خەڵکە سڤیلەمان لێنەدەکوژران. ئەوان تەنانەت وتیان دوای ئەوەی پێشمەرگە بەهاوارمانەوە نەهاتن، چەند کەسێکی گوندەکەمان مەیدانیەن چون بۆلایان و پێیانڕاگەیاندن، کەئەگەر ئێوە بەفریامان نەکەون ئەوا داعش تەنانەت ژن و مناڵەکانمانیش قەتڵوعام دەکات، بەڵام وەڵامی ئەوان هەرئەوەبوو، کەئەوان ئەمری تەقەیان پێنییەو بەفەرمانێکی سەربازی ناتوانن تەقە لەداعش بکەن.

ئەمە ئەم کارەساتەیە کە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی حوکمڕانی کوردستان، بازرگانی بەخوێنی ژن و مناڵی کوردەوە دەکەن، هیچ بۆیان گرنگ نییە سەدان کەس دەربەدەر دەبن و دەیان کەسیان لێدەکوژرێت، بەس ئەوە بۆئەوان گرنگە سەدان ملیۆن دۆلارو سەدان ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازی و چەکی قورسی پێوەردەگرن لەئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆشەڕ لەدژی داعش.
ستراتیجی یەکێتی و پارتی مانەوەیانە لەدەسەڵات بۆئەبەد، بۆیە دەیان تەکتیکو پیلانی مەترسیدار بەکاردێنن لەپێناوی ئەمەدا. بۆیە یەکێک لەپیلانەکانیان ئەوەیە کە نیشانی دونیای بدەن کە بەردەوام کوردستان لەژێر هەڕەشەو هێرشی دوژمندایە، تەبعەن دوژمنێکیش نادۆزنەوە لەداعش قێزەونتر بێت، کەهەموو دونیا دوژمنی داعشە، بۆیە ئەوان بەزۆریش بێت ئەم دوژمنەی هەموو دونیا دەکەن بەدوژمنی خۆیان بۆئەوەی هەموو دونیا پشتیوان و هاوکاری ئەوان بێت. هاوکاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانیش بریتین، لە هاوکاری سیاسیی، دیبلۆماسیی، سەربازیی، ئابوری و زۆریتریش. هەربۆیە کاتێک بەقوربانی کردنی گیانی دەیان هاوڵاتی و وێران بوونی چەندین گوندو دەربەدەربوونی سەدان کوردی سڤیل، دەسەڵاتی خێڵەکی کوردی ئەم هەموو دەستکەوت و پشتیوانیە بەدەست دێنێت کەباسمکرد. ئیتر هیچیش بۆی گرنگ نییە زیانە ماددی و گیانییەکانی ئەم گوندانە چین و چەندن. ئاخر ئا ئەمەیە کە لەسیاسەتدا دوو شت غایبن، یەکێک ویژدان و ئەویتر ئەخلاقە.

لایەنێکیتری ئەم جۆرە بابەتانە ئەوەیە، کە دەسەڵات وانیشانی خەڵکی عەوام دەدات، کە بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان لەژێر هەڕەشەی دوژمندان، بەمەش کاتێک دەنگی گلەیی و ڕەخنە ناوخۆییەکان سەبارەت بەگەندەڵی و نەبوونی ئازادی و حوکمی دیکتاتۆرانەی ئەم دوو بنەماڵەیە بەرز دەبێتەوە ئەوا بەزەقکردنەوەی بابەتێکی لەم شێوەیە خەڵکی پێبێدەنگ دەکەن. تەبعەن بۆئەم ئامانجەش لەداعش گونجاوتر نییە. هەروەها پێشتر لەدەمی چەندین سەرکردەی بەدیلگیراوی داعشەوە بیستراوە کە ئیعتیڕافیان لەسەر ئەوە کردووە کە یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری سیاسیی و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو تەنانەت داعش نەوتی بە سیروان بارزانی فرۆشتووە کە برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەو بەحیساب فەرماندەی گرنگترین میحوەری شەڕی دژی داعشە. ئەمەش ئاشکرابووە کە هەر لەناو بنەماڵەی بارزانی فەرماندەیەکیتر کە مەنسوڕ بارزانی بوو فەرماندەی لەشکری گوڵانە بەسەدان لۆری گەورە خۆراکو هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆداعش ڕەوانە کردووە. هەروەها یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕێگەی مەحمود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانیەوە چەکی قورسییان بەداعش فرۆشتووە، زۆربەی ئەم چەکانەش ئەمانە بوون کە ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی داویانە بەکورد بۆشەڕی دژی داعش، کەچی ئەوان لەپێناو پارەدا نەک ئەوەی چەکەکان لەدژی داعش بەکار بێنن، بەڵکو ڕێک ئەم چەکانەیان ڕادەستی داعش کردو داعشیش ڕێک بەم چەکانە پێشمەرگەو سەربازە ئەمریکی و ئەوروپیەکانیان دەکوشت. تەنانەت دەرکەوتووە کە چەکی جۆری میلان یەکێک لەم چەکانە بووە کە یەکێتی داویەتی بەداعش، کەئەم چەکە، چەکێکی زۆر پێشکەوتوو و کاریگەرە، کە لەتوانایدایە تانکی جۆری ئەبرامز تێکبشکێنێت.

بۆیە من پێموایە خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان خۆیان فەرمانییان بەداعش کردووە بۆئەنجامدانی ئەم هێرشانە بۆسەر گوندنشینە کوردەکان، لەڕوکەشیشدا بەهەموو شێوەیەک مەترسی ئەم هێڕشانە بەخەڵکی دەفرۆشنەوە کە گوایە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی ئیدارەی هەرێم هەیە.
بینیمان زۆربەی بەرپرسە کوردەکان سەبارەت بەم هێرشە لاوەکییانەی داعش، کە دەتواندرا زۆر بەئاسانی ڕێیان لێبگیرێت و بەربەستێکی توندوتۆڵی بۆدابنێن، کەچی ئەوان دەیانگوت هێرشەکان زۆر مەترسیدارو گەورەن و پێشمەرگە بەم چەکانەی ئێستا توانای ڕوبەڕووبونەوەی داعشی نییە، چونکە داعش چەکی پێشکەوتوتری پێیە. بۆ نمونە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان وتی: داعش بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر کوردستان و عێڕاق، لێرەشەوە هەڕەشەیەکی جددییە بۆسەر جیهان.
قوباد تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی حکومەت وتی: زۆربونی ھێرشەکان سە‌لمێنە‌ری ئەوەیە کە هێشتا داعش زیندووەو بەگەورەیی خۆی ڕێکخستۆتەوە.

تەبعەن لێرەدا منیش دەڵێم خۆزگە جیهان گوێی لێم دەبوو هەتاکو بەدەنگێکی بەرز بەتەواوی وڵاتانی جیهان بڵێم داعشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەسەر کورسی دەسەڵاتە لە پایتەختی کوردستان و لەپایتەختی عێڕاق/بەغداد. ئاخر دەسەڵاتدارانی هەردوک حکومەتی عێڕاق و کوردستانن کە داعش دەجوڵێنن و بەئارەزووی خۆیان قوڕمیشی دەکەن. ئاخر شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بەدەستی یەکێتی و پارتی و تەواوی هێزە میلیشیا شیعیەکانە. بۆیە بەدیوێکیتردا دەتوانم بڵێم، تەواوی سوننەی عێڕاق داعشی شاراوەو کردارییە، وە تەواوی دەسەڵاتی شیعەی عێڕاق و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی داعشی شاراوەن و خاوەنی کۆنتڕۆڵی داعشن.

ئومێد محەمەد فەرەج




دابەزینی كوالێتی مرۆڤی كورد.. مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەڕاستیدا بەندە نە كۆمەڵناسم و نەدەرونناس، نە شارەزا و پسپۆڕی پەروەردەییشم، بەڵام ئەوەندەی چاوێكی ئاسایی بیبینێت، دەتوانم و بەمافی خۆمیشی دەزانم وەك مرڤێكی سادەی نێو ئەم كۆمەڵگەیە، قسە و تێبینیم هەبێت لەسەر ئەو بوارانەی كە بەحوكمی كاركردن لەبواری ڕۆشنبیری و سیاسەتی كوردیدا، دەكەونە ناوكێڵگە كەلتوری و ڕۆشنبیرییەكەوە.
ئەگەر لەڕاستی دوورنەكەوینەوە، دەتوانین بەپشتبەستن بە تیۆرەكانی پەروەردە و زانستی دەرونناسی، جەخت لەوە بكەینەوە كە مرۆڤ لەخودی خۆیدا لایەنێكی نەرێنی و حەزی شەڕانگێزی هەیە. خۆ ئەگەر وانەبا، خودی مێژوو دەوەستا و كۆمەڵگەیەكی مەلائیكەتی دەبوو، بەڵام كۆمەڵگەیەكی داخراوی بێ جوڵەی بێ ململانێ و مەڕئاسامان دەبوو، هیچ ڕووداوێكی گەورە لەژیانمان ڕووی نەدەدا، مێژوو دابەش نەدەبوو بۆ قۆناغە جیاوازەكان! ململانێی شەڕ و خێ نەدەبوو، ئەوجا نە فەلسەفەكان دەهاتنە ڕوو، نەئاینەكان دادەبەزین!.
بەم پێیە كە شەڕو خراپە بەشێكن لە سروشتی مرۆڤ، ئیدی قوتابخانەكانی فیكر و فەلسەفە و پەروەردە و ئاین، پێكەوە هەوڵ دەدەن بۆ گەشەپێدانی لایەنە باشەكەی مرۆڤ، دەرخستنی لایەنە خێرەومەندییەكەی، لەبەرانبەریشدا، یاسا و سزا و كۆمەڵگە، دەست دەكەن بە هەوڵدان بۆ دیسپلینی لایەنی خراپەی مرۆڤ، بۆ ئیحتیواكردنی!.
ئەوەی باسمكرد وەك پرنسیپ و ڕۆتینە و لەهەموو تاكەكان و كۆمەڵگەكاندا بەڕێژەی جیاواز و لەكاتی جیاوازدا خۆی نمایش دەكات. بەڵام ئەم بارە سروشتییە كاتێ مەترسی پەیدا دەكات، كە بۆ مەرامی جیاجیا وەبەرهێنان لەسەر لایەنە خراپەكەی مرۆڤ بكرێت.
لەكۆمەڵگەی كوردیدا، لەم قۆناغەدا ئەم مەترسیە ئامادەگییەكی گەورەی هەیە و، بێگومان ئاكامێكی مەترسیدار چاوەروانمان دەكات. چونكە لە ئیستادا هاوكێشە سروشتییەكانی سوننەتی ژیانی مرۆڤمان گۆڕیوە، لەبری كاركردن بۆ گەشەپێدانی لایەنە باشەكانی مرۆڤ، دەستمان كردووە بەگەشەپێدان و ئیبرازكردنی لایەنە خراپەكانی مرۆڤ.
لەم هەرێمی كوردستانەدا، نەیاسا، نە پەروەردە نەئاین، كاری خۆیان ناكەن و تەنها بۆ دیكۆر و ئێكسسوار وجودیان هەیە، دەنا دەبوو ئاسەوارێكیانمان بەچاوی سەر ببینیایە.
كۆمەڵگەی كوردی لە سكەی سروشتی خۆی دەرچووە، هەموو سێكتەرەكان داروخاون و بیناكردنەوەیان نەك ئاسان نیە، بەڵكو زۆرجار لەبەرانبەر قەبارەی كاولكارییەكەدا، مرۆڤ هەست دەكات بیناكردنەوەی زۆر ئەستەمە!.
لێرە بەبەرنامە، بەنەهجی سیاسی كار دەكرێت بۆ گەشەپێدانی توانای تاك لەسەر جنێودان و خراپەكاری، لەم پرۆسەیەدا میدیا و سۆسیالمیدیا خراپترین و مەترسیدارترین ڕۆڵ دەبینن و، كارئاسانییەكی یەكجار زۆر دەكەن بۆ ئەو پرۆسەیە.
ئێمە دەكرێت لە دانا و زانایانی دنیا بپرسین، لەكوێ هەبووە و لەكوێ دیتراوە، كۆمەڵگەیەك بە پیرو گەنج و خوێندەوارو نەخوێندەوار و هەموو چین و توێژەكانییەوە، سەرقاڵی یەكترشكاندن و ناوزڕاندن و جنێودان بەیەكتر و شكاندنی ئێسقانەكانی یەكتر بن؟. لەكوێ دیتراوە حیزب هەبێت شانازی بكات بەوەی كەنالێكی فەزایی بكاتەوە و ناوی بنێت “تۆپخانە” واتە دەزگایە بۆ جنێودان و تەشهیر و ناوزڕاندن؟.
لەكوێ هەبووە حیزبی ئاینی و نەتەوەیی و دیموكراتی و هەموو ئەلفاز و ئەلقابەكانی تر، پێكەوە خەریكی هاندانی لایەنگرانیان بن، پەیچ و میدیاكانیان بن بۆ جنێودان؟ بۆ تێكدانی شیرازەی كەلتوری میللەتێك؟ بۆ لاوازكردنی گیانی دیالۆگ و پێكەوە ژیان؟ لەكوێدا هەبووە حیزب پرۆژەی هەبێت بۆ شكاندنی تەنانەت دۆستەكانی خۆی!.
ئەوەی لەكتێبەكاندا بۆ ئێمە نوسراوە، كۆمەڵگە و مرۆڤی كورد، نمونەی شەهامەت و گیانفیدایی بوون، نمونەی خەباتكاری و تێكۆشان و مانا جوانەكان بوون، كەچی ئێستا، تەنانەت بە زۆربوونی ژمارەی لایكی پۆستەكانی یەكتر لە فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕژدی دەبەن!.
قۆناغەكە بەڕادەیەك مەترسیدارە، مانای هاوڕییەتی و هاوخەباتی بەتەواوی سفركراوەتەوە، كەسێك (داوای هاوڕێیەتی)ت بۆ دەنێرێت، بۆ ئەوەی ببێتە (سیخوڕ) بەسەرتەوە! باشە لەكوێی هاوڕییەتی ئەوە جێگای دەبێتەوە؟ مەگەر هاوڕییەتی لەناو كوردا ئاوابووە؟كام كاندید جنێودەرتربێت، دەنگی زیاتر دێنێت! كام مامۆستای ئاینی زیاتر دەنگ بەرز بكانەوەو هاوار بكات، خەڵك بۆ گوێگرتن لەو دەچن! نەك ئەوانەیان كە پڕترن لەزانیاری!.
كاتێ لەم لێشاوە سەرنج ئەدەین، گومان دەكەیت لەوەی چۆن ئەو نەوەیە پەروەردەكراون؟ وەزارەتی پەروەردە و مزگەوتەكان وكلێساو دێرەكان چۆن مرۆڤێكیان بەرهەمهێناوە كە تاسەر ئێسقان دژی خۆیەتی؟ دژی پێكەوە ژیانە و دەگەڕێت بەدوای سەریەشەدا بۆ خۆی و بۆ كۆمەڵگە و هاوڕێكانی؟.
پرسیارەكان زۆر جدی و مەترسیدارن، بۆیە مرۆڤ ئەگەر لەهەر پلەو پایەیەكی مەعریفیدابێت، قورس نیە بۆی كاتێ بەراورد دەكەین لەنێوان نەوەكانی ڕابردوومان و سەیری شەهامەتی ئەوان دەكەین، هەست دەكەین كوالێتی مرۆڤی كورد بەجۆرێك دابەزیوە، ڕەنگە یەك سەدەمان پێویست بێت بۆ بیناكردنەوەی ناخ و ڕاستكردنەوەی پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەی كوردستان.

مەشخەڵ كەوڵۆسی




بۆچی دەبێت شارەزای فەلسەفەی مۆڕاڵ بین؟.. ئازاد شکور

فەلسەفەی مۆڕاڵ(ئەخلاق) لقێکی فەلسەفەیە، کە ئەرکی گرنگیدان و توێژینەوەو وردبوونەوەیه لە پرسە ئەخلاقییەکان. زاڵبوونی مرۆڤ بەسەرتەواوی زیندەوەرەکانی ترو دەخالەتی مرۆ لەسەر سروشت ئەرکێکی هەنووکەیی بوو، بەڵام “فەلسەفەی ئەخلاق” هەوڵ دەدات تێگەیشتنێک بخاتە گەڕ تاکو بەر بەکۆمەڵێک بەریەککەوتن بگرێت.

فەلسەفەی ئەخلاق بە ئەرکی خۆی دەزانێت دەستێوەردان بکات لەو پرسانەی پەیوەستن بەهەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵگا بەشێوەیەکی تەندروست، هەرچەند لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا؛ لەسەر دوو بنەما پرسە ئەخلاقییەکان دیاریکراوە، ئەوانیش: (دین و نەریت)ن، بەڵام سنوری فەلسەفەی ئەخڵاق فراوانترە و فرە کایەو فرە ڕەهەندیشە. سەرباری ئەمەش هەندێک بنەمای هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە بەڵام ڕێژەییە و جیاوازیشیان زۆرە.

فەلسەفەی ئەخڵاق لەسەر بنەمای “هیومانیستی و لۆژیک” بنیات نراوە، پێویستە شارەزایی فەلسەفەی مۆڕاڵ بین، کردارەکانیشمان لەسەر بنەمای هەمان فەلسەفە بێت، چونکی مۆڕاڵ بیرکردنەوەمان لەمەڕ مەسەلە بنچینەییەکانی ژیان دەگۆڕێت و ئیدی بەوردبونەوەوە و تێڕامانەوە ڕووبەڕووی مەسەلەکانی ژیان ئەبینەوە. بۆ بیرکردنەوە لەهەرکارێکی مۆڕاڵی، دەبێت ڕێبازە مۆڕاڵیەکان لەبەرچاوبگرین.

ڕەهەندەکانی کاری مۆڕاڵی یان ئەخڵاقی

ڕەهەندی سیاسی و ئاینی و ئابوری کۆمەڵایەتی لە بەشە گرنگەکانی فەلسەفەی مۆراڵن. دەبێ بزانین کێبڕکێ و ململانێی نێوان چینەکان شتێکی حەتمییە، بەو مەرجەی سنوری ئەخلاق تێ نەپەڕێنێت و ململانێیەکی شەریفانە بێت، دواجاریش کاریگەری سلبی دروست نەکات. بۆ نمونە: لەکاری سیاسیدا ئەگەر هاتوو هەموڕێگایەکی دڕکاوی گیرایە بەر، تەنها لەپێناو ئامانجێکی سیاسی و حزبێکی دیارکراو؛ گەر پەنا بۆ تیرۆری جەستەیی و مەعنەویی برا بەبێ گوێدان و ڕێزگرتن لەدامەزراوەو پیرۆزیەکان، ئەوە لەچوارچێوەی ئەخلاق جێگەی نابێتەوە هەرشتێک بێت ئەخلاق نییە.

بەداخەوە زۆرجار دەبینین ئەم حاڵەتە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ڕەهەندە جڤاکیەکەش، کە تێیدا هەموو هەوڵێک پەیڕەو دەکرێت تەنها بۆ شکاندنی نەیار، هەڵبەت ئەمە پاڵنەرێکی ئابوری هەیە کە زۆرجار ئەمە لەنێوان خودی کاسپکاران ڕوونتر بە دیار دەکەوێت، بە تایبەتتر لەنێوان کاسپکارە نزیکەکانی یەکتر، بۆ مل شکاندن و یەکتر لەناوبردن. هەوڵ ومنافەسەکە بەشێوەیەکە کە ئامادەن زیانی مادی و دەرونیش لەخۆیان بدەن تەنها بۆ ئەوەی ئیفلاس بەبەرانبەرەکان بێنن. زۆر جار دەبینی ئەمانە خەڵکانێک ئەنجامی دەدەن کەبارگراوندێکی ئاینیشیان هەیە، بێ خەبەر لەوەی ئاین دژە لەگەڵ ئەم ڕەفتارەی ئەوان، چونکە ململانێکە شەریفانە نییە و زیاتر ڕەگەزەکانی بوغزو کیبر و کینەو بێ ویژدانی تێیاندا زاڵە!

پیسکردنی ژینگەو سەرچاوە سروشتیەکان ئەویش بۆ خۆی لەدەرەوەی فەلسەفەی ئەخلاقە، وڵات فرۆشیی و میللەت فرۆشیی و دۆشینی سامانی میلەت لەلایەن دەست ڕۆشتووەکان، ئەمیش خاڵییە لەکاری مۆڕاڵیی. قورسکردنی ئەرکی نێوان تاکەکان ئەویش بۆخۆی لەدەرەوەی ئەو فەلسەفەیەدایە.

جا بۆ ئەوەی ڕۆحییەتی ئینسانیی و کاری مرۆیی لەزیهنی تاکدا بەرجەستە ببێ پێوستمانە شارەزای فەلسەفەی مۆڕاڵ بین. “سۆقرات”ی فەیلەسوفی یۆنانی هەرچەند بەناحەق ژەهرخوارد کرا، بەڵام ئەوئامادەبوو وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کوپە ژەهرەکە بخواتەوە، ئەو بەم کارەی تەنها ویستی بیسەلمێنێ کە ڕێز لە بڕیاری دادگا ئەگرێت، ڕێزگرتن لەدامەزراوەکان ئەوپەڕی پلەی ئۆرگانیزمی ئەخلاقە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

ئازاد شکور




شیعر/ بەرماڵەکەی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

لەناو بەرماڵەکەی دایکمدا
ڕق
قەدەغەکراوە
و
ئایین تێکەڵ بەسیاسەت نەکراوە

بەرماڵەکەی دایکم
بەرماڵێکی لەخوا نەترسە
و
هەر لەمناڵیەوە
فێری عیشقی خوا کراوە

بەرماڵەکەی دایکم
هەمان بەرماڵەکەی
شێخ سەعیدو سەیدا ڕەزایە

بەرماڵێکە
دەستێکی ڕوو لەئاسمان و
دەستەکەیتری
لای قازی پێشەوایە

بەرماڵەکەی دایکم
بەرماڵێکی مرۆڤ دۆستەو
بۆ هەموان دایمە لەنزایە

بەرماڵێکە
تەریقەتی خۆشەویستی
لەمەولانا وەرگرتووەو
ئەخلاق لەبودا

بەرماڵەکەی دایکم
ڕەگی دەچێتەوە
سەر خـودا.