پرسی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان جۆرەکانی فێمینیزم و جیاوازییەکانیان.. گۆنا سەعید

پێشەکی

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ بەرهەمهێنانی تێگەشتنێکی داینەمیک و زیندوو لە چۆنێتی ئامادەیی فێمینیزم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەنێو کار و خەبات و هەوڵی ڕۆژانەی ژناندا. هەروەها دەیەوێت تیشک بخاتە سەر فێمینیزمە جیاوازەکان لە کوردستان و پەیوەندیی نێوان ئەوان و ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا. ئەم وتارە لە چەند بەشكێدا نووسراوە، لە سەرەتادا بە پشتبەستن بە پێناسێکی سادە و گشتی لە “فێمینیزم” دوو پێوەر بەکار دێنێت بۆ ڕوانین لە ئامادەیی فێمینیزم لە کوردستان. یەکەم؛ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی نموونەکانی پراکتیسی فێمینیستانە لە ژیانی ڕۆژانەی ژنان و کۆمەڵگەدا و دووەم؛ ئاستی بەرهەمی تیۆری، هزر و بیرکردنەوەی فێمینیستی لە کوردستان. بە تێڕامان و سەرنجدانی ئەم دوو پێوەرە، تێگەیشتنمان دەدەنێ سەبارەت بە فێمینیزم لە کوردستان وەک بەشێک لە خەباتی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و پێگەی زیاتر و ڕووبوڕووبوونەوەی ستەم وچەوسانەوە لەسەریان.
لە بەشی دووەمدا ئەم وتارە گوزەرێک دەکات بەسەر جۆر و جیاوازەکانی فێمینیزم و گەشەکردنیان لە ئەوروپا و ڕۆژاوا لەگەڵ کاتدا. لێرەوە ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە فێمینیزم لە هیچ کات و سەردەمێکدا خاوەنی یەک گوتار و، پێناسێکی سادە و ڕاستەوخۆ نەبووە. بەم پێیەش هیچ کات یەک جۆری فێمینیزم نەیتوانیوە ئامرازێک بۆ خەباتێکی یەکگرتوو بۆ هەموو ژنان پێکەوە بەدەست بهێنێت. بەڵکوو ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی دابەش بوو بەسەر بەرژەوەندیی چینایەتیی جیاوازدا، ئەوانیش هەمیشە بەپێێ جێگا و ڕێگای چینایەتییان، بەپێی ئینتمایان بۆ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تر، لە گروپی جیا جیادا جۆرەکانی فێمینیزمیان گەشەپێداوە و هەڵبژاردووە و، یان ڕەتیان کردۆتەوە، ڕێگای کار و خەباتی جۆراو جۆریان گرتووە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی زیاتر، و وەستانەوە بە ڕووی هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی. لە بەشی کۆتاییی وتارەکەدا لە ڕیگەی چەند ئەنجامگیرییەکەوە، ڕەنگدانەوەیەی جۆرەکانی فێمینیزم و جیاوازییان لەنێو خەباتی ژناندا لە کوردستان ڕۆشنتر دەبێتەوە و، خاڵە هاوبەشەکانی کە دەتوانێت هەوێنی خەباتێکی یەکگرتووی ژنان بێت بەرجەستەتر دەردەکەوێت و پەیوەندیی خەباتی فێمینیستی لە کوردستان بە فێمینیزمەکانی ئەوروپی و جیهانییەوە ڕوونتر دەبێتەوە.

گۆنا سەعید چالاکی یەکسانیخوازی ژنان و نووسەر

١. پراکتیسی فێمینیستی لە کوردستان چییە؟
ئەگەر تێگەشتنێکی سادە و ئایدیاڵ لە پراکتیسی فێمینیزم بریتی بێت لە هەر هەوڵ و خەباتێکی بەردەوامی ژنان و “پیاوانی یەکسانیخواز” لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە جیاکاری و هەڵاواردن لە دژی ژنان کە بە هۆی “ژنبوونەوە” ڕوو دەدەن، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ماف و ئازادیی زیاتر لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. ئەوا کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری زیندوو و داینەمیکی دنیا، خەباتی ژنان لە بەرامبەر بە نایەکسانی و بێمافیدا پێ بە پێی جۆرەکانی تری خەبات و تێکۆشانی نێو کۆمەڵگە، بوونی هەبووە.
هەندێک بەڵگەی کەم بەردەستن کە باس لە دەوری ژنان دەکەن لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا کە پێ بە پێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەوڵی باشترکردنی جێگا و پێگەی ژنیان داوە لە کۆمەڵگە و لەنێو خێزاندا. نموونەی زۆرتر بەردەستن لە دوای ساڵی ١٩٥٨ و، بە تایبەتتریش لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەوە هەتا ئەم سەردەمەش، کە دەکرێت وەک نموونەی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و مافی زیاتر و ڕزگاری لە دەست پیاوسالاری، واتە وەک نموونەی پراتیکی فێمینیستی لە کوردستان بناسێندرێن.
کۆمەڵگەی کوردستان لە سەدەی بیستدا خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم و دژە داگیرکاری، خەباتی چەپ و سۆشیالیستی حیزبی شیوعی ساڵانی پەنجا و شەستەکان، خەباتی چەکداری ناسیۆنالیزمی پارتی و یەکێتی دەیەی هەفتاکان و هەشتاکان و، لە نەوەدەکان خەباتی چەپ و کۆمۆنیسیشی بە خۆیەوە بینیوە، ژنانیش چ وەک تاک یان وەک گروپ هەمیشە لە تەنیشتی ئەم جووڵانەوانەی تر هەوڵیانداوە کە پێگە و جێگەی خۆیان لە بەرامبەر پیاواندا باشتر بکەن و فرسەتی زیاتر بە دەست بهێنن بۆ بەشداریکردن لەو بوارانەدا کە ئەم بزووتنەوانە ڕەخساندوویانە. ئەو هەوڵدانانەی ژنان لەژێر هەر ناوێکدا یان لەنێو هەر چوارچێوەیەکی سیاسیدا بووبێت نموونەی جۆری جیاواز لە پراکتیسی فێمینیستی ژنان بوون لەو مێژووانەدا.

ئەوەی کە زۆر بەرجەستەیە لە هەموو ئەم دەورانەدا، ئەو ڕاستییەیە کە خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی و، پراتیکی فێمینیستی ئەوان زیاتر وابەستە و هەمیشە تێکهەڵکێش بووە بە خەباتی سیاسیی حیزب و گروپە سیاسییەکانەوە، بە بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆجیای جیاوازەوە. چەندە ئەم حیزب و گروپانە سیاسەتێكی پێشکەونخواز و یەکسانیخوازیان هەبووبێت، ژنانیش فرسەتی باشتر و زیاتریان بەدەستهێناوە کە خواست و ئامانجە فێمینیستییەکانیان بەرنە پێشەوە و جێگە و ڕێگەی خۆیان لەو چوارچێوانەدا باشتر بکەن.
بۆ نموونە، لە سەردەمی خەباتی حیزبی شیوعیی بەر لە ساڵانی هەفتاکان هەزاران ژن بەشداری خەباتێکیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادی و ڕزگاریی خۆیان. لەنێو ڕیزەکانی خەباتی چەکداری پارتی و یەکێتی(بەتایبەت یەکێتی)ی لە کۆتاییی هەفتاکان و هەشتاکان لە خەباتی شاخ، سەدان ژن هەوڵیان داوە کە خەباتی چەکداری بکەن و بە ئامانجی ئەوە کردوویانە کە جێگە و پێگەی ژنان لە “شۆڕش”دا بکەنەوە. تەنانەت لەنێو یەکێتیی ژنانی حیزبی بەعسیشدا لە هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ژنانێك هەبوون کە هەوڵیانداوە بۆ زیادکردنی فرسەتی خوێندن و کارکردن و تەندروستی بۆ ژنان و بەهێز کردنی پێگەی ئابوورییان. لە ساڵی نەوەدەکان و دەرکەوتنی بەرجەستەتری ڕێکخراوەکانی ژنانی پارتی و یەکێتی و حیزبی شیوعی و ئیسلامییەکان، بە سەدان ژن و کچ لە ڕیزی ئەم حیزبانەدا کاریان کردووە و خەریکی بردنە سەری توانایی و پێگە و شوێنی ژنان بوون بەو مەرجانەی کە بۆیان دیاری کرابوو. تەنانەت هەر لەم سەردەمەدا ژنانی نێو پارتە ئیسلامییەکان هاتبوونە پێش و باسیان لە خەبات لە دژی توندوتیژی و دادپەروەری بۆ ژنان دەکرد.
هەر لەو دەیەیەدا ئەوەی کە پێشەنگی خەبات بوو بۆ یەکسانی و مافەکانی ژنان و دژی توندوتیژی و تیرۆری ژنان، بە سەدان ژنانی کۆمۆنیستی نێو ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بوون، کە ئەم ڕێکخراوەش لە باری سیاسی و ئایدیۆلۆجییەوە سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو. ئەم ژنانە توانیان نموونەی گەورە لە نەریتەکانی چەپ بۆ خەبات بۆ یەکسانی و ئازادیی ژنان زۆر ڕادیکاڵانە لە کۆمەڵگەی کوردستان بۆ یەکەم جار نمایش بکەن. پلاتفۆرمی ماف و داواکارییەکانی ژنان، نووسینەوەی یاسای یەکسانی، وەک بەدیلی یاسای باری کەسێتی، دانانی پەناگای داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لە کوردستان و کارکردن بۆ یەکەم جار لەگەڵ ژنانی کرێکاری نێو کارگە بچووک و ئەهلییەکان، بەشێکی کەمن لەو جۆرانە لە چالاکی و خەبات. هەرچەندە ژنانی کۆمۆنیست هیچ کات بە خۆیان نەووت فێمینیست، لەبەر ئەو باوەڕەی کە بەدیهاتنی یەکسانیی تەواو بۆ ژنان لە خەبات بۆ سۆشیالیزم و بەدیهێنانی کۆمەلگەیەکی یەکساندا دەبینن، بەڵام ئەمە ناتوانێت ئەو ڕاستییە ڕەت بکاتەوە کە ئەم سەدان ژنە خەریکی خەبات بوون بۆ مافەکانی تایبەت بە ژنان و، وەستانەوە بەرامبەر ستەم و چەوسانەوەی ژنان.
لە دوو دەیەی ڕابردووشدا، بەتایبەت دوای ٢٠٠٣وە، بە سەدان ژن بە هۆی کۆتای سیاسی و کرانەوەی دەرفەتی بەشداری لە هەموو بوارەکاندا، چوونەتە نێو ڕیزی سیاسەت و لەوێوە خەریکی بەدەستهێنانی پلە و پۆستی حیزبی و سیاسی و پۆستی باڵای نێو دەسەڵات بوون و، هێشتا ساڵانە سەدانی تریش هەر خەریکی ئەو کارەن. لە بەشی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، بە سەدان ژنانی چالاک لەنێو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کار دەکەن، ڕێکخراویان دروست کردووە و، ڕۆژانە کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکەن و لە ڕیزی پێشەوەی خەباتن بۆ گۆڕینی یاسا بە قازانجی ژنان و دەستەبەرکردنی مافی زیاتر، چاودێریی یاسا، داڵدەدانی ژنان، پاراستنیان لە دەست توندوتیژی، دابینکردنی پارێزەر و ؛ جگە لە چەندین گروپی فشار و هەڵمەتەکانی هوشیاری و خۆپێشاندان و نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی پلاتفۆرمی مافەکانی ژنان.
کەمپینە جۆراوجۆرەکانی ژنان بە درێژاییی ١٧ ساڵی ڕابردوو بەردەوام هەبوون، کە هەندێکیان جێگای گرنگیان لە خەباتی ژناندا هەیە. کەمپینەکانی دژی توندوتیژیی لەسەر ژنان، کەمپینەکانی دژی تیرۆری ژنان، کەمپینەکانی دژی بەردەبارانکردنی دوعا، کەمپینی “ناوی من ناوی دایکمە”..، هتد. سەدان کۆنفرانس و سیمیناری جۆرا وجۆر، بەرنامەی هوشیاری و تواناسازیی ژنان، نوێنەرایەتی و قسەکردن و بەشداریکردنی چالاکانی ژنان لە میدیادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردن، سووکایەتی و هەڕەشە و توندوتیژیی لەسەر ژنان.
ژنانی کارمەند و کرێکار و چینی خوار مامناوەندی لە کوردستان، هەم وەک تاکەکەس و، هەم وەک گروپ لەسەر دوو تەوەرەی جیا خەبات دەکەن، یەکیان بۆ بژێوی و ژیان و گوزەرانی خۆیان هەموو ڕۆژێک وان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، ئەمە بەشداری ئەوانە لە خەباتی چینایەتیی ئەوان بۆ بەدیهاتنی خواستە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان. و لە سەر ئاستێکی تر هەموو ڕۆژ بەرەنگاریی دەستدرێژی سێکسی لە شوێنی کار دەبنەوە، بەرەنگاریی لەگەڵ جیاوازی کرێ و دەرماڵە دەکەن بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، دژی توندوتیژی دەوەستنەوە و، دژ بە کۆنەپەرستی دینی و خێڵەکی دەنگ هەڵدەبڕن.

چەند پێشمەرەگەی ژن لە سەدەی ڕابردوو

ئەمانە هەمووی دەکرێت نمونەی پراکتیسی فێمینیستی جۆراوجۆر بن کە ژنان لە کوردستان کردوویانە و بەردەوامن لەسەری. ئەمانە تایبەتمەندییەکانی خەبات و پراکتیسی ڕۆژانەی ژنانی کوردستانن لەم سەردەمەی ئیستادا. جا چ بۆ قایمکردنی پێگەی ژنان بێت لەنێو دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و پۆست و پلە باڵاکاندا و، یان بۆ خواستە گشتییەکانی تری وەک بەدیهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و وەستانەوە بێت بە ڕووی جیاکاریی ڕەگەزی لە کۆمەڵگە و لە مەیدانی کار و ماڵدا. ئەوەی کە پێویستە بۆ تێورناسە فێمینیستەکان، کە ئەم پراکتیسانەی خەباتی ڕۆژانەی ژنان، ببێتە جێگای تێڕامان و لێکۆڵینەوە و پێناسکردنەوە. لە جیاتی ئەوەی بە نامۆ لە “فێمینیزم” لێک بدرێنەوە، دەبێت لە پەیوەند بە “فێمینیزم”‘ و جۆرەکانییەوە، لەو مێژووە دیاریکراوانەدا پێناسە بکرێن و تێگەشتنی تێوری بەرامبەریان بەرهەم بهێنرێت.
ئەگەر کەسێک بپرسێت چۆن کرداری ژنانی “ئیتحاد نیسائی بەعس” بە فێمینیزم ناو دەبرێت؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەوان خەریکی بەدەستهێنانی پلە و پۆستی باڵای سیاسی و ئابووری بوون بۆ خۆیان لەنێو پەیکەرەی ئەو دەسەڵاتەدا و، توانیشیان بڕێک فرسەت بۆ ژنانی تر بەدەست بهێنن کە بچنە بەر خوێندن و ببنە خاوەنی کار و ئابووریی سەربەخۆ، هەر ئەم ژنانەش لە هەمان کاتدا چاویان دەپۆشی لە سەرکوتی سیاسی و ئەنفال و جینۆسایدی خەڵکی کوردستان. ئایا ئەمە هەر نموونەیەکی تری ئەو بەشە لە فێمینیزم نییە کە لە زۆر جێگەی تری جیهاندا هەمیشە پاڵ دەسەڵاتی گرتووە و خەریکی کردنەوەی جێگای خۆیەتی لەنێو پۆست و پلە باڵاکاندا و، بۆ ئەمەش هەمیشە چاوپۆشی کردووە لە هەمو نەهامەتییەکانی ٪٩٩ ی ژنانی تر و خەریکی بەدەستهێنانی دەستکەوت بووە بۆ ژنانی ئیلیت و نێو چینی باڵادەست. لە ڕاستیدا ئەمەش جۆرێکە لە فێمینیزم کە لە بەشی داهاتوودا ڕۆشنتر دەبێتەوە.

٢– هەژاری تێوری فێمینیستی لە کوردستان:
پێوەرێكی تر بۆ ئاست و ئامادەییی فێمینیزم لە کوردستان بریتییە لە ئاستی بەرهەمی بیرکردنەوە و تێوری فێمینێستی لە کوردستان. بەرهەمی هزرێك کە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەیدانی و لێکدانەوە و شیکاری بێت بۆ بارو دۆخی ژنان و سەرچاوەی ستەمی ڕەگەزی و هەوڵەکانیان بۆ ئازادی و یەکسانی، بێت. ئەمەش پێوەرێكی باشە چونکە هەم دەژمێردرێت و هەم لە باری چۆنایەتییەوە دەبینرێت، بۆ نموونە دەتوانین بڵێین چەند لێکۆڵینەوە و کتێب و وتارمان هەیە کە فۆکەسی لەسەر لایەنە گرنگەکانی ئەم بابەتەی بەردەستمان کردبێت؟
بە گوزەرێکی خێرا بەسەر ئەوەی تا ئێستا بەرهەم هاتووە، لەم بارەوە کەلێنی گەورە هەست پێ دەکرێت، بەتایبەت لە بواری لێکۆڵینەوەی مەیدانی و لێکدانەوە و شیکاریدا سەبارەت بە ئەزموونی ژنانی کوردستان و پەیوەندیی بە تێوری فێمینیستی لە جیهاندا. هەڵبەت وەک زۆرێک لە بوارەکانی تری گەشەی کۆمەڵگە، لەم بوارەشدا کاری باش دەستی پێ کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەت کاری وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەزموونی فێمینیزمی ئەوروپی و جیهانی. بەڵام ئاستی ئەم کارە لە کوردستان هێشتا زۆر سەرەتایییە. لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان و لێکدانەوەی پشتبەستوو بە زانستەکانی وەک (مێژووناسی، کۆمەڵناسی، جێندەرناسی) لەسەر بارودۆخی ژنان و شێوازەکانی خەباتیان تا ئاستی نەبوون وایە.

هەژارییەک بەدی دەکرێت کە لە ژمارەی وتار و نووسینەکاندا نییە، بەڵکوو زیاتر لە کوالێتی و بەڵگە و ئاراستەکانیاندایە. کاتێک کەسێک دەگەڕێت بە دوای بابەتی فکری و لێکۆڵینەوە، بۆ نموونە سەبارەت بە میژووی ژنان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان، ئامارەکانی کارکردن و خوێندەواری و تەندروستی و.. هتد، پەیوەندیی هێزی ژن لە لادێ لەنێو خێزان و لە کێڵگە، هێزی ژن لە خێزانی ناو شار، بەشداری ئابووریی ژنی کرێکار، خەسڵەتەکانی ژنی ماڵەوە! بە دەگمەن بابەتی لەم جۆرانەی دەستکەوێت. هەر بۆیەشە تا ئێستا تیۆرییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فێمینیستی نییە کە بە بنەما بە بەڵگە و ئامار و بارودۆخی تایبەت بە ژنانی کوردستان، تێگەیشتنێکی فراوانی لەسەر ژنان و خەباتی ڕزگاریخوازیان دروست کردبێت. سەرباری بوونی چەند سێنتەری خوێندنی جێندەر و هەروەها چەند بەرهەمێکی ئەکادیمی لەسەر فێمینیزم لە کوردستان، هێشتا سەرەتای ئەو ڕێگایەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.

پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری و تێوریی تایبەت بە ئەزموونی خەبات و پراتیکی فێمینیستی ژنان لە کوردستان، کارێکی زۆر قورستر و درێژ خایەنتر و زۆر فراوانترە لە چاو گوتارێکی فێمینیستی کە ئێستا بوونی هەیە و، هەوڵی نوێنەرایەتی کردنی فێمینیزم لە کوردستان دەدات.
لەم بارەوە فێمینیزمی ڕۆشنگەری لە چەند کۆنفرانسێکدا بە گوتارێکی نیمچە سێکولارەوە بۆ نێو ژنان و پیاوانی سێکولار و شاری و ئیلیت دەبینین.گوتاری ئەم فێمینیزمە، دەبێت هەمیشە سەری نەویتر بێت لە سەقفی “پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان”. واتە هەر لە سەرەتاوە ڕێگەی ڕەخنەی ڕادیکاڵانەی ئایینی لێ گیراوە. سەرباری پشتیوانی حیزبێکی نێو دەسەڵات و بوونی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی، بەم چالاکی و کۆنفرانسانە نەیتوانیوە ببێتە ئامرازی بەرهەمهێنانی تێورییەکی تایبەت بە فێمینیزم لە کوردستان و، تا ئێستا گوتارێکی ڕۆشنی نەبووە سەبارەت بە فێمینیزم و خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان، بەڵکوو خەریکی تێکەڵکردنی “دیموکراسی و ئایین و سیکولاریسم و کولتوور”ە و هەر لە سەرەتاشەوە دژایەتی خۆی لەگەڵ چەپ و سۆشیالیزم و ڕەخنەی مارکسیستیشان داوە.
هەروەها گوتارێكی تری سەر بە بۆچوونی فێمینیزمی ڕادیکاڵ هەیە، کە دژی داگیرکاری پیاوانە بۆ هەموو کایەکانی زانین و کولتوور و نووسین و سیاسەت و .. هتد دەنگی هەڵبڕیوە، وە خەریکی گواستنەوەی ئەزموونی فێمینیزمی ئەوروپی و ڕۆژاوایە بۆ ژنان لە کوردستان. هەرچەندە ئەم گوتارە هەوڵی داوە کە دەنگێکی ئەرێنی بۆ فێمینیزم و ناساندنی لە کوردستان دروست بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە هەوڵی سەپاندنی جۆرێک لە تێگەشتنی تایبەت لە فێمینیزم و چوارچێوەیەکی نامۆن بەسەر ژنان لە کوردستان، کە بەرهەمی خوێندن و تێگەشتنی کەسەکان خۆیانە لە فێمینیزمی ئەوروپایی و ڕۆژاوایی. بەشێک لەم گوتارە فێمینیزمی کردۆتە دەفرێكی نامۆی فڕیو بەسەر ئاسمانی کۆمەڵگەوە، ژنانی لە کوردستان، بەتایبەت ژنانی چالاکی نێو ڕێکخراوەکانی خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەی فێمینیست بوون، لەو ئاسمانەوە شەهادە دەبەخشێت و بڕیار دەدات کێ فێمینیستە و کێ فێمینیست نییە! ئەوە ڕاستە کە هەندێک فاکتەری جیهانداگر هەیە، لەوانە سەرمایەداری و پیاوسالاری کە لە هەموو جێگایەک، هەرچەندە بە شێوازی جیاواز، کاریگەرییان لەسەر نایەکسانی و ستەم لەسەر ژنان داناوە. بەڵام ژنان لە کوردستان بارو دۆخی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەو پێیەش ئەزموونی خەباتی جیاوازییان هەیە دژی ستەمکاری.کاری لێکۆڵینەوە و هزر، تێوری فێمینیستی، ئەوەیە کە تێگەشتن لەسەر ئەمە دروست بکات، نەک ژنان و هەوڵەکانیان بە دواکەوتوو یان “نەزانی” یان نائاگایی تاوانبار بکات.

گوتارێکی تری فێمینیزم لە کوردستان، کە ئەمیش وەک ئەوانی تر نامۆیە بە خەباتی ڕۆژانەی ژنان لە کوردستان، ڕێبازی ژنۆلۆجی عەبدوڵا ئۆجەلانە کە لەم سالانەی دواییدا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە فکرییەی خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان دەدات. لەسەر دەستی ئەم دۆکتۆرینە، گەریلا ژنەکانی کۆبانی، کە نەبەردییەکی بێوێنەیان لە دژی داعش نیشان دا، کراونەتە نموونەی ئەم جۆرە فێمینیزمە. نموونەی ژنێکیی خەیاڵی و بەهەشتی، کە ئازادە، ئازایە، جەنگاوەرە، بەڵام بێ سێکسە، و هەموو خواست و ئارەزوویەکی سێکسی هەڵگرتووە بۆ دوای ئازادی و ڕزگاریی گشتی. ئاسۆ کەمال لە کتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجەلان جەخت دەکات لەوەی کە “ئەم تێوریەی ئۆجەلان بۆ لادێکانی کوردستانی تورکیا،کە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی ڕەگەزپەرستی تورکیاوە لە دواکەوتویی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هێڵراوەتەوە، دەتوانێ “بەئاسانی خەڵکی سادە” لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام ناکۆکە بە ژیانی شارنشینی کۆمەڵگەی کوردستان.”

٣-جۆرەکانی فێمینیزم لە جیهان و جیاوازییەکانیان
ناسینی فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەکی فراوانی فرە ڕەهەند، بە هەموو ئاراستە و تێگەیشتنە جیاوازەکانییەوە یارمەتیمان دەدات کە ئەزموونی ژنان لە کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕەهەندە جیاوازانە ببینین و پێناسیان بکەین. هەرچەندە لە چوارچێوەی وتارێکی لەم جۆرە، تەنها دەتوانرێت گوزەرێکی خێرا بکرێت بەسەر جۆرەکان و جیاوازییەکانی فێمینیزمدا. خۆشبەختانە ئەم کارە لەلایەن چەندین کەسی ترەوە کراوە و لەم بارەوە کتێبخانەی کوردی هەژار نییە.
مارتا ئێ گیمینزی، بە ڕەچەڵک ئەرجەنتینی و پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆجی لە زانکۆی کۆلارۆدۆ، دەڵێت، فێمینیزم یەک شت نییە، بەڵکو چەترێکە بۆ ڕێگای جۆراوجۆر. زۆرێک لە لێکۆڵەرانی بزووتنەوەکانی فێمینیزم هاوڕان لەسەر ئەوەی کە فێمینیزم هەرگیز نەبووەتە جەستەیەکی یەکخراوی فیکر، هەر بۆیە شێوازی فرەجۆری هەیە و، بەردەوام شێوازی تازەشی لێ بەرهەم دێت کە لە ئەنجامی دایەلۆگ و مشتومڕی فکری و پراکتیس و ئەزموونکردنی ژنان لەنێو جووڵانەوەکان و خەباتی ڕۆژانە لەکۆمەڵگەدا، فێمینیستەکان لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن، بیری لێ دەکەنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، هەر بۆیە بەردەوام گەشە دەکات و، تەنانەت جار جارە جۆرێکیان کە پاشەکشەی کردووە، لە جێگای جۆرێکی تر بەرهەم هاتووە.
یەکێک لە میتۆدە باوەکانی پۆلێنکردنی فێمینیزم جیاکردنەوەیانە بەپێی ئاراستەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییان، چونکە یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوە بەرجەستەکانانە. هەروەک جاکلین کۆک و مێگ لۆکستون دەڵێن ئەوەی فێمینیستەکان کۆ دەکاتەوە پێکەوە، پابەندبوونیانە بە دژایەتیکردنی ستەم لەسەر ژنان، بەڵام ئەوەی وای کردووە کە بوونی یەک تیوری فێمینیستی یەکگرتوو هیچ کات ئیمکانی نەبێت تێوەگلانی فێمینیزمە لەگەڵ تیۆری و سیاسەتی جۆراو جۆردا.

نانسی فرەیسەر (١٩٤٧- ) فەیلەسوف و فێمینیستی ئەمریکایی

ئەم وابەستەیییە بە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەتی ترەوە لە چەند مشتومڕی سەرەکیدا لەنێوان فێمینیستەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە بە فراوانی؛ لەوانە جیاوازیی سەبارەت بەوەی کە ژنان جێگا و ڕێگای چینایەتی و بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، یان گروپێکی هۆمۆجینیەسن بە هۆی سەرکوتی ڕەگەزییەوە. و یان جیاوازییان لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی مێژووییی ستەم و چەوسانەوەی ژنان؛ لە ئەنجامیشدا هەمیشە گەیشتوونەتە ڕێگاچارە و شێوازی خەباتی جیاواز بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی ژنان. کۆک و لۆکستون خەجت لەوە دەکەنەوە کە هیچ کات ململانێ تیۆرییەکان لە دەرەوەی ململانێی چینایەتییەکاندا ڕوو نادەن، بەڵکوو جیاوازیی چینایەتی بەردەوام کاریگەریی لەسەر دابەشبوونی فێمینیستە تێوریسەنەکان داناوە.
بەپێی ئەم شیوازە لە پۆلێنکردن، مارتا ئێ گیمینزی، چوار ئاراستەی سەرەکیی فکری فێمینیزمی دیاری کردووە لەنێو بزووتنەوەی ژناندا:
یەکەم: لیبرال فێمینیزم، کە بە فیمینیزمی ژنانی چینی ناوەڕاست و باڵا دەستیش ناسراوە. ئەم جۆرە لە فێمینیزم ئاماجی سەرەکیی یەکسانکردنی ژنانە لە پێگا و جێگای دەسەلاتی سیاسی و ئیداریدا لەگەڵ پیاوان هەر لە چوارچێوەی سیستەم و نیزامی ئابووری و سیاسیی سەرمایەداریدا. کێشەی ئەم فێمینیزمە لەگەڵ بەربەستە فەرمییەکاندایە کە وان لە بەردەم فەراهەمبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لە بوارەکانی پەروەردەیی و سیاسی و یاساییدا. بەرگریکارانی ئەم فێمینیزمەیە، پێیان وایە کە ژنان دەبێت بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بن کە چۆن مافی زیاتری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگا و سیستەمی ئیستادا بەدەست بێنن.
دووەم: فێمینیزمی ڕادیکاڵ کە کێشەی سەرەکی بە باڵادەستی پیاو لە بوارەکانی ژیاندا دەزانێت، وە پیاوسالاری وەک هۆکاری سەرەکیی سەرکوت و ستەم لەسەر ژنان دەناسێنێت. فێمینیزمی ڕادیکاڵ تەواو بڕوای وایە هەموو کێشە و نایەکسانییەکانی تر پلە دوون لە چاو نایەکسانی ژن و پیاودا. گوتاری ئەم فێمینیزمە بە جۆرێکە کە هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە هەموو پیاوان هەموو ژنان دەچەوسێننەوە. پێویستە ئەوەش بوترێت کە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان لە گەڕانیان بەدوای سەرچاوەی ستەم و پلەدووییی ژناندا، بوونەتە خاوەنی تێگەیشتن و هزری فراوان کە هەوێنی بەشێکی زۆر لە جووڵانەوە و خەباتی ژنانیان ئاراستە کردووە. بەپێی ئەم ئاراستەیە ژنان وەک گروپێکی چەوساوە، دەبێت لە پێناو ئازادکردنی خۆیان لە دەست ستەمکارەکانیان کە پیاوانن، تێبکۆشن.
سێهەم: فێمینیزمی سۆشیالیستی کە لە لایەک ڕەخنەگری سیستەمی ئابووریی سەرمایەدارییە و، تەواو بروای وایە کە یەکسانییەکی مانادار لەنێو کۆمەڵگەی چینایەتیدا بەدی نایەت، لە لایەکی دی ڕەخنەگرە لە لێکدانەوەی مارکسیستی بۆ سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان. بەشیک لە فێمینیستە سۆشیالیستەکان وەک فردریچی، دەلا کۆستا و ماریا مایەس، پێیان وایە کە مارکسیزم بەشێك لە چالاکی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (کاری سێکسی، دروستکردن و گرنگیدان بە منداڵان و کاری نێوماڵ، کە کاری ژنان بووە) بەبێ لێکدانەوە جێهێشتووە، لە کاتێکدا کە زۆر گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کرێکاران. لە بواری ئەکادیمیا و هزردا فێمینیزمی سۆشیالیستی، بە سوودوەرگرتن لە ماتریالیزمی مێژووییی مارکسیزم، کەوتنە لێکدانەوەی پەیوەندییە جێندەرییەکان. یەکێ لە ئەنجامە کاریگەرەکانی ئەم فێمینیزمە گەیشتن بوو بە تێوری “دووانەی سەرمایەداری و پاتریارکی” وەک سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان. لە باری کردارییەوە ئەم فێمینیزمە لە ساڵەکانی هەفتاکان و هەشتاکاندا زۆر چالاکانە کاری کرد لەسەر کەمپینی “کرێ بۆ کاری نێو ماڵ”.
چوارەم: فیمنیزمی مارکسیستی، هەروەک سۆشیالیستی، بەرگری لەوە دەکات کە ئازادی و ڕزگاریی تەواوی ژنان پابەندە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەدارییەوە. بەڵام جیاوازییان ئەوەیە کە خەریکی پەرەدان بوون بە توانایی تیۆری مارکسیستی بۆ لێکدانەوەی چەوسانەوەی ژنان بە هۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە، بەم جۆرەش ئەوان لە هەوڵی پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنەدان کە وەک “کەم بەهاکردنی کێشەی ژنان لەنێو مارکسیزمدا” لە لایەن فێمینیستە سۆشیالیستەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا . ئەم فێمینیستانە خەریکی ئەوەبوون کە پەیوەندیی نێوان چەوساندنەوەی ژنان و سەرمایەداری ڕۆشن بکەنەوە. لە هەمان کاتدا دژی ئەو فۆرمە لە مارکسیزمی سەدەی بیست بوون کە بە شێوەیەکی دۆگما دژی فێمینیزم دەوەستێتەوە.
ئەم چوار ئاراستەیەی فێمینیزم کە باس کران، بوونە خاوەنی هەزاران لێکۆڵینەوە و دراساتی مەیدانی، و چەندین تێوری و پراکتیس کە کەمپینی فراوان و بزووتنەوەی جۆراجۆری لێ هاتە دەر، هوشیاریی فراوانی بڵاو کردەوە، گۆڕانکاریی گەورەی دروست کرد تەنانەت لەنێو سیاسەت و پۆلیسیەکانی سەرانی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری، دام و دەزگاکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی و بەرنامەکانی گەشەپێدانی جیهانی. هەروەها کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی هەردوو بلۆکی ئەوکاتەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دانا، بە جۆرێك کە لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا وڵاتانی جیهان کە لەنێوان ئەم دوو قوتبەدا دابەش ببوون، مەسەلەی گەشەدان بە تواناییی ژنان و دابینکردنی فرسەتەکانی خوێندن و کارکردن و تەندروستی باش ببووە یەکێ لە خاڵەکانی پیشبڕکێیان. ئەمانە هەرچەندە وەک دەستکەوتی ژنان دەرکەوتن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستکەوتی مۆدێرنیتە و ئەو ئاراستەیە بوون کە پێیان وابوو هەموو وڵاتانی جیهان بە یەک ئاراستە دەڕۆن و گەشەکردنی ئابووری و تەکنەلۆجیا و بارو دۆخی ژنانیش لەگەڵیاندا بەردەوام بەرەو پێش دەچێت.
بەڵام ئەم شەپۆلەی فێمینیزمی ئەوروپایی – خۆراوایی بەرەووخامۆشی چوو . هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەم پاشەکشەیە لە لایەک بە هۆی کەوتنە بەردەم ڕەخنەی فێمینیزمی ڕەشپێست و فێمینیزمی کولتووری، بە پاڵپشتی تێورییەکانی پۆست – مۆدێرنیتە، ڕووی دا. فێمینیزمی ڕەش جەختی لەوە کردەوە کە سێکسیزم و چەوساندنەوەی چینایەتی و ناسنامەی جێندەری و ڕاسیزم تەواو پێکەوە گرێدراون و یەکتربڕن. بەو شێوەیەی کە ئەم چەمکانە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە پێی دەوترێت یەکتربڕایەتی. فێمینیزمی کولتووریش جەختی لە جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان ژن و پیاو کردەوە؛ لە ڕووی بایۆلۆجی و کەسایەتی و هەڵسوکەوتەوە ژنان وەک خاوەنی ڕەوشتێکی جیاواز و باڵا، هەمیشە هاوسۆزی و خوشکایەتی بناغەی ناسنامەیان دابین دەکات. ناوەڕۆکی ڕەخنەی ئەمانە ئەوە بوو کە ئەم فێمینیزم تەنها وەک بەرهەمی ئەزموونی ژنانی ئەوروپایی و خۆراوایی سپی پێست ناسراوە، لە کاتێکدا ئەوان ناتوانن ئەزموونی هەموو ژنانی جیهان نیشان بدەن و نوێنەرایەتی بکەن، ژنان لە شوێنە جیاجیاکان ئەزموونی جیایان هەیە، تەنانەت ژنان وەک تاکە کەسیش ئەزموونی جیایان هەیە.

بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک لە فێمینیستەکان باس لە وە دەکەن کە فشاری کەوتنی بلۆکی خۆرهەڵاتی (سۆڤیەت) و، هەڵای “پاشەکشەکردنی مارکسیزم” و بیری چەپ و سۆشیالیزم بە گشتی، تەشەنەی نیولیبرالیزم بە ئایدیۆلۆجی ئیندیڤدوالیزم و بازاڕی ئازاد و ..هتد، هۆکاری گەورەی ئەم پاشەکشەیە بوون، ئەمەش بە تایبەت لە کۆتاییی دەیەی هەشتاکان و دەیەی نەوەدەکان. نانسی فرەیسەر باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا کە نۆلیبرالیزم دەیویست گرنگیی زمانی “یەکسانی و دادپەروەری” و مافە گشتییەکان بگۆڕێتە سەر فۆکەس خستنە سەر ‘ناسینەوەی ناسنامە و جیاوازی’، لەو چوارچێوەیەدا فشار بۆ سەر فێمینیزم دروست بوو داوای ڕەخنەی کولتووری بکات و کەمتر بچێتە سەر شیکردنەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەر بۆیەشە بە ڕای نانسی فرەیسەر لە کۆتاییی سەدەی بیستەم مەیلێک هەبوو کە ڕەخنەی فێمینیستی گرنگ لە کایەی ‘ئابووری’ بگۆڕن بۆ ڕەخنەیەکی “کولتووری یەکلایەنەی یەکسان”
ئەم پاشەکشەیە، زیانی گەورەشی دا لە ڕێڕەوی گەشەی جیهانی فێمینیزم وەک بزووتنەوەی جیهانی ژنان، لە تێرمی کۆلێکتیڤیزم، واتە کارکردن وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری لە بەرامبەر فۆرمە جیهانییەکانی ستەم و چەوسانەوەی ژنان وەک پیاوسالاری، سێکسیزم و جیاوازیی چینایەتی، سەرمایەداری. واتە ئەم د ەورەیە بۆ ماوەیەک ئەم یەکگرتنەی لە خەباتی سەرتاسەری لە دژی سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژناندا بردە دواوە. نانسی فرەیسەر دەڵێت کە لە کاتێکدا داهێنانەکانی فێمینیزمی شەپۆلی دووەم لە ئەو توانایدایە بوو کە نایەکسانی جێندەری لە سێ ڕەهەندی فراواندا لێک بداتەوە: ئابووری، کولتووری و سیاسی. کەچی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەو ڕەهەندە شیکارییانە نەک تەنها جیاکراونەتەوە لە یەکدی، بەڵکوو تەنانەت لە “ڕەخنەی کاپیتالیزمیش” دابڕێنراون. بە بڕوای نانسی جەختکردنەوەی فێمینیستەکان لەسەر ڕەخنەی کولتووری، ڕێکوپێک لەگەل هەوڵەکانی نیۆلیبرالیزم دەهاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی سەرکوتکردنی هەموو بیرۆکە یەکسانیخوازییە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەو سەردەمەدا. بەم شێوەیە جەختکردنی فێمینیستەکان لەسەر ڕەخنەی کولتووری، لە کاتێکدا بوو کە هەلومەرجەکە پێویستی بە دوو هێندە فۆکەس و سەرنجدان بوو لەسەر ڕەخنەی ئابووریی سیاسی.
جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری.

بەشێک لە فێمینیستەکان لەژێر ناوی فێمینیزمی ماتریالیستی، بە هاوکاری لەگەڵ فێمینیستە مارکسیستەکان، توانیان دەست بگرن بەو ڕەخنەگرتن لە ئەو کۆیانە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە لە هەموو جێگایەک، لەوانە: پاتریارکی و سەرمایەداری. ئەوان جەختیان کردەوە کە ژیانی ژنان لە هەموو شوێنێک کەوتۆتە ژێر کاریگەریی سەرمایەداریی جیهانی و پیاوسالارییەوە. ڕایانگەیاند کە لە باری سیاسییەوە کارێکی خۆکوژی دەبێت کە ئەم ڕەخنەی بونیادی لە سەرمایەداری و پاتریارکی، جێگەی بگیرێتەوە بە ڕەخنەی ستراتیجییە سیاسییە لۆکاڵییەکان و ڕوانگەی واقیعی کۆمەڵایەتیی پارچەپارچەکراو. لەم هەوڵانەدا میتۆدی شیکاریی ئینتەسێکشنالیتی سەری دەرهێنا، کە لە یەک کاتدا ڕەخنە لە جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئەتنیکی و هەموو سەرچاوەکانی تری سەرکوت دەگرێت. بەم جۆرە ئەم فێمینیستانە دەورێکی گرنگیان گێڕا لە جارێکی کە پێناسکردنەوەی تێوری فێمینیستی، و لێکدانەوەی پرسەکانی چین، جێندەر و ڕەگەز (race). ئەم جارەیان ئەم فێمینیزمە نەک تەنها بۆ ڕزگاری ژنان، بەڵکوو وەک بزووتنەوەیەک کە باس لە ڕزگاریی کۆمەڵگە دەکات، دژە سەرمایەدارییە و، ڕەخنەی بونیاتی لە سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری و سیاسی نیولیبرالیزم هەیە.

لەدوای ٢٠٠٨وە، واتە دوای قەیرانێکی گەورەی سەرمایەداری و ئابووریی نیۆلیبرالیزم، فۆرمەکانی ئێکۆفێمینیزم، ترانسناشناڵ فێمینیزم، فێمینیزمی ڕەش و ئینتەرسێکشنال بە هێزەوە هاتوونەتەوە و خەریکی خەباتی فێمینیستین. فێمینیزمی ترانسناسیۆنالی یان جیهانی کە لە خۆیدا لە هەوڵی کۆکردنەوەی هەموو فۆرمەکانی فێمینیزمی دژە سەرمایەدارییە، بەتایبەت هاتۆتە مەیدان بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری سەبارەت بەوەی کە چۆن جیهانگیری و سەرمایەداری کاریگەریی لەسەر هەموو خەڵک بەگشتی، بە جیا لە نەتەوە و ڕەگەز و سێکس و چین و جێگای نیشتەجێی خەڵك داناوە. ئەم فۆرمە لە فێمینیزم، فێمینیزمی دژە سەرمایەداری، دژە سیستەمی ئابووریی نیۆلیبرالیزم، بە دەستەوەگرتنی تێوری ئابووریی مارکسیستی و لێکدانەوەی چینایەتی خەریکە جارێکی کە خۆرێکخستننە و، بەرپاکردنی بزووتنەوەی فراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی کە هەم داوای ماف و چاکسازی دەکات لە بارو دۆخی ژیانی ژنان و چینی کرێکاردا، هەروەها خۆی وەک بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدات کە خەریکە هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تری وەک، دژە ڕاسیسزم، یەکسانی بۆ هۆمۆسێکسواڵەکان و گروپە کەمایەتییە سەرکەوتکراوەکانی تر لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و پێشەنگی خەباتێكی فراوانی دژە سەرمایەداری دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو ئاسۆیە لەدەست بدات کە سەرچاوەی هەموو نایەکسانییەکان کۆمەڵگەی چینایەتی، سەرمایەدارییە.

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە

پریشکی ئەم هەستانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٧ لە خۆپێشاندانی سەدان هەزار ژن و پیاوی یەکسانیخواز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر نمایشی خۆی کرد. دواتریش مانیفێستی خۆی لە نامیلکەی فێمینیزم بۆ ٪٩٩ی خەڵك ڕاگەیاند کە تیایدا نیازی خۆی بۆ دژە سەرمایەداری بوون، ئیکۆ بوون، ئینتەرسێکشنال، پارێزەری مافی هەموو کەمایەتییەکان و ئێل جیبیتی… هتد ڕاگەیاندووە.
پێویستە باس لە جۆرێکی تری ترسناک لە “فێمینیزم” بکەین کە لە هەندێک ئەدەبیاتدا بە ناوی “فێمینیزمی نیولیبراڵ” باس کراوە. نموونەیەکی ئەم جۆرە لە فێمینیزم، شێریل ساندبێرگ دایهێنا لەژێر ناوی ‘لین ئین’، کە تیۆرییەکەی لەسەر ئەوە بونیاد ناوە کە بازاڕی ئازادیی سەرمایەداری چارەسەری نایەکسانی ڕەگەزیی بەرامبەر بە ژنان پێیە. ئەو بانگەوازی ژنان دەکات کە سەر دانەوێنن و هەوڵ بدەن و شەڕی تاکەکەسی بکەن لە بازاڕدا.
نموونەی تری ئەم فێمینیزمە، ئەو هەڵمەتەیە کە بۆ بەكاڵاکردنی جەستەی ژنان و، پارچەکانی جەستەی ژنان، قبوڵکردنی سێکسیزم وەک ڕاستییە نەگۆرەکان، پراکتیسی فێمینیستی کردۆتە ئەم بیرۆکە تاکپەرستانەیە کە بە ژنان دەڵێت بچۆ لە ڕێگەی ئیستحقاقەوە دەستکەوتەکانت بە “هەر ڕێگایەک” بێت بەدەست بێنە. نموونەی بڵاوبونەوەی دەیان جۆری پیشەی مۆدێل، کۆسمەتیک، مەیکئەپ ئارتیست، کاری لاپ دانس و مەساج، ..هتد؛ لەبری ئەوەی ئەمانە وەک ئارەزوو و هەڵبژاردەی بەشێکی کەم لە کچان و ژنان وەک مافێکی ئازادیی هەڵبژاردن پارێزراو بێت، کەچی بوونەتە پیشەسازی گەورە و بەدیلێکی پیشە و کار و ڕێگای نان پەیداکردن و گەشتن بە ئامانجی و ئاواتی “دەوڵەمەندبوون” و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ ژنان.

٤-کێشەی لیبراڵ فێمینیزم
جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری. ئەم دوو بیرکردنەوەیە لەنێو خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی جگە لەوەی درێژترین تەمەنیان هەیە، هەروەها گەورەترین هۆکاری دابەشبوونی جۆرەکانی فێمینیزمن لە بواری تێوری و پراتیکدا .
لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا
لیبراڵ فێمینیزم، کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا بە فێمینیزمی ژنانی بورژوازی ناسراوە، هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری چینی دەسەڵاتداری سەرمایەدارییە لە هەموو جیهاندا. فۆرمی دەسەڵات هەرچی بووبێت، دیکتاتۆری، دیموکراسی، سەرمایەداریی دەوڵەتی، ئەم جۆرە فێمینیزمە لە نێویدا جێگەی بووەتەوە. لە سەردەمی ئێستادا، بە هۆی کۆتای سیاسی بۆ ژنان لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا، ئەم فێمینیزمە دەسەڵاتی پەیدا کردووە و خۆی کردۆتە نوێنەری هەموو ژنان لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکاندا و، هەموو سەرچاوە ماددییەکان دەبات بۆ خۆی وەک بەشی ئیلیتی ژنان.
لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا . ئیتر گرنگ نییە کە بە هۆی ئەم دەسەڵاتەوە ملیۆنان ژن بێکار دەبن، نانبڕاو دەبن، خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزاری تریان نابێت. کەم نین ئەو فێمینیستە لیبراڵانەی کە بە شان و باڵی ژنانی وەک مارگرێت تاتشەر، هیلاری کلینتۆن و مادلین ئۆبرایت هەڵ دەدەن و وەک پێشەنگی دەستکەوتەکانی فێمینیزم باسیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕیار و سیاسەتەکانی ئەم ژنە سەرکردانە، هەمیشە هۆکاری نەهامەتی گەورە و هەژاری و بێکاری و ستەمی زیاتر بوون لەسەر ژنان. مێژووی فێمینیزم پڕیەتی لەم جۆرە کە خۆی کردۆتە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانی ژنان لە ئەوروپا و تەنانەت لە جیهانیشدا. ئەم دەستکەوتانەش بە ملیۆنان ژن دەفرۆشنەوە، گوایا ئەمانە بە قازانجی هەموو ژنانن. ئەم جۆرە فێمینیزمە دەتوانیت چاوپۆشی لە هەموو نایەکسانییەکانی تری زۆرینەی ژنان بکات و تەنها چاوی لەوەبێت کە ژمارەی لە ژنانی نێو چینی دەسەڵاتدار بخاتە نێو ناوەندەکانی بریاردان و سەرۆکی کۆمپانیاکان.

خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا.
لە سەردەمی ئێستادا زۆربەی ئەو “پێشکەوتنە”انەی کە بە هۆی “جیاکاریی ئەرێنی”ەوە، بەدەست هاتوون، بوونەتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی ژنانی نێو چینی دەسەلاتدار . ئەم چینە دەسەڵاتدارە هەرچۆنێک بێت توانیویەتی سامان و جێگایەکی زیاتر بۆ ژنە پەرلەمانتارەکان، ژنە بەڕیوەبەرەکان، دادوەرەکان، بانکدارەکان، خاوەن کۆمپانیاکان دروست بکات. بەڵام کاتێک ئەم ژنانە کێشەی خۆیان لە نێو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا چارەسەر دەبێت، ٪٩٩ ەکەی تری ژنان لە بیر دەکەن کە بە ترسناکترین جۆری ستەم و چەوسانەوەدا دەڕۆن. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە کە دیاردەیەکی هاوشێوە لەگەڵ چینی ناوەڕاستی ڕەشپێستی ئەمریکا و ئەروروپادا ڕوویدا، کاتێك بە هۆی بزووتنەوەی دژە ڕاسیزمەوە هەندێکیان خۆیان گەیاندە پلە و پۆستی باڵا، ئەمەشیان وەک دەستکەوتی گەورەی هەموو ڕەشپێستەکان نیشان دا. لەهەر دوو نموونەکەدا زۆربەی کات ئەو دەستکەوتانە بەناوی هەموو خەڵکەوە وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەرهەمەکەی ناچیتەوە لای جەماوەرە نایەکسانەکە، هەر بۆیە هیچ کات نە کۆتای ژنان و نە جیاکاریی ئەرێنی نابێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی جیاکاری، بەڵکوو زیاتر هەڵاواردن و پشتبەستن بە تۆکنیزم زیاد دەکات.
لەگەل هەموو ئەمانەشدا، خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا. بزووتنەوەی ژنان و خەباتی ژنان هەروەها خاوەنی ژنانی چالاک و نووسەر و ئەکادیمی و گەنجانی تینوو بە ئازادی و یەکسانین. بۆیە دەبێت جۆرەکانی فێمینیزم بناسینەوە، لەیەکیان جیا بکەینەوە و، بەوردی هاوخەباتەکانی خۆمان دیاری بکەین.

٥-ئەنجامگیری

یەکەم: فێمینیزم لە کوردستانیش فرە لایەن و فرە ڕەهەندە
فێمینیست لە کوردستان دەشێت ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بێت کە ئامادەی گیان بەختکردن بووە بۆ ڕزگاری خۆی و هاوڕەگەزەکانی، هەروەها دەشێت ئەو ژنە پەرلەمانتارە بێت کە باس لە یاسایەکی باشتر بۆ مافی ژنان دەکات، بەڵام بەرژەوەندیی حیزبەکەشی دەپارێزێتک یان دەشێت ئەو ژنە موسوڵمانە بێت کە دەیەوێت تەفسیرێکی میانەڕەوتر لە ئیسلام بکات، یان ئەو ژنەی کە لە دام و دەزگایەکدا چاودێری ئەوە دەکات کە ژنان تەحەروشیان پی نەکرێت، مامۆستایەکی ئەکادیمی بێت کە خەریکی جێگیر کردنی خویندنی یەکسانیی جێندەرییە، ئەو کارمەندە بێت کە ڕۆژانە یارمەتیی ژنان دەدات بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی، ئەو ژنەی کە خۆی بریار لەوە دەدات کە مافی خۆیەتی چ جۆرە جلێک لەبەرکات، کچانی گەنجانی زانکۆ بن کە دژی هێزە ئەمنییەکان دەوەستانەوە کە بە هۆی کچ بوونیانەوە سوکایەتیان پێ دەکردن و سێکسیت دەجووڵانەوە لەگەڵیان.
فێمینیزم لە کوردستانیش یەک شت نییە، یەک فۆرم نییە، یەک تێگەشتن و یەک پێناسی نییە. لە کوردستانیش هەتا ئەم جیاوازییە سیاسییانەی نێو ڕەوتەکانی فێمینیزم نەناسینەوە، دەستنیشانیان نەکەین، مەحاڵە کە بەهیچ جۆرێک بکەوینە دایالۆگێکی تیوری جدییەوە لەسەر ڕزگاریی ژنان. هەروەک چۆن ناکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزمدا تێپەڕین و گرنگیان پێ نەدەین، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەم جۆر و جیاوازییانە ببنە هەوێنی دایەلۆگ و لێكۆڵینەوە و کاری داهاتوو .

فێمینیزمی لیبراڵ بە فراوانی هەیە و نوێنەرەکانی لە کوردستان ژنانی سیاسی و نێو دەسەڵات و خاوەن پۆستە باڵا و ئیدارییەکانن، ئەوانەی کە شارنشین و خوێندەوارن و لەپال یەکێ لە حیزبەکانی نێو دەسەڵاتدا یان ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کار وچالاکی دەکەن، ڕەخنەی نەرم و نیان دەگرن و داوا و نەسیحەتی چاکسازی لە دەسەڵاتدا دەکەن و، هەوڵی پلە و پۆستی بەرز دەدەن. هەڵبەت بەشێکیش لەم لیبراڵ فێمینیزمە وان خەریکی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لە بواری ئەکادیمیا کار دەکەن. ئەم جۆرە لە فێمینیزم دەبێت بناسینەوە، بەرپرسیاریان کەین و بیریان بێنینەوە کە یان باس لە ڕزگاریی ژنان نەکەن و بە ناوی ژنانەوە بەگشتی قسە نەکەن؛ یان دەبێت ئەو پێگە و دەسەڵاتەی پەیدای دەکەن دەستکەوتی گشتی تر بۆ ژنانیش بێنێت، وەک یاسای باشتر، مافی زیاتر، سەلامەتی و پاراستنی زیاتر لە توندوتیژی.
بەشێکی زۆر لە ژنان لە نێو ڕیکخراو و لەسەر ئاستێکی تر هەموو ڕۆژ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و، دژ بە کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و توندوتیژی دەوەستنەوە. ئەمە تایبەتمەندیی خەباتی ژنانی کوردستانە لەم سەردەمەی ئیستادا کە وەک پراکتیسێکی ڕۆژانە خەبات بۆ یەکسانی و دژی جیاکاری لە مەیدانی کارو ماڵدا دەکەن. هەرچەندە ئەم بەشەیان هێشتا سیمایەکی تێوری فێمینیستی نەداوە بە چالاکی و کاری خۆی لە خوارەوە دەیکات لە دژی سیستمی زاڵ، مەیدانێکی بەرفراوانی تێکەڵە لە فێمینیزمی جۆرا و جۆر ی ڕادیکاڵ، سێکولار و چەپ و سۆشیالیست و ڕادیکاڵەوە، تا دەگات بە ژنانی موسوڵمانی سێکولار. بۆیە کاری ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان لە یەکتر جیاوازن، ناچنە ژێر یەک پێناسە و یان یەک جۆری فێمینیزمەوە .ناشکرێت خەباتی ڕۆژانەی سەدان ژن بخەینە یەک تای تەرازوو لەگەڵ لیبراڵ فێمینیزمێکی بەرژەوەندخواز، یان فێمینیزمێکی ئیسلامی کە زیاتر وا لە خەمی پاراستنی دینەکەی وەک لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و، تێکەڵاویان کەین .
کەوایە فێمینیزم لە کوردستان نەشێوێنراوە، بەڵکوو خۆی بەم جۆرەیە کە باڵ و تێروانینی جیاوازی لێ دەبێتەوە و خاوەنی یەک تێگەیشتنی یەکگرتوو نییە و هەروەها بواری لێک تێگەشتنی جیا جیا دروست دەکات. کەسێک کە وادەزانیت شێوێنراوە، ئەو فۆرمەی ئەو شێوێنراوە نەک فێمینیزم خۆی. ژنان لە کۆمەڵگەدا دەژین و زیندوون و بکەرن، هەموو ڕۆژ خەبات دەکەن بۆ یەکسانی بە شێوازی جۆراو جۆر . ئەوە ئەرکی تێوریسێنە فێمینیستەکانە لیکدانەوە بۆ ئەمانە بکات لە پەیوەند بە ئاراستە فکری و تیۆرییەکانی فێمینیزمەوە، جۆرەکانیان و تایبەتمەندییەکانیان جیابکاتەوە، تا بتوانێت تێورییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فێمینیستی کە تێگەشتنێکی فراوانی لەسەر ژنان لە هەرێمی کوردستان دروست کردبێت، بەرهەم بێنن لێرەشەوە ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەباتی ڕزگاریی ژنان ڕۆشن کەنەوە. ئێمە وەک زۆریک لە بوارەکانی تری فکر و مەعریفە لەم بوارەشدا سەرەتایەکمان دەست پێ کردووە کە هێشتا تازەیە، پێویستی بە هاوکاری و کاری درێژخایەن و دایەلۆگ و گەشەکردنە.

کاتێك بەشێک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان بە خۆیان ناڵێن فێمینیست، کەچی هەر ئەوانیشن ڕۆژانە بە کردار لە بەردەم هەڕەشە و فشاری کۆنەپەرستی و پیاوسالاریدا خەبات دەکەن، ئەوە بابەتێکی پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە. لە بارو دۆخێکی وەک کوردستاندا، هۆکاری جیاجیا هەیە کە کەسێک یان گروپێک ڕاستەخۆ بە خۆیان نەڵێن فێمینیست. یەکێ لەوانە لەوانەیە ترس بێت، هەروەک چۆن ترسیش هەیە ئەگەر ژنان لە شوێنی کاریان یان لەنێو دراوسێکانیان بە خۆیان بڵێن کۆمۆنیست، یان ئەنارکیست. هۆکاری ئەمەش لە یەکەم ڕامانیندا ئەوەیە کە هەموو ئەم بزووتنەوە و ئایدیایانە بە ڕادیکاڵ و مەترسیدار دادەنرێن لەسەر کۆمەڵگە و خێزان و بەها دینی و خێڵەکییە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگە. لەسەر ئاستی گروپ و ڕێکخراوی ژنانیش، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کە پشتیوانی ماددی ئەمانە دەکەن، ئەم جۆرە ئایدیا چەپ و ڕادیکاڵانەیان پێ خۆش نییە و هەر جۆرە ڕێکخراوێک یان چالاکێك ئیدعای ئەوانە بکات، پەراوێزیان دەخەن.

فێمینیزم لە کوردستان نەشێوێنراوە، بەڵکوو خۆی بەم جۆرەیە کە باڵ و تێروانینی جیاوازی لێ دەبێتەوە و خاوەنی یەک تێگەیشتنی یەکگرتوو نییە، بەڵام هۆکاری تریش زۆرن، لەوانە دابڕانێك کە لەنێوان گوتاری فێمینیزم و بارو دۆخی ژنان و خەباتی ڕۆژانەیان هەیە، ئاشنا نەبوونی ئەم گوتارە بە کار و کردەی فێمینیستی لە کوردستان، وەک پێشتر باس کرا. هۆکارێکی تر ئەو تێگەشتنەیە لە فێمینیزم کە بە بزووتنەوەیەکی “دژە پیاو “ی دەبینێت. نەیارانی ئازادی و یەکسانی ژنان ئەم مەسەلەیە بەکاردێنن وەک بەهانەیەک بۆ دژایەتی هەر هەوڵێک کە بەرگری لە ماف و یەکسانیی ژنان بکات. بەڵام ئەوەی کە ئەم کێشەیەی توندتر کردۆتەوە، دژە پیاوبوونی بەشێک لەگوتاری ئەو فێمینیستانەیە کەلە ئەوروپا دەژین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان لە کوردستان لە لێکدانەوەکانیاندا ڕەچاو ناکەن. زۆرینەی ژنان نە خاوەنی داهات و ئابووریی سەربەخۆن، نە دەتوانن لە خێزان و پیاو داببڕێن و بە تەنها بژین، نە لە باری دەروونییەوە ئامادەییان بۆ هەنگاوگەلێکی لەو جۆرە هەیە. بۆ تێگەشتن لەمە دەبێت سەیری ئەم بەربەستانەی بەردەم ژنان و ڕێکخراوەکان بکرێت و شیکارییان بۆ بکرێت نەک وەک ڕق لە فێمینیزم یان ناهوشیاری ژنان لێك بدرێتەوە.
هەروەها ژنانی چەپ و کۆمۆنیست، کە بە پێویستی نازانن کە وەک فێمینیست خۆیان بناسێنن، چونکە بڕوایان وایە کە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانیی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی ئەوان بۆ سۆشیالیزم. سۆشیالیزم دەتوانێت هەموو ئەو مافانە بەدەست بێنێت بۆ ژنان کە فێمینستەکان داوای دەکەن و، یەکسانییەکی مانادار لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. بەڵام ئەمانە دژە فێمینیزم نین، خۆیان بە هاوپشت و هاوخەباتی فێمینیستەکان دەزانن کە هەوڵ بۆ یەکسانی و ئازادیی ژنان دەدەن، بەتایبەت هەموو ئەوە فێمینیستانەی کە ڕەخنەی بونیادی لە سیستەم و ئابووریی سەرمایەداری دەگرن.

دووهەم: کاریگەریی گۆرانکارییە ئابووری و سیاسییەکان و سەرمایەداریی گڵۆباڵ لەسەر فێمینیزم لە کوردستان
کرانەوە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا لە ڕیگەی تەکنەلۆجیای جیهانییەوە، هەروەها سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبراڵەکانی حکومەتی هەرێم بە پاڵپشت و ڕێنوێنی بانکی نێودەوڵەتی، لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا هێناوە.
یەکێ لەو گۆرانکارییانە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ دنیای گڵۆباڵدا لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا، و کراونەوەی بازرگانی و بازاڕی ئازاد، ئەم کۆمەڵگەیەی لە ماوەیەکی کورتدا خستە بەر لێشاوی دیاردەی بە “کاڵاکردن”. یەکێ لە کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەی بەکاڵا کردنە، کە پرۆسەیەکی جیهانییە، جەستەی ژنانیشی کردە مەیدانی بە کاڵابوون بۆ ئاڵوگۆڕ لە بازاڕدا، لێرەدا لەشفرۆشی ئاشکرا و نهێنی و کاری یانەی شەوان تەنها بەشێکی کەمی ئەم بەکاڵاکردنەیە، هەڵتۆقینی ژمارەی کچە مۆدیلەکان و بەکارهێنانی جەستە و جوانی ژنان بۆ ڕیکلام و کارکردن لە کۆمپانیا و یانە و مۆڵەکاندا و دەیان جۆری تری کار کە بەکارهێنانی جەستەی ژن وەک ئامرازی سەرنجڕاکێشانی کڕیار و گەرمکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕ، بەشێکی تری بازاڕی کۆسمەتیک و مەیکئەپ و کلینیکەکانی جوانکاری و ددان و ..هتد، هەمووی نموونەی ئەم بەکاڵاکردنەن .
ئەم دیاردەی بەکاڵاکردنەی جەستەی ژنان، لە لایەکەوە، بەشێكی زۆر لە بەها خێڵەکی و دینی و کۆنەخوازەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و تووشی تۆقاندنی کردوون . لە لایەکی ترەوە، کاردانەوەیەکی دژ بە ژنانی لیکەوتۆتەوە، کە لە ئەنجامدا پیاوانی ئایینی لە هەموو کات زیاتر فرسەتیان بۆ ڕەخساوە هێرش بکەنە سەر ماف و ئازادیی ژنان لە مینبەرەکانی میدیا و مزگەوت و بوارە گشتییەکاندا. لەنێو خێزانیشدا، ئەم ترسە بووەتە هۆی توندکردنەوەی سەرکوت لەسەر ژنان و کچان و زیاتر پارێزگاربوونی خێزان و توندکردنەوەی ژنانی لە بواری تایبەت و چوار دیواری ماڵدا پەرە پێداوە.
بەڵام ئەم کرانەوەیە هەروەها نەوەیەکی تریشی لە ژنانی ڕووناکبیر و ئازادتر دروست کردووە کە لە باری زمان و فەرهەنگ و ئاستی خوێندن و پەیوەندی بە دنیای دەرەوە، وەک هەر گەنجێکی تری جیهان لەم سەردەمەدا خاوەنی هوشیارییەکی باڵایە بە مافەکانی خۆی، کە نموونەیان لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و، وەرگێڕان و خوێندنەوە و مۆسیقا و هونەر و کاری کۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا دەرکەوتووە.

سێهەم: خاڵی هاوبەشی کارکردنی ژنانە بەیەکەوە
ئەم گۆڕانکارییە گلۆباڵ و ناوخۆییانەی دۆخی ژنانی کوردستان ڕووبەڕووی سیستمێکی خێڵەکی و پیاوسالاری و دینییە لە کوردستان. ئەمەش وای کردووە فێمینیستەکان سەرەڕای جیاوازی و فرە ڕەهەندیان خاڵی هاوبەشیان هەبێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخ و سیستمە زاڵەی دژی ژنانە بەگشتی.
هێرش بۆ سەر ژنانی یەکسانی و ئازادیخواز و چالاکانی نێو ڕێکخراوەکان کە باس لە ڕزگاریی ژنان و مافی ژنان دەکەن، گەورەترین پریشکی ئەم ڕق و توڕەیییە کۆنەپارێزانی بەرکەووتوە. ئەم هێرشە ئایینی-خێڵەکییە کە بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی دەکرێت، ناوێرێت یان نایەوێت ڕەخنە لە بەرژەوەندیی ئابووریی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی سیاسی بگرێت، یان دژی بەكاڵابوون بوەستێت. هەروەها ناشتوانن ڕێگری لە دەرکەوتنی کچە مۆدێڵەکان بکەن، بۆیە ئاسانترین نێچیر بۆیان ئەو ژنانەن کە وان لە بواری گشتیدا کار دەکەن. ژنانی چالاک کە هەموو ڕۆژێک وان لەسەر جادە و بەردەم داداگاکانیان گرتووە ئەم دەسەڵاتەیان هەراسان کردووە بۆ مافەکانی ژنان، پشکی شێریان بەرکەوتووە لەم هەڕەشانە. هەر بۆیە پریشکی ئەو کاردانەوانە بە توندی دەیدا لە هەر بیرۆکەیەکی ئازایخوازی، ژنانی چالاک، لەگەڵ ئەمانەشدا فکر و هزری یەکسانیخوازی فێمینیستی و سۆشیالیستی.

هەروەها پرسی فێمینیزم و خەباتی ژنان ڕووبەڕووی کۆنەپارێزیەکی ئاراستەکراوە کە لە ڕێگەی مینبەرەکانی میدیا و مزگەوتەوە پەخش دەبێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە. هێنانە سەر شاشە و زەقکردنەوەی ئەو بانگخوازە ئاینییانە کە بە ئاشکرا دژی مافەکانی ژنان و یەکسانی و ئازادی قسە دەکەن. یان دەرخستنی ئەوانەی باس لە جادووگەری، فاڵ و ترس و ڕیچوالە دینی و فیستڤالە خێڵەکییەکان دەکەن. ئەمانە خەریکی برەودانن بە هێشتنەوەی بەها دینی و خێڵەکییەکان،کە کۆنەپارێزترینن لە کۆمەڵگەدا، و زیندوو هێشتنەوەیان لەنێو کۆمەڵگەیەکدا کە تازە بە ڕووی دەرەوەدا کراوەتەوە، ناکۆکیی زۆری تێدایە و هەژاری و بێکاری لە ڕاددە بەدەریش ڕووی تێکردوە . ئەمەش دووبارە ژنان و کچان دەخزێنێتە ماڵەوە، لەژێر چنگی پیاوسالاریدا، لە نەبوونی یاسای پارێزگاری و دامودەزگای توندوتۆڵ بۆ پاراستنیان لە دژی توندوتیژی.

لە ڕاستیدا ترس لە گۆرانکاری، ترس لە “بەرەڵایی” ژنان، ترس لە تێکچوونی خێزان، باجەکەی زۆرینەی ژنان و کچان دەیدەن . هەرچەندە ئەم ترسە بەرجەستەیە و دیارە، بەڵام هێشتا وەک ترسێکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت . هەرچەندە نە فێمینیزم وەک ئەوەی کە ئیستا هەیە وە نە شێوازی تری خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ڕزگاری لە کوردستان، نەببونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەلاتی سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پشتگیرییانەی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆنەپارێزی، تەواو سیاسی و ئاراستە کراوە، چونکە مەسەلەی ئازادی و مافەکانی ژنان تەواو مەسەلەیەکی سیاسییە.
لە کۆمەڵگەی کوردستان بوار بۆ پراکتیسی فێمینیستی هەموو ژنان پێکەوە هەیە، چونکە خاڵێکی هاوبەش و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە لە ئێستادا، کە کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی پیاوسالارییە.
لەکۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت، کە ئەوانەی بەگشتی دژی فێمینیزم دەوەستنەوە، هێزی پاریزگار و کۆنەپەرستن کە بەرژەوەندییان هەیە لە ڕاگرتن و هێشتنەوەی پێگە و جێگای ژنان لە پەراویزی کۆمەڵگەدا، وە ئامانجیان پاراستنی سیستەمی ئیستا و هێشتنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالارییە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. دەکرێت خەبات لە دژی ئەم کۆنەپەرستییە خاڵی هاوبەشی کارکردنی ژنان و فێمینیزمەکانیان بێت بەیەکەوە. لە کۆمەڵگەی کوردستان بوار بۆ پراکتیسی فێمینیستی هەموو ژنان پێکەوە هەیە، چونکە خاڵێکی هاوبەش و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە لە ئێستادا، کە کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی پیاوسالارییە.

ژنان دەبێت پێشەنگی خەبات بن بۆ یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژ جیاکاریی ڕەگەزی و پیاوسالاری لە هەموو بوارەکادا، بەڵام گەیشتن بە یەکسانییەکی مانادار نە بە تەنها ئەرکی ژنانە و نە بە تەنها بە خەباتی ژنانیش بەدەست دێت. بۆیە پیویستە ئەم خەباتە ئەرێنییە جەماوەری فراوانی ژنان لە خۆی کۆ بکاتەوە و و شان بە شانی خەباتی چین و تویژەکانی تری کۆمەڵگە بن کە لە پێناو یەکسانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی وکۆمەڵگەیەی خاڵی لە ستەم وچەوسانەوەی چینایەتی تێبکۆشین. لە ڕاستیدا ژنان بەشدارییەکی چالاک دەکەن لەم خەباتەی کۆمەڵگەدا .

ئاسۆ کەمال
دیسێمبەری ٢٠٢١

——————————————————————–
سەرچاوەکان:
Bhardwaj, Ananya. “Marxist Feminism and its Importance in Today’s.” Contemporary Literary Review India (February 2021): Vol.8 No.1 , p 43-51.
Bryson, Valerie. “Adjusting the lenses: Feminist analysis and.” Contemporary Politics, (1995): 1:1, 3-18,.
“Marxism and feminism: can the ‘unhappy marriage” be saved ? .” Journal of Political Ideologies (2004): 13–30.
Cock, Jacklyn, and Meg Luxton. “”MARXISM AND FEMINISM:’UNHAPPY MARRIAGE’OR CREATIVE PARTNERSHIP.” .” Cock, Jacklyn, and Meg Luxton. Marxisms in the 21st Century: Crisis, Critique & Struggle. 2016. 116-142.
Gimenez, Martha E. “What’s material about Materialist Femeinsim .” R a d i c a l P h i l o s o p h y 1 0 1 (2000).
Haines, Brigid. “Beyond Patriarchy: Marxism, Feminism, and Elfriede Jelinek’s “Die Liebhaberinnen”.” The Modern Language Review (Jul., 1997, Vol. 92, No. 3 (Jul., 1997), ): pp. 643-655.
Hartmann, Heidi I. “”The unhappy marriage of Marxism and feminism: Towards a more progressive union.” .” Capital & Class 3.2 (1979): 1-33.
Hatem, Mervat. “Class and Patriarchy as Competing Paradigms for the Study of Middle Eastern Women.” Comparative Studies in Society and History (Oct., 1987, Vol. 29, No. 4): pp. 811-818.
Haug, Frigga. “”Marxism-feminism.” .” Historical Materialism 24.4 (2016): 257-270. .
Heidi Hartmann, Ellen Bravo, Charlotte Bunch, Nancy Hartsock, Roberta Spalter Roth, Linda Williams, Maria Blanco. “Feminist Theory and Practice; A Collective Interview.” Signs, Vol. 21, No. 4 (1996): pp. 917-951.
“Historical-Critical Dictionary of Marxism.” Historical Materialism. 2016. 257–270.
“Marxist Feminist Dialectics for the 21st Century.” Source: Science & Society , Fall, 1998, Vol. 62, No. 3, Dialectics: The New Frontier .. (1998): pp. 400-413.
Nancy Fraser. “Feminism, capitalism and the cunning of history,.” New Left Review (2009): 97-117.
Orr, Judith. “Marxism and feminism today.” International Socialsm Issue: 127 ( June 2010).
Sandberg, Sheryl. Lean In. 2013.
WILLIAMS, CHRISTINE. “The Happy Marriage of Capitalism and Feminism.” Contemporary Sociology 43,1 (n.d.): 58-62.
Wright, Erik Olin. “Explanation and Emancipation in Marxism and Feminism.” Sociological Theory (1993): pp. 39-54.
رەئوف, لوقمان. “فێمێنیستی و هەستی گەڕان بە دوای شوناسدا.” ئایدیا (n.d.): ل. ٣٩-٤٣.
کەمال, ئاسۆ. ژنۆفۆبیای ئۆجەلان . London, ٢٠١٦.




یاداشتنامەی(پزیشکێکی پێشمەرگە)م خوێندەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

{کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم ١٩٦١-١٩٨٩} ، ناونیشانی یاداشتنامەکەی دکتۆر فایەق گوڵپیە ،کە بەشێکی گرنگ لە ژیاننامەی خودی گوڵپی تێدا تۆمارکراوە .ئەم کتێبە ساڵی [٢٠١٨] کەوتوەتە بەر دیدی خوێنەر، لەهەندەرانیش ئەوانەی خولیای خوێندنەوەیان هەیە ،بەدەستیان گەشت و بەناوەڕۆکەکەی ئاشنا بوون.
بەندەش لە ڕێگەی خودی دکتۆر فایەقەوە کتێبەکەم بە [PDF] پێگەیشت.
خوێندنەوەی یاداشتنامە ئیدی هی هەر کەسێک بێت، یەکێکە لە ئارەزووەکانم ،چێژێکی تایبەت لە خوێندنەوەیان دەبینم ،بەتایبەتی گەر ڕاستگۆییان تێدا بەدی بکەم .تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە یاداشتنامەی کەسایەتیە کوردی و عەرەبی و جیهانیەکانم خوێندوەتەوە.بەکوورتی هی هەرکەسێکم بەردەستکەوتبێت یا بیستبێتم کە کەوتوەتە بەردەستی خوێنەر ،خێرا هەوڵی بەدەستهێنانیم داوە.
سەبارەت بەمەی دکتۆر فایەقیش ،سەرەتا کاک سەلام محەمەدی برادەرم بە ئیجابی باسی ئەم کتێبەی بۆکردم کە خۆی بەدەستیەوە بوو، ،پاشان بۆ وەدەستهێنانی داوام لە دکتۆر کرد ،بەسوپاسەوە ناردی بۆم.
هەوڵەدەم بە پێی خوێندنەوە تێڕوانینی خۆم بۆ ڕووداوەکانی دووتوێی ئەم یاداشتنامەیە،هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بێلایەنەی بۆ بکەم.لە کۆتایدا خوێنەر سەرپشکە لە حکومدان بەسەر هەڵسەنگاندنەکەمدا، کە هیوادارم سەرکەوتووبم تێیدا.

دکتۆر فایەق لە پێناسەیەکی شایستەدا
بەرلەوەی بچمە قووڵایی باسەکەوە ،لەسەر ڕۆشنایی ئاشنایی و پەیوەندیم لەتەکیدا ،دەخوازم کەمێک سەبارەت بە کەسایەتی خودی دکتۆر بنووسم.
لەسەرەتای حەفتاکاندا لە قوتابخانەی ناوەندی شارەزوور لە هەڵەبجە بۆ دووساڵ هاوپۆلم بوو،زۆر بەخێرایی بووینە برادەر ،هەستم کرد زۆر جیاوازە لە هاوپۆلەکانم،کەسێکی بە ڕەوشت، هێمن،کەمدوو ، ڕووخۆش و زرنگ و زیرەک ،{یەکەمی پۆلەکەمان بوو} ، هیچ شتێکی لێ عاسی نەدەبوو ،لە هەموو وانەکاندا پەرفەکت بوو.بیرم دێت جارێک وانەی عەرەبیمان هەبوو بابەتی[ئیعراب]نازانم بەکوردی پێی دەڵێن،لەوانەیە شیکاری پێ بڵێن، من زۆر کۆڵەوابووم تێیدا و حەزم پێی نەبوو،زیاتر ئارەزووم لە [انشاء] داڕشتن هەبوو،ئەو ڕۆژە مامۆستاکەمان لەسەر تەختەڕەشەکە دوودێڕ شعری درێژی کلاسیکی نووسی ،پێم وابێت هی{ ئەحمەد شەوقی-امیر الشعراء} بوو ،پرسی کێ دەتوانێت ئیعرابی بکات ؟هەموو سەرمان کزکرد ،من لەژێرەوە سەیری دک تۆر فایەقم کرد،هێندەی پێنەچوو دەستی بەرزکردەوە ،پاشان دەستی کرد بە ئیعرابکردن، ئێمەش بەسەرسامیەوە سەیرمان دەکرد،کە کۆتایی هات مامۆستاکە سوپاسێکی گەرمی کرد کە بێ هەڵە ئەوکارەی ئەنجامدا.
پەیوەندیمان پەرەی سەند ،جگە لە خوێندنگا لەدەرەوەش یەکترمان دەدی ،بۆنمونە بەهاران بۆسەعی کردن دەچوین بۆ ڕێگەی [عەنەب ]،یاخود جاروبار لە چایخانەیەک کە بەرامبەر سینەماکەی هەڵەبجە بوو دادەنیشتین ،جۆرەها قسەوباسمان دەهێنایە گۆڕێ.پێم وابێت تاکە باس کە خۆمان بەدوور دەگرت لێی سیاسەت بوو. بەشبەحاڵی خۆم ڕێزێکی زۆرم بۆ ئازایەتی و گیانفیدایی باوکی هەبوو.ئەز سەربە ئایدۆلۆجییایەکی چەپی عێراقی بووم ،لەوە دەترسام باسێک بکەمەوە و ئەو وەک هێرش بۆ سەر ڕێبازەکەی باوکی لێکی بداتەوە، و بەوە هەستی بریندارببێت ،بۆیە تا بۆم کرابێت باسی سیاسەتم نەدەکردەوە.
پاش شەهیدبوونی باوکی وەک خۆیشی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە بەدۆخێکی سەختی نالەباری ژیاریدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەم دۆخە هەرگیز لە ژیانی دکتۆردا هەستی پێنەدەکرا،هەرگیز گلەیی لەبەختی خۆی نەدەکرد،هێندە نەفس بەرز بوو لە هیچ کاتێکدا ڕێگەی نەدەدا ببێتە جێگەی بەزەیی.ڕاستە ئەو هەژاربوو ،وەلێ لەناخ و هزردا زەنگین بوو.
پاش کۆتایی ناوەندی من چومە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ ،ئەویش لە ئامادەیی درێژەی بەخوێندن دا.
هەرجارێک لە هەڵەبجە بوایە یا سلیمانی گەر بەڕێکەوت یەکترمان بدیایە ،ئیدی لە دەمی خوێندندابوایە یادەمی سەربازیم، هەر بە گووڕوتینەکەی جارانەوە باوەشمان بۆ یەکتر دەکردەوە.
دەمێک ساڵی[1991] بۆیەکەم جار سەردانی کوردستانم کرد ،دکتۆر فایەق یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانم بوو کە تامەزرۆی بینینی بووم،ئەوە بوو سۆراغیم خوارد و لە نۆرینگە کۆنەکەی [دکتۆر عەبدولرحمان ڕیس] دۆزیمەوە.ئەوەی خۆشحاڵی کردم ئەوە بوو کە پاش ئەو دابڕانە زۆرە ،وەک هەمیشە بە خەندەو ڕۆح شیرینیەوە باوەشی کرد پێمدا.
هەر لەو سەفەرەمدا بەهۆی هەندێک خواردنەوە کە پێی ڕانەهاتبووم ، تووشی ئازاری سک بووم،ئەو هات بۆلام و چارەسەری نووسی بۆم.
پاشان پەیوەندیمان بەردەوام بوو،بەوەی هەرجارێک سەردانی کوردستانم کردبێت بەتەنها خۆی یا لەتەک خێزانەکەی چەند ساتێکمان پێکەوە بەسەر بردوە.
دکتۆر فایەق یەکێکە لە هاوڕێ دانسقەکانم کە ماوەی [50]ساڵە هاوڕێیەتیمان بەردەوامەو تابێت ڕێزو خۆشەویستیمان بۆیەکتر زیاددەبێت. تەنانەت هەندێک جار لەم دوورەوە کە کێشەیەکی تەندرووستیم دەبێت بە تەلەفۆن ڕێنمایی لەو وەردەگرم.
ئەم پێشەکیەم وەک ئیزافەیەک نووسی تا خوێنەر لە دیدی هاوڕێیەکی دێرینیەوە دکتۆر بناسێت و بە هەندێک وردەکاری ژیانی ئاشنا بێت کە خودی دکتۆر ئاماژەی پێنەداون.

خەسڵەت و مەرجەکانی یاداشتنامە
نووسینەوەی یاداشتنامە بەر لەوەی ئاوێنەی ژیانی خودی کەسەکەبێت، تۆمارکردن و گێڕانەوەو وەبیرهێنانەوەی قۆناغێک یا چەندقۆناغێکە لە ژیانی میللەتێک،شۆڕشێک،بزافێکی سیاسی،جا بۆیە زۆر زۆر گرنگە نووسەری یاداشتنامەکە ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ناکرێ نووسەر هەست وسۆز بکاتە پێوەر بۆ یاداشتکردنی ڕووداوەکان ،بەڵکو گەرەکە بەوجۆرە باسیان لێوەبکات کەڕوویانداوە،واتە گەرەکە چاوەکانی ببنە ڤیدیۆکامێرایەک و ڕەکۆردی مەشهەدەکان وەک خۆی بکات،ئیدی تەنها بەم جۆرە دەتوانێت متمانەی خوێنەر بە دەستبهێنێت.

  1. سەرجەم یاداشتنامەو یادەوەریەکان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی گەلەکەمانەوە هەیە،بە کەمووکووڕی شکستی و سەرکەوتنەکانیەوە ،هەموویان دەبنە بەشێک لە دیرۆکی بزافی گەلەکەمان و دەکرێ نەوەکانی داهاتوومان سودی لێوەربگرن.
  2. دەکرێ و ڕوویداوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ژیانی میللەتێک شۆڕشێک لێکۆڵەوەرانی کورد و بێگانە پەنا بۆ ئەوجۆرە یادەوەریانە بەرن.
  3. لەکاتی دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگدا ڕوویداوە هەندێک جار سود لەم جۆرە یاداشتنامانە وەرگیراوە،نمونەی دادگایکردنی تاوانبارانی سەرانی نازی لە دادگای نۆرەنبرگدا.
    لەسەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانە دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەی دکتۆر گوڵپی جێگەی متمانەیەو دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی پاکژ سەیربکرێت.
    دەشێ و ڕوویداوە بڕێک لەوانەی بیرەوەریەکانیان نووسیوەتەوە ،لە هەندێک بڕگەو مەوقعدا لە حەقیقەت لایاندابێت و ڕووداوەکانیان بەجۆرێک وێنا کردبێت کە لەتەک مەزاج و بیرو پێویستی دۆخەکەدا بگونجێت،لێ دکتۆر فایەق تەنها ڕاستگۆیی کردوەتە پێوەر و بەوجۆرە باسی ڕووداوەکانی کردوە کە ڕوویانداوە،جا لەوانەیە ئەو گوزارشتە لەتەک قەناعەت و ڕێبازی سیاسیشیدا یەکانگیر نەبووبێت.

وێستگە گرنگەکان کە شایانی ئاماژەن

  • گەر ئاوڕێک لە سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی دکتۆر بدەینەوە دەبینین خۆشەویستی خاک و نیشتمان و پێشمەرگە لە ناخیدا چەکەرەی کردوە، پاشان ئەم خۆشەویستیە نما دەکات و دەبێتە هەڵوێست و کردار.
    +باوکی لە پێناوی خاک و کوردایەتیدا قارەمانانە گیانی بەخشی،ئەم گیانفیدایەی بابی هانی دا بەشداربێت لە خەباتدا بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری جیاواز لەوەی باوکی.
  • یەکێک لە براکانی ڕێچکەی باوکی گرت و بووە پێشمەرگەی پارتی،هەر لە پێناوی ئەو حیزبەدا گیانی بەخشی.
    +بەپێی پێوەرو کەلتووری ڕۆژهەڵاتی ،دەبوو دکتۆریش ببێتە پارتی ،ئەویش لەبەر دوو هۆ،یەکەم بۆ بەزیندووڕاگرتنی ڕێبازەکەی باوکی،دووەم بۆ [تۆڵەسەندنەوە]ی براکەی لەو لایەنەی کووشتیان.
    +عاتفە بەسەر دکتۆر گوڵپیدا زاڵ نەبوو ،کوێرانەش شوێنی حیزب نەکەوت،بەڵکو بە قەناعەت و هۆشیاریەوە ڕێبازی خۆی هەڵبژارد.
    +دایکی و براکانی چاوەڕێی ئەوە بوون دەمێک دکتۆر فایەق زانکۆ تەواو دەکات لایەکیان لێ بکاتەوەو لە هەژاری دەریان بکات و ژیانێکی ئاسودەش بۆ خۆی پێک بهێنێت، بەڵام خۆشەویستی وڵات و خاک و خەڵک ڕێگربوو لەمەدا.

ئەمانە چ جۆرە سەرکردەیەک بوون؟

  • زۆر لە سەرکردەکان لە پاڵ کاریزمایدا جۆرێک لە خەسڵەتیان تێدایە کە دەکرێ بە نەگەتیڤ پێناسەیان بکەین،جا ئەم جۆرە خەسڵەتانە وادەکەن دەورووبەر بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن،ئەمەش وەک جۆرێک لە خۆپاراستن و ڕێزگرتن لەخود.
    لەم ڕووەوە دکتۆر زۆر بە وردی پێناسەی مام جەلال و نەوشیروانی کردوە.
    بۆنمونە مام جەلالی وا پێناسە کردوە کە کەسێکی تووڕە و زوو هەڵچوو،حەقد هەڵگر،حەزی نەکردوە کەس قسە لە قسەیدا بکات یا فەرمانەکانی ڕەد بکرێتەوە.
    بڕوای بە دیسپلین و بڕیاری جەماعی نەبووە و دوا بڕیار لای خۆی بووە.
    خەڵکی تاوانباری ئازاد کردوە لەنمونەی[ملازم کاوە]، کە حوکمی کووشتنی بەسەردا سەپێنراوە.
    +خیانەتکار،تۆمەتبار، لادەر، هەڵەکار،کەمتەرخەم ئاساییە ئەم جۆرە مرۆڤانە لە زۆرێک لە شۆڕشەکاندا بوونیان هەبێت،بەشۆڕشی کوردیشەوە.
    ساغکردنەوەی تاوان یا کەمتەرخەمی ئەم جۆرەکەسانە تەنها لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەڵگەو دادگایکردنی بێلایەنانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە ئەنجام دەدرێت،بەڵام نە مام جەلال نە نەوشیروان ،بڕوایان بەم جۆرە ئیجرائاتانە نەبوەو لە کاتی توڕەیی و هەڵچوندا تاکڕەوانە فەرمانیان دەرکردوە کە زۆر جار بڕیارەکان هەڵەبوون و تراژیدیایان بەشوێن خۆیدا هێناوە.
    +ئاخر چۆن دەکرێت کەسی یەکەمی هێزێک بەو ڕادەیە حاقدبێت بەرامبەر دکتۆرێکی دڵسۆز و بۆچەندین ساڵ قسەی لەگەڵ نەکات ،تەنها بەهۆی ئەوەی لە خەستەخانەکەی سورداش پشتگیری لەداواکاریەکانی پێشمەرگەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کردوە؟
    گەر دکتۆر تاوانبار یا کەمتەرخەم بووە بۆ لەلایەن لیژنەیەکەوە لێپرسینەوەی لێ نەکرا یاخود بۆ گوێ لە داخوازیەکانی مانگرتووەکان نەگیرا؟
  • سەبارەت بە نەوشیروانیش ،وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات سفاتی خراپی زۆری هەبووە لەوانە،شکاندن و بێڕێزیکردن بە کەسایەتی پێشمەرگەو خەڵکی تر ،قسەڕەق،مۆنوگرژ،نەبوونی گیانی لێبووردن،نەبوونی گیانی هاندانی کەسانی لێهاتوو.{بۆ نمونە بە هۆکاری سرووشتی بەرپرسێکی پێشمەرگە بەناوی پۆڵا کە نەیتوانیبوو کارێک ئەنجام بدات ،نەو شیروانیش سەرزەنشتی کردبوو بەڵام لە شێوەی سوکایەتیدا ،پێی گووتبوو تۆ پۆڵا نیت بەڵکو تەنەکەیت }.
    جگە لەمانە وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات ،نەوشیروان ڕووناکبیرێکی فکر عەشایەر بوو ،بەوەی بڕوای بە ئازادی ئافرەت نەبوو، وەک سەرۆک عەشیرەتێک ڕوانیویەتە ڕەگەزی مێ.
    بەگووتەی نەوشیروان هەوڵێری و دهۆکی کورد نین.
    هەڵەبجەییەکان یا جاشن یا ئاشن.
    هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیی بووە تا ئەوڕادەیەی ئامادە نەبووە سەرەخۆشی لە دکتۆر بکات کەدایک و برایەکی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەدەستدا.
  • یاخود علی شامار{سەرکردەیەکی پێشمەرگە} بەهۆی ڕەخنەی گوندنشینێکەوە ویستویەتی کەسەکە وەک سزادان بخاتە حەوزی ساردی مزگەوتەکەوە.
    ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئەو بەرپرسانە چەند دڵڕەق و بێ بەزەیی بوون ،چەند دووربوون لە دیسپلین و میهرەبانی، چەند دووربوون لە قەبوڵکردنی ڕەخنە.ئەو گووندنشینانە هەمووشتێکیان بۆ پێشمەرگە کرد،لە پێناوی ئەواندا ئەنفالیان بەسەرهات ،کەچی ئەوە پاداشتیان بوو بۆیان. زۆربەی بەرپرسانی ئەو شۆڕشە بە ئارەزووی خۆیان و لەسەر شتی بێبایەخ یا تۆمەتی بێبەڵگە خەڵکی بەستەزمانیان سزاداوە ،هەندێک جار بەمەرگ سزای خەڵکیان داوە.
  • نمونەیەکی دیکە دەربارەی ئەندامی مەڵبەندێکە،زۆر سەیرە کەسێک ئەندامی مەڵبەند بێت خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت بە کارەساتی هەڵەبجە ،ئەوەتا شێرکۆ مەرانەیی ئەندامی مەڵبەندی یەک گووتوویەتی [با بکوژرێن هەموو جاشن].
  • خاڵێکی گرنگ دکتۆر ئاماژەی پێداوە کە دەچێتە خانەی ڕەفتاری ناشۆڕشگێڕانە ،ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرکردایەتی یەکێتیە ،کە بەدەگمەن دووکەسیان پێکەوە هەڵیان کردوە.پرسیارێک دێتە پێشەوە کە دەڵێ،گەر سەرکردایەتی شۆڕشێک تەبایی و هاوسۆزی لە نێویاندا بوونی نەبێت و ملشکاندن و چاڵهەڵکەندن بۆ یەکتر ڕەفتاری زۆرینەیان بووبێت،ئیدی چۆن دەتوانن سەرکردایەتی میللەتێک بکەن کە چاوەڕێی دەستی ئەمانە بن و بەفریادڕەسیان بزانن؟دەرکەوت ئەنجامی ئەم ناکۆکیانە کارەساتی بۆ شۆڕش و حیزبەکەو خەڵکیش هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە ، نوێترینیان نمونەی ناکۆکی نێوان باڤێل و لاهورە.

پزیشکێکی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەکی پزیشک

  • دکتۆر گوڵپی وەک پزیشکێک بە دڵسۆزی و بە جوانی ئەرکە پیشەییەکەی خۆی بەجێ گەیاندوە، چ لە نۆرینگاکانیدا یا لە نزیک بەرەکانی جەنگەوە، بە چارەسەرکردنی سەدەها پێشمەرگەی بریندار. چەندین نەشتەرگەری مەترسیداری ئەنجامداوە، بەکۆڵە پشتەکەیەوە لەهەرکوێ داواکرابێت خۆی گەیاندوەتە ئەو شوێنە ،تەنانەت زۆر جار چارەسەری گوندنشینانیشی کردوە و لەمەرگ ڕزگاری کردوون.
    +دڵسۆزی پاڵی پێوە ناوە زانیاری و شارەزایی لەسەر چەکی کیمیاوی پەیدا بکات،تاڕادەیەک لەوەشدا سەرکەوتووبوە کە پاشان سودی بە بەرکەوتوانی ئەو چەکە گەیاندوە و چارەسەری کردوون.
    +ڕاستە دکتۆر فایەق وەک پزیشک لەناو شۆڕشدا بووە ،کە ئەرکێکی زۆر پیرۆز و پێویست بووە ،بەڵام ئەرکی دووەمی پێشمەرگایەتی بووە و لە زۆر بەرەو جەنگدا تەواجودی هەبووە.بەڕای من ئەم کارەیان هەڵەبووە ،کە پێدەچێت لەسەر ئارەزووی خۆی بووبێت ،چونکە باوەڕناکەم کەس ناچاری کردبێت، ئەرکی ئەو پزیشکی بووە کە ئەرکێکی زۆر سەخت و ئینسانیە ،لەکاتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک دەکرێ و ئاساییە چەندین پێشمەرگە جێگەی بگرێتەوە،بەڵام لەدەستدانی پزیشکێک جێگرەوەی زۆر زەحمەتە. هاوکات ژمارەی پزیشکەکان کەمبوون و ئەرکی زۆریشیان لەسەر بووە ،کەواتە ئەو بۆئەوە هاتوبووە دەرەوە تا بەپیشەکەی خۆی خزمەت بکات نەک تفەنگ بەکاربهێنێت.

شۆڕشکێکی بێ ستراتیج و بەرنامە

  • شۆڕشی بێ ستراتیج و شوێنکەوتنی تاکتیک،یەکێک لە سیماکانیی شۆڕشی نوێ بووە ،وەک گوڵپی لەبارەیەوە دواوە ،دەرکەوتوە شۆڕشێکی بێبەرنامەو پلان و بێ ستراتیج بووەو تەنها بەپێی زرووف و باروودۆخی ڕۆژانە کاریان کردوە.واتە تاکتیت بزوێنەر و سیمای شۆڕش بووە و ستراتیج ونبووە.
    ئەمەش بەڕوونی لەوکاتەدا دەردەکەوێت کە خۆیان بۆ دانووستان لەگەڵ ڕژێمدا ئامادەدەکەن ،مام جەلال پرسیار لە دکتۆر فوئاد مەعسوم دەکات ،چ داوایەک بدەینە ڕژێم؟ ئەویش دەڵێ [حوکمی زاتی متەتەور ههههههههههه] ،{واتە وەک ئەوی ١١ ئازار،وەڵێ بڕێک جوانکاری تێدابکرێت}.گەر شۆڕشێک لەسەرەتادا بەرنامەی خۆی داڕشتبێت و داواکاری و ئامانجەکانی لەو بەرنامەیەدا ڕەنگی دابێتەوەو ئەندامانی پێ ڕۆشنبیرکردبێت و ئاشناییان پێی هەبێت،ئیدی چ پێویست بە ڕاوێژ و پرسیار دەکات؟ئایا درووست ئەوەنیە لەسەر ڕۆشنایی خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە [گەر هەبووە]، دانووستان بکەن و بیکەنە قیبلەنمای هەموو جوڵەیەکیان؟

دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان و پشتگوێ خستنی ڕێکخستن و نەبوونی ئایدۆلۆجیا
+دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان لەڕووی هزرەوە ، لایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە لە ڕێکخستنەکان ، تا پ،م ڕووناکبیر نەبێت ،چونکە سەرکردایەتی تەنها چەکداریان پێویست بووە تا شەڕیان بۆ بکەن ، نەک ڕووناکبیرو هۆشیار کە لە سەرنج و ڕەخنەکانیان بترسن یا چاوی پێشمەرگە بکەنەوە ،جا دکتۆریش لەسەر هەمان هۆ لە ڕێزی ڕێکخستنەکان دوورخراوەتەوە.

  • گرنگی نەدان بە سیاسەت و پشتگوێ خستنی ڕابەرە سیاسیەکان لەسەر حسابی ڕابەرە سەربازیەکان خاڵێکی نەگەتیڤی دیکەی ئەو شۆڕشە بووە کە دکتۆر ئاماژەی پێداوە.لەم خاڵەدا کووتوومت لە شۆڕشەکەی مەلا مستەفا دەچێت کە لەوێش ڕابەر سیاسی هیچ ڕۆڵ و بەهایەکی نەبوو بەڵکو بەردەوام ئەستێرەی سەرپەل و سەرلق و ئامر بەتالیۆن درەوشاوە بوو وە بڕیاریش هەر لای ئەوان بوو.
    ئێوە شۆڕش یا حیزبتان دیوە خاوەنی ئایدۆکۆجیا یاخود ڕێبازی فیکری نەبێت؟
    ئەم شۆڕشە نوێیە ڕێک ئەوە بوو،نە مارکسی بوو،نە سۆشیال دیموکرات ،نە ناسیۆناڵ،نە لیبراڵ،نە ئاینی، چێشتێکی مجەوەربوو بۆخۆی، تا دوای ڕاپەڕینش کۆچکردوو مام جەلال لە هیچ لێدوان و وتار و نووسینێکدا تووخنی ئایدۆلۆجیا نەدەکەوتەوە ،ئەمەش بە مەبەست بوو بۆئەوەی هیچ لایەن و دەسەڵات و حکومەتێکی لێ زوویر نەبێت.

هۆکارەکانی شکستی

  • بە پێی بۆچوونی بیرمەندی چەپ هاوڕێی کۆچکردوو بەهادین نوری کە لە دەمی ئەنفالەکاندا لە قۆپی قەرەداغ کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکێتی دیوە ،لە نێویاندا دکتۆر فایەق ،لەوەڵامی پرسیارێکی شێرکۆ مەرانەیدا سەبارەت بە دۆخەکە ،هاوڕێ گووتوویەتی[ئەم شکستە سەربازیە نەک سیاسی ،بەبەراورد بە ئاشبەتاڵی ٧٥ کە شکستی سیاسی بووە نەک سەربازی بەوەی سەرکردایەتی سیاسی ئەو دەمە بڕیاری ئاشبەتاڵی دابوو.
    +بەڵام خودی دکتۆر گوڵپی دان بەوەدا دەنێت کە شکستی ئەم جارەی شۆڕشی چەکداری زۆر گەورەتر بوو لە ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ .بە پێی بۆچوونی ،ئەودەمە هۆکارەکەی پلانگیری نێو دەوڵەتی بوو ،لێ ئەمجارە شکستی سەرکردایەتی بوو ،واتە شکستی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی شۆڕش بوو لە ڕووی سیاسی و سەربازی و پەیوەندی بە وڵاتانی دەوورووبەر و دەرەوە.
    +شکستی بوو لە نەخوێندنەوەی لۆژیکانە بۆ عەقڵیەتی بەعس و پەرچەکرداری سەدام بۆ ڕووداوەکان،شکستی بوو بەوەی ئامانج و چارەنووسی شۆڕشیان بەستەوە بە جەنگی نێوان دوو وڵاتی تا سەر ئێسقان دژە کورد.
    +شکستی بوو بە وەی کە پاسداریان بەجلی کوردیەوە هێنا بۆ لێدانی چاڵەنەوتەکانی کەرکوک.
    واتە هۆکارەکانی شکستیەکە هەمەجۆرن کە سەرجەمیان لەئەستۆی سەرکردایەتی کورددان.

کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و ڕۆڵی خراپی پێشمەرگە تێیاندا

  • کارەساتی هەڵەبجە خاڵێکی ڕەشە بەناوچەوانی سەرانی شۆڕشەوە بە تایبەتی یەکێتی ،کە دکتۆر زۆر بەوردی باسی کردوە .ئەو کارەساتە چەند ڕژێمی بەعسی فاشی تاوانبارە ،بە ئەندازەی کەمتر ئەو حیزبانەی کە پێش پاسداران کەوتن تاوانبارن.هیچ حسابێکیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە نەکرد کە چ چارەنووسێکی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات.بەوەش تاوانبارن کە وەک چۆن پاشان لەدەمی ئەنفالدا ڕێگەیان لەخەڵکەکە گرت تا خۆیان دەرباز بکەن و نەیاننێرن بۆ چاڵەکانی مەرگ،ئاوهاش ڕێگریان لە خەڵکی هەڵەبجەگرت کە خۆیان قورتار بکەن.
    +تاوانبارن بە دزینی پارەی خەڵکی باژێر کە لەبانقی هەڵەبجە دایاننابوو.تاوانبارن لە هەندێ کاری قێزەوەن وەک دزی،تاوانبارن کە هاوکاری خەڵکەکەیان نەکردو بەتەنها جێیان هێشت.تاوانبارن بە ڕێگەنەگرتن لە پاسداران لە بردنی کتێبە دانسقەکانی کتیبخانەی هەڵەبجە.
    +تاوانبارن بە دانەنانی پلان بۆ پاراستن وڕزگارکردنی خەڵک لە کاتی هەڵەبجەو ئەنفالدا،تاوانبارن بەوەی لەدەمی ئەنفالدا بەرپرسی مەڵبەند فەرمانی بە خوارخۆی دابوو گەر گوندنشینەکان ویستیان گوندەکانیان جێبهێڵن ،تەقەیان لێبکەن و کێشە نابێت گەر چەند کەسێکیشیان لێ بکوژن.
  • هەر لەم ڕووەوە دکتۆر دان بە بۆچوونی هەڵەی خۆیدا دەنێت کە دەڵێت ،پێشتر ئومێدم بە ڕزگارکردنی شارەکان هەبوو ،بەڵام پاش کارەساتی هەڵەبجە زانیم کە ئومێدەکەم لە جێگەی خۆیدا نەبوو،بەوەی کارەساتی بۆ خەڵک هێنا.
    ئەمەش دانپیانانێکی ڕاشکاوانەی تری دکتۆرە کە دەریخستوە ،خەیاڵ و ئومێد شتێکەو واقیعیش شتێکی ترە.

بێ باکی مام جەلال
+مام جەلال و بێباکی لە کارەساتی هەڵەبجە ،دەکتۆر فایەق لە بڕگەیەکدا دەنووسێت[کە کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا مام جەلال لە هەندەران بوو ،پاش ماوەیەک لە ڕێگەی تارانەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان،ژمارەیەک لەسەرکردایەتی یەکێتی چووبوون بۆ پێشوازی،لە نێو هەموویاندا بەگەرمی سڵاوی لە شەوکەتی حاجی مشیر کردبوو ،باوەشی پێدا کردبوو پێی گووتبوو پیاوە دڵسۆزەکەی یەکێتی،وەک دەگێڕێتەوە ئەوانی تری پشتگوێ خستبوو.گرنگیدانی مام جەلال بە شەوکەتی حاجی مشیر بە هۆی ئەوەوە بووە کە پارەکەی بانکی هەڵەبجەی بۆ یەکێتی تاڵان کردبوو ،ئیتر چی بەسەر شارەکەو خەڵکەکەی هاتوە جێگەی بایەخی نەبوون.

دوورکەوتنەوە لە یەکێتی

  • پاش ئەوەی کارو سیاسەتە چەوتەکانی یەکێتی لە کن دکتۆر زۆر دەبن،ئیدی ناتوانێت لە گەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات و یەکێتی جێدەهێڵێت،ئەمە ئەو کاتە دەبێت کە شۆڕش کۆتایی هاتوەو زۆربەی سەرکردەکان نیشتەجێی ئێرانن.

+پاش وازهێنانی لەیەکێتی حیزبی دیکە تاقی دەکاتەوە،هاوکات بەر لەشەڕی براکوژی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆلای یەکێتی بەڵام نەک بە قەناعەت و گووڕووتینی جارانەوە، هەر بۆیە زۆر نامێنێتەوەو بەیەکجاری ماڵئاوایی لە یەکێتی دەکات.
+دواکاری سیاسی دکتۆر گوڵپی حیزبی چارەسەری دیموکراتی دەبێت،کە چەند ساڵێک سکرتێری دەبێت. پاشان دەستبەرداری ئەو حیزبەش دەبێت و وەک هەودارێکیان دەمێنێتەوە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەدڵسۆی وەک لایەنگری ئەو ڕەوتە فیکریە ماوەتەوە.

خۆلاسە
لە پاش ئەوەی لە ژیانی حیزبایەتی{نەک سیاسی} دوور دەکەوێتەوە ،ئیدی ژیانی خۆی بۆ پیشەکەی {پزیشکی} تەرخان دەکات و ئەو خەباتەی لەڕابردوودا لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەک[پزیشکێکی پێشمەرگە یا پێشمەرگەیەکی پزیشک] ئەنجامی داوە ،دەبێتە بەشێک لە ژیانی خۆی و وەک شانازیەک بۆی دەمێنێتەوە.بە هەموو کەمووکووڕی و چەوتی و هەڵەی تراژیدی هێنەری ئەو هێزە چەکداریەی دکتۆر فایەق ساڵانێکی بەنرخی تەمەنی لە نێویدا بەسەربرد، کە تێیدا ڕووبەڕووی جۆرە ها مەترسی و ناڕەحەتی و چەرمەسەری و دژایەتی هاوخەباتانی بوویەوە،لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەو بەقەناعەت و بڕوای تەواویەوە خەباتی دەکرد،کە لەپاشان لەبەر هۆکارگەڵێک ئەو قەناعەتەی گۆڕا،کە ئەوەش ،پەیوەندی بە خودی دکتۆرەوە هەیە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە ،لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر فایەق خۆی نەکردوەتە سووپەر مان، یاخود بووختان و ناهەقی دەرهەق بەشۆڕش و سەرکردەکانی نەکردوە، هاوکات لە ئاستی هەڵەو کەمووکوویەکان بێدەنگ نەبووە.شۆڕش و ڕەوتی ڕووداوەکانی شۆڕشەکەی نەکردوەتە شۆڕشێکی نمونەیی،بەڵکو ویژدانی خۆی کردوەتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداو و کاراکتەرەکانی،لەمەشدا سەرکەوتووی و ڕاستگۆیی بەدی دەکرێت.

سەرنج/ تێبینیەکەنم سەبارەت بە کتێبەکەی دکتۆر فایەق بە پێی زنجیرەی بابەت و لاپەڕەکان نیە،بەڵکو بەپێی گرنگی پەرەگرافەکان بووە لە کن بەندە.

ڕاستکردنەوەی هەڵەکان:
لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر هەندێکی زانیاری بەهەڵە یاداشت کردوە،کە زۆر گرنگ نین،جا من لێرە هەندێکیان ڕاستدەکەمەوە.
-عومەری خەزان بوو نەک ئەنوەری خەزان کە کەفالەتی کرد تا لەبەندیخانەی هەڵبجە شەو نەمێنێتەوە.چونکە کۆچکردوو عومەری خەزان هونەرمەندی گۆرانیبێژ بوو نەک ئەنوەری برای.
-جیڤارا لە بۆلیڤیا گیانی سپارد نەک لە فەنزویلا.
-کارەساتی پشتئاشان لە یەکی ئایاری ١٩٨٣ ڕوویدا نەک ١٩٨٤.




“من بووم.. نەک شێرزاد حەسەن”.. نووسینی: دکتۆر شێرکۆ کرمانج

وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بە تایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانووس‌و نوسەر و مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتوونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سووکایەتی کردووە و گوتوویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک ‘شێرزاد’ گوتوویەتی بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە توێژینەوەیەکی دکتۆر “شێرکۆ کرمانج”ە. (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن کە من خاوەنیم،نەک خودی ‘شێرزاد’ بۆ خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت.

لە بەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوە و بابەت ‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتوونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعش-دروستکەر بێت، هەر بۆ نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نموونەیەک دەخەمە ڕوو. دواتر، لە دەرفەتێکدا کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی “داعشیزم”ە، واتە عەقڵییەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردوون، ئەگینا ئەو کاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدا بوو داعش وەک ڕێکخراوێک بوونی نەبوو.

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا وا چاکە پێناسەی عەقڵییەتی داعش یان داعشیزم بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی ‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نییە؛ بەڵکو لە ڕێباز و ئامراز و دەرکەوتەدایە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵییەتی “داعش” تێگەیشتنێکی تاکڕەوانە و ڕەهاییگەرییانەیە بۆ هەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوە و ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەوانی داعشگەرا، ئەگینا لەناو دەبرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەر ئەوەی هەقیقەتەکانی ئەوان، مەبەستم عەقڵ داعشئاساکانە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌ و لە دەرەوەی گومان و پرسیار و ڕەخنەن، هەر کەس‌ و لایەنێک لێیان نزیک ببێتەوە، دەبێت سزا بدرێن و سەریان پەلبدرێت.

بە کورتی، ئیسلامیزم/ داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆژییە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسانی وەک (سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی) جێگیر بووە،‎‎‏ ڕێکخراوێکی وەک (‏ئیخوان موسلیمون) یان بزووتنەوەیەکی (داعش) ئاسا بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بە خوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدگایەیە کە دین‌ و سیاسەت لێکتری جیا ناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالق)ێک، لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژ و ڕۆژوو، بەڵكو وەک ئایدیۆلۆژیا و سەرچاوە ‌و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌ و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بە واتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە”و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ئابوورییەکانیش.

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من باوەڕ ناکەم من و کاک ‘شێرزاد’یش پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌ و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نییە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانە و پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردووە کە لە پشت سەرهەڵدانی “داعش” و “داعشیزم”دایە، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌ و لە جوگرافیا و شوێنەکانی دیکەدا.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نووسینی ئەم بابەتە ڕێسا و ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتووە؛ چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نییە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.

با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتە بابەتە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە چەند نموونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەمەوە، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت، وا بێت یان نا..گرفتێکم نییە!

+نمونەی یەکەم:

لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی (٢٠١١) و لە لاپەڕە (٤٠)دا، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: “شاندێکی کریستیانەکانی هەرێمی “نەجران” هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ)، ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی سەبارەت بە ئایینی ئیسلام، پێیفەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا.. خۆتان ئامادە بکەن جەنگێک کە لەگەڵ ئێوەدا بەرپای دەکەین” لە پەراوێزدا (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).

ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نموونەیە؛ بەڵکو بۆ هەموو نموونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نییە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات؟ بە کورتی‌ و بە ڕاشکاوی دەپرسم، ئەم دەقە “داعش” دروست نەکات، ئیدی نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات؟ ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە: یان سەرانەی/باجی “کرستیان-بوونیان” بدەن؛ یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌ و بیانکوژین.
لە (٢٠١٤)دا کاتێک داعش هات‌ و دەشتی “نەینەوا”ی داگیرکرد، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ “کریستیانەکان” کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار ببوون لە قوتابخانەکانی کوردستان.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی (٢٠١٥)ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:
یەکەمیان: ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی( ٢٠١٢ )ەوە، چ بە نووسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌ و چاپەمەنییەکان سازکران‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی “یۆنیسکۆ”، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌ و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بە ڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان ‌و سەدان نا؛ بەڵکو هەزاران پەیام ‌و چیرۆک‌ و گوزارشت و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن، بەڵام هێندە کرچ‌ و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌ و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆیان ناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌ و دژە پێکەوەژیان‌ و پەراوێزخستن ‌و بە کەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆیان دەگرن.

نموونەی دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکەدا خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردووە.

وەک لە سەرەتادا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێکدا بە خستنەڕووی نموونەیەک دەمەوێت ڕاستیی “داعشدروستکەری” کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمە ڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە( ٢٠١٢ ) تا ( ٢٠١٥ ) ئیشم لەسەر کردوون، ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە “ئوسترالیا” و لێرە لەبەر دەستم نین، بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نموونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.

———————————————–

“پرۆفایل”

  • شێرکۆ کرمانج: دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی “ساوس”/ ئوسترالیا تەواوکردوە. نووسەری کتێبی “شوناس ‌و نیشتیمان لە عێراق”ە، کە بە ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و کوردی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ کتێبی “بە سیاسییکردنی ئیسلام” کە دوو چاپی بە کوردی بڵابۆتەوە. شێرکۆ دەیان توێژینەوەی له‌سه‌ر پرسی کورد و پۆلەتیکی عێراق ‌و فیکری سیاسی ئیسلام بە ئینگلیزی لە جۆرناڵە ئەکادیمییەکان بڵاوکردۆتەوە و بەبەردەوامیش لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بابەت‌ و توێژینەوە بڵاودەکاتەوە. شێرکۆ چوار ساڵ مامۆستا بوو لە زانکۆی “ئوتارا” لە مالیزیا، پێش ئەویش توێژەری پۆست دکتۆرا بوو لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا. لە (٢٠١٠) بۆ ماوەی هەژدە/ ١٨ مانگ گەڕایەوە کوردستان ‌‌و وەک بەڕێوەبەری تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کاری دەکرد و لە “زانکۆی سەلاحەدین” دەرسی دەگوتەوە. ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسۆرە و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی شارقە لە ئیمارات.



مانای ڕووداو و کارەساتەکانی کوردستان.. تاهیر عیسا

زمانی ڕووداو و کارەساتەکانی کوردستان ڕوونتر لەزمان و لێدوانی هەرکەس، چیی پەیامێک دەگەیەنن؟!

ئەم ڕووداو و کارەساتانەی ڕۆژانە لەکوردستانی هەردوو دەسەڵاتی فیرعەونئاسای زۆنی زەردو و سەوزدا ڕوودەدەن، بەزمانێکی سادە و ڕوون و ڕاشکاو، گوزارشت لە کۆتایی دەورەی سی ساڵەی دەسەڵاتێگەلکی میلیشیایی مافیایی و پاشاگەردانی لەکوردستاندا، دەکەن!
ئەوان، ئەمڕۆکە لە سەر ئاستانە و لەسەر لێواری داڕمانێکی یەکجاری نزیکبوونەتەوە!
پەیوەندییە سیاسیی و ئابوری وکۆمەڵایەتیەکانی ناو ئەم سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە گەندەڵ و دژە ئازادی و یەکسانییە، بەتەواوی کەندو کۆسپی گەورەی لەسەر گەشەو نمای هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگاو ژێرخانی کۆمەڵگادا پێکهێناوە. لەهەر سات و زەمەنێکی مێژووی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا پێشمەرجی داڕوخانی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و چەوسێنەرەکان و هاتنە پێشەوەی زەمینەی شۆڕش وئاڵ وگۆڕ، ناکۆکی و ململانێی ناو کاراکتەرەکانی سەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بووەو سیستەمی بەرەو داڕوخان وداڕمانی یەکجاریی بردووە.
هەردوو دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوزیش، کە لە ئەنجامی ناکۆکیە قووڵەکانی نێوانیان، لەسەر دزی وفزی و تاڵانی، بەجێگایەک گەیشتوووە، کە هەر زۆنەو بەشە بەناو حکومەتە کارتۆنیەکەی، داهاتی ناوخۆو باج و ڕسومات وگومورگی ناوخۆ و سەرسنورەکانیش بۆ خۆیان گلدەدەنەوەو چارەنوسی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستاو کارمەندانیشیان، لەدۆخێکی نادیاری پڕ لەدڵەڕاوکێدا ڕاگرتووە، هەر ئێستا بەشێکی زۆریان بۆ زیاتر لەچل ڕۆژ دەچێت مووچەکانیان پێنەدراوە.
ئەم دەسەڵاتە دژە خەڵکییە، لەچوار چێوەی عێڕاقێکی داتەپیوی گەندەڵ وفاسیدی ناجێگیری سیاسیی و ئابووری کۆمەڵایەتیدا، کە لەهەر لەحزەیەکدا، لەلایەک چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەریی کرێکارو زەحمەکێشی لێدەکرێت، لەلایەکی دیکەش، چاوەڕوانی پێکدادانی هێزە میلیشیا ناکۆک ودژبەیەکەکان، لەسەروبەندی کشانەوەی هێزە بەناو شەڕکەرەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژی بەناو داعش، ئەوانیی خستۆتە ناو گێژاو و تەنگژەو بێ ئاسۆییەکی قووڵ و بەرفراوانەوە، کە بەبێشک چارەنووسیان لە ئەشڕەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان و دارو دەستەکەی باشتر نابێت.
ئەم ترس ونیگەرانیەی هێزە سیاسییە دینی و ناسیۆنالیستی و تایەفیەکان لە عێڕاق وکوردستاندا، لەبایکۆتی بێ ئەندازە گەورە و بەرفراوانی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێڕاقدا زیاتر دەرکەوتن و شەبەحی هێزێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی تووڕەو ناڕازی لەپشتی پەردەی هەڵبژاردنەکان لەبەرامبەر خۆیاندا، دەبینیەوەو ئەوانی دووچاری هیستریاو فۆبیای تێداچوونی یەکجاری خۆیان کردۆتەوە !
شەڕوناکۆکی وململانێی نێوان باڵە جۆراو جۆرەکانی زۆنی سەوزو بەتایبەتیش ناکۆکی نێوان ئامۆزاکان لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی و ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرانیان لەحیزبەکەیاندا، کە هەر یەکەی بۆ خۆی وەک کۆمپانیای دزی و قاچاخچێتی و تاڵانی بۆ پارێزگاری لەسەرمایەو بەرژەوەندیەکانی، هێزی میلیشیای تایبەت بەخۆی هەیەو خەڵکی شارنشینی سلێمانی و دەورو بەریان لەناو کەش وهەوایەکی پڕ لە فەوزاو دڵەڕاوکێی شەڕو پێکدادانی خوێناویدا ڕاگرتووە و هاوکاتیش لەناو ئەم کەش وهەوایەی ململانێی سەرانی حیزب و دەسەڵاتی گەندەڵ ودژە ئازادییاندا، ڕێژەی تاوان و کوشتن و تەقەکردن، لەئاستی کۆمەڵایەتیدا، ڕۆژ بەڕۆژ لەفراوانبووندایەو داڵدەدرانی تاوانباران و بکوژانیش لەپاڵ هێزە میلیشیاکاندا، بووە بەکارێکی ڕۆتین وئاسایی و مەعنایەک بۆ یاساو ڕێساو دادو داوەریی لەم کۆمەڵگایەدا نەماوەتەوە.
تێکچوونی باری سایکۆلۆجی تاکەکان و پەنابردنە بەر چەک و تاوان، بووە بەدیاردەیەک کە لەسەر دەمەتەقێیەکی زۆر ئاسایی، لەسەر فوول لایت و سەڕەی لەفەو سەڕەی نانەواخانەو لەسەر پارکینگ و لە یانەی شەوانەکاندا، یەکتر خەڵتانی خوێن دەکەن!
هاوڕێ و ڕەفیقی یەکترن، بۆمۆبایلێک یەکتر دەکوژن، بۆ چەند سەد دۆلارێک دەستی دەچێتە کوشتنی داماوێک و لەژیاندا دەیسڕێتەوە، ڕۆژ نییە کەسێک کۆتایی بەژیانی خۆی نەهێنێت!
چوونە سەری بێئەندازەی قاچاخچێتی بە دەرمانی بێهۆشکەرو چوونە سەری ڕێژەی بەکاربەرانی، کۆمەڵگای بەرەو دۆخێکی خراپ وناهەموار بردووە.
لەپاڵ ئەمانەشدا پێکداپژانی هاوینی ڕابردووی نێوان ئاسایش و پۆلیسی شارو چەکدارەکانی شێخ جەعفەری جێگری سەرۆکی هەرێم، کە گوایا ئەمانە پارێزەری ئاسایش و ئارامی شارو هاوڵاتیانن، ئاربێجی وبیکەیسیان لەناو جەرگەی شاری سلێمانی قوباد تاڵەبانیدا خستە گەڕ کە لە دەورەی پیشووی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستاندا، وەک سەرۆکی لیستی یەکیەتی بەڵێنی ئارامی و هەلی کاری بەدەنگدەرانیدابوو، کوژران و بریندار بوونی چەند کەسی داماوی ناو هێزەکانیانی لێکەوتەوە، دوو بارەبوونەوەی هەمان ڕووداو ئەمجارەیان لەسیناریۆی دوای هەشتی تەموزو وەکەنار خستنی لاهوری شێخ جەنگیدا، شەڕی تازەی نێوان باڵی بافڵ و میلیشیاکانی شێخ جەعفەرە کە دووبارە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و کەش و هەوای شارنشینانی شاری بەتەواوی تێکداوە!
بافڵ، وەک دەرکەوتەی دوای وەکەنار خستنی لاهورو ئیدیعای یەکیەتی تازەو درۆی چاکسازی، تەنیا هەوڵێکە بۆ یەکدەستکردنەوەی خۆی وەک گەورە مافیای قاچاخچێتی و دزی و تاڵانی، داهاتەکانی زۆنی سەوزو وەڵامدانەوەش یەکدەستانەتر، لەبەرامبەر ئاڵ وگۆڕەسیاسیی وئابوریەکانی جیهان و ناوچەکە و هێزەکانی دیکەی بانسەری خۆی، کە ئەمەش بەمانای قووڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان کۆمپانیاو بەرژەوەندە جیاوازەکانە لەو زۆنەدا کە پێشتر لەژێر ناوی مەکتەب سیاسییەکانیدا، بەرگی سیاسییان بەخۆدا دابوو، ئەمڕۆ گومانێک لەو مافیاچێتییە و ململانێی بازرگانی وقاچاخچێتیەدا نەماوە، ناتوانێت بەبێ سەرکێشان بۆ پێکدادانی خوێناوی بڕواتە پێشەوە، هەر کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی درێژە بەسەرمایەگوزاری لەدزی و تاڵانیەکانیدا بدات، پێویستی بەهێزی میلشیاو چەکدارە، کۆکردنەوەی هەموو ئەم بەرژەوەندە جۆراو جۆرانەش، لەدوای دۆخی هەڵبژاردنەکان و بایکۆت و ململانێی ناو بنەماڵەو چوونە سەری ناڕەزایەتیەکان و دواترینیان هاتنە مەیدانی خوێندکاران لەپاڵ خواستی دەرماڵەداو خراپبوونی چاوەڕوانکراوی دۆخی هەڵبژاردنی داهاتووشیان، ناتوانێت هەنگاوێکی تر بەمجۆرە بڕواتە پێشەوە.
زۆنی زەردو دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانیش، ئەگەر لەبنەماڵەی تاڵەبانی لەناوخۆیاندا خراپتر نەبن باشتر نین و بەڵام بەدوو هۆکار، یەکەمیان:-بنەماڵەی بارزانی وەک هێزێکی خێڵەکی کۆنەپارێز، زۆر حەزەریان لەسەر دەرخستنی ناکۆکیەکانی نێوان خۆیان ڕووبەکۆمەڵگادا هەیە، دووەمیان:- مەسعود بارزانی، وەک ناوەندێکی كاریزمایی ناو بنەماڵەکەی بۆتە چەترێک بۆ داپۆشینی هەر ململانێ و ناکۆکییەکی ناوبنەماڵەیی، کە دوای مردنی بێشک چارەنوسیان لە بنەماڵەی تاڵەبانی، کە بەمردنی جەلال تاڵەبانی ئاسەوارەکانی دەرکەوتن و ناکۆکیەکانیان تەقییەوە، باشترنابێت.
دوای ڕاپۆرتی زاک کۆپلین، لە میامی ئەمریکاداو گەندەڵیە بێ شک و بێگومانییە هەژدە ملیۆنیەکەی مەسرور بارزانی، کە مشتێکە لەخەروارێکی دزی وتاڵانیەکانیان، کارەساتی لافاوی شاری هەولێرو ئەو وێرانەیەی بەدوای خۆیدا لەو شارەی هێناو لێدوانەکانی مەسروریش لەپەیوەند بەو ڕووداوەدا، کە گووتی:– مرۆڤ جگە لەوەی سوپاسگوزاری خودا بکات، هیچی تری پێناکرێت، نەفرەت وتووڕەیی خەڵکی حاشیەی شاری هەولێر و جەماوەری هەژارو نەدارو زەحمەتکێشی کوردستانی لەدژیان بردۆتە لووتکەوە!؟
هاوکات مەسرورو دارو دەستەو پێوەندەکانی، دەڵێن، کەمتەرخەمی لەکابینەکانی پێشوودا، کراوە، بەڵێ، بەڵام لەکابینەی پێشوودا، ئامۆزاکەی سەرۆکی حکومەت و باوکیشی سەرۆکی هەرێم بووە، تفێک هەڵدەداتە ئاسمانی ژوور سەری خۆی و هەر بەچڕو چاوی خۆی دەکەوێتەوە!
بەڵام هێشتاش ناتوانێت، ئەو سێسەد ملیۆن دۆلارەی لەلایەن ئاژانسی جایکای یابانی کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا لەلایەن جێگرو بەڕێوەبەری ئاژانسەکەوە ، هەر یەکە لە ئۆڕاڕای نوێنەری ئاژانسەکە لەعێڕاق و جێگرەکەی کۆڕۆنومای نوێنەریەوە لەکوردستان بڕیاری لەسەردرا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قورس و ئاو و ئاوەڕۆی شاری هەولێر و دەوروو بەری، کە لەناو پڕۆژەکەدا بەتەوای کێشەی ئاوەڕۆی هەولێرو لافاوی شارەکەی بەتەوای چارەسەردەکرد، بەڵام پارەکە وەرگیراو دارێکیش لەو پڕۆژەیەدا نەخرایە سەر بەردێک و نازاندرێت چارەنووسی پڕۆژەکە بەکوێ گەیشت و بەکوێش دەگات، بشارێتەوە؟
پێش لافاوەکەش، هێرشەکانی داعش و کوژرانی چەندین پێشمەرگەی هەژاری داماو لە بارەگاکانیان، کە گومان دەکرا هەوڵێک بێت بۆ نیشاندانی مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستی پارتی لەپشت بێت لەجوڵاندنی ئەو بەشە داعشیەی کە ئەمان لەپشتیانن، هەتا بەئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بڵێن، کە کوردستان هێشتا مەترسی داعشی لەسەرەو عێڕاق وکوردستان جێنەهێڵن! بەمەش کۆمەڵێک کوڕی هەژارو نەداری خەڵکی زەحمەتکێشیان کرد بە قوڕگی ئەژدیهای داعشدا، چونکە ئەمانە فێرن لەسەر تڕاژیدیاو نەهامەتیەکانی خەڵکدا بەهرەبەرداریی بکەن و دەستکەوت وبەرهەمی خۆیان بچننەوە، هەروەک لەشەنگالدا کردیان و بەهەزاران کەسی شارنشینی شەنگالیان خستە ناو چەمبێڵی دڕندانەی داعشەوەو هەتا ئێستاش ئاسەوارە تڕاژیدیائاساکانی بەردەوامن و نەبڕاونەتەوە!
ئەم هەل ومەرجەی ژیان لەکوردستاندا، ناتوانێت بەمجۆرە لەناو تڕاژیدیا بەردەوام و دووبارەو چەندبارەکانی خۆیدا، بەردەوام بێت و لەدوو سیناریۆی چاوەڕوانکراودا بەدەرنابێت، یان تڕاژیدی لەشێوەی ئەفغانستان و هێنانە پێشەوەی هێزێکی داعشئاسا لەناو ململانێی قوتبە جۆراوجۆرە ئابووریی وسیاسییە جیهانیەکان و هێزە ناکۆکانی ناوچەکەدا، یان سیناریۆی هاتنە پێشەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کۆمەڵگادا، کە دەتوانێت بەر بەهەر چەشنە سیناریۆیەکی دزێوی دیکەی چاوەڕوانکراو بگرێت، ئەم دۆخەش زیاتر لەهەر کاتێک ئەرکی خەڵکی چەپ وکۆمۆنیست و ئازادیخوازی کوردستان و ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەی قورسترو سەختتر کردۆتەوە!

لەم لینەکەی خوارەوەدا، پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر لەلایەن خودی میدیای پارتی خۆیەوە، لەمانگی دووی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە:-
[بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قورس دەکرێت
https://kurdistantv.net/ku/2021/02/17/kurdistan/%D8%A8%DB%95%DA%95%DB%8E%D9%88%DB%95%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D9%88-%D9%88-%D8%A6%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%95%DB%86%DB%8C-%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA-%D8%A8%DB%95-%D8%AC%DB%8E%D8%A8%DB%95%D8%AC%DB%8E%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%D9%BE%DA%95%DB%86%DA%98%DB%95%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D9%88%DB%8C-%D9%82%D9%88%D8%B1%D8%B3]

تاهیر عیسا/ 20.12.2021




ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن!.. حەسەن ڕازانی

(هەرێمی کوردوستانی عێڕاق بە نموونە)

(لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.)

پوختەی کارەساتەکە: لە ئێوارەی درەنگانی ٤-١٢-٢٠٢١ لە تانجەڕۆوە ژنێک تەلەفۆن دەکات بۆبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و پێیان دەڵێت کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە. نەقیب محمد لەتیف لە گەڵ سێ پۆلیسی تر بە پەلە دەگەنە شوێنەکەو هەر بە گەییشتنیان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو لە ئەنجامدا نەقیب محمد گیان لەدەست دەداو سێ پۆلیسەکەش بریندار دەبن. تاوانبارانیش بۆی دەردەچن و تا بەرواری ئەم نووسینەش کەسیان لێ دەستگیر نەکراوە. هەندێک دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە گوایە بەرپرسێکی گەورەی سەربازی لە پشتی تاوانبارەکانەو دەربازی کردوون یان پەنای داوون .

جا لەوبارەوە یەک پرسیاری گەورە دەبێ بکرێت ئەویش ئەوەیە کە : ئایا بە ڕاست دەسەڵات دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و تاوانبارانیش سزابدرێن و دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیش بەرامبەریان بوەستێنرێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێ بێت کەواتە دەبێ دەسەڵات و حکومەت هەم پشتی پۆلیس و دادوەرو دەسەڵاتی جێبەجێکار بگرێت و هەمیش نابێت تاوانباران لە ژێرهیچ بیانوویەکدا پەنا بدات یان دەربازیان بکات. ئەگەر ئەم کارە بکات کەواتە ئەو دەسەڵاتە نە دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و نە دەشیەوێت تاوانباران سزابدرێن و نە دەشیەوێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەریان کۆتایی پێ بهێنرێت. ئیترلەمەودوا نە دادوەر دەتوانێت کارەکەی خۆی بە پێی یاسا بەڕێوەبەرێت و نە پۆلیسیش دەتوانێت بە دوا تاوانباراندا بڕواو بیان گرێت و نە هیچ لایەنێک و خەڵکی تریش دەتوانن لەو بارەوە هاوکار بن. کەواتە تەواوی شانەکە هەمووی لە سەری ئەو دەسەڵات و حکومەتەدا دەشکێتەوە.

بە پێی کۆمەڵگای کوردی و ئەو هەل و مەرجەی کە خەڵکی کوردوستان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن پێم باشە لەوبارەوە چەندین پرسیار بکەم. بۆ نموونە: ئایا دیفاعکردن لە ژنان بۆ ئەوەی توندوتیژییان لە بەرامبەردا نەکرێت تەنها ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە؟ ئایا لایەنی جێبەجێکار لە نێوحکومەتی هەرێمی کوردوستاندا دەتوانێت یاسا لەبەرامبەر هەمواندا بە یەکسانی جێبەجێبکات؟ دەبێ ڕاستەوخۆ ئەرکی کێ بێت کە نەهێڵێت توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا ئەنجام بدرێت؟ ئایا پۆلیس وەک تیپی سەنگەری پێشەوەی لایەنی جێبەجێکار، دەتوانێت یاسا جێبەجێبکات لە هەرێمی کوردوستاندا؟ بۆچی تاکو ئێستا نەتوانراوە توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا بوەستێنرێت و ژن کوشتن کۆتایی پێ بهێنرێت؟ ڕۆڵی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەولەوبارەوە چییە ؟ ئەدی ڕۆڵی ئایین و مەزەبەکان؟ ئەدی باشە ڕۆڵی ئەو هەموو ڕێکخراوانەی ژنان و خانمان و ئافرەتان کە هەندێکیان خاوەن لانەو شەڵتەرو شوێنی حەوانەوەی ئافرەتانی لێقەوماویشن چی بووە؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر.

بە بڕوای من، بە پشتبەستن بە سەرخانی فکری کۆمەڵگەی کوردوستان، بە ڕۆڵی ئایین و مەزەب، بە کەلتووری باوو هێنراوو داسەپاو، بە پاشخان و باکگڕاوندی هێزو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێم، هەروەها بە مێژووی دوێنێی سەردەمی حوکمی بەعس لەو بارەوە، پێویستە زۆر لایەن و کەس و ڕێکخراو بێنە مەیدانی کارو لە چوارچێوەی شیعارو گوتاری سیاسی و بێکرداردا بێنەدەر.

ئەم کارە پێشی هەموان، بە بڕوای من، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە. بۆیە دەبێ ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە بە یاسا لە ڕێگەی دام و دەزگای تایبەت بەوکارەوە، کە پۆلیس ڕاستەوخۆ یەکێکیانە، ئەو کارە ئەنجام بدات. وە دەبێ حکومەت خۆی بە بەرپرس بزانێت لە دابینکردنی ئاساییشی سەرو ماڵ بۆ تەواوی کۆمەڵگا کە ژنانیش بەشێکن لەو کۆمەڵگایە. دەبێ کۆمەڵگا لە لای ڕۆشن بێت کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی یەکەم و کۆتایی لە ئەنجامدانی ئەوکارە دا حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە.

دوای حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوا، بە بڕوای من، دەبێ زۆر لایەنی تریش ڕۆڵیان هەبێ و هاوکار بن لەوبارەوە. پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی بە ئەرکی خۆی بزانێ کە ڕێبگرێت لە توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا و نابێت کۆمەڵگا بهێڵێت کە ژنان بە هەر بیانوویەکەوە بێت بکوژرێن . ئەم کارە ئەرکی هەموو ئەو لایەنە سیاسسیانەشە کە مەسەلەی ژنیان بۆ گرنگە، ئەرکی هەموو تاکێکی ئازادی خوازو مڕۆڤ دۆستە، ئەرکی هەموو ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانەیە کە مەسەلەی ژنیان گرنگە، ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنییە، تەنانەت ئەرکی ئایین و ئایینزاکانیشە بە گشتی، دەبێ لەو بارەوە ڕۆڵی ئەرێییانە بنوێنن لە نەهێشتنی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان دا، ئەرکی خودی ژنان خۆیانە لە ڕێگەی یەکگرتوویی خۆیان و خۆڕۆشنبیرکردن وهەروەها لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەربەخۆیانەوە، هەروەها ئەرکی هەموومانە لە ئەوپەڕی چەپمانەوە بۆ مامناوەندی و لیبڕالیمانەوە کە دەبێ ڕۆڵمان هەبێ لە نەهێشتنی توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا. ئەبێ ژن کوشتن کۆتایی پێبێت.

بۆیە نابێت ئەو ئەرکە، کە ئەرکێکی گەلێک قورس و ئاڵۆزە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا، بە تەنیا بخرێتە سەر شانی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس. بۆ وەستاندن و کۆتایی پێهێنانی دیاردەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان، ژن کوشتن و تاوان لەبەرامبەریاندا، تەنیا نابێ بە ئەرکی پۆلیسی بزانین و بە تەنیاش ئەو کارە بە پۆلیس ناکرێت. بە تایبەتیش لە شوێنێکی وەک و کوردوستاندا.
بە پلەی یەکەم ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی لەو ئۆفیس و دامەزراوە فەڕمیانە بکەن کە ئەرکیان پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی و دەبێ لەوبارەوە بە بەردەوامی بەدواداچوونیشیان هەبێ کە ئاخۆ ژنان وەک و پێویست پارێزراوون؟ بۆیە ئەگەرهەموومان بەشدار نەبین لەو کارەدا ئەوا، بە بڕوای من، بە بوونی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس یان یاسایەک کە توانای جێبەجێبکردنی ئەو یاسایەش نەبێ، ئەو ئەرکە بە تەواوی و بە سەلامەتی جێبەجێ ناکرێت. کۆمەڵگاش لەو بارەوە بێ خەتا نییە.
جا کاتێک کە هەموومان وەک و پێویست بەشدار نابین ئەوا بەردەوامی دەبێ لە ڕوودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە لە وێنەی کارەساتی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر. هۆی ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە نەقیب محمدەکان بە تەنیا ناتوانن ئەو ئەرکە قورس و ترسناکە لە نێو کۆمەڵگایەکی بێ سەرەوبەرەی وەک و کوردوستاندا جێبەجێ بکەن. بۆیە ئەگەر پشتیان نەگیرێت لە لایەن هەموانەوە بە تایبەتی لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا بەم شێوەیە دەبنە قوربانی و گیانیان تێدا دەچێت لە پێناوی بەرگرتن بە تێداچوونی گیانی کەسانی تردا. بۆیە دەبێ دەسەڵات بە بەرپرس دابنرێت. هەروەها نابێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بەرپرسیاریەتیە بەدەربکرێن.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دوێنێی کوردوستان لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا نەتوانراوە بوەستێنرێت. ئامارەکانی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا ئەوە نیشان دەدەن کە نە حکومەت و نە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان نەیان توانیوە وەک پێویست دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا کۆتایی پێ بهێنن. سەردەمی پێش نەوەدەکان دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا بە بەراورد بە دوای نەوەدەکان لە کوردوستاندا زۆر کەمتر بوو. تاوانباران سزا دەدران و نەیان دەتوانی بە ئاشکرا و بە ئازادی بسوڕێنەوە. بەڵام ئێستا بەڵێ بە ئاشکراو بە ئازادی دەسوڕێنەوە.
دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بە ڕاستەوخۆیی و بە ناڕاستەوخۆیی لە باتی ئەوەی ببێتە لانەو پەناگەی ژنانی لێقەوماوو هەڕەشەلێکراو، کەچی بووەتە بە پەناگەو لانەی تاوانباران و بکوژانی ژنان.
بەرپرس و کاربەدەستە دەسەڵاتدارەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان خۆیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تاوانبارەکان گل دەدەنەوەو ناهێڵن دەستی یاساو سزا بیان گاتێ. بۆیە کاتێک کە لایەنی جێبەجێکاری یاسا توانای جێبەجێکردنی یاسای نەبێت و پشتی نەگیرێت لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد هەمیشە ڕوودەدەن. نەک هەر ئەوە بەڵک و نەقیب محمدەکانی تریش کە ئێستا لە ژیاندا ماوون، کەمن هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن، ئەوانیش ئیتر ناتوانن وەک و پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و ناتوانن یاسا بسەپێنن.
کەم کردنەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاساوە. تا یاسا زۆرترو باشترو بە بەردەوامی بەسەر هەموو لایەکدا جێبەجێبکرێت ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوەو بە پێچەوانەش ڕێژەی تاوان بەرەو هەڵکشان دەچێت. کەواتە لەو نێوەدا ڕێژەی کارەساتەکانی لە وێنەی نەقیب محمد زۆرتر دەبن. لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی یاساشدا لە لایەکەوە ژنان دەبنە قوربانی و لە لایەکەی تریشەوە بە بەردەوامی نەقیب محمدەکان لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی.

لە هەمووشی گرنگتر و ترسناکتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوا دوولایەنە خودی خۆی تێوە گلاوەو هاوکارە لە زیادبوونی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنی ژناندا. چونکە لە لایەکەوە وەک و پێویست پشتی لایەنی جێبەجێکار ناگرێت و هاوکاری ناکات، وە لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە بەرپرسانی نێو ئەو دەسەڵاتە دەچن تاوانباران دەپارێزن و لای خۆیان پەنایان دەدەن یان دەربازیان دەکەن و ڕەوانەی هەندەرانیان دەکەن یان لە ڕێگەی فشار لەسەر دادگا دەچن کەیسەکانیان یان بە لاڕیدا دەبەن یاخود لەسەریان سووک دەکەن.

ڕەفتارو سیاسەتی دەسەڵاتە کە وا دەکا لە لایەکەوە پۆلیس و لایەنی جێبەجێکارنەتوانن وەک و پێویست یاسا جێبەجێبکەن یان دەبنە قوربانی لەوڕێگایەدا، وە لە لایەکی تریشەوە دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی لایەنی جێبەجێکار لە جێبەجێکردنی یاسادا. کەواتە تا ئەم دەسەڵاتە سیاسەتی بەم شێوەیە بێت، ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان کۆتایی نایەت و تاوانیش هەربەرەو سەر دەڕوا و کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد و برینداربوونی هاوڕێکانی هەربەردەوامی دەبێ…

لە کۆتاییدا قسەی یەکێ لە ئەفسەرە هاوڕێکانی نەقیب محمد دەهێنمەوە کە وتی:
“ئێمە چۆن بتوانین یاسا جێبەجێبکەین لە کاتێکدا دەسەڵات تاوانباران گل بداتەوەو بیان پارێزێت. ئێمەش بە مەرەدی نەقیب محمد دەچین. بکوژانمان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەرباز دەکرێن لە لایەن بەپرسە گەورەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کە ئێمە یاسای بۆ جێبەجێ دەکەین. کەواتە ئەگەر پشتمان نەگیرێت ناشتوانین یاسا وەک و پێویست جێبەجێ بکەین. ئەگەر یاساشمان وەک و پێویست پێ جێبەجێ نەکرا ئەوا لە لایەکەوە هەم خۆمان دەبینە قوربانی و هەمیش ناتوانرێت کوشتنی ژنان و توندوتیژی لەبەرامبەریاندا کۆتایی پێ بهێنرێت و هەمیش تاوانباران هەر لە زیادبووندا دەبن”..

حەسەن ڕازانی
٧-١٢-٢٠٢١




شیعر/ دەيجوری لە دايک بوون.. سەردار جاف

ئەم گريانە
گەڵا وەريوەکانی پاييز گڕ دەدەن
ئازارەکان
پانتایی شەوی دەيجوريش
کپ و مەحوو دەکەنەوە
ئەم هەوارە ڕژاوەی شيلەی تاموبۆ
ئافاتێکی بەربڵاوە
بە بەر پەرژينی خاپوورا ڕادەماڵن
لە ڕووباری مەيلەکانم
دەپەڕنەوە
کاتێ کە کاڤاری تەمەن
بە بێژنگی گەوجی و گێلی
سيخناغدراو
تەمتومانی سەر ڕەژووە پێست
دەشێ لە قوڵفدرابێ و
بە ژوانی ئەتک و ڕيسوا هۆگر بووبێ
ياخود نيشتيمانێکی قوڕمسواغدراو
لێوەکانت
بێنە با فوو لە مۆمەکانی من بکەن
کات لە هەشتی بەيانيدا
دەمم بە ماچی سەفەرت سپاردووە
بە بارتەقای
ترپەی ساڵانی هەناسە
لە سەر شەختەئاوی زرێ
دەنک دەنک
خەجاڵەتيم ژماردووە
ژوورێ مينای کاوڵاشی خەم
بن گڵۆپێ کز و تاريک
دەفتەری بيرەوەرييەکان
پەڕپەڕ دەکەم
نازانم لە کام بن ميچی حەرفەکانا
گومەتی مزگەوتی باڵات
دەشێوێنم
بە سێڵاوی ئەشکاويما
تەڕتەڕ دەکەم
کە تۆيش لێم بووی
بە سەرابە سەر شێتەکەی دراوسێمان
قەت پێت ناگەم
پيتەکەنت بوونە فيلمی ورووژێنەر
ديقەت دەدەم
چوارپەلێکی تێکشکاو و کۆست کەوتووم و
لێت تێ ناگەم
تۆ دەزانی
زۆر دەمێکە من شەوارەی
ئاوازی پڕ گەرووتم و
بە بێ سەماو لەنجەی پرچت
لەم يەڵدايە
پەرشم دەکەی
خۆ لە خاڵی بوونی خۆما
دەخولێمەوە
قەت خۆم بۆ پر نابێتەوە
کە تۆ هاتی
لە نێو فنجانی چاوتدا
بۆ هەواری عەرشم دەبەی

بە بۆنەی ساڵڕۆژی لە دايکبوونم نوسرا .

ئەڵمانيا
١٩ . ١٢ . ٢٠٢١




شیعر/ بەربوونەوە.. هۆزان ئیسماعیل کەریم

چوار چێوەیەک
بەبێ وێنە لە چاوەڕوانی شەھیدبوونی
سەربازێکی داماو
تەماشی دایکەکان دەکات

گۆڕێکی بەتاڵ لە چاوەڕوانی
تەرمی پەپولەیەکی کوژراو
گۆرانی نامووس دەچڕێ

پیاوێکی بێ گیرفان و ژنێکی دوودڵ
لەناو خانوویەکی سەد مەتری
لە ناوندی شاری
لەسەر بەرماڵێكی دڕاو
لە خودا دەپاڕێنەوە
یوئێن دادپەروەری بچەسپێنێ

پارکێکی بێناز و بێکەس
بە گەدەیەکی پڕ لە کریستاڵ و سۆمەدرین
لە چاوەڕوانی گەنجێکی بێ دڵ
دڵی خۆی دەداتەوە

ترافیکێکی گەرم وەک جەھەنم
لە چاوەڕوانی منداڵێکی دەستگێڕ
خەو دەیباتەوە

گوڵێکی پلاستک
لە چاوڕوانی عیشقێک
فاتیحا بۆ سبەی دەخوێنێت

زستانێکی گەرم لە چاوەڕوانی
ھاوینێکی سارد
بەرد لە ئەستێران دەگرێت

منیش بەبێ خۆم لە چاوەڕوانی تۆدا
رۆژەکانی کۆتایی تەمەنم دەژمێرم.

ھۆزان ئیسماعیل کەریم




کورتەچیڕۆک/ تریقەی پێکەنین.. رەسوڵ بەختیار

هەر ناوێکی لێ دەنێن، گرنگ نییە، ئەوەی لەلام جێگەی ئاماژەکردنە، لەنێو مینی پاسەکەدا، لەتەنیشت گەنجێکێ بیست ساڵە دانشتبووم، ئەو ماسکی بەستبوو، لەچاوەکانیدا شتێکی وا نەبوو تا بزانم لەرووی عەقڵییەوە تەواو نییە، بەڵام لەناکاو بێدەنگی ناو مینی پاسەکەی شکاند و دایە تریقەی پێکەنین، کەس خۆی مشەوش نەکرد و کەسیش ئاوڕی نەدایەوە، دیار بوو لەپێش ئەوەی سواری پاسەکە بم، چەند جارێک دابوویە تریقەی پێکەنین….زۆری نەبرد جارێکی دیکە دایەوە تریقەی پێکەنین، ئەمجارەیان خۆم پێ رانەگیرا و گوتم: خۆش دەبی خۆش دەبێ.
ئەوەی سەیرە هەموو سەر نشینەکانی نێو پاسەکە دەستیان بەپێکەنین کرد، منیش لەگەڵیان پێکەنیم، وەک ئەوەی نووکتەیەکی خۆش گێڕدرابێتەوە. هەرچۆنێک بێ، گەیشتینە جێگەی مەبەست….ئەوەی سەیرە لەکاتی دابەزین گەنجەکە لێم هاتە پێش و گوتی: منیش دەزانم خۆش دەبێ، بەڵام ئەو کاتە خۆش دەبێ رۆژگار ئێمەی لەهەموو شتێک کردووە، ئەو کات تاقەتی ئەوەشمان نامێنێ چەند چرکەیەک ئاسوودە بین، دەبێ چاوەڕێی مردن بکەین، بۆیە من هەردەم پێدەکەنم دەمەوێ لەئێستاوە قەرەبووی هەموو ناخۆشییەکانی ئەوکات بکەمەوە.