گەڕان بە دوای سەنگەرێکی نوێی سیاسییدا-5- هادیی حەمە رەشید – کامیار سابیر

بەشی-پێنجەم-

ئەم زنجییرە وتارەمان کە دەستپێکرد، چوار بەشی پێشوو، بۆ خاڵخستنە سەر وشەکانی ئەم بەشانەی دواوە بوو. لە درێژەی ئەم وتارەدا( گوتارێکی سیاسیی جودا، پێویستییەکی هەنووکەییە، نەخشەرێگەیەکی بەدییل، بۆ فەشەلی حیکایەتەکانی کوردایەتیی) دێینە سەر ناوەڕۆکی باسەکە لە جەوهەر و عەمەلییبوونەوەی سیاسەت لە کوردستانی عێراقدا، رۆڵی سیاسییەکان و رۆڵی گوتارێکی نیشتمانیی، عەقڵانیی و واقیعیی کە دوور بێت لە خورافییاتی سیاسیی و ئەدەبییاتی شیعر و خۆڕنیینەوەی پەخشان و چیرۆک، یان لە خۆبەنەفرەتکردن، لە پاڵ بەنەفرەتکردنی سیاسەت و هەموو شتێکی سیاسیی کە بەهاکانی مرۆڤ و ژیانی پێوە بەندە. بۆ ئەوەی باسەکە زیاتر روون بکەینەوە، بە قەولی عەرەبی عێراقیی کە چەمکی فەضائیی بۆ بندیوار بەکارئەهێنن، ئێمەیش بۆ ئەوەی سیاسەتی فەضائیی نەکەین، لە کاتێکدا سیاسەت بە سیاسییەکان ئەکرێ، ئەوە زۆر گرنگە ناوی هەموو ئەو کاراکتەرانە بهێنرێن کە لە ئێستادا، بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن ئەکەن و هەموو ئەوانەی کە لە رابردوویشدا، هەمان بانگەوازیان کردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، یۆبیلی ئاڵتوونیی صەد ساڵەی دروستبوونی عێراق، تێپەڕی . بۆ تێگەیشتن لەم چەرخەی عێراقی تێدا دروستکراوە، پێویستمان بە فیکرێکی سیاسیی نیشتمانییانە، هەیە. راستە دەیان و بگرە صەدان کتێبی سیاسیی، فیکریی ومێژوویی لە چەشنی فاضیڵ نوعمە( بە تایبەت کتێبی الملک فیصل الاول والانکلیز و الاستقلال) و توێژیینەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە لایەن حەنا بەطاطو و کەمال مەظهەر…تاد، گرنگییان هەیە بۆ فراوانبوونی رۆشنبییریی سیاسیی و مێژوویی، بەڵام تەجروبە و واقیعی سیاسیی ئەم ١٠٠ ساڵە، بە هەندێ زانیاریی سەرەتاییشەوە، جەوهەری کێشە سیاسییەکانی کورد و کێشەی عێراقمان بۆ بەیان ئەکات، ئەگەر بتوانین تەجاوزی عوقدە ئایدیۆلۆژیی، طائیفیی و نەژادییەکانی ناو تاکەکانی عێراق( بە خەڵکی کوردستانیشەوە) بکەین.

یەکێک لە خورافە سیاسییەکان و ریتۆریکە شیعرییەکانی کوردایەتیی ئەوەیە کە عێراق ناسنامەی نییە، خەڵکەکەی ئینتیمایان بۆی نییە، وڵاتێکی فاشیلە، چارەسەر هەر کەرتوپەرتبوونی ئەم وڵاتە وێرانەیە، بەڵكو کورد بحەسێتەوە و بەرەو کەناری ئارامیی و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت! بەشێک لەم دەردەدڵییە شاعیرییانە لە لایەن ئەو نوخبە و سیاسیی و حیزبانە دنە ئەدرێن کە خۆیان بە نەیاری حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم( پارتیی) ئەزانن کە خۆبەخۆ چەند دژی پارتیی و ماڵباتی بارزانییش بن، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئاشکردنە لەو ئاشی کوردایەتییەی ئەوان کە ئێستا بوونە بە خاوەنی صەدان میلیارد دۆلار و خەڵکی کوردستانیش لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە، تا ئەم ساتەیش( جگە لە گرانیی گەورە)، لە باری سیاسیی و ئابوورییەوە، ئەوەندە زەلیل و بێ ئیرادە نەکراون لە لایەن هیچ دەسەڵاتێکی عوثمانییەکان( پێش دروستبوونی عێراق) و لە لایەن هیچ حاکمێکی عوروبیی و عێراقییەوە؟ هاوکات، سەرەڕای ئەوەی عێراقیش وەکو هەرێم، گەندەڵیی دایزڕاندووە، مافیا و چەتەگەریی لەوێش زۆرن، بەڵام لای کەم سیادەی هەیە، دەوڵەتێک بە دەستور و قانونی نێودەوڵەتیی هەیە، مافە سیاسییەکانی کوردی لە ٢٠٠٣ ەوە تێدا جێکەوت کراوە، چارەسەر ئەوەیە هەر لە عێراقدا سیاسەت بکەین و خۆمان بە عێراقیی بزانین و لە تەخویینی کوردایەتییە تیجاڕییە چەتەگەرییەکەی هەرێم و ئەو نوخبانەی بە خۆڕایی خزمەتی ئەم موستەعمەرە تورکییە ئەکەن، نەترسین.

واقیعی مێژوویی و سیاسیی ئەوەمان پێ ئەڵێت، هەرچۆن ناوی عێراق ئەهێنرێت؟ بە بیلادی رافیدەین ناوی ئەبەیت، یان بە میزۆپۆتامیا، یاخود بە ویلایەتەکانی بەصرە و بەغداد و موصڵی سەر بە عوثمانییەکان، وێڕای ئەوەی بۆ چەندیین هەزار ساڵە، مێژوو پێمان ئەڵێت لانکەی شارستانیی بووە، بەڵام عێراق بەم جیۆگرافیا سیاسییەی ئێستایەوە لە ١٩٢١ەوە، مەلیکێکیان لەدەرەوەی عێراقەوە بۆ هێناوە و چەند ساڵ پێشتریش، ئینگلیز داگییری کردووە و عوثمانییەکانی وەدەرناوە. باووباپییرانی ئێمەی کوردیش لە کوردستانی عێراقدا، نە ئیرادەیان یەک بووە، نە توانای ئەوەشیان هەبووە کە رێگریی لە پرۆژەی ئینگلیزی ئەو سەردەمە بکەن کە چۆن لەگەڵ فڕانسییەکاندا، ناوچەکەیان لە نێوان هەژموونی خۆیاندا دابەشکرد. ئەم دۆخی دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییانە لە زۆربەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمێریکای باشوور، لەم دوو صەد ساڵەی دواییدا، بە شێوازی جودا جودا، دووبارە بوونەتەوە. هەموو وڵاتەکانی دەوروبەری عێراقیش، یان کلکوگوێی سیاسیی و جیۆگرافییان کراوە( لە چەشنی ئێران و تورکیای دروستکراو لەسەر لاشەی خەلافەتی پانوپۆڕی عوثمانیی) یاخود وەکو عێراق، دروستکراون لە چەشنی سوریا، ئوردن، کوەیت و تەنانەت سعودییەی عەرەبییش( بە میکانیزمی جیاوازتر) .

لە دەنگدان بۆ ئەم عێراقە و بە پادشاییبوونەکەی، بە تەنیا و تەنیا کوردی ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک رەتیانکردەوە، کوردی ناوچەکانی هەولێر و بادینان، بە مەرجەوە، دەنگیان پێیدا، تەواوی شارەکانی عێراق، جگە لە ( ناوچەکانی کەربەلا و دیالە کە بە بێ مەرج دەنگیان دا)، بە مەرجەوە دەنگیان دا. مەرجەکان، بریتییبوون لەوەی عێراق سەربەخۆیی خۆی بەدەستبهێنێت و لە ژێر هەژموونی بریتانیا بێتە دەرەوە، یان داواکاریی ناوچەیی و عەشایەریی و خزمەتگوزاریی بوون. تەنیا ویلایەتی بەصرە( بە تەحدید شاری بەصرە) داواکاریی سیاسییان هەبوو کە بەصرە و عێراق، وەکو دوو وڵاتی هاوشان بن و یەک مەلیکیان هەبێت.
ئایا کوردانی سلێمانیی و کەرکوکی ئەوکات، مەبەستیان سەربەخۆیی کوردستان بووە؟ سەربەخۆ لە کێ و بۆ کێ؟ واقیعی سیاسیی و مێژووی تاڵی ئەو سەردەمە پێمان ئەڵێت کە شێخ مەحمود وەکو داینەمۆی ئەو تەمەڕودە، وەلائی سیاسیی هەبووە بۆ عوثمانییەکان و پۆست عوثمانییەکان و تەنانەت بۆ کەمال ئەتاتۆرکیش کە وەکو سیلەی رەحم پێوەندییان بە وڵاتی دایکەوە( تورکیای پاشماوەی عوثمانییەکان) هەبووە، لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە کێشەی سیاسیی کوردەوە نەبووە، بگرە وەکو ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧، کێشەی سیاسیی کورد لە سەردەمی شێخ مەحموددا، وێڕای ئەوەی زۆر ناوچەیی بووە، بگرە بازرگانییشی پێوە کراوە. بە داخێکی گرانەوە تا ئێستایش ئەو هەڵگەڕانەوە و تەقوتۆقە بە خەباتێکی شۆڕشگێڕانە دژی ئینگلیز لە قەڵەم ئەدرێ کە لە واقیعدا، رێک وەکو پرۆکسیی تورکیای مودێرن، هەڵسوڕێنراوە.

لە شێخ مەحمودەوە، بۆ کۆمەڵەی دارکەران و کۆمەڵەی برایەتیی، تا دروستبوونی حیزبی هیوا لەو دوو کۆمەڵەیە لە ١٩٣٩ لە بەغداد دامەزرا، دواتر لە هەڵوەشاندنەوەی “هیوا” دا دوو گرووپی شۆڕش و رزگاریی وەکو باڵی چەپ و راست دروستبوون، شۆڕش، چوونە ناو حیزبی شیوعیی عێراقەوە و رزگارییش لە دروستبوونی پارتییدا رۆڵیان هەبوو. لە ٧٥ ساڵی رابردووی پدک-عێراقدا، دەیان جیابوونەوە بە ناوی رەخنەگرتن لە ماڵی بارزانیی و تاکڕەویی بارزانیی، دروست بووە، لە هەموو ئەو جیابوونەوەنەدا کە زۆربەی هەرە زۆریان، فیکریی و سیاسیی نەبوونە و زیاتر رەد فیعلی شەخصیی و بەشبەشێنەی دەسەڵات بووە، ئەکرێ بە رەهایی بگوترێ، تەواوی جیابوونەوەکان لە کوردستانی عێراقدا، ئێستا هەموویان گەڕاونەتەوە سەر رێبازەکەی بارزانیی و پارتیی بە حیزبەکەی جەلال تاڵەبانیی و برایم ئەحمەد و نەوشیروانیشەوە.

بۆچی ئەم هەموو فەشەلە سیاسییەی حیزبی کوردیی لەسەر یەک خەرمان بوونە و لە ماوەی ٧٥ ساڵی رابردوودا، لە ناو هەموو نەتەوەییەکانی کورددا، تەنانەت لە ناو چەپ و ئیسلامییەکانیشدا، فیگەرێکی سیاسیی خاوەن فیکر پەیدا نەبوو، جیاواز بخوێنێت و گوتارێکی جیاوازتری لەو گوتارە چەتەگەرییە ئابوورییە و لەو فەرهود و تاڵانییەی کوردایەتیی هەبێت؟ بۆچی هەمزە عەبدوڵا، برایم ئەحمەد، جەلال تاڵەبانیی، کۆمەڵەی رەنجدەران( بە شەهید ئارامیشەوە)، نەوشیروان موصطەفا، پاسۆک، حسک، زەحمەتکێشان، حشک و دواتر گۆڕان، ئیسلامییەکان و چەپەکان و لەم دواییەشدا، نەوەی نوێ، هەموویان بەسەر یەکەوە، بەدەر لە هەندێ تێکستی ئەدەبیی و ئەدەبییاتی پۆپیولیزمی جیاواز، لە باری فیکریی و سیاسییەوە، تێڕوانینیان بۆ عێراق و بۆ عەرەبی عێراق یەکبووە و هەموویان لەناو پرۆسێسی ئایدیۆلۆژییانەی کوردایەتییدا، بە ناوی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق و دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابوورییەوە، سەریان لە داڵانەکانی کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانییەوە، دەرهێناوە؟ تا وەڵامی مێژوویی ئەو هەموو فەشەلە سیاسیی و فیکرییەی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و لە بەرامبەر ماڵی بارزانییدا، لە شەستەکانەوە تا ئێستا نەدرێتەوە، هەر حیزبێکی سیاسیی تر لەسەر کەینونەی کوردایەتیی و ئەدەبییاتە بێ تێکستەکەی دروست ببێت، بە باوێشکێک، ئەچێتەوە ئامێزانی ئەو صەنعەتە سیاسیی و ئابوورییەی کە کوردایەتیی پێئەگوترێ و بەردەوام هەموو نەیارێکی خۆی، تەخویین ئەکات؟
هەموو ئەو حیزب و رێکخراوە سیاسییانەی لە چلەکانەوە تا ئێستا دروستبوونە، بە تایبەتیی لە رەهەندە نەتەوەییەکەدا، هەمووی سوڕاوەنەوە بووە لەناو ئاشی کوردایەتییدا و جیاوزیی فیکریی و سیاسیی نەک قووڵ تەنانەت جیاوازیی سەطحییشیان نەبووە، ماڵیان جیاکردووەتەوە، چونکە بەشی خۆیان، لەسەر خوانە گەورەکە، بەدڵ نەبووە. تەنانەت بەشێکی زۆر لە شیوعیی ( بە چەپەکانی تریشەوە) و ئیسلامییەکان، وێڕای ئەوەی دوو ئایدیۆلۆژیای جیاوازن لە ناسیۆنالیزم، بەڵام لە حەفتاکانەوە تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەوانیش هاتوونەتەوە ناو کەینونەی ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییەی کە تیجاڕەت بە کێشەی سیاسیی کوردەوە ئەکات و دەیان میلیارد دۆلاریان بۆ ئەمیر و ئەمیرە زۆرەکانی کوردایەتیی، کەڵەکە کردووە. بە کورتییەکەی ئەو ریتۆریکی جیابوونەوانە، پرەسنیپی سیاسیی و فیکرییان لە پشتەوە نەبووە، ئەوەندەی داوای دەسەڵات و پارە و ئیمتیازاتیان لە غەزوبەزی کوردایەتیی، هەبووە.

گەورەتریین مەترسیی سیاسیی ئەم دۆخەیش ئەوەیە، تەواوی ئەو حیزبانەی لە کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانیی جودا بوونەتەوە لە کوردستانی عێراقدا، پاش ئەوەی داواکارییە شەخصیی و ماددیی و مەعنەوییەکانی قیادەکانیان، کەم تا زۆر جێکەوت کراون، وەکو یاریی ئاشی منداڵانە، یارییەکەی خۆیان رووخاندووە و گەڕاونەتەوە لای ئاشە گەورەکەی کوردایەتیی ئۆریجناڵی شێخنشیینیی کە دەیان ساڵە تەجروبەیان هەیە لە مامەڵەکردنی پرۆکسییبوون بۆ وڵاتانی ئیقلیمیی، بۆ دزیین و راوڕووت بە ناوی کێشەی سیاسیی-نەتەوەیی کوردەوە. بە کورتییەکەی سەنگەرێکی نوێی سیاسیی تریان هەڵنەبژاردووە، چونکە فیکری سیاسیی و روئییەی سیاسیی نوێیان پێ نەبووە و نییە کە جیاواز بێت لەم کوردایەتییە پرۆکسییە ئیقلیمیی و تیجاڕیی و شێخنشیینییە بنەماڵەییە.
لە بەشی ئاییندەدا، دێینە سەر تەحەدییاتەکانی ئەو کەس و لایەنانەی ئەیانەوێ حیزب و بەرەی سیاسیی نوێ بکەنەوە و سەنگەرێکی تر بکەنەوە، ئایا بە ماتێریاڵ و ئەدەبییاتی کوردایەتییەوە ئەیکەن و سووڕانەوە ئەبێت، یان بە گوتار و بە فیکری سیاسیی و روئییەیەکی نوێوە، تەجاوزی هەموو ڤێرژنەکانی کوردایەتیی، بۆ ئەبەد ئەکەن و ئاڵوگۆڕێکی ریشەیی لە سیاسەتی کوردییدا، سەرپێ ئەکەوێت؟

هادیی حەمە رەشید
کامیار سابیر




هەڵبژاردن و ئازادی ئانتۆنیو گرامشی.. وەرگێران لە فارسیەوە: هیوا ئەمانی

مانای هەقیقی و دیاریکراوی بەرابەری بۆرژوازی وردە وردە بە شێوەیەکی تەواوەن ڕوون خەریکە ئاشکرا دەبێ و ئەم ڕاستیانە تەنانەت لە لایەن بێ ئاگاترین و دواکەوتوو ڕاگیراوترین بەشەکانی پرۆلیتاریاشەوە فام دەکرێن. بۆرژوازی خاوەن کارخانە و خاوەن زەوی، بە سەدان و بگرە بە هەزاران ڕۆژنامە و چاپەمەنی هەیە: تەواوی کارخانەکانی دروست کردنی کاغەزیش لە خاوەنداریەتی ئەو دان. پرۆلیتاریا بە پشتیوانی سەرچاوەکانی خۆی تەنیا دەتوانێ هەندێک رۆژنامە چاپ بکات. ترساندن و تۆقاندنی ئەو چاپخانانەی کە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی حیزبەکانی چینی کرێکار لە ئەستۆ دەگرن، هەلومەرجی بێدەرەتانی چینی بێ بەشی لەوەی کە هەشە کۆڵەوارتر کردوە. هیچکام لەو هەزاران هەزار ڕۆژنامانەی بۆرژوازی هەتاکوو ئێستا لەلایەن پرۆلیتاریاوە لەناو نەچووە. بەڵام لە بەرامبەر دا ئەگەر کۆمەلێکی بچووک لە چاپەمەنیەکانی چینی کرێکار لەبەر چاو نەگرین، بەشێکی زۆری لەلایەن بۆرژوازیەوە لەناو چوون، لەوانە: ئەیل لاوراتورە لە شاری تریست، ئەیل پرۆلیتاریۆ لە شاری پوڵا، لادیفسا لە فلۆڕانس، لاگوۆستیزیا لە رێجیۆامیلیا و “ئاوانتی!” لە هەردوو چاپی میلان و ڕۆمی دا. (ئاوانتی! ئورگانی حیزبی سۆسیالیستی ئیتالیا بوو).

بۆڕژوازی کارخانەدار و خاوەن زەوی بە دەیان هەزار ساڵۆنی وتاردان، سینەما و شانۆیان لەبەر دەستدایە، کە زۆر بە هاسانی و لەسەرەخۆ دەتوانن هەوادارانیان لەوێدا کۆبکەنەوە و هەر بانگەشەیەک کە پێیان باش بێت بیکەن. بەڵام دەیان و سەدان بینایەک کە بە دەست ماڵە کرێکاری و گروپە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیەکانەوە بوون سووتێنداراون. تەنانەت شەقامەکانیش بۆ جەماوەری خەڵک بە ڕەوا نابینن: سروشتی ترین شوێنیک کە پرۆلیتاریا دەتوانێ لەوێ بێ بەرامبەر کۆبێتەوە ئێستاکە بۆتە مەیدانی بۆسە و پەلاماری شەوانە. چینی کرێکار بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی بەسەر شەقامەکانەوە بهێڵێتەوە دەبێ شەو و ڕۆژ لەسەر هەست بێ؛ نە بۆ کار بچێتەوە کارخانە و نە بۆ حەسانەوە بچێتەوە ماڵ. سەد چەکداری تۆکمەی تایبەت کە بەرلێبووردن کەوتنیان بۆ ئەنجامدانی هەر تاوانێک و هاوکاریکردنی بێ مەرجی هێزەکانی حکومەت لە هەرشوێنێک کە پێویستیان بێ دەستەبەر کراوە؛ (بە بێ ئەوەی ناچار بە ئەنجامدانی کارێکی بەرهەم هێن بن)؛ و توانایان هەیە کە بۆ بەکردەوە دەرهێنانی پلانی سەرتاسەری هەر کات کە بیانهەوێ و بۆ هەر شوێنێک کە بیانهەوێ بچن، بەسە بۆ ئەوەی پرۆلیتاریا بێبەش بکەن لە دەست پێڕاگەیشتن بە ئازادی هاتووچۆ و ئازادی دیدار و باس کردنی ئەم بابەتانە.
پاڕلەمانێک کە لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا هەڵدەبژێردرێ چ نرخێکی هەیە؟ چۆن دەتواندرێ کە بە ئاوێنەی باڵا نوێنی ویستی ئازادی نەتەوە بێتە هەژمار؟ چ نیشانەیەکی دەتوانێ لە پێگەی سیاسی ڕاستەقینەی چینەکان هەبێ؟
ئەگەر تەنیا پرسینی ئەم پرسیارانە بەس بێ بۆ مەحکومکردنێکی هەمەلایەنە، ئەگەر هەلومەرجی ووشیاری و ورووژاندنی گشتی گرێدراو بە ناوەندەکانی نەزمێکی نوێ بەس بێ، ئەوا لەمێژ بوو کە خەباتی سیاسی لە بەرژەوەندی و سەرکەوتنی چێنی کرێکار بەسەر چینی بۆرژوا دا کۆتایی هاتبوو. ڕاپەڕینی چینی بندەست و چەواسەوە بەسەر چەوسێنەران و ئازادی و بەرابەریە درۆینەکەیاندا، لەمێژ بوو ڕووی دابوو.

ڕاستیەکە ئەوەیە کە وشەکان و بانگەشەکان بۆ هەڵخڕاندنی کۆمەڵ یان دیاریکردنی هەلومەرجێکی پێویست و تەواو بۆ بنیاتنانی نەزمێکی نوێ بەس نیە. ڕەوتی مێژوویی لە مەودای دیالێکتیکی ڕاستەقینەیە کە بە ئەنجام دەگا: ئەم بابەتە نە لە ڕێگای پەروەردەوە یان مشتومڕ بەڵکوو لە ڕێگای ئاوەژوو کردنەوەی بەزۆری ڕەوشی بێ ئەملا و ئەولای پەیوەندیەکانە کە دەستەبەر دەبێ، پەیوەندی گەلێک کە لەوپەڕی ڕوونیاندا بۆ بەشێكی زۆر لە جەماوەری خەڵک ئاشكران. بەڵگە نەویستە کە دەستلەکار کێشانەوەی بەزۆری ئەندامانی سۆسیالیستی شۆڕاکانی شار زیاتر لە دو ساڵ بانگەشەی خەڵک خەڵەتێنی حیزبی سۆسیالیست چەمکی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریای ڕوونتر کردۆتەوە. بەڵگە نەویستە کە فاشیزم، لە چەند مانگدا، بە شێوەی کرداری یارمەتی زیاتری داوە بە ڕوونکردنەوەی ئیدەی کۆمۆنیزمی نێونەتەوە لە ووشیاری پرۆلیتاریا دا تا دوو ساڵ چاپ و بڵاو کردنەوەی “ئاوانتی!” و هەرچی نووسەرانی کردویانە. بەڵگە نەویستە کە ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەتی پاڕلمان و تەواوی ناوەندە بۆڕژوازیەکانی تر لە زەینی خەڵکدا دەکاتە دەرەوە، و بەڵگە نەویستە کە ئەوان سیستەمێکی هەڵبژاردنی تەواوەن جیاواز دروست دەکەن، سیستەمێک کە تیایدا خواستی خەڵک و ئیدیاڵی تازەی ئازادی و بەرابەری وەدی دێنێ و لە پشتیوانەیەکی پڕاوپڕ بەهرەمەند دەبێ، سیستەمێک کە لە ڕووی مێژوویەوە بێ ئەم لاو ئەولایە و بەرامبەرکێی لەگەڵدا ناکرێ.

هەر بەو هۆیەیە کە حیزبی کۆمۆنیست خۆی لە بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا نابوێرێ. چونکوو حیزب ئەزموونی ئەم هەڵبژاردنەی لە ئەوپەڕی کاریگەری و هێزی فێرکاریانەی خۆیدا دەوێ. چونکوو حیزبی کۆمۆنیست تەنیا حیزبی پێشڕەوی پرۆلیتاریا نیە. بەڵکو حیزبی جەماوەری بەرینی خەڵکیشە. تەنانەت بێ ئاگاترین و دواکەوتوو ڕاگیراوترین بەشەکانیشی. حیزبی کۆمۆنیست دەیهەوێ کە بە قوڵترین توێیەکانی وەهم و خەیاڵی سۆسیال دیموکراتەکان بگا و ئەو وەهمە لەناو بەرێ. ئایا هەڵبژاردن، هەر بەو جۆرەی کە ئازادی و بەرابەری بۆرژوا دیموکراتەکان پیشانی دەدا، تەنانەت یەک نوێنەر بە چینی کرێکار دەدا یان بۆی بە ڕەوا دەبینێ؟ ئەگەر ئەوە ڕوو بدا هەر ئەو تاکە کەسە دەبێتە نوێنەری تەواوی چینی بەش مەینەت. تەواوی چینی کرێکار گوێبیستی دەنگی دەبن. خرۆشێک کە ئەو تاکە نوێنەرە، بە بڕیاری حیزبی پرۆلیتاریا، بەرزی دەکاتەوە لە لایەن هەموو چینەکەوە وەردەگیرێ و دەبێتە کردار. ئەم هەلومەرجە بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر دەبێتە هۆی دروست بوونی ناوەندی هەڵبژاردنی تازە. ناوەند گەلێک کە لە بەرامبەر بە پاڕلەماندا ڕادەوەستن و دەبنە جێ گرەوەی: هیچ توێژێک لە خەڵکیش ئاخ و داخ بۆ پاڕلەمان هەڵناکێشن و شەڕی بۆ ناکەن. ڕەوتی ڕاستەقینەی ئەم بابەتە ئێستا لە ڕووسیادا ڕوودەدا. تەواوەن درک پێکراوە کە بۆچی دەوڵەتی شۆڕەوی، دوای تەنیا چەند مانگ لە شۆڕشی نوامبر، دەبێ شۆڕای یاسای بنەڕەتی پێک بێنێ. ئەگەر ئەم شۆڕایە پێک نەهاتبا، ئەوا بەشێكی زۆر لە چین و توێژەکان پارێزەری پاڕلەمانتاریزم دەمانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوەشاندنەوەی پاڕلەمان نەبووە هۆی هیچ نیگەرانی یاخود شۆڕشێک. ئەمڕۆ تەنانەت بۆ دواکەوتوو ڕاگیراوترین بەشەکانی جوتیارانیش (لە ڕووسیا) ڕوون بۆتەوە کە ئەگەر شۆڕای یاسای بنەڕەتی بە پێی لیستی هەڵبژێردراوی حیزبەکان پێک هاتبا کە جێگای تایبەتی خۆیان لە دەست داوە، ئەم ناوەندە چیتر نوێنەری خەڵک نەدەبوو- نەدەبووە نوێنەری بەرژەوەندیەکانی تەواوی خەڵک. بۆلشویکەکان دەیانهەویست ئەم ئەزموونە بە ئاکام بگا. ئەوان دەیانهەویست کە ووشیاری خەڵک بە پێی نمونەیەکی ماتریالیستی شکڵ و شێوە بگرێ. ئەوان نەیاندەویست کە لە نێو جەماوەردا هیچ وەهمێکی ناڕوون یان تاسەیەک بمێنێتەوە.
وەرن تاکوو ئەم گریمانەیەی شۆڕش لەخۆگرین کە ڕاپەڕینی جەماوەر پاڕلەمانی داهاتوو دەپێچێتەوە و لەجێیدا کۆنگرەی نوێنەرانی کرێکاران و جوتیاران بەرپا دەکا.
بەدڵنیایەوە تەنانەت فیلیپۆ تۆڕتای ش ناتوانێ لافی ئەوە لێبدا کە دیموکراسی بۆرژوایی “شار”ە و شۆڕەوی “قەبیلە”ەیە…

ئەم بابەتە لە لایەن گرامشی یەوە لە حەوتە نامەی “نەزمی نوێ” لە بەرواری ٢١ ئاوریلی ١٩٢١ دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

وەرگێران لە فارسیەوە: هیوا ئەمانی




ڕۆشنبیری مشەخۆر، ڕۆشنبیری ئازاد.. جواد خەلیل

( لەبارەی وەزیفەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرەوە)

لە سەردەمی حامورابیەوە تا ئێستا دادوەرەکان لە ڕووی داراییەوە ژیانیان زامنکراوە، ئەمە لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی ڕای خۆیان و بڕیارەکانیان ئازادانە دەربکەن و بێ منەت بن لە پارەدا. کەواتە هەمیشە پەیوەندییەکی توندۆڵ هەبووە و هەیە لە نێوان ئازادی و پارەدا. کەسی بێ پارە زۆر بە ئاسانی ئەگەری ئەوەی هەیە ئازادی خۆی لە دەست بدات، بە پێچەوانەشەوە کەسی پارەدار خاوەنی ئازادی تەواوەتی خۆیەتی.

بەسەرهاتی دادوەر و پارە بەسەرهاتێکی لەمێژینەیە، لێ تەژییە لە پەند و عیبرەتی گرنگ، بە تایبەتی بۆ چینی ڕۆشنبیر و ئەوانەی خوازیارن هەمیشە ئازاد بن. کەواتە ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ئازاد و ملکەچ نەبوو چۆن دەخوڵقێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناپلیۆن هێل، باوکی زانستی دارایی ئەمریکی و داڕێژەری تیۆریای تایبەت بە ئازادی مرۆیی. ناپلیۆن هێل پێی وایە ئینسان بۆ ئەوەی ئازاد و سەربەخۆ بژێت دەبێ لە ڕووی داراییەوە ئازاد و سەربەخۆ بێت. واتا ناکرێ کەسێکی ڕۆشنبیر بانگەشەی ئازادی فیکر و ئازادی لە بڕیاراندا بکات بە بێ هەبوونی پارەیەکی زۆر و ژیانێکی بێ منەتانە بۆ خۆی. بۆیە دەشێت بڵێین وەزیفەیەکی دیکەی ڕۆشنبیر، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی داراییە بۆ خۆی و هاندانی تاکەکانی تری کۆمەڵە بۆ گەیشتن بەو سەربەخۆییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەربەخۆیی دارایی گرنگتر، چۆنێتی گەیشتن و ڕێگاکانی گەیشتنە پێی، مەرجە ڕۆشنبیر لە هیچ کام لەو ڕێگایانەدا ساختەکاری و ملکەچبوون بەکار نەهێنێ و لە ڕێگای ناشەرعییەوە نەگاتە ئەو سەربەخۆییە!

کێشەی گەورەی ڕۆشنبیرانی دونیای ئێمە، مشەخۆری و بێ تواناییانە لە کاردا و هاوکات بێ ئاگاییەکی قووڵیش لە زانستی دارایی . زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەبەر بژێوی ژیانیان و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆی دیکە، ناچاربوون دەستبەرداری ئازادی خۆیان بن و ملکەچ و گوێڕایەڵی خۆیان بەهۆی مووچەیەکی شەرمهێنەرەوە بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب دووپاتبکەنەوە. ئەوان زۆرتر وەک مشەخۆرێک دەردەکەون چونکە لە بنەڕەتەوە کەسانی تەمبەڵن و کارخوڵقێن و خۆژێن نین. ئەوان نازانن کە جگە لەو ڕێگای ملکەچییە، سەدان ڕێگای شکۆدارانە هەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و زامنکردنی بژێوی ژیان. دەسەڵاتیش کە دەبینێ سروشتی ئەم ڕۆشنبیرانە مشەخۆرییە، لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێ و ژیانێکی شایستە بەڵام پڕ لە ملکەچییان بۆ فەراهەم دەکات. بە پێچەوانەشەوە ڕۆشنبیری خۆژێن و کارخوڵقێن لەبەری ڕەنجی خۆی دەخوا و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.
هەر لەبەر ئەمەشە دەبێ ڕۆشنبیر پێش ئازادی فیکر، بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی دارایی خۆی بکاتەوە، چونکە تەنها بەم ڕێگایە لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی حیزب و ئەوانی دی ڕزگاری دەبێت و دەتوانێت بە ئازادانە بنووسێت و ئازادانەیش بیربکاتەوە.

ڕەنگە بوترێت ڕۆشنبیر نابێ بچێتە نێو بازاڕی کار و ئەو دەبێ لە جیهانی ڕاستەقینەی خۆیدا کە جیهانی کتێبە بژی و بنووسێت، ئەم بۆچوونە ڕەنگە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی دونیا ڕاستبێ کە داهاتی خۆیان لە ڕێی فرۆشتنی کتێب و نووسراوەکانیانەوە وەردەگرن ( کە ئەمە باشترین شێوازی خۆژێنی ڕۆشنبیری ئازادە) بەڵام بۆ کوردستان و وڵاتانی جیهانی سێ، ئەمە جگە لە وڕێنە و خەونێک هیچی دی نیە!
ڕۆشنبیری کورد دەبێ خۆی فێری کارکردن بکا و بچێتە نێو بازاڕی کارەوە، ئەو دەبێ ئاگایی دارایی خۆی بباتە سەر و بایی ئەوە کۆبکاتەوە کە پێویستی بە پارەی هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەبێت. نەبوونی ئەم توانا داراییە بەهێزەیە وای لە سەدان و بگرە هەزاران (مامۆستا و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و هونەرمەند وشاعیر و چیرۆکنووس و مێژوونووس) کردووە کە لە پێناوی بژێوی ژیانیاندا خۆیان بدەنە پاڵ حیزب و دەسەڵات و لە ئاستی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیان بێدەنگ بن و هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرا و بوێرانەیان نەبێت.

جواد خەلیل




گرنگی هونه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌شی -2-.. هه‌ندرێن خۆشناو

هونه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ سوودبه‌خشه‌كانی رێگریكردن‌ له‌ تاوان، ئه‌ویش له‌ رێگای دابینكردنی هونه‌ر بۆ هه‌مووان، کە واده‌كات خه‌ڵكانێكی زۆر دوور‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌كان، و خه‌ریكی كارێكی وابن كه‌ ئه‌رێنیانه‌ خۆیانی پێ ده‌رببڕن، بۆ نمونە بەشداریکردن لە کارە درامیەکان و گۆرانی گوتن و شاییکردن و هونەرەکانی شێوەکاری و ئەوانی تر، کاریگەری خۆیان سەلماندووە لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تاوان، بەهۆی زۆریی و بڵاوبوونەوەی دەزگاکانی راگەیاندن وەکو تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رۆژنامەگەریی و تۆڕەکانی ئینتەرنێتیشەوە، کارە هونەرییەکان و بیرۆکەی هونەرمەندەکانی سەردەم لەبەردەستی هەمووانە، بێجگە لە گرنگی هونەر لە هۆکارەکانی بەیەکگەیشتنی کۆمەڵایەتی، کە وایکردووە نمایشکردنی کارە هونەرییەکان و بەبازاڕکردنیان لەرێی تۆڕەکانی فەیسبوک و تویتەر و ئینستیگرامەوە ئاسانتر و بڵاوتربێت.

یەکێک لە ئامراز و هۆکارەکانی زانین هونەرە، هونەر یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی دەوڵەمەندکردنی مێشکی مرۆڤ، چونکە هونەر ئەنجام و ئاکامی هزر و بیرکردنەوەیەکی بە پیتی داهێنەرانەیە، رۆشنبیری و کولتور و دابونەریتی گەلان نمایش دەکات، یان زمان و رووداو و ئەزموونی مێژوویی کۆنی گەلانی دەگێڕێتەوە، لە دیارترین هونەرەکانی زانین هونەری ئەدەبە، کە چەندین بواری فراوانی زانین لەخۆدەگرێت، وەک شیعر و دراما و چیرۆکی خەیاڵی و واقیعی و پەند و ئیدیۆم و رۆژنامە و گۆرانی…هتد، هەروا کاری هونەری بەهایەکە و بەپێی مێژوو و جیاوازی کولتورەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت، هونەرمەندێکی زۆری وەکو پاپلۆ پیکاسۆ و ڤان گۆخ و مۆنیێ و بیتهۆڤن و شێکسپیەر، هەریەک لەمانە جێی پەنجەیان بەسەر مێژووی کۆمەڵگاوە دیارە، کە بە چەندین شێوە لە شێوەکانی داهێنانی هونەرمەندانەوە بە روونی بەدەردەکەون، لە شانۆ و سینەما و ئەدەب و هونەرەکانی شێوەکاری و گۆرانی، هەندێک پێیانوایە کە هونەر بریتیە لە پارچە قوماشێک کە بە دیواری مۆزەخانەیەکەوە هەڵواسراوە، بەردەوام وەکو هۆکارێکای زانین دەمێنێتەوە.

پتەوکردنی کولتور، هونەر بە پەیوەندیەکی توندوتۆڵەوە بەستراوەتەوە بە کولتورەوە، پارچە شوێنەواریەکان و جێماوەکان وەکو کەڤاڵ و وێنەکێشراوەکان و چاپەمەنییەکان و داتاشراوەکان و وێنە فۆتۆگرافیەکان و دۆکیۆمێنتەکان و پەرتوک و دەستنووسەکان و ئامرازەکان، هەموویان ئاماژەن بۆ داهێنانی مرۆڤایەتی، ئەو کولتورە تەنیا کۆمەڵێک پارچەی رۆشنبیری و هونەری یان کلاسیکی رابردوو نین، بەڵکو نیشانەی جیاکاری هەر کۆمەڵگایەکن لەگەڵ ئەوەی تریاندا.
پتەوکردنی تەندروستی دەروونی، هەڵبەتە هونەر کاریگەری لەسەر دەروون هەیە، بۆ زۆرەکان هونەر بریتیە لە چالاکیەک بۆ حەوانەوە و ئیلهام بەخشین، چ ئەو کارە هونەرییە لە داهێنانی خۆی بێت یان یەکێکی دیکە، دەربڕینی هونەری زۆر قوڵترە لە حەوانەوە حەسانەوە و چێژوەرگرتنێک، بەڵکو دەگاتە قۆناغی چارەسەرکردن بە هونەر، چونکە هونەر رێگایەکی نایابە بۆ دەربازبوون لە خەمۆکی و ڕاڕایی و دردۆنگی، هونەر بریتیە لە دەربڕینی هەستەکانمان بەبێ وشە، یان رووبەڕووبونەوەی هەستە ئاڵۆزەکان بۆ گەیشتن بە حەسانەوە.
پتەوکردنی لایەنی ئابووری، دەتوانین زۆربەی هونەرەکان وەکو کاڵایەک سەیربکەین، چونکە هونەر بریتیە لە هەست و نست و ئیلهام و داهێنان و سۆزەکانی مرۆڤ، ئەمانەش سەرنجی زۆرێک لە ئارەزوومەندانی هونەر و کۆکردنەوەی کارە هونەرییەکان هەروەها پیاوانی کار و سەرمایەدارانیش رادەکێشن، زۆرجار کۆمێنتێکی هونەرمەندان و ناودار و بەناوبانگان کاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی کارەکان هەبووە، بەتایبەتی کارە هونەریی و مێژوویی و هزری و کولتورییەکان، هەروا پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و کڕیاران و نمایشکاران و بینەران کە کاریگەری لە بواری ئابووریدا هەیە.

پتەوکردنی پیشەسازی، هونەر بەشدارە لە زۆرێک لە بوارەکان لە پتەوکردنی پیشەسازییەوە، زۆرێک لە هونەرمەندانی کارە دەستیەکان و بەهۆی ئەو شارەزاییەی کە هەیانە لەم بوارانەدا، دەتوانن دەستکەوتی دارایی بەدەست بێنن، لە رێی فرۆشتنی کەڤاڵ و تابلۆ و وێنە و دیزانین و دیکۆرەکانیان، ئەمەش پتەوکردنێکی بەرچاوی پیشەسازییە دەستیەکانە، هەروا هونەر دەستێکی باڵای هەیە لە دیزانکردنی لۆگۆ و مارکە و تەنانەت جلوبەرگیشەوە، هونەر لە بواری پیشەسازیدا تەنیا پەیوەست نیە بە شارەزایی لە کارە دەستیەکانەوە، بەڵکو هونەرە دیگیتاڵی و کۆمپیوتەرەکانیش لەم سەردەمەدا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە، بۆیە هونەرە شێوەکارییەکان و میللیەکان و ئەدەب و مۆسیقا و شانۆ، هەر هەموویان بەشدارن لە بیناکردن و بەرەوپێشوەچونی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانەوە.

هه‌ندرێن خۆشناو




یەک سەعات دوای عاشقبوون یەک سەعات پێش مردن.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

عەشقت

عەشقی تۆ بوو
دەستی لە من وەشاند
شێتانە و بێ ئامانج رێ دەکەم
ناگەمەوە بە هیچ
جگە لە خەمەکانی خۆم
ناگەمە هیچ کوێ
جگە لە جەهەنمی خۆم
من مانگەشەوی تۆ
وێڵ و شەیدای کردم
نەمزانی ئەو هەموو
لاواندنەوەی من
وەک وەڕینی سەگ لێکدەدرێتەوە
ئیتر من ئەڕۆم
مۆمی تەمەنم
بەدەستی خۆم ئەکوژێنمەوە
چاوی چرای بینایم
کوێر ئەکەم
عەقڵم رەوانەی
شێتخانەیەک ئەکەم
هەستەکانیشم
لە گۆڕێکی تەنگ و تاریکدا
بە خاک دەسپێرم


هەرەس

ئەو دەمەی
وەک شاخێکی بەفرین
هەرەسم هێنا
تۆ لە ماڵی خۆرەوە
لە پەنجەرەی خەمەوە
لێت ئەڕوانیم
ئەو ساتەی لە ئامێزی غروبدا
وەک تیشکی رۆژ
کەوتمە دەریای ئازارەوە
تۆ لەگەڵ کازیوەدا
وەک خانمی سوورپۆش
بێهودە لە چاوەڕوانیما بوویت
من ئیتر بە تۆ ناگەمەوە
بەڵام تۆیت
فریودراوی وەهمەکانی خۆت
لە کاتێکدا، من
وەک خەیاڵێکی کورت و خۆش
هاتمە نێو
شەوە کابووسییەکانتەوە
هەر تەنها جارێک هاتم و
هیچ کات دووبارە نابمەوە


ئەڕۆم

من ئەڕۆم دواجارە گوێتان
لە نرکەی شیعرەکانم بێت
دواجارە ئازارەکانم ببیستن
ئەیدەم بەدەم رەشەبای سەفەرەوە
دواجارە ژوانتان لەگەڵ ببەستم
یادگاریی هەموو ژوانەکانم
ئەچنە بیری بێ بنی بیرچوونەوەوە
دواجارە من لەسەر رێی
ئەم گۆمە تەڵخەی ژیان ببینن
سەفەر ئەکەم، سەفەری بێ گەڕانەوە
بەرەو دوورگەی تەم و ونبوون
بەرەو باخچەکانی عەدەم
بەرەو هیچ


لێم ببوورە

ئەی نیشتمان لێم ببوورە
قاچەکانم هێزیان تێدا نەماوە
پیاسەیەک بە باخەکانی
رۆحتدا بکەمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
بینایی چاوەکانم
کوێر بوونەتەوە
ناتوانم نیگا گەرمەکانم
لە کانیاوەکانت بگرمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
دەستم چیتر
قەڵەم ناگرێت، تاکو
شانامەی سەربڵندیت بنووسمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
هەناوم پڕ بووە لە گڕی غوربەت
چیتر ناتوانم
لێوی وشکم لە چەمی لێوی
کچە چاو قەترانییەکانتدا
تەڕ تەڕ بکەمەوە


بۆ “تاڤێن”ی کوڕم

دوای من نەهێڵیت
ئەو مەشخەڵی شیعرە
خامۆش بێت
دوای من نەهێڵیت
ئەو کانییە روونەی عەشق
لێڵ و کوێر بێتەوە
دوای من نەهێڵیت
ئەو خەونە جوانانە
پڕ بکرێن لە کابووس
دوای من نەهێڵیت
ئەو کۆترە جوانەی ئەوین
لە ئانی فڕیندا بکەوێتە خوارەوە
دوای من نەهێڵیت
ئەو پەرستگا پیرۆزەی دڵداری
بە رەهێڵەی درۆ بڕوخێ
دوای من نەهێڵیت
ئەو رووبارەی رۆژهەڵات
بەرەو باشوور لە رۆشتن بکەوێ
دوای من نەهێڵیت
گەڵای هیچ درەختێکی
ئەو باخچە رووخۆشەم بوەرێ


خەون

دوێنی شەو
بە کراسێکی تەنکی پەمەییەوە
هاتیتە خەونم
مەمکە هەنارییەکانتم
توند توند گووشی
تک تک
هەناراوی چێژمان
بەسەر یەکدا ئەباران
لێوەکانت پشکۆی داگیرساو بوون
لە نێو چەمی دەمی منا
خۆیان فێنک کردەوە
لەشت هێندەی رنوە بەفر
ناسک و تەزیو بوو
بە خۆرەتاوی جەستەی من
ورد ورد توایەوە
ماچەکانت منیان
لە فێی تەنهایی
ئارام ئارام کردەوە
لێوی حەزیشم
لە سێوەکانی سینگت
گیر کردبوو
لەو خەونە خۆشە
هەرگیز بێدار نەبوومەوە


تریفەیەک لە عەشق

تۆ هەروەک ئەو شەرابەی سوورەی
لەگەڵ یەکەم پێکدا
مەستم ئەکەیت
مەستبوونێک تا ئەودیو
سنوورەکانی لەزەت
تا باخچەکانی نێو
پرچە رەشەکەت
تا مژینی قۆخی گۆنا و
تامی ماچی مرەباییت
تا سەرخەوشکاندنێک
لە بناری مەمکەکانتا
تا شۆڕبوونەوە
بە سنەوبەری ئارەزووەکانتا
تا سەماکردن لەبەر
باراناوی جەستەمان
کە دڵۆپ دڵۆپ ئەبارێت
تا گووشینی نەرمایی ران و
خواردنەوەی هەناسەیەکی گەرمت
بە دەمی پڕ لە ئاوبووی حەسرەتم
تا توانەوە لە ژێر
لێفەیەکی سوورباو و
لە دایکبوونەوەیەکی تر
لە رامووسانی یەکتردا
ئاه تۆ ئەو شەرابە سوورەی
خوێنم رەنگی گرتوویت و
لە ئامێزی نێرگزیتدا
کوڵ و کۆم دائەمرکێتەوە


شەوێکی ئیرۆسی

شەوێک دێم ئاونگی ژنێتیت ئەخۆمەوە
لە نێو خەیاڵی حەزە ئیرۆسییەکانما
تاجی شاژنت لەسەر ئەنێم
لەسەر عەرشی رامووسان و ئاوێزانبوون
وەک ئیمپراتۆرێک ناوت ئەهێنم
لە پەرستگەی هەمیشەی ئاوەدانی دڵمدا
وەک خودای جوانی سەرت بۆ دائەنەوێنم
لە ماچستانی مەمکە لیمۆییەکانتدا
بۆ ئەبەد خۆم لە بناریاندا ئەگەوزێنم
لە باوەشی پڕ لەززەتی هەردەم بەهارتدا
بە چەشنی بولبول بۆ دڵی نەرمت ئەخوێنم


عاشقی ژنێکم

ژنێکم خۆش ئەوێ
هەر کاتێک باسی کۆتایی دەکەم
ئەو سەرەتایەکی ترم نیشان ئەدا
سەرەتایەک لە چڕینی گۆرانی
بۆ خوێنی شەپۆلە کوژراوەکانم
سەرەتایەک لە هێورکردنەوەی بارانەکانم
لە نێو باوەشی بەهاریی خۆیدا
سەرەتایەک لە ژەنینی تەمبور
لەسەر تەرمی خەونە بزربووەکانم
سەرەتایەک لە سڕینی ئەسرینەکانم
بە ئاوریشمی ماچە تامەزرۆکانی
سەرەتایەک لە خوێندنەوەی
لاپەڕەکانی رۆژانی تەنهاییم
سەرەتایەک لە راگرتنی ئاوابوونم
لە نێو هەتاوی پرچی خۆیدا
من عاشقی ئەو ژنەم


مردن

ئەوکاتەی ئەمرم
مەلێکی گەڕۆک تەرمەکەم ئەناسێتەوە
ئەڵێت، ئاه خودایە
ئەمە کوڕی ئاسمانی ئێمە بوو
بەرەو ئاسمانێکی تر فڕی
وا بزانم ئاسمانی عەشق بوو
لەوێ پێش ئەوەی
بگاتە بەهەشتی باوەشی یار
راوچییەکی سەرشێت
کە ناوی دڵشکان بوو
گوللەیەکی لە دڵی دا و
بەر بووەوە سەحرای مەرگ
ئاه خودایە
چەند بەدبەخت بوو!





وەرزێکیتری سەراب دادەگیرسێنم.. شەماڵ بارەوانی

من عاریفانە خۆشم ویستی
ئەفسوس
تۆ وەک ژەنەڕاڵێک ناپاکیت لێکردم

تازە
کتێبی تەمەنم تەواو بوو
من جگە لەلەتێک یەئس
و
سەتڵێک فوغان
چیترم نەماوە

بۆچی دێیت
دوای ئەوەی گۆچانێکی ماندوو
هات و لێواری ڕستەکانی گەنجێتی
پڕکردم لە ئیعرابی پیری

دوای ئەوەی
دارستانی وشەکانم
ڕەنگی بیابانێکی داماویان گرت

دوای ئەوەی فەهرەستی
مەراقم
خاڵی بووەوە
لەمەجاز
و
ئیدیۆمی ئۆقرەییم
ئاوس بوو بەژان

دوای ئەوەی
مەوسمی خەونەکانم
پڕبوون لەخەمی هەراش
لەهێشووی هەڵوەرین
لەبەڵێنی شەهیدکراو

دوای ئەوەی
گەڵایەکی تەماشام
نەما بۆ ڕوانین
و
پایز بوو بە ناسنامەی شیعرەکانم

دوای ئەوەی
درۆکانت
ئیفلاسیان کرد
و
بەرماڵی عیشقم
تژی بوو لەکفری فیراق

تازە کات درەنگە
ببورە
من ئیتر
هەموو پێکەنینەکانم
لەتابووتی گریان
مۆمیا دەکەم

وەرزێکیتری سەراب دادەگیرسێنم
و
دۆسیەی دڵپاکیم
دادەخەم

ببورە
من دەڕۆم و
هەموو خەونە دڵشکاوەکانم
دەبەمەوە عەدەم

دەڕۆم و
ئارشیفی
حوزنە کاڵەکانم
دەبەمەوە
بۆ دەڤەری دەهری بوون
بۆسەر نەسلی خۆڵەمێش

چیتر میزاجی
لۆژیکی دۆڕانم نەماوە

دەڕۆم و دیالیکتیکە تەواو نەبووەکانی
عیشق
و
پاشماوەی ئازارە هەڵکڕووزاوەکانم
دەبەمەوە
بۆ سنووری فەنابوون
بۆ دەڤەری خنکان