دەقی بێ دەق.. غازی حەسەن

پێناسەی جیاواز و زۆر بۆ چەمکی دەق کە بەئینگیزەکەی پێی دەگوترێت تێکست کراوە، هەر پێناسەیەکیش پەیوەستە بە فکر و قوتابخانەیەکی فکری و ئەدەبی و زمانەوانییەوە. دەق چ دەگرێتەوە، کتێبە، یان هەر پارچە نووسراو و هێما و دەنگێک و نیشانەیەکی واتاداری خاوەن پەیامە. هەرچیەک بێت دەق شوێنێک دەگرێت و کاتێکی هەیە و خاوەنی گوتار و مەبەست و پەیامێکە، بەشێواز و جۆر ولەڕێگەی هۆکارێکی پەیوەندیکردنەوە بە وەرگرەکانی دەگەیەنرێت.
لەنێو نووسینی کوردیدا، بەتایبەتی لەنێو ڕۆژنامەکاندا، یان لەنێو فێیس بووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەدان بابەت کە لەشێوەدا (دەق)ە دەبینرێت، بەڵام لەنێوەڕۆکدا خاوەنداریەتی هیچ پەیام و فکر و چەمکێک ناکات، بەواتای ئەوەی لەشێوەدا دەقە، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بنەماکانی دەقبوونی تێدا بەرجەستە نەکراوە.
هەندێک پێیان وایە دەق بریتییە لەهەموو شتێکی دیار و ڕوون، واتا دیاردەیەکی زمانەوانییە، واتادارە، کۆکەرەوەی نێوان ڕستە و قسەکردن و گوتن و ڕاگەیاندن و گوتارە، واتا لەئاستی ڕێکخستن و پێکهاتەدا لەگەڵ ئاستی واتایی و گوتاردا هاوتا دەبن. هەندێکیش پێیان وایە دەق بریتییە لە (شیکردنەوە و لێکدانەوە و ڕاڤەکردن).
نابێت لەبیری بکەین دەق لەدەرەوەی فکر و بۆچوون و بیروباوەڕدا وەکو ئاوێنەیەکی شکاوی لێدێت، مرۆڤ، یان خوێنەر و بەکارهێنەری دەقەکە ناتوانێت بەجوانی و بێ گرفت خۆی تێدا ببینێت. دەق کە بڵاوکراویەوە، ئیدی بەکارهێنەرەکانی دەبنە خاوەنی و نووسەر و داهێنەرەکەی مەگەر هەر تەنیا وەکو تاپۆیەکی خاوەنداریی کەرەستەکە ناویان بەسەرییەوە بێت.
هەر کاتێک دەق بێ فکر و زانیاریی و بێ بنەما و بێ بۆچوون و لێکدانەوە و ڕاڤەکردن بوو، واتە بەشێک لەچەمک و ئەرک و نێوەڕۆکی دەقبوونەکەی لەدەست دەدات. گوتمان لەم سەردەمی خێراییەدا و لەبەر زۆربوونی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی گشتی و کەسی، نەمانی سانسۆری فکری و زمانەوانیی و تەنیا خودیش، دەق لەپێست و دەماغ و بیری دەقبووندا دەردەچێت و هەمان ئەرک و کاری نابێت، کە دەقی خاوەن گوتار هەیەتی.

ئێمە ڕۆژانە دەیان وتار دەبینین، چەندین ناوونیشان بەناوی لێکۆڵینەوە و دەیان بابەت و دیداری تیڤی و ڕادیۆ ڕووبەرڕوومان دەبێتەوە، کە تەنیا قسەن، واتا لەشێوەدا دەقن، بەڵام لەنێوەڕۆکدا دابڕانێکی زەق و ئاشکرایان پێوەدیارە، کە هیچ فکر و بۆچوون و پەیامێکیان تێدا نییە. بۆ نموونە ناوونیشانی دەقێکی شیعری (هێندە پڕخرۆشە و ئافرەت دەکاتە کەرەستەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ پڕوپاگەندە بۆ خودی دەقە شیعرییەکە) لە نێوڕۆکدا ئافرەت جوان نییە، بەڵکو کەرەستەیەکی هەرزانی رازیکردنی مەرامێکی خراپی دەرەوەی دەقەکەیە، کە ئەویش پیاوسالاریی و پیاوسێکسیی و پیاو ئارەزووە.

ناوونیشان، وتار، کتێب، وێنە، نیشانەکانی سەرشەقام و گرتە ڤیدیۆییەکان و هەواڵ و شڕۆڤەی سیاسی و ئەدەبیی و بەدواداچوون و تەنیا هەندێک نامەی زانستی لەزانکۆکانیشدا و .. تاد دەبینین، لەشێوەدا دەقن، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بنەما و ئەرک و گوتاری دەقیان تێدا نییە، ئەوەی حیسابی بۆ نەکەن خوێنەر و وەرگرەکانیانە. بەو شێواز و قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنەرەکانیان دەکەن، کە (فرۆشیارێک) لەبازاڕ و دوکان و کۆگاکاندا بەهەموو توانا و قەناعەت و شێوازێکییەوە بەکڕیارەکەی دەڵێت (دەیکڕی، یان نایکڕی منتەم پێت نییە، پرسیارم لێ مەکە، خۆ چاوت هەیە)، (خۆ چاوت هەیە) بەناڕاستەوخۆیی بە کڕیارەکەی دەڵێت (خۆ کوێر نیت) واتە سوکایەتیشی تێدایە، سەرباری ئاوازەیدەربڕینی پڕ لەقین و توڕەیی و هەڵچوونی فرۆشیارە فەندی، کڕیار دەکەوێتە دۆخێکی دەروونیی ناخۆش و ئابلوقەدراو، نەک هەر ئەوە (فرۆشیار تەنیا وەڵامی پێویستی کڕیارەکانیشی ناداتەوە) و (بەلموزبەرزیی و لەخۆباییبوون و پشتگوێخستن و بێ منەتییەکی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکەی دەکات)، (تەنیا هەندێک فرۆشیار پێیان وایە کڕیار کۆیلەیەکی هەرزانی بێ بەهایە)، خاوەنی هەندێک دەق بەهەمان شێواز و قەناعەتەوە مامەڵە لەگەڵ خوێنەر و بینەر و گوێگرەکانیان دەکەن، بەکۆیلەیەکی بێ چارەسەر و ئابلوقەدراویان دەزانن، پێێان وایە وەرگرەکانیان هیچ پێگە و بەهایەکی فکری و کۆمەڵایەتی و دەوروبەرێکی گونجاویان نییە. بۆیە گوتاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگا زانستییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان و ناوەندە ئەدەبییەکان، گوتاری بێ بەهاکردنی بەکارهێنەرەکانی دەقە، لەگوتارەکانیاندا لەپێشکەشکردنی دەقەکانیاندا بێ منەتانە و وەکو نیمچە دیکتاتۆرێکی یەکلابۆوەی تاکڕەوەی سەرکێشی لەخۆبایی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکانیان دەکەن.

پێکهاتەکانی دەق بریتییە لە گوتن و قسەکردن و فکر و بیرۆکەکان و واتا و وێناکردن و خەیاڵ و مەزەندە و سۆز و باری دەروونیی. گوتاری دەق لەڕێگەی ژمارەیەک کەناڵی پەیوەندیکردن و کەرەستەی گەیاندنی جیاوازەوە بە بەکارهێنەرەکان دەگەیەنرێت. ئەگەر توندڕەویی نەبێت (دەقی ئێستا وەکو میوە و خورادن و کەلوپەلە داڕزیوەکانی سەرشەقامە گشتییەکان تام و چێژیان نییە، هەرزان و لاواز و بێ بایەخن، تەنیا هەندێک کوتومت لە میوە و سەوزەی نێو قوڕ زستان و تەپ و تۆزی هاوینەی شێخەڵڵا دەچێت)، تەنیا وەختە بڵێم هەندێک لەدەقەکانمان وەکو کەلوپەلی چینیان لێهاتووە بە کوالێتی خراپ و هەرزان و خۆنەگر و شڕە زمانێکی پەست ئاسا بەرهەمهێنراون دەتوانم ناویان بنێم (دەقی چینی). خۆ باسی (دەقی تۆزوبا) هەر ناکەم.
ڕەنگە ئەمە پەیوەندییەکی پتەوی بەپرۆسەی ڕەخنەگرتنەوە هەبێت، پێشتر ڕەخنە وەکو دەسەڵاتێکی چاودێریی و بەدواداچوون و لێکدانەوە و سانسۆریش کاریگەریی لەچۆنیەتی بەرهەمهێنانی دەقی بەرپرسانە و زمان چاک و پاک و دروست هەبوو، هەر کاتێک (کردەی ڕەخنەگرتن وەکو مەعریفە) بە‌هێزبوو، بەرهەمهێنانی دەقیش بەهێز و کاریگەر و جددی دەبێت. لەبەر نەمانی ڕەخنە دەیان (دەقی بێ دەق) ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە، وەکو خاشاک و خواردنی ماوە بەسەرچوو، کەلوپەلی بێ نرخ و بێ بەها دەردەکەون. ئەمەش وایکردووە جۆرە دەقێک بڵاوببێتەوە، مرۆڤ بێزی نەیەت بۆنیشیان بکات، نەک بیانخوات، چونکە بۆگەن بوون و مرۆڤ گێژ دەکەن.

زۆر لەو بابەتانەی بەناوی دەق بڵاودەکرێنەوە (قسەکردنێکی ڕاشکاوانەی خاوەنی هیچ بیرۆکە و بیروڕایەکی قووڵ و دیاریکراو نین، بریتین لەژمارەیەک پەخشانی زمان سەقەتی بێ شێوازی ئەدەبی و ئەتەکێتی نووسین، هیچ واتایەکیان تێدا نییە، تەنیا پڕکردنەوەی لاپەڕە و شاشە و جووینەوە و پیاهەڵدان و ناشیرینکردن نەبێت. هەر دەقێک لەدەرەوەی واتا، بەواتای بۆگەن بوونی بابەتەکە دێت. هێز و وزە و توانای هەر دەقێک لە واتا و مەبەستەکەی دایە. (خەیاڵدان و خەیاڵ بنەمایەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی دەقە، بەتایبەتی دەقی ئەدەبی)، لەم سەردەمەدا دەق هیچ خەیاڵێک پێشکەش ناکات، بەڵکو وەکو دزێکی نەشارەزا بابەتێکی دزراوی کۆپیکراوی نەک جیهانی، بەڵکو هینی ناوچە ناوەخۆییەکانمان بە زمانێکی تێکشکاوی هەنجن هەنجکراو پێشکەش دەکەنەوە. پیشەسازی بەرهەمهێنانی دەق هێندە لاواز و ڕەزیل و سووک بووە، کاری دزیی بەئاشکرا و بێ شەرمانەی وەکو ماستی سپی بەلێوانەوە دیار بێت.

دەقی بێ دەق وێناکردن و مەزەندە و تێڕوانین و ڕامانی تێدا نییە، دەڵێن سەردەمی خێراییە، کات و شوێنی بیرکردنەوەمان نییە، بۆیە دەق کاتی ئەوەی نییە خۆی بەم جۆرە بابەتە قووڵ و قورسانە خەریک بکات، نابێت خوێنەر بەبابەتی قورس و قووڵ بارگران و ماندوو بکەین، ئەرکی دەق جووڵاندنی عەقڵ و گەیاندنی مەعریفەیەکی نوێ و جووڵاندنی باری دەروونیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتی بەکارهێنەرەکانییەتی.
ڕۆژانە بەپارەیەکی ئێجگار زۆر و قەبە، دەیان ڕستەی جوواوەی سەدبارەکراوە بڵاودەکرێتەوە، کە لەشێوەدا هەر یەکێک لەم ڕستانە دەقێکن، بەڵام لەشێوەی دەقێکی دابڕاو لەخودی دەقدا نمایش دەکرێنەوە، نمایشێکی بێ جەماوەر، وەکو شانۆگەری بێ جەماوەر وایە. کێ ئێستا لەزەت لەشێوە و شێواز و زمان و جۆری دەربڕین و گوزارشتی ناوونیشانی دوکان و هوتێل و چێشتخانە و تابلۆکانی سەرشەقام و ناوونیشانی دکتۆر و کۆگا و تەنیا ناوی منداڵەکانیشمان دەکات، کە هەریەکەیان بۆخۆیان دەقێکی سەربەخۆن، بەڵام دەقێکی شێوێندراوی زمان تێکشکاوی سەر و قەپۆز شکاوی بێ مانا و سەروگێلاک پێچراوە. کێ بڕوا بەمانشێت و ناوونیشانی ڕۆژنامەکان دەکات، کێ لەگەڵ ناوونیشانی نامەی زانستی توێژینەوەکان ئاستی بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و بیرۆکەی نوێی بەمێشکدا دێت، کێ لەگوتار و لێدوانی سیاسییەکاندا دەقێکی نوێی واتاداری خاوەن زانیاریی و پڕۆژەی نوێ دەبیستێت. کێ دەقێکی نوێی ئەدەبی داهێنەرانەی ناوازەی پێشکەشکردووە.

نەبوونی ڕەخنە هۆکارێکی گەورەییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسی دژە دەق، نەبوونی ڕەخنە، واتە نەبوونی خوێنەری جدی، نەبوونی خوێنەری جدی واتە نەبوونی شیکردنەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی وردی دەق. دەق تووشی پەتای نەخوێندەوە بووە. هەر دەقێک نەخوێندرێتەوە، واتا مردن و نەبوونی خودی دەقەکە.
دەقی ئەدەبی بێ خەیاڵ و مەزەندە و وێناکردن، دەقێکی بێ فکری کۆمەڵایەتی و بێ گوتاری ورژێنەرە، ئەمەش بەرهەمی دەقی بێ فکر وبێ بیرۆکە و بێ بیروبۆچوونە، کە لەڕێگەی زمانەوە ئەنجام دەدرێن. بەداخەوە زمانی نووسینی دەقی کوردی دووچاری ڤایرۆس و پەتایەکی کوشندەی بکوژ بووە. زمانی دەق واتە فکری دەق، زمان و فکر بەیەکەوە وەکو هێزێکی هاوسەنگ و هاوتا و تەواوکەری یەکتر کار دەکەن. کاتێک وەسفی ئافرەتێک دەکرێتە ناوونیشانی شیعرێک ئەمە وشە و دەستەواژەیە پەیوەندی بەفکری دەقنووسەکەوە هەیە، ئایا بەکردەوە ڕیز لە ئافرەت و مافەکانی دەگرێت، یان ئافرەت وەکو کەرەستەیەکی سێکسی بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەرەکانی بەکار دە‌‌هێنێت؟
دەقی بێ زمان زمانێکی شێوێندراوی بێ ئەرک و پەیام، واتە دەقێکی بێ فکر و بیروبۆچوون، ئەم جۆرە دەقە لەکردەوەدا دەقێکی بێ دەقە. وەکو کارتۆنێکی گەورەی بەتاڵە. کە ئەم کارتۆنە مەزنە شوێنێکی زۆر دەگرێت و خەڵکێک بە بیر و لێکدانەوەی هەڵخەڵەتێنەرانە مژوول دەکات، بەڵام لەکۆتایدا لەبۆشایی و بەتاڵییەکی کوشندە پتر هیچ شتێکی دیکە پێشکەش بە بەکارهێنەرەکانی ناکات، دەقی بێ فکریش، وەکو ئەم کارتۆنە بۆشە وایە، سەردەمی ئێستمان پڕە لە کارتۆنی بۆش.. بۆش و بەتاڵ.

ناوونشان و مانشێتی ڕۆژنامەکان، ژێرنووسی تەلەڤزیۆنەکان و نامەی توێژینەوە زانستییەکان و گۆڤارە ئەکادیمی و تەنیا وانەی بەشێکی زانکۆکان و قسەی بەشێکی سیاسییەکان و حزبەکان و دامەزراوە یاساییەکان و خودی پەرلەمانیش پڕە لەبۆشایی و وەکو دەقی بەتاڵ بەرهەمهێنراون، بۆ ئەوەی هیچ پێشکەش بەوەرگرەکانیان نەکەن. گەلێک لەوانەی لەگوتارەکانیاندا قسە دەکەن، دەیانەوێت (هیچ) پێشکەش بە وەرگرەکانیان بکەن، نە (شتێک) پێشکەش بکەن. ئەمەش هونەرێکی نوێی بەرهەمهێنانی دەقی کوردییە، خاوەنی دەقەکە هەموو وزە و توانا و هێزی خۆی بەکاردەهێنێت (هیچ شتێک) پێشکەش نەکات و وەکو کارتۆنە بەتاڵەکە نمایشی مەبەست و خواست و بەرهەمهێنانی دەقەکەی خۆی لەچوارچێوەی گوتارە گوتراو، یان نووسراوەکەی بکات. ئەمە ڕێک واتای هێمابۆکراوە لەبەرهەمهێنانی دەقدا بێ هێمایەکی ئاماژە پێ نەکراوی نێو دەقەکە کە بریتییە کە (هیچ و بۆشایی).

سەردەمی دەقی بێ دەق بەرەو داتەپین و نەمانی متمانە و داڕووخانێکی ناوەکیی و خودیی ترسناکمان دەبات، لەڕووی دەروونییەوە هەر تاکێک و دامەزراوەیەک بەرەو داتەپین و پاشەکشە دەچێت، کە هیچ دەقێکی پڕ و واتادار و خاوەن فکر و ئیرادە و واتاداری نەبوو، بەواتایەکی دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی دەقی بۆش بێت، یان بەدەقێکی بۆش مژوول بکرێت.




ده‌فته‌ری یادداشتی رۆژانه‌ له‌ به‌غداده‌وه یان چیرۆکی که‌وتنی به‌غدا.. هیوا ناسیح

کتێبی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌، ژیانی رۆژانه‌ له نێوان ترس و هیوادا (Tagebuch aus Bagdad, Alltag zwischen Angst und Hoffnung)م به‌ ئه‌ڵمانی خوێنده‌و‌ه‌، که‌ هی خانمه‌ رۆژنامه‌نوسی ناوداری نه‌رویجی ئۆسنا سایرشتاد (Åsne Seierstad)ه. ئه‌م ژنه‌ ساڵی ١٩٧٠ له‌ ئۆسلۆ له‌‌دایکبووه‌. بۆ چه‌‌ندان رۆژنامه‌ و گۆڤار و که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی وڵاتانی ئیسکه‌نده‌ناڤی وه‌ک په‌‌یامنێر کاریکردوه‌. له‌ وڵاتانی روسیا، چین، کۆسۆڤۆ و ئه‌فغانسان و عێراق هه‌واڵنێر بووه‌. ئه‌و که‌ هه‌م نوسه‌ری چه‌ندان کتێب و هه‌میش ڕاگه‌یه‌ندکار و رۆژنامه‌نوسێکی دیار و سه‌رکه‌وتووه‌، به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ له‌ زۆر وڵاتی قه‌یراناوی و کاتی جه‌نگدا کاری هه‌واڵنێریی کردوه‌، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ خه‌ڵاتیشی وه‌رگرتوه‌. کاتێک ئه‌م کتێبه‌م بینی و له‌ گوگلدا بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ری گه‌ڕام سه‌رسام بووم، جگه‌‌ له زانیاریی‌ دیوی ناوه‌وه‌ی که‌وتنی به‌غدا که‌ زانینی ورده‌کارییه‌کانی مه‌به‌ستم بوو، لاشم گرنگبوو بزانم چ پاڵنه‌رێک یان هێزێکی نادیار بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنه‌ سپییه‌ باڵابه‌رزه‌ی وڵاتی به‌فر و نزیکی جه‌مسه‌ر و به‌سته‌ڵه‌کی باکور، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ هێمنترین و ئارامترین وڵاتانی جیهان، ڕه‌نگه‌ له‌ ژیاندا له‌ هیچی که‌م نه‌بێت، کاتێک هه‌موو گێتی ده‌یزانی له‌ چاوه‌ڕوانی جه‌نگێکی خوێناوی و گه‌وره‌دایه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ ته‌نانه‌ت دانیشتوانه‌که‌ی خۆشی له‌وێ هه‌ڵده‌هاتن، که‌چی ئه‌م بێت به‌ره‌و ناو دوکه‌ڵ و ئاگر و بۆمبا بۆ به‌غدا بۆ ڕووماڵکردنی رۆژانه‌ی هه‌واڵه‌کان، ته‌نها بۆ زانیاریدان به‌ بینه‌ر و خوێنه‌رانی وڵاتانی جیهان له‌ ڕووداوه‌کانی نێو جه‌نگه‌که و‌ ژیانی توشی مه‌ترسی بێت و سه‌رکێشی وا بکات، له‌ پاڵیشدا یادداشتی رۆژانه‌ی خۆی له‌ ده‌فته‌رێکدا بنوسێته‌وه‌! ئاخر گه‌ر بڵێین رۆژنامه‌گه‌ریی جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌، خۆ دواتر ڕووداوه‌کان سه‌لماندی، که‌ ژیانی ئه‌وانیش له‌‌کاتی جه‌نگه‌که‌دا سه‌لامه‌ت نه‌بوون قوربانیشیان دا.

ئه‌م ژنه‌ چالاک و بوێره یه‌کێکه‌ له‌وانه‌‌ی رۆژانه‌ به‌یاده‌وه‌رییه‌کانی ورد و درشتی چیرۆکی که‌وتنی به‌غدای نوسیوه‌ته‌وه‌، کاتێک مرۆڤ ده‌یخوێنێته‌وه‌، ده‌ڵێی سه‌یری فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی ده‌کات. چیرۆکی تاڵی ئه‌م شاره‌ جوان و دڵڕفێنه‌‌ی ئه‌و کات پینج میلیۆن دانیشتوانی ‌بووه‌ و له‌ دێرینیشدا به‌ شاری ئاشتی ناسراوه‌‌.‌‌ مێژوو دووجاری تر تۆماری رووداوی وا گرنگی کردوه‌‌، ١٩١٥سه‌روه‌ختی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان په‌لاماری درا و که‌وته‌ ده‌ست به‌ریتانییه‌کان، هه‌روه‌ها ساڵی ١٢٥٨ هێرشی مه‌غۆله‌کان کاتێ به‌غدایان سوتان.
ئه‌م ژنه‌ له‌ مانگی یه‌کی ساڵی ٢٠٠٣ پاش جاڕدانی جه‌نگ دژ به‌ سوپای عێراق، به‌ گومانی هه‌بوونی چه‌کی ناوه‌کی و کیمیایی، له‌لایه‌ن جۆرج بۆشی سه‌رۆکی ئه‌وسای ئه‌مریکا و کۆکردنه‌وه‌ی هێزی وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر عێراق ، واته‌ پێش هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی هاوپه‌یمانان ڕۆیشتۆته‌ عێراق و وه‌ک هه‌واڵنێرو په‌یامنێری جه‌نگ له یه‌ککاتدا بۆ نۆ رۆژنامه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی ڕاپۆرته‌هه‌واڵی ئاماده‌کردوه‌. له‌وێ کچێک به‌ ناوی مونا وه‌ک وه‌رگێڕ و چاودێر له‌گه‌ڵیدا داده‌نێن. واته‌ وه‌ک ڕازدز (جاسوس) بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ و ڕووماڵه‌کانی که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌ناو رۆشه‌نبیری و راگه‌یاندنه‌وه‌ بۆی دیاریده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م فرسه‌تی خۆی دێنێت و زۆرجار بێ ئاگاداریی ئه‌و کاری خۆی ده‌کات.

ناوبراو له‌ رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ١٩ی کانونی دووه‌می ٢٠٠٣ه‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ نوسینه‌وه‌ی یادداشته‌کانی، ئیتر به‌ پێی هه‌واڵه‌ تازه‌ و رووداوه گه‌رمه‌‌کان، ڕۆژانه‌ یان چه‌ند رۆژ جارێک تۆماریان ده‌کات. تا دواتر به‌شێوه‌ی کتێبێک به‌ نه‌رویجی به‌ناوی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌) بڵاوی ده‌کاته‌وه‌، ساڵی ٢٠٠٤ ئه‌م کتێبه‌ له‌ لایه‌ن هۆلگه‌ر ڤۆلاندات ده‌کرێت به‌ ئه‌‌ڵمانی و بڵاوده‌کرێته‌وه‌، که‌ ٢٢١ لاپه‌ڕه‌یه‌.
پێش ده‌ستپێکردنی هێڕشه‌کانی هاوپه‌یمانان، که‌ له‌ لایه‌ن بوشی سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه‌ ناوی (گه‌رده‌لولی بیابان)ی لێ نرابوو، جه‌نگی ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌ردوولاوه‌ په‌ره‌ی سه‌ندبوو، سه‌رنجڕاکێش لێره‌دا ماکینه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌زگای راگه‌یاندنی به‌عس و حکومه‌تی عێراقه‌، که‌ سه‌رکه‌وتنییان به‌ مسۆگه‌ری بۆ خۆیان دانابوو، له‌وه‌ش سه‌یرتر کۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نوسییه‌کانی محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حافی وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری و راگه‌یاندن بووه‌، که‌ بانگه‌شه‌ی جه‌نگێکی خوێناوی و به‌رگرییه‌کی بێوێنه‌ی مێژوویی ده‌کرد دژ به‌ هێزی هاوپه‌‌یمانان! وته‌ و لێدوانه‌کانی ناوبراو زیاتر له‌ گاڵته‌پێکردن و سوکایه‌تی و به‌که‌مسه‌یرکردنێکی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری توانا و هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا ده‌چوو، تا له‌ لێدوانی که‌سێکی فه‌رمی به‌رپرس و به‌ئه‌ته‌کێت.
له‌ چه‌ند شوێنێکدا باسی ره‌وشی خراپی گوزه‌ران و به‌های زۆرخراپی دیناری عێراقی ده‌کات و ده‌ڵێت: پێش بیست ساڵ دۆلارێک به‌رامبه‌ر سی دینار بوو، ئێستا به‌رامبه‌ر به‌ دوو هه‌زار دیناره‌ ل١٦. له‌ شوێنێکی دی باسی موچه‌ی که‌می موچه‌خۆران ده‌کات و ده‌ڵێت: دینار له‌ بیست ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌سه‌دا هه‌شت هه‌زار به‌های خۆی له‌ده‌ست داوه ل٩٥‌!
له چه‌ند شوێنێکدا باسی کورد و به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌کانی به‌غدا دژ به‌ هاوپه‌یمانان ده‌کات به‌ به‌رگی کوردییه‌وه‌.

لاپه‌ڕه‌ ٤٣ باس له‌ هاتنی وه‌فدێکی ئاشتی، که له‌ نزیکه‌ی ٣٠ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێکهاتونه‌ ده‌کات بۆ به‌غدا ده‌کات، کاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌عدون حومادی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وکاتی عێراق ئه‌ندامێکی وه‌فده‌که‌، که‌ په‌رله‌مانتاره‌ له‌سه‌ر لیستی سه‌وزه‌کانی سوید و ناوی ئینگه‌ شێۆرلینگه (Inger Shörling)ه‌ باس له‌ ره‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ عێراق ده‌کات و ره‌خنه‌ له‌ حکومه‌تی عێراق ده‌گرێت، که‌ گازی کیمیایی دژ به‌ کورده‌کان به‌کارهێناوه‌، سه‌عدون حومادی له وڵامدا ده‌ڵێت: که‌مینه‌ی کورده‌کان له‌ عێراقدا ره‌وشێکی باشتریان هه‌یه‌ وه‌ک له‌وانه‌ی تورکیا و ئێران، ئه‌وان له‌وێ هیچ مافێکیان نییه‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاییش درۆیه‌ و ئه‌مه‌ بیردۆزی پیلانگێڕییه‌، ئێوه‌ نابێت باوه‌ڕ به‌ هه‌موو شتێک بکه‌ن، بوش درۆزنترین که‌سه‌…هتد. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ده‌نوسێت، له‌ کۆتایی دیداره‌که‌دا په‌‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وروپییه‌کان سواری دوو پاسی کۆن کران و سه‌عدون حه‌‌مادیش سواری کادیلاکێکی ڕه‌ش بوو (یه‌ک له‌ جۆره‌ ئۆتۆمبیله هه‌ره‌ گران و که‌شخه‌کانه‌ -هیوا).
لاپه‌‌ڕه‌٥٢ باس له‌ هێڕشی بێبه‌زه‌ییانه‌ی سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری که‌ربه‌لا سه‌روه‌ختی ڕاپه‌ڕینه‌کانی ساڵی ١٩٩١ ده‌کات و ده‌‌ڵێت ته‌نها له‌ شاری که‌ربه‌لادا، که ماڵ به‌ماڵ شه‌ڕیان کردوه‌، له‌ ماوه‌ی دوو رۆژدا نزیکه‌ی ٣٠ هه‌زار که‌س له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی رژێمی سه‌ددامه‌وه‌ کوژراوه‌!

ناوبراو باس له‌ دیمه‌نی تراژیدی کوشتن و برینداربوونی ده‌یان که‌‌سی سیفیلیش ده‌کات کاتی هێرشی ئه‌مجاره‌، که‌ له‌ ناو شار و کاتی شتکڕین، یان مناڵ له‌به‌رده‌رگا و نێوحه‌وشه‌ی خۆیاندان ده‌بن به‌ ئامانجی پارچه‌ی تۆپ و ڕاکێت و ده‌کوژرێن، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ سه‌ره‌‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو هاوخه‌می قوربانییه‌کانه‌، که‌چی چونکه‌ قژزه‌رد و چاوکاڵ بووه‌، هه‌میشه‌ وه‌ک رۆژئاواییه‌که‌ت به‌ ئیستیفزازه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، بۆ نمونه‌ پێی ده‌ڵێن، کوا مافی مرۆڤتان، کوا دیموکراتییه‌تتان؟ کوا پاراستنی خه‌ڵكی سیڤیل؟ بۆ مناڵان ده‌کوژن… و هتد. له‌کاتێکدا ئه‌م له‌وێیه‌ تا ده‌نگ و ره‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بگه‌یه‌نێت به‌ جیهان. هه‌روه‌ها باس له هه‌ڵاتنی ماڵ و خێزانه‌کانی به‌غدا به‌ره‌و شاره‌کانی دی عێراق و ده‌ره‌‌وه‌ی به‌غدا ده‌کات. دیاره‌ ئه‌م زۆر به‌ هێمنی پرسیاریان لێ ده‌کات و له‌گه‌ڵ وڵامه‌کاندا هه‌ڵناچێت، بگره‌ ستایشیشیان ده‌کات، بۆ نمونه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌٨١دا ده‌نوسێت: وه‌ک باوه‌ عێراقییه‌کان زۆر حه‌ز به‌ زانین و زانیاریی ده‌که‌ن زۆرتر له‌ گه‌له‌کانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌وترێت (میسرییه‌کان ده‌نوسن، لبنان چاپی ده‌کات، عێراقییه‌کان ده‌یخوێننه‌وه‌)…
‌لاپه‌ڕه‌١٢٧ باس له‌ لێدوانه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌وسای عێراق ده‌کات، هه‌روه‌ها دێته‌ سه‌ر بێژه‌ره‌کانی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی عێراق و ده‌ڵێت، که به‌ به‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک هه‌واڵی بێبنه‌ما و ناڕاستیان به‌ حه‌ماسه‌وه‌ ده‌خوێنده‌وه‌، ته‌نانه‌ت عێراقییه‌کان ئاگایان له‌ ڕووداو و ڕاستییه‌کانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ نه‌بوو! هه‌واڵه‌‌کان ئاوه‌ژوکراو و دروستکراو بوون، باسی سه‌رکه‌وتنی وه‌همی بوون! ده‌یانگوت، خوا له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه‌، سه‌رده‌که‌وین و …هتد.!

له‌ ٢٥ی مارتی ٢٠٠٣ نوسراوه‌، ده‌ڵێت هێزی هاوپه‌یمانان گه‌یشتنه‌ به‌غدا، که‌ چی لێپرسراوانی عێراق هاتوون باس له‌ (شه‌ڕی ڕاستی!) کۆڵان به‌ کؤڵان و ماڵ به‌ ماڵ ده‌که‌ن. رژێمی سه‌ددام ئه‌و سه‌نگه‌ر یان چاڵه‌ قوڵه‌ درێژانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا وه‌ک خه‌تی به‌رگری دروستیکردبوون و پڕیکردبوون له‌ نه‌وتی ڕه‌ش، ئاگری تێبه‌رداون و دوكه‌ڵێکی زۆر ئاسمانی شاری ته‌نیوه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی رۆکێت و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان نه‌توانن ئامانجه‌کانیان به‌ڕوونی بپێکن! هه‌مان ڕۆژ سه‌دام وتارێکی دا، گوتی (ئێمه‌ شه‌ڕی گه‌ڕه‌ک به‌گه‌ڕه‌ک ده‌که‌ین، له‌سه‌ربانه‌کانه‌وه‌، ماڵ به‌ماڵ به‌رگری ده‌که‌ین)! ل١٣٢
هه‌ندێک له‌ مه‌لاکان، که‌ تا دوێنێ به شمشێره‌و‌ه‌ وتاریان ده‌دا له مینبه‌ره‌کانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ به‌ چه‌که‌وه‌ وتار ده‌ده‌ن! خه‌ڵک بۆ جیهاد دژ به‌ ئه‌مریکا هان ده‌ده‌ن و ئه‌وان به‌ به‌ربه‌ره‌کان ده‌شوبهێنن. که‌سێک به‌ ناوی عه‌لی خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه به‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکیدا، ره‌نگه‌ ئه‌‌مه یه‌که‌م که‌س بوو بێت له‌م جه‌نگه‌دا کاری وای کردبێت، ئیتر ده‌زگای راگه‌یاندنه‌کانی عێراق شه‌و و رۆژ پیای هه‌ڵده‌‌ده‌ن، وه‌ک قاره‌مان و که‌سێکی ئه‌فسانه‌یی باسی لێ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن سه‌دان و هه‌زارانی تر ئاماده‌ی خۆته‌قاندنه‌وه‌ن! ل١٥٥
باس له‌ هاتنی سه‌دان موجاهیدین و خۆبه‌ختکه‌ری عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیی وه‌ک سودان و سۆماڵ و مه‌غریب و یه‌مه‌نه‌وه‌ ده‌کات، که بۆ (جیهاد دژ به‌ ئه‌مریکا) و به‌رگری له‌ عێراق هاتون. ئه‌مانه‌ به‌ بیرێکی تێکه‌ڵ به ئاینی و ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی هاندراون. ل ١٥٦ به‌راوردی هه‌ڵوێستی به‌عس و سه‌ددام ده‌کات به‌رامبه‌ر ئیسلامییه‌کان، ده‌‌ڵێت: له‌ ساڵانی حوکمی به‌عسدا ده‌یان هه‌زاری له‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌کان له سێداره‌ دا و وه‌ک دوژمنی خۆی سه‌یری کردون و ڕاوه‌دووی ناون، که‌چی ئێستا بانگه‌وازیان بۆ ده‌کات و پێشوازییان لێ ده‌کات بۆ جیهاد دژ به‌ ئه‌مریکا.
له‌ لاپه‌ڕه‌ ١٥٦دا باس له‌ (شێخ عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس) ده‌کات له‌ به‌غدا، که ئه‌م‌ به‌ یه‌کێک له ڕابه‌ر و زانا ئاینییه‌‌کانی عێراق ناوی ده‌بات، دیاره‌ مه‌به‌ست لێی زانای پایه‌به‌رز و ئه‌دیبی ناسراوی کورد مامۆستا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیسی کۆچکردوه‌، ئه‌وکات له‌ به‌غدا نیشته‌جێ بووه‌، ده‌لێت فه‌توای داوه‌ بۆ جیهاد دژ به‌ بێباوه‌ڕان واته‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان. (من له‌ به‌دواچوونمدا له‌ رێگه‌ی هاورێیه‌کی نوسه‌ر و ئه‌دیب و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستاوه‌ زانیم، که‌ مامۆستا کاتی خۆی ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ داو‌ه‌، که‌ به‌عسییه‌کان ویستویانه‌ ئه‌م بۆ ئامانجی خۆیان به‌کاربهێنن، مامۆستا له‌ روونکردنه‌وه‌که‌یدا گوتویه‌تی، که‌ ئه‌‌م له سیاقی گشتی به‌رگریکردن له‌ خاک و وڵاتدا له‌ چوارچێو‌ه‌ی فیقهی ئیسلامیدا ئه‌و لێدوانه‌ی داوه‌، نه‌ک خۆی تێکه‌ڵ به‌ ملاملانێکه‌ کردبێت – هیوا).

سه‌رنجڕاکێشه‌ کاتێک شه‌ڕ گه‌یشتۆته ده‌وروبه‌ری به‌غدا، که‌چی ناجی سه‌بری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاتی به‌غدا هێشتا هه‌ڕه‌‌شه‌ی کردوه‌ و د‌‌ه‌ڵێت: سه‌رانسه‌ری بیابانه‌‌کانی عێراق ده‌که‌ین به‌ گۆڕستان بۆ داگیرکه‌ران، سه‌رکه‌وتنمان زۆر نزیکه‌! ل١٦٢
٤ی نیسانی ٢٠٠٣ شه‌ر ده‌که‌وێته‌ گه‌ڕه‌که‌کانی که‌ناری به‌غداوه‌، هه‌مانڕۆژ فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا کۆنترۆڵ ده‌کرێت، که‌ شه‌ڕی سه‌ختی تێدا ده‌کرێت و تا ئه‌وکات ناوی (فرۆکه‌خانه‌ی سه‌ددامی نێوده‌وڵه‌تی)بوو.
باس له شێواوی ره‌وشی به‌غدا ده‌کات، که‌ هه‌ر ئۆتۆمبیلی سه‌ربازیی پڕ له‌ چه‌کدار و سه‌رباز بووه‌ ده‌چوون و ده‌هاتن، سه‌ریان لێ شێواوه‌، هێشتا هه‌ندێکیان به‌ په‌نجه‌کانیان نیشانه‌ی حه‌وت، وه‌ک پیتی ڤی ئینگلیزی و نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌رزده‌که‌نه‌وه‌! هه‌ندێکیشاین ته‌قوتۆقیان به‌ ئاسماندا ده‌کرد! ل١٧٨
له‌ ٧ی نیساندا کۆشکی کۆماری پاش شه‌ڕێکی سه‌خت کۆنترۆڵکرا و ئاڵای ئه‌مریکای له‌سه‌ر هه‌ڵکرا. هه‌مان ڕۆژ شه‌ڕ ده‌گاته‌ ناوجه‌رگه‌ و سه‌نته‌ری به‌غدا. که‌چی سه‌مه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ رێک له‌و رۆژه‌دا وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی عێراق محه‌مه‌د سه‌‌عید سه‌ححاف کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌نوسی له ئوتێلی فه‌له‌ستین، که‌ جێگای مانه‌وه‌ی په‌یامنێرانی جیهان بوو سازده‌کات و ده‌ڵێت: وانه‌یه‌کی باشمان به‌ ئه‌مریکییه‌کان داوه‌، سه‌ربازه‌کانیان له‌تاودا خۆکوژی ده‌که‌‌ن! ئێمه‌ ناچارمان کردون پاشه‌‌کشه‌بکه‌ن له‌و شوێنانه‌ی داگیریان کردبوون. ل١٨٥
باس له‌ شڵه‌ژاوی و که‌سبه‌که‌سی به‌غدا ده‌کات، که‌ ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌ت وه‌ک پۆلیس و هێزی ئه‌منی نامێنێت خه‌ڵک ده‌ست به‌ تاڵان و ڕاووروت ده‌که‌ن. ناوبراو شێکردنه‌وه‌یه‌کی جوانی بۆ ده‌کات کاتێک ده‌ڵێت: ئه‌م‌ خه‌ڵکه‌ ده‌‌‌یان ساڵه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌م ڕژێمه‌دان، ژیان و ئازادی و ته‌نانه‌ت هێزی کڕینی شتومه‌کیشیان لێ زه‌وتکراوه‌، ئێستا ده‌یانه‌وێت به تاڵانکردنی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت تۆڵه‌ و قه‌ره‌بووی بکه‌‌نه‌وه‌! به‌ڵام نازانن ئه‌مان دزی له‌ گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن، نه‌ک له‌و رژێمه‌‌ی هاکا هه‌ڵهات! ل١٩٣

به‌ قسه‌ی ناوبراو قورسترین شه‌ڕ له سه‌ر پردی به‌ناوبانگی جمهوریییه‌ کراوه‌. ل١٩٥. بابه‌تێکی له‌ ٨ی نیساندا نوسیوه‌ به‌ناوی (بۆمبارانی کامێرا)، باس له‌وه‌ده‌کات، کاتێک چه‌ند تانکێکی ئه‌برامی ئه‌مریکی ده‌گه‌نه‌ سه‌ر پردی جمهوری، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ پرده‌کانی سه‌ر دیجله‌ و ده‌که‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی به‌غداوه‌، کاتژمێر نزیکی دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆیه‌، کامێرای که‌ناڵی ئاسمانیی فرانس سێی فه‌ره‌نسی، که نوسینگه‌‌که‌یان له قاتی چوارده‌هه‌می ئوتێل فه‌له‌ستینه،‌ به‌ڕاسته‌و خۆ په‌خش ده‌کات و ده‌ ده‌قه‌یه‌که‌ وێنه‌ی تانکه‌ ئه‌مریکییه‌کان ده‌گوازێته‌وه‌، که‌ له‌ شه‌ڕێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی قورسدان له‌گه‌ل یه‌که‌کانی پاسه‌وانی کۆمارییدا. لێره‌دا تانکێک لوله‌که‌‌ی ده‌کاته‌ ئوتێله‌که‌ و تۆپێک ده‌نێ به‌ شوێنی وێنه‌گرتنه‌که‌وه‌، به‌ڵام به‌ر قاتی پانزه‌هه‌م، واته‌ قاتی سه‌روتره‌وه‌ ده‌که‌وێت، که‌ نوسینگه‌ی ڕۆیته‌رزی لێییه‌ و دوو کامێرامه‌نی کارامه‌یان ده‌کوژرێ و سێ کارمه‌ندی تریان بریندار ده‌بێت! چه‌ن سه‌عاتێکیش له‌وه‌وبه‌ر پارچه‌ی تۆپێک به‌ر تاریق ئه‌یوبی هه‌واڵنێری ئه‌لجه‌زیره‌ ده‌که‌وێت، کاتێک له‌سه‌ربانی هه‌مان ئوتێلدا به‌ پێوه‌ وه‌ستاوه‌ و خه‌ریکی هه‌واڵنێرییه‌، هه‌ر له‌وێدا گیان له‌ده‌ست ده‌دا! هه‌ر چه‌نده‌ دواتر قسه‌که‌ری سه‌ربازیی ئه‌مریکی رونکردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ ئه‌و دوو ڕووداوه‌ بێ مه‌به‌ست بوونه‌، به‌ڵام لای هه‌مووان لێدوانه‌که‌ی به‌ جێگه‌ی گومان وه‌رده‌گیرێت.

له‌ ٩ی نیساندا نوسیویه‌تی: هێزه‌ ئه‌مریکییه‌کان زۆربه‌ی ناوچه‌کانی به‌غدایان کۆنترۆڵ کردوه‌، تاڵان و بڕۆ له‌ هه‌موو لاوه‌ ده‌ستی پێکردوه‌، هێزه‌ عێراقییه‌کان ده‌ڵێی زه‌وی قوتیدان، به‌کرده‌وه ڕژێمی سه‌ددام ده‌سته‌ڵاتی له‌ده‌ستداوه‌، دوای سی ساڵ بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵک دێنه ده‌ره‌وه‌ و به‌ ئازادانه‌ چییان ده‌وێ بێترس ده‌یڵێن. گه‌وره‌ترین په‌یکه‌ری سه‌ددام له‌ پایته‌ختدا له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وس به‌ دروشمی (بڕوخێ سه‌ددام!) و (زۆر سوپاس سه‌رۆک بوش) ده‌ڕوخێنرێت. کاتێک خه‌ڵکه‌که ناتوانن بیکه‌‌ن به‌ڵام به‌هاوکاریی تانکێکی ئه‌مریکی، سه‌ربازه‌ ئه‌مریکییه‌کان سیمێکی ئه‌ستور له‌ گه‌ردنی په‌‌یکه‌ره‌که‌ ده‌ئاڵێنن و تانکه‌که‌ ڕایده‌کێشێت و ده‌یخاته‌ سه‌ر زه‌وی. ئه‌مه‌ وه‌ک سیمبوڵێکی دیار بۆ که‌وتنی ده‌سته‌ڵاتی به‌غدا باس ده‌کات. ل١٩٨
له‌ ١١ی نیساندا نوسیویه‌تی‌، به‌غدا شارێکه‌ که‌س ده‌سته‌ڵاتی ته‌واوی نییه‌، سه‌رجاده‌ شێواوه‌ و فه‌وزایه‌، تاڵانی و دزییه‌! خه‌ڵکی تاوانبار و چه‌کدار دێن و ده‌چن، له‌ نێو کۆڵان و گه‌ر‌ه‌که‌‌کاندا ته‌قه‌ ده‌که‌ن. عه‌لی مناڵێکه‌، بۆمبایه‌ک به‌ر ماڵیان که‌وتوه‌ و خوشک و براو دایکوباوکی کوژراون و هه‌ر خۆی ده‌رچووه‌، له‌شی سوتاو‌ه‌، ده‌ستێکی په‌ڕیوه‌، هاوار ده‌کات: ده‌سته‌کانم بۆ بگێڕنه‌وه‌! ل٢٠٧.

به‌غدا ده‌سوتێت، هه‌موو باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌کانی که‌ هێمای رژێمی سه‌ددام بوون، تاڵان ده‌کرێت، چه‌ته‌ و مافیا به‌ربڵاوه‌، دانیشتوان داواکارن ئه‌مریکییه‌کان ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگێڕنه‌و‌ه‌، سه‌ربازی ئه‌مریکی ده‌ڵێن، کاری ئێمه‌ هێرشی سه‌ربازییه‌ و کردمان و خه‌ڵکیش خۆشحاڵه‌، دابینکردنی هێمنی و ئارامی شار‌ کاری پۆلیسه‌ نه‌ک ئێمه‌! ل٢٠٩
زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌غدا سوپاسگوزارن، که ئه‌مریکا ئازادی بۆ هێناون، ئێستا ده‌توانن ره‌خنه‌ بگرن، هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵبمژن، گفتوگۆ بکه‌ن، به‌ڵام ترسیان له‌م شێواوی و کاری مافیاگه‌راییه‌ هه‌یه‌. زۆربه هێشتا له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتون و به‌ترس و نیگه‌رانییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانن، تا بزانن چی له‌ داهاتوودا ده‌گوزه‌رێت. ل.٢١٢

————————————————–

سه‌رچاوه‌: Alltag zwischen Angst und Hoffnung, Tagebuch aus Bagdad،Åsne Seierstad، , 2004Germany, ISBN: 3-548-60504-4




مرۆڤ و جین و مێم لەجینی خۆپەرستدا.. مەحمود عەبدوڵڵا

جینی خۆپەرەست ناونیشانی کتێبێکی( ریچارد داوکینز)ە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لە جینەکان و کاریگەرییان لە سەر ڕەفتاری مرۆڤ دەکات. هەروەها جەخت لەوەدەکاتەوە کە سروشتی مرۆڤ خۆپەرستانەیە،بەهۆی ئەوەی جینەکان مرۆڤ بەرنامەدار دەکەن. لە ڕوانگەی جینیتیکیەوە ئێمە مەشینێکین جینەکان دروستیان کردوین. لەهەمانکاتدا مەشینێکی کلتوریشین. هەم جین و هەم مێم هەوڵدەدەن خۆیان دوپاتبکەنەوە،جینەکان لەڕێگەی سپێرم و هێلکە، مێمەکانیش لەڕێگەی مێشکەوە دەگوازرێنەوە.

مرۆڤ و هەموو زیندەوەرەکانیتر مەشینێکن بۆ مانەوەی جینەکان،جینەکان نەمرن . مرۆڤ یان مەشێنی جینی، وەک کۆمپیوتەرێکی بەرنامەدارکراوە ،لەلایەن جینەکانەوە ،ڕەفتاری مرۆڤیش پەیوەستە بەوەی جینەکان وا مەشینەکە بەرنامەداردەکە ن کە خزمەتی مانەوەی جینەکان بکات.لەبەر ئەم هۆکارە هەر مەشینێکی جینی خۆپەرستانە ڕەفتاردەکات. هەڵبژاردنی سروشتیش ئەو جینانە هەڵدەبژێرێت کە خۆپەرەستن،بەواتایەکیتر هەڵبژاردنی سروشتی هەڵبژاردنی تاکە نەک گروپ. بۆیە لەدیدی داوکینز وەک پسپۆڕی بایۆلۆجی دۆستایەتی جیهانی و لەخۆبوردویی شتانێکی مەحاڵن لەنێوان مرۆڤەکاندا لەسەربنەمای یاسای جینەکان. چونکە ئەوە جینەکانن بڕیاردەدەن کە مرۆڤ یان مەشێنی جینی چۆن ڕەفتاربکات،جینەکان تەنها فەرمانی گشتی بەمەشینەکان دەدەن،هەرچی بۆمانەوەی خۆت باشە ئەوەبکە،ئەوە فەرمانی جینەکانە. هەربۆیە مرۆڤ لەهەر ئاستێکی ڕۆشنبیریدا بێت سۆزو پاریزگاری بۆنزیکەکان زیاترە. لەدیدی جینەوە خۆپەرستی تایبەتمەندیەکی باشە . دیارە جینەکان پێشبینی تەواوی ڕوداوەکانی داهاتو ناکەن،هەروەک چۆن یاری شەترەنج لەکۆمپیوتەردا پێشبینی هەموو ئەگەرێکی جوڵە ناکات ، چونکە لەکاتی دانانی پرۆگرام بۆ کۆمپیوتەرەکە تەنها یاسایەکی گشتی دادەنرێت لەلایەن پڕۆگرامدانەر،بەڵام دواتر جوڵەکان دەکەوێتە سەر بارودۆخ و پرۆگرام دانەر دەستێوەردان ناکات.بەڵام پڕۆکرام دانەری شەترەنج هەموو بارودۆخێکی مومکین لە یاری شەترەنجدا پێشبینی ناکات، چونکە ژمارەی بارودۆخە مومکینەکان لەشەترەنجدا بەڕادەیەکە پێش تەواوبونی لیستەکە گەردون کۆتایی دیت.بەهەمان شێوە جینەکانیش بەم شێوەیە مەشینی جینی جەستەی ئێمە بەرنامەداردەکەن و دواتر دەستێوەردان ناکەن.

مرۆڤیش بەم شێوەیە یە ،جینەکان وا پرۆگرامی دەکەن کە خۆپەرستانە ڕەفتاربکات،بەڵام نەک لەبەر خودی مەشینەکە،بەڵکو لەبەر خودی جینەکان خۆیان. هەربۆیە هەموو جینەکان هەوڵدەدەن نەمربن،ئەم جینانە کە مەشین یان جە ستەیەک دروست دەکەن ،واپرۆگرامی دەکەن کە هەوڵی گواستنەوەی جینەکان بدەن. هەربۆیە دەبینین ڕەفتاری مرۆڤ تەنها بەرامبەر خزمە نزیکەکان لەخۆبوردوانەیە. مەشینێکی جینی تەنها کاتێک ئامادەی مردنە کە بزانێت ئەوانەی بەرگریان لێدەکات جینەکانی لەگەڵ خۆیدا هاوبەشن،وەک بەرگری باوان لە وەچە و برالەبرا.

ئەم ڕەفتارە لەخۆبوردوانە بەهۆی ئەوەیە کە لەنێوان ئەو خزمانە ژمارەیەکی زۆر جینی هاوبەش هەیە. واتا بەنمونە ژمارەی جینەکانی تۆ نیوەی کۆپی جینەکانی باوک و نیوەی هی دایکە،بەپێچەوانەشەوە لەسەر ئەم بنەمایەیە کە لەناو تەواوی بونەوەراندا ڕەفتاری لەخۆبوردوانە پەیوەندی بەخزمایەتی جینییەوە هەیە.بەڕادەی کەم بونەوەی ڕێژەی جینی هاوبەش ئاستی لەخۆبوردوی کەم دەبێتەوە،بۆنمونە لەنێوان تۆ و ئامۆزاکەتدا جینی هاوبەش کەمترە هەربۆیە ئاستی لەخۆبوردویی تۆ بۆ براکەت زیاترە،چونکە بەمانەوەی براکەت نیوەی جینەکانی تۆ پارێزراو دەبن. بەڵام لەوانەیە ژمارەی جینی هاوبەش لەنێوان تۆو ئامۆزاکەت یەک لەسەر هەشت بێت.بابەتێکیتر کە جەختی لێدەکرێتەوە لە جینی خۆپەرستدا پرەنسیپی دڵنیایی جینییە،ئەگەر تۆ پێت وابێت کەسێک جینەکانی لەگەڵ جینەکانی تۆ هاوبەشن ئەواتۆ بەهەمان ڕادەی خۆت گرنگی بە خۆشگوزەرانی ئەو دەدەیت”لەوانەیە هەندێک جار خۆشویستنی برایەک لەویتر پەیوەندی بەم پرەنسیپی دڵنیایی هەبێت”هەربۆیە لەدیدی جینەتیکیەوە دەبێت خاڵ لەمام زیاتر گرنگی بەخوارزاکەی بدات چونکە ئەودڵنیایە نیوەی جینەکانی هاوبەشە،چونکە لەسەدا سەد نیوەی جینەکانی تۆ لەدایکتەوە گواستراونەتەوە،بەڵام بۆ مام ئەو دڵنیاییە نییە. هەروەها داپیری دایک بۆمناڵی کچەکەی سۆزی زیاترە تاکوڕەکەی!بەهۆی پرەنسیپی دڵنیایی چونکە دڵنیایە کە نیوەی جینەکانی نەوەکەی لەگەڵ خۆی هاوبەشە.

بۆیە داوکینز دەڵێت :لەکۆمەڵگایەک کە خیانەتی زەوجی زۆربێت بەپێی پرەنسیپی جینی دەبێت خاڵ زیاتر گرنگی بە خوارزا بدات،چونکە ئەو دیسان دڵنیایە لە بونی هاوبەشی نیوەی جینەکانی خوارزاکەی. پوختەی تیۆری جینی خۆپەرەست ئەوەیە کە مرۆڤ مەشێنێکی جینییە،جینەکان بەشێوەیەک پڕۆگرامیانکردوە کەهەوڵی مانەوەی خۆی بدات،بۆئەوەی جینەکانی بگوازێتەوە بۆداهاتو،جینەکان دەیانەوێت نەمربن،مەشینە جینیەکان دەمرن،بەڵام جینەکان دەمێننەوەو نەمرن.بەم شێوەیە جینەکان هەرتایبەتمەندیەک بدەنە مەشینێکی جینی بۆ ئەوەیە بتوانێت پارێزگاری لەمانەوەی جینەکان بکرێت. سەبارەت بە ئامانجداری و پێشبینی داهاتو ،جینەکان ئامانجدارن بەڵام ئامانجیان مانەوەیە نەک شتیتر،نەک ئەوئامانجانەی ئێمە دواتر فێریان دەبین لەڕێی کەلتورەوە.بەڵام سەبارەت بە پێشبینی داهاتوو،جینەکان ناتوانن بەتەواوی پێشبینی بکەن،جینەکان لەسەربنەمای بارودۆخێکی کە تێیدان،واتا لەسەربنەمای ئەزموونی ڕابردوو مەشینێک دروستدەکەن،بۆنمونە جینەکان وا پێشبینی دەکەن کە چێژی سێکسی واتا ڕەحەتبون و شیرینی باشە بۆ مانەوەوەی جینەکان،بەڵام پێشبینی دەسپەڕو شەکری دەستکرد ناکەن ،کە ئەم هەموو نەخۆشیە لە شەکری دەستکرد دەکەوێتەوە. کەواتا وەک چۆن ڕەفتاری مرۆڤ لەسەربنەمای زانیاری کۆن هەڵە دەبێت،ئەوا ئەگەر بارودۆخ زۆربگۆڕێت مەشینی جینی هەڵەدەکات و لەوانەیە بفەوتێت.هەربۆیە جینەکان تایبەتمەندی فێربونیش دەدە ن بە مەشینەکان. ئەم مەسەلەیە گرنگە بەتایبەت لەمرۆڤدا ئەگەری گۆڕان لەڕێی کەلتورەوە ئەگەرێکی کراوەیە،کاریگەری کلتور لەسەر جینەکان هەیە ،واتا دەکرێت ڕەفتاری مرۆڤ بگۆڕێت بۆ لەخۆبوردویی زیاتر بەتایبەت ئەگەر ببێتە هۆی پارێزگاریکردن لەجینەکان!

بەڵام مێم چییە؟لێرە دا بۆ ئەوەی خوێنەر ماندونەکەم،زۆر درێژە بەبابەتەکە نادەم. بەکورتی مێم یەکەی گواستنەوەی کەلتورە،داوکینز دەڵێت: زۆربەی ئەوشتانەی مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە دەکرێ ناوی بنێین کەلتور.واتا کەلتور لەتوانایدایە ڕەفتاری مرۆف کە لەسەربنەمای یاسای جینەکانە و خۆپەرستانەیە بگۆڕێت،دیسان کەلتوریش دەکرێت خۆپەرستانە بێت!بەهەر حاڵ ئەزمونی مرۆڤایەتیش پێمان دەڵێت ڕۆڵی ئایدیۆلۆژیاکان کەم نییە لەسەر گۆڕینی ڕەفتار “کاپیتاڵیزم و مارکسیزم”لەبەرچاو بگرن.مێم لەوانەیە ئایدیایەک بێت ،وەک سۆسیالیزم داروینیسم.کاتێک یەکێک مێمی داروینی لەمێشکی ئێمەدا دەچێنێت ئەوە ئەم مێمە وەک جینەکان هەوڵی خۆدوپاتکردنەوەدەدات. ئەوئایدیایەی گەشبینانەیە ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین لەدژی دروستکەرەکانمان “جین و مێم”ڕابپەڕین. دەکرێت لە ڕێگەی پەروەردەوە مرۆڤ والێبکەین لەخۆبوردوانە ڕەفتاربکات.ئەگەرچی مێم وەک جین کوێرانە خۆی دوپات دەکاتەوەو ئامانجی دورمەوداو بە ئاگایانەی نییە ،مێمەکان ململانێی مانەوەدەکەن. لەوانەیە مێی باوەڕی دینی یان خودا کوێرانە بگوازرێتەوە نەوە لەدوای نەوە. بەڵام هەرچۆنێک بێت لەڕێگەی پەروەردە دەتوانین کاریگەری لەسەر مێمەکان دابنێین،دەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن بەڵگەیە لەسەر کاریگەری مێم و پەرەسەندنی کەلتور.

مەحمود عەبدوڵڵا




کورتە چیرۆک/ لە خۆی هەڵدێ.. گۆران سەباح

بە تاقی تەنیا ئیشەکانی دەکرد. پلیتی دەبڕی، نەفەری دینارێک. دیمانەیەکی خێرای دەکرد، سێ پرسیار: ناوی تەواوت؟ تەمەنت؟ کارت؟ نەفەری لەسەر کورسی دادەنا، دڵنیای دەکردەوە تا سەری ڕێک لە بەرانبەر ئامێرەکە بێت. پاشان دەچووە گژ ئامێرەکە. بەرنامەکەی ئاکتیڤ دەکرد، چەند دوگمەیەکی دادەگرت: دوگمەی بەئیشخستنی هەستەکان، هیی کاردانەوەکان، هیی سۆز و بیرکردنەوە، هیی وەڵامی ئەندامانی جەستە. ئەوجە تێکستێکی پێشان دەدا و دەیگوت بخوێنەوە.
خەڵك چەند ڕۆژ سڕەی دەگرت، هەفتەیەک پێشتر تەلەفۆنی دەکرد ناوی تۆمار بکات. کاتێ دەگەییە ئەو شوێنەی پڕۆفیسۆرەکە پێی دەگوت بخوێنەوە، یەکسەر هەڵدەهات. ئاوڕیشی نەدەدایەوە. نەیشیدەتوانی بە کەس بڵێ تێکستەکە چییە. ئەمەش وایکردبوو ببێتە مەراق لای خەڵک. ڕۆژ بە ڕۆژ سڕەی دوکانی پڕۆفیسۆرەکە، کە لە تەنیشت پەرلەمان بوو، درێژتر دەبوو. ڕۆژ هەبوو سڕە دەگەیشتە گەڕەکی سێتاقان.
پزیشک، پەرلەمانتار، مامۆستا، بازرگان، ڕۆشنبیر، بیرمەند، جووتیار، هەموو ئاستێک سڕەیان دەگرت، بەڵام کە پڕۆفیسۆر دەیگوت بخوێنەوە، هەر لەگەڵ بینینی یەکەم وشە، هەڵدەهاتن. هەبوو جانتای لە بیر دەچوو، هەبوو کڵاو، چاکەت.
کەناڵەکانی میدیا، ئاسایش، هەواڵگری، پزیشکانی دەروونی لەگەڵ هەڵاتووەکاندا دادەنیشتن، دەیانویست بزانن خەڵک بۆ هەڵدێن. ئەوانیش هەموو شتێکیان باس دەکرد، بەس نەیاندەتوانی بڵێن تێکستەکە چییە. وای لێهات تێکستەکە بووە هەڕەشە. دەسەڵات لێی دەترسا. تاک و کۆمەڵگەیش.
تێکستەکە بووە کەیس و پڕۆفیسۆر درا دادگە. حوکمی دادگە ئەوە بوو پڕۆفیسۆرەکە خۆی تێکستەکە بخوێنێتەوە، هاوکات بۆ هەموو خەڵکیش پەخش بکرێت.
پڕۆفیسۆر لاری نەبوو. ڕۆژی پاشتر سەعات هەشت، هێشتان پڕۆفیسۆر دوکانی نەکردبووەوە، قیامەت هەستا بوو، دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنیش ئامادە بوون.
پڕۆفیسۆر لە بەرانبەر ئامێرەکە دانیشت. لە ڕێی مۆبایلەکەی بەرنامەکەی ئاکتیڤ کرد و دوگمەکانی داگرت. تێکستەکە بەدیار کەوت. خوێندییەوە و هەڵنەهات. ئەمەی خوارەوە تێکستەکە بوو:
تۆ ونی. تەمەنت پەنجا ساڵە و خۆت ناناسی. بە حسێبی خۆت، هەموو شتێکت کۆنتڕۆڵ کردووە، هەموو شتێک لەسەر خۆت دەزانی، دەزانی بای چەندی. لێ هیچ لەبارەی خۆتەوە نازانی و هیچیشت کۆنتڕۆڵ نەکردووە. نازانی حەزت لە چییە، حەزت لە چ نییە. نازانی ڕقت لە چییە و لە چ نییە. تا ئێستە نازانی حەزت لە چ ڕەنگێکە، بە چ تێک دەچی. نازانی خۆشترین خواردنت چییە. نازانی چ ستایلێکی پرچت، چ ستایلێکی جلت لێ دێت. کە قسان دەکەی پێت وایە گرنگترین شت دەڵێیت. کە دەڕۆی شای ناکەیە سەپانی خۆت. هەر بابەتێک بکرێتەوە، لێی دەزانی. هەر کارێک بێتە پێشەوە، وەستای. پێت وایە دەتوانی منداڵ بە باشترین شێوە پەروەردە بکەیت، وڵات بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەیت. پێت وایە باشترین شۆفێری، باشترین باوکی، برای، مێردی. پێت وایە نەبەزترین و چاونەترسترینی. ڕەخنە لە دار و بەرد دەگریت. ڕات لە هیچ نییە. هیچت پێ هیچ نییە. هەموو شتێک ڕەت دەکەیەوە و چارەسەریشت بۆ هەموو شتێک پێیە.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی یەکەم

سەرسامم بە تۆ
کە توانیت لە دڵی خۆتدا
یەخسیرم بکەیت
سەرسامم بە تۆ
وات لێکردم کتێبی عەشق
پەڕە پەڕە بخوێنمەوە
لە هەر لاپەڕەیەکیشدا
مەرجانی پێکەنین بدۆزمەوە


زۆر زوو زانیم دەریایت
لە بری شەپۆل، مات و بێدەنگ
لە بری پاپۆڕ، عەشقی منت
پێدا تێدەپەڕێت
زۆر زوو زانیم دەریایت و
بە شمشێری جوانی ئەمکوژیت
بە ئاگری نیگا ئەمسووتێنیت
بە چرای پڕ ناڵەی
شەوە کپەکانم ئەناسێنیت


هەمیشە ئەمەوێ
کۆدی رازەکانت بکەمەوە
لەوێ خۆم ئەبینم
دڵم پڕ بووە لە نوری عەشق
هەمیشە ئەمەوێ
تەڵیسمی رازەکانت بشکێنم
لەوێ خۆم ئەبینم
خەونەکانم پڕ بوون لە بریسکە و
ئاسمانم شاگەشگە بووە
بە سەمای پۆلێک ئەستێرە


خێرا وەرە نازەنینم
داری تەمەنم یەک گەڵای پێوە ماوە
بۆ سەوزبوونەوە لە مێرگی عەشقدا
خێرا وەرە فریشتە ژن
لە بەردەم پەنجەرەی چاوەڕوانیدا
تک تک خوێن لە چاوم دێ و
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک لە دڵم


دەبوو ئێمە زووتر یەکتر بناسین
لە کۆڵانەکانی قەسیدەیەکی دڵ تەڕ
لە شەقامە بخوورییەکانی رۆح
دەبوو ئێمە زووتر ئەم رێگە ببڕین
بەرەو باخە پەلکەزێڕینەییەکانی زەردەخەنە
بەرەو ماڵە پڕ مۆمەکانی فەنتازیا
بەرەو کەناراوەکانی دەریای خەون


تۆ ئەتەوێت بەنهێنی خۆشم بوێی
کەچی من بە ئاشکرا ئەوەرێم و
بە پەنهایی و لە تاریکی شەودا ئەگریم
ئەتەوێت بە ئاشکرا شیعرت بۆ بنووسم
کەچی من بە نهێنی ئەتوێمەوە و
بە بەرچاوی خوداوە گۆنات ماچ ئەکەم


هەر چاوەڕوان بووم بازی عەشقی تۆ
لەسەر شانی راستم بنیشێتەوە
وا ئێستا لە دوا نیگای وەریوتدا
تەرمی خۆم لەسەر شان هەڵگرتووە
هەر چاوەڕوان بووم لە باوەشی پێکەنینتا
بە ئارامی سەرخەوێک بشکێنم
وا ئێستا بە دیار ئەلبوومی بیرەوەرییەوە
شەڵاڵی بێدەنگترین گریان بووم