دەنگەکانی نێو بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر.. نووسینی: یوسف عزەدین

(دەنگی ئەقڵ؛ هێمن و خامۆشە)
“زیگمۆند فرۆید”

چ سەیرە گەورە بیرمەندو فەیلەسوفێکی بەنامێی وەک ئەڕستۆ، خوڵقێنەری پرسیارە پڕ ئیشکال و ورووژێنەری پارادۆکسە مەعریفییەکان، زۆر ڕاشکاوانەو بەزوبانێکی بێ گرێ و گۆڵ بڵێت؛ کۆیلەداری و بەکۆیلەکردنی ئەوانی دیکە لەپێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەو حەتمەن پاساوی بۆ ئەمەش لەو دۆگمایەوە سەرچاوە دەگرێت کەپێی وایە خەڵکانێک بەخانەدانی دێنە دنیاو خەڵکانیکی تریش بۆیە دێنە دنیا تا ببنە کۆیلەو مامەڵەیەکی هاوشێوەی ئاژەڵان یان بگرە لەوان کەمتریشیان لەگەڵ بکرێت.

خودی ئەو ئەڕستۆیەی کەبەیەکەمین ئوستاد ناسراوە، پێی وابووە شاڵاوە سەربازییە داگیرکارییەکانی خاوەن کۆیلەکان، بەتایبەتیش گریکەکان بۆ بەدەستهێنانی کۆیلە، شەرعی و ڕێگەپێدراوە؛ هەروەک چۆن ڕاوکردنی ئاژەڵان شەرعی و ڕێگەپێدراوە؟! چەمکی ئازادی لای ئەو بەواتای مانەوەی خاوەن کۆیلەکان لەدەسەڵاتی ڕەهایانداو هەروەها مانەوەی کۆیلەکانیش لەکۆیلەبوونیاندایە کەبەبۆچوونی ئەڕستۆ ئەوپەڕی چاکەکارییە کاتێک کۆیلەیەک دەکرێتە کۆیلەو بەمەش بەختیار دەبێت لەژیانێکی ئازادانەی تایبەت بەخۆیدا؛ چونکە ئەو تەنها بۆ ئەوە هاتۆتە دنیاوە، تا ببێتە کۆیلە. هەر بۆیە سەیر نییە، کاتێک دەزانین لەهەندێک جاراندا، ڕێژەی کۆیلەکان لەسەداهەشتای دانیشتووانی ئەسینای پێکهێناوە و جگە لەسیاسەتکردن و بەشداریکردن لەحوکم و دەسەڵاتدا کەقەدەغەبووە لێیان.. لەزۆرێک کاری جۆراوجۆدا بەکارهێنراون وبەڕای ئەڕستۆش باشترین جۆرەکانی کۆیلەش، لەڕەگەزە ئاسیایی و نەتەوەکانی تری جیاواز لەڕەگەزی گریکیدا هەڵدەکەون و هەموو ئەو ڕەگەز و توخمە مرۆڤە غەیرە گریکییانەشی بەبەڕبەڕ ناوبردووە!؟
باشترین نموونەیەکی زیندووش بۆ بەرجەستەبوون و پڕاکتیزەکردنی بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی میللەتانی تر، لەخودی کارو کردەوەی داگیرکارییانەی، ئەسکەندەری مەکەدۆنی؛ شاگردەکەی ئەڕستۆدا دەبینینەوە .
بەسەرهاتی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و قۆناغی کۆیلەداری لەڕووی مێژووییەوە، زۆر پێش ئەسکەندەری مەکەدۆنی دەستیپێکردووەو پاش چەندین سەدەی یەک لەدوای یەکیش ئیدامەی هەبووەو لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر و تراژیدیتر، داهێنانێکی ئیبلیسیانەی مرۆڤ بووە، بۆ خەساندنی کۆیلەکان؛ نەک هەر هاوشێوەی ئاژەڵان، بەڵکو زۆر لەوانیش خراپتر!
سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش زایین، سیستمی کۆیلەداری لای سۆمەرییەکان لەمیزۆپۆتامیادا دەبینرێتەوەو پاشان ئاشوورییەکان یەکێک بوون لەو دەسەڵاتدارە دڵڕەقانەی بەنامێ بوون لەخەساندنی کۆیلەکانیاندا، هەروەها فیرعەونییەکان، چینییەکان و …!؟
پێناچێت بەدرێژایی مێژوو، هیچ حوکم و دەسەڵاتدارییەک بەخستنەگەڕی ئەقڵانییەت و جێ بەجێکردنی نەرم و نیانی، توانیبێتی درێژە بەتەمەنی حوکمی خۆی بدات و ڕەنگە ئەستەمیش بێت، دەسەڵاتێکی لەو چەشنە ڕاشکاوانە لەماوەیەکی زەمەنی بەرچاودا ببینرێتەوە!؟
ئیدی مێژووی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکان و بەکارهێنانیان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە سەردەمی دەسەڵاتدارە ئەمەویی و عەباسیی و سەلجووقی و دواجار لای عوسمانییەکان لەشێوازێکی پەرەپێدراو و سیستەماتیکدا، دەبێتە دەزگەیەکی تایبەتی گرنگ لەحوکمداری سوڵتانە یەک لەدوای یەکەکاندا. ئەو منداڵە خەسێنراوانەی کەزۆربەیان لەلایەن باندەکانی ڕفاندن و خەساندنەوە دابین دەکران و پاش کڕینەوەیان لەلایەن کاربەدەستتانەوە، دوای چەندین جۆر مەشق پێکردن و شێوازی فێرکارییانە، تێکەڵ بەحاشیەی کۆشکی سوڵتان و شوێنە هەستیارەکان دەکران؛ بەتایبەتیش شوێنی تایبەتی مانەوەو گوزەرانی ژن و کەنیزەکەکانی سوڵتان و دەسەڵاتداران. حەتمەن لەزۆر کاروباری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنران، لەوانە بەتاڵکردنەوەی ئارەزووە سێکسییە هۆمۆسێکچەڵەکانی سوڵتان و پایەدارەکانی دەوڵەت، تا دەگەیشتە کاروبارە موخابەراتی و سیاسی و سەربازییەکانیش، هەر بۆ نموونە سوڵتان مەحموود یەکێک لەکۆیلەخەسێنراوە باوەڕپێکراوەکانی خۆی گەیاندە بەرزترین پلەی سەربازی و کاروبارێکی زۆری دەوڵەتیی دایە دەست و پلەی پاشاشی پێ بەخشی.
ئەوەی مێژووشی خوێندبێتەوە، دەزانێت چۆن کافوری ئەخشیدی لەکۆیلەیەکی خەسێنراوەوە گەیشتە بەرزترین پلەکانی حوکم و دەسەڵاتدارێتی سەردەمەکەی خۆی.
تەنانەت لای خانەوادە چینییە هەژارەکان، لەسەردەمانی قۆناغی کۆیلەداری و حوکمی ئیمپراتۆرەکاندا، بەویستی خۆیان و بگرە بەکۆشش و هەوڵێکی زۆر منداڵێک یان چەند منداڵێکی نێرینەیان دەناردە کۆشک تاببێتە کۆیلەیەکی خەسێنراو، بێگومان بەهەمان شێوەش خانەوادە نەدارەکان منداڵی مێینەشیان دەنارد تا ببێتە کەنیزەک. جێگەی سەرنجە کاتێک لەسەرچاوە مێژووییەکاندا، ئاماژە بەبەکارهێنانی منداڵانی ڕەش پێستی کۆیلەی خەسێنراو لەخزمەتکردنی دێرو کڵێساکاندا کراوەو بەتایبەتیش ئەو شوێنە تایبەتانەی کەڕاهیبەکانی تێدا ماونەتەوە؟!
دکتۆرێکی فەڕەنسی بەناوی دکتۆر کڵۆت کەلەسەردەمی محەمەد عەلی پاشادا، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا پزیشک و بەڕێوەبەری سێکتۆری تەندروستی بووە، لەکتێبێکی ناوازەو گرنگیدا کەپێشکەش بەخودی محەمەد عەلی پاشای کردووە؛ بەناوی ناساندن یان خستنەڕوویەکی تایبەت بەمیسر.. لەلایەن محەمەد مەسعودی کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی میسریی لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا کراوەتە عەرەبی و لە ل٦٣٠ی کتێبەکەدا* دکتۆر کڵۆت، سەبارەت بەکردەی بەردەوامی خەساندن لەمیسردا دەنووسێت:
(لەئێستادا کردەی خەساندن تەنها لەمیسردا ماوەو ئێرە بۆتە سەرچاوەی ناردنی کۆیلە خەسێنراوەکان بۆ شوێنانی تری دنیا، هەردوو شاری ئەسیووت و جورجا تاقانەن لەمانەوەی ئەم کردەیە تێیاندا و کێش باوەڕدەکات؛ سەرانی ئەم کردەیە نەک هەر کۆمەڵیک مەسیحیین، بەڵکو پیاوانی ئەکلیرۆسی قیبتیین کەبوونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئایین و پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی مرۆڤایەتییەوە…. ئەوانە ساڵانە ٣٠٠ کەس دەخەسێنن؛ بریتیین لەمنداڵانێک تەمەنیان لەمابەینی ٦-٩ ساڵاندایە….)
هەرەوەها دکتۆر کڵۆت لەهەمان سەرچاوەی ئاماژەپێکراوماندا دەڵێت:
( بەو پێیەی پێیان وایە پاییزان لەبارترین وەرزە بۆ خەساندن، لەپاییزدا دەخەسێنرێن و خەساندنیش تەنها بڕینەوەی ئەندامی نێرینە، چووک ناگرێتەوە، بەڵکو گەڵ و گونەکەشی لەبنڕا لەگەڵ دەبڕنەوەو بەخێرایی ڕۆنی قرچاوو دەکەن بەسەر شوێنی بڕینەوەکەدا… پاشان خەنەی تێدەگرن و ئینجا منداڵە ئەشکەنجەدراوەکە تا ئاست سەر ورگی لەنێو عەرددا دەنێژن و پاش بیست و چوار سەعات لەنێو عەردەکەی دەردەهێننەوەو شوێنی برینەکەی بەقووڕی ئەبلیزو ڕۆن چەور دەکەن.. بەم کردەیەش چواریەکی ئەو منداڵانەی دەخەسێنرێن دەمرن و ئەوانەی دەشمێنن، ژیانی لەوەو دوایان لەبێدەسەڵاتی و ئازاردا دەگوزەرێنن…)
بەسەرهاتی خەسێنراوەکان؛ سامناکترین بەسەرهاتێکی تراژیدییە کەدەلالەتێکی ڕوونە بۆ بێ سنووربوونی دڕندەیی هەموو ئەوانەی بەدرێژایی مێژووی ئەو کردەیە بەشداری ئەکتیڤ و ڕاستەوخۆیان کردووە و ئەوەی وایلێکردین ئەم کورتەپێشەکییەش بخەینەڕوو، بەشێکی کتێبی بیرەوەرییەکانم-ی موسا عەنتەرە**
لەبەشی (ئاغای حەرەم و سومبول ئاغا) لەلاپەڕە ٥١٩-٥٢٠دا هاتووە:
{خانی دایکی گەورە لەئیستانبووڵ، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بوو، من خۆشم شوێنەکەم بینیووە، کاتی خۆیشی لەوێ، لەسەر سەکۆیەکی وەک سەکۆی شانۆگەری کۆیلەکانیان نمایش دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی من بینیم کۆیلەی لێ نەدەفرۆشرا. ساڵی ١٩٢٣، کاتێک کۆشکی عەبدولمەجیدی دوایین سوڵتانی عوسمانی بێ خاوەن دەمێنێتەوەو پەرش و بڵاو دەبێ، دوای ئەوەی سوڵتان بەرەو ئەوروپا دەرکرا. کۆیلەکان بێ خاوەن مانەوە، ئەوسا لەکۆشک دوو جۆر کۆیلەو جارییەی ڕەش و سپی هەبوو. کۆیلە ڕەشەکان ئەوانە بوون کەلەئەفریقاوە بەدەستهاتبوون، بەڵام سپی پێستەکان ئەوانە بوون کەلەئەوروپاو قەفقاسیا هێنرابوونە ئیستانبووڵ، لەسەردەمەکانی کۆتایی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی کۆیلە لەئەوروپاوە نەدەهێنران، بەڵکو زیاتر لەقەفقاسیاوە کۆیلە دەهات و زۆربەیان چەرکەس و جۆرجی بوون، چونکە خەڵکی وڵاتانی قەفقاس زۆر جوانن. تا ئەو ئاستەی لەوێ شوێنیان بۆ پێگەیاندنی کۆیلەکردبۆوە.. دەڵێن پیاوە دەوڵەمەندەکان بایی پێویستی خۆیان زیاتر، کەنیزەکی جوان جوانیان دەکڕی، هیچ یەکێکیشیان لە٢٠-٣٠ دانە کەمتریان نەدەکڕی، جگە لەو کەنیزەکانە ٢-٣ دانە کۆیلەی گەنجی قۆزیشیان دەکڕی، ئینجا ئەوانەیان بەیەکەوە جووت دەکردو ئەو منداڵانەی لەوانە دەکەوتنەوە، وەکو بەرخ دەیانفرۆشتن.

ساڵی ١٩٤١ کەهاتمە ئیستانبووڵ، ٣٥ دانە لەو کەنیزەک و کۆیلەو خەدەم و حەشەمانە لەژیان مابوون… ئەو کۆیلەو کەنیزەکانە کاتیك کۆشکی دوایین سوڵتانی عوسمانی نامێنێت، دەکەونە کوچەو کۆڵانەکان هەریەکەو لەلایەک بەسەدەقەو زەکاتی دەوڵەمەندەکان خۆیان بەژیانەوە هەڵواسیبوو… دەربارەی ئەو ژیانە کولەمەرگییەیان ڕۆژێک کاک فالیح ڕیفقی بەسەرهاتێکی ئاوای بۆ گێڕامەوە:
( ئەو قوڕبەسەرانە پەرێشان ببوون، چونکە کابرا لەنێو کۆشک گەورە بووە، بۆیە زۆربەیان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون، منیش ئێوارەیەک دۆخی ژیانیانم بۆ ئەتاتورک باسکرد، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوەی گوتی: “نانا شتی وا چۆن دەبێت” بەڵام بەڕووداوەکە نیگەران بوو، بۆیە فەرمانی دەرکرد تا داهاتی خانی گەورەی سیرکەجی ئیستانبووڵ بدرێتە ئەوان کەلەسوڵتانەکانەوە جێماوە، لەکادیکۆیش کۆشکێکی سوڵتانەکان هەیە، با هەموویان بەدرێژایی تەمەنیان لەوێ بژین، وەک دیاریشە کەسیان منداڵیان نییە، بۆیە کەمردن شوێنەکانیان دووبارە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێتەوە. فەرمانەکەی ئەتاتورک دوای دەرچوونی جێبەجێکرا، بۆیە من بیرم دێ دوای ئەوە ژیانێکی ئیسراحەتیان بەسەربرد)….}
ئاشکرایە سەرتاپای کتێبی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر شایانی هەڵوێستەکردن و لێخوردبوونەوەو تاوتوێکردن و لێکۆلینەوەیە؟! بەو شێوازە سادەوساکارە خۆڕسکەی لەگێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی دەیان پرسیاری ئەنتۆلۆژی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژیت دەکاتەوە! ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، بەدڵنیایشەوە کەمن ئەوانەی توانیویانە ئاوا بەڕاشکاویی و ڕاستگۆیانە ئەوەی دەیانەوێت لەمیانی زنجیرە گێڕانەوەکانیانەوە بەرجەستەی بکەن. ئەمەش بەواتای ئەوە نایەت، کەهیچ بن دێڕو واتای شاراوەو پەنهان لەنێو کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو زاتەدا نییەو هەروا هەر چییەکی لەهەگبەدا بووە هەڵیڕشتووە. نەخێر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، واتە گێڕانەوەکانی تەنها ماتەڕیاڵێک نین بۆ دراماو فیلم و نێرەتیڤ و ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەب کەبێگوومان دەشێت لەو ڕووانەشەوە سوودی لێ وەربگیرێت و بکرێتە سەرچاوە. بەڵکو دەتوانین بڵێین ئەم پیاوە لەپشت ناونانی کتێبەکەی بەکتێبی بیرەوەرییەکانم و پێبەخشینی خەسڵەت و سیمایەکی ئەدەبی سادەو ساکار، ویستوویەتی جێگە بۆ نهێنییە مێژووییە گەورەکان بکاتەوە، لەوانە گەر خوێنەر لاپەڕە ٥٥٧ تا لاپەڕە ٥٥٩ی کتێبەکە بخوێنێتەوە، ڕاستی ئەو ئەرشیفکردن و درکاندنی زانیارییە تایبەت و نهێنییانەی بۆ دەردەکەوێت!؟
موسا عەنتەر پیاوی سەدەکەی خۆیەتی و یەکێکە لەو مەزنانەی کەناشێت لەداهاتوودا؛ بەبێ ناسین و ناساندن و کارکردن لەسەر تێڕوانینە فیکری و کلتووری و سیاسییەکانی، هەنگاوێکی ڕاست و دروست بنرێت!؟ ئەم پیاوە پێش ئەوەی بکوژرێت، زۆربەی ئەوەی ویستی گوتی؛ جا چ بەشێوازە ئۆڕێنتاڵەکەی کەکەسە نزیکەکانی لێی ئاگادارن و چ بەشێوازە نووسراوەکەشی وەک ئەم کتێبەی کەپێشتر بەتورکییەکەی خوێندبوومەوەو دواجاریش بەم وەرگێڕانە کوردییە جدی و جوانەی”محەمەد عزەدین” شادمان بووم.
جا هەر بۆیە وەک خۆم مەبەستم بوو، زیاتر هەڵوێستە لەسەر ئەو بەشە تایبەتەی بکەم کەتێیدا دوایین بەسەرهاتی تراژیدی کۆیلەو خەسێنراوەکانی عوسمانییەکانمان پێ دەناسێنێت!؟ بابەتێکی زۆر تایبەت و گرنگی مێژووییە، دەرکەیەکی کراوەی خوێندنەوەی ماجەڕای ڕووداوە مێژووییەکانە بەشێوەیەکی بابەتییانە، چونکە هەر لەپاڵ ئەم جۆرە شەرعیەتدانە بەبازرگانیکردن بەکۆیلەو مامەڵەپێکردنیانەوە لەقەڵەمڕەوی حوکمی عوسمانییەکاندا، لەهەمان کاتیشدا لەڕووی تەلارسازییانەوە وەک لەوتارێکی ساڵانێک لەمەوپێشمدا ئاماژەم پێدابوو، شوێن و جێگەهێلانەی باڵندەیان لەدیزاینی کۆشک و باڵەخانەکانیاندا جێکردۆتەوە.. یان دەشێت بڵێین مێژوو یەک ئاست و یەک ئاڕاستە نییەو دەتوانرێت لەزۆر ڕووی ترەوە بڕوانرێتە هەمان مێژووی ساڵانێکی دووردرێژی عوسمانییەکان!؟

جوانی نووسینەوەی مێژوو ئەوەیە لەڕک و کینەوە هەڵنەقووڵێت.. هەروەک چۆن موسا عەنتەر بەو پەڕی ئاگاییەوە سەرنجمان بۆ ئەو هەڵوێستە مێژووییەی ئەتاتورک ڕادەکێشێت و تێمان دەگەیەنێت ئەو وەک سەرۆکی دەوڵەتێک، لەئاست گرفتێکی پێشتر خووڵقێنراوی دەسەڵاتێکی پێشووتردا، دەستەوسان و خەم سارد نابێت و بەڵکو بەوپەڕی گرنگییەوە مشووری بۆ دەخوا. بۆیە پێویستە وەک خوێنەرێکی جدی بپرسین، بۆ موسا عەنتەر دەیەوێت ڕوویەکی تری ئەو زاتەمان پیشان بدات.. ڕاستە ئەوەی لەزاری فالیح ڕیفقییەوە دەیگێڕێتەوە، حەقیقەتێکی مێژووییە، بەڵام دەشیا خۆی لێ ببوێرێت و نەیگێڕێتەوە؟ بێگوومان ئەمە یەکێکە لەو پارادۆکسە جوانانەی گێڕانەوەکانی موسا عەنتەر و خوێنەری بەسەلیقەو جدی پەلکێشی دنیایەک پرسیار و هەڵدانەوەی سەرلەنوێی پەڕەکانی مێژوو دەکات!؟
هەروەک چۆن لێکۆڵەرێکی کاریگەری ئەڵمانی بەڕەگەز هیندی***، پسپۆڕ لەمێژووی عوسمانییەکاندا بەناوی سورەیا فاروقی، بەشێوازێکی نوێی لێکۆڵینەوەو وەدەرخستنی مێژووی ناڕەسمی و شاراوە، زۆر حەقیقەتی نوێی کەمتر ئاوڕلێدراوەی هێنایەڕوو، بەشێکی نهێنی کارکردنە مێژووییەکەشی پەیوەستبوو بەدەستبردنی بۆ ئەو بەڵگەو نووسین و نامانەی دیلە ڕۆژئاواییەکان نووسیبوویان کەتێیاندا هەیە پێش ئازادبوونی ساڵانێکی دوورودرێژی وەک دیلێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بەسەربردبوو.

لەو سەرچاوانە نووسینەکانی دیلێکی ئەڵمانییە بەناوی میخائیل هیری(١٥٦٠-١٦٢٣) کەبۆ ماوەی دەساڵ وەک سەوڵ لێدەری پاپۆڕەکان ڕەتێندراوەتەوەو دەڵێت جارێکیان کاتێک خاوەنی ئەو پاپۆڕەی تێیدا وەک کۆیلەیەک کارمان تێیدا دەکرد، داوای لەکاپتنی پاپۆڕەکە کرد کەزیاتر بەقامچی پشتمان سوور بکاتەوەو تا دەست و بردبکەین و چالاک بین، کەچی لەوەڵامدا کاپتن بەگژیدا دەچێتەوەو دەڵێت ئەم گیراوو دیلانە پێویستیان بەخۆراکی زیاترە نەک لێدان و تەنانەت پێیدا هەڵدەشاخێت و دەڵێت؛ ئەوانیش وەک تۆ مرۆڤن و دەبێت وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت.. نەک وەک ئاژەڵ؟! بەپێی گێڕانەوەکەی میخائیل هیری دواجار کاتێک خاوەن پاپۆڕەکە دەبینێت، سەرجەم دیل و شاگردەکانی کاپتن پاڵپشتیی دەکەن، هیچی پێ ناکرێت و ئەمەو زۆر نموونەی کاریگەری مرۆڤ دۆستانەی ئینسانەکان، کەلێرەدا جێیان نابێتەوە.

شایانی باسە موسا عەنتەر لەسەرجەمی گێڕانەوەکانیدا، پێناچێت مەبەستی بووبێت خۆیمان لابکاتە پاڵەوان، بگرە مامەڵەیەکی ئەنتی هێرۆش لەگەڵ خۆیدا دەکات! بەتایبەت کاتێک دەبینین ئەو موسایەی چەند جارێک دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، کەچی دواجار دەتوانێت لەگەڵ زۆرێک لەپیاوانی دەوڵەتدا هاوڕێ بێت و تەنانەت لەگەڵیشیان بخواتەوەو گاڵتەو گەپیشیان لەگەڵ بکات؟ یان لەکاتێکدا کەلەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکە ئاسایی و کەسایەتییە ئاینییەکانەوە وەک کۆمۆنیستێک ناسراوە، کەچی دەتوانێت لەمیانی سەردان و بەسەرکردنەوەو دیدارەکانیدا لەکات و شوێنی پێویستدا وەک دیندارێک نوێژ بکات و بەشدار بێت لەمەراسیم و بۆنە ئاینییەکاندا.. لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت تێکەڵ بەکەشی ئایینی جولەکەکان بێت و ببێتە پارچەیەک لەوان و جێ متمانەیان!؟ بۆیە دەتوانین بڵێین موسا عەنتەر ئاوێنەیەکی پێکهاتووە لەچەندین پارچەی شکاوی جیاجیای کۆکراوەو کەسێکە دەگات بەو ئاواتەی کەمەبەستی بووە؛ هاوشانی شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزاو قازی محەمەد، دەبێتە ناوێکی نەمر!؟
پاش کوژرانیشی لەماڵەکەی خۆیداو بەرانبەر بەو دار چنارەی کەزۆری خۆشدەویست؛ خرایە ژێر خاک و هاوکات هەمان شوێنیش کرایە مۆزەخانەیەکی تایبەت بەوێنەو کتێب و کەلوپەلە تایبەتییەکانی و تەنانەت گۆرەوییە خوێناویەکانیشی وەک تابلۆو شایەتحاڵێک لەوێدا هەڵواسراون و گرنگترین وتەیەکی عەنتەریش لەکتێبەکەیدا سەبارەت بەکۆیلەکانە کەدەڵێت: ( بەبۆچوونی من، شەهیدی ڕاست و دروستی مرۆڤایەتیش ئەو کۆیلەو کەنیزەکانەن، ئەگەر نا ئەوانەی لەجەنگ خەڵک دەکوژن و دەکوژرێنەوە شەهید نینە؟!).

سەرچاوەکان
*https://www.kutubpdfbook.com/book/%D8%AA%D8%AD%D9%85%D9%8A%D9%84-%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D9%84%D9%85%D8%AD%D8%A9-%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D9%85%D8%B5%D8%B1-%D8%A3-%D8%A8-%D9%83%D9%84%D9%88%D8%AA-%D8%A8%D9%83.html
**بیرەوەرییەکانم/موسا عەنتەر/ لەتورکییەوە محەمەد عزەدین/دەزگای فام٢٠٢١
*** https://alaalam.org/ar/society-and-culture-ar/item/445-622071216




جارێكی دیكه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نالی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ گۆران.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی زمان، ده‌كه‌وێته‌ دوای دروستبوونی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. مرۆڤ سه‌ره‌تا به‌ ئاماژه‌ و له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌ و هه‌ڵكۆڵینه‌وه‌، گوزارشتی له‌ بیر و داخوازییه‌كانی كردووه‌. دواتر زمان، وه‌ك پێداویستییه‌كی ژیان و ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی له‌ یه‌كتر گه‌یشتن، دێته‌ ئاراوه‌. بۆیه‌ زمان به‌ گشتی، ئامرازێكه‌ بۆ گوزارشت وده‌ربڕین و گه‌یاندنی ئه‌و هزر و بیرانه‌ی له‌ هزرماندایه‌. نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ زمان، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له‌ ژیانی مرۆڤدا هه‌یه‌ و تاكه‌ خاسییه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤیشه‌ له‌ بوونه‌وه‌ره‌كانی تر، به‌ڵام ده‌بێ بزانین، زمان هه‌موو بوونێكی مرۆڤ نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بوونی مرۆڤ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ بوونی زمان، ئه‌وكات ده‌بێ بپرسین ئه‌ی ئه‌وانه‌ی زمانییان نییه‌، چۆن گوزارشت له‌ بوون وهزر و ڕوانینه‌كانییان ده‌كه‌ن؟ چۆن ده‌توانن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و ئه‌وانیتر و ژیان به‌گشتی ببه‌ستن؟ من كه‌ بۆ ماوه‌ی سی ساڵه‌، ڕۆژانه‌ و به‌ به‌رده‌وامی، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی بێ زمان( كه‌ كه‌ڕوڵاڵه‌ و خوشكمه‌) ده‌كه‌م، ئیدی زۆرباش له‌وه‌ گه‌یشتووم كه‌ مرۆڤ به‌ بێ زمانیش ژیان ده‌كات و هه‌رگیز بوونی مرۆڤ، به‌ بوونی زمانی نابه‌سترێته‌وه‌. بۆیه‌ دواجار زمان، هه‌ر ته‌نها ئه‌و گه‌یه‌نه‌ره‌یه‌ كه‌ ده‌ربڕینه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. له‌وه‌ زیاتر، له‌ ئاستی كه‌سی و كۆمه‌ڵایتییدا، هیچ بایه‌خێكی دیكه‌ی نییه‌. هاوشێوه‌ی ئه‌و هێڵه‌ی ته‌زووی كاره‌با ده‌گوازێته‌وه‌. كه‌ هێڵه‌كه‌ بوونی نه‌بوو، مانای وانییه‌ ته‌زووی كاره‌باكه‌ بوونی نییه‌. بۆیه‌ هزر، له‌ پێشه‌وه‌ی زمانه‌. زمان نابێته‌ پێناسه‌ و شوناس بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو چی له‌ پشت ئه‌و زمانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ دواجار ئاگایی و هوشیاریی و ژیری مرۆڤ ده‌رده‌خات. زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هزرانه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌یه‌تی. وه‌ك چۆن سوقرات ده‌ڵێت:( قسه‌ بكه‌ تا بزانم كێی) قسه‌كردن لێره‌، به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌ڵێیت. چونكه‌ ئه‌وه‌ هزره‌ له‌ پشت قسه‌كردنه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و ئاماژه‌ به‌ زمان ده‌دات چی بڵێت و چی ده‌رببڕێت. بۆیه‌ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌كی ژیان و هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك به‌ زمان، تێزێكی هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌وه‌ زمان نییه‌، مانا دروست ده‌كات و شوناس به‌ شته‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌ هزر و بیری مرۆڤه‌، دیارده‌ و توخمه‌كانی ژیان ده‌خاته‌ چوارچێوه‌ی زمانێكی ئاماژه‌ پێدراوه‌وه‌. ئێمه‌ كه‌ به‌ردێك، دارێك، ئاو، ئاگر و ده‌یان و هه‌زاران شتی تریش ده‌ناسینه‌وه‌ و گوزارشتییان لێ ده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌ بیرماندا ئه‌و توخمانه‌ ناوێكییان هه‌یه‌ و پێیانی ده‌ناسینه‌وه‌. مه‌گه‌ر مرۆڤێكی (كه‌م ژیر) ئه‌گه‌ر زمانیشی هه‌بێت، ده‌زانێت خێزان، ته‌كنه‌لۆژیا، فڕۆكه‌ و سه‌دان شتی تر چین؟ بۆیه‌ ده‌بێ بزانین زمان به‌رهه‌مێنه‌ری هیچ شتێك نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێشدا هزر به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌بێت. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كاتێ وتاری (گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نالی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ گۆران) م خوێنده‌وه‌، كه‌(حوسێن له‌تیف) نووسیویه‌تی و له‌ ژماره‌( 277_278) ی گۆڤاری سه‌نگینی (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه‌، وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ند سه‌رنجێكی زمانه‌وانی و بابه‌تیم لادروست بوون، كه‌ به‌ بڕوای من، پێویستییان به‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن و ڕاستكردنه‌وه‌ هه‌یه‌. چ له‌ چوارچێوه‌ی وتاره‌كه‌ به‌ گشتی، چ له‌ چوارچێوه‌ی دیاریكردنی وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعری كوردیدا. چونكه‌ حوسێن له‌تیف خۆشی، یه‌كێكه‌ له‌وكه‌سانه‌ی ده‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعره‌كانیدا هه‌یه‌. كه‌ واتا بۆچی بۆ ئه‌وه‌ ڕه‌وا بێت، بۆ شاعیرانی تر نا؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، نووسه‌رێك ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت ڕه‌خنه‌ له‌ به‌عه‌ره‌بیكردنی زمانی كوردی له‌ شیعردا بگرێت، كه‌ خۆی زمانێكی كوردییانه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌ن له‌ شیعره‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ بكات. ده‌نا ڕه‌خنه‌گرتنه‌كه‌ هیچ بایه‌خێكی نییه‌. نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، له‌ باره‌ی زمانه‌وه‌ به‌ گشتی ده‌دوێت و ده‌نووسێت:(كاتێك زمان وه‌ك سیسته‌مێك له‌ نیشانه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین، ده‌شێت له‌ نێو ئاخێوه‌رانی زماندا، جۆرێك له‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر نیشانه‌كردن بۆ شته‌كان له‌ ئارا دابێت. هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین گوڵی سوور نیشانه‌یه‌ بۆ خۆشه‌ویستی و گوڵی سپیش نیشانه‌یه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی نه‌خۆش، كاتێ پرسیاری هه‌ر جۆر گوڵێك بكه‌ین فرۆشیاره‌كه‌ ده‌زانێت ئه‌م گوڵانه‌ نیشانه‌ن بۆچی) وه‌ك له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا، زمان پێدراوێك نییه‌ و نیشانه‌یه‌ك نییه‌ بۆ داله‌كان، ئه‌وا هۆش و بیری مرۆڤه‌ نیشانه‌ ده‌داته‌ توخمه‌كان. گوڵی سوور كه‌ نیشانه‌ی خۆشه‌ویستییه‌ به‌ نموونه‌، ئه‌وا له‌ ڕێی زمانه‌وه‌ ئه‌و مه‌دولوله‌ ناناسینه‌وه‌، به‌ڵكو هزر و تێگه‌یشتنی ئێمه‌یه‌ بۆ گوڵه‌كه‌، كه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ عه‌شق و خۆشه‌ویستی ده‌یبینێت. كاتێ گوڵێكی سوور ده‌ده‌ینه‌ ده‌ست منداڵێكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵی، ئاخۆ ئه‌و ده‌زانێت ئه‌م گوڵه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ خۆشه‌ویستی؟ كه‌ واتا نووسه‌ر چۆن ئه‌و گشتاندنه‌ی زمان ده‌كات كه‌ كاتێ مرۆڤ گوڵی سوور ده‌بینێت، بیری بۆ خۆشه‌ویستی ده‌چێت؟ نه‌ گوڵی سوور و نه‌ گوڵی سپی، هیچ ده‌لاله‌تێكییان نییه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی له‌ ڕێی هزرییه‌وه‌ مانایه‌كییان نه‌خاته‌ پاڵ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌و گوڵه‌ی بینی بیری بۆ خۆشه‌ویستی ده‌چێت، كه‌ واتا زمان ته‌نها نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ نیشانه‌ كراوێك به‌ ته‌نها. گریمان ئه‌گه‌ر كه‌سێكی كه‌م ژیر گوڵێكی سوور ببینێت، بیری یه‌كڕاست بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ هێمای خۆشه‌ویستییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی؟ نووسه‌ر له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت( كه‌سێك به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌نگێكی لێ به‌رز بێته‌وه‌، ده‌توانێت ئێمه‌ تێ بگه‌یه‌نێت كه‌ ئازارێكی هه‌یه‌، ئه‌ویش كاتێ ده‌ستی له‌ سه‌ر شوێنێكی له‌شی دا ئه‌نێت) با وای دابنێین، كه‌سێك به‌ هه‌ڵه‌ و بۆ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كردن و فریودانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، ده‌ست له‌ سه‌ر شوێنێكی له‌شی دائه‌نێت و وا خۆی ده‌نوێنێت كه‌ ئازارێكی توندی هه‌یه‌، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا وانییه‌، ئایا تێگه‌یشتنی ئێمه‌ بۆ زمانی ئاماژه‌ی ئه‌و كه‌سه‌، لێره‌دا هه‌ڵه‌یه‌ یان ڕاست؟ ئه‌وه‌ی ئه‌و گوزارشتی لێ ده‌كات له‌ ڕێی ئاماژه‌كانی خۆیه‌وه‌ دروست و ماناداره‌، یان شێواندن و فریودان؟ كێشه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و دیدگا گشتییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ زمان، كه‌ نووسه‌رانی كورد وه‌ك پیرۆزییه‌ك ده‌یبینن كه‌ ئه‌ویش كاتێ هایدگه‌ر ده‌ڵێت ( زمان ماڵی بوونه‌) واتا بوون ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ زمان. له‌ كاتێكدا زمان هیچ بایه‌خێكی نییه‌، ئه‌گه‌ر هزری مرۆڤ مانایه‌ك به‌ نیشانه‌كانی ئه‌و زمانه‌ نه‌دات. مرۆڤ ده‌توانێت نماییشی جۆرا و جۆر له‌ ڕێگه‌ی زمانی ئاماژه‌ و ته‌نانه‌ت زمانی ده‌ربڕین و گوتنیشه‌وه‌ بكات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی زمان خۆیه‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌كانی مرۆڤه‌ ڕه‌هه‌نده‌ شاراوه‌كانی پشت ئه‌و زمانه‌ لێكده‌داته‌وه‌ و دواتر مانا به‌ ناوه‌ڕۆك و گوتاری زمانه‌كه‌ ده‌دات. هه‌ر له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، حوسێن له‌تیف ده‌نووسێت:( هێماكانی هاتووچۆ زمانێكی تایبه‌ت نییه‌ به‌ كولتوورێكی دیاریكراو به‌ڵكو ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكانی جیهان ڕێككه‌وتوون كه‌ ئه‌مه‌ زمانی نێوان شوفێر و پیاده‌ڕۆشه‌) هه‌ڵبه‌ته‌ هێماكانی هاتووچۆ، ته‌نها ئاماژه‌ن بۆ شوفێر و زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆریان، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ پیاده‌ ڕۆوه‌ نییه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هێماكانی هاتووچۆ ئاماژه‌ی زمانه‌وانی نین، به‌ڵكو ئاماژه‌ی وێنه‌یین. واتا ئه‌و هێمایانه‌ له‌ ڕێی بینینه‌وه‌ ده‌ناسینه‌وه‌ نه‌ك زمان. لێره‌وه‌ش بایه‌خی ئه‌و هێمایانه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ نابینان هیچ نییه‌، ئه‌گه‌ر زمانی ئاماژه‌ و ده‌ربڕینیشیان هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی. كه‌ واتا زمان به‌ گشتی، پێدراوێكی سرووشتی و فیزییكانه‌ی مرۆڤه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆش و بیركردنه‌وه‌، هیچ بایه‌خێكی نییه‌. هه‌موو مانا و ئاماژه‌كانی زمان، ئه‌و كاته‌ ده‌لاله‌تێكییان ده‌بێت، كه‌ هزری مرۆڤ ئاراسته‌یان بكات. ده‌نا بوونی زمان به‌ ته‌نها ناتوانێت ئاماژه‌ و شوناس به‌ هیچ شتێك بدات. به‌شی دووه‌می وتاره‌كه‌ی نووسه‌ر، له‌ باری دیاریكردنی وشه‌ی عه‌ره‌بییه‌ له‌ شیعری دوو شاعیری كورد دا. دیاره‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌ی عه‌ره‌بی و زمانه‌كانی تریش له‌ بینای هونه‌ری ده‌قی شیعریدا، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می شیعری كلاسیكه‌وه‌ تاكو ئێستا، له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی كورد به‌ گشتی ده‌بینرێت. ئه‌م گرفته‌، به‌شێكه‌ له‌ گرفتێكی گه‌وره‌تر كه‌ ئه‌ویش نه‌بوونی زمانی ستاندار و نه‌ته‌وه‌یی و هاوكات كوردییانه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌ن له‌ شیعردا. هه‌ڵبه‌ته‌ زمانی كوردی یه‌كێكه‌ له‌و زمانه‌ ورد و هه‌مه‌ زاراوه‌ و هه‌مه‌ ماناكانی جیهان، كه‌ ورده‌كاری زمانه‌وانی ئه‌و تۆی تێدایه‌، كه‌ له‌ زمانه‌كانی دیكه‌ی جیهان بوونییان نییه‌. بۆ نموونه‌:
(جه‌سته‌، ته‌رم، لاشه‌، ڕوفات) هه‌ر یه‌كه‌یان ئاماژه‌ن بۆ دۆخێكی جه‌سته‌یی دیاریكراو. ئه‌مه‌ له‌ زمانه‌كانی دیكه‌دا (عه‌ره‌بی و ئینگلیزی)بوونی نییه‌ مه‌به‌ستمان لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كورد گرفتی هاو واتاو زاراوه‌سازیی نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شاعیرانێك وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعره‌كانیاندا هه‌بێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندی به‌ دنیابینی و تێگه‌یشتنی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك خودی زمان. كاتێ شاعیرێكیش ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌زموونی شاعیرانی تردا هه‌یه‌، ده‌بێ خۆی زمانێكی ته‌واو كوردییانه‌ و خاڵی له‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی هه‌بێت، ئه‌و كاته‌ ڕه‌خنه‌كه‌ی شوێنی خۆی ده‌گرێت. حوسێن له‌تیف، خۆشی له‌ شیعره‌كانیدا، نه‌ك ته‌نها وشه‌ی عه‌ره‌بی، به‌ڵكو ئایه‌تی قوڕئانی پیرۆزی داناوه‌، كه‌ سه‌رتاپای عه‌ره‌بییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ زمانی كوردییه‌وه‌ نییه‌. به‌و پێیه‌ی قوڕئان به‌ زمانی عه‌ره‌بی دابه‌زیوه‌. بۆیه‌ ئه‌ویش هاوشێوه‌ی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی و جه‌مال غه‌مبار)، ده‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعره‌كانیدا هه‌یه‌. له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (جه‌نگ نیازی ئاوابوونی نییه‌)، پێنج ئایه‌تی قوڕئانی تێكهه‌ڵكێشی شیعره‌كانی كردووه‌. شاعیره‌ كلاسیكه‌كانیش هه‌ر ئه‌مه‌یان كردووه‌. ئه‌گه‌ر پاساوی نووسه‌ر ئه‌وه‌ بێت، كه‌ زمانی قوڕئان عه‌ره‌بییه‌ و بۆیه‌ به‌ عه‌ره‌بی ئایه‌ته‌كانی داناون، ئه‌وا پاساوێكی لاوازه‌، چونكه‌ ئێستا ئایه‌ته‌كانی قوڕئان به‌ كوردی كراون و ده‌یتوانی به‌ كوردی دایانبنێت، ئه‌گه‌ر له‌ خه‌می زمانی كوردی دایه‌ و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ شاعیرانی تر ده‌گرێت. هه‌رله‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ی حوسێن له‌تیف، ئه‌م وشانه‌ هه‌ن كه‌ هیچیان كوردی نین و هه‌ندێكیشیان عه‌ره‌بین. ئه‌وانیش:
(موعجیزه‌، قیبله‌، مسته‌ر، گۆلف، قارداش، ستیان، مۆدێرنه‌، زه‌مهه‌ریر، ڕه‌مز، حیجاب، ئیمان، ئاغا، یابه‌، ته‌وق، میتامۆرۆفۆس) ئه‌م وشانه‌، هیچیان كوردی نینه‌ و ته‌نانه‌ت هاو واتاشیان هه‌یه‌ له‌ زمانی كوردی. كه‌واتا بۆچی شاعیر ڕه‌خنه‌ له‌ (غه‌مبار و قه‌ره‌داغی) ده‌گرێت، كه‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعره‌كانیاندا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مان زمانی كوردییان له‌ شیعره‌كانیاندا به‌ عه‌ره‌بی كردبێت، ئه‌وا حوسێن له‌تیف له‌ یه‌ك كاتدا له‌ شیعره‌كانی خۆی، زمانی كوردی به‌(عه‌ره‌بی، توركی، ئینگلیزی) كردووه‌. سه‌د هه‌نگاو زیاتر له‌و دوو شاعیره‌ بۆ دواوه‌، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆنالی و گۆرانی جێهێشتووه‌. هاوكات له‌ شیعره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی شیعری (ده‌رگاكان به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كرێنه‌وه‌) كه‌ ئه‌ویش هه‌ر هی خۆیه‌تی، ئه‌م وشانه‌ ده‌بینرێن (ئه‌جه‌ل ، فۆتۆ، شه‌حاته‌ ، جه‌نه‌ڕاڵ ، سندووق ، موبته‌دا ، خه‌به‌ر ، تیلاوه‌ ، ده‌فته‌ر) ئایا ئه‌مانه‌، له‌ كوێدا وشه‌ی كوردین، تا شاعیر ڕه‌خنه‌ له‌ شاعیرانی تر بگرێت، كه‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ شیعره‌كانییان هه‌یه‌؟ بۆیه‌ پرسی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌ی بیانی له‌ زمانی كوردیدا، پرسێكی ئاڵۆزه‌ و ناكرێت ئه‌و بابه‌ته‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ دوو شاعیری دیاریكراو. وه‌ك خوێنه‌رێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌روكارێكی زۆرم له‌گه‌ڵ دنیای كتێب و خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه‌، ئیدی ده‌زانم كه‌م نووسه‌ری كورد هه‌یه‌، له‌ ده‌قه‌كانیدا په‌نا نه‌باته‌ به‌ر وشه‌ی بیانی بۆ نووسین. بۆیه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ئه‌و كاته‌ نامێنێت، كه‌ زمانێكی ستانده‌ری یه‌كگرتوومان هه‌بێت، یان ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت به‌ كوردیكردنی نووسین به‌ گشتی بكه‌نه‌ فه‌رمی.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌(288) گۆڤاری ڕامان، ڕێكه‌وتی 5/10/ 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




چەمکی (دەردەکورد) لە ڕۆمانی (میرنامە)ی جان دۆستدا.. گۆران سەباح

خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر

بە پێناسە و ورد و دڕشتی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر داناچمەوە، پێشتر بە وردی باسم کردووە (سەیری لینکەکە بکە لە خوارەوە).
لای هێروە، سەت ئافەرین بۆ وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەباح ئیسماعیل. ئای لەو وەرگێڕانە چاکە! هەستم نەکرد دەقێکی وەرگێڕدراو دەخوێنمەوە. دەتوانم بڵێم سەباح یەکێکە لە وەستاکانی وەرگێڕان. دەتوانم ئەم شایەتییە بدەم چونکە خۆم (٣٠) کتێبم لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە، ئەوە بێ لە (١٨) کتێبی مەنهەجی پەروەردەیی. ئەم ئەزموونە پێم دەڵێ وەرگێڕان کارێکی سانا و سادە نییە، بەتایبەتی وەرگێڕانی ڕۆمان. سەباح باش دەرەقەتی میرنامە هاتییە، بۆیە بە پێویستم زانی لێرە نەیشێرمەوە.
سەتان جار گوێمان لە “دەردەکورد” بووە، لێرە و لەوێ، خەڵک بەکاری دەبەن بۆ دەربڕینی “خۆخۆری” لە نێو کورداندا. سەربردەی زۆر هەن لەسەر خۆخۆریی نێو کوردان. جان دۆست، نووسەری میرنامە، “دەردەکورد”ی کردووەتە یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەی. خانی لە لاپەڕە ٢١٨دا بە مەلا سمایل دەڵێت، “دەردی کوردان و ملخوارییان ژەهرێکە بۆ خۆی . . . ئەوە بۆ چل ساڵ دەچێت دەڕژێتە گیانی منەوە.”
ئەحمەدی خانی بەم دەردە چوو. لە خوێندنەوەی میرنامە و گوێدانە دیمانەیلی نووسەرەکەی، وای بۆ دەچم میرنامە کۆشانێک بێت بۆ دیتنەوەی چارەیەک بۆ ئەو دەردە کوشندەیەی چەندان سەتەیە کورد دەپلیشێنتەوە. هەر خانی بەم دەردە نەچووە، هەزارانی تریش.

کە دەڵێم “چەمک”، یەکسەر نەخۆشییەکە “دەردەکورد” لە بازنەی سەربردە و قسە و تێگەیینی ئاسایی دێتە دەرەوە و دەبێتە بابەتی توێژینەوە لە بواری ئەدەب، فەلسەفە، دەروونناسی و زمانەوانییەوە. لەم نووسینەدا لە ڕێگەی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر، کە تیۆرێکی ئەدەبییە، چەمکی “دەردەکورد” دەخەینە ژێر هاوێنە.
لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە، نووسەر نەخۆشییەکە پۆلێن دەکات:

١- دەردە کورد لە نێوان میرانی کورددا: میر محمد و سلێمان بەگی کاتب دێنە کوشتن.
٢- دەردەکورد لە نێوان بازرگانانی کورددا: سەلیمی ناڵبەند کەیفی بە سەڵاحەدینی سەحاف نایەت. حاجی زوهدی بازرگان، باوکی شەنگێ، کەیفی بە هیچ بازرگانێکی تری کورد نایەت.
٣- لە نێوان ڕەشوڕووتاندا: ماڵباتی یاوزی دەمامکدار. باوکی یاوز سەری هاوسەرەکەی، کە دەکاتە دایکی یاوز، لەبەرچاوی یاوز دەبڕێت. دوای ئەوەی سواری یاوز دەبێت، یەکتری دەدەنە بەر خەنجەران و یاوز باوکی خۆی دەکوژێت.
٤- دەردەکورد لە نێوان نووسەراندا: بوهاری داستانی “شێتەی سەرحەدان” لە خانی دەدزێت بە ناوی “دێوانەی بایەزید” لە ژێر ناوی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە.
٥- دەردەکورد لە نێوان پیاوانی ئایینیدا: مەلاکانی نێو ڕۆمانەکە خوێنی ئەحمەدی خانی فڕ دەکەن.
٦- دەردەکورد لە نێوان نووسەران و میراندا: میر عەبدولفەتاحی پسیانی دەستی لە کوشتنی خانیدا هەیە.
بەگشتی، ڕۆمانەکە تاقیگەیەکە بۆ دەستنیشانکردن و شیکردنەوەی نەخۆشییەکە. نووسەر، وەک بەڕێوەبەری تاقیگەکە، بەوپەڕی پڕۆفێشناڵی و لێزانییەوە کاری کردووە. ئەم ڕۆمانە هیی هەر نەتەوەیەکی دیکە با، ئێستە بە ملیۆنانی لێ دەفرۆشرا، کرابووە فیلم و بۆ چەندان زمانیش هاتبووە وەرگێڕان، بەڵام لەبەرئەوەی دەردەکورد ئێستە لە جاران کوشندەترە، ڕۆمانەکە بێ ناز کەوتووە.
نووسەر، بەئاگاییەوە بێ یان نا، لە تاقیگەکەدا دەرمانێک دەدۆزێتەوە بۆ دەردی کوردان. دەرمانەکەش “هەقبێژی”یە. ئەمەیش باجی دەوێ. خانی لەسەر “هەقبێژی” دێتە دەرمانخوارکرن. خانی هێندە هەقگۆ بووە لە لاپەڕە (١٥٩-١٦٠)دا ڕەخنە لە مەلای جزیری دەگرێت و ڕاستییەکە دەڵێت: “. . . من نکوڵی ناکەم و گومانم لە شاعیربوونی نییە، لێ دەڵێم چۆن شاعیرێکی گەورەی وا خۆشمەشرەب . . . چاوپۆشی لە تاوانەکانی میر بکات؟!”
خانی هێندە هەقبێژ بووە لەسەرە مەرگیدا نامەیەک بۆ میر دەنووسێت و هەرچی پێشتر پێی گوتووە دووپاتی دەکاتەوە. “ئەی میر لەو ڕۆژەوەی تۆ میرایەتیت بە چوار هەزار . . . ئەز دەرکم بەوە کردبوو تۆ لایەقی تەختی میرێتیی سەرحەدان نییت.” (لاپەڕە ٢٣٧).
نموونەی هەقبێژی وەک چارەسەر لە تاقیگەکەی جان دۆستدا زۆرن، بۆ خوێنەریان جێ دەهێڵم.
چتێک هەیە هەردەم هاودەمی هەقبێژییە. ئەویش (ترس)ە. بنۆڕە ڕۆمانەکە، هەرچی هەیە لە هەقبێژیی خانی دەترسێت. وەک کابرای دەمامکدار، کە هەموو ژیانی ڕاکردنە لە هەقبێژی، کارەکتەرەکانی تر هەر یەکێ بە جۆرێک دەمامکی (ترس)ی بەستووە. هەمووی، خانی نەبێ، دەترسێت لە هەق. مخابن، هەقبێژ دەمرێت و ترسنۆکانیش دەمێنن. وەک ئەم سەردەمە. هەندێ جار وای دەبینم جان دۆست بە کەرستەیلی بوری باسی ئێستە دەکات.
ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی تر دەتوانن کار لەسەر چەمکەیلی تری نێو ڕۆمانەکە بکەن وەک: لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینزاکان، ئیسلام، بکوژ، خۆخۆری، خۆشەویستی، ڕەخنە، هتد.
پرسیار لە جان دۆست دەکەم. بۆچی هەندێ بەشی زیاد کردووە لە ڕۆمانەکەی کە هیچ پێوەندییان بە پڵۆت و تێمایەلی ڕۆمانەکەوە نییە، وەک: زۆربەی ڕووداوەکانی پێوەست بە ڕەجەبی بەرگدروو، سەلیمی ناڵبەند و چیرۆکەکانی و هەندێ وردەکاری لە هەموو بەشەکان کە خزمەتی پڵۆتەکەی ناکەن؟ بۆ نموونە، بێو خوێنەرێک چیرۆکەکانی سەلیمی ناڵبەند نەخوێنێتەوە، هیچ لە ڕۆمانەکە کەم ناکاتەوە. ئەم زیادگۆتنە تۆزێک لە چێژی ڕۆمانەکە کەم دەکاتەوە و خوێنەر دۆش دادەمێنێت و دەپرسێت، “بۆچی باسی ئەمانەم بۆ دەکەی؟ بۆچی لا دەدەی؟”

لەم لینکە بە وردی باسی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەرم کردووە
https://hawcharkh.net/23/11/2021/2833/?fbclid=IwAR2u-EveeB_YxkV_JNlAQ5AKKVfY6O4a8UVDg9RexY7r1iGZrXHZO86gd24




ڕه‌خنه‌ ڕاشكاوییه‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د ‌

له‌ ڕه‌خنه‌دا ڕاستیی هه‌یه‌. به‌ واتای ڕاستیی به‌ ڕاشكاویی خۆی نیشان ده‌دا. ڕه‌خنه‌ ئه‌گه‌ر بوێر بێ، خاترانه‌ی تێدا نییه‌، چونكه‌ ئامانجی ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانه‌. ڕه‌خنه‌ به‌ ڕه‌هایی بڕوای به‌ پۆپۆلیزم نییه‌ و به‌ ته‌واویی دژیه‌تی. (1)

ڕه‌خنه‌ ته‌حلیل نییه‌، گوتنی ڕاسته‌وخۆی ڕاستییه‌كانه‌: ته‌حلیل ڕاڤه ده‌كا‌ و شی ده‌كاته‌وه‌، واته‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان ده‌چێ، وه‌لێ ڕه‌خنه‌ ڕاسته‌وخۆ شت ده‌دركێنێ. لێره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو بوارێك ده‌با: دین، سیاسه‌ت، سێكس، كۆمه‌ڵگه‌… تاد. له‌مه‌وه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، ڕه‌خنه‌ دروستی ده‌كا. (2)

ڕه‌خنه‌ هه‌میشه‌ شۆكی تێدایه‌. ڕه‌خنه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ بێده‌نگیدا. ئه‌وانه‌ی پۆپۆلیست و خاترجه‌من (ناڵێم به‌رژه‌وه‌ندخواز)، ناتوانن ڕه‌خنه‌ بگرن و ناتوانن ڕه‌خنه‌گر بن. ڕه‌خنه‌ خۆی شه‌ڕه‌: شه‌ڕێكی قورس و دژوار و ترسناك. جا ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ هه‌ر ئاست و بوارێكدا بێ. بێ گومان ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئاسته‌كان وه‌ك یه‌ك نین: ڕه‌خنه‌ی سیاسی و ڕه‌خنه‌ی ئایینیی قورسترین و ترسناكترین بواری ڕه‌خنه‌ن. له‌مه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ڕاشكاوی عه‌قڵانیی، له‌ هه‌ناوی خۆیدا تۆوی گۆڕانكاری زۆری هه‌ڵگرتووه‌؛ به‌ واتای تۆوی پره‌نسیپی ئه‌م گۆڕانكارییه‌. هیچ گۆرانكارییه‌ك به‌ بێ ڕه‌خنه‌ نابێ. شارستانه‌تی مه‌زنی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپا، ڕه‌خنه‌ دروستی كردووه‌: ڕه‌خنه‌ له‌ ئایین و له‌ ده‌سه‌ڵات. به‌ واتای ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئایین و له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. هه‌تا ڕه‌خنه‌ له‌م بوارانه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، له‌ بواره‌كانی دیكه‌ش (ئه‌ده‌ب، زانست، فه‌لسه‌فه‌، هونه‌ر…) سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. واته‌ ده‌روازه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك، ڕه‌خنه‌ی سیاسی و ڕه‌خنه‌ی ئایینییه‌. شه‌ڕی یه‌كه‌می زانست له‌ سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا له‌گه‌ڵ ئایین (ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پاپا و كه‌نیسه‌) و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كانی هاوپه‌یمانی بوو.

ئێستاش له‌ دنیای ئێمه‌دا، تا ڕه‌خنه‌ ببێته‌ به‌رنامه‌ و ڕێبازی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییمان، ده‌بێ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و له‌ گوتاری باوی ده‌سه‌ڵاتی ئایین بگیرێ و ده‌ست پێ بكا. ڕه‌خنه ده‌بێ هه‌موو شته‌ (دیارده‌) چه‌قبه‌ستووه‌كان تێك بشكێنێ، هه‌ڵبه‌ت بێ ڕه‌حمانه‌ ده‌بێ ئه‌م كاره‌ بكا. ڕاستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای دنیایه‌كی نوێ، ژانی ڕه‌خنه‌ به‌رهه‌می ده‌هێنێ؛ تا ڕه‌خنه‌ نه‌بێ، هیچ شتێكی نوێش له‌ دایك نابێ. كه‌واته‌ ڕه‌خنه‌ ده‌بێ مه‌بده‌ئی هه‌موو شتێكمان بێ له‌ ژیاندا: هه‌ر له‌ ڕه‌فتاری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییمانه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ ژیانی ساسی و شه‌خسی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییمان…

په‌راوێزه‌كان:

1- ئێمه‌ لێره‌ باسی پره‌نسیپی ڕه‌خنه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ك ڕێبازی ڕه‌خنه‌. واته‌ چه‌مكی وه‌زیفه‌ی ڕه‌خنه‌ به‌ شێوه‌ گشتییه‌كه‌ی.

2- به‌ڵێ ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ی شیكاریی و ته‌ئویلییمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ڕه‌خنانه‌ ڕاسته‌وخۆ نین، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ی ته‌ئویل و شیكردنه‌وه‌وه‌ (واته‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ و جۆرێك له‌ په‌ناوپه‌سێو) خۆیان به‌ده‌رده‌خه‌ن. ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌نجه‌ له‌سه‌ر شته‌كان (ڕاستییه‌كان) داده‌نێ. ئه‌مه‌ زیاتر له‌ ڕه‌خنه‌ی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی و ئایینییدا به‌ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌م جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌ جۆرێك له‌ تو‌ندوتیژیی تێدایه‌ و زۆربه‌ی جاریش نائه‌كادیمانه‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا فه‌رمییه‌ ئه‌كادیمییه‌كاندایه‌. ده‌شێ بڵێین ڕه‌خنه‌ی ته‌حلیلیی و ته‌ئویلیی پتر ڕه‌خنه‌ی فیكریین، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژیی و ئه‌خلاقییه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د ‌




سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەر درۆکانی لە پەرلەماندا داوای دەستلەکار کێشانەوەی لێدەکرێت.. نوری بەشیر

ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا نمایشی خستنەڕووی درۆکانی سەرۆک وەزیران بوو، ئاشکرابوونی درۆگەلێک کە تاماوەیەک لەمەوبەر ئەو ئیدعایانەی لەسەریبوو رەتیدەکردنەوە، بەڵام رێگایەک لەبەردەمیدا نەما ئەوە نەبێت کە داماوانە داوای لێبوردن بکات.
ئەوە یەکەمین جارە کە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لەوکاتەوە هەڵبژێردراوە، ئاوا کەساس و داماوانە، لە پەرلەماندا ببینرێت. جۆنسن کەوتە بەر ناڕەزایەتی و رەخنەی نەک تەنها ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڵکو کەوتە بەردەم ناڕەزایەتی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانی حزبەکەی خۆشی حزبی پارێزگاران.
ئەم فشارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی بەریتانیا بەشێکی فشاری ئۆپۆزیسیۆنەکانی حزبی پارێزگاران و جۆنسنە، بەشێکی سەرەکی فشاری خوارەوەی کۆمەڵگەیە لەخەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و چەپەکانی بەریتانیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. ئەم ناڕەزایەتیانە بە جۆنسن و حزبەکەی و حکومەتی بەریتانیا، پێش ئاشکرابوونی درۆی سەرانی ئەم وڵاتە کە خۆیان یاسا دادەنێن و خۆیان یاسا شکێنن، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، بەدوای برێکست دا کە قەیرانێکی قوڵ و فراوان رووی لەکۆمەڵگە کرد، باجی ئەم قەیرانەش خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە داویەتی.

کەوتنەبەر رەخنەو ناڕەزایەتی ئەمڕۆی سەرانی حکومەتی بەریتانیا بەتایبەت سەرۆک وەزیران لەپەرلەماندا، لەوەوە سەرچاوەی گرتوو و تەقیەوە لەکاتێکدا لە ٢٠٢٠ دا بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون و مردن بەکۆرۆنا، حکومەت ناچاربوو بڕیاری توند دەربکات کە بەهەموو شێوەیەک کۆبوونەوە قەدەغەکرا، چ لەماڵان و چ لەشوێنە گشتیەکان، رێکاریی یاسایی توند گیرایەبەر.
ئەم یاسا توندانە لەپەرلەمانەوە دەرچوون، جۆنسن خۆی ئیمزای لەسەرکردبوو، بەڵام هەر لەکاتی ئەم یاسا توندانەدا خۆیان یاسایان شکاند، لە داونین ستریت کە جێگای نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانە، کۆبوونەوەو ئاهەنگ سازدراوە، کە خودی سەرۆک وەزیران خۆی و هاوسەرەکەی بەشداریان تێدا کردوە.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرۆک وەزیران بەشێک لە سەرانی تری حزبی پارێزگاران حەشایان لێکرد و داوای لێکۆڵینەوەیان کرد لەسەری، بەڵام بەخت یاوەری بۆریس و حزبەکەی نەبوو، هەر زوو ڤیدیۆکەی ئاشکرا بوو، نەک ئەوەی خۆی بەشداری کردووە، بەڵکو قسەیشی تێدا کردوە، هەر زوو ئەلێگرا ستراتون وەک وتەبێژی سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێشایەوە، دوای دزەکردنی ڤیدیۆیەکەی و گاڵتەکردنی.
ئەمە یەکەمین دەست لەکارکێشانەوەی نەبوو بەڵکو لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارە پلەبەرزەکان و ڕاوێژکارانی حکومەت دەستیان لە پۆستەکانیان کێشایەوە هەر لەسەر پێشێلکاریەکانی شکاندنی یاساکان و رێکارەکانی کە خۆیان بۆ کۆرۆنایان دانابوو.

ئەمە یەکەمین جار نیە کە بۆریس و حزبەکەی درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن. لەدەورەی برێکست هەم بۆریس و هەم نایجل فاراج درۆی زۆریان کرد و فریوی خەڵکیان زۆردا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە حزبی پارێزگاران وەک حزبی راستی بۆرژوازی و چالاکترین حزب کە رکەبەری بەهێزی نەبووەو نیە، هەمویان لە پەرلەمان و یاسا و لە پۆلیسیشدا تێپەڕاندووە.
لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەمڕۆشدا سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەوەی لەژێر فشارێکی زۆردا بوو، بەناچار بۆ دۆزینەوەی رێگایەک و رێکەوتن و ساتوسەداکردن لەپشتەوە کارەکەیان سپارد بە لێکۆڵینەوە، لانیکەم بۆ ئەوەی ئەندامانی خۆیان قەناعەت پێبکات کەپشتی بەرنەدەن. بۆرژوازی بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا پەنا بۆ هەموو شێوەیەکی چەواشەکاری و درۆ دەبات، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپادا کە کەمترین زەمینە هەیە بۆ سەرکوتی راستەوخۆ.
بەریتانیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و درۆی سەرانی حکومەتدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت بۆریس پاڵەوانی برێکست بوو، ئێستا ئیتر ناتوانێت وەڵام بە قەیرانی ئێستا بداتەوە، بۆرژوازی بەشوێن بەدیلدا دەگەڕێت، ئیتر دەکرێ بۆریس بکەنە قوربانی لەپێناو دەسەڵاتی بۆرژوازیدا. هەموو ئەو رێگایانە دەگرنە بەر بۆ شکاندنەوەی قەیران و ئاکامەکانی بەسەر خەڵکدا، هەروەها درۆ و چەواشەکاریش هەر بۆ پاشەکشە بەناڕەزایەتیەکانی خەڵک و سەپاندنی بێکاری و هەژاری زیاتر بەسەر خەڵكدایە. هەربۆیە دور نیە ئەم درۆیانە و شکاندنی رێکارەکانی کۆرۆنا، سەرۆک وەزیران بکەنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسەتی بۆرژوازی دەسەڵاتدار و مانەوەی سیستەمەکەیان، بەتایبەت لە ئێستادا کە بزوتنەوەی کرێکاری لەبەریتانیا لەهەمووکات زیاتر دەورەیەکی لاواز بەسەردەبات و حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری مەیداندار نیە، ئەوەی هەیە چەپە ئەویش تەنیا هێزێکی فشاری لاوازە، بۆیە ئەزمەیەک کە رووی کردۆتە حکومەتی بەریتانیا و خودی حزبی پارێزگاران کەسایەتی وەک جۆنسنی پێویستە.

١٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢




ڕوونیی هه‌موو شتێك.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

وه‌سیه‌ت دوای گه‌رمبوونه‌وه‌ی خۆڵه‌ سارده‌كان

فریشته‌یه‌كی توند ته‌ونی هه‌موو ژیانی بۆ چنیم
ڕووه‌و من سینگی گه‌رمكرد و مه‌ودا به‌ كۆچی وشه‌ ده‌پێوم
كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌م شیعر
له‌ جه‌نگی چوارناڵه‌دا به‌ ڕێگای نیشته‌جێبوون دێمه‌ بوار و هه‌وارت
گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ ده‌ست له‌ ئێسك بده‌یت و ببێته‌ خۆڵ
باڵ ماون له‌ زه‌وی بخشێن و له‌ ناوچه‌وانی ماندوومان بپرسن
ئه‌وه‌ چیت لێهاتووه‌
شارێكیش له‌ پێویستییه‌كی هه‌نیه‌یی ته‌زوو له‌ هه‌ناوی ده‌سووتێ
هه‌تاوی لاویی له‌ پشت بئاڵێنم و دره‌ختی یه‌كه‌می به‌ ده‌وردا بڕوێنم
ئه‌وانه‌ی دوای شوێنپێ كه‌وتوون
به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ به‌خێرهاتنیان بكات و به‌ لێوی به‌هێز ماچی بكه‌ن
به‌ره‌و ڕوخساری له نه‌رمونیانی‌ ئه‌ستێره‌ چنراو هه‌نگاو گه‌رم ده‌كه‌ن
ڕۆح سه‌رچاوه‌ ده‌ناسێ و ده‌زانێت دڵنیایی چییه‌
خه‌ونێكی به‌هێزه‌
***
له‌وانه‌ی به‌دگۆییان به‌رانبه‌ر كرا زۆریانم ناسی و بوونه‌ ئانوساتی سپێده له‌ ڕوخساری مندا
سه‌رده‌ستی كراسم هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌ و سه‌یری گوڵی بێباكیی ده‌كه‌م هه‌وای ده‌وروبه‌رم پڕده‌بێ له‌ لێدانی دڵ ته‌واوی قسه‌ی دڵی خۆمی پێده‌ڵێم و به ‌قسه‌ی دڵ ده‌گه‌م
ئه‌گه‌ر شێر بمخوا
ڕووناكی ده‌مارم له ‌ناوچه‌وانی لێده‌دا
ناسینه‌وه‌ی هێلانه‌ی به‌رزی به‌چكه‌ نه‌ڕۆیشتوو ئاسانه‌
ئه‌گه‌ریش چه‌قه‌ڵی خۆدۆڕاویش بمخوات
ڕووناكی ده‌مارم له ‌ناوچه‌وانی خاوده‌بێته‌وه‌
چاو له‌ شوێنی نامۆدا
وزه‌ی ڕه‌وانبێژی وه‌رده‌گرێ و جیهان له‌سه‌ر شانی ئه‌م ناخاته جێگای ئه‌و
مه‌یسووڕێنه‌
هه‌زارویه‌ك سووڕی ژیان له‌ ساده‌یی دوانت ده‌خه‌مڵێن و ده‌رده‌كه‌ون
هه‌وێنی دڵ بگره‌وه‌ و جریوه‌ و جووكه‌ی دێڕ ئاوازێكی درێژخایه‌نه‌
گه‌ڕه‌كی قسه‌نه‌سته‌ق داوات لێده‌كا بچیته‌ ناوی و چه‌تری هه‌ڵده‌ی
شكۆی سروشت بخه‌یته‌ پاڵ یه‌ك
نالی و
گۆران و
ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د
خه‌ونی نۆبه‌رن له‌ گیانه‌ به‌هێزه‌كان ڕسكاون
هه‌موو شتێكیان بینی بیانكوژه‌‌
شه‌و و ڕۆژ وه‌ك یه‌كیان لێدێ
لۆكه‌ت نه‌خستووه‌ته‌ گه‌رووی گۆرانیبێژی حاڵزانه‌وه‌
شاعیری
هه‌ستاوه‌ی سه‌ر كلك و
فه‌رهه‌نگ هه‌ڵوه‌شاوه‌ و
قه‌له‌ڕه‌شی له‌ناو كڵاو دان بۆ ڕۆكراو و
هه‌واڵده‌ری ئه‌شكه‌وتی دڕندان
له‌ كاتی كڕنووشدا وشه‌كانی چه‌پۆك له ‌سه‌ریان درا و منداڵدانیان كه‌وت
پاشان پاداشته‌كانی وه‌ك به‌ردی مرده‌ و ئه‌سپێی تێرخوێن به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ ژمارد
***
دووباره‌ سه‌یری گوڵی بێباكیی ده‌كه‌مه‌وه‌
خاوه‌نی ماڵێكی گه‌وره‌یه‌
به‌رهه‌یوانی كتێبێكه‌ به‌ ئاگایی كات دێڕه‌كانی تۆمارده‌كا
زه‌وی له‌ شیعر له‌دایكبوو
***
گه‌رمایی په‌ڕه‌ خوێنراوه‌كان به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ن
تاسه‌ی خودا داده‌به‌زێننه‌ سه‌ر زه‌وی
نزیك شاری تازه‌ دروستكراو ڕوخساری بووه‌ كێڵگه‌ی گه‌ردوونیی
ڕۆژه‌ لێڵ و شڵه‌ژاوه‌كانی باشكردین چاوی ڕه‌شه‌بای تێدا هه‌ڵناكا و بازاڕی كۆیله‌فرۆشانی لێنییه
گای په‌ركه‌مگرتووش له ‌جێی كه‌ڵه‌باب ناخوێنێ
***
خانه‌خوێی ڕووناكی داوای پێوانه‌ی هێزی چاوی سه‌مه‌نده‌ری لێكردم
كوا
خانه‌خوێی ڕووناكی داوای لێكردم كلیل له‌ ماڵه‌كه‌ی بسووڕێنم
كوا
خانه‌خوێی ڕووناكی ئاگاداری كردمه‌وه‌ له‌ چاوترووكانێكی ناكاو ئاسك به ‌دره‌وشاوه‌یی ده‌بینم
كوا
خانه‌خوێی ڕووناكی فه‌رمووی پشووی تاهه‌تا‌یی لێكردم
كوا
بڕوانه ‌كوا ده‌رده‌‌كه‌وێ و ڕاده‌په‌ڕێ
ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌باره‌ی په‌یامبه‌ریی و پێشبینی ده‌گێڕێته‌وه‌
زه‌وی له‌خۆبایی نه‌بووه‌

ئاداری 2021 هه‌ولێر

سیما و ساڵه‌كان له‌ پێ پیرۆزه‌وه‌

1

له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌ مه‌ی سووره‌وه‌ دێ
سه‌رله‌نوێ سه‌یری بای سه‌رپه‌نجه‌ره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌ كۆتایی ڕێگا دانیشتووم و سڵاو وه‌رده‌گرمه‌وه‌
چاو‌م ماندوو نییه‌ به‌ زۆربینی
***
ڕێبواری یه‌كه‌م زێوان بوون تێیدا له‌ به‌یانیی خۆڵه‌مێشی و مانگی نیوه‌گیان نامێنێته‌وه‌
*
ڕێبواری دووه‌م ڕووه‌كه‌كانی خوداوه‌ند سێبه‌ری دیكتاتۆر نه‌یهێشت چیا خه‌ونی شه‌هیدانمان پێبدات
*
ڕێبواری سێیه‌م خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه‌ گوڵم له‌ بێئاگایی نه‌چنیوه‌ و نهێنی گه‌شه‌كردنم دره‌وشانده‌وه‌
*
ڕێبواری چواره‌م شه‌ڕی چل ساڵه‌ نوێژی دڵنیایی خۆی دووگوردی بۆ هه‌ڵبژاردم و ده‌ستی له‌سه‌ر ناوچه‌وانم دانا
*
ڕێبواری پێنجه‌م مردوویه‌ك ئاگای له‌ هه‌مووانه‌ مانگی هه‌ڵاتوو سواری ئه‌سپى به‌ په‌مۆ شۆردراو بوویمه‌ جێم بهیڵه‌
*
ڕێبواری شه‌شه‌م سه‌د و یه‌كشه‌وه‌ باڵنده‌یه‌كی تازه‌فڕ چووه‌ ناو دێوجامه‌ ئاسمان دواى ئاسمان بۆنى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی كرد
*
ڕێبواری حه‌وته‌م ساڵی سفر
له‌ كاتی كۆنم ڕوانی و گه‌مارۆی شاره‌ نوێیه‌كانم شكاند
*
ڕێبواری هه‌شته‌م سروودی زه‌وی
جارێك له‌ جاران له‌ ماڵی دره‌ختێك تاسه‌م پشووی دا
*
ڕێبواری نۆیه‌م حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم
من و قۆزاخه‌ له‌ بینینێك چاومان ترووكا و بۆنی مۆمی سووتاومان كرد
*
ڕێبواری ده‌یه‌م دواكه‌وتن له‌ كه‌شتیی نووح گه‌یشتن ئه‌ستێره‌ی تاریك نه‌كردم و به ‌ته‌نیا ڕام نه‌كرد
*
ڕێبواری یازده‌یه‌م به‌ها و هه‌ڵه‌ی پێشبینییه‌كان
گه‌رمایی گۆنای چیا مۆن بوو
*
ڕێبواری دوازده‌یه‌م سه‌ره‌تا وشه‌ بوو
شه‌پۆلی هه‌ڵچوو لێی دام له‌ ژووری سارد و نزم هه‌نگاوم نه‌نا
*
ڕێبواری سێزده‌یه‌م سه‌رزه‌مینی هه‌موو ناوه‌كان
به‌ هێمنیی له‌ هه‌موویان دووركه‌وتمه‌وه‌ و ته‌نیاییم له‌ پشت سێبه‌ر نه‌گه‌ڕا

 2                                  

ئه‌سپی ناڵ په‌لكه‌زێڕینه‌یی به‌ مانگم گوتووه‌ تاریكی درێژه‌ناكێشێ ده‌ركه‌وه‌
كۆمه‌ڵێك وێنه‌ سێبه‌ری ئه‌ییوبن به‌ دیواری ژووره‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌وه‌ی گوتیان ته‌مه‌نی نه‌مریی و حیكمه‌ت بوو
په‌رده‌ی گوێم بووه‌ تۆمار و پێشانگای نایاب
پێ پیرۆز له‌ ڕێی دیداری ڕوخسار ڕووناك‌ له‌ قاپێكی قوڕ میوه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ڕاگرتووه‌
خودایه ‌نهێنی ڕوخسار ئاشكرابكه‌
دڵ خۆی شه‌راب له‌ جام ده‌كا
خومار له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستن و له ‌خۆیان ڕووناك ده‌بنه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی به‌رچاوته‌نگان له‌ شه‌قامی لۆمه‌ تێده‌په‌ڕن بۆنی هه‌ویری هه‌ڵاته‌ له‌ داره‌بازه‌م هه‌ڵده‌ستێ
به‌ره‌و شوێنی كوشتن و ده‌ركه‌وتنم هه‌ڵمگرن
له‌ ئێستادا هه‌موو شتێك درێژده‌بێته‌وه‌
دره‌ختیش زوو كه‌وته‌ سێبه‌رگرتن
له‌ شوێنێك وه‌ستاوم ئاگاییم له‌باره‌ی هه‌وره‌وه‌ هه‌یه‌
باڵنده‌ی ناو بای سه‌ر په‌نجه‌ره باڵ و ئاسمانی كه‌وته‌ لام
هاته‌ ناو نابیناكانه‌وه‌
باوه‌شمان تێكوه‌رینا و بیرمان له‌ بینایی و بینین كرده‌وه‌
ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌قامی لۆمه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌‌ سه‌یرمان ده‌كه‌ن ‌ ‌
له‌ چاوی چیای به‌كه‌ڵه‌كێوی گه‌رمترن بینین خۆی بێتاوانه‌ سزای بینینێكی تر نییه

‌تشرینی یه‌كه‌می 2021 هه‌ولێر

سپی به‌ره‌و ڕه‌ش

بە دەشتێکی ناسراودا دەچووم به‌ختیاریی به‌ئاگا بهێنمه‌وه‌
کە نان و ئاو لەم دەست و ئەو دەستی دانراوە
بەرازی لمووزڕەشی شێرپەنجە ڕێگای پێ گۆڕیم
من بە ڕێگای سێبووری و خەڵوەتی ئه‌زبه‌ركردنی دروود دەچم
ئەویش بەو ڕێگایە دێ
لە شینایی دەریاوە ڕێگای بۆ ھاتووە
تێکەڵی بایەک دەبین
خەون و بیرەوەری شێدارکردووین
وا نزیکە ببییە نەبینراو
چی ما بە لێوی گەرم ماچی بکەم
ماسییەکم زمان گران
فڕێ دراومەتە بەردەڵانێک کەس بەلایدا ناچێ
ڕووەکان دەبینی
خەتە جووتەکەی کێڵات
شیری گوڵەگەنمی لەناو لەپی منداڵانمان ماوەتەوە
شاعیرێکم مانگ لاره‌مل و پێڵووكه‌وتوو
سێبەری لێڵی بێھيوایی گەمارۆی داوم
شیعر ئه‌ی مانگه‌شه‌و‌ی به‌هێز و برینی سپی به ناوچه‌وانی نزاكانمه‌وه‌
شیری دایکی خودام خواردووە بێویستم مه‌كه‌
دڵم له‌ناو ده‌ستم داناوه‌
كاروانيشی به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕوا
زه‌نگوڵه‌ی ماندووه‌
خۆری ئێواره‌ به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌مدا ده‌ڕوا و لانادا
تشرینی دووه‌می ٢٠٢١ ھەولێر




بۆکۆتایهێنان بەگۆشەگیری بەرێز ئۆجەلان و دەمیرتاش.. گەشتیار مەحمود

(تکانامە)کەم گەیاندە کۆشکی سپی و کۆنگرێسی وڵاتی ئەمریکا.

گەشتیار مەحمود

کۆشکی سپی وەک دەوترێت بارەگای بەهێزترین سەرۆک لەجیهاندا، چاوگی کۆتابریار بۆ دیاریکردنی مەودای سنوری دەسەڵات و چارەنوسی چەندین دەولەت. بێگومان چارەنوسی سنووری کوردستانی گەورە لە رۆژهەلەتی ناوەراست بەندە بەچارەنوسی نەخشەی چواردەولەتی داگیرکەر، ئەو نەخشەیەی کە دەکەوێتە چەقی مەیدانی یەکلاکەرەوەی چارەنوسی ململانێیی خەونی سولتانی عوسمانی و خەیاڵی هیلالی شیعی لەکیشوەری ئاسیا. بۆیەکلاکردنەوەی بریاری کۆتای ئەم پرسەش گەڕانەوەیە بۆچاوگی دەسەڵات ئەویش کۆشکی سپی یە لەکاتێکدا هەرئەم شوێنەیە بەرژەوەندی سەدان ساڵەی داهاتوی ولاتی ئەمریکا مسۆگەردەکات.

بۆیە بنکۆڵکردنی کێشەی نەتەوەی کورد لەرۆژهەلاتی ناوەراست بەشێکی دانەبڕاوە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لەسەر هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە و دروستکردنی کاریگەری راستەوخۆ بۆسەر چارەنوسی چوار دەولەت. لەئەگەری رودانی هەر گۆرانکاریێک لەنەخشەکەدا لەژێر سێبەری برەوی ئابوری سیاسی و هزری ئاینی و کاریگەری سیاسەتی جیۆپۆلەتیک بەرژەوەندی چەندین دەولەت دەکەوێتە مەترسی و دەبێتە پوکانەوە و سرینەوەی هێزی بریار لەدارشتنەوەی نەخشەی داهاتوودا.

لەم سەردەمە دەوڵەتداری لەدوای کاری لۆبیکردن بۆئامانجی پێشینەی سیاسی و لەپال سێبەری گرێبەستی ئابوریدا بەرمەودایەکی گەور لە بەرێوەبردنی دەوڵەت داگیردەکات، بەدیوێکتر زۆرجار دیاردەی خۆپیشاندان و شەرمەزارکردنی دەوڵەت پەیوەست بەچەند پرسێک رەنگە ئامرازێکی سەردەمیانەی نانەوەی پشێوی ئەمنی و چەکێکی بەهێزی دەستی نەیارانبێت بۆئەوەی کاریگەری راستەوخۆ لەسەربریارە سیاسیەکان دروستبکەن. لەهەندێک ووڵات فشاری سۆشیال میدیا ڕێگایەکی ترە بۆدەربرینی پشتگیری یان پیشاندانی ناڕەزای و کاردانەوەی رای شەقام بۆ داواکاری خزمەتگوزاری و ماف و ئازادیەکانی هاولاتیبوون بۆئەوەی جولەیەکی سیاسی توڕە لەژێرناوی دروستکردنی رای گشتی حکومەت ناچاربکرێت لە دۆخێکی نائاسی شلەژاندا داواکاریەکان جێبەجێبکات.

تائێستا دۆخی کورد لەکوردستانی گەورە لەگەل ئەوکرانەوەیەی لەدونیای دەرەوە دەستەبەربوە مافی هاولاتی کوردبون و دۆخی خراپی ژیان و مەرگی ئازادی لەئاستێکی مەترسیدار لەچوارچێوەی زیندانێکی گەورە وێنادەکرێت، هەوڵدان بۆ چارەسەری دۆخی کورد لە پاچەکانی کوردستان کە بەهۆی کوردبوونەوە لەناودەبرێن مێژویەکی درێژی هەیە ، مۆدێلی زیندانی سیاسی بۆ سزادانی مافی کوردبون لەژێرپەتی سێدارەو کۆتوبەندی کونجی زیندان پەیامێکی ترساندن و تۆقاندنی دوژمنانی کوردە تاوەکو ئیستالەو وڵاتانە حوکمی سەرکوتکردن پیڕەودەکرێت، هەموە جوڵەیەکی سیاسی لەژێرناوی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دوچاری سزایەکی سەخت دەبێتەوە و سەرکوتدەکرێت.

خۆشبەختانە، رێژەیەکی بەرچاو لەنەتەوەی کوردی لەو وڵاتانانە دەژین کە دادپەروەری وئازادی و دیموکراسی و مافی نەتەوە و هاوڵاتیبوون لەپێشینەی کاری دەوڵەتداریە ، بۆسود وەرگرتن لەم دۆخە وەک هاولاتیێکی دانیشتوی ولاتی کەنەدا کە هاوسنور و دراوسێ ی ووڵاتی ئەمریکا، لە (تکانامە) یەکدا وەک ئەرکێکی نەژادی کوردبونم، نامەی داواکاریم بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار لە کۆشکی سپی..

ئاراستەکردنی ئەم تکانامەیە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بەئامانجی خستنەروی پاکتاوی رەگەزی کورد لەرۆژهەلاتی ناوەراست و تایبەتر ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستان بووە. بۆ ئەم دۆخەی کورد، پێشنیاز و پەیامی چارەسەری ئاشتیانە بۆ هەوێنی کەشێکی ئارام وفەراهمکردنی ئازادی ماف و ژیانی گەلان لەباکوری کوردستان بێگومان ئازادکردنی بەرێزان (عەبدولا ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش)ە تاکەرێگای چارەسەری ئاشتیانەیە و پێویستیەکی زەڕوورە دەبێت پەلەی لێبکرێت. بیرۆکەی شکستخواردووی ناحەزانی کورد کەلە زیندانیکردنی شۆڕشگێڕانی کورد خۆیدەبینێتەوە، پێویستە لەرێگای فشارێکی یاسای و سەردەمیانە کێشەی کورد بۆدونیای دەرەوە بەیانبکرێت، کە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە پەتی سێدارەو کونجی زیندانەوە بگۆردرێت بۆگفتوگۆی ئاشتی وئازادکردنی شۆرشگێرانی کورد لەزیندان. بەخەیاڵی هێنانەدی ئەو خەونەی کە دەگوترێت ئەگەر هەرهەوڵێکی ئاشتیانە لەناوچەکەدا سەربگرێت ،سەرەنجام لەئایندەیەکی نزیکدا دەکرێت کوردوتورک وەکو دوو نەتەوە و دوو زمان و دوو کلتور بەئاشتی لەژێردەستورێکی پێشکەوتوو پێکەوە برایانەو سەردەمیانەبژین…

ئەگەر چی رەنگە تکانامەیەک لەناو هەرای ئەم هەموو زولم و ستەمەی لەکورد دەکرێت تەنها هێندەی مەشخەلی ووشەیەک لە ناخی کوردێکی زیندانی سیاسی دابگیرسێت، کە ڕۆژانە بەبەرچاوی هەموو دونیاوە هەزاران ووشە بەسەر دیواری کونجی زیندانەوە کۆڕێک بۆ مەرگی ئازادی ئەگێرن. بەرپرسیاریەتی سەرشانی هەرکوردێکی خاوەن هەڵوێست هێندەسەختە لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەبژی نووسراوی سەرلاپەڕەی رۆژمێری مانگ و ساڵی کوردی پڕن لەهەزاران داستان و بیرەوەری ناخهەژێن، پێویستە لەیادنەکرێن و لەسەر مێزی کۆشک و تەلاری بڵندگۆی دەسەڵاتی زلهێزەکان بنوسرێنەوە. لەبیرمابێت ئەمرۆ رۆژگارێکە رێی کاروانی قوربانیدانی نەتەوەیی کورد هاوشانی گەلانی دونیا بۆرزگاربوون لەژێردەستەیی پێویستە چیرۆکە تراژیدیاو جینۆساید و مەرگەکارەساتەکانی لەشوێنی پەیوەندار تۆماربکرێن و بناسرێنەوە کە کورد رووبارێک خوێنی ڕشتوەو خاوەنی هەزارەها شەهیدە، کەهەر دڵۆپێک لەخوێنی رژاوی شەهیدێک لە گۆرستانی خەونی ئازادی بە هەزاران خەون و ئاواتەوە چۆتەژێرگڵ و ناونیشانی سەرکێلی مەزارگەکان لە ولاتێکی بێناسنامە رێگای هەزاران دایکەشەهیدی جگەرسوتاون.

لەدونیای ئەمرۆدا بەسود وەرگرتن لەئەزموونی سەرکەوتنی نەتەوەکانی تری ستەمدیدە، ناردنی پەیام و تکانامەکان بۆ بۆ بارەگای وڵاتێکی زلهێزی جیهان لەچوارچێوەی چالاکی مەدەنی، بەومانایەی ئەمە تەنها رێگاراستەکەیە کاتێک ووشەکانی لە نوکی پێنووسێکەوە ئەبنە تیرێک ئاراستەی دڵی داگیرکەر دەکرێن! بۆئەوەی رەنگدانەوەی مانایەک لەفەرهەنگی نەژادی کوردبون و دیدگایەک لە پاکتاوی رەگەزی نەتەوەیەک پیشانی دونیای دەرەوەبدرێت، وێنەی راستەقینەی داگیرکەرانە کاتێک بۆسەربرنی ئازادی و لەناوبردنی رووناکی، چرایەک زیندانی دەکەن کە بۆهەمیشە خەیاڵیان وایە زیندانێکی تاریک پێویستە جێگای کوشتنی رووناکی بێت، بێ ئاگا لەوەی ئەوانەی لەچواردیواێکی تاریک چرایەک زیندانی دەکەن سەرەنجام ئەوەی قڕدەکرێت لەناوبردنی تاریکیەکەیە نەوەک گڕی روناکیەکە، وەک م.زارا محەمەدی لەپێشوازی زیندان لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان گووتی (قور بەسەر ئەوەی هیوای بەبەندیخانەیە)…

لەم رۆژگارەدا بەرەوی سیاسەتی زیندانی سیاسی کەهاولاتیانی کورد لەسەر مافی کوردبوون لە پارچەکانی کوردستانی گەورە روبەرودەبنەوە. بەشێکی هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ پەیڕەوکردنی نەریتی ئەو سیاسەتە ترسناکەی لەژێرناوی گوێڕایەلی وەلی ئەمر و قبولکردنی وەزیفەی عەبدی مەئمور پەیوەندیەکان لەناو کوردستان لەگەل دوو ولاتی هاوسێ بنیاتنراون و لەلایەن دارودەستەی نەتەوەهاوسێیەکانیشەوە ئەم سیاسەتە چەوتە لەسەربنەمای پشتگیری لەپۆست و بەژەوەندی بازرگانیکردن بەخاک و نیشتیمان دارێژراوە و درێژەی پێدراوە، بۆمەرامی چەواشەکاری و شێواندنی راستیەکان وەک ئامرازێک وکارتێکی فشار هەرکاتێک دوژمنان بیانەوێت لەشێوەی بۆمبێکی قورمیشکراو دەبنە پاڵەوانی سیناریۆکان و رۆلیان پێدەسپێرن و بەکاریاندەهێنن. لێرەدا درێژەدان بە شکاندنی کەرامەتی تاکی کورد لەژێرهەربیانویێک لەهەر پارچەیەکی کوردستان ،بەداخەوە ئامانج لێی مۆدێلێکی سیاسی گونجاوە بۆ درێژەدان بەکۆتوبەندکردنی نەتەوەی کورد ناراستەوخۆ بەدەستی نەتەوەهاوسێکانی.

مێژووی ئەم نەریتە سیاسیە لەناو خوێنی کوردا کۆنە، لەسەردەمی میرنیشین و ئاغا و شێخ و بەگەوە درێژبۆتەوە تا دەگاتە سەردەمی روخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ بەتەواوی وەک مۆدێلیکی سیاسی جێبەجێکرا، بەشێوەیەک بۆمانەوە و پارێزگاری کردن لەداردەستەی و نۆکەری بێگانە و کاری سیخوری و رادەستکردنەوەی شۆرشگێران بەدوژمنانی کورد بەکارهاتوون. ڕێشمەی ئەم سیاسەتە ترسناکە لەدەستی فارس و تورکەوە چاودێریکراوە. چونکە داگیرکەران کاتێک دڵنیابوون بەربەستەترسێنەرەکە (صدام حسین) کۆتایهات، ئەوەی لەزەمانی سەدام بۆیاننەدەکرا لەدوای سەدام بەبیانوی تورکمان و حوسەینیەکان، دۆخی ناوخۆی ئیراق کرایە شوێنی یەکلاکەرەوەی ململانێ ی ساخکردنەوەی برەوی هێزی دەسەلات لەنێوان ئیران و تورکیا.

پەرەسەندنی دەستی دەرەکی لەناوەندی ئێراق و باشوری کوردستان بە دروستکردنی چەند کۆپیەک لەوەلی ئەمر بەدەسەلاتی عەبدی مەئمور لەپۆستی بەرز بۆ جێبەجێکردنی پیلانگێری داگیرکەران تەدەهات زیاتربوو، بۆماوەیەکی درێژ فارسوتورکەکان سەرکەوتوانە لەسەر رێچکەی ئەم نەریتە سیاسیە نیازەگڵاوەکانیان پێکا. ئەگەر بگەرێینەوە بۆمێژووی دکتاتۆری ڕژێمی بەعس، زەمانێک بوو پێشمەرگە بەموخەریب تاوانباردەکرا، ئێستا لەتێرمێکی مۆدێرن بەشاهێدی کورد گەریلا بەتیرۆرست تاوانباردەکرێت. هەندێک لەو پارتەکوردیانەی ئیستا سیمای حوکمرانی کوردین لەباشور پێشتر لەدونیای دەرەوە لەلیستی رەش ناونوسکرابون، بەلام بەدرێژای ئەم چەندسالەی دەسەلاتی کوردی لە كوردستان هەرکاتێک روبەروی دۆخێکی سیاسی نالەبارکرابێتەوە لەپال تەسفیەحیساباتی دووجەمسەری دەسەلاتی دەرەکی هاولاتیان لەژێر پیلانی مسۆگەرکردنی سێبەری دەسەلاتی دوو ولاتی داگیرکەر قوربانیانداوە. لەکۆتایدا هەژمونی دەسەلاتی بێگانە بەسەر کوردستانی باشور شۆڕبویەوە بۆ بەتاڵانبردنی خێروبێری نیشتیمان لەچنگی دوو ولاتە دراوسێیەکە، لەبەرامبەردا بەبەرنامە و پیلانی تۆکمە هەوڵدراوە کوردستان لەروی ساسی لەژێرکاریگەری سیاسەتی وولاتانی دەرەکی و ناوەندێکی ساخکردنەوەی کالای بەسەرچوو ماددەهۆشبەرەکان بێت.

چارەسەری ڕیشەیی بۆ بڕینی دەستی دەرەکی و دەرچون لەم دۆخەئالۆزە ، ڕەنگە چەندین ساڵیتری پێویستبێت تاوەکو پرسەکە وەک بەرپرسیاریەتیێکی مێژوویی لەچواچێوەی دروستکردنی رای گشتی شەقام ئەخاتەژێرپرسیارەوە، هەرکاتێک لەهەناوی کۆمەڵگا فشارێکی مەدەنی خۆرسک بەئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵانی خەلک دروستبوو، سنووری داواکاریەکان فراکسیۆنی پارتەکوردیەکانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئیراقی تێپەراند، بەرەیەکی بەهێزی پەرلەمانی بەرێکەوتن لەسەر چەند خالێکی هاوبەش ، دوورنیە دەستێوەردانی دەرەکی و پاراستنی شکۆی سیادەی دەوڵەوت و گیانی هاولاتیانی گوندو دێهاتەکانی سەر سنوور کاری لەپێشینەی هاوپەیمانیەتەکە بێت .بەمەش دوورنیە بەهاوکاری هاوپەیمانان سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوە لەدەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستان چارەسەری ڕیشیبێت. بێگومان ئەم هەنگاوە چارەسەرێکی ڕیشەیی سەردەمیانەیە بۆئەوەی کورد لەرێگای پێشینەی قۆناخی لۆبیکردن کێشەی نەتەوەکەی لەرۆژهەلاتی ناوەراست بگێنێتە ترۆپکی ئامانج. هیوای قەدەری ئەستێرەی بەختی ئەم نەتەوە ستەمدیدە ئەگەر لەهەوری ڕەشی خیانەت رزگاریبێت، و پێشئەوەی بۆ چارەسەری ڕیشەی ئاراستەی سیاسی کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەروپا لە بەرژەوەندی کورد بریارە چارەنوسسازەکان یەکلابکاتەوە، دەبێت شێرپەنجەی دەستی خیانەت لەناو خوێنی کورد ڕیشکێش بکرێت!




كورد و نه‌فره‌تی جوگرافیا یاملهۆڕی و ناكۆكی.. رەسوڵ بۆسکێنی

كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازا و قاره‌مان و نه‌به‌رده‌، به‌درێژایی مێژوو دراوسێكانی به‌ئازا و شه‌ڕكه‌ر ناویان بردوون، ته‌نانه‌ت زۆربەی گه‌ڕیده‌ و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانیش لەمەڕ ئازایی و قاره‌مانی و سوارچاكی، گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ كورد گه‌لێكی ئازا و شه‌ڕكه‌رن و سه‌ر بۆ هیچ كه‌س دانانه‌وێنن، شەرەفخانی بدلیسی دەربارەی ئاكاری كورد دەڵێت: كورد گه‌لێكی ئازا و قاره‌مانن و سه‌ر بۆ كه‌س ناچه‌مێنن، شكۆمه‌ندی نه‌فسیان به‌رزه‌ و بۆ بژێوی ژیان ده‌ست له‌كه‌س پان ناكه‌نه‌وه‌، كورد ئه‌گه‌ر باری ئابووری خراپ بوو، پێی باشتره‌ زوڵم له‌خه‌ڵك بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ خه‌ڵك پان بكاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر كات برسی بوو، ده‌ست ده‌داته‌ چه‌كه‌كه‌ی و ده‌چێت به‌ زۆر نان له‌خه‌ڵك ده‌ستێنێت، به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ شه‌رمه‌ سواڵ بكات و ده‌ست له‌به‌ر خه‌ڵك پان بكاته‌وه‌، كوردەكان ئەگەر ئاكارێكی ناپەسندیان هەبێت،‌ هەر ئەوەندە كەسیان سەر بۆ كەسیان ناچەمێنێت‌ و بۆ یەكتر نایەنە بەركەمەند و هەروەك تاكە تاكە هەر كەسە بیر لەسەربەرزی خۆی دەكاتەوە، بەتێكڕایی بیر لەسەربڵندی تێكڕایی ناكەن و پشتی یەكتر ناگرن و نابنەیەك. دەربارەی ئەم ئاكارە نالەبارەیانەوە مامۆستا (مەلا سعدالدین) فێركاری سوڵتان مرادخانی عوسمانی بووە، لەناو مێژووە توركییەكەیدا كە بۆ عوسمانیانی داناوە، لەمەڕ كوردیشەوە دواوە، دەڵێت‌: هەموو كوردێك بۆ خۆی سەربەخۆیەكە و ئاڵای ملهوڕی و زۆرداری بەرزكردۆتەوە و لەناو ئەو شاخ و كێوانەدا بەسەربەستی دەژی، ئەگەر سەرنج بدەینە باری یەكدی گیری و هاوبیری و هاوكارییانەوە، تەنیا لەشادە و ئیمان هێناندا نەبێت، لەهیچ شتی تردا یەكناگرنەوە.

مرۆی كورد هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی خۆی ده‌ناسێت و هه‌ست به‌چاكه‌ و خراپه‌ ده‌كات، خۆی به‌مه‌زن ده‌زانێت، حه‌ز ده‌كات پێی بووترێت قاره‌مان و ئازا و شه‌ڕكه‌ر، هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌شی وای لێ كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ر نه‌یار و دوژمنه‌كه‌یدا چالاك و زه‌بر وه‌شێن بێت، ئه‌و هه‌سته‌ی وای كردووه‌ زۆر له‌خۆی ڕازیه‌ و خۆی زۆر پێ له‌تورك و عه‌ره‌ب و فارس باشتر و پیرۆز تربێت،‌ له‌ئه‌نجامدا‌ ئه‌وه‌ ویستی ملهوڕی و توند و تیژی و شه‌ڕانگیزیه‌.
میر شه‌ره‌فخان و سه‌یدا ئه‌حمه‌دی خانی تاوانی یه‌ك نه‌گرتن و لێك دووریمان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ملهوڕی و لاساری و ده‌مار ئه‌ستوریمان، په‌روه‌رده‌كرانی هه‌زار ساڵه‌مان ده‌‌و چاڵه‌ی خستوین و ئه‌وه‌ی پێ كردووین كه‌ كردوویه‌، و چاوبه‌ستن و گزی كاری به‌دكار و ناله‌باران به‌و ده‌رده‌ی بردووین.ئه‌وه‌نده‌ی چڕی شاخ و چیا و كه‌ژ و زۆری خوڕی ڕووباره‌كانمان، وه‌ك ده‌ڵێن نه‌فره‌تی جوگرافیا بونه‌ته‌ له‌مپه‌ر و به‌رگری به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن و تێك نه‌گه‌یشتنمان، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ و زیاتریش به‌ندوباوی پڕ ته‌فره‌و ژه‌هراوی برایانی ده‌م گه‌رم و ده‌سبڕ و ئاشنایه‌تی به‌دیمه‌ن جوان و بن شڕ، ئه‌و په‌نده‌یان پێ داوین و له‌و به‌ند و داوه‌دا شه‌ته‌ك دراوین و تائێستاش هه‌ر به‌دیلی و خاكه‌ساری ماوینه‌وه‌.

ئه‌و ڕه‌فتار و داب و نه‌ریتانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان كۆمه‌ڵێك هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سروشتی و جوگرافی هه‌ن كار له‌ ڕه‌فتار و سروشت و دابوونه‌ریتی گه‌لان و ڕواڵه‌تی ژیانیان ده‌كه‌ن، گه‌لی كوردیش یه‌كێكه‌ له‌و گه‌لانه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ی نیشتمانه‌كه‌ی له‌نێوان دوژمنه‌ ده‌ڵڕه‌ش و سه‌رخته‌كان ده‌وره‌ دراوه‌، جگه‌له‌وه‌ش چیا به‌رزه‌كان و ده‌شته‌ به‌رینه‌ كان و دۆڵه‌ قوڵه‌كان و ڕووبار و ڕێچكه‌ دژواره‌كان و ئاوهه‌واكه‌ی وای كردووه‌ وازی جه‌نگ و یاخی بوونیان هه‌بێت، توێژه‌رێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سه‌ربه‌فڵان بوون (التبعیه‌) به‌كرده‌وه‌ لای ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خێڵه‌ كوردییه‌كان نادۆزێته‌وه‌، شه‌ره‌فخان ئه‌م سیفه‌ته‌ی له‌ واقیعدا به‌رجه‌سته‌كرد له‌ كتێبه‌كه‌ی، بابه‌تی كتێبه‌كه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ ورده‌كاری ئه‌م ناكۆكی و ململانێیانه‌، شه‌ڕ ئه‌و مۆته‌كه‌یه‌ی وازی له‌ مێژووی كورد نه‌هێناوه‌، به‌درێژایی چاخ و سه‌رده‌مه‌كان یه‌خه‌ی كوردی گرتووه‌ و كه‌نه‌فت و ماڵوێرانی كردووه‌، تا ئه‌و ڕاده‌ی له‌به‌رامبه‌ردا وتراوه‌: (چۆن كورد و چیا له‌یه‌ك جیانابنه‌وه‌ چه‌ك یان كوشتار و كوردیش له‌یه‌ك جیانابنه‌وه‌) هه‌ر ده‌بێ زۆر هۆكار و هۆ هه‌بن كۆبووبنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وا بكه‌ن كورد وازو و ئاراسته‌ی به‌ره‌و كوشتار و جه‌نگی به‌رده‌وامه‌وه‌ بێت، هۆكاری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ته‌ك هۆكاری ناوخۆیی هه‌روه‌ها سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌كورد هۆیه‌ك بووه‌ له‌ هۆیه‌كان، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كوردستانیان داگیر كردووه‌، نیازیان پاك نه‌بووه‌، به‌رامبه‌ر به‌كورد ته‌نیا مه‌به‌ستیان هێنانه‌دی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان‌ و بن پێ خستنی مافه‌كانی كورد بووه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ كوردان تێكۆشان و به‌چڕی وه‌ڵامی ئه‌م خاڵه‌یان داوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌جیاجیایی په‌رت و بڵاوی و یه‌ك نه‌گرتن، له‌نێو كوردا نه‌یاری و ناكۆكی و ڕاڕایی به‌توندی هه‌یه‌، عه‌مری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:” كوردان خه‌ڵكێكی زۆرن و له‌ژماره‌ نایه‌ن، گه‌ر شمشێری ناكۆكی و شه‌ڕه‌نگێزی نه‌بووایه‌، كه‌به‌ئاگاكه‌یان ده‌یاندروێته‌وه‌ و خه‌وتووه‌كه‌یان به‌ئاگادێنێت، وڵاتانیان داده‌گرت، وا باسیان ده‌كرێت، خاوه‌ن ڕای جیاجیا و یه‌ك ڕا و وشه‌نین، ئه‌م ناكۆكیه‌ له‌نێوانیاندا شمشێرێكی له‌كالان ده‌رهاتووه‌ و خوێنڕشتنی به‌رده‌وام و بێ سیسته‌می باو” هه‌تا شه‌رفخانیش ئه‌م سیفه‌ته‌ی له‌زۆر شوێندا دووپات كردۆته‌وه‌، له‌كتێبه‌ نایابه‌‌كه‌ی(شه‌ره‌فنامه‌)دا ده‌ڵێت:” كورد له‌سه‌ر ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی ئه‌فرێندراون، پشتی یه‌ك ناگرن و گوێڕایه‌ڵی یه‌كترنین، په‌یوه‌ستی یه‌كێتی و ڕێككه‌وتنیان نییه‌”، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌قێك له‌مێژوونووسی توركی سه‌عده‌دین خواجه‌ ده‌گوازێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م سیفه‌ته‌ باس ده‌كات و ده‌ڵێت: “كورد خاوه‌ن ڕای سه‌ره‌ڕۆن، هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ر بۆ خۆیه‌تی… له‌سه‌ر هیچ شت یه‌ك ڕانین، جگه‌له‌ وشه‌ی شاده‌ نه‌بێت)، فره‌زان ئیدریسی به‌دلیسی له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “ئه‌م میرانه‌ ژماره‌یان زۆره‌، خۆویست و خۆخوازن، گوێ ڕایه‌ڵی یه‌كترنین”.
سه‌ره‌ڕای ملهوڕی و خۆخۆری كورد، سروشتی وڵاته‌كه‌ی، هۆكارێكی تر له‌نه‌فره‌تی جوگرافیا هه‌ڵكه‌وته‌ی نیشتمانی كورده‌، له‌نێوان زلهێزه‌كاندا، به‌درێژایی مێژوو خاكی كورد گۆڕه‌پانی شه‌ڕی نێوان زلهێزه‌كان بووه‌، شه‌ڕی گه‌وره‌ی نێوان فارس و عه‌ره‌به‌ موسڵمانه‌كان له‌سه‌ر خاكی كورد بوو، شه‌ڕی دوور و درێژی فارس و ڕۆمه‌كان و ڕۆژئاوا له‌ كۆندا مه‌یدانی جه‌نگه‌كه‌ خاكی كوردستان بوو، ته‌نانه‌ت له‌شه‌ڕێكدا ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی له‌سه‌رخاكی كورد كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی دارای پاشای فارس هێنا، گۆڕه‌پانی نێوان فارس و عوسمانیه‌كان بێگومان خاكی كوردستان بوو، ته‌نانه‌ت سوته‌مه‌نی ماكینه‌ی شه‌ڕه‌كانیش به‌ لایه‌نی ماڵی و گیانی كورد ته‌واو ده‌بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی له‌ت له‌تكردن و دابه‌ش كردنی خاكه‌كه‌ی.

هه‌موو ئه‌و جه‌نگه‌ دوور و درێژانه‌ گه‌لی كوردیان ماندووكرد و نه‌یتوانی بپه‌ڕژێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بیر له‌ داهاتووی خۆی و ڕزگاركردنی نیشتمانه‌كه‌ی بكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش باڵاده‌ستی بێگانه‌ وای كردووه‌ هه‌میشه‌ كه‌لتوری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و نه‌ریته‌خراپه‌كانی خۆیان له‌خیانه‌ت و درۆ و خه‌ڵه‌تاندن و بێ متمانه‌یی‌ و داونانه‌وه‌ بۆیه‌كتر به‌سه‌ر گه‌لی كوردا بسه‌پێنن، به‌شێك له‌ڕێگای ناچاری و به‌شێكشیی له‌ ڕێگای ماڵ و سامان و ده‌م چه‌وركردن، توانیویانه‌ هه‌ر زلهێزه‌ی به‌شێك له‌ گه‌وره‌ و سه‌ردارانی كورد بخاته‌ لای خۆی و له‌كاتی شه‌ڕی خۆشیاندا كورده‌كان بكه‌ن به‌گژیه‌كتردا، ئیتر به‌درێژایی مێژوو دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باره‌ ڕاهاتوون و به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ ململانێ و كه‌ڵه‌وه‌كێشی له‌گه‌ڵ یه‌كتربكه‌ن و له‌سه‌ر سفره‌و خوانی دوژمنه‌كانیان دابنیشن به‌شانازییه‌وه‌ كێشه‌ و شه‌ڕ و ململانێكانی نێوان خۆیان و یه‌كتر بۆ په‌سندی دوژمنه‌كانیان درێژه‌ پێ بده‌ن، بێگومان هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌و ئاكار و نه‌ریته‌ خراپانه‌ به‌رده‌وام بن، ئه‌م نه‌فره‌ته‌ به‌رۆكیان به‌رنادا و له‌كۆڵیان نابێته‌وه‌، به‌ڵام ئایا تاكه‌ی كورد وه‌هاگا دێن و هێنده‌ هزر و ئاوه‌ز په‌یداده‌كه‌ن، چیتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و وڵاته‌كه‌یان نه‌كه‌ن به‌قوربانی ملهوڕی و ناكۆكی نێوان خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یار و دوژمنه‌كانیان.




رۆمان/ رۆبنسن کرۆسۆ- نووسینی: دانێڵ دیفۆ/ و: د. محەمەد عزیز

بۆ خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کلیکی ئێرەبکەن..




ئیران ترسناکـترین ئێمپریالـیزمە و عـێراقی داگـیرکردووە.. نـووسینی: زەکـی رەزا.. و: رەزا شـوان

ئێـران لە رێی هـزر و رۆشـنبیری و مەزهـەبییەوە عـێراقی داگـیرکردووە. داگـیرکردنی عـێراق لە لایەن ئیمپریالـیزمی ئێرانییەوە، داگیرکردنێکی ماوە درێـژ دەبێت، شوێنەوار و زیـانەکـانی، لە هەموو شـێوە ئیمـپریالـیزمە نـوێ و کۆنـەکان زیاتـرە.
کێشەی گەورەی گەلان، لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکردنی ناسەربازی دایە. عـێراق لەژێـر بەزەیی ئیمپریالیزمدا، بە دەسـتێکەڵی و چاوپۆشینی ناوخـۆیی، بووە بە بازاڕی ساغـکردنەوەی بەرهەمەکـانی ئێـرانی داگـیرکەر و ولاتـانی تری ناوچـەکە.
دوور لە سۆزداری، لەگەڵ لۆژيک و روانینێکی بێ لایەن لە عێراقی ئەمڕۆدا، دەتوانین ئەوە بڵـێین، کە تا رادەیەکی دوور، عـێراق لەژێـر ئیمپریالیزمێکی چاوچنۆک و دڕندەدا دەناڵێنێت. داگیرکەری ئەمڕۆی عـێراق، ئەو داگیرکەرە نییە، بەو شێوەیەی کە ناسراوە. داگـیرکردنی دەوڵتـێک لە لایەن دەوڵەتێکی ئیمپریالـیزمەوە، بۆ دزینی سامانەکانی، واتا وەک ئیمپریـالـیزمی کـۆن کە کـاری بۆ نیشـتەجـێکـردن لە وڵاتی داگـیرکـراودا دەکـرد و سامانەکانەکانی دەدزی، گەرچی ئەم کارە لە عـێراقی ئەمڕۆدا، لێکۆڵـینەوە هەڵدەگرێت. بـەڵام لە ئەمـڕۆدا، بـوونی ئیمپـریـالـیزم لە عـێراقـدا، ئیمپـریـالـیزمێکی تـازەیە. وەکـو ئیمپـریـالـیزمی ئـەوروپی وایـە، لە داگـیرکـردنی دەوڵـەتە دواکـەوتـووەکـان لە ئاسـیا و ئەفـریقـادا. بە تایبـەتیـش لە دوای شـۆڕشی پیـشەسـازیـدا، بۆ دۆزینـەوەی بـازاڕ بـۆ ساغکـردنەوەی بەرهەمەکانیان. و گەڕان بە دوای کاڵای خـاوی هـەرزادا. ئەم کارەش بێ پـرسیار نییە بۆ لێکـۆڵـینەوە لە دۆخی عـێراق.
بەڵام بە درێـژایی مـێژوو هـیچ دەوڵەتێکی داگیرکـراو ملکەچ نەبووە. بە شێوەیەک لە شێوەکانی بەرگری چەکداری، لە دژی داگیرکەران بەرگـرییان لە وڵاتەکانیان کـردوون. گـەلی عـێراقـیش لە رووبەڕووبوونەوەی بەریتانیـای داگـیرکەر دوانەکـەوت، لە کـاتی شۆرشی (١٩٢٠) دا، بەرگرییان لە عـێراق کرد. لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە. گەلانی عـێراق لە خەبـاتێکی نیشـتمانیـدا، رووبـەڕووی ئەمریـکای داگـیرکەر بـوونەوە.
گەر بە مێژووی بەرنگارییەکانی گەلاندا بچینەوە، لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا، سەرەڕای چەنـدین کاروانی قوربانیدان، کۆڵیان نەدا و لە دواییدا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەو گەلانەی کە بە هەزاران قوربانییاندا و شارەکانیان کاولکردن، لە پێناوی ئازادیـدا، بەرگـرییان گەل و نیشتمانەکەیـان کرد، بۆ نمـوونە، گـەلی ڤـیتنامی لە ڤـیتنام دا، لە گرنگـترین جەنگـدا، کە هـەردوو شـەڕی هـزری و رۆشـنبیرییە. لەم دوو جـەنگەدا نەیـان دۆڕانـد. بە کـردەوەیی ریـگای لە بەردەم سەربەخـۆیی بـۆ واڵاکـردن، بەرەو بنیاتنـانەوەی وڵاتەکەیـان هەنـگاویان نا.
ئایـا عـێراقی ئەمـڕۆ دەوڵـەتێکی سەربەخـۆیە؟ رێـمان پێبـدەن بە شـێوازێکی تـر ئەم پرسـیارە بـکەین. ئایـا عـێراق دەوڵەتـێکی داگـیرکـراوە؟
بە تیـۆری لە دووای گـرتبـەری رێـوشـوێنی چـوونە دەروەی هـێزەکـانی ئەمـریـکای داگـیرکەر لـە عـێراقـدا، عـێراق بە دەوڵـەتێکی سەربەخـۆ دادەنـرێـت. ئەنـدامیشە لە رێـکخـراوە جیـاوازەکـانی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان. ئەنـدامـیـشە لـە ریکـخـراوە جیاوازەکانی دەوڵەتە ناوچەییەکان. بێگومان ئەمانە ئاماژەن بۆ سەربەخۆیی عێراق. بەڵام ئایا بە کـرداری عـێراق دەوڵـەتێکی سەربەخـۆیە؟ یان هـێشـتا لەژێـر حوکـمی ئیمپریالـیزمـدا ـ نەک ئیمپریالیزمی ئەمـریکی ـ دەنـاڵێنێـت؟
لە میـانـەی راسـتـیی سـیاسی و ناسەقـامگـیری و لاوازی ئـابـووری لە عـێراقـدا و هەرەسهێنانی بەڵکو لە رستیدا تەپینی ژێرخان و دواکەوتنی بەرهەمهـێنان. عێراق لەژێـر بەزەیی ئیمپریـالـیزم دایـە. بە دەستـتـێکەڵی ناوخـۆیی، عـێراقی کـردووە بە بازاڕێک بۆ ساغکـردنەوەی بەرهەمەکـانی. ئەم شێوە ئیمپریالـیزمە، شێوەیەکە لە شێوەکـانی ئیمپریـالـیزمی تـازە. وەکو پێشتر وتمان، لە دوای شۆڕشی پیشەسازیدا
لە ئەوروپـا سەری هـەڵـدا.
گەر ئیرادەیەکئ سیاسی هەبێت و بتوانن لە گرێکوێـرەکانی رابردوو رزگاریان ببێت، دەکـرێت سەرکردە گەلێک کە رێـز لە ئیرادە گەلەکەیان بگرن، کە هـاوبەستەبوونیان بۆیـان هەبێـت. بە دڵسۆزییەوە رووبـەڕووی ئـەم شـێوە ئیمپریـالـیزمە ببـنەوە.
بەڵام کـێشە گەورەکەی گـەلان لە رووبەڕووبـوونەوەی داگـیرکەرێـکی ناسەربـازی نییە، یا بۆ گواستنەوەی داگیرکارییەکی ناراستەوخـۆ. بە تایبەتیش کە داگـیرکەران کەرستەیـەکی رێکخـراوەیی هـزری و رۆشـنبـیری و کـۆمـەڵایـەتیان لە بەشـێکی عێراقدا هەبێت. لەسەرجەم ولاتیشدا بێسەپێنن. بۆ بـوونی دایەنگەیەکی کومەڵایەتی
بۆ ئەم رێکخـراوەییـە. ئەوە ئەم شـێوە ئیمپریـالـیزمە کە لە ئەمـڕۆدا رووبـەڕووی عـێراق بۆتەوە. سەرەڕای فـاکتەری ئاینی مەزهـەبی و نەتەوەیی و گـۆڕانکاری کە رووبەرووی عـێراق بـوونـەتـەوە.
ئـێران لە کاتی شەڕی عـێراق و ئـێرانـدا، بوونی ئۆپـۆزسیۆنی ئیسلامی (شـیعی) و پەیـوەنـدییەکـانی لەگەڵ سەرکـردەکانی کورد و ئامـانجـە نەتەوەییەکانی کوردی، بە شێوەیەک و بە رادەیەکی زۆر قـوستەوە. تا رادەیەکی دیاریکـراویش تـوانی لە ئەم حیزبـانە و جەمـاورەکانیـان، تـۆڕی هـەواڵگـری و سیخـوڕی پێکـبهـێنێت و کار بۆ بەرژەوەندییەکـانی بکەن. لەژێـر فەرمانی ئەوانـدا بن. بە تایبەتیش هـێزە شیعـییەکان، کە لە دوای داگـیرکـردنی ئەمریـکا، رژێـمی بەعـسی لە دەسەڵاتـدا نەمـان. لە سـایەی نەزانین و دواکەوتوویی و ناشارەزایی ئەمریکا لە سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و رۆشنبیرییەکان و هـزرییەکان و ئاینیـیەکان، بە تایبەتیش لە بارەی پەیوەندی شیعە مەزهەبەکانی عـێراق لەگەڵ ئێراندا. ئێران هەژموونی خۆی سەلماند و لە رێی لایـەنگیرەکانییەوە لە عـێراقدا، بۆشایی سیاسی پڕکردەوە. هـێزە کوردییەکانیش لە بەڕێوەبردنی عێرقدا، لە میانەی قبوولکردنیان بە پشکایەتی تایفەگەری و نەتەوەیی بە پـرۆژەکەی ئـێران رازی بـوون. سـوننەکانی عـێراقـیش تـامی ئەوەیـان چەشـت، کە عـێراقی ئەمـڕۆ ببێت بە ژێـردەستەی داگـیرکەری ئێـرانی، لە رووه بـڕیاری سیاسی و پاشکـۆئ ئابوورییەوە. بە بازاڕکـردنی عـێراق بۆ فـرۆشتنی کاڵای ئـێرانی ولاتانه تری ناوچەکە.
بەڵام ئایـا ئەمـە گەورەترین مەتـرسییە کە رووبەڕووی عـێراق و گەلەکەی بۆتـەوە؟
مەتـرسی گـەورەی داگـیرکـردنی عـێراق لـە لایـەن ئێـرانەوە، قـورخکـردنی بـڕیـارە سیاسییەکانی ئەمـڕۆ نییە، سەرەڕای مەترسییەکانیان. ترس لە ژمارەی میلیشیاکانیان کە هـاوبەستەبـوونیـان بـۆ ئیـران هـەیە یـان نییـانە نییـە، کـە ناتـوانـن لـە کـۆگـردی شیعـەکـان بە چـاودێـرێ ئـێران دەربچـن. تـرس لەوەشـدا نییـە، کە عـێراق بـووە بە بازاڕێـک بۆ کـاڵا و بەرهـەمەکـانی ئـێران و دەوڵەتـانی تری ناوچـەکە.
بەڵکو مەترسییە گەورەکە کە لە داگیرکردنی هـزری و رۆشـنبیری و مەزهەبی دایە.
ئێرانی ئەمـڕۆ، رۆشنبیری ئاینی تایـفەگەری بەسەر عـێراقـدا سەپانـدووە. لە میانەی ناونـدە رۆشـنبیری و ئاینی و قوتابخـانەکانی کە لە پارێـزگـاکانی خـوارووی عـێراقـدا، کە شارەکانیان شیعـەن. بە تایبەتیش لە شاری (بەسرە)ی سنووریـدا. هەروەهاش لە لایەن باڵـە سەربـازییەکـان و میلیشـیاکـانییەوە، لە ناوچەکـانی دەوروبەری بەغـدا و پارێـزگـاکانی دیـالە و سەلاحـەدین و کەرکـووکـدا، گـۆڕانکاری دیمـوگـرافـی دەکـات. بەلکو لە دەشتی (نەینـەوا) شدا دەستی بەسەر ناوچەکانی کـریستیانەکانـدا گـرتـووە.
ئەوەشی کـردووە و دەیکـات، بە ئاسـانکاری لە لایـەن دەسەڵاتـدارانی عـێراقـەوە، بە ئاسانی (رەگەزنامەی عـێراقی) یان بە هەزار گەر زیاتر نەبن، بە شیعەکانی ئیرانییان بەخـشیون. ئەمەش لە پێناوی دوو مەبەسـتدا، یەکەمیـان: بۆ گـۆڕینی دیمـوگـرافـیای عـێراق. دووەمیشـیان: ئـەو ئـێرانییـانەی کە رەگـەزنـامەی عـێراقـییان وەرگـرتـووە، سەنگـێکی هەڵـبژاردن و میلیشیـاییان هەیە. سـیخوڕیش بۆ ئێران دەکـەن. هەروەها دەستیشیان لە ئـاژاوەگـێڕی و تێکـدا هـەیە.
لە میانەی داگـیرکـردنی هـزر و رۆشـنبیری و مەزهـەبی عـێراق لە لایـەن ئـێرانەوە، ئیـمـپریـالـیزمی ئـێرانی لـە عـێراقـدا، بـە ئیمـپریـالـیزمێکی درێـژخـایەن دادەنـرێـت. شوێنەوارە زیـانەکانی، زۆر لە زیانەکـانی هەموو شـێوەکـانی ئیمپریـالـیزمی تـازە و کـۆن زۆر زیـاتـرن.
بۆ ئەوەی عـێراق لە کارەساتەکـانی ئـەم ئیمپریـالیزمە رزگـاری بێـت، گەلی عـێراق پێویستی بە راپـەڕینـێکی هـزری رۆشـنبیری هـەیە. لە سایەی دەسەڵاتێکی ژیـر و دڵسـۆزدا. لەوانـەیە بۆ رزگـاربـوون لە کاریگەرییەکـانی ئەم ئیمپـریـالـیزمە، چەنـد دەیـەیـەکی پێبچـێـت. بە تایبەتیش رێـژەی هـۆشیاری زۆر قـەتیس مـاوە لە بەردەم بڵاوبـوونەوەی چـەمکی نەزانـین و دواکـەوتنـدا، بە تایبەتێش دواکـەوتنی ئـاییـنی.
کە ئێـران لە رێی نـۆکەرەکانییەوە، بە شێوەیەکی بەرنامەڕێـژی پاڵـپشتی لێدەکات.

(*) نـووسینی: زەکـی رەزا .. وەرگـێڕانی: رەزا شـوان

دەقی ئەم نووسینە لە رۆژی (١٢/ یانوار/٢٠٢٢) لە سایتی (میدل ایست اونلاین) دا
بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوتەوە. بە دەستکارییەکی کەمەوە، وەرمگێراوە بۆ کوردی
رەزا شـوان




سەرنجێک دەربارەى شیعرى (شەڕە پشیلە)ى نارین ڕۆستەم.. سروشت نەوزاد

شیعری (شەڕە پشیلە) چارەنووسێکی باشی نییە. یەکەمجارمە شیعرێکی کوردی سوریالیانە ببینم بەهەمان تایبەتمەندی شیعری سوریالی: شێوازی وێناسازی و داڕشتن، بەگەڕخستنی خەیاڵ و سوریالیبوونی دێڕ، تێڕوانین و جیهانبینی.

شەڕە پشیلە شیعرێکە زیاد لە مەوداو ئاستێکی هەیە. لە ئاستێکدا جوڵەو دەرکەوتەی شیعرێک دەبینین، وا دەردەکەوێت بە دووی ناسنامەیەکدا بگەڕێت، بەڵام ناشیەوێت هیچ ناسنامەیەکی هەبێت. شاعیر نیگەرانە لە نەگەڕانەوەی (شەڕە پشیلە). ئاماژی (شەڕە پشیلە) لێرەدا ئاماژەیەکی ڕوون و یاخیانەیە بۆ خواستی بێشوناسی و تاکێتی. بۆیە نیگەرانیەکە نیگەرانییەکە بۆ ئەو دۆخ و ژینگەیەی کە (شەڕە پشیلە) ناخوێنێتەوە، هەروەها جیهانبینییەکەی ڕەتدەکاتەوە.

ئاستێکی دیکەی ئەم شیعرە کە ئاماژەکانی کاڵ دەرکەوتوون، ئاستێکی جێندەرییە. واقیعێک دەردەکەوێت بە شێوازێکی هونەرییانە کێشەی جێندەریی کۆمەڵگای کوردی و لێکەوتەکانی تێهەڵکێش بە وێنای سەرنجڕاکێش و زیهنی دەبن.

لەم ئاستەدا سوبێکتی شیعری دەبێتە سوبێکتێکی ڕەگەزیی مێینەیی. ئەو شیعرەی کە (لە قاپووتێکی دەستی دوو دەپژمێت) هەمان سوبێکتی مێیینەو گیروگرفتەکانیەتی لە کۆمەڵگایەکی وەهمی و سەلەفی و پۆلیسیدا.

لێرەشدا (شەڕە پشیلە) دەبێتە پرسێکی ئاڵۆزی مێبوون، کە فڕێدراوەتە لێواری زەلکاو، ڕەهەندی وجودی و مرۆییەکەی ون دەبێت و ناگەڕێتەوە.

دیسان لێرەدا مەسەلەی ناسنامە لە گۆڕێدایە:

جیا لەوەی سوبێکتی مێ وەک ڕەگەزی دووەم (لە قاپووتێکی دەستی دوو/ شیعرێک پژمی) پیشان دەدرێت، هاوکات گرفتی ناسنامە و بێناسنامە بوونیشی پرسێکی دیکەیە.

بێشوناسی مێ لە شیعرەکەدا گرێدراوی ئەو شوناسەیەتی کە لە تێڕوانینی ئەوی دیکەدا(عەریزەنووسان و ئەرشیفەکانیان، پۆلیسانی ژینگەو دارودەستەکانیان) هێشتا جنۆکەی لێ دەرنەکراوە.




بەتاڵیی.. کەنعان مدحەت

نیوەی تەمەنی بە خوێندن بەسەر بردووم
ملیۆنەها وشە گریاندوومی و
هەزارەهاش
خستومیانەتە کەنین و
قاقا
داخی گرانم
کات وا مێشکی گسک داوم
پەی بە یەک لەو وشانە نابەم ڕاستمکەنەوە

کۆی ئەو دوو کچەی کە
شۆخە قژ زەردەکەی پشتی تێکردم و
کاڵ ئەسمەرە تێگلاوەکەی

  • لە ترس دایکیا –
    لە مابەین دەرگای حەوشە و پەردەی دەرگادا
    شاردمییەوە و خۆشی ویستم
    دەکاتە منی؛
    شەقشەقەی دەستی تەنیایی

چارەنوسی من و
هەردوو کچە دۆڕاو و براوە
هێشووە مێژوویەکی وەک نەبوو
یا ئاراستەی میلی کاژێرێکی
یاخی لە پشو و
دژ بە سوڕی پاشە و پاشە




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-3-.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی سێیەم

ئەی مەرگ لێگەڕێ
با رازەکانی ئەوین بۆ مانگەشەو باس بکەم
با هەناسەکانی دەریا لە شەپۆلەکاندا هەڵمژم
با لە مەیخانەی عەشقدا پێکی توانەوە بنۆشم
ئەی مەرگ لێگەڕێ
با گۆرانی بۆ ئەو گوڵە بڵێم
لە رۆحی یاردا چرۆی کردووە
با شیعر بۆ ئەو ئەستێرانە بنووسم
وەک پاساری لە شەوانی تەنهاییمدا دەجریوێنن
با ئەشک بۆ ئەو کۆترە سەرگەردانانە بڕژم
لە کاروانی عەشق جێمان و
بە دیار وەسوەسەی ئینتیحارەوە سەریان نایەوە


من دزیم لە گەنجینەی عەشق کرد
سۆزی شمشاڵێکم دزی
شەوانی مەنفای ئەهێنایە سەما
فرمێسکی ژنێکی رووتم دزی
خۆی لە نوری خودا هەڵدەکێشا
من دزیم لە گەنجینەی خودا کرد
بارانێکی قەشەنگم دزی
وەک جامێ شەراب لە چاوی
ژنێکی کۆچەریی ئەڕژا
ئەستێرەیەکی ئارامم دزی
لە ژێر تاڤگەی تیشکەکانیدا
شەهوەت و هەوەسی لێ ئەچۆڕا


لە مەملەکەتی رۆشناییەوە هاتووم
هاتووم بۆ ئەوەی
خەنجەری رووناکی لە جەستەی
ئیبلیسی تەنهایی بچەقێنم و
بە پەنجە گوڵگوڵییەکانی موحیبەت
سەمفۆنی عەشق بژەنم
لە کیشوەری تیشکەوە هاتووم
هاتووم بۆ ئەوەی
بە پێنووسێکی نورانی
مێژووی تاریکی فیراق بنووسمەوە و
بە ماچێکی ئێجگار تامەزرۆ
رووبارێک لە لەزەت بخۆمەوە


بەم رۆژگارە بە دواتەوەم، بەڵام تۆ
وەک نەورەسێکی تەلیسماویی
بە باڵێکی ئەفسووناوییەوە لە فڕیندایت
منیش لە سەرزەمینی روئیاوە
وێڵی باڵێکی قەقنەسیم بمگەیەنێت
بە هەرێمی ئاوەدانی ئایندەت
بەم رۆژگارە بەدواتەوەم، بەڵام تۆ
وەک دەریایەکی یاخیبوو
بە شەپۆلە تووڕەکانتەوە لە هەڵچووندایت
منیش بە سەدای بریسکاویی خەیاڵ
دڵی نووستوی تۆم بێدار ئەکردەوە


هەناسەکانی تۆ بۆنی دەریای لێ دێت
دەریایەک پڕ لە شەپۆلی گومان
دەریایەک پڕ لە پشکۆی دڵشکان
دەریایەک پڕ لە یادگاریی غەمبار
دەستەکانی تۆ بۆنی دەریای لێ دێت
دەریایەک ماندوو لە درۆی پیاوان
دەریایەک تووڕە لە ژانی سەفەر
دەریایەک پڕ لە بەلەمی چاوەڕوانی
تۆ خۆت دەریایەکی گەنجیت
ئالوودە بە خەونێکی پیرەوە


بیرم دەکردەوە تۆ کێی؟
هەر جارەی خەیاڵێک ئەیبردمەوە
جارێک ئەمووت تۆ لەگەڵ باران باریویت
جارێک ئەمووت لە تیشکی هەتاو جیا بوویتەوە
جارێکی تر گومانی ئەوەم دەکرد
تابلۆیەکی بە فڵچەی فەنتازیا رەنگ کراویت
بیرم دەکردەوە لە کوێوە هاتوویت؟
هەر جارەی خەیاڵێک ئەیبردمەوە
جارێک ئەمووت لە باوەشی جوانییەوە هاتوویت
جارێک ئەمووت لە دەربەندی خەیاڵەوە هاتوویت
جارێکی تر گومانی ئەوەم دەکرد
فریشتەیەکی لە نیشتمانی زامدارمەوە هاتوویت


نازانم چۆن پێت بڵێم، ئارەزوومە
وەک کلوە بەفر بەسەر ئاگری سینەتدا ببارێم
بە مقەستی شیعر کراسی شەرمنیت بدڕم و
وەک چەند دڵۆپە فرمێسکێکی قەتیسماو
بڕژێمە چاوە ئاگرییەکانتەوە
نازانم چۆن پێت بڵێم، ئارەزوومە
وەک موچڕکەیەک بە لەشتدا تێپەڕم
بە دەستی قەدەر دار گێلاسی عەشق
لە ناو هەناسەکانتدا بڕوێنم و
وەک نامەیەکی تازە گەیشتووی دڵداریی
بە تامەزرۆییەوە بمخوێنیتەوە


ئەوەی لە کۆتاییدا ئەمێنێتەوە
بارانی چاوەکانی منە
کە هەرگیز خۆش ناکاتەوە
راوەستانی ئەبەدیی منە
لە تەرمیناڵی چاوەڕوانیدا
مەیینی خوێنی منە لە بەستەڵەکی مەنفا
ئەوەی لە کۆتاییدا ئەمێنێتەوە
ئاوڕ نەدانەوەی تۆیە
لە گمەگمی شیعرەکانم
خەنجەری تۆیە
لەسەر ملی کۆتری ئاواتم
بێدەنگی وەحشەتناکی تۆیە
لە ئاست ناڵە ناڵی خەونە سەوزەکانم


لە چاوی تۆوە ئەڕوانمە
ئەو ئاوێنانەی درزی زەمەن لە دڵیاندایە
ئەو ماسییانەی لە بێدەنگی دەریا بێزارن
ئەو تیشکانەی لە باوەشی ئەستێرەوە ئەڕژێن
ئەو شیعرانەی چاویان فرمێسکی تێزاوە
لە چاوی تۆوە ئەڕوانمە
ئەو پەروانانەی بە پێکێک عەشق سەرخۆش ئەبن
ئەو زریانانەی بە نیگایەک هێور ئەبنەوە
ئەو باخانەی گوێ لە گۆرانی پاسارییەکان ئەگرن
ئەو تریفانەی، خۆشەویستی سەوداسەری کردن


هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە لە رێگە پێچاوپێچەکانتدا ون ئەبم
خەریکە دەبمە رۆمانێکی نەنوسراو
خەریکە دەبمە قەسیدەیەکی کزۆڵە
خەریکە ئەبمە دەریاوانێکی یاخی و
مەرجان لە قووڵایی رۆحتدا ئەدۆزمەوە؟
هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە دەبمە دەنگی گریانێکی دوور
خەریکە دەبمە ئیسماعیلێکی سەربڕدراو
خەریکە دەبمە حکایەتێکی خنکاو
خەریکە دەبمە گۆڕستانێکی لێڵ
پڕ لە خەون و رووناکی کوژراو؟


هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە لە رێگە پێچاوپێچەکانتدا ون ئەبم
خەریکە دەبمە رۆمانێکی نەنوسراو
خەریکە دەبمە قەسیدەیەکی کزۆڵە
خەریکە ئەبمە دەریاوانێکی یاخی و
مەرجان لە قووڵایی رۆحتدا ئەدۆزمەوە؟
هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە دەبمە دەنگی گریانێکی دوور
خەریکە دەبمە ئیسماعیلێکی سەربڕدراو
خەریکە دەبمە حکایەتێکی خنکاو
خەریکە دەبمە گۆڕستانێکی لێڵ
پڕ لە خەون و رووناکی کوژراو؟





ونبوون.. سەردار جاف

کە جگەرەکەم پێ دەکەم
ئاوێ تەزيوو
تەژی لە ڕۆحی سپيم و لە تەنهایی فريشتەييم
کە جگەرەم لە نێو پەنجەکانم دەنێم
بادەی ڕۆژانی گەنجی دنەم دەدا
بە ئەوڕۆوەی گرێ دەدەم
جارێکی دی
بە هزر دێ رۆژانی زووی هەڵەشەييم
…. …. …. …. ….
کراسەکەت بۆنی گەڵا و بەڕووی لێ دێ
دڵۆپ دڵۆپ
ئاونگ بارووتی سپێدان
لە دامێنی ئەو کراسە
قوڵپی هەناسەم مردووە و
خەڵکی لە جێی باوان بێزار
وشکەساڵی کۆتەرەدار
ڕەنگی کراس دارەدارە و
گڕوگاڵی زمانيشم جريوەی باڵندەی سەر دار
لە تەنگەبەری دەربەنەتا
بوومە لرفە و گڤەی شەوبا
هەستم شەپۆلی ڕووبارە
رۆحيشم سەرمەست و شێتی دەم ڕەشەبا
کە کراس بە ئاودامانی دارەوەيە
سروشت تەژی لە بەستەڵەک
هێور هێور … بە ئاسپایی
ڕەشبەڵەکی ڕووتبوونەوە
جێژوانی نەبوونيمان بە دەم ڕێوە دەشێوێنێ
پەنجەکانم ختوکەی گريانی خەو با
هەڵمی ونبووی وەهم دەبووم
ڕايەڵەی فريودانم
مينا خێوێ
باريکتر لە پردی سيرات
پەڕينەوە
لە نێو دوو دژ
بەستەڵەک و ڕێ دژوارێ
تاوسانێک و ڕێ نشيوێ
باڵابوون لە نێو سروشتا
کێشمەکێشمی ژين و مەرگ
نغرۆبوونی خۆری وارێ
تەزووی سڕبوون
باخچەی غوربەت
بۆنی شانێل
ئاسنەڕێی فرە جەمسەر
ڕووخساری ونبووی هەوارێ
کە مانگە شەو پەيامێکی خوداییە
لە سەفەری بادەی ونبوون بگەڕێوە
ئاوڕێ تر بدەرەوە
شەرابی ڕێ
نيوەی تەمەن بە ميراتی بۆ خۆی دەبا
بە قايەغی لاساريا هەڵمەزنێ
ديوێکم سەرماو ڕچينە
ئاوی ديکە گەرم و سوتان
يادەکانمان
لە سەر بستە خاکی ڕووتەن
بوونە لەرەی ميلۆدييەک
ڕوو لە ونبوون نايەنەوە
وێناکانی نيشتيمانيش
بوونە دوێنێ و لە پشتەوەن
بە هەزار نزای دايکان و
دەريای ئەشکی باوانمان
مەحوو دەکرێن ناژێنەوە
دەنگی شيعر
پڕ لە بێ دەنگی کۆڕەوە
کەشکۆڵی ئازارەکانی لە کۆڵناوە
تەپوتۆزی گەرمەسێری لێ نيشتووە
لێوانڕێژی زەنوێرانن
سەرچۆپی تاوان بەر نادا
گەرووی گڕ و پڕ نەعرەتەی
ژيلەمۆيەکی لێڵاوە

            Bad Camberg 

27 . 12. 2021




بێخەم بە.. نەوزاد بەندی

دانیشە ڕۆڵە ..
خەم مەخۆ ڕۆڵە ..
مەترسە ، ڕۆڵە ..
دەسەڵات کوردە ..
پەرلەمان کوردە ..
کۆمپانیا کوردە ..
بێخەم دانیشە ،
هەرگیز خەم مەخۆ ..
قەت قەت مەترسە ..

دەسەڵات کورد بێ
پەرلەمان کورد بێ
کۆمپانیا کورد بێ
گۆشتیشت بخۆن ،
ئێسکت ناشکێنن ..
ئاویش بێتە ژوور ،
ماڵت ناڕمێنن ..

ــئەمە شیعر و شت نیە