سەرچاوەو بنەچەی هزرەکانی دەیڤید هیوم.. ئۆسن حەسەن.. لە عەرەبییەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێك لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مەعریفە یەکێتی نێوان ” خودێتی و بابەتیی بوون”ە. مەبەستمان لە چەمکی ” خودێتی” هۆش و فکر و هەموو شتێکە کە پەیوەندیی بە بوونمانەوە هەیە. گەرچی بابەتیی بوون، هەموو شتێک دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی خودی مرۆڤدایە، کە ئەمەش لە رێگەی هەستەکان و ئەزموونەوە درکی پێدەکەین. هەرئەمەش وایکرد کە بەشێكی زۆری فەیلەسوفان خۆیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی خودێتی و پەیوەندیی بە بابەتیی بوونەوە خەریک بکەن، لەوانەش فەیلەسوفە عەقڵانییەکان و ئەزموونگەراییەکان لە پێشەنگەکانیشیان فرانسیس بیکۆن و جۆن لوک، بەلای ئەم فەیلەسوفانەوە، عەقڵ دەبێتە چەقی گرنگیپێدان و بیرکردنەوەیان.
رینە دیکارت کە بە باوکی فەلسەفەی مۆدێرن دادەنرێت، پێی وابوو کە عەقڵی پەتی، کۆمەڵێک فکری خۆبەخۆی تێدایە، کە لە رێگەی ئەوانەوە دەتوانین بە هەقیقەتی شتەکان بگەین، ئەمەش لە رێگەی کۆمەڵێک هەنگاوی وەکو شرۆڤەکردن و بەڵگەهێنانەوەو تێڕامان و هەستکردنەوە، ئەم هەنگاوانەش هەموویان زانستین و دەچنە ناو مەنهەجی بیرکردنەوەی ماتماتیکییەوە. بەڵام جۆن لۆک پێی وابوو کە سەرچاوەی مەعریفە، ئەزمون و هەستپێکردنە، عەقڵیش گوزارشت لە تابلۆیەکی بەتاڵ دەکات، کە ئێمە ئەزموون و هزرەکانمانی تێدا هەڵدەگرین.

هزری ئاسان و هزری ئاڵۆز

لەلایەکی ترەوە جۆن لوک هزرەکانی بۆ دوو بەش دابەشکرد کە ئەوانیش: هزری ئاسان و ساکار، هزری ئاڵۆز.
هزری ئاسان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە شتەکانەوە دەستمان دەکەوێت، ئەوەش لە رێگەی هەستەکانەوە، بۆ نموونە، رەنگەکان، جێژکردن بە شیرینی و مزری شتەکان. هزری ئاڵۆز،ئەو هزرانەی کە لە رێگەی هەستی ناوخۆییەوە دەستمان دەکەوێت وەکو هەستکردن بە ترس، ئازار، خۆشیی. لەلایەکی ترەوە جۆن لوک پێی وابوو کە هەموو شتەکان کۆمەڵێک سیمای گشتی هاوبەشیان هەیە لەوانە : شێواز، تۆکمەیی، بەردەوامی.
دواتر بۆچوونەکانی لوک لە بارەی هەستکردن و ئەزموون، دەبنە کلیلی بیرکردنەوە بۆ دەیڤید هیوم و فەلسەفەکەی کە زیاتر گرنگی بە هزر و هۆشی مرۆڤ دەدات.

نەخشەی هۆش و سنوورداریی زانینی مرۆڤایەتی

دەیڤید هیوم ” لە ساڵی 1711 لەدایک بووەو لەساڵی 1776 کۆچی دوایی کردووە” بە شێخی ئەزموونگەراکان و گومانکەرەکان دادەنرێت، ئەو فەلسەفەی خۆرئاوایی لەسەردەمی رۆشنگەرییدا بەسەر یەک قڵپکردەوە، عەقڵی لە عەرشی پیرۆزیی خۆی هێنایە خوارەوە، بەمەش توانی لەیەک کاتدا گورزێکی کوشندەو یەکلاکەرەوە لە رەوتی میتافیزیکییەکان و ماتریاڵیستەکان بوەشێنێت.
فەلسەفەی هیوم خۆی لە هەڵوەشانەوەو رەخنەگرتن لە زیهنی مرۆڤ چڕکردەوە، ئەمیش بووە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەی ئیمانویل کانتی فەیلەسوفی ئەڵمانی، رەخنە لە عەقڵی پەتی بگرێت، هەروەکوخۆشی دەڵێت: دەیڤید هیوم لە بەردەوامبوون لە فکری دۆگماتیکی رزگاری کردم.

مەعریفە لای هیوم

مەعریفە لای هیوم بەبێ زیادکردنی عەقڵ، گوزارشت لە سەرچاوە هەستەپێشبینیکراوەکان دەکات، کە ئەوانیش بۆ دوو بەش دابەش دەبن:
1/ ئینتیباعکردن لە شتێک کە ئەویش لە هەست و سۆزەکانمان سەرچاوە دەگرێت لەبارەی شتێکەوە کەیەکەمجار هەستیپێدەکەین، وەکو هەستکردن بە جێژ، یان ئازار، یان ترس.
2/ هزرەکان، ئەمانیش فۆتۆکۆپییەکی خراپی ئینتیباعەکانمان کە سەرچاوەی ئەمانیش ” زاکیرە،یاد” ئەمانەش بەشێوەیەکی لاوازو خراپ ئینتیباعەکانمان ئامادە دەکەن، لەدەرئەنجامی ئەمەشدا سۆزەکانمان دەردەکەون لەوانە خۆشەویستی یان رق لێبوونەوە لە کەسێک.
هیوم پێی وایە کە هەموو هزرێک لە زیهنی مرۆڤدا، ئینتیباعە هەستییەکانن و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، درکە هزرییە لاوەکییەکان لە دەرئەنجامی هزرەکانمان دروست دەبن. هزرەکانیش دوو جۆرن : ئاسان و ئاڵۆزەکان. هزری ئاسان، فۆتۆکۆپییەکە لە درکە ئاسانەکانمان، هزرە ئاڵۆزەکانیش، تێکەڵەیەکەن لە رەگەزەکانی هزرە ئاسانەکان، کە لە درکە یەکەمییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

بۆ نموونە بۆچوونم لەبارەی رەنگی سوورەوە، لە یەکەم ئینتیباعەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها بۆچوونمان لەبارەی جێژی لیمۆی ترش، لەیەکەمین ئینتیباعمان لە جێژی لیمۆوە بۆ دەرکەوتووە. بەمشێوەیەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جیهان لای هیوم گوزارشت لە هەست و ئەزمون دەکات، کە دواتر دەگۆڕێت بۆ ئینتیباع، پاشانیش وەکو هزرێك لە زیهنماندا خۆی جێگیر دەکات، هەر ئەمیش هەڵسووکەوت و سۆزو هەڵچوونەکانمان لە ژیاندا ئاڕاستە دەکات.

بۆ نموونە: کەسی نابینا ناتوانێت فکرەیەکی لەبارەی رووناکیی و رەنگەکان هەبێت، ئیتر ئێمە چەندیش لەگەڵیدا خەریک بین و باسی رووناکیی و رەنگی بۆ بکەین، ئەو ناتوانێت هەستی پێ بکات. بەهەمانشێوەش ئەگەر کەسێکی نەبیستێت، زۆر زەحمەتە بتوانیت باسی سیمای دەنگەکانی بۆ بکەیت و بۆی شیبکەیتەوە چۆنن.
باشە گەر ئێمە وامان دانا کە هەموو هزرەکان سەرچاوەیان لە ئینتیباعی هەستییەوە سەرچاوە دەگرێت وەکو هیوم دەڵێت، بەڵام ئایا چی بڵێین لەبارەی ئەو هزرانەی کە پشت بە ئەزموون یان هەستەکان دەبەستێت، بۆ نموونە کاتێک ئێمە باسی چیاییەکی ئاڵتونی یان ئەسپێکی باڵدار دەکەین.؟
هیوم پێی وایە ئەو هزرانەی کە عەقڵمان دروستی دەکات، لەبنەڕەتدا هزری ئاسان بوون ئەمانیش لە یەکەم ئینتیباعمانەوە بۆ شتەکان دروست بوون، ئەم هزرانەش لە عەقڵماندا دووبارە زاکیرەمان ئامادەیان دەکاتەوەو دەیانخاتەوە ناو ئاوەزمان، هەموو هزرێکیش کە لە ئاوەزماندا دروست دەبێت کۆمەڵێك رەگەزی واقعیی و هەستی لە زیهنماندا هەیە، بۆ نموونە بۆچوونمان لەبارەی چیاییەکی ئاڵتونی، لە دوو فکری چڕ دروستبووە کە ئەوانیش: چیا+ ئاڵتون.
ئەگەر وامان دانا کە ئەو بۆچوونە ئامادەکراوەی زاکیرەمان بریتی بووبێت لە “ج” ، ئەمیش دەرئەنجامی “أ+ب” دروستبووە، چونکە “أ+ب” یەکدەگرن پەیوەندییەکی ئاڵۆز دروست دەکەن کە دەبێتە هۆی دروستبوونی فکرەی “ج “.
هەربۆیە عەقڵی مرۆڤ لەرێگەی پاڵنەری غەریزییەوە دەجووڵێت و ئاڕاستە وەردەگرێت، بۆئەوەی جیهانێک لە وێنەی رێکخراو رێژەیی، لە هزرە سادەو ساکارەکان دروست بکات.

هۆکاری دروستبوونی هزرەکان

هیوم پێی وایە کە هزرەکان لە زیهنی مرۆڤدا،دەبنە هۆکارو راکێشانی یەکتر و جۆرە پەیوەندییەکی پتەو ئاڵۆز سەبەبکاری لەنێوان خۆیاندا دروست دەکەن. هیوام پێی وایە کە ئێمە هەست بە شێوازی کارکردنی عەقڵی مرۆڤ ناکەین، بەڵام ئێمە لەپاش مومارەسەکردنێکی زۆر، ئینجا هەستی پێدەکەین.

لەیەکچوون

هەموو هزرێک پێویستی هزرێکی ترە کەلێی دەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی زنجیرەک لە هزری جیاواز، بۆ نموونە، کاتێک کەسێکی بێگانە دەبینم، هەست دەکەم، کە لە کەسێکی نزیک و خۆشەویستم دەچێت، کە ماوەیەکی زۆرە مردووە. من لەو کاتەدا کۆمەڵێک یادەوەرییم لەگەڵ ئەو کەسەدا دێتەوە یاد، تەواوی رووداوەکان کە پێکەوە بووین، هەموو ئەو شوێنانەی کە پێکەوە سەردانمان کردووە، زۆر شتی تریش.
خوولانەوە لەناو شوێن و کاتدا
ئەگەر هزرێک دەستەخوشکێکی هاوشێوەی خۆی بێنێتەوە یاد، ئەوا بەهەمانشێوە کاتەکەش دێتەوە یادی. بۆ نموونە کاتێک هاوڕێیەکی مردووم بیردەکەوێتەوە، ئەو کاتەم بیردەکەوێتە کە کەی بوو جەنگ روویدا، هەروەها ئەو ئازارانەشـم دێتەوە یاد، کە یەکەمجار هەواڵی مەرگی ئەو هاوڕێیەم بیست و هەڵوێست و کاردانەوەکانم لەو کاتەدا چۆن بووە، کە لە جەنگدا ئەو هاوڕێیەم کوژراوە.

پڕەنسیبی هۆکارگەلی لای هیوم

ئوولفەتگرتن بەشتێکەوە دەبێتە رابەرێکی گەورە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی، ئەوە پڕەنسیبێکە کە وا دەکات ئەزموون سوودی هەبێت بۆمان، هەرئەویش وامان لێدەکات کە پێشبینی بە زنجیرەکە رووداو بکەین کە لە داهاتوودا روودەدەن و هاوشێوەی ئەوانەش لەرابردوودا دیومانە یان روویانداوە.
چەمکی ” سببیة، هۆکارگەلی” یەکێکە لە گرنگترین و سەرەکیترین چەمکی فکری، کە هیوم باسیکردوون لە کتێبی ” پەیامێک لە سروشتی مرۆڤایەتییەوە” لەو کتێبەدا هیوم روونی دەکاتەوە کە سەبەبیەت، ژیانمان رێکدەخات و بەرکەوتمان بەرامبەر بە واقع دیاریی دەکات و هەر لەرێگەی ئەویشەوە دەتوانین تەفسیرێکی عەقڵانیی و لۆژیکی بۆ رووداوەکان بکەین.

راستە هیوم لەهەندێک شوێندا چەمکی سەببیەت ” هۆکارگەلێ’ رەتکردەوە، بەڵام بە تەواوەتی نکوڵی لێنەکرت بەتایبەتی لە سروشتدا، بەڵکو ئەو دژی ئەوەبوو کە بکرێتە زەرورەتێکی عەقڵی.
هیوام پێی وایە کە سەبەبییەت عادەتێکی عەقڵییە کە لە دووبارە بوونەوەو خووپێوەگرتنەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر رووداوی ” ا” ببینین و نەزانین هۆکارەکەی چییە، یەکسەر دەڵێین هۆکارەکەی ” ب” ، ئەمەش چونکە ئێمە چەندینجار تێبینیمان کردووە کاتێک رووداوی ” ا” دروست بێت، راست ” ب” ی بەدوادا دێت.
لەمەشدا هیوم لە کتێبی ” پەیامێک لەبارەی سروشتی مرۆڤەوە” هاتووە، ئەمەی بە تۆپی بلیارد شوبهاندووە، کاتێک بەر تۆپێکی تر دەکەوێت و ئەوی تر دەجووڵێنێت. ئەو دەڵێت: ئێمە تەنها ئەو هێزە دەبینین کە لە تۆپەکەوە دەردەچێت و خۆی بە تۆپەکەی تردا دەدات و دەیجووڵێنێت. ئەوەی ئێمە دەیبینین پەیوەندیی پتەو و لێکئاڵانی ئەم دوو شتەیە.

بۆ نموونە ئێمە زۆرجار دەبینین کە کاتێک ئاگرێک دەکەوێتەوە، یەکسەر لەپاش ئاگرەکە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، یان کاتێک وەرەقەیەک لە ئاگرێک نزیک بێتەوە، یەکسەر دەسووتێت. لەم دووبارەبوونەوەیە، جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ئەم دوو فکرەیە دروست دەبێت،بەجۆرێک لەکاتی دەرکەوتنی یەکەمیاندا، راست دەبێتەهۆی دەرکەوتنی دووەمیان، لەبەرئەوە دووبارەبوونەوە یان خووپێوەگرتن بە شتێک، لە زیهنی خۆماندا دروستبووەو بۆتە خوویەکی عەقڵمان.
هەربۆیە هیوم پێی وایە کە پڕەنسیبی هۆکارگەلی، خۆی لەخۆیدا سیمای شتێک نییە، بەڵکو هەمیشە لە ئەزمونی مرۆڤایەتی و هەستەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.لەبەرئەوە مەسەلەکە پەیوەندیی بە چاودێرییکردنی رووداوەکان و نزیکبوونەوە لێیانەوە هەیە، بەهۆکارەکان دەڵێت کاریگەر، بە دەرئەنجامەکانیش دەڵێت کارلێکردوو.
زانستی پزیشیکی سوودی زۆری لە تیۆرییەکانی هیوم و بۆچوونەکانی لەبارەی پڕەنسیبی سەببیەت وەرگرتووە، بەتایبەتی لەبارەی دیارییکردنی نەخۆشییەکان، هەندێک نەخۆشی هەیە لەرێگەی بۆماوەییەوە تووشمان دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ رۆڵێکی هەبێت لە دروستکردن و پەیدابوونیان لە لەشماندا، بۆ نموونە نەخۆشی شەکرە و ژێرپەنچە.

عەقڵگەرایی

فرانسیس بیکۆن دامەزرێنەری رەوتی ئەزمونگەرییە لە فەلسەفەدا، لە کتێبە ناسراوەکەیدا ” ئۆرغانونی نوێ” دا، داوایکرد کە عەقڵ پێشئەوەی خۆی بخاتە ناو هەر ئەزمونێکەوە لە جیهانی دەرەکیی، پێویستە خۆی لە چوار وەهم رزگار بکات.
ئەو چوار وەهمانەش، ئەمانەی خوارەوەن:
1-وەهمی خێڵ
بریتییە لە تێڕوانینی خودیی بۆ تەسفیرکرد” شرۆڤەکردن و شیکردنەوەی” دیاردە سروشتییەکان و رووداوەکان و بەستنەوەشیان بە هۆکارو ئامانجەکانەوە، لە روانگەی شەخسییەوە.
2-وەهمی ئەشکەوت
هەموو ئەو نەریت و خووڕەوشتانە دەگرێتەوە، کە مرۆڤ بە میراتی بۆی دەمێنتەوەو ژینگەو کۆمەڵگە بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنێت و کار دەکاتە سەر فکرو بۆچوونەکانی.
3-وەهمی بازاڕ
ئەو زمانە باوە دەگرێتەوە کە خۆی لە کۆمەڵێک بۆچوونی پێشوەختە و فکری ناواقعی دەبینێتەوە، بۆ نموونە زۆر وتەو بۆچوونی باو هەیە کە رۆژانە لەلایەن خەڵكییەوە بەکاردێت، گوزارشت لە کۆمەڵێک بابەتی وەهمی دەکات و دوورە لە هەموو دیقەت و راستییەکەوەو بەدەرەیشە لە رەخنە، یان سەرو رەخنەیە.
4-وەهمی شانۆ
ئەمەیش ئەو بۆچوون و مەزهەبانە دەگرێتەوە کە مرۆڤی ئاسایی لە خەڵکە ناسراو بیرمەندەکانی پێشوو وەریگرتووە، ئەمانەش تاماوەیەکی زۆر بەسەر زیهنی مرۆڤدا بۆ ماوەیەکی زۆر زاڵن، بەبێ ئەوەی مرۆڤ بێت ئەم بۆچوونانە بخاتە ژێرپرسیار و لە راستی و دروستی ئەم فکرو بۆچوونانە بکۆڵێتەوە.
ئەگەر ئەزموونگەراکان و هەستییەکان، لە عەقڵ و پەیوەندیی بە جیهانی دەرەوەو رێگەی لەدایکبوونی هزرەکانیان دەکۆڵیەوە، ئەوا فەیلەسوفە مۆدێرنەکان لەپێش هەموویانەوە فەلسەفە شرۆڤەکارییەکانی لە نموونەی فەیلەسوفی ئینگلیزی برتراند راسڵ، لەبارەی شتەکان و هەبووەکانیان دەکۆڵییەوەو وەکو واقعێكی سەربەخۆ لە هۆشیاریی و زیهن دایاندەنان، وەکو زانیارییە هەستییەکانیش پۆلێنیان کردوون.
برتراند راسڵ پێڕەویی پڕەنسیبی ڤرە جیهانی دەکرد و دژی پڕەنسیبی یەک گەردوون بوو لە کۆمەڵێک لقی جیاواز، بەمانایەکی تر ئەو دژی ئەوەبوو کە جیهان تەنها لە یەک سەرچاوە دروست بووبێت، بەڵکە بەلای راسڵەوە جیهان گوزارشت لە کۆمەڵێک هەقیقەت و بابەت و رووداوی بێ کۆتایی دەکات. دەشتوانین شرۆڤەی جیهان بکەین لە رێگەی شیکردنەوەی مەسەلە ئاڵۆزەکان بۆ ئاسنترەکان، ئەوەش لەرێگەی میتۆدی ماتماتیکییەوە. ئەویش رێگەی ئاسانکردن و ئامادەکردنی بۆ ساکارترین رەگەز کە ناتوانرێت شیبکرێتەوە. چونکە جیهان لە کۆمەڵێک گەردیلە دروست بووە، بەڵام گەردیلەی لۆجیکی نەک فیزیایی.

دوو جۆرە مەعریفە

راسڵ مەعریفە دەکات بە دوو بەشەوە: مەعریفەی راستەوخۆ، ئەویش ئەو مەعریفەیەیە کە راستەوخۆ لە سۆز و ئیدراکی هەستییەوە دێت بەبێ هیچ وەسیت و وشەیەک.
مەعریفەی دووەمیش، مەعریفەی ناڕاستەوخۆیە، زۆرجاریش بە مەعریفەی وەسفی دادەنرێت، ئەمیش لە یەکێکەوە بۆ یەکێكی تر جیاوازە، ئەم مەعریفەیەش پشت بە پێکهاتەکانی عەقڵ دەبەستێت، وەکو خەیاڵات و یادگە ورێگەی بەڵگەناندن.
لە دەرئەنجامی پێشووماندا دەگەینە ئەوەی کە هەست و ئەزموون، هەردووکیان مەرجی سەرەکی و حەتمین بۆ سەرهەڵدانی مەعریفە لە ناو زیهندا، بەپشتبەستنیش بەوان، هزرەکان لەدایک دەبن. لێرەدا خوێنەر پرسیار دەکات و دەڵێت: ئەگەر هەموو فکرێكی ئاسان یان ئاڵۆز، سەرچاوەکەی ئینتیباعی هەستی یەکەم بێت، هەروەها مەعریفەکانیشمان سەرچاوەکەی ئەزموون بێت، کەواتە چۆن سەلماندن بۆ هاوکێشەی 2+2*4 یان هاوکێشەی گۆشە سێگۆشەییەکان 180 پلە دەکات ؟
ئەرستۆ کە دامەزرێنەری زانستی لۆجیکە لە یەکێك لە دیالۆگەکانیدا دەڵێت: هەرکەسێک بیەوێت سەلماندن بۆ هەقیقەتێکی ئاشکرا بوو بکات، رێک وەکو ئەو کەسەیە کە دەیەوێت بوونی خۆر لەرێگەی چرایەکەوە ئاشکرا بکات.
بەڵام هیوم پێی وایە کە ئەم هزرانە کۆمەڵێک هزری سەربەخۆن و لەناو زیهندا و هیچ بوونێکی سەربەخۆیان لە ئەرزی واقعیدا نییە، بگرە تەنها لەناو زیهنی خۆماندا بوونیان هەیە، هەربۆیە ئەو ئەم حاڵەتە ناودەنێت “بەڵگەی یەقیینی” چونکە پێی وایە، تەنها لەم رێگەیەوە دەتوانین وێنەی ئەو هزرانە بکێشین، دەنا لەرێگەی ترەوە ناتوانین. هەرئەمەش وایکردووە کە هیوم پڕەنسیبی ” نا جیاوازی” دروست بکات، ئەمەش ئەو پێوەرەیە کە پشتڕاستکردنەوەی هەر شتێک خۆی لە یەقیندا دەبینێتەوە و دژەکەشی موستەحیلە.

بەڵام بۆ ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان بە زانستی سروشتییەوە هەیە، ئەو ناوی لێناون مەسەلە ئەزموونگەرییەکان، ئەم جۆرە مەسەلانەش ناتوانین بە یەقینی قسەیان لەبارەوە بکەین، چونکە لە ناخیاندا دژەکەشی هەڵدەگرێت، ئەمانەش تەنها لەرێگەی سەلماندنی ئەزموونگەرییەوە دەتوانین لە راستیی و هەڵەیان بکۆڵینەوە. چونکە ئەم جۆرە مەسەلانە، ناتوانین یەقین بین بەشێوەیەکی کۆتاییی، مادام ئێمە دەتوانین کە وێنەی دژەکانیان بکەین، ئیتر هیچ پێویست ناکات بکەوینە ناو نامەعقوڵیەتەوە.
بۆ نموونە ئێمە زۆرجار ئەوە دەبینین کە کاتێک وەرەقەیەک بەر پریشکی ئاگرێک بکەوێت، یەکسەر دەسووتێت، ئەمەش بۆتە نەریت و یەقینێکی تەواو لە زیهنماندا، بەڵام هیوم پێی وایە ئەگەر لە حاڵەتێکدا وەرەقەکەش نەسووتێت، ئاسایییە یان رێی تێدەچێت، لەمەشەدا لە کتێبی ” پەیامێک لەبارەی سروشتی مرۆڤەوە ” نموونەیەک لەبارەی خۆرهەڵهاتن و کۆمەڵێک مەسەلەی یەقینی تر دەهێنێتەوە کە دواجار بەرەو دژیەکی هەنگاو دەنێن.
ئەو پێی وایە هەموو مەسەلەکانی عەقڵی مرۆڤ، دابەشدەکرێت بۆ دوو جۆر. پەیوەندیی فکرو واقع، لەوانە زانستەکانی ئەندازیاریی و جەبر و ژمێریاریی، بە واتایەکەی تر هەموو شتێک کە دەکرێت یەقینی بێت ئەوەش لەرێگەی هەستپێکردن و سەلماندنی بەڵگەییەوە.
بەڵام جۆرەکەی تر لە مەسەلەکانی عەقڵی مرۆڤی، ناتوانین بەهەمانشێوەی پێشوو، سەلماندنی راستی بۆ بکەین، کاتک دەڵێین خۆر سبەی هەڵنایەت، ئەمە هیچ نامەعقوڵیی تێدایە نییە هێندەی ئەوەی کە ئێمە سووربین لەسەر ئەوەی هەربڵێین ” سبەی هەر خۆر هەڵدێت”
هیوم هەروەک چۆن دژی یەقین دەوەستێتەوە کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردەکان دروست دەبێت، کە دەکرێت دژێک لەناخیاندا هەڵبگرێت، لەهەمانکاتیشدا دژی هەموو ئەو مەسەلانە دەوەستێتەوە کە پەیوەندییان بە لاهوت و غەیبیاتەوە هەیە و پێی وایە ، هەموو ئەمانە دەچنە قاڵبی سەفسەتە و کۆمەڵێک هزری خەیاڵییەوە. ئەو پێی وایە ئەگەر بۆ نموونە مەسەلەی “آ” بوونێکی هەبێت، ئەوا یان دەبێت راست بێت یان درۆ، بەبێ ئەم پێوەرە هیچ بوونی نییە، چونکە دوورە ئیدراکی هەستیی و ئەزموونەوە.

هیوم و زانستی دەروونشیکاری ئەزموونگەریی

هیوم تەنها بە رەتکردنەوەی مەسەلەی ئایین و لاهوت نەوەستایەوە، بەڵکو پەلیشی بۆ فەلسەفە هاویشت و نیگەران بوو لەو حاڵەتەی کە هەندێک فەیلەسوف تێیدا بوون کە خۆیان رادەستی ئەوهامی عەقڵ کردبوو، خۆیان نغرۆکردبوو لە قسەکردن لەبارەی کۆمەڵێک شت کە مرۆڤ نەدەیانبینێت و نە هەستیشیان پێدەکات، بۆ نموونە پڕەنسیبی کرۆکی شتەکان، هیوم دژی ئەم پڕەنسیبە وەستایەوەو تەحەدای هەموو فەیلەسوفەکانی کرد، کە بتوانن لەرێگەی هەست و ئەزموونەوە درکی پێبکەن، بەپێی بۆچوونەکانی هیوم بێت، هەموو مەسەلەیەک کە بوونی نەبێت، ناتوانیت سەلماندن بۆ راستیی و ناڕاستیی بکەین.
بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە دەروون و سایکۆلۆجیەتی مرۆڤیشەوە هەیە، هیوم پێی وایە کە ” من” یان ناسنامەی کەسی تاک، هیچ بوونێکی نییە، بەڵگە ئەوەی هەیە بریتییە لە زنجیرەیەک لە هەستی پێشبینیکرا. ناسنامەی کەسێتی گوزارشت لە تەواوی ئینتیباعاتی یەکەمجارمان دەکات بۆ شتەکان و درککردنمان و بۆچوونی ئەوانی تر لەبارەی ئێمەوە. هەندێك شتیش هەیە کە لە نەریتەکانەوە دەستمانکەوتووە و رۆڵیان لە دروستکردنی ناسنامەی کەسیمان هەیە وەکو بیروباوەڕ و ئیمان و نەریتی گشتی و کۆمەڵێک ئەزموونی پێشتر کەلەناو زیهنماندا کۆپی بووە، بەپشت بەستنیش بەوان هزرەکانی ناخمان لەدایک دەبن کە کۆنترۆڵی هەڵسووکەوت و بۆچوونمان بۆ شتەکان و جیهانی دەوروبەرمان دەکەن.
زانستی سروشتی مرۆڤایەتی

هیوم ئاواتەخواز بوو کە زانستێکی نوێی سروشتی مرۆڤی دروست بکات، دەشیویست کە ئەم زانستە بکاتە بنەماو سەرچاوە بۆ هەموو زانستەکانی تر وەکو ماتماتیک و ئایین و ئەخلاق و زانستە سروشتییەکان، بەمەش دەیویست بگاتە دیقەتی زانستی تەواو کە زانستە سروشتییەکان لە بواری بابەت ئەخلاقییەکان پێیگەیشتوون. هەروەها لەرێگەی نزیکبوونەوەی لە میتۆدی ئەزموونگەریی لە شیکردنەوەو شرۆڤەکردنی ناخی مرۆڤیی، دەیویست هەمان میتۆدی پزیشکی بەکاربهێنێت، کاتێک دکتۆرێک کاتێک سەیری جەستەی مرۆڤ دەکات و پێی وایە لە کۆمەڵێک رەگەز و دەمار و خان پێکدێت و هەموویان پێکەوە پێکهاتەکانی جەستە پێکدێنن.
هیوم بەچڕیی لێکۆڵینەوەی لەبارەی هەڵسووکەوتی مرۆڤ دەکرد و هەموو ئەو دەرئەنجامانەی دەخستەڕوو کە لە هەست و سۆزەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو پێی وابوو کە لێکۆڵینەوە لەبارەی پاڵنەری هەڵسووکەوتەکانی مرۆڤەوە،بەدڵنیاییەوە لە کۆتاییدا بەرەو سۆز و هەڵچوونەکانمان دەبات.

هیوم پێی وابوو کە عەقڵ نابێتە هۆکاری هەڵسووکەوت و ناشبێتە سەنتەری ئیرادە و بڕیار، بەڵکە عەقڵ لای هیوم پادشایەک بوو کە خزمەتی هەڵچوون و هەستەکانی مرۆڤ دەکات. عەقڵی مرۆڤ هیچ سنوورێکی ئەخلاقی نییە و هیچ جیاوازییەکیش لە نێوان رەزیلەت و فەزیلەت یان چاکە و خراپە ناکات، تەنها بەپێی کاریگەریی نەبێت، کە مرۆڤ لە رووداوێک یان یەکێتی تر دەیکات. بەپێی ئەو پشکنینانەی کە بۆ ئەخلاقەکانی مرۆڤ کردوویەتی، هیوم پێی وابوو کە هەموو مرۆڤەکان خاوەنی ویستێکی باش یان سۆزێکی باشن، بەڵام ئەخلاق شتێکی رێژەییە و مرۆڤ بەپێی بەرژەوەندیی خۆیی و سوود و زەرەری شتەکان دیاریی دەکات.
فەلسەفەکەی هیوم دەچێتە قاڵبی ئەزموونگەراییەوە، مرۆڤ وەکو کۆمەڵێک ئامێر و ئەرک سەیر دەکات، ئەو مرۆڤ لەهەموو ئەخلاقێکی باش و جوان و سۆزێکی پیرۆز دادەماڵێت، لەهەمانکاتیشدا ئەو فەلسەفەی خۆی لەبەردەم مەسەلەی بوونی مرۆڤ لادەدات و بەکاری خۆی نازانێت. لەبارەی ماهیەتی مرۆڤیشەوە لە جیهان، هیوم پێی وابوو کە مرۆڤ گیانلبەرێکە کە هەمیشە بەدوای جێژدا دەگەڕێت، هەتابۆشی بکرێت خۆی لە ئازار بەدوور دەگرێت، تەنها بە دوای سوودو قازانجی خۆیدا دەگەڕێت.
فەلسەفەکەی هیوم کاریگەری گەورەی بەسەر فەیلەسوفانی بەرژوەندییخوازی دوای خۆی بەجێهێشتووە، لەسەروهەمووشیانەوە جێرمی بنتام، ئەو دێرێکی بەناوبانگیشی هەیە دەڵێت: کاتێک فەلسەفەی هیومم خوێندەوە، هەموو غەش و ساخەتەیەکی فکری، لەچاوم کەوتە خوارەوەو نەما.

ئۆسن حەسەن
لە عەرەبییەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

——————————
سەرچاوە:
سایتی الاوان




شیکردنەوەی شیکردنەوەیەک.. غازی حەسەن

مرۆڤ کە بەنێو زماندا شۆڕ دەبێتە، ئینجا دەزانێت خۆی تووشی چ دارستانێکی چڕ و ئاڵۆز و هەزار بەهەزار کردووە، زمان دەریایێکە سەدان جۆر زیندەوەری واتایی و شێواز و دەربڕین و گوزارشت و ئەرک و پراگماتیک و ڕەوانبێژی و مەبەست و لێکدانەوە و هێما و نیشانە و کردە و پەیام و فرەواتایی و دژە واتا و گوتاری.. تاد تێدایە. لەیەک وشەدا کە نووسەر دەیەوێت گوزارشت لەدۆخێکی تایبەت بەپێی دەوروبەرە تایبەتییەکەی بکات، لای خوێنەر ڕەنگە شیکردنەوە و مەبەست و واتای جیاواز دروست بکات، هەندێک جار خوێنەر جوانتر و باشتر لە دەقنووس شتەکان دەبینێت و شیان دەکاتەوە، لەنێو گوتاری دەقی نووسەرەکە گوتارێکی نوێتر بەرهم دەهێنێتەوە، هەندێک جاریش خوێنەر لەچوارچێوەی بیروڕاو وشیکردنەوەکانیدا دەقەکە دەشێوێنێت، بە ئاقارێکی جیاوازیدا دەبات.

لەم ماوەیەدا چەند جارێک ڕۆمانی (شیری مووسا)ی ڕۆماننووس (سابیر ڕەشید)م بەمەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی جووەکانی کوردستان خوێندەوە، لەهەر جارێکدا شتی نوێتر و بیرۆکە و لێکدانەوەی پترم لا دروست بوو، تەنیا هەندێک بابەت و لێکۆڵینەوەشم لەبارەی ڕۆمانەکە خوێندەوە، هەندێکیان دژە بۆچوون و بیروڕا و شیکردنەوەی دژ بەیەکیان تێدا بوو. لەوانە ئایا ڕۆمانەکە مێژووییە، یان نا؟ لەیەک کورتە بابەتدا نووسەرێک لەشیکردنەوەکەیدا لەبوارێک پێی وایە مێژووییە و لەبوارێکی دیکەدا پێی وایە مێژوویی نییە.

لەشیکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، لەکاتێکدا ئەوەی من لە ڕۆمانەکەدا خوێندمەوە و هەستم پێکرد بەکردەوە باسی (پێکەوە نەژیان) لە کوردستان دەکات و گوتاری ڕۆمانەکە گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە کۆمەڵگای کوردستان و بەئیسلامکراوی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پاشایەتی و دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا. نەک هەر ئەوە تەنیا ناوی کارەکتەرەکانیش بە وردی دیقەتیان لێ نەدراوە و لە شیکردنەوە زانستییەکەدا ناوی کارەکتەرێک لەو کارەکتەرانە بەهەڵە بەکار دەهێنێتەوە.
ئەوانەی بڕیار لەبڵاوکردنەوەی بابەتێکی شیکاری وەکو ڕۆمانی(شیری مووسا) دەدەن، پێویستە بەلای کەمەوە ڕۆمانەکەیان خوێندبێتەوە، یان ئاگاداری هەندێک لایەن و بابەت و باسی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە و شێوازی نووسین و گوتاری ڕۆمانەکە بن، ئەگەر نا دوور نییە ئەو شیکردنەوەی لەبارەی ڕۆمانەکە نووسراوە، بەئاراستەیەکی پێچەوانەی مەبەستی نێو ڕۆمانەکەدا بچێت.

وەکو ئاماژەم پێکرد، لەم دۆخەدا مرۆڤ ناچار دەبێت شیرکردنەوە بۆ خودی شیکردنەوەیەک بکات، هەڵەکان و هێلە گشتییەکانی نێو شیکردنەوەکە جارێکی دیکە شیکار بکاتەوە لەپێناو ساخکردنەوەی ئەو هەڵە فکری و بۆچوون و لێکدانەوانەی دەقەکە لە ئاراستەی سەرەکی و بنەڕەتی دوور دەخاتەوە. ئەوەی من لە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) تێگەیشتم و درکم پێی کرد، ڕەخنەگرتنە لەلاوازیی و نەبوونی هەندێک لەبنەماکانی (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، بۆیە جووەکان وەکو پێکهاتەیەکی لەبیرکراوی بڤەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی تووشی ئازاردان و کوشتن و سوکایەتی و دەرکردن و دواتریش ڕاگواستنیان بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراقی لەکۆتایی چلەکانی سەدەی بیستەمدا لە عێراق و کوردستان بەرجەستە کراوە و ڕەگەزنامەیان لێ دەسێنرێتەوە و مولک و ماڵیان (فەرهود) دەکرێت و لەهەندێک بواردا دەکەونە بەر ڕقی دەمارگیریی ئایینی لەلایەن گروپی ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگای عەرەبی و کوردیشدا. ئەمەش ڕێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی بنەمای پێکەوەژیان لاوازە، یان نییە، نەک پێمان وابێت ڕۆمانەکە نموونەیەکی ڕاشکاوی (پێکەوە ژیانە). لەم ڕۆمانەدا جووەکان قوربانی زولمزۆری دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی و دەستڕۆیشتووی بەگ و ئاغاکانی شەقڵاوەن. واتە جووەکان لەبەر جیاوازیی چینایەتی و ئایینی چەوسێنراونەتەوە، نەک رێزلێگیراوی بەیەکەوەژیانێکی یەکسان و ئارام.

ئەرکی هەمیشەیی خوێنەر، خوێندنەوەی هەمەلایەن و شۆڕبوونەوەیە بۆ نێو دێرە ئاڵۆزەکاندا، هەروەها گەڕانە بەدوای واتای نێو واتای پشتیی ڕستەکان و ئاشکراکردنی ئەو شتە نادیارانەی نووسەر وەکو کۆد و هێما و نیشانە و مەبەستی نادیار بەکاری هێناون. هەموو شیکردنەوەیەک شایانی شیکردنەوەی دیکەیە، یان دەکرێت بڵێین ئاساییە، خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی هەر دەقێکی شیکردنەوە و لێکدانەوەی دەقێکی دیاریکراودا، پێویستی بەشیکردنەوەی دیکە، یان لێکدانەوەی پێچەوانەی بیروبۆچوونی نێو دەقی شیکردنەوەکە هەبێت، بەڵام هەڵە تێگەیشتن لە (مەبەست و پەیام و گوتاری) دەق، پێویستە شیکردنەوە سەرلەنوێ هەڵتەکێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

کاتێک (سابیر ڕەشید) وێنەیەکی خەیاڵی لەنێو دەقەکەی خۆی لەبارەی جووەکان و کریستانییەکان لە شەقڵاوە دروست دەکات، ئاغا و پیاوەکانی وەستایێکی کریستیان بە زیندوویی زیندەبەچاڵ دەکەن، چونکە کاریان بۆ ناکات و دواتریش (یۆنان)ی ڕۆشنبیر و هەڵگری فکری چەپخوازیی جوو، لەلایەن ئاغاکانەوە دەکوژرێت، ئەمە نیشانە و هێمایە بۆ ئەوەی (پێکەوەژیان) لە هەرێمی کوردستاندا بەهەر هۆکارێکی (کۆمەڵایەتی – چینایەتی)، یان (سیاسی – ئایینی) بێت لەقەیران دایە، جووەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی دەچەوسێنرێنەوە و لەبەر نەریتی ئایینی سوکایەتیان پێ دەکرێت، تا دەگاتە حالەتی کوشتن لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی. لەکاتێکدا ئەم وێناکردن و ڕوودوانە دروستکراوی خەیاڵی خوودی (سابیر ڕەشید)ن نەک هەقیقەتێکی مێژوویی، کەچی کۆڵان و ژمارەیەک کارەکتەری نێو ڕووداوەکانی شەقڵاوە کارەکتەری هەقیقی و مێژوویین، بەو واتایەی (مێژوو تەوزیفکراوە) لەنێو دەقی ڕۆمانەکەدا.

شیکردنەوەی هەر شیکردنەوەیەک پەیوەستە بەدیدی ڕەخنەگرانەی خوێنەر، ڕەنگە هەر توێژەرێک کاتێک بابەتێک شی دەکاتەوە، لەگۆشەنیگایەکی جیاواز لە نووسەر و خوێنەرەکانی دیکەی دەقەکە، کێشەکان شی بکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا خوێنەری شیکردنەوەکەش دەتوانێت لەگۆشەنیگایەکی جیاوازەوە دەقی شیکردنەوەی دەقی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و بیروباوەڕی جیاوازی لەنێوان خودی (دەقەکە) و (شیکردنەوەکە) دەقەکەی لا دروست ببێت و بابەتەکان بەشێوەیەکی دیکە شی بکاتەوە، کە خاوەنی شیکردنەوە و ڕەخنەگری دەقەکە ڕێی پێ نەبردووە، یان لەڕوانگە و گۆشەنیگایەکی دیکەوە دیقەتی لێداوە.
خوێنەر پەیوەندییەکی فکری و دیدێکی نوێ لەنێوان (نووسەری دەق) و (توێژەر) دروست دەکاتەوە، خوێنەر بەدوای دروستکردنی واتایەکی نوێیە بۆ واتای واتا شیکراوەکان. بەواتایەکی دیکە (نووسەر واتایەکی تایبەتی مەبەستە) و (توێژەر واتایەکی نوێ لەنێو شیکردنەوەکانی بەرهەم دەهێنێت و لەواتای نێو دەقەکە دەڕوانێت) و (خوێنەریش واتایەکی دیکە لەئەنجامی خوێندنەوەی واتاکانی نێو دەقە شیکارییەکە، نەک دەقی ڕۆمانەکە بەرهەم دەهێنێت)، بەم جۆرە پرۆسەی بەرهەمهێنان و شیکردنەوەی واتا بەپێی ژمارە و توانا و وزەی خوێنەرەکان زیاد دەکات، یان دەگۆڕێت و ئاراستەی نوێ دروست دەکەن.

جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر (شیری مووسا)، کە نووسەر مێژووی وەکو کەرەستەیەکی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری مێژوویی لەنێو ڕۆمانەکە بەکارهێناوە، مێژووی تێکەڵی خەیاڵ و خەیاڵاندنیشی لەپێناو وێناکردنێکی هونەریانەی بابەتەکان و ڕووداوەکان بەکارهێناوە، وێناکردنێکی خەیاڵئامێزی بەستراوە بەڕووداوە مێژووییەکانی لەبارەی جووەکان دروستکردووە. گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاشکاوە، یەکەم دەقی ڕۆمانی کوردییە، کە جووەکانی کردۆتە بابەتی سەرەکی و تاکو ئاستێکی بەرز ڕۆماننووس سودی لەبنەما سەرەکییەکانی بەکارهێنانی مێژوو و ئینجا هونەری نووسینی ڕۆمانی سەردەمیانە بەزمانێکی نزیک لەگێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسی وەرگرتووە. ڕۆماننووس لەنێوان هونەری نووسینی ڕۆمان و بابەتە مێژووییەکاندا، کارەکتەر و ڕووداو و شوێن و ناو و کات و بەسەرهاتەکانی هەڵبژاردووە، ئەو بۆ نموونە لەتەنیا گوزارشتێکی کورتدا، کە ئاماژە بە (مەلا عەلی کۆمۆنیست) دەکات، دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمانێک و مێژووێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی و فکری کوردستان، کە ماوەیەک ژمارەیەکی زۆر لە مەلاکانی مزگەوت لە کوردستان پەیوەندییان بە حزبی شیوعی عێراق کردووە، واتە کەسێکی ئایینی و مەلایەکی موسڵمان دەچێتە ڕیزەکانی حزبێکی چەپی مارکسی و چینایەتی. ئەم گوزارشتە، کە تەنیا (چەند وشەیەکە) دەمانگێڕێتەوە بۆ دۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند و هەقیقی لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا. مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی دەق، کارێکی ئاڵۆزە، لەهەمان کاتدا بیرکردنەوە لەدەقی شیکردنەوەی خودی دەقەکە کارێکی ئاڵۆزترە، چونکە هەندێک جار توێژەر ئاراستەی شیکردنەوە بە ئاقارێکدا دەبات، گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێت باش لەمەبەست و گوتار و پەیامی دەقەکە نەگەیشتبێت، یان ئەو بەئاراستەیەکی جیاواز لەخودی دەقەکە شیکردنەوەی بۆ دەقەکە کردبێت، ئەم جۆرە شیکردنەوەیە شیکردنەوەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گرنگی و پایە و بایەخی هەر دەقێکیش لەوەدایە چەندە خوێنەر بەئاگا دەهێنێتەوە، یان خوێنەر وا لێ دەکات پتر و قوڵتر بیر لەنێوەڕۆکی دەقەکە بکاتەوە. لە کردەوەدا ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری گوتارەوەش هەیە.

غازی حەسەن




شیعر/ بەفری ڕەش .. کاوە عوسمان عومەر

( 1)
شیعر ، تیکتێکی چوون..و
هاتنەوەیە،
نێوان مەرگ ..و.
ژیان ، نێوان دۆزەخ و..
پەرادیس، نێوان، عیشق و…
ناعیشق،،،
نێوان خۆکوشتن
…و.
بەردەوامی..لە..
گەمەی بێهودەیی ژیان

( ٢)
کە هەر ئەمرین،،،
باوەک جەنگاوەرێکی سەرسەخت،،
تا دوادڵۆپە خوێن، ،،
بەرامبەردڕندەیی مەرگ،،
ڕاوەستین ،،
بە پێوە بجەنگین..
بە پێوە گیان بسپێرین
( 3)
شتێکی تازە نیە،
ئازار ، باپیرانیشمان پێشتر،
هەمان ژەهری تاڵیان چێشتوە،
ئەوەی تازەیە،،
پڕ بەدڵی خۆمان،
بە ئازارەکانمان پێبکەنین
(٤)
تەمەن،،،
نیگارکێشێکی سەرکێشە
هەموو ساڵێ،
بێ بانگردن،
خۆی دەکاتە ژورێ،،
بێ سڵاوێ،
بێ لوتفی قسەو باسێ،،
بە فڵچەی ڕەقی نەشتەرئاسای،،
چەند هێڵێکی ..
ناڕێک و خەمگین،،
و ترسناک…
بە ڕوخسارا، دێنێ…
( ٥)
کۆترەکان، لە بالکۆنەکەدا..
هێلانەکانیان دانا،
هیوایەک هەیە،،
بۆ بەردەوامی،
بەهارێک دێت،،
پاش ڕەوە داڵاشی..
شەوی سووری سەربڕاوی شار
( ٦)
بیرم نایەت
دواهەمین جار ،
بەفرێکی بێگەرد، وەک..
منداڵیەک ، لە هەور سپیتر،
سەری خەڵکە هەژارەکەی ..
شاری سپی کردبێ،
بەڵام ئەلبومی وێنە کۆنەکان
هێشتا ڕژاوە،
هەر وەک بیری تێکپژاوی خەڵکە کەی،،
هیچ دەموچاوێ ،
ئەوی تر ناناسێتەوە،
ئاوێنەی ڕۆژەکان،،
بونەتە هەزاران پارچەی ووردو خاشبوو،
وەک ئەوسا،
ئەلبومی وێنە کۆنەکان،،
جێ سەرنجی نیگای..
مردوە زیندوەکان،.. و ..
زیندوەمردوەکان نین،،
وێنەی دیجیتال ئاسان ترو..
کتوپڕ دێنە دەست،،
ئەو وای ووت،
من سەری هاوڕابوونم ،،
بۆ ڕاوەشاند ،،
گەرچی ڕوخساری..
خەڵکانی نێو وێنە کۆنەکان،،
و ..تازەکان،
لەیەک ئەکات،
بەڵام خەندەکانی مرۆڤەکانی ڕابردوو ،،
ڕەوشەنتر، و..
باوەشکردنی…
جەستە پێکەنیناویەکان،
قەشەنگتر.
( ٧)
تا سەحەر گریا،
کەناریەک،،
کە تۆ لێرە نەبوی،،
( ٨)
لاپەڕەی نوێی ڕۆژی تر،،
لە ئەفسونی..
کتێبی بوون،
بەفرێکی خامۆش،،
..و.ڕەش و..خەمگین
بەسەر خەڵکی نوستووی شارا،
شانۆی مرۆڤە سەرقاڵەکان..
بە یاری بێهودەیی،
ڕۆڵەکان هەمان ڕۆڵەکانی دوێنێکان،
هەژارەکان هەژارتر،
ئازارەکان ..
هەمان ئازار،
چەتەکانی شەویش،،
هەروەک ئەوسا،
بنی پێڵاوە مەزنەکانیان،
لەسەر سەری منداڵە بێ ناز..و..
چاو پڕفرمێسکە کانی..
شارێکی سەربڕاو، دانا.

…………………………………………………….

وێنەکە کارێکی ناوازەی فۆتۆگرافەر ( سروشت محمد ) ، بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




ئێشی بەرداشی شیعەو داعش.. جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

هەردوک هێزی توندئاژۆو خاوەن هەزاران تاوانی جەنگ، حەشدی شەعبی شیعیی و داعشی دوو هێزی زەبەلاحی تیرۆریستی عەڕەبین. کە ئەوان چەندە دژی یەکترن ئاوهاش بەخوێنی سەری کورد تینون. ئەوان دوو بەرداشن بۆهاڕینی ئێسقانی کورد. ”بەرداش” کەرەستەیەکە کە بریتییە لەدوو تاشە بەردی قورس، کە لەسەر یەک داندراون. کە لەکۆندا دانەوێڵەیان تێکردووەو بەردەکان ئەم دانەوێڵانەیان هاڕیوە. شوبهاندنی حەشدو داعش بەم دوو تاشەبەردانەو کوردیش بەدانەوێڵە لێکچواندنێکی حەقیقی و مەنتیقییە. بەتایبەتی ئەم بارودۆخەی لەئێستایا دەگوزەرێت کەماوەی شەش ساڵە بەردەوام بەرداشی حەشدو داعش کورد دەهاڕن.

من موبالەغە ناکەم لەپێناسەکردنی حەشدی شەعبی، نەخەڵکیش بێئومێد دەکەم، بەڵام هەرگەنجێکی کورد لەکەرکوکو دوزخورماتو، کە بەمەیدانی و کرداری لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا ژیاوە، ئەوان باشتر گەواهی ئەوە بۆ قسەکانی من دەدەن کە حوکمی حەشدی شەعبی زۆر ترسناکترە تەنانەت لە حوکمی داعشیش. گرنگ نییە تۆ چیت و کێیت؟ ئایا سیاسی یان مەدەنی؟ ئایا چەکداری کوردی یان کاسب؟ بەبێ ئەوەی هیچ چالاکییەکی سیاسیی و مەدەنیت کردبێت، چەکدارە تیرۆریستیەکانی سەر بە مەزهەبی شیعە ئەتچەوسێننەوە، سوکایەتیت پێدەکەن و لەهەر چرکەیەکدا معەڕەزی بۆ مردنێکی تراژیدیا.

ئێمە حوکمی قەڕەقوشییانەی هەردوک بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیمان بینی، کە هەموو کردەوەیەکی قێزەونیان کرد لەپێناو مانەوەیان لەدەسەڵاتدا. دەیان ڕۆژنامەنوسیان تیرۆرکرد، لەشەڕی ناوخۆدا هەزاران گەنجی کوردی بێتاوانیان بەناهەق کوشت. ٣١ ساڵە سەدان ملیارد دۆلاریان لەسامانی گشتی دزی. دەیانجار خیانەتی نیشتیمانیان کردو وڵاتانی دوژمنیان هێنایە سەر خاکی کوردستان. هەروەها حوکمی داعشمان بینی، کە بەپاساوی غەنیمەو چەند گێڕانەوەیەکی ناڕون و ناسەحیح هەزاران ژنی ئێزیدییەکانیان کرد بە کۆیلەو بەزۆر کران بەژنی جەنگاوەرە تیرۆریستەکان و هەتککران. نەک هەر ئێمە، دونیا بینی کە هەزاران پیاوی ئێزیدیەکانیان زیندە بەچاڵ کرد، هەزاران تاوانی جەنگیان ئەنجامدا، بەشێکی وڵاتیان وێرانکرد. ژیانیان گێڕایەوە بۆ دوو سەدە لەمەوبەر. بەپاساوی پارێزگاری کردن لە ناوچە سوننییەکان، شەڕێکی مەترسیداریان هێنایە پێش ماڵی سوننەو گەورەترین باجیش سوننەکان دایان. سەدان هەزار مناڵیان بێباوک کرد. داعش تەنانەت گەورەترین زەڕبەی لەخودی ئیسلامیشدا، بەوەی بەدونیای وت ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوەیە من دەیکەم، بەڵام لەڕاستیدا وانیە، بەڵکو ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوەیە دایکو باوکانی ئێمە بەئاشتی و بەیەکەوە ژیان دەیکەن. داعش زیانی سەدان ملیارد دۆلاری لەعێڕاقداو بوو بەهۆی کوشتنی سەدان هەزار کەس. وە بوویە هۆی دروستبوونی هێزە میلیشیاکانی شیعیی. داعش بوو بەسەبەبی شەڕێکی ماڵوێرانکەری تائیفی و لەناو بەرگی شەڕی تیرۆردا شەڕێکی مەزهەبیی شیعەو سوننە دەگوزەراو شەڕەکەش لەناو ماڵی سوننەکان بوو. لەکۆتاییشدا داعش زەرەدی کردو سوننەشی زەعیف کردو شیعەی بەهێزکرد. بەڵێ ئا ئەمەبوو حوکمی داعشیش.

هەروەها حوکمی سەددام حوسێنمان بینی کە چەند دیکتاتۆرێکی جوان بوو..! سەددام چەند قائیدێکی بەهەیبەت و لێوەشاوەو خاوەن عززەت بوو. تۆ جارێ وازلەوە بێنە لەگەڵ کورد خراپبوو، بەڵێ بۆ کورد خراپ بوو، بەڵام ئەوەی خەراپە مەرج نییە بۆهەموو کەس خەراپ بێت. دواتر بیرتان نەچێت بەهەموو خەراپیەکانیشیەوە سەد جار باشتربوو لە یەکێتی و پارتی و هەموو هێزە شیعیەکانی ئێستا کە لەعێڕاق دەسەڵاتدارن. لەسەردەمی سەددامدا هەموو شتێک بەردەستبوو، هەموو جۆرە خەدەماتێک هەبوو، هەموو جۆرە خۆراکێک و پێداویستییەکانی ژیان مانگانە دابەش دەکرا بەسەر هەموو ماڵێکی عێڕاقدا، تەنانەت موسی ڕیش تاشینی باوکیشمان بەخۆڕایی دەهاتە ماڵەوەمان. کارەبا بەردەوام هەبوو، ئاوی پاک هەبوو، جادەو ڕێگەوبانەکان زۆر لەئێستا باشتربون، ئابوری عێڕاق هێندە بەرزو باش بوو، تەنانەت هاوڵاتیانی عێڕاق دەیانتوانی بەپاسپۆڕتی عێڕاقی بەبێ فیزا گەشتی سەدان وڵاتی دونیاو ئەوروپاش بکەن. چونکە ئابوری بەهێزبوو، پاسپۆڕت و پارەی عێڕاقیش بەهێزبوو. وە دیناری عێڕاقی زۆر لەدۆلاری ئەمریکی بەهێزتربوو. تاکی عێڕاقی ئەوکات کەڕامەتی پارێزراوبوو وە بەهای مرۆڤ بوونی هەبوو، بەڵام ئێستا ڕیسواین. ماوەی هەشت ساڵ قورسترین شەڕی سەدە ڕوویدا لەنێوان عێڕاق و ئێران، بەڵام سەددام حوسێن ڕێگەی نەدا نەهاوڵاتیەک برسیبێ نە هیچ قەیرانێک لەوڵات دروستبێ، کەچی ئێستا بازرگانانی سیاسیی چوار فیشەک بەدوو سەرخۆشی داعشەوە دەنێن و ناوی دەنێن شەڕێکی قورسی مەترسیدار بۆ تەواوی عێڕاق، بۆئەوەی بەوهۆیەوە دەیان قەیران دروست بکەن و نرخی بەنزین، غاز، داودەرمان، خۆراک و تەنانەت هێلکەش گران دەکەن. چونکە هەر خۆیان بزنز بەم کاڵایانەوە دەکەن. بۆیە بەیەقینەوە دەڵێم تەواوی ئەم سەرکردە سیاسیانەی کوردو سوننەو شیعە لەکوردستان و عێڕاق هێندەی پێڵاوەکانی سەددام بەهایان نییەو هێندەی ئەو دڵسۆز نین. مەسعود بارزانی و کوڕو برازاکانی. بافڵ تاڵەبان و سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەوانە بازرگانی سیاسیین، چەتەی نەوت دزن، مافیای مەچەک سورن بەخوێنی ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران.

هەروەها لەناو شیعەکانیش هادی عامڕی، نوری مالیکی، عەبادی و موقتەدا سەدر هەموو ئەوانە دیسانەوە ئەو ڕۆبۆتەن کە لەلایەن ئێرانەوە قوڕمیش دەکرێن و هیچ یەکێک لەمانەو ئەمسالەکانیتریان هێندەی پەنجەیەکی سەددامیان پێنەکراوە. چونکە ئەوانیش لەژێرەوە وڵاتیان فرۆشتووە بەئێران و هەرچی سیادەو سەروەری وڵاتە ڕادەستی ئێرانیان کردووە، چونکە هەموویان سەرقاڵی ئەوەن منافەسەی یەکتر بکەن لەوەی کامیان زۆرترین پارەو سامانی گشتی بدزێ.
ئێستا سوننەکان نە لەڕووی بڕیاری سیاسی نە لەڕووی سەربازییەوە دەسەڵاتیان نییە، بەشی هەرە زۆری عێڕاق میلیشیا توندئاژۆکانی شیعە حوکمی دەکەن، وە لەکوردستانیش دوو بنەماڵەی خێڵەکی و نادیموکڕاتی و نادەستوری حوکمی دەکەن. لەدوای ٢٠١٤و هاتنی داعش شیعەکان هەیبەتی سوپای عێڕاقیان شکاندو بەترسنۆک و هەڵهاتووی جەنگ وەسفیان کرد. ئەو باوەڕەشیان لای خەڵکی دروستکرد، کە سوپا بێئیرادەو دیسپلین و بێ مەبدەئە، بۆیە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی هەیەو دەبێت بەدیل بۆ سوپا هەبێت، بۆیە حەشدی شەعبییان دروست کرد، چونکە سوپا پێکهاتبوو لەکوردو سوننەو شیعە. وە پارێزگاری لەهەموو عێڕاق دەکرد بەبێ ڕەچاوکردنی مەزهەب و ئیتنیک. بەڵام حەشدی شەعبی تەنها پارێزەری شیعەکانەو گیانبازی بۆ مەزهەبەکەی دەکات، نەک بۆ تەواوی عێڕاقیەکان. بۆیە بەفتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعەکان علی سیستانی هێزی تیرۆریستی حەشدی شەعبی دامەزراو، لەوکاتەشەوە ئاشوب و تارمایی ئەو هێزە میلیشیاییە باڵی بەسەر عێڕاقدا کێشاوەو ماڵوێرانی زۆری بۆ کوردو سوننە هێناوە.

حەشدی شەعبی چونکە هێزێکە لەدەرەوەی دەستورو نیزام دروستکراوەو لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێڕاق نییە، وە لەناوخۆیشیدا دەیان هێزی جیاوازو فرە خاوەنەو فەرمان لەحکومەت وەرناگرێت، بۆیە نە لەچاودێریکردن سڵ ئەکاتەوە، نە لەلێپێچینەوە. تەنانەت زۆر جار بووە بە مەترسی جددی بۆ سەر خودی حکومەتی عێڕاق و سەرۆکوەزیرانی. بەهەمان شێوە بۆ کوردستانیش بووە بەمەترسی. تاکو ئێستا دەیان جار بە درۆنی بێ فڕۆکەوانی بۆمب ڕێژکراو هێرشیان کردۆتە سەر کوردستان و ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق و مەتاڕی هەولێرو بنکەکانی ئەمریکیەکان. ئەمانەش بەهەرحاڵ گریمان وایدانێ سێ پێکهاتەی دژبەیەکی عێڕاقن و بەردەوام لەناکۆکی سیاسیدان، بەڵام مەترسیە گەورەکەی حەشدی شەعبی ئەوەیە سڵ ناکاتەوە لە کوشتنی ژن و مناڵ و خەڵکی سڤیل. لەهەموشی ئابڕوبەرانەتر ئەوەیە کە تەنانەت دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی کورد. بەتایبەت لەکەرکوکو دوزخورماتوو دەوروبەری خەریکە دیموگرافیای ناوچەکە بەتەواوی دەگۆڕن. لە ٢٠١٦وە شیعەکان پرۆسەی بە شیعەکردنی ناوچەکەیان دەستپێکردووە. سەرەڕای ئەوەی سوننەکان و کوردەکان لەو ناوچانە هیچ دەسەڵاتێکی سەربازیی و سیاسییان نییەو کەچی میلیشیا شیعییەکان بەوەشەوە نەوەستاون و بەردەوامن لە گرتن و ئەشکەنجەدان و هەتککردن و دەربەدەر کردنی کورد بۆئەوەی ڕێژەی کورد لەوناوچانەدا زۆر کەمبێتەوەو ببێت بە کەمینەیەکی بێئیرادەو بێهەیبەت. دیارە پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی حوکمڕانی کوردین، زۆر ترسنۆک و بێ هەڵوێست و لاوازن لەئاستی تاوانەکانی حەشدی شەعبی و هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ببن بە کۆسپێک لەبەردەم پرۆسەی دەربەدەرکردنی هاوڵاتیە کوردەکان، بەڵام هەرزوو کاتێک هێزە میلیشیاکانی شیعیی چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجامدا، چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە لەدژی ئەم پێشێلکاریانەی کە چەکدارە شیعییەکان لەدژی هاوڵاتیانی سڤیلی کوردی ئەنجامی دەدەن. بۆنمونە تەنانەت رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك ”هیومەن ڕایتس وۆچ” و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، ڕاپۆرتیان بەرزکردەوە لەدژی چەندین تاوانی جەنگو هەتککردنی ژنانی کورد.

هاتنە دەنگی ئەم ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ ناوبانگی هێزە داگیرکەرەکانی شیعەییان زۆر ناشیرینکردو ئیتر دونیا تێگەیشت لەوەی هێزە شیعییەکان تەنانەت لەداعشیش توندئاژۆترن. ئەمەش گورزێکی کەمەرشکێن بوو لەو هێزانەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەک دانیان پێدانەنرا، بەڵکو بوون و مانەوەیان وەکو هێزێکی فەرمی ڕەتکرایەوەو بەمیلیشیاو توندئاژۆ لەقەڵەمدران. تەنانەت هێشتا ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو هێزانە وەکو کوڕی شەرعی ئێران و هاوشێوەی گروپی تیرۆریستی داعش دەبینن..

جەمال ئەحمەد ئیسماعیل




فلاشباک-٣٢- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و دوو

پێرێ گەیشتمە ئەنکەرا، لە داپڵۆسینی کوردستان رزگارم بوو، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشوو، مانگ نەبووە بۆ زیندان رامنەکێشن، ئێستا چاوەڕوانی رەحمی یوئێن ئێچ سی ئاڕ دەکەین، بزانین چارەنووس بەرەو کوێ هەڵماندەگرێت؟. ئەگەرچی ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە لە خەیاڵدانی تاکی کورددا وێنای کراوە، بەڵام بۆ ئێمە پەناگەیەکی ئارامە، هیچ نەبێت کە ئێستا کار گەیشتۆتە سەر کوشتنمان رێگەچارەیەکی ناچارییە و باشترین بژاردەیە. ئێستا لە تورکیای “نازم حیکمەت”م، بیر لەوە دەکەمەوە ئەو پیاوە لەم وڵاتە گەورەیەدا جێگەی نەبووەوە، لە تورکیای “عەزیز نەسین”م کە هەوڵیاندا تیرۆری بکەن.
لە تورکیای خاوەن بزووتنەوەیەکی چەپی بەهێزم کە هەمیشە سەرکوتکراون. لێرە دیمەنەکانی سروشت دڵڕفێنن، وڵاتەکە جوانە، بەڵام ژیان تێیدا سەختە و بۆ ئێمەی پەنابەر رەنگە سەختتر بێت. بیر لە هەموو شتێک دەکەمەوە، مرۆڤی بێکار هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە بیرکردنەوە، ئەوەندە کاتم هەیە بۆ بیرکردنەوە کە تامی تێدا نەماوە، هەرچەندە وڵات بە مانا نەتەوەپەرستییەکەی بۆ من مانایەکی نییە. کەچی هەست بە رۆحی “نالی” دەکەم، ئاخر کامەیە “سالم”ی من تا چامەیەکی بۆ بنێرم و هەواڵی ئەو وڵاتەی تێدا بپرسم کە تێیدا زۆر چارە گران بووم.؟.
بیر لە تێزەکانی کارڵ مارکس ئەکەمەوە، کاتێ گریمانەی خۆی بەستەوە بە پەیوەندییەکانی کار و بەرهەمهێنان. کتێبە ناوازەکەی “کاپیتاڵ” گەڕانێکە بەدووی ئەو هێزە دیالیکێتیکییەی مێژوو هەڵدەسوڕێنێ. ئەو بە سەرنجدان لە شارێکی پیشەسازیی وەک لەندەن، ئەو ململانێ چینایەتییە قووڵەی لەو قۆناغەدا هەستی پێ ئەکرا، کە زێدەبایی زیاتر لە هەر شتێک ئازاری هەستی “مارکس”ی ئەدا شێمانەی شۆڕشی کرد لە ئەوروپای دڵی سەرمایەدارییەوە. ئێستا لەو تێزەش باشتر تێدەگەم کە هەندێ بیرمەند ژیانی مارکس دابەشی دوو قۆناغ ئەکەن “مارکسی لاو” و “مارکسی پیر” کە ئەدگار و سیمای ئەو دوو قۆناغەشە پڕە لە دابڕان لە یەکتر.
واز لەو جەدەلە فەلسەفییە دێنم، قەڵەم و کاغەز بەشی ئەم درێژدادڕییەی من ناکا، بەڵام ئەوەندە کاتم هەیە کە بە خۆڕایی بە فیڕۆ ئەڕوات هیچ شتێکی ترم هێندە نییە، بەهەرحاڵ لە رێی ئەو شیعرانەی رۆژانە ئەیاننووسم و دواتریش لاپەڕەکان ئەدڕێنم، خۆم لە ئێش و ژانەکانی ناو سەرم رزگار ئەکەم. بیر لەوەش ئەکەمەوە، کێ دەیووت کوڕی ماڵێکی وردە بۆرجوا و ناسیۆنالیست لەسەر کۆمۆنیرم دەربەدەر ئەبێ؟. کە چاوەڕێی بەزەیی یوئێن ئێچ سی ئاڕین، بمانگەیەننە دۆزەخی راستەقینە کە وڵاتانی رۆژئاوایی کاپیتاڵییە!!!. سەیرە هیچم لە پێشووی خۆم ناچێ، تەنانەت رووخساریشم، لەوەتی لێرەم ناسکتر بوومەتەوە و رەنگە چەند مانگێکی تر نەبا ببمە شاعیر “چوونکە پێشتر شیعرنووس بووم نەک شاعیر”، ئیدی تێدەگەم شیعر کاتێک دێت کە مرۆڤ بگاتە لوتکەی دڵناسکی و خۆ خواردنەوە.
دڵم جوگرافیایەکی بێ ناونیشانە
تەنیا تۆی تاکە هاووڵاتی ئەو نیشتمانە


زمانی شیعرم لە گۆ کەوتووە
کەچی دڵم لە جاران عاشقترە

24-8-2000
ئەنکەرا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 108-111 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




شیعر- هاتو.. کەنعان مدحەت

دایکی وەرز
ئیزنی بە سەفەری زستانی
سڕ و سارد دا
ئاماژەی کاروان یەکلاکاتەوە
لە بەرزاییەکانی ئەرارات تا بناری قەندیل
تەواوی زەرد و سوور ڕێککەون
سەوز و شین..
تا تەختاییەکانی کفری
رەشماڵ هەڵدەنەوە
کچان..
رووت رووت
لە گۆمە گزنگی سپی بەیانیانا
مەلە بکەن
بە قاقا
کۆڕان لە خەو کەنەوە
تامی ماچی
لێوی لە دەنکە هەناری
یەک لە یەکی سوورتریان
لێک جیاکەنەوە
مەگەر تەڵی رووناکی لە کۆتا نەهات
ئەوەندە بە بەها و
دەگمەنتر بێ
ئەوەندەی ماچ و دڵداری و
وەندەی خۆشەویستی بێ سنوور و
مرۆڤ دۆستی
مەگەر
مەگەر ….