ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی-1- نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( ١-٥)

سەرەتا: مەبەست لە ناسیونالیزم چیە؟ (ناسیونالیزمی ئیتنیکی چیە؟ ناسیونالیزمی مەدەنی چیە؟ ) ئایا ناسیونالیزم چ پەیەوەندییەکی بە نەتەوەوە هەیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و بە پیشەسازیکردن چیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و مۆدێرنێتە چیە و کامیان بەرهەمهێن یان دروستکەری کامیانە؟ سەرەتای دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ناسیونالیزم کەیەو لە کوێوە سەری هەڵداوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە ئەم باسە هەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسیارانەو لە دوای ئەوەش هەوڵدەدات رووناکی بخاتە سەر پێناسەی ناسیونالیزمی کوردی ودەرکەوتن و شێوازی کارکردنی.

دەشێ چەندین پێناسەی ناسیونالیزم لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەو بوارەوە کرابێت کە بە گشتی بریتین لە مێژوونووسان و کۆمەڵناسان، بەتایبەتی کە ئەوە ئاشکرایە ناسیونالیزم بیرمەندی نیە، رەنگە راستیەکەش ئەوە بێت کە ناسیونالیزم وەکو بیر ناناسرێت یان بە بیر دانانرێت و هەر لەو روانگەیەشەوە بیرمەندی نیە.

هەر لێرەوە باسکردن لە ناسیونالیزم یان چەمکی ناسیونالیزم وەکو “بیر- Thought” دەکەوێتە بەردەم گومانەوە. لە راستیدا ناسیونالیزم زیاتر وەکو ئایدیۆلۆجیا باس دەکرێت. ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت:
بیرو ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکە کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەکی دیاریکراو وەکو دەستەیەک لە خەڵک پتەوو بەهێز دەکات(١). لێرەدا دەردەکەویت کە ناسیونالیزم راستەوخۆ پەیوەندی بە نەتەوەوە هەیە، یان بە واتایەکی تر ئەو مادەیەی کە ناسیونالیزمی لەسەر بەرهەم دێت نەتەوەیە، ئەگەرچی بە بارێکی تردا ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات. بەهەرحاڵ هەر لەم پیناسەیەدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم وەکو جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک سەیر دەکرێت کە ئامانجێکی دیارو ئاشکرای هەیە کە ئەویش بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیە. بێگومان رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەک یان هەر نەتەوەیەک چیە؟ زۆر بە سادەیی بەرژەوەندی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە خۆی دەسەڵاتداری سەر خاکی خۆی بێت. بە مانایەکی تر ناسیونالیزم ئامانجی ئەوەیە کە نەتەوە خاوەنی سەروەی خۆی بێت لەسەر خاکی خۆی، کە ئەوەش پێش هەموو شتیک دەبێ حکومەتی خۆماڵی خۆیی هەبێت لەسەر خاکی خۆی، چونکە بە بێ بوونی حکومەت ناتوانریت باسی سەروەری بکرێت کە سەروەریش تەنیا لە بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بوونی دەبێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین ناسیونالیزم پشتگیری ئەوە دەکات و داکۆکیکەری ئەوەیە کە هەر نەتەوەیەک خۆی خۆی بەڕێوەببات و خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی و هەموو بڕیارێکی پەیوەست بەخۆی بێت و پارێزراو بێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی و نەکەوێتە ژێر هەژموونی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دەرەوەی خۆی. هەر نەتەوەیەک لە رووی سروشتیەوە هەمان مافی نەتەوەکانی تری هەیەو بەو پێیەش هیچ نەتەوەیەک بە هیچ بیانوو پاساوێک مافی ئەوەی نیە کە دەسەڵات بەسەر نەتەوەکانی تردا بکات و داگیریان بکات و بەویستی خۆی سەرکوتیان بکات و بەکاریان بهێنێت چونکە هەر نەتەوەیەک خۆی بنەماو بنچینەی سروشتی و نموونەییە بۆ فەرمانڕەوایی خۆی وهیچ نەتەوەیەکی تر نابێتە ئەو بنچینە سروشتیە بۆ فەرمانڕەاویی ئەم. بامانایەکی تر هەر نەتەوەیەک خۆی تاکە سەرچاوەی دروست و رەوایە بۆ بەرهەمهێنان و بنیادنانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرێتی خۆی و لەسەر ئەو بنەمایەش وەک هەموو نەتەوەکانی تر مافی بەدەستهێنانی سەروەرێتی خۆیی هەیە.

هانس کۆهن لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دەڵێت: ناسیونالیزم حاڵەتێکی زیهنیە بۆ زیادکردنی چوونەناوەوەی زۆرینەیەکی گەورەی دانیشتوان لەسەر بنچینەی هەڵوێستی دڵسۆزی و پەیوەستبوون لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا(٢). لێرەدا سێ بنەمای سەرەکی بۆ دروستبوونی هەر جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک باس دەکرێت، کە یەکەمیان بارێکی زیهنیە واتە پەیوەستە بە عەقل یان مێشکەوەو ئەویش یان لەسەر بنەمای سۆزو هەڵچوون کاردەکات یان لاسەربنەمای عەقڵ و بەئاگایی کە ئەم دوو رەگەزەش هەردووکیان هەم پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جوڵانەوە یان بزووتنەوە، هەم لە خاسێتە دیارەکانی مرۆڤن و لە لایەک پەیوەستتن بە بنەمای بایۆلۆجی و لە لایەکی تریشەوە پەیوەستن بە بنەمای عەقڵی و دەرونی و مەعنەوی. بنەمای دووەم دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەیە لە کۆمەڵگەدا کە دەچنە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی وەهاوە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگایە. ئەمەش ئاسایی ئەوە دەردەخات کە ناسیونالیزم پەیوەستە بە کۆمەڵگاوەو لەچوارچێوەی کۆمەڵگادا بوونی هەیەو قسەی لەبارەوە دەکرێت و دەشخوازێت زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگای تێدا بێت. بنەمای سێیەم ئەو فاکتەرەیە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگا دەبڕێت یان دەخاتە ناوەوە کە ئەویش دڵسۆزی و پەیوەستبوونە کە دەشێت بە سەربەبوون یان ئینتیما ناوببرێت. لێرەوە شتێک لەبارەی سروشتی ناسیونالیزمەوە ئاشکرا دەبێت کە دەشێت وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەریی ئامانجدار سەیر بکرێت لە چوارچێوەی کۆمەڵگاو لە زەمینیەیەکدا کە گەوهەر یان رەگەزی سەرەکی بۆ پێکهێنانی ناسیونالیزم بوونی هەبێت کە ئەوێش نەتەوەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە لە پێش دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە بوونی هەبووە یان بوونی هەیە.

هەروەک هانس کۆهن لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە دەوەستێتە سەر ئەو بنچینەیەی کە تیایدا دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنی تاکەکەس بۆ دەوڵەتی نەتەوە باڵادەست دەبێت بەسەر بەرژەوەندییەکانی تری تاکەکەس و گروپدا(٣). لێرەدا زیاتر چەمکی ناسیونالیزم ئاشکردەبێت و تەنیا وەها باس ناکرێت کە بیرۆکە یان جوڵانەوەو بزووتنەوەیەک بێت، بەڵکو خاسێتی ئایدیۆلۆجیای دەدرێتە پاڵ کە ئەویش لە گەوهەردا باسی ئەو هێزو پاڵنەرە دەکات کە وا لە تاکەکەس و گروپیش دەکات دەستبەرداری بەرژەوەندییە تاکەکەسی یان گروپیەکانی خۆی ببێت و خۆی تەرخان بکات بۆ بەرژەوەندییەکی فراوانتر کە بەرژەوەندی دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دامەزراوەیەک کە نەتەوە خاوەندارێتی دەکات و گەیشتووە ئاستیکیش کە بووەتە خاوەنی سەروەری چونکە وەکو دامەزراوەی دەوڵەتی نەتەوە ناودەهێنرێت، کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کاتێ خاسێتی ئایدیۆلۆجیا دەدرێتە پاڵ ناسیونالیزم مانای وایە ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە لەگەوهەردا خۆتەرخانکردن و پەیوەستبوون و ئینتیمای زیاترین تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ کارکردن لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی نەتەوە لەخۆیدا کۆدەکاتەوەو لەخۆدەگرێت. ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکی نوێ یان مۆدێرنەو پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە گرنگانەوەیە هەیە کە لە سەدەی حەڤدەیەم و هەژدەیەمدا لە کۆمەڵگای ئەوروپی و پاشان ئەمەریکی و دواتریش لە شوێنانی تر لە بنیادی گشتی کۆمەڵگەکاندا روویانداوە، بە تایبەتی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی مۆدێرنێتە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییانەدا خەڵک پەیوەستبوون بە زێدی خۆیان و بە خاکی نەتەوەکانیان و بە داب و نەریتی باوباپیرانیانەوەو بەو دەسەڵاتانەی کە لەسەر خاکی خۆیان هەیانبووە بە تایبەتی نەتەوە خاوەن دەوڵەتە فیودیالی و ئیمپراتۆرێتە ئایینیەکان، کە دیارە لەگەڵ دەرکەوتنی سادەترین سەرەتای ناسیونالیزمدا ئامانجی گۆڕینی ئەو جۆرە دەسەڵاتە رەهایەی خۆیانیان نەبووە لە گەڵ دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵاتی خۆیانیان لەسەر خاکی خۆیان هەبووە، کە ئەوەش درووستبوونی دەوڵەتەکانی نەتەوەی لێکەوتووەتەوە. هەر لێرەوە ناسیونالیزم زیاتر بەرەو فۆرمەلەبوون دەچێت و هەستێکی ئەوتۆ دروست دەکات کە ببێتە مایەی جۆرێک لە دانپێدانانی گشتی و شێوەیەک بە ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبەخشێت و رۆڵی گرنگ و دیاری دەردەکەوێت و خۆی وەکو هێز یان جوڵانەوە یان ئایدیۆلۆجیایەکی کاراو بزوێنەریکی چالاک لە مێژووی نوێدا نمایش دەکات کە ئامانجی دیارو ئاشکرای دروستکردنی دەسەڵاتی خاوەن سەروەری نەتەوەکانە، کە مەبەست لە سەروەری نەتەوەیی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەکانە چونکە بەبێ بوونی دەوڵەتی نەتەوە شتێک نیە بە ناوی سەروەری نەتەوەیی.

بێندیکت ئەندرسۆن رای وایە: ناسیونالیزم هێزیکی سیاسی پتەوە، بەڵام لە رووی فەلسەفیەوە هەژارە. سەرباری ئەوەی ” ism”ی پێوەیە، بەڵام هەرگیز بیرمەندی بەرهەمنەهێناوە(٤). بێگومان ئەوە ئاشکرایە لە رووی زمانەوە وشەی ناسیونالیزم Nationalism لە ئاوەڵناوی National درووستکراوە ئەویش بە زیادکردنی پاشگری “-ism” کە ئەم پاشگرە بە مانای بڕوایەکی دیار یان پیادەکردن یان سیستێمێکی دیار یان فەلسەفەیەک، یان سیستێمیکی فیکری دێت. بنچینەی ئەم ناوە داڕێژراوە ناوێکی ترە لە زمانی ئینگلیزیدا کە ئەویش ناوی ” Nation “ە. واتە بنچینەی داڕشتنی وشەی ناسیونالیزم کە دەشێت بە کوردی پێی بگوترێت “نەتەوایەتی” وشەی نەتەوەیە. ئێستا دەردەکەوێت کە پێش دەرکەوتنی یان بوونی وشەی ناسیونالیزم لە زماندا وشەی نەتەوە بوونی هەبووە. ئەگەر لەم روانگە زمانیەوە سەیر بکرێت، ئەوا لە پێش بوون یان دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە هەبووە، ئەمە روانینێکی دروستە لە رووی مێژوویی و کۆمەڵناسیشەوە، بەڵام نەتەوە وەکو مادە، وەکو بوویەکی بایۆلۆجی کۆمەڵایەتی نەک وەکو بوویەک یان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی. ئەوە ناسیونالیزمە نەتەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و بارگاویی دەکات بە خواست و ویستی سیاسی کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە لوتکەی ئەو خواست و ویستانەیە.

لە فەرهەنگی مێریەم وێبستەردا بەمجۆرە پێناسەی ناسیونالیزم دەکرێت: ناسیونالیزم بریتیە لە دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ نەتەوەیەک، بەتایبەتی دیمەنی هوشیاری نەتەوەیی و ئاستی پێشکەوتن و باڵابوونی نەتەوەیەک بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا نیشان دەدات و دانانی جەختکردنی سەرەتاییە لەسەر پتەوکردنی کەلتوورو بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوەیە بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکانی تر یان گروپە نەتەوە باڵاکان(٥). دیسان لەم پێناسەیەدا خاڵی سەرەکی خۆ تەرخانکردنە بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوە، واتە لێرەدا ناسیونالیزم وەکو بابەتێکی گرنگ و تەنانەت بە گوێرەی ئەندامانی هەر نەتەوەیەک وەکو شتێکی پیرۆز سەیر دەکرێت تا ئەو ئاستەی ئەندامانی نەتەوە یان کۆمەڵگا خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، کە ئەو خۆ تەرخانکردنە جۆرە سروشتێکی تەسەوفی تێدا بەدیدەکرێت کە چۆن سۆفی خۆی تەرخان دەکات بۆ پرینسیپی رێبازەکەی و هەموو کارێک دەکات و واز لە هەموو خواست و ویستە دنیاییەکان دەهێنێت بە ئومێدی ئەوەی بگات بە رۆحی باڵای خوداو تیایدا بتوێتەوە. بەهەمان شێوە خۆ تەرخانکردنی ئەندامانی نەتەوە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە مانای دەستبەرداربوونیانە لە بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان یەکێک لەو هۆکارانەی کە ناسیونالیزم توانای یەکخستن و یەکپێگرتنی نەتەوەی هەیە ئەو گیانی خودنەویستیەی تاکە کەسە لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان لەم پێناسەیەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک هەوڵی باڵابوونی یان بەرزتردانانی نەتەوەکەی خۆیان دەدەن لەبەرامبەر بەرژەوەندی یان لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا. ئەگەر لە رووکەشدا سەیری ئەم رستەیە بکەین ئەوا ئاماژەی جۆرێک لە رەگەزپەرستی تێدا دەبینرێت. بەڵام لە رووی راستیەوە بابەتەکە بەو شێوەیە نیە کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک بیانەوێت نەتەوەکەی خۆیان لەوانی تر بە باشترو تەنانەت بە پیرۆزتر لەوانی تر سەیر بکەن، نەخێر مەبەستەکە ئەوەیە کە بنەمای بەراوردی هەر نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەکانی تردا ببێت بە پاڵنەر بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن و پێشکەوتنی زیاتر بە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتری ئەو بنەمایانەی کە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن بە گشتی.

جۆن کانی پێناسەیەکی نزیک لەم پێناسانەی سەرەوە بۆ ناسیونالیزم دەکات و دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە جەخت دەکاتە سەر دڵسۆزی بۆ نەتەوەو پەیوەستبوون بە نەتەوەوە(٦). تۆماس هایلاند ئیرێکسین دەڵێت: ناسیونالیزم جۆرێکی لێڵی ئایدیۆلۆجیایە دەشێت لە ناوەوەو دەرەوەی سنووری دەوڵەتدا دوژمنکارانەو فراونخواز بێت، هەروەک دەشێت ناسیونالیزم وەکو پارێزەری راستی و ئاشتی وەکو هێزی یەکگرتنی کەلتووری لە دەوڵەتی نەتەوەدا یان لە هەرێمێکدا خزمەت بکات(٧). هەروەک زۆربەی کات ناسیونالیزم لە لایەن خاوەن تیۆرییانی لیبراڵەوە بە ئایدیۆلۆجیایەکی جیهانی دادەنرێت کە جەخت دەکاتە سەر یەکسانی و مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی فەرمانڕەواییەکەیدا(٨). لەم پێناسانەی سەرەوەو چەندین پێناسەی تریشدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنە لە پێناوی نەتەوەو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەدا، لەگەڵ هەوڵی بەدەستهێنانی سەروەریدا کە ئەویش لە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەو بنیادنانی نەتەوەدا دەستەبەر دەبێت. هەروەها دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم ئەو ئایدیۆلۆجیایە کە ئامانجی یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، واتە ئایدیۆلۆجیای دروستکردنی هەستی پێکەوەبوون و دەستەجەمیە لەگەڵ پتەوکردن و بەهێزکردنی ئەو رەگەزو بنەمایانەی کە نەتەوە پێکدەهێنن. یان بە دەربڕینێکی تر ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوەیە کە دەوەستێتە سەر هەستی پێکەوەبوونی خەڵک لە رووی ئیتنیکی و زمان و خاک و نەریت و میژوو ئایین و بنەماکانی تری نەتەوەوە. لە راستیدا سەرباری باسکردنی ئایین یان تێزی مارکسیزم یان ئەنارکیزم و رۆڵبینینیان لە بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم یان بوونیان بە پایەی ناسیونالیزم، ئەوە بۆچونێکە هەریەکەیان بە جۆرێک رەتدەکرێتەوە.
بە گوێرەی ئایین کە چەمکێکی تەواو ئومەمی یان گەردوونیە پەیوەستبوونی بەهەر رەگوڕیشەیەکی ئیتنیکیەوە ناجۆرو نەگونجاو دەردەکەوێت و ناشێت ببێتە بنەمای کاراو زیندووی ناسیونالیزم. هەروەک لە لایەکی ترەوە ناسیونالیزم بەگشتی چەمکێکی عیلمانیە، واتە لەگەوهەردا نەک هەر لەگەڵ چەمکی ئایینی ناکۆکە بەڵکو دژیشە. دەشێت لە روویەکی ترەوە باسی ناسیونالیزمی ئایینی بکرێت، بەڵام ئەو ناسیونالیزمی ئایینیە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەی نیەو دژی دەوڵەتی نەتەوەیە. ئەوەی ئێستا بە تایبەتی لە جەنگی دووەمی جیهانی بۆ دواوە بە ناوی دەوڵەتی ئایینی بە تایبەتی دەوڵەتی ئیسلامی دروستبوون و وەکو دەوڵەتی نەتەوە دەردەکەون، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیران و تورکیا تەنیا لە رووکەشداو بۆ پەردەپۆشکردن روخسارێکی ئایینی بەسەر دەوڵەتەکانیاندا دراوە، ئەگینا دەوڵەتی نەتەوەیی یان ناسیونالیزمن و تەنانەت ناسیونالیزمەکانیان کە دەشیا بە پشتبەستن بە بنەمای نائیتنیکی ئایین بگوازرانایەتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی و نەتەوەی فرە ئیتنیک و فرە کەلتوریان بەرهەمبهێنایە، گەیشتوونەتە ئاستی رەیسیزم و فاشیزم. ئاشکرایە یەکێک لە خاسێتە خراپەکانی ناسیونالیزم ئەگەر بە عەقلی داخراوی نوخبەی ناسیونالیست و بەپێی هەندێ تێڕوانینی تەسک و پەیوەستبوونی لە رادەبەدەر بە ئیتنیک و بنەماکانی بوونی نەتەوەو خۆ بە پیرۆزسەیرکردن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دەگۆڕێت بۆ شۆڤینیزم و بەرهەمهێنانی فاشیزمی ئیتالی و نازیزمی ئەڵمانی بەرهەمی پێداگری زۆرە لەسەر چڕکردنەوەی بنەماکانی ناسیونالیزم.

——————————-
تێبینی/ ئەمە وتارە دەروازەی بابەتێکی درێژە کە کردوومانە بە پێنج بەش و ئەمە بەشی یەکەمێتی. سەرچاوەمان دەکەونە دوابەشەوە.




كورد حه‌قی خۆیه‌تی شانازی به‌ڕابردووی خۆیه‌وه‌ بكات.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

كوردستان به‌كۆمه‌ڵێك دوژمنی دڕنده‌ و چه‌وسێنه‌ر ده‌وره‌دراوه‌، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، هه‌میشه‌ كورد وه‌ك گه‌لێكی نه‌خوێنده‌وار و نه‌زان و دڕنده‌ و پیاوكوژ و تاڵانچی ناسێنراوه‌، به‌درێژایی مێژوو كورد له‌ژێر باری داگیركاری ئه‌واندا ناڵاندویه‌تی، هه‌میشه‌ په‌سندی خۆیان و شكستی كورد و بێبایه‌خ كردنی زمان و كه‌لتور و مێژوو و ڕابردووی خۆیان له‌لای كه‌م بایه‌خ كردووه، نووسه‌ری كوردزمانی عه‌ره‌بی نووسی وامان هه‌بووه‌، قسه‌ی نووسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان ڕاده‌گوێزێ و له‌سه‌ر ئاره‌زووی هه‌ستی ئه‌وان ده‌ڵێ ڕیشه‌ی كورد له‌جنۆكه‌یه‌، ئه‌و هه‌موو كورده‌ زانا و نووسه‌ره‌ به‌رزانه‌، یه‌كێك نه‌هات به‌درۆیان بخاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت شه‌ره‌فخانی مێژوونووسی گه‌وره‌ی كوردیش، قسه‌ی ئه‌وان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌رته‌نیا به‌وه‌نده‌ وازدێنێ، ده‌ڵێ” هه‌ر خوا بۆ خۆی ده‌زانێ”.
‌ دوژمن و نه‌یارانی به‌شێوه‌یه‌ك بوونی كوردیان له‌به‌رچاوی خۆی ڕه‌ش كردووه‌، كورد خۆی ڕقی له‌ڕابردووی خۆیه‌تی و نایه‌وێت په‌سندی هیچ شتێكی ڕابردووی خۆی بدات، باله‌وانیش باشتر و به‌رزتربێت، كه‌چی گومانی له‌ڕه‌گه‌ز و بنچینه‌ی خۆیه‌تی، بۆ نموونه‌ عه‌ره‌ب له‌پێس ئیسلام و سه‌رده‌می جاهیلی له‌ناو نیوه ‌دروگه‌ی عه‌ره‌بدا به‌ده‌ستی خۆیان داروبه‌ردیان ده‌تاشی و په‌یگه‌ریان لێ دروست ده‌كرد و ناویان ده‌نا (منات، لات، عوززا…) ده‌یان په‌رست، به‌ڵام كاتێ عه‌ره‌ب ‌دێنه‌ سه‌ر باسی دینی كۆنی كورد ده‌ڵێن: كورد مه‌جوسی بووه‌، چه‌ندین كه‌سی كوردم بینیوه‌ به‌خراپه‌ ئه‌مه‌ی دووباره‌ كردۆته‌وه‌، پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ هێنده‌ شتێكی خراپه‌ تائاستی گومڕابوون، له‌ڕاستیدا كورد خۆری خۆش ویستووه‌ و ڕێزی لێ گرتووه‌، پێیوابووه‌ خۆر سه‌رچاوه‌ی ژیان و ڕووناكی و وزه‌ و مایه‌ی نه‌شونومای مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و گیاو گۆڵ و دانه‌وێڵه‌بووه‌، حه‌قی خۆیه‌ی ڕێزی لێ بگرێت، هه‌زاران جار له‌بتپه‌رستی عه‌ره‌ب باشتربووه‌، كه‌چی كورد ملكه‌چی قسه‌ی دوژمنه‌كه‌یه‌تی و پێی وایه‌ ئه‌و ڕاست ده‌كات.
دوژمنانی كورد ئه‌وه‌نده‌یان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كورد داناوه‌،‌ وایان كردووه‌ خۆیان له‌لای كورد وه‌ك پیرۆز و گه‌وره‌ سه‌یربكرێن، وایان پیشان داوه‌ كورد له‌چینی ژێره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ و ئاستی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌چاوئه‌واندا زۆرنزمه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ و خانه‌دانی كورد بنه‌چه‌ی خۆیان بردۆته‌وه‌ سه‌ر عه‌ره‌بان، ئه‌مه‌ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كورد داناوه‌، گه‌وره‌مێژوونووسی كورد شه‌ره‌فخانی بدلیسی له‌كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی شه‌ره‌فنامه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، زۆربه‌ی پاشا و میر و خانه‌دانه‌كانی كورد ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆیان ده‌به‌نه‌وه‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی ناوداری عه‌ره‌ب، به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر و هاشمی و ئه‌سحابه‌كان، هی وایان تێدایه‌ بنه‌چه‌ی خۆی بردۆته‌وه‌سه‌ر خالیدی كوڕی وه‌لید، بێ ئاگاله‌وه‌ی خالید كه‌سی له‌پاش به‌جێ نه‌ماوه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌موویان به‌نه‌خۆشی تاعون له‌ناوچوون، له‌ناو هه‌موو بنه‌ماڵه‌كانی شه‌ره‌فنامه‌دا ته‌نیا بنه‌ماڵه‌ی شه‌ره‌فخان خۆیان نه‌بردۆته‌وه‌ سه‌رعاره‌بان، به‌ڵام ئه‌ویش بنه‌چه‌ی خۆی بردۆته‌وه‌ سه‌ر ئیرانیه‌كان، كه‌چی عه‌ره‌ب شانازی به‌بنه‌ماڵه‌ی خۆیانه‌‌وه‌ ده‌كه‌ن و بنه‌چه‌ی خۆیان نابه‌نه‌وه‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه‌كان.
دوژمنان بۆ شكست و چاوشكاندنی زیاتر گه‌لی كورد ناوی كرمانجی لێناوه‌، به‌سوك و كه‌م بایه‌خ سه‌یر كراوه‌، یه‌كێك له‌وتارێكدا نووسیبووی: دایكم له‌زمانی ‌باوك و باپیرانیه‌وه‌ ده‌یگێڕایه‌وه‌: توركه‌كان كه‌ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر ده‌یانوت ئێوه‌ ئه‌سڵزاده‌ نین و كرمانجن، زمانه‌كه‌شتان زمانێكی ڕه‌سه‌ن نییه‌ و نابێ به‌زمانی كوردی قسه‌بكه‌ن، شه‌وان ده‌هاتن له‌ده‌رگایان ده‌دا، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ وتبای (كێیه‌) ئازاریان ده‌دا و ده‌یانوت بۆ به‌كوردی قسه‌ده‌كه‌ی، هه‌ركه‌س وتبای (كمدر) ده‌یانوت ئه‌وه‌ له‌خۆمانه‌، خه‌ڵاتیان ده‌كرد و زه‌وییان پێ ده‌به‌خشی، زمانی كوردییان ئه‌وه‌نده‌ له‌لا كه‌م بایه‌خ كردوون، ئه‌و هه‌موو نووسه‌ره‌ گه‌ورانه‌ی كورد، كه‌له‌ئاست شاره‌زاییان مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت، ئه‌وان خزمه‌تی گه‌وره‌یان به‌ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی كردووه‌، به‌ڵام جورئه‌تیان نه‌كردووه‌ به‌زمانی شیرنی كوردی بنووسن، به‌ڵكو له‌بابه‌ته‌ مێژوویی و زانستی و فه‌لسه‌فیه‌كانیاندا نووسینه‌كانیان به‌عه‌ره‌بی یازمانی تر نووسیوه‌ و به‌لای كوردی نووسیندا نه‌چوون، باوه‌ڕیان پێهێناون، زمانی كوردی زمانی نووسین و ڕه‌سمی نییه‌، به‌ڵكو زمانی نه‌خوانده‌وار و شوان و لادێ نیشینه‌كانه‌.
هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ و ته‌نانه‌ت ئێستاش زۆر لەوانەی تازه‌ ده‌نووسن بەڕوونی لەنووسراوەکانیاندا، زۆر بەئاسایی چەندان نووسراو دەبینیت لەسەر گاڵتەکردن بەزمان و فەرهەنگی كوردی. تەنانەت نووسەری كوردی وا هەیە زۆربه‌ی كات كاری هێرشکردنە بۆ سەر ڕابردووی كورد و فەرهەنگی کوردی، ئەم دیاردەیە به‌شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ستی كورددا ڕەگی داکوتاوە له‌ناو خه‌ڵكی گشتیشدا گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ كاركردن له‌م بواره‌دا، خۆم له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو گوێم له‌پیره‌پیاوێك بوو به‌شێوه‌ زمانی فارسی گۆی ده‌كرد وده‌یوت جاران ده‌یانوت:
زبانی فارسی شه‌كه‌رأست
زبانی توركی هونه‌رأست
عه‌ره‌بی زبانی اول و ئاخیرأست
زبانی كوردی كیری خه‌ر(كه‌ر)أست
ئەم شیعره‌ هه‌ر‌وا سادە و ئاسایی نییه‌، ئەمه‌ بۆچوونێكی دژوار و نامۆیە، ‌کورد سەبارەت بەزمان و فەرهەنگی خۆی، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ نه‌شیاو و ناقۆڵایه‌ی ڕیشه‌یه‌كی مێژوویی قوڵی لەناو فەرهەنگی کوردیدا هه‌یه‌.
ئه‌م كرده‌وه‌ خراپانه له‌جه‌وهه‌ری دروست بوونی كورد دابوونی بووه‌، ئه‌مه‌ خووڕه‌وشتێكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بۆی هاتووه‌، بێگانه‌و دوژمنی كورد فێری ئه‌و خاسیه‌ته‌ ناله‌باره‌ی كردووه‌، بێگومان كورد وه‌ك گه‌لێكی ژێرده‌سته‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه‌، له‌پاڵ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا ئه‌وه‌نده‌ باسی دواكه‌وتویی و بێ فه‌رهه‌نگی كورد و ئه‌و قسانه‌ی به‌گوێیدا چرپاندووه‌ و له‌ناو مێشكیدا چه‌سپاندوویه‌تی، کە ئەوان واته‌ كورد بەکەڵکی هیچ نایەن، زمانیان زمانیێكی دواكه‌وتووه‌ و خۆشیان له‌ئاستی نزمی كۆمه‌ڵایه‌تیدان، ئه‌وه‌نده‌یان بۆ وتونه‌وه‌ تاكو باوه‌ڕیان پێهێناون، بڕوایان به‌خۆیان نه‌بێت، ڕقیان لەخۆیان و ڕابردوویان بێت، بڵێت ئه‌وان له‌كورد ڕه‌سه‌نترن، بۆیه‌ هه‌موو شتێك شایانی ئه‌وانه‌ و پێویسته‌ كورد لاسایی کاراکتەرەکانی نه‌ته‌وه‌ی باڵادەست بكه‌نه‌وه‌، خۆیان به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بێت‌.
سه‌رگورشته‌ی سه‌مه‌ره‌ وا به‌لای‌ نووسه‌ری فارسی (سه‌عید كه‌رامه‌ت)ه‌وه‌، نووسیویه‌تی: كورد خاوه‌نی هیچ جۆره‌ جل و به‌رگێكی تایبه‌ت به‌خۆی نیه‌ و ئه‌و شێوه‌ جل و به‌رگه‌ی ئێستا كورد ده‌یپۆشن، ئه‌وه‌ جلی سوپای ئینكشاری (یه‌نیچه‌ری) عوسمانیه‌، كاتی خۆی ئه‌و سوپایه‌ به‌ناو هه‌موو ناوچه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و كورد كه‌بینیویانه‌ ئه‌م جله‌ بۆ ئه‌وان باشه‌ و له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای وڵاتی كورد گونجاوه‌، به‌چاولێكه‌ری سوپای یه‌نیچه‌ر‌ی ئه‌و جله‌یان پۆشیوه‌ و وه‌كو جلی نه‌ته‌وه‌یی پیشانی ده‌ده‌ن، (عوسمان ره‌حمانی) ناوێكیش وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و زۆریش پشتگیری ئه‌و نووسه‌ره‌ فارسه‌ ده‌كات كه‌ به‌ڵێ ئه‌و شێوه‌ به‌رگه‌ی ئێستا ده‌یپۆشن ئه‌وه‌ جلی سوپای یه‌نیچه‌ری عوسمانیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و كتێب و سه‌رچاوه‌ و نووسراوانه‌ی پێش هاتنی توركه‌كان بۆ ئه‌م ناوچانه‌ بخشێنین، كه‌له‌لایه‌ن بێگانه‌كانه‌وه‌ نووسراون، سه‌دان وێنه‌ت به‌رچاوده‌كه‌وێت به‌جلی كوردییه‌وه‌ كێشراون، له‌گه‌ڵ ڕێزم ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی بێ بنه‌ماو بێ به‌هایه‌، كه‌جلی كوردی هی سوپای یه‌نیچه‌ری بووه‌ و به‌هۆی گونجانی له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای كوردستان كورد له‌ئه‌وانی وه‌رگرتووه‌، له‌كاتێدا سوپای یه‌نیچه‌ری عوسمانی دوای داگیركردنی خاكی گه‌له‌ ژێرده‌سته‌كانیان به‌تایبه‌ت له‌و منداڵه‌ بێ باوك و دیلانه‌ی له‌كاتی جه‌نگ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می جه‌نگه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ستی عوسمانی ئه‌و سوپای یه‌نیچه‌ر‌یان لێ دروست كردن و به‌ریان دانه‌ گیانی خه‌ڵكی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیان و دوژمنه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به‌كه‌لتور و هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌م شێوه‌یه‌ له‌به‌رچاوی كورد، سووك و بێ نرخیان پیشانداوه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كورد نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی له‌لا پیرۆز و شیاوتر بێت له‌نه‌ته‌وه‌ی خۆی و ملکەچی بڕیاره‌كانیان بن و له‌ناوخۆدا به‌گژیه‌كتریان دابكه‌ن و توندوتیژی به‌رامبه‌ر یه‌كتربنوێنن. به‌تێپه‌ڕبوونی كات كورد گەیشتۆتە ئەو بیروبڕوا دژەخۆیی و خۆبەکەم زانینە، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ دوژمن زیاتر بتوانێ زه‌فه‌ریان پێ به‌رێ، عه‌شیره‌ت له‌دژی عه‌شیره‌ت وبنه‌ماڵه‌ له‌دژی بنه‌ماڵه‌ و شار له‌دژی شار هانیان بدا و به‌گژیه‌كتریان دابكات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی ناوخۆیان هه‌بێت نه‌پڕژێنه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ما و ڕیشه‌ی خۆیان بكۆڵنه‌وه‌، كاتێك كورد خۆی گاڵته‌ به‌هه‌ڵپه‌ڕكێی كورد و به‌ئایینی ڕابردووی خۆی ده‌كات، ئەوە ڕقێکە لە ناخیدا دروست كراوه،‌ لەلایەن نەتەوە سه‌ردەستەکانەوە، له‌كاتێكدا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌كێشه‌ و ماملانێدان، به‌ڵام به‌شانازییه‌وه‌ ئاماده‌ن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیاندا بكه‌ن.
كه‌م نه‌ته‌وه ‌هه‌یه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌نده‌ی كورد حه‌زبه‌ ئاشتی و ئاسووده‌یی و هەڵسوکەوتی شارستانی بكات، ته‌نانه‌ت له‌كاتی شه‌ڕیشدا كورد هه‌ستی مرۆڤایەتی و ڕۆحی لێبوردەیی دەنوێنێت، له‌لێقه‌وماندا هاوكاری دوژمنه‌كه‌شی ده‌كات، داڵده‌دانی ئاشووری و ئه‌رمه‌نی له‌ده‌ست توركان و عه‌ره‌به‌ خه‌واریجه‌كان له‌ده‌ست عه‌ره‌بی برای خۆیان، نزیكترین نموونه‌ش داڵده‌دان و پاراستنی سه‌ربازه‌ عه‌ره‌به‌كانی كاتی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان له‌كۆتایی سه‌رده‌می به‌عسدا باشترین به‌ڵگه‌ن، بێگومان هیچ یاسا و تۆمارێكی نووسراونییه،‌ تاكورد ناچاربكات ئاوا مرۆڤدۆستانه‌ مامه‌ڵه‌بكات، بێگومان ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگ و سروشتی كورده‌ به‌وشێوه‌یه‌ ڕه‌فتارده‌كات، كه‌له‌ باب و باپیرانیه‌وه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌.
كه‌چی نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌میشه‌ په‌سندنی بنه‌چه‌ و خاك و ئاو و نیشتمانی خۆیان ده‌ده‌ن، فه‌موو مێژوو گه‌واهی ئه‌وه‌ده‌دات توركه‌كان سه‌رده‌مێكی هێنده‌ زوونییه‌، كه‌له‌ بانه‌كانی (تبت)ی وڵاتی خۆیانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ و داگیریان كردووه‌ و ئێستا به‌خاكی دێرینه‌ی خۆیانی ده‌زانن، بۆ نموونه‌: له‌كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا سۆڤیه‌ت هاته‌ ناو خاكی ئێرانه‌وه‌، ئازربایجان و به‌شێكی كوردستان كه‌وته‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت، بڕیاردرا له‌ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌ته‌وه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تێكه‌ڵاو له‌ئه‌ندامانی حزبی كۆمۆنیست، ئۆرگانه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان، فه‌رمانبه‌رانی دادوه‌ری، ئاسایش و ئابووری، ڕه‌وانه‌ی ئازه‌ربایجانی ئێران بكرێن، عه‌زیز عه‌لیۆڤ محه‌مه‌د كه‌ریم ئۆغلی سكرتێری سێیه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمۆنیستی ئازه‌ربایجان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و لیژنانه‌ی پێ سپێردرا، له‌نیوه‌ی دووه‌ه‌می مانگی سێپتێمبه‌ری 1941 ڕه‌وانه‌ كرا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌چالاكیه‌كان بكه‌ن، میرجه‌عفه‌ر باقرۆڤ له‌یه‌كێك له‌دیداره‌كان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ ڕه‌وانه‌ كراوه‌كان بۆ ئازه‌ربایجان گوتی:” ئێوه‌ ده‌زانن‌ سوپای سوور له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كانی باكووری ئێرانی خسته‌ده‌ست خۆی، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌، ئازه‌ربایجانی ئێمه‌یه‌، به‌گوێره‌ی به‌ڵگه ‌مێژووییه‌كان، به‌شی زۆری هه‌رێمی باكووری ئێران وه‌ك قه‌رزوێن، ورمێ، میانه‌، مه‌راغه‌، ته‌ورێز، ئه‌رده‌وێڵ، سه‌ڵماس، خۆی، ئه‌نزڵ و …هتد، شوێنی باب و باپیرانی ئێمه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاستتان ده‌وێت، تاران یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ كۆنه‌كانی ئازه‌ربایجانی ئێمه‌” باقرۆڤ ده‌یویست بڵێت خاكی كورد و فارس هه‌مووی هی ئازه‌ر بووه‌، زۆر شتی له‌م بابه‌ته‌.
به‌پێچه‌وانه‌ی دوژمنانی كورد‌ ئه‌و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسانه‌ی ده‌رباره‌ی كورد دواون، په‌سندی زمان و ڕه‌سه‌نی كوردیان داوه‌ و مینۆرسكی ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسی ڕووسی به‌چاوێكی به‌رزه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌ده‌بی كوردی كردووه‌ و ده‌ڵی: نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ئه‌ده‌بی كوردی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نرخی ته‌واوی دیاری نه‌كرێ، ناوبراو له‌كتێبی (كورد) وه‌ڵامی ئه‌و بیروڕایه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كوردی فارسیه‌كی تێك شكاو و ده‌ستكاری كراوه‌، ده‌ڵێت: ” بێگومان زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ده‌ستووری فۆنێتیكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستووری زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، پێوه‌ندی زمانی كورد له‌گه‌ڵ فارسی وه‌كو پێوه‌ندی نێوان عه‌ره‌بی و ڕووسی وایه‌”.
پۆل بایدار زانا و میسیۆنێری فه‌ڕه‌نسایی له‌كتێبی ده‌ستوری زمانی كوردی دا ده‌ڵێت: ” زمانێكی خۆش و نه‌رمه‌، زمانێكی شیعری پڕئاوازه‌، خاسیه‌تی تایبه‌تی ڕسته‌ی كوردی هه‌موو ژیان ده‌گرێته‌وه‌، پێوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌ت و جوانی ته‌بیعه‌ت دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌چێته‌ ناو ناخی گێتی ناوه‌وه‌ی ئاده‌میزاده‌وه‌”.
سه‌ره‌ڕای ڕاستی و ڕای چه‌ندین زاناو شاره‌زای ئه‌و بواره‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌ تائێستاش كورد به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر كه‌باسی ڕابردوو بكه‌یت ڕێكه‌وتی سه‌دان كه‌سی كورد ده‌كه‌یت پێی وایه‌، ئێمه‌ له‌ڕابردوو هیچمان نه‌بووه‌ و خاوه‌نی هیچ نین، ئه‌مه‌ له‌لایان بووه‌ به‌ڕاستیه‌ك مایه‌ی گفتوگۆنییه‌، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیسته‌، كورد خۆشی قۆناغێكی گه‌وره‌ی بڕیوه‌ له‌پێشكه‌وتن و زانیست، ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆكاری زیاتر پێشكه‌وتن و ساغ كردنه‌وه‌ی ڕیشه‌ی خۆی و زمان و كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی خۆی و ناساندنی به‌گه‌لانی دنیا.




پێڵاوه‌ شینه‌كه‌م.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

له‌بیرمه‌ زۆر منداڵ بووم، به‌ مه‌زه‌نده‌ی خۆم ده‌بێ سێ ساڵان بووبم. بابم، برا گه‌وره‌كه‌می ڕاسپارد بچێ له‌ بازاڕ پێڵاوێكم بۆ بكڕێت، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ خۆی ببات، به‌ قولانجه‌كانی پاپێویی كردم، پاشتر چووه‌ بازاڕ و به‌ زه‌وقی دڵی خۆی پێڵاوێكی لاستیكی شینی بۆ هێنام، ئێستایش له‌بیرمه‌ به‌روڕووی پێڵاوه‌كه‌م نه‌خشێكی كونكون بوو، به‌ڵام كونه‌كانی له‌ شێوه‌ی خاڵێ قۆرتقۆرت بوون نه‌ك كونبه‌ده‌ر، هه‌ر به‌ مه‌زه‌نده‌ی ئێستام، درێژیی پێڵاوه‌كه‌م 10-12 سانتیمه‌ترێك ده‌بوو، پێڵاوی شینم له‌ پێیه‌ بچكۆڵانه‌كانم هه‌ڵكێشان، هه‌ردوو تاك پڕ به‌ پێم بوون، له‌ خۆشییان نه‌مده‌زانی له‌سه‌ر زه‌مینم یان له‌سه‌ر هه‌ور. شه‌و پێڵاوه‌كه‌مم له‌گه‌ڵ خۆم برده‌ ژێر لێفه‌كه‌م، هه‌ر بۆنم ده‌كردن و ده‌مگوت ده‌بێ كه‌ی به‌یانی بێته‌وه‌ تا له‌پێیان هه‌ڵكێشم! به‌ڵام بێئاگا خه‌وم لێكه‌وت و وه‌ك ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك نێوانی بیركردنه‌وه‌ و خه‌وه‌كه‌م بێ له‌پڕ به‌ئاگا هاتم، دةميَك بوو به‌یانیی دابوو، خۆشییه‌كه‌م له‌نێو نوینه‌كه‌ی ده‌رپه‌ڕاندم.

وه‌رزه‌كه‌ی زستانێكی پڕ له‌ زوقم وسه‌قه‌م بوو. سبه‌ینه‌كه‌ی به‌ پێڵاوه‌ نوێیه‌كه‌م له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌هاتم و ده‌چووم، هه‌ر ته‌ماشایم ده‌كرد، ڕه‌نگه‌كه‌یم زۆر پێ جوان بوو. حه‌وشه‌كه‌مان پان و به‌رین بوو، چووم له‌كن دایكم له‌ ده‌ركی متبه‌قه‌ بچووكه‌كه‌ وه‌ستام كه‌ ئه‌و خه‌ریكی شیو لێنان بوو، ئێستایش لەبیرمه‌ شیوه‌كه‌ی كه‌شكه‌ك بوو، كه‌شكه‌كێكی ڕووتی بێ گۆشت و شله‌. له‌هیكڕا هه‌ستم كرد هه‌ردوو پێم كه‌وتنه‌ ژان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رزیئاژن بكرێن وابوو، ئێستا بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ژانی پێیه‌كان هی سڕبوون بوو به‌هۆی سه‌رمایه‌كه‌وه‌، به‌ڵام نه‌مده‌زانی بڵێم پێم سڕ بووه‌، به‌ڵكوو هه‌ر ده‌گریام، دایكم ده‌یگوت: كوڕێ من بۆ ده‌گریی، چیت ده‌وێ؟ هه‌ر نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ پێ سڕبوونه‌ به‌هۆی سه‌رماكه‌وه‌، ته‌نیا ده‌مگوت:
پێم دێشێت، داوام ده‌كرد پێڵاوه‌كه‌م له‌ پێ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش و بابم و براگه‌وره‌كه‌شم هه‌ر وایان ده‌زانی پێڵاوه‌كه‌م بچووكه،‌ بۆیه‌ پێیه‌كانم دێشن. برا گه‌وره‌كه‌م پێڵاوه‌كه‌ی برده‌وه‌ بازاڕ و یه‌كێكی دیكه‌ی كه‌مێك گه‌وره‌تری بۆ هێنام، كه‌ له‌ پێم هه‌ڵكێشان، دوای كه‌مێك، دیسانه‌وه‌ پێیه‌كانم به‌هۆی سه‌رمایه‌كه‌وه‌ سڕبوونه‌وه‌. ‌له‌تاو ئازاری پێیه‌كانم، دیسانه‌وه‌ ده‌ستم كرده‌وه‌ به‌ گریان، كه‌سیان تێنه‌ده‌گه‌یشتن كه‌ پێیه‌كانم بۆچی دێشن! پێیان عه‌جایب بوو! پێڵاوه‌كه‌م نه‌ ته‌نگه‌ نه‌ شتێكی تێدایه‌ كه‌ پێیه‌كانم به‌ ئازار بخه‌ن! دایكم له‌ تاو گریانی من بێزار بووبوو، ده‌یه‌ویست زللةیه‌ك بخێوێنێته‌ بناگوێم، جارجاره‌ ده‌ستی لێ ڕاست ده‌كردمه‌وه‌، پاشان دڵی نه‌ده‌هات لێم بدات. دواجار باوكم به‌ كێشه‌كه‌م حه‌سیا و گوتی ئه‌مه‌ هه‌بێ و نه‌بێ پێوپلی سه‌رما بردوونی بۆیێ ئازاری ده‌ده‌ن، دواتر داوای كرد بچن گۆره‌وییه‌كی خوریم بۆ بكڕن، ئێواره‌كه‌ی دیسانه‌وه‌ مه‌لای برام هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك چووه‌وه‌ بازاڕ و گۆره‌وییه‌كی بچووكی قاوه‌ییی په‌یدا كردبوو هێنایان له‌ پێیه‌كانیان هه‌ڵكێشام، دوای تاوێك، ئازاری پێیه‌كانمم بنبڕ بوو.. كه‌ گه‌وره‌ بووم، كه‌وتمه‌ ساڵانه‌وه‌، ئازاری سڕبوونی پێیه‌كانم هه‌ر به‌رده‌وام بوون، وه‌لێ له‌ گریان كه‌وتم، به‌ڵام به ‌ئێستایشه‌وه‌ هه‌ر گرینۆك ماوم، چما گه‌ر وه‌ك منداڵیم به‌ هه‌ر شتێك بگریبام، ئه‌وا ده‌بوو بیست و چوار سه‌عاتی خوا، به‌ڵكوو وه‌ك كۆنستانتین جۆرجیۆ، شه‌و و ڕۆژم لێ ببایه‌ به‌ بیست و پێنج سه‌عات، هه‌ر گریابام و گریابام، چونكێ هه‌موو ته‌مه‌نی منداڵی و مێرمنداڵی و هه‌رزه‌كاریم پڕاوپڕ بوون له‌ سڕبوونی بێئامانی ژیان.

▪️ع.ف▪️




باران.. به‌ختیار محه‌مه‌د

حه‌زم له‌ ده‌نگی بارانه‌
كه‌ بانگم ده‌كا و
وه‌ك میوانێكی خۆشه‌ویست
دێته‌ ماڵه‌كه‌م.


باران ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی خۆش نه‌وێ،
ته‌ڕمان ناكا.


باران به‌ سێ زمان
ده‌زانێ قسه‌ بكا:
نمه‌، ڕێژنه‌، ڕه‌هێڵه‌.
جار جاره‌ش به‌ زمانی
هیرۆگلیفی لافاو ده‌دوێ.


باران كتێبی پیرۆزی خوایه‌،
نه‌ك قورئان و ئینجیل و ته‌ورات.


له‌ ژنێكم پرسی:
باران چیت پێده‌به‌خشێ؟
گوتی: كه‌ پیاو ده‌بێته‌ دڵۆپه‌ شیر و
به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا ده‌تكێ.


دوو شت له‌ باران فێر ببه‌:
پاكی و به‌خشنده‌یی!


باران ئاسمان و زه‌وی شكۆمه‌ند ده‌كا
واته‌ مرۆڤیش شكۆمه‌ند ده‌بێ.


نمه‌ی باران
ده‌نگی چپه‌ی ئاسمانه‌
كه‌ بۆ زه‌وی ده‌دوێ،
لێزمه‌ش سه‌دا و هاواریه‌تی.


واز له‌ باران بێنه‌
با ته‌ڕت كا و
ڕۆحت بناسێ!
جوانیی له‌ ته‌ڕبووندایه‌.


ئه‌ی باران، تێر له‌ باوه‌شم كه‌ و
تێر له‌ ڕوخسارم بڕوانه‌!


باران گۆرانییه‌كه‌
هه‌ور ده‌یچڕێ،
زه‌ویش خانمێكه‌
گوێی لێ ڕاده‌گرێ.


ئه‌مشه‌و باران
به‌ قه‌سیده‌یه‌ك ده‌چوو،
كه‌ ئاسمان بیخوێنێته‌وه‌.


زستان شاعیره‌،
باران شیعره‌ و
لافاویش ڕه‌خنه‌یه‌.


باران له‌ مه‌مله‌كه‌تی بادا ده‌ژی
باران پادشایه‌ له‌ مه‌مله‌كه‌تی بادا.


ده‌نگی باران
سیمفۆنیای گه‌ردوونه‌.


ئه‌گه‌ر بارانت خۆشویست،
هه‌ست به‌ پاكی ده‌كه‌ی.


پاكمان كه‌وه‌
ئه‌ی باران
له‌ چڵكی زه‌مه‌نی بێ مانایی!


ئه‌وه‌ی بارانی خۆش ده‌وێ
ژیانی خۆش ده‌وێ،
به‌ڵام له‌ لافاویش ده‌ترسێ.


تووڕه‌بوون (لافاو)
له‌ باران نایێ.


بارانیش وه‌ك مرۆڤ
له‌ كاتی هێمنیدا جوانه‌.


لافاو: ئیمپڕاتۆریه‌تی باران.


باران هه‌م جوانه‌
هه‌م ناشیرین:
باران له‌ناو عه‌شق و تێریدا جوانه‌،
به‌ڵام له‌ناو ته‌نیایی و هه‌ژاریدا ناشیرین.


ته‌نها باران ده‌زانێ،
كه‌ ماڵی ئارام چه‌ند خۆشه‌!

به‌ختیار محه‌مه‌د




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی پێنجەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی تابلۆی سەر دیوارەکانی شار
ئەم عەشقەمان کاڵ بێتەوە و
باراناوی گومان بیشواتەوە
یان وەک پێکێکی ساردی رژاو
پێش ئەوەی تێر مەستی یەکتر بین
بچۆڕێینە ناو ئەلبوومی بیرچوونەوەوە
زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی مۆمە تۆراوەکانی نیشتمان
ئەم ئەوینەمان بتوێتەوە و
تاریکی مێژوو قوتمان بدات
یان وەک ئەو نامە رۆح سەوزانەی
پێش ئەوەی بگەنە دەستی خودا
دەکەونە ژێر خەنجەری کولتوورەوە

پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
شەوێکی ئیرۆسی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو بتکەمە شاژنی سەر تەختی لەززەت
رۆژێکی پڕ رەنگی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو لەسەر بەرماڵی پەلکەزێڕینە
سوجدەت بۆ ببەم
عەسرێکی نیلۆفەڕیی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو خونچەی شیعرم
لە رۆحتدا سەردەربێنێت
پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
فنجانێک قاوەی تاڵی عەشقتم پێ ببەخشە
تاکو لە زەریایەک هەنگوینی ماچت هەڵکێشم
تۆ هەڵاڵەی لێوی پڕ شیلەتم پێ ببەخشە
تاکو پەپولەی حەزم سەدان ساڵ تامی بکات
دڵۆپێک مرەکەبی ژنێتیتم پێ ببەخشە
تاکو دەیان کتێبی توانەوەی پێ بنووسم

نامە بێ نازەکەتم خوێندەوە
کە بە فرمێسکەوە نوسیبووت
ئەم نامەیە مەکەرەوە، بەڵام ئەگەر کردتەوە
وەرە مریەمێکی پاکیزە
لە چەکمەجەی شەرەفپەرستان دەربهێنە
لەگەڵیدا سەفەر بکە بەرەو شارێک
غوباری نامووسپەرستی لێڵی نەکردبێ
نامە نازدارەکەتم خوێندەوە
بە قەڵەمی تریفە نوسیبووت
ئەم نامەیە بکەرەوە، لەگەڵ کردنەوەیدا
وەرە ژوانی ژنێکی دەریایی
بەڵام بە بەلەمی عەشق وەرە و
ماڵێک لە ئاو چێ بکە

ژنێک لە ناو مندا ئەژی
هەمیشە مژ لە سیگاری خەونەکانم ئەدات
دوکەڵی رۆژگارە خەمۆکەکانم هەڵدەمژێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک بەفری بەر هەتاو بە تیشکی شیعرم
هێمن هێمن، ئەتوێتەوە
ژنێک لەناو مندا ئەژی
هەمیشە شەکری خەیاڵەکانم ئەکرۆژێت
شەرابی بێزارییەکانم هەڵدەقوڕێنێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک چۆلەکەی بەر چۆڕاوگەی عەشقم
رووت و قووت هەڵدەلەرزێت

سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە ماچ گۆڕینەوەوە دەربهێنێت و
بیخەیتە توێی کتێبێکی تۆز لێ نیشتووەوە
عەشق لە توانەوە لە ئامێزی یەکتردا بگۆڕیت
بۆ شیعرێکی لاڵ لە زەمەنی کەڕبووندا
عەشق لە لەززەتی تێکەڵبوونی رووباری هەست
لەگەڵ دەریای عاتیفە، بگۆڕیت بۆ
هەڵواسران بە خاچی نەریتەوە
سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە گۆرانییەکی ئازادەوە بگۆڕیت بۆ
مەقامێکی دێرینی کەلەپچەکراو
عەشق لە فڕین بەناو ئازادیدا بگۆڕیت بۆ
ئەو پێوەندانەی لە هەوری رەشی
کولتووری خواستراوی بیابانەوە ئەبارێن

لە هەموو جێیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لە ناو رێگە پێچاوپێچەکانی دڵم
لە ناو ئەو مەلە غەوارانەی
لە هیچ جێگەیەکی رۆحم نانیشنەوە
لە ناو ئەو پرسیارانەی هیچ کات
وەڵامێکی دڵخۆشکەر وەرناگرنەوە
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم
لە هەموو جێگەیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لەناو شەبەنگەکانی خەیاڵی خۆم
لە ناو رووباری هەڵچووی ئەسرینم
لە ناو ئەو شەبەقە گەورەیەی
چەقۆی دڵڕەقی کردیە خەونەکانم
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم

بۆ ناسینی من
پرسیار لەو ئەستێرانە بکە
لاوکی درەوشانەوە بۆ ئەو رۆژانە ئەڵێن
لە خومخانەی شەو هەڵکێشران
پرسیار لەو دارسنەوبەرانە بکە
لە وەیشومەی سەختترین زستانیشدا
بەرگی سەوزی ئەوینیان لەبەردایە
پرسیار لەو رێگا گوڵڕێژانە بکە
هەموو دەگەڕێنەوە رۆمای عەشق
بۆ ناسینی من
پرسیار لە قەدیسێکی نورانی بکە
کە خودای لە دڵی ژنێکدا دۆزیوەتەوە
پرسیار لەو رەشەبا سەرەڕۆیانە بکە
ژیلەمۆی مۆمیاکراوی جوانی دەگەشێننەوە
پرسیار لە بەختی رەشی خۆت بکە
کە لە شیعری مندا سپی سپی بۆتەوە

هەڵوەریم وەک خەیاڵێک
پەروانەیەک هەڵیگرتمەوە و
تابوتێکی بۆ دروستکردم لە گوڵ
هەڵوەریم وەک شاعیرێک
ژنێکی نامۆی شکۆفەدار
گۆڕێکی بۆ هەڵکەندم لە وشە
هەڵوەریم وەک خەونێک
رێبوارێکی دڵ پڕ لە سەفەر
لە ژێر دار ئەرخەوانێکدا ئەسپەردەی کردم
هەڵوەریم وەک ئەستێرەیەک
بەسەر شانی فریشتەیەکەوە بەڕێکرام
بەرەو گۆڕستانی تیشک




ئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنم.. شەماڵ بارەوانی

ئەمشەو
لەگەڵ بێدەنگی شەوەزەنگدا
بەدەم ژەنینی فلوتی ئازار
و
بەباکردنی جگەرەی خەمەوە
شەوێکیتری تەنیایی دادەگیرسێنم

ئەمشەو
ئینجانەی بەختم لەسەر باڵکۆنی
تەنیایی درز دەبات
و
تەرمی خەونەکانم
لەگۆڕستانی عەدەم
دەچێنم

ئەمشەو
نە کۆترێک گمەی دڵخۆشی
لەسەر پەنجەرەی بێتاقەتیم
دەخوێنێت

نە نەغمەی بولبولێک
نمەی بارانی بێزاریم
دەڕەوێنێتەوە
و
نەشنەبای نەسیمێکی تەڕ
پەردەی هیلاکیم دەلەرێنێتەوە

ئەمشەو
ئستاتیکای وشەکانم
دەبن بە تراویلکەو
و
ئەدرەسی هەموو هۆنراوەکانم
دەچنەوە سەر نەسەبی هەڵوەرین

ئەمشەو
دوا فەسڵی خەونەکانمە
و
تنۆکێک بزەم نامێنێت
بۆ فانۆزی پێکەنین

ئەمشەو
شەپۆلێک خەمی سەرشێت
لەپێدەشتی دەرونما
دادەکات
و
هێشووی هەنگاوەکانم
دەبن بەبەرد

ئەمشەو
شیعرەکانم
کاژی چاوەڕوانی
فڕێ دەدەن
و
ڕوخساری دێڕەکانم
ئاوێتەدەبن بە باوەشێک گەڵای
ڕەنگ زەرد

ئەمشەو
هاژەی رووباری خۆزگەکانم
دەخنکێن
و
زۆربای ڕۆحم
مەیلی سەمایەکی خەمناک
دەکات

ئەمشەو
مەوسمی بەهار
هەرێمی دڵم جێ دێڵێت
و
وەرزێکیتری پاییز
دەست پێدەکات

ئەمشەو
جۆگەلەی هیچ ماچێک
کانی مەراقم بەسەرناکاتەوەو
هەواری تامەزرۆییم
تەڕناکات

ئەمشەو
ئاوێنەی ئاواتم
دەشکێت
و
کزەبای
هیچ هەناسەیەک
لەتابووتی جەستەما
هەڵناکات

ئەمشەو
باڵندەی ئومێدم
بە بێ نازی سەردەنێتەوە
و
دووبارە کاروانێکیتری
سەراب
بەرەو هەیوانی تەنیاییم
دێتەوە