ماڵئاوا مارف.. ئازاد ئەسوەد

پێشنیوەڕۆیەکی هاوینی ساڵی 1977 لە شەقامی جمهوریی کەرکوك لای دوکانی فەلافیلەکەوە پیاسەمان ئەکرد، لەوبەری شەقام لاوێك بە کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش و جووتێ سەنداڵەوە بەتەنیا پیاسەی ئەکرد، کەریم پەڕەنگ بانگی کردە ئەمبەرو پێی ناساندین: “مارف عومەر گوڵ”. مارف تازە لە کۆلیجی یاسای زانکۆی بەغدا وەرگیرابوو، خەندەیەکی هێمنانەی هەمیشەیی بە ڕوخساریەوە بوو.

پاش ئەو یەکترناسینە پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو و هەموو هەفتەیەک کە ئەگەڕایەوە کەرکوك لە کتێبخانەی ئاسۆ یەکمان ئەبینی. یان کە ئێمە ئەچووین بۆ بەغدا لە بەشی ناوخۆیی زانکۆدا لای مارف و هاوڕێکانی، (کەریم دەشتی و کەریم سۆفی)، ئەماینەوە. زۆر جاریش بۆ ماڵیان ئەچووین لە گەڕەکی بوڵاغ، لەنێو دارودرەخت و گوێ چەمێکدا کە ئەکەوتە پشت کەنیسە سوورەکەی ئیسکان، بەرامبەر گەراجی سلێمانی، لە کۆڵانێکی خواروخێچ، هەندێ خانوو لە شوێنی بەرز، هەندێك لە شوێنی نزم.

مارف ئەوسا لەهەموو بوارەکانی ئەدەب و هونەرو ڕۆژنامەوانیدا چالاك بوو: پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوکاری بوو، ڕیپۆرتاجی بۆ ئەنووسینەوەو جاروبار شیعری بڵاو ئەکردەوەو، بە شێوەیەکی کەمتریش، چیرۆکی بۆ مناڵان ئەنووسییەوە، هەروەها بابەتی لەسەر سینەماو گۆرانی و میووزیك بڵاو ئەکردەوە. ساڵانی پێشووتریش لە چەندین شانۆگەریدا وەك ئاکتەر بەشداریی کردبوو کە لە پاش یانزەی ئازاری 1970وە تاوەکو دەستپێکردنی شۆڕش لە 1974، لە کەرکوك نمایش ئەکران. هەروەها ئەو کاتەی لە زانکۆی بەغدا خوێندکار بوو بەرنامەیەکی ئەدەبیی هەفتانەی لە ڕادیۆی بەغدا پێشکەش ئەکرد شیعرو هەواڵی ئەدەبیی ئەخوێندەوە.

مارف لە سەرەتای حەفتاکاندا بەناوی (مارف عومەر بەرزنجی)یەوە بەرهەمەکانی بڵاو ئەکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەرێکی تر هەبوو بەناوی (عومەر مارف بەرزنجی)و لە مارفی خۆمان ناسراوترو بەتەمەنتر بوو، ناوەکەی بوبووە مایەی چەواشە بۆ نووسەران و خوێنەوان. بۆیە مارف دواتر (بەرزنجی)یەکەی لە ناوەکەی کردەوەو ناوی باپیری بەکارهێنا (سەی گوڵ)، بەڵام بەبێ سەید.

مارف پتر بە شیعری “تۆ دایکمی ئەی وڵاتە شیرینەکەم” ناوبانگی دەرکرد، کە ساڵی 1978 لە هەفتەنامەی پاشکۆی عێراق بڵاوبۆوە. هاوڕێی نووسەرمان فایق سەعید، کە ئەوسا لە نووسینەکانیدا ناوی خۆی و باوکی بەکار ئەهێنا (فایق عبدالکریم)، شیعرەکەی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤاری “الثقافة”دا بڵاوی کردەوە کە (د.صلاح خالص) لە بەغدا دەری ئەکرد. کەریم پەڕەنگ ئەوسا تێبینییەکی جوانی لەسەر ناونیشانی شیعرەکە داو وتی بریا تەنیا “تۆ دایکمی” بوایە. لەوێوە بیرۆکەی “کورت و پوخت” و لابردنی وشەی زیاد “حشو”مان لا گەڵاڵە بوو.

ساڵانی هەشتا کاتێ لە بالیسان بووم، مارف دوو شیعری خۆی بۆ هێنام و وای پێ باش بوو لە بڵاوکراوەکانی شۆڕشدا بەناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە بڵاویان بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سووتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین” بوون (ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە تۆوی خەبات و چاکە بڕێژە). بەڵام من دامە تاهیری خەلیلی تا بیانکا بە گۆرانی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیری خەلیلی تۆماری کردن.

مارف لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. لە کۆتایی ئەو دەیەیەشدا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا چوو بۆ (کیێڤ)ی پایتەختی ئۆکرانیا. پاش وەرگرتنی ماستەرو دکتۆرا لەسەر جێنۆسایدی کورد، لە ساڵانی نەوەتدا وەك پەنابەر ڕووی لە بەلجیکا کرد. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا من لە سویسڕا بووم، هێشتا ئیمەیل پەیدا نەبوبوو نامەمان ئەگۆڕییەوە. یەکەمجار کە داوای ناونیشانی لێ کردم، پێم وت بنووسە: سویسڕا: ئازاد ئەحمەد!. لە ڕاستیدا ئەوە ئیشارەت بوو بۆ بابەتێکی مارف کە ساڵی 1977 لە گۆڤاری بەیان لەسەر مردنی چاڕڵی چاپڵن نووسیبووی بە ناونیشانی (سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن). چاپڵن کە دوا ساڵەکانی ژیانی لە سویسڕا بەسەر برد، ئەوەندە بەناوبانگ بوو، هێندە بەس بوو هەوادارانی لەسەر زەرفی نامەدا بنووسن سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن بۆ ئەوەی بگاتە دەستی.

مارف لە بەلجیکا بێزار بوو. لە نامەیەکدا بۆی نووسیم شەوو ڕۆژ کرێکاری ئەکەم، ئەگەڕێمەوە کوردستان. ئەیویست لە بواری پسپۆرییەکەی خۆیدا کار بکات، یاسا. لە ئەورووپا ئەستەمە کارت لە بواری پسپۆریی خۆتدا دەستکەوێ، بۆیە گەڕایەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دامەزرا.

سەرباری سەرقاڵبوونی بە زانکۆ، بە هەمان چێژو لیریکیەتی حەفتاکان و هەشتاکان، بەردەوام بوو لە شیعر نووسین. لە ڕووسیاو ئۆکرانیا هاوەڵیی زۆر نووسەری ناوداری کرد، لەوانە شاعیری گەورەی ڕووس یەفگینی یەفتۆشینکۆ. بڕیاری دابوو یادەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە. ڕەنگە مردن مۆڵەتی نەدابێ تەواوی بکات.

لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە موعجیزە ڕزگاری بوو، بەڵام مردن هەمیشە لە دەرفەتێك ئەگەڕێ لەپڕا پەلامار بدا.

ماڵئاوا مارف. مادام لە یادگەو دڵ و دەروونماندا ئەژیت، هەمیشە زیندووی.


وێنەکە لە ڕاستەوە: ئازاد ئەسوەد، کەریم پەڕەنگ، مارف عومەر گوڵ، غازی محەمەد، سلێمانی 2015




سەرکەوتنی چەپی شیلی و نەخشی کرێکاران!.. نوری بەشیر

 

سەرکەوتنی هاوپەیمانی چەپ و دەنگهێنانی گابریل بوریکی ٣٥ ساڵە کە هەڵسوڕاوێکی چەپی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران بوو وەک سەرۆکی ئەو وڵاتەو لە هەمانکاتدا شکستی خوان ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و لایەنگری سیاسەتی ئۆگۆستۆ پینۆشێتی دیکتاتۆر لە ١٩ی دیسەمبەردا وەک یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکان لە جیهاندا قسەوباسی لەسەردەکرێت.

ئەم ئاڵوگۆڕەی شیلی لەبردنەوەی چەپەکان لە هەڵبژاردنی ئاخری ساڵی ٢٠٢١دا لە میدیاکانی ئەمریکای لاتین، میدیای بۆرژوازی لەئاستی ئەوروپا وەک بی بی سی و یۆرۆنیوز، میدیای چەپ لەئاستی دنیادا تا دەگاتە میدیای وڵاتانی عەرەبی؛ لە عەرەبیە و جەزیرەوە لەگۆشەی جیاجیاوە وەک سەرکەوتنی چەپ و شکستی راستی بۆرژوازی لەو وڵاتەدا ناویان برد. هەندێک “گابریل بوریکی” چەپی براوەی بە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و هەندێکیتر بە چەپی نوێ و بەشێکیتر بە سۆسیال دیموکرات ناویان بردوە.

ئەم سەرکەوتنەی بەرەی چەپ و بەتایبەت گابریل بەرهەمی ناڕەزایەتیەکانی سێ ساڵی رابردوو بوو کە کۆمەڵگەی شیلی لە کرێکاران، قوتابیان، ژنان و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سێ دەیەیی دوای دەسەڵاتی پێنوشێی سەرکوتگەری بۆرژوازیدا کە سەرکوت و کوشتارو برسیکردنی کردبووە نسیبی خەڵک، هاتبونەمەیدان. لەم سێ ساڵەی ناڕەزایەتیدا بەدەرەجەیەک کۆمەڵگا جەمسەرگیری چینایەتی بەخۆوە بینی، زۆرتر چەپەکانی لەبەردەم ئامادەیی زیاتر و هەتا رۆشنتربوونەوەی کێشەکانی ناوخۆیان و ناچارکردنی کۆنگرێسی چیلی بۆ رێفراندۆم لەسەر دەستورێکی نوێ و ئاڵوگۆڕ لە دەستورێک کە دریژکراوەی دەستوری سەردەمی “پێنوشێی” دژی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بوو.

کۆبوونەوەی زۆربەی چەپەکانی شیلی لە هاوپەیمانی چەپەکاندا و وەستانەوەی زۆربەی کۆمەڵگە بەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازی و نیولیبراڵیزمەکەی و بەتایەبت بەشداری زیاتری کرێکارانی کانەکان لە دەنگداندا وایکرد دەورەی دووەمی هەڵبژاردنی لەبەرژەوەندی چەپەکان بێت و” بوریکی ” لاو سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە ٪٥٦ لەبەرامبەر لە ٪٤٤ شکستی ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و راستی کۆمەڵگە. ئەمە تۆڵەی کرێکاران و خوێندکاران و ژنان بوو لە دەسەڵاتی دژی ئینسانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و نیولیبراڵیزمەکەیان.

ئەوەی گرنگە لەم هەڵبژاردنەی شیلیدا بەرەی چەپ سەرکەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبەرئەوەی هەر لەم ساڵەدا لەژمارەیەک وڵات چەپەکان دەنگیان چووە سەرەوە، بەڵام دەسەڵاتیان نەگرتە دەست. لەکاتێکدا چەپەکان لەشیلی لەبەرژەوەندی خەڵک دەنگ دەهێنن، سەرمایەداری لەدنیاداو بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، روسیا، چین و ئەوروپا خەریکی سازدانەوەی دەسەڵاتەکانیانن و پشتگیری بۆرژوازین لە وڵاتانی تردا، بۆ ئەمەش دەست بۆ دژی ئینسانیترین سیاسەتی کوشتارو برسیکردن و هێنانی دەسەڵاتی وەحشیگەری قەومی و ئیسلامی دەبەن لەچەشنی هێنانەوەی تاڵیبان و سازدانەوەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی لە سودان، عێراق، لوبنان، کوردستان و لیبیا، بەڵام  لە شیلی بەپێچەوانەوە هاتنەمەیدان و تۆڵەی کرێکاران و قوتابیان و ژنان بوو کە  بۆ بەرژەوەندی  خەڵک و بۆ دەسەڵاتێک کە تێدا ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندی خەڵک بڕواتە پێشەوەو سەرکوتی دژی ئینسانی سەرمایەداری پاشەکشەی پێبکرێت.

بەڵام خاڵیک کە بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان گرنگە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە لەپاڵ ملیۆنان خەڵکی دنیاو شیلیدا ئەم سەرکەوتنەی چەپ کە سەرکەوتنی جەماوەری ملیۆنی شیلەیە خۆشحاڵمان دەکات، بەڵام نابێت خۆشخەیاڵ بین و ئەم سەرکەوتنەی هەڵبژاردن بەکۆتایی سەرکەوتنی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت بزانین.

لەجیهاندا لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆرگۆڕانکاری روویاندا، بەڵام لەبەرژەوەندی خەڵک نەبوون. هەندێ لە چەپەکان هێزیان گرت، بەڵام بەردەوام نەبوون. بردنەوەی “سریزا” لەیۆنان وەک حزبێکی چەپ هاتە دەسەڵاتیش، بەڵام نەیتوانی سەرکەوێت. هەموومان چەپی ناو حزبی کرێکارانی بەریتانیامان بینی کە هاوبەشی دەسەڵات بوو هێزی زۆریشی گرت، بەڵام لەبەرئەوەی چەپێکی ریفۆرمیست بوو لەبەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازیدا کە حزبی پارێزگاران بوو خۆی نەگرت و خراپ پاشەکشەی کرد.

گابریل بوریک لە خۆپیشاندانەکاندا بە دروشمی: من بە کەرامەتی مرۆڤ دەنگ دەدەم و بەدوایدا لە دەورەی هەڵبژارندا بەبەڵینی چاکسازی لە کەمکردنەوەی کاتژمێری کار لە ٤٥ بۆ ٤٠ کاتژمێر، دژی ناعەدالەتی، چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی و خانەنشینی و لەیەکەمین قسەیدا دوای هەڵبژاردن وتی: شیلی پێگەی نیولیبرالیزم بوو لەمەودوا دەبێتە گۆڕەکەی.

ئەم وتەیەی دوایی بوریک وەک دروشم گرنگە، بەڵام  لەواقیعیکدا کە بۆرژوازی و سەرمایەداران زۆرێک لەجومگەکانی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، دەسەڵاتی بوریک یش لەناو پەرلەمان و چوارچێوەی سیاسەتی بۆرژوازیدایە، دەسەڵاتی بانکی نێودەوڵەتی و دەخالەتی بۆرژوازی لە دنیادا هەیە، ئەگەر ئەو وتەیە نەکاتە پراکتیک بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی کۆمەڵگە، ئەوا شیلی نەک نابێتە گۆڕی نیولیبرالیزم بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی کۆتایهێنانی ناڕەزایەتیەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردو.

لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەوە نیە کە چەندە هێزی بۆرژوازی دەبەیتە دواوە یان دەیڕوخێنیت، بەڵکە قسە لەسەر ئەوەیە کە خۆت چی لەجێگای دادەمەزرێنیت. لەهەلومەرجی ئێستادا بوریک و دەسەڵاتە چەپەکەی گرنگیەکەی لە هاتنەسەر دەسەڵات ئەوەیە کە فەزای دیکتاتۆری سەرکوتی بۆرژوازی دەچیتە دواوە و فەزای ئاوەڵای سیاسی بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دێتە پێشەوە کە بتوانن هیزی تێدا بگرن، لەوانە زەرورە کرێکارانی سەرتاسەری شیلی هەم لەرێکخراوی کرێکاری خۆیاندا سازماندراو بن هەمیش کۆمۆنیستەکانیش حزبی کۆمۆنسیتی و کرێکاریی خۆیان پێکبهێنن و مۆری خۆیان بدەن لەو دەورەیەو شوراکانی خۆیان لەگەڕەک و کارگەکاندا سازبدەن بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەری و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران.

سەرەتای جەنیوەری ٢٠٢٢




فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-33.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی و سێ

چیرۆکەکانی “سۆمەرست مۆم” لای من دڵگیرن. ئێستاش کە غەریبی جەرگی کون کردووم، ھەست بەوە دەکەم پاڵەوانێکی “سۆمەرست مۆم”م. کەس نییە ھەواڵێک بپرسێت لێم، لە کونجی ئەم تەنیاییەدا نامەیەک نییە ئاھێک بە بەر رۆحی بریندارمدا بکاتەوە. ئەم دۆخە رۆمانی “کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل”ی “گارسیا مارکیز” دەخاتەوە یادم. لەو کاتەوەی لە دایکبووم ھەر خەون دەبینم، بۆیە رێگە بدەن بڵێم یۆتۆپیترین پیاوم. دوێنێ شەو بە خەون لە کۆڵانەکانی عەقاری بووم، ئەو کۆڵانانەی زۆرترین بیرەوەرییەکانی منیان لە شانی خۆیان ناوە. بەدەم گاڵتە و شۆخییەوە بەرەو کۆلانەکانی “شێخ محێدین” دەڕۆیشتم. سەرەتاتکێی کچە ئەسمەرە جوانەکەم بینی کە ھەر کات بە کۆڵانەکەیاندا بڕۆیشتبام، سۆندە ئاوی دەھێنایە دەرەوە و بەر دەرگای ماڵی دەشۆرد.
“کازم”م بینی، ئەو گەنجە نەخوێندەوارە لادێیەی ھۆگری ئێمە ببوو، دەیویست لە ئێمەوە شتێک فێر بێت. چیرۆکی “کازم” یەکێکە لە داستانەکانی ناو “الف لیلە و لیلە”. نوکتەیەکی خۆشمان لەسەری ھەبوو. وەختێک داوای لە من کرد نامەیەکی بۆ بنووسم، بۆ کچێکی نازداری عەقاری. بەڵام ئەم نامەیە ھەر نەگەیشت. ئەو نامەیە ھەر لە گیرفانی یادەوەریی “کازم”دا مایەوە کە گۆڵچی تیپەکەشمان بوو. رۆژێک دوای دوو مانگ بە ھەڵەداوان کازم، ھانای بۆ ھێنام و وتی تکایە بەرواری نامەکەم بۆ بگۆڕە ھێشتا پێم نەداوە، منیش بە تەوسەوە پێمووت ئەزیزم من عەریزە و ئەرزوحاڵم بۆ نەنووسیووی، بەرواری چی بگۆڕم، بڕۆ نامەکەتی بدەرێ، ئەمە عەشقە ھیچ مێژوویەک ناناسێ، ئێستا چوار ساڵ و نیو تێپەڕیوە و ھێشتاش کازم نامەکەی نەداوە بە کچە نازداری عەقاری.
دوێنێ شەو لە خەونەکەمدا، بە بەردەم یاریگای “ھونەر”دا تێپەڕیم، ئای کە سەیر بوو، مامۆستا “سەلاح باڵابەرز” لە ھەواڵی دەپرسیم و وتی دوێنێ لەسەر گۆڕی باوکت بووم “گۆڕی باوکم”!، ھاوڕێی بەوەفام بۆی!، شتێکی نامۆ بوو، تەزوویەکی سەیر بە لەشمدا ھات. بە خەندەیەکەوە وتی ئیدی “شووت”ی وا بەرز لێمەدە، رۆژی سەد تۆپ دەکەوێتە حەوشەکەمانەوە. دواتر بەرەو کۆڵانەکانی خوارتر کشام، ھاوڕێم “یوسف ئابڵاخی” کۆمەڵێک کتێب و وەرەقەی شڕی پێبوو. بە تەوسەوە چرپاندی بە گوێمدا: زۆر زوو ھەڵھاتی، خۆ بڕیار بوو ئێمە شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس. ھەستم بە تەریقی و شەرمەزاریی دەکرد، وەک ئەو ژەنەراڵەی بە بەزیویی لە جەنگ دەگەڕێتەوە، تک تک ئارەقی شەرمەزاریم دەسڕی. لەم وەختە رسواییە بە ئاگا ھاتمەوە و سەیر دەکەم لە سەرمای ئەم زستانە سەختەدا لەشم وەک کوکوختییەکی لانە شێواو دەلەرزێ.
بڕوام وایە، ئەم رۆژانە لە سەختترین رۆژەکانی ناو ژیانی منن، تەنیایی گەمارۆی داوم، غەم وەک ئەختەبووت کۆتی کردووم، ئەژدیھای تووڕەیی ناخی خواردووم. ھیچ ھیچ لەخۆم تێناگەم، نازانم چی دەکەم و ئامانجم چییە و بەرەو کوێ مل دەنێم؟. ئەمە کارەساتەکەیە!! ھەروەک محەمەد عەبدلوەھاب لە گۆرانییەکەیدا وتبووی:
نازانین لەبەرچی ھاتووینەتە دونیاوە
نازانین بەرەو کوێ مل دەنێین
نازانین چ شتێکمان مەبەستە
لە دۆخێکی کافکایدام، ئەرێ خەڵکینە ئێوە مارکسییەکتان بینیوە، نیتشە و کافکا و نھێلیزم دەورەی دابێت؟.

١١-١-٢٠٠١
ئەستەمبۆڵ – ئاکسەرای

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە ١١١-١١٤ کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




فیتوی خۆم دەناسمەوە!.. عەبدوڵا ساڵح

لە ناوەاڕاستی شەستەکان سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، پیاوێکی بێوەی و ڕوحسوک و خۆشەویست هەبوو لە شاری قەڵادزێ بەناوی ( خدر حەیران ) ، کوڕو کاڵی شار هەر بەخۆشەویستی فیتویان – فیکەیان – بۆ لێدەدا تاکو توڕەی بکەن و ئەویش هەندێک قسە، یا جار جار، جنێویشیان پێبدا. کاتێک بەناو بازاڕدا هاتبا ، کە ئەوکات لەقەڵادزێ یەک ڕاستە بازاڕ هەبوو ، لەدوورەوە مام خدر گوێی لەهەر فیکەیەک بایە جنێوی دەدا ، خەڵکی دەچونە لای پێیان دە گووت:
مام خدر بۆ جنێو دەدەی خۆ ئەو فیتوە بۆتۆ نەبووە ! لەوەڵامدا، دوای جنێوێک، دەیگوت :
کاکە ئەمن فیتوێ خۆ دەناسمەوە باریک و درێژە !
لەنێو خەڵکی کوردزماندا ئیدیۆمێک هەیە دەڵێ : ( دار بەرز کەوە سەگی دز دیارە )! بەر لەچونە ناو باسەکە پێویستە بڵێم بەلای منەوە هەموو گیان لەبەرێک ( مرۆڤ، ئاژەڵ ، ڕوەک ) جێگای ڕێزە و مەبەست لەم کورتە باسە بێڕێزی نیە بەکەس.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ – ١ – ٢٠٢٢ لە سایتی ( BBC عەرەبی ) هەواڵێکم بەرچاوکەوت دەڵێ :
ڕۆژنامەنوسی ناسراوی تورکیا – سیداف کاباس – دەستگیر کراوە وبڕیارە بدرێتە دادگا و ڕەنگە لە ساڵێکەوە بۆ چوار ساڵ زیندانی بکرێ ! “تاوانی ” ئەو ڕۆژنامە نوسە ئەوەیە لەبەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لەیەکێک لەو تەلفزیۆنانەی سەر بە ئۆپۆزۆسیۆنن – تیلی ١ – پەندێکی باوی نێو زمانی تورکی لە قسەکانیدا هێناوەتەوە کە دەڵێ :
( ئەوکەسەی دەبێتە حاکم ، ژیری و دانایی زیاتر دەبێ ، بەڵام ئێمە دەبینین ئەوە ڕاست نیە) .
دواتر هەمان ڕۆژنامە نووس لە توێتێکدا دەڵێ :
( گا نابێتە پاشا هەر ئەوەندەی چوە کۆشکەوە ، بەڵام کۆشکەکە دەبێتە تەویلە ) .
دوای ئەم دەربڕینانەی ئەو ڕۆژنامە نووسە، ( فەخرەدین ئاڵتن ) گەورە قسەکەر بەناوی ئەردۆغانەوە لەتوتێکدا دەڵێ :
(کەسایەتیەک کە بەڕۆژنامەنووس ناودەبرێ بێپەردە سوکایەتی بە سەرۆکمان دەکا لەسەر تەلەفزیۆن و ئامانجی لەو کارە تەنیا بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە).
هەر لەوبارەوە سەرنوسەری تەلەفزیۆنی – تیلی ١ – ( میردان یانارداغ ) ڕەخنە لەدەستگیرکردنی سیداف کاباس دەگرێ و دەڵێ : دەستگیرکردنی کاباس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەهۆی ئەوەی پەندێکی باوی لەقسەکانیدا هێناوەتەوە، جێگای ڕەزامەندی نیەو هەوڵێکە بۆ ترساندنی ڕۆژنامە نووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەروەها کۆمەڵگاش .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەوە چ دەسەڵاتدارێکە بە ڕستەیەک بێتە لەرزە و توانای ڕەخنەیکی نەبێ کە لەچوار چێوەی پەندێکی باودا هاتبێتەوە !!یاخود ئەویش وەک مام خدر فیکەی خۆی دەناسێتەوە !
شایانی باسە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا سی ویەک هەزار کەس بەهەمان تۆمەت لەتورکیا، وەک هەواڵگری رۆیتەرز باسی دەکا ، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە .
٢٣ – ١ ٢٠٢٢




شەوی دابڕان.. سەردار جاف

دڵۆپ دڵۆپ
پروشە ئاوی زرێبار بە سپێتی هاوێر دەبێ
بە کڕێوەی بەفر دەچێ و
خۆی بە بەر خۆرا دادەدا
زرێبارێ باڵا کورتە
بە دەم تاريکی شەوەوە
پێکی شەرابی هەڵدەدا
ئەمشەو هەرگيز لە ياد ناچێ
نيشتيمانێ کە دەڕوخێ
چراتۆڕی بەر کڕێوەی بەفری سروشتی زۆر سپی
رێگايەکی نەزۆک و نوێ
ساماڵە شەوی زمستان
سروشت لە نێو لەپی منا
چلورەی شۆڕبووەوەی نێو پەنجەکانمە
گەرم گەرم
خۆم جێهێشت و
لە گۆمێکی مەنگا نغرۆی ئافات و ژانی ئەمشەوم
خەياڵەکان بوونە بڵق و
جەنجاڵی نێو شەوەکانمە
مانگ هەر مانگە
شەبەيخونی سەرگەردانيم
بە نێو گێژەڵوکم دەکاو لوول لوول دەبم
وا تريفە دەتوێتەوە و
مانگە شەويش پارچە پارچە
ئیدی لە کوێ
سێو سێبەری پەيدا دەبێ
منيش قۆزاخەی شەوان بم
دڵەکە بە سثێتی وەک بەفر دەرکەوت
سپی سپی بێگەرد و ڕوون
زەمەن قەنارەی بۆ دابەست
جارێ نەبوو
دەيان جار بوو
دەرگام داخست و کردمەوە
چاوشارکێ بوو
تەنها جارێ رۆژگار دەستی تۆی کردەوە
دەروازەت تا نبميچ هەڵبەست
نيگای چاوە سەرابييەکان
نەرم نەرم
لە هێلانەی سپی پۆشدا نوقم دەبوو
بەهەشتی پانی خەياڵی دؤزەخکردو
ژەهر نۆشين و شيوەنە
کوا لە شيلەی لوقم دەچوو

ئەڵمانيا
21.01.2022