کێ شار داده‌مه‌زرێنێت؟ فریشته‌، یان ئیبلیس؟.. کاروان کاکەسوور

لێکۆڵینەوە

ماوه‌یه‌که‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌بیستیت، یان ده‌خوێنیته‌وه‌، که‌ عه‌ره‌به‌ ئاواره‌کان مه‌ترسیی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شاره‌کانی کوردستاندا په‌یدا کردووه‌، بگره‌ کار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ بۆ ده‌رکردنیان که‌مپین به‌ ڕێ بخرێت. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر قسه‌ی خه‌ڵکی ئاسایییه‌، به‌ڵکو‌ بۆچوونی به‌شێکی زۆری ڕۆشنبیرانیشمانه‌، که‌ پێیان وایه‌ بوونی عه‌ره‌ب له‌ شاره‌کانی کوردستاندا مانای ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی نەگەتیڤه‌. ئه‌وه‌ی من وه‌ک نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ مه‌به‌ستمه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ سه‌ری بوه‌ستم و قسه‌ی لێوه‌ بکه‌م تێڕوانینی ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ بۆ چه‌مکی شار، به‌وه‌ی پێی وایه‌ شار به‌ نیازی چاک و به‌ که‌ره‌سته‌ی پاک داده‌مه‌زرێت، له‌ کاتێکدا مێژووی دروستبوونی هه‌موو شاره‌کان، بگره‌ هیی تێکڕای ئاوه‌دانییه‌کان پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ته‌نیا نیازی خراپ و که‌ره‌سته‌ی پیسه‌ توانایان هه‌یه‌ شار دروست بکه‌ن و سیمای شارستانیی پێ بده‌ن. هەروەها مەبەستی من لە چەمکی شار تەنیا لایە فیزیکییەکەی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لایە مێتافیزیکییەکەیم بە لاوە گرنگە. بە مانایەکی دی شار وەک چۆن بریتییە لە ڕووبەر و قەبارە، بە هەمان شێوە هەموو ئەو ئاڕاستە نەبینراوانەیش دەگرێتەوە، کە لەناو ئەو ڕووبەر و قەبارەیەدا دەجووڵێن، به‌ڵام ناکرێت باز به‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌دا هه‌ڵبده‌م: بۆچی که‌لتووری ئێمه‌ ناتوانێت وه‌ک مرۆڤی ئاسایی له‌ عه‌ره‌ب بڕوانێت؟ بۆچی یان به‌ پیرۆزی ده‌زانێت و یان به‌ نه‌فره‌تی ده‌کات؟ ڕاستییه‌که‌یشی لێره‌دا دوو ئایدۆلۆجیای جیاواز خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، که‌ مێژووی دوورودرێژیان هه‌یه‌، یه‌که‌میان، ئایدۆلۆجیای دینی و دووه‌میان ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیستی هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، ئەوە ئەگەر بتوانین ناوی ناسیۆنالیستیی لێ بنێین. هه‌ردووکیشیان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئایدۆلۆجیای ڕه‌یسزمن، لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ تێرمی (ڕەیسیزم)، کە هەست دەکەم هێشتا ئەم ئەقڵە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی (ڕەیسیزم)ی بە مانا فراوانەکەی لێ بکەوێتەوە. بە هەرحاڵ ئێمە لێرەدا لە بەردەم دوو تێڕوانینداین، یه‌که‌میان عه‌ره‌ب ده‌خاته‌ سه‌رووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌وه‌، که‌ خه‌لیفه‌یش هه‌ر ده‌بێت عه‌ره‌ب بێت و له‌وه‌یش وردتتر قوڕه‌یشی بێت، بگرە زۆر جار مەبەستی لە (ئۆمەتی ئیسلام) تەنیا عەرەبە، له‌ کاتێکدا دووه‌میان پێی وایه‌ عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌یه‌کی نزمه‌.

له‌ نه‌وه‌دویه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ به‌ هۆی شکستی پارتی و یه‌کییه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هه‌ستی ناسیۆنالیزمی کاڵ بووه‌ته‌‌وه‌ و هه‌ستی دینی به‌هێز بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییدا، ڕاستتر له‌گه‌ڵ تێکشکانی ئیخوان موسلمین و ده‌رکه‌وتنی جموجۆڵی داعشدا (هه‌ستی ناسیۆنالیستی!) له‌ کوردستاندا بووژاوه‌ته‌‌وه‌، یان ڕاستتر له‌ خه‌و هه‌ستاوه‌ته‌‌وه و له‌ژێر چه‌پۆکی ئه‌و هه‌سته‌ دینییه‌دا هاتووه‌ته‌ ده‌رێ‌. که‌واته‌ هه‌ردوو هه‌سته‌که‌ پێوه‌ندییان به‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ لاواز و ڕووکه‌شن و له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخی ڕووداوه‌کاندا پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن. له‌پشت هه‌ردووکیاندا‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری میللی هه‌ن و به‌ زمانی ڕۆژانه‌، به‌و زمانه‌ی نزمترین ئاستی فیکریی هه‌یه‌، ئه‌و جووته‌ هه‌سته‌ جۆش پێ ده‌ده‌ن.

ئایینه‌کان به‌ گشتی شاریان وه‌ک شوێنی نەگەتیڤ سه‌یر کردووه‌. له (کتێبی هه‌بکووک 2:12)ی بایبڵدا‌ نووسراوه‌: (وای بۆ ئه‌و کەسه‌ی شار به‌ خوێن داده‌مه‌زرێنێت و گوند به‌ گوناهـ!). له‌ ئیسلامدا هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی شار پێک ده‌هێنن، حه‌رام کراون وه‌ک وێنه‌، نەخشونیگار، په‌یکه‌ر، خانووی به‌رز و زۆری دی. هه‌ر ئایینه‌کانیشن کۆمه‌ڵێک یاسایان داناوه‌، تاکو خه‌ڵک له‌و شوێنه‌ گڵاوه‌دا ئازاد نه‌بێت ئاره‌زووه‌کانی تێر بکات. واته له‌ دیدی ئایینه‌کاندا‌‌ شار دیفاکتۆ (امر واقع)ێکه‌ و ناکرێت دانه‌مه‌زرێت، به‌ڵام کاتێ دامه‌زرا، ئه‌وا پێویسته‌ دانیشتووانی پێڕه‌وی پرینسیپه‌کانی خواوه‌ند بکه‌ن، دەنا ڕووبه‌ڕووی سزای قورس ده‌بنه‌وه‌. لە بەهەشتدا شار نییە و سزا بە هەموو شێوەکانیەوە هەڵدەگیرێت، بەو مانایەی ئیبلیس هیچ کاریگەرییەکی بەسەر مرۆڤەوە نامێنێت. ژنی مێرددار (محصنة) کاتێ زینا ده‌کات، به‌ردباران ده‌کرێت، یان پیاوێک هاوسه‌ری هه‌یه (محصن)‌ و په‌نا بۆ ئه‌و کاره‌ ده‌بات، سه‌د جه‌ڵده‌ی به‌ ئاشکرا لێ ده‌درێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌‌ ئه‌وانه‌ له‌و یاسایه‌ لایان داوه‌، ئه‌و یاسایه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌ مرۆڤ له‌ ئاوه‌دانی بپارێزێت و نه‌هێڵێت ئازادانه‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دی بکه‌وێت، به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤ به‌رگه‌ی ته‌فره (Temptation)‌کانی شار دەگرێت؟ به‌ مانایه‌کی دی ئایا مرۆڤ تا که‌ی ده‌توانێت له‌ به‌رانبه‌ر هێزی شاردا بوه‌ستێت، که‌ وه‌ک گوترا هێزی شه‌یتانه‌، نه‌وه‌ک فریشته‌؟ ئینجیل ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، که‌ په‌یا‌مبه‌رانی سەردەمی زوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یان کردووه‌. مێژوونووسانی ئیسلام به‌ وردی ڕووداوی شه‌ڕه خوێناوییه‌کانی خه‌لیفه‌ی یه‌که‌می ڕاشیدی (ئه‌بوبه‌کر سەدیق) له‌گه‌ڵ ئه‌و موسڵمانانه‌ی زه‌کاتیان نه‌دا، جه‌نگی جه‌مه‌لی نێوان ‌(عائیشه)ی دایکی موسڵمانان‌ و (عه‌لیی کوڕی ئه‌بوتاڵیب)، تیرۆرکردنی خه‌لیفه‌ی سێیه‌م به‌ ده‌ستی موسڵمانان، شه‌ڕی سه‌فێنی نێوان (عه‌لی) و (مه‌عاویه‌ی کوڕی ئه‌بوسوفیان) و زۆری دیکه‌یان بۆ تۆمار کردووین. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا موسڵمان موسڵمانی کوشتووه‌، بگره‌ ته‌رمی یه‌کتریان شێواندووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌ زمانی په‌یامبه‌ره‌وه‌ بیستوویانه:‌ (إذا التقى المسلمان بسيفيهما فالقاتل والمقتول في النار)‌. واته‌ ئه‌گه‌ر دوو موسڵمان به‌ شمشێر ڕووبه‌ڕووی یه‌ک بوونه‌وه‌، ئه‌وا چ بکوژ و چ کوژراو بۆ دۆزه‌خه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌، که‌ شاره‌کان له‌وپه‌ڕی ساده‌ییدان. ئەد‌ی کاتێ شار پڕی‌ پارچه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا دەبێت؟ کاتێ باس له‌و شاره‌ ده‌که‌ین، که‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشی پیشه‌سازیدا چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و گه‌شه‌ی کردووه‌، ئه‌وا هێنده‌ دیکه‌ هه‌ست به‌ ئاماده‌ییی شه‌یتان و نه‌بوونی فریشته‌ ده‌که‌ین. ئه‌و شارانه‌ خاوه‌نی دوو شه‌ڕی گه‌وره‌ی جیهانی و سه‌دانی لۆکاڵین. (ئیتاڵیۆ کالفینۆ) له‌ ڕۆمانی (شاره‌ نه‌بینراوه‌کان)دا هه‌ر ده‌ڵێی ویستوویه‌تی بڵێ شار و شه‌یتان یه‌ک مانایان هه‌یه‌. دیار نییه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جووڵه‌یه‌کی بەد و شەڕانگێزە. هه‌ر بۆیه‌ شار شوێنی مرۆڤی گرتووه‌ته‌وه‌. نۆ به‌شی بۆ داناوه‌، که‌ هه‌ر به‌شه‌ی له‌ژێر ناونیشانێکدا کۆ کردووه‌ته‌وه‌. هیچ یه‌کێ له‌و ناونیشانانه‌ ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ مرۆڤ ناده‌ن وەک (شار و یاده‌وه‌ری)، (شار و ئاره‌زوو)، (شار و نیشانه‌)، (شار و ناو) و شتی له‌م بابه‌ته‌.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بگوترێت ئەوەیە هەمیشە زۆریینە دەیەوێت لە ڕێی پیرۆزییەوە بەرەنگاری مەیلی شەیتان ببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێ لە هەوڵە سەرکێشەکانی بگرێت و دڵنیایی و ئاساییش بە دەست بهێنێت. هەر لێرەدا ئەوەیش دەڵێم چۆن وردە وردە ئەو زۆریینەیە خۆی لەگەڵ مەیلی شەیتاندا ڕادەهێنێت و دەیەوێت بەرگی پیرۆزیی لە بەر بکات. بەم شێوەیە هەردوو ڕەگەزی مێژوو و دەستەڵاتی مێژوو خۆیان دەسەپێنن، بەوەی هەتا ئەو مەیلە ئیبلیسییە زیاتر کاتی بە سەردا تێبپەڕێت و پتر بمێنێتەوە، کەمتر دەبێزرێت، بگرە دەبێتە بەشێک لە پیرۆزی، بەوەی زۆریینە پەسەندی دەکەن. دەکرێت لێرەدا نموونە بهێنینەوە. تاوەکو سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمیش لە شارێکی وەک هەولێردا فرۆشتنی نان بە خەوشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی زانراوە، بۆیە خەڵک لە مووسڵەوە هاتوون و لەوێ نانەواخانەیان دامەزراندووە. ئەمە لانی کەم دوو شتمان پێ دەڵێت، یەکەم، هەولێر لە ڕووی مێژووییەوە لە مووسڵ دواکەوتووتر بووە. بە مانایەکی دی لەو سەردەمەدا پیشەی نانەوایی لە هەولێر نوێ بووە و هێشتا نەیتوانیوە دەنگی زۆریینە بە دەست بهێنێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پەسەند کراوە و چووەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە. ئەمڕۆ کەمیینەیەکیش نییە فرۆشتنی نانی لا خەوش بێت. دووەم، ئەو ڕەگەزە نوێیانەی لە ڕووبەرێکەوە دێنە ناو ڕووبەرێکی دیکەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە، بەوەی ئەوانە لە لایەک لە گرووپە گەورەکانی خۆیان دادەبڕێن و ترسی سزایان نامێنێت، بەمەیش شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان دەگۆڕێت، مادام لەژێر ئەو کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییە دێنە دەرێ و شەرمیان لێ هەڵدەگیرێت. لە لایەکی دی لەو ڕووبەرە نوێیەدا کاتێ هەست بە تەنیایی دەکەن، پتر بە ناوەوەی خۆیاندا ڕوو دەچن، کە ئەوێ سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە. سەیر نییە ئەگەر زۆربەی داهێنەرە گەورەکان چ لە بواری فیزیکی و چ لە بواری مۆڕاڵیدا، کەسانی ئاوارە بن. بۆ نموونە زۆربەی دامەزرێنەرانی سینەمای ئەمریکی و میسری لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم خەڵکی خۆیان نین. هەندێکیان لە شوێنی واوە چوون، کە تاکو ئەمڕۆیش سینەمای نەناسیوە. زۆربەی فەیلەسووف و نووسەرە گەورەکان بەرهەمی خۆیان لە دەرەوە نووسیوە. بەشێکی بەرچاوی هونەرمەندان لە مەنفادا شانۆ و موزیکی نوێیان داهێناوە و گۆڕانکاریی سەیریان کردووە. لەناو ئەو نەوە نوێیانەی پەناهەندەی کورد لە ڕۆژئاودا کۆمەڵێک داهێنەر لە بواری موزیک، شانۆ، سینەما، وەرزش و هیی دیکەدا دەرکەوتوون. ئەمڕۆ ترسی دانیشتووانی باشووری کوردستان لە هاتنی عەرەب پێوەندیی توندوتۆڵی بەم خاڵە جەوهەرییەوە هەیە. بەڵێ، ئەوان ترسی گەورەیان لەوەیە بە هۆی هاتنی ڕەگەزی جیاوازەوە گۆڕانکاری لە سیستێمی ژیانیاندا ڕوو بدات و ئەو پیرۆزییەی چەند ساڵە کەڵەکەیان کردووە درزی تێ بکەوێت. دیارە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیر و کەسانی سیاسی بە مەبەستی خۆیان قەبارەی شتەکەیان گەورەتر کردووە و وایان دەرخستووە خەڵک تا ئەو ڕادەیە لەوانە ناڕازین، بەڵام ئەمە پێوەندیی بەم باسەوە نییە. تاکو ناوەڕاستی حەفتاکانیش پیاوانی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشتبەستن بە قورئان و حەدیس بوونی ئامێری تەلەڤزیۆنیان لە ماڵدا بە حەرام دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ حزبە ئیسلامییەکان خاوەنی کەناڵی ئاسمانیی خۆیانن، بگرە هەندێک وا دەزانن ئەو کەناڵانە بەرەکەت دەخەنە ماڵیانەوە. وەک دەرکەوتووە هیچ ئامرێکی دی وەک تەلەڤزیۆن ناتوانێت لە ڕەمەزاندا یارمەتیی موسڵمان بدات لەوەی بەرگەی برسییەتی، تینووییەتی و ماندووبوون بگرێت. ئەوەی گۆڕاوە ئەو تێکستە دینییانە نین، کە پشتیان پێ بەستراوە، بەڵکو گۆڕانی سیمای ئەو ئامێرەیە، کە بە هۆی کۆنبوون و مانەوەی وردە وردە شێوەی ئیبلیسی پێوە نەماوە و ڕەنگی فریشتەی گرتووە. لە ئیسلامدا خانووبەرە بە نەگەتیڤ سەیر کراوە، بە تایبەتی خانووبەرەی بەرز، وەک لە حەدیسی (يؤجر المسلم في كل شيء إلا في شيء يضعه في التراب)دا دەیبینین، کە لە (سەحیحی بوخاری)دا پارێزراوە و ماناکەی ئەوەیە موسڵمان ماڵی خۆی بۆ هەر شتێک ببەخشێت پاداشتی دەدرێتەوە، جگە لەوەی بۆ خۆڵی خەرج دەکات. واتە هەر پارەیەک بە خانووبەرە بدرێت، وەک ئەوە وایە بە خۆڵ درابێت و هیچ خێرێکی نییە. زۆر نموونەی دیکە هەن بە ڕوونی ئەوە پێشان دەدەن پەیامبەری ئیسلام و هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دوژمنی خانووبەرە بوون، کەچی ئەمڕۆ شێخە ناسراوەکان لە ئاپارتمانە زۆر بەرزەکاندا دەژین و لەوێ فەتوا دەردەکەن.

ئه‌و شه‌ڕانه‌ی نێوان موسڵمانان لە سەرەتای سەدەی یەکەمدا نه‌ک هه‌ر بوونه‌ هۆی ئاکتیڤبوونی شار، به‌ڵکو شاری دیکه‌یش دامه‌زران و ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی ژیاندا بینی، بۆ نموونه خه‌لیفه‌ی چواره‌م به‌ مه‌به‌ستی قایمکردنی ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی کووفه‌ی کرده‌ پایته‌ختی خیلافه‌ی ئیسلامی و (مه‌عاویه‌ی کوڕی ئەبو سوفیان) له‌ شام، دروستتر له‌ دیمه‌شقی کۆنه‌پایته‌ختی بایزه‌نتیدا ئێمپایه‌رێکی گه‌وره‌ی دامه‌زراند. ئه‌مانه‌ نموونه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شار هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕ داده‌مه‌زرێت، نه‌وه‌ک بۆ ئاشتی و ته‌بایی. ڕاستییه‌که‌یشی شار هه‌ر به‌ خوێن و گوناهـ دەست پێ دەکات، بۆیه‌ (پێته‌ر فارب) له‌ کتێبی (نه‌وه‌کانی ئاده‌م)دا ده‌ڵێت: (شاری مردووه‌کان پێش شاری زیندووه‌کان دامه‌زراوه‌). هه‌ر شارێک ده‌گریت، به‌ چاوپۆشین له‌ قه‌باره‌ و شوێنکه‌وته‌ی جیۆگرافیی سه‌ره‌تا وه‌ک سه‌نگه‌رێک هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌ و دواتر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ خۆیه‌وه‌ گرتووه‌. دەکرێت بگوترێت مێژووی ئاوەدانییەکان بە تراژیدیا دەستی پێ کردووە. بە دەگمەن ناوی گوندێک، یان گەڕەکێک دەبینیت مانایەکی خۆش و گەشبینانەی هەبێت، بەڵکو زۆربەیان ئاماژە بە تراژیدیا دەدەن، هەر بۆیە دواتر بە فەرمی ناویان دەگۆڕێت، بەو مەبەستەی لەگەڵ تێڕوانینی فریشتەکاندا ڕێک بێنەوە. لەم ڕووەوە ناوی بەشێک لە گوند و گەڕەکەکانی هەولێر پشتگیریی ئەم بۆچوونەم دەکەن. کەواتە لە قووڵاییی یادەوەرییی هەر تاکێکدا ئیبلیس بەئاگایە، بۆیە وەک میکانیزمێکی بەرگری پاڵ بە پیرۆزییەوە دەدات، بەوەی پیرۆزی ئەو هێزەیە دەتوانێت زۆریینە لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە و دڵنیاییان پێ ببەخشێت، ئەنجام نەهێڵێت دۆخی ژیانە ئارامەکەیان بشێوێت و گۆڕانکاریی تێدا بەرپا ببێت.

کەواتە لە شاردا هەمیشە دوو مەیلی دژبەیەک هەن و بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دەڕۆن، مەیلی شەیتان و مەیلی فریشتە، کە یەکەمیان کەمیینە و دووەمیان زۆریینەیە. دەکرێت بگوترێت مێژووی فیکر بریتییە لە شەڕی ئەو دوو ئاڕاستەیە، کە ئەمە لە ئەدەب و هونەردا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. هەموو گۆڕانکارییەکان سەر بە ئاڕاستەی یەکەمن. بە مانایەکی دی شەیتان لەپشت هەر کارێکی داهێنەرانەدایە وەک لە حەدیسی (کل بدعة ضلالة وکل ضلالة في النار: هەموو داهێنانێک گومڕاییە و هەموو گومڕاییەک بۆ دۆزەخە)دا دەیبینین، بۆیە سەیر نییە داهێنەرەکان هەم کەمیینەن و هەم بەنەفرەتکراون، بە ڕادەیەک هیچ داهێنەرێک نەیتوانیوە ڕۆڵەی سەردەمی خۆی بێت. زۆربەی ئەو پەیکەرانەی هیی داهێنەرەکانن و لە سێنتەری شارەکان دانراون، خاوەنەکانیان لە سەردەمی خۆیاندا بە نەفرەت کراون و بستێک زەویی ئەو شارەیان پێ ڕەوا نەبینراوە. ئێستا بۆیە ڕێزیان لێ دەگیرێت، چونکە زۆریینە پەسەندی کردوون و چوونەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە. بە کورتی هەموو ئەوانەی دوێنێ وەک شەیتان سەیر دەکران، ئەمڕۆ ئەو زۆریینەیە بە بەشێک لە خۆیانی دەزانێت، بۆیە ئەو شارانەی بەردەوام شەیتان نایانهەژێنێت، خامۆشن و لە هەموو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەک، ڕاستتر لە هەموو گۆڕانکارییەک دوورن وەک شارەکانی باشووری کوردستان بە تایبەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە. بە مانایەکی دی توانای هەر داهێنانێک بەندە بەوەی تا چ ئەندازەیەک نایەوێت ببێتە فریشتە و ناهێڵێت زۆریینە پەسەندی بکات. کاتێ (دیکارت)ی تەنیا ده‌ڵێت (له‌مڕۆوه‌ هیچ بیرۆکه‌یه‌ک په‌سه‌ند ناکه‌ین، تاکو له‌ ڕووی ئه‌قڵه‌وه‌ نه‌یپشکنین و وه‌ک میتۆد له‌ بێژنگی نه‌ده‌ین، گومان له‌ هه‌موو شتێک ده‌که‌ین، تا ئه‌و ساته‌ی ڕاستییه‌که‌ی ده‌چه‌سپێنین)، ئه‌وه‌ ڕێک مانای ئه‌وه‌یه‌ هیچ باوه‌ڕێک به‌ فریشته‌ ناکه‌ین و ڕێی شەیتان دەدەین ڕێنوێنیمان بکات. سەیر نییە ئەگەر (دیکارت) نەک لە شارەکەی، بەڵکو لە کێشوەرەکەی و لە سەرتاپێی دنیایشدا لەناو هەموو فریشتەکاندا تاکە ئیبلیس بووبێت. هەر لەبەر ئەوەیشە فرەنسا جێ دەهێڵێت و ڕوو لە هۆڵاند دەکات. ئەمڕۆ فرەنسا بە (دیکارت) دەناسرێتەوە، بۆیە دەرکەوتنی (دیکارت)ێکی دی لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی نییە، مادام (دیکارت) بووەتە فریشتە، بەڵکو بە پێچەوانەوە (ئەنتی دیکارت)، کە ئاڕاستەی شەیتانە، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت. ئەوەتا (نیتشه‌) دێت و هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵه‌ی (دیکارت) دایمەزراندووە، ده‌داته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌، بگره‌ بۆ پێش (سۆکرات) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، تاوه‌کو هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ هه‌ڵته‌کێنێته‌وه‌، که‌ تێیدا هه‌وڵ بۆ سه‌روه‌ریی ئه‌قڵ دراوه،‌ هاوکات هێرشی بۆ سه‌ر کریستیانیتی ده‌ست پێ بکات، به‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵێک چیرۆکی جوو به‌ولاوه‌ شتێکی دی نییه، ئەوسا دیسان هێزی کەمیینە، کە ئیبلیس نوێنەریەتی، بەگژ هێزی ئەو زۆریینەیەدا دەچێتەوە‌. ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ جاڕی ئه‌وه‌ ده‌دات ژیان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرێت و بپارێزرێت، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه‌ تێبپه‌ڕێنرێت، که‌ ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌ (ویستی هێز) ده‌کرێت. پێی وایە هه‌ردوو شارستانیی یۆنانی و ئه‌ورووپی له‌پاڵ کریستیانیتیدا ته‌نیا عه‌ده‌من. ئەمە بیرۆکەیەکی شەیتانانەیە و زیاتر لە سەدەیەکە دنیای فریشتەکانی ڕۆژئاوا دەهەژێنێت. لێرەدا کاتێ دەڵێین زۆریینە فریشتە و کەمیینە ئیبلیسە، مانای وا نییە هەموو کەمیینەیەک دەتوانێت ببێتە ئیبلیس، بەڵکو کەمیینە هەیە لە ئەنجامی بەرگریکردنی ئێکستریمییانەی لە فریشتەوە کەوتووەتە ئەو سەنگەرەوە. هەر یەکێ لە تەوژمە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلمین، داعش، قاعیدە و ئەوانەی دیکە بگریت لەناو خودی ئەو سێنتەرەی ئیسلامدا کەمیینەن. بە کورتی ئەو کەمیینەیە خۆی بە تاکە لایەنگری زۆریینە و پیرۆزی دەزانێت و هەر بۆ ئەوەیش تێدەکۆشێت. هەروەها دەشێ لەناو ڕووبەرێکی دیاریکراودا زیاتر لە زۆریینەیەکمان هەبن. بۆ نموونە لە دوای ڕاپەڕینەوە هەر کام لە پارتی، یەکییەتی، گۆڕان و ئیسلامییەکان دەگریت زۆریینەی سەربەخۆن، بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەیە، کە هەندێک لەو ڕۆشنبیرە کۆمپرۆمایسانەی بە نیازی فریشتە دەنووسن، لە هەوڵی ئەوەدان تەباییان لەنێواندا دروست بکەن، بۆیە دەبینین ڕۆشنبیر هەیە لای هەندێک لەو زۆریینانە، یان زۆر جار لای هەموویان پەسەند کراوە، بەوەی پاڵپشتی ئەو خاڵە هاوبەشانەیە. بۆ نموونە تێکڕای ئەو زۆریینانە لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە ئایینی ئیسلام پێویستە تاکە ئایینی فەرمی بێت و لە دامودەستگاکاندا کاری پێ بکرێت. ئەو ڕۆشنبیرە ئەم دەروازەیە دەدۆزێتەوە و دەتوانێت لێیەوە بچێتە ناو دڵی هەموویان، کە دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێینەوە.

بەم شێوەیە لە مێژووی فیکری ڕۆژئاوادا دوو ئاڕاستە بە دی دەکرێن، کە یەکەمیان بە مۆدێرنیتی و دووەمیان بە پۆستمۆدێرنیتی ناسراوە. ئیبلیس لەپشت هه‌ردوو ئاڕاسته‌کەدایە، بۆیە‌ له‌سه‌ر گومان دامه‌زراون. ئه‌میان گومان له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ دەکات، کە ئه‌قڵ وەریان ناگرێت و ئه‌ویان گومان له‌ خودی ئه‌قڵ دەکات. هه‌ردوو ئاڕاسته‌که‌ درێژبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، یەکەمیان، له‌ (دیکارت)ـه‌وه‌ بۆ (هیگڵ)، بۆ (مارکس)، بۆ (هابێرماس) و هتد. دووەمیان، له‌ (نیتشه)‌وه‌ بۆ (هایدیگه‌ر)، بۆ (فۆکۆ)، بۆ (دۆلۆز)، بۆ (دێریدا) و هتد. لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتدا پیرۆزی دەستەڵاتێکی گەورەی هەیە، بەوەی خاوەنی زۆریینەیە، بۆیە شتەکان تاکو کۆن دەبن، زیاتر سیمای پیرۆزی بە خۆیانەوە دەگرن. کاتێکیش شتەکان پیرۆز دەکرێن، ئیدی دەستیان پێوە دەگیرێت و ناهێڵن بمرن. هیچ هێزێک ڕێی نەدەدرا یەکێ لە خشتەکانی ئەو مزگەوت و مەرقەدانەی باشووری کوردستان نەک بشکێنێت، بەڵکو بۆی نەبوو وشەیەکی خراپیان لەبارەیەوە بڵێت، ئەگەر داعش خۆی نەیڕووخاندنایە. بە کورتی لە ڕۆژهەڵات ڕێ نادرێت شتەکان بمرن، بۆیە هەموویان بە جارێ هەن، کە ئەمە لە کارەکتەریستی تاکی ڕۆژهەڵاتی، بە تایبەتی لە هیی تاکی موسڵماندا بە ڕوونی دەبینرێت، بەوەی پێکهاتەیەکە لە هەموو شتە کۆن و نوێیەکان. لە یەک کاتدا باوەڕی بە خیلافە و سیستێمی پەرلەمان هەیە. جلوبەرگی شەرعیی ئیسلامی و هیی بێباوەڕەکانی ڕۆژئاوا پێکەوە دەپۆشێت. درووشمی سەربەخۆییی کوردستان دەڵێتەوە و بۆ گەڕانەوەی خیلافەی عوسمانییش دەگریی. لە زانکۆدا دوو تیۆری جیاواز لەبارەی دروستبوونی گەردوون، قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپەلە، نەخۆشی و چارەسەر دەخوێنێت. لە ماڵەکەیدا حەرام و حەڵاڵ بە تەنیشت یەکەوەن. نووسەری کورد لە یەک گوتاردا بە باڵای (نیتشە) و (کامیۆ)دا هەڵدەڵێت و ستاییشی هویمانیزیم و ئایینیش دەکات. لە فڕۆکەخانەی ئیستانبۆڵدا قورئان، کە لای موسڵمان بە نوێنەری پیرۆزی دەزانرێت و وێسکی، کە نیشانەی گڵاوییە، لە تەنیشت یەک دانراون و بە گەشتیاران دەفرۆشرێن، کە هەندێک چاوی سادە وەک نیشانەی تۆلەرانسی دەیخوێننەوە، بەڵام ڕاستییەکەی پێوەندیی بەوەوە هەیە شتە نوێیەکان دەشێ بە ناچاری بێنە پاڵ شتە کۆنەکانەوە، بەڵام ئەو کۆنانە نەک هەر نامرن، بەڵکو هێندەی دی تەمەنیان درێژ دەبێت و بەرگەی مەرگ دەگرن، بگرە ئەو شتە نوێیانە دەکرێنە ئامێر بۆ خزمەتی شتە کۆنەکان، وەک ئەمڕۆ چۆن سەتەڵایت، فەیسبووک، یوتیووب و کەناڵەکانی دیکەی تەکنەلۆجیا بۆ خزمەتی ئایین دەخرێنە گەڕ. گۆڤاری (ڕەهەند) لە کاتی خۆیدا بە نەفرەت دەکرا، کەچی کەم نین ئەوانەی ئەمڕۆ پێیان وایە (ڕەهەند) چاکترین گۆڤارە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو گوتارانەی لەو چەند ژمارەیەدا بڵاو کراونەتەوە هێندە سادەن، کە دوورن لەوەی هیچ ئاڕاستەیەکی بەد و شەڕانگێزیان هەبێت. سەیر ئەوەیە دە ساڵیش زیاترە یەک ژمارەی نەبینراوە، بەڵام مادام زۆریینە پەسەندی کردووە و چووەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە، ئەوا هەر چاکترین گۆڤارە و پێیان وایە مانگانە دەردەچێت. بە کورتی وەک هەموو ئەو شتانەی کۆن بوون و کاتی زۆریان بە سەردا تێپەڕیوە، بۆ فریشتە گۆڕاون و نەمرن. بەشێکی زۆری نووسینی ئێمە لەسەر هه‌ستی خوێنەر کار ده‌کات، که‌ (هه‌ست) هه‌میشه‌ ڕێگره‌ له‌وه‌ی پرسیار له‌باره‌ی ئه‌قڵه‌وه‌ بکرێت. بەم شێوەیە (هه‌ست) چاکترین و دڵسۆزترین پاسه‌وانی ئه‌قڵه‌، کە ڕێ نادات ڕه‌خنه‌ی پێ بگات و بیجووڵێنێت. فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەسەر مردن دامەزراوە. بۆ ئەوەی شتێک لە دایک ببێت، پێویستە ئەوەی پێش خۆی بمرێت، کە ئەمە بە تایبەت لە (شۆپنهاوێر)ـەوە دەست پێ دەکات، بە (نیتشە) و هەموو ڕەخنەگرانی دیکەی مۆدێرنیتیدا تێدەپەڕێت. یه‌کێک له‌ ماناکانی مۆدێرنیتی‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی تاکه‌ له‌سه‌ر حیسابی کۆ و دانانی (ئێستا)یه‌ له‌ شوێنی (ڕابردوو)دا، بگرە تێکشکاندنی بەردەوامی ئەو (ئێستا)یەیشە وەک بە تایبەت لە فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا)دا دەبینرێت، که‌ ئه‌مه‌ مانای سڕینه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی پیرۆزییه‌، به‌وه‌ی پیرۆزی ته‌نیا کاتێک ده‌توانێت ئاکتیڤ ببێت، که‌ زۆریینه‌ به‌ ده‌وریدا کۆ ده‌بنه‌وه و ڕابردوو ‌ده‌کەنه‌ ئامانج.

وه‌ک چۆن هه‌میشه‌ شه‌یتان شار داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌وه‌ هه‌ر شەیتانیشه‌ هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ داده‌هێنێت، به‌ڵام به‌رده‌وامیش زۆریینە هەوڵ دەدات ئه‌وه‌ پێشان بدات، که‌ ده‌شێ ئه‌مانه‌ فریشته‌یش بن. بۆ نموونه‌ سینه‌مای عەرەبی، بە تایبەتی هیی میسری، که‌ کەمیینەیەک بە پاڵپشتی شه‌یتان دایمه‌زراند و هه‌موو شته‌کانی پێچه‌وانه‌ی فریشتە بوون، بەڵام ورده‌ ورده‌ هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند ویستوویانه‌ بڵێن فریشته‌یش به‌شی خۆی له‌وانه‌دا هه‌یه‌، بگرە دەکرێت تەنیا هیی فریشتە بێت وه‌ک ئه‌و فیلمانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌که‌ن چۆن مرۆڤ ده‌ست له‌ گوناهه‌کانی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ قاپیی خودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یان ئەوانەی گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی خیلافەیان کردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆیان، که‌ ئه‌مه‌ سادەترین شێوازی هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌. پارادۆکس ئەوەیە لە بەشێکی زۆری ئەو فیلمانەدا هونەر وەک کارێکی سووک و هونەرمەند لە شێوەی کەسێکی درۆزن و ساختەچی پێشان دراوە، کە یان ئەوەتا تۆبە دەکات و بۆ لای زۆریینە دەگەڕێتەوە، یان ڕیسوا دەبێت. ئەمڕۆ بە گشتی سینەمای عەرەبی ئەرکێکی پیرۆزی لە ئەستۆدایە، کە لە لایەک ناهێڵێت موسڵمان ئاگای لە مێژووی خۆی ببڕێت و لە لایەکی دی لە بنەماکانی ئەو دینەی تێدەگەیەنێت. لە ڕەمەزانیشدا باری سەر شانی سووک دەکات، تاکو بە دڵنیایی و لە ئێتمۆسفێری ئارامدا ڕۆژوو بگرێت. لێرەدا گرنگ نییە ئەو ئەکتەر و دەرهێنەرانە ڕۆژانە جلوبەرگی مۆدێرن دەپۆشن و ژیانێکی مۆدێرنانە بە سەر دەبەن، بەڵکو ئەو پەیامە گرنگە لە ڕێی هونەرەوە دەیگەیەنن. ئەوان لە گەڕاندنەوەی خەونی خیلافەتدا بە پێشەنگ دادەنرێن، بەوەی لە ماوەی ئەو چەند دێکەیدەی ڕابردوودا بەردەوام ئاکتی ئەو کارەکتەرانەی ڕابردوویان کردووە و هەستی نۆستالگیای جەماوەریان ورووژاندووە. ئەمڕۆ سیمای داعشەکان هەمان سیمای ئەوانەن لەو فیلمانەدا، جلوبەرگیان لەگەڵ هیی ئەوان جیاواز نین و زمانیان تەواو لە زمانی ئەوان دەچێت. وەک ئەوان ئازا و دەستوەشێنن و بەزەییان بە دوژمندا نایەتەوە، مادام لەسەر هەقن و پەیامی خودا دەگەیەنن. هەمان دۆخ لای ئەو ڕۆشنبیرە ناسراوانەی ئێمەدا بە دی دەکرێت. بۆ نموونە یەکێکیان لە گفتوگۆی تیڤیدا دەڵێت بە فڵان سەرکردەی ئیسلامی سەرسامم، یان ئەوەی تریان بە کۆنگرەی فڵان حزبی ئیسلامیدا هەڵدەڵێت و دانەیەکیان دەنووسێت یەک خاڵی هاوبەش لەنێوان داعش و مێژووی ئیسلامدا نییە. هەیانە ڕۆژانە دوعا بۆ پەرلەمانتاران دەکات و لە ڕەخنەی عەلمانییەکانیان دەپارێزێت. ئەو ڕۆشنبیرانە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تەواو خۆیان لەگەڵ زۆریینەدا سازاندووە و دەستیان لە مەیلە شەیتانییەکانیان هەڵگرتووە. بە مانایەکی دی خۆیان و بەرهەمەکانیان چوونەتە بازنەی فریشتەوە، بەوەی گوێ لە داخوازییەکانی جەماوەر دەگرن. ئەمڕۆ زۆریینەی موسڵمانی میللی، واتە ئەو موسڵمانانەی بە ئیسلامی لە دایک بوون، بەڵام بە لای جیهاد و چەمکەکانی دیکەی کوشتاردا ناچن؛ دژی داعشن، کە وەک گوترا داعش کەمیینەیە، بەڵام هەرگیز شەیتان نییە، بۆیە ئەو ڕۆشنبیرانە وەک ئەرکی سەر شانیان بەرگری لەو زۆریینەیە دەکەن. دەشێ ئەوانە لەنێوان خۆیاندا بە سادەیی لەسەر هەندێک چەمک ڕێک نەکەون، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە هەستی ئەو زۆریینەیە گرنگە و پێویستە لە بەرچاو بگیرێت. لەبارەی داعشەوە پێیان وایە ئەوانە خەواریجن. داعشیزم ستایلێکی نوێی بیرکردنەوەی ئیسلامی سیاسییە و دوور و نزیک درێژکراوەی مێژووی پێش خۆی نییە. بەردەوام پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، کە داعش دەیەوێت ئایینی ئیسلام لە بەها ڕۆحانییەکانی دابماڵێت. ڕاستە بە پێویستی نازانن بڵێن درێژکراوەی کام مێژووە نییە و لە چ سەردەمێکدا ئیسلام خاوەنی ئەو بەها ڕۆحانییانە بووە، بەڵام چونکە دڵسۆزانە بەرگرییان لە زۆریینە کردووە و بە زمانی ئەوان دواون، ئەوا کاردانەوەی گەورەیان هەبووە، بە ڕادەیەک لە زۆربەی ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی ئەوەی (ئاخۆ داعش پێوەندیی بە ئیسلامەوە هەیە) کراون، لە لایەن زۆریینەی ئەو موسڵمانە میللییانەی بە داعش ڕازی نین؛ پشتیان پێ بەستراوە. لە نووسراوەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوویاندا کەم و زۆر ئەوە بە دی ناکرێت بایەخیان بە بابەتی ئیسلام دابێت، تەنانەت ئایەتێکیان بە نموونە نەهێناوەتەوە، بەڵام بەوەدا ئەمڕۆ شەڕی داعش بووەتە خەمی زۆریینە و ئەوانیش ڕۆڵەی سەردەمی خۆیانن، ئەوا نەیانتوانیوە بێدەنگ ببن و پشتگیری لە زۆریینە نەکەن. دەیان کەس لە فەیسبووک بابەتەکانیان شەیر کردوون و سەدان لاییکیان بۆ کراوە. نووسەرانی وەک (ئومێد قەرەداغی)، (سەروەر پێنجوێنی)، (ئیبراهیم مەلازادە)، (وەلید عومەر)، (ئاراس وەهاب) و یەک دووانێکی دی ئەوە چەند ساڵە خۆیان بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە، بەڵام چونکە وەک ئەمان ڕوویان لە زۆریینە نەبووە، نەیانتوانیوە بۆ تێڕوانینی جەماوەر ببنە پاڵپشت. ئەوان ئەوەیش دەزانن بۆ ئەو زۆریینەیە گرنگ نییە تۆ کاتێ لەبارەی بابەتێکەوە دەنووسیت لێی قووڵ بووبێتیەوە و شارەزاییت لێیەوە هەبێت، بەڵکو ئەو گرنگە بزانیت چۆن دەبیتە پاڵپشتی و دڵنەواییی دەدەیتەوە. بەو مەبەستەی زیاتر لە لایەن جەماوەرەوە پەسەند بکرێن، ئەوا پێویستە بەردەوام دەربکەون. هەیانە لە حەفتەیەکدا فریای ئەوە دەکەوێت گوتار بۆ دوو ڕۆژنامە بنووسێت، لەگەڵ گۆڤارێکدا گفتوگۆ بکات، لە سێ کەناڵی تیڤیدا دەربکەوێت و ساڵانەیش کتێب بخاتە بازاڕی چاپەمەنییەوە. دەتوانن لەبارەی هەموو شتێکەوە بنووسن و قسە بکەن. بە کورتی ئەو نووسەرە ناسراوانە مەبەستیانە بڵێن مەرج نییە فیکر هەر هیی شەیتان بێت و لە کەمیینەیەکدا بەرجەستە ببێت، بەڵکو دەشێ ببێتە فریشتە و زۆریینە پەسەندی بکات. نەخێر، مەرج نییە ڕۆشنبیر کەسێکی گۆشەگیر بێت، زۆربەی کاتی بە خوێندنەوەی کتێبە قەبەکانەوە بە سەر ببات و لەناکاو لە ڕێی پڕۆژەوە دەربکەوێت، بەڵکو دەشێ وەک جەنگاوەری حەقیقەتپارێز بەردەوام لەناو جەماوەردا بێت و ڕۆژانە لەو کەناڵانەدا درووشمەکانیان بڵێتەوە. هەر ئەو ڕۆشنبیرانە زۆر بە ئاسانی دەڵێن و دەنووسن ڕەگوڕیشەی هەموو دیکتاتۆرەکان دەچنەوە سەر (مارکس)، یان دەشێ بنووسن هەرچی ڕەیسیزم لەو ڕۆژئاوایە هەن لە (نیتشە) و (هایدیگەر)ـەوە سەرچاوە دەگرن. بە کورتی ئەو ڕۆشنبیرانە بۆیە دەتوانن بە ئاسانی ئەوانە دەرببڕن، چونکە ئەو سێ فەیلەسووفە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە سەر بە ئاڕاستەی کەمیینەن، بەڵام کاتێ شتەکە پێوەندیی بە زۆریینەوە، ڕاستتر بە فریشتەوە هەیە، ئەوا زیرەکانە و بە هەموو شێوەیەک خۆیانی لەگەڵدا دەگونجێنن. مرۆڤ بۆ ئەوەی نموونەی زەق لەناو ئەو ڕۆشنبیرانەدا بدۆزێتەوە، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە‌ حه‌ڤده‌ی فێبریوه‌ریەوە پاڵپشتی فریشتە بوون، دروستتر لایەنگری خەون و بۆچوونی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بوون، ئەوا لەوە ئاسانتر نییە لەناو گرووپی ڕەهەنددا بۆیان بگەڕێت، ئەگەرچی ئەو گرووپە بە ڕاستی هەڵوەشاوەتەوە و تەنیا ناوی لای زۆریینە ماوە. ئەوانە دەیانەوێ بڵێن ڕۆشنبیر ئەو بوونەوەرە نییە گۆڕانکاری دەکات، بەڵکو کەسێکە دەتوانێت ئارامی و دڵنیایی بە زۆریینە ببەخشێت و بەخشیویشیانە. گرنگ ئەوەیە سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا بزانن ڕۆشنبیری گەورەیان هەیە و زانیویشیانە. بەم شێوەیە زۆربەی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ خاوەنی هەموو ئەو بۆچوونە باوانەی ناو کۆمەڵگادا لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی پیرۆزدان، کە زۆریینە خۆی سەپاندوویەتی. بۆ نموونە ئەو حزبە ئیسلامییانەی سیستێمی پەرلەمانیان پەسەند کردووە، کە لە بنەڕەتەوە سیستێمی سێکۆلاریزمە، ئەمڕۆ دەستبەرداری ئایەتەکانی جیهاد بوون، یان هیچ نەبێت بۆ ئاییندەیان هەڵگرتووە، چونکە ئەگەر وا نەکەن، ئەوا دەچنە خانەی داعشەوە و دەبێت جاڕی دامەزراندنی خیلافە بدەن، بەوەی ئەوان، داعشەکان، فۆکووسی سەرەکییان لەسەر ئەو ئایەتانەیە، کە باس لە جیهاد و سەپاندنی جزییە بەسەر ناموسڵماناندا دەکەن، بۆیە بوونەتە کەمیینە و لای موسڵمانی میللی قەبووڵ ناکرێن، بەڵام هەر ئەوانە، مەبەست لە ئەندامی حزبە ئیسلامییەکانی پەرلەمانە، کاتێ قسە دێتە سەر ئەو ئایەتانەی پێوەندییان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بۆ نموونە فرەژنی، ئەوا زۆر بوێرانە بەگرییان لێ دەکەن و دەڵێن ئەمانە سەوابتن، کە ئەمە چ لەگەڵ خواستی زۆریینە و چ لەگەڵ تێڕوانینی ئەو ڕۆشنبیرە ناسراوانەدا ڕێکە، بۆیە سەیر نییە لای هەندێک لە ڕووناکبیرە ناسراوەکانی ناو ڕەهەند ستاییش دەکرێن. بە مانایەکی دی ئەوە زۆریینەیە ئەوەی سەپاندووە حزبە ئیسلامییەکان و ڕۆشنبیرە ناسراوەکان چی بڵێن و چی بنووسن. خۆ بەردبارانکردنی ژن و پیاویش، کاتێ زینا دەکەن، سەوابتی دینە. دەستبڕینی دز و کوشتنی ئەوەی واز لە نوێژیش دەهێنێت (تارك الصلاة) هەر سەوابتە، بەڵام ئەمڕۆ زۆریینە لەو ئاستەدا نییە ئەمانە پەسەند بکات، بۆیە خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە. ئەگەر زۆریینە ئەوانەیش پەسەند بکات، ئەوا ئەوان کاریان پێ دەکەن و ئەوسا بێگومان ڕۆشنبیرە ناسراوەکانیش وەک فرەژنی و زۆری دی هیچ ناڕەزاییەکیان نابێت، مادام بووەتە کۆدەنگی زۆریینە و لە بەرژەوەندیی ئارامیی شاردایە. مەبەست ئەوەیە لەبەر خاتری ئەو زۆریینەیە هەموو لایەک، چ حزبەکان و چ ڕۆشنبیرە ناسراوەکان ئەو کۆنتراکتەیان کردووە، بەو مەبەستەی نەک هەر بەگژ یەکدا نەچن، بەڵکو تەبایی و ئارامیی نێوانیشیان بپارێزن. له‌ سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕیندا ئه‌ده‌بێک خۆی نمایش کرد، که‌ ده‌یویست به‌ ڕاستی شه‌یتان بێت، بەڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌شێکی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ ده‌یا‌نەوێت به‌ نیازی فریشته‌کان، ڕاستتر وه‌ک فریشته‌کان بنووسن. ئەمڕۆ هێنده‌ی وشه‌ی فریشته‌، په‌پووله‌، گوڵ، سپی، پیرۆز و به‌هه‌شت ده‌خوێنینه‌وه‌، هێنده‌ شه‌یتان، گوناهـ، ڕەش، دڕک، دۆزه‌خ و کوفر نابینین. به‌ مانایه‌کی دی ئه‌و ئه‌ده‌به بە شێوەیەک‌ ساده‌ بووه‌ته‌وه، کە زۆریینەی خەڵک پێی ڕازین و لێی تێدەگەن، بگرە بە سەرچاوەی ئارامیی خۆیانی دەزانن. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا خەڵک گلەییی ئەوەیان لە ڕۆشنبیرە ناسراوەکان دەکرد، گوایە زمانیان ئاڵۆزە و لێیان تێناگەن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گلەییانە نەماون و بەشێکی زۆری ئەوانە بە زمانی خەڵکی ئاسایی، بگرە هەندێجار لە هیی ئەو خەڵکەیش سادەتر دەنووسن. ئەگەر ئەمڕۆ سیمای ئەو نووسینانەیان بە هۆی لاوازیی ڕەخنەوە بە ڕوونی دەرناکەون، ئەوا لە ئاییندەدا ڕووبەڕووی هەموو ئەو میتۆدانە دەبنەوە، کە مەبەستیانە بە نیازی ئیبلیسییانە دنیای فریشتەکان بشڵەقێنن. ئێستایش سیگناڵەکانی دەرکەوتوون، بەوەی نەوەیەکی نوێی شەڕانگێزی ڕەخنەگر دەیەوێت بە شێوەی جیاواز هەموو ئەوانە بخوێنێتەوە و بەو حوکمە ڕازی نەبێ، کە زۆریینە بۆی دەرکردوون.

ئێمە پێمان لەسەر ئەوە داگرت، کە شەیتان شار دادەمەزرێنێت، بەڵام بەردەوام زۆریینە دەیەوێت ئەو شیەتانە بۆ فریشتە بگۆڕێت، کە وەک گوترا هەردوو ڕەگەزی مێژوو و دەستەڵاتی مێژوو لەم ڕووەوە ڕۆڵی کاریگەر دەبینن. ئێستا ناکرێت باس لە دوو جۆر شار نەکەین، یەکەمیان، ئەوانەی زوو زوو شەیتانی جۆراوجۆریان تێدا دەردەکەوێت و دووەم، ئەو شارانەی درەنگ شەیتان ڕوویان تێ دەکات و شەیتانەکانیشیان لە یەکدی دەچن. شارەکانی ئێمە لە جۆری دووەمیانن، بەوەی‌ هیچ یه‌کێ له‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌یان به‌ خۆیانه‌وه‌ نه‌دیوه‌، کە لە شارەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک شاری ڕۆژهەڵاتدا هەن، بۆیه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م شاری فریشته‌کانن و ڕۆشنبیره‌که‌یشی دڵسۆزترین پاسه‌وانیانه‌. له‌ناو شاری ئێمەدا ئەقڵێک هەیە ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌ی فریشتانه‌ مامەڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی ته‌کنیکدا بکات. واته‌ ده‌یه‌وێت له‌ شاردا مۆدێرنیزه‌یشن هه‌بێت، دروستتر پارچه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا لە ئاستی فراواندا به‌ کار بهێنێت و هاوکات ڕێ له‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک بگرێت، که‌ شه‌یتان ده‌یهێنێته‌ کایه‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دی ئه‌گه‌ر ته‌کنیک که‌ره‌ستە‌ی شه‌یتانه‌ و بۆ مه‌به‌ستی گۆڕانکاری به‌ کار دێت، ئەوا ئه‌و ئه‌قڵه‌ دەیەوێت بە نیازی فریشته‌ دەستیان بۆ ببات. واتە گەرەکیەتی (نیازی فریشتە) و (که‌ره‌سته‌ی شه‌یتان) پێکه‌وه‌ گرێ بدات. بوونی بێژمار که‌ناڵی سه‌ته‌ڵایتی دینی و ئه‌کاونتی مه‌لا و شێخه‌کان له‌ فه‌یسبووک و تویته‌ردا ته‌نیا مانای کۆکردنەوەی ئەو دو ڕەگەزە ناکۆکەیە، تاکو دواجار سیمای یەکەمیان بسڕێتەوە‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ که‌ره‌سته‌ی شه‌یتان په‌یامی خودا بگه‌یه‌نن، بەو مەبەستەی لە ڕێی بەکارهێنانەوە خودی کەرەستەکەیش پاک بکەنەوە و سیمای پیرۆزیی پێ بدەن. تێکڕای فەیلەسووف و بیرمەندان لە ماوەی ئەو سەدوپەنجا ساڵەی ڕابردوودا بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی پرسیاری پێوەندیی نێوان تەکنیک و مرۆڤ بوونەتەوە، لەوانە (دۆرکهایم)، (ڤیبه‌ر)، (مارکس)، (نیتشە)، (فرۆید)، (هایدیگەر)، (هابێرماس) و زۆری دی، بەوەی تەکنیک گۆڕانکاریی گەورە بەسەر بیرکردنەوەدا دەهێنێت، بگرە دەتوانێت شوێنی خواوەند بگرێتەوە، بۆ نموونە (هایدیگەر) هێندە لە ئاست تەکنیکدا ڕەشبینە، دەگاتە ئەو باوەڕەی زانست و ئەو شێوازە بەکارهێنانە هەڵەیەی تەکنیک مەترسییەکی گەورەیان پێک هێناوە و لەپێناوی قازانجدا سرووشتیان بۆ بابەت گۆڕیوە، لە کاتێکدا لەو شارانەی وەک هیی ئێمە فریشتە باڵی بە سەردا کێشاون تەکنیک هیچ پرسیارێک ناورووژێنێت. بە کورتی تەکنیک نیگەرانیی وجوودی (Existential anxiety) ناهێنێتە کایەوە، بەڵکو تەنیا ترسێکی ڕووکەشانە دەخوڵقێنێت، ترسی ئەوەی ئاخۆ دەتوانرێت بکرێتە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی پیرۆزی و بۆ وەستانەوە لە دژی بەرهەمهێنەرانی ئەو تەکنیکە! کەم نین ئەو گرووپە چەکدارە جیهادیانەی بە چەکی ڕۆژئاوا هەڕەشە لە خودی ڕۆژئاوا دەکەن. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو شارانەی وەک هیی ئێمە وان، داهێنان شتێک نییە لە ناوەوە ڕوو بدات، بەڵکو لە دەرەوە دێت، بۆیە لەجیاتی ئەوەی پرسیاری ئۆنتۆلۆگی بورووژێنێت، ئەوا وەک گوترا ترسێکی سادە دەهێنێتە کایەوە ئاخۆ چۆن بە کار بهێنرێت. ئەمە تەنیا داهێنانی فیزیکی ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ داهێنانی مۆڕاڵییش هەمان شتە. واتە زۆر ئاساییە ڕۆمان، کە بەرهەمی شاری پیشەسازییە و مێژووی دەرکەوتنی بۆ سەدەی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە، لە سەدەی هەژدەهەم گەورە بووە و لە سەدەی نۆزدەهەم و دواتر پێگەیشتووە، واتە بەرهەمی ڕێنەیسانس، شۆڕشی پیشەسازی و کۆمەڵێک وەرچەرانی دیکەی مێژووە و کەناڵی دەربڕینی شەیتانە، کەچی لای ئێمە ببێتە ئامێرێکی سادە بۆ دەربڕینی هەستی فریشتەکان. لای ئەو زۆریینەیە چاکترین ڕۆمان ئەوەیە باس لە دڵداری، تەبایی، خۆشگوزەرانی و ئارامی دەکات، کە ئەمەیشی ئاسان دەست دەکەوێت. لە بەرانبەردا هەر ڕۆمانێک بە نەفرەت دەکرێت و ناسنامەی داهێنانی لێ دەستێنرێتەوە، ئەگەر نەیەوێت بەو سادەییە باس لە کارەکتەر، شوێن، کات، ڕووداو و ئێڵەمێنتەکانی دی بکات. بە کورتی چاکترین ڕۆمان ئەوەیە بە زمانی سادە و بە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ نووسراوە، زۆریینە لێی تێگەیشتووە، پەسەندی کردووە و دەنگی بۆ داوە، نەوەک ئەوەی کەمیینەیەک لە ڕەخنەگران هەڵیانسەنگاندووە. لە شاری فریشتەکاندا خودی ڕەخنە لە میتۆدی (گەڕانی بەردەوام بە دوای کێشەکان و قووڵکردنەوەیان)ـەوە دەبێتە (دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و سادەکردنەوەیان). ئەگەر زانیمان ڕەخنەگرە گەورەکانی دنیا وەک (باختین)، (بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (گۆڵدمان) و زۆری دیکە لە پشت فەیلەسووف و بیرمەندانی وەک (دیکارت)، (کانت)، (هیگڵ) (کیەرکەگۆرد)، (مارکس)، (نیتشە)، (فرۆید)، (برجسۆن) و زۆری تردا پێگەیشتوون، ئەوسا دەزانین ڕەخنە ڕێگای قووڵکردنەوەی بیرۆکەکانە، لە کاتێکدا لای ئێمە بۆ هەستێکی ویژدانی گۆڕاوە، کە ڕەخنەگری دیمۆتیک بە میتۆدی تیۆلۆجی کار دەکات و ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت خێر و شەڕی نووسەر هەڵبسەنگێنێت، تاکو بزانێت تای کامیان قورسترە، کە ئەمە بێ کەم و زیاد میتۆدێکی ئایینییە و لەناو ڕیچوەڵێکی ئایینییشدا بە ڕێوە دەچێت. لەم دۆخەدا تێکست زۆر بە سادەیی بریتییە لە ژیانی نووسەر. لەو ماوەیەدا چەند خێری کردووە و چەند گوناهـ؟ ئەمەیش مانای وایە تێکست لە سەبجێکتەوە بۆ ئۆبجێکت دەگۆڕێت. کەواتە تێکست تەنیا ئاوێنەی چاکەوخراپەی نووسەرە و هیچ ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بەڵام لەگەڵ تێڕوانینی فریشتەکاندا بە چاکی ڕێک دەکەوێت.

دەرکەوتنی دیاردەی تونێڵه‌کان له‌ دنیای ڕۆژهه‌ڵات، دروستتر لای موجاهیدەکاندا مانایه‌کی سیمبۆڵیی هه‌یه‌ و دەربڕینێکی نه‌ستییانه (Unconscious expression)‌یه‌ له‌ شه‌یتان، به‌وه‌ی دینه‌کان ده‌ڵێن شه‌یتان له‌ قیامه‌تدا ده‌که‌وێته‌ خواری خواره‌وه‌ی دۆزه‌خ. ئه‌و هێزانه‌ چ حه‌ماس له‌ فه‌ڵه‌ستین و چ چه‌کدارانی دیکه‌ی ئیسلامی له‌ سووریا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن په‌نایان بۆ تونێڵ بردووه‌ وه‌ک بڵێی له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆڵدا له‌ دژی شه‌یتان بجه‌نگن و بەرگری لە فریشتەکان بکەن. ئەمڕۆ دەبینین لەو شارانەدا سیمای شارستانی بە تەواوی سڕاوەتەوە. دەگەینە ئەوەی بڵێین جیاوازیی نێوان شاری ڕۆژئاوا، ڕاستتر شاره‌ پیشه‌سازییه‌کان له‌گه‌ڵ شار‌ی نامێژوویی، واته‌ ئه‌و شارانه‌ی به‌ قۆناغی شۆڕشی پیشه‌سازیدا تێنه‌په‌ڕیون وەک ئەوانەی ئێمە، ئه‌وه‌یه‌، له‌ یه‌که‌میاندا شه‌یتان حوکمڕانه‌ و فریشته‌ ده‌رده‌کات، به‌ڵام له‌ دووه‌میاندا فریشته‌ ده‌سته‌ڵاتدارن‌ و ڕێی شه‌یتان نادەن بێنه‌ ناویانەوە. ڕه‌یسیستی ڕۆژئاوا په‌ناهه‌نده‌ی ڕۆژهه‌ڵات لە شێوەی فریشتەدا دەبینێت. پێی وایە بە هاتنی فریشتە بۆ وڵاتەکەی دۆخی ژیانی تێک دەچێت و لە گۆڕانکاری دوور دەکەوێتەوە، لە کاتێکدا ڕه‌یسیستی ڕۆژهه‌ڵاتی (دیسان لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ چەمکی ڕەیسیستی ڕۆژهەڵاتی) خۆی به‌ فریشته‌ ده‌زانێت و له‌ ئاستی هه‌ر شه‌یتانێکدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێی نزیک ببێته‌وه‌، بەوەی ترسی هەیە بە هاتنی ئەو ڕەگەزە نوێیە گۆڕانکاری لە ژیانیدا ڕوو بدات. (ڕەیسیستی ڕۆژهه‌ڵاتی!) به‌ ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆ ده‌دوێت و ده‌ڵێت: (مه‌یه‌ره‌ ناومانه‌وه‌، یان مه‌یه‌نه‌ ناومانه‌وه‌)، به‌ڵام رەیسیستی ڕۆژئاوا به‌ شێوازی که‌سی یه‌که‌می تاک دەدوێت: (مه‌یه‌ره‌ ناومه‌وه، یان مەیەنە ناومەوە‌). بەم شێوەیە له‌ ڕۆژئاوا شار بریتییه‌ له‌ تاک، له‌کاتێکدا شار بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ڕاستتر بۆ دانیشتووانی ئەو شارانەی لە هیی ئێمە دەچن و خاوەنی ڕۆشنبیری وەک هیی ئێمەن، کۆیه‌ و هیی هه‌مووانه، بە مەرجێ بە گیانی فریشتانەوە تێیدا بژین‌. سەیر نییە ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی عەرەبە ئاوارەکاندا ترسێکی کۆلێکتیڤ دەرکەوتووە و بۆ دەرکردنیان گەلەکۆمەکێ دەکرێت.

گوتمان لەو شارانەی وەک هیی ئێمەن زۆریینە لە ڕێی پیرۆزییەوە ڕووبەڕووی شەیتان دەبێتەوە، بەو مەبەستەی خۆی لەگەڵ بەرهەمەکانی ڕابهێنێت و دواجار بە گیانی فریشتانەوە بە کاریان بهێنێت، لە کاتێکدا لەو شارە مێژووییانەدا شەیتان خۆی ڕووبەڕووی شەیتان دەبێتەوە. هەموو ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی لەسەرەوە ناومان هێنان، شەیتانن، یان بە مانایەکی دی لە ڕێی شەیتانی خۆیانەوە ڕووبەڕووی شەیتان بوونەتەوە، بێ ئەوەی نە بانگەشەی ئەوەیان کردبێت کۆنفلیکتەکەیان کۆتاییی دێت و نە مژدەی سەرکەوتنیشیان دابێت. لەو شارانەی ئەواندا شەیتان بە ڕووتی دەردەکەوێت و پێویستتی بە پۆشین و شاردنەوە نییە. زۆربەی فیکری ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانە لەسەر ئەوە دامەزراون لە شاردا بستێک زەوی بۆ فریشتە نەماوە. (هابێرماس) لەناو هەموو ئەو شەیتانە گەورانەدا تاقانەیە، کە لە ئاستی شاری ڕۆژئاوادا هەندێک گەشبین بێت، لە کاتێکدا ئەویش باوەڕی وایە مۆدێرنیتی، کە هاوواتای شارە، لە قەیرانی گەورەدایە و ئەگەر فریای خۆی نه‌که‌وێت، ئه‌وا به‌ره‌و ڕووخان مل ده‌نێت‌. بە گشتی لەو شارانەدا مرۆڤ لەگەڵ کێشەی گەورە گەورەدا ڕووبەڕووە و ڕۆشنبیرەکەی هیچ مژدە و هیوایەکی پێ نابەخشێت، کە ئەمە خەسڵەتی فیکر و فەلسەفەیە، بۆ ئەوە هەن کێشە بخوڵقێنن، نەوەک چارەسەری ئەوانە بکەن، دەرکەوتوون، بەڵام لە شارەکانی ئێمەدا مرۆڤ لە کێشە دوورە، مادام پشتی بە زۆریینە داوە و ڕۆشنبیرەکەیشی دڵنەواییی دەداتەوە. ئەمڕۆ شارەکانی ئێمەن پڕن لە فریشتە و ناهێڵن ئەو ئارامییە بە هیچ شێوەیەک بشێوێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج:
درافتی ئەم باسە وەک هەندێک لە هاوڕێیانم دەزانن لە گەرمەی ئاوارەبوونی خەڵکی مووسڵ و دەوروبەریدا نووسرا، بەڵام بە هۆی خەریکبوونم بە شتی دیکەوە، پاکنووسەکەی درەنگ کەوت.




مامۆستا زرار، ئەو هونەرمەندەی سەربەرزانە ژیا و سەربەرزانەش مرد.. سەدیق سەعید ڕواندزی

گەلێک جار، مێژوو و ناوی کەسایەتییەک، دەبێتە مێژووی گشتی شارێک و بە ناوهێنانی کەسایەتییەکە، شوناسی شارەکەمان دێتە بەرچاو. بۆ نموونە: هەر کاتێ باسی دڵداری شاعیر بکەین، کۆیەمان دێتە بەرچاو ، باسی سلێمانی بکەین، ڕەفیق حیلمی و تۆفیق وەهبی و دەیان کەسایەتی دیکەمان بە بیر دادێت، لەو ڕوانگەیەشەوە، هەر کاتێک باسی (مامۆستا زرار) بکرێت، ئەوا ناوی ڕواندز وەک شاری هونەر و ڕۆشنبیری دێتە بەرچاو و باسی ڕواندزیش بکرێت، مامۆستا زرار ئامادەیە. چونکە ئەو هونەرمەندە، کە بە داخەوە چڵ ڕۆژ لەمەو بەر ماڵئاوایی لێکردین، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە بونیادنانی پایەکانی هونەر لەو شارەدا بینی و تا دواساتەکانی تەمەنیشی، هەمیشە وەک هونەرمەندێک، لە خەمی هونەر و کایەی هونەری ئەو شارە دابوو، کە لە سەردەستی ئەو، دەیان هونەرمەندی بە توانا دەرکەوتن و پێگەیشتن، کە بە داخەوە دواجار هەمووشیان، بێ باک و بێ نمەک بەرامبەر مامۆستاکەیان دەرچوون . مامۆستا زرار، لە ساڵی 1937 لە ئامێزی خێزانێکی ڕۆشنبیر لە دایک بووە، دوای ئەوەی قۆناغی ئامادەیی، کە ئەو کات تا پۆلی یانزەی ئێستا بوو تەواو دەکات، لە ڕێگەی بینینی خولێکەوە* دەبێتە مامۆستا و بۆ یەکەم جار لە دەڤەری تێکۆشەری باڵەکایەتی، لە گوندی(دەربەند- رایات)دەبێتە مامۆستاو وانە بە قوتابییان دەڵِێتەوە، هەر ئەو کاتیش، پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات ، بەڵام زوو دەستبەرداری ژیانی حزبایەتی دەبێت و بە کاری مامۆستایەتییەوە سەرقاڵ دەبێت.

لە سەرەتای هەفتاکاندا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ یەکەم جار تیپی مۆزیکی ڕواندز دادەمەزرێنن و چەند چاڵاکییەکی هونەری لە یادی ڕێکەوتننامەی ئازار و جەژنی نەورۆز و یادی لە سێدەرادانی چوار ئەفسەرەکە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەم تیپە، دوای چەند ساڵێکی کەم لە دامەزراندنی، هەڵدەوەشێتەوە. بۆیە لە نیوەی دووەمی هەفتاکاندا، مامۆستا زرار، کۆمەڵێک حوێندکاری قوتابخانەی (پاشای گەورە) هەڵدەبژێرێت و لە ڕێگەی کردنەوەی خولێکی هاوینەوە، ئەو خوێندکارانە، فێری ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەکات و پاشانیش خوێندکارەکان دەچنە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان و ئەو بناغە هونەرییەی مامۆستا بۆی دانابوون ، لە ئەکادیمیا پەرە پێ دەدەن و دواتریش لە تیپی پاشای گەورە، وەک دیارترین و ئەکتیڤتیرین تیپی مۆزیکی سەرەتای هەشتاکان لە سەر ئاستی کوردستان، دەردەکەون و چەندین بەرهەمی سروود و گۆرانی، بە ئاشکراو نهێنی بۆ هونەرمەندان (وەلی دۆسکی و بەکر لەزگەیی و نەجمەدین غولامی) تۆمار دەکەن. تیپی پاشای گەورە بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان، یەکێک بوو لە ناسراوترین و پڕ چاڵاکترین تیپ. لە دوای ڕاپەڕینەوە، جگە لە ئاهەنگەکانی (شوان پەروەر و ناسڕی ڕەزازی) بە داخەوە هیچ چاڵاکییەکی دیکەی نەبوو، ئیدی وردە وردە بە هۆی پەرتەوازەیی ئەندامەکانی و سەرقاڵبوون بە ژیانی تایبەتی و بەرژەوەندی خۆیان، قوربانییان بەو تیپە و ناوبانگی تیپەکە داو داخێکی گەورەش کەوتە سەر دڵی مامۆستا زرار، کە تاکو مرد لە دڵی دەرنەدەچوو. هاوشان لەگەڵ دەسپێکی کارەکانی ئەو تیپە، مامۆستا زرار، کۆڕسێک لە کوڕ و کچە گەنجەکانی شار پێکدێنێت و دەیانکاتە کۆڕسی تیپ. بێگومان ئەو کارەی مامۆستا بۆ ئەو کات، سەداو داهێنانێکی گەورە بوو، چونکە ئەو کات لە ڕواندز وەک هەر شارێکی دیکەی کوردستان، بەشداری کچان لە چاڵاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکاندا، سنوورداربوو، یاخود لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وەک خەوشێک دەهاتە بەرچاو. هاوشانی هونەری مۆسیقا، مامۆستای کۆچکردوو تیپێکی شانۆش بە ناوی تیپی شانۆی (شلێر) دادەمەزرێنێت و چەندین شانۆگەری لە ڕێگەی ئەو تیپەوە، بە بەشداری کوڕان و کچانی شار پێشکەش دەکات. کە هەندێکییان ڕەهەندێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی گەورەیان هەبوو، پێشکەشکردنیان لەوکات، ڕیسککردن بوو بە ژیان. بەڵام هەستی کوردانە و ڕوحی شۆِرشگێڕانەی مامۆستا، گوێی بەو مەترسییانە نە ئەدا.بەم شێوەیەمامۆستا، بناعەی مێژووێکی دەوڵەمەندی هونەری لە شاری ڕواندز بۆ شانۆ و مۆسیقا دانا کە لە مێژووی شاری ڕواندز، وەک بەخشش و کارێکی گەورە و مەزن دەمێنیتەوە. ئەمە وێرای پێگەیاندنی چەندین نەوە و ئاشناکردنییان بە هونەرە جۆراو جۆرکان، لە ڕێگەی ئەو خولانەی بە بەردەوامی تا ئەم ساڵانەی دوایی دەیکردنەوە. مامۆستا زرار لەم ساڵانەی دواییدا، بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە، لە چاڵاکی و کاری هونەری دوورکەوتبووەوە، بەڵام بە ڕێنوێنیییەکانی، هەمیشە هانی گەنجان و هونەرمەندانی دەداو ئەوەندەی بۆی کرابا (لە بەر باری تەندروستی) ئامادەی کار و چاڵاکییەکان دەبوو. بۆیە دوا ساڵەکانی ژیانی بە تەنهایی دەبردە سەروو زۆربەی کات، لە دوکانی هونەرمەند ( تەیب موعتەسیم) دادەنیشت و کۆڕ و دانیشتنی بە قسەی خۆش و باس و خواسی هونەر و ژیان لەگەڵ ڕۆشنبیران و هونەرمەندان دەبردە سەر . مامۆستا، پیاوێکی خاکی و بێ فیز، کۆمەڵایەتی و کراوە بوو، هیچ کاتێک ئەو ناوبانگ و شوناسە گەورەیەی خۆی، نەدەکردە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە خەڵکی. ڕێزی لە منداڵ و کەسانی ئاساییش دەنا و خۆی جیا نەدەکردەوە لە چین و توێژەکانی دیکەی شار و ئەمەش ئەوەندەی تر، کەسیەتی مامۆستای لای هەمووان ڕێزلێگیراوتر و خۆشەویستر کردبوو. وێرای ئەمەش، مامۆستا دەیتوانی وەک هەزاران هونەرمەندی دیکەی ئەم هەرێمە، پشت بکاتە مێژووی هونەریی و ڕابردووی خۆی و سازش لە سەر هەڵوێست و بیر و بڕواکانی لە پێناو پارە و پۆست و دەسکەوتی ماددی و کەسی بکات، وەک ئەوەی لای زۆربەی خەڵکی و هونەرمەندان بەتایبەتی لەم سەردەمەدا باوە، بەڵام ڕێزی خۆیی و هونەرەکەی دەگرت، بۆیە تا مردیش، سادە و خاکی، تەنها و گۆشەگیرانە، لە ژوورێکی تەنراو بە کتێب و بڕوانامە و وێنە و یادگاریی ژیا و ئەو ژیانە سەربەرزانەی نەگۆڕییەوە بە فرۆشتنی هەڵوێست و بیر و مێژووی هونەرییانەی خۆی، کە زۆرباش دەیتوانی بیکات. بەڵام مێژووی هونەریی خۆی، پێ لە هەمووشتێک بەهادارتر وگەورەتر و شکۆمەندانەتربوو. هەر بەوشێوەیەش تا ڕۆژی کۆچی دواییکردنی مایەوە. واتا سەربەرزانە ژیا وسەربەرزانەش ماڵئاوایی لە شار و هونەر و هەموومان کرد. دواجار دەڵێین، مردنی مامۆستا زرار، کۆست وکەلێنێکی گەورەی لە مێژووی هونەری شاری ڕواندز دروست کرد کە هەرگیز پڕ نابێتەوە، چونکە مێژووی هونەری ئەو شارە، مێژووی ئەو بوو، بێگومان بە مردنیشی، ئەو مێژووە بەردەوام نابێت. ڕەنگە کەسانێک ئەمەیان بەلاوە قوڕس بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە، ڕاستیش هەمیشە دەبێ بگوترێت. سلاو لە گیانی پاکی و بۆ هەمیشە ئەو لە نێو دڵی هەموومان، بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

*گەلێک جار باس لەوە دەکرێت کە مامۆستا (زرار) خانەی مامۆستایانی لە بەعقوبە تەواو کردووە، بەڵام هاوڕێی نووسەرم ( یاسین برایم)، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە هەڵەیە و مامۆستا لە ڕێگەی بینینی خولێکەوە بۆتە مامۆستا. بێگومان زانیارییەکانی ئەویش ڕاست و دروستن، چونکە خۆشی دیمانەیەکی درێژی لەگەڵ مامۆستا ئەنجام داوە و ئێستا لە شێوەی کتێبێک ئامادەیە. هیوادارم کتێبەکە ڕۆشنایی چاپ ببینێت.

سەدیق سەعید ڕواندزی

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی(ڕێگای کوردستان) ژمارە(1278) ڕۆژی 25/1/2022 بڵاوکراوەتەوە.




چه‌ند قه‌سیده‌یه‌ك له‌ شاعیری كه‌نه‌دایی (ڕووپی كا‌ور)ـه‌وه‌(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• خه‌مۆكیم له‌ كوێوه‌ بۆ دێ ؟

ڕه‌نگه‌ له‌ ڕه‌حمی دایكمه‌وه‌
له‌گه‌ڵی هاتبمه‌ ده‌ر
كه‌ ده‌بووایه‌ به‌ ڕۆحێكی به‌دبه‌خته‌وه‌ له‌ دایك بم

له‌وانه‌یه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ پێم گه‌یشتبێ
دزه‌ی بۆ ناو پاسپۆرته‌كه‌م كردبێ و
ماوه‌یه‌كی درێژ له‌گه‌ڵم مابێته‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌وڵه‌تێك دابه‌زین
كه‌یفی پێمان نه‌ده‌هات
ڕه‌نگه ‌بۆ‌ سیمای باوكم‌ هه‌ڵچووبێ
كه‌ له‌ شوێنی جانتا وه‌رگرتنه‌وه‌دا پێمان گه‌یشت
‌ نه‌ده‌هاته‌ خه‌یاڵم ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌
له‌وانه‌یه‌ له‌ شه‌قی باوكمه‌وه‌ بێ
كه‌ دایكم نه‌یتوانیبێ هیچ بڵێ
من ده‌نگم له‌ بێده‌نگی ئه‌ودا ون كرد
ڕه‌نگه‌ له‌ بنی سه‌رشۆشێكێدا له‌گه‌ڵم بوو بێ
ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رم له‌ ژێر ئاودا مابووه‌وه‌
له‌وانه‌یشه‌ دیاری خۆشحاڵی مناڵانی قوتابخانه‌كه‌م بوو بێ
گاڵته‌یان به‌و جل وبه‌رگانه‌ ده‌كرد ده‌مپۆشین
گاڵته‌یان به‌ كه‌زییه‌كانم ده‌كرد
كه‌ وه‌ك دۆنێ ده‌بریسكانه‌وه‌
به‌ ڕوومه‌تم ، به‌ لووتم ، به شێوه‌ی‌ ئینگلیزیه‌كه‌م .

ڕه‌نگه‌ له‌ ساڵانی خراپه‌كاری تاوانباریك بوو بێ
به‌ عه‌شیقی خۆم بانگم كرد
له‌وانه‌یه‌ ئه‌و له‌ سه‌ری دانابم
ڕه‌نگه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌خشنده‌یی زۆرم بوو بێ .
له‌وانه‌یه‌ له‌ ژوانی خۆشه‌ویستێك بوو بێ
پاشان له‌ ده‌ست دانی .
ڕه‌نگه‌ دیاری جودایی بوو بێ
له‌ خۆشه‌ویستی ژیانمه‌وه‌
له‌وانه‌یشه‌ به‌ یه‌ك جار له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ بوو بێ .

• چه‌ند بڕگه‌یه‌ك

گوڵێك بوو
له‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی
نیازیان نه‌بوو بیپارێزن .

به‌دبه‌ختییه‌كت هه‌یه‌
له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژی
كه‌ نابێ ‌ به‌دبه‌ختیی وای لێ بژی .

زۆر هه‌وڵ ئه‌ده‌م تێبگه‌م
كه‌سێ چۆن ده‌توانێ
هه‌موو ڕۆحی
هه‌موو خوێنی
هه‌موو توانای
بێ به‌رامبه‌ر
بڕژێنێته‌ كه‌سێكی دی .

هه‌موو شۆڕشێك
به‌ لێوان ده‌ست پێ ده‌كا و
به‌ لێوان كۆتایی دێ .

ئه‌وه‌ی زیاترم له‌ تۆدا خۆش ده‌وێ
بۆنته‌
هه‌ست به‌
خاك
گیا
باخچه‌ و
به‌ مرۆیینی ده‌كه‌ی
زیاتر له‌وانی دی .

تۆ داوی گرێدانه‌وه‌ی
نێوان بڕوا و
چاوه‌ڕوانیی كوێر

  • نامه‌یه‌ك بۆ خۆشه‌ویستی دادێم-

    نامه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ هه‌بی
    تا به‌شه‌ به‌تاڵه‌كانم پڕ بكه‌یه‌وه‌
    ده‌مه‌وێ به‌‌ خودی خۆم پڕ بم
    ده‌مه‌وێ پڕ بم و
    بتوانم سه‌رتاپای شارێك ڕووناك بكه‌مه‌وه‌ .
    پاشان ده‌مه‌وێ تۆم له‌ناو دابی
    چونكه‌ هه‌ردووكمان پێكه‌وه‌
    ده‌توانین ئاگر بكه‌ینه‌وه‌ .

خۆشه‌ویسته‌كه‌ت
له‌ گۆشه‌گیریدا
له‌بیر خۆت ببه‌وه‌ .

له‌ هه‌موو شتێك به‌دبه‌ختتر
ئه‌وانه‌ن
له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكدا ده‌ژین
گله‌ییان له‌ بوونی هه‌یه‌ .

• سپێده‌ی یه‌كه‌م به‌ بێی تۆ

له‌ چركه‌ی یه‌كه‌می
ئه‌م سپێده‌یه‌دا ده‌ژیم
نیوه‌ به‌ ئاگا
گوێم له‌ چۆله‌كانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌
شۆخیی له‌گه‌ڵ گوڵان ده‌كه‌ن
گوڵ پێده‌كه‌نن
ئه‌وه‌ش ئیره‌یی هه‌نگ گڕ ده‌دا
كه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ هه‌ڵتبستێنم
هه‌موو شتێك له‌ نوێوه‌ ده‌ست پێ ده‌كا
ناكاوی
گریان
شۆكی تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی
تۆ به‌ جێت هێشتووم .

() ژنه‌شاعیر و نووسه‌ری لاوی كه‌نه‌دایی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك هیندییه‌ ساڵی 1992 له‌ دایك بووه‌ تا ئێستا 2 كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ . (*) ئه‌م قه‌سیدانه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی ( القصيدة كوم)ـه‌وه‌ كراون به‌ كوردی
بڕوانه‌ : ‌ https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=6281




پاشەڵی ڕژێمی کوردی.. جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

واتای Regime ڕژێم چییە؟ النظام السياسي, Political System سیستەم و شێوەی حوکم… ئەگەر تەرجەمەی وشەیی بۆ ”ڕژێم” بکەین واتا: نیزام، سیستەم، شێوە، بەرنامەی تۆکمەیی، پڕۆگرامکراو، داڕێژراو، ڕێکخراو، هەروەها بەواتای پارێزی خۆراکیش دێت. ”ڕجێم” بەڵام بەکرداری و لەدونیای سیاسەتدا واتا شێوەی سیستەمێکی سیاسیی، پڕۆگرامکراوی تۆکمەو دامەزراوەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی دەوڵەتیی. ڕژێم جۆرێکە لەنیزام و سیستەمێکی حوکمڕانی، کە بەدیوێک لەدیوەکان بریتییە لەدەوڵەتێکی پۆلیسیی، ئیستیخباڕاتی و نهێنیدار، کە بەهیچ جۆرێک کراوە نییەو ئەو دەسەڵاتە لەخەڵکەوە نەهاتووە، بەڵکو شێوەیەکی حوکمی سەپێندراوە. هەروەها لەبری ئەوەی هاوڵاتیانی بپارێزێت کۆنتڕۆڵی تەواوی توێژو جومگەکانی کۆمەڵەگا دەکات و ئازادیە تاکەکەسییەکان و ئازادی ڕادەربڕین و چالاکیە سیاسییەکان و مافەکانی مرۆڤ ژێر پێ دەخات. ئیتر پێشناوی ڕژێم ناونیشانی ناسینەوەی قێزەونترین و دیکتاتۆریترین شێوەکانی حوکمە لەجیهاندا. بۆنمونە ڕژێمی سیاسی لەوێنەی ڕژێمی: نازییەکان، ڕژێمی کۆریای باکور، ڕژێمی سوریا، ڕژێمی قەزافی، ڕژێمی ئێران، ڕژێمی ستالین، کۆماری کۆنگۆ، کۆماری میانمار، تاڵیبان و سۆماڵیا.

ئەگەرچی ئایدۆلۆژیای هەریەکێک لەم ڕژێمانە لەویتر جیاوازە. وە هەندێکیان دەوڵەتی ئاینیین. هەندێکیان سەرمایەدارین و هەندێکیشیان قەومین، بەڵام لەیەک خاڵدا هەموویان یەکدەگرنەوەو خاڵی هاوبەشی هەموویان، دیکتاتۆری، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا، نەبوونی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و چەوساندنەوەی خەڵکە. بۆیە بەڕای من دەسەڵاتی کوردی لەهیچ کامێک لەم ڕژێمانە مرۆڤدۆستترو میانڕەوتر نییەو بگرە لەهەندێک حاڵەتدا لەزۆرێک لەم ڕژێمانە دیکتاتۆرترو مرۆڤکوژترە. بۆیە بۆئەوەی زوڵم لە مێژوو و لەداهاتووی نەوەکانمان نەکەین ئەوا پێویستە بەڕژێمێکی زاڵم و دیکتاتۆر ناوی بێنین و ڕووی ڕاستەقینەی نیشانی دونیا بدەین و لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو وەکو خۆی بینوسینەوە.

دەسەڵاتدارانی کوردی لەباکوری عێڕاق، خۆیان بەهەرێمێکی ئۆتۆنۆمی خاوەن نیمچە سەربەخۆیی و سیستەمێکی حوکمڕانییەکی دیموکڕاسی وەسف دەکەن. ئەوان پێیان وایە مادام هەڵبژاردن و پەڕلەمان هەیەو هاوڵاتیان خۆیان ڕاستەوخۆ بەژدارن لەدەستنیشانکردنی دەسەڵاتداران ئەوا دیموکڕاسی لای ئەوان هەر ئەمەنەیەو بەس. بەڵام لەڕاستیدا کورد ماوەی ٣١ ساڵە خۆی حوکمی خۆی دەکات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکی بێگەردو بێ گزی نەبووە. ئەوەی کە چوار ساڵ جارێک دەکرێت تەنها بۆچاوبەستنی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە، ئەگینا هەڵبژاردنەکان بەساختەو فێڵ تێدەپەڕێندرێن و پێشوەختە حیز+بەکان تەواوی کورسیەکانی پەڕلەمان و دەسەڵاتەکانیان دەستنیشان کردووە. سەبارەت بەمافەکانی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەنوسان و دەرفەت دان بەهێزی معاڕەزە، ئەوا ڕژێمی کوردی بەهەموو هێزیەوە ئەمانەی سەرکوتکردووەو هەموو ساڵێکیش ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی لە باکوری عێڕاق تاوانبار دەکات بە سەدان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و گرتن و ڕفاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان. بەڵام ڕژێمی کوردی نە شەرم دەکات و نە سڵ دەکاتەوە لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش، بێئاگا لەوەی ئەوە هەتا سەر بەردەوام نابێت و لەداهاتووی دوورو نزیکدا ئەگەری سزای ئابووری و سیاسیی و تەنانەت سەربازیشی بەدواوەیە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە. ساڵی پار هەموومان بینیمان کاتێک لەکۆنفڕانسێکی گەورەدا کە زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی لەوێ ئامادەبوون، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێڕاق کەبەژنێکی ڕاشکاوناسراوە، بەڕوونی بەدەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی وت: ڕاستە کوردەکان قوربانی زۆریان داوە هەتاکو ئەم هەرێمە نیمچە سەربەخۆییەیان بونیاد ناوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە لەوەزیاتر قبوڵی بکەین کە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەردەوام بن لەپێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و گوشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسان. وتی ئەزانم قسەکانم بەدڵی ئێوەی بەرپرس نییە، بەڵام بیرتان دەخەمەوەو با ئەمەش وەکو ئینزارێکی جددی بێت بۆتان، کە وامەزانن ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەجۆرە وەکو خۆی دەمێنێتەوەو هەتاسەر ئێمە دەتانپارێزین و ئێوەش حوکمێکی نادیموکڕاسی دەکەن و هاوڵاتیانی خۆتان برسی دەکەن و دەیان چەوسێننەوە.. لەو کۆنفڕانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسڕور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و دەیان سەرکردەیتری کوردی لەوێبوون. بەڵام هیچکامیان نەقەیان لێوە ناهات و هەستکردن بەتاوان ملی پێ نەوی کردن. ڕژێمی کوردی زۆر باش سەرکەوتوبووە لەقەناعەت پێکردنی بەشێکی هاوڵاتیانی کوردی بەوەی ڕازیبن بەوەی دەگوزەرێت، بەشێکیشی بەزەبری پارەو موچەی نایاسایی دەمکوت کردووەو بەشێکی خەڵکیشی بەترسو تۆقاندن بێدەنگ کردووە. بەڵام ئەوان ناتوانن خۆڵ بکەنەوە چاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و نەدەشتوانن بەترسو زەبری پارە بێدەنگیان بکەن. بۆیە کۆمەڵەگای کوردی پێویستی بەهۆشیار کردنەوەیەکی گشتگیرو خێرا هەیە، بۆئەوەی ڕەش و سپی لەیەکتر جیابکەنەوە. چونکە خەڵکانێکی زۆر پێیانوایە ئەوانەی پێش ساڵی ١٩٩١ لەشاخ بوون و چەکیان هەڵگرتبوو لەدژی سەددام، ئەوا هەرئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەسەر دەسەڵاتبن و ئەوان خاوەندارێتی کوردستان دەکەن. بەڵام بەڕاستی بەشێکی خەڵکی وشیارو خاوەن هەستی شۆڕشگێڕی دونیا بەچاوێکیتر دەبینن و ئێمەومانان ناتوانین هەزمی ئەوە بکەین، کە بێدەنگ بین لەئاستی هەزاران گەندەڵی و تاوان و پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و دزینی هەموو سەروەت و سامانی گشتی لەژێر زەوی و سەر زەوی.
ئێمە ناخەڵەتێین بەکۆمەڵێک دروشمی بریقەداری ڕژێمی دیکتاتۆری کوردی. ئێ خۆ ئەگەر بەناوو دروشمبێ هەردوک حیزبی حوکمڕان خاوەنی جوانترین مانای پاشناوی حیزبەکانیانن. بۆنمونە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاشناوی نیشتیمانیی، دروشمێکی زۆر جوانە، بەڵام لەڕاستیدا یەکێتی هەموو شتێکی قێزەونە، بەس نیشتیمانیی نییە. یاخود پارتی دیموکڕاتی کوردستان، ئێ دیموکڕاتی ناوەڕۆکێکی هەیە لەگەڵ ناوەڕۆک و چالاکیەکانی پارتی ئەرزو ئاسمانی فەڕقە. ئاخر ئێمەمانان بەهەڵبژاردنێکی ساختەو دروشمەکانی دیموکڕاسی ناخەڵەتێین، زۆرێک لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دونیا هەڵبژاردن وەکو ماکیاجێک بەکاردێنن بۆ جوانکردنی ڕوخساری دەسەڵاتەکەییان. لەڕاستیدا گرنگ نییە لەچی بەرگێکدایەو چی دروشمێک دەڵێتەوەو چی پاشناوێکی بەخۆیەوە لکاندووە. گرنگ ئەوەیە بەکردار چی دەکات، ئێ خۆ سەددام حوسێین هەموو دونیا پێیان دەوت دیکتاتۆرەو کوردەکان و شیعەکان دەچەوسێنێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا سەددام حوسێین ئەگەر دیکتاتۆریش بوبێت، زۆر دیکتاتۆرێکی جوان بوو. چونکە ئەو خەڵکانەی لەژێر حوکمی ئەودا دەژیان ژیانێکی ساهانەییان هەبوو وە ژیان و کەڕامەتیان پارێزراوبوو وە هەموو جۆرە خەدەماتێک و پێداویستیەکانی ژیان بەردەست بوو، کەسیش نەیدەتوانی بتچەوسێنێتەوە، تەنها بەمەرجێک کە تەداخولی سیاسەتت نەکردبایەو دژی سەددام حوسیین چالاکی سیاسیی و عەسکەریت نەکردایە. هەروەها بەڵێ ڕاستە سەددام حوسێین خەڵکی دەکوشت و دەیچەوساندنەوە، بەڵام تەنها ئەو خەڵکانە کە دژی خۆی دەوەستانەوە. بەڵام هەموو میللەتی برسی نەدەکردو هەمووانی نەدەچەوساندەوە. سەددام تەنها ئەو موخەڕیبانەی دەکوشتن کەبەناوی پێشمەرگە لەشاخ بوون و بەفیکەی ئیمڕیالیزمی ئەمریکا چەکیان هەڵگرتبوو لەدژی سەددام. هەروەها لەخواروی عێڕاقیش سەددام ئەو شیعانەی دەگرت و سەرکوتی دەکردن، کە لەلایەن ئێرانی دەوڵەتی مەزهەبیی شیعەوە قوڕمیشکرابوون و هاندەدران لە دژی سەددام. بۆیە دیکتاتۆرە جوانەکە ئەوانەی بێدەنگ دەکرد کە لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتانی نەیاردا هەوڵی تێکدانی عێڕاق دەدەن، بەڵام نەک هاوڵاتیانی خۆی نەدەچەوساندەوە، بەڵکو وەکو باوکێکی دڵسۆز تەواوی هاوڵاتیانی عێڕاقی دەپاراست و ڕێگەی نەدەدا نە هیچ کەسێک برسی بێت، نە هیچ کەسێک زوڵمی لێبکرێت. یانی گشتاندنی نەدەکرد، بەڵام ڕژێمی ئێستای کوردی ڕێک بەپێچەوانەی سەددام هەموو میللەت بەیەکەوە برسی دەکات و دەیچەوسێنێتەوەو سەروەتەکەی بۆخۆی دەبات و دەدزێت و ماف و ئازادی هەمووان پێشێل دەکات، تەنها ئەو نوخبەو دارودەستەیە نەبێت کە وەکو پەرژین بەدەوری خۆیدا وەکو سەگ نانیان دەداتێ و ئەوانیش ڕژێمەکە دەپارێزن..

ڕژێمی سیاسی كوردی لەسەرەتاوە نەیتوانیوە وەکو دەسەڵاتێکی مۆدێرن نموزەجێکی جوانی حوکمڕانیەکی دیموکڕاسیانە نیشانی جیهان بدات و لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوەو قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵی هەیە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمی دیکتاتۆریەت تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت… ڕژێمی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكردووە، بەڵكو ئەم ڕژێمە لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بەوەزیفەكانی زانستی سیاسی و حوکمی مۆدێرن. ڕژێمی سەرکوتکەری دوو خێزانی حوکمڕان، كۆمەڵگەی کوردیان ئیفلیج كردو ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاندو حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.. گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆرەکان.

ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوەو درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. ڕژێمی كوردیش هەموو تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆری تێدایە. ڕژێمی دەسەڵاتی ستەمكارو دیكتاتۆری لەو حەقیقەت دەترسێت، کە وەکو قومبەلەیەکی بێدەنگ لەژێر کورسی ئەواندا خەوتووە کە کۆمەڵگایەو زوو یان درەنگ کۆمەڵگا بێدەنگی دەشکێنێت و بۆمبی ژێر ئەم ڕژێمە دەتەقێتەوەو حوکمی دیکتاتۆرانەی ئەم دوو بنەماڵەیە کۆتایی دێت. بۆیە یەکێتی و پارتی ھەمیشە بەسەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی بەکاردێنن بۆئەوەی ناشیرینیەكانی خۆیان داپۆشن و ڕێبگرن لەتەقینەوەی کۆمەڵگا. بۆئەم مەبەستەش ڕێگەی کوشتن، تۆقاندن، تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، بەکاردێنن بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ئەوانەی ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكانی ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرەی کوردی دەكەن. لێرەشدا ڕۆژنامەنوسان، چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی سیاسی گەورەترین قوربانین. ڕژێمی خوێنڕێژی یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی ئابووری، فەزای ڕاگەیاندن، ھێزی چەكدارو دەزگا هەواڵگریەکان ھەموو جومگەکانی كۆمەڵگەیان کۆنتڕۆڵ کردووەو بەمجۆرەش درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات…




پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە خۆشەویستی بۆ کوردستان.. رەزا شـوان

کوردستان لە ئەوپەڕی باکووریەوە بۆ ئەوپەڕی باشووری، لە ئەوپەڕی رۆژهـەڵاتیەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوای، بە زەوی و ئاسمانیەوە، بە شاخ و گـرد و دۆڵ و دەشتیەوە، بە ئاو و رووبار و هەوا و سامانیەوە، بە دارستان و بـاخ و چـەم و گـوڵ و گـوڵـزاریەوە، بە دیهـات و شـارانیـەوە.. نیشـتمانی پـیرۆز و شیـرین و جـوانی ئێـمەی کـوردە. جـێی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانمانە لێرە ژیان و لێرە مردن، لێرە دەژین و لێرە دەمرین.
کوردسـتان ماڵی گەورەی هەموومانە. دایـک و باوکـمانە، خوشک و بـرامانە. کەس و کارمـانە. کوردسـتان سـۆما و گـلـێنەکـانی چاوەکـانمانە. هەنـاسە و دڵ و دەروونمـانە. کۆردستان گـروپی خوێمـانە. کوردستان مێـژوو و جوگـرافـیا و ناسنامەمـانە. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داهـاتـوومـانە. کوردستان هەمـوو شتێکـمانە. سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان بێ سنوورە و لە قـووڵایی دەروونمانە. کوردستان. بۆیـە نـاوی کوردسـتان، جـوانـترین وشـەیە لە لامـان، بـۆتـە ویـردی شـیریـنی هەمیشەی سەر زارمـان. بـوون و ژیـانمـان، بەبـێ کوردســتان هـیچ واتـایـەکی نیـیە.
کوردســتان گـەر تـۆ نەبـی تەیـرێکـم بێ ئاسـمان
بە نـاوی تـۆی پـیـرۆز سەربـڵـنـدم لەنـاو جیهـان
خۆشەویستیمان بۆ کوردستانی جـوانمان، خۆشەویستیـیەکی رەمـەکـيیە، بە زگـماکییە لەگەڵ لەدایکـبوونماندا لە دایکبووە. تێکەڵی هـەست و ویژدان و خڕۆکە سوورەکانی خوێنـمان بـووە. هەر وەک ئەوەی بۆمـاوە بێت و لە دایـکان و باوکـانمانەوە بـۆمـان مـاوەتـەوە. شـاعـیری گـەورەی گەلـەکەمـان (عـەبـدوڵـڵا گـۆران) دەڵـێـت:
کوردســـتان: جـێــگـامی جـێی هــەزار ســاڵـەم
پـەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لـووتکە و یـاڵـەم
عـەشـقی تـۆ، ئەی دایـکی خـۆم و هـاوخـوێـنـم
هـەر لـە پـشـــــتـی بـاوکـــــا چــــــووە خـوێـنـم
ئـەشـچـێـــتـە هــــــەوێـنـی کــــوڕ و کـــــوڕەزا
تـا تــاقـێ کـــورد مــابـێ لـە چـیــــای بــــــەرزا
کوردسـتان زۆری پـێ بەخـشـیویـن. پێویستە ئێـمەش بە ئەمەکـبین و رۆح و گـیانمانی پێ ببەخشین. راستە کە ژیـان شیرین و بەنرخە، بەڵام کوردستان شیرینتر و بەنرخترە.
(ئەفـلاتـوون) دەڵـێت:”هـیـچ خـۆشــەویسـتـییەک، نـاگـاتە خـۆشـەویسـتی نیـشـتـمان”
(بومـارشە) ش دەڵـێت:” جـوانە کە مـرۆڤ لە پێـناوی نیشـتمانەکەیـدا بمـرێت. بـەڵام لەوە جـوانـتر ئەوەیـە کە لە پێـنـاوی ئـەم نیـشـتـمانـەدا بـژیـت”
خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، تەنیا بە قسەی رووت و بە بەڵـێن و دروشمی بریقـەدار گوزارشتی لێناکرێت، بەڵکو پێویستە بە دڵسۆزی و بە کاری کـرداری و بە خزمەتکردن و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، بە ئامادەبوونمان بۆ بەرخودانی و بەخشینی رۆح و گیانمان لە پێناوی پارستن و بەرگریکـردن لە کوردستان، دڵسۆزی و خۆشەویستیمان و ئەمکـداریمان بۆ کوردستانمـان بسەلـمێـنـین.
چۆن خۆشەویستی کوردستانمان لە دەروونی منداڵەکانماندا بـڕوێنین؟
پێویستە هەر لە منداڵـییەوە، منداڵەکانمان بە خۆشەویستی بۆ کوردسـتان، بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین و رایان بهـێنین. چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆمان. هیوای داهـاتووی کوردستانن. ئەمانن کە دەبن بە کەڵە تێکۆشەران و شۆڕەسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی. منداڵانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا دەبنە سەرکردە و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبـەر و فەرمانبەر و بڕیـاردەر. هەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێـوەدەبەن.
لەم پێودانگەوە، پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە خۆشـەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستان ئەرکێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازە. بەڵام پێویسترین و پـیرۆزتـرین ئەرکی ئەستۆێ هەموو لایەکمـانە: خێـێزان، قوتـابخـانە، مامۆســتایـان، نووسـەران و شاعـیران، هونەرمەنـدان، کۆمەڵـگا، ميـدیا و راگەیانـدنەکان، رێکخراوەکانی منـداڵان، هەر خەمخۆر و هـیواخوازێکی داهـاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.

بێگومان بەرزترین و گرنگترین و پیـرۆزترین ئامانجی پـەروەردەکردن و فـێرکردن و ئامـادەکـردن و راهـێنانی و ئاراسەکـردنی منداڵەکـانمان، بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داهـاتوویان، خۆشـەویستی و شـیرینکـردنی هـاوبەستەبـوونیانە بۆ کوردسـتانی نیشـتمانمـان. ئـەم هـیوا و ئامانجەش بە شەو و رۆژێـک نایەتـە دی. پشوودرێـژی و هـاوکـاری هەمـوو لایەکمانی دەوێت، بە تایبەتیش هاوکاری لە نێوان خـێزان و قوتابخـانەدا، چـونکە ئەم دوو لایەنە پشکی شێری ئەرک و بەرپـرسیارێتیـیان لە پـەروەردەکردنی منداڵەکـانمان هەیە. قوتابخانە تەواوکەری پەروەردەی ماڵەوەیە و دەتوانێت زیاتر و دروستر گەشە بە پەروەردەکـردنی منـداڵەکانمان بـدات. زیاتـریش خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە هـۆش و دەروونی منـداڵاکـانمانـدا بـڕوێنـێت.
گەلێ رێگا و شێوازی جیاواز هەن، کە دەتوانین بە هۆیانەوە سۆز و پەرۆش و هەست و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین و شـیرینـیان بکەيـن. بە کـورتی و بە چـڕي ئەمـانە بەشـێکـن لـەو رێگـا و شـێـوازانـە:
١ـ هەر لە منداڵییەوە بە شێوازێکی ئاسان و بە پێی تەمەنیان، هـەست و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنین و شیریـن بکەین.
٢ـ رۆشنبیری منداڵان، رۆڵيکی گرنگی لە خوشەویستی و هاوبەستەبوونی منداڵان بۆ کوردستان هەیە. بە رۆحی دڵسۆزی و ئەمەکداری زاخاوی هۆش و دەروونیان دەدات.
٣ـ بە مێـژوو و جوگـرافـیا و کـولتـوور و شۆڕشـەکـانی گەلـەکەمـان و بە ژایـاننـامەی سەرکردە و تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، لە پیاوان و ژنانمان ئاشنایان بکەین.
٤ـ بۆ گەشت و گەڕان و ئاشانابوون، بیان بەین بۆ سەیرانگاکان و هاوینەهەوارەکان و شوێنەوارە دێرینەکانمان، پێیان بڵێین ئەم شوێنانە بەشێکن لە کوردستانی نیشتمانمان.
٥ـ نەک هەر مامۆستای وانەی پەروەردەی نیشتمانی، پێویستە مامۆستاکانی وانەکانی کەش (زمانی کـوردی، مـێژوو، جوگـرافـیا، زانیـاری، بیرکاری، پەروەردەی هونەری، پەروەردەی وەرزشی) دەتوانن بابەتی وانەکانیان بە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان گرێ بـدەن. بە تایبەتیش وانەی کوردی و پەروەردەی هونەری و وەرزشی.
٦ـ سروود و شیعرە نیشتمانییەکانمان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، رۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریـان هـەیە، لە شیرین کـردنی خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونی قوتـابیان بۆ کوردستان. شاعـیرانی کۆن و نوێمان، بە تایبەتیش شاعـیرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، بە دەیان سروود و شیعـریان دەربارەی جـوانی و خۆشـەویستی کوردستان نووسـیون، پێـویستە پەرتووکخـانەکـانی قوتابخـانەکـان، بە پەرتـووکی شـیعـری ناسک و شـیرینی شاعـیرە ناسراوەکانمان دەوڵەمەنـد بکەن و هانی قوتابییەکانیان بدەن بۆ خوێنـدنەوە و لەبەرکـردنیان و وتنیان لە کاتی ریـزبوون و هەڵکـردنی ئـاڵای پیرۆزی کوردستانمان.
٧ـ پێویستە هـەر لە منداڵییەوە خۆشـەویستی و رێـزی پێشـمەرگـەکانی کوردسـتانمـان لە دەروونی منـداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین، کە بـە ئەوپـەڕی قـارەمانێـتی و گیانبەخـشینەوە بەرگری لە سنوورەکانی خاکی پیرۆزی کوردسـتانمان دەکەن و بەرپـەچی هـێڕشەکانی نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان دەدەنەوە. بە جوانیشی دەزانین گەر پێشمەرگە بانگی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بکـرێن، تا باسی بەرگری لە کوردستان بۆ منـداڵەکانمان بکەن.
٨ـ پاراستنی ناوبـانگی کوردستان، لە کوردسـتان و لە وڵاتـانی هەنـدەران و لە بەردەم گەلانی تـردا. پێویستە منداڵەکـانمان وا فـێربکـەین، کە لە کەس قـبووڵ نەکـەن، گـاڵتە بە گـەلی کوردمـان بکەن و بە ناشـیرینی نـاوی کوردسـتانی نیشـتمانمـان بهـێـنن.
٩ـ پێویستە منداڵەکـانمان، لە کوردسـتان و لە هەنـدەرانـدا، لە بـۆنە کوردستانییەکانـدا، بەشدارییان پێبکەین، وەک: جەژنی نەورۆز، یادی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، یادی کیمیابارانی هەڵەبجـە، رۆژی ئەنفالی بەدناو، یادی راپەڕینی باشووری کوردستان، یادی ساڵڕۆژی رزگارکردنی شاری کۆبـانی پاڵـەوان. یا هـەر بۆنەیـەکی تـری کوردسـتان.
ئاڵای کوردستانمان بدەین بە دەستیانەوە، یا ئاڵای بچـووک بە بەرۆکیانەوە هەڵواسین، یا لەسەر رومەتەکانیان بە بۆیەی تایبەتی وێنەی ئاڵای کوردستان بکێشین، جوانتریشە گەر بێـتو جـلی کوردییان لەبـەربکـەین. بەشـداریکـردنی منداڵەکـانمان لـەم بـۆنـانەدا، خۆشەویستی و هەستی هـاوبەستەبوونیان بـۆ کوردستان شیرینتر و بەهـێزتر دەکەن.
١٠ـ گـرنگیـدانـێکی زیـاتـر بـە رێـوڕەسمی رۆژانـی هـەڵکـردنی ئـاڵای کوردسـتان لـە قوتابخـانەکانـدا، کە بە فەرمی رۆژانی پێـنج شەمەی هەموو هەفـتەیەک دیاری کـراوە، پێویستە لە کاتی هەڵکـردنی ئاڵاکەمانـدا، مامۆستاکان و قوتابییەکـان، بە ئەوپەڕی رێـز و شکـۆدارییەوە رابوەستن و دەستی راستیان بخـەنە سـەر دڵـیان و پێکەوە سـروودی ئەی رەقیب بچڕن. ئاڵاکەمـان سیمبولی کوردستانە و مایەی سەربەرزی و شانـازیمانە.
١١ـ دایکـان و باوکـان و مامـۆستاکـان، دەتـوانن ئـەو چـیرۆکە کوردییانە بـۆ منـداڵانی کوردمان بخوێننەوە یا بگێڕنەوە، کە بۆ منداڵانی کوردمان نووسراون، خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون لە هـۆش و خەیـاڵ و دەروونی منـداڵانی کوردمـان شـیرینتر دەکـەن.
١٢ـ هـانـدانی منـداڵەکانمان بۆ دەرخستنی بەهـرە و تواناکانیان. بە ئـازادی گوزارشـت لە ناخی دەروونیان بکەن. بە شیعـر و چیرۆک و پەخشان، یا بە وێنەکـێشان، دەتوانن سۆز و هـەست و رۆحی خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوونیان بـۆ کوردستان دەربـبڕن.
١٣ـ پێویستە منداڵەکـانمان بەو رۆحیەتە پاکە پەروەردە و رێنمایی بکەین، کە هەمیشە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان، لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بە پێویستر و لە پێـشتر بزانـن. ئەمەش گوزاشتە لە دڵسۆزی و خۆشەویستیـیان بۆ کوردستانمان.
١٤ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، پێشەنگ و نموونەی باشبن لە دڵسۆزی و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیـان بۆ کوردسـتان. تا منـداڵەکـانیان و قوتـابییەکانیان چاویـان لێبکەن. چونکە منـداڵان زیاتـر چاولـێکەرین لەوەی کە گوێ لە قـسە بگـرن.
١٥ـ منداڵەکانمان و قوتابییەکانمان هانبدەین، بۆ خوێندن و کۆششکردنی زیاتر، چونکە دەرچوون و پێشکەوتن و سەرکەوتنیان لە قـوتابخـانەدا و گەیشـتنتان بە پلە و پێگە و بە داهاتوویەکی باش. دەتوانن خزمەتی کوردستانی نیشتمانی شیرینمان بکەن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ داهاتـوویەکی گەشـتر بۆ کورد و کوردستان.
١٦ـ پێویستە لە منـداڵییەوە منداڵەکـانمان، بە ژینگەپـارێـزی و ژینگەپـاکی کوردستان پەروەردەیان بکەین. تا بزانن کە کوردستانێکی پاک و جوان، هێمایە کوردی پاکیخواز.
١٨ـ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە هەست و رۆحی خۆشەویستی خوشک و برایەتی و خۆزانینیان بە هاونەتەوەیی کورد و بە هاوکوردستانی. هاوبەستەبوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان شیرینتر دەکات، هـۆیەکی گرنگە بۆ هەستکردنیان بە هاوسۆزی و هاوکاری هـاوچارەنـووسی و بۆ بەهـێزبـوونی پەیـوەنـدی خوشک و بـرایەتی و هـاونەتـەوەییان.
پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بەم ئاراستە دروستە، بەرپرسیارێتیەکی پێویست و گرنگە، لە ئەستۆی خـێزان و قـوتابخـانە و کۆمەڵگـە و نووسەران و هـەر هەمـوو لایەکـمانە.

١٩ـ پێویستە زمانی شیرینی کوریمان لای منداڵەکانمان شیرینتر بکەین، چونکە زمانی کـوردی گـرنگـترین کۆڵـەکەیە لـە کۆڵـەکە گـرنگەکـانی نەتـەوەییـمان. هـۆی لە یـەک تێگەیشتـنمانە. کـوردی زمـانی فـەرمی گوزارشتکـردن و خوێنـدنەوە و نووسیـنمانە.
٢٠ـ پێویستە فێری منـداڵەکانمان بکەین، کە رێز لە یاساکانی کوردستان و قوتابخانە و لە داب و نەریتیە جوانەکانی کوردەواریمان و لە بەهـا پیـرۆزەکانی گەلەکەمان بگـرن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و رێـز و خۆشـەویستییان بۆ کوردستانمان.
٢١ـ گۆڤارەکانی منداڵان و کەناڵە تەلەفـزیۆنیە تایبەتییەکانی منـداڵان، رۆڵـيان هەیە لە شیرینترکردن و قـووڵترکردنی خۆشەویستی و هەستی نەتـەوەیی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردسـتان. بە داخەوە کە داڕشتن و ئامادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامەکانی کەناڵەکانی منـداڵان، لاوازن و وەکو پێویست نیـن. زۆربـەی کارمەنـدەکانیان، نابەڵـەدن لە بـواری پـەروەردە و ئەدەب و هـونەری منـداڵان و لە هـیوا و خواست و ئارەزووەکانیان. زۆر بابـەتی لاواز و سەقـەت پێشکەش دەکـەن. پێویستە ئەم کەناڵانە کۆنترۆڵ بکرێن و بە کەسانێکی شارەزای بـواری پـەروەرە و ئـەدەب و جـیهـانی منـداڵان بیان سـپـێرن.
٢٢ـ ئەو شانۆ و ئۆپەرێت و نواندنانەی کە بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسراون و جەخت لەسەر خۆشەویستی بۆ کوردستانمان دەکەن، منـداڵان خۆشـیان رۆڵـە سەرەکییەکـانی تێیاندا دەبینن، هۆکارێکی گرنگـن بۆ شیرینکـردنی خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونی منداڵەکـانمان بۆ کوردسـتانمان. سەرەڕای ئەوەش چـێژ و خۆشـیان پێ دەبـەخـشن.
٢٣ـ پێویستە منداڵان لە ملململانی و مشتومڕ و هاوبەستەبوون بۆ حیزبەکان دووربن. رەوا نییە لە جیاتی هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان، بە هاوبەستەبوون بۆ حیزب گۆش و پەروەردەیان ببکـرێن. لە منـداڵـییەوە بە ئایـدولـۆژیای حـیزبی هـۆشـیان تێک بـدەن. زۆر بە داخـەوە کە زۆربەی حـیزبەکـانی باشـووری کوردسـتان، بێتـاوانی و دڵپـاکی و ساوێلکەیی و خۆشبڕوایی منداڵانی کوردیان قـوستوونەتە و ریکلامیـان پێـدەکەن و لە خۆپێشانەکان و لە هەڵـبژاردنەکـاندا، بۆ مەبەستی خۆیان بە کاریان دەهـێنن. ئەمانەش تـاوانن و دژی مافـەکـانی منـداڵان و پـرەنسیپە رەوشتییەکـانن.
ئەمانە و چەنـدین رێگـا و شـێوازی تر هـەن. بۆ روانـدن و شیرینترکردنی دڵسۆزی و هەسـت و خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوونی منـداڵەکـانمان بـۆ کوردسـتانی نیشـتمانی شـیرین و جوانمـان. بۆ شانـازی کـردنی منـداڵـەکـانمان بـەوەی کـە رۆڵـەی کـوردن و کوردسـتان نیشـتمانی پیـرۆزیـانە.
رەزا شـوان/ نەرویـج




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی شەشەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر ئەخوازیت عاشق بیت
وەرە زمانێکی تر
بۆ خۆشەویستی بدۆزینەوە
زیندانەکانی عەقڵ
پڕ بکەین لە حیکمەتی فڕین
بە رێنووسێکی تر
خەونی ئازادیی بنووسینەوە
بە رێزمانی عاتیفە،
روانین بخەینە رستەوە
ئەگەر ئەخوازیت عاشق بیت
وەرە هەوا لە هەناسەکانی فیراق پاک بکەینەوە
بەلەمەکانی حەز
بە دەریای لەشدا بئاژوین
بە نێو هەورە رەشەکانی کولتووردا رەت بین
بە سەوزیی بەهار،
پایزی خەواڵو بهێنینە سەما


من تەنها ئەوەم ئەوێت
ژەنگاوی تەنهاییم لە چەمی بزە بشۆمەوە
گۆزە بە تاڵەکانم پڕ بکەم لە شەرابی نیگا
چاوە تامەزرۆکانم پڕ بکەم لە کلی عەشق
داڵغە وێڵەکانم بمگەیەنن بە خەونی ئەوین
من تەنها ئەوەم ئەوێت
بە کەشتی ماچ، سەفەر بکەم بۆ
ئۆقیانووسی دڵنیایی شۆخەژنێک
بە باڵی فریشتەیەک بفڕم بەرەو
باوەشی قەسیدەیەکی بۆنخۆش
بە قاچی شیعرەوە هەنگاو بنێم بەرەو
ماڵی کۆترەکانی غوربەت
بە دەستی عەشقەوە، سڵاو
لە دارستانە زەردهەڵگەڕاوەکانی سەفەر بکەم


هەمیشە دێم
بە کەژاوەی شیعر
بەرەو زەماوەندی عەشقت دێم
بە کانییەک سەرابەوە
بەرەو دەریای رازەکانت دێم
بە جەستەی شەکەتەوە
بەرەو خاچی ئەوینت دێم
بەسەر پشتی ئەسپی خەیاڵەوە
رووەو واقیعت دێم
هەمیشە دەمێنمەوە
تا خانەقای چاوە شەپۆلاوییەکانت هەبن
وەک سۆفییەکی بێ چارە دەمێنمەوە
تا شاری دڵم پڕ بێت لە پەپولەی نازت
وەک ئەستێرەی چارەنووست دەمێنمەوە
تا سێرگی ئاگرینی ئەوینت هەبێت
بەسەر تەنافی ئەڵماسیی دڵتەوە دەمێنمەوە
تا تۆ ڤینۆس بیت، لە نوێژی عەشقدا
بە کڕنووشەوە لە بەردەمتدا دەمێنمەوە


باڵندەیەکی غەمبارم
چەقۆی غەم، زمانی شیعری بڕیم،
بەڵام فرمێسکەکانم هاواریان کرد
ئەی باڵندە باڵ رەنگاورەنگەکە
بە قەد زامی ئەم دوورییە و
هێندەی مۆمە رووخۆشەکانی غوربەت
خۆشم ئەوێی
باڵندەیەکی غەمبارم
هەرچی خوێن هەیە،
لە شیعرم دەچۆڕێ
خوێنی سوور وەک خوێنی
ئەو خەونانەی بە مەلۆتکەیی سەربڕان
خوێنی سەوز وەک خوێنی
ئەو باخچانەی بە هەرزەکاریی خنکێنران
خوێنی پەمەیی وەک خوێنی خۆم
کە بە وتنی “خۆشم ئەوێی”
کەوتە مەوجدان


بێدەنگیم لە دڵتا ئەزرینگێتەوە
من کاتێک بێدەنگم، هەر ئەو کاتە
شیعرێکی پڕ لە ناڵە ئەنووسم
کە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی بە بێدەنگی
لە دڵتا ئەتەقێتەوە
منیش بە شیعرێکی تر
ئاسەواری ئەو تەقینەوە ئەنووسمەوە
ونبوونم لە رۆحتدا ئەدرەوشێتەوە
من کاتێک ون دەبم، هەر ئەو کاتە
لە سەفەردام بەرەو هێلانەی
ئەو پاسارییانەی لە خەیاڵمدا نیشتەجێن
کە شەوانی کشوماتت پڕ دەکەن
لە جریوە جریوی یاخیبوون
منیش بە ونبوونێکی تر
داستانی ئەو سەفەرە ئەنووسمەوە


دڵشکان چۆن ئەنوسرێتەوە؟
گۆزەی شکاو چۆن ئەبێتەوە
بەو گۆزە لێوڕێژە دڵخۆشەی
بەر لە شکان ئاوی لە باوەش ئەگرت و
چاوی لە کانیاوێکی شەرمن دائەگرت
دڵشکان چۆن ئەنوسرێتەوە؟
چرا شکاوەکان چۆن ئەبنەوە
بەو کانگا رووناکە نورپرژێنانەی
بەر لە شکان کۆڵانە نوتەکەکانی شەو و
تاریکی ئاسمانیان ئەدایە بەر تیشک و
لەگەڵ کازیوەدا چاویان ئەچووە خەو


وەک رەشەبا مەبە
کە بە خێرایی دێت و تێدەپەڕێت،
لە هیچ شوێنێکیش نیشتەجێ نابێت،
بەڵام دوای خۆی پریاسکەی خەون
هەڵدەڕژێت و شلۆقی جێدەهێڵێت
وەک خۆر بە، کە شەوان
لە پشتی تاریکییەوە
خۆی حەشار ئەدا و
سپێدان بە زەردەخەنەوە دێتەوە
وەک سەفەر مەبە
کە رسی هەموو ئارامییەک
ئەکاتەوە بە خوری و
نیشتمان لە خۆی زویر ئەکات
لە کۆتاییشدا
دڵی هەرچی خەیاڵە ئەیشکێنێت
وەک باخ بە، پڕ بە لە گوڵ و درەخت
سڵاوی باران بسەنەوە و
بین بنێ بە جۆگەوە
تا لەنێو سینگتدا
گوڵە یاس شین ببێت