فەیلەسوفی ناو بەرمیل “دیۆجینیۆس ” ی سەگ.. و: هاوڕێ خالید

جارێکیان ئەسکەندەری مەکدۆنی پرسیاری لە دیۆجینیۆس کرد کە بۆچی لەبەردەم گۆڕستانی شاهانە وەستاوە؟
ئەو وەڵامی دایەوە……….. ئەمە هەموو چیرۆکی دیۆجینۆسی فەیلەسوفە، کە وەک سواڵکەرێک بە جل و بەرگێکی پیس دەژیا.
دیۆجینیۆس چەکی دەستی دارێک بوو، شاڵاوی بۆ هەر کەسێک دەبرد کە لێی نزیک بووبایەوە، ئێواران پەنای بۆ بەرمیلێک دەبرد. شەهرستانی لە “المهل و النهل” دەربارەی ئەو گوتویەتی ئەو بە “ئەو دانا، بەخشندە، توند و تیژ بوو، هیچ شتێکی نە کڕی و نەیبردەوە بۆ ماڵەوە.” ئەم وتارە باسی یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین فەیلەسوفەکان دەکات.
دیۆجینیۆس (412-323 پ.ز)، هاوسەردەمی ئەفلاتون و ئەرستۆ و قوتابی سوقرات بوو، فەیلەسووفێکی بێ ماڵ بوو. یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی (سینیکا-قوتابخانەی سەگییەکان). ئەو لە بەرمیلێکدا دەژیا و لە ڕۆژی ڕووناکدا لە دەوروبەری ئەسینا فانۆسێک هەڵدەگرێت و بەدوای پیاوی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت…. بۆ ئەو بەشکۆترین پیاو ئەو کەسانەن کە ” ڕقیان لە سامان و شکۆ و خۆشییە و بەسەر هەژاری و پەنهانی و ئازار و مردندا زاڵ دەبن.” دیۆجینیۆس لەژیانی خۆیدا هەوڵیدا پرەنسیپی (خۆ-بەزاندن) پیادەبکات بۆیە وەک سواڵکردن و خەوتن لەڕێڕەوی پەرستگاکاندا ژیاوە و جلی دراوی لەبەرکردووە و بڕوای وابوو کە هەژاری یارمەتی فەیلەسوف دەدات و فێری دەکات نەک کتێبەکان. شوێن قوتابخانەی ڕەشبینی دەکەوێت کە پشت بە سروشت دەبەستن لە هەموو شتێکدا بۆ بنەماکان دەگەڕینەوە . ئەو کردەوانە پشتگوێ دەخەن کە خەڵکی ئاسایی ئەنجامی دەدەن. ئەو ڕەفتارانەی کە خەڵکی ڕاستەقینە دەکەنە ئاژەڵی سیرک کەواتە زۆرێک لەقازانج و فریودانەکانی ئەم جیهانە ڕەتدەکەنەوە. ژان مانوێل رۆبینۆ لە کتێبەکەی دیۆگێنسدا کە لە ساڵی 2020 دا بڵاوکراوەتەوە دەنوسێت: دیۆجینیۆس وەک سەگێکی سەرلێشێواو لەسەر دەستی هاوچەرخەکانی ژیاوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئاژەڵ، ئەم سواڵکردنە هەڵبژاردنێکی گریمانەیی بووگوزارشتکردن بوو لە پەیبردن و زانینی دەربارەی ژیانی هەژاران لەو کاتەدا. کە ئەمە بنەما فەلسەفیی هەبوو. ڕۆبینۆ ئەوەشی زیاد کرد کە دیۆجینیۆس بە هیچ شێوەیەک بیری لە سواڵکردن نەدەکردەوە و بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە چی ڕاست بوو چونکە لە بەرامبەر ئەو شتەی پێی دراوە بە ئامۆژگارییە فەلسەفییەکانی خزمەتی کردووە (…).بەلام لەبارەی دەرکەوتنی روخساری ڕاستەقینەی لە ژمارەیەک پەیکەردا ڕەنگی داوەتەوە، لە ساڵی 2006 لە شاری سینۆپ شوێنی لەدایک بوونی، بە چرایەک لە دەستیدا وەستاوە بە ڕیشێکی درێژ و کەڵەشێکی ڕوونەوە، جلی پۆشتەی لەبەردایە کە سەگەکەی لە تەنیشتیەەوە دەرکەوتووە. ئەم وێنەیە لە سەر دراوێکی برۆنزیش دۆزراوەتەوە کە لە دەوروبەری 100ی زایینی لێیدراوە.
ئەسکەندەری مەکدۆنی جارێک پرسیاری لە دیۆجینۆس کرد کە بۆچی لەبەردەم مەزاری شاهانە وەستاوە ؟ دیۆجینۆس وەڵامی دایەوە کە تێڕامانم لە ئێسکی پاشاکان دەکرد و هیچ جیاوازییەکم لەنێوان ئەوان و ئێسکی کۆیلەکان و تەنانەت ئێسکەکانی سەگێکی مردوودا نەدۆزیەوە ….
ئەو وێنەی ژیانی دیۆجینۆس کە لە بەرمیلێکدا بەرجەستە کراوە… بەناوبانگترین وێنەیە کاتێک قسە لەسەر ئەم فەیلەسوفە دەکرێت ئەم وێنەیە بەردەستە کە لە پەیکەر و کاری هونەریش بەرجەستە کراوە و دیارترین وێنەی وێنەکێش و پەیکەرتاشی فەڕەنسی Jean-Léon Gérôme کە لە ساڵی 1860دا کێشراوە و ئەو فەیلەسوفە وێنا دەکات. لە بەرمیلێکدا و فانۆسێکی بەدەستەوەیە و چوار سەگ لێیەوە دەڕوانن.
بەڵام ئایا بەڕاستی دیۆجینۆس لە بەرمیلێکدا ژیاوە؟
ژان مانوێل روبینۆ دەڵێت: “فێڵێکی گەورە هەیە، بەرمیل لە سەردەمی دیۆگێنسی فەیلەسووفدا بوونی نەبوو، بۆیە کۆنترین پاشماوەی بەرمیلی دۆزراوە لە تەڕاییەکاندا واتا لە (رووبرە دەریاییەکان) دۆزراوەتەوە. کە دەگەرێتەوە بۆ شوێنەوارەکانی سەدەی یەکەمی پ.ز، هەندێک سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن سەرەڕای چەند شوێنەوارێکی کۆنی (ئەیۆنیا) ” لە شەڕەکانیی (گال) (لە نێوان 58 و 50 پ.ز) و شەڕی ناوخۆی قەیسەری (لە نێوان 49-45 پ.ز) دەرکەوتووە. ئەسڵی فێڵەکە لە خراپ وەرگێڕانەوە هاتۆتە ناو دەقەکان کە لە دەقە ڕەسەنەکەدا وشەی (Pithos) وەرگێڕدراوە بۆ بەرمیل کە نادروستە چونکە وشەکە واتای گۆزەی سیرامیکی گەورە دەگەیەنێت…
دیۆجینۆس ئەسینای بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە کۆرینسیان نیشتەجێ بێت، کە یەکێک لەو شارە گەورانە بوو لەگەڵ ئەسینا لە پێشبڕکێ دابوو ، لە گرنگترین ئەڵقە و گفتوگۆکان پەیوەستبوو
لە ساڵی 336 ز.پ. ز پاشای مەکدونیا، سێیەم ئەسکەندەری گەورە ، چوو بۆ کۆرینسیان، لەوێ چاوی بە دیۆجینۆس کەوت، کە لە ناو بەتاڵی بەرمیلە داپۆشراوەکەی دانیشتبوو و لێی نزیک بوویەوە. وتووێژێکی لەگەڵ کرد . کە لە کتێبەکانی مێژوو و فەلسەفەدا بە نەمری ماوەتەوە سەرەتا ئەسکەندەر بە دیۆجینۆسی وت:
من ئەسکەندەری مەکدۆنی گەورەم
دیۆجینۆس بە هێمنی و بە دڵنیایەوە وتی: من دیۆجینۆسی سەگم
لێرە پاشا لە دیۆجینۆسی نزیک بوویەوە و گوتی:

  • دەبینم کە پێویستت بە زۆر شت هەیە و خۆشحاڵم کە یارمەتیت دەدەم، داوا بکە ، هەموو شتێکت پێ دەدەم کە دەتەوێت.
    دیۆجینۆس وەڵامی دایەوە: بەڵێ، بەری هەتاوەکەم لێمەگرە.

ئەسکەندەرسەرسام بوو بە کاردانەوەکەی و سەرسامی بە لووتبەرزی و گەورەیی خۆی کرد و بە شوێنکەوتوانی گوت کە گاڵتەیان بە فەیلەسوف کردووە: ئەم بەرمیلە پڕە لە دانایی و ئەگەر ئەسکەندەرگەورە نەبووام، حەزم دەکرد دیۆجینۆس بم. وتووێژی دیۆجینۆس لەگەڵ ئەلێکساندەر مەزن بوو بە یەکێک لە گرنگترین گفتوگۆکانی مێژووی فەلسەفی دیۆجینۆس دەیزانی کە داگیرکەرەکە فەرمانڕەوای گەورەترین ئیمپراتۆریەتی سەردەمی خۆیەتی، بەڵام ئیهانەکردنەکەی بۆ پیاوانی دەسەڵات و پارە و هەیبەتی وای لێکرد کە زۆر بوێرانە دەری ببڕێت…..
ئەسکەندەری کە هەوڵی دەدا بگاتە کۆتایی جیهان و دەریای گەورەی دەرەوە” و لە ساڵی 326 پ.ز هیندستانی داگیرکرد و پاشان دەستی کرد بە چەند هەڵمەتێکی سەربازی کە تێیدا هەمووی بردەوە و چووە ناو نیمچەدوورگەی عەرەبی و بابل و میسرەوە دەوڵەت و دامودەزگا و فەرمانڕەواکانی کە نەیاندەویست چاپیان بکەن، چونکە ڕۆژێک نیسک لەگەل رێبوارێک دەخوات و پێی دەلءت ئەگەر پاشاکانم دادگایی کرد، من نیسک ناخۆم و دیۆجینۆس گاڵتەی پێ کرد و گوتی ئەگەر نیسک بخۆم، ئەوا پاشاکانم دادگایی ناکەم.
وتووێژەکەی مێژووییەکەی دیۆجینۆس لەگەڵ ئەسکەندەری مەزن بە یەکێک لە گرنگترین وتووێژەکان لە فەلسەفییەکان دادەنرێت. بابەتی چەندین کاری ئەدەبی و هونەری بوو بە درێژایی سەردەمەکان و یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەکانی بێ گوێدانە دیۆجینۆس بۆ دەسەڵات و سامان و هەیبەت و باوەڕی ئەو کە دانایی تەنیا بە ئازادی و نزیک بوونەوەی سروشت و خودکفایی بەدەست دێت بۆ ڕزگاربوون لە خواستەکان و شادمانی و یەکسانکردنی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی خەڵک گۆڕستانی پاشایەتیش وەڵامی دایەوە کە لە سەر ئێسکی پاشاکان بیری لێ دەکاتەوە کە هیچ جیاوازییەکی لەنێوان ئەوان و ئێسکی کۆیلەکان و تەنانەت ئێسکەکانی سەگێکی مردوودا نەکردووە و مردنی سەگێک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەسێکی ستەمکاردا نییە.

جارێکیان ئەسکەندەری مەکدونی لەبەردەم قەرەباڵغیەکدا تێپەڕی، هەموو سوژدەیان بۆ برد جگەلە دیۆجینۆس، لە ئەسپەکەی هاتە خوارەوەو چوو بۆ لای و لێی پرسی: “تۆ من ناناسیت؟ دیۆجینۆس گوتی: تۆ دەناسم، پاشاش گوتی: ناترسیت لە لووت بەرزیت ؟ دیۆجینۆس وەڵامی دایەوە، بەکەم زانینی وشەکانی لە هەر کوێیەک کە هەبن، ئەوێ نیشتمانمە، ئەسکەندەر پێکەنی کە بەدوای بیری دیۆجینی دەگەرا و بیرکردنەوەکەی بەرز نزخاند.
ناکۆکی زۆر هەیە سەبارەت بە هۆکاری مردنی دیۆجینۆس هەندێک لە هاوسەردەمەکانی ڕایانگەیاند کە هەناسەی تا مردن هەڵگرتووە و گوتراوە بەهۆی ئۆکتۆپە خاوەکەیەوە نەخۆش بووە، هەروەها گوتراوە کە بەهۆی هەندێک سەگی ڕەبیدەوە مردووە و وترا تەرمەکەی لە دیوارەکانی شار فڕێداوە بۆ کوشتنی ئاژەڵە کێوییەکان لەسەر جەستەی کاتێک مرد، هەوادارانی پەیکەرێکی برۆنزیان لەسەر گۆڕەکەی دروست کرد، کە تێیدا هاتووە: “دیۆگینی شکۆی تۆ نەمر دەمێنێتەوە، ئێوە نیشانتان دا کە پیاوان بۆ خۆیان بەسە، منیش ئاماژەم بە کورتترین ڕێگا بۆ بەختەوەری کردووە”.

———————————————-
پەراوێز..

  • فەلسەفەی سینیکیزم Cynicism: ڕێبازێکی فەلسەفییە کە لە سەدەی 4ی پ.ز دا فەیلەسوفی یۆنانی ئەنتیسەنس Antisthenses ی شوێنکەوتووی سوکرات، دایمەزراوە. ئەم فەلسەفەیە ئەوە دەزانێت کە ئەو کەسە دانایە کە لە سامان و هەیبەت و هەموو ئارەزوو و مەیلەکانی ژیان بە پووچ سەیر دەکات و پابەند نییە بە هیچ پابەندییەک، بەرامبەر بە کۆمەڵگا، دەوڵەت یان خێزان.
  • ئەسکەندەری گەورەی مەکدونیا لە نێوان 336-323 پ.ز. ژیاوە



ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی-2- نووسینی: عەتا قەرەداخی

(٢-٥)

دەشێت ئایین ببێتە پایەیەکی ناسیونالیزم، بەڵام ئایا سروشتی ئەو ناسیونالیزمە چۆن دەبێت کە ئایین وەکو بیرێکی داخراو ببێتە پایەیەکی سەرەکی و چالاک و کارا تێیدا؟ ئایا ئەو دەوڵەتانەی کە بەرهەمی ناسیونالیزمی ئایینین، یان ئایین پایەیەکی بەهێزی ناسیونالیزمەکەیانە لە رووی دیموکراسی و ماف و ئازادیەکانەوە چ جۆرە دەوڵەتێکن؟
ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئایینیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ شوێنی تر دەبینرێت، ئەوە دەوڵەتی نەتەوەیی رووپۆشکراون بە ئایدیۆلۆجیای ئایینی و هەردوو رگەزی ئیتنیک و ئایین بە داخراوی مامەڵەیان لەتەکدا کراوەو فاشیزمی نەتەوەیی ئایینیان بەرهەمهێناوە. بەگشتی دەوڵەتانی عەرەبی ئەگەرچی پێشتر هەندێکیان ئیدیعای عیلمانیەتیان دەکرد، بەڵام لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەوەو لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی کە ناوی بەهاری عەرەبییان لەخۆیان نابوو، هەندێ لە دەسەڵاتەکانیان گۆڕی، بەڵام لە خراپترەوە بۆ خراپترین و ئەو رووکەشە بەناو عیلمانیەش نەماو بەتەواوی بوون بە دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئایینی، کە ئاشکرایە کۆکردنەوەی دوو رەگەز یان دوو پایەی وەکو ئیتنیک و ئایین پێکەوە خراپترین جۆری داخستن پێکدەهێنێت بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەدا کە بە پیشەسازیکردن و بەشاریبوون بە سرووشتی دروستنەبوون. لە راستیدا ناسیونالیزم لە دوو سەرچاوەوە درووستبووە، یەکەمیان سەرچاوەی خێڵ، واتە خوێن و دەمار کە گەوهەری داخراوی ئیتنیکن، لەگەڵ پایەی دووەم کە گەیشتنی هەست و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمە بەم کۆمەڵگایانە لە رێگای داگیرکردن و کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواوە.

هەروەک گەیشتنی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواو هەژموونکردنی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مێژوویەکی درەنگتردا لەچاو گەیشتنیدا بە ئەمەریکاو ئەفریقا و تەنانەت رۆژهەڵاتی ئاسیادا، دەوری هەبووە لەسەر سروشتی دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەم رووبەرە جوگرافیەدا بە کوردستانیشەوە. لەبەرئەوە کۆڵۆنیالیستی ئەوروپی زووتر گەیشتە ئەمەریکا، هەم شۆڕشی پیشەسازی لە ئەمەریکا زووتر روویداو، هەم ناسیونالیزمی ئەمەریکی پێش ناسیونالیزمی ئاسیایی و ئەفەریقایی دروستبوو، دەرکەوت. کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە ئاسیادا زووتر گەیشتە هیند، ناسیونالیزمی هیندی زووتر لە چاو وڵاتانی تری ئاسیادا گەشەی کرد. واتە هۆکارێکی تری سەرەکی دەرکەوتنی ناسیونالیزمێکی نەبەکام لە ئاسیاو ئەفریقادا رۆڵی کۆڵۆنیالیکردنی ئەم وڵاتانە بوو لە لایەن ئەوروپاوە.

وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، ناسیونالیزمی ئایینی دوژمنی سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی چینی ناوەند بێت، چونکە یەکێک لە بەرهەم و هەم هۆکارە سەرەکیەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەرکەوتنی چینی ناوەند و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییە. لە راستیدا دەرکەوتنی کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیست پەیوەندیەکی رەتنەکراوەی بە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە هەیە لە رۆژئاوا. واتە کۆڵۆنیالیزم دەرئەنجامی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە. واتە پرۆسێسی کۆڵۆنیالیزم لە دوای دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەوە دەست پێدەکات لە پێناوی فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵات و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئابووریدا.
ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە یان وەکو دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو دانانی ئەو بەرژەوەندییانە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە پێناسەکرا. لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمەوە، رەهەندو مەودای پەرەسەندن و پتەوبوونی ناسیونالیزم وەکو چەمکێک زیاتر فراوان بووەو مانای دیارو ئاشکرای وەرگرتووە. لەم بارەیەوە ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت: ناسیونالیزم پرۆسێسی پێکهاتن یان گەشەکردنی نەتەوەیە، بەها، یان هوشیاری سەربە نەتەوە بوونە، زمان و سیمبۆلیزمی نەتەوەو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەناوی نەتەوەوەو بیروباوەڕ، یان ئایدیۆلۆجیای نەتەوە، لە هەردوو ئاستی گشتی و تایبەتیدا دەگرێتەوە(٩). ئەگەر سەرنجی ئەم مانایانە بدەین کە ئەنتۆنی دی سمیس باسیان دەکات، ئەوا بەلایەنی کەمەوە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەیەمەوە ئەم مانایانەی وەرگرتووە، کە بە ئاشکرا دەبینرێت کۆی ماناکانی ناسیونالیزم پەیوەستن بە نەتەوەوە. لە ئاستی یەکەمدا وەکو گرنگترین مانایەک کە ناسیونالیزم وەریبگرێت کە وەکو ئەرکی سەرەکی ناسیونالیزمیش لە روانگەی مۆدێرنیتەوە دیاریکراوە، پێکهاتنی نەتەوەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت یەکێک لە خاسێتە سەرکی و یەکەمەکانی ناسیونالیزم بنیادنان و پێکهێنانی نەتەوەیەو بەدوای ئەوەشدا گەشەپێدان و پەرەپێدانی نەتەوە دێت. هەروەک مانایەکی تری گرنگ کە ناسیونالیزم وەری دەگرێت ئامادەکردن و پەرەپێدانی ئاستی هوشیاری ئەندامانی کۆمەڵ، یان نەتەوەیە بۆ ئاستی گەیشتن بە دروستبوونی پەیوەستبوونی بەهێز بە نەتەوەوە کە ئەوەش بە سەربەنەتەوەبوون یان ئینتیمای نەتەوەیی ناودەبرێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەک کە سەرئەنجام ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریە، بەتەواوی بارگاوی دەبێت بە مانای سەربە نەتەوە بوون، کە ئەوەش لە ئاستی قوڵدا مانای بوونی هێزێکی پتەوە بۆ بەکردارکردنی پرۆسێسی سەربە نەتەوە بوون و گواستنەوەی لە تەنیا رایەڵەیەکی مەعنەویەوە بۆ پەیوەستبوونێکی پیادەکراوی واقیعی بینراو. ناسیونالیزم هەرچۆن جەخت دەکاتە سەر زمانی دایک و سیمبوڵ یان هێمای نەتەوە، لە هەمان کاتدا مانای ئەم رەگەزانە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. هەروەها ناسیونالیزم وەکو چەمک و وەکو زاراوە مانای بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەردەگرێت. هەروەها لە خۆیشیدا، لە روویەکی ترەوە وەکو ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی جەماوەریی سەیر دەکرێت و هەر لەو رووەشەوە ناسیونالیزم چۆن وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە سەیردەکرێت، بە هەمان شێوە مانای ئایدیۆلۆجیای نەتەوەش لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ..ناسیونالیزم بە مانا نەتەوەییەکان و بە بیرو بە مەعریفەی نەتەوەیی بارگاویی کراوە(١٠).
سەرباری مەترسی ئەوەی کە ناسیونالیزم بگۆڕێت بۆ رەگەزپەرستی و فاشیزم، بەڵام روانینی تریش هەیە کە بە ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانە سەیری ناسیونالیزم دەکات و پێێوایە کە رۆڵی گرنگ دەبینێت لە بنیادنانی کۆمەڵگەی باش و تەنانەت کاریگەری لەسەر رەفتاری تاکەکان دەبێت بە ئاراستەی باش. بێندینکت ئەندرسۆن لە گفتوگۆیەکیدا باسی ئەوە دەکات کە.. ئەو ناسیونالیزمی بەلاوە پەسەندە چونکە ئەم چەمکە وەکو دیدو وەکو ئایدۆلۆجیا بەشداری دەکات لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشداو وا لەخەڵک دەکات باشتر رەفتار بکەن چونکە ئەوان دەبنە ئەندام لە کۆمەڵگەیەکدا (١١). لێرەدا ناڕاستەوخۆ و لە پشتی ئەم بۆچوونەوە ئەو تێروانینە ئامادەیە کە ناسیونالیزم رۆڵ دەبینێت لە پێکهێنانی کۆمەڵگەدا، کۆمەڵگەیەک کە سەربەبوون یان پەیوەستبوونی تاکەکانی بە سیستێمی ئەو کۆمەڵگەیەوە پتەوو بەهێزبێت و هەڵسوکەوتی ئەندامانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی رێکخراودا بێت و بە پێی رێساو نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە بێت. دیارە ئەو کۆمەڵگایەی ناسیونالیزم وای لێ بکات ببێتە کۆمەڵگایەکی باش، کۆمەڵگای دوای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە، کە ئەویش دەبێ بەلایەنی کەمەوە بووبێتە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و لەگەڵ ئەوەشدا کەلتوری ئەو کۆمەڵگایە دروست بووبێت. هاوشانی بەپیشەسازیبوون دەبێ بەشاریبوون گەیشتبێتە ئەنجام، کە ئەویش لەگەڵ خۆیدا کەلتوری کۆمەڵگەی شار دروست دەکات، کە کەلتوری دروستبوونی تاکەکەسی خاوەن شوناسە. ئەو کۆمەڵگایەی لە دوای دەرکەوتنی ناسیونالیزم و بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەو دروستکردنی نەتەوە دەبینرێت، ئەگەر بەم شێوە سروشتیە درووست بووبێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسی مەدەنیە بە کۆی خاسێتەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە. بۆیە بە پێویست دەبێت کۆمەڵگایەکی باش بێت و تاکەکانی دەگەنە ئاستێکی هوشیاری ئەوتۆ لە رووی کۆنەستەوە، وابەستە دەبن بە نەریت و رێساکانی کۆمەڵگاکەیانەوە، کە یاساو رێسای کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسە لەو رووەوە کە خاوەنی سەروەری خۆیەتی و پارێزراوە.

لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دوو ئاراستە دەردەکەوێت، کە دیارە ناسیونالیزم زیاتر لە پێناسەیەکی بۆ کراوە، بەڵام کۆی ئەو پێناسانە دابەش دەبن لە نێوان دوو ئاراستەدا، ئاراستەی بابەتی و ئاراستەی نابابەتی، کە یەکەمیان بێلایەنی پێوەدیارەو وەکو دیاردەیەک سەیری ناسیونالیزم دەکات، کە ئەوەش لەو پێناسانەی سەرەوەدا دەبینرێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا پێناسەی نابابەتیش هەیە کە زۆر بە خراپی دەڕوانێتە ناسیونالیزم و لەباشترین باریدا وەکو فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزمی نەتەوەیی سەیری دەکات و بە دوژمنی مۆرڤایەتی دەزانێت. واتە لە روانگەی نابابەتیەوە، دەشێت ناسیونالیزم وەها سەیر بکرێت کە هاوبەشە لە ئایدیۆلۆجیای فاشیزم و نازیزم و لە ئایدیۆلۆجیاو دیدی شێوەکانی کۆمۆنیزمدا کە بەگشتی ئەمانە، واتە ئەم سیانە فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزم دەسەڵاتیان بەسەر مێژووی سەدەی بیستدا کردووەو بێجگە لەوەی کە لە دوو جەنگی جیهانی گەورەدا بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیان لەناوبردووە، دیسان لە سنووری دەوڵەتەکانی خۆیشیاندا وەکو خراپترین شێوەی سیستێمی ستەمکار بێ پەروا مرۆڤیان کوشتووەو مرۆڤایەتیان لەناو بردووە. بەشێک لە توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی و مێژوو، ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی فاشی و رەگەزپەرست دەزانن و لەو روانگەیەوە پێیانوایە فاشیزم و نازیزم و دەوڵەتی کۆمۆنیزمی نەتەوەیی لە نموونەی باڵای ناسیونالیزمن.

بێگومان بەگشتی روانینی ئەنارکیزم بۆ نەتەوەو ناسیونالیزم و دەوڵەت ئەوەیە کە نەتەوەو ناسیونالیزم بەڵاو بەدبەختین بۆمرۆڤایەتی، چونکە ئاشکرایە ئەنارکیزم لە روانگەی ململانێی چینە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەیری دنیا دەکات و بڕوای بە ململانێ و جیاوازی ئیتنیکی نیەو وەکو دروستکراوی دەستەو چینی دەسەڵات و دەوڵەت سەیری دەکات، بۆ درێژەدان بە ستەمکاری. واتە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە نەتەوە بوونێکی راستەقینە یان واقیعی نیەو دروستکراوی خەیاڵە و ئەوەی بوونی راستەقینەو واقیعی هەیە چینە کۆمەڵایەتیەکانن و هەر لەبەر ئەوەش ململانێی راستەقینەو خەباتی راستەقینەش بە روانینی ئەو ململانێ و خەباتی چینایەتیە دەزانێت نەک نەتەوایەتی. ئەوەش لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە کە پێیانوایە لەناو پێکهاتە کۆمەڵایەتیە فرە چینایەتیەکاندا شتێک نیە پێی بگوترێت بەژەوەندی هاوبەش، چونکە ناشێت بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان کرێکارو بۆرژوادا، لە نێوان هێزی کارو خاوەنی کاردا هەبێت، بەڵكو بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی چینێکی کۆمەڵایەتیدا هەیەو هەر ئەو بەرژەوەندییانەش یەکێتی چینایەتی دروست دەکەن. بەڵام پێکهاتەی نەتەوە کە لە چینی جیاواز پێکهاتووە نەک بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا نیە، بەڵکو بەرژەوەندییەکانیشیان دژی یەکترە. هەربۆیە هەرگیز یەکێتی نەتەوەیی دروست نابێت، چونکە لەناو ئەو پێکهاتەیەدا هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە. هەر لێرەوە بە بۆچوونی ئەنارکیزم ئەو دروشم، یان ئەرکە سەرەکیەی کە ناسیونالیزم دەبێ بیگرێتە ئەستۆ و دروستی بکات کە یەکێتی نەتەوەییە، بێجگە لە خەیاڵ هیچی تر نیە. بۆیە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە ناسیونالیزم بێجگە لە وێرانکاری هیچی تری بۆ مرۆڤایەتی نەهێناوە. بۆ دەرخستنی روانینی دژە ناسیونالیزم، ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێت: ناسیونالیزم نەخۆشی ئیفلیجیە، سورێژەیە بۆ مرۆڤایەتی. هەروەها بێرتراند رەسڵ دەڵێت: نیشتیمانیبوون( ناسیونالیزم) ئامادەبوونە بۆ کوشتن یان بۆ کوژران لە پێناوی ئامانج یان هۆکاری پڕوپووچدا. دان فرێد دەڵیت: ناسیونالیزم وەکو ئەلکحول- خواردنەوە- وایە، سەرەتا مەستت دەکات، پاشان کوێرت دەکات، لە کۆتایدا دەتکوژێت(١٢). ئەمەی سەرەوە تێڕوانینی دژە بۆ ناسیونالیزم، کە ئێمە بە تیڕوانین یان ئاراستەی نابابەتی ناومان برد. راستە ناسیونالیزم وەکو دیاردەیەکی بەهێز لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەرکەوتووە، بەڵام هەم رێگری هەبووەو هەم خۆیشی ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و سیستێمی فاشیزم و تۆتالیتار بەرهەم دەهێنێت.

جۆناسان هێرن باس لەو شێوازانە دەکات کە ناسیونالیزم لەخۆیی دەگرێت و ناسیونالیزمیان پێ دەناسرێتەوەو کۆی ئەو شێوازانەش لەناو پرۆسێسی گەشەکردنی ناسیونالیزم و کارکردنی ناسیونالیزمدا بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی پێکدێن و پەرەدەسەنن. ئەوانیش بریتین لە: هەستکردن، شوناس، ئایدیۆلۆجیا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و پرۆسێسی مێژوویی، کە ئەمانە هاوکات روودەدەن(١٣). بێگومان ئەو شێوازانەی هێرن باسیان دەکات دابڕاونین لە کۆمەڵگاو لە راستیدا پەیوەستن بە شێوەی گەشەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، یان لە چوارچێوەی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەییدا. هێرن “هەستکردن”ی لە یەکەمدا داناوە، ئەوەش دەستپێکی پرۆسێسی دەرکەوتن یان بەرەو دەرکەوتنی ناسیونالیزمە. هەستکردنی هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی بەخۆی و بە دەوروبەری، کە ئەوەش بەرەو شێوازی دووەم دەڕوات کە پرسی شوناسە. پرسی شوناس لە سادەترین شێوەیدا، پرسیارکردنە دەرباری خۆ، کە ئەویش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە ” من کێم، ئێمە کێین، تۆ کێیی، ئێوە کێن، ئەویتر کێیە، ئەوانی تر کێن؟ تۆ و ئیوە و ئەو و ئەوانی تر پەیوەندیتان بە من یان بە ئیمەوە چیە؟” کە ئاشکرایە بنەمای سەرەکی بۆ دیاریکردنی شوناس جیاوازیە. ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا هەر گروپ و پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لە پرۆسێسی بەرەو پێکهاتندا ئەم پرسیارانە لە خۆیی دەکات.

ناسیونالیزم کاتێ دەگاتە شێوازی گەڕان بە داوی شوناسدا، مانای وایە لە قۆناغی تەنیا هەستکردن تێپەڕیووەو بەرەو قۆناغی هوشیاری دەچێت، کە لەوێشەوە ئایدیۆلۆجیا پێکدێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریی کە لەسەر بنەمای هەستکردن و هوشیاری و بەئاگابوون لەوەی کە ویستەکانی نەتەوە چین و چۆن بە ئاراستەی گەیشتن بەو ویستانە دەجوڵێت، پێکدێت. گەیشتنی ناسیونالیزم بەم ئاستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا یان نەتەوە بنەماکانی یەکبوون نەخش دەکات و شێوەی لەیەکتر نزیکبوونەوەی تاکەکان و هەستکردن بە بوونی یەک بەرژەوەندی دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی هەموویانە، واتە بەرژەوەندی نەتەوە. لەم دۆخەدا بەرژەوەندی نەتەوە لە دایک دەبێت و هەموو لە دەوری ئەو بەرژەوەندیە کۆدەبنەوەو ئامانجی پاراستنی ئەو بەژەوەندیە هاوبەشە جۆرێک لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، کە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا دەبێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئامانجی سەرکی دەردەکەوێت، کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەش بە مانای قۆناغێک دێت کە تیایدا پرۆسێسی بنیادنابی نەتەوە دەستپێدەکات کە پرۆسێسێکی مێژووییە و بە گوێرەی هەر نەتەوەیەکیش گرنگترین قۆناغە چونکە قۆناغی دروستبوون و بنیادنانە. راستە لە رووکەشدا جۆرێک لە ریزبەندی لەم چۆنێتی گەشەکردن و شێوازوەرگرتنەی ناسیونالیزمدا هەیە، بەڵام لە راستیدا کۆی شێوەکان بەناو یەکتردا چوون و لە رووی روودانیشیانەوە وادەردەکەوێت هاوکات رووبدەن. پاڵنەرو جوڵێنەری هەموو ئەم شێوانەی گەشەکردن بۆ دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەناو خودی کۆمەڵگاوە بەرهەمدێن و هێزو وزەی جوڵاندن لە پایەو بنەماکانی بەرهەمهینانی ناسیونالیزمەوە وەردەگرن.

نووسینی: عەتا قەرەداخی




فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-34.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی و چوار

ئەمڕۆ هەواڵی تیرۆرکردنی “فرانسۆ حەریری” پارێزگاری شاری هەولێر بڵاوبووەوە. ئەو تیرۆریزمەی ئێمە زووتر تارماییەکەیمان ئەبینی و لە نووسەر و چالاکە بەرهەڵستکارانەوە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ گەیشتۆتە قوچەکی دەسەڵاتداران. هەندێ ئەیانەوێ پێشوەختە یەکێتی تاوانبار بکەن، هەندێکی تر تاوانەکە ئەدەنە پەنا دەزگای هەواڵگریی بەعس، بەڵام هەردوو ئەگەرەکە زۆر لاوازن، پێموایە ئیسلامییەکان لە پشتی ئەو کردەوەیەن چوونکە هەولێر بە ئیزنی پارتی بووە بە ئەفغانستانێکی تر. دیاردەی ریش و سیواک و شەرواڵی کورت لە هەموو شتێک زیاتر سیمای هەولێری ناشرین کردووە، لە بەرانبەردا چەند جار ئاگر بەردرا لە بازاڕی لەنگە کە پۆشاکی لەنگەی ئەوروپی تیا ئەفرۆشرێ؟ چەند ژن قاچ و دەستیان تێزابڕژێن کرا؟ چەند دوکانی مەی فرۆشی و ئارایشتگای ژنان تەقێنرانەوە؟ چەندانی وەک شاپور و قابیل لە ناو جەرگی شار و بە رۆژی رووناک تیرۆر کران؟.
سێ ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ لە کاتی ئامادەکاریی مەراسیمی یەکی ئایار لە شاری هەولێر بووم، لەو ساتانەی لای شێخەڵا سەرقاڵی پۆستەر هەڵواسین بووین، لە هەموو لایەکەوە کەوتینە بەر پەلاماری ریشدارەکان بێ ئەوەی یەک پۆلیس دەنگ هەڵبڕێ، ئێمە چوار کەس بووین، من و هاوڕێ کوێستان، کە لە سلێمانییەوە هاتبووین بێدەنگ نەبووین و کەوتینە دیفاع، بەڵام ئەوان لەشکرێک بوون دەرەقەتیان نەهاتین، بۆیە داوامان کرد پۆلیس بە هانامانەوە بێ کەچی نەهاتن. هەرچی چۆن بوو بە شەڕەبۆکز و دوای فەلاقەکردنمان بە زیندوویی دەربازمان بوو. کەچی ئەبینم هاوڕێ “کاروخ” ئەڵێ خۆ من دەمانچەیەکی سمسم پێیە!! وتم دیارە تۆش وەک کابرا خەنجەرەکەت هەڵگرتووە بۆ رۆژی تەنگانە، ئیتر لەو ساتەوە نازناوی ئەو هاوڕێیە بووە بە “کاروخی سمس”.
دواتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کە لە باخچەی گڵکەند مەراسیمی یەکی ئایار بکەین، چووین بۆ بینای پارێزگای هەولێر، منیش لەگەڵ وەفدەکە بووم، چوونکە باوکم و فرانسۆ حەریری لە هەفتاکانەوە ئاشنای یەکتر ببوون. سەرەتا گلەیی ئەوەمان کرد جڵەویان بۆ ئیسلامییەکان شل کردووە، هەڵبەتە ئەویش وەک مەسیحییەک نیگەران بوو، بەڵام زانیمان سیاسەتی حزبەکەیەتی. وتمان ئەمانەوێ مۆڵەت وەربگرین بۆ مەراسیمی یەکی ئایار، بە پێچەوانەی هەموو بەرپرسانی ترەوە، وتی بڕۆن ئازاد بن چی دەکەن و چی دەڵێن!!. یەک قسەی خۆشیشی کرد وتی “جەماعەتی رەوتی کۆمۆنیست، بە خودای بەو دەمە قەرەباڵغەتان ئەتوانن هەموو دنیا بکەنە کۆمۆنیست، بەڵام بە گۆڕی بارزانی ئەبێ ئەم هەولێرە بە تۆپ و ئاربیجی بگرن”. مەبەستی لەوە بوو کەلتووری مەزهەبی و ئاینی ریشەیەکی کۆمەڵایەتی و دێرینی هەیە لە هەست و ویژدانی خەڵکی هەولێردا.
بەهەرحاڵ هێشتا چەند سەعاتێکە فرانسۆ حەریری تیرۆر کراوە، بەڵام بە رای من ئەم کارە لەژێر سەری گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکاندایە، بۆ ئەوان ئاسان نییە شارەکەیان بە دەستی مەسیحییەکەوە بێ، کە وەک هەندێ لە مەلا توندڕەوەکانیان ئەڵێن “فرانسۆ حەریری ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و بنەماڵەی بارزانییە”.! ئیسلامی توندڕەو چەندانی وەک “دکتۆر فەرەج فۆدە”یان تیرۆر کرد، بەتایبەت کە ئەو بە ئاشکرا باوەڕی خۆی بە ئاینی ئیسلام رادەگەیاند، یان چەندانی وەک “نەسر حامید ئەبوزەید” دەربەدەرکران و ئەزهەریش وتی ئەگەر “دکتۆرە ئیبتهال یونس”ی هاوسەری ئەبوزەید جیابوونەوە رانەگەیەنێت ئەوە بە زیناکار حسابی بۆ ئەکرێ چوونکە بە پێی یاساکانی شەریعەت، دکتۆر ئەبوزەید تەلاقی کەوتووە. ئینجا نموونەکەشیان رژێمی تاڵیبانە لە ئەفغانستان.
وەنەبێ لە سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی لە پارتی باشتر هەڵسوکەوت بکا، بەڵکو بەپێی رێکەوتنی تاران هەموو هەورامان و شارەزوور خراوەتە ژێر رکێفی ئیسلامییەکانەوە، هاوزەمان لە حکوومەتەکەی یەکێتی وەزیر و وەزارەتیان هەیە، هەر دوێنێ بوو کە یەکێ لەو توندڕەوانە بە تەکبیر و ئەڵاهوئەکبەرەوە لە فلکەی نالی سلێمانی دەستڕێژی کرد بە ناو خەڵکی سڤیلدا کە چەندان قوربانی لێکەوتەوە لە کوژراو و بریندار. لەولاشەوە بۆ شاباشێکی ئێران، یەکێتی کۆمۆنیستەکانی قەتڵوعام کرد بە رۆژی رووناک لە ناوەڕاستی شاری سلێمانیدا. کە رۆژنامەی “کەیهان”ی زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ستایشەوە سوپاسی قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکانی لە یەکێتی و ئاغای نەوشیروانی کرد.

18-2-2001
تورکیا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 114-118 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




کورد دوژمنی خۆی دۆستی دوژمن.. سامانی وەستا بەکر

شەڕی گەرمی براکوژی ساڵی ١٩٩٦ کۆتای هات و ڕاستەوخۆ شەڕی سارد دەستی پێکرد کە تا ئێستاش نازانرێ ئەم شەڕە ساردەی نێوان کورد بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کەی کۆتای یەت؟
بەهۆی شەڕی ساردی نێوان پارتی و یەکێتیەوە جار لەدوای جار کورد خاک، سامان، دەسەڵات، هەیبەت، شکۆ…هتد لەدەست ئەیات، هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە سلێمانی کرا بەشاری عەسابەکان و هەولیریش کرا بە دەریاچە و شارێکی ترسناک لە وەرزی باران بارینا.
“باغی داد” بەغا:
بەهۆی شەڕی ساردی نێو ماڵی کوردەوە، کورد لە شەریک و پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی عێراقەوە گۆڕا بۆ بەشداریپێکراو، بەهۆی شەڕی سارد و ناتەبای نێوان حیزبەکان و پشتکردنیان لەیەک و نزیکبوونەوەیان لە حیزبە نەیارە عێراقیەکان بۆ مافی گەلی کورد، بودجەی هەرێم نەک هەر کەمکرایەوە بۆ ٪١٢ بەڵکو هەر بەتەواوەتیش بڕا، هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە ٪٥١ی خاکی کوردستان لەدەستدرا، نەک ڕێگە بە پێشمەرگە نایرێ بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بەڵکو ڕۆژانە پۆست و پلە باڵاکان لە کورد ئەسەنرێتەوە. بەهۆی شەڕی ساردەوە چوار ساڵە شۆڤینیەکی عەرەب وەک پارێزگار بەسەر کەرکوکا سەپێنراوە، بەهۆی شەڕی ساردەوە تەعریب زۆر لەسەردەمی ڕژێمی بەعس خێراتر جێبەجێ ئەکرێ و تاوانباری سەرەکیش خودی کوردی ناتەبایە.
هەر بەهۆی ئەو شەڕە ساردەوە دوور نیە بۆ چورا ساڵی داهاتووش پارێزگاری کەرکوک کورد نەبێ، بەڵگەش بۆئەوە پارێزگاری بە وەکالەتی ئێستای کەرکوک ئامادەنیە سوێندی یاسای ئەندام پەرلەمانی بخوات، چونکە ئەگەر بەڵێنی مانەوەشی لە پۆستەکەیا پێنەیرابێ بەڵام بوێری ئەوەی هەیە کە گرەو لەسەر ناتەبای کورد بکات و لەو ڕێگەیەوە بتوانێ ئەمجارە ببێ بەپارێزگاری یاسای کەرکوک نەک بەوەکالەت، لەوەش دڵنیایە کە “پارتی و یەکێتی مردنی خۆیان و زەرەری لایەنی بەرامبەریان پێخۆشترە”.
هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە کورد ناتوانێ بەتەبایی و یەکڕیزی وەک بەرەیەکی یەکگرتوو نوێنەرایەتی گەل و کێشەکانی بکات لە عێراقێکا کە خودی کورد هاوبەشی سەرەکی دروستکردنەوەی بوو، لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار نەک خوێنی یەکتر ئەخۆنەوە بەڵکو ئێسقانی یەکدیش ئەشکێنن، هەر خودی کورد خۆی لەڕێی ڕاگەیاندن و سەردانی کردنیان بۆلای لایەنە عێراقیەکان باس لەگەندەڵی دزی و دەست پیسی یەکتر ئەکەن و بیریان ئەهێنەوە کە ئەمان چ ماڵێکن، هەرکاتێک دەسەڵاتیان لابێ کاری سەرەکیان پڕکردنی گیرفانی خۆیان و خزم و کەس و حیزبەکەیانە نەک خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
لای لایەنە عێراقییەکان یەکتری بەوە تاوانبارئەکەن ئەگەر جارێک لەجارەکان کاربەدەستی لایەنێکیان لەبری عێراقچێتی کارێکیان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانا کردبێ، ئیتر ئەوە وەک تاوان و خیانەت بەرامبەر عێراقی عروبە بیری شۆڤێنیە عەرەبە ڕەگەزپەرست و دوژمنانی سەربەخۆی کوردستانی ئەهێنەوە، کە لەڕاستیا ئەبێ ئەمە کاری ئەوان بێ لە “باغی داد” بەغا نەک عێراقچێتی بەڵام مەخابن وەک تاوان و گەندەڵی یەکتری پێ تاوانبار ئەکەن لای لایەنە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان.

سلێمانی:
سلێمانی کە لە دروست بوونیەوە شاری ڕۆشبیران و هونەر و کەڵە شاعیرانی نمونەی پێرەمێرد بووە، ئەوەی شەڕی سارد بۆ سلێمانی زیاکرد تەنها ناوێکە “پایتەختی ڕۆشنبیری” کە هیچی نەخستۆتە سەر خەرمانی پڕ و ئاڵ و دروەشاوەی شار، سلێمانی لە دروست بوونیەوە شاری هەڵمەت و بەخشین و ئازادی خوازی بووە کە جۆش و خوێنی گەرمی لاوانی شار هەمیشە بزوێنەری کۆی هەر جوڵانەوەیەکی کوردی بووە لە هەر شوێنێکی وڵاتا سەریهەڵابێ، ئەوەی شەڕی سارد بۆ “شاری هەڵمەت و قوربانی” زیاکرد تەنها گۆڕنی ناوەکەی بوو بۆ شاری تۆڵەسەندنەوە و پشت شکانی یەکتری.
بەهۆی شەڕی ساردەوە پارتیەکانی سلێمانی بەردەوام لەهەوڵی شکانەوەی زیاتری سلێمانیان و باس لەوەئەکەن ئەگەر پارتی حکومڕانی سلێمانی بوایە ئەوا سلێمانیش وەک هەولێر و دهۆک خزمەتئەکرا، بێ ئەوەی ئاگایاربن دان بەوەیا ئەنێن کە پارتی سزای سلێمانی ئەیا چونکە خەڵکی ئەو شارە دەنگ بەو حیزبە نایەن، ئەمەش خۆی لەخۆیا نەنگیەکی گەورەیە بۆ پارتی و حکومڕانیەکەی.
هەولێر:
شەڕی سارد هەولێری لە شاری مێژووییەوە گۆڕی بۆشاری خەونی چۆلەکەکان، هەولێرێک کە بە قەڵا و منارە ئەناسرایەوە ئێستا باڵەخانەی بەرزی عەرەبنشین جێگای گرتۆتەوە. شەڕی سارد هەولێری کرد بە دەریاچە، لەگەڵ هەر باران بارینێکا دانیشتوانەکەی ئەبێ لەترسی نقوم بوون ئێشک بگرن. شەڕی سارد هێدی هێدی سیمای هەولێری لە شارێکی کوردی ڕەسەنەوە بەرەو شارێکی تێکەڵ و پێکەڵ و چەسپاندنی نەتەوەی دووەم “نەتەوەی عەرەب” ئەبات. بەهۆی شەڕی ساردەوە هەولێر لەو کچە ناحەزو ناشرینانەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەچێ کە سیمای خۆیان بە مکیاج بۆ شازادەخاتوون ئەگۆڕن بەڵام لە باران ئەترسن، چونکوم ئەگەر شڵپێ ئاو بەردەمووچاویان بکەوێ دەرەکەوێ ئەوەی کردوویانە تەنها جوانکارییە، هەولێریش تەنها جوانکاری بۆکراوە تا پشانی زۆنی حیزبە ڕکابەرەکەیانی بەن کە کاری باشترکراوە بەڵام ڕاستییەکەی مکیاج کردنی کێشەکانە.
بەهۆی شەڕی ساردەوە یەکێتی و لایەنە نەیارەکانی تری پارتی لە هەولێر چاویان لەسەر دەسەڵاتداری ئەو شارەیە و لەگەڵ دەرکەوتنی هەر هەڵەیەک کۆی ئەو خزمەتگوزاری و ژێرخانەی کە بۆ هەولێر کراوە هاوتا بەسفر ئەکەنەوە، لەکاتێکا بەشێکیان بەتایبەتی یەکێتی کە سی ساڵە حوکمڕانی موتڵەقی سلێمانیەو نەیتوانیەوە چارەکێکی ئەو ژێرخان و خزمەتگوزارییەی بۆ هەولێر و دهۆک کراوە لە سلێمانیا جێبەجێی بکات، بگرە هەر پرۆژەیەک لەڕێی کۆمپانیاکەی خۆیانەوە نەبێ ئاستەنگی بۆ دروست ئەکەن.

ڕۆژئاوا:
بەهۆی شەڕی ساردی بەوەکالەت بۆ تورکیا، کورد خۆی بۆتە جێبەجێکاری کارا و سەرسەختی پەیمانی سایکس-پیکۆ، بۆ گەمارۆدان و ماندووکردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لەسەر داوای تورکیا، بەجۆرێک سنورەکان بەرووی ڕۆژئاواوە لەلایەن پارتیەوە داخراوە کە برێت ماکگۆرگ هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا ٢٣ جار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانیا کردووە لەماوەی مانگێکا تا لایەنی کەم دەروازەی سنوری سێمێلکا لە نێوان باشور بەڕووی ڕۆژئاو بکرێتەوە و خورادن و دەرمان بگاتە کوردانی ڕۆژئاوا.
١٠٠ زیاترە بەدیاری کراویش لە ساڵی ١٩١٦ کورد بەهۆی چور پارچەبوونی خاکەکەیەوە لەڕێگەی ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆوە بەدەست سنورە دەستکردەکانەوە ئەناڵێنێ. ئەگەر پێشتر لەهەر کوردێک بپرسیایە دوای ئازادکردنی هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستانی گەورە کاری لە پێشینە چی ئەبێت؟ بێگومان گوێبیستی ئەوە ئەبوویت کە سڕینەوەی سنورە دەستکردەکان کاری یەکەم و بێچەن وچوونی کورد ئەبێ. ئێستا دوو پارچەی کوردستان باشور و ڕۆژئاوا نیمچەسەربەخۆی خۆی هەیە، بەڵام بەهۆی ملکەچ بوون و جێبەجێکردنی ئەجیندای دوژمنە دێرین و مێژوویەکەی کورد، تورکیای کورد نەبین و نەویست مەخابن ئەوەی دوژمن بۆی نەکرا کورد خۆی ئەیکات لە توندوتۆڵکردن و لێیانی خەندەق و ڕژدکردنەوە لەسەر سنورە دەستکردەکانی پەیمانی سایکس-پیکۆ.
هەرچەنە شەڕی ساردی نێوان پارتی و پەکەکە جاربەجار سەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆش ئەکێشێ بەڵام ساڵانێکە شەڕی سارد زۆر بەتوندی لەنێوان و باشور و ڕۆژئاوایا بوونی هەیەو لەبری بیرکردنەوە لە لەیەکگرتنەوەی ئەو دوو پارچە کەرت و لێکدابڕاوە بەداخەوە دابڕانێکی زیاتر لە ڕابردوو لەڕێی داخستنی سنورەکانەوە بوونی هەیە.
ئەوەی دوژمن ڕاستەوخۆ لەڕێی کوشتن و سڕینەوەو داگیرکردنی خاکەوە بۆی جێبەجێنەکرێ ئەوا زۆر بەئاسانی بەبریکار لەڕێی شەڕی ساردەوە بە لایەن و حیزبە کوردیەکانی ئەکەن.
کورد دوژمنی خۆی دۆستی دوژمن.

سامانی وەستا بەکر
٢٧-١-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم




شێخ ڕەزای تالەبانی و حافزی شیرازی.. دکتۆر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

ئەوەی ئەوڕۆ دەمەوێ باسی بکەم ، بە هۆی ئەو بەرنامەیە بووبە کە ناوی ( چرپەی ئاگر)ە ، کە لە (تەلەفزێنی ڕووداو ) مامۆستای بەڕێز ( سیروان ڕەحیمی) بە هاوکاری زۆر بەڕێزی تر ئامادەی کردبوو. هه ر بەڕاستی بەرنامەیەکی چاک بوو کە دەتوانم بڵێم ، چەندین ساڵە بەرنامەی ئەدەبی ئاوام لە بارەی ژیان و شێعری شاعیرەکانمان نەدیوە ، بەتایبەت شاعێرە کلاسیکەکانمان . ئەوەی کە پێش بڵاو بوونەوەی بەرنامە کە ئاگاداری کردمەوە برای بەڕێزم (پڕۆفیسۆر دکتۆر مارف عومەرگوڵ ) ی شاعیر بوو ، کە پێویستە سوپاسی بکەم ، کە خۆشی یەکێک بوو لەو بەڕێزانەی لە بەرنامەکەدا قسەی کرد ، ئەو بەڕێزانەی هاوبەشی بەرنامەکەبوون ..دەستە گوڵێکی هه ڵبژاردەی شارەزا لە شێخ ڕەزو ژیان و شێعرەکانی ، بریتی بوون لە ژن و پیاوو کوردو بیانی و سنووری جوگرافیایەکی فراوانیان گرتبووەوە ، کە من پێموایە هه ر یەک لەو بەڕێزانە ، بۆ ئەوە چاکن بە زیاتر لە بەرنامەیەک قسە لە بارەی ژیانی شێخ ڕەزاو شێعرەکانیەوە بکەن .
ئێستا دەگەڕێمەوە خزمەت پڕۆفیسۆر دکتۆر عابد سەڕاجەینی مامۆستام و ئەوەی لە بارەی شاعیری مەزنی کورد شێخ ڕەزاو شێعرێکی شاعیری ناوداری فارس حافزی شیرازیەوە لە کاتی وانە وتنەوەی ئەدەبی فارسی دا ساڵی خوێندنی( ١٩٨١ – ١٩٨٢) لە زانکۆی بەغداو کۆلیجی ئاداب و بەشی زمان و ئەدەبی فارسی بۆی باسکردین .
دکتۆر عابد سەڕاجەدین (١)،(٢) فەرمووی : وەختی خۆی لە تاران (مجلس شعرای ایران – ئەنجومەنی شاعیرانی ئێران ) هه بوو لە تاران ، شیخ ڕەزای شاعیری گەورەی کورد ئەندامی ئەو مەجلیسە بوو . ڕۆژێک ئەندامانی ئەو مەجلیسە قسە لە بارەی شیعرێکی حافزی شیرازیەوە دەکەن و شێدەکەنەوەو هه رچی دەکەن ، ناگەنە ..قەناعەت ! زۆر دێنن و دەبەن دڵیان ئاوناخواتەوە ! دوا جار ڕێک دەکەون کە نامەیەک بۆ شێخ ڕەزای شاعیری کورد بنوووسن و ڕای ئەو لە بارەی ئەو شێعرەوە بزانن . ئەو کاتە شێخ ڕەزا لە عیراق دەبێت ، ئەو شێعرەی حافزی شیرازی کە شاعیرانی مەجلیسی شوعەرای ئیران دەیانەوێ شێبکەنەوەو تێیبگەن و ناگەنە قەناعەت ، ئەم شێعرە ناودارەی خوارەوەیە .
بلبلی برگ گلی خوش رنگ در منقار داشت
و اندر آن برگ و نوا خوش ناله‌های زار داشت
گفتمش در عین وصل این ناله و فریاد چیست
گفت ما را جلوه معشوق در این کار داشت
یار اگر ننشست با ما نیست جای اعتراض
پادشاهی کامران بود از گدایی عار داشت
در نمی‌گیرد نیاز و ناز ما با حسن دوست
خرم آن کز نازنینان بخت برخوردار داشت
خیز تا بر کلک آن نقاش جان افشان کنیم
کاین همه نقش عجب در گردش پرگار داشت
گر مرید راه عشقی فکر بدنامی مکن
شیخ صنعان خرقه رهن خانه خمار داشت
وقت آن شیرین قلندر خوش که در اطوار سیر
ذکر تسبیح ملک در حلقه زنار داشت
چشم حافظ زیر بام قصر آن حوری سرشت
شیوه جنات تجری تحتها الانهار داشت
فال حافظ فوری

پاش ئەوەی نامەکە دەگاتە دەست شێخ ڕەزای کورد ، شێخ زۆر بە جوانی و بە هونەرەوە لەسەر هه مان کێش و بە هه مان قافیە ی شێعرەکەی حافزی شێرازی وەڵامیان دەداتەوەو ماناو مەبەست و شیکردنەوەکەیان بۆ دەنوسێ . دەینووسێ و بۆیان دەنێرێتەوە، کە وەڵامی نامەکەیان دەگاتەوە دەست ، ئەندامانی – ئەنجومەنی شاعیران – ی ئێران لەتاران ، کۆدەبنەوەو وەڵامەکەی شێخ ڕەزا دەخوێننەوەو سەرسام دەبن و دەبینن ئەوەی کە شێخ ڕەزا لە بارەی شێعرەکەوە نووسیویەتی، ئەوان هیچیان بەلایەوە نە ڕۆیشتوون ! ئەوسا هه موویان پێکەوە دەڵێن : بەڕاستی شێخ ڕەزا شاعیرەو هه ر ئەویش بە چاکی لە حافزی شیرازی تێگەیشتووە .
ئێستا بە چەند خاڵێک شوێنی شێخ ڕەزا لەم ئەنجومەنە ڕوون دەکەمەوە :-
یەکەم: شێخ ڕەزا ئەندامی – ئەنجوومەنی شاعیرانی ئێران – بووە ، دیارە ئەو شاعیرانەش لە شاعیرەباش و هه ڵبژاردەکان بوون .
دووەم : هه ڵبژاردنی شێخ ڕەزا بۆ ئەندامیەتی ئەو ئەنجوومەنە ، بە هۆی ناوو ناوبانگ و ئاستی شاعیریەتی ئەو بووە.
سییەم: لەوەی کە شاعیرکانی ئێران شێخ ڕەزایان هه ڵبژاردووەو نامەیان بۆ ئەو نووسیوە ، دیارە لەخۆیان بە شاعیرترو شارەزاتر زانیوە .
پێنجەم : کە نامەکەیان بۆ شێخ ڕەزا ناردووەو کەسی تریان هه ڵنەبژاردووە ، هۆی ئەوەیە کەسیان هێندەی شیخ ڕەزا بە شاعیرو لێهاتوو و شارەزا نەزانیوە .
شەشەم: دیارە پێشتر بە کردەوە شێخ ڕەزا ئەوەی دەرخستووە کە ئەویش حافز ناسێکی باش و ئەدەبناسێکی گەورەیە .
حەوتەم: بەوەی کە شێخ ڕەزا بە هه مان کێش و هه مان قافیەوە مانای شیعرەکە یان بۆ دنێرێتەوە ، جاریکی تر شێخ ڕەزا شاعیریەتی خۆی و شارەزای خۆی لە جیهانی حافز بەتایبەت و ئەدەب بەگشتی بۆ ئەنجوومەن دەسەلمێنێتەوە
هه شتەم : لەوەی کە شاعیرانی ئێران و ئەندامانی ئەنجوومەن . کە وڵامەکەی شێخ ڕەزا دەبینن و دەڵین : بەڕاستی تۆ شاعیری و لە حافز گەیشتووی ، ئەوە بەلگەی ئەوەیە کە تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاعیرانی ئێران دان بەوەدادەنێن کە شێخ ڕەزا لەوان شاعیرترەو باشتر لە حافز گەیشتووە .
پێشنیار : .
! جا ئەگەر ئێران ئەمڕۆ چەندین ساڵە ( حافظ ٍشناسي) یان دامەزراندووەو ساڵانە لەسەر ئاستێکی جیهانی یادی دەکەنەوە ! باشە بۆچی ئێمەی کوردیش ( ڕەزا ناسیی) دانەمەزرێنین و ساڵانە یادی بکەینەوەو شارەزایانی شێعری شێخ ڕەزاو ژیانی شێخ ڕەزا لە کوردو غەیرە کورد ژیان و بەرهه مە کانی بکەنە بابەتی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەدەبی ، ئەگەر حافزی شیرازی شیعری بە فارسی و عەرەبی نووسیبێ ؟ ! ئەوا شێخ ڕەزا بە کوردی و ترکی و عەرەبی و فارسیش نووسێویەتی ! لە شاعیریەتیش دا لە رووی داهێنانەوە بە هیچ شیوەیەک لە حافز لە خوارتر نیە! ئەگەر لەسەرەوە تر نەبێت ! هه ر بۆیە شێخ ڕەزای مەزن هه ڵدەگرێ و شایانیەتی کە گرنگیەکی جیهانیی پێبدرێ ، گرنگی پێبدرێ وچاکترو زۆرتر بناسرێ و شێعرە کانی بە زمانە جیا جیاکان چاپ بکرێن و بڵاو بکرێنەوە و بچیتە نێو کتێبخانەی ئەوزمانانەی کە شێخ داهێنانی تێدا کردوون ، دیسان ژیان و شیعرەکانی بە شێوەیەکی تەواوو شیاو بڵاو بکرێتەوە، دڵنیام کە ئەوسا شێخ ڕەزا چەند جارێکی تر لە دایک دەبێتەوەو دەرگایەکی جیهانی بە ڕووی داهێنەرانی کورد دەکاتەوە، کە جارێکی تر هیچ کەس ئەو دەرگایەی بۆ داناخرێ .
لێرە بەتایبەت ڕوو لە برا کوردەکانم دەکەم لە ڕۆژهه ڵات و ئیران و دۆستانی فارسی شارەزا بە ژیانی شیخ ڕەزاو حافزی شیرازی ، کە دیارە شیخ عابد ئەم هه واڵە گرنگەی لە سەرچاوەکانەوە خوێندووتەوە یان بیستووە ، هه وڵبدەن تا ئەم ڕووداوە بە بەڵگەی زانستی و بەردەست ئەڵقەی پەیوەندی شاعیرانی کوردو فارس بکەن بە بابەتی لێکۆڵینەوەو نامەی ماستەرو دکتۆرا، ئەو شیعرە وەڵامە پڕ داهێنانەی شێخ ڕەزا بدۆزنەوەو بیخەنە سەر خەرمانەکانی داهێنانی یاشێخ . بە دڵنیاییەوە دەڵێم ، کە لە نێوان شاعیرانی کوردو فارس بە تایبەت ، شاعیرانی کوردو عەرەب و ترک ..چیڕۆک و بەسەرهاتی گرنگی ئەدەبی و لەم جۆرە هه ن کە شیاوی نووسینەوەن و شیخ ڕەزاش لە پێشەوەی ئەو شاعیرانەیە !

**
حافزی شێرازی
دکتۆر عابد سیراجەدین نەقشەبندی
**

**
(١) دکتۆر عابد سیراجەدین نەقشبندی وەک خۆی باسی کرد ، (٢٥) ساڵ مامۆستای زمان و ئەدەبی فارسی بووە لە زانکۆی تاران و شیراز ، هه ر خۆی باسی کرد دیوانی شێعری کوردی و فارسی هه بوو. مامۆستایەکی زۆر شارەزابوو ، ڕؤژێک لە تەکیا چووینەدەرەو ، لە ڕیگا لێم پرسی دکتۆر : بە هۆی ئەوەی کە ئەو ماوە دوورو درێژە لە زانکۆکانی ئێران کارت کردووەو شارەزاییەکی باشت هه یە لە زمانی کوردی و فارسی ، هه تا چەند وشەی زمانی فارسی هاتووە تە نێو زمانی کوردی ؟ ڕاوەستاو بە کەمێک سەر سوڕمانەوە ڕووی تێکردم و بەنەرمی گوتی : ڕۆڵە بڵی تا چەند وشەی زمانی کوردی چووەتە ناو زمانی فارسی ! (٢) ژیانی دکتۆر عابد سیڕاجەدین نەقشبندی
لەساڵی 1923 لە ئاوایی دوڕۆی هەورامان لە دایك بووە، لە تەمەنی 6 ساڵیدا رێی قوتابخانەی ئایینی گرتووەتە بەرو بەردەوام بووە لە خوێندن، زمانی عەرەبی و فارسی زۆر بە باشی زانیوە، تا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی بڕوانامەی دکتۆرا بهێنێت لە بواری یەکتاپەرستیدا. هەر لە سەرەتای ژیانیەوە رێگەی مەعریفە و ئەدەبی هەڵبژارد و بەردەوام بوو لە پەیداکردنی مەعریفە و زانست لە شێخانی نەقشبەندییەوەو کاریگەری زۆری شێخ ئەمین و شێخ عوسمانی سیراجەدین و بنەماڵەکەی لەسەر بووە، لەگەڵ ئەوەش کەسایەتییەکی زۆر کۆمەڵایەتی بووەو بەرهەمێکی زۆری شیعر و ئەدەبیاتی هەبووە، کە شێوەیەکی زۆر تایبەتی ئەدەبیات و شیعرەو پێکهاتەیەکی تایبەتە لە شیعرو قەسیدە بە شیوەزاری سۆرانی و گۆران و جگە لەوە بەرهەمێکی زۆری کە بە هەناسەی فۆلکلۆر نوسیوویەتی، بەڵام بەشێوەیەکی وەستاکارانەی شاعیرانە و زۆربەی ئەو کارانە کراونەتە گۆرانی بە تایبەت لای هونەرمەندان گەورەی کورد مامۆستا مەزهەری خالقی و هەندێک کاریشی لای هونەرمەندی كۆچكردو حەسەن زیرەک کراوەتە گۆرانی. شیعرەکانی فرە بابەتن و شیعری نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و عیرفانی و غەزەلی نوسیووەو یەکێک لە جوانترین قەسیدەکانی (سەرگوزەشتەی من و زوانی کورد)ەو شیعری هەر بە شیعر کۆمەڵێک شاعیرانی فارسیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە کۆتایی ژیانیدا کۆچ دەکات بەرەو حیجاز بەدوای خوێندن و زوهدی خۆیداو هەر لەوێ ساڵی 1995 ئەستێرەیەك لە ئاسمانی ئەدەبی كوردی بەرەو دنیای نەبوون كشا، چرای ژینی شاعیر كوژایەوە. دكتۆر عابدی غەریب لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە لە دونیا كۆچی دواییكردووە و هەر لەوێش بەخاك سپێردراا
*

  • دەتوانن بۆ زانیاری زیاترلە بارەی ژیانی دکتۆر عابد سەیری ئەم بەرنامەیەی قەلەندەر خانەی( تیڤی ٢٤) بکەن .
    https://www.youtube.com/watch?v=JcVAkuGr3HA*
    .



کورتەچیڕۆک/ عەرەبەکانی گەڕەکەکەی ئێمە.. رەسوڵ بەختیار

شەو بوو، لەناکاو بوو بەهەرا دەنگ بەتەواوی لەنێو کۆڵانەکە دەبیسترا، لەوکاتەی چوومە دەرەوە بینیم ئافرەتێک لەبەر دەرگا بەهەداوان خۆی لەدەستی پیاوەکەی رزگاڕ بکات، پیاوەکە کاتێک منی بینی شەرمێک دایگرت، هەر لەو کاتە باوکی کوڕەکە هەردووکیانی بردە ژوورەوە بەتوندی پێیانیگوت: شەرم بکەن، هەموو هاوسێییەکانتان هەراسان کردووە، من تا ئەو کاتە ورتەیەک لەدەمم نەهاتبووە دەرەوە، بەڵام باوکی کوڕەکە بەشەرمەوە گوتی: خۆت دەزانی ئەو دەنگە دەنگە لەنێوان ژن و مێردا روو دەدا.
هیچ قسەیەکم نەکرد، تەنیا سەرێکم بۆ لەقاند، لەچاوانی ئەو ئەوەم خۆێندەوە، کێشەیەکی گەورە لەنێوان ئەو ژن و مێردە هەیە، چەندین نهێنی پێشترە ئێستا ئاشکرا دەبێ.
دەتوانم بڵێم سەدا چلی گەڕەکەکەی ئێمە تا ئێستاش عەرەبن، بەشێکی زۆر لەوانە ئاوارە بوونە، وەک هەمان دیمەنی دوورخستنەوەی خێزانە کوردەکان بوون، لەدوای شۆڕش لەجێگە و رێگەی خۆیان دوور خرانەوە بۆ باشووری عێراق، لەچاوانی هەردوو لا دەخوێندرێتەوە زوڵم و زۆری بەم رۆژەی گەیاندوون، هەرچۆنێک ئێستا دوور لەشار و گەڕەکەکانی خۆیان نیشتەجێن.
ئەو رۆژە یەکێک لەو عەرەبانەی سڵاو لەیەکتر دەکەین، بانگی کردم و گوتی: چووم ماسی زیندوو بکڕم دوای ئەوەی داوای پاککردنەوەم کرد، کابرای ماسی فرۆش لەکاتی سک هەڵدڕینی ماسییەکە و پارچە پارچەکردنی، کەچی ماسییەکە هەر دەجوولایەوە، ئەو هاوسێییەمان لەوێ بوو ئەویش بۆ ماسی کڕین هاتبوو، کاتێک ئەو دیمەنەی بینی ئەو شوێنەی جێهێشت، کاتێک بەماسی فرۆشەکەم گوت: بۆ؟ کەچی هێچ وەڵامێکی نەدامەوە، ئێستا لەتۆ دەپرسم : بۆ؟ منیش پێکەنیم رۆیشتم، کەچی ئەو بەدەنگێکی بەرز گوتی:دەزانم ئێوە بەزاڵم و دڕندە لەئێمە گەیشتوون.
لام بوو بووە مەراق تا بزانم نێوان ئەم ژن و مێردە بۆ وا ئاڵۆزبوو، بەڵام لەهەندێک بابەت بپرسیت، هەرچۆنێک بێ زۆربەی عەرەبە نیشتەجێبووەکانی گەڕەکەکەی ئێمە منیان دەناسی، یەکێک لەوانەی منی بەهاوڕێ دەزانی، گەنجێکی باڵابەرزی رەشتاڵە بوو، بێ ئەوەی بزانی دەییبنم ماوە نا ماوە بەکۆڵانەکەی ئێمەدا داهات و سەیری ئەو ماڵەی دەکرد، رۆژێک هەر خۆی بابەتەکەی کردەوە و گوتی: دەزانم گومانم لێدەکەی، کە بەدوای شتی خراپدا دەگەڕێم، بەڵام بابەتەکە بەجۆرێکی دیکە، من کوڕە هەژارێکی شارێکی ناوەڕاستی عێراقم…خێزانی ئەو کوڕەی هاوسێتانم خۆشدەویست، ئەویش منی خۆش دەویست، چەند جارێک چووم بۆ داخوازی، بەڵام باوکی ئامادەنەبوو، هیچ وەڵامێکی خانەوادەکەی ئێمە بداتەوە، ئەو ماڵەی هاوسێتان، یەکێکن لەدەوڵەمەندەکانی شارەکەم، چەند جارێک لەو شارەی لێیهاتووین گرفتیان بۆم دروستکردووە و کەووومە نێو کێشمەکێشی پۆلیس، هەر ئەوان بەزەبری پارە ئەو کچەیان بۆ کوڕەکەیان خواست، کێشەی ئەو شەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو لەرێگە گەیشتینە بێ ئەوەی هیچ قسەیەک لەگەڵ یەکتردا بکەین، تەنیا ئەو خەندەیەکی کرد، بەچاو سڵاوی لێکردم، بەڵام ئەوم نەزانی لەدوورەوە مێردەکەی بینیوویەتی، کاتێکیش بەکۆڵانەکە تێدەپەڕم هەر تەنیا بۆ خەندەیەکە و بەم خەندەیەش دڵم ئاو دەخواتەوە و هیچ مەبەستیکی دیکەم نییە.




وردەباس.. پشکۆ ناکام

_ گەر چی زۆر دەربارەی سەردانەکەی والی تورکیا لە هەولێر بۆ ئیمارات نووسرا و باسی لێکرا ، بەڵام ڕاستی سەردانەکە. تا ئێستا شاراوەیە و ئەوەیە کە دڵخۆشی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی کڕینی” بەلەم” چوە بۆ ئیمارات بەو پێ یەی ئیمارات و خودی ئەبو زەبی لە دروست کردنی بەلەمی بچووکی ڕاوە ماسی توانایەکی باشیان هەیە ، کڕینی ئەو بەلەمانەش بۆ دابەش کردنێتی بەسەر هاووڵاتیانی هەولێرە تا ێێسلە کاتی لافاو ( یان ئ کۆبۆنەوەی ئاو کە ناوێکی تازەی داهێنراوی حکومەتە بۆ لافاو ) بەکار بهێنن بۆ هات و چۆ و گواستنەوە ، ئەو بەلەمانەش گەرەنتی دە ساڵیان لەگەڵە چونکە حکومەتی هەرێم پێ ی وانیە لە بێ پارەیی و بەتاڵی قسەکانی بتوانێ کێشەی ” ئاو کۆبونەوە ” چارەسەر بکا ، لەبەرامبەر ئەم سەفقەدەریا- بازرگانییە سەرۆکە خەم خۆرەکەی حکومەتی بێ خەمی هەرێم!! “ۆرک شۆپ” یان دەورەیەک بۆ حکومەتی هەرێم ئەکاتەوە بە ناو و نیشانی” چۆن مووچە بە چل یان پەنجا ڕۆژ دابەش ئەکرێت ” بەمەش لە جیاتی ئەوەی هەرێم ببێ بە دوبەی ، دوبەی ئەبێ بە هەرێم……….

_. سەرچاوەیەک لەبەر نەبوونی هەویە نەزانرا ناوی چیە ، وای ڕاگەیانوە کە دوای خۆ گیف کردنەوەی یەکێتی و پەیڕەو کردنی سیاسەتی خێسە بە خێسە و پاشقول بە پاشقول بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی پاشکۆی ، ئێستا گوایا لەناو پارتی و خودی بنەماڵە بۆچوونێک هاتۆتە پێشەوە کە باس کردن لە بەرنامەی یەک ڕیزیی کورد بکەن بە دوو ڕیزیی کورد ئەویش بە پێشنیازکردنی بوونی دوو کەس بە سەرۆک کۆمار ، یەکێکیان لە پارتی و دووەمیان لە یەکێتیی ، واتا سیستەمی ” هاوسەرۆکی کۆماری عێڕاق ” بێتە کایەوە بەشێوەیەک هەر یەکێکیان هەفتەیەک دەوام بکا و هەفتەکەی تر هاوسەرۆکەکەی ئەولا ، بەمەش هەر یەکەیان لە ساڵێکا بیست و شەش هەفتە سەرۆک کۆمارن ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیەکە هەنێک لە ئەهلی سنگ “سەدرییەکان” ڕازی نین بە بوونی هاوسەرۆکەکەی سەر بە بنەماڵە ، چونکە ئەو چەن ساڵانەی لە بەغا کار بەدەست بوە زۆر دەست بڵاو و هەموو قائیمە و حساباتەکانی بە”ناقیس” بوە ئەترسن ئەمجارە” کۆشکی سەلام”ی سەرۆکایەتی کۆمار ئیفلاس بکا………………..

_. لە دەوروبەری سێ سەد ساڵێک لەمەو وپێش لە بەریتانیا و دارستانەکانی ناوچەی “نۆتینگهام” داستانی” رۆبین هوود” هاتۆەتە ئاراوە و ئەو کەسە خۆی و گروپەکەی لە دارستانەکانا خۆیان حەشار یاوە و بە دزی و ڕاو و ڕوو ژیاون ،بەڵام بەشێکی زۆری دەستکەوتی چەتەییەکەی کە لە دەوڵەمەنەکای بردوە بەسەر خەڵکی هەژار و بێ دەرامەتا دابەش کردوە و لای ئەوان خۆشەویست و پاڵەوان بوە ، ئەم بەسەر هاتا ئەمڕۆ لە کوردستانا دووبارە بۆتەوە بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە ، ڕۆبین هوودەکەی لای ئێمە هەر ڕۆژەی باج و زەریبەیەک ئەخاتە سەر خەڵک و کۆمپانیا و مەسئولە وورگ زل و گیرفان قورسەکانی پێ دەوڵەمەن گەندەڵ تر ئەکا جگە لەوەی بەشێکی نەزانراوی بۆ خۆی و بنەماڵەکەیەتی ، جێ ی خۆیەتی ئەم حکومەتە بە ” حکومەتە پێچەوانەکەی نۆتینگهام” ناو ببرێ………..




سیمفۆنییە چاو بە فرمێسکەکان.. کەنعان مەدحەت

زۆری نەماوە بۆ ئێوارە
رۆژ لە دەرگای ئاوابوون بات و
پشت لە گەورە تا بچوکی خەونەکان بکات
بڵێ: گەلی ماندو و پساوی خەبات..
ماڵئاوا….

کێ دەوێرێ، لە سەنگەری شاخی هەزار بە هەزار
ببپرسێ:

  • لە هۆ و بەربوونی خوێنی
    کێ و چی و چی..
    ئەگەڕێ؟
    + لێی گەڕێن
    با ناوگەڵ و پارە و کورسی
    لێی توڕە نەبن و
    هەڵیکۆڵن و
    بیبەنە بەر دادوەری حیزبی!

چاو بە دوی
ئاڵای شەکاوەی سواری سوور لەسەر غار
دەگێڕم
دەگمەنن،
ئەوانەی چوون خۆم بشیڕێنن

  • وا لە ژێر پێ لەقەی سەربازی تورک و
    بە قوڕگیراوانی کویستانا
    باری دەرپێی کچە یەزیدیم
    لە ئابروو ئەبرێ

وشکە خوێنی شەهید کەوتووەتە هاوار
لە هۆ و
چۆنیەتی،
بەربوونی خۆی دەگەڕێ
گەندەڵێ نییە،
خۆ لە قەرەی وەڵام با و
راستییەکان چوون خۆی بڵێ

لە بێدەسەڵاتیما
گوێم لە زیق و زاقی پەرلەمانتار و
قریشکە قریشک..
چاویشم لە جرت و فرتی شاند
داخستووە
هەست بە زایەڵەی،
بێدەنگیی تەنیای خۆم نەبێ
بە چیتر نەکەم
کەچی قۆزاخەی ڕوحم
وەک کەوتبێتە سەر بڵقە ئاو
لە جوڵانێی شەپۆلە کەفاوییەکانەوە
تەماشای سەمای
فلامینکۆ/ی تێهەڵکێش بە (سێ پێیی) ئەکا
نەبا پاقژیی و
ڕەسەنایەتی فۆلکلۆری کوردیی
خۆ لە بیر بکەم

فلامینکۆ/ جۆرە سەمایەکی ئسپانییە. لە ڕەسەنا کاولێیە هیندۆئەوروپییەکان لە هیندەوە هێناویانەتە ئەندەلوس و، ئێستاش بە ئسپانی یا بە مەکسیکی ناودەبرێ.




خەونێکی هەڵکڕوزاو.. شەماڵ بارەوانی

کامە تەنهاییەو
کۆرپەی شەوە بێ نازەکانی منی
ڕانەژاندبێ

کامە مۆمەو
بەخەمەکانی من دانەگیرسابێ

کامە کەشتیە
و
بە ئازارەکانی من سەوڵی لێ نەدابێ

کامە دەریایەو قیژەکانی منی تیا
نەخنکابێ

ئیتر تەوقی
ئەو هەموو عەزابە سەرمەدیه
لەبەرۆکی شیعرەکانم
دەکەمەوەو
کراسی ئەو
نائومێدیە ئەزەلیەی
کراوەتە بەر دێڕەکانم
دەدڕێنم

چیتر
لەچاوەڕوانی خەونێکی
هەڵکڕوزاودا
نوێژی ئومێد نابەستم
و
وێردی دڵشکان ناخوێنم

ئیتر
ئەلبومی بیرەوەریەکان
لەیادگەمدا دەسڕمەوە
و
درەختی ئازارەکانم
دەبڕمەوە

ناهێڵم
چیتر
دڕکی شەوەزەنگ
لەئەرشیفی ژیانما
چرۆ بکات
و
پروشەی بارانێکی ساختە
لە سنووری هۆنراوەکانما
درۆ بکات

هەرچی تروسکەی غەریبیە
لە تاراوگەی ڕۆحما
دەخنکێنم

گەر ئەو دوو چاوەشم
بۆت بگرین
دەریان دێنم




دوو کۆپلە شیعری نەوزاد بەندی

کۆپلەیەکی درەنگ وەخت

تەنها گوڵێ لەو گوڵانە ..
تەنها دڵێ لەو دڵانەی
ئەتناردن بۆم ،
نەگەیشتە لام ..
تەنها ووشەیەک ..
یان پیتێ ، لەو نامانەی
بۆت ئەنووسیم ،
نەیدا لە دەرگام ..

ئێ خۆ منیش دار و بەرد نیم ،
دوور کەوتمەوە ..
لە چیرۆکێکی سارد و سڕ ..
لە پرسیارێکی بێ وەڵام

دەمێکە ئەمەوێ ئەمە
بدرکێنم ،
هەر نەمدرکاند
ساڵەهای ساڵە وا لە لام ..

——————————————–

هەندێ جار

هەموو دەرگاکان دابخە
پەنجەرە بکە بە دیوار ..
ڕێی یادگاریت پێ ناگیرێ
یادت دێ بۆ لام جار و بار ..

وون بوونت ، دنیای نەڕوخان
تەنها چرایەک خامۆش بوو ..
ڕوناکیی گۆشەیەکی دڵ ،
لە ناکاوا فەرامۆش بوو ..

من بێ تۆیش هەر وەک جارانم
هەر شەپۆل ئەدا ،دنیای من..
هەر پیاوەکەی بەر بارانم ..
لە جیهانێکی وەک ئاسن

لام ئاساییە ، ناڕەنجێم ..
ڕۆژێ دێ دڵیش ئەوەستێ ..
گەر گونجاوم ..گەر نابەجێم ،
ڕێکم خستی وەک هەڵبەستێ

لەگەڵ هەموو بێدادییەک
خۆم دادەنێم به قەرزاربار ..
کە تۆ بە چەند ووشەیەکت
پاییزت کردم بە بەهار

24.1.2018




نه‌رویج نابێ و ناتوانێ ڕه‌وایه‌تی به‌ تاڵیبان بدات!.. كۆمیته‌ی نه‌رویجی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٣\١\٢٠٢٢ ه‌وه‌وه‌، شاندێكی تاڵیبان گه‌یشتوونه‌ته‌ نه‌رویج. به‌پێی لێدوانی ده‌زگا به‌رپرسه‌كانی نه‌رویج، ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ و خوێندن بۆ كچان و ژنان و به‌شداری ژنان له‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی تاڵیباندا، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ناوبراودا گفتوگۆ بكرێت. وه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا نه‌ك ته‌نها نه‌رویج بگره‌ وڵاتانێكی تری ڕۆژئاواش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تاڵیباندا ئه‌كه‌ن.

بانگهێشت كردنی تاڵیبان به‌مجۆره‌ و به‌ فڕۆكه‌ی تایبه‌ت و به‌ پاره‌ی نه‌رویج، وه‌ پارێزگاری لێكردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ئاسایشه‌وه‌ كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها كرۆنی تێئه‌چێ، نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ ڕه‌وایه‌تی دان به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن نه‌رویجه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌رویج بزووتنه‌وه‌ و ڕێكخراوێكیان بانگهێشت كردووه‌ كه‌ له‌ لیستی ڕه‌شدایه‌ و به‌ چه‌نده‌ها مرۆڤیان كوشتووه‌، كه‌ له‌ نێویاندا چه‌ندین خێزانی نه‌رویجی هه‌یه‌ ساڵه‌هایه‌ ئازاری له‌ ده‌ستدانی ئازیزه‌كانیان ئه‌كێشن. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ پشت خراپترین هێرشه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌وه‌ بوون كه‌ له‌ ئه‌فغانستان ڕوویاندا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئه‌فغانستانی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، بگره‌ چه‌ندین كه‌سی ئه‌وروپی و ڕۆژئاوایی بوونه‌ قوربانی ئه‌و هێرشانه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌رویج پێی وایه‌ دانوستان وگفتوگۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌مجۆره‌دا، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان نییه‌، گرنگ و ڕه‌وایه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌رویج پێی وایه‌ تاڵیبان ئه‌توانێ میانڕه‌وتر بێت، ساویلكانه‌ و ترسناكه‌ و به‌ ئاشكرا لایه‌نگرانه‌یه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌چێته‌ خانه‌ی ڕه‌وایه‌تیدان به‌ تاڵیبانه‌وه‌. ئه‌وه‌ خۆشخه‌یاڵیه‌ وابیر بكه‌نه‌وه‌ تاڵیبانێك، كه‌ ترسناكترین هێزێكه‌‌ جیهان به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌توانێت ڕێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی ژنان و مناڵان و ئازادی و… هتد بگرێت.

كارێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌رویج كردوویانه‌ نوێنه‌رایه‌تی دانیشتوانی نه‌رویج ناكات. ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ نییه‌ پاره‌ له‌و پێناوه‌دا خه‌رج بكرێ تاڵیبان بهێنرێت بۆ نه‌رویج و ئه‌وانیش به‌ ’’ڕێز‘‘ و ’’شكۆمه‌ندی‘‘ ه‌وه‌ باس له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌فغانی و حكومه‌تی نه‌رویج و وڵاتانی تردا بكه‌ن و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ن تاڵیبانێكی باشترن!

تاڵیبان به‌ هیچ جۆرێك له‌لایه‌ن ئێمه‌ خه‌ڵكی ئازادیخواز و خێزانی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ ئازیزان و مناڵه‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌سانی مه‌ده‌نی و سێكیولاری ئه‌فغانی دانیشتووی نه‌رویجه‌وه‌ قابیلی پێشوازی نییه‌. ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی نه‌رویجی پێویسته‌ ڕێزی ئێمه‌ بگرێت نه‌ك تیرۆریستانێك كه‌ له‌ لیستی ڕه‌شی دنیادان. تاڵیبان نابێ و ناكرێ به‌ ڕه‌سمی بناسرێ.

له‌ كۆتاییدا داوا له‌ هه‌مووان كه‌ دژی تاڵیبان و به‌ ڕه‌سمیه‌تی ناسینی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یانن ئه‌كه‌ین به‌ هه‌ر شێوازێك پێیان ئه‌كرێت ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن تاكو فشار بخرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران تاكو ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان به‌ ڕه‌سمی نه‌ناسن.

كۆمیته‌ی نه‌رویجی
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

٢٥ ی جانیوه‌ری ٢٠٢٢