بوون و ھەبوون.. ھیوا محەمەد ئەمین

پرسیارە گرنگ ، مانادار و ھەستیارەکان لەنێو ھەر کۆمەلگەیەک دا ھەمیشە لەڕێگە ی جیھانبینیی بۆ دنیا ی ( بوون ) ، دێنە نێو پڕۆسە ی ژیانەوە ! واتا چەندێک کۆمەڵگە کار لەسەر سەلماندن و چەسپاندن ی پرنسیپ ی ” بەبوونکردن ” ی تاک وەکو گرنگترین و ھەستیارترین دۆز ی نێو کۆمەڵگە بکات ، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە بەپێویست دەبێتە کۆمەڵگەیەک ی چالاک ، دامەزراو و زیندو . بەبوونکردن لێرە دا دەستپێکە بۆ بەواقیعیکردنی تاک لەنێو کۆمەڵگە دا ، نەک ئەنجام . ئامانجە بۆ بنیاتنان ی کۆمەڵگەیەک ی بەختەوەر و پایەدار ، نەک کەرەستەیەک . جەوھەر و کرۆک ی دنیابینیی بوون لەئاست ی تاک دا ، تێڕوانین و تێڕامانێکی شێواز شاقوڵییە ، کە لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دا کار ی قوڵ و بەپەرۆش لەسەر دیاریکردن ، سەلماندن و چەسپاندن ی پایە و بایەخ ی مرۆڤ بەگشتیی و تاکەکەس بەتایبەتیی ، لە ئاست ی کۆمەڵگە دا دەکات . بەھەمان شێوەش بوون و ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو وەکو کەسایەتیەکی ئازاد ، خاوەن ئیرادە ، بنیاتنەر ، داھێنەر و سەربەخۆ دەسەلمێنێت . دۆز ی ” بوون ” ناوەندێک ی گرنگ و ھەستیارە بۆ سەرجەم باس و خواستەکان ی نێو کۆمەلگە ، کە زۆرێک لە دیدگە و کایە فەلسەفیی ، ئەدەبیی ، ھونەریی و مێژوییەکان کە ئامانج تیایان دا ئازادکردن ی مرۆڤە لە بەربەستەکان ، بەرەوخۆی کێش دەکات ! لێرە دا نمونەیەک بەئامانج دەگرم ، تاکو لەوڕێگەیەوە بتوانم مەفھوم و جیھانبینی دنیای ” بوون ” و پڕاکتیزەکردن ی پڕۆسە ی ( بەبوونکردن ) لەنێو کۆمەڵگە دا بەرجەستە بکەم
لە پڕۆگرام ی خوێندن ی پۆل ی یەکەم ی بنەڕەتیی وڵاتێک ی دیموکراسیی و پێشکەوتوو ی وەک ئەڵمانیا دا یەکەم وشە و ڕستە کە منداڵ ی پێئاشنا دەکرێت : ( من ، منم – تۆ ، تۆیت ) ە ! ئەم ڕستەیە لە ڕواڵەت دا منداڵانە یان زۆر سادە و ساکار دێتە پێش چاو و بەر زەینمان ، بەڵام لە ناوەڕۆک دا دەشێت فەلسەفەیەک ی گرنگ ی کۆمەڵایەتیی و مێژویەک ی پڕکێشە ، ئاڵۆزیی و ململانێی مرۆڤایەتیی تیای دا بەرجەستە بووبێت لە سادەترین شڕۆڤە و تێگەیشتن بۆ ئەو ڕستەیە ئەوەیە ، کە ھەم من بوونم ھەیە و ھەمیش تۆ . لێرە دا من – تۆ بەپێی سروشت ی مرۆڤایەتیی خۆیان ھەڵگری دوو جەمسەر ی ناکۆک و دژبەیەکن ، بەڵام پەیوەندیەکی دیالێکتیکیانە ھەردوولا ی دژبەیەک و ناکۆک پێکەوە گرێ دەدات.

لەنێوان من – تۆش دا بەڵام پرنسیپێک بوون ی ھەیە ، کە باوەڕبوون ، داننان و قبوڵکردنی یەکتریە وەکو واقیعێک ی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەتێگەیشتن و تێڕامانێک ی دی بۆ ئەو دەربڕینە ئەوەیە ، کە ” من ” منێک ی جیاوازم و ” تۆ ” ش بەھەمان مەفھوم تۆیەکی جیاوازیت . لەنێوان من – تۆ ش دا دەشێت بەڵام توانا ی ئەوە ھەبێ ، کە سروشتی جیاوازییەکان بکرێنە خاڵ ی یەکانگیریی و ھاوبەش ، تاکو لەڕێگەیانەوە ئەو ئامانج و ئەنجامانە بەدەستبێت کە بەلایەنی کەمەوە بتوانن دوو دراوسێ ی باش بۆیەکتری بن . واتا کێشانکێش ، جەمسەربەندیی و سروشت ی جیاوازیی و ململانێکانی من – تۆ دەشێت و دەگونجێت کە بکرێنە بنەمایەک ی پتەو ، بەڵام زۆر سادە بۆ پێکەوەژیانێک ی ڕاستەقینە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی ھەر کۆمەڵگەیەک دا . کار و ئەرکی کۆمەڵگە ی دیموکراتیی و شارستانیی ، جەختکردن و پێداگیرییە لەسەر بنیاتنان و دروستکردنی کەسایەتیی و سەلماندن ی بوونی( من ) وەک ناوەندێک ی گرنگ لەنێو کۆمەڵگە دا . کۆمەڵگەیەک ی لەوجۆرەش ، بەپێویست توانا ی ئەوەی دەبێت ھەبێ ، کە بوون ی من و بنیات ی کەسایەتیی من وەک بوون و کەسایەتیەکی ئازاد ، سەربەخۆ ، خاوەن ئیرادە ، چالاک ، بەرھەمدار ، داھێنەر و ڕۆڵبگێڕ ئاوێتە بە دنیابینیی و کۆی دەزگا و دەمەزراوەکانی خۆی بکات ، تاکو زەمینە ی ئەوە بڕەخسێت کە کۆ ی سیستەم ی سیاسیی ، ئابوریی ، کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریەکان بخرێنە خزمەت بەرژەوەندیی من و ھەر تاکێک ی وەکو منەوە .
بچوککردنەوە و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و کۆی ئەو سیستەم و دامەزراوانە تاکو ڕادە و ئاستی ئەوەی کە تاک گرنگترین و شایستەترین بەشی کۆمەڵگەیە ، دەشێت باشترین مێتۆدێک بێت بۆ پاراستن ، سەلماندن و چەسپاندنی من و بوونی من وەک تاکێک ، و دەستەبەرکردن ی مافەکانی ھەر تاکێک ی تر و پاراستن ی ھاوسەنگیی ئاساییش و ئارامیی بۆ سەرجەم کۆمەڵگە . لە ھەلومەرجێک ی وەھا دا تاک دەبێتە بوونێک ی ڕیالیستیی و خاوەن ڕۆحێک ی ئازاد ، مانادار ، کرۆکدار و مێژویی ، لە ھەمان کاتیش دا فاکتەرێک ی گرنگ و کاریگەر بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە . بەرھەمھێنان ی مرۆڤ ی ئازاد ، دروستکردن ی خەون و ئیرادەیە لە بوون ی کەسایەتیی ئەو دا ، مرۆڤ ی ئازاد کاتێک لە ناخ و ویژدانی دا خەونێک چەکەرە دەکات ، ئەوا خەونی ئەو خەونێک دەبێت بۆ ژینگە ، خزمەت بە نیشتیمان ، دادپەروەریی ، ئازادیی ، پاراستنی ماف ی مرۆڤ و ڕێزگرتن بۆ ژن و منداڵ و ….تاد

لەپەیوەست بەو بابەتە دا، کۆپلە شیعرێکی شەھید مەلا عەلی بەناو ی ( سێدارە ) دەکەینە نمونەیەک بۆ پێشاندان و بەرجەستەکردن ی ئەو خەسڵەت ، خەون و ڕۆح ی ئازادە ی کە شاعیر ی لەسێدارەدراو لە بوون ی کەسایەتیی ڕاناو ی ” من ” دا دەخوازێت وەسفی بکات:

بەشم چونکە مردنی ناوجێ نیە
شادم کە تا دواھەناسەش بەپێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێ سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزیە کە پێڵاوم ئەبینم
بەسەر سەری دوژمنەوە لەبەرزین

لێرە دا شاعیر باس لە دوو دنیا ی جیاواز ی ” ژیان ” و ” بوون ” دەکات ، ژیانێک کە بۆ ھەمووانە و دەبێت لەپێناوی جوانکردن و بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێک پێی ، قوربانی بدەیت ، بوونێکیش کە پێویستە لە ناخ و کەسایەتیی ” من ” دا خەسڵەت ی مرۆڤێک ی ئازاد ، بەئاگا ، ژیاندۆست و خۆنەویست ، کە ناخوازێت ژیانێک ی پوچ ، بێناوەڕۆک و بێخەسڵەت بژێت ، بەرجەستە بکات . لێرە دا دەگەینە ئەو ئەنجامە ی ، کە جیھان ی ( بوون ) لە گۆشەنیگا و ڕۆژنە ی فەلسەفە ی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتیی دا ، جیھانێکە کە مرۆڤ بە خەسڵەت ی ڕەوشت ، پاکیی ، وەفا ، خەون ، ھەڵوێست ، ڕۆح ی ئازاد و ھەست ی مرۆڤبوون بارگاویی دەکات . بێبایەخکردن و بێکاریگەرکردن ی فەلسەفە ی بەبوونکردن ی تاک و کەسایەتیی تاک لە کۆمەڵگە دا ، زەمینە ساز دەکات بۆ بچوککردنەوە و بێبەھاکردن ی من ی تاک ، تاکو ڕادە و ئاست ی کەسایەتیەک ی لاواز ، بێبایەخ ، بێبەرھەم ، فەرامۆشکراو ، بەکاربەر ، بێکرۆک ، بەپاشکۆکراو ، بەکەرەستەکراو و بەدیسپلینکراو . زەمینەسازبوون بۆ بنیاتنان ی کۆمەڵگەیەک ، کە تاک تیای دا بێبەھا ، بێکاریگەر و خاڵیی لە ڕۆح ی ئازاد و ئیرادە بکرێت ، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە جەستەیەکی بێگیان ، کە لە دواجار دا و بەتێپەڕبوون ی کات کۆتایی بەبوونی خۆی و ڕۆژگاری خۆی دەھێنێت . ماک یان ھۆکاری سازبوونی ئەم زەمینەیەش ھاوجووت و ھاوتەریبە لەگەڵ سەرھەڵدان و ھاتنەکایە ی جیھانێک کە ڕێک ناتەبا و دژبەر ی جیھان ی بوونە ، ئەویش جیھان و دنیابینیی ( ھەبوون )ە.

ھەبوون لە سادەترین پێناسە و واتا دا، بریتیە لە ھەر شتێک ی مادیی کە مرۆڤ ئارەزو ی ھەبوون ی دەکات . شێواز ی تێڕوانین و تێڕامانی دنیابینیی جیھان ی ( ھەبوون ) شێوازێک ی ئاسۆییە کە یەک بوعد و تاکلایەنانە بۆ بوون ، ناخ ی کەسایەتیی مرۆڤ ، کۆمەڵگە، مێژو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان ، دەڕوانێت . لێرە دا ژیان وەک ھونەرێک وایە و ھەر جیھان و دنیابینییەک بەجۆرێک لێیدەڕوانێت و مامەڵە ی لەگەڵ دا دەکات ! مامەڵە ی دنیابینیی بوون گەڕانە بەدوای دیوە ستاتیکیی و ڕوناکیەکەی مرۆڤ ، واتا ئەو خەسڵەتە مرۆڤایەتیی و مۆڕالییە ی ، کە پێویستە کەسایەتیی مرۆڤی لەسەر بنیاتنرابێت . بوونی خەسڵەتێکی وەھایشە کە دەتوانێت کۆمەڵگە ئاراستە ی ئارامیی و بەختەوەریی بکات . دنیابینیی ھەبوون بەڵام لەسەر ( شت ) ەکانە ، واتا ئەو شتە مادیانە ی کە مرۆڤ بێبڕانەوە و بێکۆتا ئارەزوی خاوەندارێتیان دەکات . کورتکردنەوە و ساخکردنەوەی ڕۆح ، کرۆک ، ئیرادە ، ڕەوشت و بەھا ی مڕۆڤ لە دنیا ی بازاڕ و خاوەندارێتیی دا ، جگە لە کردنی مرۆڤ بەکۆیلەیەکی دنیا ی بازاڕ ھیچی تر بەباڵای دا نابڕدرێت .
ئەگەرچی دنیا ی ھەبوون خاوەنی تێڕوانین و تێڕامانێک ی سادە ، ڕوکەش ، تەمبەڵ و بێخەسڵەتە بۆ گشت کۆمەڵگە و کۆ ی مرۆڤایەتیی ، بەڵام ھێز ، تین و گوڕی ئەوەی تێدا ھەیە ، کە دەرگا ی جیھانێکی ئاڵۆز ، کێشەدار و شێواو بەڕوو ی کۆمەڵگە دا واڵا بکات ، بەجۆرێک کە مرۆڤ ئاسان نەبێت بە شەقڵ و خەسڵەتی خۆیەوە توانای بەدەستھێنانی ھێز و ڕۆڵگێڕانی ھەبێت .
جیھان ی ( ھەبوون ) لە دید و تێڕوانینی خۆی دا بۆ کۆمەلگە و مرۆڤایەتیی ، کار لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک دەکات ، کە لەسەر سێ ستون و پایە ی موڵکدارێتیی ، دەستەڵات و قازانج بنیاتنراوە . لێرە دا تۆ چەندێک لە ڕوبەر و پانتایی دنیا ی ھەبوون دا توانا و وزە ی خۆت بەگەڕبخەیت ، ھێندەش دەتوانیت دەستەڵات لەنێو کۆمەڵگە دا بەدەستبھێنیت . دەستەڵات بەڵام بۆئەوەی بەردەوامیی بەخۆی بدات ، دەبێت ھەم خاوەنی پاشخانێک لە دنیای فەلسەفەی ھەبوون بێت ھەمیش خاوەنی بازاڕێک ی سیاسیی و ئابوریی بێت ، ئاش ی ئەم بازاڕەش تەنیا بە باراشی سەرمایە و قازانج ھەڵدەسوڕێت . ئەم ھاوکێشەیە دەمانگەێنێتە ئەو باوەڕ و ئەنجامە ی ، کە ئەگەر بخوازیت چەندێک بەختەوەر و ئاسودە بیت ، دەبێت بەھەمان بڕ و ئەندازەش خاوەن ی موڵک و سامان بیت ؟! پرسیارە گرنگەکە لێرە دا بەڵام ئەوەیە کە ، ئایا بەڕاستیی خەرمانێک لە پارە و سامان دەتوانێت مرۆڤ ئاراستە ی دنیا ی خۆشبەختیی و بەختەوەریی بکات ؟! کێشە ، گرفت و ئاڵۆزییەکە لێرە دا ئەوە نیە کە وەڵام بە بەڵێ یان نەخێر بێت ، بەڵکو لە دوورکەوتنەوە ، نائامادەیی و شوێنبزربوونی دنیا ی بوون و پڕۆسە ی بەبوونکردنی مرۆڤە لە واقیعی کۆمەڵگە دا. ئاڵۆزیی و گرفتێک ی دی لە جیھان و دنیابینیی ( ھەبوون ) دا ئەوەیە ، کە چەندێک خواست و ئیشتیھا بۆبەدەستھێنان ی دنیای ( ھەبوون ) زیاتر بێت ، بەھەمان ئەندازەش ڕۆحیەتی مرۆڤبوون ، و نرخ و پێگە ی عەقڵ و ئاوەزیش دادەبەزنە ئاستێک ی نزم لە جیھان ی غەریزەکان . ئالێرەدایە کە دەبێت ئیدی زەنگ ی مەترسیەکان لەسەر پاشەڕۆژ ی تاک و کۆمەڵگە لە ھۆش ، ئاوەز و بوونی ئێمە دا بزرنگێتەوە ! ئا لەم وەرچەرخانە مێژوییەدایە ، کە خۆر ی دنیای من وەک بوونێک ی مۆڕالیی ، گرنگ و شایستە لە ئاسۆوە ئاودیوی دنیای تاریک ی جیھانی ( ھەبوون ) دەبێت !! لەسەرھەڵدان ی ڕۆژگارێکی وەھادایە ، کە ” من ” ی کاریگەر ، داھێنەر و خاوەن ئیرادە و ڕۆح ی ئازاد دەبێتە کاراکتەرێکی بێڕۆح ، بەکاربەر ، کۆیلە و بێئیرادە . مەترسیدارترین قۆناخی مێژویی ھەر کۆمەڵگە و شارستانێتیەک لەوێ دا دەستپێدەکات ، کە جیھان ی ” ھەبوون ” باڵادەستیی و دەستەڵاتی خۆی بەسەر کۆ ی کایە و جومگەکانی جیھانی ( بوون ) دا بسەپێنێت . شێرکۆ بێکەس لە قەسیدە ی ” ئێستا کچێک نیشتیمانمە ” دا ئاماژە بۆ ئەو مۆتەکەیە ی جیھان ی ( ھەبوون ) دەکات ، و لە جەستە ، ڕۆح و ناخ ی کۆمەڵگە ی کورد لە باشور ی کوردستان دا بەرجەستەی دەکات :

ئەوا ئەمڕۆش پێڵاو ی لاستیک زێڕینە و
ڕوبار ئەکڕێ و
شاخ ئەفرۆشێ و
ئەیەوێ دەریاچە قوت دا و .
تەماعی کردۆتە مانگ و
داوادەکا بۆی داگرن

لەم ھاوکێشە و جیھانە ترسناک و نوێیە دا مرۆڤ ی ئالودەبوو بە دنیا ی ( ھەبوون ) ، ناتوانێت خاوەنی ھیچ ئامانج و مۆڕاڵ یان خەونێک بۆ مرۆڤایەتیی بێت ! مەفھومی ” من ، منم – تۆ ، تۆیت ” چیتر بایەخ ، گرنگیی و کاریگەریی خۆی وەکو بەھایەکی مرۆڤایەتیی ، ئەخلاقیی ، مێژویی و یاسایی لەدەستدەدات ! چ ” تۆ ” یان ” من ” وەک تاک ، کەسایەتیی و مرۆڤێکی سروشتیی ، سەربەخۆ و خاوەن ڕەوشت و ئاکار ی بەرز و باڵا دەبنە موڵک و خاوەندارێتیی ئەوانی دی ، و لەوەش ترسناکتر ئاوێتە و بارگاویی بە جیھان ی پوچ ، بێناوەڕۆک ، بێڕۆح و بێمانا ی دنیا ی ( ھەبوون ) دەبن . مەترسیەکان ی دنیا و جیھانبینیی ھەبوون تەنیا لەچوارچێوە ی موڵکدارێتیی دنیا ی ” شتەکان ” دا نیە ، بەڵکو لەوێدایە کەدەستەڵات بەدەستدەھێنێت ، دەستەڵاتێک ، کە نەک ” تۆ ” یاخود ” من ” وەک تاک ، کەسایەتیی و مرۆڤێک ، بەڵکو سەرجەم ڕەگەز ، پێکھاتە ژیاریی و سامانە مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەش وەکو ڕەوشت ، کردار ، ئەڤین و ئەڤینداریی ، ئیرادە ، ماف ، ئیمان و ئیماندارێتیی ، شەڕع و ئایین ، زانین و زانیاریی ، ھونەر ، ئەدەب ، داد و دادگەریی ، و تەنانەت مێژو ، شارستانێتیی و سەروەرییەکانی کۆمەڵگەش دەخاتە ژێر ڕکێف و کاریگەریی جیھان ی ( ھەبوون ) ەوە . کۆمەڵگە ی کورد لە باشور ی کوردستان ڕێک لە بار و دۆخێک ی وەھا دا ڕۆژگار ی خۆی بەڕێدەکات . نابێت پێمان سەیر و سەرسوڕمان بێت ، کە لە جیھانبینیی و دنیا ی ” ھەبوون ” دا کە کوڕە مەسئولێک ی دەوڵەمەند و ساماندار داوا لە کچێک بکات کە دانەوێتەوە و پێڵاوەکانی ماچ بکات . واتا کێشە ی مرۆڤ ی کورد لەمڕۆ دا بەتەنیا ھێندە نیە کە برسیی و نەبووە ، بەڵکو لەوەش خراپتر و کارەساتبارتر ئەوەیە ، کە پێناسە ، بوون ، بەھا و ڕوناکاییی ئەو وەک تاک و کەسایەتییەکی ئازاد ، خاوەن ئیرادە ، بەھرەدار ، داھێنەر و خاوەن ڕەوشتڕی بەرز و باڵا ، بێبایەخ دەکرێت و ماڵئاوایی لە دنیا ی ” بوون ” دەکات ! لە دنیا ی ” ھەبوون “یش دا فەرامۆش دەکرێت و بۆ دواجاریش ئەستێرە ی درەوشاوە ی دنیا ی ” بوون ” ی ئەو دەکوژێتەوە .

ھیوا محەمەد ئەمین
22.1.2022




چاپی نوێی چراكانی نیشتمان نوسینی: خه‌لیل عوبدوڵا.. خوێندنه‌وه‌ی: سه‌لاح جه‌لال

(چراغی فیكری رووناكی، له‌هه‌ر شوێنێ كه‌داگیرسا
شه‌وی تاریكی وه‌ك رۆژه‌، خه‌راباتی گوڵستانه‌).(بێكه‌س)

ده‌ست پێكردنی كتێبی(چراكانی نیشتمان) به‌م دوو رسته‌ شیعرییه‌ی شاعیری ناوداری كورد بێكه‌سی نه‌مر ده‌ست پێده‌كات، واتای جۆشدانی جه‌ماوه‌ر بۆ مه‌عریفه‌و داگیرساندنی چرای مه‌عریفه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی شه‌وانی تاریكی و جه‌هاله‌ت، ئه‌م په‌رتوكه‌یش كلتوری بێۆگرافی كه‌سایه‌تییه‌ كلتورییه‌كانه‌و هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری له‌خۆی گرتووه‌، له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی به‌گرنگی له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌رو مه‌عریفه‌كاندا كاریان كردووه‌، به‌شێوه‌ی ئینسكلۆپیدیا رێكخستنی بۆكراوه‌، ئه‌م زانسته‌یش له‌سه‌ر ئاستی جیهان جێگه‌ی بایه‌خه‌و پێك دێت له‌زانستێك یان كۆمه‌ڵێك زانست. یان په‌رتوكێك، یان كۆمه‌ڵێك په‌رتوك هه‌ڵگری زانیاربن له‌سه‌ر ژیان، یان پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی. به‌كورتیش ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی ده‌رخستنی نهێنی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانه‌. ئه‌م په‌رتوكه‌یش به‌پێی زنجیره‌ی پیتی ئه‌لف و بێی كوردی رێكخراوه‌و به‌رگی دووه‌می ته‌واوكه‌ری به‌رگی یه‌كه‌مه‌، له‌ساڵی 2017 روناكی سه‌دو هه‌شتاو سێ چراوه‌ چاپكراوه‌و ئه‌م به‌رگه‌یش سه‌دو حه‌فتاو یه‌ك چرایه‌و به‌هه‌مویان سێ سه‌دو په‌نجاو چوار چران، چراكانیان كردووه‌ به‌ چراخانی ماڵی شا، دیاره‌ نوسه‌ر ماندووبون و به‌دواگه‌ڕانی زۆری بینیوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو چرایه‌ له‌هه‌موو كون و قوژبنێكی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گرتۆته‌وه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكانی مه‌عریفه‌دا كاریان كردووه‌، هه‌ر له‌ بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانسته‌كانی تر وه‌ك مێژوو كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ هه‌تا بیری ئایدۆلۆژی و خه‌باتی سیاسی.
یه‌كه‌م پیت له‌و چرایانه‌ شه‌هید ئارامه‌، له‌دوای به‌شداری كردنی له‌ شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ ئه‌ندازیاری سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی نوێ و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجدوه‌رانی كوردستان داده‌نرێت، ساڵی 1972و ساڵانی دواتر وتاره‌كانی له‌سه‌ر بیری شۆڕشگێڕی له‌رۆژنامه‌ی هاوكاریدا بڵاو كردۆته‌وه‌و ساڵی 1982 مه‌لا به‌ختیار پێشه‌كی بۆ نوسیوه‌و كردوێتیه‌ كتێبكێك به‌ناوی( ئارام و بیری ئینته‌رناسیونالیستی) بڵاویكردۆته‌وه‌. به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كانی به‌ناونیشانی(هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌نوسینه‌كانی شه‌هید ئارام) سالار عه‌زیز پێشه‌كی بۆ نوسیوه‌و له‌ساڵی 1980دا بڵاوی كردۆته‌وه‌.. ساڵی 2007یش محه‌مه‌د عه‌بدول كه‌ریم سۆڵه‌یی هه‌موو نوسینه‌كانی له‌دووبه‌رگدا بڵاوكردۆته‌وه‌. به‌كورتیش ئارام چرای خوێنی شۆڕشگێڕان بووه‌ به‌ جه‌سته‌و بیرو نوسینه‌كانی تین و وزه‌ی به‌ شۆڕشگێڕان داوه‌و هه‌تا ئێستایش له‌دڵی خه‌ڵكدا زیندووه‌و له‌گوندێكدا شه‌هید كرا جگه‌ له‌ نوسین و بیرو رێبازه‌كه‌ی و چه‌ند قه‌وانه‌ فیشه‌كێك نه‌بێت هیچی تری له‌ دوا به‌جێ نه‌ما. ئایا ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی چرای چراكان بوو نابێته‌ چرا؟!
دوای ئه‌و ئازاد خانه‌قینییه‌، یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای خانه‌قین و تیپی مۆسیقای شه‌هید كارزان له‌ شاخ و سرودی به‌رگری(ئاسوده‌بن و كه‌ڵكی قه‌یوان)ی گوتووه‌و كتێبێكی دیكۆمینتاری مێژوی راگه‌یاندنی یه‌كێتی نوسیوه‌.
چرایه‌كی تر ئازاد شه‌وقی به‌تابلۆكانی و گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌رو پێگه‌یاندنی سه‌ده‌ها هونه‌رمه‌ند و كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌و هه‌تامردنی چرای هونه‌ری له‌بواره‌كاندا گڕپێداوه‌.
چرایه‌كی تر ئازاد هه‌ورامی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی بووه‌و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ تفه‌نگه‌كه‌یدا گیتاره‌كه‌ی به‌كۆڵه‌وه‌ بووه‌و له‌و ساته‌ی شه‌هید بووه‌ سرودی رێی خه‌باتمانی گوتۆته‌وه‌.
چرایه‌كی تر ئاسۆ عومه‌ر سواره‌یه‌، هونه‌رمه‌ندی شانۆو فیلمی سینه‌مایی و كاراكته‌ری وێنه‌ دانسقه‌ ئاڵتونیه‌كان و نوسه‌ری كتێبی سلێمانی و خاكی و پێنجوێن و مه‌مله‌كه‌تی گڵه‌زه‌رده‌ بووه‌و(سنوور و ره‌به‌ند) دووكتێبی تری چاپ نه‌كراویه‌تی وكتێبی ئه‌وێنی ئاسۆو خه‌ڵك له‌دڵی هه‌موو كه‌سێكدا به‌زمانی هێرۆگلۆفی چاپكراوه‌.
له‌وه‌وه‌ له‌ أ ب هه‌وری و د. ئه‌به‌به‌كر خۆشناوو ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گه‌وه‌ هه‌تا ئه‌حمه‌د خواجه‌و ماموستا ئه‌حمه‌د سه‌لام و ئه‌حمه‌د شه‌مال)هه‌ریه‌كه‌یان چرایه‌ك بوون. دوای ئه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی عه‌زیز ئاغامان نیشان ده‌دات كتێبی ئه‌لف و بێی كوردی بۆ خوێندكارانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی داناوه‌. له‌وێوه‌ ده‌چێته‌ باكوری كوردستان و مۆزیكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د كایا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت و دێته‌وه‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د موحه‌مه‌د به‌شیعری گۆرانی تێكه‌ڵیان ده‌كات. پاشان ئه‌حه‌مه‌د موختار به‌گی جاف كه‌سایه‌تی ناودار له‌بواری سیاسی و ئه‌ده‌بیدا. له‌م چرایانه‌وه‌ چرای ئه‌حمه‌د هه‌ردی دێت، چرای چراكان و مۆسیقای خۆشه‌ویستی، ئه‌و شاعیره‌ی جێگه‌ی ناگیرێته‌وه‌ و وشه‌و رسته‌كانی ناوترێنه‌وه‌، به‌كۆمه‌ڵ شیعرێكی كه‌م(رازی ته‌نیایی)مۆسیقای شیعری عاشقانی گه‌ردوونی ژه‌ند. چراكانی تریش له‌ ئه‌خته‌رو ئه‌خۆل و ئه‌سعه‌د مه‌حوی و ئه‌سیری و… تاد.
هه‌ر له‌م ئاهه‌نگ سازییه‌ی چراكاندا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار به‌كتێبی ئه‌فسوناوی ئه‌لف و بێی كوردییه‌وه‌ له‌گه‌ل هه‌موو نه‌وه‌كاندا (دارا دوو داری دی ده‌ڵێته‌وه‌). دوای ئه‌وه‌ چراكان به‌(ئیبراهیم خه‌یات به‌گۆرانی و مه‌قامه‌كانییه‌وه‌و ئیسماعیل سه‌رهه‌نگ له‌شه‌مزینانه‌وه‌ به‌خۆی گوڵ ناسییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌كانی دنیادا له‌گه‌ڵمان ئاماده‌ ده‌بێته‌وه‌. ئاهه‌نگ سازییه‌كی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ده‌سازێنێت.
پیتی با شانسی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌ به‌ گۆڤاری گه‌لاوێژه‌وه‌ سه‌رنوسه‌ری ئێستا ده‌دوێنێت و جارێكی تر رۆمانی ژانی گه‌ل چاپ ده‌كاته‌وه‌.
ئاهه‌نگ سازییه‌كه‌ هه‌ر چرای نوێ داده‌گیرسێنێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بڵند حه‌یده‌ری و بورهان جاهید و بورهان قانیع پێكه‌وه‌ شۆڕشی كۆیله‌كان و مردوو خۆره‌كان ده‌خوێننه‌وه‌.
ئاهه‌نگ سازی پیتی با بێخود و بێدارو بێكه‌س و بێوه‌ی و پیره‌مێردو …تاد. پێكه‌وه‌ له‌ گردی مامه‌ یاره‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی شیعرو ئاوازی نیشتمانی تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ن.
پیتی جیم و خوشكه‌كانی (جه‌رجیس فه‌تحوڵا و جه‌مال عیرفان و د جه‌مال نه‌به‌ز و جه‌میل رۆژبه‌یانی و جه‌میل سائیب و جگه‌ر خوێن و جیهاد دڵپاك و حاجی قادری كۆیی هه‌تا حه‌ریق و حه‌سه‌ن جزیری و حه‌سه‌ن زیره‌ك و حه‌سه‌نی قزه‌ڵجی و حه‌سیب قه‌ره‌داخی و حه‌مه‌ جه‌زا و حه‌مه‌ساڵح دیلان و حسێن حوزنی موكریانی و پێكه‌وه‌ له‌ په‌رتوكخانه‌ی كلتوری جه‌مال عیرفانه‌وه‌ به‌ نمایشتی شانۆیه‌كی فه‌زایی كراوه‌وه‌ بۆ مزگه‌وتی گه‌وره‌ دێن.
پیتی دال و خوشكه‌كانی داری ساری حه‌یده‌رو ده‌نگی شۆڕشی نوێ و دره‌خشان حه‌فید ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كورد ساڵی 1952 له‌ریزی پارتی دیموكراتی كوردستاندا و دلێر ئیبراهیم و دڵداری شاعیرو دڵشاد مه‌ریوانی شاعیری نوێخوازی هه‌شتاكان و رادیۆی كوردی به‌غدادو شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و ره‌سوڵ هه‌مزاتۆف و ره‌شۆل و ره‌فیق حیلمی و ره‌فیق چالاك و ره‌ه‌ووف حه‌سه‌ن و شێخ ره‌ووفی خانه‌قاو رۆژنامه‌ی ئومیدی ئیستقلال و رۆژنامه‌ی بانگی كوردستان و رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن و رۆژنامه‌ی تێگه‌یشتنی راسستی و سلێمانی شاری رۆشنبیری و سمكۆ عه‌زیز و سێوه‌و د شاكر خه‌سباك. ئه‌مانه‌ به‌ فه‌زایه‌كی ناشێوه‌ییه‌وه‌ نومایشتی شانۆییه‌كی نه‌بین ده‌كه‌ن و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌ریه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ سه‌مفۆنیایه‌كی گه‌ردوونی .
پیتی شین و پیته‌كانی تر، شاكر فه‌تاح و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و عه‌بدولخالیق مه‌عروف و د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملۆو عه‌بدولره‌قیب یوسف و عه‌بدوڵا په‌شێوو عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش و عه‌لادین سوجادی و عوسمان چێوار و عوسمان عه‌لی و عومه‌ری عه‌لی ئه‌مین و عومه‌ری مه‌كته‌به‌ و د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و قادر دیلان و قادر كابان و قانع و كاكه‌ مه‌م بۆتانی و كاكه‌ی فه‌لاح و كامه‌ران موكری.. تاد.
له‌پیتی نونیش نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك خه‌باتی سه‌خت بزوتنه‌وه‌ی گۆرانی دامه‌زراند، به‌ستراتیژی سه‌ربازی و سیاسی و ئه‌زمه‌نی شۆڕشه‌كانی جیهان و ئه‌زمونی تایبه‌تی خۆی و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی له‌ خه‌باتی سه‌خت و ده‌ستپاكی و داوێن پاكی، به‌گرتنی برینی به‌شخوراوان شه‌قامی ده‌جوڵاندو دژی گه‌نده‌ڵی راده‌په‌ڕی و پانتاییه‌كی نوێی جیاوازی بۆ خه‌بات ده‌دۆزیه‌وه‌و رۆڵی ئۆپزسیۆنی ده‌گێڕا توانی پانتاییه‌ك بۆ راده‌ربڕین و ره‌خنه‌ بكاته‌وه‌.
به‌م جۆره‌كتێبی چراكانی نیشتمان نمایشتێكی ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی وردو جوان و پڕ بایه‌خه‌ نوسه‌ر ده‌توانێت درێژه‌ به‌م كاره‌ جوانه‌ی بدات و به‌رگه‌كانی تری ته‌واو بكات، ئه‌م كاره‌یش زیاتر به‌كورتی ناسراوه‌ و ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا به‌ ژماره‌یی كردنی ئه‌و چرایانه‌ بكرێت و له‌ چاپه‌كانی تریدا هه‌ر چرایه‌ك له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌خۆی و به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی جیهانی.

سه‌رچاوه‌/ چراكانی نیشتمان/ نوسینی خه‌لیل عه‌بدوڵا/ چاپی دووه‌م 2021/ چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات/ له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ولاوان چاپكراوه‌.
له‌رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌(8572)له‌27/1/2021 دا بڵاو بۆته‌وه‌.لا11




(چاو له‌ جیاتی چاو).. چیرۆکی تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی.. هیوا ناسیح

ئه‌‌م کتێبه‌ چیرۆکی راستینه‌ و تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی به‌ناوی; چاو له‌ بری چاو، کوڕێکی شه‌یدا ئه‌سید ده‌ڕژێت به‌ ده‌موچاومدا. ئێستا چاره‌نوسی ئه‌و‌ له‌ ده‌ستی مندایه‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand). ساڵی ٢٠١٠ به‌ هاوکاری میخایل گوێسه‌لێ (michael gösele) که‌ رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره‌ وه‌ یوتا هیمیلڕایخ (Jutta Himmelreich) که‌ مامۆستای زانکۆ و وه‌رگێڕێکی ناسراوه‌ و فارسی زۆر به‌باشی ده‌زانێت، به‌ زمانی ئه‌ڵمانی و له‌ ئه‌‌ڵمانیا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ ،که‌ زیاتر له‌ ٢٥٠ لاپه‌ڕه‌یه‌. هاوکات چیرۆکه‌که‌ی به‌ چه‌ند زمانێکی تریش بڵاوده‌کرێته‌وه‌.
ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ یان چیرۆکه‌ به‌ زمانێکی ئه‌ده‌بی زۆر جوان نوسراوه‌، هه‌ندێک جار خه‌یاڵ و بویه‌ر (واقع) تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌ش جوانتری کردوه‌. جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خودی چیرۆکه‌که‌، بیری پێشکه‌وتوخوازی، دیدی ره‌خنه‌گرانه‌ بۆ باری سیاسی و کۆمه‌‌ڵایه‌تی و یاسایی ئێران، نابه‌رامبه‌ری ژنان و پیاوان له‌ رۆژهه‌ڵات به‌ گشتی و ئێران به‌تایبه‌تی ده‌خاته‌ ڕوو، ئه‌مانه‌ تێکه‌ڵ به‌ ڕا و دنیابینی خۆی کردوه‌، پاشان وانه‌ی ئیراده‌ی به‌هێز و کۆڵنه‌دان و لێبورده‌یی ده‌داته‌ مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به‌ لێخۆشبوونی ناوبراو له تاوانکاره‌که‌، خۆی گه‌یانده‌ ترۆپکی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، که‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو. دیاره‌ له‌ کوردستان به‌ گشتی و باشور به‌تایبه‌تی ئه‌م جۆره‌ چیرۆکانه‌ که‌م و زۆر هه‌ن، بۆ نمونه‌ کاتێک گه‌نجانی توندڕۆی ئیسلامی تێزابیان به‌ باسک و قاچی ژنانی سفوردا ده‌‌کرد، یان کوشتن و سزادانی ئه‌و کچانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت شویان به‌ که‌سانێک نه‌کردوه‌، که‌ به‌ دڵیان نه‌بووه‌. له‌به‌ر گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی، حه‌زمکرد خوێنده‌وه‌یه‌‌کی بۆ بکه‌م، هیوادارم چیرۆکی ئامینه‌ کۆتایی به‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ هێنا بێت.

ئامینه‌ به‌هرامی، کچێکی گه‌نج و زۆر دڵگیر و جوان ، ساڵی ١٩٧٨ له‌ تاران له‌دایک بووه‌، مناڵی و هه‌رزه‌کاریی له‌وێ به‌سه‌ربردوه‌. سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌ باسی یاده‌وه‌ریی مناڵی خۆی ده‌کات، به‌ڵام چیرۆکی تاڵی ئه‌م له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، کاتێک ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک ته‌مه‌نی ٢٤ ساڵه‌، له‌ کارگه‌یه‌کدا کاری ده‌کرد و خوێندکاری زانکۆش بوو له‌به‌شی ئه‌ندازیاریی ئه‌له‌کترۆنیک له‌ تاران، کوڕێک به‌ ناوی (مه‌جید مۆوه‌حیدی) که‌ خوێندکاربوو له‌گه‌ڵیان، ته‌مه‌نیشی چوارساڵ له ‌ئه‌م که‌متربووه‌‌ سه‌رسام و شه‌یدای ده‌بێت و ئه‌میش دڵی پێنادا، زۆری بۆ ده‌هێنێت شوی پێ بکات، دایکی ناوبراویش به‌ ته‌له‌فون هه‌وڵ ده‌دات ئامینه ڕازی بکات، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نابێت، چونکه‌ په‌له‌ی شوی نییه‌ و ده‌یه‌وێت جارێ خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات و هه‌ندێک باربووی خێزانه‌‌که‌یان بکات، به‌ڵام مه‌جید خۆی و دایکیه‌وه‌ ئه‌م هه‌راسان ده‌‌که‌ن و به‌مه‌ش واز ناهێنێت، کاتێک ئامینه‌ بۆ وزاهێنانی ئه‌م و له‌ ناچاریدا ده‌ڵێت، شومکردوه‌، دوای چه‌ند رۆژێک مه‌جید له‌ نێو شه‌قامێکی تاراندا تێزاب (ئه‌سید)ێکی زۆر ده‌ڕژێ به‌ ده‌موچاو و سه‌ر و ده‌ستیدا. ناوبراویش ده‌سگیر ده‌کرێت.
پاش گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌رده‌که‌وێت چاوی چه‌پی به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ستداوه‌، چاوی راستیشی خه‌ریکه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌مودان و ڕوخسار و سه‌روپرچ و مل و ده‌ستێکیشی ئه‌سیده‌که‌ ته‌واو دایخوراندوه‌ و بگره‌ زیان به‌ سییه‌کان و گورچیله‌کانیشی گه‌یشتوه‌! ته‌نانه‌ت وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: چونکه‌ دکتۆره‌ پیاوه‌کان نه‌یانده‌توانی له‌چکه‌‌که‌ی لابده‌ن، برینه‌کانی سه‌ری وه‌ک خۆی مانه‌وه‌ و تێزابه‌که‌ زیاتر کاریگه‌ری دانا و ڕۆچوو به‌ پێستیدا. خۆی و دکتۆره‌کانیشی ته‌واو نائومێد ده‌بن، محه‌مه‌دی برای چاوێکی خۆی پێشکه‌شی ده‌کات، به‌‌ڵام دکتۆره‌کان، ده‌ڵێن ناتوانین نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ین، چاوی بۆ بگوازینه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئێشی جه‌سته‌یی و ده‌رونی ڕووداوه‌که‌ ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری ده‌دات، قسه‌ و قسه‌ڵۆکی ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رین، که‌ بۆنمونه‌ ده‌ڵێن: نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌نده‌ خۆت جوان کردبا، نه‌ده‌بوو قژت ده‌رخستبا، نه‌ده‌بوو مکیاجت کردبا یان ده‌بوو شوت پێکردبا و …هتد. له‌ یه‌که‌م دانیشتنی دادگادا مه‌جید ئه‌م ده‌بینێت، که‌ چی به‌ لاقرتێ و پێکه‌نینه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت: تاوانی خۆت بوو، ده‌بوو شوت پێ کردبام! که‌ ئه‌م قسانه‌ بۆ ئامینه‌ وه‌ک زله‌یه‌ک وابوو، ده‌ڵێت، ئاخر خه‌ڵکینه‌ من چۆن شوم به‌م دڕنده‌یه‌ بکردایه‌!!
دوای ئه‌مسه‌روسه‌رێکی زۆر و نه‌خۆشخانه‌ و دکتۆری جۆراوجۆر و چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌ک، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی چاوی ڕاستی رزگاربکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌و نه‌کات دایده‌پۆشن و بڕیار ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر بینێرن بۆ ئیسپانیا شاری به‌رشه‌لۆنه‌. ئه‌م به‌م ڕه‌وشه‌ خه‌مگینی و به‌دبه‌ختییه‌ له‌گه‌ڵ خوشكێکیدا ده‌چنه‌ ئه‌وێ، هه‌رچه‌نده‌ دکتۆره‌کان زۆر له‌گه‌ڵی میهره‌بان ده‌بن و هاوکاریی ده‌که‌ن، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت من جارێکی تر له‌ دایکبوومه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پشتگوێخستن و ئه‌ملاولا پێکردنی دکتۆره‌کانی تاران نه‌بووایه‌، هه‌ردوو چاوم له‌ده‌ست نه‌ده‌دا. رۆژانه‌ ده‌بێت ده‌یان حه‌ب بخوات بۆ چاره‌سه‌‌ر و که‌مکردنه‌وه‌ی شوێنه‌واریی تاوانه‌که‌. له‌به‌ر کاریگه‌ریی چاره‌سه‌ره‌کانی وه‌ریده‌گرێت کێشی زۆر زیاد ده‌کات. له‌وێ هه‌ندێک ئاسوده‌یه‌ به‌ڵام کێشه‌ی دارایی لێی سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌روه‌ها خوشکه‌که‌شی وه‌ک پێویست و به‌دڵسۆزی هاریکاریی ناکات. ئه‌م کچێکی تا بڵێی ژیر و وشیار و به‌ ئیراده‌ و رۆشه‌نبیره‌. له‌ رێگه‌ی هه‌ندێک که‌سی خێرخواز و رێکخراو و که‌سایه‌تییه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرێت، به‌ڵام تێچوونی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ زۆره‌کانی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی زیانی ئه‌سیده‌که‌، رزگارکردنی چاوی ڕاستی، که‌ تۆزێک ڕوناکی تێدا ماوه‌ و گێڕانه‌وه‌ی ده‌موچاوی له‌ شێواوی زۆر زۆره‌، بۆیه‌ توشی چه‌رمه‌سه‌ر و تاڵی و سوێری زۆر ده‌بێت، به‌ڵام کۆڵ نادات. له‌وێ نزیکه‌ی بیست نه‌شگه‌رگه‌ریی بۆ ده‌کرێت. ماوه‌یه‌ک به‌ کوێری به‌ته‌نها له‌وێ ده‌ژی و رۆژێکیان شوقه‌که‌ی ده‌سوتێت!
ده‌یگڕێته‌وه‌ که‌ ئێواره‌‌یه‌کیان له به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ شوقه‌که‌ی خۆی دانیشتبوو، له‌ناکاو شتێکی لینج و شل به‌ چاوی ڕاستیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، که‌ ده‌ستی لێ ده‌دات و ده‌ست له‌ چاڵایی چاوی ده‌دات به‌تاڵه‌، ئیتر تێده‌گات ئه‌مه‌ هه‌ڵوژه‌ی چاوێتی هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌!! ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر نائومێدی و ڕه‌شبین ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر کۆڵ نادات. دکتۆره‌کان بڕیار ده‌ده‌ن چاوێکی دروستکراو له‌ جێی چاوی ڕاستی دابنێن. زۆر خه‌فه‌ت دایده‌گرێت، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت، هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکه‌ن و ئه‌میش به‌ دیاری دوو چاوی ده‌ستکردی وه‌‌ک ئه‌‌مه‌ی خۆی بۆ بنێرێت!
تاوانباره‌که‌ دوای دوو ساڵ یه‌که‌مجار به‌ ١٢ ساڵ حوکمی زیندانی ده‌درێت، هه‌روه‌ها به‌ پێدانی بڕه ‌پاره‌یه‌‌ک که‌ ده‌یکرده‌ ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆ، چونکه‌ ئامینه‌ مێینه‌یه‌، ئه‌گینا پیاوبووایه‌ ده‌یکرده‌ ٢٦٠ هه‌زار ئۆیرۆ! سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ دانیشتنه‌کانی دادگا و لێدوانه‌کانیدا بۆ ڕاگه‌یاندن مه‌جیدی تاوانکار هه‌رگیز په‌شیمانی له‌ کاره‌که‌ی نیشان نادات. که‌سوکاری مه‌جیدیش له‌بری کوڕه‌که‌یان، دێن ئه‌م تاوانبار ده‌‌که‌ن و هیچ هاوسۆزی و هاوکارییه‌ک پیشان ناده‌ن بۆی. ئامینه‌ داوای کرده‌وه‌ی هاوچه‌شن ده‌کات، واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چاوی تاوانکار کوێر بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا پێی ده‌ڵێن (قیساس) و به‌ بنه‌مای (چاو له‌بری چاو) ناسراوه‌، له‌ بنچینه‌شدا ئه‌م یاسایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌ سه‌ر میله‌ به‌ناوبانگه‌ نوسراوه‌‌ی نه‌بوخزنه‌سر له‌ ناوچه‌ی عێراقی کۆن، که‌ ده‌ڵێت (چاو له‌بری چاو، دان له‌بری دان) نزیکه‌ی سێ هه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ بابل نوسراوه‌ و دانراوه‌، هه‌ندێک له‌ زانایان به‌ یه‌که‌م ده‌ستوری نوسراوی داده‌نێن له جیهاندا.
دوای سوربوونی له‌سه‌ر ئه‌م سزایه‌، که‌ به‌ پێی وته‌ی خۆی، مه‌به‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو ئامانج لێی ئه‌وه‌یه‌‌، که‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ک و په‌ندێک و ئیتر هیچ پیاوێک نه‌توانێت تاوانی وا ئه‌نجام بدات، چونکه‌ پێشتریش ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌رامبه‌ر ژنانی تر. ئه‌و ده‌ڵێت من دژی زیندانییکردنیم، چونکه‌ دوو ساڵه‌ تێیدایه‌ و ته‌نها ده‌ ساڵی ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان هه‌ر جارناجارێ حکومه‌ت و سه‌رۆکی وڵات لێبوردنی گشتیان بۆ ده‌رده‌کات و دڵنیام چه‌ند ساڵێکی پێ ناچێت، له‌ زیندان ئازاد ده‌بێت.، دوور نییه‌ دووباره‌ی بکاته‌وه‌. له‌ کاتێکدا مه‌‌جید ده‌خوازێت سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا بده‌ن، که‌ ئاسانه‌ و رزگاری ده‌بێت. به‌ڵام ئامینه‌ دژی سزای مه‌رگه‌ و ده‌ڵێت: به‌ مه‌رگ ئه‌و ئیتر هیچ ئازار ناکێشێت. دواتر گه‌ر ئه‌و له‌ سێداره‌ بدرێت، واته‌ من ده‌بمه‌ هۆی کوشتنی و من ده‌بمه‌ بکوژ، هه‌رگیز ئه‌وه‌م ناوێت. له‌ دادگاش ده‌ڵێت: مه‌جید بیرته‌ ده‌تگوت، شوم پێ نه‌که‌یت ده‌تسوتێنم، دواتر بڕیاری مه‌رگم به‌سه‌ردا ده‌درێ و ته‌واو! بۆیه‌ گه‌ر بۆ من نه‌بیت، نابێت بۆ هیچ که‌سی دی بی! ئێستا ده‌پاڕێیته‌‌وه‌ بۆ سزای مه‌رگ!

سه‌‌یر ئه‌وه‌یه‌ دوای چه‌ند جار گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌کانی دادگا له ئیسپانیاوه‌ بۆ تاران، وه‌ دوای دوا دانیشتن، کاتێک ئامینه‌ وته‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر له‌ دادگادا پێشکه‌‌ش ده‌کات، نیقاب (ڕووبه‌ند)ه‌که‌ی لاده‌دات و ده‌ڵێت خۆتان سه‌یر بکه‌ن و خۆتان له‌جێگه‌ی من یان کچ و ژنه‌کانتان له‌جێگه‌ی من دابنێن، تا زیاتر له‌ تاوانه‌که‌ و ئازاره‌کانی من بگه‌ن. بیر له‌ خوشک و کچه‌کانتان بکه‌نه‌وه‌، تا که‌س ژیانیان لێ تاڵ نه‌کات، گه‌ر نه‌یانویست شو به‌ که‌سێک بکه‌ن که‌ به‌ دڵیان نه‌بێت. زۆربه‌ی دانیشتوان و بگره‌ هه‌ندێک له‌ دادوه‌ره‌کانیش فرمێسک به چاوانیدا دێنه‌ خوارێ، که‌چی دادوه‌ران دوای پشووی ڕاوێژکاریی بڕیاری کۆتایی به‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ ته‌نها چاوێکی مه‌جید کوێر بکرێت، چونکه‌ یاسای چاو له‌بری چاو بۆ مرۆڤێکی ته‌واوه‌ و ئه‌م به‌ پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نیوه‌ مرۆڤه‌ و یه‌ک چاوی به‌رده‌که‌وێت! خۆ گه‌ر ئامینه‌ بیه‌وێت هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکرێت، ئه‌وا ده‌بێت بیست میلیۆن تمه‌ن بدات، واته‌ هه‌قی کوێرکردنی چاوی دووه‌می به‌ پاره‌ وه‌ک پێشه‌کی سزاکه‌ به‌ مه‌جید بدات! ئامینه‌ دڵی پڕ د‌ه‌بێت و ده‌ڵێت، ئه‌‌و نه‌ک چاوه‌کانم، بگره‌ ته‌واوی ته‌ندروستی و ڕۆح و داهاتووی له‌ ناوبردم. پاشان یانی من حسابی نیوه‌ی ئه‌‌و به‌شه‌ره‌‌م بۆ ده‌کرێت؟!
مه‌جید له‌ دیمه‌نێکی کۆمیدی ئاسادا و له‌ دادگا و پێش ئاماده‌بووان ده‌ڵێت، جه‌نابی حاکم ئه‌و داوای منی کرد، که‌ بیهێنم، من نه‌مهێنا، کێشه‌که‌ له‌مه‌وه‌ دروست بوو، من وام کرد تا ئه‌و وازم لێ بهێنێت! دادوه‌ر ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ که‌ی قسه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ له‌ ئێرانین یان له‌ هیندستان، تا کچ کوڕ بهێنێت!
دوای بێنه‌برده‌ و سه‌رئێشه‌یه‌کی زۆر و ته‌نانه‌ت چاوپێکه‌وتن به‌ وه‌زیری داد و داواکاریی گشتی، ئینجا دادگای پێداچوونه‌وه‌ی تاوانه‌کانی تاران بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دات، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامینه‌ نه‌ک هه‌ر چاوه‌کانی کوێر بووه‌، به‌‌ڵکو به‌شێکی زۆری ده‌موچاو و ده‌ست و سه‌ریشی شێواوه‌ و سوتاوه‌، بۆیه بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانانه‌،‌ ده‌‌توانن به‌یاسا چاوی دووه‌می مه‌جید به‌ دڵۆپه‌ی تێزاب کوێر بکه‌ن، واتا ئێستا ده‌توانرێت هه‌ردوو چاوی ناوبراو کوێر بکرێت. دوای حه‌وت ساڵ له‌ رووداوه‌که‌، رێکه‌وتی ١٤ی مایسی ٢٠١١ دیاری ده‌کرێت بۆ جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ به‌سه‌ر مه‌جیددا. له‌‌و کاته‌دا ده‌بێت تاوانکار بێهۆش بکرێت و ئامینه‌ یان یه‌کێک له خێزانه‌که‌ی تێزاب بدڵۆپێنێته‌ ناو چاوه‌‌کانی ناوبراوه‌وه‌. هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک ده‌کرێت، باسه‌که‌ له‌ میدیادا گه‌رمه‌، رێکخراوه‌کانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی) داوا ده‌که‌ن سزاکه‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت، چونکه‌ دڕندانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌یه‌. هه‌ندێک که‌سوکاری نزیکی ئامینه‌ش وه‌ک باپیر و پوری داوا له ئامینه ده‌که‌ن له‌ مه‌جید خۆش بێت. پێشتریش دایک و باوکی مه‌جید خۆشی داوای لێده‌که‌ن لێی خۆش بێت و شوی پێ بکات، ئامینه‌ ڕازی نابێت، قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی پاره‌شی ناوێت. ده‌ڵێت با من دواهه‌مین که‌س بم که‌ ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر بکرێت و که‌سی تر نه‌یچێژێت. وته‌بێژێکی شیرین عه‌بادی ته‌له‌فونی بۆ ده‌کات (نازانم بۆچی خۆی په‌یوه‌ندی پێوه‌ ناکات، زۆر جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ – هیوا)، داوای لێ ده‌کات که‌ داوای سزای چاو له‌ بری چاو نه‌کات، چونکه بۆ ناوبانگی ئێران و خه‌ڵکه‌که‌ی خراپه‌!
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ مه‌جیدی تاوانکار له‌ دادگا و هه‌ر کاتێک ئه‌م ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت دواجاریش پێش جێبه‌جێکردنی سزاکه‌، سوکایه‌تی پێ ده‌کات و جوێنی پێ ده‌دات و ئامینه‌ به‌ هۆکاری کێشه‌که‌ ده‌زانێت! دوا کاتی جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ له‌ مانگی حه‌وتی ٢٠١١دا تۆزێک پێش جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ئامینه‌ له‌ تاوانکاره‌که‌ خۆش ده‌بێت! لێره‌دا گه‌وره‌یی و مرۆڤدۆستی ئه‌م ژنه‌ ده‌رده‌که‌وێت. کاتێک مه‌جید ئه‌مه‌ ده‌بینێت دێت به‌ره‌و ئامینه‌ و ده‌ست و پێیه‌کانی ماچ ده‌کات و داوای لێ ده‌کات شوی پێ بکات، تاکو تا له‌ ژیاندایه‌ خزمه‌تی بکات، به‌ڵام ئه‌م گاڵته‌ی به‌م پێشنیازه‌ دێت. ئامینه له‌ لێدوانیدا بۆ میدیاکان ده‌ڵێت: من خه‌باتی خۆم کرد، تا دوا قۆناغ، بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان بزانن گه‌ر تاوانی وا بکه‌ن بێ سزا و لێپێچینه‌وه‌ نابن، بۆ ئه‌وه‌ی من دوا قوربانی بم، گرنگ ئه‌وه‌ بوو من په‌یامه‌که‌م گه‌یاند، دواتر ده‌بوو لێخۆش بم، تا بیسه‌لمێنم، که‌ من دژی ئازاردانی خه‌ڵکم، ده‌مه‌وێت هه‌موو که‌س به‌ ئاشتی و سه‌لامه‌تی بژی، نامه‌وێت که‌س به‌ هۆی که‌سیی منه‌وه‌ ئازار بکێشێت. ئه‌و بڕیاره‌ ئازارده‌ره‌، به‌ڵام ده‌بوو بیده‌م. گرنگ ئه‌وه‌ بوو من وه‌ک ژنێکی رۆژهه‌ڵاتی و ئێرانی خه‌باتی خۆم کرد، تا ئه‌وه‌ی مافی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست هێنا، بتوانم چاره‌نوسی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست بێت، ئایا چاوی کوێر بکه‌نه‌و‌ه‌ یان لێی ببورم. ئه‌وه‌ ئامانجێکی من بوو، که‌ ئێمه‌ی ژنان وه‌ک پیاوان مافمان هه‌یه‌ و ده‌توانین به‌ ده‌ستی بهێنین، جا لێی خۆش بم یان نا.
ئامینه‌‌ دواجار و‌ه‌ک قه‌ره‌بوو داوای بژاردنی ماددی ده‌کات، چونکه‌ پاره‌یه‌کی زۆری پێویسته‌ بۆ ئه‌و هه‌‌موو نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی هێشتا ده‌بێت ئه‌نجامی بدات بۆ چاککردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی، چونکه‌ ماڵه‌وه‌شیان توانای دارایی وایان نییه‌ تا هاوکاریی بکه‌ن. لێره‌دا دادگا ته‌نها ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆی پێ ڕاوا ده‌بینێت، چونکه‌ ئه‌و ژنه‌ و نیوه‌ی قه‌ره‌بووی پیاوێک وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ پێی یاسای ئه‌و وڵاته‌، که‌ گوایا له‌ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام داڕێژراوه‌!
تا کاتی نوسینی کتێبه‌که‌ ئامینه‌ له‌ ئیسبانیا ده‌ژی و نه‌شته‌رگه‌ریی تر بۆ روخساری ده‌که‌ن، هاوکات خۆشی وه‌ک چالاوانێکی بواری مافه‌کانی ژنان و کچان خه‌بات ده‌کات.

سه‌رچاوه‌: ‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand, Ameneh Bahrami, Knur Taschenbuch, Germany, 2012, ISBN 978-3-426-78489-1




نەوزاد بەندیی… ڕقێکی پیرۆز.. لەتیف بێوار

خوێندنەوەیەك بۆ شیعری ” کۆمیدیای مناڵ بازاڕ”


زیکزیکەیەکم بینی ، پەنجا تەنکەر
نەفت و .. هەزاران مەترەسێ جا ، گازی دابوو بە شانیا و ئەیکرد بەو دیوا ..
بمرێ زیکزیکە ..
بڕوخێ زیکزیکە ..
کۆمیدیای مناڵ بازاڕی شاعیر نەوزاد بەندی کە سێ و چوار لاپەڕەی ئەی فۆڕە کەچی نەوزاد خۆی سەرەتا دەنووسێت: ــ بە سێ چوار خولەک ئەم کۆمیدیایەم نوسی و ڕامکردەوە بۆ ماڵەوە ـــ هەر خۆی لەم ئاماژەیەدا تەنزێکی گورچکبڕی تێدایە بۆ هەموو ئەوانەی ئەلفێکیان بەسە، یان ئایا ئەم دەستەواژەیە هەر فۆرمێکی دەربڕینی دیاردەی سوکایەتیکردنی دەسەڵاتی کوردییە بە مرۆڤی کورد، چونکە ئەوان تەنانەت دوو سێ خولەك بە زۆر دەزانن خەریکی کاروباری هاوڵاتییان بن و گوێیان لێبگرن.
نەوزاد بەندی وەکو تێکۆشەرێکی بوێرو دەنگێکی بەرەنگاریی نەك بەس لەم شیعرەیدا بەڵکو لە زۆر لە شیعرەکانیدا رێبازی ریالیزمی شۆڕشگێڕانە دەگرێتەبەرو لە پێناوی ئامانجێکدا پێنووس وەگەڕدەخات، جا چ ئامانجێك لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگترە؟ سەرخۆهاتنەوەی مرۆڤەکان و ڕاچەنینیان بە رووی جەورو ستەمدا گرنگترە؟ ئەم ڕێبازە کەم شاعیری تری وەك وەك عەبدوڵڵا پەشێو و هەندێکی تر هەن کە بوێرانە چاوەڕوانی بەرەنجامەکانی دەکەن و ئامادەن ئەو خوێنەی بەقەد چۆلەکەیەك لە جەستەیاندایە لە پێناوی مەسەلەیەکی رەاوای مرۆڤدا بەختی بکەن، هەرچەندە ئەمڕۆ گەندەڵان کە وەکو فەخامەتی سەرۆکی پێشوو دەیگوت: دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێت… هیچ ئەرزشێك بۆ هەست و دەنگی ناڕازی دانانێن، چونکە لەوسەرەوە دەزانن کە چیتر وشە هیچ بومەلەرزەیەك لە ناخی مرۆڤەکاندا بەرپا ناکات، لەولاشەوە دزەکانیش شەرمیان تکاوەو پێداگریشیان لە خوو دابی دزێتی کردووە، جاران دز بە شەو و لە بێئاگایی خاوەن ماڵدا دزیی دەکرد، کەچی ئێستا ئەمانە بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی خەڵکەوە هەموو شتێك دەدزن و سەرانە دەسەنن و کەس هیچ نابێژێت، خۆی لە خۆیدا بێدەنگیش نیشانەی ڕازی بوونە.
بەڕاستی مناڵگەلێکی عەجولین ..
ئازاکانمان ئەوانەن کە ئەگرین
ئای چەند هەژار و پەرپووتە کەسایەتی مرۆڤی کوردیی لە کوردستانی باشوور، کە بەدەست بەکرێگیراوی ژمارە دووەوە دەچەوسێنەوە، چونکە ئەمان وەکیلی تورکیاو ئێرانن، ئەوانیش ناراستەوخۆ وان لە ژێر هەیمەنەتی ئەمەریکاو رووسیادا، ئیتر ئەی گەلی بە مەڕ بوو تۆ سوور دەزانیت گورگ شوانتەو چەپڵەی بۆ لێدەدەیت و بۆی دەباعێنیت، بۆچی گازندە لە حاڵت دەکەیت و سواری کەشتیەکەیان بوویت و چاوەڕوانی وشکانیی نەجاتیش دەکەیت! تۆ ئەوەندە مرۆڤیت بەس ئەو رێژەیەی دەسەڵات کارەباو ئاو و موچەت دەداتێ، ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا هیچ دانێکی پێدا نەنراوەو وەکو مافیا تەماشایان دەکەن، کەچی وا هاتووە پۆز بەسەر تۆی بەعسشکێندا لێدەدات و تۆش چاوت زیتەی دێت، ئەمەیە خەمی شاعیری هۆشەنگ و شۆڕشگێڕی وەك نەوزاد بەندی، کاتێك خەڵك لەسەرمادا رەق دەبێتەوەو یان لە سەرەی موچەدا وەفات دەکات پێیان دەڵێت وەرن با کەرامەت و ئینسانییەتی بەهەدەرچوومان وەرگرینەوەو قبوڵی ئەم هەموو سوکایەتییە نەکەین، ئێوە وا ٣١ ساڵە بە دوکەڵ و فڕەفڕی موەلیدە توشی نەخۆشی شێرپەنجەو دەروونیی بوون مەگەر نازانن ئایدیای موەلیدە هەر بۆ سەفرەیەکی کورتخایەن بەکاردێت، یان بۆ ئەو گوندە دوورە دەستانەی هیچ شەپۆلێکی شارستانی رووگەی نەدۆزیونەتەوە، ئیتر چۆنە وا ئێوە ٣١ ساڵە لەگەڵ هەڵدانەوەی جۆزەدا گوزەران بەسەر دەبەن، وێڕای ئەو پارە زۆرەی دەیدەنە ئەو خاوەن موەلیدانە کە لە وڵاتانی دونیادا ئەو رێژە زۆرەی دانی پسولەی پارە بۆ کارەبای نیشتمانیش بوونی نییە، چ جای ئەوەی ئێوە دوو جار پارەی کارەبا بدەن و کارەباشتان هێشتا وەك پێویست نەبێت؟ ئەمە چ زەلیلیەکە ئێوە قبوڵی دەکەن؟
ئەوانەی دوێنێ ئەنگوستی خانمانی بەرکەوتووی کیمیاییان دەبڕیوە بۆ مستیلەکەی و گوێیان هەڵدەتلیشان بۆ گوارەکەی ئەمڕۆ حوکمتان دەکەن، ئیتر چ دۆخێکە کە قەد ئیرەیی پێ نابردرێ! ئیتر چ فیزێکم بەسەردا لێدەدەیت کە دەمڕاستەکانت نەویترین و بێ مۆڕاڵترین مەخلوقی دنیان، بەڵێ شاعیری راستگۆ ئەوەیە دان بە هەقیقەتدا بنێت گەر ئازاری دەروونی خۆشی بدات.
لە هەموو کەمتەرخەمی و کولەمەرگییەک ، ئەبوورین ..
وەک مناڵ ڕا ئەکەین بە دوای دەبەیەک نەوتا ..
ئاساییە مانگ بترازێ لە چل و هەفتە بکشێ لە هەشت و حەوتا ..
بتڵێ غاز ڕامانئەکێشێ ..
بە بینینی تەنکەر حاڵمان لێ دێ و
دوای ئەکەوین وەک دەروێشێ ..
لەسەرەی بەنزینی شەش سەد و پەنجاییدا ، چوار سەعات ئەوەستین ..
تەمەنمان لەو شتانەدا ئەڕوا و
بێ دەربەستین ..
لەم شیعرەی مامۆستای تێکۆشەر نەوزاد بەندییدا پەنجە بۆ سەر کرۆکی دەردەکان بردراوەو وەکو گوێز بۆ هەموو خوینەرانی کەم ئاست و ئاستبڵند پاك کراوە (هەرچەندە زۆربەش دەزانن و خۆیانی لێ دەبوێرن) گەر بیانەوێت دوای ڕاستی بکەون و دانی پێدا بنێن و مافی راستەقینەی هاوڵاتی بوون و مرۆڤبوون بەدەست بهێننەوە،
راستی کێشەکە ئەوەیە نەخێر مکوڕییەکە لە خۆماندایە کە قبوڵی ئەو جانەوەرانە دەکەین وەکو ڤایرۆس ناخمان هەڵبکۆڵن، ئەو قەڵەمبەدەستە ویژدان فرۆشانەش بۆ مشتێ موچە قوڕوقەپیان لێکردووەو بەڵکو بە شانازییەوە سێڵفی لەگەڵ ئەو میکرۆبانەدا دەگرن، ئیتر من چ دڵێكم بەو خوێنەرانە خۆش بێت کە چەپڵە بۆ ئەم قەڵەمبەدەستە ناخ پوچانە لێبدەن؟
کەواتە دەردەکەوێت ئەم پەتایە وەکو پارچەیەك شەوی تار ئاسمانی دڵانی داگیرکردووەو زۆربەی خەڵکی لە دەردوبەڵاکانی ئەو دۆخە نەزۆکەوە گلاندووە، هەر یەك بە جۆرێك تیایدا زیانمەند بووە هەر یەکە فێڵ لەوی تر دەکات و قۆڵی ئەوی تر بە جۆرێکی جیاواز دەبڕێت، هەر یەکە دەڵێت: ئاگرە سوورە لە من دوورە.
حەزمان لە دڵتەقاندنی یەکترییە ..
حەزمان لەنانبڕینی یەکترییە ..
تەماشای دەریایەک نەوت و ئاسمانێ غازی سروشتی ئەکەین و ..
ڕائەکەینەوە بۆ ناو چوار دیواری سارد و سڕ ..
لێی هەڵئەنیشین وەک مریشکی کڕ
مامۆستا نەوزاد پەنجە دەخاتە سەر دەردەکان و ڕێگاچارەشیان بۆ دادەنێت ، بە توندی ڕادەچەنێت و وریامان دەکاتەوە لە پێشهاتە مەترسیدارەکان، راستییەکان دەبینێت و خۆی لێ نابوێرێت ،وێنەکان وەکو خۆیان دەبینێت بێ هیچ چاوبەست و هەڵخەڵەتاندنێك، وەکو کەسێك لەسەر کێوێکی بەرزەوە تەماشای خوارەوە بکات، نەك وەك هەندێك کەس کە ئەو ژیانەیان لێ بووە بە ڕۆتین و دەقیان پێوە گرتووەو وا دەزانن مرۆڤ دەبێت هەر وا بژی ، کەچی کە قسەشیان لەگەڵ دەکەیت باسی پێشکەوتووترین داهێنراو و تەکنەلۆژی جیهانییت بۆ دەکات بەڵام تەممەڵی و گەندەڵی و بێ ورەیی ئێسکەکانیانی خورادووە، شاعیر زۆر جوان باسی چاولێکەریی و گرنگیدانمان بە رووکەش بۆ راڤە دەکات و بە زمانی حاڵ پێمان دەڵێت: گرنگی مرۆڤ ناخ و جەوهەرو بەرهەمییەتی نەك تەقلیدو چاولێکەریی و فشەو درۆ، مەگەر زۆربەمان نازانین شەقاممان هەیە ناوی پۆزە ..بە هۆی نەشتەرگەری جوانکاریشەوە هەموومان لووتمان یەک تۆزە ..ئیتر خەریکی چاولێکەرین
بەمجۆرە..
شاعیر لەم شیعرەدا سێ پۆلێن دەکات بۆ مرڤگەلی ژینگەکەی:
١- ئەوانەی دەسەڵات و پارەیان لەبەردەستەو فەخفەخە لێدەدەن بەسەر رەش و ڕووتەکاندا و منەتیان بەکەس نییە، چونکە بێ باكن لە ئیرادەو رقی جەماوەر و بە پارەی داهاتی گەل ئەوەی بیانەوێ دەمکوتی دەکەن ودەیكڕن.
٢- ئەوانەی وەکو منداڵ خۆیان مەشغوڵ دەکەن بە ماڵەبەجێنەوەو سەرسامی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەو ژیانی لۆکسەریەی ئەو مافیایانە بەسەری دەبەن کە نرخی شمەك لەسەر گیرفانی ئەوان بۆ بازاڕ دادەنرێت. (ئەمانە مەخابن زۆرینەن) ئەوانەی وان لەناو مەنزومەی گەندەڵی ئەو جانەوەرانەداو بەردێکی نەگریسی بینای ئەو کۆشکەی ستەمن و کەچی بەدەم ناڕازین و ئاخ و ئۆف هەڵدەکێشن.
٣- ئەو کەمە زۆر کەمەی کە هێشتا هەناسەی مرۆڤبوون بە سییەکانیدا هاتووچۆ دەکات و مەراق دەیانکوژێت و کەس گوێیان لێناگرێت و کەس لەگەڵیاندا هەوڵ نادات مافەکان بسێنن ، ئەمانە هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە تا بکەوێتە مەترسیەوەو دەزانن ماف نادرێت بەڵکو دەسێنرێت، ئەمانە ئەوانەن هێشتا خۆیان نەدۆڕاندووە کە ڕێژەیەکی زۆر کەمن، چونکە بە داخەوە لە هەر قۆناغێکی بەڵاو سیناریۆکانی ئەم مافیا قەزەمانەدا بەشێك لە گەل ئینسانییەتی داماڵرا… هەر لە گەمارۆی ئابووریەوە بیگرە تا شەڕی براکوژی و پاشان باڵ باڵێنی حزبایەتی و تەقریرلێدان و پاشان بازرگانی کۆمپانیاو لەشفرۆش و چاڵە نەوتەکان ..
بەڵام وادیارە شاعیر هەر تەنیایی دەیقۆزێتەوەو مەراق لولی دەدات و کەس گوێی لێناگرێت، کەس لەگەڵیدا ڕاناچڵەکێت بۆ داکۆکیکردن لە مرۆڤبوونیان، بۆیە لە کۆتاییدا بێهوایی یەخەی پێ دەگرێت و ناچار (م)ی میللەت بگۆڕێت بۆ (ع) و دەڵێت:
تا هەژار و ڕیسواتر بن
زیاتر دوو گیان ئەبن و ..
بە هەلهەلە و گریانەوە ..
بە بەنج و سیزریانەوە ،
خەستەخانەی ئەهلی جمەی دێ ..
ویس چەن جوانە ئەم میللەتە ..
ئەم عیللەتە .

لەتیف بێوار




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-35- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و پێنج

ئەمڕۆ هەست بە شێتبوونی خۆم ئەکەم. رەنجەکەمان با بردی. کارمان کرد بۆ ئەم کۆتاییە تاڵە. سەرم خستۆتە ناو کۆشم و فرمێسک بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە بێ ئەنجامە ئەڕژم، ئەوەی پێی دەوترا کارکردن بۆ شۆڕش گەمەیەکی دۆنکیشۆتانە بوو، پڕ بوو لە گاڵتەجاڕیی هەرزەکارانە، ئەو هەموو کار و هەڵسوڕانەی کردمان تەنیا یارییەکی سیزیفی بوو، چەند قێزەونە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە، بە ناوی هیومانیستی و موبارەزەوە بێیتە مەیدان، کەچی هەموو ئامانج کورت بێتەوە، بۆ مافی پەنابەریی لە بەهەشتی سەرمایەداریی “ئەمەریکا و کەنەدا و ئەوروپا”!؟ هەر چەند لە روانگەی فەلسەفییەکەوە، کۆمۆنیزمم تەلاق نەداوە، بەڵام ئیتر هیچ کات ناتوانم لەگەڵ هیچ حزب و رەوت و دەستەیەک، کاری سیاسیی و رێکخستن بکەم، ئیدی خۆم بە تەنیام لە گۆڕەپانەکەدا. قەڵەمەکەم ئەخەمە کار و بە هێزی وشە مامەڵە لەگەڵ دنیا و واقیع ئەکەم. مارکس جارێک وتی “چەکی دەستم قەڵەمەکەمە”.
زیاتر لە دوو مانگە لەسەر فۆرمی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، سەرقاڵی نووسینی چەند پرتە و بۆڵەیەکم، کە لە وڕێنەی شێتەکانی شار ئەچێ و چەند جار بۆ هاوڕێیەکم خوێندەوە هیچ لێی تێنەگەیشت. یان ئەوەتا ئاستی نووسینم چۆتە سەر یان شێت بووم و ئەبزڕکێنم، بەهەرحاڵ لەو دوو مانگەدا ئەمانەم نووسیوە:
*بێدەنگیم پڕە لە هاوار، هاوارەکانم پڕن لە بێدەنگی، من هەم هاوار و هەم بێدەنگیم.
*لە دەریا دەچم، ناتوانم تووڕەیی خۆم بشارمەوە، بەڵام تووڕەییەکەشم تابلۆیەکی جوانە.
*پێم خۆشبوو فێری بیرکردنەوە نەبم، چوونکە ئەوسا ئەم جیهانە بۆگەنەم نەدەناسی.
*هەموو رۆژهەڵاتییەکان تەنیا خەون دەبینن، ئیدی خەونیش هەرچی بێت واقیع نییە.
*زۆربەمان لاسایی فیزی جەلادەکان دەکەینەوە، لە ‌کاتێکدا ئێمە خۆمان قوربانین.
*ئێمە بە چەندان شێوە فێری مردن کراوین، تەنیا جارێک نەمانتوانیوە فێری ژیان بین.
*کاتێک سەرەو خوار هەڵمدەواسن، دڵنیام هاوڕێکەم دەستدەکاتە گیرفانم بۆ پارەیەکی ئاسن.
*ئەگەر پێتوایە مرۆڤێکی پاکژیت، بیر لەوە بکەرەوە پێت نەخستبێتە سەر شارە مێروویەک.
*لە کۆتاییدا ژیان دەڕوات و مەرگ دێت، کەواتە لە ئێستاوە لە دێوەزمەی مەرگ تێبگە.
*خەون بە دەوڵەمەندییەوە مەبینە، دەوڵەمەندەکانیش خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینن.
*کەوتوومەتە دژاورییەکەوە، بۆم دەرکەوت هاوڕێ نزیکەکانم هەموویان کەمتیار بوون.
جیا لەمەش، رۆژانە لەگەڵ خۆم ئەدوێم، تەنیا پێک و جگەرەکەم هاوڕێمن، دوورم لە هەموو کەس، جار جار لە رێی ئیمەیلەوە هەواڵی هەندێ برادەر ئەپرسم، بەڵام دیمەنەکە ئەڵێی رۆژی حەشرە، کەس لەسەر کەس ناوەستێ و کەس ئاوڕ لە کەس ناداتەوە. دوێنێ من و خۆم گفتۆگۆمان بوو کە بەمشێوەیە دایەلۆگمان ئەکرد:
خۆم: تۆ چۆن خۆت خستە گێژاوی سیاسەت و حزبایەتی. کە لە ئەزەلەوە بۆ عەشق و شیعر دروست ببوویت؟.
من: هەڵەیەک لە ئارادایە، ئێمە سیاسەت هەڵنابژێرین، بەڵکو ئەو ئێمە هەڵدەبژێرێ. دوو رێگە هەبوو، یان ببمە بەشێک لەو مێگەلەی رۆژانە دەسەڵات ملهوڕانە ئەیچەوسێنێتەوە یان ببمە ئەنتی دەسەڵات. تەنیا ئەو شتە بە دەست خۆم بوو، کە کامیان هەڵدەبژێرم! بە ناچاریی دووەمم هەڵبژارد، بەڵام دانی پێدا ئەنێم فاشیل بووم.
خۆم: رێگەی سێهەم لەبەردەمتا بوو، لە نێوان کۆیلە و ئەنتی دەسەڵات، کە لایەنگرییکردن بوو لە دەسەڵات.
من: جا کێشەکە لێرەدا دروست بوو، کە میتاڵەکەم بە کەڵکی ئەو کارە نایەت کە وەک رێگەی سێهەم باست کرد،
ئەو مۆراڵەی تائێستا هەمە ئەوەیە دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکم، نەخاسمە خۆم ببمە پشکداری چەوسێنەرەکان.
خۆم: هەست ناکەیت تۆ زۆر کەسێکی میسالیت؟ بڕوا ئەکەم لە بیرکارییدا قوتابییەکی باش نەبووبی!!.
من: شەڕی زاراوەم لەگەڵ مەکە، ئەوە منم و بەو جۆرەم، ئیتر میسالیم یان نا، ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر مەبەستت لەوە بێ تا ئێستا بیرم لە سامان و پارە نەکردۆتەوە، زۆر راستە زۆر کۆڵم لە بیرکاری و ژمێرەدا، چوون لەززەت لە ژماردنی پارە نابینم، هەرچەند تا ئێستا بەهۆی خانەوادەکەمەوە گیرفانم خاڵی نییە لەو کاغەزە نەفرەتییە.
خۆم: ئەکرێ پێمان بڵێی پڕۆژەی ئایندەت چییە؟ وەک خۆت ئەتەوێ چی کارێک بکەیت و چۆنیش؟.
من: پڕۆژەی ئایندەم ئەوەیە هیچ پڕۆژەیەکم نییە. بێ پڕۆژەییش خۆی پڕۆژەیەکە. چۆن بێلایەنی لە سیاسەت بۆ خۆی جۆرێکە لە سیاسەت، بێ پڕۆژەیش خۆی پڕۆژەیەکە بۆ هیچ شتێک.
خۆم: سەرم گێژ ئەخوات، سندانت لێ بدات، جا کێ سەر لەم بەیت و بالۆرە و بێنە و بەردەیەت دەرئەکات؟.
من: ئەوە کارێکی باشە کە تێناگەی. تۆش بڕۆ بە لای ئیشتەوە. سەرقاڵی پڕۆژەکەمم واتە پڕۆژەی بێ پڕۆژەیی.

5-4-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 118-122 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




ژاڵە..1.. فەتاح حەسەن

بەشی یەکەم
-1-
لەچێشتخانەی شەقامە سەرەکییەکەی شار بەداڵغەوە نانی دەخوارد، نزیکەی نیوەی لەبەر مابۆوە،دەستیکی بۆ شاگردی چێشتخانەکە بڵندکردو بەشەرمێکەوە وتی:-
بەئەرك نەبێ ئەوەی ماوەتەوە بۆم بپێچەرەوە، بەشەقامەکەدا شۆڕبوەوە، خستییە بەردەمی پیرێژنێکی دەروازەکەر. لەبەرخۆیەوە بڵماندی، زۆر بەدایکم دەچیت.
-2-
چێژفرۆشان کات لەلایان زۆر بەنرخە، ئەوان بەتایم لەگەڵ ئەو پیاوانەدا دەڕۆن کەتامزرۆی سێکسن، کارەکەیان لەژیانی کۆمەڵگەدا بەگشتی کارێکی قێزەون و نەفرەتلێکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێکانی لەو بەتەمەنترن، ماوەی دوو کاژێر لەگەڵ پیاودا بە سەد پارە چێژ دەفرۆشن بەڵام ئەم بۆ ساڵێك دەچێت بە سەد و پەنجا پارە نەبێت خۆی بۆ پیاو ڕووت ناکاتەوە، پاش وەرگرتنی پارەکە، نیوەی بەسەر چەند دەروازەکەرێکی شارەکەیدا دابەشدەکات ، بەوکارە خۆی ئاسوودە دەکات ە لەبەرخۆیەوە دەڵێت :- .بڵێی خێرەکەم بگاتە جێئ خۆی؟
-3-
هەرکەسێك لە ( ئەو ) بچوایە چێژی پێدەبەخشی و لەناخدا خۆی دەخواردەوە، گاڵتەی بەو گۆرانییەی ( سلین دوین) دەهات کە دەڵێت ” قەیناکا یەکێك دەدۆزمەوە وەك تۆ ” خۆی و هاوژینەکەی بڕوانامەی بەرزیان هەبوو، لەخۆشییەکانی ژیان کەمیان نەبوو، شەوێك هاوژینەکەی لەگەڕانەوەدا بەمەستی بە ئۆتۆمبیلەکەیەوە خۆی دەکێشێت بە عەمودێکدا، بۆ دواجار لە نەخۆشخانە چاو لێکدەنێت، لەدوای چلەکەی بڕیار دەدات هیچ شەوێك بێ خواردنەوە و چێژبەخشین بەڕێنەکات، ئەوی لەپیاوانی وەردەگرت دەیخستە سندووقی هاوکاری نەخۆشخانەکان.
-4-
هێندە پشیلە لە شوقەکەیدا هەبوو ڕووگیر دەبوو پیاو بهێنێتەوە ماڵەکەی، سەیری لێدەهات کە خەڵك دەیانگووت پشیلە سپڵەیە، لەبەرخۆیەوە دەیگووت:- ئەگەر خۆشەویستی پێببەخشرێت لەسەگ بەوەفاترە کاتێك بێ نان دەکرێت. ئەوجا دەیگووت چیمە بەسەر خەڵکەوە بابۆخۆیان بڵێن،نزیکەی نیوەی ئەو پارەیەی لەچێژفرۆشتندا پەیدای دەکرد دەیدا بە خواردنی پشیلە، نەك بەتەنها پشیلەکانی خۆی بگرە پشیلەبەرەڵاکانی گەڕەکیشی تێردەکرد.
-5-
باوەپیارە گورگەکەی کەڵبەی چەقاندە لاشە سفت و سۆڵەکەی و ئاڵۆشی خۆی پێ دامرکاندەوە، تا چاوەڕوانی ئەو پارەیە نەبێ کە باوەپیارەکەی، هەرکاتێک هەوەسی دادەمرکایەوە وەکو ئێسقان بۆی فڕێدەدا، چێژفرۆشی کردە پیشە.
هەرچۆن هەموو شتێك سنوری خۆی هەیە هەروەها ( ڤیاگرا ) ش، باوەپیارە کەڵتەکۆنەکەی ئەقڵی لە ناوگەڵیدابوو، هەربۆیە سەرەنجام کەنەفتی سەرجێگەی کرد،هێندە کەسێکی هەستیار بوو، بەبێ باوەپیارە کەنەفتەکەی پاروی چەور نەدەچوو بەقوڕگیدا، هەربۆیە پاروشی دەکرد بەدەمیەوە، ئەویش لەگەڵ هەر پاروویەکدا ئاواتی بە مردن دەخواست.

                                                                                             فەتاح حەسەن
                                                                                           دانیمارك/ ڤالبی



لە ڕیفراندۆمەوە…. تا کورسیەکەى سەرۆک کۆمار.. شاخەوان سەنگاوى

ئەو ناوچەیەى کە پێ دەوترێت خاکى کوردن هەڵکەوتە جوگرافیەکەیی بە شێوەیەک دروست بووە کە بەسەرهیچ دەرچەیەکى ئازادا ناڕوانێت، کە ئەمیشیان لە رووە جیۆپۆلیتیکەکەیەوە هۆکارێک بۆ ئاسان تەوقکردنی لە لایەن نەیارەکانیە، سەرباریی ناتەبایی بەردەوامى ڕێبەرانى کورد لە نێوخۆدا. کەواتە ئەگەر سەرکردایەتى کورد ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان بوایە لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوو،
دەبێت کار لە سەر سێ بنەما بکرایە:
یەکەم: بنەمایی دۆستایەتى کارکردن لە سەر زیادکردنى دۆستەکانمان واتە پاڵپشتى دەرەکى چونکە ئەم جوگرافیە داخراوە وەتەنراو بە دووژمنانى کورد پیویستى بە پاڵپشتى نێونەتەوەیى هەیە بۆ هەرجۆرە بڕیارێکى چارەنووس ساز بە وێنەى ڕیفراندۆمى ٢٥/٩/٢٠١٧ پێویستى بەم پاڵپشتیە هەیە. ئەى سەرانى کورد سەرەڕایی ئاگادارکردنەوەیان لە دەرئەنجامە مەترسی دارەکانى وەها کارێک بە دور لە پاڵپشتى دۆستەکان بۆ هەرێمێکى وەها بڕیارى مەرگە. هەر چۆن زۆر بە روونى لە نامەکەى وەزیرى دەرەوەیی ئەمەریکا ریکس تیلەرسۆن بە نوێنەرایەتى سەرۆکایەتى ئەمەریکا هەروەک چۆن مەترسیەکان باسکرابوو لە بەرامبەریشدا ئۆپشنى ئامانج بەخشیش خرابۆیە سەرمیزى سەرکردایەتى کورد، بەڵام چى؟ لە بەر ئەوەیی خوێندنەوەیەکى زانستیانە و واقعی بۆ دۆخى ئەوسایی هەرێم نەکرابوو لە لایەن سەرانى ڕیفراندۆمەوە، چى ڕویدا؟ لە ماوەیی شەو ڕۆژێکدا ٥٢% خاکى هەرێم کەدەکاتە ٤٤,٣٣٣ کیڵۆمەتر چوار گۆشە لە کۆى خاکى هەرێمى کوردستان تا بەروارى ڕیفراندۆم کە دەیکردە ٨٦,٢٦٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەرسینەیکى ئاڵتونى پێشکەشى حەشدى شەعبی و سوپایی عێراقیان کردەوە.
دووەم: بنەمایی ئابوورى یان زەمینەیی ئابوورى یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانى هەر دامەزراوەیەک یان دەوڵەتێک کە بتوانێت بۆ ماوەیەکى درێژمەودا بەردەوامى بە کارەکانى خۆیبدات کە ئەمیش بە شێوەیەکى سەرەکى پشت دەبەستێت بە بەرهەمى ناوخۆیی و ناردنەدەرەوە کە هەرێمى کوردستان بە ئێستاشەوە تەنها شتى کە بە شێوەیەکى بەردەوام دەینێرێتە دەرەوە نەوتەکەیەتى کە ئەویش قفلى بۆرى نەوتى کوردستان کلیلەکەى لە گیرفانى سەرکردایەتى ئەنقەرەدایە هەر بۆیە دەبینین کاتێ سەرکردایەتى کورد ویستى بڕیارێک بدات دەبێت سەرەتا گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵبکرێت لە کۆشکى کۆمارى تهران و ئەنقەرە دەنا بەدەردى ڕۆژانى دوایی١٦ ئۆکتۆبەر کە لە ماوەیی کەمتر لە بیست و چوار سەعات لە کۆیی ١٢ کێلگەى نەوتى حەوت کێلگە نەوتى کەبەرهەمى ڕۆژانەى ٤٤٥ هەزار بەرمیل دەبوو خرایە سەر حسابی خزێنەى پایتەختى موفلیسەوە.
سێیەم: بنەمایی ئیدارى یەکێکە لە هۆکارەکانى بە دامەزراوەیی کردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت بە مەبەستى دروستکردنى پەیوەندیکى دروست لە نێوان سەرجەم سێکتەرەکانى ئەو دەوڵەتە بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترینەکان بە کۆمەڵگاکەیی بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا ئایە دەپرسین لە چى دامەزراوەیەکى ئەم هەرێمە لە ماوەیی سی ساڵ لە پرۆسەیی حکومڕانیى کوردى بنەمایی ئیدارى پەیڕەو کراوە تا ئێمە بتوانین لە بەرامبەر داگیرکەرەکانمان کاری پێبکەین.
کەواتە بە تێگەیشتنێکى کورت و پوخت لەو سێ بنەماییە سەرەوە، ئێمە تێدەگەین لە هەندێ لە ڕووداوەکان خۆ بە پاڵەوان کردن لە لایەن سەرکردایەتى کوردەوە دەرئەنجامەکەى ١٦ ئۆکتۆبەرێکى دیکە دەبێت، هەروەکو دەبینین لە پرسی دروست کردنى گەورەترین کوتلەى پەڕلەمانى بەمەبەستى دروستکردنى حکومەتى زۆرینە ( سەدر و حەلبوسی و پارتى) لە عێراقی کورد کەمینە خوێندنەوەی بۆ نەکرێت سبەی مێزەکە بە سەر کورد خۆیدا قلپ دەبێتەوە، کەواتە هەتا ئەم ساتە یاریەکە کۆتایی نەهاتووە ئەگەر پارتى بیەوێت کوردستان لەو مەترسی دۆڕۆنەکان بە پارێزیت کە لە بەردەرگایى هەولێر دایە، دەبێت خۆ بەدوور بگرێت لە شەڕیی بە وەکالەتى نێوان کوتلە شیعیەکان و ڕێکخستنەوەیی نێو ماڵی کوردى.

Shaxewan.saed@gmail.com