رۆشنبیری کورد لە ناو دوکەڵ و ئاگردا.. ئیدریس مستەفا

نوسینێک لەسەر رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما

“زمان و شیوازی نوسین و ئاستی وێژەیی ئەو شتانەن کە ئارایشتی رۆمان دەکەن، بەڵام ئەو تێگەیشتن و چەمک و دەستەواژانەی لە سەر گرفت و کێشە و رووداوەکان دەردەبڕدرێن کرۆکی رۆمان پێکدەهێنن.”

ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما بڵاوبۆیەوە یەکسەر کڕیم و وەک هەر کوردێکی تر خۆشحاڵ بووم کە کجە کوردێک بە زمانی ئینگلیزی رۆمانێکی لەسەر کورد نووسیوە. دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینی و رەخنەم لە لا دروست بوون. هەر ئەو دەم ویستم شتێکی لەسەر بنوسم بەڵام وازم لێهێنا و گوتم با پەلەی لێنەکەم و بە کاوەخۆ جارێکی تر دەیخوێنمەوە. دیارە لێرەدا بە هیچ شیوەیەک مەبەستم شکاندنی نوسەر یاخود رۆمانەکەی نیە بەڵکو وەک خوێنەرێک ئەوەی بەرچآوم کەوتووە و جیگەی رەخنەمە ئەوەم نوسیوە و بەس. ئەم رۆمانە دوای ماوەیەک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە نێو خوێنەران و چاپەمەنی کوردیدا پێشوازیەکی بێ ئەندازەی لێکرا کە تا ئیستاش ستایش کردنی بەردەوامە لە لایەن میدیا و نوسەرانی فەیسبوک و هەندێ کەسانی سیاسی و چەند قەڵەم بەدەستێکی ترەوە. هەر ئەو پێشوازی و ستایشە بێ وێنەیە وەهای لێکردم کە دەبێ جارێکی دیکە بیخوێنمەوە بەڵام ئەمجارە دەبێ بە کوردی کردنەکەی بخوێنمەوە ئینجا بە تەواوی قسەی خۆمی لەسەر بکەم. لێرەدا دەمەوێ زۆر سوپاسی کاک شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕی کوردی رۆمانەکە بکەم کە توانیتی بە زوویی بیگەێنێتە دەستم چونکە بەهۆی دووریەوە زەحمەت بوو لەو ماوەیەدا بە دەست من بگات کە دەمویست.

پێشبار: دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کە رۆمانەکە چونکە لەسەر رووداوێکی سیاسی و بابەگەلێکی سیاسی ترە بۆیە نوسینەکەی منیش زۆرتر سیاسی-ئەدەبیە وەک لەوەی بە تەنها ئەدەبی بێ وبەس. میدیا و چاپەمەنی و بەشێکی لە خوێنەران و رۆشنبیران پێشوازیەکی لەم رۆمانە کرد و ستایشێکی بێ وێنەیان پیاهەڵدا بەو رادەیەی کە بە شاکار و سەفیری ئەدەبی کوردی ناوبرا لە دەرەوەی وڵات. ئەمە بۆخۆی بەڵگەی نەبوونی هزرێکی رەخنەگرانەیە لە نیوەندی رۆشنبیری کوردیدا چونکە کاتێک بە وردی ئەو رۆمانە دەخوێنیتەوە تێدەگەی بیری نوسەری ئەو کتێبە قوڵ نیە و رووکەشیانە لەسەر چەندان بابەتی سیاسی و رۆژگاری رابردوو و ئیستە دەدوێ. تەنانەت کاتێک ناونیشانی رۆمانەکە و بەرگەکەی دەبینی و بە تەواوی لە خوێندنەوەی دەبیتەوە ئەو پرسیارەت لە لا دروست دەبێ ئایا ئەم رۆمانە شایەنی ئەو هەموو پیاهەڵدان و پێشوازیە بوو؟ بۆ من و بۆ زۆریک و بگرە بۆ ئەوانەشی کە ستایشیان کردووە ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئایا ئەو رۆمانە گەر بە زمانی ئینگلیزی نەنوسرایە و نوسەرەکەی ژن نەبوایە ئایا ئەو بایەخەی پی دەدرا؟ هزری رەخنەگرانە نابێ گوێ بە جێندەری نوسەر یاخود لە ژیر ناوی فیمینیزم و دەرکەوتنی خامەی ژنانی نووسەر لە نیو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو خەوش و تێگەیشتنە رووکەشیانە نەبینێت کە لەو رۆماەندا هەیە. مەسەلەی فیمینیزم لەوەدا نیە ژن نوسەر بێ بەلکو لە بەرهەمەکەدایە، ئاخۆ ئەو بەرهەمە چەند و چۆن لە ژن و مەسەلەی ژن دەڕوانێ جا نوسەر مێ بێ یان نێر، هەر ئەمەش کرۆکی فیمینیزمە. بابەتەکەی نێوی ئەو رۆمانە رەنگ بێ بۆ خوێنەری رۆژئاوایی شتێکی نوێ بێت بەڵام بۆ خوێنەری کورد ئەوەندە هەناو سووتێن نیە نەک لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ناوی گرنگ نین بەڵکو هەر یەک لە ئێمەی کورد یان لە ناو بابەتی ناخهەژێنتردا بووینە یاخود لەبەرچاومان روویداوە یان بەلایەنی کەمەوە بیستومانەوە و دەستوپەنجەمان لەگەڵدا نەرمکردووە. لە لایەکی ترەوە، ئەو رۆمانە رۆچووە لە هەندێ بابەتدا کە تەواوی بەرهەمەکە دەخاتە ژێر مەنگەنەی رەخنەگەلێکەوە کە ئەستەمە ئەو رۆمانە شایەنی ئەو لایەق پیدانە بێت.

“نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون
ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تئیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شؤڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی خودی خۆی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە.
دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەولدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پیوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان.
کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن. دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەلکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن دەبێتە خووی ئەدەبی. زۆربەی بەشەکانی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تئیۆرییەی ئیبن خەلدونە.

پەنابردن بۆ ستایشی نوسەرانی دی
لە پشتی بەرگی رۆمانەکەی ئاڤا هومادا هەندێ کەسانی دیاری دنیای ئەکادیمی و سیاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزی ستایشی بەرهەمەکەیان کردووە. نوسینی کورتە پەرەگرافێک یاخود چەند دێڕێک لە لایەن کەسانێکی دیارەوە لەسەر بەرگی دواوی کتێبێک یاخود لە لاپەرەکانی ئەوەڵی کتێبێک تارادەیەک باوە لە نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکاندا بەڵام لەسەر رۆمان کەمتر ئەو عادەتە هەیە بەتایبەتی رۆمانێک کە بە شاکار ناوببرێ زۆر پێویستی بەوانی تر نیە لە بەرگەکەی شتی لەسەر بنوسن. مەبەستەکەش سێ هۆکارە: یەکێکیان بە نرخی بەرهەمەکە؛ دووەمیان تێگەیشتنی تیژپەڕیانە بۆ ئەو کتێبە و زۆر جاران بەهۆی شتێکی ئاوهاوە خوێنەر بڕیار لەسەر کڕینی کتێبەکە دەدات؛ لێرەوە ئێمە دەچین بۆ هۆکاری سێهەم کە مەبەست لە نوسینی کەسێکی ناودار لەسەر بەرگی کتیبەکە فرۆشیاری زیاتری بە دوادا دێت. ئەم ئەخلاقیاتە زیاتر لە خاوەن چاپەمەنی و کتێبفرۆشە جیهانیەکانەوە برەوی پێدراوە بەڵام لە نێو کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەدا تەنها مەبەست لێی خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانە. پەنابردن بۆ ئەوەی نوسەرانی ناودار یاخود ناوی دونیای سیاست بهێنی و شایەدی لەسەر باشی رۆمانەکەی بدەن بەوەی دوو سێ دێڕیکت بۆ بنوسن، بە رواڵەت دیارە شتێکی گرنگ بێت بەڵام لە ناوەڕۆکدا مانایەکی پێچەوانە تری دەبێ. متمانە بەخشین بە رۆمانەکەت لە رێگەی کەسانی دیکەوە بەڵکو قورساییەک ببەخشێ بە کتێبەکە و خوێنەرانێش پێی سەرسام بن جۆرێکە لە گرفتی مۆراڵی نوسین. تەکلیفکردن لە کەسانی ناودار بەوەی شتێک لەسەر دوا پەرەی بەرگی کتێبەکەت بنوسن و ئینجا بڵاوبکرێتەوە ئەوە هەمان ئەو زەلیلیە کە ئیبن خەلدون دەیڵی و من ئیقتیباسی ئەوەی لێدەکەم کە نەوەی بندەست ئەوەندەی بە دوای ناودەرکردنەوەیە ئەوەندە بە دوای داهێنانەوە یاخود بەرهەمێکی دانسقەوە نیە. ئەگەرنا ، کتێبی باش خۆی باڵ دەگرێ و پیویستی بە دەستەکانی تر نیە بچنە ژێر باڵی بۆ فڕین. تەنها ئەو بەرهەمانە بە دوای هەڵکێشان و ستایشەوەن کە گومانی داهێنانی لێدەکرێت وەک ئەوەی لەم پەرەگرافەی دادێ ئاماژەی پێ دەدەم.

کچانی دوکەڵ و ئاگر یان کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک
ساڵی ٢٠١١ ژنە نوسەری ئەمریکی، لەینی تایلۆر، رۆمانێکی نوسی بە ناوی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک.” کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک رۆمانێکی سێیینەیە کە بەرگی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ و بەرگی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆیەوە. بڕیاربوو بکرێ بە فیلم بەڵام تاکو ئێستا ئەو پرۆژەیە هەر وا ماوەتەوە. بەهەرحاڵ، رۆمانی خانمە ئەمریکیە: وەکو شوێن ئەو رۆمانە لە هەمان وڵات و کیشوەر بڵاوبۆتەوە کە ئاڤا هۆمای لێدەژی؛ بە هەمان زمان کە ئینگلیزیە نوسراوە؛ و لە هەمان ئەو ساڵەدا هاتۆتە پەخش کردن کە ئاڤا هۆما دەست دەکات بە نوسینی رۆمانەکەی چونکە وەک خۆی لە جاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێ دە سال بەو رۆمانەوە خەریک بووە هەرچەندە رۆژئاڤا کە روحی رومانەکە و تایتڵ و وێنەی بەرگەکەی و پاڵەوانی سەرەکیەکانی بەو هەوایە دەژین کە لە دەلاقەی ئەویوە دیت، ئەو کاتە بوونی نەبووە کە ئاڤا هۆما دەستی بە نوسینی رۆمانەکەی کردووە. خوێندەوەی ئەو رۆمانەی خاتوو لەینی تایلۆر لە لایەن حاڤا هۆماوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە چونکە هەمان دونیای ئەدەبی و رۆمانە و لە هەمووشی گرنگتر ژنە نوسەرێکە کە ئاڤا هۆما باش ئاگای لە نوسەرە ژنەکانی ئەمریکا و کەنەدا هەیە. من خوێنەرێک و چاودێرێکی ئاسایی دونیای چیرۆک و ئەدەبم کە دەزانم رۆمانێکی ئاوها بەو شێوەیە هەیە، تۆ بڵێی ئاڤا هۆما کە خۆی لە نیوەندەکەدایە، وەک کورد دەڵێن خۆی لە ناو ئاشەکەدایە، ئاگای لەو رۆمانە و ساڵەکەی و ناوەکەی و سکێچیەکانی ناوەوەی نەبێت؟

رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک سەر بە ژانرێکی ئەدەبی فانتازیایە کە رووداوەکانی لەسەر خەیاڵ بونیاد نراوە و کاراکتەرەکانیشی خەیاڵین و زۆرتر لە چیرۆک و ئەفسانەی خەیاڵی یاخود خەیاڵی زانستی ئێستە دەچن. سەرباری جیاوازی ژانرە ئەدەبیەکە کەچی سکێچیە سەرەکیەکان و تایتڵ و تەنانەت ناوی کاراکتەریش رەنگی داوەتەوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا. رووداوەکانی ناو رۆمانە ئەمریکیەکە بریتین لە هەمان کێشمەکێش و شەڕ و ململانێیانەی کە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا دەچنە پێشەوە بەڵام مرۆڤ لە لایەک و بونەوەری جانەوەر ئاسا و فریشتە لە لایەکی تر. کاراکتەرەکان لە یەک دەوربەری تەمەندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک” ناوی کارۆیە و حەڤدە ساڵە و خوێندکارە لە بواری هونەردا و خولیای هونەریی هەیە بەڵام دەکەوێتە نیو گێژاوی شەڕ و هەراوە. بە هەمان شێوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا خولیای پاڵەوان بواری هونەریە ، و یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکیەکانیش ناوی کارۆیە. هەڵوێستەکە لێرەدایە: ناونیشان هەمان ناونیشان، رووداوەکان لەیەکچوون، خولیا کان هەمان خولیان و بگرە ناوی پاڵەوانیش یەکە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک دە ساڵ پێش ئێستا نوسراوە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئاگریش وەک نوسەر خۆی دەڵێ دە ساڵی پێچووە تاکو نوسینەکەی تەواو بووە واتە ئاڤا هۆما لەو سالەوە دەستی بە نوسینی (کچانی دوکەڵ و ئاگر) کردووە کە رۆمانەکەی لەینی تایلۆر(کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک)ی تێدا نوسراوە، زمان هەمان زمانی ئینگلیزی و وڵات هەمان وڵات. پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەمە گەر نەقڵ و کۆپی کردنی بەرهەمی کەسێکی تر نەبێ ئەی چیە؟ خۆزگە بمتوانیابەیە بوارێک یاخود چوارچێوەیەک بدۆزمەوە بۆ بەراوردکاریەک و تا لەوێوە بە تئۆری ئەدەبی بەراوردکاری شتیکی لەسەر بڵێین بەڵام نەوەی میللەتی سەرکوتکراو هەرچەندە ئەو نەوەیە لە دەرەوە بژی هێندەی بە دوای لاسایی کردنەوە و هەڵگرتنەوەی شتی ئەوانی دی دایە ئەوەندە بە دوای داهێنانی خۆیەوە نیە. دیارە ئەم نەخۆشیە زۆرێک لە رۆماننوسەکانی ئێمەی گرتۆتەوە و لێرەدا نامەوێ ناویان بهێنم ، بەڵام نەوەی نوێ چ لە کوردستان و چ لە دەرەوە بە تایبەتر ئەوانەی لە جیهانیێکی ئازادی دوور لە ژیان و چەمکی بندەستی و سەردەستی لە دایک دەبن یاخود گەورەدەبن دەبی ئاسان لەوە تێبگەن کە هەوڵدان و شەیدا بوون بۆ نوسینی داهێنەرانە و کەسێتیەکی ئەدەبی تەنها رێگەیە بۆ لە دایک بوونی بەرهەمی راستەقینەی خۆیان و شکاندنی ئەو کەمەربەندیە تئیۆریەی ئیبن خەلدون.

تێکشکانی دیالەکتیک لە ناوهێنانی رۆمانەکەدا
هەور دروست دەبێ، گرمە و هەورە تریشقە پەیدا دەبێ ئینجا باران دەبارێ. ئەم پلە یەک لە دوای یەکانە دیالەکتیکی سروشتیانەی پرۆسەی چۆنێتی باران بارینە بۆیە گەر کەسێک بیەوێ بڵی باران پێش هەورە گرمە دێت ئەوا پێچەوانەی یاسا زانستی فیزیکی سروشت قسەدەکات کە بێ شک ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. کاتێک خانمە ئەمریکیەکە ناوی رۆمانەکەی خۆی دەنێ کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک لەو یاسا دیالەکتیکیە تێدەگات کە دوکەڵ دووەم هەنگاوی دوای ئاگرە و ئیسکوپروسکیش سێیەم هەنگاوی ئەو یاسا فیزیکیەیە. واتە ئاگر دەکەوێتەوە و دواتر دوکەڵی لێ پەیدا دەبێ و ئیسکوپروسکەیش ئەنجامی ئاگرودوکەڵەکەن. بەڵام، ئاڤا هۆما چونکە تایتڵی رۆمانەکەی هەڵگرتۆتەوە و ویستویەتی جەمالیەتێک بە ناوی رۆمانەکەی بدات بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت کە دیالەکتیکی سروشتی تێکشکاندووە لە ناوهێنانی رۆمانەکەیدا (دوکەڵ و ئاگر) بەوەی دوکەڵی پێش ئاگر خستووە لە کاتێکد ئاگر ئینجا دوکەڵ، هەر کات ئاگر کوژایەوە دوکەڵی لێ پەیدادەبێ.

ناکۆکی تایتڵ و بەرگ لەگەڵ ناوەڕۆکدا
کاتێک خوێنەر ناونیشانی رۆمانەکە و پۆستەری سەر بەرگەکەی دەبینی راستەوخۆ هزر و هەستی بۆە ئەوە دەجێ کە ئەم بەرهەمە چیرۆکی کچان و ژنانی شەڕڤانانی رۆژئاڤایە لە کاتێکدا زەمینەی هەموو رووداوەکان ئێران و کەنەدایە و بۆ چرکەیەکیش و بستێک چیە لە زەمینەی ئەو رۆمانە نە لە رۆژئاڤا و نە لە قەندیل و نە لە هەرێمی کوردستانە و سێ لەسەر چواری شوێن لە رۆمانەکەدا ئێران و بەشەکەی تری کەنەدایە وەک شوێن. بەرگە کوردیەکەی وێنەی ئافرەتێکی جلک لەبەر کوردی چەک بە دەستە و بەرگە ئینگلیزکەشی، کە من هەمە، ئافرەتێک و وێنەی شاری خاپورکراوی کۆبانی تێدا نەخشینراوە، ئەم دوو شتە یەکسەر بۆ کێشەی رۆژئاڤا و نەبەردی کچان و ژنانی رۆژئاڤا نیشان دەدایت دژ بە هێزی چەکدارانی داعشی ئیسلامی. مەبەست لە پشت ئەم تایتڵ و بەرگەوە ئەوەیە کە خوێنەر رابکێشێ بەلای خۆیدا بە تایەبت خوێنەری ئینگلیزی چونکە شەڕی کچانی رۆژئاڤا بەرامبەر داعش دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە کە هاوسۆزی و پشتیوانیەکی بێ وێنەی جیهانی بە دوای خۆیدا بەدوای خۆیدا هێنا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە پێچوانەیە لەگەڵ تایتڵ و بەرگەکەیدا چونکە خوێەنر چاوەڕ ئەوەیە کە سەرگوزشتەی کۆمەڵی کچی مەیدانی جەنگی رۆژئاڤا و ئەو زەمینە و دیمەنە ئاگر و دوکەڵاویەی کە جیهان رۆژانە دەیانبینی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایتیە جیهانیەکانەوە. لە ناو رۆمانەکەدا باس لە خۆسووتاندنی کچان و ژنان دەکات بەڵام ئەوە دیاردەیەکە کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانی و کوردستانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاسیشدا هەیە و لە رۆمانەکەشدا وەک کێشەی سەرەکی رۆمانەکە باس نەکراوە بۆیە ناتوانرێ ئەو خالە بکرێتە ناوونانیشانی کتێبەکە.
ناولێنانی لەم شێوەیە هەر لە دوورەوە پەیامێکی نەرێیی دەنێرێ سەبارەت بەوەی وڵاتانی وەک ئێمە و مانان هەمووی شەڕ و ئاژاواەیە بەتایبەت زەمینەی رووداوەکان لە ئێرانە چونکە بۆ خوینەری دەرەوە یاخود ئینگلیز یەک قازانجێکی تێدایە کە رووداوەکە لە ئێران روودەدا و ئێرانیش وڵاتێکی نابود بووە لەسەر ئاستی جیهانی رۆژئاوا و چ خوێنەر و چ ئەکادیمیستی دەرەوەش ئەوەی لە راگەیاندنی وڵاتەکەیەوە وەریگرتووە و سیاسەتی ولاتەکەیان چیە سەبارەت بە ئێران کە چەندە وڵاتێکی دڕەندەیە دژ بە ژن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ جا هەر بابەتێک لەم بارەیەوە جێگەی پێشوازیەکی گەرم دەبێت. لە بەشەکانی تردا ئاماژەی زیاتر بەم خاڵە دەدەم. خاڵیکی تر هەر سەبارەت بە بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە زۆرتر سەبارەت بە شلێری کاراکتەرە کە پاڵەوانێکی پلە خوارەوەی ناو رۆمانەکەیە و دەبێتە شەڕوانێکی رۆژئاڤا و جار ناجاری ناوی دەهێنرێ ئەگەرنا، لەیلا پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە و پنتی سەرەکی هەموو رووداوەکانە.

بەرهەمی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی
یەکێک لەو خاسیەتانەی رۆمانی پێ دەناسرێتەوە خاڵی بوونێتی لەوەی بە راستەوخۆ بە زمانێکی سیاسیانە قسان بکات. ئەم رۆمانە بە گشتی و بە دیاریکراوی لە چەند شوێنێکدا لە زمانی نوسەرەوە نەک گفتوگۆکانی نێوان کاراکتەرەکانەوە گوتاری سیاسی لاگیری دەدات کە بۆخۆی ماکی رۆمان بوون کاڵ دەکاتەوە و دەجێتە سەنگەری نوسینەوەی گوتاری سیاسی. بۆ نموونە نوسەر دەبێ کامێرەوانێک بێ و تەناه وینەکان بگرێ و بگوازێتەوە بۆ خوێنەر نەک بە پێناسەی سیاسی بدات لەسەر شتەکان. دیارە کامیروانێکی کورد جیاوازی هەیە لەگەڵ کامیرەوانێکی رژێم چونکە کامێراکوردەکە لایەنە کوردەواریەکە و پەلامار و سەرکوتەکە نیشان دەدات و ئەم راگواستنەوەیە بۆخۆی شتەکان بە خوێنەر دەڵێ بێ ئەوەی هیچ رایەک و وەسفێکی سیاسی بدەیت لەسەر کەس و رژێم و رووداوەکان ئەگەرنا ئەوا لە شەوق و زەوقی چیرۆک نوسین کەم دەکاتەوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک (پاسداری ریش پیس) هیچ زەروور نیە چونکە خودی وشەی پاسدار مانای سەرکوت و پەلامار و شەڕ دەگەێنێ. بەردەوام دەبێت لەم دەسەتەواژانە و دەڵێ، لا٤٦٤، “ئاخر دەمەویست بە شکۆوە بمرم نەوەک دەستی هەیتەیەکی پیسی کۆماری ئیسلامی یان دزێک.” کەچی لە لایەکی تر، لا ١٩٢، گلەییان لێدەکات بەوەی بێ رەحمن، وەک ئەوەی هەستی رەحمیان هەبووبێ، کە تەواو تامی وێژە لە دەقەکەدا نامێنێ “هەر لە گۆترەش پاسدارە بێڕەحمەکانی ئێرانی تەقەیان.” لە لاپەرە ١٧٧ دەڵێ “پاسدار بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکەوە کوشتاریان لە کورد کرد. کورد بە تەنیا مایەوە، لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی فەرامۆش کرا.” ئەمە جگە لە بەیاننامەیەکی سیاسی پارتێک هیچ مۆرکێکی ئەدەبی پێوە نیە. لە گوتاری سیاسی لە دژە رژێمەوە دەگۆڕدرێ بە بزواندنی هەستی نەتەوەیی کاتێک لە لا پەڕە ٣٩٣دا دەلێ “ڕۆژێکیش دێ دزەکان دیواری زیندانەکە دەڕوخێنن و قوتابییەکانیش ڕێگەیان دەدرێ بە ئاشکرا مێژووی کورد بخوێنن. لەیلاش بەهێز دەبێ.” لە یەک دوو شوێنی تریشدا، وەک سرودی ئەی رەقیب، کار لەسەر بزواندنی ئەم هەستە نەتەوەییە دەکات کە لە دونیای ئێستادا و لە گوتاری نەتەوەییشدا بە گشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی لە ژێر پرسیار و مەنگەنەی فەنابووندایە. نوسەر ئەوەندە ئەم خاڵەی بۆ گرنگە سرودی ئەی رەقیبی بە کوردی لاتینی نوسیوە لە ناو دەقە ئینگلیزیەکەدا کە ئەمە مانای سووربوونی ئەوە لەسەر ئەو گوتار و بزواندنی هەستە نەتەوەییە کە لە مانای وێژەیی بەرهەمەکەی کەم کردۆتەوە ئەمە جگە لەوەی ئاست نزمی هزری ناو رۆمانەکە دەگەێنێ. بەڵام لە بەشەکانی تردا ئەم گوتارە سیاسیە نەتەوەیی نیشتمانیەی ئیهمال, وێڵ, دەکات و ئەو بزواندنی هەستە نەتەوەییە دەکات بە قوربانی بزواندنی هەستێکی تر لە وڵاتێکی تر کاتێک دیمەنی سروشتی و خانوو و شەقام و ئاستە تەکنۆلۆجیەکەی دەبینێ.

ئایا ئێمە نەتەوەیەکی ژنکوژین؟
لە لاپەڕە (١٧١)دا دەڵێت “”من و تۆ قوربانیی دەستی شێتایەتیی نەتەوەیەکین، کە سزای ژنایەتی و هونەر دەدا و ڕێزیش لە دز و بکوژان دەگرێت.” لێرەدا گەر بیوتایە ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی رژێمێکین یان حوکمەتێکن ئەوە دیاریکراو بوو کە مەبەستەکە ئاماژە پێکراوە بەڵام کە دەلێت ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی نەتەوەیەکین ئەوە بە واتای نەتەوەی کورد دێت. گەر مەبەستەکە نەتەوەی فارسیش بێت ئەوا هیچ جیاوازیەک ناکات چونکە فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەی کورد و فارس نزیکن لەیەکەوە بۆ ئافرەت و مەسەلەی ئافرەت بوون. لە کۆپیە ئینلیزیەکەشدا سەیری ئەو وشەیەم کرد هەر ریک وشەی نەتەوەی داناوە. پێش ئەوەی لەسەر ئەم دێرە قسە بکەین ئەم پێشبارە پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەبەستەکەمان.
پیاوسالاری بیری باوی ناو هەموو کۆمەڵگەیەکە هەر لە رۆژهەڵاتەوە تاکو رۆژئاوا، بەڵام ئاستی ئەو پیاوسالاریە و ئەو یاسا و رێسیانەی لە وڵاتەکاندا چەند و چۆنە ئەوە رێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵەگەیەکی تر دەگۆڕێت. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. هێزە سیاسیە کوردیەکانی هەرێم چ ئەوسا و چ ئێستاش بەکارهێنانی ژن و رسواکردنیان و تەنانەت کوشتنی ژنیان لە پێناو سوڵحێکی عەشایەریدا یاخود بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبی و شەخسی خۆیان ئەنجامدەدا.

کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان کە نموونەی بەرجەستەی مافەکانی ئافرەتان و ئازادیە شەخسیەکانن لە دونیای ئێستای ئێمەدا، پیاوسالاری تێیدا زاڵە لە هەندێ ئاستی فەرهەنگی و سەکسی و سیاسیشدا. ژنان کە مێرد دەکەن راستەوخۆ ناوی سێیەم یاخود لەقەبی مێردەکانیان دەکرێ بە ناویانەوە هەرچەندە کەسەکان ئازادن لەوەی ئەمە رەت بکەنەوە و ناوی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام مەسەلەی موڵکایەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی زۆرتر بە لایەنی یەکەمدا دەیشکێنێتەوە. ژنان کەمترین بەختیان هەیە بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار یاخود سەرک وەزیران بە تایبەت لە کیشوەری ئەمریکای باکور (کەنەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) خودی ئۆڤا هۆما لەوێ دەژی. بە درێژایی مێژووی ئەو دوو وڵاتە تاکو ئەم ساتەی من ئەم نوسینەی تیدا دەنوسم یەک ئافرەت نە لە ئەمریکا بووە بە سەرۆک و نە لە کەنەداش بوونە بە سەرک وەزیران. لە کەنەدا یەک جار ژنێک بە ناوی “کیم کامبڵ” بۆ ماوەی چوار مانگ بوو بە سەرۆک وەزیران ئەویش لە دەرئەنجامی کێشەیەکی سیاسی ناوخۆی پارتەکەی لە ناو پەرلەماندا و دەشزانرا کە چوار مانگ بوار ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کەنەدا زۆر لێی رازی بوون بەڵام دەنگی نەهێنایەوە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی پارتەکەی و لەوێوە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

تێگەیشتن لە مەسەلەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان لە ئاستە جیهانیەکەیەوە مانا پەیدا دەکات و خودی ناوچەکەی ئێمەش لەو ئاستەوە مانایەکی دروست پەیدا دەکات سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان. (تێبینیەک بچوک، پێش ئەوەی ئەم باسە ئاماریە پێشکەش بکەم جیاوازی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچآو دەگرم بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە کوشتنی ژنانە و کاتێکیش کرۆکی بابەتێک هاتە سەر کوشتن ئەوا رێژەی دانیشتوان دەبێ پلە دوو.) لە تازەترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ توندوتیژی ژنانەوە ئەوەیە کە لە هەر سێ ئافرەتێک لە جیهاندا یەکێکیان لە رویی جەستەییەوە لە لایەن مێردەکەیەوە یان هاوسەرینەکەیەوە لێی دەدرێ و توندوتیژی سەکسی بەرامبەر دەکرێ. هەروەها راپۆرتەکە دەڵێ توندوتیژی نێوخۆیی وڵاتەکان زۆرن و ژمێریاریەکی بەرچاو و ورد لەبەردەستدا نین تاکو بە ژمارە بیخەنە روو. پرسیار ئەوەیە ئایا لەو سێ ژنەی کە یەکێکیان توندوتیژی جەستەیی و سەکسی دەرهەق دەکرێ تۆ بڵێی کۆمەڵەگە رۆژئاواییەکانی تێدا نەبێ. تەنها لە وڵاتی کەنەدا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی دەزگای ژمێریاری وڵاتی فدراڵی کەنەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ٪٤٤ واتە لەهەر دە ژنێک چواریان بەرەو رووی توندوتیژی سەکسی و فیزیکی و تۆقاندنی سایکۆلۆجی و بێ رێزی رەگەزی بوونەتەوە لە لایەن هاوسەر و هاوڕێ پیاوەکانیانەوە. لە ئەمریکا لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان بەرەو رووی ئەو دۆخە دەبێتەوە کە لەوەی کەنەدا ئاماژەم پێکرد.
سەبارەت بە کوشتن، تەنها لە ماوەی ٣٦ رۆژدا لە وڵاتی کەنەدا لە یەکی مانگی چواری ٢٠٢٠ ەوە تاکو ناوەراستی مانگی پێنجی هەمان ساڵ ١١ کچ و ژن کوژراون بە دەستی پیاو، بەڵام لە هەریمی کوردستان “بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ٢٩ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت واتە ١٧٪ کەمی کردووە.”
میدیاکانی کەنەدا رۆژانە دیار نەمان و کوشتنی کچان و ژنانی نەتەوە بومیەکان (هندیە سوورەکان) بڵاو دەکەنەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تاکو ٢٠١٢ زیاتر لە چوار هەزار ژن و کچی نەتەوە بومیەکان کوژراون. هەر لەو ماوەیەدا بیست هەزار و سێ سەد و سیانزە کەس (٢٠٣١٣) کەس کوژراون یان خۆیان کوشتووە کە رێژەی لە ٣٢٪یان ژنانن. دیاردەی خۆکوشتن لە کەنەدا: لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە کەنەدا ٥٨٠٠ حالەتی خۆکوشتنی هەبووە لە نیو گەنجاندا کە زۆربەیان لە رەگەزی مێینە بوون. لە شارۆچکەی وودستۆک لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ماوەی چوار مانگدا گەیشتە ٥ کچی گەنجی تەمەن شانزە ساڵ و ژمارەکە خەریک بوو دەڕۆیشتە سەرووتر و پێشتریش شاری سارنیای دراوسێی توشی حالەتێکی ئاوها سەیر ببوون بەتایبەت شارەکە بە یەکێک لە شارە وەزع باشە ئابوریەکان دادەنرێت. ئەم حاڵەتە شێوانێکی لە کۆمەڵەگەی کەنەدیدا دروست کرد و هۆکارە کۆمەڵایەتیە دوورەپەرێزیەکان و سۆشیال میدیا و باری تەندروستی و سایکۆلۆجی دەوری هەبووە لەم حاڵەتی خۆکوشتنانەدا. لە ئەمریکا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی وڵاتی ئەمریکا کە لینکەکەیم لەم نوسینەدا داگرتووە. لەو ساڵەوەی ئاڤا هۆما دەستی کردووە بە نوسینی ئەم رۆمانەی تا تەوابوونی ٢٠١٠- ٢٠٢٠ ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەرەو سەرەوە چووە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەمریکا ١٨٣٢ ژن کوژراون. لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی خۆکوشتن لە ئەمریکا گەیشتۆتە ٤٧٥١١ کەس کە رێژە زۆرەکەی بەر رەگەزی مێینە دەکەوێت. ئەم هەواڵ و ئامارانە رۆژانە و مانگانە و سالانە بڵاودەبنەوە گەر بە پێی لۆجیکی نوسەر بێت لە رۆمانەکەدا ئەوا هەموو نەتەوەکان دەبێ ژنکوژبن نەک هەر نەتەوەی کورد یان فارس. بۆیە تێگەیشتن لە ەمسەلەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان و هەروەها پیاوانیش بەو شێوە روکەشی و قەتعیە لێک نادرێتەوە و دەبێ خوێندنەوەی بابەتیانە و قوڵی بۆ بکرێت.

دیارە من لێرەدا ئەوە بە سفر ناکەمەوە کە ژنان لە کەنەدا و ولاتانی تری رۆژئاوا لە کۆمەڵی مافی سەرەکی و گرنگدا بەهرەمەندن و قانونێک هەیە داکۆکیان لیدەکات لەبەرامبەر ئەخلاقیاتی توندوتیژیدا، بەڵام بەو مانایە نیە گەر بتەوێ لای خۆمان وەک دۆزەخێک بۆ ژنان پێناسە بکەی و ئێرە وەک بەهەشت، چونکە لە بەشەکانی دادێ بە ئاشکرا داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا لە لایەن نوسەرەوە دەبێتە زەلیلیەک کە پاڵەوانی رۆمانەکەی، لەیلا، تێدا دەگەوزێ.

لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکانی خۆمان دیارە رێژەی پیاوسالاریەکە زۆر بەرزە بەڵام هێشتا بەو رادەیە نیە کە ژنکوشتن ئاسایی بێت. نە لە قانونی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی و نە لە تێکستی ئاینیدا و نە لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤەکانیشدا ژنکوشتن کارێکی ئەوەندە رێگەپێدراو نیە و بگرە لە هەموو رووکیەوە حوکمی تاوانبارێتی بوون دەدرێ بەسەر بکەرەکەیدا؛ بەڵام ئایا تا چەند بکەر دەگیرێ و تا چەند حوکم دەدرێ و تا چەند کۆمەڵگە قبوڵی دەکەنەوە ئەوە مەسەلەیەکی ترە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنکوشتن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش نیە و بریتیە لە پەرجەکردارێکی کۆنەپەرستێتی و پیاوسالارانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێ.
گەر بە دیاریکراوی قسە لەسەر خۆکوشتنی ژنان بکەین ئەوا نوسەر دەبوو سەیرێکی دونیای رۆژئاوای بکردایە کە ئایا خۆکوشتنی ژنان لەوێ چۆنە. باسکردنی خۆکوشتنی ژنان لە وڵاتانی خۆمان و هانابردن بۆ یارمەتی لە وڵاتانی رۆژئاوا و کارکردن لە خوێنەری رۆژئاوایی بەوەی وڵاتی ئێمە وڵاتی خۆکوشنتنی ژنانە یاخود ئێمە نەتەوەی ژن کوژین ئەوپەڕی بەیبردنێکی لاوازانە و بگرە هەزیلانەشە. گەر سەیری ژمێریاری خۆکوشتنی مرۆڤ بە گشتی لە رۆژئاوا و ژنان بە تایبەتی بۆت دەردەکەوێ کە ئەو دیاردەیە لە هەموو ولاتانی دنیا بوونی هەیە و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی تێدایە هەروەک چۆن بەرزترین رێژەی ژنکوشتنی تیدایە. بۆ نموونە لە ئەمریکا، تەنها لە ساڵی٢٠١٨ کە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و پێشگیریکردنی یاخود بەرگرتن بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی نزیک بە ٤٩ هەزار کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە خۆیان وکشتووە و لەو رێژەیەدا ژمارەی خۆکوشتنی ژنان کە لە تەمەنی دە ساڵیە تێیدا یە تاکو حەفتاوپێنچ ساڵی، نزیکە ١٢ هەزار دەبێت. بەرێووەبەرایەتی ئامار لە وڵاتی کەنەدا رایگەیاند کە تەنها لە ساڵی دا٢٠١٣ رێژەی خۆکوشتنی کچان و ژنان گەیشتۆتە ١٠١٣. لەوانەبێ ژمارەی دانێشوتانی وڵاتەکان شتێک بگۆڕێ بەڵام لێرەدا قسە لەسەر وڵات و میللەتانە وەک فەرهەنگ و عەقڵی پیاوسالاری نەک مەزندی دیموگرافی. خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم خودی سیستەمەکەیە. سیستەمی سەرمایەداری لەەهر کوێیەکی ئەم دنیایەد بێت سیستەمێکی جیاوازخوازە و ئەم جیاوازی کردنەش پەلی هاویشتووە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤەکان و ژنانیش لەم نیوەدا زۆرترین بەش مەینەتیەکانی ئەو سیستەمەیان بەردەکەوێ. بەڵام بە وجودی کۆمەڵی یاسا و رێسای قانونی کە لە دەستوری وڵاتدا چەسپاوە و بەهیزی جوڵانەوەی ژنان زۆرانبازیەکی باش لە مەیداندا هەیە لە بەرامبەر ئەو فەرهەنگە پیاوسالاری و سیستەمە ناڕێکیەی وڵاتەکەدا.

خوێنەری رۆژئاوایی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای ئێمە
کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی ئەو وتەیە دەخوێنێتەوە هەم بێ تاقەت دەبێ و هەم دڵخۆشیش دەبێ. وەک مرۆڤێک پێی ناخۆشە کە گوێ بیستی ژن کوشتن ببێ لە هەمان کاتدا بەوە دڵخۆش دەبێ کە ژنانی وڵاتانی تر دەیانەوێ پەنا بهێننە بەر وڵاتانی رۆژئاوا وەک دوایین مەنزڵگەی رزگاربوونیان لە کاتێکدا ئەوەی لە بیردەجێ ریژەی کوشتن و خۆکوشتن لە ولاتەکەی خۆی زۆر دۆخی باشتر نیە. دیارە ئەو روحی رۆژئاواییە خۆ بە زلزانیە ئەوە لە بیری خوێنەرەکە دەباتەوە کە لە ولاتەکەی خۆیدا دۆخی ژنان زۆر باش نیە لە حاست ئەو بارە قانونی و پێشکەوتنە شارستانی و بارە ئازادیە شەخسیەی بۆ ژنان فەراهەم کراوە. بەهەرحاڵ، نوسەر دەیەوێ لێرەدا پۆرتی کەلتوری نەتەوەیی خۆی بشکێنێ تەنها لەبەر ئەسەف خواردنێکی خوێنەری رۆژئاواییدا گوایە دنیای ئێمە دنیای کوشتنی ژنانە لە بەرامبەردا دنیای رۆژئاوا دنیای خاڵیە لە توندوتیژی ژنان. هەر بەم وتەیەی نوسەر کەتوتۆتە دژایەتیەکی ترەوە. ژیانی شلێر وەک کچێک لەو کچ و ژنە شەڕڤانانەی رۆژئاڤا نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ئافرەت چ جێگە و رێگەیەکی گەورە و گرنگی هەیە لە نیو نەتەوەکەی خۆیدا کەچی لەولاوە ناوی نەتەوەکەی بە ژنکوژ دەزڕێنێ. هەر خودی چوارچێووەی رۆمانەکەی بە تایتڵ و بەرگ و چیرۆکەکانیەوە ئەوە نیشان دەدەن ئافرەت کرۆکی هەر جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و ژیانەوە هەستانەوەیە.

داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا
یەکەم: لەیلا بە کچی دوکەڵ و ئاگر دادەنرێت کە بە مانای بەرخودان و تێکۆشان دێت بەڵام بەشێوەیەک دەڕوخێ بە کارۆ دەڵێ “کارۆ، من ناتوانم لەم وڵاتە بمێنمەوە. وەنەبێ هەر لەبەر ئەوەبێ کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شتێکم بەسەربێنن، نا. سوکوئاسان ناتوانم زیاتر بمێنمەوە، بەرگە ناگرم. هیچ شتێک بێرەوە نامبەستێتەوە. لەوەتەی هەم هەروا بووم، بەڵم جاران بیانوێکم هەبوو بۆ بەرگەگرتن، ئێستا بە دڵساردییەوە دەمەوێ لێی دەرچم. دەمەوێ بڕۆم، هەر کوێیەک بێ، تەنیا ئێرە نەبێ.” (لا٤٤٠) بۆیە بە ئاسانی رایەکەی کارۆ پەسەند دەکات کە نەچێتە هەریمی کوردستان یاخود نەڕوات بۆ لای شلێری کچە شەڕڤان و کۆچ بکات بۆ وڵاتی کەنەدا. کاتێکیش دێتە کەنەدا هێندە سەرسام دەبێ بە سروشت و خانوو و رێگەوبان و ئاستی تەکنۆلۆجیای کەنەدا تەواو شاگەشکە دەبێت. ئەوە راستە دیمەنی سروشتی و بینا و کۆشک و تەلار و ئاستی تەکنۆلۆجی وڵاتێک کاریگەری دادەنێ لەسەر کەسێک کە تازە دێتە وڵاتێکەوە بەڵام بەو رادەیەی لەیلا و لەو ئاستەوەی کە لەیلا کچێکی سادە و ساکار نیە و لە وڵاتێکیشەوە نەهاتووە کە شارستانیەتەکەی ئێجگار لە خوارەوە بێت تاکو وای لێبکات دەم داچەقێنی بەرامبەر بە خانوویەک یان رێڕەوی شەمەندەنەفەرێک یاخود کردنەوەی دەرگایەک و بە مەتەڵیش لە قەلەمیان بدات و بڵێ “تەنانەت کردنەوەی دەرگاکانیش مەتەڵێک بوون بۆ خۆی؛ ئاخر لە ئێران وا ڕاهاتبووین هەر لە لایەکەوە بچینە ژوور، بۆیە لێرەش کاتێ دەگەمە بەردەم دەرگایەک، خۆڕسکانە ڕایدەکێشم لە جیاتی ئەوەی پاڵی پێوە بنێم.” (لا٥٢٥)
کاتێکیش ڕێگای خێرامان بڕی و گەیشتینە شارە سەرنجڕاکێشەکە، پێستی ئەوانەی لە دەرەوە بە پیادە دەرۆیشتن سەرسامیان کردم. هەندێ لە ژنان مینیژۆپیان لەبەر بوو،هەندێکیشیان لەچکیان کردبوو. هەندێک لە پیاوان بۆیناباخیان بەستبوو، هەندێکیش تەنیا کراس. دیمەنەکە هەروەک ئەو فیلمانەی هۆلیود وابوو، ئەوانەی لە مەریوانەوە دیبوونم. لێ ئەم جارەیان خۆم لە ناو فیلمەکەدا بوم.”

لە شوێنێکی تردا “ئێمە گەیشتینە خانوویەکی کەشخەی پەنجەرە گە ورە لە نۆرس یۆرک. هەوڵمدا سەرسامیم بشارمەوە، دیکۆری خانووەکە و ڕاخستنەکەی بە شێواز و مۆبیلیاتێکی ناوازەی بە چەشنێک بوو، جارێکیان لە کۆشکی دوایین شای ئێرانم بینیبوو.”
هەر ئەم هۆیەشە وای لێدەکات زوو رابێت لەگەڵ کەنەدادا و هەموو خەمی رابردووی بڕەوێنێتەوە و بڵێ “دەکرێ خۆگونجاندن فریادڕەسی ژیان بێ.” یاخود بڵێ “گونجاندن و ئەهلیبوون. پێتوابوو ئەمانە بزمارن لەتابوتی داهێنان دەدرێن و بکوژی پرسنین. خۆ ئەگەر هێزی لەگەڵڕاهاتن نەبووایە، دەمێک بوو لەپەلوپۆکەوتبووم.” (لا٥٢٥) کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی یا کەنەدی کە شتێکی وادەخوینەوە تەزووی خۆشی بە لەشیاندا دێت کە خەڵکی تازەهاتوو بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەارستی ئاوها ستایشی ولاتەکەیان بکات چونکە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە جیگایەکی وێرانەوە هاتووین و شایەنی بەزەیین. دیارە لێرەدا من نەهی لەسەر مافی هاوڵاتی بوون و رێزگرتنی ئەندامبوونی هەر کەس لەو کۆمەلەگەیدا ناکەم، بەڵکو من ئاماژە بەو خالە دەدەم هەر کات مەسەلە بێتە سەر جیاوازی یان بەراوردکاری وڵاتەکان و شارستانیەتەکان ئەوا ئێمە وڵاتی شەڕ و ئاژاوەین و شارستانیەتێکی دواکەوتوومان هەیە بە چآو ئەوانەوە.
دووەم: ئەو گفتوگۆ سیاسیانەی لەیلا لە کەنەدا لەگەڵ کاراکتەرەکانی تردا ئەنجامی دەدات
داچەمینیەوەیەکی تەواوە بۆ عەقڵی رۆژئاوا. کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی زۆر کەیف خۆش دەبن بەوەی گوێ لە چیرۆکی مەرگەساتاوی ئێمەبگرن کە بەسەرماندا هاتووە و وڵاتەکانی ئەوانمان بە دوایین مەنزڵگەی خۆمان داناوە وەک جێگەیەکی فریادڕەسی ئێمە. واتە وڵاتانی ئێمە هەردەم شەڕوشۆڕی تێدایە و جێگەی ژیان نیە و ژیانی ئارام و خۆشگوزەران لە وڵاتانەکانی ئەواندایە؛ لە کاتێکدا ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە گەر هەمووی نەبێ ئەوا زۆربەی زۆری لەژێر سەری حکومەت و دەوڵەتەکانی ئەواندایە.

ستایش کردنی هەرێمی کوردستان
ئەم پەرەگرافە زۆر بە رەخنەیەکی سیاسی دەنوسم جونکە ستایشەکانی ئاڤا هۆما بۆ هەرێمی کوردستان وادەخوازێت. ئاڤا هۆما لە رۆمانەکەیدا لە لاپەڕەکانی (١٣٩، ٤٣٢، ٤٤٦، ٤٤٩) ستایشی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی کە هەرێمێکی گەشەکردووە، روو لەگەشە و سەلامتترە لە چآو وڵاتێكی وەک ئێرانەوە.
هەرێمی گەشەکردوو، روو لە گەشە: بۆ هەر کەس ئەوە ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان یاخود باشوری کوردستان یەکیک لە هەرە دەسەڵاتدارێتیە خراپ و گەندەڵەکانی نەک هەر کوردستان و ناوچەکە بەڵکو جیهانیشە. تەنها گەر باری ئابوریەکەی سەیر بکەی ئاخۆ لە وڵاتێکدا سەلکە تورێک، دەسکێک سەوزە، یان تەماتەیەک نەڕوێنرێ یاخود کارگەکان نەبووبن بە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی نەخرێتە بازاڕەوە و نەبن بە یەكیک لە پایەی ئابوری وڵات ئاخۆ گەشەی چ دەبێ هەبێ. دیارە خەڵک و جوتیار هەن و دەتوانن ئەو پایە ئابوریە کشتوکاڵیە وەک گوڵ بگەشێننەوە بەڵام سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتیەی کە ئاڤا هەموو زۆر ستایشی دەکات زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەهێنی چونکە بازارەکە هی خۆیانە و قازانجی خۆیانی تێدایە لەو هاوکێشەیە. ئێستا لە کوردستان خەڵک خۆیان خەریکی گەشانندنەوەی هەندێ بواری ئابوری هەن بەڵام یان رێگریان بۆ دروست دەکرێ یاخود بەختی بازاڕیان کەمترە بەهۆی نزمی نرخ لەسەر شتومەکی دەرەوە. دیارە ئەم باسە زۆر ئاسانە و هەموو تاکێکی کۆمەڵ شتی لە بارەوە دەزانن.
لە مێژووی سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەو ولاتە هەریم یەکێک لە خراپترین بارودۆخی ئابوری وڵاتی تێپەڕاندووە و ئەوەی تێیدا گەشەی کردووە تەنها گرفان و بازاڕی کۆمەڵێ مافیای ئابوریین و پرۆژەکانیان جگە لە دروستکردنی کۆمەڵی باڵەخانی بەرز و مۆڵی گەورە و هەندێ کەناڵی سەتەلایتی هونەری و ئاینی کە یەکەمیان بەرەڵایی و دەبەنگی بەرهەم دەهێنێ و دووەمیشیان تەنها کۆنەپەرستی و رق و کینە بڵاودەکاتەوە، هیچی ترنیە. محەمەد حەسەنێن هەیکەل (١٩٢٣-٢٠١٦) یەکیک لە گەورە نوسەر و جاودێرە سیاسیە بە تواناکانی میسر و ولاتانی عەرەبی و رۆهەڵاتی ناوەآرستیش کە خاوەنی جەندان کتێبی گرنگە لەبارەی عێراقی دوای سەدام حسێنەوە دەڵێت “ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن (بێگومان هەرێمی کوردستانیشی تێدایە) دوورونزیک پەیوەندیان بە ئیدارەکردنی وڵات و سیاسەت و ئابوریەوە نیە بەڵکو کۆمەڵی تاڵانکەرن و وڵات وەک بانکێک دەبینن لەسەری دەژین.”

گەر لە ئاستە فەلسەفیە سیاسیەکەیدا باسی بکەین شێوەی حوکمڕانی لە کوردستان (کلیپتۆکراسی)یە. پرۆفیسۆر جەیمس شارمان لە زانکۆی کامبریچ دەڵێ کلیپتۆکراسی جۆرێکە لە حوکمڕانی کە سەرکردە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە خەریکی دزی کردنن لە خەزێنەی وڵاتەکە. بۆ هەر جاودێرێکی سیاسی و رۆشنبیرێک و نوسەرێک دەزانێ کە لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی سێ دەیەدا تەنها کلیپتۆکراسەکان حوکمیان کردووە و هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئارادا نەبووە و نیە و تەنها پرۆژە هەبێ کوشتنی هەر مەیل و روحێک و کەلتورێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. واتە مانای “گەشە و روو لە گەشە” نەک هەر لە سەر ئەرزی واقع بوونی نیە بەڵکو لە بیروهزری مرۆڤی کوردیشدا سڕآوەتەوە. لە ئاستە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکەیدا بەو جۆرە حوکمڕانیە لە ولات دەوترێ مافیای سیاسی یاخو مافیای ئیداری و ماڵی و هەر دوو هێزە دەسەلاتدارەکە و ئەوانی تریش جگە لەم پێناسە سیاسیە کۆمەڵایەتیە شایانی هیچ ناولێنانێکی تر نین.
لەساڵانی دووهەزارودەیەکان پرسیار لە ئابوری ناسی بە توانای رۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوی “بایەزی مەردۆخی”یە دەکەن کە لێکۆڵێنەوەیەک پێشکەش بکات سەبارەت بە باری ئابوری هەرێمی کوردستان. دوای گەڕان و لێکۆلێنەوەیەکی ورد سەبارەت بەو تەنگژە ئابوریەی هەرێم و ئەو داهاتەی دەست هەرێم دەکەوێ گوتبووی: ئەو داهات و پارەیەی دەسەڵاتدار و حکومەت و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە شەڕی چاڵدیڕانەوە، ١٥١٤، تاکو ئەو ساڵەی ئەو باسەکەی تێدا کردووە، حسابی بکەی هەمووی بایی ئەو چەند ساڵە کە دەسەڵاتی هەریم لە ماوەی دەسەلاتی خۆیدا دەستی کەوتووە؛ واتە داهاتی ٥٠٠ پێنچ سەد ساڵ بەرمابەر بە داهاتێکی بیست سی ساڵی و ئینجاکەش جیاوازیە چینایەتیە ماڵیەکان لە هەرێم لەوپەڕی چڵەپۆپەدایە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا نمونەی نیە. هەر خودی ئەو تەنگژە ئابوریەی وڵات هەر لە تاڵانکاری لە سەدا نەوەدی سامانی وڵات و رێژەی بێکاری و هەژاری و کۆچی بە کۆمەڵی ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەرەو هەندەران ئەوە نیشان دەدەن کە نەک گەشەی ئابوری هەیە بەڵکو هەڕەشەی ئابوری هەیە لەو هەرێمەدا.
دیارە هۆکارێکی شەخسی نوسەر لە پشت ئەم ستایشەی هەرێمەوە هەیە. لەم دەیەی دواییدا شەپۆلێکی بە وروژمی ستایشکردنی هەریمی کوردستان لە نێو خەڵکە ئاساییەکە و کەسە سیاسی و نێوەندە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە. وەک خەڵکە ئاساییەکەی هەست و سۆزە نەتەوایەتیە کوردیەکەیە و بەتایبەت لە دوای راگەیاندن و ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (پ د ک). وەک نیوەند سیاسیەکانیان، پەیوەندیە ناجێگیریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لێ نزیکبوونەوەیەکی لە نیوان دەسەڵاتدارێتی لە هەولێر و هێزی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. ئاڤا هۆما خۆی وەک کوردێکی رۆژهەڵات و کۆنە-پیشەگەرێکیش لە کەناڵێکی میدیایی شاری هەولێر و ئەو باکگراوندە شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەشی تییدا دەژی ئەو ستایشە دەکات کە خەڵک و هێزە سیاسیەکانیان دەیکات. واتە ئاڤا هۆما لێرەدا زۆرتر لە ژێر کاریگەریەکی شەخسی و سیاسی و رەوتی باو و دوور لە تێگەیشتنێکی بابەتی ستایشی هەرێم دەکات. لێرەدایە کە نوسەر کەسێتی خۆی ون دەکات و دەبێ بە گوتاردەر و ستایشکەر و پروپاگەندەکەرێکی سیاسی کە تەواوی رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سەلامەتترین هەرێم: خاڵی تر کە هەر لەو لاپەرانەی سەرەوە هاتووە گوایە هەرێم شوێنێکی زۆر سەلامەتە بۆ ژیان بە تایبەت ژیانی چالاکی سیاسی و بگرە سەلامتترە لەو وڵاتەی ئەوی لێیە واتە ئێران و لەیلای پاڵەوان پێێ خۆشە لە ژێر دەسەڵاتێکی کوردیدا بژی باشترە. لە راستیدا ئەم تێڕوانینە نەک هەر ئێجگار ساویلکانەیە و زۆرتر لە دیدی جورناڵیستە رۆژئاواییەکان دەجێت کە شتەکان زۆر بە روکەشی دەبینن بەڵکو نادروستیشە. چۆن؟ ئایا کەس هەیە شەڕی هەردوو هێزە جەکداریەکەی یەکێتی و پارتی لە بیر نەبێ کە زیاتر لە دە ساڵ وڵاتیان بە شەڕی خۆیانەوە گەوزانی خوێن کرد. ئایا هیچ کەس لە ناوجەی زەرد و سەوز دەتوانن بڤەیەک بکەن لەسەر سەرانی هەردوو بنەماڵەکە. ئاڤا هۆما خۆی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتە با بگەڕێ و پرسیار بکات و لێکۆڵینەوەیەک بکات کە ژمارەی تیرۆرکردنی پێشمەرگەکانی کوردانی رۆژهەڵات بە کۆمەڵە و دیموکرایتەوە چەندە لە ژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا. ئایا ئاڤا هۆما دەزانێ کە بۆردومانکردنی زڕگوێز و کۆیە بۆتە شوێنی یاری کردن و رمبازێنی تۆپبباران کردنەکانی جیمهوری ئیسلامی. لە لایەکی تر، بە پێی چەندان راپۆرتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و گشت رێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و کۆمەڵایتیەکانی تر هەریمی کوردستان سەلامەت نیە بۆ خەڵکانێک گەر بیانەوێ چالاکی سیاسی بکەن یاخود داوای مافی ژیانی خۆیان بکەن وەک نارەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەوا نەک هەر سزای ئیداری بەڵکو زیندانەکان و تەنانەت کوشتنیش چاوەڕییانە. بەڵێ ئەو هەرێمە سەلامەتە بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێ فزە نەکات و ئەو دۆخە قبوڵ بکات یاخود ستایشی دەسەڵاتەکەی بکات.
لێرەدا دەمەوێ بێمەوە سەر بابەتی ژنکوشتن. ئەم هێزە کوردیانەی کە ئێستا دەسەڵاتی ئەو هەریمە کوردیە دەکەن بوونە سەرچآوەی ئەخلاقیات و بیروباوەڕی پیاوسالاری و لەوەتەی ئەوان هەن شتێک نیە بە ناوی مافی ئافرەت و رێزگرتن لە کەسێتی ئافرەت. زەمینەی کۆمەڵگەی کوردی زەمینەیەکی مەدەنیخوازە و چەندان ئافرەتی بەرهەمدەهێنا کە بەشداری “شۆڕشەکانیان” بکات چ نهێنی و چ ئاشکرا کەچی ئەو ژنانە هەراسان دەکران و بەرەو رووی هەمو وجۆرە کردەیەکی بێ ناموسی دەبوونەوە لە ناو ئەو هێزانەدا. لە دوای راپەڕینەوە تاکو ئێستا چەندان ژن بە دەستی ئەم هیزە کوردیانە کوژراون و بوونە قوربانی پیلانەکانیان دژ بە یەکتری. لە ناوەراستی ساڵانی نەوەدەکاندا شەپۆلێک لە کوشتنی ژنان دەستی پێکرد لە ژێر ناوی شەرەف و جاسوسی بۆ حکومەتی بەعس لە کاتێکدا هەموو هیزە کوردیەکان لە سەرەوە تاخوارەوەیان پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدا هەبووە بە پێی ئەو نوسین و کتێب و دۆکیومێنتانەی خۆیان لە سەر یەکدی بڵاویان کردۆتەوە. کوردستان ئێستا لەهەر کات زیاتر ناسەلامەتترین شوێنە بۆ کچان و ژنان. ئەو بارودۆخە ناهەموارە ئابوری و سیاسەتە خراپانەی ئەو هێزە کوردیانە کچان و ژنان کوردیان لەبەردەم چەندان جۆری هەڕەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جەستەییدا راگرتووە. بە روانین لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی بۆت دەردەکەوێ کە بەهۆی سیاسەتی خراپی ئەو هێزە کوردیانەوە بارودۆخی کچان و ژنان گەیشتوۆتە ئەوپەڕی باری نالەباری و بێ رێزی و بێ دادی و بێ مافی کە خودی رێکخراوە ژنانیەکانی کوردستان ئاماریان هەیە لەو بارەیەوە. کچان و ژنان لەلایەک فەرهەنگی ئاینی ئئیخوانی و وەهابی کردویانە بە ئەسیری لەچک و حجاب؛ لە لایەکی تریش بۆتە بوکەشوشەیەکی سەکسی دەستی کەناڵە تیڤیەکان و کارە وەهمیەکانی کچانی مۆدێل و گۆرانی بێژ کە بە پارەی ئەو هێزانە دەڕواتە رێوە. ئەم دۆخەی کە هەیە بەرهەمی ئەو هێزە کوردیانەن کە ئاڤا هۆما ستایشیان دەکا بەوەی هەرێمەکەیان گەشە پێکردووە.

کان ئاوەکان یان کانی نەوتەکان؟: لە لاپەڕە ٥٤٤دا دەڵێ “سەدام حسێن کانیاوەکانی چیمەنتۆ رێژ کرد تا خەڵکەکە لە بێ ئاوی بمرن.” ئەوەندەی بەو بابەتە بگەرێتەوە و زۆر جێگەی قسەوباس بێ سەدام حسێن کانیاو و سەرچآوە نەوتیەکانی چیمەنتۆڕێژ کرد ئەویش لەبەر جەند هۆیەک لەوانە: مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانی، بە عەقڵی رژێمی بەعس، کە ئەو ناوچانەی دوورە دەستن و نەتوانرێ دەستی دەوڵەتیان پێ بگات واباشترە سەری بنرێتەوە. هۆیەکی تر، هۆی ئابوری بوو کە عێراق نەیدەویست هەموو سامانی نەوتی خۆی دەربهێنێ چونکە لە لایەک نرخی نەوت هەرزان دەبوو لە لایەکی تریش ئەمە دژە بەرژەوەندیەکی دروست دەکرد لەگەڵ رێخراوی ئەواپیکدا کە عێراق ئەندامێک بوو وە ئیستەش ئەندامێکە لەو رێکخراوە کە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە ئاستی رێژەی بەرهەمهێنان دەبێ بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە لە دەستوری رێکخراوەکە واژۆی لەسەر کراوە. واتە هیچ دەولەتێکی ئەندام لە ئەواپیک ناتوانێ سەربەخۆیان رێژەی دەرهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و دەبێ پەیوەست بێ بە رێکەتتنامەی ئەواپیکەوە. دیارە هەندێ جار سەرەڕۆیی روو دەدات لە ناو دەوڵەتەکانی ئەواپێکدا بەڵام ئەوە هەندێ حالەتە و ستراتیجیەت ئەوەیە کە ئەندامان دەبێ پێوەی پەیوەست ببن. دەوڵەتی عێراق ئەو دەم واتە ساڵانی هەشتاکان تەنها دوو ناوچەی گەورەی هەبوو کە نەوتی لێ دەردەهێنا ئەوانیش ناوچەی کەرکوک و بەسرە بوو و هەر بەم دوو ناوچەیەش ئابوری وڵاتی تارادەیەک باش و تێچووونی دوو شەڕی گەورە و ژیانی دکتاتۆری خۆی و خانەوادەکەشی پێ بەڕێوەدەبرد. ئێستا بیرە نەوتەکان ژمارەیان دە قات زۆرتر بووە بەڵام لەگەڵیشیدا دکتاتۆرەکان و دەستوپێوەندەکانیشیان دەیان و سەدان جار زیاتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەو سەرچاوە نەوتی و سامانە سروشتیەی کە لە هەرێمکەەدا هەیە نەک هەر ناتوانرێ گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکەی پێ بەڕێوەببرێ و لە هەرێمەکەدا ژیان رۆژ بە رۆژ تاڵتر دەبێ بەڵکو خەڵکی هەرێمەکەیان توشی قەرزێکی نێودەوڵەتیش کردووە. ئیتر نازانم نوسەر چۆن چۆنی باس لە هەرێمی گەشەکردوو یاخود هەرێمی روو لە گەشە دەکات.

مانەوەی لەیلا دوای رۆیشتنی کارۆ
ئێران بە هەموو پێوودانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیشی بە وڵاتێکی پۆلیسی ناودەبرێ و خاوەنی یەکێک لە ەبهێزترین دەزگا هەواڵگریەکانە و بە پلەیەک کە خەڵک هەواڵگری بەسەر یەکەوە دەکەن لە ماڵ بۆ ئەو ماڵ و لەم گەرەک بۆ ئەو گەڕەک و شارە و شاریش. دروستکردنی حالەتێکی ئاوها لە نیو کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی ئاسایی هەر دەسەلاتێکی پۆلیسیە و لە مێژووشدا و ئێساتاش وێنەی زۆرە و خۆشـمان ژیاوین لەو دۆخە پڕ ترس و نائارامیەدا. کاتێک کارۆ لەیلا بەجێ دەهێڵێ و لە خانوویەکی گەورەی جۆڵدا و لە ناو گەڕەکێکی دانیشتوانی وەک کۆمەڵگەی ئێرانیدا نیشتەجێی دەکات بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کاتێکدا پێشتر ناوی هەیە لە لای پۆلیس و بانگکراوە کە بچی بۆ لێکۆڵینەوە ئاخۆ چۆن ئەو هەموو ماوەیەی بە بێ هیچ تەنگ و چەلەمەیەک بەڕێکرد. ئایا ئەستەم نیە کچێک خۆی بە تەنها لە خانوویەکدا بێ و رۆژانە یاخود هەفتانە بچێ بۆ بازاڕی و پیاسەکردن دەرودراوسێ چاودێری نەکەن یاخود هیچی لە بارەوە پرسیار نەکەن. ئایا پۆلیس و ئیتڵاعاتی ئێرانی ئەوەندە بە ئاسانی دەست بەرداری کچێک دەبێ کە باوکی زیندانی سیاسی بووە و براکەی لەسەر سیاسەت تازەگی لە سێدارە دراوە. ئایا هیچ بە دواییدا نایەن دوای ئەوەی پۆلیس پێی دەلێن خۆت بێی بۆ لامان باشترە ئەگەرنا خۆمان دێین دەتبەین. ئایا ئاوها بە ئاسانی لەیلا ساڵ و نیوێک ژیا لە خانوویەکی قاووباغڵەمە واتە سەربەخۆ، و نە پۆلیس و نە ئیتڵاعات و نە دەرودراوسێ و موختاری گەڕەک واتە هەواڵگری گەڕەک هیچی لە بارەوە نەزانی و دواتر بە ئاسانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە سەفەری وڵاتی دەرەوە بکات بۆ یەکەم جار؟؟؟؟ ئەم پرسیارانە گۆمان لە گێڕانەوەیەک دەکات کە خەیاڵێک بە رەوانی دروستی کردبێ.

وەرگرتنی خەڵات
یەکیک لەو خالانەی بایەخی پیدەدرێ و ئەم رۆمانەی پێ هەڵدەکێشرێ گوایە خەڵاتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە بە ناوی (ناتلیس). ناتلیس بوک یەکێکە لەو خەڵاتانەی لە وڵاتی ئەمریکا دەدرێت لە چەند بوارێکی نوسینی کتیبدا و چیرۆک و رۆمانیش یەکیکە لەو بابەتانە. نوسەرەکان بەرهەمەکانی خۆیان دەنێرن و لەو دەزگایە کەسێک یان دوو سێ کەس خەریکی خوێندنەوەی دەبن نەک لێکۆڵینەوەی، چونکە لێکۆلینەوە کاری خەڵکانی ئەکادیمی شارەزایە و لەم ولاتانەش کەسێک کە لە بوارێکدا تایبەت نەبوو خۆی نادات لە قەرەی بابەتێک کە هێ ئەو نەبێ. ناتلیس دابەش کراوە بەسەر دوو گروپدا ئەوانیش براوە ئاڵتونیەکان و براوە زیویەکان یاخود (ئەی و بی) ئنگلیزی. خەڵاتەکەی ئاڤا هۆما کەوتۆتە پلەبەندی دووهەمەوە کە زیویە. ئەم دابەشکردن و پلەبەندیە بۆخۆی سیاسەتێکی جیاخوازی و جیاکاریانەیە (دسکریمینەیشن بە ئینگلیزیەکەی) لە نێوان بەرهەمەکانی ئەو نوسەرانەدا کە خۆیان کتێبەکانیان دەنێرن. دیارە خەڵات پێدان هەرگیز بە مانای گرنگی و باشی و پڕ بایەخی کتێب نیە. ئەوە دروستە گەر خەڵات بە لایەنێکیدا گرنگ بێ و جێگەی خۆشحاڵی بێ ئەوا بە لایەنێکی سەرەکی تریدا بە مانای شاکار بوونی بەرهەم نیە بە هیچ کلۆجیک، بگرە ئەو نوسەرانەی زۆرتر خەڵات وەردەگرن شتێک هەیە لە پشتیەوەیە وەک کورد دەڵێ ئەم ماستە موویەکی تیایە. خەڵاتە جیهانیەکان هەموویان لە ژیر پرسیاری مۆراڵی و پرۆفیشناڵیدان لەوانە خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار و تەواوی خەڵاتە رۆژئاواییەکان و رۆژهەڵاتیەکانێش چونکە هەموویان لە یەک رەگەزدا بەشدارن ئەویش دوو فاقەیی و رەگەزپەرستی یان ئیرۆسەنتریکە.

خەڵات لە دنیای رۆژئاوا نادرێ بە بەرهەمێک گەر ناحەز یان دژ بێت بە سیاسەتی رەسمی رۆژئاوا یاخود رەخنەگرێکی قوڵ بێت بە دونیای رۆژئاوا. گلەیی و گازەندە گرفتێک نیە وەک لەم رۆمانەی ئاڤا هۆمادا دەیبینین کاتێک گلەیی لەوەدەکات کە کەنەدا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ کورد دەکوژێ. سیاسەتی دژە کۆماری جمهوری ئیسلامی یەکیکە لە سیاسەتە رەسمیەکانی دەولەتانی رۆژئاوا و سیاسەتی دەولەتیش دەبێ بە عەقڵێک و مۆراڵێک و هەموو شتە ئینسانی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبی و هونەری و سیاسیەکان لەوێوە سەرچآوە دەگرن و رۆمانەکەی ئاڤا هۆماش دژ بە ئێرانی جمهوری ئیسلامیە بۆیە خەلات وەردەگرێ. گەر ئەم رۆمانە رەخنەگری جدی رۆژئاوا بوایە بەو مانایەی فایلەکانی رۆژیاوا هەڵبداتەوە کە رۆژئاوا لە پشت هاتنە سەرکاری “خومەینی و ئاخوندەکانی ئێرانەوە بوون کە دۆکیومێنتەکان هاواردەکەن بۆ ئەم راستیە ئەوا هەرگیز نەک هەر خەڵات بگرە هەرگیز ئەو چەند دێرە لە ستایشی بۆ نەدەنوسرا لە بەرگی کتێبەکەیدا لە لایەن ئینگلیزەکانەوە چ ئەدیب و چ سیاسی. پاشان، لەو ولاتانەی ئەو خەلاتانەی لێ دەدرێ بە نوسەرێک گوایە بەرهەمەکی ئینسان دۆستە یاخود داکۆکەری کێشەیەکی ئینسانی یان ژینگە ئەوا ئەو وڵاتانە خۆیان سەرچاوەی هەموو ئەو مەینەتیانەن کە کاراکترەکانی ناو ئەو رۆمان و چیرۆکانە پێوەی دەتلێنەوە. دروستکردنی هەندێ دەزگا بە ناوی خەڵات و هونەر و ئەدەبیاتەوە جگە لە نەخشەیەکی مەبەستداری سیاسەتی وڵاتەکە هیچی تر نیە. تاکو ئیستا هێج یەکێک لەو رۆمان و چیرۆکانە یاخود ئەو کتێبانە خەڵاتیان وەرنەگرتووە کە رەخنەیان لە سیاسەت و دژەمرۆڤانەیی ولاتەکانیان گرتبێ. وەک تەرەفی ئێمە، تەنها ئەو کتێبانە خەلات وەردەگرن کە مەینتیەکانی خۆیان تەنها وەک بەرهەمی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبینن و جیهانێکیش هەیە کە رووی تێدەکەن بۆ رزگاربوون و ئارامی ئەویش رۆژئاوایە. بۆ نموونە، ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک نوسرا بە ناوی “دەست تێکەڵاوی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئیسلامی توندڕو” ناوی نوسەرەکە مارک کێرتس”ە.
ئەم کتێبە بە بەڵگەوە باس لە پەیوەندی مێژوویی یەک سەدەیی بەریتانیا و ئیسلامیەکان دەکات کە چۆن بەریتانیا و دواتر ئەمریکا ئیخوان و ئیسلامیەکانی تری دروست کردووە و ئیستاش پشتیوانیان لێدەکەن. ئەم کتێبە نەک ەهر خەڵات نەکرا بەڵکو حموکەتی بەریتانی رێگەی گرت لەوەی بڵاوببێتەوە و فشاری دانا لەسەر چاپەمەنیەکان کە بۆی جاپ نەکەن. ئەوە بوو دواتر کەسێک لەسەر حسابی خۆی چاپی کرد و بڵاوی کردەوە بەڵام یەک میدیای رەسمی وڵاتان باسیان نەکرد یاخود بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەدا لەگەڵ ئەوەی وەرگێڕدرایە سەر جەندان زمان. نعوم چومسکی یەکێکە لەوانەی کە جونکە هەمیشە رەخنەگرە لە سیاسەتی دەولەتەکەی نەک هەر خەڵات وەرباگرێ بەڵکو لە لایەن میدیای رەسمیەوە یاخود مەین ستریم میدیاوە نیچ کات گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ. هەرچەندە ئەم پێوسیتی بە خەڵات نیە و چومسکی بۆخۆی خاوەن شەخسیەتێکە کە هەموو میدیا رەسمیەکانی ولاتانی غەربی بە لایەک و خۆی بە تەنها بە لایەکی تر. دیارە ناوی تر زۆرن و کە نوسینەکانیان هەمووی دەربارەی ناعەدالەتی و سیاسەتی دژە ئینسانیانەی وڵاتە رۆژئاواییەکانە کەچی هیچ خەڵات ناکرێن.
دیارە لە رابردوودا زۆر لەو خەڵاتانە لە لایەن نوسەر و بەرهەمهێنەرەکانەوە رەتکراوەتەوە هەر لە خەڵاتی نۆبڵەوە تادەگات بە ئۆسکار و ئەوانی تر. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکە لەو خەڵاتە “گەورانەی” دنیای هونەر دەدەم لە ئەمریکا بە ناوی خەڵاتی ئۆسکار کە ساكانە دەدرێت. لە دوو سێ ساڵی رابردوو زۆربەی زۆری ئەکتەر و هونەرمەند و کەسێتیە رەشەکان بایکۆتیان کرد و بە خەڵاتێکی سپی پێستیان لە قەلەمدا. دیارە پێشتریش خەڵکانی تر مەحکومیان کردووە و تەنانەت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەچوون وەک ئەکتەر و هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی دنیای فلیم و سینەما و شانۆ “مارلۆن براندۆ” لەسەر فلیمە بە ناوبانگەکەی (العراب) ساڵی ١٩٧٢. رەتکردنەوەی خەلاتەکەشی وەک ناڕەزاییەک بوو لە بەرامبەر ئەو فلیمانەی هۆڵی یود کە نەتەوە بومیەکان “هندیە سورەکان” بە شێوەیەکی دڕەندە و ناشیرین پیشان دەدات. لەسەر ئاستی هونەریش ئەم خەلاتە جیهانیانە گرفتی هەڵسەنگاندنی هونەریان هەیە کە پرۆفشناڵێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

یەک نموونە لەم بارەیەوە باس دەکەم. رۆمانی “خانمە بچوکەکان”ی لویس مەی ئاڵکۆت کرا بە فلیم و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد کە باس لە دەورانی مێژوویی سەدەی نۆزدە دەکات. دوای ئەوەی خەڵاتی ئوۆسکاری پێدرا کەوتە بەر رەخنەیەکی زۆری رەخنەگران و بینەران بەوەی لە دوو دیمەنی فلیمەکەدا بوتڵی ئاوی پلاستیکی و میتاڵ لەتەک ئەکتەرەکانەوە دانرابوون. ئەم هەڵە سادە و گرنگە و نەبینینی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری ئۆسکارەوە گوایە ئەندامانی لیژنە هەموویان پرۆفیشناڵی ئەکادیمی و هونەرین بە عەیب و عارێکی ئۆسکار لە قەلم درا. دیارە ئەمە یەکجار نیە کە شتی ئاوها روودەدات بەڵام پەیامەکە ئەوەیە مەرج نیە ئەوەی خەڵات وەربگرێ باشە و ئەوەی وەری نەگرێ باش نیە.

لە دواییدا،
لەو رۆمانەدا چەندان چەمک و وشە و باس و خواسی ناسازی تێدایە کە باس زۆر هەڵدەگرن لەوانە چەمکی پێشمەرگە و رەهەندە مەرگدۆستی و دژە ژیاندۆستی و رەگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی و نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کە نوسەر زۆر روکەشانە و کلاسکیانە و لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی نەتەوەییانە وو دوور لە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە باسی ئەو وشەیە و ئەو چەمکەکەی کردووە. ئەم باسە هی شوێنێکی تایبەتترە و بۆ ئەم رۆمانە هەر ئەوەندە نوسینە بەسە دەربارەی.

—————————————————-

سەرچاوەکان:

کوشتنی ژن لە کەنەدا
https://www.bwss.org/eleven-cases-of-gender-based-violence-resulted-in-deaths-in-past-36-days-in-canada/
لە هەرێمی کوردستانhttps://hengaw.net/so/news
کوشتنی ژنانی نەیتیڤ
https://www.thecanadianencyclopedia.ca/en/article/missing-and-murdered-indigenous-women-and-girls-in-canada
https://www.rcmp-grc.gc.ca/en/missing-and-murdered-aboriginal-women-national-operational-overview
ژن کوشتن لە ئەمریکا
https://www.statista.com/statistics/327462/women-murdered-by-men-united-states/
خۆکوشتنی ژانان لە کەنەدا

https://www.suicideinfo.ca/resource/women-and-suicide/

خۆکوستنی لە ئەمریکا
2016, United States: Suicide Injury Deaths and Rates per 100,000. (All Races, Both Sexes, All Ages)”. Retrieved March 3, 2018
https://www.cdc.gov/injury/wisqars/index.html
کلیپتۆکراسی
https://www.cam.ac.uk/kleptocracy
خکوشتنی گەنجان لە کەنەدا
https://www.thestar.com/news/investigations/2018/09/14/youth-suicide-is-like-a-cancer-experts-warn.html




ورد و درشتی پڵۆت.. گۆران سەباح

لە کوردی “گرێ” یان “گرێچن” دێنە بەکاربردن. با “پڵۆت”یش هەبێ. بۆ نا؟ وەرگرتنی وشەی بیانی زمان دەوڵەمەند دەکات.

ڕۆمان بێ پڵۆت نابێ. خراپترین ڕۆمان بێنە، پڵۆتی هەیە. مەرج نییە ڕۆماننووس پڵۆت بخوێنێت تا ڕۆمانەکەی پڵۆتدار بێت، بەڵام مەرجە بیخوێنێت (یان لانی کەم زانیاری لەسەر هەبێت) تا پڵۆتێکی باش دابنێت بۆ ڕۆمانەکەی. پڵۆتی باش هێز و چێژ بە ڕۆمان دەبەخشێت. سەرکەوتنیش. پڵۆتی خراپ خوێنەر بێزار دەکات. قەت نەتبیستووە لە خوێنەرێک بڵێ، “هەر لە دە لاپەڕەی یەکەم لێی بێتاقەت بووم وفڕێم دا”؟

ئەگەر ڕۆمان بە ئۆتۆمبیل بچوێنین، دەتوانین بڵێین پڵۆت بزوێنەری ڕۆمانە، (زمان)یش ڕۆنی بزوێنەرەکەیە.

پڵۆت چییە؟

پڵۆت زنجیرە ڕووداوێکە چیرۆک دروست دەکات. ڕووداوەکان پێوەندییان پێکوە هەیە. گرێدانی ڕووداوەکان بە یەکتر و چۆنێتیی پێوەندیی نێوانیان گرنگن. بۆ نموونە: پەنجا ڕووداوت هەیە لە ڕۆمانەکەت. کامەی دەبێتە یەکەم، کامەی کۆتایی، کامەی دووەم، کامەی پێش کۆتایی؟ بۆچی بیستەم ڕووداو بیستەمە، بۆ پێنجەم نەبوو؟ بۆ پێنجەم ڕووداو چلەم نەبوو؟ ئەگەر ڕۆماننووس سەری لەم کەینوبەینە دەرچوو، دەتوانێت پڵۆتێکی باش دابنێت.

ئەم پڕۆسەیەی سەرەوە وەک دیزاین وایە. چی لە کوێ دادەنێی؟ دیزاین لە ڕۆمان پێی دەگوترێت (structure) واتە بونیاد. لێتان تێک نەچێت من باسی تیۆری ڕەخنەییی بونیادگەری ناکەم، کە شتێکی ترە. باسی بونیادی ڕووداوەکان دەکەم. کەواتە پڵۆت و بونیاد زۆر لێک نێزیکن و بێ یەکتر نابن.

دەیان پێناسەی ئەکادیمی هەن بۆ پڵۆت. با سەری خۆمانیان پێ نێشینین لەبەرئەوەی من باسی پڕاکتیک دەکەم، باسی تیۆر و پێناسە ناکەم.

بۆ پڵۆت و دیزاین چەند مۆدڵێک (شێواز) هەن.

مۆدڵی یەکەم:  بونیادی سێ پەردەیی: Three-act structure model

سید فیڵد (Syd Field) لە ١٩٧٩ ئەم مۆدڵەی داهێنا. ئەم مۆدڵە ڕووداوەکان دابەش دەکاتە سەر سێ پەردە: دەستپێک (setup)، ڕووبەڕووبوونەوە (confrontation) و چارە (Resolution). بەڵام ئەوە بەس نییە. چۆن ڕووداوەکان بەسەر ئەم سێ پەردەیەدا دابەش دەکەی؟ کامە ڕووداو دەهێنییە پێشەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەیری مۆدڵی هەشتەم بکە.

مۆدڵی دووەم: بونیادی حەفت خاڵە چیرۆک (Seven-point story structure)

ئالگیس بەدریس (Algis Budrys) ئەم مۆدڵەی داهێنا. یەکێک تووشی کێشەیەک دەبێت. هەوڵدەدات چارسەری بکات. پاش پلان و هەوڵێکی زۆر، تووشی شکستێکی گەورەی چاوەڕواننەکراو دەبێت. کۆڵنادات و ڕێیەکی تر دەگرێتە بەر. ڕەنگە سەر بگرێت و ڕەنگیشە تووشی شکستێکی تر بێت. پاشان پاساو دەهێنێتەوە بۆ وای لێ هات.

  • کارەکتەر
  • ڕووداو
  • کێشە
  • هەوڵی چارەسەر
  • شکستی چاوەڕواننەکراو
  • ڕێیەکی تر، سەردەکەوێت یان شکست دێنێت
  • بۆ وای بەسەر هات (پاساوهێنانەوە)؟

لە ئەدەبی ئەمریکیدا، ئەم جۆرە پڵۆتە زۆر دێتە بەکاربردن.

مۆدڵی سێیەم: ڕاچێتەی پڵۆتی لێسە دێنت (Lesser Dent Plot Formula)

لێسە دێنت ئەم مۆدڵەی داهێنا. ڕاچێتەکەی بەناوبانگە لە نێو نووسەراندا. ڕووداوەکان دەبنە چوار کۆمەڵە. ڕووداوگەلی کۆمەڵەی یەکەم شێوازی کاری ئەنتاگۆنیستەکە پێشان دەدات (ئەگەر بکوژ بێت، چۆن خەڵک دەکوژێت، ئەگەر پارێزەر بێت چۆن کەیسەکانی دەباتەوە/دەدۆڕێنێت). دەبێ شێوازەکەی جیاواز بێت لە هەموو شێوازەکانی تر. کۆمەڵەی دووەم پێشانی دەدات ئەنتاگۆنیست چی دەوێت. ئەو شتەی دەیەوێت دەبێ جیاواز بێت لە هەموو داواکارییەکی تر. کۆمەڵەی سێیەم شوێن دەناسێنێت. شوێنەکان دەبێ جیاواز بن. کۆمەڵەی چوارەمیش باسی تێوەگڵانی پڕۆتاگۆنیست دەکات، چۆن ئەنتاگۆنیست بۆ ئەو هەڕەشەیە و چۆن چارەی دەکات. ئەم پڵۆتە زێتر بۆ کورتە چیرۆک دێتە بەکاربردن.

مۆدڵی چوارەم: شەش توخمی پڵۆت (Six elements of plot)

جۆو بەنتینگ (Joe Bunting) ئەم مۆدڵەی داهێنا لە کتێبەکەی بە ناوی (بونیادی نووسین: The Write Structure). ئەم مۆدڵە باوە لە نێو ئەدەبی کوردیدا. پڵۆت دابەش دەکات بەسەر ئەم شەش توخمەی خوارەوەدا:

یەکەم: دەرخستن (Exposition)

باسی پڕۆتاگۆنیست و جیهانەکەی دەکەی. بەو ڕووداوانە دەست پێ دەکەی کە بەها و کەسایەتی و ئاکاری کارەکتەرەکەت دەخەنە ڕوو.

دووەم: ئاگری بن کا (Inciting incident)

شتێک ڕوو دەدات، ئەم ڕووداوە دەبێتە هەوێنی ڕووداوەکانی تر، ئاگرەکە خۆش دەکات.

سێیەم: ئاگرەکە ئاڵۆز دەبێت (Rising action)

چەند شتێک ڕوو دەدەن، ئەم ڕووداوانە دەبنە هۆی دروستبوونی ترس و ئاستەنگ بۆ پڕۆتاگۆنیست. ڕەنگە سەرەتانی هەبێت، شتێکی بەسەر بێت، یان بە ئاسانی لە ئەنتاگۆنیست ناگات، یان شتێکی زۆر گرنگ ون دەکات، هتد. ئەم ڕووداوانە تەشویق (suspense) دروست دەکەن. خوێنەر لە مەراق دەمێنێتەوە، حەز دەکات بزانێت چی ڕوو دەدات.

چوارەم: ڕاڕایی (Dilemma)

لەم ڕووداوانەی لێرە ڕوو دەدەن، پڕۆتاگۆنیست ڕاڕایە، نازانێت چی بکات. دارێکی بەدەستەوەیە پەنجا سەری بە هەرامەیە. دەبێ سەرێک، ڕێیەک هەڵبژێرێت.

پێنجەم: لووتکە (Climax)

لەم ڕووداوانەی ئێرە، پڕۆتاگۆنیست ئەو بڕیارانەی لە قۆناغی پێشوو داونی، جێبەجێیان دەکات. ئەوەی لە سەرەتاوە کاریان بۆ دەکەیت، ڕوو دەدەن، لێرە دەیاندوورییەوە، هەمووی بەگۆڕێ وەدەکەی. ئێرە ئەو شوێنەیە خوێنەر لە سەرەتاوە بەدوایدا دەگەڕێت، حەز دەکات بیگاتێ.

شەشەم: پێچانەوە (denouement)

ئەم ڕووداوانە کۆتاییەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکەن. بارگە پێچانەوەیە، شتەکان دەگەن بە ئەنجامێک. وەک ئامادەکردنی دۆڵمە، پاش هەموو شتێک دەبێ بیپێچییەوە و بیخەیە سەر ئاگر. جا نووسەر ئازادە بە کراوەیی یان بە داخراوی کۆتایی پێ دێنێت.

مۆدڵی پێنجەم: پڵۆتی سکۆت مێریدیت (Scott Meredith’s plot)

سکۆت مێریدیت ئەم مۆدڵەی هەیە: پڕۆتاگۆنیست کێشەیەکی هەیە. هەوڵ دەدات چارسەری بکات، بەڵام چەند ئاستەنگێکی دێنە پێش. پاشان شتێکی تری بۆ ئاشکرا دەبێت، وای لێ دەکات هەوڵێکی تر بدات و بگاتە چارەسەر. لە مۆدڵی دووەم نێزیکە.

مۆدڵی شەشەم: حەفت هەنگاوە بنەڕەتییەکەی کرداری مرۆڤ (The Seven Basic Steps of Human Action)

جۆن تێربی (John Turby) ئەمەی داهێناوە.

  • کێشەیەک کار لە یەکێک دەکات.
  • حەز و کاردانەوەی کەسەکە.
  • یەکێکی لێ قیت دەبێتەوە و دەبێتە ڕێگر.
  • بیرکردنەوە و پلاندانان.
  • شەڕ، ململانە.
  • لەخۆتێگەیشتن، کەسەکە کۆمەڵێک شتی بۆ ڕوون دەبێتەوە.
  • ژیان بەردەوام دەبێت، ئەو کەسە کێشەکە چارسەر بکات یان نا.

مۆدڵی حەفتەم: هەواڵی باش/خراپ  

نووسەری ئەمریکی، كێرت ڤانەگەت (Kurt Vonnegut)  ئەم مۆدڵەی داهێنا. مۆدڵەکە پێنج جۆرە پڵۆت لەخۆ دەگرێت:

یەکەم: دە کونێ (man in hole)

دووەم: کوڕێک کچێک دەبینێت (boy meets girl)

سێیەم: ساندراێلا (Cinderella)

چوارەم: لە خراپەوە بۆ خراپتر (from bad to wrose)

پێنجەم: هەواڵی باش/خراپ

ناوی ئەم مۆدڵە بە پڵۆتی کۆتایی ڕۆیشتووە (هەواڵی باش/خراپ) چونکە کێرت ڤانەگەت زۆر کەیفی پێ هاتووە. لەم هێڵکارییەی خوارەوە، هەر پێنج پڵۆتی ئەم مۆدڵە ڕوون کراوەتەوە:

مۆدڵی هەشتەم: مۆدڵی دانەخۆرە (Hook Model)

بۆ خۆم ئەم مۆدڵەم دروست کردووە. لە ئەزموونی خۆم بۆم دەرکەوتووە باشترینە بێو دەستپێکی هەر بەشێک لە ڕۆمانەکەت ئەمانەی تێدا بێت: ڕووداوی دانەخۆرە (hook)، خێرا و ئاکشن. ئەم سێ جۆرە ڕووداوە خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ نێو ڕۆمانەکە. لە نێو هەر بەشێکدا دەکرێ ململانە، ئاستەنگ و کێشە هەبن. دەکرێ لە هەر بەشێکدا کڵایماکس هەبێت بۆ پڵۆتی سەرەکی و وردە پڵۆتەکان. دەکرێ هەر بەشێک پێک بێت لە چەند ڕووداوێک خوێنەر بخاتە مەراق بۆ بەشی دواتر.

وردە پڵۆت (Sub-plot)

وردە پڵۆت (وردە گرێ) وەک چیلکە وان، ئاگرەکە خۆشتر دەکەن. زگت بە پڕۆتاگۆنیست نەسووتێت. بە دار و بەردی دادە. با لە یەک کاتدا، زیاتر لە کێشەیەکی هەبێت. کێشەیەکی سەرەکی (پڵۆت) لەگەڵ چەند وردە كێشەیەک.

بەکورتی، پڵۆت واتە ڕووداو، کەواتە ڕووداو واتە ڕۆمان. ڕۆمانی کەم ڕووداو بێزارکەرن. سەرەتای هەر بەشێکی ڕۆمانەکەت دەبێ بە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش دەست پێ بکات. باسی کەش و هەوا و وەسفی شوێن و لاواندنەوە و هەست و ئەو شتە سواوانە مەکە کە ڕۆمانی کلاسیک خۆی پێیانەوە خەنی کرد.

تۆی نووسەر ئازادی کام مۆدڵ بەکار دەبەی. دەتوانی هیچیان بەکار نەبەی! چۆنی دەنووسی، بینووسە، بەڵام خۆشی بنووسە، بەتامی بنووسە. چۆن وای بنووسم؟ جارێکی تر باسی ئەوە دەکەم.  

————————————————————————–

سەرچاوەکان

Alberski, W., 2012. Selected Functions of Narrative Structures in the Process of Social and Cultural Communication. Styles of communication, 4(1).

Bunting, J., 2021. The Write Strcuture.

Field, S., 2005. Screenplay: The foundations of screenwriting. Delta.

Vonnegut, K., 1980. How to write with style. International Paper Company.

Truby, J., 2008. The anatomy of story: 22 steps to becoming a master storyteller. Farrar, Straus and Giroux.

Grindon, L., 2012. Cycles and clusters: The shape of film genre history. Film genre reader IV, pp.42-59.




” فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی” ی مامۆستا “ڕێبوار سیوەیلی”٭.. هاوڕێ خالید

ئەم کتێبە، بۆ کێ نووسراوە؟
بۆ ئەوەی بە باشی لەم کتێبە تێبگەیت، سەرەتا، خۆشەویستێکت بەدەستی جەلادانەی پزیشکەکانی نیشتیمان لە دەست بدە..
بۆ ئەوەی لەو کتێبە تێبگەیت…
لە سوچێکەوە ڕابمێنە ئەو کاتەی خوشکەکەت یان خێزانەکەت، دەچێتە بەر دەستی پزیشکێکی پیاو…
ئەو کاتەی دایکت ماندووەکەت، کارگوزارەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری بە: دکتۆر… بانگ دەکات
ئەوکاتەی براکەت دووچاری دۆخێکی دەروونی دێت، ترسی ئەوەی هەیە بچێتە سەردانی پزیشکی دەروونی.
ئەوکاتەی خۆت زمانت تەتەڵە دەکات، لەبەردەم پزیشکدا، نازانیت بۆچی لەوێیت!

1. وتاری دەق:
فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی کتێبێکە بە قەبارەی 105 لاپەڕە، لە ساڵی 2013، لەلایەن مامۆستا ڕێبوار سیوەیلییەوە نووسراوە. یەکەمین کتێبە لە بواری فەلسەفەی پراکتیکی و ئاکاری نەخۆشەوانییدا تا ئێستا بەر زمانی کوردی کەوتبێت. وەک هەمیشە هەوڵێکی جددی و خەمخۆرانەی دیکەی مامۆستایە، سەندیکای پزیشکان سپۆنسەریان کردوو، و ئێستا دووەم چاپی لەبەردەستی خوێنەردایە…
گوتار و باس و خواسی ناو تێزەکە بەدەوری مرۆڤێکدا دەسوڕێتەوە؛ کە “بەشێک لە (بوون) ەکەی بەشێوەیەکی کاتی لە کێشەدایە” باسکردنە لە پەیوەندی (دیالێکتیکی نێوان نەخۆش و نۆشدار) : وەڵامی ئەو پۆلە پرسیارانەی : چۆن و چی پێویستە لەسەر نەخۆشەوان و نۆشدار تاکو لە پرۆسەیەکی: (تەندروستی، دەروون دروستی، ئاکاری، یاسایی و مرۆیی) کۆمەک بە نەخۆش بگەیەنێت؟ هاوکات ئەرکەکانی نەخۆش چین و چۆن دەتوانێت ببێت بە بەشە ساغلەم و تەندرووستەکەی خۆی و کۆمەکی بەشە نەخۆشەکەیتری بکات؟ …وەک بەشێک لە پزیشکی خودی خۆی و بەڵکو هاوکاری پزیشکی نۆشداریش.
ڕۆڵ و کەسایەتی مامۆستا، وەک فیگەرێکی دیاری نووسین، لە ئایدیا و ئەرگومێنتەکاندا بەتەواوی خۆی بەرجەستە دەکات. لە ڕووی هەڵبژاردنی بابەت و، خەسڵەتی سروشتی نووسینەکانی، کە مۆرک و خەسڵەتی ڕێنیسانسێکیان پێوەیە و وروژێنەری بیرۆکەی نوێ و لێدەری کۆدی کەلێنە گرنگەکانن…
گرنگی و بایەخی تێزەکە لەوێوە دەردەکەوێت مامۆستا: (لە زمانی هیچ و زمانی مردوو و زمانی نەبوونی بەرهەمێکی لەم شێوەیە تێدەگات، دەبێت بە زمانی زمان، بە زمانی وشە، زمانی پیت، وردتر لە پیت، تۆکمە، چڕ، ئەلفێکی تر دەخاتە سەر هەژماری کارەکانی، و ئەم کەلێنە لە کتێبخانەی کوردی لە هیچ بوون و مردن و نەبوون ڕزگار دەکات) وەک کۆمێنتارێکی وریا خۆی دەخزێنێتە کەلێنی پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش، بە مەبەستی سنوردارکردن و پارازێنت کردنی ئازادییە ڕەهاکانی پزیشک و بە کولتوورکردنی مۆدێلێکی هیومانیستیانەی نەخۆشەوانی تێزە ئاکارییەکەی لە فۆرمی ئەتەکێتێکی مرۆڤانە و ئەدەبیاتی هیومانیستییانەی سەردەمیانە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی دەکات.
ئەرگومێنتی سەرەکی بریتییە لە، جەختکردنەوە لە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤی نەخۆش، دەرگا بە ڕووی ئەودیو ئازار و برینەکانی نەخۆش و میتافیزیکای نەخۆشیی و نەخۆشناسییدا دەکاتەوە. دەنگی زمانێکی تر دەبیستین نوێ و سەرنجڕاکێشە سەبارەت بە ستایلی بیرکردنەوەی دونیای ئێمە. کە
جەختکردنەوەیە لە واتاکانی “مرۆڤبوون” هاوار و بانگەوازە بەوەی کە تەنها عەقڵانیی بوون بەس نییە بۆ کامڵبوون و بەختەوەربوونی مرۆڤ. بەڵکو توخمەکانی ویژدان و هەڵچوونە دەروونییە چالاکەکان لە واقیعی پراکتیکییدا لەتەک ئەوانیتردا، وزە و بەختەوەریێکی دەروونی لە بن نەهاتوو دەبەخشنەوە، کە ئەویان ڕەسەنەکەیە… ئەو کاتەی مرۆڤ لە ڕێگەی مرۆڤبوونییەوە بوونی خۆی دەڕژێنێتە ناو بوونی ناتەواو و قەیراناوی ئەویتر، لە قوڵایی دورگەکانی دەروونییەوە هەستێکی بەختەوەرانەی ناوازەی بۆ درووستدەبێت، هەستدەکات ئەوەی کە کردوویەتی بە تەنها ڕاستەقینەکەیە و ئەویتر هیچ.
گرنگی و بایەخەکانی ئەم کتێبە زۆرن، لە سەرەتاییترینیان ویژدانی خوێنەرەکەی ئەکتیڤ دەکاتەوە بەوەی هەستە قوڵەکانی بەر نەخۆش و خەیاڵی بەر پیشەی پزیشکی دەکەوێت. هاوکات کارێکی جوانیشە بۆ بە کولتوورکردنی ڕۆشنبیری نەخۆشەوانی. ڕەنگە گونجاوترین جێگەیەکیش بۆ فڕێدانی ئەم کتێبە، یەکەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی هەر نەخۆشخانە و یەکە تەندرووستییەکان بێت، ئەگەر وەک درووستکردنی تەنها دیمەنێکی ئیستاتیکیش بێت بۆ ڕەفەیی تۆزاوییان..

  1. گوتاری دەق و ڕانان….
    ناوەڕؤکی کتێبەکە بەیەک ڕیتم لەسەر دیووی دەرەوەی پەیوەندی نەخۆش و پزیشک دەوەستێت لەشێوەی پانێلێکدا وتووێژی فەلسەفی و ئاکاری و یاسایی لەسەر دیووی ناوەوەی پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک دەکات. بەمشێوەیە:

“لە دەستپێکدا وەک ڕێز و پێزانینێک، هاوکات بیرخستنەوەی خوێنەر، کتێبەکە پێشکەش بە ڕەوانی (مەلا مەحەمەدی ئیرواسی) کراوە، کە لە سەدەی ١٨ دا یەکەمین دەستنووسی پزیشکی نووسیوە.
پاشان پێشەکی و میتۆد و ئاراستەی کارکردن ڕووندەکرێتەوە، لەوێدا هاتووە کە میتۆدی گەڕان و پشکنین (ئەزموونکردن) پەیرەو دەکرێت کە بەدوای پەیوەندی نێوان پیشە و زانستی پزیشکی و سەرچاوە فەلسەفییەکانە..
بزوێنەری بزاوتنی هەر پەڕەگرافێکی، بەڵکو هاندەری مامۆستاش، داکۆکیکردنە لەم گوزارشتە “پزیشکی وەک پیشەیەک هەم هونەر و هەم زانستە و ئەم زانست و هونەر و پیشەش دروستکەری ئاکارێکی تایبەتە کە ناکرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە”
دەکرێت ناواخن بەسەر ئەم بەشانەدا دابەش بکەین :
*شیکاری بۆ چەمک و زاراوەکان و کلیلە وشەکان:
-ئاکاری پزیشکی
-بنەمای فەلسەفیانەی ئاکاری پزیشکی
-نەخۆشناسی
-نەخۆشی و فەلسەفە
-فەلسەفە

*پاشان بە پابەندی چوارچێوەی ناونیشانی کتێبەکە (پزیشکی-فەلسەفە)، هەموو سەرنجەکانی لەسەر سێ پزیشکی فەیلەسوفی ناو کولتووری فەلسەفی یۆنان، کۆ کردۆتەوە. لەوانە دیارترینیان، هیپۆکراتیسە. لەوێدا:
*گەشتێک بەناو پێش زەمینەی پزیشکی لە یۆنان دەسپێدەکات
وە مەرج و بنەماکانی هیپۆکراتیس بۆ کاری پزیشکی ڕەسەن چیین؟ باس دەکات.
و پاشان
*دەقی سوێندنامەکەی هیپۆکراتیس بە کوردی، هاوپێچ کراوە.
*ئینجا ئەنجام و پێشنیازەکان پێشکەش دەکات.
پاشان دەگەینە گرنگترین بەشەکانی ناو کتێبەکە، لەوێدا هاتووە: ئاماژە بە مافەکانی نەخۆش و مافەکانی پزیشک دەکرێت.
پاشان باسی پرۆسەی چارەسەری و نۆشداری و چارەسەری لەنێوان میهرەبانی و پسپۆڕییدا کراوە..

لە گرنگترین بڕگەکانی کتێبەکە:
“پێویستە لەسەر دەسەلاتداران خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان و ئاستی کولتووری خەڵک لەبەرچاو بگرن، وە لە هەمانکاتیشدا چاوپۆشی نەکات لە بارودۆخی زانستە پزیشکییەکان و ئیمکانە تەندرووستییەکان” وە هەرەوەها هاتووە “ئاکاری پزیشکی ئەو سیاسەتانەی تەندرووستیش دەگرێتەوە، کە سیستەمی سیاسی لە ڕێگەیانەوە بەرگری لە بارودۆخی تەندرووستی و ساغلەمی کۆمەڵگا دەکات و بەهۆیانەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دابنین دەکات.”
هەروەها لە گرنگترین ئایدیاکانی ناو کتێبەکە: “مرۆڤ بەوەی کە نەخۆش بکەوێت جەوهەری خۆی لە دەستنادات”
دوای ئەوەی سێ پزیشکی فەیلەسوف وەک نموونەی فەلسەفی و پزیشکی وەردەگرێت، تیشکدەخاتە سەر یاسا و ڕێسا تەندرووستییە جیهانییەکان پاشان پرۆسەی چارەسەری نەخۆش و لە کۆتاییدا، بۆردی مافە دەستوورییەکانی نەخۆش نووسراوەتەوە و هاوپێچ کراوە.
خالید هاوڕێ
لەماڵی وەفایی بەردەستە
ٓٓٓٓٓٓٓٓٓ————————-
ڕیفرێنس:
پیاوێکی ڕەنگاو ڕەنگی تەبیعەت شووشەیی.
کوڕی ناو بنەماڵە خانەدانەکان، خۆی فڕێداوەتە ناو مەزرای زێرابە پەنگخواردووەکانی کولتوورە قێزەونەکانی نیشتیمان. ئەو دەیەوێت وەرزی گەرمای هاوینی کولتووری ئێرە بە بارینی وشەکانی، خۆش بکاتەوە. .. بەڵام پێدەچێت بێهودە بێت.. جەخاری شەرمهێنەرانەی ئێرە تەواو هیلاکی کردووە…تەمەنی لە هاوین چەقیووی هەڵبزڕکاوی کولتووری ئێرە، لە ئەژدیها دەچێت تینووە بە خوێنی دڵان. … دڵی ئەو بە وزەی وشەکان دەجوڵێتەوە، تەنها وشەکان….. ئەوانیش زۆر بە قورسی دێنە دەرەوە.،. هێندە بە زەحمەت تا ئێستا دووجار دڵیان تەقاندووە….




ناکۆکیەکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە بەغداد.. عوسمان حاجی مارف

ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا کێشەو گرێ کوێرەیەکە کە هەرجۆرە ڕێکەوتن و پێکهاتنێك لە نێوان ئەو هیزە سیاسیە میلیشیایی و مافیاییانەی بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە سەر شانۆی سیاسی عێراق هەڵسوڕانی سیاسی و گەمەی هاوسەنگی هێزو بازرگانی بەدەسەڵاتەوە دەکەن، لە ئاستێکی دیاریکراودا بە بنبەستی خۆی گەیشتووە. گومان لەوەدا نیە کە نەک نەیانتوانیوەو نەیانویستوە ئارامی بۆ هەلومەرجی سیاسی عێراق دابین بکەن، بەڵکو ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەیان بەئاستێکی زیاتر و زیاتر و مەترسیدارتر گەیاندووە.
ئەوحاڵەتەی کە بەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری٢٠٢١دا پێشهات کە زۆر بە ئاشکرا شکستخواردن و ڕێژەی ناهاوسەنگیەکی وەها لە هێزەکانیان دەرهات، کەلە ناو کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتدا دەرگیر بون و لەبەرامبەر گەورەترین سەرگەردانی و ناکۆکیدا هێزەکانیان لاسەنگ ڕاوەستان. هەربۆیە ئەو پرسیارە دێتە سەرمێزی هەریەک لەو هێزە تائیفی و ناسیۆنالستانە، ئاخۆ کام حکومەت ئەتوانن پێک بهێنن؟ حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی هاوپەیمانی؟ ئیستحقاقی هەڵبژاردن یان هاوسەنگی هێز؟ کێشەکەیان لە دوریانێکدایە کە هەر کامیان هەڵبژێرن، ڕێگاچارەیەك ناخاتە بەردەمیان تا بتوانن کۆتایی بە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی و ناجێگیری سیاسی و بنبەستی خۆشیان بهێنن، چونکە نەك هیچ پێشبینیەکی لێ ناکرێت بۆ وەڵام بە نائارامی دۆخی سیاسی عێراق، بەڵکو ناتوانێ کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان خۆشیان دامرکێنێتەوە.
ئەم واقعیەتە ئاکامی دەخالەت و ڕۆڵ وکێشمەکێشی سی ساڵ زیاتری هەوڵی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تاکە جەمسەرێکی زلهێزی دنیا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ و گوندەیی خۆی بەسەر تەواوی دنیای سەرمایەداریدا، کە مایەی داروخان و تێکدانی تەواوی شیرازەی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ناوچەکە و بە نۆکەرگرتن و بەگەرخستنی چەندین هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرست بوو. لە هەمان کاتدا ئەو هێزە سیاسیانەش بونە بەشێکی سەرەکی لە زیاتر تێکدان و داسەپاندنی ئەوپەڕی دۆخی نالەبارو وێرانکاری و گێژاوی سیاسیدا، بە مانایەک”جێگیر”بونی ناجێگیری سیاسیە.
ئێستاش لە ئاکامی پاشەکشەو بنبەست و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ووڵاتانی تری زلهیزی دنیای سەرمایەداری و کێبرکێ و وەستانەوەیان لە بەرامبەر ستراتیژو سیاسەتەکانی ئەمریکادا، دەورانێکی تر لە کێشمەکێش و قەیرانی سیاسی خستۆتەسەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر گۆرینی پێگەی هێزە سیاسیەکان و ڕەوەندی ئاڵوگۆر لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە جۆرێکی تر داناوە. پێشهاتەکان ئەوەمان پێدەڵیت کە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی و پێگەی ئەرێنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرێخستنی هەڵبژاردنێکی ڕیسواو شکستخواردو ئایندەی حکومەتی عێراقی خستۆتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە چەند دەروازەی لێڵ و نارۆشن نیشان ئەدرێت بۆ هاتنە دەرەوەیان لەو تونێلە.
نائینسجامی و قەیران و بێسەروبەری هێزە سیاسیەکان لە مابەینی بڕیاردان لەسەر حکومەتی زۆرینەو پەیڕەوی دەستور، لە بەرامبەر حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن، کەوتونەتە ناو گێژاوو دروشمی بێسەروبەری وەهاوە، کە نە حکومەتی زۆرینەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی کۆتایی بەو دۆخە نالەبارەی نێوانیانن دەهێنێت، نە دەتوانن بە پێکهینانی حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی نێوان بەرەی شیعەو کوردو سونە ئەم کێشەو قەیرانە تێدەپەڕێنن. هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق لەبەرامبەر ئەو چاوەڕوانیانەی ئاڵوگۆڕێکی تازەی بۆ ئایندەی عێراق هێناوەتە پێشەوە، تەواوی هاوکێشەکان گۆڕدراون لە چۆنیەتی دەخالەتی ئێران و تورکیاوە تا جێگاوڕێگای ئێستای ئەمریکاو بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕەقیبەکانی لە روسیاو چین، هەروەها هەوڵ و ڕۆڵی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ناوچەکەو عێراقدا. دوای سی ساڵ لە سەرگەردانی و کارەسات و گێژاوی سیاسی، دەورانێکی تر لە پاشەکشەو لێکترازانی هاوسەنگی و پێگەی بەشێکی زۆرلە هێزە میلیشیاکان بونەتە ئەمری واقع، کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان بە هیچ یەک لە حکومەتی زۆرینەو حکومەتی هاوپەیمانی بەرێوەنابرێت وە ئایندەی عێراق کوردستان تاریکتر دەکات. ئەگەر ئاڵوگۆرێک لەسەر ڕێدایە دەبێت تەواوی ئەو هێزە سیاسیە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانەی کە چەندین ساڵە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، بکەونە بەر لێشاوی ئەو ئاڵوگۆرەو کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەنا ئاڵوگۆر هیچ مانایەک نابەخشێت.
کێشەکان بە ئاقاری ئەوەی سەرۆک کۆمار مافی کێیەوە دەبێت بۆ کێ بێت گاڵتەجاریە..!، حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی ڕێکەوتن یان نێوەند گیری و هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان گەمەی سیاسی ئەو هیزانەدا پێک بێت، ئەوە ئەو بەڵا بەردەوامەیە کە نزیک بە بیست ساڵە یەخەی خەڵکی عێراقی گرتووە لە ڕودانی کارەسات و نائارامی و ناڕۆشنی چارەنوسی سیاسی عێراقدا.
ئەم هەراو کێشمەکێش و شەرەی ئێستایان لەسەر سەرۆک کۆمار یان چۆنیەتی پێکهینانی جۆری حکومەتەکەیان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی هەر لایەنێکیانە کە بە قازانجی خۆی کاری لەسەر دەکات. گەر سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت دەستکەوتێکی زیاتر لە پێگەی سیاسی بەدەست دەهێنێت و زیانی گەورە دەبێت بۆ یەکێتی، بەڵام سەرۆک کۆمار گەر بۆ یەکێتی بێت تەنها دەتوانێ ئاستی هاوسەنگی هێزەکەی ڕابگرێت و تەنها بەر بەو زلەیە بگرێت کە پارتی لە ئێستادا دەیەوێت لێی بدات، دواتر چی تر ڕووئەدات ئەوە پەیوەستە بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕێرەوی چارەنوسی ناوچەکەدایە.
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەش بەرەیەکە کە ئامانجی گورز وەشاندنە لە بەرەی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی شیعەو کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا، بەڵام ئەم بەرەی حکومەتی زۆرینەیە گەر حکومەتەکەش پێکبهێنن، لەو واقعیەتەوە کە ناتوانن حکومەتێک پێک بهێنن مەرکەزیەت بۆ عێراق دابین بکات، سەرکەوتو نابن، چونکە ناتوانن پێگەی ئەو حزبە میلیشیایانەی تر لە ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا کەم کەنەوە. بەهەمان شێوەش حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن ئەو ئەزمون و قەوانە سواوە دەبێت کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغداد و شارەکانی خواروی عێراق توانیان نمونەکەی پێشتری وەک حکومەتی عادل عبدالمهدی هەڵوەشێننەوە. بە گشتی پێکهێنانی هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان نەخشەو سیاسەتی ئەم هێزە میلیشیایانەدا دەرگیر بە قەیرانێکی قوڵ و ناکۆکیەکە ناتوانێت حاڵەتێکی نۆرماڵ و گونجاو لە دەسەڵاتی سیاسی بدات بەدەسەتەوە. هەر بۆیە جەماوەری ناڕازی عێراق و کوردستان یەک هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە ئەویش ڕاماڵینی تەواوی ئەو هێزە میلیشیاییانەیە بە خۆیان و دامودەزگاکانیانەوە.
٩/٢/٢٠٢٢




ناسری ڕەزازی و داعشە دەم شڕەکانی سۆشیاڵ میدیا.. شەماڵ بارەوانی

ئەو جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی سۆشیاڵ میدیا، لەبەرامبەر هەرشتێک و لای کۆمەڵێکی کەسی تێڕوانین داعشی ئەقڵ بەبەردبووی دەم شڕ، ئاماژەیەکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەمان پێ دەڵێت زوو، یان، درەنگ، ئێمەی ئازادی خوازان و کۆمەڵی کراوەو پلورالیەتی ئایینی و کومەڵایەتی و سیاسی و ئەو پێکەوەژیانە جوانەی دەیان ساڵە، لە کوردستان بوونی هەیە، باجەکەی زۆر بەقورسی دەدەین، گەر زوو چارەنەکرێت و فریانەکەوین و خەمی لێ نەخۆین.
ئەو تێڕوانین داعشگەرایانەی ئێستا بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی هێرش دەکەنە سەر هەمووشتێک، بە بڕوای ئەوان کفر و حەرامە، سبەی دەسەڵاتیان هەبێت، چەک دەست دەدەنێ و وەکو داعش بە تڤەنگ، گوللەبارانمان دەکەن و بەچەقۆ و شمشێر سەر و دەست و پاو زمانمان دەبڕن ، ئەو داعشبیرانەی ئێستا لەسۆشیاڵ میدیا گاڵتە بە تراژیدیاو فۆلکلۆر و فەرمان و نەهامەتی و ئازاری ئێزدیەکان دەکەن و هەموان دەڵێن هێدی باژۆ و ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی و ویژدانیان نەجوڵا و فرمێسک لەچاوانیان نەباری، کاتێک ئەو هەموو کوردە ئێزدیە، لەلایان داعشی تیرۆرست، کوژران و بێ سەرو شوێنکران و ئەتکران و کران بە کەنیزە و کۆیلەی دەوڵەتی ئیسلامی، بەیانی دەسەڵاتیان هەبێت، هەمان شێوەی داعش دەمان کوژن و دەمان کەن بە کۆیلە و کەنیزە، ئەوانەی ئەمڕۆ لەسۆشیاڵ میدیا بێ ڕێزی بەکەسێک دەکەن و بەڕەتڵ جوێنی بۆ دەنێرن، تەنها لەسەر ئەوەی گوتی: من یارسانیم و موسڵمان نیم ،سبەی دەرفەتیان هەبێت، هەموو عەلمانی و لائیک و کاکەیی و زەردەشتی و ئێزدیەکان جینۆساید دەکەن، بێگومان حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکان و کۆمەڵێک بانگخواز و پیاوی ئایینی بەرپرسیاری یەکەمن لەو دۆخەی خوڵقاوە، ئەوان خەتابار و تاوانباری سەرەکین، لەدروستکردن و بەرهەم هێنانی نەوەیەکی جیقڵدان تەسک و تاک ڕەهەند و ئاسۆتاریک و دەم شڕ و جوێن دەر، هێندەی لەکەناڵ و لەسەر مینبەرەکانیان ، لە شاشەی تەلەفیزۆن و لە ڕادیۆکانیان، بگوڕێنن و هاواربکەن: ، تێکەڵاوی هەردوک ڕەگەز لەناوەندەکانی خوێندن فیتنەو ئاشووبە، بێ لەچک و سفوری ژن و کچ، لەخوا نەترسان و نیشانەی ئاخر زەمان و بەڕەڵایی و بێ ئەخلاقیە، کچ لاقی ڕوت بێت، بۆ کەس و کارەکەی شەرمەزاری و بێ غیرەتی و دەیوسیە، ئێزدی شەیتان پەرست و گڵاو پیسن، زەردەشتی ئاگرپەرستن و هاوسەرگیری لەگەڵ خوشک و کچ و دایکیان ئەنجام دەدەن، کریستیانەکان خاچ پەرستن و عیسا دەپەرستن، یارسانی شەوە ڕەشیان هەیە و کافرن ، شیوعی و مارکسی دوژمنی خوداوەندن، هەموو ئایینەکانی ترو ئاڕاستەکانی تر، هەڵەو جەهنەمین، پەیکەر بتە، مۆسیقا حەرامە، تابلۆی ئیرۆتێکی بەڕەڵاییە، کۆلێژی هونەرەجوانەکان، کۆلێژی هونەره قەبیحەکانە، شیعری دڵداری تابوویە، داستانی دەروێش عەڤدی کفرە، نابێت بابەتی ئایین ناسی سەبارەت بەئایینەکانی تر لەقوتابخانەکان بخوێندرێت، جەژنی نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستیە، جەژنی سەری ساڵ جائیزنیە، دەیان جوێن و سوکایەتیتر بە مرۆڤ بوون و کوردبوون و یەکترقبوڵکردن و جیاوازیەکان و فرەیی و پێکەوەژیان، هەموویم بە ڤیدۆ و بەڵگە لایه، ئەو گوتارە داعشگەراو دەمارگیر و تۆتالیتار و جوێناوی و خوێناوی و ناتولەرەنس و دژە پێکەوەژیان و داخراوە، سەتان و هەزاران هەرزەکاری بێ پاگراوەندو نەشارەزاو ناڕۆشنبیر گوێیان بۆ دەگرێت، نەوەیەکی دەم شڕی جوێندەر و تاک ڕەهەند دروستدەکات، نەوەیەکی هەرزەکاری دید تەسک و مێشک بچوک، نەوەیەکی نەفەس کورت و ڕوانین تاریک، نەوەیەک شاڵاوی جوێن و هوروژمی سوکایەتی بۆ هەر شتێک دەبات، لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئەقڵی بەبەستەڵەک بوو و ڕوانینی تاکڕەهەندانەی ئەو نەگونجێت ، نەوەیەک فێری ئەوە نەکراوە ڕێز لەجیاوازیەکان بگرێت و ئەویتر قبوڵ بکات و شارستانیانەو مرۆڤانە بیربکاتەوەو لە ڕوانگەیەکی بەرز و جوان لە جیاوازیەکان و مرۆڤەکان و ژیان بڕوانێت، نەک داعشگەرایانەو مەزهەبیانەو ئایدیۆلۆژیایانە، نەوەیەک پێی بڵێیت: کاکە خۆ ئایینداری و بڕواداری بەزۆر نییە، چ لۆژیکێکی تێدایە تۆ بەزۆر بڕواو ئەقیدەیەکی دیاری کراو، بەسەر مرۆڤێکدا بسەپێنێت، ئاخر ئەوە چۆن دەبێت من بڕوام بەشتێک نەبێت و ئەو قەناعەتەم لادروست نەبێت، کەتۆ هەتە، تۆ بێیت و بەزۆر و بە جنێو سوکایەتی پێم بڵێیت: نەخێر بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی من، ئەقیدە و ڕێبازەکەی من ڕاستە و دەبێت باوەڕت پێی هەبێت. باوەریشت پێی هێنا، نابێت بەهیچ شێوەیەک پەشیمان ببیتەوەو بیکردنەوەو ئەقیدە و ئایینت بگۆڕیت، گەرنا خوێنت حەڵاڵ و کوشتنت ڕەوا دەبێت، چونکوو تەنها ئێمە ڕاستین، یارسانی، ئێزدی، جو، زەردەشتی، بودی و کریستیان ..تاد. هەمووی هەڵە و دۆزەخی و ناڕاستن، تەنها من و بیرو باوەڕ و دۆگمەکانم نەبێت، ئەوەیتر هەمووی بۆ جەهنەم و تفی ئێمە و نەفرەتی خوداوەندیان لێ بێت، سەیرە! ئەو تێگەیشتنە دیکتاتۆر و تاک ڕهەندو ڕاسیزم و دەمارگیر و تۆتالیتار و داعشگەرایە، کاکە بۆ دەبێ خەڵک وەکو تۆ بیربکاتەوەو ڕێ بکات و هەڵبژێرێت و ئاینداربێت و لەسەر مەزهەب و بیر و باوەڕەکەی تۆبێت؟ خۆ بەزۆر نییە، تۆ موسڵمانیت، ئەویتر جو، یارسانی، ئێزدی، زەردەشتی و مەسیحیە.
ئایین و بیر و باوەڕ ناکرێت لەڕێگەی شمشێر و چاوسورکردنەوەو جوێن و سوکایەتی و سەپاندنەوە، بەسەرخەڵکدا بسەپێندرێت، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی لۆجیک و ئەخلاق و بەڵگە و سەلماندنەوە بێت، ئەی (لا اکراە فی الدین) و(فمن شاء فلیکفر ومن شاء فلیؤمن) یانی چی؟
بەداخەوە، بیرداعشە دەمشڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەرگیز، لەمرۆڤ بوون تێناگەن و ناتوانن ئەویتر قبوڵ بکەن، کاکە دەم شڕگیان، بیرت نەچێت ئێرە کوردستانە، نەک داعشستان. ئێرە لانکەی پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکانە، بیرشت نەچێت یارسانی و زەردەشتی و ئێزدیەکان داگیرکەرو میوان نین، ئەوان دانیشتووی ڕەسەنی ئەو زێدەن، خاوەنی ڕاستەقینەی خاکەکەن، بەر لەبیر و باوەڕەکەی تۆ بەهەزاران ساڵ، ئەوان لێرەن و هەن، ئیتر ئەو خۆفشکردنەوەو بەداعشکرنەوەت لەچی.
جا ئەو داعشبیر و دەم شڕانەی سۆشیاڵ میدیا، ماشەللایان لێ بێت، چەندە بە بەزەیی و پڕ فرمێسک و خاوەن ویژدانن، بۆ ڕەیانی عەرەبی مەغریبی(من خۆشم بۆی گریام) ، پێنج ڕۆژە خەریکی شیوەن و فیغان و فرمێسک ڕشتنن، کەچی هەزاران مناڵ و کچ و ژن و پیاوی کوردی ئێزدی، جینۆ ساید و کۆکوژ و بێ سەر و ئەتکران هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهات!




دوو .. دوو.. نەوزاد بەندی

دوو پیاوی قەڵەو ، دانەیەکیان لە خوار بارهەڵگرە دوو تەنییەکە بوو ، ئەوەی تریان لەسەرەوە بوو ، تەنکییەکی گەورەیان بار کردبوو ، ئەوەی خوارەوە بەوەی سەرەوەی ئەووت : ئادەی تۆ جامانەکەتی لێ گیر کە ..
— جامانەی چی ، بابە ..پێنج سەد کیلۆ ، جامانە وەک کەرەوز قوت ئەدا ..
ئەمانە بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
مەشغوڵی ئەوان بووم ، لە پڕ دووان لەبەردەمما چەقین .. پێڵاوی بن زبری جاک ئەند جۆبس نەبووایە ، ئەچوومە سەر پشتی یەکێکیان ..دوو پیرەمێردی شل وشێواو بوون ، هەتا خوار گوێچکەیان کڵاوی چەرم بوو ..لەو وەستانە لە پڕەیاندا، یەکێکیان کە ناسیمەوە ، ووتی :
— ئەزانی پیس پیر بووین ..
ئەوەی تریان دەمێکی داپچڕی و ..ووتی :
— ئەی چۆن ؟ تۆ چەنی ؟ لە هەشتا لات داوە ..
— کورە ئا ..بەس من ئەم جگەرە وشتە دایکی گاوم ..
لێرەدا ، واتا دوای کەمتر لە خولەکێ ، ئەمەیشیانم ناسییەوە ..
یەکەمیان ، نزیکەی چارەکە سەدەیەک پێش ئێستا ، حەزی ئەچێتە سەر کچێکی هەژدە ساڵ ، ئەچێتە داوای ..لێی ئەپرسن :
— تەمەنت چەندە ؟
—پەنجاو پێنج ساڵ ..
باوکی کچە ئەڵێ : چیییی ؟
–ببوورە ، وەڵا پەنجا و حەوت ساڵم ، با درۆ عەرزی بەخزمەتتان نەکەم ..
ئەڵێن خەزووری یان ڕاستتر باوکی کیژۆڵەکە پێی وتبوو:
— جا فایدەی چی ؟
–بۆچی ؟
— بۆ ئەوەی پشت و ئەژنۆم تەواو نیە ، یەک دوو کۆڕناڵییم تێهەڵدایتایە ..
ئەیشڵێن ئەو پیاوە کاتی خۆی یاریزان بووە ، کۆڕناڵەکانیشی تامی پەنارتیان داوە، ئەوەندە جوان دروستی کردوون تەنانەت هەندێ جار هەر لە کۆڕناڵەوە گۆڵی کردووە ..
بەڵام دووەمیان یەک کرداریم کەوتەوە یاد ، ئەویش مستیلە کڕین بوو .. مستیلەیەکی زۆری بۆ خێزانی ئەکڕی .. زۆر جار پڕ زەرفێکی بۆ ئەکڕی ..ئیتر ژنەکەی چووە تەمەنەوە ، کاری بە مستیلە نەما ، هەمووی کرد بە پەردە بۆ دەرگای ژووری مریشکەکان …
ئەمزانی ئاساییە لەو تەمەنەدا لە پڕێکا ڕاوەستان ..چونکە ڕۆیشتن و قسەکردن لە یەک کاتدا ، لەو تەمەنانەدا ناکرێ ..بیشکرێ ، هەم ڕۆیشتنەکە کەوتنی تێئەکەوێ ، هەم قسەکان پچڕ پچڕ ئەبن و ناگەنە جێی مەبەست ..
ئەڵێن کیژۆڵەکە زۆر لە باوکی تووڕە بووە ..وتوێتی خوا ناردوێتی ، تۆ بۆچی کۆڕناڵی تێ هەڵئەدەی .. وتوێتی خۆم ئەسوتێنم .. ئەڵێن شتی تریشی وتووە ..
باوکی قژی گرتووە و ..پێی وتووە : بوخنکێنم ..؟ ها ؟ دەڵەقۆڕ .. پیرەمێردێکی مۆمیاکراو چی لێ ئەکەی ؟ مێژووی پێ ئەنوسیتەوە ؟
ئەڵێن کچە پێی وتووە : دوو خانوو و پیکابێک و دۆجێکی مەکینە خواری هەیە ، دوو سێ ساڵی تر ئەمرد و ئەبووم بە خاوەنی شت ..
ئەی مناڵەکانی دوو ژنەکەی تری ؟ خۆ لە هەموو مەوالیدەکان مناڵی هەیە ؟ ..
کچە مکوڕی ئەکا و ئەچێتە لای مەلای گەڕەک ، ئەویش ئەڵێ لە شەرعدا ، سێیەکی دۆج و پیکاب و خانووەکانت ئەکەوت ئەگەر وەفاتی بفەرمووایە ..
کە کچەکە دێتەوە ئەو هەواڵە بە باوکی بڵێ ، باوک سەد ساڵە مردووە ..
ئەڵێن هۆکاری مردنی باوکی نەزانراوە ..هەندێ پێیان وایە مەلا پێشتر ئەو مەسەلەی سێ یەکەی بە باوکی وتووە ، ئەویش دڵی بەرگەی نەگرتووە ..
ئەمانە ناویان ئاشکرا نەبوو ، بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
لە داخا خەریک بوو دڵم ئەتەقی ، ئەم هەموو یادگارییە قۆڕە چییە من لای خۆم هێشتوومنەتەوە ؟
—چی ؟ چی ؟ ..تۆ ئەڵێی چی ؟
دووان دەرپەڕینە بەردەمم ، یەکێکیان یەخەی ئەوەی تریانی گرتبوو :
–چی ؟ چی ؟ چی ؟
ئەوەی یەخەی گیرا بوو ، چاوەکانی لە مۆلەق وەستابوون ، نەیئەزانی یان نەیئەتوانی بڵێ چی ..
— بە خوا قەسەم وەک کارژۆلە سەرت ئەبڕم .. چی بوو ؟ پێم بڵێ چی ؟
ئەم پیاو کوژەم ناسییەوە ، ملئەستوور ..کورتە بنە ..برۆ پڕ .. چڵمن ..دوو قاچی کورتی وەک کۆتەرە داری هەبوو ، کە ڕا ئەوەستا هەزار سوێندت ئەخوارد کە ناتوانێ بەرزیان کاتەوە و هەنگاوێک پێیان بڕوا .. جۆرەها ئامێری خەڵک کوشتنی پێ بوو ..دەڕنەفیز ..نینۆککەر .. نارنجۆک ..مشار ..
گوزەرەکە ئەیانووت : ئەمە بچێتە هەر ماڵێ ، بە هاوسەرۆکە نێرەکەیان ئەڵێ ، ئەبێ شەقازلەیەکی بازاڕی بئاخێوێنیتە بناگوێی هاوسەرۆکی مێینەی ماڵ ئەگینا نمەکت له من حەرام بێ ..ئێ کابرایش خۆی بە پیاو ئەزانێ و پێی نەنگییە نمەکی ماڵی لە پیاوێکی وا ئازا حەرام بێ ، شڵپ ، شڵپەیەی لە بناگوێی حەریمی هەڵئەساند .. ئێ خۆ ئەویش بێکەس نییە ، ماڵی باوکی کاول نەبووە ..پارویەک هەر ئەبێ بیخوا ..
لەو بەرەوە ، یەکێ هاواری کرد ئەبێ ئەم حوکمەتە بڕوخێ ؟
تەماتە فرۆشەکەی تەنیشتی ، تاکو نیوەی پەنجەی دۆشاومژەی لە لوتیدا بوو ، ئەیویست شتێکی ڕەق دەربێنێ ، ووتی :
— جا چۆن ؟
یەکێ پیا هەڵشاخا :
— تەماتەی چڵماویم ناوێ ، پارەکەم بەرەوە ..
بە جوڵەیەکی وەک ئەوەی بروس لی ، پەنجەی لە لوتی دەرهێنایەوە ، بە زمانێکی پچڕ پچڕ ووتی :
— بەخوا هەمووی تەپ و تۆزە ، چڵمی چی ؟ ناشوکریی نەبێ ، کوا چڵم ماوە ؟
— پارەکەم ئەدەیتەوە یان ئەو تەرازووە لەسەرتا بشکێنم ؟
ئەوەی ووتی ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ، لە پشت مێک زەمینییەکەوە ، کاکۆڵی دەستبازی لەگەڵ هەوادا ئەکرد ..
سەرم بەرز کردەوە ، هەزار ..دەهەزار ئوتومبیل بە بێ شۆفێر بەسەر شەقامەکەدا ئەڕۆیشتن ..پۆلیسی هات و چۆ خەریکی چات بوو ..کچێک کە خۆی ناو نابوو ، هەنگوینی ڕەش ..بۆی نوسی بوو : ئیشتیهات ئەکەم ، کەڵەبابەکەم ..
ئەمیش بە تەمابوو بۆی بنوسێ : ئامادەم موئەخەرەکەیشت بدەم ، بەس گڵۆپی سەوزم بۆ داگیرسێنە ..
کەچی پەشیمان بۆوە و .. بۆی نووسی : هیچ موبادەرەیەکی جدیت نییە ، هەر قسەیە ، چۆڵەوانییەکەم !
ناسیمەوە .. ئەمە کوڕی ئاڵتونفرۆشێک بوو ، پێیان ئەوت دێوانە .. ساڵێک کۆمۆنیست بوو ، ساڵێک ئیسلامیی ..ساڵی سێیەم بە بێ لایەنیی ئەمایەوە ، ئیتر دوای کریسماس ئەبووەوە بە کۆمۆنیست ..
باوکی بە یارمەتی مامەکانی هەفتەی یەک دوو جار فەلاقەیەکی باشیان ئەکرد ، کە بەرە بەرەیش گەورە بوو ، هەمان کات ئەوان بێهێز بوون ، دەرەقەتی نەدەهاتن .. ناچار بە تێکڕا ، حاشایان لێکرد ، ئەویش بوو بە پۆلیسی هات و چۆ ..وایش وازیان لێ نەهێنا ، باوکی بەهۆی ئاڵتوونفرۆشیەکەیەوە خەڵکی بەد زۆر ئەناسی ، وایکرد لە فولکە قەڵەباڵغەکان داینێن ، هەتا بۆنی بەنزین و دوکەڵ و شت ، توشی شێرپەنجەی بکەن ..ئەمیش بیستبوویەوە ..وتبوویشی : جا بە گونمەوە..
باوکی کاڵەکی بە ئەژنۆ ئەشکاند ، لە مناڵیدا زۆری تیا سەرف کرد ، کە لە دایک بوو ، ئاهەنگێکی قەیسەریی بۆ کرد ..بڕیاری دا ناوی لێ بنێ مەکرەمە یان مەلحەمە ، کەچی هیچیان سەری نەگرت .
سوپاسالاری هات و چۆ ، نەڕاندی بەسەریدا :
–ئەو هەموو ئوتومبیلە بێ شۆفێرە چییە ؟ مالۆس ..
ئەم هەر گوێیشی نەدایە ..ناحەقیشی نەبوو ، خەڵکەکە لە لێخوڕین بێزار بووبوون ، کەچی ئوتومبیلەکان خۆیان حەزیان بە پیاسە بوو ..ئێ ئەم وەک پۆلیسی هات و چۆ چی بکا ؟ گرنگ ئەوەیە ئوتومبیلەکان بە بێ شۆفێر ، زۆر بە یاسایی ئەڕۆیشتن ، تەنانەت قایشی قوڕ و پشتێنی سەلامەتیشیان بەستبوو ..
سوپاسالار لە بێخەمی ئەم پارچە پۆلیسە ، شێت و دەهری بوو ، نەڕاندی :
–سەگباب ! کوا تەحیەکەت ؟
ئەم مێش میوانی نەبوو .. لەو کاتەدا ، چوار پێنجێکی تر ، هاواریان ئەکرد : ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ..
مێکزەمینییەکی زۆر پەیدا بوون .. ئەو خەڵکەیان هەموو پێچایەوە .. تەنانەت سوپاسالاری هات و چۆیشیان بەهەڵە یان بە دەستی ئەنقەست بارکرد ، لە نێوان قەتێ فرۆشێک و پەشمەکفرۆشێکدا گیری خواردبوو ، بواری نەبوو وەک عادەتی ڕۆژانەی ، بن ڕانی بخورێنێ ..
منیش لەناو مێکزەمینییەکەدام ..نازانم بۆ کوێمان ئەبەن ..
ئیتر ئەمانە هەموو پزمامن ..




شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

به‌ پێی پشكپشكێنه‌ و تایفه‌گه‌ری له‌ عێراقی فیدراڵدا پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورده‌و له‌ ناو كوردیشدا بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانییه‌و له‌ ساڵانی پێشوو ئه‌م پۆسته‌ دراوه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ( ینك) و له‌ بری ئه‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت دراوه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ( پدك) و به‌پێی ئه‌و عه‌قلییه‌ته‌ دۆگمایه‌ نابێت هیچ كوردێكی سه‌ربه‌خۆ ببێته‌ خاوه‌نی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وسه‌رۆكی هه‌رێم وسه‌رۆك كۆمار.
هه‌موو ده‌زانین جه‌لال تاڵه‌بانی دووجار بوه‌ سه‌رۆك كۆمارو له‌ پاش نه‌خوشییه‌كه‌ی كه‌لێنێك وبۆشایه‌كی له‌ عێراقدا دروست كردو، فوئاد مه‌عسوم بوو به‌ سه‌رۆك كۆمارو، وه‌ك ده‌ركه‌وت سه‌رۆكێكی بێ تواناو بێ هێز بوو زۆر كه‌س به‌ سه‌رۆكه‌ نووستووه‌كه‌ ناویان ده‌هێنا به‌ڵام بۆ خزمه‌تكردنی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی وریاو ئه‌كتیڤ بوو بۆ نموونه‌ كه‌ ده‌ستنیشانكرا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كسه‌ر به‌ بێ یه‌ك و دوو ( جوانی) كچی به‌ راوێژكار به‌ بری (( ته‌نها 13 ملیۆن)) دینار دامه‌زراند، له‌ كاتێكدا له‌لایه‌ن لێژنه‌ی ده‌ستپاكی په‌رله‌مانه‌وه‌ داواكراو بوو له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی كاتێك وه‌زیری گه‌یاندنی عێراق بوو، هه‌روا كۆمپانیای ( BMJ Industries ) ئیماراتی كە كۆمپانیایەكی گەورەی تایبەت بە توتن و جگەرەیە و خاوەنی چەندین براندی بازرگانییە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار كرد بەوەی كە پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیایەكی عێراقی كە برازایەكی فوئاد مەعسوم و هاوسەرەكەی خاوەندارێتی دەكەن و، كۆمپانیاكه‌ ناوی ( خیرات المنافع ) ه‌ بۆ بازرگانی گشتی و گواستنەوە كە خاوەنەكەی ( حەیدەر سەباح فەیلی) یه‌ هاوسەری ( نەورۆز محەمەد مەعسوم) ه‌.
له‌م رۆژانه‌دا پاڵاوتن بۆ سه‌رۆك كۆمار گه‌رمه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و، له‌ناویاندا كه‌سانی پاك و خاوین و كه‌سانی دزو گه‌نده‌ڵ به‌ پێی ده‌ستی ده‌ستپاكی به‌دی ده‌كرین و تیایاندا هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و ، ئیتر ئه‌وه‌ به‌ختی عێراقه‌ یه‌كێكی پاك یان یه‌كێكی دزو گه‌نده‌ڵ ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستكراوه‌ به‌ ناردنی شاندو شان ماجكردن و گۆرینه‌وه‌ی دیاری و كرین و فرۆش وبانكهێشت كردنی به‌رپرسانی هه‌ریم له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانی خوێمژی كوردان.
تا ئێستا به‌رنامه‌ی هیچ كام له‌و زاتانه‌ دیار نییه‌ه‌و، ئه‌م پۆسته‌ هه‌رچه‌نده‌ پۆستیكی ( سیادییه) ‌‌و پشكی‌ كورده به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن پۆسته‌كه‌ ( ته‌شریفاتیه)‌ واته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیارو سنوورداره‌و، ئاخۆ كه‌سانی بوێر له‌ ناو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌دا هه‌یه‌ بتوانێت به‌ هێزی داگیركه‌ری خاكی عێراق و كوردستان بڵێت بۆ ده‌ره‌وه‌ یان هه‌ر بێده‌نگییه‌.
مادام پۆسته‌كه‌ بۆ كورد دانراوه‌ با بزانین چی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و نییه‌. له‌ هه‌رێم كاره‌با، ئاو، نه‌وت، غاز، به‌نزین به‌ نرخی گونجاو. كار موچه‌ له‌ كاتی خوێداو‌ خزمه‌تگوزاری و رێگاوبان نییه‌و ، به‌ پێچه‌وانه‌ خاك فرۆشی، بێكاری ، داپڵۆسینی چالاكه‌وانان و رۆژنامه‌نووسان ، گرانی و لافاو هه‌یه‌ و، راستگۆیی نییه‌ بۆ نموونه‌ : له‌ سه‌ر لافاوه‌كه‌ی رۆژی 13/1/202 پارێزگاری هه‌ولێر ئومید خوشناو ده‌لیت : ئاو له‌ هه‌ندی شوین كۆبووه‌ته‌وه‌ (خر بوونه‌وه‌ی ئاوه)‌ لافاو نه‌بووه‌ به‌لام به‌ پێی ده‌زگای راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌ی ــ رووداو ( 200 ) ماڵ زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌و پرسیار ئه‌وه‌یه‌ خربوونه‌وه‌ی ئاو ده‌توانیت 200 ماڵ لوول بكات ؟.
له ئێستادا گه‌مه‌و زۆرانبازییه‌كه‌ له‌ نێوان زه‌رد( پدك) و سه‌وز (ینك) دایه‌و، به‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌ی هوشیار زێباری له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ، پدك به‌نیازه‌ كاندیدێكی تر دابنێت و، چونكه‌ محه‌مه‌د حه‌ڵبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق مۆڵه‌تی سێ رۆژی بۆ پاڵاوتن نوێكرده‌وه‌و، ئه‌وه‌ش به‌ بۆچوونی شاره‌زایان و پسپۆرانی یاسا ده‌ڵێن ئه‌و كاره‌ دستووری نییه‌و، سكاڵا له‌ دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ نا دستوریه‌ دراوه‌ به‌ دادگای فیدراڵی ‌ عێراق.
وڵاتانی ده‌وروبه‌ری عێراق رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ هه‌ندێكیان به‌ چاو سوركردنه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌و له‌ولاشه‌وه‌ به‌ پاره‌ سه‌رفكردن و كرینی ده‌نگ وه‌ك له‌ موسڵ روویداو ئه‌و وڵاتانه‌ دوو به‌ره‌ن : یه‌كه‌میان توركیای ره‌گه‌زپه‌رست و عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیماراته‌ ئه‌مانه‌ پشتكیری له‌ به‌شێكی كوردو سوننه‌و له‌ ناویاندا به‌عسسه‌كانی سه‌ر به‌ ره‌غه‌دی كچی گۆربه‌گۆر سه‌دام حوسه‌ین ده‌كه‌ن و، ئێرانیش راشكاوانه‌ پشتگیری له‌ شیعه‌و به‌شه‌كه‌ی تری كورد ده‌كات و، ماوه‌یه‌كه‌ اسماعیل قائانی سه‌رقاڵه‌ به‌ دیداری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ( پدك) و حزبه‌ شیعه‌كان و هه‌روا موقته‌دا سه‌درو، هه‌موو چاوه‌روانین كێی ده‌بێته‌ براوه‌ی ته‌لاره‌كانی سه‌دام حوسه‌ین و پاره‌و پول و گیرفان پركردن.
9/2/2022




چه‌ند شیعرێکی چاڕڵز بۆگۆفسكی.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• تێم بگه‌

تێم بگه‌
من له‌م جیهانه‌ ئاساییه‌ ناچم
شێتییه‌تی خۆم هه‌یه‌
له‌ مه‌ودایه‌كی دیكه‌دا ده‌ژیم
كاتم نییه‌
بۆ شتی بێگیان .

باڵداری شین

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
لێ من دڵڕه‌قم له‌گه‌ڵی
پێی ده‌ڵێم : لێره‌ ، ئا لێره‌دا بمێنه‌وه‌
ناهێڵم كه‌س بتبینێ .

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
ده‌یه‌وێ بێته‌ ده‌رێ
به‌ڵام من وێسكی به‌سه‌ردا ده‌كه‌م و
به‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌‌م ده‌یخنكێنم
نه‌ ساقی مه‌یخانان و
نه‌ له‌شفرۆش و
نه‌ كرێكاری میوه‌وسه‌وزه‌فرۆش نازانن
له‌وێیه‌ .

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
لێ من دڵڕه‌قم له‌گه‌ڵی
پێی ده‌ڵێم : لێره‌ بمێنه‌وه‌
چییه‌ ده‌ڵێی ده‌ته‌وێ كاره‌كانم تێك بده‌ی ؟
داخۆ ده‌ته‌وێ له‌ ئه‌ورووپا
له‌ فرۆشی كتێبه‌كانم بده‌ی ؟

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
به‌ڵام من زۆر زیره‌كم
شه‌وان نه‌بێ
نایهێنمه‌ ده‌رێ
كاتێ هه‌موویان ده‌نوون
پێی ده‌ڵێم : ده‌زانم تۆ له‌وێی
خه‌م مه‌خۆ
پاشان ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌ .
لێ ئه‌و هه‌ندێ جار كه‌ له‌وێیه‌
گۆرانی ده‌ڵێ
گه‌ر لێی نه‌گه‌ڕێم
به‌ ته‌واوی بمرێ
به‌و حاڵه‌ پێكه‌وه‌ ده‌نووین
په‌یماننامه‌ی نهێنیشمان له‌گه‌ڵدایه‌ .
به‌ڵێ ئه‌وه‌ نه‌رم و نیانییه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك
پیاو به‌ گریان دێنێ
به‌ڵام من ناگریم
ئه‌ی تۆ ده‌گری ؟

حاڵی دڵت چۆنه‌؟

له‌ ناخۆشترین كاتمدا :
له‌سه‌ر سه‌كۆی باخچان
له‌ زیندانێ
یاخود ژین له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشان
به‌وه‌ قاییل بووم
ناوی لێ بنێم به‌ختیاری .
شتێك بووه‌ ،
گه‌وره‌تر له‌ هاوسه‌نگی ناخ
هه‌موو ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه‌ ڕوویداوه‌ و
له‌ كارگان دایمه‌زراندووم
یا ئه‌و ده‌مه‌ی
‌ په‌یوه‌ندیم به‌ ژنانه‌وه‌ تێك ده‌چێ .

• به‌فری ئیتاڵیا

نووكه‌ له‌ ڕادیۆ‌
ده‌نگی ئۆرگێكی شێت دێ
كه‌شیشێك ده‌بینم
له‌ ژێرزه‌مین مه‌سته‌
ئاوه‌زی دێ و ده‌چێ
به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خواوه‌ند ده‌دوێ ..
چه‌ند مۆمێك ده‌بینم
هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوه‌
به‌ ڕیشێكێ سووره‌وه‌
وێنه‌ی خواوه‌ند
كه‌ ئه‌ویش ڕیشی سووره‌
ئه‌وه‌ به‌فره‌
ئه‌وه‌ ئیتاڵیایه‌
سارده‌
نانیش وشك
نڤیشك‌ نییه‌
ته‌نیا مه‌ی هه‌یه‌
مه‌ی به‌ شووشه‌ی سوور ‌و
گه‌ردنی زه‌ڕافان
نووكه‌ ئارگۆن
بۆ ژه‌نین دێته‌وه‌
كه‌شیشه‌كه‌ پیسی ده‌كا
وه‌ك شێت یاری ده‌كا
هۆ له‌وێ
تف و خوێن به‌سه‌ر نانه‌وه‌یه‌
ده‌یه‌وێ پێبكه‌نێ
به‌ڵاو كاتی نییه‌
خۆر خۆی بۆ ئاوابوون ئاماده‌ ده‌كا
په‌نجه‌كانی خاو ده‌بنه‌وه‌
ماندوو بوون هه‌یه‌
خه‌ونیش
تا پیرۆز ڕاگرتن
پیاوێك بۆ پیاوێكی دی ده‌چێ
به‌ ئاراسته‌ی
چیا ، فیل ، ئه‌ستێره‌
مۆمێك ده‌كه‌وێ
به‌ڵام هێشتا ده‌سووتێ‌
له‌ كاتێكدا پاڵ كه‌وتووه‌
گۆمێك له‌ مۆم
له‌ چاومدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌
كه‌شیشی سوورم
قه‌وزه‌ به‌سه‌ر دیواره‌وه‌یه‌
چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ك له‌ بیر و نائومێدی و چاوه‌ڕوانی
دوای ئه‌وه‌ جارێكی دی
مۆسیقا وه‌ك چه‌ند پڵنگێكی برسی
به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
پێكه‌نینی مناڵێك ، پێكه‌نینی گه‌وجێك
به‌ هیچ پێده‌كه‌نێ
تاكه‌ پێكه‌نینه‌ لێی حاڵین
به‌ هێزه‌وه‌
فشار ده‌خاته‌ سه‌ر كلیلی ئارگۆنه‌كه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی
هه‌موو شتێك ده‌وه‌ستێنێ .
ژووره‌كه‌ش
شێتییه‌تی تیا گوڵ ده‌گرێ
سه‌عاته‌كه‌ی ده‌وه‌ستێ .. ده‌وه‌ستێ
داده‌نیشێ
كه‌چی مۆم ده‌سووتێ
یه‌كێ له‌سه‌ره‌وه‌ و یه‌كێ له‌ خواره‌وه‌
دوا شتێ مابێ
به‌فری ئیتاڵیایه‌
ئه‌مه‌ كۆتاییه‌
جه‌وهه‌ر و نموونه‌
من چاوه‌دێری ده‌كه‌م
به‌ڵام ئه‌و خه‌ریكه‌ مۆمه‌كان
به‌ په‌نجه‌ی ده‌بڕێ
تیله‌ی چاوی ده‌ترووكان
وه‌ك خووی شتانیش
ژووره‌كه‌ تاریكه‌ .

*گوێی ڤان كووخ

ڤان گوخ گوێی خۆی بڕی و
دایه‌ له‌شفرۆشێك ،
كه‌ ئه‌ویش به‌و په‌ڕی وه‌ڕسییه‌وه‌
دووری فڕێ دا ..
ڤان !
له‌شفرۆش گوێیان ناوێ
ئه‌وان پاره‌یان ده‌وێ ..
پێم وایه‌
سه‌باره‌ت به‌وه‌شه‌وه‌یه‌‌
تۆ نیگاركێشكی مه‌زنی
چوون زۆری لێ حاڵیی نه‌بووی .

ئامۆژگارییه‌كی دڵسۆزانه‌ بۆ زۆر له‌ گه‌نجان

بچۆره‌ تیبت
سواری وشتر به‌
ئینجیل بخوێنه‌ .
پێڵاوه‌كانت به‌ ڕه‌نگی شین بۆیه‌ بكه‌ .
لێگه‌ڕێ با ڕیشت بێ
به‌ قایه‌خێكی كاغه‌ز به‌ جیهاندا بسووڕێوه‌
هاوبه‌ش به‌ له‌ ( ساتور دی ئیڤنینگ پۆست )
ته‌نیا لای چه‌پی ده‌مت بخۆ
ژنێكی شه‌ل بێنه‌ و
به‌ مووسێكی ڕاست ڕیشت بتاشه‌
ناوی خۆتی له‌سه‌ر ده‌سكی هه‌ڵكه‌نه‌ .

ددانت به‌ به‌نزین بشۆ
به‌ درێژایی ڕۆژ بنوو
شه‌و به‌سه‌ر دره‌ختان كه‌وه‌
ببه‌ به‌ ڕه‌به‌ن و سووپ و بیره‌ بخۆوه‌ .
هه‌ناسه‌ت له‌ژێر ئاودا ڕاگره‌ و
كه‌مانجه‌ بژنه‌
له‌ به‌رامبه‌ر مۆمی په‌مه‌یی
سه‌مایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ بكه‌
سه‌گه‌كه‌ت بكوژه‌
خۆت بۆ والی هه‌ڵبژێره‌
له‌ به‌رمیلێكدا بژی
سه‌رت به‌ داسێك پان كه‌وه‌
چه‌ند گوڵه‌مێلاقه‌یه‌ك له‌ژێر باراندا بڕوێنه‌
به‌ڵام شیعر مه‌نووسه‌ .

له‌ ماڵپه‌ڕی ( القصيدة كوم)ـه‌وه‌ كراون‌ به‌ كوردی . *
بڕوانه‌ :
https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=7918




قەسیدەی بەدیار خۆمەوە پیر بووم .. ستیڤان شەمزینی

من چیم داوە
لە هەڵکورمان بە دیار خەونێکی نەمەییوو و
حنجەکردنی سەرهەڵگرتنی پەروانەیەکی بێزار؟
خۆ من هێشتا پەشمەکی عەشق
لە نێو دەممدا نەتواوەتەوە
هێشتا نەباریومەتە سەر دڵی ژنێک و
شیعرم بۆ گوڵێکی سەربڕاو نەنوسیوە
هێشتا بۆنی مەنفا لە هەناسەکانم دێ و
رەنگی نیشتمان لە چاوەکانمدا ون بووە
ئەبێت خۆم لە کۆشی گۆرانییەکدا بدۆزمەوە
ئینجا گیتار بۆ پەڕەسێلکەیەک بژەنم
ئەبێت فێری زمانی دەریا بم
ئینجا مغازەلەی مانگ بکەم
ئەبێت سەفەر بکەم بۆ دوورگەکانی بەهار
ئینجا سەوزیی دارستان بخوێنمەوە
من کە بە ژانی بیرەوەرییەوە مردووم
لە کوێ دەستم ئەگات بە هەنگوینی ئایندە و
لە باوەشی کام ئەستێرەدا
دوێنێ تاڵەکانم بنێژم؟!
لە کوێ ئێستای خۆم بدۆزمەوە؟
کە من لە کۆڵانەکانی بەرائەتی منداڵی و
پاکیزەیی زەمەنێکی بەسەرچوودا ون بووم
خۆ هێشتا لە ئاو تێنەگەیشتووم
چۆن خۆم بخەمە شەڕی بارانەوە؟
خۆ هێشتا بە ئاشکرا نامەم بۆ گوڵێک نەناردووە
چۆن دڵی باخێکی قاچاخ رازی بکەم؟
خۆ هێشتا خولیای سەفەر مێشکی نەگرتووم
چۆن بگەمە ئاسمانی سەرسامی ژنێک؟
بە چەند چەپکە شیعری قەرەجی
رێی سەفەری نەورەسێک بکەمە پەلکەزێڕینە؟
من کە هێشتا بە برینی رابردوو خۆم دەشۆم و
لە ئاوێنەی ئازاردا تەماشای خۆم دەکەم
چۆن ئەتوانم ئەستێرەکان راو بکەم و
بیکەمە گەردانەی تیشک بۆ ملی شەو؟
من کە هێشتا کچێکی نیمچە رووت
لەسەر کورسی حەزم دانەنیشتووە
چۆن ئەشکەوتی بیرکردنەوەم
پڕ پڕ دەبێت لە مۆمی گەشبینی؟
من کە هێشتا سڵاوم لە پایز نەکردووە و
خۆم لە قەرەی ئاگری سەرکێشی نەداوە
چۆن ئەتوانم داوای رووتبوونەوە لە درەخت و
سووتان لە پەپولەیەکی بەرزەفڕ بکەم؟
من کە هێشتا لە هەڵقرچانی دڵ ئەترسم و
شەڕم بە لەزەتی هیچ گزنگێک نەفرۆشتووە
چۆن ئەتوانم ببمە ئاگربازترین کۆتر و
قژی درەختێکی ترساو دابهێنم؟
من کە هێشتا مەلێکی بێ باڵ و
دەستەمۆی وەهمەکانی خۆمم
چۆن ئەتوانم بفڕم
بۆ حەوتەمین ئاسمانی عەشق و
سەبەتەی مێشکم پڕ بکەم
لە سێوی هەقیقەت؟
من کە هێشتا لە زمانی دەریا تێناگەم و
توانای نووسینی چامەیەکم نییە
چۆن ئەتوانم تریفە بلاوێنم و
تۆزی غەریبی لە شانی
کلوە بەفرێکی نامۆ بتەکێنم؟
من کە هێشتا زیکری عەشق نازانم و
گوێم پڕ نەبووە لە سەمفۆنی هاژە
چۆن ئەتوانم ببمە
دەروێشی تەریقەتی حەزرەتی یار و
دڵی تاڤگەیەکی هەناسەسارد بدەمەوە
لە کاتی رژان بەسەر خەمدا؟
هەر چۆنێک بێت
شەوێکی هێمن و رۆژێکی مەستم نییە
تا بورکانی سەفەری تێدا بحەسێتەوە
هەر چۆنێک بێت
ئیمپراتۆرێکی رووت و رەجاڵم
لەشکرێکم نییە دەست بگرێت بەسەر
قەڵاکانی غەمگینی دا و
قەلەڕەشی بێهودەییم بۆ دیل بکات
هەر چۆنێک بێت
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ پەنجەرە
کە ناتوانین لێوەی بڕوانین بۆ
بۆ باخەکانی داهاتوو
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باڵکون
کە ناتوانین لێی دانیشین و
ترپەکانی دڵمان بژمێرین
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باخچە
کە ناتوانین تێیدا
تۆوی زەردەخەنەی منداڵی بچێنین
یان جەستەی شەرمی تێدا بنێژین
هەر چۆنێک بێت
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
وێنەی شێتییەکانی خۆم و
هەنگاوەکانی سەفەری تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
سیسبوونی گوڵەکانی عەشق و
رژانی شەرابی پەشیمانی تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
خنکانی ماسییە پەمەییەکانی ئومێد و
گیانەڵای شەپۆلەکانی حوزنی تێدا ببینم
هەر چۆنێک بێت
پاڵتۆیەکم نییە چەرمەکەی بیرچوونەوە بێت
تاکو چۆلەکەی تەزیوی بیرەوەریی و
لەشی سەرمابردەی چاوەڕوانی
تێدا گەرم گەرم بکەمەوە
هەر چۆنێک بێت
فانۆسێکم نییە، فانۆسێکی رووخۆش
تا بەر پێی گومانی پێ رووناک بکەمەوە و
لە ژێر پرتە پرتی چاویدا
چنگ لە عەرشی شەوی غەریبی گیر بکەم و
بیخەمە ژێر پێی سپێدەی نیشتمانەوە
هەر چۆنێک بێت
گۆچانێکم نییە، نا گۆچانم نییە
بیکەمە عەساکەی موسا و
“نیل”ی تەمومژی ژیانی پێ شەق بکەم
یان بۆ ئەوەی بەسەر پردی خەیاڵ
تا ئەوبەری دڵنیایی پێی بپەڕمەوە
هەر چۆنێک بێت
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو رۆمانی هەوری پێ بخوێنمەوە و
لە لاپەڕە تەڕەکانیدا بارانێک بناسمەوە
کە بەر لە هەزاران ساڵ بەسەر
باڵای باڵندەی سەفەردا باریوە
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو قەسیدەیەکی زامداری پێ بخوێنمەوە و
لە دێڕەکانیدا گریانێک بدۆزمەوە
منداڵی بلاوێنێتەوە و ماچی گۆنای ئێستا بکا
هەر چۆنێک بێت
کەنارێکی پڕ لە گۆرانیم نییە
تا کەشتییەکانی غوربەت قورگیان پڕ بکەن
لە میلۆدی گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
یان ببێتە لاوکی ئەو موسافیرانەی
نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە
و بە دوای بەهەشتی مەنفادا رۆشتن
بەڵام پێیان خزایە دۆزەخی تەنهاییەوە
کە ئێستا سروودی دەربەدەریی
بە گوێی ئەو باڵندانەدا دەچرپێنن
سەفەریان رووەو گەرمەسێری وەتەنە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە وەک باران تەڕ
سەربردەی پیاوێک بنووسێتەوە
لە مێژە لافاوی ئەوین بردوویەتی و
خۆی بە لکی شیعرەوە گرتۆتەوە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە سەوز وەک بەهار
مێژووی زەردهەڵگەڕانی هەقیقەت و
وشکبوونی گەڵای خەیاڵ بنووسێتەوە
یان لەسەر دەفتەری مانگەشەو
وێنەی ئەو پرسیارە گوناهانە بکێشێ
ماسییەک لە کاتی سەرهەڵگرتندا
لە کەناراوەکانی دەکات
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە، سەوز وەک چاوم
لەسەر بەرگی ژیان پێی بنووسم
تۆ چەند دڵڕەق بوویت لەگەڵم
لەناو گریاندا نیشتەجێت کردم و
رێت لە فڕینی کوندەپەپووی ئازارکانم گرت
لێ نەگەڕایت
تۆزێک تامی مرەبای گەنجی بکەم
ئەوەتانێ بەدیار خۆمەوە پیر بووم
هەر چۆنێک بێت
ئەو دەمەی دەبوو ببمە باران
خودا کردمی بە بیابان
ئەو دەمەی دەبوو ببمە دەریا
لە حەوزی نەفرەتدا خنکام
ئەو دەمەی دەبوو بیر لە عەشق بکەمەوە
ئازار بیری لێ ئەکردمەوە
ئەو دەمەی دەبوو بە ئازادیی بفڕم
کاسەی سەرم لە ناکاو بوو بە زیندان
هەر چۆنێک بێت
تەمەنی خۆمم لە نێو شیعردا دۆزییەوە
فرمێسکەکانی خۆمم لە چاوی یاردا بینی
کە ببوونە ئۆقیانووسێک لە بیرەوەریی
تەرمی خۆمم لە گۆڕستانی عەشق ناسییەوە
ئەوسا تێگەیشتم عەشق یوسفێکە
هەزاران ساڵە گورگی درۆ خواردوویەتی
هەر چۆنێک بێت
عەشق نەیکووشتم
و بە دیار خۆمەوە پیر بووم

—————-

“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”
سێپتامبەری 2018




هەموو شتێک پەستم دەکا.. شەماڵ بارەوانی

هەموو شتێک پەستم دەکا
هاژەی رووبار
و
شەپۆلی دەریا

ڕەهێڵەی باران
و
بێدەنگی با

هەموو شتێک پەستم دەکا

وەرزی پایز و
دیمەنی بەهار

گۆمی مەنگ و
تاڤگەی سازگار

چون بۆ لادێ و
مانەوە لەشار

هەمووشتێک پەستم دەکا

قوڵپی گریان
و
بزەو پێکەنین

باخ و سەوزایی
و
گەڵا هەڵوەرین

هەموو شتێک پەستم دەکات

چرپەی هەناسەو
لێدانی دڵ

ژاکانی هەڵاڵەو
و
شکۆفەی گوڵ

گمەی کۆتر
و
نەغمەی بولبول

هەموو شتێک پەستم دەکا

دووکەڵ و ئاگر
پشکۆ و خەڵوز

جریوەی ئەستێرە
و
زریان و باهۆز
هەموو شتێک پەستم دەکا

دیلی و ئازادی
بێداری و خەو

جەنگ و ئاشتی
ڕۆژ و شەو
هەموو شتێک پەستم دەکا

تەنها ئامێزی تۆ
نەبێت
کە دڵ خۆش و مەستم دەکا




شـۆسـتە.. فازیل شــەوڕۆ

منداڵەکەم لەباوەش دەکەم و
جێپێی هەنگاوەکانم
بە کۆڵی خۆم دادەدەم
نامەوێ شۆستەکان،
نیشتمانی ڕەشوڕووتان،
داگیرکەم و
خاکەکەیان بەرتەنگ بکەم.

زەنبیلێک گوڵەباخی سپی و
گوڵەباخی پەمەیی و
گوڵەباخی زیووینی
لەسەر شۆستە دانابوو
مانگی گوڵفرۆش
کاتێ بینی
ژنە ڕەشپۆشێکی لیفکەفرۆش
بەدوای بستە زەوییەکدا چاودەگێڕێ
مانگ باڵی گرت
بە زەنبیلە گوڵە و
چووە تۆقەڵەی ئاسمان،
وای کە بەخشندیە
مانگی گوڵفرۆش.

دارتووەکەی
کەنار جادە
خۆی بۆ لای شۆستەکە لارکردووەتەوە
بەڵکو پیرەمێردە
قاچبڕاوەکەی
کارتی مۆبایل دەفرۆشێ
کاوە کاوە
بێتە لای و پاڵێکی پێبدا و
نەختێ بیحەسێنێتەوە.

لەو سەری شەقامەکەوە
ڕەشەبایە بەهێزەکە
وەکو پەیکەر
لە جێی خۆی ڕاوەستا
کاتی بینی
شانبەکۆڵێکی ڕەقەڵە
بە بارێکی دوو بەقەد
کۆڵبەرانی نێو بەفری سەر سنووری
بە هانکە هانک
شۆستە دەبڕێ و
جۆگەڵەی ئارەقەی شین
بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ.

بە چاوی خۆم بینیم
پەرەسێلکەیەک
هات و
لچکی دەسماڵە نووشتاوەکەی سەر زەووی
بۆ ئەو مامۆستا خانەنشینە
ڕێکخستەوە
کە چین چین
تەزبیحی قەزووانی
لەسەر ڕاخستبوو.

وەک عاشقی ئەو دەرگایە بێ
لەسبەینەی سارحانەوە
لەسەر چینچنکان
بەرانبەری دادەنیشێ و
پاکەتێک بنێشتی ئەبوو سەهەم
بە دەستەوە دەگرێ
ئەو ژنە
تا ئێوارە
هەردوو چاوی
هەر لەسەر پێڵاوی پیادەکانە
هەرگیز چاوێک هەڵنابڕێ
تەنانەت
بۆ ئاسمانیش
تەنانەت
بۆ خوداش
چونکێ
دڵی بەوە خۆشە
ئەو لەبەر دەرگای ماڵی خودا
دانیشتووە.

کچە ڕەشتاڵەیەکی
چاوڕەشی
بڕۆ ڕەشی
ژیکەڵە
منداڵیکی ساوای لە سەر کۆشە و
لە چەقی شۆستەکەدا دانیشتووە
سەری
وەک بەندۆلی سەعات
دێت و دەچێ
نە خەندەیەک
نە نیزایەک
نە قسەیەک
تەنها چاوی
وەکو بەندۆلی سەعات
لە گەڵ هەنگاوی
خەڵکەکەدا
دێت و دەچێ.

منالێکی شەش حەوت ساڵان
پیرێژنێکی
سواڵکەری
بە شوستەکەدا دەگەڕاند
دەستگێڕێکی پاکەتفرۆش
لەبەر خۆیەوە
دەیگوت:
داپیرە.. بڕۆ بەردەگای باڕەکان
بڕۆ بەردەرگای مۆڵەکان
بڕۆ بەردەرگای زۆڵەکان
ئاخر شۆستە بۆخۆی
سواڵکەرە… سواڵکەر.

گوڵێکی سووری لە نێو نایلۆنێکی شەفاف
وەرپێچاوە و
سەری خۆی داخستووە و
لەبن دینگەیەک
وەک دینگەکە ڕاوستاوە
لاوە، بۆخۆی گوڵە
چاوی گوڵە
ڕەنگی گوڵە
پەنجەی گوڵە
کە لەسەر سەکۆی شەربەتفرؤشەکەوە
شاعیرانە چاوێکم لێکرد
شەربەتفرۆش گوتی:
ناهەقی مەگرە
دەرچووی کۆلێژی نەوتە
ئەو کیژەی حەوت ساڵ خۆشیویست
ئێستاکە
وا لە هەندەرانە
ئەو بەو گوڵە سوورەوە هەموو ڕۆژێ
لێروکانە
چاوەڕوانە.

گەنجێک
لەسەر ئەو شۆستەدا
بە قەد باڵای بەرزی خۆی
چاوێلکەی جوان جوانی تازەباوی
نمایشکردووە
ئاوێنەیەکی
بۆ چاوێلکەکڕان
هەڵواسیوە
کە کڕیارێک
لە ئاوێنەکدا
سەیری ڕوخساری خۆی دەکا
ئەو خێرا دەچێ
ڕووی ئاوێنەکە لە زەووی دەکا
دەڵێ
بێزارم لە ڕوخساری گەنجی خۆم
نامەوەێ
شێوەی شێواو و
تەمەنی سووتاو خۆم
ببینم.

شارەڤانی نیشتیمانەکەم
تکایە شۆستەکان
پانتر بکەن
ڕێکتر بکەن
زۆرتر بکەن
وا کاروانی گەنجانی ئایندە
قەتار قەتار
وەکو پۆلە کۆتر
وەکو کڵۆ بەفر
بەرە ئێرە
ئوغردەکەن.

شارەڤانی وەڵاتەکەم
تکایە… تکایە…
شەقامەکانیش
بکەن بەشۆستە
ئاخر ئیمڕۆ
منداڵانی گەرەکی خانووە قوڕەکان
نانیان
لە گەرووی شۆستەیە.
١٠/٢/٢٠٢٢ا

ئەمن
منداڵەکەم لەباوەش دەکەم و
جێپێی هەنگاوەکانم
بە کۆڵی خۆم دادەدەم
نامەوێ شۆستەکان،
نیشتمانی ڕەشوڕووتان،
داگیرکەم و
خاکەکەیان بەرتەنگ بکەم.