دوو نامه‌ی کورتی لینین و هه‌ڵوێستێک له‌ ته‌قدیسکردنی تاک.. مه‌حمود محه‌مه‌د عوسمان

لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە ٢٠٠٧

ئه‌م دوو نامه‌ی لینین جێگاوڕێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕابه‌رانی شۆڕشی ئوکتۆبه‌ر وه‌ به‌تایبه‌تی خودی لینین، و سه‌رنجڕاکێشیشه‌ بۆ ئه‌و مامه‌ڵه‌ی که‌ لینین دیکرد به‌په‌یوه‌ست به‌ ڕۆڵی تاک له‌ شۆڕشی سۆشیالیزمدا و ته‌قدیسکردنی ڕابه‌ر……
مه‌حمود محه‌مه‌د عوسمان

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..

http://dengekan.com/doc/2007/2/feb1.htm




ئەنتی جەنگ یان ئەنتی ئەمریکایی.. حەسەن ڕازانی

(چالاکوانانی ئەنتی جەنگ لە جیهان دا و جەنگی ئێستای ڕوسیا لە دژی ئۆکڕانیا!)

هەرکاتێک کە ئەمریکا بە تەمای جەنگ دەبوو لە دژی وەڵاتێک، کە هێشتا بە کرداری دەستی پێنەکردبوو، بە سەدان هەزارکەس لە خەڵکی وڵاتان لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و دژە ئیمپریالیستی ئەمریکایی لە پایتەخت و شارە گەورەکانی جیهانی ئەوروپا، ڕۆژئاوا و وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دا دەڕژانە سەر جادەو شەقامەکان. هەر بەوەندەشەوە نەدەوەستان بەڵک و دەچوونە سەر بارەگای کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و دەستیان دەکرد بە بەرزکردنەوەی شیعاراتی دژە جەنگیی و دژە ئەمریکایی و تەنانەت بەردە بارانیشیان دەکردن! بۆنموونە کاتێک کە ئەمریکا بە تەمای هێزکۆکردنەوە بوو لە دژی عێڕاق و بەتەمای داگیرکردنی بوو، خۆپیشادانی سەدان هەزاری و بەڵک و زیاتریش لە زۆرێک لە پایتەخت و شارەگەورەکانی جیهاندا بەرپاکرا. بە تایبەتی زۆرێک لەناوشارە گەورەکانی ئەمریکای گرتەوە .
هەرچەندە دید و لێکدانەوەی جیاوازهەیە بۆ جەنگ، بەڵام جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ یەک شتە ئەویش وێرانکاری و بەکوشتدانی خەڵکی و بە هەدەردانی ئابووری و زیاد بوونی کێشە جۆراوجۆرەکان و هێنانی قات و قڕییە بەدوای خۆیداو پێشێلکردنی هەرچی مافی مڕۆڤ و ئاژەڵان و ژینگەشە. مێژوو شاهیدە کە بە هۆی جەنگەوە ، جا با جەنگێکی عادیلانەش بووبێ یان بە پێچەوانە، دیارە بە پێی ئامانج و دیدو لێکدانەوە سیاسی و ئادۆلۆجییەکان، زۆر جاران لە زۆر شوێن و کاتاندا تەڕووپووشی بەیەوە سووتاندووە. هەمیشە جەنگ بۆلایەک عادیلانەو هەق بووەو بۆلایەکیش بە پێچەوانەکەی بووە. بەڵام بەهەردووک باراندا جەنگ هەر جەنگە…
ئێستا کە ڕوسیا بەو هەموو توانا سەربازی و ئابوورییەوە هێرش دەکاتە سەر ئۆکڕانیاو بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە داگیری دەکا، بەڵام هەر ئەو خەڵکەو هەر ئەوچالاکوانە ئەنتی جەنگیانەی کە لە دژی داگیرکردنی عێڕاق هاتنە سەر جادەو شەقامەکان ، ئەوەتە کەسیان دیار نییە لە دژی ڕوسیا هەمان کار ئەنجام بدەن! تەنها لە ناوخۆی ڕوسیادا خەڵک ناڕەزایەتی دەربڕیوەو دەستی بەخۆپیشاندان کردووەو بەڵام سیستەمی پۆتینیی لە ڕوسیا بە هەزارانی لێ گرتوون و دەیانخاتە زیندانەوە.
بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە دژی داگیرکاری سیستەمی پۆتینیی خۆپیشاندان ناکەن؟ بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە وەڵاتانی سەربەناتۆ و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی نایەنە سەرجادەو شەقامەکان؟ بۆچی ناچنەسەر کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لەوەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاواو وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا؟ هۆیەکەی چیە؟ ئایا پێیان وایە وەک چۆن بۆ مەسەلەی عێڕاق گوێیان لێنەگیرا بۆ مەسەلەی ئۆکڕانیاش گوێیان لێناگیرێت؟ یاخود ئەوەیە کە جەنگ سەدان ساڵە بەردەوامەو زلهێزەکان گوێ لەکەس ناگرن و خەڵک و چالاکوانیش ماندوو بوون و بێ هیوا بوون لەوەی کە هەرچی بیکەن سوودی نابێ و دەوڵەتانی زلهێز کاری خۆیان هەردەکەن؟..
بە بڕوای من، دەبێ مەسەلەیەک بهێنرێتە بەرباس ئەویش ئەوەیە کە:
ئەو ئۆردووە لە خەڵکی ناڕازی و خەڵکی خۆپیشاندەر لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و خەڵکانی بە ئایدۆلۆجی چەپ و لیبڕال و کۆمۆنیست کاتێک کە لە دژی ئەمریکا دەهاتنە سەرجادەو شەقامەکان، بە بڕوای من، ئەمانە ئەنتی ئەمریکایی بوون پێش ئەوەی ئەنتی جەنگ و ماڵوێرانی بووبن. ئەدی بۆچی لە بەرامبەر ڕوسیاو لە دژی ڕوسیا ئەوکارە ئەنجام نادەن کە لە دژی ئەمریکا ئەنجامیان دەدا؟ بە بڕوای من، دەبێ ئەوانە ئەنتی جەنگ و چالاکوانانی سەربە بلۆکێکی دیاری کراوی سیاسی و ئایدۆلۆجی بووبن کە دژایەتی تەوای لەگەڵ ئەمریکاو بلۆکەکەیدا هەیە پێش ئەوەی چالاکوان و ئەنتی جەنگ و کاولکاری و برسیەتی و هەژاری بووبن. بۆیە ئێستاش پارێزگاری لە شوێن و دید و ئایدۆلۆجیەتی ڕەسەنی خۆیان دەکەن. واتە دۆگماو نەگۆڕن..ئەگەر وا نییە دەبوایە ،بەبڕوای من، ئێستا کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لە زۆر وەڵاتان بەردباران کرابانایە… ئێستا ئۆکڕانیاو خەڵکی ئۆکڕانیا بەتەنیا بەجێهێڵراون …
بەبڕوای من، ئوردووی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی نە جیهان و بازاڕی عەولەمە توانیویەتی لەو بازنەیە دەربازیان کاو نە ئایدیۆلۆجیەتە ئینسانی و ئایینیە سەرتاسەریەکەش ئەو ئوردووەی بەیەوە وەک ئینسانی وەک یەک گرێداون ..هێشتا دووجیهانی لێک دوورن لە زۆر ڕووەوە. دوودیدگاو دوو بۆچون و لە کۆتاییشا دوو دواڕۆژ و دوو ئامانجی جیاوازهەیە لە نێو ئەو دووئۆردووەدا. ئۆردووی ڕۆژهەڵات و ئۆردووی ڕۆژئاوا… زۆری ماوە ببنە دۆست و هاوڕێی یەکتر….

حەسەن ڕازانی
٢٧-٢-٢٠٢٢




بەڵگە بۆمناڵ مەهێننەوە.. مەحمود عەبدوڵڵا

دیدی جان جاک ڕۆسۆ لەبارەی بەڵگەی ئەقڵانی بۆمناڵان

هێزی ئاوەز دوای هەموو هێزو وزەکانیتر گەشەدەکات،بۆیە ڕۆسۆ پێیوایە گەمژەییە ئێمە بەبەڵگەی ئەقڵانی بمانەوێت وزەو هێزەکانیتری مناڵ گەشە پێبکەین… ئەمە ڕێک پێچەوانەی پەروەردەی دروستە …بەبڕوای ڕۆسۆ هێنانەوەی بەڵگە بۆمناڵ سودی نابێت،چونکە دواجار فێری  ئەو وشانە دەبێت کەلێیان تێناگات وشەی وەک ئەرک ،ئەخلاق…واتا چەمکە ئەخلاقیەکان،بۆیە دواتر مناڵ  بەفشە ئەم وشانە بەکاردێنێ و تەنانەت وانیشاندەدات کە لەمامۆستاکەی بەتواناترە و مشتومڕ دەکات و سەربزێو دەبێ لەجیاتی گوێڕایەڵی… چەمکە ئەخلاقیەکان بۆمناڵ واتایان نییە و تێیان ناگات،بەڵام ئەم مناڵە فێردەبێت چی لەقازانجیەتی و چی زەرەریەتی،بۆیە ئێوە وادەزانن قەناعەتی بەقسەکانتانکردوە،بەڵام لەڕاستیدا گاڵتەتان پێدەکات و فریوتان دەدات،فێری دوڕویی وخۆپەرستی دەبێت،لەڕێگەی یاریکردن بە وشەوە هەوڵدەدات ئەوشتەی حەقی ئەونییە بەدەستی بێنێ،هەوڵدەدات بە قسە ڕاستی ڕوداوەکا ن بشارێتەوە،ئەم جۆرە پەروەردەیە وادەکات مناڵ لەکاتێکدا بزانێت ئەوکارەی دەیکات ئەگەر ئاشکرانابێت، ئەوا هیچ هەست ناکات هەڵەیە،کە ئاشکراش بو دانی پیادەنێت.ئەم پەروەردەیە وادەکات لەگەورەیشدا هیچ کارێک بە ئارەزوو نەکات،بێ چاودێری و زۆرلێکردن،ڕەنگە بڵێن گەورەکانیش سەبارەت بەیاسا وادەکەن،بەڵام ئەمە هەر ئەنجامی بەڵگە هێنانەوەیە. مناڵ نابێ بەڵگەی بۆبهێنیتەوە دەبێت ڕێگری ڕەفتارێکی لێبکەی بێ ئەوەی بەڵگەی بۆ بێنیتەوە.

هەندێ پەروەردەکار دەیانەوێت مناڵ مامۆستایەکی ساوابێت،یان بیرمەند،دەیانەوێت مناڵێکی دەساڵان بە بەڵگە هێنانەوە ئیقناعبکەن ،بەڵام لەڕاستیدا ئەمە پێچەوانەی سروشتی مناڵە. مناڵان بەهۆی ئامۆژگاریە ئەخلاقیەکانی پێچەوانەی سروشتیان ڕقیا ن لەمامۆستا دەبێتەوە،ئەمەش وادەکات پەنا بەرنە بەرفڕوفێڵ.پێویستە یەک شت بکەین ئەویش ئەوەیە کە تێی بگەیەنین ئەو ئاتاجی بەشتانێک هەیە،ئاتاجی سروشتی،نەوەک لەبەر ئێمە گوێڕایەڵبێت.بەبڕوای ڕۆسۆ ئێمە ئەو پێویستیانەی لەلاوازی سروشتمانەوەن قبوڵدەکەین،بەڵام  پێویستیمان بۆکەسانیتر لا ناخۆشە.چونکە مناڵ حەزیان لەئازادییە ،ئازادییان قەرەبوی ئازارەکانیان دەکاتەوە .بەڵگە هێناناوەی ئەقڵانی  ئەنجامەکەی ناگوێڕایەڵی و چەقەسرۆییە. کەواتا مناڵ دەبێت ڕابهێندرێت لەسەر هەندێ ڕەفتا ر بەشێوەیەک کە وابزانێ شتێکی سروشتییە،نەک لەبەرئەوەی ئەگەروانەکات سزا دەدرێ یان ناچارە گوێڕایەڵ بێت،یان لەبەرئەوەی ئەوڕەفتارە نائەخلاقییە. عەلی وەردی کۆمەڵناس هەمان ڕای هەیە،دەڵێت :مامۆستاکان ئامۆژگاری پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ دەکەن،هەربۆیە قوتابیان گوێدەگرن ،ئێمە وادەزانین قەناعەتیان کردوە بەڵام هەر کە چاویان لەمامۆستا نەما،دەگەڕێنەوە سەرسروشتی خۆیان،تەنانەت مەلاکانیش بەئامۆژگاریەکانیان خەڵک دەخەنە گریان ،ئامۆژگاریی ئەوەی قۆڵی خەڵک نەبڕن،بەڵام حاڵی بازاڕ شتێکیتر دەخوازێ ،بۆیە هەرئەوەندە خەڵک لەمزگەوت هاتن دەرەوە دەگەڕێنەوە سەرسروشتەکەی خۆیان.

 ئەم دوو حاڵەتەی مەلاو پیاوانی ئاینی زۆر تراژیدی کۆمیدییە. زۆرجار مامۆستایان گلەیی دەکەن کە قوتابیەکانیان ئامۆژگاری وەرناگرن ،دوای قسەکردن و کەچاویان لەمامۆستا نەما،دەستدەکەنەوە بە ڕەفتاری پێچەوانەی ئامۆژگاریەکان.لەڕاستیشدا لەبەر ئەوەیە مامۆستایان دەیانەوێت مناڵ وەک گەورە ڕەفتاربکەن،لەلایەکیتر بە فەرماندان و ئامۆژگاری وەڕسیان دەکەن.مناڵا نابێت وابزانێ مامۆستا فەرمانی بەسەردادەدات،دەبێت وابزانێت ئەو کارەیدەیکات  شتێکی سروشتییە،نەک لەترسی سزاو سەرزەنشت و پاداشت،چونکە دواجار ڕەفتاری نابەجێ دەکات و لای مامۆستاش پاساوی بۆ دێنێتەوە،یان دانی پیادەنێت .

ڕاسڵ دەڵێت:چاولێبونی باش و پەروەردەکردنی خوەباشەکان تا تەمەنی پێنج ساڵی باشترە لەکارو بەڕێوەبڕنی ئەوانەی لەقوتابخانەکاندا چەقدەبەستن لەسەرهەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی هزرو بیری ڕوت بۆگەیشتن بەئاکارو مۆڕاڵی باش . 

مەحمود عەبدوڵڵا




نامەکانت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

نامەکانت تەڕن و
بۆنی فرمێسکیان لێ دێت
ئەوەی بۆم دەخوێنرێتەوە
تەنیا سەربردەی خۆمەوە
لەو دەمەدا کە تەنیا عەشقم مابوو بۆ وتن و
گۆرانییەکی تەنیام پێ مابوو بۆ دنیا
نامەی یەکەمت
لە شەوێکی هێمندا
لەبەر چرای ئەوین نوسیبوو
بۆنی عەتری غەریبی لێ ئەهات و
لە ناو دەستی مەنفادا چرچ ببوو
ئەوجا گەیشتە ئەو پیاوەی
رێی نیشتمانی
لە کۆڵانە نوتەکەکانی تاراوگەدا
ون کردبوو
نامەی دووەمت
لە ئێوارەیەکی باراناویی
بە دزی مۆتەکەی دڵتەنگییەوە نوسیبوو
هەر ئەوەندەم بۆ خوێندرایەوە
بە خەتێکی شێدار نوسیبووت
کێ دێت لەسەر رووی ئەم کاغەزە
فرمێسکەکانم کۆ بکاتەوە؟
کێ دێت لە نێو دێڕەکانیدا
دڵێکی خۆڵەمێشی هەڵبگرێتەوە؟
نامەی سێهەمت
بە مرەکەبێکی سوور
لە رەنگی خوێن و
بە پەڕەمووچێکی گەرم
وەک ئاگر نوسیبوو
بە چاویلکەی خەمەوە
توانیم هەر ئەو چەند رستەیە حنجە بکەم:
ماڵئاوایی لە دڵتەنگیی بکە و
سڵاوێک لە هەتاوی چاوەکانم بکە
ببە بە جەنراڵێکی هیچ کات نەبەزیو و
جەنگی تەنهاییم ببەوە
نامەی چوارەمت
بە تیشکی نیگا و
دەست و پەنجەی تەماشا نوسیبوو
وشەکانی لە گەڕەکی بەرائەت و
لە شاری گوڵفرۆشانەوە خواسترابوون
بە قەڵەمێکی مۆر
تەنیا ئەم چەند دێڕەت یادداشت کردبوو:
پەپولەی دڵم
لە سینگی خۆمەوە فڕییە
ناو لای چەپی سینگی پیاوێک کە
پۆشاکی شیعری لەبەردابوو
پیاوێک کاتژمێرێکی رەشی لەدەستدا بوو
کە چرکە بە چرکە
پاشەڕۆژی تەماویی منی ئەژمارد
نامەی پێنجەمت
دوای سڵاوێکی هەناسە سارد
لەسەر پەڕەیەکی ڕەش نوسیبووت
ئەم نامەیەت
لە دوورگەی ئازارەوە بۆ ئەنوسم
پیت بە پیتی تۆفانێکە لە ماچ و
حەسرەتێکە بۆ تریفەی چاوەکانت
لە خوار واژۆکەشتەوە نوسرابوو
ئەی کۆترە غەریبەکە
بیرم کردوویت و خۆشم ئەوێی
نامەی شەشەمت
لە زەرفێکی زەردباودا ناردبوو
نوسیبووت قەڵەکەم خەریکە کوێر ئەبێت
گریان لە چاوەکانم نابڕێت
هەموو ساتێک میوانی تەنهاییم
ئەمەوێت تۆ بێی
لە قەبری ئەم دڵتەنگییە دەرمبهێنیت
خۆ تا ئێستا هیچ شیعرێک
پێی نەوتم بۆ هێندە تەنگە نەفەسیت؟
ئەمەوێت تۆ بێی
لەم بەرمۆدای گومانە دەرمبهێنیت
خۆ تا ئێستا پەپولەیەک
پێی نەوتووم گوڵم ئیزن هەیە
لەسەر پەڕەی دڵنیاییت بنیشمەوە؟
منیش تەنها
بە حەپەساویی بێدەنگ بووم
نامەی حەوتەمت
لەبەردەم ئاوێنەی چاوەڕوانیدا
بەدەم نەفەسدان لە پایپی تەمەنەوە نوسیبوو
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا
ئەو هاوارە قورگ پڕ لە گریانە بوو
بانگی گۆدۆی عەشقی ئەکرد
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا
ئەم دێڕە ئاڵۆز و گرێچنە بوو:
لەوەتی هەم
بە باڵای عەشقدا هەڵدەزنێم و
هەمیشە دەکەومە
شیوە دۆزەخییەکانی دابڕانەوە
لەوەتی هەم تۆوی موحیبەت
لە دڵی پیاوێکدا ئەڕوێنم
کە هەمیشە تەنهایی ئەگرێت!!
نامەکانت هەر دێن و
ماندوو نابن لە هاتن
من تەنها جارێک نامەم بۆ ناردیتەوە
بە خوێن ساردییەوە نوسیم
داوای لێبوردن دەکەم
هیچ تێناگەم




هێرشی روسیا بۆسەر یوکرەینیا.. نوری بەشیر

دەورەیەکی نوێی کێشەکانی دنیای چەند جەمسەری

هەڕەشەکانی چەند هەفتەی رابردوی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی ١٥٠ هەزاری بە جۆرەها چەکی قورس و سوکەوە، بردنی ژمارەیەک کەشتی جەنگی بۆ دەریای رەش، ئامادەکردنی چەکی ئاسمانی و مەشقی سەربازی لە ناوچەکانی بێلاڕوسیا، خۆئامادەکردن لە نیمچە دورگەی کرایمیا و ئامادەکردنی لایەنگرانی لە هەرێمی دۆنباس و چەکدارکردنیان، بەدوایدا رۆژی ٢١ فێبریوەری پۆتین یەک لایەنە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی دۆنيتسك و لۆگانسكی لەهەرێمی دۆنباس راگەیاند و هێزی زیاتری بۆ ناردن، ئەمە سەرەتای هێرش و جەنگێکی فراوانترە بۆسەر ئۆکرانیا. بەمە پۆتین یەکەم هەنگاوی جەنگێک کە رەنگە دوور ماوەبێت، نەک تەنیا دەبێتە کوشتارگای خەڵکی ئۆکرانیا بەڵکو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خستۆتە دڵەڕوکێ و ترس کە بەدوایدا ناوچەی جوگرافیایی جەنگەکە گەورەتر بێت.
بەو خۆئامادەکردنەی پۆتین و پڕوپاگەندەی جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە جۆرێک چاوەڕوانی لە داگیرکردنی ئۆکرانیا، خەڵکی ئۆکرانیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان لەبەردم مەترسیەکی گەورەدا داناوە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەرێمی دۆنباس ناوچەکانی تری ئۆکرانیا. پاش ئەوەی پۆتین چەکی کاریگەری شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەوروپای بە پڕوپاگەندەی جەنگی و گەمارۆ بیست کە یەکەم؛ بەناردنی هێزێکی زۆرتر لە سەرباز و چەک و هێزی ئاسمانی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دووەم؛ دانانی گەمارۆی ئابوری و سیاسی، کە لەلایەن ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا دەستی پێکرد، روسیای نەترساند وەک ئەوەی بە شێوەیەک لەم گەمارۆیەی پێشتر تاقی کردۆتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە روسیا ئابوری گازی بۆ ئەوروپا لەدەستدایە، وە لەباری سیاسیەوە لە دنیادا پێشڕەوی سیاسی و سەربازی کردبوو و بازاڕی چەک فرۆشی پەیداکردووە هەروەها کاری لەناوخۆی ئۆکرانیا کردووە سورە لەسەر پێشڕەویەکانی لە هەڕەشە و هێرشی بۆسەر ئۆکرانیا.
لەکاتێکدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێشتا کوشتاری بەکۆمەڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەخەی بەرنەداوە، هێشتا کوشتار و برسێتی و ئاوارەیی و هەژاری لە: یەمەن، سوریا، عێراق و ئەفغانستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە سەرمایەدارە گەورانە بەسەریاندا سەپاوە بەردەوامە، ئەمانە هەڕەشەی جەنگێکی گەورەتر دەکەن کە دەبێ چ سیناریۆیەکی ترسناک چاوەڕێی کۆمەڵگای ئینسانی بکات!.
ئێستا جەنگێک کە روسیا لەبەرامبەر ئۆکرانیادا بە بەهانەی شکاندنی رێکەوتنی مینسک و ئەندامێتی ناتۆ و کوشتاری خەڵکی هەرێمی دۆنباسەوە دەستی پێکردوە، کە هەموو ئەوانە پاساوێکن بۆ جەنگێک کە ئامانجی گەورەتری لەپشتەوەیە، وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئەمریکادا.
ئەم هێرشەی ئێستای روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەرئەنجامی هەلومەرجی دەیەیەی رابردووە. دەیەیەک کە زۆر شت لەدنیادا گۆڕاوە بەتایبەتی دەورەی کۆتایی دنیای یەک جەمسەریە ( قطب )ە کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکرد، دەیەی دەرکەوتنی چین وەک جەمسەرێکی ئابوری گەورەیە و کاریگەری هەیە، دەورەی هاتنەمەیدانی روسیا لەسەرەتادا وەک جەمسەرێکی سیاسی و دەخالەتەکانی لەزۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت سوریادا و بەدوایی دا وەک جەمسەری ئابوری و ناردنی گاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا. هەر لەم دەیەیەدا لەگەڵ پاشەکشەی ئەمریکادا جەمسەری رۆژئاوا و بەتایبەت وڵاتانێکی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا هەوڵیانداوە لەژێر سایەی ئەمریکا بێنە دەرەوە و بڵێن ئێمەش هەین.
هەر لەو دەساڵەدا ئەمریکا مۆری شکست و پاشەکشەکانی لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان دا تۆمار کردوە، بەرامبەرکێی ئابوری لە مەیدانی چەک و هێزی ئاسمانی و تەکنیکی پێشەکەوتودا بۆ پەیدابووە، ئەمریکا شکستی هێنا لە رێکەوتن لەگەڵ حوسیەکاندا لەیەمەن. سازشی کرد لەگەڵ کۆریای باکور، رێکەوتنی لەگەڵ تاڵیبان و هێنانەوەیان بۆ سەرسەری خەڵکی ئەفغانستان وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی ئینسانی. داپۆشینی کۆمەڵگای عێراق و سوریا و یەمەن و کوردستان لە زۆنگاوی هێزە میلیشیا قەومی دینیەکان، پاشەکشەو لاوازی ئەمریکا لەبەرامبەر ملهوڕیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، هەموو ئەوانە راستی ئاوابونی خۆری ئەمریکا و کۆتاییهاتنی دنیای یەک جەمسەریە کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکرد.
دنیای ئەمڕۆ دنیای چەند جەمسەریە کە ئەمریکاش خۆی ناتوانێت حەشای لێبکات، وە میدیاکانی دەستەڕاستی بۆرژوازیش لە کێشەی ئێستای هێرشی روسیادا تاکیدی لێدەکەنەوە، کێشەی ئێستا دەورەیەکی نوێیە لە کێشەی نێوان جەمسەرەکان کە روسیا دەستپێشکەری کردوە، دەستپێشکەری سیاسی و سەربازی و ئابوری روسیایە لەبەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەڵێت ئەو دەورەیە تەواو و ناتوانن لەسنوری ئێمە و بەرژوەندی ئێمە نزیک ببنەوە و ئێمەش دەخالەت لە هەلومەرجی جیهان دا وەک جەمسەریکی گەورە دەکەین، ئەم هەنگاوەی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا لەو راستایەدایە.
لە کێشەی ئێستادا وڵاتان و جەمسەرەکان، لەدەوری لایەنگری و دژایەتی ئەو دوو جەمسەرەی روسیا و ئەمریکا وەستاون، لەدرێژماوەی ئەو کێشەو جەنگەدا زیاتریش دەبینرێت. لەسەرەتای هەڕەشەکانی روسیاوە وڵاتانێکی ئەوروپا و بەتایبەت ناتۆ لەدەوری سیاسەتی ئەمریکا کۆبونەتەوە، بەجیا لەوەی بەرەی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست دژی ئەم سیاسەت و هێرش و شەڕەیە. لەولاوە چین لەدەوری روسیا خۆی دەبینێتەوە بەوەی گەمارۆی لەسەر دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی دادەنێت کە چەک بە تایوان دەفرۆشن و بەپاساوی ئەوەی ئەو کارە لەدژی چینە!. واتە ئەم کێشە و هەڕەشەی جەنگە چوارچێوەیەکی جیهانی هەیە کەسەرەتایەکی نوێیە لە هەڕەشە و جەنگی جەمسەرەکان بەدژی کۆمەڵگای ئینسانی و وڵاتانی کەمهێز، وە لەدرێژماوەدا کێشەو شێوەی جۆراوجۆر لایەنگری جەمسەرەکان هاوسەنگی هێزی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە رۆشن بێت، کە ئەم لەشکرکێشێ و جەنگە کە روسیا دەستی پێکردووە نە شەڕی خەڵکی روسیا و نە ئۆکرانیا و نە ئەوروپایە، لەگەڵ ئەوەی زیندوکردنەوەی گیانی قەومپەرستی روسی و ئۆکرانی زیاد دەکات، بەڵام جەنگێکە بەدژی سەرجەم کۆمەڵگای بەشەریە لە کرێکاران و ڕێزی ملیۆنی خەڵکی بەشمەینەتە کە بەدەست قازانجپەرستی و شەڕ و برسیەتی ئەم جەمسەرانەی سەرمایەداریەوە دەناڵێن و لە ئایندەدا شێوەی جیاواز لە کۆنترۆڵی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە جیهاندا بەخۆوە دەگرێت و کوشتار و ماڵوێرانی زیاتر دەسەپێنێ بەسەر مرۆڤایەتیدا.
هەربۆیە دروشم و کاری ئێمە؛ کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و رێزی هەزاران ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز بۆ ئەم دەورە نوێیەی دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری نایە بە جەنگێک روسیا لە ئۆکرانیا دەستی پێکردوە و نایە بە هەڕەشە و ناردنی هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ شەڕێکی ترسناک و ماڵوێرانکەر. ئەم دەورەیە دەورەی هاتنەمەیدانی ئێمەیە و لەهەمووکات زیاتر زەرورترە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازدیخواز و کەمدەرامەت لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا هەین خۆمان رێکخراو بکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سۆشیالسیتی خۆمان دامەزرێنین و مرۆڤایەتی لە جەنگ و کاولکاری و کوشتار و برسیەتی بۆرژوازی و دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری رزگار بکەین.

نوری بەشیر
٢٣/٢/٢٠٢٢




سه‌لاح ماندوو، شاعیرێكی ئاشق و ئاشقێكی ماندوو.. یاسین برایم

ماندوو كێیه‌؟

سه‌ڵاح ڕه‌فیق به‌كر ڕواندزییه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌ی زێڕینگره‌كانی ئه‌و شاره‌یه‌، له‌ 12/9/1942 له‌ ڕواندز له‌دایكبووه‌. تا پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی له‌ ڕواندز ده‌خوێنێت، دواتر ماڵیان دێته‌ هه‌ولێر. له‌ هه‌ولێر خوێندوویه‌تی، له‌ ساڵی 1963 له‌ پارێزگای هه‌ولێر (متصرفیه‌ اربیل) ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ر. له‌ ساڵی 1971 ده‌گوازرێته‌وه‌ قه‌زای چۆمان. له‌ ساڵی 1975 ئاواره‌ی ئێران بووه‌ و له‌ ساڵی 1976 ناگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ده‌ستهه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عس، ڕوو ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ (كه‌نه‌دا) نیشته‌جێ ده‌بێت، په‌یمانگه‌ی بزنسمانی له‌و وڵاته‌ ته‌واو ده‌كات و زمانی ئینگلیزی باش ده‌زانێت(1). ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی لاوی و هێشتا ته‌مه‌نێكی بچووكی هه‌بووه‌، ده‌توانێت بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. ساڵی 1961_1963 له‌ په‌خشنامه‌ی هه‌ولێر() له‌ لایه‌ن شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رچووه‌. شیعری خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ شاعیران و نووسه‌رانی ڕواندز (محه‌مه‌د مه‌نگوری و یوسف ده‌رگه‌ڵه‌یی و سامی ڕواندزی)، وه‌كو شاعیر ده‌ناسرێت به‌ قه‌ڵه‌مه‌كانیان خزمه‌تی بواری ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ڵاحی ماندوو، هه‌ر زوو تێكه‌ڵ به‌ كاری سیاسه‌ت ده‌بێت و ده‌چێته‌ نێو شۆڕش و خۆی و خێزانه‌كه‌ی ژیانی ئاواره‌ی و ده‌ربه‌ده‌ری هه‌ڵده‌بژێرن و ئاماده‌ نابن بگه‌رێنه‌وه‌. بۆیه‌ له‌و كاروانه‌ ئه‌ده‌بییه‌، داده‌بڕێت تا ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر و به‌ نیشتیمان شاد ده‌بێته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ خۆی و شیعره‌كانی دێته‌وه‌ نێو كۆڕی ئه‌ده‌ب. ئه‌گه‌رچی شیعری زۆره‌، به‌ڵام تا ئێستاكه‌ش، شیعره‌كانی خۆی چاپ نه‌كردوون و له‌م ماوه‌ییه‌ خه‌ریكبوو، گوڵبژێرێك له‌ شیعره‌كانی خۆی پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی بكات. شیعره‌كانی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌شق و خۆشه‌ویستی و نیشتمان و كورد و سروشته‌. له‌ ڕۆژی 16/5/2012 له‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری ڕواندز، ئێواره‌ كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ی به‌ ناوی (شیعره‌ ونبووه‌كانی ڕواندز) پێشكه‌ش كرد. تێیدا باس له‌ ئه‌زموونی شیعری خۆی كرد. ئه‌و نزیكه‌ی 36 ساڵ زیاتر له‌ وڵاتی كه‌ندا ده‌ژێت. بابی ئه‌و شه‌ش ژنی هێناوه‌ و ته‌نها ئه‌و كوڕه‌ی هه‌بووه‌، دوو كچی هه‌بوو. خۆشی چوار كچی هه‌یه‌. خێزانه‌كه‌ی یه‌كێك بوو له‌ بنه‌ماڵه‌ زێڕینگره‌كانی ڕواندز به‌ ناوی (مامۆستا ساجیده‌ ڕواندزی (1947_14/3/2020) خزمه‌تێكی زۆری بواری په‌روه‌رده‌ی كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شاری هه‌ولێر، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ كۆچی دوایكردووه‌ و ئه‌و كۆچه‌ی شاعیری زیاتر ماندوو كردووه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ بكه‌ین، ئه‌و ژمارانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی 14 ژماره‌ش تێدانییه‌، پێده‌چێت له‌و ژمارانه‌ش شیعری تێدابێت، ئێمه‌ ده‌ستمان نه‌كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ شاعیر خۆی ده‌یزانێت. له‌و 62 ژماره‌یه‌، كه‌ له‌م دووایه‌ دووباره‌ چاپكراونه‌ته‌وه‌(*). حه‌وت شیعری شاعیر به‌رچاو ده‌كه‌ون به‌ ناوی ( نامه‌وێ بمرم، جه‌ژنی به‌هار، ئه‌ی شه‌و، جوانی ژنێك، دایه‌ گیان، نامه‌ و سڵاو، یاری ژێرخاك). به‌ده‌ر له‌ شیعری دایه‌ گیان ئه‌وانی دیكه‌، له‌سه‌ر ئه‌شق و دڵداری و حه‌زی هه‌رزه‌كارانه‌ی شاعیره‌، واته‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاری شاعیر و ده‌سپێكی شیعری ئه‌وه‌، له‌و ته‌مه‌نه‌ش، مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ نێو داوی ئه‌شق و خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ نێو شیعره‌كان. ته‌نانه‌ت ناوی یاری (په‌یمان) دوو جار و (یاسه‌مین) ناوێك، له‌نێو دێڕی شیعره‌كان ده‌بیندرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌خات بۆ یاری خۆی نووسیوه‌. له‌ یه‌كه‌م شیعری ( نامه‌وێ بمرم)، حه‌زده‌كات به‌ دیداری بگات و هێشتا خونچه‌یه‌ و خه‌ریكه‌ به‌ ژیان پێده‌كه‌نێت. خۆی ده‌ڵێت: (نامه‌وێ بمرم تازه‌ من لاووم)، ئه‌و خه‌ون به‌ گه‌یشتن و ژوان یار ده‌بینێ، به‌ڵام ده‌بینێت هه‌موو یاران دڵشادن و ئه‌ویش له‌ نێو خه‌م و خه‌فه‌ت و بێوه‌فایی یار دا ده‌ژیت. جارێكی تر له‌ شیعری (جه‌ژنی به‌هار) هه‌مان ئه‌و هیوایه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئیدی نه‌ خۆشی به‌هار و نه‌گه‌یشتنی یار، چ هیوایێكی پێ نابه‌خشێت: (ئه‌ی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم؟/ منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!). له‌ شیعری (شه‌و) جوانیێكی تر له‌م شیعره‌ ده‌بینی. پێنچ كۆپله‌یه‌ و له‌سه‌ر شێوه‌ی پێنجخشته‌كیی، تێدا هه‌ست و سۆزی خۆی ده‌رده‌برێت:
شه‌وگار كورت به‌وه‌، هێزم نه‌ماوه‌
ئاو له‌ گلێنه‌ی چاووم بـــــــــــراوه‌
وه‌ك كه‌وان داری به‌ژنم چه‌ماوه‌
بارخانه‌ی دڵا ســــه‌رپاك ڕوخاوه‌
بۆچی كورت نابێ، شه‌وی دڵداران ؟!
ئه‌وه‌هه‌نده‌ ڕه‌شبین و بێهیوا، هه‌ست و سۆز و ته‌مه‌نی لاوی خۆی، سپاردووه‌، به‌ پیری و چه‌مانه‌وه‌ و داڕووخانی ده‌ڕوونی و نه‌مانی ئه‌شكی چاو و هێز و شیان. له‌ كۆپله‌یه‌كی تر، تێیدا نزا له‌ خوای گه‌وره‌ ده‌كات، خۆری هیوای لێهه‌ڵێت و نه‌مامێكی تازه‌ بچێنێت و ژیانێكی نوێ دروستبكات.( ئه‌مه‌وێ خۆری جوانی ببینم ! / نه‌مامی ژینی تازه‌ بچینم !)
ئه‌م شاعیره‌، ئاشقه‌، ئاشقێكی ماندووه‌، ئازارده‌كێشێت، خه‌م ده‌خوات، خه‌وی نییه‌، ته‌نیایه‌، ڕه‌شپۆش و داماوه‌، فه‌رهادانه‌ تێده‌كۆشێت، به‌ دوای شیرینه‌ یار. ئه‌و ده‌یه‌وێت په‌یمان وه‌ربگرێت، به‌ ئه‌شقی بگات، ماڵێك بۆ ئه‌م ئه‌ڤیندارییه‌ ساز بكات. له‌ نێو دێڕه‌كان، پاڕانه‌وه‌ و كڕووزانه‌وه‌ی زۆری تێدایه‌، به‌رده‌وام له‌ خه‌می یاردایه‌ و خه‌می یاریش، ئازاری ده‌روونی پێده‌به‌خشێت و وه‌كوو گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو، تێنووه‌ به‌ گه‌یشتنی كانیاوی ئه‌وین. بۆیه‌ شیعره‌كانی، بارانی خۆشه‌ویستی و سۆز و پاكی و وه‌فا، به‌ سه‌ر ئه‌و كێڵگه‌ ئه‌وینه‌ ده‌بارێنێت. ئه‌و له‌و ئه‌شقه‌، كۆل نادات و ماندوو نابێت، ڕه‌نگه‌ هه‌رئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌م نازناوه‌ی كربێته‌ نازناوی هه‌ڵبه‌سته‌كانی و پێی بناسرێت. ئه‌م شیعرانه‌، وشه‌ی جوان و ناسكن، به‌ كوردییه‌كی پاك و ڕه‌وان پێشكێش كراون. بۆ ته‌مه‌نێكی ئه‌وكاته‌ كه‌ شیعره‌كه‌ی تێدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كارێكی باش بووه‌، شاعیر توانیوویه‌تی بوونی خۆی بسه‌لمێنێ و په‌ره‌ به‌ توانا و به‌هره‌كانی خۆی بدات. هه‌ست به‌ كه‌موكورتی ده‌كه‌ین له‌ ڕووی بڕگه‌ و كێش و سه‌روا و بوونی وشه‌ و به‌كارهێنانی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ و وشه‌ی دووباره‌. ڕه‌نگه‌ له‌ شیعری دایه‌ گیان، له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ له‌ ئه‌وانی دیكه‌ كه‌مێك جیاوازتر بێت. ئه‌م هه‌وڵدانه‌ و به‌رده‌وامبوونه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، شاعیر خۆی ماندوو كردووه‌ و ویستوویه‌تی جیاوازتر ده‌ربكه‌وێت، و خه‌یاڵی به‌رفره‌تر بكات و وێنه‌ی شیعری دروست بكات:
به‌ به‌رگی ره‌شم زۆر به‌ داماوی
وا له‌سه‌ر گوررت وه‌ستاوم یاره‌
بۆ له‌ژێر خاكا تۆ په‌شێو ماوی
كه‌چی ناحه‌زت له‌ من…دیاره‌ !
یان: سه‌یر كوی ی ئه‌كه‌ی ئه‌لی ی هه‌تاوه‌
نه‌ختێ بۆنی كه‌ی سه‌رتاپ گوڵاوه‌
ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ شاعیر به‌رده‌وام بوایه‌ و ڕه‌نگه‌ ئاسۆیه‌كی گه‌شی هه‌بوایه‌, شاعیر تا نهۆش، شیعر ده‌هۆنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕووی ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، هه‌نگاوی باشی نه‌ناوه‌. ئه‌گه‌ر به‌رواردی بكه‌ین به‌و زه‌مه‌نه‌ی كه‌ شاعیر، شیعر ده‌نووسێت. شیعره‌كانی وه‌كوو جاران پڕن له‌ خۆشه‌ویستی و په‌یڤی ڕۆمانسی و ئه‌وینی یار و شه‌هوه‌ت و جوانی و پاكی و خه‌می نیشتیمان و شار. ئه‌و تا له‌ نیشتمان ده‌بێت، خه‌می یار و ئه‌وین ده‌خوات، كه‌ وڵاتیش جێدێلێت و سه‌ری ڕه‌شی له‌ تاراوگه‌ سپی ده‌كات، ئه‌مجاره‌ خه‌می نیشتیمان، ده‌بێته‌ كیژوڵه‌یه‌كی ئاشق و ده‌ێته‌وه‌ باوه‌شی شاعیر. شاعیرێك ماندوو به‌ ئه‌شق و نیشتمان، شاعیرێك، ئاشق به‌ شیعر و ئه‌وینی یار.

نامه‌وێ بمرم (2)

كوانێ به‌ڵێنی به‌رزی ژیانت
بۆچی نابینم خه‌نده‌ی جارانت؟
گیانه‌كه‌م قژخاو، تۆ بۆ گۆراوی
بۆ له‌سه‌ر به‌ڵێن توخوا نه‌ماوی؟
گه‌ر یارم نه‌بی چیم له‌ ژیانه‌
بۆچی بمكوژێ مه‌ی و مه‌یخانه‌
نامه‌وێ بمرم تازه‌ من لاووم
دووباره‌ گیانه‌ دڵ په‌شۆكاوم
تۆ چرای شه‌وی تاریكی زه‌نگی
تۆ بۆدڵه‌كه‌م هه‌رده‌مێ ده‌نگی
گوناهم نیه‌ گه‌ر لێم ئه‌پرسی
تۆ له‌ دڵداری بۆچی ئه‌ترسی؟
یاران ببینه‌ چه‌ند به‌ختیارن
وه‌كو گوڵ گه‌شن به‌بێ ئازارن
ئه‌تۆش له‌گه‌ڵ من هه‌رده‌م زویری
كه‌سه‌یرت ئه‌كه‌م به‌خه‌م داگیری !
وا بۆمن ده‌ركه‌وت كه‌یاری من نی
گه‌ر یارم نه‌بی توخوا ئه‌تو چی !!؟

جه‌ژنی به‌هار(3)

یاران مژده‌ بێ مژده‌ی به‌رزی دڵا
ئه‌مرۆكه‌ من دیم پێ ئه‌كه‌نی دڵا !
زانیم به‌هاره‌ دل ده‌نگی كه‌م بو !
زه‌ردی لێوه‌كه‌م به‌خه‌نده‌ی گوڵ چو
زه‌وی وه‌كو بوك خۆی رازاندبووه‌
………………………………… ئه‌م دێره‌ له‌ ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ بیركراوه‌ و نه‌نوسراوه‌.
شه‌به‌قی ئه‌دا دورشمی به‌هار
سڵاووت لێ بێ ئه‌ی به‌هار سه‌دجار
لێم گه‌ررێ نه‌ختێ بۆنی گوڵت كه‌م
گیانه‌ ئه‌مجاره‌ش سه‌یری چڵت كه‌م
بینم یاران دڵ خۆشو شادن
به‌موژده‌ی به‌رزت گشتی ئازادن
داخه‌كه‌ی زستان نه‌ما له‌ دڵیان
گشت پێكه‌نین په‌كه‌ی گولیان
ئه‌ی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم ؟
منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!

ئه‌ی شه‌و..! (4)

شه‌وگار كورت به‌وه‌، هێزم نه‌ماوه‌
ئاو له‌ گلێنه‌ی چاووم براوه‌
وه‌ك كه‌وان داری به‌ژنم چه‌ماوه‌
بارخانه‌ی دڵا سه‌رپاك ڕوخاوه‌
بۆچی كورت نابێ، شه‌وی دڵداران ؟!


ئه‌زانی چه‌نده‌، داخت له‌ دڵم ،
گوێ بگره‌ ئاهو ناڵه‌م بۆ گوڵم ،
شه‌و پاسه‌وانی خنچه‌ی سه‌ر چڵم ،
رۆژ تا ئێواره‌ له‌ ژین لاملم ،
ده‌ستم دامێنت لانه‌ی بیماران !


كه‌وتومه‌ ده‌رگات ئه‌زیه‌تم ئه‌ده‌ی
خۆشی و گۆشادیم ناهێلی ئه‌ی به‌ی
پایه‌ی ژیانم تێك ئه‌ده‌ی ئه‌ی خه‌ی
جاری له‌ په‌نات ، من نه‌م گۆت ئۆخه‌ی !
په‌نام بۆ تۆیه‌ ، كۆستی هه‌ژاران !


ئه‌ی خوای گۆشادی ، داد بۆ تۆ دینم ،
په‌رده‌ی شه‌وگاری تاریك ئه‌درینم ،
ئه‌مه‌وێ خۆری جوانی ببینم !
نه‌مامی ژینی تازه‌ بچینم !
به‌خوێنی چاوی لات و غه‌مباران !!


ئه‌گه‌رچی دوور بم له‌ خه‌نده‌ی یارم ،
بێ چاو داهێنان ، هه‌ڵ ده‌گرم بارم ،
ئه‌ژیم له‌ یاد و كرده‌وه‌ی پارم
ئه‌مه‌یه‌ رێگای دڵسۆز ، بیمارم
به‌كوێری چاوی، ناحه‌ز، به‌دكاران !

جوانی ژنێك (5)

به‌راستی هۆشم له‌ لا نه‌ماوه‌
بۆ ئه‌م جوانه‌ی باڵا لاولاوه‌
ناتوانێ پێ نووس بی نووسیته‌وه‌
زوبان لال ئه‌بی بی گیریته‌وه‌ !
سه‌یر كوی ی ئه‌كه‌ی ئه‌لی ی هه‌تاوه‌
نه‌ختێ بۆنی كه‌ی سه‌رتاپ گوڵاوه‌
ووشه‌و ووته‌كه‌ی ئه‌لی ی شه‌كراوه‌
لیوو ئه‌برۆكه‌ی نه‌خش كراوه‌
چاوه‌كه‌ی مانگه‌ خه‌رمانه‌ی داوه‌
برژانگی ره‌شی ده‌وره‌یان داوه‌
هیچ كه‌ش نه‌یبینی تیری ئه‌م چاوه‌
جاری بیبینی هه‌رده‌م كوژراوه‌


ویستم پێ ی بلێم خودای دڵداران
بلیسه‌ی ئیشی دڵه‌ی بیماران
وێنه‌ به‌رزه‌كه‌ی گشت كاتی ژیان
ئه‌ی ئه‌م شه‌ماڵه‌ی له‌ به‌ری به‌یان
فریشته‌ی جوانی تاریكه‌ شه‌وان
جوانترین نیگار تۆی له‌ ئاوواتان
په‌ری به‌هه‌شتی ئه‌فری له‌ ئاسمان
ئه‌به‌ی و ئه‌رۆی ئه‌دزی دڵمان
چۆن بێ دڵ بژیم گیانه‌كه‌م په‌یمان
وازبینه‌ له‌ دڵ دڵی بێ زوبان …

دایه‌گیان (6)

چه‌ند به‌داخه‌وه‌ سه‌یرم ئه‌كردی
كاتی ئه‌توم دی به‌م نه‌خۆشیه‌
بۆ یه‌زدان دایه‌ نامه‌م ئه‌بردی
كه‌چی نامه‌كه‌م دوور له‌ خۆشیه‌ !


ڕۆله‌كه‌ت هه‌ست و دڵی به‌خوینه‌
دایه‌ ، دایه‌گیان….
نامه‌كه‌ت به‌ڕاست دایه‌ زێرینه‌
مه‌لبه‌ندی ژیان….


چی به‌ تۆ ئه‌كا چه‌ن پزیشكو ده‌رمان
چه‌كاتی سودی بۆتۆیه‌ دایه‌!
وا كۆبونه‌وه‌ هه‌ر وه‌كو خه‌رمان
ژه‌هراوی گشتی له‌بیرم مایه‌


رۆله‌كه‌ت هه‌ست وبیری به‌تینه‌
دایه‌ ، دایه‌گیان….
شه‌به‌قی نامه‌ت به‌راست زێرینه‌
مه‌لبه‌ندی ژیان…


ئێستاش ئه‌تبینم هه‌ناسه‌ ته‌نگی
بێ هێزو داماوو….؟
بۆخۆشی دایه‌ له‌به‌رچی جه‌نگی ؟!!!
دایكی به‌ند كراو…


رۆله‌كه‌ت هه‌ست و یادی به‌خوینه‌
دایه‌ ، دایه‌گیان….
نامه‌كه‌ت به‌راست دایه‌ زێرینه‌
بنچینه‌ی ژیان…


لێم گه‌رێی نه‌ختێ من بدووینم
تۆ دڵ به‌ده‌رده‌وه‌ دایه‌ نه‌خۆشی
سرودێك له‌ سه‌ر گیانت بخوینم
بۆ چاك بونه‌وه‌ چه‌ندی په‌رۆشی


رۆله‌كه‌ت له‌سه‌ر به‌مینی ژینه‌ (ره‌نگه‌ ئه‌و به‌مینی، زه‌مینی بێت ، ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ی چاپ بێ!)
دایه‌ ، دایه‌گیان….
شه‌به‌قی نامه‌ت به‌راستی زێرینه‌
رون كه‌روه‌ی ژیان….

نامه‌ و سڵاو (7)

سڵاو له‌ كانگای ده‌رونی به‌كۆڵا
سڵاو له‌ شاخا له‌ ته‌لان و چۆل
له‌ فرمێسكی چاو له‌ داخو نالین
له‌ هه‌ست و بیرم تاكو له‌ ئاین !
له‌ خۆروشه‌ماڵا گیانه‌ له‌ نزار
له‌ گوری دڵم له‌ سه‌رپه‌لكی دار
له‌ده‌نگی بلوێر له‌ ئاوازی كه‌مان
له‌سه‌ر خوناوا له‌ گوری خه‌مان
به‌مانه‌ هه‌مووی بۆت دێ سلاوم
ده‌مێكه‌ (په‌یمان) بۆتۆ داماوم !
هه‌رده‌م ئه‌نالم كه‌ی من پێت ئه‌گه‌م ؟
یاره‌ پێم بلێ پرسیارێ ئه‌كه‌م ؟!
توخوا وه‌ك جاران له‌سه‌ر به‌لێنی ؟
كاتێ به‌توم وت : به‌لێن شكێنی !
ووتت : یاره‌كه‌م تاكو من ماووم
ئه‌بێ نیگاربی وێنه‌ت له‌ چاووم
به‌ختیار ئه‌بین ئه‌ی(ماندو) له‌ ژین
ئێمه‌ نابینین له‌ ژیانا قین !!!!
كه‌چی ئێستاكه‌ش دڵ په‌ست و مه‌لول
بۆ تۆ كه‌وتومه‌ نێو زیندانی قوڵا
كزرریش هات و ره‌نگ زه‌رد و خه‌مبار
هه‌ناسه‌ سوار و مایه‌وه‌ بیمار
هه‌موو تاو جارێ خه‌نده‌ت ببینم
به‌لكو پێم نه‌كرێ دلت بسێنم
رزگاریم ئه‌بی له‌م ژینه‌ سه‌خته‌
سه‌یره‌ دڵه‌كه‌م گه‌لێ بێ به‌خته‌
له‌ پۆلی كچان روی بۆ لای تۆ كرد
ئه‌تۆش به‌جارێ هێزی دڵمت برد
تاكو وه‌ت لێ كرد بته‌كینی خوین
خه‌مت بۆ ئه‌نارد شه‌وان چین به‌چین
لات وابێ دڵی یارت ناسینه‌
وا ئازارت دام قژ زه‌رد له‌ ژینه‌
ئێستاش به‌نامه‌ كۆتایی دینم
بۆ تۆم نوسیوه‌ گیانه‌ به‌خوینم

یاری ژێرخاك (8)

فریشته‌م شه‌ووم ، ئه‌ی خوای جوانیم !
ئاوێنه‌ی ڕاستی، تاكه‌ یاره‌كه‌م
په‌رده‌ی دڵ دروین ، هه‌ستی به‌یانم
شاڵاوی خۆشی، گوڵی پاره‌كه‌م


ئه‌ڵێن كۆچت كرد ، گیانه‌ (یاسه‌مین)
چرای هیواكه‌ت زوو كوژایه‌وه‌
به‌راست نه‌ماوی ئه‌ی هێوینی خوین؟!!
برینم دیسان بۆت برژایه‌وه‌


ئه‌ی كوا چاوه‌كه‌ی نه‌خشاویت به‌تیر.
بۆچی نابینم له‌ لات … نه‌ماوه‌؟
قژه‌ خاوه‌كه‌ی ، پێی ئه‌شێوا بیر
بۆ كه‌ل كه‌ل نیه‌ وا تێ كه‌ڵاوه‌ ؟!!


كوا وه‌كو جاران ووشه‌ی نیانت
تۆ له‌ یادت چو هه‌لپه‌رركێ ی زێرین ؟!
بۆ زوو درراندت نامه‌ی ژیانت ؟
یاری كۆچ كردوم ، ئه‌ی دوژمنی ژین!


به‌به‌رگی ره‌شم زۆر به‌ داماوی
وا له‌سه‌ر گۆڕت وه‌ستاوم یاره‌
بۆ له‌ژێر خاكا تۆ په‌شێو ماوی
كه‌چی ناحه‌زت له‌ من…دیاره‌ !


هه‌لسه‌وه‌ توخوا وا ده‌ستم هینا
هه‌ر وه‌كو جاران به‌ به‌ختیاری !
به‌ڵام ده‌سته‌كه‌م سه‌رتاب به‌ خوینا
خو نییه‌ كه‌ تۆ بۆچ له‌ كۆلم باری ؟


لێم گه‌ری سه‌یری نه‌ختێ گورری كه‌م
پرر ده‌م بۆی بلێم ئاوازی خه‌مگین !
سه‌یری بزه‌كه‌و ره‌نگی بۆری كه‌م !
جا لێم تاریك بێ نه‌بینم زه‌مین


به‌ڵكو له‌ ژێر خاك به‌یه‌كتر ئه‌گه‌ین
وه‌كو رابردو و به‌به‌زم و شادی
پێكران په‌یامان بۆ یه‌زدان ئه‌به‌ین
خۆزیا وه‌ها با چه‌ند خۆش بۆ یادی!


به‌ڵام بێ سوده‌ گرین و شینم
تۆ له‌ تاریكی زیندانی یه‌زدان
منیش كه‌ساس و داماو له‌ ژینم
بویمه‌ خۆراكی دوررنده‌و ده‌ردان


یادت له‌ خوێنم ئه‌جولێته‌وه‌
به‌ هه‌مو كاتا به‌شه‌وی تاریم
ناوی ئازیزت ئه‌هونێته‌وه‌
له‌ رۆژی ره‌شم ، له‌ رۆژی ناچاریم !!!(***)

سه‌رچاوه‌ و په‌ڕاوێز:

  1. ژیاننامه‌ی شاعیر له‌ لایه‌ن خودی شاعیر و به‌ختیار عیزه‌ت سلێمان به‌گ، زاوای شاعیر له‌ ڕێگه‌ی فه‌یسبووك، هاوینی 2020 وه‌رگیراوه‌.
  • هه‌ولێر(1961-1963) په‌خشنامه‌ییكی هه‌فته‌ییه‌ به‌زمانی كوردی و عه‌ره‌بی شاره‌وانی هه‌ولێر ده‌ری ده‌كا. ئاماده‌كار: تاریق جامباز، 2019 ، هه‌ولێر.
    ** وه‌ك له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌ هاتووه‌: ئه‌م په‌خشنامه‌یه‌ (76) ژماره‌ی لێده‌رچووه‌، به‌ڵام (62) ژماره‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌(14) ژماره‌ی له‌م كتێبه‌دا نییه‌. ئه‌مانیش ژماره‌ (48، 51، 52، 54، 56، 59، 60، 62، 65، 69، 71، 73، 74، 75).
  1. ژماره‌ (29)، ساڵی یه‌كه‌م، سێشه‌ممه‌ 20/3/ 1962، ل 3.
  2. ژماره‌ (30)، ساڵی یه‌كه‌م، شه‌ممه‌ 31/3/1962، ل 3.
  3. ژماره‌ (34)، چوارشه‌مه‌/ 2ئایاری 1962، ل 2.
  4. ژماره‌(41)، سێشه‌ممه‌، 3ی ته‌مووز 1962، ل2 .
  5. ژماره‌(43)، 21 ی ته‌مووز 1962، ل3.
  6. ژماره‌ (47)، 28ی ئابی 1962، ل3.
  7. ژماره‌ (57)، چوارشه‌ممه‌/ 7ی تشرینی دووه‌می 1962، ل3.
    (***) شیعره‌كان به‌ڕێنووسی ئه‌وكات نووسراون و ده‌سكاری نه‌كراون.



لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-40- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی چل

رقم لە قەرەباڵغییە، رێگە بدەن تەنها بم و لەگەڵ وەسوەسەکانی خۆما بژیم، ئەو وەسوەسانەی مێشکیان خواردوم. رقم لە ژیان نییە، بەڵام مەرگیش نابوغزێنم، هەندێ لە هاوڕێیان سڵ لە بۆچوونە پووچگەراکانم ئەکەنەوە، بەڵام بۆ راگرتنی دڵی هیچ کەس دەستکاریی سروشت و روانینی خۆم ناکەم. ئێستا دێن رەخنەم لێ ئەگرن و ئەڵێن بە هەموو هێزت داکۆکیت لە کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیست ئەکرد، ئێستاش کەوتوویتە رەخنە و ئاستێکیش لە دژایەتی، جا ئەوە کەی نەنگییە بۆ من؟. بەڵکو نیشانەی ئەوەیە هێشتا زیندووم، مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتووە وەک مانگا بلوەڕێ، مرۆڤی زیندوو ئەو کائینەیە گومان ئەکات و یاخی ئەبێت. هەڵە ئەکات بەڵام کۆڵ نادا، هیچ شتێک هەقیقەت نییە، وەک زاناکانی فیزیا ئەڵێن هەموو ماددەیەک لە دۆخی ئاساییدا هاوبەرگەیە. واتە تێکەڵەیەکە لە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ. خەتەرترین جۆری ئینسان ئەوانە بە ناوی هەقیقەتەوە قسە ئەکەن.
هۆشیاریی ترسناکە، چوونکە واتلێدەکات شۆخی بە هەقیقەتە وەهمییەکان بکەیت. فەرموو کابرایەکی مانگاپەرست لە هیندستان تێبگەیەنە، کە مانگاکەی ئەو نەک خودا نییە، بەڵکو خولەی قەساب رۆژی سەد دانە لەو مانگایانە سەرئەبڕێ و “عەباس ئەبوشوارب”یش بە کەباب و تکە دەرخواردمان ئەدا. بە پێی میتۆلۆجییە ئاینییەکانیش یەکەمین تاوانی مرۆڤ خواردنی سێوی مەعریفەی بەهەشت بوو، چوونکە لەگەڵ بە ئاگاهاتنەوەیدا بە ژیانی سەر زەوی سزادرا، کەوابوو هۆشیاریی و ئاگایی بەڵا گەورەکەی مرۆڤن. خوداکان و پیاوانی ئاین، هێندەی هەموو شت لە مرۆڤی هۆشیار ئەترسن. ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری هەقیقەت ئەزانن هەمیشە سڵ لە کەسانی وەک “سپینۆزا” ئەکەنەوە. لگاوچییەکانی لگاوخانەی سیاسەت هەمیشە لە تاکی هۆشیار ئەترسن. ئەوەی پرسیار و گوومان نەکات، پێی خۆش بێ یان نا، بەشێکە لە مێگەل. ئەو مێگەلەی “سۆن تزۆ” لە پەڕاوی “شەڕ”دا بەر لە چەندین سەدە، بە پێویستی ئەزانێ شوانێکیان هەبێ و بەدڵی خۆی لێیانخوڕێ!.
کاری من، خوێندنەوەیە بۆ کەشفی دنیا، لە رێگەی ئەو گوومان و پرسیارانەی لە کتێبەکانەوە سەرمایەگوزاری لەسەر ئەکەم. لەو رۆژانەش بۆ هاوڕێیەکم نووسیبوو “بەو چاوە ماندووانەمەوە نیهلیزمی ژیان ئەبینم، بە کاسە سەرێکی پڕ ئازارەوە جیهان بەو پووچییە هەڵدەسەنگێنم، من بۆ ئەوە خوڵقاوم گوومان بخەمە سەر هەموو پیرۆزییەک، هاتووم بۆ ئەوەی چیلکە رادەم لە شارە زەردەواڵەی کۆنەستی گشتی”. ئەمڕۆ لە کاتی گەڕان بەناو کتێبەکانما، پارچەیەک نووسینی خۆم دۆزییەوە کە پێموایە دوو ساڵێکە نووسیوومە بۆ یار، لە نامەیەکیشدا بۆم ناردبوو، ئەگەرچی لە حاڵەتی تووڕەییدا یادگارەکانی نێوانمانم لەناوبرد، بەڵام هەنووکە دووبارە لە کۆکردنەوەیاندام، لێرە ئەینووسمەوە بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگار بێ.
“من رقم لە گەشبینییە، رووبەری تاریکیی زیاتر لە رووناکییە دەستکردەکان دەبینم، بەڵام شتێک لای من کە مانایەکی دابێت بە ژیانم، وجودی تۆیە. ئەوە لە هەموو سەرمایەیەکی دیکە بۆ من گرنگترە. عەشق هیچ یاسا و رێسایەکی نییە، بەپێچەوانەوە عەشق شکێنەری یاسا و رێساکانە. عەشق بناغەیەکی ئەقڵانی نییە، خۆ هەر کات ئەقڵانییەت هاتە ناو پرۆسێسەکەوە ئیدی دوا بزمار بدە لە تابووتی عەشقەکەت. باوەڕێکی ئەزموونکراو هەیە کە دەڵێ یەکەم عەشق و یەکەم مەعشوق بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. کەوایە تۆ بۆ هەمیشە دەمێنیتەوە. من لە دەرەوەی تۆ بایەخ بە شتێکی تر نادەم، هەرچەندە سەروکاریم لەگەڵ خوێندنەوە و سیاسەت، کاتی منیان بە فیڕۆداوە کە هەقوایە تەرخانی بکەم بۆ تۆ. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم دەوێی بۆ ئەبەد تەنانەت لەنێوان عەشقی تۆ و مەرگی خۆمدا، رێگەی سێهەم شک نابەم، بۆیە لە دوای عەشقی تۆ، مردن بۆ من شەربەتە و خەڵاتێکی شاهانەیە”.
ئێستا واز لە ئەشقبازیی ئەهێنم، ئەگەڕێمەوە ناو دنیای مامۆستا هەمیشەییەکەم، ئەویش جیهانی فریدریک نیتشەیە. خۆم سەرقاڵ ئەکەم بە خوێندنەوەی کتێبێکی بە ناوی “ما وراء الخیر والشر”. هەفتەی پێشتریش کتێبی “ژینۆلۆژیای رەوشت”ەکەیم خوێندەوە. بۆ ئەوەی فێری گوومان و یاخیبوون بیت، فەرموو وەرە لە رۆحی شێتانەی “نیتشە” تێبگە، ئەو شکێنەری بتەکانە، مامۆستای راسان و خەباتکردنە دژی “مەیموونەکەی ناخمان”. هەر بۆیە لە ستایشی ئەودا ئێستا ئەم دێڕانە ئەنووسم:
سڵاو مامۆستا نیتشە
دوو شتت وەک وانەی هەموو ژیانم فێرکردم:
یەکەم: لوتبەرز بم لە ئاست گەلۆر و جاهیلەکاندا
دووەم: شانازیی بە رۆحی سەرکەشی خۆمەوە بکەم
سوپاس بۆ تۆ مامۆستا نیتشە
6-9-2001

—————–

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 138-142 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




شار چۆل، شه‌قام چۆل.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

سترانه‌ غه‌مگینه‌كه‌ی ئه‌فغانستان

شار چۆل .. شه‌قام چۆل
كۆڵان چۆل .. ماڵ چۆل
پیاڵه‌ به‌تاڵ .. خوان به‌تاڵ ..
باده‌ و په‌یمانه‌ به‌تاڵ
دۆستی هوزاران ده‌سته‌ ده‌سته‌
كۆچیان كرد .

باخ چۆل .. باخچه‌ چۆل
لق و چڵ ڕووت
هێللانه‌ چۆل .

وای له‌ دونیایێك
دۆست له‌ دۆستی ده‌ترسێ
خونچه‌ی تینوو
له‌ گوڵزار
عاشق له‌ دیدار ده‌ترسێ
په‌نجه‌ی ژه‌نیار
له‌ ژێ
شاسوار
له‌ ڕێی ته‌ختان و هه‌موار ده‌ترسێ
ئه‌م پزیشكه‌یش
له‌ بینینی نه‌خۆشان ده‌ترسێ .

‌(ساز)ـه‌كان بشكێنن ،
ئێشی شاعیرانه‌
سنووری تێپه‌ڕاندن
ساڵانی چاوه‌ڕوانی
بۆ من و تۆ
خراپ تێپه‌ڕین
ئاشنا بوو به‌ نه‌ناس
تا وتم (به‌ڵێ) بوو به‌‌‌ به‌ڵا
گریام ، ناڵیم
له‌ ئه‌ڵقه‌ڕێزی ده‌رگایانم دا
به‌رد به‌ردی كۆڵیتی وێرانم
به‌ سه‌رم دادا
ئاو ئاوی نه‌بزواند
نوستووی له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستاند .

كانی وشك بوون
ده‌ریا له‌ ماندوویه‌تییان (بژ)ی پێوه‌ هات
ئاسمان ئه‌فسانه‌ی ئێمه‌ی
به‌هه‌ند نه‌گرت ..

پیاڵه‌ جۆش و خرۆشیان نییه‌
عه‌شق باوه‌شی نییه‌
بۆ من .. بۆ ناڵه‌م
هیچ كه‌سێ گوێچكه‌ی نییه‌ .

سه‌یره‌ كاروان ڕۆیشت و
دیسان هاته‌وه‌
سه‌یره‌ دیسان
دڵبه‌رانی به‌ عیشوه
ساز و ئاهه‌نگ و خۆشخوان هاتنه‌وه‌
تا گوڵی په‌رش و بڵاوی
مه‌عشوقی به‌ سۆز بێ
تاكو دیسان
ڕوو له‌ ده‌رگای ( حافز) ‌
گوڵ بڵاو و
مه‌ی له‌ پیاڵه‌ بكه‌ینه‌وه‌ .

ئاماژه‌ :
(*) ئه‌م سترانه‌ ‌ شیعری شاعیر و ئاوازدانه‌ری ئه‌فغانی ناسراو
( ئه‌میر جان سه‌بوور)یه‌ كه‌ له‌ شاری هورات له‌ دایك بووه‌ .
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ‌ به‌ناو و بانگترین سترانی ئه‌فغانستان بووه‌ و به‌ ده‌یان هونه‌رمه‌ند چڕیویانه‌ كه‌ به‌شێك له‌ كاره‌ساته‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كانیان ده‌رده‌بڕێ …
ته‌نانه‌ت ئاوازی گۆرانییه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستانیش .

(**) له‌ ماڵپه‌ڕی (گنجینه‌ی بهترین اشعار)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی
جێی باسه‌ ‌ گۆرانییه‌كه‌ دوو بڕگه‌ی دوایی تێدا نییه‌ .

بڕوانه‌:
http://jeyhoon20.blogfa.com/post/2282




هۆنراوەیەک له‌باره‌ی كورده‌وه‌.. وەرگێڕان و ئاماده‌كردن: عیسا بۆتانی

سیمبولی به‌رخۆدانی ئۆكرانیایە…

(ڤاسیل سیمۆنینكۆ)ی هه‌ڵبه‌ستوانی ناوداری ئۆكرانی له‌ سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1963 له‌ یادداشته‌كانی خۆیدا وه‌های نووسیوە:
٫٫دامه‌زراوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان توندئاژۆ و بێ كه‌ڵكتر بوون، سۆڤیه‌ت زیانی به‌ هه‌ڵبه‌سته‌كانم گه‌یاند و هه‌ر یه‌كێك به‌ هه‌وه‌ستی خۆی هه‌رچی ویستی كردی و، چه‌ندین چامه‌ شیعرییه‌كانمیان له‌ناو برد؛؛.

دسه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ویستی كاریگه‌رترین ده‌نگ له‌ نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان له‌نێو ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌ر و شاعیرانی گه‌نج ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانی له‌وه‌ی چاند و كه‌لتووری ئۆكرانیای سۆڤیەتی بژێننه‌وه بێده‌نگ بكا، بۆیه‌ زۆربه‌ی شیعره‌كانی ڤاسیل سیمۆنینكۆ له‌میانی ته‌مه‌نی كورتی ئه‌ودا رێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی پێ نه‌درا. كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی به‌ناوی (بێده‌نگی و بروسك) له‌ ساڵی (1962)دا بڵاو بوویه‌وه‌ و له‌لایه‌ن سانسۆره‌وه‌ به‌ به‌رده‌وام به‌رهه‌مه‌كانی ده‌شێوێندرا و زۆرێك له‌ چه‌مك و گوزارشته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌سڕدرانه‌وه‌ و ناوونیشانه‌كانیان ده‌گۆڕدران؛ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ شیعره‌كان له‌ واتاكانییان به‌تاڵ ده‌كرانه‌وه‌. به‌م هۆیه‌وه‌ ڤاسیل سیمۆنینكۆ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی گۆڤاره‌ سۆڤیه‌تییه‌كان و رژێمی ئەوسای دەوڵەتی سۆڤیەت له‌ شیعره‌كانیان ده‌كرد ناڕه‌زایی توندی ده‌نواند، تاكو ئه‌و ئاسته‌ی شیعری (بۆ برای كوردم ) رێگای پێ نه‌درا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بڵاو بوویه‌وه‌.
شیعری بۆ برای كوردم یه‌ك له‌و هه‌ڵبه‌ستانه‌ بوو کە سیمۆنینکۆ لە ئاداری ساڵی 1963دا بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان نووسی لەسەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی دژ بە زوڵم و ستەمکاریی رژێمی ئەوسای عێراق، ئەوەی وایكرد سیمۆنینكۆ وه‌كو شاعیرێك ئەو هۆنراوەیە بۆ شۆڕشی کوردستان بنووسێ پاڵپشتی سۆڤیەت بو لە رژێمی ئەوسای عێراق دژ بە گەلی کورد، ڤاسیل سیمۆنینکۆی شاعیر لێرەدا دەڵێ کە شۆڤینیزمی سۆڤیەتی دوژمنی هەرە سەرسەختی کورد و ئۆکرانیەکانە و بەو شیعرەشی بووە قارەمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و له‌نێوان نه‌وه‌كانی ساڵانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكاندا وه‌كو قسه‌كه‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆكرانی و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتی ئەدەبیی ئۆکرانی ناسرا. ڤاسیل له‌میانی ئه‌و شیعره‌یدا هاوڕێیه‌كی كوردی ده‌دوێنێت كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سته‌مكار و خوێنمژانه‌وه‌ داگیر كراوه‌، ئه‌و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا سته‌مكاران له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نین… ئه‌وان له‌ نه‌ژادێكی سیمبولیكن، بۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵبه‌ستوانه‌ ناویانی وه‌كو شۆڤینیزم هێناوه… شۆڤینیزم له‌لای ئه‌و پەلامارده‌رێكی تینوو به‌ خوێنه‌ و هیچ به‌زه‌یی لەدڵدا نیه‌ و ته‌نیا له‌ زمانی گولله‌ تێدەگات.
شۆڤینیزم له‌سه‌ر خوێنی میلله‌تانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئازاردراو زیاتر قه‌ڵه‌و ده‌بێت و(هیچ ده‌رفه‌تی رێككه‌وتن و ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ سته‌مكاراندا نیه‌ و تاکە رێگا تێكۆشینه‌ له‌هه‌مبه‌ریان).
ئیگۆر چانكۆڤسكی سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی سیمۆنینكۆ گوتی: (ئه‌و وه‌كو پرۆمسیۆسه‌ هاكا كۆت و زنجیره‌كانی پساند)، ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ ته‌نها بانگه‌واز نیه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ داگیركراون تاكو سه‌روه‌ری و ئابڕوو و ناسنامه‌ نیشتمانییه‌كانیان بپارێزن، به‌ڵكو داوایه‌كه‌ تاكو به‌هێزتر له‌هه‌مبه‌ر داگیرکەران بوه‌ستنه‌وه‌ و تاكو دوایین شۆڤێنی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ مابێت له‌خه‌بات كردن به‌رده‌وام بن.
ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ له‌كاتێكدا نووسرا كه‌ زۆرده‌ستی و داپڵۆسین و چه‌وساندنه‌وه‌ له‌لایه‌ن رژێمی سۆڤیه‌ته‌وه‌ گه‌یشتبوه‌ ترۆپك، هاووڵاتیان له‌ ئاماژه‌كانی سیمۆنینكۆ گه‌یشتن كه‌ باس له‌ گه‌لی كورد ده‌كا وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی هاوشێوەی ئەوان سته‌ملێكراو، بۆیه‌ هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ نزیك بوو له‌ دۆخی ئه‌وسای ئۆكرانیا و نووسینه‌وه‌ی هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ به‌ فراوانی بڵاو بوویه‌وه‌ و وایكرد سه‌رباری ده‌ستگرتن و پاراستنی خواستی ئازادیی ئۆكرانیا، له‌هه‌مان كاتیشدا واتایه‌كی جیهانیش له‌ شیعره‌كانی ئه‌ودا به‌دی بكرێ.
له‌و كاته‌ی ڤاسیل سیمۆنینكۆ به‌هۆی شێرپه‌نجه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد، له‌لایه‌ن رۆشنبیره‌ ئۆكرانییه‌ نیشتمانپه‌روه‌ركان وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كان كه‌ شیاوی په‌رستن بێت سه‌یر ده‌كرا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤییه‌ت بۆ سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ری نووسینه‌كانی. نه‌وه‌ی بچووكتری نووسه‌رانی ئۆكرانی هه‌ستان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ یارمه‌تیدانی ماڵباتی سیمۆنینكۆ و کۆکردنەوەی یادەوەریەکانی و كۆڕی شیعر خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌قه‌كانی ساز و به‌ڕێوه‌ ده‌برد، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سۆڤیه‌ت دایكی ئه‌ویان ناچار كرد نامه‌یه‌ك بنووسێت و تێیدا بڵێت كه‌ سیمۆنینكۆ هاووڵاتییه‌كی دڵسۆزی سۆڤیه‌ت و کۆمۆنیستێکی راستەقینە بوو)، هه‌وره‌ها ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ئه‌و دانپێدانه‌ ساخته‌یه‌ی دایكی ڤاسیلیان وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی تاوانباركردن بۆڻ راوه‌دوونانی ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیره‌ ئۆكرانییه‌كان به‌كارهێنا كه‌ تۆمه‌تبار كرابوون بە دزەپێکردن و گەیاندنی ده‌ستنووسه‌كانی سیمۆنینكۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ڵبه‌ستی (بۆ برای كوردم) له‌ ساڵی (1965) له‌ گۆڤارێكی ئه‌ڵمانی به‌ناوی (سۆخانیست) و پاشان له‌نێو گوڵبژێرێک له‌ هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و نووسینه‌كانیدا بڵاو بوویه‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ به‌یه‌كه‌م شیعری سیمۆنینكۆ هه‌ژمار ده‌كرێ كه‌ دوور له‌ چاودێری و سانسۆری رژێمی سۆڤیه‌تدا بڵاو بووبێته‌وه‌، له‌وه‌دا شكه‌ستیان هێنا ناو و په‌رتووكه‌كانی ئه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ساڵی (1966) به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ویان له‌ نیشتمانه‌كەی خۆیدا قه‌ده‌غه‌ كرد؛ بەڵام ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئۆكرانی پێڕاگەیشتن و له‌لای خۆیان كۆپییان كرد و به‌ر له‌هه‌موو نووسینه‌كانی و بێ ئه‌وه‌ی بترسن و لە هیچ شتێک سڵ بکەنەوە هه‌ڵبه‌ستی (بۆ برای كوردم)ی سیمۆنینكۆیان پاراست و تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌ ئۆكرانیا وه‌كو هێمایه‌ك بۆ بەرگریکردن له‌ نیشتمان و بەگژاچوونەوەی سۆڤیەتی جاران و رووسیای ئەمڕۆ سه‌یر ده‌كرێ.
لە ساڵی 2008 یشدا بۆ بەرز راگرتنی پلە و پایەی شاعیری مەزن ڤاسیل سیمۆنینکۆ و رێزگرتن لە داهێنانی ئەدەبی و هەڵوێست و خەباتی نشتیمانیانەی، بانکی نیشتمانی ئۆکرانی وێنەی ڤاسیلی لەسەر پوولی پۆستە چاپ کرد و ئەو شاعیرە ناودار و نشتیمانپەروەر و داهێنەرە وەک کەسایەتیەکی گرنگ و بایەخدار لەسەر ئاستی ئۆکرانیا بە فەرمی ناسێنرا.

ده‌قی شیعره‌كه‌:

بۆ برای كوردم

چیاكان ده‌گرین و
خوێنیان لێ دەچۆڕێ،
ئه‌ستێره‌کان رژان و دابارین؛
کەوتنە دامێنی دۆڵه‌كان و
زامداران نێژران.
شۆڤینزمی برسی
دڕندانە پەلامار دەدا…
ئه‌ی كورد
فیشەکەکانت بەفیڕۆ مه‌ده‌ و
گیانی جەللاده‌كانی پێ داپاچە …
وه‌ك گەردەلوولی خوێن
وه‌ك ره‌شه‌با
دەسڕێژ بنێ بە ستەمکاری زۆڵ،
با ته‌نیا فیشەک له‌گه‌ڵیاندا بدوێ.
ئه‌وان ته‌نیا بۆ ئەوە نه‌هاتوون
بتکەن بە کۆیلە،
ئه‌وان مەبەستیانە
ناو و زمانت بسڕنه‌وه‌ و
منداڵەکەشت هەتیو بکەوێ.
تۆ له‌ته‌ك سته‌مكاراندا هەڵناکەی،
کە ئه‌و فەرمانت پێ بکا و
تۆش نۆکەری بیت.
ئه‌وان به‌و خوێنە قه‌ڵه‌و ده‌بن
کە لێیان پەست و یاخییە…
شۆڤینیزم تاهەتا
دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە؛
ئەو ملهوڕە دەستناپارێزێ
پەنا بۆ هەر شتێک دەبا
تۆی پێ ملکەچ و زەلیل بکا.
ئەی کورد؛
دەست بە فیشەکەکانتەوە بگرە،
دەنا خەڵکەکەی خۆتت پێ رزگار نابێ.
وریا بە
هێزی رق ناخەوێ،
میهرەبانی دروشمێکی بریقەدارە،
تۆش ناحەسێیتەوە
تاوەکو دوا شۆڤینی
لەسەر گۆی ئەم زەویە لەگۆڕ نەنرێ..




فیدراڵیە یان مەزهەبی نەتەوەییە.. سامانی وەستا بەکر

خوێنەری بەڕێز ئەم بابەتە پارێزگاری کردن نیە لەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەئەبا بەڵکو هەستێکی کوردبوونە بەرامبەر خاک و نیشتمان و نەتەوە، ئەگەرنا هیچ شوێنێکا دەسەڵاتدارێکی ترم نەبینیوە هێندەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕوون بێت لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی، هێندە گەندەڵی بەڕوونی ئەکەن کە تەنانەت خودی خۆشیان ناتوانن بڵێن وانیە، پشتبەست بەوەی لە باڵاترین دەسەڵات و سەرۆکی حیزبەوە دان بەوەیا ئەنێنن کە گەندەڵی بوونی هەیە، ئەوەش بەواتای ئەوەی زۆر شەفافن لەدزی و گەندەڵی و شەرمیش ناکەن.
مایەی نیگەرانیە کە دەسەڵاتدارە گەندەڵ و ستەمکارەکەی هەرێم کارێکی کردووە کە زۆربەی سیاسی، چاودێر، یاساناس، مێدیاکار، بیرمەند، نوخبە و خەڵکیش بەگشتی چاو لەو هەڵە زەق و ئاشکرایانە بپۆشن کە بەبڕیارەکەوە دیارە، بەندە هەوڵئەیەم بەشێکی بخەمە بەردیدی خوێنەر.
بۆچونێک دوور لە یاسای یان سیاسی بوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە کە: بەشێوەیەکی گشتی دەرچوونی بڕیارێکی لەم جۆرە جێگای نیگەرانیە، چونکە بابەتەکە لە دوور مەودایا پەیوەندی بە سەربەخۆ بوون یام مانەوەی زۆرەملێی کورد هەیە لە وڵاتی عێراقا، کە هیچ کوردێک نیە چاوەڕێی ڕۆژێک نەکا کە کورد ببێتە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ.

سەرنج:

  • شتێک گرنگە کە هەموو لایەک بیزانێ ئەوەیە، ئەگەر حکومەتی هەرێم هەنگاوی بەرەو هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ دەرەوەی سنوری عێراق بەگشتی نەنایە، ئەوا سکاڵایەکی کۆنی دەیەیەک پێش ئێستا نەئەهێنرایە پێشەوە، چونکە شەڕە گەورەکەی داهاتووی جیهان و زلهێزەکان لەسەر گازی سروشتی ئەبێ.
  • نەوت و گاز کاڵایەکی نێودەوڵەتیە نەک ناوخۆو هەرێمی، واتە نەوت وگاز بە چەند یاسایەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێکخراوە، بۆ نمونە ڕێکخراوی ئۆپیک کە بڕیارەکانی زۆربەی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت ئەگرێتەوە، بۆیە هەردەرچونێک لەو بڕیارانە کێشەی لێئەکەوێتەوە، واتە ئەگەر لەوێنە بچکۆلەکە بێتنە درەوەو تەماشایەکی وێنە گەورەکەبکەین، ئەوا ئەبینین کە بابەتەکە نێودەوڵەتیە زیاتر لەوەی سیاسی یان یاسای و دەستوری بێت.
  • لەبەر ئەوەی دادگای فیدراڵی کار شیکردنەوەی دەستورە و دەستوریش سەرچاوەی داڕشتنی یاساکانە و یاساکانیش لەڕێی سیاسیەکانەوەی دەرچێنرێ، بۆیە گومان لەوەیا نیە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وابەستەی کارە سیاسیەکانە.
  • لەبەر ئەوەی ئەو دادوەرانەی دادگای فیدراڵی وەک هەر کەسێکی تر مرۆڤن و هەستیان هەیە و ئەکرێ لایەنداربن “لەڕاستیا شتێک نیە بەناوی بێ لایەنی، بێلایەنی واتە بیرنەکردنەوە یان وەستانی بیر” بۆیە ئەکرێ هەستی نەتەوایەتی، حیزبی و سیاسی، ئاین و مەزهەب کاری لەسەر بڕیارەکانیان هەبێ.
  • لەبەر ئەوەی خودی وڵاتی عێراق چەندین ساڵە سەروەری خۆی لەدەسداوە، بۆیە ناکرێ بوترێ کە دادگای فیدراڵی سەروەری تەواوی هەیە و ئەو پرسیارە بەهەند وەرنەگیرێ.
  • لەبەر ئەوەی دواینن بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نیە بوترێ بڕیارەکەی دادگا سیاسیە و دوژمنکارانەیە، کاتێکیش هەمان دادگا بڕیای یاسای بوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەیا کە لەبەرژەوەندی چەند لایەنێکە ستایشی دادگا و سەروەری بوونی بکرێ.

باش:

  • کارێکی باشی بڕیارەکەی ددگای فیدراڵی لەکاتی جێبەجێکردنیا وائەکا مەلەفی نەوت ڕوون ئاشکرابێت و پیاچوونەوەی پیابکرێ کە ئەمش داوای شەقام و زۆرینەی حیزبەکانیشە.
  • دەرفەتێکە تا هەرێمی کوردستان سود لەو ئەزموونەی عێراق وەرگرێ کە چەندین ساڵە لەو بوارەیا بەدەستیهێناوە، لە گرێبەست، گەڕان، هەڵکەندن، فرۆشتن، هەناردەکردن، گەڕانەوەی داهاتەکەی و مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیا وئەو وڵاتانەی خەکەکەیان بۆ گواستەنەوەی نەوت و گاز بەکارئەهێنرێ.
  • یەکێک لەلایەنە باشەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە کە، بڕێارەکە بە زۆرینە دەرچووێنراوە واتە زۆرینەیەکی “شیعی و سونی” کە ئەمەش هەرئەو حکومەتی زۆرینەیە کە موقتەدا سەدر هەوڵی پێکهێنانی ئەیا، واتە حکومەتێکی زۆرینەنی “شیعی و سونی” و کەمینەیەکی کوردی، کە لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی لەو جۆرە ئەبێ کورد خۆی بۆ چەندین ڕاچڵەکانیتر ئامادەبکات، کە لەلایەن زۆرینەی “شیعی و سونی”ەوە دژی هەرێمێ کوردستان دەرچێنرێ، ئەو کاتەش نابێ کورد هیچ گازندەیەکی هەبێ، چونکە خودی کورد خۆی بەشێک ئەبێ لە تێکدان و هەڵوەشانەوەی پارسەنگیری “التوافق”.
  • یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە حکومەتی عێراق لە وڵاتانی “یانەی پاریس” کە یانەیەکی ئابوری زەبەلاح و گرنگە چەند وڵاتێکی زلهێزیش لەخۆ ئەگرێ، بنکەی سەرەکی لە فەرەنسایە و عێراقیش ئەندامە تیایا، داوا یاساییەکەی لەسەر تورکیا بجوڵێنێ کە داوای ٣٦ملیار دۆلاری لێئەکا لەپای مامەڵەکردنی نایاسای بەنەوتی “هەرێم/عێراق”وە، لەڕاستیشا هەرگورزێک بەر تورکیا بکەوێ سودی بۆ کورد و ناوچەکە ئەبێ.
  • لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیا هاتووە کە نابێ حکومەتی فیدراڵی چیتر قوت و مووچەی خەڵک تێکەڵ بەسیاسەت بکات و ئەبێ بەشە بودجە یان شایستە داراییەکانی هەرێم وەک هەر پارێزگایەکیتر لەکاتی خۆیا ڕەوانەی هەرێم بکرێ، بەمەرجێک کە حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی بەرامبەر بەغا جێبەجێبکات، واتە ئەکرێ ئەمە دەرچەیەکبێ تا حکومەتی هەرێم شایستە داراییەکانی خۆی وەک ساڵانی پێشوو وەرگرێ و قەیرانی ئابوری تێپەڕێنێ.
  • یەکێک لە باشیەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی کۆتای و بێ چەن و چوونی خەڵکیان وەرگرت، بەوەی نەک هەر لە دەنگدانا دەنگیان نایەنێ و بایکۆتی هەڵبژاردن ئەکەن، بەڵکو دڵخۆشیشن بەوەی کە هێزێکی بێگانە و نەتەوەیەکیتر بێت حوکمی بکات و لە حکومی خۆماڵی کورد ڕزگاریبێت، کە لەماوەی سی ساڵی حوکمڕانیا خەڵکیان تا ئاستی ڕسوابوون و سواڵکردن و زەلیل بوون برد، بەجۆرێک چەن بنەماڵەیەکی سیاسی-بازرگان کە ناگەنە ٪٢ی دانیشتوانی هەرێم قووتی لە ٪٩٨کەی تر بۆخۆیان بەتاڵان ئەبەن.
  • گرنگە ئەوە بزانرێ کە بڕیارەکە لەسەر یاسای نەوت و گاز دەرچووە نەک خودی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، واتە ئەم وەزارەتە یەشتا بەرکارەو ئەکرێ حکومەت لەڕێی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خۆی بگونجێنێ لەگەڵ حکومەتی ناوەندیا، لەو ڕێگەیەوە وەک ئەوەی چەندین ساڵە ئەوترێتەوە کە، حکومەتی هەرێم ئەتوانێ کێکە بچکۆلانەکەی خۆی تێکەڵی کێکە گەورەکەی عێراق بکات و سودی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێم بەدەستبهێنێ.
  • چیتر پێویست ناکات هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بەکەمتر لەنرخی بۆرسەی جیهانی بفرۆشێ، بەمەش داهاتێکی زۆر ئەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
  • لەکاتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەیا عێراق ناتوانێ هێز بجوڵێنێ چونکە یاسا ڕێگا ڕێ بەبەکارهێنانی هێزی سەربازی نایات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا، هەروەک چۆن یاسا ڕێگەنایا کە هێز بچێتە ناو شارەکانەوە، هەلبەتە ئەگەر رێز لە یاسا بگیرێ.

خراپ:

  • لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێی تورکیا، ئێران یان بەهەر جۆرێکیتر بەبێ ئاگاداری حکومەتی فیدراڵ وەک قاچاخ مامەڵی لەگەڵ ئەکرێ و ئەبێ بەهەناردەکردنێکی نایاسای، کەسیش ئەو ڕیسکە ناکا کە خۆی تووشی کێشەی یاسای بکات و ڕووبەڕووی حکومەتی عێراق ببێتەوە لە داداگای نێوەدەوڵەتی.
  • دەرچواندنی بڕیارێکی لەو شێوەیە بەواتای پوکانەوەی فیدراڵیەتی لەسەرخۆی عێراق یەت، چونکە کاتێک سەربەخۆی ئابوریت لێوەرگیرێتەوە و مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێ لەگەڵ چەندین بڕیاریتر، ئیتر شتێک نامێنێ بەناوی فیدراڵی بەڵکو ئەوەی ئەمێنێتەوە لایەنی کەمی حوکمی زاتیەکەی ساڵانی پێشووە.
  • بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چیتر حکومەتی هەرێم ناویشانێکی یاسای بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ نەماوە بۆ مامەڵەکردن بە نەوت گازی سروشتییەوە، چونکە دادگای فیدراڵ یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی هەڵوەشانەوە.
  • کۆی دەسەڵاتەکانی بەپشتگیری دەستورت یاوەتەوە بە حکومەتی فیدراڵی، واتا دوو حکومەت هەیە یەکێکیان کە حکومەتی هەرێمە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی کە هەموو مافێکی یاسای پێیراوە بۆ مامەڵکەکردن بە کەرتی نەوت و گازی کۆی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
  • بەپێێ دەستور نابێ هێزی سەربازی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا بەکاربهێنرێ، بەڵام لە جوڵاندنی هێزی سەربازی خراپتر ئەوەیە کە هەرێم بە دەرچوو لەیاسا پێناسەبکرێ، یان بەپێچەوانەی یاساوە کارەکا، چونکە ئەوکاتە شەرعیەت و مەشروعیەتی نامێنێ، چونکوم ئەگەر دەسەڵاتێک یان حکومەتێک بەهێزی سەربازی بڕوخێنرێ کارناکاتە سەر شەرعیەت و مەشروعیەتی بوونی.
    کات:
    کات یەکلایکەرەوە و پەیام بەخشیشە، ڕاستە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆری خایان و زۆریش درەنگ کەوت بەڵام ئێستا کاتی دەرچوونی بڕیارەکە نەبوو لەبەر چەند هۆکارێک.
  • یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە ئێستا عێراق بەرەو دروست کردنی حکومەتی نوێ هەنگاوئەنێ، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەبێتە کارتێکی بەهێزی چەند لایەنێک و خاڵێکی لاوازی چەند لایەنێکیتر لەکاتی دانوستانا.
    *یەکێکیتر لەو هۆکارانە ئەوەیە کە بەهۆی دەرچوونی بڕیارەکەوە لەم کاتەیا هەندێک لایەن وەک بڕیارێکی سیاسی تەماشایکەن وەک لە بڕیارێکی یاسای، لەڕاستیا ناشارێتەوە کە بڕیارەکە “سیاسیە بە میکانیزمی یاسای”.
  • ئەگەر بڕیارەکەی دادگا لەکاتی پێشکەشکردنی سکاڵاکەیا دەرچووایە و ئەو هەموو ساڵە درەنگنەخرایە، ئەوا ئێستا هەرێم بە نەشارەزای و گەندەڵی خۆی ٣٠ ملیاردۆلار قەرزار نەئەبو، کە ئەبێ خەڵکە مافخوراەوکە بییاتەوە.
    ئەگەر:
  • کاتێک یاسایەک دەرەچێ ئەبێ زەمینەی جێبەجێکردنی بەردەستبێ بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای دەستوری جێبەجێکردنی ئاسان نیە، لەکاتی ئامادەنەبوونی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی وبەکارهێنانی هێز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دوورنیە شەڕی کورد و عەرەبی لەسەر دروستبێ لەکاتێکا کاری دادگا ئاسای کردنەوەی پرسە ئاڵۆزەکانە کە نەهێڵرێ ئاشووبی لێ دروستبێ.
  • لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکانی دادگای دەستوری ڕەتکردنەوەو پیاچوونەوەی تیانیە و ئەبێ وەک خۆی جێبەجێکرێ، ئەکرا هەر ئەو ڕۆژەی بڕیارەکەی تیادەرچوو دەستبەجێبەجێکردنی بکرێ، لەکاتی ڕێگریشا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئەبوو مسەفا کازمی بەناچاری هێز بجوڵێنێ تا دەستبەسەر چاڵە نەوتەکانا بگرێ، کارێکی لەو جۆرەش شەڕێکی زۆر خوێناوی لێئەکەوێتەوە، شەڕێکی لەبەرژەوەندی هیچ لایەکا نیە، ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانانیش ڕێ بەشەڕێکی لەوجۆرە نایەن.
  • بیرمان نەچێ چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی لەو شوێنانەیا کارئەکەن کە بڕیارەکە ئەیگرێتەوە بۆ نمونە جێنراڵ ئینێرجی، ڕۆزنەفتی ڕوسی و لەگەڵ کۆمپانیای تورکی ….هتد هەر جوڵەیەکی لەناکاو بەرکەوت و زەرەری بۆ ئەو کۆمپانیایانەش ئەبێ ئەگەر بەڕێکەوتنێکی پێشتر نەبێ.
  • لەئەگەری هەر ڕێکەوتن و پیاچوونەوەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق بەو گرێبەستانەو قەرەبووکردنەوەیان چەن سالێکی پێویستە شتێک هەیە بەعەرەبی پێی ئەوترێ (الأمر الواقع) واتە ئەوەی کە هەیە، سکاڵاکەش دەیەیەک پێش دەرچوونی بڕیارەکە تۆمارکراوە، واتە هەرخودی دادگا هۆکارێک بووە، کە زۆرشت بەبارێکا بگۆڕێ کە دواتر ئاسان نەبێ بگەڕێنرێتەوە کاتی تۆمارکردنی سکاڵاکە.

ڕەخنە:
یەکێک لەو ڕەخنانەی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەتوانرێ بگیرێ ئەوەیە کە خودی دادگای فیدراڵی ئەو دادگایە نیە کە لە دەستورا ناوی هاتووە، بەجۆرێک لەڕووی پێکهاتە و جۆر و پسپۆڕیا کەموکوڕی هەیە.

  • ناوی دادگای فیدراڵی ناوێکی گونجاو نیە بۆ دادگاکە، دادگای فیدراڵی ئەبێ لە نوێنەری هەرێمە فیدراڵیەکان پێکبهێنرێ بەڵام لە عێراق تەنها یەک هەرێم هەیە، دادگای فیدراڵی عێراق نوێنەرایەتی دوو مەزهەب و دوو نەتەوە ئەکات، نەتەوەیەکی سەردەست کە زۆرینەی هەیە لەگەڵ نەتەوەیەکی بندەست کە کەمینەی هەیە، کەواتە ئەبوو ناوی “المحکمة المذهبية القومیة” دادگای مەزهەبی نەتەوەی بووایە.
  • لەدەستوارا هاتووە کە ئەبێ دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبن، لە پسپۆڕی فیقی ئیسلامی، پسپۆڕی ئابوری، پسپۆڕی و یاسایی دەستوری، بەڵام دادوەرەکانی دادگای باڵای فیرراڵی هەموو ئەو پسپۆڕیەیان تیانەبوو/نیە.
  • کۆمەڵێ مەوادی دەستوریە هەیە کە پێویستاین بەیاسای دەستوری هەیە، زیاتر لە ٢٠ مەوادی دەستوری هەیە کە وەرنەگێڕاوەتە سەر یاسا، کە زۆربەیان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.
  • بەپێی دەستور عێراق مادەی ١١٧ دانی ناوە بە هەرێمی کوردستانا، بە حکومەت و پەرلەمانەوە، واتە حکومەتی هەرێم نەک شەرعیەتی هەیە بەڵکو هەرێمێکی دەستوریشە و دانیشی پیانراوە بەناو.

ئەو مادە دەستوریانەی بەهەند وەرنەگیراوە:

  • بەپێی مادەی ١١٢ بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوت و غاز بەهاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان پێکەوە ئەبێ بەڕێوەببرێ.
  • مادەی ١١٥ی دەستوری عێراق ئەڵێ هەر بابەتێک لە مادەی ١١٠ی دەسەڵاتی فیدراڵیا باس نەکرابوو واتە ئەم مادەیە لە بەرژەوەندی یاسای هەرێمەکانایە، ڕوونتر ئەڵێ هەر یاسایەک ئەگەر کێشەی یاسای هەبێ ئەوا ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمەکانە.
  • بەپێی مادەی ١١٧ی دەستوری عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێم نەک هەر پاڵپشتی تەشریعی هەیە لە هەرێم بەڵکو پاڵپشتی دەستوریشی هەیە لە عێراق.

سودمەند و زەرەرمەند:

  • لە مەودای نزیکا خەڵکی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندە، چونکە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەبێ ئاڵۆزی و ململانێ تێناپەڕێ کە دوورنیە قەیرانی ئابوری قوڵتری بەدوایابێ.
  • لەمەودای نزیکا مستەفا کازمیش زەرەرمەندە، چونکە لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیا چیتر کورد پشتگیری ناکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کە بە دۆستی کورد ناسێنراوە.
  • لەمەودای مام ناوەندیا موقتەدا سەدر یان هەر کەسێکیتر کە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێ سودمەندئەبێ، چونکە ئەتوانێ ئەو بڕیارە وەک کارتی فشار بەرامبەر هەرێم بەکاربهێنێ لەکاتی دانوستانا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
  • لەمەودای دوورا “قەوارەی هەرێم”ی کوردستان زەرەرمەندئەبێ چونکە گەڕانەوەی مەلەفی نەوت و گاز بۆ ناوەند ئەبێتە هۆکارێک تا کورد نەتوانێ لەداهاتووا بیر لە سەربەخۆی بکاتەوە.
  • هەر لە مەودای دوورا “خەڵکی هەرێم”ی کوردستان سودمەدئەبێ، چونکوم لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیا شایستە داراییەکانی وەک خۆی بۆ ئەگەڕێتەوە، ئابوری هەرێم ئەبوژێتەوە و قەیرانی دارایی کۆتای یەت.
  • لەمەودای دوورا کۆمپانیا مشەخۆرەکان و وڵاتی تورکیا زەرەرمەندی گەورە ئەبن کە بوونەتە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکی ماف خوراوی هەرێمی کوردستانەوە.
    کورد و عێراق:
  • زۆر گرنگە بۆ تاکی کورد کە تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم قۆناغەیا گەندەڵی نایاسایی ئەکەن، یان لەبەر خاتری ململانێی حیزبی، ئیتر لەدەرفەتێکی هاوشێوەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق پاشەکشێ لە ئەسڵی ئەو پێگەیە بکەین کە ئەبێ کورد لەبڕیا هەیبێ، ئەم بابەتە ئەبێ زۆر ڕوونبێ لای هەموو تاکێكی کورد، چونکە خۆ ناکرێ لەڕقی حکومەتی هەرێم بەلای حکومەتی عێراقا یشکێننەوە، عێراقێک کە هەڵەبجەو ئەنفالی کردووە و ئێستاش لە کەرکوک بەخراپترین شێوە تەعریب ئەکەن.
  • نابێ بیریشمان بچێ کە لە مێژووی دروستی بوونی عێراقەوە وڵاتێک دروست کراوە کە باوەڕی بە “مەڕ”اندنی کۆمەڵگە هەبێ نەک دەوڵەتی هاوڵاتی بوون، وڵاتێک کە بەپارەی نەوت و داهاتەکەی چەک بکڕێت و خۆی لەناوخۆیا پێبەهێز بکات، هەر بەو چەکەش گەلەکەی بچەوسێنێتەوە.
  • بەداخەوە دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیش ٣٠ ساڵە لەسەر شێوە و مۆدێلێک کارئەکەن، هەرکاتێک دەنگێکی ناڕازی بەرزبێتەوە ڕاستەوخۆ دەست بۆ قووتی خەڵک ئەبەن، کاتێکیش بە مۆدێلە سیاسیەکەی ئەوان ڕازیبن ئیتر نان و مووچە هەیە، بەوجۆرش کۆمەڵگەی بە “مەڕ”کراو دروست ئەبێ، واتە پەروەردەت سیاسی کوردیش پەروەردەیەکی عێراقیە.
  • هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق یەکەم هەنگاوی دیاری ئەو وڵاتەبوو کە باوەڕیان بەفیدراڵی نیە و ئامادەنین دەسەڵات شۆڕکەنەوە بۆخوارەوە.
  • سیاسیەکانی عێراق وخەڵکەکەی باوڕیان بە وڵاتێکی ناوەند “مرکز”یە، بەناچاری هەرێمێکی پێوە لکێنراوە، بەڵام عێراق نایەوێ باوەڕ بەوەبێنێ کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سیاسیە پێش ئەوەی دەستوری بێت، بۆیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەیایە کە وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێما بکات، ڕێگا بەدروست بوونی هیچ هەرێمێکی تریش نایات دروستبێت.
  • لەڕاستیا عێراق فیدراڵی نیە، بەڵکو لە حکومەتێکی ناوەند و چەند پارێزگایەک پێکهاتووە لەگەڵ هەرێمێکی ناچاری. کاتێک بە وڵاتێک ئەوترێ فیدراڵی کە حکومەتی چەند هەرێمێک پێکەوە حکومەتێکی فیدراڵی ناوەند پێکبهێنن بەهاوبەشی.
  • هەرێمێکی بەهێز بە ئابوریەکی پتەو، هێزێکی سەربازی، قەوارەیەکی سیاسی دروستئەبێ. عێراق بڕوای بە سیاسی بوونی هەرێم نیە، وا ئابورییە سەربەخۆکەشی ناهێڵێ، هەر لەسەرەتاشەوە ئەو ڕێژەیەی بۆ بەشداری کورد لە سوپا و هێزی سەربازی عێراقا دیاریکراوە نەیراوە بەکورد، ئەمەش بەڵگە نەویستە کە عێراق کار بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەکا.

سامانی وەستا بەکر
٢٤-٢-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم




دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتکەمە دەرەوە.. شەماڵ بارەوانی

دوێنی ڤیدۆیەکی تازەی مەلا عەبدول لەتیف سەلەفیم بینی، کە لەزۆرێک لەپەیج و گرووپ و ئەکاونتەکان لەسۆسیال میدیا بڵاو ببوویەوە. ڤیدۆکە نوێیەو لە بەریتانیایە، دیارەکە هی ئەو سەردانەی ئەو چەند ڕۆژەی دواییەتی، وەک خۆی دەڵێت بۆ کاری (دەعوە) چووەتە ئەو وڵاتە، تابەریتانیە کافر و بێ دینەکان، بەراز خۆر و شەراب خۆرەکان، بێنێتەسەر ڕێگای ڕاست و ئاشنای ئەقیدەو ئایدیۆلۆژیاو دۆگمەکانی سەلەفیزمیان بکات و سەبارەت بە چێژەکانی حەفتاو دوو حوری بەهەشت بۆیان بدوێت. بابای سەلەفیزم لەو ڤیدۆیەی بڵاو بووتەوە، دەبێتە مشت و مڕی لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێندەمێنتالیستی تری ئامادەبووی موحازەرەکە، دیقەتم داو گوتم لەوانەیە ئەو هەراو هۆریاو هەڕەشەی شەق و شەڕە دەمەیە، بەدڵنیاییەوە لەسەر چوونەسەرمانگ و پرسی ڕۆبۆت و چۆنیەتی دروستکردنی ئایفۆن بیست و نەشتەرگەری چاندنەوەی دڵ و گواستنەوەی سەری مرۆڤێک، بۆ یەکێکیتر و کۆمەڵەک بابەتی تر وەکو: تەکنەلۆژیاو گرنگی وانەی فەلسەفەو یەکسانی جێندەری لە پەیمانگاو زانکۆکانی مەریخ و ناز و نیعمەتەکانی دەوڵەتانی سیکۆلاریزم و بابەتی ناپاکی کردن لەشۆڕش لەناو ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێڵ و مەسەلەی دارولکفر و بەرزی و نزمی پلەکانی ئیمان و دەستکاری کردنی کەش و هەواو جیناتەکانی مرۆڤ و کۆپی کردنی مناڵ و سودەکانی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و حیکمەتەکانی کارنەکردن بە ئەقڵ و مەترسیەکانی گڵۆباڵیزەیشن و، پێشکەوتنی زانستی و شۆڕشی تەکنەلۆژی لەسەر ئایندەی تارەت گرتن بەسێ بەرد و لستنەوەی پەنجەکان لەکاتی نان خواردن و فەزلی چوونە تەوالێت بەپێی چەپەو هاتنەدەرەوە بەڕاست و کۆمەڵێک تەوەری تری لەو شێوەیەیە. بەهەرحاڵ دیاربوو هەندەک لە ئامادەبووان و برایانی سەلەفیمان خوا هەمیشە پشت و پەنایان بێت و بییان پارێزێت و پایەداریان بکات، هەندەک جیاوازی ڕاو بۆچونیان هەبوو لەنێو خۆیاندا، کە دژو پێچەوانەبوون. جا لەدەرەنجامی ئەو ڕا جیاوازیە، لەنکاوڕا دەبێتە دەنگە دەنگ و شەڕە قسەو هەڕەشەی شەق تێهەڵدان و مەلا لەتیفی سەلەفیش لا ئیرادییەن سەر و دڵی دەگیرێت و قیچەک هەڵدەچێت و دەڵێت(ئا ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە درەوە! .. ئەوانە نایانەوێت فێربن..). هەر لەو گەرمەی دەنگ هەڵبڕین و قسە بەیەکتری گوتنەدا، سەلەفیەکی تری لایەنگری مەلا لەتیف سەلەفی و برای دینیمان توڕە دەبێت و دەگوڕێنێت و بەسەلەفیەکی تر دەڵێت(دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتکەمە دەرەوە). براکانم لەمیانی ئەو شەڕە دەم و هەڕەشەی شەق تێیاهەڵدانە، بۆمان دەردەکەوێت کەئێرە دەوڵەتی عەلمانیەو تەنها مەجالی ئەوە هەیەو ئەوەی لەدەستیان دێت، تەنها جوێن و چاو سورکردنەەو هەڕەشەی شەق تێهەڵدان ودەرکردنە. کە دەسەڵاتیان بوو و دەوڵەت دەوڵەتی ئایینی بوو، ئەوکات هەڕەشە چەقۆو سەر بڕینە.
ئەزیزان بۆیە کاتێک دەڵێم سەلەفیگەراو ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتیان هەبێت، بەشەق و پێڵەقەو چەقۆو سەربڕین ناچاری چوونە ژێر بار و بڕیار و ئەحکام و بۆچوونەکانیانمان دەکەن. لەخۆڕا نییە وادەڵێم، هەر سەیری ئەو ڤیدۆیەبکەن، بەسە بۆ ئەمە، کاکە گیان ئەوان بیرو باوەڕەکەیان وایە. ئەوە پرەنسیپ و قەناعەت و ئەقیدەو مەبدەئیانە. ئەوان باوەڕیان بە پلۆرالیەتی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و ناتوانن گوێ لەبۆچوونی جیاواز بگرن و دید و ئاراستەی جیاواز قبوڵ کەن. سەیری مەلا لەتیف سەلەفی بکەن، لەناوجەرگەی دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمدا، ڕای جیاواز بە شەق دەخاتە دەرەوە و هێرشدەکاتە سەر سیکۆلاریزم. ئای چەند گلەییم لەو جۆرە سیکۆلاریزمە گاڵتەجاڕە هەیە. وەک چۆن ئازادی بە هۆمۆسێشکواڵێک و لیسبێک و ترانز جیندەرێک دەدات، بەو پەڕی ئازادی بژین(کە مافێکی سروشتی خۆیانەو خێرو سەدەقەیەک نییە پێیان دەبەخشێت. و کەس بۆی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت کات، تا دووبارە وەکو منەتێک پێیان ببەخشێتەوە). هەمان شێوە دەرفەت بە مەلا لەتیفێکی سەلەفیزم و فێندەمێنتالیست و، لەهەمان کاتدا داعش بیرێکیش دەدات بەکامی دڵی خۆیان و بەو پەڕی ئازادی بانگەشە بۆئایدیۆلۆژیا ناتولەرانس و بیرە دەمارگیر و مەزهەبە پڕ لە ڕق و نا مرۆڤانەکەی خۆیان بکەن. جا جەنابی بابای سەلەفیزم، هێشتا ناقایلەو گلەیی لەو عەلمانیەتە موجامەلەچی و ناحاڵی و ساویلکەیەیش دەکات. تۆ لەوە گەڕێ مەلا لەتیف دەسەڵاتی هەبێت و لەدەوڵەتە دینیەکەی مەلای سەلەفیزمدا خۆی وتەنی(دەرفەت نادات یەک ئافرەت بێ لەچک و ناباڵاپۆش بێت- لەکەناڵی Nrt خۆم پێش چەندساڵ لەدیدارێکدا، ئەوم بینی کە وای گوت)، دەبێت هەموان وەکو دەوڵەتەکەی ئەبووبەکری بەغدادی. یەک شێوە جل و بەرگ و پۆشاکی شەرعی و بە پێوەر و قیاسی بابای سەلەفیزم هەڵبژێرن. گەرنا بەشەق و تێیاهەڵدان و بەزۆری و بەهەڕەشەی چەقۆو سەربڕین ناچاریان دەکات. تۆلەوەش گەڕێ ئەو دەرفەت بەئێمەی سیکۆلاریزم و لیبڕاڵی و چەپ و ئێزدی و زەردەشتی و جولەکەو مەسیحی و بوودی و ئەویتری ناموسڵمان، کە یەک ڕۆژ ناتوانین لەو شوێن و دەوڵەتە بژین، کەئەو هاوبیرەکانی تێیدا بالادەست بن و حوکم بکەن، دەمان دەنە بەر شەق و پێڵەقەو بەتاوانی لادان لە ئایین، حوکمی هەرتەقەیی و زندیک بوون و کافربوونمان دەدەن و خوێنمان حەڵاڵ دەکەن و وەکو بەرخ و لەگۆڕەپانی گشتی و لەبەردەم هەمواندا چون بەرخێک سەرمان دەبڕن. بەڵکو ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەش، ئەو مەزهەب و بیر و بۆچونە جیاوازانەش، کەسەر بەهەمان ئایینەکەی ئەون و لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەی مەلا لەتیف و سەلەفیزمە هاوبیرەکانیدا ناگونجێن و خیلافی جوزئیان هەیە. بەشەق دەکەنە دەرەوە، یان زیندانیان دەکەن، یان سەریان دەبڕن.
ئەوانەی دواجار لەگەڵ مەلا عەبدول لەتیف سەلەفی و هاوبیرانی، سەر بەیەک ئایینن و لەبنەمادا هەموویان یەکن و دەسەڵات بکەوێتە دەستی هەرکامەیان هەمووی داعشە..

شەماڵ بارەوانی




خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر.. شەماڵ بارەوانی

کتێبێکی ناوازەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی(ستیف کۆڵ)ــە،
«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
ژیان نامەی گەورەترین تیرۆرستی سەدە، هۆڤانەترین مرۆڤ و دڕندەترین کەس، ئوسامە بن لادن. ئەو پیاوەی جگە لەڕێگای تیرۆرو کوشتن، ڕێگای سەربڕین و ئەتکردن، ڕێگای ناشرینکردن و ێرانکردن، هیچ ڕێگایەکیتری نەدۆزییەوە. ئەو پیاوە فێندەمێنتالیستەی بەکۆمەڵێک دۆگمی نامرۆڤانەو بە ئایدیایەکی لەبەرد ڕەقتر و بەمەزهەبێکی لێوان لێو لەڕق گۆشکرا. ئەو تیرۆرستەی لەخەیاڵدا دەژیاو هەر بەو خەیاڵە خۆشەیشی دەیویست ژیان لەقاڵب بدات و واقع وێران بکات. ئەو پیاوەی دەیخواست لەسەر دەمی جیهانگیری و مۆدێڕنێتەدا، بەڵام بە ئەقڵیەتی سەدەکانی ناوەڕاست بژین. ئەو مرۆڤەی هەر بەڕاستی لەمرۆڤ بوون داچۆڕابوو، جگە لەزمانی چەقۆو ستراتیژیەتی سەربڕین، جگە لە زاراوەی هێز و بۆمب و تۆقاندن، جگە لەسیاسەتی توندوتیژی و خوێن ڕشتن، هیچ زمان و زاراوەو سیاسەتێکیتری نەدەزانی. ئەو فێندەمێنتالیستەی دەویست دونیا، هەموو بەزۆر و لەژێر هەڕەشەو بەناچاری بێنێتە سەر ئەقیدەکەی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی بەچاوەکانی ئەمەوە ژیان ببینن و بە پێیەکانی ئەو ڕێبکەن و بە ئەقڵە بەبەرد بوو و بەبەستەڵەک بووەکەی ئەویش بیربکەنەوە.
ئەو فاشیستەی لێوان لێو بوو لە دەمارگیری ئایینی و ڕقی ئایدیۆلۆژی. ئەو مرۆڤە نەخۆشەی دنیای بەسەر دوو ڕەنگ و دوو بەرەدا دابەشکردبوو.
ناوی لەخۆی و بەرە کەمینەکەی نابوو بەرەی ڕاستی و باوەر ، بەرەکەیتریش کە زۆرینەی مرۆڤایەتی پێک دێنن،
بەرەی بێ دینی و کفرو ناڕاستی!
ئەو مرۆڤە قێزەونەی لەپێناو حەوتاو دوو حۆری و ژیانی ئەو دیو و چێژو ڕابواردنەکانی دنیایەکەی تر، دەیویست چێژو خۆشیەکانی ژیانی ئێرە لەمرۆڤەکان قەدەغەبکات و ئازادی تاک سانسۆر و مافەکانی مرۆڤ قەدەغەبکات.
ئەو ڕادیکاڵە جەلادەی نەبڕوای بەمافەکانی ژن هەبوو، نە بەدیموکراسی. ئەو بوونەوەرەی هەموو تەمەنی خۆی لەدژایەتی کردنی کرانەوەی کۆمەڵ و چەمکی ئەقڵانیەت و
بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەهەدەردا.
ئەو بەربەریەی دەیویست هەموو ڕەنگاکانی تر بە بۆیەی ڕەش ڕەنگ بکات و هەموو جیاوازیەکان، لەبۆتەی بیری توندئاژۆییدا بسڕێتەوەو هەرچی دەنگی نا فێندەمێنالیست و ناتیرۆست هەیە بخنکێنێت.
ئەو کەسەی بەهۆی تێگەیشتنێکی تەسک و داخراو بیرێکی کۆنەخواز و عەقیدەیەکی سادیکانەوە، تووشی خەرەفانی فیکری و شێواوی ئەقڵی ببوو.
ئەو کەسەی دووچاری پەتای لوتبەرزی و نەخۆشی خۆبەڕاست زانی و خەڵک بەناڕاست زانین ببوو. ئەو کەسەی بەخەیاڵی خۆی پسوولەی چوونە دۆزەخی بۆ هەموو مرۆڤیایەتی بڕیبوویەوە ڕەزاو ڕەحمەتی خوداوەندی بەتەنها تاپۆی گرووپە پەڕگیر و ڕادیکاڵ و دەمارگیر و تیرۆرستەکەی قاعیدەکردبوو. ئەو دڕندەیەی خۆی لێببوو بەسێبەری ئاسمان و نوێنەری خوداوەندو بەناوی خوداوەندەوە
ڕقی خوداوەندو دۆڵی جەحیم و نەفرەتی بەسەر گاندی و ئەدیسۆن و ماندێلاو دایکە ترێزاو زەردەشت و بووداو داروین و ئۆشۆ و هەموو مرۆڤایەتی داددەباراند و دابەش دەکرد و
دەیگوت حەوت ملیارەکەی ئێستاو هەزاران ملیاری تری دادێت و دەیان ملیاریش کە ڕۆشتوون، هەموویان بەشیان دۆڵەکانی دۆزەخ و سوتانەو تەنها من و گرووپە سەر لێشێواوەکەی من و هاوئاواز و هاوفیکرە خەرەفاوەکانم نەبێت. تەنها ئەبو بەکربەغدادی و موسعەبی زەرقاوی و عومەر شیشانیەکان دۆستی خوداوەندو ئەهلی بەهەشت و لەژێر سێبەری عەرشی خوداوەندو بەزەیی ئاسماندان و
بەهەشت سەربڕخانەیەو بەتەنها تاپۆو ملکی سەبڕ و تیرۆروست و تێکدەر و توندئاژۆکانەو هەرچی داهێنەر و مرۆڤ دۆست و بیرمەندو زاناو بلیمەتیش هەیەو هەبووەو دەبێت، با هەرخزمەتی بەمرۆڤایەتی بکات و کردبێت و داهێنان و زانست و ڕوناکی و دۆزینەوەی پێشکێش بەژیان کردبێت، مادام لەسەر فەلسەفەی بەکەنیزەکردنی ژن و فقهی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و دۆکترینی بێ ڕێزیکردن بە وانیترو ئایدیای بەسوک سەیرکردنی مرۆڤەکان ناڕوات بەڕێوەو باوەڕی بە ئەقیدەی کوشتن و یاسای توندو تیژی و تیرۆر و دەمارگیری ئاینی و ڕقی ئایدیۆلۆژی و نەخۆشی مەزهەبگەرایی و جیاوازی نێوان مرۆڤەکان نییە، ئەوە بێ سودەو خوداوەند نرخی پوڵێکی سوتاو دەسکێک توری قوڕاوی بۆ مرۆڤدۆستیەکەی و فەلسەفە تولێرانس و هیومانیستەکەی ناکات، ئای خودایە جەهل کوشتمی زانین لەکوێیە؟!
ماوەتەوە بڵێم:
لە «خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
نووسەر بەوردی و دووروو درێژی دەوڵەمەندی باس لەژیاننامەی ئوسامە بن لادن دەکات و لەهەموو لایەنەکانی ژیانی ئەو پیاوە توندئاژۆیە دەدوێت و باس لەخانەوادەکەی دەکات، کەچۆن لەخانەوادەیەکی هەژار و کەم درامەتەوە، لەدەڤەری(حەزرەموت)لەیەمەن دەژین و دواتر
کۆچکردنی باپیرەی ئوسامەبن لادن(عەواد بن لادن) لە حەزرەموتی یەمەنەوە بۆ سعودیەو ئینجا بوونیان بە
بە دەوڵەمەندترین خانەوادە لەسعودیە. هەروەهاباس لەپەیوەندی خانەوادەکەی بن لادن لەگەڵ بنەماڵەی پاشایەتی ئال سعودو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاو کەسایەتیە سیاسی و بازرگانەکانی ئەو وڵاتە دەکات و
بۆ باسەکانی ئەو کتێبەیشی پشتی بە زۆرێک لەبەڵگەنامەو زیاتر ١٥٠چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی بەستووەو کە
لەهەر یەک لەوڵاتانی وەکو:شانشینی سعودیا، میسر، ئیسرائیل، یەمەن، بەریتانیا، سویسرا، ئەڵمانیا، ئەنجام دراون. و پاشان لەدوو توێی کتێبەکەی«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر» کۆیکردوونەتەوەو لەچاپی داوە.
لە«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
نووسەر گەرچی هەموو ئەندامانی خانەوادەکەی بن لادنمان پێدەناسێنێت و کەم و زۆر لەبارەیانەوە دەدوێت،
وەلێ زیاتر لەسەرژیان نامەی بن لادن و کەسایەتی ئەو گەورە تیرۆرستە دەدوێت و تیشک دەخاتە سەر لاپەڕەکانی تەمەنی ئەو بکوژە.
حەققەت «خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»،کتێبێکە شایەنی خوێندنەوەیە و خوێنەر لەڕێگای ئەو کتێبەوە زانیاری زۆر بەدەست دێنێت سەبارەت بەو گەورە تیرۆرستەی سەدەو گەلێک نهێنی و پەنهانی لەژیانی تایبەتی ئەو کەسایەتیە Seen by Shamal Ismael Kareem at 9:15 AM
ڕقاوی و ڕادیکاڵەی بۆ ئاشکرا دەبێت و ئاشنای تەواوی لانەکانی ژیانی بن لادنی تیرۆرست و گرووپە تیرۆرستەکەی قاعیدە دەبێت.
..
شەماڵ بارەوانی




دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا.. غازی حەسەن

ناتوانم بڵێم ئایدیۆلۆژیا دەق دەکوژێت، یان ژەهرێکە هەرچی وزەی دەق هەیە کزی دەکات و دواتریش لەبزاڤی دەخات و دەیکوژێت. ئایدیۆلۆژیا یەکێکە لەگەمەکانی مرۆڤ لەنێو دەقدا. کتێبە پیرۆزەکان پڕن لەئایدیۆلۆژیا، کەچی هێشتا ئەم دەقانە کاریگەریی یەکجار زۆریان لەسەر بیرکردنەوە و داهاتووی مرۆڤەوە هەیە. تەنیا کە دەق دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا، دوور نییە خودی ئەو دەقەی، کە هەڵگری فکری مرۆڤایەتییە و بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە نووسراوە، ببێتە سەرچاوە و هاندەری کوشتن و بنەبڕکردنی مرۆڤیش.
دەق؛ ئەو شتانە دەگرێتەوە کە پەیام و مەبەست و کەرەستەی گەیاندن و کارتێکردنیان لەخۆگرتووە، یان لەقسەکەر و نێرەرەوە بە گوێگر و وەرگرەکانی دەگەیەنرێت، لەهەمان کاتدا خوێندنەوەی دەقیش بەئایدیۆلۆژیا هەمان ئاکامی دەبێت، کە پێشتر ئاماژەمان پێدا.
دەقێک ڕەنگە گوتارێکی سیاسی ئاشتیخوازانە بێت و بیەوێت ئاژاوە و شەڕ و ناکۆکی ببڕێتەوە، یان بەپێچەوانەوە گوتارێک بێت لەپێناو سەپاندنی ئیرادەی تاکلایەنە و داگیرکاریی و سڕینەوەی ئەوانی دیکە. هەر چیەک بێت، دەق پێویستی بەفکرە و بیرۆکە و بیروباوەڕێک هەیە، ئەم بیروباوەڕە هەندێک جار هێندە (لەقالب دەدرێت و سنووردار دەکرێت، بەرەو ئایدیۆلۆژیا دەگۆڕێت). هەموو ئایینەکان پەیامێکی مرۆیی گشتگیری نێونەتەوەیی بێ سنوور و چوارچێوەداریان لەخۆگرتووە، لەهەمان کاتدا کە (ئایینێک ئایینێکی دیکە ڕەت دەکاتەوە) ئەم ئایینە بەرەو ئایدیۆلۆژیا دەبردرێت، ئەم بەرەو ئایدیۆلۆژیی بردنە (توندوتیژی و سڕینەوە و ڕەتکردنەوە و کۆیلەکردن و سزا) بەرهەم دەهێنێت. یان کە گوتاری ئایین دەبێتە گوتاری (پیاوسالاری)، یان (گروپێکی دیاریکراو) ئیدی ئەم ئایینە بەرەو ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی و زمانی جێندەر (نێر، نەژاد، نەتەوەی پەرستی بەرچاوتەنگ) دەبردرێت.
دەق هەر دەقێک بێت، ڕۆمان، شیعر، یان ئەو بۆچوون و لێکدانەوانەی خوێنەر لەخوێندنەوەی دەق دروستیان دەکات، ئەگەر بەرەو ئایدیۆلۆژیا بردران، ئیدی سنوورەکان بەرتەسک دەبنەوە، فرە ڕێگایی و فرە فکر و بیرۆکە نامێنێت و دەسڕێتەوە، یەک ڕەنگ و بیر و شت پیرۆز دەکرێت.
من لەپێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی کوردایەتی و سیاسی، کە بەسترابۆوە بەفکری چەپخوازیی کوردستانی لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان سەیری گروپێکی ئەدەبی (شیعر)م لە هەولێر دەکرد، نەم دەویست تەنیا و تەنیا لەچوارچێوەی دەق و شیعر بیریان لێ بکەمەوە. لەبەر ئەوەی هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوەمان لەنێو ئایدیۆلۆژیا دەژیا، ناهەقمان نەبوو، لەهەمان کاتدا هەقیشمان نەبوو. لەم قۆناغە شۆڕشگێڕییەدا من و ڕەنگە هی دیکەش هەبووبن، دروشم نووسینێکی سەر دیوارمان پێ لەهەزار شیعر پێ باشتر بووبێت، یان پۆستەری شەهیدێکمان پێ لەبەرگی دەیان کتێب پێ پیرۆزتر بووبێت. پسەپسێکی نهێنیمان لەدەیان کۆڕی شیعری پێ کاریگەرتر بووبێت. دەوروبەر کاریگەریی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و ڕۆنانی دەقی نووسراو و گوتراو و تەنیا وێناکردنی دەقیش لەنێو فکری مرۆڤەکاندا دەبێت.
ئەز ئەو کاتی ئەم چەشنە بزاڤە ئەدەبییەی (طلیعی/ پێشڕەوی) لەخۆ نابوو کە (سەباح رەنجدەر و ئەنوەر مەسیفی و عەباس عەبدوڵڵا یوسف و حەمە باوەکر و دڵشاد عەبدوڵڵا و هاشم سەراج) کاریان تێدا دەکرد، بە دەقی (مرۆڤ ڕووخێنەرم دەزانین) پێم وابوو، هیچ دەقێک ناتوانێت ببێتە دەقێکی مرۆیی و خزمەتگوزار و نەتەوەیی، ئەگەر باسی نەتەوە و ئازارەکانی مرۆڤ وەکو دروشم و ئایدیۆلۆژیای ڕزگاریخوازی نەکات. قۆناغە سیاسییەکە وابوو، هەموومانی لەقالبی ئایدیۆلۆژیا سنووردار کردبوو. من ئەم جۆرە دەقەم بەپاشکۆ و مرۆڤ ڕوخێنەر، یان بەرهەمی سەردەمی ڕەشبینی جەنگ و داتەپین دەزانی، ڕەنگە هەندێکی دیکەش لەگەڵ من هەمان لێکدانەوەیان هەبووبێت. لەنێو ئەم ئایدیۆلۆژیاستانەدا هەموو بوونێکی دیکەمان لەدەرەوەی (فکر و ڕێکخستن و ئایدیۆلۆژیا)ی تایبەتی خۆمان بە پووچ دەزانی.
نەپیشڕەویی لەشیعردا، نە فۆرمی گران توانیان ئەدەب و گوتاری ئەدەبی بگەیننە قۆناغێکی ئەدەبی یەکلاکەرەوەی داهێنەرانە، نە ئایدیۆلۆژیاش توانی ئەم بزاڤە لەکار بخات. من قسە لەسەر ئێستا و تێڕوانین و لێکدانەوەی خۆمە، نەک دەقی شیعری کەسانێک، کە ئەو کات پێم هەزم نەدەکران. لای من هەنووکە هەموو شتێک دەقە، هەموو دەقێکیش خاوەنی فکرە و بۆچوونێکە. با(شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەکرتێنێ) و یا (مووی ناو کونە دیواران)یش هەبێت. ئەمانەش لەنێو واتایەکی شاراوەدا فکرێکی شاراوەی نادیارمان پێ دەگەیەنن. ئەو کات (ئاو)یش هەبوو (بەفری گەرم) و پرۆژەی کودەتایەکی نهێنی و پرچی ئەو کچە ڕەشمالی گەرمیان و کوێستانە، زریان و شیعرەکانی پەشێو و شێرکۆ و پەرۆش و کەریم دەشتی و جەلال بەرزنجی و ئیسماعل بەرزنجی و ئاوارە و شارباژێری و ئەوانی دیکەش و شتی دیکەش هەبوون، بۆچوونە ڕەخنەییە جدییەکانی ئازاد عەبدولواحیدیش هەبوو. قسەکردن لەسەر چیرۆک کاریان تێ دەکردم، کرێکار لەچیرۆکی کوردی و خوێندنەوەی شار و شتی دیکەش هەر یەکەی پەلێکیان گرتبووم لەنێوان ئایدیۆلۆژیا و دەقدا ڕاکێش ڕاکێشان پێ دەکردم. مەحمود زامدار پڕۆژەی نەوەیەک بوو، هەمیشە دەیویست کەسانێکی دیکە پێ بگەن. ئەو کات دەیانگوت کەسانێکیش لەبۆنەی بەعس شیعر دەخوێننەوە، بۆیە ئێمەی گەنج کە خۆمان خزاندبووە نێو کاری شۆڕشگێڕی بەم شتانە دڵتەنگ دەبووین و هەموو شتێکمان لەنێو ئایدیۆلۆژیا دەبینی. لەهەمان کاتدا هەموو لاپەڕەکانی هاوکاری و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و هەتا ئۆتۆنۆمی و هەر چاپکراوێکی دیکە هەبووایە دەمانخوێندەوە، وەکو ئاشق بۆنی دەقمان دەکرد و شتمان دەخوێندەوە.
سەباح ڕەنجدەر یەکێکە لەوانەی بڕوا ناکەم ئەگەر لەسیاسەتیش بڕوانێت، بەڵام خۆی خزاندبێتە نێو ئایدیۆلۆژیا، ئەو وەکو خۆشی دەڵێت تەنیا و تەنیا دەیەوێت لەنێو شیعردا بژیت، ئەو لەنێو دەقی شیعردا سەیری دونیا دەکات. بۆیە، کە من لەنێو دەقی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوی چەپخوازی سەیری دەقم دەکرد، لەگەڵ دەقی (بێ فکر و ئایدیۆلۆژیا) ڕووبەڕوو دەبووم، لەناخەوە ڕقم لەم جۆرە دەقە بوو، پێم وابووە ئەوانە مرۆڤکوژن، ئیرادەی کەسایەتی و فکری بەرەنگاربوونەوە و ڕێگای ئازادیخوازیمان دەگۆڕن و بەرەو داتەپین و تەسلیم بوونمان دەبەن، ئەمە تەنیا فکری من بەتەنیا نەبوو.
لەگەڵ سەباح ڕەنجدەر لەڕۆژانی ڕاپەڕین بووینە هاوڕێی یەکتر و لەقۆناغی شەقڵاوە بەیەکەوە دەستمان بەکاری ڕاگەیاندن کردووە، هیچ کاتێک لەبیر و بۆچوونی شیعر و ئایدیۆلۆژیا، دەق و حزبایەتی لەگەڵ یەکتر گونجاو نەبووین، لەقۆناغی ئاڵای ئازادیدا جیاوازیمان لەچۆنیەتی بڵاوکردنەوە و هەڵبژاردنی دەقی ئەدەبی زۆرت دەرکەوت، بەڵام من وەکو سەرنووسەری هەفتەنامەکە و ڕەنجدەریش وەکو بەرپرسێکی لاپەڕەی ئەدەبی ڕۆژنامەکە لە هەولێر هیچ ڕۆژێک دژی یەکتر و هەڵسوکەوتی ناحەزانەمان دژ بەیەکتر نەبووە و تاکو ئەمڕۆش هاوڕێ و دۆستی یەکترین و لەبیرکردنەوەمان لەبارەی ئەدەب جیاوازین. ڕۆژێک لەئاڵای ئازادی دەقێکی شیعری ڕەنجدەرمان دیزاینیش کردبوو لەبەر ناوونیشانەکەی (باڵیباڵندە) کە بەم شێوەیە بەیەکەوەی نووسیبوو، لامان دا، من لەگەڵ ئەمجۆرە بەیەکەبەستنەوەی وشەکان نەبووم، خوا هەڵناگرێت (حەمە فەریق حەسەن)یش کە ئەو ئاکات لەگەڵ (حەمەکەریم عارف و عەتا قەرەداغی) لە ئاڵای ئازادی کاریان دەکرد و قسەی یەکەم بۆ ئەوان بوو، پاڵپشتی منی کرد و بابەتەکەمان لادا. من غەدرم لەدەق کرد، لەپێناو خۆبەستنەوە بەیاسای زمان و خۆلەقاڵبدان لەنێو ئایدیۆلۆژیای سیاسی. وەکو چۆن یەکەمین دیداری ڕۆژنامەوانی (جەلالی میرزا کەریم)یشمان بەشێکی لادا و بڵاونەکردەوە کە وابزانم (عەتا قەرەداغی) ئامادەی کردبوو، من بڕوام وابوو دەبێت بابەتی کورت لەئاڵای ئازادی بڵاوبکەینەوە و دەرفەت بەزۆرترین ناو بدەین بابەتەکانیان بڵاوببێتەوە و ڕەنجدەریش لەم بابەتە زۆرپێی داگرت، کە هەمووی بڵاوبکەینەوە، بەداخەوە ئەم دوو پرسیارەمان لادا و نازانم دواتریش چی لێهات.
کارکردن لەنێوان دەق و ئایدیۆلۆژیا، کارێکی ئاڵۆز و قورسە، دوای ساڵانێکی زۆر لەململانێ لەگەڵ خۆم، گەیشتمە ئەم بڕوایەی دەق دەبێت وەکو دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا شی بکرێتەوە، تەنیا خودی دەقێکی ئایدیۆلۆژیش پێویستە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا شی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ناسنامە و پێناسەی دەقەکە وەکو خۆی بنووسینەوە و دەربخەین. مرۆڤ لەنێو زمان و دەقدا پێ دەگات و گەشە دەکات، نەک لەنێو ئایدیۆلۆژیا کە تواناکانی مرۆڤ سنووردار و بچووک دەکاتەوە.
دەق هەموو سەردەمێک دەژی، بەڵام ئایدیۆلۆژیا هەموو ڕۆژێک دەمرێت. دەق ستراتیژێکی درێژخایەنی ئارامی سەقامگیری بۆ ژیان و بوژانەوەی فکری مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا تاکتیکێکی کاتی کورتبینە و لەهەڵبەز و دابەزە، وەکو سیاسەت وایە، دەمرێت و هەموو ڕۆژێک دەمرێت.
دەمێکە لەوە گەیشتووم، کە پێویستە دەق لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی سنوورداری تایبەت و لەقاڵبدراو بخوێندرێتەوە، تەنیا پێویستە دەقی سیاسیش لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا بخوێندرێتەوە و وەکو دەق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەکو ئایدیۆلۆژیا، چونکە ئایدیۆلۆژیا ڕەتکردنەوەی بەرانبەرەکەی لەخۆگرتووە. ئایدیۆلۆژیا ئامادە نییە گفتوگۆیەی کراوەی ئازاد لەگەڵ کەسانی نزیکی خۆی بکات، تەنیا ئایدیۆلۆژیا ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆشی بکات و گریمانە و گومان و بیرکردنەوەکانی نێو ناخی خۆشی وەکو شتێکی ڕەتکراوە و نامۆ و ژەهراوی سەیر دەکات.
دەق پێش هەموو شتێک دەبێت خودی خۆی وەکو دەق قبووڵ بکات، دەق سنووری نییە، هەمیشە دەپەڕێتەوە بۆ نێو سنووری ئەوانی دیکە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا سنووردارە و خودی خۆشی قبول ناکات و ڕێگە بەخۆی نادات بپەڕێتەوە نێو سنووری ئەوانی دیکە و وەکو چوارچێوەیەکی داخراوی توند هەڵسوکەوت دەکات.




قەسیدەی ژیانێک بەشمان ناکات.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ژیانێک بەشمان ناکات
بۆ تامکردنی کۆنە شەرابی
ناو گۆزە پرشنگاوییەکانی عەشق
ژیانێک هەر زۆر کەمە
بۆ جێکردنەوەی ئەو هەموو
ئارەزوو بارانەی هەوری عاتیفە
ژیانێک بەشمان ناکات،
بۆ باڵای بەرزی داستانەکەمان و
مێژووی لێکئاڵانمان
یەک جار ژیان، هەر زۆر کورتە
ژیانێک زۆر هەژارە
بۆ ئەو کۆشکە جەواهیرییانەی
بە سەرکێشیی ئەوین
لەسەر سەحرای مەحاڵ رۆیدەنێین
ژیانێک زۆر خێرایە
بۆ ئەو هێمنییەی من
بۆ ئەو ئارامییەی تۆ
لە تێپەڕین بە کوچەکانی دڵەڕاوکێدا
ژیانێک زۆر دەڵەمەیە
لەبەردەم لەرینەوەی “با”ی هەست و
سەمای شێتانەی خەیاڵەکانی من
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
هەر هیچ نەبێت دەبێت
دوو هێندەی نوح
تامی هەرمێی تەمەن بکەین
ئەوسا دەتوانین
تێر بە کامی دڵی خۆمان
وەک دوو شیعری نەنوسراو
شکۆفە بکەین
وەک دوو ئاسکەکێوی
بە لاپاڵی چیای غەریزەدا سەربکەوین
وەک دوو چرا
لە زەمەنی کوێرییدا دابگیرسێین
وەک دوو رێبواری شەکەت
دەستی عەشق بخەینە ژێر باڵی ژیان
وەک دوو دەریای شەپۆلاویی
لەناو یەکتردا چاو لێک بنێین
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان وەک خدری زیندە
بۆ تا هەتایە بژین
ئەوسا دەتوانین
پەیکەری دڵڕەقی رابوەشێنین و
مۆمی عەشق
لە ئەشکەوتی عەقڵدا هەڵبکەین
ئەوسا دەتوانین
زمانێک بۆ خەون پەیدا بکەین و
قەڵەمێک بدەینە دەست خەیاڵ
دێڕ بە دێڕ خۆی بنووسێتەوە
ئەوسا دەتوانین
چاوێک بۆ بینینی جوانی بدۆزینەوە و
دەستێکی میهرەبانیش بۆ
هەڵگرتنەوەی تەرمی قەدەر
ئەوسا دەتوانین
بچینە سەر مەرقەدی داهاتوو و
نزای پاکبوونەوە بۆ ئەو گوناهانە بکەین
لە رابردوودا کردوومانن
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان هەر هیچ نەبێت
هێندەی مەسیح بژین
ئەو کاتەی بزماری مەنفا
لە خەونی شەوانمان دەچەقێت
یان ئەو ساتەی بە خاچی تەنهاییەوە
وەک کەلاکێکی کۆن هەڵدەواسرێین
خودا هەڵمانبکێشێت بەرەو ئاسمان
بۆ ئەو ئاسمانەی ناوی نیشتمانە
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان خوێنی عەشتار
بچێتە ناو هەموو دەمارەکانی ژیانمان
ئەوسا دەتوانین
تفەنگی دڵڕەقی بێدەنگ بکەین و
ببینە ئاوازدانەری سروودی ماچ
ئەوسا دەتوانین
پێغەمبەرەکانی عەشق
لە گۆڕستانەکانی بێدەنگی
زیندوو بکەینەوە و
نەیزەکی کینە لە هەسارەی دڵ
دوور دوور بخەینەوە
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان لەم چەرخە سۆزانی و
زەمەنە نەزۆکەدا
هیچ کات لە دایک نەبووین.

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
1-10-2018




هەردوو لا دنیا و قیامەتیشیان دۆزەخە.. نەوزاد بەندی

میللەتێکی بێدەنگ وبێ هەڵوێست و چۆک دادەر .. لە ڕۆژێکدا چەندەها جار ئەمرێت ..چەندەها جار حەبلی حەیاتی ئەپسێ و گرێی ئەداتەوە ..هەموو بارێک ئەخاتە سەرشانی و ..ئایین و بیر و باوەڕەکەی ئەوەیە نقەی لێوە نەیەت و بە هەموو زەلیلکردنێک ڕازی و شوکر و سوپاسگوزار بێت .. شەو و ڕۆژ ئیش بۆ شەیتان بکات و ..بەو حاڵە کرێ و باج و سەرانەکانی پێ بدرێ ..ڕۆژ بە ڕۆژ نان و ووزە و هەناسەدانی لەسەر گرانتر بکرێت و بە پێش چاویەوە کۆمەڵێ ئاغا و کوڕە ئاغا گاڵتە به ملیارەها دۆلار و فڕۆکەی شەخسی و گەشتی ئەوروپا بکەن و هەر بۆ سوکایەتیپێکردنی زیاتریش وێنەی ئەو گاڵتەپێکردنانە بڵاو بکەنەوە ..
میللەتێک هەڵوێستی لە لا سوکایەتی بێت و .. سەرشۆڕیی لەلا عیبادەت و پیاوەتی بێ .. ئەو میللەتە ، هەموو ساتێکی مردنە ..چونکە هەموو مرۆڤێک بەشێک لە ڕۆحی خوای تێدایە و .. ئەگەر سەرشۆڕیی قبوڵ بکات ، پێش هەموو شتێک سوکایەتی بە خوا کردووە کە ئەوی بە جێنشینی خۆی داناوە لەسەر زەوی ..ئەو وەکیلی خوایە لەسەر زەوی ، بۆ بەرزڕاگرتنی حەق و ڕاستی ..کە سەرشۆڕیی و کۆیلەیی قبوڵ ئەکات ، واتا بێڕێزیی بە خوا کردووە .. هەر بۆیە ژیانی دۆزەخێکی بەردەوامە و .. دواجاریش ئەمرێت .. ئەمرێت و لە ڕۆژی قیامەتدا سەرشۆڕییەکەی ، هیچ پاداشتێکی بۆ ناباتەوە بێجگە لە دۆزەخی هەتا هەتایی ..

دەسەڵاتێکی ملهوڕ ..
کاتێ میللەت توشی فۆبیای ترس و سڵ و بێهەڵوێستی و کۆیلەبوونی کرداریی ئەبێ ، دەسەڵاتی ملهوڕ ، لە جیاتی بە هەڵوێستی نامرۆڤانە و نامەردانە و پاوانخوازیانەی خۆیدا بچێتەوە ، لە جیاتی بیر لەوە بکاتەوە چارەسەرێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵیی بۆ میللەتەکەی بدۆزێتەوە کە لە خاک و ئایین و زمان و کولتووردا هاوبەشێتی ، زیاتر پڕکێشی ئەکات و .. دوای ئەوەی داهات و قوت و خێر و بێری ئەو کۆمەڵگا بودەڵە بێ خاوەنە حەپەلوش ئەکا ، ئینجا تەماع ئەکاتە نانەڕەقەکەی دەستیان و .. باج و سەرانەیان لەسەر دادەنێ .. تەماع ئەکاتە بڕوانامەکانیان و ..سوکیان ئەکا و بە خۆڕایی کاری قورس و تاقەت پڕوکێنیان پێئەکا دەق وەک زیندانی دیکتاتۆرەکانی مێژوو کە کاری قورسیان وەک سزایەکی دەروونی و جەستەیی بەو زیندانیانە ئەکرد کە دیکتاتۆرەکان بە زیندانکردنیشیان دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە و چەندین ئازار و کاری قورس و زیندانی تاکە کەسییان لەناو زینداندا بۆ ڕێکدەخستن ..
دەسەڵاتی ملهوڕ ئەو دەسەڵاتەی کە هەرگیز لە ئازاردانی هاووڵاتیە ترساوە ڕامکراوە ملشۆڕەکانی تێر ناخوات .. ڕۆژێک بڕوات و زەبرێکی نوێی جەستەیی و دەروونی تازەی لێ نەدابن ، خۆی بە قەرزارباری شەیتان ئەزانێ ..
بەو جۆرە هێواش هێواش کۆمەڵگا ئەکاتە هۆڵێکی ئەشکەنجە و .. خۆیشی وەک جەلادێک ، ئامادەیە ملیۆنەها دۆلار بداتە ڕاوێژکاری کۆڵۆنیالیستە جیهانیەکان هەتا ئەشکەنجەی زیاتر و تازەتری فێر بکەن ..زیاتر ملی هاووڵاتیەکانی شۆڕ بکا ..بە بێڕێزترین شێوە ، نامەردانەترین ڕێکار ، ڕەفتاریان لەگەڵدا بکات و .. لەهەر بڕیارێکیدا ، پێیان دووپات بکاتەوە کە ئێوە مرۆڤ نین ..بەڕێز نین ..ژێر چەپۆکی منن ..نانخۆری منن ..کۆیلەی منن ..هەموو شتێکتان بەدەست منە ..کڕنوشم بۆ نەبەن ، سیخوڕن ..تاوانبارن ..خائینن .. ئێوە مرۆڤ نین و شایانی خزمەتگوزاریی نین .. ئێوە زیندانین و شایانی گەشت و خۆشگوزەرانیی نین .. ئێوە ئەبێ لە تەویلەدا کاوێژ بکەن ..ڕۆژی سەد جار کارەبا و ئاو و غازتان لێ ئەبڕم ..
ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە ، دواجار خۆیشی وەک هاونیشتمانییە کۆیلەکانی ، ئەبێ بە ژێر پێی مردنەوە ..مردن ئەیاندا بە زەویدا ، دوای ئەوەی کە دەبوو هاووڵاتیەکانی ئەو ئەرکەیان بکردایە ..ئەمانەیش بە ڕیسوایی ئەگەڕێنەوە بەردەم بارەگای خوای باڵادەست ..ئەمانیش بێ چەند و چوون لەگەڵ هاووڵاتیە کۆیلەکانیان ملی ڕێی دۆزەخ ئەگرن ..
هەردوو لایان ، دنیایەکی بێ بەها و بێ مەردایەتی و نامرۆڤانە ئەژین و .. قیامەتێکی پڕ لە ڕیسوایی و سزایش ئەبێتە چارەنووسی هەتا هەتاییان .. چونکە یەک تەواو کەری ئەوی تریانە و هەردووکیان دوو دیوی یەک دراون ..




خوێندنی سه‌ره‌تایی، كلیلی سه‌ركه‌وتنی ژاپۆنه‌.. نووسینی: نیكۆلاس كریستوف

نهێنی پێشكه‌وتوویی قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژاپۆن له‌چاو وڵاتانی دیكه‌

نووسینی: نیكۆلاس كریستوف – گۆڤاری نیویۆرك تایمز وه‌رگێڕانی: عیسا بۆتانی

نهێنییه‌كه‌ ته‌نها له‌ وشه‌یێكدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ (رابه‌رایه‌تییه‌)، منداڵان خۆیان كاروباری به‌ڕێوه‌بردنی هۆبه‌كانیان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ هه‌تا پاككردنه‌وه‌ی ئاوده‌ستی قوتابخانه‌كانیانیش. ئه‌وان سوێندییان خواردووه‌ سوود له‌ هه‌ر شتێك وه‌رگرن كه‌ فێری ده‌بن و بۆ ژیان و ره‌فتاره‌كانیان بیانكه‌نه‌ چرا.
زه‌نگی ته‌واوبوونی پشووی وانه‌ لێدرا و قوتابیانی قوتابخانه‌ی (تاكیهار)ی سه‌ره‌تایی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ خێرا به‌ره‌و هۆبه‌كانیانه‌وه‌ چوون، بۆ ئه‌وه‌ی زوو به‌ گه‌سك و پارچه‌ قوماشی پاككردنه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ … ئه‌وه‌بوو له‌و كاته‌ی كه‌ سه‌رقاڵی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی كاغه‌ز و گلێش بوون ژاوه‌ژاوی كوڕ و كچه‌ قوتابییه‌كان له‌ هۆڵی قوتابخانه‌ ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌، و هه‌رچی دارو دیواری ئاوده‌سته‌كانیش بوو به‌ پارچه‌ په‌ڕۆی ته‌ڕ سپی كرانه‌وه‌ و قوتابیان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ له‌نێوان خۆیاندا كێبڕكێیان بوو.
له‌ راستیدا له‌ قوتابخانه‌كانی وڵاتی ژاپۆن هیچ ده‌رگه‌وان و به‌رده‌ستێك تێیدا كار ناكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ قوتابیان خۆیان به‌ ئه‌ركی پاككردنه‌وه‌ی ئه‌رزه‌ و په‌نجه‌ره‌كانی هه‌ستن، ئێدی قوتابیان – هه‌تا قوتابیانی پۆلی یه‌كه‌میش – رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی بیست خوله‌ك به‌ كاری پاككردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانیان هه‌ڵده‌ستن و دوای ئه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ زه‌نگ لێده‌درێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان ئاگاداری ئه‌وه‌ بن كه‌وا كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت (كۆبوونه‌وه‌ی دانپیانان)، ئا به‌مشێوه‌یه‌ كوڕه‌ هه‌رزه‌یێكی لاوازی قوتابی پۆلی شه‌شه‌م كه‌ رابه‌رایه‌تی گرووپێكی پاككردنه‌وه‌ ده‌كات ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ی خۆی كۆكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی كاری نێوه‌ڕۆیان گفتوگۆ بكه‌ن … و ئه‌م قسانه‌یان كرد:

  • رێبه‌ری گرووپه‌ به‌ تیمه‌كه‌ی خۆی گوت: ئایا ئه‌مڕۆ كاره‌كانمان باش به‌ڕێوه‌برد؟
  • ئه‌وانی دیكه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: به‌ڵێ‌.
  • رێبه‌ره‌كه‌ گوتی: ئایا به‌باشی كاته‌كه‌مان به‌كارهێنا؟
  • ئه‌وانی دیكه‌ گوتیان: به‌ڵێ‌.
  • به‌و پرسیاره‌ كۆتایی به‌ قسه‌كانی هێنا: هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانمان له‌ شوێنی خۆیان دانایه‌وه‌؟
  • وه‌ڵامی ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ به‌ ئه‌رێ‌ بوو.
    كه‌چی ئه‌و كه‌شه‌ی كه‌وا پڕبوو له‌ ستایشكردنی خودی خۆیان به‌ ده‌نگی ویژادنی كچێكی شه‌رمنی یازده‌ ساڵان به‌ ناوی سیرا پچڕا… كه‌ گوتی “له‌ راستیدا گه‌سكه‌كانمان به‌شێوه‌یێكی جوان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان دانه‌نایه‌وه‌”، و منداڵانیش له‌م رووه‌وه‌ به‌ هه‌ژاندنی سه‌ر كه‌مته‌ر خه‌می خۆیان سه‌ڵماند و بۆ ساتێكیش خه‌فه‌ت سیمایانی داگیركرد.
    ئا له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونه‌یه‌ بۆمان ئاشكرا ده‌بێت چ لایه‌نێكه‌ كه‌وا زۆربه‌ی كات له‌خۆمانی به‌دی ناكه‌ین، و له‌و كاته‌ی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ ژاپۆن و رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و سه‌نگافوره‌ و كۆریای باشوور له‌ رووی زانستییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ باشترین ده‌ناسرێنه‌وه‌، له‌ ژاپۆن ته‌نها باشییه‌كه‌ له‌وه‌دا نییه‌ قوتابی ژیر و داهێنه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنن به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ پێگه‌یاندنی قوتابی باش ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ست به‌ رێكوپێكی و لێپرسراوێتی بكه‌ن. ته‌واوی پرۆگرامه‌كه‌یان به‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ منداڵان له‌وه‌ رابهێندرێن به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن و بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان هاوبه‌شی یه‌كتری بكه‌ن و میتۆده‌كه‌ش به‌ شێوه‌یێكی گشتی ئامانجی خوازراوی به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌و پێیه‌ی من ماوه‌ی دوو ساڵ و نێوه‌ دانیشتووی شاری تۆكیۆم و له‌سه‌ره‌تادا پێمخۆش نه‌بوو تێیدا بژیم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی زۆر بێزاری ده‌كردم، و ئێستا بڕوام وایه‌ كه‌ گه‌لی ژاپۆن به‌شێوه‌یێكی گشتی نه‌رمونیاترین خه‌ڵكن و له‌هه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی جیهان پتر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن… من به‌ نه‌رمونیان ئه‌وانم ناوزه‌د كرد نه‌ك خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌یان وه‌كو هاوڕێتی و به‌خته‌وه‌ری و دڵخۆشی و ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ یه‌ك بۆ سیسته‌می خوێندنی ئه‌وێ‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
    ئه‌وه‌تا مزیو هنزاوا كه‌ په‌رستیارێكه‌ له‌ قوتابخانه‌یێكی شاری یوكوهاما كار ده‌كات به‌ده‌م سه‌یركردنی ژوورێكی كۆنی مامۆستایێك ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر به‌رده‌ست و پاسه‌وانمان هه‌بووایه‌، ئا ئه‌م ژووره‌ له‌ پاكی ده‌بریسكایه‌وه‌ … وه‌لێ‌ پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌رپرسیارێتی له‌ناخی منداڵانمان بچێنین و فێری ئه‌وه‌ ببن ئه‌و شوێنه‌ی به‌كاری ده‌هێنن پاكی بكه‌نه‌وه‌، و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی خوێندن و له‌و بڕوایه‌دام ئێمه‌ به‌و شێوازه‌ منداڵانمان فێر ده‌كه‌ین چۆن شته‌كان ده‌پارێزن”. پرۆسه‌ی به‌رهه‌ڤكردنی جڤاكیی كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كۆمه‌ڵگای ژاپۆنی پێكهێنا و وایكرد كه‌سێك له‌ كۆمه‌ڵگا دانه‌بڕێت، له‌ راستیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاودێری سیسته‌می خوێندنی ژاپۆن ده‌كه‌ن زۆر پێی سه‌رسامن ته‌نها ژاپۆنییه‌كان نه‌بن، و ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌یره‌ و پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌و كاته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌و سیسته‌می خوێندنی رێكوپێكتر هه‌نگاو ده‌هاوێژێت و گه‌ڕانه‌وه‌یێكی پتر بۆ یاساكانی فێركردن و پۆشینی یه‌كپۆشی بۆ نموونه‌ كه‌ سه‌رۆك بێڵ كلنتۆن په‌سندی كرد، ژاپۆن خۆی له‌و نموونه‌یه‌ دوور ده‌خاته‌وه‌ و خه‌ڵكی ژاپۆن گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا سیسته‌مێكی توند و دژواره‌ و زیانێكی زۆر به‌ كرداری داهێنان ده‌گه‌یه‌نێت، و رۆژنامه‌كانی ژاپۆن پڕن له‌ چیڕۆكی په‌ستكردنی قوتابییه‌ لاوازه‌كان و ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی چوونه‌ قوتابخانه‌یان نیه‌، هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ره‌خنه‌گرێكی ژاپۆنی ده‌ره‌نجامی به‌رز و سه‌ركه‌وتووی قوتابییانی بێبایه‌خ له‌ قه‌ڵه‌مدا كه‌ له‌ ژاپۆن به‌ده‌ستی دێنن و به‌وه‌ گوزارشتی لێكرد كه‌ له‌ رێگای كرداری فێركردنه‌وه‌ وه‌ده‌ست ده‌هێنرێن و هیچی تر … وه‌كو چۆن ئاژه‌ڵی راهێنراوی فقمه‌ ده‌یكات.
    له‌ راستیدا ئه‌وه‌ روون بۆته‌وه‌ كه‌ سیسته‌می فێركردنی ژاپۆنی خه‌ریكه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی نه‌وجه‌وانانی باڵا ده‌ڕوخێت (قوتابخانه‌كانی پۆلی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ خۆوه‌ ده‌گرن، و سه‌ره‌ڕای ساڵی یه‌كه‌م له‌ قۆناغی ناوه‌ندی) و دواتریش تاكو ساڵانی زانكۆ، زۆربه‌ی كات قوتابخانه‌كانی ناوه‌ندی له‌ قاپی چێشت لێنان ده‌چن كه‌ به‌ پاڵه‌په‌ستۆ كار ده‌كه‌ن، وقوتابییان له‌وه‌ راده‌هێنرێن زۆرترین رێژه‌ی زانیاری و راستییه‌كان كۆبكه‌نه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی فێر بكرێن چۆن بیر بكه‌نه‌وه‌. له‌لایێكی دیكه‌شه‌وه‌ دایكم له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی ئه‌مریكا وانه‌ی مێژووی هونه‌ر ده‌ڵێته‌وه‌، و ده‌ڵێت زۆر قوتابی بینییووه‌ كه‌ راستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان نازانن و هه‌روه‌ها نازانن چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌!
    به‌هه‌ر حاڵ ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌ڕووی سیسته‌می فێركردنی ژاپۆن ده‌كرێنه‌وه‌ راستییه‌كه‌ی ئه‌وانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌و قوتابخانانه‌ یه‌كپۆشی و یاسای دژوار به‌كار ناهێنن به‌ڵكو داهێنان و وره‌ له‌ناخی منداڵان ده‌چێنن كه‌ دواتر قوتابخانه‌كانی نه‌وجه‌وانان به‌هه‌موو توانایێك هه‌وڵی له‌به‌ینبردنیان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی مایه‌ی داخه‌ له‌ سیسته‌می فێركردنی ژاپۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوتابی له‌ پۆلی پێنجه‌م ته‌واو ده‌بێت شاد و گه‌شبینن و توانایێكی باشی قسه‌كردنیان هه‌یه‌، كه‌چی له‌ قوتابخانه‌كانی نه‌وجه‌وانانی باڵا ده‌بنه‌ قوتابی ته‌واو ره‌شبین.
    كه‌واتا چه‌وتییه‌كه‌ له‌ كوێیه‌؟ زۆر گله‌یی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سیسته‌می په‌یوه‌ندی كردن به‌ زانكۆوه‌ كه‌ ئایینده‌ی قوتابی هه‌مووی په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاسته‌ی له‌ ئه‌زموونی وه‌رگرتن پیشانی ده‌دا، و ئه‌و ئه‌زموونانه‌ له‌ كۆتایی ساڵ چاره‌نووسی قوتابی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، یان ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌ك یاخود كرێكاری ئامێری تۆڕنه‌ و بواری دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له‌شی له‌به‌رده‌مدا نیه‌…بۆیه‌ باوكان و مامۆستایان رووی منداڵه‌ هه‌رزه‌كارانیان له‌و قوتابخانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پشت به‌ ئه‌زبه‌ركردن و پڕ كردنی مێشكیان به‌ زانیاری ده‌به‌ستن تاكو له‌ ئه‌زموونی وه‌رگرتندا ئاستی باش وه‌ده‌ست بێنن. جه‌خت له‌سه‌ر شتی گرینگ و سوودمه‌ند ناكرێته‌وه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو ده‌گیرێت كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌كان دێته‌وه‌، له‌ وانه‌ی زمانی ئینگلیزی بۆ نموونه‌ له‌ئه‌زموونه‌كان پتر جه‌خت له‌سه‌ر رێزمان ده‌كرێته‌وه‌ نه‌وه‌ك هونه‌ری گفتوگۆ و قسه‌كردن، و بۆیه‌ ده‌بینین ده‌رچووانی قوتابخانه‌ باڵاكان له‌ ژاپۆن له‌توانایاندایه‌ به‌ نووسین وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك بده‌نه‌وه‌ له‌ كاتێكدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌ش ساڵ ئینگلیزی ده‌خوێنن ناتوانن له‌ رێگای قسه‌كردن و گفتوگۆوه‌ پرسیاره‌كان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.
    گرنگیدان و شاره‌زایی من له‌باره‌ی سیسته‌می خوێندنی ژاپۆن له‌میانی كاری رۆژنامه‌نووسی و كه‌سییه‌وه‌ بوو، كچه‌كه‌م ماوه‌ی باخچه‌ی ساوایانی و كوڕه‌كه‌شم قۆناغی ئاماده‌كردنی له‌ قوتابخانه‌ی ژاپۆنی به‌سه‌ر برد، و پێویست بوو من و هاوسه‌ره‌كه‌م بڕیار بده‌ین منداڵه‌كانمان له‌ سیسته‌می ژاپۆنی درێژه‌ به‌خوێندییان بده‌ن یان په‌یوه‌ندی به‌ قوتابخانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بكه‌ن؟.
    گریگۆری كوڕم به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ پێی گوتم “باوكه‌ ده‌مه‌وێ‌ بڕۆمه‌ قوتابخانه‌یێكی ژاپۆنی، زۆر خۆشتره‌”، بایه‌خم به‌ قسه‌كه‌ی ئه‌و نه‌دا و گوێم نه‌دایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پێی وایه‌ ئینگلیزی زمانێكی مردووه‌ و جێهێڵراوه‌ وه‌كو زمانی لاتینی و ته‌نها باوك و باپیره‌ به‌ساڵاچووه‌كان قسه‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن … له‌هزری ئه‌ودا زمانه‌كه‌ گرێدراوه‌ به‌ چه‌ند فرمانێكی په‌یوه‌ست به‌ بڕۆ بخه‌وه‌ و خواردنی ناو قاپه‌كه‌ت ته‌واو بكه‌، كه‌چی ژاپۆنی له‌ بڕوای ئه‌و زمانێكه‌ منداڵان قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری راست له‌م رووه‌وه‌ بده‌م به‌ پێویستم زانی له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یێك بگه‌ڕێم و له‌گه‌ڵ باوكی قوتابیان قسه‌ بكه‌م و زۆر بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئایا خوێندنی ژاپۆنی منداڵه‌كه‌م ده‌كاته‌ داهێنه‌ر یان ته‌نها مرۆڤێكی ئۆتۆماتیكی به‌ شێوه‌یێكی رۆتینی كار بكات!؟.
    نوێترین توێژینه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانم پۆلێن كرد له‌هه‌موو پۆله‌كانی خوێندن سه‌باره‌ت به‌ باشترین قوتابیانی جیهان ئه‌ویش شان به‌شانی قوتابیانی سه‌نگافوره‌ و كۆریای باشوور، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بینیم قوتابیانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نها له‌ پۆلی چواره‌م له‌ئاستێكی باشدا بوون و دواتر له‌ پۆلێنه‌كه‌دا به‌ره‌و نزمییه‌وه‌ ده‌چوون. باسكردنی ئه‌زموونی قوتابخانه‌كانی ژاپۆن كه‌ وه‌كو ده‌زگا پیشه‌سازییه‌ بچووكانن، و كرێكاره‌كان به‌ كرێیه‌كی كه‌م و له‌ كه‌شێكی ناته‌ندروست كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ گوزارشتێكی له‌بارتره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پۆله‌كانی سه‌رووتر. له‌كاتێكدا به‌شێوه‌یێكی چه‌وت قسه‌ له‌سه‌ر خوێندنی سه‌ره‌تایی ده‌كرێت قوتابیانی ژاپۆن له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ روو كه‌ پتر له‌ قوتابیانی ئه‌مریكا له‌ قوتابخانه‌كانیان دا هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری ده‌كه‌ن. لێره‌دا باس له‌ قوتابخانه‌ی تاكیهاری سه‌ره‌تایی ده‌كه‌م له‌ شاری بچووكی ئومیا به‌دووری 200 میل له‌ باشووری رۆژئاوای تۆكیۆ، من به‌درێژایی دوو ساڵ به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی شاری ئومیام ده‌كرد بۆیه‌ زۆربه‌ی مامۆستا و باوكی قوتابیانی ئه‌وێم ده‌ناسی، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ی له‌و قوتابخانه‌یه‌ بینیم به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان شتێكی نموونه‌یی بوو. دوو كوڕم بینی له‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌ زۆرانبازییان ده‌كرد و دوو كوڕی دیكه‌ش ده‌ستی مامۆستایێكیان گرتبوو له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌ قوتابیێك قسه‌ی ده‌كرد و قوتابیانی دیكه‌ش به‌هه‌موو شوێنێكدا غارغارێن و هاتوهاواریان بوو كه‌ شوناسی قوتابخانه‌ی ژاپۆنییان وه‌كو ده‌زگایێكی توندو دژوار ئاوه‌ژوو ده‌كرد. بێگومان ئه‌و هۆبه‌یه‌ له‌ كاتی پشوودا بوون و چ زۆره‌ پشووی نێوانی وانه‌كانیان زۆره‌. قوتابییانی ژاپۆن هه‌ڤبه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاییه‌كان كاتێكی پتر له‌ قوتابخانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و پتریش له‌وان گه‌شت و پشوویان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ هاتنی كاتی وانه‌ تۆزێك ژاوه‌ژاوه‌كه‌ هێور بووه‌وه‌.
    شتێكی هاودژه‌ رێگه‌ به‌ هاتوهاوار و ژاوه‌ژاو بدرێت نه‌خاسمه‌ كه‌ ئامانجی خوێندن له‌ ژاپۆن بانگه‌شه‌ بۆ هاندان و پێگیری كردن به‌ یاسا ده‌كات، وه‌لێ‌ مامۆستایان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ به‌ پله‌ یه‌ك قوتابیان فێری رێكخستنی خودی خۆیان بكه‌ن و پاشان ده‌یانبینین جیاوازترن له‌ رووی لێبوورده‌یی بۆ ره‌فتار و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی راشكاو كه‌ له‌به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت.
    ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی تاكیهار سه‌رنجی راكێشام كاتێك له‌ گۆڕه‌پان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی قسه‌م ده‌كرد كچه‌ قوتابیێكی پۆلی چواره‌م ده‌ستی راكێشام بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدارییان بكه‌م له‌و یارییه‌ی پێی ده‌گوترێت تۆپی نه‌رم، هه‌ڵسوكه‌وتی ناشیاوی ئه‌و قوتابییه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی ئه‌مریكا وه‌ڵامدانه‌وه‌یێكی راسته‌وخۆی به‌دواوه‌ ده‌بوو… وه‌لێ‌ خێراتر قۆڵی ئه‌ویشی بۆ دواوه‌ راكێشا و ئه‌ویش ته‌نها داوای كرد راوه‌ستێت و كه‌ به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ناچاربوو پتر ئارام بگرێت. قوتابخانه‌كانی ژاپۆن واده‌كه‌ن قوتابی هه‌ستێكی مه‌زنی به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ش ماوه‌ی دوو ساڵ قوتابی و مامۆستای هه‌ر هۆبه‌یێك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، و له‌ رێگای ئه‌مه‌وه‌ قوتابیان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن و مامۆستایانیش خۆیان به‌ سه‌رۆك نازانن هه‌ر نه‌بێت به‌و تێگه‌هه‌ی كه‌ له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌تی. قوتابیانی ژاپۆن كه‌ هه‌ڵه‌یێك ده‌كه‌ن مامۆستا هه‌ڵه‌كه‌یان بۆ راست ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ قوتابی دیكه‌ راده‌سپێردرێت و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌جێی مامۆستایان قوتابی سزا ناده‌ن و ئه‌وه‌ به‌ شیاوتر ده‌زانن كه‌ قوتابیان سه‌رنه‌زشتی قوتابی خاوه‌نی هه‌ڵسوكه‌وته‌ ناشیرینه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ دواتر خۆی هه‌ست به‌ گوناهـ بكات.
    ئه‌و چاره‌سه‌ركردنه‌ ژیرانه‌یه‌، بنه‌ما و كلیلی فێركردنه‌ له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تایی و به‌ر له‌ سه‌ره‌تایی له‌ ژاپۆن و مامۆستایانیش له‌و چاره‌سه‌ركردنه‌یه‌دا خاوه‌نی كارامه‌یی بێهاوتان، به‌م پێیه‌ ده‌بینین هه‌ر له‌ ساڵانی یه‌كه‌می خوێندن قوتابییان هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، قوتابییان له‌ چێشتخانه‌ی قوتابخانه‌ خواردن دێننه‌ هۆبه‌ و به‌سه‌ر هه‌مووان ده‌به‌شنه‌وه‌ و پاشان شوێنه‌كه‌ خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌، و یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌نێوانی خۆیاندا ئه‌ركی چاودێری كردنی هۆبه‌ ده‌گۆڕنه‌وه‌ بۆ پاراستنی یاسا و كۆكردنه‌وه‌ی قوتابیان و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌ر كاروبارێكی خوێندن كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ خۆیانه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌و بیرۆكه‌یه‌ منداڵان فێری سه‌ركردایه‌تی كردن بن – كه‌ ئه‌مه‌ گرنگترینیانه‌- و ئه‌مه‌ واده‌كات هاوبه‌شیێكی سۆزدارییان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا هه‌بێت كه‌ به‌رپرسیارێتی هێوركردنه‌وه‌ی هۆبه‌یێكی پڕ ژاوه‌ژاوی پێ‌ سپێردراوه‌… له‌ پۆلی شه‌شه‌می قوتابخانه‌ی ئاسوی سه‌ره‌تایی له‌ شاری ئومیا بۆ نموونه‌ كوڕ و كچێك له‌سه‌ر ئه‌ركی كۆنترۆڵكردنی هۆبه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌شه‌ڕ هاتن. ئیساتۆ تكیوشی كه‌ مامۆستای هۆبه‌كه‌یه‌ له‌ دواوه‌ له‌سه‌ر كورسیێك دانیشتبوو چاودێری هه‌ردوو قوتابییه‌كه‌ی ده‌كرد له‌كاتێكدا ناوی قوتابیانیان ده‌خوێنده‌وه‌ و خێرا چاویان له‌ پرسیاری لیستی رۆژانه‌ ده‌ركرد( كه‌س له‌ قوتابخانه‌ دوا كه‌وتووه‌؟ كه‌س دووچاری هه‌ڵامه‌ت بووه‌؟ كه‌س له‌ ئێوه‌ كارتۆنی ده‌سته‌سڕی هێناوه‌؟ …. هتد) و كه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانیان ئه‌نجام دا تكیۆشی به‌ خواستی چاودێری هۆبه‌ چووه‌ پێشه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ قوتابیان سڵاویان له‌یه‌كتری كرد و خۆیان بۆ یه‌كتری چه‌مانده‌وه‌ و تیكۆشی به‌ قوتابیانی گوت “به‌یانی باش”.
    جه‌خت كردن له‌سه‌ر فێركردنی به‌رپرسیارێتی ئه‌مریكاییه‌كان تووشی سه‌رسامی ده‌كات، قوتابییانی ژاپۆن خۆیان بڕیار له‌ده‌ستنیشان كردنی ئامانجه‌كان ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر رێگه‌ بدرێت مامۆستایان پێشنیاریان هه‌بێت له‌مڕووه‌وه‌ و پاشان دوو هه‌فته‌ جارێك كۆبوونه‌وه‌ی قوتابخانه‌ ده‌كرێت بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كان و هه‌ڵبژاردنی باشترینیان و ئیتر كۆبوونه‌وه‌ی دانپیانان ده‌به‌سترێت بۆ قسه‌ كردن له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئه‌نجام نه‌دراون، بۆ نموونه‌ تێبینی ئه‌وه‌ كرا كه‌ شێره‌ی ئاو دڵۆپه‌ ده‌كات و منداڵان بڕیاریان دا ئامانجیان ببێته‌ ئه‌وه‌ شێره‌كان جوان دابخرێن دوای ئه‌وه‌ی به‌كاری ده‌هێنن. قوتابیان له‌هه‌ر هۆبه‌ و ئه‌ركێك بڕیار ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ له‌ گرووپی یاری بڕیار له‌و یارییانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌یكه‌ن و كێ‌ له‌ كامه‌ تیم ده‌بێت… له‌ گرووپی خوێندنیش دا كێ‌ رابه‌رایه‌تی هۆبه‌ ده‌كات كه‌ مامۆستا له‌وێ‌ نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌كانی ژاپۆن هیچ مامۆستایێك جێگای مامۆستایێكی دیكه‌ ناگرێته‌وه‌ بۆیه‌ قوتابیان خۆیان بایه‌خ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن.
    واكیمتو به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ئاسوی سه‌ره‌تایی ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر مامۆستا ئاماده‌ نه‌بێت قوتابیان خۆیان په‌خشنامه‌ و ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ پۆلی یه‌كه‌م و دووه‌م پێویسته‌ مامۆستای دیكه‌یان بۆ بنێرین له‌به‌ر په‌رۆشیمان بۆیان كه‌ قوتابی بچووكن … وه‌لێ‌ هه‌رچی قوتابی گه‌وره‌رترن خۆیان به‌ هێمنی ئه‌ركه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن”، و ئه‌مه‌و واكیمتۆ درێژه‌ به‌ قسه‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێ‌ : “ئه‌گه‌ر مامۆستا بۆ ماوه‌ی مانگێك یان پتر دوا كه‌وت ئه‌وا بێگومان مامۆستای دیكه‌ی له‌جێ داده‌نێین”.
    به‌رپرسیارێتی قوتابی ته‌نها بواری چالاكییه‌ غه‌یره‌ متۆدییه‌كان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو وانه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ و كه‌ مامۆستا پرسیار ده‌كات قوتابیان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌ست هه‌ڵده‌بڕن و مامۆستاش داوا له‌ قوتابیێك ده‌كات و ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی راست نه‌بوو ئه‌وا داوا له‌ قوتابیانی دیكه‌ ده‌كات گفتوگۆ له‌باره‌ی بابه‌ت و پرسیاره‌كه‌ بكه‌ن، و كه‌ قوتابیان به‌ره‌و وه‌ڵامی هه‌ڵه‌ ده‌چن ئه‌و له‌ڕێگای وروژاندنی پرسیاری پتر ئاراسته‌یان ده‌كاته‌وه‌.

    قوتابخانه‌كانی ژاپۆن هه‌ڵگری خه‌سله‌تی دیكه‌ی سه‌یرن ئه‌ویش فێركردنی به‌هایه‌كانه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا و قوتابیانه‌وه‌، هه‌روه‌ها رووی گه‌ش و كراوه‌ی مامۆستایان وا له‌هه‌ر كه‌سێك ده‌كات كه‌ له‌و په‌ڕی گه‌شبینی بێت و رێزیان لێ‌ بگرێت، هۆبه‌كان پڕن له‌ درووشمی دڵخۆشكه‌ر وه‌كو (بۆ هه‌ر شتێك هه‌موو تواناكانمان ده‌به‌خشین، شاد و چالاك و هاوكاری هه‌مووان به‌) و هه‌ر قوتابییه‌ك ئامانجێك بۆ خۆی ده‌ستنیشان ده‌كات و به‌و هیوایه‌یه‌ له‌ ساڵه‌كه‌دا وه‌ده‌ست بهێت. جه‌خت كردن له‌سه‌ر درووشم و ئامانجه‌كان خاڵێكی هاودژ له‌نێوان تێڕوانینی ئه‌مریكا و ئاسیا پێكده‌هێنێت، له‌میانی راپرسییه‌كاندا ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئاسیاییه‌كان بڕوایان وایه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌كادیمی و زانستی به‌ پله‌ یه‌ك به‌ هۆی خۆ ماندوو كردنه‌وه‌ وه‌ده‌ست دێت، وه‌لێ‌ ئه‌مریكاییه‌كان پێیان وایه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ هۆی ژیری زكماكیه‌وه‌یه‌ … و له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ خانه‌واده‌ ژاپۆنییه‌كان منداڵه‌كانیان بۆ پتر خۆ ماندووكردن هان ده‌ده‌ن و ” قوتابیانیش خودی خۆیان هان ده‌ده‌ن” چونكه‌ بڕوایان وایه‌ ئه‌مه‌ جیاوازی و گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی دروست ده‌كات.

    یه‌ك له‌ده‌زگا ناوداره‌كانی توێژینه‌وه‌ پێی وایه‌ منداڵانی ئاسیا ئاستی باش له‌ قوتابخانه‌كانیان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خانه‌وداه‌كان منداڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئامانجی گه‌وره‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌مریكاییه‌كان به‌ ڕاڕایی و دوو دڵیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هاندانی منداڵه‌كانیان بۆ خۆ ماندوو كردنی زۆر… سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ دایكوباوكه‌ ژاپۆنییه‌كان پێوه‌ری به‌رز دیاری ده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مریكاییه‌كان پێوه‌ری نزم و له‌هه‌ردوو باریشدا منداڵان ئه‌وه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن كه‌ لێیان داوا ده‌كرێت. یه‌كێك له‌ شێوازه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی منداڵ كه‌ له‌ ماڵ و قوتابخانه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت (هانسی) و ئه‌م وشه‌یه‌ چه‌ند واتایێكی جیاواز له‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت وه‌كو (شه‌رمه‌زاری، داوای لێبووردن، هه‌ستێكی قوڵ بۆ داوای لێبووردن)، كه‌ منداڵ هه‌ڵه‌یێك ده‌كات پێوێسته‌ هه‌ستێكی قووڵی په‌شیمانی دایبگرێت، و له‌ زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كانی ژاپۆن كۆبوونه‌وه‌ی لێبووردن هه‌یه‌ و بیرۆكه‌ی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش له‌سه‌ر بنچینه‌ی دانپیانانی قوتابیانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانیان … ئه‌مه‌ تاكه‌ رێگایه‌ بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی لاوازی و كه‌مته‌رخه‌می و هه‌موو رۆژێكی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ی تاكیهار به‌ كۆبوونه‌وه‌ی هانسی یان لێبووردن به‌ كۆتا دێت.
    ئه‌و رۆژه‌ هه‌ردوو كچه‌ چاودێر له‌ پۆلی سێیه‌م ده‌سپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی ته‌واوبوونی دوامی قوتابخانه‌یان راگه‌یاند، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ هاتوهاوارێكی زۆری تێكه‌وت و مامۆستاش گه‌ڕایه‌وه‌ دواوه‌ و نه‌یویست به‌هانای هه‌ردوو چاودێره‌كه‌وه‌ بچێت، یه‌كێك له‌ چاودێره‌كان به‌ هاوه‌ڵه‌كانی گوت (تكایه‌ هێمن بن) و پاش ئه‌وه‌ ژاوه‌ژاوه‌كه‌ كه‌متر بووه‌وه‌، و چاودێری دووه‌م گوتی (با له‌وه‌ دڵنیا بین كه‌ ئامانجه‌كانی ئه‌مڕۆمان به‌ده‌ست هێنا، ئایا له‌كاتی زه‌نگ چووینه‌ هۆبه‌؟)… یه‌كسه‌ر قوتابیان به‌ ئه‌رێ‌ ده‌ستیان به‌رزكرده‌وه‌، دواتر چاودێره‌كه‌ گوتی: ئایا كرداری پاككردنه‌وه‌مان به‌ ته‌واوی كردووه‌؟ جارێكی دیكه‌ش به‌ به‌ڵێ‌ ولام درایه‌وه‌. چاودێره‌كه‌ سه‌یری لیستی پێداچوونه‌وه‌ی كرد و ئاشكرا بوو كه‌ كازوا كون تاكه‌ قوتابی بوو په‌رتووكه‌كانی خۆی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌بیر كردبوو، و پاشان كازوا كون له‌به‌رده‌م هاوه‌ڵه‌كانی راوه‌ستا و داوای لێبووردنی كرد و گوتی “له‌مه‌ودا هه‌وڵ ده‌ده‌م هیچ شتێك له‌ماڵه‌وه‌ له‌ بیر نه‌كه‌م”.
    شێوازێكی دیكه‌ی كه‌وا بۆ رواندنی هه‌ستی كاری به‌ كۆمه‌ڵ و جڤاك له‌ قوتابخانه‌كانی ژاپۆن په‌یڕه‌و ده‌كرێ‌ و بۆ دروست كردنی كارامه‌یی زانستی نا ئاساییش، شێوازه‌ك خۆی له‌ هێشتنه‌وه‌ی قوتابیانه‌ له‌ هۆبه‌كاندا بۆ ماوه‌یێكی درێژ… هه‌ر بۆیه‌ قوتابیانی قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا كاتژمێری پتر ده‌خوێنن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ قوتابیانی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها پشووی كه‌متریان له‌ قوتابخانه‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یێك قوتابی ژاپۆنی یان چینی به‌ ساڵێك له‌پێشه‌وه‌ی قوتابییه‌ ئه‌مریكاییه‌كانن له‌گه‌ڵ پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی و له‌ڕووی ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌، پشووی هاوینه‌ی قوتابخانه‌ی تاكیهار بۆ نموونه‌ ته‌نها شه‌ش هه‌فته‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی یولیۆ و هه‌تا كۆتایی مانگی ئوگستوس و بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ش ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ به‌ قوتابیان ده‌سپێردرێت.

    سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ قوتابخانه‌كانی ژاپۆن جیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌های ئه‌قڵی فێركردنی ژاپۆنه‌، و له‌توێژینه‌وه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كاندا ستایش و رێزێكی گه‌وره‌ی لێ‌ ده‌گیرێت. میتۆدی فێركردنی ماتماتیك و زانستی نێو ده‌وڵه‌تی سێیه‌م كه‌ ساڵی 1990 ه‌وه‌ به‌راورد له‌نێوان ده‌سكه‌وتی قوتابیانی 45 وڵات ده‌كات و به‌ نوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتگیر ناسراوه‌، شاره‌زایانی بواری ماتماتیك داوای توێژینه‌وه‌ی تۆماره‌كانی قوتابخانه‌یان كرد (تۆماری نمره‌كان) بۆ وانه‌ی ماتماتیكی قوتابیانی پۆلی چواره‌می له‌ چه‌ند وڵاتێك، و پاشانیش پۆلێن كردنی نمره‌كانیان … ئه‌مه‌و شاره‌زایان رایانگه‌یاند كه‌ 30% ی وانه‌ی ماتماتیك له‌ ژاپۆن له‌ جۆری به‌رز بوو، و 57%یش له‌ ئاستی ناوه‌ند و ته‌نها 13% ی رێژه‌كه‌ نزم بوو، كه‌چی شاره‌زایان له‌و ماتماتیكه‌ی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خوێندرێت هیچ ئاستێكی به‌رزیان به‌دی نه‌كرد، و 13% ی وانه‌كه‌ له‌ جۆری ناوه‌ند و 87%ی رێژه‌كه‌ش نزم بوو.
    شایسته‌ی گوتنه‌ له‌ ئه‌مریكاش قوتابخانه‌ی به‌ هه‌مان ئاستی نایابی مامۆستایان و پیگیر به‌ ئاكاری فێركردنی ژاپۆنی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و قوتابخانانه‌ ده‌زگای ئه‌وتۆن كه‌ به‌های خوێندنی تێدا زۆره‌ و ئه‌وه‌ی جێگای هه‌لوه‌سته‌ كردنه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مریكا قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژاپۆن به‌ یه‌كسانی بوار له‌به‌رده‌م 99% ی منداڵان ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی حكوومی ده‌یانگرێته‌وه‌، و هیچ جیاوازیێك له‌نێوانی قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌ ده‌وله‌مه‌ندنشینه‌كان و هه‌ژار نشینه‌كان نابیندندرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مریكادا هه‌یه‌.

    یه‌كێك له‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتوویی خوێندن له‌ ژاپۆن ره‌خساندنی پیشه‌ی مامۆستاییه‌ بۆ باشترین كه‌سه‌كان، و له‌ راپرسییه‌كاندا رێزگرتنی مامۆستا ئاشكرا بووه‌ كه‌ له‌ سه‌رووی پێگه‌ی ئه‌ندازیار و به‌رپرسانی كارگێڕی شاره‌كانن… و مامۆستایان مووچه‌ی به‌رچاو وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ مووچه‌ی ده‌رمانساز و ئه‌ندازیاره‌كان پتره‌ و له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بیندرێت بۆ هه‌ر دامه‌زراندنێك له‌بواری فێركردن پێنج داواكاری له‌سه‌ره‌.
    كه‌ ئاگاداری ئه‌و لایه‌نه‌ تایبه‌تیانه‌ی بواری فێركردنی ژاپۆن بووم و سه‌ردانی هۆبه‌كانی خوێندنیانم كرد زۆر پێی سه‌رسام بووم، سه‌باره‌ت به‌ ناردنی منداڵه‌كانم بۆ قوتابخانه‌ی ژاپۆنی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم قسه‌م كرد، له‌م ڕووه‌وه‌ دووچاری دوو بۆچوون بوومه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان هی هاوڕی ئه‌مریكاییه‌كانم بوو… ئه‌وان بیرۆكه‌كه‌یان په‌سند كرد و پێیان شتێكی باش بوو، بۆچوونی دووه‌میش هی هاوڕێ ژاپۆنیه‌كانم بوون كه‌ گاڵته‌یان به‌ شته‌كه‌ هات و پێیان وابوو شێت بوومه‌ … من پێیانم گوت زانا رۆژئاواییه‌كان هه‌موویان له‌و بڕوایه‌دان خوێندنی قوتابخانه‌ ژاپۆنییه‌كان له‌ سه‌ر ئاستی جیهان باشترینه‌، كه‌چی لێم وورد بوونه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی شێت بووبم!
    گرینگترین شت كه‌ سه‌رنجی منی راكێشا ته‌نها خه‌سله‌ته‌ زانستییه‌كه‌ی قوتابخانه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵام پێگیری بوو ئه‌مه‌ش به‌ دڵی هه‌ر كه‌سێك نیه‌. زۆر قوتابخانه‌ له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ له‌ هه‌مان ئاستی قوتابخانه‌كانی ژاپۆنن و له‌وانه‌یه‌ قوتابیه‌كانیشیان هه‌مان گیانی كاری به‌ كۆمه‌ڵیان هه‌بێت، وه‌لێ‌ سه‌رباری ئه‌مه‌ش زۆر زه‌حمه‌ته‌ هه‌مان گیانی قوتابیانی قوتابخانه‌ی تاكیهاریان هه‌بێت كه‌ من خۆم بینیم. یه‌كێك ره‌فتارێكی ناشیاوی كردبوو به‌ بۆیاغ كردنی دیورای بینایێكی ته‌نیشت قوتابخانه‌ و ئه‌مه‌ وه‌كو گرفتێكی گه‌وره‌ سه‌یر كرا، له‌ راستی دا هه‌ڵوێستی هه‌ر قوتابخانه‌یێكی ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی رووداوێكی له‌مشێوه‌یه‌ یان به‌ گوێنه‌دان یاخود ناردنی كریكاری قوتابخانه‌كه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌بوو، به‌ڵام له‌ یوكوهاما مامۆستایه‌كان هه‌ڵوێستێكی جیایان نواند كه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند په‌رتووكێك له‌باره‌ی ئامانجی فێركردن له‌ قوتابخانه‌كانی ژاپۆن بنووسرێته‌وه‌.
    كنتشی ناكامورا، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ ده‌ڵێت: “ئێمه‌ هه‌وڵمان دا بزانین ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌ به‌و كرداره‌ هه‌ستاوه‌، به‌ڵام بۆمان ئاشكرا نه‌بوو… له‌ بری ئه‌وه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تا له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وام بین بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ مامۆستایان دیواره‌كه‌ پاك بكه‌نه‌وه‌، و له‌وانه‌یه‌ قوتابیان له‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ شتێك فێر ببن. دواتر كاتی چوونه‌وه‌ی قوتابیانمان دیاری كرد بۆ پاككردنه‌وه‌، ئا له‌و كاته‌دا قوتابیان كرداری پاككردنه‌وه‌ی دیواره‌كه‌ ده‌بینن، به‌مشێوه‌یه‌ هه‌موومان ده‌ستمان به‌ پاككردنه‌وه‌ی بۆیاغه‌كه‌ كرد كه‌ كارێكی قورس بوو، كه‌چی له‌لابردنی بۆیاغه‌كه‌ سه‌ركه‌وتین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یێك قوتابی له‌كاتی كاركردن هاوكاریان كردین… به‌ راستی من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌وه‌ی دیواره‌كه‌ی به‌ بۆیاغ پیس كردووه‌ هه‌ست به‌ په‌شیمانیێكی قوڵ ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی بینی هه‌مووان بۆ پاككردنه‌وه‌ی ره‌فتاره‌ ناشیرینه‌كه‌ی ئه‌و ماندوو بوون!”.




فلاشباک-39- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و نۆ

لەوانەیە رۆژێک بێت، دەست لە نووسین هەڵگرم، هەرچەند زیاتر بۆ خودی خۆم ئەنووسم، وەک فلوبێر ئەڵێ “نووسین بە ئەندازەی جگەرەکێشان زاتییە”. بەڵام هیچ کات ناتوانم دەست لە بەڵای خوێندنەوە هەڵگرم. خوێندنەوە کوشندەیە و جارێک لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەک نووسیبووم “هەرچی نووسینی دنیا هەیە گەمەکردنە لەگەڵ وەهم، کتێبەکان هەبن یان نا مرۆڤ لە دڕندایەتی خۆی ناکەوێ، ئیدی سوودی چییە نووسین؟”. کەڕەتێکی تریش بە “ئاسۆ”ی نزیکترین هاوڕێم وت “خراپترین خوو، کتێب خوێندنەوەیە چوونکە ئاشنامان دەکات بە جیهانێک کە هیچ پەیوەندییەکی بەو جیهانەوە نییە تێیدا دەژین، ئاشنامان دەکات بەجۆرە مرۆڤێک کە لەم سەرزەمینەدا بوونی نییە، ئەمەش رای منە و تۆش هەرچی دەڵێی بیڵێ”.

رۆژانە لاپەڕە رەش ئەکەمەوە، بە راراییەوە دوو سێ جار ئەیخوێنمەوە و پاشتر ئەیدڕێنم، ئەم بەیانییەش ئەلبومی وێنەکان و چەندان نووسینی خۆم پێش ئەوەی بڵاوبکرێنەوە سووتاند. جاری وا هەیە مرۆ نازانێ چ کارێکی شێتانە ئەکات، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە نووسین بە ساوایی ئەخنکێنێ، ئاخر ئەو کۆمەڵگەیەی نەفرەت لە کتێب بکا و نووسەرەکانیش بە ئاسانی تیایدا لە رووی مەعنەویی و بەرجەستەوە تیرۆر بکرێن ئەمیش بێدەنگ بێ، ئیدی کۆمەڵگەیەکە لەبارە بۆ ستەمکاریی و چەوساندنەوە، کۆمەڵگەیەکیشە خۆی زەمینە ئامادە ئەکا تاکو جەلاد فەرمانڕەوایی بکا. کۆمەڵگەیەکمان هەیە کە ناتوانیت خەونیشی تێدا ببینیت، چوونکە داری هەموو ئومێدێک زڕە، هەر فڕینێک یەکسانە بە مەرگ، هەزار بیرۆکەت هەبێ، هەزار داهێنانت هەبێ، کۆمەڵگە و سیاسەت زۆر دڵڕەقانە وشکت ئەکاتەوە، ناهەقم نییە لە ژوورەکەی خۆمدا ئەم دێڕەی خۆمم وەک پۆستەرێک هەڵواسیوە “کەس نییە ئازارەکانم حنجە بکات، کەس نییە لە خەمەکانم تێبگات”.

هەر ئەمڕۆش بیرم لە ئەشقێکی بابردوو ئەکردەوە، چەند سەختە دابڕان بۆ ئاشقێک لەو کاتەی مەست مەستە بە ئەوینێکی قووڵ؟! هەربۆیە ئەلبوومی وێنەکان و شیعرەکانم کرد بە خۆراکی ئاگر. رەنگە ئەوە من بم لە گۆڕانی زەمەن تێنەگەم، یان دانی پێدانەنێم، بەڵام زەمەن زۆر گۆڕاوە، ئەشێ هەرواش بووبێ من هەڵە تێگەیشتبم. ئای لەو رۆژەش کە دەستم لەناو دەستی یار بوو لە گەڕەکی رعایە، وتی شیعرێکی خۆتم بۆ بڵێ بەڵام بەرهەمی ئەم چرکەیە بێت کە پێکەوەین، منیش بۆ قسەکردن خراپم، وتم قەڵەمێکم بدەرێ و لەسەر بەرگی رۆمانەکەی “بەختیار عەلی” ئەمەم بۆ نووسی:

هەر کات بیرت کردم دڵ و شیعرەکانم لەلاتن

بۆنی هەناسە و گەرمی رۆحی منیان پێوە بکە

هەر کات بیرم کردی لە شیعرێکی نوێدا

هەست بە ئەوین و لوتکەی جوانی خۆت بکە

زۆر سەرسام بوو، ئێستا شیعرەکانم تەنها لای ئەون دڵیشم لە تراویلکە، بیری ئەکەم و لەم شیعرەدا بۆنی ئەکەم:

حەزم ئەکرد بمتوانتیبا زەمەن بگێڕمەوە دواوە

ئەوسا لە بری ئازاری دڵ

تۆوی ماچم لەسەر لێوت ئەڕواند

***

ئامێزت بکەرەوە

بە خەرمانێک وشەی گەرمەوە

بە باوەشێک ماچی تەڕەوە

بە دڵێکی پڕ ئازار و هەلا هەلاوە

بەرەو قووڵایی چارەنووست بەڕێوەم

***

وای لە من. چەند جار ئەقڵم ئامۆژگاریی دڵی کردم، ئەگەر بۆ یەکجاریش بە قسەی ئەقڵم بکردایە حاڵم بەم رۆژە نەدەگەیشت. دڵم هەمیشە رایکێشاوم بۆ ناو گەمە دۆڕاوەکانی عەشق و ئەقڵیشم هەمیشە هۆشداریی داوە پێم. تاکو ئێستاش بۆ یەکجار بە قسەی ئەقڵمم نەکردووە و دڵ هەمیشە دۆزەخی عەشقی بۆ داخستووم. ئێستا پێویستم بە پشووە، چەرخێکی سپڵە تێکەوتووین، سەدەی بیست و یەک سەدەی کوژانەوەی هەموو رووناکییەکە. ئەوەش ئەزانم کە خودا منی بۆ ئازارچەشتن ئافراندووە، بیۆگرافیای من تەنیا زنجیرەیەک ئازاری پێکەوە بەستراوە.

چ زەمانێکە

وا لە خونچە دەکەن دڕک دەربدات

وا لە بێدەنگی دەکەن هاوار بکات

وا لە خەندە دەکەن ئەسرین دەربدات

ئای لەم چەرخە!!!!

1-9-2001

—————–

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 134-138 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




چێژی شیعری.. کاروان حەسەن سلێمان

نووسینی شیعر لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بووەتە شتێکی ڕۆژانە و ئاسایی، ڕۆژانە بەدەیان کەس دەنووسن، دەیان کەس خۆیان بەشاعیر دادەنێن، دەیان کەس نامیلکە بڵاو دەکەنەوە، دەیان کەس شاعیربوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، هەموو ئەمانە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی ئەو بەرهەم و نامیلکە و شیعر و نووسراوانەی ناویان ناون شیعر، دوورن لەچێژی خوێندنەوە و شیعربوون، چونکە چێژیان نییە و خوێنەر تامەزرۆیان ناکا و ئەو نووسینانە ناتوانن بچنە دڵەوە، هۆکاریش زۆرن، (نەشارەزایی لەزمان، ڕەوانبێژی، وشەسازی، ڕێساکانی جوانکاری، وێنەی شیعری، ڕیتم، ئاوازی ناوەوە و دەرەوەی شیعر) هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە چێژ و خۆشی ئەو شیعرەدا.
ئەو دەقانەی شیعریەت بەرهەم ناهێنن دەکرێ بەشیعری سپی پۆلین بکرێن، شیعری سپی شیعرێکە زیاتر مۆرکی هەواڵی بەسەرەوەیە. واتا ڕاگەیاندنی شتێک یان دەربڕینی ئازارێک لەچەند وشەیەکدا، ئەوەی ڕۆژانەش دێتەبەر گوێمان و دەیبیستین و دەیخوێنینەوە لەشیعر بەشی زۆریان خاڵین لەشیعربوون و شیعریەت، چونکە زۆر لەو دەقانە تەنیا قسەکردنن، وتارن، گلەیی و گازاندەی ڕۆژانەن، هیچ پەیوەندیان بەشیعرەوە نییە، شیعر خۆی چێژبەخشین و هەست بزواندن و ختوکە دانی خوێنەرە، بەڵام لەم بەرهەمانەدا زۆرجار دەق خاڵییە لەهەست و سۆز، تەنیا ڕیزکردنی وشەیە.
زمان خاڵی یەکەمی بوونی دەقێکە بەشیعر، چونکە زمان جەوهەر و کڕۆکی شیعرە، بۆیە پێویستە لەو بەرهەمانەدا زمان ئیشی باشتر و وردتر و چڕتری بۆ بکرێ لەناو شیعردا، ڕه‌سوڵ حه‌مزه‌تۆڤ دەڵێ:
(كه‌سێك بوێرێ شیعر بنووسێ و زمانیش نه‌زانێ، وه‌ك شێتێك وایه‌ مه‌له‌وانی نه‌زانێ و خۆی فڕێ بداته‌ ڕووبارێكی هه‌ڵچووه‌وه‌). کەواتا خاڵی بوونی دەق لەشیعریەت هیچ مانایەکی شیعری هەڵناگرێ لە ڕستەیەکی ڕاگەیاندن یان ڕیزکردنی چەند وشەیەکی ئاسایی زیاتر.
لەسەر نووسەر و شاعیر و دەق نووس پێویستە وردتر، جوانتر، باشتر وردببنەوە و جوانتر کار لەسەر شیعر بکەن تایبەت زمان، وەک وتمان زمان کڕۆکی جوانی و باشی شیعرە. هەروەک وتراوە.(زمان بۆ خۆی جەوهەر بەخشە و شیعریش جەوهەری خۆی لەزمانەوە وەردەگرێت) بەو پێییەی شیعریەت بوونی دەق زیاتر پەیووەستە بەزمانەوە هەموو جوڵە و جوانی و ڕیتم و ئاواز و ئێستاتیکای شیعری خۆی لەزمان دەبینێتەوە، کەواتا خوێنەری باش و بەسەلیقە و ورد چۆن دەقی باش و خراپ لێک جیادەکاتەوە، ئەمە چێژ و باڵابوونی دەقە وادەکات خوێنەر سنووری نێوان ئەو دەقانە دیاری بکات، هەروەک ڕیچارد هێڕد دەڵێ: (شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژ بەخشینە بە گوێگر) هەر لەڕێگەی چێژی خوێندنەوەی دەقە خوێنەر دەزانێ کام دەق باشە و کامەی خراپە.

کاروان حەسەن سلێمان
٢٠٢٢/٢/٢١




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک..2.. شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

سیکۆلاریزم ئیش لەسەر ئاوەدانکردن و خۆشکردنی ژیانی ئەو دنیایەی مرۆڤەکان دەکات، نەک دنیایەکیتر و جیهانێکیتر. سیکۆلاریزم چەمکێکی سەربەو دنیایەو بەرهەمی بیری ئازادە. سیکۆلاریزم ئەرکی ڕێخکستنی ژیانی مرۆڤەکان و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەتە. سیکۆلاریزم بە ئایینەکان دەڵێت ئێوە لەناو دەوڵەتێکی سیکۆلار و لەسایەی سیستەمێکی سیکۆلاریزمدا ئازادن، لە ئاتەشگا، کلێسا، مزگەوت و پەرستگاکانتان، خودا پەرستی خۆتان بکەن و نوێژ و سروتە ئایینیەکانتان جێ بەجێ بکەن، بەڵام ئازاد نین دەست لەسیاسەت و کار و باری دەوڵەت و ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکانەوە وەربدەن.
سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکی مەزهەبی و ئایینی و ئایدیۆلۆژی نییە، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئایینی و ڕەنگ و ڕەگەز و مەزهەب ڕۆنرابێت و جیاکاری لەنێوان مرۆڤەکاندا بکات و ئایین و مەزهەب و ڕەنگ و ڕەگەز بکات بە عەقیدەی فەرمی دەوڵەت و لەسەر مەسیحی بوون و ئێزدی بوون و زەردەشتی بوون، لەسەر ڕەنگی پێست و ڕەشپێستیدا جیاکاریت لەگەڵدا بکرێت و بەپلە دوو و نزم و کەم سەیربکرێیت. نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن. دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تەنها مرۆڤ بوون پێوەرە. مرۆڤ کابەو سەنتەرە. لەدابەشکردنی ئەرک و مافەکان هەر مرۆڤ بوون ڕەچاو دەکرێت و لەبەر چاو دەگیرێت، لە دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا هەموو مرۆڤەکان بەجیاوازی ئایین، مەزهەب، ئیتن و نەتەوەو رەنگ و رەگەز، خۆیان تیدا دەبیننەوە.
دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکە شوێنی هەموو پێکهاتەکان و ئاڕاستەو ئایدیۆلۆژیاکانی تێدا دەبێتەوە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی و جەنگی ئایینی و کوشتنی یەکتری لەسەر موسڵمان بوون و مەسیحی بوون، لەسەر زەردەشتی بوون و جولەکە بوون، لەسەر ئێزدی بوون و بوودی بوون و کاکەیی بوون، لەسەر شیعەبوون و سونە بوون، لەسەر عەلی و عومەر، ئەرتەدۆکس و کاتۆلیک، پرۆتستانت و فلان مەزهەب و فیسار ئەقیدە، لەسەر ترانس جیندەر و هۆموسێکشواڵ و لیسب بوون، بوونی نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لەسەر جیاوازی دین و دید و ئاڕاستە، بێ ڕێزیکردن بە مرۆڤەکان، قەدەغەیە و بەهیچ شێوەیەک بەکەم سەیرکردنی ئەویتر ڕێگە پێدراو نییە، بەکەم سەرنجدانی مرۆڤ، تاوانێکی گەورەیەو لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا کەس لێت ناپرسرێت بۆچ ئێزدی ، یان، زەردەشتیت؟ بۆچ مەسیحی ، یان، موسڵمان نیت؟
نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئایین مەسەلەیەکی شەخسی و پرسێکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەند ، یان ئەو ئەقیدەو بیر و باوەڕەیە، کەسەکە باوەڕی پێیەتی. کەس بۆی نییە، بە ناوی ئاسمان و لەسەر ئایینی جیاواز و دیدی جیاواز لێ پێچینەوە لەمرۆڤەکان بکات و بەشمشێر ملی ئازادی خەڵک ببڕێتەوە و ژیان لەمرۆڤەکان بکات بە قوزەڵقورت و دۆزەخ.
لە دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، هەموان مافیان پارێزراوە. لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تۆ ئازادیت ئایینت هەبێت ،یان، نا، تۆ ئازادیت و حەزدەکەیت ڕۆژی سەت ئایین بگۆڕە، بەیانی موسڵمان بە و نیوەڕۆژ ببە به مەسیحی، ئێوارە ئێزدی به و شەو ببە بە یارسان ، یان، زەردەشتی، یان بێ ئایین، کەس بۆی نییە هەڕەشەت لێ بکات و پێت بڵێت مادام ئایینت گۆڕی، یان، وازت لەئایین هێناوەو لەئایینەکەی من ڕۆشتیتە دەرەوە دەتکوژم، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لائیک بوون تاوان نییە، بەڵکو مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەر کەسێکە، کە نایەوێت هیچ ئایینێکی هەبێت و خۆی بەئایین ببەستێتەوە.

لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، بەرامبەر، مادام حەز و خولیاکەی، ئەقیدە و بیر و ڕاکەی، زیانی بۆتۆ نییە، کەواتە تۆ بۆت نییە، تەداخولی هەڵبژاردن و حەز و خولیاو ئازادیەکانی بەرامبەر بکەیت و ڕێگری لێ بکەیت، تۆ بۆت نییە خۆت بکەیت بە وتەبێژی ئاسمان و دەمڕاستی ئایین و شمشێری خوداوەند و بکەویتە وێزەی ئازادی خەڵک و ژیانی خەڵک لەقاڵب بدەیت و دەست لە ئازادی مرۆڤەکان وەربدەیت، نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، جگە لەئازادیەکانی تاک، هەڵبژاردن و حەز و خولیاکانی تاک، هیچ شتێکیتر پیرۆز نییە، هەموو شتێکیتر قابیلی قسە لەسەرکردن و ڕەخنە لێگرتنە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕێگە بەهیچ کەس و ئایین و مەزهەبێک و ئایدیۆلۆژیایەک نادرێت، شەریعەت و دۆگ و ڕێساکانی خۆی تێکەڵ بە دەستووری دەوڵەت و یاساکانی وڵات بکات و، ئەقیدەو ئیدەلۆژیاو بیر و باوەڕی خۆی ، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، بەهیچ پاساوێک و لەژێر هیچ ناوێکدا، ئەوە قابلی قبوڵ نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، کەس بۆی نییە شێوازێکی تایبەتی داهێنانی قژ و ستایلێکی پۆشاک پۆشین و ڕەنگێکی دیاریکراو، بەسەر ئەوانیتردا بکات بە ئەرک و ئایین و ئەخلاق، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئەخلاق ئەوەیە: ڕێز لە ئازادی ئەوانیتر بگریت و بە هیچ بیانوو پاساوێک، نەچیتە ناو تایبەت مەندی مرۆڤەکانە..

شەماڵ بارەوانی




هه‌وڵێكی بێ هووده‌ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ڕاستییه‌ك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له‌ نێوان زمان و كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ و زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسی و ژیاریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تیایدا ده‌ژیت. زمان، به‌ پێی گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م، پێش ده‌كه‌وێت و زمانی ئێستا وه‌ك زمانی دوێنێ نییه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ژیاریی و مرۆیی نوێدا، زمانیش گۆڕانكاریی به‌ سه‌ردادێت. ئیدی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌، كاریگه‌ریه‌تییان له‌ سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی زمان ده‌بێت و له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێك، زمانێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاگاییه‌ هزریی و فه‌رهه‌نگییه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌یه‌. گه‌لێك جار ئه‌و گۆڕانكارییانه‌، چه‌مك و زاراوه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێنن كه‌ پێشتر بوونییان نه‌بووه‌. بۆ نموونه‌: تاكو كۆرۆنا وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی ده‌رنه‌كه‌وت، وشه‌یه‌ك به‌و ناوه‌ له‌ زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كۆرۆنا بۆته‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی زمانه‌وانی فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ و بگره‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش. به‌ هه‌مان شێوه‌ سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، وشه‌یه‌ك نه‌بوو به‌ ناوی ( ڕام گیگابایت، برۆسیسه‌ر، هارد) و گه‌لێك وشه‌ی دیكه‌ش، ته‌نانه‌ت ئایتی و فه‌یسبووك و گه‌لێك زاراوه‌ی دیكه‌ش، به‌ڵام له‌ ئێستادا، ئه‌مانه‌ به‌ شێكن له‌ زمانی ده‌ربڕین و ئاخاوتن و نووسین، ئه‌گه‌رچی وشه‌كان كوردیش نین. بێگومان ئه‌مه‌ بۆ ڕابردووش هه‌مان شته‌. چونكه‌ به‌ ده‌یان وشه‌ی كۆن، كه‌ هێماو ئاماژه‌ بوون بۆ سه‌رده‌مێك و ئامرازێك و كارێك، له‌ ئێستادا بوونییان نه‌ماوه‌. كه‌وتا له‌ هه‌موو بارێكدا، زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و كه‌س ناتوانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی باوی سه‌رده‌م و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌رخانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، زمانێكی دیكه‌ی نوێ، كه‌ هه‌ڵگڕی ده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕینی نوێ بێت، دروست بكات و بێنێته‌ ئاراوه‌. زمان په‌یوه‌ستبوونێكی گشتی هه‌یه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ژیاریی و فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

_2
دوو ساڵێك له‌مه‌و به‌ر، دیوانی ژنێك به‌ ناوی ( زه‌ینه‌ب خان) چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروست كرد، چونكه‌ له‌ پڕ خوێنه‌ر به‌رناوی ژنه‌ شاعیرێك كه‌وت، كه‌ پێشتر هیچ ده‌نگ و ڕابردووێكی نه‌بوو. شیعره‌كانی زه‌ینه‌ب خان، چ له‌ ئاستی ناوه‌ڕۆك و چ له‌ ئاستی ڕواله‌ت و ڕوخساریی شیعریشدا، شیعری جوان و واتادار بوون، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ كه‌سانێكی زۆر ئه‌م ژنه‌ ، وه‌ك ژنه‌ شاعیرێكی به‌ توانا و داهێنه‌ر و گومناو، بناسێنن و په‌سنی خۆی و شیعره‌كانی بده‌ن. ته‌نانه‌ت خۆم یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه‌ وتارێكم له‌ باره‌ی شیعره‌كانییه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر نووسی و زه‌ینه‌ب خانم وه‌ك شاعیرێكی به‌ تواناو لێهاتوو ناساند. ئه‌م شێوه‌ ناساندنه‌ی نووسه‌ران بۆ ئه‌م ژنه‌ شاعیره‌ گومناوه‌، به‌رده‌وامی هه‌بوو، تاكو دواجار نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ (سوداد ڕه‌سوڵ) له‌ ڕێیی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌كادیمییانه‌ و بابه‌تییانه‌ی قووڵ، به‌ پشت به‌ستن به‌ خوێنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی وردی زمان و پێكهاته‌ی زمانه‌وانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ زه‌ینه‌ب خانی تیادا ژیاوه‌ و به‌رواردكردنی به‌ شیعره‌كان، ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست كه‌ ئه‌و شیعرانه‌، هی ئه‌و ژنه‌ شاعیره‌ نین و دراونه‌ته‌ پاڵ ئه‌و، یاخود ده‌ستكاریی شیعره‌كانی كراوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هونه‌ركاریی و ڕێكخستنێكی گه‌وره‌ی زمانه‌وانییان بۆ كرابێت، تاكو وه‌ك داهێنانێكی شیعری بدرێته‌ پاڵ زه‌ینه‌ب خان. لێره‌و له‌وێ، هه‌وڵدرا وه‌ڵامی مامۆستا سوداد بدرێته‌وه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌م وه‌ڵامانه‌، بڕوا پێهنه‌ر و لۆژیكی و زانتسییانه‌ نه‌بوون، به‌ڵكو پتر كاردانه‌وه‌ بوون و هه‌ندێكیشییان له‌ سۆنگه‌ی شارچیه‌تییه‌وه‌، وه‌ڵامییان دایه‌وه‌. بێگومان ئه‌و وتاره‌ی مامۆستا سوداد، به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و به‌هادارترین و مه‌عریفیترین وتار داده‌نرێت، كه‌ ڕاستی زه‌ینه‌ب خان و شیعره‌كانی، بۆ هه‌مووان ده‌رخست و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و مێژووه‌ی زه‌ینه‌ب خانی تیادا ژیاوه‌، هاوكات به‌ شه‌ن و كه‌وكردن و شڕۆڤه‌كردنێكی وردی بونیادی زمانی نووسین و ڕۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی وردی فه‌رهه‌نگییانه‌ی زمان، ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست كه‌ ئه‌و شیعرانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گوزارشت له‌ زمان و سه‌رخانی ژیاریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و قۆناغانه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناكه‌ن و ناشێ زه‌ینه‌ب خان، زمانێكی دیكه‌ی تایبه‌تی داهێنابێت، به‌ تایبه‌تیش له‌ سه‌رده‌مێًكدا، كه‌ ده‌یان شاعیر و داهێنه‌ری وه‌ك پیره‌مێرد و گۆران و شێخ نوری و بێكه‌س و برایم ئه‌حمه‌د و ڕه‌فیق حیلمی و تۆفیق وه‌هبی و حوسێن حوزنی موكریانی و چه‌ندانی دیكه‌ی تیادا ژیاون. به‌و مانایه‌ی ناگونجێت، هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و هزریی ژنێك، له‌ پێشه‌وه‌ی هوشیاریی ده‌یان منه‌وه‌ری كورد بێت، بۆ سه‌رده‌مێكیش كه‌ ڕه‌گه‌زی مێ نه‌ك هه‌ر بواری ده‌ركه‌وتنی نه‌بووه‌، بگره‌ له‌ هه‌موو مافێكیش بێ به‌ش بووه‌ و ژنبوون خۆی له‌ خۆیدا، شووره‌یی و نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ ته‌نانه‌ت به‌ ئێستاشه‌وه‌ مه‌به‌ستمان له‌ كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌). بۆچوونكه‌ی نووسه‌ر، ده‌ره‌نجامی به‌راوركردنێكی وردی فه‌رهه‌نگییانه‌ی زمان و زمانی شیعری ئه‌و ژنه‌ شاعیره‌ش بوو. به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ئه‌م وتاره‌ی مامۆستا سوداد، هیچ گومانێكی له‌وه‌دا نه‌هێشتۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌و شیعرانه‌ یا هی زه‌ینه‌ب خان نین، یان ده‌ستكاریی كراون (هیوادارم خوێنه‌ران وتاره‌كه‌ی ناوبراو بخوێننه‌وه‌) دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌شی له‌ گۆڤارێكی سه‌نگینی وه‌كو ڕاماندا، جگه‌ له‌ چه‌ند سه‌رنجێكی ڕاگوزه‌ر و نا بابه‌تییانه‌ی چه‌ند كه‌سێك، تاكو ئێستاش هیچ نووسه‌رێك نه‌یتوانیوه‌، وه‌ڵامی ئه‌و گومان و بۆچوونه‌ زانستییه‌ی نووسه‌ر بداته‌وه‌. ئه‌وانه‌شی كه‌ وه‌ك وه‌ڵام ده‌نووسرێن، له‌ ڕاستیدا نه‌ك هیچ له‌و ڕاستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ ناگۆڕن كه‌ له‌ نووسینه‌كه‌ی ئه‌ودا هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، دووركه‌وتنه‌وه‌شه‌ له‌و بۆچوونانه‌ی نووسه‌ر.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، مامۆستا (پێشڕه‌وی سه‌ید برایم) له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێكدا* بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌ تێگه‌یشتنی خۆی، وه‌ڵامی گومانه‌كانی سوداد ڕه‌سول ده‌داته‌وه‌ و گوایه‌ ئه‌و وه‌همه‌ی ڕه‌واندۆته‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌ باره‌ی زه‌ینه‌ب خان هه‌یه‌تی. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك وتاره‌كه‌ی م پێشره‌و بخوێنێته‌وه‌، زۆرباش درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ سه‌ر بنه‌مای (ناسین و كۆیایه‌تییه‌) به‌و پێیه‌ی زه‌ینه‌ب خان و خۆشی هه‌ردووكییان (كۆی)ین، ئه‌وه‌نده‌ وه‌ڵامێكی ورد و بابه‌تییانه‌ی نووسینه‌كه‌ی نووسه‌ر نییه‌ و بگره‌ به‌شێكی زۆری نووسینه‌كه‌ی، هه‌رپه‌یوه‌ندی به‌و ڕه‌هه‌نده‌ زمانه‌وانی و مۆرۆفۆلۆژییه‌وه‌ نییه‌، كه‌ سوداد ره‌سول، وه‌ك به‌ڵَگه‌یه‌كی به‌ هێزی زمانه‌وانی، بۆ گومانكردن له‌ شیعر و تواناكانی شیعریی زه‌ینه‌ب خان، ده‌ریبڕیون. ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی م – پێشڕه‌و كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ زانستییه‌كانی مسوداد خستویه‌تییه‌ ڕوو، ئه‌رگۆمێنتی لاوازن و ته‌نانه‌ت به‌شی زۆری وتاره‌كه‌ی، دوورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رنجه‌كانی نووسه‌ره‌وه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌ ده‌نووسێت:( زه‌ینه‌ب خان وه‌هم نییه‌ و هه‌بووه‌)، به‌ڵام م سوداد باسی زه‌ینه‌ب خان ناكات وه‌كو هه‌ر كه‌سێك، به‌ڵكو شیعره‌كانی به‌ وه‌هم ده‌زانێت، واتا ئه‌و قسه‌ له‌ سه‌ر دنیابینی ئه‌و ژنه‌ و شیعره‌كانی ده‌كات. ده‌شێ لێره‌ زه‌ینه‌ب خان وه‌ك ژنێك كه‌ خوشكی دڵداری شاعیربووه‌، ژنێكی هوشیار و تێگه‌یشتوو ببێت، به‌ڵام چ به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شیعره‌ هونه‌رییانه‌ هی ئه‌ون؟ به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، زمانێكی دیكه‌ی شیعری به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.
یه‌كێك له‌ گرنگترین بڕواهێنه‌رتین ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی، م –سوداد له‌ باره‌ی گومان خستنه‌ سه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ خستوویه‌تییه‌ ڕوو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هاتووه‌ به‌راوردكردنێكی وردی زمانی شیعره‌كان و زمانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، له‌ ڕووی واتاسازیی و بونیادی ڕێزمانه‌وانی كردووه‌ و به‌مه‌ش ده‌ریخستووه‌ كه‌ زمانی شیعره‌كانی زه‌ینه‌ب خان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نییه‌. ئه‌مه‌ چ له‌ ئاسته‌ میللییه‌كه‌ی بێت، چ له‌ ئاسته‌ بژارده‌یه‌كه‌ش بێت. بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌شی، م – سوداد، ئه‌رك و ماندووبوونێكی گه‌وره‌ی بینیوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر نووسین و داڕشتنی ئه‌و قۆناغه‌ و به‌راودی كردووه‌ به‌ شیعره‌كان. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌رگۆمێنته‌ به‌هێزانه‌ی، كه‌ نووسه‌ر له‌ باره‌ی شیعره‌كانه‌وه‌ خستوویه‌تییه‌ ڕوو. ئاخر ئه‌گه‌ر لۆژیكییانه‌ش بیربكه‌ینه‌وه‌، ناشێ له‌ نێو ده‌یان شاعیر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، كه‌ زمانی تێكسته‌كانییان پڕه‌ له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی و بگره‌ توركیش، ژنێك به‌ ته‌نها له‌ شوێنێكی داخراویی وه‌ك قه‌ڵاو له‌ شارێكی كۆنه‌پارێزی زۆر سووننه‌تی وه‌ك هه‌ولێری ئه‌و ساتدا، بێت به‌ زمانێكی ئه‌و په‌ڕی كوردییانه‌ و په‌تییانه‌ شیعر بنووسێت. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا، پرسیارێكی لۆژیكییانه‌یه‌. چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌ هێشتا زمانی كوردی به‌و ئاسته‌ی ئێستا پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌، چۆن ژنێك ئه‌و ئاگاییه‌ زمانی و فه‌رهه‌نگییه‌ی هه‌بووه‌، به‌ زمانێكی دیكه‌ی جیاواز شیعر بنووسێت؟ چونكه‌ زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تیایدا ده‌ژیت.
م_ پێشره‌وه‌، هه‌وڵده‌دات به‌ هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێك پاسا و به‌ڵگه‌ی بێ هێز، بیسه‌لمێنێت كه‌ نه‌خێر زه‌ینه‌ب خان شاعیرێكی هوشیار و تێگه‌یشتوو بووه‌ و هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌شی زاده‌ی ئه‌و هوشیارییه‌ و پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌ی خۆیه‌تی. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌نووسێت:
(ئه‌گه‌ر سه‌یری وێنه‌كانی زه‌ینه‌ب خان هی سه‌رده‌می لاویه‌تی بكه‌ی، ده‌بینی سه‌رپۆشی له‌ سه‌ر نییه‌ و ئازادانه‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌وجا له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌ شیعرییه‌كانی به‌راورد بكه‌ی، تێ ده‌گه‌ی خاوه‌ن چ كه‌سایه‌تییه‌ك بووه‌) من نازانم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دنیابینی و گوتاری شیعری شاعیرێك بگه‌ین و بیكه‌ینه‌ پێوه‌رێك بۆ خوێنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كانی، ئایا شیعره‌كانی ده‌كه‌ینه‌ بنه‌ما یان وێنه‌كانی؟ ئایا پێوه‌ری شاعیربوونی ژنێك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وێنه‌ی بێ سه‌رپۆش گرتووه‌ و ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ شاعیرێكی ئازاد و یاخی و هوشیار بووه‌؟ ئه‌م جۆره‌ به‌ڵگانه‌، ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ نووسه‌ر نه‌یتوانیوه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌، وه‌ڵامی نووسینه‌كه‌ی مامۆستا سوداد بداته‌وه‌، كه‌ ده‌یسلمێنن ئه‌و شیعرانه‌، به‌ هیچ جۆرێك زاده‌ی ساڵانی بیسته‌كان و سییه‌كان نین. هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و پاساو هێنانه‌وانه‌دا، م پێشره‌و ده‌نووسێت:
( زه‌ینه‌ب خان، ژنێكی زۆر ئازاد بوو له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و هاتووچۆ، بۆ كوێ بچووبایه‌ بێ سه‌رپۆش و عه‌با ئازادانه‌ ده‌چوو، هیوایه‌تی گۆڤار و كتێب بوو) تا ئێره‌، دیاره‌ كه‌ زه‌ینه‌ب خان چۆن بووه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و په‌سنه‌دا و بیست و سێ دێڕ دواتر، نووسه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست پێ بكات ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:
( زه‌ینه‌ب خان گووتوویه‌تی بۆیه‌ به‌ ناوی كچه‌ كورد شیعر ده‌نووسم، تا له‌ قسه‌ و قسه‌لۆكی خه‌ڵكی به‌ دووربم) پرسیاری من وه‌ك خوێنه‌رێك لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ژنه‌ شاعیرێك ئازاد و یاخی ، ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتوو بێت، له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای بیست، بێ په‌چه‌ و عه‌با هاتووچۆی كردبێت، چۆن سڵی له‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكی كردۆته‌وه‌؟ ڕێی تێ ده‌چێت ژنێك باس له‌ ( جه‌ژنی ئایار و گرنگی خوێندن و وڵات پارێزیی و خه‌بات و هزر و بیر و خوێندنگه‌ و نیشتمان) بكات و له‌وه‌ واوه‌تریش دژ به‌ كولتووری باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ژیابێت، گوێ به‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكی بدات؟ ئه‌گه‌ر به‌و وه‌سفه‌ بێت، ئه‌وا زه‌ینه‌ب خان نه‌ ئازاد، نه‌ یاخی، نه‌ پێشكه‌وتووش بووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بگره‌ دید و تێڕوانینی وه‌ك هه‌ر ژنه‌ میللییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بووه‌، كه‌ له‌ به‌ر قسه‌ و قسه‌ڵۆك، ناتوانن ئازادانه‌ هه‌مووكار و ڕه‌فتارێك بكه‌ن. بێگومان هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاره‌كانی مرۆڤ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاده‌ی هوشیاریی و تێگه‌یشتوویی خۆیه‌تی. بۆیه‌ ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، له‌ بیركردنه‌وه‌ی ژنه‌ شاعیرێك ناچێت، كه‌ شیعره‌كانی ده‌یان جار له‌ پێشه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌ و بیركردنه‌وه‌ی باوی سه‌رده‌مه‌كه‌ بوو بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و شیعرانه‌، هی زه‌ینه‌ب خان نین و دروانه‌ته‌ پاڵ ئه‌و.
م.پێشڕه‌ و له‌وه‌ڵامه‌كه‌یدا، هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات، خۆی وته‌نی له‌ پێناوی ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه‌ی مامۆستا سوداد هه‌یه‌تی ( كه‌ من وه‌ك خوێنه‌رێك بڕوام وایه‌ ڕاستییه‌ و وه‌هم نییه‌) بۆیه‌شه‌ درێژه‌ به‌ گه‌لێك باس و بابه‌ت ده‌دات، كه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندییان به‌ نووسینه‌كه‌ی مامۆستا سوداده‌وه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌: دوو سێ لاپه‌ڕه‌ی له‌ نووسینه‌كه‌ی بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی كرێكاران نووسیوه‌، له‌ كاتێكدا كه‌سمان نییه‌ مێژووی كرێكاران و ئه‌و جه‌ژنه‌ نه‌زانێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌یان هیچ بایه‌خێكی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌، كه‌ چۆن ژنێك له‌ سه‌ره‌تای بیسته‌كاندا ( جه‌ژنی كرێكار) كه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كوردییانه‌ و په‌تییانه‌یه‌ به‌كار دێنێت و كرێكار له‌ بری (عه‌مه‌له‌) ده‌نووسێت؟ له‌ كاتێكدا هه‌موو نووسینه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ بری كرێكار (عه‌مه‌له‌) به‌ كاردێنن؟ دیسانه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست ده‌بێت، تۆ بڵێی هوشیاریی و تێگه‌یشتوویی زه‌ینه‌ب خان وه‌ك ژنێكی ئه‌وكات، له‌ پێشه‌وه‌ی هوشیاریی شاعیرو ڕووناكبیرێكی وه‌ك پیره‌مێرد و ڕه‌فیق حیلمی و بێكه‌س به‌ نموونه‌ بووبێت؟ بۆچی ئه‌وان نه‌یانتوانیوه‌، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ كوردییه‌ په‌تییانه‌ دابهێنن، بۆچی ژنێك كه‌ له‌ ترسی قسه‌ و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكی به‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی شیعری نه‌نووسیوه‌، توانیویه‌تی ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ له‌ ئاستی زمان و فه‌رهه‌نگدا دابهێنێت؟ هه‌ر له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا، م پێشڕه‌و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:
( زه‌ینه‌ب خان له‌ ساڵی 1930 وشه‌ی وڵاتپارێزی به‌كار هێناوه‌ ئه‌مه‌ش ئاساییه‌، چونكه‌ له‌ گۆڤاری هاوار له‌ سالی 1933 ، وشه‌ی وڵاتپارێز به‌كار هاتووه‌) به‌ بڕوای من ئه‌و بۆچوونه‌، گومانێكی گه‌وره‌ هه‌ڵده‌گرێت، له‌ سه‌رێكه‌وه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ساڵی 1933 له‌ گۆڤاری هاوار هاتبێت، چۆن زه‌ینه‌ب خان سێ ساڵ پێشووتر له‌ شیعره‌كانیدا به‌ كاری هێناوه‌؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ گۆڤاری هاواریش هاتبێت، ئه‌وا ده‌بوو م پێشره‌و خۆی له‌وه‌ نه‌بوێرێت كه‌ ئه‌م گۆڤاره‌، له‌ شام ده‌رچووه‌ و شێوه‌زاری كوردانی خۆرئاواش به‌ ئێستاشه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ ئێمه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ گۆڤاری هاوار هاتبێت، به‌ڵام به‌ هیچ جۆرێك ئاسایی نییه‌، ژنێك له‌ ساڵی 1930، واتا سێ ساڵ به‌رله‌ گۆڤاری هاوار، دركی به‌م وشه‌ سیاسیی و هزریی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕییه‌ كردبێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هۆكاری زۆر ساده‌، كه‌ مامۆستا سودادیش جه‌ختی لێكردۆته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، زاراوه‌ی (وڵاتپارێز) له‌ دوای نه‌وه‌ده‌كان و له‌گه‌ڵ هاتن و ده‌ركه‌وتنی په‌كه‌كه‌ له‌ كوردستانی باشوور، له‌ نێو ئێمه‌دا ده‌بێته‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زمانه‌وانی. واتا وشه‌یه‌كه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و حزبی په‌كه‌كه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تاكو ته‌را له‌ سه‌رده‌مێكیشدا به‌كار هاتبێت، ئه‌وا نابێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌بوونی وشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زمانه‌وانی گشتی، چونكه‌ هه‌موو ده‌ربڕین و زاراوه‌یه‌ك ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ، كه‌ ئاماژه‌یه‌كی گشتی و زمانه‌وانی هه‌بێت و له‌ زمانی نووسین و ده‌ربڕینی گشتیدا به‌رجه‌سته‌ بكرێت و ڕه‌نگبداته‌وه‌. واتا ببێته‌ به‌شێك له‌ زمانی باوی سه‌رده‌م ، نه‌ك تاكه‌ كه‌سێك به‌ كاری بێنێت. خاڵێكی دیكه‌ كه‌ له‌ نووسینه‌كه‌ی م پێشڕه‌ودا، جێگه‌ی پرسیار و له‌ سه‌ر وه‌ستان و هاوكات ده‌توانم بڵێم پارادۆكسێكی گه‌وره‌شی تێدایه‌، ئه‌و شیعره‌ی ( مه‌لا ڕه‌ئوف) ی باوك زه‌ینه‌ب خانه‌ كه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌. به‌ سه‌رنجدانمان له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ و ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی باوكی زه‌ینه‌ب خان له‌ شیعره‌كه‌یدا به‌كاری هێناون، هیچ گومانێك له‌وه‌دا نامێنێته‌وه‌، كه‌ وه‌ك م سوداد ڕه‌سول ده‌یڵێت، شیعره‌كانی زه‌ینه‌ب خان هی ساڵانی بیست و سییه‌كان نیین و له‌ هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان نووسراون. چونكه‌ زمانی ئه‌و شیعره‌ی باوكی زه‌ینه‌ب خان، پڕه‌ له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی عه‌ره‌بی و دووره‌ له‌ كوردی په‌تی و هاوكات یه‌كانیگیریشه‌، له‌گه‌ڵ زمانی نووسینی ئه‌و سه‌رده‌م، كه‌ م سوداد، دوو نموونه‌ی لێیانه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كانی (ژیان و ژیانه‌وه‌) هێناوه‌ته‌وه‌.
له‌ شیعره‌كه‌ی مه‌لا ڕه‌ئوفی باوكی زه‌ینه‌ب خاندا، ئه‌م وشه‌ عه‌ره‌بییانه‌ ده‌بینرێن (حه‌لی مشكله‌، مه‌دح ، میسل ، ریات، حوسن، عه‌قل، فه‌هم) پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر زه‌ینه‌ب خان، له‌ ته‌مه‌نی بیست و چوار ساڵیدا، ئه‌و هه‌موو شیعرانه‌ی به‌و زمانه‌ په‌تییه‌ نووسیبێت، چۆن هه‌مان زمان و ده‌ربڕینیش له‌ شیعره‌كه‌ی مه‌لا ڕه‌ئوفی باوكیدا نابینرێت؟ بۆچی باوكی له‌ بری وشه‌ی (هزر) عه‌قل و له‌ بری وشه‌ی (بیر) فیكر نه‌نووسیوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شیعره‌كانی زه‌ینه‌ب خان هه‌یه‌؟ له‌ كاتێكدا ئه‌مانه‌ باوك و كچ بوونه‌ و په‌روه‌رده‌ی یه‌ك ژینگه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و كولتووریی و فه‌رهه‌نگی بوونه‌؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ، له‌ ڕووی ئه‌زموونی ژیان و دنیا دیده‌یی و خوێنده‌وه‌ و زانست و زانیارییش، ده‌بێ مه‌لا ڕه‌ئوف زۆر له‌ زه‌ینه‌ب خان ئه‌زمووندارتر بووبێت، كه‌ واتا ده‌بێ زمانی ئه‌ویش له‌ پێشه‌وه‌ی زمانی زه‌ینه‌ب خان بێت.
ده‌كرێ پرسیارێكی دیكه‌ بكه‌ین، بۆچی هه‌مان ئه‌و زمانه‌ی زه‌ینه‌ب خان، له‌ شیعره‌كانی دڵداریش بوونی نییه‌؟ خۆ دڵدار یه‌كێك بووه‌ له‌ دیارترین شاعیرانی ئێمه‌ و له‌ ساڵانی چله‌كاندا كۆلیژی مافی ته‌واو كردووه‌ و خاوه‌نی تێكستی به‌ ناوبانگی ئه‌ی ڕه‌قیبه‌ ؟ ئه‌گه‌ر به‌راوردی شیعره‌كانی دڵدار و زه‌ینه‌ب خان بكه‌ین، سه‌دوو هه‌شتا پله‌، هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ی زمان و فۆڕمی شیعری له‌ نێوان هه‌ردووكییان ده‌كه‌ین، چونكه‌ زمانی دڵدار، وه‌ك زمانی هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، ته‌ژییه‌ له‌ وشه‌ و وێنه‌ و ده‌ربڕینی عه‌ره‌بی، به‌ پێچه‌وانه‌ی زه‌ینه‌ب خانه‌وه‌ كه‌ باسی (وڵات پارێزیی) و (هزر) و (یه‌كی ئایار ده‌كات!).
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و باسه‌، وه‌ك م سوداد ده‌یڵێت، بۆچی دڵدار له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی، باسی زه‌ینه‌ب خانی نه‌كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌داوه‌، كه‌ خوشكێكی هه‌یه‌ شاعیرێكی به‌ توانا و جواننووسه‌؟ هه‌ڵبه‌ته‌ زه‌ینه‌ب خان، خوشكی گه‌وره‌ی دڵدار بووه‌، وه‌ك له‌ دیوانه‌كه‌شی باس كراوه‌، كه‌ دڵداری شاعیر ئه‌و گه‌وره‌ی كردووه‌ و زۆریشی خۆشویستووه‌ و وه‌ك دایكێك له‌ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی ڕۆڵێكی مه‌زنی له‌ ژیانی دڵداری برای بینیوه‌، كاتێ دڵداریش ده‌مرێت، لاوانه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌نووسێت، ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ و ڕایه‌ڵه‌ی ڕوحییه‌ی نێوان دڵدار و زه‌ینه‌ب خان له‌ به‌رچاو بگرین، ئه‌وا ده‌بوو دڵدار به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ و خۆشه‌ویست و دیار، ناوی زه‌ینه‌ب خان بهێنێت. چونكه‌ سرووشتی ژیان وایه‌، باسی كه‌سێك ناكرێت، ئه‌گه‌ر ڕۆڵێكی له‌ میانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری نه‌بینیبێت. ئه‌گه‌ر پاساویش ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌، بۆ ژن سه‌رده‌مێكی داخراو و دواكه‌وتوو بووه‌ و ژن هیچ ڕۆڵێكی نه‌بینیوه‌و بێبه‌ش بووه‌ له‌ هه‌موو مافێكی، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ ده‌بێ گومان له‌و شیعرانه‌ بكه‌ین كه‌ زه‌ینه‌ب خان نووسیویه‌تی. هه‌ر له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا مپێشڕه‌و ، لێره‌و له‌وێ، هه‌وڵده‌دات هه‌ندێك شیعر و كورته‌ باس بێنێته‌وه‌ و تێكهه‌ڵكێشی نووسینه‌كه‌ی بكات، تا وای پیشان بدات كه‌ ئه‌وه‌ی م سوداد ده‌یڵێت، هه‌مووی هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ م_ پێشڕه‌وه‌، نه‌یتوانیوه‌ به‌ هه‌مان ئه‌رگۆمێنتی مێژوویی و ئه‌ده‌بی، ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ م_ سوداد له‌ باره‌ی زه‌ینه‌ب خانه‌وه‌ ده‌یڵێت، بڕه‌وێنێته‌وه‌. بگره‌ له‌ زۆری شوێنی وتاره‌كه‌ی به‌ دوودڵی و خۆپارێزییه‌وه‌، باس له‌ هه‌ندێك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ ده‌كات، چونكه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌و خۆشی گومانی هه‌یه‌، ئه‌م هه‌موو وشه‌ كوردییه‌ په‌تییانه‌، به‌رهه‌می ئه‌و ساڵانه‌ بن، بۆیه‌ گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، جۆرێك له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ و یه‌قین له‌ ساغكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی نابینین، به‌ڵكو وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هه‌وڵی نزییكردنه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌دات. م پێشڕه‌و ده‌نووسێت:(وشه‌ی نیشته‌نی ، له‌ نیشتمانه‌وه‌ نزیكه‌) به‌ڵام چ به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌، ماناو ده‌لاله‌تی نیشتمان بگه‌یه‌نێت؟ یاخود ده‌نووسێت:(وشه‌ی هزر پێش نه‌وه‌ده‌كان هه‌بووه‌) به‌ڵام م.سوداد باس پێش نه‌وه‌ده‌كان ناكات، به‌ڵكو ده‌ڵێت وشه‌كه‌ له‌ بیست و سییه‌كان بوونی نه‌بووه‌) بێگومان ئه‌گه‌ر به‌ وردی وتاره‌كه‌ی مامۆستا سوداد بخوێنینه‌وه‌، به‌ ڕاستی زۆر پرسیاری لۆژیكی، گومانی گه‌وره‌ و دوودڵیمان له‌ به‌رانبه‌ر ژنێك به‌ ناوی زه‌ینه‌ب خان بۆ دروست ده‌بێت. بۆچوونه‌كانی ئه‌و ده‌ریده‌خه‌ن، كه‌ زه‌ینه‌ب خان، شاعیر نه‌بووه‌، ئه‌و شیعرانه‌شی كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ ئه‌و، له‌ شیعری هه‌فتا و هه‌شتاكان ده‌چن، چونكه‌ نه‌ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی فۆرمی شیعریشه‌وه‌، شیعره‌كانی به‌ هی ئه‌و سه‌رده‌م ناچن. ته‌نانه‌ت ده‌ستنووسه‌كانیشی كه‌ له‌ پاشكۆی دیوانه‌كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ ڕێنووسی ئه‌و كاته‌ن، كه‌ پیتی نوێ و ڕێنووسێكی جیاوازتر له‌ قۆناغی بیسته‌كان و سییه‌كان دێته‌ ئاراوه‌. من وه‌ك خوێنه‌رێك لێره‌دا ،نامه‌وێت ئه‌و سه‌رنجه‌ ڕه‌خنه‌ییانه‌ی م سوداد بڵێمه‌وه‌، به‌ڵام له‌ په‌راوێزی ئه‌و سه‌رنجانه‌وه‌، خوێنه‌ر پرسیاری بێ وه‌ڵامی لا دروست ده‌بێت. بۆ نموونه‌: زه‌ینه‌ب خان شیعرێكی له‌ ساڵی 1930 نووسیوه‌ و وشه‌ی (مێژوو) ی به‌كارهێناوه‌. ئه‌و سه‌رده‌م ته‌نها (تاریخ) به‌كار هاتووه‌، باشه‌ چۆن زه‌ینه‌ب خان دركی به‌م وشه‌یه‌ كرد؟ ئه‌گه‌ر خۆمان له‌وه‌ش ببوێرین، شتێكی دیكه‌ جێی سه‌رنجه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (ئه‌مین زه‌كی به‌گ) له‌ ساڵی 1931 كتێبه‌كه‌ی به‌ ناوی ( خولاسه‌یه‌كی تاریخی كورد) بڵاَوكردۆته‌وه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وشه‌ی (مێژوو) پێشی ئه‌و به‌رواره‌ هه‌بووبێت، بۆچی ئه‌مین زه‌كی، ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی به‌ (تاریخ) ی عه‌ره‌بی ده‌نووسی و به‌ (مێژوو) ی كوردی نه‌نووسیوه‌؟ خۆ ئه‌و مێژوونووسێكی به‌ تواناو دیاربووه‌؟ ئه‌ی بۆچی له‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌شیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی م سوداد ده‌یڵێت، باسی وشه‌ی (مێژوو) ی نه‌كردووه‌؟ به‌ هه‌مان شێوه‌، زه‌ینه‌ب خان له‌ شیعرێكیدا، له‌ ساڵی 1930 وشه‌ی (ئاشته‌وایی) به‌كار هێناوه‌، م سوداد زۆر بوێرانه‌ و بێ منه‌تانه‌، سه‌رپشكمان ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ئه‌ده‌بیاتی كوردی له‌ ساڵی سییه‌كانه‌وه‌ تا هه‌شتاكان بخوێنینه‌وه‌، بزانین وشه‌ی ئاشته‌واییان تێدایه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م سه‌رنجانه‌دا، به‌ داخه‌وه‌ مپێشڕه‌و بێ وه‌ڵامه‌ و ته‌نها ده‌یه‌وێت، به‌ هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ نووسینه‌كه‌ی نووسه‌ره‌وه‌ نییه‌، نووسینه‌كه‌ی درێژ بكاته‌وه‌. چونكه‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و وتاره‌ش ئاماژه‌مان پێداوه‌، كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌و، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ سه‌ر بنه‌مای ( ناسین و كۆیایه‌تییه‌) ئه‌وه‌نده‌ شرۆڤه‌كردنێكی وردی زمان و ڕێنووس و شێوازی نووسینی كوردی له‌ ساڵانی بیسته‌كان و سییه‌كان نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی مسوداد كردوویه‌تی و بڕواهێنه‌ره‌. خاڵێكی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر زه‌ینه‌ب خان شاعیر بووه‌، بۆ چی له‌ ماوه‌ی شه‌ست و سێ ساڵ ته‌مه‌نی خۆیدا، تاكه‌ یه‌ك شیعر و یه‌ك ڕسته‌شی له‌و هه‌موو گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوانه‌ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌، كه‌ له‌و كات ده‌رچوونه‌؟ له‌ كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین شاعیران له‌و توێژه‌ن، كه‌ هه‌ڵپه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعرییان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش یه‌كه‌م شیعر و سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعرییان. ئه‌مه‌ش پرسیارێكی زۆر عه‌قلانی و به‌جێیه‌، كه‌ مامۆستا سوداد ده‌یكات و بێ وه‌ڵامه‌.

3
ئێمه‌ له‌م وتاره‌ماندا، به‌رگریی له‌ مامۆستا سوداد ناكه‌ین، چونكه‌ خۆشبه‌ختانه‌ وتاره‌كه‌ی ئه‌و، پێویستی به‌ داكۆكیكردن نییه‌ و بگره‌ زۆر بڕواهێنه‌ر و عه‌قڵانی و لۆژیكیشه‌، ته‌نها ده‌مه‌وێت باس له‌وه‌ بكه‌م كه‌ ده‌بێ واز له‌و نه‌ریته‌ بێنین به‌ زۆر (خه‌ڵكی هیچ له‌ باردانه‌بوو) بكه‌ین به‌ شاعیر و داهێنه‌ر و منه‌وه‌ر، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا بۆته‌ مۆدێل. وه‌ك خوێنه‌رێك ڕۆژانه‌ چاوم به‌ ده‌یان وشه‌ی وه‌ك ( داهێنه‌ر ، نوێخواز ، تێپه‌ڕاندن و دابڕانی شیعری ، ئه‌زموونی جیاوازو تایبه‌ت) و ده‌یان ده‌سته‌واژه‌ی زلی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌وێت ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بنووسه‌كانییان یه‌ك تۆز توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ وه‌همی و زلانه‌، به‌ كردار و ئه‌رگۆمێنت بسه‌لمێنن. ئاخر ئه‌گه‌ر شاعیرێك، له‌ هه‌فتاكان چۆنی نووسیبێت، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ شیعر بنووسێت، ده‌كرێ بڵێین داهێنانی شیعری كردووه‌؟ به‌ داخه‌وه‌ خوێنه‌ری بیركه‌ره‌وه‌ و به‌ هه‌ڵوه‌سته‌، زۆر كه‌مبۆته‌وه‌ له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا، بۆیه‌ به‌ ئاسانی ئه‌و باسانه‌ تێ ده‌په‌ڕن. ئه‌گه‌ر چوار نووسه‌ری دیكه‌ی وه‌ك مامۆستا سوداد، به‌ سه‌لیقه‌وه‌ سه‌رقاڵی ئه‌و ساغكردنه‌وانه‌ بن كه‌ له‌ باره‌ی ناوی وه‌همی و شیعری وه‌همی ده‌نووسرێن، ئه‌وا بڕوام وایه‌ به‌ شێكی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌!

4
له‌ كۆتاییدا، ده‌مه‌وێ زۆر به‌ ڕاشكاویی ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ مامۆستا سوداد به‌و وتاره‌ی، قفڵی له‌ دیوانی زه‌ینه‌ب خاندا، بۆیه‌ هه‌ر وه‌ڵام و وه‌ڵامكارییه‌ك بنووسرێت، هیچ به‌هایه‌كی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفی نییه‌. چونكه‌ نووسه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا، زۆر به‌ وردی، زمان و پاشخانی هزریی و ڕۆشنبیریی ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به‌راورد به‌ زمان و شیعره‌كانی زه‌ینه‌ب خان كردووه‌. ئه‌گه‌ر لۆژیكییانه‌ش بیر بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ وردی وتاره‌كه‌ی بخوێنینه‌وه‌، ڕاستییه‌كه‌ی گومانێكی زۆرمان له‌ باره‌ی ناوی ئه‌و ژنه‌ شاعیره‌ ، كه‌ پیره‌مێرد وته‌نی ( له‌ پڕێ بووه‌ كوڕێ) بۆ دروست ده‌بێت. چونكه‌ ناشێت ژنه‌ شاعیرێك له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌ ده‌یان شاعیر و زانای ئایینی و یاساناس و سیاسیی به‌ توانای تیادا ژیاوه‌، به‌ ته‌نها بێت باسی (یه‌كی ئایار) و(وڵاتپارێزیی) و (بیر) و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی دیكه‌ش بكات، كه‌ هه‌ندێكییان به‌رهه‌می دوای ڕاپه‌ڕینن. یاخود گۆران، كه‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردییه‌ و زمانێكی نوێی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، گه‌ر سه‌یری شیعره‌كانی بكه‌ین، ده‌بینین ته‌ژین له‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی، كه‌ هاوته‌مه‌ن و هاوسه‌رده‌م و هاوقۆناغی ژیانی زه‌ینه‌ب خانیش بووه‌، كه‌واتا بۆچی گۆران نه‌یتوانیوه‌ به‌و زمانه‌ په‌تییه‌ شیعر بنووسێت و زه‌ینه‌ب خان توانیویه‌تی؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ماانه‌ پرسیاری مه‌عریفین وده‌بێ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌.

———————————————————

ڕواندز_ ڕێبه‌ندانی 2721 كوردی

ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌ند په‌راوێزێك:_

  • وتاره‌كه‌ی م –پێشڕه‌و، له‌ ماڵپه‌ڕێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم ماڵپه‌ڕی (وتاری كورد بوو) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. من به‌ ڕێكه‌وت وتاره‌كه‌ و ماڵپه‌ڕه‌كه‌شم بینی. لێره‌وه‌ سه‌رنجی نووسه‌رانی ئازیز بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشم، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت باس و بابه‌ته‌كانییان بخوێنرێته‌وه‌ و زۆرترین خوێنه‌ر بیبینێت، ئه‌وا با له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان بابه‌ته‌كانییان بڵاوبكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ پڕخوێنه‌رترین و له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ماڵپه‌ڕه‌كانی تره‌. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌، نه‌ك ڕیكلام بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌.
  • هیوادارم و تكاشم وایه‌، خوێنه‌ران وتاره‌كه‌ی م _سوداد بخوێننه‌وه‌، كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌مه‌و به‌ر له‌ ده‌نگه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌. ده‌توانن به‌ گرته‌ كردن له‌ سه‌ر به‌شی ئه‌ده‌ب، بچنه‌وه‌ سه‌ر وتاره‌كه‌. شایه‌نی ئاماژه‌كردنه‌ وتاره‌كه‌ له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی دیوانه‌كه‌ له‌ گۆڤاری ڕامان بڵاوبۆته‌وه‌، من ئه‌و كات خوێندمه‌وه‌.
    https://dengekan.info/archives/22354



وه‌ك وێڵگه‌ پانۆڕامییه‌ ئه‌م داستانه‌.. ئه‌دیب نادر

“من سه‌ر به‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌م كه‌ كاتی خۆی له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و مه‌ینه‌تیدا گۆرانی وتووه‌”
ڕامبۆ- وه‌رزێك له‌ دۆزه‌خدا

به‌دوای خۆدا له‌قله‌قه‌كان بۆ نه‌وه‌كان لانه‌كانیان ده‌هێڵنه‌وه‌, منیش هاتمه‌وه‌…داپیره‌ بۆ زارۆڵه‌ بێ‌ باوكه‌كانی ده‌وروبه‌ری, سه‌ربوورده‌ ئه‌فسووناوییه‌كه‌ی به‌ كۆتاییه‌كی میلانكۆلییه‌وه‌ گرێدا و منیش ده‌ستپێكی سه‌رگوروشته‌ی بێكۆتایی ڕه‌وه‌كه‌ی خۆم بۆ غه‌واره‌كانی دنیا له‌ ئه‌لفوبێوه‌ شه‌ته‌ك دا: پاش نه‌مانیش! ئیره‌یی به‌وانه‌ ده‌به‌م, له‌ گۆڕخانه‌ی غه‌واره‌یی, به‌ گوڵجاڕی جوانی مانا, پۆشته‌وپه‌رداخ, ناویان ده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر تاته‌ی كێله‌ به‌رده‌ زراڤه‌كان!

*دووپاته‌ی خود
هێشووی ساته‌ به‌ته‌وژم له‌كیس چووه‌كانی خۆم ده‌ڕنم، هێشووی ساته‌ خۆڵه‌پووت بردووه‌كانی خۆم دووپاته‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، نه‌خشه‌ی تاری ئه‌م په‌ڕه‌وازه‌ییه‌ی كۆتایی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، له‌گێتی ئه‌فسووناوی فنجانه‌ هێلوون ئاساكه‌ی ئه‌م دیرۆكه‌ كوڵێنانییه‌ قه‌ره‌برووته‌دا، كچێنیی خۆی به‌ پڕووشه‌ی به‌فری ڕووسپی، ئه‌و شه‌وه‌ زیووییانه‌ی یاد وه‌رده‌گێڕایه‌وه‌ نێو بوون.

*دوڕیانی ڕه‌گه‌كان
له‌ مێژ نه‌بوو، به‌سه‌ر كیشوه‌ری ته‌ڵایی لمی بێشووماری یاددا، گه‌رده‌لوولی یادوه‌رییه‌ قه‌ترانییه‌كانم داده‌چۆڕاند، ژیان ده‌بووه‌ ئاسنی كووڕی له‌ گه‌رده‌ن و مه‌چه‌ك گه‌وزاو، ئه‌بجه‌دییه‌ت ده‌بووه‌ مه‌ودا و كۆتایی به‌و په‌یوه‌ستییانه‌ ده‌هات، كه‌ كرمه‌ مه‌ڕمه‌ڕییه‌كان پۆقه‌ته‌یان داپۆشیبوون، دڵ له‌ ترپه‌ی شه‌باقه‌یه‌كی بێمیهردا گینگڵی ده‌دا، نیگایش ڕازی تراویلكه‌یه‌كی دووری له‌ به‌رۆكدا هه‌ڵده‌گرت، ئه‌و دوڕیانه‌ ده‌گمه‌نه‌م ده‌بینی، ڕووپۆشی زه‌لیلیی، ڕوخساری یه‌كێكیانی حه‌شارده‌دا، ئه‌وی تریش وه‌كو داوی جاڵجاڵۆكه‌ی بنمیچه‌كان، هیچ گێژه‌ڵووكه‌یه‌كی تووڕه‌ نه‌یده‌پساند.

*بێهووده‌یی
هه‌موو شادییه‌كان له‌دیوی ده‌ره‌وه‌ی گیان سه‌قامیان گرت
هه‌موو شته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتیماندا بۆن و چێژی مه‌رگیان هه‌یه‌
هه‌موو شته‌كان له‌ودیوی خۆشه‌ویستیی بێبه‌ریین له‌ ته‌ماو هووده‌
هه‌موو شته‌كان له‌مدیوی عیشقبازیی پڕن له‌ دڕدۆنگیی و ژوار

*هاوكێشه‌یه‌كی دواكه‌وتوو
نازانم بۆ كاژی منداڵییم تووڕهه‌ڵدا و وه‌ك خه‌وتوویه‌ك به‌سه‌ر شۆسته‌ بۆره‌كاندا پێی خۆم هه‌ڵگرت، ئاوێنه‌یه‌كم نیازبوو: وێنه‌ی میهرڕێژی دووره‌چاویی تۆی له‌ڕوودا به‌دی بكه‌م، گوێم له‌ هه‌سانه‌ غه‌می ئه‌و گۆرانییانه‌ بێت، له‌ شه‌وانێكی دووردا هاوده‌نگییان پێده‌به‌خشین، له‌و سه‌ما ئه‌هریمه‌نییانه‌یش به‌دوور بم كه‌ گیانیان ده‌سكه‌نه‌ ده‌كردین و به‌ ڕۆحی غه‌واره‌ی ئه‌م ئۆلكه‌ هه‌ڵكڕووزاوه‌وه‌ گرێچنیان ده‌كردین
*هاوكێشه‌یه‌كی به‌رایی
چۆن ده‌توانم ئه‌مشه‌وه‌ وه‌نه‌وز بده‌م و ئه‌و هه‌موو قافڵه‌ و ڕچانه‌ له‌بیر بكه‌م كه‌ خۆره‌ هه‌ڵاتووه‌كانیان له‌ شه‌وی هه‌ڵاتنمدا به‌یاد سپارد، فرمێسكه‌كانم كڵۆم نین، تووڕه‌ییم برووسكه‌ نییه‌، ئه‌و ده‌روازه‌ ئاسنین و ئه‌فسانه‌ییه‌ی سه‌رنوێشتم به‌كام ئه‌فسوون ڕابماڵم, چۆن ئه‌م ئاسمانه‌ به‌ بۆشایی ئابڵووقه‌دراوه‌ بسمم؟ په‌رجوو قه‌ت قه‌ت به‌من ناكرێت! دیواره‌ بێ‌ ئه‌ندازه‌ ئه‌ستوور و تۆكمه‌كانیش
جێگای ده‌رگایان له‌ نێودا نابێته‌وه‌!

*ڕه‌نگه‌ وه‌نه‌وزییه‌كان
له‌كوێوه‌ دێی، ده‌ڵێی پۆلوودانی چۆڵایی كۆڵانه‌كانت له‌ دیده‌ و شه‌قاوه‌كانتا هه‌ڵگرتووه‌ و سووتانی نایلۆنی سه‌بانه‌ی كۆلیته‌ ژیان سپاردووه‌كان و مه‌رگی شه‌وله‌بانه‌ له‌بیركراوه‌كان ده‌بینی، ئه‌و چڵه‌نه‌مامه‌ ڕوواوانه‌ی هزریشت، كه‌ به‌ منداڵیی ده‌تكردنه‌ ئامڕازه‌ به‌راییه‌كانی هاتوچۆ و به‌ سمه‌ خۆڵاوییه‌كانت ڕووه‌و دنیای تۆزوگه‌رد كێشت ده‌كردن، بوونه‌ به‌ئاردێكی به‌ڵه‌ك, چیدی ئۆكسجین به‌ دنیا دووره‌كه‌ی باوكت نابه‌خشن, ماندووێتی كلۆری كردووی, شه‌مه‌نده‌فه‌رێكیش به‌ تخووبه‌ كه‌له‌پچه‌كراوه‌كانی دییاردا تێناپه‌ڕێت، ماندوویه‌تیت لێ بدزێ‌ و سه‌رخه‌وێكی دیلانه‌ییت پێ‌ ببه‌خشێت
*گه‌ڕه‌لاوژه‌
بۆ كوێ‌ ده‌ڕۆی، له‌نێوانی زه‌رده‌په‌ڕی هه‌میشه‌یی و به‌ ئاگایی ئێواره‌دا، له‌ ڕه‌نگه‌ وه‌نه‌وزییه‌كانی خۆراوادا گه‌وزه‌ ده‌خۆیت، وه‌كو سه‌دایه‌كی چه‌مووش له‌ گه‌ڕه‌لاوژه‌ی خه‌یاڵه‌كاندا زایه‌ڵه‌ ده‌ده‌یته‌وه‌، وه‌كو سه‌دایه‌كی گلاو ئاووڕی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی وه‌دی نه‌هات ده‌ده‌یته‌وه‌، تا له‌ ئاپۆرای جه‌سته‌ هه‌ڵوه‌ریووه‌كانی شاره‌ لێڵه‌ سه‌رابییه‌كه‌ت بگه‌وزێیته‌ په‌له‌قاژه‌ بێدواییه‌كان.

*ته‌داعی یه‌كه‌م
كه‌س ناپرسێ‌، كه‌س له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا نییه‌، جێسه‌قامی سبه‌ینێت له‌كوێدا ده‌بێت، كه‌س بیر له‌ هه‌ناسه‌كانی هاتوو ناكاته‌وه‌، هه‌تا ئه‌و ماسییه‌ په‌ڕه‌نگییه‌ی نێو ڕۆخانه‌ لێخنه‌كه‌یش مگێز ده‌كات سه‌ری نه‌رمۆڵه‌ی په‌نجه‌كان لێكدا لێكدا داكرۆژێ‌، هه‌تا ئه‌ویش- كه‌ناتوانێت – نه‌خشه‌ی وێرانی بیناییم وێڵا ده‌كات و له‌چێوه‌ی به‌تانوپۆی بێكه‌سیی ده‌مهێڵێته‌وه‌.

*لاقه‌كردن
ئه‌م دڵۆپه‌یه‌، به‌دڵۆپه‌كانی تر ناچێت، زه‌وی ڕه‌نگی ڕژاوی خۆی به‌ ترپه‌ ئاوه‌ڵاكان ده‌سپێرێت، منداڵییه‌ك، له‌ودیو ئاواییه‌ كه‌سته‌كییه‌كان، له‌ودیو سه‌به‌ته‌ی حه‌سیریی برینه‌ ئه‌به‌دییه‌كان، له‌ودیو ئافه‌ریده‌بوونی كه‌وشه‌نه‌ بێدواییه‌كانی ده‌ربه‌ده‌ریی، په‌یڤه‌كانی ده‌كرد به‌ كلیلی شه‌وبۆیی ئاواڵه‌كردنه‌وه‌ی ته‌لیسمه‌ داخراوه‌كان، بۆ خۆی ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام خۆی به‌ ونبوون ده‌سپارد! دیسانه‌وه‌ به‌دووی خۆیدا عه‌وداڵ ده‌بوو، له‌ودیو نه‌یزه‌كی جه‌نگه‌وه‌ به‌تیامانی پڕ نهێنی ده‌یڕوانییه‌ ئاسه‌وار و جێپه‌نجه‌كان، به‌سه‌رسامیی ده‌چووه‌ سه‌ر ڕاسپارده‌ی ده‌ریای هاتوو و سه‌رچڵییه‌كی دیكه‌ فێرده‌بوو, له‌به‌رچاویا كچێنیی شه‌پۆله‌كانی كات ده‌پژان و دیسانه‌وه‌ به‌سه‌رسامیی ده‌ینۆڕییه‌ ئه‌و په‌لكه‌گیا باریكانه‌ی له‌ ئامێزی دوودڵی با و جۆلانه‌ی خووناوكه‌ شه‌فه‌قییه‌كاندا، كه‌وتبوونه‌ كرۆشمه‌ی خه‌ونی ئاڵه‌وه‌، به‌سه‌رسامییش ده‌ینۆڕییه‌ ئه‌و چراوگه‌ پڕمیهرانه‌ی دوا ئه‌سرینی داگیرانیان ده‌ڕشته‌ سه‌ر ڕوومه‌تی وشكهه‌ڵگه‌ڕاوی شه‌وی تاریك.

*دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مانگی بۆش و به‌تاڵا
منداڵا نه‌بووم، كه‌ مانگی گه‌ڕۆكم په‌یڤاند، له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ غه‌ریبه‌, له‌سه‌ر ئه‌و قه‌قنه‌سه‌ كڵوكۆدامركاوه‌ تریفه‌كانی په‌خش ده‌كرد، سنووری منداڵكارییه‌كانی خۆم به‌ڕابردوو به‌خشیبوو، ئیدی هه‌رگیز منداڵا نه‌بووم، كه‌ ختووكه‌ی بیستنیمدا و پێم وت مه‌چۆ, مه‌چۆره‌ سه‌ر دووكه‌ڵا كێشه‌كانی ئه‌و شاره‌ كه‌مه‌ر بڕاوه‌ی له‌نێو داڕووخان و ته‌پیندا خۆی به‌ كۆستێكی به‌رپێوار داده‌پۆشێ‌، ئیدی هه‌رگیز منداڵا نه‌بووم، كه‌ به‌ گوێچكه‌كانیا ڕامگه‌یاند: مه‌چۆره‌ سه‌ر ئه‌و شاره‌ دزێو و بزڕكاو جێهێڵراوه‌ی تیتروازه‌كان چیدی له‌ نه‌ینۆكی ئاوه‌كانیا خۆ نابینن, مه‌چۆره‌ سه‌ر ئه‌و شاره‌ وردوخاشه‌ باله‌شی كه‌ڵه‌كه‌بووی ئه‌و ئافره‌تانه‌ نه‌بینیت، كه‌ پاش جێگیربوونیان له‌ ئه‌موسته‌چاوی هه‌تا هه‌تایی
په‌ڵه‌ی شین و مۆری نیكرۆفیلیایان له‌ باوه‌ش خۆ گرتبوو
منداڵا نه‌بووم
كه‌ گوێم له‌ قریشكه‌ی وێرانكه‌ری كانزا فڕه‌كه‌كان بوو، ئه‌ی بۆچی كه‌وتمه‌ سه‌نگوسووژ؟ ئه‌ی بۆ پرسیم ئه‌وه‌ جه‌نگه‌ڵه‌ مه‌شقه‌ڵان به‌ره‌و ته‌شقایی ده‌نێرێ‌، یان به‌زم و ڕه‌زمی دێوه‌زمه‌ بێ‌ ئۆقره‌كانه‌ هه‌ڵایساوه‌؟ ئه‌ی ئیتر له‌به‌رچی پرسیاری وه‌كو زاری ئه‌شكه‌وت داپچڕاو؟
نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ڕۆژی به‌رجه‌سته‌بوونی وجوود بوو
جه‌سته‌یه‌كم خسته‌ ژێر ڕكێفی ڕۆح و هاتمه‌ دنیا!
نه‌مده‌زانی، دیده‌كانم له‌ودیو مینای چایخانه‌یه‌كی ژاوه‌وه‌، سه‌ربازه‌ به‌ تالووكه‌كانیان ده‌بینی، وه‌ك هه‌وری زڕ له‌ ڕه‌وینه‌وه‌ وه‌رده‌بوون، نه‌مده‌زانی بۆچی له‌ودیو ده‌سته‌جله‌ خاكییه‌ قوڕاویی و چڵكنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ڕوخساری منداڵكاره‌ی جه‌نگم ده‌بینی و له‌گه‌ڵا زامه‌ ته‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تادا ناسیارییه‌كی قووڵم په‌یدا ده‌كرد؟

*گه‌وره‌ بوون
دڵم شه‌مه‌نده‌فه‌رێكه‌، له‌نێو توونێڵی ساڵه‌ خوێناوییه‌كاندا بزر ده‌بێت، كامیراكان، وێنه‌كانی یاده‌وه‌ریی ده‌مه‌ونخوون ده‌كه‌نه‌وه‌، په‌نامه‌كیی پرسیاره‌كان له‌بوومه‌له‌رزه‌ی كازیوه‌ی ڕه‌شی جه‌نگدا چۆڕاوگه‌ی شه‌باقه‌كان سووره‌كان ده‌گرنه‌ خۆ، ئه‌و پیتانه‌ی وه‌كو بڵقی سه‌رڕووی ڕووپه‌ڕ، له‌ حه‌وشه‌ی پڕ درزی مزگه‌وته‌ ته‌ریكه‌كان به‌رهه‌ڤم ده‌كردنه‌وه‌، بای خۆشه‌ویستیی ده‌بووه‌ شوانكاره‌ و به‌ره‌و شاره‌ له‌بیركراو و ونه‌كه‌م ده‌یبردنه‌وه‌، وه‌ك گیایه‌كی له‌نێو ئاوونگدا شاراوه‌، به‌ ته‌متومانی ئه‌و گه‌مارۆ هه‌ڵه‌كۆكییه‌ خۆحه‌شار ده‌ده‌م له‌لانكه‌ی چاوه‌ كه‌سیره‌كانما وڕك به‌ گه‌وره‌ییه‌وه‌ ده‌گرێ‌، گه‌وره‌بوونیشی ناسۆرێكی بێئامانی ئارمانه‌ په‌یگیره‌كانه‌، له‌نێو كووره‌ی ساته‌كانی غه‌واره‌یی و بێبه‌هایی، ده‌مكات به‌ بوونه‌وه‌رێكی بێ‌ كڵوكۆ و به‌ دۆزه‌خه‌كان ده‌ساژۆ، له‌و كاته‌وه‌، له‌ چامه‌كانی دۆزه‌خدا زه‌نگۆڵا.. زه‌نگۆڵا..ئیكسیری دانسقه‌ی زینده‌گی له‌گیان و ڕۆحمدا هه‌ڵده‌قووڵێ‌، كه‌وانه‌ی چاوه‌ ئه‌شك ڕێژه‌كانم، نیگاكانم ده‌گرنه‌ شینكایی سێڵاوی ڕه‌های با و ئاسمانی بێكۆتا و یه‌كڕه‌هه‌ند، هه‌تا شه‌هوه‌تی ده‌گمه‌نی گه‌واڵه‌كان بدۆشم و په‌لكه‌زێرینه‌ دیاره‌كان شكار بكه‌م.

*ئاوێنه‌كان
جه‌نگاوه‌ره‌ به‌ ئاڵۆش تاجداره‌كان، قامكه‌ تووتڕكیی و چاوه‌ باشقاڵا و ڕژده‌كانیان ده‌گرنه‌ سنگ و به‌رۆكی دێهاتییه‌كان، گونده‌كان شه‌كه‌تیی كرمێیان ده‌كات، زینهار ده‌بن له‌ ئاوه‌دانیی و ڕاوه‌ستان، پێیه‌ كۆچكردووه‌كان وه‌ك ئاوێنه‌ی هه‌ڵپه‌سێرراو سیپه‌ڵاكیان به‌ توله‌ڕێ‌ و ڕچه‌ تۆزاوییه‌كانه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن، سواری زینی ئاوزینگدان ده‌بن، ده‌كه‌ونه‌ قه‌رتاڵه‌ی پشتی داهێزراوی هه‌ڵاتنێكی ئه‌به‌دیی, كێ‌ ئه‌و كه‌سته‌ك و خۆڵه‌ ده‌بینێت، بۆنی گیانه‌ڵای ئه‌م دییاره‌ وردوخاشه‌ ناكات و له‌ناو پێچ و لوولی ئه‌و لمه‌ هه‌میشه‌ییه‌دا، له‌ناو دووكه‌ڵستانی جه‌نگه‌ڵه‌ به‌نێڵه‌كان ئاوا نابێت؟ سووتان بۆنسۆو مۆری قه‌ره‌برووت به‌ هه‌موو شته‌كان ده‌به‌خشێت، ئا ئه‌م ڕه‌وته‌ شپرزه‌ و په‌شۆكاوه‌، فه‌ریكه‌ گه‌ڵاكان له‌ خوێنه‌ به‌ربووه‌كه‌ی من وه‌رده‌دات، مانیفێستی هه‌نۆیه‌ك بێ‌ لێبڕ تاوڵی شێداری ده‌دا به‌سه‌ر بینا بێبه‌راییه‌كاندا، ئه‌م ده‌ستاڕه‌ خاڵییه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئێستامان ده‌كاته‌ ئاردی ڕابردوو، دواڕۆژیش به‌سه‌ر ئێسكه‌كانماندا گڕه‌ی دێت، وردوخاشیی به‌دێم و ڕوخساری كێڵگه‌كانی بوونمان ده‌دا و گیانمان كه‌مۆڵه‌ی ئاوێنه‌ییه‌ دووكه‌ڵی زه‌ردیله‌ی كیمیای لێ هه‌ڵده‌چێت!

*نه‌وگڕێك ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ مانگی ئادار
ئیدی له‌ده‌رێی جه‌سته‌مدا مه‌شقه‌ڵان هه‌ڵنایسێنم، لقی باسكه‌ شۆڕه‌كانم ئه‌نگوستیان پیا هه‌ڵده‌وه‌رێت، ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ ڕۆح له‌ودیو چمكه‌كانی به‌ ژن و باڵا قه‌رتماغاوییه‌ دێرینه‌كه‌م هه‌ڵده‌تروشكێ‌، دڵم وێنه‌ی ڕوخساری مانگ هه‌تاوی خه‌ونی منداڵیی ڕاوی ده‌نێت, خورپه‌كانی جێ‌ ده‌مێنن, خورپه‌كانی تریفه‌ی به‌ر تاریكییه‌كی لاسارن، وڕێنه‌ی ئه‌و چرا زیووییه‌ مه‌لووله‌ په‌رتیی گیان كۆناكاته‌وه‌، خه‌رمانه‌ی ئه‌و گه‌واهیده‌ره‌ تاقانه‌یه‌ تۆزی ڕۆشنایی به‌سه‌ر ئێسكی بێدارییم هه‌ڵده‌نیشێنێ‌، ئای له‌و هه‌ناسه‌ دواكه‌وتووانه‌ چۆن شووشه‌ی حه‌سره‌ته‌ سه‌رومڕه‌كانم ته‌ماوی ده‌كه‌ن, چۆن خه‌ونه‌ سه‌رومڕه‌كانم په‌خشوبڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و چاوه‌كانم ده‌كه‌نه‌ بارۆمه‌تری بینینی ئه‌و خه‌ونه‌ هه‌ڵاتووانه‌!

*نوتفه‌یه‌كی جێماو
هێلانه‌ ڕووت و ئاواكان، گێژه‌ڵووكه‌ ناوه‌خته‌كان خوێنیان ده‌داته‌ ده‌م ونبوون، منیش دوورم, له‌وێ‌ له‌ چه‌مه‌ره‌ و ترپه‌یه‌كی خۆشه‌ویستیی پترم جێ‌ نه‌هێشتووه‌, دڵۆپه‌كان ده‌كه‌ونه‌ زاڤدانی وشكوبرینگی بێ‌ هه‌ویایی, ئه‌و زه‌نگۆڵه‌ به‌دوایه‌كدا هاتووانه‌ نابن به‌ بێشه‌یه‌ك وشه‌, ئه‌و تارماییه‌ له‌ مانه‌وه‌ بێزار و هه‌راسانه‌ بیانكاته‌ شووره‌ی دژواری مانه‌وه‌, نوتفه‌یه‌كی مروارین ده‌خاته‌ ئینجانه‌ ڕه‌نگامه‌كه‌ی ئه‌و شه‌به‌نگه‌ به‌جێماوه‌..ڕه‌نگه‌ تۆڕه‌ مێیینه‌كه‌ی كه‌ لێی جێ‌ ده‌مێنێ‌ به‌بڕشت بێت پزیسكی ڕێگاوبانێكی پڕاوپڕ له‌ ده‌نگی ناڵا و خاڵیی خاڵیی له‌ سه‌رابی پێ‌ ببه‌خشێت.

*خه‌ونێكی مێخه‌كیی
كه‌ مانگ هه‌ڵهات: سه‌رم پووره‌ی پێكه‌نین بوو، به‌ خه‌ونه‌ پڕ ئاشتییه‌كاندا شۆڕده‌بووه‌وه‌، له‌دنیا مێخه‌كییه‌كاندا خۆی به‌مه‌دهۆشیی ده‌سپارد، له‌ به‌هه‌شتێك ده‌گه‌ڕا، ده‌روازه‌ی شاری مۆته‌كه‌ و دێوه‌زمه‌ له‌ به‌ختیدا كرایه‌وه‌، ده‌نگێكی زۆر ڕمووزن و هه‌تاكو بڵێی شه‌یتانیی, فرمانی دا: له‌ خه‌ونه‌كان بێبه‌ریی كه‌ن, چرای یاده‌وه‌رییه‌كانی شاری سه‌رزێدی له‌ چاودا بكوژێننه‌وه‌, بیبه‌نه‌ لای ئه‌و به‌نده‌نه‌ی نواڵا گومڕایی ده‌شكێنێ‌, بۆنی گوڵا و سیحری جوانی ئاوه‌دانیی و پاكیزه‌یی ڕامووسانی زارۆڵانی له‌دڵا ده‌ركه‌ن, پێی نیشانده‌ن, چۆن بێ‌ هیوا مه‌زنه‌كانی ده‌چێته‌ سه‌ر زینی مردن..كه‌ مانگ هه‌ڵهات: هه‌وساری ده‌ماره‌ عاشقه‌كانی من به‌رببوون, سه‌ره‌ بێ‌ هه‌دادانه‌كه‌م وه‌كو بێچووه‌ زناری به‌ باڵا كه‌وتوو له‌و قه‌دپاڵه‌ سه‌ره‌ولێژه‌وه‌ خلۆرده‌بووه‌ نێو جوانییه‌ بێ‌ په‌رواكانی شه‌هید بوون.

*پریازگ
خوڕه‌می خوێن ڕه‌وتی هێنا, جانتای زامه‌ پڕ مه‌وداكان ئاوێنه‌یان هه‌ڵگرتبوو, جه‌نگاوه‌ره‌ گه‌یشتووه‌كانیان به‌ دیار ده‌خست, خه‌رمانه‌ی ده‌سته‌مۆبووی گیانم ده‌گه‌ڕان: گه‌رماییه‌كی خۆرئاوایی- چرای خه‌نده‌یه‌كی به‌جێماوی زه‌ڕكه‌فت به‌ كزیییه‌كی بێمه‌یل, په‌پووله‌ی دواهه‌ناسه‌یه‌ك- كۆتاییه‌كی شیرین شیرین و سه‌رسامكه‌ر- ئومێدێكی په‌ژموورده‌نه‌ناس و چه‌ند ڕه‌وه‌یه‌ك برینی سووری هه‌ڵنووتا- و له‌سه‌ر جه‌سته‌ سه‌خییه‌كه‌مدا دۆزرانه‌وه‌.

*وار
وڵاتێكی وردوخاش و په‌ڕاگه‌نده‌ له‌ گیانمدا بینرایه‌وه‌: لمی زێڕینی سارا ڕووت و قووته‌كانیم له‌ گورچیله‌م هه‌ڵگرتبوو, هه‌ورازه‌ سه‌ركه‌شه‌كانیم خستبووه‌ كووڕایی پشتم, باو كژه‌ بێ‌ نسێكانی پشوویان گه‌مارۆ ده‌دام, كانیاوه‌ زه‌نوێره‌ كانیم ئاوای بینا چككردووه‌كانم كردبوو, دڵی پڕ میهرم كردبووه‌ كه‌پری ئاسۆیی قه‌ڵا باستانییه‌كانی, به‌ تلییه‌ زبره‌كانم خه‌می سه‌ر ڕووی هه‌یڤی گه‌ردینی ئاسمانه‌ مۆنه‌كه‌یم ده‌سڕییه‌وه‌, زه‌مه‌نه‌كه‌ی, له‌ كاتژمێره‌ به‌ساڵدا چووه‌كه‌ی مێژوودا, ڕه‌هه‌ندی ناڕه‌هابوونی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد
ئێمه‌ ئاوا هه‌ڵمانده‌گرت ئه‌ویش له‌ تاسه‌ی بێ‌ تانوپۆمان ڕاده‌پسكا

*ته‌ڵه‌زمی مه‌وداكان
له‌ جۆگه‌له‌ی گریانێكی هه‌رگیزییدا, به‌ دووی ئه‌بجه‌دییه‌تی باڵه‌فڕه‌دا ده‌گه‌ڕام, كه‌ نه‌خشه‌ی كه‌ونارای به‌ ته‌لبه‌ند خه‌فه‌كراوی ئه‌م واره‌ جارێكی تر دۆزرایه‌وه‌, ته‌ڵه‌زم و مه‌رگ له‌ گیانی ساردی باكوورییم هه‌ڵده‌وه‌ریی, گالیسكه‌ی با هاوكێشه‌ كوشنده‌كانی كیمیای به‌ پۆیلانه‌ بۆ سییه‌كانم ده‌هێنا, ئه‌نگوستی هه‌ناسه‌كانم چیدی قه‌مته‌ریان نه‌ده‌خسته‌ گه‌ردنی مه‌رگ, ئاسمانی بێموبالات مه‌ودا چه‌مووشه‌كانی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی به‌ ته‌ڕنه‌بوون زین كردبوو, ئه‌و چۆگه‌له‌ یاقووتییه‌م كرده‌ به‌رمووری ئاسۆی ئاواڵه‌ی سبه‌ینێ‌, هه‌نگاوه‌كانم باژێڵه‌ی بێ‌ سنوورییه‌كانی خواست كرد و له‌ شیناییه‌ بێدواییه‌كانی ئه‌ستێره‌یه‌كی دی ڕامام.

*ته‌داعی دووه‌م
كه‌ ڕۆیشتم, كه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ مه‌نزڵی خۆبه‌ختییه‌كان به‌ كۆڵانه‌ جێماوه‌كانی ئه‌و په‌ڕی خه‌ونی منداڵییمدا پیاسه‌ ده‌كه‌م, ڕۆحی مه‌لوولم له‌ ته‌پوتۆز و چڵپاوه‌كانی سه‌ره‌ڕێ‌ غه‌ریبیی خۆی هه‌ڵده‌كێشێ‌, سه‌رجه‌می كوخته‌ و خانووه‌كان وه‌ك نوشته‌ پیرۆزه‌ییه‌كانی جادوبازی قژدرێژی گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌كه‌مان سێ‌ سووچن, له‌ دامه‌نی چاوه‌ وشكه‌كانی مندا ئاوقا ده‌بن, ده‌وروپشتم له‌ میان ژه‌نگ و ژیله‌مۆی بێده‌نگییدا سه‌رهه‌ڵا ده‌ده‌ن, له‌ هه‌موو چركه‌ ساماڵه‌كانی ئێستا سڵده‌كه‌مه‌وه‌, هه‌موو ساته‌ بێڕه‌نگوڕووه‌كان ده‌كه‌مه‌ سووتووی بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رومڕ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ و به‌ئاشكرا ڕنووس كردنه‌وه‌ی ئه‌ڵها و ئاره‌زووه‌ له‌كاڵبوونه‌وه‌ به‌ده‌ره‌كان و كه‌له‌پووری ئه‌م ئه‌وینه‌ به‌رده‌وامه‌.

*كاسێتێك
له‌ پایته‌خته‌ به‌ تارمایی قه‌ره‌باڵخه‌كان, په‌یڤه‌ مه‌ند و سه‌لاره‌كان, كاژی به‌ریان داده‌ماڵن, لێوڕێژ ده‌بن له‌ تبر و كه‌وان, كه‌ سه‌فه‌ری باران شه‌قامه‌ خه‌وتووه‌كان ڕه‌جاڵی ته‌ڕایی ده‌كات, بۆهیمییه‌كی پێخواس وكه‌ڕولاڵم, نیگای قه‌فه‌زی چاوانم به‌ گشت ئاڕاسته‌یه‌ك به‌رهه‌ڵدا ده‌كه‌م, كێ‌ درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی حه‌سره‌ته‌ نه‌مره‌كانم له‌ پاڵا وه‌دی نه‌هاتنی شته‌كاندایه‌, كێ‌ درك به‌وه‌ ده‌كات, كاتێ‌ كه‌ سه‌رمای برسێتیی ئه‌م بۆشاییه‌ له‌ هه‌رس به‌ده‌ره‌ی كاسه‌ی سه‌رم ده‌ته‌نێت, بیر له‌ ڕفاندنی كتێبێكی ده‌وڵه‌مه‌ند, یان هه‌ڵگرتنی ئازار و ژانی كتێبخانه‌یه‌كی ئاوه‌ڵا ده‌كه‌مه‌وه‌؟
كێ‌ په‌یی به‌ پڕكێشییه‌كانی یاد و خه‌یاڵی من ده‌بات؟

*مووچڕكه‌یه‌ك له‌سه‌ر شۆسته‌ی ساڵه‌كاندا
هه‌موو شته‌ ژاڵه‌ییه‌كان له‌ كێڵگه‌ی یادی كۆچه‌رییمدا ده‌بنه‌ داری شیرینیی، له‌شم وه‌كو هه‌ڵمی زستان له‌ سه‌رمادا هه‌ڵده‌له‌رزێ‌، تامه‌ هه‌نگوینییه‌كان، ڕه‌نگه‌ هه‌نگوینییه‌كان، سه‌دای ترپه‌ لاوازه‌كان و دووریی هه‌ناسه‌كانیش، لیزگن به‌سه‌ر خه‌مه‌ ئه‌نگوسته‌چاوه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌ترووكێن، له‌سه‌ر شۆسته‌كاندا ده‌كه‌ومه‌ دوای ئاسه‌واری به‌جێ‌ نه‌ماوی ساڵه‌كان، ساڵه‌كان دۆنایدۆنی چاره‌ڕه‌شیین، له‌ دڵدا شه‌و و تاریكیی داده‌هێنن.

*په‌نجه‌ره‌
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ناسه‌كانی ده‌می گیانه‌ڵا, دووكه‌ڵا ئاسا چاوی سه‌مای له‌یه‌ك ده‌نێت، له‌ شارێكدا، سڕیی ئابڵووقه‌ی گیان ده‌گرێت، ورشه‌ی لێوی شه‌هوه‌تڕێژی چه‌قۆ هه‌سان ماچكردووه‌كان، له‌دڵدا په‌نجه‌ره‌ی ئاواییه‌كی سه‌خیی ده‌كه‌نه‌وه‌، شه‌ویش گیانی به‌ به‌یانییه‌ نه‌هاتووه‌كان ناسپێرێ‌، تا بێدارییه‌ ماندوونه‌ناسه‌كه‌ی وه‌نه‌وز و پڕووشه‌ی ماندوێتیی چاوه‌كان بڕفێنێ‌، ئیتر وێنه‌ دێرینه‌كانی یادوه‌ریی له‌ ئاوێنه‌ی سه‌قامگیری ئه‌و توله‌ ڕووباره‌ی منداڵییدا جێده‌مێنن، ئه‌سپێكی لات، ڕۆحی وه‌ڕسی كه‌وتۆته‌ سه‌ر سمه‌ بێ‌ ئه‌ته‌ره‌كانی و ڕۆخه‌ زه‌مزه‌مه‌داره‌كه‌ی پێ‌ ته‌رك ناكرێت.

*ڕانه‌بوون
ئاسمان گومه‌زێكی نقێمداره‌, ده‌یجوور زینده‌وه‌رێكی دزێوی ده‌ساژۆیه‌، مانگ گولبه‌ی سوولاوكه‌یه‌كی مه‌ند و كه‌فڕه‌نگه‌، له‌سه‌ر دوومه‌ڵه‌ كه‌سكه‌كانی گیانی پڕووكاوی شاره‌وه‌، تفتیلكی گڕه‌بردووی بانگ، گمه‌ ده‌خاته‌ نێو هه‌ڵدێره‌ بێبنه‌كان، سه‌دا به‌سه‌ر ته‌نافه‌كانی ئاسۆدا هه‌ڵده‌واسێ‌, چاره‌وی گشت ناونیشانه‌ چه‌مووشه‌كان له‌خۆڵا و گه‌ردی زه‌رده‌په‌ڕی ئێواره‌دا ده‌گلێن و له‌ تروسكایی ئاسته‌می ده‌لاقه‌یه‌كی دووره‌وه‌ ڕۆده‌چمه‌ نێو جه‌سته‌ی تاریكییه‌كی بێ‌ ڕه‌وت، له‌ودیو قۆزاخه‌ی ڕاكشانێك، جێ‌ پێی دانسقه‌ی خه‌ونێك هه‌ڵده‌گرم، كابووسی گه‌رده‌لوولێك له‌ناوجه‌رگه‌یدا په‌پكه‌ی خواردووه‌, ترس و تراژیدیا له‌ ناخی بیابانئاسامدا ده‌ستیان تێكه‌ڵا كردووه‌, كه‌ قۆزاخه‌كه‌ جێدێڵم, هه‌نگاوه‌كان هێشتاكونێ‌ هه‌رخه‌واڵوون, ئایینده‌ی پێشوه‌خت ماندوویش وێژینگێكی سه‌رسامكه‌ری خه‌ونه‌كانی منداڵدانه‌!

*ته‌داعی سێیه‌م
تارای پێواریی له‌سه‌ر شته‌ بێ‌ جووڵه‌كان هه‌ڵا ده‌ماڵم, پاوانه‌كان له‌و كێڵگه‌ دوور و ته‌نهایه‌ ژه‌نگی جوانی قه‌رسیلییان هه‌ڵهێناوه‌, ڕۆح كه‌ چیدی ناتوانێ‌ جه‌سته‌ ئاوا كات, خوێن ده‌كاته‌ قه‌دیفه‌یه‌كی زیواڵا و به‌ نمنمۆكی گۆڕه‌كانی ده‌به‌خشێت, نازانم سه‌رجه‌می ئه‌و تانك و زرێپۆش و تفه‌نگه‌ له‌ ژه‌نگ یاخیی و هه‌رگیز خانه‌نشین نه‌كراوانه‌ چ شتێكم پێ‌ هه‌رس ده‌كه‌ن؟ ناتوانم واز له‌ده‌ربه‌ده‌ریی بێنم و شووره‌ ڕه‌ق و پته‌وه‌كان دابه‌شبكه‌م, به‌ وه‌رینی گه‌ڵایه‌كی زه‌ردی پاییز نیگه‌رانییم چرۆ ده‌كات, شه‌قاوی هه‌دادان نه‌ناس ڕازه‌كانی زینده‌گیمه‌, به‌ باران و گژوگیای هاتوو ده‌یته‌نم.

*ئاوابوون
دیارنه‌ما! دییار- نه‌ما! كێ‌ به‌ دووی ڕه‌وینه‌وه‌یدا ڕه‌هه‌نه‌ ده‌بێت، كێ‌ له‌ ده‌ورانی په‌شم و ڕیسوا بوون، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێت؟ قافڵه‌ی به‌دمه‌ست خولیای ته‌م ودومان بووه‌, تراویلكه‌ دووره‌كانی نیازه‌, له‌ شه‌وانی كزتریفه‌ پێیه‌كان له‌و ڕێچكه‌ له‌ ته‌واوبوون نه‌هاتووانه‌ هه‌ڵده‌نگوتن. كه‌ ڕێگایه‌كی قیرسچمه‌ و ئه‌سته‌میان هێنابووه‌ ئارا, له‌ودیو مینای ڕووت و قووتی په‌نجه‌ره‌ نزمه‌كانه‌وه‌، ڕۆخانه‌یه‌كی قه‌ترانیی گوزه‌ر ده‌كات، نیگای وردیله‌ی منداڵه‌كانی كه‌ناری, هه‌نگاوه‌كانم ده‌به‌نه‌ نێو گژوگیا، له‌و بژوێنه‌ قه‌وزه‌ییه‌دا ده‌یشارنه‌وه‌، وابزانم له‌ ڕه‌نگی خاكوخۆڵی ئه‌م خاكه‌ وه‌ریده‌ده‌ن, تارای سپیی ته‌م ڕوخساری به‌فری ڕاكشاو داده‌پۆشێت، به‌فر بووكێكی بێده‌نگه‌، ڕه‌نگی گرشه‌داری كراسه‌ ئاودامانه‌كه‌ی بۆ چاوه‌ بێ‌ ترووكه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌, كێ‌ له‌ دنیایه‌كی نه‌گۆڕ ده‌ربازبوون وه‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌ زیندووه‌كان تیایدا ده‌مرن؟ خه‌وزڕیی ته‌نها به‌ر ڕه‌نگی ئاڵا ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر پرده‌كان, به‌ناو ئاواییه‌ دووره‌كان, به‌ چه‌مه‌ كه‌فاوییه‌كاندا شۆڕده‌بێته‌وه‌ و پیاسه‌ ده‌كات, ده‌ڕوات و ماچی سووری دڵۆپه‌ كۆنتراسته‌كانی ده‌كاته‌ گواره‌ی قه‌تیسماو به‌گوێی ئه‌و ژیانه‌ كه‌ڕه‌ی, منداڵه‌كان له‌به‌رده‌میدا ده‌مرن و نابنه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ربهووردییه‌كان!

*گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر چه‌رداخه‌كانی منداڵیی
ڕۆژگاره‌كانی ئه‌و چاخه‌, عومر هێشتا شوڵكی نه‌رمی ده‌ره‌وه‌ی باهۆزی كۆچ بوو, به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌نگاڵه‌, دێوجامه‌ی خه‌ونه‌كانمان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ و گڕكانێكی په‌پكه‌ خواردوومان له‌ژێر به‌دی هاتنه‌كانیاندا ده‌بینی..قرچه‌ی دوا نیوه‌ڕۆ كشومات و لینجاوییه‌كان, به‌ ته‌یمان و دیوار و محاجه‌ره‌ و كه‌پری دارمێوه‌كاندا هه‌ڵده‌گژاین, هاڵه‌ی مزر و هه‌ناره‌ تفته‌كان و نارنجه‌ تۆزاوییه‌كانمان ده‌ڕنییه‌وه‌, ڕكابه‌رایه‌تی خۆمان پێشكه‌ش به‌ به‌رزایی چڵه‌ قورسه‌كان ده‌كرد و تا ئاستی خۆ شۆڕمان ده‌كردنه‌ خوارێ‌, ڕۆژگاره‌كانی ئه‌و چاخه‌, سه‌ری به‌یده‌ست و شه‌یدای به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی میهره‌بانی شاری پڕاوپڕ له‌ دووكه‌ڵمان بۆ ژێر چه‌تری تاریكی ئه‌وبه‌ر..نه‌وی نه‌ده‌كرد, كه‌ڤره‌ ڕق ئه‌ستووره‌كانمان ده‌خسته‌ نێو قه‌ڵماسنك و نه‌مانده‌هێشت ئه‌وبه‌رییه‌ تاریكه‌كان ڕۆخانه‌ی خاسه‌ ببڕن, هه‌وڵمانده‌دا ئێمه‌ خه‌نده‌ی ماسییه‌ پڕ جموجووڵه‌كان بۆ خوشكه‌ خه‌مباره‌كانمان بهێنینه‌وه‌, ئێمه‌ سه‌رله‌نوێ‌ ئاسمانه‌ له‌ سوێروو ڕاوكراوه‌كانمان ئاوه‌دانی باڵه‌فڕه‌ ده‌كرده‌وه‌، دوای هه‌ڵچوونمان ئه‌و ئاوازه‌ قه‌یره‌یه‌مان ده‌خواست و له‌سه‌ر ئه‌و هزره‌ ده‌گیرساینه‌وه‌: كه‌ هه‌ر ته‌نها كه‌ڕه‌تێك ده‌بینه‌ شمشاڵا ژیان فوومان پیادا بكات، هه‌ر ته‌نها جارێكیش ڕێبواری خه‌وێك دێت و دوو هه‌نگاوی جاوید ده‌خاته‌ سه‌ر چاوه‌ به‌ ئێشك سه‌نگین و ماندووه‌كانمان، به‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌، ئه‌و ڕێچكه‌ لاسارانه‌مان داده‌هێنا، ڕووه‌ و دییاری باڵنده‌ تۆراوه‌كان ڕایان ده‌كرد، ئه‌و ژینه‌ لاژیوه‌ردییه‌مان ده‌خوڵقاند، كه‌ له‌چێوه‌ زڕه‌كانی مه‌رگه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌, چه‌شنی میوانی بارانی ئاخروئۆخری پاییزان چاوه‌كانی هه‌ڵده‌هێنا، هه‌ر ته‌نها جارێك په‌یژه‌ی هه‌ناسه‌كان به‌ ئاسمانی له‌داكبوونه‌وه‌ قه‌تیسی ده‌كردین، كه‌یل ده‌بووین له‌پیاسه‌ی باو سیڕه‌ی ناواده‌ی ده‌رگاكانی دوا به‌تڵی شه‌و، له‌و ده‌مه‌وه‌، به‌دوای سه‌فه‌ری باوكماندا، ئه‌و ڕۆچووه‌ی ده‌ربه‌ندی شه‌و، ئه‌وگه‌نمه‌ی نێو ده‌ستاڕه‌ بێبه‌زه‌ییه‌كانی زه‌مه‌ن, به‌ڕووی وردی بارووتینمان له‌نێو گۆچانه‌ كانزاییه‌كان ده‌ناو له‌گه‌ڵا ئه‌و ئه‌ستێره‌ ئاگرینه‌ سه‌رمان له‌بناری هه‌ڵكشانه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌هات، ده‌مانگرته‌ دڵی سه‌حرایینی ئه‌و ڕاوكه‌رانه‌ی
سپێده‌یان ده‌خسته‌ تۆڕه‌كانه‌وه‌
ئیتر واشه‌ی به‌ ته‌نووره‌كردن سه‌رقاڵ
ئاسمانی دووكه‌ڵاویی ئه‌مبه‌ری شاریان جێده‌هێشت.

*مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ نه‌خشه‌ سڕاوه‌كان
له‌و ساته‌ ڕاكردووه‌ بێ‌ جمكه‌دا، هه‌موو به‌ په‌یتوونی زووخاڵا دامان له‌شه‌ققه‌ی هه‌ڵاتن، گوڵه‌خوێنه‌كان له‌ باخچه‌ی سه‌رسامكه‌ری قه‌ره‌برووتدا هه‌ڵپڕووكان، كه‌ڤره‌كان كاژیان فڕێدا و گه‌ڕانه‌وه‌ ئامێزی دێرینه‌ی یه‌كه‌میان، بێشه‌ڵانه‌ تێك ئاڵقاو و تابڵێی چڕوپڕه‌كان بوونه‌ ڕه‌وه‌ باڵنده‌ی هیس، كاروانێك هه‌وریان پێك هێنا، كه‌وتنه‌ ئاسمانی دوور و به‌ر له‌ كه‌وشه‌نی گه‌وره‌یی و هه‌ڵه‌ته‌بوون چاویان به‌داوی باڵه‌فڕه‌ نادیاره‌كان ڕه‌وانه‌كرد
ده‌ست و په‌نجه‌ هه‌ڵكڕووزاوه‌كانیش به‌رۆكی باخچه‌كانیان گرت
له‌یستۆك و یاریچه‌كانیان هه‌ڵدایه‌ نێو هه‌ڵدێره‌كانی سوتماك!

*نه‌گۆڕه‌كیی
ڕۆژه‌كان ئامێته‌ی یه‌كنه‌واییه‌كی پووكاوه‌ ده‌بن، هه‌موو شته‌كان له‌ نه‌گۆڕانه‌وه‌ ده‌له‌وتێن، سیسته‌می كافیتیریاكان، ئه‌سكه‌میله‌كان، پیاڵه‌ سورمه‌داره‌كان، چاییه‌كوژاڵكییه‌ ئه‌به‌نۆسییه‌كه‌، هاموشۆی هه‌ردوو دیوی په‌نجه‌ره‌كان هه‌روه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌، ئاژه‌ڵه‌كان به‌ره‌و قوتووه‌ بچكۆله‌كان ڕاده‌كه‌ن، ڕێكخراوه‌ قاچاخه‌كان خۆیان ده‌ئاخننه‌ نێو ڕۆتینی كافیتیریا پڕ ده‌مه‌ته‌قێ‌ بیزه‌نتییه‌كان و به‌ره‌و كڕه‌كیی ملده‌نێن, هه‌ر به‌ ته‌نها كه‌ڕه‌تێك خۆ له‌ خامۆشیی هه‌ڵناكێشن، به‌ بێواریی پێده‌شتی پیرۆزی ڕووپه‌ڕه‌كانی یادمان ده‌كێڵن، ڕووبه‌ری ئه‌ودیوی سه‌رحه‌ده‌كان، به‌یداخی خارودڕكه‌زیی تیا هه‌ڵده‌ده‌ن، ته‌مه‌ت گوڵێكی په‌ژموورده‌ی خۆڵه‌مێشیی گه‌وره‌یی ناده‌ن به‌ دنیا
ئه‌مه‌ گه‌ڕه‌لاوژه‌ی زه‌مه‌نی نێو نه‌ردێنی چایخانه‌كانه‌
ڕۆژه‌ درێژه‌كانی یه‌ڵدا
ئێستاكانه‌ هه‌مبازی یه‌كتری ده‌بن
ساڵه‌ كورته‌ڵه‌كان، به‌ دووی ئاوایی عومری نه‌وه‌كاندا ده‌ڕه‌وێنه‌وه‌، ڕووبار هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی پڕ له‌زه‌ته‌ ده‌ریای قووڵا هه‌ڵی ده‌كێشێت، چی په‌رتیی دێرینه‌ی ڕۆژه‌ هه‌ڵوه‌ریووه‌كان ده‌پێچێته‌وه‌؟ ڕوخساره‌ كلاسیكییه‌ داته‌پیووه‌كان ئومێدم له‌ وردوخاشبوون ده‌گه‌وزێنن، له‌ژێر سێبه‌ری پێڵوودا ده‌مكه‌ن به‌ گه‌ڕیده‌ی چاو گلكردووی ئه‌و شارانه‌ی وه‌كو ژووژگ گرمۆڵه‌ی سه‌ر زه‌وی بوونه‌، ئاسۆی كزی نیگا شه‌كه‌ته‌كان ده‌ڕووشێنن، ڕوخساره‌ كه‌ونه‌ یه‌كنه‌واكان به‌دمه‌ستن، سه‌رله‌نوێ‌ زاڤدانی هه‌ڵكردنمان له‌ ڕشانه‌وه‌ پڕده‌كه‌ن، په‌یامی پووچیی ئاودیوی شووشه‌ پڕ هه‌واكان ده‌كه‌ن و ده‌یهاونه‌ نێو جۆگه‌له‌ی سه‌ركزگرتووی ژێر سه‌یوانی تاریكایی، مه‌ستن، ده‌یانه‌وێ‌ نرخی بێهاوتای شته‌كان بدۆزنه‌وه‌، شووشه‌ له‌ مه‌دهۆشیی به‌تاڵه‌كان تووڕده‌ده‌نه‌ چه‌مه‌ ڕه‌ژووییه‌كه‌ی ئه‌ودیو..دڵه‌كان تروسكاییان له‌به‌ر خۆیان ته‌كاندووه‌، هه‌موو قوژبن و سووچه‌كان به‌ تۆپزیی له‌ژێر باڵی تاریكییدا خه‌وێنراون، ڕێگای كێویله‌، كچێنیی هه‌نگاوه‌كان ده‌ڕووشێنێ‌، به‌دووی دۆزینه‌وه‌ی ئومێدی بزربووی نێو دووكه‌ڵی خوێن هه‌ڵوه‌داین
وشه‌كان گوڵه‌گه‌نمن به‌ره‌و كه‌وێری له‌بیرچوونه‌وه‌ ده‌ڕۆن و تیایدا وشك هه‌ڵده‌گه‌ڕێن
به‌ په‌رژینه‌ بڵنده‌كانی ئێوارێ‌ خۆم له‌ بای هار ده‌ڕه‌خسێنم
چۆن ئه‌سپه‌كانی تووڕه‌یی له‌ ته‌لیسمی ئه‌م قه‌مته‌ره‌ جیاكه‌مه‌وه‌
چۆن ئه‌مشه‌وه‌ بێ‌ ئیكسیره‌ بكوژم و
بۆ هه‌میشه‌ ڕاكردنه‌كانی خۆمی تێدا بته‌كێنم؟

*ئۆدیبێكی جیاكار
تێكڕای ڕێوبانه‌ دووره‌كان، حه‌شاری ژێر ته‌متومانن، ئه‌و ڕۆژه‌ ڕمۆك و وشكه‌، له‌ گۆڕخانه‌ی ئه‌م یاده‌ ده‌ورته‌نراوه‌، وه‌ك كێله‌به‌رد، باوكی خۆم و منداڵه‌كانی شاری بێ‌ ئاوشارم له‌ قه‌برسانێكی دووردا ڕوواند: من چه‌ند هاوكێشه‌یه‌كی لاسه‌نگم, چه‌ند ئاتاجم به‌ نزیكیی ئه‌و دڵه‌ ڕه‌هایه‌یه‌ كه‌ جێگای بوغز و كینه‌ و دۆگمای تیادا نابێته‌وه‌ هه‌رده‌م سایلی زارۆڵه‌یه‌كی بێ‌ متمانه‌، بیرم وه‌ك مێشی جاڕسكه‌ر له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌ئاڵێ‌، پادشای فانتازیای مردنیش، خه‌نجه‌ری مشتۆ به‌ ناخوون ڕازاوه‌ی هه‌ڵكێشاوه‌ و ڕاوم ده‌نێت، وه‌كو زارۆڵه‌ له‌ لمی بیركردنه‌وه‌دا گه‌مه‌ به‌نه‌خشه‌كان ده‌كه‌م، گه‌مه‌ به‌ بووكه‌شووشه‌ی گوناهه‌گه‌وره‌كان ده‌كه‌م, قه‌ڵاته‌ بێ‌ دێم و كه‌سمه‌ كۆنه‌كان ڕه‌سم ده‌كه‌م، كه‌وشه‌نه‌ خوێنباوه‌كانی گاڤی نه‌مر ده‌سڕمه‌وه‌، ناخم به‌و هه‌ڵهه‌ڵه‌ تێكقژاو و كه‌فچه‌ڕینه‌ سپیوسۆڵا و بێگه‌ردانه‌ ده‌چێت، كه‌ یه‌كتری له‌ ئامێز ده‌گرن، یه‌كتری هه‌ڵده‌لووشن و ده‌سڕێنه‌وه‌ .

*ڕوخساره‌كان
ده‌موچاوه‌ ڕه‌قه‌ڵگه‌ڕاو و گومڕاكانی دیمه‌نی حه‌كایه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مبه‌ری شار, نه‌خشه‌ی دزێو و بێزه‌وه‌ری كشانه‌وه‌ و نوشووستیمان بۆ ده‌كێشن, وه‌كو بلووری ناسكی ده‌وری ئاگرێكی چه‌مووش قرنجانمان پێده‌به‌خشن, كه‌ له‌ نێو جێ‌ و بالینگ و ئامێزی پڕ له‌ هه‌ڵدێری قه‌ره‌جانه‌ماندا ده‌كه‌ون, نیشتیمان ده‌بێته‌ خامه‌یه‌كی له‌بیركراو و به‌دوای سپێتیی مێژوودا ده‌گه‌ڕێت و ڕه‌شاییه‌كانی ده‌نووسێت!

*ناونیشانه‌ ئاوییه‌كان سه‌ره‌ندی یاد له‌بیرده‌كه‌ن
ئه‌ی ناونیشان, هێشتا هه‌روه‌كو سه‌رابیت, ڕێگاكان له‌ت له‌ت ده‌كه‌یت! جارێ‌ یاقووته‌كانی سه‌رتاجی باوێشكی پاش ئائه‌م هه‌موو ماندووبوونه‌ به‌رجه‌سته‌ نه‌ببوون, ئه‌م ڕاچه‌نین و هه‌ژانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ دووكه‌ڵی زراڤی زایه‌ڵه‌ زۆر نزیكه‌كان له‌گه‌ڵا تاو پێوار نه‌ببوون, بۆ له‌گاڤی ته‌شه‌نه‌ی گه‌نده‌ڵیی و پشكوتنی چڵێسییه‌ دڕكاوییه‌كان, ده‌ماره‌ به‌ هاژ و هووژه‌كانی منت ڕووشاند؟ ڕۆژی هه‌زاران ئاوزینگدان نه‌ختێك كشوماتیی زیاتر بۆ قه‌ڵای ئاپۆرای ڕۆحه‌ پڕ ژاوه‌ژاوه‌كه‌م به‌جێدێڵن, ڕۆژی هه‌زاران ناونیشان به‌ پاڵدێمی شڕووڕی زاكیره‌ به‌جێماوه‌كه‌مدا وه‌كو هه‌ساره‌ ده‌كشێن! وه‌كو ورده‌ لمی بۆته‌ی سه‌ره‌نده‌كان داباریت و
له‌م گاڤه‌ ساراواره‌دا ته‌ڕاییه‌كم شك ده‌برد
ئه‌ویشت لێم كرد به‌ سه‌راب!

*پێشبینیی
كه‌ هاتم, نووزه‌ی ده‌نگێكی تاسا و به‌ ئاوڵه‌مه‌ هێشتا شه‌قه‌ڵنه‌گرتووه‌كانی ده‌گوت: جارێ‌ مه‌یه‌ن
جارێ‌ مه‌یه‌نه‌ ئه‌م بێروونه‌ له‌ ڕه‌نگبه‌ده‌ر و ڕه‌هایه‌,
مه‌یه‌ن
مه‌یه‌نه‌ ئه‌م دنیا بێ‌ سه‌وداسه‌ریی و نه‌وایه‌!

*مۆمیاكان
شار سه‌ره‌نوێڵكێكی سه‌راپا ڕه‌نگامه‌یه‌
شه‌و به‌ڕه‌شپێستێكی به‌دبه‌خت و سه‌رمابرده‌ڵه‌ ده‌چێت، سه‌روگوێی تۆزوخۆڵاوی ڕۆژنامه‌ تووڕدراوه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كا و ئاگرێكی تابڵێی جوان بۆ گه‌مارۆی ئه‌م سه‌رما بێوێنه‌یه‌ له‌ناو ڕه‌نگی قووڵی خۆیدا ده‌سازێنێ‌، له‌ ڕووباره‌ كلییه‌ سه‌رومڕه‌كه‌ ڕاده‌مێنێ‌، شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان چه‌ند گوناهن, گوێ‌ بۆ شه‌قژنی شه‌یتانی ئاسمانێكی به‌ داوته‌نراو ڕاده‌دێرن, ماسییه‌كان وێنه‌ی كاڵا و هه‌ناسه‌ی پرینگاوه‌ی خۆیان ده‌شارنه‌وه‌ و سكیان ده‌ده‌نه‌ به‌ر شه‌هوه‌تی ڕژاوی مانگ، جووڵه‌ و په‌ڕكه‌ ڕه‌قه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن به‌ بێده‌نگیی و گوێ‌ بۆ كه‌ڵه‌فی ئاسمانێكی به‌داو ته‌نراو ڕاده‌دێرن، له‌م شه‌وه‌ بێ‌ وێنه‌یه‌دا كێ‌ نانێكی به‌رماوه‌ و ساپیته‌یه‌كی نزمم له‌گه‌ڵدا دابه‌شده‌كات، كێ‌ له‌گه‌ڵما ئه‌و گه‌واڵانه‌ی ڕووبار له‌نێو چاوه‌ خۆكوشتووه‌كاندا ده‌نووسنه‌وه‌، له‌ ته‌نها یه‌ك زستانی ڕمۆك و سه‌مه‌ره‌، ئاوێته‌ و كۆ ده‌كاته‌وه‌، كێ‌ له‌ سروشتی تووشی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌رده‌وام و كه‌لله‌شه‌قه‌ یاخی ده‌بێ‌، كێ‌ له‌سه‌رده‌می هه‌ڵوه‌رینی ڕووناهییه‌كاندا ملی ڕێی هات و نه‌هاتم له‌گه‌ڵا ده‌گرێت؟ تا كوژانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجاریی، به‌ چراخانی ئه‌و كۆشكه‌ ڕازاوانه‌ ببه‌خشم كه‌ گرێبه‌ندی ته‌بایی له‌گه‌ڵا ئه‌به‌دییه‌تێكدا ده‌به‌ستن!

*ئاووڕدانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
چۆن ده‌توانم، ئه‌مشه‌وه‌ وه‌نه‌وز بده‌م و ئه‌و هه‌موو قافڵه‌ و ڕچانه‌ له‌بیر بكه‌م كه‌ خۆره‌ هه‌ڵاتووه‌كانیان له‌ شه‌وی هه‌ڵاتنمدا به‌یاد سپارد، فرمێسكه‌كانم كڵۆم نین، تووڕه‌ییم برووسكه‌ نییه‌، ئه‌و ده‌روازه‌ ئاسنین و ئه‌فسانه‌ییه‌ی سه‌رنوێشتم به‌كام ئه‌فسوون ڕابماڵم, چۆن ئه‌م ئاسمانه‌ به‌ بۆشایی ئابڵووقه‌دراوه‌ بسمم؟ په‌رجوو قه‌ت قه‌ت به‌من ناكرێت! دیواره‌ بێ‌ ئه‌ندازه‌ ئه‌ستوور و تۆكمه‌كانیش, جێگای ده‌رگایان له‌ نێودا نابێته‌وه‌!

*قه‌تیسمان
هه‌موو كاتێك دوای ڕۆژگاره‌ هیساوییه‌كان، له‌مابه‌ینی دوو هه‌نگاوی ڕواوڕوو قه‌تیس ده‌مێنم، به‌زه‌ییم به‌و زه‌مه‌نه‌ دێت كه‌ له‌ناو ڕه‌هه‌نده‌كانمان قه‌تیس ماوه‌، هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌ جوانه‌كان پڵپڵه‌ی دۆڕانیان پێدا هه‌ڵواسراوه‌، به‌ژنی كات و ئه‌مێستابوون و چركه‌ساته‌ نه‌هاتووه‌ بێ‌ شه‌قڵه‌كان، له‌به‌ر خاتری ئاواتێكی به‌ به‌رده‌وامیی مه‌حكوومبوو، هه‌مووم دۆڕاند، ئاواتێك تیایدا، نه‌متوانی له‌پی ده‌سته‌كانم له‌ شایلۆغانی تیشكه‌كاندا لێوانلێوی زیوو بكه‌م و چه‌شنی نیهاڵی خه‌زانێك بكه‌ومه‌ نێو خه‌ونێك له‌ خه‌ونه‌ وه‌دی هاتووه‌كانی خودا و به‌ سه‌وزاییه‌ك پۆشته‌ بم.

*میناره‌ی خوێن
ڕۆندكی له‌میهربه‌ده‌ری دڵشكانم وشكوبرینگ نابێته‌وه‌, یادوه‌ریی تاڵی ژێر پێیه‌ به‌كێبڵا ئاوساوه‌كانم ده‌ده‌مه‌ به‌ر خۆری كه‌ناره‌ی ئاسمانێك, نه‌خشه‌ی په‌شێوی زێدێكی هه‌ڵكۆڵراوی له‌سه‌ر دیاره‌, هێشتا نازانێ‌ ڕووناكیی مانای چییه‌, وا ده‌زانێت ئه‌و شاخانه‌ هه‌رده‌بێ‌ شان بده‌نه‌ به‌ر زریان و چه‌رخه‌دانی هه‌ره‌سه‌به‌فر, هه‌رده‌بێ‌ ببنه‌ سه‌رێكی سه‌خت و دژوار بۆ جامانه‌ی باریكه‌ڕێ‌ و ڕێچكه‌ پێكداچووه‌كان, هه‌ر ده‌بێ‌, هه‌ر ده‌بێ‌ له‌م ڕێگا وه‌حشه‌تناكه‌ پڕ له‌ دارستانی مه‌رگه‌, حه‌كایه‌تی شیرینی ڕه‌زه‌كان له‌ سه‌ر یادی لێوه‌كانما سه‌ما بكات, شێوه‌ی نه‌وس خرۆشێنه‌ری گێوژ, به‌ ڕووتیی خۆی هه‌ڵده‌داته‌ نێو ته‌ماشای زۆر برسیی چاوه‌كانمه‌وه‌, له‌قله‌قه‌كان دوای باڵا لێكدان لانه‌كانیان بۆ بێچووی تازه‌ڕه‌سی خۆ ده‌هێڵنه‌وه‌, منیش بێچووی لانه‌یه‌كی ژێر سێبه‌ری تاریكاییم كۆمه‌ڵێك عه‌زره‌تم به‌ میرات بۆ ماوه‌ته‌وه‌, فواره‌ی كه‌ڵه‌گه‌تی خوێن ده‌كه‌م به‌ گومه‌ز و
ئه‌م زستانه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ بێدواییه‌ له‌ ژێریدا هه‌ڵده‌كورمێم.

*بێواریی
ته‌نها له‌تۆ به‌دگومان نیم ئه‌ی ڕۆحه‌ پڕ ماخۆلان و ئاته‌شه‌كه‌, ده‌كرێ‌ مۆجیزه‌كانی ئاسمان بێنیته‌ ئێره‌؟ ده‌زانم له‌ ناواخنتدا دۆزه‌خێكی سه‌یر په‌نهانه‌, ده‌زانم, چاوه‌ مه‌نگ ڕامێنه‌كانت, هه‌موو شته‌ چه‌قاوه‌سووه‌كان ده‌بێزن, ئه‌مه‌ گاڤی زه‌ماوه‌نده‌ تاریكه‌كانی ئێمه‌یه‌ كیژان شوو به‌ باوكان ده‌كه‌ن دایكان ده‌چنه‌ كولله‌ی سه‌وزی توڵازه‌كان, قوتیله‌ی هێوور و كزی ئائه‌م سه‌ده‌ عاجباتییه‌یش بێواریی خامۆشی ده‌كات.

*نقومبوون
وه‌ختێ‌ قه‌یاغی بێگه‌ردی مه‌رامه‌كان, پاش گه‌شته‌ زه‌به‌نده‌كانی, له‌ ڕۆخی مگێزی بێگیان و ئاره‌زووه‌ دامركاوه‌كان , نزیك نزیك ده‌بێته‌وه‌, له‌ پاڵا ئه‌سكه‌له‌ی بێوه‌رییه‌كی ترمدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت, پاكژیی و بێهاوتایی به‌هاكانی ده‌دۆڕێنێ‌..له‌ دنیایه‌كی ئاوادا, له‌به‌ر ده‌رگا دانه‌خراوه‌ میهره‌بانه‌كه‌م مه‌وه‌سته‌, با لێره‌یش شاربه‌ده‌ر نه‌كرێم, په‌نجه‌ مه‌خمووره‌كانت له‌ چه‌توونیی ئاستانه‌ یه‌خبه‌ستووه‌كه‌م مه‌سوو, نه‌با وه‌كو منداڵه‌كانی ئه‌وێ‌ یارییه‌ ساكاره‌كانیان له‌ بیر بچێت, ئه‌و پانتاییه‌ خه‌مباره‌ی زۆر ده‌مێكه‌ سه‌ری بۆ نێو دڵه‌ تاراوگه‌ئاساكه‌م هه‌ڵگرتووه‌, ختوكه‌ی كوێرایی ده‌دات, له‌به‌ر ده‌رگاكه‌م مه‌وه‌سته‌, مه‌لوولیت ختووكه‌ی دڵشكانێكی قووڵا ده‌دات, وه‌ره‌ ژوورێ‌, وه‌ك ئاوڵه‌مه‌ چاوه‌دووم ڕووتییم ببینرێ‌ و ڕه‌ق و وشك هه‌ڵنه‌گه‌ڕێم, له‌و سه‌ركۆسپه‌یه‌ مه‌وه‌سته‌, شه‌قاوێك, هه‌رته‌نها شه‌قاوێك هه‌ڵبنێ‌ و..
ئیتر كۆسپه‌ی جیلوه‌داری بوون ده‌كه‌وێته‌ ژێر سێبه‌ری ئاوه‌كان و
نه‌خشه‌ی شێواوی ده‌روونم له‌ ساته‌ زیووینه‌كاندا نوقم ده‌بێت.

*ڕووتكارییه‌كی ئه‌و له‌بیركراوه‌
ئه‌و ڕێگایه‌، ئه‌و جه‌سته‌ ڕووت و ڕه‌جاڵه‌ په‌سه‌ند ده‌كه‌م، ئه‌و له‌بیركراوه‌ كتومت به‌ دایكم چووه‌، شه‌وان دێت و گۆره‌وییه‌ ڕه‌شه‌كانی له‌ ئه‌سكوردم ده‌ئاڵێنێ‌، ئه‌و بێوه‌ له‌بیركراوه‌، هه‌موو گۆشه‌ و كه‌له‌به‌ری جه‌وقووتی خه‌ونه‌ نقومبووه‌كانم ده‌داته‌ ده‌ست تیرێژی حه‌زه‌ نامۆكان، ئه‌مه‌ چه‌ند زه‌مه‌نێكی لاڵا و بێڕه‌نگه‌، من ته‌نها به‌ خه‌ونه‌ به‌مۆته‌كه‌ سه‌رشاره‌كانم له‌ قوژبنێكی گڵكۆیی داخزابووم، دێته‌ لام، مانگی گه‌رداویی ژوورۆچكه‌ زستانییه‌كه‌م پڕپڕ ده‌كات له‌ تریفه‌، جه‌سته‌م له‌ خه‌مه‌ گه‌نده‌مووییه‌كان داده‌ماڵێ‌, له‌ پۆشاك و یاده‌وه‌رییه‌كان ڕووتكارم ده‌كاته‌وه‌ و به‌ نوشته‌ی سه‌وزی بچكۆله‌ی نێو لێوانی ئاوڕشێنی گیانم ده‌كات, له‌شی پیره‌ڵۆكی ده‌كاته‌ په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌ی ئه‌و بۆنه‌ گه‌وڕییانه‌ی له‌ كاتژمێره‌ به‌جۆشه‌كانی هه‌رزه‌كارییمه‌وه‌ هه‌ڵده‌چوون, وه‌ك ئه‌و شاخه‌ پڕ داڵده‌یه‌ كه‌ كاتی ڕاكردنه‌كان له‌نێو خۆیدا مۆڵی ده‌دام, بۆنی مێیینه‌ی ده‌بێته‌ تاجی خووناوه‌ كریستاڵییه‌كانی به‌ژنوباڵام, لێناگه‌ڕێم ئه‌و ئاستانه‌یه‌ی له‌ مێژه‌ ئاشنایه‌تی توانه‌وه‌ی كاڵبۆته‌وه‌ خاك وخۆڵی له‌ بیرچوونه‌وه‌ بیسمێت, وه‌كو ئیكسیر به‌ شه‌باقه‌ وشكارۆكانی ڕۆحیدا ڕاده‌بوورم
چی نیساری تینووێتییه‌ له‌ تیشكی زیووینی ئاودا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌
ئیتر وێنه‌ی هه‌رزه‌كارییه‌ دووره‌كه‌ی یاده‌وه‌رییم, سووسه‌ ده‌به‌م, دنیای هه‌رگیز ڕمووزنم فریووداوه‌.

*تۆزی ناڵه‌
كه‌ چاوانم وه‌ك هه‌وداكانی سه‌ر سه‌رم داڵده‌یان به‌ چه‌رموویی دا, كاتێ‌ كه‌ ئائه‌م به‌یۆگرافیا سه‌مه‌ره‌ و غه‌واره‌یه‌, له‌ په‌له‌قاژێی یادوه‌ریی ده‌ستی هه‌ڵگرت, چراكان كه‌وتبوونه‌ گیانه‌ڵا, تووشی سستیی و په‌ژموورده‌نێكی تر ببووم, نامه‌ی مه‌حزوون و شه‌مزاوی خوشكه‌ قه‌یره‌كه‌م, قسه‌ی له‌زارمدا پژاند: هه‌میشه‌ سپێتیی شته‌كان به‌سه‌ر ڕه‌شاییه‌كانی سه‌رمدا هه‌ره‌س دێنن, له‌ ڕه‌نگی مه‌یینم وه‌رده‌ده‌ن..شانازی به‌و مردووه‌وه‌ بكه‌ كه‌ هێشتا زیندووه‌!..به‌م شێوه‌یه‌ وڕێنه‌ی ئه‌م نامه‌ كۆن و تازه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕه‌ ئاودزكردووه‌ دێرینه‌كاندا دووباره‌ ده‌نووسمه‌وه‌, دوامین چامه‌, دوانیگای ئه‌و ڕۆحه‌ به‌ ناڵه‌ تۆزاوییه‌یه‌, ده‌یگرمه‌ ئه‌م ژیانه‌ی تاكه‌ ڕێیه‌كی تووله‌ی لێوه‌ ده‌رده‌چێت, ئه‌ویش ده‌نۆڕێته‌ ئه‌و ڕۆحانه‌ی سه‌ر ڕۆخانه‌ی نه‌مان كه‌وتوون.

*سه‌فه‌رێك به‌ره‌و دامركانه‌وه‌
له‌گه‌ڵا جل و به‌رگه‌كانما, ئه‌وگێژه‌ڵووكه‌ لیوه‌یه‌ هه‌تاوی بیر ڕاده‌ماڵێ‌, چه‌مه‌ڕام شه‌و, به‌ ده‌زووله‌ی هه‌ناسه‌كانی باران په‌نجه‌ره‌كانی ڕووتایی خۆم لێڵا بكه‌م و دابگیرسێم بارانیش له‌ كۆچی دوێنێیدا ته‌نها دۆڵی مه‌رگی بۆمان پڕكردووه‌!
چۆن ده‌توانم ئه‌م كڵوكۆ دامركانه‌ له‌ باربه‌رم, به‌ سییه‌ زوورهانه‌كانم با له‌ داگیرسان وه‌رده‌م و تێنه‌په‌ڕم؟ چۆن ده‌توانم كۆت و به‌ندی یادی خۆم فه‌رامۆش بكه‌م؟ هه‌میشه‌ له‌ تازییه‌ و شاییه‌كاندا, وه‌كو برین پێكه‌وه‌ گۆشته‌وزوون ده‌بووین, ئه‌م سه‌فه‌ره‌ سه‌رهه‌تاپا په‌رتی كردین
جوانیی هاوكێشه‌كانی منداڵیی له‌به‌رچاوه‌ ته‌ڵخه‌كانم ڕه‌وانده‌وه‌
ده‌زووی ئه‌و كۆلاره‌ لاساره‌شی له‌هه‌نووكه‌ی غه‌ریبییمدا كاژوواژ كرد
ئه‌م سه‌فه‌ره‌ خۆڵه‌مێشییه‌
منداڵییمی سواری چه‌رخ و فه‌له‌كی فه‌وتان كرد و ڕووه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی تاهه‌تایی
ڕێخستنێكی یه‌كجاریی له‌ به‌رۆكی دا.

*دیده‌نیی
ئه‌و ڕێچكه‌ زستانییه‌ به‌رده‌وامه‌, هه‌نگاو له‌چاوان ده‌دزێ‌ و وێڵیان ده‌كات..كێ‌ ده‌ڵێت : ئه‌م تنۆكه‌یه‌ به‌ تنۆكه‌كانی دی ده‌چێت؟ كێ‌ ده‌ڵێت: نه‌با مردن زه‌رده‌خه‌نه‌ت بسڕێته‌وه‌ و خه‌ونه‌ خوداییه‌كانت گۆڕه‌وشاردات, له‌په‌نای به‌رزییه‌ كانی ئه‌وێدا, به‌دزییه‌وه‌, ژووانێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵا چاره‌نووسدا به‌رقه‌راركه‌, با تۆز و خۆڵی كاوڵیی به‌رپا نه‌بێت ئیدی وه‌كو چیایه‌كی كه‌مته‌رخه‌می ئاسمانڕووش و مه‌لی مات و حه‌په‌ساوی نێو شه‌واره‌ بێوێنه‌كان له‌ ژێر ته‌ڵه‌زم و داڕووخانه‌ هه‌مه‌جۆره‌ ناوه‌خته‌كانی دنیا هه‌ستاومه‌ته‌وه‌ و
ده‌ست و په‌نجه‌ ڕابووه‌كانم چاوشاركێیه‌كی عاشقانه‌ له‌گه‌ڵا گوڵاڵه‌دا ده‌كه‌ن.

*ڕۆژنه‌یه‌ك ده‌ڕوانێته‌ شه‌وه‌ هاتووه‌كان
منداڵه‌ پاژنه‌ چڵكن و له‌ خۆڵه‌مێش گه‌وزاوه‌كان, ده‌بنه‌ هه‌موو شتێك: لاولاوی گاگۆڵه‌ كردووی سه‌ر پیاده‌ڕه‌وه‌ دووره‌كان, ڕه‌نگی دواكه‌وتووی زه‌رده‌په‌ڕ, تاج بۆ شه‌ققژنی باڵا لێكدانی سیسركه‌كه‌چه‌ڵه‌ برسییه‌كان, ته‌ڕایی بۆ گه‌رووی تینوو هه‌ڵگه‌ڕاوی ورده‌ كرمه‌كان, ده‌بن به‌ هه‌موو شتێك ئینجا له‌ زیووی شه‌وه‌كاندا كه‌ڵكه‌ڵه‌یان ڕوو له‌ دنیا ده‌لاقه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌..وه‌ك شه‌پقه‌ی سه‌ری داهۆڵه‌ ته‌ریكه‌كان, ئاشنای لاسامه‌ پڕ یارییه‌كانی زستان ده‌بن, ڕێگاكانیان بێ‌ شه‌قڵا و دوانه‌هاتووه‌, ده‌چێته‌وه‌ نێو كوێرایی هه‌ڵه‌مووته‌ نادیاره‌كان.

*په‌ژیوانیی
ئه‌م ڕێگایه‌, ئه‌م كه‌لاشه‌ ڕووت و قووتانه‌ی باوه‌شی گشت شوێنه‌كان, ئه‌م پێ‌ و پله‌ خاوسانه‌..نه‌ده‌بوایه‌: گۆلاوه‌ بۆدڕناوییه‌كانی ئه‌و شاره‌ی له‌گه‌ڵا یادم مه‌وداكانی منداڵیی هه‌ڵبژاردووه‌, بگۆڕمه‌وه‌ به‌م دنیا پڕ په‌ژیوانیی و دوماناوییه‌ دووره‌ی له‌ گه‌مه‌ی تاراوگه‌كاندا ڕۆحی من له‌ خشته‌ ده‌بات!

وڕژنی ئاو
له‌م دنیایه‌ی سه‌رتاسه‌ر بۆ من ته‌یمان و گوێسوایه‌, په‌ڕه‌سێلكه‌كان وه‌رزه‌كانیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ست فه‌رامۆشیی, خاك و لیته‌ له‌ ڕێی مه‌ودا سركه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌, كوڕژنی ئاویش به‌ گۆزه‌ڵه‌ی ده‌نووكه‌كان له‌ په‌سڵانی خه‌مباریی ده‌په‌ڕێننه‌وه‌, تا بۆ دڵه‌ بێ‌ داڵده‌كه‌م ئاواییه‌ك بخوڵقێنن كه‌چی زستان چه‌ته‌ووڵێكی بێڕه‌حمه‌ ڕێی فڕینیان لێ ده‌دزێ‌ و له‌شی نه‌رمیان مۆمیا ده‌كات!

*ئابڵووقه‌
ئای له‌م ڕێگا بێ‌ وێستگایه‌ی به‌ جه‌للادی ئاوڕدانه‌وه‌ قاڵبووه‌, نه‌ده‌بوایه‌..ئای له‌و جوانییه‌ی ئه‌ودیو دومانه‌ چڕه‌كان و له‌و دزێوییه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ی له‌مدیو دووكه‌ڵه‌ زه‌رده‌كانه‌وه‌ ئابڵووقه‌ی ڕه‌وه‌ندی هه‌ناسه‌ ده‌دات, نه‌ده‌بوایه‌..

*هه‌ساره‌
ئه‌م ئێواره‌ دووكه‌ڵاوییه‌ی ده‌ره‌وه‌ی تخووبه‌ له‌ هه‌ته‌ری نیگا ڕاپسكاوه‌كان، دوای خۆشه‌بوونی پێڵووه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی بێدارییم، دوامین قووقه‌ی كه‌ڵه‌شێره‌كان دره‌نگیی شه‌وی هه‌رماو به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، شه‌ونمی زوڵاڵی كازیوه‌ی دووریش به‌سه‌ر بێشه‌ڵانی زڕی تاریكایی ده‌بارێنن، به‌ قه‌وزه‌ی سه‌وزی ئه‌و كوژانه‌وه‌ خه‌وبینه‌، وه‌نه‌وزی گیانی ماندووی خۆم پێچایه‌وه‌ و سه‌رم له‌م بۆشاییه‌ بێ‌ تانۆپۆیه‌ بوو به‌ هه‌ساره‌ی سه‌قام ونكردوو، مه‌ستیی وێنه‌ی منداڵكاریی خۆمم دۆڕاند، شیعریش بوو به‌ ڕێگا به‌ره‌و كاكێشانی گه‌ردینه‌یی و له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی دووری قووڵایی ناوی نووسیم

                                                       كانوونی یه‌كه‌م 1988- نیسانی 1989: دیمه‌شق



ترس و تارمایی ئیسلامی سیاسی، لەسەر کەرتی پەروەردە.. شەماڵ بارەوانی

لەمێژە گوتومەو دیسان دەشیڵێمەوە: سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی، بەهەموو فۆرم و تایپ و مۆدێل وشێوازەکانیانەوە، با لە تاکتیک و شێوازی کارکردنیشیان جیاوازبن، وەلێ لەجەوهەرو ئامانجدا ئەوان دوو ڕووی یەک دراون و یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە، ئەویش بەئیسلامیزەکردنی هەموو سێکتەرەکانی ژیان و چەسپاندنی شەریعەت و گەڕانەوەی حوکمی ئایینی و دەوڵەتی ئایینی و لێدان لە دیموکراسیەت و عەلمانیەت و پلورالیەت و پێکەوەژیان وجیاوازیەکانە. ئەوان کە ئێستا سەرمان نابڕن، لێمان نادەن، حوکمی شەریعەتمان لەسەر جێ بەجێ ناکەن و ژن بەردباران ناکەن و ناوێرن ئازادیەکانمان لەقاڵبی ئایدیۆلۆجیای خۆیان بدەن و دۆگم و عەقیدە و بیروباوەڕی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن، لەچاکەی خۆیان نییەو مانای ئەوە نییە کە ئەوان باوەڕیان بە سەپاندن و تیرۆرکردنی ئازادی خوازان و لەناوبردنی چەمکەکانی دنیای مۆدێڕنێتەو سڕینەوەی پێکەوەژیان و بیری لێبوردەیی و فرەیی نییە.

نەخێر ئەزیزم، هەرگیز بێدەنگ بوونی ئەوان لەو سۆنگەیەوە نییە، بەڵکوو ئەوان ئێستا لە قۆناغی مەکی و دەعوەو بێ دەسەڵاتی و جەبانی و تاکتیک و فرت و فێل و تەقیە و دوو ڕوویی دان، قۆناغێک هێشتا گەڕەکێک و کۆڵانەیەکیان بەدەستەوە نییە، داوای چەسپاندنی نەریتی چوارژنی و بەشەریعەتکردنی دەستورو بەئیسلامیزەکردنی تەواوی کایەکانی کۆمەڵ دەکەن، ئەوان هێشتا قوتابخانەیەکیان بەدەستەوە نییە، دەستکاری پرۆگرامی خوێندن و فۆلکلۆری کوردیمان دەکەن و بە زیادکردنی ئاییناسی بۆ بابەتی ئایینی لەقوتابخانەکان قەڵس دەبن و دەماری ڕاسیزم بوونیان دەگیرێت و کێرڤی دەمارگیری ئایینیان بەرزدەبێتەوە و دەیكەن بە قیامەت و هەرا.
ئەوان دژی ئەوەن جگە لەئایینی ئیسلام، مناڵ و ڕۆڵەی کورد بە هیچ ئایینێکیتر ئاشنابێت و زانیاری و شارەزایی لەسەری هەبێت، لێرەو لەوێ فشارو هەڕەشە لە ئازادی خوازان دەکەن و داستانی عەڤدی لەپرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لادەبەن و داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەن داوای لێبوردن بکات و داوا لەوەزیری ڕۆشنبیری دەکەن فلان پرۆگرامی کچە مۆدێل و فیسار بەرنامەی کرانەوەی فلان کەنالی کوردی و ئەو فلیمی تەلەفیزۆنی ڕابگرن. چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆجیاو ئەقڵیەت و ئەتەکێت و ئادابی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم ناگونجێت.
ئەزیزم ئەوان بەبەرنامە و پلان و پیلان، شەو ڕۆژیان ناوەتە سەریەک و هێدی هێدی، خەریکن ئایدیۆلۆژیاو بیر وباوەڕ و دۆگمی خۆیان دەخزێننە نێو هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵ، بەتایبەتی کەرتی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن، خەریکن لەناو قوتابخانەکان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەڕێگای کەسانی ترەوە، مزگەوت دروست دەکەن، ڕاستەو خۆ لەڕێگای ئەو مامۆستایانەی لەخۆیان و سەربەخۆیانن، چ بە ئاشکرا، یان بە نهێنی، ئنتیمایان بۆ ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان هەیە، کار لەسەر بە ئیسلامیزەکردنی کردنی قوتابیان و لێدان لە کورد بوون و ڕەسەن بوون و، بەعەرەب کردنمان دەکەن. لە یەکێک لەقوتابخەکان، کە بەڕێوەبەرەکەی مامۆستایەکی هاوڕێمە، وا لەمنداڵەکان گەیەندراوە، ئەگەر ئەو مامۆستایە هاتە پۆل و گووتی بەیانی باش و بە کوردی سڵاوی کرد، وڵامی نەدەنەوە، دەبێ بەعەرەبی و جگە لە(السلام علیکم)ی عەرەب، بە هیچ شێوەیەک دروست نییە، بەزمانی کوردی سلاو بکرێت. هەر لەهەمان قوتابخانەو بەرلەچەند ڕۆژێک، کار گەیشتە ئەوەی لە بڵندگۆی مزگەوت بانگی ئەوە درا، کە کەس منداڵی خۆی نەنێرتە قوتابخانە، چەند ڕۆژێک وایانیش کرد. گوایە بەڕێوەبەری قوتابخانە، کەسێکی کافر و بێ ئایین و مولحیدە و نایەتە نوێژی جومعە و جەماعەت. گوتیان ئێمە منداڵی خۆمان نانێرینە بندەستی بێ باوەڕ و مولحیدێک. هێرش و هەڵمەتێکی گەورەشیان لەناو گوند و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دژی ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرەی هاوڕێم دەستپێکرد، بەگەورە و بچووکیانەوە. ئێستاش و تاکاتی نووسینی ئەو وتارەشم، هەڕەشە و تۆمەت و تەشهیر دژی ئەو بەڕێوەبەرەی هاوڕێم و و هەوڵدان بۆ بەئەهریمەنکردن و بەنەفرەتکردن و بە ناشیرینکردنی بەردەوامە. تەنانەت هەوڵی دەرکردنیشی دەدەن لەو دێیە و خەریکن وەکو نەسر حامد ئەبو زێد هەوڵی دروستکردنی کێشە دەدەن لەنێوان بەڕێوەبەرەکەو خێزانەکەی و کەسوکاری خێزانەکەی. هەموویش بە فیت و پلانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزەمەکان، تەنها تاوانی مامۆستای بەڕێوەبەر، نەچونە مزگەوت و سەلام کردن بەکوردی و قسە لەسەر کردنیەتی سەبارەت بە ڕێزگرتن لە بیرو ڕای ئازاد و یەکسانی قوتابخانەو مزگەوت لەپیرۆزیدا،
هەمان شت پێش چوار ساڵە، بەسەر خۆشم هات، لەیەکێک لەو دێیانەی تێدا مامۆستابووم، بەفیتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان، سکاڵایان لەپەروەردەو لای موختاری دێ و خەڵکی دێ و ئەنجومەنی دێ، لەدژم تۆمارکرد و دایک و باوک و کەس و کاری قوتابیەکانیان لەدژ هاندام و داوای لابردنیان کردم، بە تۆمەتی زەردەشتی بوون و بێ دین بوون و بیانووی ئەوەی من گوایە بێ باوەڕ، ئێزدی و زەردەشتیم ، تەنها تۆمەت و تاوانم ئەوەبوو لەوتاری ڕێزبوون گوتم: ناوی عەرەبی لەمنداڵەکانتان نەنێن و جبەی عەرەبی و دیشداشەی عەرەبی نەپۆشن و جلی کوردی بپۆشن و زمانی عەرەبی پیرۆز نییە بۆ ئێمەی کوردو تەنها زمان، زمانی ئێمە بێت، زمانی کوردیە. لەسەریان کردم بەهەرا و فەرتەنەو ڕۆژی حەشر، ئەوەش پێدەزانم مامۆستای وانەی ئایین، لەیەکێک لەقوتابخانەکان، لەو دەڤەرەی منی تێدام هەڕەشەی لەسەر نەبەستنی لەچک لەقوتابیان کردووە، چەندین مامۆستا دەناسم لەبەردەمم دا،گاڵتەیان بە سرودی ئەی ڕەقیب کردووەو گوتویەتانە دروست نیە بڵێیت دینمان ، ئاینمان، هەرنیشتمان. مامۆستایەکیتر لەو قوتابخانەی منی تێدا، کاتێک باسی دەوڵەتی ماد و مێژووی باب و باپیرانی کورد و هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی دەکەم، بزە دەیگرێت و گاڵتەی بە وەزعەکەدێت و دەڵێت نەتەنەوە چییە؟ ئێمە موسڵمانین و بەس، شانازیش بەفەڵەستین و زمانی عەرەبیەوە دەکات.
مامۆستایەکی تر دەناسم و دەڵێت شیعر کفرە و قورئان دەڵێت(الشعراء یتبیعهم الغاوون)
مامۆستایەکی تر دەناسم، لەپێشەمن گالتە بە شیعر و ئەدەبیات دەکات و ئەمڕۆ بەو قوتابیەی پۆلی دوانزەی گوت، کەمن کتێبی شیعری خۆمم پێشکێشکرد، جگە لەئایین و بیسم اللە و ئیسلام، شیعر وو هەموو شتێک درۆیەو مەیخوێنەوە، شعری دڵداری حەرامە، ئەو کتێبە فێرە هیچت ناکات، تەنها کتێبەکانی ئیسلام بخوێنەوە، مامۆستای تردەناسم ،گاڵتە بە وانەی وەرزش و هونەر ومۆسیقا دێت و وانەی مۆسیقای لا، یەکسانە بە بێ ئەخلاقکردنی قوتابی،
وەزیری پەروەردە فریا بکەوە، گەرنا نەوەیەک لە بن دەستی ئەو جۆرە مامۆستایە دروست دەبێت، دژی مێژووی خۆی و نەتەوەکەی، دژی زمان و ئاڵاکەی، دژی ڕەسەنێتی بوون و کوردبوونەکەی، دژی مافەکانی ژن و ئازادیەکانی مرۆڤ، دژی هونەرو مۆسیقا، دژی شیعر و شانۆو وێنە، دژی و هونەر و تابلۆ و پەیکەر، دژی پێکەوەژیان و ئەو لێبوردەیی و فرەییە جوانەی کۆمەڵی کوردەواری و کوردستانی ئازیز، نەوەیەک، دەبێتە خزمەتکاری بێگانەو دژی هەموو شتێکی خۆی،
نەوەیەک میشکی بە بیری عروبە هاک و ئەقڵیەت و میناڵێنتی بەتەواوی بەداعش و بەتەعریب دەکرێت،
کارەساتە، قوتابی هەبووە، پۆلی چواری سەرەتایی بووە، بەمنی گوتووە، جائیز نییە، جەژنی لەدایک بوون بۆ مناڵ و هیچ کەسێک بگێڕیت، بیدعەو حەرامە، قوتابی پۆلی حەوت بووە، بەمنی گوتووە، پەیکەر بت و شیرکە!
ماوەتەوە بڵێم:
ئێمە دژی ئایین نین، نەخێر، هەرگیز، بەڵکو دژی بەسیاسەتکردنی ئایین ، بەحزبی کردنی ئایین و بەئایدلۆژیاکردنی ئایینین، دژی ئەوەین کەرتی پەروەردە، بکەوێتە دەست ئەقڵیەتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمەکان، نەوەیەکی بیر داخراو داعشی دروست بێت، نەوەیەک ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان، بۆ بەرژەوەندی ئەجێنداو ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیان و دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی بەکاریان بێنن.

شەماڵ بارەوانی




چەند وردە سەرنجێكی ژیانی ڕۆژانە.. وریا مەعروف

بارودۆخ و ڕەفتار و كار و كردەوەی ڕۆژانەمان جۆرێكی ئاڵۆزە و شایەنی هەڵوەستە لەسەر كردن و تێفكرینە، چونكە دواجار ئەمە دەبێتە نەریت و ڕیگەی ژیانی هەمووان.
خۆشبەختانە تاكی كوردی تاكێكی ئامادەیە بۆ باشە و چاكە، چونكە خێزانی كوردی خێزانێكی پتەو بووە و گرنگی تەواوی بەمنداڵەكانی داوە و ئاگاداریان بووە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕاوە و ئەو باشی و چاكەیە كە كاڵ بۆتەوە ڕەنگە نەمێنێ.
گۆڕانی كۆمەڵایەتی ڕوودەدات و پێویستە گۆڕانكاری لەخۆماندا بكەین، هەروەها بەهۆی جیهانگیری و تەكنەلۆژیا گۆڕانكارییەكان خێراتر و زووتر دەگەنە هەموو شوێنێك، ناكرێ تۆ لەو گۆڕانەی دونیا بەجێ بمێنی و دوا بكەویت، بەڵام پێویستی بە میكانیزم و پلانی تایبەت هەیە كە ڕێڕەو ئاڕاستەی ئەم تەوژمی گۆڕانە لەگەڵ واقیع و پەروەردەی كۆمەڵگەكەت یەكانگیر بێت. رێگە ئاوەڵا كردن بۆ گۆڕانكاری و بەهەڕەمەكی لاسایی كردنەوە دۆخێكی شێواو و لادانی گشتی لێدەكەوێتەوە كە دواجار ڕاستەڕێ بوون و چاككردنەوەی مەحاڵ دەبێت.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەچڕیی بەكار دەهێنرێ و و هەروەها دراما دۆبلاژكراوەكانیش بینەری زۆر جدی و سەرسوڕهینەری هەیە. كە ئەمانە كاریگەری زۆر قوڵیان هەیە لەسەر پێگەیاندن و پەروەردە و گۆڕانی كۆمەڵایەتی، زاڵن بەسەر دۆخی گشیداو زۆرینەن. زۆر جاران تۆ منداڵەكەی خۆت بە باشترین شێوە پەروەردە دەكەین و فێری ڕەفتار و ئەتەكێتی ئینسانیانەی جوانی دەكەیت بەڵام كە دەڕواتە دەرەوە لای هاورێیانی و دەگەڕێتەوە فێری كۆمەڵێك قسەی خراپ و جنێو و ڕەفتاری ناشایستە بووە.
نەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی، تاكێكی بێ ناوەڕۆك و بێ ناسنامە دروست دەكات كە ڕێگەی خۆی نەزانێت، كوالیتی ژیانی شێواو و سەرگەردانانە تێپەڕێنێت، ئەویش بە لاسایی كردنەوەی ئەوانیتر و خۆهەڵقورتاندن لە كار وباری ئەوانیتر بەبێ ئەوەی هیچ سوودێك بەو بگەینێت.
ڕكابەری و سەر لێشوان و تێكەڵكردنی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و تاكێكی بێ ئاوەز و لاواز دروست دەكات كە نەتوانێت رۆڵە ڕاستەقینەكەی خۆی بەرجەستە بكات.
شێواوی گشتی، كۆمەڵگەیەكی شڵەقاو و بەرخۆر و بێ ڕوئیا دروست دەكات، دواجار هەمووان دەبنە قوربانی و كەس ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بكات، هەرچەندە ناڕازی بن، تەنانەت ناتوانن خۆشیان كۆنترۆڵ بكەن چونكە ئەوەی هەیە بووەتە نەریت و ڕێگەی هەمووان، ڕاستكردنەوەی تەنیا ڕێگەی خۆت دەبێتە لادان لە بینینی گشتیەوە.
ئەگەر بە ستراتیژێكی ئینسانی و نیشتمانی پلان و بەرنامەی بۆ دانەڕێژرێ كە ئیستا وا كاریگەرییەكانی لەبەر چاومانە دوو ئەوەندەی تری لێدێت، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی هەموو شتەكان بكرێتەوە و ئەم ئاڵۆزیی و شێواویە نەمێنێت و لەژێر سایەی سیتمێكدا هەمووی ڕێكبخرێتەوە.




کورتەچیڕۆک/ ئیسرا.. رەسوڵ بەختیار

ماوەیەک بوو بەتەنیا لەبازاڕ دەمبینی، لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەت نابێ بەتەنیا بسوڕێتەوە، بەڵام ئەو هەردەم بەتەنیا بوو، نەدەبوایە لێی نزیک ببمەوە، نەوەک خەڵک بەچاوێکی دیکە سەیرم بکەن، نەوەک بڵێن هەردەم بەدوای کچ و ژنانەوەیە، خۆشی یەکێک لەوانە بوو، بەهیچ شێوەیەک سەیری کەسی نەدەکرد، زۆر بەکەمیش پیاوان سەیریان دەکرد، ئەو ئافرەتێکی شڕ و وڕ بوو، خەم و خەفەتی رۆژگاریش وەک پیرێکی لێکردبوو، تەمەنی نزیک سی ساڵانێک دەبوو، هەندێکجار لەچایخانەکانی سەر شەقام وەک هەموو خەڵک دادەنیشت و چای دەخواردەوە بەکوردییەکی شکاویش بەچایچییەکەی دەگوت پارەم پێ نییە.
ماوەیەک لەپێش چاوان ونبوو، دواتر لەنزیک باخی شار بینیم لەگەڵ ئەو پیرە پیاوانە دانشتووە، کە وەکخۆی بێکەسن، دیار بوو ئەو پیرە پیاوانە زۆر کەیفیان بەقسەی ئەو ئافرەتە بێکەسە دەهات…من هەندێک لەو پیاوە پیرە بێکەسانەم دەناسی، زۆرێک وەکو من هاوکاری دەکردن، لەو کاتەی منی بینی بانگی کردم و دوای چاک و چۆنی، سەرحانی پیر گوتی:لەشارەکەتان بێکەسێکی دیکە زیاد بوو، ئەم ئافرەتە ئاوارەی مووسڵە دوای ئەوەی شارەکەیان وێرانکرا بەهۆی شەڕ و شۆڕ و نالەبارییەوە بەتەنیا رووی لێرەکردووە، بزانە کارێکی بۆ نادۆزییەوە، لەماڵێک خزمەت بکات.
کاتێک ئەو ژنە ئاوارەیە گوێی لەوشەی خزمەت بوو، رووخساری تێکچوو، بەکوردییەکی خراپ گوتی: باسی چیتانکرد..
سەرحانی خەڵکی شاری ناسرییەیە، ماوەی چەند ساڵێک بوو لەشارەکەمان دەژیا. کوردییەکی باش فێربوو بوو رووی لەمن کردوو و گوتی: ئێمە هیچ وشەیەکی خراپمان لەدەم نەهاتۆتە دەرەوە، بۆیە بەعارەبی مەبەستەکەی روونکردەوە.
ژنە عەرەبەکە: کەمێک بەهێمنی گوتی: من ناتوانم خزمەتی کەس بکەم، ماوەیەکی دەمبینن، چ کارێک دەکەم.
لەوکاتەدا شوێنەکەی جێهێشت، منیش بەسەرحانم گوت:مام سەرحان ئەوە ئافرەتە ناوی چییە.
-ئیسرا موسڵاوی.
دوای ئەوەی دۆخەکە هێور بووەوە، موسڵ ئازاد کرا، ئیسرا لەچاوان ونبوو، منیش ئەوم هەر لەخەیاڵ نەمابوو، رۆژگاڕ هات و چوو رێم کەوتە بازاڕێکی نێو یەکێک لەگەڕەکەکان، لەبەردەم دوکانێکدا لەپیاوێکی تەمەن نزیک حەفتا ساڵە ورد بوومەوە، هەستم کرد، ئەو کەسە دەناسم، کاتێک ئەو پیرە پیاوە سەری بەرزکردەوە، یەکسەر گوتی: فەرموو مامۆستا، بەدەنگی زانیم ئەوە سەرحانی ناسرییەیە، ئەو زۆر پۆشتە بوو، لێنەگەڕا هیچ پرسیارێکی لێبکەم یەکسەر گوتی: ئیسرای مووسڵاویت لەبیرە، ئەو کەسی نەماوە، بەڵام موڵکێکی زۆریان لەشارەکەی خۆیان هەبوو، هەموو شتێکی فرۆشت و گەڕایەوە ئێرە، ئێستا ئەو هاوسەرمە، کاتێک گەڕایەوە، هەرچی هەژار و ئاوارەی، کە خۆی رۆژانە قسەی لەگەڵ دەکردن لەخۆی کۆکردەوە و هەریەکەو دوکانێکی لەیەکێک لەگەڕەکەکان بۆ دانان.




قەسیدەی چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێش ئەوەی ئەم هەموو ئەسەفەی غوربەت و
دڵ هەڵقرچانەی وڵاتی بەستەڵەک بمکوژێت
دەفتەرێکی تەزیو دەهێنم
بە قەڵەمی بەفر وەسێتنامەیەک ئەنووسم
لە توێی هەر لاپەڕەیەکدا
چیرۆکێکی سارد گەرم ئەکەمەوە
بێ ئەوەی بیرم بچێت
لەم دنیا پان و بەرینەدا
بێ ناونیشانترین پیاو و
ونبووترین شاعیرم
چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە
خۆ من حکایەتێکی خۆش و
سەربردەیەکی بەختیارم نییە
نازانم چی بگێڕمەوە و
بۆچی ئەتانەوێت دڵی خۆم بکەمەوە؟
تەنیا ئەم وەسێتنامەیە
چیرۆکی پڕ ئێشی کۆترێکی غەریبی
وەک منی لە خۆ گرتووە
لە رۆژێکی تەنها و لێڵ
لەسەر زەوی تاریکیی لە دایک بووم
هەموو ژیانم سوڕانەوە بوو
لە بازنەی داخراوی خۆمدا
رۆژەکانم هەر هەموو هەتیو بوون و
شەوەکانم بێزار و بێ بزە
کوخێکم هەبوو بێ پەنجەرە
نەمدەتوانی تەماشای ئایندەی لێوە بکەم
دوو دەستم هەبوو لە هەڵم
نەمدەتوانی سەری غەمبارمی پێ هەڵگرم
دوو قاچم هەبوو چەقیو
نەمدەتوانی بەسەر پردی خۆشنودیدا
پێی بپەڕمەوە
دوو چاوم هەبوو بێ بینایی
نەمدەتوانی فڕینی نەورەسەکان ببینم
دڵێکم هەبوو هەمووی زام
نەمدەتوانی بەو هەموو پینەیەوە
بیکەمە کراسی بوکێنی ژیان
ئەوەی هەمبوو لە تەمەندا
سێ چوار قەڵەم بۆیەی رەش بوو
رەنگی هەر تابلۆیەکم دەکێشا
تۆپەڵێک رەشایی دەرئەچوو
رەنگی هەر ئارەزوویەکم دەکرد
شێوەی دەچووە سەر
لافیتەی رەشی پرسەکان
هەر شیعرێکم پێ ئەنووسین
کزەبایەکی بێکەس بوون و
ئادرەسیان نەبوو لە هیچ
دیوانێکی لێو تەڕدا
بەلەمێکم هەبوو کون کون
هەزاران شەڕی بینیبوو
نەمدەتوانی سەفەری پێ بکەم
بە ناوی دەریای زەمەندا
چرایەکم هەبوو سەرکز
پێکەنینی بە ئازارەکانم ئەهات و
نەیدەتوانی ئەو هەموو تاریکییە
دەرک بکات کە لە رۆحمدا هەبوو
تەیرێکم هەبوو ناوی پێکەنین بوو
هیچ کات لەسەر چڵی لێوم نەنیشتەوە و
نەهاتە ناو قەفەسی دڵمەوە
خەیاڵێکم هەبوو، ناوی مۆتەکە بوو
هەموو کات گوڵە گەنمی زەردەخەنە و
چۆلەکەی عەشقی ئەتۆقاند
خەمێکم هەبوو، هاوڕێی هەمیشەیی و
بەوەفاترین هاودەمی عومرم بوو
هەمیشە وەک راوچییەک
ساتە بەختیارەکانی راو دەکردم
کاتژمێریکی کۆنم هەبوو
لە باپیرمەوە بۆم بەجێمابوو
چرکە بە چرکە غەمەکانمی دەپێوا و
تا مردیش روویەکی خۆشم لێ نەبینی
خەنجەرێکی دەم تیژم هەبوو
پاشماوەی خێڵی برین بوو
لە بری ئەوەی جەرگی تەنهاییم بدڕێ
هەموو کات دەچەقییە نزاکانم
ئەو نزایانەی بۆ باران دەمکردن و
پڕ پڕ بوون لە ویستی زیندوو بوونەوە
ئاوێنەیەکم هەبوو
هەروەک رۆحی خۆم درزی بردبوو
هیچ کات بزەیەکی بەسەر لێومەوە نیشان نەدا
هیچ کات هەستی ئاوریشمی
پیاوێکی غەریبی وەک منی نەبینی
بەرلەوەی ئێوارەیەکیش بگەمەوە پێی
بەقەد دیواری غەمەوە بەربووەوە و
هەپروون بە هەپروون بوو
گۆرانییەکم هەبوو گرینۆک
هەموو تەمەنی لایلایە بوو
بۆ عەشقێکی تاکلایەنەی بابردوو
رۆژێک نەمبینی باسم بکات و
سوکنایی ببەخشێت بە دایکم
کە تا مردیش دوعای بینینەوەی منی ئەکرد
باخێکم هەبوو زۆر پیر ببوو
هەرچی تۆوێکم تێدا ئەچاند
هەر بەری نائومێدیی ئەگرت
هەر چی دارێکم بە درەختی
پێکەنینەوە موتوربە ئەکرد
لە کۆتاییدا ئەبووە شۆڕەبی گریان
هەرچی خەیاڵێکم تێدا ئەڕواند
تەنها ورد و خاشبوونم تێدا ئەدورییەوە
پاسکیلێکم هەبوو رەنگ سەوزی قەزوانی
ئەیبردەمە لای میکانۆکانی مناڵی و
مەرکانە شکاوەکانی حەوشەی
گەڕەکی تەنگەبەری بیرەوەریی
ئەسپێکم هەبوو سەرکێش لە غاردا
جارێک پێی ئەڕۆشتم
بەرەو کەرنەڤاڵی پەروانە مەستەکان
لەناکاو گلام و بەربوومەوە
ناو سەحرای زەمان و
هەرچی تووتڕکی دڵڕەقییە
بە خەونە ئاڵەکانمەوە نوسان
جارێکی تریش پێی ئەچووم
بۆ کەناراوەکانی شیعر
کە لەوێ خەڵک بەچاوی دڵ
سەیری دنیا ئەکەن
لە ناکاو لەسەر پشتی بەربوومەوە
بۆ ناو کێڵگە سەرابییەکان و
کۆماری موحیبەتە سەربڕدراوەکان
گیرفانێکم هەبوو، قووڵ قووڵ
زۆر جار پڕم دەکردن
لە مێوژی هەقایەتە خۆشەکانی داپیرەم
هەر کاتێک دەستم ئەکرد بەناویدا
هەقایەتێک دەربهێنم
داستانێکی تاعوناویی خۆی قووت دەکردەوە و
گیرفانی ئارامیی ئەدڕاندم
کۆترێکم هەبوو، نامەبەر
هەموو کاتێک نامەکانی دڵمی
ئەگەیاندە ئەو ژنانەی
لەسەر رێگای تەمەنم ئەوەستان و
چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەیەکی جیاواز و
چاوداگرتنێکی عاشقانەم بوون
جارێک کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە دەنگی سازی ئەوین
نەڕژابووە ناو هەستەکانی
ئەم ژنە دواجار بوو بە غوباری
ناو لاپەڕە بۆرەکانی زەمەن
جارێکی تر کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە بەیانیان
مۆسیقای عەشقی ئەژەند و
ئێوارانیش گۆرانی بۆ دڵنیایی ئەچڕی
ئەم هەر زۆر زوو وتی
من لە کوێ تاقەتی پیاوێکی شێتم هەیە
کە دەفژەنی خانەقای سەرکێشییە
ئەمجارە کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک رووخساری سیحر و
دەنگیشی قاسپەی کەو بوو
هەموو ژیانی لە نێو سەما و
فڕین لەگەڵ باڵندەی بەختەوەریدا
بەسەر بردوو
ئەمیش، هێندەی نەبرد
بە دەنگێک کە لە رەگەزی دڵڕەقی بوو
وتی، من بۆچی ئەبێت
مەراقەکانی ئەو لەناو جۆلانەی
خۆشبەختی خۆمدا راژەنم؟
وەک خۆری دەم کەلی ئێواران
خۆی لەناو تاریکیدا حەشاردا
کۆترەکەم ماندوو بوو
هەرچی نامەی منی گەیاند
یان بە دڕاویی ئەیهێنایەوە
یاخۆ لەناو زەرفی نامەکەدا
دڵی شکاوی منی ئەگەڕاندەوە
ئەو جارە، کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە زامی غەریبی
هەموو گیانی کون کون کردبوو
هێشتا ئاسەواری فرمێسک
بە چاوەکانییەوە دیار بوون
ئەو ژنێک بوو لە قەبیلەی میهرەبانی و
تیرەی هەتاو
ئەو هەرگیز بەردی نەگرتبووە
شوشەی دڵی هیچ گوڵێکی شەیدا
هیچ کات نوێژی عەشقی
بە هیچ بارانێکی سەوداسەر نەبڕیبوو
لە چاوەکانییەوە تیشک و
لە رۆحییەوە کانییەک لە جوانی هەڵدەقوڵا
ئەو هەر زۆر بە خێرایی
نامەکەی دڵمی قبوڵ کرد
ئەو زۆر زوو لە ناخمدا
دەستیکرد بە تەقینەوە
ئەوەی هەمە لە ژیاندا، ئەو ژنەیە
کە بە چاو تروکاندنێک
ئاگر لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
بە یەک بزەی سەر لێوی
دەریای مەنگی شیعرم
ئەخاتە مەوجدان
ئەمێستا، ئەو پێکەنینەکانم
لەگەڵ بەش دەکات و
فرمێسکەکانم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، ئەو لەزەتی ماچم
پێدەبەخشێت و
تاڵەییەکانی وجودم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، شەرابی لەزەتم
پێ ئەنۆشێ و
غەمەکانم دەخاتە کۆڵی خۆی
ئەمێستا ئەو ژنە
منی لە کەلاوەی ژیاندا
هەڵگرتۆتەوە بۆ خۆی

شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئۆکتۆبەری 2018
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”




شیعری مناڵان/ زمانی دایک.. عەلی حەمەڕەشید

زمانەکـــەم کـــوردییە و
شانازیی پێوە دەکــــــەم
ئەو باشترین بەڵگــــەیە
دەیسەلمێنێ کــە من ھەم

بــۆ پێشخستنی وزمــــان
ھەمیشە لــــە ھـــەوڵدام
وەک چــاوم خۆشمدەوێت
ھێندە شـــیرینە لــــەلام

پـارێزگـــــاری کــــردنی
ئــــەرکی درشــت و وردە
چونکــــە زمــــانی دایک
ناسنامــەی ئێمــەی کوردە
٢٣/٢/٢٠١٩




کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەڵگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشاندەدەن.. نووسینی بەکر ئەحمەد

“یادەوەری بێ کێشە نییە، چونکە ئینسان کاتێک یادەوەری بانگدەکاتەوە، ئەوا بۆ پێداویستییەکی هەنووکەییە. ڕابردوو لە ڕێگای هەلومەرجەکانی هەنووکەوە خۆیمان دەداتەدەست بۆ تێگەیشتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە یادەوەری دووبارە لە فۆرمدەرێتەوە. بۆیە مێژوو و یادەوەری هەمان شتمان پیشاننادەن. ” (1)
دەستپێکردنی من لێرەوە بۆ سەرنجدانە لەو مێژووە ڕەشانەی کە گروپێک برینێکی قوڵ لە جەستەی گروپێکی دیکەدا دروستدەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە یادەروریی و میژوویەک کە هەردوولا، تاوانبار و تاوانلێکراو لە دوو گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەرنجی دەدەنێ.

کورد چۆن لە ئەنفا ل دەڕوانێ ، هاوڵاتییەکی عەرەبزمان چۆن دەیبینێ. کورد چۆن لە یەزیدیەکان دەڕوانێ و ئەوان چۆن لە ئێمە، جووەکان و ئەڵمانییەکان. ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ بنووسێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەم گروپە جۆراوجۆرانەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە خوێن و فرمیسک لە نێواندایە.

کۆششی من لەم نووسینەدا ، سەرنجدانە لە پەیوەندی نێوان هاولاتی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناو تورکیا لە گەڵ هاولاتیانی تورکدا، ئەویش بە سەرنجدان لەو دراما تورکییانەی کە لە نێتفلێکس و پلاتفۆرمەکانی دیکەی پەخشکردنەوە دا دەبینرێن. نەک ئەو دراما تورکییانەی کە لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاجکراون و پەخشدەکرێن.
بۆ سەرنجدان لەم درامایایە، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم پێویستە سەبارەت بەو چوارچیوە تیۆرییانەی کە لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا سەروکارییان هەیە، ئەویش چۆنێتی مامەلەکردنە بەم رووداوانە لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانە . بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی کامە ستراتیژی بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە کردەوەکانی گرووپی خۆ کاتێک مێژووی گرووپ خوێناوی و ئازارخوڵقێنەرە بۆ ئەندامانی گروپی بەرانبەر. کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی یان “ئازاری ویژدان” وبە نوستالژیاوەباسکردن لەو ڕووداوانەی کە ڕویانداوە، دوو ستراتیژی ناسراون بۆ مامەلەکردنی گرووپە دەستدرێژیکەرەکان بە مێژووی خوێناوی خۆیان. ئایا ئەوەی لەم درامایانەدا دەبینرێت، دەکرێ جۆرێک لە کۆششێکی هێزە زیندووەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا بێت بە مێژووی خویناوی ئەم ولاتە کاتێک حەرامەکانی دوێنێ ناخرێنە ناو مەملەکەتی حەرامەکانەوە و بە دەنگ و رەنگی خۆیانەوە، ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە لە ڕۆژگارێکی تردا بۆیان نەبووە بیکەن. با سەرنجێکی خێرا لە هەردوو چەمکی نۆستالژییا و ویژدانناڕەحەتی بدەین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکانی سەرەوەمان.

ویژدانناڕەحەتی:
کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکاتە سەر گروپێکی دیکە، هەمیشە ئامادەیی ویژدانناڕەحەتی، یان ئەوەی بە کوردی پێیدەوترێت “عەزابی ویژدان”، ئامادەییەکی گرنگی هەیە لەلای گروپی دەستدرێژیکەرەوە. ئینسان پێویستناکات خۆی بەشداریکەرێکی چالاکی ئەو کردەی دەستدرێژکردنە بیت. بێگوومان ئەمە بە مەرجێک کە گروپی دەستدرێژیکەر ئەوەی قبوڵکردبێت کە گروپەکەی خۆی کارێکی قێزەونی ئەنجام دابێت. ئەم هەستی ویژدانناڕەحەتییە لە داعشێکدا ناکرێ بوونی هەبێت کاتێک سەبایاکردنی کچانی یەزیدی بە ئەرکێکی ئاینی لە قەلەمدەدات، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵکی ئەلمانی لەمڕۆدا، مێژووی هۆلۆکۆست و ئاوشوفیتس، ویژدانێکی ناڕەحەت لە ئاستیی گروپدا دروستدەکات، ئەوەی کە پێی دەوترێت ویژداننارەحەتی کۆلێکتیڤی.
“مایکڵ هۆڵ” و”نیللا برانکۆمبی” و “یاخیل کلار” پێیانوایە کە : هەستکردن بە نارەحەتی ویژدان، پێویستی بە 4 هەلومەرجی تایبەتی هەیە.

یەکەم: چەند تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گروپی دەستدرێژیکەرەوە یاخود نا
دووم: چەند تاک پێیوایە گروپی دەستدرێژیکەر بەرپرسیاری ئەو ڕەفتارەیە کە مەبەست بووە زیان بە گروپی دووم بگەێنێ.
سێیەم: ئەوەی کە تاک پێیوابێ زیانی بەرکەوتووی تەرەفی ئەوبەر ناڕەواو نائەخلاقیی بووە
چوارەم: ئەوەی کە تاک درک بە قورسی و تێچووی ئەو زیانە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەلەیەک کە کراوە.
لای نووسەرانی سەرەوە، سێ شێوازی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تێروانینی بەرپرسیارێتی گروپی خۆ کە زیانی بە گروپی بەرانبەر گەیاندووە، کەمترین هەستی ویژدانناڕەحەتی لای گروپی خۆ بەرهەمبێنێ.

بە کورتی هەستنەکردن بەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە شتێکی گرنگ بووە.
یەکەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە نیگای لەسەر زیانی لێکەوتووی گروپی بەرانبەرە لە جیاتی ئەوەی چاوی لەسەر هەلەکانی گروپی دەستدرێژیکەر بێ. بەمەش نیگای سەرنجلەخۆدان تا دێت بچووکدەبێتەوە.
دووم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەو زیانەی گروپی بەرانبەر دوەچاری بووە لە پێشداوەرییەکانی خۆیەوە سەرنجدەدا کە گروپی بەرانبەر چ تایبەتمەندییەکیان هەبووە یان نا.
سێیەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەوەی ڕوویداوە دەخاتە سەر چەند دانەیەکی جیاوازی گروپی بەرانبەر کە گوایە بە هۆی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
لە ڕیی ئەم سێ دۆخەوە ، هەمیشە گروپی دەستدرێژیکەر بە شوێن ئەوەوەیە کە هەستی ویژدانناڕەحەتی خۆی کەمکاتەوە و چاو لە تاوانەکانی گروپی خۆی بنوقێنێ.

ئەوەشمان بیرنەچێت، داننان بە زیانی گروپی بەرانبەردا و قبوڵکردنی ئەوەی کە گروپی خۆ کردەوەیەکی نائینسانی ئەنجامداوە، ستراتیژییەکی ترە، دووبارە بۆ کەمکردنەوەی هەستی کۆلیکتیڤی ویژدانناڕەحەتی گروپی دەستدرێژیکەر وەک لە کەیسی دادگاییەکانی روواندا و ئەمڕۆی کۆمەلگای ئەڵمانیدا دەبینرێت.
نوستالژیا
یەکێك لەو نیگایانەی تر کە ئینسان سەرنجی ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەی پێدەدا، نوستالژیایە. لای “سڤێتلانا بۆیین” ” ئارەزوو و تاسە بۆ ماڵێک کە لە ئێستادا بوونی نییە و یاخود قەت بوونی نەبووە، بەشێک لە جومگە ناوەکییەکانی هەموو نوستالژیایەکە. نوستالژیا تاکە شێوازێک نییە کە تاک سەرنجێکی سۆبژێکتیڤی لە ڕابردوو پێدەدەدات، بەڵکو ئەم نیگایە بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە بە جومگەی پۆزەتیڤی ژیان ڕازێنراوەتەوە و وێنەیەکی کەم پۆزەتیڤ تر لە ئێستا دەنەخشێنێ. “
تیۆری نوستالژیاش، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی دەستەجەمعی دەکات و لە دۆخی دەرپەڕاندن و ناچاربەکۆچکردنی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی پرسیاری پێدراوە.
ئەم ڕوونکردنەوە درێژەی من لێرەدا سەبارەت بە چەمکی ویژدانناڕەحەتی و نوستالژیا بۆ سەرنجدانێکی تارادەیەک خێرای چەند دانەیەک لەو زنجیرە تورکیانەی سەر بە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردنی (نیتفلێکس)ە کە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا وەک کارە سەرکەوتووەکانی دراما تورکییەکان سەرنجی دراوەتێ . لە ڕێی ئەم درامایانەشەوە ، سینەما و درامای تورکی لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوایەتیدا بەرزڕادەگیرێت.
سەرنجدانی من لە م زنجیرانە ، لە گشتییەتی ڕووداوەکانی ناو دراماکاندا نین، بەلکو نیگایە لە دەمووچاوە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکی کە تا زەمەنێکی درێژ لە ناو ئەرشیفە کڵۆمدراوەکانی دەوڵەتدا تووندکرا بوون و وقسەکردن لەسەر هەر یەکێکییان، بە زیندانیکردنی خاوەنی قسەکەر تەواو دەبوو.
ئەو گروپانەیشی کە جیگایەکی تایبەت لەم زنجیرانەدا داگیردەکەن، کورد و گرێکی و جووەکانی تورکیان.
ئایا بێدەنگکردنی کورد و قەدەغەکردنی زمانەکەیان و ناوبردنی ئەوان بە تورکی چیا لە زەمەنێکی دوورەوە، چ ئاڵوگۆڕێکی لە زەینی ئینسانی تورکدا دروستکردووە و دەرکەوتنی گۆرانی کوردی و چیرۆکی کوردی لە زنجیرە دراما تورکییەکاندا، چەندێک دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەیەکی گروپێکی دەستدرێژیکەرەوە لەبەرانبەر گروپێکی دەستدێژیلێکراودا؟
جوولەکەکانی ئیستانبوڵ چۆن دەرکران، شەوی شەش لەسەر حەوتی ١٩٥٥ چییان لە یۆنانییەکانی ئەستەنبوڵکرد، ئەمانە بەشێک لەو دەستدرێژییە خوێناویانەن کە کۆمەلگای تورکی و ئیلیتی کولتوری تورکی لە مەملەکەتی”قەدەغەکان”ی تورکیادا دووبارە دەنگ و ڕەنگییان پێداداتەوە و دەیانخاتەوە بەر نیگا . نەک هەر نیگای گرووپی خۆ، بەلکو لە ئاستێکی فراوانی نێونەتەوایەتیدا بە جیهان دەڵێ: ئاوامانکردووە.

درامای Ethos یان : Bir Başkadır

“ئێتۆس” کە ناوهێنانی دراماکەیە لە نیتفلێکسی سویددا، یەکێک لە دراما هەرە جوانەکانی ئەم پلاتفۆرمەیە. لە تورکیادا و لە کاتی نیشاندانی ئەم زنجیرەیەدا، کۆمەلگای تورکی بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە جەزبدەکات.
چیرۆکی دراماکە ، نیشاندانی کۆمەڵێک دەمووچاوی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکییە بە خەون و پرسیارە سادە ئینسانییەکانی خۆیانەوە. یەکێک لەو روخسارە ئامادانەی ناو دراماکە کچێکی کوردی دەرونناسە کە خوشکێکی مەزهەبی هەیە و لە دوو گۆشەنیگای تەواو دژبەیەکەوە لەبەریەککەوتنێکی هەمیشەییدان. خێزانێکی کورد کە لە گۆشەیەکی ئەستەنبوڵدا ژیان بەسەر دەبەن و دایک و باوکێک کە کە هێندەی شاتە شات و قنەشەڕی کچەکانییان هات و هاوار لە ماڵەکەدا دروستدەکات، هێندەی کاتەکانی تر سەر قاڵی کوڕێکی گەورەی خۆیان دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشییە ئاوتیستییەکەیەوە، دایک و باوکی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. تا ڕۆژێک لە دەنگدەرهاتن دەکەوێت و تەنها گۆرانی باوک دەتوانێت بیخاتەوە ناو جیهانی قسەکردنەوە.
ئینسان کاتێک کلیپی سووکایەتی ئیلیتی فاشیستی تورکیا دەبینێت لەبەرانبەر هەواڵی بە کوردی گۆرانیوتنی “ئەحمەد قایە”دا لە ساڵی 1999دا کە چ کاردانەوەیک دروستدەکات، هەستدەکات کە گۆرانییەکی کوردی لە م دراما گەورەیەی تورکیادا، کە تیکستەکەی و ئاخاوتنی دایک و باوک کە بە کوردی قسەدەکەن و بە ژێرنووسی تورکی پیشانی بینەری تورکی دەدرێت، چ تەزوویەک بە ناخی ئینساندا دەهێنێت. رەنگە هیچ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی لە کۆڕاڵی بەرزنرخاندنی ئەم پرۆژە تەلەفیزیۆنییەدا چاوی نەچوبێتە سەر ئەم دیمەنە چەند خولەکییەدا، بەڵام مێژووی بە تورکی چیا لەقەلەمدانی کوردەکانی تورکیا و قەدەغەکردنی ئەم زمانە و زاردەربڕینی ئەم زمانە لە یەکێک لە دراما گەورەکانی ئەم ولاتەدا، کۆتایی زەمەنێکە کە مەگەر “داگیرکردنی تاریکی” بەختیار عەلی دەربڕی بێت.
زنجیرە درامایەکی دی کە بە تورکی بە “عەتییە” ناو دەبرێت و لە زمانی ئینگلیزیدا بە The Gift ناسراوە و کەش و هەوایەکی تەواو کوردی دەخاتە باکگراوندی ڕووداوە سەرەکییەکانی خۆیەوە. دراماکە لە دەوری دۆزینەوەی ئەو پاشماوە شارستانیەی کە لە تورکییەکەیدا بە “گوبڵی تەپە” دەناسرێت و دەکەوێتە 15 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئورفەوە دەسوڕێتەوە، کاتێک نیگارکێشێک بە شوێن دۆزینەوەی نهێنی ئەو ڕەمزە تایبەتییەوە کە لە تابلۆکانی خۆیدا دەردەکەوێت و ئەم ڕەمزەیش بەشێک لەو وێنانەیە کە لەسەر بەردەکانی گۆبڵی تەپەدا دۆزراونەتەوە. چیرۆکێک کە لەسەر خەیاڵێکی زانستی بنیاتنراوە.
بەڵام ئەوە بە تەنها کورد نییە دەگەڕێتەوە ناو مێژووی ئەمڕۆی تورکیا، بە ڵکو لە زنجیرە درامای “گۆبەنخانە” یان لە زمانە بازاڕییەکەیدا “مەلها” دا کە بە ئینگلیزی بە The Club پێناسەکراوە، جووەکانی تورکیا و گرێکییەکانی ئیستەمبوڵ لە سەنتەری ئەو رووداوانەدان کە قسەسەکردن دەربارەیان وەک زمانە قەدەغەکراوەکەی کوردی بووە و ئەوەتانێ لەم دراما سەرکەتووە جوانەدا بەشێک لە مێژووی چۆنێتی دەرپەڕاندنی جووەکان و قەتڵ وعامی گرێکییەکانی سالی 1955 دەبێتە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان.

بەڵام هۆی چییە کە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا دێنەوە سەر شانۆ لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لە مڕۆدا ئامادەیی هەیە پرۆژە ناسیونالیستتیەکەی ئەتاتورکی لە بەرگێکی ئاینییەوە پۆشاوە و ئەمجارەیان لە ناو پرۆژەیەکی ئایینی دیدا بە شوین خەونە ناسیونالیستییەکانی تورکیاوەیە؟
بەبڕوای من، لە هەر لایەکەوە وەڵام بەم پرسیارە بدرێتەوە، ڕەهەندی سیاسی ئەم وەلامە هەمیشە ئامادەیی هەیە. ئەوە چاوکاڵی کورد نییە لە دراما تورکییەکاندا بە کوردی دێیتە ئاخاوتن و جووەکان باسی چۆنێتی دەرپەراندنیان و گرێکەکان باس لە ناخۆشترین شەوەکانی خۆیان دەکەن لە پێنج و شەشی سێپتیمبەری ساڵی 1955دا. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، ئەم دووبارە گێراندنەوانە لە زمانی نەتەوەی سەردەستەوە دەهێنرێتە سەر شانۆ، تا هەردوو لایەنی کێشەکە لێی بڕوانن.
بە کورتییەکەی، ئەوە کورد نییە لە بێزمانخستنی خۆیدا بۆ گۆرانییەک دەگەڕێ حەکایەتی زمانداربوونی خۆی بگێڕێتەوە، بەلکو ئەوە نەتەوەی سەردەستە کە لە چرکەیەکی مێژوویدا، ئەم زمانە قەدەغەکراوە دەخاتە سەر شانۆ و لە ڕیگای وەرگێرانی وشەکانیانەوە، هاولاتی تورکزمان لە ناوەرۆکی گۆرانییەک ئاشنا دەکات.
بە بڕوای من، کاتێک بە شێک لە هاوڵاتییانی ئەمڕۆی شاری ئەستەنبوڵ پەلاماری کۆمەڵێک گەنجی کورد دەدەن کە بە کوردی گۆرانی دەچڕن، ئەو بەشە لە دید و بۆچوونی کۆمەلگای تورکی دێتە پەیڤین کە خوازیار بووە پرسیاری بێزمانکردنی کورد، وەک ئەو پرۆژە سیاسییەی ئەتاتورک بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت. ئەم دیدە بە هەمان شێوە لەمڕۆکەی کۆمەلگای ئەلمانیدا ئامادەیی هەیە کە پرۆژەی قەتڵوعامی جووەکانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە ڕێگاچارەیەکی زۆر ئاسایی دەزانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەشغەڵە کۆمەلایەتییەکانی سییەکانی ئەلمانیا و لە خەون و خەێاڵێکی نوستالژیایانەدا، ئومێدی هێنانەوەی دوێنێی هەیە بۆ ئەمڕۆ. بەڵام هاوکاتیش دەنگێکی بەرزتر و گەورەتری ناو کۆمەلگای ئەلمانیش دەبیستین کە دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەی خۆوە لەبەرانبەر ئەو تاوانە گەورانەدا کە لە زەمەنی جەنگی جیهانیدا ڕوویداوە.
بە بڕوای من، دەرکەوتنی کورد بەم ئاستە لە دراما تورکییەکاندا، دەکرێ وەک پرۆسەیەکی ویژدانپاککردنەوەی نەتەوەی سەردەست بێت لە بەرانبەر دەستدرێژیکردنە سەر کەمایەتییەکی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکیدا کە بە خۆیی و زمانەکەیەوە ڕاوەستاوە و لە گۆرانیپەیڤینی خۆی نەکەوتووە. چەندێک ئەم پرۆسەی ویژدانناڕەحەتییەی ئینسانی تورک و ویژدانپاککردنەوەی خۆ لە گوڕو تینی خۆیدایە، دەکەوێتە سەر بەرابەرکێی ئەو دوو تێروانینە ی کە لە بەرانبەر چۆنێتی مامەلەکردن بە ڕووداوەکانی ڕابردووە، دەکرێ چۆن هەڵوێست بنوێنرێت؟

بەڵام ئایا یۆنانی و جووەکان کە لە مڕۆدا قەوارەیەکی گەورەی سیاسی پێکناهێنن، بە هەمان مەغزای داوالێبووردنکردنەوە دێنەوە سەرشانۆ وەک چۆن پرسیاری ویژدانناڕەحەتی ئەم دەستدرێژییە مێژووییە دەیهێنێتە پێش، یان ئەوان دەهێنرێنەوە سەر شانۆ وەک نوستالژیایەک بۆ زەمەنێکی پێکەوەژیانی فرەکولتووری کە لەمڕۆدا نەماوە بەڵام زەبروزەنگێکی خوێناویشییان بەرانبەر بەکارهێنراوە؟ وەک چۆن جووەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوستالژیئامێزدا باسێان لێدەکرێت . بە بڕوای من ئەوان لەمرۆدا لە نوستالژیادان، چونکە بە عەمەلی لێرە نین. ڕەنگە ئەم جۆرە مامەڵەکردن بە قوربانییەکانی دوێنێ بۆ هێنانەوەیان وەک نوستالژیایەک، ڕێگایەکی دیکە بێت بۆ مامەلەکردن بە مێژوویەکی خویاناوی و داننان بە تاوانەکانی دوێنێدا.

بە بڕوای من، شتێک لە کۆمەلگای تورکیدا ڕوویداوە کە هەتا بلیی ئومێدبەخشە. بۆیە هەر موتیڤێکی سایکۆلۆژی یان سیاسی لە پشت دەموچاونیشاندانی بێڕووخسارەکانی دوێنێی کۆمەلگای تورکییەوە هەبێت، ئەمڕۆ ئەو ڕووخسارانە لێرەن تا ڕابردووە خوێناوییەکەی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە.

نووسینی بەکر ئەحمەد
20220116

*1 Åsa Berntsson · 2010 — Minnet av 6-‐7 septemberhändelserna. -‐ istanbulbornas minne av upploppet mot den grekiska minoriteten. By: Åsa Berntsson.




چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و دۆستی کورد تۆماس شمیدینگه‌ر.. سازکردنی: هیوا ناسیح

تۆماس شمیدینگه‌ر ساڵی ١٩٧٤ له‌ شارۆچکه‌‌ی فێڵدکیرخ له‌ نه‌مسا له‌دایکبووه‌ و له‌ ڤییه‌ننا داده‌نیشێت، یه‌ک له‌ دۆسته‌ هه‌ره‌ نزیکه‌کانی کورده‌، دکتۆرای له‌ زانستی سیاسی و تایبه‌تمه‌ندی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کورددا هه‌یه‌. ئه‌م که‌ له‌ گه‌نجییه‌وه‌ تێکه‌ڵی کورد و که‌لتوره‌که‌مان بووه‌، دواتر وه‌ک ئه‌کادیمی و چاودێرێکی سیاسی و نوسه‌ر زیاتر له‌ کورد و سیاسییه‌کان نزیک ده‌بێته‌وه‌، تا ده‌گات به‌وه‌ی ده‌یان جار سه‌ردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی کردوه‌ و چه‌ندان کتێبی له‌سه‌ر کورد نوسیوه‌، ته‌نانه‌ت ناوی پارچه‌کانی کوردستانیش به‌ کوردی ده‌هێنێت! هاوکات به‌رده‌وام به‌شداری چالاکییه‌ که‌لتوری و سیاسییه‌کان له‌ ڤییه‌ننا و زانکۆکانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات و ناوبه‌ناویش سه‌ردانی کوردستان ده‌کات. کاره‌کانی هه‌ر نوسینی نه‌گرتۆته‌وه‌ و هه‌ر له‌ وڵاته‌که‌ی خۆشی نییه‌، به‌ڵکو له‌‌‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش له‌ ناوه‌نده‌ زانستی و ڕامیارییه‌کان و زانکۆکانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا به‌رده‌وامه‌. ساڵی ٢٠١٦ دوای چه‌ند سه‌ردانێکی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پیشانگایه‌کی له‌ ساختمانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ وێنه‌کانی کرده‌وه‌، که‌ له‌‌وێ چرکاندبوونی و گیانی به‌ره‌نگاری و ژیاندۆستی و خه‌باتی کوردی ئه‌وێی تێیاندا به‌رجه‌سته‌ کردبوو، له‌ ئه‌نجامدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌ردۆگان ئیدانه‌‌ی په‌‌رله‌مانی ئه‌وروپایان کرد، که‌ رێگه‌ی ئه‌و چالاکییه‌یان داوه‌! بۆ زیاتر ناسینی ئه‌م پیاوه‌ ڕۆحسوک و چالاک و ئه‌کادیمییه‌ به‌ خوێنه‌ری کورد ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌مان به‌ زمانی ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵیدا سازکرد.

هیوا: با پێشه‌کی تۆماس شمیدینگه‌ر له زمانی خۆیه‌وه‌ بناسین، تۆماس کێێه‌؟
تۆماس: من خه‌ڵکی شارۆچکه‌یه‌کی رۆژئاوای نه‌مسام و له‌وێ گه‌وره‌ بووم، له‌ خوێندنی بڕوانامه‌ی دووه‌می زانکۆمدا به‌شی زانستی سیاسی و کۆمه‌ڵ و که‌لتورناسیم خوێند، له‌وێدا خۆم بۆ بابه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌رخانکرد، نه‌ک ته‌نها کوردستان. کاتێک که‌ هه‌رزه‌کار بووم زۆر له‌گه‌ڵ گروپه‌ سیاسییه‌ چه‌په‌کاندا چالاک بووم. ئه‌مڕۆ خه‌ریکی نوسینم، به‌ڵام دیاره‌ ته‌نها چاودێرێکی ڕووت نیم، به‌ڵکو وه‌ک که‌سێکی زانستکاری سیاسی ماومه‌ته‌وه‌. له‌ کاتی خوێندنی زانستی سیاسیمدا کارم له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت کردوه‌ وه‌ک کوردستان، سوریا، عێراق، سودان و باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌‌وروپا هه‌روه‌ها بابه‌تی کۆچبه‌ران و په‌یوه‌ندی ئاین و ده‌وڵه‌ت. من زانستی‌ سیاسییم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و که‌لتورناسی کۆکردۆته‌وه‌. داشنانیشم له‌ماڵه‌وه‌ به‌ڵکو ده‌چمه‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ خه‌ڵک و که‌‌لتور و ڕه‌وشی ژیانییان ده‌ناسم و ئه‌مه‌ خۆشیم ده‌داتێ، کاتێک سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌که‌م ته‌نانه‌ت له‌ کاتی قه‌یرانه‌ سه‌خته‌کانیشدا.

هیوا: وه‌ک ده‌زانرێت به‌رێزت په‌یوه‌ندییه‌کی باشت له‌گه‌ڵ کورددا هه‌یه‌ و گرنگی زۆریش به‌ کێشه‌که‌یان ده‌ده‌یت، ده‌کرێت بزانین ئه‌مه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟ ئه‌م په‌یوه‌ندی و ناسینه‌ چۆن گه‌شه‌ی کردوه‌؟
تۆماس: من کاتێک گه‌نج بووم کوڕان و کچانی کوردم له‌و ناوچه‌یه‌ی خۆم و له‌ شاری فۆراڵبێرگ ناسین، که وه‌ک کۆچبه‌ر له‌وێ بوون و ده‌ژیان. باوه‌ڕه‌که‌م ته‌مه‌نم شانزه‌ حه‌فده‌ ساڵێک ده‌بوو، کاتێک بۆ یه‌که‌مجار ئاماده‌ی کۆنسێرتێک بووم هی شڤانپه‌روه‌ر، دواتر حه‌زم بۆ که‌لتور و موسیکی کوردی جوڵا. واته‌ پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ زانکۆ تێکه‌ڵێم له‌گه‌ڵ کورداندا هه‌بوو. یه‌که‌مجار سه‌ردانی کوردستانم کرد ساڵی ١٩٩٩ بوو خوێندکاری زانکۆبووم، کاتێک له‌گه‌ڵ کچێکی هاوڕێمدا سه‌فه‌رێکی درێژمان کرد بۆ ڕۆژئاڤا و سوریا، ماوه‌یه‌ک له‌ قامیشلو و حه‌سه‌که‌ بووین، له‌وێوه‌ چووینه‌ نوسه‌یبین. له‌ ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه‌ به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانی باشوری کوردستان (به‌شی عێراق) د‌ه‌که‌م، وه‌ ساڵی ٢٠٠٧ بۆ یه‌که‌مجار له‌ ڕۆژهه‌ڵات (ئێران) بووم. له‌‌گه‌ڵ کاتدا فێری عه‌ره‌بی و تورکی و هه‌ندێک کوردیش بووم. ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی فه‌رمی و که‌سییم به‌ خه‌ڵکی کورده‌وه‌ له‌ هه‌‌موو ناوچه‌کان هه‌یه‌، به‌جۆرێک من له‌وێ هه‌ست ده‌که‌م وڵاتی خۆمه‌.

هیوا: ده‌توانین بزانین چه‌ند جار سه‌ردانی کوردستانت کردوه‌؟ وه‌ چه‌ند کتێبت له‌سه‌‌ر کورده‌کان نوسیوه‌؟ ئایا هیچ له کتێبه‌کانت بۆ زمانی کوردی وه‌رگێڕراون؟
تۆماس: چه‌ند جار به‌ته‌واوی بیرم نییه‌، به‌ڵام به‌ مه‌زه‌نه‌، گه‌ر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان حساب بکه‌ین، نزیکی سی جار له‌وێ بوومه‌، جا سه‌فه‌ره‌‌کانم هه‌بوون بۆ چه‌ند مانگێک یا کورت بوون بۆ چه‌ند رۆژێک، بۆ نمونه‌ کاتێک بۆ کۆنفرانس یان سیمینارێک داوه‌ت کراوم. به‌ گشتی خۆم سێ کتێبم له‌سه‌ر کورد نوسیوه‌، که‌ گێڕانه‌‌وه‌یه‌ چیم بینیوه‌ له‌وێ، یه‌کێکیان له‌سه‌ر ڕۆژئاڤایه‌، یه‌کێکی تر له‌سه‌ر عه‌فرینه‌ و دانه‌یه‌کی تریان له‌سه‌ر شه‌نگاله‌. جگه‌ له‌مه‌ دوو کتێبی ترم به‌ هاوبه‌شی له‌سه‌ر کوردستان چاپکردوه‌. ژماره‌یه‌کی زۆر وتاری زانستی و رۆژنامه‌‌وانیم نوسیوه‌. له‌ ساڵی ٢٠١٣وه به‌رده‌وام و ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا (کتێبی ساڵانه‌ی ڤییه‌ننا بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی) بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی له‌سه‌ر کوردستان تێدایه‌. دوو کتێبه‌که‌ی خۆم بۆ زۆر زمانی تر و‌ه‌رگێڕراون وه‌ک ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، تورکی و کوردی، ته‌نها ئه‌و کتێبه‌شم که‌ له‌سه‌‌ر عه‌فرین نوسیومه‌ به‌ دیالێکتی سۆرانی وه‌رگێڕراوه‌ و ساڵی ٢٠٢٠ له‌ ئێران بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.‌

هیوا: له‌ که‌یه‌وه‌ تۆ گرنگی به‌ ململانێکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ده‌یت؟ بۆ چی ئه‌و کێشانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین لای تۆ گرنگن؟
تۆماس: زه‌مه‌نێکی دیاریکراو نییه‌، که‌ من له‌و کاته‌وه‌ گرنگیم پێ دابێت، هه‌رچۆنێک بێت له‌ گه‌نجییه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رنجیان ڕاکێشاوم. من له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌ بووم، کاتێک سه‌روه‌ختی خوێندنه‌که‌م بوو، بۆ من گرنگ بوو کۆرسێکی خوێندنی عه‌ره‌بیم له‌ قاهیره‌ بوو، کاتێک ساڵی ١٩٩٨ ته‌واوی وه‌رزێکی خوێندن له‌وێ بووم. کۆرسێکی خوێندنی تورکیم له‌ ئه‌سته‌نبول بوو، کاتی نوسینی پڕۆژه‌ی ده‌رچوونم له‌ سودان بووم، پاشان ئه‌و هه‌موو یه‌کتربینینه‌ زۆره‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا له‌ ناوچه‌که‌ و دوور له ئه‌وروپا.

هیوا: وه‌ک تۆ ده‌زانی، که‌ تورکیا له‌ ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار په‌لاماری ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ریی رۆژئاڤای داوه‌ له‌ باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، هه‌روه‌ها چه‌ندان شاریشی وه‌ک عه‌فرین دوای به‌رگرییه‌کی سه‌خت داگیرکردوه‌، به‌ بۆچوونی تۆ بۆچی تورکیا وا ده‌کات؟ کۆنکریت بڵێین تورکیا چی له‌ کورده‌کانی ئه‌وێ ده‌وێت؟
تۆماس: ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێستای تورکیا هه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌کی کورده‌کان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆیان ده‌بینن، به‌تایبه‌ت که‌ ناوچه‌که‌ له‌ ژێر ده‌ستی پارتێکی ده‌سته‌خوشکی پارتی کرێکاراندا بێت، ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌و مانایه‌ی که‌ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی باکور و رۆژهه‌لاتی سوریا هه‌ڕه‌‌شه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر تورکیا دروست کردبێت. هێزی باش پڕچه‌کنه‌کراوی یه‌په‌گه‌ هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی سه‌ربازی نابێت بۆ ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندامی ناتۆی پڕچه‌ککراوی وه‌ک تورکیا. به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که‌ کاریگه‌ریی ئه‌و نمونه‌باڵایه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کوردییه‌ که‌ له‌سه‌ر سنوری تورکیا ده‌توانێت هه‌‌یبێت، که به‌ بیروباوه‌ڕێکی پێشکه‌وتوخوازیی سیکولاریی په‌یوه‌ست بێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ پارتی کرێکارانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌‌نقه‌ره‌ ساڵی ١٩٩١ کوردستانی عێراقیشی وه‌ک هه‌ڕ‌ه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆی ده‌بینی، به‌ڵام به‌ پێی کات کردی به‌ ناوچه‌یه‌کی ئابوری و بازاڕێکی کاڵا بۆ خۆی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتدا. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که تورکیا ڕێز له‌ سنوری عێراق ده‌گرێت، خۆ هه‌ر چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر بوو هێزی ئاسمانی تورکیا ناوچه‌کانی شه‌نگالی به‌ چڕی بۆمباباران کرد. خۆ ئه‌وێ به‌شێک نییه‌ له هه‌رێمی کوردستان و نزیکیش نییه‌ له‌ سنوری تورکیاوه‌. ئه‌و بیانوانه‌ی که تورکیاش ده‌یهێنێته‌وه‌ ناتوانێت ببنه‌ پاساوی هێرشه‌کانی.

هیوا: تۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان تورکیا، به‌تایبه‌ت ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌‌ی واته‌ ئه‌که‌په‌ له‌گه‌ل داعشدا چۆن ده‌بینی؟ ده‌کرێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی یان چ ناوێکی لێ بنێین؟
تۆماس: زنجیره‌‌یه‌ک نیشانه‌‌ هه‌ن، که‌وا ئاماژه‌ن بۆ هاوکاری و هه‌مئاهه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تی قوڵی تورکیا له‌گه‌ڵ داعشدا، به‌ ڵام سروشتی هه‌مئاهه‌نگییه‌که‌ به‌نهێنی هێڵراوه‌ته‌وه‌، چیش به‌ ته‌واوی ڕووده‌دات له‌و نێوانه‌دا، مرۆڤ ته‌نها کاتێک ده‌یزانێت، که‌ گۆڕانکاری له‌ ڕژێمی تورکیادا ڕووبدات. ‌به‌ڵام ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانێت بیڵێت، ئه‌وه‌‌یه‌ که‌ داعش سود له‌وه‌ ده‌بینێت، که‌ تورکیا دژی هێزه‌کانی هه‌سه‌ده‌ ده‌جه‌نگێت، که‌ ئه‌مه واتا هه‌ردوو تورکیا و داعش پێکه‌وه‌ دوژمنی هاوبه‌شی هه‌سه‌ده‌ن. ئه‌مه‌ بۆ نمونه‌ له‌م دواییه‌شدا نیشانیدا، کاتێک هێزه‌کانی هه‌سه‌ده‌ خه‌ریکی شه‌ڕ بوون دژی هێرشی سه‌ر زیندانی حه‌سه‌که‌ له‌گه‌ڵ داعش، که‌چی تورکیا له‌ولاوه‌ به‌ درۆن هێرشی ده‌کرده‌ سه‌ر هێزه‌کانی هه‌سه‌ده‌، ئه‌مه‌ به‌ هه‌ر جۆرێک بێت، بریتییه‌ له‌ هاوکاریکردن بۆ داعش.

هیوا: و‌ه‌ک چاودێرێکی ململانێکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زانستکارێکی ڕامیاریی ئایا چۆن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت کورده‌کانی سوریا له‌ هێرشی تورکیا بپارێزێت؟
تۆماس: ئه‌مه‌ پرسیاری ده‌توانێت نییه‌، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ ویستی سیاسییه‌. بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌‌شێکی بۆ پاراستنی کورده‌کانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو بینیمان چی ڕوویدا، کاتێک سه‌رۆکێکی ئه‌مریکای که‌م هه‌ست به‌به‌رپرسیاریکه‌ری وه‌ک ترامپ هێزه‌کانی له‌ پڕدا کشانه‌وه‌ و ناوچه‌که‌ی بۆ هێرشکردنه سه‌ر به‌جێهێشت. له‌ ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٩ به‌ڕوونی ده‌رکه‌وت، که‌ چه‌ن دۆخێکی ناله‌باری خوڵقاند. دیاره‌ بایدن وه‌ك ترامپ نییه‌، به‌ڵام هیچ که‌س گره‌نتی ناکات، که جارێکی تر ترامپ ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا. ئه‌وروپا ناوچه‌که‌ی پشتگوێ خستوه‌، ئه‌ڵمانیاش وه‌ک کاریگه‌رترین هێزی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌داخه‌وه‌ وه‌ک نه‌ریتێک زۆر نزیکه‌ له‌ تورکیا. من له‌ کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا‌ش، که‌ هاوپه‌یمانێتی نێوان سه‌وزه‌کان و لیبراڵه‌کانه، وا ڕانابینم که‌ هیچ گۆڕانکارییه‌ک بکات له‌ هه‌ڵوێستیدا به‌رامبه‌ر به ‌تورکیا.‌
ڕوسیاس به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ له‌سوریادا کاریگه‌رییه‌که‌ی زۆر زیادی کرد. ئێمه‌ بمانه‌وێت یان نا، متمانه‌ی پێ ناکرێت، ئه‌وه‌ بوو روسیا ساڵی ٢٠١٨ عه‌فرینی بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر جێهێشت. بۆیه‌ ناکرێت کورده‌کان له‌وێ پشت به‌ هێزی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی خۆیان ببه‌ستن و ره‌وشه‌که‌یان تا کاتێکی نادیار جارێ ناله‌باره‌.

هیوا: ڕاتان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورده‌کان له‌ باکوری کوردستان (تورکیا) چییه‌؟ ره‌وشه‌که‌ به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟ پێتان وایه‌ له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا له‌ ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا ئۆجه‌لان ئازاد ده‌کرێت؟
تۆماس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی قه‌یرانی ئابوری و سیاسیی له‌ تورکیادا سه‌خته‌ بۆ که‌سێک پێشبینی ئه‌وه‌ بکات، که له‌ داهاتوودا چی له‌وێ ده‌گوزه‌رێت. من وه‌‌ک خۆم لام وایه‌، که‌ حکومه‌تی ئاکه‌په‌ ناتوانێت ماوه‌‌یه‌‌کی درێژتر بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام خۆ ئه‌مه‌‌ش به‌مانای ئه‌وه نییه‌، که‌ ئۆتۆماتیکی ئه‌و حکومه‌ته‌ی دواتر ده‌‌سته‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست زیاتر دۆستی کورد ده‌بێت، له‌مانه‌ی تا ئێستا هه‌بوونه‌. هیچ دووریش نابینرێت، که ئه‌ردۆگان ته‌واوی وڵات بخاته‌ شه‌ڕێکی ناوخۆوه‌، ئه‌گه‌ر ملی نه‌دا به‌وه‌ی بڕوات.
بارودۆخی تورکیا زۆر له‌وه ناجێگیرتره‌ که‌ ده‌یبینین. ئه‌گه‌ری ئازادکردنێکی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ‌که‌مه‌. له‌ تورکیادا کۆده‌نگییه‌ک هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ته‌واوی پارته‌کانه‌وه‌ له‌ ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه‌ وه‌ک مه‌‌هه‌په‌، ئینجا ئیی پارتی و ئه‌که‌‌په‌ و تا ده‌گاته‌ جه‌هه‌په‌، که‌وا ئۆجه‌لان سه‌رۆکێکی تیرۆریسته‌ و ده‌بێت تا له ژیاندا ماوه‌ له زینداندا بێت. به‌ڵام ده‌کرێت ئازادکردنی ناوبراو له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌رێکی کێشه‌ی کورد له‌و وڵاته‌دا و وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی ئه‌و ڕووداوه‌ ببینرێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌دڵنیاییه‌‌وه‌ له‌ ژێر فشاری ده‌ره‌وه‌ ڕوونادات.

هیوا: تۆ زۆرجار سه‌ردانی باشوری کوردستانت کردوه‌، به‌ گشتی دۆخی ئه‌وێ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
تۆماس: به‌داخه‌وه‌ هێشتا کاریگه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ گه‌وره‌یه‌ ته‌واو نه‌بووه‌، که‌ ساڵی ٢٠١٤ له‌ ئه‌نجامی فراوانبوونی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی) ناوچه‌ی کوردنشینه‌که‌شی گرته‌وه‌. له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ هێشتا حکومه‌ت پاش یه‌کگرتنه‌وه‌ی فه‌رمیی دوو ئیداره‌که‌ش ناکۆک و ناته‌بایه‌. کێشه‌ی نێوان پارتی دیموکرات و پارتی کرێکاران، هێرشی جاربه‌جار و داگیرکاری ناوچه‌ سنورییه‌کانی ئه‌وێ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ هه‌یه‌. من به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری ده‌که‌م، که سه‌ره‌ڕای لێدوانی به‌رده‌وام بۆ نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی، که‌چی گه‌نده‌ڵی و واسته‌کاری هه‌ر زۆرتر ده‌بێت، وه‌ ناوچه‌که‌ش له‌وه‌ دوورتر ده‌که‌وێته‌وه‌، تا وه‌‌ک نمونه‌یه‌کی دیموکراتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا ببینرێت، که‌ هه‌وڵی بۆ ده‌درا وای لێ بێت. ئه‌م جۆره له‌ خراپ حوکمڕانیکردن، که‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌ک نه‌ریتێکی سیاسی لای سه‌رجه‌م پارته‌کان بوونی هه‌یه‌. له‌‌و کاته‌وه‌ که‌ ساڵی ٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی بووه‌ته‌ سه‌رۆکوه‌زیران و ده‌‌سته‌ڵاتی له‌ ئامۆزاکه‌یه‌وه‌ وه‌رگرت، به‌داخه‌وه‌ زیاتر ده‌رده‌که‌وێت.‌ دوا ڕووداو کۆچی هه‌زاران گه‌نجانی کورد بوو به‌ره‌و ڕوسیای سپی له‌ به‌هاری ٢٠٢١، که‌ ده‌بوو ئه‌مه‌ زه‌نگێکی ئاگادارکردنه‌وه‌ بێت بۆ هه‌ولێر، که‌ گه‌ر بێت و به‌ زوویی چاکسازیی ڕیشه‌یی به‌ ئاڕاسته‌ی دیموکراتی و ده‌وڵه‌تی یاسا نه‌کرێت، لای که‌می سنوردارکردنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وا گه‌نجه‌کانی ئه‌وێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن.

هیوا: له‌ ساڵانی ڕابردوودا و له باشوردا زیاتر له‌ سه‌ت چالاکوان و رۆژنامه‌نوس ده‌سگیرکراون، هه‌ندێک له‌وان برانه پێش دادگا و بڕیاری ساڵه‌ها زیندانییان درا، له‌ نێو ئه‌وانه‌دا: شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هه‌ریوان عیسا، ئه‌یاز که‌ره‌‌م و شڤان سه‌عید هه‌ریه‌که‌و پاش دادگاییکردنێکی نادادپه‌‌روه‌رانه‌ له هه‌ولێر به‌ شه‌ش ساڵ حوکمی زیندانییان درا. ئه‌مه‌ چۆن ده‌بینی:
تۆماس: من له وڵامی پێشترمدا باسی گه‌شه‌ی ئه‌و جۆره‌ حوکمڕانییه‌م کرد، ڕاوه‌دوونانی رۆژنامه‌نوسان به‌شێکه‌ له‌وجۆره‌ی ده‌سته‌ڵات به‌کارهێنان و دۆخی ترساندن و تۆقاندن. دیاره‌ هه‌میشه‌ له‌وباره‌وه‌ جیاوزییه‌ک له‌ نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا هه‌یه، به‌ڵام به‌ گشتی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی هه‌رێمدا ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ره‌و پاشه‌وه‌ چووه‌. من هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌‌بووم، که‌ رۆژێک به‌غدا ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی زیاتر تێدا بێت له‌ کوردستان، به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ ڕاشکاو بێت، ده‌بێت گه‌واهی ئه‌مه‌ بدات، که‌ ئێستا وایه‌!

هیوا: وه‌ک نوسه‌ر و زانستکارێکی سیاسی، هه‌روه‌ها دۆستێکی کورد، چۆن داهاتوی کورد به‌ گشتی ده‌بینیت؟ به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ مافه‌ که‌لتوری و سیاسییه‌کانیان.
تۆماس: بۆ ئه‌مه‌ ده‌بێت هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان به‌ جیا هه‌ڵسه‌نگێنین، کورد ئه‌مرۆ له‌ عێراق و سوریادا مافه‌ که‌لتورییه‌کانیان به‌ده‌ست هێناوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت که‌ ئیتر له‌وێدا زۆر کتێب چاپ ده‌کرێن، زۆر شانۆگه‌ری نمایش ده‌کرێت یان فیلمی زۆر ده‌رده‌هێنرێت. له‌ ڕووی سیاسییه‌وه که‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئایا له‌وێ ده‌سته‌ڵاتی ئۆتۆنۆمی ئه‌و دوو جێگایه‌ له‌ داهاتوودا به‌ ئاڕاسته‌ی دیموکراتییه‌ت گه‌شه‌ ده‌کات یان به‌ره‌و پێشبڕکێی ناڕه‌وا و حوکمڕانیی دیکتاتۆرییه‌تی حزبی ده‌چێت. من له‌ هه‌ردوو پارچه‌که‌دا هه‌ست به‌ مه‌یلێک به‌ره‌و گه‌شه‌‌کردنی حوکمڕانی خراپ ده‌که‌م. ڕاسته‌ له‌و جێگایانه‌ ده‌توانن به‌ زمانی خۆیان بخوینن و بنوسن، به‌ڵام یایا له‌ ژێر فشاری ناوخۆدا یان فشاری دراوسێکاندا ڕووداوه‌کان ده‌چنه‌ پێش، گومانێک له‌‌مه‌ هه‌یه‌. له‌ تورکیا دۆخی مافه‌ که‌لتوری و سیاسییه‌کان تاریکه‌. له‌ ئێراندا هه‌رچه‌نده‌ دان به‌ زمان و هه‌ندێک مافی که‌لتوریدا نراوه‌، به‌ڵام مافه‌ ساسییه‌کان ونه‌.

هیوا: ئایا تۆسه‌ردانی سه‌رکرده‌ کورده‌کانت کردوه یان بینیوتن؟ کامانه‌یان و ڕات له‌ سه‌ریان چییه‌؟
ت
ۆماس: به‌ڵێ چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فادا ئه‌مین کردوه‌، مه‌سعود بارزانی ته‌نها له‌ کۆبوونه‌وه‌ی گشتیدا بینیومه‌ به‌ڵام له‌ نزیکه‌وه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ نه‌‌کردوه. هاوکاتیش سه‌رکرده‌ سیاسییه‌ باڵاکانی پارته‌ گه‌وره‌کان و هه‌ندێک له‌ حزبه‌ بچوکه‌کانیش ده‌ناسم، بۆ نمونه‌ له حزبی شویعی و یه‌کگرتوی ئیسلامی. دیاره‌ ئه‌مانه‌ بۆ من وه‌ک زانستکارێکی سیاسی گرنگه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ مه‌یلی سیاسییه‌وه‌ نییه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فادا ئه‌مین بۆ من دوو که‌سایه‌تی کاریگه‌ر بوون، که‌ ئه‌و کاریگه‌ریی و مێژوویی بوونه‌‌ له‌ ئه‌وانه‌‌ی به‌دوایاندا هاتن نابینرێت. سه‌باره‌ت به‌و سه‌رکرده‌ سیاسییانه‌ی به‌ که‌سیی نه‌مبینیون نامه‌وێت هیچ قسه‌یه‌‌کیان له‌سه‌ر بکه‌م.

  • له‌گه‌ڵ مام جه‌لال ٢٠٠٥
  • وێنه‌ی به‌شێک له کتێبه‌کان و بڵاوکراوه‌کانی له‌سه‌ر کورد و کێشه‌که‌ی



سیاسەتی نەوت و سەرکردەی دزو دزێو.. محەمەد خالید ئیبڕاهیم

پێشڕەوی دزی پارتییە سەرۆکی چەتەکان بارزانییە. لایەنگرانی پارتی، وەکو پێغەمبەر سەیری بارزانی دەکەن، چونکە ئەوان گیرفانیان ئاوس بووە بە پارەی دزراوی ئێمە. بۆیە کوێرانە پشتیوانی لەگەورەترین دزی مێژوودا دەکەن. لەڕاستیدا مەسعود بارزانی کە ماوەیەکی زۆر سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بووەو لە ساڵی ١٩٧٩شەوە سەرۆکی حیزبەکەیەتی بەناوی پارتی دیموکڕاتی کوردستان. بۆیە ئەو کابرایە بەرپرسی یەکەمە لەهەموو دزی و تاڵانی و گەندەڵی و تاوانەکانیتر. بەتایبەتی مەلەفی نەوت، کە گەورەترین و شاراوەترین بابەتە کە پەیوەندی بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە. پارتی و یەکێتی ساڵانێکی زۆرە شانازی بەوەوە دەکەن کە سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری کوردستانیان داڕشتووەو سەربەخۆییانە نەوت هەناردەی بەندەرەکانی جیهان دەکەن و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد دەتوانن نەوت و غاز بفرۆشن. بەڵام لەڕاستیدا سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان شەرمەزارترین بابەتەو ماوەی ١٠ ساڵە خەڵکی کوردستان باجێکی قورسی ئەم سیاسەتە دەدات. چونکە پێش ئەوەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی دەست بۆ ئەم بابەتە بەرن، ئەوسا هەموو ساڵێک حکومەتی عێڕاق بەشە بودجەیەکی دیاریکراوی زۆر باشی بۆهەرێمی کوردستان دەناردو بەهۆی ئەوەش کە داهاتەکە لەبەغدادەوە دەهات و دیاربوو، یەکێتی و پارتی نەیاندەتوانی دزیەکی زەبەلاحی وەکو ئێستا بکەن، ئەگەرچی بەشێکیان هەر دەدزی. بۆیە ڕاستەوخۆ خەڵکی کوردستان سودمەند دەبوون لەم بودجەیە، بەجۆرێک هەرکەسێک زەواجی بکردایە بڕی پێنج ملیۆن دیناری وەردەگرت و هەرکەسێکیش خانوی بکردایە ٢٥ ملیۆن دیناری وەردەگرت. هەروەها بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆر دەڕژایە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆیە ژیانی ئابوری خەڵکی بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینیبوو کە لەمێژووی عێڕاقدا بەخۆیەوە نەبینیبوو. بەڵام بەداخەوە ئەم ئابوریە باشە تەنها لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٢ بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد بەدزیەوە نەوتی کوردستانیان بۆخۆیان دەفرۆشت و داهاتەکەیان لەبەینی خۆیان دابەش دەکردو بودجەی ساڵانەشیان لەبەغداد وەردەگرت، ئەوەش شتێکی نایاسایی بوو وە دژی دەستوری عێڕاق بوو. بۆیە دوای چەندین ئینزاری جددی لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە، ئەوان هەربەردەوام بوون لەو بەتاڵان بردنەی نەوتی کوردستان بەنایاسایی، بۆیە بەغداد بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لەکۆتایی ٢٠١٢ بانقەکانی کوردستان پارەیان تێدانەماو ماڵوێرانیەکی گەورە ڕووی لەخەڵکی کوردستان کردو ئابوری کوردستان داڕما، داڕمانێکی زۆر خێراو زۆر گەورە. یەکێتی و پارتیش هیچ زیانیان پێنەگەیشتوو و ئەوان هەربەردەوام بوون لەدزینی نەوت و غازو سەروەتی ژێر زەوی و سەرزەوی کوردستان. دەسەڵاتدارە قومارچی و فاشیلەکانی کوردی هەموو سلفەیەکو خزمەتگوزاریەکیان ڕاگرتو موچەی موچەخۆرانیان کەمکردەوە تاڕادەی نیوەو هەموو پڕۆژە تەواونەکراوەکانیان ڕاگرت و کوردستان بەتەواوی ئیفلاسی کرد. لەوکاتەشدا بوو کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی کوردستان هاتە بەردەم کامێڕاکان و زۆر بێچاوو ڕووانە وتی ”بەغداد موفلیسە، بەغداد پورەی نییە” لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستبوو، ڕاستیەکەی کوردستان موفلیس ببوو وە بەغداد ئابوری زۆر بەهێزبوو. ئیتر لەوکاتەوە هەژاری و بێ پارەیی و کارەساتی ئابوری بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتو لەوکاتیشەوە بەتێکڕا حکومەتە سەخیفەکەی کوردی زیاتر لە سی ٣٠ موچەی موچەخۆرانی نەداوەو هەموو موچەیەکیشی کەمکردەوە. ئەم دوو سەرکردە دزو دزێوەی یەکەم هەنگاویان هەڵنا بەرەو سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆییانە، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوون، ئەگەرچی جەلال تاڵەبانی مردووە، بەڵام پێموایە ڕۆژێک دێت کەسایەتی ئەو بەمردوویی دادگایی دەکرێت و وەکو دزو چەتەی سەروەتی گشتی لەقەڵەم دەدرێت. هەروەها سەبارەت بە مەسعود بارزانی هیوادارم ئەویان پێش مردنی، ئەو ڕۆژە بەزوویی بێت، کە بەزیندوویی دادگایی بکرێت و بەقەبارەی هەموو ئەو نەوتەی دزیویەتی، میللەت تفی لەڕووی بکات. چونکە ئەو بەرپرسی یەکەمە لەو سیاسەتە فاشیلەی نەوتی کوردستان، کە لەئانجامدا گیرفانی دزەکانی قەڵەوکردو سکی هاوڵاتیانی برسیکرد.
ئەگەرچی دەرفەتی زۆردرا بە سیاسییە بازرگانەکان کە سەدان ملیارد دۆلار بدزن و هاوڵاتیان زۆر برسیکران، بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێدە ئەوەیە، کە ئێستا سەبارەت بە سیاسەتی نەوتی کوردستان دادگای باڵای عێڕاق بڕیاری کۆتایی خۆیداوە، بەوپێیەبێت چیتر کوردستان ناتوانێت یەک لیتریش نەوت بەسەربەخۆیی بفرۆشێت. ئیتر لێرەبەدوا ئومێدی ئەوە هەیە کە حکومەتی کوردستان ناچارە ملکەچی بڕیاری دادگای باڵای عێڕاق بێت و بەوجۆرەش داهاتی کوردستان لەبەغدادەوە دێت و شەفاف دەبێت و تەنها ئەوەی زیانی بەردەکەوێت یەکێتی و پارتین و ژیانی ئابوری خەڵک دەبوژێتەوە. بەومەرجەی حکومەتی داهاتوی عێڕاق جددی بێت لەجێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵا.
ئەمانەی خوارەوە هەندێک زانیاری گرنگن سەبارەت بەنەوتی کوردستان. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەندەری جیهانی تورکی کە دەست فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق کەوتووە، داھاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ٩٥٠ ملیۆن دۆلارە. هەربەگوێرەی هەمان سەرچاوە مانگانە نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکەیان دەستدەکەوێت لەفرۆشتنی نەوت بەقاچاخ. هەروەها لوئەی خەتیب، ڕاوێژکاری پێشوی حکومەتی عێراق بۆ سیاسەتی نەوت و وزە دەڵێت بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٧ نزیکەی ١٠٠ ملیارد دۆلاری نەوتی هەرێم دیار نەماوەو یەکێتی و پارتی دزیویانە. بێگومان ڕێژەی ئەم پارە دزراوە ئێستا زیاتری چۆتەسەر.
نەوت لەكوردستان جگە لە بەهێزكردنی پایەكانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و سیاسییەکان و دروستکردنی حوکمی چەتەکان، هیچیتری لەژیانی هاوڵاتیان نەگۆڕی، لەڕاستیدا گۆڕی، بەڵام بەئاراستەی ژیانێکی خراپ و خراپتر. بڕیاری سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، زیانی دوو سەد ملیارد دۆلاری لەکوردستان داوەو ئەم زیانەش ڕاستەوخۆ بەر گیرفانی هاوڵاتیان کەوتووە، چونکە کاتێک دەبوایە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا بەغداد ئەم مەبلەغەی ناردبایەو، کەنەیناردووە ئەوا یەکێتی و پارتی سەبەب بوون هەروەها ئەوان بەدزینی نەوت زۆر زیاتر لەو مەبلەغەیان دەستکەوتۆتەوە.
یەکێتی و پارتی نەک خۆیان ئێجگار زۆر دەوڵەمەند کردووە، بەڵکو کۆمپانیا بیانیەکانیشیان دەوڵەمەند کردووە، ئەوەتا کۆمپانیای دانەغازی ئـیماراتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2021دا (184) ملیۆن دۆلاری لە غازی هەرێمی کوردستاندا دەستکەوتووەو بەمەش سەرمایەی کۆمپانیاکە (30٪) زیادی کردووەو گەیشتوەتە (452 ملیۆن دۆلار. هەروەها کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ی نەرویجی کە لەبواری نەوتی کوردستاندا کار دەکات ملیاردێر بوونی خۆی ڕاگەیاند. کە ٨٦%ی داهاتی ٢٠٢١ی لەنەوتی کوردستان بووە. کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە تایبەتە بەنەوت و غاز لەسایتی ڕەسمی خۆیدا ىڵاویکردەوە کە کۆمپانیاکە ڕیکۆردێکی نوێی لەداهات تۆمارکردووەو بۆیەکەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیاردێك دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی رابردوو.
هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت كێڵگەی غازی كۆرمۆرو چەمچەماڵ توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ كوردستان و عێراق دابین بكات، بەڵكو دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و بەشێکی یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.
حاڵی حازر نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتۆتە ٩٥ دۆلار هەرێمی کوردستان رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت. بەوپێیە داهاتی مانگانەی دەگاتە زیاتر لە ملیاردێک و چوار سەد هەزار دۆلار. ئەمە تەنها داهاتی نەوتە، هەروەها مانگانە زیاتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆش هەیە. هەروەها هەرێمی کوردستان لانی کەم دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز ڕەوانەی توركیاو ئەوروپا بكات. بەوپێیەش بێت مانگانە نزیکەی شەست ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت لەڕێگەی غاز فرۆشتنەوە. ئەو بڕەی تا ئێستاش دۆزراوەتەوە بەشی دوو سەد ساڵی داهاتوو دەکات.

تێبینی: بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم وەرگرت لە
Ahmady Haji Rashed
ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق. هەروەها لە ڕۆژنامەنووس محەمەد ڕەوف
Mohammed Raoof




کامیان بۆ کورد گرنگە: یەکبوون یان پۆست؟.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار ململانێی ناڕەوا دەکەن؟ پارتی دەبێتە هاوپەیمانی سەدرو سونەو یەکێتی دەچێتە تەوەری مالیکی و عامری و خەزعەلی و پرۆ ئێرانیەکانی ترەوە. دادگای بەناوفیدراڵی عێراق لەم بارودۆخەدا بڕیار بە دژی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
ئەمە دیمەنی سیاسی ئێستای عێراقە، کام عێراق؟ ئەو عێراقەی لەو کاتەوە بەریتانیای دوژمنی گەلان و بەتایبەتی دوژمنی کورد دروستیکرد، رۆژیک لە رۆژان چاوەڕوانی ئەوەی لێنەکراوە ببێتە رژێمێکی دیموکراسی تیادا دروستببێت و دەستبەرداری کوستن و بڕین و پاکتاوی رەگەزی کورد بێت؟ بێگومان ئاشکرایە لە ساڵی ١٩٢١ هەتا رۆژی روخاندنی رژێمی سەدام هیچ نیشانەو بەڵگەیەکی بوونی سادەترین بنەمای دیموکراسی نەبینراوە. لە روخاندنی ئەو رژێمەشەوە تەنیا بە رووکەش و ناونەبێت وەکو هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات شتێکی ئەو تۆ نەگٶڕاوە.

ئاشکرایە دیموکراسی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بە بڕیارو لە لوتکەی هەرەمی کۆمەڵگاوە دروستنابێت، بەڵکو دیموکراسی و پێکەوەژیان دەرئەنجامی پەروەردەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و گەیشتنی کۆمەڵگایە بە ئاستی کۆمەڵگای دامەزراوەیی کە تیایدا تاکەکەس بووبێتە تاکەکەسی خاوەن شوناس. هەرگیز لە کۆمەڵگای دواکەوتوو، خێڵەکی و تائیفی و مەزهەبیدا دیموکراسی و یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان دروستنابێت. بێگومان عێراق لەم جۆرە کۆمەڵگایەیە کە وەکو کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی باسی دەکات کۆمەڵگایەکی خێلایەتی تائیفی مەزهەبیەو لایەنە نەرینیەکانی عەقڵ و کەلتووری بەدوو تیایدا باڵادەستە. لەپاڵ ئەم کەلتوورە دواکەوتووەدا، بیری ناسیونالیزمی نەبەکام و ناسروشتیی عەرەبییش لە رێگای شامەوە لە سەروبەندی دروستکردنی دەوڵەتی ناسروشتی عێراقدا گەیشتە عێراق و تێکەڵاوی کەلتوری خێڵەکی تائیفی مەزهەبی بوو، ئەوەش تووندترین و دواکەوتووترین و شۆڤێنیستترین ئایدیۆلۆجیای لە عێراقدا بەرهەمهێنا کە ئایدیۆلۆجیای عروبە بوو. بەعس لە دروستبوونیەوە نوێنەرایەتی ئەو ناسیونالیزمە شۆڤینیەی دەکردو لەسەر ئەو بنەمایەش خۆی بە پارێزەری دەروازەی رۆژهەڵاتی نیشتیمانی عەرەبی دەزانی بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو فارسە مەجوسیانەی وەکو بەعس پێی دەگوتن و ئێستا فەرمانڕەوای ناڕاستەوخۆی عێراقن. واتە ئەو دەوڵەتەی لە دوای رژێمی سەدام دروستبوو، کە تیایدا دەسەڵات کەوتە دەستی پێکهاتەیەکی تائیفی مەزهەبی هەژار لە رووی دەوڵەتداریەوەو سەرەتایی و بێ کەلتوور لە رووی دیموکراسی و ئازادی و شێوازی ژیانی کۆمەڵگای سەردەمەوە.

ئەو دادگایەی کە ئێستا لەم عێراقەدا بەناوی دادگای فیدراڵیەوە دامەزراوە، زۆرینەی ئەندامەکانی نوێنەری ئەو کەلتوورە نادیموکراسیەی ئەو پێکهاتە مەزهەبیە عەقڵ داخراوەن، بەشێکی تریشیان نوینەری سونەی عەرەبن واتە هەڵگری هەمان بیرو ئایدۆلۆجیای عروبەن. ئیتر چۆن دەبێت و دەشێت کورد بە دوژمنی خۆیان نەزانن چونکە ئەوان پەروەردەی دوو کەلتوورن، کەلتوری سونەو عروبە لەگەڵ کلتوری شیعەی عروبەی ژێر هەژموونی ئێران، کە هەردووکیشیان لەخاڵێکدا بەیەک دەگەن کە ئەویش خاڵی بەیەکگەیشتنی هەموو عەرەبە کە بیری ناسیونالیزمی عەرەبیەو بەکاریگەری باڵادەستبوونی عەقڵی ئایینی و خێڵایەتی تیایدا بووتە بیرێکی تەواو داخراوو کۆنەپەرست و سۆڤێنی. ئێستا ئەو دادگایەی لە عێراقدا فەرمان دەردەکات نوێنەری ئەم کەلتورەیە، کە لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دژی کورد بووە، کەواتە چۆن چاوەڕوان دەکرێت ئەم دادگایە بڕیارێک دەربکات دژی کورد نەبێت کە ناسیونالیستی شۆڤینی عەرەبی بە سونەو شیعەوە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی، کوردی بە نەیاری خۆی و جەستەیەکی زیاد لە جوگرافیای نیشتیمانی عەرەبدا سەیرکردووە. کەواتە لەم رووەوە واپێشبینی دەکرێت ئەم دادگایە بۆ ئەمەودوا بەرپرسانی حیزبیی کوردستان بە تاوانی ناپاکی گەورە لە یەکێتی خاکی عێراق و کارکردن دژی سەروەری عێراقی مەزن بباتە بەردە م دادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

ئەوەی بەلای منەوە ئاساییەو هیچ نامۆنیەو چاوەڕوانکراویشە ئەوەیە کە دادگای عێراقی هەر بەمشێوەیە کاربکات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە، لەم بارودۆخەدا شێوەی سیاسەتکردنی پارتی و یەکێتیە. لە کاتێکدا کە سونەو شیعە ناکۆکن، لە کاتێکدا ناو ماڵی تیکچووی شیعە بە فشاری ئێرانی وەلی ئەمریشیان یەکناخرێتەوە، بەڵام هەموویان بە شیعەو سونەوە لەسەر دژایەتی کورد کۆکن، کەچی کاکی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بەشێکیان دەبنە هاوپەیمانی موقتەدا سەدر و بەشەکەی تریشیان دەبنە پاشکۆو هاوسەنگەری مالیکی و عامری و خەزعەلی. هەموو ئەوەش لە پێناوی پۆستیکی کارتۆنیدا دەکەن کە ناوی سەرۆک کۆماری عێراقە، کە لە رووی نەتەوەییەوە ئەو پۆستە نەک لەسەردەمی فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵحدا بەڵکو لەسەردەمی مام جەلالیشدا بچوکترین سودی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو لە رووی نەتەوەییەوە زیانی زۆریشی بۆ کورد هەبووە. هەڵبەت من باسی بەرژەوەندی کورد دەکەم نەک بەرژەوەندی کەسی و حیزبی لە رووی مادی مەعنەویەوە. هەرچەندە دەبێ ئەوەش بڵێم ئەوەی یەکێتی بەرەو داڕمان برد پشتگوێخستنی یەکێتی بوو لە لایەن مام جەلالەوە لەپێناوی سەرۆکایەتی عێراقدا، بە گوێرەی بەرهەم ساڵحیش حەزو ئارەزووی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار مێژووی سیاسی ئەوی کۆتایی پێهێنا کە دەشیاو لەباریشیدا هەبوو رۆڵی گرنگ ببینێت لە کوردستاندا. کەواتە ئەگەر یەکێتی بە لۆجیکی عەقڵ بیربکاتەوە سەرۆکایەتی کۆمار بکوژی کەسە بە تواناکانی ئەم بووە کە مەبەستمان رەوانشاد مام جەلال و دوای ئەویش دکتۆر بەرهەم ساڵحە. هەروەها من وای بۆدەچم پارتی مەبەستی جدی نەبووەو نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەو ئەو سێ کەسەشی کە تا ئێستا بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتوونی زۆر بەلایەوە گرنگ نەبوون، ئەگەر دەرچوون باشە ئەگەر دەریش نەچوون ئەوەندە گرنگ نین بۆ پارتی.

بەهەرحاڵ ئەمە ئامانجی ئەم باسە نیە، بەڵکو مەبەستی ئێمە ئەوەیە لە کاتێکدا عێراقی عەرەبی و عێراقی عەجەمی ئەوساو ژیر هەژموونی عەجەمی ئێستا هەر رۆژێک لە توانایدا بێت هەمان ئەو سیاسەتانە بە دژی کورد پیادە دەکاتەوە کە رژیمی بەعس کردوونی، کەچی لەم بارودۆخەدا پارتی و یەکێتی سەرقاڵی ململانین لەسەر پۆستی کارتۆنی- تەشریفاتی- سەرک کۆمار. ئەمەش دەرخەری باڵادەستی عەقڵ و گوتاری حیزبایەتی تەسکی دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردیە لە لای هەردوو حیزب. باشە باپرسین ئەو هەموو تەنازولاتەی یەکیتی و پارتی بۆ سونەو شیعەی عێراقی دەکەن و سەرئەنجامیش هیچیان بۆ بەرهەم ناهێنێت و لەبەرچاوی ئەوان و نەتەوەی خۆیشیان سوکترو بێ بەهاتریان دەکات، تەنازولات بۆ یەکتری بکەن باشترنیە، کە ئەمەی دووەمیان هەم لەبەرچاوی ئەوانی عەرەب بەهێزتر نیشانیان دەدات و بەلایەنی کەمەوە نابنە جێگای لۆمەی هاونیشتیمانیانی خۆیشیان لەسەر ئەوەی لەبەردەمی ئەوانی عەرەبدا دابەش دەبن و لاواز و بێهێز دەردەکەون. دەبێ یەکێتی و پارتی ئەو حیزبانەی تریش کە بە ناوی کوردەوە چوونەتە بەغدا بەو ئەندازەی لە یەکێتی کورد دووردەکەونەوە بەو ئەندازەیە سووک و بێ بەها دەبن، بەڵام دابەشبوونی یەکێتی و پارتی زیانەکەی هەر سووکبوونی خۆیان نیە بەڵکو زیانی بۆ پێگەی کوردو بۆ ئایندەی کوردستانیش دەبێت. هەربۆیە دەشێ بگوترێت، ئەگەر ئەم دوو حیزبە هەستی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە ئێستاو ئایندەی نەتەوەکەیان هەبێت، ئەگەر گوێی بیستن و عەقڵی لێکدانەوەیان هەبێت، ئەوا تاکە وەڵامدانەوە بۆ بڕیاری دادگای بەناو فیدراڵی بەغدا ئەوەیە دەستبەرداری ململانێی پڕوپوچ و نانەتەوەییانەیان بن لەسەر پۆست و پلەو پایەی بەغداو دەست لەناودەست پێداگری لەسەر مافە دەستووریەکانی کوردستان دەکەن و هەرکەس و لە هەرلایەکیان هەرپۆستێک وەربگرێت وەها سەیری دەکەن نوێنەری هەردوولایانە لەوێ و دەبێ دڵنیاشبن کە پۆستەکانی کورد لە بەغدا کارتۆنین و هەر دابەشبوون و ناکۆکی و ململانێیەک لەسەر پۆست و پلەو پایە بۆ کورد سەرئەنجام بە زیان دەشکێتەوە بۆ پێگەی کورد. کەواتە ئەو پرسیارەی کە دەڵێت: کامیان بۆ کورد گرنگە یەکبوون، یان ململانێ لەسەر پۆستە کارتۆنیەکان؟ بێگومان لۆجیکی عەقڵ دەڵێت بەبێ یەکێتی و یەکبوونی کورد پۆستەکان نەک گرنگ نین بەڵکو بەدەستهێنانیشیان هەر دۆڕاندنەو ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت، هەرچیش بەدەستبهێنێت،ناتوانێت بیپارێزێت و کاتیەو هیچ بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیشی نابێت.




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-38- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و هەشت

ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر چواری و نیوی دوانیوەڕۆ، بە دیپۆرتکراوی گەڕاومەتەوە سلێمانی. ئێستا لە هۆڵی میدیای پێشووم کە ئێستا بووەتە ناوەندی چالاکی لاوان، لە ژوورەکەی “ئەرکان عەلی” دانیشتووم، ئەو پیانۆ ئەژەنێ، منیش ئەم دێڕانە یادداشت ئەکەم. “نیاز عومەر” گوێی گرتووە. باسی سنوورداشی خۆمم بۆ کردن، چۆن دەریا لە شەوێکی هێمندا لێمان شێت بوو، یەکەمجارم بوو بچمە ناو دەریا، کەچی شەپۆلەکان زۆر تووڕە بوون، ئاسمانیش لە شەپۆل تووڕەتر و تاوە تەرزەیەک خەریکبوو زەورەقەکەمان ژێراوژوور بکا. بەهەزارحاڵ گەیشتینە کەنارێک، بەڵام پۆلیس نیوەی وەجبەکەی ئێمەیان دەستگیر کرد، کە من و “ئاسۆ عوسمان” لەناو دەستگیرکراوەکاندا بووین، دوای چوار رۆژ لە زیندان پۆلیسی تورکی رادەستی زاخۆیان کردینەوە و ئێستاش لە سلێمانیم. ئەوەی بەسەرمان هات ماددەی خاوی رۆمانێکە یان فیلمێکی سینەمایی.
لەگەڵ گەیشتنم بە شار، ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکردیان کردم بۆ ماوەی سێ رۆژ، پاشتر بەکەفالەت ئازادیان کردم، مەرجی ئەوەشیان بۆ داناوم کە هەموو رۆژانی “دووشەممە و پێنجشەمە” لە هۆبەی رامیاریی ئیمزا بکەم، سێ رۆژیشە هەموو رۆژێک کەرتی ئاسایشی رزگاری ئەنێرن بە شوێنما و لێکۆڵینەوەم لەگەڵ ئەکەن. ژیانم لە ژێر کۆنترۆڵە، کەس ناوێرێ نزیکم بێتەوە، رۆژانە کاتەکانم لەگەڵ “هاوژین مەلا ئەمین” و “ئاسۆ عوسمان” ئەبەمە سەر. هاوژین ئێستا ناوبانگێکی باشی هەیە بە تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بریندار کرا لەسەر نووسینەکانی و یەکێتی پاسەوانی ئەکەن، ئەوەش بۆ ئەم دۆخەی من باشە. جیا لەوەش دوێنێ ئێوارە “محەمەد عەدنان”م بینی کزۆڵە ببوو لە سەهۆڵەکە، سەمون و چای ئەخوارد، بە دەنگێکی نووساوەوە وتی لەوانەیە رۆژێ ئەم سەموونە وشکەش نەمێنێ. “قسەکەی حەمە، ئاسۆی تووشی تاسان کردووە”.
نیوەڕۆش کاتێک “ئەرکان” لێی پرسیم سەعات چەندە؟ کاتژمێرەکەی دەستم داکەند و کێشام بە زەویدا و شکاندم. وتم کێ پێوەری بۆ کات داناوە؟ بۆ ئەبێ ئێستا سەعات دوو بێت بۆ سەعات شەش نییە؟. کات بۆ ئێمە هەر یەک شتە. ئەوە کات نییە ئەڕوا و تێدەپەڕێ، ئەوە ئێمەین ئەڕۆین و تێدەپەڕین!. زەمەن شتێکی وەستاوە، مرۆڤە وەهمیانە ساڵەکان و وەرزەکان ئەژمێرێ، ئەگەرنا هیچ تێناپەڕێ جگە لە تەمەنی خۆی. ئەرکان وتی: ئەمەی کردت شتێکی ناماقووڵە، بەڵام شێتییەکی جوانت تیایە. منیش بە تووڕەییەوە لەبەردەم دەرگای ناوەندی لاوان، هاوارم کرد: دژی هەر لۆژیکێکم. دژی عەقڵانییەتم. دژی رایگشتیی و ئەکادیمیام. دژی هەر شتێکم زۆرینە پێیان راست بێ، کێشەم لەگەڵ خودی خۆشم هەیە ئەو کاتەی ناکەومە پارادۆکسەوە.
هەوڵ ئەدەم جارێکی تر لەم وڵاتە دەربازم بێت، خەریکە تووشی پارۆنیا ئەبم! هەست ئەکەم لە هەموو لایەکەوە چوار دەورم بە سیخوڕەکان تەنراوە. هەروەک چۆن “رۆسۆ” هەستی ئەکرد تارماییەکان شوێنی کەوتوون، منیش هەمان هەستم هەیە. ژیانم کۆنترۆڵ کراوە، بچمە دەرەوەی شەستی ئەبێ ئاسایش ئاگادار بکەم و رەزامەند بن. پێرێ لەگەڵ گروپێک گەنج لە باخی گشتیی دانیشتبووین و باسی فەلسەفە و مودێرنێتە و رۆشنگەریمان ئەکرد، زوو زانیم چوار دەورمان پڕ بووە لە سیخوڕ، بۆیە دانیشتنەکەم جێهێشت، دواتر هاوڕێکانم دەستگیر کرابوون. ئێوارەکەشی لەگەڵ “رێباز حەمەجەزا” یەک لیتر “جنی ئەبوشەبقە”مان بردە چەقچەق، بەڵام سیخوڕەکان نەیانهێشت بە دڵمانەوە بنووسێ، چەند ئەلکهولمان خواردەوە سەرمان مێروولەشی نەکرد. ئاخ.
بەرنامەم هەیە، لە هەر کوێیەک بم، دەست بکەم بە نووسینی کتێبێک بە ناوی “گۆران و نوێکردنەی شیعری کوردیی”. ئەگەرچی “گۆران” شاعیری بەهار و سروشتە، فۆرمی کارکردنی لە شیعردا سەر بە قوتابخانەی ریالیزمە، بەڵام رۆڵی ئەو لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا قابیلی فەرامۆشکردن نییە. وەلێ ئێستا من رەشبینی باڵی بەسەر رۆح و دەروونما کێشاوە، کە هەر پێرێ بە “رێباز”م وت “گەشبینی تلیاکی گەلانە.. هیوا، وەهمی گەمژەکانە ژیان تەنیا بریتییە لە تاریکی ئەوەی پێشان وجودییەکان دەیانووت لە تاریکی زگی دایکمانەوە بۆ تاریکی ژیان پاشان بۆ تاریکی گۆڕ”. یان وتم “ئەڵێن ژیان بریتییە لە چرکەساتی خۆش و ناخۆش. بە زمانە میللییەکەی ئەڵێن ژیان خۆشی و ناخۆشییە. من ئەتوانم گەواهی بدەم لەسەر هەزار ناخۆشی ژیان، هەرچی خۆشییەکەشە من نەمبینیوە وەلێ زۆرم بیستووە”.
هەر ئێستاش بەم چەند دێڕە کۆتایی بەم درێژدادڕییە ئەهێنم، قفڵکردنی بابەتێک ئەبێ بەجۆرێک بێ دەرگا بۆ بیرکردنەوە بکاتەوە:
یەکەمجار کە من خۆم کوشت، هەموویان سەرقاڵی ژیان بوون
هەموو لە منەوە فێری خۆکوشتن بوون
بەڵام کەسیان وەک من نەیانزانی بۆچی خۆیان دەکوژن

29-8-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 130-134 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




مافیای کوردی و تیرۆریستی عەڕەبی.. هەرێز خەسرەو تۆفیق

لەباکوری عێڕاق مافیا بەقاتی کوردی و لەژێر دروشمی دیموکڕاسیدا حوکم دەکات. وە لەباشورو ناوەڕاستی عێڕاق تیرۆریست بەدشداشەی عەڕەبی حوکم دەکات. زۆر بەسادەیی جیاوازی مافیاو تیرۆریست، ئەوەیە یەکێکیان لەپێناو ئایدۆلۆژیایی ئایینییدا، دونیا وێران دەکات و مرۆڤ قەتڵو عام دەکات. ئەویتریشیان لەپێناو پارەو دەسەڵاتدا وڵات وێران دەکات و هەزاران مرۆڤ دەکوژێت. حاڵی حازر لەتەواوی عێڕاق و کوردستان شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەتداری و حوکمڕانیی یاسایی، بەڵکو ئەوەی هەیە لەکوردستان مافیای کوردی حوکم دەکات و لەباشورو وەسەتی عێڕاقیش تیرۆریستی عەڕەبی لەسەر کورسی دەسەڵاتە. سروشتی ژیانی سیاسیی وڵاتەکە بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە، کە دەسەڵاتێک دروست نابێت کە شەرعیەتی لە گەلەوە وەرگرتبێت، ئێ دیموکڕاسی ڕاستەقینەش ئەوەیە هاوڵاتیان دەسەڵاتداران دەستنیشان بکەن و هەر بەدەنگی هاوڵاتیان لەدەسەڵات لابدرێن. چونکە ئەگەر دەسەڵاتێک شەرعیەتی لە میللەتەوە وەرگرت، ئەوا ناتوانێت وەکو تیرۆریست و مافیا حوکم بکات و سڵ دەکاتەوە لە لێپێچینەوە. بەڵام تەواوی هێزە سیاسیی و سەربازییەکانی عێڕاق لە شیعەو سوننەو کورد، ناشەرعین و لەژێر ڕۆشنایی دەستور و قانوندا حوکم ناکەن و هێزە سیاسیی و سەربازییەکانی سوننەو شیعە بەشەو بەماسکەوە وەکو تیرۆریست حوکم دەکەن و یەکتر دەکوژن، بەڕۆژیش وەکو سەرکردەی مۆدێرن و بەقاتو بۆینباغەوە دەردەکەون و باسی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکڕاسی دەکەن.
هەروەها لەکوردستانیش دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی لەبەردەم کامێڕاکاندا وەکو فریشتەو فریادڕەس دەردەکەون و دواتریش دڕندەترین مافیاو گەورەترین چەتەیی دەکەن بەکڵاشی هەورامی و قات و جامانەی کوردیەوە. یانی بەڕاستی کڵاش و جامانەی کوردیشیان سوک کردووە. نمونە مەسعود بارزانی لەوەتەی هەیە جامانەی کوردی لەسەرەو لە پانزە ساڵیشەوە مافیایەکی دەست سورە بە کوشتنی هەزاران کەس و ژێرزەمینەکانی ئاوس بوون بەدزینی سەدان ملیارد دۆلار. لەکاتێکدا لەکلتوری کوردیدا جامانەو قاتی کوردی ڕەمزی هەیبەت و سومعەو شەخسیات و پیاوچاکی و دەستپاکی و ڕەفتارجوانییە. یانی شتێکی سەرسوڕهێنەرە کە لە دونیادا مافیاکان لەشەرمان و لەترسان ڕووی ڕەشیان دادەپۆشن و لەکون و پەناگا دورەپەرێزەکان خۆیان حەشار دەدەن. کەچی مافیای کوردی بێ شەرمانە لەسەر کورسی دەسەڵاتەو حوکمی خەڵک دەکات و ڕوو قایمانە ڕۆژانە دێتە سەر شاشەی تی ڤییەکان و دەمامکیش ناکات. تەبعەن ئەوە لای سوننەو شیعەی عێڕاقیش بەهەمان شێوەیە، تەنها جیاوازی ئەوەیە سیاسیەکانی ئێمە مافیان لەبەرگی حوکمڕانداو سیاسیەکانی ئەوان تیرۆریستن لەبەرگی حوکمڕاندا..
دەسه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان چی تر نابێ به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناوزه‌ند بكرێن، بەڵکو ئەوان گروپی مافیایی کوردیین. کە ئەوانیش دابەش بوون بەسەر هەردوک گروپی مافیاکانی بنەماڵەی بارزانی و مافیاکانی بنەماڵەی تاڵەبانی. تەنانەت ئەمانە لەدیکتاتۆرەکانیش قێزەونترن، چونکە دیکتاتۆر لەگەڵ زوڵم و ستەمەکەشی لانیکەم کەمێک خزمەتگوزاری پێشکەش بەهاوڵاتیانی دەکات و پارێزگارییان لێدەکات. بەڵام لە کوردستان هەر هیچ خزمەتگوزاریەک نییەو لە ٢٠١٧شدا بینیمان کاتێک هێزە میلیشیا تیرۆریستەکانی شیعە هێرشیان کردە سەر کوردستان هەرچی هێزو میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین وەکو قاحپە ملیان حیز کردو نەیانتوانی تەنانەت یەک ڕۆژ بەرگری لە میللەتی کورد بکەن.
بۆیە ئا لێرەدایە کە میللەتی کورد هەزار جار خۆزگە بەحوکمی دیکتاتۆرێک دەخوازێت، چونکە هەموو دیکتاتۆرێک سروشتێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسێک ئەگەر چالاکی سیاسیی نەبێت لەدژی حوکمی ئەو، ئەوا هەقی نییە بەسەرییەوە. بەڵام حوکمی مافیا وانییە، مافیا هەقی هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگا دەخوات، سەروەتی هەموومان دەدزێت، وە تۆ دژی بیت یان نا، ئەو هەر دژی تۆیەو کوشتنی دۆست و دوژمن لای مافیا وەکو یەک وایە. بۆیە تەنانەت حوکمی تیرۆریست و داعشیش خراپیەکەی کەمترە لە حوکمی مافیا. یانی مەبەستم ئەوەنییە کە حوکمی تیرۆریستان باشیەکی هەبێت، بەڵکو تیرۆریست و دیکتاتۆرو مافیا هەمووییان خراپن، بەس دیکتاتۆر خراپی لەتیرۆریست کەمترەو تیرۆریستیش خراپی لەمافیا کەمترە، بەم پییە مافیا لەهەموویان دڕندەترو قێزەونترو مەترسیدارترە. ئیتر بەداخەوە حاڵی حازر کوردستان لەلایەن دوو گروپی مافیایی تاڵەبانیەکان و بارزانییەکان بەڕێوە دەچێت.
یەعنی من لەخۆمەوە بەمافیا ناویان ناهێنم، بەڵکو بەدەلیل و بە پێوەرە. بۆ نمونە بەم پێوەرانەی خوارەوە. یەکەم مافیاکانی بارزانی و تاڵەبانی بازرگانیەکی زەبەلاح بەسامانە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز دەکەن، لەدەرەوەی یاساو بەشاراوەیی و کەس نازانێ داهاتی چەندەو بۆ گیرفانی کێ دەڕوات، هەرچەند حەفتەی ڕابردوو دادگای عولیای فیدڕاڵی لەبەغداد بڕیاریدا کە چیتر دەسەڵاتدارانی کوردستان ناتوانن نەوت و غاز بفرۆشن بەبێ بەغداد، بەڵام ١٧ ساڵە دەیفرۆشن. دووەم لەکوردستان شتێک نییە بەناوی بازاڕو بزنزی ئازاد، تەواوی بازرگانییە گەورەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی قۆرخ کراون و کەس ناتوانێت بازرگانی داوو دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێل و ئاسن و چیمەنتۆ بکات. تەنانەت بۆ بازرگانییە بچوکەکانی وەکو دەواجین و مەلەوانگەو هەر پڕۆژەیەکی هاوشێوە کەس ناتوانێ بیکات ئەگەر ڕێژەی ٢٥% نەدات بە بەرپرسێکی مافیاکان. سێیەم دەسەڵاتدارە مافیاکانی کوردی خاوەنی زیندان و ژێر زەمینی نهێنین و سەدان کەسیان ڕفاندووەو بەدەیان ساڵ لەم زیندانە نهێنیانەدا دەناڵێنن، تەنانەت دەنگۆیەک هەیە بەشێکیان ئەندامانی لەشیان دەرهێندراوەو فرۆشراوە، بۆ نمونە گلێنەی چاوو جووتە گون و گورچیلەو هتد. چوارەم مافیاکانی کوردی خاوەنی هێزی چەکداری میلیشیای نایاسایین لەدەرەوەی نیزام و چاودێری دەوڵەتدا، هێزی چەکداریش کاتێک لەدەرەوەی یاسادابوو سڵ لەهیچ ناکاتەوەو مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات. پێنجەم مافیاکانی یەکێتی و پارتی بەئاشکرا شەڕی تیرۆریان دەکردو بەنهێنی بازرگانییان لەگەڵ داعش دەکردو چەکییان بەداعش دەفرۆشت بە پارەیەکی زۆر زیاتر لەنرخی خۆی. هەروەها نەوتیان لەداعش دەکڕی بەنرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی خۆی. ئەم چەند نمونەیەی باسم کرد نە لەدیکتاتۆردا هەیە نە لەتیرۆریستاندا هەیە. بۆیە بە ڕای من مەترسیدارترین شوێنی جیهان کوردستانی عێڕاقە چونکە مەترسیدارترین مافیاکان حوکمی دەکەن.




لەوانەیەو لەوانە نیە!.. محمد باپیڕ

لەوانەیە سەرکرداتی کورد بەهۆی ئەوبڕیارەی دادگای فیدڕالی بە ئاگابێن لەخەوی غەفلەت ولەوانەشە بە ئاگانێن.
لەوانەیە نەوت ببیتە خێروبەرەکەت لۆ هاوڵاتیانی کوردستان لەوانەشە بیتە بەڵا بەسەر خەلکی هەرێمی کوردستان .
لەوانەیە لەدوای ئەو بڕیارە کورد لەگەل بەغداد ڕێک بکەوێت لەوانەشە ڕێک نەکوێت .
لەوانەیەئەو بڕیارە بچێتە بواری جێ بە جێ کردن لەوانەش‌نەچێتە بواری جێ بەجێ کردن

لەوانەیەیە 200ملیارەکە بێت لەبەغداد و لەوانەشە نەیەێت .
لەوانەیە هۆکارەکانی نەهامەتی و خرابی بارودۆخی کوردستان هەمووی خەتای مستەشارەکان بێت و لەوانەشە خەتای وان نەبێت.
لەوانەیە خەلکی هەرێمی کوردستان شاگەشکە بێت بەو بڕیارە لەوانەشە عاجزبێت.
لەوانە لەمەودوا فرۆشتنی نەوت شەفاف بێت لەوانەشەشەفاف نەبێت.
لەوانە ئەوباجەی خەلک دەیدات بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بگەڕێتەوە لەوانەشە نەگەڕێتەوەو حەپەلۆش بکرێت.
لەوانەیە حیزبەکوردیەکان لەمەودوا یەک بگرن و لەوانەشە یەک نەگرن.
لەونەیەپاشەکەوتی موچەخۆرەکان بگەڕێتەوە لەوانەشە دیزەبەدەرخۆنە بکرێت.
لەوانەیە هاتنی موچە لەمەودوا بەموژدە بڵاو نەکرێتەوە لەوانەشەبڵاو بکرێتەوە
لەوانەیەهێزی پێشمەرگە یەک بخرێت لەوانەشەیەک نەخرێت
لەوانە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بکرێت لەوانەشەنەکرێت
لەوانە دوو ئیدارەی نەمێنێ و لەوانەشە بمێنێت
لەوانەیەدیموکراسی لەکوردستان بەرقەراربێت لەوانەشە بەر قەرارنەبێت.
لەوانەیە هەرسێ حیزبی ئیسلامی یەک بگرن لەوانەشە یەک نەگرن.
لەوانەیە پارتی و یەکێتی ئاگاداری بارو دۆخی خەلکی خۆیان نەبن و لەوانەشەئاگاداربن بەڵام خۆ لەخەتی بدەن.
لەوانەیەگەندەلی لەکوردستان کەم بێت و لەوانەشە زیادبێت.
لەوانەیە مافی چینی ماموستاکان بگەڕێتەوەلەوانەشە زیاتر ئیهمال بکرێن
لەوانەیە باج و دەرامەت زیاتر بکرێت لەسەر حەلک لەوانەشە کەم بکرێت
لەوانەیە یەکسانی و عەدالەت لەکوردستان دروست بێت لەوانەشە خەراتربێت.
لەوانەیەمتمانە بگەڕێتەوە لای تاکی کورد لەوانەشە نەگەڕێتەوە
لەوانەیە هەستی نیشتمانی جارێکی تر لای گەنجی کورد دروست بێتەوە لەوانەشە دروست نەبێتەوە
لەوانە تەزویر لەهەڵبژاردن کەم بێتەوە لەوانەشە زیاتربێت
لەوانەیە کورد فریادڕەسێکی بۆ دروست بێت لەوانەشە هەربێ سەربێت.
لەوانەیە ئەشیا لەبازار هەرزانتربێت لەوانەشە هەرئەوها گرانبێت.
لەوانەیە سیاسیەکانمان وازلە بازرگانی بێنن لەوانەشە واز لێ نەهێنن.
لەوانەیە شەفافیەت لەفرۆشتنی نەوت و گومرگەکان و داهاتی کوردستان لەمەودوا دروست بێت و لەوانەشە دروست نەبێت..
لەوانەیە کۆچی گەنجان لەبەهارێ زۆربێت و لەوانەشە زۆرنەبێت.
لەوانەیە ناوچەگەری و شار شارێنی لەلایەن حیزبی کوردی کاڵبێتەوە لەوانەشە خراتربێت

لەوانەیە کوردسان زۆر پێشبکەوێت بەوداهاتە زەبەلاحەی هەیەتی لەوانەشە وەکی مێزێ حوشترێ بگەڕێتەوە دواوە…
لەوانەیە هەڵی کار بۆگەنجان فەراهەم بکرێت لەوانەشەنەکرێت…
لەوانەیە ئاستی زانستی قوتابیان بەرەو نزمی بڕوات ولەوانەشە بەرزبێتەوە.
لەوانەیە هێلی شەمەندەفەر لەکوردستان چاک بکرێت لەوانەشە ڕادێۆ بێت
لەوانەیە ماستاوچیەکان وەختێک زەلیل بن لەوانەشە‌ماستاوچیەکان هەرماستاوچیبن

لەوانەیەدەرکراوەکان بگەڕێنەوە لەوانەشە ملیۆنێک سال هەردەرکراوبن..
لەوانەیە یەکێتی هەستێتەوە لەوانەشە خەونی حوشترێ بیت .
لەوانەیەپارتیش بەسیاسەتی خۆی دابچێتەوە لەوانەشە هەروەک خۆی بیت.
لەوانەیە کێشەی کورد چارەسەربکرێت لەوانەشە هەر تیجارەتی پێ بکرێت وەک ئێستا…..

(ماویەتی)
ئەوەی باسم کرد حەقیقەت و‌ماهیەت و واقعی حالی کوردستانە ئەوەی دەڵێ وانیە فەرموو بابێت بۆی بسەلمێنم.

محمد باپیڕ
چاودێری سیاسی




بەیانی پشتیوانی کۆمەڵێک هاونیشتمانیی کوردی عێراقیی لە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، سەبارەت بە نادەستوریی فرۆشتنی نەوت و غاز..

ئێمە، کۆمەڵێک هاونیشتمانیی کوردی عێراقیی، لە عێراق و هەرێم و تاراوگەوە، لە چالاکوان، نووسەر، رۆشنبییر و سیاسیی و…تاد ئەمانەوێ لە رێگەی ئەم بەیانەوە، رووی بە رای گشتیی خەڵکی عێراق، سەرنجەکانی خۆمان لە هەمبەر بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، سەبارەت بە نادەستوریی فرۆشتنی نەوت و غاز لە لایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، باس بکەین
‎1.​وەکو زۆریینەی رەهای خەڵکی کوردستان، ئەم بڕیارە بە ئەرێنیی ئەبینین، بەڵام بە حەذەرێکی زۆرەوە، باشتر بوو کە بڕیارەکە بڕیارێکی ستراتیژیی، نیشتمانیی، عێراقیی و دیراسەکراو بووایە، نەک بڕیارێکی تاکتیکیی، کاتیی و تۆڵەئەستاندنەوەی ئەم لایەن و ئەم دەوڵەت بێت لە هەمبەر ئەو لایەن و ئەو دەوڵەتی ناوچەکە. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە چۆن ئەو هەموو دەعمە جەماوەرییە لە ئاستی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی، بەگەڕ ئەخرێ بۆ جێکەوتکردنی یەکجاریی ئەم بڕیارە و بۆ ئەبەد مەلەفی نەوت و غاز، لە دەستی میلیشیای بنەماڵەکان، دەرئەهێنرێت.
‎2.​وێڕای درەنگیی لە بڕیارەکە، کە ئەکرا بەر لە دە ساڵ ئەمە بکرێ، بەڵام گرینگییەکەی لەوەدایە کە دەتوانرێ بەهۆیەوە کۆتایی بە تەنازولاتی هێز و حیزبە عێراقییە جۆراورەکان بهێنێت بۆ بنەماڵە نەوتفرۆشەکانی هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەم دۆخی نەوت دزیین و قاچاغچییەی هەرێمەوە، بەشێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان، وەکو موستەعمەرەیەکی تورکیی رۆڵ ئەبینێ. زۆر گرنگە هەموو دەعمێکی شەعبیی و دیپلۆماسیی و نێودەوڵەتیی، بەکاربهێنرێت بۆ جێکەوتکردن و بەعەمەلییکردنەوەی ئەم بڕیارە.
‎3.​خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی کلیپتۆکراسیی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە ئەنقەست برسیی ئەکرێ، زەلیل ئەکرێ و ئیرادەی تێک ئەشکێنرێ. زۆر گرنگە دادگای فیدراڵیی و حکومەتی عێراق، لەسەر ئەم پرسە و هەر پرسێکی تری سیاسیی و ئابووریی و عەسکەریی، خەڵکی کوردستان نەکەن بە ئامانج، پێویستە حکومەتی عێراق، واز لە تەنازولات بهێنێت بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و تەنازول بۆ گەلانی عێراق و داواکارییە ئابووریی و سیاسییەکانیان بکات کە لای کەمی خۆشگوزەرانیی و کەرامەتی ئینسانیی و دابینکردنی موچە و بژێویی خەڵكە. خەڵکی کوردستان بەراورد بە بەشەکانی تری عێراق، تەنانەت موچەکانیشیان وەرناگرن، وێڕای ئەو هەموو گەندەڵیی و دزیی و تاڵانییە، بە تایبەتییش لە مەلەفی نەوت و غازدا کە وڵاتانی ئیقلیمیی و کۆمپانیا بیانییەکان و بنەماڵە حیزبییەکانی کوردستان، لەنێوان خۆیاندا قازانجەکەی بەش ئەکەن و خەڵکیش بە ئەنقەست و بە بەرنامە برسییتر و هەژارتر و بێئیرادەتر ئەکرێن.
‎4.​ سەرەنجام، هیوادارین، حکومەتی ئێستا و ئاییندەی عێراق، بە هەموو وردەکارییەکانیەوە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیی جێکەوت بکەن و بشتوانن خەڵکی کوردستان لەم قاتوقڕیی و هەژاریی و برسییکردنە بە ئەنقەستە، رزگار بکەن. لە کۆی پرۆسێسەکەدا پێویستە هاوڵاتییان و خزمەتکردنیان لە بەصرەوە و رومادییەوە بۆ زاخۆ و هەڵەبجە، سەنتەر بن، پێویستە حکومەتی عێراق، زامنی سەرکەوتن و جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی دادگای ئیتیحادیی بکات، مەلەفی نەوت و غاز، هیچ سازشێکی تێدا نەکات، بەڵام زۆر گرنگیشە کە گەرەنتی بودجەی هاوڵاتییانی هەرێم بکات بە کۆی موچە و وردیینەی ماددە و فەسڵ و بابەکانییەوە.
نحن نخبة من المواطنين الكرد من داخل البلد وخارجه من ناشطي المجتمع المدني والكُتَّاب والمثقفين والسياسيين، نتوجه بهذا البيان الى الرأي العام العراقي موضحاً فيه كالآتي موقفنا حول القرار الصادر من المحكمة الاتحادية العليا والذي اقرت المحكمة الموقرة من خلاله علی عدم دستورية قانون النفط والغاز الكردي، القانون الذي بموجبه تقوم العوائل السياسية باحتكار كل الموارد الاساسية التي هي في الاساس ثروة وطنية لجميع أبناء الشعب من دون استثناء.
ٲولا: يُلاحظ وأن الٲغلبية الساحقة من الشعب الكردي في ٳقليم كردستان ترحب بالقرار هذا ترحيباً حاراً و كبيراً مصاحبا بحزمة من التحفظات والتي هي تبدو وكأنها في الغالب مخاوف بالغةُ الجدية! الاغلبية الآنفة الذكر تمني النفس على ٲن يكون القرار هذا قراراً استراتيجياً وطنياً ينبع من الحس الوطني والشعور بالمسؤولية، بناءً على دراسة مستفيضة سبقت عملية إصدار القرار، إذ وأنها تتطلع في الوقت نفسه إلى ٲن لا يكون القرار قراراً انتقاميا صُدر و فُرض من قبل طرف ما على دونه من الأطراف بغية إرغامه على الموافقة والدخول الى لمعادلة سياسية سواء إن كان هذا الطرف الضاغط داخلي ٲم خارجي، في حين إنها تُؤكد على أن الأهم من هذا كله هو توظيف الدعم الجماهيري الواسع لتثبيت القرار وتطبيقه بحذافيره ليتسنى للحكومة المقبلة انتزاع ملف النفط والغاز من ٲيدي ميليشيات العوائل الحاكمة في اقليم كردستان العراق نهائياً.
ثانيا: كان من المفترض ٲن يصدر القرار قبل عشر سنوات أو أكثر؛ لكنه أتى متأخرا بسبب تنازلات قدمتها القوى والٲحزاب العراقية للعوائل المستحوذة على آبار النفط وحقوله في الٳقليم بغية الحفاظ على المصالح المشتركة. ونتيجةً لسياسةِ المجاملة والمداراة هذه، ٲصبح اليوم جزء شاسع من ٳقليم كردستان يُعامَل على الأصعدة السياسية والعسكرية والاقتصادية والامنية وكأنه مستعمرة تركية! لذا فأصبح من الضروري بمكان دعم القرار شعبياً و حكومياً والاسراع في تطبيقه على ٲرض الواقع.
ثالثاً: تجري و منذ سنوات من الآن في ظل المنظومة الكليبتوقراطية الكردية عملية ممنهجة تهدف إلى تجويع الشعب وٳذلاله لذا فعليه يتوجب على الكل من الحكومة المركزية والمحكمة الاتحادية العليا اجتناب استهداف الشعب الكردي مُستندة الى هذا القرار ٲو أي قرار آخر يُصدر منهما بشأن أية قضية كانت من القضايا السياسية والاقتصادية والعسكرية، العالقة و غير المحسومة؛ مُجتنبة تفاقُم الأزمات وتعميقها. في حين يجب ايضاً على الحكومة المركزية التصرف بمسؤولية وحكمة، كما من واجبها الاستجابة لمطالب الشعب في إقليم كردستان لا الٳذعان والتماهي مع العوائل السياسية ومصالحها!
رابعاً: إذ و إننا نرجو من الكل من الحكومة الحالية والقادمة الجدية والإسراع في تنفيذ تفاصيل و بنود القرار هذا كي يكونوا عونا للشعب في مسيرته نحو الخلاص من الفقر والتجويع المنظم والممنهج! بحيث ان تكون كرامة المواطن وخدمته مركز اهتمام السلطة التنفيذية من البصرة والرمادي ٳلی حلبجة وزاخو. إذ نحن نُحمل الحكومة المركزية ضمان ميزانية الإقليم بتفاصيلها من الرواتب تخصيص المبالغ المحددة لتنمية الأقاليم بالاضافة الى الميزانية التشغيلية.
د.نوزاد رشید- طبیب-استرالیا
دشتي علي- أستاذ جامعي/گرمیان
خرامان صابر
اراس مصیفي
ریباز حسن-رانیة
ازاد ملا نبي-چومان
مجید غفور- السلیمانیة
آسو جوهر-کرکوک
دانا منمي-بریطانیا
رهند صابر – السلیمانیة
ریبوار ابراهیم- اربیل
نجمدین علي غفور- رانیة
د.مراد حسن/ استاذ في جامعة فلیندرس-استراليا
اردلان امین -اوروبا
هیوا کریم
سامي جبار ابراهیم- قسری
شاسوار هرشمي-استاذ جامعي/سوید
نجات جاف-استرالیا
قهرمان حسن/ استاذ جامعي/رانیة
هیمن مامند/ ناشط سیاسیی/ السلیمانیة
د.پشتیوان صابر- جامعة السلیمانیة
هیوا خوشناو- بلجیکا
هوگر برایم/ السوید
شوان باقي
سوارە نامق/ السليمانية
شوان بورهان
هيمن شیخ رؤوف / السلیمانیة
هریز جمال/ بریطانیا
کامیار صابر
خالد حمد حسن- رانیة
سركوت شمس الدين/ برلماني سابق
لاوان عثمان/ كاتب و ناشط
شاهكار عبدالله زاده
هادي حمه رشيد/ كاتب/ حلبجة
دانا عبدول/ ناشط
دلشاد مجيد/ كاتب و صحفي
شوان باقي- السوید
کارزان حکیم کاکە حمە- کرکوک
شنیار انور- امیریکا
جبار حمد -کندا
عیسی سیودین-امیریکا
دلشاد مجید-السوید
سامان عبداللە- دربندخان
طارق هموندي-امیریکا
زند حسین- کرکوک
رڤند سلیمان- دهوک
رنج عثمان-رانیة
امانج علي- بریطانیا
گوران عبداللە -کندا
نیاز مصطفی -کویسنجق
طاهر محمود عسکري
خالد-حمد-مدرس
بهروز حاجي – السلیمانیة
نسرین علي- کرکوک
رستم محمد-چمچمال
رنج عثمان- رانية
احمد حاجی رشید- عضو برلمان سابق
سردار امین-بریطانیا
اسماعیل گلالي- برلماني سابق
هیرش عبدالرحمان- امیریکا
مجاهد محمد امین/ناشط-حلبجە
آراس محمد/ السليمانية- ناشط
فرهاد قادر/ناشط-حلبجە
شالاو سركوت/ ناشط
لاست امین – بەریتانیا
تێبینیی: هەرکەس ئازادە لای خۆیەوە ناوی بخاتە سەر لیستەکە.




یەشار کەمال لە نێوان کورد بوونی و تورک بوونیدا.. نوسینی: ئیدریس مستەفا

وتەیەکی پێویست: کەس ناتوانێ نکوڵی لە گەورەیی یەشار کەمال بکات وەک رۆماننوسێکی تورکینوس و ئەدیبێکی گەورەی تورکیا، بەڵام کاتێک بەهۆی رەچەڵەکی کوردبوونیەوە دەکرێت بە نوسەر و رۆماننوسێکی دیاری کوردە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کورد دەکات، ئەوا ئێمە غەدر لە خۆمان و یەشار کەمالیش دەکەین. غەدر لەو دەکەین گەر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و غەدر لە خۆشمان دەکەین گەر دڵمان بە کوردبوونی ئەو خۆش بکەین. ئەو وەک خۆی چۆنە با ئاوها سەیر بکرێت دوور لەهەر هەست و سۆزێکی کوردانە؛ ئەو نەهی لەوە ناکات کە بە رەچەڵەک کوردە بەڵام وەک خۆی دەلێت “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە.” (س١) هەر بۆیە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیشی باس لە کورد و دۆزی کورد ناکات.

وشەیەک بۆ باسەکە: ئاستی وێژەیی رۆمان, وەک زمان و تەکنیکی نوسین، رەگەزێکی گرنگە بەڵام لەوانە گرنگتر بابەتەکانی ناو رۆمانە. ئەوەی نەمری رۆمان دەهێڵێتەوە بابەت و رەهەندی چیرۆک و رووداوەکانی ناویەتی نەک ئاستە وێژەییەکەی . رۆمانوسیک کە وڵاتەکەی هەمێشە پڕ لە کارەساتی مرۆیی بێ و میللەتەکەی لە ژیانێکی پڕ مەینەتیدا بێ جیاوازە لەو رۆماننوسەی لە وڵاتێکی ئارام و دوور لە شێوای سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەڕی فەرهەنگیدا بژی. رۆماننوسی تەرزی یەکەم ئەوەی لێ داوا دەکرێ یاخود هەر بە سروشت بەرهەمەکانی مەرگەسات و مەینەتیەکانی وڵاتەکەیی و میللەتەکەی خۆی دەنوسێتەوە بەڵام گەر ئەمەی نەکرد واتە تەنها هی وڵاتەکەی تۆمار بکات و هی میللەتەکەی خۆی فەرمۆش کرد ئەوا دەکەوێت بەردەم پرسیارێکی مێژووییەوە. یەشار کەمال بە ئاشکرا و راستەوخۆ مەینەتیەکانی تورک و یۆنانیەکانی ناو تورکیا نوسیوەتەوە بەڵام بە هیچ کلۆجێک باسی کوردی نەکردووە چ بە ناراستەوخۆ و چ بە پەنهانیش. بەڵی بەرهەمی هەن کە ئێمەی کورد دەزانین لە ناوچە کوردیەکاندا روودەدەن بەڵام دوور و نزیک بە لای کورد و پرسەکەیدا ناچێت و بە جێگەی کورد و ماکی مرۆی کورد لای ئەو تۆمار نەکراوە. پیشاندانی جوگرافیا لە رۆماندا مانایەکی ئەبستراکت دەبەخشێ گەر رەگەزە مێژووییەکان و رەچەڵەکە مرۆییەکانی وەک ئەوەی هەن تێیدا نەنوسرێتەوە. هیچ بەهانەیەک ناتوانێ یەشار کەمال لەو حوکمی مێژووییەوە قورتار بکات گەر بێتو ئێمە سووربین لەسەر پرۆژەی بە کوردی کردنی.

ناسینی یەشار کەمال لە ناو ئێمەدا
لە مێژە باس و خواسی کورد بوونی یەشار کەمال هەواڵێکی گرنگ و دڵخۆشکەرەیە لە ناو ئێمەی کوردانی باشوردا. ‌چەند هۆکارێک هەن کە یەشار کەمالیان لەسەر هەر دوو ئاستی جیهانی و کوردستانی ناساندووە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لایەنە کوردستانیەکەیەتی کە لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێدام، بەڵام لایەنە جیهانیەکەیشی بۆخۆی تەواوکەرە لەگەڵ کوردستانیەکەیدا بۆیە دەبێ ئاماژەیەکی کورتی پێ بدرێ پێش کوردستانیەکەی. وەرگێڕان دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە ناساندنی هەر بەرهەمێکی ئەدەبیدا. هاوسەری یەکەمی یەشار کەمال کە خاتوونێکی بە ئاین جوو بوو بە ناوی “تیڵدا سەرێرۆ ١٩٢٣-٢٠٠١” (س١) تیڵدا خانم بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی دەوڵەمەندی، لە هەردوو بواری زانستی و ئابوری، شاری ئیستانبوڵ بووە ئینگلزیەکی باشی زانیوە. دوای ئەوەی لەگەڵ یەشار کەمالدا ژیانی خێزانی پێکەوە دەنێن لە ساڵی ١٩٥٢، توانیوێتی حەڤدە بەرهەمی گەورەی یەشار کەمال لە زمانی تورکیەوە وەربگێڕیتە سەر زمانی ئینگلیزی لەوانە حەمەدۆک ساڵی ١٩٦١. هەر ئەو وەرگێرانانەش بووە هۆی ناساندنی یەشار کەمال لە سەر ئاستی جیهانی و چەندان خەڵاتی جیهانی وەربگرێ و ناویشی هەڵبژێردرێ بۆ خەڵاتی نۆبڵ.

لەسەر ئاستی کورستانیش بە تایبەت باشور، وەرگێرانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بە تایبەت لەسەر دەستی عەبدوڵڵای حەسەن زادە و شکور مستەفا دەورێکی گەورەی گێڕا لە ناساندنی یەشار کەمال بە خوێنەری کورد. دواتر، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بەتایبەت کوردستانی باشور بۆ ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە ئەو دەرفەتەی بە کۆمەڵی خەڵک بەخشی کە ئاشنا بن بە دونیای ئەدەبی و هونەری و تەنانەت سیاسی تورک بەتایبەت ئەوانەی بە رەچەڵەک کوردن وەک یەشار کەمال و ئەحمەد قایە و لەیلا زانا و ئەحمەد تورک؛ ئینجا ئۆرهان پامۆک و ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیز چاندار. مەسەلەی بە ئەندام بوونی تورکیا و ئەو فشارەی ئەوروپا لەسەر توکیا هەیەتی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیە فەرهەنگیەکان لەوان کورد ئەو نوسەر و کەسانەی زیاتر ناساند بە کورد کە باسیان لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد دەکرد.
هەر لەو دەمەدا، واتە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، یەشار کەمال دوای حەفتا و دوو سال لە تەمەنی خۆی وتارێکی نوسی لەمەڕ پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر گوند و ناوجە مەدەنیەکانی ئەو ناوجانەی کوردنشینن؛ و لیدوانەکانی ئۆرهان پامۆک سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوشتارگەی کوردان لە تورکیادا، بانگ کردنیان بۆ بەردەم دادگا و سەپاندنی چەندان مانگ زیندانی بەسەریاندا هەراوزەنایەکی بێ شوماری دروست کرد لە دونیای رۆژئاوادا. ئەم حالەتە هاوسۆزیەکی نەتەوەیی نوخبەیەک لە رۆشنبیری کورد لە هەردوو بەشی باشور و رۆژهەڵات دروست کرد بەرامبەر یەشار کەمال و هەروەها هەڵوێستێکی مۆراڵیشی هێنایە پێش بۆ ئۆرهان پامۆک. تەرجەمەکردنی بێ شوماری بەرهەمەکانی هەردوو نوسەر لەم سالانەی دواییدا کتێبخانەی کوردیان پر کردووە.

دوو جۆر تێڕوانین لەسەر یەشار کەمال
لەم ساڵانەی دواییدا دوو جۆر لە تێڕوانین هاتەدەر بەرامبەر بە یەشار کەمال. یەکێکیان رەخنەی ئەوەی لیدەگرن کە “بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە.” کە لای من ئەم دیدە لەگەڵ ئەوەی حەقانیەتێکی تێدایە و نوسەر دەیتوانی فێری زمانی دایکی ببێت زۆر بە باشی بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نیە چونکە بە ئاسانی ئەو هۆکارە مێژژووییە سیاسیانە فەرامۆش دەکات کە لە تورکیا و سوریا و ئێران کوردان ناتوانن بە زمانی خۆیان بنوسن و بخوێنن، بەڵام دەتوانن لە رێگەی زمانی میللەتی سەردەستەوە ناسنامە و مێژوو و ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی خۆی بنوسێتەوە هەر وەک چۆن سەلیم بەرەکات لە رێگەی زمانی عەرەبیەوە باسی کورد و مەینەتیەکانی و پرسەکانی دەکات. ئایا یەشار کەمال ئەمەی کردووە؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتیەکەی ئێمەیە کە هۆکاری نوسینی ئەم باتەیە. تێروانینی دووەمیان زۆرتر لەسەر هەست و سۆزێکی نەتەوەیی بونیادنراوە هەرچەندە کاری بۆ دیدەکەی خۆی کردووە بە وەرگیڕانی جەندان بەرهەمی یەشار کەمال و بەڕێخستنی پرۆژەیەک بۆ بە کوردی کردنی یەشار کەمال لە هەر دوو ئاستی زمان و کەسێتیدا، لەمەش زیاتر دەیانەوێ روحی کورد بوون بکەنەوە بە بەری یەشار کەمالدا. من لێرەدا بە دوای ئەوەوە نیم لە گرنگی و بایەخی یەشار کەمال وەک نوسەرێک کەم بکەمەوە بەڵکو دەمەوێ رەخنە لە تیزی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال و بە کوردی کرنی کەسێتی یەشار کەمال بگرم بە لەبەرچاوگرتنی فاکتە مێژووییەکان و بەرهەمەکانی خودی نوسەر. ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و جەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە. ئەم نوسینەی من لێکۆڵینەوەیەکی رەخنەییە لەو راستایەوە!

نوسینێک بۆ پرۆژەی بە کوردی کردنی یەشار کەمال
لە نێوەندی رۆشنبیری ئێمەدا بیر و بزاوتێک هەیە کە دەیانەوێ یەشار کەمال بکەن بە کورد. لەم راستایەدا وتارێک و پەرەگرافێکی فەیسبوکی لەبەرچاو دەگرم. یەکێکیان هی کاک بەکر شوانیە سەبارەت بە گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئەوی تریش، پەرەگرافێکی نوسەر و شاعیری کوردستانی رۆژهەڵات کاک ناسری حسامیە کە لە فەیسبوکی خۆی دایگرتووە و کاک بەکر لە وتارەکەی خۆیدا دایکگرتۆتەوە. لەوێدا کاک ناسر تیئۆری بە کەسێتی کوردی کردنی یەشار کەمال ئاماژە پێدەدات.
یەشار کەمال (١٩٢٣-٢٠١٥) وەک لای هەموان ناسراوە یەکێک لە رۆماننوسسە بە تواناکانی تورکیا و جیهانە و بەرهەماکانی بۆ چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە لەوانەش کوردی. باکگراوندی رەگەزی نەتەوەیی یەشار کەمال کە کوردە بۆتە جێگەی شانازیەکی گەورە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە نوسەر و قەڵەم بەدەست و نیوەندی رۆشنبیری کوردی. پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال مەبەست لێی وەرگێڕانی تەواوی بەرهەمەکانی یەشار کەمالە بۆ زمانی کوردی چونکە وەک کاک بەکر دەڵێ “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە.” (س٢). بەڵام، دەبێ پرسیار بکەین ئایا تا جەند یەشار کەمال کورد بووە و ژیان و بەرهەمەکانی تا چەند پەیوەندیان بە کورد و دۆزی کوردەوە هەیە.
ئەگەر بێتوو یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و جەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک مرۆڤێکی کورد و نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە.

“نوسەر دەبێ قسەی هەبێ لەسەر رووداوەکان” (یەشار کەمال)
نوسەر ئەو نوسەرەیە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی رووداوەکانی وڵاتەکەی و میللەتەکەی بێت. واتە دەبێ قسە و هەلویستی لەسەر رووداوە گرنگەکانی وڵات هەبێ. ئەمە ئەو تێگەیشتنە بنەرەتی و سادەیەیە کە هەر ئەدیبێک و لێکۆڵەرێک و رۆشنبیرێک دەیزانێ کە نوسەر دەبێ وابێ بۆیە کە یەشار کەمال خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی تورکیا دژ بە کورد دەڵێ: “بە چەندان شەو خەو نەدەچووە چاوم. ویژدانم ئەزیەتی دەدام. بە خۆمم دەگوت تۆ نوسەری، تۆ هەر دەبێ قسەت هەبێ.” (س١) بەڵام، ئایا یەشار کەمال وابوو؟ گەر وابوو بۆچی تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی نەهاتە دەنگ لەسەر کێشەیەک کە لەو وڵاتەدا بە درێژایی تەمەنی خۆی تا ئەو رۆژەی کۆچی هەتاهەتایی کرد بوونی هەبووە و هەیە. ئەو رووداوە گرنگ و هەستیارانەی لە تورکیا بەرامبەر بە گەلانی غەیرە تورک کرا، بە تایبەت کورد لە تورکیای نوێدا، چارەنوسیانی بۆ چەندان سەدە و بگرە هەتا هەتایە دیاری کرد، ئایا نەدەبوو رەنگدانەوەی هەبوایە لەسەر کاروبەرهەمەکانی؟ نەدەکرا، بەلای کەمەوە، یەکێک لە رۆمانەکانی راستەوخۆ لەسەر مرۆڤی کورد و ژیانەکەی بوایە؟ کەچی هیچ یەکێک لە رۆمانەکانی ناچن بەلای ئەو رووداوانەدا.

گەر لەسەردەمی عوسمانیدا بەشی زۆری کوشتارگەی مرۆڤە غەیرە تورکەکان بەر ئەرمەنیەکان کەوت ئەوا ئەوا لە سەردەمی نوێی تورکیادا کورد ئەو بەشە زۆرەی بەردەکەوێت و بگرە گەر مەرگەساتی ئەرمەنەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا پیادەکرا و تەوابوو ئەوا مەرگەساتی کورد نەبڕاوەتەوە و لەوساوە بەردەوامە تاکو ئێستا.
نوسەر چیە گەر بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی ئەو مێژووە نەبێت کە خۆی تێیدا ژیاوە. لە ژیر هەر بیانوویەکدا بێت ئەو رەنگدانەوەیە نەبێتە توێشووی بەرهەمەکانت ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبیت. ئەوە دروستە تورکیا سەرکوتترین رژێمی ناوچەکەیە دژ بە کورد، بەڵام ئایا ئەمە دەبێ وا لە نوسەرێکی گەورە بکات کە بە درێژایی نەوەد و دوو ساڵ لە تەمەن هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی کارەسات و مەرگەساتە بەردەوامەکانی میللەتەکەی نەبێت. نوسین بە زمانی میللەتی سەردەست دەرفەتێکی ئاڵتونیە کە مێژوو بۆخۆت و خەڵکەکەت بنوسیتەوە. یەشار کەمال لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا و لە ترسی دەستگیرکردنی، تورکیا بەجێدەهێڵێ و دەچێتە هەندەران و نزیکە دوو ساڵێک دەمێنیتەوە لەوێ، ئایا نەیدەتوانی لەو مێژووە دەوڵەمەندە بە کارەساتباراویەی کورد رۆمانیک بنوسێ و لە پێناویدا تورکیا بەجێبهێڵێ روو لە هەندەران بکات، یاخود لە ناوەوەی وڵات بمێنێتەوە و وەک ئیسماعێل بێشکچی و پامۆک و ئەحمەد قایا و ،،،هتد بەرەو رووی داداگا و زیندانی بێتەوە.

ئەحمەد قایا لە بەرامبەر یەشار کەمالدا
ئەحمەد قایە و یەشار کەمال هەر دوو بە رەچەلەک کوردن و لە هەمان وڵاتی تورکیا دەژین و هەمان ژینگەی سیاسی و فەرهەنگیان هەبوو بەڵام ئەحمەد قایە توانیتی جەسارەتی خۆی نیشاندا لەوەی لە دوا ساڵەکانی ژیانی خۆیدا دانی پێدا نا کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە لەوەی خزمەتی بە هونەری تورکی کردووە. خۆزگە یەشار کەمالیش نەک لە دوا سالەکانی خۆیدا بەڵکو لە دوا ساتەکانی خۆیدا دانپێدانانیکی ویژدانی وەک ئەحمەد قایەی دەبوو بەڵام کە نەیبوو ئەوا ئەو راستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و ئەوە ئێمەین ئیخەی بەرنادەین. ئەو راستگۆبوو لەوەی کە نوسەرێکی تورکە و تەواوی ژیانی خۆیشی لە پێناو نوسین و فەرهەنگ و زمانی تورکیدا خەرج کرد. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە جەند دێڕێکی ئەحمەد قایە بهێنمە بەر دیدەی خوێنەر و ئەو حوکمەی سەر یەشار کەمال بۆ خوێنەر بە جێدەهێڵم. قایە دەڵێت: “هەموان دەیانزانی کوردم بەڵام کاتێک لەزاری خۆمەوە بیستیان هەمووشتێکی سەر مێزەکانیان تێگرتم لەوکاتەدا دڵم زۆر توندبوو لەناخەوە بۆ بێکەسی خۆم دەگریام کەنەمدەزانی چۆن بە دوو دەست بەرگری لەخۆم بکەم لەوشتانەی پێیاندا دەدام، بەخۆمم دەوت ئەوە باجی چل ساڵ خزمەتکردنتە بەهونەرو ئەدەبیاتی تورک، بەڵام ئەو سوکایەتی پێکردنە حاڵی کردم خزمەتکردنم بەتورک کارێکی بێ مێشکانەبووە.”
بەرپرسیارێتی مێژوویی یەشار کەمال لەوەدا دەجێتە گەردنی کە کوردە و ئێمە دەیکەین بە کورد بەڵام ئەو کە خوی دەڵێ “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی تورکیدا داناوە” کەواتە با واز لە کوردبوونی بهێنین و نە ئەو و نە خۆشمان توشی سەرەگێژەنە نەکەین و ئەو نرخەی بدەینێ کە خۆی هەیەتی؛ ئەگەرنا، لەمەزیاتر ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و ئەویش دەخەینە ژێر پرسیارەوە. داواکردنی ئەو کە بەرهەمەکانی بکرێ بە کوردی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و ناتوانرێ بەرگی کوردبوون بکرێتەوە بە بەری یەشار کەمالدا. وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانی ئەو بۆ سەر زمانی کوردی وەک هەموو ئەو زمانانەی تر وایە کە بەرهەمەکانی تێدا وەرگێردراوە. ئەو بە رێکەوتێکی مێژوویی لە خێزانێکیی کورد لە دایک بوو کە هەڵبژاردەی خۆی نەبووە وەک هەر یەکێک لە مرۆڤەکانی ئەم سەر زەمینە. بوون بە نوسەریکی تورک زوبان و تەرخان کردنی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی زمان و فەرهەنگی تورکیدا ئەوە هەڵبژاردەی خۆیەتی کە بەوپەڕی کەماڵی عەقڵی خۆیەوە ئەو رێچکەیەی هەڵبژاردووە و دەبێ ریزی لێ بگرین و نەیکەن بە شتێکی تر. من دڵنیام گەر سەردانی بەردەوام و پەیوەندی بەردەوام نەبوایە یەشار کەمال بۆخۆی ئەم بابەتی کوردبوون و پرۆژەی کوردبوونەی بۆ قەزیە نەبووە وەک ئێمە لە هزری خۆماندا لێکی دەدەینەوە.

یەشار کەمال و سیاقی تاریخی
“هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی بابەتیانە لەهەر بەرهەمێکی ئەدەبی لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدایە.” چونکە “کۆنتێکستی مێژوویی بەشێکی ئێجگار گرنگە لە ژیان و کاری ئەدەبیدا و بێ ئەو هەر کاراکتەر و یادەوەری و چیرۆکێک کورت دەهێنێ.” (س٨) گەر بێتوو رۆمانەکانی یەشار کەمال بدەینە بەر رێژنەی ئەو سیاقە تاریخیەی کە خۆی و میللەتەکەی تێیدا ژیاون ئەوا گشت بەرهەمەکانی دەکەونە بەر تیغی رەخنەی جدیەوە لەوەی هیچ بەرهەمێکی باسی کورد و دۆزی کورد ناکات. زمان و داڕشتن و ئاستی وێژەیی رەگەزگەلێی گرنگن بەڵام رەگەزێک کە لەسەرووی هەموویانەوەیە بابەتەکانی ناو رۆمانە، ئەو رووداوانەی لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا روودەدەن و رۆمانەکەی تێدا دێتە بەرهەم ئەوە رەگەزی سەرەکیە. رۆمان چیە گەر رووداوە دڵتەزێن و مەرگەساتباریەکانی میللەت و وڵاتەکەی خۆت و ژیانی پڕمەینەتی و رۆژانەی ژیانی مرۆڤەکانی نەنوسێتەوە. گەر لە دەمانی کۆن داستانەکان هەبوون هەموو چیرۆکە خۆش و ناخۆشەکانیان بە زارەکی دەگێرایەوە ئەوا رۆمان لە سەردەمی نوێدا هەمان ئەرک دەگرێتە ئەستۆ بەڵام بە نوسراوەیی. هیگڵ لە خۆڕا ئەو دەستەواژەیەی نەهێنایە ناوەوە کە دەڵێ: رۆمان داستانی سەردەمی بۆرجوازیە.
یەکێک لە رەگەزە پایەییەکانی رۆمان مێژووە. رۆمان بۆخۆی وەک داستانێکی سەردەمی بورژوازی لە دایک بوو کە چیرۆک و رووداو و داستانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان تۆماردەکات بەڵام لە ژانرێکی ئەدەبی جیاوازدا. دیارە گێرانەوەی هەر چیرۆکێک بۆخۆی باسی مێژوویەکە، بەڵام مێژوو هەیە لە ناو مێژوودا. رۆمان وەک نوێنەرایەتی کردنی ژانرێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەو مێژووە دەگیڕێتەوە کە مێژووی دروست کردووە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا ئەو رووداوانەی لە مێژووەکەیدا روویانداوە مێژوویەکی دروستکردووە کە ئەستەمە چیرۆکنوس بیت ونەتوانی نەیانووسیتەوە. مێژووی داگیرکدنی خاکێک، کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ تێیدا، پاکتاوکردنی رەگەزی سیستماتیکی بەردەوام نەتوانێ ببێتە بەرهەمێکی ئەدەبی نوسەریک کە خودی نەتەوەکەی یەکەمین قوربانی ئەو مێژووە بێ ئاخۆ دەبێ چ پرسیارگەلێک بەرەوو رووی ببێتەوە. مێژووی کورد لە رۆمانەکانی یەشار کەمالدا بەو ئاستە کارەساتباری و مەرگەساتباری بەسەر کوردا هاتووە هیچ بوونی نیە. ئەو بەرهەمانەی گوایە بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ دێت ناسنامە و رەگەزی نەتەوەیی کوردی تێدا نیە.
ئایا سەرکوتی تورکیا بۆ سەر کورد و ئەوانی تر دەکرێ وەک بڕوبیانویەکی مێژوویی تەماشا بکرێ بۆ ئەو بێ دەنگ بوون و بێ هەڵوێستیە و شاردنەوەی بەرپرسیارێتی مێژوویی نوسەر؟ ئایا سیاقی تاریخی چیە کە نوسەری تێدا دەژی و تێیدا هەڵدەکەوێت؟ ئایا جیاوازی چیە لە نێوان ئەو چوارچێوە مێژووییەی یەشار کەمالی تێدا بووە و ئەوانی تری تێدا ژیاوە لە هەمان زەمان و مەکاندا کە لەسەر کورد و پرسی کورد هاتوونەتە دەنگ بەڵام ئەم هیچ دەنگێکی نەبووە؟ خۆ محمد ئۆزۆنیش خەڵکی هەمان شوێنە وەک یەشار کەمال بەڵام ئەو نەک هەر ئەوەی نەکرد کە باس لە کورد و کوردبوون وجودی نەبێ بەڵکو بەرهەمەکانی بە زمانی دایکی خۆی نوسی. ئەو هات خۆی فێری زمانی کورد کرد و بەرهەمەکانی بە زمانی کورد هاتە نوسین و وەشاندن. دیارە من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر ئەو بابەتی زمانە بەلام گەر یەشار کەمالێک هێندە بە توانا بێ لە زماندا و بتوانێ نەک داهێنان بەڵکو ئەفراندن بکات لە زمانی تورکیدا بەوەی کە فەرهەنگی تایبەتی بە ناوەوە دادەنرێت ئاخۆ نەیدەتوانی خۆی فێری زمانی کوردی بکات چ ئاخاوتن و چ نوسین؟ زانستی نوێی زمان ئەوەمان پێدەلێت کە فێر بوونی زمان هیچ پەیوەندی بە تەمەنەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە شەیدابوون و هەوڵدانەوە هەیە.

یەشار کەمال و سیاسەت
یەشار کەمال کەسێکی سیاسی و چالاکوانێکی سیاسی دەرکەوتوو بووە و لە خۆپیشاندانەکانی پارتی کرێکارانی تورکیای ساڵانی شەستەکاندا بەشداری سەرەکی هەبووە. یەکێک بووە لەو ناوانەی کاتێک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە تورکیادا روودەدات لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا بەتایبەت کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٧١ کە کەمپینی گرتن و تیرۆکردنی نەیاران و چالاکوانانی رەوتی چەپگەرایی سیاسی تەشەنە دەکات، یەشار کەمال هەڵدێ لە وڵات و بەرەو هەندەران دەڕوات و دوای نێزیک بە دوو ساڵ دەگەرێتەوە تورکیا. ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هیچ یەکێک لە وێستگە و کار و چالاکیە سیاسیەکانی یەشار کەمال پەیوەندی بە کورد و کوردبوونی خۆیەوە نەبووە دوور یا نزیک. بەشداری کردنی یەشار کەمال لە دونیای سیاسەتدا ئەوەی بە روونی دەرخست کە یەشار کەمال رۆشنبیرێکی سیاسیە و ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەیە و وەک خۆی دەڵێ باوەڕی یەقینی بەوە هەیە کە “نوسین کردەیەکی سیاسیە بە مانای فراوانی وشەکە و کاریگەری راستەقینەی خۆیشی هەیە.” (س٩)
پرسیارگەل هەن لەم بارەیەوە بکرێ، بەڵام یەک پرسیار بەسە بکرێ: ئایا لە دۆزی کورد سیاسی تر هەیە نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە جیهانیشدا کە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر مرۆی کورد و پرسەکەی نیە و بگرە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵیش هیچ هەڵوێست و دەنگێکی لێوە نەهات لەسەر کورد لە تورکیادا لە کاتێکدا نوسەر و ئەدیبی تورک هەبوون لەسەر کورد و دۆزەکەی سزای سیاسی و ماڵی و زیندانی دەکران؟ با حەمەدۆک لەسەر زەوی وڵاتی کوردان بێت کاتێک بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە بەشمەینەتی و چەوسانەوەی کورد نەبێت. گەر بیروباوەڕی چەپ بوون گوزارشت لە کێشەیەکی چینایەتی پڕ چەسانوەی ئاغایەک و زەۆمەتکێشێک بکات بۆ ئەو بیروباوەڕ نەتوانی نوسینێک بەرهەمبهێنێ باس لە چەوسانەوەی میللی و جینۆسایدی جەستەیی و فەرهەنگی نەتەوەیەکی گەورەی وڵاتەکە بکات لە کاتێکیشدا خۆی بە رەچەڵەک ئەنامێکی ئەو نەتەوەیە بێت.

ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ بیڵیم هەرگیز بەو مانایە نیە کە لە کوردستان داوا لە رۆشنبیران و نوسەران دەکرێت هەڵوێستی سیاسیان هەبێت سەبارەت بە کێشە و ململانێی حزبەکان یاخود وەک ئەوەش نیە کە “پیەر بۆردیۆ” دەیڵیت گوایە هەڵوێستی سیاسی نوسەر لە کێڵگەی رۆشنبیری دەردەهێنێت؛ بەڵکو بەو مانایەیە ئەدەب جیە گەر گوزارشتکەری واقعی وڵات و خەڵکەکەی خۆی نەبێت. چەوسانەوە و ژێر دەستەیی و سەرکوت و کوشتارگەکان کە بە بەرچاوی خۆیەوە روویان دابێت نەتوانێ سکی نوسەرێک پڕ بکات بە بەرهەمێک یاخود ویژدانی نەجوڵێنێ یان جەسارەتێکی مرۆیی پێ نەدات ئاخۆ چیتر هەیە ئەو نوسەرە نەخاتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک لایەک لە وڵات خاپوردەکرێ و داروپەردووی بەسەر یەکدا دەسوتێ و ژن و کچ لاقە دەکرێ و مەمکیان دەبڕدرێ و بە کۆمەڵ دەکوژرێن و دەسوتێنرێن و ئەوەشی ماوە وەک لە ئاژەڵ خراپتر مامەلەیان لەگەڵدا دەکرێ و سەرکردەکەیان لە سەر خوانی میوانی و گفتوگۆ بە داردا دەکرێ و دواتر دەیکەن بە عیبرەت خەڵکەکەی و مێژووەکەی تەنها بە خاتری ئەوەی دەیانەوێ ناسنامەی رەگەزی و فەرهەنگی و مافی سەربەستی بوونی وڵاتی خۆیان داوابکەن؛ بەڵام نوسەر لەولاوە خەریکی نوسینی رۆمانێک بێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو واقع و رووداو و ژیانی رۆژانەیەوە نیە کە خۆی تێیدا ژیاوە.
ئەم هەڵوێستەی یەشار کەمال یادەوەریەکی نازم حیکمەتم دینێتەوە یاد کە حلمی عەلی شەریف ساڵی ١٩٨٩ لە رۆژنامەی هاوکاریدا دەربارەی ئەو دەمی بیرستروێکا و رووداوە نوێیەکانی جیهان دەینوسی. دەلێت: کاتێک خەڵکان و نوسەران و چالاکوانانی چەپ و ئازادیخواز لە تورکیا لە ژوورەکانی زینداندابوون، نازم حیمەت خەریکی شعر نووسین بوو بۆ رەشەکانی ئەریقیا لە کاتێکدا کوردەکانی ژوورەکەی ئەو دیو فەلاقە دەکران و لە سێدارە دەدران.

بیروباوەڕی چەپێتی بوون پڕبەهانەترین رێگە بوو بۆ یەشار کەمال کە خۆی لە کوردبوون و کێشەکەی بدزێتەوە و خۆی لە ژیان و کەسێتی تورکیدا بەرجەستە بکات. كەسێتی و پارت و جوڵانەوە چەپەکانی ئەو دەورانانە کەم نین کە بە بیانووی بیورباوەڕی چینایەتیەوە خۆیان لە مەسەلەی نەتەوەیی میللەتانی ژێر دەستە دەدزیەوە بەو بیانووەی گوایە مەسەلەی چینایەتی لە پێشترە وەک لە مەسەلەی نەتەوایەتی. دەکرێ لە باری تیئۆریەوە ئەو بابەتە راست بێت بەڵام ئەوە کۆمەڵی حوکم و ژینگەی خۆی هەیە و هەمووشیان جەخت لەسەر مافی نەتەوەیی میللەتەکان دەکەن و بگرە مافی جارەی خۆنوسینی میللەتان یەکێک بووە لە پایە سەرەکیەکانی مارکسیزم-لینینزم و جوڵانەوە مارکسیەکانی ئەو کاتە. ئەو دەمەی یەشار کەمال حەمە دۆک دەنوسێ کە تێیدا کێشەیەکی چینایەتی دەخاتە روو، شۆڕشەکەی سەید رەزا هەڵدەگیرسێ کە تێیدا دوو پەیام هەم تئیۆری و هەم سیاسی تێدا بەرجەستە بووە ئەوانیش: ئەو شۆرشە هەڵایسانێکی میللی نەتەوەیەکە کە داکۆکی لە مانەوەی ناسنامە و فەرهنگیان دەکەن، هەروەها کێشەیەکی چینایەتی بەرهەقی سیاسیە کە میللەتێک دەچەوسێنرێتەوە لە لایەن میللەتێکی ترەوە. ئەفسوس یەشار کەمال ئەمانە هیچی نابینێ و ئیمەش ئیستا دەمانەوێ بە زۆر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و پرسی کورد.

تورکیا شانۆی کوشتارگەکان
یەشار کەمال لە وڵاتێکدا ژیا کە جگە لەوەی سەر لەبەری رووداوی سیاسی و کارەساتی مرۆیی و ناهەقی و ناعەدالەتی و چەوسانەوەی میللی و فەرهەنگی نەتەوە و کەمینەکانی تری ناو تورکیا بوو، لانکەی جینۆساید و کۆشتارگەی نەتەوە و پاکتاوی نەژادی کەمینە غەیرە تورک و ئاینیەکان بوو. تەنها لە ماوەی بیست و سێ ساڵدا واتە بیست و سێ ساڵ پێش لە دایکبوونی یەشار کەمال “لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠-١٩٢٣ رژێمەکانی تورکیا سێ ملیۆن و نیو بۆ چوار ملیۆن و سێ سەد هەزار ئەرمەنی و یۆنانی و مەسیحیە رۆژهەڵاتیە نەستوریەکان و کریستیانەکانی تریان کوشتووە. (س٣) ئەمە جگە لە قەتڵ و عامی یەزیدیەکان و عەلەویەکان. لەو سالەوەی یەشار کەمال لە دایک بوو تا رۆژی مردنەکەی (١٩٢٣-٢٠١٥) واتە لە ماوەی نەوەد و دوو ساڵدا، سی و حەوت کوشتارگەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵکوژی و سەرکوتی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و قەڵاچۆپێکردن و راوەدوونان و تیرۆرکردن و کوشتن و مردنی ناو زیندانەکانەوە لەو وڵاتەدا لەسەر دەستی دەولەتی تورکیا دژ بە کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر وەک ئەرمەن و شەرکەس و یۆنانی و جوو و مەسیحی و عەلەوی ئەنجام دراوە کە تێیدا هەزاران مرۆڤ بە منداڵ و ژن و پیر و لاوەوە تێیدا بوونە قوربانی. گەر تەنها کارەساتەکانی کە بەسەر کورد هاتوون باس بکەین ئەوا بەرهەمی جەندان رۆمانی لێ دەردەچێ. بۆ نموونە، کوشتارگەی دیاربەکر یاخود شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیرانلە ناوەراستی ساڵی ١٩٢٥ زیاتر لە پانزە هەزار کوردی تێدا کوژرا و زیاتر لە ٢٠٦ گوند سووتان و وێرانکران.
سەرهەڵدان و سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد کە بە دوای خۆیدا چەندان مەرگەساتی تۆقێنەری بە دوایخۆیدا هێنا کە لەمێژوودا وێنەی کەمە. لە کوشتارگەی دەرسیمدا، وەک دەیڤد ماکدواڵ دەلێ “زیاتر لە چل هەزار کەس کوژران.” (س٥) ژن و منداڵ بە زیندوویەتی ئاگریان تێبەردرا. گۆی مەمکی کچ و ژنیان بڕیوە بە قەمە. کچێکی تازە هەڵکەوتووی کورد لە کوشتارگەی کوردانی دەرسیم، ساڵی ١٩٣٨، لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە گۆی مەمکەکانی دەبڕدرێن بەو نیازەی گەر منداڵی کوردی بوو لە ئایندەدا ئەوا نەتوانێ شیری پێ بدات. ئەو کچە ئیستا بۆتە دایەپیرەیەک و تەمەنی سەروو نەوەدەکانە. دەوروبەری چل پەنجا سالێک دوای ئەو رووداوە، لە یەکێک لەو جارانەی یەشار کەمال دێتە ئەوروپا، دەچێ بۆ لای و هەموو چیرۆکی کارەساتەکە و خۆیشی بۆ دەگێڕێتەوە بەو هیوایەی یەشار کەمال بیکاتە هەوێنی یەکێک لە بەرهەمەکانی کەچی یەشار کەمال هەر وێڵی کرد و هەرگیز نە ئەو ژنە و نە منداڵانی ئاگرتێبەردراو و کوشت وبڕی مەمک و سکی ژنی کورد و کوشتنی سەدان دیل هیچ وژدانی یەشار کەمالی نەبزواند و نە هیچی لە بارەوە گووتن و نە هیچی لە بارەوە نوسین. ئایا ئەم رووداوانە هی ئەوە نەبوون ببن بە هەوێنی بەرهەمێکی جا چ نویسینی رۆمانێک یاخود تەنانەت وتارێکیش بێت. دیارە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی یەشار کەمال بێ دەنگ دەبێت و بەڵام دوای ئەوە قسەیەکی دەبێت و لەم نوسینەدا دێمەوە سەری. گەر ئەو هەموو کارەسات و رووداوانەی کوردستان دەماری رەچەلەکی کوردبوونی یەشار کەمال یاخود وەک خۆی دەلێ (ویژدان)ی نەجوڵێنێ ئەی چی دی تر دەیکات.

یەشار کەمال لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ “من لەسەر کێشەکان نانوسم. بۆ جەماوەرێکی تایبەت شت نانوسم. تەنانەت دەربارەی خۆشم نانوسم. بەڵێ یاخی بوون هەیە لە رۆمانەکانی مندا بەڵام یاخی بوونە دژی فەنابوون. جیاوازی من لەگەل ئەوانی تردا من ئەوە دەنووسم کە لە مێشکی خۆمدایە.” (س١) جا بۆیە تا ئەوەندەی بە کورد و دۆزەکەیەوە بگەرێتەوە ئەوا شتێک نیە لەو نێوەدا کە شایانی ئەوەبێت پرۆژەیەکی بۆ بەرێبخرێ بە ناوی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئایا بۆن و بەرامەی کوردەواری یاخود ناوهێنان و کردنی شوێن لە رۆمانەکانی ئەودا دەکرێ ببێ بەو ئاستە لە بینین و تێگەیشتن گوایە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر کورد و دۆزی کورد بووبێ. بێگومان نەخیر، چونکە گەر وابوایە ئەوا یەشار کەمال لە مێژبوو نەما بوو وەک موسا عەنتەر یاخود بە دەردی ئیسماعیل بیشکچی و ئەوانی تر دەچوو. گەر یەشار کەمال خۆی بە کورد پیشان بدایە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کوردی بکردایە ئەوا سەرکردە و پیاوە دەوڵەتیە گەورەکانی تورکیا وەک داود ئۆغڵۆ و عەبدوڵڵا گوڵ ستایشیان نەدەکرد لە رۆژانی پرسەکەیدا. بۆیە، یەشار کەمال لە نوسەریکی جووی ئەڵمانی دەچێ و کە لە دەمانی جینۆسایدی جووەکاندا ژیابێ و هیچ نوسین و قسەیەکی نەبێ لەو بارەیەوە. ئاستی وێژەیی رۆمان وەک زمان و تەکنیکی نوسین گرنگە بەڵام لەو گرنگتر بابەکانی ناو رۆمانە، ئەو بابەتانەی کرۆکی مرۆیی نوسەری پێ لە تەتەڵە بێژنگ دەدرێ. ئەوانەی کە لایەنی تەکنیکی رۆمان بە گرنگتر دەزانن لە بابەتەکانی ناوی وەک تۆفیق الحکیم دەڵێ ئەو مەسەلە چینییەم دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێ: من بە پەنجەکانم ئاماژەی مانگ دەکەم بەڵام بێ ئاوەز سەیری پەنجەکانم دەکات.

هەندێ دید هەن گوایە نابێ داوا لە نوسەر بکرێ چی بنوسێ و چی بڵێ و چی نەنوسێ چونکە نوسەر خۆی خاوەن خەیاڵ و پابەندی هیچ راوبؤجوونێک نیە بەڵام ئەوە دەکری بۆ هەندێ رۆمان نوس لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و وڵاتێک و مێژوویەیکی تردا بژی کە جیای دەکاتەوە لەو نوسەرانەی خاوەن مێژوویەکی تەواو جیاوازتر بارودۆخێکی سیاسی پڕ کێشەتر و پرسی نەتەوەیی. لەمی دووەمیاندا رۆمان چیە گەر کێشە و رووداوە کارەساتباری ومەرگەساتەکانی میللەتەکەی خۆت پێ نەنووسێتەوە.

رۆمانی سوڵتانی فیلەکان
یەشار کەمال بە کاک بەکر شوانی گوتووە “ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!” (س١) ئەم رۆمانە وەک کاک بەکر دەڵێ “کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات” ئەوا لە مێژبوو قەدەغە دەکرا و بگرە نەیاندەهێشت هەر چاپ بکرێ، ئەمە لە لایەک; لە لایەکی ترەوە, گەر دۆزی کورد ئەو دۆزەی بێ وێنەترین و تاقانەترین دۆزی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیە لە جیهاندا و بە تایبەت لە تورکیادا گرنگترین و هەستیاترین و گەورەترین دۆزە چ بۆ کورد و چ بۆ تورکیا و ناوچەکە و جیهانیش ئەوا شایەنی ئەوەی هەیە چەندان رۆمان نا بەس رۆمانێکی گرنگی وەک حەمەدۆکی لەسەر بنوسرێ نەک رۆمانێکی وەک کتێبی کلیلە و دمنەی لەسەر بنوسرێ.
سوڵتانی فیلەکان لەگەڵ ئەوەی وەک جیرۆکی ئاژەڵان و دارستانەکان تام وچێژی خۆی هەیە، بەڵام بێ دەسەلاتترین هەوڵە کە یەشار کەمال دابێتی گەر بیەوێ رۆمانێکی لەسەر دۆزی کورد نوسیبێ. لە شێوازی نوسینی کلیلە و دمنەییدا دەکرێ هەر ئاژەڵ و پەلەوەر و تەیروتورێک بکرێ بە رەمزێک بۆ شتێک بە مەودا دووربینی و مانا گشتیەکەی بەڵام دۆزێکی وەک کورد کە خۆت ئەندامێکی ئەو دۆزەبیت و بە بەرچاوتەوە کارەساتبارترین و مەرگەساتترین رووداو بەسەر میللەتەکەتدا هاتبێ و لە جیاتی ئەوەی راستەوخۆ بیکەی بە هەوێنی رۆمانێک کەچی دێیت و ئەو کێشە بەرهەقە مێژووییە بەردەوامە بە فیل و مێروولە بچوێنیت. ئەو نووسەرانە زۆرن کە کێشە گەورەکانی میللەتەکانی خۆیان چ سیاسی یان کۆمەڵایەتی کردووە بە هەوێنی کتێبێک و چ ویژدانی خۆیان و چ سەربەرزی خەڵەکەکی خۆشی پێ تۆمارکردووە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە بەڵام هیچ یەکێک لە رۆمانەکانی یەشار کەمال باسی کورد و دۆزەکەی نین. ئالی وایزەڵ جولەکەی رزگار بوو لە کەمپی ئاشڤیتی سوتاندنی جووەکان، یەک شەو توشی کارەساتێکی گەورە بوو کە چەوسانەوە و کوشتنی خۆی و میللەتەکەی دیت کردی بە کتێبێکی نایاب بە ناوی (شەو).
یەشار کەمال خۆی شاهیدی هەموو ئەو چەوسانەوە و کوشتارگایانە بووە دژ بە کورد بەڵام هیچی نەگووت لە بارەوە. دەزانم، لەوانەبێ لێرەدا پرسیارگەلی ئەوە بێتە پێش گوایە ئەو رۆژگارانە رۆژگاری رەش بوون و کەس نەیتوانیوە فزەبکات ….هتد بەڵام من ئەمانە بە بیانویەک دەبینم لەگەڵ رێزمدا. با داوای رۆمانێک نەکەین، خۆ ئەو هەر هیچ نەبوایە دەیتوانی یادگاریەکانی لەو رۆژانەدا بنوسێتەوە، وەک خەم و هەست و عەزابخواردنی ناوەوەی دڵی خۆی کە چی بەسەر کورد و دۆزەکەیدا هاتووە وەک موسا عەنتەر و جەنگیز چاندار و دەیانی تریش کردیان. گەر شتێکی ئاوهاشی بکردایە دڵمان پێی خۆش دەبوو و دەمانتوانی ئیستا وەک بەڵەگەیەک بەدەستمانەوە بێ تاکو بڵێین یەشار کەمال لە خەمی کورد و دۆزەکەیدا بووە. دیارە من ئەمە وەک ئەزعەفولئیمان دەڵێم دەنا ئەو بەو پێودانگەی کە باس دەکرێ گوایە کورد بوونی ئەو زۆر تۆخ بووە دەیتوانی بەرهەمێکی راستەوخۆی هەبێ لەسەر کورد و دۆزەکەی یان مەرگەسات و کارەساتە بەردەوامەکانی.
دوواتر هەندێ خاڵ باس دەکەم بۆچی ئەوەی نەکردووە.
ئەو وێنە و کەسێتی و هەندێ جار وشە و رستە کوردیانەی لە نێو رۆمانەکانی یەشار کەمالدا هەیە بە هیچ کلۆجێک رەنگدانەوەی دۆزەکەی نیە: لە لایەک ئاساییە نوسەر گوزارشت لە جێگە و رێگەی زیدی خۆی باو و باپیرانی بکات؛ لە لایەکی ترەوە، وەک هەر کەسێتی و ناوجەیەکی تری تورکیا سەیرکراوە بۆیە رۆمانەکانی نەبوونەتە جێگەی نارەزایی عامەی خوێنەری تورک و حکومەت و دەوڵەتەکەی. گەر شوێنگەی رۆمانەکانی یەشار کەمال ناوجە کوردیەکانە ئەوا لە تورکیادا جوگرافیا دەور ناگێڕی لەو بارەیەوە. تەنها لە دوو ساڵی دوایی دەیەی نەوەدەکاند کە عەبدوڵلا ئۆج ئالانی تێدا گیرا، سەرۆک وەزیران (بوڵند ئەجەوید)، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پەرلەمان (حیمکەت چەتین) و سەرۆکی کاتی تورکیا بۆ ماوەیەک (ئارێز) کوردبوون و خەڵکانی شارە کوردیەکان یاخود ئەسڵ و فەسڵیان لەوێوە هاتوون. بەڵام ئەمە هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت چونکە تورکیا هەر تورکیایە جا ئەو هاوڵاتیە لەهەر کوێیەکەوە هاتبێ، چونکە ناسنامە هەر یەک ناسنامەیە. کوردێک کە ناسنامەکەی تورکیە، دەتوانێ ببێ بە سەرەک وەزیران و سەرۆک کۆماریش. بۆ؟ چونکە تۆ هەر تورکی و بە تورکی قسەدەکەی و لە خزمەت سیاسەت و دەولەتی تورکی دایت. خالێکی رەمزی تر، کە دێتە پێش پەپولە سولەیمانەکەیە. ئایا پەپولە سولیمانەکە ئاماژەیە بۆ پەپولە سولەیمانەکەی داودی پەیامبەری جووەکان وەک ئاماژەپیدانێک بۆ دەولەتی ئیسرائیل و سیاسەتی ئیسرائیلی لە ناوجەکەدا ئەوا زۆر قسەوباس هەلدەگرێ کە ئەو رۆمانە زیاتر دەخاتە بازنەی گوماناوی ئەوەی کتومت بۆ کورد و دۆزەکەی نوسرابێ. و من لێرەدا ناچمە سەری و دووبارە هەر دەلێمەوە کە ئەو رۆمانە ناتوانێ بچوێندرێ بە کێشەی کورد و دەسەلاتی تورک گەر لایەنی تەکنیکی رەمزی وەربگرین رۆمانەکە لەبەرچاو بگرین ئایا تا چەند تەوزیفکردنی ئاژەڵەکان لە جێی خۆیدایە بۆ لێکچواندنی مرۆی کورد و دەسەڵاتی تورک و ململانێی نێوان کورد و تورک، ئەوا پرسیارگەلی مێژوو ژمارە و قەبارە و شێوە و شێوازی رەمز دێنە پێش کە بە ئاسانی ئەو دیدە رەت دەکەنەوە گوایە ئەو رۆمانە کتومت وێنای کێشەی کورد و دەسەلاتی تورک بکات لە تورکیادا. بۆیە “خوێندەنوەی وردتر و راستتر ئەوەیە، کۆمەڵگەی مێروولەکان تێگەیشتنە لە چینە جیاوازەکانی گەل کە کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن و بە گوێرەی ئەدەبیاتی سوسیالیستی ناوەراستی سەدەی بیستەم هەر ئەوانیشن چینی زەحمەتکێش.” (س٦)

یەشار کەمال و خەمی تورکە سەربەسەرەکان
لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٢٣ بەسەرپەرشتی (عصبة الأمم) کە دواتر بوو بە (نەتەوە یەکگرتووەکان)ی ئێستا، ئاڵوگۆڕێک لە نێوان تورکیا و یونانستان بەرێووە چوو کە هەرچی یۆنانی هەیە لە تورکیا بنێردرێن بۆ یۆنان و تورکە نیشتەجێبووەکانی یۆنانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا. ئەو تورکانە پێێان دەوترا تورکە سەربەسەرپێکراوەکان. بەشێک لەو تورکە گوندیە سەربەسەرپێکراوانە نیشتەجێ دەکرێن لەو گوند و ناوچەیەی ، وەک چوکورئاوا، یەشار کەمال ژیانی مێرد منداڵ دەبێ و دواتر هەرزەکاری تێدا بەسەر دەبات. شێوەی ژیانی ئەو گوندیانە وەک لەوەی خانوی جوان جوانیان دروست کردبوو، لەوەدەچوو شێوازی ژیانیان و ئەو شوێنانەی لیی نیشتەجێ ببوون، ببووە جێگەی ئیرەیی و ناحەزی گوندیە رەسەنەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەو شوێنە بە جێدەهێڵن و کۆچ دەکەن. ئەو رووداوە بە رادەیەک کاریگەری لەسەر یادەوەریەکانی یەشار کەمال دادەنێ دەیکات بە رۆمانێکی چەند بەشیی بە ناوی “بەسەرهاتی دوورگەیەک” و لە جاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی سەباحی تورکیدا ئاوها ئەو یادەوەریە دەگێڕێتەوە کە رەخنە و پرسیاری من لە یەشار کەمال بەهێزتر دەکات. فەرموون ئەمە پەرەگرافەکەیە:
(لە گوندی ئێمە قوتابخانە نەبوو بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانە چوومە ماڵی خزمێکمان لە (کادیرلی) ماوەیەک لەوێ مامەوە بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست لەو ماڵە بمێنمەوە لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا دەستم بە هاتوچۆ کرد هەموو ڕۆژێک بەلای گوندێکدا تێدەپەڕیم کە پێشتر چەند شتێکم لەبارەیەوە بیستبوو دەووترا خەڵکانێکی بیانی هاتوون و لەو گوندە نیشتەجێ بوون، دواتر بەشی زۆریان بە نەخۆشی مەلاریا مردوون و هەڵسوکەوتی خەڵکی دەوروبەریش لەگەڵیاندا زۆر خراپ بووە، تا قۆناخی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد بەردەوام بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم و بەردەوام گوێبیستی بەسەرهاتیان بووم، کەمێک گەورە بووم و خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد دیسان بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم ڕۆژێک دووکەڵکێشێکی گەورەم بەدی کرد دووکەڵکێشێکی ئەستوور و بەرز بوو، کاتێک گەیشتمە قۆناخی ناوەندی، لە گوندی هەمیتە ژنێکی خزمی باوکم و دەستەخوشکی دایکم چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو گوندەی بۆم گێڕایەوە، پێکەوە چووین بۆ پیاسەی ناو دارستان لەوێ ووتی: سەیر بکە کوڕەکەم لەو گوندە کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان دەژیان، ئەوانە ئەو تورکانە بوون کە لە یۆنانستانەوە هاتبوون و بەو یۆنانییانە گۆڕدرابوونەوە کە لێرە دەرکرابوون، لە نزیک (ئاناڤارز) سێ گوندی لەو جۆرە هەبوون سێ گوندی زۆر جوان بوون، بەو جۆرە بەسەرهاتی ئەو گوندەم بۆ ئاشکرا بوو کۆچبەرەکان لەو گوندانە خانووی جوانتریان بنیات نابوو بەڵام لە دەست ستەم و زۆرداریی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر ڕزگاریان نەببوو، بۆیە سەری خۆیان هەڵگرتبوو و ڕۆیشتبوون، کاتێک بووم بە ١٥ و ١٦ ساڵان کەوتمە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو خەڵکانە نەمتوانی بیاندۆزمەوە و زۆر خەفەتم خوارد، چیرۆکی ئەو گوندەی چوکورئۆڤام بۆ ئابیدین دینۆ گێڕایەوە. ئەویش ووتی ئەوە جوانترین بابەتە تا ئێستا کەس شتێکی جوان و بەکەڵکی لەو بارەیەوە نەنووسیوە، بەو جۆرە بەسەرهاتی کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان بوون بە بابەتی زنجیرە ڕۆمانی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”) (س١٠)
پرسیار کە لێرەدا دروست دەبێ و دەبێت بە رەخنەیەک لە یەشار کەمال: ئاخۆ بۆ رووداوێکی ئاوها ، ئەو تورکە سەربەسەر پێکراوانە دەبن بە خولیای نوسین و بە دواییدا دەچێ و دەیکات بە رۆمانێکی گەورە؟ ئەمە رێک هەر لەو دەمانەدا بووە کە رووداوی کوشتارگە و خاپورکردنی دێیەکانی کوردستان و کوشتنی منداڵ و ژن و پیر و پیرێژنی کوردان نابن بە خولیای و بەڵام کۆمەلی دێهاتی تورک دەبن بە خولیای بەرهەمێکی گەورەی؟ لەو رۆمانانەی کە هەندێ رۆشنبیر دلیان پێخۆشە گوایە یەشار کەمال باسی کورد و وڵاتی کوردان دەکات لە هیچیاندا ناوی کورد وەک ئەم تورکانە نەهاتووە یاخود لە هیچیاندا باسی پرسی ئەو خەڵکە جەندان ملیۆنیە وجودی نیە لە بەرهەمەکانیدا بەڵام چەند گوندیەک ئەسەرێکی گەورەیان هەیە لەسەری؟
لە تورکیا، لە نێو خوێنەری تورک و لە سیستەمی دروستبوونی تاکی تورک باسکردنی رووداوەکان چ لە هەکاری ماردین و ئامێدی بێت یان لە ئەنکەرە و ئیستانبوڵ بێت هیچ جیاوازیەکی نیە مادامەکی ناو و ناسنامەی جیاواز لە ناو و ناسنامەی تورک جودا نەبێت. خۆ گەر خوێنەری تورک و حدەوڵەتی تورک بیاندیبایە یاخود بە رەمزیش هەستیان بەوە بکردایە کە یەشار کەمال باسی کورد و دۆزی کەرد دەکات ئەوا بەرهەمەکانی هەر لە بازارەکاندا دەسوتێنران. بەڵام ئەوە روونە کە یەشار کەمال کەسێتیەکی تورکی بەرجەستە کردووە لەخۆیدا هەر ئەو بەرجەستەییەش مانەوە و بەردەوامیدانی بە یەشار کەمال و بەرهەمەکانی داوە لە تورکیادا برەوی هەبێ و کاتێکیش دەمرێت رابەرانی حزبەکەی کەمال ئەتاتورک و سەرکردە ئەردۆغانیەکانی دەوڵەتەکەی تورکیا لە ناشتنی تەرمەکەی و پرسەکەیدا ئامادە دەبن و یەک لەد وای یەک ستایشی دەکەن بەوەی ئاشتی پەروەر بووە و داوای ئاشتی کردووە لە وڵاتدا. دیارە چەمکی ئاشتی پەروەری لای تورک چیە و چ رەهەندێک و مانایەکی هەیە.
هەر لە هەمان دیمانەدا لە خەمی تورکە سەربەسەرپێکراوەکان بەردەوامە و تەنانەت دەیانچوێنی بە ژیانی بنەمالەکەی خۆی کە چۆن ئەوانیش لە زیدی باووباپیران و داپیرانی خۆیان دەرکراون و کۆچیان پێکراوە، بەڵام ئەوەی باسی تەنها یەک لایەن دەکات ئەویش رووسەکانن، “ئەو کاتەی ڕووسەکان گەیشتوونەتە وان کەسوکاری من ئاوارە بوون، بە سەرانسەری ئەنادۆڵدا تێپەڕیون و لە گوندی هەمیتەی چوکورئۆڤا گیرساونەتەوە.” ( س١٠)ئەو دیدە مێژووییە دروستە کە روسەکان چیان کردووە بەو ناوچانە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەشار کەمال هیچ ئاماژە بە دەوری تورکیا نادات لە دەربەدەرکردن و کۆچپێکردنی کوردانی خۆیدا بە هەموو ئاینزا و کەمینیەکانییەوە کەچی باس لە دەوری مێژوویی روسەکان دەکات. ئایا کەس هەیە لە ئێمە نەزانێ کە تورکیا دەوری ئەوەڵ و ئاخیری هەبووە لە کۆچپێکردنی کورد لە ناوچەی رەسەنی خۆیان؟

حەمەدۆک لەبەرامبەر سەید رەزادا
بە پێی ئەو دیدە سایکۆلجی و زانستە کۆمەڵایەتیانەی دەربارەی ئەو رۆژگارانەی دەمانی هەرزەکاری و مێردمنداڵی کە چۆن دەوریان هەیە لە پێگەیشتن و پێکهاتنی مرۆڤەکاندا، رۆژانی سەید رەزا و شۆڕشەکەی و کەسێتی سەید رەزا وەک سەرکردەیەکی زوڵملێکراوی نەتەوەیەک و ئەو رۆشنبگیریەکی کەمال ئەتاتورک و سوپای تورک بەسەر ناوجەی دەرسیمدا هێنایان دەبوو شتێکیان بەجێبهێشتایە لە ژیانی یەشار کەمالدا، دەبوو گەردیلەیەک لەو رووداوە گەورەیە ببوونایەتە وشەیەک و لە خامەکەیەوە بخرانایەتە سەر کاغەز هەر وەک چۆن یادەوەری گوندیە تورکە سەربەسەرپێکراوەکان رۆمانێکی چەند بەشی پێنوسی. دەستپێکردن بە نوسینی حەمەدۆک رێک لەو ساڵەدایە کە کوشتارگەی و دەرسیم و شۆڕشەکەی سەید رەزا روودەدات. راپەڕینی دەرسیم و کەسێتی سەید رەزا و غەدرلێکردنی لە لایەن ئەتاتورکەوە و ئەو کارکردە مێژوویی و سیاسیەی دەرسیم لەو دەمەوە تاکو لە ژیانی هەر میللەتی کوردا جێگەیەکی ئێجگار گەورەی داگیر کردووە دەبوو هەرهیچ نەبێ بە هاوتای حەمەدۆک شوێنێکی بگرتایە لە ژیان و بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا بەڵام کە نەیگرتووە ئەوەیە کە یەشار کەمال بوونی نەتەوەیی و کێشەکەی بۆ گرنگ نەبووە. تەنانەت لەو هەڵوێستەی کە گوایە لەسەر کورد هاتۆتە دەنگ دوای حەفتاودوو ساڵ بەئآشکرا دیارە کە دەرسیم و سەید رەزا و کوشتارگەی کوردان لەو رووداوەدا مەسەلەیەکی مافی مرۆڤ و دیموکراسیە نەک قەزیەی میللەتێک و چارەونس سیاسی بیست ملیۆن مرۆڤی کورد لەو وڵاتەدا. بیروباوەڕی جەپی بوون وای لە یەشار کەمال کرد داستان و چیرۆک و حیکایەتەکانی دەوروبەری خۆی یان دەمانی منداڵی خۆی لە دەقێکی چینایەتیدا بەرجەستە بکات وەک حەمەدۆک و تەنەکە بە نموونە.
لە راستیدا تاکو رووداوی مێژوویی هەبن چ جای وەک دەرسیم کە یەشار کەمال خۆی لە زەمەنەکەیدا ژیاوە، حیکایەتی مێژووی پلەیەکی خوارتری پێ دەدرێ چونکە رووداوی مێژوویی گەورەیە و هەڵوێستەی گەورە و قسەی گەورە و بەرهەمی گەورەی دەوێ. ئایا نەدەکرا دەرسیمێک و سەید رەزایەک وەک حەمەدۆک بەرجەستەیان بکات لە بەرهەمێکدا کە رەمزی زوڵملێکراو و بەشخوراوی میللەتێکن کە تا ئێستاش شەڕی مان و نەمانی رەگەزی و ناسنامەیی خۆیان دەکەن بەرجەستە نەبوو لە بەرهەمێکیدا جا بەهەر رەمز و راستەوخۆ و ناراسەتوخۆییەک بێت. ئەو چیرۆکانەی لە کوشتارگەی دەرسیم دەبیسترێن و خودی یەشار کەمال لە دەمەدا وەک مرۆڤێکی کورد لەو وڵاتەدا ژیاوە و تەنانەت ژنێکی ئەو مەرگەساتە دوای چل پەنجا سالان روودەکاتە یەشار کەمال و چیرۆکی مەمکبڕینی خۆی بۆ ابس دەکات لە لایەن سەربازا تورکەکانەوە؛ ئەو کوشتارگەیەی لە مێژووی نوێی تورکیادا لە وینەی نیە؛ هەر ئەو گوتەیەی سەید رەزا لەبەرامبەر ئەتاتورکدا وتوویەتی دەیتوانی بیکاتە گوڵەوانەی بەرهەمێکی نەمری ئینسانی قوڵی نەتەوەیی کۆمەڵی مرۆڤ کە پێیان دەتورێت کورد؛ بەڵام سەد مەخابن ئەو دەرسیمەی کە ئێمە ئێستا لە راگەیاندن و دۆکیومێناتریەکانەوە دەیبیستین و دەیبینین جەرگمان بۆی دەسوتێ و وێژدانمان ئازار دەدات وەک وشەیەک و لاپەرەیەک و چیرۆکێک نەبوونە میوانی قەلەمەکەی یەشار کەمال.
من لێرەدا دەیڵێمەوە ئەم گلەیی و رەخنانە بەو شێوەیە لە یەشار کەمال دەگرم کاتێک دەیانەوێت بیکەن بە کورد و روحی کوردبوونی بکەن بەبەردا لە کاتێکدا بە هەموو پێدانگە مرۆیی و نەتەوەیی و مۆراڵیەکان ئەو هیچ بەلای کورد و دۆزی کورددا نەچووە. ئایا داکۆکیکردن و هاتنە دەنگ لەسەر میللەتی داگیرکراو و سەرکوتکراو بەشێک نیە لە هەر بیروباوەڕێکی مرۆڤدۆستی و چەپیانە؟ ئایا سەید رەزا زیاتر لە حەمەدۆک دژی جەور و ستەمی دەسەڵاتکاران نەوەستایەوە؟ یەشار لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا تورکیای بجێهێشت و بۆ نزیکەی دوو ساڵان لە سوید ژیا ئایا یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی بیروباوەڕی چەپ بوون بەتایبەت لەو دەمەدا مافی چارەی خۆنوسین نەبوو؟ ئایا بۆ لە پێناو چارەی خۆنوسین و مافی کورددا بۆ تورکیای بەجێنەهێشت؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە. ئەویش ئەوەیە کە یەشار کەمال مرۆڤێک و نوسەرێکی تورک بووە و تەواو. بۆیە دەبێ وەک ئەو مرۆڤە و ئەو نوسەر ریزی لێبگیرێ و با دەستبەرداری وەهم و سۆزی نەتەوەیی خۆمان ببین لەبەرامبەریدا.

تێڕوانینی سیاسی یەشار کەمال بۆ کورد و دۆزەکەی
لە تەمەنی حەفتا و دوو ساڵیدا بۆ یەکەم جار یەشار کەمال هاتە دەنگ لەسەر مەسەلەی کورد، بەڵام چۆن هاتنە دەنگ و بە کام نوسین و بەرهەم و کام جیهانبینیەوە هاتە گۆ. تا ئەو ساتەی لە ژیاندا بوو هیچ بەرهەمێکی خۆی نەکردە بابەتێک لەسەر کورد، ئەوەی یەشار کەمال لەسەر کورد وتی و کردی نوسینی وتارێکی بوو لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا
یەشار کەمال هیچ کات نە هەڵویست و نە بابەتێکی هەیە لەسەر دۆزی سیاسی کورد. ئەو لە قسەکانی بەردەم دادگا و چاوپێكەوتنەکانی و نوسینەکانی کورد و کێشەکەی لە روانگەیەکی سیاسیەوە سەیر ناکات بەڵکو وەک کێشەیەکی مرۆڤدۆستی و دیموکراسی دەیبینیت. ئەو دەلێت: “من هەموو ژیانم بۆ زمانی تورکی و کەلتوری تورکی تەرخان کردووە، چۆن داوای جیابوونەوەی دەولەتی کوردی دەکەم لە تورکیا، کەس داوای ئەمە ناکات. من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” (٢) ئەم هەڵویست وەرگرتنەی دوای لە حەفتاودووساڵ ژیانی دەرکەوت ئەویش زۆرتر لەو ژینگە سیاسی جیهانیەوە لە دایک بوو کە تازە دنیای دوو قوتبی کۆتایی پێهاتبوو، هەروەها سیاسەتی بێرستروێکای دنیا بە رووی کرانەوەیەکی سیاسیدا کردبۆووە لە هەموو جێگەیەکی ئەم دونیایەدا. پیش ئەم رووداوە، یەشار کەمال هەڵویستێکی ئاوها و ئاشکرای نەبووە لەسەر مافە فەرهەنگی و دیموکراسیەکانی کورد.
لە لایەکی تر، گەر لە باری فەلسەفی و زانستی کۆمەلناسیشەوە لێکی بدەینەوە ئەو دوو چەمکەی یەشار کەمال ئاماژەی پێدەکات (زمان و کەلتور) ئەو دوو چەمکەن کە بونیادی نەتەوەیەکی پێ لەسەر دروست دەکرێ؛ زمان و کەلتور هەموو ئەو نیهادە سەرەکیانە لە خۆ دەگرێ کە بوونی پێگە نەتەوەییەکان بەهێزتر و چەسپاوتر و مەحکەمتر دەکات وەک بیروباوەڕ، داب و نەریت، هونەرە رەنگاڵەییەکان، ئاین و تقوسەکانی، خواردن، جلوبەرگ، پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان بە خێزان و خۆشەویستی و هاوسەری و تقوسەکانی لە پەیوەند بەوەوە، لێک تێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان لە یەکتر لە ئاخاوتن و نوسیندا، جەنگ و ئاشتی، زەمینێک بۆ ژیان،… بە کورتی: زمان و کەلتور کۆکردنەوە و یەکانگیرکردنی ی هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندیانەی تەواوی کۆمەڵگەیەکی میللی و نەتەوەیی پێ دەناسرێتەوە. پرسیار لێرەدایە ئایا یەشار کەمال نابێتە بەشداریکەرێکی بێ وینە و کاراکتەرێکی چالاک و مێژوویی میللی تورک و کۆمەڵەگەی تورکی نەک کوردی؟
هۆکارێکی تر، مەسەلەی چەپ بوونی یەشار کەمال بووە. بیروباوەڕی چەپ بوون لە دەمانی دوای جەنگی جیهانیەوە لە تورکیا، وەک هەر جێگەیەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، لە پەرەسەندندابوو. لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی ئەو دەمە و مارکسیزم لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنوسینی میللەتەکان بوو، بەڵام چەپێک بوو کەمتر دانولەی لەگەڵ مەسەلە نەتەوایەتیەکاندا دەکوڵا و زۆرتر لە مەسەلە چینایەتیەکاندا قاڵ ببۆیەوە. حەمەدۆک نموونەی ئەو دیدەیە لە چەپ بەتایبەت چەپی ناو میللەتە سەردەستەکان. لەو دەمەدا یەشار کەمال لە بواری سیاسیدا چالاک بوو. ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بوو کە خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی چەپرەوێتی بوو. لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵێک لە ترسی گرتن هەڵات بۆ سوید و ماوەیەک لەوێ ژیا تاکو بارودۆخی تورکیا باش بوو ئینجا گەڕایەوە . تەنها وەک پرسیار دەیکەم ئایا گەر یەشار کەمال ئەو نوسەرە بێت کە ژیان و بەرهەمەکانی بۆ دۆزی کورد بێت و ویژدانی عەزیەتی داوە بۆ ئەو پرسە و خەونی ئەوەی کە هەموو بەرهەمەکانی بکرێنە کوردی و خۆی هەر لە منداڵیەوە شاهیدی ئەو هەموو زوڵم و چەوسانەوە و کوشتارگە و سەرکوتکردن و تێکشکانەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و کاولکاریەکانی کوردەستان بوو لە تورکیا، ئایا دۆزێکی ئاوها نەدەکرا وای لێ بکات جارێ لە جاران لە پێناو ئەو دۆزەدا هەڵبێت و لە هەندەران بژی و قوربانی بە ژیانی تورکیا بدات و وەک سەلیم بەرەکات وڵات بەجێ بهێڵێ و لەوێ بە ئازادانە دڵی خۆی هەڵڕێژێ و ویژدانی خۆی ئاسودە بکات؟! ئایا ئەو هەموو داستانە پڕ ئێش و ئزار و چارەنوسسازانەی بەسەر کورددا نەدەکرا بیکاتە بەرهەمێک و وەک چۆن لە پێناوی ئادیۆلۆجیاکەیدا رایکرد و دەستبەرداری تورکیا بوو، ئاوهاش لە پێناوی میللەتەکەیدا دەستبەردای تورکیا بوایە گەر بۆ ماوەیەکیش بێت؟
دیدی یونیڤەرساڵی بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی بوون بەشێکی ترە لە جیهانبینی سیاسی یەشار کەمال بە تایبەت کاتێک دەلێت “من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافە کانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” گەر دەورانی پێش بیرستروێکای گۆرباتچۆڤ و دونیای سۆشیالیستی مەسەلەی نەتەوایەتی کاڵکردبێتەوە لە کار و بەرهەم و هەڵویستی یەشار کەمال ئەوا لە دوای دەرکەوتنی دونیای دیموکراسی رۆژئاواوە دیدی یونیڤەرساڵی کە مافی هاوڵاتی بوون لە زمان و کەلتور و ئایندا دەبینێتەوە زاڵ دەبێ بەسەر بیری یەشار کەمالدا و مەسەلەی نەتەوەیی جێگەیەکی گرنگی نابێ لە گوتار و بەرهەمەکانیدا. دیدی یونیڤێرساڵی لە قوتابخانەی لیبرال دیموکراسی رۆژئاوە سەری دەرهێناوە کە لە بنەڕەتدا کاڵکردنەوە و نەهێشتنی هەر ماکێکی نەتەوایەتی و میللیە چونکە رۆژئاوا بۆخۆی بە دەست جەندان کێشەیی نەتەوە و میللەتە ژێردەستەکانی خۆیەوە دەناڵێنێ و سیستەمە سەرمایەداریەکەی ئەوەی لێ دەخوازێ کە هەر چەمکێک گەر بێتە سەر رێی گەشەکردنی ەئوا دەبێ کاڵ بکرێتەوە لە ژیر هەر ناوێک و مانایەک و بزاوتێکدابێت. ئەو هەڵویسەتی یەشار کەمال وەک هەر هەڵویستێکی تری رۆشنبیرانی دنیای تورکە کە کوردبوون لە پەراوێزدا دەبینن نەک لە سەردێری هەواڵی سیاسی و فکری خۆیاندا وەک چۆن لە رۆمانەکانی ئۆرهان پامۆک و ئە شەفەقدا دەبینین. دیارە خوێنەری کورد زۆر خۆشحاڵن کە ئەو نوسەرانە ناوی کورد دەهێنن بەڵام ناوهێنانی کورد لای ئەوان لە عەقڵیەتێکی پەروازێخراویدایە کە ئەو کەمینە نەتەوەییانەی لە تورکیادا دەژین دەبێ لە پەراویزێکی ماقوڵدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە نەک ەئوەی کە کاراکتەرێکی سەرەکی وڵات بن و دەوری ئەوەڵیان هەبێ لە ژیانی سیاسی دەوڵەتدا بە ناسنامەی میللی خۆیانەوە. گەر کەسێک پامۆک و شەفەق بخوێنێتەوە بە وردی دەزانێ کورد لە کوێی ئەو عەقڵیەتانەدا وەستاوە. دیارە رۆماننوسی تر هەن لە نەتوەکانی عەرەب و فارس کە هەمان دیدیان هەیە بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بەم دوو نوسەرە تورکە دەدەم.
یەشار کەمال وەک سیاسیەک ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو ولاتە هەبووە بەڵام کە بێدەنگ بووە بەرامبەر بە هەموو ئەو ناعەدالەتی و چەوسانەوە میللی و کوشتارگایانەی دەولەتی تورکیا دژ بە کورد ئەوە پرسیارەیە کە دەبێ بکرێ و هیچ بیانویەکیش نیە ئەم حوکمە بەتاڵ بکاتەوە. مەسەلەی ژیانی شەخسی خۆی و چەپ بوونی و ناجەسارەتیەکەی ئەو بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیەیان پێ بەخشی کە حەفتاودوو ساڵی کیشا تا بێتە گۆ لەسەر کورد ئەویش بە وتارێک کە زۆرتر گوزارشت بوولە بارە مرۆڤدۆستیەکەی، مافی مرۆڤ و فەرهەنگی و دیموکراسیەکەی نەک بارە سیاسیەکەی. تەنانەت زۆربەی بەرهەمەکانی بە تایبەت حەمەدۆک کە بە ناوبانگترینیانە باس لە کێشەیەکی چینایەتی دەکات لە دەورانی فیئوداڵیدا و دوورونزیک پەیوەندی بە کورد و دۆزەکەیەوە نیە هەرچەندە رووداوەکان لە ناوجەیەکی کوردنشین رووبدەن.
دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێمەوە کە لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە بڵێم دەبوو یەشار کەمال وای بکردایە و وای نەکردایە، بەڵکو من دەلێم گەر ئەو ئیدیعایانەی دەکرێ گوایە هەموو ژیان و بەرهەمەکانی بۆ کورد و دۆزی کورد تەرخان کردبێ ئەوا وامان لێدەکات ئەو پرسیار و باسانە بوروژین کە لەم نوسینەدا ئاماژەی پێدەکەین.

یەشار کەمالی کورد زوبان یان تورک زوبان
” بە رەچەڵەک کوردم، بەڵام من نوسەرێکی تورکم.” (س٣). ئەمە قسەی یەشار کەمال خۆیەتی. کاتێکیش نوسەرێکی تورک دەبی ئەوا دەبێ لە زمانەکەدا ئێجگار شارەزابی و یەشار کەمال لە زمانی تورکیدا هێندە شارەزایە فەرهەنگێکی بەناوەوە کراوە بە ناوی فەرهەنگی تورکی یەشار کەمال. هیچ نەنگیەک لەوەدا نیە کە یەشار کەمال بە زمانی تورکی نوسیویەتی بەڵام ئەو زمانی تورکی بەکارنەهێناوە چ “ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا.” بەڵکو ئەو کە بە زمانی تورکی نوسیوێتی لەبەر ئەو دەستورەیە کە لە تورکیادا هەیە و تەنها زمان زمانی تورکیە. گەر مەسەلەکە بریتی بێ لە گەیاندنی ئێش و ئازارەکانی کورد بە تورکیا و جیهان ئەوا لە راستیدا هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال تایبەت نین بە کورد و دۆزەکەی، بەڵکو رۆمانەکانی ئەو بە شێوەیەکی هێندە ئەدەبی و تورکی نوسراون هەر مرۆڤێکی تورک دەتوانێ بیخوێنێتەوە بێ ئەوەی بزانێ ئەم رۆمانە تایبەت بەو و ولاتەکەی ئەو نیە. گریمان “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە” (١) دا هەیە بەڵام هیچ بۆن و بەرامەیەک نابینی دەربارەی دۆزی کورد. دۆز واتە قەزیە، پرسی کورد، گەر هەبوایە ئەوا یەشار کەمال نەدەبووە جێگەی ستایش و ریزی بێ پایانی خوێنەرێی زۆری تورک بەتایبەت کەسانی سیاسی و دەوڵەتمەداری تورکیا، وەک ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە ئەو دەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتە ئیخوانیەکەی ئەردۆغان بوو کاتێک یەشار کەمال کۆچی دوایی کرد. ئەم رێز و ستایشە لەوەوەیە کە یەشار کەمال بە رەسمی و لە مینبەری جیهانیەوە دەڵێ من نوسەرێکی تورکم و هەموو ژیانی خۆم تەرخان کردووە بۆ زمان و فەرهەنگی تورکی. گەر یەشار کەمال لەمە زیاتر بوایە واتە بەرهەمەکانی ئیش و ئازاری کورد و دۆزەکەی بەیان بکردایە ئەوا یەشار کەمال تەمەنی نەدەگەیشتە نەوەت و دوو ساڵ یاخود دەبوو تورکیای بەجێهێشتایە بۆ هەتایە وەک چۆن بەسەر سەلیم بەرەکاتدا هات. من لێرەدا لە یەشار کەمال کەم ناکەمەوە وەک نوسەرێکی تورکی بە توانای ئەدەب، بەڵکو من وەک کەسێکی کورد و بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزەکەی بێت رەت دەکەمەوە لەسەر بنەمای ئەو راستیە بابەتیانەی ئاماژەیان پێدەکەم، چونکە:
یەشار کەمال خۆدی خۆی شاهیدی مەرگەسات و کارەساتەکانی میللەتەکەی خۆیەتی بگرە ئەو لەو دونیایەدا ئیشی کردووە، رۆژنامەنووس بووە، کە تەنانەت وەک هەواڵیش رۆژانە هاتۆتە بەردەمی کە لە بەشی باشوری وڵات چی گوزەراوە. تەنانەت یەشار کەمال هەندی لەو کەسانەی دیتووە کە بوونەتە قوربانی دەستی سەرباز و سوپا فاشیەکەی تورکیا. ئەو چیرۆکانەی دوای چەندان ساڵی ویژدانی ئەو تورکە سەربازانەی هەژاند کە ئەنجامیانداوە و بە ئاشکرا و دوور لەهەر ترس و عاقیبەتێک کە حکومەتی تورکیا بەسەریاندا بهێنێ، هاتن و دڵ و ویژدانی خۆیان خاڵی کردەوە لەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە لە مێژووی خۆیاندا. یانیزی سەربازی دێرینی تورک و چالاکوانی سیاسی کە ئیستە لە یۆنان پەنابەرە و تەنها لەسەر ئەوە راونرا کە دەردە دڵی خۆی خاڵی کردەوە و ویژدانی ئازاری دابوو بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی سەرباز بووە چۆن دەشت و لادێ کوردیەکانیان سوتاندووە و دێهاتیەکانیان چۆن کوشتوون و بەرووبوومەکانیان چۆن سوتاندوون. ئەو سەربازە ئێستە کە لە دەرەوەی تورکیاش دەژی یەکبینە هەڕەشەی کوشتن و گرتنی لەسەرە لەلایەن خەڵک و حکومەتی تورکیاوە، بەڵام ئەو پێی وایە کە ەئوەی کردویەتی راستە و لە پێناو حەق و ئازادی و مافخوراواندا قسەی هەبووە. دۆزی کورد و کوشتارگەی کوردان و بە قەرەبرووت کردنی ناوجەی کوردان ویژدانی چەندان تورکی ئاسایی و قەلەم بەدەست و نوسەر و رۆشنبیری تورکی هەژاند بەوەی هەڵوێستی ئاشکرا و نوسین و قسەی راستەوخۆیان لەسەر گوت بەڵام یەشار کەمال لە هیچ بەرهەمێکیدا نە هیچی گوت و نە هیچی نوسی.

ئایا بۆ نەیکردووە ئەوە وەڵامەکەی لای هەر کەسێکە گەر بێتوو دوور لە هەستی سۆزداری بۆ یەشار کەمال، بابەتیانە رەخنەی لێ بگرێ بەوەی یان کەسێکی چاونەترس یا ئازا نەبووە یاخود مەسەلەی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردبوونی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بۆ گرنگ نەبووە. رۆمانە بە ناوبانگەکانی حەمەدۆک و تەنەکە هەردوو باس لە ململانێی چینایەتی بەتایبەت لە پەراوێزی قۆناغی فیئوداڵی تورکیادا دەکەن بێ ئەوەی ناسنامەی رەگەزی خەڵکەکەی ئەو شوێنانە بەیان بکات. بە کوردی کردنی یەشار کەمال و گۆڕینی لە نوسەرێکی تورکەوە بۆ نوسەرێکی کورد هەڵەیەکی گەورەیە و دەبی خۆمانی لێ لابدەین. با یەشار کەمال وەک خۆی بناسین. وەک خۆی دەڵێ من نوسەریکی تورکم. ئەگەر مەسەلەکە کورد بوون بێ بەو رادەیەی پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال بەڕێ بخرێت لە رێگەی وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانیەوە، ئەوا ئەفزەڵیەت دەبوو بۆ سەلیم بەرەکات بێت. ئەو زۆربەی بەرهەمەکانی راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزەکەیەتی؛ زمانی دایکی خۆی نازانێ بەڵام بە عەرەبی توانیویەتی مێژوو و خەم و ئازار و ئێش و پرسی کورد گوزارشت لێ بکات. کوردانی باشور لە عێراقدا دەژین و زمانی عيرەبی یەکەم زمانە و سەلیم بەرەکاتیش بە عەرەبی دەنوسێ و لە تەمەنی پەنجا ساڵیەوە لە سوید دەژی. بەڵام، کە بەلای سەلیم بەرەکاتدا نەهاتوون ئەوا ئاریشەیەکی تری هزر و ئەزمونی رۆشنبیری ئێمەیە کە ئەوەندەی سۆزدارانە و باوخوازیانە دەچی بۆ شتەکان ئەوەندە بەرەو راستیەکان هەنگاو نانێت.

خەڵاتی نۆبڵ و یەشار کەمال
خەڵاتی نۆبڵ بە هیچ کلۆجێک پێوەر نیە بۆ ئەدەبی باش و نوسەری گەورە و پێم وابێ ئەم بابەتە وەک ئەلف و بێ وایە هەر قەلەم بەدەست و چاودێرێکیش دەزانی ئەو راستیە دەزانێ کە نۆبڵ هەندێ پێوەری خۆی هەیە چ کەم یا زۆر پەیوەندی بە بەهێزی و لاوازی بەرهەمی ئەدەبیەوە نیە. من هەڵویستی ئەو نوسەر و ئەدیب و کەسانە بەرزدەنرخێنم کە رەخنە لە خەڵاتی نۆبڵ دەگرن بەتایبەی ئەو کەسانەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیان رەتکردۆتەوە، وەک ژان پۆل سارتەر ساڵی ١٩٦٤ و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری ڤێتنامی لی دوک ثۆ ساڵی ١٩٧٤. خەڵاتی نوبڵ خەڵاتێکی سەر بە جیهانبینی ئیرۆسەنتریکە کە پرە لە ناکۆکی و ناعەدالەتی و گەندەڵی. گەندەڵی لێرەدا بە مانای ناشایستەیی و دوو روویی بەکاردەهێنم. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا مەیلێکی سەرنج راکێش هەیە لەو کەسە و لە بەرهەمەی هەڵدەبژێردرێ جا جێگەی رەخنەمان بیت یان نا، دروست بیت یان نادروست، جوان یان انشیرین، مەعقول یا نامەعقوڵ بێت. بۆ نموونە، کاتێک نۆبڵ دەدرێ بە باراک ئۆباما ئەو مەیلە سەیرەی تیدایە کە رەشپێستێک ببێت بە سەرۆکی راسیسترین وڵات لە جیهاندا کە راسیستیەکەی لەسەر مرۆڤی رەش پیست بونیاد نابوو. کاتێک ئۆرهان پامۆک نۆبڵی پیدەدرێ هەر لەبەر خاتری یەک بەرهەم نیە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئەو بە راشکاوای و چاونەترسیەوە قسەی کردووە لەسەر کێشە سیاسیەکانی ناو تورکیا لەوانە کێشەی کەمینەکان. هەڵویستی ئۆرهان پامۆک لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن و کوشتارگەی کوردەکان دوو شتی گرنگ و سەرنج راکێشن بۆ رای جیهانی کە لە ولاتێکی وەک تورکیادا و هاوڵاتیەکی تورک بە وشەکانی لە بنی هەمانەکە بدات لە کاتێکدا یەشار کەمال کە خۆی کوڕی پرسەکەیە هیچ نەڵێ و نەنوسێ لەو بارەیەوە. لە بەرامبەردا یەشار کەمال نوسەرێکە پەنجەی بۆ هیچ حەرامکراوێکی ئەو وڵاتە نەبردووە لە کاتێکدا یەشار کەمال هەموو رەگەزەکانی ئەو بەهێزی و هێرشەی تێدا بووە کە دەیتوانی پەلاماری حەرامکراوەکانی بدات نەک هەر لەسەر کورد بەڵکو کەمینەکانی رەگەزی و ئاینیەکانی تریش. ئەگەر یەشار کەمال یەک رۆمان گەر بە نهێنیش بوایە لەسەر کورد هەبوایە ئەوا مێژووییەکی ئێجگار پڕ سەرەوەری لە ناو کورد و میللەتانی تردا تۆمار دەکرد. بە کوردی کردنی یەشار کەمال، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر دروست دەبێ لەهەر کونجێکی ئەم دونیایەدا وەک چۆن دروست بووە لە لای من و چەندانی تریش.
جێگە و رێگەی یەشار کەمال گونجاوتر و بەهێتر بوو لە پامۆک گەر بهاتبایە ئەو بابەتە گەورە و لە مێژینەی کوردی بە راستەوخۆ لە رۆمانەکانیدا رەنگی بدایەتەوە. کورد و دۆزەکەی و مێژووە پڕ جەسارەتی و خوێناویەکەی یەکێک بوو لە شتە گرنگ و سەرنج راکێشانەی کە دەیتوانی نەک هەر نۆبڵی سوێد و دەزگای نۆبڵی نەرویجی بەڵکو نۆبڵی هەموو دڵانی ئازادیخوازی کورد و جیهان وەربگرێ. من ناڵێم گەر ئەمەی بکردایە لە سەدا سەد نۆبڵی وەردەگرت و وەرنەگرتنی نۆبڵ هیچ لە بایەخی ئەو کەم ناکاتەوە بەڵام وەک گوتم شتێکی حەرامکراو نابینم یەشار کەمال دەستی لیدابێ تاکو لە لیستی پاڵێوراوەوە بۆ ناوی هەڵبژێردراو بچێ. بۆیە من باوەڕم وایە کە وەرنەگرتنی خەڵاتی نوبڵ بە یەشار کەمال کەمتر پەیوەندی بە رەچەلەک کوردبوونی یەشار کەمالەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندی بەو شەمەندەنەفەرەی ژیان و بەرهەمەکانیەوە هەیە. کاتێک رەخنەگری تورک سدیق ئاکبایر بەرواوردێک لە نیوان یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆکدا دەکات و هیچ ئاماژەیەک بە کوردبوونی یەشار کەمال نادات لەبەر ئەوەیە کە یەشار کەمال نوسەرێکی کورد نیە. ئێمە غەدر لە یەشار کەمال و خۆشمان دەکەین گەر بێتوو یەشار کەمال بکەین بە کورد و نوسەرێکی کورد کە هەموومبەرهەمکانی بۆن و بەرامەی وڵاتی کوردەواری لی بێت.
بۆیە، سەرباری بە توانایی نوسینی وێژەیی، نوسینەکانی یەشار تەقینەوەی قەزیەیەکی گەورەی تێدا نیە و بگرە دەلێم گەر یەکێک لە بەرهەمەکانی گەر رەندگانەوەی ئەو کوشتارگە و کارەساتنەی کورد بوایە ئەوا گەر نۆبڵی وەک خەڵاتە نەرویجیەکە پێ نەدرایە ئەوا نۆبڵی نەوە میللەتەکەی خۆی و تەواوی ئازادیخوازانی جیهانی وەردەگرت. ئەو بابەتانەی لە بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا هەیە بابەتی گشگیری زۆربەی کۆمەگەکانن. بەرامبەرکێی چینایەتی و مەسەلەی بێ دادی کۆمەڵایەتی ئەو ڕکێشە و گرفتەکاندا و رۆژانەش دووبارە دەبنەوە و بگرە رەورەوەی ژیان دەبەنە ڕیوە. رۆمانی حەمەدۆک، گەر سەبارەت بە کورد بوایە و بۆن و بۆن و بەرامەی کوردەواری لێبهاتایە ئەوا لە تورکیا توشی تەنگ و چەلەمە دەبوو، یا قەدەغە دەکرا یاخود هەرگیز لە تورکیا نەدەکرا بە فلیم. یاساغ کردنی فلیمی “رێگا”ی یەڵماس گونەی بەڵەگەیەکە کە حەمەدۆک باس لە کورد و کۆمەڵگەی کوردەواری ناکات هەرچەندە باس لە جوگرافیایەک بکات کە دەکەوێتە ناوچە کوردیەکانی تورکیاوە.

ئایا ئێمە حاشامان لە یەشار کەمال کردووە؟
ئەمە پەرەگرافێکی کاک ناسری حسامیە لەمەڕ کوردبوونی یەشار کەمال کە لە واڵی فەیسبوکەکەی خۆیدا دایگرتووە: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی “طب” و قانون” و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان “مێڤلانا جێلالەتتین”ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ کتێبی بێ نووسەری بێ دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەماڵمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین…) وەک زانیاری تاکو ئێستا هیچ دەنگێک بەو رادەیە لە ناو کورددا پەیدا نەبووە کە یەشار کەمالیان پێ زیاد بێ یاخود حاشای لێ بکەن. رەخنەی ئەوەی تاکو چەند بەرهەمەکانی لەسەر کورد و کێشەکەی بووە ئەوا دەنگێکە دەبێ نەک هەموو کوردێک بەلکو هەر ئازایخوازێک بەرزی بکاتەوە و بپرسێت: نوسەرێک کە بە رەچەڵەک کوردە و هەر لەو تەمەنەی خۆی تێیدا ژیاوە چەندان کوشتارگە و کارەسات بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری میللەتەکەی یەکبینە لە ژێر سڕینەوەدا بووە، بۆچی هیچ نوسینێک یاخود بەرهەمێکی لەسەریان نەنوسیوە. فەیلەسوفی ئەلمانی تیودۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) لە بارەی ئاتەشگەی ئاشڤێتز کە جووەکانی تێدا دەسوتێنرا بە زویندوویی و مردوویی دەلێت: “نوسینی هۆنراوە دوای ئاشڤیتز باربەریەتە.” واتە کاتێک ئەو رووداوە روودەدات یاخود کاتێک باس لەو رووداوە دەکرێت دەبێ خامە بوەستێ.
گرنگ ئەوە نیە نوسەرێک بە رەچەڵەک سەر بە چ نەتەوەیەکە گرنگ ئەوەیە چی بۆ نەتەوەکەی خۆی کردووە بە نوسین. سۆزداری نەتەوەیی بەو شێوەیەی بۆ یەشار کەمال دەردەبڕدرێت ئێجگار نابینایانەیە چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە نابینایی لە کوێدایە. بە کورد چی ئەحمەد شەوقی کورد بووبێ؛ سەلاحەدینی ئەیوبی کورد بووبێ؛ ئیبن خەلەکان کورد بووبێ؛ بە رەشپێستێکی ئەمریکی چی باراک ئۆباما دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا کە جگە لە ئارایشپیدان بە دیمەکراسی ئەمریکایی هیچی تر نەبوو چونکە هیچ شتێکی نەگۆڕی لە سیستەمی رەگەزپەرستی ئەمریکادا؛ و… چەندان نموونەی تری لەو جۆرە هیچ لە مەسەلەی رەچەڵەک ناگۆڕی. پەنابردنە بەر چەمکی رەچەڵەک بوون ئیشی میللەتانی لاواز و خەفەکراوە. ڕەچەڵەک بوون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو کەسەدایە و ئەوەی لە نێو دەستی ئیرادەی کەسەکەدایە ئێستا و داهاتووەکەیەتی. ئیرادەی یەشار کەمال لە هەڵبژاردنی خۆیەتی بەوەی بە تورکی بنوسێ و خۆی بە نوسەرێکی تورکی لە قەلەم بدات و هەموو ژیانی خۆیشی بە خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگی تەرخان بکات.

سەلیم بەرەکات لە بەرامبەر یەشار کەمالدا
لە یەک چوون و لە یەک نەچوونەکانی یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات لە دوو شتدایە. هەردووکیان بە رەجەلەک کوردن بەڵام ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بنوسن؛ هەروەها هەوردوکیان لەو زمانە غەیرە دایکیانەی خۆیان کە پێی دەنوسن ئاستی فەرهەنگی وشە و نوسینیان ئێجگار بەرزە؛ گەر یەشار کەمال فەرهەنگی تورکی یەشار کەمالی بە ناوەوە کرابێ ئەوا سەلیم بەرەکات بە یەکێک لەو نوسەر و شاعیرانە داندەنرێت کە داهێنانیان کردووە لە مێژووی زمانی عەرەبیدا. لە یەک شتدا بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن ئەوەیە کە سەلیم بەرەکات زۆربەی بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزی کوردە. سەلیم بەرەکات دەلێ “لەوانەبوو خۆم فێری کوردی بکەم و بنوسم بەڵام چەندە خۆم فیربکردایە هەرگیز وەک عەرەبیەکە نەمدەتوانی گوزارشت لە ناسنامە و تایبەتەمدندێتی کەسێتی کوردبوونی خۆم بکەم.” (س٧)
سەلیم بەرەکات (ساڵی ١٩٥١) لە دایک بووە و کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە ئەو ولاتەی پێی دەلێن سوریا، لە هەمان زمان و هەمان چارەنوس و هەمان میللەتەوە هاتووە کە پێی دەلێن کورد، سەلیم بەرەکات ئەم بە عەرەبی دەنوسێ بەڵام بە عەقڵ و ویژدانێکی کوردانەوە بۆ کوردەکەی خۆی و کەمینەکانی تری دراوسێی. سەلیم بەرەکات بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵنەبژارد بەڵکو ویژدانی زیندووی چاونەترسیەکی پیدا کە داستانی ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەی خۆی بنوسێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چارەنوسی بێکەسی و نەهامەتیە مرۆیی و پرسە سیاسیەکانیاندا رێ بکا و هەر نرکە و ناڵەیەکیان بکات بە بەرهەمێک.
رۆمانی “کەنیزکەکانی شەنگال” ساڵی ٢٠١٦ نوسیویەتی کە دەربارەی چەند کچێکی کوردانی ئێزیدین کاتێک بە دیلی دەگیرین لە لایەن داعشەوە. تازەیترین رۆمانی بە ناوی “دەربارەی خانم راحیل ی جوو؟” کە سەربوردەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کۆمەڵەگەی کوردیە لە سوریا لە دەمانی رژێمی بەعسدا, وەک کەمینەی ئاینی جووە کوردەکان و مەسیحیەکان و کەمینەی نەتەوەیی ئەرمەن. ئەم بەرهەمانەی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ باسی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکات کە لە مرۆڤی کورد و کەمینەکانی تری کە پێکەوە دەژین؛ باسی زەوتکردنی مافی خوێندن و نوسین دەکات بە زمانی دایکی غەیرە عەرەب.
ئایا هیچ بەرهەمێکی یەشار کەمال راستەوخۆ باسی مرۆڤی کورد و دۆزەکەی دەکات؟ دڵنیام گەر وابوایە ئەوا بەر نەفرەتی خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوت گەر بە تەواوی لە تورکیا دەربەدەر نەکرایە. دیارە هەرگیز وانەبووە بۆیە یەشار کەمال بە هەموو ژیانی پەلامارێک نەدرواوە وەک ئەحمەد قایە، گێچەڵی پێنەکراوە وەک ئیسماعێل بێشکچی، دەربەدەر نەدەبوو وەک ئەو سەربازە تورکانەی ویژدانیان جوڵا و خۆیان پێ نەگیرا و باسی تاوانەکانی خۆیان و دەولەتەکەیان کرد، یاخود جارەنوسی وەک موسا عەنتەر دەبوو. یەشار کەمال هەر وەک چۆن چ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ هیچ بەرهەمێکی بەڵای کورد و دۆزەکەیدا نەچوو ئاوهاش بەلای کەمینە نەتەوەیی وئاینیەکانی تریشدا نەچوو کە بوون و ناسنامەیان لە تورکیادا تا رادەی سڕینەوە چووە وەک یۆنانی و نوستۆری و شەرکەس و ئەرمەنی و جوو.
پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت باشە بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ئەو خەم و هەوڵی وەرگێڕان و سۆزداری و ستایشە نیە وەک بۆ یەشار کەمال هەیە، لە کاتێکدا، بەو پێودانگە سۆزداریە نەتەوەییە کوردییە بێت سەلیم بەرەکات لە پێشترە؟ گەر خۆشەویستی بۆ یەشار کەمال کورد بوون بێ خۆ سەلیم بەرەکاتیش کوردە. گەر بەرهەمەکانی یەشار کەمال بۆن و بەرامەی کوردەواری لێوەبێت خۆ بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزی کورد و کۆمەڵگە رەنگاڵییەکەیەتی. ئەی بۆچی پرۆژەی ئاوها بۆ سەلیم بەرەکات بەڕێ ناخرێت؟ بۆچی ئەو هەست و سۆزە نەتەوەییە بۆ سەلیم بەرەکات هەڵناڕێژرێت؟ ئایا سەلیم بەرەکاتیش وەک یەشار کەمال نزیک نیە و دەست نایگاتێ؟ ئایا کەس دەتوانێ لە شان و شەوکەتی سەلیم بەرەکات کەمبکاتەوە گوایە ئەو لە یەشار کەمال کەمتر بێت یان نزمتر بێت؟ بێگومان، ئاستای نوسینی سەلیم بەرەکات لەهەر سێ ئاستەکەیدا وەک وێژە، زمان و بابەت لە ئاست یەشار کەمالدایە و بگرە گەر بێتە سەر مەسەلەی ئیلتیزام بوون بە ناسنامەی کوردبوونی و لە کۆڵ خەم هەڵگرتنی کورد و دۆزەکەی بێت ئەوا سەلیم بەرەکات زۆر باڵاترە لە یەشار کەمال. پرسیارێک کە دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی ئەوەی بۆ یەشار کەمال دەکرێ بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ناکرێ؟ وەلامی من لە ئارێشە رۆشنبیری کورددایە کە لێرەدا دەیخەمە روو لە پەیوەند بەم بابەتەوە.

ئارێشەی رۆشنبیری کورد لە پەیوەند بەم بابەتەوە
دیارە ئارێشەت رۆشنبیری کوردی باسێکی فراوانترە و دەکرێ لە جێگەیەکی تر باس و خواسی جدی لەسەر بکرێ بەڵام بۆ ئەم بابەتە تەنها ئاماژەم بەم دوو سی خاڵە دەکەم لێرەدا. لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە بەشی ناسینی یەشار کەمال باسم کردووە، ئاماژە بە هەندێ شتی تر دەدەم کە تەواو ئەسەری خۆی داناوە لە نێو دونیای رۆشنبیران و خوێنەوارانی ئێمەدا لە باشور و رۆژهەڵات. دەستبردن بۆ یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک بەو یاستە گەرم و گوڕەی لە کوردستان هەیە لەو تەوژمە فەرهەنگیە عوسمانیەوە دێت کە تورکیا بە دواوەیەتی. تورکیا و سوریا دوو وڵاتن وەک ناو و شوێنەگی جوگرافییان بەڵام تورکیا قوتبێکە بۆخۆی کە پاوانخوازیە سیاسی و سەربازیەکانی و دەرکەوتە ئابوریەکەی لە ناوجەکە و جیهاندا ئەوەیان پێ بەخشیوە هەر بە تەنها وڵاتێک نەبێ وەک سوریا. پاوانخوازی و سیاسی و ئابوری لە ناوچەی بەڵکان و وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، پەلهاویشتنیێکی فروانی فەرهەنگی و کەلتوری و هونەری بەدوای خۆیدا هیناوە. وڵات نیە لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدان بەر قۆشەنی زنجیرە تەمسیلی تورکیەکان نەکەوتبێ. ناوەندی رۆشنبیری نیە بە نوسین و رۆماننوسە زمان تورکەکان مەست نەکرابن. کاریگەریەکەی بە رادەیەکە هەر ئەوەندەی، بۆ نموونە ئۆرهان پامۆک، لە نوسنی رۆمانێک دەبێتەوە هێشتا خامەکەی دەستی دانەناوە وەردەگێدرێتە سەر زمانی کوردی. کتیبخانەکانی کوردستان پرن لە هەڵواسینی ویەی پامۆک. کەم خوێنەری کورد هەیە رۆمانێکی پامۆکی نەخوێندبێتەوە. یەشار کەمال لە مێژە ئەو بایەخەی پی دەدرێ و تازەترینیان ئەم پرۆژەی بە کوردی کردنی زمانی یەشار کەمالەیە. ئەم بایەخادانە بە بەرهەمی تورکی لەو پاوانخوازی و پەلهاویشتنەی تورکیاوەیە ئەگەرنا رۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بۆ ئەو بایەخەی نیە لە کاتێکدا وەک وتم بە هەموو ماناکان و پێودانگەکانی ئەم لە پێشتر یەشار کەمالەوەیە گەر مەسەلەکە کوردبوون و سۆزی کوردبوون بێ.
ئەو بێ بایەخیەی سوریا وەک وڵاتێک لە ناوجەکەدا هەیەتی کە بەهەموو شتێک لێ کەوتووە، بایەخ نەدان بە سلیم بەرەکات لەوێوە سەرچآوە دەگرێ نەک گوایە بەهێزی بەرهەمی تورکی و لاوازی ئەوانی دی. بۆیە لێرەدا ئەو هەستە نەتەوەییە کوردیە بە نابینا دەبینم کە بایەخ بە یەشار کەمال دەدات گوایە کوردە و نەیتوانیوە بە کوردی بنوسێ بەڵام سەلیم بەرەکات یاخو وردتر بڵێم سەلم بەرەکاتەکان وێڵ دەکرێن لە کاتێکدا دەست راگەیشتن پێیان زۆر ئاسان ترە لە یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک. دڵنیان گەر ئەو دەعوەتنامەیەی بۆ یەشار کەمال کرا لە ئاستێکی بەرز کە بیتە کوردستانی باشوور گەر بۆ سەلیم بەرەکات بکرایە ئەوا لەسەر ئەژنۆ دەهاتە کوردستان. بەڵام چونکە ئارێشە رۆشنبیریەکە لە هەمان ئارێشەی سیاسیەکەی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە دەبینین سەلیم بەرەکات و سەلیم بەرەکاتەکان وەلا دەنرێن و کتێبەکانیان بەو شەوق و زەوقەوە سەیر ناکرێت و بایەخی پێ نادرێت.

نوسینی: ئیدریس مستەفا
رەشەمێ ی ٢٠٢٢

—————————————————

سەرچاوەکان
س١:
https://apnews.com/article/28b918d892014bf68e41d8a6bf56d766 One of Turkey’s best-known novelists, Yasar Kemal, dies
س٢:
بەکر شوانی لەسەر یەشار کەمال
س٣:
Taylor & Francis Group (2004). “KEMAL, Yashar”. In Elizabeth Sleeman (ed.). International Who’s Who of Authors and Writers. Routledge. p. 290.
س٤:
https://www.hawaii.edu/powerkills/SOD.CHAP5.HTM
Statistics of Democide
س٥:
McDowall, David (2007). A Modern History of the Kurds. London: Tauris & Co.
س٦:
baran-4.pdf23.pdf (ideafoundation.co) یەشار کەمال لە سوڵتانی فیلدا.. ئازاد ئەحمەد عەلی
س٧:
https://daraj.com/35011/ سلیم برکات حولت اللغة العربیة الی هویة کردیة
س٨:
https://www.thoughtco.com/what-is-historical-context-185706
س٩:
https://alarab.co.uk/%D9%8A%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D8%B6%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D
9%88%D9%84

س١٠: https://www.khaktv.net/alldetail.aspx?jimare=15579&type=farhang




كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:.. شێرکۆ کرمانج

كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:
بەسیاسییکردنی ئیسلام و بەئیسلامییکردنی منداڵان
شێرکۆ کرمانج

لەم بابەتەدا بە وردبوونەوە لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دەگاتە پۆلی دوازدەی ئامادەیی هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەوەی چۆن لە ڕێگەی ئەم کتێبانە ئیسلام وەک ئایین بەسیاسییدەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەم بابەتە بەشی سێیەمیشە لەو زنجیرە بابەتانەی کە لەم ماوەیەدا بڵاومکردۆتەوە لە پەیوەند بە کاریگەریی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە بەرهەمهێنانی مرۆڤی داعشئاسا.
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بەرپرسی یەکەم لە برەودان بە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەت ‌و سەرۆکی هەرێمن کە بەرپرسیارەتی یەکەمیان لەم کارە دەکەوێتە ئەستۆ، لەدوای ئەمانە ئەو ئیسلامییانەن کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە جومگەکانی وەزارەت جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لەو ڕێگەیەوەش پەیامەکانی خۆیان خزاندۆتە نێو توێی کتێبەکان.
مەبەستمان لە ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردن چییە؟ تێگەیشتن لەم دوو چەمک و زاراوەیە زۆر گرنگە پێش ئەوەی باس لە دەقەکانی کتێبەکان بکەین کە بە ئاراستەی ئەم دوو بیرۆکە و زاراوەیە ئیشدەکەن.
ئیسلامیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی ‏کەسێک (وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‏‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏‏ئیخوان موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش ‏بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ‏ئیسلامیزم دیدێکە کە ئایین‌ و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ‏ئیسلام ‏تەنیا وەک ئایینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ‏بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏خواپەرستی، وەک نوێژ و ‏ڕۆژو یان کۆمەڵێک بەهای مرۆیی، بەڵكو ئیسلام وەک ئایدیۆلۆجیا و سەرچاوە‌ و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ ‏تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەبینێت‌ و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی ‏لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان ‏دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە” و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی‌ ‏و کۆمەڵایەتی‌ و ئابورییەکان.‏
بەئیسلامیکردن، چاکتر بڵێین بەئیسلامییکردنی منداڵان لە بەرنامەکانی خوێندن، واتە نووسینەوەی بابەتەکان‌ و چیرۆکەکان ‌و دەقەکان لە دیدی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو کە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسییە، کە بە ئیسلامیزم ناسراوە. ئیسلامیزم و داعشیزمیش لە ڕەگوڕیشەدا هاوبەشن. بە دەربڕینێکی دیکە هەر هەوڵێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان واتە هەوڵە بۆ بەرهەمهێنانی داعش لە قوتابخانەکان.
ئێستا بابێینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە تا دوازدەی ئامادەیی تەرخانکراون بۆئەوەی وا نیشانبدرێت کە ئایینی ئیسلام ئایینێکی سیاسییە، واتە ئیسلام لە توێی کتێبەکانی قوتابخانە نەک وەک ئایین نیشاندراوە بەڵکو وەک ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی بە خوێندکاران ناسێنراوە. ئەمەش، وەک زۆربەمان دەیزانن و پێشوتر ئاماژەی پێکرا، بانگەشەیەکە کە هێزە ئیسلامییەکان لە دنیای ئیسلام بە داعشیشەوە دەیکەن. لە خوارەوە ئاماژە بە چەند نمونەیەک دەکەین:
یەکەم، لە لاپەڕە ٣١-٣٢ هەردوو چاپی ٢٠١١ و ٢٠١٥ (تەماشای هاوپێچ بکە) لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی لە یەکێک لە وانەکان دەڵێت قورئان پەڕتوکی یاساگوزاریی ‌و ئەحکامە، خوا بۆیە ڕەوانی کردوە تا ببێتە دەستور. ئەمە ڕاست ئەو ئارگیومێنتەیە کە حەسەن بەننا و ئەبوئەعلای مەودودی‌ و سەید قوتب ‌و یوسف قەرەزاوی‌ و هەموو ئیسلامییەکانی دنیا و کوردستان بەکاریدەهێنن بۆ بەسیاسییکردنی ئایینی ئیسلام (بۆ زانیاری زیاتر تەماشای کتێبی بەسیاسییکردنی ئیسلام کە لە نووسینی نووسەری ئەم بابەتەیە بکە). دانانی قورئان وەک دەستور و بەرنامەی ژیان بانگەشەیەکە ئیسلامییەکان نەک موسڵمانەکان ‏دەیکەن وەک ئەوەی کە دەڵێن “ئیسلام چارەسەرە” (الاسلام هو الحل). ئەوان، مەبەست ئیسلامییەکانە، بۆیە دەڵێن ئیسلام ‏چارەسەرە چونکە پێیانوایە ئیسلام بەرنامەی ژیانە و باسی لە ورد و درشتی کێشەکانی مرۆڤ کردوە.
دووەم، لە لاپەڕە ٦٦ ی هەمان کتێب، هەوڵێکدراوە کە درێژکراوەی هەوڵی ئیسلامییەکانە بۆ ناساندنی پێغەمبەری موسڵمانان نەک وەک پەیامبەرێک و ڕابەرێکی ئایینی بەڵکو وەک سیاسییەک و دامەزرێنەری دەوڵەتێکی ئیسلامیی. لە کتێبەکەدا هاتووە کە پێغەمبەر لە قۆناغی مەککەدا بانگهێشتەکەی تەنها بواری بیر و باوەڕی گرتبۆوە، بەڵام لە مەدینە دا زەمنیەساز و لەبار بوو بۆ پەیامی ئیسلام و بناغەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی دانا (تەماشای هاوپێچ بکەن). ئەمەش دیسان هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە ئیسلامییەکانی ئیخوان موسلمین و داعشییەکان دەیکەن. بۆ نموونە یوسف قەرەزاوی، یەکێک لە ئیسلامییە هەرە ناسراوەکانی دنیا و باوکی ڕۆحی ئێستای ئیخوانییەکان لە جیهان، پێغەمبەری موسڵمانان بە سەرۆک‌ و دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی ئیسلامی دادەنێت. قەرەزاوی دەڵێت “حاکم لە ئیسلامدا “بریکار” (وەکیل)ـە لەسەر ئۆممەت”ی موسڵمانان (تەماشای یوسف القرضاوی، من فقه الدولة في الإسلام،‎‎‏ بکە، لاپەڕە ٣٥). ئەو ‏بانگەشەیەی قەرەزاوی و کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە پێغەمبەر دامەزرێنەری دەوڵەت بووە بەتەواوی لەگەڵ دەیان ئایەتی قورئان ڕاستەوخۆ دژایەتی دەکەن. بۆ نموونە، لە ‏سورەتی ئەنعام هاتووە “ولو شاء اللە ما أشرکوا وما جعلناک علیهم حفیظا وما أنت علیهم بوکیل”، واتە “ئەگەر خوا‏‏ مەیلی ‏لێبا،‎‎‏ شەریکیان پەیدا نەدەکرد،‎‎‏ ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان (حەرەس) بەسەریانەوە‌ و نەبویتە هەمەکارەیان (وەکیل ‏بەسەریانەوە)” (قورئان ٦: ١٠٧)،‎‎‏ هەروەها لە سورەتی ئەنعام هاتووە “قل یا أیها الناس قد جاءکم الحق من ‏ربکم فمن اهتدی فإنما یهتدي لنفسە ومن ضل فإنما یضل علیها وما أنا علیکم بوکیل”، واتە “بێژە،‎‎‏ خەڵکینە! واڕاستیو ‏لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ هات. هەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدیکا،‎‎‏ شارەزابوون بۆ خۆیەسی،‎‎‏ هەرکەسێکیش گومڕا ببێ،‎‎‏ ‏گومڕایی دژی خۆیەسی. من (پێغەمبەر) وەکیلی کەستان نیم” (قورئان ١٠: ١٠٨)،‎‎‏ یان ئەوەی لە شوێنێکی دیکە ‏سورەتی ئەنعام دەڵێت: “وکذب بە قومک وهو الحق قل لست علیکم بوکیل”، واتە “هۆزەکەی تۆ ئەم قورئانی واڕاستیشیان ‏پێ درۆیە. بێژە خۆ من نەبوومە وەکیل بەسەرتانەوە” (قورئان ٦: ٦٦). ‏لەپاڵ ئەمانە، لە زیاتر لە پەنجا ئایەت لە قورئاندا پێغەمبەری موسڵمانان وەک “شاهید”،‎‎‏ “مژدەدەر”،‎‎‏ “پەیامبەر”،‎‎‏ ‏‏”گەیەنەری پەیام”،‎‎‏ “ڕێنیشاندەر”،‎‎‏ “ئاگادارکەرەوە” یان “وەبیرهێنەرەوە” ناویبراوە. بەپێچەوانەوە‎‎‏ لەهیچ شوێنێک ‏پێغەمبەری موسڵمانان وەک حاکم یان وەکیل ناوی لە قورئاندا نەهاتووە.

سێیەم، کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەتەواوی تەرخانکراوە بۆ ڕونکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیایەی کە پێیدەگوترێت ئیسلامی سیاسیی، ئیسلامیزم/داعشیزم. بە مانایەکی دیکە ژوورەکانی قوتابخانە لە کوردستان کراون بە ژووری پەروەردەکردنی کادیری ئیسلامیی-سیاسیی. دانەرانی کتێبەکە هێندە سەرەڕۆییان کردوە کە ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکەیان لە چاپی ٢٠١١ ناونابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی”، بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە کتێبەکانی پێشوتر لە بن پەردە و بە ناڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم کردبێت ئیدی لە پۆلی دوازدە بێپەردە قسە لە ئیسلامی سیاسیی دەکەن. لە چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکە ئەم ناونیشانە گۆڕاوە، پێدەچێت ڕەخنەکانی ئێمە ئەوکات کاریگەریی هەبووبێت، کە من لێرەوە بۆ ئەو شتە دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم. بەڵام کتێبەکە هێشتان کێڵگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی منداڵی ئیسلامیی/ئیسلامگەرا، منداڵێک کە پێیوابێت ئیسلام ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسییە وەک ئەوەی کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. لەپەیوەند بە کتێبی پۆلی دوازدە ناکرێت ئاماژە بە نمونە بکەین چونکە تەواوی بەشی دووەم و سێیەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان ئیسلام و سیاسەت و دەسەڵات. لێرە تەنیا ئاماژە بە ناونیشانی وانەکان و بڕگەکان دەدەین:
١. لە لاپەڕە ١٩، ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکە خراوەتەڕوو کە نووسراوە: “ئیسلام و بەڕێوەبردنی ژیان”، واتە هەمان مانای ناونیشانی بەشی دووەم لە چاپی ٢٠١١ دەبەخشێت کە نوسرابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی” چونکە بەڕێوەبردنی ژیان پرۆسەیەکی سیاسییە خۆ ئایینی نیە. هاوکات هاوماناشە لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان کە دەڵێن “ئیسلام بەرنامەی ژیانە”. خۆ ئەگەر دانەرانی کتێبەکەش دەڵێن نەخێر مەبەستمان سیاسەت نیە، ئەدی بۆ یەکەم وێنە لەو بڕگەیەدا وێنەی دەنگدانی کەسێکە لە هەڵبژاردنەکان لەگەڵ وێنەی باڵەخانەی دادگایەک. ئەگەر دەنگدان و دادگا سیاسەت نەبن چی سیاسەتە.
٢. لاپەڕە ٢١ تا ٢٣ قسە لەسەر دادپەروەری و ئیسلام لە بواری سیاسی و ئابوری دا دەکات. لە پەیوەند بەم بڕگانە دەبێت ئەوە بگوترێت کە لە چاپە نوێکەی ٢٠١٥ دا وەک چاپە کۆنەکەی ٢٠١١ هەست بە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە بەئیسلامییکردنی منداڵان دەکرێت، بەڵام تۆزێک کەمتر چونکە زۆر بڕگە لادراوە. سەرەڕای ئەمە تەواوی بەشی دووەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت، ئایین و دەسەڵات، کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. بە مانایەکی دیکە کتێبەکە کراوە بە پلاتفۆرمێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان (تەماشای تەواوی بەشی دووەم بکە لە لاپەڕە ١٩ تا ٤٣).
٣. لە لاپەڕە ٤٧ هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسلام و دیموکراسی دراوە. دواتر لە لاپەڕە ٤٩ باس لە یەکسانی گەل و نەتەوەکان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە دەکات. لێرەش وەک بڕگەکانی پێشتوتر مەبەستەکە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە ئیسلامییکردنی منداڵانە.
٤. بەشی سێیەمی کتێبەکە کە لە لاپەڕە ٥٣ وە دەستپێدەکات، تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی ئەوەی دانەرانی کتێبەکە ناویان ناوە “هێڵە گشتییەکانی تێڕوانینی ئیسلام بۆ سیستمی ئابوری”. دوای ئەمە قسە لەسەر “ڕێسا گشتییەکانی یاسادانانی ئیسلامی لە مەسەلە ئابوریەکاندا” دەکەن. بەهەمانشێوە، لێرەش هەر مەبەست دروستکردنی ئەو پەیوەندییەیە لەنێوان ئیسلام و سیاسەت کە ئیسلامییەکان پێداگری لەسەر دەکەن و دەڵێن ئیسلام و سیاسەت، یان ئیسلام و دەوڵەت لێک جیاناکرێنەوە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ ئیمام غەزالی (١٠٥٨-١١١١)‏ لە کتێبی ‏‏”إحیاء علوم‌ الدین”، لاپەڕە ٢٦، دەڵێت “سوڵتان ‌و دین جمکن،‎‎‏ دین ئەسڵە ‌و سوڵتانیش پاسەوان،‎‎‏ ‏هەرشتێک ئەسڵی نەبێ ڕووخاوە،‎‎‏ هەرشتێکیش پاسەوانی نەبێ بزرە”. بەهەمانشێوە‏،‎‎‏ ئیبن تەیمیە ‏‏(١٢٦٣-١٣٢٨)،‎‎‏ کە ئیسلامییە نوێکان بە شێخ ‌و ڕابەری خۆیانی دادەنێن،‎‎‏ پێیوایە کە دین‌ و دەوڵەت دوو شتی ‏لێک جیانەکراوەن. ئەو لە کتێبی “السیاسة الشرعیة” دەڵێت “ئەگەر ‏دین لە سوڵتان جیا بۆوە،‎‎‏ یان سوڵتان دینی وەلانا، ئەوا کاروباری خەڵک تێکدەچێت”. ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمەش هەمان بۆچوونیان هەیە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ مەلا کرێکار (ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام) لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی،‎‎‏ ژمارە ٦٠، ١١\٢\٢٠٠٢،‎‎‏ جەخت لەسەر جیانەکردنەوەی ئیسلام ‌و سیاسەت دەکات ‌و دەڵێت ‏ئێمە ناتوانین بڵێین “ئیسلامی سیاسی‌ و ئیسلامی ئابوریی ‌و ئیسلامی عیبادەت… ئیسلام یەک ئیسلامە”‎‎‏.
بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانە و ئەو ڕاستییانەی خرانەڕوو دەتوانین بڵێین کە دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بەو کارانەیان پێداگری لەسەر هەمان ئەو تێگەیشتنە دەکەن کە ئیسلامییەکانی وەک قەرەزاوی و سەید قوتب و مەلا کرێکار و فوقەهاکانی وەک ئیمام غەزالی و ئیبن تەیمیە کردویانە لە بەیەکەوەگرێدانی ئیسلام و سیاسەت. ئامانجی دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی دانی ڕەنگێکی سیاسییە بە ئایینی ئیسلام، ئەمەش هەم بەسیاسییکردنی ئیسلام هەم بەئیسلامییکردنی منداڵان بەرهەمدێنێت، کە خۆی لە خۆیدا بەرهەمهێنانی داعشیزم وەک ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤی داعشئاسای لێدەکەوێتەوە.
بۆیە ‏واچاکە کتێبەکانی قوتابخانەکان لەم جۆرە ‏بانگەشە ئایدیۆلۆجیانە پاکبکرێنەوە چونکە ڕیکلام بۆ ڕەوتێکی سیاسی بە هیچ ‏شێوەیەک ئەرکی قوتابخانە و سیستمی ‏پەروەردە نیە. ‏




تیۆری ” پەیژەی خۆشەیستی ” دیۆتیما.. نووسینی: هاوڕێ خالید

سەمپۆزیۆم” کرانەوەی ئەفلاتون بەڕووی (ژن) دا
“قسەکردن لەباری خۆشەویستییەوە، خۆشەویستییە.”

پەیژەی خۆشەویستی دیۆتیما کە بە پەیژەی (خۆشەویستی ئەفلاتون) یان (ئیرۆسی ئەفلاتون) ناسراوە، فەلسەفەی جۆرە جیاوازەکانی خۆشەویستیی (دیۆتیما- سوکراتی ئەفلاتون) پێکدەهێنێت.
لە دەوروبەری (٤١٦) ی پ.ز، ئەگاسۆن بە بۆنەی سەرکەوتنی لە یەکەم دەقی نووسیندا، ئێوارە خوانێکی بۆ هەموو پیاوە دیارەکانی ئەسینا ڕێکخست. لە مەراسیمەکەدا ئامادەبووان زنجیرەیەک (وتار) یان لە ستایشی (ئیرۆس)ی خواوەندی خۆشەویستییدا لە شێوەی پێشبڕکێ پێشکەشکەشکرد. لە کۆتایدا، سوکرات سەرجەم بیرۆکەکانی لەسەر بنەمای فێرکارییەکانی قەشە دیۆتما پوخت کردەوە و لە شەش تێزدا پێشکەشی کردن. ئەمە بە (فەلسەفەی خۆشەویستی) سەمپۆزیۆم ناسراوە. (“مناقشة سلم ديوتيما والفلسفة والخيال” ، 2018)
پەیژە: نیشاندەری ڕێڕەوی خۆشەویستییە، وەک بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی سەرەتاییدا بە سەرنجڕاکێشی جەستەیی دەستپێدەکات تا بە خۆشەویستی خواوەندی بێگەرد لە کۆتاییدا. پەیژەی خۆشەویستی تەنیا لە سەمپۆزیۆم دا باسکراوە کە دەقێکی فەلسەفی ئەفلاتونە زنجیرەیەک پێشبڕکێی ئاخاوتنی پیاوە دیارەکانی یۆنانی کۆن وێنا دەکات.
دیالۆگی ئامادەبووان:
دوای ئەوەی ئامادەبووان نانیان خوارد، (ئەریکسیماخۆس) پێشنیاری کرد، لەبارەی خۆشەویستییەوە بدوێن، هەمووان بە پێشنیارەکەی ڕازی بوون. سەرەتاش ڕێگەیان بە (فایدۆس) دا یەکەم کەس لەبارەی پرسیاری خۆشەویستی چییە ؟ قسە بکات.
ئەریکسیماخۆس ئاماژەی بەوە کرد کە: <لەبەر زۆر هۆکار لەنێو خواوەندەکان و هەموو مرۆڤەکاندا خۆشەویستی خواوەندێکی گەورەو پایەبەرزە>. (ئیمام, 2013, p. 118)
پاشان (پورنیاس) شاعیری هۆگر بە ئەگاسۆن قسەی کرد و ئەو پێی وابوو: خۆشەویستی شەقڵی جیاوازی هەیە، هەیانە ئەرستۆکراتییە و هەیە هەرچی و پەرچییانەیە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەفرۆدیت: کە دوو کەسایەتی هەیە: یەکەمیان ئەفرۆدیتی ئاسمانی کە خۆشەویستی بلند و خانەدانانە پێییەوە پەیوەستە. دووەم: خۆشەویستی ڕەشۆکی و زەمینی کە بەها نزمە… خۆ ئەگەر یەک ئەفرۆدیت هەبوا، دەشیا یەک رەگەزی خۆشەویستیش هەبێ. (امام, p. 152)
پاشان نۆرەی (ئەریکسیماخۆس) ی پزیشک هات، ئەو بۆچوونەکەی (پورنیاس) ی پەسندکرد و خاڵێکی بۆ خستەسەر، بە وەرزەکانەوە بەستییەوە، پێی وابوو بە زاڵبوونی جۆری یەکەم، واتاکانی ژیانەوەو سروشت فەراهەم دەبێت، هەروەک بە زاڵبوونی جۆری دووەم نەهامەتی هەموو لایەک دەگرێتەوە. (ئیمام, 2013, p. 118)
پاشان ئەرستۆڤانسی شاعیر ئەفسانەیەکی خەلقی مرۆڤی گێڕایەوە و باسی لەوە کرد: (لەسەرەتادا خواوەندەکان ژن و پیاویان بەیەکەوە دروستکرد، 4 دەست و 4 قاچ و 4 گوێچکە و دوو سەری لە یەک جەستەدا هەبوو ئەم بوونەوەرە سەیرە، لەوپەڕی هێز، بە هەموو لایەکدا دەسوڕا. بەڵام کاتێک باوباپیرانمان هەوڵیان دا زاڵبن بەسەر خواوەندەکاندا، هەوڵی سەرکەوتن بەسەر ئاسمانیاندا، ئەوا خواوەندەکان سزا یان دان و کردیان بە دوو کەرتەوە. ئیتر لەو کاتەوە، هەریەک لە ژن و پیاو بەدوای تەواوکرنی نیوەکەیتری دەگەڕێت. ئەو پێیوابوو کە ژن و پیاو خۆشەویستی و هاوسەرگیری دەکەن و منداڵیان دەبێت، نەک لەبەر ئەوەیە بەڕاستی ئەوەیان دەوێت، بەڵکو ئەمە لە ئارەزوویان بۆ تەواوکردنی خۆیانە، کاتێک کە نیوەکەیتریان لە دەست داوە). (ئیمام, 2013, pp. 118-119)
دواجار نۆرەی ئەگاسۆنی خانەخوێ هات ئەو وتی: “خۆشەویستی لە خواوەندەکان چکۆلەترە، هەست ناسک و دڵ بزوێنە، بەرگەی تودووتیژی ناگرێت و مەیلی خراپەکاری نییە، بۆیە دەبینین لە ڕۆح و دڵی خەڵکدا دەژی و کە توندڕەوییەکی بینی لێی هەلدێت و دووردەکەوێتەوە. چونکە ئەو سروشتە ڕق و بوغزاوییە بۆ ئەو گونجاو نییە و تەنیا لەو جێگایە نەبێت کە نەرم و ناسکی و ملکەچی تێدایە. هەروەها حەزی بە داوێنپاکی و خۆ کۆنترۆلکردنە” (امام, pp. 153-154)
گوتەکانی ئەگاسۆن دەکرێت بە شاعیرانە و ڕەوانبێژی دابنرێت، شێواز و ستایلێکی سۆفیستییانەی هەیە، بەمەش بە نەرمی لەلایەن سوقراتەوە گاڵتەی پێکراوە… ئەگاسۆن گلەیی لەوە دەکات کە قسەکەرانی پێشوو مرۆڤایەتییان بە فەزڵ و ناز و نیعمەتی خۆشەویستی نەزانیووە لەوەدا هەڵە بوون و شکستیان هێناوە. لە ستایشکردنی خودای خۆشەویستی ئەو دەڵێت (خۆشەویستی گەنجترین خوداوەندە و دوژمنی پیرییە. خۆشەویستی چێژە و حەزی لە ڕۆیشتن بەسەر پەڕەی گوڵەکانە و هەرگیز لە شوێنێکدا جێگیر نابێت کە هیچ گوڵدانێکی لێ نەبێت) (plato, p. b195).. هەروەها روونی دەکاتەوە کە خۆشەویستی دادپەروەری و میانڕەوی و بوێری و دانایی دروست دەکات، کە ئەمانە ڕەوشتە بنچینەییەکانی یۆنانی کۆنن. هەرچەندە گوتەکانی ئەگاسۆن لە ناوەڕۆکی فەلسەفی هەڵوەشایەوە، بەڵام گوتاری ئەفلاتون لە دەمی ئەگاسۆندا بە جوانی وێناکراوە و هەرچۆنێک بێت ئەگاسۆن بە بیرۆکەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی و جوانیی بەشداری لە بنیاتنانی تیۆری خۆشەویستی ئەفڵاتوندا دەکات.
تیۆری پەیژەی خۆشەویستی دوتیما:
پاشان دیۆتیما بەمشێوەیە دەستیپێدەکات: “ئەگەر پیاوێکی ئاسایی، بە شێوەیەکی سروشتی عاشقی جەستەیەکی جوان بێت. پاشان ڕەچاوی هاوشێوەکانی جوانی بکات لەجەستە جیاوازەکاندا، ئەگەر تێبگات کە هەموو لاشەکان جوانن، کەواتا دەبێت عاشقی هەموو جەستەکان بێت نەک بەتەنها یەک جەستە. دواتر ئەوە دەزانێت کە جوانی جەستەیی بێ واتا و ناتەواوە، کاتییە و لەناودەچێت.. بە پێچەوانەی جوانی ڕۆحەوە. هەرکات تاکێک ڕوبەڕوی ئەویتر دەبێتەوە کە لە ناخ و ڕۆحییدا جوانی هەیە و تەنانەت ئەگەر بە تایبەتی جەستەشی سەرنجڕاکێش نەبێت ئەوا عاشقی بەشە ناوازە و ڕوحییەکەی دەبێت. لەمەوە فێر دەبێت کە بیر لەوە بکاتەوە و بەرز دەینرخێنێت. ئەو کەسانەی ڕۆحێکی جوانیان هەیە. لە پەیژەکانەوە سەردەکەون بەرەو سەر، بۆ تێگەیشتنی زانستی بەرزدەبنەوە، کەواتا جوانی هەموو بوارێکی مەعریفە قبوڵ دەکات دواجار هەر کاتێک جوانی لە گۆشەیەکی فراوانترەوە دەبینرێت، بینینی جوانی جەستە و لەش و لار، هیچ بەهایەکی نامێنێت. دواجار نە وشەکان و نە مەعریفە و نە هیچ شتێک لە شتێکی تردا، بوونی نامێنێت جوانی پەتی دەبێتەوە بە زاتی خۆی، ئەو کاتەش خودی جوانی خۆش دەویسترێت و، تاک دەگات بە خۆشەویستی بۆ خودی جوانی”.

جۆرەکانی خۆشەویستی:
لەسەر ئەم بنەمایە خۆشەویستی دابەش دەبێت بۆ شەش جۆر:
یەکەم: خۆشەویستی بۆ لەشێکی دیاریکراو خۆشەویستی ئارەزووێکە بۆ تایبەتمەندییە فیزیۆلۆژییەکان. تاکێک حەز بە سەرنج ڕاکێشی دەکات بۆ ئەو کەم و کوڕییەی لە جەستەی خۆی ونبووە.
دووەم: خۆشەویستی بۆ هەموو جەستەکان کاتێک تاک ئەو تایبەتمەندییە جەستەییانە دەناسێتەوە کە سەرنجی ڕاکێشاوە و تێیدەگات کە زۆر لەشەکان دەتوانن جوانییان هەبێت. پاشان هەستی خۆشەویستی بەرامبەر هەموو لەشێکی جوان بۆ دروست دەبێت، نەک تەنیا جەستەیەکی دیاریکراو. جوانی لە هەموو جەستەکاندا دەبینێت و فێر دەبێت جیاوازیەکانی خۆش بوێت.
سێیەم: خۆشەویستی بۆ ڕۆح ئەو قۆناغەی کە تایبەتمەندی جەستەیی بەلاوە دەنرێ و جوانی ڕۆحی و مەعنەوی دەبێتە هۆی خۆشەویستی. مرۆڤ لەم هەنگاوەدا عاشقی مێشک و بیرکردنەوەی جوان دەبێت.
چوارەم: خۆشەویستی بۆ یاسا و دامەزراوەکان خۆشەویستی بۆ کردار و نەریت یان دامەزراوە کە لە کەسانێکەوە وەرگیراوە کە ڕۆحێکی جوانیان هەیە.
پێنجەم: خۆشەویستی بۆ زانین کاتێک تاک سەرنجی خۆی دەخاتە سەر مەعریفە، خۆشەویستیی بۆ پەیداکردنی زانین لە هەر شوێنێک بۆ دروست دەبێت.
شەشەم: خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی (ئایدیای خۆشەویستی) لێرەدا تاک جوانی وەک خۆی دەبینێت. جوانی خۆشەویستی وەک خۆی خۆش دەوێت. هەموو شتە جوانە تایبەتەکان جوانن بەهۆی پەیوەندییان بە فۆرم و ناوڕۆکیانەوە..
بەشداربوونێکی دیکەی سوکرات و سروشتی خۆشەویستی:
لە کۆتاییدا سوکرات چوارچێوە تیۆرییەکەی دیۆتیمای بۆ هەمووان خستە ڕوو کە “زانستی پەیوەست بە خۆشەویستی” بوو… سوکرات لە دیۆتیماوە دەگێرێتەوە کە “خۆشەویستی سروشتیێکی تایبەتی هەیە، شێوەیەک لەو شتەی کە ئێمە پێی دەڵێین [مامناوەند- میانگیر] ەکان، نە جوانە و نە ناشیرینە و نە چاکە و نە خراپە، بەڵکو ناوەندێکە لە نێوان ئەم و ئەودا، وەک چۆن عەقل ناوەندێکە لەنێوان دانایی و جەهلدا هەیە. هەر بەمشێوەیەی کاتێک مرؤڤ باوەرێکی دروستی هەیە، بەڵام ناتوانێت ڕەوایەتی خۆی بسەلمێنێت یا بەلگەداری بکات. ئاواش خۆشەویستی نە جوان، نە چاکە، نە ناشیرین و نە خراپە و بەلکو [نێوانی نێوانە] بەمشێوەیەش دونیای خەڵک لەدونیای خوداکان جیا دەکاتەوە و بەو شێوەیە گەردوون دابەش نابێت بەسەر دوو بەشی جیا” وە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگە خۆشەویستی پەیوەنی بە دونیای خواوەندەکانەوە هەبێت.

لەدایک بوونی خۆشەویستی لە ئاهەنگی ئەفرۆدیت:
کاتێک (زیۆس) خوانێکی گەورەی ئامادەکرد، بە بۆنەی یادی لەدایک بوونی ئەفرۆدیت، (پۆرۆس) ی خواوەندی دەوڵەمەندی، تیایدا ئامادەبوو…دوای خواردنەوەیەکی زۆر سەرەنجام بێئاگا دەکەوێت…(پێیینا) ی، هەژار، کە شەو گەڕیدەی سەر پاشماوەکان بوو.. مەستی ئەوی قۆستەوە، لەگەڵیدا خەوت و بە خۆشەویستی خۆی سکپڕکرد و (ئیرۆس) لە دایک دەبێت….بەمشێوەیە ئیرۆس لە دایکێکی هەژار و باوکێکی دەوڵەمەند لە دایک بوو، خەسڵەتی نێوانەیی، لە بوونییەتی ئەو ئامادەیە (ئیمام, 2013, pp. 130-131-132)
بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاهەنکی ئەفرۆدیت لە دایکبوو، ئەوا تاسەیەکی زۆری بۆ جوانی تێدا ڕسکا، کاتێک خۆشەویستییە بۆ دانایی ئەوا واتای ئەوەیه نە داناییە و نە نەزانی. (ئیمام, 2013, p. 130)

بۆچوونی توێژەران لەبارەی تیۆرییەکەوە
مشتومڕی بەردەوام لە نێوان توێژەراندا هەیە لەسەر چۆنیەتی لێکدانەوەی پەیژەی خۆشەویستی دیۆتیما. یەکێک لە مشتومرە باوەکان ئەوەیە کە چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ بۆ لای خوارەوەی پەیژەکە سەردەکەوێت. هەندێک لە توێژەران هەنگاوی بەرزتری پەیژەی خۆشەویستی بە گرینگتر دەزانن لە هەنگاوەکانی خوارەوە. کەسێک کە لە پەیژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، واز لە خۆشەویستی بۆ بابەتە نزمەکان دەهێنێت. بۆ نمونە، ئەگەر مرۆڤ فێری خۆشەویستی جەستەیی ڕۆح بێت، ئیتر چێژ لە هەستە جەستەییەکانی وەرناگرێت و تەنانەت لەوانەیە وەک فریودەر سەیریان بکات.. بۆچوونی بەرامبەر بە تەواوی پێچەوانە لێکی دەدەنەوە. ئەوان باوەڕیان وایە کاتێک تاکێک دەچێتە سەر پەیژەکە، ئەوا باشتر لە هەنگاوەکانی پێشتر تێدەگات. لەم حاڵەتەدا، هێشتا چێژ لە چێژە جەستەییەکان دەبینێت تەنانەت کاتێک بەرزدەبێتەوە بۆ دوا پلەی خۆشویستنی ڕۆحەکان. ئەوا باشتر چێژی لێ وەردەگرێت چونکە باشتر لێی تێدەگات.. ئەگەر کەسێک بگاتە سەرەوەی پەیژەکە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو دەزانێت چۆن هەموو هەنگاوەکانی خوارەوە تەواو دەکات. زانینی بۆ خۆشەویستی و مامەلەکردن لەگەڵیدا زیاد دەکات.(افلاطون، صفحة 60)

کەسایەتیی دۆتیما:
هەنێک ڕاو بۆچوون و ئەرگیومێنتی پیاوسالارانە و (دژە ژن)انە هەن کە دەڵێن (دیۆتیما) تەنیا کارەکتەرێکی خەیاڵییە، ئەفلاتون دایهێناوە بۆ باسکردنی بابەتی خۆشەویستی و تیۆرەکانی (جوانی و چاکە) و ئێپستمۆلۆژیا. بەلام لە بەرانبەردا بەڵگەنامەی زۆر بوونی ڕاستەقینەی کەسایەتیی دۆتیما پشتڕاستدەکەنەوە. ئەم قسانە هیچ لە بابەتەکە کەم ناکەنەوە بەڵکو لە ڕوانگەی بابەتیی و مێژووییەوە نووسین لەسەر ئەم ئایکۆنە فەلسەفییە گەورەیە تۆختر پێویستتر دەکەن. لە گرنگترین ئەو بەڵگەنامانە:

1. سوکرات لە خوانی ئەگاسۆن دان بەوەدا دەنێت کە دیۆتیما مامۆستا و تیۆریزانی خۆشەویستی و بواری (ئیستاتیکا و ئەخلاق و ئێپستمۆلۆژیا) ی ئەو بووە.

2. لە سەدەی دووەمی زاینی مێژوونووس و گاڵتەجاڕ لوکین (125-180 زاینی وتاربێژی ئاشووری یۆنانی) باسی لەوە کرد سێ ژن: دیۆتیما و تارکویلا و ئەسپازیا بەڵگەن بۆ ئەوەی کە فەیلەسوفی ژن هەن.

  1. ئەکادیمیای سپی شەش دەقی بۆ دابین کردووین کە لە نێوان سەدەی دووەم و پێنجەمی زایینیدا نووسراوە و تێیدا زانیاریەکان ئاماژە بە بوونی دیۆیتما دەکەن، بێ ئەوەی هیچ نکۆڵییەک لە بوونی مێژوویی بکرێت (سەرچاوەی پێشوو، p.106).
  2. لە کتێبەکەیدا مێژووی فەیلەسوفانی ژن کە لە سەرەتای ساڵی 1948، نووسراوە کایڵس منجی بوونی دیۆتیما وەک ڕاستییەکی مێژوویی باس دەکات.
    گرنگی و بایەخەکانی تیۆرییەکە:
    لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تیۆرییەکە گرنگی و بایەخێکی زۆری ئایینی و لاهوتی هەبوو، بەتایبەتی بەتوندی بەنەریتی تیۆلۆژیای مەسیحییەوە گرێدراوە. لەسەرەتادا لە ڕێگەی (فیلۆن-ئەسکەندەرییە) دەچێتە ناو ئاین و لاهوتی جولەکە پاشان لەگەڵ ئایینی مەسیحییدا تێکەڵ دەکرێ لە ڕێگەی تیۆری (فەیزی ڕەبانی) لەوێوە بۆ (سانت ئاگۆستین) و پاشان لە جیهانی ئیسلامییدا، تێکەڵ بە تیۆلۆژیا و زانستی کەلام و تەسەوفی ئیسلامی دەکرێت. ئەمە لەسەرەتادا لەڕێگەی (ئەبو یوسف ئیسحاق کیندی و پاشان فارابی و ئین سینا) بەتەواوی خۆی بەرجەستە دەکات. هەروەک لەلای نووسەرانی تر دیارترینیان وەک دانتی لە کۆمیدیای خواوەند بەشێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. (إمريس, 2018)
    ————————————————–

    پەراوێز:

1-ژنە فەیلەسوفێکی یۆنانی سەردەمی سوکراتە
2-” یەکێکە لە دیالۆگەکانی ئەفلاتۆنه لەبارەی (خۆشەویستی) ، نیشانی دەدات کە گەیشتن بە هەندێک حەقیقەت تەنیا لە ڕێگەی عەقڵەوە نییە، جگە لە عەقڵ، سروشتی ئەو بابەتانە بەشێوەیەکە بە تێپەڕبوون لە عەقڵ و بە دل لێیان تیدەگەین نموونە، چەمکی جوانی هەستێک بە دڵ دەدات .
أفلاطون”. موسوعة بريتانيكا. 2002.
3-شاعیرێکی تراژیدی یۆنان بوو.
————————————————–

سەرچاوەکان:

  1. “مناقشة سلم ديوتيما والفلسفة والخيال” . (2018).
  2. plato. (n.d.). sypusium (Vol. b).
  3. افلاطون. (n.d.). المادبە (Vol. 2). (د. و. الميري, Trans.) مصر: دار العارف مصر.
  4. امام, ا. ع. (n.d.).
  5. إمريس, و. ،. (2018). “أفلاطون” سلم الحب أ.
  6. ويستاكوت, إ. (2018). “أفلاطون” سلم الحب.
  7. ئیمام, د. ئ. (2013). ژنە فەیلەسوفەکانی جیهانی کۆن. (ه. محەمەد, Trans.) هەولێر: موکریانی.



سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-1-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم

سیکۆلاریزم: ئەو چەمکەی زۆر شێوێندراوەو درۆی زۆری بەدەمەوە کراوە و ناحەقی زۆری لەبارەوە کراوەو زۆر بێ بەزەییانە و چەواشەکارانە، بە دێوەزمەو دڕندەو نابووت کراوە، بەتایبەتی لای فێندەمێنالیست و ئیسلامگەراکان، هاتوون جا یان، نەزانانە و بێ ئەوەی لەسیکۆلاریزم حاڵی بووبن، یان، چەواشەکارانە و، فێڵبازانە و بەمەبەست و ئەنقەست، ئەو کارە ناشارستانیەتە دەکەن، سیکۆلاریزمیان بە ئیلحاد و کۆمۆنیست بوون و دژایەتی کردنی ئایین و وەکو دڕندەیەک پێناسەکردووە! حەساسیەتیان لای خەڵکێکی مێگەڵ ئاسا، سەبارەت بەچەمکی سیکۆلاریزم دروست کردووە، هەرگیز، سیکۆلاریزم نە ئیلحاد و بێ باوەڕییەو نەکۆمۆنیست بوون و نەمانای دژایەتی کردنی ئایینیشە. نەخێر، ئەوە ڕاست نییە و سیکۆلاریزم دژایەتی ئایین ناکات، بە پێچەوانەوە ڕێز لەئایینەکان دەگرێت، سیکۆلاریزم دەڵێت:
ئەقیدەو ئایینت، مەزهەب و دیدە نیگات، ڕەنگ و ڕەگەزت، ئیتن و نەوەت، هەرچییەکە، ئەوە پرسێکی تایبەت بەخۆت و کێشەی خۆتە، تۆ لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تەنها مرۆڤ بە و بەس، لێرە تەنها مرۆڤ بوون پیرۆز و پێوەره و هەر مرۆڤیش کابە و سەنتەره، سیکۆلاریزم پێت دەڵێت :تەنها دەمارگیر و ڕاسیزم و فاشیست و تیرۆرست و فێندەمێنتالیست مەبە، ئایین مەکە بە هەڕەشە بۆسەر ژیانی ئەوانیتر و ئازادی مرۆڤەکانی پێ لەقاڵب مەدە. بودا وتەنی تۆ ئازادی بەردیش بپەرستیت، وەلێ ئەو بەردە لەئازادی من، لەژیان و کەڕامەت و کەسایەتی من، لەحەز و هەڵبژارن و مافەکانی من مەگرە.
لەدەوڵەتە سیکۆلاریستەکان ئازادی ئایینی زۆر زیاترە، لەو دەوڵەتانەی ئیسلامی و مەزهەبی و سیوکراتین، بۆ ئەوەش بەراورد و سەیرێکی وڵاتانی سیکۆلاریستی خۆرئاواو، وڵاتانی تری ناخۆرئاوایی و خۆرهەڵاتی سیستەمی ئیسلامی و ئایینی و مەزهەبی لەنموونەی: سعودیە، ئەفگانستان و، ئێرانیش بکە، کەواتە هێندەی لەناو سیستەمێکی سیکۆلاریزم دا، ئایینەکان ڕێزیان لێ دەگیرێت و جیاوازییەکان قبوڵ دەکرێن و تاک کەسایەتی و، مرۆڤ ماف و ئازادیەکانی، شکۆ و خواستەکانی دەستەبەر و پارێزراوە، سەتا یەک، لەناو سیستەمێکی ئایینی و مەزهەبی، ئەوە بوونی نییە.

گەورەیی و زەروری بوونی سیکۆلاریزمیش بۆ دەوڵەت، لەمێژە بە واقیعی و پراکتیکی و ئەزموون بۆ هەموان، سەلمێندراوەو ڕۆشن بووەتەوە، سەیرکە، هەموان، تەنانەت ئەو ئیسلامگەراو فێندەمێنتالیستگەرایانەش، کاتێک لێیان دەقەومێت، یان، بەهۆی کێشەی ئابووری و هەژارییەوە، یان، بەهۆی کێشەی ئەخلاقی و ئەمنی و تێوەگڵان لەکاری تیرۆرستیەوە، یان بەهۆی نەبوونی ئازادیەوە، وەک خۆیان دەیڵێن، یان ، بەهۆی ناکۆکی و جەنگی مەزهەبی و ئایینیەوە، ئەو جەنگ و ناکۆکیەی خۆیان لێی بەرپرسن و فتیلەی ئاگرەکەیان داگیرساندووە، ناچار دەبن و وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، وڵاتە مەزهەبی و دەوڵەتە مەزهەبی و سیستەمە سیوکراتیەکان جێ بێڵێن، لە ئەفگانستان، ناڕۆن بۆ سعودیا، لە سودان ، ناڕۆن بۆ ئێران، لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، ناچنە ناو دەوڵەتی ئیسلامی و ژێر هەژموونی دەسەڵاتی داعش، بەڵکو ڕێگای وڵاتە سیکۆلاریستەکان دەگرنە بەرو، لەبەردەم سنووری قاپی دەوڵەتە سیکۆلاریستەکان دەوەستن و داوای ورگرتن و مافی مانەوەو وڵاتی نامە دەکەن، دوایش، کە دەوڵەتە سیکۆلاریستەکانی خۆرئاوا، لەخۆیان گرتن و باوەشی ناز و عەیش و نۆشی سیکۆلاریزمیان بۆکردنەوە و ژیانیان بۆ دابین کردن، غەرقی سۆشیاڵیان کردن، ئیدی ئەو نەزان و دەمارگیر و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیستانە، زۆر سپڵەو بێ ئەمەک دەردەچن، لەجیاتی ئەوەی سوپاسیان بکەن، کە ئەو بەهەشتەی لەئاسمان و خەیاڵیاندا بۆی دەگەڕان، لەواقیع سیکۆلاریزم پێی بەخەشین، دێن و دەکەونە لۆمەکردنی سیکۆلاریزم و قسە بە ئازادی مرۆڤ و مافەکانی ژن و ژینگە دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و دار و بەرد دۆستی وڵاتانی سیکۆلاریست دەڵێن و زۆرجار پەنا دەبەنە بەرکاری توندو تیژی و هانی دەمارگیری ئایینی و دووبەرەکی مەزهەبی و ڕقی ئایدیۆیۆلۆژی و داخرانی کولتووری و کاری تێکدەرانە دەدەن و هەوڵی ناشرینکردن و نابووتکردنی ئەو کلتووە جوانەی پێکەوەژیانی وڵاتانی سیکۆلاریزم دەدەن و دژی پلورالیەت و فرەیی و دەوەستنەوەو لەناو جەرگەی دەوڵەتە سیکۆلایستەکان، خۆیان لەوان جیادەکەنەوەو هەوڵی دروست کردنی دەوڵەت لەناو دەوڵەت دەدەن!




دوو شیعر له‌ شاعیری میسری (محمد القلینی)یه‌وه‌(*).. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

*وه‌ك هه‌میشه‌ سعات شه‌ش له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم

وه‌ك هه‌میشه‌ سعات شه‌ش له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم
فرمێسكی په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌سڕمه‌وه‌
‌كه‌ چۆله‌كه ‌جێیان هێشتووه‌
جوان ئاو له‌ ده‌مم وه‌رده‌كه‌م
ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌م كه‌ به‌ زمانمه‌وه‌ نووساوه‌
لێ بكه‌مه‌وه‌
پێخه‌فه‌كه‌م له‌ بۆنی ته‌نیایی پاك ده‌كه‌مه‌وه‌ ..

من باشم براده‌ران !
نیگه‌ران مه‌بن
هێشتا هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك
قه‌سیده‌یه‌ك یا دووان ده‌نووسم
قاوه‌ی تاڵ ده‌خۆمه‌وه‌
به‌ گه‌سك وه‌دوای مردووان ده‌كه‌وم
كه‌ له‌ هه‌واڵنامه‌ی سه‌عات نۆدا هه‌ڵده‌وه‌رێن
دۆسته‌كانم !
من باشم و
تا بڵێی به‌ختیارم
ئه‌وه‌تا كرێكاری ساخته‌ی پاكوخاوێنی
له‌و ڕاپۆرته‌ی
له‌سه‌ری داومه‌ته‌ لایه‌نی ئه‌منییه‌ت
كه‌ كاری تێدا ده‌كا
سوپاسی كردووم و
پێی گه‌یاندوون
چۆن خه‌ونه‌كانم ده‌ كیسه‌ی نایلۆنی ڕه‌ش داوێم و
به‌یانیان بێ ڕووگرژی ده‌یده‌مێ ..

براده‌ران من باشم
ڕاسته‌ وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانتان ناده‌مه‌وه‌ و
ده‌رگا له‌ كه‌ستان ناكه‌مه‌وه‌
به‌ڵام من باشم
نیگه‌ران مه‌بن
هێشتا له‌سه‌ر سرووته‌كانی ڕۆژانه‌م به‌رده‌وامم و
له‌ خانووچكه‌كه‌م كه‌ ده‌ڵێی مه‌یتخانه‌یه‌
وه‌ك هه‌ر جه‌نازه‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵ
دێم و ده‌چم .

*هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێم دابڕان

هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌جێیان هێشتم
پارێك له‌ جه‌سته‌میان له‌گه‌ڵ خۆیان برد
تا پێیان
به‌بیرم بێنه‌وه‌

دڵداره‌كه‌م دڵمی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد و
به‌بێ بایه‌خییه‌وه‌ فڕێی دایه‌ سه‌ر
كورسییه‌كه‌ی ته‌نیشتی له‌ فڕۆكه‌دا
بردی و
له‌ منی دوور خسته‌وه‌ ..
باوكم باسكه‌كانی بردم
تا نه‌هێڵێ قه‌سیده‌ی نوێ
بۆ خۆشه‌ویستێك بنووسم
جارێكی دی نایبینمه‌وه‌
براده‌ری مناڵیشم ڕایسپارد بوو
زمانم له‌ ته‌ك وی بنێژن
تا هه‌مان سترانی له‌گه‌ڵدا بچڕێ
كۆن زۆر جاران پێكه‌وه‌ ده‌مانچڕی و
تاكو هه‌ست به‌ ته‌نیایی نه‌كا

هاوسێشم كه‌ سه‌ری هه‌ڵگرت
دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوێكی تۆقێنه‌ر
هه‌ر دوو قاچی له‌ ده‌ست دان
ئێستا خۆشبه‌زێكی به‌ناوبانگه‌
له‌ هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكیدا له‌ ته‌له‌فزیۆن
ده‌ست به‌ قاچه‌كانم دادێنێ
ئه‌وانه‌ی له‌ كاتی به‌ڕێ كردنیدا
لێی به‌ قه‌رز وه‌رگرتبووم
بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌
بۆم بگه‌ڕێنێته‌وه‌
یا ته‌نانه‌ت پێم بڵێ : سوپاس .

به‌م جۆره‌ هیچم لێ نه‌مایه‌وه‌
له‌ چاوێك به‌ده‌ر
كه‌ چه‌ندی له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ده‌كه‌م
فرمێسكێكی تیا ده‌بینم
له‌ ڕژان نایوه‌ستێنێ
به‌ڵام ڕوومه‌تێك نابینێته‌وه‌‌
به‌ سه‌ریدا بێته‌ خوارێ .

() محمد القلینی شاعیرێكی میسرییه‌ ساڵی 1983 له‌ دایك بووه‌ كۆلیژی – ماف‌ -ی له‌ زانكۆی ته‌نتا ته‌واو كردووه‌ ، تا ئێستا دوو كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، چه‌ند خه‌ڵاتێكی بردووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ : خه‌ڵاتی ( اخبار الادب و پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له‌ قاهیره‌ و خه‌ڵاتی شاعیر محمد عه‌فیفی مه‌ته‌ڕ. (*) بۆ ده‌قی تێكسته‌كان بڕوانه‌ :
https://antolgy.com/astaykud-fe-alsadesa-kalmutad/
هه‌روه‌ها :
https://elarabielyoum.com/show82108




قوڕبەسەری پەروەردە پەروەردەی قوڕبەسەری.. مەحمود عەبدوڵڵا

لەم ڕۆژانەدا گوتاری نێرسالاری زاڵە،لەهەموو شوێنێک گوێمان لەزایەڵەی ئەم دەنگە نەشازە دەبێت لە هەموو لایەکەوە پەلاماری ژن دەدرێت. یەکێک بەناوی پارێزگاری لە ڕەوشتی کۆمەڵگاو،یەکێک بەناوی بە پاشابونی ژن و کردنی بەشاژنی ماڵەوە ،یەکێکیتر بەناوی لاوازی ئافرەت و..هتد،لەبەرامبەردا ژن هەردەڵێی مەریەمی پاکیزەیە و زمانی بەستراوە ،لەبەرامبەر ئەو گوتارە دژە ژنەدا بێدەنگە.
بەڵام لەهەمووی مەترسیدارتر ئەو دەنگە نەشازە گەیشتە پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە ئامادەیی ژنی لە کاریی پەروەردەیدا وەک قوڕبەسەری پەروەردە بەناوکرد،دیارە ئەم زهنیەتەش دەرئەنجامی پەروەردەی قوڕبەسەرییە نەک ئەوە قوڕبەسەری پەروەردەبێت.جیا لەوەی شارەزایانی پەروەردە دەڵێن ژنان سەرکەوتوترو گونجاوترن لە بواری پەروەرەدا بەتایبەت لەسەرەتایی چونکە مناڵ زیاتر هۆگری دایکە،ئەمەش ئاسایشی دەرونی بۆ مناڵ دابیندەکات،لەلایەکیتر ژن بەتەحەمولترن لەگەڵ کێشەکانی مناڵان .بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لەتەواوی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ڕێژەی ژن زیاترە لەپیاوان لەبواری پەروەردەدا و بەنزیکەیی ڕێژەی مامۆستایانی ژن لە سەدا حەفتاودوویە. تەنانەت لەئەفغانستان ڕێژەی ژنان لەکاری پەروەردەدا نزیک بو لەوڕێژەیەی دڵشاد عمر باسیدەکات.بەڵام تاڵیبان ڕێگری دەات لە مامۆستایانی ژن!ئەمە ئەقڵیەتی تاڵیبان و داعش و گروپە هاوشێوەکانیانە،نەک بەڕێوەبەری پەروەردەی هاوچەرخ.ئەم دەربڕینەی جەنابی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە مەترسیدارە ،ئەنگێزەیەکی لەپشتە ئەویش ئەنگێزەی دەرکردنی ژنە لەبازاڕی کارو سیاسەت و پەروەردە.درێژکراوەی ئەوگوتارە ئایدیۆلۆژییە دینییە دژە ژنەیە کە لە میدیاو مینبەری ئاینەوە گوێمان لێدەبێت.هێرش بۆسەر کەسێتی ژن ،جگە لە دواکەوتویی و کۆنەپەرستی و نێرسالاری هیچ پاساوێکیتری نییە. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ژن،بەناڕاستەوخۆ هێرشدەکەنە سەر ژیان و ئازادی کۆمەڵگە،چونکە کۆمەڵگایەک نییە ئازاد بێت و ژنیش تێیدا گوێڕایەڵی پیاو و کۆیلە بێت.دەبێت لێرەوە بەرگری لە ئازادی ژن بکرێت.لەخۆڕا نییە کەدەوترێ بێ ئازادی ژن کۆمەڵگا ئازاد نابێت. ئەوە ڕاستییەکی سەلمێندراوە،هەربۆیە لەژێر هەرناوێکدابێت هێرش و فشاری ئایدیۆلۆژی بۆسەرکەسێتی ژن ،هێرشە بۆسەر ئازادی.کۆیلایەتی کۆمەڵگا گرێدراوی کۆیلایەتی ژنە و بە پێچەوانەشەوە… لە ساڵی ڕابردودا خەڵاتی باشترین مامۆستای جیهان درایە مامۆستایەکی ژن لە وڵاتی ئێران .فنلەند ڕێژەی مامۆستای ژن لەبواری پەروەردە لەسەدا حەفتا زیاترە لەکاتێکدا باشترین سیستەمی پەروەردەی هەیە.
ئەم گوتارە نێرانەیە پێی وایە ئەقڵ ڕەگەزی هەیە،ئەمانە هێشتا لە مەنتیقی هێزو ماسولکەوە دەڕواننە دونیا،لەکاتێکدا سەردەمی هێزی مەنتیقە. لەتورکیا ئەمجۆرە قسانە دەبیستین لەبەرپرسەکانی ئاکەپە کەخەونی سوڵتانیزم و دیکتاتۆرییان هەیەو دەیانەوێت ژن لە کۆمەەڵگە وەدەرنێن،هەروەها لە کۆماری سێدارەو تاڵیبانیش ئەو قسانە دەبیستین،بەڵام لەشاری ڕۆشنبیریدا ئەم دەربڕینە ئابڕوچونە بۆ خاوەنەکەی. لەڕاستیدا ئەم دەربڕینە خزمەتی زهنیەتی عەشیرەتگەری و دیکتاتۆری و ئاغاواتی و پیاوسالاری دەکات،نەک کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و یەکسان و ئازادیخواز.هێزە کلاسیکیە کانی کوردایەتی دەمێکە دەرگای هەموو ناوەندەکانیان وڵاکردووە بۆ کۆنە پەرستان تا کۆمەڵگە لەو کەمە بەرەوپێشچونەی بەدەستی هێناوە پاشگەزبکەنەوە. ئەم دەربڕینانەش لەچوار چێوەی ئەم مەسەلەدایە و هاوڕایی عەوامە لەسەر پرسی کەسێتی ژن و پێگەکەی لەکۆمەڵگادا.ئەم بەڕێوەبەرە لە قوڕبەسەری خۆی بۆ ئەم هەمووکێشە جدیانەی پەروەردە هاتووە پڕ ئەداتە ژن ،ئەمە جگە لەخۆشاردنەوە لەکێشەکان و بەلاڕێدابردن و خۆخەڵەتاندن هیچیتر نییە.

مەحمود عەبدوڵڵا




ئایا روسیاهێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا؟.. محمد باپیڕ

ماویەکە گرژی و ئاڵۆزی لەسەر سنوری ئۆکڕانیاو ڕوسیا دروست بووەو پێشتریش ڕوسیا دورگەی (قرم) ی لە ئۆکرانیا داگیر کرد ، ئێستاش دەی هەوێت ئۆکڕانیا بگێڕیتەوە باوەشی خۆی و داگیری بکات،بەڵام ئایا تەچەندە سەرکەوتودەبێت لەو پلانەی؟
پێموایە ئەستەمە ئەوجەنگە ڕووبدات،چونکەهێشتا سەرکردەکانی روسیا هیچ لێدوانێکیان نەدایە،کەهێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا،ئەمە لەلایەک وە لەلایەکی تر هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامن و وەناوبژیوانیش هەیەبۆ ئەم مەبەستە فەرەنساو ئەلمانیاو سویسرا دەوری ناوبژیوانی دەبینن،ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەش لەنێوان (جۆبایدن و پۆتین ) حەقیقەت و ماهیەتی ئەو‌دەرخەرەن کە ئەو جەنگە ئەستەمە ‌ڕووبدات‌چونکە ئەوجەنگە جەنگی تەقلیدی وکەلاشینکۆف نیە ، بەلکو شەڕەسارۆخ فرۆکەی پێشکەوتو دەبێت لەوانە ئەوشەڕە ئەوەندە قورس و گەورەبێت گەر بیت ڕووبدات لە عەقلی مرۆڤ دووربیت.چونکە لەنێوان وڵاتێکی زلهێزو چەندین وڵاتی زلهێز‌دەبێت …
ئەوەی دەگوزەرێت ئێستا ،هێنانی 100هەزار سوپای روسی بۆ‌سەر سنورەکان‌وچەک و‌تەقەمەنی زۆریش لە ئامادەباشیە ،بەڵام پێ ناچێت پێکددان ڕووبدات چونکە ئەوروپا بەگشتی هەڕەشەی بچڕاندنی ئابوری دەکەن و دەڵێن غاز لەروسیا ناکڕین ،هەروەها چەندی خۆپشاندان لەشەقامی ئۆکرانێاکراوە لەدژی روسیاو ،
وەیەکێک لەمەرجەکانی ڕوسیا ئەوەیەنابێت ئۆکڕانیا ببیتە ئەندام لەناتۆ وە دەی هەوێت بۆ پاراستنی ئەمنی قەومی خۆی سنورێک هەبێت لەنێوان ناتۆ وەڕۆسیا ، ئەمەش بەوە‌دەبێت ئۆکرانیا وەکبەربەستێک بێت لەهەمەر ناتۆدا.
زۆر لەولاتان داوایان لە هاوڵاتیانی خۆیان کرد کە ئۆکڕانیا‌جێ بێڵن‌ هەروەها لەلایکی تریش چاوسورکردنەوە بەردەوامە بەهۆی لەشکرکێشی روسیا ئێنجا لەوسەروبەندەشدا لە تەلەفۆنی نێوان پۆتین و بایدن باس لە مەترسیەکانی جەنگ و بارودۆخی خەلک هێورکردنەوەی بارودۆخەکە ئەمەش خالێکی پۆزەتیفە بۆ ئەوەی جم و جۆلی ئاشتی و گفتوگۆ بەردەوام بێت. بۆیە لەو ئان و ساتەدا هێرش کردنە سەرئۆکرانیا ئەگەرێکی دوورە.

محمد باپیڕ چاودێری سیاسی
14/2/2022




بەرلەوەی ئازارەکانم بەئەرشیف کەم.. شەماڵ بارەوانی

بەرلەوەی بگەڕێمەوە
وەرزی بێ تاقەتی
و
گۆچانی پیری
لەسەر باڵی تەمەنم
بڕوێت

بەر لەوەی
پەنجەرەی چاوەڕوانیم
دابخەم
و
کراسی ئومێدم
بدڕێت

بەرلەوەی
ڕەهێڵەی بارانی یەئس
لەهەیوانی ڕۆحم
دابکات
و
ملوانکەی بەختم
بپسێت

بەرلەوەی
دڕکی شەوەزەنگ
لەبیابانی دەروونم
چرۆبکات
و
مۆمی خۆزگەکانم
بکوژێتەوە

بەرلەوەی
ئازارەکانم
بەئەرشیف کەم
و
ڕەنگی مەراقم
کاڵبێتەوە

دەبوایە تۆ بێیتەوە




په‌روه‌رده‌ی نوێ له‌دیدی گه‌وره‌ په‌روه‌رده‌كارانی جیهان.. وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن: عیسا بۆتانی ‌

ئه‌فلاتۆن پێیوایه‌ كه‌وا‌ ده‌بێت مه‌به‌ست له‌ په‌روه‌رده‌ ئاماده‌كردنی هاووڵاتی باش بێت و، هاووڵاتی باش به‌ بڕوای ئه‌و؛ كه‌سی‌‌ هاوسه‌نگ و خاوه‌ن ئه‌زموون و خوڕه‌وشتی باش و مه‌رد و دادناسه‌. ئه‌فلاتۆن له‌ كۆماره‌كه‌ی خۆیدا هاووڵاتی به‌سه‌ر سێ چین دابه‌ش ده‌كا، چینی پیشه‌كاران و جه‌نگاوه‌ران و فه‌یله‌سۆفه‌كان كه‌ دوا چینن كه‌ ئه‌ركی رێنیشاندانی حكوومه‌تیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ و پێویسته‌ به‌ فۆرمێكی هه‌ره‌ ئاستبه‌رز په‌روه‌رده‌ كرابن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاووڵاتی باش و رۆشنبیر به‌ بڕوای ئه‌رستۆ مرۆڤی ئازاده، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ دوو مه‌رج هه‌ن واده‌كه‌ن مرۆڤ ئازاد بێت. یه‌كێكیان سیاسییه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان ئابوورییه‌، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ مرۆڤ چه‌ك هه‌ڵبگرێت و ده‌نگ بدات و ئاماده‌ بێت له‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كاندا دابمه‌زرێت . له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ مرۆڤی ئازاد نابێت سه‌رقاڵی ئه‌و پیشانه‌ بێت كه‌ خه‌ڵكانی دیكه‌ پێی هه‌ڵده‌ستن، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ی گونجاو بۆ ئه‌و بریتیه‌ له‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ئازاد و ئه‌گه‌ر ژیریی مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵ جیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌واته‌ ئامانجی جیاوازی ئه‌و په‌روه‌رده‌ ئازاده‌یه‌ خۆی له‌ چاندنی عه‌قڵدا ده‌بینێته‌وه‌… ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی ئازادمان به‌خشییه‌ تاك ئه‌وا نه‌ك ته‌نها مرۆڤی رۆشنبیریمان ده‌ست ده‌كه‌وێت؛ به‌ڵكو ده‌توانێت ئامانجی هه‌ره‌ باڵای ژیان به‌ده‌ست بێنێت كه‌ به‌خته‌وه‌رییه‌.
(رۆمانه‌كان)یش به‌هه‌مانشێوه‌ پێیانوابوو كه‌ ئامانج له‌ په‌روه‌رده‌ ئاماده‌ كردنی مرۆڤی رۆشنبیره‌، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هاووڵاتی رۆناكبیر لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌نجاتییه‌وه‌ هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته‌كانی خۆڕاگریی و مه‌ردایه‌تی و رێزگرتن له‌ خوداوه‌نده‌كان و دادپه‌روه‌ریی و ئاقڵمه‌ندیی و شاره‌زایی و زاڵبوون به‌سه‌ر خود؛ بێت. رۆمانییه‌كان په‌روه‌رده‌یان به‌ رێگایه‌ك ده‌زانی بۆ ئاماده‌كردنی هاووڵاتی، له‌ ده‌ره‌نجامدا هاووڵاتی بتوانێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری شارستانی خاوه‌ندارێتی له‌ ویستی سه‌ركه‌وتووانه‌ی خۆی‌ بكات.
ماركۆس فایبۆس كوینتلیانۆس ی دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماكانی وتاربێژی رۆمانی كه‌وا كاریگه‌ری به‌سه‌ر خوێندنی باڵا له‌ رۆمانیادا هه‌بوو، له‌باره‌ی ئامانج له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ گوتوویه‌تی:(ئامانجی من له‌ په‌روه‌رده‌ ئاماده‌ كردنی وتارخوێنی قسه‌زانه‌، له‌مڕووه‌شه‌وه‌ یه‌كه‌م شت كه‌ مرۆڤ جیا ده‌كاته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ ره‌وشتباشیی… بۆیه‌ ئێمه‌ داوای ئه‌وه‌ی لێ ناكه‌ین له‌ قسه‌كردندا به‌هره‌مه‌ند بێت؛ به‌ڵام خاوه‌ن خوڕه‌وشتی به‌رز بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتاربێژ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت رێنوێنی و ئامۆژگاری به‌ حكوومه‌ت بدات… وه‌كو دادوه‌رێكی دادپه‌روه‌ر ده‌توانێت بنچینه‌یه‌كی پته‌و بۆ یاساكانی داڕێژێت و دواجار خراپه‌كاری لێ وه‌دوور بخات؛ ئه‌و خه‌سله‌ته‌ش ته‌نها له‌و جۆره‌ وتاربێژه‌دا به‌دی ده‌كرێت.
له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێڕوانینه‌كانی فه‌یله‌سوف و په‌روه‌رده‌كاری ناودار جۆن دیوی له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ی نوێگه‌رییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاو بوویه‌وه‌، ئه‌و له‌ڕێی په‌رتووكه‌كه‌یه‌وه‌ (قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگا) بۆچوونه‌كانی خسته‌ڕوو كه‌وا په‌روه‌رده‌ی پیشه‌گه‌ری و ئامانجه‌ راسته‌قیینه‌كانی په‌روه‌رده‌ پێویسته‌ له‌و گرفتانه‌دا پێكبهێنرێ كه‌ تێكه‌ڵ به‌ چاڵاكییه‌ نۆرماڵه‌كاندا ده‌بن.
جۆن دیوی ده‌ڵێت: (منداڵ تاكو پرسیاری نه‌بێت و به‌دوای ئه‌و رێگایانه‌دا نه‌گه‌ڕێت كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی وڵامه‌كه‌ی یارمه‌تی ده‌ده‌ن؛ فێر نابێت)، په‌روه‌رده‌ی راست له‌ دیدی ئه‌و تێكه‌ڵبوونی راسته‌وخۆی تاك و ژینگه‌یه و ئه‌و لێكهه‌ڵسوونه‌ی نێوانیان گرفتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
(ئيدوارد كلاباريد)‌ى په‌روه‌رده‌كار و زانای ده‌روونناسی سویسری له‌ گۆشه‌ نیگای خۆیه‌وه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی ناوخۆی وڵاتانی له‌هی هاورده‌ كراو به‌لاوه‌ په‌سندتره‌، له‌مباره‌شه‌وه‌ ده‌ڵیت:(پێویسته‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناوه‌خۆیه‌ جێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ سه‌پێنراوه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ كراوه‌).
ماریا مۆنتیسۆری پزیشك و مامۆستا و فه‌یله‌سوف و زانایه‌كی ده‌روونناسی ئیتاڵییه‌، له‌سه‌ره‌تادا پرۆژه‌یه‌كی فێركاری تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان داڕشت و تاكو دوایی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و فێركردن داهێنا و ئه‌و خۆی زیاتر له‌ چوار هه‌زار هۆبه‌ی خوێندنی دامه‌زراند و، له‌ ئێستادا له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتانی جیهان ناوه‌ندی فێركردنی مۆنتیسۆری هه‌یه‌ و كار به‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ داڕێژراوه‌. ماریا مۆنتیسۆری له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی له‌ سیسته‌می فێركردن گوتوویه‌تی:(ئامانجی ئێمه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی چالاكییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، نه‌وه‌ك ئه‌و سیسته‌مه‌ی به‌رهه‌می وه‌ستان و بێده‌نگی و ملكه‌چبوون و سه‌پاندنه‌). په‌یڕه‌وی مۆنتیسۆری خۆی له‌ پرۆگرامێكی فێركردن ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بونیادنراوه‌ كه‌وا (هه‌ر منداڵێك له‌ناوخۆیدا هه‌ڵگری كه‌سێكه‌ كه‌ له‌ ئایینده‌دا دروست ده‌بێت).
هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كاری ئه‌ڵمانی كریچنه‌ر ده‌ڵێت:(با رێگه‌ به‌ هۆبه‌یه‌كی خوێندن له‌ قوتابخانه‌یه‌كی كوڕان بده‌ین كه‌ په‌یڕه‌وی پرۆگرامی تیۆری ده‌كه‌ن قوتابییه‌كانی خۆیان بڕیار بده‌ن ئاخۆ په‌رتووك و ده‌فته‌ر هه‌ڵده‌بژێرن یانیش مشار و مقه‌ست، بژارده‌ بخه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستی قوتابییانی هۆبه‌یه‌كی قوتابخانه‌یه‌كی كچانیش، ئاخۆ وانه‌ی رووه‌ك و زانستی خۆراكیی یانیش وانه‌یه‌كی كرداری له‌ناوی باخچه‌ یانیش چێشتخانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن… بێگومان ده‌بینین نه‌وه‌ت له‌سه‌دی قوتابیان زیاتر حه‌ز به‌وه‌ ده‌كه‌ن ‌ له‌ كه‌شی بێزاری و ته‌مبه‌ڵیی هۆبه‌ ده‌رچن و به‌وه‌ چالاك و كاریگه‌رتر ده‌بن).
جۆن لۆك فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندی به‌ریتانی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ هاوكاری منداڵان نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی زانستێك به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێت مێشكیان بۆ زانین بكاته‌وه.‌
له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده، له‌ چاخی رۆشنگه‌ریدا ژماره‌یه‌كی زۆری زانایان ده‌ركه‌وتن كه‌ داوایان ده‌كرد ئازادی به‌ منداڵ ببه‌خشرێ و له‌ كۆتوبه‌نده‌كان رزگار بكرێن به‌ پرۆگرامی خوێندیشه‌وه.
له‌و كاته‌دا باوكی په‌روه‌رده‌ی نووژه‌ن (ژان ژاك رۆسۆ) ده‌ركه‌وت و داوای كرد منداڵ بۆ سرووشت جێ بهێڵدرێت، ئه‌و پێیوابوو كه‌ سرووشت باشترین په‌روه‌رده‌كاره‌؛ له‌مڕووه‌شه‌وه‌ گوتی:(ئامانجی من ئه‌وه‌یه‌ زانین به‌ عه‌قڵ ببه‌خشرێ، به‌ڵام من خوازیارم كه‌وا رێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی پیشان بده‌م ئه‌گه‌ر پێویست بكا). رۆسۆ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌وا سرووشت مامۆستای سه‌ره‌كییه‌ و مرۆڤ له‌ سێ مامۆستاوه‌ فێر ده‌بێت: سرووشت و مرۆڤ و شته‌كان.
هه‌روه‌ها پێیوابوو كه‌ ئامانج له‌ په‌روه‌رده‌ گه‌شه‌پێدانی ته‌واوی تاكه‌ نه‌وه‌ك ته‌نها له‌پێناو هاووڵاتیبوون و ئاماده‌كردنی پیشه‌یی.




چەمکی ژن لە زمانی شیعردا و ڕەوتی سەردەم.. سوھەیلا مێھەمی

شیعر وەک ئەسپێكی یاخییە کە دەستەمۆ ناکرێ و ئەگەر دەستەمۆی بە سەردا بسەپێ کە واتە لە ڕیچکە و شێوازی خۆی لایداوە، شیعر نابێ خۆی بە دەسەڵاتەکانەوە ببەستێتەوە و ڕەوتی دەست بە سەرڕاگرتن لە شیعردا؛بێ بایەخ و بێ بەهایە و خۆی لەوە دوور دەکاتەوە شیعر هەروەها کە بۆ زۆربەی شاعیران لە ئازار و ڕەنجەکانیانەوە دەستی پێ کردووە و ڕۆچنەیەک درووست دەکا بۆ دەربازبوون لە بێدەنگی و شیکردنەوەی ڕەنجەکان؛ قامک لە سەر هۆکارەکانی ئەو ئازارانە دادەنێ کە مرۆڤی بە خۆییەوە سەرقاڵ و داماو کردووە. کەواتە شیعر دژی هەر سیستەمێک دەوەستێتەوە کە مرۆڤی یاخی لە خۆییدا دیل دەکا، شیعری نەمر ئەوە دەقەی لەخۆی گرتووە کە بۆ هەتایە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە ؛ چۆن قامکی لە سەر بەربەستەکانی مرۆڤی ئازاد داناوە . شیعر خۆی لە خۆیدا دژی شێوازی قسە کردنە واتە لە ڕەوتێکی ئاسایی بەرەو شێوازێکی ڕەها لە ڕەوتێکی ئاسایی بۆ ڕەوتێکی جوانیناسانە. لە لایەنێکی دیکەوە شێعر تەنانەت بنەماکانی زمان و زمانەوانی و ڕێزمان تێکدەشکێنێت کە لە چوارچێوەیەکدا ئەم چەمکانە بە سەر زماندا زاڵە. دەتوانم بڵێم شێعر وەکوو شەڕڤانێکی سەربەخۆ دژی هەموو ڕێسا و قانوونی داسەپێنراو دەوەستێتەوە و دەستەمۆی هیچ دەسەڵاتێکدا نابێ. و بە سەر هەموو ئەو مانا و واقیعانەدا ڕێ دەکا و هەر دەم لە حاڵی تازەبوونەوە و نوێگەریدایە. زۆر جار دەست دەبا بۆ گۆڕانی ئەو بازنەیەدا کە لە ڕووی عادەت ، بیر و بڕوامان پی بووە و نەمانتوانیوە یا نەمانزانیوە دیلی ئەو چەمکە ماوین. لێرەدا دەبێ بڵێم شێعر دەست بۆ کاولکاری مرۆڤ نابات کاولکاری کە لە شێعرەوە ڕوو دەدا بیر و بڕوای هەڵە و بە دیل کردنی مرۆڤە کە دەست بۆ ڕۆخانی دەبات.

ئەمانە ئامانج و ڕێکاری شێعرە.
بەڵام وەکوو هەر دیاردەیەکی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی کە بمانهەوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت چینی لە پەراوێز نراو وەکوو ژنان لێکدانەوەیەکێ بۆ بکەین کە ژن لە دەقەکاندا چۆن سەیر کراوە کە لە کۆمەڵگای هەر سەردەمێکدا بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا جیاوازی هەیە ؛ و پیاوسالاری ڕەگی لە هەر شتێکی کۆمەڵگای ئێمەدا داداوە کە باسەکە ئەدەبی کوردەواری بێ شوێن ئەندێشەی پیاوسالارانە زۆر زەقە. لە شێعرە کۆنەکاندا زیاتر بنەمای لە سەر ڕۆمانتیسمدایە و باسی خۆشویستن خاڵی گرینگی ئەم سەردەمەیە ژن وەکوو کاڵایەکی سیکسی دەردەکەوێ لە شێعرەکاندا کە لە لایان پیاوانەوە نووسراوە. واتە وەکوو کەرەستەیەک کە بە هۆی چەندین چەمکی جەستەیەوە پێناسە دەکرێ . ڕەنگە ئەم زمانە بە هۆی ڕەوت و هەل و مەرج و کات و ساتدا بگۆڕدرێت بەڵام ناوەڕووکەکە هەر لە سەر نیگای غەریزە جنسییەکەوە دانراوە.
دیارە کە عەشق و خۆشویستن لایەنێکی گرینگی مرۆڤایەتییە بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە ببێتە نیگایەک بەس لە غەریزەی سیکسییدا و لایەنی هزری و فیکری کاڵ بکاتەوە دیارە ئەدەبێکی لاوازە. ئەم دیاردەیە لە شێعری فولکلووردا زۆر زەق کراوەتەوە تا ئەو شوێنە کە لە گۆرانییەکانی سەردەمی کۆندا تا کوو ئێستایش هاتووە باس لە سەر کچێکی چواردەساڵە دەکرێ بۆ چێژ بردنی پیاو کە ئێستا لە سەردەمی ئێستادا دەربڕین و کردەوەی ئەو وتەیە تاوانە ، دەبێتە …. یا لە هەندی گۆرانی پیاوانەدا بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوە بچێ چەندین ژن دەهێنێ … شێعری فولکلۆر بە درێژایی مێژووی مرۆڤ لە دایک بووە و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤە . دیارە شێعری فولکلۆر لە سەردەمی کۆنەوە هەتاکوو ئێستا لە سەر زاری خەڵک لە سووڕاندایە و کە زۆربەیان هەستی پیاوان لە خۆی دەگرێ لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت ژن و خۆشویستنی کاڵایەکی جنسی کە مەمکی ژن بە لیمۆ و شەکرەسێو کۆڵمی هەناری و سمت و ڕانی بەفرین و … کە پڕن لە وشەی سیکسی لە شیکاری و هەڵچوون بە باڵای ژندا. ڕەنگە دەربڕینی کۆمەڵێک لەم وشە سیکسییانە بە لای کۆمەڵگاوە ئاسایی بێ بەڵام کاتێک دەگاتە ژنێکی نووسەر لە لایەن کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئایینەوە بێ شەرمییە ژنێک بەو شێوازە بنووسێت. ئەم کاردانەوە ، ڕەنگدانەوەی زۆر لە سەر شێعری ژناندا داناوە هەر لە کۆنەوە ئێمە دەبینین ژنە شاعێری کورد مەستوورە ئەردەڵان کاتێک باسی خۆشویستنی مێردەکەی دەکات زۆربەی ئەو ئاماژانە و دەستەواژانە کە بە کاری هێناوە زۆربەی لە تەشبیهات و هێمای پیاوانە کەڵکی وەرگرتووە ، کە باسی دڵداری دەکا هیچ وشەیەکی جنسییەتی لە دەقەکەیدا نادۆزرێتەوە. لە ئێستادا کە کەسەکان ئەو گۆرانی و شێعرە ئیروتیکانە بە چێژەوە گوێبیست دەبن و ڕەنگە ڕەخنە بێ بۆ فمێنیستەکان بەڵام بە لێکدانەوەی ئەم دەقگەلە و دەرخستنی مێژووی ئەوان من وا بیر دەکەمەوە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئووستورەکان و سەردەمی زۆر کۆنی دایکسالاری واتە سەردەمێک کە ژن واتە دایک بڕیاردەر بووە و کشت و کاڵ و بوارەکانی ژیان لە ژێر ڕکیفی ئەودا بووە ، کاتێک ئوستوورە و خوداکان ژن بوون ، و مرۆڤ تێکەڵی سروشت بووە و هەموو پێداویستییەکی لە سروشتەوە بە دەست هێناوە و وەکوو جوانیناسانە باسی مەمکی ژن بە پرتەقاڵ و لیمۆ کراوە کاتێک جەستەی بە بەفر شوبهاندووە ؛ کە واتە ئەمانە ڕەنگە سروودە ئایینییەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بێ کە وەکوو سەرچاوەی ژیان و بەردەوام بوونی نەسڵی مرۆڤ بەر ستایشی جەستەیی کەوتووە بەڵام ڕۆڵی جینسی و ئوبژیکتیوی ژن هاتە نێو کتێبەکان و دەقەکان و ئەم چەمکە لە سەردەمی ئێستادا کە ژن و پیاو هەنگاو بۆ یەکسانی کۆمەڵگا هەڵدەگرن و دەبێ چەمکی ئەندێشەیەکی ئازاد زەق بکرێتەوە ؛ ئەم ئەندێشە هەڵگری بچووک کردنەوە مرۆڤی ژندا جەستەی نەماوە واتە باوی نەماوە ، کە لە ئێستادا لە ڕووکەشێکی نوێیدا بەڵام هەر ناوەڕووکێکی کۆن بەردەوام بێ کە لە دەقە ئەدەبییەکاندا ژن وەکوو مەعشووقە و پیاو وەکوو عاشقێکی سووتاو سەیر بکردرێت و هەندێ جاریش ئەو ژنەی کە وەکوو ئوستوورە پیاهەڵوتنەوەیان کردووە دەبێتە کەسێکی بێ ئەمەگ و دەبێ بەردباران بکردرێت و شاربەدەر ، لە ڕاستییدا کە دەبوا قەڵەم قامکی لە سەر ئەندێشەیەکی ژنانە دابنێ ؛ داینەناوە . ئەمەیە کێشەکە…
شێعری ئێستا زۆر گۆڕانکاری بە پێی هەڵ و مەرج و ڕەوتی جیهان و کۆمەڵگاکاندا بە سەری هاتووە ، واتە ڕەوتی گۆڕانکاری فیکری و هزری لە هەر ناوچەیەکدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر هەر شتێکی باو لە ئەو ناوچەدا ، و لە کارتێگەری لە سەر ڕەوتی شێعر ؛ بزووتنەوەکانی وشیارییخوازییە لە سەر ڕێگا هەڵەکان کە مرۆڤ دوور دەکاتەوە لە پێشڤەچوون و داهاتووێیکی گەشاوە ؛ وەکوو هەر بزوتنەوەیەک ڕەنگیشە سەرکەوتوو نەبن بەڵام هەر ئەمانە وەکوو دەنگێکە بۆ وشیار کردنەوە چینەکانی کۆمەڵگا ، بەڵام بزووتنەوەکانێک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەکدا بۆ ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە ، وەکوو شۆڕشی ڕۆژئاوای کورد کە بۆ کەرامەتی مرۆڤ ژن و پیاو شکۆی مرۆڤایەتیان بە جیهان پیشان دا و دیارە ئەمە لە سەر ڕەوتی ژن لە شێعردا گۆڕانکاریەکی مەزنی خوڵقاندووە و ئەو پەیامەی بە ژنان دەدا کە ژن وەکوو مرۆڤێک بە دوای داخوازیە مروویانەی و ڕۆڵی واقعی خویدا هەنگاو هەڵبگرێ ڕەنگە ئەمە هێشتا سەرتای ڕێگا بێ بەڵام ژنی کورد ئاگادار بووتەوە و ژنی نووسەری کورد تێگەیشتووە بە وشە و شێعر و ڕوماندا بەرەنگاری کەرامەتی مروویی خۆیدا بێ و پیاوی نووسەریش بەو ڕاستییە گەیشتووە کە ژن بەشێکی گرینگ و گەورەی کۆمەڵگایە و دەبێ لە نووسیندا بە بیر و هزرێکی قووڵەوە لە ئەندێشە ی ژندا بنووسێ.
ژنی شاعیر لە دەقەکانیدا هەوڵ دەدا لە مرۆڤێک بدوێ پێویستی بەم هەموو زەنجیر و کۆت و بەندەوە نییە تا کوو ژنێکی فریشتەیی بێ لە چاوی پیاواندا تا کوو ژنێکی لە چاوی سیستەمی باوکسالاریدا ژنێکی بێدەنگ بێ ژنێکی ڕوماننووس حەول دەدا ژنان لە بنمیچ و چوارچێوەکان بهێنێتە دەرەوە و بەشداری بکات لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا ژنی نووسەر یا پیاوی نووسەر بە دوای کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز و دادپەروەردا دەبێ قەڵەمیان لە سووڕاندا بێت.

سنە
سوهەیلا مێهەمی




مرۆڤی سنووردار و مرۆڤی بێسنوور.. نوسینی: نەوزاد بەندی

لە ڕووی کەسایەتی و دەروونی و مرۆڤایەتی و کارلێککردن و کاردانەوە و هەڵوێست و گۆڕانکاریدا ، مرۆڤەکان ئەکرێن بە دوو بەشەوە :

یەکەم : مرۆڤی سنووردار : ئەم جۆرە لە مرۆڤ ، چەندین سنووری پۆڵایین لە چواردەوری بیر و بۆچوون و کولتوور و گوزەرانی خۆی دروست دەکات ، بە جۆرێک هیچ گۆڕانکاری و کارلێککردن و کارتێکردن و گۆڕانکارییەک قبوڵ ناکات ..خۆپەرستن هەتا سەر ئێسقان .. هیچ ڕەخنەیەک قبوڵ ناکەن ..هەوەس و ئارەزووەکانی کاری پێدەکەن و بڕیارەکانی پێدەدەن.. لە دۆخێکی چەقبەستوودا ئەژی ، حەز ناکات هیچ کەسێک ئاگاداری ئەو جیهانە نهێنیە سنوردارەی بێت . کاتێکیش بە حوکمی کار و فرمان چەند سەعاتێک تێکەڵاوی کۆمەڵگا ئەبێت ، ناچارە گوێ بگرێ و قسە بکات .. کە گوێ ئەگرێت ، بیر و بۆچوونە تازە و جیاوازەکان لە گوێچکەیەکییەوە ئەچنە ژوورێ و لە گوێچکەکەی تریەوە ئەڕۆنە دەرەوە ..چونکە چ قورەتە بیر و باوەڕی نوێ و گۆڕانکاریی سنوورەکانی چوار دەوری مێشکی ببڕن ..ئیتر هەر سەر ڕائەوەشێنێ و هەر بەڵێ بەڵێ ئەکات و ..خۆ ئەگەر بیر وبۆچوونەکان چواردەوری لێ بگرن ، نازانێ چی بکات ، یان ڕائەکات یان ئەیکا بە شەڕە جنێو ..
کە قسەیش ئەکات ، هەمووی درۆن ، چونکە نەخشە و بیر و بۆچوونەکانی خۆی زۆر لەلا بەنرخە و مەحاڵە بەشی خەڵکی لێ بدات ، هەروەها پێی تاوان و خیانەت و بێبازاڕییە ئەگەر نەخشەکانی خۆی بە خەڵک بڵێ ، لای وایە خەڵکەکە هەموو لاسایی ئەکەنەوە و ..ئیتر ئەم کاڵ ئەبێتەوە و ئیفلاس ئەکا ..
ئەم جۆرە کەسە سنووردارە ، بە هەموو جۆرێ ئەیەوێ بار و دۆخ نەگۆڕێ و بەردەوام بێ ، هەر بۆیە باکەی لە کوێوە بێ ، ئەو لەوێوە شەن ئەکا.. سیاسەت و بیر و باوڕ وەک ئایین لە باو باپیرانەوە بۆی دەمێنێتەوە و لێ لادانی کفری موتڵەقە .. گرنگ نییە کێ فەرمانڕەوای بێ ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە پارێزگاری لە سنوورە کەسێتیەکانی خۆی بکات و گۆڕانکاریی تێدا ڕوو نەدات و بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی وەک خۆی بمێننەوە ، هەر بۆیە زۆرینە چەپڵە لێبدەن ، ئەمیش چەپڵە لێدەدات .. زۆرینە نوێژ بکەن ، ئەمیش نوێژ ئەکا ..زۆرینە کفر بکەن ، ئەمیش کفر ئەکا ..زۆرینە کۆیلە بن ، ئەمیش کۆیلەیە .. چونکە بڕوای وایە زۆرینە باشترین زامنە بۆ هێشتنەوەی بلۆکی بارودۆخەکە وەک خۆی ، بەو جۆرە ئەم و سنوورەکانی و نەخشە و تایبەتمەندییەکانی ناگۆڕێن و ئەمێننەوە و تێک ناچن ..کار وکاسبی و داهاتەکانی تێک ناچن ..
بۆ نمونە چەندین خاوەن پیشە هەن، پەنجا ساڵی تەمەنیان لە پارە کۆکردنەوەدا بردۆتە سەر بە هەمان نەخشە و پلان ، کە نابێ وەک قورئان دەستکاری بکرێن ..یان وەک زۆرینەی ئاینداران ، کە لە قورئانێکی گەورە و گران ، تەنها چەند هەڵس و کەوت و مێژوویەکی ڕووکەش ، دووبارە ئەکەنەوە و ئەڵێنەوە ، ئەویش تەنها بە قسە . زۆرینەی قورئانیان بە تەواوەتیی وازلێهێناوە ، چونکە زۆرینەی قورئان هەوڵ و خەبات و گۆڕانکاریی و خۆنەویستی و فیداکاری و دژایەتی زوڵم و زۆرە .

دووەم : مرۆڤی بێ سنوور :
ئەم جۆری دووەمەی مرۆڤ ، هیچ ڕۆژێکی لە ڕۆژێکی تری ناچێت .. بەردەوام تینووی گەڕان و زانیاریی تازەیە .. گوێ دەگرێت ، ئەخوێنێتەوە ، ئەگەڕێت ، لێکدانەوەی بۆ ئەکات ، سەرکێشیی ئەکات ، شەونخونیی ئەکات ، ڕەخنە لە خۆی ئەگرێت ، خۆی بەراورد ئەکات بەوانی تر .. بەخۆیدا ئەچێتەوە .. گۆڕانکاریی ئەکات لە بۆچوونەکانیدا .. لە کار و کردەوەکانیدا .. لە جل و بەرگ و خواردن و سەردانەکانیدا ..ڕەخنە قبوڵ ئەکات ..باری سەرنجی ئەوانی تر بە هەند وەردەگرێت ..لە هاوڕێکانیدا .. لە کتێب و خوێندنەوە و نوسینەکانیدا .. لە هەموو جوڵە و گۆڕانکارییەکدا ، ئەمیش هەست و بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆی دەبێت ..خۆنەویستن ..
ئەم جۆرە کەسانە ، کۆمەڵگا نوێ ئەکەنەوە ، هەرچەندە لای زۆرینە بە گێرەشێوێن و سەرەڕۆ و هەرزەکار و هەمیشە کەپر سەوز و هەڵەشە و شتی تر پێناسە ئەکرێن و .. خەڵکێکی کەم گوێیان لێدەگرن ..گوێیشیان لێبگرن ، بە قسەیان ناکەن و گاڵتەیان بە عەقڵیان دێ ..چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا لە جۆری یەکەمن .
هنری مۆر کە کەسایەتیەکی بێ سنوور بوو ، هاوڕێی پاشای فلۆڕەنسا بوو ، بەڵام کە زوڵم و زۆری لە پاشا بینی ، پێی ووت تۆ کەسێکی زاڵمیت ..پاشا چونکە کەسێکی سنووردار بوو ، بڕیاری مەرگی بەسەردا سەپاند ، پێش ئەوەی سەری هنری مۆر بپەڕێنرێ ، شاژن چووە لای و پێیووت : پێویستە پەشیمان بیتەوە و داوای لێبوردن لە پاشا بکەیت ، چونکە خەسارەتێکی گەورەیە بیریارێکی وەک تۆ بکوژرێت ..
بێگومان هنری مۆر بەقسەی شاژنی نەکرد و چووە ڕیزی شەهیدانی ڕێبازی مرۆڤایەتیەوە ..
نوسەرێکی وەک نیکۆس کازانتزاکی سەرەتا قەشە بوو ، عەقڵیەتی گۆڕا بۆ کۆمۆنیست .. پاشان وازی له کۆمۆنیستیش هێنا ..
ئیحسان تەبەری کە سەرۆکی حیزبی تودەی کۆمۆنیستیی ئێران بوو ، کتێبەکانی لە هەموو دنیای کۆمۆنیستدا ، وەک وانە و سەرچاوەی بیری سۆسیالیست تا ئێستایش ئەخوێنرێن وپشتیان پێ ئەبەسترێت ، لە ناکاو ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند .. دەق وەکو ڕۆجێ گارودی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسا ، کە ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند ..
فرانتز فانۆن ، پزیشکی دەروونیی فەڕەنسیی سوپای داگیرکەری فەڕەنسا بوو لە جەزائیر ، کە زوڵم و زۆری فەڕەنسای بینی لەو ووڵاتەدا ، یاخی بوو ، چووە ڕیزی بەرگریی جەزائیرەوە و بووە نووسەری بەرگری لە دژی کۆڵۆنیالیست .
لای خۆیشمان نمونەی لەو جۆرە کەسە بێسنوورانەمان هەن ، کە وەک حەزرەتی ئیبراهیم پێغەمبەر دروودی خوای لێبێ ، بتەکانی شکاند و .. سنوورەکانی بۆ خەڵکی شکاند ، بەڵام باڵندە کۆیلەکانی ناو قەفەز ئازادیشیان بکەیت ، خۆیان قەفەز بۆ خۆیان دروست دەکەنەوە …بەڵام ناوی ئەو جۆره کەسانە ناهێنین ، چونکە لای خۆمان ئەوەندە عەقڵی سنووردار زۆرە ، نوسینەکەمان ئەدرێتە بەر قسە و تانە و تەشەر وجنێو ، کە من بۆ خۆم حەزم بەو دۆخە نییە و حەز ئەکەم ئەتەگێتی دەیالۆگ تا ئەوپەڕیی پارێزراو بێ .
کێشەیەکی گەورەیش لێرەدا و بە تایبەتی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ئەوەیە کاتێ کەسێکی بێ سنوور ئەگاتە جێگە و پێگەی دەسەڵات ، لە جیاتی بانگەشەی بێسنووریی عەقڵیی کۆمەڵگا بکات ، کۆمەڵگا و عەقڵی کۆمەڵگا سنووردار ئەکات و ..مرۆڤە بێسنوورەکان بە هەموو جۆرێ لە ناوەندەکانی بڕیار دوور دەخاتەوە ..و تەنانەت سزایان دەدا و ڕاوەدوویان دەنێت ، بە مەبەستی مانەوەی ساڵێ دوو ساڵ زیاتری خۆی لە نازونیعمەت و سەڵتەنەتی دەسەڵاتدا ، بێباک لەوەی مێژوو لە ڕیسایکلینەکانیدا ناوی تۆمار ئەکات .
یان بیریاری بێسنوور هەیە ، لە کۆمەڵگادا بانگەشەی بێسنووریی ئەکات ، کەچی لەناو خێزانەکەی خۆیدا دژی هەموو بێسنووری و کرانەوە و گۆڕانکارییەکە …




بەدەم سەفەری شارانەوە*.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

پاریس
بە شانزێ ئەلیزێ دا ئەڕۆیشتم
ژێر هەموو هەنگاوەکانم تەڕ بوون!
شیعرێکی رووخۆشی “ئاراگۆن”م بینی
وەک باران ئەباری

جنێف
لە سیمای هەر کاتژمێرێک ورد ئەبوومەوە
جان جاک رۆسۆ
بە رێزەوە سڵاوی لێ ئەکردم
وام ئەزانی دڵی ئەوە
لە جەستەی زەمەندا لێ ئەدات

دیمەشق
لەسەری هەر کوچەیەکدا
پۆلێک لە پیاوانی پۆلیس و
ژنانی لەشفرۆش وەستابوون
“ئەدۆنیس”م بینی
بە خۆی و دەفتەرێکی رەساسی شیعرەوە
سەر بەرەو ژوور هەڵدەهات

ئیستامبۆڵ
گۆرانییەکی ئەحمەد کایا و
شیعرێکی “نازم حیکمەت”م بینی
هەردووکیان ببوونە
دەستە خوشکی ناو زیندان
ئۆرهان پاموک
پرچی هەردووکیانی دائەهێنا

بەرلین
ئاگام لێ بوو نیوە شەوێک
برێخت لەسەر مێزێکی سوورباو
نامەیەکی بۆ مارکس ئەنووسی
لە نامەکەدا نوسیبووی
هاوڕێ ناکامەکەم
تارماییەکەت هێشتا
ئاسمانی ئەوروپای دانەپۆشیوە

تاران
بە بەرچاوی سوهرابەوە
ئاوەکان لێڵ لێڵ کران
شاملۆ شیعری بیر چوو بووەوە و
لەسەر خیابانەکان
دەرۆزەی ئەکرد بۆ لەتێک نان

بەغداد
لە ئەبونەواس، جەواهیری
بە گوێی “رەسافی”دا ئەچرپاند
ئیدی بۆ لەمەولا ئەبێت
شیعرەکانمان عەمامە لەسەر بکەن
هادی عەلەوی
لەولاوە دایە پڕمەی گریان

رۆما
مێژوویەکم بینی
پەیکەر ئەیگێڕایەوە
فڵچەکەی “داڤینشی”یش
سڵاوی لە موسافیرەکان ئەکرد
لە نازی هەر کچێکدا
خەندەیەکی مۆنالیزایی ئەدرەوشایەوە

ئەمستردام
سندووقێکی پرتەقاڵیم دۆزییەوە
گوێیە بڕاوەکانی ڤان کوخی تیا بوو
لەگەڵ نامەیەکی پڕ فرمێسک
بۆ تیۆی برای

کۆڵن
نیتچە لە کەنار رووباری راین
گوێی لە موزیکی ڤاگنەر ئەگرت
بەدەم جگەرەکێشانەوە ئەیووت
“تف بە ئاڕاستەی بادا مەکەن” -1-
ئینجا بردیان بۆ شێتخانە

کۆپنهاگن
“نیلس هاو”م بینی
بە بەلەم ئەپەڕییەوە بۆ مالمۆ
گوێم لێ بوو
شیعری بۆ دەریا ئەخوێندەوە و
بە ماسییەکانی ئەوت
“شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە” -2-

ستۆکهۆڵم
ستریندبێرگ خەریکی
نووسینی شانۆنامە بوو
جانتایەکی بەدەستەوە بوو
بەرەو پاریس خۆی کۆکردبووەوە
لەوێ کەوتە دۆزەخەوە -3-

قاهیرە
میقداد بەدرخان
لە مۆزەخانەکاندا بەدوای خۆیدا ئەگەڕا
تەنیا هەر ئەو بەشەی لە خۆی دەست کەوتەوە
کە ناوی رۆژنامەی کوردستان بوو

نیویۆرک
هێشتا رێم نەکەوتۆتە ئەوێ
ئەگەر کاتم هەبوو بچم
لە تەنیشت پەیکەری ئازادییەوە
پەڕۆیەکی سپی
بۆ ئابڕووی ئەمەریکا هەڵدەکەم

هەولێر
دێوانەیەکم بینی لای مەچکۆوە
پێموابوو سوکراتە و رێی بزر کردووە
وەختێک لێی چوومە پێشەوە
وتم ئەو شێتە جوانەم دیوە
وا بزانم ناوی فەرهاد پیرباڵە

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

17-9-2017

*باس لەو شارانەیە کە رۆژێک لە رۆژان رێم تێیان کەوتووە، جگە لە نیویۆرک کە هێشتا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆی بچم.

پەڕاوێز:
1- ئەو دێرەی ناوی کەوانەکە وتەی نیتچە خۆیەتی.
2- ناونیشانی کتێبێکی شاعیری دانیمارکی نیلس هاوە.
3- ستریندبێرگ رۆژانی ژیانی لە پاریس بە دۆزەخ پێناسە کردووە، کە دواتر لە توێی رۆمانێکدا هەر بە ناوی “دۆزەخ” ئەو رۆژانەی یادداشت کرد.




شه‌هیدی نه‌مر به‌كر حاجی ئه‌حمه‌د نه‌مه‌ڵی.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

به‌كر رۆڵه‌یه‌كی به‌ ئه‌مه‌كی خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بوو له‌ ساڵی 1958 ی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ گه‌ڵ باوكی و ‌خێزانه‌كه‌یان روویان له‌‌ ده‌ربه‌ندیخان كردو، له‌وێ نیشته‌جی بوون و دوكانێكیان كرده‌وه‌و له‌و ساڵانه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوه‌كانی حزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ ده‌كات.
هاورێ به‌كر مرڤێكی رووخۆش و وریاو چالاك و له‌ سه‌رخۆو، ئازاو دڵسۆزو ماندونه‌ناس بوو، له‌ پاش كوده‌تا شوومه‌كه‌ی 8 ی شوباتی 1963 له‌ وه‌رزی به‌فرو باراندا له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هاورێیان روو ده‌كه‌نه‌ كه‌ژوكێوی ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و خانه‌قین و، هاورێ به‌كری كرێكارو زه‌حمه‌تكێش دڵپاك وبێگه‌رد له‌ وه‌رزی گوڵاڵه‌ سوره‌دا له‌ بنكه‌ی شاخی به‌موی سه‌ركه‌ش هه‌ڵده‌گرسێته‌وه‌.
له نه‌ورۆزدا كوردان هه‌لپه‌ركی وشایی و ره‌شبه‌ڵه‌ك ساز ده‌كه‌ن كه‌چی ناحه‌زان وداخ له‌ دڵان و دوژمنانی شیوعییه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن له‌ مانگی ئازاری 1963 دا دوژمنان و داڵه‌ ره‌شه‌كانی ناو پارتی دیمو‌كراتی كوردستان بۆسه‌یان بۆ ئێوه‌ی مه‌زن و تێكۆشه‌ر داناو، شه‌ره‌كیان دروستكرد، ئه‌وان چه‌كدارو، تۆو هاوریكانت بێ چه‌ك و، ژماره‌یه‌كتان شه‌هید بوون و، ئه‌وه‌ش ده‌ستگیركرا كوشتیان و شه‌هیدیان كردو ئه‌وه‌ی هه‌ڵهات و نه‌گیرا كه‌وته‌ ناو روباری سیروان و ته‌قه‌ی لێكرا و خنكاو شه‌هید بوو.
به‌ڵی، ئه‌ی شه‌هیدی نه‌مر ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌ له‌ ماروچن رویدا تاوانێكی گه‌وره‌ بوو هیچ جیاوازییه‌كی له‌ نێوان جه‌للاده‌كانی 8 شوباتی ره‌ش و داڵه‌ ره‌شه‌كانی به‌ناو كوردایه‌تی نه‌هێشت ، ئه‌و كرده‌وه‌ قیزوه‌نه‌ په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه‌ به‌ ناو چاوانی ئه‌و تاقمه‌ دێزه‌ كه‌ دیله‌كانیان گولله‌باران كردو، رووره‌شی بۆ بكوژانی شیوعییه‌كان له‌ بناری شاخی خۆشك و زمناكۆ.
له‌مرۆدا مارۆچن بووه‌ته‌ گۆرستانی شه‌هیدانی شیوعی.
نه‌مری بۆ شه‌هید به‌كر حاجی ئه‌حمه‌د نه‌مه‌ڵی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی حزبی شیوعی.
شایانی باسه‌ غنی برای له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان وئیستخباراتی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حوسه‌ین و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی بێ سه‌روشوێنه‌و تا ئێستا نازنرێت چۆن شه‌هید كراوه‌.
مردن بۆ دۆژمنانی شیوعییه‌ت.
له‌ گۆڤاری هه‌ندین ژماره‌ 5 ساڵی 1999 وه‌رگیراوه‌.
13/2/2022
.




دوێنێ و ئەمڕۆ.. فاخر عالی خانئاودەلی

دوێنێ دەگوترا:
جادە چۆڵ و سێبەر بوو کاتی بەیانی، بەیانی
ئەمڕۆ دەگوترێ:
!نیشتمان چۆڵ و بێ بەر بوو کاتی پەناهی، پەناهی

دوێنێ دەگوترا:
“خوا”یە وەتەن ئاوا کەی
ئەمڕۆ دەگوترێ:
“خوا”یە وەتەن بێ شنگ و قاتوقڕ کەی

دوێنێ دەگوترا:
بۆ کوێ دەڕۆی؟ داروبەردی ئەم وڵاتە پێشمەرگەیە
ئێستا دەگوترێ:
بۆ کوێ دەڕۆی؟ داروبەردی ئەم وڵاتە پڕ لە مۆرانەیە

دوێنی دەگوترا:
لە خەو ڕابن، خەو زەرەرتانە
ئێستا دەگوترێ:
بنوون بێ جێ، بمرن بێ خاک، ڕابن خەو ڕاوەبازە

د دەمێ بۆریدا دێ هات گۆتن:
نەگری دایێ نەگری، نە بێژە ڕۆژا مە کانێ؟
لێ نها دبێژن:
بگری دایێ بگری، ڕۆژا مە هات، لێ ئەم چووینە فەنایێ!…

فاخر عالی خانئاودەلی




واقیع, سیمبوڵا, پاڕادۆكس له‌ چیرۆكه‌كانی(سه‌دره‌دین عارف)دا.. ئه‌دیب نادر

پێموابێ‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ یه‌كێك له‌ ژماره‌كانی گۆڤاری”ئه‌لسه‌قافه‌”, كه‌ دكتۆر سه‌ڵاح خاڵس سه‌رنووسه‌ری بوو, ناوی(سه‌دره‌دین عارف)م به‌رچاو كه‌وت. دیاره‌ ئه‌و كات سه‌رپێییانه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌یم ڕوانیی و نایشزانم بۆ؟ یان با به‌شێوه‌یه‌كی ڕاستتر بڵێم ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ پتر خاوه‌نی هه‌ستێكی شیعرییانه‌ی تاقانه‌ بووم و سه‌رله‌به‌ری مه‌یل و خولیای من ئه‌و ژانره‌ به‌لای خۆیدا په‌لكێشی ده‌كرد و له‌ دنیاكه‌مدا ببووه‌ چه‌ق و خوێندنه‌وه‌ و موتاڵاشم دیاریكراو و سنوورداربوو, به‌و هۆیه‌وه‌ زانینی به‌های ده‌قی ئه‌ده‌بییشم له‌ ئاستێكی ئه‌وتۆدا نه‌بوو, به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ بۆ تیژكردنی له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ پێداویستییم به‌ گومان, یاخود سه‌رسامیی هه‌بوو تاكو له‌به‌رده‌م مه‌عریفه‌ ڕێگام بۆ واڵا بكه‌نه‌وه‌ و هاوكات”بۆرخێس”گوته‌نی, پێ‌ گه‌یشتنیشی پووچه‌ڵبكه‌نه‌وه‌, چونكه‌ پێگه‌یشتنی بێچه‌ندوچوون دیاریكردنی كۆتاییه‌تی. ئیدی دابڕانێكی زه‌مه‌نیی دوورودرێژ كه‌وته‌ نێوانی من و ئه‌م نووسه‌ره‌ تا ئه‌و كاته‌ی”سابیر ڕه‌شید”چیرۆكه‌كانی كۆكرده‌وه‌ و له‌ نامیلكه‌یه‌كی قشتیله‌دا له‌ پاڵا هه‌ندێ‌ زانیاریی له‌سه‌ر ناوبراو و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی خۆیدا بڵاوی كردنه‌وه‌, كه‌ بێشك ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ جێگای ده‌ستخۆشیی و ستایشه‌ كه‌ زاتێكی له‌خۆبوردوو ئاوا قۆڵی لێ‌ هه‌ڵماڵێت و جیددییانه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بێت ئه‌رشیفاندن بۆ چیرۆكی هونه‌ری كوردی و پێشه‌نگه‌كانی بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تی ئه‌ده‌بییش خاوه‌نی به‌های مه‌عنه‌وییه‌ وكارلێك له‌ نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا دێنێته‌كایه‌وه‌, ئیتر مه‌راقی ئه‌م نووسینه‌ له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌مدا سه‌ریهه‌ڵدا و بوو به‌ پڕۆژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی به‌دیهاتن, یان له‌دایكبوون بێت, هه‌روه‌كو”ستانلی فیش”یش ده‌ڵێ‌: ته‌نها ڕه‌خنه‌كار به‌رپرسیاره‌ له‌ كێشكردنی- بێگومان ده‌قی ڕه‌خنه‌- بۆ ناو بوون, چونكه‌ به‌ بێ‌ خوێندنه‌وه‌, كه‌ ڕه‌هه‌ندێكی گرنگ و پێویستی هه‌موو تێكستێكه‌, به‌ بۆچوونی(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا), ده‌ق به‌رهه‌م نایه‌ته‌وه‌, واته‌ بوونی نابێت.

ئه‌گه‌رچی له‌ داهێناندا”ئه‌دۆنیس” وته‌نی مرۆڤ پڕۆژه‌یه‌كه‌ به‌ركه‌ماڵا به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ‌, دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نووسین نه‌كه‌وتووه‌ و به‌رده‌وامه‌. به‌رباسدانی ئه‌زموونی نوووسه‌رێكیش- له‌ڕاستییدا پڕۆژه‌یه‌كی بنبه‌سته‌, یانی ته‌واو بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌ دنیای نووسین كێشاوه‌ته‌وه‌- له‌ هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ كارێكی تاڕاده‌یه‌ك سه‌خت و دژواره‌, به‌ڵام له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی وادا ده‌شێ‌ لایه‌نێك, یا چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و ئه‌زموونه‌ ڕووناكیی بخرێته‌سه‌ر و هه‌وڵی تێڕامانی بدرێت و به‌ كۆششێك له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت بۆ خستنه‌ڕووی هه‌ندێ‌ پاڕادۆكسی ناو ده‌قه‌كانی و ده‌رخستنی ناتۆكمه‌یی گرێچن له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیاندا و هه‌ندێ‌ لایه‌نی دیكه‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاخۆ توانیووێتی واقیع له‌ زانیارییه‌كانی دانه‌ماڵێت و په‌رده‌پۆشی نه‌كات, كه‌ ئه‌مه‌یش به‌وه‌ دێته‌دی تێكسته‌كان له‌ كۆنتێكستی خۆیان ده‌ربهێرێن تاكو بشێ‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌ی ڕه‌خنه‌یی لێوه‌ بێته‌دی..خوێندنه‌وه‌یه‌ك ڕابردوومان بێهێته‌وه‌ یاد و نه‌هێڵێت له‌بیری بكه‌ین, ئه‌گینا, جۆرج سانتایانا گوته‌نی مه‌حكووم ده‌بین به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی, چونكه‌ ده‌ق به‌ پێی كاتی جیاواز و كۆنتێكستی جیاواز ده‌گۆڕێت و دیاره‌ ئه‌وه‌ی ده‌یگۆڕێتیش خوێندنه‌وه‌یه‌.

ڕاسته‌(سه‌دره‌دین عارف)چیرۆكی زۆری نه‌نووسیووه‌, ئه‌وه‌ی نووسیوێتیشی, وێڕای به‌ها مێژووییه‌كه‌ی, به‌هایه‌كی هونه‌رییانه‌ و ئیستێتیكییانه‌یش هه‌ڵده‌گرێت. چونكه‌ به‌ر له‌ زۆرێك له‌ كاراكته‌ره‌كانی ناو دنیای ئه‌ده‌به‌كه‌مان دركی به‌ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی كردووه‌ و زانیووێتی ته‌كنیكی ترادیسیۆنیی و شێوازه‌ فۆلكلۆریی و ته‌قلیدییه‌كانی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌مان چیدی پێیانناكرێت گوزاره‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ تازه‌كانی بكه‌ن كه‌ له‌ گۆڕانێكی بێلێبڕدان, بۆیه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر ته‌كنیكه‌ تازه‌كان, كه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئایدیای ئه‌وه‌ له‌ ئاوه‌زی وه‌رگر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاگامه‌ندانه‌ و شاره‌زایانه‌, به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌ نووسه‌ره‌كانی سه‌روبه‌نده‌كه‌ی ته‌كنیكه‌ مۆدێرنه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی به‌كاربردووه‌, هه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك و كه‌سی سێیه‌می تاك و جێگۆڕكێی سه‌ره‌تا و كۆتایی, مۆنتاجی كات و شوێن و فلاشباك و مۆنۆڵۆگ و دایه‌ڵۆگ و ته‌داعی و مۆنتاج و گرته‌ی سینه‌مایی و داهێنانی ده‌ق به‌ دیمه‌ن و…تاد, ده‌كرێ‌ بوترێ‌ مه‌عریفه‌ی ته‌واوی له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بووه‌ و زانیوێتی كه‌ی و له‌ چ بارێكدا به‌كاریان ده‌بات و به‌كه‌ڵكی چ نیازێك دێن.

بێگومان له‌ ڕێگای ده‌قه‌كانییه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ ئه‌و ئاسۆ چه‌قبه‌ستووه‌ تێپه‌ڕێنێ‌ كه‌ چیرۆكی كوردی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ تێیدا گیری خواردووه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌زموونێكی ڕه‌سه‌نیش بووه‌ تێیپه‌ڕاندووه‌. له‌ڕاستییدا خاوه‌نی ئه‌زموونێك بووه‌ سنووری مه‌ئلووفی تێپه‌ڕاندووه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”ده‌ڵێت, بۆیه‌ كاریگه‌ریی به‌دوای خۆیدا جێهێشتووه‌ و نووسه‌ران و ئه‌زموونه‌كانی تری والێكردووه‌ بكه‌ونه‌ ژێر كاركرده‌ قووڵه‌كه‌ی, چونكه‌ به‌و گوێره‌یه‌ی دید و دنیابینیی جیاوازی هه‌بووه‌ توانیووێتی شه‌قڵا به‌ ئه‌ده‌بێكی جیاواز ببه‌خشێت و به‌رهه‌می بهێنێت و ڕه‌هه‌نده‌كان و ناوه‌ڕۆكه‌كانی چیرۆك له‌ زمانێكی بێ‌ زیادوكه‌م چڕ بكاته‌وه‌ و ئاستی واقیعیی و ئاستی خودیی تێدا كۆبكاته‌وه‌, یانی خودێتییه‌كی بابه‌تییانه‌ی پێببه‌خشێ‌. جا بۆیه‌- بۆ ئه‌وكاته‌- خاوه‌نی ده‌قی جیاوازه‌ و ئاسۆیه‌كی جیاوازیشی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ و مه‌رگی چیرۆكی ترادیسیۆنیی ئێمه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ به‌وه‌ی بابه‌تییانه‌ پراكتیزه‌ی نووسینی كردووه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ جه‌وهه‌ری شته‌كانیش په‌رده‌ی له‌سه‌ر واقیع لابردووه‌ و ده‌قێكی به‌رهه‌مهێناوه‌ تێیدا به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت: ته‌نها پشت به‌ پێدراوه‌كانم مه‌به‌سته‌ و ئاگات له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قیش بێت, چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌میشه‌ هاوتای بابه‌تییانه‌ی ده‌قه‌ و ئه‌ده‌بیش بۆ ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بدات, ئاماژه‌ به‌ شتێك بدات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدایه‌. ئینجا یان بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی لێبگرێ‌, یاخود بۆ ئه‌وه‌ی بیگۆڕێت و پێشی بخات. زمانیش ئه‌گه‌رچی سێنته‌ری ده‌ق نییه‌ و له‌ڕاستییدا مانا سێنته‌رێتی و مانایش بابه‌ت و فیكر شه‌قڵی پێده‌به‌خشن, به‌گوێره‌ی”جاك دیریدا”یش بێت, ده‌ستاوێژی گوزارشت كردنه‌ ده‌رباره‌ی واقیعێك كه‌ بوونی هه‌یه‌, یانی واقیع به‌ر له‌ كاری ئه‌ده‌بی بوونی هه‌یه‌, هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ده‌ق, به‌ڵام به‌ گواستنه‌وه‌ نا, چونكه‌ گواستنه‌وه‌ی واقیع وه‌كو خۆی بۆ ناو ئه‌ده‌ب, هه‌روه‌كو “ڕینێ‌ ویلیك” بۆی چووه‌, جوانییه‌كی خراپ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش داهێنانه‌ و هه‌ر شتێكیش بگوازێته‌وه‌ ده‌بێ‌ دایبهێنێته‌وه‌ له‌ناو خۆیدا ئه‌گینا به‌ بێ‌ ئه‌مه‌ به‌ركه‌ماڵیی به‌خۆوه‌ نابینێ‌ و نابێته‌ جێگا بۆ ڕامان له‌ ژیان و دنیا پڕكێشمه‌كێشه‌كه‌ی..جگه‌ له‌وه‌ له‌ ڕێگای نووسینیشه‌وه‌ ئه‌وه‌مان پێڕاده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ مرۆڤ ناتوانێ‌ پێبه‌پێی دنیابینیی فیكریی خۆی یۆتۆپیای خۆی بنیاتبنێ‌, چونكه‌ مه‌حكوومه‌ به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی خۆی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ‌, بۆیه‌ هیچ سه‌ربه‌خۆ نییه‌ له‌ بڕیاردان و پراكتیزه‌كردنی ئه‌و شته‌ی ده‌یه‌وێت, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌ بابه‌تییه‌كان به‌سه‌ر تاكدا زاڵن و پێویسته‌ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ كاروباره‌كانی له‌ قاڵب بدات.

چیرۆك, دیاره‌ وه‌ك شیعر نییه‌, واقیع ناشارێته‌وه‌ و ده‌ریده‌خات, ئاشكرای ده‌كات, دنیامان پێشكه‌ش ده‌كات بۆیه‌ “میشال بۆتۆر”وته‌نی یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ی دركی حه‌قیقه‌تی پێده‌كه‌ین, گێڕانه‌وه‌شی- كه‌ به‌های مه‌عریفیی و دواجار به‌های ئیستێتیكیی بنه‌مایه‌تی وه‌كو ئه‌وه‌ی”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”ده‌ڵێت- ئه‌و ئانه‌ ده‌بێته‌ كارێكی جیددیی كه‌ ئامڕازه‌ مه‌عریفییه‌كانی پێگه‌یشتبن, كه‌ ئه‌مانه‌یش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بریتین له‌ پێگه‌یشتنی ئه‌زموونی ژیانییانه‌ی نووسه‌ر له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ڕۆشنبیریی و ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانییه‌وه‌. كاری ئه‌ده‌بییش, هه‌روه‌كو”ده‌یڤد فۆرگاش”بۆی چووه‌ مه‌عریفه‌ سه‌باره‌ت به‌ دنیای ڕاسته‌قینه‌ پێشكه‌ش ده‌كات, ئه‌مه‌یش ده‌مانباته‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی هایدیگه‌ر كه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌ركی نووسه‌ر مه‌زراندنی هه‌قیقه‌ته‌- به‌ده‌ربڕینێكی تر ده‌رخستنی ڕاستیی بوونه‌- له‌ ده‌قه‌كانیدا. خوێنه‌ریش, به‌وه‌ی كه‌ دوا وێستگای ده‌قه‌, یان دوا ڕه‌گه‌زه‌ كه‌ ده‌چێته‌ ناو ده‌قه‌وه‌ و شه‌قڵی یه‌كجاره‌كیی پێده‌به‌خشێ‌, بۆی هه‌یه‌ بپرسێت: چیرۆك چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ژینگه‌ سه‌رده‌مییه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و چ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به‌و شوێنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تیایدا شه‌قڵا ده‌گرێت؟ ئایا دنیابینیی و دیدێكی ئه‌وتۆی تێدا ڕسكاوه‌ كۆمه‌كی ئه‌وه‌مان بكات دنیابینیی و دیدی خۆمان سه‌باره‌ت به‌ دنیاكه‌مان بڕسكێنین؟ نووسه‌ریش, چ پرسیارێك له‌ خۆی ده‌كات؟ ئایا ده‌ڵێ‌ من بۆ ده‌نووسم؟ ئایا جه‌خت له‌سه‌ر كامه‌ ڕاستیی ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێ‌ كام ڕاستییه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ببینێ‌؟ ده‌كرێ‌ زۆری تریش بخرێته‌ سه‌ر ئه‌م پرسیارانه‌, وه‌كو نووسه‌ر چ مه‌به‌ستێك ده‌پێكێ‌, ئاڕاسته‌ی چیمان ده‌كات, چ دیدێكمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ‌, چ پرسیارێك له‌به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌دا قوتده‌كاته‌وه‌؟ هی تریش كه‌ قه‌ت به‌ وه‌ڵامێكی ڕوون ئاووس نابن, ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیش ده‌داته‌وه‌ له‌ناو بڕگه‌كانی نووسینێكدا, هه‌ر ته‌نها هه‌وڵێك ده‌دات- پێبه‌پێی بیروباوه‌ڕ و ئه‌زموون و تێگه‌یشتنی خۆی- ڕووناكیی بخاته‌ سه‌ریان..ئه‌م هه‌وڵه‌ی خواره‌وه‌یش یه‌كێكه‌ له‌و جۆره‌, چونكه‌ هه‌ر داهێنه‌رێك كه‌ ده‌بێته‌ بابه‌تی خوێندنه‌وه‌مان ده‌یان پرسیارمان له‌ به‌رده‌مدا ئاماده‌ ده‌كات, ئیدی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێمه‌یش له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا چڕده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێداویستییمان به‌ كێ‌ هه‌یه‌ بۆمان بنووسێت, ده‌قه‌كانی ده‌بێ‌ چۆن بن و چی بن؟ ئاخۆ قبووڵا ده‌كه‌ین ده‌قه‌كانی كه‌متر بن له‌ هه‌ر هه‌موو دنیاكه‌مان؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر دنیاكه‌مان له‌ هۆش و ئاگاییماندا ئاماده‌ نه‌كات و ڕه‌هه‌نده‌ مرۆییه‌كانی تێدا نه‌بێت, ته‌واوی ئه‌و كۆژان و موعاناتانه‌ نه‌بێت كه‌ سنوورێك گه‌مارۆیان نادات و هه‌مان ئاسۆیشیان نییه‌, یانی هه‌مان ئاسۆ دنیاكانیان له‌گه‌ڵا هینه‌كه‌ی ئێمه‌دا پێكه‌وه‌ گرێنه‌دات ئه‌وا پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییه‌ كه‌ماڵا بگرێته‌خۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ داهێنان له‌ قه‌ڵه‌می بده‌ین.

ئه‌گه‌ر ئامانجه‌ له‌ پێشینه‌كانی ئه‌ده‌ب, وه‌كو ئه‌وه‌ی”چێرنیشیفیسكی”ده‌ڵێت, نواندنی واقیع بێت, واتا ئامانجی باشتركردن و جوانتركردنی نه‌بێ‌, به‌ڵكو ته‌نها پێشكه‌ش كردنه‌وه‌ و جێگاگرتنه‌وه‌ی بێت, ئه‌وا”میشال بۆتۆر” پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌ڵێت, ئه‌مه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ده‌ب به‌ ئامڕازێكی به‌جێ‌ و باش داده‌نێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی واقیع و گۆڕینیی..ئه‌مه‌یش دیاره‌ به‌ لاسایی كردنه‌وه‌ نایه‌ته‌دی, به‌ڵكو به‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی دێته‌دی, خوڵقاندنه‌وه‌ی له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌, كه‌ تاقه‌ ئامڕازێكه‌ ده‌توانێ‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیدا ببه‌ستێ‌ و بیخوڵقێنێته‌وه‌, چونكه‌ واقیع ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ زمان, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ئیلیزابێس ڕایت”ئاماژه‌ی پێده‌دات, ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌میشه‌یش پێش ده‌ق ده‌كه‌وێت و خۆی له‌سه‌ر ڕووداو بنیات ده‌نێت, ڕووداویش دیاره‌ واقیع له‌ بنیاتنانی به‌رپرسه‌ , ئه‌ركی نووسه‌ریش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خوڵقاندنه‌, خوڵقاندنه‌وه‌ی واقیعه‌ به‌ شێوه‌ جیاوازه‌كانی. زمانیش, ئه‌گه‌رچی هه‌ر كۆمه‌ڵێ‌ وشه‌ و گوزارشت و وێنه‌ نییه‌, ئه‌گه‌ر ڕای”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”له‌به‌رچاو بگرین, به‌ڵكو ئامڕازێكه‌ گوزارشت له‌ خودێكی پێگه‌یشتوو ده‌كات, زمانێك هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌و هه‌ڵچوون و داچوون و تێفكرین و هه‌ست و نه‌ستانه‌یه‌ كه‌ له‌ناو خوددا ده‌ڕسكێن و پێده‌گه‌ن, ئه‌گینا ناتوانێ‌ مانا دروست بكات هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی بونیادگه‌راكان ده‌ڵێن, چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابێ‌ ئه‌وا ده‌كرێ‌ بپرسین ئه‌ی كه‌واته‌ ڕۆڵی فیكر و خه‌یاڵا چییه‌ ئیتر؟ بێگومان ڕۆڵی فیكر و خه‌یاڵا و واقیعیش له‌ پڕۆژه‌كه‌ی(سه‌دره‌دین عارف)دا پۆزه‌تیڤن, چونكه‌ بۆ ئه‌و نووسین خۆی پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان ئه‌و سێ‌ چه‌مكه‌دا, له‌ نێوانی خودی نووسه‌ر و دنیادا, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوور ده‌زانێ‌ به‌ بێ‌ ده‌ستگیرۆیی خه‌یاڵا- بۆ نموونه‌- شتی تازه‌ ناخوڵقێ‌, چونكه‌ خه‌یاڵا, كۆڵیریدج وته‌نی, ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ ڕۆحی ڕاستیی ڕه‌ها ده‌كات, دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ فیكریش هه‌ر ڕاسته‌, بۆیه‌ فۆكه‌س له‌سه‌رێتی و دامه‌زراندنی بۆ ده‌كات, به‌ڵام له‌ شه‌قڵێكی جیاوازدا, بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لی تازه‌ ده‌ربخات و په‌یوه‌ندیی تازه‌یش كه‌شفبكات, وه‌كو ئه‌وه‌ی”میشال بۆتۆر”ده‌ڵێت, تاكو له‌ مانا نزیك بێته‌وه‌, یان دایبهێنێ‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانێ‌ پابه‌ندبوونێكی زیاتر به‌ شه‌قڵه‌وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ مانا, هه‌موو نووسینێكی دوور له‌ مانایش, نووسینێكی بێ‌ شێوازه‌ به‌و پێیه‌ی”ئه‌دۆنیس” ئاماژه‌ی پێداوه‌, وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی مانایش نایكات به‌ نووسینێكی داهێنه‌رانه‌ هه‌تا ماناكه‌ جیاواز نه‌بێت, چونكه‌ نووسین پڕۆسه‌ی خوڵقاندنی ناوه‌ڕۆكه‌ وه‌كو”ڕه‌یمۆند فیده‌رمان”بۆی چووه‌, نه‌ك سه‌رله‌نوێ‌ پێشكه‌شكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكێكی له‌ڕاستییدا ئاماده‌. ئه‌و ئه‌زموونه‌ی چیرۆكیش به‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌ پێشكه‌شمانی ده‌كات پێشتر له‌ واقیعدا به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ به‌دی نه‌هاتووه‌ كه‌ نووسه‌ر ده‌ریده‌خات, به‌ڵكو به‌ پڕۆسه‌ی شه‌قڵگرتنێكی تازه‌ ده‌ڕسكێت و ده‌كرێ‌ بڵێین گوزارشته‌ له‌ تاك, تاكێك كه‌ له‌ گۆڕاندایه‌, تاكێك پتر له‌ ناوه‌وه‌, نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌, په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆ, یانی ئه‌و تاكه‌ی له‌ ده‌قدا قه‌تیسی كردووه‌, له‌ڕاستییدا تاك نییه‌, یان منی تاك نییه‌, به‌ڵكو خودێكی بابه‌تییانه‌یه‌ و ته‌وزیفكراوه‌, چونكه‌(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا)ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئێمه‌ كاتێك له‌ باره‌ی كاراكته‌ره‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ و وێنای ده‌كه‌ین, ده‌یخوڵقێنین, واته‌ كه‌سێك دروست ده‌كه‌ین, فێری ئه‌وه‌ ده‌بین دانبه‌وه‌دا بنێین- كه‌سێتییه‌كه‌- سه‌ره‌نجام هه‌رگیز ناكرێ‌ تاك بێت, به‌ڵكو هه‌میشه‌ كۆیه‌, له‌ ناوه‌وه‌ ته‌ماشای گشت ده‌كات و هه‌رگیز ناتوانێ‌ لێی دابڕێت..ئه‌و گۆڕانه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌شی ده‌بێته‌وه‌, بێگومان به‌شێكه‌ له‌ گۆڕانێكی گه‌وره‌تر كه‌ گۆڕانی ده‌ره‌وه‌یه‌.

چیرۆك, وه‌كو وتمان واقیعێك ئاشكرا ده‌كات, كه‌ ده‌شێ‌ زۆربه‌مان ڕووكه‌شانه‌ ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵدا هه‌بێت, به‌ڵام ورده‌كاریی و نهێنیی و نادیارییه‌كانیمان لێ‌ هه‌ڵه‌ته‌ بێت, یاخود شاراوه‌ بێت و له‌ ڕێگای جه‌سته‌ی ده‌قه‌وه‌ پێمان بگات و پێی ئاشنابین. ئه‌و واقیعه‌ی ئاشكرایش ده‌بێت له‌ لایه‌ن ده‌قه‌وه‌ فه‌زای به‌رهه‌م پێكده‌هێنێت, لێ‌ قاڵبێكی هونه‌رییانه‌ ده‌یگرێته‌خۆ, ئه‌گینا به‌هایه‌كی فیكریی و ئیستێتیكیی نابێت. له‌ لای(سه‌دره‌دین عارف)یشدا, كه‌ هه‌ستێكی ڕاسته‌قینه‌ گوزاره‌ ده‌كات, واقیعێك پۆرترێتی فه‌زای تێكست ده‌كات. مه‌به‌ست واقیعی پێدراو نییه‌, به‌ڵكو واقیعی خوڵقاوه‌ كه‌ ئه‌میش له‌ واقیعی ڕاسته‌قینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ده‌توانین بڵێین واقیعێكی شیعریی نییه‌ خه‌یاڵا دروستی كردبێت, دنیای ده‌ره‌كییه‌ كه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ وێنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی لێوه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و به‌ فیلته‌رێكی داهێنه‌رانه‌دا تێیانده‌په‌ڕێنێت و ده‌یانكات به‌ ده‌قی هونه‌ریی. ده‌قی هونه‌رییش له‌ فه‌زاكه‌یدا مانا قه‌تیس ده‌بێت, مانایش, وه‌كو ئه‌وه‌ی”هێرش Hertch”ده‌ڵێت, تابیری لێناكرێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بێت ئاماژه‌ به‌ شتێك بدات, بۆیه‌ مانا سه‌رله‌به‌ر پابه‌نده‌ به‌ ئاماژه‌كردن به‌ واقیع, واقیعێك تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رزه‌مانێكی دیاریكراو- واته‌ كۆنتێكستێكی مێژوویی دیاریكراوی هه‌یه‌- كه‌ لێره‌دا واقیعی ڕابردوویه‌كه‌ بۆته‌ واقیعی هه‌نووكه‌ی ده‌ق, یانی دوو واقیع له‌ ده‌قدا بوونی هه‌یه‌, واقیعێكی ڕاسته‌وخۆ و یه‌كێكی ناڕاسته‌وخۆ, به‌ ده‌ربڕینێكی تر ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تییانه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌یش كه‌ خودییانه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌رگیره‌. فه‌زای ده‌قیش بێگومان بریتییه‌ له‌و شوێن و جێگایه‌ی كرده‌ی چیرۆكه‌كه‌ی تێدا دێته‌دی, یانی(شوێن+ كاراكته‌ر+ ڕووداو) ڕیتمی ڕێكوپێكی ده‌ق به‌رهه‌م ده‌هێنن. هه‌ر ته‌نها ئه‌مه‌یش نییه‌, به‌ڵكو چه‌مكێكی زۆر له‌مه‌ به‌ربڵاوتره‌ و ڕیتمی هاوسه‌نگیی ڕووداوه‌كه‌ و گۆشه‌نیگای پاڵه‌وانیش ده‌گرێته‌خۆی. بۆیه‌”دكتۆر سه‌میر ڕه‌وحیی فه‌یسه‌ڵا”وته‌نی فه‌زا چه‌مكێكی گه‌لێك گشتگیرتر و شموولیی تره‌ له‌ چه‌مكی شوێن كه‌ پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ پێكهاته‌كانی چیرۆك. بۆ شه‌قڵا به‌خشینیش به‌ فه‌زایه‌كی كامڵا و به‌ وه‌رگر گه‌یشتوو ده‌بێ‌ ئاسته‌ بونیادییه‌كان- هه‌ر له‌ ئاستی ده‌لالیی و زمانه‌وانیی و ڕیتمیی و ئیستێتیكیی- له‌ گونجان و هاوڕێكییه‌كی ئه‌وتۆدا بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌قێكی سه‌ركه‌وتوو بڕسكێت. بێگومان له‌م ده‌قه‌ سه‌ركه‌وتووه‌یشدا ده‌لاله‌ بونیاد ده‌نرێت, ده‌لاله‌یش یانی مه‌به‌ست, مه‌به‌ستی ده‌قیش یانی جیهانی ده‌ق, ده‌قی بێ‌ مه‌به‌ستیش دیاره‌ بوونی نییه‌, یانی ده‌ق و جیهان هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندییدان و بێ‌ یه‌ك هه‌ڵناكه‌ن و بوونیان نییه‌. به‌ڵام ئایا مه‌به‌ست له‌ شتێكی دیاریكراوی سنوورداردا, وه‌كو پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا, قه‌تیس و ئاوقه‌؟ یان له‌ شتێكی دیارینه‌كراوی سنوورداردا ڕه‌ها و به‌رهه‌ڵدایه‌؟ یانی مانا, داخۆ له‌ فۆرمێكی خۆجێییدایه‌, یاخود له‌ فۆرمێكی گه‌ردوونییدایه‌؟ یانی گوزارشت له‌ دنیابینیی و دیدێكی ڕووكه‌ش ده‌كات, یا یه‌كێكی قووڵا و گه‌ردوونیی و گشتگر؟ هه‌ندێ‌ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌كان ده‌ڵێن: مانای ده‌قێكی ئه‌ده‌بی زۆر به‌ ساده‌یی له‌ناو تێكستدا مه‌ڵاسه‌ و چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ره‌ بێت و ناسنامه‌كه‌ی دیاریبكات. بێگومان ئه‌مه‌ خاڵی نییه‌ له‌ڕاستیی, چونكه‌ غیابی مانا, وه‌كو ئه‌وه‌ی”جۆرج لۆكاش”ده‌ڵێ‌, ئه‌ده‌ب كورتده‌كاته‌وه‌ بۆ وه‌سفێكی ئاساییانه‌ی سرووشتیی. به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌یش بێچه‌ندوچوون له‌گه‌ڵا ئه‌و ڕایه‌دا نابین و ده‌ڵێین زه‌حمه‌ته‌ مانا ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قدا قه‌تیس بكرێت, چونكه‌ هه‌موو ده‌قێك ئاماژه‌گه‌لێكی فره‌ی تێدایه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆی..كه‌ زۆرجار به‌بێ‌ تێفكرین له‌و ئاماژانه‌ مانا له‌نگ ده‌بێت و ده‌ق هه‌ڵگری كه‌ماڵێكی مانایی نابێت. دیاره‌ ده‌ق به‌بێ‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێبه‌ریی ده‌بێ‌ له‌ هاوسه‌نگیی, هاوسه‌نگییش ده‌توانین بڵێین بۆ تێكست كه‌ماڵا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و بابه‌تانه‌بوونیش به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌به‌خشێت. بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌بێ‌, یان په‌نابه‌رینه‌ به‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه‌ دینامیكییانه‌یه‌ی خوێنه‌ر له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌توانێ‌ خۆی ئه‌و كرده‌یه‌ی ناو ده‌ق بخوڵقێنێ‌ كه‌ ته‌مومژ ده‌وره‌ی داوه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”ئیلیزابێس دیپڵا”باسی لێوه‌ كردووه‌, یان بۆ گریمانه‌كانمان هه‌نگاو بنێین, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی ته‌واو جیاوازدا كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌قگه‌لێك ئه‌نجام ده‌ده‌ین كه‌ بۆ سه‌رده‌مێكی تر نووسراون و كۆده‌كانیان ده‌شێ‌ له‌كرانه‌وه‌ نه‌یه‌ن, به‌ڵام به‌ پشت به‌ستن به‌و گریمانانه‌ ده‌كرێ‌ ده‌روویه‌كمان لێبكرێته‌وه‌ و له‌ بنبه‌سته‌كانیان ده‌ربازبین. یانی شته‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریی ده‌قه‌كه‌دان, واته‌ ده‌قه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕوودانی شته‌كان نووسراوه‌ و له‌ناویدا ڕووناده‌ن, یاخود ته‌نها سێبه‌ریان له‌ناو ده‌قدایه‌ و خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌یدان, با به‌ جۆرێكی دیكه‌ ئه‌مه‌ بڵێین, ڕووداوی به‌ئاشكرا نین و په‌رده‌پۆشن, واته‌ ڕووده‌ده‌ن, به‌ڵام له‌ شوێنێكی تر نه‌ك له‌ناو ده‌قدا. گێڕانه‌وه‌یش ڕووكه‌ش ڕه‌وتی خۆی ده‌گرێت و زانیارییه‌كی زۆر به‌ژێر لێوه‌وه‌ ده‌كات و ده‌یشارێته‌وه‌. ئا له‌م جۆره‌ ده‌قانه‌دا خوێنه‌ر پێویسته‌ زۆرترین گریمانه‌ بۆ نه‌ووتراوه‌كان, یان شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بكات, ئه‌مه‌یش كارێكی واده‌كات درزێك له‌ناو ده‌قدا دروست بێت, درزێك, پێویستی به‌ پڕكردنه‌وه‌ هه‌یه‌, ئه‌مه‌یش گریمانه‌ فه‌رز ده‌كات و كارێك ده‌كات خوێنه‌ر له‌ به‌خشینی كه‌ماڵا به‌ ده‌ق به‌شدار بێت. چونكه‌ ده‌ق پێویستی به‌ هاوسه‌نگیی هه‌یه‌ و هاوسه‌نگییش له‌م جۆره‌ بارودۆخانه‌دا ته‌نها خوێنه‌ر ده‌توانێ‌ به‌ تێكستی ببه‌خشێت. لێره‌یشدا ڕه‌نگه‌ له‌ بۆچوونی”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”ه‌وه‌ نزیكبین كه‌ پێی وایه‌ تێكست هه‌ندێ‌ كه‌لێن, یاخود بۆشایی به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ خوێنه‌ر ده‌بێ‌ هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌یان بدات. ئه‌مه‌یش واده‌كات هه‌وڵبدرێت مانای نه‌ووتراو لێكبدرێته‌وه‌. بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ زۆرجار ده‌ق ده‌كاته‌ شوێنێك و به‌ ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌وه‌ ڕێنمایی خوێنه‌ر ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێن و بۆشاییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌ووتراوه‌كان.
ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیش جۆرێك بێت له‌ مه‌عریفه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واقیع به‌رجه‌سته‌ ده‌كات, ئه‌وا”ده‌یمییه‌ن گرانت”وته‌نی, ڕوانینه‌ واقیع وه‌كو ئه‌و شته‌ وایه‌ كه‌ گه‌یشتن پێی پێویسته‌, دیاره‌ گه‌یشتن پێیشی پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌, چونكه‌ له‌ڕاستییدا واقیع به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌ و هه‌رگیز له‌ شه‌قڵێكی دیاریكراودا جێگیر نابێت و چه‌مك و ماناكه‌شی به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌ك شه‌قڵا و یه‌ك قاڵب ناگرنه‌ خۆیان. یانی سیفه‌ت و خه‌سڵه‌تێكی خودیی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش سرووشتێكی دیارینه‌كراوی پێده‌به‌خشێ‌. لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر واقیع هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندا بێت, ئایا له‌ لای(سه‌دره‌دین عارف): ده‌گۆڕێت, یاخود جێگیره‌ و ده‌بێ‌ هه‌تاهه‌تایه‌ تێیدا قه‌تیس بین؟ له‌ڕاستییدا ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كۆتایی ده‌قه‌كانی بكه‌ین, ئومێدی گۆڕانیان لێ‌ هه‌ڵده‌كڕێنین, بۆ نموونه‌ له‌(كوێره‌وه‌رییه‌كی ژیان)دا ده‌ڵێت: “هه‌موو شتێكم پێئه‌كرێ‌ و چی ئه‌بێ‌, با ببێ‌”, یان له‌(ڕازێك)دا, ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌یه‌كی وانییه‌, به‌ڵام تێكست به‌ ڕووی گۆڕاندا كراوه‌یه‌..(تاكه‌ی ئه‌مشه‌وه‌)یش به‌ هه‌مان شێوه‌ پرسیارێكه‌ سه‌ره‌نجام یه‌خه‌ی گۆڕانكاریی ده‌گرێت..له‌(ڕێبوار و ڕێگه‌)شدا ده‌ڵێت:”وادیاره‌ ئه‌بێ‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌!”وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌ست پێكردنه‌وه‌شی تێدایه‌, كه‌چی به‌ له‌به‌رچاو گرتنی چه‌مكه‌كه‌ی”هیراكلیتس”و ئه‌و باوه‌ڕه‌ی”نۆرسرۆپ فڕای”كه‌ ده‌ڵێت گۆڕان به‌رده‌وامه‌, ئه‌وا هه‌موو شتێك له‌ گۆڕاندایه‌ و جارێكی تریش سه‌ره‌تا هه‌رگیز هه‌مان سه‌ره‌تا نییه‌..له‌ (سێگۆشه‌ی باسێكی كۆن)یشدا ده‌ڵێ‌:”كاغه‌زه‌كه‌م تووڕهه‌ڵدایه‌ ناو جۆگه‌له‌یه‌كی ئاوه‌وه‌ و یه‌كسه‌ر كه‌وتمه‌ گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌یان..”ئه‌مانه‌ هێمان بۆ دۆخگۆڕینه‌كانی واقیع, وه‌لێ‌ ئایا یه‌ك واقیع بوونی هه‌یه‌, یان چه‌ندین واقیع له‌ئارادایه‌؟ بێگومان(سه‌دره‌دین عارف)بێئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ قسه‌ له‌سه‌ر بوونی واقیعی هه‌مه‌جۆر بكات ده‌قه‌كانی ده‌كاته‌ گۆڕه‌پانی سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌..و به‌ چه‌ندین شێوه‌ له‌ ڕووبه‌ری تێكسته‌كانیدا ڕووبه‌ڕووی واقیع ده‌بینه‌وه‌, ده‌مێك واقیع واقیعێكی هه‌سته‌كیی منداڵانه‌یه‌ وه‌ك له‌(باڵی شه‌وگار)دا, ده‌مێك واقیعێكی فیكریی پێگه‌یشتووه‌ وه‌ك له‌ (ڕازێك)دا, كه‌ بونیادێكی تۆكمه‌ی هه‌یه‌, ده‌مێكیش واقیعێكی خه‌یاڵییه‌ وه‌ك له‌(گه‌شتێك)دا, كه‌ فۆرمێكی ده‌ره‌كیی یه‌كگرتوو شكنابات, جگه‌ له‌مانه‌ واقیعی شوێن و كات و ڕابردوو و ئێستایش تێده‌په‌ڕێنێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ قووڵاییه‌كانی واقیعی ناوه‌وه‌, واقیعی خود.

كاری ئه‌ده‌بیی, به‌ پێی”میشال بۆتۆر”, ده‌بێ‌ ئاوێنه‌ی دۆخه‌ مرۆییه‌كه‌مان بێت و خۆمانی تێدا ببینینه‌وه‌, یان مه‌رجی سه‌ره‌كیی بایه‌خداربوونه‌كه‌ی ده‌بێ‌ ئه‌وه‌بێ‌ كه‌ خۆمانی تێدا بدۆزینه‌وه‌, كارفه‌رماكه‌شی هۆش و ئاگاییمان به‌رانبه‌ر به‌ شته‌كان بۆ بگێڕێته‌وه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”بۆی چووه‌, چونكه‌ سه‌ره‌نجام درككردن و به‌ئاگابوونمان- دیاره‌ له‌ شته‌كان- خۆی له‌ خۆیدا ئامانجێكی ئیستێتیكییه‌. بۆیه‌ ده‌توانێ‌ بیروباوه‌ڕ و تێفكرینمان بشڵه‌قێنێ‌ و بمانهه‌ژێنێت..و مه‌ودای ئه‌زموونه‌ مرۆییه‌كانمان پانوبه‌رینتر و به‌رفراوانتر بكات و فێری ئه‌وه‌مان بكات چۆن كه‌ڵك له‌ ئه‌قڵا و خه‌یاڵا وه‌ربگرین, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”كۆڵن ویڵسن”ئاماژه‌ی پێداوه‌. ئه‌وه‌تا له‌ ده‌قی (كوێره‌وه‌رییه‌كی ژیان)بێجگه‌ له‌ خه‌یاڵا..واقیع و هه‌موو شته‌كانی ناویشی- به‌ مرۆڤیشه‌وه‌- به‌شدارن له‌ داهێنانی. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت له‌ مه‌به‌ستێك پتر هه‌ڵناگرێت, یه‌ك لێكدانه‌وه‌ زیاتر نادات به‌ ده‌سته‌وه‌, چونكه‌ ڕه‌مز جێگای مانا ده‌گرێته‌وه‌ و ڕه‌مزه‌كانیش گه‌ردوونیی نین و ته‌نها پابه‌ندی یه‌ك شوێن و سه‌رده‌من- دیاره‌ لای ئێمه‌ شوێن هه‌مان شوێنه‌ و سه‌رده‌میش ده‌كشێ‌- بۆیه‌ خاوه‌نی هێزێكی ئه‌وتۆیه‌ ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ده‌توانێ‌ هزرێكی زۆر بدوێنێ‌. بیركردنه‌وه‌كانی (سه‌دره‌دین عارف)یش هێزی خۆیان له‌ واقیعه‌كه‌وه‌ وه‌رده‌گرن, واقیعی ئه‌و شوێنه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كات, له‌ڕاستییشدا بیركردنه‌وه‌ی ئێره‌ ئه‌بستراكت نییه‌ و ئاوێته‌ی شیعرییه‌تێكی ته‌ڕوبڕیش نییه‌, ڕاسته‌ ئه‌و سازشی له‌سه‌ر زمانی شیعریی كردووه‌, وه‌لێ‌ دیاره‌ ده‌ق له‌ وزه‌ی شیعریی سه‌رئاسا خاڵی نییه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ین ڕووبه‌ڕووی زمانێكی ترین, مه‌به‌ستم زمانێكه‌ له‌و زمانانه‌ی”جوولیا كریستیڤا”ده‌ڵێت شوێنه‌ بۆ ململانێ‌..زمانێك وێنه‌یه‌كی ته‌واوی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌نگه‌شه‌ئامێزه‌یه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ خۆمان و جیهاندا, وه‌كو ئه‌وه‌ی”میرلۆپۆنتێ‌”ئاماژه‌ی پێداوه‌. یانی دنیای بابه‌ت به‌ خود و دنیای خودیش به‌ بابه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ‌..و ده‌زانێ‌ زمانی گێڕانه‌وه‌ له‌ڕاستییدا گۆڕه‌پانێكه‌ بۆ ڕوودانی ڕووداوه‌كان, به‌تایبه‌تی ڕووداوه‌ هه‌سته‌كییه‌كان و گۆڕه‌پانی ئه‌وه‌ نییه‌ وشه‌ئارایی و ڕازاندنه‌وه‌ و ڕه‌وانبێژیی تێدا بێت و شته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ كه‌ ململانێ‌ و ڕووداوه‌ له‌ناویدا كاڵبووبێته‌وه‌, یاخود هه‌ر دیاریش نه‌بێت, وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی زۆرێك له‌ چیرۆك نووساندا ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌م چیرۆكه‌ و تاڕاده‌یه‌ك له‌وانی تریشدا ته‌كنیكی جیاواز ده‌هێنێته‌ ڕووبه‌ری ده‌قه‌وه‌, ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێ‌, یانی خستنه‌ قاڵبی هونه‌رییانه‌ی بابه‌تێك, یاخود به‌خشینی فۆرمێكی دانسقه‌ و جودا پێی, ئه‌ویش به‌ به‌كاربردنی لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ كاری ئه‌ده‌بییدا. لێره‌دا گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك له‌ ڕێگای مۆنۆڵۆگ و فلاشباك و مۆنتاجی كات و شوێن و مۆنتاج و گرته‌ی سینه‌مایی گێڕانه‌وه‌ ده‌خاته‌گه‌ڕ. سه‌ره‌تا جێگۆڕكێی له‌گه‌ڵا كۆتاییدا كردووه‌ و به‌شێكیشه‌ له‌ پڵۆتی ده‌قه‌كه‌- پڵۆتیش یانی چنین, كه‌ به‌ وته‌یه‌كی ساده‌ چنینی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و دیمه‌نه‌ پانۆڕامییه‌یه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ی لێ‌ پێكدێت و ئه‌رستۆیش به‌ ڕۆحی هونه‌ری چیرۆك له‌ قه‌ڵه‌می داوه‌ و ده‌ڵێ‌ ڕێكخستنی هه‌موو شتێكه‌(له‌و چوارچێوه‌یه‌دا) به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو- كه‌ بونیادێكی ساده‌ پێكی ده‌هێنێت و سیماكانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات, ده‌ره‌وه‌ی شته‌كان به‌دیار ده‌خات, واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا گێڕانه‌وه‌ بۆ شته‌كان ده‌كات- دیاره‌ به‌ نیازی به‌رجه‌سته‌كردنی واقیعه‌كه‌- له‌ ده‌ره‌وه‌ وێنه‌ی كاراكته‌رمان بۆ ده‌گرێت و هه‌ڵوێستی ناوه‌وه‌, یانی فیكر و هه‌ست و نه‌ست كاڵه‌ و بیركردنه‌وه‌ی پڕ به‌ پێستی ئه‌زموونه‌كه‌ی خۆیه‌تی. دنیایه‌ك له‌ ئاوه‌زیدایه‌, به‌ڵام ئه‌و دنیایه‌ نییه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌, چاوه‌ڕوانییه‌كانی ده‌شێوێنێ‌ و ئیدی كۆتاییه‌كه‌ی ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای نه‌خشه‌كێشانی دنیایه‌كی تر, چونكه‌ خودی ئه‌م كاراكته‌ره‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”جاك لاكان”بۆی ده‌چێت, بوونێكی نوێ‌ پێكده‌هێنێت, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆشێكی تازه‌ په‌یدا ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌یشدا گرنگه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ گیرۆده‌ی خه‌م و كه‌سه‌ر و نیگه‌رانییه‌ پێداگره‌كانی دنیا و شوێنێكی دیاریكراوه‌ و هه‌ر شتێكی به‌سه‌ر بێت, ته‌نیایه‌ و هاوسۆزی نییه‌, یان وه‌كو ئه‌وه‌ی”ویلیه‌م هازڵیت”ده‌ڵێت, جگه‌ له‌ خۆی و گه‌ردوون هیچ شتێكی تر نابینێت, بۆیه‌ ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ئه‌م ده‌قه‌ به‌دوای هاوسۆزییدا ده‌گه‌ڕێت, له‌وانه‌یه‌ تاقه‌ مه‌به‌ستی بێچه‌ندوچوون ده‌سته‌به‌ركردنی هاوسۆزیی بێت تا هه‌ست به‌و ته‌نیاییه‌ یه‌كجاره‌كییه‌ نه‌كات..(هه‌ر چییه‌ك ئه‌هات شانێكی لێئه‌دام..پاڵێكی توندی پێوه‌ نام..) ئه‌م تاكوته‌نیاییه‌ تا نزیكی كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و كه‌س هه‌ست به‌ كۆسته‌كه‌ی و كوێره‌وه‌رییه‌كه‌ی ناكات و ئیشی ناده‌نێ‌ و شانی لێده‌ده‌ن و پاڵی پێوه‌ ده‌نێن, ته‌نانه‌ت حه‌ماڵێكیش كه‌ دیمه‌نی ده‌ستپێك به‌رجه‌سته‌ ده‌كات, تێی ده‌خوڕێت..كه‌چی پێدراوی نزیك كۆتایییه‌كه‌ ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌(هه‌ر ئێمه‌ نین..خه‌ڵكێكی زۆری كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك دووچاری كوێره‌وه‌ریی بووه‌…) پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌م هه‌ست و درككردنه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌یگیر نییه‌؟ ته‌نها له‌به‌ر گرتنی”نه‌ژاد”ئه‌م هه‌ست و دركه‌ دێته‌ئاراوه‌ به‌بێئه‌وه‌ی پاساو بۆ ئه‌م گرتنه‌ هه‌بێت, یان كاراكته‌ر بیری لێبكاته‌وه‌ و بپرسێ‌ بۆ گیراوه‌- وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌شێكی كافكاییشمان به‌رچاو بخات و پێمان بڵێت هه‌موو كه‌سێك ده‌شێ‌ دووچاری هه‌مان قه‌ده‌ر بێت, چونكه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كافكا له‌ نامه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت, مرۆڤ, كه‌ له‌ نووسیندا ئیلهامبه‌خشی نووسه‌ره‌, له‌م سه‌روبه‌نده‌دا بێ‌ سیمایه‌ و ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ئه‌م ئه‌تمۆسفیره‌, ئه‌گه‌رچیش ده‌ڵێین كافكایی, به‌ڵام ئافه‌ریده‌ی خودی(سه‌دره‌دین عارف) خۆیه‌تی, كه‌ دیاره‌ له‌گه‌ڵا بارودۆخه‌كه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا گونجاندوویه‌تی- و هه‌موو شتێكیش بزانێت, ئایا شتێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و و كوڕه‌كانیدا هاتووه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌م گرتنه‌دا هه‌یه‌ یان نا؟ پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕاستییدا ئه‌م كاراكته‌ره‌ كێیه‌؟ كه‌ حه‌ماڵێك تێیده‌خوڕێت و كه‌س فه‌رمایشتێكی پێ‌ ڕه‌وا نابینێ‌ له‌به‌ر په‌ككه‌وته‌یی و خاوه‌ن ئۆتۆمبێلێكیش لێی تووڕه‌ ده‌بێ‌..تاد و به‌ر پێی خۆی نابینێ‌, كه‌چی كتوپڕ ده‌بێته‌ پاڵه‌وانێك و ده‌ڵێ‌: هه‌موو شتێكم پێ‌ ده‌كرێ‌…كه‌ نازانین ئه‌و هه‌موو شته‌ چییه‌ كه‌ پێی ده‌كرێ‌؟!

كه‌ دێینه‌ سه‌ر قفڵی ده‌قه‌كه‌یش, ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵا ناوه‌ڕۆكی مه‌تنه‌كه‌دا پاڕادۆكس دێنێته‌ كایه‌وه‌, پیاوێك(پیر و په‌ككه‌وته‌ كه‌س ئیشی ناداتێ‌) كوڕێكی كوژراوه‌ و كورێكی گیراوه‌, پیرێژنێك و دوو, یان سێ‌ كچی هه‌یه‌ و خێزان و منداڵه‌كانی كوڕه‌ گیراوه‌كه‌شی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و كه‌چی ده‌ڵێت:(هه‌موو شتێكم پێ‌ ئه‌كرێ‌ و چی ئه‌بێ‌, با ببێ‌)!! ئه‌م گوزارشته‌ زۆر ناڕوونه‌, یانی ده‌مه‌وێ‌ بپرسم چی ده‌كات؟ خه‌یاڵی له‌كاردا نییه‌ وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێ‌ و خه‌یاڵیش, به‌گوته‌ی”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”, توانای خوڵقاندنی ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی هه‌یه‌, تاقه‌ ئومێدێكی هه‌بوو- نه‌ژاد- ئه‌ویش نه‌ما, ئیدی ڕوو له‌ كوێ‌ ده‌كات, یان ڕوو له‌ چی ده‌كات؟ یاخود چی ده‌كاته‌ ئومێدێكی دیكه‌؟ كه‌ ئه‌و له‌به‌ر هیچ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مان و بێچاره‌بوون سه‌ری له‌ دێیه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ و ئه‌وه‌یش دۆخه‌كه‌یه‌تی له‌ شار..سه‌ركۆنه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌كات, یان چی؟!..
سه‌رباری ئه‌م قسانه‌ و وێڕای به‌كارهێنانی ته‌كنیكی تازه‌ی نووسینیش, كه‌چی (سه‌دره‌دین عارف)له‌ دابونه‌ریتی ترادیسیۆنیی ئه‌وه‌نده‌ لای نه‌داوه‌ و گوزاره‌ له‌ خۆشباوه‌ڕیی و سه‌رپێییانه‌ تێڕوانینی كاراكته‌ری ئێمه‌ و هه‌ست له‌ هه‌ڵچوونه‌وه‌ ڕسكاو ده‌كات و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چی له‌ناو تێفكرین و هه‌سته‌كانی كاراكته‌رێكی دیاریكراو ده‌گوزه‌رێت زانیارییمان پێشكه‌ش ناكات, كه‌ زانیاریش نه‌به‌خشێت وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌قیقه‌ت بشارێته‌وه‌, ئه‌مه‌یش له‌ گۆشه‌نیگای “ئه‌فلاتوون”دا سه‌ره‌نجامی باشی لێناكه‌وێته‌وه‌- بێگومان بۆ نووسه‌ر- و كۆماربه‌ده‌ر ده‌كرێت. گێڕه‌ره‌وه‌یش كه‌ كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌ لێره‌دا, ڕووانینی له‌ ناوه‌وه‌یه‌, خۆی به‌سه‌رهاته‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌, ئه‌م ته‌كنیكه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووانین نییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌, یانی گشتگیر نییه‌ بۆیه‌ پاڵه‌وان خاوه‌نی هه‌موو زانیارییه‌كان نییه‌ و زۆر شت به‌ بێ‌ ئاشكراكردن ماوه‌ته‌وه‌, یانی به‌شێكی گرنگی واقیعه‌كه‌ په‌رده‌پۆشه‌ و هه‌موو شتێك به‌ وه‌رگر ناگات و ده‌ق ده‌یانشارێته‌وه‌ و په‌رده‌یان به‌سه‌ردا ده‌دات.

له‌ چیرۆكی(ڕازیك)یشدا, ده‌ستبه‌رداری گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی و باو بووه‌ و له‌هه‌مان گۆشه‌نیگاكه‌ی پێشووه‌وه‌ و به‌ به‌كارهێنانی مۆنۆڵۆگ- كه‌ لێره‌دا لایه‌نه‌ زیره‌كانه‌ و ئه‌قڵانییه‌كه‌ی شه‌پۆلی هۆشه‌ ده‌ربڕینێكی ناوه‌كییانه‌ی ورد بۆ ئه‌زموونی كاراكته‌ر ده‌كات, چونكه‌ كرده‌ی ناو چیرۆك له‌ واقیعه‌وه‌ بۆ ناو ڕۆح ده‌گوازێته‌وه‌- و جگه‌ له‌وه‌یش فلاشباك و جێگۆڕكێی كات و شوێن ڕاسته‌وخۆ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و زمانیش دوور له‌ ته‌مومژی شیعریی هه‌وڵی گه‌یاندنی مانا و مه‌به‌ست ده‌دات, چونكه‌ گوزاره‌ له‌ خودێكی ئاخێوه‌ر ده‌كات و هاوبه‌شییه‌ك له‌ نێوانی ئاخێوه‌ر و وه‌رگردا ده‌هێنێته‌دی, یانی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش ده‌خه‌مڵێنێ‌ و به‌و شێوه‌یه‌یش تێگه‌یشتن له‌خۆ ده‌گرێت..مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌لای خوڵقاندنی مانادا بڕوات و سازش له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌ زمانه‌ بكات كه‌ جوانییه‌كی ده‌ره‌كیی ده‌گرێته‌خۆ و كه‌متر به‌ جوانییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ ئاووسه‌ كه‌ جوانیی ناوه‌كییه‌, واته‌ مانا.. لێره‌یشدا دیسان پیاوێكی به‌ساڵداچوو به‌دوای هاوسۆزییدا ده‌گه‌ڕێت, به‌ڵام له‌ كوێ‌ په‌یدای ده‌كات؟ دیمه‌نی گوند تاڵان و وێران كران لێره‌یشدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌, ڕه‌ز و باخ و بێستان و ماڵا ده‌سووتێنرێ‌, ناچار جێی ده‌هێڵێ‌ و به‌ره‌و شار بارگه‌ تێكده‌نێت, بێگومان له‌گه‌ڵا “قاله‌”ی كوڕیدا, چونكه‌ هیچ ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێكی تریان نییه‌ و ناتوانن ئاڕاسته‌كه‌یان بگۆڕن و به‌ره‌و ژوور بچن..ئیتر (له‌و ڕۆژه‌وه‌)كه‌ نازانین چه‌ند به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌دا تێپه‌ڕیووه‌, عه‌وداڵی دوای زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ و له‌ڕووی كه‌سدا به‌دی ناكات, وه‌ك بڵێی هه‌موو خه‌ڵك, یان هاوبه‌شی خه‌می ئه‌م بن, یاخود هه‌مان چه‌رمه‌سه‌ریی و نه‌گبه‌تیی به‌رۆكی گرتبن..تا ئه‌و كاته‌ی كابرای ئه‌فه‌ندی ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ كه‌ره‌م ده‌كات و ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ی به‌ڕوودا ده‌دات. له‌و ڕۆژه‌وه‌, كه‌س ورده‌كاریی ئه‌و ڕۆژه‌ نازانێ‌..دیاره‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ده‌بێته‌ ورووژێنه‌ری فلاشباك و ڕۆژانی ڕابردووی ده‌هێنێته‌وه‌ یاد و ده‌رگای ئاخاوتنی بۆ ده‌خاته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت. به‌و ئومێده‌ی دایه‌ڵۆگێك بێت, كه‌چی دوایی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م هه‌ر خۆی ده‌دوێنێ‌ و ئه‌وی دیش بۆ ئه‌م له‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ زیاتری پێ‌ نییه‌. وێناچێ‌ بوونی ئه‌م به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرێ‌, یان وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆی پاساو بۆ وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی كابرا ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: (هه‌قی بوو, منیش بوومایه‌ ده‌نگم نه‌ئه‌كرد), به‌ گوزاره‌یه‌كی تر به‌ربه‌ستێك له‌ئارادایه‌ و هاوسه‌نگییه‌ك له‌و نێوانه‌دا دروست ناكات. پاسیڤێتیی ئه‌م كاراكته‌ره‌یش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نها به‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕاز و ده‌رده‌دڵه‌كانی ده‌یه‌وێ‌ چاره‌ڕه‌شیی و خه‌موخه‌فه‌تی دڵی فه‌رامۆش بكات و بیری لای ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ نییه‌, یانی به‌ڕاستیی بیر ناكاته‌وه‌, بیركردنه‌وه‌ له‌لایدا بوونی نییه‌..ته‌نها ڕووخۆشییه‌ك كه‌ ڕه‌نگیشه‌ له‌ ده‌مامكێكه‌وه‌ بێت, هانی قسه‌كردنی ده‌دا و سه‌رومڕ ده‌بێت..به‌ڵام به‌بێئه‌وه‌ی بایه‌خێك به‌ وه‌ڵام بدات, یان چاوه‌ڕوانی بێت, دیاره‌ ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ كه‌ ئه‌م كاراكته‌ره‌ چه‌ند به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ گوێی له‌ ده‌نگی خۆی بێت و بیر له‌ ده‌نگی ئه‌وی دی نه‌كاته‌وه‌, یان له‌ڕاستییدا پێویستی به‌ ده‌نگی ئه‌وی دی نه‌بێت, به‌ڵكو ته‌نها ده‌رۆزه‌ی هاوسۆزییه‌كه‌ی بكات و هیچی تر..
ئه‌م چیرۆكه‌, كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی واقیعییانه‌ی به‌جێ‌ وێنای كراوه‌, ئه‌ویش به‌وه‌ی زیاده‌ڕۆیی ئه‌وه‌ی تێدا نییه‌ هه‌موو تاكه‌كان له‌ تای یه‌ك ته‌رازوودا دابنێت, ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌بێ‌ ئه‌و شوێنه‌ی تێیدایه‌ ته‌نها خۆی له‌وانی تر جیاوازه‌. نووسه‌ریش كه‌ درك به‌وه‌ ده‌كات خوێنه‌ر به‌رهه‌مهێنی كۆتایی ده‌قه‌, بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌گه‌رچیش ئه‌فه‌ندییه‌ك ده‌دوێنێ‌, كه‌ ده‌شێ‌ نماینده‌ی ده‌سه‌ڵاتێك بێت, سه‌ره‌نجام نایه‌وێ‌ ئه‌م زمانه‌ی ئه‌م فێر بێت, یان تێیبگات, یان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ نایه‌وێ‌ بیزانێت, بۆ ئه‌وه‌ی دایه‌ڵۆگێك به‌رقه‌رار نه‌بێت, چونكه‌(ئه‌وی دی)ئه‌م به‌ هاوكووفی خۆی نازانێت تا دایه‌ڵۆگی له‌گه‌ڵدا بكات, یان خۆی له‌و به‌ بێهێزتر نازانێ‌ تا ئه‌و چه‌مكی دایه‌ڵۆگه‌ بێته‌دی و پێویستی به‌و گفتوگۆیه‌ هه‌بێت. بۆیه‌ ئه‌وی دی دنیایه‌كی داخراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌م و ته‌نها ڕێكه‌وت له‌ شوێنێكی وه‌كو ناو ئۆتۆمبێلێكدا كۆی كردوونه‌ته‌وه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناشێ‌ ئاشنایه‌تییه‌ك له‌و ناوبه‌ینه‌دا ڕووبدات, بۆیه‌ گفتوگۆكه‌ یه‌كلایه‌نه‌یه‌, واته‌ بیزه‌نتییانه‌یه‌ و ناگاته‌ ئه‌نجامێك, ئه‌مه‌یش مانایه‌كی تری پێده‌به‌خشێت, ئه‌و چه‌مكه‌ی هه‌میشه‌ ده‌ڵێن( یان لۆجیك واده‌ڵێ‌)كه‌ میكانیزمه‌كانی دی و بژارده‌كانی دی به‌جێتره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری به‌دحاڵییبوون. كه‌چی لێره‌دا وه‌كو دوو جه‌مسه‌ری هاوشێوه‌ی موگناتیسیی لێك دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌, بۆیه‌ به‌ گوتن ده‌سه‌پێنرێ‌ به‌سه‌رتدا و به‌ كرده‌وه‌ ده‌بێ‌ ڕه‌تی بده‌یته‌وه‌, یانی به‌ كردار پێویسته‌ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێریت و به‌دوای میكانیزمی تری چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێیت. بۆیه‌ پرسه‌كه‌ی ئه‌م كورتده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌رده‌دڵا ده‌ربڕین و پاشان وازهێنان له‌و ده‌رده‌دڵه‌, ئینجا به‌دوای به‌زه‌ییدا نه‌گه‌ڕێ‌, به‌تایبه‌تی به‌زه‌یی ئه‌و(ئه‌وی تره‌ی) نایه‌وێ‌ به‌رانبه‌ر به‌م بكرێته‌وه‌, چونكه‌ كرانه‌وه‌ی سه‌ره‌نجامی نه‌گه‌تیڤی بۆی ده‌بێت. ئێمه‌یش ده‌بێ‌ به‌ زمانی خۆمان هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ له‌و له‌وی تره‌ بده‌ین, له‌بریی ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی له‌ خۆماندا به‌دی بهێنین و هه‌ر به‌ زمانی خۆی وای لێبكه‌ین لێمان ڕامێنێت و ته‌نانه‌ت وای دنه‌ بده‌ین ئاتاج وحه‌وه‌جه‌ی پێمان بێت, بۆش و به‌تاڵا نه‌مانبینێ‌ و وه‌كو داهێنه‌ر ته‌ماشامان بكات. له‌ڕاستییدا ئه‌م ده‌قه‌ نه‌ووتراوی زۆری تێدایه‌ و كلیلی زۆر شتیشمان پێده‌به‌خشێ‌ و هه‌ر ته‌نها ئاماژه‌كردنیش نییه‌ به‌ به‌دحاڵیبوون له‌ نێوان دوو كه‌سی جیاواز, به‌ڵكو هێنده‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ له‌وی دی, ڕه‌خنه‌یه‌ له‌خودی خۆیش, ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و واقیعه‌ی تاڕاده‌یه‌ك به‌ده‌ستی خۆ و به‌زه‌بری بارودۆخێكی نه‌ویستراو سه‌پێنراوه‌. ئه‌و پاشخانه‌ی بونیادی فیكریی ده‌قه‌كه‌ لێوه‌ی تێهه‌ڵده‌چێت ده‌لاله‌یه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ په‌روه‌رده‌ ناكات, به‌ڵكو به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌, گه‌ڕانه‌ به‌دوای میكانیزمی جیاواز بۆ به‌رقه‌راركردنی گفتوگۆیه‌كی یارمه‌تیده‌ر بۆ لێك تێگه‌یشتن و سه‌ره‌نجام چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گیروگرفته‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ مێژووییه‌كانی میان ئه‌می گۆكه‌ر و ئه‌وی دی پاسیڤ (بێگومان له‌ ئێستای چیرۆكه‌كه‌دا) و نه‌نوێنه‌ری هیچ حه‌ماسێك بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتن, تاكو پێكه‌وه‌ ژیانێكی ئاساییانه‌یان له‌به‌یندا بێته‌ئارا.

دیاره‌ ئه‌م ده‌قه‌یش دیسانه‌وه‌ خاڵی نییه‌ له‌ پاڕادۆكس, ئه‌وه‌تا له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: (پێنج شه‌ش ساڵێك له‌مه‌وپێش منداڵه‌كانم به‌قیژه‌ و هاوار و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ پێشوازییان ئه‌كردم..) كه‌چی له‌ ئێستای چیرۆكه‌كه‌دا پیره‌, وه‌كو له‌و گوزاره‌یه‌دا په‌ی پێده‌برێت كه‌ ده‌ڵێ‌: (ئه‌گه‌ر نه‌گبه‌تیی و چاره‌ڕه‌شیی نه‌بێ‌, كابرایه‌كی پێری ڕیشسپیی وه‌كو من چی ئه‌كا له‌ به‌غدا؟), بیگومان ئه‌م دوو بڕگه‌یه‌ یه‌كنایه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: (كێ‌ به‌ كێیه‌؟ به‌خودا دنیا وای لێهاتووه‌, ئه‌گه‌ر یه‌كێ‌ ماڵی دراوسێیه‌كی سووتا, ئه‌ڵێ‌: ئۆخه‌ی ئاگره‌كه‌ی له‌ من دووره‌!)ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی پێدراوی ده‌قه‌كه‌ی پێشووه‌, لێره‌ ته‌نهایه‌, هه‌ر خۆیه‌تی و كه‌س وه‌كو ئه‌م نییه‌ و خه‌ڵكی دووچاری كوێره‌وه‌رییه‌كه‌ی ئه‌م نین( وه‌كو ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییه‌ی خستوویه‌تییه‌ سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی پێشووی- ده‌قی كوێره‌وه‌رییه‌كی ژیان- كه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی له‌تای ته‌رازوویه‌ك داناوه‌). له‌ كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یشدا ئایرۆنییه‌كی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌, واده‌كات خوێنه‌ر له‌وه‌ تێبفكرێت كه‌ چاره‌سه‌ر زۆر سانایه‌, مادامه‌كێ‌ ئه‌وی دی فێری زمانه‌كه‌مان نابێت, با ئێمه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان و له‌و زیاتر تێبگه‌ین, دیاره‌ له‌ ڕێگای زانینی زمانه‌كه‌یه‌وه‌- كه‌ بێگومان زانین مه‌عریفه‌یه‌ و مه‌عریفه‌یش هێزه‌. به‌ڵام له‌ڕاستییدا چاره‌سه‌ر ته‌نها زمان نییه‌, زمانی ده‌رده‌دڵكردن- بێگومان- به‌ڵكو زمانێكه‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی گفتوگۆ بدۆزێته‌وه‌ و بیسه‌پێنێت, مه‌به‌ست گفتوگۆی پارسه‌نگه‌, كه‌ قسه‌كه‌ر و گوێگر, گوێگر و قسه‌كه‌ری تێدا بێت و هه‌موو پاشخانی ئه‌و كێشه‌به‌ندییه‌ بگرێته‌ به‌رچاو كه‌ ناهێڵێ‌ ئه‌م و ئه‌وی دی له‌ سێبه‌ریدا خودناسینیان به‌رجه‌سته‌تر بێت و له‌ خاڵێكدا بگه‌نه‌ یه‌ك و وه‌كو دوو هاوسان مامه‌ڵه‌ی یه‌كتر بكه‌ن.

كاراكته‌ریش, كه‌ تابڵێی دووره‌ له‌وه‌ی خه‌یاڵا ڕسكاندبێتی, ئه‌و بنبه‌سته‌ی ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌ داوای په‌یوه‌ندییه‌كی جیاواز ده‌كات, جیا له‌ گفتوگۆ, به‌ڵام بێجگه‌ له‌ گفتوگۆ چی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی بوونیشی هه‌یه‌ هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌نجامی جیاوازه‌, بۆیه‌ به‌دوای ئاسۆی تردا ده‌گه‌ڕێت, به‌ڵام به‌ ته‌نیا نایدۆزێته‌وه‌, ئیدی ئه‌و دنیایه‌ی تیایدا ده‌ژی پێویستی به‌ بونیادنانه‌وه‌یه‌كی تر ده‌بێ‌, تاكو گفتوگۆ له‌گه‌ڵا ئه‌وی دیدا به‌رقه‌رار بكرێت, یانی شیاوی به‌رقه‌راركردن بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی مه‌سه‌له‌یه‌كی جه‌وهه‌ریی كه‌ ناڕوونه‌ و جگه‌ له‌وه‌یش ئه‌وه‌نده‌ له‌ ژێر كاركردی سه‌روبه‌ند و بارودۆخه‌كه‌دایه‌ ڕه‌نگوڕووی خۆی تۆختر ده‌كاته‌وه‌, لێ‌ ئه‌مه‌ به‌ سه‌رده‌مه‌كانی تر نامۆی ده‌كات, ئه‌گه‌رچی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌م ڕووبه‌ره‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵا ئه‌وی دیدا هه‌یه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت, چونكه‌ پاڵه‌وان له‌ناوه‌وه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت..به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی قووڵا له‌م ده‌قه‌ ڕابمێنین, ئه‌وا په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌ین كه‌ ڕامانێكی ناوه‌كییانه‌ی خود نییه‌, به‌ڵكو ڕامانێكی جیاوازه‌ له‌ دنیا و له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا واقیعدا و بابه‌تێكی گرنگ ده‌خاته‌ڕوو, ئه‌ویش نه‌بوونی دایه‌ڵۆگه‌, نه‌بوونی دایه‌ڵۆگیش كێشه‌ و لێك حاڵینه‌بوونه‌كان بنبڕ ناكات, به‌ڵكو چه‌رمه‌سه‌ریی و كڵۆڵییه‌كان كه‌ڵه‌كه‌تر ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی هاتنه‌كایه‌ی په‌رچه‌كرداری جیددیی. ئه‌وی دیش كه‌ به‌ ڕسته‌ی لێكدابڕاوی(كوردی…ما أعرف) كۆتایی به‌ هه‌موو شتێك ده‌هێنێ‌, له‌ڕاستییدا ده‌روازه‌ی كێشه‌كان به‌ته‌واوی به‌سه‌ر خۆیدا ئاوه‌ڵاده‌كاته‌وه‌. ئه‌مه‌یش لێناگه‌ڕێت ته‌نها لایه‌ك باجی نه‌بوونی دایه‌ڵۆگ بدات, به‌ڵكو وه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر هه‌ردوو لادا دابه‌ش ده‌بێت.

له‌ چیرۆكی(تاكه‌ی ئه‌مشه‌وه‌؟)یشدا, جگه‌ له‌ گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ كه‌ كه‌سی سێیه‌می تاكه‌, یانی گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتزان, یاخود ده‌كرێ‌ بڵێین له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ شته‌كان ده‌ڕوانێت و هه‌موو شتزانه‌, كه‌چی دیسانه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی زانیارییه‌كانمان پێناگات, چونكه‌ گیڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتزانیش هه‌روه‌كو(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا) بۆی چوونه‌, هه‌میشه‌ نهێنی پارێزه‌ و سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكیش ده‌زانێت كه‌چی شت ده‌شارێته‌وه‌ و هه‌مووی ناگێڕێته‌وه‌. لێره‌یشدا هه‌مان ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی پێشووی له‌ گێڕانه‌وه‌ به‌كاربردووه‌..له‌تانوپۆی ئه‌م ده‌قه‌یشدا هه‌ندێ‌ بڕگه‌ی ئه‌وتۆی تێدایه‌, له‌به‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دانی زانیاریی ته‌واو خوێنه‌ر ده‌شڵه‌ژێنێ‌. وه‌كو چاره‌نووسی(مام وه‌سمان),(قاله‌ی پووره‌ ئایشێ‌)…كه‌ كه‌س نازانێ‌ بۆ ده‌كوژرێن, یان چییان به‌سه‌ردێ‌؟ هه‌روه‌ها هۆكاری ته‌قه‌ و ده‌سڕێژه‌كان نادیاره‌, ده‌بێ‌ خوێنه‌ر خۆی بیربكاته‌وه‌ له‌ هۆكارێك..ده‌ق جگه‌ له‌ ترس, هیچ شتێكی تر ئاشكرا ناكات, پێویستیشه‌ بۆ هاوسه‌نگ كردنی خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن په‌نا ببرێته‌ به‌ر ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق, له‌وه‌شدا پێویسته‌ باكگراوه‌ندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و مێژوویی ناوچه‌كه‌ فریادڕه‌س بێت تاكو به‌ ده‌ره‌نجامێكی ماقووڵا و به‌جێ‌ بیگه‌یه‌نێت. نووسه‌ریش, ڕاسته‌ كه‌ بونیادی ناوه‌كییانه‌ی تێكسته‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ واقیعه‌وه‌ هه‌یه‌ و ته‌وه‌ره‌كه‌شی پرسێكی سیاسیی ناڕوون هه‌ڵده‌گرێت, به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌كی هۆشمه‌ندانه‌ و خودئاگایانه‌ی نیگه‌رانیی و ترسه‌كانی خه‌ڵكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی كردووه‌ و ئه‌و هه‌ستانه‌ی له‌ناو مه‌ردوومدا په‌ی پێبردوون و موتوربه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ئه‌وانی تریشی كردووه‌ و سنوور و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ تاكڕه‌وانه‌كانی به‌جێهێشتووه‌ و له‌ناو خه‌می گشتییدا هه‌ناسه‌ی به‌ ده‌قه‌كه‌ی به‌خشیووه‌ و ئه‌و شتانه‌ی له‌ بۆته‌یدا هاتووه‌ ڕاستیی نكووڵی هه‌ڵنه‌گرن و تابڵێی به‌ ڕاسته‌وخۆیی پێشكه‌شكراون. له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا, جێی وتنه‌ لێره‌یشدا به‌شێك له‌ واقیع دیسانه‌وه‌ په‌رده‌پۆشكراوه‌.. ئه‌مه‌یش دیاره‌ له‌به‌ر هۆكاری تایبه‌تیی بووه‌, به‌ڵام بۆ دواتر(یانی بۆ سه‌رده‌مێكی تر) لاسه‌نگ ده‌بێت و له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاریی ته‌واویش له‌سه‌ر شت و ڕووداوه‌كان به‌ زه‌ره‌ر و زیان بۆ ده‌ق كۆتایی پێدێت و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واومان پێنابه‌خشێ‌..جگه‌ له‌وه‌یش پاڕادۆكسی ئه‌وه‌ قوتده‌بێته‌وه‌ كه‌ ترس ده‌بێته‌ شتێكی تایبه‌ت به‌(شار)..وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته‌ هه‌ر ته‌نها له‌ شاردا بوونی هه‌بێت و له‌ شوێنی تردا بوونی نه‌بێت. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی(ئه‌م خێزانه‌) خۆیشیان له‌ شوێنێكی تره‌وه‌- له‌ گونده‌كه‌یانه‌وه‌- هه‌ڵبه‌تا له‌ ترسا كۆچیان كردووه‌ بۆ شار و هه‌زاره‌ها شه‌وی تاریكی وه‌ك ئه‌و شه‌وه‌یان دیووه‌ و ئه‌زموونیان كردووه‌. ده‌توانین بڵێین: ئه‌وه‌ی باڵانس به‌ هاوكێشه‌ی پاڕادۆكسه‌كان ده‌به‌خشێ‌, ئێپستیمۆفیلیایه‌, هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا) ئاماژه‌یان پێداوه‌, یانی تێركردنی لاپڕه‌سه‌نیی, به‌ ده‌ربڕینێكی تر, تێركردن و ڕازی كردن و شكاندنی تاسه‌ی ئه‌و حه‌زی زانیاریی به‌ده‌ست هێنانه‌یه‌ كه‌ خولیای خوێنه‌ره‌, یان وه‌ڵام بێت بۆ پرسیاره‌كانی كه‌ له‌ ده‌ق ده‌یانكات, به‌ڵام ئه‌و تاسه‌یه‌ لێره‌دا ناشكێ‌, چونكه‌ هاوكێشه‌كان باڵانس بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن..ئه‌م كاراكته‌ره‌یش بێگومان خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ساده‌ و ڕووكه‌شه‌..هۆی دوا كه‌وتن و دره‌نگهاتنه‌وه‌ی( شه‌ش حه‌وت سه‌عات پاش هاوڕێ‌ كرێكاره‌كانی) مێرده‌كه‌ی, دیسانه‌وه‌ نادیاره‌, نازانین له‌به‌ر چییه‌؟ یاخود دوای كار چی كردووه‌, یان به‌چییه‌وه‌ خه‌ریكبووه‌؟ دووباره‌ به‌خشینی زانیاریی كورتده‌هێنێ‌ و خوێنه‌ر ده‌بێ‌ به‌ گریمانه‌ی خۆی و پشتبه‌ستن به‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق به‌دوای كه‌ماڵی مانادا بگه‌ڕێت. جگه‌ له‌مانه‌, كۆتایی ئه‌م ده‌قه‌یش زۆر كتوپڕه‌- هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی مۆپاسان له‌ نووسینی چیرۆكدا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌- به‌ڵام لێره‌دا به‌ شێوه‌یه‌كه‌ وه‌كو بڵێی بڕینێك بكه‌وێته‌ جه‌سته‌ی ده‌قه‌وه‌. پاڵه‌وانیش جگه‌ له‌ نزا و تكایه‌ك خاوه‌نی هیچی تر نییه‌ و به‌ جیددییش بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ له‌و تاریكییه‌ قورتاربێت و بۆ كۆتایی هێنان به‌ شه‌وه‌كه‌یش ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێك بدۆزێته‌وه‌.

وه‌كو ده‌ڵێن به‌بێ‌ زمان ناكرێ‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ جیهان بكرێ‌, بێگومان جیهانی ڕاسته‌قینه‌ی چیرۆكه‌كانی(سه‌دره‌دین عارف)یش زمانه‌, زمان ئه‌و جیهانه‌مان بۆ ئاماده‌ ده‌كات, تاقه‌ بوونێكی قابیلی تێگه‌یشتنیشه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”گادامێر”بۆی چووه‌. یانی بۆ گه‌یشتن به‌ جیهان وه‌سیله‌یه‌كی باشتر نییه‌, به‌ پێی”دیریدا”ته‌نها زمان نه‌بێت, كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین مادامه‌كێ‌ ئه‌م زمانه‌ ده‌قی ئافراندووه‌, ده‌ق وه‌سیله‌یه‌كه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی جیهان و هه‌رچی چۆنێكیش بێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا به‌رقه‌رار ده‌كات و هه‌رگیزیش لێكدابڕاو نین, بێگومان ئه‌گه‌ر وه‌كو سیسته‌می ئاماژه‌ ته‌ماشای زمان بكرێ‌..هه‌ر وه‌كو له‌ چیرۆكی(ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌)دا به‌شێوه‌یه‌كی تۆختر ده‌رده‌كه‌وێت. گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك ڕۆڵا ده‌بینێت, یانی كه‌سێك كرده‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌جووڵێنێ‌ كه‌ خۆی كاراكته‌ره‌ له‌ دووتوێی ده‌قه‌كه‌دا, لێره‌یشدا دایه‌ڵۆگ یه‌كلایه‌نه‌یه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قی(ڕازێك)دا په‌ی پێ‌ ده‌برێت, ده‌كرێ‌ به‌ ته‌داعییه‌كی مۆنۆڵۆگئاسا له‌قه‌ڵه‌م بدرێت, دیسان فلاشباك, كه‌ بازدانێكی ئاڕاسته‌ پێچه‌وانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌, ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆكه‌ هێوورده‌كاته‌وه‌, سه‌ره‌تا و كۆتاییش له‌ جێگاكانی خۆیان ترازاون و ڕووبه‌ری ده‌ق بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ئه‌زموون كردنی شتێكی تازه‌, به‌ وته‌یه‌كی تر ئه‌زموون پێش ڕووداو دیاریكراوه‌, پاش ڕووداویش به‌رفراوانتر بووه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی”دیریدا”- كه‌ ده‌ڵێت: هیچ شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا بوونی نییه‌- قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بكرێت, ئه‌وا ئه‌م تێكسته‌ به‌ بێ‌ په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵا كۆنتێكستێكی مێژوویی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوی سه‌رده‌مێك زۆر هه‌ژار و ده‌سته‌وسان ده‌رده‌كه‌وێت, به‌ڕاده‌یه‌ك ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌قێكی ته‌مومژاویی و نامه‌فهووم, یان یه‌كدیو ده‌بینه‌وه‌, یانی هیچی لێهه‌ڵناكڕێنین, چونكه‌, سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ نماینده‌ی واقیعێكی دیاره‌ و گێڕانه‌وه‌ بونیادی ده‌نێت و به‌ ڕه‌مز بارگاوی ده‌كات و ده‌لاله‌ش, كه‌ زمان به‌رپرسه‌ له‌ خوڵقاندنی و بونیادێكی ڕووكه‌شیشی هه‌یه‌, كه‌چی به‌ ڕوونیی ئاماژه‌ به‌ مانا ده‌دات, چونكه‌ زمان خۆی جێگای مانای گرتۆته‌وه‌, ئه‌و زمانه‌یش كه‌ جێگای مانا بگرێته‌وه‌, یانی وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری خۆیه‌تی, ئاماژه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیشی ده‌دات, ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و ده‌قه‌ی زمان به‌ پله‌ یه‌ك پێكی ده‌هێنێت هه‌ر ته‌نها ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌ له‌ ڕوواڵه‌تدا گوزاره‌ی لێده‌كات..یانی خۆی كه‌شفده‌كات و”ئیان مه‌كلین”گوته‌نی جیهانی زه‌ینیی نووسه‌ریش ئاشكرا ده‌كات.
بێگومان كاراكته‌ر له‌م ده‌قه‌دا جیاوازه‌, بۆیه‌ پێویستیشی به‌ زمانێكی جیاواز هه‌یه‌, یان به‌ره‌و زمانێكی تر ده‌مانبات, زمانێك له‌ بارگه‌كانیدا چه‌مكه‌كانی سه‌رده‌م هه‌ڵده‌گرێت, وه‌كو ئه‌وه‌ی”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”بۆی چووه‌, چونكه‌ ئه‌م ده‌قانه‌ ئاسته‌ گوتارییه‌كه‌یان هه‌ڵگری یه‌ك شته‌, ئه‌ویش گوتاری سیاسییه‌, كه‌ دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و په‌رده‌پۆش ده‌رده‌كه‌وێت, یان باشتر وایه‌ بڵێین نووسه‌ر له‌ ڕێگای ڕه‌هه‌نده‌ سیمبوڵییه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌تانه‌ی كردووه‌ و له‌وانه‌شه‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و سیمبوڵییه‌ته‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوومان ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ پێشه‌نگایه‌تی كردبێ‌ و هه‌ر به‌ كاریگه‌ریی ئه‌م نووسه‌ره‌یش ڕه‌وایه‌ بوترێ‌ نووسه‌ری دیار”له‌تیف حامید”ڕچه‌ی چیرۆك نووسیی خۆی گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌ شێوه‌یه‌كی كۆدئامێز ده‌قه‌كانی به‌رهه‌مهێناوه‌. به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ دان به‌ شتێكی ئه‌رێنییدا ده‌نێین بۆ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌مان, به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و ڕه‌مزییه‌ته‌ داخراوه‌ی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ ڕه‌واجی په‌یدا كردبوو, چونكه‌ چه‌شنه‌ ده‌قێك بره‌وی وه‌رگرت ته‌نها به‌و كات و زه‌مانه‌ تایبه‌ته‌ و ڕه‌نگه‌ نه‌توانێ‌ به‌ بێ‌ كێشه‌وگرفت و به‌ سانایی سنووره‌كانی ئه‌و ده‌یه‌یه‌ ببڕێت, به‌دیاریكراویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌مزییه‌تێكی گه‌ردوونییش ناگرنه‌خۆ و به‌سه‌ر نه‌وه‌یه‌ك و سه‌رده‌مێكدا داخراون و سنووری ئه‌و سه‌رده‌م و نه‌وه‌یه‌یش نابڕن ته‌نها به‌وه‌ نه‌بێت كه‌ چه‌مكی(بێشوماریی مانا)ی”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”به‌ هه‌ند وه‌ربگرین و كاری پێبكه‌ین.

له‌م ده‌قه‌دا- كه‌ ته‌نانه‌ت واقیعێكی ڕه‌مزیی واقیعه‌ سیاسییه‌كه‌یش په‌رده‌پۆشده‌كات- یه‌كه‌مین شتێك كه‌ ده‌یوورووژێنێت پرسیاری ئه‌وه‌یه‌ بۆ كوشتن؟ بێگومان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاراكته‌رێك داوای خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌ له‌ پاڵه‌وانی قسه‌كه‌ر ده‌كات, ئه‌مه‌یش مۆتیڤێكی لاوازه‌ بۆ ئه‌و كرده‌ جیددییه‌..به‌ڕاستیی له‌م تێكسته‌دا كاراكته‌ر كه‌”شێرزاد”ده‌كاته‌ ناوبژیوان بۆ ئه‌وه‌ی شه‌فاعه‌تی بۆ بخوازێ‌, هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ دانی به‌ كوشتنی(شه‌فه‌شه‌ل)دا ناوه‌ و ئیدی مه‌سه‌له‌ له‌وێ‌ كۆتایی هاتووه‌..به‌ڵام كه‌س لێی نه‌پرسیووه‌ بۆ؟ كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌ و پاڕادۆكس ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌, چونكه‌ به‌ لۆژیك ڕێی تێناچێت كارێكی وا جیددیی ئه‌نجام بدرێت و كه‌س له‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌پرسێ‌ و ئه‌نجامدانیشی نه‌خرێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌! یانی لێره‌دا لاپڕه‌سه‌نیی له‌ مرۆڤ سه‌نراوه‌ته‌وه‌(كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی مه‌حاڵه‌ بێگومان) و هیچ شتێكیش جێگای نه‌گرتۆته‌وه‌ تا له‌ ڕێگایه‌وه‌ سه‌نگوسووژ بكرێت. ئه‌وی ڕاستیی بێت زۆر له‌ شته‌كان كتوپڕن..له‌پڕێكا(شه‌فه‌شه‌ل)به‌ ته‌واویی ده‌گۆڕێت و خه‌ڵكه‌كه‌یش لێی ده‌ته‌كنه‌وه‌, به‌ڵام نازانین ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌؟ ڕه‌نگه‌ په‌ی بردن به‌مه‌ بكه‌وێته‌ كۆتایی چیرۆكه‌كه‌وه‌, ڕای خۆی گۆڕیوه‌ و ویستوویه‌تی خۆی ڕاده‌ست بكاته‌وه‌ و شتێكی ئاساییشه‌..له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی(شه‌فه‌شه‌ل) زۆر گرنگ نه‌بێ‌ تا ببێته‌ مۆتیڤی كوشتنه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها كێشانی جگه‌ره‌ی گرێڤن و ئه‌فه‌ندێتیی و خوێنده‌وار بوونیشی..ڕه‌نگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یش نه‌بێ‌ له‌ كه‌سێك كه‌ ته‌سلیمی ده‌سه‌ڵاتێك ده‌بێته‌وه‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان ته‌فروتونا كردووه‌..ئه‌مه‌ “مێرسۆ”ی پاڵه‌وانی ڕۆمانی(نامۆ)ی “ئه‌لبێر كامۆ”مان وه‌بیر دێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ خوت و خۆڕایی و به‌ بێ‌ هیچ مۆتیڤێك و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تیشكی ڕۆژه‌كه‌ له‌ چاوی ده‌دات گه‌نجه‌ جه‌زائیرییه‌كه‌ ده‌كوژێت.

دیاره‌ پاڵه‌وانی ده‌قه‌كانی پێشوویش ناتوانن ئاڕاسته‌ی شار هه‌ڵنه‌بژێن و به‌ره‌و ژوور بچن, كه‌سیش ئه‌و ڕێگایه‌یان لێناگرێت!! بێگومان لێره‌یش واقیعه‌كه‌ دیسانه‌وه‌ تاریك كراوه‌ و زانیاری له‌سه‌ر ئاشكرا نه‌كراوه‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری نه‌كردنی واقیعیش له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و په‌رده‌پۆش بوونیشی تێیدا”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بڵێت به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ ده‌قێك, با خه‌یاڵكراویش بێت, ئه‌گه‌ر بێت و خاڵی بێت له‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك به‌ واقیعی ناسراوه‌وه‌ ئه‌وا ناڕوون و نامه‌فهووم ده‌بێت, چونكه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیی تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ واقیع و جۆره‌كانی خه‌یاڵكردن, بۆیه‌ له‌ نێوان پێدراو و خه‌یاڵكراودا بێچه‌ندوچوون كارلێك دێته‌ ئاراوه‌. پاڕادۆكسێكی تریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕوودانی كوشتنه‌كه‌ له‌كاتی وه‌ستانی شه‌ڕدا ڕووده‌دات, یان له‌ڕاستییدا بیرۆكه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی(شه‌فه‌شه‌ل)ئیدی له‌و كاته‌دا چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ شه‌ڕ له‌ گۆڕێدا نییه‌, با بڵێین ئیتر ئه‌و بڕیاره‌ له‌و بارودۆخه‌دا چ گرنگییه‌كی هه‌یه‌؟ هه‌موو شتێك له‌ دانوستاندا چه‌قی به‌ستووه‌ و ئیتر دانانی ئه‌م ڕووداوه‌ و كردنی به‌ ڕاستییه‌ك له‌ناو تێكسته‌كه‌دا به‌ هیچ جۆرێك قه‌ناعه‌ت به‌خش نییه‌!

ده‌قی(ڕێبوار و ڕێگه‌)یش كه‌موزۆر هه‌مان ته‌كنیكه‌كانی پێشوو شه‌قڵی پێده‌ده‌ن و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شێوازه‌ ترادیسیۆنییه‌كه‌ی نووسین تێده‌په‌ڕێنێ‌ و گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك ده‌یگێڕێته‌وه‌ و جه‌سته‌ی ده‌ق به‌ چه‌ند گرته‌یه‌ك ده‌خاته‌ ناو چوارچێوه‌وه‌, ڕاسته‌ بیرۆكه‌یه‌كی ئاڵۆزمان پێشكه‌ش ده‌كات, به‌ڵام ڕووداو وكرده‌ی چیرۆكمان له‌ توێیاندا به‌رچاو ناكه‌وێت. ئه‌مه‌یش زیاتر به‌ هۆی ته‌وزیفكردنی ڕه‌مز و به‌كارهێنانییه‌وه‌یه‌تی..لێره‌یش: جێگۆڕكێی شوێن و كات, فلاشباك, دایه‌ڵۆگ..تاد ئه‌تمۆسفیره‌كه‌ی ده‌خه‌نه‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌مان ئه‌تمۆسفیری ده‌قه‌كانی پێشووه‌ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ خولگه‌یه‌كی كافكاییدا ده‌خولێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش دنیایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی دنیاكه‌ی خۆمان بۆ ناڕسكێنێ‌ و هه‌ر ئه‌و شته‌ ئاساییه‌ دێرینه‌یه‌, ئه‌و شته‌ی زمان وێنه‌ی ده‌گرێت, زمان كه‌ توانای خوڵقاندنه‌وه‌ی شتی هه‌یه‌, لێره‌دا شتێكی نامه‌ئلووفی ئه‌وتۆ ناخوڵقێنێ‌, یان بابڵێین مه‌ئلووف نامه‌ئلووف ناكات, چونكه‌ ته‌نها وه‌سیله‌یه‌كه‌ بۆ وێناكردنی دیمه‌نێك..یان له‌ چوارچێوه‌گرتنی دیمه‌نێك..دیاره‌ ئێمه‌ له‌ ڕێگای خوێندنه‌وه‌وه‌ ده‌مانه‌وێ‌ جیهان له‌ناو ده‌قدا بڕسكێنین و وه‌كو بوونێكی تۆكمه‌ وێنای بكه‌ین, كه‌چی لێره‌دا به‌هۆی ئه‌و ته‌مومژه‌ و نه‌بوونی زانیاریی ته‌واوه‌وه‌ ئه‌و جیهانه‌ وه‌ك بوونێكی تۆكمه‌ وێنا ناكرێت ته‌نها به‌وه‌ نه‌بێ‌ كه‌ خوێنه‌ر به‌ پاشخانه‌ ڕۆشنبیریی و سیاسیی و مێژوویییه‌كه‌ی خۆی كه‌لێنه‌كانی ده‌ق پڕبكاته‌وه‌ تاكو له‌ شه‌قڵا به‌خشین به‌و جیهانه‌ به‌شداری بكات. ده‌كرێ‌ بپرسین له‌ڕاستییدا چی لێره‌ ڕووده‌دات؟ با به‌ ده‌ربڕینێكی تر بڵێین لێره‌ كردار هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێ‌ ته‌نها زمان له‌ناو ئه‌م تێكسته‌دا ده‌كه‌وێته‌گۆ, یانی زمان ڕووده‌دات, ڕووداویش, دیاره‌ پێشتر ڕوویداوه‌, واته‌ ئه‌و ڕووداوه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ڕسكێنێ‌, ڕووداوی به‌ئاشكرا نییه‌ و په‌رده‌پۆشكراوه‌, یانی ڕووده‌دات, به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌ شوێنێكی تر, نه‌ك له‌ناو ده‌ق, یاخود ده‌كرێ‌ بڵێین له‌ باكگراوه‌ندی ده‌ق ڕوویانداوه‌ و ده‌قیش له‌ڕاستییدا سه‌ره‌نجامی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یدا به‌رقه‌رار بوونه‌ وكۆتاییان هاتووه‌..ڕه‌نگه‌ بشێ‌ بوترێ‌ ڕووداوی ناو گێڕانه‌وه‌یه‌. زانیارییه‌كانیش دیسانه‌وه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ وه‌رگر كورتده‌هێنن, له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: (باوكم گه‌لێ‌ شتی تری ئه‌زانی, به‌ڵام نه‌یئه‌ویست ده‌ریان بخات)- ئه‌و شتانه‌یش چین كه‌ پاڵه‌وان زۆربه‌یانی له‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ بیستووه‌ و بێخه‌م له‌وه‌ی خوێنه‌ر نایانزانێ‌ هه‌ر به‌ نادیار ده‌یانهێڵێته‌وه‌..ئه‌و ئیش و كاره‌یش چییه‌ كه‌ هاوڕێكه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ملی بۆ زۆرلا ناوه‌؟ ئه‌و پیاوه‌ پیره‌ی به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ نادیاره‌كه‌شی داوه‌ كێیه‌؟ ئه‌مه‌ ڕه‌مزێكه‌, ڕه‌مزێكی تریش مردنی پیاوه‌ پیره‌كه‌یه‌, به‌ڵام دیسانه‌وه‌ هیچ نادات به‌ده‌سته‌وه‌, چونكه‌ وه‌ك له‌ ده‌قدا هاتووه‌:(كه‌س نه‌یئه‌زانی چۆن و له‌به‌رچی مردبوو)!! دیاره‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێڵێت و ده‌یه‌وێ‌ بیری لێبكاته‌وه‌, به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و به‌رواری بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت و نه‌ختێك لێی قووڵبێته‌وه‌. كۆتایی لێره‌یشدا هه‌ر كراوه‌یه‌ و كتوپڕ یه‌خه‌ی ده‌ق ده‌گرێت و گوتاره‌ سیاسییه‌كه‌شی كورتده‌هێنێ‌, چونكه‌ خوێنه‌ر له‌وه‌ حاڵینابێت پیره‌مێرده‌كه‌ بۆ كتوپڕ مردووه‌ و هاوڕێكه‌شی, كه‌ بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ی به‌دوای چاره‌سه‌ردا عه‌وداڵه‌ و له‌به‌ر هۆكاری مردنی پیره‌مێرده‌كه‌ په‌یدای ناكات, بۆچی هه‌ست به‌ ناكامیی ناكات؟ بۆچی سێبه‌ری زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌سه‌ر لێوییه‌وه‌یه‌تی؟ ئایا ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆشه‌ له‌ هه‌وڵێك نووشووستیی بهێنێ‌ و به‌ سانایی له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟ بێگومان نه‌ك هه‌ر ئه‌م ده‌قه‌, ئه‌وانی تریش پرسیارگه‌لێكی زۆر ده‌ورووژێنن, بێئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێ‌ هه‌ر له‌ناو خۆیاندا وه‌ڵامیان بۆ بقۆزێته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌, دیاره‌ له‌ پاڕادۆكسیش خاڵی نییه‌..لاوێكی باڵابه‌رزی تێكسمڕاو- كه‌ بێگومان(حه‌مه‌غه‌ریب)ه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌, به‌ڵام له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ و سه‌رباری ئه‌وه‌ی پانزه‌ساڵیشه‌ له‌وێ‌ نییه‌ چۆن ده‌نگوباسی زۆربه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ ده‌زانێ‌؟ ئه‌و قسه‌ سه‌یر و سه‌رسووڕهێنه‌رانه‌یش چین كه‌ بۆ خه‌ڵكیان ده‌كات؟ بۆ نه‌یتوانیووه‌ له‌ هیچ گوندێك ئۆقره‌ بگرێت؟ ئیشێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوبێ‌ جۆری ژیان و ڕابواردنی ده‌گۆڕێ‌! بێگومان ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌تاڵده‌بنه‌وه‌ كاتێ‌ له‌ به‌رواری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ و پانزه‌ساڵی دیارنه‌مانی كاراكته‌ر ڕاده‌مێنین..كه‌ به‌ واقیعی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی ساڵانی شه‌سته‌كانیش به‌راوردی ده‌كه‌ین, تێگه‌یشتن ئه‌وه‌نده‌ی تر مه‌حاڵده‌بێت. ده‌ق له‌ لایه‌ك به‌ لاوه‌ خوێنگه‌رمه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ پاڵه‌وان ده‌دا, له‌ لایه‌كی تریشدا ده‌ڵێت: گه‌ڕانه‌وه‌ی(حه‌مه‌غه‌ریب)ڕووداوێكی گه‌وره‌بوو له‌ گونده‌كه‌مان!! جارێكی تریش ئێمه‌ نازانین ئه‌و ڕووداوه‌ چییه‌, پاشان گێڕه‌ره‌وه‌- كاراكته‌ر بۆ وا به‌ په‌رۆشه‌وه‌ دوای(حه‌مه‌غه‌ریب)ده‌كه‌وێت؟ ده‌ق ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌ی (حه‌مه‌غه‌ریب) ئاشكرا ناكات, یان مه‌سه‌له‌كه‌ی كه‌ ئه‌ویش هه‌ر نازانین چییه‌! ئه‌م شتانه‌ ئاڕاسته‌ی بیری خوێنه‌ر به‌ زۆر لادا ده‌به‌ن و شپرزه‌ی ده‌كه‌ن, چونكه‌ ده‌قه‌كه‌ وه‌كو مه‌ته‌ڵێك ده‌بینێ‌ پێویستی به‌ هه‌ڵهێنان بێت, كه‌ نایشتوانێ‌ هه‌ڵیبێنێ‌ ئیتر گرنگترین ئه‌ركه‌ ئیستێتیكییه‌كه‌ی كه‌ چێژبه‌خشینه‌ له‌ كیس ده‌چێت.

به‌ هه‌مان شێوه‌ و ته‌كنیكیش چاره‌سه‌ری (باڵی شه‌وگار) ده‌كات و گۆشه‌نیگا كه‌سی سێیه‌می تاكه‌ و گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ده‌گێڕدرێته‌وه‌, واته‌ كه‌سێك پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌ ده‌خاته‌گه‌ڕ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌دایه‌. به‌كارهێنانی دیمه‌ن له‌ پڵۆتدا, كه‌ شێوازێكی جیاوازه‌ و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌یشی كه‌ له‌گه‌ڵا زماندا ده‌یكات تا شه‌قڵێكی ده‌ره‌كیی جیاواز به‌ تێكست بدات, هه‌روه‌ها دایه‌ڵۆگیشی تێدا به‌كاربردووه‌..ئه‌م ده‌قه‌ به‌ سه‌ره‌تایه‌كی شیعریی جوان ده‌ستپێده‌كات, كه‌چی نووسه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی فۆتۆگرافییانه‌ دیمه‌نه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌, واته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنێته‌ ناو ده‌ق.. له‌ بیری(فه‌رهاد)دا كه‌ منداڵێكه‌, ئه‌ویش وه‌ك ئێمه‌ی خوێنه‌ر خاوه‌نی هیچ زانیارییه‌كی ناو تانوپۆی ده‌قه‌كه‌ نییه‌ و نازانێ‌ ده‌وروبه‌ری سرته‌سرتی چییانه‌؟ ته‌نها یه‌ك شت بۆ ئه‌م پاڵه‌وانه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ ئه‌ویش یاریكردنه‌, یانی ده‌یه‌وێ‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌, ئه‌و دنیایه‌ به‌جێبێڵێ‌ كه‌ دنیای ئه‌و نییه‌, چونكه‌ بیری لای دنیاكه‌ی خۆیه‌تی, بیری لای ژیانكردنه‌ و پێویسته‌ سه‌رباری هه‌موو شتێكیش ژیان ڕه‌وتی خۆی بگرێ‌ و به‌رده‌وام بێت..ئه‌گه‌رچی له‌ناوه‌وه‌- له‌ماڵه‌وه‌- ژیانی باپیره‌ی كۆتایی هاتووه‌ و چیدی بوونێك نییه‌ له‌م دنیایه‌دا, به‌ڵام ئه‌و هێشتا له‌ سه‌ره‌تادایه‌ و ده‌بێ‌ ئه‌و مه‌ودایه‌ی نێوان سه‌ره‌تا و كۆتایی- بوون و نه‌بوون- ببڕێت, چونكه‌ به‌وه‌ناچێ‌ ئه‌وانی پێشوو مشووری دنیای ئه‌میان خواردبێ‌ و بیریان له‌ ئاماده‌كردنی یۆتۆپیایه‌ك كردبێته‌وه‌ بۆی. لێره‌دا دوو دنیا دیاره‌, كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵا پێكه‌وه‌یان نابه‌ستێته‌وه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنیای یه‌ك نه‌وه‌ نییه‌. له‌م ده‌قه‌یشدا هه‌مان شته‌كانی پێشوو دووپاتده‌بنه‌وه‌, زانیارییمان به‌ته‌واوه‌تی پێناگات و هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌زانین هه‌موو زیندوویه‌ك سه‌ره‌نجام ده‌مرێت..و دوای ئه‌وه‌یش ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت. بێگومان گرێچن به‌گشتیی لێره‌ و له‌وانی تریشدا به‌ئاگایانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ چنینه‌كه‌ و ئه‌ویش وه‌كو له‌ شوێنی تری ئه‌م نووسینه‌یشدا ئاماژه‌ی خێرای پێكراوه‌, به‌ كورتی ڕێكخستنی زنجیره‌ی ڕووداو و بڕگه‌ و جووڵه‌كانی ناو ده‌قه‌ و به‌دوای یه‌كدا هاتنی ئه‌مانه‌یه‌: ده‌ستپێك- ململانێ‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ی كردار, یانی چڕوپڕبوونی ململانێ‌- چڵه‌پۆپه‌- نه‌وی بوونه‌وه‌ و داچۆڕانی كردار, یان كرانه‌وه‌ی گرێ‌ و به‌ره‌و كۆتایی چوون- ئینجا چاره‌سه‌ر, یان قفڵا, جوان به‌ره‌و كۆتایی شۆڕده‌بێته‌وه‌, به‌ڵام سه‌ره‌نجام خوێنه‌ر ڕووبه‌ڕووی تێمایه‌كی ناڕوون ده‌بێته‌وه‌, یانی به‌دیقه‌ت نازانین ده‌ق چ په‌یامێكی هه‌ڵگرتووه‌. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر بڕوانینه‌ ده‌قه‌كان, ئه‌وا چه‌ندین ته‌وه‌ره‌ و تێمه‌ی یونیڤێرساڵمان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌, له‌وانه‌ ترس, نیگه‌رانیی و دڵه‌ڕاوكێ‌, چاره‌نووسی ڕه‌ش و ڕێكه‌وتێكی زۆر, كه‌ بێچه‌ندوچوون ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌ كافكاوییه‌یان پێده‌به‌خشن كه‌ گه‌لێك ته‌مومژاوین, یاخود ناچنه‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی لۆجیكی ئه‌وتۆ كه‌ بتوانین لێكدانه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین.

چیرۆكی(گه‌شتێك)یش وێنه‌ی دنیایه‌كی تاریكی دیكه‌مان بۆ ده‌كێشێت و پرسیاری ئه‌وه‌مان لا زه‌قده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ڕاستییدا له‌ كوێوه‌ بۆ كوێ‌؟ له‌ هه‌مان شوێنه‌وه‌ بۆ هه‌مان شوێن؟ ئایا هیچ گۆڕانێك له‌ ڕووبه‌ری ژیانێكدا ڕوونادات؟ بێگومان ئێمه‌ وه‌ڵامی ئه‌مانه‌ شكنابه‌ین! ئه‌م چیرۆكه‌یش به‌ گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك نووسراوه‌ و فلاشباك, مۆنۆڵۆگ, دایه‌ڵۆگ, پاشوپێشخستنی ده‌ستپێك و كۆتایی, مۆنتاجی كات و شوێنی تێدا به‌كاربراوه‌. لێره‌یش هه‌روه‌ها كێشه‌ی زانیارییمان هه‌یه‌ و پێمان ناگات, ئه‌مه‌یش بێگومان كۆسپه‌ و ناهێڵێ‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ی بۆ نووسراوه‌. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك نازانین بۆ كاراكته‌ری ناو ئه‌م فه‌زایه‌ی گێڕانه‌وه‌ وای لێهاتووه‌, دابڕاوه‌ له‌ خۆی, ژیانی بابه‌تێكی له‌بیر چووه‌, مه‌حكوومه‌ به‌ نه‌گه‌یشتن به‌ زانیاریی ته‌واو له‌باره‌ی دنیاكه‌یه‌وه‌..تاد. ئه‌مه‌یش له‌ڕاستییدا پرسێك, پرسێكی ڕه‌وا له‌ هزر و ویژدان و ئاگاییماندا زیندوو ده‌كاته‌وه‌, ده‌یژێنێته‌وه‌, تاكو هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵماندا بێت و قه‌تاوقه‌ت له‌بیری نه‌كه‌ین و ده‌ستبه‌رداری نه‌بین. لێره‌ نازانین بۆ كاراكته‌ر له‌”مامۆستا دڵشاد”په‌سته‌, بۆچی”قاله‌”گیراوه‌ و كێیه‌ و چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ پاڵه‌وان و ده‌قه‌وه‌ هه‌یه‌؟ یان “مه‌لا پیرداود”, كێیه‌ و له‌سه‌ر چی هه‌وڵی كوشتنی دراوه‌ و چۆن هه‌وڵه‌كه‌ شكستی هێناوه‌؟ پاڵه‌وان بۆچی به‌ره‌و خوار هاتووه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌, له‌و شوێنه‌ خۆشه‌(سه‌كۆكه‌ی مه‌لا پیرداود)نه‌ماوه‌ته‌وه‌؟ بۆچی گونده‌كه‌یان هه‌ر چه‌ند كه‌لاوه‌یه‌كه‌ و هیچی تر؟ پیاوه‌ سووره‌ كورته‌باڵاكه‌ بۆ هه‌ر گوزارشتی(به‌ نامووست وانییه‌؟- به‌ نامووستان وانییه‌؟) ی پرسیارئامێز دووپاته‌ ده‌كاته‌وه‌؟..ده‌توانین بڵێین كاراكته‌ر له‌م تانوپۆیه‌دا دوو چاوی تیژی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌یبینێ‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌, ئه‌وه‌ی ده‌یبینێ‌ تێهه‌ڵكێشی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ده‌كات..جگه‌ له‌مانه‌یش خۆی و هاوڕێكه‌ی به‌ چ مه‌به‌ستێك له‌ مه‌یخانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چن و چه‌ند كۆڵانێك ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌مان شوێن و ده‌چنه‌وه‌ ناو هه‌مان مه‌یخانه‌؟ چ مه‌به‌ستێكی هه‌یه‌؟ هیچ نادات به‌ده‌سته‌وه‌ تاكو شتێكی لێبقۆزینه‌وه‌ و پارچه‌كانی په‌زڵه‌كه‌ پێكه‌وه‌ بلكێنین..گرێچن هه‌ندێ‌ شتی لاوه‌كیی تێده‌كه‌وێ‌ نازانین ڕۆڵیان چییه‌ له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا؟ بۆ نموونه‌ سووره‌ی كورته‌باڵا, دوو منداڵه‌ بچكۆله‌كه‌ كه‌ نازانین بۆچی به‌و دره‌نگه‌ شه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن و هه‌روه‌ها فاڵچییه‌كه‌یش..خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ ته‌داعییش هاتبنه‌ ناو تێكسته‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ ئه‌ركێكیان پێ‌ سپێردرابێ‌, به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌ركیان نیوه‌چڵه‌, چونكه‌ نووسه‌ر ناهێڵێ‌ ڕسته‌ی فاڵچییه‌كه‌ ڕه‌وتی خۆی وه‌ربگرێت و ته‌واو بێت یه‌كسه‌ر دیمه‌نه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌, یان ده‌یقرتێنێ‌ و سه‌رباری ئه‌وه‌یش ده‌پرسین بۆ چ مه‌به‌ستێك له‌ناو ده‌قدا قوتكراوه‌ته‌وه‌؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر ته‌نها به‌كارهێنانی شه‌پۆلی هۆش بێت, لێ‌ به‌بێئه‌وه‌ی بزانین له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌, یاخود هه‌ر وه‌كو شتێكی زیاده‌ تێی ئاخنراوه‌ به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی وه‌زیفه‌یه‌كی دیاریكراو ببینێت. پاشان خوێنه‌ری وردبین هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌تمۆسفیرێكی ڕووكه‌شانه‌ی كافكایی له‌م ده‌قه‌یشدا خۆی ده‌نوێنێ‌, ده‌ڵێین ڕووكه‌شانه‌ چونكه‌ سه‌ركه‌وتوو نییه‌ له‌وه‌ی بابه‌تێكی ته‌واو كافكاییمان پێشكه‌ش بكات, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌و دنیا كافكایییه‌ له‌م چیرۆكه‌دا ڕوون و ئاشكرانین. (سێگۆشه‌ی باسێكی كۆن)یش به‌ گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك له‌ ڕێگای جێگۆڕكێی سه‌ره‌تا و كۆتایی, دایه‌ڵۆگ, مۆنتاجی كات و شوێن و..تاد ده‌گێڕدرێته‌وه‌. ده‌توانین بڵێین ئه‌تمۆسفیرێكی كافكایی له‌م ڕووبه‌ره‌یشدا ئاماده‌ییه‌كی پێداگری هه‌یه‌, هه‌ر بۆ نموونه‌ پیت له‌بریی ناوی كاراكته‌ر به‌كاربراوه‌ كه‌(س)ه‌ و ناوی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ش (ك)ه‌. په‌ی به‌وه‌ نابه‌ین بۆچی كاراكته‌ر خاوه‌نی هه‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژووره‌كه‌ی بۆته‌ زیندان- بێگومان به‌بێئه‌وه‌ی هۆكارێك دنه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ بدات- بۆچی هه‌ست به‌ به‌ندكراویی ده‌كات, ترسی له‌ چییه‌؟ بۆ به‌ بینینی ئه‌م, خاوه‌ن ژووره‌كه‌ و ژنه‌كه‌ی قاقا ده‌كێشن؟ ئه‌مانه‌ هه‌موو نادیارن, چونكه‌ وه‌سف له‌ بونیادی ده‌قدا به‌شدار نییه‌, جگه‌ له‌مه‌یش كه‌مترین زانیاریی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات. نایشزانین ئه‌م پاڵه‌وانه‌ كێیه‌ و چی كردووه‌ وا ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ دێت كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ئه‌م بۆ شاره‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و بڕیاری له‌ناوبردنی دراوه‌..سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ داوای لێده‌كه‌ن شێوه‌ی مه‌رگه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێ‌, كه‌ ئه‌مه‌ ئایرۆنییه‌ و پرسیارێكی نامۆ ڕوواوڕووی وه‌رگر ده‌كاته‌وه‌, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بۆچی؟ كه‌ی له‌ڕاستییدا بكوژ مافی به‌ قوربانیی داوه‌ بژارده‌ی هه‌بێت؟ یانی بكوژ كه‌ی مافناس بووه‌؟ نازانین بۆ..ئه‌م كاراكته‌ره‌یش له‌ شوێنێك ئیش ده‌كات نه‌ كه‌سی لێ‌ ده‌ناسێ‌ و نه‌ كه‌سیش ئه‌و ده‌ناسێ‌! ته‌نانه‌ت ناوی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌شی نازانێ‌, كه‌ به‌ (ك) هه‌واڵی له‌ پاسه‌وانی دائیره‌كه‌ ده‌پرسێت به‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ده‌ دوانزه‌ ساڵه‌ مردووه‌, واته‌ به‌ كورتی ئه‌م كابرایه‌ ئاگای له‌ هیچ نییه‌ و په‌یوه‌ندیشی نه‌ به‌ دنیاوه‌ هه‌یه‌ و نه‌ به‌ هیچ شتێكییه‌وه‌. ئه‌مه‌یش واده‌كات ئه‌م كاراكته‌ره‌ له‌ خۆی تێنه‌گات, چونكه‌ هه‌وڵی تێگه‌یشتنی دنیا نادات تاكو پتر له‌ خۆی بگات, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی “تزڤیتان تۆدۆرۆڤ”ده‌ڵێ‌, له‌ڕاستییدا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش نییه‌ بۆ سه‌ر شارۆچكه‌كه‌, ئیدی پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌ به‌ كوشتن؟ نازانین..ئه‌مه‌یش ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌قه‌ بیرێكی لۆجیكییانه‌ بۆ هه‌موو چنینیی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و بونیادی گرێچنێكی ناتۆكمه‌ به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌, واته‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌بێ‌ هه‌موو بڕگه‌كانی توندوتۆڵانه‌ هاوپه‌یوه‌ندبن, كه‌چی وانییه‌ و ئه‌م هاوپه‌یوه‌ندییه‌ نابینرێ‌. پاڕادۆكسی ڕاسته‌قینه‌ی ناویشی ئه‌وه‌یه‌ بكوژ له‌گه‌ڵا قوربانییدا وشه‌كانی( تكایه‌..و ببووره‌..) به‌كارده‌هێنێ‌..پاشان ئه‌میش, واته‌ بكوژ, فه‌رمانی پێكراوه‌ و نایشزانێ‌ بۆ ئه‌م فه‌رمانه‌ی پێكراوه‌, به‌ڵام ده‌بێ‌ هه‌ر ئه‌نجامی بدات. نووسه‌ر ئه‌م ده‌قه‌شی نوقمی دیدێكی زۆر ناڕوونانه‌ی سیاسیی كردووه‌ و تاكو لوغزئامێزتریش بێت ناهێڵێ‌ زانیارییمان پێبگه‌یه‌نێت, ئیتر خوێنه‌ریش هه‌ست ده‌كات زۆربه‌ی بڕگه‌كانی تێكست شفره‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵیان بهێنێ‌ و بیاندۆزێته‌وه‌..ئه‌مه‌یش له‌ڕاستییدا ئیش و ئه‌ركی خوێنه‌ر ئاڵۆزتر و دژوارتر و تاقه‌تپڕووكێنتر ده‌كات, چونكه‌ دركی ئه‌وه‌ی تیژده‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆ زه‌فه‌ر بردن به‌ تێكسته‌كه‌ پێویستیی به‌ زانیاریی تر هه‌یه‌, به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ مێژووییه‌ی تێیدا به‌رهه‌م هاتووه‌, هه‌ر ته‌نها ئه‌مه‌یش شه‌قڵا به‌ بنه‌مایه‌ك ده‌به‌خشێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ ده‌ق, هه‌روه‌كو(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا)ئاماژه‌یان پێداوه‌. دیاره‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ نه‌گه‌یشتنی زانیاریی و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ كۆد ته‌نرانی ده‌قه‌كه‌, چیرۆكه‌كه‌ زۆر بێ‌ ڕه‌واج ده‌كات. پاشان خۆهه‌ڵواسینی كابرای خاوه‌ن ماڵا كه‌ نازانین بۆ به‌م كاره‌ هه‌ڵده‌ستێت چی ده‌خاته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌؟ له‌م تانوپۆیه‌دا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت هه‌موو شتێك ڕێكه‌وت ده‌یجووڵێنێت, بۆ ده‌چێته‌ كۆڵان و تیایدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵێ‌, پارچه‌ كاغه‌زه‌كه‌ هه‌ڵده‌گلۆفێ‌, سه‌رله‌نوێ‌ ده‌ریده‌كات و ده‌یخوێنێته‌وه‌, ئینجا به‌خۆی ده‌ڵێت:( چۆن تا ئێستا تێبینی ئه‌م وشه‌یه‌م نه‌كردووه‌؟) ده‌شێ‌ مه‌به‌ستی وشه‌ی “كوشتن”ه‌كه‌ بێت..سه‌یره‌ ئه‌م كاراكته‌ره‌ ده‌جار نامه‌كه‌ی خوێندووه‌ته‌وه‌ كه‌چی هێشتا له‌ ناواخنه‌كه‌ی بێئاگایه‌!! ئیدی به‌ڕاستیی نازانین بۆ ئه‌و نامه‌یه‌ی پێده‌گات و دواجار بۆ گۆڕانكارییه‌كی ناكاوانه‌ ڕووده‌دات و یه‌كسه‌ر ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی نووسه‌رانی نامه‌كه‌, دیاره‌ به‌بێئه‌وه‌ی ناویان له‌ نامه‌كه‌دا نووسرابێ‌..له‌ڕاستییدا ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌مزییش بێت ئه‌وا ته‌نها نووسه‌ر له‌كاتی نووسینیدا زانیووێتی مه‌به‌ستی چییه‌ و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئێستا ئه‌ویش وه‌ك ئێمه‌ نه‌زانێت سه‌باره‌ت به‌ چییه‌! ڕاسته‌ زۆرجار ده‌ق مانای ناڕوون له‌خۆیدا حه‌شار ده‌دات و ئه‌ركی خوێندنه‌وه‌یه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر لابه‌رێت, كه‌چی خوێندنه‌وه‌یش زۆرجار له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ده‌قانه‌دا كورتده‌هێنێ‌ و ناگاته‌ ده‌ره‌نجامێك له‌گه‌ڵیاندا و ڕاستییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر ناكات, چونكه‌ بونیادێكی ده‌لالیی لێكترازاو شه‌قڵییان پێده‌به‌خشێت, بۆیه‌ خوێنه‌ریش ناتوانێ‌ هیچیان لێ‌ هه‌ڵێنجێنێ‌ و چێژێك له‌و مانایانه‌ هه‌ڵكڕێنێ‌ كه‌ خۆی كه‌شفیان ده‌كات.

دوا چیرۆكی(سه‌دره‌دین عارف)یش- شۆڕبوونه‌وه‌- یه‌. ده‌كرێ‌ ئه‌مه‌ و ئه‌وانی پێشوویش به‌(ده‌قی كراوه‌)دابنێین, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ئه‌مبێرتۆ ئێكۆ”ده‌ڵێت, چونكه‌ لێره‌یشدا خوێنه‌ر فڕێده‌داته‌ نێو گومان و دڵنیانه‌بوون, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌ناو ده‌قدا نایه‌ته‌دی, بۆیه‌ وه‌رگر ده‌شێ‌ ماوه‌یه‌كی درێژتر له‌باره‌یانه‌وه‌ تێبفكرێت, یان له‌ چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ لێیان ڕابمێنێت و بیانخوێنێته‌وه‌ و سه‌ره‌نجامیش كرانه‌وه‌كان دابخات, یانی چاره‌سه‌ر بدۆزێته‌وه‌, كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یش یه‌كێك بێت له‌ لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌. دیاره‌ ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ گۆشه‌نیگای كه‌سی سێیه‌می تاك له‌ ڕێگای دایه‌ڵۆگ و دیمه‌ن و مۆنتاجی كات و شوێن و گرته‌ی سینه‌مایی ده‌گێڕدرێته‌وه‌. له‌م ده‌قه‌دا زمان ڕیتمئامێز و چڕوپڕه‌ و نووسه‌ر خۆی له‌ شیعرییه‌ت بواردووه‌ و هه‌وڵیشی داوه‌ ئه‌تمۆسفیرێكی كافكاییمان پێشكه‌ش بكات, به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و وته‌كانی پیره‌مێرده‌كه‌دا..ئه‌میش هاوشێوه‌ی ده‌قه‌كانی تر كه‌میی زانیاریی به‌ربینی پێدراوه‌كانی گرتووه‌ و ڕه‌مز و ته‌مومژ ده‌مودووی پیره‌مێرده‌كه‌ی گه‌مارۆداوه‌. ده‌یه‌وێ‌ شتێك ڕووبدات, به‌ڵام چی؟ بێگومان نازانێ‌..دیاره‌ ناڕوونییه‌كه‌ی ئێره‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌مز تێهه‌ڵكێشی بووه‌, جیاوازییه‌كه‌یش ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ لێره‌دا به‌ یارمه‌تی(كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌)ده‌كرێ‌ ئه‌و ڕه‌مزه‌ نه‌ختێك ڕوونبكرێته‌وه‌, یانی ده‌سته‌به‌ركردنی زانیاریی سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ مێژووییه‌ی تێیدا به‌رهه‌م هاتووه‌..له‌ڕاستییدا ئه‌تمۆسفیری كافكایی له‌و بڕگه‌یه‌دا زۆر چڕده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاراكته‌ر ده‌پرسن بۆچی له‌وێ‌ وه‌ستاوه‌ و ئه‌ویش ده‌ڵێ‌:(بۆ لای كاك هیوا هاتووم..)كه‌چی نه‌”هیوا”یه‌ك له‌وێ‌ هه‌یه‌ و نه‌ كه‌سێكی ئه‌وێیش ئه‌و هیوایه‌ ده‌ناسێ‌, چونكه‌ شوێنه‌كه‌ ده‌ستاوده‌ستی كردووه‌ و تاقمێكی تر ئه‌وێیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌, كاغه‌زه‌كه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ وه‌خته‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌و دیداره‌ی”هیوا”بووه‌ داهێزراوه‌ و نووسینه‌وه‌كه‌شی كاڵبووه‌ و ناخوێنرێته‌وه‌. لێره‌دا په‌ی به‌ دوو واقیع ده‌برێت, واقیعی ڕابردوویه‌كی نزیك و واقیعی هه‌نووكه‌.. پاڕادۆكسی ئێره‌یش ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م كاراكته‌ره‌یش وه‌كو كاراكته‌ری چیرۆكی(سێگۆشه‌ی باسێكی كۆن)ئاگای له‌ ده‌وروبه‌ر و دنیاكه‌ی نییه‌ و نازانێ‌ گۆڕانكاریی تێدا ڕوویداوه‌؟ جگه‌ له‌مه‌ ئه‌و كه‌ جحێڵه‌ و باوكی منداڵی به‌رمه‌مكانه‌ چۆن قسه‌ی(عه‌یب ناكه‌یت به‌ ڕیشی سپییه‌وه‌ درۆ ده‌كه‌یت)ی به‌ڕوودا ده‌درێت؟ كاراكته‌ر به‌و پارچه‌ كاغه‌زه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ڕێ‌, به‌ ئومێده‌, بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌سێك ده‌یناسێ‌ و ده‌بێته‌ فریادڕه‌سی, به‌ڵام پاش گۆڕانكاریی له‌ كه‌سه‌كان, ئایا ئه‌و هه‌سته‌ هه‌ر وه‌كو خۆی له‌لای پاڵه‌واندا ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئایا ئه‌و شوێنه‌ هه‌ر هه‌مان شوێنه‌ بۆ ئه‌و؟ ئایا له‌م كه‌ینوبه‌ینانه‌دا ئه‌و خاوه‌نی ناسنامه‌ی خۆیه‌تی, خۆی پێ‌ كه‌شف ده‌كرێت و بارودۆخه‌كه‌ باشتر تێده‌گات؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی پرسیاری خوێنه‌رن كه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ خۆیشی به‌دوای وه‌ڵامیاندا بگه‌ڕێت, چونكه‌ ده‌ق ده‌ستگیررۆیی ناكات و له‌بریی ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانیشی بۆ ئاماده‌ بكات ده‌یانشارێته‌وه‌. پاشان ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كاراكته‌ره‌ و ئه‌وانی دییش چ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵیاندا ده‌بێت و چۆن ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر لێیان تێنه‌گه‌ین؟ چۆن له‌ ڕێگایانه‌وه‌ له‌ خۆمان زیاتر تێده‌گه‌ین و ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تییمان و گۆڕانكارییمان تێدا دروست ده‌كه‌ن؟ ئایا ده‌توانن هه‌روه‌كو(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا) ده‌ڵێن: پێشنیازی وه‌ڵام بۆ پرسیاری من كێم بكه‌ن, نه‌ك هه‌ر بۆ خۆیان, به‌ڵكو بۆ ئێمه‌یش؟ چونكه‌ تێگه‌یشتن و درك به‌خۆ و به‌ خه‌ڵك كردنیش, له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ پێده‌گات و دێته‌ئاراوه‌..به‌ڵام لێره‌دا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو جۆره‌ به‌كارهێنانێكی زمان ئه‌مه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌, نه‌خێر, زمانێك كه‌ هێزی گه‌یشتنی هه‌بێت, وزه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ بدات, به‌های مه‌عریفیی هه‌ڵبگرێت كه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ به‌های ئیستێتیكی, هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی”حه‌مید ئه‌لڕوبه‌یعی”بۆی چووه‌ و ئه‌مه‌یش بناغه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه‌.. زمانێك كه‌ بتوانین ئه‌ودیوی ببینین و لێكیبده‌ینه‌وه‌, نه‌ك ئه‌ودیوه‌ی تاریكییه‌كی بێئامان بیته‌نێته‌وه‌ و ئێمه‌یش كه‌وتبینه‌ پێش سه‌رده‌می پڕۆمیسیۆس تیایدا. به‌مه‌یش كاراكته‌ر یه‌كڕه‌هه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت, یانی وه‌كو ئه‌وه‌ی”ئی. ئێم. فۆرسته‌ر”ده‌ڵێت: فلات, واته‌ یه‌كڕوو و یه‌كئاست. دواجار كاراكته‌ر ژیانكردووئاسا نه‌بێت و پێوانه‌ی نه‌بێت بۆ ڕه‌فتاری خۆی و نه‌زانێت بۆچی به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و گوفتار ده‌كات, ئه‌وا گێڕانه‌وه‌یش لۆژیكێكی قه‌ناعه‌تبه‌خش پێشكه‌ش ناكات.

ئێستا ده‌كرێ‌ بڵێین چه‌رخ هه‌رده‌م به‌رانبه‌ر به‌ داهێنه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كان چه‌پگه‌ڕ بووه‌, به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیووه‌ ڕووناكیی ڕاسته‌قینه‌ی داهێنان بشارێته‌وه‌ و له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی بخات, ئه‌گه‌ر وایش نه‌بوایه‌ و داهێنان شتێكی گه‌ردوونیی و هه‌میشه‌یی نه‌بوایه‌ و داهێنه‌ریش پێیه‌كی له‌ ناو ئایینده‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وا كێ‌ پاش نیو سه‌ده‌(سه‌دره‌دین عارف)ی بیر ده‌كه‌وته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر چیرۆك نووسیش,”میشال بۆتۆر” گوته‌نی, هه‌ر له‌ هه‌مان دنیاوه‌ سرووشی بۆ بێت كه‌ په‌یده‌رپه‌ی له‌ گۆڕاندایه‌, ئه‌وا(سه‌دره‌دین عارف) به‌ پله‌ی نایاب كوڕی دنیا و سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌تی, چونكه‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی ئه‌گه‌رچی ده‌قاوده‌ق پۆرترێتی خۆی نییه‌, به‌ڵام به‌ ڕه‌نگه‌كانی خۆی ڕه‌نگڕێژی كردووه‌ و به‌ مه‌سه‌له‌ و پرسێكی گرنگ بارگاوی كردووه‌ و به‌ره‌و ئاسۆ به‌رفراوانتره‌كانی داهێنان بردوویه‌تی, بۆیه‌ ئه‌ده‌بێكی دیار و به‌رجه‌سته‌ و كاریگه‌ره‌, به‌ڵام داخه‌كه‌م له‌ دنیای كۆك و پێكه‌وه‌ گونجاوی ناپاكیی و گه‌نده‌ڵییدا هونه‌ری ڕه‌سه‌ن,”جیانی ڤاتیمۆ”وته‌نی, هه‌ر ته‌نها به‌ بێده‌نگیی ده‌دوێت و سه‌روسه‌دا ده‌رناكات, به‌ڵام سه‌ربار توانیووێتی ئه‌و وێنه‌ به‌هادار و تاهه‌تاییه‌ بخوڵقێنێ‌ كه‌ هه‌موو كارێكی داهێنه‌رانه‌ ئاتاجی به‌ خوڵقاندنی هه‌یه‌..ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیش باشترین به‌ش بێت له‌ ژیان, به‌ مه‌رجێك ژیان باشترین به‌ش بێت له‌ ئه‌ده‌ب, وه‌كو ئه‌وه‌ی”واڵاس ستیڤنس”ئاماژه‌ی داوه‌تێ‌, ئه‌وا مادامه‌كێ‌ ئێمه‌ مه‌حكوومین به‌ ژیان, پێویسته‌ مانای پێببه‌خشین, پێویسته‌ جوانیی پێببه‌خشین, مانا و جوانییش ته‌نها داهێنان به‌ ژیانی ده‌به‌خشن..هه‌موو داهێنانێكیش پاساوی ژیان و مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌, ئه‌گه‌ر له‌م پاساوانه‌ خاڵی بێت ئه‌وا هیچ شتێك دادی نادات, نه‌ده‌توانێ‌ بژی و نه‌یش ده‌توانێ‌ به‌رگه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی زه‌مه‌ن بگرێت و بمێنێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌كرێ‌ بڵێین ئێمه‌ به‌ نووسین مه‌حكوومین, چونكه‌ هانده‌ره‌ بۆ ژیانكردن به‌ شێوه‌یه‌كی جوانتر, به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بێهووده‌یی و نائومێدیی و ڕۆتینه‌كانی هه‌ڵكردن كه‌متر بكاته‌وه‌ و شایانی ئه‌زموونكردنێكی مرۆییانه‌ بێت و پێی بكرێ‌ بیروباوه‌ڕ و تێفكرینمان بشڵه‌قێنێ‌ و ئاشناییمان به‌ شته‌كان نائاشنا بكات و بمانهه‌ژێنێ‌, یان بتوانین بڵێین بمانگۆڕێ‌! دیاره‌ ئه‌ده‌بیش هه‌ر به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ نائاسایی كردنی ئاساییه‌, هه‌روه‌كو”ڤیكتۆر شكڵۆفسكی” بۆی چووه‌, واته‌ به‌خشینی ڕازئامێزیی و سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی به‌ ئاسایی و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئاستی سه‌رسووڕهێنه‌ر و كردنی هه‌موو سه‌رسووڕهێنه‌رێكیش به‌ئاسایی, وه‌كو ئه‌وه‌ی “حه‌ننا عه‌ببوود”ده‌ڵێت. ئه‌ده‌به‌كه‌ی(سه‌دره‌دین عارف)یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بایه‌خداره‌, چونكه‌ ئه‌م پێناسه‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت و پرسیار ده‌ورووژێنێت و ئاماژه‌ به‌ شتێكی گرنگ ده‌دات كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ژیان بێ‌ مانا نییه‌ و جگه‌ له‌مه‌یش پێبه‌پێی ئه‌و ئامانج و ڕه‌هه‌ندانه‌ی له‌خۆی ده‌گرێت سنووری ئاسایی تێپه‌ڕاندووه‌ و تیایدا نائاساییتر بووه‌ و ئه‌و چێژه‌یش به‌ خوێنه‌ر ده‌گات كه‌ له‌ كه‌شفكردنی ئه‌و نائاساییه‌دا ده‌سته‌به‌ری ده‌كات. یان به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی “برێخت”بۆی چووه‌, هێزی نائاسایی كردنی ئه‌ده‌ب به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌و توانایه‌یدا به‌رقه‌راره‌ كه‌ ده‌مانگۆڕێت و هاوكات دنیای ده‌وروبه‌ریشمان ده‌گۆڕێت..له‌ڕاستییشدا خوێنه‌ر ئه‌زموونكه‌ری ئه‌م هه‌سته‌ ده‌بێت, چ له‌ خۆیدا و چ له‌ دنیای ده‌وروبه‌ریشیدا و په‌ی به‌ گۆڕانكاریی ده‌بات و باوه‌ڕیش به‌وه‌ ده‌هێنێ‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا شتێكی جیاوازدا ده‌كات. پێبه‌پێی ئه‌مه‌ زمانیش تاڕاده‌یه‌ك ڕێگای نائاسایی خۆی ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌بێته‌ هه‌ڵگری مانایه‌كی ڕووكه‌ش كه‌ ئه‌مه‌یش”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”گوته‌نی ئاماژه‌ به‌ مانایه‌كی ناواخنیی ده‌دات و ده‌كرێ‌ له‌ خودی خۆیشی جیاواز بێت و ئاماژه‌ به‌ شتێكی تر, یان شوێنێكی تر بدات, به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی(ئاندرۆ بێنیت و نیكۆڵاس ڕۆیڵا) جه‌ختیان لێكردۆته‌وه‌, به‌ڵام بێگومان لێره‌دا- له‌م ئه‌ده‌به‌دا ئه‌مه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ئه‌و زمانه‌ ته‌قلیدییه‌ی پێش خۆی نییه‌, بۆیه‌ دایه‌ڵۆگی له‌گه‌ڵا نه‌وه‌كان و سه‌رده‌مه‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێ‌ و له‌ چوارچێوه‌ی كاتێكی دیاریكراویشدا قه‌تیس نابێت و له‌ زه‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كانیشدا ده‌بێته‌ خاوه‌نی مانا و ده‌لاله‌تی جیاواز..دواجار ده‌شێ‌ ده‌قیش, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ووڵفگانگ ئایزه‌ر”بۆی چووه‌, له‌ بارودۆخه‌ مێژووییه‌ جیاوازه‌كاندا خاوه‌نی(مه‌دلوول) ی جیاوازیش بێت.

سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌رچی خوێندنه‌وه‌ و شرۆڤه‌كردن, به‌ پێی”شلایه‌رماخه‌ر”, هونه‌ری خۆپاراستنه‌ له‌ به‌دحاڵیبوون, كه‌چی دیاره‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ گرنگه‌ ڕێژه‌ییبوونی خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كاتێ‌ له‌گه‌ڵا به‌رهه‌مه‌كانی(سه‌دره‌دین عارف)دا هاوپه‌یوه‌ندی ده‌كه‌ین و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ به‌دحاڵیبوون قورتارمان نه‌كات, چونكه‌ خوێنه‌ر, هه‌روه‌كو ناوبراوی پێشووتری ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ ده‌ڵێ‌, ده‌یه‌وێ‌ سه‌رله‌نوێ‌ به‌و ڕووداوه‌ ده‌روونییه‌دا گوزه‌ر بكات كه‌ نووسه‌ر پێیدا تێپه‌ڕیووه‌, به‌ڵام ئه‌مه‌یش یارمه‌تیده‌ر نابێت بۆ حاڵیبوون, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانای بابه‌تییانه‌ له‌كاری ئه‌ده‌بییدا, به‌ گوته‌ی”لوسیان گۆڵدمان”, زۆرجار بۆ خودی نووسه‌ر خۆیشی ناڕوونه‌..بۆیه‌ پاش ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ و پاش ئه‌م دواندنه‌ی ده‌قه‌كان, ده‌شێ‌ بوترێ‌: ئه‌گه‌رچیش ئێمه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ین هه‌ر ته‌نها بۆ سه‌رده‌مێك نووسراون و به‌ هه‌موو كات و سه‌رده‌مه‌كان تایبه‌ت نین, به‌ڵام, له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌یشدا ده‌كرێ‌ له‌گه‌ڵا فۆرمالیسته‌كاندا هاوڕابین كه‌ ده‌ڵێن ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان سه‌ر به‌ كات و سه‌رده‌مێكی دیاریكراو نین و گه‌ردوونیین و ده‌كه‌ونه‌ سه‌رووی مێژووه‌وه‌ و له‌ڕاستییشدا هێز و كواڵیتیی به‌رگه‌گرتنی زه‌مه‌نیان تێدایه‌, جگه‌ له‌وه‌یش توانای گۆڕانیش شكده‌به‌ن, هه‌ڵبه‌تا مه‌به‌ست گۆڕانه‌ له‌ ئاماژه‌ ده‌لالییه‌كان, كه‌ دیاره‌ هه‌موو نه‌وه‌یه‌ك هه‌وڵده‌دات بۆ خۆی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی دیاریی و تایبه‌تمه‌ندی بكات.

ئابی 2019: هه‌ولێر- تشرینی دووه‌می 2019: له‌نده‌ن

——————————————————
*سه‌رچاوه‌كان:
1- سابیر ڕه‌شید- سه‌دره‌دین عارف- نوێكاری چیرۆكی كوردی- ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2018
2- حاتم الصكر – ترویچ النص – دراسه‌ للتحلیل النصی فی النقد المعاصر – اجراْ ات.. و منهجیات – الهیئه‌ المصریه‌ العامه‌ للكتاب – 1998.
3- جیروم كلینكوڤتز- فن الروایه‌ ألامریكیه‌- ترجمه‌: سمیره‌ مصگفی أحمد- دار المعارف- القاهره‌ 1988
4- د.سمیر روحی الفیصل- الروایه‌ العربیه‌- البناْ والروْ یا- مقاربات نقدیه‌- منشورات اتحاد الكتاب العرب- دمشق- 2003
5- میشال بوتور- بحوپ فی الروایه‌ الجدیده‌- ترجمه‌: فرید أنگونیوس- منشورات عویدات- بیروت- باریس- الگبعه‌ الپالپه‌- 1986
6- حمید الربیعی- سرد بوصفه‌ شغفا- عن الروایه‌ وافاقها- الموسوعه‌ الپقافیه‌- العدد 162- الگبعه‌ ألاولی- بغداد- 2017
7- موسوعه‌ المصگلح النقدی- الواقعیه‌- تألیف: دیمین گرانت- ترجمه‌: دكتور عبدالواحد لوْ لوْ ه‌- دار الرشید للنشر- بغداد- 1980
8- كولن ویلسون- چیاع فی سوهو- نقلها الی العربیه‌: یوسف شرور و عمر یمق- دار الاداب- الگبعه‌ الرابعه‌- بیروت- 1979
9- دكتور عبدالواحد لوْ لوْ ه‌- ألوان المغیب- دراسات و ترجمات نقدیه‌- الموْ سسه‌ العربیه‌ للدراسات و النشر- الگبعه‌ ألاولی- بیروت- لبنان- 2009
10- فولفغانغ ایزر- التخییلی و الخیالی من منڤور ألانگربولوجیه‌ ألادبیه‌- ترجمه‌: د. حمید لحمدانی- د. الجلالی الكدیه‌- الدار البیچاْ – الگبعه‌ الاولی- 1998
11- أدونیس- موسیقی الحوت ألازرق- الهویه‌, الكتابه‌, العنف- دار التكوین للتألیف و الترجمه‌ و النشر- دمشق- 2018
12- جیانی ڤاتیمو- نهایه‌ الحداپه‌- الفلسفات العدمیه‌ و التفسیریه‌ فی الپقافه‌ مابعد الحداپه‌(1987)- ترجمه‌: د. فاگمه‌ الجیوشی- دراسات فكریه‌ 37- منشورات وزاره‌ الپقافه‌- دمشق- 1998
13- حنا عبود- من تاریخ الروایه‌- دراسه‌- منشورات اتحاد الكتاب العرب- دمشق- 2002
14- علی حسین- فی صحبه‌ الكتب- مقالات- دار أپر للنشر و التوزیع- المملكه‌ العربیه‌ السعودیه‌- الگبعه‌ الاولی- 2017
15- موسوعه‌ المصگلح النقدی- الحبكه‌- تألیف: ألیزابپ دپل- ترجمه‌: دكتور عبدالواحد لوْ لوْ ه‌- دار الرشید للنشر- بغداد- 1981
16- ویلیس بارنستون- مع بورخیس- مساْ عادی فی بوینس ایرس- ترجمه‌: د.عابد اسماعیل- دار المدی- الگبعه‌ الپانیه‌- 2014
17- An Introduction To Literature, Criticism, And Theory- ANDREW BENNETT And NICHOLAS ROYLE- Pearson- Longman- Fourth Edition- G.B 2009
18- TZVETAN TODOROV- Hope And Memory- Reflections On The Twentieth Century- Atlantic Books- London- 2003




نزیکبوونەوە لەوێڵگەی گێڕانەوەکانی ڕۆڵفۆ.. نووسینی: یوسف عزەدین

(خوان ڕۆڵفۆ بەسێ سەد لاپەڕە توانی بگاتە ئاستی سۆفۆکلیس)
گابریل گارسیا مارکیز

پێدەچێت شیاو بێت بڵێین؛ زۆرێک لەو تێکستانەی بەدرێژایی مێژووی نووسین و خوێندنەوە، خوێنەرانیان سەرسامکردووەو توانیوویانە پێ بەپێی زەمەنە جیاوازەکان، لەئاست خوێندنەوەو تەئویلی نوێدا بن، ئەو جۆرە تێکستانەن کەکورت و پوخت و تۆکمە بونیاد نراون، تەنانەت پارادۆکسە فەلسەفی و فیکرییەکانیش؛ ئەوانەی دەکرێت لەدێڕێکی کاریگەردا جێیان ببێتەوە، دواتر هەر ئەو دێڕەشە لەمیانی سەدان لاپەڕە لێکۆڵینەوەو نووسین، هەوڵی یەکاڵاکردنەوەو لێ حاڵیبوونی دەدرێت!؟
کاریگەرترین وتەیەکی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی کەکرۆکی فەلسەفە سۆفیگەرییەکەیەتی.. دەفەرمووێت:
(هەرچییەکیت ببە؛ بەڵام وەرە؟!)
ئیدی ئەم بانگهێشتەیە، گەر من و تۆ؛ بەرەوڕووی بچین، دەتوانین لەمیانییەوە پێ بنێینە نێو مەودایەکی نوێی تێڕوانین و چەشنێکی جودا و نوێ لەمامەڵەکردن لەتەک ئیگۆی خۆمان و دواجار گەیشتنە جۆرێک لەتێڕوانینی باڵاو شایستە؛ بۆ خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێی هەموو ئەو شتگەلانەی لەدەرەوەڕا ئابڵووقەیان داوین.
پرسیارێک کەئێخەی زۆربەی خوێنەرانی تێکستە درێژەکان دەگرێت؛ ئاخۆ لەکاتێکدا کافکا لەهەفتا هەشتا لاپەڕەیەکدا باشترین شاکارێکی، مەسخ-ەکەی جێ دەکاتەوە.. یان خوان ڕۆڵفۆ لەسەد لاپەڕەدا یاخوود کەمتردا، پیدرۆ پارامۆ-کەی لەبەرزترین ئاستی تەکنیکی و فانتازیی و بەتازەترین شێوازێکی گێڕانەوەی ناتەقلیدی دەنووسێتەوە؛ بەچەشنێک هەموو خوێنەرە جدییەکانی ئەو نێرێتیڤەی سەرسامکردووە، ڕەنگە یەكێک لەهۆکارەکانی ئەو سەرسامکردنەشی پەیوەست بێت بەئەتمۆسفێرە میتافیزیکییە ناتەقلیدییەکەی. دەشێت خوێنەری جدی؛ لەمیانی وەسف و دەنگ و خشپەو چرپەو سامی گێڕەڕەوە مردووەکانەوە، بێ هیچ زانیارییەکی پێش وەختیش، بزانێت مامەڵە لەگەڵ نێرێتیڤێکی سەیروسەمەرەی کەم وێنەدا دەکات.

بەهەرحاڵ گەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەمان؛ ئەی بۆ دەبێت توخمێک لەنووسەران هەبن، بەتایبەتیش ڕۆماننووسان، هیچ ڕێچکەو ڕێگەیەکی درێژدادڕی و ڕێکخستنی قسەوباسی بێسەرەوبەرەو گێڕانەوەی بێتام نامێنێت پەنای بۆ نەبەن!؟ بۆ دەبێت خوێنەری نموونەیی پاش خوێندنەوەی چەند سەد لاپەڕەیەکی ڕۆمانێکی قەبارە گەورەی پێشتر ڕیکلام بۆکراوی گەورەکراو، بگاتە هیچ؛ بگاتە ئەو ڕاستییەی کەلەپشت ئەو هەموو دێڕە سەقەتانەوە، کەسێک لەپشت هالەی گەورەکردنەوە خۆی مەڵاس داوەو دەیەوێت زۆرترین پانتایی بەبێکەڵکترین باس و خواسی زیادە پڕبکاتەوە! چ ئەمە بەشێکە لەو سادییەتەی ئەو جۆرە نووسەرانە دەرئەنجامی کەموکووڕییە سایکۆلۆژییەکانیان پەنای بۆ دەبەن؟! چ خۆ فووتێکردن و خۆ زل پیشان دان بەشێکە لەو چەکە بایۆلۆژییە دێرینەی هەندێک لەئاژەڵان پەنای بۆ دەبەن و مەبەستیانە گیانەوەرانی لەخۆ گەورەتر و بەهێزتری پێ بترسێنن!؟

هەر بۆ نموونە؛ ڕۆماننووسێکی زۆر ناسراوی شایستە بەڕێزو خۆشەویستی بەندە، لەیەکێک لەڕۆمانەکانیدا تاڕاددەی بێزارکردنی خوێنەر باس لەحیکایەت و بگرەو بەردەی فەرش فرۆشێک دەکات.. یان بەباسی کاراکتەرێکی زۆر خۆری نەگبەت؛ خەریکە لەپێستی خۆتت دێنێتەدەر!؟ یان لەشوێنیکی تردا بەحیساب باسی کۆمەڵێک پیاو کوژ، یان ژن کوژت بۆ دەکات، جا واز لەوەش بێنە، هەیانە خەریکی عەتر دروستکردنەو ڕەبەن ئاسا لەقۆناغی پاکبوونەوەیەدا.. بەڵام لەهەمووی هەزەلیتر هەر یەکێک لەم پیاوکوژانە شوێن دەستی کوشتنەکانی جیاوازە لەوەی ترو ئیتر بەچەشنی فیلمی کۆمیدی عەسابەو بەتایبەتیش جۆری ئەنیمەیشنەکەی، یەکێکیان ڕاست و چەپ فیشەک دەنێت بەکوژراوەکانییەوەو یەکێکی تریان نازانم دەینێت بەکوێیەوەو ئیتر خوێنەر نازانیت پێبکەنێت یان بگری!؟ خۆ ئەم نووسەرە بەڕێزە هەر ئەبوو شتێک زانیاری لەبارەی فیشەک تەقاندن و چۆنییەتی کوشت و کوشتار و ئەو جۆرە بگرەو بەردانەی ئیغتیالاتەوە بزانێت!؟ وەک چۆن گابریل گارسیا مارکیز، لەچاوپێکەوتنێکیدا باس لەوە دەکات چۆن فیدڵ کاسترۆ باسی هەڵەیەکی نێو ڕۆمانێکی خۆی بۆ کردووە، لەبارەی مەودای پێکانی ئەو چەکەی کەئەم لەڕۆمانێکیدا باسیکردووە؟! جا ئەوەی بڵێت، ئەدەبی فانتازی و جادووگەری و ئەفسووناویی و هاوشێوەکانی ئەم جۆرە وردەکارییە واقیعییانە لەخۆ ناگرێت، وەڵامەکە ئەوەیە سەرەتا ئەو تێکستەی من بەنموونە هێناومەتەوە چەند خاتریشی بگریت؛ هەر ڕیالیستییە؟! لەوەش زیاتر تەنها لەئەدەبە سوریالییە بەرزەفڕەکاندا دەشێت بەچەشنی سەیرو سەمەرەیی خەونەکان هەموو ئەوەی لەنێو نێرێتیڤێکدا ڕوودەدات شیاوی وەرگرتن بێت، ئەمیش تائەو ڕاددەیەی کەنەبێتە فیلمی کارتۆنی منداڵان.. لەوەش گرنگتر کاتێک دەقێکی جادوویی وەک “فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا” کەباس لەفڕینی کەسایەتییەکی واقیعیت بۆ دەکات و دەزانیت لەحەقیقەتدا ئەمە ناشێت و کاری کردە نییە.. بەڵام کاتێک پیدرۆ دەفڕێت؛ هەر بەڕاستی وەک کەسێک دەفڕێت کەتوانای فڕینی پێ بەخشرابێت، ئەویش بەکەمبوونەوەی کێشی، یان کەمبوونەوەی هێزی ڕاکێشانی زەمین بۆ کەسەکە.. هەموو ئەمانەش گەر لەنێو فیزیاو تێڕوانینە فیزیاییەکاندا جێشی نەبێتەوە، بەڵام لەپانتایی و مەودایی ئەو ئەدەبە تایبەت و باڵایەدا جێی دەبێتەوە.. سەرنجڕاکێشترین دیمەنێکی نێرەتیڤەکەش بەستنەوەی لاقی پیدرۆیە بەگوریسێکەوە بۆ ئەوەی تەواو لەحەوادا وننەبێت و لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.. چەند سەیرە کەسێک وەک ئەوەی چەشنە نەخۆشییەکی ناوازەی گرتبێت؛ یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر؛ ئەم توانای فڕین و بەرزبوونەوەیەی لادروست دەبێت و دواجاریش دەبێتە ئەو پیاوەی با لەگەڵ خۆی دەیبات!؟

لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین، هەبوونی وردەکاری لەتێکستدا؛ جیاوازە لەحەشووکردن و درێژدادڕی و پڕکردنەوەو زیادەڕەوەی بەنیازی هەڵخەڵەتاندنی خوێنەر؟! چونکە زۆربڵێیی و حەشوکردن و درێژدادڕی، گوزارشتە لەنەتوانینی نووسەر بەئیدامەدانێکی دیالێکتیکانە، بەوەی مەبەستییەتی بیگێڕێتەوە.. ئەمە جگە لەونکردنی سەرەداوی بنەڕەتی گێڕانەوەکان؛ زۆربەی کاتیش نووسەرانی ئەو جۆرە درێژدادڕییە حەیران ئاسایە، لەتوانایاندا نییە بابەتێکی فرەجەمسەری پەلوپۆ بڵاو، کورت و پوخت لەداڕژگەی تەکنیکێکی ڕاکێشەرانەدا چڕبکەنەوە.
گەورەترین توانستێکی کاریگەرانەی گێڕانەوەی کەمەندکێشانەی گابریل گارسیا مارکیز لەڕۆمانی؛ کۆڵۆڵۆنێڵ کەسی نییە نامەی بۆ بنووسێت-دا دەردەکەوێت، هەروەک بۆخۆشی ئاماژە بەوەدەدات کەبۆیە ڕۆمانی سەد ساڵ لەتەنهایی نووسیووە، تاوەکو خوێنەران ڕۆمانی کۆڵۆنێڵەکەی بخوێننەوە.

هەر پەیوەست بەقسەوباس دەربارەی حەشوکردن و درێژدادڕی، زاتێکی نەرجسی مەشرەبی خۆشەویست کەبەحیساب ڕۆماننووسە، کار دەگاتە ئەوەی لەڕۆمانێکیدا زیاد لەچل پەنجا لاپەڕەی بەبڵاوکردنەوەی بابەتی وەرگێڕاوی نێو ویکپیدیای ئەم نووسەر و ئەو نووسەر پڕبکاتەوەو لەوانە وەرگێڕانی زانیارییەکانی دەقاو دەقی ویکپیدیای جۆرج سیمینۆن-ەو وەک ئەوەی زانیارییەکان هی خۆی و دەرئەنجامی خوێندنەوەی قووڵی بێت، ئاوا ترنجانوویەتییە نێو بەشی دوور ودرێژی زنجیرە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی و لەهەمووشی سەیرتر خودی بابەتی سەرەکی ڕۆمانەکەی لەهەردوو ڕۆمانی سێبەری باو، گەمەی فریشتە-ی کاڕلۆس ڕویز زافۆن-ەوە دزییەوە!؟ پێشتریش زۆربەی ئەو نێرەتیڤانەی بۆرخیس ساڵانێکی دوور و درێژی تەمەنی لەنووسینیدا سەرفکردبوو، ئەو بێ سڵەمینەوەو شەرمکردن؛ پاش گەمەپێکردنێکی ئیبلیسییانەی زۆر وەستایانەو پێش و پاش خستنێکی کارامانەی ماتماتیکی و کەمێک دەستکاری حیلەبازانە، زۆربەی تێکستەکانی ئەو زاتەی بەهەڵەوگێڕاوی و سەقەتی، کردە داهێنانی خۆی و کەسیفانە لەئەدەبیاتی کوردیدا بەبێدەنگی جێی خۆی کردۆتەوە.. وەک چۆن لەهەندێک وتار و دیالۆگەکانی پێشووتریشدا ئاماژەم پێداوە؛ دزین جیایە لەکەوتنە ژێر کاریگەری، یان ئیلهام وەرگرتن لەنووسەرانی ترو زۆر شێوازی تری ڕێگەپێدراوی ئاشکرا، وەک تەوزیفکردنەوەی فیکرەیەک بەئاماژەکردن بەئەسڵ و فەسڵی سکچڕاڵە نێرەیتیڤەکەی و دانەرەکەی.. بەڵام نەشیاوە تۆ ڕۆحی نووسەرەکە بدزیت و بەتەمسیل کردن و تەقەمووس خۆت لێ ببێتە ئەو!؟ لەوەش سەیرتر ئەوەیە کەسانێک هەبن جا بەڕاست یان بەدرۆ باوەڕ بەوە بهێنن کەتۆ هەر ئەویت؟! چ هەزەلیاتێکە حاڵی ئەو نووسەرانەی کەچەشەبوون بەدزینی ئەدەبیاتی گەلان و تابشنووسن هەر دەدزن؟!

چەند جوانە کاتێک گۆستاڤ فلۆبێر- لەنووسینێکیدا باس لەوە دەکات، پێش ئەوەی بەتەوایی فێری خوێندنەوە ببێت، زۆربەی ڕۆمانی دۆنکیخۆتەی سێرڤانتیسی ئەزبەرەکردووە و تەنانەت لەنووسینی؛ مەدام بۆڤاری-یشدا زۆر سوودی لەشێوازی نووسینی دۆن کیخۆتە وەرگرتووە!؟
بابێینەوە سەر باسی خوان ڕۆڵفۆو بڵێین ئەو جیاواز لەو نووسەرە دیکتاتۆرە سادییانەی، چێژ لەدرێژدادڕی و حەشوکردنی تێکست و ئەشکەنجەدانی خوێنەر دەبینن، مەبەستێتی بەکورتی و پوختی و بەکەمترین گوزارشت و ئاماژە، بتخاتە نێو وێڵگەی گێڕانەوەکانییەوە.. مارکیز سەبارەت بەسەرسامبوونی خۆی بەپیدرۆ پارامۆ دەنووسێت:
(ئەلفارۆ مۆتیس؛ بەهەنگاوە فراوانەکانی شەش نهۆمی بڕی و بەباوەشێک کتێبەوە خۆیکرد بەشووقەکەمداو لەنێو هەموویاندا کورترین و بچوکترین کتێبی جیاکردوەو بەپێکەنینەوە پێی وتم؛ ئەم نەفرەتییە بخوێنەرەوە تا فێر ببیت؟! ئەو کتێبە ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ بوو، هەر ئەو شەوە تا بۆ دووەمجار لەخوێندنەوەی نەبوومەوە، نەمتوانی بخەوم)
کاتێک ڕۆڵفۆ ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ دەنووسێت، سەرەتا لەدووسەدو پەنجا لاپەڕەدا جێی دەکاتەوەو بەڵام دواتر پاش پێداچوونەوەو پاکنووسکردنی سەدوپەنجا لاپەڕەی لێ فڕێدەدات و تەنها سەد لاپەڕەیەکی دەهێڵێتەوە.. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی تری جوانی و جدییەتی ئەم تێکستە بێت، چ کارەساتێک دەبوو ئەگەر لەجێی لابردنی ئەو کۆمەڵە لاپەڕەیە، ئەوەندەی تریشی بخستایەتەسەر!؟

ئەمە لەکاتێکدا تراژیدیای سەرجەم مرۆڤەکانی ئەمریکای لاتین؛ بەتایبەتیش مەکسیک بەئێستاشەوە بێکۆتا گێڕانەوەو بەسەرهات لەخۆ دەگرێت، سەرباری کێشەی شوناس و ناسنامەو ئینتیمایان، کەمێک هاوشێوەی کورد؛ بەجۆرێکە ڕوون نییە لەڕابردوودا چیبوون؟! لەئێستاشدا چین و لەداهاتووشدا دەبنە چی؟! هەردەم نادیارییەک لەسەرتاپای بوونیاندا هەیە، بێدەسەڵاتی و سەقامگیربوون و مەنگییان، لەهەندێک کاتدا تا ئەو پەڕێتی و کەچی دڕبوون و کوشندەیی و توانای لەناوبردنی بەرامبەریان، لەکاتی چاوەڕواننەکراودا، هەر بەهەمان شێوە تا ئەوپەڕێتی؟!

خوان ڕۆڵفۆ لەبارەی جووتیارە سادەوساکارە مەکسیکییەکانەوە دەڵێت:
(کاتێک لەگەڵیان دەدوێت، وادێت بەخەیاڵتدا کەتوانای کوشتنی مێشێکیان نییە، خەڵکانێک تا ئەوپەڕی لەسەرەخۆو هێمنن… جۆرێک لەو جووتیارانەی لەگەڵ ئەوەی فێڵباز و تەڵەکەبازو لەئامادەباشیدان، بەڵام نیەتیان پاکە؛ کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لەپشت هەر پیاوێکیانەوە کۆمەڵێک کاری تاوانکاری شاردراوەتەوە، ئیدی ئیشەکەت لێ تێکەڵ دەبێت.. نازانیت لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت، لەگەڵ بکوژێکی پڕۆفیشناڵ، یان لەگەڵ جووتیارێکی سادەوساکار!؟)
خوان ڕۆڵفۆ ساڵی ١٩١٨ لەئەپۆلکۆ-سایۆلای سەر بەناوچەی خالیسکۆ-ی مەکسیک هاتۆتە دنیاوە، زێدی نووسەر شوێنێکی وشکوبرنگ و وێرانەخاکە، خەڵکەکەی لەبەر ئەم هۆکارەو لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی ناوچەکەش، بەناچاری ڕوویانکردۆتە شوێنانی تر.. خانەوادەکەی ڕۆڵفۆش پاش لەدایکبوونی بەچەند ساڵێک؛ ڕوویانکردۆتە سان گابرێل و کەچی لەوێش ئاشووب و نەهامەتی دەستبەردارییان نەبووە. ساڵی ١٩٢٦ شۆڕشی لۆس کریستیرۆس بەرپادەبێت و بۆ سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و دەبێتە مایەی کوژرانی باوک و هەموو مامەکانی ڕۆڵفۆ.. لەبارەی ئەمەوە دەڵێت:
(منداڵیم گەلێک سەخت و دژوار بوو.. تەواویی ئەندامانی خانەوادەکەمان، پاش کوژرانیان؛ لاشەکانیان لێرەو لەوێ فڕێدران.. ناتوانین هەموو ئەمە بخەینە ئەستۆی شۆڕش، چونکە ئەوە شتێکە ڕەگ و ڕیشەی لەقووڵاییەکانی ڕابردوودا داکوتیووە، شتێکی قەدەری نالۆژیکیانەیە.. تا ئەمڕۆ یەک هۆکار و بەڵگە نادۆزمەوە کەبووە هۆکاری کوشتنی ئەو کۆمەڵە کەسەی خانەوادەکەمان؛ بەو شێوەیە و هەروەها هەموو ئەو کوشت و بڕو لەناوبردنانەی دیکەش؟!)
ڕۆڵفۆ بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی؛ چەندین ئیش و کاری جۆراوجۆری تاقیکردۆتەوە، ڕەنگە دیارترینیشیان کارکردنی بووبێت لەکارگەی دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێلداو لەنامەکانیشیدا بۆ هاوسەرەکەی ئەو دەمەی دەستگیران بوون، بەسەرهاتی ئەو سەردەمانەی ژیانی، ڕەنگی داوەتەوەو هەر دواتریش ئەم نامانە لەدووتوێی کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاوکراونەتەوە.

هەرچەند تێکستە ئەدەبییەکانی ڕۆڵفۆ زانراون؛ بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی کۆمەڵە نووسینێکی نوێی ڕۆڵفۆ؛ دواجار دەرکەوت بابەتەکان بریتیین، لەو موحازەرانەی لێرەو لەوێی ئەم کۆڕو ئەو سیمینار پێشکەشیکردوون، لەگەڵ هەندێک وتاری بڵاونەکراوەش.. بەڵام ئەوەی زانراوە ڕۆڵفۆ ساڵی ١٩٥٣ کۆمەڵە نێرەتیڤی (پێدەشت دەسووتێت) بڵاودەکاتەوەو ١٩٥٥ ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆ و پاش یانزە ساڵیش لەبێدەنگی تێکستێکی بەناوی لاکۆردییرا تەواو دەکات و لەنێوان ساڵانی ١٩٥٦-١٩٥٨یشدا (کەڵەشێرێک لەئاڵتوون)ی نووسیووەو ١٩٨٠دا بەچاپێکی زۆر خراپی پڕ لەهەڵە بڵاوکراوەتەوەو دواتر لەساڵی ٢٠١٠دا پاش ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشووتر، بەشێوازێکی باشتر چاپکراوەتەوە.
بەڵام ئەو زیاتر بەپیدرۆ پارامۆکەی دەناسرێتەوەو پێی دەگاتە ئاستی نووسەرە باشەکانی جیهان و وەک بۆرخیسیش لەبارەیەوە وتوویەتی:
( پیدرۆ پارامۆ یەکێکە لەباشترین ڕۆمانەکانی ئەدەبی ئیسپانی و بگرە ئەدەبی جیهانیش)
زۆرجاران ڕۆڵفۆ ئەوەی دووبارە کردۆتەوە، ئەو لەخوێنەربوونیدا پڕۆفیشناڵە، بەڵام لەنووسەر بوونیدا تەنها ئارەزوومەندێکە!؟ لەوتارەکانیدا بەتایبەتیش ئەوانەی لەژیانیدا بڵاونەکرابوونەوە.. کۆمەڵێک وردەکاری و زانیاری کاریگەر دەدۆزینەوە، ئاوڕ لەهەندێک نووسەری جدی و کارامەی کەمتر ناسراوی نێو دنیای میدیاتیکی دەداتەوە، بەڕاوبۆچوونی ئەو لەباشترینەکانن لەبواری نووسینی نێرەتیڤ و ڕۆماندا وەک؛ فڕانسیسکۆ ڕۆخاس گۆنزەنلیز، ئەندەریس ئینسبستروسا، ڕۆزا یوکاستیانوس، ڕۆمۆن ڕۆبین، ئیراکیلیۆ زیبیدا.. هەروەها لەوتارێکی بڵاونەکراوەیدا باس لەنێرەتیڤێکی نووسەرێک بەناوی فیرناندۆ ئیسکۆ بینێچی دەکات کەگوایە لەباخا کالیفۆرنیا نیشتەجێیەو یەکێکە لەدیارترین گێڕەڕەوەکانی مەکسیک.

بەڵام لەساڵی ٢٠٠٦دا نووسەرێکی نیشتەجێی هەمان شوێن بەناوی دانێڵ سادا لەبارەی ئەو نووسەرەی ڕۆڵفۆ ئاماژەی پێداوە.. وتی؛ هیچ کەسێک نییە دوورو نزیک هیچ شتێک لەبارەی ئەو نووسەرەوە بزانێت!؟
لەڕوویەکی تریشەوە قسەوباسی گەرم و گوڕ تاهەنووکەش لەنێوان هەوادارانی ئەدەبیاتی ڕۆڵفۆدا بەردەوامە، کەبۆچی هاوشێوەی نووسەرانی تر بەزنجیرەیەک لەڕۆمان و نێرێتیڤی بەردەوام درێژەی بەبڵاوکردنەوەی کتێب نەداوە، هەر بۆ نموونە هاوشێوەی ئەو ڕۆماننووسانەی کەساڵانە یان چەند ساڵ جارێک لانی کەم ڕۆمانێک بڵاودەکەنەوە!؟
پێدەچێت زۆر هۆکار هەبن، بەڵام سەیرترینیان ئەو شوبهاندنەی گەورە نووسەری هیندۆراسی؛ ئۆگۆستۆ مۆنتیرۆسۆ- ی هاوڕێی ڕۆڵفۆیە لەنێرێتیڤێکیداو لەکتێبی(بەرانە ڕەشەکەو حیکایەتی تریش)دا بڵاوکراوەتەوە.. کاراکتەری نێرێتیڤەکە ڕێوییەکە پاش ئەوەی هەست بەبێزاری و بێوازی دەکات، بڕیار دەدات ببێتە نووسەر، هەر بۆیە نێرێتیڤێک دەنووسێت و دەبێتە مایەی سەرسامبوونی خوێنەرانێکی زۆر، ئیتر وێڕای دەستخۆشی و پێداهەڵدانی داوای تێکستێکی نوێی لێدەکەن و ئەویش تێکستی دووهەمیش دەنووسێت و وەک جاری پێشوو مەدح و سەنایەکی زۆر دەکرێت و ئینجا داوای تێکستێکی تریشی لێدەکەن و ئیتر لێرەدا ڕێوی لەبەر ئەوەی ڕێوییە؛ لەگەمەی چواردەورەکەی تێدەگات و دەزانێت ئەم هەموو داواکاری بەردەوامبوونە لێی؛ بۆ ئەوەیە بەنووسینی دەقێکی خراپ تێبکەوێت و تا ئەو دەم هەر ئەم موعجیبانەی لەئێستادا پێیدا هەڵدەدەن؛ لەلووتکەی ناوبانگ و شۆرەتییەوە فڕێیدەنە خوارەوە!؟

——————————————————–
سەرچاوەکان:
*بیدروبارامو/خوان رولفو/ترجمە؛صالح علمانی/سعودیە-الدمام٢٠١٣
*السهل یحترق/خوان رولفو/ترجمە؛علی عبدالرؤوف البمبی/القاهرە٢٠١٣
*https://hafryat.com/ar/blog/%D8%A8%D9%8A%D8%AF%D8%B1%D9%88-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%85%D9%88-%D9%84%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D9%84%D9%81%D9%88-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE-%D8%A8%D8%A3%D9%83%D9%85%D9%84%D9%87-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D8%B5%D9%81%D8%AD%D8%A9-%D9%85%D8%AF%D9%87%D8%B4%D8%A9
*http://dipnotkitap.net/OYKU_ve_NOVELLA/Pedro_Paramo.htm




ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان پایەو بنەماکانی-4- نووسینی: عەتا قەرەداخی

( بەشی چوارەم)

باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێڕانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن کە بریتین لە:
یەکەم: کەلتورو نەریتی هاوبەش، مەبەست لە کەلتور کۆی خاسێتەکانی گروپێک لە خەڵک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیە کە لە درێژەی مێژوودا بەدەستیانهێناوەو رووبەری مادی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەوانەش زمان، ئایین، بیروباوەر، فەلسەفە، ئەدەب، گۆرانی، مۆسیقا، فۆلکلۆر، نەریت، شێوازی ژیان، میرات و کەلەپور، ئەفسانە و چیرۆک، بەیت و بالۆرەو سرووتی کۆمەڵایەتی بۆ هەردوو باری ئاسودەیی و خەمباری و شارستانی و کۆی بەرهەمەکانی تری هەر پێکهاتەیەک. ئەم رەگەزانە رووبەرێکی فراون لە بوونی هەر پێکهاتەو کۆمەڵگایەک داگیردەکەن و هەم بەرهەمی کۆمەڵگان هەم دەبنە پایەی بەهێز بۆ بوون و خۆنمایشکردن و ناساندن و پێناسەکردنی هەر پێکهاتەو گروپێک. کاتێ دەگوترێت کەلتوری هاوبەش، مەبەست لە کۆی ئەو رەگەزانەیە کە لەسەرەوە ناویانهێنراو تایبەتن بە ئیتنیکێکی تایبەت یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت. رەگەزەکانی کەلتور ئەو خاسێتانەیان هەیە کە ئەو پێکهاتەیە بەرهەمیان دەهێنێت و بە کۆی خاسێتە ئەنتۆلۆجیەکانی خۆی بارگاویان دەکات. هەر لەبەرئەوەشە کە کەلتور وەکو بنەمایەکی سەرەکی دیاریکردنی شوناس سەیردەکرێت و پشتی پێدەبەسترێت. کەلتور ئاسایی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بڕوای هاوبەش و شێوازو رێگای هاوبەشی ژیان دروست دەکات و رێککەوتن و رێکخستنێکی گشتی ژیان لە نێوان کۆی ئەندامانی ئەو پێکهاتە یان کۆمەڵگەیەدا دروست دەکات. کەلتور بەرهەمی مەعنەوی و مادی ژیانی کۆمەڵگایە و لەگەڵ رۆیشتنی کات و کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی هەر پێکهاتەیەکدا بەرهەم دێت.

ئێمە باسکردن لە ئایین و زمان و هەندێ لەو رەگەزانەی تری کەلتور جیادەکەینەوەو سەربەخۆ لێیان دەدوێین، چونکە سەرباری ئەوەی کە کۆی ئەو رەگەزانە رۆڵی دیار دەبینن لە گەشەپێدان و پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا، بەڵام زمان و ئایین وەکو دوو بنەما، یان دوو پایەی سەرەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیردەکرێن. کەلتورو نەریتی هاوبەشی کۆمەڵگا وەکو ئاماژەی بۆ کرا زۆر رەگەز لەخۆدەگرن، بە تایبەتی بواری ئەفسانەو حیکایەت و خەیاڵی مێژوویی، کە لەم بوارانەدا زۆربەی کات رابردوویەکی گەش و پڕ لە بەها لە رێگای دروستکردنی ئەفسانەی هاوبەشەوە بۆ ئەو پێکهاتەیە دروست دەکرێت. کە پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەفسانەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. ئایا ئەو جۆرە پاڵەوانە ئەفسانەییانە لە رابردووی کوردیدا تۆمارکراون و خاسیتی خەیاڵیان وەرگرتبێت؟ ئایا کاریگەری هێمای ئەفسانەیی و پاڵەوانی نموونەیی لەسەر کورد وەکو نەتەوەو وەکو ناسیونالیزم هەبووە هەیە؟ ئایا پاڵەوان یان هێمای ئەفسانەیی کوردی توانیوێتی لەسەر زەمینەی واقیع پاڵەوان و هێما بێت، یان تەنیا لە خەیاڵدا دروستکراون؟ ئایا ئەگەر هێمای ئەفسانەیی لەوجۆرە لە رابردووی کورددا هەن بۆچی خاسێتی کاریزمییان وەرنەگرتووەو نەیانتوانیووە ببنە هێمای نەتەوەیی و لە رووی مەعنەویەوە کورد پشتیان پێببەستێت؟

بۆ نموونە با سەرنجی چەند هێمایەکی ئەفسانەیی کوردی بدەین. با سەیری کەسێتی کاوەی ئاسنگەرو سەلاحەدینی ئەیوبی بکەین، کە بە ئاستی جیاواز وەکو هێمای ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێن. یەکەمیان کە گوایە لاوێکی کورد بووەو دژی پاشایەکی خوێنڕێژ راپەڕیووە، لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردیدا رووبەرێکی فراوانی داگیرکردووەو وەکو هێمای ئازایەتی و بەرخوردان و قوربانیدان سەیردەکرێت و نەورۆزو هێمای ئاگریش پەیوەست دەکرێن بەوەوە. بەڵام بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە ئەو مێژووە ئاوەژوو کراوەتەوەو ئەو پاشایەی کە بە خوێنڕێژ ناودەبرێت، دەشێت کورد بێت و کاوەی ئاسنگەر فارس یان رەگەزێکی تری ئێرانی بێت. رێگای تێدەچێت ئەم بۆچوونەیان لە چوارچێوەی ئەفسانەدا راست بێت، چونکە فارسەکان لە هەموو روویەکەوە ئەوەی باش و بەرهەمهێنە بۆ خۆیانیان تۆمارکردووەو ئەوەیشی خراپ و روخێنەرو دزێوە داویانەتە پاڵ ئەوانی تر بە تایبەتی کورد. ئەگەر کاوە کوردیش بووبێت ئاوا پێدەچێت دژی دەسەڵاتێکی کوردی راپەڕیبێت و مەرجیش نیە ئەو ئەفسانەیەی دەگێڕدرێتەوە سەبارەت بە ئەژدیهاک راست بێت، بەڵكو پێدەچێت بەرهەمی عەقڵ و مێژوونووسی فارسی بێت و زیاتر بۆ سووککردنی کوردو شێواندنی راستیەکانی مێژوو لە بەرژەوەندی خۆیان بەوجۆرە نووسیبێتیانەوە.

بەهەرحاڵ سەرباری تەمومژاویبوونی ئەو رابردووە، بەڵام کاوەی ئاسنگەر وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێت و رۆڵی بنیادنەری لە هەست و پەیوەستبوونی تاکی کورددا دروستکردووەو دەشێت بگوترێت وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی رۆڵی هەیە لە پتەوکردن یان بەهێزکردنی گیانی ناسیونالیزمی کوردیداو وەکو وێنەی ئازایەتی و خۆڕاگری و ئیرادە سەیر دەکرێت. ئەویتریان کە سەلاحەدینە پاڵەوانێکی مێژوویی ئەفسانەییە کە بەڕەگەز کوردە، بەڵام لە روانگەی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردیەوە هیچ ئامادەبون و پێگەیەکی نیە، چونکە پەیوەست بە رابردووی کوردو کەسێتی کوردی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵی ئەو لە رووی نەتەوەییەوە نەرێنیەو وەکو هێمای خزمەتکردنی ئەوانی تر سەیردەکرێت و لە دوای خۆیشیەوە زەمینەی بۆ ئاراستەیەک لە کۆمەڵگای کوردیدا خۆش کردووە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر بە ناوی ئایین و ئایدیۆلۆجیا ئومەمیەکانەوە. تاکو ئیستاش ئاراستەیەک کە وەکو ناسیونالیزمی ئایینی خۆیان دەنوێنن، خۆیان لە شێوەی پارتی سیاسی ئایینیدا رێکخستووەو لە راستیدا نەتەوەیان لە پێناوی ئایینەکەیاندا دەوێت، بە جۆرێک سرۆش لە کەسێتی سەلاحەدین وەردەگرن، کە خزمەتی ئیسلام و عەرەبی کردووە. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کەلتوری کوردی نەیتوانیووە پاڵەوانی ئەفسانەیی ئەوتۆ بەرهەمبهێنێت کە ببێتە هێمای بەهێز بۆ پتەوکردنی ناسیونالیزمی کوردی یان وەکو پایەیەکی ئەو ناسیونالیزمە دەربکەوێت و رۆڵی نموونەی باڵا ببینێت.

دووەم: ئایین وەکو بنەمایەکی ناسیونالیزم سەیر دەکرێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە ناسیونالیزمێک هەیە بە ناوی ناسیونالیزمی ئایینی. ئاشکرایە ئایین ئەو بڕوایەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگەکان پەیڕەوی دەکەن و بڕوایان پێیەتی، کە دەشێت ئایینێکی ئاسمانی یان زەمینی بێت. ئاشکرایە ئایین پانتایی رۆحیی کۆمەڵگا داگیر دەکات. ئەستەمە کۆمەڵگایەک ببینرێت لە دەرەوەی ئایین یان بەبێ ئایین. لەبەرئەوەی ئایین پەیوەندی رۆحیی تاکەکەس و کۆمەڵگەیە بە خودایەکەوە کە بە دروستکەرو جوڵێنەرو پارێزەری ژیان دەزانرێت و بە پیرۆز سەیر دەکرێت و دەپەرسترێت. مرۆڤ لە زۆربەی بنەماو رەگوڕیشەکانی تر زیاتر بە ئایینەوە پەیوەست دەبێت. سرووتە ئایینیەکان و یاساو رێساکانی ئایین لە هەر کۆمەڵگایەکدا رۆڵی کاریگەر دەبینن لە رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. هەروەک ئایین لە رووی رۆحیەوە بڕوادارانی پێکەوە دەبەستێت. لە رووی رەفتارو کەشە کۆمەڵایەتیەکانەوە جۆرێک لە هاوبەشی لە نێوانیاندا دروست دەکات و تەنانەت ئایین بڕوادارانی ناچاری یەکگرتن دەکات یان بێ هیچ سەپاندن و زۆرلێکردنێک لە رووی رۆحیەوە یەکیان دەخات و کاری هاوبەشیان پێدەکات و وایان لێدەکات کە هاوکاری یەکتری بن و خۆیان بۆ یەکتری تەرخان بکەن. بێگومان ئایین کە تێکەڵاوی رووبەری رۆحی و کۆمەڵایەتی دەبێت وەکو جۆرێک لە ئایدیۆلۆجیا کاردەکات و لە گەوهەریشیدا بەرنامەی یەکبوون و یەکگرتن هەڵدەگرێت. رەگەزی یەکگرتن کە ئایین لە رووبەرێکی فراواندا بەرهەمی دەهێنێت، دەبێتە خاسێتێکی دیاری ناسیونالیزم و لەم رووەوە ئایین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێت یان دەتوانین بڵێین دەبێتە یەکێک لە رەگوڕیشەکانی ناسیونالیزم، بەلام ناسیونالیزمی ئایینی.

رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە دەڵێت: ئایا لە مێژووی کورددا ئایین توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایەی ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی چۆن؟ ئەگەر نەیتوانیووە بۆچی؟ ئایا رۆڵی گۆڕینی ئایین لە مێژووی کورددا لەم رووەوە چ کاریگەرییەکی هەبووەو تاکو ئێستا چی کاریگەرییەکی هەیە؟ رەنگە قسەکردن لە مەسەلەی ئایینیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئەندازەیەک تەمومژاوی بێت. ئاشکرایە لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامەوە کورد بەهەر شێوەیەک بێت بووەتە پەیڕەوکەری ئەم ئایینەو تەنانەت بەسەر مەزهەبەکانی ئەو ئایینەشدا دابەشبووە. هەروەک پێش ئایینی ئیسلامیش ئەوەی باوەو باس دەکرێت گوایە کورد پەیڕەوکەری ئایینی زەردەشتی بووە. کەمایەتی کوردی پەیڕەوکەری ئایینی جوو، فەلە بوون. ئەمە بێجگە لە پەیڕەوکەرانی ئایینی ئێزیدی و یارسان یان کاکەیی. لەناو ئیسلامیشدا کورد پەیڕەوکەری مەزهەبی سونەی شافیعی و شیعەن. هەروەها کورد لە بواری تەسەوفیشدا شوێنکەوتووی زیاتر لە رێبازێکی تەسەوفن. ئەگەر سەیری ئەم نەخشەی دابەشبوونەی ئایین و مەزهەب و رێبازی تەسەوف بکەین لە کوردستاندا، ئەوە راستەوخۆ ئەو نەخشەیە ئەم پرسیارەمان لەلا دروست دەکات: ئایا ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا هۆکاری یەکگرتنە یان بە پێچەوانەوە هۆکاری دابەشبوونە؟ بێگومان ئەو نەخشەی دابەشبوونەو رەوشی ئایینی لە کوردستاندا زیاتر لە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون، هۆکاری دابەشبوون و پەرتکردنی زیاترە. ئەمەش دەریدەخات کە ئایین نەک نەیتوانیووە ئەرکی یەکخستن و یەکگرتن لە نێوان شوێنکەوتووانیدا دروست بکات، بەڵکو زەمینەی پەرتکردن و دابەشبوونی زیاتری ئامادەکردووە.

ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئایین لە کوردستاندا نەیتوانیووە زەمینەی تەنانەت یەکبوونی رۆحی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات و لەو روانگەیەشەوە نەیتوانیووە ببێتە پایەیەکی دیارو فاکتەرێکی چالاک و رەگوڕیشەیەکی پەل هاوێشتوو بەناخی کۆمەڵگادا و دەرکەوتنی وەکو ئایینی ئیتنیکێکی دیاریکراو کە ئیتنیکی کوردیە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئیتنیکی کوردی چەندین ئایین دەپەرستێت و پیادەی سرووتەکانی ئایینی جیاوازو مەزهەبی جیاوازو رێبازی جیاوازی تەسەوف دەکەن، کە ئەوانەش نەک هەر جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکو زۆرجار لەگەڵ یەکتر دژ و ناکۆکیشن. هەر بەوپێیەش کۆمەڵگا رێکدەخەن و ئاراستەی دەکەن و رووبەری رۆحی ئامادە دەکەن. بێگومان بە پێی سرووستی ئایینی و جۆراوجۆری و دابەشبوون لە رووبەری ئاییندا رۆحی کۆمەڵگاش دابەش دەبێت کە ئەو دەبەشبوونەش نەک لەگەڵ رۆح و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمدا کۆک نیە، بەڵکو دژو ناکۆکیشە. هەر لێرەوەیە کە ئایین لە مێژووی کورددا لە هیچ سەردەمێکدا نەیتوانیووە رۆڵی بوون بە رەگوڕیشەی یان پایەی بەهێزی ناسیونالیزم ببینێت. لەبەشەکانی دواتری ئەم بەرگەدا باسی ناسیونالیزمی ئایینی دەکەین.

سێیەم: ئیتنیک- Ethnic، یەکێکی تر لە رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی ناسیونالیزم ئیتنیکە. کەواتە مەبەست لە ئیتنیک چیە؟ ئیتنیک گروپێکە لە خەڵک کە وا دادەنرێت بە رێگایەک یان بە رێگای جۆراوجۆر هاوشێوە بن. هەمان رەچەڵەک و باوباپیرانیان هەبێت، بەهەمان زمان قسەبکەن و هەمان ئایینیان هەبێت و لەسەر هەمان خاک، یان نزیک لەیەکترو لەسەر خاکێکی دیاریکراو بژین و بنەما هاوبەشەکانی تری وەکو کەلتورو مێژوو دابونەریتی هاوبەشیان هەبێت. بنەمای سەرەکی بۆ ئیتنیک بریتیە لە رەگەز یان رەچەڵەکی هاوبەش، واتە کۆی ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتی نەوەی هەمان باپیرانن و رایەڵەی بەهێزی پێکەوەبەستنیان پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارە. لێرەوە چەمکی هاوخوێنی دەبێتە پایەیەکی بەهێزی ئیتنیک. ئەگەرچی ئیتنیک لە رووی پەرەسەندنەوە وەکو شوێنگرەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی پێش خۆی دێت لە بنەماڵەو تیرەو خێڵ یان عەشیرەت، بەڵام ئاستی فراوانبوونی دامەزراوەکەو خاسێتەکانی زیاتر گەشەیان کردووەو وەکو دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێش نەتەوە دەردەکەوێت و لە بنەڕەتیشدا پایەیەکی گرنگی نەتەوە یان ناسیونالیزمە. بەتایبەتی بەو خاسێتانەوە هەیەتی لە زمان و خاک و مێژوو نەریت و ئایین لە رووکەشدا وەکو نەتەوە دەردەکەوێت، بەڵام بە بێ ئەوەی سەروەریی هەبێت.

ئاشکرایە رەچەڵەک لەخۆیدا وەکو جۆرێک لە خەیاڵ یان ئەفسانە دەردەکەوێت. هەروەک لێرەدا، لە چوارچێوەی خەیاڵ و خەیاڵی دروستکردندا تەنانەت هەندێجار بە پیرۆز سەیرکردنی رەچەڵەکیش سەرهەڵدەدات، کە ئەوەش رێگای بەرەو رەیسزم دەگرێتەبەر، ئەگەر نەوەستێندرێت. ئەفسانەی رەچەڵەک و تەنانەت دروستکردنی هێماو پاڵەوان لە چوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا هەندێجار وەکو رەگەزی بەهێزو ئەرێنی بۆ پتەوکردنی پایەکانی نەتەوەو ناسیونالیزمیش سەیر دەکرێت. بە مانایەکی تر ئەفسانەی رەچەڵەک دەرکەوتن یان وانواندنی نەتەوەیی بەهێزدەکات و لەوێشەوە دیسان دەبێتە بنەمایەکی ناسیونالیزم، چونکە رەچەڵەک یەکێک لە بەهێزترین رایەڵەکانی پێکەوەبەستن و دروستکردنی یەکێتی و یەکبوون، کە وەکو ئەرکێکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت و سەیردەکرێت. بەڵام سەرباری ئەوەی کە ئیتنیک وەکو پایە یان ریشەیەکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە، گومان دەکرێت رەگەز یان رەچەڵەکی خاوێن هەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە خودی رەگەزو رەچەڵەک وەکو جۆرێک لە بوویەکی لە خەیاڵدا دروستکراو یان شێوەیەک لە ئەفسانە سەیر دەکرێن.

چوارەم: خاک یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی نەتەوەو ناسیونالیزم. خاک ئەو شوێنە جوگرافیە دیاریکراوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک یان گروپێکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لەسەری دەژین و بەخاکی ئەوان ناودەبرێت. پەیەوەندی خاک و رەچەڵەک پەیوەندییەکی پتەو و لەیەکتر جیانەکراوەیە. زاراوەکانی خاکی باوک، خاکی دایک و پاشان خاکی نیشتیمان، ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ هەر لە سەرەتای نیشتەجێبوونیەوە بە تووندی بە خاکەوە پەیوەستبووە. پەیوەندی مرۆڤ و خاک پەیوەندییەکە خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی هەیەو تا ئەو ئاستەی کە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە خاکەکەی لەو شوێنەی تیایدا لەدایکبووەو پەروەردە بووە کارێکی ئەستەمە. هەربۆیە دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندی مرۆڤ و خاک دەکەوێتە سەرووی تەنانەت رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نەتەوە بە خاک یان بە نیشتیمانیشەوەو دەگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەی بوون کە خاک رۆڵی پایەیەکی ئەو بوونە دەبینێت. بەهەرحاڵ سەرباری پەیوەستبوونی مرۆڤ بەگشتی بە خاکەوە، هەر پێکهاتەو گروپێکی کۆمەڵایەتی هەر لە سەرەتای بوونیانەوە پێداویستی ژیان پەیوەستیکردون بە رووبەرێک لە خاکەوەو سنوورەکانی ئەو گروپە کۆمەڵایەتیە، کە پێشتر بنەماڵەو تیرەو خێڵ و عەشیرەت بوون و پاشان ئیتنیک و نەتەوە، سنوورەکانی ئەو خاکە، یان ئەو رووبەرە جوگرایەیان دیاریکردووە. بەهەرحاڵ تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی مەسەلەی نەتەوەو نەتەوایەتی و ناسیونالیزمیش سەیری خاک بکەین، ئەوا ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە بەگشتی مرۆڤ تەنانەت وەکو تاکەکەسیش بەخاکەوە پەیوەستە و ئەستەمە بە ئاسانی بەو گروپە مەعنەویەوە پەیوەست نەبێت کە لەگەڵیاندا نەوەی یەک خاکە. واتە هەموو تاکێک لە رووی نەستەوە بە زێدی خۆی و بە خاکی باوک یان دایک یان نیشتیمانەوە پەیوەستەو پەیوەندی تاکەکەس و خاک لە زۆر ئاستدا دەبێتە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی. هەر لێرەوە شوێنی لە دایکبوون و پەروەردەبوون کە دەلالەتی نیشتیمان یان خاکی هەیە، لەخۆیدا بنەمای یەکگرتن و یەکخستنی ئەندامانی کۆمەڵگا یان نەتەوە هەڵدەگرێت.

پێنجەم: زمان، زمان یەکێکە لە رەگوڕیشە یان پایە سەرەکیەکانی بوونی نەتەوەو هەروەها ناسیونالیزمیش. زمان ئامرازی پەیوەندیکردن و دەربڕینە. کاتێک باسی زمان دەکەین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم و نەتەوەش، سەرنجمان بۆ لای بوونی زمانێکی دیاریکراو دەچێت، واتە زمانێک ئەگەر کۆی دانیشتوانیش پێی نەدوێن و ئاخاوتنی پێ ناکەن، ئەوا دەبێت زۆرینەی دانیشتوان پێی بدوێن، بەجۆرێک کە بەتەواوی خاسێتی هاوبەش یان گشتێتی تێدا بێت و هەمووان قسەی پێبکەن و پێیبنووسن و پێی بخوێننەوە. زمان و ئەدەب کە ئەدەبیش لە رێگای زمانەوە دەردەبڕرێت و بەرجەستە دەکرێت و دەگات بەوی خوێنەر، هاندەری گرنگن بۆ ناسیونالیزم. لە ڕێگای زمانەوە خەڵک پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن و لەیەکتر تێدەگەن و ئاگاداری یەکتر دەبن و هەست بەیەکتر دەکەن. هەر لە ڕێگای زمانەوەو بەهۆی زمانەوە بیرو بۆچوون و تێڕوانین و بەها نەریتیەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە قۆناغ و سەردەمێکەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێکی تر دەچن و دەگوازرێنەوە. زمانی گشتی یان زمانی هاوبەش هۆکاری سەرەکی یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵایەتیە، چونکە دروستبوونی هەست و بیرو ئەندێشە ئاسان دەکات و برەو بە پەرەسەندنی ئەدەبی نەتەوە دەدات و داب و نەریت بەهێز دەکات و هەموو ئەمانەش بێجگە لەوەی وەکو بنەمای شوناسی نەتەوەیی کاردەکەن، دیسان رۆڵی گرنگ دەبینن لە نەشونوماکردنی ناسیونالیزمداو وەکو بنەمایەکی سەرەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێن و فاکتەرێکی بەهێزی پێکهێنەری ناسیونالیزمن و لەراستیشدا بە بیرو ئایدیۆلۆجیاو خەیاڵ و مەعریفەی نەتەوەیی بارگاوی دەکرێن و بەوپێیەش دەبنە رەگەزی بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم و گوتاری ناسیونالیزم.

ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین، ئەوا دەشێت ئەو پرسیارەمان لە لا دروست ببێت کە دەپرسێت: ئایا زمانی کوردی توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایە یان بەشێک لە رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی ئەوە بکات، چۆن و کەی و بەرهەمەکانی چین؟ ئەگەر نەیتوانیووە ئەو ئەرکە جێبجێ بکات، هۆکار چیە؟ ئایا هۆکارەکان ناوخۆیین یان دەرەکی، بە دەربڕینێکی تر هۆکارەکان زاتین یان بابەتین؟ گومانی تێدا نیە کە سەرباری نەبوونی دەسەڵاتێک کە بوونی کوردو هەموو پایەکانی بوونی بپارێزێت، بە لایەنی کەمەوە لە دوای روخاندنی دەوڵەتی مید، بەڵام هێشتا هەم کورد خۆی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، هەم زمان و پایەکانی تری بوونی لە سەرووی هەمووشیانەوە زمان، پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کردووەو سەرباری هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەوانی تر- فارس و عەرەب و تورک- بۆ تواندنەوەو لەناوبردنی تەواوەتی، بەڵام هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی ماوەو زمانەکەشی سەرباری ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرەیەی لەبەردەمیدا بووە، یان بۆی دروستکراوە، هێشتا وەکو زمان ماوەو توانیوێتی ئەرکی زمان کە پەیوەندیکردن و تێگەیشتن و گواستنەوەی بیرو بۆچوون و روانینەکانە، جێبەجی بکات.

بەڵام دیارە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی و پەرت و بڵاوی کۆمەڵگەی کوردی و بوون و ژیان و دواتریش نیشتەجێبوونی کورد لە جوگرافیایەکی فراون و لە تۆپۆگرافیایەکی ئاڵۆزدا بنەمای کۆمەڵایەتیبوونی گشتی و تێکەڵاوبوونی دواخستووەو ئەوەش سەرئەنجام کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی زمانی ستاندەر یان یەکگرتوو کە وا پێدەچێت بەگوێرەی نەتەوەیەکی وەکو کورد هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی خۆی دروست نەکات، زەمینەی دروستبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی پێکنایەت. ئەم دەوڵەتە لە رابردووداو تاکو ئێستاش پێکنەهاتووە. لە روویەکی ترەوە زمانی کوردی لە چەند دایەلێکت و زاری جیاوازی ئاخاوتن پێکهاتووە، کە هەندێ جارو لە هەندێ ئاستدا پەیوەندیکردن و تێگەیشتنی قسەکەرانی دوو زاری جیاواز لەگەڵ یەکتری و لەیەکتری زۆر گرانە. زۆرینەی قسەکەرانی کرمانجی بە ئاسانی لە سۆرانی تێناگەن و بە پێچەوانەشەوە. ئەم دوانەش هەردووکیان مەگەر بە دەگمەن یان تەنیا لە ئاستی وشەدا لە نیمچە زارەکانی گۆرانی و لوڕی تێبگەن، سۆرانی و زارەکانی لوڕی زۆر دوورن لە زازاوە. کەواتە ئاستی پەیوەندیکردن لە نێوان قسەکەرانی زارە جیاوازەکاندا زۆر لاوازە. ئەوەش بە بارێکی تردا ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی تیکەڵاوبوون و پەیوەندیکردن لە نێوان پێکهێنەرەکانی یەک پێکهاتەی ئیتنیکیدا کە کوردە زۆر لاوازەو لە رووکەشدا یان لە ئاستی بینراودا هەست دەکرێت کە ئاستی یەکێتی و یەکبوون لە نێوان پێکهێنەرانی هەمان پێکهاتەدا زۆر لاوازە، تا ئەو ئەندازەی لە هەندێ بارودۆخ و لە هەندێ ئاستدا لە رووی زمان و لە یەکتر تێگەیشتنەوە وەکو یەک نەتەوە دەرناکەوێت. فرە زاری زمان و لاوازی ئاستی تیگەیشتن لە یەکتری، لەبری هەستی لە یەکتر نزیکبوونەوەو تێکەڵاوبوون، جۆرێک لە هەستی بەیەکتر نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی لە یەکتری دروست کردووە.

لە راستیدا لە ئێستادا بێجگە لە دەستەبژێرێکی ناسیونالیست کە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیری کورد دەکەن، لەسەر ئاستی گشتی ئەو هەستکردنە زۆر لاوازەو کوردی ژێرسایەی هەریەکە لە داگیرکەرەکانی کوردستان پەیوەندییان بە زمانی نەتەوە سەردەستەکەی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی وڵاتەکەی خۆیانەوە لە رووی تیگەیشتن و پەیوەندیکردن و بەکارهێنانەوە، بەهێزترە لەگەڵ زاری ئاخاوتنی ئەو بەشانەی تری کوردستان کە زاری ئاخاوتنیان لەوان جیاوازە. بۆ نموونە کوردی سۆرانی لە باشوری کوردستان و لە رۆژهەڵات ئاستی تێگەیشتن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی لە عێراق و فارسی لە ئێران بەهێزترە لە ئاستی بەکارهێنان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زاری کورمانجی و بەهەمان شێوە کوردی باکورو رۆژئاوا ئەوەندەی پەیوەندییان بە تورکی و عەرەبیەوە بەهێزەو بەکاری دەهێنن و لێی تێدەگەن، ئەوەندە پەیوەندییان بە زاری سۆرانیەوە نیەو لێی تیناگەن و مامەمەڵەی پێناکەن. ئەم واقیعە ئەگەرچی زۆر تاڵە بەڵام تا ئاستێکی زۆر راستی تێدایەو ئەوە نیشان دەدات کە زمانی کوردی نەیتوانیووە سادەترین بنەمای زمانی هاوبەش یان گشتی دروست بکات. هەروەک نەیتوانیووە ببێتە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون و تەنانەت بەشێوەیەکی گشتی نەبووتە هەڵگری بیرو بۆچوون و دیدی هاوبەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگا. راستە زمان پایەیەکی زیندووی نەتەوەو ناسیونالیزمە، بەڵام دیسان زمانی کوردی نەبووەتە بنەما یان پایەو ریشەیەکی بەهێزو پتەو بۆ ناسیونالیزمی کوردی چونکە زمانەکە خۆی دابەشبووەو بەوپێیەش زیاتر لەوەی لەخۆیدا پەیامی یەکگرتنی هەڵگرتبێت، هۆکاری دابەشبوون و لە یەکتر دوورکەوتنەوەی زیاتر بووەو تاکو ئێستاش بەو ئەندازەی یارمەتیدەری زیاتری دابەشبوونە ئەوەندە یارمەتیدەری یەکگرتن نیە.
شەشەم: مێژوو، مەبەست لە مێژوو چیە؟ مێژوو بریتیە لە تۆماری زنجیرەی رووداوەکانی رابردوو کە پەیوەستن بە مرۆڤ و سەردەمەکەیەوە، کە لەخۆیدا تۆماری کرۆنۆلۆجیانەی ئەو رووداوانەیە کە پەیوەست بە مرۆڤ روویانداوە. بێگومان سەرباری ئەوەی مێژوویەکی گشتی هەیە کە مێژووی مرۆڤایەتیە، هەر گرۆپ و دەستەو پێکهاتەو چینێکی کۆمەڵایەتیش مێژووی تایبەتی خۆیانیان هەیە، کە مێژووی هەر پێکهاتەیەک دەشێت هێڵێکی کاتی درێژکراوە بێت و ئەو هێڵەش لە روانگەی تۆماری رووداوەکانەوە دەناسرێت و دەشێت لە مێژووی هەندێک لە میللەتاندا دابڕانی گەورە لەو مێژووەدا هەبێت بە تایبەتی کە تۆماری رووداوی گەورەو دیار سنووری نێوان قۆناغێک و قۆناغێکی تری دیاری کردبێت. مێژووی هاوبەش وەکو تۆماری رووداوەکانی رابردووی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە لایەک بوون و ئامادەبوونی ئەو پێکهاتە لە رابردوودا نیشان دەدات، لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن لە رووداوەکانی رابردوو، شیکردنەوەی ئەو رووداوانە دەشێت وەکو ئەزموون ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن بۆ ئێستاو یارمەتی بدات بۆ پێشبینیکردنی داهاتووش.

بێگومان لە رووی سروشتیەوە پێویستە هەر پێکهاتەیەک یان دانیشتوانی وڵاتێک، مێژوو یان رابردوویەکی هاوبەشیان هەبێت. ئەو مێژووە دەبێت ئامادەبوونی ئەوان لە رابردوودا بنوێنێت. ئەگەر لەم رووەوە سەیر بکەین، ئەوا زۆربەی رابردووی میللەتان یان پێکهاتەو گروپەکان نابێتە مێژوو، چونکە شتێکی ئەوتۆیان تێدا تۆمار نەکردووە، بە تایبەتی ئەوانەیان کە بەشداری بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتییان نەکرووە، یان بە لایەنی کەمەوە لە رابردوودا نەبوونەتە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەرییان نەبووە. بە گوێرەی کورد ئەوەی وەکو مێژوو سەیر دەکرێت، مێژووی سەردەمی میدە ئەگەر پێداگری ئەوە بکرێت کە مید دەوڵەتێکی کوردی بووە. بێگومان ئاشکرایە کە مید بەرهەمهێنی کەلتورو بەشێک لەو شارستانێتیەیە کە ئێستا پێی دەگوترێت شارستانێتی ئێرانی. لەراستیشدا ئێرانیەکان، واتە فارس هەوڵیانداوە ئەوەی مید بەرهەمیهێناوەو ئەوەی مێژووی میدە ناو و شوناسی میدی لێ بسڕنەوەو بەناوی ئەخمینی یان ساسانیەوە تۆمار بکرێت. ئەگەر ئەوەش بۆ هەموو شتێک سەری نەگرت کە بە شارستانێتی و مێژووی ئێرانی ناوببرێت، ئەوا گرنگ ئەوەیە ناوی میدی لێبکریتەوەو ئەو ناوە لەیاد بکرێت. ئامانج لە فەرامۆش کردن و پشتگوێخستنی ناوی مید هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی رابردوویەک کە تیایدا کورد ئامادەبوونی هەبووە. ئەو تۆمارکردنەش بەناوی فارس یان ئێرانەوە، بۆ سڕینەوەی رووبەی یادەوەری کورد و تۆمارو ئامادەبوونی کوردە لە ڕابردوودا. ئەویش بۆ وادەرخستنی ئەوەی کە کورد لە رابردوودا بوون و ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبووە تا ببێتە پاشخان و زەمینەو ئێستای خۆیی لەسەر بنیاد بنێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایەش سەیری ئایندە بکات.




بەعسیقڕانەکەی دێیەکەمان و جینۆسایدی پشیلەکان.. شەماڵ بارەوانی

تۆ ئەو هنگڤینی ئەوات لەشێ سەی وەردای..
ئەوە ئەو ڕستەیەبوو ئەمڕۆ لەناوگورانییەکی کوردی بەشێوەزاری کورمانجی گوێم لێبوو!

بەداخەوە زۆر بابەت هەیە لەناو مرۆڤە ڕۆژهەڵاتیەکان و بەتایبەتی ئێمەی کورد هێشتا زۆری ماوە،وەکو خۆی گرنگی پێبدەین و ڕێزیان بگرین و ڕێزگرتنیان بکەین ئەرک و کولتوو،لەوانە ژینگە دۆستی، مرۆڤ دۆستی، ئاژەڵ دۆستی ، وە ئەوەی من دەمەوێ لەبارەیەوە بدوێم ئاژەڵ دۆستیەکەیە، ئەفسوس لەوەیان تاکی کورد ،ناڵێم هەمووی بەڵام بەشێکی هەرە زۆری ئاژەڵ دۆست نین و لەبەرامبەر ئاژەڵدا هەستێکی لاوازو ڕوانینێکی زۆر نێگەتیڤ و سەقەت و هەڵەمان هەیەو لەگۆشەیەکی زۆر نامرۆڤانەو نائاژەڵ دۆستانەو نزمەوە سەیری ئاژەڵەکان دەکەین، تەنانەت بەشێک لەئایین و مەزهەبەکانیش ڕوانینیان لەبەرامبەر ئاژەڵەکان ڕوانینێکی ئاژەڵ دۆستانە نییە،
ئاخر تاوانی ئاژەڵێک چییە بە ئاژەڵی لەدایک بووە؟ سەگ چی لەئێمەی مرۆڤ کردووە تابەگڵاو پیس سەیری بکەین و بەبەرد لێی بدەین و وەکو جوێن بەمرۆڤ بڵێین هەی سەگ و لەناو گۆرانیەکانیشمان هەر بەکەم و گڵاو ناوی سەگ بێنین و بڵێین تۆ ئەو هنگڤینەی لەناو لاشەی سەگێگدایت، واتا هنگڤینێکی پاک، لەناو لەشێکی پیس!!
تۆسەیری وڵاتانی پێشکەوتوو بکە و لەگەڵ خۆمانی بەراوردبکە، بزان ئاژەڵ دۆستیەکەی ئەوان و نائاژەڵ دۆستیەکەی خۆمان چەندی جیاوازە، لەوڵاتانی ئۆروپاو پێشکەوتوو لەمناڵییەوە مناڵەکان فێری ئاژەڵ دۆستی دەکەن و دۆستایەتی ئاژەڵەکان بەتایبەتی سەگ دەکەن بەکولتوورو چۆن مرۆڤێک و مناڵێکیان خۆش دەوێت، ئاوایش سەگێک،بیرمە لەلادێ بووین و مناڵ بووم، لەدێیەکەماندا ڕۆژێک هەموو پیاوانی دێ کۆبوونەوەو یەکەو گونیەک و دارێکی ئەستوری بەدەستەوە بوو، نەمزانی مەسەلە چییەو هیچ حاڵی نەبـووم،دواتر گوتم لەوەدەچێت وەکو ئێمەی مناڵ شەڕە گەڕەک بەگەڕەک بکەن، ئەم گەڕەکە لەگەڵ گەڕەکەکەیتر، بەڵام ئەوەی من بۆی چووم وانەبوو، هەرهێندەم زانی گوتیان دەی بەعسی قڕانە، هەموویان پێکەوەو بەغاردان ڕاوەدووی پشیلەکانیان دەناو ماڵ بەماڵ و کۆڵان بەکۆڵان و گەڕەک بەگەڕەک و ژوور بەژوور بەدوای هەرپشیلەیەک دەکەوتن کەبییان بینیبا، ئینجا تانەیانگرتبا، وازیان نەدەهێناو پاشان دەیان خستە ناو گونیەک و بەدار دەکەوتنە گیانی ئەو گیانەوەرە بەستەزمانە بێ تاوانەیە،تا ئەنجن ئەنجنیان دەکرد، دیمەنە تراژیدیەکەی ئاژەڵ قڕان، کەئەوان ناویان نابوو(بەعسی قڕان) ئەوکات من هێندە مناڵبووم، هیچ نەلەمانای بەعس و نەلە ووشەی قڕان و نەیش لەکوشتنی ئەو هەموو پشیلە بەستەزمانەیە حاڵی نەدەبووم، هەرهێندەم دەزانی و دەبینی دیمەنی کوشتن و هاوارو ئازارو گونیەی خوێناوی و میاو میاو گریانی پشیلەکان دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان و بەردەوام بوو تادەیان پشیلەیان خەڵتانی خوێن و عیدام کرد، هەموان لەگەڵ ڕاکردن بەدوای هەرپشیلەیەک قاقایان لێدەداو لەگەڵ کوشتنی هەرپشیلەیەکیش یەک بەدەنگ پێدەکەنین و دەیانگوڕاندو دەیانگوت، بکوژن، لەناوی بەرن،دەی حێرا..ئەوەتا دانەیەکیتر،لێنەگەڕێن بڕوات کافربابەی، بەداخەوە لەبەر کەم تەمەنی و مناڵیم وەک ئاماژەم بۆ کرد ئەوکات من هیچ لەو دیمەنە جەرگ بڕو تڕاژیدیک و ترسناکەی جینۆسایدی پشیلەکان حاڵی نەدەبووم! تەنها ئەوەندە نەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک مناڵیتربەدوای پیاوەکاندا ڕامان دەکردو ئێمەیش پێدەکەنین و هەمان شێوەی پیاوەکان چێژێکی سادیکانەمان لەو کۆکوژی و قڕکردن و بەعسیقڕانەی پشیلەکان دەبرد،ئەوە دوای ڕاپەڕینەکە و ساڵانی نەوەدەکان بوو، ئەو پشیلەقڕانەی پیاوانی دێیەکەمان ناویان نابوو بەعسی قڕان، وای لێکردم دواتر و تا قۆناغی هەرزەکاریشم هەر پشیلەیەکەیم بدیتبا، پەلامارم دەداو بەداروبەرد دەکەوتمە گیانی و دەمویست لاسایی فیلمی بەعسقڕانەکەی پیاوانی دێیەکەمان بکەمەوە!
ئەو فیلمەترسناک و تراژیدیاو خەماویەی ئێستاش کەدیمەنی کوشتنی پشیلەکانم دێتەوە بیر،بێزاری و دڵگوشین وشەپۆلی فرمێسک و و ئازاری ویژدان و خەمێکی قوڵ هەموو بوونم دادەگرێت.

لەکۆتایدا دەڵێم مرۆڤی نائاژەڵ دۆست..
هیچ كاتێك فەلسەفە بە مرۆڤ بوونە نائاژەڵ دۆستەکەی خۆت لێ مەدە، مرۆڤ بوونی من و بزن بوونی ئەوو پشیلەبوونی ئەوی تر، هیچ كاممان لەدەسەڵاتی خۆماندا نییەو قەدەرێك وا ئێمەی هێناوەتە بوون. بهێنە پێش چاوەكانت تۆ لەشوێنی كەر بویتایە، یان بەسەگی لە دایك ببووایت، هەستت چۆن دەبوو؟!
ئایە دەكرێت لەبەروەی لە زومرەو رەگەزی ئێمە نین بەكەم سەیری مانگاو مەڕ بكەین؟!
خۆمن زۆر سەگم بینیوە لەمرۆڤ بە وەفاتر، كێ پێم دەڵێ ماكەرێك لە مێژووی كەربووندا خۆی تەقاندبێتەوە.
مەیمونێك سەری چۆڵەكەیەكی بڕی بێت.
جوانەگایێك تەحەرووشی بە ژیانی تایبەتی قەڵەڕەشیكەوە كردبێت و ورچێك جەنگێكی جیهانی هەڵگیرساندبێت.
ئیتر لەوە گەرێ تۆ ئەقلت هەیەو مرۆڤ بوونت نییە!




فلاشباک-37- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و حەوت

رقم لێتە مارکس.. چوونکە رۆژە خۆشەکانت شێواندم، بە بیرۆکەیەکی نەفرەتی، واتلێکردم بۆ شکانەوەی لقی درەختێک بگریم. واتلێکردم باجی خۆشویستنی مرۆڤ بدەم، واتلێکردم لە پێناوی خوشویستنی مرۆڤدا، دوا کەس خۆمم بیر بکەوێتەوە. رقم لێتە مارکس نەتهێشت وەک ئەو خەڵکە بە گەمژەیی بەڵام خۆشبەختانە بژیم، تۆ خوێنی یاخیبوونت خستە رۆحمەوە. چەند شیرینە ئازاری ئەم یاخیبوونە تاڵە!!. ئەگەر هەڵە نەبم پێموایە فیساگۆرس وتوویەتی “ئەم جیهانە بریتییە لە ژمارە و ئاواز” منیش چەند بیر لە مرۆڤ ئەکەمەوە تەنیا ژمارەیەکە لە ژیاندا ئەگەر ئاوازێکی پێچەوانە نەژەنێ، ئەگەر پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلە نەکات. بۆیە یاخی بە و گوومان بکە و هیچ پیرۆزییەک مەناسە، ئەوسا ئەبیتە ژمارەیەکی جاویدانی.
سێ بارە لە 12 رۆژی رابردوودا، دوو پارچەی تر نووسینم لەسەر شێوازی “زەردەشت وەهای گوت” نوسیوە، یەکەمیان بە ناوی “وشەی یەکتربڕ” کە لای خۆم زۆر دڵگیرە و بەم شێوەیە تەوزیفم کردووە:
*گەر رۆژێک لە ناکاو ون بووم، لە هیچ شوێنێک بۆم مەگەڕێ، لە کۆڵانەکانی قەسیدەیەکدا بمدۆزەرەوە.
*بۆ ئەوە دروستکراوم گوومان بکەم و یاخی بم،‌ هیچ پیرۆزییەکم نییە و هیچ دەسەڵاتێکیش ناناسم.
*لەپێناوی نەمریدا هەوڵ مەدە، هەموو ماندووبوونێکت لە پێناوی ژیاندا چڕ بکەرەوە.
*هیچ تێزێکی فەلسەفی، هێندەی گریانی منداڵێک کاریگەریی لەسەرم نییە.
*لە هیچ شتێک ناترسم، تەنانەت لە مەرگیش، تەنیا لە ململانێ لەگەڵ گێلەکان دەترسم.
*جاران دڵتەنگ بووم خەونەکانم نایەنەدی، ئێستا دڵتەنگی ئەوەم خەونیش نابینم.
*نازانم بۆچی هەمیشە لە سەرەتای رۆژێکی نوێدا، هەست بە کۆتاییەکی حەزین دەکەم؟.
*ئەگەر فەلسەفە سوودێکی هەبوایە، دەمێک بوو بەهەشت هاتبووە سەر گۆی زەوی.
*جارێک تووڕە بووم لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا، زانیم مرۆڤ لەکاتی تووڕەییدا زۆر ناشرینە.
*پێشووتر هەوڵمدا فێربم بخوێنمەوە، هەنووکە هەوڵدەدەم بۆ نووسەرەکان بگریم.
دووەمیشیان لە ژێرناوی “هاوڕێکانم” کە مامەڵەیەکی رەمزییە لەگەڵ دنیای نووسەر و فەیلەسووفەکان، بەڵام جێگەیەک نییە کە لە رۆحی ئەم نووسینانە تێبگات تا بڵاوی بکەمەوە، رۆژنامەکان هەمووی ئینشای سیاسین، کە ناردیشم بۆ رۆژنامەی “هاوڵاتی” وتیان لە چ زمانێکەوە وەرتگێڕاوە؟! لە کاتێکدا ئەمانە نووسینی خۆمن!! ئەم کورتە نووسینەم لە ژێر ناوی “هاوڕێکانم” نادەم بە هەموو ناوەندی رۆژنامەگەریی کوردیی، کە ئەمەیە:
*کارڵ مارکس: لە مرۆڤبوون حاڵی کردم و پێیوتم گرنگ چۆن ژیانە نەک بۆچی ژیان، بەڵام هاوکات کردمی بە هاوڕێی ستالین و پۆل پۆت و ئەنوەر خۆجە.
*نیتشە: گوومانی بەرانبەر بە مارکس خستە دڵمەوە، فێری لە خۆبایبوونێکی شاعیرانەی کردم.
*سارتەر: لە خەونی کۆیلایەتی رایچڵەکاندم، سەرکەشی فێر کردم و هەموو رێگاکانی یاخیبوونی نیشاندام.
*رۆسۆ: یەک وانەی فێر کردم، زوو دان بەراستییەکاندا بنێم، بۆیە منیش رۆژێک دانپیانانەکانی خۆم دژی خۆم دەنووسمەوە.
*هیگڵ: هیچی فێر نەکردم، بە زمانێک قسەی لەگەڵ دەکردم لێی تێنەدەگەیشتم، بەڵام تەعاروفی لەگەڵ مارکس پێکردم.
*مەکسیم گۆرکی: سەری زمانی و بنی زمانی باسی دایکێکی ئازا بوو، لەم سۆنگەوە دەڵێم ئەو پەیوەستی کردم بە دایکمەوە.
*نزار قەبانی: ئێوارەیەکی پایز بوو ناسیم، کەچی هەموو ژیانمی پڕ کرد لەبەهار و لە عەشقی ژندا تواندمییەوە.
*لوی ئاڵتوسێر: زۆر زوو سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشام، کردوومی بە دوژمنى بیروباوەڕە دۆگمەکانی هاوڕێ نزیکەکانی ترم.
*ئاراگۆن: زوو زوو ئەو پەنجەرە تەڵخەم لێدادەخا کە سەیری ژیانی لێوە دەکەم، بەڵام تائێستا رەنج بەخەسار بووە.
*فۆکۆ: هەوڵدەدات بۆم بسەلمێنێت لەناو شێتییەکانی مندا جوانی هەیە، ئەرێ ئەو پیاوە بۆ وازم لێناهێنی؟ دیارە دەیەوێ منیش شێت بکات و بمکاتە بابەتی توێژینەوە؟.
جگە لەمەش شیعرێکی تازەم نووسیووە ئەم ئێوارە، ئەگەر بتوانین بەمە بڵێین شیعر، بەڵام تازە نووسیوومە و ناویشم لێناوە شیعر، ئەگەر شیعر هەستی تاکە کەسێک بێت، ئەمەش هەستی ئەمێستای منە:
ئەی رەشبینی تۆ لە کوێی؟
پێکەنین کوشتمی
ئەی بێهودەیی تۆ لە کوێی؟
ئومێدەواریی کوشتمی
سەرنجێک: هێندەی حەشاماتێک پێدەکەنم، چوونکە ژیان بە پووچ و مایەی پێکەنین دەبینم.

2-7-2001
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 126-130 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




كۆنگره‌ی ئاشتی و چاره‌نووسی گه‌لی كورد.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌جه‌نگدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا، بڕیاریاندا له‌٦ی شوباتی١٩١٩(كۆنگره‌ی ئاشتی) پێكبێنن،كۆنگره‌ بۆ سێ بابه‌تی گرنگ به‌سترا، یه‌كێك له‌وانه‌ چاره‌نووسی زه‌ویه‌ داگیركراوه‌كان، كه‌پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی دابوون، هۆكارێكی تر دانانی نه‌خشه‌یه‌كی تازه‌بوو بۆ ئه‌وروپا، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌به‌شداربووانی جه‌نگ ده‌یانویست پێگه‌ی خۆیان له‌ڕۆژهه‌ڵات دیاری بكه‌ن،به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، هۆكارێكی تر بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یماننامه‌ نهێنیانه‌‌ی پێش كۆنگره‌ به‌سترابوون، وه‌كو په‌ماننامه‌ی سایكس– بیكۆ و سان ریمۆ، بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌جه‌نگ به‌ده‌ستیانهێنابوو، ئامانجیش لەبەستنی ئەم کۆنگرەیە له‌دوای جه‌نگ چەسپاندنی ئاشتی بوو، لەجیھان و ئاوردانەوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە تێکشکاوەکانی جەنگ، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆربوو، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیدا چه‌وسێنرابوونه‌وه‌، تێده‌كۆشان ئازادی و سه‌ربه‌ستی به‌ده‌ستبێنن، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش یه‌كێك بوو، له‌و نه‌ته‌وه‌ چه‌وسێنراوانه‌.
ئه‌م كۆنگره‌یه‌ تایبه‌ت نه‌بوو به‌كورد، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هۆكار هانده‌ربوون بۆئه‌وه‌ی كوردیش به‌شداری له‌م كۆنگره‌یه‌دابكات، یه‌كێك له‌و هانده‌رانه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چوارده‌ به‌نده‌كه‌ی (ویلسن)ی سه‌رۆكی ئه‌مریكابوو، به‌تایبه‌تی به‌ندی دوانزه‌، كه‌باس له‌چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، كوردیش یه‌كێك بوو، له‌و نه‌ته‌وانه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌یویست مافی چاره‌ی خۆنووسینی به‌ده‌ست بێنێ،هۆكارێكی تربوونی چه‌ندین ڕێكخراوی سیاسی بوو ‌له‌ئه‌سته‌مبوڵ،بۆ نموونه‌ (كۆمه‌ڵی ته‌عالی كوردستان) كۆمه‌ڵێك سیاسی و ڕۆشنبیری كورد تیایدابه‌شداربوون، هه‌وڵیان ده‌دا له‌مه‌یدانی سیاسه‌تدا به‌شێك له‌مافه‌كانی كورد به‌ده‌ست بێنن، ئه‌مانه‌ وای كرد، كورد نوێنه‌رێك هه‌ڵبژێرێ تاله‌ كۆنگره‌ی ئاشتیدا داكۆكی له‌مافه‌كانی خۆی بكات.
له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ریف پاشابووه‌ نوێنه‌ری كورد له‌كۆنگره‌ی ئاشتی، ڕه‌فیق حیلمی ده‌ڵێت: ” كۆمه‌ڵی نیشتمانی كورد له‌ئه‌سته‌مبوڵ، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ته‌ سوێندخۆره‌كان كه‌وته‌ گفتوگۆكردن،هه‌موویان بڕیاریاندا شه‌ریف پاشا به‌ناوی نوێنه‌ری كورده‌وه‌ له‌كۆنگره‌ی ئاشتیدا، داوای مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد بكا”.
له‌باشوری كوردستانیش هه‌وڵدرا شه‌ریف پاشا وه‌ك نوێنه‌ری خۆیان بناسێنن، شێخ مه‌حمود وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕ بۆ پشتگیری شه‌ریف پاشا، مه‌زبه‌ته‌یه‌ك به‌عه‌شایره‌كان و ڕۆشنبیرانی ناوچه‌كه‌ مۆرده‌كات، نوێنه‌ریشی ناردبۆ ئێران، ئه‌و مه‌زبه‌ته‌یه‌ به‌كورده‌كانی ئه‌وێش مۆربكرێت، دواتر هه‌موو مه‌زبه‌ته‌كان ناردران بۆ شه‌ریف پاشای خه‌ندان و مافی ئه‌وه‌ی درابۆیه‌ به‌ناوی كورده‌وه‌ له‌كۆنگره‌ی ئاشتی داوای مافی كوردبكا. به‌ڵام نوێنه‌ره‌كان له‌ڕێگاگیران و نه‌یانتوانی مه‌زبه‌ته‌كان بگه‌یه‌ننه‌ شه‌ریف پاشا، بەڵام كوردەكانی باكوور توانیبوویان داواكارییەك بەناوی خۆیان و هەموو كوردەوەبنێرن، بۆ شەریف پاشا و بیكەن بەنوێنەری خۆیان، لە(كۆنگرەی ئاشتی) لەپاریس.
جه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا به‌شێوه‌یه‌كی دبلۆماسیانه‌ی زۆربه‌رز توانی له‌كۆنفراسی ئاشتی له‌پاریس ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان قایل بكات، یاداشتنامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی كوردستاندا پێشكه‌ش بكات، ئه‌م دبلۆماسیه‌ته‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ڕێكه‌وتنامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی سیڤه‌ری1920‌به‌ئاشكرا دان نرا به‌مافی گه‌لی كورد، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، (ئه‌دموندس) ده‌رباره‌ی چالاكیه‌كانی شه‌ریف پاشاده‌ڵێت:” هۆی باسكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ڤرسای ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆششه‌ی شه‌ریف پاشای خه‌ندان كه‌خه‌ڵكی سلێمانی بوودابووی، شه‌ریف پاشا ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ی بینیووه‌، له‌دانان و داڕشتنی ئه‌و مادانه‌ی پێوه‌ندیان به‌كورده‌وه‌ هه‌بوو، له‌كۆنگره‌ی ڤرسای دا”.
شه‌ریف پاشا كه‌سێكی دیپلۆماتكار و شاره‌زا بوو، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی له‌كۆنگره‌ی ئاشتی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی كورد، بههه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌که‌ی توانی له‌گه‌ڵ نوبار پاشای نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نه‌کان كۆبێته‌وه‌، دۆستایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌نه‌كان به‌هێزبكا و ئه‌و ناكۆكیه‌ی جاران نه‌هێڵێ،‌ كه‌توركه‌كان ده‌یانویست تاوانه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ئه‌رمه‌نه‌كان بخه‌نه‌ئه‌ستۆی كورده‌وه‌، دوای گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌، ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كان مۆركرد، به‌هه‌ردوولایان یاداشتێكی دووقۆڵیان دابه‌كۆنگره‌ی ئاشتی و توانی سه‌رنجی وڵاتانی کۆنگره‌ به‌رامبه‌ر ڕووی ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی کورددا ڕابکێشێت و یاداشتێك به‌زمانی فه‌ڕه‌نسی پێشكه‌ش به‌كۆنگره‌ی ئاشتی بكا، باسی نوێنه‌رایه‌تی خۆی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی تێداكردووه‌. كه‌بووە هۆی ئەوەی له‌قازانجی گه‌لی کورد سێ‌ بەندی (62، 63، 64) دەربارەی باسی سەربەخۆیی كورد و كوردستان بخرێتە پەیمانی سیڤەرەوە.
به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار بوونه‌ هۆی سه‌رنه‌گرتنی هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا، سه‌ره‌ڕای هۆكاری ده‌ره‌كی به‌تایبه‌تی ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسا و عوسمانی و كه‌مالیه‌كان بۆ دژایه‌تی هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا، كۆمه‌ڵێك هۆكاری ناوخۆی كوردهه‌بوون، كه‌هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد پێكنه‌یه‌ت، له‌وانه‌: دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی ناوخۆی كورد هۆكارێكی سه‌ره‌كی شكستهێنانی هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشابوو، ‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی نێوان كوردان دابه‌ش بوون بۆ دووبه‌ره‌، به‌ره‌یه‌كیان پشتیوانی له‌هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشاده‌كرد، بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ره‌كه‌ی تر داوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی ئۆتۆنۆمی ده‌كرد، له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا. ئه‌وه‌ بوو به‌كێشه‌یه‌ك له‌نێوان سیاسیه‌كانی كوردستان و ڕۆشنبیره‌كان.
له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی به‌ریتانیا ژماره‌ (No. 27- (F.o- 371-5067 ی ڕۆژی (22- 2- 1920) له‌لاپه‌ڕه‌ (160)دا، باسی نامه‌یه‌كی ئه‌دمیرال ده‌كا، له‌ئه‌سته‌مبوڵه‌وه‌ ناردوویه‌تی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، ده‌رباره‌ی ناكۆكی كورده‌كانی توركیا له‌ناو خۆیانداده‌ڵێت: “كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ په‌یدابووه‌ له‌ناو كورده‌كاندا، به‌هۆی شه‌ریف پاشاوه‌،‌ دوورنیه‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵات و چاودێری ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیاوه‌، شه‌ریف پاشا ده‌یه‌وێ سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌موو كوردستان بێ، به‌ڵام یه‌كێكی وه‌كو عه‌بدولقادر شه‌مزینی ده‌یه‌وێ كوردستان له‌ژێر سایه‌ی توركدابێ، به‌ڵام وادیاره‌ به‌درخانیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین”.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و ناكۆكیه‌دا كارگه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌ك عه‌بدولقادر شه‌مزینی و هاوڕێكانی بڵاویانكرده‌وه،‌ ئیتر شه‌ریف پاشا به‌نوێنه‌ری كورد ناژمێردرێ له‌كۆنگره‌ی پاریسدا، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ریف پاشا گوێی به‌و ته‌لگرافه‌ نه‌دا و خۆی ته‌لگرافێكی نارد كه‌ نوێنه‌ری كورده‌، ‌ به‌ڵام دواتر شه‌ریف پاشاش وه‌كو توڕه‌بوونێك وازیهێنا و له‌27ی 4ی 1920 ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌نوێنه‌رایه‌تی كردنی گه‌لی كورد ڕاگه‌یاند، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ سوودێكی زۆری هه‌بوو بۆ توركیزمه‌كان.
ڕه‌فیق حیلمی له‌یاداشته‌كانیدا ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی گرتووه،‌ له‌هه‌ڵوێستی كورده‌كانی توركیا، به‌رامبه‌ر به‌شه‌ریف پاشا وتویه‌تی:”كورده‌كانی توركیا پشتیوانیان له‌شه‌ریف پاشانه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌هاندان و ‌چاوترساندن و ‌ده‌م شیرین كردن، به‌ته‌قه‌لای مسته‌فا كه‌مال و توركیزمه‌كان، توانرا به‌ناوی كورد ته‌لگراف بنێرن بۆ كۆنگره‌ی ئاشتی، وتبوویان شه‌ریف پاشا نوێنه‌ری كوردنییه‌”.
هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا و به‌نده‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ر هەنگاوێكی گەورەبوو، بەرەو سەربەخۆیی كوردستان،بەڵام كورد ئەم هەلە گەورەیەی لەدەستچوو، هیچی دەستنەكەوت،له‌به‌ر نەشارەزایی و كەمتەرخەمی و كەم ئەزمونی و پەرتەوازەیی، سوودی لەم دەرفەتە گرنگە وەرنەگرت و هیوای سەربەخۆیی كورد و كوردستان بووە بڵقی سەرئاو.
خه‌بات و قوربانیدان و فیداكاری كورد كرایه‌ قوربانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تان وئه‌و ڕۆشنبیر و سیاسیانه‌ی كورد، كه‌به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی یه‌كێتی و دووبه‌ره‌كی و ململانێی نێوانیان بۆ هه‌ڵپه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازی و ساویلكه‌یی و كورت بینی له‌ناو كورده‌كاندا ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستچوو، ماڵوێرانی كوردی لێكه‌وتۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر چاوێك به‌یاداشت و نووسینه‌كانی خۆماندا، وه‌كو: بله‌چ شێكۆ و جه‌لاده‌ت به‌درخان و ڕه‌فیق حلمی و ئه‌حمه‌د ته‌قی … بێگڕین، به‌ئاشكرا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌مته‌رخه‌می كورد خۆی، بووه‌ ‌هۆی كێشه‌ و ململانێ و هه‌ڵپه‌ی سه‌ركردایه‌تی كردن، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی به‌زیانی كورد و ده‌ستگیرنه‌بوونی مافی كورد، به‌هۆی خۆیه‌وه‌ بووه‌ و دوژمنانی كورد، هه‌میشه‌ سوودیان له‌و ناڕێكی و دووبه‌ره‌كیه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌له‌نێوان كورده‌كاندا هه‌بووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌میشه‌ دوژمنانی كورد هاوكاری یه‌كتریان كردووه‌، بۆ له‌ناوبردنی هه‌وڵ و تێكۆشانی كورد، زۆرجار به‌پیلان و گوشار هه‌ندێك حزبه‌كانیشیان له‌یه‌كتر هانداوه‌، دواتر هاوپه‌یمانان له‌به‌ڵێنه‌ ناڕوونه‌كانیان له‌په‌یمانی سیڤر په‌شیمانبوونه‌وه‌ و به‌ریتانیا و توركیا له‌ناو خۆیاندا ڕێكه‌وتن، بڕیاریاندا پرسی ویلایه‌تی موسڵ ڕه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بكرێت، دواتریش درابه‌عیراق، و ماده‌كانی په‌یمانی سیڤر كاڵبوونه‌وه‌ وله‌دواییدا سڕێنرانه‌وه، ئیدی ئه‌و به‌ڵینانه‌ی له‌په‌یماننامه‌ی (سیڤر)دا هه‌بوون بوونه‌ به‌شێك له‌بیره‌وه‌ریی و هیوای كورده‌كان، له‌ئه‌نجامدا ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشانه‌ی گه‌لی كورد هه‌مووی به‌فیڕۆچوو، ئایا كورد تاكه‌ی له‌كێشه‌ و ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌ڵه‌كانی ڕابردوویان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و چاره‌نووسی خۆیان تێكده‌شێنن‌.




رۆژی جیهـانی (بـۆ منـداڵەکەت بخوێـنـەوە).. رەزا شـوان

هەموو ساڵـێک لە رۆژی (١٤/ فـێبریـوەری) دا، عـاشـقان بە بۆنـەی رۆژی جـیهـانی (رۆژی خۆشەویستی ـ ڤـاڵانتاین)یەوە، کە رۆژی نوێبوونەوەی خۆشەویستی و ژیانە. پیـرۆزبایی لە یەکـتری دەکەن و گـوڵی سـوور و دیاری پێـشکەش بە یەکـتری دەکـەن.

بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە هەمان رۆژ، رۆژی (١٤/ فێبریوەری) رۆژێکی جیهانییە بە ناوی ( بۆ منـداڵەکەت بخوێنەوە) ئەمەش گوزارشتە لە بەرجەستەکـردنی خۆشەویستیی و گرنگی خوێنـدنەوە بۆ منـداڵان. لـەم رۆژەدا لە زۆر شـوێنی جیهـاندا، خـێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا، هەریەکە بە شێوازێک بەم بۆنەیەوە ئاهـەنگ دەگێڕن و چالاکی خوێنـدنەوە و رۆشنبیری ئەنجام دەدەن و پشتگیریی خۆیان بۆ فـێرکردن و بۆ رۆشنبیریکـرنی منـداڵان و بایـەخی خوێنـدنەوە بۆ منـداڵان دووپـات دەکەنـەوە، وەک: هەڵـبژاردنی پەرتـووکێکی منـداڵان و خوێنـدنەوەی لەناو خـێزانـدا. یان بە کـۆمـەڵی لە یانەیـەکی رۆشـنبـیری یا لە قـوتابخـانەیەکدا پەرتـووکـێک بـۆ منـداڵان دەخـوێننەوە. یا خوێنـدنەوەی چەند پەرتووکێک لە لایەن خـودی منـداڵانەوە، کە باوکانیان یا دایکانیان کـاتێ کە منـداڵ بـوون، حەزیـان بە خوێنـدنەوەی ئـەو پەرتـووکانە بـوو. یا گـەڕان بە پەرتووکخانەکانی پەرتووک فـرۆشتن، بۆ کـڕینی پەرتـووک یا گۆڤارێ تازەی منداڵان، کە وەک دیارییەکی جـوان و یادگارییەکی شیرین لەم رۆژەدا پێشکەش بە منداڵەکانیان دەکـەن. مەبەستیش لە یـادکـردنەوەی ئـەم رۆژە جـیهـانییە، جەخـتکـردنەوەیە لەسەر گرنگی و کاریگەری خوێندنەوە لە گەشەکردن و زاخاودانی هـۆش و هـزری منـداڵان.

خۆزگە ئەم نەریتە جـوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو. خـێزانانی کوردیشمان لەم رۆژە جیهـانییەدا”بۆ منـداڵەکەت بخوێنەوە” پەرتووک و گۆڤاریان بۆ منداڵەکانیان دەخوێنـدەوە و چـالاکی جـۆراوجـۆری رۆشـنبیرییان ئەنجـام دەدا و پەرتـووکی تازەیان پێـشکەش بە جگەرگۆشەکانیان دەکرد. هـیوای ئەوەش دەخـوازم کە رۆشـنبیریکـردنی منداڵە چاوگەشەکانمان ببێت بە خواست و بە خەمی سەرەکی هەموومان. خوێندنەوەش ببـێـت بە کولتـوورێکی جـوانمـان و خـووی پێـوەبگـرین.
(ویـل رۆجـەرز) دەڵێت:” پێمـوایە هـەموو ئـەو شـتانـەی لـە ژیـانمـدا دەیـانـزانـم.. لە پەرتـووکەوە و فـێریان بـووم”
وەکو دەڵێن:”فـێربوون لە بچووکیدا.. وەک نەخـشی سەر بەرد وایە”هەروەکو چـۆن یارمەتی منداڵانی ساواتان دەدەن، کە گاگـۆڵکێ بکەن و دابنیـشن و پێ بگـرن، تا ئەو کاتەی کە پشت بە هـێز و توانای خۆیان دەبەستن. هەر بەم شێوەیەش دەتوانن فـێری خوێنـدنەوەیان بکەن. بە تایبەتیش دایکان، کە کاتێکی زیاتر لەگـەڵ منـداڵەکانیان دان، رۆڵـێکی سـەرەکی و ئەرێـنی و کاریـگەرییەکی زیـاتریان لە فـێرکردن و لە راهـێنانی منـداڵـەکـانیانـدا هـەیە.
(ئەرسـتۆ) دەڵـێت:”لە لای منـداڵان دایـکان لە باوکـان لە پێـشترن، لەو بـڕوایەدان کە دایـکان مـۆڵکـیانـن”
خوێنـدنەوەش ئارەزوو نییە، بەڵکـو پێـویستیـیەکی گرنـگی ژیـانە و جـێگـرەوەی نیـیە. کـلـیلی دەروازەی فـێربـوون و سەرکـەوتنە. منـداڵان لە رێـگەی خوێنـدنەوە بـۆیان، یا خوێندنەوە لە لایەن خۆیانەوە، هەموو بابەتەکانی قوتابخانە فـێردەبن و وەریان دەگرن.
وەک چۆن ماسوولکەکانیان بە وەرزش و بە راهـێنان بەهـێزدەبن. هەروەهـا هـوش و هـزریشـیان بە خـوێنـدنەوە گەشـە دەکـەن و دەوڵـەمەنـد دەبـن.
(فرانسۆ ڤۆڵتێر) دەڵـێت:”جەستە بەبێ خۆراک گەشە ناکات. ئەقـڵیش بەبێ خوێندنەوە و بیـرکـردنەوە گەشـە ناکـات”
دانایـەکی فـەرعـۆنی میسریـش دەڵـێت:”رۆڵـەکـەم وەک چـۆن دایـکـت خـۆشـدەوێـت.. وات لێـدەکـەم پەرتـووکـت زیـاتر خـۆشـبوێـت”
لە بـارەی رۆڵی ئەرێـنی دایکـانیـش لە خـوێنـدنەوەدا بـۆ منـداڵـەکانیـان، شاعـیرێـکی ئینگـلـیزی لە هـۆنـراوەیـەکـدا بە نـاوی ( دایـکی خـوێنـەر) دەڵـێـت:
دەشـــێ ســـامـانـێـکی شـــاراوەی راســــــتـیـت هــــەبـێـت
قـوتـوویەک پــڕ لە دوڕ و سەنـووقـێک زێــڕت هــــەبـێـت
بـەڵام هـەرگــــــــیـز لـە مــــن دەوڵـەمـــەنـــــــتـر نـیــــــت
چونکە من دایکێکم هەیە فـێرم دەکات و بۆم دەخوێنێـتەوە
خوێندنـەوە کۆڵـەکەیەکی گرنگە لە کۆڵەکەکـانی رۆشـنبیریی منـداڵان. لەم پێودانگەشە کە (خوێنـەرانی ئەمـڕۆ.. سەرکـردەکانی بەیانین) پێویستە بایـەخ بـەم بابەتە بـدەن. لە منـداڵـییەوە منـداڵەکـانتان هـۆگـر و ئەوینـداری خوێنـدنەوە بـکەین، تا ببن بە هـاوڕێی هـەمیشەی پەرتـووک و گۆڤـارەکانی منـداڵان. پێـویستە ئێـوەی دایـکان و باوکـان ببـن بە نمـوونە و بە پێـشەنـگ لە خـوێنـدنەوەدا تا منـداڵەکـانتـان چـاوتان لـێـبکەن.
پێویسـتە دایـکان و باوکـان لایـەنی کەمـەوە رۆژی پانـزە خـولـەک بـۆ نیـو کـاتژمـێر، پەرتووک و گۆڤاری منداڵان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشانی ئاسان و گونجاو بۆ منـداڵە ساواکـانیان بخـوێننەوە، یـا ئەو منـداڵانەی فـێری خوێنـدنەوە بـوونە، بە پێی تەمـەنیـان، پەرتـووک و گـۆڤـار بخـەنە بەردەسـتیان با خـۆیـان بیـان خـوێنـنەوە.
بێگـومان باخچـەکـانی منـداڵانیـش، رۆڵـێکی گەورەیـان لە شیرینکـردنی خـوێنـدنەوە و لە ئاشناکـردنی منـداڵان بە پەرتـووک و پەرتووکخانە هـەیە. چـونکە باخچـەی منداڵان دەزگـایـەکی پەروەردەیی گرنگ و هەسـتیارە، لە دوای مـاڵ یەکـەم ژینگەی منـداڵانـە. پێویسـتە دادەکـان، بە دەنگـێکی شـیرین و بە شـێوازێکـی فـانتـازی چـیرۆکی ئاسـان و هـۆنراوەی کورت و ناسک و شـیرین بۆ منداڵانی باخچەکانیان بخوێننەوە، پەرتـووکی رەنگاوڕەنگی وێنەدار بخـەنە بەردەستیان. بیانبەن بۆ بەشی منـداڵان لە پەرتووکخانە گـشتییەکانی شار و شارۆچکەکانیانـدا. تا لە منـداڵـییەوە ئاشـنای پەرتـووک و گۆڤار و پەرتـووکخـانـە ببـن.
زۆربەی زانایانی پەروەردە هـاوڕان، کە خوێندنەوە جوریکە لە نەریتە جـوانەکان، کە پێویستە لە دەروونی منداڵانی بچووکدا بچـێنرێت و رەگ بکات، تا خـووی پێوەبگـرن.
زۆر جار هەندێ لە دایکان و باوکان دەپرسن، نازانین بۆچی منداڵەکانمان ناخوێننەوە؟
پێویستە بەم “ئایا”نە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئەو دایک و باوکانە بـدەینەوە: ئایا خۆتان لە ماڵەوە پەرتووک و گۆڤار دەخوێننەوە؟ ئایا لە ماڵەکانتاندا پەرتووکخانەنەتان هەیە؟
ئایا لە ژووری منـداڵەکانتـان یا شـوێنێکی تری ماڵەکانتـان پەرتووکخـانەی منـداڵانتـان هـەیە؟ کە پەرتووک و گۆڤـاری منـداڵانتان لەسەر رەفـتەکانیان دانابن؟ ئایا ژمارەکانی گۆڤـارە مانگانەییـەکانی منـداڵان یا پەرتـووکی منـداڵانی تـازە دەرچـووی چـاپکـراو بۆ منـداڵەکانتان دەکڕن و بە دیـاری پێشکەشیان دەکەن؟ ئایا لەگەڵ خۆتانـدا منـداڵەکانتان دەبەن بۆ بەشی منداڵان لە پەرتووکخانەی گشتیی شارەکەتاندا؟ ئایا دەستی منداڵەکانتان دەگرن و دەیانبەن بۆ پێشانگاکانی پەرتووک کە ساڵانە لە شارەکەتـاندا دەکرێنەوە؟ ئایا دەستی منـداڵەکانتان گرتـوون کە بیانبەن بۆ شوێنەکانی پەرتـووک فـرۆشتن و پێیانتان وتـوون، کام لەم پەرتـووک و گۆڤـارانەتان بە دڵە تا بۆتـان بکـڕین؟ ئەمانە و چەنـدین ئایای تـر؟؟ ئەگـەر وەڵامەکانتـان بە “نەخـێر”ە. دان بەوەدا دەنێن کە کەمتەرخـەمی لە ئێـوەی دایکان و باوکان دایە؟ پێویستە خـۆری رۆشـنبیری لەناو خـێزانـدا گزنگ بدات.
پێمان ناڵـێن چۆن منداڵەکانتان ئەویندار و هۆگری خوێندنەوە و هاوڕێی پەرتووک بن؟. منـداڵانی خـوێنـەر لە ماڵانـێکـدا هـەڵـدەکـەون، کە دایـکان و باوکـانیان، خـۆێنـەربن و هـانـدەری منـداڵـەکـانیانـبن بـۆ خـوێنـدنـەوە، پەرتـووکخـانە لە ژوورەکانیانـدا هـەبن و پـڕبن لە پەرتـووک و لە گـۆڤـاری منـداڵان. مـن پێمـوایە پەرتـووکخانە پێـویستـییەکی هەموو ماڵـێکە، گرنگی و بایـەخی لە چـێشـتخانەی مـاڵ گەر زیـاتر نەبێت کەمتر نییە.
هـەر ماڵـێک پەرتـووک و پەرتـووکخـانەی تێـدا نەبـێـت بە مـاڵی نازانـم.
رۆژی (١٤/ فێبریوەری) ی هەموو ساڵێک رۆژر (خۆشەویستانی پەرتووکخانە) شە.
لەم رۆژەدا خۆشـەویسـتان و هـەوادارنی پەرتووکخـانە، ئاهـەنگ دەگێـڕن و سەردانی پەرتـووکخانەکان دەکەن و لە ناوپەرتـووکخانەدا وێنەی یادگاری دەگـرن. و پەرتـووک دەخـوێننەوە و پەرتووک دەخـوازن، پەرتووک بە دیـاری پێـشکەش بەیەکـتری دەکەن.
لە ئوسترالیـادا، رۆژی خۆشەویستی پەرتووکخانە، رۆژێکی پشووە، چونکە بۆ یەکەم جـار ئەم رۆژە لەم وڵاتەدا دەستی پێکرد. دوایی گەیشتە وڵاتانی تر و بوو بە رۆژیکی جـیهـانی بە نـاوی رۆژی (خۆشـەویستانی پەرتـووکخـانە). ئـەم رۆژەش لە رۆڵ و لە گرنگـی پەرتـووکخـانە لە ژیـانی خـوێنـەرانـدا، بەرجەستەبـووە.
مێـژوونووسان لەو باوەڕدا، کە زیاتر لە (٢٧٠٠) ساڵ بەر ئێستا، واتا لە دەوروبەری سـەدەی حـەوتەمی پێـش زاینی، یەکـەم پەرتـووکخـانە لە جیهـانـدا، لە سەردەمی شای ئاشوورییـەکان (ئاشـوور پانیـپاڵ) لە شاری (نەینـەوا) ی پایتـەخـتەکەیان، کە سەر بە عـێراقی ئێستایە، دروستکـرا. کە زیاتر لە (٣٠) هـەزار تاتـە قـوڕی سـوورەوەکـراوی لەخۆگرتبوو. بە نووسینی مێخی “مسماری” لە سەریان نووسراون. بە پێی بابەتەکان رێکخـرابوون و ریـزبەنـدی کرابوون. بابەتی ئەدەبـیشیان لەخۆگرتبوون، بەرزتـرینیان داستانی (گەلگامیش)ە. کە بریتییە لە هـۆنراوەیەک کە تەمەنی (٤٠٠٠) هەزار ساڵە.
هەروەهـا رۆژی (١٤/ فێبریوەری)ی هەموو ساڵێک رۆژی(داتاکەت پاک بکەرەوە) یە.
چونکە کۆمپیـوتەر یا داتـا، بـووە بە دەزگایەکی پێویست و گـرنگی ئەم سەردەمە، نەک هەر ماڵێک بەلکو هەر کەسێک بووە بە خاوەنی داتا. پارستن و پاک ڕاگـرتی پێویستە. ئەو بابـەتـانە و ئەو پـرۆفـایـلە کـۆنـانە و ئەو شـتە زیـادانـەی، کە لەسـەری تـۆمـارمان کـردوون و پێـویسـتـیمان پـێـیان نەمـاوە، با ببـێـت بە نـەریتـێکـی ئێـمـەش و لـەم رۆژە جیهـانییەدا بیـان خـەیـنە ســەر مـیمـۆرێ و داویـش بیـان سـڕینـەوە، داتـاکـانـمان پـاک بکـەینەوە. چونکە کەڵکـبوونی بابەتی زیاتر لە توانای مێـشکی داتـاکانمان، کارکـردنیان قـوەرس دەکەن و خاویـان دەکەنـەوە. لەوانەیە لە پـڕێکـدا بـوەستن و لە کـار بکەون و نـووسـینەکانمان و وێنـەکانمـان لە دەسـتـبدەیـن.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ فـێبریـوەری / رەشـەمی/٢٠٢٢




سەبارەت بە جیابوونەوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و (کۆمەڵە)

دوای چەند ساڵ کێشمەکێش، جیابوونەوەی دووباڵ لەناو (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) و (کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستان)ی ئەو حزبە، بە دەرکردنی دوو بەیاننامەی جیاواز لە (١٦-١-٢٠٢٢)دا ڕەسمیەتی پێدرا.
پێش ئەم جیابونەوەیە بەرپرسی (سکرتاریەتی کۆمەڵە) لە نامەیەکیدا لە (٦-١-٢٠٢٢) ڕوو بە ئەندامانی (کۆمەڵە) هەڕەشە لە حەوت هاوڕێی حزبییان دەکات کە لە (٥-١-٢٠٢٢)دا لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئۆردووگای ئەو حزبە لە (زڕگوێز) نزیک سلێمانی بۆ کاری سیاسی و خوازیاری ئەوەیە کە ئۆردوگاكە بەجێبهێڵن، ئەگەر نا هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بێتەپێش بەرپرسیاریەتیـیەکەی لە ئەستۆی ئەوانە!
ئەم هەڵوێست و کردەوەیەی سکرتاریەتی کۆمەڵە، هەڕەشەی دەستدانە سەرکوتی فیزیکی هاوڕێیانی سەر بە باڵێكی ناو حزبەکەیانە، کە لەلایەن حزب و ڕێکخراوە چەپ و سۆشیالیستەکان و ئازادیخوازانی ئێرانەوە مەحکومکرا. دیارە هەڕەشە و یەکلاکردنەوەی کێشەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی بە چەک و شەڕ و پاکتاوکردنی فیزیکی نەیارانی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی، ترادیسیۆن و مێژووی حزب و ڕەوتە ناسیونالیستەکانی کوردستانە لە هەموو وڵاتەکاندا، ئەم شیوەکارەی ئەمانیش هەر سەر بەم ترادسیۆنە سەرکوتگەرانەیەیە.
خاڵەکانی جێگەی ناکۆکی و وردەکاری کێشمەکێشەکانی دەرونی ئەو حزبە و (کۆمەڵە) هەر شتێک بێت، واقعیەت ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕەکانی دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژهەڵات و جەنگی کەنداوی یەکەم (١٩٩١) و بوون بە خاوەن دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا قەومیـیە میلیشیایـیەکانی کوردستانی عێڕاق و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و ڕەنجی دەستی کرێکارانی کوردستان لە ڕێگەی قۆرغکاری ئابووری و چەوساندنەوەی سەرمایەداریانەی نیولیبراڵی و گەندەڵیی بێسنور بەتایبەت لە بارودۆخی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣)، هەموو ئەمانە پێگەی بورژوا ناسیونالیستی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کێشمەکێشی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا بەهێزکردوە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە دوژمنایەتی چینایەتی خۆی بەرامبەر جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان هەر چی زیاتر بەرجەستە کردۆتەوە و ڕیسوا بووە. ئەمە وێرای باڵا دەستی زیاتری ناسیۆنالیزمی کورد لە دەیەی ڕابردودا لە تورکیا و سوریا. هەموو ئەمانە لە ڕەوندێکی مێژوویدا کاریگەری خۆیان بەجیهێشتووە لەسەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتیـیە سیاسیـیەکان و ڕێکخراوە و حزبەکان. ئەمە ئەو ڕەوەندانەیە کە لە چوارچێوەیەدا ئەم جیابونەوەیە فەراهەمهاتووە.
ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا، بەپلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی ئەم جیابوونەوەیەیـە لەناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق و جەختکردنەوەمانە لەسەر سنووربەندی کردن و وەستانەوە بەرامبەر هەر مەیلێکی ناسیونالیستی لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا، کە هەر ئێستا لێرە و لەوێ، لە میدیای ئینتەرنێتی و تۆڕەکۆمەڵایەتیـیەکاندا گوزارش لەخۆی دەکات.
گروپ و ڕێکخراوەکانی ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق، لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی بیستەوە و لە پڕۆسەیەکدا لە میانەی هەشتاکاندا سنوربەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەدەستهێنا، بەڵام ناسیونالیزم وەک مەیلێک لە دەرونی بەشێک لە ڕیزەکانی ئەم بزوتنەوەیەدا هێشتاش درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.
ئێمە لە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، جەخت دەکەینەوە لەسەر دریژە پیدان بەو هێڵە فکری و سیاسیـیە و پیادەکاری ئەو ترادسیۆنەین کە ڕیزێکی بەرین لە کۆمۆنیستەکان و هێڵی ڕەسمی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سنورێکی یەکلاکەرەوەیان لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردا کێشاوە.
بەرجەستەکردنەوەی ڕەوتیکی فکری سیاسی و حزبیـیانەی کۆمۆنیستی ئینتەرناسیوناڵ و مارکسیستی کە لێکهەڵپێکرابێ بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، دژ بە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد و هاوپەیمانەکانی لە ئیسلامیستەکان و لیبراڵیەکان، ئەو ئەرکە هەنوکەیـیەیە کە جیا ناکرێتەوە لە خەباتی فکری و سیاسیمان لە بەرامبەر هەر جۆرە مەیل و سیاسەت و سوننەتێکی قەومی و لیبراڵی لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان و سەرتاسەری عێراقدا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٨-٢-٢٠٢١




رۆشنبیری کورد لە ناو دوکەڵ و ئاگردا.. ئیدریس مستەفا

نوسینێک لەسەر رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما

“زمان و شیوازی نوسین و ئاستی وێژەیی ئەو شتانەن کە ئارایشتی رۆمان دەکەن، بەڵام ئەو تێگەیشتن و چەمک و دەستەواژانەی لە سەر گرفت و کێشە و رووداوەکان دەردەبڕدرێن کرۆکی رۆمان پێکدەهێنن.”

ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما بڵاوبۆیەوە یەکسەر کڕیم و وەک هەر کوردێکی تر خۆشحاڵ بووم کە کجە کوردێک بە زمانی ئینگلیزی رۆمانێکی لەسەر کورد نووسیوە. دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینی و رەخنەم لە لا دروست بوون. هەر ئەو دەم ویستم شتێکی لەسەر بنوسم بەڵام وازم لێهێنا و گوتم با پەلەی لێنەکەم و بە کاوەخۆ جارێکی تر دەیخوێنمەوە. دیارە لێرەدا بە هیچ شیوەیەک مەبەستم شکاندنی نوسەر یاخود رۆمانەکەی نیە بەڵکو وەک خوێنەرێک ئەوەی بەرچآوم کەوتووە و جیگەی رەخنەمە ئەوەم نوسیوە و بەس. ئەم رۆمانە دوای ماوەیەک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە نێو خوێنەران و چاپەمەنی کوردیدا پێشوازیەکی بێ ئەندازەی لێکرا کە تا ئیستاش ستایش کردنی بەردەوامە لە لایەن میدیا و نوسەرانی فەیسبوک و هەندێ کەسانی سیاسی و چەند قەڵەم بەدەستێکی ترەوە. هەر ئەو پێشوازی و ستایشە بێ وێنەیە وەهای لێکردم کە دەبێ جارێکی دیکە بیخوێنمەوە بەڵام ئەمجارە دەبێ بە کوردی کردنەکەی بخوێنمەوە ئینجا بە تەواوی قسەی خۆمی لەسەر بکەم. لێرەدا دەمەوێ زۆر سوپاسی کاک شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕی کوردی رۆمانەکە بکەم کە توانیتی بە زوویی بیگەێنێتە دەستم چونکە بەهۆی دووریەوە زەحمەت بوو لەو ماوەیەدا بە دەست من بگات کە دەمویست.

پێشبار: دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کە رۆمانەکە چونکە لەسەر رووداوێکی سیاسی و بابەگەلێکی سیاسی ترە بۆیە نوسینەکەی منیش زۆرتر سیاسی-ئەدەبیە وەک لەوەی بە تەنها ئەدەبی بێ وبەس. میدیا و چاپەمەنی و بەشێکی لە خوێنەران و رۆشنبیران پێشوازیەکی لەم رۆمانە کرد و ستایشێکی بێ وێنەیان پیاهەڵدا بەو رادەیەی کە بە شاکار و سەفیری ئەدەبی کوردی ناوبرا لە دەرەوەی وڵات. ئەمە بۆخۆی بەڵگەی نەبوونی هزرێکی رەخنەگرانەیە لە نیوەندی رۆشنبیری کوردیدا چونکە کاتێک بە وردی ئەو رۆمانە دەخوێنیتەوە تێدەگەی بیری نوسەری ئەو کتێبە قوڵ نیە و رووکەشیانە لەسەر چەندان بابەتی سیاسی و رۆژگاری رابردوو و ئیستە دەدوێ. تەنانەت کاتێک ناونیشانی رۆمانەکە و بەرگەکەی دەبینی و بە تەواوی لە خوێندنەوەی دەبیتەوە ئەو پرسیارەت لە لا دروست دەبێ ئایا ئەم رۆمانە شایەنی ئەو هەموو پیاهەڵدان و پێشوازیە بوو؟ بۆ من و بۆ زۆریک و بگرە بۆ ئەوانەشی کە ستایشیان کردووە ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئایا ئەو رۆمانە گەر بە زمانی ئینگلیزی نەنوسرایە و نوسەرەکەی ژن نەبوایە ئایا ئەو بایەخەی پی دەدرا؟ هزری رەخنەگرانە نابێ گوێ بە جێندەری نوسەر یاخود لە ژیر ناوی فیمینیزم و دەرکەوتنی خامەی ژنانی نووسەر لە نیو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو خەوش و تێگەیشتنە رووکەشیانە نەبینێت کە لەو رۆماەندا هەیە. مەسەلەی فیمینیزم لەوەدا نیە ژن نوسەر بێ بەلکو لە بەرهەمەکەدایە، ئاخۆ ئەو بەرهەمە چەند و چۆن لە ژن و مەسەلەی ژن دەڕوانێ جا نوسەر مێ بێ یان نێر، هەر ئەمەش کرۆکی فیمینیزمە. بابەتەکەی نێوی ئەو رۆمانە رەنگ بێ بۆ خوێنەری رۆژئاوایی شتێکی نوێ بێت بەڵام بۆ خوێنەری کورد ئەوەندە هەناو سووتێن نیە نەک لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ناوی گرنگ نین بەڵکو هەر یەک لە ئێمەی کورد یان لە ناو بابەتی ناخهەژێنتردا بووینە یاخود لەبەرچاومان روویداوە یان بەلایەنی کەمەوە بیستومانەوە و دەستوپەنجەمان لەگەڵدا نەرمکردووە. لە لایەکی ترەوە، ئەو رۆمانە رۆچووە لە هەندێ بابەتدا کە تەواوی بەرهەمەکە دەخاتە ژێر مەنگەنەی رەخنەگەلێکەوە کە ئەستەمە ئەو رۆمانە شایەنی ئەو لایەق پیدانە بێت.

“نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون
ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تئیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شؤڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی خودی خۆی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە.
دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەولدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پیوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان.
کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن. دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەلکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن دەبێتە خووی ئەدەبی. زۆربەی بەشەکانی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تئیۆرییەی ئیبن خەلدونە.

پەنابردن بۆ ستایشی نوسەرانی دی
لە پشتی بەرگی رۆمانەکەی ئاڤا هومادا هەندێ کەسانی دیاری دنیای ئەکادیمی و سیاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزی ستایشی بەرهەمەکەیان کردووە. نوسینی کورتە پەرەگرافێک یاخود چەند دێڕێک لە لایەن کەسانێکی دیارەوە لەسەر بەرگی دواوی کتێبێک یاخود لە لاپەرەکانی ئەوەڵی کتێبێک تارادەیەک باوە لە نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکاندا بەڵام لەسەر رۆمان کەمتر ئەو عادەتە هەیە بەتایبەتی رۆمانێک کە بە شاکار ناوببرێ زۆر پێویستی بەوانی تر نیە لە بەرگەکەی شتی لەسەر بنوسن. مەبەستەکەش سێ هۆکارە: یەکێکیان بە نرخی بەرهەمەکە؛ دووەمیان تێگەیشتنی تیژپەڕیانە بۆ ئەو کتێبە و زۆر جاران بەهۆی شتێکی ئاوهاوە خوێنەر بڕیار لەسەر کڕینی کتێبەکە دەدات؛ لێرەوە ئێمە دەچین بۆ هۆکاری سێهەم کە مەبەست لە نوسینی کەسێکی ناودار لەسەر بەرگی کتیبەکە فرۆشیاری زیاتری بە دوادا دێت. ئەم ئەخلاقیاتە زیاتر لە خاوەن چاپەمەنی و کتێبفرۆشە جیهانیەکانەوە برەوی پێدراوە بەڵام لە نێو کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەدا تەنها مەبەست لێی خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانە. پەنابردن بۆ ئەوەی نوسەرانی ناودار یاخود ناوی دونیای سیاست بهێنی و شایەدی لەسەر باشی رۆمانەکەی بدەن بەوەی دوو سێ دێڕیکت بۆ بنوسن، بە رواڵەت دیارە شتێکی گرنگ بێت بەڵام لە ناوەڕۆکدا مانایەکی پێچەوانە تری دەبێ. متمانە بەخشین بە رۆمانەکەت لە رێگەی کەسانی دیکەوە بەڵکو قورساییەک ببەخشێ بە کتێبەکە و خوێنەرانێش پێی سەرسام بن جۆرێکە لە گرفتی مۆراڵی نوسین. تەکلیفکردن لە کەسانی ناودار بەوەی شتێک لەسەر دوا پەرەی بەرگی کتێبەکەت بنوسن و ئینجا بڵاوبکرێتەوە ئەوە هەمان ئەو زەلیلیە کە ئیبن خەلدون دەیڵی و من ئیقتیباسی ئەوەی لێدەکەم کە نەوەی بندەست ئەوەندەی بە دوای ناودەرکردنەوەیە ئەوەندە بە دوای داهێنانەوە یاخود بەرهەمێکی دانسقەوە نیە. ئەگەرنا ، کتێبی باش خۆی باڵ دەگرێ و پیویستی بە دەستەکانی تر نیە بچنە ژێر باڵی بۆ فڕین. تەنها ئەو بەرهەمانە بە دوای هەڵکێشان و ستایشەوەن کە گومانی داهێنانی لێدەکرێت وەک ئەوەی لەم پەرەگرافەی دادێ ئاماژەی پێ دەدەم.

کچانی دوکەڵ و ئاگر یان کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک
ساڵی ٢٠١١ ژنە نوسەری ئەمریکی، لەینی تایلۆر، رۆمانێکی نوسی بە ناوی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک.” کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک رۆمانێکی سێیینەیە کە بەرگی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ و بەرگی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆیەوە. بڕیاربوو بکرێ بە فیلم بەڵام تاکو ئێستا ئەو پرۆژەیە هەر وا ماوەتەوە. بەهەرحاڵ، رۆمانی خانمە ئەمریکیە: وەکو شوێن ئەو رۆمانە لە هەمان وڵات و کیشوەر بڵاوبۆتەوە کە ئاڤا هۆمای لێدەژی؛ بە هەمان زمان کە ئینگلیزیە نوسراوە؛ و لە هەمان ئەو ساڵەدا هاتۆتە پەخش کردن کە ئاڤا هۆما دەست دەکات بە نوسینی رۆمانەکەی چونکە وەک خۆی لە جاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێ دە سال بەو رۆمانەوە خەریک بووە هەرچەندە رۆژئاڤا کە روحی رومانەکە و تایتڵ و وێنەی بەرگەکەی و پاڵەوانی سەرەکیەکانی بەو هەوایە دەژین کە لە دەلاقەی ئەویوە دیت، ئەو کاتە بوونی نەبووە کە ئاڤا هۆما دەستی بە نوسینی رۆمانەکەی کردووە. خوێندەوەی ئەو رۆمانەی خاتوو لەینی تایلۆر لە لایەن حاڤا هۆماوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە چونکە هەمان دونیای ئەدەبی و رۆمانە و لە هەمووشی گرنگتر ژنە نوسەرێکە کە ئاڤا هۆما باش ئاگای لە نوسەرە ژنەکانی ئەمریکا و کەنەدا هەیە. من خوێنەرێک و چاودێرێکی ئاسایی دونیای چیرۆک و ئەدەبم کە دەزانم رۆمانێکی ئاوها بەو شێوەیە هەیە، تۆ بڵێی ئاڤا هۆما کە خۆی لە نیوەندەکەدایە، وەک کورد دەڵێن خۆی لە ناو ئاشەکەدایە، ئاگای لەو رۆمانە و ساڵەکەی و ناوەکەی و سکێچیەکانی ناوەوەی نەبێت؟

رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک سەر بە ژانرێکی ئەدەبی فانتازیایە کە رووداوەکانی لەسەر خەیاڵ بونیاد نراوە و کاراکتەرەکانیشی خەیاڵین و زۆرتر لە چیرۆک و ئەفسانەی خەیاڵی یاخود خەیاڵی زانستی ئێستە دەچن. سەرباری جیاوازی ژانرە ئەدەبیەکە کەچی سکێچیە سەرەکیەکان و تایتڵ و تەنانەت ناوی کاراکتەریش رەنگی داوەتەوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا. رووداوەکانی ناو رۆمانە ئەمریکیەکە بریتین لە هەمان کێشمەکێش و شەڕ و ململانێیانەی کە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا دەچنە پێشەوە بەڵام مرۆڤ لە لایەک و بونەوەری جانەوەر ئاسا و فریشتە لە لایەکی تر. کاراکتەرەکان لە یەک دەوربەری تەمەندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک” ناوی کارۆیە و حەڤدە ساڵە و خوێندکارە لە بواری هونەردا و خولیای هونەریی هەیە بەڵام دەکەوێتە نیو گێژاوی شەڕ و هەراوە. بە هەمان شێوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا خولیای پاڵەوان بواری هونەریە ، و یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکیەکانیش ناوی کارۆیە. هەڵوێستەکە لێرەدایە: ناونیشان هەمان ناونیشان، رووداوەکان لەیەکچوون، خولیا کان هەمان خولیان و بگرە ناوی پاڵەوانیش یەکە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک دە ساڵ پێش ئێستا نوسراوە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئاگریش وەک نوسەر خۆی دەڵێ دە ساڵی پێچووە تاکو نوسینەکەی تەواو بووە واتە ئاڤا هۆما لەو سالەوە دەستی بە نوسینی (کچانی دوکەڵ و ئاگر) کردووە کە رۆمانەکەی لەینی تایلۆر(کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک)ی تێدا نوسراوە، زمان هەمان زمانی ئینگلیزی و وڵات هەمان وڵات. پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەمە گەر نەقڵ و کۆپی کردنی بەرهەمی کەسێکی تر نەبێ ئەی چیە؟ خۆزگە بمتوانیابەیە بوارێک یاخود چوارچێوەیەک بدۆزمەوە بۆ بەراوردکاریەک و تا لەوێوە بە تئۆری ئەدەبی بەراوردکاری شتیکی لەسەر بڵێین بەڵام نەوەی میللەتی سەرکوتکراو هەرچەندە ئەو نەوەیە لە دەرەوە بژی هێندەی بە دوای لاسایی کردنەوە و هەڵگرتنەوەی شتی ئەوانی دی دایە ئەوەندە بە دوای داهێنانی خۆیەوە نیە. دیارە ئەم نەخۆشیە زۆرێک لە رۆماننوسەکانی ئێمەی گرتۆتەوە و لێرەدا نامەوێ ناویان بهێنم ، بەڵام نەوەی نوێ چ لە کوردستان و چ لە دەرەوە بە تایبەتر ئەوانەی لە جیهانیێکی ئازادی دوور لە ژیان و چەمکی بندەستی و سەردەستی لە دایک دەبن یاخود گەورەدەبن دەبی ئاسان لەوە تێبگەن کە هەوڵدان و شەیدا بوون بۆ نوسینی داهێنەرانە و کەسێتیەکی ئەدەبی تەنها رێگەیە بۆ لە دایک بوونی بەرهەمی راستەقینەی خۆیان و شکاندنی ئەو کەمەربەندیە تئیۆریەی ئیبن خەلدون.

تێکشکانی دیالەکتیک لە ناوهێنانی رۆمانەکەدا
هەور دروست دەبێ، گرمە و هەورە تریشقە پەیدا دەبێ ئینجا باران دەبارێ. ئەم پلە یەک لە دوای یەکانە دیالەکتیکی سروشتیانەی پرۆسەی چۆنێتی باران بارینە بۆیە گەر کەسێک بیەوێ بڵی باران پێش هەورە گرمە دێت ئەوا پێچەوانەی یاسا زانستی فیزیکی سروشت قسەدەکات کە بێ شک ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. کاتێک خانمە ئەمریکیەکە ناوی رۆمانەکەی خۆی دەنێ کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک لەو یاسا دیالەکتیکیە تێدەگات کە دوکەڵ دووەم هەنگاوی دوای ئاگرە و ئیسکوپروسکیش سێیەم هەنگاوی ئەو یاسا فیزیکیەیە. واتە ئاگر دەکەوێتەوە و دواتر دوکەڵی لێ پەیدا دەبێ و ئیسکوپروسکەیش ئەنجامی ئاگرودوکەڵەکەن. بەڵام، ئاڤا هۆما چونکە تایتڵی رۆمانەکەی هەڵگرتۆتەوە و ویستویەتی جەمالیەتێک بە ناوی رۆمانەکەی بدات بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت کە دیالەکتیکی سروشتی تێکشکاندووە لە ناوهێنانی رۆمانەکەیدا (دوکەڵ و ئاگر) بەوەی دوکەڵی پێش ئاگر خستووە لە کاتێکد ئاگر ئینجا دوکەڵ، هەر کات ئاگر کوژایەوە دوکەڵی لێ پەیدادەبێ.

ناکۆکی تایتڵ و بەرگ لەگەڵ ناوەڕۆکدا
کاتێک خوێنەر ناونیشانی رۆمانەکە و پۆستەری سەر بەرگەکەی دەبینی راستەوخۆ هزر و هەستی بۆە ئەوە دەجێ کە ئەم بەرهەمە چیرۆکی کچان و ژنانی شەڕڤانانی رۆژئاڤایە لە کاتێکدا زەمینەی هەموو رووداوەکان ئێران و کەنەدایە و بۆ چرکەیەکیش و بستێک چیە لە زەمینەی ئەو رۆمانە نە لە رۆژئاڤا و نە لە قەندیل و نە لە هەرێمی کوردستانە و سێ لەسەر چواری شوێن لە رۆمانەکەدا ئێران و بەشەکەی تری کەنەدایە وەک شوێن. بەرگە کوردیەکەی وێنەی ئافرەتێکی جلک لەبەر کوردی چەک بە دەستە و بەرگە ئینگلیزکەشی، کە من هەمە، ئافرەتێک و وێنەی شاری خاپورکراوی کۆبانی تێدا نەخشینراوە، ئەم دوو شتە یەکسەر بۆ کێشەی رۆژئاڤا و نەبەردی کچان و ژنانی رۆژئاڤا نیشان دەدایت دژ بە هێزی چەکدارانی داعشی ئیسلامی. مەبەست لە پشت ئەم تایتڵ و بەرگەوە ئەوەیە کە خوێنەر رابکێشێ بەلای خۆیدا بە تایەبت خوێنەری ئینگلیزی چونکە شەڕی کچانی رۆژئاڤا بەرامبەر داعش دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە کە هاوسۆزی و پشتیوانیەکی بێ وێنەی جیهانی بە دوای خۆیدا بەدوای خۆیدا هێنا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە پێچوانەیە لەگەڵ تایتڵ و بەرگەکەیدا چونکە خوێەنر چاوەڕ ئەوەیە کە سەرگوزشتەی کۆمەڵی کچی مەیدانی جەنگی رۆژئاڤا و ئەو زەمینە و دیمەنە ئاگر و دوکەڵاویەی کە جیهان رۆژانە دەیانبینی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایتیە جیهانیەکانەوە. لە ناو رۆمانەکەدا باس لە خۆسووتاندنی کچان و ژنان دەکات بەڵام ئەوە دیاردەیەکە کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانی و کوردستانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاسیشدا هەیە و لە رۆمانەکەشدا وەک کێشەی سەرەکی رۆمانەکە باس نەکراوە بۆیە ناتوانرێ ئەو خالە بکرێتە ناوونانیشانی کتێبەکە.
ناولێنانی لەم شێوەیە هەر لە دوورەوە پەیامێکی نەرێیی دەنێرێ سەبارەت بەوەی وڵاتانی وەک ئێمە و مانان هەمووی شەڕ و ئاژاواەیە بەتایبەت زەمینەی رووداوەکان لە ئێرانە چونکە بۆ خوینەری دەرەوە یاخود ئینگلیز یەک قازانجێکی تێدایە کە رووداوەکە لە ئێران روودەدا و ئێرانیش وڵاتێکی نابود بووە لەسەر ئاستی جیهانی رۆژئاوا و چ خوێنەر و چ ئەکادیمیستی دەرەوەش ئەوەی لە راگەیاندنی وڵاتەکەیەوە وەریگرتووە و سیاسەتی ولاتەکەیان چیە سەبارەت بە ئێران کە چەندە وڵاتێکی دڕەندەیە دژ بە ژن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ جا هەر بابەتێک لەم بارەیەوە جێگەی پێشوازیەکی گەرم دەبێت. لە بەشەکانی تردا ئاماژەی زیاتر بەم خاڵە دەدەم. خاڵیکی تر هەر سەبارەت بە بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە زۆرتر سەبارەت بە شلێری کاراکتەرە کە پاڵەوانێکی پلە خوارەوەی ناو رۆمانەکەیە و دەبێتە شەڕوانێکی رۆژئاڤا و جار ناجاری ناوی دەهێنرێ ئەگەرنا، لەیلا پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە و پنتی سەرەکی هەموو رووداوەکانە.

بەرهەمی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی
یەکێک لەو خاسیەتانەی رۆمانی پێ دەناسرێتەوە خاڵی بوونێتی لەوەی بە راستەوخۆ بە زمانێکی سیاسیانە قسان بکات. ئەم رۆمانە بە گشتی و بە دیاریکراوی لە چەند شوێنێکدا لە زمانی نوسەرەوە نەک گفتوگۆکانی نێوان کاراکتەرەکانەوە گوتاری سیاسی لاگیری دەدات کە بۆخۆی ماکی رۆمان بوون کاڵ دەکاتەوە و دەجێتە سەنگەری نوسینەوەی گوتاری سیاسی. بۆ نموونە نوسەر دەبێ کامێرەوانێک بێ و تەناه وینەکان بگرێ و بگوازێتەوە بۆ خوێنەر نەک بە پێناسەی سیاسی بدات لەسەر شتەکان. دیارە کامیروانێکی کورد جیاوازی هەیە لەگەڵ کامیرەوانێکی رژێم چونکە کامێراکوردەکە لایەنە کوردەواریەکە و پەلامار و سەرکوتەکە نیشان دەدات و ئەم راگواستنەوەیە بۆخۆی شتەکان بە خوێنەر دەڵێ بێ ئەوەی هیچ رایەک و وەسفێکی سیاسی بدەیت لەسەر کەس و رژێم و رووداوەکان ئەگەرنا ئەوا لە شەوق و زەوقی چیرۆک نوسین کەم دەکاتەوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک (پاسداری ریش پیس) هیچ زەروور نیە چونکە خودی وشەی پاسدار مانای سەرکوت و پەلامار و شەڕ دەگەێنێ. بەردەوام دەبێت لەم دەسەتەواژانە و دەڵێ، لا٤٦٤، “ئاخر دەمەویست بە شکۆوە بمرم نەوەک دەستی هەیتەیەکی پیسی کۆماری ئیسلامی یان دزێک.” کەچی لە لایەکی تر، لا ١٩٢، گلەییان لێدەکات بەوەی بێ رەحمن، وەک ئەوەی هەستی رەحمیان هەبووبێ، کە تەواو تامی وێژە لە دەقەکەدا نامێنێ “هەر لە گۆترەش پاسدارە بێڕەحمەکانی ئێرانی تەقەیان.” لە لاپەرە ١٧٧ دەڵێ “پاسدار بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکەوە کوشتاریان لە کورد کرد. کورد بە تەنیا مایەوە، لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی فەرامۆش کرا.” ئەمە جگە لە بەیاننامەیەکی سیاسی پارتێک هیچ مۆرکێکی ئەدەبی پێوە نیە. لە گوتاری سیاسی لە دژە رژێمەوە دەگۆڕدرێ بە بزواندنی هەستی نەتەوەیی کاتێک لە لا پەڕە ٣٩٣دا دەلێ “ڕۆژێکیش دێ دزەکان دیواری زیندانەکە دەڕوخێنن و قوتابییەکانیش ڕێگەیان دەدرێ بە ئاشکرا مێژووی کورد بخوێنن. لەیلاش بەهێز دەبێ.” لە یەک دوو شوێنی تریشدا، وەک سرودی ئەی رەقیب، کار لەسەر بزواندنی ئەم هەستە نەتەوەییە دەکات کە لە دونیای ئێستادا و لە گوتاری نەتەوەییشدا بە گشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی لە ژێر پرسیار و مەنگەنەی فەنابووندایە. نوسەر ئەوەندە ئەم خاڵەی بۆ گرنگە سرودی ئەی رەقیبی بە کوردی لاتینی نوسیوە لە ناو دەقە ئینگلیزیەکەدا کە ئەمە مانای سووربوونی ئەوە لەسەر ئەو گوتار و بزواندنی هەستە نەتەوەییە کە لە مانای وێژەیی بەرهەمەکەی کەم کردۆتەوە ئەمە جگە لەوەی ئاست نزمی هزری ناو رۆمانەکە دەگەێنێ. بەڵام لە بەشەکانی تردا ئەم گوتارە سیاسیە نەتەوەیی نیشتمانیەی ئیهمال, وێڵ, دەکات و ئەو بزواندنی هەستە نەتەوەییە دەکات بە قوربانی بزواندنی هەستێکی تر لە وڵاتێکی تر کاتێک دیمەنی سروشتی و خانوو و شەقام و ئاستە تەکنۆلۆجیەکەی دەبینێ.

ئایا ئێمە نەتەوەیەکی ژنکوژین؟
لە لاپەڕە (١٧١)دا دەڵێت “”من و تۆ قوربانیی دەستی شێتایەتیی نەتەوەیەکین، کە سزای ژنایەتی و هونەر دەدا و ڕێزیش لە دز و بکوژان دەگرێت.” لێرەدا گەر بیوتایە ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی رژێمێکین یان حوکمەتێکن ئەوە دیاریکراو بوو کە مەبەستەکە ئاماژە پێکراوە بەڵام کە دەلێت ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی نەتەوەیەکین ئەوە بە واتای نەتەوەی کورد دێت. گەر مەبەستەکە نەتەوەی فارسیش بێت ئەوا هیچ جیاوازیەک ناکات چونکە فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەی کورد و فارس نزیکن لەیەکەوە بۆ ئافرەت و مەسەلەی ئافرەت بوون. لە کۆپیە ئینلیزیەکەشدا سەیری ئەو وشەیەم کرد هەر ریک وشەی نەتەوەی داناوە. پێش ئەوەی لەسەر ئەم دێرە قسە بکەین ئەم پێشبارە پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەبەستەکەمان.
پیاوسالاری بیری باوی ناو هەموو کۆمەڵگەیەکە هەر لە رۆژهەڵاتەوە تاکو رۆژئاوا، بەڵام ئاستی ئەو پیاوسالاریە و ئەو یاسا و رێسیانەی لە وڵاتەکاندا چەند و چۆنە ئەوە رێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵەگەیەکی تر دەگۆڕێت. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. هێزە سیاسیە کوردیەکانی هەرێم چ ئەوسا و چ ئێستاش بەکارهێنانی ژن و رسواکردنیان و تەنانەت کوشتنی ژنیان لە پێناو سوڵحێکی عەشایەریدا یاخود بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبی و شەخسی خۆیان ئەنجامدەدا.

کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان کە نموونەی بەرجەستەی مافەکانی ئافرەتان و ئازادیە شەخسیەکانن لە دونیای ئێستای ئێمەدا، پیاوسالاری تێیدا زاڵە لە هەندێ ئاستی فەرهەنگی و سەکسی و سیاسیشدا. ژنان کە مێرد دەکەن راستەوخۆ ناوی سێیەم یاخود لەقەبی مێردەکانیان دەکرێ بە ناویانەوە هەرچەندە کەسەکان ئازادن لەوەی ئەمە رەت بکەنەوە و ناوی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام مەسەلەی موڵکایەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی زۆرتر بە لایەنی یەکەمدا دەیشکێنێتەوە. ژنان کەمترین بەختیان هەیە بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار یاخود سەرک وەزیران بە تایبەت لە کیشوەری ئەمریکای باکور (کەنەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) خودی ئۆڤا هۆما لەوێ دەژی. بە درێژایی مێژووی ئەو دوو وڵاتە تاکو ئەم ساتەی من ئەم نوسینەی تیدا دەنوسم یەک ئافرەت نە لە ئەمریکا بووە بە سەرۆک و نە لە کەنەداش بوونە بە سەرک وەزیران. لە کەنەدا یەک جار ژنێک بە ناوی “کیم کامبڵ” بۆ ماوەی چوار مانگ بوو بە سەرۆک وەزیران ئەویش لە دەرئەنجامی کێشەیەکی سیاسی ناوخۆی پارتەکەی لە ناو پەرلەماندا و دەشزانرا کە چوار مانگ بوار ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کەنەدا زۆر لێی رازی بوون بەڵام دەنگی نەهێنایەوە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی پارتەکەی و لەوێوە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

تێگەیشتن لە مەسەلەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان لە ئاستە جیهانیەکەیەوە مانا پەیدا دەکات و خودی ناوچەکەی ئێمەش لەو ئاستەوە مانایەکی دروست پەیدا دەکات سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان. (تێبینیەک بچوک، پێش ئەوەی ئەم باسە ئاماریە پێشکەش بکەم جیاوازی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچآو دەگرم بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە کوشتنی ژنانە و کاتێکیش کرۆکی بابەتێک هاتە سەر کوشتن ئەوا رێژەی دانیشتوان دەبێ پلە دوو.) لە تازەترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ توندوتیژی ژنانەوە ئەوەیە کە لە هەر سێ ئافرەتێک لە جیهاندا یەکێکیان لە رویی جەستەییەوە لە لایەن مێردەکەیەوە یان هاوسەرینەکەیەوە لێی دەدرێ و توندوتیژی سەکسی بەرامبەر دەکرێ. هەروەها راپۆرتەکە دەڵێ توندوتیژی نێوخۆیی وڵاتەکان زۆرن و ژمێریاریەکی بەرچاو و ورد لەبەردەستدا نین تاکو بە ژمارە بیخەنە روو. پرسیار ئەوەیە ئایا لەو سێ ژنەی کە یەکێکیان توندوتیژی جەستەیی و سەکسی دەرهەق دەکرێ تۆ بڵێی کۆمەڵەگە رۆژئاواییەکانی تێدا نەبێ. تەنها لە وڵاتی کەنەدا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی دەزگای ژمێریاری وڵاتی فدراڵی کەنەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ٪٤٤ واتە لەهەر دە ژنێک چواریان بەرەو رووی توندوتیژی سەکسی و فیزیکی و تۆقاندنی سایکۆلۆجی و بێ رێزی رەگەزی بوونەتەوە لە لایەن هاوسەر و هاوڕێ پیاوەکانیانەوە. لە ئەمریکا لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان بەرەو رووی ئەو دۆخە دەبێتەوە کە لەوەی کەنەدا ئاماژەم پێکرد.
سەبارەت بە کوشتن، تەنها لە ماوەی ٣٦ رۆژدا لە وڵاتی کەنەدا لە یەکی مانگی چواری ٢٠٢٠ ەوە تاکو ناوەراستی مانگی پێنجی هەمان ساڵ ١١ کچ و ژن کوژراون بە دەستی پیاو، بەڵام لە هەریمی کوردستان “بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ٢٩ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت واتە ١٧٪ کەمی کردووە.”
میدیاکانی کەنەدا رۆژانە دیار نەمان و کوشتنی کچان و ژنانی نەتەوە بومیەکان (هندیە سوورەکان) بڵاو دەکەنەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تاکو ٢٠١٢ زیاتر لە چوار هەزار ژن و کچی نەتەوە بومیەکان کوژراون. هەر لەو ماوەیەدا بیست هەزار و سێ سەد و سیانزە کەس (٢٠٣١٣) کەس کوژراون یان خۆیان کوشتووە کە رێژەی لە ٣٢٪یان ژنانن. دیاردەی خۆکوشتن لە کەنەدا: لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە کەنەدا ٥٨٠٠ حالەتی خۆکوشتنی هەبووە لە نیو گەنجاندا کە زۆربەیان لە رەگەزی مێینە بوون. لە شارۆچکەی وودستۆک لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ماوەی چوار مانگدا گەیشتە ٥ کچی گەنجی تەمەن شانزە ساڵ و ژمارەکە خەریک بوو دەڕۆیشتە سەرووتر و پێشتریش شاری سارنیای دراوسێی توشی حالەتێکی ئاوها سەیر ببوون بەتایبەت شارەکە بە یەکێک لە شارە وەزع باشە ئابوریەکان دادەنرێت. ئەم حاڵەتە شێوانێکی لە کۆمەڵەگەی کەنەدیدا دروست کرد و هۆکارە کۆمەڵایەتیە دوورەپەرێزیەکان و سۆشیال میدیا و باری تەندروستی و سایکۆلۆجی دەوری هەبووە لەم حاڵەتی خۆکوشتنانەدا. لە ئەمریکا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی وڵاتی ئەمریکا کە لینکەکەیم لەم نوسینەدا داگرتووە. لەو ساڵەوەی ئاڤا هۆما دەستی کردووە بە نوسینی ئەم رۆمانەی تا تەوابوونی ٢٠١٠- ٢٠٢٠ ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەرەو سەرەوە چووە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەمریکا ١٨٣٢ ژن کوژراون. لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی خۆکوشتن لە ئەمریکا گەیشتۆتە ٤٧٥١١ کەس کە رێژە زۆرەکەی بەر رەگەزی مێینە دەکەوێت. ئەم هەواڵ و ئامارانە رۆژانە و مانگانە و سالانە بڵاودەبنەوە گەر بە پێی لۆجیکی نوسەر بێت لە رۆمانەکەدا ئەوا هەموو نەتەوەکان دەبێ ژنکوژبن نەک هەر نەتەوەی کورد یان فارس. بۆیە تێگەیشتن لە ەمسەلەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان و هەروەها پیاوانیش بەو شێوە روکەشی و قەتعیە لێک نادرێتەوە و دەبێ خوێندنەوەی بابەتیانە و قوڵی بۆ بکرێت.

دیارە من لێرەدا ئەوە بە سفر ناکەمەوە کە ژنان لە کەنەدا و ولاتانی تری رۆژئاوا لە کۆمەڵی مافی سەرەکی و گرنگدا بەهرەمەندن و قانونێک هەیە داکۆکیان لیدەکات لەبەرامبەر ئەخلاقیاتی توندوتیژیدا، بەڵام بەو مانایە نیە گەر بتەوێ لای خۆمان وەک دۆزەخێک بۆ ژنان پێناسە بکەی و ئێرە وەک بەهەشت، چونکە لە بەشەکانی دادێ بە ئاشکرا داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا لە لایەن نوسەرەوە دەبێتە زەلیلیەک کە پاڵەوانی رۆمانەکەی، لەیلا، تێدا دەگەوزێ.

لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکانی خۆمان دیارە رێژەی پیاوسالاریەکە زۆر بەرزە بەڵام هێشتا بەو رادەیە نیە کە ژنکوشتن ئاسایی بێت. نە لە قانونی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی و نە لە تێکستی ئاینیدا و نە لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤەکانیشدا ژنکوشتن کارێکی ئەوەندە رێگەپێدراو نیە و بگرە لە هەموو رووکیەوە حوکمی تاوانبارێتی بوون دەدرێ بەسەر بکەرەکەیدا؛ بەڵام ئایا تا چەند بکەر دەگیرێ و تا چەند حوکم دەدرێ و تا چەند کۆمەڵگە قبوڵی دەکەنەوە ئەوە مەسەلەیەکی ترە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنکوشتن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش نیە و بریتیە لە پەرجەکردارێکی کۆنەپەرستێتی و پیاوسالارانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێ.
گەر بە دیاریکراوی قسە لەسەر خۆکوشتنی ژنان بکەین ئەوا نوسەر دەبوو سەیرێکی دونیای رۆژئاوای بکردایە کە ئایا خۆکوشتنی ژنان لەوێ چۆنە. باسکردنی خۆکوشتنی ژنان لە وڵاتانی خۆمان و هانابردن بۆ یارمەتی لە وڵاتانی رۆژئاوا و کارکردن لە خوێنەری رۆژئاوایی بەوەی وڵاتی ئێمە وڵاتی خۆکوشنتنی ژنانە یاخود ئێمە نەتەوەی ژن کوژین ئەوپەڕی بەیبردنێکی لاوازانە و بگرە هەزیلانەشە. گەر سەیری ژمێریاری خۆکوشتنی مرۆڤ بە گشتی لە رۆژئاوا و ژنان بە تایبەتی بۆت دەردەکەوێ کە ئەو دیاردەیە لە هەموو ولاتانی دنیا بوونی هەیە و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی تێدایە هەروەک چۆن بەرزترین رێژەی ژنکوشتنی تیدایە. بۆ نموونە لە ئەمریکا، تەنها لە ساڵی٢٠١٨ کە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و پێشگیریکردنی یاخود بەرگرتن بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی نزیک بە ٤٩ هەزار کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە خۆیان وکشتووە و لەو رێژەیەدا ژمارەی خۆکوشتنی ژنان کە لە تەمەنی دە ساڵیە تێیدا یە تاکو حەفتاوپێنچ ساڵی، نزیکە ١٢ هەزار دەبێت. بەرێووەبەرایەتی ئامار لە وڵاتی کەنەدا رایگەیاند کە تەنها لە ساڵی دا٢٠١٣ رێژەی خۆکوشتنی کچان و ژنان گەیشتۆتە ١٠١٣. لەوانەبێ ژمارەی دانێشوتانی وڵاتەکان شتێک بگۆڕێ بەڵام لێرەدا قسە لەسەر وڵات و میللەتانە وەک فەرهەنگ و عەقڵی پیاوسالاری نەک مەزندی دیموگرافی. خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم خودی سیستەمەکەیە. سیستەمی سەرمایەداری لەەهر کوێیەکی ئەم دنیایەد بێت سیستەمێکی جیاوازخوازە و ئەم جیاوازی کردنەش پەلی هاویشتووە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤەکان و ژنانیش لەم نیوەدا زۆرترین بەش مەینەتیەکانی ئەو سیستەمەیان بەردەکەوێ. بەڵام بە وجودی کۆمەڵی یاسا و رێسای قانونی کە لە دەستوری وڵاتدا چەسپاوە و بەهیزی جوڵانەوەی ژنان زۆرانبازیەکی باش لە مەیداندا هەیە لە بەرامبەر ئەو فەرهەنگە پیاوسالاری و سیستەمە ناڕێکیەی وڵاتەکەدا.

خوێنەری رۆژئاوایی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای ئێمە
کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی ئەو وتەیە دەخوێنێتەوە هەم بێ تاقەت دەبێ و هەم دڵخۆشیش دەبێ. وەک مرۆڤێک پێی ناخۆشە کە گوێ بیستی ژن کوشتن ببێ لە هەمان کاتدا بەوە دڵخۆش دەبێ کە ژنانی وڵاتانی تر دەیانەوێ پەنا بهێننە بەر وڵاتانی رۆژئاوا وەک دوایین مەنزڵگەی رزگاربوونیان لە کاتێکدا ئەوەی لە بیردەجێ ریژەی کوشتن و خۆکوشتن لە ولاتەکەی خۆی زۆر دۆخی باشتر نیە. دیارە ئەو روحی رۆژئاواییە خۆ بە زلزانیە ئەوە لە بیری خوێنەرەکە دەباتەوە کە لە ولاتەکەی خۆیدا دۆخی ژنان زۆر باش نیە لە حاست ئەو بارە قانونی و پێشکەوتنە شارستانی و بارە ئازادیە شەخسیەی بۆ ژنان فەراهەم کراوە. بەهەرحاڵ، نوسەر دەیەوێ لێرەدا پۆرتی کەلتوری نەتەوەیی خۆی بشکێنێ تەنها لەبەر ئەسەف خواردنێکی خوێنەری رۆژئاواییدا گوایە دنیای ئێمە دنیای کوشتنی ژنانە لە بەرامبەردا دنیای رۆژئاوا دنیای خاڵیە لە توندوتیژی ژنان. هەر بەم وتەیەی نوسەر کەتوتۆتە دژایەتیەکی ترەوە. ژیانی شلێر وەک کچێک لەو کچ و ژنە شەڕڤانانەی رۆژئاڤا نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ئافرەت چ جێگە و رێگەیەکی گەورە و گرنگی هەیە لە نیو نەتەوەکەی خۆیدا کەچی لەولاوە ناوی نەتەوەکەی بە ژنکوژ دەزڕێنێ. هەر خودی چوارچێووەی رۆمانەکەی بە تایتڵ و بەرگ و چیرۆکەکانیەوە ئەوە نیشان دەدەن ئافرەت کرۆکی هەر جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و ژیانەوە هەستانەوەیە.

داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا
یەکەم: لەیلا بە کچی دوکەڵ و ئاگر دادەنرێت کە بە مانای بەرخودان و تێکۆشان دێت بەڵام بەشێوەیەک دەڕوخێ بە کارۆ دەڵێ “کارۆ، من ناتوانم لەم وڵاتە بمێنمەوە. وەنەبێ هەر لەبەر ئەوەبێ کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شتێکم بەسەربێنن، نا. سوکوئاسان ناتوانم زیاتر بمێنمەوە، بەرگە ناگرم. هیچ شتێک بێرەوە نامبەستێتەوە. لەوەتەی هەم هەروا بووم، بەڵم جاران بیانوێکم هەبوو بۆ بەرگەگرتن، ئێستا بە دڵساردییەوە دەمەوێ لێی دەرچم. دەمەوێ بڕۆم، هەر کوێیەک بێ، تەنیا ئێرە نەبێ.” (لا٤٤٠) بۆیە بە ئاسانی رایەکەی کارۆ پەسەند دەکات کە نەچێتە هەریمی کوردستان یاخود نەڕوات بۆ لای شلێری کچە شەڕڤان و کۆچ بکات بۆ وڵاتی کەنەدا. کاتێکیش دێتە کەنەدا هێندە سەرسام دەبێ بە سروشت و خانوو و رێگەوبان و ئاستی تەکنۆلۆجیای کەنەدا تەواو شاگەشکە دەبێت. ئەوە راستە دیمەنی سروشتی و بینا و کۆشک و تەلار و ئاستی تەکنۆلۆجی وڵاتێک کاریگەری دادەنێ لەسەر کەسێک کە تازە دێتە وڵاتێکەوە بەڵام بەو رادەیەی لەیلا و لەو ئاستەوەی کە لەیلا کچێکی سادە و ساکار نیە و لە وڵاتێکیشەوە نەهاتووە کە شارستانیەتەکەی ئێجگار لە خوارەوە بێت تاکو وای لێبکات دەم داچەقێنی بەرامبەر بە خانوویەک یان رێڕەوی شەمەندەنەفەرێک یاخود کردنەوەی دەرگایەک و بە مەتەڵیش لە قەلەمیان بدات و بڵێ “تەنانەت کردنەوەی دەرگاکانیش مەتەڵێک بوون بۆ خۆی؛ ئاخر لە ئێران وا ڕاهاتبووین هەر لە لایەکەوە بچینە ژوور، بۆیە لێرەش کاتێ دەگەمە بەردەم دەرگایەک، خۆڕسکانە ڕایدەکێشم لە جیاتی ئەوەی پاڵی پێوە بنێم.” (لا٥٢٥)
کاتێکیش ڕێگای خێرامان بڕی و گەیشتینە شارە سەرنجڕاکێشەکە، پێستی ئەوانەی لە دەرەوە بە پیادە دەرۆیشتن سەرسامیان کردم. هەندێ لە ژنان مینیژۆپیان لەبەر بوو،هەندێکیشیان لەچکیان کردبوو. هەندێک لە پیاوان بۆیناباخیان بەستبوو، هەندێکیش تەنیا کراس. دیمەنەکە هەروەک ئەو فیلمانەی هۆلیود وابوو، ئەوانەی لە مەریوانەوە دیبوونم. لێ ئەم جارەیان خۆم لە ناو فیلمەکەدا بوم.”

لە شوێنێکی تردا “ئێمە گەیشتینە خانوویەکی کەشخەی پەنجەرە گە ورە لە نۆرس یۆرک. هەوڵمدا سەرسامیم بشارمەوە، دیکۆری خانووەکە و ڕاخستنەکەی بە شێواز و مۆبیلیاتێکی ناوازەی بە چەشنێک بوو، جارێکیان لە کۆشکی دوایین شای ئێرانم بینیبوو.”
هەر ئەم هۆیەشە وای لێدەکات زوو رابێت لەگەڵ کەنەدادا و هەموو خەمی رابردووی بڕەوێنێتەوە و بڵێ “دەکرێ خۆگونجاندن فریادڕەسی ژیان بێ.” یاخود بڵێ “گونجاندن و ئەهلیبوون. پێتوابوو ئەمانە بزمارن لەتابوتی داهێنان دەدرێن و بکوژی پرسنین. خۆ ئەگەر هێزی لەگەڵڕاهاتن نەبووایە، دەمێک بوو لەپەلوپۆکەوتبووم.” (لا٥٢٥) کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی یا کەنەدی کە شتێکی وادەخوینەوە تەزووی خۆشی بە لەشیاندا دێت کە خەڵکی تازەهاتوو بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەارستی ئاوها ستایشی ولاتەکەیان بکات چونکە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە جیگایەکی وێرانەوە هاتووین و شایەنی بەزەیین. دیارە لێرەدا من نەهی لەسەر مافی هاوڵاتی بوون و رێزگرتنی ئەندامبوونی هەر کەس لەو کۆمەلەگەیدا ناکەم، بەڵکو من ئاماژە بەو خالە دەدەم هەر کات مەسەلە بێتە سەر جیاوازی یان بەراوردکاری وڵاتەکان و شارستانیەتەکان ئەوا ئێمە وڵاتی شەڕ و ئاژاوەین و شارستانیەتێکی دواکەوتوومان هەیە بە چآو ئەوانەوە.
دووەم: ئەو گفتوگۆ سیاسیانەی لەیلا لە کەنەدا لەگەڵ کاراکتەرەکانی تردا ئەنجامی دەدات
داچەمینیەوەیەکی تەواوە بۆ عەقڵی رۆژئاوا. کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی زۆر کەیف خۆش دەبن بەوەی گوێ لە چیرۆکی مەرگەساتاوی ئێمەبگرن کە بەسەرماندا هاتووە و وڵاتەکانی ئەوانمان بە دوایین مەنزڵگەی خۆمان داناوە وەک جێگەیەکی فریادڕەسی ئێمە. واتە وڵاتانی ئێمە هەردەم شەڕوشۆڕی تێدایە و جێگەی ژیان نیە و ژیانی ئارام و خۆشگوزەران لە وڵاتانەکانی ئەواندایە؛ لە کاتێکدا ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە گەر هەمووی نەبێ ئەوا زۆربەی زۆری لەژێر سەری حکومەت و دەوڵەتەکانی ئەواندایە.

ستایش کردنی هەرێمی کوردستان
ئەم پەرەگرافە زۆر بە رەخنەیەکی سیاسی دەنوسم جونکە ستایشەکانی ئاڤا هۆما بۆ هەرێمی کوردستان وادەخوازێت. ئاڤا هۆما لە رۆمانەکەیدا لە لاپەڕەکانی (١٣٩، ٤٣٢، ٤٤٦، ٤٤٩) ستایشی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی کە هەرێمێکی گەشەکردووە، روو لەگەشە و سەلامتترە لە چآو وڵاتێكی وەک ئێرانەوە.
هەرێمی گەشەکردوو، روو لە گەشە: بۆ هەر کەس ئەوە ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان یاخود باشوری کوردستان یەکیک لە هەرە دەسەڵاتدارێتیە خراپ و گەندەڵەکانی نەک هەر کوردستان و ناوچەکە بەڵکو جیهانیشە. تەنها گەر باری ئابوریەکەی سەیر بکەی ئاخۆ لە وڵاتێکدا سەلکە تورێک، دەسکێک سەوزە، یان تەماتەیەک نەڕوێنرێ یاخود کارگەکان نەبووبن بە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی نەخرێتە بازاڕەوە و نەبن بە یەكیک لە پایەی ئابوری وڵات ئاخۆ گەشەی چ دەبێ هەبێ. دیارە خەڵک و جوتیار هەن و دەتوانن ئەو پایە ئابوریە کشتوکاڵیە وەک گوڵ بگەشێننەوە بەڵام سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتیەی کە ئاڤا هەموو زۆر ستایشی دەکات زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەهێنی چونکە بازارەکە هی خۆیانە و قازانجی خۆیانی تێدایە لەو هاوکێشەیە. ئێستا لە کوردستان خەڵک خۆیان خەریکی گەشانندنەوەی هەندێ بواری ئابوری هەن بەڵام یان رێگریان بۆ دروست دەکرێ یاخود بەختی بازاڕیان کەمترە بەهۆی نزمی نرخ لەسەر شتومەکی دەرەوە. دیارە ئەم باسە زۆر ئاسانە و هەموو تاکێکی کۆمەڵ شتی لە بارەوە دەزانن.
لە مێژووی سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەو ولاتە هەریم یەکێک لە خراپترین بارودۆخی ئابوری وڵاتی تێپەڕاندووە و ئەوەی تێیدا گەشەی کردووە تەنها گرفان و بازاڕی کۆمەڵێ مافیای ئابوریین و پرۆژەکانیان جگە لە دروستکردنی کۆمەڵی باڵەخانی بەرز و مۆڵی گەورە و هەندێ کەناڵی سەتەلایتی هونەری و ئاینی کە یەکەمیان بەرەڵایی و دەبەنگی بەرهەم دەهێنێ و دووەمیشیان تەنها کۆنەپەرستی و رق و کینە بڵاودەکاتەوە، هیچی ترنیە. محەمەد حەسەنێن هەیکەل (١٩٢٣-٢٠١٦) یەکیک لە گەورە نوسەر و جاودێرە سیاسیە بە تواناکانی میسر و ولاتانی عەرەبی و رۆهەڵاتی ناوەآرستیش کە خاوەنی جەندان کتێبی گرنگە لەبارەی عێراقی دوای سەدام حسێنەوە دەڵێت “ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن (بێگومان هەرێمی کوردستانیشی تێدایە) دوورونزیک پەیوەندیان بە ئیدارەکردنی وڵات و سیاسەت و ئابوریەوە نیە بەڵکو کۆمەڵی تاڵانکەرن و وڵات وەک بانکێک دەبینن لەسەری دەژین.”

گەر لە ئاستە فەلسەفیە سیاسیەکەیدا باسی بکەین شێوەی حوکمڕانی لە کوردستان (کلیپتۆکراسی)یە. پرۆفیسۆر جەیمس شارمان لە زانکۆی کامبریچ دەڵێ کلیپتۆکراسی جۆرێکە لە حوکمڕانی کە سەرکردە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە خەریکی دزی کردنن لە خەزێنەی وڵاتەکە. بۆ هەر جاودێرێکی سیاسی و رۆشنبیرێک و نوسەرێک دەزانێ کە لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی سێ دەیەدا تەنها کلیپتۆکراسەکان حوکمیان کردووە و هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئارادا نەبووە و نیە و تەنها پرۆژە هەبێ کوشتنی هەر مەیل و روحێک و کەلتورێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. واتە مانای “گەشە و روو لە گەشە” نەک هەر لە سەر ئەرزی واقع بوونی نیە بەڵکو لە بیروهزری مرۆڤی کوردیشدا سڕآوەتەوە. لە ئاستە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکەیدا بەو جۆرە حوکمڕانیە لە ولات دەوترێ مافیای سیاسی یاخو مافیای ئیداری و ماڵی و هەر دوو هێزە دەسەلاتدارەکە و ئەوانی تریش جگە لەم پێناسە سیاسیە کۆمەڵایەتیە شایانی هیچ ناولێنانێکی تر نین.
لەساڵانی دووهەزارودەیەکان پرسیار لە ئابوری ناسی بە توانای رۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوی “بایەزی مەردۆخی”یە دەکەن کە لێکۆڵێنەوەیەک پێشکەش بکات سەبارەت بە باری ئابوری هەرێمی کوردستان. دوای گەڕان و لێکۆلێنەوەیەکی ورد سەبارەت بەو تەنگژە ئابوریەی هەرێم و ئەو داهاتەی دەست هەرێم دەکەوێ گوتبووی: ئەو داهات و پارەیەی دەسەڵاتدار و حکومەت و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە شەڕی چاڵدیڕانەوە، ١٥١٤، تاکو ئەو ساڵەی ئەو باسەکەی تێدا کردووە، حسابی بکەی هەمووی بایی ئەو چەند ساڵە کە دەسەڵاتی هەریم لە ماوەی دەسەلاتی خۆیدا دەستی کەوتووە؛ واتە داهاتی ٥٠٠ پێنچ سەد ساڵ بەرمابەر بە داهاتێکی بیست سی ساڵی و ئینجاکەش جیاوازیە چینایەتیە ماڵیەکان لە هەرێم لەوپەڕی چڵەپۆپەدایە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا نمونەی نیە. هەر خودی ئەو تەنگژە ئابوریەی وڵات هەر لە تاڵانکاری لە سەدا نەوەدی سامانی وڵات و رێژەی بێکاری و هەژاری و کۆچی بە کۆمەڵی ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەرەو هەندەران ئەوە نیشان دەدەن کە نەک گەشەی ئابوری هەیە بەڵکو هەڕەشەی ئابوری هەیە لەو هەرێمەدا.
دیارە هۆکارێکی شەخسی نوسەر لە پشت ئەم ستایشەی هەرێمەوە هەیە. لەم دەیەی دواییدا شەپۆلێکی بە وروژمی ستایشکردنی هەریمی کوردستان لە نێو خەڵکە ئاساییەکە و کەسە سیاسی و نێوەندە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە. وەک خەڵکە ئاساییەکەی هەست و سۆزە نەتەوایەتیە کوردیەکەیە و بەتایبەت لە دوای راگەیاندن و ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (پ د ک). وەک نیوەند سیاسیەکانیان، پەیوەندیە ناجێگیریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لێ نزیکبوونەوەیەکی لە نیوان دەسەڵاتدارێتی لە هەولێر و هێزی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. ئاڤا هۆما خۆی وەک کوردێکی رۆژهەڵات و کۆنە-پیشەگەرێکیش لە کەناڵێکی میدیایی شاری هەولێر و ئەو باکگراوندە شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەشی تییدا دەژی ئەو ستایشە دەکات کە خەڵک و هێزە سیاسیەکانیان دەیکات. واتە ئاڤا هۆما لێرەدا زۆرتر لە ژێر کاریگەریەکی شەخسی و سیاسی و رەوتی باو و دوور لە تێگەیشتنێکی بابەتی ستایشی هەرێم دەکات. لێرەدایە کە نوسەر کەسێتی خۆی ون دەکات و دەبێ بە گوتاردەر و ستایشکەر و پروپاگەندەکەرێکی سیاسی کە تەواوی رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سەلامەتترین هەرێم: خاڵی تر کە هەر لەو لاپەرانەی سەرەوە هاتووە گوایە هەرێم شوێنێکی زۆر سەلامەتە بۆ ژیان بە تایبەت ژیانی چالاکی سیاسی و بگرە سەلامتترە لەو وڵاتەی ئەوی لێیە واتە ئێران و لەیلای پاڵەوان پێێ خۆشە لە ژێر دەسەڵاتێکی کوردیدا بژی باشترە. لە راستیدا ئەم تێڕوانینە نەک هەر ئێجگار ساویلکانەیە و زۆرتر لە دیدی جورناڵیستە رۆژئاواییەکان دەجێت کە شتەکان زۆر بە روکەشی دەبینن بەڵکو نادروستیشە. چۆن؟ ئایا کەس هەیە شەڕی هەردوو هێزە جەکداریەکەی یەکێتی و پارتی لە بیر نەبێ کە زیاتر لە دە ساڵ وڵاتیان بە شەڕی خۆیانەوە گەوزانی خوێن کرد. ئایا هیچ کەس لە ناوجەی زەرد و سەوز دەتوانن بڤەیەک بکەن لەسەر سەرانی هەردوو بنەماڵەکە. ئاڤا هۆما خۆی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتە با بگەڕێ و پرسیار بکات و لێکۆڵینەوەیەک بکات کە ژمارەی تیرۆرکردنی پێشمەرگەکانی کوردانی رۆژهەڵات بە کۆمەڵە و دیموکرایتەوە چەندە لە ژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا. ئایا ئاڤا هۆما دەزانێ کە بۆردومانکردنی زڕگوێز و کۆیە بۆتە شوێنی یاری کردن و رمبازێنی تۆپبباران کردنەکانی جیمهوری ئیسلامی. لە لایەکی تر، بە پێی چەندان راپۆرتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و گشت رێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و کۆمەڵایتیەکانی تر هەریمی کوردستان سەلامەت نیە بۆ خەڵکانێک گەر بیانەوێ چالاکی سیاسی بکەن یاخود داوای مافی ژیانی خۆیان بکەن وەک نارەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەوا نەک هەر سزای ئیداری بەڵکو زیندانەکان و تەنانەت کوشتنیش چاوەڕییانە. بەڵێ ئەو هەرێمە سەلامەتە بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێ فزە نەکات و ئەو دۆخە قبوڵ بکات یاخود ستایشی دەسەڵاتەکەی بکات.
لێرەدا دەمەوێ بێمەوە سەر بابەتی ژنکوشتن. ئەم هێزە کوردیانەی کە ئێستا دەسەڵاتی ئەو هەریمە کوردیە دەکەن بوونە سەرچآوەی ئەخلاقیات و بیروباوەڕی پیاوسالاری و لەوەتەی ئەوان هەن شتێک نیە بە ناوی مافی ئافرەت و رێزگرتن لە کەسێتی ئافرەت. زەمینەی کۆمەڵگەی کوردی زەمینەیەکی مەدەنیخوازە و چەندان ئافرەتی بەرهەمدەهێنا کە بەشداری “شۆڕشەکانیان” بکات چ نهێنی و چ ئاشکرا کەچی ئەو ژنانە هەراسان دەکران و بەرەو رووی هەمو وجۆرە کردەیەکی بێ ناموسی دەبوونەوە لە ناو ئەو هێزانەدا. لە دوای راپەڕینەوە تاکو ئێستا چەندان ژن بە دەستی ئەم هیزە کوردیانە کوژراون و بوونە قوربانی پیلانەکانیان دژ بە یەکتری. لە ناوەراستی ساڵانی نەوەدەکاندا شەپۆلێک لە کوشتنی ژنان دەستی پێکرد لە ژێر ناوی شەرەف و جاسوسی بۆ حکومەتی بەعس لە کاتێکدا هەموو هیزە کوردیەکان لە سەرەوە تاخوارەوەیان پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدا هەبووە بە پێی ئەو نوسین و کتێب و دۆکیومێنتانەی خۆیان لە سەر یەکدی بڵاویان کردۆتەوە. کوردستان ئێستا لەهەر کات زیاتر ناسەلامەتترین شوێنە بۆ کچان و ژنان. ئەو بارودۆخە ناهەموارە ئابوری و سیاسەتە خراپانەی ئەو هێزە کوردیانە کچان و ژنان کوردیان لەبەردەم چەندان جۆری هەڕەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جەستەییدا راگرتووە. بە روانین لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی بۆت دەردەکەوێ کە بەهۆی سیاسەتی خراپی ئەو هێزە کوردیانەوە بارودۆخی کچان و ژنان گەیشتوۆتە ئەوپەڕی باری نالەباری و بێ رێزی و بێ دادی و بێ مافی کە خودی رێکخراوە ژنانیەکانی کوردستان ئاماریان هەیە لەو بارەیەوە. کچان و ژنان لەلایەک فەرهەنگی ئاینی ئئیخوانی و وەهابی کردویانە بە ئەسیری لەچک و حجاب؛ لە لایەکی تریش بۆتە بوکەشوشەیەکی سەکسی دەستی کەناڵە تیڤیەکان و کارە وەهمیەکانی کچانی مۆدێل و گۆرانی بێژ کە بە پارەی ئەو هێزانە دەڕواتە رێوە. ئەم دۆخەی کە هەیە بەرهەمی ئەو هێزە کوردیانەن کە ئاڤا هۆما ستایشیان دەکا بەوەی هەرێمەکەیان گەشە پێکردووە.

کان ئاوەکان یان کانی نەوتەکان؟: لە لاپەڕە ٥٤٤دا دەڵێ “سەدام حسێن کانیاوەکانی چیمەنتۆ رێژ کرد تا خەڵکەکە لە بێ ئاوی بمرن.” ئەوەندەی بەو بابەتە بگەرێتەوە و زۆر جێگەی قسەوباس بێ سەدام حسێن کانیاو و سەرچآوە نەوتیەکانی چیمەنتۆڕێژ کرد ئەویش لەبەر جەند هۆیەک لەوانە: مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانی، بە عەقڵی رژێمی بەعس، کە ئەو ناوچانەی دوورە دەستن و نەتوانرێ دەستی دەوڵەتیان پێ بگات واباشترە سەری بنرێتەوە. هۆیەکی تر، هۆی ئابوری بوو کە عێراق نەیدەویست هەموو سامانی نەوتی خۆی دەربهێنێ چونکە لە لایەک نرخی نەوت هەرزان دەبوو لە لایەکی تریش ئەمە دژە بەرژەوەندیەکی دروست دەکرد لەگەڵ رێخراوی ئەواپیکدا کە عێراق ئەندامێک بوو وە ئیستەش ئەندامێکە لەو رێکخراوە کە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە ئاستی رێژەی بەرهەمهێنان دەبێ بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە لە دەستوری رێکخراوەکە واژۆی لەسەر کراوە. واتە هیچ دەولەتێکی ئەندام لە ئەواپیک ناتوانێ سەربەخۆیان رێژەی دەرهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و دەبێ پەیوەست بێ بە رێکەتتنامەی ئەواپیکەوە. دیارە هەندێ جار سەرەڕۆیی روو دەدات لە ناو دەوڵەتەکانی ئەواپێکدا بەڵام ئەوە هەندێ حالەتە و ستراتیجیەت ئەوەیە کە ئەندامان دەبێ پێوەی پەیوەست ببن. دەوڵەتی عێراق ئەو دەم واتە ساڵانی هەشتاکان تەنها دوو ناوچەی گەورەی هەبوو کە نەوتی لێ دەردەهێنا ئەوانیش ناوچەی کەرکوک و بەسرە بوو و هەر بەم دوو ناوچەیەش ئابوری وڵاتی تارادەیەک باش و تێچووونی دوو شەڕی گەورە و ژیانی دکتاتۆری خۆی و خانەوادەکەشی پێ بەڕێوەدەبرد. ئێستا بیرە نەوتەکان ژمارەیان دە قات زۆرتر بووە بەڵام لەگەڵیشیدا دکتاتۆرەکان و دەستوپێوەندەکانیشیان دەیان و سەدان جار زیاتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەو سەرچاوە نەوتی و سامانە سروشتیەی کە لە هەرێمکەەدا هەیە نەک هەر ناتوانرێ گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکەی پێ بەڕێوەببرێ و لە هەرێمەکەدا ژیان رۆژ بە رۆژ تاڵتر دەبێ بەڵکو خەڵکی هەرێمەکەیان توشی قەرزێکی نێودەوڵەتیش کردووە. ئیتر نازانم نوسەر چۆن چۆنی باس لە هەرێمی گەشەکردوو یاخود هەرێمی روو لە گەشە دەکات.

مانەوەی لەیلا دوای رۆیشتنی کارۆ
ئێران بە هەموو پێوودانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیشی بە وڵاتێکی پۆلیسی ناودەبرێ و خاوەنی یەکێک لە ەبهێزترین دەزگا هەواڵگریەکانە و بە پلەیەک کە خەڵک هەواڵگری بەسەر یەکەوە دەکەن لە ماڵ بۆ ئەو ماڵ و لەم گەرەک بۆ ئەو گەڕەک و شارە و شاریش. دروستکردنی حالەتێکی ئاوها لە نیو کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی ئاسایی هەر دەسەلاتێکی پۆلیسیە و لە مێژووشدا و ئێساتاش وێنەی زۆرە و خۆشـمان ژیاوین لەو دۆخە پڕ ترس و نائارامیەدا. کاتێک کارۆ لەیلا بەجێ دەهێڵێ و لە خانوویەکی گەورەی جۆڵدا و لە ناو گەڕەکێکی دانیشتوانی وەک کۆمەڵگەی ئێرانیدا نیشتەجێی دەکات بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کاتێکدا پێشتر ناوی هەیە لە لای پۆلیس و بانگکراوە کە بچی بۆ لێکۆڵینەوە ئاخۆ چۆن ئەو هەموو ماوەیەی بە بێ هیچ تەنگ و چەلەمەیەک بەڕێکرد. ئایا ئەستەم نیە کچێک خۆی بە تەنها لە خانوویەکدا بێ و رۆژانە یاخود هەفتانە بچێ بۆ بازاڕی و پیاسەکردن دەرودراوسێ چاودێری نەکەن یاخود هیچی لە بارەوە پرسیار نەکەن. ئایا پۆلیس و ئیتڵاعاتی ئێرانی ئەوەندە بە ئاسانی دەست بەرداری کچێک دەبێ کە باوکی زیندانی سیاسی بووە و براکەی لەسەر سیاسەت تازەگی لە سێدارە دراوە. ئایا هیچ بە دواییدا نایەن دوای ئەوەی پۆلیس پێی دەلێن خۆت بێی بۆ لامان باشترە ئەگەرنا خۆمان دێین دەتبەین. ئایا ئاوها بە ئاسانی لەیلا ساڵ و نیوێک ژیا لە خانوویەکی قاووباغڵەمە واتە سەربەخۆ، و نە پۆلیس و نە ئیتڵاعات و نە دەرودراوسێ و موختاری گەڕەک واتە هەواڵگری گەڕەک هیچی لە بارەوە نەزانی و دواتر بە ئاسانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە سەفەری وڵاتی دەرەوە بکات بۆ یەکەم جار؟؟؟؟ ئەم پرسیارانە گۆمان لە گێڕانەوەیەک دەکات کە خەیاڵێک بە رەوانی دروستی کردبێ.

وەرگرتنی خەڵات
یەکیک لەو خالانەی بایەخی پیدەدرێ و ئەم رۆمانەی پێ هەڵدەکێشرێ گوایە خەڵاتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە بە ناوی (ناتلیس). ناتلیس بوک یەکێکە لەو خەڵاتانەی لە وڵاتی ئەمریکا دەدرێت لە چەند بوارێکی نوسینی کتیبدا و چیرۆک و رۆمانیش یەکیکە لەو بابەتانە. نوسەرەکان بەرهەمەکانی خۆیان دەنێرن و لەو دەزگایە کەسێک یان دوو سێ کەس خەریکی خوێندنەوەی دەبن نەک لێکۆڵینەوەی، چونکە لێکۆلینەوە کاری خەڵکانی ئەکادیمی شارەزایە و لەم ولاتانەش کەسێک کە لە بوارێکدا تایبەت نەبوو خۆی نادات لە قەرەی بابەتێک کە هێ ئەو نەبێ. ناتلیس دابەش کراوە بەسەر دوو گروپدا ئەوانیش براوە ئاڵتونیەکان و براوە زیویەکان یاخود (ئەی و بی) ئنگلیزی. خەڵاتەکەی ئاڤا هۆما کەوتۆتە پلەبەندی دووهەمەوە کە زیویە. ئەم دابەشکردن و پلەبەندیە بۆخۆی سیاسەتێکی جیاخوازی و جیاکاریانەیە (دسکریمینەیشن بە ئینگلیزیەکەی) لە نێوان بەرهەمەکانی ئەو نوسەرانەدا کە خۆیان کتێبەکانیان دەنێرن. دیارە خەڵات پێدان هەرگیز بە مانای گرنگی و باشی و پڕ بایەخی کتێب نیە. ئەوە دروستە گەر خەڵات بە لایەنێکیدا گرنگ بێ و جێگەی خۆشحاڵی بێ ئەوا بە لایەنێکی سەرەکی تریدا بە مانای شاکار بوونی بەرهەم نیە بە هیچ کلۆجیک، بگرە ئەو نوسەرانەی زۆرتر خەڵات وەردەگرن شتێک هەیە لە پشتیەوەیە وەک کورد دەڵێ ئەم ماستە موویەکی تیایە. خەڵاتە جیهانیەکان هەموویان لە ژیر پرسیاری مۆراڵی و پرۆفیشناڵیدان لەوانە خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار و تەواوی خەڵاتە رۆژئاواییەکان و رۆژهەڵاتیەکانێش چونکە هەموویان لە یەک رەگەزدا بەشدارن ئەویش دوو فاقەیی و رەگەزپەرستی یان ئیرۆسەنتریکە.

خەڵات لە دنیای رۆژئاوا نادرێ بە بەرهەمێک گەر ناحەز یان دژ بێت بە سیاسەتی رەسمی رۆژئاوا یاخود رەخنەگرێکی قوڵ بێت بە دونیای رۆژئاوا. گلەیی و گازەندە گرفتێک نیە وەک لەم رۆمانەی ئاڤا هۆمادا دەیبینین کاتێک گلەیی لەوەدەکات کە کەنەدا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ کورد دەکوژێ. سیاسەتی دژە کۆماری جمهوری ئیسلامی یەکیکە لە سیاسەتە رەسمیەکانی دەولەتانی رۆژئاوا و سیاسەتی دەولەتیش دەبێ بە عەقڵێک و مۆراڵێک و هەموو شتە ئینسانی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبی و هونەری و سیاسیەکان لەوێوە سەرچآوە دەگرن و رۆمانەکەی ئاڤا هۆماش دژ بە ئێرانی جمهوری ئیسلامیە بۆیە خەلات وەردەگرێ. گەر ئەم رۆمانە رەخنەگری جدی رۆژئاوا بوایە بەو مانایەی فایلەکانی رۆژیاوا هەڵبداتەوە کە رۆژئاوا لە پشت هاتنە سەرکاری “خومەینی و ئاخوندەکانی ئێرانەوە بوون کە دۆکیومێنتەکان هاواردەکەن بۆ ئەم راستیە ئەوا هەرگیز نەک هەر خەڵات بگرە هەرگیز ئەو چەند دێرە لە ستایشی بۆ نەدەنوسرا لە بەرگی کتێبەکەیدا لە لایەن ئینگلیزەکانەوە چ ئەدیب و چ سیاسی. پاشان، لەو ولاتانەی ئەو خەلاتانەی لێ دەدرێ بە نوسەرێک گوایە بەرهەمەکی ئینسان دۆستە یاخود داکۆکەری کێشەیەکی ئینسانی یان ژینگە ئەوا ئەو وڵاتانە خۆیان سەرچاوەی هەموو ئەو مەینەتیانەن کە کاراکترەکانی ناو ئەو رۆمان و چیرۆکانە پێوەی دەتلێنەوە. دروستکردنی هەندێ دەزگا بە ناوی خەڵات و هونەر و ئەدەبیاتەوە جگە لە نەخشەیەکی مەبەستداری سیاسەتی وڵاتەکە هیچی تر نیە. تاکو ئیستا هێج یەکێک لەو رۆمان و چیرۆکانە یاخود ئەو کتێبانە خەڵاتیان وەرنەگرتووە کە رەخنەیان لە سیاسەت و دژەمرۆڤانەیی ولاتەکانیان گرتبێ. وەک تەرەفی ئێمە، تەنها ئەو کتێبانە خەلات وەردەگرن کە مەینتیەکانی خۆیان تەنها وەک بەرهەمی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبینن و جیهانێکیش هەیە کە رووی تێدەکەن بۆ رزگاربوون و ئارامی ئەویش رۆژئاوایە. بۆ نموونە، ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک نوسرا بە ناوی “دەست تێکەڵاوی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئیسلامی توندڕو” ناوی نوسەرەکە مارک کێرتس”ە.
ئەم کتێبە بە بەڵگەوە باس لە پەیوەندی مێژوویی یەک سەدەیی بەریتانیا و ئیسلامیەکان دەکات کە چۆن بەریتانیا و دواتر ئەمریکا ئیخوان و ئیسلامیەکانی تری دروست کردووە و ئیستاش پشتیوانیان لێدەکەن. ئەم کتێبە نەک ەهر خەڵات نەکرا بەڵکو حموکەتی بەریتانی رێگەی گرت لەوەی بڵاوببێتەوە و فشاری دانا لەسەر چاپەمەنیەکان کە بۆی جاپ نەکەن. ئەوە بوو دواتر کەسێک لەسەر حسابی خۆی چاپی کرد و بڵاوی کردەوە بەڵام یەک میدیای رەسمی وڵاتان باسیان نەکرد یاخود بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەدا لەگەڵ ئەوەی وەرگێڕدرایە سەر جەندان زمان. نعوم چومسکی یەکێکە لەوانەی کە جونکە هەمیشە رەخنەگرە لە سیاسەتی دەولەتەکەی نەک هەر خەڵات وەرباگرێ بەڵکو لە لایەن میدیای رەسمیەوە یاخود مەین ستریم میدیاوە نیچ کات گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ. هەرچەندە ئەم پێوسیتی بە خەڵات نیە و چومسکی بۆخۆی خاوەن شەخسیەتێکە کە هەموو میدیا رەسمیەکانی ولاتانی غەربی بە لایەک و خۆی بە تەنها بە لایەکی تر. دیارە ناوی تر زۆرن و کە نوسینەکانیان هەمووی دەربارەی ناعەدالەتی و سیاسەتی دژە ئینسانیانەی وڵاتە رۆژئاواییەکانە کەچی هیچ خەڵات ناکرێن.
دیارە لە رابردوودا زۆر لەو خەڵاتانە لە لایەن نوسەر و بەرهەمهێنەرەکانەوە رەتکراوەتەوە هەر لە خەڵاتی نۆبڵەوە تادەگات بە ئۆسکار و ئەوانی تر. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکە لەو خەڵاتە “گەورانەی” دنیای هونەر دەدەم لە ئەمریکا بە ناوی خەڵاتی ئۆسکار کە ساكانە دەدرێت. لە دوو سێ ساڵی رابردوو زۆربەی زۆری ئەکتەر و هونەرمەند و کەسێتیە رەشەکان بایکۆتیان کرد و بە خەڵاتێکی سپی پێستیان لە قەلەمدا. دیارە پێشتریش خەڵکانی تر مەحکومیان کردووە و تەنانەت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەچوون وەک ئەکتەر و هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی دنیای فلیم و سینەما و شانۆ “مارلۆن براندۆ” لەسەر فلیمە بە ناوبانگەکەی (العراب) ساڵی ١٩٧٢. رەتکردنەوەی خەلاتەکەشی وەک ناڕەزاییەک بوو لە بەرامبەر ئەو فلیمانەی هۆڵی یود کە نەتەوە بومیەکان “هندیە سورەکان” بە شێوەیەکی دڕەندە و ناشیرین پیشان دەدات. لەسەر ئاستی هونەریش ئەم خەلاتە جیهانیانە گرفتی هەڵسەنگاندنی هونەریان هەیە کە پرۆفشناڵێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

یەک نموونە لەم بارەیەوە باس دەکەم. رۆمانی “خانمە بچوکەکان”ی لویس مەی ئاڵکۆت کرا بە فلیم و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد کە باس لە دەورانی مێژوویی سەدەی نۆزدە دەکات. دوای ئەوەی خەڵاتی ئوۆسکاری پێدرا کەوتە بەر رەخنەیەکی زۆری رەخنەگران و بینەران بەوەی لە دوو دیمەنی فلیمەکەدا بوتڵی ئاوی پلاستیکی و میتاڵ لەتەک ئەکتەرەکانەوە دانرابوون. ئەم هەڵە سادە و گرنگە و نەبینینی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری ئۆسکارەوە گوایە ئەندامانی لیژنە هەموویان پرۆفیشناڵی ئەکادیمی و هونەرین بە عەیب و عارێکی ئۆسکار لە قەلم درا. دیارە ئەمە یەکجار نیە کە شتی ئاوها روودەدات بەڵام پەیامەکە ئەوەیە مەرج نیە ئەوەی خەڵات وەربگرێ باشە و ئەوەی وەری نەگرێ باش نیە.

لە دواییدا،
لەو رۆمانەدا چەندان چەمک و وشە و باس و خواسی ناسازی تێدایە کە باس زۆر هەڵدەگرن لەوانە چەمکی پێشمەرگە و رەهەندە مەرگدۆستی و دژە ژیاندۆستی و رەگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی و نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کە نوسەر زۆر روکەشانە و کلاسکیانە و لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی نەتەوەییانە وو دوور لە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە باسی ئەو وشەیە و ئەو چەمکەکەی کردووە. ئەم باسە هی شوێنێکی تایبەتترە و بۆ ئەم رۆمانە هەر ئەوەندە نوسینە بەسە دەربارەی.

—————————————————-

سەرچاوەکان:

کوشتنی ژن لە کەنەدا
https://www.bwss.org/eleven-cases-of-gender-based-violence-resulted-in-deaths-in-past-36-days-in-canada/
لە هەرێمی کوردستانhttps://hengaw.net/so/news
کوشتنی ژنانی نەیتیڤ
https://www.thecanadianencyclopedia.ca/en/article/missing-and-murdered-indigenous-women-and-girls-in-canada
https://www.rcmp-grc.gc.ca/en/missing-and-murdered-aboriginal-women-national-operational-overview
ژن کوشتن لە ئەمریکا
https://www.statista.com/statistics/327462/women-murdered-by-men-united-states/
خۆکوشتنی ژانان لە کەنەدا

https://www.suicideinfo.ca/resource/women-and-suicide/

خۆکوستنی لە ئەمریکا
2016, United States: Suicide Injury Deaths and Rates per 100,000. (All Races, Both Sexes, All Ages)”. Retrieved March 3, 2018
https://www.cdc.gov/injury/wisqars/index.html
کلیپتۆکراسی
https://www.cam.ac.uk/kleptocracy
خکوشتنی گەنجان لە کەنەدا
https://www.thestar.com/news/investigations/2018/09/14/youth-suicide-is-like-a-cancer-experts-warn.html




ورد و درشتی پڵۆت.. گۆران سەباح

لە کوردی “گرێ” یان “گرێچن” دێنە بەکاربردن. با “پڵۆت”یش هەبێ. بۆ نا؟ وەرگرتنی وشەی بیانی زمان دەوڵەمەند دەکات.

ڕۆمان بێ پڵۆت نابێ. خراپترین ڕۆمان بێنە، پڵۆتی هەیە. مەرج نییە ڕۆماننووس پڵۆت بخوێنێت تا ڕۆمانەکەی پڵۆتدار بێت، بەڵام مەرجە بیخوێنێت (یان لانی کەم زانیاری لەسەر هەبێت) تا پڵۆتێکی باش دابنێت بۆ ڕۆمانەکەی. پڵۆتی باش هێز و چێژ بە ڕۆمان دەبەخشێت. سەرکەوتنیش. پڵۆتی خراپ خوێنەر بێزار دەکات. قەت نەتبیستووە لە خوێنەرێک بڵێ، “هەر لە دە لاپەڕەی یەکەم لێی بێتاقەت بووم وفڕێم دا”؟

ئەگەر ڕۆمان بە ئۆتۆمبیل بچوێنین، دەتوانین بڵێین پڵۆت بزوێنەری ڕۆمانە، (زمان)یش ڕۆنی بزوێنەرەکەیە.

پڵۆت چییە؟

پڵۆت زنجیرە ڕووداوێکە چیرۆک دروست دەکات. ڕووداوەکان پێوەندییان پێکوە هەیە. گرێدانی ڕووداوەکان بە یەکتر و چۆنێتیی پێوەندیی نێوانیان گرنگن. بۆ نموونە: پەنجا ڕووداوت هەیە لە ڕۆمانەکەت. کامەی دەبێتە یەکەم، کامەی کۆتایی، کامەی دووەم، کامەی پێش کۆتایی؟ بۆچی بیستەم ڕووداو بیستەمە، بۆ پێنجەم نەبوو؟ بۆ پێنجەم ڕووداو چلەم نەبوو؟ ئەگەر ڕۆماننووس سەری لەم کەینوبەینە دەرچوو، دەتوانێت پڵۆتێکی باش دابنێت.

ئەم پڕۆسەیەی سەرەوە وەک دیزاین وایە. چی لە کوێ دادەنێی؟ دیزاین لە ڕۆمان پێی دەگوترێت (structure) واتە بونیاد. لێتان تێک نەچێت من باسی تیۆری ڕەخنەییی بونیادگەری ناکەم، کە شتێکی ترە. باسی بونیادی ڕووداوەکان دەکەم. کەواتە پڵۆت و بونیاد زۆر لێک نێزیکن و بێ یەکتر نابن.

دەیان پێناسەی ئەکادیمی هەن بۆ پڵۆت. با سەری خۆمانیان پێ نێشینین لەبەرئەوەی من باسی پڕاکتیک دەکەم، باسی تیۆر و پێناسە ناکەم.

بۆ پڵۆت و دیزاین چەند مۆدڵێک (شێواز) هەن.

مۆدڵی یەکەم:  بونیادی سێ پەردەیی: Three-act structure model

سید فیڵد (Syd Field) لە ١٩٧٩ ئەم مۆدڵەی داهێنا. ئەم مۆدڵە ڕووداوەکان دابەش دەکاتە سەر سێ پەردە: دەستپێک (setup)، ڕووبەڕووبوونەوە (confrontation) و چارە (Resolution). بەڵام ئەوە بەس نییە. چۆن ڕووداوەکان بەسەر ئەم سێ پەردەیەدا دابەش دەکەی؟ کامە ڕووداو دەهێنییە پێشەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەیری مۆدڵی هەشتەم بکە.

مۆدڵی دووەم: بونیادی حەفت خاڵە چیرۆک (Seven-point story structure)

ئالگیس بەدریس (Algis Budrys) ئەم مۆدڵەی داهێنا. یەکێک تووشی کێشەیەک دەبێت. هەوڵدەدات چارسەری بکات. پاش پلان و هەوڵێکی زۆر، تووشی شکستێکی گەورەی چاوەڕواننەکراو دەبێت. کۆڵنادات و ڕێیەکی تر دەگرێتە بەر. ڕەنگە سەر بگرێت و ڕەنگیشە تووشی شکستێکی تر بێت. پاشان پاساو دەهێنێتەوە بۆ وای لێ هات.

  • کارەکتەر
  • ڕووداو
  • کێشە
  • هەوڵی چارەسەر
  • شکستی چاوەڕواننەکراو
  • ڕێیەکی تر، سەردەکەوێت یان شکست دێنێت
  • بۆ وای بەسەر هات (پاساوهێنانەوە)؟

لە ئەدەبی ئەمریکیدا، ئەم جۆرە پڵۆتە زۆر دێتە بەکاربردن.

مۆدڵی سێیەم: ڕاچێتەی پڵۆتی لێسە دێنت (Lesser Dent Plot Formula)

لێسە دێنت ئەم مۆدڵەی داهێنا. ڕاچێتەکەی بەناوبانگە لە نێو نووسەراندا. ڕووداوەکان دەبنە چوار کۆمەڵە. ڕووداوگەلی کۆمەڵەی یەکەم شێوازی کاری ئەنتاگۆنیستەکە پێشان دەدات (ئەگەر بکوژ بێت، چۆن خەڵک دەکوژێت، ئەگەر پارێزەر بێت چۆن کەیسەکانی دەباتەوە/دەدۆڕێنێت). دەبێ شێوازەکەی جیاواز بێت لە هەموو شێوازەکانی تر. کۆمەڵەی دووەم پێشانی دەدات ئەنتاگۆنیست چی دەوێت. ئەو شتەی دەیەوێت دەبێ جیاواز بێت لە هەموو داواکارییەکی تر. کۆمەڵەی سێیەم شوێن دەناسێنێت. شوێنەکان دەبێ جیاواز بن. کۆمەڵەی چوارەمیش باسی تێوەگڵانی پڕۆتاگۆنیست دەکات، چۆن ئەنتاگۆنیست بۆ ئەو هەڕەشەیە و چۆن چارەی دەکات. ئەم پڵۆتە زێتر بۆ کورتە چیرۆک دێتە بەکاربردن.

مۆدڵی چوارەم: شەش توخمی پڵۆت (Six elements of plot)

جۆو بەنتینگ (Joe Bunting) ئەم مۆدڵەی داهێنا لە کتێبەکەی بە ناوی (بونیادی نووسین: The Write Structure). ئەم مۆدڵە باوە لە نێو ئەدەبی کوردیدا. پڵۆت دابەش دەکات بەسەر ئەم شەش توخمەی خوارەوەدا:

یەکەم: دەرخستن (Exposition)

باسی پڕۆتاگۆنیست و جیهانەکەی دەکەی. بەو ڕووداوانە دەست پێ دەکەی کە بەها و کەسایەتی و ئاکاری کارەکتەرەکەت دەخەنە ڕوو.

دووەم: ئاگری بن کا (Inciting incident)

شتێک ڕوو دەدات، ئەم ڕووداوە دەبێتە هەوێنی ڕووداوەکانی تر، ئاگرەکە خۆش دەکات.

سێیەم: ئاگرەکە ئاڵۆز دەبێت (Rising action)

چەند شتێک ڕوو دەدەن، ئەم ڕووداوانە دەبنە هۆی دروستبوونی ترس و ئاستەنگ بۆ پڕۆتاگۆنیست. ڕەنگە سەرەتانی هەبێت، شتێکی بەسەر بێت، یان بە ئاسانی لە ئەنتاگۆنیست ناگات، یان شتێکی زۆر گرنگ ون دەکات، هتد. ئەم ڕووداوانە تەشویق (suspense) دروست دەکەن. خوێنەر لە مەراق دەمێنێتەوە، حەز دەکات بزانێت چی ڕوو دەدات.

چوارەم: ڕاڕایی (Dilemma)

لەم ڕووداوانەی لێرە ڕوو دەدەن، پڕۆتاگۆنیست ڕاڕایە، نازانێت چی بکات. دارێکی بەدەستەوەیە پەنجا سەری بە هەرامەیە. دەبێ سەرێک، ڕێیەک هەڵبژێرێت.

پێنجەم: لووتکە (Climax)

لەم ڕووداوانەی ئێرە، پڕۆتاگۆنیست ئەو بڕیارانەی لە قۆناغی پێشوو داونی، جێبەجێیان دەکات. ئەوەی لە سەرەتاوە کاریان بۆ دەکەیت، ڕوو دەدەن، لێرە دەیاندوورییەوە، هەمووی بەگۆڕێ وەدەکەی. ئێرە ئەو شوێنەیە خوێنەر لە سەرەتاوە بەدوایدا دەگەڕێت، حەز دەکات بیگاتێ.

شەشەم: پێچانەوە (denouement)

ئەم ڕووداوانە کۆتاییەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکەن. بارگە پێچانەوەیە، شتەکان دەگەن بە ئەنجامێک. وەک ئامادەکردنی دۆڵمە، پاش هەموو شتێک دەبێ بیپێچییەوە و بیخەیە سەر ئاگر. جا نووسەر ئازادە بە کراوەیی یان بە داخراوی کۆتایی پێ دێنێت.

مۆدڵی پێنجەم: پڵۆتی سکۆت مێریدیت (Scott Meredith’s plot)

سکۆت مێریدیت ئەم مۆدڵەی هەیە: پڕۆتاگۆنیست کێشەیەکی هەیە. هەوڵ دەدات چارسەری بکات، بەڵام چەند ئاستەنگێکی دێنە پێش. پاشان شتێکی تری بۆ ئاشکرا دەبێت، وای لێ دەکات هەوڵێکی تر بدات و بگاتە چارەسەر. لە مۆدڵی دووەم نێزیکە.

مۆدڵی شەشەم: حەفت هەنگاوە بنەڕەتییەکەی کرداری مرۆڤ (The Seven Basic Steps of Human Action)

جۆن تێربی (John Turby) ئەمەی داهێناوە.

  • کێشەیەک کار لە یەکێک دەکات.
  • حەز و کاردانەوەی کەسەکە.
  • یەکێکی لێ قیت دەبێتەوە و دەبێتە ڕێگر.
  • بیرکردنەوە و پلاندانان.
  • شەڕ، ململانە.
  • لەخۆتێگەیشتن، کەسەکە کۆمەڵێک شتی بۆ ڕوون دەبێتەوە.
  • ژیان بەردەوام دەبێت، ئەو کەسە کێشەکە چارسەر بکات یان نا.

مۆدڵی حەفتەم: هەواڵی باش/خراپ  

نووسەری ئەمریکی، كێرت ڤانەگەت (Kurt Vonnegut)  ئەم مۆدڵەی داهێنا. مۆدڵەکە پێنج جۆرە پڵۆت لەخۆ دەگرێت:

یەکەم: دە کونێ (man in hole)

دووەم: کوڕێک کچێک دەبینێت (boy meets girl)

سێیەم: ساندراێلا (Cinderella)

چوارەم: لە خراپەوە بۆ خراپتر (from bad to wrose)

پێنجەم: هەواڵی باش/خراپ

ناوی ئەم مۆدڵە بە پڵۆتی کۆتایی ڕۆیشتووە (هەواڵی باش/خراپ) چونکە کێرت ڤانەگەت زۆر کەیفی پێ هاتووە. لەم هێڵکارییەی خوارەوە، هەر پێنج پڵۆتی ئەم مۆدڵە ڕوون کراوەتەوە:

مۆدڵی هەشتەم: مۆدڵی دانەخۆرە (Hook Model)

بۆ خۆم ئەم مۆدڵەم دروست کردووە. لە ئەزموونی خۆم بۆم دەرکەوتووە باشترینە بێو دەستپێکی هەر بەشێک لە ڕۆمانەکەت ئەمانەی تێدا بێت: ڕووداوی دانەخۆرە (hook)، خێرا و ئاکشن. ئەم سێ جۆرە ڕووداوە خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ نێو ڕۆمانەکە. لە نێو هەر بەشێکدا دەکرێ ململانە، ئاستەنگ و کێشە هەبن. دەکرێ لە هەر بەشێکدا کڵایماکس هەبێت بۆ پڵۆتی سەرەکی و وردە پڵۆتەکان. دەکرێ هەر بەشێک پێک بێت لە چەند ڕووداوێک خوێنەر بخاتە مەراق بۆ بەشی دواتر.

وردە پڵۆت (Sub-plot)

وردە پڵۆت (وردە گرێ) وەک چیلکە وان، ئاگرەکە خۆشتر دەکەن. زگت بە پڕۆتاگۆنیست نەسووتێت. بە دار و بەردی دادە. با لە یەک کاتدا، زیاتر لە کێشەیەکی هەبێت. کێشەیەکی سەرەکی (پڵۆت) لەگەڵ چەند وردە كێشەیەک.

بەکورتی، پڵۆت واتە ڕووداو، کەواتە ڕووداو واتە ڕۆمان. ڕۆمانی کەم ڕووداو بێزارکەرن. سەرەتای هەر بەشێکی ڕۆمانەکەت دەبێ بە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش دەست پێ بکات. باسی کەش و هەوا و وەسفی شوێن و لاواندنەوە و هەست و ئەو شتە سواوانە مەکە کە ڕۆمانی کلاسیک خۆی پێیانەوە خەنی کرد.

تۆی نووسەر ئازادی کام مۆدڵ بەکار دەبەی. دەتوانی هیچیان بەکار نەبەی! چۆنی دەنووسی، بینووسە، بەڵام خۆشی بنووسە، بەتامی بنووسە. چۆن وای بنووسم؟ جارێکی تر باسی ئەوە دەکەم.  

————————————————————————–

سەرچاوەکان

Alberski, W., 2012. Selected Functions of Narrative Structures in the Process of Social and Cultural Communication. Styles of communication, 4(1).

Bunting, J., 2021. The Write Strcuture.

Field, S., 2005. Screenplay: The foundations of screenwriting. Delta.

Vonnegut, K., 1980. How to write with style. International Paper Company.

Truby, J., 2008. The anatomy of story: 22 steps to becoming a master storyteller. Farrar, Straus and Giroux.

Grindon, L., 2012. Cycles and clusters: The shape of film genre history. Film genre reader IV, pp.42-59.




” فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی” ی مامۆستا “ڕێبوار سیوەیلی”٭.. هاوڕێ خالید

ئەم کتێبە، بۆ کێ نووسراوە؟
بۆ ئەوەی بە باشی لەم کتێبە تێبگەیت، سەرەتا، خۆشەویستێکت بەدەستی جەلادانەی پزیشکەکانی نیشتیمان لە دەست بدە..
بۆ ئەوەی لەو کتێبە تێبگەیت…
لە سوچێکەوە ڕابمێنە ئەو کاتەی خوشکەکەت یان خێزانەکەت، دەچێتە بەر دەستی پزیشکێکی پیاو…
ئەو کاتەی دایکت ماندووەکەت، کارگوزارەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری بە: دکتۆر… بانگ دەکات
ئەوکاتەی براکەت دووچاری دۆخێکی دەروونی دێت، ترسی ئەوەی هەیە بچێتە سەردانی پزیشکی دەروونی.
ئەوکاتەی خۆت زمانت تەتەڵە دەکات، لەبەردەم پزیشکدا، نازانیت بۆچی لەوێیت!

1. وتاری دەق:
فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی کتێبێکە بە قەبارەی 105 لاپەڕە، لە ساڵی 2013، لەلایەن مامۆستا ڕێبوار سیوەیلییەوە نووسراوە. یەکەمین کتێبە لە بواری فەلسەفەی پراکتیکی و ئاکاری نەخۆشەوانییدا تا ئێستا بەر زمانی کوردی کەوتبێت. وەک هەمیشە هەوڵێکی جددی و خەمخۆرانەی دیکەی مامۆستایە، سەندیکای پزیشکان سپۆنسەریان کردوو، و ئێستا دووەم چاپی لەبەردەستی خوێنەردایە…
گوتار و باس و خواسی ناو تێزەکە بەدەوری مرۆڤێکدا دەسوڕێتەوە؛ کە “بەشێک لە (بوون) ەکەی بەشێوەیەکی کاتی لە کێشەدایە” باسکردنە لە پەیوەندی (دیالێکتیکی نێوان نەخۆش و نۆشدار) : وەڵامی ئەو پۆلە پرسیارانەی : چۆن و چی پێویستە لەسەر نەخۆشەوان و نۆشدار تاکو لە پرۆسەیەکی: (تەندروستی، دەروون دروستی، ئاکاری، یاسایی و مرۆیی) کۆمەک بە نەخۆش بگەیەنێت؟ هاوکات ئەرکەکانی نەخۆش چین و چۆن دەتوانێت ببێت بە بەشە ساغلەم و تەندرووستەکەی خۆی و کۆمەکی بەشە نەخۆشەکەیتری بکات؟ …وەک بەشێک لە پزیشکی خودی خۆی و بەڵکو هاوکاری پزیشکی نۆشداریش.
ڕۆڵ و کەسایەتی مامۆستا، وەک فیگەرێکی دیاری نووسین، لە ئایدیا و ئەرگومێنتەکاندا بەتەواوی خۆی بەرجەستە دەکات. لە ڕووی هەڵبژاردنی بابەت و، خەسڵەتی سروشتی نووسینەکانی، کە مۆرک و خەسڵەتی ڕێنیسانسێکیان پێوەیە و وروژێنەری بیرۆکەی نوێ و لێدەری کۆدی کەلێنە گرنگەکانن…
گرنگی و بایەخی تێزەکە لەوێوە دەردەکەوێت مامۆستا: (لە زمانی هیچ و زمانی مردوو و زمانی نەبوونی بەرهەمێکی لەم شێوەیە تێدەگات، دەبێت بە زمانی زمان، بە زمانی وشە، زمانی پیت، وردتر لە پیت، تۆکمە، چڕ، ئەلفێکی تر دەخاتە سەر هەژماری کارەکانی، و ئەم کەلێنە لە کتێبخانەی کوردی لە هیچ بوون و مردن و نەبوون ڕزگار دەکات) وەک کۆمێنتارێکی وریا خۆی دەخزێنێتە کەلێنی پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش، بە مەبەستی سنوردارکردن و پارازێنت کردنی ئازادییە ڕەهاکانی پزیشک و بە کولتوورکردنی مۆدێلێکی هیومانیستیانەی نەخۆشەوانی تێزە ئاکارییەکەی لە فۆرمی ئەتەکێتێکی مرۆڤانە و ئەدەبیاتی هیومانیستییانەی سەردەمیانە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی دەکات.
ئەرگومێنتی سەرەکی بریتییە لە، جەختکردنەوە لە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤی نەخۆش، دەرگا بە ڕووی ئەودیو ئازار و برینەکانی نەخۆش و میتافیزیکای نەخۆشیی و نەخۆشناسییدا دەکاتەوە. دەنگی زمانێکی تر دەبیستین نوێ و سەرنجڕاکێشە سەبارەت بە ستایلی بیرکردنەوەی دونیای ئێمە. کە
جەختکردنەوەیە لە واتاکانی “مرۆڤبوون” هاوار و بانگەوازە بەوەی کە تەنها عەقڵانیی بوون بەس نییە بۆ کامڵبوون و بەختەوەربوونی مرۆڤ. بەڵکو توخمەکانی ویژدان و هەڵچوونە دەروونییە چالاکەکان لە واقیعی پراکتیکییدا لەتەک ئەوانیتردا، وزە و بەختەوەریێکی دەروونی لە بن نەهاتوو دەبەخشنەوە، کە ئەویان ڕەسەنەکەیە… ئەو کاتەی مرۆڤ لە ڕێگەی مرۆڤبوونییەوە بوونی خۆی دەڕژێنێتە ناو بوونی ناتەواو و قەیراناوی ئەویتر، لە قوڵایی دورگەکانی دەروونییەوە هەستێکی بەختەوەرانەی ناوازەی بۆ درووستدەبێت، هەستدەکات ئەوەی کە کردوویەتی بە تەنها ڕاستەقینەکەیە و ئەویتر هیچ.
گرنگی و بایەخەکانی ئەم کتێبە زۆرن، لە سەرەتاییترینیان ویژدانی خوێنەرەکەی ئەکتیڤ دەکاتەوە بەوەی هەستە قوڵەکانی بەر نەخۆش و خەیاڵی بەر پیشەی پزیشکی دەکەوێت. هاوکات کارێکی جوانیشە بۆ بە کولتوورکردنی ڕۆشنبیری نەخۆشەوانی. ڕەنگە گونجاوترین جێگەیەکیش بۆ فڕێدانی ئەم کتێبە، یەکەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی هەر نەخۆشخانە و یەکە تەندرووستییەکان بێت، ئەگەر وەک درووستکردنی تەنها دیمەنێکی ئیستاتیکیش بێت بۆ ڕەفەیی تۆزاوییان..

  1. گوتاری دەق و ڕانان….
    ناوەڕؤکی کتێبەکە بەیەک ڕیتم لەسەر دیووی دەرەوەی پەیوەندی نەخۆش و پزیشک دەوەستێت لەشێوەی پانێلێکدا وتووێژی فەلسەفی و ئاکاری و یاسایی لەسەر دیووی ناوەوەی پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک دەکات. بەمشێوەیە:

“لە دەستپێکدا وەک ڕێز و پێزانینێک، هاوکات بیرخستنەوەی خوێنەر، کتێبەکە پێشکەش بە ڕەوانی (مەلا مەحەمەدی ئیرواسی) کراوە، کە لە سەدەی ١٨ دا یەکەمین دەستنووسی پزیشکی نووسیوە.
پاشان پێشەکی و میتۆد و ئاراستەی کارکردن ڕووندەکرێتەوە، لەوێدا هاتووە کە میتۆدی گەڕان و پشکنین (ئەزموونکردن) پەیرەو دەکرێت کە بەدوای پەیوەندی نێوان پیشە و زانستی پزیشکی و سەرچاوە فەلسەفییەکانە..
بزوێنەری بزاوتنی هەر پەڕەگرافێکی، بەڵکو هاندەری مامۆستاش، داکۆکیکردنە لەم گوزارشتە “پزیشکی وەک پیشەیەک هەم هونەر و هەم زانستە و ئەم زانست و هونەر و پیشەش دروستکەری ئاکارێکی تایبەتە کە ناکرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە”
دەکرێت ناواخن بەسەر ئەم بەشانەدا دابەش بکەین :
*شیکاری بۆ چەمک و زاراوەکان و کلیلە وشەکان:
-ئاکاری پزیشکی
-بنەمای فەلسەفیانەی ئاکاری پزیشکی
-نەخۆشناسی
-نەخۆشی و فەلسەفە
-فەلسەفە

*پاشان بە پابەندی چوارچێوەی ناونیشانی کتێبەکە (پزیشکی-فەلسەفە)، هەموو سەرنجەکانی لەسەر سێ پزیشکی فەیلەسوفی ناو کولتووری فەلسەفی یۆنان، کۆ کردۆتەوە. لەوانە دیارترینیان، هیپۆکراتیسە. لەوێدا:
*گەشتێک بەناو پێش زەمینەی پزیشکی لە یۆنان دەسپێدەکات
وە مەرج و بنەماکانی هیپۆکراتیس بۆ کاری پزیشکی ڕەسەن چیین؟ باس دەکات.
و پاشان
*دەقی سوێندنامەکەی هیپۆکراتیس بە کوردی، هاوپێچ کراوە.
*ئینجا ئەنجام و پێشنیازەکان پێشکەش دەکات.
پاشان دەگەینە گرنگترین بەشەکانی ناو کتێبەکە، لەوێدا هاتووە: ئاماژە بە مافەکانی نەخۆش و مافەکانی پزیشک دەکرێت.
پاشان باسی پرۆسەی چارەسەری و نۆشداری و چارەسەری لەنێوان میهرەبانی و پسپۆڕییدا کراوە..

لە گرنگترین بڕگەکانی کتێبەکە:
“پێویستە لەسەر دەسەلاتداران خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان و ئاستی کولتووری خەڵک لەبەرچاو بگرن، وە لە هەمانکاتیشدا چاوپۆشی نەکات لە بارودۆخی زانستە پزیشکییەکان و ئیمکانە تەندرووستییەکان” وە هەرەوەها هاتووە “ئاکاری پزیشکی ئەو سیاسەتانەی تەندرووستیش دەگرێتەوە، کە سیستەمی سیاسی لە ڕێگەیانەوە بەرگری لە بارودۆخی تەندرووستی و ساغلەمی کۆمەڵگا دەکات و بەهۆیانەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دابنین دەکات.”
هەروەها لە گرنگترین ئایدیاکانی ناو کتێبەکە: “مرۆڤ بەوەی کە نەخۆش بکەوێت جەوهەری خۆی لە دەستنادات”
دوای ئەوەی سێ پزیشکی فەیلەسوف وەک نموونەی فەلسەفی و پزیشکی وەردەگرێت، تیشکدەخاتە سەر یاسا و ڕێسا تەندرووستییە جیهانییەکان پاشان پرۆسەی چارەسەری نەخۆش و لە کۆتاییدا، بۆردی مافە دەستوورییەکانی نەخۆش نووسراوەتەوە و هاوپێچ کراوە.
خالید هاوڕێ
لەماڵی وەفایی بەردەستە
ٓٓٓٓٓٓٓٓٓ————————-
ڕیفرێنس:
پیاوێکی ڕەنگاو ڕەنگی تەبیعەت شووشەیی.
کوڕی ناو بنەماڵە خانەدانەکان، خۆی فڕێداوەتە ناو مەزرای زێرابە پەنگخواردووەکانی کولتوورە قێزەونەکانی نیشتیمان. ئەو دەیەوێت وەرزی گەرمای هاوینی کولتووری ئێرە بە بارینی وشەکانی، خۆش بکاتەوە. .. بەڵام پێدەچێت بێهودە بێت.. جەخاری شەرمهێنەرانەی ئێرە تەواو هیلاکی کردووە…تەمەنی لە هاوین چەقیووی هەڵبزڕکاوی کولتووری ئێرە، لە ئەژدیها دەچێت تینووە بە خوێنی دڵان. … دڵی ئەو بە وزەی وشەکان دەجوڵێتەوە، تەنها وشەکان….. ئەوانیش زۆر بە قورسی دێنە دەرەوە.،. هێندە بە زەحمەت تا ئێستا دووجار دڵیان تەقاندووە….




ناکۆکیەکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە بەغداد.. عوسمان حاجی مارف

ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا کێشەو گرێ کوێرەیەکە کە هەرجۆرە ڕێکەوتن و پێکهاتنێك لە نێوان ئەو هیزە سیاسیە میلیشیایی و مافیاییانەی بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە سەر شانۆی سیاسی عێراق هەڵسوڕانی سیاسی و گەمەی هاوسەنگی هێزو بازرگانی بەدەسەڵاتەوە دەکەن، لە ئاستێکی دیاریکراودا بە بنبەستی خۆی گەیشتووە. گومان لەوەدا نیە کە نەک نەیانتوانیوەو نەیانویستوە ئارامی بۆ هەلومەرجی سیاسی عێراق دابین بکەن، بەڵکو ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەیان بەئاستێکی زیاتر و زیاتر و مەترسیدارتر گەیاندووە.
ئەوحاڵەتەی کە بەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری٢٠٢١دا پێشهات کە زۆر بە ئاشکرا شکستخواردن و ڕێژەی ناهاوسەنگیەکی وەها لە هێزەکانیان دەرهات، کەلە ناو کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتدا دەرگیر بون و لەبەرامبەر گەورەترین سەرگەردانی و ناکۆکیدا هێزەکانیان لاسەنگ ڕاوەستان. هەربۆیە ئەو پرسیارە دێتە سەرمێزی هەریەک لەو هێزە تائیفی و ناسیۆنالستانە، ئاخۆ کام حکومەت ئەتوانن پێک بهێنن؟ حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی هاوپەیمانی؟ ئیستحقاقی هەڵبژاردن یان هاوسەنگی هێز؟ کێشەکەیان لە دوریانێکدایە کە هەر کامیان هەڵبژێرن، ڕێگاچارەیەك ناخاتە بەردەمیان تا بتوانن کۆتایی بە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی و ناجێگیری سیاسی و بنبەستی خۆشیان بهێنن، چونکە نەك هیچ پێشبینیەکی لێ ناکرێت بۆ وەڵام بە نائارامی دۆخی سیاسی عێراق، بەڵکو ناتوانێ کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان خۆشیان دامرکێنێتەوە.
ئەم واقعیەتە ئاکامی دەخالەت و ڕۆڵ وکێشمەکێشی سی ساڵ زیاتری هەوڵی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تاکە جەمسەرێکی زلهێزی دنیا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ و گوندەیی خۆی بەسەر تەواوی دنیای سەرمایەداریدا، کە مایەی داروخان و تێکدانی تەواوی شیرازەی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ناوچەکە و بە نۆکەرگرتن و بەگەرخستنی چەندین هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرست بوو. لە هەمان کاتدا ئەو هێزە سیاسیانەش بونە بەشێکی سەرەکی لە زیاتر تێکدان و داسەپاندنی ئەوپەڕی دۆخی نالەبارو وێرانکاری و گێژاوی سیاسیدا، بە مانایەک”جێگیر”بونی ناجێگیری سیاسیە.
ئێستاش لە ئاکامی پاشەکشەو بنبەست و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ووڵاتانی تری زلهیزی دنیای سەرمایەداری و کێبرکێ و وەستانەوەیان لە بەرامبەر ستراتیژو سیاسەتەکانی ئەمریکادا، دەورانێکی تر لە کێشمەکێش و قەیرانی سیاسی خستۆتەسەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر گۆرینی پێگەی هێزە سیاسیەکان و ڕەوەندی ئاڵوگۆر لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە جۆرێکی تر داناوە. پێشهاتەکان ئەوەمان پێدەڵیت کە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی و پێگەی ئەرێنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرێخستنی هەڵبژاردنێکی ڕیسواو شکستخواردو ئایندەی حکومەتی عێراقی خستۆتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە چەند دەروازەی لێڵ و نارۆشن نیشان ئەدرێت بۆ هاتنە دەرەوەیان لەو تونێلە.
نائینسجامی و قەیران و بێسەروبەری هێزە سیاسیەکان لە مابەینی بڕیاردان لەسەر حکومەتی زۆرینەو پەیڕەوی دەستور، لە بەرامبەر حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن، کەوتونەتە ناو گێژاوو دروشمی بێسەروبەری وەهاوە، کە نە حکومەتی زۆرینەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی کۆتایی بەو دۆخە نالەبارەی نێوانیانن دەهێنێت، نە دەتوانن بە پێکهینانی حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی نێوان بەرەی شیعەو کوردو سونە ئەم کێشەو قەیرانە تێدەپەڕێنن. هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق لەبەرامبەر ئەو چاوەڕوانیانەی ئاڵوگۆڕێکی تازەی بۆ ئایندەی عێراق هێناوەتە پێشەوە، تەواوی هاوکێشەکان گۆڕدراون لە چۆنیەتی دەخالەتی ئێران و تورکیاوە تا جێگاوڕێگای ئێستای ئەمریکاو بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕەقیبەکانی لە روسیاو چین، هەروەها هەوڵ و ڕۆڵی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ناوچەکەو عێراقدا. دوای سی ساڵ لە سەرگەردانی و کارەسات و گێژاوی سیاسی، دەورانێکی تر لە پاشەکشەو لێکترازانی هاوسەنگی و پێگەی بەشێکی زۆرلە هێزە میلیشیاکان بونەتە ئەمری واقع، کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان بە هیچ یەک لە حکومەتی زۆرینەو حکومەتی هاوپەیمانی بەرێوەنابرێت وە ئایندەی عێراق کوردستان تاریکتر دەکات. ئەگەر ئاڵوگۆرێک لەسەر ڕێدایە دەبێت تەواوی ئەو هێزە سیاسیە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانەی کە چەندین ساڵە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، بکەونە بەر لێشاوی ئەو ئاڵوگۆرەو کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەنا ئاڵوگۆر هیچ مانایەک نابەخشێت.
کێشەکان بە ئاقاری ئەوەی سەرۆک کۆمار مافی کێیەوە دەبێت بۆ کێ بێت گاڵتەجاریە..!، حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی ڕێکەوتن یان نێوەند گیری و هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان گەمەی سیاسی ئەو هیزانەدا پێک بێت، ئەوە ئەو بەڵا بەردەوامەیە کە نزیک بە بیست ساڵە یەخەی خەڵکی عێراقی گرتووە لە ڕودانی کارەسات و نائارامی و ناڕۆشنی چارەنوسی سیاسی عێراقدا.
ئەم هەراو کێشمەکێش و شەرەی ئێستایان لەسەر سەرۆک کۆمار یان چۆنیەتی پێکهینانی جۆری حکومەتەکەیان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی هەر لایەنێکیانە کە بە قازانجی خۆی کاری لەسەر دەکات. گەر سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت دەستکەوتێکی زیاتر لە پێگەی سیاسی بەدەست دەهێنێت و زیانی گەورە دەبێت بۆ یەکێتی، بەڵام سەرۆک کۆمار گەر بۆ یەکێتی بێت تەنها دەتوانێ ئاستی هاوسەنگی هێزەکەی ڕابگرێت و تەنها بەر بەو زلەیە بگرێت کە پارتی لە ئێستادا دەیەوێت لێی بدات، دواتر چی تر ڕووئەدات ئەوە پەیوەستە بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕێرەوی چارەنوسی ناوچەکەدایە.
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەش بەرەیەکە کە ئامانجی گورز وەشاندنە لە بەرەی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی شیعەو کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا، بەڵام ئەم بەرەی حکومەتی زۆرینەیە گەر حکومەتەکەش پێکبهێنن، لەو واقعیەتەوە کە ناتوانن حکومەتێک پێک بهێنن مەرکەزیەت بۆ عێراق دابین بکات، سەرکەوتو نابن، چونکە ناتوانن پێگەی ئەو حزبە میلیشیایانەی تر لە ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا کەم کەنەوە. بەهەمان شێوەش حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن ئەو ئەزمون و قەوانە سواوە دەبێت کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغداد و شارەکانی خواروی عێراق توانیان نمونەکەی پێشتری وەک حکومەتی عادل عبدالمهدی هەڵوەشێننەوە. بە گشتی پێکهێنانی هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان نەخشەو سیاسەتی ئەم هێزە میلیشیایانەدا دەرگیر بە قەیرانێکی قوڵ و ناکۆکیەکە ناتوانێت حاڵەتێکی نۆرماڵ و گونجاو لە دەسەڵاتی سیاسی بدات بەدەسەتەوە. هەر بۆیە جەماوەری ناڕازی عێراق و کوردستان یەک هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە ئەویش ڕاماڵینی تەواوی ئەو هێزە میلیشیاییانەیە بە خۆیان و دامودەزگاکانیانەوە.
٩/٢/٢٠٢٢




ناسری ڕەزازی و داعشە دەم شڕەکانی سۆشیاڵ میدیا.. شەماڵ بارەوانی

ئەو جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی سۆشیاڵ میدیا، لەبەرامبەر هەرشتێک و لای کۆمەڵێکی کەسی تێڕوانین داعشی ئەقڵ بەبەردبووی دەم شڕ، ئاماژەیەکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەمان پێ دەڵێت زوو، یان، درەنگ، ئێمەی ئازادی خوازان و کۆمەڵی کراوەو پلورالیەتی ئایینی و کومەڵایەتی و سیاسی و ئەو پێکەوەژیانە جوانەی دەیان ساڵە، لە کوردستان بوونی هەیە، باجەکەی زۆر بەقورسی دەدەین، گەر زوو چارەنەکرێت و فریانەکەوین و خەمی لێ نەخۆین.
ئەو تێڕوانین داعشگەرایانەی ئێستا بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی هێرش دەکەنە سەر هەمووشتێک، بە بڕوای ئەوان کفر و حەرامە، سبەی دەسەڵاتیان هەبێت، چەک دەست دەدەنێ و وەکو داعش بە تڤەنگ، گوللەبارانمان دەکەن و بەچەقۆ و شمشێر سەر و دەست و پاو زمانمان دەبڕن ، ئەو داعشبیرانەی ئێستا لەسۆشیاڵ میدیا گاڵتە بە تراژیدیاو فۆلکلۆر و فەرمان و نەهامەتی و ئازاری ئێزدیەکان دەکەن و هەموان دەڵێن هێدی باژۆ و ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی و ویژدانیان نەجوڵا و فرمێسک لەچاوانیان نەباری، کاتێک ئەو هەموو کوردە ئێزدیە، لەلایان داعشی تیرۆرست، کوژران و بێ سەرو شوێنکران و ئەتکران و کران بە کەنیزە و کۆیلەی دەوڵەتی ئیسلامی، بەیانی دەسەڵاتیان هەبێت، هەمان شێوەی داعش دەمان کوژن و دەمان کەن بە کۆیلە و کەنیزە، ئەوانەی ئەمڕۆ لەسۆشیاڵ میدیا بێ ڕێزی بەکەسێک دەکەن و بەڕەتڵ جوێنی بۆ دەنێرن، تەنها لەسەر ئەوەی گوتی: من یارسانیم و موسڵمان نیم ،سبەی دەرفەتیان هەبێت، هەموو عەلمانی و لائیک و کاکەیی و زەردەشتی و ئێزدیەکان جینۆساید دەکەن، بێگومان حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکان و کۆمەڵێک بانگخواز و پیاوی ئایینی بەرپرسیاری یەکەمن لەو دۆخەی خوڵقاوە، ئەوان خەتابار و تاوانباری سەرەکین، لەدروستکردن و بەرهەم هێنانی نەوەیەکی جیقڵدان تەسک و تاک ڕەهەند و ئاسۆتاریک و دەم شڕ و جوێن دەر، هێندەی لەکەناڵ و لەسەر مینبەرەکانیان ، لە شاشەی تەلەفیزۆن و لە ڕادیۆکانیان، بگوڕێنن و هاواربکەن: ، تێکەڵاوی هەردوک ڕەگەز لەناوەندەکانی خوێندن فیتنەو ئاشووبە، بێ لەچک و سفوری ژن و کچ، لەخوا نەترسان و نیشانەی ئاخر زەمان و بەڕەڵایی و بێ ئەخلاقیە، کچ لاقی ڕوت بێت، بۆ کەس و کارەکەی شەرمەزاری و بێ غیرەتی و دەیوسیە، ئێزدی شەیتان پەرست و گڵاو پیسن، زەردەشتی ئاگرپەرستن و هاوسەرگیری لەگەڵ خوشک و کچ و دایکیان ئەنجام دەدەن، کریستیانەکان خاچ پەرستن و عیسا دەپەرستن، یارسانی شەوە ڕەشیان هەیە و کافرن ، شیوعی و مارکسی دوژمنی خوداوەندن، هەموو ئایینەکانی ترو ئاڕاستەکانی تر، هەڵەو جەهنەمین، پەیکەر بتە، مۆسیقا حەرامە، تابلۆی ئیرۆتێکی بەڕەڵاییە، کۆلێژی هونەرەجوانەکان، کۆلێژی هونەره قەبیحەکانە، شیعری دڵداری تابوویە، داستانی دەروێش عەڤدی کفرە، نابێت بابەتی ئایین ناسی سەبارەت بەئایینەکانی تر لەقوتابخانەکان بخوێندرێت، جەژنی نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستیە، جەژنی سەری ساڵ جائیزنیە، دەیان جوێن و سوکایەتیتر بە مرۆڤ بوون و کوردبوون و یەکترقبوڵکردن و جیاوازیەکان و فرەیی و پێکەوەژیان، هەموویم بە ڤیدۆ و بەڵگە لایه، ئەو گوتارە داعشگەراو دەمارگیر و تۆتالیتار و جوێناوی و خوێناوی و ناتولەرەنس و دژە پێکەوەژیان و داخراوە، سەتان و هەزاران هەرزەکاری بێ پاگراوەندو نەشارەزاو ناڕۆشنبیر گوێیان بۆ دەگرێت، نەوەیەکی دەم شڕی جوێندەر و تاک ڕەهەند دروستدەکات، نەوەیەکی هەرزەکاری دید تەسک و مێشک بچوک، نەوەیەکی نەفەس کورت و ڕوانین تاریک، نەوەیەک شاڵاوی جوێن و هوروژمی سوکایەتی بۆ هەر شتێک دەبات، لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئەقڵی بەبەستەڵەک بوو و ڕوانینی تاکڕەهەندانەی ئەو نەگونجێت ، نەوەیەک فێری ئەوە نەکراوە ڕێز لەجیاوازیەکان بگرێت و ئەویتر قبوڵ بکات و شارستانیانەو مرۆڤانە بیربکاتەوەو لە ڕوانگەیەکی بەرز و جوان لە جیاوازیەکان و مرۆڤەکان و ژیان بڕوانێت، نەک داعشگەرایانەو مەزهەبیانەو ئایدیۆلۆژیایانە، نەوەیەک پێی بڵێیت: کاکە خۆ ئایینداری و بڕواداری بەزۆر نییە، چ لۆژیکێکی تێدایە تۆ بەزۆر بڕواو ئەقیدەیەکی دیاری کراو، بەسەر مرۆڤێکدا بسەپێنێت، ئاخر ئەوە چۆن دەبێت من بڕوام بەشتێک نەبێت و ئەو قەناعەتەم لادروست نەبێت، کەتۆ هەتە، تۆ بێیت و بەزۆر و بە جنێو سوکایەتی پێم بڵێیت: نەخێر بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی من، ئەقیدە و ڕێبازەکەی من ڕاستە و دەبێت باوەڕت پێی هەبێت. باوەریشت پێی هێنا، نابێت بەهیچ شێوەیەک پەشیمان ببیتەوەو بیکردنەوەو ئەقیدە و ئایینت بگۆڕیت، گەرنا خوێنت حەڵاڵ و کوشتنت ڕەوا دەبێت، چونکوو تەنها ئێمە ڕاستین، یارسانی، ئێزدی، جو، زەردەشتی، بودی و کریستیان ..تاد. هەمووی هەڵە و دۆزەخی و ناڕاستن، تەنها من و بیرو باوەڕ و دۆگمەکانم نەبێت، ئەوەیتر هەمووی بۆ جەهنەم و تفی ئێمە و نەفرەتی خوداوەندیان لێ بێت، سەیرە! ئەو تێگەیشتنە دیکتاتۆر و تاک ڕهەندو ڕاسیزم و دەمارگیر و تۆتالیتار و داعشگەرایە، کاکە بۆ دەبێ خەڵک وەکو تۆ بیربکاتەوەو ڕێ بکات و هەڵبژێرێت و ئاینداربێت و لەسەر مەزهەب و بیر و باوەڕەکەی تۆبێت؟ خۆ بەزۆر نییە، تۆ موسڵمانیت، ئەویتر جو، یارسانی، ئێزدی، زەردەشتی و مەسیحیە.
ئایین و بیر و باوەڕ ناکرێت لەڕێگەی شمشێر و چاوسورکردنەوەو جوێن و سوکایەتی و سەپاندنەوە، بەسەرخەڵکدا بسەپێندرێت، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی لۆجیک و ئەخلاق و بەڵگە و سەلماندنەوە بێت، ئەی (لا اکراە فی الدین) و(فمن شاء فلیکفر ومن شاء فلیؤمن) یانی چی؟
بەداخەوە، بیرداعشە دەمشڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەرگیز، لەمرۆڤ بوون تێناگەن و ناتوانن ئەویتر قبوڵ بکەن، کاکە دەم شڕگیان، بیرت نەچێت ئێرە کوردستانە، نەک داعشستان. ئێرە لانکەی پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکانە، بیرشت نەچێت یارسانی و زەردەشتی و ئێزدیەکان داگیرکەرو میوان نین، ئەوان دانیشتووی ڕەسەنی ئەو زێدەن، خاوەنی ڕاستەقینەی خاکەکەن، بەر لەبیر و باوەڕەکەی تۆ بەهەزاران ساڵ، ئەوان لێرەن و هەن، ئیتر ئەو خۆفشکردنەوەو بەداعشکرنەوەت لەچی.
جا ئەو داعشبیر و دەم شڕانەی سۆشیاڵ میدیا، ماشەللایان لێ بێت، چەندە بە بەزەیی و پڕ فرمێسک و خاوەن ویژدانن، بۆ ڕەیانی عەرەبی مەغریبی(من خۆشم بۆی گریام) ، پێنج ڕۆژە خەریکی شیوەن و فیغان و فرمێسک ڕشتنن، کەچی هەزاران مناڵ و کچ و ژن و پیاوی کوردی ئێزدی، جینۆ ساید و کۆکوژ و بێ سەر و ئەتکران هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهات!




دوو .. دوو.. نەوزاد بەندی

دوو پیاوی قەڵەو ، دانەیەکیان لە خوار بارهەڵگرە دوو تەنییەکە بوو ، ئەوەی تریان لەسەرەوە بوو ، تەنکییەکی گەورەیان بار کردبوو ، ئەوەی خوارەوە بەوەی سەرەوەی ئەووت : ئادەی تۆ جامانەکەتی لێ گیر کە ..
— جامانەی چی ، بابە ..پێنج سەد کیلۆ ، جامانە وەک کەرەوز قوت ئەدا ..
ئەمانە بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
مەشغوڵی ئەوان بووم ، لە پڕ دووان لەبەردەمما چەقین .. پێڵاوی بن زبری جاک ئەند جۆبس نەبووایە ، ئەچوومە سەر پشتی یەکێکیان ..دوو پیرەمێردی شل وشێواو بوون ، هەتا خوار گوێچکەیان کڵاوی چەرم بوو ..لەو وەستانە لە پڕەیاندا، یەکێکیان کە ناسیمەوە ، ووتی :
— ئەزانی پیس پیر بووین ..
ئەوەی تریان دەمێکی داپچڕی و ..ووتی :
— ئەی چۆن ؟ تۆ چەنی ؟ لە هەشتا لات داوە ..
— کورە ئا ..بەس من ئەم جگەرە وشتە دایکی گاوم ..
لێرەدا ، واتا دوای کەمتر لە خولەکێ ، ئەمەیشیانم ناسییەوە ..
یەکەمیان ، نزیکەی چارەکە سەدەیەک پێش ئێستا ، حەزی ئەچێتە سەر کچێکی هەژدە ساڵ ، ئەچێتە داوای ..لێی ئەپرسن :
— تەمەنت چەندە ؟
—پەنجاو پێنج ساڵ ..
باوکی کچە ئەڵێ : چیییی ؟
–ببوورە ، وەڵا پەنجا و حەوت ساڵم ، با درۆ عەرزی بەخزمەتتان نەکەم ..
ئەڵێن خەزووری یان ڕاستتر باوکی کیژۆڵەکە پێی وتبوو:
— جا فایدەی چی ؟
–بۆچی ؟
— بۆ ئەوەی پشت و ئەژنۆم تەواو نیە ، یەک دوو کۆڕناڵییم تێهەڵدایتایە ..
ئەیشڵێن ئەو پیاوە کاتی خۆی یاریزان بووە ، کۆڕناڵەکانیشی تامی پەنارتیان داوە، ئەوەندە جوان دروستی کردوون تەنانەت هەندێ جار هەر لە کۆڕناڵەوە گۆڵی کردووە ..
بەڵام دووەمیان یەک کرداریم کەوتەوە یاد ، ئەویش مستیلە کڕین بوو .. مستیلەیەکی زۆری بۆ خێزانی ئەکڕی .. زۆر جار پڕ زەرفێکی بۆ ئەکڕی ..ئیتر ژنەکەی چووە تەمەنەوە ، کاری بە مستیلە نەما ، هەمووی کرد بە پەردە بۆ دەرگای ژووری مریشکەکان …
ئەمزانی ئاساییە لەو تەمەنەدا لە پڕێکا ڕاوەستان ..چونکە ڕۆیشتن و قسەکردن لە یەک کاتدا ، لەو تەمەنانەدا ناکرێ ..بیشکرێ ، هەم ڕۆیشتنەکە کەوتنی تێئەکەوێ ، هەم قسەکان پچڕ پچڕ ئەبن و ناگەنە جێی مەبەست ..
ئەڵێن کیژۆڵەکە زۆر لە باوکی تووڕە بووە ..وتوێتی خوا ناردوێتی ، تۆ بۆچی کۆڕناڵی تێ هەڵئەدەی .. وتوێتی خۆم ئەسوتێنم .. ئەڵێن شتی تریشی وتووە ..
باوکی قژی گرتووە و ..پێی وتووە : بوخنکێنم ..؟ ها ؟ دەڵەقۆڕ .. پیرەمێردێکی مۆمیاکراو چی لێ ئەکەی ؟ مێژووی پێ ئەنوسیتەوە ؟
ئەڵێن کچە پێی وتووە : دوو خانوو و پیکابێک و دۆجێکی مەکینە خواری هەیە ، دوو سێ ساڵی تر ئەمرد و ئەبووم بە خاوەنی شت ..
ئەی مناڵەکانی دوو ژنەکەی تری ؟ خۆ لە هەموو مەوالیدەکان مناڵی هەیە ؟ ..
کچە مکوڕی ئەکا و ئەچێتە لای مەلای گەڕەک ، ئەویش ئەڵێ لە شەرعدا ، سێیەکی دۆج و پیکاب و خانووەکانت ئەکەوت ئەگەر وەفاتی بفەرمووایە ..
کە کچەکە دێتەوە ئەو هەواڵە بە باوکی بڵێ ، باوک سەد ساڵە مردووە ..
ئەڵێن هۆکاری مردنی باوکی نەزانراوە ..هەندێ پێیان وایە مەلا پێشتر ئەو مەسەلەی سێ یەکەی بە باوکی وتووە ، ئەویش دڵی بەرگەی نەگرتووە ..
ئەمانە ناویان ئاشکرا نەبوو ، بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
لە داخا خەریک بوو دڵم ئەتەقی ، ئەم هەموو یادگارییە قۆڕە چییە من لای خۆم هێشتوومنەتەوە ؟
—چی ؟ چی ؟ ..تۆ ئەڵێی چی ؟
دووان دەرپەڕینە بەردەمم ، یەکێکیان یەخەی ئەوەی تریانی گرتبوو :
–چی ؟ چی ؟ چی ؟
ئەوەی یەخەی گیرا بوو ، چاوەکانی لە مۆلەق وەستابوون ، نەیئەزانی یان نەیئەتوانی بڵێ چی ..
— بە خوا قەسەم وەک کارژۆلە سەرت ئەبڕم .. چی بوو ؟ پێم بڵێ چی ؟
ئەم پیاو کوژەم ناسییەوە ، ملئەستوور ..کورتە بنە ..برۆ پڕ .. چڵمن ..دوو قاچی کورتی وەک کۆتەرە داری هەبوو ، کە ڕا ئەوەستا هەزار سوێندت ئەخوارد کە ناتوانێ بەرزیان کاتەوە و هەنگاوێک پێیان بڕوا .. جۆرەها ئامێری خەڵک کوشتنی پێ بوو ..دەڕنەفیز ..نینۆککەر .. نارنجۆک ..مشار ..
گوزەرەکە ئەیانووت : ئەمە بچێتە هەر ماڵێ ، بە هاوسەرۆکە نێرەکەیان ئەڵێ ، ئەبێ شەقازلەیەکی بازاڕی بئاخێوێنیتە بناگوێی هاوسەرۆکی مێینەی ماڵ ئەگینا نمەکت له من حەرام بێ ..ئێ کابرایش خۆی بە پیاو ئەزانێ و پێی نەنگییە نمەکی ماڵی لە پیاوێکی وا ئازا حەرام بێ ، شڵپ ، شڵپەیەی لە بناگوێی حەریمی هەڵئەساند .. ئێ خۆ ئەویش بێکەس نییە ، ماڵی باوکی کاول نەبووە ..پارویەک هەر ئەبێ بیخوا ..
لەو بەرەوە ، یەکێ هاواری کرد ئەبێ ئەم حوکمەتە بڕوخێ ؟
تەماتە فرۆشەکەی تەنیشتی ، تاکو نیوەی پەنجەی دۆشاومژەی لە لوتیدا بوو ، ئەیویست شتێکی ڕەق دەربێنێ ، ووتی :
— جا چۆن ؟
یەکێ پیا هەڵشاخا :
— تەماتەی چڵماویم ناوێ ، پارەکەم بەرەوە ..
بە جوڵەیەکی وەک ئەوەی بروس لی ، پەنجەی لە لوتی دەرهێنایەوە ، بە زمانێکی پچڕ پچڕ ووتی :
— بەخوا هەمووی تەپ و تۆزە ، چڵمی چی ؟ ناشوکریی نەبێ ، کوا چڵم ماوە ؟
— پارەکەم ئەدەیتەوە یان ئەو تەرازووە لەسەرتا بشکێنم ؟
ئەوەی ووتی ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ، لە پشت مێک زەمینییەکەوە ، کاکۆڵی دەستبازی لەگەڵ هەوادا ئەکرد ..
سەرم بەرز کردەوە ، هەزار ..دەهەزار ئوتومبیل بە بێ شۆفێر بەسەر شەقامەکەدا ئەڕۆیشتن ..پۆلیسی هات و چۆ خەریکی چات بوو ..کچێک کە خۆی ناو نابوو ، هەنگوینی ڕەش ..بۆی نوسی بوو : ئیشتیهات ئەکەم ، کەڵەبابەکەم ..
ئەمیش بە تەمابوو بۆی بنوسێ : ئامادەم موئەخەرەکەیشت بدەم ، بەس گڵۆپی سەوزم بۆ داگیرسێنە ..
کەچی پەشیمان بۆوە و .. بۆی نووسی : هیچ موبادەرەیەکی جدیت نییە ، هەر قسەیە ، چۆڵەوانییەکەم !
ناسیمەوە .. ئەمە کوڕی ئاڵتونفرۆشێک بوو ، پێیان ئەوت دێوانە .. ساڵێک کۆمۆنیست بوو ، ساڵێک ئیسلامیی ..ساڵی سێیەم بە بێ لایەنیی ئەمایەوە ، ئیتر دوای کریسماس ئەبووەوە بە کۆمۆنیست ..
باوکی بە یارمەتی مامەکانی هەفتەی یەک دوو جار فەلاقەیەکی باشیان ئەکرد ، کە بەرە بەرەیش گەورە بوو ، هەمان کات ئەوان بێهێز بوون ، دەرەقەتی نەدەهاتن .. ناچار بە تێکڕا ، حاشایان لێکرد ، ئەویش بوو بە پۆلیسی هات و چۆ ..وایش وازیان لێ نەهێنا ، باوکی بەهۆی ئاڵتوونفرۆشیەکەیەوە خەڵکی بەد زۆر ئەناسی ، وایکرد لە فولکە قەڵەباڵغەکان داینێن ، هەتا بۆنی بەنزین و دوکەڵ و شت ، توشی شێرپەنجەی بکەن ..ئەمیش بیستبوویەوە ..وتبوویشی : جا بە گونمەوە..
باوکی کاڵەکی بە ئەژنۆ ئەشکاند ، لە مناڵیدا زۆری تیا سەرف کرد ، کە لە دایک بوو ، ئاهەنگێکی قەیسەریی بۆ کرد ..بڕیاری دا ناوی لێ بنێ مەکرەمە یان مەلحەمە ، کەچی هیچیان سەری نەگرت .
سوپاسالاری هات و چۆ ، نەڕاندی بەسەریدا :
–ئەو هەموو ئوتومبیلە بێ شۆفێرە چییە ؟ مالۆس ..
ئەم هەر گوێیشی نەدایە ..ناحەقیشی نەبوو ، خەڵکەکە لە لێخوڕین بێزار بووبوون ، کەچی ئوتومبیلەکان خۆیان حەزیان بە پیاسە بوو ..ئێ ئەم وەک پۆلیسی هات و چۆ چی بکا ؟ گرنگ ئەوەیە ئوتومبیلەکان بە بێ شۆفێر ، زۆر بە یاسایی ئەڕۆیشتن ، تەنانەت قایشی قوڕ و پشتێنی سەلامەتیشیان بەستبوو ..
سوپاسالار لە بێخەمی ئەم پارچە پۆلیسە ، شێت و دەهری بوو ، نەڕاندی :
–سەگباب ! کوا تەحیەکەت ؟
ئەم مێش میوانی نەبوو .. لەو کاتەدا ، چوار پێنجێکی تر ، هاواریان ئەکرد : ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ..
مێکزەمینییەکی زۆر پەیدا بوون .. ئەو خەڵکەیان هەموو پێچایەوە .. تەنانەت سوپاسالاری هات و چۆیشیان بەهەڵە یان بە دەستی ئەنقەست بارکرد ، لە نێوان قەتێ فرۆشێک و پەشمەکفرۆشێکدا گیری خواردبوو ، بواری نەبوو وەک عادەتی ڕۆژانەی ، بن ڕانی بخورێنێ ..
منیش لەناو مێکزەمینییەکەدام ..نازانم بۆ کوێمان ئەبەن ..
ئیتر ئەمانە هەموو پزمامن ..




شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

به‌ پێی پشكپشكێنه‌ و تایفه‌گه‌ری له‌ عێراقی فیدراڵدا پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورده‌و له‌ ناو كوردیشدا بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانییه‌و له‌ ساڵانی پێشوو ئه‌م پۆسته‌ دراوه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ( ینك) و له‌ بری ئه‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت دراوه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ( پدك) و به‌پێی ئه‌و عه‌قلییه‌ته‌ دۆگمایه‌ نابێت هیچ كوردێكی سه‌ربه‌خۆ ببێته‌ خاوه‌نی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وسه‌رۆكی هه‌رێم وسه‌رۆك كۆمار.
هه‌موو ده‌زانین جه‌لال تاڵه‌بانی دووجار بوه‌ سه‌رۆك كۆمارو له‌ پاش نه‌خوشییه‌كه‌ی كه‌لێنێك وبۆشایه‌كی له‌ عێراقدا دروست كردو، فوئاد مه‌عسوم بوو به‌ سه‌رۆك كۆمارو، وه‌ك ده‌ركه‌وت سه‌رۆكێكی بێ تواناو بێ هێز بوو زۆر كه‌س به‌ سه‌رۆكه‌ نووستووه‌كه‌ ناویان ده‌هێنا به‌ڵام بۆ خزمه‌تكردنی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی وریاو ئه‌كتیڤ بوو بۆ نموونه‌ كه‌ ده‌ستنیشانكرا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كسه‌ر به‌ بێ یه‌ك و دوو ( جوانی) كچی به‌ راوێژكار به‌ بری (( ته‌نها 13 ملیۆن)) دینار دامه‌زراند، له‌ كاتێكدا له‌لایه‌ن لێژنه‌ی ده‌ستپاكی په‌رله‌مانه‌وه‌ داواكراو بوو له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی كاتێك وه‌زیری گه‌یاندنی عێراق بوو، هه‌روا كۆمپانیای ( BMJ Industries ) ئیماراتی كە كۆمپانیایەكی گەورەی تایبەت بە توتن و جگەرەیە و خاوەنی چەندین براندی بازرگانییە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار كرد بەوەی كە پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیایەكی عێراقی كە برازایەكی فوئاد مەعسوم و هاوسەرەكەی خاوەندارێتی دەكەن و، كۆمپانیاكه‌ ناوی ( خیرات المنافع ) ه‌ بۆ بازرگانی گشتی و گواستنەوە كە خاوەنەكەی ( حەیدەر سەباح فەیلی) یه‌ هاوسەری ( نەورۆز محەمەد مەعسوم) ه‌.
له‌م رۆژانه‌دا پاڵاوتن بۆ سه‌رۆك كۆمار گه‌رمه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و، له‌ناویاندا كه‌سانی پاك و خاوین و كه‌سانی دزو گه‌نده‌ڵ به‌ پێی ده‌ستی ده‌ستپاكی به‌دی ده‌كرین و تیایاندا هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و ، ئیتر ئه‌وه‌ به‌ختی عێراقه‌ یه‌كێكی پاك یان یه‌كێكی دزو گه‌نده‌ڵ ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستكراوه‌ به‌ ناردنی شاندو شان ماجكردن و گۆرینه‌وه‌ی دیاری و كرین و فرۆش وبانكهێشت كردنی به‌رپرسانی هه‌ریم له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانی خوێمژی كوردان.
تا ئێستا به‌رنامه‌ی هیچ كام له‌و زاتانه‌ دیار نییه‌ه‌و، ئه‌م پۆسته‌ هه‌رچه‌نده‌ پۆستیكی ( سیادییه) ‌‌و پشكی‌ كورده به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن پۆسته‌كه‌ ( ته‌شریفاتیه)‌ واته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیارو سنوورداره‌و، ئاخۆ كه‌سانی بوێر له‌ ناو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌دا هه‌یه‌ بتوانێت به‌ هێزی داگیركه‌ری خاكی عێراق و كوردستان بڵێت بۆ ده‌ره‌وه‌ یان هه‌ر بێده‌نگییه‌.
مادام پۆسته‌كه‌ بۆ كورد دانراوه‌ با بزانین چی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و نییه‌. له‌ هه‌رێم كاره‌با، ئاو، نه‌وت، غاز، به‌نزین به‌ نرخی گونجاو. كار موچه‌ له‌ كاتی خوێداو‌ خزمه‌تگوزاری و رێگاوبان نییه‌و ، به‌ پێچه‌وانه‌ خاك فرۆشی، بێكاری ، داپڵۆسینی چالاكه‌وانان و رۆژنامه‌نووسان ، گرانی و لافاو هه‌یه‌ و، راستگۆیی نییه‌ بۆ نموونه‌ : له‌ سه‌ر لافاوه‌كه‌ی رۆژی 13/1/202 پارێزگاری هه‌ولێر ئومید خوشناو ده‌لیت : ئاو له‌ هه‌ندی شوین كۆبووه‌ته‌وه‌ (خر بوونه‌وه‌ی ئاوه)‌ لافاو نه‌بووه‌ به‌لام به‌ پێی ده‌زگای راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌ی ــ رووداو ( 200 ) ماڵ زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌و پرسیار ئه‌وه‌یه‌ خربوونه‌وه‌ی ئاو ده‌توانیت 200 ماڵ لوول بكات ؟.
له ئێستادا گه‌مه‌و زۆرانبازییه‌كه‌ له‌ نێوان زه‌رد( پدك) و سه‌وز (ینك) دایه‌و، به‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌ی هوشیار زێباری له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ، پدك به‌نیازه‌ كاندیدێكی تر دابنێت و، چونكه‌ محه‌مه‌د حه‌ڵبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق مۆڵه‌تی سێ رۆژی بۆ پاڵاوتن نوێكرده‌وه‌و، ئه‌وه‌ش به‌ بۆچوونی شاره‌زایان و پسپۆرانی یاسا ده‌ڵێن ئه‌و كاره‌ دستووری نییه‌و، سكاڵا له‌ دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ نا دستوریه‌ دراوه‌ به‌ دادگای فیدراڵی ‌ عێراق.
وڵاتانی ده‌وروبه‌ری عێراق رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ هه‌ندێكیان به‌ چاو سوركردنه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌و له‌ولاشه‌وه‌ به‌ پاره‌ سه‌رفكردن و كرینی ده‌نگ وه‌ك له‌ موسڵ روویداو ئه‌و وڵاتانه‌ دوو به‌ره‌ن : یه‌كه‌میان توركیای ره‌گه‌زپه‌رست و عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیماراته‌ ئه‌مانه‌ پشتكیری له‌ به‌شێكی كوردو سوننه‌و له‌ ناویاندا به‌عسسه‌كانی سه‌ر به‌ ره‌غه‌دی كچی گۆربه‌گۆر سه‌دام حوسه‌ین ده‌كه‌ن و، ئێرانیش راشكاوانه‌ پشتگیری له‌ شیعه‌و به‌شه‌كه‌ی تری كورد ده‌كات و، ماوه‌یه‌كه‌ اسماعیل قائانی سه‌رقاڵه‌ به‌ دیداری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ( پدك) و حزبه‌ شیعه‌كان و هه‌روا موقته‌دا سه‌درو، هه‌موو چاوه‌روانین كێی ده‌بێته‌ براوه‌ی ته‌لاره‌كانی سه‌دام حوسه‌ین و پاره‌و پول و گیرفان پركردن.
9/2/2022




چه‌ند شیعرێکی چاڕڵز بۆگۆفسكی.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• تێم بگه‌

تێم بگه‌
من له‌م جیهانه‌ ئاساییه‌ ناچم
شێتییه‌تی خۆم هه‌یه‌
له‌ مه‌ودایه‌كی دیكه‌دا ده‌ژیم
كاتم نییه‌
بۆ شتی بێگیان .

باڵداری شین

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
لێ من دڵڕه‌قم له‌گه‌ڵی
پێی ده‌ڵێم : لێره‌ ، ئا لێره‌دا بمێنه‌وه‌
ناهێڵم كه‌س بتبینێ .

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
ده‌یه‌وێ بێته‌ ده‌رێ
به‌ڵام من وێسكی به‌سه‌ردا ده‌كه‌م و
به‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌‌م ده‌یخنكێنم
نه‌ ساقی مه‌یخانان و
نه‌ له‌شفرۆش و
نه‌ كرێكاری میوه‌وسه‌وزه‌فرۆش نازانن
له‌وێیه‌ .

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
لێ من دڵڕه‌قم له‌گه‌ڵی
پێی ده‌ڵێم : لێره‌ بمێنه‌وه‌
چییه‌ ده‌ڵێی ده‌ته‌وێ كاره‌كانم تێك بده‌ی ؟
داخۆ ده‌ته‌وێ له‌ ئه‌ورووپا
له‌ فرۆشی كتێبه‌كانم بده‌ی ؟

دڵم باڵدارێكی شینی تیایه‌
حه‌زی لێیه‌ بێته‌ ده‌رێ
به‌ڵام من زۆر زیره‌كم
شه‌وان نه‌بێ
نایهێنمه‌ ده‌رێ
كاتێ هه‌موویان ده‌نوون
پێی ده‌ڵێم : ده‌زانم تۆ له‌وێی
خه‌م مه‌خۆ
پاشان ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌ .
لێ ئه‌و هه‌ندێ جار كه‌ له‌وێیه‌
گۆرانی ده‌ڵێ
گه‌ر لێی نه‌گه‌ڕێم
به‌ ته‌واوی بمرێ
به‌و حاڵه‌ پێكه‌وه‌ ده‌نووین
په‌یماننامه‌ی نهێنیشمان له‌گه‌ڵدایه‌ .
به‌ڵێ ئه‌وه‌ نه‌رم و نیانییه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك
پیاو به‌ گریان دێنێ
به‌ڵام من ناگریم
ئه‌ی تۆ ده‌گری ؟

حاڵی دڵت چۆنه‌؟

له‌ ناخۆشترین كاتمدا :
له‌سه‌ر سه‌كۆی باخچان
له‌ زیندانێ
یاخود ژین له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشان
به‌وه‌ قاییل بووم
ناوی لێ بنێم به‌ختیاری .
شتێك بووه‌ ،
گه‌وره‌تر له‌ هاوسه‌نگی ناخ
هه‌موو ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه‌ ڕوویداوه‌ و
له‌ كارگان دایمه‌زراندووم
یا ئه‌و ده‌مه‌ی
‌ په‌یوه‌ندیم به‌ ژنانه‌وه‌ تێك ده‌چێ .

• به‌فری ئیتاڵیا

نووكه‌ له‌ ڕادیۆ‌
ده‌نگی ئۆرگێكی شێت دێ
كه‌شیشێك ده‌بینم
له‌ ژێرزه‌مین مه‌سته‌
ئاوه‌زی دێ و ده‌چێ
به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خواوه‌ند ده‌دوێ ..
چه‌ند مۆمێك ده‌بینم
هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوه‌
به‌ ڕیشێكێ سووره‌وه‌
وێنه‌ی خواوه‌ند
كه‌ ئه‌ویش ڕیشی سووره‌
ئه‌وه‌ به‌فره‌
ئه‌وه‌ ئیتاڵیایه‌
سارده‌
نانیش وشك
نڤیشك‌ نییه‌
ته‌نیا مه‌ی هه‌یه‌
مه‌ی به‌ شووشه‌ی سوور ‌و
گه‌ردنی زه‌ڕافان
نووكه‌ ئارگۆن
بۆ ژه‌نین دێته‌وه‌
كه‌شیشه‌كه‌ پیسی ده‌كا
وه‌ك شێت یاری ده‌كا
هۆ له‌وێ
تف و خوێن به‌سه‌ر نانه‌وه‌یه‌
ده‌یه‌وێ پێبكه‌نێ
به‌ڵاو كاتی نییه‌
خۆر خۆی بۆ ئاوابوون ئاماده‌ ده‌كا
په‌نجه‌كانی خاو ده‌بنه‌وه‌
ماندوو بوون هه‌یه‌
خه‌ونیش
تا پیرۆز ڕاگرتن
پیاوێك بۆ پیاوێكی دی ده‌چێ
به‌ ئاراسته‌ی
چیا ، فیل ، ئه‌ستێره‌
مۆمێك ده‌كه‌وێ
به‌ڵام هێشتا ده‌سووتێ‌
له‌ كاتێكدا پاڵ كه‌وتووه‌
گۆمێك له‌ مۆم
له‌ چاومدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌
كه‌شیشی سوورم
قه‌وزه‌ به‌سه‌ر دیواره‌وه‌یه‌
چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ك له‌ بیر و نائومێدی و چاوه‌ڕوانی
دوای ئه‌وه‌ جارێكی دی
مۆسیقا وه‌ك چه‌ند پڵنگێكی برسی
به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
پێكه‌نینی مناڵێك ، پێكه‌نینی گه‌وجێك
به‌ هیچ پێده‌كه‌نێ
تاكه‌ پێكه‌نینه‌ لێی حاڵین
به‌ هێزه‌وه‌
فشار ده‌خاته‌ سه‌ر كلیلی ئارگۆنه‌كه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی
هه‌موو شتێك ده‌وه‌ستێنێ .
ژووره‌كه‌ش
شێتییه‌تی تیا گوڵ ده‌گرێ
سه‌عاته‌كه‌ی ده‌وه‌ستێ .. ده‌وه‌ستێ
داده‌نیشێ
كه‌چی مۆم ده‌سووتێ
یه‌كێ له‌سه‌ره‌وه‌ و یه‌كێ له‌ خواره‌وه‌
دوا شتێ مابێ
به‌فری ئیتاڵیایه‌
ئه‌مه‌ كۆتاییه‌
جه‌وهه‌ر و نموونه‌
من چاوه‌دێری ده‌كه‌م
به‌ڵام ئه‌و خه‌ریكه‌ مۆمه‌كان
به‌ په‌نجه‌ی ده‌بڕێ
تیله‌ی چاوی ده‌ترووكان
وه‌ك خووی شتانیش
ژووره‌كه‌ تاریكه‌ .

*گوێی ڤان كووخ

ڤان گوخ گوێی خۆی بڕی و
دایه‌ له‌شفرۆشێك ،
كه‌ ئه‌ویش به‌و په‌ڕی وه‌ڕسییه‌وه‌
دووری فڕێ دا ..
ڤان !
له‌شفرۆش گوێیان ناوێ
ئه‌وان پاره‌یان ده‌وێ ..
پێم وایه‌
سه‌باره‌ت به‌وه‌شه‌وه‌یه‌‌
تۆ نیگاركێشكی مه‌زنی
چوون زۆری لێ حاڵیی نه‌بووی .

ئامۆژگارییه‌كی دڵسۆزانه‌ بۆ زۆر له‌ گه‌نجان

بچۆره‌ تیبت
سواری وشتر به‌
ئینجیل بخوێنه‌ .
پێڵاوه‌كانت به‌ ڕه‌نگی شین بۆیه‌ بكه‌ .
لێگه‌ڕێ با ڕیشت بێ
به‌ قایه‌خێكی كاغه‌ز به‌ جیهاندا بسووڕێوه‌
هاوبه‌ش به‌ له‌ ( ساتور دی ئیڤنینگ پۆست )
ته‌نیا لای چه‌پی ده‌مت بخۆ
ژنێكی شه‌ل بێنه‌ و
به‌ مووسێكی ڕاست ڕیشت بتاشه‌
ناوی خۆتی له‌سه‌ر ده‌سكی هه‌ڵكه‌نه‌ .

ددانت به‌ به‌نزین بشۆ
به‌ درێژایی ڕۆژ بنوو
شه‌و به‌سه‌ر دره‌ختان كه‌وه‌
ببه‌ به‌ ڕه‌به‌ن و سووپ و بیره‌ بخۆوه‌ .
هه‌ناسه‌ت له‌ژێر ئاودا ڕاگره‌ و
كه‌مانجه‌ بژنه‌
له‌ به‌رامبه‌ر مۆمی په‌مه‌یی
سه‌مایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ بكه‌
سه‌گه‌كه‌ت بكوژه‌
خۆت بۆ والی هه‌ڵبژێره‌
له‌ به‌رمیلێكدا بژی
سه‌رت به‌ داسێك پان كه‌وه‌
چه‌ند گوڵه‌مێلاقه‌یه‌ك له‌ژێر باراندا بڕوێنه‌
به‌ڵام شیعر مه‌نووسه‌ .

له‌ ماڵپه‌ڕی ( القصيدة كوم)ـه‌وه‌ كراون‌ به‌ كوردی . *
بڕوانه‌ :
https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=7918




قەسیدەی بەدیار خۆمەوە پیر بووم .. ستیڤان شەمزینی

من چیم داوە
لە هەڵکورمان بە دیار خەونێکی نەمەییوو و
حنجەکردنی سەرهەڵگرتنی پەروانەیەکی بێزار؟
خۆ من هێشتا پەشمەکی عەشق
لە نێو دەممدا نەتواوەتەوە
هێشتا نەباریومەتە سەر دڵی ژنێک و
شیعرم بۆ گوڵێکی سەربڕاو نەنوسیوە
هێشتا بۆنی مەنفا لە هەناسەکانم دێ و
رەنگی نیشتمان لە چاوەکانمدا ون بووە
ئەبێت خۆم لە کۆشی گۆرانییەکدا بدۆزمەوە
ئینجا گیتار بۆ پەڕەسێلکەیەک بژەنم
ئەبێت فێری زمانی دەریا بم
ئینجا مغازەلەی مانگ بکەم
ئەبێت سەفەر بکەم بۆ دوورگەکانی بەهار
ئینجا سەوزیی دارستان بخوێنمەوە
من کە بە ژانی بیرەوەرییەوە مردووم
لە کوێ دەستم ئەگات بە هەنگوینی ئایندە و
لە باوەشی کام ئەستێرەدا
دوێنێ تاڵەکانم بنێژم؟!
لە کوێ ئێستای خۆم بدۆزمەوە؟
کە من لە کۆڵانەکانی بەرائەتی منداڵی و
پاکیزەیی زەمەنێکی بەسەرچوودا ون بووم
خۆ هێشتا لە ئاو تێنەگەیشتووم
چۆن خۆم بخەمە شەڕی بارانەوە؟
خۆ هێشتا بە ئاشکرا نامەم بۆ گوڵێک نەناردووە
چۆن دڵی باخێکی قاچاخ رازی بکەم؟
خۆ هێشتا خولیای سەفەر مێشکی نەگرتووم
چۆن بگەمە ئاسمانی سەرسامی ژنێک؟
بە چەند چەپکە شیعری قەرەجی
رێی سەفەری نەورەسێک بکەمە پەلکەزێڕینە؟
من کە هێشتا بە برینی رابردوو خۆم دەشۆم و
لە ئاوێنەی ئازاردا تەماشای خۆم دەکەم
چۆن ئەتوانم ئەستێرەکان راو بکەم و
بیکەمە گەردانەی تیشک بۆ ملی شەو؟
من کە هێشتا کچێکی نیمچە رووت
لەسەر کورسی حەزم دانەنیشتووە
چۆن ئەشکەوتی بیرکردنەوەم
پڕ پڕ دەبێت لە مۆمی گەشبینی؟
من کە هێشتا سڵاوم لە پایز نەکردووە و
خۆم لە قەرەی ئاگری سەرکێشی نەداوە
چۆن ئەتوانم داوای رووتبوونەوە لە درەخت و
سووتان لە پەپولەیەکی بەرزەفڕ بکەم؟
من کە هێشتا لە هەڵقرچانی دڵ ئەترسم و
شەڕم بە لەزەتی هیچ گزنگێک نەفرۆشتووە
چۆن ئەتوانم ببمە ئاگربازترین کۆتر و
قژی درەختێکی ترساو دابهێنم؟
من کە هێشتا مەلێکی بێ باڵ و
دەستەمۆی وەهمەکانی خۆمم
چۆن ئەتوانم بفڕم
بۆ حەوتەمین ئاسمانی عەشق و
سەبەتەی مێشکم پڕ بکەم
لە سێوی هەقیقەت؟
من کە هێشتا لە زمانی دەریا تێناگەم و
توانای نووسینی چامەیەکم نییە
چۆن ئەتوانم تریفە بلاوێنم و
تۆزی غەریبی لە شانی
کلوە بەفرێکی نامۆ بتەکێنم؟
من کە هێشتا زیکری عەشق نازانم و
گوێم پڕ نەبووە لە سەمفۆنی هاژە
چۆن ئەتوانم ببمە
دەروێشی تەریقەتی حەزرەتی یار و
دڵی تاڤگەیەکی هەناسەسارد بدەمەوە
لە کاتی رژان بەسەر خەمدا؟
هەر چۆنێک بێت
شەوێکی هێمن و رۆژێکی مەستم نییە
تا بورکانی سەفەری تێدا بحەسێتەوە
هەر چۆنێک بێت
ئیمپراتۆرێکی رووت و رەجاڵم
لەشکرێکم نییە دەست بگرێت بەسەر
قەڵاکانی غەمگینی دا و
قەلەڕەشی بێهودەییم بۆ دیل بکات
هەر چۆنێک بێت
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ پەنجەرە
کە ناتوانین لێوەی بڕوانین بۆ
بۆ باخەکانی داهاتوو
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باڵکون
کە ناتوانین لێی دانیشین و
ترپەکانی دڵمان بژمێرین
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باخچە
کە ناتوانین تێیدا
تۆوی زەردەخەنەی منداڵی بچێنین
یان جەستەی شەرمی تێدا بنێژین
هەر چۆنێک بێت
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
وێنەی شێتییەکانی خۆم و
هەنگاوەکانی سەفەری تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
سیسبوونی گوڵەکانی عەشق و
رژانی شەرابی پەشیمانی تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
خنکانی ماسییە پەمەییەکانی ئومێد و
گیانەڵای شەپۆلەکانی حوزنی تێدا ببینم
هەر چۆنێک بێت
پاڵتۆیەکم نییە چەرمەکەی بیرچوونەوە بێت
تاکو چۆلەکەی تەزیوی بیرەوەریی و
لەشی سەرمابردەی چاوەڕوانی
تێدا گەرم گەرم بکەمەوە
هەر چۆنێک بێت
فانۆسێکم نییە، فانۆسێکی رووخۆش
تا بەر پێی گومانی پێ رووناک بکەمەوە و
لە ژێر پرتە پرتی چاویدا
چنگ لە عەرشی شەوی غەریبی گیر بکەم و
بیخەمە ژێر پێی سپێدەی نیشتمانەوە
هەر چۆنێک بێت
گۆچانێکم نییە، نا گۆچانم نییە
بیکەمە عەساکەی موسا و
“نیل”ی تەمومژی ژیانی پێ شەق بکەم
یان بۆ ئەوەی بەسەر پردی خەیاڵ
تا ئەوبەری دڵنیایی پێی بپەڕمەوە
هەر چۆنێک بێت
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو رۆمانی هەوری پێ بخوێنمەوە و
لە لاپەڕە تەڕەکانیدا بارانێک بناسمەوە
کە بەر لە هەزاران ساڵ بەسەر
باڵای باڵندەی سەفەردا باریوە
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو قەسیدەیەکی زامداری پێ بخوێنمەوە و
لە دێڕەکانیدا گریانێک بدۆزمەوە
منداڵی بلاوێنێتەوە و ماچی گۆنای ئێستا بکا
هەر چۆنێک بێت
کەنارێکی پڕ لە گۆرانیم نییە
تا کەشتییەکانی غوربەت قورگیان پڕ بکەن
لە میلۆدی گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
یان ببێتە لاوکی ئەو موسافیرانەی
نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە
و بە دوای بەهەشتی مەنفادا رۆشتن
بەڵام پێیان خزایە دۆزەخی تەنهاییەوە
کە ئێستا سروودی دەربەدەریی
بە گوێی ئەو باڵندانەدا دەچرپێنن
سەفەریان رووەو گەرمەسێری وەتەنە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە وەک باران تەڕ
سەربردەی پیاوێک بنووسێتەوە
لە مێژە لافاوی ئەوین بردوویەتی و
خۆی بە لکی شیعرەوە گرتۆتەوە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە سەوز وەک بەهار
مێژووی زەردهەڵگەڕانی هەقیقەت و
وشکبوونی گەڵای خەیاڵ بنووسێتەوە
یان لەسەر دەفتەری مانگەشەو
وێنەی ئەو پرسیارە گوناهانە بکێشێ
ماسییەک لە کاتی سەرهەڵگرتندا
لە کەناراوەکانی دەکات
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە، سەوز وەک چاوم
لەسەر بەرگی ژیان پێی بنووسم
تۆ چەند دڵڕەق بوویت لەگەڵم
لەناو گریاندا نیشتەجێت کردم و
رێت لە فڕینی کوندەپەپووی ئازارکانم گرت
لێ نەگەڕایت
تۆزێک تامی مرەبای گەنجی بکەم
ئەوەتانێ بەدیار خۆمەوە پیر بووم
هەر چۆنێک بێت
ئەو دەمەی دەبوو ببمە باران
خودا کردمی بە بیابان
ئەو دەمەی دەبوو ببمە دەریا
لە حەوزی نەفرەتدا خنکام
ئەو دەمەی دەبوو بیر لە عەشق بکەمەوە
ئازار بیری لێ ئەکردمەوە
ئەو دەمەی دەبوو بە ئازادیی بفڕم
کاسەی سەرم لە ناکاو بوو بە زیندان
هەر چۆنێک بێت
تەمەنی خۆمم لە نێو شیعردا دۆزییەوە
فرمێسکەکانی خۆمم لە چاوی یاردا بینی
کە ببوونە ئۆقیانووسێک لە بیرەوەریی
تەرمی خۆمم لە گۆڕستانی عەشق ناسییەوە
ئەوسا تێگەیشتم عەشق یوسفێکە
هەزاران ساڵە گورگی درۆ خواردوویەتی
هەر چۆنێک بێت
عەشق نەیکووشتم
و بە دیار خۆمەوە پیر بووم

—————-

“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”
سێپتامبەری 2018




هەموو شتێک پەستم دەکا.. شەماڵ بارەوانی

هەموو شتێک پەستم دەکا
هاژەی رووبار
و
شەپۆلی دەریا

ڕەهێڵەی باران
و
بێدەنگی با

هەموو شتێک پەستم دەکا

وەرزی پایز و
دیمەنی بەهار

گۆمی مەنگ و
تاڤگەی سازگار

چون بۆ لادێ و
مانەوە لەشار

هەمووشتێک پەستم دەکا

قوڵپی گریان
و
بزەو پێکەنین

باخ و سەوزایی
و
گەڵا هەڵوەرین

هەموو شتێک پەستم دەکات

چرپەی هەناسەو
لێدانی دڵ

ژاکانی هەڵاڵەو
و
شکۆفەی گوڵ

گمەی کۆتر
و
نەغمەی بولبول

هەموو شتێک پەستم دەکا

دووکەڵ و ئاگر
پشکۆ و خەڵوز

جریوەی ئەستێرە
و
زریان و باهۆز
هەموو شتێک پەستم دەکا

دیلی و ئازادی
بێداری و خەو

جەنگ و ئاشتی
ڕۆژ و شەو
هەموو شتێک پەستم دەکا

تەنها ئامێزی تۆ
نەبێت
کە دڵ خۆش و مەستم دەکا




شـۆسـتە.. فازیل شــەوڕۆ

منداڵەکەم لەباوەش دەکەم و
جێپێی هەنگاوەکانم
بە کۆڵی خۆم دادەدەم
نامەوێ شۆستەکان،
نیشتمانی ڕەشوڕووتان،
داگیرکەم و
خاکەکەیان بەرتەنگ بکەم.

زەنبیلێک گوڵەباخی سپی و
گوڵەباخی پەمەیی و
گوڵەباخی زیووینی
لەسەر شۆستە دانابوو
مانگی گوڵفرۆش
کاتێ بینی
ژنە ڕەشپۆشێکی لیفکەفرۆش
بەدوای بستە زەوییەکدا چاودەگێڕێ
مانگ باڵی گرت
بە زەنبیلە گوڵە و
چووە تۆقەڵەی ئاسمان،
وای کە بەخشندیە
مانگی گوڵفرۆش.

دارتووەکەی
کەنار جادە
خۆی بۆ لای شۆستەکە لارکردووەتەوە
بەڵکو پیرەمێردە
قاچبڕاوەکەی
کارتی مۆبایل دەفرۆشێ
کاوە کاوە
بێتە لای و پاڵێکی پێبدا و
نەختێ بیحەسێنێتەوە.

لەو سەری شەقامەکەوە
ڕەشەبایە بەهێزەکە
وەکو پەیکەر
لە جێی خۆی ڕاوەستا
کاتی بینی
شانبەکۆڵێکی ڕەقەڵە
بە بارێکی دوو بەقەد
کۆڵبەرانی نێو بەفری سەر سنووری
بە هانکە هانک
شۆستە دەبڕێ و
جۆگەڵەی ئارەقەی شین
بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ.

بە چاوی خۆم بینیم
پەرەسێلکەیەک
هات و
لچکی دەسماڵە نووشتاوەکەی سەر زەووی
بۆ ئەو مامۆستا خانەنشینە
ڕێکخستەوە
کە چین چین
تەزبیحی قەزووانی
لەسەر ڕاخستبوو.

وەک عاشقی ئەو دەرگایە بێ
لەسبەینەی سارحانەوە
لەسەر چینچنکان
بەرانبەری دادەنیشێ و
پاکەتێک بنێشتی ئەبوو سەهەم
بە دەستەوە دەگرێ
ئەو ژنە
تا ئێوارە
هەردوو چاوی
هەر لەسەر پێڵاوی پیادەکانە
هەرگیز چاوێک هەڵنابڕێ
تەنانەت
بۆ ئاسمانیش
تەنانەت
بۆ خوداش
چونکێ
دڵی بەوە خۆشە
ئەو لەبەر دەرگای ماڵی خودا
دانیشتووە.

کچە ڕەشتاڵەیەکی
چاوڕەشی
بڕۆ ڕەشی
ژیکەڵە
منداڵیکی ساوای لە سەر کۆشە و
لە چەقی شۆستەکەدا دانیشتووە
سەری
وەک بەندۆلی سەعات
دێت و دەچێ
نە خەندەیەک
نە نیزایەک
نە قسەیەک
تەنها چاوی
وەکو بەندۆلی سەعات
لە گەڵ هەنگاوی
خەڵکەکەدا
دێت و دەچێ.

منالێکی شەش حەوت ساڵان
پیرێژنێکی
سواڵکەری
بە شوستەکەدا دەگەڕاند
دەستگێڕێکی پاکەتفرۆش
لەبەر خۆیەوە
دەیگوت:
داپیرە.. بڕۆ بەردەگای باڕەکان
بڕۆ بەردەرگای مۆڵەکان
بڕۆ بەردەرگای زۆڵەکان
ئاخر شۆستە بۆخۆی
سواڵکەرە… سواڵکەر.

گوڵێکی سووری لە نێو نایلۆنێکی شەفاف
وەرپێچاوە و
سەری خۆی داخستووە و
لەبن دینگەیەک
وەک دینگەکە ڕاوستاوە
لاوە، بۆخۆی گوڵە
چاوی گوڵە
ڕەنگی گوڵە
پەنجەی گوڵە
کە لەسەر سەکۆی شەربەتفرؤشەکەوە
شاعیرانە چاوێکم لێکرد
شەربەتفرۆش گوتی:
ناهەقی مەگرە
دەرچووی کۆلێژی نەوتە
ئەو کیژەی حەوت ساڵ خۆشیویست
ئێستاکە
وا لە هەندەرانە
ئەو بەو گوڵە سوورەوە هەموو ڕۆژێ
لێروکانە
چاوەڕوانە.

گەنجێک
لەسەر ئەو شۆستەدا
بە قەد باڵای بەرزی خۆی
چاوێلکەی جوان جوانی تازەباوی
نمایشکردووە
ئاوێنەیەکی
بۆ چاوێلکەکڕان
هەڵواسیوە
کە کڕیارێک
لە ئاوێنەکدا
سەیری ڕوخساری خۆی دەکا
ئەو خێرا دەچێ
ڕووی ئاوێنەکە لە زەووی دەکا
دەڵێ
بێزارم لە ڕوخساری گەنجی خۆم
نامەوەێ
شێوەی شێواو و
تەمەنی سووتاو خۆم
ببینم.

شارەڤانی نیشتیمانەکەم
تکایە شۆستەکان
پانتر بکەن
ڕێکتر بکەن
زۆرتر بکەن
وا کاروانی گەنجانی ئایندە
قەتار قەتار
وەکو پۆلە کۆتر
وەکو کڵۆ بەفر
بەرە ئێرە
ئوغردەکەن.

شارەڤانی وەڵاتەکەم
تکایە… تکایە…
شەقامەکانیش
بکەن بەشۆستە
ئاخر ئیمڕۆ
منداڵانی گەرەکی خانووە قوڕەکان
نانیان
لە گەرووی شۆستەیە.
١٠/٢/٢٠٢٢ا

ئەمن
منداڵەکەم لەباوەش دەکەم و
جێپێی هەنگاوەکانم
بە کۆڵی خۆم دادەدەم
نامەوێ شۆستەکان،
نیشتمانی ڕەشوڕووتان،
داگیرکەم و
خاکەکەیان بەرتەنگ بکەم.




بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی.. ئامادەکردن و وەرگێڕان: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

سەرەتا و سەرهەڵدان

قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکسی مەسیحییەت کە لەلایەن کڵێسا و قەشەکانەوە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و جیهانی دەرەوەی ئەوروپا بەڕێوە دەبران، لە کارنامەی خۆیاندا جگە لە وانەکانی ئەخلاق لەگۆشەنیگای ئایینەوە، منداڵانیان فێری هەندێک نووسین و خوێندنەوە و ماتماتیکیش دەکرد. وەک وەڵامێک بەو کەموکوڕییە بەرچاوەی کە قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکس هەیانبوو و هەروەها وەک زەمینەی مەشقپێکردنی منداڵانی سۆشیالیستەکان و پێویستی ڕێکخستن و نیشاندانی سیستماتیکانە لە تێڕوانین و دیدگای سۆشیالیزم بۆ فێربوونی بیرۆکە و بنەماکانی پەروەردەی سۆشیالیزم بۆ منداڵانی سۆشیالیستەکان، ئەم بزووتنەوەیە چینایەتییە هاتە ئاراوە. سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، شانشینی یەکگرتوو، شاهیدی لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی گرنگ بەڵام نەناسراو بوو لە مێژووی چینی کرێکاری بەریتانیا، ئەویش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانەیە کە تایبەت بوو بە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت لە دەیەی سییەکان قوتابخانەی یەکشەممانی مەسیحییەت کۆمەڵێ دەرفەتی دەستەبەر کرد بۆ وتنەوەی وانە بە منداڵانی خێزانە کرێکارەکان. بیرۆکەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی لەسەر دەستی هەڵسوڕاوە شارتییەکان(٢) ڕۆبەرت ئۆون، ماری گرەی، کە ئەندامانی فیدراسیۆنی سۆشیال دیموکرات(١) بوون لە باترسی لە لەندەن، هاتە دامەزراندن، کە سەرەتا تەنها بۆ وانە وتنەوە بوو بە منداڵانی کرێکارانی مانگرتووی بەندەر لە بەشی ئیست ئێند، لە لەندەن. (٣)

بەوپێیەی پەروەردەی ئەخلاقی ئاینیی بەهۆی ڕەگی مێژوویی ئایینی مەسیحییەت بنجی داکووتابوو، بزووتنەوەی  قوتابخانەی یەکشەممان لەبری وتنەوەی بەهاکانی ئایینی مەسیحییەت، کەوتە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. ئەم بزووتنەوەیە لەتێڕوانینەکانیدا خەسڵەتێکی نێونەتەوەیی و تەنانەت دژ بە جەنگیشی هەبوو. هەروەها بەپێچەوانەی قوتابخانە ئاساییەکانی تری زمانی ئینگلیزی، قوتابخانەکانی ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵە منداڵان بە چ زمانێک دەدوان، هەر بەو زمانەش وانەیان تیادا دەوترایەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئەتنیکی و ئایینی، پێشوازی لە هەموو منداڵێک دەکرا. لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا وەکچۆن فیدراسیۆنی سۆشیالیستە فینلاندییەکان و هەنگارییەکان و ئۆکرانییەکان و لیتوانییەکان هەبوون، ئاواش لە قوتابخانەی یەکشەممان منداڵەکانیان بەزمانەکانی فینلەندی و هەنگاری و ئۆکرانی و لیتوانی وانەکانی سۆشیالیزمیان بەو زمانە زگماکەی خۆیان دەخوێند. (٤)منداڵانی کرێکارە سۆشیالیستەکانی نێو ئەو قوتابخانانە بە یاخیبووە دڵسۆزەکان، کچان و کوڕانی ئاڵای سوور، شۆڕشگێڕە بچکۆلەکان، شۆڕشگێرانی دواڕۆژ، سۆشیالیستە بچووکەکان، یاخیبووە سوورەکان، هاوڕێیانی نێو قوومات، ناو زەد دەکرد و ئەمانە ئەو ناوانە بوون کە لەو منداڵانە نرابوون. مایکڵ جەیمس لەڕانانی کتێبە بەبەها و مێژووییەکەی پرۆفیسۆر کینیت تەیتەلبامدا دەڵێت ” مێژوونووس و مامۆستا بۆرژوازییەکان ڕەنگە هەرگیز هیچ شتێکیان لەسەر ئەم هەوڵە پەروەردەییەی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی نەبیستبێت، بەڵام ئەو دێت چیرۆکی پێداگری ئەو سۆشیالیستە خۆشەویست و خاوەن ویژدانانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەیانوسیت منداڵەکانیان لە ئایدیۆلۆجی سەرمایەداری ڕزگار بکەن.” (٥) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە فەلسەفەی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، چینایەتی و دژە سەرمایەدارییە. هەرچەندە ڕابەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەیانویست لانی کەم لەڕێی پەروەردەیەکی سۆشیالیستانەوە دواڕۆژێکی ڕووناک دەستەبەر بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو بزووتنەوەیە لەو جەوهەرە گرنگەی سۆشیالیزمی زانستی بێئاگا بوو کە مارکس و ئەنگڵس هەر لەو سەردەمە خەریکی داڕشتنی بناغەکەی بوون. مارکس و ئەنگڵس هەردووک پێیانوابوو کە ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی نێو گۆمەڵگە چینایەتین و لەنێو بردنی چەوسانەوە و ستەمی بۆرژوازی تەنها و تەنها لەڕێگەی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی چینی کرێکارەوە مەیسەر دەبێت.

بنەماکان یان مانیفێست

مانیفێستی ئەم بزووتنەوە سۆشیالیستییە بریتییە لە دە خاڵ یان دە ئامۆژگاری کە وەک بنەمایەکی فێربوون ئێشی لەسەر کراوە. ئامۆژگارییە سۆشیالیستییەکان ئەمانەن :

١-هاوڕێیانی قوتابخانەکەت خۆش بوێت، چونکە دواتر ئەو هاوڕێیانە دەبنە هاوکارت لە ژیان.

٢-حەز بە فێربوون بکە، چونکە فێربوون خواردنی عەقڵە. سوپاسگوزاری مامۆستاکەت بکە وەک سوپاسگوزاری دایک و باوکت دەکەی.

٣-هەموو ڕۆژێکت بە ئەنجامدانی کرداری باش و کاری بەسوود، پیرۆز بکە.

٤-ڕێز لە پیاوچاکان بگرە، خۆش گوفتار بە لەگەڵ هەموو خەڵک و ملکەچی هیچ کەس مەبە.

٥-نە ڕقت لە کەس بێتەوە و نە زمانی خراپەکاری بەکار مەهێنە. تۆڵە لە کەس مەکەرەوە. بەرگری لە مافەکانت بکە و دژ بە ستەم بوەستەوە.

٦-ترسنۆک مەبە. هاوڕێی مرۆڤە بێتواناکان بە و دادپەروەریت خۆش بوێت.

٧-بیرت نەچێت هەموو شتێکی باش لەم سەر زەوییە بەرهەمی کارکردنە. کێ خۆشی لەو شتە باشانە ببینێت بێئەوەی کاری تیایاندا کردبێت؛ ئەوە پارووی کرێکاران دەدزێت.

٨-چاودێر بە و بیر لە دۆزینەوەی ڕاستی بکەرەوە. بڕوا بە هیچ شتێ مەکە کە پێچەوانەی ژیری بێت؛ نە خۆت و نە کەسی تریش فریو مەدە.

٩-پێتوانەبێت ئەوەی نیشتمانەکەی خۆی خۆش بوێت، دەبێت ڕقی لە میللەتانی تر ببێتەوە، یان ئاواتەخوازی جەنگ بێت، کە خودی جەنگ بریتییە لە پاشماوەکانی هەمەجییەت.

١٠-ئومێدی ئەو ڕۆژە بخوازە کە تەواوی ژنان و پیاوان هاونێشتمانی ئازادی یەک سەرزەمین بن و هەموو پێکەوە وکو خوشک و برا ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و پرشنگدار بژێن.(٦)

ئەم ئامۆژگارییانە، یان بنەمایانەی کە وەک مانیفێستۆی ئەم بزووتنەوەیە ڕاگەیەنراوە، جگ لە لایەنە پەروەردەییەکەی کە دوورە لە هەر جۆرە تێروانینێکی نا ئینسانیی، لایەنێکی سۆسیۆلۆجیشی لەخۆ گرتووە کە منداڵان هەستی متمانەکردن بەخۆیان لا بەهێز دەبێت و کەسایەتییەکی بەتوانایان لێ بەرهەم دێنێت تا بتوانن لەدواڕۆژدا بەرپرسیارێتی ئاڵوگۆڕی مێژوویی گەورە لەئەستۆ بگرن. لێرەش نابێت ئەوە ڕەخنە نازانستی و دژە مارکسیستییە نادیدە بگرین کەپێیوایە منداڵانی کەمتر لە هەژدە ساڵ  نابێت بەهیج جۆرێک دەرگیری هیچ ئایدیۆلۆژییەک ببن و دەبێت خەریکی سەرگەرمی جیهانی منداڵانەی خۆیان بن. چونکە ئەم تێڕوانینە کۆنەپەرستە دەزانێت فەرهەنگی دژە ئینسانی بۆرژوازی چۆن گاریگەری لەسەر منداڵان و بیرکردنەوەی منداڵان دادەنێت، ئاواش دەیانەوێت بەو پاساوە ڕێگری لە سۆشیالیستەکان بکەن و نەهێڵن منداڵان بە ئایدیا و باوەڕی ئینسانییانە و پێشکەوتووخوازانە پەروەردە بکەن.

بەنێونەتەوەیی بوون

ئەگەر لە سەرەتادا ماری گرەی کاتێک دەستی بەم بزووتنەوەیە کرد تەنها منداڵێکی خۆی و منداڵێکی تری وەکو خوێندکار هەبوون. بەڵام دوای نزیک بە بیست ساڵ، ١٢٠ قوتابخانە لە بیست وڵاتدا دەستبەکار بووبوون. پێبەپێێ گەشە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە منداڵان؛ دایکان و باوکانیش دەستیان کرد بە چوون بۆ ئەو قوتابخانەیە بۆ فێربوونی بنەماکانی سۆشیالیزم. لە ساڵی ١٩٢١ ژمارەی بەشداربووی ئەم قوتابخانانە گەیشتە دوانزە هەزار و پێنجسەد کەس کە بەسەر نەوەد و شەش قوتابخانە بەپانتایی سکۆتڵاند و باکووری بەریتانیا و لەندەن. لە ئەمریکاش یەکەمین قوتابخانە لە یەکی ئازاری ساڵی ١٨٨٠ لە نیویۆرک هاتە دامەزراندن و ٣٠ خوێندکاری هەبوو. پاشان ویلایەتەکانی شیکاگۆ و فلادیلفیاشی گرتەوە. ساڵی ١٨٨٨ شەش مامۆستا و نزیک بە ١٥٠ قوتابی چوونە قوتابخانە سۆشیالیستەکان. حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی پشتیوانییەکی گەورەی ئەم بزووتنەوەی بوو و لە ماوەی بیست ساڵدا نزیک بە ١٠٠ قوتابخانەی لە ٦٤ شاری ٢٠ ویلایەت دامەزراند.(٧) نابێت ئەوە بە هەڵە بزانین کە تەواوی چالاکییەکانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەریتانی، کاریگەری گەورەی هەبوو بەسەر بزووتنەوەکە لە ئەمریکا و تەنانەت بڵاوکراوە و ئەزموونەکانی هەڵسوڕاوانی بەریتانی لەلایەن هەڵسوڕاوانی ئەمریکاوە لەبەرچاو دەگیران. کرێکارانی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی ئەمریکی گەشتی بەریتانیایان دەکرد و چاودێری چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوە پەرسەندووەیان دەکرد و لەگەڕانەوەیاندا بۆ ئەمریکا؛ ئەنجامگیرییەکانیان دەخستە ڕوو.(٨)

ئەم بزووتنەوە چینایەتییە گەلێ ئەدیب و نووسەری پێوە پەیوەستبوون وەک ڕابینترانەت تاگوور، ئۆسکار وایەڵد، نیکۆڵای گۆگۆڵ و ئەبتۆن سینکلەیر. (٩) لەدەرەوەی بەریتانیا و ئەمریکاش ئەم بزووتنەوەیە پەرەی سەند و فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی. بزووتنەوەی کرێکاری لە وڵاتەکانی ئوسترالیا و کەنەدا و نیوزیڵەند و هەنگاریا و بولگاریا و سویسراش توانیان دەرگاکانی خەباتی خۆیان لەسەر ئەم ئەزموونە گرنگ و مێژووییە بکەنەوە و سوودی لێ ببینن.

ئاستەنگەکان و دژەکردار

لەگەڵ بەرپاکردنی ئەم بزووتنەوە مەزنە چینایەتییە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کۆمەڵێ ئاستەنگدا بەرەو ڕوو بۆوە؛ کە گرنگترینیان ئەمانەن:

یەک: کەمی کەلوپەلی خوێندن و وانە وتنەوە. ئەمەش هەر لە دابین کردنی جێگای گونجاو تا پەڕاو و کتێب و تەختەڕەش و پێنووس و .. تاد دەگرێتەوە کە کاریگەری نێگەتیڤی هەبوو بەسەر تەواوی پرۆسەی بزووتنەوەکە.

دوو: دەستکورتی و نەبوونی بودجەی تایبەت و دارایی شایستە تا ئەو بزووتنەوەیە بتوانێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

سێ: نەبوونی مامۆستای پێویست. ئەوانەی هەبوون زۆربەیان ژنانی خۆبەخش بوون و ئەوانیش شەش ڕۆژ لە قوتابخانەی ئاسایی وانەیان دەوتەوە و تەنها یەک ڕۆژیان لە هەفتە هەبوو وانەکانی سۆشیالیزم لە یەکشەممان بڵێنەوە و کات لەگەڵ خانەوادەکانیان بەسەر بەرن.

چوار: میتۆدەی بەرنامەڕێژی کاری بزووتنەوەکە ئەوە بوو کە دەبوایە سەرجەم مامۆستاکان لە شوێنێک کۆببنەوە تا پرۆگرامی خوێندنی وانەی داهاتوو ئامادە بکەن. ئەمەش ماندوبوونێکی زۆر و کاتێکی زۆری دەویست و کەشێکی تاقەتپروکێنی بۆ مامۆستاکان دروست کردبوو.

پێنج : وەکچۆن مارکس و سۆشیالیزم هێرشیان کراوەتە سەر، ئاواش ئەم قوتابخانانە کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی. ساڵی ١٩٠٨ زە نیۆیۆرک تایمز؛ سکاڵای لەسەر قوتابخانەی بۆرۆ پارک تۆمار کرد بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەو قوتابخانەیە ڕق و کینەی چینایەتی بڵاو دەکاتەوە.

شەش: پۆلیس وەک پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە، تەواوی خاوەن باڵەخانەکانی شارەکانی ئاگادار کردبۆوە کە باڵەخانەکانیان بە قوتابخانەکان نەدەن بەکرێ.

حەوت: لەنێو حیزبی سۆشیالیستیشدا ڕەخنەگرانێک پەیدا بوون و دەیانوت مارکس و ئەنگڵس پشتیوانی ئەو قوتابخانانەیان نەکردووە و ئەم بزووتنەوەیە زیاتر سۆزدارییە بۆ سۆشیالیزم و بزووتنەوەیەکی لاوازە.

هەشت: جەنگی جیهانی یەکەم و ململانێ ناوخۆییەکانی پەیوەست بەو جەنگە ماڵوێرانکەرە، زەربەیەکی گەورەی لە بزووتنەوەی قوتابخانەکانی یەکشەممانی سۆشیالیستی دا. دەسەڵاتدارانی سەرمایە ژمارەیەکی زۆری هەڵسوڕاوان و مامۆستایانی سۆشیالیستی خستە کونجی تاریکی زیندانەکان، یانیش ناچار بە خۆشاردنەوە کران.

نۆ: لەهەمووی ناخۆشتریش سەرباری بەرگریکردن و جەسارەت نواندنی هەڵسوڕاو و مامۆستا سۆشیالیستەکان، بەڵام لە خۆپیشاندان و نمایشەکاندا کەوتنە بەر لێدان و پەلاماری دەسەڵات و ئازاردانی جەستەیی.

ئیتر بەوجۆرە بۆرژوزی تەقەللای زۆریدا تا پاشەکشە بەو بزووتنەوە چینایەتییە بکات و لەم هەوڵەیدا توانی سەرکەوتنێکی تری مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات ئەویش بەهۆی ناڕێکخراوبوون و دووربوونی چینی کرێکار لە سۆشیالیزم و مارکسیزم. جێی خۆیەتی لێرەدا دوا قسەی قوتابییەکی قوتابخانەی یەکشەممانی برۆکلین لە شاری نیویۆرک بخەینە بەرچاو کە بە باشترین شێوە گوزارشت لە جیاوازی نێوان بەهاکانی خوێندن لە هەرتک قوتابخانە ئاسایی و سۆشیالیستیەکاندا دەکات.” قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی گەلێ شتی فێر کردم کە هەرگیز لە قوتابخانەی گشتیدا فێریان نەدەبووم. فێربووم هەستی دروستم بەرامبەر بە هاوڕێکانم هەبێت. ئەگەر سۆشیالیزم مانای هەستکردن بە خۆشەویستی بێت بەرامبەر سەرجەم مرۆڤایەتی و ئارەزووی ئەوە بێت یارمەتی مرۆڤە دڵتەنگەکان بدەیت،بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک تا لە داهاتوودا ئاسوودە و بەختیار بژێن، کەواتە من کەسێکی سۆشیالیستم.”(١٠)

ئەنجام

ئێستا دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر ئەم بزووتنەوەیە، ئەمڕۆ قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەڵگەیەکە لەسەر بەرفراوانبونی بزووتنەوەی چینی کرێکار و ڕۆڵی سەرەکی چەپ و سۆشیالیستەکانە لە ژیانی کۆمەڵگەی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم قوتابخانەیە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕوون و ئاشکرا بوو؛ بۆ ئەخلاقی سۆشیالیستی و پەیوەندی نێوان ڕێکخراوی سیاسی و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە. ئەم بزووتنەوەیە سەرەتا گەرچی لە شارێک و لە تەنها دوو خوێندکارەوە دەستی پێکرد، بەڵام دواتر تەشەنەی کرد و زۆربەی شار و وڵاتە جیاجیاکانی گرتەوە و بوو بە بزووتنەوەیەکی بەهێز و تەنانەت سیاسی گرنگیش لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکارانی جیهان. بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەشێک بوو لە فەرهەنگی رادیکاڵی پەرەسەندوو کە جگە لەم بزووتنەوەیە، چەندین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و یانە و کۆڕ و فیستیڤاڵ و نمایشی لەخۆ دەگرت. لەگەڵ پەرەسەندی زیاتری ئەم بزووتنەوەیە و هەروەها سەرباری بوونی چەندین ئاستەنگ و کێشەی تەکنیکی و دارایی، سەرمایەداران ترسیان لێنیشت و کەوتنە هێرش و سەرکوتی ئەم بزووتنەوەیە و سەرەنجام پاشەکشەیان بەو بزووتنەوەیە چینایەتییەی کرێکاران کرد.

——————————————-

ژێدەر و سەرچاوەکان

 (١)شارتییەکان بزووتنەوەیەکی چینی کرێکار بوو ساڵی ١٨٣٦ سەریهەڵدا و لەنێوان ساڵانی ١٨٣٨ تا ١٨٤٨ زۆر چالاک بوو. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانی چینی کرێکار و ئۆتۆریتەی ئەو چینە بوو. شارتییەکان ناوی خۆیان لە پەیماننامەی خەڵکەوە وەرگرتووە و کە هەر شەش ئامانجە سەرەکییەکەی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە.

(٢)فیدراسیۆنی شۆسیال دیموکرات، یەکەمین حیزبی سیاسی سۆشیالیستییە لە بەریتانیا کە لە لایەن ه. م. هایندمان ەوە دامەزراوە و یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨١ بەست و ئەوانەی پەیوەستبوون بەو حیزبە بریتیبوون لە ولیەم مۆریس، جۆرج لانسبێری، جەیمس کۆنۆڵی و ئیلیانۆر مارکس. بەڵام فریدریک ئەنجلس ڕەتی کردەوە پشتیوانی ئەم پرۆژەیەی هایندمان بکات.

(٣)مانگرتنی چەند هەزار کرێکاری بەندەر لە لەندەن لە هاوینی ساڵی ١٨٨٩ دەستی پێکرد لە ئەنجامی داخوازی کرێکاران بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن و زیاد کردنی هەقدەست. هەرچەند ئەوکات تەنها ٥% سەدا پێنجی کرێکاران لە یەکێتییە کرێکارییەکان ڕێکخرا بوون، بێن تیڵێتی ڕابەر و هەڵسوڕاوی کرێکاریی توانی هەریەک لە جان بێرنس و ویڵ تۆرن و ئیلیانۆر مارکس و هایندمان و جەیمس هاردی و هێنری شامپەین بهێنێتە پشت ئەم مانگرتنە و بڵاوکراوەیەکی فەرمی یان نیمچە فەرمیش بەناوی زە لەیبر ئیلێکتەر وەک زمانحاڵی کۆمیتەی مانگرتن، بڵاو بکەنەوە.سەرەتا ٥٠٠ کرێکار ڕێپیواناین دەستپێکرد و دوایی پەرەی سەند بۆ بەندەرەکانی تر و بوون بە ٣٠٠٠ مانگرتوو. یەکێتییە کرێکارییەکانی ئوستراڵیا ٣٠٠٠ سی هەزار دۆلاریان نارد بۆ پاڵپشتی مانگرتنەکە و ئەمەش بوو بە هێز و گوڕێکی بەتین. دوای پێنج هەفتە مانگرتنەکە بە سەرکەوتن گەیشت و سەرجەم داخوازییەکانی کرێکاران بەدیهات. ئەم سەرکەوتنە بوو بە هەوێنی ئەوەی کە کرێکارانی بەریتانیا ڕوو لە ڕێکخراوبوون بکەن.

4&6&8-https://en.wikipedia.org/wiki/Socialist_Sunday_School

5&7&10-https://againstthecurrent.org/atc071/p1985/

9-https://www.currentaffairs.org/2020/08/the-past-and-future-of-the-socialist-sunday-school




كه‌ خه‌ون ده‌بێته‌ وێنه‌،كه‌ خه‌ون ده‌بێته‌شیعر.. ئه‌دیب نادر

هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر وێستگه‌یه‌كی تری ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

*شیعر وخه‌ون
ئه‌زموونی هه‌موو شاعیرێك بێچه‌ند و چوون خه‌ون گه‌مارۆی ده‌دات، وێڕای ئه‌وه‌یش هه‌موو شیعرێك تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ خه‌وندا ڕۆنه‌چووه‌ تاكو خوێنه‌ر وا هه‌ست بكات خه‌وتوویه‌كه‌ و له‌بریی خوێندنه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینێ، خه‌ونی به‌ پیت و فه‌ڕ ده‌بینێ‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانێكی پڕ چالاكی و كامڵه‌، ژیانێك كه‌ تژییه‌ له‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی هه‌ڵكردن، ژیانێك (بێده‌نگیی ده‌هێنێته‌ ده‌نگ) و هێنده‌ ڕاسته‌قینه‌ و به‌رهه‌سته‌ (حه‌كایه‌تی مردن) له‌ تانوپۆیدا كه‌مێك له‌ حه‌كایه‌تی”ژیان درێژ تره‌”. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ شیعر به‌ سروشت وه‌كو خه‌ون له‌ دوو ناواخن پێكهاتووه‌، یه‌كێكیان دیاره‌، ئه‌وی دیشیان نادیار، ناواخنه‌ دیاره‌كه‌ ساختومان و په‌یكه‌ره‌ی شیعره‌كه‌یه‌ كه‌ وشه‌ هه‌ڵی ده‌چنێت، یانی واقیعه‌ ده‌ره‌كییه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ناواخنه‌ نادیاره‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ نییه‌، به‌ڵكو وێنه‌ و ئیماژ و سیمبوڵا ده‌یڕسكێنن، له‌ ڕێگای ئه‌مانه‌وه‌یه‌ په‌ی پێ ده‌برێت كه‌ وشه‌كان له‌ واقیعی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌یقۆزنه‌وه‌ و دنیایه‌كی نابه‌رجه‌سته‌، وه‌لێ‌ دركێنراوی پێ ئافه‌ریده‌ ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ شیعر، هه‌روه‌كو كۆڵیریج ده‌ڵێت پێویسته‌ بابه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌بێت و پێك هاتبێت له‌ دیار و نادیار، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سۆزدارانه‌ درك پێبكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی سێنتیمێنتاڵانه‌یش پێش بكه‌وێت و یه‌كێك له‌ كارفرماكانی ئه‌وه‌ بێت كه‌ واقیعی ده‌ره‌كیمان له‌به‌رچاودا ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات. بێگومان، مادامه‌كی شیعری جیددی به‌ دوو ڕه‌هه‌ند مه‌حكوومه‌، با بزانین داخۆ مانای خۆی له‌ كوێ‌ هه‌ڵده‌گوێزێته‌وه‌ و چۆن ته‌ماشای گێتی ده‌كات و هاوكات چۆن ده‌بێته‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو لێی؟ له‌و جوانییانه‌ی كه‌ دایان ده‌هێنێت و به‌ پێی ولیه‌م ڕای به‌ به‌هاگه‌لێكی گرینگ بارگاوییه‌ و له‌و سه‌رسووڕمانه‌ دانسقانه‌ی كه‌ ده‌یانبه‌خشێت و له‌و وێنانه‌ی كه‌ ده‌ستكاری سروشت ده‌كه‌ن و به‌ شانازی و فیزه‌وه‌ تێیده‌په‌ڕێنن و له‌و گوزارشتانه‌یشه‌وه‌ كه‌ په‌رده‌ له‌ ڕووی خه‌م و په‌ژاره‌و كۆڤانه‌ مرۆییه‌كان هه‌ڵده‌ماڵن ونه‌مرییان پێده‌به‌خشن،یان له‌و ورده‌خۆشیی و ئۆخژنانه‌ی كه‌ قووڵاییه‌كانی بنیاده‌میان لێ پڕاوپڕ ده‌بێت؟ چی له‌و شتانه‌ دێت كه‌ شیعر ده‌بێته‌ جیهانیان، بێگومان بابه‌ته‌كان و ئه‌زموونه‌كان هه‌ر به‌ ته‌نیا نابنه‌ تۆپۆگرافیایه‌ك له‌ كاغه‌ز، تۆپۆگرافیایه‌ك له‌ زمان و خه‌یاڵا و هه‌ست و سۆزه‌كان، به‌ڵكو ده‌بنه‌ هزر، ده‌بنه‌ شتی به‌رهه‌ست وبۆن ده‌كرێن، ده‌ستیان لێ ده‌درێت و هه‌ستیان پێده‌كرێت، ده‌بینرێن و چێژ و له‌زه‌تیان لێده‌كرێت.جا ئا لێره‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر مانا به‌ جیهان ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش به‌ ده‌رخستنی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی كه‌ هه‌ن و پێشتر دركمان پێنه‌كردوون. به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ كه‌ به‌بێ‌ په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان ئه‌و جیهانه‌ ونده‌بێت، جیهانێكی ونیش خودانی مانا نییه‌. شیعر پێویسته‌ وه‌كو بنیاتنانی ئه‌و دنیایه‌ وابێت كه‌ مرۆڤ – خوێنه‌ر له‌ ناكاو ده‌كه‌وێته‌ ناوی و هه‌موو شتێك بۆی ڕمۆكه‌، پێشتر نه‌دیتراوه‌، حه‌په‌سێنه‌ر و داكاسێنه‌ره‌، وه‌لێ‌ داخۆ هه‌موو شاعیرێك ده‌كارێت ئه‌و دنیایه‌ بنیاد بنێت؟ یان له‌ باشترین حاڵه‌ت و باردا ڕه‌نگه‌ شیعر بكه‌وێته‌ میانی دوو دنیاوه‌، كه‌ نه‌ ئه‌مه‌یه‌ و نه‌ ئه‌وه‌یشه‌، به‌ڵام”ئه‌و”ی خوێنه‌ر دووچاری پشێویی و شپرزه‌یی ده‌بێت و نایه‌وێت له‌ شوێنێكدا ئه‌وق و قه‌تیس بمێنێ‌، واتا گیرۆده‌ی دۆخێكی سایكۆڵۆجی ئه‌وتۆ ده‌بێت كه‌ ئاتاجی به‌وه‌ بێت به‌سه‌ریدا بازبدات و خۆی لێ‌ قوتار بكات.
شیعر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ پێی نیما یۆشیج، له‌سه‌رزه‌ویدا مه‌حكوومه‌ به‌ هه‌موو شتێك و پێویسته‌ به‌ ئه‌زموونیبكات، كه‌واته‌ ئه‌زموونه‌، یاندووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانه‌، به‌ بێئه‌وه‌ی ئه‌زموونگه‌رایی بێت و هه‌میشه‌یش به‌ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانییه‌كانه‌وه‌ پێوه‌ندیداره‌، له‌ ژیان خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و به‌ هۆی ئه‌ویشه‌وه‌ مانا و وێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی خۆی ده‌ئافرێنێ‌ و ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌كات،”ڕۆحێكه‌ فۆرمێك داده‌ڕێژێت”پتر له‌وه‌ی كه‌ فێنۆمێنۆلۆژیای ئاوه‌ز بێت، فێنۆمێنۆلۆژیای ڕۆحه‌ ئه‌گه‌ر بشێ‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی گاستۆن باشلار وه‌ربگرین، هه‌ڵگری دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كییه‌، ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه‌ی كه‌ دیدێكی”ڤیژن” ناوه‌كییانه‌ لێی به‌ ئاگایه‌ و ده‌ری ده‌بڕێت. دیاره‌ ئه‌زموون هه‌وڵێكی سه‌رومڕه‌ بۆ سه‌پاندنی خود به‌سه‌ر بابه‌تدا، ده‌نگی دیار و به‌رجه‌سته‌ی ئیندیڤیدواڵه‌،پێوه‌ندییه‌ به‌ ده‌روونه‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵگاوه‌، به‌ مێژووه‌وه‌، كه‌واته‌ به‌م پێیه‌ شتێكی خودییه‌، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی پێوه‌ندی، یان په‌یوه‌ندی كردنه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، یانی له‌و ئه‌زموونه‌ خودییه‌ ڕاده‌پسكێت و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌زموونێكی مرۆییه‌وه‌. بێگومان نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌زموون، نوێبوونه‌وه‌ی شێوازی ده‌ربڕین، نوێبوونه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی شاعیر به‌رانبه‌ر به‌ ژیان، چێژی زیاتر و توانای زیاتر و وزه‌ و ترپه‌ی شیعریی ده‌وڵه‌مه‌ند تر به‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌به‌خشن. نیما یۆشیج له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: نوێبوونه‌وه‌ی ئێمه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ نوێبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵا ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پنته‌ تاریكه‌كان له‌به‌رچاوماندا ڕۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌مئاوایه‌ شاعیری داهێنه‌ر په‌یوه‌ندی نوێ‌ له‌ نێوان شته‌كان و مرۆڤ له‌ لایه‌ك و له‌ نێوان شته‌كان و مرۆڤ و جیهان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رقه‌رار ده‌كات، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌به‌ستێتی خۆی له‌ نوێبوونه‌وه‌دا به‌دیبكات و به‌ پێی پۆڵا ڤالیریش شیعر به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بانگێشتێكه‌ بۆ بوونگۆڕین. به‌ گشتی شیعر به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتن و په‌ره‌ پێدانه‌ به‌ ژیان، جۆره‌ كێبه‌ركێیه‌كی ئه‌و سه‌رسووڕمانانه‌یه‌ كه‌ خودئاگامان ده‌ورووژێنێ‌ و له‌وه‌ دووری ده‌خاته‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌واڵوویی بمێنێته‌وه‌. به‌ گوێره‌ی تێفكرینی گاستۆن باشلاریش، ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین هه‌مان ئه‌و جیهانه‌ نییه‌ كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاتاجمان به‌ هه‌ڵاتنه‌ لێی، زۆربه‌ی جاره‌كان جێگا بۆ هه‌ڵاتنه‌كانی شاعیر وێڵگه‌كانی نووسینه‌، له‌ ڕاستیشدا له‌و دنیایه‌ هه‌ڵدێت كه‌”برتۆڵد برێخت”له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌ فره‌ دڕنده‌ و وه‌حشه‌تناك و خه‌مۆكه‌، ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و تێیده‌هزرێت، بێبه‌زه‌ییه‌، له‌ بۆته‌یدا هه‌ست به‌ ناكامڵێتی و گومگه‌شته‌یی “Alienation” ده‌كات، ده‌نووسێت، نووسین ئه‌ركی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ كۆمه‌ك و هاریكاری بكات هه‌تا به‌رگه‌ی ئه‌و وه‌حشه‌تناكی و دڕنده‌یی و توندوتیژییه‌ بگرێت، ئیتر دنیایه‌ك به‌ وشه‌ ده‌ئافرێنێت كه‌ تێیدا هه‌ست به‌ كامڵێتی و هه‌بوون و بایه‌خی خۆی ده‌كات و هه‌ستی غه‌واره‌یی و ئه‌یلیه‌نه‌یشن تێیدا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌،دنیایه‌ك به‌ره‌نجامی تێهزرینی خۆیه‌تی و په‌ی به‌وه‌ ده‌بات كه‌ یۆتۆپیاكه‌ی خۆی دۆزیووه‌ته‌وه‌ و ئیدی هه‌رگیز پێویست به‌وه‌ ناكات لێی هه‌ڵبێت.
بێگومان شیعر هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڕه‌تی خۆیدایه‌، هه‌میشه‌ له‌ گوڕ و تینه‌ به‌راییه‌كانی خۆیدایه‌، هه‌میشه‌ خاوه‌نی وزه‌ و تین و گوژمه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیه‌تی، له‌ لایه‌نی هه‌ڵچوونه‌كانیشییه‌وه‌، ده‌ستاوێژێكه‌ بۆ مه‌عریفه‌ په‌یداكردن وكه‌شفكردن هه‌روه‌كو ڕۆجێ‌ گاروودی جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌شایه‌تحاڵی خه‌ونێك بێت، یان خۆی خه‌ونێكی خۆش و ناوازه‌ بێت و چه‌ند ساته‌وه‌ختێك وه‌رگره‌كه‌ی له‌ كۆژان و خه‌م و په‌ژاره‌ ومه‌ینه‌تییه‌كانی ڕۆتینێتی ژیان دوور بخاته‌وه‌ و له‌و دۆزه‌خه‌یش دووری بخاته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ورانده‌وریدا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌، ڕێگاش نه‌دات خوێنه‌ر شته‌ جیددییه‌كانی خۆی له‌ یاد بكات، پێویستیشه‌ هه‌میشه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ بێت دڵی به‌ ئاگا بهێنێته‌وه‌، شته‌ له‌بیركراوه‌كانی بهێنێته‌وه‌ به‌ر دیدی زه‌ینی و زیندووێتی بكات به‌ خه‌سڵه‌تی و قووڵاییه‌كی تازه‌ له‌ ناخیدا به‌ ڕووناكیی بگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی شادییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ئه‌و چركه‌ساتانه‌ ببینێته‌وه‌ كه‌ تێیدا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌و ده‌ق ئاوێنه‌یه‌كه‌ ته‌فاسیله‌كانی بوون”بوونی ئه‌و” ڕۆشنده‌كاته‌وه‌، یان ده‌بێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك زیاتر بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێت تێیدا، ئینجا بۆ دنیایه‌ك عه‌وداڵا ده‌بێت كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریدایه‌. ئه‌و دنیایه‌ی مرۆڤ شه‌یدایه‌تی خودی ئه‌و مانایه‌یه‌ كه‌ په‌یجۆری گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌ ژیاندا، به‌ڵكو له‌ سروشت و ئه‌ده‌ب و خه‌یاڵا و خه‌ونه‌كانیشدا..ده‌شێت بۆ ئه‌وه‌ به‌دوای مانادا بگه‌ڕێت هه‌تا له‌وه‌وه‌ مانایه‌كی پڕ به‌ پێست به‌ بوونی خۆی سه‌رچاوه‌ بگرێت، چونكه‌ نزیكبوونه‌وه‌، یان ده‌سته‌به‌ر كردنی مانا وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ بوون نزیك بێته‌وه‌، یان بوونی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات.
ئه‌م ده‌ستپێكه‌ ژوورچه‌یه‌كی كورته‌ تا به‌ هۆیه‌وه‌ بتوانین ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین به‌شێك له‌ شاعیرانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانیش هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا له‌ ڕێگای ئه‌زموونگه‌راییه‌وه‌ شێوازێك بدۆزنه‌وه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی شیعری ترادیسیۆنیی و شێوازی باڵاده‌ستی پێش خۆیان بیان ڕه‌خسێنێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونگه‌راییه‌ دواجار بوو به‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ و ئامانج ئیدی نیشانه‌ی خۆی نه‌پێكا، بێگومان هه‌موو شتێكی هێنایه‌دی ته‌نیا شیعری جیاواز نه‌بێ‌، ده‌نگی زۆربه‌یش نه‌بووه‌ خودانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ناوازه‌ و هه‌ر له‌ناو جاڕوجه‌نجاڵیی ده‌نگه‌ ته‌قلیدییه‌كاندا قه‌تیس مان و به‌دوای خۆیاندا سه‌دایان به‌جێ‌ نه‌هێشت. یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی كه‌ تابه‌حاڵا دوور و نزیك له‌و ته‌قه‌للا و كۆششه‌ سه‌رومڕه‌ و ئه‌زموونێكی سه‌رنجڕاكێشی نێوه‌نده‌ شیعرییه‌كه‌یه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: 18/11/1965_ هه‌ولێر)ه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتێكی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌ڕوات و ده‌نگێكی زاڵا له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی ڕسكاوه‌ و توانیوێتی پشت له‌و ئه‌زموونگه‌راییه‌ بكات، كه‌ سه‌رقاڵییه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام -یشه‌. دیاره‌ بۆ ئه‌و ئه‌زموونگه‌رایی نه‌بووه‌ به‌ ئامانج، به‌ڵكو بووه‌ به‌ ده‌ستاوێژ بۆ خۆدۆزینه‌وه‌، بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌نگ و ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ندی خۆی. ئه‌م شاعیره‌ هه‌ر له‌ قۆناغه‌ به‌راییه‌كانی ئه‌زموونه‌كه‌یه‌وه‌ دوالیزمێك به‌ فه‌زای شیعره‌كانییه‌وه‌ به‌رچاو ده‌كه‌ون، یان دوو ئاقاریی و دووڕووبه‌رییه‌ك ده‌خه‌نه‌ ڕوو، یه‌كێكیان تابڵێی ڕوون و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ داو و ئه‌وه‌ی دیشیان تابڵێی لێڵا، سه‌خت و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌، كه‌ ئه‌میش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ به‌ مه‌عریفه‌یه‌كی كه‌می تیۆرییانه‌ی زمانه‌وانییه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ خۆی له‌و واژه‌نامه‌ سنووربه‌ند و دیاری كراوه‌ی نێوه‌نده‌كه‌ بدزێته‌وه‌ و هه‌وڵی به‌زاندنی سنووری زمانیشی داوه‌، بێگومان هه‌میشه‌یش هه‌وڵه‌كانی ئامانجیخۆیان نه‌پێكاوه‌ و ته‌مومژ یه‌خه‌یان پێگرتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ فه‌رهه‌نگێكی بێسنوور و پۆلێننه‌كراوی كردووه‌ به‌ ده‌ستاوێژ و كه‌ره‌سته‌ی مامه‌ڵه‌ كردن بۆ نووسینی شیعر و به‌رده‌وامیدان به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی كه‌ تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌كی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ڕه‌نگێكی تر به‌ پالێته‌ شیعرییه‌ لۆكاڵییه‌كان ببه‌خشێت و ئاسۆیه‌كی دی به‌و هاماجه‌ بدات كه‌ ئه‌زموونه‌ جیاوازه‌كانی تێدایه‌. ئه‌زموونی ئه‌و شتێكی خوازراو نییه‌، به‌ڵكو داهێنانی ژیانه‌كه‌یه‌تی، تێكه‌ڵا نابێت به‌ ئه‌زموونی هاوسه‌رده‌مه‌كانی، چونكه‌ خاوه‌نی سنووره‌كانی خۆیه‌تی و له‌ نێوانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا جێگیری كردوون. دنیاكه‌ی ئه‌و تایبه‌ته‌ و جیاوازییه‌كه‌یشی به‌رجه‌سته‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌یش كه‌ سه‌ودایان له‌گه‌ڵدا ده‌كات له‌ جوغزی بابه‌ته‌ باو و سووننه‌تییه‌كاندا جێگا بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن، ئه‌گه‌رچی سه‌رباری هه‌وڵه‌ بێلێبڕه‌كانی هێشتایش ته‌واو خۆی له‌ بونیادی كلاسیكییانه‌ و ڕۆمانسییانه‌ی زوبان ڕانه‌پسكاندووه‌، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك توانیوێتی خۆی له‌ دنیابینییه‌ سوواوه‌كان دابڕێت و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیرانه‌تر به‌ ژیان و مرۆڤ و بوونه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت.بێگومان ئه‌و به‌ دید و تێڕوانینی كه‌سی دی شته‌كان نابینێت، به‌ڵكو به‌ دیدی ڕۆشن و وردبینانه‌ی خۆی په‌یان پێده‌بات و كه‌شفی دیكه‌یان بۆ ده‌كات و له‌ زه‌مینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ چاودێری شته‌كان ده‌كات و له‌ناو تێكسته‌كانیدا به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات، سه‌فه‌ر له‌ تانوپۆی وشه‌كاندا ده‌كات، وشه‌كان جوگرافیای تایبه‌تمه‌ندی دنیایه‌كن،له‌ مانای فه‌رهه‌نگیی خۆیان داماڵراون،نائاسایین، به‌ڵام شیعر پیتێنه‌ره‌، به‌ مانای نادژه‌باو ده‌یانپیتێنێت و به‌مه‌دلوولی دیكه‌ ده‌یه‌وێ‌ فرچكیان ببڕێت، بۆیه‌ ئه‌و مانا شیعرییه‌ تازانه‌ وای لێده‌كه‌ن به‌ تاسه‌و مه‌راقه‌وه‌ سه‌فه‌ره‌كانی ئه‌نجام بدات و هه‌ر گه‌شتێكیشی له‌ گه‌شته‌كه‌ی پێشووی جیاواز بێت و تامو بۆیه‌كی تری هه‌بێت. لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین نووسین سه‌فه‌رێكی هه‌میشه‌یی ئه‌وه‌، وێستگاگه‌لێكی زۆر و زه‌به‌ندی تێدایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خود له‌ بوونگۆڕكێیه‌كی بێچه‌ند و چووندایه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وام پێویسته‌ له‌سه‌ری وێستگاكان به‌جێبهێڵێت و دووباره‌ تاسه‌ی بینینی خود به‌ شێوه‌ جیاوازه‌كه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌مارۆ بده‌ن. كه‌واته‌ كۆچكردن بۆ دۆزینه‌وه‌ و ئاشنابوون به‌ خود و شته‌كان خودی نووسین خۆیه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ له‌ ژیانی ئه‌ودا نووسین ئه‌و نیشتیمانه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ی ده‌داتێ‌، مادامه‌كی ئه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ به‌ وشه‌وه‌ بكات، ئینتیمای هه‌یه‌ و خاوه‌نی نیشتیمانه‌، چونكه‌ نووسین بۆ ئه‌و هاوتا و هاومانای هه‌موو شتێكه‌. به‌م پێیه‌ هه‌موو نووسینێك بۆ ئه‌و شوێنێكی تازه‌یه‌، كه‌ ده‌قێك ده‌نووسێت ده‌گاته‌ شوێنێكی تر یان وێستگه‌یه‌كی تر، به‌ڵام بێهه‌دادان به‌جێیده‌هێڵێت، چونكه‌ قووڵا له‌ناخی خۆیدا ده‌زانێت ئه‌وێ‌ ئه‌و جێگایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و نیازێتی و ئیدی گیرۆده‌ی شوێنێكی تر ده‌بێت كه‌ له‌ خه‌یاڵگه‌یدا هێڵ و ڕایه‌ڵه‌كانی شه‌قڵا ده‌گرن، ئامانجیش هه‌ر یه‌ك شته‌ ده‌بێ‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رله‌نوێ‌ بخاته‌وه‌گه‌ڕ هه‌تا پێیبگات، بێ شك بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ به‌جێیبهێڵێته‌وه‌، دووباره‌ به‌دوای شوێنێكی تردا بگه‌ڕێته‌وه‌، وه‌كو بڵێیت پێشوه‌خت بزانێت گه‌یشتن به‌ جێمه‌به‌ست كوشتنی خودی مه‌به‌سته‌، بۆیه‌ ڕاوه‌ستان و ستاتیك بوون له‌سه‌ر ڕووبه‌ری یه‌ك ده‌ق و گه‌یشتن و جێگیر بوون له‌ وێستگایه‌ك ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئایا تێیده‌په‌ڕێنێ‌؟ بێگومان هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ تێگه‌یشتن و دركێكی زیاتر و باشتره‌ له‌ خود و مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خودی خۆی به‌رهه‌ڵدا بكات، یان ئه‌و خودئاگایی و ویژدانه‌ به‌رهه‌ڵدا بكات كه‌ له‌ تووناوتوونه‌كانی ناخیدا ئه‌وق و مه‌ڵاسه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش كۆمه‌كی خوێنه‌ر ده‌كات پتر له‌ خودی خۆی حاڵی بێت و به‌ ناواخنێكی دینامیكیزیندوو بێت، تیشكێك له‌ناخیدا هه‌بێت هه‌تا ژینگه‌كه‌ی خۆی پێ به‌دیبكات، ژینگه‌ وه‌كو خۆی كه‌ هه‌یه‌، هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی ئه‌گه‌رچیش تاڵا و ئازاربه‌خشه‌، ئه‌گه‌رچیش بێزاركه‌ر و بێزه‌وه‌ر و قێزه‌وونه‌، نه‌وه‌ك ئه‌و ده‌مامكانه‌ی تێهه‌ڵبكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ شتێك له‌ ژیانی ونه‌ و له‌ سایه‌یدا هه‌ست به‌ ونیی و ناته‌واوییه‌كه‌ی بكات. له‌ سۆنگه‌ی ئه‌مانه‌ و گه‌لێك شتی دیش كه‌ باس له‌ دیمه‌نی شیعرییمان ده‌كرێت، ڕه‌وا نییه‌ و نایشكرێ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر جه‌مسه‌رێكی ئه‌م دیمه‌نه‌ پێك نه‌هێنێت، چونكه‌ ئه‌و له‌ گۆشه‌ و ئه‌زموونێكی جیاوازه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ناو دیمه‌نه‌كه‌وه‌ و پشتگوێ خستنیشی سڕینه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌نگه‌كانی كۆلكه‌زێڕینه‌ و كاری كرده‌ نییه‌ و دیمه‌نی شیعرییش هه‌رگیز كامڵا نابێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان و ئه‌زموونه‌كان كۆپی و هاوچه‌شنی یه‌كدی بن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیاندا ئاماده‌یی نه‌بێت، له‌ كاتێكدا جیاوازبوون شه‌رتبه‌ندیی سه‌ره‌كییه‌ و تا ئه‌وپه‌ڕی له‌ دامه‌زراندنی دیمه‌نێكی شیعریی كامڵا و ته‌ندروستدا بایه‌خداره‌.

*وێستگه‌یه‌كی تری ئه‌زموون
له‌دوا كۆشیعریدا كه‌”سروودی زه‌وی، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان، چاپخانه‌ی هێڤی، هه‌ولێر 2012 “یه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر جارێكی تر ئه‌و كۆنسێپته‌ تۆخده‌كاته‌وه‌ و ژاوه‌ژاو و هه‌راوهوریا بێكۆتاییه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ بێسه‌روبه‌روجه‌نجاڵه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی جیاوازبوون ده‌بێته‌وه‌، جیاواز بوون له‌سه‌ر ڕێگاكه‌یدا ئاسته‌نگێكی تابڵێی زه‌به‌للاحه‌، چونكه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌می هۆشیاریی خودیی به‌رگرییه‌كی توندی دژی شیعر هێناوه‌ته‌ ئارا، مه‌یلێكی ئه‌وتۆیش له‌ناوه‌نده‌كه‌دا په‌یدا بووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك ڕوو له‌ لۆژیكگه‌رایی بكات و هیچ حیسابێكیش بۆ ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ شیعر لۆژیكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و خۆڕسكێتی و عه‌فه‌وییه‌تی خه‌ون به‌سه‌ریدا زاڵه‌ و ناتوانێت به‌ لۆژیكێكی جیا له‌وه‌ بارگاوی بكرێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا ناسنامه‌ی خۆی بپارێزێت و نه‌بێت به‌ شتێكی دی. دیاره‌ كه‌ ئه‌م كۆشیعره‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌ین كه‌ ئه‌و له‌ پڕۆژه‌ شیعرییه‌كه‌ی خۆی به‌ولاوه‌ ئه‌فیلییه‌تی”ئینتیما”بۆ هیچی تر نییه‌، كاتێكیش بمانه‌وێ‌ باس له‌م وێستگه‌، یان ئه‌زموونه‌ بكه‌ین، ئیدی پێ ده‌نێینه‌ ئاقاره‌كانی ئه‌زموونێكی تاكمه‌ندانه‌ی دانسقه‌ی پڕاوپڕ له‌ خه‌ونی گچكه‌ گچكه‌ی مرۆڤه‌ ڕاسته‌قینه‌ تاڕاده‌یه‌ك نادیاره‌كان، كه‌ چه‌شنی پڕۆژه‌یه‌كی خولیادار له‌ تۆپۆگرافیای شیعریی نه‌دۆزراوه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌بێ‌ ئێمه‌یش كه‌شفی ئه‌وه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌ كوێدا دێنه‌دی. له‌م كتێبه‌دا تێكسته‌ شیعرییه‌كانی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ره‌و مه‌ودا دووره‌كان بمانبه‌ن، بۆ شوێنێك ده‌مانبه‌ن كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ تایبه‌تمه‌ند و كه‌سییانه‌كه‌ی شاعیره‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، یاده‌وه‌ری خۆی و دینامیكییه‌تی ئێستای ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ گه‌مارۆی ده‌دات ئیحای شیعره‌كانه‌ و خودی خه‌یاڵێكی سوریالییانه‌یش كه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ ده‌ق بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ به‌ ڕامكه‌ری یاده‌وه‌ری و كۆی شته‌كانی تر داده‌نرێت و به‌ ڕۆحی سه‌رجه‌م شته‌كانی جیهانیش جه‌سته‌ی تێكست لێوانلێو ده‌كات و ژیانیان پێده‌به‌خشێت، ژیانێك كه‌ ئامانجی ته‌نیا نامۆكردن و سه‌رسامكردنه‌.
بێگومان ئه‌وه‌ی به‌دیقه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌ ڕابمێنێت ئاسانه‌ وێستگا سه‌ره‌كییه‌كانی جیاكار بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی (زێوان – 1988) دایكی ئه‌زموونه‌كانێتی و تا ئێستایش له‌وه‌وه‌ ده‌قه‌كانی دانگه‌ڕێزه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ سێبه‌ری ئه‌وه‌، كه‌ درێژه‌ به‌ نووسینی ده‌دات و ڕه‌نگی خۆی به‌ سه‌رپاكی وێستگه‌كانی تر ده‌دات و ئه‌م ئه‌تمۆسفیره‌یش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، كۆتوبه‌ندی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی ژیانی هه‌ڵده‌گرێت و له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كه‌یدا پڕۆسه‌ی نووسین به‌ ئه‌نجام ده‌گات و كارده‌كاته‌ سه‌ر شێوازی نووسین و زمان و بابه‌ته‌كانی، به‌ڵام پاش ئه‌م ده‌ستپێكه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ په‌ناده‌باته‌ به‌ر ئه‌زموونێكی دیكه‌، ئه‌ویش ئیشكردنه‌ له‌ زمان، زمان وه‌كو جه‌سته‌یه‌كی خاڵی، بۆیه‌ شه‌كڵییه‌تێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هه‌ر ده‌شبێت وه‌كو شه‌كڵێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و په‌یجۆری هیچی لێنه‌كرێت، بێجگه‌ له‌ نامۆكردن و سه‌رسامكردنی خوێنه‌ر به‌و شه‌كڵه‌ی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌باح له‌ناو قه‌یرانی بێ ناوه‌ڕۆكی و بێ بابه‌تی دا نوقم بووه‌ و شیعر له‌لایدا به‌دوای زماندا ده‌گه‌ڕێت و خۆی له‌ودا ده‌بینێته‌وه‌.جاروباریش ئه‌م ئه‌زموونگه‌راییه‌ زمانییه‌ یه‌خه‌گیره‌ و بنبه‌ستیی به‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌دات، چونكه‌ زمان له‌گه‌ڵا بوونه‌ ئاساییه‌كه‌ی خۆیدا مه‌ودا وه‌رناگرێت و ڕه‌نگه‌ خۆی ته‌نیا له‌وه‌دا ببینێته‌وه‌ كه‌ جێگۆڕكێ به‌ كۆنتێكستی ده‌سته‌واژه‌ و دێڕه‌ شیعرییه‌كان بكات و ئامانجیش هه‌ر وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا نامۆ كردن و سه‌رسامكردنه‌ و هیچی تر. بێگومان ئه‌م مامه‌ڵه‌ كردنه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵا زمان، ئه‌ودیو، یان ناوه‌وه‌ی زمان به‌رهه‌م ناهێنێت،ته‌نیا ته‌عبیر له‌ خودی خۆی ده‌كات و به‌س، واته‌ هه‌ر ته‌نیا نماینده‌ی خۆیه‌تی و هیچی پێ‌ نییه‌..ئه‌مه‌یش له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت كه‌ هه‌وڵی خوڵقاندن و دامه‌زراندنی ڕه‌مزه‌كانی خۆی نادات و هه‌ست ده‌كرێت ئاوێته‌ كردنێك له‌ میان ڕه‌مز و ته‌مومژدا بوونی هه‌یه‌ و جێگۆڕكێ‌ ده‌كه‌ن. سه‌ره‌نجام جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مز و ته‌مومژیش مه‌حاڵا نییه‌، چونكه‌ له‌ كۆنتێكستی ده‌قدا هه‌ردوو به‌ شێنه‌یی به‌دیار ده‌كه‌ون و كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان كاریگه‌رییه‌كی نه‌گه‌تیڤ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌زموونێكدا به‌جێده‌هێڵێت و خوێنه‌ر توانای ئه‌وه‌ی نابێت ته‌ماس و پێوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكییانه‌ له‌گه‌ڵا ناوه‌وه‌ی زماندا ببه‌ستێ‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانیش نامۆ ده‌بێت، یانی ئه‌زموونێكی له‌ مانای ناوه‌كیی بێبه‌ریی و له‌ مانای ده‌ره‌كیی، یان شه‌كڵیش بێبه‌ریی، ئه‌مه‌یش له‌ بۆچوونیدا نموودێك بۆ ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌ڵاڵه‌ ناكات. ئه‌مه‌ تا ئه‌زموونی (سه‌دویه‌كشه‌وه‌) درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌وێدا تێپه‌ڕاندنێك بۆ ئه‌م بار و ڕه‌وشه‌ی نووسین به‌رجه‌سته‌یه‌ و پاش ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا. بێگومان(نیما یۆشیج) وته‌نی: هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری به‌ هۆی به‌رهه‌مه‌ پێشینه‌كانه‌وه‌ پاراو كراوه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئاڵۆزه‌یش بێشك كاریگه‌ری ئه‌زموونی تر به‌ شێوه‌یه‌كی جیا تێیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گوڕیشه‌ی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر شیعری كلاسیكی كوردی و (گۆران) و (فۆلكلۆری كوردی) و (كه‌له‌پووری گۆرانی) و (ئه‌فسانه‌) و دواجار ده‌چێته‌ سه‌ر (شیعری جیهانی)، له‌ لایه‌كه‌وه‌ نه‌فه‌سی نه‌فره‌تئامێزی بۆدلێر و زمانی په‌رده‌پۆشكراوی سان ژۆن پێرس و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئیلیه‌تی ئیماژگه‌را و هه‌ندێك ڕه‌گه‌زیان لێ وه‌رده‌گرێت، وه‌كو ڕه‌گه‌زی زه‌قكردنه‌وه‌ی نه‌ست و بازدان، یان گواستنه‌وه‌ و قاوغ كردنه‌ به‌ر زوبان و وه‌رگرتنی مه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵا زمانی باو و هه‌وڵدان بۆ خوڵقاندنی هاوتاییه‌كی بابه‌تییانه‌ و دواجاریش ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌، ئه‌مانه‌یش له‌و مامه‌ڵه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵا زمان و به‌كارهێنانه‌كانیدا ده‌یكات ، له‌گه‌ڵا ته‌كنیك و به‌كارهێنانی وێنه‌ و بیرۆكه‌ و كۆنتێكسته‌كانی نووسیندا ده‌یكات و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ له‌و چڕوپڕییه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌قه‌كانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن و به‌ چه‌ند قۆناغێك و چه‌ند تێكه‌ڵكێش كردن وگرێدانێكی پاش و پێش كه‌ لێكدانێكی لۆژیكی پێكه‌وه‌ ده‌نێن و ڕۆشناییه‌ك به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ڕۆشنایی مانایه‌، یان گه‌مه‌ی پاش و پێش خستنی وشه‌كان و دێڕه‌كان كه‌ زۆرجار ڕمۆك و سه‌یر دێنه‌ به‌رچاو و ئه‌ركی خوێنه‌ره‌ كه‌ دایبڕێژێته‌وه‌ و سه‌ره‌ده‌ره‌ی تیمه‌ی شیعره‌كان بكات و مانا هه‌ڵێنجێ‌ و چێژ و له‌زه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكات. دیاره‌ دنیای واقیع هه‌میشه‌ له‌ دنیای شیعر بچووكتره‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ تێبینیی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شیعر بوونه‌وه‌رێكه‌ سه‌رله‌به‌ری دنیا بچووكه‌كان له‌ هه‌ناویدا جێده‌دات و وێنه‌ی جیهانێكی بێ مانا ناكێشێت، به‌ڵكو كه‌شفی بێمانایی ده‌كات و ڕاوی مانای نادیار ده‌كات، بێگومان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ خود ئه‌ویش له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌، به‌ نێو خوددا ڕۆده‌چێت، په‌ی به‌ نادیار و شاراوه‌كانی ده‌بات، له‌و ڕێگایانه‌یشه‌وه‌ ته‌قه‌للا ده‌دات ڕۆح بخاته‌ به‌ر تیشكی ئه‌و جیهانه‌ دره‌وشاوه‌یه‌ی كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌باره‌ی ڕۆحه‌وه‌ نانووسێت، به‌ڵكو له‌باره‌ی ئه‌و گڕوكڵپه‌ و بڵێسه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت كه‌ له‌ناو ڕۆحدا په‌نامه‌كه‌، هه‌روه‌كو كازانتزاكیس ده‌ڵێت: خودی ئه‌و گڕوكڵپه‌یه‌ داینه‌مۆی نووسینه‌، داینه‌مۆی ژیانه‌، داینه‌مۆی هه‌موو هه‌وڵا و كۆششه‌كانی مرۆڤه‌. بێگومان”سروودی زه‌وی”ده‌مانكات به‌ خودانی چركه‌ساتێكی دانسقه‌ی ئه‌زموونێكی مرۆیی و ئه‌و نهێنییانه‌ی كه‌ له‌ناو ترپه‌ عاشقانه‌كانی دڵێكدا خۆیانمان ڕاده‌ست ده‌كه‌ن. له‌ فه‌زای شیعره‌كاندا په‌ی به‌ بوونی ئاسۆیه‌كی جیاواز ده‌برێت، چ له‌ ڕووی وێنه‌ و چ له‌ ڕووی فه‌زای شیعرییه‌وه‌ چ له‌ ڕووی ئامراز وتاكپه‌یڤه‌كانه‌وه‌ كه‌ تادێت مه‌ودای به‌رفراوانتر ده‌گرنه‌خۆ، چ له‌ ڕووی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵا بابه‌ت، یانفۆرم، یان ڕیتم، چ له‌ ڕووی دنیابینییه‌وه‌، كه‌ گۆشه‌نیگا جیاوازه‌كانی به‌رهه‌م هێناوه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ده‌كرێت له‌ ده‌قه‌كانی شاعیرێكدا دیاری بكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌ دوو جه‌مسه‌ر، یان ته‌وه‌ردا خۆی سێنته‌ریزه‌ ده‌كات، هه‌روه‌كو میشێل ئۆتان له‌”سیمیۆلۆژیای خوێندنه‌وه‌”دا بۆی چووه‌ و ده‌ستنیشانی كردووه‌، ئه‌وانیش:
*شوێنه‌كانی یه‌قین.
*شوێنه‌كانی گومان.
*شوێنه‌كانی یه‌قین و شوێنه‌كانی گومان
بێگومان له‌ جه‌سته‌ی ده‌قدا هه‌میشه‌ شوێنه‌كانی یه‌قین ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ زۆرترین ڕوونی و ئاشكرایی و زۆرترین ده‌ركه‌وتن به‌ خۆوه‌ ده‌بینن و ده‌كرێ‌ یاریده‌ده‌ربن بۆ چوونه‌ ناو فه‌زای ده‌قه‌وه‌. به‌ڵام شوێنه‌كانی گومان پنته‌ تاریكه‌كانه‌، ته‌مومژه‌كانه‌، سیمبوڵه‌ نادیاره‌كانه‌، ئه‌فسانه‌ لێكنه‌دراوه‌كانه‌، ئاڵۆزییه‌كانه‌، لوغزه‌ هه‌ڵنه‌هێنراوه‌كانه‌ و ئه‌و جێگایانه‌شه‌ كه‌ ناتوانین له‌ناو تێكستدا پێكیانه‌وه‌ ببه‌ستین و پێوه‌ندییان له‌ نێواندا دروست بكه‌ین، ئیدی ئه‌مه‌نده‌ ئه‌سته‌م و داخراو ده‌رده‌كه‌وێت وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات ناچاری ئه‌وه‌ بێت كه‌ پێشنیاری هه‌ندێ‌ گریمانه‌ بكات بۆ لێكدانه‌وه‌ی ناواخنی جۆراوجۆری ده‌قه‌كه‌ و هه‌ندێ‌ جاری دیش ده‌رخستنی چه‌ند ته‌ئویل و ڕاڤه‌یه‌كی جیاواز بۆ گه‌یشتن به‌ تێگه‌یشتنێكی گونجاو و به‌جێ‌. با به‌ زاراوه‌كه‌ی”یاوس”، واته‌”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی” لێكیبده‌ینه‌وه‌،ده‌كرێ‌ بوترێ‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی” خوێنه‌ر و ده‌ق كارلێك ده‌كه‌ن و یه‌كده‌گرنه‌وه‌، یانی تێگه‌یشتن و هاوگونجان دروست ده‌بن، (شوێنه‌كانی یه‌قین)..له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی دیشدا”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی”خوێنه‌ر و ده‌ق كارلێك ناكه‌ن و پێكه‌وه‌ ناگونجێن، ئیدی له‌ ده‌ره‌نجامدا تێنه‌گه‌یشتن و نامۆبوون و نه‌گونجان به‌رانبه‌ر به‌ تێكسته‌كه‌ دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌میش واته‌ (شوێنه‌كانی گومان).لێره‌یشدا هه‌وڵا ده‌ده‌ین له‌ هه‌ندێ‌ جێگادا تاڕاده‌یه‌ك په‌یڕه‌وی له‌”شوێنه‌كانی یه‌قین”بكه‌ین و ته‌نیا دیارییان بكه‌ین به‌ بێئه‌وه‌ی خۆمان له‌ ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ و چوارچێوه‌ڕێژ كردنی ده‌قه‌كان بده‌ین. له‌ زۆرینه‌ی شیعره‌ به‌رهه‌م هاتووه‌كانی ئه‌م سه‌روبه‌نده‌دا زمان و بنیاده‌كه‌ی بوونه‌ته‌ خودی ده‌ق، زۆر شاعیریش به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ نووسین ئاماده‌یییه‌كی چوست و چالاكیان له‌ناو دیمه‌نه‌ شیعرییه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌موو شیعرێكی تازه‌یان هه‌ر ته‌نیا شیعرێكی تره‌ و ژماره‌یه‌كی تر له‌ كه‌له‌پووری شیعریان ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌ك جۆرێكی جیاواز و نوێی گوزارشتكه‌ر بێت له‌ ئه‌زموونه‌كانی شاعیر خۆی، به‌ڵكو په‌ی به‌وه‌ ده‌برێت كه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ و كۆپیكردنی ئه‌زموونی یه‌كدییه‌، یان ئه‌زموونی شاعیرێكی جیهانییه‌ و جوینه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ دیتران خواردوویانه‌. دیاره‌ به‌شێكی زۆر و به‌رچاوی شیعری هه‌نووكه‌ خۆی له‌ قووڵاییه‌كان به‌تاڵده‌كاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ قووڵاییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت،ته‌نیا و ته‌نیا ڕووكارێكی ده‌ره‌كییانه‌ پێشكێش ده‌كات، بۆیه‌ ئاكام هزرێكی شیعرییانه‌ و شیعرییه‌تێكی جیاواز دانامه‌زرێنێت، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌قیقه‌تدا قه‌یرانی شیعری ئێستایه‌، سه‌رنج ده‌ده‌ین زمان هیچ جۆره‌ گۆڕانكارییه‌ك به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت و هه‌موو ده‌قه‌كانی تاقه‌ شاعیرێك سه‌روبن بكه‌ین زمان هه‌ر خۆیه‌تی و هه‌مان ڕۆڵی خاو و ساده‌ی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ستی ئه‌وه‌مان پێنابه‌خشێت كه‌وا شتێكی نوێی پێیه‌ و ڕۆڵێكی تازه‌ ده‌بینێت و به‌ ڕووی مانادا كراوه‌یه‌ و دنیایه‌كی جوداواز داده‌مه‌زرێنێت. به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ كه‌ خاوه‌نی ده‌قێكی زۆر و زه‌به‌ندین، به‌ڵام دنیابینیی و ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌تمۆسفیری كه‌سیی له‌و ده‌قانه‌دا ئاماده‌ییه‌كی زۆر كه‌میان هه‌یه‌، دیاره‌ كه‌ شیعریش، ئه‌گه‌ر له‌مانه‌وه‌ نه‌ڕسكێت ئه‌وا بۆشاییه‌كی بێتانوپۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ و به‌ هیچه‌وه‌ په‌یوه‌ستمان ناكات. به‌ كورتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هیچێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئه‌زموونی كه‌سییه‌وه‌ نییه‌، ناتوانێت هاوشێوه‌ی خه‌ونێك خوێنه‌ر دزه‌ پێبكاته‌ ناو بۆته‌ی خۆیه‌وه‌، ئیدی كرده‌ی شیعریی كرده‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ده‌قی شیعرییدا و هیچ شتێكی دی پاساوی بوون و نووسینی ناداته‌وه‌، به‌ڵام چۆن چۆنی شیعر به‌ بێ‌ ئه‌زموونێكی خودیی خۆی دێنێته‌ دی و زیندوویش ده‌بێت؟

*دیارترین شوێنه‌واره‌كانی ئه‌زموون
بێگومان ده‌توانین بڵێین دیارترین شوێنه‌واره‌كانی ئه‌زموونی سه‌باح، خۆی له‌ دیمه‌نه‌ شیعرییه‌كه‌یدا به‌رچاو ده‌خات،كه‌ خۆی له‌ خه‌ون وخه‌یاڵا و گۆرانی و دۆست و دوژمن و ده‌وروبه‌ر و باڵنده‌ و سروشت و منداڵه‌كانی خۆی و ڕه‌مز و ئامرازه‌ ئایینییه‌كان و منداڵیی دا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ میانه‌ی وێنه‌وه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پڕۆسێسی خوێندنه‌وه‌دا، كه‌ گه‌ڕانێكی پڕ چێژ و سوودمه‌نده‌ بۆ مانا خۆی بگۆڕێ‌ و ببێته‌ بیرۆكه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ پێویسته‌ ئاوه‌ز بۆ وێنه‌یه‌كی زه‌ینیی وه‌ریبگێڕێت، چونكه‌:

له‌ ئاوێنه‌ی نووسیندا ده‌ستێك ده‌بینین
جێگۆڕكێ‌ به‌ ده‌نگ و بێده‌نگی ده‌كات سروودی زه‌وی: ل6

له‌م ئه‌زموونه‌دا، ئه‌گه‌رچیش له‌ خۆی و ئه‌وانی پێشووتری فره‌ دوور نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌چی سه‌ربار به‌ ئاسۆیه‌كی تازه‌ی دنیاكه‌ی خۆی ده‌مانناسێنێت، له‌ شه‌قامی دژوار و ناسكی شیعر هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌یه‌وێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ته‌كان بدات و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شدا زینده‌گی خۆی به‌دی بهێنێت، هه‌ناسه‌ گه‌رمه‌كانی، تاسه‌ و حه‌سره‌ته‌ بێدواییه‌كانی ئاماده‌ییان له‌ فه‌زای تێكسته‌كاندا هه‌یه‌ و خاوه‌نی زینده‌گییه‌كی لێوانلێوه‌ له‌ هه‌ستیارییه‌ مه‌عنه‌وییه‌كان و جیایه‌ له‌و ژیانه‌ی كه‌خه‌ڵكی ئاسایی ده‌یگوزه‌رێنن. له‌ كوێ‌ ئه‌و هه‌ستیاری ویاده‌وه‌ری و ورده‌كاری و ته‌فاسیلانه‌یش كه‌ له‌ ئاوه‌زیدا گه‌نجینه‌ كراون ده‌قه‌كانی شه‌قڵا ده‌گرن و دێنه‌ ئاراوه‌:

پووشی قه‌راغی ڕێگا خه‌واڵوون
ئه‌سپ به‌ ماتی به‌ ته‌كیاندا ده‌ڕوات
……………….
……………….
ته‌مه‌نی جوانوویی له‌ناو دڕكی ده‌م تیژ و نزیك گورگ گوزه‌راندووه‌
سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێ‌ و چاو هه‌ڵده‌بڕێ‌ سروودی زه‌وی: ل9
ئه‌رێ‌ خۆر به‌ پۆستاڵا یان به‌ پێڵاوی ئاوریشم بۆ لامان دێت
سروودی زه‌وی: ل5

*وێنه‌ شیعرییه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌
له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا له‌ شیعرێكدا چه‌ندین جار سه‌رنج ده‌درێت كه‌ گواستنه‌وه‌ له‌ وێنه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی تر زۆرجار ڕوو ده‌دات، هه‌ندێك جار په‌یوه‌ندی لاوازوكزی ئه‌م وێنانه‌ پێكه‌وه‌ و ده‌رچوونیان له‌ كۆنتێكستی ئه‌سڵیی ده‌ق، هه‌ناسه‌سواری نه‌ك هه‌ر به‌ ده‌قه‌كه‌، به‌ڵكو به‌ خوێنه‌ریش ده‌به‌خشن، چونكه‌ ئالووده‌بوون و پابه‌ندبوونی فیكری خوێنه‌ر كتوپڕ شه‌قار ده‌كه‌ن و دوای چه‌ند وێنه‌یه‌كی هه‌ندێكجار دژ به‌یه‌ك دێنه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ و ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌زموونی ده‌قێكی جیاواز زیانمه‌نده‌. ماكلیش له‌ كتێبی”شیعر و ئه‌زموون”دا ده‌ڵێت: له‌ هونه‌ری شیعردا ئه‌وه‌ی كه‌ مانا به‌دی ده‌هێنێت پێوه‌ندییه‌كی تایبه‌تییه‌ له‌ نێوان وێنه‌كاندا، یان وه‌كو ئه‌و ناوی ده‌نێت هاوسه‌رگیریی وێنه‌كانه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت له‌ كۆی گشتیی شیعره‌كه‌، یان یه‌كێتیی بابه‌تیی وێنه‌كان یه‌ك مانای هاوبه‌شه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی چه‌ند مانایه‌ك پێوه‌ندییان پێكه‌وه‌ په‌یدا كردووه‌، په‌یوه‌ندی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كتومت مانا له‌ شیعردا، مانای جه‌وهه‌رییانه‌ی هونه‌ریش كتومت ئه‌و پێوه‌ندییه‌یه‌، چونكه‌ ده‌بێ په‌ی به‌ ده‌قێكی دیكه‌ به‌ریت، ده‌رك به‌وه‌ بكه‌یت كه‌ هه‌وڵه‌كانی شاعیر بۆ به‌ركه‌ماڵا دانه‌ به‌و ده‌قه‌ په‌نهانه‌، مه‌به‌ست ئه‌و ده‌قه‌یه‌ كه‌ به‌له‌سه‌یه‌ و ده‌بێ‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا بگیرێت و واژه‌ له‌ مانا پانوپۆڕتر نه‌بێت و هه‌ر وشه‌یه‌كی جه‌خت لێكراو وشه‌یه‌كی دی دابنێت تا ئه‌و ده‌قه‌ په‌نهانه‌ی بۆ دروست بێت. له‌م وێستگه‌یه‌دا، (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ڕه‌سه‌نێتی به‌ ئه‌فسانه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، كه‌ به‌ درێژایی ئه‌زموونی نووسینی خۆی هه‌وڵی داوه‌ بنیادی بنێت. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی گه‌وره‌تره‌ بۆ چه‌سپاندنی سیمبوڵه‌كانی، ئه‌و سیمبوڵانه‌ی كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ و پته‌وتر به‌ ئێستا و سه‌روبه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات، ماڵی شیعر ودنیابینییه‌كه‌ی خۆیشی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت.دنیابینیی شیعرییش، هه‌ر وه‌كو دكتۆر عه‌لی جه‌عفه‌ر ئه‌لعه‌للاق ده‌ڵێت: هاوكووفی خه‌ونه‌، هاوكووفی دیدی سۆفیانه‌یه‌، ئاوێته‌ بوونه‌ له‌گه‌ڵا بوونه‌وه‌ردا، یه‌كانگیر بوونه‌ به‌ شته‌كانی یونیڤێرسه‌وه‌. ئیدی ئه‌و له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ هێنانه‌دی شیعرییه‌تێك ده‌گه‌ڕێت كه‌ ئه‌وه‌ی پێشووتری تێپه‌ڕێنێ‌ و بیگه‌یه‌نێت به‌ ئاسۆگه‌لێكی تازه‌ و مه‌وداگه‌لێكی به‌رفراوانتر، چونكه‌ بۆ ئه‌و ئێستا ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی قۆناغه‌كانی پێشوو بووه‌ته‌ شتێكی نادژه‌باو و ترادیسیۆنیی و ئه‌گه‌ر تێی نه‌په‌ڕاندبێت واتا به‌ر له‌ هه‌موو شتێكی ئاسۆی شیعریی خۆی به‌ سنووربه‌ندیی به‌خشیووه‌ و مه‌وداكانی كورت و ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌:
جوانی له‌ بارێكی شڵه‌ژاودا خۆی پیشاندام
ده‌موچاوی سروشت به‌ ئاسانی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێ‌سروودی زه‌وی: ل32

*ئیگۆی هه‌ڵئاوساوی دووپاتبووه‌وه‌
پێموایه‌ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) له‌ تانوپۆی ده‌قه‌كانیدا خودی خۆی به‌رجه‌سته‌تر، تۆختر، هه‌ڵئاوساوتر به‌دیار ده‌خات له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئه‌و خوده‌ی كه‌ له‌ودیو فۆرمه‌كاندا كاڵده‌بێته‌وه‌، زۆرجار له‌ كات و شوێن ڕاده‌پسكێت، یانی كات و شوێن له‌ناو ده‌قه‌كاندا ئاماده‌ییه‌كی په‌یگیریان نابێت، ئیدی ناسنامه‌ی ئه‌و خوده‌ له‌و بارودۆخه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ تێیدا شه‌قڵا ده‌گرێت هه‌روه‌كو كیتسی شاعیر بۆی چووه‌. وێشده‌چێت وێنه‌ شیعرییه‌كانی، لایه‌نی كه‌م به‌شێكیان سه‌لیقه‌ی خه‌ون، نه‌وه‌ك هۆشێكی فره‌ئاست و فره‌ڕه‌هه‌ند دایان بتاشێت. بێگومان بۆ وێنه‌ ساده‌ و ساكاره‌كان هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌، گاستۆن باشلار وته‌نی هه‌ر ته‌نیا باڵه‌فڕه‌یه‌كی ڕۆح پێویسته‌ و هیچی دی، ئه‌و پێوه‌ندییانه‌یش كه‌ له‌ نێوانی وێنه‌كاندا ده‌ڕسكێن پێویسته‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ خه‌ون و خه‌یاڵا، له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ هۆشێكی هه‌تا بڵێیت دره‌وشاوه‌ بیانچنێت. پێویستیشه‌ وێنه‌ هه‌سته‌كی و وێنه‌ هزره‌كیی و وێنه‌ ساده‌ و وێنه‌ هاوجومگه‌ییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵێك شوێندا پێك بگه‌ن، بچنه‌ ناو پێوه‌ندییه‌وه‌، یانی لۆژیكێكی شیعریی تێكیان بئاڵێنێ‌ و جه‌سته‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ ئاماده‌ بكات، وێنه‌یه‌ك وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی لێ بێته‌ به‌رهه‌م هه‌تا هه‌ست به‌وه‌ بكرێت، كه‌ شیعره‌كه‌ بۆشایی نه‌یهێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵكو ئه‌زموون نووسیووێتییه‌وه‌ ئه‌گینا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ بوونی نابێت و به‌شه‌ كان گشتێك پێكناهێنن، جا ئه‌وسا سه‌رله‌به‌ری وێنه‌كان له‌ هاماجێكی ناشیعرییانه‌ی خاڵیدا ده‌خولێنه‌وه‌ و نه‌ جوانییه‌ك، نه‌ مانا و په‌یامێكیش به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن:

له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم بلووزی تۆڕ له‌به‌ر ده‌كه‌م
تا گوێ‌ له‌ كوڵانی هێلكه‌ و چای ناو كوره‌ی دیوار بگرم
دوو چاوی گه‌رم كه‌ شكۆی دایه‌ حه‌وای تێدا پارێزراوه‌
نان و ئاوم له‌ پێش داده‌نێ‌ سروودی زه‌وی: ل34

له‌ڕاستیدا، ناوه‌رۆكی چامه‌ هه‌رته‌نیا هه‌ڵچوونێكی بێسه‌روبه‌ر به‌شداری له‌پێكهێنانی ناكات،به‌ڵكوئه‌و هه‌ڵچوونه‌ی كه‌ ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕێت هه‌ڵچوونێكی سیسته‌ماتیكی كۆنتڕۆڵكراوه‌، هه‌ڵوێستێكی هه‌ڵچوونئامێزی سیسته‌ماتیكه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌شێك له‌ واقیعی ده‌ره‌كیی. له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا زمانی ئاگایی شیعر زۆر زاڵه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی دیدا زمانێك ئاماده‌یی هه‌یه‌ كه‌ پتر به‌ زمانی خه‌ون، یان به‌ زمانی ئه‌فسانه‌ هاوشێوه‌یه‌، بێگومانیش خه‌ونێك، یان ئه‌فسانه‌یه‌ك، كه‌ شیعر به‌ شێوه‌یه‌كی سوریالییانه‌ و سروشتبه‌زێنانه‌ ده‌توانێت تابیریان لێبداته‌وه‌:

باڵنده‌ له‌سه‌ر خوانی من ده‌فڕن و دوعای سپین به‌رزده‌بنه‌وه‌
تاسه‌ی ساتی نه‌مری ده‌كه‌ن سروودی زه‌وی: ل34
………………..
دوای مردن به‌خه‌به‌ر دێم
له‌ ڕێگای ڕۆیشتندا به‌هار به‌سه‌ر ناچێ‌ سروودی زه‌وی: ل37

*زمان و ئه‌زموونی شیعریی
له‌ زماندا، ئاگایی هه‌میشه‌ به‌ وێنه‌ وئیماژ وسیمبوڵه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت كه‌ ئه‌وانیش له‌ واقیعه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ، به‌ هۆی بنیادی زمانیشه‌وه‌ هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوون له‌ شیعردا ڕێكده‌خرێن. له‌ ڕاستیشدا زمان هه‌ر به‌ ته‌نیا فه‌رهه‌نگێكی بێگیان و وشك و برینگ پێكناهێنێت و هه‌ر ته‌نیا نماینده‌ی خۆشی نییه‌، به‌ڵكو كراسێكه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین قاڵبێكه‌ مانا په‌یجۆری ده‌كات، یان له‌جیاتی مانا ده‌كرێ‌ بڵێین فیكر په‌یجۆری ده‌كات. به‌ڵام ئایا له‌م ئه‌زموونه‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ر ستراكتۆری زمانی شیعردا هاتووه‌، یان هه‌ر ته‌نیا دووباره‌ هه‌ڵشێلراوه‌ته‌وه‌ و كۆنتێكسته‌كه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، واته‌ پێش و پاش خستنی په‌یڤه‌كان له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كی نوێدا كه‌ مانای وانییه‌ زمانی شیعریی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتبێت، نه‌خێر، به‌و شێوه‌یه‌ دركی پێناكرێت، له‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا په‌ی پێنابرێت كه‌ بمانخاته‌ به‌رده‌م فۆرمێكی دیكه‌، یان فۆرمیوولا كردنێكی دیكه‌ی زمان كه‌ ستراكتۆرێكی جودا و تایبه‌تمه‌ند و ناوازه‌ سه‌رچاوه‌ی بێت. بێگومان سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌ هاوجمكه‌ له‌گه‌ڵا ململانێیه‌ك، ئه‌ویش ئه‌و گومانه‌ دروستی ده‌كات كه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر یه‌ك شت، ئه‌ویش جه‌وهه‌ری مه‌عریفه‌ی شیعریی ئه‌م شاعیره‌یه‌، ئایا ئه‌م تێكه‌ڵكردنه‌، ئه‌م دژوازییه‌ له‌ ڕاستیدا له‌ ئاگاییه‌كی مه‌عریفییانه‌ و هونه‌رییانه‌وه‌ دێت، یان خۆڕسك و خۆكرده‌؟ ئایا ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ شیعرییه‌ به‌ ئه‌زموونێكی جوداوازه‌وه‌ تایبه‌تمه‌نده‌، یان بووه‌ته‌ بۆته‌یه‌ك بۆ ئه‌زموونه‌ ناخودییه‌كان و لاسایی كردنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ناكارامانه‌؟ ئیدی ئه‌م گومانه‌ كاتێك ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌زموونی نووسینی شاعیردا شۆڕبینه‌وه‌، به‌دوای وێستگه‌كانی وه‌رچه‌رخانیدا بگه‌ڕێین، ئه‌و مامه‌ڵه‌ كردن و شێوازه‌ له‌ لاماندا وه‌كو ده‌نگێكی دی به‌رجه‌سته‌ بێت نه‌ك وه‌كو ورده‌ شه‌پۆلێك له‌ كۆی شه‌پۆله‌ بچكۆله‌كانی تری ده‌ریای شیعری ئێستاماندا كه‌روێشكه‌ بكات:

هێنده‌ی زه‌ردێنه‌ی هێلكه‌یه‌ك
ئاهه‌كانمی له‌ناو ده‌ترووكێ‌
زه‌وی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر
له‌ سۆراخی هه‌وێنی هیوادا
ده‌ستی له‌ناو نیازی بێگه‌رد گه‌رم ده‌بێته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل44

هه‌ڵبه‌ته‌ شیعر له‌م ئه‌زموونه‌دا، هێشتا هه‌ر پارێزگاری به‌ خۆڕسكبوونی خۆیه‌وه‌ كردووه‌، هێشتا خۆی نه‌كردووه‌ته‌ ڕووبه‌رێك بۆ ده‌رخستنی مه‌عریفه‌ و فه‌لسه‌فه‌ كردن كه‌ له‌ لای زۆرێك بووه‌ته‌ شتێكی گرینگتر له‌و عه‌فه‌وییه‌ته‌ی كه‌ منداڵیی بۆ شیعر ده‌گێڕێته‌وه‌. ئیشكردن له‌ناو زماندا به‌ مه‌راقه‌وه‌ سیحرێك به‌ زمان ده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵا زمانی ئاساییدا مه‌ودایه‌كی به‌ربه‌رین ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌، ئیتر شیعر كه‌ په‌یدا بوو تخووبه‌كانی زمان ده‌به‌زێنێت، مانا و ده‌لاله‌ته‌ فه‌رهه‌نگیی و سووننه‌تییه‌كان به‌دوای خۆیدا به‌جێ ده‌هێڵێت، چونكه‌ زمان خۆی ده‌ستاوێژ نییه‌، به‌ڵكو بووه‌ته‌ مه‌خلووقێك، بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ خودی شته‌كان:

له‌ ته‌نیشتیدا ئاگرێكی كرده‌وه‌
له‌ یه‌ك دوو هه‌نگاو به‌ولاوه‌ تر
دووپشكێك له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئێسكدا مردار بووه‌ته‌وه‌
خه‌ڵكانێك به‌ترسه‌وه‌ دێنه‌ به‌ر هه‌تاوی به‌هارسروودی زه‌وی: ل45-46

ڕاسته‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا شیعر بۆ ئه‌و ئه‌و ژیانه‌یه‌كه‌ هێشتا نه‌یتوانیووه‌ بیجه‌ڕبێنێت، ئه‌و ژیانه‌یه‌ كه‌ هێشتاتێیدا نه‌ژیاوه‌، وه‌لێ‌ ئاماده‌یی پێده‌به‌خشێت:

چاوی ئاگر له‌ دۆزه‌خدا چی ده‌ڵێ‌
تابووت ته‌نیا جێگای یه‌ك كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل109-110

ئه‌و ناكۆشێت له‌و خاڵه‌وه‌ ساتوسه‌ودا له‌گه‌ڵا زماندا بكات كه‌ به‌ هه‌وڵا و كۆششی ئه‌ده‌ب پێی گه‌یشتووه‌ و به‌ره‌و هه‌رێمێكی جادووئامێزتری به‌رێت، به‌ڵكو ئه‌و ئاوڕ به‌ زوبان ده‌داته‌وه‌ و ده‌یباته‌ نێو هه‌رێمه‌ به‌راییه‌كان، پاشان ده‌یه‌وێت له‌وێوه‌ هه‌وڵێكی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵدا بدات تا بیگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و هه‌رێم و جێگا سیحرئامێزه‌ی كه‌ ئامانجێتی، به‌ڵام مه‌وداكه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوشاده‌ هه‌موو سیحره‌كان تێیدا به‌تاڵده‌بنه‌وه‌. ئیدی یاخیبوونێك لێره‌و له‌وێ‌ درك پێده‌كرێت به‌رانبه‌ر به‌ فۆرمی باوی زمان له‌ تێكسته‌كاندا، به‌ڵام هه‌ر له‌وێ‌ قه‌تیس ده‌مێنێ و بۆ قووڵاییه‌كانی زمان ته‌شه‌نه‌ ناكات هه‌تاكو له‌ ستراكتۆر نزیك بێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر له‌ فه‌زای ده‌ره‌وه‌ی زماندا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌ستكاریی كۆنتێكستی زمان ناكات و له‌ زۆر شوێنیش، له‌ زۆر ده‌قیشدا وا هه‌ست ده‌كرێت شتێكی هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌نجام ده‌دات و ئامانجێك ناپێكێت، به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا گۆڕانێكی مه‌به‌ست بێت:

دوورییه‌كی ئاڵۆز
ئاوی خه‌واڵووی ناو گۆزه‌ بخۆره‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل49-50
سروود خوێنی زه‌وی به‌ كاغه‌زی په‌یام كفن كراوه‌

به‌ره‌و گیانی خۆی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ‌
به‌رده‌وامیش ئاوڕ له‌ قه‌ڵا ده‌داته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل50

*خه‌یاڵا و ئه‌زموون
دیاره‌ خه‌یاڵا له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا هه‌ر ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌كه‌ و چالاكییه‌كی تری نییه‌ جگه‌ له‌ په‌رچكردنه‌وه‌ و ده‌ستاوێژێكیش نییه‌ هه‌تا به‌شداری له‌ كه‌شفكردنی هه‌قیقه‌تدا بكات، بۆیه‌ شته‌كان هه‌ر وه‌كو خۆیان كۆپی ده‌كاته‌وه‌. له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیشدا وشه‌،یان ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌وتۆ قوتده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئامانج تێیدا به‌رهه‌مهێنانی ئاژاوه‌یه‌كی ناوه‌كییه‌ ڕه‌نگبێت بۆ تێكدانی ئاوه‌زی شیعریی، كه‌ جگه‌ له‌ هێنانه‌دی ڕیتمێك هیچی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌ ناكات، ئه‌مه‌یش له‌ڕاستیدا هه‌ندێجار پێداویستییه‌ و چامه‌ پێداگری لێده‌كات:
پیتی زی نێوان
كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕ
ئاخاوتن و نه‌وای خۆم
دیدار و ناوهێنانی خۆم سروودی زه‌وی: ل53
هه‌ڵبه‌تا نابێت شاعیر هه‌ر له‌ پێناوی نووسیندا كرده‌ی نووسین ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ینووسێت پێبه‌پێی ڕه‌هه‌نده‌ هزریی و ده‌روونییه‌كان تێیدا ژیابێت ئینجا له‌لایدا ببێته‌ ده‌ق، جگه‌ له‌وه‌یش پێویسته‌ شاعیر به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بۆ خۆی ده‌ق به‌رهه‌م بهێنێت، ئینجا توانا و زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆی بۆ خۆشه‌ویستترین كه‌س و شت و بابه‌ت بخاته‌كار، ئه‌و، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ڕۆحی مرۆڤه‌كان به‌ڕووی چالاكییه‌كی دینامیكی به‌رهه‌ڵدا ده‌كات، هه‌روه‌كو كۆڵیڕیج ئاماژه‌ی پێداوه‌. بێگومان كاری شاعیر سه‌ركێشی كردنه‌ له‌گه‌ڵا بێده‌نگیی (یان خامۆشیی دنیا)و له‌گه‌ڵا شتێكیشدا كه‌ خاڵییه‌ له‌ مانا و وای لێده‌كات كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ و مانا، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی پێی ده‌كرێت بێده‌نگیی والێبكات بێته‌ ده‌نگ و نه‌بوونیش والێبكات بوونی لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ وشه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ هزرێكی ڕووكه‌ش و بووده‌ڵه‌ لێی ده‌ڕوانێ‌، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ ده‌توانێ‌ خودی جیهان و بوونه‌وه‌ر و ئێگزیستانسیش له‌ خۆیدا جێبكاته‌وه‌ و نهێنییه‌كانیان په‌رده‌پۆش بكات، یان ئاشكرا بكات. ئیزرا پاوه‌ند باشی بۆچووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: هه‌موو وشه‌یه‌ك به‌ مانا بارگاوییه‌، ده‌توانێ‌ ئاماده‌یی به‌ هه‌موو شته‌كان بدات، چڕوپڕبێته‌وه‌، به‌رته‌سكبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی مه‌ودایش گوشادبێته‌وه‌، كه‌وابێ‌ ڕه‌وایه‌ بوترێت خودی وشه‌ جیهانه‌، چونكه‌ هه‌موو شتێك له‌ناو خۆیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، شته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی دروستی خۆیاندا جێده‌كاته‌وه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین ئه‌وه‌ وشه‌یه‌ كه‌ مه‌ودایه‌كی به‌رینتری بابه‌تی شیعریی پیشانده‌دات، له‌وێدایه‌ هه‌موو شتێك پێگه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و خۆی دووباره‌ كه‌شفده‌كاته‌وه‌ و ڕۆڵی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی كارتێكه‌ر ده‌گێڕێت. ئه‌وه‌ی كه‌ گرینگیشه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ هه‌ستیی و ئێستێتیكییه‌یه‌ كه‌ ده‌ق له‌لای وه‌رگر به‌جێی ده‌هێڵێت و ئیتر وه‌رگریش وه‌كو په‌رچه‌كردار”ڕیئاكشن”ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌، دووباره‌ مانا به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌:
كه‌روێشكێك له‌ناو قۆپه‌نه‌ گیادا به‌چكه‌كانی فێره‌ چاوبزی ده‌كات
كێشكه‌یه‌كیش به‌سه‌ر هه‌ڵۆیه‌كی مۆمیاكراودا نیشته‌وه‌
سروودی زه‌وی: ل54
ئه‌رێ‌ باڵنده‌ هێلكه‌ی هه‌بێ‌ یان بێچوو
شاد ده‌فڕێت سروودی زه‌وی: ل112

تووتی بێ‌ چاووڕوو ده‌م ده‌كاته‌وه‌
له‌ نزیك
ڕه‌گ و
گۆپكه‌ و
خونچه‌
ده‌وه‌ستێ‌ و پێی له‌ زه‌وی ده‌خشێنێ‌
نه‌خشی ناوچه‌وانی به‌ردی بۆ دروست نابێ‌ سروودی زه‌وی: ل4

*شیعر و پێداویستیی
لێره‌دا شیعر ته‌قه‌للا ده‌دات به‌ره‌و ئاقاره‌ نوێیه‌كان بچێت، یان هیچ نه‌بێت كه‌شفیان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحێكی به‌ جۆش وخرۆش به‌دیبهێنێ‌. بێ شك ئه‌گه‌ر هه‌ر شاعیرێك ئه‌مه‌ی ئه‌نجامدا ئه‌وا ترادیسیۆنه‌ شیعرییه‌ باوه‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌ و ژیان له‌ناو سۆز و ئاگاییه‌ په‌ژموورده‌كه‌ی مرۆڤ زیندوو ده‌كاته‌وه‌ و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌ندێ‌ بۆ ڕۆحمان پێداویسته‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌دوای شته‌ مرۆییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین، یان ده‌مانه‌وێ‌ خۆمان له‌ناو ده‌قێكدا بدۆزینه‌وه‌ تا به‌ خودێكی دیكه‌وه‌ په‌یوه‌ست بین، ئه‌و خوده‌ ده‌توانێت تێگه‌یشتن فه‌راهه‌م بكات و ماناگه‌لێكی جیاواز له‌ناو ده‌قدا به‌دی بهێنێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هاوبه‌شییه‌ی كه‌ له‌ لاماندا مانا به‌ تێكست ده‌دات، یان به‌ شێوه‌یه‌كی تر بڵێم له‌ ده‌قێكدا ئێمه‌ به‌دوای هه‌ڵوێست و پره‌نسیپه‌ مرۆییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین و هه‌ر به‌وه‌یش هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین، یانی ئه‌گه‌ر ده‌قێك خاوه‌نی ئه‌م شته‌ نه‌بێت و لێی ونبێت ئه‌وا بۆ لای خۆی سه‌رنجمان به‌كێش ناكات و به‌ داهێنانی له‌ قه‌ڵه‌م ناده‌ین. به‌ڵام وه‌كی تر شیعر له‌بریی ئێمه‌ تێده‌هزرێت، زمان به‌ قسه‌ ده‌هێنێت، به‌ ته‌وزیفكردنی كرده‌ مرۆییه‌كانیش په‌نجه‌كانی شاعیر له‌گه‌ڵا دره‌وشانه‌وه‌دا نه‌رم ده‌بێت:

شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له‌ دووره‌وه‌ هاتووم و نه‌زرم له‌ خۆم گرتووه‌
نیشانه‌ی زیندوو كردنه‌وه‌ بناسم سروودی زه‌وی: ل57

دیاره‌ له‌ پراكتیكدا شیعر ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ له‌ په‌خشان فشه‌رده‌تر و چڕوپڕتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و خه‌یاڵییانه‌تر بێت، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی”ئی. ئێس. داڵاس”خه‌یاڵا چیدی مه‌له‌كه‌یه‌كی له‌ فیكر دابڕاو نییه‌ كه‌ بێگومان سه‌رچاوه‌ی سه‌رتاپای داهێنانه‌كانی مرۆیه‌. شاعیریش هه‌رده‌م ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌زایه‌كی كه‌متردا مانا و مه‌به‌سته‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات و زۆربه‌ی جاره‌كانیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا حاڵه‌ته‌ زۆر ئاڵۆزه‌كانی هزردا ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌قدا بهێنێته‌دی، له‌ناویدا، بوون به‌ ئاماده‌یییه‌كی مرۆیی بدات، تا له‌ ئه‌نجامدا دنیابینیی، یان تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی شیعریی ده‌سته‌به‌ر بكات:
په‌یامبه‌خش دڵم له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی ڕاده‌خات و له‌ چاوی نزیك ده‌كاته‌وه‌
قه‌ت دڵی وا پڕ كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕی نه‌دیوه‌ سروودی زه‌وی: ل54

*ڕه‌هه‌نده‌كانی وشه‌ی شیعریی
هه‌میشه‌ وشه‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌، لایه‌نی خودیی و لایه‌نی بابه‌تیی. هه‌میشه‌ دنیایه‌كی تر له‌ودیو وشه‌وه‌ خۆی مات داوه‌، ئه‌ویش جیهانی ئاگاییه‌، وشه‌- زمان ئامرازێكی بێوێنه‌یه‌ بۆ گوزارشت كردن له‌باره‌ی جه‌وهه‌ری واقیعه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤه‌وه‌. زمان وامان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه‌ شته‌كانی ده‌وروبه‌رمان ببینین. كه‌واته‌ له‌ پڕۆسه‌ی هۆشیارییدا ئامرازێكی بێهاوتایه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌و هۆشیارییه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت ناتوانێتكارفه‌رمای خۆی به‌ شێوه‌یه‌كیشیاو و به‌جێ‌ ئه‌نجام بدات و له‌ ئاكامدا كارێكی ئه‌وتۆ ناكات شته‌كان به‌ ڕوونی و بێگه‌ردیی له‌ ده‌وروبه‌رمان به‌دی بكه‌ین و گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت له‌ به‌رجه‌سته‌ كردن و په‌رچڤه‌كردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی زمان گۆشت و خوێنه‌كه‌ی پێك ده‌هێنێت، له‌ گرتنی ئه‌و ڕۆحه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا به‌ خاوخلیچكی و شێواویی به‌دیار ده‌كه‌وێت:

له‌ سێبه‌ری گه‌رمی دره‌خته‌كه‌دا بزه‌یه‌ك بۆ كامێرا بكه‌
حه‌كایه‌تی مردن كه‌مێك له‌ ژیان درێژتره‌ سروودی زه‌وی: ل55

باران بۆ ئه‌وه‌ ده‌بارێ‌ خۆی ون بكات
بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ خۆی بدۆزێته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل115

*شیعر و یه‌كێتی بابه‌ت
ئایا لێره‌دا ده‌كرێ‌ به‌ وردی قسه‌ له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی شیعریی بكرێت به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی بابه‌ته‌وه‌، له‌ ڕووی یه‌كێتی بابه‌ته‌وه‌ كه‌ كاراكته‌ر به‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌به‌خشێت؟ بێگومان، چونكه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌سته‌م نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌به‌رده‌م تێكسته‌كاندا به‌رانبه‌ر به‌ هه‌یكه‌لێك ڕاده‌وه‌ستین، ته‌ماشای كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ ناكه‌ین كه‌ هێشتا پێوه‌ندییان پێكه‌وه‌ نه‌سازاندووه‌، كه‌ هێشتا هه‌ر كه‌ره‌سته‌ی خاون، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا سه‌رنجی جۆره‌ هه‌ڵبزڕكانێك بدرێت، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شاعیر كاراكته‌رێكی به‌ ئه‌مه‌كی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌تی، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌و پارچه‌ پارچه‌ بوون و لێكترازانه‌ ده‌روونییه‌ی كه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ پێی به‌خشیووه‌، ئه‌و ده‌یگوازێته‌وه‌ ناو ده‌ق، ده‌توانین بڵێن ئه‌و له‌ هه‌ندێ‌ بارودۆخدا كارفه‌رمای ئاوێنه‌ ده‌بینێت كه‌ پیشاندانه‌وه‌ و په‌رچكردنه‌وه‌یه‌، بێگومان به‌ شێوه‌یه‌كی سایكۆلۆژییانه‌. ئه‌و ناتوانێت خۆی وا ده‌ربخات و بنوێنێت، قه‌واره‌یه‌كی تۆكمه‌ له‌ناو خودێكی بێهێز و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌ به‌رده‌سته‌ بكات. به‌م پێیه‌ ده‌كرێ‌ بڵێین یه‌كێتی بابه‌ت له‌م ده‌قانه‌دا ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌وه‌، ژیان خۆی یه‌كێتی بابه‌ته‌، ژیان، دیاره‌ به‌ سه‌رله‌به‌ری جوانیی و دزێوییه‌كانییه‌وه‌ یه‌كێتی بابه‌ته‌.چونكه‌ لێره‌دا ته‌واوی كه‌ره‌سته‌كانی جیهانه‌ شیعرییه‌كه‌ له‌ئه‌زموونی ژیانی شاعیرو قووڵاییه‌كانییه‌وه‌وه‌رگیراوه‌ و جیهانه‌كه‌ی پێ بنیاتنراوه‌:

مانگ ده‌ستی نزایه‌ هه‌ڵفڕیووه‌
له‌ تریفه‌ی خۆی زیاتر كه‌سی نییه‌
له‌ كانییه‌كیش ده‌پێچێته‌وه‌ كه‌ هیچی له‌باره‌وه‌ نازانێ‌
كانیش له‌ ئاست جۆگه‌ی دامێنی خۆی
كه‌ڕ و
لاڵا و
كوێره‌ سروودی زه‌وی: ل60

ئه‌گه‌ر پاشینه‌ی شاعیر ئه‌زموونه‌ بێچه‌ند و چوونه‌كه‌ی بێت، ئه‌وا له‌ نێوانی ئه‌زموون و گوزارشتكردن لێیه‌وه‌ هه‌ر وه‌كو نه‌زار قه‌ببانی بۆی چووه‌ دابڕان نییه‌. نووسینیش ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كامڵا، به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه‌ی باڵا. خودی شاعیریش ئه‌و منه‌ شیعرییه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زدا داده‌هێنێ‌ كه‌ ئه‌ركێكی گرینگی هه‌یه‌ ئه‌ویش ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانه‌ هه‌روه‌كو”سان جۆن پێرس”ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌:

گه‌وره‌م نه‌شونما ئه‌گه‌ر به‌ درۆ ماچ بكه‌م
خودا و خود سزام ده‌ده‌ن سروودیزه‌وی: ل58- 59

ڕابردوو و داهاتوو له‌ناو یه‌كدا مردوون
قاچی ئێستاشیان له‌ناودا سڕه‌ سروودی زه‌وی: ل121

*ڕه‌هه‌نده‌ دیار و نادیاره‌كان
ڕه‌نگه‌ ناوه‌رۆك و تاك وشه‌كانی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ به‌خۆوه‌ نه‌بینن، چونكه‌ جیاوازییه‌كه‌ له‌ ساتوسه‌ودادایه‌ له‌گه‌ڵا جه‌وهه‌ری شیعر و زمان خۆیدا، ده‌شێ‌ بوترێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ یاخیبوون و سه‌ركێشیی پێوه‌ دیاره‌ تاڕاده‌یه‌ك فۆرمه‌، واته‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و یاخیبوونه‌ له‌و فۆرمه‌ گشتییه‌ی كه‌ باوه‌ و كۆده‌نگیی له‌سه‌ره‌. ڕه‌نگه‌ شتی جیاوازی هه‌بێت ، به‌ڵام كه‌ ده‌ریده‌بڕێت و ته‌وزیفی ده‌كات به‌ جۆرێك ئه‌نجامی ده‌دات كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هاوتای نییه‌، نه‌بینراوه‌، پێشتریش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌، لانیكه‌م له‌ناوه‌نده‌كه‌ی ئێمه‌دا. دیاریشه‌ شیعر بێجگه‌ له‌وه‌ی بونیادنانی زمانێكی جوداواز و په‌ره‌پێدان و پێشخستنی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ئه‌ركێكی دیكه‌شی هه‌یه‌، ئه‌ویش ڕۆشنبیركردن و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی زمانه‌، واته‌ زمان والێده‌كات هه‌ڵگری پاشخانێكی مه‌عریفی قووڵتر بێت و ڕۆحێكی دینامیكییانه‌تر له‌ بۆته‌یدا شاردراوه‌ بێت و به‌ به‌ها و بابه‌تگه‌لی هه‌میشه‌ خۆتازه‌كه‌ره‌وه‌ و كاژفڕێده‌ر بارگاوی بێت:

ترپه‌ی دڵم گوێ‌ له‌ مێشكم ناگرێ‌ و شوێنپێی ناناسرێته‌وه‌
كۆمه‌ڵێك مردوو مۆمیان له‌سه‌ر ده‌ستیان ڕاگرتووه‌
ده‌موچاویان ته‌واو سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و ئه‌و ڕازه‌ ده‌دركێنن
په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كاتسروودی زه‌وی: ل62

شاعیر، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ میانه‌ی زمانه‌وه‌ به‌ شته‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، ده‌كرێ‌ وه‌كی تر بڵێین زمان تاقه‌ نیشتیمانی بێچه‌ند وچوون و بێ‌ هاوتای ئه‌وه‌. زمان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به‌رجه‌سته‌كه‌ری خه‌ونی شاعیره‌، نه‌وه‌ك ژیانه‌ ڕیاڵیستییه‌كه‌ی:

ده‌توانم باوه‌ڕ به‌و هه‌موو شتانه‌ بهێنم كه‌ بینیوومن
چونكه‌ هه‌موویان خه‌ون بوون سروودی زه‌وی: ل63

هه‌تاو خه‌ریكی دزینی پارچه‌ قوماشه‌كانی پرسه‌یه‌
داوای كرد له‌ دزییه‌كه‌یدا یاوه‌ری بین
ئه‌م داوایه‌ تایبه‌ته‌ به‌و مرۆڤه‌ی چاوی دڵی ناسیووه‌
سروودی زه‌وی: ل125

بێگومان زمانی شیعریی زمانێكی بارگاوییه‌ به‌ وێنه‌، له‌ ڕێگای وێنه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕاستیانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ نیازی ئاشكرا كردنی مانای ئه‌زموونه‌ تایبه‌تمه‌ند و كه‌سییه‌كه‌ی خۆیه‌تی. سه‌ره‌نجام هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ بلیخانۆف بۆی چووه‌ شیعر بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌ وێنه‌. بۆ ئه‌وه‌یش كه‌ به‌ وردی ئه‌وه‌ دیاریبكه‌ین ئایا دیارده‌ی وێنه‌ ده‌بێ‌ چی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌یش دیاریبكه‌ین ئاخۆ وێنه‌ پێش هزر ده‌كه‌وێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵا گاستۆن باشلاردا پێویسته‌ بڵێین شیعر پتر له‌وه‌ی دیارده‌ی ئاوه‌ز بێت، دیارده‌ی ڕۆحه‌. به‌م پێیه‌یش خه‌یاڵا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی تێدا ده‌بینێت. به‌و مانایه‌ی كه‌ وزه‌یه‌ له‌ داهێنان و توانایه‌ له‌ هێنانه‌ ئارا و قابلییه‌ته‌ له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی جیاواز وهاودژه‌كان و یه‌كخستنی نه‌گونجاوه‌كانه‌ له‌ گشتێكی لواو و هارمۆنیدا. له‌وه‌یش بترازێ‌ توانایه‌كی مه‌زنیشه‌ له‌ تێكشكاندنی یه‌كێتی ڕوواڵه‌تییانه‌ی شته‌كان و تێكوپێكدانی پێوه‌ندییه‌ شه‌قڵییه‌ كۆنه‌كان له‌پێناو سه‌رله‌نوێ‌ بنیادنانه‌وه‌یان. به‌مجۆره‌یه‌ كه‌ ژیانێكی شیعریی به‌ كۆنسێپت ده‌به‌خشرێت، ئه‌و كۆنسێپته‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌نووكه‌وه‌ پێوه‌ندیدار بێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حاڵیبوون و ده‌رك پێكردن بێت بۆ خودی سه‌رده‌مه‌كه‌ خۆی:

هه‌میشه‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا دڵخۆشم ده‌كات و دوا بارانیش ده‌مترسێنێ‌
نازانم بۆ ناتوانم ته‌واو له‌ باران نزیك ببمه‌وه‌
یاداشتنامه‌یه‌كی توندوتیژم داوه‌ته‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا
نه‌رم ببارێ‌
نان نه‌رم ئاوپرژێن ده‌كرێت
شانه‌ی هه‌نگوینیش به‌ نه‌رمی پڕ ده‌بێت سروودی زه‌وی: ل68

ناڵی ئه‌سپ له‌ق بووه‌ و سروشت تووڕه‌ و دڵخراپه‌
ئه‌ی هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
فه‌رمان به‌ دڵم بده‌ خراپه‌ ده‌ركاتسروودی زه‌وی: ل67

*شیعر واقیعی خودیی خۆی ده‌ئافرێنێ‌
دیاره‌ شیعر هه‌میشه‌ واقیعی خۆی ده‌خوڵقێنێ‌ و كۆمه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌یش ده‌خوازێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ ئاڵۆزه‌ی، واقیعی حاڵیش دره‌وشانه‌وه‌ی زیاتری پێده‌به‌خشێت. شیعر هه‌ندێجار لێره‌دا لۆژیكێكی فۆتۆگرافیانه‌ی هه‌یه‌، زوومێكه‌ وێنه‌ی نزیكتر ده‌گرێت، كه‌ڵه‌كه‌یان ده‌كات و سه‌ره‌نجام كه‌ ته‌واو ئاماده‌ ده‌بن، ده‌یانخاته‌ توێی ئه‌لبوومێكه‌وه‌، ده‌توانین بڵێین ئه‌لبوومه‌كه‌ چه‌كامه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا جیاكاره‌ گۆشه‌نیگاكانه‌، هه‌ر فۆتۆیه‌ك له‌ پنتێكی دانسقه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ی خۆی ڕاوشكار ده‌كات و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌فسووناوی سه‌رسامكه‌ردا ئه‌وقی ده‌كات. ئه‌و دنیایه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا بوونی هه‌یه‌، له‌ سه‌راپا و به‌ درێژایی مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌كانی تژییه‌ له‌ دژوازیی و نه‌گونجان، بێگومان ده‌قیش زۆر له‌و دنیایه‌وه‌ دوور نییه‌ و ئه‌و دژوازییانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناو خۆی، ئیتر دنیایه‌ك ئافه‌ریده‌ ده‌بێت كه‌ گواستنه‌وه‌ی كتوپڕ له‌ شتێكه‌وه‌ بۆ شتێكی ته‌واو جیاواز زاڵا ده‌بێت و تاڕاده‌یه‌ك ده‌ق هه‌ناسه‌سوار ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه‌یش سه‌یری بكه‌ین ئه‌وا په‌یوه‌ندی بڕگه‌كان كاڵبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌سته‌ویه‌خه‌یان بووه‌ته‌وه‌، له‌ملاوله‌ولایشدا پێوه‌ندییه‌كان بوونی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام وه‌كی تر كه‌ توێژی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕووكاره‌ به‌جێ‌ ده‌هێڵێت هه‌مان ئه‌و دنیایه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌بینین كه‌ شیعر به‌ یاسا و لۆژیكی خۆی ئافه‌ریده‌ی كردۆته‌وه‌ و هه‌ست ناكرێت كه‌ كه‌موكووڕی تێدا هه‌بێت و ئه‌و یه‌كێتی بابه‌تییه‌یش كه‌ له‌لایه‌ن زۆرێكه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌ هێنده‌ بزر بووبێت كه‌ به‌ زه‌قی به‌و ده‌قانه‌وه‌ دیاربێت كه‌ واقیعێكی بێ‌ یه‌كێتی و پڕ هاودژیی نماینده‌ی ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌كو شێوه‌ و فۆرم ده‌شێ‌ پێوه‌ندییه‌كانی زمان نه‌توانن یه‌كێتییه‌كی بابه‌تیی به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌یشدا ناوه‌رۆك به‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و ڕه‌چاوی ئه‌و واقیعه‌ی ده‌ره‌وه‌ی چامه‌ بكه‌ین، كه‌ وه‌كو شه‌قڵا شڵه‌ژان و دابڕانی ڕووكه‌شانه‌ پیشان ده‌دات، وه‌لێ‌ له‌ودیوی ئه‌مانه‌دا بێ شك ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ یه‌كێتییه‌كی بابه‌تییانه‌ی مكووم و تۆكمه‌یه‌:
كتێبێك له‌ ئومێدی خۆیدا دڵی داینه‌وه‌
شوێنیشمان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌
ئه‌گه‌ر هه‌شمانبێت یارییه‌كی ئاگربازییه‌
تیشكی سووتێنه‌ر شه‌مێی توانده‌وه‌
پایزیش سووكایه‌تی به‌ شكۆی دره‌خت ده‌كات
وه‌كو عه‌لیشیشی فیكه‌ بۆ كێشراو
ده‌ممان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل69-70

به‌ په‌یژه‌یه‌كی نووستوو هه‌ڵده‌كشێمه‌ ناو تاریكی و ڕووناكی
په‌یژه‌ ته‌نیایی و ترس و واقوڕمانه‌
تاریكی لێوی له‌ كوڵمی ڕووناكی ده‌كاته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل70-71
*سه‌ركه‌وتنی هه‌سته‌كان له‌ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌
دیاره‌ وێنه‌كان بیر و هه‌سته‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن، سۆزه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. هه‌ژموونی وێنه‌كان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعر تاڕاده‌یه‌ك كاڵده‌كه‌نه‌وه‌ و لێڵیی به‌ بابه‌ت و مانا ده‌به‌خشن.یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی شیعرێك كه‌ وێنه‌ دایهێناوه‌ هه‌ستكردنه‌ به‌بوونی كۆمه‌ڵه‌ گرێیه‌ك له‌ نێوان گواستنه‌وه‌ی وێنه‌كاندا، كه‌ ئه‌مه‌یش واده‌كات له‌ ڕه‌وتێكی سروشتی و بێگرێ‌ وگۆڵییه‌كی شیعریی بێبه‌ریی بكات. ئه‌گه‌ریش شیعر پێبه‌پێ خۆی له‌ چه‌مكی وێنه‌دا ببینێته‌وه‌ ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ ئێلیمێنتێكی سه‌ره‌كی و یه‌كانه‌یه‌ له‌ پێكهێنان و به‌دیهێنانی شیعردا. “سی. ده‌ی. لوویس” له‌ كتێبی وێنه‌ی شیعرییدا ده‌ڵێت: داهێنان و بوێریی و به‌ پیتیی له‌ وێنه‌دایه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ “خاڵێكی به‌هێز”له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌و ڕۆحه‌ی كه‌ به‌ سه‌ر چامه‌ی هاوچه‌رخدا باڵاده‌سته‌ وه‌كو هه‌ر ڕۆحێكی دیكه‌ شیمانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌رفرتێ. هه‌ڵبه‌ته‌ وێنه‌یش هه‌رده‌م جێگیره‌ و خودی قه‌سیده‌یش له‌ ده‌ره‌نجامدا وێنه‌یه‌، ده‌كرێ‌ هه‌موو شتێكی بگۆڕێت، بۆ نموونه‌ ئاڕاسته‌، شێواز، بابه‌ت، فۆرم…..تاد، به‌ڵام وێنه‌ هه‌ر به‌ جێگیریی له‌ پێكهاته‌ی شیعردا ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ر وه‌كو پێوه‌ری سه‌ره‌كی و شكۆی شاعیر و به‌رزی و ژیانی به‌رجه‌سته‌ی شیعریش ده‌مێنێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی”درایدن”ئاماژه‌ی پێداوه‌:

په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كاتسروودی زه‌وی: ل66
تریفه‌ش چه‌ند له‌ ئاسكێكی دووگیان ده‌چێ‌
به‌ نه‌رمی پێ‌ هه‌ڵده‌گرێ‌ سروودی زه‌وی: ل67
نووشته‌ی چاوه‌زار به‌ ناوچه‌وانی خانوو جۆلانه‌ ده‌كات
سروودی زه‌وی: ل82
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه‌ سێبه‌ر ناگرێ‌سروودی زه‌وی: ل82

لێدانی دڵا هه‌موو شتێكی من ده‌زانێ‌ و چاوساغی هه‌قیقه‌ته‌
سروودی زه‌وی: ل85

بێگومان ئه‌وه‌ی كه‌ هاوگونجاندن له‌ میانی وێنه‌كاندا به‌دیده‌هێنێت ڕێككه‌وتنی بابه‌ت و وێنه‌یه‌. وێنه‌ ڕێگای بابه‌ته‌كه‌ ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌، كۆمه‌كی ده‌كات خۆی باشتر به‌دیاربخات، یان بدۆزێته‌وه‌.”ئای. ئه‌ی. ڕیتچاردز”پێیوایه‌: ئه‌و توانا سه‌رسامكه‌ره‌ی شاعیر بۆ هاوئاهه‌نگكردنی قسه‌، هه‌رچی چۆنێك بێت به‌شێكه‌ له‌و توانا فره‌ سه‌رسووڕ هێنه‌رتره‌ی هاوئاهه‌نگكردنی ئه‌زموون. خودی ئه‌زموونی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ بابه‌تی ته‌واوی شیعر بووه‌. شیعر كاتێ‌ كه‌ قووڵاییه‌كانی مرۆ ته‌یده‌كات، خه‌سڵه‌تی نوێ‌، یان جیاواز به‌ شته‌كان ده‌دات، مانایه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌یان پێ ده‌به‌خشێت، له‌وێوه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت جێگایه‌كی شایسته‌ و پڕبه‌پێست له‌ جیهاندا ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ هه‌روه‌كو ماكلیشیش ئاماژه‌ی پێكردووه‌: شیعر یه‌كێكه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ مانای ژیانمان بۆ ڕاڤه‌ ده‌كاته‌وه‌ و قووڵترین پێداویستییه‌ مرۆییه‌كانیشمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانا بۆ ژیانمان فه‌راهه‌م بكه‌ین:

كیسه‌ڵا كه‌ سه‌ری خۆی ده‌باته‌وه‌ ناو قاوغی
له‌ قووڵایی خۆی ده‌ڕوانێ‌ سروودی زه‌وی: ل72

جا ئه‌گه‌ر شیعر هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كریستۆڤه‌ركۆدوێڵا بۆی چووه‌: یه‌كێك له‌ كۆنترینی ئه‌و چالاكییه‌ ئێستێتیكییانه‌ی هزری مرۆڤایه‌تی بێت ئایا ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی دیكه‌ی هه‌یه‌؟ واته‌ ده‌توانین پشتگوێی بخه‌ین و هه‌ست به‌ ناته‌واوی و كێماسییه‌ك له‌ ژیانی مرۆییماندا نه‌كه‌ین؟ دیاره‌ تا ئێستا ئه‌م پرسیاره‌ بێ‌ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ شیعر بۆ ڕۆحی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا پێداویستییه‌كی په‌یگیره‌ و سه‌رومڕه‌ له‌وه‌ی به‌ ڕۆڵێكی پۆزه‌تیڤ و گرینگ هه‌ڵبستێت له‌ پێشخستنی و پاقژكردنه‌وه‌ی له‌ گوناهه‌ زه‌مینییه‌ ناچیزه‌كان،هێشتا تێپه‌ڕاندنی قێزه‌وونیی و یه‌كدۆخییه‌كانی ژیانه‌ و جیهانێك به‌ ئاده‌میزاد ڕه‌وا ده‌بینێت كه‌ هه‌ست ده‌كات پێوه‌ی پێوه‌ندیداره‌ و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت:

سه‌رم له‌ تاریكی و ڕووناكی سووڕماوه‌
كامیان له‌به‌ر كامیان هه‌ڵدێن سروودی زه‌وی: ل71

وێده‌چێت ئه‌فلاتوون بایه‌خی به‌و چێژ و له‌زه‌ته‌ دابێت كه‌ شیعر ده‌یبه‌خشێت، ئه‌ریستۆیش بایه‌خی به‌و كارفه‌رمایه‌ دابێت كه‌ شیعر ده‌یبینێت، هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌زیفه‌ی شیعریی له‌لای ئه‌ودا خۆی له‌”كاتارسیس”دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ چه‌شنی فیلته‌رێك بۆ پاقژكردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆ لێی بڕوانین، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان ناكرێت شیعر له‌ یه‌كێك له‌م دوو به‌خششه‌ی خۆی داماڵین، یان به‌بێ‌ یه‌كێكیان وێنای به‌ركه‌ماڵبوونی بكه‌ین، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ چێژ و وه‌زیفه‌كه‌یشی هه‌ر پێداویسته‌:

ده‌ستی بكوژ چرچ و لۆچ و په‌ڵه‌ی تێ‌ كه‌وتووه‌
ناتوانێت خه‌ون ببینێ‌ كه‌ په‌پووله‌یه‌ سروودی زه‌وی: ل66

زه‌وییه‌كی دانه‌چێندراو نه‌یتوانی بزه‌ بهێنێته‌ سه‌ر لێوان
هه‌ڵمی هۆشمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم سروودی زه‌وی: ل114- 115

به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ ئومێد و ئاواتی بێهاوتا و بێچاڵش و به‌رهه‌ڵستیی شاعیر جگه‌ له‌ شیعری په‌تیی شتێكی دی نییه‌، بۆریس پاسته‌رناكیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌: تاقه‌ په‌یامێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی شیعره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جوان بێت.هه‌ڵبه‌تا به‌ گوێره‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ بێت هه‌ندێ‌ شوێن له‌ جه‌سته‌ی ده‌قه‌كانی سه‌باح ئامانجیان پێكاوه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌ون و واقیعی تێدا ناتوێنێته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ مشتوماڵی ناكات. نه‌بوونی شیعر، یان چككردنی له‌ژیانیدا بوونی گه‌وره‌ترین بێئومێدییه‌ له‌قه‌واره‌یدا.له‌م لاپه‌ڕه‌ شیعرییانه‌دا ده‌ق به‌ شێوه‌یه‌كی حه‌په‌سێنه‌رانه‌ ڕه‌هه‌ندی ئێستای به‌سه‌ردا زاڵه‌، یان هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی له‌ هه‌نووكه‌دا شاردۆته‌وه‌، هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یه‌ و له‌ میانییه‌وه‌ به‌ر ئێستا ده‌كه‌وین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر فیلمێكدا بین كه‌ به‌ ته‌كنۆڵۆژیای (سێ ڕه‌هه‌ندیی-3د) پیشان بدرێت، یانی له‌ هه‌موو لا و گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ ئێستا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌نده‌ به‌ پڕاوپڕیی وكتومت ژیانی خۆی ژیاوه‌ و ده‌ژێت، كتومت شیعر دێت ئه‌وه‌ی بۆ دابهێنێته‌وه‌، به‌ چه‌شنێك ئه‌و كاره‌ی بۆ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ هه‌رگیز مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان ئه‌و دوانه‌دا به‌دی ناكرێت،ته‌نیاسروشتی ئه‌و دیاله‌كتیكه‌ ده‌رك پێده‌كرێت كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادایه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ جۆرێكی باڵانسدارتر خۆی ده‌نوێنێ‌ و ڕوواوڕووی جیددییه‌تێكی ئه‌وتۆمان ده‌كاته‌وه‌ بڵێین دنیای شیعر هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌خشینی پیت و فه‌ڕ به‌ دنیای واقیع:

براده‌ران بێ بایه‌خن ئه‌و به‌ردانه‌ی بۆ مل شكاندن ده‌یهاوێینه‌ به‌رپێی یه‌كتری
مانگ له‌ ئاسماندا ته‌نیایه‌ و گۆرانی هه‌مووشمانه‌سروودی زه‌وی: ل76

بێگومان (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هزرێكی به‌رجه‌سته‌كه‌ر و بینین ئامێزی هه‌یه‌، به‌ ئیحای تابلۆیه‌كه‌وه‌ شیعر ده‌نووسێت كه‌ پێشتر له‌ زه‌ینیدا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و دواجار هێڵه‌كان و ڕه‌نگه‌كان و فیگه‌ره‌ مۆدێرنه‌كان هێدی هێدی ده‌بنه‌ ڕایه‌ڵا و هۆنراوه‌كانیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئیتر پێویسته‌ له‌سه‌ر خوێنه‌ر به‌ هه‌موو ماناكانی خوێندنه‌وه‌ ده‌قه‌كان بخوێنێته‌وه‌. به‌مجۆره‌یش ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نێوان كۆزمۆزی (جیهانی) تایبه‌تی و كۆزمۆزی گشتییدا بوونی هه‌یه‌، یانی لێره‌دا شتێك نییه‌ ناوی جیهانی تایبه‌تی په‌تیی، یان جیهانی گشتیی په‌تیی بێت، هه‌ردووكیان له‌ كاركردێكی دوو لایه‌نه‌دان، واته‌ جه‌ده‌لییه‌تێك له‌ نێوانیاندا درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ یه‌كتری كارتێكراون، گۆڕانی یه‌كێكیان گۆڕانی بێچه‌ند و چوونی ئه‌وی دییان ده‌گه‌یه‌نێت:
ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای ئه‌سپ
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
بۆ باڵی باڵنده‌ پیت و فه‌ڕ ده‌ڕژێنێته‌ سه‌ر پشتیسروودی زه‌وی: ل75-76

*وێنه‌ و جووڵانه‌وه‌
شاعیر، وه‌ك هه‌میشه‌ له‌میانه‌ی زنجیره‌ وێنه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌، كه‌ هه‌ست و سۆزمان ده‌خرۆشێنن و ده‌یانهێننه‌ جووڵه‌ و ورووژان، كه‌ هه‌رگیز خاڵی نین له‌ به‌ها ئۆنتۆڵۆژییه‌كان و یاده‌وه‌ری شیعریمان ده‌هه‌ژێنن، ئێمه‌ ده‌بێ‌ دووباره‌ پێی ڕابێینه‌وه‌، ده‌بێ‌ دووباره‌ وێنه‌كان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌ و تابلۆیه‌كیان لێ دروست بكه‌ین كه‌ سه‌ره‌نجام قه‌سیده‌كه‌یه‌ و ئێمه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌، واته‌ ئه‌و تابلۆیه‌ ده‌توانێ‌ ببێته‌ پانۆڕامایه‌ك كه‌ له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌ چامه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. یانی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ خود، كه‌ ئه‌ویش به‌ ناڕاسته‌وخۆیی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ واقیع، یان په‌نابردنه‌ بۆ ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ خود ده‌ركی پێده‌كات و خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌قیقه‌تێكی جیاوازی به‌رهه‌مهێناوه‌، هه‌قیقه‌تێكی نوێ‌ هه‌روه‌كو ڤیكتۆر شكڵۆفسكی ئاماژه‌ی پێكردووه‌، هه‌موو پێوه‌ندییه‌ ئاسایی، یان كۆنه‌كانی زمانی تێكوپێك داوه‌ و یه‌كێتی ڕواڵه‌تیی شته‌كان ته‌فروتونا ده‌كات و پێوه‌ندییه‌كی دیكه‌ و یه‌كێتییه‌كی تریان بۆ ده‌گونجێنێ‌، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هیچه‌وه‌ شتێكی جیاواز بخوڵقێنێت، ئه‌گه‌رچیش زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانیشی ده‌گه‌نه‌ بنبه‌ست:

بخوور تا نه‌سووتێ‌ بۆنی بڵاو نابێته‌وه‌
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه‌ سێبه‌ر ناگرێ‌
ئاو تا نه‌ڕوات ئاوازی لێ په‌یدا نابێت
پشكۆ تا نه‌بێته‌ خۆڵه‌مێش با نایبات سروودی زه‌وی: ل82
چ هۆگربوون و نیازێكی پاكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕاكه‌ی
ڕووخساری مه‌حاڵا ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ بۆ به‌رانبه‌رسروودی زه‌وی: ل83

*لۆژیكی شیعریی
ده‌شێ وێنه‌ له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ترین ئێلیمێنت بێت، ئه‌گه‌رچیش به‌سه‌ر دنیایه‌كی كۆلكه‌ڕه‌نگینه‌ییدا ئاوه‌ڵامان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئایا شیعر ته‌نیا وێنه‌ ده‌یخوڵقێنێت، یان شتگه‌لێكی دیكه‌یش له‌ پێكهاته‌یدا به‌شدارن؟هه‌ر بۆنموونه‌: ئۆبژێكت، خه‌یاڵا، پرسیار،خه‌ون، زمان، گێڕانه‌وه‌، یاده‌وه‌ری، كات و شوێن، دنیابینیی، فه‌نتازیا…تاد، به‌ڵام مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر ببێته‌ بۆته‌یه‌ك و ئه‌مانه‌ و هه‌رچی ئێلیمێنتێكی تریش هه‌یه‌ بگرێته‌خۆ و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگرانه‌ یه‌كێتی فۆرم وناوه‌رۆك پێكبهێنێ‌، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ یه‌كێتی بابه‌ت تێیدا و به‌ ئاقاری مانایه‌كی گشتیی ده‌مانبات و په‌یامێكی لێوه‌ هه‌ڵده‌گۆزین. بێگومان ئه‌وانه‌یله‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێدرا، پێویسته‌ سه‌رتاپا تێك بڕژێن و پێكهاته‌یه‌ك بخوڵقێنن كه‌ خۆی له‌ یه‌كێتی بابه‌تدا ببینێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ر له‌مانه‌ هه‌موویشی مۆتیڤ شتێكی ئۆرگانی و گرینگه‌ و پێداگریی ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێلیمێنتانه‌ له‌ تێكستێكدا ئاوێته‌ بن و گوتارێكی شیعریی كامڵا بخه‌نه‌ڕوو. بێجگه‌ له‌مانه‌ لۆژیكیش له‌م داهێنانه‌دا به‌شداره‌، كه‌ پێویسته‌ زۆربه‌هێز بێت و پرد له‌ نێوانی وێنه‌كان و سه‌رجه‌م ئێلیمێنته‌كانی دیكه‌دا دروستبكات و له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌یدا هه‌ست به‌ شپرزه‌یی و په‌رتوبڵاوی نه‌كرێت. ڕه‌نگه‌ هه‌بێت بپرسێت: لۆژیكی شیعریی چییه‌ كه‌ وا په‌یده‌رپه‌ی دووپات ده‌بێته‌وه‌؟ دیاره‌ ئه‌و جووڵانه‌وانه‌یه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ شیعرییه‌كانی دووتوێی ده‌ق شیاو و مومكین ده‌كه‌ن و یاساوڕێساكانی به‌رقه‌رارده‌كه‌ن و سه‌لیقه‌یه‌كی سه‌رئاسای پێناوێت بۆ ده‌ركپێكردنی، ئه‌و خوێنه‌ره‌ی كه‌ به‌دوای پێوه‌ندی ڕایه‌ڵه‌كانی قه‌سیده‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌دوای ئه‌و پێوه‌ندییانه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ به‌شه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌لكێنێت و گشتێك دروستده‌كات ده‌بێ‌ بزانێت ئه‌وه‌ عه‌وداڵی یه‌ك شته‌ ئه‌ویش لۆژیكی شیعرییه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ ڕه‌زامه‌ندیی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشن؟ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئایا گونجانێكی سه‌رجه‌مگیر هه‌موو شتێك له‌ئامێز ده‌گرێت؟ نازانم كێ‌ یه‌كه‌مجار وتوویه‌تی شیعر لۆژیكی ناوازه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، لێره‌دا به‌ مانای یاساوڕێسا خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ و هه‌ر شیعرێك سه‌رله‌نوێ‌ و بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و لۆژیكه‌ بۆ خۆی ده‌ئافرێنێ‌، چونكه‌ ته‌نیا یه‌ك لۆژیك بوونی نییه‌، ئه‌گه‌رچیش هاوبه‌شییه‌كی لۆژیكی له‌میاندایه‌، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا هه‌ر ده‌قێك خاوه‌نی لۆژیكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێبه‌پێی ژماره‌ی ده‌قه‌كانیش لۆژیكه‌كان هه‌مه‌جۆر و بێ ئه‌ژمارن:

باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێر شه‌هید كرا
فڕینی له‌ یادمان ما
دایكی شه‌هیدێك ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه‌ نێرگز و مێخه‌ك
له‌ قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه‌ سروودی زه‌وی: ل85-86

نواڵه‌ له‌ قۆزاخه‌ی مندا بۆنی خه‌مڵاند
منیش له‌ قۆزاخه‌ی شیعر
ئه‌رێ‌ گیان له‌ كوێی جه‌سته‌دا ده‌ژی سروودی زه‌وی: ل 85

دیاره‌ هه‌ر وه‌كو ڕامبۆ ده‌ڵێت، سه‌باح له‌م ده‌قانه‌دا ته‌واو سه‌رده‌مانه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر ڕووكه‌ش نه‌بێت ئه‌وا (نهێنیی ده‌قیجیاوازه‌). ئاشكرایه‌ كه‌ جۆره‌ ئه‌زموونگه‌راییه‌ك هێشتایش ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی جیاكار ده‌كه‌ن، ئه‌ویش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌ ئاره‌زوویه‌كی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ هێنانه‌ ئارای شتێكی ته‌واو نوێ‌، بۆ هێنانی گۆڕانكاری و خۆجێهێشتن و ده‌قه‌كانیشی تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر قۆناغێك كه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ بێسه‌روبه‌رییه‌كی بێهووده‌ تێیدا به‌رجه‌سته‌یه‌ و سكێچێكی جیاكارانه‌ و تایبه‌تمه‌ندانه‌ی بۆ ده‌كێشن. ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌وی پێدا تێده‌په‌ڕێت له‌وانه‌ی پێشووتری ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌، چ له‌ ڕووی بابه‌ت چ له‌ڕووی فۆرمه‌وه‌، ئه‌گه‌رچیش سه‌دای ئه‌زموونه‌ به‌راییه‌كانی فه‌زای ئێستایشیان به‌یه‌كجاریی به‌جێ نه‌هێشتووه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ترادیسیۆنه‌كانی شیعری پێشووتر دانه‌بڕاوه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین هێشتا په‌یوه‌ندی به‌ ڕابردووی شیعریی خۆیه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌یان گه‌یشتنه‌ به‌ وێستگایه‌كی دیكه‌ له‌ ژیان و ئه‌زموونی گه‌وره‌بوون و به‌ساڵدا كه‌وتن. چونكه‌ گه‌ڕانێكی تاقه‌تپڕووكێن و جیددی به‌ناو ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌و ڕۆحه‌ ترساوه‌ ئاشنامان ده‌كات كه‌ له‌ گه‌ڕاندایه‌، به‌و ڕۆحه‌ شاره‌زامان ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت كه‌ به‌دوای چیدا گیرۆده‌یه‌:

دواڕۆژ ماڵی شایسته‌ی نه‌مرانه‌
دره‌ختی مردنی تێدا به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌ین سروودی زه‌وی: ل89

گه‌یشتم به‌ شوێن پێی خۆم و گوێ‌ له‌ بێده‌نگی مردن ده‌گرمسروودی زه‌وی: ل87

قه‌له‌ڕه‌ش باڵه‌ ته‌په‌ ده‌كات
منیش له‌و ئاسۆیه‌ ده‌ڕوانم كه‌ له‌ناو دڵمدا درێژ ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل94

*شیعر و ئاشكرا كردنی واقیعی خود
شیعر لێره‌دا نامه‌ی خودێكه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی،خودێكی له‌بیركراو، خودێكی زیندانیی، كه‌ له‌ ئاكامدا بووه‌ته‌ تاقه‌ ده‌ستاوێژێك بۆ گه‌یاندنی كرده‌یه‌كی مرۆیی، بۆ گه‌یاندنی هه‌قیقه‌تێك كه‌ ئاده‌میزاد باجه‌كه‌یه‌تی، چوونه‌ به‌ره‌و پاكو بێگه‌ردیی و پاكیزه‌یی، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌، گه‌یشتنه‌ به‌ ڕووناكیی، ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ شه‌رمیدا پێغه‌مبه‌ره‌كانیش ده‌مرن، ڕووناكییه‌ك كه‌ ته‌ماهی كردنه‌ له‌گه‌ڵا خودا، خودایه‌ك كه‌ ئاماده‌یییه‌كی كرده‌یی و په‌یگیری له‌ زۆربه‌ی شیعره‌كاندا هه‌یه‌ و گوزارشت له‌ شتێكی زیندوو، شتێكی سه‌رئاسا ده‌كات، پێویسته‌ دانبه‌وه‌دا بنێین كه‌ شیعر بێچه‌ند و چوون پابه‌ندبوون و لایه‌نداری ڕۆحه‌، كراسێك نییه‌ كرابێته‌ به‌ر شتێكی ئه‌بستراكت، ئه‌گه‌ر وایش بێت ئه‌وا حه‌تمه‌ن كراوه‌ته‌به‌ر هه‌ندێك شتی به‌رجه‌سته‌ كه‌ مانایه‌كمان پێده‌به‌خشن. بۆیه‌ كه‌ شیعر بێده‌نگ ده‌بێت، كه‌ شیعر ده‌ستبه‌رداری خۆی ده‌بێت، ترسێك هه‌ڵده‌وه‌رێته‌ سه‌ر خودی شپرزه‌ی شاعیر و هه‌ر هه‌موو شته‌كانیش:
هه‌میشه‌ ته‌واو بوونی شیعر ده‌مترسێنێ‌ سروودی زه‌وی: ل79

*شیعر و زمانی خه‌ون
دیاره‌ ئیدی زمان دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ‌ كه‌ ده‌شێ پێشتر خه‌ون زمان بووبێت و له‌ هه‌شته‌مین كۆشیعر و له‌م وێستگه‌یه‌دا خۆی به‌دیهێنابێت. سه‌ره‌تا زمان ده‌چێته‌ دۆخی به‌رایی خۆیه‌وه‌، وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوی لێدێت، ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌كات شتێكی ڕۆشن و جیاوازی لێوه‌ بنیاد بنێت، نه‌ زمانی ئاخاوتنی خه‌ڵك بێت، نه‌ ئه‌و زمانه‌یش بێت كه‌ئه‌ده‌بێكی ته‌قلیدیی په‌یجۆری ده‌كات و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هێناوه‌ و مه‌ودای له‌گه‌ڵا زمانی ئاخاوتن وه‌رگرتووه‌ ، ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ دێته‌ به‌رهه‌م به‌ بارته‌قای خه‌یاڵا مه‌ودا وه‌رده‌گرێت و دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، ناچارمان ده‌كات به‌ڕووی ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی درێژتر و به‌رزتر ڕامێنین، له‌و فۆرمه‌ڵه‌ نوێیه‌ی كه‌ شه‌قڵا ده‌گرێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی یارییه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی یاده‌وه‌ری بێت له‌گه‌ڵماندا. له‌ڕاستیدا نووسین له‌لای شاعیری ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌مان، ته‌واو وه‌كو نووسین نییه‌ له‌لای كافكادا، یانی كۆششێك نییه‌ له‌پێناوی مانه‌وه‌، به‌ڵكو كۆششێكه‌ بۆ گۆڕینی چوارچێوه‌ سوننه‌تییه‌كانی ژیان و ورووژاندنی چالاكییه‌كی ڕۆحیی، هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی زمان له‌ ڕه‌مزه‌ ته‌قلیدییه‌كانی خۆی و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ كردنی مانا و سیمبوڵی ته‌واو جیاواز به‌ سه‌رنوێشتی هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی تامه‌زرۆی نوێبوونه‌وه‌ن:
له‌گه‌ڵا هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له‌ هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل79

له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی دره‌ختی مردنم به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌م
دڵم له‌ سینگمدا كتێبی نوێژه‌كانی هه‌ڵگرتووه‌سروودی زه‌وی: ل87

*ئاسته‌كان و گوزاره‌ له‌خۆكردنی زمان
سه‌ره‌ڕای وێنه‌ كتوپڕ وگواستنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كان، چامه‌ گشتێك پێكده‌هێنێت و ملكه‌چی یه‌ك ڕیتمه‌، ڕیتمێكی هێور و له‌سه‌رخۆ كه‌ له‌ ناخی قه‌سیده‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌چێت. هه‌ر قه‌سیده‌یه‌ك به‌ هۆی ئه‌م ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌وه‌ شۆكێكی كاتییانه‌ به‌ وه‌رگر ده‌به‌خشێ‌ و وایلێده‌كات په‌یده‌رپه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری و هه‌وڵبدات ڕایه‌ڵه‌ی شته‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. هه‌موو ده‌قێكیشی بێگومان ژیانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و به‌هێوریی په‌ره‌ ده‌سێنێت و پێده‌گات. زمانه‌كه‌شی له‌ هه‌ندێ‌ ئاستدا نه‌بێت ئه‌گینا ته‌جرید ده‌یپێچێته‌وه‌، له‌ هه‌ندێ‌ ئاستی تریشدا ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ماناش په‌رده‌پۆش ده‌كات و وامان لێده‌كات داوای سرووش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مانا شاراوانه‌ كه‌شفبكه‌ین و پێیان بگه‌ین. له‌ ڕاستیدا هه‌موو ئاستێكی چامه‌كانیش خودانی ئه‌و چڕیی و مه‌ندیی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی زمان نین، له‌ هه‌ندێ‌ شوێن ڕاسته‌وخۆیی وه‌كو گانگرین به‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی قه‌سیده‌كانه‌وه‌ ده‌ئاڵێت، جگه‌ له‌وه‌ گوزارشتی ڕاپۆرت ئامێزییش باڵاده‌ست ده‌بێت كه‌ دیاره‌ هیچ هه‌ستێك ناورووژێنن، به‌ڵام ژیان پێداویستیی پێیانه‌ و خۆی هه‌ڵیان ده‌هێنجێنێت، ده‌شێت بڵێین له‌و جێگایانه‌دا زمان گه‌لێك یه‌كئاست ده‌بێته‌وه‌ و له‌ خۆی بترازێ‌ ئیحا بۆ هیچ شتێك ناكات و ته‌نیا چه‌مكه‌ ناوبراوه‌كه‌ی پاسته‌رناك دێنێته‌دی، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌ق ناكارێت مانا فه‌رهه‌نگییه‌كان به‌جێ بهێڵێت، یان ڕه‌تیبكاته‌وه‌ و مانای دیاریكراوی خۆی”یانی مانای داهێنراوی خۆی”به‌ وشه‌ ببه‌خشێت:
ئه‌و داره‌ی ته‌مبووری لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی تابووتی لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی په‌یژه‌ی لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی فه‌لاقه‌ی لێ‌ دروست كرا سروودی زه‌وی: ل95

له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ جوانیی بكوژێ
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا وشه‌ هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ وشه‌ بكوژێ‌
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا به‌خته‌وه‌ری هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ به‌خته‌وه‌ری بكوژێ‌
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا نه‌مریی هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ نه‌مریی بكوژێ‌ سروودی زه‌وی: ل65

ماسیی حه‌وز
دۆلفینی ڕووبار
نه‌هه‌نگی ده‌ریا
ئه‌خته‌بووتی ئۆقیانووس
ئیره‌ییان بۆ یه‌ك تاوی سه‌ندووه‌ سروودی زه‌وی: ل19-20

گوڵدان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
لامپا
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
دیوان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
شه‌مێ‌
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌ سروودی زه‌وی: ل72- 73

*شیعروگه‌یاندن
ئه‌گه‌ر شیعر، به‌ پێی بۆچوونی تۆڵستۆی گه‌یاندن بێت، ئه‌وا ده‌بێ‌ گه‌یه‌نه‌ر بێت، گه‌یه‌نه‌ری هه‌ست و بیر و خه‌ون و خواست و ئاواته‌كانی مرۆ بێت، گه‌یه‌نه‌ری هه‌قیقه‌تی دۆخی مرۆیی بێت، هه‌قیقه‌تێك كه‌ وردزوێرس ئاوا گوزاره‌ی لێده‌كات و ده‌ڵێت: به‌ زیندوویی له‌ ڕێگای هه‌ست و سۆزه‌وه‌ بۆ دڵا ده‌گوازرێته‌وه‌، بێگومان ئه‌و ئه‌ركه‌یش هه‌ر ته‌نیا شیعر ده‌توانێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ پێی هه‌ستێت، كه‌ ئه‌مه‌یشی ئه‌نجام دا ئه‌وا جێگۆڕكێ‌ له‌گه‌ڵا مانادا ده‌كات و سه‌ره‌نجام خودی شیعر خۆی ئامانجه‌ نه‌ك گه‌یه‌نه‌ر:

جوانی له‌ بارێكی شڵه‌ژاودا خۆی پێشان دام
ده‌موچاوی سروشت به‌ ئاسانی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێ‌سروودی زه‌وی: ل32

دیاره‌ له‌ دنیای شیعریی سه‌باحدا سانسۆرێك له‌سه‌ر وشه‌كان و شته‌كان هه‌ست پێناكرێت، یانی هیچ وشه‌ و شتێك له‌ كۆنتێكستی شیعریی ئاودیو ناكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ فه‌زای شیعره‌كانیدا قه‌ڵه‌مێكی منداڵكارانه‌ سه‌رقاڵی كرده‌ی نووسینه‌ و ڕایی ده‌كات، ڤیژنێكی منداڵانه‌ی ده‌گمه‌نیش تانوپۆی دنیاكه‌ی پڕ كردۆته‌وه‌ و پارێزگاری به‌ خۆیه‌وه‌ كردووه‌،موتووربه‌یه‌ به‌ به‌رائه‌تێكی ناوازه‌ و دنیایه‌كی ئه‌وتۆی ئافراندووه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ شیعر به‌ هیچ شتێكی دیكه‌ هاوچوون نییه‌، بۆیه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ین ده‌قه‌كان وه‌كو گوان لێوانلێون له‌ ژیان، ژیان كه‌فوكوڵیانه‌ و پێی زیندوو ده‌بن و هه‌ڵده‌چن، ئیتر شیعرییه‌ت له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌سته‌به‌ركردووه‌ و زۆر به‌ زه‌قی ده‌ركی پێده‌كرێت. ئیدی خواست و تمووحه‌كانی به‌رده‌وام دنه‌ی ده‌ده‌ن، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتبێته‌ هه‌رێمی شیعری په‌تیی، چونكه‌ گه‌یشتن به‌و شته‌ی كه‌ ئاواتێتی پێی بگات، به‌ڕای”ئۆسكار وایڵد”ده‌بێته‌ بكوژی ئه‌و شته‌، واته‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ پێی نه‌گه‌یشتبێ، یانی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ژیانێكی سیزیفییانه‌، واته‌ هه‌ڵوه‌رینی هه‌موو تمووحه‌كان، هه‌ڵبه‌ته‌ تمووحه‌كانی شاعیر بێجگه‌ له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و جێگایانه‌ی، كه‌ كه‌س پێیان نه‌گه‌یشتووه‌ شتێكی تر نین و له‌ ڕاستیشدا شیعر هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نازانرێت چییه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كان دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌:

ده‌مه‌وێ‌ بۆ شوێنێك بڕۆم
شوێنه‌كه‌ تۆی ئه‌ی شیعر سروودی زه‌وی: ل104

شاعیریش دیاره‌ هه‌رگیز یاده‌وه‌ری ناپاكیی لێناكات، شه‌نكردنی شته‌ دێرینه‌كان به‌ سروه‌یه‌كی تازه‌ هه‌رده‌م ڕۆحێكی بێوێنه‌ و سه‌یریان پێده‌به‌خشێت و قووڵاییه‌كی تازه‌یش له‌ ناخماندا به‌ئاگا ده‌هێنێت. جیهان هه‌میشه‌ به‌رقه‌راره‌، سوواوه‌، له‌ ڕاستیدا زۆر ده‌مێكه‌ سوواوه‌، پێیناكرێت تێیدا به‌رده‌وام بێت، ئیدی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كۆشێت ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێك بخوڵقێنێ‌، یان لانیكه‌م بیدۆزێته‌وه‌، جیهانێك دابهێنێت تایبه‌ت بێت به‌ خۆی كه‌ ئه‌ویش له‌و خه‌ونانه‌دا ده‌رك پێده‌كرێت كه‌ ڕووبه‌ری ده‌قه‌كان خه‌واڵوو ده‌كه‌ن. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م باره‌یش خه‌یاڵا ده‌بێته‌ په‌رجووی شاعیر، ده‌بێته‌ جێژوان و تێیدا به‌ ئامانج و خواسته‌كانی ده‌گات، به‌و شتانه‌ ده‌گات كه‌ واقیع لێیان بێبه‌ری كردووه‌، به‌ڵام ته‌نیا جه‌مسه‌رێك نییه‌ له‌ پڕۆسه‌ی شیعر نووسیندا، به‌ڵكو به‌شدارێكی سه‌رسه‌خته‌ و ئه‌گه‌ر ته‌نیا خۆی تۆخ بێته‌وه‌ و ڕوون و نێت ده‌ربكه‌وێت له‌ناو دیمه‌نی شیعردا ئه‌وا چیدی وه‌كو شاعیرێك دیارنامێنێ‌ و ده‌بێته‌ خه‌وبینێك، خه‌وبینێك كه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ دنیای ئاگایی و ده‌ره‌وه‌وه‌ نییه‌ و له‌ هه‌موو شتێك دابڕاوه‌”بێگومان به‌ بێ‌ به‌شداری كردنی ڕه‌گه‌ز و ئێلیمێنته‌كانی دیكه‌ی كرده‌ی نووسینی شیعریی”:

باران وه‌ك ئه‌وه‌ی
بلیمه‌تی ده‌روونی ئاگرم پێ بڵێ‌
یان به‌خته‌وه‌ریی خۆی ئاشكرا بكات
ده‌نگی نزم كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ نه‌رمی له‌ گۆڕم ده‌دا
ئیدی ده‌بێ‌ من گۆڕ جێ‌ بهێڵم و بێمه‌ ده‌رێ‌سروودی زه‌وی: ل38- 39

ئاسووده‌یی چرا به‌ ده‌ستان
ده‌بێته‌ به‌ری مزر و شیرینی دره‌خته‌كانسروودی زه‌وی: ل86

*كۆنسێپت و به‌ها شیعرییه‌كان
هه‌ندێجار له‌ به‌ها شیعرییه‌ ترادیسیۆنییه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك ئامرازی په‌یوه‌ندی و وشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ژێر لێوه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ندێجاری دیكه‌ فۆرم له‌گه‌ڵا ناوه‌رۆكدا ئاتاجیان به‌ پرد ڕایه‌ڵكردن هه‌یه‌، هه‌ندێجاریش كۆنسێپت پێش وێنه‌ ده‌كه‌وێت و به‌دوای وێنه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا بیكات به‌ جه‌سته‌ بۆ خۆی، یان وێنه‌ پێش كۆنسێپت ده‌كه‌وێت و به‌دوای بیرۆكه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا بیكات به‌ ڕۆح بۆ خۆی و پێی زیندوو بێت، هه‌ندێجاری تریش به‌های ته‌واوی به‌ زوبان داوه‌ و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵا شته‌كاندا به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رقه‌راره‌، جاروباریش له‌گه‌ڵا لۆژیكدا مه‌ودا وه‌رده‌گرێت و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ دنیای واقیعیش دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێكیش دووربكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵا پتر نزیك بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ ته‌نیا له‌میانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ كه‌ سێنته‌ره‌، پڕۆسه‌ی داهێنان ڕه‌وایه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێت و شه‌قڵا ده‌گرێت:
من باوه‌ڕم به‌و چپه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ نیگا ده‌یكاته‌ گۆرانی
گۆرانی ئێسكی له‌شی ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌توێنێته‌وه‌ كه‌ چاوی دڵی ناسیووه‌
سروودی زه‌وی: ل102
له‌ هه‌وای ڕووندا مردم و نازم كێشرا
كتێبه‌كانم شانیان دایه‌ به‌ر تابووتم
گالیسكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان و بازاڕ به‌دوامدا ڕۆیشتنسروودی زه‌وی: ل104
دیاره‌ دووپاتكردنه‌وه‌ هه‌ندێ‌ بڕگه‌ له‌ جه‌سته‌ی شیعره‌كان وه‌كو ده‌نگ، یان مۆسیقای زیاده‌ له‌ بنیادی ده‌قه‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعره‌كان له‌ یه‌كنه‌وایی و یه‌كئاستیی ده‌رباز بكه‌ن و ڕیتمێكی ئه‌وتۆی پێببه‌خشن كه‌ بێزاریی بڕه‌وێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وامییه‌ك به‌ خوێندنه‌وه‌ بدات. هه‌روه‌ها هه‌وڵێكیشه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیتمێكی گۆرانیئامێزی بێ گرێ‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی گشتیی ڕیتمی چامه‌كاندا، ئینجا بۆ هێدی كردنه‌وه‌ی ئه‌و تووڕه‌ییه‌ شه‌ففافه‌ی كه‌ له‌ودیو تێكسته‌كاندا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و خۆی مه‌ڵاس داوه‌، بێگومان ئه‌و تووڕه‌ییه‌ نماینده‌ی هه‌ڵچوونه‌، نماینده‌ی ساته‌وه‌خته‌كانی پشێویی و شپرزه‌بوونی ناوه‌كییانه‌یه‌، زمانیش له‌ جوانییه‌كانی خودی خۆی بێبه‌ری ناكات، چونكه‌ به‌ خاوی و ڕووكه‌شانه‌ به‌كاری نه‌هێناوه‌ و هه‌وڵی ئه‌وتۆی نه‌داوه‌ تارمایی بخاته‌ سه‌ر نهێنییه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی هه‌ست و سۆز تاریك دابگێڕێت، به‌ڵكو به‌ مه‌علانیی ساتوسه‌ودای له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ناهێڵێت به‌ خاوی و خۆڕسكیی پانتاییه‌كان داگیربكات، كه‌ به‌رچاویشمان ده‌كه‌وێت كفتوكۆی له‌ناو حاڵه‌تێكی شیعریی پارسه‌نگدا دامركاوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی كه‌ ئێستێتیكایه‌كی زیاده‌ڕه‌وی به‌ ده‌قه‌كان به‌خشیووه‌:
{به‌س نه‌بوو/ ل9-10، ئه‌و بایه‌ی گۆماوێك ده‌شڵه‌قێنێ‌/ ل30، ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا/ ل40-41، گۆرانییه‌ك بۆ/ل 51، چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن چ هه‌واڵێك/ ل 58-60-62-71-72-76، شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا/ ل57-63، پێغه‌مبه‌رێك ڕووه‌ و ماڵی خۆی ده‌ڕوا/ ل64، له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو/ ل65، خودا له‌ ته‌وراتدا/ ل68، گوڵدان له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌/ ل72-73-75، چۆنت ویست ئاوها/ ل79، دڵم له‌ سینگمدا/ ل87، چیمان بۆ ده‌كرێ‌/ ل91، هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی/ ل93، ئه‌و داره‌ی ته‌مبووره‌ی/ ل95، نزیك قامیشه‌ڵانێك/ ل99، دڵی گه‌لیان له‌/ ل124}

*سیخناخكردنی شیعر به‌ ئامرازه‌كانی
بێ شك له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیشدا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ وێنه‌گه‌لێكی زۆر و زه‌به‌ند كه‌ڵه‌كه‌ كراون، گه‌رچی زیندووێتییه‌كی كاریگه‌ریش به‌ وێنه‌كان به‌خشراوه‌، كه‌چی خوێنه‌ر پێیناكرێت ئه‌و بابه‌ته‌ به‌دیبكات كه‌ له‌ودیویاندا خۆی حه‌شارداوه‌، ئه‌مه‌ له‌وحاڵه‌ته‌دا كه‌ شاعیر به‌شه‌ ناوێنه‌ییه‌كانی قه‌سیده‌ی پشتگوێ‌ خستبێ كه‌ ده‌كرێ‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێوه‌ندی بنیاد بنرێت و بابه‌ته‌كه‌یشی پێ به‌رجه‌سته‌ بكرێت، وه‌لێ‌ وێڕای ئه‌وه‌یش كه‌ڵه‌كه‌ كردن و قانگدان و تێئاخنینێكی زیاد له‌ پێویستی وێنه‌ بۆ ناو ده‌قی شیعریی هیچ شتێك دانامه‌زرێنێت جگه‌ له‌وه‌ نه‌بێت كه‌”حاتم الصكر”ده‌ڵێت”قه‌سیده‌ی سه‌رابیی”به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هیچی دی. بێجگه‌ له‌وه‌”جی. ئێم. تریڤیلیه‌ن”یش ڕای وایه‌ شیعر: كه‌ سه‌رناكه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ خه‌یاڵا بێبه‌رییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵێكی زۆر زیاد له‌ پێویستی تێدایه‌، واته‌ ته‌نیا خه‌یاڵا شیعر ناهێنێته‌دی، هه‌ر ته‌نیا وێنه‌یش شیعر ناهێنێته‌دی،یانی نه‌ پێویسته‌ شیعر به‌ خه‌یاڵێكی زیاده‌ڕۆ خه‌فه‌ بكرێت، نه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك وێنه‌یش لێوڕێژ بكرێت، هه‌ر شتێك، هه‌ر ئێلیمێنتێك له‌ناو شیعردا ئاماده‌یییه‌كی زیاتری هه‌بێت ئه‌وا بێ سێودوو هاوسه‌نگیی هونه‌ریی له‌قده‌بێت و به‌ زه‌قییه‌وه‌ بێ باڵانسیی پێوه‌ دیارده‌بێت، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رنه‌كه‌وتنی قه‌سیده‌یه‌:

كیسه‌ڵا له‌ پێشبڕكێدا چی ده‌وێ‌
هه‌زار پێیه‌كی فریوو خواردووم بینی
دڵی خۆش بوو له‌ پێستی خۆیدا جێی نه‌ده‌بووه‌وه‌
چه‌نه‌ لێدانێكی به‌لاشی بوو له‌گه‌ڵا شیعردا
میوه‌ چه‌ند بێ‌ باك و شێتانه‌ به‌سه‌ر سینگی دره‌خته‌وه‌ پێده‌گات
خودایه‌ خۆ به‌ خۆت ئاگاداری
ئاڵای شیعر چه‌ندین جه‌نگاوه‌ری به‌ جه‌رگی له‌ناودا نێژراوه‌
سروودی زه‌وی: ل105-106

مانگ ئای چه‌ندت غه‌ریبی ده‌كه‌م
بگه‌ڕێیته‌وه‌ ناو ده‌فی ده‌ستم
خۆر له‌ قووڵایی ده‌ریادا خاو نابێته‌وه‌
به‌ردی بن لم ماندوو ناژی و له‌ درێژبوونه‌وه‌ی ڕۆژگار یاقووت
نازی ده‌كێشن
وێنه‌ی ڕوخساری ساوایه‌كی له‌ شیر بڕاوه‌ و به‌ردێكم كێشا
زمان له‌ناو بڵێسه‌ی گشت ده‌سه‌ڵاته‌كان داگیرسا
ئه‌ی نه‌مریی له‌ دوو دنیا
ئاگری ژیانمت له‌ دڵێكی ئه‌فسانه‌ییدا كردووه‌ته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل109

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو شیعرێك هه‌وڵێكی داهێنه‌رانه‌ی ته‌واونه‌كراوه‌،هه‌وڵێكه‌ سه‌ره‌نجام ماوه‌یه‌كی كه‌م شاعیر ئه‌فسوون ده‌كات و لێی خۆشنوود ده‌بێت، دواجار بای ڕاڕایی و دڵنیانه‌بوون ڕه‌زامه‌ندییه‌كه‌ی ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵێكی دیكه‌ شه‌قڵا ده‌گرێت وده‌ڕسكێت، هه‌وڵێك و هه‌وڵێكی تر و كۆشیعرێك و یه‌كێكی تر و …بێكۆتایی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان، ئیدی هه‌وڵی ته‌واوی ساڵه‌كانی ژیان ده‌بێته‌ چامه‌یه‌ك كه‌ هه‌رگیز ته‌واو نابێت و هه‌میشه‌ له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌دا سه‌دای خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌:
دروود بۆ وچان و به‌هره‌ و فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی ئاده‌م
دوای ته‌واو بوونی هه‌ر شیعرێك
ڕووبه‌ڕووی یه‌ك داده‌نیشین
ئاو ده‌زێته‌ چاوی و به‌ شكۆ و هه‌ڵچوونه‌وه‌ شتێك ده‌ڵێ‌
سروودی زه‌وی: ل78
*ناسنامه‌ی شێواز
له‌ ڕاستیدا شێواز له‌م چامانه‌ خاوه‌نی یه‌ك ناسنامه‌یه‌، چونكه‌ نماینده‌ی یه‌ك ئه‌زموونی پشوو درێژه‌، ڕۆحی هه‌ر یه‌كه‌یان پڕكێشییه‌كی فره‌ بێهاوتای تێدا نابینرێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی جۆر، یان شێوازێكی دیكه‌، له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ فۆرمیوولایه‌كی تاقی نه‌كراوه‌، فۆرمیوولایه‌ك ڕووبه‌ڕووی بڕیارێكی ترانسێندێنتاڵمان بكاته‌وه‌، ڕووبه‌ڕوویده‌ستپێكێكی تازه‌مان بكاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ دنیایه‌كی تر، كه‌ بۆ به‌رده‌وامێتی شیعرێكی جیاكار بنیات نرابێت، شیعرێك كه‌ له‌ خودی جه‌سته‌ی زوباندا ئازادی هێنابێته‌دی و وه‌كو فێنۆمێنۆلۆژیای ئازادی به‌دیار بكه‌وێت و بۆ هاوچه‌رخێتییه‌كی پێداویستیی خوڵقێن ده‌ست بدات و په‌یگیر بێت. هه‌ڵبه‌ته‌ شێواز به‌ وێنه‌، یان ڕه‌گه‌زێكی ناگه‌هان ده‌ستپێده‌كات و له‌ چامه‌كاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئیدی هه‌ست ده‌كرێت هه‌موو دێڕێك گۆڕین و گواستنه‌وه‌ی بابه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت و له‌ هه‌قیقه‌تیشدا ئه‌و گواستنه‌وانه‌ له‌ شتێكه‌وه‌ بۆ شتێكی دی ئه‌و ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌تۆخ و ئافه‌ریده‌ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا هه‌ندێجار له‌ خۆمان ده‌پرسین ئایا ئه‌مانه‌ی كه‌ شاعیر پێیان هه‌ڵده‌ستێت له‌ تانوپۆی چامه‌كاندا گه‌مه‌كردنن له‌پێناوی ئامانجێكی دیاریكراودا كه‌ ئێمه‌ ده‌ركی پێناكه‌ین، یان هه‌ر ستایه‌ڵێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خۆی و مه‌به‌ستیش لێی گه‌مه‌كردن نییه‌. به‌هه‌رحاڵا، له‌ زۆر شوێنی تردا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ شاعیر له‌ قه‌یران و ته‌نگژه‌دایه‌، بێگومان قه‌یرانی به‌ساڵداچوون و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كۆتایی، له‌ مردن، له‌ دنیایه‌ك كه‌ نادیاره‌، ڕه‌نگه‌ دۆزه‌خ، یان به‌هه‌شت بێت، له‌ شه‌یتان، یان له‌ خودا نزیكبوونه‌وه‌ بێت. نزیكبوونه‌وه‌ جه‌مسه‌ری گرینگی ئه‌و قه‌یرانه‌یه‌ و ئیدی شیعر هه‌موو ده‌مامكه‌كانی جارانی خۆی ونده‌كات، یان فڕێیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مومژێك بڕه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونییه‌ك، ڕوونییه‌كی ده‌گمه‌ن خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات:

ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت سروودی زه‌وی: ل95

ئه‌و هه‌ستكردن و دركاندنه‌ میتافیزیكییه‌یش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌بیری ناچێت كه‌ یه‌كێك له‌ په‌یامه‌كانی خۆی بكاته‌ پێوه‌ندییه‌كی بابه‌تییانه‌ له‌ نێوانی دوو دنیادا. ئه‌و دوو دنیایه‌ی كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هه‌ڵبژاردنی ئێمه‌دایه‌، دنیایه‌ك كاتییانه‌ تێیدا جێگیر ده‌بین و ئه‌وی تریش ماڵی هه‌تاهه‌تاییمانه‌، بۆیه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین تیشكۆ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ باسی ئه‌وی تریان ده‌كات:

ئاوی چاو له‌ كتێبخانه‌ی ئاشكرابوونی هێماكانی دوو دنیا
به‌سه‌ر ده‌فته‌ری شیعرمدا ده‌بارێت سروودی زه‌وی: ل114

هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌ره‌تای ڕێگا فه‌ڕ و جوانییه‌
هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كۆتایی
ڕێبواری سه‌ره‌تا و كۆتایی بووم
كۆتاییش وه‌ك سه‌ره‌تا
هه‌مان هه‌ستی بۆم هه‌بوو سروودی زه‌وی: ل11

ده‌توانم باوه‌ڕ به‌و هه‌موو شتانه‌ بهێنم كه‌ بینیوومن
چونكه‌ هه‌موویان خه‌ون بوون سروودی زه‌وی: ل63

له‌ ماڵی هه‌میشه‌ییدا
كێل ده‌رگایه‌ یان په‌نجه‌ره‌ سروودی زه‌وی: ل70
بۆ تاریك داهاتن زۆری نه‌ماوه‌ سروودی زه‌وی: ل89

دڵا جێ به‌خۆ ناگرێ‌ و به‌رده‌وام جێ‌ ده‌گوازێته‌وه‌
ئه‌ی جێ‌ هه‌موومانت حه‌په‌ساندووه‌ سروودی زه‌وی: ل92
له‌ مانه‌یش بترازێت شاعیروه‌كو له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی پێكرا خودانی ئیگۆیه‌كی هه‌ڵئاوساو و نائاساییه‌، ده‌توانرێ له‌ جه‌سته‌ی قه‌سیده‌كاندا زۆر به‌ ئاسانی جێ‌ پێی هه‌ڵبگیرێت:

ئه‌ی هه‌قیقه‌ت من باجی تۆم
تاج ئیره‌ییم پێده‌بات سروودی زه‌وی: ل57

ڕوخسارم ئه‌فسوونی ڕووناكی خودایه‌ سروودی زه‌وی: ل58

گه‌وره‌م نه‌شونما ئه‌گه‌ر به‌ درۆ ماچ بكه‌م
خودا و خود سزام ده‌ده‌ن سروودی زه‌وی: ل58

له‌ ماڵی تۆدا ڕاده‌كشێم و ده‌ڕوانمه‌ جوانیت ئه‌ی خودا
سروودی زه‌وی: ل116

*ده‌ره‌نجام: ڕۆحی زوبان و كاركردی شیعر
ئه‌وی ڕاستی بێت شیعری له‌ مه‌زنێتییه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاو ده‌توانێت كاركردێكی مه‌زنی به‌سه‌ر ڕۆحی زوبانه‌وه‌ هه‌بێت به‌و پێیه‌ی كه‌”گاستۆن باشلار”ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وێنه‌ی شیعرییش بێگومان له‌ زمانه‌وه‌په‌یدا ده‌بێت و هه‌میشه‌یش نه‌ختێك له‌سه‌رووی زمانی گه‌یاندن و ماناوه‌یه‌، مادامه‌كی ناوه‌رۆكیش شیمانه‌ییه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی تیۆریسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ و وه‌رگرتن بۆی چوونه‌، كه‌واته‌ ده‌كرێ‌ بڵێین خوێندنه‌وه‌، یانی هه‌ڵهێنجان و پێشبینیی كردن و ئه‌نجامگیریی. بێگومان پڕكێشی ئه‌وه‌م نه‌كردووه‌ بڵێم خه‌ریكی ڕاڤه‌كردنی ده‌قه‌كان بوومه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا هه‌ندێك له‌ به‌شه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌م به‌رباسداوه‌ و له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی تریشدا به‌پێی توانا هه‌وڵم داوه‌ فه‌زای گشتیی ده‌قه‌كان بدوێنم و سه‌رپشكیان بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پێناسه‌كانی نێو ده‌ق، ده‌قه‌كان دووباره‌ شه‌قڵا ببه‌خشنه‌وه‌. دیاره‌ هه‌ست و سۆزه‌كانی ناوتوێی شیعر هه‌تا بڵێی چڕوپڕن، شاعیر هه‌روه‌كو ستارۆبنیسكی بۆی چووه‌ نكووڵی له‌ خودی خۆی ده‌كات و تێیده‌په‌ڕێنێ‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا قووڵبوونه‌وه‌ ده‌قه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌كردبێت، دنیابینییه‌كی مه‌حكه‌م و تۆكمه‌ به‌دینه‌كرێت، یان به‌جۆرێكی تر بڵێین دنیابینییه‌كی وردوخاش و كۆڵاژكراو خۆی ده‌سه‌پێنێت، ده‌شێ‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه‌ شاعیر ده‌رك به‌ په‌رتوبڵاویی دنیاكه‌ی بكات، بێگومان له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ست كردنێكی به‌هێز به‌ تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ن و به‌ساڵداچوون، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ئاكامدا ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پشت له‌ یه‌كێتی بابه‌ت بكات و له‌ تانوپۆی به‌رهه‌مه‌كاندا لاواز به‌ده‌ركه‌ون، یان نادیاربن. هه‌ڵبه‌ته‌ تێكست به‌ پێشمه‌رجیی خودیی و بابه‌تیی مه‌حكوومه‌، واقیعی خۆی به‌ده‌ر له‌ واقیعی مه‌وزووعی بنیات نه‌ناوه‌، به‌ڵكو كۆمه‌كی لێوه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی واقیعێكی ئه‌وتۆ بخوڵقێنێ كه‌ جێگای بڕوا بێت، یانی سه‌رچاوه‌ی هه‌بێت و ئه‌مه‌نده‌یش خه‌یاڵا نه‌یپێچێته‌وه‌، كه‌ له‌ خوڵگه‌ی باوه‌ڕ پێ هێنانه‌وه‌ دوور بێت و به‌ چاوی ئاسایی نه‌بینرێت. بێجگه‌ له‌مانه‌یش، له‌ ڕاستیدا شیعر له‌پێناوی كۆمه‌ڵێك وێنه‌، یان كۆمه‌ڵه‌ خه‌یاڵێكی چه‌مووش و كۆمه‌ڵه‌ هه‌ستێكی هه‌یه‌جانئامێز و هه‌ڵچوودا نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو گشتێكه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێ‌ به‌ش و ئێلیمێنتی بچووكتر پێك هاتووه‌، كه‌ له‌ دووتوێی ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌مان پێیانداوه‌. له‌یادیشمان نه‌چێت ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا به‌ زه‌قی په‌ی پێده‌برێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر دیسان بۆ چه‌سپاندن و سه‌قامگیركردنی ڕه‌مزه‌ كۆنو ئه‌فسانه‌كانی خۆی هه‌وڵێكی دژوار و جیددی داوه‌، توانستی بێوێنه‌شی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی دژوازییه‌كان پیشانداوه‌ و جاروبار به‌ ته‌مومژێك ڕتووشی قه‌سیده‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌یش بێ شك كۆمه‌كی وه‌رگر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پتر له‌ پێكهاته‌ و كه‌ره‌سته‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی شیعر وردبێته‌وه‌ و لێیان ڕابمێنێت و ته‌ئه‌مموولیان بكات.
دیاره‌ له‌سه‌ره‌تادا مه‌به‌ست و نیازم ئه‌وه‌ بوو هه‌ڵوێسته‌یه‌كی پشوو درێژ به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ون و وێنه‌ی شیعریی ئه‌م ئه‌زموونه‌ بكه‌م، به‌ڵام نه‌ده‌كرا هه‌ندێ‌ لایه‌نی دیكه‌ بازنه‌ده‌نه‌ دووتوێ و ڕووبه‌ره‌كانی ئه‌م هه‌وڵه‌ی دیاریكردنی فه‌زای گشتیی ده‌قه‌كانی له‌ئه‌ستۆ گرتبوو. له‌ڕاستیشدا ئه‌م ڕاوبۆچوونانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌شێكیان زۆر گشتین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕاون هه‌تا به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیگۆریكییانه‌ وه‌ربگیرێن، چونكه‌ دواجار هه‌موو شتێك هه‌ر ڕێژه‌ییه‌ و شتی له‌و بابه‌ته‌ ڕه‌ها بوونی نییه‌. به‌هه‌رحاڵا من هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش پێموایه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌ر پرسانه‌ و جیددییانه‌ بۆ ئه‌زموونی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و زاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بڵێم ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشووی دنه‌مان ده‌دات ئه‌و گۆشه‌نیگا پێشوه‌خت و ئاماده‌یه‌ شكست پێبهێنین له‌ گه‌یشتن به‌ شانشینی شیعره‌كان، به‌ڵكو وامان لێده‌كات ببینه‌ خاوه‌نی گۆشه‌نیگایه‌كی (ته‌واو جیاواز)، كه‌ ئه‌وه‌یش به‌ تێڕوانینی من تاقیكردنه‌وه‌ی دنیابینیی و دیدێكی تره‌ بۆ سمینی دنیایه‌كی تر كه‌ دنیای ده‌قی كراوه‌یه‌ و چه‌ندین گریمانه‌ هه‌ڵده‌گرێ‌ و هه‌ڵوێستی جیاجیا ده‌ورووژێنێ‌ و بێگومان هه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی كارفه‌رما و ئه‌ركی خۆی به‌ چه‌شنێكی دانسقه‌ به‌جێ‌ بهێنێ‌ پێویسته‌ له‌ یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ بڕوانێته‌ داهێنانی ناوازه‌ هه‌تا به‌ جۆرێكی دروستتر ده‌ره‌نجامه‌ سوودمه‌نده‌كان به‌ وه‌رگر بگه‌یه‌نێت. دواجار، ئه‌وه‌ی نه‌وتراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شاعیرێكی داهێنه‌ر شتێك ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، با ئه‌و شته‌ ناو بنێین گۆڕین، گۆڕینی دنیا ناڵێم، به‌ڵكو گۆڕینێكم مه‌به‌سته‌ هه‌ر چه‌ندێ‌ كه‌میش بێت هه‌ر گرینگ و پڕ بایه‌خه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕینی دنیابینیی مرۆڤ بێت ئه‌وا بێچه‌ند و چوون شاعیر به‌ زیاده‌وه‌ په‌یامی ترانسێندێنتاڵی خۆی گه‌یاندووه‌ و مه‌به‌ستی خۆیشی پێكاوه‌.

نیسان و مایسی 2012: له‌نده‌ن

——————————————————

سه‌رچاوه‌كان:
1ـ أرشیبالد ماكلیش ـ الشعر و التجربه‌ ـ ترجمه‌: سلمی الخچرا‌و الجیوسی ـ مراجعه‌: توفیق الصایغ ـ دار الیقچه‌ العربیه‌ ـ مۆسسه‌ فرانكلین للگباعه‌ والنشر ـ بیروت، نیویورك 1963.
2 ـ محمد مبارك ـ مواقف فی اللغه‌ والادب والفكر ـ دار الفارابی بیروت ـ مكتبه‌ النهچه‌ بغداد 1974.
3 ـ د. علی جعفر العلاق ـ فی حداپه‌ النص الشعری ـ دراسات نقدیه‌ ـ دار الشۆون الپقافیه‌ العامه‌ ـ الگبعه‌ ألاولی ـ بغداد 1990.
4 ـ سی. دی. لویس ـ الصوره‌ الشعریه‌ ـ ترجمه‌: د. احمد نصیف الجنابی و اخرون ـ دار الرشید للنشر ـ بغداد 1982.
5 ـ حاتم الصكر ـ مواجهات الصوت القادم ـ دراسات فی شعر السبعینات ـ دار الشۆون الپقافیه‌ ـ بغداد 1986.
6ـ ڕوجیه‌ جارودی ـ واقعیه‌ بلا چفاف ـ ترجمه‌: حلیم گوسون ـ مراجعه‌: فۆاد حداد ـ دار الكتاب العربی للگباعه‌ والنشر ـ القاهره‌ 1968.
7 ـ جبرا ابراهیم جبرا ـالنار والجوهر ـ دراسات فی الشعر ـ المۆسسه‌ العربیه‌ للدراسات والنشر ـ بیروت ـ بدون تاریخ.
8 ـ د. محمد خیر البقاعی ـ بحوپ فی القرا‌وه‌و التلقی ـ مركز الانما‌والحچاری ـ حلب 1998.
9 ـ كریستوفر كودویل ـ الوهم والواقع ـ دراسه‌ فی منابع الشعر ـ ترجمه‌: توفیق ألاسدی ـ دار الفارابی ـ بیروت 1982.
10ـ نیما یوشیج ـ أرزش احساسات و پنجمقاله‌ در شعر و نمایش ـ انتشارات گوتنبرگ ـ 1351.
11ـ عبدالعلی دست غیب- نیما یوشیج (نقد و بررسی)- انتشارات پازند- چاپ دوم 1354.
12ـ أدبیات نوین ایران ـ از انقلاب مشروگیت تا انقلاب اسلامی ـ ترجمه‌ و تدوین: یعقوب اژند ـ انتشارات امیر كبیر ـ تهران 1363.
13ـ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر, سروودی زه‌وی, (كۆشیعر), چاپخانه‌ی هێڤی هه‌ولێر, 2012.
14-فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی ـ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ـ به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ سلێمانی 2011.
15- Gaston Bachelard-The Poetics Of Space- Translated by: MariaJolas- Beacon Press- Boston 1994.
16- Poetry 1900- 1975- Edited by: George Mac Beth-Longman With Faber and Faber- Ninth impression 1989.




ڕاکردنەوە بەرەو منداڵی/ شیعرو خوێندنەوەی داستان بەرزان

لینکی یوتووب:..
https://www.youtube.com/watch?v=HWBJOBSBRi4




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-36- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و شەش

هیچ کاتم بە فیڕۆ نەداوە، دوو مانگ و نۆ رۆژە، هەمووی شەش جار لە ماڵ چوومەتە دەرەوە. تەنیا ئەخوێنمەوە، هەر کتێبێکیش ئەخوێنمەوە تێبینی خۆمی لەسەر ئەنووسم، زۆر خۆشحاڵم لەم کەشە بێدەنگەدا کارم تەنها گەڕانە بەناو جیهانی پڕ فەنتازیای کتێبەکان، هەرچی بێتە بەردەستم ئەیخوێنمەوە، لەبەریشەوە شت ئەنووسم، بەڵام دوایی لێی پەشیمان ئەبمەوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا، دوو نووسینی کورتم نووسی، دیسان لە ژێر کاریگەریی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، یەکەمیان بە ناوی “مەنەلۆج” کە بەمشێوەیە نووسیوومە:
*زۆر دەمێکە دەزانم هەموو بەهاکان جگە لە وەهم شتێکی زیاتر نین، بەڵام تازە دانیپێدادەنێم.
*لە نێوان ئەو و مندا، خۆم ون کردووە، ئیدی دۆزینەوەی خۆم بووە بە ئەرکێکی زۆر مەحاڵ.
*رقم لە هیچ مرۆڤێک نییە، چوونکە هیچ شتێک ئەوەندە بە گرنگ نابینم بەهۆیەوە رقم لە مرۆڤ بێت.
*ئازاری من لەبەرئەوە نییە ناگەم بە خۆزگەکانم، ئازاری من لەبەرئەوەیە خۆزگەم نەماوە.
*شەو بە دۆستی خۆم دەزانم، چوونکە یارمەتیم دەدات تێر تێر بە بیرۆکە ساکارەکانم پێبکەنم.
*یەکەمجار کە خۆم بۆ هەمیشە بزر کرد، ئەو چرکەساتە بوو پێیانووتم ئیدی خۆت بناسە.
*لە نێوان نیتشە و مارکس دا، هیچ خاڵێکی هاوبەش بەدی ناکەم، جگە لە خودی خۆم.
*لە بەرزایی دەترسم، ئەمە گرێیەکی سایکۆلۆجی نییە، بەڵکو ترسێکە لە کوشندەیی هەقیقەت.
*وەختێک کتێب دەخوێنمەوە، دوو دیمەن بە چارەنووسم دەزانم، مەرگێکی لۆرکایی یان ژیانێکی دۆنکیشۆتی.
*یەکەمجار بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز ئەوم خۆشویست، پاشتر بە تراجیدیا دەستبەرداری بووم.
دووەم نووسینیش لە ژێر ناونیشانی “رازەکانی شێتی”یە کە ئەویشم بەمجۆرە لە چەند دێڕێکدا داڕشتۆتەوە:
*یاخیبوون لە ناو خوێنمدا هاتوچۆ دەکات، خوێنم لە ناو یاخیبووندا هاتوچۆ دەکات.
*ئەگەر منت بینی و فرمێسکت لەسەر رووخسارم نەبینی، گوومان لە چاوەکانت بکە.
*مردن قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان، ژیان قۆناغێکە لە قۆناغەکانی مردن.
*تاراوگە ئەو شوێنەیە تۆی لێ نیت، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە منی لێم.
*کزەی با، جوانترین قەسیدەم بۆ دەخوێنێتەوە وەختێک گەمە بە تاڵە قژەکانت دەکا.
*فەلسەفە درۆیەکی جوان و قەشەنگە، منیش ئارەزووی درۆکردنم زۆرە.
*لە رەشایی چاوەکانتدا چارەنووسم دەبینم، لە سەوزایی چاومدا بەهاری خۆت ببینە.
*عەشق پاسپۆرتێکی جیهانییە، عاشقیش شێتێکی نێودەوڵەتی.
*بەوە پێدەکەنم گشت پێکەنینەکانم درۆ بوون، چوونکە من نەوەی فرمێسکم.
رۆژانە لەگەڵ خوێندنەوە، ئەلکهول و جگەرەشم زیاد کردووە، ژیان خۆی کورتە، من یارمەتی ئەدەم زیاتر کورت بێتەوە. خەریکە لە حزبایەتی و سیاسەت دێمە دەرەوە، ئەزانم راکردن لە سیاسەت باش نییە، بەڵام لەگەڵ سروشتی کەسێکی وەک من یەکناگرێتەوە. ئاخر من و سیاسەت زۆر بە یەکتر نامۆین، ئەگەرچی چەندان ساڵ لە تەمەنی خۆم لە سیاسەت بەفیڕۆ داوە، ژ بەرئەوەی لای من دوالیزمی ئەخلاق و سیاسەت دوو پێدراوی جیاواز نەبوون بەڵکو پێکەوە بەسترابوون، تەنیا ناکامبوونم بۆ ماوەتەوە!. نازانم من راستم کرد یان دوای نیکۆڵۆ مەکیاڤیللی و کتێبی میر، سیاسەت لەهەر جۆرە ئاکارێک داڕنراوە؟!. من هەنووکە سەرقاڵی ئەوەم وەڵامێکم بۆ ئەو پرسیارە چنگ بکەوێت.
ئەگەرچی هیچ کەسێک لە ژیانمدا نییە، کچگەلێکی زۆریش بە چواردەورمەوەن، بەڵام تێکشکانم لە عەشقی یەکەم رۆحی کردووم بە خەرابستان، هەست ئەکەم زەمەنی دێوانەکان گوزەشت، ئەوەی ئێستا تەحەکوم بە جیهانەوە ئەکات قەحپەیەکی وەک پارەیە. لەو رۆژانەش کچێکی هاوڕێم بە ئیمەیل بۆی نوسیبووم “خۆشم ئەوێی” بەداخەوە هەستیم ورد و خاش کرد، بەڵام نەمویست درۆی لەگەڵ بکەم، لەوەڵامدا دوو تراکت شیعری خۆم بۆ نوسیبوو:
هاوڕێ نازدارەکەم، رۆژگارێکە
عەشق بەرماوەی سۆزانیخانەکان و
عاشقیش دۆڕاوێکی گەدای بێ ناونیشانە


ئەمەیە قەدەری ئەشق:
هیچ کات و هیچ رێگەیەک
ئاشق و مەعشووق بە یەکتر ناگەیەنێ ***
15-6-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 122-126 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




حیزبی کوردی و قێزەونترین حوکمڕانی.. ئاسۆ مستەفا مەحمود

دەسەڵاتی سیاسی كورد لە کوردستانی عێڕاق لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوە و دوچاری قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهان تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەكێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەكانی ناو ئەم دوو حیزبە نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكرد، بەڵكو لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بەوەزیفەكانی زانست و فیكری سیاسی مۆدێرن، كۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج كردو ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاند و حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.
گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. دەسەڵاتی كوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.
ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمكارو دیكتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بەسەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی حەقیقەت سەركوت دەكات و ناشیرینیەكانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی كوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەكردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەكان بێدەنگ دەكات، ھەموو ڕێگەیەكی نا ئەخلاقی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە كە ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكان دەكەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونكە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاكانی كۆمەڵگەی ئێمە بونەتە ئەو سەربازە خۆبەخشەی لەسەنگەری میللەتەوە بەنوسینەکانیان تەقە لەدەسەڵاتدارە زاڵم، چەتە، بکوژو گەندەڵەکان دەکەن و بونەتە سەبەبی كەشفكردنی دیوە بەدو ناشیرینەكەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسك و ماكیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یاخود ڕونتر بڵێم بنەماڵەی حوکمڕانی تاڵەبانییەکان و بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانییەکان.
ھەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتارو شمولی و پۆلیسی لەسەر كوشتنی ڕەخنەو ڕەخنەگران و كپكردنی دەنگی ئازاد ئیش دەكات، لەسەر دروستكردنی مۆدێلی كۆمەڵگەی بێدەنگ و «كردنی كۆمەڵگە بە بێدەنگخانە» ئیش دەكەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگیەك نەشتەرگەری جوانكاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و كولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەكات. لەھەمانكاتدا كاتێك ڕەخنە دەمرێت دەنگی قامچی دەستی دیكتاتۆر بەھێزتر دەبێت.
ھەڕەشەكردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، تەقەكردن….ھتد بەرامبەر بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش مستی دیكتاتۆر قایمتر لەڕومەتی هەژاران دەوەشێنێت و كەشوھەوایەكی پۆلیسی لە كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە.
ھەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی وەكو ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگریكارێكی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەكێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بكات لەپێناو: چاكەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانكاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی كورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە كە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێك كە بەردەوام كاردەكات بۆ وێرانبوونی سایكۆلۆژیاو باری دەرونی مرۆڤی كورد و بێبەھاكردنی ئینسان.
دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی كولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیكری و كەسایەتی ئینسانی كورد دەكەن، دەمانكوژن، جا كوشتنی جەستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازادو ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەكانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ قوربانی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. چونكە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ كەشفكەری تونێلە تاریكەكانی سیستەمێكی گەندەڵ و شكست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەكێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەكی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھالەپێناو ھەستكردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی كۆمەڵگەو گێڕانەوەی شكۆو بەھاو ڕێز بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یاسایی لە كۆمەڵگەدا.
یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی «ئابووری، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەكدارەكان»و ھەموو كایەكانی تری كۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیكتاتۆریە ھەتادێت پایەكانی دەسەڵاتی خۆی بەھێزتر دەكات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو جومگەکانیتر، هەروەها بەترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا كولتووری وپەروەردەیی و میدیایی و…ھتد بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەكانی خۆیان.
مرۆڤی كورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات كە ئازادی لەھەموو شتێك گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربكات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بكەین و بەرەنگاریەكی عەقڵانی دژ بە كولتووری سیاسی یەكێتی و پارتی بەرپابکەین. ھیچ گروپ و ڕێكخراوێكی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێكی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆئەوەی لەم سیستەم و كولتورە سیاسیە نا-عەقڵانی و نا-مۆڕاڵیە نەجاتیمان بێت كە یەكێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.
چونکە ناکرێت لەوە زیاتر قبوڵی ئەوە بکەین شەش ملیۆن کورد ژیانێکی خراپ بگوزەرێنێت، مەفە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوی پاک، کارەبا، جادە، ئاوەڕۆ، تەندروستیەکی خراپ و تەنانەت نەبوونی ئەمنیەت و عەدالەتی و قانون. کەچی بەرپرسێکی خاوەن دەسەڵاتی وەکو مەحمود سەنگاوی خاوەنی هەزاران چەکداری خۆی بێت و موچەی هەموو چەکدارەکانیش لەخەزێنەی حکومەت سەرف بکرێت و مەحمود سەنگاوی خۆیشی چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووەو نەوتی خەڵکی کوردستان بەچەتەیی و زۆرداری بەقاچاخ دەبات. لەولاوە کۆمپانیای نۆکان کە هی بنەماڵەی تاڵەبانیەکانە هەموو جۆرەکانی بازرگانی قۆرخ کردووەو ڕۆژانەش سەدان تەن کەرەستەو خۆراکی بەسەرچوو لەسنورەکانەوە داخیلی کوردستان دەکەن. لەلایەکیترەوە بنەماڵەی دەسەڵاتداری کۆسرەت ڕەسول بازرگانی دەرمانیان داگیرکردووەو هیچ بازرگانیەکی ئازاد بوونی نییەو کەس ناوێرێت بازرگانی داودەرمان بکات لەترسی ماڵی کۆسرەت. لەلای میرنشینی زەرد و پارتیش بەهەمان شێوەو خەراتریش فازل میرانی کە دەسەڵاتدارێکی گەورەی پارتییە بەئاشکرا سەرانە لەخەڵک دەستێنێت و هەموو بازرگانیەک کە لەسنوری ئیبراهیم خەلیل لەنێوان کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت دەبێت بەزۆر پشکێک یاخود پڕۆسێنتێکی بدات بە فازل میرانی. هەر لەسنوری حوکمڕانی پارتی چەندین بەرپرسی باڵای پارتی بازرگانی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ داعش یەکێک لەوانە سیروان بارزانی بوو، کە خۆی سەرکردەیەکی سەربازییەو برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هەروەکچۆن لەناو یەکێتیش وەستا ڕەسو کە سەرکردەیەکی سەربازی یەکێتییەو بەهاوبەشی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکیتری یەکێتی چەکی زۆر دەگمەن و گرانبەهاو کاریگەری لەجۆری ”میلان” بەداعشیان فرهۆشت، کە چەکێکی تانک شکێنەرەو بەئاسانی دەست ناکەوێت.




کۆمەڵەگاو بێدەنگخانە.. جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

عبدوڵا پەشێو لە کۆپلە شیعرێکدا سەبارەت بە بێدەنگی دەڵێت:
”زمان” سوپاس کە تۆ لەناو سەنگەری دەممدا
چەکی (نەء)ت هەر لەسەر پێیە
لەکاتێكدا, دەست بۆ چەپڵەو
دەمیش تەنیا بۆ بەڵێیە

دەنگ کاریگەرترین فیشەکە، کە بەبێ خوێنڕشتن دەتوانێت قەڵای زۆردار بڕوخێنێت. هەریەکێک لەئێمە پڕە لە وردە قسەی نەوتراوو پڕە لە گلەیی و ڕەخنەی توندی سیاسیی، بەڵام ئایا کێ دەنگی هەڵدەبڕێت و کێ بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. هەر یەکێکیش لەئێمە دەبێت بەجۆرێک لەجۆرەکان و بە یەکێک لە ڕێگاکان خۆی خاڵی بکاتەوەو ئەم کۆمەڵە ڕاو بۆچونە سیاسییانەی لە کەللە سەریدا کۆبونەتەوە دەریان ببڕین. جا بۆنمونە هەندێک کەس لە ئێمەمانان دەڕژێنە سەر جادەو لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە ڕای خۆیان دەردەبڕێت، هەندێکیتر لەڕێگای فەیسبووک تەعبیر لە بۆچونەکانی خۆی دەکات، هەندێکیتر لەکۆڕوکۆبونەوە جەماوەریەکان، بۆنمونە منیش ئەوەتا هاتووم لەڕێگەی ئەم نوسینانەوە ڕاو بۆچون و ڕەخنەکانم دەردەبڕم. بۆیە گرنگ نییە لەچی ڕێگەیەکەوە تەعبیر لەبۆچونی خۆمان بکەین، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بێدەنگ نەبین، چونکە بێدەنگی ئەو ژەهرە کوشندەیەیە کە تەواوی کۆمەڵگاو تاکەکانی دەخنکێنێت. هەروەکچۆن شاعیرێک دەڵێت، ئەوەی وڵات وێران دەکات، ژاوە ژاوو قسەی نەزانەکان نییە، بەڵکو بێدەنگی زاناکانە.
بۆیە بۆ شۆڕش و هەر وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێویستمان بە دەنگە، بە قسەکردنە، بە یاخی بوونە، بە هاوارە، هاواری عەدالەتی، هاواری چاکسازی و پاکسازی، هاواری ئازادی و مافەکانی مرۆڤ. هاواری نەمانی چەوساندنەوەو گەندەڵی و زوڵم و خوێنڕشتن و چەتەیی. بەڵام ئەوانەی بوێری ئەوەیان تێدایە پڕ بە گەرویان هاوار بکەن و بڵێن نەء بۆ ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرو چەوسێنەرو چەتەو خوێن مژە، زۆر کەمن و زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی بێدەنگی هەڵبژاردووە. ئەمەش ماڵوێرانییەکی مەزنی بۆمان خوڵقاندووە.
نەتەوەی کورد زۆر پیاهەڵدان بەخۆیدا دەکات و خۆی بەجەنگاوەرو شۆڕشگێڕی سەردەمە جیاوازەکان وەسف دەکات و دەڵێن گوایە کورد زوڵم و زۆرداری هیچ دەسەڵاتێک قبوڵ ناکات. بەڵام لەڕاستیدا نەک هەر وانییە، بەڵکو بەڕای من ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستەو کورد نەتەوەیەکی ترسنۆک و دەستەمۆو داڕوخاوەو هەموو جۆرە زوڵم و ناعەدالەتی و چەوساندنەوەیەک قبوڵ دەکات. هەروەها من پێموایە لەجینات و دەمارەکانی کورددا ڕەگەزی ”مێ” زیاتر زاڵە بەسەر ڕەگەزی نێردا. بۆیە دەتوانم بڵێم کورد توخمێکی ”مێ”یەو ملی شۆڕە بۆ هەموو دەسەڵاتێکی زاڵم و چەوسێنەرو ناتوانێ نێرانە بێتە مەیدان و ڕابپەڕێت لەدژی ئەم هەموو زوڵمەی لێیدەکرێت. فەرموو لەهەر چوار پارچەی کوردستانی گەورەدا چل ملیۆن کورد هەیە، کەچی ئەوەی کە خەبات دەکات لەچەند هەزار کەسێک تێناپەڕن.
لەم هەرێمۆچکەی کوردستانی عێڕاقیش ئەوە سی و یەک ساڵە دوو حیزبی زاڵم، خوێنڕێژ، دیکتاتۆر، چەتە، مافیا و گەندە لەسەر حوکمن و نمونەی قێزەونترین حوکمڕانین لەسەرتاسەری جیهان و سەی و یەک ساڵە سەدان ملیارد دۆلاریان دزی لەسەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی خاکی کوردستان، کەچی خەڵک لەبرسان دەمرێت، خەڵک بێبەشە لەسەرەتاییترین مافەکانی و خزمەتگوزاری، وەک ئاوی پاک، کارەبا، جادە، ئازادی و دادپەروەری. کەچی لەگەڵ ئەم هەموو زوڵمەی دوو بنەماڵەی زاڵم و دیکتاتۆرو مرۆڤ کوژی تاڵەبانی و بارزانی کردوویانەو دەیکەن، کەچی هێشتا میللەتی کورد وەکو ماکەو مێ بووەو ملی شۆڕ کردووەو هەموو تەعدایەک قبوڵ دەکات، بۆیە لەڕاستیدا ئەوە کۆمەڵگا نییە، بەڵکو ئەوە کۆمەڵەگایە.
جێگیڤارا گەورە شۆڕشگێڕی بەناوبانگی جیهانی دەڵێت، ئەگەر زۆرداریت بەسەر مرۆڤدا سەپاندو یاخی نەبوو، ئەوا وردە وردە ئینسانیەت و کەڕامەتی خۆی لەدەست دەدات. بۆیە بەم پێوەرە بێت کۆمەڵەگای کوردی ئینسانیەت و کەڕامەتی خۆی لەدەستداوەو من یەکێکم لەو کەس و دەنگە ناڕازی و یاخیانەی کە مێشکم پڕە لە گلەیی و ڕەخنەو دژایەتی دەسەڵاتی کوردی، بەڵام چەندە ڕەخنەم لە دەسەڵاتی کوردییە سەد هێندە ڕەخنەو گلەییم لە میللەتی کوردییە، لەبەرئەوەی میللەتێکی بێدەنگ و بێهەڵوێست و ترسنۆکەو ئەوە قبوڵ دەکات کە بەروبوم و سامانی شەش ملیۆن کورد تەنها چەند سەد کەسێک بیخوات و میللەتیش نان نییە بیخوات.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، گەورەترین شۆڕشی فەڕەنسی لەمێژوودا بەهۆی یەک کەلیمە قسەی مەلیکەی ئەوکاتی فەڕەنساوە سەری هەڵدا، کاتێک بە مەلیکەیان وت میللەت زۆر هەژارەو خەڵک نان نییە بیخوات، ئەویش لەوەڵامدا وتبووی، مادام میللەت نانی نییە بیخوات، ئێ با ”پسکیت” بخۆن. ئیتر تەنها ئەم قسەیە وای لەکۆمەڵگایەکی هۆشیارو خاوەن گیانی شۆڕشگێری کرد گەورەترین ڕاپەڕین و شۆڕش لەمێژوودا بەرپا بکەن و دەسەڵاتدارانی ئەوکات بڕوخێنن. دەی ئەی میللەتی خەوخۆشی کوردی تۆش هەر بنو هەر بنو مادام پێتوایە خەو بەقازانجتە….




کورتەچیڕۆک/ کۆستی دانەر.. رەسوڵ بەختیار

دانەر چاوەڕێ بوو، گەورە بێ، تا ببێتە ئەندازیار و هەرچی کەموکوڕی شارۆچکەکەیان هەیە چاک بکاتەوە، چیتر لافاو نەگاتە نێو گەڕەکەکەیان و کەس لەبەر لافاوە لەناکاوەکان نەخنکێ.
ڕەنگی چاوی منداڵەهەژار جیایە، لەگەڵ ڕەنگی چاوی منداڵەخواپێداوەکان. چاوەکانی ئەو منداڵە هەژارە ماڵیان لەسەر بەستەکەیە، سەرەڕای منداڵییەکەی، چاوەکانی چاوەڕێی دەیان خۆزگەن. باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە لەکەرەنتین، زۆربەی منداڵەکان لەنێو ماڵدا ئایپادیان هەبوو، کەچی ئەو منداڵە، مۆبایلی دەستی دایک و باوکیان نوکیای ئاسایی بوو، کە تەنیا بۆ تەلەفۆنکردن بەکار دێ. ماڵی منداڵەهەژار لەتەپوتۆزدا پڕ دەبێ لەبۆنی ناخۆش و بنمێچەکەیان زۆری نامینێ بڕووخێ. لە با و بارانیشدا کۆڵانی منداڵە هەژارەکان هەمووی دەبێتە قوڕ و لیتە، کەچی هەر ئەو منداڵانە هەموو سروودە نیشتمانییەکانیان ئەزبەر کردووە.
دانەر یەکێکە لەو منداڵانەی تاقە کوڕی ماڵەکەیانە تەمەنی لەگڕوگاڵدایە، کاتێک سەیری دایک و باوک و خوشکەکانی دەکات، دەزانی دەبێتە هۆی ئازاردانیان بۆ هەتاهەتایە. کاتێک دایکی دەیهێنێتە کۆڵان دەبینێ منداڵەکانی دیکە یاریی دەکەن، کەچی ئەو لە ناخیدا دەزانێ لەگەڵ منداڵانی کۆڵانەکەی گەورە نابێ و دەبێتە کۆستێکی گەورە بۆ هەموو خەڵکی هەرێم.
رەیان دەیەوێ گەورە بێ تا ببێتە ئەندازیاری کشتوکاڵ ئەو بیابانەی لەجیاتی ئەوەی تەنیا تۆز و خۆڵی لێ ببارێ، بیکاتە مێرگی بیابان نەوەک کاروانچییەکان لەو بیابانە لەتێنووتی بخنکێن.
دانەر دەزانی وەک رەیانی وڵاتی مەغریب دەبێتە باس و خواسی دەزگاکانی راگەیاندن، تەنیا بۆ پڕکردنەوەی هەواڵەکانیان ناوی دانەر و رەیان دەهێنن، جیاوازی نێوان ئەو دوو شوێن و وڵاتە جوداییەکی ئەوتۆی نییە، تەنیا منداڵی و هەژاری بەتەواوی بەیەکتریان دەبەستێتەوە، کۆستی دانەر لە دڵ و ناخی ئەم هەرێمە هیچ کاتێک بیرناچێتەوە، رەیانی مەغریبیش لەتەک تەکبیری جەماوەر جاوەکانی زەق دەبێتەوە و نازانێ چ قەوماوە لەم دەڤەرە.
ماوەیەکە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی شارۆچکەکەیان بەدوای دانەردا دەگەڕێن، بەڵام بێسوود تەنیا ئاخ و هەناسەی سارد بۆ هەمووان مایەوە.
رەیان دوای پێنج ڕۆژ لە هەوڵدان و دەرهێنانی لەنێو بێرێکی زیاتر لە سی و دوو مەتر، بەڵام تەرمەکەیان هێنایە دەرەوە. دانەر چاوەڕێی دەکرد تا لەنێو مێرگەکانی بەهەشت پیاسەیەک بکەن، دانەر باس لەشارۆچکە خێرلەخۆنەدیوەکەیان بکات، رەیانی مەغریبیش باس لەگوندەکەیان بکات.
ئێستا ئەوان لە دیار یەکتر دانیشتوون، هەر یەک بەزمانی خۆی باس لەجوانی و گوڵ و گەمەی منداڵانی کۆڵان و بیابان دەکەن.




رەگوڕیشەی ناسیونالیزم- نووسینی/ عەتا قەرەداخی

بێگومان گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا نەتەوە ناسیونالیزم بەرهەم دەهێنێت و دروستی دەکات، یان ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات بابەتێکە هەتاکو ئێستا توێژەرانی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەو بوارەی کردووەتە دوو سەنگەرو هەریەکەش بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. دیارە کاتێک باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم دەکەین، رووبەڕووی جیاوازی ئاشکرایی نێوان روانینی ئەو دوو ئاراستەیە دەبینەوە. هەر ئاراستەیەک لەسەر بنەمای روانینی خۆیی و ئەو کەرەستانەی کە کاری لەسەر دەکات بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی، ناڕاستەوخۆ باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بە پێی ئەو ئاراستەی بڕوای پێیەتی دەکات. بەڵام دەبێ بزانین بنەماکانی نەتەوەو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بۆ هەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە بنەمای مادی و بەرجەستەن. ئەوەش وا دەکات هەر ئاراستەیەک بتوانێت بەڵگەی بابەتی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی بهێنێتەوە. ئەمە سەرباری جیاوازی بۆچوونی هەر ئاراستەیەک لە باسکردنی رەگوڕیشەی ناسیونالیزمدا، یەکتربڕین و تیکەڵاویش لە بۆجوونیاندا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە جیاوازی لە نێوان ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی، یان شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەو نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیدا نیە. راستە سنووری نێوان ئەم چەمکانە زۆر پتەو و بەهێزنین، بەڵام سنوورگەلێکن کە دەتوانن ئەرکی جیاکردنەوەی پێناسەو گەوهەرو رەهەندی نێوانیان ببینن.
ئێرنیست گیلنەر گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە: نەتەوەکان و شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن(١٤). هەروەک مۆدێرنیستەکان وای دادەنین کە نەتەوە لە گەوهەردا دیاردەیەکی سیاسیە(١٥). هانس کۆهن و ئیلیا خەدوری ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی پێناسە دەکەن کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە(١٦). مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم وتانە کە پێداگری لەسەر رۆڵی مۆدێرنێتە لەسەر دەرکەوتنی ناسیونالیزم و پێکهاتنی نەتەوە دەکەن، بەو مەبەستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە روانگەی ئەم ئاراستەیەوە نەتەوەو ناسیونالیزم رەگوڕیشەیەکی دێرینی نیەوە بەرهەمی دوای شۆڕشی پیشەسازین. ئەم بۆچوونەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی نەریتخوازەکاندا، کە ئەوان مێژووی نەتەوە زۆر بە کۆن دەزانن و هاوکات نەتەوە بە یەکەم و ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی بە دووەم دادەنێن.. نەریتیەکان بڕوایان وایە ناسیونالیزم زۆر پێش دەرکەوتن و هاتنی مۆدێرنێتە دەرکەوتووەو شێوەی خۆیی وەرگرتووە(١٧). ئەم بۆچوونەی نەریتیەکانیش پەیوەندی بە گەوهەری تێڕوانینی ئەوانەوە هەیە بۆ بوونی نەتەوە، کە پێیان وایە نەتەوە مێژوویەکی دێرینتری هەیە لەچاو شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەودا.. لای زۆربەی ناسیونالیستەکان، نەتەوەکان ئەو رێکخراوە سروشتیانەن، کە بە سروشتی و زۆر لە پێش دروستبوونی دەوڵەتەوە هەن(١٨). لێرەوە تەواو ئاشکرا دەبێت کە رووبەرێکی فراون لە نێوان تێڕوانینی نەریتیەکان و مۆدێرنیستەکاندا هەیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوەو ناسیونالیزم. بەوپێیەش وەکو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ کرد دەشێ لە روانگەی هەر ئاراستەیەکیانەوە باس لە سەرچاوە، یان رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بکرێت.
دایڤد هیوم گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە کەسێتی نەتەوەیەک- بەو پێیە ناسیونالیزمەکەیشی- تەنیا وەستاوەتە سەر فاکتەرە رەفتاری و کۆمەڵایەتیە- سیاسیەکان و هەروەها هەندێ بنەمای تری کردووە بە پاشخان بۆ خاسێتی نەتەوەیی- ناسیونالیزم- وەکو زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و نەریتی کەلتوری و ژێردەستەیی و بوونی یەک حکومەت(١٩). دایڤد هیوم باس لەو بنەما هاوبەشانە دەکات کە لە روانگەی نەریتیەکانەوە وەکو بنەما یان رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزم دادەنرێن. ئەو بایەخ بە فاکتەرە رەفتارییەکان دەدات و تا ئەندازەیەک شۆڕدەبێتەوە بۆ قوڵایی بنیادی کەسێتی و ئەوەش دەبەستێت بە ئەو زەمینە جوگرافیەوە کە هەر پێکهاتەیەکی تێدا دەژی و رۆڵی جوگرافیاو کەش و هەواش لەسەر تاکەکەس و گروپەکانیش بەهێند وەردەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵکی باشوری ئەوروپا بە تایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا ژیرترن لەچاو خەڵکی باکوری ئەو کیشوەرەدا، کە ئاو وهەوایەکی ساردی هەیەو هەتاوی لێهەڵنایەت و تەمومژاوی و خەماویە. ئەو پێیوایە خەڵکی باشور چالاکترن و ئارەزووی زیاتریان بۆ شەروشۆڕ هەیەو سەرئەنجام ئەو چالاکی و جوڵەیە رۆڵیان دەبێت لە زەمینەسازیدا بۆ نزیکبوونەوەو یەکگرتنی زیاتر، کە ئەوەش وەکو بنەمایەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیر دەکرێت.
ئاراستەی نەریتیەکان زیاتر پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەو بەو پێیەش سەرهەڵدانی ناسیونالیزم دەکەنەوە لە پێش شۆڕشی پیشەسازیداو لەوێشەوە دەیانەوێت بیسەلمێنن ئەو بۆچوونەی مۆدێرنیستەکان راست نیە کە پێیوایە نەتەوەو ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن. نەریتیەکان پێیان وایە کە نەتەوە لە قۆناغێکی زووتردا پێکهاتووەو شێوازی تایبەتی خۆیی وەرگرتووەو بووەتە دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی کەلتوری. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ئینگلیزی و سویدی و فەڕەنسی و هۆڵەندی دەکەن. لەبارەی کۆمەڵگای ئینگلیزیەوە ئەندریان هاستینگ دەڵێت: ئینگلیز نموونەیەکی بنچینەیی لە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە دەنوێنێت کە هەستی یەکێتی نەتەوەیی تیایدا لە کۆتایی سەدەی دەیەمەوە دەرکەوتووە(٢٠). ئاشکرایە کە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا دەستیپێکرد و هەر بەوپێێەش لە روانگەی مۆدێرنیستەکانەوە دەوڵەتی نەتەوە لەو وڵاتە لە پێش شوێنانی ترەوە دروستبووەو نەتەوەو ناسیونالیزمیش ئەگەر وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی سەیربکرێن، ئەوا دیسان سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا. لەپاڵ ئەم بۆچوونەدا لێکدانەوەی لەوجۆرەش دەکرێت گوایە لە سیستێمی فیودیالی و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرێتە خێڵایەتی و ئایینەکانیشدا کە خاسێتی دەوڵەتیان هەبووە، بە جۆرێک نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوەش دەشێت ببینرێن، واتە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە بەو پێیە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازی.
هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رستەیەکی دیار لەسەر زمانی ناسیونالیستانەوە بەردەوام دەبیسترێت کە دەڵێت: هەستی نەتەوایەتی- ناسیونالیزم- رەگوڕیشەی بەقوڵی رۆدەچێتە ناو مێژووی مرۆڤایەتیەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گوایە نەتەوەو ناسیونالیزم مێژوویەکی کۆنیان هەیە.. گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و هەژمووندا ئارەزووی مرۆڤە، کە زیاتر بەشێک لە پێکهاتنی بۆماوەیی-جێنەتیکی- مرۆڤ و بناغەی ناسیونالیزم پێکدەهێنێت کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتیدا پێکهاتووەو دەرکەوتووە(٢١). لێرەدا بابەتی نەتەوەو ناسیونالیزم پەیوەست دەکرێت بە بنەمای بۆماوەوە، یان وەکو خاسێتی خۆڕسکی مرۆڤ سەیردەکرێت و بەلای ئەو بۆچوونەدا دەچێت کە مەسەلەی نەتەوەو هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم پەیوەندی بە هیچ قۆناغێکی مێژووییەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیەو وەکو خاسێتی دیاری مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێرانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن.




مروڤ بوونمان لەنێوان بەرداشی ژن سالاری و پیاو سالاریدا.. شەماڵ بارەوانی

سەرەتا بۆ ئەوەی ژنەفێمێنیستەکان تاوانبارم نەکەن بەوەی منیش هەمان شێوەی نێرسالارەکان بیردەکەمەوە، نزم لەژن و ئازادی و ئازارکانی ژنەوە، دەڕوانم و تێڕوانینێکی پاتریارکیانەو نێگەتیڤم بۆ ژن و کریزی ژن هەیه، نەخێر، هەرگیز، من لەمێژە بەنووسینەکانیشم ئەوەم سەلماندووە کەچەندە پشتگیرو لایەنگری ژن و ماف و ئازادیەکانی ژنم، ئەوەش وەک منەت و خۆ هەڵکێشان و فەزڵ و چاکەیەک بەژن نافرۆشمەوە، بەڵکوو ئەوە ئەرک و ئەخلاق و مرۆڤ بوون و پڕەنسیپە لای من، بۆ ئەو خەباتەشم شان بەشانی فێمێنیستەکان، لەپێناو ماف و ئازادیەکانی ژن، لەپێناو سڕینەوەی مینتاڵێنتی نێرسالاری و نەهامەتیەکانی ژن، لەپێناو بوونی ژن و سەربەستیەکانی ژن، کامە ژنە نووسەری بوێر و یاخیەو لای ئەقڵیەتی نێرسالاری و لە دەڤەری نێرسالاری و جڤاتی نێرسالاریدا، تابوو و بڤە و هێڵی سور و قەغەدەیە، من هاتووم و کارم لەسەر بەرهەمەکانیان کردوو و خوێندنەوەو ڕانانم بۆ کتێب و ڕۆمانەکانیان کردووەو لەڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕەکانیش بڵاو بوونەتەوە، شەش ڕۆمانی خاتوو(نەوال سەعدادی) و چوار ڕۆمانی خاتوو(فەزیلە ئەلفاروق)،و کتێبێکی (فاتیمە مەرنیسی)و دەیان شیعرو نوووسین و بابەتی ترم ،سەبارەت بە ژن و مافەکانی ، ژن و ئازادیەکانی ژن ، ژن و موعاناتەکانی ژن و دژایەتی کردنی ئەقڵی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی، لەپێناو ژنبوون و یەکسانی جێندەری،
لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا، بڵاوبووەتەوە،
تەنانەت بەشێک لەپیاوەکان بەوە تۆمەت بارم دەکەن زۆر ژنانە دەنوووسم و ڕۆشتومەتە سەنگەری فێمێنزمەکانەوەو دژایەنی پیاو و نێر دەکەم ، ئینجا با بێمەوە سەر ئەسلی مەسەلەکە، بێگومان لەسۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەرییەوە ئەو قسەیە دەکەم، چۆن پیاوسالاری نەخۆشیەکی کوشندەو دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانەو دێرینەیەو کۆمەڵ تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەردو بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە. ئێمە دەبێ دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوەو ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕمێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا ڕۆنراوە.
ئەو ئەقڵیەتە نێرسالاریە نەخۆشە لەناو بەرین و مرۆڤەکان لەبێ مانایی و مەترسیەکانی ئاگاداربکەینەوەو هەموان لەڕێگای پەروەردە و یاسا، خێزان و ڕاگەیاندنەوە، ئاشنای چەمکی یەکسانی بکەین،
هەڵبەت، بیرۆکەی ئەو نووسینەم دوای ئەوەهات بەر لەماوەیەک، بابەتێکم لەسەر ژن و دۆزەخی نێرسالاری نووسی، لەگەڵ ڕانانێکم بۆ ڕۆمانێکی (فەزیلە ئەلفاروق)ی ژنە نووسەر و فێمێنستی بەڕەگەز جەزائیری و شیعرێکیشم بۆ ئازارەکانی ژن، هەردووک نووسینەکەم و شیعرەکەیشم، پێشووتر لە سێ ڕۆژنامەو ماڵپەڕ بڵاو ببوونەوە، گوتم با بۆ ماڵپەڕی(یەکێتی ژنانی…)بنێرم، خۆ هەرسێکیان تایبەتن بەمافەکانی ژن و ئازارەکانی ژن، کەچی بڵاویان نەکردەوە!،
بێگومان نووسینی ئەو بابەتەم وەک غەرەز شەخسی نەنووسیوە، هەرگیز، من شتی کەسێنی تێکەڵ بەناواخنی نووسینەکانم و کاری ڕۆژانامەنووسیم ناکەم و بڵێم بۆ بابەت و نووسین و شیعرەکەیان بڵاو نەکردمەوە. من باکم بەمەنییە و زیاد لەحەڤدە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕیتر هەن، من بەردەوام و بێ بڕانەوە: شیعر و بابەت و وتاریان بۆ دەنووسم،
بەڵکو مەبەستی ما لێرەو لەو نووسینەدا، دەرخستنی ئەو جۆرە ئەقڵیەتەی پشت مالپەڕەکەی(یەکێتی ژنانی..)نە، ئەو ئەقڵیەتەی هەمان ڕێچکەی نێرسالاری گرتووەتەبەر و هەمان هەڵەی ئەوان و توندڕۆیی ئەوان دووبارە دەکاتەوە،
کاتێک سەیرێکی ماڵپەڕەکەیانم کردو چاوێکم بە بابەتەکانیاندا خشاندا. ئەوەی سەیربوو بەلامەوە و تووشی شۆکی کردم، کاتێک سەرنجی بابەتەکانم دان، بینیم هەمووی تەنها هی ژنە نووسەرەکانەو بابەتی ژنانەن، یانی هیچ نووسەرێکی نێر بابەتی لەوێ بڵاو نابێتەوەو ئەو ماڵپەڕەی یەکێتی ژنانی ..تەنها هی ژنە و لەو ماڵپەڕەو لای ئەو جۆرە ئەقڵیەتە، تەنها ژن سەنتەر و تەوەر و کابە و هەموو شتێکەو. پیاو نێر لێرە، هیچ مەوقیع و مەحەللێکیان لەئیعرابا نییەو ڤیتۆیان لەسەر!
سەیرە! ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەکەین، جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت و یەکسانی جێندەری ببێت بەیاسا و کولتوور و بچەسپێت ، پەرژینی ئەقڵیەتی نێرسالاری بڕمێت، تۆ دووبارە دێیت و هەمان هەڵەی نێرسالاران دووبارە دەکەیتەوەو، دیوارێکیتری کۆنکریتی مێ سالاری و ژن سالاری، لەبەرامبەر دیواری نێرسالاری چێدەکەیت و کارەساتی جیاکاری ڕەگەزی قوڵتردەکەیتەوە و قوڕی ئەو جیاکارییە نامرۆڤانەیه بۆ ژیانی مرۆڤایەتی خەستر دەکەیتەوەو حەساسیەت و دوو بەرەکی و دوورکەوتنەوە دەخەیتە نێوان هەردوو ڕەگەزەوە!
توندڕۆیی و زیادەڕەوی چ لای پیاو لەدژی ژنەوە بێت، چ لای ژن، لە دژی پیاوە بێت، هەردووکی تراژیدیاو ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانەیە، ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، دەست لەناو دەست و شان بەشان، کار بۆ سڕینەوەی بیری نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی بکەین، کار بۆ نەهێڵانی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو ئەقڵیەتە بکەین، دووبارە مرۆڤ بهێنینەوە سەر سکە تەندروست و ڕێگە ڕاستەکە، ئەویش ڕێگەی مرۆڤ بوون و یەکسانییە، ئینجا دەبێ ئەو ژنە بەڕێزانەو یەکێتیەکەیان، دەبێ دەستخۆشی لەهەر نێرێک و پیاوێک بکەن، کە پشتگیری مافەکان و داوا ڕەواکان و ئازادیەکانی ژن دەکات و لەئازار و نەهامەتی و تراژیدیاو دۆزەخی ژیانی ژنان تێدەگات و دەچێتە بەرەی ژنان و سەنگەری فێمێنزم بوون و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەوسانەوەی ژن و سەلبکردنی ئازادیەکان ژن و لەژن خستن و لەمرۆڤ خستنی ژن، دەوەستێتەوە، نەک ڤیتۆ بخەنە سەر پیاو و دیوارێکیتری ژن سالاری، لەپاڵ دیوارە نێرسالاریەکە دروستکەن و هەردووک ڕەگەز هێندەی تر لەیەکتری دوور خەنەوە!

جا لەهەمووی سەیرتر، بابەتێکم لەو ماڵپەڕە کەوتە بەرچاو، لەژێر ناونیشانی: دورگەیەك تەنها بۆ ژنان و٫ ناوەڕۆکەکەشی ئەوە بوو(ژنە سەرمایەدارێكی ئەمریكی دوورگەیەك دەكڕێت‌ و تایبەتی دەكات تەنها بۆ ژنان‌ و رێگە بەپیاوان نادات سەردانی ئەو دورگەیە بكەن.كریستینا ڕۆز دورگەیەكی گەشتیاری لەكەناراوەكانی فێنلاند لە ناو دەریای بەڵتیك كڕی و تایبەتی كرد بە ژنان و ڕێگە نادات بەهیچ پیاوێك سەردانی ئەو دورگەیە بكەن، جگە لە كارمەندانی چاككردنی كارەبا و ئامێرەكان كە دەبێت بە پارێزەرە و دور لە چاوی ژنان كارەكانیان ئەنجام بدەن!




راوبۆچوونی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی باكوور و رۆژهه‌ڵات و باشوور له‌سه‌ر دووه‌مین خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك

ئا- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ری كه‌ركووك به‌ هاوكاری ده‌زگای فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك ،له‌ شاری كه‌ركووك دووه‌مین فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند (عه‌لی كه‌ریم) بۆ ماوه‌ شه‌ش رۆژله‌ 25تا 30-12-2021 ساز كرد، له‌ كۆتایی فیستیڤاڵ خه‌ڵات به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتووان دابه‌ش كرا.
فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌به‌شداری 14 گروپی شانۆیی له‌ هه‌ر پارچه‌ی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك به‌رێوه‌ چووه‌ ، ئه‌مه‌ش دووپاتكردنه‌وه‌ی كوردستانی بوونی شاری كه‌ركووكی سه‌لمانده‌وه‌ زیاتر 300 هونه‌رمه‌ندی شانۆكار له‌ هه‌رچوار پارچه‌كانی كوردستان وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كرابوون .
له‌فیستڤاڵه‌كه‌دا 14 شانۆگه‌ری نمایش كرا دوانزه‌ نمایش چوونه‌ نێوپێشبڕكێ فیستیڤاڵه‌كه‌، له‌ كۆتاییدا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌ری كه‌پێك هاتبوون له‌ هونه‌رمه‌ندان (قوتبه‌دین سادقی ، حه‌یده‌ر مونه‌عسه‌ر ، گه‌زیزه‌ عومه‌ر ،عه‌بدولڕه‌زاق محه‌مه‌د) خه‌ڵات به‌سه‌ر باشترینه‌كان دابه‌ش كرا كه‌به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوو :
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ سێ هونه‌رمه‌ند كاندید كرا بوون، كه‌ بریتی بوون له‌ (عه‌لی نامیق ، یاوز ئاكۆز، محه‌مه‌د موسا) له‌ ئه‌نجامدا هونه‌رمه‌ند (یاوز ئاكۆز ) له‌ شانۆگه‌ری ته‌رتوف خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ ده‌ست هێنا .
بۆخه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر كچ سێ ئه‌كته‌ری كاندید كرابوون بریتی بوون له‌ (چاوان خه‌لیل، فرمێسك زینه‌ل، شاهپه‌ری ئه‌لفان) هونه‌رمه‌ند چاوان خه‌لیل خه‌ڵاته‌كه‌ب به‌ده‌ست هێنا.
خه‌ڵاتی باشترین سینۆگرافیا سێ هونه‌رمه‌ند كاندید كرابوون كه‌بریتی بوون له‌ ( بارزان مدحه‌ت ، شیراز عزیز ،روگه‌ش كرك) خه‌ڵاتی باشترین سینۆگرافیا درا به‌ هونه‌رمه‌ند روگه‌ش كرك.
خه‌ڵاتی باشترین به‌رهه‌م سێ ده‌رهێنه‌ر كاندید كرابوون كه‌بریتی بوون له‌هه‌ریه‌ك له‌ شانۆگه‌ری ( “روگه‌ش كرك، عومه‌ر شاهین ، جیهاد ئیكنجی” ،مه‌هدی حه‌سن،روكنه‌دین گون) له‌ كۆتایی دا ده‌رهێنه‌ر (ڕوكنه‌تین گۆن ) خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ ئاماده‌ بوون به‌باشمان زانی راوبۆچوونی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ وه‌ربگرین لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه‌ روو:
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی دووه‌م شكۆ عومه‌ر له‌سه‌ر كۆی فیستیڤاڵ ووتی” ئێمه‌ دوای ته‌وابوونی خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك له‌ ساڵی 2019 خۆشبه‌ختانه‌ سازكرا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای فیستڤاڵ دانیشتین كه‌ ئه‌و فیستیڤاڵه‌ به‌رده‌وامی پێبده‌ین یه‌كێك له‌ راسپه‌رده‌كانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندین خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵ ئه‌وه‌ بوو كه‌ شانۆكارانی كه‌ركووك له‌ئێستادا ئه‌نجامدانی فیستڤاڵێكی نێو ده‌وڵه‌تی كارێكی قورسه‌، به‌ڵام ده‌توانن فیستیڤاڵێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی سازبده‌ن خۆش به‌ختانه‌ توانیمان ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین فیستیڤاڵه‌كه‌مان بكه‌ینه‌ فیستڤاڵێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان،دوای ئه‌وه‌ 25 نمایشمان بۆ لیژنه‌ی بینین نێردرا لیژنه‌كه‌ بڕیاری دا 14 نمایش وه‌ربگرین 12 نمایش بۆ پێشبركێ و 2 نمایش له‌ په‌راوێزی فیستیڤاڵه‌كه‌ نمایش كران ،فیستیڤاڵ شه‌ش رۆژ ی خایاند به‌ئاماده‌ بوونی زیاتر له‌ 300 شانۆكاری ده‌روه‌ی شاری كه‌ركووك له‌گه‌ڵ بینه‌رو شانۆكارانی كه‌ركووك هه‌روه‌ها ئێمه‌ توانیمانه‌ له‌پاڵ نمایشه‌كان كۆڕ و سیمنار بۆ شانۆگه‌رییه‌كان ئه‌نجام بده‌ین له‌هه‌مان كاتدا رۆژنامه‌یه‌كی رۆژنه‌ی فیستیڤاڵمان هه‌بوو رۆژانه‌ به‌شێوازی كورمانجی و سۆرانی له‌پاڵ زمانی عه‌ربی ده‌رده‌چوو كاروچالاكیانی فیستیڤاڵ و وتار بۆچوونی هونه‌رمه‌ندانی بڵاو ده‌كرده‌وه‌ هه‌روه‌ها ئێمه‌ سێ ۆرك شۆپمان بۆ فێرخوازانی شانۆ هه‌بوو كه‌ له‌ شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك راهێنه‌ره‌كانمان بانگێشت كردبوون به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ هونه‌رمه‌ندان بخینه‌ نێو كه‌شێكی هونه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش رۆژه‌یه‌ زیاتر ئه‌زموونی یه‌كتری ببینین خۆشبختانه‌ ئه‌و فیدباكه‌ی رۆژنی فیستیڤاڵمان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ فیستیڤاڵكه‌ سوودێكی باشی هه‌بووه‌، چه‌ندین بیروڕا له‌نێون هونه‌رمه‌ندان ئاڵوگۆر كراون “.
هونه‌رمه‌ند به‌رفین ئاماكتار له‌ كوردستانی باشوور ئه‌ندامی تیپی شانۆی ئامه‌د،به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌نمایشه‌كان و فیستیڤاڵی كه‌ركووك ده‌كات ” فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر باش ده‌بینم، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ زمانی كوردی به‌باشی حاڵی نه‌ده‌بووم بۆیه‌ له‌ چه‌مه‌كی شانۆگه‌رییه‌كان حاڵی نه‌ده‌بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشی كردم له‌م فیستیڤاڵه‌دا ناسینی كۆمه‌ڵێ له‌ شانۆكار و مامۆستای شانۆی كورد بوو. من سی ساڵه‌ له‌ بواری شانۆكار ده‌كه‌م به‌ڵام ماخابن له‌توركیا قسه‌كردن به‌ زمانی كوردی قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆیه‌ ناچار بووین زۆبه‌ی شانۆگارییه‌كان به‌زمانی توركی پێشكه‌ش بكه‌ین هه‌ندێك جاریش به‌نهێنی شانۆگه‌رییه‌كانمان به‌زمانی كوردی نمایش كردوه‌ دووباره‌ مخابن من له‌ دیالكتی زمانی باشوو و رۆژهه‌ڵات تێنه‌گه‌یشتم..سه‌باره‌ت به‌ رۆڵه‌كه‌ی من له‌ شانۆگه‌ری “ته‌رتوف” رۆڵی خێزانی پاشام ده‌بینی كه‌ كاره‌كته‌رێكی پۆزتیڤ بوو هیودارم رۆڵه‌كه‌م به‌سه‌ركه‌تووی ئه‌نجام دابێت”.
هونه‌رمه‌ند فه‌ریدونی حامیدی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌شاری سنه‌ به‌رێوه‌به‌ری حه‌ڤده‌هه‌مینی خوولی شانۆی سه‌قز به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌فیستڤاڵه‌كه‌ ده‌كات ” وه‌ك خه‌ونێك ،وه‌ك خوولیایه‌ك هه‌میشه‌ ئێمه‌ی شانۆكاری كورد ئاواتمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بتوانین هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ، له‌ شوێنك كۆ ببینه‌وه‌،بۆئه‌وه‌ی كاره‌كانی یه‌كتر ببینین، سوپاس كه‌ شانۆكارانی كه‌ركووك ئه‌م هه‌وڵیان داوه‌ ،كه‌ئه‌مه‌ دوومین خوولی شانۆی كه‌ركووكه‌ ،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وشته‌ی من چاوه‌ڕوانیم ده‌كرد نه‌م بینی ، له‌وانه‌یه‌ هۆكاری زۆر هه‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی شانۆكاران له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ نه‌بێت پێویسته‌ ئێمه‌مانان تۆڕێكی په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگامان له‌یه‌كتری بێت ،من له‌و بابه‌ته‌وه‌ ره‌خنه‌م له‌ فیستیڤاڵ هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر دووكار له‌ رۆژهه‌ڵات یان له‌ باشوور یان له‌ هه‌ر شوێنێكی تر بۆ فیستیڤاڵ بانگێشت كراون له‌وانه‌یه‌ ئیشی باشتریش هه‌بێت بۆیه‌ ده‌بێ فیستیڤاڵ دوور بێت له‌ هاورێیه‌تی و په‌یوه‌ندی تاكه‌ كه‌سی له‌سه‌ر ئاستی كوالێتی ده‌زگاكان بێت واته‌ ده‌زگایه‌كه‌نمایشه‌كان ده‌ست نیشان بكات بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ی باش ده‌ست نیشان بكات بۆفیستیڤاڵ چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌یه‌ك دوو رۆژی فیستیڤاڵ له‌ ئاستی خواره‌وه‌ بوو ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت فیستڤاڵ بۆ ساڵانی داهاتوو به‌رده‌وام بێت ، ده‌بێت كاره‌كان به‌پسپۆری بكرێت كه‌ ئاواتی گشتمانه‌ ،به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ دانیشین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین گروپه‌ باشه‌كان بۆ نه‌هاتوون ئایا گرفت له‌ ئێمه‌یه‌ یان ئه‌وان كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵ یان له‌گه‌ڵ تاكه‌كه‌س، چونكه‌ من هه‌ست ده‌كه‌م ئاستی شانۆی كوردی له‌ونمایشانه‌ی تائێستا بینیومانن به‌رزتره‌ من كاری باشترم بینیوه‌ ئه‌وان كاری ئێمه‌یان بینوه‌ بۆیه‌ ده‌بێ كۆببینه‌وه‌و گفتۆ گۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌بینی شانۆییه‌كان ماندوییمان به‌حه‌سێته‌وه‌وچێژ وه‌ربگرین ، نه‌وه‌ك ئاخ هه‌ڵبكێشین بڵێین بریا وا نه‌بوایه‌ بریا باشتر بوایه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ناخۆشه‌ ئێمه‌ كه‌ هاتوون سه‌ردانی كه‌ركووكی دڵی كوردستان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تری پارچه‌كانی كوردستان ئاشنا ببین ئه‌مش هه‌نگاوێكی به‌رزه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ده‌سكه‌وته‌ چونكه‌ ئێمه‌ كاتێ كۆده‌بینه‌وه‌ جیا له‌ شانۆ باسی زۆر شتی تریش ده‌كه‌ین هیودارین بۆساڵانی داهاتوو كاری جوانترو باشتر
هه‌ڵبژێرین”.
هونه‌رمه‌ند خاتووجوان سه‌عید به‌م شێوه‌یه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی له‌مه‌ر فیستیڤاڵه‌ك خسته‌ روو” فیستڤاڵه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه‌ ، تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌،بێگۆمان كه‌مووكوڕی له‌ هه‌موو فیستیڤاڵه‌كه‌ دا ده‌بێت له‌م فیستیڤاڵه‌دا نمایشی جوانمان بینی ، هه‌بوو ئاستی زۆر باشی هه‌بوو له‌ هه‌مان كات دا هه‌بوو ئاستی مام ناوه‌ند بوو ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شانۆگه‌ری هه‌بوو هی ئه‌وه‌ نه‌بوو بێته‌ ناو فیستیڤاڵ .. من وه‌ك به‌شدار بووه‌یه‌كی فیستڤاڵه‌كه‌ كێشه‌ی هۆڵ و كێشه‌ی كاره‌با مان هه‌بوو بۆ نموونه‌ ئێمه‌ هیچ كاتمان نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پرۆڤه‌ له‌سه‌ر رووناكی و موزیك بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێكی گرنگن بۆ كارئه‌كته‌ره‌كه‌ هیودارم بۆ ساڵی ئاینده‌ ئه‌گه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ له‌ وه‌رزی زستان ئه‌نجام درا ژه‌می نان خواردن ببێته‌ دوو ژه‌می نان خواردن چونكه‌ خواردن كاتێكی زۆری له‌ئێمه‌ ده‌برد ،ئه‌و كاته‌ی بۆ نان خواردن ته‌رخان ده‌كرێت بدرێت به‌ سیمناره‌كان زۆر باشتره‌ ئه‌مه‌پێشنیاری منه‌ دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌رێخكه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند د.هاوڕێ زه‌نگه‌نه‌كه‌له‌ده‌روه‌وی وڵات بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كرابوو ووتی” سه‌ره‌تا زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌ڕاستی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ رۆڵێكی زۆ رگرنگی هه‌یه‌ سازادانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ له‌ شاری كه‌ركووك تایبه‌ت مه‌ندییه‌كی گه‌وره‌و مه‌زنی هه‌یه‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو توانه‌كانی ترن ، مه‌به‌ستم له‌ هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ی له‌ مێژووی ئه‌وشاره‌دا هه‌یه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ گه‌ورتره‌ بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆكه‌،مه‌یدانی سه‌كۆی شانۆ،ناو هۆڵی فیستیڤاڵ ناو شاری كه‌ركووك بووته‌ به‌نمایش بۆ بووه‌ته‌نمایش؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێ ئێمه‌ ئه‌و شانۆكارانه‌ له‌ هۆڵی شانۆیه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ هۆڵێكی تر سه‌رنجی هه‌موو خه‌ڵك رائه‌كێشێت ئه‌م سه‌رنج راكێشانه‌ ده‌بێته‌هۆی پرسیار كردن له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌پرسن ئه‌وه‌ چییه‌؟ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ فیستیڤاڵی شانۆییه‌ كه‌واته‌ له‌ مێشكی مرۆڤه‌كان شتێك دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ شانۆییه‌ باشه‌ ده‌ڵین فیستڤاڵی شانۆیی كوێ؟ ده‌وترێت فیستیڤاڵی شانۆی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كه‌واته‌ ئه‌مه‌ خاڵێك ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و زاكیره‌ی له‌مێشكی منایه‌ وه‌ك خه‌ڵكێكی كه‌ركووكی كه‌له‌ باو باپیرانمه‌وه‌ هه‌موو ئاواتمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كه‌ركووك به‌شێكه‌ له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان ،وه‌چوارپارچه‌ی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌كه‌ركووك ،واته‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هزرییه‌ ،كه‌ئێستا شانۆ ده‌یكات كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یتوانیوه‌ بیكات ،وه‌ ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌و هیوایه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی باوباپیرانمان كه‌هه‌موو كاره‌سات و رۆژگارانیان پێوه‌ چێشتووه‌ ،ئه‌مڕۆ شانۆ توانی ئه‌و سه‌كۆیه‌ بكات به‌ سه‌كۆیه‌كی تری واته‌ سه‌كۆیه‌ك نییه‌ ته‌نیا ئه‌كته‌رێك كار بكات نه‌خێر ، به‌ڵكو سه‌كۆیه‌ك كار ده‌كار ده‌كات ،هۆڵه‌كه‌ كارده‌كات ، ده‌ره‌وه‌ كار ده‌كات ،نمایشه‌كان كار ده‌كه‌ن هه‌موو مرۆڤه‌كان كار ده‌كه‌ن به‌یه‌ك هیوا و به‌یه‌ك ئامانج ئه‌م یه‌ك هیواو ئامانجه‌ ده‌چێته‌ هزری هه‌موو به‌شداربووانی خه‌ڵك به‌شداربووانی شانۆكاران به‌شدار بووانی نمایش كاران به‌شدار بووانی هزرمه‌ندان له‌رێگه‌ی نمایشه‌كان وسیمناره‌كان كه‌واته‌ خوڵقاندێك دروست ده‌بێت وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژی كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ وایه‌ چونكه‌ رۆژێك پێش كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌وره‌تریشقه‌ و بارانێك بوو ،تاریكارییه‌ك بوو ڕاسته‌ له‌ولا خاكی ئاودان كرد به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی فیستیڤاڵ خۆر ده‌ركه‌وت ،من ئه‌و خۆره‌ به‌ ره‌سانه‌یه‌تی ئه‌و شاره‌ ده‌زانم كه‌ پێش 2500 ساڵ خۆر ده‌رچووه‌ مرۆڤ پیرۆزبایی لێكرده‌وه‌ سڵاوی داوه‌ پێی ، من ئه‌و خۆره‌ی ئه‌ورۆژه‌م وا بینی تا ئه‌م ساته‌ كه‌ ئێستا خۆر ئه‌بینین ،ئه‌و خۆره‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كات له‌ هه‌ولێر وزاخۆ تا خانه‌قین له‌ سنه‌و سه‌قز و بانه‌ و قامیشلی دیار به‌كر و كۆبانێ تا ئه‌و شوێنه‌ی چاوپڕبكات ،ڕۆشنایی پڕبكات ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ئه‌م ماناییه‌ی خۆیه‌تی “.
باشه‌ د. هاوڕێ سه‌باره‌ت به‌ نمایشه‌كان چی ده‌ڵێت؟
“نمایشه‌كان جۆراجۆر و تێكه‌ڵاون،چونكه‌ئه‌مه‌ فیستیڤاڵه‌ تێكه‌ڵاوه‌ ره‌نگه‌ كاره‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ واقعدا نه‌ گونجێت ،كه‌واته‌ ئێمه‌ی كورد پێویستمان به‌ئه‌مڕۆی واقعێكه‌ كه‌ هزرمان بجوڵێنێت بمانخاته‌ ئه‌ندێشه‌وه‌ ، واقعێكم ده‌وێت بمخاته‌ بیركردنه‌وه‌ واقعێك من خۆم بگۆڕم چۆن ئه‌مریكا له‌ دوای 11ی سمپێته‌ر هه‌موو ده‌رهێنه‌ران و نووسه‌ران و شانۆكاران وسینه‌ماكاران وتیان ده‌بێ عه‌قڵی خۆمان بگۆرین له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین،بۆئه‌وه‌ی به‌ گۆڕانێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ین.. ئێمه‌ش له‌ دوای كاره‌ساتی كه‌ركووك، به‌ڕاستی پێویستمان به‌و هه‌یه‌جانه‌ هه‌یه‌،كه‌مێشك و بیركردنه‌مان بگۆڕین، به‌بیركردنه‌وه‌كی تر بیركردنه‌وه‌ی یه‌ك ریزی له‌ ئاستی خاك دا كاتێ بیركردنه‌وه‌مان گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ئاستی خاك دا یه‌ك ریز بین شانۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌چێته‌ گه‌وره‌ وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌چێته‌ خزمه‌تی خاك هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێ خزمه‌تی خاك بكات ده‌بێ خزمه‌تی شانۆ بكات من به‌و شێوه‌یه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌بینیم”.
له‌شاری هه‌ڵبجه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌ربه‌ست میرزا محه‌مه‌د له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ووتی” ئێمه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی شاری هه‌ڵبجه‌ به‌ شانۆگه‌ری “ناوی بنێن چی” به‌شداری دووه‌م فیستڤاڵی شانۆی كه‌ركووكمان كرد سوپاس بۆ ئێوه‌ سوپاس بۆ رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ئه‌م خووله‌ی فیستیڤاڵه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ فیستڤاڵی ساڵی رابردوو نمایشه‌كان باشتر بوون له‌وانه‌یه‌ له‌خواستی ئێمه‌دا نه‌بێت به‌ڵام تاراده‌یه‌ك گۆرانكاری به‌سه‌ر داهاتووه‌ ئه‌مه‌ش ماییه‌ی دڵخۆشییه‌ بۆیه‌ ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی فیستیڤاڵ بكه‌ین ،شانۆگه‌ری (ناوی بنێن چی) له‌ نووسین و ده‌رهێنانی خۆم بوو ، سوودم له‌ ده‌قێكی شكسپیر(رۆمیۆ جولێت) وه‌رگرتبوو كه‌ گوزراشتی له‌بوونی مرۆڤی ده‌كرد باس له‌و ئاریشانانه‌ی ده‌كرد كه‌ تووشی مرۆڤ ده‌بێت ،به‌جۆرێك هه‌ندێ ئاریشه‌ له‌ مرۆڤدا هه‌یه‌ به‌ڵام بیری لێناكه‌ینه‌وه‌، بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر تۆ بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ بۆ بوویت ؟ ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆت بكه‌ له‌ كوێ ؟ئه‌م كێش و گرفتانه‌م له‌رێگه‌ی كارێكته‌ره‌وه‌ ده‌م خسته‌ به‌ر چاوی بینه‌ر توانیبووم ته‌كنیكی میاو كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی پشیله‌ ،كه‌ له‌بیر چوونه‌وه‌ منیش ئه‌وه‌م خستبووه‌ به‌ر چاوی بینه‌ر كه‌ تۆ شتت له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ بۆنموونه‌ مه‌رگه‌ساتێك رووده‌دات له‌ كۆبوونه‌یه‌ك دا ده‌ڵێن خووله‌كێك بۆگیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ دوای كاتژمێرێك خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ ،ئه‌وه‌ په‌یامی من بۆ بینه‌ر كه‌ تۆی داوای مافی خۆت ناكه‌یت، تۆی ناگه‌ریت ، تۆی بیرناكه‌یته‌وه‌”.
هونه‌رمه‌ند دكتۆر مه‌نسوڕ نوعمان مامۆستای كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ڵێت” سوپاس بۆ خودای گه‌روه‌ دوای ئه‌و هه‌موو وه‌ستان و كۆسته‌ی توشی رۆشنبیری بوویه‌وه‌ وه‌ تووشی ژیان بوویه‌وه‌ هه‌وڵێكی زۆمان دا بۆئه‌وه‌ی وه‌ستان و كۆسته‌دا ده‌رباز بین ، كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی نه‌گریسی كۆڤید 19 هه‌موو جیهانی گرتبووه‌ ، له‌ ئێستادا له‌رێگه‌ی به‌شێك له‌ نمایاشه‌كان سه‌رله‌ نوێ ده‌ژینه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و به‌ها جوانی و هونه‌ره‌ی كه‌له‌نمایشه‌كان دا بینیمان ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئێمه‌ كات وساتێكی نوێمان وه‌رگرت ،له‌ راستییدا هه‌ندێك شانۆگه‌ری زۆر جوان و ئاست به‌رزله‌ م فیستیڤاڵه‌دا نمایش كران به‌تایبه‌تی نماشی كوردستانی توركیا ، به‌جۆرێك نمایشه‌كه‌ زۆر به‌ووردی كاری له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ساتیكای نمایش كرابوو ،زۆر به‌ ووردی كار له‌سه‌ر سینۆگرافیا كرابوو به‌جۆرێك زۆر ساده‌ بوو به‌ ڵام گه‌وره‌ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وورده‌كارییه‌ی له‌ میزانسێنی جووڵه‌ دا كرابوو ئه‌مه‌ش به‌ هۆی راهێنان و عه‌شق بوون له‌ جیهانی شانۆدا. هیوام وایه‌ فیستیڤاڵه‌كانی داهاتوو له‌و ئاسته‌دا بن به‌ڵكو باشتریش بێت”.
هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌روێش به‌م شێوه‌یه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو” دووه‌م خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك ،خوولێكی زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ ،له‌رووی رێكخستنه‌وه‌ له‌رووی ئاماده‌ بوونی میوانه‌كان له‌رووی نمایشه‌كان وێرای شاره‌كانی باشوور له‌پارچه‌كانی تری كوردستانی گه‌وره‌ش به‌شداری گرنگ و به‌شداری دیاری تیایه‌ ئه‌م نمایشانه‌،خودی فیستیڤاڵه‌كه‌ ئومێد به‌خشه‌ بزاوتێكی گه‌رم و گوڕی شانۆی و هونه‌ری له‌شاری كه‌ركووكه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ته‌واوی كوردستان بكرێت ماییه‌ی ئومێده‌ كه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ جارێكی تری رۆناكی و رۆشنایی خسته‌وه‌ سه‌ر شاری كه‌ركووك وه‌ جارێكی تر ئه‌و راستییه‌ی دووپات كرده‌وه‌ ،كه‌ ئه‌م شاره‌ له‌ هه‌ناوی كوردستان دایه‌ وه‌ ئه‌م شاره‌ گرنگ و پڕبایه‌خی كوردستانه‌ ده‌توانم بڵیم وه‌ قیبله‌گایه‌ك له‌هه‌موو شوێنێكی كوردستان رووی تێده‌كرێت و ته‌ماشا ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ماییه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك نمایشی جوانمان بینی ، به‌تایبه‌تی نمایشی (ته‌ڕتوف) له‌ باكووری كورستانه‌وه‌ هاتبوون نمایشێكی تۆكمه‌ جوان بوو له‌ زۆر رووه‌وه‌ ،هه‌روه‌ها فیستیڤاڵه‌كه‌ كۆمه‌ڵی چالاكی له‌خۆگرتووه‌ ، وه‌كو ده‌ركرنی رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ تایبه‌ت به‌ فیستڤاڵ به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێت له‌گه‌ڵ كۆڕه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان ، گفتوگۆی گه‌رمی شانۆكاران به‌تایبه‌تی شانۆكارانی باشووه‌ له‌گه‌ڵ شانۆكارانی پارچه‌كانی تر و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌گه‌ڵ شانۆكاره‌ عه‌ره‌به‌كان كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و له‌ شاره‌ جیاجیاكانی عێراق ئاماده‌بوون بۆیه‌ من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌م ئومێدی سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و فیستیڤاڵه‌ ده‌خوازم هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم له‌ هه‌مان كاتدا زۆر زۆر گرنگه‌ حوكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوان بێت له‌ هه‌موو شاره‌كان به‌تایبه‌تی له‌ شاری كه‌ركووك “.
ماوه‌یه‌تی
هونه‌رمه‌ند عادل حه‌سه‌ن له‌شاری دهۆك له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ راو بۆچوونی خۆی خسته‌ روو” من ئه‌وه‌ جاری دووه‌مه‌به‌شداری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ده‌كه‌م ئه‌م خووله‌ باشتره‌ له‌ خوولی یه‌كه‌م ،چونكه‌ كاری شانۆیی هونه‌ری زیاترن نمایشه‌كان له‌ چوار شوێنی گرنگ هاتوون له‌ كوردستانی توركیا ، هه‌رێمی كوردستان عێراق ، كوردستانی ئێران ،كوردستانی سوریا ..هه‌موو نمایشه‌كان كوردین ،له‌ هه‌مان كاتدا ژماره‌ییه‌كی زۆر له‌ شانۆكارانی كورد وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كراون نمایشه‌كان باشن وه‌ كۆڕه‌شانۆییه‌كان باشن ،له‌ هه‌موو جوانتر رێكخستن و میوان دۆستییه‌ی شاری كركووك به‌شێوه‌یه‌كه‌ مرۆڤ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن بۆیه‌ من ده‌ست خۆشی له‌ رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم”.
هونه‌رمه‌ند موه‌فه‌ق عارف له‌هۆنی به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات ” ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌ران و له‌سه‌ر جه‌م به‌شداربووان و میوانان ده‌كه‌م به‌دڵنیایی ئێمه‌ پیشتگیرو هانده‌رین بۆ سازدانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ به‌تایبه‌تی فیسیڤاڵی كه‌ركووك كه‌لای من شوناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ ئه‌وه‌تا هه‌ر پارچه‌ی كورد به‌شانۆ به‌ هونه‌رهاتوونه‌ ناو كاییه‌كی مه‌عرفی هونه‌رییه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌لای من كارێكی زۆر پیرۆزه‌ ،به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێت ،كه‌هه‌ندی كه‌مووكوڕی له‌سازدانی فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌رووی كواڵێتی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌می تیاییه‌ له‌ ئاستێكی باڵاو به‌رزه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌رهه‌می وای تیایه‌ له‌و ئاسته‌دا نییه‌ بێته‌ ناوفیستیڤاڵ ،ئه‌كته‌ری باڵاو به‌توانامان بینی وه‌ ئه‌كته‌ری بێ تواناوبێ ده‌سه‌ڵات له‌ نواندنمان بینی به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ كایه‌كانی دی بۆیه‌ پێمان باشه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌كه‌ چوارچێوه‌یه‌ك دیاری بكات كه‌ چ جۆره‌ نمایشێك بێته‌ ناو فیستیڤاڵ واته‌ ده‌بێ پرنسیسێك هه‌بێت ئه‌م كاته‌ شانۆكار ده‌زانێ كه‌ چ ده‌قێك چ نمایشێك بۆ فیستیڤاڵ ئاماده‌ ده‌كات .له‌لایه‌كی تریش من پێم باشه‌ گرنگی زیاتر به‌لایه‌نی تیۆری و لایه‌نی ره‌خنه‌یی بدرێت و زیاتر هه‌ڵسه‌نگاندن به‌نمایشه‌كان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌كان زیاتری سوود وه‌ربگرین “.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر خاتوو سامانه‌ میرزایی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ووتی ” ده‌رفێتێك بۆمن هاتا پێش بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌دووه‌م خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك بكه‌م ئێمه‌ به‌ شانۆگه‌ری (دوورترین شاری جیهان ) وه‌كو گروپی شانۆیی ته‌خته‌ ڕه‌ش به‌شداربوون هیودارم نمایشه‌كه‌مان به‌ دڵی بیینه‌ران بووبێت نمایشه‌كه‌مان باس له‌ چوار پارچه‌ی كوردستانی (رۆژهه‌ڵات ،رۆژئاوا ، باكوور، باشوور)ی ده‌كرد باس له‌ داستانی ژنێك ده‌كات كه‌ چه‌ندساڵه‌ به‌دوای شاری خۆی ده‌گرێت له‌ دوایی ده‌ڵێت: ناتوانم بگه‌رێم ، ماندوو بووم له‌هه‌كان كاتدا ده‌نگه‌ێن دێت ده‌ڵَێت نابێ تۆ بوه‌ستیت ، ده‌بێ به‌رده‌وام بیت و بگه‌رێیت ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگی وڵاته‌ ده‌ڵێت نابێ مرۆڤ بێ هیوا بێت بۆیه‌ ژنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ پێمان ده‌ڵێت كورد زۆر نه‌هامه‌تی و شه‌ڕی بینیوه‌ به‌ڵام كورد بێ هیوا نه‌بووه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵ و كۆشش تا ده‌گاته‌ به‌ ئامانجی خۆی ئه‌مه‌ ناوه‌رۆكی شانۆگه‌رییه‌كه‌ بوو .سه‌رباره‌ت به‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌رله‌كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵ تا كۆتایی فیستیڤاڵه‌ سه‌ركه‌و تووبوو هیودارم له‌خوولی سێیه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك به‌شداربم ئه‌وه‌ی ماییه‌ی شانازییه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ دا هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان به‌شدارن هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم “.
هونه‌رمه‌ند یاسین سه‌عید ده‌رهێنه‌ر وشانۆكار بۆ فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌لێت “من ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی خوولی دووه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم ده‌كه‌م ، كه‌توانیان هونه‌رمه‌ندان و شانۆكارانی ئازیز له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كۆ بكه‌نه‌وه‌ به‌گشتی نمایشه‌كان تاراده‌یه‌ك باش بوون هه‌ندی نمایشی جاد مان بینی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیمان به‌ شانۆی جاده‌ هه‌ندێ كاریشمان بینی له‌ ئاستێكی ئه‌و تۆیانه‌ نه‌بوو تا ئێمه‌ بتوانین قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.. له‌كۆڕه‌ ره‌خنه‌ییه‌كان هونه‌رمه‌ندان به‌ئازادانه‌ راوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر نمایشه‌كان ده‌رده‌بڕی ده‌رهێنه‌ره‌كانیش به‌شێوازێكی باش پێشوازیان له‌ره‌خنه‌كان ده‌كرد ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو ئێمه‌ كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ندی ترمان له‌شاره‌كانی تر ناسی هیوادارم ئه‌مه‌ كۆتا فیستیڤاڵ نه‌بێت به‌رده‌وامی هه‌بێت له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ساڵانی داهاتوو لیژنه‌یه‌كی باشتر هه‌بێت بۆ بینینی نمایشه‌كان دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د هیجران له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ به‌م شێوه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات” ئێمه‌ به‌ شانۆگه‌ری (دونیا) به‌شدار بوون ئه‌م فیستیڤاڵه‌ تاراده‌یه‌ك باش بوو ماییه‌ی دڵخۆشی بوو كه‌ شانۆكارانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌ فیستیڤاڵه‌دا كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م بۆخۆی ئاڵنگه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وكێشه‌ و ململانێیانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ناو كه‌ركووك دا هه‌یه‌ ” .
له‌شاری كۆیه‌ هونه‌رمه‌ند دكتۆر كه‌یفی كه‌ وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵ كرابووه‌ سه‌باره‌ت به‌ فیستیڤاڵ ووتی” فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی دووه‌م خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم ئه‌م خووله‌له‌چاو خوولی یه‌كه‌م هه‌نگاوی باشی ناوه‌ له‌رووی كواڵێتی و له‌ رووی رێكخستن وبه‌شداری تیپه‌كان و زۆری میوانان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ هه‌مووی پێشكه‌وتنه‌ جگه‌ له‌مه‌ش زۆر سودیان له‌هه‌ڵه‌كانی فیستیڤاڵی یه‌كه‌م وه‌رگرتووه‌ ،شانۆگه‌رییه‌كان تاراده‌یه‌ك باشن،ناتوانین بڵێین هه‌موو كاره‌ كان باش هه‌موو فیستیڤاڵێكی وایه‌ ده‌بێ ئاسته‌كان جیاواز بن واته‌ هه‌ندێ كاری شایسته‌ ده‌بینین ،هه‌ندێ كاری ئاست نزم ده‌بینین خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم بوو به‌ڵام ئه‌م خووله‌له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر پارچه‌ی كوردستان بوو ،ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا خووله‌كانی داهاتوو بتوانن هه‌نگاوی گه‌وره‌تری بۆبهاوێژن بگاته‌ ئاستی فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی چونكه‌ هه‌ركارێك ئه‌گه‌ر به‌هه‌نگاو ده‌ست پێبكات ئه‌وا داهاتووه‌یه‌كی باشی ده‌بێت من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌م هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم”.
هونه‌رمه‌ند زیاد كه‌ریم كه‌میوانی فیستیڤاڵه‌كه‌بوو ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سیاسیه‌كان نه‌یان توانی بیكه‌ن ئه‌مرۆفیستیڤاڵی دووه‌می كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم كردی ، كاتێ توانی له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناكانی هونه‌ری هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌ باكور و له‌باشوور له‌رۆژهه‌ڵات له‌ رۆژئاوا به‌نمایشكردنی چه‌ند شانۆگه‌ری تینویه‌تی بینه‌ری كه‌ركووك و ئه‌و میوانانه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ هاتبوون شكاند، ئه‌و كۆكردنه‌وه‌و گردبوونه‌وه‌ی شانۆكاران به‌سیاسیه‌كان و هه‌موو لایه‌نه‌كانیان ووت ئه‌گه‌رڕێگه‌مان پێبده‌ن ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند ئێمه‌ی شانۆكار وتار بۆچوونی ئێوه‌ له‌رێگه‌ی شانۆوه‌ ده‌گه‌یییه‌نین ، هه‌رواشیان كرد له‌چه‌ند نماشێك دا هه‌رهه‌مووی پرسیاربوو ئاراسته‌ی ئه‌م ره‌وشه‌ی سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆیان كرد..له‌فیستیڤاڵ چه‌ند نمایشێكی جوان و به‌پێز پێشكه‌ش كران له‌ هه‌مان كات دا ئه‌و بینه‌ره‌ی له‌ فیستیڤاڵی كه‌ركووك بینرا له‌ هیچ فیستیڤاڵێك دا نه‌بینراوه‌ ،له‌ هه‌مان كات دا فیستیڤاڵه‌كه‌ له‌رووی رێكخستن وپێشوازی له‌ میوانانان زۆر رێك و باش بوو هه‌روه‌ها له‌ رووی رۆماڵی رۆژنه‌مه‌وانی و میدیایی زۆر باش و گرنگ بوو بۆیه‌ ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند د.عبود حه‌سن مه‌هه‌نه‌ له‌كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی بابل له‌سه‌ر فیستڤاڵ ده‌ڵێت” سازدانی خوولی دووه‌می فیستیڤاڵی كه‌ركووك وكۆكردنه‌وه‌ی ئه‌وهه‌موو هونه‌رمه‌ندانه‌ و بینه‌رانه‌ كارێكی باشه‌ دیارده‌یه‌كی شارستانییه‌ نمایشه‌كان جۆراو جۆر بوون وه‌كو كلاسیك ، ئه‌زموونگه‌ری تاراده‌یه‌ك نمایشه‌كان له‌ئاستێكی باش دابوون ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی منی له‌و فیستیڤاڵه‌ راكێشا تێكڵ بوونی بینه‌ران بووجگه‌ له‌ بینه‌ری پسپۆر به‌نمایشه‌كان به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبده‌م نمایشه‌كان به‌ زمانی كوردی بوون ، كۆڕره‌كان به‌ زمانی كوردی بوو هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بیش زۆر بۆ فیستیڤاڵه‌كه‌ بانگێشت كرابوون خۆزه‌گه‌مان ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌رگێر هه‌بووایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاترچێژ له‌ نمایشه‌كانمان وه‌رگرتبا هه‌رچۆنێك بێت فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان رێكخرابوو بۆیه‌سوپاسی رێكخرانی ئه‌م كه‌رنڤاڵه‌ شانۆییه‌ ده‌كه‌ین به‌هیوای ئه‌وه‌ین له‌ساڵی داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی جوانتر وباشتر سازبكرێت”.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هونه‌رمه‌ند ره‌حمان عه‌زیزی محه‌مه‌د له‌روانگه‌ی خۆیه‌وه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات” سه‌ره‌تا زۆر خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شدارم زۆر تامه‌زرۆی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ بووم چونكه‌ كه‌ركووك لای ئێمه‌ هه‌ست سۆزێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كلتووره‌ی كه‌هه‌یه‌تی له‌ ناو دڵی هه‌موومان شوێنی تایبه‌تی هه‌یه‌ من ئه‌وه‌ دووه‌مین جاره‌ به‌شداری ئه‌و فیستیڤاڵه‌ ده‌كه‌م ،سازادنی ئه‌و جۆره‌ فیستیڤاڵانه‌ بۆ ئێمه‌ زۆ رگرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئاستی شانۆی كوردی له‌كوێ دایه‌ ئه‌و گۆرانكارییه‌ چین كه‌ له‌ شانۆی كوردی رویداوه‌ واته‌ زانینی ئاستی نمایشه‌كان له‌گه‌ڵ پاردا چۆنه‌ ئایا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ یان نا له‌ م فیستیڤاڵه‌دا هه‌ست ده‌كه‌ین لاوه‌كان له‌ كوڕان و كچان ئاستێكی باشیان پێشكه‌ش كردووه‌ له‌چاو فیستیڤاڵه‌كانی رابردوو زۆر باشترن سوودێكی تری فیستیڤاڵ دیداری شانۆركارانه‌ له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و بینینی ئه‌زموونی یه‌كتره‌ .وه‌ك ده‌زانن هونه‌ری شانۆ له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی تر به‌هێز تره‌ بگره‌ زۆر به‌هێزتره‌له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سیاسییه‌كانیش شانۆ ته‌مه‌نێكه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ بۆ دیموكراسی پرۆسیه‌كه‌ بۆ دیالۆگ كردن پرۆسه‌یه‌كه‌ بۆ ئاشتی بۆ پێكه‌وه‌ ژیان نموونه‌ش ئه‌م گربوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌ تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نه‌یتوانیوه‌ به‌وشێوه‌ی هورنه‌رمه‌ندان كۆ ببنه‌وه‌ لێره‌ هه‌ركێشه‌یه‌كی هونه‌ری هه‌بێت له‌نێوخۆمان چارسه‌ری ده‌كه‌ین” .
هونه‌رمه‌ند شه‌هرام نامیق بۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر فیستیڤاڵ هه‌یه‌” سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشی له‌ به‌رێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م دیاره‌ ئه‌وه‌ خوولی دووه‌می فیستیڤاڵه‌،من له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵم كرده‌وه‌ له‌ توونس ، هیندستان ، ئێران ، لوبنان .. ده‌سپێكی فیستڤاڵ له‌رووی ئه‌ته‌كێك تاراده‌یه‌ك زۆر باش بوو ،چونكه‌ له‌ فیستیڤاڵی جیهانی ئه‌ی ،بی ، سی هه‌یه‌ به‌ڵام من پێم وایه‌ تا په‌نجا ساڵی تر ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ فیستیڤاڵی ئه‌ی ،بی ، سی چونكه‌ ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندارن به‌خوودی مێوانه‌كان و به‌رهه‌مه‌كان زۆر شتی تر هه‌یه‌ تائێستا كاری باش و كاری كرچووكاڵمان بینیوه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سته‌ی فیستیڤاڵه‌وه‌ نییه‌ چونكه‌ ئێمه‌ی كورد هه‌رئه‌وه‌نده‌ی لێ هه‌ڵده‌ته‌كێ په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت (ساواری بخۆیت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ وزه‌ت هه‌یه‌ ) ،له‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان رۆژهه‌ڵات ، رۆژئاوا ، باكوور ، باشوور هه‌ریه‌كه‌مان كاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌یكی له‌سه‌ر بۆنموونه‌ رۆژ ئاوا كاریگه‌ری زمان ومعریفی عه‌ره‌بیان له‌سه‌ره‌ ، رۆژهه‌ڵات كاریگه‌ری فارسییان له‌سه‌ره‌ ، باكوور كاریگه‌ری توركییان له‌سه‌ره‌ ،نه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ باشوور زمانی عه‌ره‌بی نازانین.. له‌ كۆڕه‌كانیش به‌شێك به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد به‌شێك به‌ فارسی به‌شێك به‌ توركی..ئه‌مه‌ له‌هیچ شوێنێكی دونیادا بوونی نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت نین خاوه‌ن مێژووی خۆمان نین له‌و كاته‌ی تۆ ده‌بیته‌ ده‌وڵه‌ت مێژوو ده‌ست پێده‌كات هه‌رچۆنێك بێت من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌”.
شانۆكار خاتووچنار عه‌زه‌دین له‌شاری كه‌ركووك به‌م جۆره‌ باس له‌ گرنگی سازدانی فیستیڤاڵ ده‌كات” سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشییه‌كی گه‌ره‌م له‌سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی فیستیڤاڵی كه‌ركووك ده‌كه‌م ،كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م فیستڤاڵه‌ به‌رێوه‌ی ده‌بن ،سه‌رباره‌ت به‌نمایشه‌كان به‌شێكی زۆری نمایشه‌كان له‌ئاستێكی به‌رز دان بێگومان نمایشی ئاست مام ناوه‌ند له‌نێو فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌بوو ،به‌ڵام من ئه‌وه‌ی زۆری سه‌رنجی راكێشام شانۆگه‌ری (ته‌رتوف) كه‌ به‌رهه‌می باكوور بوو ئه‌كته‌ره‌كان له‌رووی جه‌سته‌ و ده‌نگ زۆر سه‌ركه‌وتووبن بۆیه‌ من وه‌كو بینه‌رێك چێژم له‌نمایشه‌كه‌ وه‌رگرت.. هیودارم ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان زیاتر ئاشنای یه‌كتری بین له‌ كۆتاییه‌دا دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-8- تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی هەشتەم و کۆتایی

من زۆر گۆڕاوم
جاران چەمێکی روونی پێکەنین بووم
ئێستا رووبارێکی هەڵچووی گریان
جاران پایتەختی شیعر و شەراب بووم
ئێستا شاری نائومێدیی و خەونی زڕاو
جاران چاوی ژیانم پڕ بوو لە رەنگی هەتاو
ئێستا فتیلەیەکی دڵتەنگی بەر رەشەبام
من زۆر گۆڕاوم
جاران خەیاڵەکانم لێوانلێو بوون لە بۆنی خاک
ئێستا روحم پڕ بووە لە تەپوتۆزی مەنفا
جاران ماڵی دڵم هەوارگەی شۆخە ژنێک بوو
ئێستا هێلانەی کوندەپەپوی تەنهایی
جاران کاسەی سەرم پڕ بوو لە نوری خودا
ئێستاش هاوینەهەواری شەیتان
زۆر سەیر گۆڕاوم!!


زۆر ئەترسم
کاروانەکەت هەرگیز نەگاتە دڵم و
پێکەنینەکانت گوێچکەی ژیانم
پڕ نەکات لە نۆتەی موحیبەت
یان ئەو گۆرانییەی بۆ بەهار ئەیچڕیت
نەگاتە باخی وشکهەڵاتووی رۆحم
زۆر ئەترسم
لەو چیرۆکەی هەموو رۆژێک
بە خوێنی عەشقت ئەینووسیتەوە
فەرامۆش بکرێم و
لە دواهەمین دێڕیدا
فڕێ بدرێمە سەرنوێلک
یان ئەو تەوبە سپییەی
لە بەردەم قەشەیەک ئەیکەیت
جێی گوناهە رەشەکانی منی تێدا نەبێتەوە


هێندە تەڵخە ئاوێنەی ژیان
وا ئەزانم هەزاران ساڵە مردووم
وا تێدەگەم هیچ نابینم جگە لە مردن
هیچ شوێنێک شک نابەم جگە لە گۆڕستان
هیچ شتێک بۆ دڵخۆشی شک نابەم
جگە لە سەما لەسەر پشکۆی ئەوینت
هێندە تەڵخە ئاوێنەی ژیان
خۆم لە هیچ شوێنێک نابینم
جگە لە ژێر دەواری رەشی غەم
ناتوانم بۆ هیچ کوێیەک بڕۆم
جگە لە شمشێرستانی زەمەن
خۆم لە هیچ شوێنێک نادۆزمەوە
جگە لە باوەشی ژنێکی غەریب
کە هەموو رۆژێک حەرفی ناوی من
لەسەر بەردی رەقی وجود هەڵدەکۆڵێ


ئەی پەرییە ژن
ئەو هەموو خەونبینینە بە هەوری وشەوە
بۆ ئەوەیە بارانێک شیعرت بەسەردا بڕژم
ئەو هەموو مەستییە بە سۆزی شمشاڵ
بۆ ئەوەیە دڵی غەریبت رابژەنم
ئەو هەموو بانگهێشتەی پەلکەزێڕینە
بۆ ئەوەیە رەنگی ئەوینمان تۆختر بێتەوە
ئەی پەرییە ژن
چەندان زمانم خوڵقاند
هەر بۆ ئەوەی پێت بڵێم
ئەمەوێت هاوسەفەرت بم لە رێکردن
بە ناو سروودە بێ رەنگەکانی مەنفادا
چەندان کتێبم نووسی
هەر بۆ ئەوەی پێت بڵێم
زەمەنێکە چاوەڕێی کەسێک دەکەیت
کەسێک چاوەکانی پڕ بن لە شەپۆل و
رازەکانی دەریای ئەوین بخوێنێتەوە
ئەوەتا من هاتووم و
زەمەنی چاوەڕوانیت کۆتایی هات





گەڕان.. شيعر: ایرج جنتی عطایی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

Sent from Mail for Windows

گەڕان لە خاکی غەریبی
گەڕانێکی بێ کۆتاییە
من دەربەدەری غوربەتم
مەڵبەندی لەدایک بوونم دیار نیە
لە شەوی لانەوازیم
ئەمەوێ بەڕوی دونیایا هاوار کەم
کام هەڵبەستی گۆرانی
بە چ زمانێک هاوار کەم
وون، پەشۆکاو و بێ حەواسم
لە شارێکا کە داڵدەی یاوم
لە کام لاوەیە بە یەک گەیشتن
هەموو ڕێگاکان ئەچنە سەر غوربەت
لە کام گەڕەکی سەرەتاوە
سڵاوی “کڵاو لار”ی کرد به گۆرانی
لە کام گەڕەکەوە دوای ماڵ ئاوایی
غەزەلەکانی عەشقی غەمبار کرد
کۆڵان و گەڕەک و خانوەکانی،
ئێرە یاداشت نامەن
بێ یادگاری……….

گەڕان لە خاکی غەریبی
گەڕانێکی بێ کۆتاییە
من دەربەدەری غوربەتم
مەڵبەندی لەدایک بوونم دیار نیە

بە یادگارییەکان سەنەگەرێکم بۆ سازکە
گەڵای بێ ڕەگ و ڕیشە
” با” ئەیبا ،
تا”با” نەیبردووم ، سەنگەرێکم بۆ سازکە
نەوەی بێ رابردووی خاکی غەریب
وەک ” گاسن”ی دێرین نامێنێ لە یادا

ئەمەوێ لە باغچەی سەوزی ئەمڕۆم
بەرچنەی یادگاریەکانم پڕ کەم
ئەمەوێ دووبارە ، وون بوونی شارە بەساڵاچوەکەم
پڕ لە عەتر کەم

FEB/2022




نوێترین کتێبی تازەی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

🔻 له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (شیعر و پەخشانەشیعر)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. ته‌نيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به‌ جێ ده‌هێڵم. نالى (مه‌لا خدرى ئه‌حمه‌دى شاوه‌يسى ميكايه‌ڵى 1800-1877) بیانوویەک بوو بۆ من تا بتوانم بدوێم. لە ڕوانگەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانه‌وانییەوە کارم لەسەر ئەم شیعر و پەخشانەشیعرانە کردووه‌ و دۆخی دوای نالیم پێيان خوێندووه‌تەوە. ئەم شیعرانە بە زمانێکی ڕەخنەیی، کاری توێژینەوەييی خۆيانيان کردووە. چه‌ند نیوەبەیتێكى نالیم هێناوە و ڕەخنە و وەڵام و سەرنجی خۆمم بۆيان هەبووە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرتاپای شیعر و پەخشانەشیعرەکاندا لە ڕوانگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە دوواوم. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوای نالی و هێنانەوەی نالی بۆ ئێستامان کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و داهاتوومان لەسەر ئەو ئێستایە چی لێ شین دەبێتەوە.

🔵 پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.

شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

ئەها ببینن! زمان بەو لینجاوییەی خۆیەوە، شیعرمان بۆ دەنووسێت،
هەموو شتێک دەکشێت و دەشکێت،
دەلکێت و ون دەبێت.

🔹پێشەوا کاکەیی
🔸پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

🔴 لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە چەندین زمانی تر…

🔻بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛
۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛
۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر-پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.




بوون و ھەبوون.. ھیوا محەمەد ئەمین

پرسیارە گرنگ ، مانادار و ھەستیارەکان لەنێو ھەر کۆمەلگەیەک دا ھەمیشە لەڕێگە ی جیھانبینیی بۆ دنیا ی ( بوون ) ، دێنە نێو پڕۆسە ی ژیانەوە ! واتا چەندێک کۆمەڵگە کار لەسەر سەلماندن و چەسپاندن ی پرنسیپ ی ” بەبوونکردن ” ی تاک وەکو گرنگترین و ھەستیارترین دۆز ی نێو کۆمەڵگە بکات ، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە بەپێویست دەبێتە کۆمەڵگەیەک ی چالاک ، دامەزراو و زیندو . بەبوونکردن لێرە دا دەستپێکە بۆ بەواقیعیکردنی تاک لەنێو کۆمەڵگە دا ، نەک ئەنجام . ئامانجە بۆ بنیاتنان ی کۆمەڵگەیەک ی بەختەوەر و پایەدار ، نەک کەرەستەیەک . جەوھەر و کرۆک ی دنیابینیی بوون لەئاست ی تاک دا ، تێڕوانین و تێڕامانێکی شێواز شاقوڵییە ، کە لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دا کار ی قوڵ و بەپەرۆش لەسەر دیاریکردن ، سەلماندن و چەسپاندن ی پایە و بایەخ ی مرۆڤ بەگشتیی و تاکەکەس بەتایبەتیی ، لە ئاست ی کۆمەڵگە دا دەکات . بەھەمان شێوەش بوون و ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو وەکو کەسایەتیەکی ئازاد ، خاوەن ئیرادە ، بنیاتنەر ، داھێنەر و سەربەخۆ دەسەلمێنێت . دۆز ی ” بوون ” ناوەندێک ی گرنگ و ھەستیارە بۆ سەرجەم باس و خواستەکان ی نێو کۆمەلگە ، کە زۆرێک لە دیدگە و کایە فەلسەفیی ، ئەدەبیی ، ھونەریی و مێژوییەکان کە ئامانج تیایان دا ئازادکردن ی مرۆڤە لە بەربەستەکان ، بەرەوخۆی کێش دەکات ! لێرە دا نمونەیەک بەئامانج دەگرم ، تاکو لەوڕێگەیەوە بتوانم مەفھوم و جیھانبینی دنیای ” بوون ” و پڕاکتیزەکردن ی پڕۆسە ی ( بەبوونکردن ) لەنێو کۆمەڵگە دا بەرجەستە بکەم
لە پڕۆگرام ی خوێندن ی پۆل ی یەکەم ی بنەڕەتیی وڵاتێک ی دیموکراسیی و پێشکەوتوو ی وەک ئەڵمانیا دا یەکەم وشە و ڕستە کە منداڵ ی پێئاشنا دەکرێت : ( من ، منم – تۆ ، تۆیت ) ە ! ئەم ڕستەیە لە ڕواڵەت دا منداڵانە یان زۆر سادە و ساکار دێتە پێش چاو و بەر زەینمان ، بەڵام لە ناوەڕۆک دا دەشێت فەلسەفەیەک ی گرنگ ی کۆمەڵایەتیی و مێژویەک ی پڕکێشە ، ئاڵۆزیی و ململانێی مرۆڤایەتیی تیای دا بەرجەستە بووبێت لە سادەترین شڕۆڤە و تێگەیشتن بۆ ئەو ڕستەیە ئەوەیە ، کە ھەم من بوونم ھەیە و ھەمیش تۆ . لێرە دا من – تۆ بەپێی سروشت ی مرۆڤایەتیی خۆیان ھەڵگری دوو جەمسەر ی ناکۆک و دژبەیەکن ، بەڵام پەیوەندیەکی دیالێکتیکیانە ھەردوولا ی دژبەیەک و ناکۆک پێکەوە گرێ دەدات.

لەنێوان من – تۆش دا بەڵام پرنسیپێک بوون ی ھەیە ، کە باوەڕبوون ، داننان و قبوڵکردنی یەکتریە وەکو واقیعێک ی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەتێگەیشتن و تێڕامانێک ی دی بۆ ئەو دەربڕینە ئەوەیە ، کە ” من ” منێک ی جیاوازم و ” تۆ ” ش بەھەمان مەفھوم تۆیەکی جیاوازیت . لەنێوان من – تۆ ش دا دەشێت بەڵام توانا ی ئەوە ھەبێ ، کە سروشتی جیاوازییەکان بکرێنە خاڵ ی یەکانگیریی و ھاوبەش ، تاکو لەڕێگەیانەوە ئەو ئامانج و ئەنجامانە بەدەستبێت کە بەلایەنی کەمەوە بتوانن دوو دراوسێ ی باش بۆیەکتری بن . واتا کێشانکێش ، جەمسەربەندیی و سروشت ی جیاوازیی و ململانێکانی من – تۆ دەشێت و دەگونجێت کە بکرێنە بنەمایەک ی پتەو ، بەڵام زۆر سادە بۆ پێکەوەژیانێک ی ڕاستەقینە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی ھەر کۆمەڵگەیەک دا . کار و ئەرکی کۆمەڵگە ی دیموکراتیی و شارستانیی ، جەختکردن و پێداگیرییە لەسەر بنیاتنان و دروستکردنی کەسایەتیی و سەلماندن ی بوونی( من ) وەک ناوەندێک ی گرنگ لەنێو کۆمەڵگە دا . کۆمەڵگەیەک ی لەوجۆرەش ، بەپێویست توانا ی ئەوەی دەبێت ھەبێ ، کە بوون ی من و بنیات ی کەسایەتیی من وەک بوون و کەسایەتیەکی ئازاد ، سەربەخۆ ، خاوەن ئیرادە ، چالاک ، بەرھەمدار ، داھێنەر و ڕۆڵبگێڕ ئاوێتە بە دنیابینیی و کۆی دەزگا و دەمەزراوەکانی خۆی بکات ، تاکو زەمینە ی ئەوە بڕەخسێت کە کۆ ی سیستەم ی سیاسیی ، ئابوریی ، کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریەکان بخرێنە خزمەت بەرژەوەندیی من و ھەر تاکێک ی وەکو منەوە .
بچوککردنەوە و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و کۆی ئەو سیستەم و دامەزراوانە تاکو ڕادە و ئاستی ئەوەی کە تاک گرنگترین و شایستەترین بەشی کۆمەڵگەیە ، دەشێت باشترین مێتۆدێک بێت بۆ پاراستن ، سەلماندن و چەسپاندنی من و بوونی من وەک تاکێک ، و دەستەبەرکردن ی مافەکانی ھەر تاکێک ی تر و پاراستن ی ھاوسەنگیی ئاساییش و ئارامیی بۆ سەرجەم کۆمەڵگە . لە ھەلومەرجێک ی وەھا دا تاک دەبێتە بوونێک ی ڕیالیستیی و خاوەن ڕۆحێک ی ئازاد ، مانادار ، کرۆکدار و مێژویی ، لە ھەمان کاتیش دا فاکتەرێک ی گرنگ و کاریگەر بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە . بەرھەمھێنان ی مرۆڤ ی ئازاد ، دروستکردن ی خەون و ئیرادەیە لە بوون ی کەسایەتیی ئەو دا ، مرۆڤ ی ئازاد کاتێک لە ناخ و ویژدانی دا خەونێک چەکەرە دەکات ، ئەوا خەونی ئەو خەونێک دەبێت بۆ ژینگە ، خزمەت بە نیشتیمان ، دادپەروەریی ، ئازادیی ، پاراستنی ماف ی مرۆڤ و ڕێزگرتن بۆ ژن و منداڵ و ….تاد

لەپەیوەست بەو بابەتە دا، کۆپلە شیعرێکی شەھید مەلا عەلی بەناو ی ( سێدارە ) دەکەینە نمونەیەک بۆ پێشاندان و بەرجەستەکردن ی ئەو خەسڵەت ، خەون و ڕۆح ی ئازادە ی کە شاعیر ی لەسێدارەدراو لە بوون ی کەسایەتیی ڕاناو ی ” من ” دا دەخوازێت وەسفی بکات:

بەشم چونکە مردنی ناوجێ نیە
شادم کە تا دواھەناسەش بەپێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێ سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزیە کە پێڵاوم ئەبینم
بەسەر سەری دوژمنەوە لەبەرزین

لێرە دا شاعیر باس لە دوو دنیا ی جیاواز ی ” ژیان ” و ” بوون ” دەکات ، ژیانێک کە بۆ ھەمووانە و دەبێت لەپێناوی جوانکردن و بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێک پێی ، قوربانی بدەیت ، بوونێکیش کە پێویستە لە ناخ و کەسایەتیی ” من ” دا خەسڵەت ی مرۆڤێک ی ئازاد ، بەئاگا ، ژیاندۆست و خۆنەویست ، کە ناخوازێت ژیانێک ی پوچ ، بێناوەڕۆک و بێخەسڵەت بژێت ، بەرجەستە بکات . لێرە دا دەگەینە ئەو ئەنجامە ی ، کە جیھان ی ( بوون ) لە گۆشەنیگا و ڕۆژنە ی فەلسەفە ی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتیی دا ، جیھانێکە کە مرۆڤ بە خەسڵەت ی ڕەوشت ، پاکیی ، وەفا ، خەون ، ھەڵوێست ، ڕۆح ی ئازاد و ھەست ی مرۆڤبوون بارگاویی دەکات . بێبایەخکردن و بێکاریگەرکردن ی فەلسەفە ی بەبوونکردن ی تاک و کەسایەتیی تاک لە کۆمەڵگە دا ، زەمینە ساز دەکات بۆ بچوککردنەوە و بێبەھاکردن ی من ی تاک ، تاکو ڕادە و ئاست ی کەسایەتیەک ی لاواز ، بێبایەخ ، بێبەرھەم ، فەرامۆشکراو ، بەکاربەر ، بێکرۆک ، بەپاشکۆکراو ، بەکەرەستەکراو و بەدیسپلینکراو . زەمینەسازبوون بۆ بنیاتنان ی کۆمەڵگەیەک ، کە تاک تیای دا بێبەھا ، بێکاریگەر و خاڵیی لە ڕۆح ی ئازاد و ئیرادە بکرێت ، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە جەستەیەکی بێگیان ، کە لە دواجار دا و بەتێپەڕبوون ی کات کۆتایی بەبوونی خۆی و ڕۆژگاری خۆی دەھێنێت . ماک یان ھۆکاری سازبوونی ئەم زەمینەیەش ھاوجووت و ھاوتەریبە لەگەڵ سەرھەڵدان و ھاتنەکایە ی جیھانێک کە ڕێک ناتەبا و دژبەر ی جیھان ی بوونە ، ئەویش جیھان و دنیابینیی ( ھەبوون )ە.

ھەبوون لە سادەترین پێناسە و واتا دا، بریتیە لە ھەر شتێک ی مادیی کە مرۆڤ ئارەزو ی ھەبوون ی دەکات . شێواز ی تێڕوانین و تێڕامانی دنیابینیی جیھان ی ( ھەبوون ) شێوازێک ی ئاسۆییە کە یەک بوعد و تاکلایەنانە بۆ بوون ، ناخ ی کەسایەتیی مرۆڤ ، کۆمەڵگە، مێژو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان ، دەڕوانێت . لێرە دا ژیان وەک ھونەرێک وایە و ھەر جیھان و دنیابینییەک بەجۆرێک لێیدەڕوانێت و مامەڵە ی لەگەڵ دا دەکات ! مامەڵە ی دنیابینیی بوون گەڕانە بەدوای دیوە ستاتیکیی و ڕوناکیەکەی مرۆڤ ، واتا ئەو خەسڵەتە مرۆڤایەتیی و مۆڕالییە ی ، کە پێویستە کەسایەتیی مرۆڤی لەسەر بنیاتنرابێت . بوونی خەسڵەتێکی وەھایشە کە دەتوانێت کۆمەڵگە ئاراستە ی ئارامیی و بەختەوەریی بکات . دنیابینیی ھەبوون بەڵام لەسەر ( شت ) ەکانە ، واتا ئەو شتە مادیانە ی کە مرۆڤ بێبڕانەوە و بێکۆتا ئارەزوی خاوەندارێتیان دەکات . کورتکردنەوە و ساخکردنەوەی ڕۆح ، کرۆک ، ئیرادە ، ڕەوشت و بەھا ی مڕۆڤ لە دنیا ی بازاڕ و خاوەندارێتیی دا ، جگە لە کردنی مرۆڤ بەکۆیلەیەکی دنیا ی بازاڕ ھیچی تر بەباڵای دا نابڕدرێت .
ئەگەرچی دنیا ی ھەبوون خاوەنی تێڕوانین و تێڕامانێک ی سادە ، ڕوکەش ، تەمبەڵ و بێخەسڵەتە بۆ گشت کۆمەڵگە و کۆ ی مرۆڤایەتیی ، بەڵام ھێز ، تین و گوڕی ئەوەی تێدا ھەیە ، کە دەرگا ی جیھانێکی ئاڵۆز ، کێشەدار و شێواو بەڕوو ی کۆمەڵگە دا واڵا بکات ، بەجۆرێک کە مرۆڤ ئاسان نەبێت بە شەقڵ و خەسڵەتی خۆیەوە توانای بەدەستھێنانی ھێز و ڕۆڵگێڕانی ھەبێت .
جیھان ی ( ھەبوون ) لە دید و تێڕوانینی خۆی دا بۆ کۆمەلگە و مرۆڤایەتیی ، کار لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک دەکات ، کە لەسەر سێ ستون و پایە ی موڵکدارێتیی ، دەستەڵات و قازانج بنیاتنراوە . لێرە دا تۆ چەندێک لە ڕوبەر و پانتایی دنیا ی ھەبوون دا توانا و وزە ی خۆت بەگەڕبخەیت ، ھێندەش دەتوانیت دەستەڵات لەنێو کۆمەڵگە دا بەدەستبھێنیت . دەستەڵات بەڵام بۆئەوەی بەردەوامیی بەخۆی بدات ، دەبێت ھەم خاوەنی پاشخانێک لە دنیای فەلسەفەی ھەبوون بێت ھەمیش خاوەنی بازاڕێک ی سیاسیی و ئابوریی بێت ، ئاش ی ئەم بازاڕەش تەنیا بە باراشی سەرمایە و قازانج ھەڵدەسوڕێت . ئەم ھاوکێشەیە دەمانگەێنێتە ئەو باوەڕ و ئەنجامە ی ، کە ئەگەر بخوازیت چەندێک بەختەوەر و ئاسودە بیت ، دەبێت بەھەمان بڕ و ئەندازەش خاوەن ی موڵک و سامان بیت ؟! پرسیارە گرنگەکە لێرە دا بەڵام ئەوەیە کە ، ئایا بەڕاستیی خەرمانێک لە پارە و سامان دەتوانێت مرۆڤ ئاراستە ی دنیا ی خۆشبەختیی و بەختەوەریی بکات ؟! کێشە ، گرفت و ئاڵۆزییەکە لێرە دا ئەوە نیە کە وەڵام بە بەڵێ یان نەخێر بێت ، بەڵکو لە دوورکەوتنەوە ، نائامادەیی و شوێنبزربوونی دنیا ی بوون و پڕۆسە ی بەبوونکردنی مرۆڤە لە واقیعی کۆمەڵگە دا. ئاڵۆزیی و گرفتێک ی دی لە جیھان و دنیابینیی ( ھەبوون ) دا ئەوەیە ، کە چەندێک خواست و ئیشتیھا بۆبەدەستھێنان ی دنیای ( ھەبوون ) زیاتر بێت ، بەھەمان ئەندازەش ڕۆحیەتی مرۆڤبوون ، و نرخ و پێگە ی عەقڵ و ئاوەزیش دادەبەزنە ئاستێک ی نزم لە جیھان ی غەریزەکان . ئالێرەدایە کە دەبێت ئیدی زەنگ ی مەترسیەکان لەسەر پاشەڕۆژ ی تاک و کۆمەڵگە لە ھۆش ، ئاوەز و بوونی ئێمە دا بزرنگێتەوە ! ئا لەم وەرچەرخانە مێژوییەدایە ، کە خۆر ی دنیای من وەک بوونێک ی مۆڕالیی ، گرنگ و شایستە لە ئاسۆوە ئاودیوی دنیای تاریک ی جیھانی ( ھەبوون ) دەبێت !! لەسەرھەڵدان ی ڕۆژگارێکی وەھادایە ، کە ” من ” ی کاریگەر ، داھێنەر و خاوەن ئیرادە و ڕۆح ی ئازاد دەبێتە کاراکتەرێکی بێڕۆح ، بەکاربەر ، کۆیلە و بێئیرادە . مەترسیدارترین قۆناخی مێژویی ھەر کۆمەڵگە و شارستانێتیەک لەوێ دا دەستپێدەکات ، کە جیھان ی ” ھەبوون ” باڵادەستیی و دەستەڵاتی خۆی بەسەر کۆ ی کایە و جومگەکانی جیھانی ( بوون ) دا بسەپێنێت . شێرکۆ بێکەس لە قەسیدە ی ” ئێستا کچێک نیشتیمانمە ” دا ئاماژە بۆ ئەو مۆتەکەیە ی جیھان ی ( ھەبوون ) دەکات ، و لە جەستە ، ڕۆح و ناخ ی کۆمەڵگە ی کورد لە باشور ی کوردستان دا بەرجەستەی دەکات :

ئەوا ئەمڕۆش پێڵاو ی لاستیک زێڕینە و
ڕوبار ئەکڕێ و
شاخ ئەفرۆشێ و
ئەیەوێ دەریاچە قوت دا و .
تەماعی کردۆتە مانگ و
داوادەکا بۆی داگرن

لەم ھاوکێشە و جیھانە ترسناک و نوێیە دا مرۆڤ ی ئالودەبوو بە دنیا ی ( ھەبوون ) ، ناتوانێت خاوەنی ھیچ ئامانج و مۆڕاڵ یان خەونێک بۆ مرۆڤایەتیی بێت ! مەفھومی ” من ، منم – تۆ ، تۆیت ” چیتر بایەخ ، گرنگیی و کاریگەریی خۆی وەکو بەھایەکی مرۆڤایەتیی ، ئەخلاقیی ، مێژویی و یاسایی لەدەستدەدات ! چ ” تۆ ” یان ” من ” وەک تاک ، کەسایەتیی و مرۆڤێکی سروشتیی ، سەربەخۆ و خاوەن ڕەوشت و ئاکار ی بەرز و باڵا دەبنە موڵک و خاوەندارێتیی ئەوانی دی ، و لەوەش ترسناکتر ئاوێتە و بارگاویی بە جیھان ی پوچ ، بێناوەڕۆک ، بێڕۆح و بێمانا ی دنیا ی ( ھەبوون ) دەبن . مەترسیەکان ی دنیا و جیھانبینیی ھەبوون تەنیا لەچوارچێوە ی موڵکدارێتیی دنیا ی ” شتەکان ” دا نیە ، بەڵکو لەوێدایە کەدەستەڵات بەدەستدەھێنێت ، دەستەڵاتێک ، کە نەک ” تۆ ” یاخود ” من ” وەک تاک ، کەسایەتیی و مرۆڤێک ، بەڵکو سەرجەم ڕەگەز ، پێکھاتە ژیاریی و سامانە مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەش وەکو ڕەوشت ، کردار ، ئەڤین و ئەڤینداریی ، ئیرادە ، ماف ، ئیمان و ئیماندارێتیی ، شەڕع و ئایین ، زانین و زانیاریی ، ھونەر ، ئەدەب ، داد و دادگەریی ، و تەنانەت مێژو ، شارستانێتیی و سەروەرییەکانی کۆمەڵگەش دەخاتە ژێر ڕکێف و کاریگەریی جیھان ی ( ھەبوون ) ەوە . کۆمەڵگە ی کورد لە باشور ی کوردستان ڕێک لە بار و دۆخێک ی وەھا دا ڕۆژگار ی خۆی بەڕێدەکات . نابێت پێمان سەیر و سەرسوڕمان بێت ، کە لە جیھانبینیی و دنیا ی ” ھەبوون ” دا کە کوڕە مەسئولێک ی دەوڵەمەند و ساماندار داوا لە کچێک بکات کە دانەوێتەوە و پێڵاوەکانی ماچ بکات . واتا کێشە ی مرۆڤ ی کورد لەمڕۆ دا بەتەنیا ھێندە نیە کە برسیی و نەبووە ، بەڵکو لەوەش خراپتر و کارەساتبارتر ئەوەیە ، کە پێناسە ، بوون ، بەھا و ڕوناکاییی ئەو وەک تاک و کەسایەتییەکی ئازاد ، خاوەن ئیرادە ، بەھرەدار ، داھێنەر و خاوەن ڕەوشتڕی بەرز و باڵا ، بێبایەخ دەکرێت و ماڵئاوایی لە دنیا ی ” بوون ” دەکات ! لە دنیا ی ” ھەبوون “یش دا فەرامۆش دەکرێت و بۆ دواجاریش ئەستێرە ی درەوشاوە ی دنیا ی ” بوون ” ی ئەو دەکوژێتەوە .

ھیوا محەمەد ئەمین
22.1.2022




چاپی نوێی چراكانی نیشتمان نوسینی: خه‌لیل عوبدوڵا.. خوێندنه‌وه‌ی: سه‌لاح جه‌لال

(چراغی فیكری رووناكی، له‌هه‌ر شوێنێ كه‌داگیرسا
شه‌وی تاریكی وه‌ك رۆژه‌، خه‌راباتی گوڵستانه‌).(بێكه‌س)

ده‌ست پێكردنی كتێبی(چراكانی نیشتمان) به‌م دوو رسته‌ شیعرییه‌ی شاعیری ناوداری كورد بێكه‌سی نه‌مر ده‌ست پێده‌كات، واتای جۆشدانی جه‌ماوه‌ر بۆ مه‌عریفه‌و داگیرساندنی چرای مه‌عریفه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی شه‌وانی تاریكی و جه‌هاله‌ت، ئه‌م په‌رتوكه‌یش كلتوری بێۆگرافی كه‌سایه‌تییه‌ كلتورییه‌كانه‌و هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری له‌خۆی گرتووه‌، له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی به‌گرنگی له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌رو مه‌عریفه‌كاندا كاریان كردووه‌، به‌شێوه‌ی ئینسكلۆپیدیا رێكخستنی بۆكراوه‌، ئه‌م زانسته‌یش له‌سه‌ر ئاستی جیهان جێگه‌ی بایه‌خه‌و پێك دێت له‌زانستێك یان كۆمه‌ڵێك زانست. یان په‌رتوكێك، یان كۆمه‌ڵێك په‌رتوك هه‌ڵگری زانیاربن له‌سه‌ر ژیان، یان پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی. به‌كورتیش ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی ده‌رخستنی نهێنی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانه‌. ئه‌م په‌رتوكه‌یش به‌پێی زنجیره‌ی پیتی ئه‌لف و بێی كوردی رێكخراوه‌و به‌رگی دووه‌می ته‌واوكه‌ری به‌رگی یه‌كه‌مه‌، له‌ساڵی 2017 روناكی سه‌دو هه‌شتاو سێ چراوه‌ چاپكراوه‌و ئه‌م به‌رگه‌یش سه‌دو حه‌فتاو یه‌ك چرایه‌و به‌هه‌مویان سێ سه‌دو په‌نجاو چوار چران، چراكانیان كردووه‌ به‌ چراخانی ماڵی شا، دیاره‌ نوسه‌ر ماندووبون و به‌دواگه‌ڕانی زۆری بینیوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو چرایه‌ له‌هه‌موو كون و قوژبنێكی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گرتۆته‌وه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكانی مه‌عریفه‌دا كاریان كردووه‌، هه‌ر له‌ بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانسته‌كانی تر وه‌ك مێژوو كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ هه‌تا بیری ئایدۆلۆژی و خه‌باتی سیاسی.
یه‌كه‌م پیت له‌و چرایانه‌ شه‌هید ئارامه‌، له‌دوای به‌شداری كردنی له‌ شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ ئه‌ندازیاری سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی نوێ و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجدوه‌رانی كوردستان داده‌نرێت، ساڵی 1972و ساڵانی دواتر وتاره‌كانی له‌سه‌ر بیری شۆڕشگێڕی له‌رۆژنامه‌ی هاوكاریدا بڵاو كردۆته‌وه‌و ساڵی 1982 مه‌لا به‌ختیار پێشه‌كی بۆ نوسیوه‌و كردوێتیه‌ كتێبكێك به‌ناوی( ئارام و بیری ئینته‌رناسیونالیستی) بڵاویكردۆته‌وه‌. به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كانی به‌ناونیشانی(هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌نوسینه‌كانی شه‌هید ئارام) سالار عه‌زیز پێشه‌كی بۆ نوسیوه‌و له‌ساڵی 1980دا بڵاوی كردۆته‌وه‌.. ساڵی 2007یش محه‌مه‌د عه‌بدول كه‌ریم سۆڵه‌یی هه‌موو نوسینه‌كانی له‌دووبه‌رگدا بڵاوكردۆته‌وه‌. به‌كورتیش ئارام چرای خوێنی شۆڕشگێڕان بووه‌ به‌ جه‌سته‌و بیرو نوسینه‌كانی تین و وزه‌ی به‌ شۆڕشگێڕان داوه‌و هه‌تا ئێستایش له‌دڵی خه‌ڵكدا زیندووه‌و له‌گوندێكدا شه‌هید كرا جگه‌ له‌ نوسین و بیرو رێبازه‌كه‌ی و چه‌ند قه‌وانه‌ فیشه‌كێك نه‌بێت هیچی تری له‌ دوا به‌جێ نه‌ما. ئایا ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی چرای چراكان بوو نابێته‌ چرا؟!
دوای ئه‌و ئازاد خانه‌قینییه‌، یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای خانه‌قین و تیپی مۆسیقای شه‌هید كارزان له‌ شاخ و سرودی به‌رگری(ئاسوده‌بن و كه‌ڵكی قه‌یوان)ی گوتووه‌و كتێبێكی دیكۆمینتاری مێژوی راگه‌یاندنی یه‌كێتی نوسیوه‌.
چرایه‌كی تر ئازاد شه‌وقی به‌تابلۆكانی و گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌رو پێگه‌یاندنی سه‌ده‌ها هونه‌رمه‌ند و كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌و هه‌تامردنی چرای هونه‌ری له‌بواره‌كاندا گڕپێداوه‌.
چرایه‌كی تر ئازاد هه‌ورامی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی بووه‌و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ تفه‌نگه‌كه‌یدا گیتاره‌كه‌ی به‌كۆڵه‌وه‌ بووه‌و له‌و ساته‌ی شه‌هید بووه‌ سرودی رێی خه‌باتمانی گوتۆته‌وه‌.
چرایه‌كی تر ئاسۆ عومه‌ر سواره‌یه‌، هونه‌رمه‌ندی شانۆو فیلمی سینه‌مایی و كاراكته‌ری وێنه‌ دانسقه‌ ئاڵتونیه‌كان و نوسه‌ری كتێبی سلێمانی و خاكی و پێنجوێن و مه‌مله‌كه‌تی گڵه‌زه‌رده‌ بووه‌و(سنوور و ره‌به‌ند) دووكتێبی تری چاپ نه‌كراویه‌تی وكتێبی ئه‌وێنی ئاسۆو خه‌ڵك له‌دڵی هه‌موو كه‌سێكدا به‌زمانی هێرۆگلۆفی چاپكراوه‌.
له‌وه‌وه‌ له‌ أ ب هه‌وری و د. ئه‌به‌به‌كر خۆشناوو ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گه‌وه‌ هه‌تا ئه‌حمه‌د خواجه‌و ماموستا ئه‌حمه‌د سه‌لام و ئه‌حمه‌د شه‌مال)هه‌ریه‌كه‌یان چرایه‌ك بوون. دوای ئه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی عه‌زیز ئاغامان نیشان ده‌دات كتێبی ئه‌لف و بێی كوردی بۆ خوێندكارانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی داناوه‌. له‌وێوه‌ ده‌چێته‌ باكوری كوردستان و مۆزیكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د كایا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت و دێته‌وه‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د موحه‌مه‌د به‌شیعری گۆرانی تێكه‌ڵیان ده‌كات. پاشان ئه‌حه‌مه‌د موختار به‌گی جاف كه‌سایه‌تی ناودار له‌بواری سیاسی و ئه‌ده‌بیدا. له‌م چرایانه‌وه‌ چرای ئه‌حمه‌د هه‌ردی دێت، چرای چراكان و مۆسیقای خۆشه‌ویستی، ئه‌و شاعیره‌ی جێگه‌ی ناگیرێته‌وه‌ و وشه‌و رسته‌كانی ناوترێنه‌وه‌، به‌كۆمه‌ڵ شیعرێكی كه‌م(رازی ته‌نیایی)مۆسیقای شیعری عاشقانی گه‌ردوونی ژه‌ند. چراكانی تریش له‌ ئه‌خته‌رو ئه‌خۆل و ئه‌سعه‌د مه‌حوی و ئه‌سیری و… تاد.
هه‌ر له‌م ئاهه‌نگ سازییه‌ی چراكاندا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار به‌كتێبی ئه‌فسوناوی ئه‌لف و بێی كوردییه‌وه‌ له‌گه‌ل هه‌موو نه‌وه‌كاندا (دارا دوو داری دی ده‌ڵێته‌وه‌). دوای ئه‌وه‌ چراكان به‌(ئیبراهیم خه‌یات به‌گۆرانی و مه‌قامه‌كانییه‌وه‌و ئیسماعیل سه‌رهه‌نگ له‌شه‌مزینانه‌وه‌ به‌خۆی گوڵ ناسییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌كانی دنیادا له‌گه‌ڵمان ئاماده‌ ده‌بێته‌وه‌. ئاهه‌نگ سازییه‌كی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ده‌سازێنێت.
پیتی با شانسی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌ به‌ گۆڤاری گه‌لاوێژه‌وه‌ سه‌رنوسه‌ری ئێستا ده‌دوێنێت و جارێكی تر رۆمانی ژانی گه‌ل چاپ ده‌كاته‌وه‌.
ئاهه‌نگ سازییه‌كه‌ هه‌ر چرای نوێ داده‌گیرسێنێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بڵند حه‌یده‌ری و بورهان جاهید و بورهان قانیع پێكه‌وه‌ شۆڕشی كۆیله‌كان و مردوو خۆره‌كان ده‌خوێننه‌وه‌.
ئاهه‌نگ سازی پیتی با بێخود و بێدارو بێكه‌س و بێوه‌ی و پیره‌مێردو …تاد. پێكه‌وه‌ له‌ گردی مامه‌ یاره‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی شیعرو ئاوازی نیشتمانی تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ن.
پیتی جیم و خوشكه‌كانی (جه‌رجیس فه‌تحوڵا و جه‌مال عیرفان و د جه‌مال نه‌به‌ز و جه‌میل رۆژبه‌یانی و جه‌میل سائیب و جگه‌ر خوێن و جیهاد دڵپاك و حاجی قادری كۆیی هه‌تا حه‌ریق و حه‌سه‌ن جزیری و حه‌سه‌ن زیره‌ك و حه‌سه‌نی قزه‌ڵجی و حه‌سیب قه‌ره‌داخی و حه‌مه‌ جه‌زا و حه‌مه‌ساڵح دیلان و حسێن حوزنی موكریانی و پێكه‌وه‌ له‌ په‌رتوكخانه‌ی كلتوری جه‌مال عیرفانه‌وه‌ به‌ نمایشتی شانۆیه‌كی فه‌زایی كراوه‌وه‌ بۆ مزگه‌وتی گه‌وره‌ دێن.
پیتی دال و خوشكه‌كانی داری ساری حه‌یده‌رو ده‌نگی شۆڕشی نوێ و دره‌خشان حه‌فید ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كورد ساڵی 1952 له‌ریزی پارتی دیموكراتی كوردستاندا و دلێر ئیبراهیم و دڵداری شاعیرو دڵشاد مه‌ریوانی شاعیری نوێخوازی هه‌شتاكان و رادیۆی كوردی به‌غدادو شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و ره‌سوڵ هه‌مزاتۆف و ره‌شۆل و ره‌فیق حیلمی و ره‌فیق چالاك و ره‌ه‌ووف حه‌سه‌ن و شێخ ره‌ووفی خانه‌قاو رۆژنامه‌ی ئومیدی ئیستقلال و رۆژنامه‌ی بانگی كوردستان و رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن و رۆژنامه‌ی تێگه‌یشتنی راسستی و سلێمانی شاری رۆشنبیری و سمكۆ عه‌زیز و سێوه‌و د شاكر خه‌سباك. ئه‌مانه‌ به‌ فه‌زایه‌كی ناشێوه‌ییه‌وه‌ نومایشتی شانۆییه‌كی نه‌بین ده‌كه‌ن و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌ریه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ سه‌مفۆنیایه‌كی گه‌ردوونی .
پیتی شین و پیته‌كانی تر، شاكر فه‌تاح و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و عه‌بدولخالیق مه‌عروف و د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملۆو عه‌بدولره‌قیب یوسف و عه‌بدوڵا په‌شێوو عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش و عه‌لادین سوجادی و عوسمان چێوار و عوسمان عه‌لی و عومه‌ری عه‌لی ئه‌مین و عومه‌ری مه‌كته‌به‌ و د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و قادر دیلان و قادر كابان و قانع و كاكه‌ مه‌م بۆتانی و كاكه‌ی فه‌لاح و كامه‌ران موكری.. تاد.
له‌پیتی نونیش نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك خه‌باتی سه‌خت بزوتنه‌وه‌ی گۆرانی دامه‌زراند، به‌ستراتیژی سه‌ربازی و سیاسی و ئه‌زمه‌نی شۆڕشه‌كانی جیهان و ئه‌زمونی تایبه‌تی خۆی و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی له‌ خه‌باتی سه‌خت و ده‌ستپاكی و داوێن پاكی، به‌گرتنی برینی به‌شخوراوان شه‌قامی ده‌جوڵاندو دژی گه‌نده‌ڵی راده‌په‌ڕی و پانتاییه‌كی نوێی جیاوازی بۆ خه‌بات ده‌دۆزیه‌وه‌و رۆڵی ئۆپزسیۆنی ده‌گێڕا توانی پانتاییه‌ك بۆ راده‌ربڕین و ره‌خنه‌ بكاته‌وه‌.
به‌م جۆره‌كتێبی چراكانی نیشتمان نمایشتێكی ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی وردو جوان و پڕ بایه‌خه‌ نوسه‌ر ده‌توانێت درێژه‌ به‌م كاره‌ جوانه‌ی بدات و به‌رگه‌كانی تری ته‌واو بكات، ئه‌م كاره‌یش زیاتر به‌كورتی ناسراوه‌ و ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا به‌ ژماره‌یی كردنی ئه‌و چرایانه‌ بكرێت و له‌ چاپه‌كانی تریدا هه‌ر چرایه‌ك له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌خۆی و به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی جیهانی.

سه‌رچاوه‌/ چراكانی نیشتمان/ نوسینی خه‌لیل عه‌بدوڵا/ چاپی دووه‌م 2021/ چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات/ له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ولاوان چاپكراوه‌.
له‌رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌(8572)له‌27/1/2021 دا بڵاو بۆته‌وه‌.لا11




(چاو له‌ جیاتی چاو).. چیرۆکی تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی.. هیوا ناسیح

ئه‌‌م کتێبه‌ چیرۆکی راستینه‌ و تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی به‌ناوی; چاو له‌ بری چاو، کوڕێکی شه‌یدا ئه‌سید ده‌ڕژێت به‌ ده‌موچاومدا. ئێستا چاره‌نوسی ئه‌و‌ له‌ ده‌ستی مندایه‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand). ساڵی ٢٠١٠ به‌ هاوکاری میخایل گوێسه‌لێ (michael gösele) که‌ رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره‌ وه‌ یوتا هیمیلڕایخ (Jutta Himmelreich) که‌ مامۆستای زانکۆ و وه‌رگێڕێکی ناسراوه‌ و فارسی زۆر به‌باشی ده‌زانێت، به‌ زمانی ئه‌ڵمانی و له‌ ئه‌‌ڵمانیا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ ،که‌ زیاتر له‌ ٢٥٠ لاپه‌ڕه‌یه‌. هاوکات چیرۆکه‌که‌ی به‌ چه‌ند زمانێکی تریش بڵاوده‌کرێته‌وه‌.
ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ یان چیرۆکه‌ به‌ زمانێکی ئه‌ده‌بی زۆر جوان نوسراوه‌، هه‌ندێک جار خه‌یاڵ و بویه‌ر (واقع) تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌ش جوانتری کردوه‌. جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خودی چیرۆکه‌که‌، بیری پێشکه‌وتوخوازی، دیدی ره‌خنه‌گرانه‌ بۆ باری سیاسی و کۆمه‌‌ڵایه‌تی و یاسایی ئێران، نابه‌رامبه‌ری ژنان و پیاوان له‌ رۆژهه‌ڵات به‌ گشتی و ئێران به‌تایبه‌تی ده‌خاته‌ ڕوو، ئه‌مانه‌ تێکه‌ڵ به‌ ڕا و دنیابینی خۆی کردوه‌، پاشان وانه‌ی ئیراده‌ی به‌هێز و کۆڵنه‌دان و لێبورده‌یی ده‌داته‌ مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به‌ لێخۆشبوونی ناوبراو له تاوانکاره‌که‌، خۆی گه‌یانده‌ ترۆپکی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، که‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو. دیاره‌ له‌ کوردستان به‌ گشتی و باشور به‌تایبه‌تی ئه‌م جۆره‌ چیرۆکانه‌ که‌م و زۆر هه‌ن، بۆ نمونه‌ کاتێک گه‌نجانی توندڕۆی ئیسلامی تێزابیان به‌ باسک و قاچی ژنانی سفوردا ده‌‌کرد، یان کوشتن و سزادانی ئه‌و کچانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت شویان به‌ که‌سانێک نه‌کردوه‌، که‌ به‌ دڵیان نه‌بووه‌. له‌به‌ر گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی، حه‌زمکرد خوێنده‌وه‌یه‌‌کی بۆ بکه‌م، هیوادارم چیرۆکی ئامینه‌ کۆتایی به‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ هێنا بێت.

ئامینه‌ به‌هرامی، کچێکی گه‌نج و زۆر دڵگیر و جوان ، ساڵی ١٩٧٨ له‌ تاران له‌دایک بووه‌، مناڵی و هه‌رزه‌کاریی له‌وێ به‌سه‌ربردوه‌. سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌ باسی یاده‌وه‌ریی مناڵی خۆی ده‌کات، به‌ڵام چیرۆکی تاڵی ئه‌م له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، کاتێک ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک ته‌مه‌نی ٢٤ ساڵه‌، له‌ کارگه‌یه‌کدا کاری ده‌کرد و خوێندکاری زانکۆش بوو له‌به‌شی ئه‌ندازیاریی ئه‌له‌کترۆنیک له‌ تاران، کوڕێک به‌ ناوی (مه‌جید مۆوه‌حیدی) که‌ خوێندکاربوو له‌گه‌ڵیان، ته‌مه‌نیشی چوارساڵ له ‌ئه‌م که‌متربووه‌‌ سه‌رسام و شه‌یدای ده‌بێت و ئه‌میش دڵی پێنادا، زۆری بۆ ده‌هێنێت شوی پێ بکات، دایکی ناوبراویش به‌ ته‌له‌فون هه‌وڵ ده‌دات ئامینه ڕازی بکات، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نابێت، چونکه‌ په‌له‌ی شوی نییه‌ و ده‌یه‌وێت جارێ خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات و هه‌ندێک باربووی خێزانه‌‌که‌یان بکات، به‌ڵام مه‌جید خۆی و دایکیه‌وه‌ ئه‌م هه‌راسان ده‌‌که‌ن و به‌مه‌ش واز ناهێنێت، کاتێک ئامینه‌ بۆ وزاهێنانی ئه‌م و له‌ ناچاریدا ده‌ڵێت، شومکردوه‌، دوای چه‌ند رۆژێک مه‌جید له‌ نێو شه‌قامێکی تاراندا تێزاب (ئه‌سید)ێکی زۆر ده‌ڕژێ به‌ ده‌موچاو و سه‌ر و ده‌ستیدا. ناوبراویش ده‌سگیر ده‌کرێت.
پاش گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌رده‌که‌وێت چاوی چه‌پی به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ستداوه‌، چاوی راستیشی خه‌ریکه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌مودان و ڕوخسار و سه‌روپرچ و مل و ده‌ستێکیشی ئه‌سیده‌که‌ ته‌واو دایخوراندوه‌ و بگره‌ زیان به‌ سییه‌کان و گورچیله‌کانیشی گه‌یشتوه‌! ته‌نانه‌ت وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: چونکه‌ دکتۆره‌ پیاوه‌کان نه‌یانده‌توانی له‌چکه‌‌که‌ی لابده‌ن، برینه‌کانی سه‌ری وه‌ک خۆی مانه‌وه‌ و تێزابه‌که‌ زیاتر کاریگه‌ری دانا و ڕۆچوو به‌ پێستیدا. خۆی و دکتۆره‌کانیشی ته‌واو نائومێد ده‌بن، محه‌مه‌دی برای چاوێکی خۆی پێشکه‌شی ده‌کات، به‌‌ڵام دکتۆره‌کان، ده‌ڵێن ناتوانین نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ین، چاوی بۆ بگوازینه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئێشی جه‌سته‌یی و ده‌رونی ڕووداوه‌که‌ ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری ده‌دات، قسه‌ و قسه‌ڵۆکی ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رین، که‌ بۆنمونه‌ ده‌ڵێن: نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌نده‌ خۆت جوان کردبا، نه‌ده‌بوو قژت ده‌رخستبا، نه‌ده‌بوو مکیاجت کردبا یان ده‌بوو شوت پێکردبا و …هتد. له‌ یه‌که‌م دانیشتنی دادگادا مه‌جید ئه‌م ده‌بینێت، که‌ چی به‌ لاقرتێ و پێکه‌نینه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت: تاوانی خۆت بوو، ده‌بوو شوت پێ کردبام! که‌ ئه‌م قسانه‌ بۆ ئامینه‌ وه‌ک زله‌یه‌ک وابوو، ده‌ڵێت، ئاخر خه‌ڵکینه‌ من چۆن شوم به‌م دڕنده‌یه‌ بکردایه‌!!
دوای ئه‌مسه‌روسه‌رێکی زۆر و نه‌خۆشخانه‌ و دکتۆری جۆراوجۆر و چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌ک، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی چاوی ڕاستی رزگاربکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌و نه‌کات دایده‌پۆشن و بڕیار ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر بینێرن بۆ ئیسپانیا شاری به‌رشه‌لۆنه‌. ئه‌م به‌م ڕه‌وشه‌ خه‌مگینی و به‌دبه‌ختییه‌ له‌گه‌ڵ خوشكێکیدا ده‌چنه‌ ئه‌وێ، هه‌رچه‌نده‌ دکتۆره‌کان زۆر له‌گه‌ڵی میهره‌بان ده‌بن و هاوکاریی ده‌که‌ن، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت من جارێکی تر له‌ دایکبوومه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پشتگوێخستن و ئه‌ملاولا پێکردنی دکتۆره‌کانی تاران نه‌بووایه‌، هه‌ردوو چاوم له‌ده‌ست نه‌ده‌دا. رۆژانه‌ ده‌بێت ده‌یان حه‌ب بخوات بۆ چاره‌سه‌‌ر و که‌مکردنه‌وه‌ی شوێنه‌واریی تاوانه‌که‌. له‌به‌ر کاریگه‌ریی چاره‌سه‌ره‌کانی وه‌ریده‌گرێت کێشی زۆر زیاد ده‌کات. له‌وێ هه‌ندێک ئاسوده‌یه‌ به‌ڵام کێشه‌ی دارایی لێی سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌روه‌ها خوشکه‌که‌شی وه‌ک پێویست و به‌دڵسۆزی هاریکاریی ناکات. ئه‌م کچێکی تا بڵێی ژیر و وشیار و به‌ ئیراده‌ و رۆشه‌نبیره‌. له‌ رێگه‌ی هه‌ندێک که‌سی خێرخواز و رێکخراو و که‌سایه‌تییه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرێت، به‌ڵام تێچوونی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ زۆره‌کانی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی زیانی ئه‌سیده‌که‌، رزگارکردنی چاوی ڕاستی، که‌ تۆزێک ڕوناکی تێدا ماوه‌ و گێڕانه‌وه‌ی ده‌موچاوی له‌ شێواوی زۆر زۆره‌، بۆیه‌ توشی چه‌رمه‌سه‌ر و تاڵی و سوێری زۆر ده‌بێت، به‌ڵام کۆڵ نادات. له‌وێ نزیکه‌ی بیست نه‌شگه‌رگه‌ریی بۆ ده‌کرێت. ماوه‌یه‌ک به‌ کوێری به‌ته‌نها له‌وێ ده‌ژی و رۆژێکیان شوقه‌که‌ی ده‌سوتێت!
ده‌یگڕێته‌وه‌ که‌ ئێواره‌‌یه‌کیان له به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ شوقه‌که‌ی خۆی دانیشتبوو، له‌ناکاو شتێکی لینج و شل به‌ چاوی ڕاستیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، که‌ ده‌ستی لێ ده‌دات و ده‌ست له‌ چاڵایی چاوی ده‌دات به‌تاڵه‌، ئیتر تێده‌گات ئه‌مه‌ هه‌ڵوژه‌ی چاوێتی هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌!! ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر نائومێدی و ڕه‌شبین ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر کۆڵ نادات. دکتۆره‌کان بڕیار ده‌ده‌ن چاوێکی دروستکراو له‌ جێی چاوی ڕاستی دابنێن. زۆر خه‌فه‌ت دایده‌گرێت، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت، هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکه‌ن و ئه‌میش به‌ دیاری دوو چاوی ده‌ستکردی وه‌‌ک ئه‌‌مه‌ی خۆی بۆ بنێرێت!
تاوانباره‌که‌ دوای دوو ساڵ یه‌که‌مجار به‌ ١٢ ساڵ حوکمی زیندانی ده‌درێت، هه‌روه‌ها به‌ پێدانی بڕه ‌پاره‌یه‌‌ک که‌ ده‌یکرده‌ ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆ، چونکه‌ ئامینه‌ مێینه‌یه‌، ئه‌گینا پیاوبووایه‌ ده‌یکرده‌ ٢٦٠ هه‌زار ئۆیرۆ! سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ دانیشتنه‌کانی دادگا و لێدوانه‌کانیدا بۆ ڕاگه‌یاندن مه‌جیدی تاوانکار هه‌رگیز په‌شیمانی له‌ کاره‌که‌ی نیشان نادات. که‌سوکاری مه‌جیدیش له‌بری کوڕه‌که‌یان، دێن ئه‌م تاوانبار ده‌‌که‌ن و هیچ هاوسۆزی و هاوکارییه‌ک پیشان ناده‌ن بۆی. ئامینه‌ داوای کرده‌وه‌ی هاوچه‌شن ده‌کات، واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چاوی تاوانکار کوێر بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا پێی ده‌ڵێن (قیساس) و به‌ بنه‌مای (چاو له‌بری چاو) ناسراوه‌، له‌ بنچینه‌شدا ئه‌م یاسایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌ سه‌ر میله‌ به‌ناوبانگه‌ نوسراوه‌‌ی نه‌بوخزنه‌سر له‌ ناوچه‌ی عێراقی کۆن، که‌ ده‌ڵێت (چاو له‌بری چاو، دان له‌بری دان) نزیکه‌ی سێ هه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ بابل نوسراوه‌ و دانراوه‌، هه‌ندێک له‌ زانایان به‌ یه‌که‌م ده‌ستوری نوسراوی داده‌نێن له جیهاندا.
دوای سوربوونی له‌سه‌ر ئه‌م سزایه‌، که‌ به‌ پێی وته‌ی خۆی، مه‌به‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو ئامانج لێی ئه‌وه‌یه‌‌، که‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ک و په‌ندێک و ئیتر هیچ پیاوێک نه‌توانێت تاوانی وا ئه‌نجام بدات، چونکه‌ پێشتریش ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌رامبه‌ر ژنانی تر. ئه‌و ده‌ڵێت من دژی زیندانییکردنیم، چونکه‌ دوو ساڵه‌ تێیدایه‌ و ته‌نها ده‌ ساڵی ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان هه‌ر جارناجارێ حکومه‌ت و سه‌رۆکی وڵات لێبوردنی گشتیان بۆ ده‌رده‌کات و دڵنیام چه‌ند ساڵێکی پێ ناچێت، له‌ زیندان ئازاد ده‌بێت.، دوور نییه‌ دووباره‌ی بکاته‌وه‌. له‌ کاتێکدا مه‌‌جید ده‌خوازێت سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا بده‌ن، که‌ ئاسانه‌ و رزگاری ده‌بێت. به‌ڵام ئامینه‌ دژی سزای مه‌رگه‌ و ده‌ڵێت: به‌ مه‌رگ ئه‌و ئیتر هیچ ئازار ناکێشێت. دواتر گه‌ر ئه‌و له‌ سێداره‌ بدرێت، واته‌ من ده‌بمه‌ هۆی کوشتنی و من ده‌بمه‌ بکوژ، هه‌رگیز ئه‌وه‌م ناوێت. له‌ دادگاش ده‌ڵێت: مه‌جید بیرته‌ ده‌تگوت، شوم پێ نه‌که‌یت ده‌تسوتێنم، دواتر بڕیاری مه‌رگم به‌سه‌ردا ده‌درێ و ته‌واو! بۆیه‌ گه‌ر بۆ من نه‌بیت، نابێت بۆ هیچ که‌سی دی بی! ئێستا ده‌پاڕێیته‌‌وه‌ بۆ سزای مه‌رگ!

سه‌‌یر ئه‌وه‌یه‌ دوای چه‌ند جار گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌کانی دادگا له ئیسپانیاوه‌ بۆ تاران، وه‌ دوای دوا دانیشتن، کاتێک ئامینه‌ وته‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر له‌ دادگادا پێشکه‌‌ش ده‌کات، نیقاب (ڕووبه‌ند)ه‌که‌ی لاده‌دات و ده‌ڵێت خۆتان سه‌یر بکه‌ن و خۆتان له‌جێگه‌ی من یان کچ و ژنه‌کانتان له‌جێگه‌ی من دابنێن، تا زیاتر له‌ تاوانه‌که‌ و ئازاره‌کانی من بگه‌ن. بیر له‌ خوشک و کچه‌کانتان بکه‌نه‌وه‌، تا که‌س ژیانیان لێ تاڵ نه‌کات، گه‌ر نه‌یانویست شو به‌ که‌سێک بکه‌ن که‌ به‌ دڵیان نه‌بێت. زۆربه‌ی دانیشتوان و بگره‌ هه‌ندێک له‌ دادوه‌ره‌کانیش فرمێسک به چاوانیدا دێنه‌ خوارێ، که‌چی دادوه‌ران دوای پشووی ڕاوێژکاریی بڕیاری کۆتایی به‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ ته‌نها چاوێکی مه‌جید کوێر بکرێت، چونکه‌ یاسای چاو له‌بری چاو بۆ مرۆڤێکی ته‌واوه‌ و ئه‌م به‌ پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نیوه‌ مرۆڤه‌ و یه‌ک چاوی به‌رده‌که‌وێت! خۆ گه‌ر ئامینه‌ بیه‌وێت هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکرێت، ئه‌وا ده‌بێت بیست میلیۆن تمه‌ن بدات، واته‌ هه‌قی کوێرکردنی چاوی دووه‌می به‌ پاره‌ وه‌ک پێشه‌کی سزاکه‌ به‌ مه‌جید بدات! ئامینه‌ دڵی پڕ د‌ه‌بێت و ده‌ڵێت، ئه‌‌و نه‌ک چاوه‌کانم، بگره‌ ته‌واوی ته‌ندروستی و ڕۆح و داهاتووی له‌ ناوبردم. پاشان یانی من حسابی نیوه‌ی ئه‌‌و به‌شه‌ره‌‌م بۆ ده‌کرێت؟!
مه‌جید له‌ دیمه‌نێکی کۆمیدی ئاسادا و له‌ دادگا و پێش ئاماده‌بووان ده‌ڵێت، جه‌نابی حاکم ئه‌و داوای منی کرد، که‌ بیهێنم، من نه‌مهێنا، کێشه‌که‌ له‌مه‌وه‌ دروست بوو، من وام کرد تا ئه‌و وازم لێ بهێنێت! دادوه‌ر ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ که‌ی قسه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ له‌ ئێرانین یان له‌ هیندستان، تا کچ کوڕ بهێنێت!
دوای بێنه‌برده‌ و سه‌رئێشه‌یه‌کی زۆر و ته‌نانه‌ت چاوپێکه‌وتن به‌ وه‌زیری داد و داواکاریی گشتی، ئینجا دادگای پێداچوونه‌وه‌ی تاوانه‌کانی تاران بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دات، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامینه‌ نه‌ک هه‌ر چاوه‌کانی کوێر بووه‌، به‌‌ڵکو به‌شێکی زۆری ده‌موچاو و ده‌ست و سه‌ریشی شێواوه‌ و سوتاوه‌، بۆیه بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانانه‌،‌ ده‌‌توانن به‌یاسا چاوی دووه‌می مه‌جید به‌ دڵۆپه‌ی تێزاب کوێر بکه‌ن، واتا ئێستا ده‌توانرێت هه‌ردوو چاوی ناوبراو کوێر بکرێت. دوای حه‌وت ساڵ له‌ رووداوه‌که‌، رێکه‌وتی ١٤ی مایسی ٢٠١١ دیاری ده‌کرێت بۆ جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ به‌سه‌ر مه‌جیددا. له‌‌و کاته‌دا ده‌بێت تاوانکار بێهۆش بکرێت و ئامینه‌ یان یه‌کێک له خێزانه‌که‌ی تێزاب بدڵۆپێنێته‌ ناو چاوه‌‌کانی ناوبراوه‌وه‌. هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک ده‌کرێت، باسه‌که‌ له‌ میدیادا گه‌رمه‌، رێکخراوه‌کانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی) داوا ده‌که‌ن سزاکه‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت، چونکه‌ دڕندانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌یه‌. هه‌ندێک که‌سوکاری نزیکی ئامینه‌ش وه‌ک باپیر و پوری داوا له ئامینه ده‌که‌ن له‌ مه‌جید خۆش بێت. پێشتریش دایک و باوکی مه‌جید خۆشی داوای لێده‌که‌ن لێی خۆش بێت و شوی پێ بکات، ئامینه‌ ڕازی نابێت، قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی پاره‌شی ناوێت. ده‌ڵێت با من دواهه‌مین که‌س بم که‌ ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر بکرێت و که‌سی تر نه‌یچێژێت. وته‌بێژێکی شیرین عه‌بادی ته‌له‌فونی بۆ ده‌کات (نازانم بۆچی خۆی په‌یوه‌ندی پێوه‌ ناکات، زۆر جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ – هیوا)، داوای لێ ده‌کات که‌ داوای سزای چاو له‌ بری چاو نه‌کات، چونکه بۆ ناوبانگی ئێران و خه‌ڵکه‌که‌ی خراپه‌!
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ مه‌جیدی تاوانکار له‌ دادگا و هه‌ر کاتێک ئه‌م ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت دواجاریش پێش جێبه‌جێکردنی سزاکه‌، سوکایه‌تی پێ ده‌کات و جوێنی پێ ده‌دات و ئامینه‌ به‌ هۆکاری کێشه‌که‌ ده‌زانێت! دوا کاتی جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ له‌ مانگی حه‌وتی ٢٠١١دا تۆزێک پێش جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ئامینه‌ له‌ تاوانکاره‌که‌ خۆش ده‌بێت! لێره‌دا گه‌وره‌یی و مرۆڤدۆستی ئه‌م ژنه‌ ده‌رده‌که‌وێت. کاتێک مه‌جید ئه‌مه‌ ده‌بینێت دێت به‌ره‌و ئامینه‌ و ده‌ست و پێیه‌کانی ماچ ده‌کات و داوای لێ ده‌کات شوی پێ بکات، تاکو تا له‌ ژیاندایه‌ خزمه‌تی بکات، به‌ڵام ئه‌م گاڵته‌ی به‌م پێشنیازه‌ دێت. ئامینه له‌ لێدوانیدا بۆ میدیاکان ده‌ڵێت: من خه‌باتی خۆم کرد، تا دوا قۆناغ، بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان بزانن گه‌ر تاوانی وا بکه‌ن بێ سزا و لێپێچینه‌وه‌ نابن، بۆ ئه‌وه‌ی من دوا قوربانی بم، گرنگ ئه‌وه‌ بوو من په‌یامه‌که‌م گه‌یاند، دواتر ده‌بوو لێخۆش بم، تا بیسه‌لمێنم، که‌ من دژی ئازاردانی خه‌ڵکم، ده‌مه‌وێت هه‌موو که‌س به‌ ئاشتی و سه‌لامه‌تی بژی، نامه‌وێت که‌س به‌ هۆی که‌سیی منه‌وه‌ ئازار بکێشێت. ئه‌و بڕیاره‌ ئازارده‌ره‌، به‌ڵام ده‌بوو بیده‌م. گرنگ ئه‌وه‌ بوو من وه‌ک ژنێکی رۆژهه‌ڵاتی و ئێرانی خه‌باتی خۆم کرد، تا ئه‌وه‌ی مافی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست هێنا، بتوانم چاره‌نوسی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست بێت، ئایا چاوی کوێر بکه‌نه‌و‌ه‌ یان لێی ببورم. ئه‌وه‌ ئامانجێکی من بوو، که‌ ئێمه‌ی ژنان وه‌ک پیاوان مافمان هه‌یه‌ و ده‌توانین به‌ ده‌ستی بهێنین، جا لێی خۆش بم یان نا.
ئامینه‌‌ دواجار و‌ه‌ک قه‌ره‌بوو داوای بژاردنی ماددی ده‌کات، چونکه‌ پاره‌یه‌کی زۆری پێویسته‌ بۆ ئه‌و هه‌‌موو نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی هێشتا ده‌بێت ئه‌نجامی بدات بۆ چاککردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی، چونکه‌ ماڵه‌وه‌شیان توانای دارایی وایان نییه‌ تا هاوکاریی بکه‌ن. لێره‌دا دادگا ته‌نها ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆی پێ ڕاوا ده‌بینێت، چونکه‌ ئه‌و ژنه‌ و نیوه‌ی قه‌ره‌بووی پیاوێک وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ پێی یاسای ئه‌و وڵاته‌، که‌ گوایا له‌ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام داڕێژراوه‌!
تا کاتی نوسینی کتێبه‌که‌ ئامینه‌ له‌ ئیسبانیا ده‌ژی و نه‌شته‌رگه‌ریی تر بۆ روخساری ده‌که‌ن، هاوکات خۆشی وه‌ک چالاوانێکی بواری مافه‌کانی ژنان و کچان خه‌بات ده‌کات.

سه‌رچاوه‌: ‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand, Ameneh Bahrami, Knur Taschenbuch, Germany, 2012, ISBN 978-3-426-78489-1




نەوزاد بەندیی… ڕقێکی پیرۆز.. لەتیف بێوار

خوێندنەوەیەك بۆ شیعری ” کۆمیدیای مناڵ بازاڕ”


زیکزیکەیەکم بینی ، پەنجا تەنکەر
نەفت و .. هەزاران مەترەسێ جا ، گازی دابوو بە شانیا و ئەیکرد بەو دیوا ..
بمرێ زیکزیکە ..
بڕوخێ زیکزیکە ..
کۆمیدیای مناڵ بازاڕی شاعیر نەوزاد بەندی کە سێ و چوار لاپەڕەی ئەی فۆڕە کەچی نەوزاد خۆی سەرەتا دەنووسێت: ــ بە سێ چوار خولەک ئەم کۆمیدیایەم نوسی و ڕامکردەوە بۆ ماڵەوە ـــ هەر خۆی لەم ئاماژەیەدا تەنزێکی گورچکبڕی تێدایە بۆ هەموو ئەوانەی ئەلفێکیان بەسە، یان ئایا ئەم دەستەواژەیە هەر فۆرمێکی دەربڕینی دیاردەی سوکایەتیکردنی دەسەڵاتی کوردییە بە مرۆڤی کورد، چونکە ئەوان تەنانەت دوو سێ خولەك بە زۆر دەزانن خەریکی کاروباری هاوڵاتییان بن و گوێیان لێبگرن.
نەوزاد بەندی وەکو تێکۆشەرێکی بوێرو دەنگێکی بەرەنگاریی نەك بەس لەم شیعرەیدا بەڵکو لە زۆر لە شیعرەکانیدا رێبازی ریالیزمی شۆڕشگێڕانە دەگرێتەبەرو لە پێناوی ئامانجێکدا پێنووس وەگەڕدەخات، جا چ ئامانجێك لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگترە؟ سەرخۆهاتنەوەی مرۆڤەکان و ڕاچەنینیان بە رووی جەورو ستەمدا گرنگترە؟ ئەم ڕێبازە کەم شاعیری تری وەك وەك عەبدوڵڵا پەشێو و هەندێکی تر هەن کە بوێرانە چاوەڕوانی بەرەنجامەکانی دەکەن و ئامادەن ئەو خوێنەی بەقەد چۆلەکەیەك لە جەستەیاندایە لە پێناوی مەسەلەیەکی رەاوای مرۆڤدا بەختی بکەن، هەرچەندە ئەمڕۆ گەندەڵان کە وەکو فەخامەتی سەرۆکی پێشوو دەیگوت: دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێت… هیچ ئەرزشێك بۆ هەست و دەنگی ناڕازی دانانێن، چونکە لەوسەرەوە دەزانن کە چیتر وشە هیچ بومەلەرزەیەك لە ناخی مرۆڤەکاندا بەرپا ناکات، لەولاشەوە دزەکانیش شەرمیان تکاوەو پێداگریشیان لە خوو دابی دزێتی کردووە، جاران دز بە شەو و لە بێئاگایی خاوەن ماڵدا دزیی دەکرد، کەچی ئێستا ئەمانە بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی خەڵکەوە هەموو شتێك دەدزن و سەرانە دەسەنن و کەس هیچ نابێژێت، خۆی لە خۆیدا بێدەنگیش نیشانەی ڕازی بوونە.
بەڕاستی مناڵگەلێکی عەجولین ..
ئازاکانمان ئەوانەن کە ئەگرین
ئای چەند هەژار و پەرپووتە کەسایەتی مرۆڤی کوردیی لە کوردستانی باشوور، کە بەدەست بەکرێگیراوی ژمارە دووەوە دەچەوسێنەوە، چونکە ئەمان وەکیلی تورکیاو ئێرانن، ئەوانیش ناراستەوخۆ وان لە ژێر هەیمەنەتی ئەمەریکاو رووسیادا، ئیتر ئەی گەلی بە مەڕ بوو تۆ سوور دەزانیت گورگ شوانتەو چەپڵەی بۆ لێدەدەیت و بۆی دەباعێنیت، بۆچی گازندە لە حاڵت دەکەیت و سواری کەشتیەکەیان بوویت و چاوەڕوانی وشکانیی نەجاتیش دەکەیت! تۆ ئەوەندە مرۆڤیت بەس ئەو رێژەیەی دەسەڵات کارەباو ئاو و موچەت دەداتێ، ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا هیچ دانێکی پێدا نەنراوەو وەکو مافیا تەماشایان دەکەن، کەچی وا هاتووە پۆز بەسەر تۆی بەعسشکێندا لێدەدات و تۆش چاوت زیتەی دێت، ئەمەیە خەمی شاعیری هۆشەنگ و شۆڕشگێڕی وەك نەوزاد بەندی، کاتێك خەڵك لەسەرمادا رەق دەبێتەوەو یان لە سەرەی موچەدا وەفات دەکات پێیان دەڵێت وەرن با کەرامەت و ئینسانییەتی بەهەدەرچوومان وەرگرینەوەو قبوڵی ئەم هەموو سوکایەتییە نەکەین، ئێوە وا ٣١ ساڵە بە دوکەڵ و فڕەفڕی موەلیدە توشی نەخۆشی شێرپەنجەو دەروونیی بوون مەگەر نازانن ئایدیای موەلیدە هەر بۆ سەفرەیەکی کورتخایەن بەکاردێت، یان بۆ ئەو گوندە دوورە دەستانەی هیچ شەپۆلێکی شارستانی رووگەی نەدۆزیونەتەوە، ئیتر چۆنە وا ئێوە ٣١ ساڵە لەگەڵ هەڵدانەوەی جۆزەدا گوزەران بەسەر دەبەن، وێڕای ئەو پارە زۆرەی دەیدەنە ئەو خاوەن موەلیدانە کە لە وڵاتانی دونیادا ئەو رێژە زۆرەی دانی پسولەی پارە بۆ کارەبای نیشتمانیش بوونی نییە، چ جای ئەوەی ئێوە دوو جار پارەی کارەبا بدەن و کارەباشتان هێشتا وەك پێویست نەبێت؟ ئەمە چ زەلیلیەکە ئێوە قبوڵی دەکەن؟
ئەوانەی دوێنێ ئەنگوستی خانمانی بەرکەوتووی کیمیاییان دەبڕیوە بۆ مستیلەکەی و گوێیان هەڵدەتلیشان بۆ گوارەکەی ئەمڕۆ حوکمتان دەکەن، ئیتر چ دۆخێکە کە قەد ئیرەیی پێ نابردرێ! ئیتر چ فیزێکم بەسەردا لێدەدەیت کە دەمڕاستەکانت نەویترین و بێ مۆڕاڵترین مەخلوقی دنیان، بەڵێ شاعیری راستگۆ ئەوەیە دان بە هەقیقەتدا بنێت گەر ئازاری دەروونی خۆشی بدات.
لە هەموو کەمتەرخەمی و کولەمەرگییەک ، ئەبوورین ..
وەک مناڵ ڕا ئەکەین بە دوای دەبەیەک نەوتا ..
ئاساییە مانگ بترازێ لە چل و هەفتە بکشێ لە هەشت و حەوتا ..
بتڵێ غاز ڕامانئەکێشێ ..
بە بینینی تەنکەر حاڵمان لێ دێ و
دوای ئەکەوین وەک دەروێشێ ..
لەسەرەی بەنزینی شەش سەد و پەنجاییدا ، چوار سەعات ئەوەستین ..
تەمەنمان لەو شتانەدا ئەڕوا و
بێ دەربەستین ..
لەم شیعرەی مامۆستای تێکۆشەر نەوزاد بەندییدا پەنجە بۆ سەر کرۆکی دەردەکان بردراوەو وەکو گوێز بۆ هەموو خوینەرانی کەم ئاست و ئاستبڵند پاك کراوە (هەرچەندە زۆربەش دەزانن و خۆیانی لێ دەبوێرن) گەر بیانەوێت دوای ڕاستی بکەون و دانی پێدا بنێن و مافی راستەقینەی هاوڵاتی بوون و مرۆڤبوون بەدەست بهێننەوە،
راستی کێشەکە ئەوەیە نەخێر مکوڕییەکە لە خۆماندایە کە قبوڵی ئەو جانەوەرانە دەکەین وەکو ڤایرۆس ناخمان هەڵبکۆڵن، ئەو قەڵەمبەدەستە ویژدان فرۆشانەش بۆ مشتێ موچە قوڕوقەپیان لێکردووەو بەڵکو بە شانازییەوە سێڵفی لەگەڵ ئەو میکرۆبانەدا دەگرن، ئیتر من چ دڵێكم بەو خوێنەرانە خۆش بێت کە چەپڵە بۆ ئەم قەڵەمبەدەستە ناخ پوچانە لێبدەن؟
کەواتە دەردەکەوێت ئەم پەتایە وەکو پارچەیەك شەوی تار ئاسمانی دڵانی داگیرکردووەو زۆربەی خەڵکی لە دەردوبەڵاکانی ئەو دۆخە نەزۆکەوە گلاندووە، هەر یەك بە جۆرێك تیایدا زیانمەند بووە هەر یەکە فێڵ لەوی تر دەکات و قۆڵی ئەوی تر بە جۆرێکی جیاواز دەبڕێت، هەر یەکە دەڵێت: ئاگرە سوورە لە من دوورە.
حەزمان لە دڵتەقاندنی یەکترییە ..
حەزمان لەنانبڕینی یەکترییە ..
تەماشای دەریایەک نەوت و ئاسمانێ غازی سروشتی ئەکەین و ..
ڕائەکەینەوە بۆ ناو چوار دیواری سارد و سڕ ..
لێی هەڵئەنیشین وەک مریشکی کڕ
مامۆستا نەوزاد پەنجە دەخاتە سەر دەردەکان و ڕێگاچارەشیان بۆ دادەنێت ، بە توندی ڕادەچەنێت و وریامان دەکاتەوە لە پێشهاتە مەترسیدارەکان، راستییەکان دەبینێت و خۆی لێ نابوێرێت ،وێنەکان وەکو خۆیان دەبینێت بێ هیچ چاوبەست و هەڵخەڵەتاندنێك، وەکو کەسێك لەسەر کێوێکی بەرزەوە تەماشای خوارەوە بکات، نەك وەك هەندێك کەس کە ئەو ژیانەیان لێ بووە بە ڕۆتین و دەقیان پێوە گرتووەو وا دەزانن مرۆڤ دەبێت هەر وا بژی ، کەچی کە قسەشیان لەگەڵ دەکەیت باسی پێشکەوتووترین داهێنراو و تەکنەلۆژی جیهانییت بۆ دەکات بەڵام تەممەڵی و گەندەڵی و بێ ورەیی ئێسکەکانیانی خورادووە، شاعیر زۆر جوان باسی چاولێکەریی و گرنگیدانمان بە رووکەش بۆ راڤە دەکات و بە زمانی حاڵ پێمان دەڵێت: گرنگی مرۆڤ ناخ و جەوهەرو بەرهەمییەتی نەك تەقلیدو چاولێکەریی و فشەو درۆ، مەگەر زۆربەمان نازانین شەقاممان هەیە ناوی پۆزە ..بە هۆی نەشتەرگەری جوانکاریشەوە هەموومان لووتمان یەک تۆزە ..ئیتر خەریکی چاولێکەرین
بەمجۆرە..
شاعیر لەم شیعرەدا سێ پۆلێن دەکات بۆ مرڤگەلی ژینگەکەی:
١- ئەوانەی دەسەڵات و پارەیان لەبەردەستەو فەخفەخە لێدەدەن بەسەر رەش و ڕووتەکاندا و منەتیان بەکەس نییە، چونکە بێ باكن لە ئیرادەو رقی جەماوەر و بە پارەی داهاتی گەل ئەوەی بیانەوێ دەمکوتی دەکەن ودەیكڕن.
٢- ئەوانەی وەکو منداڵ خۆیان مەشغوڵ دەکەن بە ماڵەبەجێنەوەو سەرسامی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەو ژیانی لۆکسەریەی ئەو مافیایانە بەسەری دەبەن کە نرخی شمەك لەسەر گیرفانی ئەوان بۆ بازاڕ دادەنرێت. (ئەمانە مەخابن زۆرینەن) ئەوانەی وان لەناو مەنزومەی گەندەڵی ئەو جانەوەرانەداو بەردێکی نەگریسی بینای ئەو کۆشکەی ستەمن و کەچی بەدەم ناڕازین و ئاخ و ئۆف هەڵدەکێشن.
٣- ئەو کەمە زۆر کەمەی کە هێشتا هەناسەی مرۆڤبوون بە سییەکانیدا هاتووچۆ دەکات و مەراق دەیانکوژێت و کەس گوێیان لێناگرێت و کەس لەگەڵیاندا هەوڵ نادات مافەکان بسێنن ، ئەمانە هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە تا بکەوێتە مەترسیەوەو دەزانن ماف نادرێت بەڵکو دەسێنرێت، ئەمانە ئەوانەن هێشتا خۆیان نەدۆڕاندووە کە ڕێژەیەکی زۆر کەمن، چونکە بە داخەوە لە هەر قۆناغێکی بەڵاو سیناریۆکانی ئەم مافیا قەزەمانەدا بەشێك لە گەل ئینسانییەتی داماڵرا… هەر لە گەمارۆی ئابووریەوە بیگرە تا شەڕی براکوژی و پاشان باڵ باڵێنی حزبایەتی و تەقریرلێدان و پاشان بازرگانی کۆمپانیاو لەشفرۆش و چاڵە نەوتەکان ..
بەڵام وادیارە شاعیر هەر تەنیایی دەیقۆزێتەوەو مەراق لولی دەدات و کەس گوێی لێناگرێت، کەس لەگەڵیدا ڕاناچڵەکێت بۆ داکۆکیکردن لە مرۆڤبوونیان، بۆیە لە کۆتاییدا بێهوایی یەخەی پێ دەگرێت و ناچار (م)ی میللەت بگۆڕێت بۆ (ع) و دەڵێت:
تا هەژار و ڕیسواتر بن
زیاتر دوو گیان ئەبن و ..
بە هەلهەلە و گریانەوە ..
بە بەنج و سیزریانەوە ،
خەستەخانەی ئەهلی جمەی دێ ..
ویس چەن جوانە ئەم میللەتە ..
ئەم عیللەتە .

لەتیف بێوار




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-35- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و پێنج

ئەمڕۆ هەست بە شێتبوونی خۆم ئەکەم. رەنجەکەمان با بردی. کارمان کرد بۆ ئەم کۆتاییە تاڵە. سەرم خستۆتە ناو کۆشم و فرمێسک بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە بێ ئەنجامە ئەڕژم، ئەوەی پێی دەوترا کارکردن بۆ شۆڕش گەمەیەکی دۆنکیشۆتانە بوو، پڕ بوو لە گاڵتەجاڕیی هەرزەکارانە، ئەو هەموو کار و هەڵسوڕانەی کردمان تەنیا یارییەکی سیزیفی بوو، چەند قێزەونە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە، بە ناوی هیومانیستی و موبارەزەوە بێیتە مەیدان، کەچی هەموو ئامانج کورت بێتەوە، بۆ مافی پەنابەریی لە بەهەشتی سەرمایەداریی “ئەمەریکا و کەنەدا و ئەوروپا”!؟ هەر چەند لە روانگەی فەلسەفییەکەوە، کۆمۆنیزمم تەلاق نەداوە، بەڵام ئیتر هیچ کات ناتوانم لەگەڵ هیچ حزب و رەوت و دەستەیەک، کاری سیاسیی و رێکخستن بکەم، ئیدی خۆم بە تەنیام لە گۆڕەپانەکەدا. قەڵەمەکەم ئەخەمە کار و بە هێزی وشە مامەڵە لەگەڵ دنیا و واقیع ئەکەم. مارکس جارێک وتی “چەکی دەستم قەڵەمەکەمە”.
زیاتر لە دوو مانگە لەسەر فۆرمی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، سەرقاڵی نووسینی چەند پرتە و بۆڵەیەکم، کە لە وڕێنەی شێتەکانی شار ئەچێ و چەند جار بۆ هاوڕێیەکم خوێندەوە هیچ لێی تێنەگەیشت. یان ئەوەتا ئاستی نووسینم چۆتە سەر یان شێت بووم و ئەبزڕکێنم، بەهەرحاڵ لەو دوو مانگەدا ئەمانەم نووسیوە:
*بێدەنگیم پڕە لە هاوار، هاوارەکانم پڕن لە بێدەنگی، من هەم هاوار و هەم بێدەنگیم.
*لە دەریا دەچم، ناتوانم تووڕەیی خۆم بشارمەوە، بەڵام تووڕەییەکەشم تابلۆیەکی جوانە.
*پێم خۆشبوو فێری بیرکردنەوە نەبم، چوونکە ئەوسا ئەم جیهانە بۆگەنەم نەدەناسی.
*هەموو رۆژهەڵاتییەکان تەنیا خەون دەبینن، ئیدی خەونیش هەرچی بێت واقیع نییە.
*زۆربەمان لاسایی فیزی جەلادەکان دەکەینەوە، لە ‌کاتێکدا ئێمە خۆمان قوربانین.
*ئێمە بە چەندان شێوە فێری مردن کراوین، تەنیا جارێک نەمانتوانیوە فێری ژیان بین.
*کاتێک سەرەو خوار هەڵمدەواسن، دڵنیام هاوڕێکەم دەستدەکاتە گیرفانم بۆ پارەیەکی ئاسن.
*ئەگەر پێتوایە مرۆڤێکی پاکژیت، بیر لەوە بکەرەوە پێت نەخستبێتە سەر شارە مێروویەک.
*لە کۆتاییدا ژیان دەڕوات و مەرگ دێت، کەواتە لە ئێستاوە لە دێوەزمەی مەرگ تێبگە.
*خەون بە دەوڵەمەندییەوە مەبینە، دەوڵەمەندەکانیش خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینن.
*کەوتوومەتە دژاورییەکەوە، بۆم دەرکەوت هاوڕێ نزیکەکانم هەموویان کەمتیار بوون.
جیا لەمەش، رۆژانە لەگەڵ خۆم ئەدوێم، تەنیا پێک و جگەرەکەم هاوڕێمن، دوورم لە هەموو کەس، جار جار لە رێی ئیمەیلەوە هەواڵی هەندێ برادەر ئەپرسم، بەڵام دیمەنەکە ئەڵێی رۆژی حەشرە، کەس لەسەر کەس ناوەستێ و کەس ئاوڕ لە کەس ناداتەوە. دوێنێ من و خۆم گفتۆگۆمان بوو کە بەمشێوەیە دایەلۆگمان ئەکرد:
خۆم: تۆ چۆن خۆت خستە گێژاوی سیاسەت و حزبایەتی. کە لە ئەزەلەوە بۆ عەشق و شیعر دروست ببوویت؟.
من: هەڵەیەک لە ئارادایە، ئێمە سیاسەت هەڵنابژێرین، بەڵکو ئەو ئێمە هەڵدەبژێرێ. دوو رێگە هەبوو، یان ببمە بەشێک لەو مێگەلەی رۆژانە دەسەڵات ملهوڕانە ئەیچەوسێنێتەوە یان ببمە ئەنتی دەسەڵات. تەنیا ئەو شتە بە دەست خۆم بوو، کە کامیان هەڵدەبژێرم! بە ناچاریی دووەمم هەڵبژارد، بەڵام دانی پێدا ئەنێم فاشیل بووم.
خۆم: رێگەی سێهەم لەبەردەمتا بوو، لە نێوان کۆیلە و ئەنتی دەسەڵات، کە لایەنگرییکردن بوو لە دەسەڵات.
من: جا کێشەکە لێرەدا دروست بوو، کە میتاڵەکەم بە کەڵکی ئەو کارە نایەت کە وەک رێگەی سێهەم باست کرد،
ئەو مۆراڵەی تائێستا هەمە ئەوەیە دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکم، نەخاسمە خۆم ببمە پشکداری چەوسێنەرەکان.
خۆم: هەست ناکەیت تۆ زۆر کەسێکی میسالیت؟ بڕوا ئەکەم لە بیرکارییدا قوتابییەکی باش نەبووبی!!.
من: شەڕی زاراوەم لەگەڵ مەکە، ئەوە منم و بەو جۆرەم، ئیتر میسالیم یان نا، ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر مەبەستت لەوە بێ تا ئێستا بیرم لە سامان و پارە نەکردۆتەوە، زۆر راستە زۆر کۆڵم لە بیرکاری و ژمێرەدا، چوون لەززەت لە ژماردنی پارە نابینم، هەرچەند تا ئێستا بەهۆی خانەوادەکەمەوە گیرفانم خاڵی نییە لەو کاغەزە نەفرەتییە.
خۆم: ئەکرێ پێمان بڵێی پڕۆژەی ئایندەت چییە؟ وەک خۆت ئەتەوێ چی کارێک بکەیت و چۆنیش؟.
من: پڕۆژەی ئایندەم ئەوەیە هیچ پڕۆژەیەکم نییە. بێ پڕۆژەییش خۆی پڕۆژەیەکە. چۆن بێلایەنی لە سیاسەت بۆ خۆی جۆرێکە لە سیاسەت، بێ پڕۆژەیش خۆی پڕۆژەیەکە بۆ هیچ شتێک.
خۆم: سەرم گێژ ئەخوات، سندانت لێ بدات، جا کێ سەر لەم بەیت و بالۆرە و بێنە و بەردەیەت دەرئەکات؟.
من: ئەوە کارێکی باشە کە تێناگەی. تۆش بڕۆ بە لای ئیشتەوە. سەرقاڵی پڕۆژەکەمم واتە پڕۆژەی بێ پڕۆژەیی.

5-4-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 118-122 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




ژاڵە..1.. فەتاح حەسەن

بەشی یەکەم
-1-
لەچێشتخانەی شەقامە سەرەکییەکەی شار بەداڵغەوە نانی دەخوارد، نزیکەی نیوەی لەبەر مابۆوە،دەستیکی بۆ شاگردی چێشتخانەکە بڵندکردو بەشەرمێکەوە وتی:-
بەئەرك نەبێ ئەوەی ماوەتەوە بۆم بپێچەرەوە، بەشەقامەکەدا شۆڕبوەوە، خستییە بەردەمی پیرێژنێکی دەروازەکەر. لەبەرخۆیەوە بڵماندی، زۆر بەدایکم دەچیت.
-2-
چێژفرۆشان کات لەلایان زۆر بەنرخە، ئەوان بەتایم لەگەڵ ئەو پیاوانەدا دەڕۆن کەتامزرۆی سێکسن، کارەکەیان لەژیانی کۆمەڵگەدا بەگشتی کارێکی قێزەون و نەفرەتلێکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێکانی لەو بەتەمەنترن، ماوەی دوو کاژێر لەگەڵ پیاودا بە سەد پارە چێژ دەفرۆشن بەڵام ئەم بۆ ساڵێك دەچێت بە سەد و پەنجا پارە نەبێت خۆی بۆ پیاو ڕووت ناکاتەوە، پاش وەرگرتنی پارەکە، نیوەی بەسەر چەند دەروازەکەرێکی شارەکەیدا دابەشدەکات ، بەوکارە خۆی ئاسوودە دەکات ە لەبەرخۆیەوە دەڵێت :- .بڵێی خێرەکەم بگاتە جێئ خۆی؟
-3-
هەرکەسێك لە ( ئەو ) بچوایە چێژی پێدەبەخشی و لەناخدا خۆی دەخواردەوە، گاڵتەی بەو گۆرانییەی ( سلین دوین) دەهات کە دەڵێت ” قەیناکا یەکێك دەدۆزمەوە وەك تۆ ” خۆی و هاوژینەکەی بڕوانامەی بەرزیان هەبوو، لەخۆشییەکانی ژیان کەمیان نەبوو، شەوێك هاوژینەکەی لەگەڕانەوەدا بەمەستی بە ئۆتۆمبیلەکەیەوە خۆی دەکێشێت بە عەمودێکدا، بۆ دواجار لە نەخۆشخانە چاو لێکدەنێت، لەدوای چلەکەی بڕیار دەدات هیچ شەوێك بێ خواردنەوە و چێژبەخشین بەڕێنەکات، ئەوی لەپیاوانی وەردەگرت دەیخستە سندووقی هاوکاری نەخۆشخانەکان.
-4-
هێندە پشیلە لە شوقەکەیدا هەبوو ڕووگیر دەبوو پیاو بهێنێتەوە ماڵەکەی، سەیری لێدەهات کە خەڵك دەیانگووت پشیلە سپڵەیە، لەبەرخۆیەوە دەیگووت:- ئەگەر خۆشەویستی پێببەخشرێت لەسەگ بەوەفاترە کاتێك بێ نان دەکرێت. ئەوجا دەیگووت چیمە بەسەر خەڵکەوە بابۆخۆیان بڵێن،نزیکەی نیوەی ئەو پارەیەی لەچێژفرۆشتندا پەیدای دەکرد دەیدا بە خواردنی پشیلە، نەك بەتەنها پشیلەکانی خۆی بگرە پشیلەبەرەڵاکانی گەڕەکیشی تێردەکرد.
-5-
باوەپیارە گورگەکەی کەڵبەی چەقاندە لاشە سفت و سۆڵەکەی و ئاڵۆشی خۆی پێ دامرکاندەوە، تا چاوەڕوانی ئەو پارەیە نەبێ کە باوەپیارەکەی، هەرکاتێک هەوەسی دادەمرکایەوە وەکو ئێسقان بۆی فڕێدەدا، چێژفرۆشی کردە پیشە.
هەرچۆن هەموو شتێك سنوری خۆی هەیە هەروەها ( ڤیاگرا ) ش، باوەپیارە کەڵتەکۆنەکەی ئەقڵی لە ناوگەڵیدابوو، هەربۆیە سەرەنجام کەنەفتی سەرجێگەی کرد،هێندە کەسێکی هەستیار بوو، بەبێ باوەپیارە کەنەفتەکەی پاروی چەور نەدەچوو بەقوڕگیدا، هەربۆیە پاروشی دەکرد بەدەمیەوە، ئەویش لەگەڵ هەر پاروویەکدا ئاواتی بە مردن دەخواست.

                                                                                             فەتاح حەسەن
                                                                                           دانیمارك/ ڤالبی



لە ڕیفراندۆمەوە…. تا کورسیەکەى سەرۆک کۆمار.. شاخەوان سەنگاوى

ئەو ناوچەیەى کە پێ دەوترێت خاکى کوردن هەڵکەوتە جوگرافیەکەیی بە شێوەیەک دروست بووە کە بەسەرهیچ دەرچەیەکى ئازادا ناڕوانێت، کە ئەمیشیان لە رووە جیۆپۆلیتیکەکەیەوە هۆکارێک بۆ ئاسان تەوقکردنی لە لایەن نەیارەکانیە، سەرباریی ناتەبایی بەردەوامى ڕێبەرانى کورد لە نێوخۆدا. کەواتە ئەگەر سەرکردایەتى کورد ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان بوایە لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوو،
دەبێت کار لە سەر سێ بنەما بکرایە:
یەکەم: بنەمایی دۆستایەتى کارکردن لە سەر زیادکردنى دۆستەکانمان واتە پاڵپشتى دەرەکى چونکە ئەم جوگرافیە داخراوە وەتەنراو بە دووژمنانى کورد پیویستى بە پاڵپشتى نێونەتەوەیى هەیە بۆ هەرجۆرە بڕیارێکى چارەنووس ساز بە وێنەى ڕیفراندۆمى ٢٥/٩/٢٠١٧ پێویستى بەم پاڵپشتیە هەیە. ئەى سەرانى کورد سەرەڕایی ئاگادارکردنەوەیان لە دەرئەنجامە مەترسی دارەکانى وەها کارێک بە دور لە پاڵپشتى دۆستەکان بۆ هەرێمێکى وەها بڕیارى مەرگە. هەر چۆن زۆر بە روونى لە نامەکەى وەزیرى دەرەوەیی ئەمەریکا ریکس تیلەرسۆن بە نوێنەرایەتى سەرۆکایەتى ئەمەریکا هەروەک چۆن مەترسیەکان باسکرابوو لە بەرامبەریشدا ئۆپشنى ئامانج بەخشیش خرابۆیە سەرمیزى سەرکردایەتى کورد، بەڵام چى؟ لە بەر ئەوەیی خوێندنەوەیەکى زانستیانە و واقعی بۆ دۆخى ئەوسایی هەرێم نەکرابوو لە لایەن سەرانى ڕیفراندۆمەوە، چى ڕویدا؟ لە ماوەیی شەو ڕۆژێکدا ٥٢% خاکى هەرێم کەدەکاتە ٤٤,٣٣٣ کیڵۆمەتر چوار گۆشە لە کۆى خاکى هەرێمى کوردستان تا بەروارى ڕیفراندۆم کە دەیکردە ٨٦,٢٦٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەرسینەیکى ئاڵتونى پێشکەشى حەشدى شەعبی و سوپایی عێراقیان کردەوە.
دووەم: بنەمایی ئابوورى یان زەمینەیی ئابوورى یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانى هەر دامەزراوەیەک یان دەوڵەتێک کە بتوانێت بۆ ماوەیەکى درێژمەودا بەردەوامى بە کارەکانى خۆیبدات کە ئەمیش بە شێوەیەکى سەرەکى پشت دەبەستێت بە بەرهەمى ناوخۆیی و ناردنەدەرەوە کە هەرێمى کوردستان بە ئێستاشەوە تەنها شتى کە بە شێوەیەکى بەردەوام دەینێرێتە دەرەوە نەوتەکەیەتى کە ئەویش قفلى بۆرى نەوتى کوردستان کلیلەکەى لە گیرفانى سەرکردایەتى ئەنقەرەدایە هەر بۆیە دەبینین کاتێ سەرکردایەتى کورد ویستى بڕیارێک بدات دەبێت سەرەتا گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵبکرێت لە کۆشکى کۆمارى تهران و ئەنقەرە دەنا بەدەردى ڕۆژانى دوایی١٦ ئۆکتۆبەر کە لە ماوەیی کەمتر لە بیست و چوار سەعات لە کۆیی ١٢ کێلگەى نەوتى حەوت کێلگە نەوتى کەبەرهەمى ڕۆژانەى ٤٤٥ هەزار بەرمیل دەبوو خرایە سەر حسابی خزێنەى پایتەختى موفلیسەوە.
سێیەم: بنەمایی ئیدارى یەکێکە لە هۆکارەکانى بە دامەزراوەیی کردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت بە مەبەستى دروستکردنى پەیوەندیکى دروست لە نێوان سەرجەم سێکتەرەکانى ئەو دەوڵەتە بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترینەکان بە کۆمەڵگاکەیی بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا ئایە دەپرسین لە چى دامەزراوەیەکى ئەم هەرێمە لە ماوەیی سی ساڵ لە پرۆسەیی حکومڕانیى کوردى بنەمایی ئیدارى پەیڕەو کراوە تا ئێمە بتوانین لە بەرامبەر داگیرکەرەکانمان کاری پێبکەین.
کەواتە بە تێگەیشتنێکى کورت و پوخت لەو سێ بنەماییە سەرەوە، ئێمە تێدەگەین لە هەندێ لە ڕووداوەکان خۆ بە پاڵەوان کردن لە لایەن سەرکردایەتى کوردەوە دەرئەنجامەکەى ١٦ ئۆکتۆبەرێکى دیکە دەبێت، هەروەکو دەبینین لە پرسی دروست کردنى گەورەترین کوتلەى پەڕلەمانى بەمەبەستى دروستکردنى حکومەتى زۆرینە ( سەدر و حەلبوسی و پارتى) لە عێراقی کورد کەمینە خوێندنەوەی بۆ نەکرێت سبەی مێزەکە بە سەر کورد خۆیدا قلپ دەبێتەوە، کەواتە هەتا ئەم ساتە یاریەکە کۆتایی نەهاتووە ئەگەر پارتى بیەوێت کوردستان لەو مەترسی دۆڕۆنەکان بە پارێزیت کە لە بەردەرگایى هەولێر دایە، دەبێت خۆ بەدوور بگرێت لە شەڕیی بە وەکالەتى نێوان کوتلە شیعیەکان و ڕێکخستنەوەیی نێو ماڵی کوردى.

Shaxewan.saed@gmail.com