ئۆکرانیا قوربانیی جەنگی زلهێزەکان.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەفتەی پێشوو فلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا جەنگێکی گەورەی لەدژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند، بەمەش تەواوی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی کرد. هەندێک چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە پوتین بەم کارەی، ئاشتی جیهانی خستە مەترسییەوە، چونکە شەرعیەتی بە هێزی سەربازی داو لەمەولا دەنگی عەقڵ و ئاشتی نابیسترێت و دەوڵەتە گەورەکان، وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر دەکەن. هەندێکی تریش ئەم جەنگە بە بەشێک بە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و روسیا دادەنێن، لەمەشدا خاکی ئۆکرانیا بۆتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان و گەلی ئۆکرانیاش قوربانی دەدات. جگەلەمەش کۆمەڵێک پرسیار رووبەری جیهان بۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ئایا چیتر ئەم سیستمەی کە ئەمڕۆ جیهان بەرێوە دەبات، دەتوانێت چارەسەری کێشە زۆرەکانی مرۆڤایەتی بکات؟ بۆ سەدەی نوێ، سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت؟ چارەنووسی گەلان و دەوڵەتە بچووکەکان چی لێ دێت؟ پەیوەندیی نێوان زلهێزەکانی جیهان چۆن دەبێت؟ بەڵام با سەرەتا بپرسین بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟

بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟

زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی شرۆڤەی ئەم کارەی پوتینیان کردووەو بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە کۆکن، کە چەند خاڵێک هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە بوون. یەکەمیان: کشانەوەی ئەمریکا بەوشێوە خراپەی لە ئەفغانستان، کە شكۆی ئەمریکا و ناتۆی لە تەواوی جیهاندا شکاند. دووەم: گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و دانانی چین وەکو رکابەری سەرەکی ئەمریکا، چونکە پێشتر روسیا رکابەری سەرەکی بوو. سێهەم: پوتین لەرێگەی ئەم جەنگەوە، پێگەی جەماوەری خۆی بەهێزکرد، خۆی وەکو سەرۆکێک پێشاندا کە دەیەوێت دووبارە شکۆمەندی جاران بۆ روسیا بگەڕێنێتەوەو خەونی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی روسیای، لەناو مێشكی روسەکان زیندووو کردەوە، بەمەش ماوەی چەندین ساڵی تر دەمێنێتەوەو دەنگی نەیارانیشی هێندەی تر کپ دەکات. هەروەها دەتوانێت مەرجەکانی بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا بسەپێنێت، سنوورێک بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی ناتۆ دابنێت. بەڵام خۆ تەنها پوتین و روسیا سوودمەند نەبوون بگرە ئەمریکاش سوودمەند بوو.

ئەمریکا
زۆرینەی خەڵکی بەسەرۆکی ئۆکرانیاشەوە لەو باوەڕەدان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا خیانەتیان لە ئۆکرانیا کرد، ئەوان بوون دنەی ئۆکرانییەکانیان دا کە دژی مۆسکۆ بوەستنەوە، کەچی کاتێک لەلایەن سوپای روسیاوە پەلاماردران، وەکو سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: بەتەنها جێیانهێشتن جەنگی روسیا بکەین. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بووە، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار. یەکەمیان: ئەمریکا هێندەی تر روسیای کردە دوژمنی ئەوروپا و لەتەواوی جیهانیشدا روسیا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی و داگیرکار دەرکەوت. دووەم: بەم جەنگە دەستی کرایەوە بۆئەوەی سزای قورسی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی زۆر بەسەر روسیادا بسەپێنێت، چونکە پێشتر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دوودڵ بوون لە سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا. سێهەم: هێدەی تر ئەوروپا دەچێتە باوەشی ئەمریکاوە، چونکە بۆ هەموویان دەرکەوت، کە ئارامیی و ئاسایشی ئەوروپا، بەبێ ئەمریکا ناکرێت، بەمەش کۆتایی بە خەونی سوپای ئەوروپای یەکگرتوو هێنا، کە بەدڵی ئەمریکا نییە. چوارەم: هێندەی تر چەکوتەقەمەنی بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت.

لاوازی ئەوروپا

خاڵێکی گرنگی تری ئەم جەنگە ئەوە بوو، دووبارە لاوازی وڵاتە ئەورپییەکانی پیشاندا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ماوەی چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە بەوپەڕی نەرمییەوە مامەڵە لەگەڵ روسیا و پوتیندا دەکەن، هەروەکو رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەو سیاسەتە نەرمونیانەی ئەڵمانیا لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بەرامبەر پوتین، هۆکاری ئەم جەنگە بوو. لەلایەکی ترەوە بۆ هەموویان دەرکەوت کە روسیا توانای سەرکێشی هەیە، ترسیشی لە سزاکانی ئەوان نییە. هەروەها دووبارە ئەوروپا ناچارکرایەوە،کە بچێتەوە ژێر دەواری ئەمریکا. هەربۆیە زۆرکەس لەو باوەڕەدان، لەپاش ئۆکرانییەکان، ئەوروپییەکان زەرەرمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن.

دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە گەلی ئۆکرانیا بە پلەی یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە جەنگەدا، چونکە خاکی ئەوان بووە مەیدانی جەنگەکە، ئەوە خانووبەرەو گێڵە و ژێرخانی ئابووری ئەوانە کە وێران دەبێت، منداڵ و ژن و پیاوی ئەوان دەکوژرێت و بریندار دەبێت. گەلی ئۆکرانیا بۆ ئازادیی خۆیان ناچار دەبن کە جەنگێکی ماڵوێران و درێژخایەن لەگەڵ زلهێزێکی گەورەدا بکەن. لەهەمانکاتیشدا گەلی روسیش زەرەرمەند دەبن، بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، چونکە ئەوان باجی یەکەمی ئەم جەنگە دەدەن نەک دەسەڵاتداران.

لەکۆتایشدا تەواوی جیهان زەرەرمەندە، چونکە ئەم جەنگە دەبێتە هاندەرێک بۆ دەوڵەتە گەورەکان، کە وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر بکەن، بەم شێوەیەش ئاشتی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەتا ئێستاش دیار نییە سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت، ئایا تەنها دەنگی تۆپ و فڕۆکە دەبیستێت یاخود دەنگی ویژدان و عەقڵ و یاساکان؟




نا بۆ ئەمریکا و ناتۆ و نا بۆ ڕوسیا.. کامل احمد

کۆمەڵگای بەشەری ئەمڕۆ لە نێو جەنگێکدایە. ئەم جەنگە بە هیچ شێوەیەک جەنگی تەقلیدی نێوان دوو ووڵات نی یە ، ئەگەر چی لە ڕووی ڕووکەشەوە وەکو جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا دەردەکەوێت و زوڕنا ژەنانی بورژوازیش دەیانەوێت ئاوها وێنای بکەن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان دوو زلهێزی سەرمایەداری جیهانە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕوسیایە، بەڵام مەیدانی جەنگەکە ئۆکرانیایە. ئەم جەنگە نە پەیونەدی بە مافی هاوڵاتیانی ئۆکرانیاوە هەیە و نە تەنانەت ئەو ناوچانەشی کە ڕوسیا دەیەوێت بیانکات بە دەوڵەتی پەنادەستی خۆی بە ناوی پارێزگاریکردن لە مافی نیشتەجێبووانی، بەڵکو ڕاستەوخۆ شەڕە لەسەر بردنەڕێوەی جیهانەوە. جیهانێک کە چیتر ئەمریکا، وێڕای هەر هەوڵێکی، ناتوانێت هێزی یەکەم و قولدری جیهانبێت و بتوانێت جیهان بە تەنیا بەڕێوەبەرێت و پیادەی بکات. لەم کارەیدا شەریکی بۆ دروستبووە و شەریکەکانیشی نەیارەکانی دوێنێین کە بریتین لە ڕوسیا و چین. ئەم شەڕە یەکێکە لە ئاکامەکانی ئەو بارە ڕاگوزەرەی کە ئێستا جیهانی پیاداتێدەپەڕێت. جیهانێک کە هێزی پێشوو وێڕای هەر هەوڵێکی ناتوانێت ڕابەری جیهانبێت و هێزی تری لێ قووتبۆتەوە لە قۆناغێکی ڕاگوزەردا کە سەرمایەی جیهان بەجۆرێک تێکەڵاوە کە هەم شکاندنی بەرامبەر و هەم جێگرتنەوەی قورسترە لە چاو سەدەی پێشوودا. بۆیە جیهان لە گۆشەنیگای بەرژوەندییە جیاوازەکانی سەرمایەوە پێوسیتی بە ئارایشتدانەوە بە خۆی هەیە و بە داخەوە بەشێکیش لەم دووبارە دابەشبوونەوە و دەستبەرکردنی بەرژەوەندیانە پێویستی بە جەنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی. جەنگێک لە ڕاستیدا دەمێکە بە شێوەی ئابوری و شەڕی بە وەکالەت دەستیپێکردووە.
ڕوسیا لە دوای ساڵی ١٩٩٧ ەوەو بە دوای ئەوەی کە زۆرێک لە ووڵاتە دراوسێکانی و بە تایبەتی ئەوانەشی کە بەشێکبوون لە خۆی پێش ڕووخانی دیواری بەرلین، هەمیشە نیگەرانی خۆی لە بەرفراوانبوونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ دەربڕیوە و جێگەی نیگەرانی بووە و بە مەترسی لەسەر خۆی چاویلێکردووە، وە لە ڕاستیشدا هەروابووە و ئەم هاوپەیمانیەش بە ڕابەری ئەمریکا هەمیشە یەکێک لە ئامانجەکانی ئابڵوقەدانی ڕوسیا بووە بە هێزەکانی و خودی دامەزراندنیشی هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە بۆ ئەوەی هەرکاتێک بیانەوێت و بتوانن دەستیان ئاواڵابێت بۆ تەدەخولی سەربازی. هاوکات بە دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و بەڵێننامەی مینسک دا و هەوڵدانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆکرانیا لە خۆ بگرێت ڕوسیای لەبەرامبەر هەڕەشەیەکی گەورەتردا ڕاگرتووە کە وای لە ورچە سپی یەکە کردووە بەخەبەربێتەوە. ڕوسیا بە ئاشکرا دەزانێت کە ئەمریکا و ئەوروپا ناکۆکن، وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە کۆکبن، بەڵام خۆری ئەم کۆکبوونە دەمێکە ئاوابووە و زۆرێک لە ووڵاتەکانی ئەوروپا و بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا هەمیشە لە مۆلەقەییدا ژیاون و هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەوەندەی بۆیانبکرێت بای باڵی خۆیانبدەن و لەژێرڕکێفی تەواوی ئەمریکادا نەبن. ئەمە وێڕای قووتبوونەو و گەشەکردنی چەندین هێزی ناوچەییو تر وچەندین کێشەی تر. لە ڕاستیدا ئەم شەڕە نزیک بە دوو دەیەیە لەژێر ناوی دانانی ئابڵوقەی ئابوری و لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی یەکتردەستیپێکردووە و ڕۆژ دوای رۆژیش بواری بەردەم ڕوسیای تەسکترکرۆتەوە، هەر بۆیە کاتێک کە شەڕی بۆرسە و پشکەکاکن و بانکەکان بە بنبەست دەگات و ناتوانێت ڕیگاچارە خوازراوەکەبێت، ئەوا شەڕی مەیدانی و جیۆسیاسی دێتە پێشەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پشک و سەروەریە ئابورییانە، سەرمایەداری جەنگ دەکات و دەیەوێت لە دوای جەنگ لە بەرووبوومەکەی بخوات. ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ جەنگی بۆرسەو سەرمایەیە و چ لایەنێکیش هێزی زیاتربێت سەرمایەکەی زیاتردەبێت. هەر بە پێی ئەم هاوکێشەیەش کە بۆرسەکان و بەرژوەندییە بازرگانی و سەرمایەدارییەکان جیهانین و هەموو شتێک جیهانی یە، هەر بۆیە ئەم شەڕەش جیهانی یەو تەنها وەکو پێشتریش ووتمان مەیدانەکەی ئۆکرانیایە. ڕوسیا و پۆتین داوای بەشی زیاتردەکەن و ئەوانیش نایدەن و بەربەستی بۆ دروستدەکەن، بۆیە بە شەڕ ساغدەکرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانی شەڕدا بە ئاشکرا دەیبینین گەواهی لەسەر ئەمە دەدات و بە ئاشکرا و ڕۆشنی هەموو ڕۆژێک لە میدیاکانی خودی بورژوازییەوە گوێبیستی دەبین کە چۆن ئەم دوو بلۆکە بورژوازییە جیهانییە خەریکی ساغکردنەوەی ناکۆکیەکانی خۆیان لە شوێنێکدا کە ناوی ئۆکرانیایە، هەر لە بلۆککردن و ئابڵوقەی ئابوری یەوە بگرە تا دەگاتە نوردستریم و ناردنی چەک و تەقەمنی بۆ ئۆکرانیا. تەنانەت بارەکە بە شوێنێک گەیشتووە کە بورژوازی جیهانی چۆن لە ئەفغانستان و عێراق و ووڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی دا خەریکی دروستکردنی مورتەزەقە بوون، هەر وا لە ناو دڵی ئەوروپاش دا خەریکن ئەم جۆرە لە سیاسەت بەڕێوەبەرن لە ژێر ناوی جەنگاوەری خۆبەخش وبەرگریکار لە ئەوروپا و ئۆکرانیا و بێ شەرمانەش سەرۆکی ووڵاتەکان یان بانگەشەی بۆ دەکەن یان ڕەزامەندی لەسەر دەدەن و دەیانەوێت جەنگێک کە هیچ پەیوەندییەکی نە بە ئەوروپی بوون و ئۆکرانی بوونەوە هەیە، بە خەڵک بقەبڵێنن و بۆ بووکەڵە جوانەکەی دیموکراسی فرمێسکبڕژن و خەڵک بکەنە قوربانی. ئەم شەڕە تەنانەت بە واتا سوواوەکەشی هییچ پەیوەندییەکی بەو بەها سوواوانەوە نییە و شەڕە لەسەر پێگەی دوو ڕەقیب و زلهێزی جیهانی کە دەیانەوێت زۆرترین بەشیان لە سەرمایەی جیهاندا هەبێت بە تایبەتی کە ئەم کێبەرکێیانەیان لە چوارچێوەی دانوستان و ڕێکەوتن دا بۆ ناچێتە پیش، ئەو کات شەڕ بە تاکە گریمانە دەمێنێتەوە بۆ ئەم یەکلاییکردنەوەیە.
مەیدانی جەنگێک کە ئۆکرانیایە، هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی ئۆکرانیاوە نییە و ئەوێ تەنها وەک مەیدانێکی ڕووبەڕووبوونەوەکە هەڵبژێردراوە یان ناچاربوون هەڵیبژێرن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان “ئەمریکای دیموکراسی” و “ڕوسیای دیکتاتۆری” نی یە، بەڵکو لەڕاستیدا جەنەگی نێوان دوو سەرمایەی جیاوازە بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژی درۆزنانە و هەر بۆیە هەڵوێستوەرگرتن لەبەرامبەر جەنگیشدا ئەگەر دژ بەم دوو جەمسەرە و هاوپەیمانەکانیان نەبێت نە مانایەکی دەبێت و نە دەتوانێت سیاسەتێکی دروست بێت. وە ئەگەر هەر کەس و هێز و لایەنێکیش بە یاسا و ڕێساکانی جەنگی ئەم دوو زلهێزە ووشیارنەبێت، ئەوا زۆر ئاسان دەکەوێتە بەرەی یەکێکیانەوەو یان دەبێت بە پارێزگاریکەر لە “ئەمریکا و خۆرئاوای دیموکراتی” و دەچێتە سەنگەری خەڵکی ئۆکرانیاوە و تەنانەت وەک دەوڵەتە ڕاستڕەوەکانیشیان بانگەوازی هەڵگرتنی چەک دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە “ئۆکرانیا” و تەنانەت بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکرانیاش تا بەوە دەگات کە هاوڕای وەزیر و گوزیرەکانی ئەوروپا بچێت لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربێت و چەپڵە بۆ ناتۆ و ئەمریکا لێبدات و هاوپشتی خۆی بۆ “خەڵکی ئۆکرانیا” نیشانبدات دژ بە “ڕوسیای دیکتاتۆر” و یان دەبێت بچێت پشتگیری لە “ڕوسیای دیکتاتۆر” بکات و فرمێسکە تیمساحاوییەکانی پوتین قبوڵبکات کە سەبارەت بە خەڵکی ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەیڕێژێت و دەیەوێت “سەروەرییان” بۆ بگێڕێتەوە!.
لەم جەنگەدا پڕۆلیتاریای ڕوسی و ئۆکرانی وجیهانی زەرەرمەند دەبن. ئەوەتا لەو ڕۆژەوەی کە جەنگ دەستپێکردووە، نرخی هەموو کولوپەل و خۆراک و پێداویستیەکان و سووتەمەنی و هتد لە بازاڕەکانی جیهاندا زیادیانکردووە و رۆژ لە دوای رۆژ توانایی کڕینی ئەم چینە بۆ ئەم پێداویستیانە دێتە خوارەوە و باری شانی قورستردەبێت. دەبێت ئەوەشمان لە یادبێت ئەم جەنگە چۆن بۆ بورژوازی و هێزەکانی جیهانییە و گڵۆباڵە ئاوهاشە بۆ پڕۆلیتاریا، بۆیە ناتوانرێت لە چوارچێوەی ئاسۆ و ئایندەیەکی “نەتەوەیی” کە خۆی هیچ جێگایەکی نییە لەم هاوکێشانەدا لێکبدرێتەوە. وەستانەوە بە دژی جەنگیش تەنها و تەنها کاتێک مانا پەیدا دەکات کە پڕۆلیتاریا توانیبێتی بە دژی ئەم زلهێزانە لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا هێزی خۆی نمایش بکات و ڕیزی خۆی لە ڕیزی ئەم جانبازانەی سەرمەیاداری و دەسەڵاتە گڵۆباڵی و ناوخۆییەکانی جیابکاتەوە. ئەگەر نا هەر جۆرە هەڵوێستگرتنێکی تر بە بێ خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا بە ڕیزی سەربەخۆی چیانیەتی خۆیەوە، دەبێتە ئاو و دەڕژێتە ئاشی یەکێک لە لایەناکنی ئەم کێشمەکێشەوە. هەر بۆیە جەنگ و ماڵوێرانی و بۆمبارانکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک بە گشتی جێگای ئیدانەکردنە لە لایەن هەر هێزێکەوە بێت، بەڵام ئەگەر ئەم جەنگانە بە ڕیزی پڕۆلیتاریای یەکگرتوو قڵپنەکرێتەوە بەسەر لایەنەکانی جەنگدا، ئەوا لە هەڵوێست دەربڕینێکی بێ کاریگەر زیاتر نابێت چونکە ئیدانەکردنیش ئەگەر بتوانێت مانایەکی هەبێت تەنها لەنێو ئەم هاوکێشە چینایەتیەدا ماناپەیدادەکات. ئیدانەکردن دەبێت “نا” یەکی گەورەی چینایەتی و یەکگرتوو بێت دژ بە هەموو لایەنەکانی ئەم جەنگە بە ئەمریکا و ناتۆ و ڕوسیاشەوە، وە هەر ئەمەش دروشمی ئەنتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریای هۆشیارە.

کامل احمد
01.03.2022
kamil.ahmed.f@gmail.com




ئۆکراین لەژێرپێی میلیتاریزم و ئۆلیگارشی ترانسناشناڵی ڕوسیا و ناتۆ.. ئاسو کمال

کاتێک ویژدان زیندووی هەر مرۆڤێک قسەکانی پوتین و جۆ بایدن دەبیستێ دەزانێ سەدەی ٢١ گەشتۆتە ئاستی چ کارەساتێک. زمانی شەڕ و ئەتۆم لە نێوان ئەم ملیاردێرانەی جیهانیان کردۆتە بازاڕی پێشبڕکێی دۆلار و ڕۆبل زۆر بێ شەرمانە سەرتاپای میدیای جیهانی سەرمایەداری داگرتوە. گیانی هەزاران ئۆکرانی چوەتە پاڵ دەیان و سەدان هەزار قوربانی تر کە هەر لەم سەدەی ٢١ دنیای دیموکراسی و بازاڕی ئازادی سەرمایەدا لە گۆشە و کەناری جیهان بونەتە قوربانی و تازە ئەمەش سەرەتای قوربانی بونی مرۆڤایەتیە.
ئۆکراین شوێنی خاڵی بونەوەی گرێی نەزمی نوێی ئەمریکایە کە لە ڕێگای ناتۆوە حکومەتی ئەمریکی دەیەوێ بەهەر قیمەتێکە نەزمی یەک قوتبی ڕابگرێ. بەڵام ئەمریکا لە دنیایەکی ترانس ناشنالی سەرمایەدا ناتوانێ ڕەقیبە سەربازیەکانی وەک پوتین بە ئاسانی لابدا چونکە بورژوازی ڕوسیا لەناو تۆڕی جیهانی سەرمایەدا بەشێکی جیانەکراوە لەو چینە ترانسناشناڵەی سەرمایەیە کە لە بانک و پیشەسازی و بازرگانی و پەیوەندیەکاندا ئاڵۆسکاوە.
حکومەتی پۆناپارتی پۆتین نمونەیەک لە حکومەتی سەرمایەیە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا چینێکی سەدان ملیاردێری لە ڕوسیادا دروستکردوە کە هەموویان هاوکاری ملیاردێرەکانی ئەمریکا و چین و ئەوروپان و هەرچەند حکومەتەکانیان شەڕی سیاسی و سەربازیشیان هەبێت لە کۆتاییدا پێویستیان بە دابەشکردنەوە و سەرلەنوێ سازکردنەوەی ئەم بازاڕە جیهانیەیە.
ئایا شەڕی ئۆکراین چۆن ناکۆکی نێوان ئەم چینە ترانسناشناڵە و دەسەڵاتی سەربازی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیمانی سەربازی ناتۆی ڕۆژئاوا یەکلایی دەکاتەوە؟ ئەمە هێشتا دیار نیە. بەڵام نیگەرانی لەم ئایندەیە لە ئێستادا لەوپەڕیدایە، چونکە سەرمایەداری جیهانی لە ڕێگەی ئەم دەسەڵات و دەوڵەتە سەربازیانەوە پرۆسەی کۆنترۆل کردنی بازاڕ و سەرمایە و دابەشکردنەوەی داهات دەکا و ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی هێز و پاوانکردنی زۆرەملێ یە و هەرکام لەم حکومەتە بورژوایانە و قسەکانی پوتین و بایدن و سەرانی ناتۆ نیشانی دەدەن کە ئەم قەسابانەی مرۆڤایەتی خەریکی تیژکردنەوەی چەقۆکانیانن.
چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دوای ٢ شەڕی جیهانی ئێستا لەبەردەم دەورەیەکی نوێی بەربەریەتی سەرمایەداری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادایە و هەرجۆرە خۆشباوەڕیەک بەهەر کام لە بەرەکانی ئەم شەڕە بەرەو دوبارەبونەوە و چەند قات بونەوەی کارەساتی جەنگە جیهانیەکانی ڕابردومان دەبات. هەربۆیە کۆتایی هێنان بەم شەڕانە خواستی فەوری ئێمەیە و خەبات بۆ ئایندەیەکی دوور لەسەرمایەداری تەنیا ڕێگای دەربازکردنی مرۆڤایەتیە لە دەست کارەساتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی ئێستا.

ئاسو کمال




نەخێڕ شەڕ کۆتایی نەهاتووە.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک

چەند خولەکێکە ئیمێڵێکم بۆ هاتووە، داوا دەکات پشتگیری لەگەلی ئۆکراین بکەم، چەند رۆژێک پێش ئێستاش، بەهەمان شێوە، ئێمڵێکم بۆ هات داوا دەکات واژووی داواکاری گەلانی ناو دارستانەکان بکەم، چونکە سەرمایەداران دەیانەوێ بەشێک لەدارستانەکەیان ببڕنەوە، دیارە ئێمەش لەگەڵ هەموو گەلێکی ستەم دیدەین، چونکە خۆمان هەردەم لەژێر هەڕەشەداین، ئەمە قسەی یەکێک لەوانە بوو لەدانیشتنێکی ئاسایی لەگەڵ هاوڕێ تورک و عەرەبە سووری و ئەو هیندییە بوو، کە لەچێشتخانەی نزیک کۆمپانیایە کاری دەکرد.
-کەس ئەو چیرۆکە دووبارە نەکاتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، شەڕ کۆتایی دێ، دایکێکیش چاوەڕوانی کوڕەکەی دەکات، دایک هەموو کاتێک لەبەر دەرگایە، لەکاتی خەوتنیشدا کاتێک گوێی لەچرپەیەک دەبێ یەکسەر رادەپەڕێ، لەو کاتەشدا چاوەڕێی کوڕەکەیەتی، بەڵکو باوەشی پیادا بکات، لەخۆشیدا هۆڕ هۆڕ بگریێ، ئینجا دڵنیا بێ لەوەی شەڕ کۆتایی هاتووە.
عەرەبە سووریەکە:هەر لەبەر ئەوەی دەمانویست پشت بەخۆمان ببەستین، هەرچی باڵەخانە و کارگە هەبوو، لەگەڵ زەویدا یەکسانیان کرد، راستە دەستەڵات گەندەڵ بوو، کەچی دەکرا، بەئاشتییانە و گفتوگۆی لۆژیکیانە، هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێ،
کوڕە هیندییەکەی چێشتخانە:من پێم سەیرە باس لەوەستانی شەڕ دەکەن، ئێمە و پاکستان زیاتر لە هەفتا ساڵە لەیەکتر جیابووینەوە، بۆ ئەوەی هەردوو لا بەئاشتییانە بژین، چەندین گفتوگۆ و بڕیار و دانوستاندن و رێککەوتن کراوە، هەردوو لا رازین لەسەری، کەچی تا ئێستا شەڕ لەو نێوەندە نەوەستاوە، هەردوو لا بەئەتۆم هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، هیندی و پاکستانییەک لەهەر کوێی ئەم جیهانە یەکتر ببینن، چاو لەیەکتر زەق دەکەنەوە.
-وەک ئەو شیعە و سوونییە وان هەردوکیان ئاوارەی ئێرەن، بەڵام هیچیان ئامادەنین، لەشوێنێکدا لەگەڵ یەکتردا کاڕ بکەن.
سەیر بکە، پێم بڵێ چۆن شەڕ کۆتایی هاتووە، ئەو منداڵە دەبینی، جوانترین جلی پۆشیووە، دایک و باوکی کار بۆ ئەو دەکەن، سەیری چاوانی بکە، حەسرەتێکی تیادا دەبینی، وا هەست دەکات کارەساتێک بەڕێوەیە، بۆیە چاو بەهەموو لایەکدا دەگێڕێ، ئەو پێمان دەڵێ : نەخێر شەڕ کۆتایی نەهاتووە.




بڵندنۆڕینی نالییانە، لە پەنجەرەشیعری پێشەوا کاکەییەوە.. هەردی حوسێن

لای ھەموومان ڕوونە، کە نالی یەکێکە لەو شاعیرانەی کورد کە لە ڕیزی ھەرە پێشەوەی شاعیرانی کلاسیک دێت. نالی ئەو قارەمانەی کە بە دەست میللەتێکی بێدەسەڵات و کێشمەکێشمی نێو خۆوە دەیناڵاند. ئەو بلیمەت و زانایەیە، کە لەبەر بێ خاوەنی وەک پشکۆی ئاگر، ھێواش ھێواش لە کزی دەدات و داخەکەم بەقەد کۆلکە شاعیرێکی خاوەن دەوڵەت نێوی نایەت.
بەڵام، پێشەوا کاکەیی شاعیر بەو شیعر و پەخشانەشیعرانە (ـی ڕەخنە و توێژینەوە بە شیعر)ەیدا، دێت و شیعری نالی و ئەدەبەکەی لە جەرگەی سەدەی نۆزدەمەوە بەسەر سەدەکانی دوای خۆشییەوە گەردەن کێل دەکات. شاعیر زۆر قووڵ و نالیناسانە لەو ڕووداو و فەترە زەمەنییە دەنواڕێت، کە نالی تیایدا گوزەری کردووە و باوەڕێک و سوکناییەک بە خوێنەر دەدات کە پێی دەڵێت سەردەمی نالی و دوایی نالی ھەریەک سەردەمە بۆ ئێمە و گیروگرفتەکانی سەردەمی نالی، خزمی گیروگرفتی ئەو سەردەمەی نالیین و بە شکڵ ھەندێک شت گۆڕراوە.
شاعیر پەنجە لەسەر ھەموو ئەو گرفتانە دادەنێت و دەیانھۆنێتەوە. ھۆنینەوەیەک لە شێوەی ڕۆمانئاسا کە پڕیەتی لە ڕووداو و شوێن و کارەکتەر! ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە شاعیر بێ ئەوەی ھیچ ڕووداوێک جێ بهێڵێت و ھەرچی گرینگە بۆ خوێنەر دێت بەیانی دەکات. شاعیر ئەو فەترە زەمەنییەی کە نالی تێدا نییە دووبارە بە لێدوانی نالییانەوە پڕی دەکاتەوە و لە دۆخەکان دەدوێت. کە ئەمە کارێکی ئێجگار قورسە و ئەگەر ڕۆمانێک بوایە ئەوا قەبارەی پەڕتووکەکە چەند ھێندە دەبوو، بەڵام شاعیر وەک بیهەوێت ھەموو یاسایەکی درووستکراو تێک بشکێنێت، دێت و لە ڕووپەڕی شێست لاپەڕەدا کۆی ئەو ڕووداوانەمان وەک تۆمارکردنێک بۆ تۆمار دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، زۆر جار خوێنەر بیری بۆ ئەوە دەچێت، تۆ بڵەی شاعیر ئەوەی وەک یادداشتێک نەکردبێت؟ چەند لاپەڕەیەک ھەڵدەدەیتەوە و بیرت بۆ لای شتێکی دیکە دەبات و بە ڕەخنەیەک یاخود ڕووداوێک کە دەشێت لە بیرمان کردبێت دڵمان ڕادەچڵەکێنێت! ھەر لە سەرەتاشەوە شاعیر ئەم پەڕتووکەمان وەک فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری نیشان دەدات، کە ھەرگیز جاڕز نابین لە تەماشاکردنی و بگرە حەزیش ناکەین تەواو بێت! و پێ بە پێ لەگەڵ خۆیمان دەبات. بۆ مەگەر ھاتنەوەی نالی و درووستکردنەوەی بە شیکڵی ئیمڕۆ لە دیۆکۆمێنتاری ناچێت!
ئەوەی جێگەی تێڕامانی زیاترە ئەوەیە کە شاعیر لەم پەخشانەشیعرەیدا زۆر وریایانە زمان و زمانەوانی و لایەنی ڕێنووسی بێ ھەڵە بەکار دەھێنێت کە لە سەردەمی ئێستاماندا بووە بە شتێکی مەحاڵ بۆ نووسەران! خوێنەر گەر بیهەوێت لە ھەرڕووپەڕێکدا چەندین ھەڵەی زمانەوانی و ڕێنووسی دەدۆزێتەوە کە ئەوە نەک لەم پەخشانەشیعرەی شاعیردا نییە، بەڵکوو لە بەرھەمەکانی تریشیدا دەگمەنە!
شاعیر دێت و نالی دەکاتە بیانوویەک بۆ دوواندن لە بابەتە (کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئایینی و زمانەوانی.) دۆخی دوای نالی، بە نالی دەخوێنێتەوە و ڕەخنەیان لێدەگرێت. کە دەڵێین خوێندنەوەی نالی بە نالی ئەوە شتێکی ئاساییە و ئەوپەڕی شکۆیە بۆ شاعیر، کە بتوانێک کارێکی وا ئەستەم لە ئەستۆ بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پڕ شانازی، ھەر وەکوو مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: »(برناردشۆ) چەند جوانی فەرموو کە لێیان پرسی (تۆ گەورەتری یا خود شێکسپیر؟) ئەویش لە وەرامدا بەوپەڕی باوەڕبەخۆکردنەوە گوتی: (ئەو لە من کەڵەگەتترە، بەڵام من لەسەر شانی ئەو ڕاوەستاوم.) ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لە سەر شانی (نالی)ـی ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لەسەر شانی نالی و ئاوەڵەکانیەوە گەشتی بەرەو ژوور دەست پێ بکات.« شاعیر بەر لە ھەرشتێک بە شادێڕێکی نالی دەست پێدەکات و دەڵێت:
[لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!]

شاعیر چەند وەستایانە ئەو شادێڕەی ھەڵبژاردووە، چونکە نالی ھەرچی تاڵی و سوێرییە لەو شادێڕەدا کۆی کردۆتەوە و داوا دەکات دڵی ببێتە ئاو و بە چاوانیدا بێتە خوارەوە و بێتەوە بۆ نیشتمان! شاعیر ھەر دەڵێی گوێی بۆ ترپەی دڵی ئەم دێڕەی نالییەوە ڕادێراوە و نالی دەھێنێتەوە بۆ نیشتمان، بەڵام چ نیشتمانێک! ئەوەتا شاعیر دەستی نالی دەگرێت و دەڵێت:
نالییش گەر بێتەوە،
جارێکی دی ناڵێت:
(چاوی من دەم دەم دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گەش،)
بە بێ گوێدرێژەکەی ڕێ تەی دەکات
تا هەموو دنیا بزانێت
دەریای ئیژە دوڕ و مەرجانی نییە،
ئیدی خۆی پێدا دەکات
لە داخی گرد و دۆڵ و سەری ڕەش!

شاعیر ھەر زوو نالی نائومێد دەکات و پێی دەڵێت گەر ئەم جارە و چەند جارێکی دیکەش بێیتەوە ھەمان ھەڵوێست دەنوێنی و ڕێ تەی دەکەیەوە، چونکە ئێستا گۆمەکە بۆگەنتر بووە و ناتوانی دان بە خۆتدا بگری و نەڕۆی. شاعیر وەک ئەوەی بیهەوێت بە ئێمە و نالی بڵێت ھێشتا ماوە و وەرن ببینن ئەوانە ھەموو ڕۆژێک لە ژیانمان ڕوودەدەن و خەریکە ببن بە ڕووداوی ئاسایی و لە سەدەی نۆزدەمەوە تا کابینەی ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش وەک ھەڵمی سەر دەریاچەکان ون دەبن و دەچن بە ئاسماندا.
هەموو ڕۆژێک خوێنمان دەڕێژرێ،
تيغ لە گەردنمان سواوە
ناڵێین دەستمان دامێنتە،
چەند دەیەیەکە ناڵینە، ڕەنگە بڕوا تا سەد کابینە

شاعیر ھەر بەو ڕەخنانە ناوەستێت، کە نووسەران زیاتر سیاسییەکان دەکەنە ئارمانج، بەڵکوو شاعیر بەداخیشە لەو شاعیر و بوێژانەی كە بوونە پارێزگارێک بۆ سیاسییەکان و بۆ مووچە ناڵە ناڵیانە و بەرگری لە ستەمکاران دەکەن. ھەر ئەوەش پاڵی بە شاعیرەوە ناوە و بڵێ:
ورگت، دەفتەرێکی شڕە
ئەلفبێی کراسەکەت هەڵوەریون.
گوێچکەت کەروێشکییە و
گاڵتەت بە گوێدرێژ دێ.
بگەڕێوە نالی!
ناڵێک بکێشە بە خەیاڵی شاعیراندا!
چۆن داڵغەیان چەقیوە و
ناڵینی مووچەی حیزبییانە!
با هەموو کەس بزانێ خۆ شاعیری ئەم سەدەیە
لە (ئاراس) و (سەردەم)ـەوە،
لە (یەکيێتیی دووسەران)ـەوە،
لە (پاراستن) و (زانیاری)ـیەوە،
قەڵەم و کاغەزيان وەکوو کووتاڵ سەودا پێ دەكه‌ن!
هەر لەبەر ئەوەشە ڕقیان لێمە،
چۆن لە ڕەخنەمدا شیعرم چەکوشکاريی خۆی دەکا!

شاعیر ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت دەزانێت و دەیهەوێت بە نالی و ئێمەش بڵێت، نالی و خانەقاکان چیان بەسەر ھاتووە و مەلاکانی ئەم سەردەمەش بێبەش نین و پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو کاولستانەی خوڵقاوە؛ چونکە مەلاکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان ھەیە، بە پێی ئەوەی زۆرینەی خەڵقی کوردستان موسڵمانن. شاعیر بە شارەزاییەکی زۆر زمانەوانیانەوە لەو بارەوە دەدوێت و دەڵێ:
ناگەڕێمەوە تاریکەدوا، دووا
چاوم بە کەلەم کەوت و کەللەم دا لە سەرەکەلەمی
لە ترسان، لێی بەر بوو، دەستنوێژی شکا مەلا؛
کە هەڕەشەی مووچەبڕینی لێ کرا!
نالی هاتەوە نێو شیعر و
گوێدرێژیش چاوی بە هەرمەلایەک کەوتايه‌،
جووته‌يێکی لێ دەدا!

لێرەدا گوێدرێژیش وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕێت و بگرە زیاتریش، چونکە ئەوە گوێدرێژەکەی نالییە جووتە لەوانە دەدات کە شاعیر وایان دەبینێت پشکیان ھەیە، بەرپرسیارن لە پێھەڵخلیسکانی خەڵکی و ھاوکاری (حوکوومەت)ـن. بۆیە شاعیر نایشارێتەوە، کە ئەوە ھەر حیزبەکان نین، کە خەڵکی دەڕووتێننەوە و ڕۆڵیان ھەیە لە چەقبەستوویی وڵاتەکەمان. بۆیە شاعیر دەڵێ:
هەر داری سەوز و زەرد نییە
دڵی خەڵەفاوێک، دەکەنە مۆمدان و
چاوی گەنجێکی بیرنەکەرەوە دەکەنە گڵۆپ و
ڕیش خۆڵەمێشێکی ئیخوانی،
بێدەنگ بێ لە ئازاری منداڵێکی ئێزیدی و
دار پرتەقاڵێکیش لەگەڵ خۆیدا دادپه‌روەر نەبێ؛
چى گۆڕاوە نالی؟
هەچە لە گوێدرێژەکەت بکە و بڕۆ!

ھەر چەندی کێشەکان، زۆربن، بەڵام نابێت مرۆ ئەوە بکاتە بییانوویەک و ڕوو لە ھەندێک باس نەکاتەوە بەتایبەت زمان، چونکە زمان سەرچاوەی بوونی نەتەوەیە و پێویستە ھەموو نەتەوەیەک شانازی بە زمان و ڕەچەڵەکی خۆیەوە بکات، بەتایبەت ئێمەی کوردزمان… بۆیە شاعیر زمان فەرامۆش ناکات و شانازی دەکات بەو زمانەی پێی دەنووسێت و دەڵێ:

کاتێک لە گەردوون ڕادەمێنم
ئەستێرە بێت یان کاکێشان،
هەسارە بێت یان کونە ڕەشەکان،
بە کوردی، جوانتر شیعرم بنکۆڵی دەکات.
با خۆی دەخشێنێت لە هەوای زمانم و
وشەم هەڵدەپاچێت،
بە ڕەگەوە شیعرم هەڵدەکەنێت
یان قەدی دەشکێنێتەوە،
ئەگەر ئەم خاکە لە زمانمدا نەسوێت،
دەیسووم.

شاعیر نەک ھەر شانازی دەکات بە زمانی کوردیییەوە، بەڵکوو ئاڵانگاری ئەوەش دەکات کە زمانی کوردی ئەو زمانەیە، کە دەتوانێت نەک لە شتە زەمینییەکان بەڵکوو لەو شتانەش بدوێت و قسەی پێ بکرێت کە ئاسمانین و پەیوەندیەکی پتەویان بە زانست و فەلسەفەوە ھەیە. شاعیر ھەر بەوە ناوەستێت، بەڵکوو زیاتریش دەڕوات و تا ئەوپەڕی سنوورەکانی خۆشەویستی و ھەست دەربڕین بۆ زمانەکەمان دەڵێ:
نامەوێت دەستت لێ هەڵبگرم ئەی نیشتمان!
هەرچی خوێنە دەیدەم، بۆ زوبانە، وەلێ بە فیڕۆ دەڕوش!

شاعیر بەردەوام دەبێت لە پەیامەکەی و ئەمجارەیان دێت نالی و خوێنەران دەباتە وێستگەیەکی دیکە و پێمان دەڵێت ببینن گیرۆدەی چین؟ نالی وەرە ببینە لە چ دۆخێکداین؟ نالی وەرە و ببینە خۆت گوتەنی (مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاوە شکاوە.) وەرە و ببینە ھەموو ئازاری بەدەنمان دەناڵێت بە دەست سیاسییەکانەوە ھەر لە کۆڕەوەوە ھەتاوەکوو ئەمڕۆ. شاعیر ئەو پەیامە لە ڕێگەی شیعرەوە بۆمان بەیان دەکات و دەڵێ:

لەدوای کۆڕەوەوە
هەڵدێم، لە دەست دەنگی فیشەکی جەلالی و مەلایی
هەڵدێم، لە دەست دەنگی بتڵەغازی بەتاڵ
بە تاڵ، تاڵيی ڕۆژگار دەژمێرم.
هەڵدێم، لە دەست تەقەتەقی بەرمیلی بەتاڵی نەوت و
هەڵدانەوەی جۆزەی کارەبا و
دەنگی نووساوی ئاو و
هەڵگرتنەوەی مووی سپيی سەرم لە زیندان.
هەڵدێم، لە دەست سەدان تاوانی ئەم بنەماڵانە،
لەم سەرماوسۆڵەدا ڕەقیش ببمەوە،
ناتوێمەوە.
وەک پەیکەرێک لەنێو بەفردا
مێژوویەکی نوێم لێ دەتاشرێ.
ئەوەتا هەموو دنیا دێ بۆ تەماشام
کە کۆچم نەکردووە و هەڵاتووم،
دەزانن بۆ شۆڕشێکی نوێ هەڵدێم.

شاعیر ھەر وەکوو لەو سەرنجەی کە خۆی بەر لە دەستپێک ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: ئەم شیعرانە بە شێوەیەکی ڕیالیزمانە نووسراون. بۆیە بێ شرۆڤەکردن لەوەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو پەیامە بگەیەنن کە شاعیر ئارمانجیەتی. دەشگونجێت شاعیر ھەڵبژاردنی ئەم ڕێبازەی ڕێک بۆ ئەوە بووبێت، پەیامی شیعریەکانی ئاسانتر بگات، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو دۆخەی تێیداین لای شاعیر دۆخێکە پێویست دەکات زمانی شیعری ئاسان و قووڵ بێت. ئەویش بەو ئارمانجەی خەڵکی ئاسانتر دۆخەکەیان بۆ ھەزم بکرێت یاخود ئاسانتر لە دۆخەکە بگەن لە ڕێگەی شیعرەوە.
شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ھەموو ئەو ڕووداوە درووستکراو و خوڵقاوانە لێکەوتەی زۆر خراپیان ھەبووە و کارێکیان کردووەتە سەر مرۆی ئێمە کە بەدەگمەن یەکێک دەبینی ئاوات بە ڕابردوو نەخوازێت و نەفرین لە ئەمڕۆ نەکات. بەدەگمەن مرۆی ئێمە دەبینی لە ناخەوە پێبکەنێت. بۆیە لە چێوەی شیعرێکەوە دەڵێ:

کۆمەڵناسێکم دەوێت، خەندەم بۆ شی بکاتەوە.
یان پزیشکێک لە زار ورد بێتەوە،
بزانێت کەسێک لە دڵەوە دەکەوێتە قاقا.

شاعیر دەیەوێت، ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت بزانێت و بەر لەو سەفەرە درێژخایەنە پێی بڵێت نالی ئەوە ھەر تۆ نیت کە وڵاتت تەی کردووە و چوویت بۆ وڵاتی غەریبیان، وەرە و بنواڕە گەنجان چۆن لە دەست جەور و ستەم پۆل پۆل لە وڵات ھەڵدێن و ڕادەکەن. شاعیر دێت و نیوەدێڕێکی نالی تێکەڵ بە ناخی خۆی و داکەوت (واقیع)ـی ئیمڕۆ دەکات و دەڵێ:

لە دەست ستەمکاران
وڵات چۆڵوهۆڵ بووە قوربان!
حوجرە بووەتە زانستگە،
هيی مەلا نییە،
هيی مامۆستايش نییە،
بینای کوڕانی هەرزەکاری کڵاوسوور و ڕاوچییە،
بینایی نییە، لێیان مەگرە!
زانستگەر هەم یاخی و هەم شۆڕشگێڕ و
هەمیش دینارێکیان پێ نییە.
نالی! ئەم کەفوکوڵە چۆن دادەمرکێ؟
کە دەڕوانمە مانگ،
گەدەی بەتاڵم مانگا تێيدا دەبۆڕێنێ!

شاعیر لە ڕەخنەگرتن بەردەوام دەبێت و پەیتا پەیتا سەفەرەکەی نالییش بەرەو کۆتایی دەڕوات؛ بەڵام شاعیر دێت بەر لە کۆتایی چەند وێنەیەکی دیکەمان نیشان دەدات و دەڵێ:
نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.

شاعیر بە درێژایی پەڕتووکەکە زۆر ئیش لەسەر چڕیەتی بابەتەکان دەکات و دەیەوێت بە فەترەیەکی زۆرکەم زۆرترین ئەو ڕووداوانە بە ئێمە بگەیەنێت کە ڕوویان داوە. ئەمەش ژارێکی ئەوەندە سانا نییە، چونکە پێویستی بە سەلیقەیەکی زۆر ھەیە. لە ھەمان لاپەڕادا، چەند باسێک بە یەکەوە گرێ دادات و دەڵێ:
شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

شاعیر ڕووداوەکان وەک زەنگیانە بە نێو شیعری خۆیەوە دەکات و ھەرچی ڕووداوە بە جوانی بۆمان دەھۆنێتەوە. ئەمانەی نووسیمانن چەند نموونەیەکن لە کۆی پەڕتووکەکە. لەبەر ئەوەی ڕووداوەکان پاشاخانێکی مێژووییان ھەیە و گرێدراوی یەکترن، ئێمە ھەموومان نەنووسیون، ھۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو کە خوێنەر خۆی بتوانێت گوزەرێک بەنێو پەڕتووکەکەدا بکات و بە چاوی خۆی ببینێت چۆن لە پەڕتووکێکی قەبارە بچووکدا، ئەمما گەورە بە نێوەرۆک توانراوە ئەو ھەموو خەم و پەژارەیە بکرێتە پیاڵەی ئەم پەڕتووکەوە. ئەگەر شیعر نەبوایە پێم وانییە بە ڕۆمانێکی چەند سەت لاپەڕەییش تەواو ببوایە! شاعیر لەوانەش گرینگتر کە کردبێتی ئەوەیە نالی ھێناوەتەوە ھەم نێو شیعر و ھەمیش مێژوو، کە ئەوە کارێکی ئاسان نییە. نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت شاعیر شیعری نالی ئاوێزانی شیعری خۆی و ھەستی خۆی و ڕووداوەکانی سەدەی بیستویەک کردووە، کە ئەمە کارە قورسەکەیە، چونکە شیعرێک سەدەی نۆزدە نووسرابێت دوای دوو سەدە ھەمان شیعر درێژەی پێبدرێت کارێکی نەکردەیە، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە شاعیر ھەر لە ھەڵبژاردنی دێڕەشیعرەکانەوە دەزانرێت چ نالیناسێکی گەورەیە! شاعیر بەو چەند دێڕە ئێمە و سەفەری نالی بە کۆتایی دەگەیەنێت و دەڵێ:
لەم بیبابانی نیشتمانەدا، مەرگ هەموو کات منداڵێکی ترسلێنیشتووە، تا گەورە دەبێت، چ تۆز و خۆڵی بیابان هەیە لە چاویدا هەڵدەگڵۆفێت.




ئەو سەرک ئەستوورە بۆ نوێژان ناکات.. شەماڵ بارەوانی

بێگومان مرۆڤ تا زیاتر بخوێنێتەوە، تازیاتر ئاشنای فیکر و فەلسەفەو کولتوور ودیدی جیاواز بێت، تازیاتر بیربکاتەوەو بەراوردی نێوانی ئایینەکان بکات، زیاتر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان و تونێلی تێڕوانینی وڵاتر دەبێت و لەزۆر شت تێدەگات. هەڵەکانی ژیانی پێشووی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەست بەرداری دۆگمی مەزهەب و ئەقیدەی ڕەها گەرایی و دەیان تێگەیشتنی پێشووتری دەبێت. ئینجا لەسۆنگەی مرۆڤ دۆستی و فەلسەفەی ڕێژەییەوە لەشتەکان دەڕوانێت. تێدەگات کە پێشووتر ئەو لەچاڵێکی چەندە تەسک و داخراودا ژیاوە. دنیا زۆر لەو چاڵەی هزر و تونێڵەی بیر و باوەڕ و ئەشکەوتەکەی ڕوانینی ئەو فراوانتر و مەزنترە. ئیتر دەست دەکات بە پێداچوونەوە و ئەبدەیتکردنەوەی ئەو دیدەنیگایەی پێشووتر کە بەبەغە ئاسا، لەسەری تەڵقین درابوو. من هەندێک وێستگەی ژیان و قۆناغی فیکری خۆمم بیردەکەوێتەوە، هەر بەڕاستی شەرم دامدەگرێت و هەست بەخەجاڵەتیەکی بێ ئەندازەو تەریق بوونەوەیەکی زۆر دەکەم. لەخۆم دەپرسم هەربەڕاستی من وابووم؟!
دواتر خۆم وڵامی خۆم دەدەمەوەو دەڵێم دەی خۆمن ئەو کات لەقۆناغی هەرزەیی تەمەن و غەیبووبەی فیکری دابووم.
بیرم دێت. لەڕابردووو و قۆناغی ژیانی خوێندنی ئایینی و فەقێیاتیمدا، چەندە کەسێکی وشک باوەڕ و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست بووم. چەندە کەسێکی فێندەمێنتالیست و چەق بەستوو ناحاڵی بووم، سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و ئازادیەکانی تاک و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و دەیان کۆنسێپتی تر، ڕوانینێکی چەندە نێگەتیڤی و خراپم هەبوو. چەندە هەڵەو نزم و سوک لەچەمکی لەمرۆڤ بوونم دەڕوانی. چەندە سوک سەرنجی ڕەگەزی ژنم دەدا. چەندە نائاژەڵ دۆست و نامرۆڤ دۆست و دەمارگیر و ڕاسیزم بووم. چەندە کوێرانە شوێن کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتن کەوتبووم. چەندە ڕقم لە ئێزدی، کاکەیی، جو، مەسیحی و هەموو ئایینەکانی تر و ئاڕاستەکانی تری درەوەی بازنەی بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی خۆم دەبوویەوە. ئای خودایە چەندە هەڵە حاڵی کرابووین و تێگەیەندرابووین! لەو سۆنگەیەوە دەمەوێ نموونەیەکی ئەو قۆناغەی ژیانم بۆ خوێنەرانی ئازیز باس بکەم. بەحوکمی ئەوەی فەقێ بووین و زۆرجار مەلاکان لەجێگای خۆیان دەیانناردینە ژن (مارەکردنێ).
ڕۆژەک چومە ژن مارەکردنێ لای بەحرکەو ئەو ناوە، زاوا هات، ئەمەش بەشێک لەو مەلا بەڕێزانەی لایان دەمانخوێند وایان تێگەیاندبووین، هەر کەسەک نوێژی نەکرد، کە بەهیچ شێوەیەک وەک موستەلەحە عەشایەرەکە دەڵێت( ژنی لێ مارەنەبڕین)، چونکو دروست نییە و ئێمە شافعی مەزهەبین و بەپێی مەزهەبی شافعیش نوێژنەکەر فاسقەو نابی ژنی لێ مارەبکرێت. مەلایەکیش لەیەکێک لەمزگەوتەکان، زۆر جار کە پێشتوور دەڕۆشتمە وتارەکەی ڕۆژانی هەینی، زۆر بەخراپی و نەرێنی هێرشی دەکردە سەر نوێژنەکەر و دەیگوت: ئەگەر بەکۆڵانەیەکی تەسک دا ڕۆشتیت و لە ئاراستەی بەرامبەریشت سەگێک و نوێژنەکەرێک لەو کۆڵانەدا بوون، خۆت بدە لای سەگەکە، نەک نوێژ نەکەرەکە. بۆیە تابڵێیت ڕوانینێکی نێگەتیڤ و نزمم لەهەمبەر مرۆڤی نوێژنەکەر هەبوو، بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکەو سەرتان نەیەشێنم، ‌ئێ منیش بە زاوام گوت نوێژ دەکەیت کوڕە؟ مامەحاجیەکی بەتەمەن لەوێ بوو، نازانم چی کوڕەکە بوو، یەکسەر لەجیاتی ئەو وڵامی دایەوەو گوتی: وڵا کاک مەلا ئەوەی ڕاستی بیت ئەو سەرک ئەستوورە نوێژان ناکات. من ئەوکات ئایینم زۆر بەتوندی و حەماسییەوە گرتبوو. بەینی خۆشمان بێت ، ئیسلامی و هاوسۆز و لایەنگری بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیش بووم. ئیتر کەئەمەم لەو مامە جاجیە بیست و زانیم کوڕەکە نوێژ ناکات، تووڕەیی هەموو بوونی داگرتم و پێم گوت: کاکە ئەتو شەرم لەخۆت ناکەیت نوێژان ناکەیت؟ کو دەبی ئومەتی موحەمەدی نوێژی نەکات؟ ئێستا بەمن ناڵێیت جیاوازی توو جولەکەیەک چییە؟ هەرگیز ئەو ژنەت لێ مارەناکەم ئەگەر بشفڕی، چونکە بەپێی مەزهەب و ئایین تۆ فاسقی، سەرتان نەیەشێنم هەستام بڕۆم. هەموو دەوریان دام، کوڕە دانیشە مامۆستا مەکردمان و تو مەکە حەیامان دەچیت لەناو خەلکی بەو خوایەی، ئێ گۆتم کاکە دەبینن ئەوە نوێژی ناکات من کو ژنی لێ مارەبکەم؟! من و ئیمامی شافعی زۆر خاتریشمان گرتیە، گەرنا لای هەندەک مەلاو مەزهەب هەر کافریشە، دواتر گوتیان کاکە بەخودای وەعد دەدات دەست بەنوێژان بکات، گۆتم نا باوەڕم بە وەعدی نوێژ نەکەری نییە، دەبی ئیلا سوێندی بخوات، زاوای فەقیر لەشەرم و خەجاڵەتیان حەوت ڕەنگی گۆڕی و تنۆک تنۆک ئارەقەی شەرم لەسەر نێوچەوانی دەکەوتنەخوارەوەو ناچار سوێندی خوارد و گوتی بەو خوایەی ئیتر دەست دەکەم بەنوێژان، ئینجا لێم مارەبڕی.
ئێستاش کە ئەوەم بیردەکەوێتەوە، لەلایەک دەدەمە قاقاو تێر تێر بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوسام پێدەکەنم و لەلایەکەی تریش تەریق دەبمەوە و لەخۆم دەپرسم باشە من بۆوام کرد. هەر بەڕاستی من هێندە مەزهەبی و بیر تەسک و ئاسۆ داخراو بووم؟!




مەرگ، دۆستی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح

چیت؟ لێم دەوێت:

  • وشە ی ڕۆمان
    گۆرانی مەل
    دڵ ی ژن
    دۆستی منن
    نەک جەنگ!

لەناو ئاو دا!
تەرم بۆگەن ناکا
وەرە پێکەوە
بچین بۆ ماڵ ی دەریا
ترسم! لەو پیاوەیە
تفەنگی پێ یە!


لە کۆڵانەکانی ژیان
دەنگی شەڕ دێت.
سەنگەرەکان دوورن؛
ژەهر ( با) ڕاو دەنێت
دووری نێوانمان
هێندەی درێژی تابووتێکە
من ئابڵووقەم
تۆ ئاگات لە خۆت بێت!


چەند جوانییت!
چی؟ بوو ناوت!
ببورە!
شەڕی سەگ ەکانی ئەو دوو ڕاوچییە
لەسەر لەزەتی چەند ئێسقانێک
لە بیری بردمەوە!


دان م ڕۆدەکەم
بۆ کۆترەکان!
کچ ەکەم ژان دەیگرێت
بەر لەوەی شەڕ کۆتایی بێت


پۆستاڵەکانی بۆ داکەند
پڕ بوون لە خوێن.
بە هاوڕێکەی وت:

  • جوانی مەرگ لەوەدایە
    ئیتر شەڕ نابینم

لە دوایی جەنگ
چەم چوو بۆ ماڵی باخ؛
پیی وت:

  • بۆنت خۆشە،
    شێوەت جوانە.
    چۆن ماویت!
    ئەو هەموو فیشەکەیان
    پیوەناویت!



چـیرۆک بۆ منـداڵان.. بیـربکەرەوە پێـش ئـەوەی بڕیـاربـدەیـت.. و. رەزا شـوان

پـزیشکەکە زۆر بە خـێرایی هـاتە نـاو نەخـۆشخـانەکەوە، بۆ ئەوەی نەشـتەرگـەری بۆ منداڵێک بکات. بە پـەلە چـووە نـاو ژووری جـل گـۆڕین و جـلـێکی سـەوزی پـۆشی و یەکسەر بە خـێرایی چـوو بۆ بەشـی نەشـتەرگـەری. لە هـۆڵـەکـەدا بـاوکی منـداڵەکەی بـیـنی کە چـاوەڕێی دەکـرد.
باوکی منداڵەکە بە تووڕەییەوە: بۆ ئەم هەموو کاتەت پێچوو؟ بۆ نازانی ژیانی منداڵەکەم لە مەتـرسی دایـە؟
پـزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: ببـوورە، لەناو نەخۆشخانەکەدا نەبـووم. کە پەرستیارەکە بە تەلەفـۆن پەیـوەندی پێوەکردم، بە ئەوپەڕی خێراییەوە هاتـم. هـيوادارم هـێورببیتەوە. تا بتوانـین بە ئـەرک و کـاری خـۆمـان هـەڵـبستـین.
باوکی منـداڵەکە: هـێوربـبم! گەر منـداڵەکەی تـۆ لـەم ژوورەدا بێـت ئایا هـێوردەبیـتەوە؟ گـەر منـداڵـەکەی تـۆ لە چـاوەڕوانی پـزیـشکـدا بێـت و بمـرێـت چـی دەکـەیـت؟
پـزیشکەکە دیسان بە زەردەخـەنـەوە: ئێـمە ئەوپـەڕی تـوانامـان بەکـاردەهـێنـین بـۆ ئـەوەی منـداڵـەکەت چـاک ببـێـتـەوە.
دوایی پزیشکەکە چـووە ژووری نەشتەرگەرییەوە، لە دوای دوو کاتژمێر هاتە دەرەوە.
پزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: سوپاس بـۆ یەزدان، نەشتەرگەرییەکی سەرکەووتـووم بۆ منـداڵەکەت ئەنجـامـدا. ئێستا تەنـدروستی زۆر باشە. گـەر هـەر پرسیارێکـت هـەیە لەم خانمە پەرسـتیارەی بکە وەڵامـت دەداتـەوە.
دوایی پـزیـشکەکە زۆر بە خـێرایی لە نەخـۆشخـانەکە چـووە دەرەوە و رۆیـشـت.
باوکی منـداڵـەکە بە پەرستـیارەکەی وت: ئـەم پـزیـشـکە بـۆ هـێــندە لـووت بـەرز و لەخۆبـاییە؟ بـۆ نەیـدەتـوانی بۆ ماوەی چەنـد خولـەکـێک لەگـەڵمـدا رابوەستـێـت، تا دەربـارەی نەشتەرگەرییەکـە و دۆخـی منـداڵـەکەم چـەنـد پـرسـیارێـکی لـێـبـکەم؟
خانمە پەرستیارەکە دڵۆپ دڵۆپ فـرمێسک لە چاوەکانی دەهـاتنە خوارەوە: نا وانیـیە. پـزیشکێکی زۆر دڵسۆز و خاکی و رووخۆشە. ئەم بەیانییە، منـداڵەکەی بە کارەساتی ئۆتـۆمبـێل شێلان گیانی لەدەست دا. کە بە تەلەفـۆن پەیـوەندیـم پێـوە کـرد، خەریـکی ناشتـنی منـداڵەکەی بـوون. کە ناشتیان، یەکـسەر بە ئەوپـەڕی خـێـراییەوە هـات، بـۆ ئەوەی نەشـتەرگەری بـۆ منـداڵـەکەی تـۆ بکات و لە مـردن رزگـاری بکات. بۆیـەش
بە پـەلـە رۆیـی، بـۆ ئـەوەی لە پـرسـەی ماتـەمیـنی جـگەرگـۆشـەکەیـدا ئامـادەبێـت.
باوکی منداڵەکە، زۆر خەمبار بوو، زۆریش پەشیمان بـۆوە لەو قـسە رەقانەی کە لە رووی پـزیشکەکەدا کردی. چـوو بـۆ پرسەکەی و سەرەخـۆشی لە پـزیشکەکە کرد و زۆر داوای لـێبـووردنیـشی لـێکـرد.

(*) ئەم چیرۆکەم لە ئینگـلیزییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەریشی بە سەرەوە نییە. (Think befor you judge)




سەیرە ئەگەر.. نەوزاد بەندی

سەیرە ئەگەر
جەنگیش نەبێ و
زۆربەی هاووڵاتیانیش بریندار بن ..
فڕۆکەی سیخۆ و ئێف شانزە
بۆردومانیان نەکرد بێ و
کەچی بۆ هەرچی بڕوانی ،
وێران بوو بێ و ..
شارەکان وەک شوێنەوار بن ..
شەقام و پڕۆژەکانی هەڵتەکی بن ..
قەرزیش تا بینە قاقا بێ و
دانەوەیان ئەوەلەویەت و سەرەکی بن ؟

من تێناگەم ،
چۆن چۆنی بە بێ هیچ کڕین ، قەرزی زۆریش کەڵەکە بێ ؟
ئەمە قومارە ..
یان سیحرە ..؟
یان وەک شتێ ،
دزی و فێڵ و تەڵەکە بێ ..

بە بێ فیشەک ،
چۆن خەڵکی خوێنیان لێ ئەتکێ ؟

چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ
هیوا و دڵ و خەونی خەڵکی
زیاتر ئەشکێ ؟

ــن . بەندی ـــــــــــــــ