سەلەفی، نامۆبوویەکی دازناو… کاوە جەلال

ئێمە پەیوەند بە کەسی سەلەفییەوە جۆرێکی لێرەبوونی نێوجیهانیمان هەیە، کە وەک ئەم جۆرەی لێرەبوون ئاستێکی بۆ خۆی سرەوتاندووە و بە یاریدەی تێکست، واتا گۆتراوی چەسپێنراو بە نووسین، ڕەوایەتیی پێدەدات.
ئیمان بەگشتی بڕواهێنانە بە زاتێکی یان هۆشێکی دەرجیهانی کە هاوکات کاریگەریی مۆرالی لەسەر ڕەفتاری کەسی بڕواهێناو دەنوێنێتەوە، ئەمەش خۆمان زۆر جار بە چەندین شێواز لە ژیانی جڤاکیدا لای کەسانی نزیکمان بینیومانە، بۆ نموونە پیاوێکی / ژنێکی ئاغر کە لەسەرخۆیە، ئیرەیی بە کەس نابات، دژی ناکۆکی و فیتنەییە، تا بۆی بکرێت خوداپەرستیی خۆی ئەنجام دەدات و هتد. ئیمان دەشێت ئارامیبەخش بێت، بێگومان هەروەها زۆر دەشێت مرۆڤ لە خۆی نامۆ بکات. بە هەر حاڵ، مرۆڤی ئیماندار، وەک کەسێتیی جڤاکی، لەنێو پەیوەندییە جڤاکی و کولتووری و زانستییەکانەوە، لە ساتێکی دیاریکراوی ژیانیدا، هەڵوێستەیەکی کردووە، ئیمانی هێناوە یان سوننەتییانە بڕیاری بۆ گوێرایەڵی و پیادەکردنی ڕێنوماکانی ئاینی سەروەر داوە، ئەوجا وەک ئیماندارێکی دیاریکراو دەرکەوتووە: ڕوخسارکراوە بەبێ شێوەی چەسپێنراوی خۆپۆشین و مەیکئەپی ئیدیۆلۆگییانە. بە پێچەوانەوە گەر ئێمە لە سەلەفی وردبینەوە، ئەوا بە شێوەی ڕوخسار و ژست (Gest)یدا دەبینین کە ڕوناکی “نزیکەی” لەنێو دەروونی ئەودا نییە. ئەو جیڕە، مۆنە، بەردەوام لە بەرهەڵستیدایە، لە پێناوی خۆپارێزیدا جنێودەرە، ئەوە بەتایبەتی گەر هاتوو بنەڕەتەکانی بڕوای ئەو ڕەخنەییانە هەڵبدرێنەوە، هەروەها سێکسیستە، ئەمەش بەتایبەتی لەکاتی سەندنی دەسەڵاتدا خۆیا دەبێت (داعش)، جگە لەوە جیهان لە دەرەوەی جیهانی ئەندێشەيی خۆی وەک تاریک، خراپ، نەخۆش، شەیتانی “دادەنێت”. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ببێژین، کە سەلەفی کەسێکی “هانابردووە” بۆ ئاین، بێگومان ئاین وەک دەستوێژی ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی سەرجەم پەیوەندی و دیاردەکانی جڤاک “ی ئەمڕۆ”، سەرجەم ئەدەب و هونەر بەگشتی و بەتایبەتی هینی “ئەمڕۆ”، سەرجەم زانستەکان “ی ئەمڕۆ”.

ئێمە لێرە، بەبەرجەستەیی، کێشەیەکی مرۆڤییانەی خۆرهەڵاتی ئیسلامیمان هەیە لە سەردەمێکی تەنگژاویی مێژوویی ئەو دەڤەرەدا. بێگومان دەشێت لێرەدا جڤاکە جیاوازە خۆرهەڵاتی-ئیسلامییەکان کەم یان زۆر بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە لە تەنگژەدا بن. ئێمە بۆ نموونە لای کوردەکانی ئێراق بەگشتی وەرگۆڕینی جڤاکیمان (Gesellschaftswandel) هەیە، واتا گۆڕانکاریی ئەوتۆ کە ڕەفتاری نوێ و شێوازی نوێی بینینی ژیان، بەڵێ تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی نوێ دەهێننە ئاراوە. لەم دەڤەرەدا چەندین جۆر یان تەنانەت شێوازی نوێی پێشبینیکردن و پیادەکردنی ژیان سەریانهەڵداوە، ئاڕاستەکان پەرەیان سەندووە، کەسانی یەکجار زۆر بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئەوان زەردەشتین یان مولحیدن، هاوکات دەبینین، جەژنی نەورۆز لە لایەن کەسانی یەکجار یەکجار زۆرەوە بەبێ گوێدان بە گەڤ و هاتوهاواری سەلەفیانە پیرۆزدەکرێت، کیژان و کوڕان سەرباری مەترسیی شیاو لەسەر ژیانیان کەسەکییانە یاخی دەبن، هەروەها بەئاشکرا و بەتایبەتی لە سۆشیالمیدیادا خودی ئاین و کتێبە پیرۆزەکەی تەنانەت بە خودی پەیامهێنییەوە لەژێر پرسیار یان ڕەخنە و هێرشی بەردەوامدان، بەڵێ تەنانەت شێوەی شار و گوندەکانیش گۆڕراوە، ئەوجا لە بواری ئەدەب و هونەردا نووسەران و هونەرمەندانی بەواتا هەڵکەوتوون، توێژەرانی جددیی هزری و زانستی لە کرۆکەوە جێیان بە قەدیمییەکان لێژ کردووە، جا گەرچی ئەوان هێشتا هەر بەڕێی پێگەی دامەزراوەیی و خۆگونجاندنی رواڵەتی یان ملکەچی بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی، کارایی خۆیان پاراستووە.

ئێمە بەبێ دیارهێنانی ئەم ڕەوشە جڤاکی و کولتووری و زانستی (بەزۆریی سوننەتییە) ناتوانین تا ڕادەی شیان دروست لە کەسێتیی سەلەفی نزیکبکەوینەوە. سەلەفی لەنێو سەرجەمی ئەم پەیوەندییانەوە دەرکەوتووە، لەنێویانەوە ئاستی لێرەبوونی خۆی چەسپاندووە و تێکستە ئاینییەکانی دەخوێنێتەوە تاکو لێوەیان دەستکەلا پرۆپاگەندەییەکانی هەڵببژێرێت و ئەوجا شەڕی خۆی ڕابگەیەنێت: بە وتاردانی هەڕەشەئامێز، بانگخوازیی هەڕەشەئامێز، ئاگیتاسیۆنی سیاسی.

سەلەفی مەبەستمەندانە دەخوێنێتەوە، لێ ئەو لە خوێندنەوەدا بابەتگەرایە، واتا بابەتەکانی وەک “شت” دادەنێت، ئەوجا، لەتەک ئادۆرنۆدا بدوێین، ڕستە خوێنراوەکانی کە تایبەتن بە پرسە جیاوازە جڤاکی و نێومرۆڤییەکان، لەنێو هۆشی خۆیدا ڕادەگرێت، لێرەشدا ڕستەکان کە تاکە دەستکەلای کردارنوێنیی ئەون، بەردەوام لەنێو هۆشیدا ئامادە دەمێننەوە و هێدی هێدی لەنێویدا دەسرەوێن، دەچەسپێن، کە ئیدی لە سەرئەنجامدا هۆشی ئەو خۆیشی دەشتێت، دەمەیێت، وشکهەڵدێت (هیپوستاز دەکات = دەبابەتێت). ئەمە بریتییە لە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی کە بێگومان ئەو بەهۆی نامۆبوونییەوە لە خۆی پێی نازانێت، بە پێچەوانەوە شانازی بە بێگەردی و جیاوازیی کرداری-جڤاکییانەی خۆیەوە دەکات و بەئاشکرا پێشانی هەمووانی دەدات. سەلەفی خۆی بە بکەری مێژوو دادەنێت، وەلێ بکەرێک کە دەیەوێت سەرجەمییانە “ئەمڕۆ” ڕووەو “ڕابوردوو”یەکی ئیدیالی بەناو ئیسلامییانە وەربچەرخێنێت، واتا بیگەڕێنێتەوە بۆ نێو پێکەوەژیانی پێشبینیکراو و حیکایەتییانە هۆنراوەی ئارەبە موسڵمانە بەدەوییەکانی حیجازی دوازدە، سیازدە، چواردە سەدە لەمەوبەر (ئاخر هیچ کەس دەستپێکی مێژووی سەرەتای ئیسلام نازانێت، بەڵێ تەنانەت خودی سەرەتاکانی پەیامەکە لەژێر پرسیاردان، تەنانەت سەرجەمی ئایەتە مەککەییەکان ئەدەبناسییانە وەک شێوازی هۆزانی (شیعری) فارسی، کەواتە جیاواز لە شێوازی هۆزانی ئەرەبیی پێش ئیسلام، جەختیان لێکراوە و ساغکراونەتەوە).

بێگومان ئێمە پێویستە پەیوەند بەم ڕەوتەی نامۆبوونی کەسێتیی سەلەفییەوە نامۆبوونێکی مرۆڤییانەی پێشینەیی نێو جڤاک جەخت لێبکەین کە هاوکات دەشێت ئاینی بێت. لەم ڕوانگەیەوە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی بریتییە لە هەڵزناندنی نامۆبوونە نێوجیهانییە کەسەکییەکان و ئەوەش تێکستی تۆمارکراوە کە گوڕ بە نامۆبوونەکە دەدات. گەر بەگشتی بڕوانین، زۆر دەشێت مرۆڤ وەک لە خۆنامۆبوویەک درێژە بە ژیانی نامۆبووی خۆی بدات، بۆ نموونە رواڵەتگەرایانە بیداتە بەر بەبێ ئەوەی هەرگیز پێویستی بەوە بێت بپرسێت لەبارەی: خۆی، کردارەکانی، هۆکاری ناکۆکییەکی لەتەک هەڤاڵێکیدا، لەبارەی بێلایەنیی جڤاکی و سیاسیانەی خۆی، لەبارەی بەرژەوەندگەراییەکەی، بەڵێ بۆ خۆی بەسانایی بژی و زیانی بۆ کەس نەبێت یان بەدەگمەن هەیبێت. لە بنەڕەتدا لەنێو ئەم پەیوەندییانەی نامۆبوونەوە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی سەرچاوە دەگرێت و بە بابەتگەرایی تێکست، بە ئەندێشەی پاکژیی ئارەبە بەدەوییەکانی بیابانی حیجاز و ئەم یان ئەو سەحابە، بە گوێگرتنی لە سنووربەدەر لە سترانی قورئان، بە ئەندێشەی ڕابواردنی ئەبەدی لە ئەو دنیا، خۆی لە ژیاندا ڕادەگرێت، لێرەشەوە ئیدی نەرێنییانە بەرپەرچی هەموو شتێک دەداتەوە کە لەتەک حیکایەتەکانی ئەودا نەگونجێت.

وشکهەڵهاتنی هۆشی سەلەفی بەتایبەتی پەیوەند بە زانستە سروشتییە مۆدێرنەکانەوە خویا دەبێت. گەر لە تێکستی وشکهەڵهێنراوی ئەودا تۆمارکرابێت کە تەنیا ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا هەن، ئەوا سەلەفی نکۆڵی لە باکور و باشور دەکات نەک ڕستە تۆمارکراوەکانی نێو کتێبە پیرۆزەکەی بخاتە ژێر پرسیارەوە، گەر وشەییانە جەخت لە تەختێتیی زەوی کرابێت، ئەو نکۆڵی لە شێوەی نیمچە-هێلکەیی زەوی دەکات، جا گەرچی نەک تەنیا دەشێت بە ساتەلیت ئەو فۆرمەی زەویی پێشان بدرێت، بەڵکو دەشێت مرۆڤ بە چاوانی خۆی لە کەناری دەریاوە کووڕێتیی زەوی ببینێت. ئەوجا کیمیای خانەکانی زیندەوەران کە دەستپێکی یەکخانەیی سەلماندووە و تیۆرییانە پێشانی داوە کە لەتەک دووخانەییدا بزووتن وەک دەستپێکی ژیان سەریهەڵداوە، هیچ پرسیارێک لای ئەو ناخاتەوە. بەکورتی و بەکوردی ببێژین: هیچ بە مێشکیدا ناچێت. وەریناگرێت. بەشتبوونی ئەو خۆی گەیشتووە بە ڕادەیەک کە لای ئەو تەنیا قەوارە شتی سرەوتێنراوی نێو هۆشی چواندنیان هەیە، قەوارەکانیش وەک گۆتمان لە تۆماری سەرکاغەزی تێکست و هەروەها حیکایەتە گێڕراوەکانەوە هۆنراونەتەوە و وشکهەڵهێنراون.
بێگومان مرۆڤ لێرەدا دەکەوێتە بەردەم پرسیار لەبارەی “زەینی سەلیمی مرۆڤی”. لێ وەک گۆتمان، سەلەفی تازە لێبۆتەوە، چونکە پرۆسەی خودنامۆبوونی ئەو بە ڕادەیەک گەیشتووە کە ئیدی ئەو بەتەواوی لە “هۆمۆ ئیسلامیکوس”ی سانای سەرەتای نامۆبوونییەوە بووە بە “هۆمۆ سەلەفیکوس”.

ڕەنگە بەڕێزێک ببێژێت: دەبێت جەنگ لەدژی جەنگی ڕاگەیەنراوی سەلەفییانە ڕابگەیەنرێتەوە؛ پێدەچێت، وەلێ مەرج نییە، ئەمە هەڵوێستێکی مارکسیستییانە بێت، یان بریتی بێت لە هەڵوێستێکی سۆفییانەی ئیسلامی، زەردەشتی و هتد. ڕەنگە بەڕێزێکی دی ببێژێت: “ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە سەلەفیزم بە یاسای تایبەتی یاساغ بکات و سەلەفییەکان بۆ زێدەڕەوییان سزا بدات”؛ ئەمیان ڕوانگەیەکی جەختکەرە لە پاراستنی پەیوەندییە جڤاکی-دەوڵەتییەکانی هەنووکە. ڕەنگە بەڕێزێکی دی وای دابنێت کە: “ڕۆشناییدان، واتا ناساندنی مرۆڤان بە مرۆڤێتیی خۆیان کە کرۆکی ڕۆشناییە، ئەوجا هەڵوێستی هەڵوەشانگەرییانەی جۆری خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی تێکستەکان، باشترین ڕێگەچارەیە”؛ ئەمیان هەڵوێستی پەروەردەییە کە بەبێ گومان شۆڕشگێڕێتی لە خۆ دەگرێت، چونکە لێرەدا هەوڵ دەدرێت کەسانی سوننەتی بە مرۆڤێتیی خۆیان بناسێنرێن.

هەرچۆنێک بێت، سەلەفیزم “دیاردەیەکی تاریکیگەرای سیاسی”یە وەک بەرهەمی تەنگژەی بونیادییانەی سەرجەم جڤاک لە دەڤەری کولتووری-ئیسلامیدا، هەروەها بەرهەمی تەنگژەی خودی ئیسلامە – ئیسلام سەرەتا وەک ئاین، چونکە هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ چە مێژوو و چە بنەماکانی ئەو ڕەخنەییانە لێنەتوێژراونەتەوە و نوێنەرەکانی هێندەی ئەمڕۆ بە ئەندازەی توێژینەوەکان دەستەوستان نەبوون، وەلێ هەروەها ئاین وەک کولتوور، چونکە خوو و نەریتە سوننەتییەکان چیدی هێندە ئاسان کاراییان نانوێنن. لەم ڕەوشەدا بەتایبەتی پیاوانی دەسەڵاتخوازی کۆنزەرڤاتیڤ (هەیەپارێز) بەتۆقیوی پەرچەکرداری سیاسی-ئاینی دەنوێنن، لەنێو ئەمانیشدا سەلەفیزم وەک توندڕەوترین جۆری پاشڤەروویی، بە گەڕاونەتەوە بۆ ڕابوردوو، زیتدەبێتەوە و دەیەوێت دەسەڵاتگەرایانە ڕێگەچارەی خۆی بسەپێنێت، ئەوە گۆیا لە پێناوی خەڵاسدا. بەڵێ گەر لە ڕەفتاری سەلەفییەکان وردبینەوە، ئەوا دەبینین کە ئەوان بەدووی سەندنی دەسەڵاتەوەن، هاوکات سەرجەمی حیکایەتەکان لەبارەی فڵان یان پەیامهێنەکەیان کە گۆیا ئەوها و ئەوهای کردووە، دەستوێژی ڕەوایەتیدەرن بە کردارەکانی ئەمڕۆی خۆیان. بۆیە هیچ جێی سووڕمان نییە کە پێکڕا شەیدای کیژانی هەرزەکار یان تەنانەت کیژانی زارۆکن. ئەوان لەنێو تێکستی تۆمارکراوی ئاینەکەیان و حیکایەتەکاندا بۆ دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە حەز و خۆزگە و ئارەزووە کەسییەکانیان دەگەڕێن.

بێگومان، گەر لە دەڤەری کوردییەوە بڕوانین، دەبینین کە سەلەفیزم هێندە پڕمەترسی نییە، چونکە ناسیۆنالیزم کە خۆی شێوەیەکی ئاینە، لەنێو کورداندا هێشتا هەر بەهێزە، جگە لەوە ئیسلامی میللی (خەڵک) فراوانترین ئاڕاستەی ئاینییە، هەروەها چەندین ئاڕاستەی ئاینی و جیهانبینییانەی دی دەرکەوتوون و دەشێت هەموویان لە ئەگەری بەمەترسیبوونی سەلەفییەکاندا دەست بدەنە چەک و لەدژیان بجەنگێن. لە بنەڕەتدا زۆرینەی خەڵک گوێیان لێناگرێت، بەڵکو تاکە تاکەی کەسان، کە دەروونشێواون، داماون، بۆ کیژان ئاگریان تێبەربووە و ناوێرن مێبازی بکەن، یان جارێک لە لایەن کیژەوە دڵیان شکێنراوە، ئەوجا ڕەنگە کوڕە هەژار بن و بەردەوام سامانداران ببینن، کوڕانی ناسک بن و بەردەوام بێدادیی جڤاکی و ئابووری ببینن، هەروەها لە قووڵایی ناخیانەوە ئارەزووی ژیاندنی ژیانی خۆیانیان هەبێت، وەلێ لەبەر ئەوەی کەسێتییەکی ترسنۆکیان هەیە، نەوێرن ژیانیان بژێنن، کە ئیدی بۆ خۆساغکردنەوە و خۆگیرساندنەوە بگەڕێن و کتوپڕ بخزێنە نێو داوی سەلەفیزمەوە، داوی “دینبازان”ی بەبکەربووی سەلەفیستییەوە، واتا لای مەلا و بانگخوازە بەرژەوەندگەراکان بگیرسێنەوە، لێرەشەوە ئیدی بخزێن بۆ باوەڕهێنان بەو ناڕاستییە کە گۆیا تێکستە بەناو پیرۆزەکان دەرفەتیان بۆ دەڕەخسنن تاکو دژبێژییەکانی بیرکردنەوە و دژبەرییە ناخەکییەکانی خۆیان یەکلابکەنەوە، بێئاگا لەوە کە ئەوان بەو ڕێیەوە لە پرسیارەکانیان ڕادەکەن و خواست و ئارەزووەکانیان “دەچەپێنن”. بەکورتی، ئەم کوڕە ترسنۆکانە کۆڵ دەدەن، خۆیان وەک سەربازی ئەڵڵا پێشبینی دەکەن، تا بکرێت بە یاریدەی نوێژ و ڕۆژوو ڕێ دەگرن لەوە کە داواکارییە مرۆڤییەکانیان بەرۆکیان بگرنەوە و ناخیان بهەژێننەوە، کە بێگومان هەرگیز ئەوەیان پێبەدیناهێنرێت، چونکە بوونەوەری مرۆڤین و ئەم سروشتەش خۆڕسکانە پێویستی بە ژیاندنی خۆیەتی.

کاوە جەلال




کۆتایی گڵۆباڵیزم… نووسینی: ئادەم پۆسن… وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

ئایا جەنگی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکڕانیا چ دەگەێنێت بۆ ئابووری جیهان ؟


نووسینی: ئادەم پۆسن : ١٧ی ئازاری ٢٠٢٢
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

لە سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئابووری ڕووسیا بەهۆی گەمارۆکانەوە بەرەو داڕمان ڕۆیی. دەستبەجێ دوای ئەوەی کڕملین هێرشی کردە سەر ئۆکڕانیا، ڕۆژئاوا دەستیکرد بە دەست بەسەرداگرتنی سامانی هەرێ ئەودەوڵەمەندانەی کە لە،پۆتین، سەرۆکی ڕوسیاوە نزیکبوون، فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیایان بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا قەدەغەکرد، هەروەها ئابووری ڕوسیایان سنووردار کرد لە هاوردەکردنی تەکنۆلۆجی. لە هەمووی گرنگتر، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سامانی یەدەکی بانکی ناوەندی ڕوسیایان سڕکردوهەروەها نەک هەر ڕوسیایان دەرکرد لە سیستەمی بانکی نامەیی سویفت بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوەو مامەڵە بە پارەوە، بەڵک و دامەزراوە بنچینەییەکانی دارایی نێودەوڵەتیش کە لە نێویاندا هەموو بانکەکانی دەرەوەو خەرجکردنی نێونەتەوەیی پارەشی گرتەوە. لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕوسیا بەهای ڕۆبڵ هاڕەی کرد، کورتهێنان لە تەواوی ئابووری ڕوسیادا دەستی پێکرد، ئیتر حکومەت لەوەدەچێت کە نەتوانێت قەرزەکانی بە دراوی بێگانە بداتەوە. قسەو بۆچوونی خەڵک وترس لە لێدان بەهۆی گەمارۆکانەوە وای لە خاوەنکارە ڕۆژئاواییەکان کردووە کە بە کۆمەڵ ڕوسیا بەجێبهێڵن. بەو زوانە ڕوسیا وای لێدێت کە نەتوانێت پێویستیەکانی هەم بۆ بەرەنگاری و هەم بۆ بەکاربەرانیش بەرهەم بهێنێت. هۆیەکەشی هەرئەوە دەبێ کە پێکهاتە بنچینەییەکانی بۆ ئەو مەبەستە نامێنێت.
وەڵامی دێموکڕاتیانەی جیهان بۆ دوژمنکاریەکەی مۆسکۆ و هەروەها تاوانەکانی جەنگ لە جێی خۆیدایە، هەم لە ڕووی ئەخلاقی و هەم لە بەرمەبنای ئاساییشی نەتەوەییشەوە. ئەمەیان گرنگترە لە چالاکی و توانای ئابووری. بەڵام ئەو کردەوانە ئەنجامی خەراپیان دەبێ لە ڕووی ئابوریەوە کە لە ڕووخاندنی دارایی ڕوسیا زیاتر پەلداوێت و بەردەوامیش دەبێ و شتێکی باشیش نابێت بۆ ڕوسیا.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دوو مەیل گڵۆباڵیزمیان لە بەرەودەوامی بەرەوپێش چوون پەکخستووە. یەکەمیان پۆپیولیستەکان و نەتەوەچیەکان بوون کە گرفت و تەگەرەیان خستۆتە بەردەم ئازادی بازرگانی، وەبەرهێنان، کۆچبەران، هەروەها بڵاوکردنەوەی بیرۆکەومەبەست بە تایبەتی لە ئەمریکادا. دووەمیان، بەرەنگاریەکانی چینە لەبەرامبەر یاسا ئابووریەکانی نێودەوڵەتیداو هەروەها ڕێکخستنی پلان و ئامادەکاری درێژماوە لە ئاسیادا لە لایەن چینەوە وای لە ڕۆژئاوا کرد کە ئەوانیش تەگەرە بخەنە بەردەم گەشەو فراوانبوونی ئابووری چین. جا بۆیە ئەو جەنگەی ئێستای ڕوسیا لەگەڵ ئۆکڕانیا ئەو داخورانەی گڵۆباڵیزم خەراپتر دەکا. چەند هۆیەکیش لەوبارەوە لەگۆڕیدان. یەکەم: چین دەیوەێت بەشێوەیەکی دیبلۆماسیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داگیرکاریەی ڕوسیادا بکات بۆ ئۆکڕانیا. هەردووک سیستەمی دارایی و ئابووری ڕاستەقینەی چین بە وردی چاودێری گەمارۆکان دەکەن چونکە دەترسن کە ئەگەربێت و هاوکاری دارایی ڕوسیا بکەن یان پێویستیەکانی پڕبکەنەوە ئەوا لە ڕووی ئابووریەوە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە. ئیتر لە وە هەر گەڕێ کە چین بیەوێت ڕوسیا لە گەمارۆکان بێنێتەدەر. بۆیە چین کە ئەگەر بە تەواوی نەچێتە پاڵ گەمارۆکان بۆ سەرڕوسیا، ئەوا زیاتر گەشە بە سیاسەتی دژە چینی دەدرێت لە ڕۆژئاواداو لە کۆتاییشدا پەل دەکێشێت بۆ تێکدانی ئابووری چین. دووەمیش: وەڵاتان دەترسن کە بکەونە ژێر حەزو ئارەزووەکانی هێزی ئابووری واشنتۆن دوای ئەوەی کە سەرسامی هێزی ڕواڵەتی ئەمریکا بوون. لە ئێستادا لەوانەیە کردەوە ئابووریەکانی ئەمریکا دادپەروەرانە بن، هەروەها ڕەنگە وردە خەتەرێکیش لەگۆڕێدا بێت بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ئۆکڕانیا داگیر ناکەن کە ڕەنگە بخرێنە لا هەڵەکەی سیاسەتی ئەمریکا. بەڵام لە جاری دووەمدا لەوانەیە ئەمریکا زۆرتر بەرەو خۆپەرستی و گۆڕانیش بڕوات.
خاڵی کۆتایی ئەوەیە ئەوداڕمانەی کە گەمارۆکان بەسەر ئابووری ڕورسیادا دەیهێنن و ئەو بارگرانیەش کە ناوجەرگەی ئەوروپا تووشی دەبی ئەگەر ڕوسیا وەک پەرچە کردارێک لە بەرامبەر گەمارۆکان گازی سرووشتی و نەوت ببڕێ لێیان ، لە وانەیە ئەو بارودۆخە وا لە حکومەتەکان بکات کە پشتبەخۆیان ببەستن و خۆیان بپچڕێنن لە تۆڕی ئابووری نێودەووڵەتی. جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەمە دەبێتە هۆی خۆ لەناوبردن. لاوازبوونی هەر ئێستای ئابووری ڕووسیا نیشانی دەدا کە چەندە سەختە بۆ دەوڵەتێک بە تەنیا مەداربکات بە بێ مامەڵەی ئابووری لەگەڵ دەوڵەتەکانی تر. سەرباری ئەوەش هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوریەوە بتوانێت سەربەخۆبێت وای لێدەکات کە زیاتر گەمارۆی بخرێنەسەر، چونکە ڕۆژئاوا نایەوێت بە هەمان ئەندازەی ڕوسیا لەو بارەوە ریسک بکات. بەڵام دیسان ئەوەش ناتوانێت زۆرێک لە حکومەتەکان بوەستێنێت لە پاشەکشەو خۆخزاندنە ناو قوژبنێکەوەو چاوەڕێی ئەوە بن کە خۆیان بپارێزن ئەویش بەوەی کە بێنەدەر لە ئابووری جیهانی و گڵۆباڵیزم. بە دڵنیاییەوە پسپۆڕان بۆ چەندین ساڵە باس لەو دابەشبوونانە دەکەن و هەروەها ئەو وەڵاتە بچووکانەش کە هەوڵی خۆدوورخستنەوە دەدەن لە گڵۆباڵیزم سەرکەوتن بەدەست ناهێنن. بەڵام لە ئێستادا وا دێتە پێش چاو کە هەر بەڕاستی ئابووری جیهان بەرەو دابەشبوون دەڕوا بۆ سەر دوو لاو دوو بلۆک. یەکەمیان ڕووی لە چینەوەو دووەمیشیان ڕووی لە ئەمریکایە لەگەڵ زووربەی یەکیەتی ئەوروپا بەڵام هەمووی نا. لێرەدا هەر کامێکیان هەوڵی ئەوە دەدا کە خۆی جیابکاتەوەو لە کۆتاییشدا هەوڵی لاوازکردنی ئەوەی تریان بدات. بۆیە دەرەنجامەکانی ئابووری جیهانی زۆر ترسناک دەبن. کەواتە پیویستە لەسەر سیاسەتمەدارانی جیهانی درک بەو ترسە بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.
دۆلار خۆی دەگرێت!
سەرباری هەموو ئەو قسانەی کە دەربارەی چەکی ئابووری دەکرێن، گەمارۆکانی سەر ڕوسیا کاریگەر بوون تەنها لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەو گەمارۆیانەیان خستنە سەر ڕوسیا سەرتاسەری و شێلگیرانەبوون. بۆ نموونە سڕکردنی یەدەکەی بانکی ناوەندی ڕوسیا ئەوکاتە کاریگەریی دەبێ کە ئەگەر زۆرایەتی سیستەمی دارایی جیهان هەمان کار بکەن. کەواتە ئەوە هاوپەیمانانن نەکو دارایی کە بووەتە جێگەی سەرنج. جا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانە دژە ڕوسەکان کە پێکدێن لە هەموو دەزگا داراییە زەبەلاحەکان بێجگە لە بانکەکانی چین و هەروەها لەبەر ئەوەی بانکەکانی چینیش نایانەوێت لەو سیستەمە جیهانیە دووربخرێنەوە، کەواتە ئەو گەمارۆئابووریانە نابنە هۆی ئاڵوگۆڕی سەرەکی لە سیستەمی دارایی و بانکی جیهانیدا.
ئەو ئابووریانەی کە لە لایەن واشنتۆنەوە هەست بە هەڕەشە دەکەن، ئەو هەڕەشەیە دەبێتە پاڵنەرێک بۆیان کە ئەو کەل و پەل و شتەی هەیانە بیگوێزنەوە بۆ دەرەوەی ئەمریکا. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم هەڵس و کەوتەی واشنتۆن لە بەکارهێنانی لە ڕادە بەدەری هێزی دارایی، جا ئەگەر واشتنتۆن لەو کارەی بەردەوام بێت، ئەوا بۆی هەیە وا لە وەڵاتانی تر بکات کە بەدوای جێگرەوەیەکی دۆلارو هەروەها بۆ دۆزینەوەی ڕێبازو سیستەمێکی تری ئاڵوگۆڕی نێونەودەوڵەتی بگەڕێن. بۆیە لە ماوەیەکی درێژدا ئابووری دابەشبووی جیهان لە ژێر هەڕەشەی گەمارۆکاندا ڕووەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک ئەوەی کە ڕوسیا نیشانی دەدا، ئەوەیە کە هەتا دەستبردنیش بۆ یورۆ یان یەنی چینی، یان هەتا زێریش بۆ مامەڵەی بازرگانی ڕەنگە هاوکاری دەوڵەتان نەکات کە ئەگەر بێت و بەشداربووەکانی تری بازار لە خۆیان بترسن کە لە بازاڕو سیستەمی دۆلار دووربخرێنەوە. لەبەر ئەوەی لایەنێکی تر نامێنێت کە ئەوان بتوانن شت و مەکەکانیانی پێ بفرۆشن. دراوی دیجیتاڵیش دەبێ بڕیاری خۆی بدات ئاخۆ دەچێتە پاڵ گەمارۆکانەوە یان نا. لە حاڵەتی چوونیدا بۆی هەیە بەکارهێنەرانی دراوی دیجیتاڵ لەدەست بدەن چونکە ئەوان ئەو دیجیتاڵە وەک چارەسەرێک دەبینن. یان ئەوەتە دراوی دیجیتاڵی مڕاوەغە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکات و لەو حاڵەتەشدا لەوانەیە حکومەتەکان هەوڵی دوورخستنەوەی دراوی دیجیتاڵی بدەن یان بەرەو لاوازی بەرن.
دراوی چینی، لە هەوڵدایە کە ببێتە جێگرەوەی دۆلارهەتا ئەگەر بۆ نێو بلۆکی پەکینیش بێت. هەتا چین ڕێ لە خەڵک بگرێت بە ئازادانە سامانەکانیان لە سیستەمی بانکی ناوخۆیی بەرنەدەر، ئەوە سەرمایەگوزارو بانکەکانی ناوەند کە پەیڕەوی لەو سیستەمە دەکەن، کاریگەری هەڕەشەو گەمارۆکانی واشنتۆنیان هەر لەسەر دەبێ. پەکین دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بە جۆرێک بکات کە بتوانرێت دراوی چینی بگۆڕڕێتەوە باشترە لەوەی بە توندی کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڵام ئەگەر ئەوەش ڕوویدا، لەوانەیە بەهای دراوی چینی بە خێرایی بێتەخوار بۆ ماوەیەکی باش هەروەک لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ڕوویدا کاتێک کە چین بە شێوەیەکی کاتی حیسابی سەرمایەی خۆی کردەوە چونکا بە ملیاران لە خەڵکی کە پارەی پاشەکەوتیان لە ناو جیندا هەبوو بە ناچاری هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر بە مەبەستی سوودی زیاتر لە پاشەکەوتەکانیان. بە دڵنیاییەوە چین دەتوانێت بێتە جێگایەکی ئابووری و دراوی باش بۆ دەوڵەتانی بچووک و وەڵاتانی داماوو لێقەوماو کە هیچ چارەیەکی تریان نیە. بەڵام ئەو هەوڵەی چینیش بە سوود ناشکێتەوە بۆی و بەڵک و لە کاتی قەیرانی یەکێک لەو دەوڵەتانە ئابووری و دارایی چینیش دەکەوێتە مەترسیەوە.
بەرەو لێک هەڵوەشان چوون!
داگیرکاری و گەمارۆکان نابنە هۆی گۆڕانکاری دارایی گەورە لە ئابووری جیهان. بەڵام گڵۆباڵیزم کە هەر ئێستا ڕووی لە داخورانە ئەو داخوارانە خێراتر دەکا و ئەمەش کاریگەریی ئاشکراو فراونتر دادەنێ. ئەگەر تێکەولێکەی ئابووری لە نێوان دەوڵەتاندا بەرەو لاوازی بڕوات ئەوا داهێنان و گەشەی ئابووریش ڕوو لە داکشان دەکا. کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان هێزێکی زیاتریان دەبێ و دەتوانن داوای پارێزبەندی بکەن. وە لە ئەنجامیشدا داهات و بەرهەمی کۆمپانیای خێزانیش بەرەو نزمی دەڕوا.
بۆ ئەوەی بزانیت ئەمە بۆ وایە، ورد بەرەوە تا بزانی سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانی ( سەپلای چەین) چی بەسەردێت. لە ئێستادا، سەرچاوەی لۆجستی و تێچوونی زوربەی کۆمپانیا پیشەسازیەکان و تاکفرۆشەکان پشت بە یەکێ یان کۆمەڵێک شوێن دەبەستێت. وەختی خۆی یەک لۆژیکی بەهێزی ئابووری هەبوو کە بەو ڕێبازە سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانیی جیهانی پێکدەهات. ئەوان بەو کارە نەک هەر توانیان لە تێچوو کەم بکەنەوە و ئەویش بە هاندانی کۆمپانیاکان و کارگەکان ڕووەو تایبەتمەندی هەنگاو بنێن، بەڵک و ئەمە بووە هۆی زیادبوونی بەرهەم و خستنە بازاری ناوخۆوە . بەڵام بە تێفکرین لە بارودۆخی جیۆسیاسی و بابەتی ئەو پەتایە ، لەوانەیە ئیتر ئەو بەها جیهانیانە هیجیتر ئەو گرنگیەیان نەمێنێ کە ریسک بکرێت بە پشتبەستن بە شوێنە خنکاوەکان. بە تایبەتی کە ئەو شوێنانە لە ڕووی سیاسیەوە جیگیر نین یان ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت. کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان بە هاوکاری حکومەت دەتوان دڵنیایی بدەن لە بەرامبەر کێشەو گرفتەکان ئەویش بە درووستکردنی سەپلای چەینی زیاتر لە شوێنی ئەمینتر و سەلامەت تر. ئەمەش وەک هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی وایە کە دڵنیایی پاراستن دەدات لە کاتی هەر زیان لێکەوتنێکدا. بەڵام ئەمە تێچوونێکی ڕاستەوخۆیەو نابێتە هۆی دەسکەوتی ئابووری دەستبەجێ.
لە هەمان کاتدا ئەگەر بێت و کۆمپانیاکانی چین و ئەمریکا لە بەرامبەر یەکتردا نەکەونە پێشبڕکێ یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە یەکێکێک لەو دوو بلۆکە، لەوانەیە بەرهەم ڕوو لە کەمی بکات و لەوانەشە بەکارهێنەران ئەو جۆرە باشە و فرەیەی کە ئێستا دەستیان دەکەوێت لە بەرهەم ئەو کات دەستیان نەکەوێت. جا کاتێک ئەو بەکارهێنەرە حکومەت خۆی دەبێت، ئەوە ئەو کات زۆر ڕێی تێدەچێت کە کۆمپانیا پارێزراوەکانی ناوخۆ تێوەگلێن لە فێڵکردن وگەندەڵی و بەفیڕۆدان، لەبەرئەوەی پێشبڕکێ بۆ کڕینی بۆندو کۆنتراکتەکانی دەوڵەت کەمتردەبێتەوە. هێنانەگۆڕێی نەتەوەچیەتی و ترس لە هەڕەشەکانی ئاساییشی نەتەوەیی، وادەکا ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کە خۆیان نوغرۆی نیشتیمان پەروەری بکەن و تا ئەوپەڕیش بڕۆن هەتا دەگاتە بانک، چونکە پێیان وادەبێ کە بەوشێوەیە لە ڕووی سیاسیەوە هێندە گەورە دەبن کە نەکەون. ئیتر هۆیەک هەیەو دەبێ کە بۆچی کۆمپانیا داخراوەکان زیاتر گەندەڵی دەکەن.
جیهان گەشەسەندن و داهێنانی کەمتر بەخۆوە دەبینێت!
هەرلە ئێستاوە شیکەرەوان دەتوانن ئەوشتە بە واقیعی ببینن لەو ئیلتیزامات و قسە نیشتیمانپەروەریانەی کە لە لایەن جۆ بایدن و تڕەمپەوە دەکران دەربارەی ئەو کارگەو کۆمپانیایانەی کە هی ئەمریکان و لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەم دەهێنن. دەیان گوت دەبێ بهێنرێنەوە بۆ ناو ئەمریکاو جێگەکەی خۆیان. ئەوان ئاساییشی نیشتیمانی و شانازی پێەوەکردنی بە کاردەهێنن بۆ پاساوی ئەو سیاسەتانەیان کە بریتیە لە فێڵکردن لە هەردووک دیفاعی نیشتیمانی و هەروەها لە سەروو ٨٥٪ی کرێکارانی ئەمریکا کە لە پیشەسازی قورسدا دانەمەزراوون. پەسند کردن و بەچاکتردانانی بەرهەمی ناوخۆیی لەبەرامبەر بازرگانی پێشکەوتووی ئەو دیو سنوور لە ڕووی خزمەتگووزاری و تۆڕەکانەوە شتێکی سەیروجێی گاڵتەیە کە پێت وابێ ئەوە خزمەتگووزاری و تۆڕەکانن کە بە ڕاستی ڕۆژئاوای بەسەر ڕوسیادا زاڵکردووە لە بابەتی سەپاندنی گەمارۆکاندا و هەر ئەوەشە کە وای لە چین کردووە کە نەتوانێ ڕوسیا ڕزگار بکات.
هەر بە هەمان شێوە، داخورانی گڵۆباڵیزم ئەنجامی خەراپی دەبێت بۆ سەر تەکنۆلۆجی. چونکە ئەگەر بێت و بەهرە زانستیەکان لە ڕووی جیهانیەوە لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕی فکربکەن و هاوبەشی بکەن لە ڕەتکردنەوەی چەمکێکی زانستی یان سەلماندنی، داهێنان خێراترو بەربڵاوتر دبێت لە جیهاندا. بەڵام لێرەدا هۆیەکی سیاسی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەوڵەتەکان هەوڵبدەن وە دڵنیا بن کە تەنها دەبێ هاوپەیمانەکانیان بتوانن دەستیان بە تەکنۆلۆجی ئەوان ڕابگات هەتا ئەگەر بێت و سنووردارکردنەکانیش پەیوەندیەکی گوماناوی بە سوپاوە هەبێت. چونکە ئەوەتە لە ڕێگەی سیخوڕیکردنی ئەلەکترۆنیانە ئاسانە کە کەسێک بتوانێت دەستی بە دیزایینێکی تەکنۆلۆجی ڕابگات. جا ئەمەش زۆر گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە پاشەکشە لە داهێناندا. هەروەک چۆن دەزگاو پەیمانگا زانستیەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکاو ڕۆژئاواش خۆیان بێبەش دەکەن لە خوێندکارو زاناینی چینی و ڕوسی.
داخورانێکی زۆر لە گڵۆباڵیزم کاریگەری خەراپی لەسەر سوودی سەرمایە دەبێت لە ئابووری جیهانیدا و هەروەها بە هەمانشێوەش دەیبێت لەسەر هەر یەکێک لە لایەنەکانی تری ئابووریدا. ئیتر لێرە بەدواوە کۆت و بەندی تازە دادەنرێن لە هەر شوێنێک کە خەڵک بیانەوێت سەرمایەکانیان بخەنەگەڕو ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی فرەیی و ڕێژەش لە سوودو بەرهەمەکان. ترس و نەتەوەچیەتی لەوانەیە حەزو ئارەزوووی خەڵک زیاتر بەلای ئەوەدا بەرێ کە لە پێناوی سەلامەتی سەرمایەکانیان بێن لە نێو وەڵاتی خۆیان ولەگەڵ حکومەتی خۆیان و یان لەگەڵ ئەو شوێنەی کە پشتی بە ئاساییشی کەرتی گشتیەوەیە بخەنەکار. هەروەها حکومەتەکانیش بابەتی ئاساییسی نەتەوەیی و بابەتی جێگیکردنی داهات و دارایی بەیەکەوە گرێدەدەن و هانی هاوەڵاتیان دەدەن کە لە نێوخۆداو مامەڵە لەگەڵ نێوخۆدا بکەن بە تایبەتی لە کاتی جەنگەکاندا.
پەیوەندی کیشوەرییانە
بۆ یەکیەتی ئەوروپا دابەشبوونی گڵۆباڵیزم سوودێکی ئابووریانەی هەیە کە ناچاری دەکات لە ڕووی ئابووریەوە زیاتر یەکتر بگرێت و پشت بەخۆی ببەستێت. ئەوەتە لە کێشەی کۆچەبەرانی ئۆکڕانیادا کە بەرەو پۆلۆنیا و وەڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕادەکەن، تەواوی یەکیەتی ئەوروپا بە یەکەوە شان دەدەنە بەر کێشەکەو سەرچاوەکانی داراییان بە هاوبەشی بەکاردێنن. بۆیە لە جیاتی ئەوەی خەرجیەکان لەسەر ئەرکی یەک دەوڵەت بێت، یەکیەتی ئەوروپا بە تێکڕایی ئەرکەکەی لە ڕووی دارایی و لۆجستیەوە دەگرێتە ئەستۆ. جا لەمەودوا لەوانەیە یەکیەتی ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، زۆر یاسای ئابووریانەی تریش لەو بارەوە دەربکات کە بۆی هەیە واوەتر بڕواو سوودی بۆئابووری جیهانیش هەبێ. بۆیە داگیرکاری ڕوسیا بۆ ئۆکڕانیا ئەوڕاستیە دەچەسپێنێت کە ئەمە جیهانێکە لە ڕووی ئابووریەوە نزمەوسەرمایەدارانیش پێویستیان بە شوێنێکی وا هەیە کە دڵنیا بن لە سەرمایەکەیان . لەو ڕوەوە ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، دەتوانێت هەستێ بەو ئەرکەو دڵنیایی بداتە خەڵک کە نەترسن لەوەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە زۆنی ئەوروپادا و ببینن کە شوێنێکی جیگیرە بۆیان.
یەکیەتی ئەوروپایەکی بەهێزترهەلی تازە دەڕەخسێنێت بۆ گەشسەندن. نزیکەی هەموو ئەندامێکی ئەوروپا کە ئەڵمانیا سەرپەرشتی دەکا بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکارەکەی ئولاف شۆلز، پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ زیادکردنی نەفەقە وخەرجی سێکتەری بەرگری و زیاتر کردنی بەشداری کەرتی گشتی لە سەرمایەگوزاری ، ئەوەش وا دەکا کە کیشوەری ئەوروپا لەسەر پێی خۆی بوەستێ و کەمتر پێویستی بە سوتەمەنی سرووشتی ڕوسیا هەبێ. هەردووک لایەنی سەرمایەگوزاری تایبەتی و گشتی وا دەکا کە ئەوروپا هیچی تر چاوی لەدەستی ئەمریکاو چین نەبێت بۆ ئەوەی گەشەبکا؛ زیادکردنی پاڵنەرێکی تر بۆ ئابووری جیهان وا دەکا کە بەرزی و نزمی لە جووڵەی ئابووریدا ڕابگرێت و هەروەها جیهانیش لە بەرامبەر قەیرانە داراییەکاندا بە جێگیری ڕابگرێت. هەروەها گەشەکردنی خێرای ئابووری وا دەکا کە هەڵاوسان لە دارایی و قەرزەکانی دەرەوەدا ڕوونەدات هەروەک کە ڕوویدا کاتێک کە ئەڵمانیاو وەڵاتەکانی تری ئەوروپا بەرهەمی زیاتریان ناردە دەرەوەو شکەستیشیان لە ساغکردنەوەیدا هێنا.
ئەو دەستپێکانە یارمەەتیدەر دەبێن بە تایبەتی بۆ خودی زۆنی ئەوروپا. یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی قەیرانی یورۆ یەک دەیە لێرەوپێش بریتیبووە لە تێکچوونی باڵانس لە نێو ئابووری ئەوروپادا کە بە هۆی سیاسەتی دەستپێوەگرتن وسکهەڵگووشینی ئەڵمانیاوە تووشی بووە. بە زیادبوونی داواکاری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەندامانی ئەوروپا لەبەشی خواروو دەتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە بەشێک لە قەرزەکانیان لە ڕێگەی زیادکردنی ناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانیان لە جیاتی کەمکردنەوەی هەقدەست و زیادکردنی هێنانی بەرهەم لەدەرەوەڕا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پارەیەی لەسەریانە بیدەن. ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی بەهێزکردنی توانای یورۆ کە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، بە هەمانشێوە دەبێتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی ئەندامی نوێی تر لە ڕۆژهەلاتی ئەوروپاو هەروەها بەڕێوەبەرانی یەدەک لە جیهاندا. یورۆیەک کە لەناوخۆدا کەمترتووشی گرفت ببێت هەر بەرزدەبێت و بەهاکەشی جیگیردەبێت. ئەمەش لەبەرامبەردا دڵەڕاوکێی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا کەم دەکاتەوە.
ڕاستیەکی تاڵ
بەداخەوە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکڕانیا کەمتر هاوکارە لەگەڵ ئەو وەڵاتانەی کە لە گەشەسەندان. ئەوەتە هەر لە ئێستاوە بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی خۆراک و ووزە تەنگی بە هاوڵاتیانی وەڵاتە هەژارەکان هەڵچنیوەو داروخانی ئابووری جیهانیش کە وا بەڕێوەیە خەراپتر دەبێت. ئەگەر وەڵاتانی کەمدەرامەت ناچاربکرێن کە دەبێ لایەک هەڵبژێرن کە هاوکاری لێبەدەست بێنن و سەرمایەگوزاری لەگەڵدا بکەن ئەوا شانسی ئەوکارەیان لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کەمتر دەبێ. ئەو کۆمپانیایانەی کە دەکەونە چواچێوەی ئەو وەڵاتانەوە وایان لێدێت لە دەرەوەو لە ناوەوە زۆرتر پشت بە حکومەت بەستن. جا ئەگەر بێت و ئەمریکا و وەڵاتەکانیتر گەمارۆ زیاتر بەکاربێنن، ئەوا ئەو کۆمپانیایانە لەوانەیە کەمتر بتوان لەگەڵ ئەو ئابووریانەدا سەرمایەگوزاری بکەن. بۆیە کۆمپانیاکانی فرە ڕەگەز کە لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدان دەیانەوێت لە ئەمریکا دووربکەونەوە، چونکە نایانەوێت لە گەڵ لایەکدا سەرمایەگوزاری بکەن کە ناڕوون بێت و نەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت.
جا هەرێ ناخۆشیەکەی ئەم جەنگە بەشێکی لەوەدایە کە لە سەردەمێکدا هەڵگیرسا کە جیهان بە شێوەیەکی یەکسان وەڵامی نەدایەوە بە کۆپڤید-١٩ و هەروەها ئەو دەوڵاتانەی کە داهاتیان بەرزە بەشی پێویست لە ڤاکسینیان نەداو نەنارد بۆ وەڵاتە کەم داهات و هەژارەکان. ئەو پشتگوێخستنە سیاسیەی وەڵاتە زلهێزەکان لەبەرامبەر وەڵاتانی هەژارو دواکەوتوودا لە ڕووی واقیعیەوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی ئابووری لە سەرئاستی جیهان. ئەوەش بەهانە دەداتە دەست سێکتەری تایبەتی کە سەرمایەگوزاری لەو وەڵاتانەدا نەکات. تەنها چارەو ڕێباز بۆ هاتنە دەر لەو بازنەیە لە ڕێی سەرمایەگوزاری کەرتی گشتیەوە دەبێ و هەروەها جێبەجێکردنی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە . لە گەڵ ئەوەشدا لەوانەیە دابەشبوون لە نێو ئەو ئابووریە گەورانەدا وا لەو جۆرە سەرمایەگوزاریانە بکات لە وەڵاتە دواکەوتووەکاندا کە کافی نەبێت و نەتوانرێت پشتی پێببەسترێت و هەروەها لەوانەیە بە شێوەیەکی تەعەسوفیانە جێبەجێبکرێت.
هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا بە تەنها هاوکاری کردنی ئابووریە هەژارەکان وەک ئامانجی گەشەکردنی ماوەدرێژ ناخاتە خەتەرەوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان لە سەرتاسەری جیهاندا بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن، وا پێویست دەکا لە سەریان کە گۆڕانی کەش و هەوا سوک بکەن و لەگەڵیشیا خۆ بگونجێنن. بەڵام ڕۆڵی میحوەری ڕوسیا و ئۆکڕانیا لە دابینکردنی وزەی جیهانی هێزی دژبەیەک دەنێرێت. ئەمەش کاری گواستنەوەی وزە سەخت تر دەکا. لە هەمان کاتدا سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا داوای ئەوە دەکەن کە لە گۆرانی کەش وهەواوە بگوێزنەوە بۆ زیادکردنی گەڕان بەدوای سووتەمەنی ووزە لە دەروەی ڕوسیادا. دەوڵەتان دەیانەوێت ڕێگە بگرن لە بەرزبوونەوەی نرخی گازو کەمکردنەوەی باج لەسەر وزە و قەرەبووی خێزانەکان بکەنەوە لە بەرامبەر بەرزی نرخی گازدا، هەروەها دەشیانەوێت کە هانی فراوانکردنی بەرهەمەکانی وزەی سەلامەت بدەن و بەکارهێنانیش کەمتر بکەنەوە کە ئەمەش پێویستی بە نرخی زیاترە. ئەوگۆڕینەوانە درێژە دەکێشن هەتا دوای گۆڕانی کەش و هەواش. وەڵاتانی دێموکڕاسی دەیانەوێت هاوپەیمانیەک پێک بهێنن بە دەوری بەهاکانی لیبڕالیەت و ئازادی بازاردا، بەڵام بۆ کەم کردنەوەی تێچووەکانی وزە پەنا دەبەنە بەر حکومەتە ئۆتۆکڕاتەکانی وەک سعودیەو فەنزوێللا و داوایان لێدەکەن لە بەرامبەر بە شەرعی ناساندنی ڕژێمەکانیان ئەوانیش ئاستی بەرهەم هێنانی وزە بەرزبکەنەوە.
لە پشتی هەموو ئەمەشەوە ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە دەبێ دانی پێدا بنرێت. بۆهێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایی، وا پێویست دەکا کە جیهان هەمووی بە یەکەوە و دەبێ چینیش لە خۆ بگرێت، بە کرداری ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە ببنەوە. هاوپەیمانە دێموکڕاسیەکان بە تەنیا ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن. وەختی خۆی چین و ئەمریکا هەرچەندە لەسەر هەندیک بابەتیش لە ناکۆکیدابووبن بووبن لەگەڵ یەکتر، بەڵام بۆ بابەتی گۆڕانی کەش و هەوا هەمیشە بەیەکەوە کاریان کردووە. ئێستا هەردووک سەرۆکی چین و ئەمریکاش دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخەی جارانیان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم بابەتە هەر بەرەو سەختی دەڕوا چونکە هەر یەکیک لەو وەڵاتانە پاڵ دەداتە لایەکو بلۆکێک. لە هەمان کاتیشدا هەر کە داخورانی گڵۆباڵیزم هەنگاوەکانی داهینان بەرەو سستی دەبات ئەویش بە تەگەرە درووستکردن لەبەردەم لێکۆڵینەوە زانستیەکاندا، بە مەش زانایان ناتوانن وەکو پێویست بگەنە چارەیەکی پێویست بۆ پاراستنی هەسارەکەمان.
کۆکردنەوەی پارچەکان
وەستاندنی داخورانی گڵۆبڵیزم خودی خۆی کارێکی سەخت بوو، ئینجا هێرشی ڕوسیاش بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەم بابەتەی قورستر کرد. لە کاتێکدا کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو وەڵاتانی تریش بە هێنان و بردنی چیرۆکی درۆ کە گوایە کرانەوەی ئابووری کارێکی باش نیە بۆ کرێکاران، لەولاوەش داگیرکردنی ئۆکڕانیا لە لایەن ڕوسیاوە و ئەنجامی گەمارۆکانیش بۆ سەر ڕوسیا وای لە ئەمریکاو چین کرد کە زیاتر لێک دووربکەونەوە. بەڵام داڕێژەرانی سیاسەت لەو نێوەدا دەستەوەستان نین. گەمارۆکانی سەر ڕوسیا زۆر کاریگەر بوون چونکا لە لایەن هاوپەیمانە بەهێزە دێموکڕاسیەکانەوە سەپێنران کە داهاتێکی بەرزیان هەیە. بۆیە ئەگەر ئوسترالیا،یابان، کۆریای باشوور، بەریتانیا، ئەمریکا، یەکیەتی ئەوروپا و بازارە گرنگەکانی تری ئابووری بتوانن بە هەمان هێزو تواناوە وەک چۆن گەمارۆیان خستۆتە سەر ڕوسیا ئاهواش هاوکار بن لە ڕووی ئابووریەوە لەوانەیە وا لە چین بکەن کە ئەویش پەیوەست بێت پێیانەوە.
جا بۆ ئەوەی بەرپرسەکان ئەمە بکەن ، لەسەریان پێویستە کە پەیڕەوی لە سیاسەتیکی فراوانتر بکەن. بۆ نموونە دەتوانن کە بازاڕێکی هاوبەشی گەورەو فراون لە نێوخۆی وەڵاتە دێموکڕاسیەکاندا دابمەزرێنن، بۆ کەلو پەل و خزمەتگوزاری و هەتا دەگاتە ڕەخساندنی هەلی کاریش، وە پێویستە لە سەریان کە پێوەری هاوبەشیان هەبێ بۆسەرمایەگوزاری تایبەت و لە ڕیگەی سنوورەکانەوە و ئەوانەی کە پەیوەستن بە بابەتی ئاساییشی نەتەوەیی و مافەکانی مڕۆڤەوە، پێویستە لە سەریان کەش و مەیدانێکی وا درووست بکەن کە پێشبڕکێیەکی تەندرووستیانە بکەن لە نێوخۆیاندا. بەمەش خەراپیەکانی وەک گەندەڵی و بەهەدەردان لە نێو ئابووریدا کەم دەبێتەوە کە بە هۆی ئابووری نەتەوەگەراییەوە پەیدا دەبن. هەروەها لەسەر سیاسەتمەداران و سیاسەت داڕێژەران پێویستە کە سەرمایەگوزارییەکی وا لە نێو هاوپەیمانانی ڕۆژئاواییدا دابمەزرێنن کە درێژە بکێشێ و دەوام بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی نا وەک یەکی و نا بالانسی لە نێو ئابوریەکاندا و هەروەها سوودی زیاتریشی دەبێت.
وەڵاتە دێموکڕاسیەکانی جیهان ناتوانن هەموو دابەشبوونێکی وێرانکەرانە بگێڕنەوە کە بە هۆی داگیرکاری ڕوسیاوە ڕوودەدەن و لە ژێریشەوە ڕەزامەندی چینی لەسەرە. بەڵام دەتوانن قەرەبووی زۆرێک لە زیانەکان و لە دەستچووەکان بدەنەوە. نابێت بەم بارودۆخە ڕازی ببن و دەبێ ڕڕووبەڕووی ببنەوە. هەندێک شێوەی توندوتیژی دەبێ بە گۆشەگیرکردنی ئابووریانە ڕووبەڕووی ببنەوە.تێبینی: ئادەم پۆسن سەرۆکی پەیمانگای پێتەرسۆنە بۆ ئابووری نێودەوڵەتی.
https://www.foreignaffairs.com/articles/world/2022-03-17/end-globalization?




کەرتی پەروەردە لەنێوان: مامۆستای تفەنگ بە دەست و قوتابی شەللاتی و دایک و باوکی ناحاڵی..! شەماڵ بارەوانی

بێگومان پەروەردەی باش، بەردی بناخەی هەرکۆمەڵێکی تەندروست و هەنگاوی یەکەمی دروستکردنی تاکێکی مەدەنی و شارستانییە، بە پێچەوانەیشەوە، پەرەوەردەی خەراپ هۆکاری سەرەکییە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ و بەرهەم هێنانی تاکێکی سەرسەری و بێ مۆڕاڵ و نێگەتیڤ، هەموو باشیەکان لە پەروەردەیەکی شارستانی و باش و تەندروستەوە لەدایک دەبێت، هەروەها، هەموو خەراپیەکان و کارە دزێویەکانیش بەرهەمی پەروەردەیەکی سەقەت و خراپ و ناشارستانی و ناتەندروستن.

گووتراوە دایک قوتابخانەیه، بێگومان وایە، قوتابخانەی یەکەم و ماڵ و دایکە،
ئینجا دایک، کاتێک وەکوو دایکێک، لە ماڵەوە نەتوانێت بەو ڕۆڵەی خۆی هەستێت و مناڵەکەی جوان پەروەردە بکات، یان بە شێوازێکی هەڵە پەروردەی بکات، بێگوومان بۆ مامۆستاو قوتابخانەی دووەمی زۆرقورستر دەبێت، ئەو ئەرکەی پەروەردەکردن، یان ڕاستکردنەوەی مناڵەکە.

پەروەردە دەبێت لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە لێی بڕوانین، تەنها ئەرک و کاری مامۆستا نییە، کۆمەڵێک دەست هەن لە پەروەردە کردندا، چی بە باشی، یان بە خراپی ڕۆڵ دەبینن، جابۆیەوە لە پێناو پەروەردەیەکی باش و شارستانی و تەندروست، دەبێت هەمووان دەست لە ناو دەست بن. لەوانە:
یاسا، خێزان، میدیا، کۆمەڵ ،قوتابخانە..تاد.
یانی دایکێک لە قوتابخانە، تەنها لەسەر ئەوەی مامۆستا قسەیەکی ڕەقی بە مناڵەکەی گووتووە، بێت و بە مامۆستا بڵێت: حەبڵ دەخەمە ملتەوە و بەو دەستانەی خۆم دەتخنکێنم!
دەبێت ئەو مناڵە کاتێک دەبینێت دایکی بەو شێوە ناشارستانی و سەقەتە بەرگری لێدەکات و بەو شێوە ناشیرینە هێرش دەکات سەر پەروەردەکارەکەی(مامۆستا)کەی، دەبێ چ ڕێزێک لەو مامۆستایه بگرێت و لە داهاتوو چ کەسێکی سەرسەری و شەڕانگێز و تاکێکی پڕکێشە و مرۆڤێکی خراپی لێ دەربچێت!

باوکی قوتابی بێت و حەرەمی قوتابخانە و پیرۆزی قوتابخانە بشکێنێت و هەڕەشە لە مامۆستا بکات، لەسەر ئەوەی مامۆستا شاپێک، یان دارێکی لە کوڕەکەی داوە!

دەبێت ئەو مناڵە چ کەسێکی لێ دەربچێت؟
بۆ ئەوانەو دەیان نموونەی تری لەو شێوەیە، لە ئەزموونی ئەو چەندساڵەی مامۆستایەتیم ، هەمووی بەڵگەم هەیە و بە چاوەکانی خۆم بینیومە.

ئاخر من قوتابیم بینیوە، هێشتا لە پۆلی سەرەتاییە و بە مامۆستای گووتووە:
وەڵا باوکم پلەدارە و دەڕۆم و پێی دەڵێم بێت و لێپێچینەوەت لە گەڵ دا بکات!

مناڵی وا، حەتمەن بەرهەمی ئەو جۆرە پەروەردە ناشارستانی و نا تەندروست و سەقەتەیەی باوک و دایکە، کە سەرەتا ئاماژەم پێکرد.

چەندین جار بینیومانە، لە ڕاگەیاندنەکان، کە قوتابی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر مامۆستا و زامداری کردووە.

بەر لەچەند ساڵێک، لە دێیەکی ئەو دەڤەرەی خۆمان مامۆستابووم،
قوتابیەکی پۆلی(حەوت)مان هەبوو، زۆر نەوەستاو ئاڵچاغ و بێ ڕێزبوو، لە بەرامبەر مامۆستاکان. تەنانەت جارێک لە ناو پۆل زمانی لێدەرهێنام، منیش تەنها هێندەم پێ گووت: کاکە بۆ وادەکەیت تەواو نیت، یان بەترانیت!؟

جا ڕێک بە ترش و خوێ پێداکردنەوە،
ئەمەی بۆ دایکی گێڕابوویەوە و دایکی یەکسەر تێلی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان کردبوو و گووتبووی دێم لەگەڵ مامۆستا شەڕ دەکەم، چۆن وا بە کوڕەکەی من دەڵێت!؟

دایکی بەڕێز، ئەی لەخۆتت نەپرسی: چۆن کوڕەکەی من هێندە بێ ئەدەب بێت و بگاتە ئەوەی زمان لە مامۆستاکە،ی دەربێنێت!؟

هەرچەند ئەو دایکە بەڕێزە دواتر دانی بە هەڵەکەی خۆی داناو داوای لێبووردنی لێ کردم و ئەلحەق دواتر تابڵێیت ڕێزی دەگرتم،

من بیرم دێت و مناڵ بووم و بە چاوەکانی خۆم بینیومە، بە هۆی دەست لە پشتدان و هاندانی دایکەکەیەوە، گەنجێک، گەنجێکی تری، بە کلاشینکۆف خەڵتان خوێن کرد و بە کابووسی مەرگی سپارد.

ئاخر دایکی وا، هەر لە مناڵیەوە، مناڵ پەروەردە ناکات، بەڵکوو شەللاتی درووست دەکات، جەلاد و بکوژ و شەقاوە پێشکێش بە قوتابخانە و کۆمەڵ و گەڕەک و شەقام دەکات.

ئێ باوکی ناحاڵی و دایکی بەڕێز:
تۆ لە ماڵەوە بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە و بە شەق و پێلەقە دەکەویتە گیانیانەوە؟و خوا خواتە، بڕۆن بۆ قوتابخانە و دانێک، لە کۆڵت ببنەوە.

کەچی دێیت و لەسەر قسە پێ گووتنێکی مامۆستا، یان زلەیەکی مامۆستا، هەڕەشە و شەڕ و شکات دەکەیت!؟

ئەرێ بۆ جارێکیش بێت، بیرت نەکردووەتەوە و هەستت بەوە نەکردووە، کە تۆ بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە!؟
ئەی مامۆستایەک، لە گەڵ چوارسەت مناڵ لە قوتابخانەیەک دەبێت حاڵی چۆن بێت؟

بیرت لەوە نەکردووەتەوە، مامۆستاش مرۆڤە، توڕە دەبێت و هەڵدەچێت، هەڵە دەکات، مناڵی خراپ بێزاری دەکات، ئەو شەلاتیەی تۆ درۆستت کردووە و بەڕەڵای گەڕەک و قوتابخانە و گیانی مامۆستات کردووە لەمیزاج و کەسایەتی دەدات و بێ ڕێزی پێ دەکات.
قیامەت هەڵدەستێت، گەر مامۆستا هەڵەیەکی کرد و تووڕە بوو و جارێک لە مناڵەکەتی دا، تەواو ئیتر دنیا خراب دەبێت!؟

هەڵبەت مەبەسم لێرە هاندان نییە بۆ لێدان، کەس هەڵە تەفسیری قسەکانم نەکات.
بێگوومان من دژی لێدان لە مناڵم و بە هەموو شێوەیەک لێدان ڕەت دەکەمەوە.
هەشت ساڵیشە مامۆستای وانەبێژم و یەك شاپ، یان دارێکم لە هیچ یەکێک لە قوتابیەکانم نەداوە، قوتابیەکانم هەندێکشیان کۆلێژیشیان تەواوکردووە و لەگەڵ خۆم ئێستا مامۆستای وانەبێژن.
بڕۆن لەهەموو قوتابیەکانم ببپرسن، بزان چەندە کەسێکی هێمن و ڕووخۆش و نا توندو تیژم لە گەڵیان.
وەڵێ مەبەستم، خوانەخواستە، گەر مامۆستا هەڵەکی واشی کرد، ئەی لێبوردەیی؟ ئەی ڕێزگرتن لە مامۆستا؟
ئەی ئەو هەموو ماندوو بوون و دڵسۆزی و قوربانی دانەی مامۆستا لە پێناو پەروەردەکردن و فێرکردن و پێگەیاندنی مناڵەکەت!؟
یانی مرۆڤ ئاوا بێ ئەمەک و سپڵەبێت و بەو ئاسانیە و بە جارێک، ئەو هەموو چاکە و ماندووبوون و خزمەت و دڵسۆزیەی مامۆستا لە بیربکات!؟

جا بەو بۆنەیەوە ئێمە مناڵ بووین و
لە قوتابخانەکەمان کۆمەلەک قوتابی بووین، هەندەک لاساربووین. ئەوکات دێیەکەی ئێمە، گە یاری تۆپی پێیان لەگەل دێیەی تر هەبووایە،
زۆر جار بەپێ دەڕۆیشتن. ئەوسا قەمەرەی بەڕازیلی هی پۆزلێدان و ژن
Shamal Ismael Kareem
گواستنەوەبوو. سەیارە، زۆر کەم بوو.

ئەوە نەوەتەکان دەڵێم.
ڕۆژێک پییاوەکانی دێیەکەمان، دەچوونە دێیەکی تر، بۆ فتبۆڵێن.
منیش کەئەوەم بینی، خێرا گووتمە هاوپۆلەکانم بۆ نایێن بڕۆین لەگەڵیاندا؟
ڕێککەوتین و کتێبەکانمان برد بۆ ماڵی قوتابییەک، ماڵیان نزیک قوتابخانەبوو بەو شێوەیە قوتابخانە و وانەمان جێ هێشت و ڕۆیشتین.
مامۆستایەکمان هەبوو لە دێی چەمەی نزیک دێیەکەی ئێمە، دێی(بارەوان)، هەموو بەیانیەک، بە پێ دەهات وانەی پێ دەگووتین، بەڕێوەبەریش بوو، جا بە حوکمی ئەوەی خوێنداربوون، دایمە تفەنگێکی لەگەل دا بوو.

جا بابێمەوە سەر بەسەرهاتەکە،
ئێمە ڕۆیشتین و لەدێ دەرچووین، هێندەمان زانی مامۆستاکە، بە سافیرە لێدان هات لە دوامان، ئەمەش هەر ڕامان دەکرد.
تاکو گەیشتین بە پیاوەکان، پیاوەکان گووتیان: کاکە بگەڕێنەوە، عەیبە، مامۆستا بە دواتانەوە هاتووە.
مامۆستا گەیشت پێمان، ئاگر لە چاوەکانی دەباری لە تووڕەییان، ئێمەش کەئەوەمان بینی، لە ترسانا، ناچار ملی ڕێگای گەڕانەوەمان گرتە بەر، قوتابیەکمان لەگەڵ دا دابوو،
ویستی لا ملی بکات و بلێت مەحاڵە من بگەڕێمەوە،

بیرمە مامۆستا تفەنگەکەی لە شانی هینایە خوار و ڕێک سێرەی لە ناو چەوانی گرت و گووتی: پێت دەڵێم بە بێ دەنگی و بە ئاقڵی و بێ لام و جیم، پێشم کەرەوە، ئەگەرنا ئەو کیرەت دەبەمێ و مێشکت دەپژێنم.

ناچار قوتابیەک لە ترساندا سەرێ خۆی نزم کرد و ملی ڕێگای گەڕانەوەی گرتەبەر و بە گەڵ ئێمە و بە پێش مامۆستاکەوت و ئەمەش، لە ترساندا، هەموو لەشمان وەکوو داربی ناو ئاوێ دەلەرزی و وەختا بوو میز بکەین بە خۆماندا.
کاتێک نزیک دێیەکەمان بووینەوە، مامۆستاکەمان پێی گوتین: بمبوورن کە جوێنم پێ دان، بە ڕۆژوومە و توڕە و زۆر هیلاکیشم.
منیش گووتم:
بووراوی و هیچ لەبەر دڵمان نییە مامۆستا، جوێنت بە شەکر.
کەوام گووت، هەتا هێزی تیابوو، شەپا زلەیەکی دا لە لەبنا گوێم و هەردووک چاوم لەگەل تاریک وبوون و دەمەکی باش یەک شتم نەبینی و دنیا بوو بە شەو لە پێش چاوەکانم.

گووتی خوێڕی، دەزانم هەمووی لە ژێر سەرێ تۆدایە، بەڵام ئاخ چیبکەم، یەتیمیت و ئەو بێ باوکیەت پشتی شکاندووم.

خەڵکی دێ، هەموان کە بەوەیان زانی پێدەکەنین و دەیانگووت مامۆستایە، هەرچی بڵێت، حەقی هەیه، هەموومان قەرزاری مامۆستاین، ئێوە هەڵەتان کردووە، مامۆستا هەرچیەکتان پێ بڵێت، ئەو مامۆستایە، دەبێ هەموان ڕێزی بگرین.
خەڵکی ئاوا ڕێزی مامۆستای دەگرت، کەس نەیگووت:
چۆن مامۆستا تفەنک لە قوتابی سوار دەکات!؟

کەس نەیگووت:دەی سکاڵای لێبکەن و بامامۆستا دوور بخەنەوە.
ئەوها به گەورەیی سەیری مامۆستایان دەکرد.
عەرەب قسەیەکی هەیە دەڵێت(کادَ المعلمُ ٲَنْ یَکونَ رَسولا)و
مامۆستا ئاوا سەیرکراوە.

نەخێر، هیچ کەسێک ئەوەی نەکرد لە کەس و کارەکانمان، وەکوو هەندێک لە دایک و باوکانی ئێستا، خۆی لە مامۆستا دانەنوستاندووە و چاوەڕێ بکات، هەر کە مامۆستا قسەیەکی بە مناڵەکەیی گووت،
خێرا هێرش دەست پێ بکات و هەڕەشە و سکاڵا بکات.
تکایە وەزیری پەروەردە، گەر لە پێناو مامۆستاش نەبێت، هەر لە پێناو پەروەردە، کە شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێننەوە.




خەیرولئومووری ئەوسەتوھا!… عەبدولڕەحمان فەرهادی

گه‌ر جارێك به‌ كه‌ر بڵێین هۆش، ئیتر تێده‌گات و ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام مرۆڤ زۆرجار تێناگات، یان نایه‌وێ تێبگات، ئیتر بۆچی كه‌ر له‌ به‌نیاده‌م ئاوه‌زمه‌ندتر و ئاقڵتر نییه‌؟ ئه‌و له‌ مرۆڤ تێده‌گا، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌و ناگه‌ین، تێیناگه‌ین ده‌نا له‌و ئاقڵتر ده‌بین. عه‌زیز نه‌سین له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باس له‌ ئاقڵیی كه‌ر ده‌كات و ئه‌ویش لەمێژە پێیوایه‌ كه‌ر له‌ مرۆڤ ئاقڵتره‌، ئەوەتا‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێ: له‌ پاییزی 1930 چوومه‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی كوهپایه‌، كه‌ خه‌ڵكه‌ ساده‌ و ساكاره‌كه‌ی زۆر سه‌ره‌تایییانه‌ ده‌ژیان و ئه‌و گه‌نم و دانه‌وێڵه‌یه‌ی كه‌ هاوینان به‌رهه‌میان دێنا، له‌ چاڵانیان ده‌كردن و دایانده‌پۆشین و له‌ كۆتایی پاییزێ له‌ چاڵانیان ده‌ردێنانه‌وه‌. كه‌ چوومه‌ ئه‌وێ، لادێیییه‌كان چاڵه‌كانیان لێ ون بووبوو، چونكه‌ گیاوگۆڵ هه‌موو جێیه‌كی داپۆشیبوو و نیشانه‌یه‌كیش نه‌بوو شوێنه‌كان دیار بكاته‌وه‌، زۆر جێیان هه‌ڵكه‌ندبوو به‌ڵام چاڵه‌كانیان هه‌ر نه‌ده‌دیته‌وه‌. من پێمگوتن: بڕۆن هه‌مان ئه‌و كه‌رانه‌ بێننه‌وه‌ كه‌ هاوینێ به‌رهه‌مه‌كانتان له‌سه‌ر خه‌رمانێوه‌ پێ هێناوه‌ته‌ سه‌ر چاڵه‌كان، هه‌ر له‌وێوه‌ به‌رد و گڵیان لێ باركه‌نه‌وه‌ و به‌ره‌ڵڵایان بكه‌نه‌وه‌ و لێیانگه‌ڕێن، ڕه‌نگه‌ هه‌ر به‌پێی خۆیان بچنه‌وه‌ سه‌ر چاڵه‌كان. لادێیییه‌كان به‌قسه‌یان كردم و هاتن وایانكرد و كه‌ره‌كان ملیان لێنا و له‌و ده‌شته‌دا له‌ جێیه‌كی وه‌ستان، كه‌ لادێیییه‌كان شوێنه‌كانیان لێدایه‌وه‌، كه‌ره‌كان به‌هه‌ڵه‌ نه‌چووبوون، چاڵه‌كان هه‌ر له‌وێ بوون.
کوڕێک ھەبوو لەگەڵ من خوێندنکاری ناوەندیی زۆزان بوو، ناویم بیرچووەتەوە، ھەمووجار بە کەرەکەی خۆی لە دوورەوە لای سایلۆوە دەھاتە مەکتەبێ، کە دەگەیشتە بەردەم دەرگای مەکتەب، لە کەرەکەی دادەبەزی و شوولکێکی دەخێواندێ و کەرە خۆی بە ئاقڵی، ھەڵتەک ھەڵتەک ملی ڕێی دەگرت و دەچووەوە ماڵەوە.
ھەر ئەو ھاوەڵەم ھەمان شوولکی دەدایە مامۆستا بۆ ئەوەی پێی لە ئێمەش بدرێ، جار ھەبوو بە شوولکەکە لە خۆیشی دەدرا!
ئێ ده‌ی كه‌ به‌نیاده‌م خۆی پێ له‌ كه‌ر ئاقڵتره‌، كه‌واته‌ بۆچی كه‌ر له‌ بەنیادە‌م ئاوه‌زمه‌ندتر و پڕ ئه‌قڵتر نییە؟

مەحموود زامدار ی ڕەحمەتی لە کۆڕێکدا کەرنامەکەی دەخوێندەوە، فەرمووی: کەر گیانەوەرێکی ھێمنە. مام ھێمنی شاعیر لێی ڕاستبۆوە گوتییە زامدار: باشە باوکەکەم، کەر بۆ زامدار نییە، بۆ ھێمنە؟
ئێمە لە نرخ و بەھا و ژیریی کەر بە سەھوو چوووین، گەر کەر نەبووایە، سوپای ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی نەیدەتوانی ھەموو دنیا بگرێت، چونکە بە پشتی ئەو کەرە ئیشی گەورە کراوە کە لە توانای بەنیادەمدا نەبووە، ئەو بارەی لە کەرێ دەخرێ، گەر بێو لە مرۆڤی بار بکەی، دڵنیام دەتڕێ! پاشان دەمرێ! ھیچ شۆڕش و بزاڤێک بێ کەر سەرکەوتوو نەبووە، جا چ کەری گوێ کورت چ ھیی گوێ درێژ! کەر ھەمیشە ھاودەم و ھاوڕێ و ھاوشۆڕش بووە، زەحمەتکێش و کۆڵنەدەر و چەوساوە بووە. لەناو خۆیشمان گەر کەر نەبووایە شۆڕشەکانی کورد لە قوڕێ دەچەقین و دوژمنانمان دەیانتۆپاندین! گەر مافی مرۆڤ درۆیەکی گەورە نەبێ، ھەقە ھیچ نەبێ با مافی ئاژەڵ لەکن ئێمە گرنگ بێ و با ڕۆژێک لە ساڵ بە ناوی (ڕۆژی جیھانیی کەران) دابنێین، بەو مەرجەی مرۆڤ ئەو ڕۆژە بە ھیی خۆی نەزانێ و لە کەرێش تێک نەدات!. لە ئەدەبییاتی دنیادا، زۆر نووسەری گەورە لەبارەی ژیریی کەر نووسیویانە، بۆ نموونە کەرەکەی فەیلەسووفی فەڕەنسا بۆریدان، لەناو عاڕەبان تۆفیق ئەلحەکیم چیڕۆکی جوانی لە پەسنی کەر ھەیە، لەناو فارسان محەمەد حەسەن خان ئیعتیماد ئەلسەڵتەنە و سائیب تەورێزی بەرھەمی جوانیان ھەیە، ھەروەھا ڕۆماننووسی فەرەنسا گۆنتێ دیبرۆن ڕۆمانێکی بە ناوی (کەر) ھەیە، لەناو خۆیشمان نالی شیعرە بەناوبانگەکەی (ھەی کەرێکم بوو چ پەیکەر) و مەحموود زامداریش کۆمیدیای کەرایەتی یان کەرنامەی نووسیوە. ئەمانە ھەموویان لەبارەی ژیریی کەر فەلسەفاندوویانە، ھەروەھا لەبیرمان نەچێ، شاعیری ھاوڕێمان عەباس عەبدوڵڵا یووسف، دیوانە شیعرێکی بە ناوی (کەری بۆریدان) ھەیە. بێینەوە سەر فەلسەفەی بۆریدان لەبارەی کەر، بۆریدان دەڵێ: گەر تووشی کەرێکی برسی بوویت، بینیت وا لە برسان و لە تینووان لاکەی لێوەدێ و باری لار بووە و چاوی ئەبڵەق ماوە، بارەکەی بێنە خوارەوە و کەرەکە لە نێوان قۆمەتێ پووش و کۆلە ئاوێک دابنێ، مەرجەکە ئەوەیە ڕێک لە ناوەڕاستی پووش و ئاوەکەی دانێ، بۆریدان دەپرسێ: ئایا کەرەکە زووتر بەرەو لای کامیان دەڕوات؟ بۆ پووشەکە یان بۆ ئاوەکە؟ لێکدانەوەی بۆریدان بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە کاتێ کەرەکە ئەم دیمەنە دەبینێت، نە بۆ لای پووشەکە دەڕوات نە بۆ لای ئاوەکە، بەڵکوو کەرە ئەوەندە واقوڕماو و سەرسام دەبێ، نازانێ ڕوو لە کام لا بکات، ئیتر دەکەوێتە فەلسەفە لێدانەوە و لەجێی خۆی نابزووێت و تا لە تێنووان و لە برسان سندانی دەگاتێ و دەتۆپی. پێم، ئێستا ھەر تاکێکی مرۆڤ بخەیتە جێی کەرەکەی بۆریدان، ئەو بە جۆرێکی تر دەتۆپێ، چونکە مرۆڤ چاوچنۆک و نەدیتکەیە و یەکسەر کۆلاوەکە بەسەر دەمیەوە دەکات و پاشان بەغارەغار پڕ دەداتە پووشەکە و چەند سەعاتێک دواتر دەڕیخێنێ و حەییاتی لەبەر دەبڕێ و ئەویش دەتۆپی! کا ھیی خۆی نییە و لەبیریشی دەچێ کادین چیی بەسەر دێ!
بەمجۆرە ھەردووکیان تۆپین، کەرە بە فەلسەفە لێدانەوە، مرۆڤەکەش بە نەدیتکەیی و چاوچنۆکییەوە!
بۆیە زۆر فەلسەفە لێدان و زۆر چاوچنۆکی و نەدیتکەیی پەسند نین، ئێمە وا چاکە عارەب گۆتەنی: خير الامور اوسطها! پەیڕەو بکەین.
ھەردوو حەیوانین،
ئێمە گوێ کورت و ئەو گوێ درێژ.
ھەردوو حەیوانین،
ئێمە ناتیق و ئەو ناھیق!
▪️ع.ف▪️




خۆتان لە ڕۆژی درۆدا بپارێزن… کاروان حەسەن سلێمان

درۆ: وشەیەکە لە ڕووی ڕێزمانییەوە(ناوی واتاییە) کە لە چوارپیت پێکهاتووە (د، بزرۆکە، ر ، ۆ ) هەروەها لە دوو بڕگە پێکدێت (د/رۆ) بە بچووکی خۆی دەتوانێ گەورەترین کێشە دروست بکات.
درۆ ماکێکی پیسی کۆمەڵایەتییە هەندێ کەس خویان پێوەگرتووە و نانی پێوەدەخۆن ، درۆ دەتوانێت برا لە برا بکات ،خۆشەویستان لە یەکتر داببڕێنێ، یەک درۆ دەتوانێ ماڵوێرانی لەدوای خۆیدا بێنێ ئەگەر وریا نەبین و نەتوانین بەجوانی و بەباشی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، تەنانەت هەندێ کەس شانازیشی پێوەدەکەن و ڕۆژێکیشیان بۆ درۆ داناوە کە(١) ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکە، کە هیچ ئەسڵ و بنیادێکی نییە لە ڕاستیدا. کەچی هەندێ کەس لەم ڕۆژەدا هەڵدەستن بەدرۆ کردن و زۆرجار کێشەی کۆمەڵایەتی لێ کەوتووەتەوە و دەیان گرفت و ئاڵۆزی دروست کردووە.
لەم سەردەمەی ئێستادا هەندێک نانی درۆکردن دەخۆن و تەنانەت مووچەشی پێ وەردەگرن و ڕێز و سوپاسیش دەکرێن!
لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەیان ئایەت و فەرمایشت هەیەلەبارەی درۆ وە.
لە زووەوە پێشینان و زانایان لە درۆیان کۆڵیوەتەوە و بەشتێکی ناشیرین و نەگونجاو و ناحەزیان زانیوە و چەندین پەند و وانەیان لەسەر درۆکردن نیشان داوین، ئەوەتا ئەرەستۆ فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ: مردن بەڕاستگۆییەوە زۆر باشترە لە ژیان لەگەڵ درۆدا.
هەروەها دکتۆرعەلی شەریعەتی لەبارەی درۆکردنەوە دەڵێ: ئەگەر درۆ ڕەنگی هەبووایە، زمانمان سەدەها پەلکە زێڕینەی دەگرت.
کەچی زۆرجار نەتوانراوە سوود لەو پەند و وتە و دێڕە شیعرانە وەرگرین و بە بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لە ئەدەبی کوردیشدا شاعیران توانیویانە ئەو دەردە کۆمەڵایەتییە و ئەو وشەیە لەبەرچاوی خەڵک لابدەن و لێی نزیک نەکەونەوە و خۆیانی لێ بەدوور بگرن بەشێک لە شاعیران وەک ماکێکی کۆمەڵایەتی لە ناواخنی شیعرەکانیان لێی دواون، هەروەها پیرەمێردی شاعیریش لەچەند پەندێکدا باسی لە درۆ کردووە و لە پەندێکدا دەڵێ:

ئاگری درۆزن ساتێك ئەگــڕێ
بەڕە هەر لە لای تەنكی ئەدڕێ

لەپەندێکی تردا دەڵێ:
درۆزن زانی درۆی سەرئەگـرێ
پێی ڕادێ ، ئیتر شەرم نایگرێ

لەپەندی پێشینانیشدا ئەو ڕاستییە هەیە و بەپێی کات و سەردەم قسەی لێکراوە و پەندی جوان و ناوازە وپڕچێژی بۆ دروست کراوە بۆ وانە و سوودبینین، لێرەوە چەند پەندێکی پێشینان دەخەمەڕوو بەڵکوو سوودێکی هەبێ و توانیبێتم تێنوێتیت بشکێنم لەوبابەتە.

١-درۆزن دوژمنی خوایە.
٢-درۆ بێ دەسەڵاتە هەموو کەس پێی دەوێرێ.
٣-درۆ هێشتا دەرنەچووە لۆقە دەکات.
٤-درۆ نەفەرزە،نەسوننەتە.
٥-درۆزنە خۆی لێ ونە.
٦-درۆکانی بەباڵ دەفڕن.

هەروەها چەند وتە و پەندێک لە بارەی درۆوە بزانیت خراپ نییە.
١-درۆ سک تێر ئەکات و سەر زەلیل.
٢- باجی درۆ کۆمەڵگا دەیدات.
٣-درۆ قوربانی دەستی بەرژەوەندییە.
٤-لە ئێستادا خەریکن لەناو زانستی تردا(ڕێکلام) جێگا بۆ درۆ دەکەنەوە و شەرعیەتی پێ دەدەن.
٥-درۆی کۆمەڵایەتی ترسناکە ، بەڵام درۆی سیاسی کارەسات هێنەرە.
٦- لە ئێستادا درۆ ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی دەسەڵات و سەرمایەداری دا.
٧-ڕەنگە بتوانی به درۆ دونيا ڕەنگ بكەی بەڵام
يەك باران بەسه بۆ دەركەوتنی ڕاستيەكان.
٨-درۆزن ئاگر لەماڵی بەربێت کەس بڕوای پێناکات.
٩-درۆ بنی قوڵە، بەڵام سەری تەنکە.
١٠-درۆ هەر درۆیە کە بیکەیت.

کاروان حەسەن سلێمان .
٢٠٢٢/٣/٢٩




بەڵگە فیلمێک سەبارەت بە شاخەوانی بلیمەتی کورد “محەمەد ئەوراز” ساز دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ

بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان” سەبارەت بە کەسایەتی و شانازییەکانی شاخەوانی کورد ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” کە بەسەر لووتکەی بەرزیی شاخی ئێڤێرێستدا سەرکەوت، لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلم” ساز دەکرێت.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” کە بە بەرهەمە بەڵگە فیلم و چیرۆکییەکانی خۆی لەوانە: فیلمی سینەمایی “ماندوو” و بەڵگە فیلمی “دایکانی من” سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی جیهاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی کردووە و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگە فیلمی خۆیدا، تەرکیزی خستۆتە سەر ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” ئەفسانەی شاخەوانی کوردستان و ئێران و ئەو کەسەی کە بەسەر لووتکەی “ئێڤێرێست” Everest وه‌کوو بەرزترین شاخی جیهان و هەروەها شاخە بەرزەکانی دیکەی دنیادا بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن سەرکەوت و ناویی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا تۆمار کرد.

سەعیدی لە بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان”دا بە تایبەت باسی ژیان، کەسایەتی و شانازییە وەرزشییەکانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی شاخەوانی کوردستان و ئێران دەکات.

لەم بەرهەمە هونەرییەدا هەوڵدەدرێت تاکوو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕەمزەی شاخەوانی جیهان و هەروەها قۆناغەکان و تایبەتمەندییە بێوێنە و پیشەییەکانی ئەم شاخەوانە بەرجەستە بکرێت و شیکاریی لەسەر بکرێت و بە جوانی و بە وردیی بۆ بینەر بخرێتە ڕوو.

ئەم بەڵگە فیلمە، ئێستا لە قۆناغی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دایە، هەر بەم بۆنەیەوە دوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەتوانن بە باشتر کردنی ئەم بەرهەمە لە لایەنە جۆراجۆرەکاندا، لەوانە؛ بە ناردنی فیلم، وێنە، بیرەوەریی یا خود هەر بابەتێکی دیکە لەم بارەیەوە یارمەتیمان بدەن و ئێمە بە گەرمی دەستیی ئەو کەسانە دەگوشین کە یارمەتیمان دەدەن و سپاسی تایبەتیان دەکەین. هیوادارین کە بە هاوکاریی ئێوە بتوانین فیلمێکی شایستە و شیاو لەسەر ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” و پێگەی شانازییەکانی پاڵەوانانەی ئەم شاخەوانە بیرمەندە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا ساز بکەین.

داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە فیلم، وێنە و یا هەر بیرەوەرییەکیان لە شادڕەوان “محەمەد ئەوراز” هەیە؛ لە ڕێگای ئیمەیلی Lavanfilm1344@gmail.com و ژمارە تەلەفوونی مۆبایلی 00989143421140 پەیوەندیی بە گرووپی دەرهێنان و ستافی بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان” بکه‌ن.

ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” لە ڕۆژی 26ی خەرمانانی ساڵی 1348ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی سێپتەمبەری ساڵی 1969 لە شاری نەغەدە لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە ڕۆژی 26ی گەلاوێژی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی ئۆگۆستی ساڵی 2003 لە کاتی سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “گاشێربرۆمی 1” Gasherbrum I لە وڵاتی پاکیستان بە هاوڕێیەتی لەگەڵ شاخەوانی هەرمانی کورد ڕەوانشاد “موقبیل هونەرپەژووە” لە نزیکەکانی لووتکە و بە هۆی داڕمانی بەهمەن، بە توندی بریندار بوو و بە هەوڵی هەڤاڵانی شاخەوانی خۆی گەیێندرایە نەخۆشخانەی “شیفا” لە شاری ئیسلام ئاباد و دوای 20 ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی 16ی خەرمانانی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 7ی سێپتەمبەری ساڵی 2003 ماڵئاوایی لە ژیان و هەوادارانی کرد.

ئەوراز لە ماوەی ژیانی کورتی شاخەوانی خۆیدا شانازییەکی زۆریی بۆ کۆمەڵگای وەرزشی و لقی شاخەوانی کوردستان و ئێران بەدەستهێنا، کە بریتین لە: سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “راکاپۆشی” Rakapushi بە بەرزایی 7788 مەتر لە وڵاتی پاکیستان لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ئێڤێرێست” Everest بە بەرزایی 8849 مەتر، بەرزترین شاخی جیهان، هیمالیا لە وڵاتی نیپال لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “چو وایۆ” Cho Oyu بە بەرزایی 8201 مەتر، شەشەمین لووتکەی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “شیشاپانگما” Shishapangma بە بەرزایی 8036 مەتر، سێزدەیەمین شاخی بڵیندیی دنیا، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ماکالۆ” Makalu بە بەرزایی 8463 مەتر، پێنجەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ئاڕاڕت” Ararat بە بەرزایی 5165 مەتر لە تورکیا لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “لوتسێ” Lhotse بە بەرزایی 8511 مەتر، چوارەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، چوونە سەرەوە تاکوو بەرزایی 7900 مەتر بۆ لووتکەی “گاشێربرۆمی 1” Gasherbrum I بە بەرزایی 8064 مەتر، یازدەیەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای پاکیستان لە ساڵی 2003 و …

شانازییەکانی دیکەی ئەم شاخەوانە کوردە بریتین لە: یەکەمین کەسی موسوڵمان کە توانی بچێتە سەر لووتکەی “ئێڤێرێست” لە ساڵی 1988، وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاهێنانی پلە یەک لە فیدڕاسیۆنی شاخەوانی ئێران لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی سەرکەوتن بەسەر ڕێگا دژوارەکاندا لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی ڕێبەرایەتی گرووپی شاخەوانی، لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2001 و هەروەها پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2002.

سینەماکاری مەهابادی “ئیبڕاهیم سەعیدی” بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، دەرچووی کارناسی سینەما لە لقی مۆنتاژە لە کۆلێژی سینەما تەئاتری زانکۆی هونەری تاران کە زیاتر لە 35 ساڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و لە درێژایی ئەم ساڵانەدا مۆنتاژ و وێنەگرتنی زیاتر لە 150 کورتە فیلم و فیلمی بڵیند، بەڵگە فیلم و هەروەها فیلمی چیرۆکی لە ئەستۆدا بووە.

بۆ زانیاری زیاتر:

لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute

لاپەڕەی فەرمی “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان”.




بەراهەنی نەگەیشتە باشوور… سوهەیب فاروق

لە بنەڕەتدا کە شیعر دێت تەکنیک و ئایتم و چۆنێتییەکانی لەخۆوەن، پێش تیۆر دەکەون، دواتر تیۆر دێت و لەسەر شیعر قسەی خۆی دەکات و ئەمە بۆ شاعیری ئەوسا وا ئەبوو، یانێ شاعیر کردە شیعرییەکەی جۆرێک لە ئیلهام بوو، پاشتر شاعیر تیۆرەکان دەناسێت بە پێی ویست و سەلیقەی خۆی تیۆرەکان لە شیعردا جێ ئەکاتەوە، واتە بەر دوو جۆر شیعر ئەکەوین “شیعری پێش تیۆر” و “شیعری پاش تیۆر” بە نموونە زۆرێک لەو تەکنیک و جۆر و ڕیتم و سەبکانەی سەردەمی کلاسیکی کوردی شاعیر پێشتر دەیزانین، دواتر شیعری لێ درووست ئەکردن، یانێ لانی کەم “نالی” و هاوسەردەمەکانی دەیانزانی تیلنیشان و مولەممەع و موستەزاد و هونەرەکانی بەلاغە چین، لە نوێشدا “شێرکۆ” و هاوسەردەمەکانی دەیانزانی بەکەسکردن و بەرجەستەکردن و مۆزیکی ناوەوە و دەقی واڵا و تێکەڵکردنی ژانرەکان چین، بەرە تازەکانی شیعری ڕۆژهەڵات، تەکنیکگەله نوێیەکانی وەک پارۆدی و پێرسۆنی و ئایرۆنی … تاد دەزانن، باس لەوە نییە شاعیرێک تیۆرێک بکات بە باڵای نووسینێکدا و بیکاتە شیعر ئەوەندەی ڕوونکردنەوەی دوو جۆر لە نووسینی شیعرە.
شیعری نوێ و ئەمڕۆیی هاوکاتی دۆخە پیشەییەکەی دنیا و ماددیبوونەوەی، پیشەیی بووەتەوە ڕاستەوخۆ جۆرێک لە زاڵێتی و دەرکەوتنی چۆنێتییە بەسەر چییەتیدا، لێرەوە لەم زاڵبوونی چۆنێتییەدا ڕێک بەر ئەوە دەکەوین، کە تیۆرەکان ڕەنگ دەدەنەوە له دەقدا، ئەمە ڕێک ئەوە دەخاتەوە، کە شیعری ئەمڕۆ چۆنێتییەکە لە چوارچێوەی تەکنیکگەلی ئەمڕۆییدا، شیعری “بەراهەنی” شیعرێکی زمانتەوەرە و زمان تیایدا جۆرێک لە خۆیەتی تێدایە، ئامراز نییە بۆ گەیاندنی پەیامی شیعریەت کایەکانی زمان خۆیان شیعریەتن، لەم جۆرە لە زماندا کە فۆڕم نوێنەرایەتیی دەکات، تا ڕاددەیەکی زۆر مانا ونە، ئەوەی هەیە چێژ و ڕامان و وردبوونەوە و وەستانە، لە جیاتیی ئەوەی شتێکمان پێ بڵێت شتێکمان پیشان دەدات، لێرەوە مانای شیعر نەک لە قەلبی شاعیردایە، بگرە هەر وجوودیشی نییە.
دۆخی شیعری کوردیی باشووری کوردستان، دۆخێکە کەمتر بەر تیۆرە نوێیەکانی شیعر کەوتووە، هێشتا جۆرێک لە زاڵێتیی “چۆنێتی” هەیە بەسەر “چییەتی”دا، لێرەوە کەمئاشنایی و نەشارەزایی لە تیۆرە نوێیەکان وا دەکات ئەدەبی بەراهەنی بێگانە دەر بکەوێت بەنیسبەت شیعری کوردیی باشوورەوە.

  • ئەم دۆخە بۆ وایە؟
    ١- جۆرێک لە سەرسامێتیی ئەدەبیی باشوورییانە تا چەند ساڵ پێش ئێستا بە وردی و بە ئێستاشەوە، بۆ ئەدەبی فارسی هەبوو لەو شوێنەدا کە چیگوتن هەیە نەک چۆنگوتن، بۆ وێنە چیگوتنی “سوهراب” و “لەنگەروودی” و “شاملۆ” دێتە ئەمدیو وەلێ چۆنێتییەکان ناگەن، تەنانەت لە دۆخە کوردییەکەشدا “سوارە” چۆنگوتنەکانی نایەن، زمانی سوارە کەمتر ئەگات، هێمن و هەژار دێن، وەلێ سوارە نایەت، “خەوە بەردینە” نایەت!
    ٢- “شێرکۆ بێکەس” و “لەتیف هەڵمەت” وەختێ نوێنەرایەتیی بەشێکی باش لە نوێگەریی ئەدەبی ئەکەن، هێشتا هەر چیگوتنەکەیان وەک ئەدەبی بەرگری ئەگات، ڕەهەندە تەکنیکییەکانیان کەمتر جێ ئەگرن.
    ٣- ڕوانینی باشوورییانە تا ڕاددەیەک ڕوانینێکی چییەتی-تەوەرانەیە، شاعیر دەیەوێت نوێنەرایەتیی کۆمەڵناس، فەیلەسووف، دەروونناس، ئاینناس بکات لە ڕێی شیعرەوە، ئیتر نوێنەرایەتیکردنی خۆی دوا ئەکەوێت، لای شاعیری گەورە و دیار بیستوومە کە شیعرێکی نووسیوە فەلسەفەیە، لای جیددیترینی شاعیرەکان بە ناو لامن شیعر دەبێت پڕ بێت لە مەعریفە، قسەکان لە بارەی زۆر شتەوەن لە شیعردا، لە بارەی خودی شیعرەوە نین، لە باشووردا شاعیرەکان کۆمەڵناسانە فەیلەسووفانە فرۆییدیانە عیرفانییانە دەدوێن، شاعیرانە نادوێن، شاعیری باشووری فەیلەسووفێکی شاعیرە، کۆمەڵناسێکی شاعیرە، شاعیرێتی دوا دەکەوێت و ڕشتەکانی تر پێش دەکەون.
    ٤- لای زۆرێک لە شاعیران زمان جەنگی پێ ئەوترێت، جەنگی تیا ناکرێت، خۆشەویستی پێ ئەوترێت، خۆشەویستی تیا ناکرێت، ئیشی پێ ئەکرێت ئیشی تیا ناکرێت، زمان خۆی نابێتە شت لە خۆیدا ئەبێتە شتێ ئەوی تر ئەڵێت، زمانی زۆرترینی شیعری نوێی باشوور ئەوی تر ئەڵێت، تا سنووری ئەوسەری دنیا شارەزایە و ڕۆشتووە، کەشفی جوگرافیای دنیای کردووە، وەلێ خۆی نەوتووە، کەشفی پۆتانسییەڵەکانی زمان”زمانی شیعری” نەکردووە، ئیش لە زماندا نەکراوە، ئیش بە زمان کراوە، زمان ڕەوڕەوەیەکە ئەوەندە لێ ئەخوڕرێ، ناخولقێنرێت(زمانی شیعری).
    ٥- لە جیددیترینی کۆڕەکان و نووسینە ئەدەبییەکاندا، هێشتا ئەوەی باوە یەکێتیی بابەت، ڕێنووس، ناوونیشانی شیعر، ڕێزمان و خاڵبەندی، وشە بە واتای فەرهەنگ، مانای شیعری باون، هێشتا دۆخی تەکنیکیی بەشی زۆری شیعری نوێی باشوورییانە لە سەردەمی خوازە و مێتافۆڕدایە، قۆناغی زمانیی دوای ئەوەمان نییە، پەخشانە شیعر و ڕۆمانە شیعر و دەقی واڵا لە برەودایە لێرەوە “بەراهەنی” دوا ئەکەوێت و ناگات چوون ئەوەی لای ئەدەبی بەراهەنی هەیە “پۆلیفۆنی” و “ئاشنایی سڕینەوە” و “ئایرۆنی” و جۆرێک لە هەڵوەشاندنەوەیە، ئەمە بۆ بەردەنگێک ک هێشتا باوەڕی وابێت شیعر ئەبێ بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە پایەکانی چواندنی تێدا بێت، دەبێت خاڵی هاوبەشیشیان زۆر نزیک بێت “بەراهەنی” پوولێکی قەڵب ناهێنێت، بۆ یەکێک زەوقی ماناتەوەرانە بێت ئاشنایی سڕینەوە و وڕێنە یەک شتن، بۆ یەکێک هێشتا داڵغە ئەدەبییەکانی لە دەوری یەکیەتیی بابەت-دا بێت فرەدەنگی، تێکچوون و تێکدانە شیعریەت نییە.
    ٦- بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی کوردستان وەک نوێنەری شارەزای تیۆرە ئەدەبییەکان بە ئەکادیمی، بەدەگمەن قبووڵی جۆرێک لە نوێگەریی شیعری دەکەن کە ئەمڕۆیی و جیهانییە، چەند دەنگێکی کەم نەبێت کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، چوار ساڵ باشترین بەشی کوردیم خوێند، هێشتا نوێگەر هەر “گۆران” و “پیرەمێرد” بوون، بە هەوا بە هەزار حاڵ دامان بە لای بزووتنەوەی ڕوانگەدا، ئەویش وەک حیکایەت نەک پراکتیک، شیعر وەک کەرەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە تازە هێشتا لای”ئەحمەد محەمەد” و لە بارەی وێنەی شیعرییەوەیە، تازە “ڕەنج سەنگاوی” لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکرێت، هێشتا شێوە و ناوەڕۆک باون، پێرار زانکۆی هەڵەبجە کۆڕیان بۆ “نەوژین سۆران” دەگرت، لەولاشەوە شیعری “هەندرێن، ئازاد سوبحی، ڕەفیق سابیر، ئەنوەر قادر، ئەنوەر مەسیفی، فەرهاد پیرباڵ، هاشم سەڕاج” تاکوتەرا ئاوڕیان لێ ئەدرێتەوە، خەریک نیم مافی شاعیربوون و ڕەخنەنووسین لە کەس بسێنمەوە هێنده دەمەوێت لە بارەی نوێگەریی ئەدەبییەوە بدوێم.
    ٧- ئەدەبیاتی فۆڕمگەرا و بزووتنەوەی فۆڕمالیستی تەنیا وەک حیکایەت گەیشتووەتە زانکۆکانی ئێمه و بڕێکی نوخبەش هەمان شێوە وەری گرتووە، مێژووەکەی و بەسەرهاتەکەی دەزانن وەلێ پراکتیزەکردنی زۆری ماوە، ئەمە بۆ تیۆرە مۆدێرنەکانی تریش هەر ڕاستە لێرەوە نەک هەر بەراهەنی ناگات “ئەنوەر مەسیفی” و “هاشم سەڕاج”یش ناگەن، “سەباح ڕەنجدەر” و “نەوزاد ڕەفعەت” شانسێکی وایان نادرێتێ، وەک بەراهەنییان لێ دێت، لێرەوە “فەرهاد پیرباڵ”یش وەختێک دەڵێت “وتم با وتی نا” یان وەختێک دیوە سوریالی و داداییەکەی دەرکەوت دەکات خەڵک وەک وڕێنە دەیبینێت، بەڵام “تەلعەت تاهیر” دەگات و ناوبانگیش پەیدا دەکات.

٭٭بەش بە حاڵی خۆم نامەوێت بڵێم چی شیعرە و چی شیعر نییە، تەنیا دەمویست بڵێم بەراهەنی نەگەیشتە ئێره و بۆیە نەگەشت.
٭٭فارسی نازانم بەراهەنی-م به وەرگێڕانی کوردی خوێندووەتەوە، بە فارسی بڕێک گوێم لێ گرتووە.

سوهەیب فاروق




هزر و ئازادی… ئازاد شکور

گرنگی بیرکردنەوە بۆ تاکی کورد

بۆچی گرنگە تاکی کوردی بیربکاتەوە؟ پێتڤیە لە دوو دۆخدا تاکی کوردی بیر بکاتەوە، کاتێک ئەگەر بیەوێت فێربێت، کاتێک ئەگەر ویستی گومان بکات یان ڕەتی بکاتەوە.لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەوەهەڵبهێنجێنین، کاتێک تاکی کوردی بیرێکی سەلیم و ئەرێنیانە دەکاتەوە، دەبێت بە پێچەوانەی ئاڕاستەی واقیعی باو مامەڵەبکات. گرنگە خۆی داماڵێت لە هەموو نۆرمە ئاکاری و ئاین و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، خۆی ڕزگاربکات لە کۆی بەها بە زۆر سەپێنراوەکانی وەکو داب نەریت و کەلتورو خێڵ و مێژوو و نۆرمە ئاینیەکان.
دەبێت سەرنج و تیشکی بخاتەسەر لایەنە تاریک و تەڵخ و ناڕوون وشاراوەکان، بەم کارەش گومان دەخاتە سەر ئەو ڕووداو و دیاردانەی کە گومانیان لێ نەکراوە، ئامانجیش هەنگاو هاویشتنە بۆ ژیانێکی ڕاستەقینەو پڕ مفا.
ئەمەش دەبێتە ڕاگرو پشتێنەیەکی بەهێز بۆ تاک، لەبری ئەوەی ببێتە تاکێکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ بەپێچەوانەوە دەبێتە تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ڕوئیا و ئیرادە و بڕوا بەخۆ بوو. ئەمەش فۆرمێکی هۆشیارانەی پێدەبخشێت.

ئایا دەکرێت بیرکردنەوەکانمان سنورداربکەین؟ بێگومان هیچ سنورو بەربەستێک نییە لەهەمبەر بیرکردنەوەکانمان، چونکی بیرکردنەوە تایبەت نیە بە لایەنێکی ژیان یان یەکێک لەکایەکانی ناو جڤاک، بەڵکو بەپێچەوانەوە بیرکردنەوەکانمان دەبێت سەربەست و ئازادبن، تیشک بخاتە سەر هەموو لێڵی و تاریکیەک و دیوی دووەمی ڕووداوەکانی ناو جڤاک شیبکاتەوە. فکر دەستی دەگات بەهەموو کەیس و گرفت پرسێک، پرسیار دەکات، بەدوای هۆکارەکان دەگەڕێت، پشت بەهیچ پێشبیرو لێکدانەوەیەک نابەستێت، ئەگەر بە فلتەری ئەقڵ و لۆژیکدا گوزەری نەکردبێت. تاکی بیرکەرەوە گومان دەکات بۆ ئەوەی بگاتە کەناری یەقین و دڵنیایی، ئەمەش دەیگەیەنێت بەو ئەنجامەی کە تێفکرین و بیرکردنەوە تەنها زانسێک نیە و بەس، بەڵکو دەتوانین بڵێن تەواوی زانستەکانی تری ژیان لەمنداڵدانی هزر و بیرکردنەوەوە درووست بوون، کەوابوو هەڵە نابین ئەگەر بڵێین “هزرو بیرکردنەوە زانستی زانستەکانە”. ئەگەر زانستی ئابووری تەنها لەژمارەو دراو بازاڕ بکۆڵێتەوە، یان ئاین تەنها لەمردن و دۆزەخ و ئیمان و بەهەشت بکۆڵێتەوە، مێژوو لەڕووداوە مێژوویی و بەسەرهاتەکان بکۆڵێتەوە، ئەوا بۆ بیرکردنەوەو فکر پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت، چونکی لەتەواوی ڕەهەندەکانی ژیان دەکۆڵێتەوە، هۆکارو چارەسەرییەکان دەخاتە بەرباس وشرۆڤەی دەکات، کەوایە بیرکردنەوەو فکر تەواو سەربەخۆیە و خاوەن ئیرادەی تایبەتی خۆیەتی و ناکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ کەس و بیروبۆچون و ئایدۆلۆژیایەکەوە. بۆ نموونە: ئەگەر دەقێک لەگەڵ ئەقڵدا بکەوێتە دژبەری و بەریەککەوتنەوە، ئەگەر ئەو دەقە بەلێکدانەوەی ژیری و ئەقڵی نەسەلمێنراو پشت ڕاست نەکرایەوە، ئەوا لەکاتی داوەری کردندا، دەبێت نەقڵ و دەقەکە پشتگوێ بخرێت و ڕاستەوخۆ بکەوینە ژێر فەرمان و ڕێنمایەکانی ئەقڵەوەو پاپەندبین پێوەی. ئەمەش دەمانبات بەرەو ئەو ئەنجامەی کە بڵێین: پتەوکردنی پلەوپایەیی ڕەوای ئەقڵ و ژیری، لەکاروبارە جەوهەریەکانی ژیاندا، دەبێتەهۆی لەدایکبوون و بەرهەم هێنانی هزر.

بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردی هزر ڕەت دەکرێتەوە؟

زۆر فاکتەر و هۆکارگەلی جودا هەن بۆ ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی تێهزرین و بیرکردنەوە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، لێرەدا هەوڵ دەدەین بەشێک لەو فاکتەر و هۆکارانە بەدیاربخەین کە بوونەتە هۆی ئیفلیجکردنی ئەقڵ و ڕەواییدان بە ژیانێک کە نەقڵ ئاڕاستەی بکات، لەوانە:

هۆکاری سیاسی:

نەبوونی ئازادی سیاسی هۆکارێکی ڕاستەوخۆیە، کە فکرو بیرکردنەوە نەتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوەو ببێتە جێی دڵخوازی تاکەکان، چونکی فکر و بیرکردنەوە پێویستی بەفەزایەکی ئازاد هەیە. هەڵبەت دەسەڵاتە سیاسیەکە بەجۆرێک ڕەگی داکوتاوە، بووە بە چیخێک و بەری ڕووناکی گرتووە. دەرفەت و مەودای گۆڕان و ڕیفۆرمی سیاسی نەداوە و لەو نێوانەشدا تاک ناتوانێت بەئازادی تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی خۆی بەیان بکات. سیستەمی سیاسی ڕێگە لەهەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک دەگرێت کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی تاک بێت، چونکە بەجۆرێک لەلێدان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تەماشای دەکەن و لێی دەڕوانن. نموونەی زۆر هەن سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە لە ژێر سایەی ئەو جۆرە سیستەمەدا بەدەیان نوسەر و ڕۆژنامەڤان بوونەتە قوربانی بیرکردنەوەکانیان، زۆرجار بەهۆی فشارو هەڕەشەو تیڕۆری کەسایەتیەوە ناچاریان کردوون دەستبەرداری بیرۆکەو فکرەکەیان بن، یانیش تیرۆری جەستەیی کراون. تەنانەت ئازادیەکان هێندە سنوردار کراون تاکێک کاتێک لائیرادانە بیەوێت بە قسەیەک یان بە نوسینێک ڕووبەڕووی ئەم نادادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ببێتەوە ناچار بە پاشەگەزبوونەوەی دەکەن و داوای لێ دەکەن ڤیدێو و نووسینی پێچەوانە بڵاو بکاتەوە. ئەمەش وادەکات لەبری ئەوەی تاک بیرێکی ئازادانەی هەبێت بەپێچەوانەوە تاکێکی ئەنفالکراو و ئیفلیج و بێ ئیرادەو تێکشکاوی لێ بەرهەم بێت. بەجۆرێکە تاکەکان ناتوانن داوای مافە سەرەتایەکانی خۆیان بکەن، بەئاژاوەگێڕو گێرەشێوێن و لادەر وێنایان دەکەن، یان جۆرێک تۆمەتیان بۆ درووست ئەکەن کەدەستی دەرەکی و کار بۆ نەیارەکانی دەسەڵات دەکەن، هەر بەو بیانوانە خۆیان یاسایان بۆ دەردەچێنن و هەربەو یاسایە ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوەو ڕاپێچی زیندانیان دەکەن، بۆیە دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی بڵێین: فکرو بیرکردنەوە بەبێ سەربەستی و ئازادی ناتوانێت گەشەبکات، هەربۆیە دەگەین بەو ڕاستییەی بڵێین فکر نەمامێکە لە سایەی ئازادی و سەربەستیدا شین دەبێت و گەشە دەکات. هەروەکو چۆن ئەنگلس بیرمەندی ئەڵمانی هەمان تێڕوانین و بۆچوونی هەیە، سەبارەت بەگەشەکردن و بڵاوکردنەوەی فکرو بیرکردنەوە لەجێگەیەک نشونما ناکات، ئەگەر ئەو جێگەیە پڕبێت لە ئامێری ئەشکەنجەدان و زیندانی نهێنی و ئامێری ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و هەموو هۆیەکانی تیرۆر ئیتر چ تیرۆری جەستەیی یان تیرۆری کەسی بێت.

هۆکاری ئاینی:

ئاین یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە بۆتە لەمپەرێکی گەورە لە هەمبەر گەشەکردن ونەشونمای فکر و بیرکردنەوەکانی تاکی کورد، چونکی خودی فکر لە ژێر ڕۆشنایی ئەقڵ و ژیریدایە و بەئاڕاستەیەک دەڕوات کە بە فلتەری ئەقڵدا تێپەر بێت، بەڵام ڕەوتە ئاینیەکان پێچەوانەی ئەم ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن، دژی ڕەوتە ئەقڵیەکانن و زیاتر لە ژێر هەژموونی دەق ونەقڵدان، لە دۆخێکی وەهاشدا بۆچوونی سەربەخۆ دەکەوێتە ژێر دەستهاڕی ئاینەوەو وردوخاش دەبن. ئەم سەرکوتکردنە توندە ناهێڵێت تاک سەربەستانە بیربکاتەوەو تەعبیر لەبیروڕای ئازادانەی خۆی بکات، چونکە فکر لەشوێنێک گەشە ناکات ئەگەر ئەو شوێنە توندوتیژی فیکری تێدا بێت، نمونە زۆرن لەمێژوودا کە ئەو فکرە سەربەخۆیانەی لەژێر چەپۆکی ئاین فلیقانەوە و لەنێو بران، چەندە زۆرن. لە نێو جیهانی ئیسلامی بە گشتی و دونیای کوردی بە تایبەتی کە ترۆری فیکری کراون، لە ڕابردوودا بینیمان کە بە دەیان فتوا دەرچوێنرا لە بەرانبەر کتێب و گۆڤارە سەربەخۆکان و دەنگە ئازادەکان و حەرامیان کردن، خوێنی نوسەرو شاعیرانیان حەڵاڵ دەکرد، سەرەڕای ئەو هەموو کوشتارو بڕینەی کە بە ناوی ئاینەوە دژی نەیارانی ئاین ئەنجام دران. بۆیە ئەوانە هەڵەن ئەگەر پێیان وابێت هەموان دەتوانن لەژێرسایەی ئاین پێکەوە هەڵ بکەن، هەموو بۆچونێکی پێچەوانەی ئاین ڕەتدەکرێتەوە. هەرکەسێکیش ئەگەر لەدەرەوەی ئاین تێڕوانیینەکانی خۆی بەیان بکات، ئەوا ئاین بەلادەرو گومڕاو موشریک تاوانباری دەکات، بەجۆرێک دەیکاتە کەسێکی نامۆو هەڵگەڕاوە و دواتریش لەنێوبردنی حەڵاڵ دەکرێت، لە مێژووی ئیسلامدا نموونەی وەها زۆرن، کاتێک موعتەزیلەکان ویستیان بەپشت بەستن بە ڕێنمایە ئەقڵیەکان شیکردنەوە بۆ ئاین و دەقە شەرعیەکان بکەن، بەڵام دەزگا ئاینیەکانی ئەوکات بەهەڵگەڕاوەو لادەر وێنایان کردن، بەجۆرێک ئاسەواریان سڕینەوەو کردنیان بە وانەیەک و بە بەردەوامی لە ڕێگەی پیاوانی ئاینیەوە، لەڕێگەی وتارەکانیان و بانگخوازە ئایینەکانیانەەوە وەک جۆرێک لەڕسوایی و گومڕاو سەرلێشێواو وێنەکانیان بۆ مووسڵمان و نوێژخوێنان دەگواستەوە، ئامانجیشیان لەمەدا ئەوە بوو تاکو هیچ کەس بوێری ئەوە نەکات ئەو کەلتورە زیندوو بکاتەوەو هەوڵی سەربەخۆیی فکر بدات. لە نێو ژینگەیەکی وەهادا و بەمجۆرە سانسۆرەوە و لەم شوێنە کەلەبەرو تەسک و تروسک و تاریک و نوتکەدا، فیکر ناتوانرێت گەشە بەخۆی بدات و شین ببێت. پیاوانی ئاینی لەمەدا بەتەنها نین و بە هاوکاری دەسەڵاتە سیاسیەکە لە هەوڵی زیاترکردنی هەژموونی خۆیاندان، بە هەردووکیانەوە هۆکاری سەرەکین لەپشت ئەم متبوون و دۆخە چەق بەستووەی فکردا، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی سیاسی بەهاوکاری دەسەڵاتی ئاینی توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بووەستێت، چونکی سەرەڕای پۆخڵەواتیەکانیان بەڵام ئاین ڕەوایەتیان پێ دەبەخشن ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەعاتیفەی خەڵکی، چونکی زۆرینەی ڕەهای تاکەکان نوێژخوێن و ئیماندارن.
هەردولایان دووڕووی یەک دراون پێکەوە دەستیان خستووەتە بیناقاقای هەموو ئەوجۆرە بیرکردنەوانەی کە ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەرعەرشی هەردوو دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی.

بیرکردنەوە بە سروشتی خۆی دژی ئەوانەیە، چونکە قسە لەسەر ڕووداوێک دەکات هەموو ئایدۆلۆژیایەک دەخاتە بەرتێبینی و ڕەخنە، لەنێویاندا دەسەڵاتی ئاینی و سیاسی، بۆیە لەم سەروبەندەدا بیرکردنەوەکان ناتوانن لەژێر سایەی وەها سیستەمێکدا ئازاد و سەربەست بن، چونکە فکر پێویستی بەکرانەوەی ڕەها هەیە، نەک سانسۆر بەربەست، بۆنموونە فیکر بە گومانەوە دەپرسێت ئێمە بۆچی درووست بووین؟ ئایا ئامانج لەدرووستکردنمان چیە؟ یان ژیان چیە؟ ئەم کوشتوبڕ و ناکۆکییەی نێوان بەهێز و لاواز بۆ چ مەبەستێکە؟ ئەمانەو دەیان پرسی تر کە فکر خۆی بەخاوەنیان دەزانێت، بەڵام ئاین ڕێگە لەم جۆرە پرسیارانە دەگرێت، چونکە ئاین نایەوێت تاک بپرسێت، چونکە تاکیان لەوەدا کورت کردووەتەوە کە تەنها گوێگرو ملکەچ بێت. ئەمەش دڵخوازی فکر نییە، بۆیە پێی وایە ئاین مرۆڤی لاواز درووست دەکات بەجۆرێک لاوازی و هەژاری و گوێڕایەڵی بەدۆستی خودا لەقەڵەم دەدات، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی تاک بیرنەکاتەوەو جڤاک بەمێگەل بکەن، بیانخەنە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسیەوە، نەبوونی ئازادییەکی وەها وادەکات تاک توانای بیرکردنەوەی نەمێنێت، بەهۆی ئەوەی جێگەیەک نییە ئازادیەکەی تیا بەیان بکات.

هۆکاری ژینگەیی:

فاکتەری ژینگەیی یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە ڕێگرن لەبەردەم پێشخستنی فکر لەلای تاکی کوردی، چونکی ئەو ژینگه کۆمەڵایەتییەی کەتاکی کوردی تێیدا دەژێین ژینگەیەکە خوێندنەوەو فکر نەبووەتە کەلتور تێیدا. هاوڕێکانمان یان کەسە نزیکەکانمان هاندەرو ڕێگا خۆشکەر نین، ئەوژینگەیەیی کە لە ناویدا دەژیین، ژینگەیەکە دۆستی کتێب نیە و ئەهلی مەعریفە نین، هەرچەند بەزارەکی ئەو کەسە نزیکانەو ژینگەکەی دەوروبەرمان وەک کەسانێکی بیرکرەوەو ئەهلی ئەقڵ خۆیان وێنا دەکەن، دەڵێن پێویستە بەئەقڵ بڕیار بدەین نابێت لە ژێر کاریگەری هەست و سۆزدا بین، بەڵام ناتوانرێت وەک بیرکەرەوەیەکی ڕەسەن وێنایان بکەین، چونکی بیرکەرەوەی ڕەسەن ئەوجۆرە بیرکەرەوەیەن کە بە شێوەیەکی ڕژدو قوڵ بیردەکەنەوەو تێڕادەمێنن، کەسانێکن لەنێو دونیای تێڕامان و هۆشەکیدان، پرسیار دەکەن و بیردەکەنەوە و گومان دەکەن. کەسانێکن دەپرسن و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن، کەسانێکن تامەزرۆی ڕاستی وحەقیقەتن. خۆیان تەرکیز دەکەن و دەکۆڵنەوە. لە شەرامەر ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا جۆرێکی دیکەی بیرکەرەوەمان هەیە کە زۆرینە پێکدێنێت، ئەم جۆرەیان زیاتر بیرکەرەوەی زارەکین و بیرکەرەوەیەکی ناڕەسەن و مردوون، ناتوانین هیچ بەرهەمێکی لێ وەدەست بخەین. ئەم جۆرەیان زۆرترین قسەو کەمترین بەرهەمیان هەیە، زیاتر نمایش دەکەن لەبری داهێنان، ڕۆچوون بەنێو دونیای دووفاقیدا.

پشتگوێخستنی ڕۆڵی فەرهەنگ و کتێب، یەکێکی تر لەو دیاردەترسناکانەیە کە تاکی کوردی لە تێفکرین و بیرکردنەوە دوورخستووەتەوە و تەکنۆلۆژیاو ئامێرەکانی هاوشێوە جێگەی گرتوونەتەوە، گەشتووەتە ئاستێک لەناو کورددا ڕۆڵی کتێب و خوێندنەوە بەگرنگ نەزانرێت، ئەگەر لەپێشوودا کەمینەیەک سەرقاڵی خوێندنەوەو پەرتووک بووبن، لەئێستادا لەوڕێژەیە زۆر کەمترە، چونکە ئێستا گۆڕینێک لەناو جڤاکدا ڕوویداوە، لەبری کتێبخانە تەلەفزێون و تەکنۆلۆژیا بووەتە میراتگری کتێب. هۆکارەکەشی وێڕای ئەوەی ڕەخنەیەکە ئاڕاستەی تاکەکان دەکرێت، هاوکات دەسەڵاتی سیاسیش ڕێگەخۆشکەرە بۆ بێ نرخکردنی بەهای کتێب، لەبری ئەوە ئامێری تەکنۆلۆژیان لەسەریەک ڕەوانەی ماڵەکان کردووە، ئێستا شاشەو تیڤی تەنها لەسەردیوارەکان هەڵنەواسراوە، بەڵکو لەگیرفانمان و لە کاتی پیاسە،لە کاتی سەردان، لە ناو پاس، لە کاتی پشوو، لە ناو تەوالێت، لە ناو تەکسی، لە سەر شەقامەکان، هەموو قوژبنێکی داگیرکردووە. وادەزانین کاتێک بە پەنجەگەورە کلیک لەسەر پارچەڤیدێویەک دەکەین ئەوا ئیتر ئێمە کارێکی زۆر گرنگ و گەورەمان کردووە، یان جیهانمان گرتووەتە دەست. کۆمەڵناسان ئەم دیاردەیە بە”پەنجەی گەمژەیی” ناوزەد دەکەن، ئالوودە بوون بەئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵی کوردی گرتۆتەوە. تاک بەتەواوەتی لەخوێندنەوەو کتێب دوورکەوتووەتەوە، چونکە لەناو جڤاکدا وەک مەترسی و کارەساتبارو لەنێوبردنی زەین وێنا کراوە، بۆئەمەش هەم دیسان دەسەڵاتی سیاسی تۆمەتباری سەرەکییە، بۆیە ئێستا لەبەردەم بیرۆکەیەکی سیاسیانەداین. بۆئەوەی شارستانیەتیەک بسڕینەوە پێویست ناکات کتێبەکان بسوتێنیت تەنها ئەوە بەسە کە نەهێڵیت بخوێننەوە، ئێستا لەناو جڤاکی کوردیدا ئەم جۆرە ستایلە پەیڕەوی لێ دەکرێت، میدیا لەسەر میدیا درووست دەکرێت، بۆ شۆردنەوە و ئەنفالکردنی مێشکمان بە سەدان میدیای بێ مفاو سەدان بەرنامەو پڕۆگرامی بێ ئەتەکییەت لەناو ماڵەکان ئامادەگیان هەیە، ئامانجیش لەم کارە پاشکشەو کوشتنی توانایی مرۆی تاک و مژول کردنێتی بەشتگەلێکی بێ بەها. بەم کارەش تاک تووشی بێ توانایی و بێ ئیرادەیی دەبێت و دەبێتە تاکێکی هۆشبەرو تێکشکاو.

هۆکاری ئابوری:

گرفتی دارایی کاریگەری نێگەتیفی کردووەتە سەرتاکی کوردی، وای لە تاک کردووە نەتوانێت بخوێنێتەوەو بیربکاتەوە، چونکی سیستەمی سەرمایەداری بۆخۆی هۆکارە بۆ بەنجکردنی تاک، وادەکات کەتاک جگە لەبژێوی و پارویەک بۆ منداڵەکانی، نەیپرژێتە سەر هۆیەکانی تری خۆشگوزەرانی، داهاتی تاکی کوردی باشور ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووەو ئیفلاسی دەچێت، قوت و بژێوی لای تاکی کوردی بووەتە پێشینەو ئەفزەلیەت، ژیان بەجۆرێک دژوارو قورس بووە، هەموو خۆزگەیەک ئەوەیە چۆن بتوانێت داهاتی زیاد بکات و ئایندەی منداڵەکانی فەراهەم بکات، تاڕادەیەک بتوانێت سەربەخۆی ئابوری بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر تاک هەموو غەمی ببێتە پەیداکردنی نان ئەو کات تاک توانایی بیرکردنەوە و خوێندنەوەوەی نامێنێت، بۆیە لەناو تاکی کوردیدا نان بەشێوەیەک لەپێشە تەنانەت پێش هەموو کایەکانی تری ژیان کەوتووە.

ئەگەر بڕیاربێت کومەڵگای کوردی بشوبهێنین بەدوو نهۆم، ئەوا بەتەنها نهۆمی یەکەم لایەنە ئابوریەکە داگیردەکات، هەرچی نهۆمی دووەمیشە، جڤاک و مۆڕاڵ و ئاین و سیاسەت و مەعریفەو ڕۆشنبیری و کایەکانی تری ژیانە، ئەگەر لەم نێوەندەدا وا مەزندەبکەین کەنهۆمی یەکەم دادەڕووخێت، ئەوا گومانی تێدا نییە، بەڕووخانی نهۆمی یەکەم، ئەوا نهۆمی دووەم خۆی هاڕەدەکات و دادەتەپێت و دەڕوخێت. ئەگەر ئەم بەراوردکارییە بۆ کۆمەڵگاو تاکی وڵاتێکی تر بەڕاست نەگەڕێت ئەوا بەپێچەوانەوە بۆ میلەتێکی وەکو کورد تەواو درووستە. ئەگەر تاکێک هەموو کاتەکانی خۆی بە کارو پەیداکردنی بژێویەوە تەرخان کردبێت، لایەنی دارایی فشارێکی زۆری بۆ هێنابێت ئیتر بۆ تاکی کوردی خوێندنەوەو بیرکردنەوە دەبێتە خەون و مەحاڵ، کارێکی تاڕادەیە قورس و تاقەت پڕوکێن.

هۆکاری خێڵەکی و ئەفسانەیی:

ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ وەستاندنی فکرو بیرکردنەوە، چونکی خێڵ کاری ئەوەیە بە کۆمەڵ خەڵک بکاتە مێگەل و دایبڕێنێت لەکایە مەعریفی و هۆشەکیەکان، هەرکەسێکی بیرکەرەوەو هۆشیار و تەیار بەمەعریفە ناتوانێت لەناو خێڵ کەلتورو داب ونەرێتدا هەڵبکات، چونکی ئەوانەی دوای خێڵ و دەربەگ و ئاغاکانیان دەکەون تەنها دەبێت گوێڕایەڵ و ملکەچ بن خواستەکانی گەورەکەیان جێبەجێ بکەن. ناتوانن لەدەرەوەی ئامۆژگاری و واعیزو فەرمانەکانی ئاغاکانیان مامەڵەو جمجۆڵ بکەن، کەسانێکی ملکەچن نەک سەربەخۆ، خەڵکی ناو ئەم خێڵە دوای داب ونەریت و ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتیەکان کەوتوون. نابێت هیچ کاتێک یاخی ببن، دەبێت بەردەوام بڵێن بەڵێ، هەموو کات ئامادەو تەیارن لەبەرانبەر هەر نەیارو دوژمنێک ئەگەرچی هەمیشە دوژمنەکان خێڵ و ئاغا و پیاوانی ئاینی و حیزب خۆیان بۆخۆیانی درووست دەکەن. لەسەر بنەمای دەمارگیری و خۆپاڵەوانکردن لەپێش چاوی ڕەعیەتەکەی، بەناوی عەشیرەت و داکۆکی لەخێڵەوە، تاکەکان ئیفلیج و بەنج دەکەن. ئامانجەکەش پێچەوانەی ئاخاوتنەکانی ئاغاکانە بەڵکو ئامانج و ستراتیژ مانەوەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و سامانی ڕەعیەتەکەیە و مانەوەی ئاغاکان خۆیانە لەسەرعەرشی کوێخایەتی، نەک دڵسۆز بۆ ڕەعیەت و خێڵ. بەجۆرێک نەوەکانیان ئامادەو تەیار دەکەن و دەیانکەن بە قۆچی قوربانی بەبیانووی شەرەف و تۆڵەو خیرەت و عەشیرەت و دەمارگیریەوە بەهەزاران قوربانی لێ کەوتووەتەوە، تەنانەت لەنێوان خودی عەشیرەتەکان بەسەدان کارەسات دروست بووە، بۆیە لەناو ئەم جۆرە ژیانەدا بەدڵنیاییەوە فکرو بیرکردنەوە ناتوانێت ئامادەی هەبێت، فکر بە کۆیلەکردن ڕەت دەکاتەوە فکر دەیەوێت تاک ببێتەوە بەخۆی، خۆی بڕیار لەسەرژیانی خۆی بدات، خۆی بۆ خۆی بیربکاتەوە نەک ئاغاو عەشیرەت، نەک کوێخا لەپێناو بەرژەوەندیەکەسیەکانی خۆیان بەناوی عەشیرەتەوە پاراستن لەعەرشەکەی خۆیان بکەن و دڵی دەسەڵاتی سیاسی خۆش بکەن، یان پیاوانی ئاینی و حیزب لە بری ئەوان بیربکەنەوە و بڕیار بدەن.

هەڵبەت ڕۆڵی ئەفسانەو خورافات و فاڵگرتنەوە هیچی کەمتر نیە لەفاکتەرەکانی تر، چونکە لەنێو ئەم جۆرە ژیانەدا تاک شوناسی لێ دەسەنرێتەوە، تاکێکە ئازادی و سەربەخۆیی لەدەست دەدات، بەناوی پیرۆزی و بەرەکەت و شفاوە شکۆ لە تاک دەسەنرێتەوە، ئەوکات تاک ون دەبێت، بوونی خۆی لەدەست دەدات، چونکی مرۆڤی بیرکەرەوە ئەو جۆرە تێڕوانینە ڕەت دەکاتەوە و هیچ شتێک بە پیرۆزو موقەدەس نازانێت، بەڵکو هەموو شتێک دەکەوێتە بەر تانەو ڕەخنەوە، ئەوانەی بڕوایان بە پیاو چاک و کەسانی پیرۆز هەیە خەڵکانێکن هەموو توانا فکریەکانیان لەدەست داوە، ئەمە بازرگانی کردن و دۆشینی تاکە بەناوی چاکە و پیاوی چاکەوە، ئەم کارەبۆ پڕکردنی گیرفان و کەڵەکە کردنی سەرمایەیەکی زیاترە، ئەم جۆرە مامەڵەیە دژبەرە لەگەڵ بیرکردنەوەدا چونکە ئیشی فکر دەربازبوونی تاکە لەدەست ئەو جۆرە بیرکردنەوە ناواقیعی و خورافاتە. بەشێوەیەکی گشتی بیرکردنەوە دەتوانێت لە ژینگەیەکدا جێگەی خۆی بکاتەوە کە ئەو ژینگەیە ئازادی و سەربەستی تێدا بەرقەرار بێت و ڕێگا بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئازادانە بدات.

چارەسەرکردن:

دوو ڕێگە چارە لە بەردەمی تاکی کوردیدا هەیە کە فکرو بیرکردنەوە بکاتە مەنهەج، بە مەستی دەرچوون لە نێو ئەم دونیا جەنجاڵیەی تاک تێیدا کۆت و بەند کراوەو زنجیر لەگەردنی کراوە تێکشکێنراو و بێهۆشکراوە، ئەوانیش:

ڕێگای یەکەم: ئازادی

مەسەلەی ئازادی مەسەلەیەکە هیچ جێگەی سازشکردن و دەستبەرداری نیە، چونکە ئازادی واتا بوون، واتا بەهاو شکۆ و شوناسی تاک، سەرباری ئەو هەموو فشارو بارەقورسەی لە سەر شانی تاک وەستاوە، تاک پێویستی بەهێرشی پێچەوانە هەیە بۆ ئەمەش تەنها ئیرادەو بوێری پێویستە، دەبێت بەگژ واقیعی باودا بچێتەوەو خۆی خوڵقێنەری ڕووداوبێت ئەمەش بە ئیرادەو هێزێکی تۆکمەی وەک بڕوابەخۆبوون ئەنجام دەدرێت. نابێت تاک دابنیشێت و چاوەڕێی ڕەحم و کەرەمی ئەو لایەنانە بێت کە خۆیان هۆکارو فاکتەرن بۆ خوڵقاندنی ئەو دۆخە. هەڵبەت ئازادی بەو مانایەی کە دەبێت تاک یەکەمجار خۆی ئازاد بکات و لە خڵتەو خاشاکی نۆرمە ئاینی و سیاسی و ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ژینگە دەروونیەکان هاتبێتە دەرەوە، ئەوجا دەتوانێت داوای دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر بکات، تاک هەرتەنها بەرپرس نیە لەمافی خۆی بەڵکو لەسەریەتی ماف و داوای کەسانی تریش لەئەستۆ بگرێت، کەوابوو ئازادی تاک پەیوەستە بەسەربەخۆی تاکەوە، سەربەخۆیش واتا چۆن دەتەوێت ئاوا بژی، چۆن پێتخۆشە وەها بیربکەوە، چۆنت پێباشە وەها چێژوەربگرە، حەزت بۆکوێ بوو بۆ ئەوێ بچۆ. دەتوانین ئەم جۆرەیان بەوە کورت بکەینەوەو بڵێین: مەحاڵە تاک بەبێ ئازادی بتوانێت ببێت بەوەی کە پێویستە ببێت.

ڕێگای دووەم: بەکەلتورکردنی خوێندنەوە

خوێندنەوە دەرگای ڕزگاربوون و گەیشتنە بەئامانج، تێگەشتن و هۆشیاریە، هەمووچالاکیەکی ڕۆشنبیری یان جڤاکی بەبێ خوێندنەوە ناتەواوە، خوێندنەوە پرۆسەیەکی وراسی نییە، بەڵکو تاک دەبێت لەخۆیدا درووستی بکات، خوێندنەوە گرنگتر دەبێت ئەگەر کرا بە چێژ، کتێب پێویستە وەک شمەکێک لەشمەکەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەشەقام و گەڕەکەکان بانگەوازی بۆ بکرێت، ئەگەر هات و کتێب بوو بە کەلتوور ئەوکات تاک لەخوێندنەوەی نەرێنی دوور دەکەوێتەوە. کتێب دەرگایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و هۆشیاریمان، ئەم بەرزی هۆشیاریەش وادەکات یاخی ببین، یاخیگەریەک ڕووبەڕووی واقعی باو ببێتەوە، یاخیگەریەکی ئیرادیانە نەک تەسلیم بوون. واتا هەمیشە بەکەم ڕازی نەبین، لەکات و ساتی خۆیدا ڕەنگەکان بناسینەوە، وەکو کوێر دەست نەکوتین، ئەم هۆشیاریەش ئازادیمان بۆفەراهەم دەکات و ڕووبەڕووی مەحاڵ و تەحەدیەکان دەبینەوە. هەرچەند ئەم بێبەهاکردنی کتێبە ڕەگێکی لەپێشینە و دوورودرێژی هەیە هەر لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەکات تاوەکو قۆناغی زانکۆ، بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست لەبەردەم تاک، چونکی تاک خاوەنی هۆشیاری و ئاگاییە، هیچ شتێک لەپێشیدا مەحاڵ و نەکردە نییە، بە مەرجێک ئەگەر ئیرادەو بڕوای بەخۆبوونی لەگەڵدا هەبێت.

خوێندنەوە هەمان واتای ئازادی هەیە، تەنها ئەوانە ئازادن کەدەخوێننەوە، چونکی ئازادی ترس و خورافات قاودەدات، کە هەردووکیان گەورەترین دوژمنی مرۆڤن. بۆیە بەبەردەوامی دەسەڵاتە شمولی و ستەمکارەکان ترسیان لەکتێب و نوسین هەبووە، هەمان حسابی ئاگرو بارووتیان بۆ کردووە، “مارکس و ئەنگڵس” دوو لەو بیرمەندە ئەڵمانیانە بوون کە نەیانتوانیوە لە وڵاتەکەی خۆیان تێزو تیۆریاو بۆچوونەکانیان بەیان بکەن، چونکە دژبەرییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەی خۆیاندا هەبوو، ئەمەش دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەی کە بڵێین: لەهەر شوێنێک ئازادی هەبوو ئەوا فکریش گەشە دەکات، پێچەوانەکەشی دروستە.
بەگشتی “وشە” خاوەنی وزەیەکە ستەمکار سڵی لێدەکاتەوە، هەروەکو چۆن ئاغاو دەرەبەگ دژی ئەوەبوون لەگوندەکان قوتابخانەو فێرگە بکرێتەوە، چونکە ترسیان هەبوو نەبادا لەنێو خێڵەکان نەوەیەکی هۆشیار درووست بێت، ئەوکات عەرشیان دەکەوێتە لەرزە، بەهەمان شێوەش لەنێو شارەکانیش ئەگەر نەتوانن ڕاستەخۆ دەرگای زانکۆ و قوتابخانەکان دابخەن ئەوا بەچەندین ڕێگەی تر چ بەپارە یان بەفشار ڕۆڵی مەعریفە بێ بەهاو بێ شکۆ دەکەن. دەربازبوونمان لەم تەنگەبەری تاریک ونوتکیە بەو ڕێگایە دەبێت کە تەنها کتێب بە دۆستی ڕەسەن و ڕاستەقینەی تاک بزانین، ئەوجا دەتوانین ئازادیەکەشمان بدۆزینەوەو، لەوقەیرانە سیاسی و ئاینی و جڤاکیە بە زۆر سەپێنراوانە ئازاد ببین. بە خوێندنەوە ئازاد دەبین، چونکە بیر دەکەینەوە، کە بیرمان کردەوە گومان دەکەین، گەر گومانیشمان کرد دەگەین بە حەقیقەت، حەقیقەت واتا ئەوشتەی کە خۆمان دەمانەوێت. لە ڕێی خوێندنەوەوە دەگەین بە بیرکردنەوە و دان بە شکۆی بیرکردنەوەدا دەنێین، کە دانمان بەوەشدا نا بوونی خۆمان شکۆدار دەکەین، هەروەک لە کۆجیتۆی دیکارت دا هاتووە “من بیردەکەمەوە کەواتە:من هەم”. ئێمە لە ڕێی بیرکردنەوەوە ئاشنا دەبین بە بەشێکی گرنگ لە بوون و شکۆدارییەکەی.

ئازاد شکور




کاکە تەعریب و خاتوو عروبه… شەماڵ بارەوانی

ئەو ڕۆژانە لەگۆگڵ سێرجێکم کرد، سەبارەت بە عروبە، یەکسەر ناوی خانمێکی کوردم بەرچاوکەوت بە ناوی (عروبە!)،
تووشی شۆک بووم، سەیرە کورد بیت و ناوت عروبە بیت!؟
لەدڵی خۆم دا گووتم دەبێت ئەو خانمە چ کاکە تەعریبێک ئەو ناوەی لێ نابێت!؟
ئاخر ناو خلاس بوو و تۆ بێیت کچەکەت ناو بنێیت عروبە!

زۆرجار دەگەم بەو بیرکردنەوە و قەناعەتە کە بڵێم:ئێمەی کورد نەتەوەیەکی هەربەڕاستی مازۆکین و چێژ لە بێگانە پەرستی و خۆ بەکەم زانی دەبەین و ڤایرۆسی بیری عروبە تێکەڵ بە خوێن و شادەمار و جیناتمان بووەو عەرەب پەرستی بووەتە کەلتوور لەناومان!
مەترسی و کارەساتەکەیش ئەوەیە ئەو تەعریبە لەناو بەرگی ئاییندا بێت و بابای کوردی لەخشتە بردراو سەرلێشێواو ئەقڵ و هۆش بە تەعریب و بە عەرەب کراو، لێشی حاڵی نەبووبێت و نەزانێت مەسەلەکە چییەو لە هەمانکاتدا وەکو پیرزیش وەریگرتبێت و قسە لە سەرکردن و ڕەخنەگرتن لێی بە بێ دینی و هەرتەقەیی بزانێت!

هاوڕێیەکم مناڵەکەی ناو نابوو حەلیمە، گوتم باشە بۆ ناوی ناکەیتە نەرمین؟ گوتی کوڕە وسبە باکافرنەبیت، تۆ نازانی ئەوە ناوی ژنەکی سەحابەیە!

گوتم جا با ناوی هەرکەسێک بێت، و ناو چ پەیوەندی بە ئایینەوە هەیه! ئینجا لێم پرسی تۆ دەزانی حەلیمە واتای چییە بە کوردی؟ گوتی نەخێر!
من بەس هێندە دەزانم ئەو ناوە، ناوێکی پیرۆزە و تەواو چیتر قسەی لەسەر نەکە و بەسیکە، کاکە با کافر و گومڕا و گوناحبار نەبیت، ئەوە نموونەیەک یان بابڵێم نوکتەیەکی بیرهێنامەوە،
دەڵێن کاتی خۆی شیوعی و چەپەکانی دەشتی شارەزور خۆپیشاندانیان ئەنجامداو لەناو خۆپێشاندەراندا پیاوێکی بە تەمەنی تیابوو یەک بە دەنگ دەیگوڕاند و هاواری دەکرد و دروشمی دەگوتەوەو هۆتافی دەکێشا:ئێمە ڕۆڵەی مارکسین، لە خوا نەبێت لەکەس ناترسین،
یەکێک لەخۆپێشاندەران لێی پرسی مامە حاجی تۆ دەزانیت مارکس کێیە؟!
مام حاجی گوتی بۆ مارکس سەحابە نەبوو؟
کابرا گوتی نەوڵا مارکس دەڵێ خوا نییە و ئایینیش تریاکی گەلانە،
مامە حاجی توڕەبوو و گۆتی مارکس گوی خواردیە، جا نموونەی کوردی داماویش ئاوایە ئەزیزم،
کوردی سەر لێ شێواو ناوێکی عەرەبی لە کچەکەی خۆی ناوە،
بۆنمونە:مائیدە:گەر بیکەیتە کوردی واتا: خوان و سفرەی نان خواردنێ و کەچی بە مەبەستی پیرۆزیش لێی ناوە!

واز لە ناوی”کەزیبان” بێنن و مەیکەنە کوردی ئازیزانم!
لەهەمووی سەیرتر! ناوی منداڵەکەی خۆی ناوە ئوسەید، کە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەڵێن:اسم تەسغیر و، ناوەکە بە واتای(بەچکە شێرێکی بچوک و ترسنۆک و بێ هێز)دێت، کەچی ئامادەنییە ناوی بنێ شێرکۆ،(شێرێکی زیرەک و بە توانا)،
عەرەب هەر بە فیزیکی وێران و ئەنفالی نەکردووین، بەڵکوو بە دەیان شێوازیتر ئەنفالی ناوو کلتورو فەرهەنگ و بوونماندەکات و هەوڵی سڕینەوەمان دەدات!
تۆ سەیرکە، لەناو زیاتر لە دووسەت ملیۆن عەرەب دوو ناوی کوردی نابینیت، کەچی لە ناو پێنج شەش ملیۆنەکەی خۆمان لە هەرێمی کوردستان، چوار ملیۆن کورد ناوەکەی عەرەبی و، ئوسامە و زەید و سەعد و سامر و مەولان و فەرحان و ڕەزوان و ڕەمەزان و چی و چی عەرەبیە!!

جا وەک ئاماژەم پێکرد تراژیدیاو ماڵوێرانی و خەتەریەکە لەوەدایە، ئەو تەعریب و بە عەرەبکردنەی ناو کولتوور و هەمووشتێکی کورد، لەناو بەرگی ئاییندابێت، ئەو تەعریبەی زۆر مەترسیناکترە لەو تەعریبەی بە ناوی نەتەوەوە، نەتەوەی عەرەب لەدژی نەتەوەی کورد جێ بەجێی دەکات.

تەعریبێکی مەترسیناک و بێتام، تەعریبێک ناوێکی عەرەبی بەر لە هەزار و چوارسەت ساڵە، تەنانەت بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلامیش، کابرا یان ژنەکە، ئەو ناوەی لێبووە و ناوەکە هیچ پەیوەندی بە ئایینیشەوە نییە، تۆی کورد و لە سەدەی بیست و یەک دا، تازە بە تازە بێیت و ئەو ناوە عەرەبیە، لەژێر عاتیفە و سۆزی ئاییندا، لەمناڵی خۆت بنێیت!
Seen by Shamal Ismael Kareem at 1:51 AM
Shamal Ismael Kareem
یان کوردی داماو، دیشداشەی ئەفگانی و عەرەبی لە بەردەکات و کلاوی شیشانی و تەرپووشی عوسمانلی دەکاتەسەر و عەبای خەلیجی دەپۆشێت، جا لە هەمووی خۆشتر و نوکتەتر و سەیر تر، هەموو ئەو ناو دیشداشە و کلاو تەرپۆش و عەبایەیشی لا ئایین و پیرۆزە !

ئەو تەعریبەی لەناو بەرگی ئاییندا،
ئەو تەعریبەی ئیسلامی سیاسی تاوانبار و خەتاباری سەرەکییە تیایداو دەستی ئەمی تیایە و ئەمی لەپشتەوەیە، لە ڕاستیدا ئیسلامی سیاسی دیوێکیتری تەعربیە و ڕۆڵێکی گرنگ و یەکجار ترسناکی ناڕاستەوخۆی هەیه لە پرۆسەی بە تەعریبکردنی کورد و خزمەتکردنی بزاڤی تەعریب و، ئەنفالکردنی ناو ناسنامە و کولتووری کورد و لاوازکردن و خەفەکردن و کوشتنی هەست و شعوری نەتەوەیی لە دڵ و دەروونی تاکی کورددا، ئیسلامی سیاسی بۆ ناوی عەرەبی کورد هاندەدات و بە گوێرەی کتێبی«الاسلام السیاسي في إقليم كوردستان- العراق» لەساڵی١٩٩١ ڕێژەی ناوی کوردی لەناو کوردا، ٦٥٪بووەو، بە هۆی چاڵاکی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان و، لە ساڵی٢٠٠٠، ئەو ڕێژەیە بۆ ٣٣٪ دابەزیوە، ئەوەتا لە ماوەی نۆساڵ، ئەی دوای بیست و دوو ساڵ و ئێستا و لەساڵی ٢٠٢٢، دەبێت ڕێژەکەی بۆچەند دابەزیبت؟!

لەسەردەمی بەعس، سەرەڕای دڕندەیی و ترسی بەعس و نەبوونی ئازادی، ئینجا خەڵک وەکوو تەحەدایەک بۆ دۆژمن و قەناعەتێکی نەتەوەییش ناوی کوردیان لە مناڵەکانیان دەنا. ناوگەلێک کەهەڵگری دەلالەت و واتای نەتەوەیی و مێژوویی و بەرخودان بوون و وەکوو تەحەدایەک بۆ ڕژێمی بەعس و بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و سلمی خەباتیان دەزانی. لەگەڵ ئەوەی بەعس زۆر دژی ئەو ئاڕاستە و ناوانەیش بوو. ئەوە بەڵگەی بە هێزی بەرزی هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری نەتەوەیی ئەو سەردەمە لای کورد دەگەیەنێت. ناو واتای ناسنامەی نەتەوەیی دەگەیەنێت، وەلێ ئیسلامی سیاسی بە پێی بەرنامەو پیلانێک کاردەکات، لە پێناو ئەوەی ناوە عەرەبیەکان بگەڕێنێتەوە بۆ مناڵی کورد و لە دوای ڕاپەڕین و ڕووداوی١١ی سێپتەمەر بە پێی تۆمارەکانی لەدایکبوون و تۆمارەکانی باری شارستانی گۆڕانێکی زۆر لە ناوی مناڵانی کورددا، ڕوویداوە و دەیان و سەتان مناڵی تازە لەدایک بوو ناونراون ئوسامە)٭. و «زۆربەی ئەو ناوانەی ئیسلامی سیاسی لەمناڵەکانی خۆیان ناون لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ناوگەلێکی وەک:سوهەیب و موسعەب و خوبەیب و خەباب و ڕەیان و لەو شێوە بوونە.)٭سەیرە، لە سەردەمی بەعس و ترس و نەبوونی ئازادیدا، کورد وەکو تەحەدایەک بۆ تەعریب و دوژمن ناوی کوردی بۆ مناڵەکانی خۆی هەڵدەبژارد و ناوی مناڵەکانی دەکرد بە ئازاد و ڕزگار و شێروان و کاروان، کەچی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی ئازادی کورد و ئازاد بوونی هەرێمی کوردستان، لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیا و ئەجێندا و وەعزو وتاری ئیسلامی سیاسی موتوربەکرا و بە تەعریب و لێوان لێو لە بیری عروبە، کورد ناوی عەرەبی لە مناڵەکانی خۆی دەنێت و ناویان دەکات بە ئیمان و هیدایەت و سەورەو ئیخلاس !

ئەفسوس هیچ کەسێک بە قەد ئیسلامی سیاسی زەربەی لە داب و نەریت و کولتووری کوردی نەداوە. ئیسلامیەسیاسیەکان هانی خانەوادەکان دەدەن ناوی مناڵانیان بکەن بە عەرەبی و بە پرۆژەو بەرنامە و پیلان ناومان لە دیاکو و کامەران و گۆران و سیروان و دلێر و دڵدار و شێرکۆ بەناز و بەهار و ئاواز و دڵخواز و نەرمین ..تاد. لە ژێر پەردەی پیرۆزی و بە ناوی ئایینەوە دەگۆڕن، بۆ ناوی عەرەبی، ناوگەلێک کە نەپەیوەندییان بە کولتووری کوردەوارییەوە هەیەو نە ئایینی ئیسلامیش، ناوگەلێک تەنها خزمەت بە بیری عروبە و ئەجێندا شۆڤێنیەکەی عەرەب دەکات.
کە ئیسلامی سیاسی ناڕاستەوخۆ جێبەجێکارین و شەڕی بەوەکالەتی بۆ دەکەن!


١-عەبدولفەتاح عومەر بۆتانی،«الاسلام السیاسي في إقليم كوردستان- العراق»، پ.١٠٠-١٠١.
٢-هەمان سەرچاوە، پ.١٠١.




یاداشت… شیعری: نەوزاد بەندی

ئەمشەو حەزم کرد ، بە دەر لە ویســـــتم
شتێ بنووسم بۆ خۆشەویســـــــــــــــــتم
ئەوەی ســــــــــــــــــاڵانێ کەوتە نێوانمان
هەرچـــــــی بنیـــــاتمان نابوو ، شێوانمان
کاتێ ئەڕۆیشـــــــتم ، نامۆ و تـــــەنیا باڵ
ئەو لە ناخمدا وەک شنەی شـــــــــــەماڵ
ئەبوو بە دەرمـــــــــــــــــان بۆ دەردەکانم
ئەوەی پەنهان بوو ، بۆی ئەدرکــــــــــــانم
بزەی ئەخستە ڕوخســـــــــــــــــاری ماتم
تەنیا بوومایە ، ئەیـــــــــــــــووت وا هاتم
ئەو دڵەی ئێستا کەلاوەی خــــــــــــــــەمە
بۆی پڕ ئەکــــــــردم لە خەنــــــدە و گەمە
هەرچی ڕەنگ هەبوو لێـــــــــــی ئەپرژانم
ئەتوت کازیوەی پشـــــــــتی بارانـــــــــــم
هەمیشە لە پێش‌ چاوما بینراو بــــــــــوو
لەگەڵ هەر دەنگێ ، ئەویش بیستراو بوو
ئەمانە هەمـووی ، هەر دوور بە دوور بوو
ئەو کەسێ نەبوو ، باخچــەیەک نوور بوو
بە یەک نەگەیشتین ، تەنانەت ســــــــاتێ
بۆ یەکیش بوو بووین بە گشــــت ئاواتێ
نە چایەک خورا .. نە قومــــــــێ قـــــاوە
نە تاوێ پیاسە ، لەملا و لــــــــــــەو لاوە
چوار ساڵ تێپەڕی ، ژیانی من و تـــــــــۆ
ئیتر ڕۆژێکیان تــــــەواو بوو زانکـــــــــۆ
بێدەنگترین عەشق ، بێڕەنگتریـــن ڕەنگ
پێش دەستپێکردن ،جێیهێشتین بێدەنگ
ئێستایش لە هیچ کوێ ، دیارنیت باوانم
هەم تاوانبارم ..هەم بێ تـــــــــــــــاوانم
تاوانبارێکەم ، دوور پەرێــــــــــزیی بوو
چی بکەم ئەو عەشقە، دڵ ئامێـــزی بوو
هەتا دوایی ….. ئیلا ئاخیرهی ….

نەوزاد بەندی / 28-مارت-2022




دەربارەی حکومەتی دژە شۆڕشی “نیشتمانی”، و ئەرکەکانمان… موئەیەد ئەحمەد

مێژووی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) گەیشتە قۆناغێک لەعێراقدا کە ناتوانرێ بگەڕێنرێتەدواوە، ئەمەش لەڕووی ئەو پەرەسەندنەی کە ڕوویداوە لە پەیوەندی نێوان چینەکانی ناو ئەم وڵاتە و لەڕووی ئەو کوتەکەی کە ڕاپەرین سرەواندیە هێزەکانی ڕژێم و سرەواندیشیە‌ هێژمۆنی فیکری و سیاسی و بەها کۆنەپەرست و پیاوسالاریەکانیان لە ئاستی کۆمەڵگەدا.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختـە دوای سەرکوتی خوێناوی ڕاپەڕین، وە ململانێکانی ئێستاش لەنێو کەمپی هێزەکانی ڕژێمدا لەسەر شێوەی حکومەت و ڕەوەندەکانی تر، سەرجەمیان بریتین لە سیاسەت و کردار و تاکتیکی دژە شۆڕشی هێزە کۆنەپەرستەکان کە بە سەرکوتی بێ پەردە و خنکاندنی ڕاپەڕین توانیویانە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنـنەوە.
هەموو ئەم تاکتیک و سیاسەتانە، لە لایەک تەواوکەری سەرکوتی ڕاپەڕینەکە و هەوڵدانن بۆ ڕێگرتن لە شۆڕشی داهاتوو، وە لە لایەکی دیکەوە، هەوڵوتەقەلان بەمەبەستی جێگیرکردنی سیستەمی سیاسی و دەوڵەتی بۆرژوازی لە عێراقدا لەسەر بنەمای دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ پێکهاتە ئیسنۆ-تائـیفیـیەکان (Ethno-sectarian) و جێگێرکردنی ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی دەوڵەت بەوەی کە ئیسلامی و قەومیـیە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، ململانێی ئێستاش لەسەر گۆڕینی شکڵ و شێوەی حکومەت لەنێو ڕژێمی سیاسی پشکپشکێنەی عیراق، لە حکومەتی “تەوافوق”یەوە بۆ “زۆرینەی نێشتیمانی”، جیاناکرێتەوە لەو گۆڕانەی کە هاتۆتەدی لە پەیوەندی نێوان چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگای عێراقدا، وە جیاش ناکرێتەوە لە ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانە لەسەر جیگەوڕێگەی باڵ و ڕەوتەکانی ڕژیم و سیاسەت و ستراتیژیەکانیان. هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییە کە لەبنەڕەتدا لەڕووی بەشداریکردنی هاوڵاتیانەوە پەڕپوت بوو، ڕێژەی دەنگەکانی سەرجەمی لایەنەکانی دەسەڵاتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە و پێگە و هێزی هەندێکیانی بەرامبەر بە هەندێکی تریان گۆڕیوە. مەسەلەی بناغەیی لەم گۆڕانەدا دابەزینی ڕێژەی ئەو بەشەی ئیسلامی سیاسیە کە نوێنەرایەتی دەکرێت لە لایەن ئەوەی پێی دەوترێ “چوارچێوەی هەماهەنگی” و پاشەکشەی ڕێژەیـیەتی لە شانۆی ئەو ململانێیە سیاسیـیەی کە ئەگوزەرێ سەرباری پەیوەندی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و خاوەنداریەتی بۆ ئەو هەموو پولوپارە و هێزە چەکداریە میلیشیایـیەی کە هەیەتی.

هۆکاری جەوهەری لە پێداگری ڕەوتی سەدر لەسەر حکومەتی “زۆرینە”

لە ڕوخساری دەرەوەی ململانێکاندا دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی “حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی” و هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی ڕژێمی سیاسی ئیستا، هەروەها لە هەموو چرکە ساتەکانی ئەم ململانێ و هەوڵانەدا، بەڕوونی سیمای فشار و کاریگەرییەکانی هێز و جەمسەرێکی تر دەبینین، جەمسەری جەماوەری کرێکاران و هەژارکراوان و چەوساوەکان و خەباتی ئازادیخوازانەیان، کە سەرەڕای باری ناهەموار و نارەحەتی جۆراوجۆر، هەڕەشە و فشارێکی گەورە پێکدەهێنن لەسەر ناوەندی سیاسی و ستراتیژی بۆرژوازی فەرمانڕەوا و ڕەوەندە سیاسی و فیکریـیە سەرەکیەکانی وڵات. “حکومەتی زۆرینەی نێشتمانی”، کە سەدر ئەیەوێت پێکیبهێنێ، شتێک نیە جگە لە فۆرمێکی سیاسی پڕ لە قەیران و ناکۆکی، تا لە ڕێگەیەوە فشار و مەترسیەکانی ئەم جەمسەرەی تر پوچەڵ بکاتەوە، ‌هەروەک چۆن هەڵبژاردنی پێشوەختە و ژمارەیەک لە مانۆڕ و سیاسەتی تری هێزەکانی ڕژێم پاش سەرکوتی ڕاپەرێنی ئۆکتۆبەر گرتنەبەری ئەم شێوازە بوو.
ڕەوتی سەدر ئەم ستراتیژ و سیاسەتە نوێـیە دەخاتەڕوو نەک لەبەرئەوەی بڕیارێکی ئارەزوومەندانەیە کە بەئاسانی دەتوانرێت وەلابنرێت وەیا بڕیارێک بێت هۆکار و هاندەرەکەی لابردنی نوری مالکی بێت لە حکومەتی داهاتوو بەهۆی هەڵوێستی شەخسی موقتەدا سەدر لە بەرامبەریدا، بەڵکو لەبەرئەوە دەیخاتەڕوو کە ئەم ستراتیژە پێویستیەکی پەرەسەندنی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ناکۆکییەکانیەتی لەناو عێراقدا، بەتایبەتی توندوتیژبوونەوەی قەیرانەکانی ڕەوتی سەدر کە بریتییە لە کەمبوونەوەی کاریگەری و لەرزۆکی بنکە کۆمەڵایەتیەکەی لەناو هەژاران و کارگەران و بێبەشکراوان لە ناوەڕاست و خواروی عێراقدا.
چ “حکومەتێکی تەوافوقی” بە شیوەی جاران و چ “حکومەتێکی زۆرینە” کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزەکانی ڕەوتی سەدر و “چوارچێوەی هەماهەنگی” پێکبهێنری، ناتوانێت سەدریـیەکان لەو بنبەستە ڕزگاربکات یان یارمەتیان بدات کاریگەری ئەو قەیرانەی کە دەرگیریانە کەمبکاتەوە، چونکە هەردوو جۆری حوکمەتەکە بەناچاری قەیرانی سەدریەکان توندوتیژتر ئەکاتەوە و ڕەوەندی لەدەستدانی بنکە کۆمەڵایەتیەکەیان زیاتر ئەکات. ئەمە هۆکاری جەوهەری و بنەڕەتی پێداگری سەدر و ڕەوتەکەیەتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی “زۆرینەی نیشتمانی” بەهاوپەیمانی نە لەگەڵ هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بەگشتی، بەڵکو لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە واتە لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکانی ژیر نفوزی خۆی.
ئەوەی کە ڕەوتی سەدر ئەیچنێتەوە لە سیاسەتە پراگماتیکیەکانی بۆ کرانەوە بەڕووی ئەو شتەی کە پێی دەڵێن “قووڵایی عەرەبی” ناوچەیی، واتە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، هەروەها بەستنی هاوپەیمانی پەڕلەمانی لەگەڵ حیزب و هێزەکانی ناوخۆی عێراق “بلۆکی سیادە” و “پارتی دیموکراتی کوردستان” (پارتی)، کە بەجۆرێک پەیوەستن بەم وڵاتانەوە، بەهێزکردنی ستراتیژ و بەرژەوەندیەکانی ئەم ڕەوتەیە وەک ڕەوتێکی سیاسی تایفی حکومەتیی. دیارە، هاتنەناوەوەی هەندێک لەوانەی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دان، چ وەک تاک یان قەوارەی جیا کاریگەریـیەکی خراپی ئەوتۆی نابێت لەسەر ستراتیژی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی “زۆرینەی نیشتمانی”.

حکومەتی زۆرینە” و ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازی دەوڵەت و ڕژێم
هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئێستای نیوان ڕەوتی سەدر و پارتی و کوتلەی “سەروەریی” (کە پێکهاتووە لە “پێشکەوتن” و”عەزم”)، بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، لە یەکەم نیگادا وا دەرئەکەوێت کە ڕەوتی سەدر لەدەرەوەی چوارچێوەی تایفەگەری وقەومیەوە بەرەو پێکهێنانی حکومەت ڕۆیشتبێت. بەواتایەکی تر، وا دەرئەکەوێت کە ئەم ڕەوتە بە تایبەتی تائیفەگەری تێپەڕاندبێ و توانیبێتی لەسەر بنەمای “زۆرینەی سیاسی نیشتمانی” حکوومەتێک پێکبهێنێت لە سەرئاستی وڵات، و هەر ئەمەشە کە هێزەکانی هاوپەیمانی سێ قۆڵی و میدیاکانیان و میدیای ڕژێم بەردەوام تەپڵی بۆ لێئەدەن ئەوەی کە ئەمە حکومەتێکی”نیشتمانی”یە و خاڵی دەستپێکردنە بۆ دامەزراندنی “دەوڵەتی عێراق” و “گەڕاندنەوەی جیگەوڕێگەی نێودەوڵەتی عێراق” و..‌هتد.
تێڕمانێکی کورت لەم دیمەنە و ئەم سیناریۆیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خودی پڕۆژەکە لە بناغەوە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی سێ هێزی قەومی و تایفی بۆرژوازی دامەزراوە و ڕێک نوێنەرایەتی ئەم جۆرە دابەشکردنەی کۆمەڵگەیە. هەروەها ئەوەشمان نیشان دەدات کە ئەم جۆرە حکومەتە لە چوارچێوەی سیستەمی تائیفی و قەومی ئیستا تێناپەڕێ و نابیت بە حکومەتێکی بۆرژوایی کە لەسەر بنەمای شوناسی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی کە پێی دەوترێ شوناسی”عێراقی” دامەزرابێت دیارە ئەمەش بەهەموو ئەو هاتوهاوارەش کە لەم باریەوە ئەکرێت و لەگەڵ هەموو ئەو بەرژەوەندیە ماددییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە هاوبەشەشەوە کە ئەم هیزانەی هاوپەیمانی بەیەکەوە گرێ ئەداتەوە وەک نوێنەری بەرژەوندیە گشتیەکانی سەرمایە لەسەر ئاستی عێراق.

ناوەرۆکی چینایەتی بۆرژوایی دەوڵەت لە عێراق و حکومەتی ئێستا و حکومەتی بەناو “زۆرینەی نیشتمانی” لە بناغەدا بەو پەیوەندییە زۆرەملێ و سەرکوتگەرەیە دیاریئەکرێت کە ئەم دەوڵەت و حکومەتە هەیەتی لەگەڵ چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشکراواندا، ئەم پەیوەندیـیە سەرکوتگەریە ئەو فاکتەرە هاوبەش و یەکلاکەرەوەیە کە ‌هێزە بورژوا تائیفەگەر و قەومی و لیبراڵی و ڕیفۆرمیست و تەنانەت (تشرینییەکان) و هاوپەیمانە پەرلەمانیەکانیان لە “نەوەی نوێ”، پێکەوە دەبەسێتەوە بەرامبەر کرێکاران و زەحمەتکێشان. پەرتەوازەیی سیستەمی سیاسی وڵات و دابەشبوونی ڕۆڵ و دەورەکان لەسەربنەمای نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان، بەو هۆیەوە سەرکوتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساندنەوەی ژنان و سەرکوتی گەنجان لە سنوری ناوچەکانی بوونی هاوڵاتیان لەم بەناو “پێکهاتانە”دا، درێژکراوەی پێویست و تەواوکەری ئەم پەیوەندییە زۆرەملێیە چینایەتییەی دەوڵەتی ئەم سەردەمە و حکومەتی ئیستا و داهاتووی عێراقێشە، لەپەیوەند بە کرێکاران و جەماوەرەی چەوساوەوە. تیشرینییەکانی “بزووتنەوەی ئیمتیداد” و هاوپەیمانانیان لە “نەوەی نوێ” لە ڕاستیدا ئامراز و قەوارەی سیاسین بۆ ئەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لەباربەرن و کاریگەری وزەی شۆڕشگێڕی لەکاربخات و بیخاتە ناو ئامێری سەرکوتکەری دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمانە کەیەوە و هەموو ئەمانەش بە ناوی ڕیفۆرم و ڕاپەڕین و چاوەڕوانیـیەکانی گەنجانەوە.

واقع ئەوەیە کە حکومەت و سیستەمی سیاسی نۆێنەرێکی تەواوی هێز و تۆێژە بۆرژوازیە قەومی و تائیفییە جیاوازەکانە لە عەرەبی زمان و کوردی زمان و ئەوانی تر و لە تائیفە ئایینیەکانی سووننە و شیعە، هتد، وهیچ شتێک لەگۆڕی نیە کە ناوی بەرژەوەندی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەداران بێت یا ناوی جەماوەر بێت بەگشتی لەم سیستمەدا، نە لەئاستی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان و نە لەئاستی وڵات، وە هیچ شتێکیش نیە ناوی “وڵات” و”عێراق” بێت جگە لە هێماکانیان کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئایدئۆلۆژیە چینایەتیە بۆرژوازیەکان بەرجەستە ئەکەنەوە. هەربۆیە ئەوەی کە هەیە و بەرجەستەیە، بەرژوەندی دژ بەیەکی سەرمایە و کارە و بەرژەوەندی تۆیژ و هێزە بۆرژوا قەومی و مەزهەبییە جیاوازەکانە کە لە ململانێدان لەگەڵ یەکتر، بەڵام لە نێو یەکپارچەیی گشتی خۆیاندا وەک نوێنەری سەرمایە بەڕووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتیاندا. هەموو ئەو زوڕنایانەی کە هەڵدەخۆینی بەسەر حکومەتێکی”نیشتمانی” و حکومەتێکی “زۆرینەی سیاسی نیشتمانی” جگە لە شاردنەوەی ئەو واقیعە چینایەتیانە هیچی ترنین.

ڕاستە حکومەتی”زۆرینەی سیاسی نیشتمانی” تاڕادەیەک جیاوازە لە “حکومەتی تەوافوقی” بەوەی کە لە باشترین حاڵەتدا ژمارەیەک لە حیزب و هێزە بەشدارەکان لە پرۆسەی سیاسیدا ئەخاتە دەرەوەی بازنەی چێژوەرگرتن لە تاڵانیی حکومەتی داهاتوو و وەزارەتەکانی لە کاتیکدا ئەو حزب و هێزانە پێویستیانە بۆ دریژەدان بە جێگەوڕیگەیان لە هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات لە عێراقدا، وە هەروەها زیان ئەگەیەنێ بە بەرژەوەندە جێوسیاسیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە عێراقدا. بەڵام ئەمە لە کاراکتەری ڕژێمێک کە هەیە ناگۆڕێت و هەروەها ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازیانە لە کایەی سیاسی وەدەرنانێ و تەنانەت دەرگاشیان بەسەردا داناخات کە ڕۆڵگەلێک لە حکومەتدا ببینن و ئیمتیازاتی پەرلەمانیان وەربگرن. ئەمە جگە لەوەی کە ناتوانرێ پەتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان بپچڕێنێ کە گرێیان ئەداتەوە بە ئێران و هاوپەیمانەکانی و میلیشیاکانیەوە لەوڵاتانی تر کە کۆمەک و چەک و هاوکاری لۆجستییان بۆ دابین دەکەن.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە خاڵێکی بنەڕەتی تر ئەویش ئەوەیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق و کاراکتەری هێزە سیاسیەکانی دەسەڵات بە ڕاستەوخۆییی لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتیان هەیە. هێشتا سیستەمی سیاسی و دەوڵەتی بۆرژوازی لە عێراقدا کراوەیە بۆ دەستێوەردانی جیۆپۆلەتیکی و جیۆ ستراتژی بەتایبەتی لە لایەن هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە: ئێران، عەرەبستانی سعوودی، ئەمریکا، تورکیا و ئیمارات. نەبوونی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حکومەتدا یان کەمی ژمارەی کورسیەکانیان زەربەی دیاریکراویان لێئەدا، بەڵام نایکاتە دەرەوەی چوارچێوەی گەمەی سیاسی لە عێراق و دەستێوەردانە جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیەکان.

بە کورتی، حکومەتی “زۆرینەی نیشتمانی” شتێک نیە جگە لە قۆرخکردنی ئیمتیازەکانی دەوڵەت لە لایەن هەندێک لە هەمان هێزە تائیفەگەری و قەومیەکان، لە لایەکەوە، وە لەلایەکی دیکەوە، گرتنەدەستی کاروباری دەوڵەتە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و کارنامە و ئەجیندەی حکومەت، کە چێرۆکەکەش لیرەدایە واتە لەوەدا کە ئەم حکومەتە چ ئەجیندەیەکی هەیە لە پەیوەند بە کێشمەكێشی خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا؟ ئەگەر ئەم حکومەتە لە ڕوانگەی شۆڕش و گۆڕانکاری ڕیشەییەوە لە بەرژەوەندی هەژارکراوان و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو هەڵسەنگێنین، ئەبینین ئەمە لە ڕاستیدا حکومەتی توان دوو دژە شۆڕشە.

ئەجیندای حکومەتی دژەشۆڕش
ئەو حکومەتەی کە لەسەر بنەمای “زۆرینەی سیاسی نیشتمانی” یان “حکومەتێکی تەوافوقی” یان حکومەتێکی تێکەڵ لەو دوو حکومەتە دروست دەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە سەریهەڵداوە و تەنیا تەواوکەری نەرم دەبێت بۆ سەرکوتی خوێناوی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە پێناوی رێگرتن لە خەتەرەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی شۆڕشگێرانە و بەئامانجی بەهیزکردنی ڕژیمی سیاسی بۆرژوازی و دابینکردنی سەقامگیری دەوڵەتی بۆرژوازیە لە عێراقدا. یەکەم هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەم ستراتیژە پێکهێنانی حکومەتێکی دژە شۆڕشە بەناوی حکومەتی زۆرینەی “سیاسی” و “نیشتمانیەوە”.
وەک پارتێکی دەسەڵاتداری سەرەکی و ڕەوتیكی ئیسلامی سیاسی شیعەی پۆپۆلیستی خاوەن نفوز و “بنکەی کۆمەڵایەتی” بەشێوەی سەرەکی لەنێو جەماوەری هەژار و پەراوێزخراو و زەحمەتکێش لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ڕەوتی سەدر مەبەستیەتی ئەو سیاسەتانە بگرێتەبەر کە خزمەت بەقایمترکرنی چەپۆکی بکات بەسەرئەم بنکە کۆمەڵایەتیەیدا و فراوانتری بکاتەوە. ئەم ڕەوتە مەبەستیەتی بە هەموو شیوە و ئامرازیک، و لەم ڕاستایەدا تواناکانی دەوڵەت و حکومەت و ئەوەش کە حکومەت بۆی ئەڕەخسێنێ لە توانای سیاسی و دیپلۆماسیی لەسەر ئاستی ناخۆ و دەرەکی، بەکاریانبهێنێ بۆ ئەنجامدانی ئەم مەبەستەی. گومانی تێدانیە کە حکومەتی ڕەوتی سەدر پڕدەبێت لە ناکۆکی لەبەرئەوەی بنکە کۆمەلایەتیەکەی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەم حکومەتە ژیانی باشتر بکات و خزمەتگوزاری گشتی بۆ دابین بکات، بەڵام سیاستەکانی ئەم رەوتە و ئەجنداکەی سەرقاڵی لەقاڵبدانی خەبات و ناڕەزیەتیەکانی جەماوەری کرێکاران وزەحمەتکێشان دەبێت بەدەوری ئاسۆ و سیاسەتەکانیی و سیاسەتە ئابورییە کاپیتالیستە نیو لیبرالیەکانی و بەدوای ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەی ئەم جەماوەرەوە دەبێت. هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە حکومەتی “زۆرینەی نیشتمانی” گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی جەماوەر فەراهەمئەهێنێ شتێک نییە جگە لە ساختەکردنی ڕاستییەکان لە پیناو شکستپێهێنانی هەرهەڵچونێکی جەماوەریی شۆڕشگێڕانە لەدژی سیستەمی هەژاری و کۆیلایەتی و پەراوێزخستن کە لە ئارادایە لە ئیستادا.

هەروەک ئاشکرایە، لەناواخنی ئەجندای ڕەوتی سەدردا لەباری میراتی مێژووییەوە، ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگایە لە خوارەوە “القاعدە”وە و بڵاوکردنەوەی ئەم سیاسەتی ئیسلامیزەکردنەیە لەنێو جەماوەری پەراوێزخراو و هەژارکراودا بەشێوەی سەرەکی، هەربۆیە ئەگەر ئەم ڕەوتە خۆی بەتەنیا لە دەسەڵاتدا بێت دەرفەتی بۆدەڕەخسێ هەرچی بتوانێ لەم ڕاستایەدا یاسا داسەپێنێت و بەپلەی سەرەکی بە دژی ژن و مەودای ئەم سیاسەتەی بە هەنگاوی خیراو گشتگیر بەرەوپێش بەرێت. وەک ڕەوتێکی حکومەتی دەسەڵاتدار، ڕەوتی سەدر زۆرترین بایەخدانەکانی خۆی دەخاتە سەر لە مەنگەنەدانی وزەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بێبەشکراو، ئەویش لەڕێگەی چەسپاندنی ئەم فۆرمە مەزهەبیە ئیسلامییە تائیفەگەرییە دژە ژن و دژە ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و دژە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە. ئەمە و، بانگەشەکانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان هیچی تر نییە جگە لە ڕەسمیەتپێدان بە میلیشیاکان و پەیوەستکردنیان بە هێزە فەرمییە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەتەوە.

ڕاستە ئەم ڕەوتە سەربەخۆییەکی ڕیژەیی هەیە لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەهۆی جیاوازی لە بواری دامەزراوەی مەزهەبیی شیعە و دەسەڵاتەکانی لەناو عێراقدا و هەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبی لەگەڵ جەماوەری عەرەبی زمان و وردەکارییەکانی تر. هەرچۆنێک بێت ، ئەم سەربەخۆییە ڕێژەییە و ئەو ڕاستییەش کە بنکە کۆمەڵایەتیەکەی ڕەوتی سەدر جەماوەری عەرەبی زمانە لەعێراقدا، هیچ شتێک لە کاراکتەری تائیفەگەریە مەزهەبییەکەی ناگۆڕێت، وەک ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی شیعە، وە ناشیگۆڕێت بە بزوتنەوەیەکی ناسیونالیستی عەرەبی کە ئەجێندای ناسیونالیستی عەرەبی هەبێت لەسەر ئاستی ناوچەکە، و هەروەها نایگۆڕیت بە ڕەوتێکی “ناسیونالیستی لۆکاڵی” یان ئەوەی پێی دەوترێ بۆرژوازی “نەتەوەیی” عێراقی، لەبەرئەوە هەروەک یەکێک لە ڕەوتەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسی شیعە دەمێنێتەوە لە عێراقدا و لەم جێگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە بەشداری ئەکات لە ژیانی سیاسی و “پرۆسەی سیاسی” و لەوانەش پێکهێنانی حکومەت لە ئیستادا.

پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە هیچ ناگۆڕێت لە ستڕاکتۆری بنەڕەتی فیکری و سیاسی ڕەوتی سەدر، لەبەرئەوەی ئەم ڕەوتە هێزی لەوەدایە کە خۆشباوەڕی (وەهمی) مەزهەبی و تائیفەگەری و دڵەڕاوکێ لەبەرامبەر چەوسانەوە و جیاکاری تائیفی زاڵە بەسەر بیری بەشیکی زۆری جەماوەر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەمە ئەو پایە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و تەنانەت سایکۆلۆژیە و ئەو بەربەستە قایمەیە کە ئەم ڕەوتە لێی بەهرەمەندە بەڕووی نەیارانی خۆیدا و سەرچاوەی بەردەوامبوونیەتی. ئەمەش لە ڕەوتی ناسیونالیستی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی دەسەڵاتدار دەچێت لە ئێستادا کە سوود ئەبینێ لە خۆشباوەڕی و ئاسۆی قەومی زاڵ لەنێو جەماوەری کوردستاندا، هەروەها ئەم دۆخەی ڕەوتی سەدر هاوشیوەی هەلومەرجی هاوپەیمانەکەی تری خۆیەتی لە “کوتلەی سەروەری” کە ئەویش بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستووە بە زاڵبوونی مەیلی ناسیۆنالیستی عەرەبی لەنێو جەماوەری دانیشتووی ناوچەی ڕۆژئاواو و باکوری ڕۆژئاوای عێراق.

با بزانین ئێستا ئەجێندای سیاسی هاوبەشەکانی تر لە “حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی” چیە؟ یەکێک لە هاوبەشەکان (پارتی)یە، ئەم حزبە قەومیـیە کۆنەپەرست و ئیستبدادیە کە ڕیزێک دورودرێژ لە کلیپتۆکرات و سەرمایەدارانی گەورە ڕابەری ئەکەن و حوکمی کۆمەڵگای کوردستان بە چەک و داپڵۆسین بەڕێوە دەبەن، بەهەرەبەرداری دەکەن لە مەسەلەی قەومی و هەست و دڵەراوکێی نەتەوەیی زاڵ لەنێو جەماوەردا بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتیان. ئەم حزبە شانبەشانی کۆنتڕۆڵکردنی سەروت و سامانی کۆمەڵگە و گەندەڵی و تاڵانی بێ سنوور و قازانج بەدەستهێنانی خەیاڵی لە پرۆژە سەرمایەداریە گەورەکانیاندا، هەموو دەنگێکی ناڕەزایی و جموجوڵێکی جەماوەریش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بیدەنگ ئەکەن بەزەبری چەک و گرتن و بێ سەروشوێنکردن. ئەم حزبە ئەو هێزە بورژوا دژە شۆرشەیە کە لە بەرگریکەرانی عادل مەهدی بوو کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ‌هێنایە خوارەوە. حکومەتێک کە یەکێک لە سێ کۆڵەکەی ئەم حزبە بێت جگە لە حکومەتی دژە شۆڕش و دژە جەماوەری و ئاواتەکانی بۆ ئازادی و سەلامەتی و ئاسوودەیی هیچی تر نابێت.
کوتلەی سەروەری و پێکهاتەکانی “پێشکەوتن” و “عەزم” لەبنچینەدا جیاوازنین لە لایەنەکانی تری هاوپەیمانی سێلایەنە و ئەویش بۆخۆی قەوارەیەکی سیاسی کۆنەپەرستانەی ڕەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبیـیە و ئایدیۆلۆژیەکەی ناسیۆنالیستیـیە و بنکە کۆمەڵایەتیەکەی لەنێو خێڵەکیەکان و قەومیەکان و تۆیژە بورژوازیەکاندایە بەشیوەی سەرەکی و باکگراوەند و پیوەندیان هەیە لەنێو بەعسیە کۆنەکاندا و پەتی پەیوەستبونیان زۆرە بە سعودیە وئێماراتەوە.
لە کۆتاییدا، بەدەر لە ئامانجی بڕیاری ئەم دواییەی “دادگای باڵای فیدراڵی” لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و وردەکاریـیەکانی و ئامانجە سیاسیەکانی پشتەوەی لەپەیوەند بەو ململانێیە کە بەردەوامە لە سەر پیکهێنانی حکومەت، و بەدەر لە تاڵانی زەقی سامانی وڵات و جەماوەر لە لایەن (پارتی)یەوە بەدریژایی ساڵانێکی دورودرێژ، بەدەر لەمانە هەمووی هەردوولا هاوبەشن لە خۆشکردنی ئاگری دەمارگیری نەتەوەیی و تایفەگەری و گۆڕینی قەیرانە سیاسیەکەیان بە قەیرانیکی کۆمەڵایەتی کە جەماوەر باجەکەی بدات. ئەرکی سۆشیالیستەکان و چینی کرێکار و جەماوەری ئازادیخوازە کە بەوپەری هیز و تواناوە لەبەرامبەر دەمارگیری نەتەوەیی و تایفەگەری لە هەردوو لای ململانێکە ڕابوەستن و هەوڵەکانیان بۆ شکاندنەوەی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەرشانی جەماوەردا، پۆچەڵبکەنەوە. ئەرکە بناغەیەکە ئاراستەکردنی نوکی ڕمی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرە ڕووەو بۆرژوازی دەسەڵاتدار لەسەرانسەری عێراق و کوردستاندا.

سەبارەت بە ئەرکە کرداریەکانمان
باسکردنی ئەرکی کرداری کۆمۆنیستیمان، شۆینەکەی بڕیارنامەی ڕێکخراوەیی تایبەتە بە ئەرکە کرداری و سیاسیەکان. بەڵام ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کەهەندێک لەو ئەرکانە تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی گشتیش بێت لەم وتارەدا باسبکەم. بۆیە ئەمانەی خوارەوە بە پێویستی دەزانم:
ڕیسواکردنی بەردەوامی ڕژێمی سیاسی ئێستا و ئەو حکومەتەی کە دوای ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە پێک دەهێنرێ وەک حکومەتی دژە شۆڕش، واتە حکومەتی دوای سەرکوتی خوێناوی گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەریی شۆڕشگێڕ لە مێژووی عێراقدا کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)یە .
پڕوپاگەندەی سیاسی لەنێو جەماوەری کرێکاران و بەشمەینەتان و چەوساوەکان و ژنانی ئازادیخواز و لاوانی شۆڕشگێڕ سەبارەت بە پێویستی ڕێکخستنی سەربەخۆی خەباتیان بۆ ئەوەی ئیرادەی سیاسی چینایەتی خۆیان لە شێوەی ئەنجومەنە جەماوەریـیە شۆڕشگێڕەکانیاندا بەدیبهێنن کە ببێتە حکومەتی شۆڕشگێڕانەی داهاتوویان.
ڕەخنە لە ناوەڕۆکی چینایەتی سەرمایەداریی ڕەوتە ئیسلامی و نەتەوەیـیە دەسەڵاتدارەکان و هیزەکانیان و نیشاندانی ئەم ناوەڕۆکە بۆ جەماوەر کە داپۆشراوە بە بەرگی ئایدیۆلۆجی قەومی و دینی و لیبراڵی.
پیادەکردنی ڕەخنەی سۆشیالیستی بەدژی سەرمایەداری نیو-لیبراڵی و ڕژێمە سیاسیە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکەی بەشێوەیەکی سیستماتیک، و خستنەڕووی بەدیلی سۆشیالیستی بەوەی کە مەسەلەیەکی هەرئێستاییە. خەبات بەئاڕاستەی یەکخستنی لایەنە جیاجیاکانی خەباتی ئابوری و سیاسی و فیکری کریکاران و زەحمەتکێشان لە خەباتێکی چیانیەتی بەهیزدا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.

بەرجەستەکردنی ڕەخنە سۆشیالیستی و ڕەخنەی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە بەها ئاینی و نەتەوەیی و پیاوسالاری و خێڵەکایەتیـیە سەرکوتگەریەکانی ژنان.
ڕێکخستنی خەبات و بەرگری ژنان لە بەرامبەر ستەم و پیاوسالاری بەمەبەستی دروستکردنی بزوتنەوەیەکی بەهێزی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا. هەوڵدان تا ئەم بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەیە ڕەگی لەنێو جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشاندا هەبێت بە پلەی سەرەکی و لەسەر ئاستیکی کۆمەڵایەتی لە شار و ناوچە لادێییەکان و شوێنە جۆراوجۆرەکانی کار وگەرەکەکان بەرپا ببێت.
هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و ژنانی کرێکار و چەوساوە لە لیژنە لۆکاڵیەکان و گروپە خەباتکارانەکانی تایبەت بەخۆیان لە گەرەکەکان و شوێنی کاریان. ئەنجامدانی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری بەشێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو لەم گەڕەک و شوێنانەدا. هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی ئەوانەیان یا گروپەکانیان کە بڕوایان بە سۆشیالیزم هەیە لەکاری ڕیکخراودا لەحەلقە سۆشیالیستەکاندا و لە رێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق.
سەپاندنی کاری سەندیکایی سەربەخۆی کرێکاران بەسەر دەسەڵات. چالاککردنی یەکێتیـیە سەربەخۆکانی ئێستا و دروستکردنی سەندیکای نوێ و پێکهێنانی ڕێکخراوە هەمەجۆرە خەباتکارە کرێکاریەکانی داکۆککار لەمافەکانیان بەشیوەیەک کە کرێکاران و کارمەندان لە گشت شوێنەکانی کاردا ڕێکخراوبن لەم سەندیاکا و ڕیکخراوانەدا.
خەباتی ڕۆژانە و بەردەوام بۆ سەپاندنی ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەسەر ڕژێمدا وەک بەشێک لە بەهێزکردنی خەباتی سۆسیالیستی. هەر لەم ڕاستایەدا خەبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و سیستەمی خۆیندن، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی تائیفی و قەومی، دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوونی یەکسان، دابینکردنی باش بژیوی بۆ جەماوەر و بونیاتنان و پەرەپێدانی فەرهەنگێکی ئینسانی و ڕزگاریخوازانە.

ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری بەدژی تاڵانکردنی موڵک و سامانی کۆمەڵگا کە لە لایەن دەسەڵاتەوە و لە ڕێگەی تایبەتکردن و دزی و گەندەڵی و وەبەرهێنانی سەرمایەداریانەوە ئەنجام ئەدرێ.
ڕێکخستنی خەبات بۆ دابینکردنی کارەبا و ئاو و تەندروستی گشتی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و خۆیندن بەخۆڕایی و هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنی کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر و ڕێکخراوە جەماوەریـیەکان بۆ ئەم مەبەستە.
پەردە‌هەڵماڵین لەسەر تەواوی سیاسەتەکان و ناوەڕۆکی “کاغەزی سپی” کە چۆن دەیەوێت ئابووری عێراق بکاتە ئابووریـیەک لەسەر بنەمای تاڵانکاری سەرمایەداریی زەق و بێباکانە دابمەزرێ و دەوڵەت و یاساکانی بکرێتە ئامرازی جێبەجێکردنی پرۆژە سەرمایەداریەکانی، و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بەو سیاسەتانە و ڕێکخستنی نارەزایەتییەکان بە ڕوویاندا.
کۆمەڵگا کەمی نەهێناوە لە ژمارەی ناڕەزایەتیەکان و فراوانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لە باردۆخەکە، ئەوەی کەمە ڕێکخراوبوونی پیویستە لەڕیزی ئەم خەباتە و ئەم ناڕەزایەتییانەدا و بەهرەمەند نەبوونیانە لە ئاسۆ و ئەجێندای سیاسی سۆسیالیستی. هەوڵدانی بەردەوام بۆ کۆتایی هێنان بە پارچەپارچەبوون و ڕێکخستنی ئەم خەباتە بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە یەکێکە لە ئەرکە بەپەلەکانی ئێمە.

خاڵی لاوازی سەرەکی بۆرژوازی لە عێراقدا ئەوەیە کە لەسەر بنەمای نەتەویی و ئاین و تائیفە دابەش بووە و تا ئێستاش ناتوانێ یەکبگرێت چونکە یەکبوونی پڕە لە ناکۆکی و ململانێی و لێککەوتن و شۆینکەوتەیی بۆ ئەم وڵاتە یان ئەو وڵات و درێژکراوە ناوچەییەکانیان. بەپێچەوانەی ئەمەوە، چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و بەهەژارکراو و جەماوەری ژنانی چەوساوە و لاوانی بێکار کە بەدوای ئازادیەوەن بەرژەوەندی هاوبەشی چینایەتی و کۆمەڵایەتیان هەیە لەسەر ئاستی عێراق، ئەمان هێزێکی گەورە و بەتوانان گەر خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان یەکبخەن و ئاسۆی سۆشیالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی بگرنەبەر و خەباتیان یەکانگیر بکەن لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە. خەباتی شۆڕشگێڕانە بەگشتی و خەباتی سۆسیالیستی بەتایبەتی لەسەردەمی جیهانیبوونی سەرمایەداری هاوچەرخ و ململانێی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژی ئیمپریالیستی و جەمسەرە ناوچەییە داغەکاندا بە ناچاری دەبێت ئاسۆ و ئەجێندای ئینتەرناسیونالیستی گرتبێتەبەر بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.

١٢-٢-٢٠٢٢




دەروونناسیی: حولحولێتیی/ کەسێتیی حولحولیی *… ئەحمەد ڕەزا*

متقلب المزاج ” الشخصیة المزاجیة”
Mood Swings

حولحولێتیی یان کەسی حولحولی لە زانستی دەروونناسیدا، بە دیاردەیەک ئەوترێت، کە بۆ وەسکردنی خێرایی و زۆریی هەست و سۆز دەرپەڕاندنی مرۆڤەکان بەکارئەهێنرێت و کار ئەکاتە سەر باری دەروونیی و هەستیان.
زۆرتر بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانە بەکاردێت، کە باری دەروونییان لە گێژەندایەو گۆڕانکاریی بەردەوامی بەسەردا دێت، لە نێوان هەستە دژبەیەکەکانی دڵخۆشییەکی بێ ئەندازەو ڕازیی بوونێکی زۆردا، کە لەپڕدا ئەگۆڕێت بۆ تووڕەیی و پەستیی و تا ڕاددەی خەمۆکیش.

هۆکارەکان:
کەسی حولحولیی لە دەروونناسیدا، لە ئاڵۆزترین کەسایەتییەکانن لە ڕووی تایبەتمەندێتییە ڕەفتاریی/ سلوکیة یەکانەوە، کە شپرزەیی دروست ئەکات. زیاتر لە 20 جۆری هەیە، جیاوازیی لە چەشنی کەسایەتییەکانیدا، یان هاوشێوە بوونی تیادا هەیە، کە هەریەکەو بە هۆکارێک دروست بوون، وەک ڕێگەکانی پەروەردە، یان لە مناڵیی و بەهۆکاری بۆماوەیی، یان بەهۆی ژینگەو کۆمەڵگەو دەوروبەرەوە.. هەندێکیشیان بەهۆی نەخۆشییەکی ئۆرگانیکیەوە تووش ئەبن و هەندێکیشیان بە بێ هیچ هۆکارێک پێوەی موبتەلا بوون.
هەندێک هۆکاریتریش هەن، ڕەنگە لە پشت ئەم شپرزە بوونەوە بن:
1- زۆر خواردنی شیرینیی.
2- کەمخەویی.
3- نەخۆشیی کاتیی جەستەیی وەک: لووتگیران و تاو ئازاری زۆر لە شوێنێکی لەشدا، هەموو نەخۆشییەک وزەیەکی زۆری لەش کارئەکات و ئیشتیها کەم ئەکاتەوەو ئەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، کە ئەبنە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکان ئاستی شەکرەو فشاری خوێن، کە لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی ناهاوسەنگیی باری دەروونیی و مرۆڤ حولحولی ئەکات.
4- کەمخۆراکیی.
5- بەسەربردنی کاتی زۆر لەگەڵ ئەو کەسانەی وزەی زۆریان پێویستە، وەک کەسانی ڕەشبین و ئەوانەی لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا ئەژین، یان شپرزەیی دەروونییان هەیەو بەهیچ شتێک دڵخۆشت ناکەن.
هەرکات مرۆ هەستی بە دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە کرد لە خۆیداو زانی کە پە یوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانیتردا بەرەو گرژیی و ئاڵۆزیی ئەچێت، پێویستە بە خێرایی چاو بە چالاکییەکان و خووەکانی ڕۆژانەی خۆیدا بخشێنێتەوەو بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێت.. دەنا کەسەکە ئەکات بە کەسێتیەکی شەڕەنگێز ڕەفتار، کە بەهۆی ئەو شپرزەییە دەروونییە بەردەوامەوە، خەڵکیی لێی تەوەلا ئەبن و دوورئەکەونەوە.

سیما دیارەکانی:
سیماکانی ئەم شپرزەییە لە دەروونناسیدا، بەم چەند خەسڵەتە دیاریکراوە:
1- تەقینەوە لە کاتی تووڕەییدا.
2- خێرا تووڕە بوون.
3- هەستیاریی زەوەندو گرنگییدانی زۆر بە هەستی خۆی.
4- ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە هەستی خۆیەوە هەبێت، بایەخ بە هەستی کەسیتر نادات.
5- ڕەخنە لێگرتن قبوڵ ناکات.
6- شپرزەیی و دڵەڕاوکێی بەردەوام.
7- باوەڕ بەخۆنەمان.
8- نەمانی توانای هیچ جۆرە داهێنان و دۆزینەوەیەک.
9- بە پەلە بڕیاردان لەسەر شتەکانی خۆی و دواتر پەشیمان بوونەوە.
10- نەمانی زمانی ئاخاوتن و دایالۆگ لەگەڵ ئەوانیترو دەوروبەری.
11- بەرگەنەگرتن و نەمانی سەبر.
12- پێویستیان بە ڕووبەرێکی تایبەت.. واتە لە شوێنێکی تایبەتدا بژین و کەس توخنیان نەکەوێت، لەبەرئەوەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵیاندا بەردار نابێت و ئەوان هەرکات ویستیان ئەوە ئەکەن کە خۆیان ئەیانەوێت بیکەن، ئەم خەسڵەتە نزیکە لە گۆشەگیرییەوە.
13- بیرکردنەوەی زۆرو بێ پسان.

مامەڵەکردن لەگەڵ حولحولیدا:
کەسی حولحولیی پێویستیی بە جۆرە مامەڵەیەکیترە، کە جیاوازە لەگەڵ ئەوانیترو زۆر ماندووکەرە، هەم بۆ کەسی نەخۆش و هەم بۆ چواردەورەکەشی.. بەڵام خۆ ناکرێت ئەم کەسە بە تەواوەتیی دوور بخرێتەوە، لەبەرئەوەی هەندێجار لە هەرە نزیکەکانی کەسی هاوسەنگەو ناکرێت حوکمی کوێرانەو توندوتیژیان بەسەرا بدرێت.. بۆیە ئەم چەند ڕێگەیە، یارمەتیدەرە، هەم بۆ گێڕانەوەیان بۆ دۆخی هاوسەنگیی و هەم بۆ وەڕس نەبوونیش بە دەستیانەوە.
1- تێیبگە:
ڕەنگە باری حولحولیی بوونەکە لابەلا بێت، یان بەهۆی ئەوەوە بێت کەسەکە بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕێت، واتە بەردەوام نەبێت.. بۆ نموونە تەمەنی هەرزەکارێتیی کێشەی هۆرمۆنییان هەیە بەدرێژایی ماوەی هەرزەکاریی، لەبەرئەوە ناتوانێ کۆنترۆڵی هەستەکانی خۆی بکات.. یان کەسێکیتر لە دۆخێکدا شکستی هێناوە، یان نەخۆشە، پێویستە کەسی هاوسەنگ لە هۆکارەکە تێبگات و بە هێمنیی مامەڵەی لەگەڵ بکات.
2- کاتی پچڕپچڕ وەرگرە:
ڕەنگە کەسی تووشبوو یەکێک لە ئازیزان بێت، لەبەرئەوە ناکرێ هاوسەنگ لێی دابڕێت، هەروەک ناشکرێت بەردەوام کاتی خۆی بۆ تەرخان بکات، لەبەرئەوە واباشترە کەسی هاوسەنگ ناوبەناو پشوو وەربگرێت.
3- ناکرێ لەگەڵیاندا دەمارگیر بیت.
4- ئەگەر کەسەکە زۆر جێی مەبەست نەبوو، ئەکرێت لە ژیانتی بکەیتە دەرەوە.
5- نەکەویتە داویانەوە:
هەندێک لە حولحولییەکان، بەهۆی ئەوەوە کە بۆیان ئەلوێت، هەل ئەقۆزنەوەو بەرامبەرەکەیان ئەخەنە داوەوە.. ئەبێت کەسی هاوسەنگ لە داواکانیان تێبگات و نەرم بێت لەگەڵیاندا، بەڵام ناکرێت مست لە گوێ، یان گوێڕایەڵ بێت بۆ سەرجەم داواکانیان و جێبەجێی بکات.
6- بەڵام ئەوی بەدمیزاجە، پێویستە مرۆ لێی دوور بکەوێتەوە.
7- ڕووبەڕووی ڕەفتارەکەی ببەرەوەو هەوڵی چارەسەرکردنی بدە، واتە بێبایەخ تەماشای مەکەو قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵیا بڕۆ.. زۆرێک لە حولحولیەکان کە هەست بە خۆیان ئەکەن، بەردەوام باسی ئەکەن بە ئومێدی چارەسەرکردنی، ڕەنگە هەندێ کردەوەی نەشیاویشیان لێ بوەشێتەوە، کە ڕەنگە بەهۆی شتێکەوە بێت کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نەبوو، پێویستیی بە لێخۆش بوون و فەرامۆشکردنە، بەڵام هەندێکیان ئەیکەن بە بیانوویەک بۆ تێپەڕاندنی داواکارییەکانیان.
8- پێویستە لەگەڵ گۆڕانکاریی ئەواندا، تۆش گۆڕان بەسەر کاروکردەوەتدا بێت.

چارەسەر:
سێ ڕێگە هەیە بۆ چارەسەرکردنی حولحولیی، بۆئەوەی ببنەوە بە کەسی هاوسەنگ و لەو شپرزەییە دەروونییەو بەردەوام ڕاگۆڕکێیە ڕزگاریان بێط:
1- وەگرتنی چارەسەر لە ڕێگەی دەرمانەوە:
دەرمانەکانی دژە تێکچوونی مێشک و جێگیرەکانی حاڵەتی حولحولێتیی و بەکارهێنانی لیثیۆم، کە ڕێژەی خۆکوشتنی ئەمجۆرە شپرزە بوونە کەم ئەکاتەوە.
2- چارەسەری کلینیکیی دەروونیی، لە دانیشتنە تاک و بەکۆمەڵەکاندا، لەژێر چاودێریی و سەرپەرشتیی پزیشکی تایبەت و چاودێریی کردنی بەردەوامی بەرکەوتەکە.
3- چارەسەری ڕەفتاریی:
بەکۆکردنەوەی زۆرترین زانیاریی لەسەر کەسی شپرزەو دەرکەوتە کلینیکییەکانی، بۆ ئەوەی لە بارەی ڕەفتارو هەڵوێستەکانی ژیانییەوە ئاراستە بکرێت و هاوسەنگ ببێتەوە.

——————————————————–
سەرچاوە:

  • موقع الفرصة للتعلیم في کانون الثاني/ ٢٠٢١ – الشخصیة المزاجیة: سماتها وکیفیة التعامل معها.
  • دینا مندور- موقع الحرة- الشخصیة المزاجیة في علم النفس.



نەوەی نوێ و هاورێیەتی ئیسلامی سیاسی…! عوسمان حاجی مارف

ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لە دەرگای پەرلەمانەوە دەخلیسکێتە ناو ناڕەزایەتەیە جەماوەریەکانەوە، جگەلە مەرامێکی سیاسی کە بۆ پێداویستی پێگەی حزبەکەیەتی هیچ ئامانجێکی لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ناڕازیەوە نیە. ئەمە واقعیەتی پێکهاتەی پەرلەمانی کوردستانە کە زیاتر بۆتە مەیدانێک لە بازاڕی بازرگانی بە سیاسەتەوە، هەر بەو مانایەش پەرلەمان بۆتە گاڵتەجارو ڕسوایی بۆ ئەوانەی بەشدارن و نوێنەریان هەیە لەو پەرلەمانەدا، ناڕەزایەتیەکان لە هەر ئاستێک و توانایەکدا بێت و بۆ هەر داواکاریەک خۆی بنوێنێت، دۆخەکەی بەجۆرێکە فرسەت بۆ ئەو لایەن و هێزانە نیە کە لە ناو دەسەڵات و پەرلەمانەوە بتوانن هێژمۆنی فکری سیاسی خۆیان بەسەر ناڕەزایەتیەکاندا بسەپێنن
ناکرێ مەودای خواستێکی بەرفراوان لە بێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەریدا،جگە لە نایەک بۆنەویستنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای حزبەکانی کوردایەتی بۆی بڕوانین، چونکە قەیرانی قوڵی دەسەڵاتی سیاسی لە سەر دەستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک هێزە میلیشیاکانی، دۆخێکی واقعیەو ئەزمونێکی ڕسواو قیزەوەنیان لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان خستۆتە ڕوو، کە جگە لەکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتەکەیان و ڕاماڵینی تەواوی پێکهاتەو دامودەزگاکانیان هیچ ڕێگایەکی تر،بۆ ڕزگاری خەڵک لەم هەلومەرجە نالەبارو نائەمن و فەلاکەت بارو نەخوازراوە کارساز نیە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتیدا شەوێکیان نیە بە ئاسودەیی خەوتبن و بە ئومێدەوە ڕۆژیان لێ هەڵهاتبێت.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەدا هەر پێناسەیەک کە بۆ ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و گەندەڵ و جەردەیە دەکرێت، چەند لایەنێک بەناوی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو دەسەڵاتدا بونە بەشێک لە پێناسەو پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە بورجوا ناسیۆنالیست و میلیشیایە. بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵ نمونەیەکی شکستخواردوی ئەم جۆرە ئەزمونەیان نیشانداین، کە بونەتە بەشێک لە ڕووی زیاتر قێزەون بونی ئەم دەسەڵاتە، لە هەمان کاتدا دیمان کە ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان چۆن یەخەی ئەم هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەشی ڕاوەشان و دایاندڕی و دەستیان لە سوتاندنی بارەگاکانیان نە پاراست.
ئەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنەی کە بەناوی پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکانی ١٧شوبات خۆی نواندو دواتر بونە پاشکۆی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، ئیسلامیەکان نوێژەکانی مەیدانی ئازادیان گواستەوە بۆ ناو پەرلەمان و وەزارەتەکان، دروشمی “ئەی گۆڕین” بوبە پێشکەشکردنی شەقامی ئارام بە دەسەڵات، ئەوە ئاکامی ئەو بەرنامەو ڕێبازە سیاسیەیە کە گۆڕان و ئیسلامیەکان لە هەمان چوارچێوەی بەرنامە و ڕێبازی سیاسی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نەخشەی بنەڕەتیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەك کە بازاڕی کارو کاری بەکرێ بنەماکەی بێت و خاوەنداریەتی تایبەتی بۆهۆکانی بەرهەم هێنان و کەڵەکەی سەرمایە لە چنگی کەمایەتیەکدا زەوتکرابێت و سوربن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پاریزەری کۆمەڵگەیەک بن، نابێت ئینسانەکان یەکسان بن، نایەکسانی بۆیان واقعیەتێکی مێژویی و هەتاهەتاییە، ئۆپۆزیسیۆن بن یا دەسەڵاتدار، هیچ کات پێچەوانەی ئەو بەرنامەو سیاسەتەیان جوڵە ناکەن، ئەو هێزانە ئەوەندە ئۆپۆزیسیۆن دەبن بەڵکو لە هەلومەرجێکدا فرسەتی ئەوەیان بۆ بێتە پێشەوە لەبری پارتی و یەکێتی بە هەمان ڕێبازی کەڵەکەی سەرمایە و چەوسانەوەی ئینسان خۆیان ببنە خاوەنی دەسەڵات، بەڵام دۆخی سیاسی کوردستان لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا ئەو فرسەتەی تیا نەبو کە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەو ئاستەدا بێت بتوانن ببنە هێزی یەکەم لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکو لە ناچاریا چونەوە باوەشی پارتی و یەکێتی و بونە هێزێکی پاشکۆ بۆ پاراستنی هەمان دەسەڵاتی سیاسی.
ئێستاش دۆخی کوردستان کە جۆرێکی تر لە ئاستی بەرزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە نیشان ئەدات، ناڕەزایەتیەک بە هەموو زمان و چەندین جۆری دەربڕینەوە، جەماوەری توڕەو ناڕازی داوادەکەن و دەڵێن ئەم دەسەڵاتەمان ناوێت، ئۆپۆزیسێۆنی ناو پەرلەمان و دەسەڵات جارێکی تر سەرەلەقەیانەو لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانە، هەڵبەتە لەم کەین و بەینەدا گۆڕان بەجۆرێک نیشانەکانی شکست و ڕسوایی خۆی لەو مەیدانەدا نیشانداوە کە ئەو هەلەی لە دەستدا تا بەگوڕی دروشمی ئەیگۆڕین جارێکی تر بتوانێ بێتەوە مەیدان.
کۆمەڵ و یەکگرتوش ئەم جارە فرسەتی ئەوەیان نابێت بە نوێژ لە مەیدانەکاندا لایەنگری لە ناڕەزایەتیەکان بکەن، چونکە ڕوخانی دەسەڵات لە خرۆشانێکی جەماوەری بەرفراوانەوە دەبێتە ڕاپەڕینێک، کە نوێژکردن ناتوانێ وەک شێوازی ناڕەزایەتی خۆی تیا بنوێنێت، گۆڕان و ئیسلامیەکان ئێستا بە شێکن لەو دەسەڵاتەی ئایندەیەکی زۆر تاریک چاوەڕوانی دەکات، واتە پێویستە پێش ئەوەی بخلیسکێنە ناو ناڕەزایەتیەکانەوە، دەبێت هەر لەئێستاوە هیچ جۆرە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بە دەسەڵات و پارتی و یەکێتیەو نەمێنێت.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لەم نێوەدا “نەوەی نوێی”ە کە وەک هێزێکی تازەی ئۆپۆزیسێۆن لەمەیدانەکەدا گەمەی سیاسی دەکات، بەڵام جگە لە ڕەخنە لە سەر گەندەڵی و بێدەربەستی و ناڕاستگۆیی…، مەبەستی نیە لەسەر گۆڕانی پێکهاتەو سیستمی ئابوری کوردستان، ئابوریەک کەلەسەر چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان دامەزراوە قسەیەک بکات، پێش هەموشتێك سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆی سەرمایەدارەو گەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست، کە ناتوانێ بیگرێتە دەست، وەک نوێنەری سەرمایەدار کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، پشت دەبەستێت بە کرێی کاری هەرزان لە بازاڕدا. با لەمانە گەڕێین لە باری سیاسیشیەوە، دۆخەکە بۆ نەوەی نوێ لەو ئاستەدا نیە کە بتوانێ فرسەتی دەسەڵاتی هەبێت، چونکە هەلومەرجی سیاسی کوردستان لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چونیەتی دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە، نەوەی نوێ ناتوانێ ئەو نمونەیە بێت کە لە باری هێژمۆنی سیاسیەوە پارێزەری سەقامگیری دەسەڵاتی سەرمایەبێت لە کوردستاندا، ئەوەی پارتی و یەکێتی ماوەی سی و یەک ساڵە بە شێوەی ئەو پەڕی نائینسانی و دڕندە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، لە هەمان کاتدا توانیویانە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی سەرمایەداری جیهان بن، سەرۆکی نەوەی نوێ بەهەرجۆرێک بۆتە دەرکەوتەیەک، دەتوانێ سەرمایەدارێکی ناوخۆیی بێت، بەڵام ناتوانێ وەک سیاسیەک نوێنەری پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە بێت لە کوردستاندا، ناتوانێ لە نێو کێشمەکێش و شەری نێوان جەمسەرە ئیمپریالیەکاندا پێکەیەک بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە ناشتوانێ لە ئاستی بونی چەند ئەندام پەرلەمانێک زیاتر سیاسەتەکانی بەرێتە پێشەوە، بەڵکو سەرۆکی بزوتنەوەی نەوەی نوێ وەک سەرمایەدارێک خۆی پێویستی بە دەسەڵاتێکە پارێزەری بێت.
لەلایەکی ترەوە گەر بێینەسەر هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی نەوەی نوێ کە بەدوای نەوەی کۆنەوەیە، هەوڵئەدات وەک هێزێکی بارزی ئۆپۆزیسۆن لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیەکانەوە دەرکەوێت، بە شیوزاێک دوبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە کەلە ١٧شوباتدا کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لە دۆخێکی تەواو جیاوازدایە، یەکەم : هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕێکی زۆر جیاوازی هەیە لە چاو ٢٠١١دا، چاوەڕوانیەکان ئەوەی تیا پێشبینی دەکرێت کە ناوچەکەو عێراق و کوردستان لە بەردەم پێشهاتەی تازەو ئاڵوگۆڕێکدایە کە جێگەو ڕێگای هێزە سیاسیەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو ئامادەییەدانیە کە بتوانێ لەو ئاڵوگۆڕانەدا پێگەیەکی بەهێز بەدەست بهێنیت. دووەم : گەر گۆڕان توانی لەو دەورەیەدا پێگەیەک لە حکومەتی بنەکە فراواندا بۆخۆی بەدەسەت بهێنێت، بەمانای ئەوەبو کە پارتی و یەکێتی توانیان هەمان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بە هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتی میلیشایی بپارێزن و گۆڕانیش پشتیوانی لێکردن، بەڵام دەورانی ئێستا پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر ئەو ئاڵوگۆڕانەو قەیرانی سیاسی کە لە ناوچەکەو عێراقدا چاوەڕوان دەکرێت لە ژێر پرسیاردایەو لە قەیرانێکی قوڵدان، بۆیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو حسابانەدا سەوداو مامەڵەی پێ ناکرێت.
نەوەی نوێ بەو شێوازە خێرخوازیانەی بە جێی گەیاند، گەر هەر دەورێکی لە چەواشەکاریدا ببینێت جەماوەرێکی بەدەوری خۆیدا گردکردبێتەوە، بەڵام ئەم دانیشتن و ڕێکەوتنانەی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکاندا پێکیان هێنا، چەند هەنگاوێک گەڕانەوەیە بۆ دواوە، چونکە ئیسلامیەکان نەک نەیانتوانی بەو ڕێکەوتنانەی کاتی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەنجامیاندا نزیک بونەوە لە جەماوەری ناڕازی بەدەست بهێنن، بەڵکو وەک بەشێک لەدەسەڵات کەوتنە بەردەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە.
هەربۆیە ئاسانە گەر بگەین بەو ئەنجامەی کە مانای ئەو هەنگاوانەی نەوەی نوێی ناچارکردوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسلامیەکاندا ڕویەکی ناشرینی خۆی نیشان بدات. یەکەم: بنبەستی سیاسی نەوەی نوێیە بۆ ئەو نەخشانەی کە چاوەڕوان بو جێگایە لە پەرلەمانی بەغدا یان لەگەڵ هیزێکی سیاسیدا پێگەیەک بۆ جوڵانەوەکە بەدەست بهێنێت، بەڵام قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لە بەغداو ناکۆکی نێوان هێزە میلیشیاکان ئەو ئومێدەی نەوەی نوێی خستە لاوە. دووەم: دۆخی سیاسی کوردستان و قەیرانی دەسەڵات و ناڕۆشنی دۆخی هەڵبژاردن، ئومێدی نەوەی نوێ بەوەی کە ژمارەی کورسیەکانی زیاد بکات، بە ناکامی بەجێ ماوە، هەر بانگەشەیەک بۆ نەوەی نوێ دەبێتە خەرجی زیادە بۆ هەڵبژارنێک کە ئایندەکەی لە هەموو کات نادیارترە. سێیەم: ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات لەوە واوەترە کە نەوەی نوێ بتوانێت وەک ئەڵتەرنەتیفێک بێتە مەیدانەوەو بتوانێ نوێنەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بە چەواشەکاری بباتە سەر، خرۆشانی جەماوەری و ڕاپەرین، هەڕەشە لە بەرژەوەندیە ئابوریەکان و سەرمایەی سەرۆکی نەوەی نوێش دەکات. هەر بۆیە نەوەی نوێ زیاتر دەکەوێتە سەرەگێژەو گێژاوێکەوە گەر زیادەڕۆیی بکات نەک پێگەی سیاسی، سەرمایەکەشی لە دەست ئەدات، هەر بۆیە لەم نێوەدا پێکهێنانی بەرەی لەگەڵ ئیسلامیەکان هەڵبژاردووە.




زانـکۆمـان بـۆچییـە؟!… فـازیـل شــەوڕۆ

لەبڕی پێشەکی:
خوێنەری بەڕێز، ئەوەی دەیخوێنیتەوە، پەخشانە نووسراوێکی ڕۆمانسیی قەڵەمبەدەستێکی ئاشقی نیو باخ و چیمەنەکانی زانکۆکان نییە. هەروەک گوتاری حەکیمێکی ئەزموونداری تەریقەتێکی ژیانناسیش نییە. بابەتەکەم، مەرام و مەبەستی ئەم نووسینەم، تەنها بۆ ورووژاندنی چەند پرسیارێکە، تایبەت بەو دەزگایەیی پێدەڵێن (زانکۆ)؛ پرسیارگەلێک کە پێویستە باڵاترین بەرپرسی ئەو دەزگایە، کە وەزاڕەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، تا بەردەست و باخەوان و پاسەوان و دەرگەوانی ئەو دەزگایە دەبێ لە خۆیانی بکەن. سنووری پرسیارەکان، تەیەمان و تخوبی زانکۆکانیش دەبەزێنن و ڕووبەرووی باڵاترین بەرپرسی ئەم هەرێمە دەبێنەوە و شۆڕدەبنەوە تا دەگەنە نێو مێشک و هزر و هۆشی ئەو کەناسانەی خاشاکی دەوروبەری زانکۆکان پاکدەکەنەوە.
ئەوەی لێرە دەیخوێنیتەوە، سەرچنیی چەند مانگێک لە گەڕان و سۆراغی منە، لە نێو نوێترین و باشترین کتێب و سەرچاوە، کە بە چەندان زمان نووسراون و وەک کولێرەی گەرم ئێستاش هاڵا و بۆنی تەندووریان لێدێ ــ چاپەکانیان هێ ئەم دوو سێ ساڵەی دواییە، واتا زانیاریی نوێ، بیرۆکەی سەردەمییانە، پەیامی هاوچەرخ و ئەزموونی پێشکەتووترین زانکۆکانی جیهان، کە نووسەر و لێکۆلەر و مامۆستای شارەزا و کارامە و پسـپۆڕ، قەڵمکارییان تێدا کردووە.

زانکۆ، یانی چێ؟
لە زمانی ئەوروپایدا، ڕەچەڵەکی ئەو وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی لاتینی دێرین (universitas)، کە بە واتای “دەستەیەک لە مامۆستا و خوێندکار”دێ. بەڵام، وەک زاراوە، بەو دەزگایە یان مەڵبەند و جێگایە دەگوترێ کە خوێندن و پەروەردی ئاست بەرزی تێدا دەخوێندرێ، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینە و توێژینەوە و ساغکردنەوە، بە مەبەستی وەدەست هێنانی پلەیەکی ئەکادیمی باڵا لە بڕوانامەی بەکەلۆریوس (undergraduate) و پلەی ئەکادیمی و پسۆڕییە باڵاکانی دیکە(postgraduate).
ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، (جامعة القرويين)، کە لە شاری فاسی وڵاتی مەغریبە، بە کۆنترین زانکۆی جیهان دادەنێ، لە ساڵی (٨٥٩)، لەسەردەمی فاتیمییەکاندا دروستکراوە و ئەکادیمیانە بابەتی زانستی تێدا خوێندراوە و پلە زانستیی بە دەرچووانی بەخشیوە. هەرچەندە لە ئەوروپادا لە سەدەی شەشەمدا، قەشە و ڕەبەنەکان، زانکۆی تایبەت بە خۆێندنی لاهوتییان هەبوو.
دەتوانین بڵێین، لە نێوان سەدەی پانزدەم و هەژدەمدا، زانکۆ، بە واتا زانستییەکەی، هات لە ئەوروپادا، لەسەر پێ بوەستێ و گەشە بکات. بەڵام تا کۆتایی سەدەی نۆزدەم، پێی نەنایە ئەو قۆناغەی کە پێدەوترێ: قۆناغی زانکۆی مۆدێرن، ئەوەبوو لەو ڕۆژگارەدا دوو فەلسەفە، تایبەت بە زانکۆ، لە ئەوروپا بووە مۆدێل: قوتابخانە یان فەلسەفەی زانکۆی ئەڵمانی کە بە نموونەی (هۆمبۆلت) ناسراوە ــ
(1765 -1835 Friedrich Wilhelm von Humboldt)
بنەماکەشی سێکوچکەی:”سەربەستی، سیمنیار، تاقیگە” بوو. بەرانبەر قوتابخانە یان فەلسەفەی فەرەنسی، کەبونیاتنراوە لەسەر:”یاسا و ڕێسا و لێپێچینەوە و جەڵەوگرتنی خڕ کایەکانی خوێندنی زانکۆ.”
ئیمڕۆش، کە پتر لە (٢٥) هەزار زانکۆ لە جیهاندا هەیە، دەستوور و شێواز و سیستمی جۆرەها فەلسەفەی پەروەردەکردن و بەڕێوەبردن پەیڕەودەکەن، تا ئەو ڕادەییەی کە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان “فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان” بۆ زانکۆکانیان داڕشتوە و پەیڕەوی یاسا و ڕێساکانیان دەکەن. ــ دواتر قسە لەسەر ئەم خاڵە دەکەین.

(4) ئامانجە ئاڵتونییەکەی زانکۆ:

ئامانجی یەکەم: زانست و مەعریفەی سەردەمییانە:
پێگەیاندن و پەروەردەکردن و ئامادەکردنی زانکۆییەکان(خوێندکاری زانکۆ) بە نوێترین و سەردەمییانەترین زانست و مەعریفە و زانیاریی کەرەستە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم، بە شێوەیەک کە بتوانن هاوتەریب و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتە پشکەوتووەەکاندا هەنگاو هەڵگرن و لە بوارە پسپۆڕییەکانی خۆیان لێزانانە و کارامانە و سەرکەوتووەکان ئەرک و پەیامەکانیان جێبەجیبکەن، ئەمە بۆ ڕشتە مرۆی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانیش هەر درووستە.

ئامانجی دووەم: ئابووریی بەهێز و تۆکمە:
پشتیوانیی کردنی ئابووریی فرە لایەنی وڵات، لە بووژانەوە و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی تیکڕای بوارە جیاجیاکانی ئەو کەرتە بایەخدارەی وڵات، کە کۆڵەگەی دەوڵەت و کۆمەڵ و تاکی هاووڵاتییە. خەمڵین و پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی وڵات، ئیمڕۆ، ئەرک و خەمی گەورەی زانکۆکانە. لەوێڕا، ئایندەی ئابووری و دارایی وڵات دەستنیشان دەکرێ و نەخشە و بەرنامە و ئایندەخوێندنەوەی بۆ دەکرێ. زانکۆ داینەمۆی بەڕێوەبردنی بازاڕی گەورەی وڵاتە.

ئامانجی سێیەم: بونیاتنانی ئایندە:
هەموو پەیام و ئەرک و کاری زانکۆ، ڕاستەوخۆ، لەخزمەت ئایندەی وڵات و مرۆڤایەتی دایە. ئەوە زانکۆیە ژیان و ژینگە و خەون و دیدگاکانی ئایندە دەخوێنێتەوە و کارییان بۆ دەکات. نەخشە و پلان و پڕۆگرامەکان پتر بۆ ژیانی ئایندە و بونیاتنانی ئایندەی وڵات و جیهانە. زانکۆ داڕێژەر و دیزانسازیی هەموو نەخشەکانی ئایندیە، لە گشت بوار و کەرتەکان پەیوەست بە مرۆڤ و ژینگە و ژیانی داهاتووە.

ئامانجی چوارەم: بە گلۆباڵیزمکردنی زانست و ئابووری:
سەدەی بیست و یەک، بە سەدەی عەولەمە و شاڵاوی بێسنووری تەکەڵۆژیا پشکەوتووی سەردەم ناوزەند دەکرێ. هەموو دەرگا و پەنجەرەکان بە ڕووی تاک و کۆمەڵدا کراوەنەتەوە و هەموو تۆڕەکانی ژیان هێندە ئاڵۆزانە بەیەکەوە بەستراونەتەوە کە مەحاڵە کەس بتوانێ گۆشەگیری یان دوورەپەرێزی بکاتە کونجی ژیانی خۆی. پەرژەوەندییە فرە لایەنەکان، تێکئاڵاون و تێکسمڕاون، پێگەی ئابووری، دارایی، تەکنەڵۆژی، زانستی، تەنانەت ئەدەبی و هونەریش، کەوتوونەتە ژیر ڕکێفی ئەو دیاردە سەرتاسەرییەی جیهان. ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان عەولەمە و کەلتوور و داب و نەریت و ئایین و عورفی کۆمەڵایەتی، هۆشیاریی و بلیمەتی بیرمەند و زانایانی گەرەکە. ئیمڕۆ، لە دەرەوەی عەولەمەدا، ژیان ئەستەمە.

(٥) فاکتەرە سەرەکییەکەی زانکۆی ئاستبەرز:
هەقمانە بپرسین، ئەو بنەما و فاکتەرانە چین، کە وادەکەن ئاستی زانستیی هێندێ لە زانکۆکان، بە گوێرەی پلەبەندیی جیهانی زانکۆکان، هەمیشە لە ڕیزبەندی پێشەوە دابن؟ هەرچەندە بەرنامە و پڕۆگرام و سیستمی خوێندنی زانکۆکان، بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەر دادێ و ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی پێشکەوتووتر و سەرکەوتووتر دەهاوێن، بەڵام، هەرنەبێ لە خوێندنەوی سیستم و پڕۆگرامی (١٠)زانکۆ یەکەمینەکانی جیهان، سەروبەندی هێندی لەو فاکتەرانەمان بۆ ئاشکرادەبن، کە ئەمانەن:

یەک: هاوسەرگیریی نێوان تەکنەڵۆژیا و زانست:
مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ و بابەتە زانستییەکان، هەر سێکیان بەیەکەوە، لە هەموو خوێندنەوەیەک و لێکۆڵینەوەیەک و چالاکیی زانستییدا، ڕاستەوخۆ، کەرەستە و ئامێر و داتا و زانیارییە تەکنەڵۆژییەکانی سەردەم بەکاردەهێنن. بە واتایەکی دیکە بەدەر لەو تەکنەڵۆژیایە بایەخدارە، ئەوان دەست و پییان سندم دەکرێ و مەحاڵە بتوانن کارەکانیان سەرکەوتووانە ئەنجام بدەن و بگەنە ئەو ئەنجامانەی کاری بۆ دەکەن. لەو زانکۆیانە کەرەستەی تەکنەڵۆژیی زۆر پشکەوتوو و گران بەهایان، بە پێی پێویستی خۆیان لە بەردەستە. تاقیگەی زانستیی هەیە لەو زانکۆیانە کەرەست و ئامێرەکانیان لەسەرووی ملیۆن دۆلارە… .
ئیشکردن و ئەنجامدانی کارەکان لە نێوان مامۆستا و خوێندکارەکان، مەرج نییە لە ژێر بنمیچی یەک پۆل و هۆڵدا ئەنجام بدرێن، بەڵام مەرجە، کارەکانیان هەروەرزی بێ، جا با هەر یەکەی لە جێگەیەکیش بێ، هەمووان لە ژێر فرمان و ڕێنمای و سەرپەرشتیاریی مامۆستاکانیان دان. کارکردنی هەماهەنگی و یەک خێزانی، مایەیی سەرکەوتنیانە.

دوو: داهێنان:
ئەگەر جاران، زانکۆکان پتر خەریکی لێکۆڵینەوە بووبن بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی خوێندکاران و بڵاوکردنەوەی مەعریفە، ئەوا ئیمڕۆ زانکۆ دەبێ داینەمۆی داهێنان بێ. گەڕان و سۆراغکردن و لێکۆڵینەوە بە مەبەستی دۆزینە و کەشفکردنی (زانستی نوێ)، خەون و خەمی گەورەی ئەوانە. بە واتایەکی دیکە، جاران زانکۆکان سەرقاڵی ئەو شتانە بوون کە بوونیان هەبوو، ئێستا دەبێ سەرقاڵی ئەو شتانەبن کە بوونیان نییە، هەنە بەڵام کەس دەستی بۆ نەبردوون و کەشف نەکراون. دەبێ زانکۆیی، شتێکی نوێ، بەرهەمێکی نوێ، ئامێرێکی نوێ، کەرەستەیەکی نوێ دابهێنێ، جا با ئەو داهێنانە لە درووستکردنی کەوچکێکی چا، یان دەرزییەک یان بزمارێک بێ!
ڕووبەر و جیهانی داهێنانەکان، بە قەد گەردوون فراوان و کراوەن. خوێندکار سەرپشکە، مەراقی چییە و چی لە دڵی خۆێیدا گرتووە، گرنگ ئەوەیە بابەتێکی (نوێ) بخاتە بەردەست و بازاڕ. دەکرێ قەسیدەیەک، بەرنامەیەک، نەخشەیەک، ئامیرێک، بێ … کە بتوانرێت بەرائەی داهێنانی بۆ وەرگیڕێ. مامۆستا، نمرە لەسەر داهێنان دادەنێ، نەک پەڕەی سپی. جا چەندە داهێنانەکە زانستییانە و پیشەسازییانە و شیاوی بازرگانی بێ، ئەوا ئەوەندە بەرزتر سەیر دەکرێ. ڕۆژانە لە زانکۆ پێشکەوتووەکاندا، نزیکەی (١٣) داهێنانی نوێ و تازەبابەتە دەخرێتە بازاڕ.

سێ: دووانە ــ بابەتی:
هەروا باو بووە، خوێندکاری زانکۆ، یەک بابەت دەکاتە ڕشتەی سەرەکی خوێندنی خۆی، وەک بابەتی فیزیک، بابەتی جوگرافیا، بابەتی فەلسەفە، بابەتی نەوت، بابەتی کارگێڕی… تاد. بەڵام لە زۆر لە زانکۆ ئاستبەرزەکاندا، بژاردەی دوو بابەتی ئیجبارییە، لێکۆڵێنەوەکان، دەریانخستتوە، سەرقاڵکردنی خوێندکار بە یەک بابەت، توانای بیرکردنە و داهێنانی لاواز دەکا و زۆر دەرگای بەڕوودا دادەخا. دەبێ ئەو بیر لە شتی دیکەش بکاتەوە، و بزانێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکا. لێرەدا زۆر بەلای پسپۆڕانی ئەو زانکۆیانە جێگەی بایەخە بتوانن وا بکەن خوێندکار، دەستێکی بابەتێکی زانستی بێ و دەستەکەی دیکەی بابەتی هونەر و ئەدەبی و مرۆیی بێ. خوێندنی پڕۆفیشیناڵی جیاوازە لەگەڵ خوێندنی زانکۆیی سەردەم. دوو جیهانی سەربەخۆن.
چوار: خۆفێرکردن تا مردن:
فەلسەفەی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی زانکۆی سەردەم بریتییە لە ڕاهێنانی زانکۆیی لەسەر بەدواداچوون و کۆشش و سەعیکردنی دوای تەواوکردنی کۆلێژیش. بەخشینی بڕوانامە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ، نابێتە زامن و گڕانتی سەرکەوتنی زانکۆیی. بۆیە زانکۆی سەردەم هەوڵدەدات، خوێندکارانی بەردەوام بن لەسەر خوێندن و فێربوون تا مردن. ئەوان زانکۆییەکانی خۆیان وا پەروەردە دەکەن، کە هەمیشە، دوای دەرچوونیشیان، بەدوای زانیاریی و زانست و مەعریفەی نوێدا بگەڕین و لە پیشە و کارەکانیانیدا پڕاکتیزەیان بکەن. تەنانەت، زانکۆ هەیە، داوا لەو خوێندکارانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان وەرگرتوو، دوای چەند ساڵێک، بچنەوە بەرخوێندن و زانیارییەکانیان لەوێ جۆش بدەنەوە. زانکۆکان دەیانەوەی دڵنیا بن کە ئاستی ئەو دەرچووانەی خۆیان، دوای چەندان ساڵێش، دانەبەزیووە و لەگەڵ گۆڕانکاریی سەردەمەکەدا هاوتەریب بۆ پێشەوە دەڕۆن. ئیستا زانکۆ خوولی کراوە و بەردەوامی هەیە بۆ ئەو دەرچووانەی حەزدەکەن زانیارییەکانیان دەمەزەرد بکەنەوەو پتر گەشی پێبدەن.

پێنج: زامنکردنی باخەڵێکی گەرموگۆڕ بۆ زانکۆییان:
مەسرەفی خوێندن لە زانکۆدا، لە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا قورسە. زانکۆیی، جگە لە خەرجی خواردن و هاتوچۆ و پۆشاک و کەرەستە و داپێویستی خوێندن و جێگەی خەوتن، ساڵانە، بە ڕێژەی (٣٠) هەزار دۆلاری دەوێ. ئەو بڕە پارەیە بۆ خوێندکار زۆرە. بۆیە بیریان لە سەرچاوەیەک کردووەتەوە، بۆ دەستگرتنی زانکۆکانیان. ئەمەش بە یەکێک لەو ڕێگایانە: حکومەت، لە ڕێی بانک، کۆمەکی خوێندکاری هێندێ زانکۆ دەکات، بە بەخشینی بڕەپارەیەک بۆ کرێی خوێندن، هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە کرێیەکە بە تەواوی پڕ ناکاتەوە بەڵام یارمەتییەکی باشە، ئەو کۆمەکە پێی دەگوترێ (Grant). یان هێندێ کۆمپانیا و کارگە، یارمەتی ماددی خوێندکار دەدات، وەک بەخشینی پێشینە، بەو مەرجەی کە زانکۆی تەواو کرد، لە لای ئەوان دابمەزرێ. سەرچاوەی سێیەم، ئەو دەزگا خێرخوازە زەبەلاحانەیە، کە توانای بەخشینی کۆمەکیان بە خوێندکاران هەیە. ئەوان ساڵانە یارمەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە زانکۆییان دەدەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە چینی هەژار و کەمدەرامەتەکانن. زانکۆ هەیە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیە زەبەلاحەکان هەیە بۆ زامنکردنی کرێی خوێندکارەکانی.

بۆچی زانکۆ بە بایەخترین دامەزراوەی پەروەردەیی دادەندرێ؟

زانکۆ بە بایەخترین و باڵاترین و پیرۆزترین مەڵبەند پەروەردەیی دەوڵەت و مرۆڤایەتی دادەندرێت. هەرگیز وەک قەسر و تەلار و باڵەخانەی بەرز و گەورە و فراوانی پر ژوور و پۆل و هۆڵ و تاقیگە و باخ و چیمەن سەیر ناکرێت. زانکۆ ئۆرگانێکی زیندووە لە جەستەی کۆمەڵ و نەتەوە و مرۆڤایەتیدا، کە خاوەن ڕۆحی خۆی و دەنگی خۆی و جیهانی خۆیەتی، هەرچەند بۆخۆی بەشيێکە لە پێکهاتە ئۆرگانییەکانی کۆمەڵ، بەڵام نەخشەدانەر و بریاردەری چارەنووسسازیی ئایندەی ئەو کۆمەڵە و داهاتووی کۆی مرۆڤایەتییە.
ئەو خەسڵەتانەی، ئەو مەقام و پێگە باڵا و پیرۆزەیان بە زانکۆ بەخشێووە، زۆرن، هەرە بەرچاوەکانیان ئەمانەی خوارەوەن:

یەک: مەجلیسی مامۆستای پسـپۆڕ و شارەزایە:
بەدەر لە دەستە و ستافی بەڕێوەبەرانی کاروباری زانکۆ، ئەو شوێنە مەزنە کۆکەرەوە و دیوەخانی شارەزاترین و ئەزمووندارترین و زاناترین مامۆستای پسـپۆڕی وڵاتن. وەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، خاوەنەکەی ناکاتە مامۆستای سەرکەوتووی زانکۆ، ئەگەر ئەو مامۆستایە خاوەن ئەزموون و دید و فەلسەفە و تێڕاونین و حەز و توانستیی جوان و تایبەتمەند و مرۆڤدۆستانەی خۆی نەبێ. هەمیشە، دەبینین، باڵاترین و بایەخترین دامودەزگای مەدەنی و سەربازیی وڵات، کە کێشە و قەیرانێکی گرێکوێراوی یاخەیان دەگرێ، هانا بۆ مامۆستای پسپۆڕی زانکۆکان دەبەن وەک ڕاوێژپێکرا و دەستگر و ڕێنیشاندەر. دەکرێ ئەو دیوەخان و مەجلیسە (کە زانکۆیە) ناوبنێین (گەمیەوانانی ئەو کەشتییەی وڵاتێکی لەسەر پشتە). لە وڵاتێکی وەکو ئایرلەندا، لە نێوان (١٠٠) مامۆستای زانکۆ، سیڤی یەک مامۆستا، ناوی دەردەچێ بۆ دامەزراندان. مەرجەکانیان قورسە، چونکە مەقامێکی بایەخدار دەگرن. بۆیە لەو وڵاتەدا مووچەی مامۆستای زانکۆ، بە ڕێژەیی ، بۆ یەک ڕۆژ(٢٥٠)دۆلارە.

دوو: ماڵی بەهێزترین توێژی کۆمەڵە:
خوێندکارانی زانکۆ، بە گشتی، ئەو کوڕ و کچانەنە کە لە هەڕەتی تافی لاوی خۆیاندان و (١٢) ساڵێک ئەزموونی خوێندنی پێشتریان هەیە. ئەو تەمەنە دیاریکراوە، قامتێک خەسڵەت و تایبەتمەندی بەوان دەدات، کە قەت لە هیچ توێژێکی دیکەی کۆمەڵ بوونیان نییە و بە هیچ ئامراز و وەسیلەیەکیش خەلق ناکرێ و داناهێنرێ ــ تەنانەت بە زیرەکترین ڕۆبۆتی دروستکراویش. ئەو دەستە کوڕ و کچە گەنجە، لە پۆپەی گەشەکردنی مێشکدان و هزریان کراوەیە بۆ هەموو خوێندنە وە دۆزینە و داهێنانێکی نەبوو. ئەوان خاوەن بەهێزترین ماسوولەکە و جەستە و بەرگری و لەشولارن، ئەوان، دەستەیەکی یەکجار خەوبین و ئومێددار و هیواخوازن. ئەوا جگە لەوەی کە پردی نێوان دوو کەناری رووبارێکن کە دوو جەمسەری گرنگی کۆمەڵ بەیەکەوە دەبەستنەوە، کەناری (هەرزەکاران و سەردەمی منداڵی) لەگەڵ کەناری (پێگەیشتووان و تەمەن هەڵکشاوەکانی کۆمەڵ). واتا، ئەوان بەردی قەپان و ڕاگری هاوسەنگی نێوان ئەو دوو بەشە بایەخدارەی کۆمەڵ و مرۆڤایەترین.

سێ: کۆکەرەوەی هەر چوار ئیقلیمە:
لە نێو هەموو مەڵبەند و دامەزراوەکانی پەروەردەدا، تەنها زانکۆیە کە خوێندکاری هەرچوار ئیقلیمی وڵاتێک (یان جیهان) لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە ئاشنایان دەکا و پێکەوە کار و چالاکییش ئەنجامدەدەن. ئەمە خاڵێکی زۆر بایەخدارە، ئەو فڕە ڕەنگییە لە زێد و زمان و ئایین و ئایینزا و ڕەنگ و دەنگ و نەریت و کولتوور، بۆخۆی کتێبخانەیەکی زیندووە، هەمووان فێرە دەرسی تایبەت دەکات. لە هەمووش گرنگتر، گۆڕینەوەی ئەزموونەکان و دید و بۆچوونەکانە، کە ڕەنگە ببێتە مایەی خەلقکردن و داهێنان و دۆزینەوەی (شتی) نوێ.

چوار: سەردوکانی عەتارانە:
جاران لە شارەکاندا، عەتار هەبوو، هەر شتێکت ویستبدیایە و لەسەر هەرشتێک مەحتەل بووبای، لە لای ئەو دەست دەکەوت، ئەگەر شتەکەی نەشبووایە، لە سەفەری دواتریدا بۆ پایتەخت ، بۆی پەیدا دەکردی. ئیمڕۆ، زانکۆ، کتومت، وەک دوکانی عەتارەکە وایە، کۆلێژ و بەش و سەکتەری تایبەتیان بۆ هەموو بوارەکان هەیە. لەو پەڕی ڕشتەکانی زانستی و تەکنەڵۆژییەوە بگرە، تا ئەو پيری جیهانی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و بابەتە مرۆییەکان. ئەمەش جیگەی بایەخی زۆر مەزنە بۆ کۆمەڵ و دەوڵەت و مرۆڤایەتیش.

پێنج: گیرسانەوەی زەمەن لەوێدا لەپێناو مرۆڤایەتیدا:
ئەو دەزگایەی کە هەر (سی)پێکهاتەکەی زەمەن لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، زانکۆیە. (ڕابردوو ــ ئێستا ــ ئایندە) لە یەک کات و پتر لە یەک جێگەدا، توێژینە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێ. هەموو قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤایەتی، لە خەلقەوە، بەیەکەوە دەبەسترێتەوە، بە مەبەستی تێگەیشتن و دۆزینە و داهێنانی نوێ، بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی. لە یەک وانەدا رەنگ بێ باسی چەرخی بەردین و ئیستا و داهاتووی پەنجا ساڵی دیکەدا بکرێ.

شەش: کانگا و سەرچاوە:
هەرچەندە ئیمڕۆ کتیبخانەی گشتی و کتێفرۆش زۆرن، بەڵام کتێبخانەکانی زانکۆ بە کولێژ و بەشەکانییەوە، بە سامانێکی نیشتمانی بە بڕشت و بەسوود و بایەخدار سەیردەکرێن. زۆربەی زانکۆ ئاستبەرزەکان، وەک کانگا و سەرچاوەی خڕ زانستەکانن. لەسەرتای (٢٠٢٠) کە پەتای کڕۆنا بڵاوبۆوە، زانکۆکان پتر لە هەموو شوێنێک و تاقیگەیەک سەرقاڵی دۆزینەوەی چارە و ڤاکسین بوون. ئەمەش لەبەر زۆری سەرچاوەکانی بەردەست و تاقیگە.

حەوت: وێستگەی ئایندەسازیی:
داهاتووی وڵات و کۆمەڵ و خڕ مرۆڤایەتی بەندە لەسەر دید و فەلسەفە و تێڕاونین و هەنگاوەکانی زانکۆ، زانکۆ نەک هەر بریاردەرە بەڵکو نەخشەدانەر و چارەنوس سسازیشە بۆ ئایندەی نەوەکان و هەرچی شتێ کە بە ئایندە بەسترابێتەوە. لە زانکۆدا پەیوەندی ئێمە و ئەستێرەکان دەستنیشان دەکرێ، ئیمڕۆ، لە زانکۆدا درێژی و پانی شەقامێکی سەرەکی لە شارێکی نوێدا بریاری لەسەر دەدرێ، لەوێ، دیمەن و ڕوخساری دوای سەدەیەکی داهاتوو، نەخشەی بۆ دەکێشرێ… ئەوەم وەک نموونەیەکی بچووک ئاماژە پێدا. ماستەرپلانی هەموو شوێنەکان، بە پشتیوانی پسپۆڕانی زانکۆ ئەنجام دەدەرێن، هەر خۆشی کادیری ئەو سێکتەر پێدەگەێنێ.

هەشت: دامەزراوەیەکی سەربەست و سەربەخۆ:
خەسڵەتی هەرە بەرچاوی زانکۆ ئاستبەرزەکان لەوەدایە، ئەوان سەربەست و سەربەخۆن لە: بەڕیوەبردن و سیستم و پەیڕەوپڕۆگرامی خۆیان. هەموو مامۆستایەک ئازدە و سەربەستە و مافی تەواوی خۆی هەیە لە هەر بەرنامە و پڕۆگرام و تاقیکردنە و ئەزموونێک کە خۆی بە باش و پێویستی دەزانێ. زانکۆ، بۆخۆی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە یان خاوەن ئۆتۆنۆمی خۆیەتی لە هەر هەموو بریار و بەڕێوەبردنی جومگەکانی کاروباری خۆی. قەت هیچ کەسێک، تەنانەت، سەرککۆماریش، دەسەڵاتی دەست تێوەردانی کاروباری ئەوانی نییە. لەو وڵاتانەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تێیاندا بەرقەرارە، ئەگەر ڕۆژێ، پیاوێکی ئاسایش یان پۆلیسێک یان سەربازێک پێ بنێتە نێو حەڕەمی زانکۆ، ئەوا وەک ئەنجامدانی کوتادەیەک وایە و هەرای گەورەی بەدوا دادێ. تەنها وەزاڕەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، خاوەن دەسەڵاتە بەرانبەر زانکۆکانی. زانکۆ بۆ خۆی ئاغا و کوێخای خۆیەتی.

سێ پرسیارەکە:

خوێنەری بەڕیز، ئێستا دوای، ئەو گوزەرکردنە سەرپێیە، بە ناو وشەکانی ئەو بابەتەدا، هەوڵبدە وەڵامی ئەو (٣) پرسیارە بدەوە و ئەوجا بە ویژدانەوە، تێڕاونینی خۆت بۆ (زانکۆ) دەرببڕە:

پرسیاری یەکەم:
ئایا ئێستا دەتوانی جیاوازیی نێوان (زانکۆ کارتۆنییەکان) و (زانکۆ ڕەسەنەکان) دەستنیشان بکەی؟

پرسیاری دووەم:
ئایا ئێستا گەیشتییە ئەو قەناعەتە، کە ئەو زانکۆیەی، کەسێک یان تاقمێک، لە دەرەوەی شوورەی زانکۆ، بەڕێوەی دەبات و جەڵەوی دەگرێ، مەحاڵە بتوانێ بگاتە ئاستی بەرز؟

پرسیاری سێیەم:
ئایا ئێستا درکت بەوە کرد کە بۆچی ئێمە و مرۆڤایەتی پێویستیمان بە (زانکۆی ئاستبەرزە) و زانیت ئێمە زانکۆمان بۆچییە؟

ئەم بابەتە لە ژماتر (٤٣)ی گۆڤاری (ژیار)ی پەروەردەیی بڵاوکراوەتەوە (٢٠٢٢).




بە نمایشی “کوردانی ئیزەدی” دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” دەستی پێکرد

مەنسوور جیهانی ـ

بە نمایشی فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” لە دەرهێنانی “ئاماسی مارتیرۆسیان” بەرهەمی ساڵی 1933 لە یەکێتی سۆڤییەت، دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” دەستی پێکرد.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” İstanbul بە پشتیوانی “کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا” Mezopotamya Sinema و بە بەرپرسیاریی هاوبەشی “تانەر تان” Taner Tan و “ئادار تاش” Adar Taş، بە نمایشی فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” Kurdên Êzidî لە دەرهێنانی “ئاماسی مارتیرۆسیان” Amasi Martirosyan بەرهەمی ساڵی 1933 لە یەکێتی سۆڤییەت، بە نمایشی 30 بەرهەم لە سینەماکارانی کورد و بە تەرکیز لەسەر سینەمای کوردیی، دوێنێ پێنجشەمە 24ی مارچی 2022 لە شاری ئەستۆنبووڵ لە تورکیا کرایەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا هاتووە: گرینگی و مانای هونەر؛ بە تایبەت هونەری سینەما و هونەرەکانی شێوەکاریی لە ڕۆژگاری ئێمەدا بە باشی ناسراوە. خەڵکانی جیهان، زیاتر لە سەد ساڵە کە ناو و شوناسی خۆیان لە ڕێگای سینەماوە لە جیهاندا پێکهێناوە، بەڵام کوردەکان و کۆمەڵگای وەکوو کوردەکان ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر بوونەتەوە و بەرەوپێشنەچوونی سینەمای کوردیی بۆتە بەربەستێک بۆ بەرەوپێشنەچوونی خەڵکی کورد و ئەم باروودۆخە هێشتاش بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و ئەمە لەگەڵ کەلتوور و هونەردا دژایەتی هەیە. سینەمای کوردی لە سیاسەتەکانی دۆخ و چۆنییەتی هاوشێوەبوون بگرە تا دەرفەتە ماددی و مەعنەوەییەکان؛ بەردەوام ڕووبەڕووی گرفت و بەربەست بۆتەوە. ئەم باروودۆخە دڵتەزێنە، هێشتاش بە لێککەوتن و بەربەرست درێژەی هەیە. ئێمە وەکوو کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەم فێستیڤاڵە، ئاگاداریی ئەم باروودۆخە هەین و هەر بەم پێیە، دمانەوێت دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” بەڕێوەبەرین. خەڵکی کورد لە هەر لایەنێک و بە کەلتوور و هونەریی خۆیان لە خەباتێکی نەتەوایەتیدان. هیوامان ئەوەیە کە ئێمەش، چرای ڕێگای ئەم کارە گرینگ و هەستیارە بین.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هەر بەم پێیە؛ لە ساڵی 2019 فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵمان بۆ یەکەمین جار بە پشتیوانی “کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا” و بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد. پێش لە بەڕێوەچوونی یەکەمین خولی فێستیڤاڵ، بۆمان دەرکەوت کە سینەماکارانی کورد لە تورکیا ناتوانن بە ئاسانی فیلمەکانی خۆیان لە هۆڵەکانی سینەمادا نمایش بکەین. تەنانەت ئەگەر فیلمەکانیشیان نمایش بکرێت، بە ناچار سانسۆڕ دەکرێت. ئێستاش بە شێوەی ڕاشکاوانە، ناتوانین بڵێین کە فیلمە کوردییەکان ڕەنگی هۆڵی سینەما بەخۆیانەوە دەبینن و لەڕاستیدا میکانیزمەکانی سانسۆڕ و هەروەها قەدەغەکردن بۆ ئاوان لە قۆناغی جۆراوجۆردا بوونی هەیە و ئەم بابەت و گرفتە، هێشتاش درێژەی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی هەمووی ئەوانە دەمانەوێت سانسۆڕ، بەربەستەکان و ئەو سنوورانەی کە دێنە سەر ڕێگای سینەمای کوردیی لادەین و تا ئەو کاتەی کە بتوانین لێی ڕزگار بین، درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین. بێجگە لەوانە، ئێمە دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە، شوێنێک بێت بۆ سینەماکارانی کورد تاکوو بتوانن فیلمەکانیان تیایدا نمایش بکەن و بەرهەمەکانیان پێشکەش بە بینەران، هۆگرانی سینەما و لایەنگرانی خۆیان بکەن. هەر چەندە ئەوە یەکەمین مەبەستی ئێمەیە، بەڵام دەمانەوێت کوردەکان لە سینەمای جیهان، نوێنەری باش و شایستەی خۆیان هەبێت و لە نێوان سینەمای کوردی و سینەمای جیهاندا پەیوەندییەکانی باش و تۆکمە و گونجاو پێکبێنین.

لە درێژەی ئەم دەقەدا هاتووە: دوای ساڵی 2019 و بە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە باروودۆخی لەمەجبووری لە سەرتاسەری جیهاندا پێکهێنا، ئێمە نەمانتوانی فێستیڤاڵەکەی خۆمان بە شێوەی ئامادەبوون بەڕێوەبەرین. ئەمڕۆکە بە بەرزڕاگرتنی جەژنی فێستیڤاڵی ساڵی 2019، دەمانەوێت دووهەمین خولی فێستیڤاڵ، لە ڕۆژانی 24 تا 29ی مارچی 2022 بەڕێوەبەرین. نزیکەی پێنج مانگ لە دەست بە کاریی ئەم ڕووداوە تێدەپەڕێت. لە هەڵبژاردنی فیلمەکان وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵ، هەندێک پێوەرمان دیاریی کرد، ئەویش ئەوە بوو ئەو فیلمانەی کە لە چوارچێوەی بایخە مرۆڤایەتییەکان، سروشت و دیمۆکڕاتیک وێنەگیرابن، بە گشتیی هەڵبژێردران. هەڵبەت هەموو ئەو بەرهەمانەی کە بۆ ئێمە ڕەوانە کرابوون، گرینگایەتی تایبەت بە خۆیان هەبوو و سوپاسی هەموو ئەو دەرهێنەرانە دەکەین کە فیلمەکانی خۆیان بۆ ئێوە ڕەوانە کرد.

لە کۆتایی ڕاگەیاندنی چاپەمەنییەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا هاتووە: 30 بەرهەم لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگە فیلم و کورتە فیلم لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” نمایش دەکرێن. ئەم بەرهەمە هونەریانە لە سەرتاسەری کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان کە کوردەکان تیایدا نیشتەجێین و ژیان بەسەر دەبەن، بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ ڕەوانە کراون و زۆربەی ئەوان بە ئامادەبوونی دەرهێنەرەکانیان لە فێستیڤاڵ نمایش دەکرێن. هەروەها فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” Kurdên Êzidî کە لە لایەن “ئاماسی مارتیرۆسیان” Amasi Martirosyan لە ساڵی 1933 لە ئەرمەنیستانی یەکێتی سۆڤییەت وێنەگیراوە و تا ئێستا لە تورکیا و کوردستان نمایش نەکراوە، فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەی ئێمە دەبێت. بە نمایشی ئەم فیلمە، دەمانەوێت چاوخشاندنێکمان هەبێت بە ئەزموونی کوردەکان لە مێژووی سینەمادا و ڕوانینێکمان هەبێت بە مێژووی نەنووسراویی ئەواندا. لە شەویی کردنەوەشدا، کۆنسێڕتی مۆسیقاش پێشکەش دەکرێت. کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە سینەمای کورد یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم ڕووداوە هونەرییە دەبێت کە تیایدا سینەماکارانی کورد سەبارەت بە سینەمای کورد و گرفتەکانی خۆیان پێکەوە ئاخاوتن دەکەن و بیرووبۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو، تاکوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا گرفتەکانیان باس بکەن و ئایدیاکانی خۆیان گەشەپێبدەن. ئێمە وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” لە ڕۆژانی 24 تا 29ی مارچی 2022 چاوەڕوانی هەموو سینەماکاران و هەڤاڵانی سینەما و هەروەها خەڵکی خۆشەویستین.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://drive.google.com/file/d/1agxgO4IhkvE19UPgPkd-DbgGS5rKWa_V/view




شیعر/ وەڵام… یونس تانج

کراین
بە قوڵپی شکاوی
فینجانە شیرێک.
بە دار شەققەی
هەڵدێراوی تیمارکراوێک.
بە فەرەنجی
پاش زریانە توڕەکان.
باخاتی هەرمێکانت
بەخشییە بەدکاران
و
تاشە بەردی یاڵێکی دوور
دیاری ئێمە
دەی
وەرە
گۆ
بە چیتکردین
بۆ
نایەیتە
گۆ

2022-1-2
ی. ت




سەت بەردت لە دوو بێت… شەماڵ بارەوانی

کەهەر دەڕۆیت
بڕۆ و
لە جیاتی جارێک
هەزار جار ماڵئاوا

من
ئیتر نە هۆنراوەی خەم
و
نەشیعر بۆ دابڕان
دەنووسم

نە لێدەگەڕێم
ئازار توخنی هەرێمی
دەروونم بکەوێت
و
نە گۆرانیش بۆ ئیشقێکی
شکست خواردوو
دەچڕم

تۆ شایەن نیت
بە دیار ئەلبوومی بیرەوەریەکانت
دانیشم و
ئەشکت بۆ بڕێژم

برۆ ئازیز
کەهەر دەڕۆیت
زوو بڕۆ
و
سەت بەردت لە دوو بێت




بەرەو سیستەمێکی نوێی ماڵی جیهانی… نوسینی: ئیدریس مستەفا

لە تەک دەرکەوتنی سیستەمی نوێی جیهانیدا کە لە ٢٤ی مانگی رابردووەوە هاتە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی، دوێنێکە ٢٣ی مانگ سیستەمێکی نوێی ماڵی جیهانی هاتە نێو بازاڕی دراوی جیهانیەوە. دوێنێکە حکومەتی روسیا بڕیاریدا نەوت و گاز بە رۆبڵی بفرۆشێ لە بری دۆلاری ئەمریکی. ئەم بڕیارە تەنها ئەو وڵاتانە دەگرێتەو ەکە روسیا بە وڵاتانی نادۆست یاخود ناحەز بە روسیا ناوی بردن وەک ئەوروپا بە نموونە. ئەو وڵاتانەی کە هاوڕێی روسیان ئەوا ئازادن بە چ دراوێک پارە دەدەن وەک چین و هند بە نموونە. دیارە وڵاتێکی وەک هند روسیا بە هەرزانتر ناوت و گازی پێ دەفرۆشێ لەەبر جەند هۆیەک کە لێرەدا بواری باسکردنی نیە. بەهەرحاڵ،
ئەو هەنگاوەی روسیا، هێنانی رۆبڵ بۆ انو سیستەمی ماڵی جیهانی، بە یەکەمین هەنگاو دادەنریت لە مێژووی بازاری دراوی جیهانیدا کە لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هەبێ و یەکەمین گورز کە بیخوات دۆلاری ئەمریکی ئینجا دراوی یۆریە. ئابوری ناسەکان دەڵێن ئەوروپا و ئەمریکا خۆیان بۆ هەنگاوی لەم جۆرە نەک ەهر ئامادە کردبوو بەڵکو هەر بە خەیاڵیشیاندا نەهاتووە کە روسیا بە پلانێکی ئاوها وەڵام بە گەمارۆ ئابوریەکانیان بداتەوە هەر بۆیە ئەمڕۆکە راوێژکاری ئەڵمانی لەگەڵ پۆتین بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکدیدا کرد و ئەڵمانیا ئەم هەنگاوەی روسیای بە پێشێلکردنی رێکەوتنامە ئابوری و بازرگانیەکانی نیوانیان ناوزەد کرد. ئەلمانیا لە کاتێکدا ئەمە دەلێت کە هیچ یەکێک لەو گەمارۆ ئابورییانەی سەر روسیا نەک هەر پێشێلکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیانە بەڵکو دژ بە قانونە نێودەوڵتیە بازرگانیەکانە کە خودی ئەوروپا داڕێژەری سەرەکی بووە.
ئەمڕۆکە رۆبڵی روسی لە تەک دراوە جیهانیەکانی تردا ژمارەی بەرزبوونەوەی دەخوێندەوە. ئەم هەنگاوەی روسیا لە مێژەوە دەبوو بنرێت بەڵام تەمەڵی و چآوەروان نەکردنی روسیا بەو گەلەکۆمەکێ ئابوریە گشتگیریەی رۆژئاوا وای لێکرد کە بە چەکی رۆبڵەوە بێتە پێشەوە و لەوەش ناچێ پاشەکشە بکات لەم هەنگاوە چونکە هەر وەک چۆن یوانی چینی لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە رەقەم لە تەک دۆلار و یورۆ و پاوەندی ئوستەرلینی بەریتانیدا ئەوا رۆبڵیش دەبێتە دراوێکی تری خاوەن رەقەم.
مانگی رابردوو قسەباسێکی زۆر گەرم دەستی پێکرد و ئێستەش وا لە بواری لێکۆڵینەوە و هەنگاوی جدیدایە ئەویش کردنەوەی بازاڕێکی گەورەی دراوی ئاسیایی بە هاوبەشی چین و روسیا. ئەم هەنگاوەی روسیا و هەنگاوەی سعوودیەش ئەو بابەتە دەهێنێتە سەر خەزێنەی دراوی جیهانی. هەفتەی رابردوو سعودیە رایگەیاند کە لەمەودوا ئامادەیە نەوت بفرۆشێ و پارەکەشی بە یوانی چاینی وەربگرێ. دیارە بە دوای سعودیەدا وڵاتانی تری وەک بەحرەین و ئیمارات و لەوانەیە میسریش هەمان هەنگاو هەڵبگرێ.
ئەمانە و زۆر شتی تریش، بۆ نموونە ئاڵتونی دەیان و سەدان تەنی روسی کە لە خەزێنەی دەوڵەتی روسیادا هەڵگیراوە بۆ هە رپشتیوانیەکی گەورەی ئاوها، دۆلاری ئەمریکی دەخەنە بەردەم لەرزەیەکی جدیەوە کە نرخی دۆلار ئەو ئاستە قورساییە جیهانییەی جارانی نەمێنێ و لە دوور مەوداشدا لەوانەیە بەرەو داڕمانێکی بێ وێنە ببێ لەوەی کە چیتر وەک تاکە دراوی گێتی نەمێنێ بە تایبەت گەر بێتوو روسیا لە کێشەی ئۆکرانیادا بە سەرکەوتوویی بێتە دەرەوە. ئەم ئەگەرە روروداوەکانی رۆژان و مانگەکانی داهاتوو ئەنجامەکەیمان پێ دەڵێ.
خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە نەوت و گازی روسیی لەم گەلەکۆمەکێ ئابوریەی غەربدا تاکو ئێستا بە وازانج هاتۆتە دەرەوە. چؤن؟ تاکو ئەم ساتەی من ئەم وتارە دەنوسم نەوت و گازی روسی وەک جاران بەرەو ئەوروپا دەچێ و هەر لەم دوو سێ رۆژەی رابردوودا ئەڵمایان و هۆلەندا و بگرە فەرنساش بە رەسمی داواکەی ئەمریکایان رەتکردەوە کە واز لە کڕینی گازی روسی بهێنن؛ هەروەها سویفت کۆدی بانکی هەر وەک جاران کاری خۆی دەکات؛ جا ئەوەی لەم نێوەدا دروست بوو بەرزبوونەی نرخی گاز و نەوتی جیهانی بوو لەوانەی روسی. واتە روسیا گەر پێش ٢٤ی مانگی رابردوو، رۆژەی دەستپێکردنی پەلامارە سەربازیەکەی بوو بۆ سەر ئۆکرانیا، نرخی سەرچآوە سروشتیەکانی بە ١٠٠ دۆلار بۆ نموونە فرۆشتبی ئەوا ئیستا ١٢٤ دۆلارە، واتە نەوت و گازی روسی لەو گەمارۆ ئابوریەدا قازانجی نەکرد و ئەوەی زەرەری کرد وڵاتانی ئەوروپا و هاوڵاتیانی ئەوروپی بوون و بەنزینخانەکانیان گەواهی ئەم قسەیەی من دەدەن.
پرسیارێکی گرنگ کە دێتە پێشێ ئایا ئەوروپا دەتوانن بازاڕی تر بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی گاز و نەوتی روسی؟ لەگەڵ ئەوەی هەندێ وڵات خاوەن گازی سروشتی باس دەکرێن وەک قەتەر و جەزائیر و تەنانەت خودی ئەمریکاش، بەڵام هیچیان ناتوانن جێگەی گاز و نەوتی روسی بگرنەوە چ وەک رێژە و چ وەک نرخ و چ وەک ئاسانی هاتنە بەردەست و چ وەک ژینگەپارێزی. ئەم پرسیارە وردەکاری زۆری دەوێ و گەر بوار بوو ئەوا لە واترێکی تردا باسی دەکەم بۆچی هیچ وڵاتێک ناتوانێ جێگەی گاز و نەوتی روسی بۆ ئەوروپا بگرێتەوە.

نوسینی: ئیدریس مستەفا
٢٤ی ٣ی ٢٠٢٢




ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت و بارودۆخی ژنان… سەلام عەبدوڵڵا

دووهه‌م یادی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت هانمان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌گشتی چاوێك بگێڕین به‌وه‌ی ئێمه‌ چی له‌و ماوه‌یه‌ ده‌ستكه‌وتووه و به‌مه‌به‌ستی بیركردن له‌ گرنگی و ئامانجی روودانی ئه‌و شۆڕشه‌.
بۆرژوا و لایه‌نگرانی تۆمه‌تبارمانده‌كه‌ن به پێشێلكردنی دیموكراسی، به‌ڵام ئێمه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شۆڕشی سۆڤێتی، به‌ قووڵی و به‌رینی پاڵێكی بێوێنه‌ی داوه‌ به‌ پێشخستنی دیموكراسی.
دیموكراسی لای ئێمه‌، دیموكراسییه‌ بۆ ئه‌و كارگه‌ر و جه‌ماوه‌ره‌یه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری ده‌یاچه‌وسێنێته‌وه‌، كه‌واته‌ دیموكراسی سۆسیالیستیه‌(دیموكرای له‌پێناو كارگه‌ران)، دیموكراسی بۆرژوایی نیه‌(دیموكرای له‌پێناو سه‌رمایه‌گوزار و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان).

كێمان‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌‌؟
تێڕامانی جددی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و قووڵكردنی، واته‌ ئه‌زموونی ئه‌م دوو ساڵه‌ له‌به‌رچاو بگرین و ئاماده‌ببین بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر.

دۆخی ژنان به‌روونییه‌كی تایبه‌ت جیاوازی له‌ نێوان دیموكراسی بۆرژوایی و دیموكراسی سۆسیالیستی پێشانده‌دا و به‌شێوه‌یه‌كی روون وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.
ژنان له‌ هیچ یه‌ك له‌ كۆماره‌ بۆرژواییه‌كان(له‌و وڵاتانه‌ كه‌ موڵكایه‌تی تایبه‌تی زه‌وی و كارگه‌ و پشكی بانق هه‌یه‌…هتد) مافی یه‌كسانیان نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت له وڵاتانه‌شدا كه‌ له‌ هه‌موویان دیموكراسیترن‌. ژنان له‌ هیچ شوێنێكی جیهانی سه‌رمایه‌داری به‌ پێشكه‌وتووترینیشیانه‌وه‌، ئه‌م یه‌كسانییه‌ی لای ئێمه‌ی نه‌بووه، گه‌رچی زیاتر له‌ سه‌ده‌ و چاره‌كێك له‌سه‌ر شۆڕشی فه‌ره‌نسی مه‌زن تێپه‌ڕیوه( شۆڕشی بۆرژوازی دیموكرات).
دیموكراسی بۆرژوایی به‌زاره‌كی به‌ڵینی یه‌كسانی و ئازادی ده‌دا، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌ كۆماره‌ بۆرژواكان مافی یه‌كسانی به‌ ژنان(نیوه‌ی مرۆڤایه‌تی)، یه‌كسانی ته‌واویان له‌گه‌ل پیاوان له‌به‌رده‌م یاسا نه‌داوه و هه‌روا ژنان له‌ باڵاده‌ستی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوان به‌سه‌ریانه‌وه ئازادنه‌بوونه‌.
دیموكراسی بۆرژوایی، دیموكراسی قسه و وته‌ی زلن‌، به‌ڵێن و درووشمی گه‌وره‌ و جوانن له‌باره‌ی ئازادی و یه‌كسانی، به‌ڵام له‌ پشت هه‌موو ئه‌و وتانه‌‌دا، كوێله‌یی و نایه‌كسانی بۆ ژنان شاراوه‌ته‌وه‌و هه‌روا كوێلایه‌تی و نایه‌كسانی بۆ كارگه‌ران.
به‌ڵام دیموكراسی سۆڤێتی یان دیموكراسی سۆسیالیستی، ئه‌و وته‌ قه‌بانه‌‌ی راده‌ماڵی، چونكه‌ راست نین‌ و جه‌نگی بێبه‌زییانه‌ به‌رپاده‌كات دژ به‌ ریاكاری گه‌وره‌ی موڵكداره‌كانی خانوبه‌ره‌ و سه‌رمایه‌داره‌كان و جووتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌((دیموكراته‌كان))كه‌ دانه‌وێله‌ ده‌شارنه‌وه‌ و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن به‌ فرۆشتنی دانه‌وێله‌ به‌ كرێكاره‌ برسییه‌كان به‌ نرخی بازاڕی ره‌ش.

ده‌با بڕوخێت ئه‌و درۆزنه‌ قیزه‌وه‌نانه‌و با بزانین كه‌ نه‌ یه‌كسانی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌بێ له‌نێو چه‌وساوه‌كان و چه‌وسێنه‌ران و نه‌ ئازادی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌گه‌ر ژنان ئازاد نه‌بن له‌و ئیمتیازاتانه‌ كه‌ یاسا جێگیری ده‌كات بۆ پیاوان و ئه‌گه‌ر كرێكاران ئازاد نه‌بن له‌ بنده‌ستی سه‌رمایه‌ و ئه‌گه‌ر جووتیاره‌ زه‌حمه‌تكێشه‌كان له‌ باڵاده‌ستی سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن خانوبه‌ره‌ و گه‌وره‌ بازرگانه‌كان رزگاریان نه‌بێت.
با له‌ درۆزن و دووڕووه‌ گه‌مژه‌كان گه‌ڕێین،‌ بۆرژوا و لایه‌نگره‌كانی فێل له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، باسی ئازادی و یه‌كسانی و دیموكراسی به‌ گشتیان بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ كرێكاران و جووتیارن ده‌ڵێین ده‌مامكی سه‌ر رووی ئه‌و درۆزنانه‌ لاببه‌ن، چاوی ئه‌و كوێرانه‌ بكه‌نه‌وه‌:

  • لافی یه‌كسانی كام ره‌گه‌ز له‌گه‌ل كام ره‌گه‌ز لێده‌ده‌ن؟
  • لافی یه‌كسانی كام نه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ل كام نه‌ته‌وه‌ لێده‌ده‌ن؟
  • لافی یه‌كسانی كام چین له‌گه‌ل كام چین لێده‌ده‌ن؟
  • ئازادی له‌ باڵاده‌ستی كێ و له‌ چ چینێك؟ ئازادی بۆ كام چینه‌ كه‌ ئێوه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن؟
    ئه‌وه‌ی باسی سیاسه‌ت و دیموكراسی و ئازادی و یه‌كسانی و سۆسیالیزم ده‌كات و ئه‌م پرسیارانه‌ ناورووژێنێت و له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دایاننا‌نێت و، له‌ دژی هه‌وڵی شاردنه‌وه و په‌راوێزخستنیان خه‌بات نه‌كات، ئه‌وا دوژمنی سه‌رسه‌ختی كارگه‌رانه‌، گورگێكه‌ له‌به‌رگی مه‌ڕ و گه‌وره‌ترین ركابه‌ری‌ كرێكاران و چووتیارانه‌، خزمه‌تكاری خاوه‌ن خانوبه‌ره‌ گه‌وره‌كان و قه‌یسه‌ر و سه‌رمایه‌داره‌كانه‌.
    ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ دواكه‌وتووترین وڵاتانی ئۆروپا، له‌پێناو ئازادی ژنان و مافی یه‌كسانیان له‌گه‌ل ره‌گه‌زی((به‌هێز))، زۆر زۆر زیاتری كردووه‌ له‌ هه‌موو كۆماره‌ پێشكه‌وتووه‌ دیموكراته‌كانی دنیا له‌ ماوه‌ی 130 ساڵ.
    له‌گه‌ل هه‌موو وشه‌ گه‌وره‌كان له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ و رۆشنبیری و شارستانیه‌ت و ئازادی له‌ هه‌موو كۆماره‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی سه‌رزه‌مین، یاساگه‌لێكی زۆر قیزه‌وه‌ن و پیس و دڕنده‌ هه‌یه‌، یاساگه‌لێك كه‌ نایه‌كسانی بۆ ژنان جێگیرده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیری و جیابوونه‌وه‌، نایه‌كسانی بۆ مناڵه‌ سرووشتی و ((یاساییه‌كان))و ئه‌متیازات بۆ پیاوان جێگیرده‌كه‌ن و زه‌لیلی ژن و به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌گه‌لدا.
    باڵاده‌ستی سه‌رمایه‌ و سته‌مكارییه‌كانی موڵكایه‌تی تایبه‌تی((پیرۆز)) و زوڵمی گه‌مژانه‌ی بۆرژوازی بچووك و چاوچنۆكی خاوه‌ن كاری بچووك هه‌موویان پێكه‌وه رێگریان كرد له‌ دیموكراسیترین كۆماری بۆرژوازی ده‌ست بۆ ئه‌و یاسا قیزه‌وه‌ن بۆگه‌نانه‌ ببرێت.
    به‌ڵام له‌ كۆماری سۆڤێت، كۆماری كرێكاران و جووتیاراندا به‌ مشتێك هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی راماڵی و به‌رد له‌سه‌ر به‌ردی ئه‌و درۆ و نیفاقه‌ بۆرژوازیهانه‌‌ نه‌هێشت.
    ده‌با بڕوخێت ئه‌و درۆیانه‌، ده‌با بڕوخێن ئه‌و درۆزنانه‌ كه‌ لافی ئازادی و یه‌كسانی بۆ((هه‌مووان)) لێده‌ده‌ن و ره‌گه‌زێكی چه‌وسێنه‌ر و چه‌ند چینێكی چه‌وساوه‌ و موڵكایه‌تی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داران و پشكی بانق و كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ندبوو له‌ زێده‌ی دانه‌وێله‌ و برسییه‌كان كوێله‌ ده‌كه‌ن.
    نه‌خێر، نه‌ ئازادی بۆ هه‌مووان و نه‌ یه‌كسانی بۆ هه‌مووان، به‌ڵكو خه‌بات دژی چه‌وسێنه‌ران و سه‌رمایه‌گوزاران و له‌ناوبردنی هه‌موو تواناكانیان بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ و سه‌رمایه‌گوزاری. ئه‌مه‌ درووشمی ئێمه‌یه‌!
  • ئازادی و یه‌كسانی بۆ ره‌گه‌زی چه‌وساوه‌.
  • ئازادی و یه‌كسانی بۆ كرێكار و جووتیاری زه‌حمه‌تكێش.
  • خه‌بات دژی چه‌وسێنه‌ران، خه‌بات دژی سه‌رمایه‌داران، خه‌بات دژی ده‌ره‌به‌گ(كۆلاك)ی جامباز- ئه‌مه‌ هاواری تێكۆشانمانه‌‌-، ئه‌مه‌ راستی پڕۆلیتاریایه‌، راستی خه‌بات دژ به‌ سه‌رمایه‌، به‌و راستییانه‌‌‌ رووبه‌ڕووی ده‌ربڕینه‌ هه‌نگوینی و دووڕوییه‌كانی جیهانی سه‌رمایه‌داری بووینه‌وه له‌باره‌ی ئازادی و یه‌كسانی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ئازادی و یه‌كسانی بۆ هه‌مووان.
    مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ رێك ده‌مامك له‌سه‌ر ئه‌و درۆیانه‌ پارچه‌پارچه‌ كردو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ سووربوونی شۆڕشگێرانه‌وه‌ ئازادی و یه‌كسانی بۆ چه‌وساوه‌كان و كارگه‌ران دژ به‌ سته‌مكاران و سه‌رمایه‌داران و ده‌ره‌به‌گه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ین.
    رێك له‌به‌ر ئه‌وانه‌ له‌ دووهه‌م یادی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێتی و سه‌ره‌ڕای برسێتی و سه‌رما و هه‌موو موسیبه‌تی ئه‌و غه‌درانه‌‌ كه‌ ئیمپریالیسته‌كان به‌ كۆماری روسیای سۆڤێتی ده‌گه‌ن، بڕوای بته‌ومان هه‌یه‌ به‌ درووستی خه‌باتمان و بڕوای بته‌ومان هه‌یه‌ به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێتی بێ چه‌ندوچۆن له‌ هه‌موو جیهان سه‌رده‌كه‌وێت.

له‌ پراڤدا، ژماره‌ 249، له‌ 6 تشرینی دووهه‌م 1919،
ف. لیننین. جلده‌كان، پاریس- مۆسكۆ، جلدی 30، لاپه‌ڕه‌ی 116-119
به‌ عه‌ره‌بی له‌ كتێبی(لینین و المرأة، تعريب زينب نبوه) ‌ ‌ ‌


‌ ‌ ‌‌ ‌‌ ‌




سێبەری وشەکان… جەلال عەبدوڵا ساڵح

یەک

ژنێ بردمی
بۆ ماڵی لقێ گیا.
ئاو
گۆرانی بۆ وتم
دەریا
کەوتە سەما

دوو

کچێکی ئەرمەنی
فێری مۆسیقای ئاو ی کردم
زانی کوردم

سێ

براکەم
لە جەنگ دا کووژرا
دایکم وتی:

  • هەموو سەربازەکان
    مناڵی ی ژنەکانن

چوار

بێزار بووم لە لێو
هەموو شەوێک
دەبات بۆ ماڵی ماچ

پێنج

ژن
پیاو ڕادەهێنێت
بە سیحری گری (ئاخیرەت)
بە فێڵی جوولەکە
بە کووشتاری مێژووی سوونە
بە شیوەنی خوێنی شێعە
بە پەیامی کوشتنی مووسا
بە چیرۆکی نهێنی مەسیح و کڵێسا
بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا
بە دڵ ی برینداری خودا

سایه کلمات مرا

شیعر/ جەلال عبدوللە سالحی

١

به خانه شاخه
چمن برد
آب
برایم خواند که دریا
به
رقص افتاد

٢

يه دختر ارمنی
بهم موسيقي آب
ياد داد
من
کردي ياد گرفتم

٣

برادرم در
جنگ کشته شد و
گفت:

  • همه سربازان بچه
    زنان هستند

٤

از
لب خسته ام .
او را هر شب به
خانه بوسه می برد

٥

زن
اونا مردها رو تمرين ميکنن
با جادوی آخری
با فریب یهودیان
با کشتن تاریخ سُنُن
با سوگواری خون شبا
با پیام آسمان های موسیبا
با شور مقدس مسیح
با دیکتاتور پرولتاریای مارکس
با دل همیشه زندگی خدا




کورتەچیڕۆک/ ئەزمووندار… رەسوڵ بەختیار

رۆژ نییە، لەم بازاڕە نەبێتە شەڕ و هەڵا، زۆربەی شەڕ و شۆڕەکانیش زیاتڕ بەهۆی فێڵێکردنی هەندێک لەوانەیە لەچەقی شاردا دراو دەگۆڕنەوە، زۆر بەدەگمەن دراوەکان قەڵپ بن، بەڵام هەندێک لەخەڵکی فێڵزان هەیە، دراوی قەڵپی پێیە، دوای گۆڕینەوەی پارەکانیان بۆ دۆلار، چەند خولەکێکی پێدەچێ، لەچەقی شاردا دەبێتە شەڕێک، زۆرجار پۆلیسیش پێی کۆنترۆڵ ناکرێ.
چیڕۆکەکەمان هیچ پەیوەندی بەدراو گۆڕینەوە و پارەی قەڵپ نییە، بەڵکو ئەمە قسەی یەکێکە لەوانەی بەدرێژایی ژیانی تەنیا فرت و فێڵی کردووە، ئەو ئێستا کەسێکی ئاسایی کۆمەڵگەیە، دەیەوێ سوود بەهەموو لایەک بگەیەنێ، بەڵام کەس باوەڕی پێ ناکا، گەورە و بچووک بەقسەکانی پێدەکەنێ، ئینجا قسەکانی لەهەر بوارێک بێ، راست بێ یان چەوت، ئەویش لەکۆتایدا دەڵێ خوا کارتان راست بکاتەوە، گرنگ نییە پێدەکەنن، گرنگ لەوەیە رۆژێک دێ ئەو قسانەتان بیر دێتەوە، ئینجا دەڵێن عەباسی کڵۆڵ راستی دەکرد.
هەر کاتێک ئەو دەیبینی بەقسەکانی پێدەکەنن، بۆ ماوەیەک خۆی ون دەکرد، هەروەها مۆبایلەکەشی دادەخست، ئەوەی سەیرە دواجار کاتێک خۆی لەهەموو ناسیارەکان ونکرد، ئێوارەیەک لەتەفزێۆن چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرا، لەهەمووی گرنگتر لەناو پەخشی راستەوخۆی هەواڵەکان بوو، ئەو شیکردنەوەی بۆ دۆخی ئابووری دەکرد، نەک وەکو پسپۆڕێک، بەڵکو وەک کەسێکی بەئەزموون لەبواری ئابووری، گرنگتر لەمەش دوو پسپۆڕی ئابووری، کاتێک ئەو قسەی دەکرد، دوو پسپۆڕەکە بەجۆش و خرۆشەوە زیاتر لەبابەتە قسەیان دەکرد، هەرچۆنێک بێ دەقی چاوپێکەوتنەکەی نێو هەواڵی ئێوارە خۆی لەچەند خولەکێک دەنواند، کەچی دواتر قسەکانی عەباسی کڵۆڵ لەشریتی هەواڵەکان دەنووسرایەوە.
رۆژی دواتر زۆر بەپۆشتەیی بەدەرکەوتەوە، ئەمجارەیان هەموویان لەبەری هەڵسان و چاوەڕێ بوون قسەیەک بکات، ئەویش هەڵیدایەوە و گوتی: دەزانم هەمووتان پێتان سەیرە، بۆ لەو چاوپێکەوتنە بووم، یان چۆنیان زانی لەو بوارە ئەزموونم هەیە، پێتان سەیر نەبێ وەکخۆتان دەزانن لەژیانمدا سوودم نەبووە، بۆ کۆمەڵگە، بەڵام باش بزانن، ئەوانەی زۆر پاک و بێگەرد و دڵسۆزی وڵاتن، هەردەم پەراوێز دەخرێن، منیش ئەو ئەزموونە پڕ لەفرت و فێڵەکانم دەخەمە بەردەمتان، تا کەسانی وەک من دووبارە نەبنەوە.
-تۆ چۆن وا بەخۆت دەڵێی.
-ئەی چی بڵێم، خۆ دیسان دەست بەدرۆیان ناکەمەوە، وەک ئەوەی بینیتان، بڕوابکەن ئەوەی راست و دروست بێ جێگەی نابێتەوە، ئەوان وا سەیری من دەکەن، کەسێکی ئەزمووندارم، کەچی هەموو ئەزموونەکەم بەهۆی دزی و فرت وفێڵ و نێو زیندانەکانەوە بووە.
یەکێک لەولاتر بەپێکەنینەوە هەڵیدایەوە: هەموو ئەوانەی باستکرد، بەئەزموون بەخەبات بۆت نووسراوە.
ئەوانەی دانیشتبوون هەموویان دایانە قاقای پێکەنین، ئەویش گوتی: هەروا گاڵتە بکەن، لەبەر گاڵتە و پێکەنین، خۆتان لەبیرچووە و رۆژ تا ئێوارە لەچایخانەکان کەوتوون، ئێوە هەر بۆ ئەوە باشن یەکێک لەو لاوە بێ قۆڵتان ببڕێ، هەموو ئەو کارە خراپانەی لەپێشتردا کردوومە، بەهۆی گەمژەی وەک ئێوە بووە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…2…شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

فـــەقێیەکــی کـتێب خـــۆر..!

لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە تووشی گۆڕانی فکری بووم.
ئێمە کۆمەڵەک فەقێ بووین، هەموومان بە ئاڕاستە سەربە ئیسلامی سیاسی بووین و ئنتیمامان بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، هەمان بوو یەکگرتوو، هەشمان بوو مەیل و ئنتیمای بۆ کۆمەڵی ئیسلامی هەبوو. وەلێ لەهەمان کاتدا، ئێمە مەڕ نەبووین، ڕاستە بە تەمەن گچکەبووین و هەریەک لە ئێمە سەرەتا بە ڕێگای هەست و سۆز و عاتیفەوە، ئنتیمامان بۆ ئەو دوو هێزیلە ئیسلامیە سیاسی لا دروست ببوو،

وەلێ ئێستا لەڕووی فیکرەوە بە هێزببووین و عاتیفانە بیرمان نەدەکردەوە، شوکور ئێستا هۆشیارە مەحوی و ئێمە شێوازێکی تر بیرمان دەکردەوە، بەرەو ئەقڵانیەت و جیهانی بیرکردنەوە و لۆژیک هەنگاومان ناوە، بۆیە ئێمە ئەو کۆمەڵە فەقێیە عەجووڵ و هۆشیاربووین. ئەوانیش هەندەکیان کەم و زۆر بەڵام بە ئەندازەی من نا، دەیان خوێندەوە. فەقێی هاوڕێم هەبوو بەرلەمن ڕۆمانی(تاعوون)ی کامۆی خوێندەوەو هێنای من بیخوێنمەوە.

فەقێشمان هەبوو، لەیەک قاڵبی بیرکردنەوەدا چەقی بەستبوو و حەزی بە خوێندنەوە و بیرکردنەوەو بینینی بیرو ڕای جیاواز و شتی جیاواز نەدەکرد. بە ساڵیش کتێبێکی نەدەخوێندەوە. زیاتر حەزی لە چاڵاکی حزبی بوو و هەوڵی دەدا خەڵک بکات بە ئیسلامی.

هەڵبەت ئەو گۆڕانە فیکریە، تەنها من تووشی نەبووم، چەندین فەقێی تری هاوڕێم و فەقێی تریش، لە حوجرەیتر ئاگاداربووم کە هەمان شێوەی من، وەک مەڵاکان دەڵێن تووشی گوومڕایی و لادان بوون.

جا لەو گۆڕانە فیکریە، من کەم و زۆر کاریگەریم لەسەر فەقێکانی هاوڕێم هەبوو، فەقێکان دەیان زانی و دەیان بینی کەمن جگە لەخوێندنەوەی کتێبی ئیسلامی و دەرسی حوجرەو قوتابخانەی ئایینی و بابەتە ئایینیەکان، بەردەوام و شەو ڕۆژ خەریکی خوێندەوەی ڕۆمان و چیرۆک و کتێبی فیکری و فەلسەفی و دەروونناسی و کومەڵناسی و سیاسی و مێژووییم.

بەهۆی مۆتاڵای زۆرمەوە، هەندێک لە فەقێکان پێیان دەگووتم کتێب خۆر و بۆیە متمانەشیان بە قسەکانی من دەکرد. سەرەتا نا، وانەبوون، هەندێکیان لێم دەترسان و نەیان دەوێرا توخنم بکەون. چوونک هەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک، لای ئەو فەقێیانە وەسفکردبوو.




ئه‌ستیاگ دوا پادشای ماده‌كان زوحاكی ماربه‌شانی نه‌ورۆز نییه… ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

تيبینی:
ئەم بابەتە بۆ دووبارە بڵاودەکەینەوە لەسەر داوای نووسەر.

لێره‌ ده‌مانه‌وێ له‌باره‌ی جێژنی نه‌ورۆزه‌وه‌‌ بدوێین، به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی جێژنی نه‌ورۆز هه‌ندێك له نووسه‌رانی هاوزمانی خۆمان، به‌تایبه‌ت وتاربێژ و بانگخوازه ‌ئیسلامیه‌كان پێچه‌وانه‌ی پێوست له‌ جێژنی نه‌ورۆز ده‌دوێن و نه‌ورۆز له‌گه‌لی كورد ده‌ستێننه‌وه‌ و ده‌یده‌ن به‌گه‌لانی نه‌یار و دژ به‌كورد، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ست و سۆزی كورد ده‌جوڵێنن، گوایه‌ نه‌ورۆز جێژنی مه‌جوسانه‌، دژی دینه‌ و یادكردنه‌وه‌ی ئاگرپه‌ستیه‌ و پێویست ناكا كورد ئه‌و یاده‌ بكاته‌وه‌.
‌ جێژنی‌ نه‌ورۆز جێژنێكی كۆنی كورده‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، سه‌ره‌ڕای ڕاسته‌قینه‌یی له‌ هه‌ندێك بابه‌تدا تێكه‌ڵ به‌ ئه‌فسانه‌یی كۆن بووه‌، لێره‌ ده‌رفه‌تی زۆرمان‌ نیه‌، بۆیه‌ خۆمان له‌ساغكردنه‌وه‌ی ڕیشه‌ی نه‌ورۆز ده‌بوێرین، ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین،‌ هه‌ندێك له ‌وتاربێژ و بانگخوازه‌كان له‌ڕووی تێنه‌گه‌یشتن و به‌دحاڵی بوونه‌وه‌، ئاستیاگ دوا پاشای ماده‌كان و زوحاك پاشای ماربه‌شانی ئه‌فسانه‌ی نه‌ورۆز به‌یه‌ك ده‌چووێنن، ئه‌وانه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌فسانه‌یی كاوه‌ و زوحاك نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ماده‌كان، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ گوایه‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماده‌كان، زوحاك یان (ئه‌ژده‌هاك)ی ماربه‌شان بووه‌، هه‌روه‌ها وا ‌باسی (زوحاك و فه‌ره‌یدون و كاوه‌) ده‌كه‌ن، كه‌ فیرده‌وسی وه‌ك ناسیونالیستێكی فارسی له‌ شانامه‌دا شانازی به‌سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر دوا پادشای ماد ئاستیاگ ی كورد دا ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن له‌ ڕووداوی كاوه‌ و زوحاك، ده‌بێ كورد پرسه‌ بگێڕێت، نه‌ك جێژن بكات، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئاستیاگ دوا پادشای ماد، له‌لایه‌ن كۆڕشی فارسیه‌وه‌ كوده‌تای به‌سه‌ردا كراوه و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی كو‌رد هێنراوه‌‌، بۆ چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)یش ده‌ڵێن: ئاستیاگ دوا پادشای ماد ده‌بێته‌ ئه‌ژده‌هاك و به‌رده‌بێته‌ گیانی خه‌ڵك، بۆیه‌ كاوه‌ی ئه‌فسانه‌یی ده‌كه‌نه‌ كۆڕشی فارسی مێژوویی و ئاستیاگ ی دوا پادشای ماد ده‌كوژێت، ئیتر زوحاك= ئه‌ژده‌هاك به‌ ئاستیاگ چوێنن و كاوه‌ به‌ كۆڕش پێناسه‌ ده‌كه‌ن، به‌م بیانووه‌ چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی سه‌ركه‌وتنی كاوه‌ به‌سه‌ر زوحاكدا، ده‌كه‌نه‌ ڕووداوی مێژوویی سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا، ئینجا لێره‌وه‌ بۆ گه‌مارۆدانی جێژنی نه‌ورۆز، له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)دا، ژه‌هری مه‌به‌سته‌كه‌یان ده‌ڕێژن، كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی نه‌ورۆز یادی سه‌ركه‌وتنی كۆرش به‌سه‌ر ئاستیاگ پادشای ماد، سه‌ركه‌وتنی هه‌خامه‌نشیه‌كانه‌ به‌سه‌ر ماددا، واته‌ سه‌ركه‌وتنی فارس به‌سه‌ر كورد دا، لێره‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ مه‌به‌‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌جووڵێنن، كه‌ نه‌ورۆز جێژنی فارسه‌ و بۆ كورد لاسایی كردنه‌وه‌ی فارسه‌‌، ده‌بوایه‌ بۆ كورد پرسه‌ بوایه‌ نه‌ك جێژن، چونكه‌ باسی شكستی كورد و‌ ڕووخانی ئاستیاگ دوا پادشای ماد و ده‌وڵه‌تی ماده‌، ئه‌مه‌ش چه‌واشه‌كاری و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌كانه‌.
ئه‌م بنه‌ما هه‌ڵه‌یه‌ی‌ هه‌ندێ نووسه‌ر به‌تایبه‌ت بانگخوازه‌ ئیسلامیه‌كان، كه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ جێژنی ئاگرپه‌رست و كافره‌كانه‌، ده‌یكه‌نه‌ بناغه‌ی وته‌كانیان بۆ پێناسه‌كردنی ئاژده‌هاك به‌ ئاستیاگ، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیروڕا هه‌ڵه‌ و بێ بناغانه‌ی زۆر له‌ڕاستیه‌وه‌ دووره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ به‌سه‌ر ڕۆشنبیری كوردیشدا زاڵ بووه‌، به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك، جگه‌له‌ لێكچونێكی ڕواڵه‌تی ناوی ئاژده‌هاك و ئاستیاگ، زۆر جاریش بۆ زیاتر له‌یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی ناوی ئاستیاگ ده‌كه‌ن به‌ (ئاستیاك). ئه‌مه‌ش ته‌نیا ڕواڵه‌تێكی فریوده‌ره‌ و خۆشیان باش ده‌زانن، بۆچوونێكی بێ بناغه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شێوه‌ی گوتنی فێڵ ده‌كه‌ن و بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ و لێكچواندنی ناوه‌كان ئاژده‌هاك به‌شێوه‌ی ئاژد‌یهاك به‌كاردێنن، هه‌روه‌ها ئاستیاگ به‌شێوه‌ی ئاستیاك به‌كاردێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ له‌یه‌كدی بچێت.
ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا قوربانی ئه‌و بۆچوونه‌ بن، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی وردی بۆ بكه‌ن، قسه‌ی بێ به‌ڵگه‌ و بێ بنه‌ما دروست ده‌كه‌ن، بۆ زیاتر چه‌سپاندنی بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌كه‌یان، له‌به‌رنامه‌یه‌كدا كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزی ئیسلامی ده‌یوت: كورد نابێ یادی جێژنی نه‌ورۆز بكاته‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێژنی مه‌جوسه‌كانه‌ و بۆ كوردی موسڵمان دروست نیه،‌ یادی ئه‌و جێژنه‌ بكاته‌وه‌.
له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌مانه‌وێ به‌به‌ڵگه‌ی مێژوویی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یان به‌هه‌ڵه‌ وه‌رگرتووه‌، یاخود به‌ئه‌نقه‌ست و بۆ شێواندنی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌وروژێنن، واز له‌م بیركردنه‌وه‌ هه‌ڵانه‌یان بێنن، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه‌ ئه‌م دوو ناوه‌ له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ خۆمان له‌لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌بوێرین و ته‌نیا گرنگی به‌لایه‌نی مێژوویی ده‌ده‌ین، ده‌مانه‌وێ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ ساغی بكه‌ینه‌وه‌،‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماد، زوحاك یان ئاژده‌هاك ی دێوه‌زمه‌ی نه‌ورۆز نیه‌، به‌ڵكو ئاستیاگ دوا پادشای ماده‌كان، كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و ئاشتیخواز و لایه‌نگیری هه‌ژاران بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌، دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ماد و ڕۆژگاری فه‌رمانڕه‌واییان ده‌بێ بزانین تا شكستی ئاستیاگ و له‌ناوچوونی ئیمپراتۆری ماد، لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌‌ینه‌وه و قسه‌ی ئه‌و نووسه‌ر و مێژوونووسانه‌ وه‌ربگرین،‌ شاره‌زای مێژووی ماده‌كانن و له‌نزیكترین سه‌رده‌می ئه‌واندا ژیاون و ڕووداوه‌كانیان به‌دروستی تۆمار كردووه‌‌.
به‌سه‌رهاتی ڕۆژگاری ماد له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیمپڕاتۆریێتی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا له‌ نووسراوه‌ سێ زمانیه‌كانی (پارسی كۆن، عێلامی، بابلی) هه‌ندێ پاشایان و هه‌روه‌ها نووسراوه‌ی گه‌وره‌ی داریوشی یه‌كه‌م، له‌ ڕووكاری بێستون ئاوێنه‌ی یه‌كترن…، ئه‌م به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می ڕووداوه‌كانی ماددا نووسراون نرخدارن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م زۆربه‌یان به‌ زمان گێڕدراونه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌می بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ ئه‌وانه‌ جێگای باوه‌ڕنین و نرخیان كه‌م تره‌، بایه‌خی ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك به‌ستراوه‌ به‌واقیعی باسه‌كه‌وه‌ و له‌لایه‌كی تریش‌ به‌ویژدان و ئه‌مانه‌ت په‌روه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی‌ باسه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌كرێن به‌چه‌ن به‌شێكه‌وه‌، نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانی یۆنان ده‌كه‌ونه‌ ڕێزی یه‌كه‌م له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵی دواییدا.
یۆنانیه‌كان له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی یۆنان و ئێرانیه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاییندا ئاشنایه‌تیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ مێژووی ڕۆژهه‌ڵات په‌یداكرد، له‌و شه‌ڕانه‌دا له‌شكری ماده‌كانیش به‌شدار بوون، یۆنانیه‌كان بیریان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی هاوڕێی خۆیان ده‌كرده‌وه‌، بێ په‌روا په‌نایان ده‌برده‌ به‌ر ڕۆژگاری كۆن و سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشیه‌كان به‌سه‌ر چۆنێتی مێژووی ماد و ئاشوورییه‌كان دا تێده‌په‌ڕین.
هێشتا نه‌وه‌ی زۆر له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ به‌رزه‌كانی ماد دا هه‌بوو، به‌شداری ژیانی سیاسی وڵات بوون و زۆربه‌یان له‌ ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كاندا جێگا و مه‌قامی به‌رزیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، هه‌روه‌ها گه‌لێك له‌مانه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانییه‌كاندا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ بڵێین له‌و كاته‌دا به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی ماد له‌لایه‌ن ده‌رباری هه‌ندێ پادشاهانه‌وه‌ ئاگاداری ده‌كرا، له‌م ڕێگایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كانیش په‌یوه‌ندییان هه‌بوو.
داخه‌كه‌م یۆنانییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌رباری سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان نه‌ده‌گه‌یشت و دیسانه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌سكه‌نده‌ر له‌سێیه‌كی دوای سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زایین، ئیمپراتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كانی تێكدا و داگیری كرد هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی ده‌ربار‌ی شاهی له‌ناوچوون.
له‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت و كیشوه‌ری ماده‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی تاكه ‌تاكه‌ له‌ نووسینه‌كانی نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین هه‌ن. وه‌كو هكاتی میلتی و هارون لامپساكی و دیونیس میلتی، كه ‌له‌باره‌ی داریۆشی یه‌كه‌م نووسیویانه‌، هه‌روه‌ها كسانت لیدیائی نووسه‌ری (مێژووی لیدیا) له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجه‌م ژیاون، ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ماده‌كان شتیان وتووه‌، هلانیك نووسه‌ر و مێژوونووس دروست بوونی ماد ده‌به‌ستێ به‌نووسراوی قاره‌مانانی ئه‌فسانه‌كانی یۆنانه‌وه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕێكخستنی ته‌واوی مێژووی ماده‌وه‌ یه‌كه‌مجار مێژوونووسی گه‌وره‌ی یۆنان و دامه‌زرێنه‌ری زانیاری مێژوو (هیرۆدۆت هالیكارناسی) له ‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌می پێش زاییندا هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری داوه‌. له‌ساڵی 447ی پێش زایین چووه‌ بۆ ئاتن و دواتر سه‌ری له‌ سه‌رزه‌مینی ماد و پارس داوه‌ و چه‌ند نووسینێكی له‌باره‌ی مێژووی نه‌ریت و ڕه‌وشت و هه‌ستان و دانیشتنی ئه‌و كیشوه‌رانه‌ نووسیوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌ی ته‌واو بكات زۆر تێكۆشاوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ سوودی له‌ نووسینی نووسه‌ره‌كانی پێش خۆی وه‌ك: هكاته‌ و هلانیك و دیونیسدا وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاركردن و وته‌ی سه‌رزاری خه‌ڵك به‌ستووه‌، بۆ نموونه‌ له‌باره‌ی مێژووی ماده‌وه‌ سوودی له‌ قسه‌ی خانه‌دانه‌كان وه‌رگرتووه،‌ به‌تایبه‌تی (زوپیر). ڕه‌نگه‌ سوودی له‌وته‌ی یه‌كێ له‌ نه‌وه‌ی هارپاك وه‌رگرتبێ،‌ ناوبراو یه‌كێ له‌ گه‌وره‌ پیاوانی ماد بووه‌ و سه‌د ساڵ پێشتر نه‌خشێكی شوومی له‌تێكدان و له‌ناوچوونی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌كان یاری كردووه‌، به‌م جۆره‌ شاره‌زاكان توانیویانه‌ زانیاری شێوه‌ ڕاست، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی داستان و به‌سه‌رهاته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌هیرۆدۆت بده‌ن.
له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه‌ هیرۆدۆت (باوكی مێژوو) زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ باسه‌كانی نووسیوه‌، له‌ هه‌ندێك جێگادا له‌باره‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌وه‌ چه‌ند جۆرێك به‌ڵگه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌راوردی كردوون، ئه‌وه‌ی له‌هه‌موویان زیاتر ڕاست ده‌رچووه‌ (به‌پێی بیری خۆی و ڕۆشنایی سه‌رچاوه‌كان) ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ و نووسیوێتی، نووسینه‌كانی ئه‌و تازه‌ترین به‌ڵگه‌ی كۆنه‌ شوناسی ڕۆژهه‌ڵات شوناسیه،‌ له‌بابه‌تی ورد و بچوكیش كۆڵابێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ی ڕاست و دروستی وته‌كانی هیرۆدۆت ده‌سه‌لمێنێ، نووسراوه‌كانی داریۆشی یه‌كه‌م پادشای هه‌خامه‌نشییه‌ له‌ بێستوون، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی هیرۆدۆت نزیكه‌ی سه‌د ساڵ دوای ڕووداوی مێژووی كوشتنی گئوماتای مغ نوسیویه‌تی و ناوی ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ی ده‌ستیان له‌ كوشتنه‌كه‌یدا بووه‌، باسی كردوون، به‌ڕاست ده‌رچووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ له‌ناوی یه‌كێكیاندا تووشی گومان بووه‌ و ناوی یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانی داریۆشی هێناوه،‌ ئه‌و یه‌كه‌ش ده‌ستی له‌و كار‌ و كوشتنه‌دا نه‌بووه‌.
كتسیاس كیندی نووسه‌رێكی تری یۆنانیه‌ و له‌پاش هیرۆدۆت هاتووه‌ و ده‌بێ ناوی بهێنین، كتێبێكی مێژوویی به‌ناوی (پریسكا)داناوه‌، كتسیاس پزیشكێكی ده‌ركه‌وتوو له‌ خزمانی (بقراط) بونیادنه‌ری زانستی پزیشكی بووه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 414 پێش زایین ئێرانیه‌كان به‌دیل گرتویانه‌، بردوویانه‌ بۆ ده‌رباری داریوشی دووه‌می پادشای ئێران، ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رگای داریۆشی دووه‌م و ئارده‌شێری دووه‌م بووه‌، بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كان سوودی لێ وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌رچی قسه‌كانی كتسیاس له‌ڕاستیه‌وه‌ دوورن و ڕواڵه‌تێكی ڕێك و پێكیان نیه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی دوا شه‌ڕی نێوان ئاستیاگ و كۆرش قسه‌كانی كتسیاس تاڕاده‌یه‌ك له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیكن، هه‌ندێ له‌ نووسینه‌كانی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كاندا یه‌كن.
نووسه‌رێكی تری یۆنانی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه‌ شتی نووسیوه ‌(كزنفون= گه‌زنه‌فۆن)ه‌‌، كه‌ به‌ته‌واوی له‌نووسه‌ره‌كانی تر ڕاستگۆتره‌، زانایه‌كی ئایدیالی و پیاوێكی سیاسی خاوه‌ن ڕێز و قوتابی سوقرات و هاوڕێی ئه‌فلاتون بووه‌، له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێك له‌ مامۆستایانی وێژه‌ و گفتوگۆی یۆنان، گرنگتر له‌هه‌موو نووسینه‌ مێژوویی و نیوه‌ مێژووییه‌كانی یۆنانه‌ (هانیكا Hellenika) كه‌ دوا به ‌دوای كتێبه‌كه‌ی (فوكیدید) مێژوونووسی گه‌وره‌ باس ده‌كرێ، كزنفون به‌شداری له‌شكركێشیه‌ی كۆڕشی بچووك، له‌ساڵی 401 پێش زایینی ده‌كا، كه‌ كردیه‌سه‌ر ئارده‌شێری دووه‌م.
كزنفون ده‌یزانی (هیرۆدۆت) یه‌كه‌م: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ماددا گه‌لێك وڵات و هۆزی‌ سه‌ربه‌خۆی بینیوه‌، ‌له‌دواییدا كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی (پارس)ه‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌، دووه‌م: له‌وڵاتی ماددا چه‌ند شانشینێك بووه‌ سه‌ر به ‌دوه‌ڵه‌تی ماد بوون، ئه‌و شانشینه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌ كۆڕشنامه‌دا باسكراون، زۆربه‌یان ئه‌و ساتراپ نشینه‌ ئێرانیانه‌ بوون،‌ كزنفون خۆی هه‌ندێكیانی ناسیووه‌ و هه‌ندێكیشیانی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ساده‌ و سه‌رپێییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، وه‌كو شانشینه‌كانی كاپادۆكیه‌ و ئه‌رمه‌نستان و هیركانیه‌ و شوش …هتد.
نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ته‌نیا نووسینه‌كانی هیرۆدۆت و كتسیاس و هه‌ندێك له‌ نووسینه‌كانی كزنفون و به‌شێكی زۆر كه‌می (بروس)یان باس كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌وان له‌باره‌ی مێژووی سه‌ڵته‌نه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆنه‌وه‌ نووسیویانه‌ به‌شێكی كه‌می له‌ داستانێكی مێژوویی تردا هه‌یه‌، ناتوانین بیكه‌ین به‌نووسینی هیچ نووسه‌رێك كه‌له‌مه‌و پێش باسمان كردوون.
دوا سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌باسی مادی كردووه‌ و شایانی ئه‌وه‌ بێ باسی لێوه‌ بكرێ، (مێژووی موسی خورنی) – موسس خورناتسی- نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نیه‌، ‌له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا دایناوه‌ به‌زمانی ئه‌رمه‌نی بووه‌.
موسی خورنی بۆ نووسینی مێژووه‌كه‌ی خۆی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر و فراوان وه‌كو ته‌ورات و نووسینی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كان و سریانییه‌كان و ئه‌رمه‌نیه‌كان سوودی وه‌رگرتووه‌، له‌سه‌رده‌می موسی خورنیدا، به‌پێی مێژووه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی، له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شه‌شه‌می زایینیدا ژیاوه،‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌رده‌می ماده‌كان دوور كه‌وتۆته‌وه‌‌، له‌و كاته‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ناو نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كاندا نه‌بووه‌.
موسی خورنی نه‌یده‌توانی سود له‌سه‌رچاوه‌ پێشووه‌كان، وه‌كو نووسینه‌كانی هرۆدۆت و كتسیاس و كزنفون وه‌ربگرێ، به‌ڵام سوودی له‌و نووسینانه‌ی دوایی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و سه‌رچاوانه‌یان باس كردووه‌ و باسه‌كانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێك نووسینه‌كانیشی له‌باره‌ی سه‌رده‌می كۆنه‌وه‌ ده‌دوێن زۆر تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ هۆیه‌كی تایبه‌ت تری هه‌یه‌، چونكه‌ موسی خورنی به ‌تایبه‌تی پشتی به‌كتێبی كابرایه‌كی سووریه‌یی به‌ستووه‌ و باسی لێوه‌ كردووه‌، ناوی (مارئاباس كارتینا) بووه‌، له‌وه‌ ده‌چێ ته‌نیا ئه‌و له‌باره‌ی ڕۆژگارێكی نزیكه‌وه‌ زانیاری لێ وه‌رگرتبێ (مارئاباس كارتینا) یا (ئه‌و كه‌سه‌، ئه‌م ناوه‌ی بۆ خۆی داناوه‌) خۆی به‌هاوچه‌رخی یه‌كه‌مین پادشای ئه‌شكانی له‌سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نووسینه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نووسینێكی نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕێك و پێك، كه‌به‌سه‌ریه‌كدا نووسراون و مێژووی ئه‌و نووسینانه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینیدا به‌دواوه‌ نه‌بێ پێشتر نییه‌.
موسی خورنی زۆرتر ئه‌و باسانه‌ی نووسیوه،‌ مێژوونووسه‌كانی پێشووتر له‌باره‌ی مێژووی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ نووسیویانه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ باسی (تیگرانی یه‌كه‌م) كۆنترین شای ئه‌رمه‌نستان و … كردووه‌، زۆر به‌وردی داویه‌ته به‌ر سه‌رنج و له‌باسه‌كاندا بایه‌خی پێداوه‌، هه‌روه‌ها ناوی (ئاستیاگ)ی به‌ (ئاژده‌هاك) بردووه‌، لێره‌دا له‌ نووسینه‌كانی موسی خورنیدا ده‌رده‌كه‌وێ مێژوونووسی ئه‌رمه‌نی ناوبراو ویستویه‌تی ئه‌و باسانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌ یۆنانییه‌كانه‌وه‌ وه‌ریگرتوون، له‌گه‌ڵ باس و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا په‌یوه‌ست بكات، ئارده‌هاك azi(s)Dahaka– (ماژدهاك)ی ئاوێستا زۆردارێكی ئه‌فسانه‌یی و مارێكی شێوه‌ ئاده‌میزاد له ‌خه‌ڵكی باوری ( Bawri= بابل) به‌ده‌ستی (ثراتیلو= TraiTeuna) (فه‌ره‌یدون( كوژراوه‌، كه ‌له‌ دواییدا وڵاتی ئاژی- ده‌هاك له‌ دوای سه‌رده‌می پارته‌كان به‌ بابل یان داده‌نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناوه‌كان به‌هیچ جۆرێك له‌ (ئاستیاگ) ناچن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ دیسان له‌كۆنه‌وه‌ تووشی ناوی (ئاستیاگ) بووه‌، هه‌ر چۆن بێ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا سه‌ری له‌ گه‌لێك له‌ نووسه‌رانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا شێواندووه‌ و تووشی هه‌ڵه‌ی كردوون، ئاشكرایه‌ موسی خورنی كه‌متر له ‌شاره‌زایان و نووسه‌رانی ئه‌وروپای سه‌رده‌می تازه‌ سه‌رچاوه‌ی یۆنانی ده‌ستكه‌وتووه‌ و خۆی به‌لێكۆڵینه‌وه‌یانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌، وه‌كو ئه‌و نامانه‌ی یۆنانییه‌كان ده‌ستیان كه‌وتووه‌، له‌باره‌ی ناوی ماده‌كان و (ئاوێستایی) ‌له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا كۆن بوون‌ ده‌ستگیری نه‌بووه‌، توانای نه‌بووه‌ یانه‌یویستووه‌ ئه‌و نووسراو و سه‌رچاوانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵكو شێوه‌ی نامه‌كانی چۆن بیستووه‌ به‌و جۆره‌ داویه‌ته‌ به‌ر سه‌رنج و باسی كردووه‌.
موسی خورنی نه‌ك هه‌ر سوودی له‌به‌رسه‌رهاته‌ مێژووییه‌كان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو سوودیشی له‌ داستانه‌ ئه‌رمه‌نییه‌كانیش وه‌رگرتووه‌، له‌داستانه‌كه‌ی (تیگران) قاره‌مان- مێژوونووسان به‌و ‌تیگرانه‌ی ده‌زانن،‌ كزنفون باسی كردووه‌، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ فه‌ره‌یدون له‌ دژی ئه‌ژده‌هایه‌ك كه‌ (ئاژده‌هاك)ی ناوبووه‌ ڕاپه‌ڕیون، باسی كراوه‌، دیسانه‌وه‌ (ئاژده‌هاك) و (ئاستیاگ) له‌نووسینه‌كانی كزنفوندا هاوچه‌رخی تیگران بوون، موسی خورنی زیاتر به‌هه‌ڵه‌دا بردووه‌.
نووسینه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان و به‌تایبه‌ت كتێبه‌كه‌ی موسی خورنی له‌چه‌ند بوارێكی جۆربه‌جۆردا باسیان كردوون، به‌ڵام جیاكردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان زۆر گرانه‌، ڕه‌نگه‌ موسی خورنی له‌هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سوودی وه‌رگرتبێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جێگای باوه‌ڕ نییه‌، له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینیدا به‌سه‌رهاتێكی مێژووویی سه‌ربه‌خۆ بۆئه‌وه‌ بشێ پشتی پێ ببه‌سترێ، له‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌وه‌ بووبێت، ده‌توانین بڵێین له‌ ڕۆژگاری ساسانیه‌كاندا (له‌سه‌ده‌ی سێیه‌م تا حه‌وته‌می زایینی) ته‌نانه‌ت بیره‌وه‌ری هه‌خامه‌نشییه‌كانیش به‌رگوێ نه‌ده‌وكه‌وت، له‌جیاتی قاره‌مانانی ئاوێستا وه‌كو (كوی كوات) (كه‌یقه‌باد) و (كوی خسره‌و) (كه‌یخوسره‌و) و (كوی ویشتاسب) (گشتاسب) و پادشایانی تری كۆنی ناوچه‌كه‌ به‌مجۆره‌ باس ده‌كران، سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان له‌داستانه‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕستدا به‌ ته‌واوی فه‌رامۆش كرابوو، ته‌نانه‌ت له ‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی پارته‌وه‌ هیچ جۆره‌ زانیاری و شاره‌زاییه‌كی ڕوون و ڕاست نه‌بوو.
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد
له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باسی مێژووی ماد ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ گه‌لێك له‌و سه‌رچاوانه‌ گومان له‌نووسین و باسه‌كاندا په‌یدا ده‌بێت، كه‌ باسی سه‌رچاوه‌یه‌ك یا نووسه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ین، پێویسته‌ به‌وردی سه‌رنجی نووسینه‌كه‌ و باری ڕۆژگاری نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بده‌ین، له‌ڕواڵه‌تی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و سیاسی نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین هه‌ر باسێك له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه،‌ چیه‌ و چ نرخێكی هه‌یه،‌ ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ نه‌بێ ئه‌وا ناتوانین به‌ڕێك و پێكی و ڕه‌وانی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و بیروڕای خۆمان بچه‌سپێنین.
پێویسته‌ سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بزانین سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاك، دوا پادشای ماده‌كان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی تیره‌كانی ماد، سه‌رچاوه‌ و هۆی سه‌ره‌كی پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ماد بوون، له‌م بابه‌ته‌شه‌وه‌ قسه‌ زۆر كراوه‌، هه‌ر كه‌سه‌ بۆچوونێكی ده‌ربڕیوه‌،‌ به‌ناوبانگ ترینیان ڕوانگه‌ی هیرۆدۆت مێژوونووسی نێوداری یۆنانی كۆنه‌، ناوبراو كه‌سێك به‌نێوی (دیۆك یا دیاكۆ= دیۆكس یا دیائۆكۆ) به‌مایه‌ی سه‌ره‌كی یه‌كگرتوویی تیره‌كانی ماد و یه‌كه‌م پێكهێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ماد ناساندووه‌، ئاشكراشه‌ دیائۆكۆ له‌پێشدا سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌ هۆزه‌كانی ماد بووه‌ و به‌ قه‌ولی كوتوان له‌سه‌رده‌می هێرشی سارگۆنی دووه‌می پادشای ئاشوور بۆ سه‌ر ماننا و ماد، به‌دیل گیراوه‌ و بۆ سوریه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و داستانه‌ی “هیرۆدۆت” بۆ به ‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی “دیائۆكۆ” ده‌یگێڕێته‌وه، له‌نێو هۆزی خۆیدا جێگای ڕێز بووه‌ و له‌ ژیری و ڕێزلێنانیدا به‌ناوبانگ بووه‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵكی هۆزه‌كه‌ی خۆی و بگره‌ خه‌ڵكی لاوه‌كیش بۆ كردنه‌وه‌ی گرێی گرفته‌كانیان ده‌چوونه‌ لای و هێدی هێدی قه‌در و ڕێزی له‌نێو هۆزه‌كه‌ی خۆی و خه‌ڵكدا ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بۆوه،‌‌ وایان بیرده‌كرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌و هیچ گیروگرفتێك چاره‌سه‌ر نابێ، بۆیه‌ كاتێك هاتنه‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك بۆ ڕێبه‌ری قه‌وم، هه‌موو یه‌ك ده‌نگ دیائۆكۆیان هه‌ڵبژارد.
هیرۆدۆت ده‌نووسێ: یه‌كه‌م كاری دیائۆكۆ، ئه‌وه‌ بوو كۆشكێكی به‌خه‌ڵك سازكرد و چه‌ند پارێزه‌رێكیشی بۆ گرت، دوایش فه‌رمانیدا له‌ ده‌وری كۆشكه‌كه‌ی شارێكی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن، تا ببێته‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، گه‌لی ماد له‌ هه‌موو شوێنێك بۆ كاروبار و گیروگرفته‌كانیان بێنه‌ ئه‌و شاره‌، كۆشك و شار به‌دڵی دیائۆكۆ له‌ شوێنی ئه‌مڕۆی (هه‌مه‌دان) دروست كرا و نێویان نا (هه‌نگماتانه‌، هه‌نگماتان یا ئه‌كباتان) به‌ مانای شوێنی كۆبوونه‌وه، له‌ هه‌مان كاتدا، ئه‌و بێ غه‌ره‌زی و عه‌داله‌تی كه ‌له‌پێشدا ده‌یكرد درێژه‌ی پێده‌دا، ئه‌و له‌ ماوه‌ی 53 ساڵ پاشایه‌تی خۆیدا قه‌ومه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی یه‌كگرتوو كرد و هه‌موو كۆششی خۆی بۆ ئه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخست،‌ بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز دابمه‌زرێنێ، بناغه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ ناوی “ماد” ده‌ناسرا به‌هێز تر بكا. دیاره‌ دوای ئه‌و كوڕه‌كه‌ی “فره‌ئۆرتیش یا خشتریته‌” كه‌وته‌ بیری داگیركردنی خاكی خه‌ڵكی تر و فراوان‌ كردنی وڵاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
پێویسته‌ فرائۆرتیش كوڕی دیائۆكۆ له‌دوای باوكی به ‌یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئیمپراتۆری ماد بزانین، به‌ وته‌ی هیرۆدۆت ئه‌ویان به‌كوڕی دیائۆكۆ زانیوه‌. فراوه‌رتیش كوڕ یا نه‌وه‌ی دیائۆكۆ به‌زیادكردنی خاكی ئه‌و ئه‌میرنشینه‌ بچووكانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری خاكی خۆی بوون، چه‌ند هه‌نگاو له‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ماد نزیك تر بووه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ فرائۆرتیش یا خشتریته‌ دوای 22 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ماددا كوڕه‌كه‌ی كیاكسار شوێنی گرته‌وه‌، به‌وته‌ی هیرۆدۆت ناوبراو له‌شه‌ڕێكدا له‌گه‌ڵ ئاشوورییه‌كان له‌ ساڵی 652 یا 653 به‌رله‌ زایین كوژرا.
ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ئاشووری
یه‌كخستنی هۆزه‌كانی ماد له‌ئه‌نجامدا بوو به‌ هۆی دامه‌زراندنی یه‌كێك له‌ ناوه‌كانی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، له‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م و پێكهێنانی ئیمپراتۆری ماد و یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌ و سه‌ربه‌خۆ. له‌و كاته‌ كه‌ ئاشوورییه‌كان زلهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوون، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی ئاشووری به‌سه‌ر ماددا زیاتر ده‌بوو، زه‌مینه‌ی خۆڕاگری و به‌رگری و بیری خۆڕزگاركردن، له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاشوورییه‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا زیاتر ده‌بوو.
هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ئاشوور له‌ باكوور و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاتی گرتبوو، له‌ ده‌ستی ده‌رهێنرایه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی و ناته‌بایی له‌نێو ئه‌و هێزه‌ یه‌كگرتووانه‌ی ماد‌دا به‌هۆی ئاشوورییه‌كانه‌وه‌ پێكهاتبوو، گه‌یشته‌ جێگایه‌ك پاشای ئاشوور په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سكاییه‌كان به‌ست و كچه‌كه‌ی دابه‌ پادشای سكاییه‌كان، تا ئه‌و له‌و یه‌كگرتنه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌كان په‌شیمان بكاته‌وه‌، كۆتایی به‌م سه‌ركه‌وتنتانه‌ هێناو بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌یاڵی ئاشوورییه‌كانی دڵنیا كرد.
پاشای ئه‌سكیته‌كان بۆ پشتیوانی ئاشوورییه‌كان دژی ماده‌كان وه‌ستا، هه‌ر چۆن بێ له‌ ساڵی 625 پێش زاییندا پادشای ماد له‌ ژێر ڕكێفی ئه‌سكیته‌كان ڕزگاری بووه‌، جارێكی تر وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن هێز و سیاسی گرنگ هاته‌وه‌ ڕوو.
هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌ره‌تای حكومه‌تی كیاكساردا پادشای ماد گه‌لێك هۆز و له‌وانه‌ پارسه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دابوون، به‌ڵام له‌ده‌یه‌ی سێیه‌می سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین پارس (پرسید) وه‌كو پادشانشینه‌ بچووكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیلام و ئه‌ودیو ئیلامه‌وه‌، هێشتا به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژیا.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌ره‌وه،‌ له‌دوای ده‌ركردنی ئه‌سكیته‌كان له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی كیاكساردا، له‌ دوای ساڵی 616 پێش زایین ده‌ستی پێ كرد، هیرۆدۆت له‌باره‌ی كیاكساره‌وه‌ ده‌ڵێ: ده‌ڵێن ئه‌و …. یه‌كه‌م كه‌سێك بووه‌ هۆزه‌كانی نیشته‌جێی ئاسیای كرد به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ و ڕێكیخست.
ڕه‌نگه‌ چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری تری هۆزه‌كانی تری، وه‌كو مانناییه‌كان و ئه‌وانی تر، ئه‌وانیش له‌ ساڵی 612 پێش زایین له‌ناو له‌شكری سه‌ركه‌وتووی مادا بووبن، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ماد به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ته‌واو هۆزه‌كانی ئاسیای نزیك دابنێین، ئیتر كیاكسار بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ باسكی به‌هێزی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌كاربێنێ له‌ دژی زۆر و سته‌می ئاشوورییه‌كان.
(بروس) مێژوونووسی بابلی ده‌نووسێ: نه‌بوپلاسار پێش شه‌ڕ له‌و هاوپه‌یمانیه‌ ده‌گه‌ڕا، له‌سه‌ر بنه‌مای دۆسایه‌تی له‌گه‌ڵ هوخشتره‌ هه‌یبوو، له‌ وتوێژێكدا بوونه‌وه‌ هاوپه‌یمان و كچی هوخشتره‌ به‌ناوی (ئه‌مێئی ئیدا)یان داوه‌ به‌ (نه‌بو كدنه‌سر= نه‌بوخودنه‌سر)ی كوڕی نه‌بوپلاسار، بۆ یه‌كگرتن دژی ئاشوور ڕووی لێنا و دوایه‌ش ماده‌كان له‌ زاگرۆس تێپه‌ڕین و له‌ داوێنی ڕۆژئاوای زاگرۆس له‌ دیجله‌ په‌ڕینه‌وه، دیواری ده‌وری ئاشوورییان تێك ڕووخاند و شاری پیرۆزی (ئاشوور) یان گرت، كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وتی ئاشووری تێدابوو، ئه‌وه‌ی له‌ تاڵان و بڕۆی چه‌ند سه‌ده‌ی پێشتر له‌ وڵاتانی دراوسێ كۆیان كردبووه‌وه‌ هه‌مووی له‌وێ دابوو.
ڕووخانی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن ماده‌كانه‌وه‌، له‌ مانگی ئوت ی ساڵی 612 پێش زایین بووه‌، گرتنی ئه‌و شاره،‌ كه‌چه‌ندین سه‌ده‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌موو ئاسیای ڕۆژئاوا و پایته‌ختی زاڵمانه‌ترین حكومه‌ته‌كانی دنیا بوو، وای به‌حاڵی شارێك، كه‌ پڕ له‌ ته‌ڵه‌كه‌ و تاڵان و تایبه‌تمه‌ندیی لێ دوورناكه‌وێته‌وه‌، شه‌قه‌ی شه‌للاق و گڕه‌ی تایه‌ی عه‌ره‌بانان و ته‌په‌ته‌پی سمی ئه‌و ئه‌سپانه‌ی تاوده‌درێن، گوێی فه‌له‌ك كه‌ڕ ده‌كه‌ن، بریقه‌ی شمشیران ده‌دره‌وشێن و نووكه‌ ڕمان تروسكه‌یان دێ، كوژراو یه‌كجار زۆرن و ته‌پۆلكه‌ی ته‌رمان به‌رچاو ده‌كه‌وێ، به‌واتایه‌كی تر له‌ جه‌نازه‌ی كوژراوان ته‌پۆلكه‌ سازبووه‌، هات و هاواری بڕانه‌وه‌ی ئاو وه‌سه‌ر ئاخ گه‌ڕاوه‌ و كه‌نیزه‌كان به‌دیل گیراون، هه‌ر كه‌س له ‌توانای دابووه‌، چه‌ك هه‌ڵگرێ كوژراوه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش كران به ‌كۆیله‌…‌، داگیركه‌رانی ئاشوور نینه‌وایان وێران كرد، كه‌له‌سه‌ر گۆی زه‌وی نه‌ما و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و شاره‌یان بۆ ئه‌كباتان (هه‌مه‌دان) نارد و به‌م شێوه‌یه‌ نینه‌وا بۆ هه‌میشه‌ له‌ناو چوو. شای ئاشوور، كه‌ فه‌رمانڕه‌وای دنیایه‌ك بوو، كۆشكی ئیمپراتۆری ئاورتێبه‌ردا و خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌نێو گڕی ئاگردا سوتان. به‌ڵام تا ساڵی 609ی پێش زایین به‌ پچڕپچڕی شه‌ر به‌رده‌وام بوو.
بیستی ئه‌یلول (سه‌ره‌تای سپتامبه‌ر)ی 612ی پێش زایین كیاكسار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماد، نا‌بوپلاسار له‌ كه‌لاوه‌ وێرانه‌كانی نه‌ینه‌وادا مایه‌وه‌ و له‌شكره‌كه‌ی هه‌روه‌كو جاران په‌لاماری ئاواییه‌كانی ناوچه‌ دانیشتووه‌كانی ئاشووریان ده‌دا و تاڵانیان ده‌كردن. له‌كاتێكدا له‌شكری بابلیه‌كان به‌دوا پاشماوه‌كانی ئاشووردا له‌ حه‌ڕان له‌شه‌ڕ دابوون، له‌هه‌مان كاتدا ماده‌كان به‌سه‌ختی له‌ ئورارتویان دا و گه‌یشتنه‌ (نوشیا) و پایته‌ختی كیشوه‌ره‌كانیان له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی وان بوو، ده‌وڵه‌تی ئورارتویان داگیركرد، پادشای ماد نه‌ك ته‌نیا ئیمپڕاتۆریه‌تی ئاشووری له‌ناوبرد، به‌ڵكو پادشاییه‌كانی ماننا و ئه‌سكیت و ئورارتوشی هێنایه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئه‌مه‌ خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو.
به‌قسه‌ی هیرۆدۆت له‌ دوای ڕزگار بوونی ماد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سكیته‌كان له‌ساڵی 625 پێش زایین،‌ ئه‌سڵی ئه‌سكیته‌كان به‌ڕای زۆربه‌ له‌ قه‌فقازه‌وه‌ هاتبن، بۆ كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌سكیته‌ بیابان نشینه‌كان له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆیی، چوونه‌ خاكی ماده‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌وانه‌ به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیانه‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆیان سه‌ریان بۆ كیاكسار دانه‌واند، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كیاكسار كوڕی فرائورت كوڕی دیوك حوكمی ماده‌كانی ده‌كرد، ئه‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ داخوازی ئه‌سكیته‌كانی قبوڵ كرد، كه‌ داوای یارمه‌تیان لێ كردبوو، ته‌نانه‌ت كوڕه‌كانی بۆ فێربوونی زمان و پیلانی تیرئه‌ندازی نارد بۆ لای ئه‌وان، ئه‌و كاته‌ كیاكسار له‌ خۆیه‌وه‌ پادشایانی ئه‌سكیتی ڕه‌نجاند و ئه‌وانیش تۆڵه‌ی خۆیان لێ سه‌ند و له‌جیاتی گۆشتی ڕاو گۆشتی یه‌كێ له‌و لاوانه‌یان پێداوه،‌ كه‌ بۆ فێربوونی هونه‌ر هاتبوون بۆ لایان، له‌ دواییدا له‌دژی كیاكسار به‌په‌له‌ چوون بۆ لای ئالیات كوڕی سادیات له‌ ساردیس.
كیاكسار داوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌سكیته‌كانی لێ كرد، به‌ڵام پادشایانی لیدی‌ به‌تایبه‌ت ئالیات نزیكه‌ی له‌ساڵی 617 تا 561 پێش زایین له‌ كۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سكیته‌كاندا په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان هه‌بوو، چونكه‌ دوژمنی كیمیرییه‌كان بوون، به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌و داوای كیاكساری دایه‌ دواوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕ له‌نێوان ماد و لیدییه‌كاندا ده‌ستی پێكرد و زیاتر له‌ پێنج ساڵ، واته‌ له‌ ساڵی 590 تا 585ی پێش زایین درێژه‌ی كێشا.
له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان سه‌رده‌كه‌وتن، هه‌ندێك جار وا ڕووی ده‌دا له‌شكره‌كانی ئاسیای بچووك ده‌چوونه‌ ناو خاكی ئاسیای نزیكه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ماده‌كان توانیان له‌شكری ئالیات به‌ره‌و ڕۆژئاوا بكشێننه‌وه‌ دواوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ماد له‌و شه‌ڕانه‌ی ساڵانی دواییدا زۆر ماندووببوون، نه‌یانتوانی به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌ون و له‌ 28ی مانگی (؟) ساڵی 585ی پێش زایین له‌كاتی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ لیدیه‌كاندا خۆر گیرا، هه‌ردوولا ڕایان وابوو ئه‌م ڕووداوه‌ غه‌زه‌بی یه‌زدانه‌ و نیان كردنێكی جیهانی سه‌ره‌وه‌یه‌، ڕێكه‌وتن ده‌بێ (سولح) بكه‌ن و ئاشت ببنه‌وه‌، ئینجا به‌هۆی ناوبژی كردنی بابل و كیلیكیه،‌ په‌یمانی ئاشت بوونه‌وه‌یان به‌ست و سنووری نێوان لیدی و ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد به‌ درێژایی ڕووباری گالیس (قزل ئیرماكی ئێستا) دیاریكرا، ئه‌م په‌یمانه‌ به‌وه‌ی ئه‌ستیاگ كوڕی كیاكسار ئاریانیای كچی ئالیاتی خواست مه‌حكه‌م تر بوو، هه‌موو ناكۆكیه‌كان له‌بیرچوونه‌وه‌، و له‌ناوا لابران، ڕه‌نگه‌ په‌یمانی ئاشتی به‌هۆی كیاكسار خۆیه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌، به‌ڵكو به‌هۆی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ ئاستیاگ به‌ستراوه‌، چونكه‌ كیاكسار به‌و خاكه‌ی خستیه‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌، سنووری ئیمپڕاتۆرێتی مادی تا ئه‌و جێگایه‌ی فراوان كرد،‌ هه‌رگیز له‌وه‌ به‌ولاوه‌ تێنه‌په‌ڕی، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا له‌دنیا ده‌رچوو.
ده‌وڵه‌تی ئیمپڕاتۆری ماد
دوای ئه‌م هه‌موو سه‌ركه‌وتنتانه‌ی ماده‌كان به‌دوای یه‌كدا، سنووری ئیمپراتۆری ماد زۆر فراوان بوو، ماننای پێشوو (ئازربایجانی ئێران) ناوه‌ندی ئابووری و فه‌رهه‌نگی ئیمپراتۆریه‌تی ماد بوو، هیرۆدۆت به‌م جۆره‌ باسی ڕێكخستنی ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد ده‌كات، له‌سه‌رده‌می فارمانفه‌رمایی ماددا هۆزێك حوكمی به‌سه‌ر هۆزێكی تردا ده‌كرد و ماده‌كانیش حوكمیان به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌كرد، به‌ر له‌هه‌موو به‌سه‌ر ئه‌و هۆزانه‌دا له‌وانه‌وه‌ نزیك تر بوون، ئه‌وان به‌سه‌ر دراوسێكانیاندا و دراوسێكانیشیان به‌سه‌ر هاوسنووره‌كانیاندا، سه‌رچاوه‌ عیبریه‌ كۆنه‌كان له‌باره‌ی پادشای ماده‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ و نووسراوه‌ بابلیه‌كه‌ی (نابونید)، ئه‌ویش باسی ماد و ئه‌و پادشایانه‌ی سه‌ر به‌وان بوون باسی كردوون.
ماد یان پادشایی ماد له‌پادشایه‌ كۆنه‌كانی ماد و ماننا و ئه‌سكیت پێكهاتبوو، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هیرۆدۆت جگه‌له‌ ماد پاریكانیه‌كان، و ئورتوكوریبانییه‌كان، كه‌هه‌مان دانیشتوانی پادشای پێشووی ئه‌سكیت بوون، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ناوبراو مه‌به‌ستی له‌ (پاریكانیه‌كان) به‌شێك له‌ دانیشتووانی پادشایی ماننا بوون، كه‌هێشتا به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ماد تێكه‌ڵاو نه‌ببوون، دیسان به‌شێك له‌ ساتراپ نشینه‌كانی ماد ناو ده‌بات، له‌ نووسراوه‌كه‌ی بێستوندا ده‌ڵێ: شاری ئاشووری (ئاربل) ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌وته‌كانی (گه‌زنه‌فۆن) (ئاناباسیس) به‌شێوه‌كی گشتی زه‌وی و زاری ئه‌سڵی ئاشوور ببوو به‌به‌شێك له‌ خاكی ماد، دوایش خه‌ڵك به ‌به‌شێك له‌ خاكی مادیان ناوده‌برد، وڵاتی پێشووی ئاشوور، كه‌ روی و زاموا و پارسوا و بیت هامبان و كیشه‌سو و خارخار ئه‌مانه‌ش ببوون به‌به‌شێكی وڵاتی ماد.
ماد له‌ ژوورووی ڕۆژئاواوه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی په‌یداكردبوو، هه‌ندێك له‌ زه‌وی و زار و دانیشتوانه‌كانیان له‌ هوری و ئۆرارتۆیی و (ماتیانی) بوون، له‌وه‌ ده‌چێ له‌ ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێوه‌ له‌ ده‌راوی ئاراس نیشته‌جێ بوون، هێنابوونیه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌، هیرۆدۆت دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ شانشینی ماد له‌گه‌ڵ ساسپیریان- واته‌ هۆزه‌كانی ئیبری و گرجی هاوسنوور بووه‌، دوایی ناوچه‌كانی ئاوڕێژگه‌ی (قزل ئوزون) هۆزه‌كانی كادوسی و كاسپی تیانیشته‌جێ بوون، كه‌ هێشتا نه‌هاتبوونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ماده‌وه،‌ به‌به‌شێكی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ ده‌ژمێردران، دیاری كردنی سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ماد گرانه‌، ئێمه‌ وا ده‌زانین ئه‌و سنوورانه‌ به‌جۆرێك بووه‌ به‌شێك بووه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی ئاینده‌ی پارت، ئه‌ویش پارچه‌یه‌ك بووه‌ له‌ خاكی ماد.
سه‌رزه‌مینی هۆزی ساگارتییه‌كان، ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌ كێو و بیابانه‌كانی ناوه‌ندی ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتی ئێرانی ئێستا) ده‌ژیان، دوایی ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌وته‌ سه‌ر وڵاتی پارت. له‌ده‌روبه‌ری ماددا چه‌ند سه‌رزه‌مینێكی خودموختاری و شانشینی و هۆز و حاكمنشین بووه،‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان ماد بوون. به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌شێك نه‌بوون له‌ خاكی ماد، ده‌وڵه‌تی ماد سنووری زه‌وی و زاری خۆی تاڕاده‌یه‌ك ئاشكرا نه‌بووه‌. ئه‌م هه‌موو خاكه‌ پان و به‌رینه‌ بێ ڕكابه‌ر كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی ماد، به‌ فه‌رمانڕه‌وایی ئاستیاگ.
سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دروستی به‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بگه‌ین، ده‌بێ لاپه‌ڕه‌ی كتێبی ئه‌و مێژوونووسانه‌ هه‌ڵده‌ینه‌وه‌،‌ به‌ وریاییه‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردوون، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ هه‌رچه‌ند‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌سه‌رده‌می ژیانی نووسه‌ره‌وه‌ نزیكتربن، زۆر تر له‌ ڕاستی ده‌چن، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌توانین پشت به‌ مێژووی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینی زیاتر ببه‌ستین، تاكو مێژووی سه‌ده‌كانی دوایی.
سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕاستن، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕووداوی كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ‌ زۆر شپرزه‌ و ناڕاستن. ده‌بێ بڵێین له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی سه‌ڵته‌نه‌تی ناوبراو‌، هه‌رچۆن بێ تا سه‌ره‌تای جه‌نگ له‌گه‌ڵ پارسه‌كاندا، زۆر سه‌خته‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تا ڕاده‌یه‌ك شتێك به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌توانین باری ناوخۆ و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سه‌رزه‌مینی ماد، له‌ سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین بێنینه‌ به‌رچاومان، له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كان جیاوازیان له‌نێودا نیه‌.
له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا سنووری پان و پۆڕی ئیمپراتۆری ماد هێنده‌ فراوان بوو، باسێك له‌ داگیركردن نه‌مابوو، ئه‌م سنووره‌ فراوانه‌ پێویستی به‌ هاتنه‌ ئارای دۆخێكی هێمن و ئاشتی و‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ هه‌بوو، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حكومه‌تێكی به ‌ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن پادشا له ‌ماد، ته‌نیا مه‌رجی به‌ربه‌ره‌كانێی گه‌وره‌كان و پشتبه‌ستن به‌خه‌ڵكه‌ ئازاده‌كان ده‌یتوانی بێته‌دی. ئاستیاگ ده‌یویست وڵات به‌ ئاشتی و هاوكاری خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ڕێوه‌ ببات، خانه‌دان و گه‌وره‌ پیاوه‌كانی پشت گوێ خست، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: ئاستیاگ سه‌باره‌ت به‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد یان (یه‌كه‌مین كه‌سانی نێو ماده‌كان) بێ به‌زه‌یی بووه‌، و پاشماوه‌كانی پادشایانی دهیوپتی Dahypati وا بووه‌.
ئاستیاگ له‌ سیاسه‌تی خۆیدا له‌ ئامۆژگاری و ئایینی موغه‌كان سوودی وه‌رده‌گرت، به‌پێی وته‌ی هیرۆدۆت موغه‌كان لای ئه‌و ڕێزیان گیراوه‌ و ئاستیاگ زۆر جار پرسوڕای پێ كردوون، ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ به‌پێی وته‌ی (ئی، م، دیانۆكۆف)‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی سه‌ره‌تایی به‌ناوی زراتوشترا ناوده‌برا، زۆر جیاواز نه‌بوون، زۆر جێگای سه‌رنجی خه‌ڵكی بوون.
ئاستیاگ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی زراتوشترا موغه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه،‌ له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه‌ و خزمایه‌تیان بووه‌، ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێ، به‌رله‌زه‌رده‌شت پاشاكان خۆیان كاهن بوون، له‌ئه‌نجامدا قودره‌ت و ده‌سه‌ڵات و ناویان له‌ پله‌یه‌كی ئایینی دابوو، به‌م جۆره‌ ئه‌و تاكه‌ ئایینه‌ی موغه‌كان نوێنه‌ری بوون، هه‌رچۆنێك بوو گه‌لێك بایه‌خی بۆ پادشایانی ماد هه‌بوو.
هه‌ڵبژاردنی ئاسپیتام مێردی ئامیتیدا كچی ئاستیاگ بۆ جێنشینی له‌نێوان خه‌ڵك و خاوه‌ن كۆیله‌كان، كه‌ لایه‌نگیری ئاستیاگ بوون، له‌لایه‌ك و گه‌وره‌ پیاوان و سه‌رپێچیكاره‌كان له‌لایه‌كی تر‌ به‌ربه‌ره‌كانێ و ناكۆكی زۆری هێنا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌ئه‌نجامدا گه‌وره‌ و كاربه‌ده‌ستانی له‌شكر بێ كار و ده‌ست به‌تاڵ مانه‌وه‌، هیچ جۆره‌ تاڵانیه‌كیان له‌م ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ته‌واو شكستی هێنا بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌توندی به‌رهه‌ڵستی پادشا وه‌ستان و كه‌وتنه‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ و جموجۆڵ له‌ دژی ئاستیاگ، هه‌رچۆن بێ له‌ كیشوه‌ری ئاشووریشدا هه‌ر به‌م جۆره‌ بوو.
هیرۆدۆت خۆی ده‌ڵێ: ئاستیاگ هارپاك ی كرد به‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان، له‌م ڕووه‌وه‌ هیرۆدۆت وته‌ی ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی – هارپاك-ی نووسیوه‌ته‌وه‌، به‌وته‌ی ئه‌و به‌ر له‌ شۆڕشی پارسه‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵ ده‌ستی پێكرد، له‌ دژی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كه‌ هارپاك دا‌یمه‌‌زراند بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌ ئه‌ستیاگ ڕه‌نجا بوو.
كۆڕش یه‌كه‌مین كه‌سی خانه‌دانی هه‌خامه‌نشی، باوكی كۆڕش كه‌مبۆجیه‌ی یه‌كه‌م و باپیری ئه‌و كۆڕشی یه‌كه‌م له‌ زنجیره‌ی پاشایان بوون، كۆڕش به‌رله‌ نه‌خۆشی و مردنی باوكی ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رباری ماد ژیاوه‌ و به‌شداری له‌شكركێشیه‌كانی ماده‌كانی كردووه‌، ‌له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕدا چه‌ند ساڵ بووه،‌ له‌سه‌ر سه‌ڵته‌نه‌تی پارس یان جێنشینی كه‌مبۆجیه‌ی دووه‌م بووه‌.
به‌پێی وته‌ی كتسیاس كۆڕش ئه‌و كاته‌ی له‌ده‌رباری ئاستیاگ دابووه‌، ‌له‌لایه‌ن ئه‌ستیاگه‌وه‌ به‌نوێنه‌ری چوو بوو بۆ لای پێشه‌وای كادۆسییه‌كان، ئه‌مانه‌ هۆزێكی گرنگی سه‌ربه‌خۆ بوون، له‌ چیاكانی خوارووتری ڕووباری ئاراس، كۆڕش (ئیبار)ی مه‌یته‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، كه‌ له‌وه‌به‌ر وه‌كو كۆیله‌ ده‌ستگیر كرابوو، ئیبار داخی زۆری به‌رامبه‌ر به‌ماد له‌ دڵ دابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ كۆڕشی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ماده‌كان ده‌ربێنێت و بكه‌وێته‌ ده‌ست پارسه‌كان.
به‌ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسان پێكهێنانی پێشه‌كی كاره‌كان دژی ئاستیاگ، كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵی چینه‌كانی ناوه‌وه‌ی گه‌وره‌كانی ماد به‌ده‌ستی هارپاگ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هاندانی هۆزه‌ جۆربه‌جۆره‌كان بۆ ناو شۆڕش به‌هۆی ئیباره‌وه‌ بووه‌.
هه‌روه‌ها به‌وته‌ی كتسیاس ڕووداوه‌كانی دواتر به‌م جۆره‌یه‌، كۆڕش له‌سه‌ر زه‌مینی كادۆسیه‌كان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌كباتان، گوایه‌ دوایی مۆڵه‌تی له‌ ئه‌ستیاگ وه‌رگرتووه‌ بچێت بۆ لای باوكی له‌ پارس، له‌مه‌دا موغه‌كانیش هاوكاریان كرد، ئیتر ئاستیاگ‌ ڕازی بوو سه‌ردانی باوكی بكات، هیرۆدۆتیش له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌: به‌ڵام له‌ ڕاستیدا كۆڕش ده‌یویست ڕابه‌ری شۆڕشگێره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كه‌ (ئاترادات) پێشه‌وای مه‌زن به‌رپای كردبوو، له‌م كاته‌دا به‌ڕێكه‌وت ژنێك پیلانه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌ و ئاستیاگ پێی زانی و ده‌ستوبرد كه‌وته‌ خۆ له ‌دژی یاخی بووه‌كان له‌شكری كێشا.
ئه‌و كاته‌ هارپاگ نووسراوێكی بۆ كۆڕش نارد، كه ‌له‌فارس نیشته‌جێ بوو، له‌و نامه‌یه‌دا هارپاك كۆڕشی هاندا تا پارسیه‌كان بێنێته‌ شۆڕشه‌وه‌ و بێته‌سه‌ر ئاستیاگ، له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ڵێنی پێدا گه‌وره‌ پیاوانی له‌شكری ماد،‌ له‌لایه‌ن ئاستیاگه‌وه‌ كراون به‌ فه‌رمانده‌ی سوپا هه‌موویان لایه‌نگری ئه‌و ده‌كه‌ن.
ئاستیاگ كه‌ به‌م خۆڕێكخستنه‌ سوپاییه‌ی كۆڕشی زانی، ئه‌وی بانگ كرد، بۆ لای خۆی، به‌ڵام كۆڕش له‌وه‌ڵامدا شه‌ڕ كردنی ڕاگه‌یاند، سه‌رچاوه‌ بابلییه‌كان به‌مجۆره‌ ده‌ڵێن، كه‌شه‌ڕ له‌نێوان كۆڕش و ئاستیاگ سێ ساڵ درێژه‌ی كێشا، به‌م هۆیه‌وه‌ هیرۆدۆت ‌ته‌نیا باسی دوو شه‌ڕ و شۆڕی دوایی ماده‌كان ده‌كات، له‌ڕاستیدا به‌ ئاشكرا بگره‌ و به‌رده‌و ڕووداوه‌كان به‌كورتی باس ده‌كات، له‌شه‌ڕێكدا هارپاك فه‌رمانده‌ بووه‌ و له‌شه‌ڕێكی تردا ئاستیاگ خۆی. به‌وته‌ی كتسیاس، ئاستیاگ له‌سه‌ره‌تادا ‌له‌گه‌ڵ له‌شكری كۆڕشدا كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ شكاندنی، ئاترادات پێشه‌وای مه‌رده‌كان له‌شه‌ردا كوژرا، ئینجا ئاستیاگ كه‌وته‌ شوێن پارسه‌كان و له‌سه‌ر زه‌مینی پارس (پرسید) له‌به‌رامبه‌ر گه‌ردنه‌‌یه‌ك، كه‌ له‌باره‌گای پادشایانی پارس واتا –پاسارگاد- كۆتایی پێ دێت، جارێكی تر شكاندنیه‌وه‌، چۆنێتی پارسه‌كان زۆر ناهه‌موار بوو، شكست یان به ‌ئاڵۆزی شكا،‌ ژنان له‌ حه‌ساری قه‌ڵاكان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هانی شه‌ڕكه‌ره‌كانیان ده‌دا، پرسیان ئایا ده‌تانه‌وێ ڕابكه‌نه‌وه‌ ناو سكی دایكتان ‌و ژنه‌كانتان بێننه‌وه‌.
ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕاستی و گه‌رم بووه‌،‌ ماده‌كان له‌ناكاو له‌شكره‌كانی خۆیان له‌ سنووره‌كاندا ئاگاداركرده‌وه‌ و ماوه‌یان به‌ نابونید پاشای بابل دا، تاكو له ساڵی 552 پێش زایین شاری حه‌ڕان كه‌ هینی ماده‌كان بوو، له‌ ژوورووی (بین النهرێن) بیخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگدا، هارپاگ، كه‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان بوو، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ پیاوانی سوپا و سه‌ركرده‌ له‌شكرییه‌كاندا ئاستیاگی به‌جێ هێشت و چوون بۆ لای كۆڕش و چوونه‌ ناو ڕیزی له‌شكره‌كه‌یه‌وه‌.
له‌وه‌ به‌دواوه‌ هه‌واڵێك له‌ هیرۆدۆته‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، گوایه‌ ئاستیاگ له‌شه‌ڕێكدا ده‌ستگیر كراوه‌، كه‌ ‌له‌ دواییدا ڕووی داوه،‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر باس ده‌كات، چونكه‌ به‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی پاسارگاد باسی سێ شه‌ڕی تر ده‌كات، پارسه‌كان تیایا سه‌رنه‌كه‌وتون، شه‌ڕێك كه ‌له‌ژێر دیواری حه‌ساری قه‌ڵای پاسارگاد ڕوویدا بوو، به‌ خاڵی گۆڕینی چاره‌نووسی شه‌ڕه‌كه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ هۆزه‌كانی سه‌ر به ‌ماد، وه‌كو هیركانیه‌كان و له ‌دواییدا پارته‌كان ڕوویان كرده‌ ناو پارسه‌كانه‌وه‌.
له‌ساڵی 550 پێش زایینی له‌گه‌ڵ خیانه‌تی هارپاگ و شه‌ڕی سه‌روماڵی ده‌ست پێده‌كات، هیركانیه‌كان و پارته‌كان، ڕوویان كرده‌ پارسه‌كان و ئاستیاگ هه‌وڵی دا، تاكو په‌لاماری پارسه‌كان ڕابووه‌ستێ و دوایی ڕای كرد، بۆ ئه‌كباتانا و پارسه‌كان پایته‌ختی مادیان داگیركرد.
دوای ئه‌وه‌ كتسیاس به ‌ڕوونی باسی ڕووداوه‌كه‌ ناگێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌كو وترا شه‌ڕ دوور و درێژ بووه‌، سه‌ركه‌وتن هه‌ر تاوه‌ی به‌ده‌ست لایه‌كه‌وه‌ بوو، هه‌روه‌كو كتسیاس باسی شه‌ڕه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، هۆی بنه‌ڕه‌تی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی كۆڕش هه‌مان خیانه‌تی گه‌وره‌ پیاوه‌ سوپاییه‌كانی ماده،‌ كه‌ هارپاگ سه‌ركرده‌ی هه‌موویان بوو، هیرۆدۆت باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام كتسیاس له‌م باره‌یه‌یه‌وه‌ بێ ده‌نگه‌، له‌وه‌ ده‌چێ پارچه‌ پارچه‌ بوونی هۆزه‌كانی سه‌ر به‌ ماد ئه‌وانیشی به‌و خیانه‌ته‌ دابێته‌ قه‌ڵه‌م، وه‌كو سه‌رنج دراوه‌، له‌نێو نووسینه‌كانی كتسیاسدا شتی ڕاست هه‌یه‌، مێژووی بابلی و نابونید و كتسیاس و هیرۆدۆت ده‌توانین كۆبكه‌ینه‌وه‌ و له‌نێوان هه‌موویاندا وێنه‌یه‌كی ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو.
هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت ڕاسته‌، چونكه‌ مێژووی ڕووداوه‌كانی بابل لایه‌نگیری ئه‌م نووسینه‌ی هیرۆدۆت ده‌كه‌ن، مێژووی ناوبراو ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌ ساڵی 550ی پێش زایین ده‌گێڕێته‌وه‌، واتا كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ باس ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ زانیارییه‌كانی كتسیاس له‌باره‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بخرێته‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت.
هیرۆدۆت له‌باره‌ی دوا ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاستیاگه‌وه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ڵێت: ئاستیاگ موغه‌كانی خنكاند – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا بوو، چونكه‌ ئامۆژگارییان كردبوو، كه‌ ڕێگای كۆڕش بدات بڕوات، وه‌كو وتراوه‌ به‌شێك له‌ كاهینه‌كان – موغه‌كان له‌گه‌ڵ پارسه‌ یاخیه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌كیان دروست كردبوو، له‌ ڕاستیدا ده‌بینین‌ له‌ دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ موغه‌كانی ده‌رباری كۆڕش و كوڕه‌كه‌ی كمبوجیه‌ی دووه‌م، گه‌لێك ڕێزیان لێگیراوه‌، سروشتی بیروباوه‌ڕی ئایینی و چۆنێتی باری كۆمه‌ڵایه‌تی كاهنه‌كان وا بووه،‌ ماوه‌ی نه‌ده‌دا ئه‌وانه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ خاوه‌نی سوود و خێر و بێری گشت خه‌ڵك بن.
كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
له‌ دواییدا كه‌ پارسه‌كان ڕوو له‌ سه‌ركه‌وتن بوون، ئاستیاگ هه‌موو دانیشتوانی ئه‌كباتانای پڕ چه‌ك كرد و له‌ حه‌ساری شار هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی پارسه‌كان نه‌هاتن و دیسانه‌وه‌ شكان و ئاستیاگ به‌ دیل گیرا، گفتوگۆی هارپاگ له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌دوای گرتنی ئاستیاگ، هارپاك چووه‌ لای خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌گیرانی، ئاستیاگ به‌ هارپاك ده‌ڵێت: تۆ وه‌زیری حكومه‌تی من بووی، كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دوای پاشا، ئه‌ی له‌وێ ده‌بی به‌چی، هیرۆدۆت هارپاگ به‌بێ ئه‌قڵترین و بێ ویژدان ترین كه‌س داده‌نێ، پارسه‌كان ئه‌كباتانایان داگیركرد، به‌پێی مێژووی نابونید ئه‌كباتانایان تاڵان كرد و ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكه‌كانیان به‌ تاڵانی ده‌ستگیركرد و بردیانن.
به‌ وته‌ی كتسیاس ئاستیاگ ده‌موده‌س دوا به ‌دوای شكسته‌كه‌ی به‌دیل نه‌گیرا، به‌ڵكو یه‌كه‌م جار ڕای كرد بۆ ئه‌كباتانا و له‌وێ خۆی شارده‌وه‌، كۆڕش دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته‌ ئه‌كباتانا، فه‌رمانیدا ئامیتیدا كچی ئاستیاگ و مێرده‌كه‌ی (ئاسپیتام) و كوڕه‌كانیان ئه‌سپیتاك و مهابران – ئازار بده‌ن، دوای ئه‌وه‌ ئاستیاگ خۆیدا به‌ده‌سته‌وه،‌ تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌ون ئازار نه‌درێن.
ئاستیاگ له‌ كوشتن ڕزگاری بوو، (هردۆت و كتسیاس هه‌ردووكیان باسی ئه‌مه‌یان كردووه‌، له‌مێژووی ڕووداوه‌كانی بابلدا شتێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م باسه‌ نییه‌، به‌وته‌ی كتسیاس به‌ناوی جێنشینی حاكمی هیركانییه‌وه‌، زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ نێردرا بۆ ئه‌و سه‌ر زه‌مینه‌ و دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو خواجه‌یه‌ك كه‌ ناوی (پتساگ) بوو (ئیبار) هانیدابوو به‌ بیانوی دیده‌نی كچه‌كه‌یه‌وه‌، بردی بۆ بیابانێك و له‌وێ به‌ره‌ڵڵای كرد، تاكو به‌سه‌رگه‌ردانی له‌برساندا بمرێ. كتسیاس ده‌ڵێ: دوای ئه‌وه‌ ئامیتیدا چه‌رمه‌سه‌ریه‌كی زۆری بۆ پتساگ نایه‌وه‌، ئیبار خۆی كوشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش نه‌یده‌ویست سزای بدات.
له‌م نووسینانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێ،‌ ماده‌كان به‌درێژایی ڕۆژگاری شه‌ڕ به‌هێزه‌وه‌ ڕاوه‌ستان و ئه‌گه‌ر گه‌وره‌كانی ماد له‌ناوخۆی كیشوه‌ره‌كه‌دا ده‌ستیان به‌ خیانه‌ت نه‌كردایه‌، حكومه‌ت نه‌ده‌كه‌وته‌ ده‌ست پارسه‌كان.
سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی، كه‌ به‌هۆی گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتبوو، ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بوو،‌ یاسای تازه‌ی حكومه‌تی كۆڕش به‌ڕواڵه‌ت له‌گه‌ڵ ماده‌كاندا بگونجێ، به‌م هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌كباتانا تاڵان كرا و هه‌ندێك له‌ ماده‌كان به‌دیلی و به‌تاڵانی ده‌ستگیر كران و بران، به‌ڵام هه‌روه‌كو وڵاتێكی داگیركراو و خه‌راج و باجیان خستنه‌سه‌ر، له‌ وته‌یه‌كی‌ ئاستیاگ له‌گه‌ڵ هارپاگ، كه‌ هیرۆدۆت باسی كردووه‌، ئاستیاگ ده‌ڵێ: هارپاگ ماده‌كانی به‌د‌یلی گه‌یاند، ئه‌گینا تا ئه‌و كاته‌ش ماده‌كان هه‌موو كاره‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌نیا وه‌كو شتێكی ڕواڵه‌تی پارسه‌كان سه‌ركه‌وتوبوون، نوێنه‌ره‌كانی ئاسپارت خشاریاشایان به‌پادشای ماده‌كان ناوده‌برد، چه‌ندان نموونه‌ی تر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانین، یۆنانیه‌كان شه‌ڕه‌كانی نێوان یۆنان و پارسیان به‌شه‌ڕی یۆنانییه‌كان و ماده‌كان ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕازی بكرێن، گه‌وره‌كانی ماد زنجیره‌ ده‌سه‌ڵاتێكی گونجاویان پێدرا، بۆ نموونه‌:‌ كۆڕش پادشایانی مادی نه‌گۆڕی و له‌ناوی نه‌بردن، به‌ڵكو خۆی كرد به‌پادشای ماد و خۆی هه‌ر به‌ناوی پێشووه‌وه‌ ناونا پادشای پارس، ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌كانی سه‌رده‌می داریۆشی یه‌كه‌م، ماد و پارس له‌ڕووی كیشوه‌ره‌كانی تردا یه‌ك بوون، له‌ نووسراوی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كاندا هاتووه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ دوای ئه‌وه‌ و له‌كاتی زنجیره‌ی ناوی پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشی، ناوی نوێنه‌ره‌كانی ماد ده‌بینین، یۆنانیه‌كان و هۆزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات پادشای ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشیان به‌پاشای ماد ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش له‌ بابلدا پادشای مادی هێشته‌وه‌ و ساتراپێكی تیا دروست كرد و یه‌كه‌مین ساتراپی ماد ئویبار بوو.
به‌وته‌ی كتسیاس كۆڕش له‌گه‌ڵ كچی ئاستیاگ، كه‌ ناوی ئامیتیدا بوو زه‌ماوه‌ندی كرد، ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ گومان به‌ده‌ر نیه‌. له‌ڕاستیدا ناوی ئامی تیدا به‌پێی وته‌ی بروس له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ماده‌كاندا به‌كارهێنراوه‌، له‌دواییدا بۆ ناوی ژنه‌ هه‌خامه‌نیشیه‌كان به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام پێشتر مێرده‌كه‌ی ئامیتیدا (ئاسپیتام)ی كوشت، كه‌ حه‌قداری تاج و ته‌خت و دوژمنی ئه‌و بوو. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو بۆ داواكاری خۆی واتا حكومه‌تی (قانونی) به‌سه‌ر ئیمپڕاتۆری ئاستیاگ بكا به‌به‌ڵگه‌.. له‌نێوان ماده‌كان و پارسه‌كاندا – وه‌كو میسرییه‌كان نه‌ریت وابوو، كچه‌ زاده ‌یان زاوا (مێردی كچ) ی پادشای پێشوو به‌پێی یاسا حوكمی وڵات بكات.
ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌كانی ماد چوونه‌ لای كۆڕش، وه‌كو هارپاگ، كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌ردارانی سوپای ماد، سێیه‌مین حاكمی كیشوه‌ری لیدی بوو، هارپاگ یونیه‌ی بۆ كۆڕش داگیركرد و حه‌زی نه‌ده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رزه‌مینی ماد، له‌ئاسیای بچووك جێگیر بوو، موڵك و زه‌وی و زارێكی زۆری خسته‌ ژێر ده‌ست خۆیه‌وه‌، له‌ لیكیه‌ نووسراوێك به‌ زمانی لیكه‌یی و یۆنانی ماوه‌ته‌وه‌،‌ له‌و نووسراوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وه‌ (؟) كتسیاس ده‌ڵێ: كوڕه‌كانی ئامیتیدا كه ‌له‌ ئاسپیتام یه‌كه‌م مێرده‌كه‌ی ناویان ئاسپیتاگ و مهابرن – بوو، له‌لایه‌ن كۆڕشه‌وه‌ كرا به‌ ساتراپ و براكه‌ی كه‌ (پارمیس) كوڕی ناشه‌رعی ئاستیاگ یان كوڕی دایكی ئامیتیدا له‌مێردێكی تره‌وه‌- یه‌كێك له‌سه‌ردارانی سوپایی پارس بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسه‌كانی كتسیاس به‌لای ماددا داده‌تاشێ و ڕقه‌به‌ری كۆڕش ده‌كات، له‌نووسراوی بێستوندا داریۆشی یه‌كه‌م ناوی هه‌ندێك له‌سه‌ردارانی پارس ده‌بات كه‌مادی بوون، ته‌نانه‌ت تا سه‌رده‌می خشاریاشا ناوی هه‌ندێك له‌گه‌وره‌كانی پیاوانی مادی بردووه،‌ كه‌ له‌ ده‌ربار‌ی ئیداره‌ی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا پله‌ و پایه‌یه‌كی به‌رزیان به‌وده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌نانه‌ت گه‌وره‌كانی ماد، له‌باره‌ی داگیركردنی ئه‌و كیشوه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه‌ بێ لایه‌ن بوون، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می داریوشی یه‌كه‌مدا گه‌لێك شوێن و پله‌ و پایه‌ی گرنگیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به ‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت خانه‌دانه‌ی كه‌ له‌ كوده‌تاكه‌ی داریوشدا به‌شداریان كردووه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ بنه‌ماڵه‌ و خانه‌دانه‌كانی ماد له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی پارسدا تێكه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی ئیشوكاری ساده‌یان گرته‌ده‌ست، یان له‌ ڕۆژگاری پڕ له‌ ئاژاوه‌ و سه‌ره‌تای سه‌ڵته‌نه‌تی داریوشی یه‌كه‌مدا (521- 522) پێش زایین، ڕه‌نگه‌ له‌سه‌رده‌می خشاریاشا دیسان 484-486ی پێش زایینی دا له‌ناوچوون.
ئه‌مه‌ به‌سه‌رهات و مێژووی دوا پادشای ماد و سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بوو، به‌ ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌، كه‌ به ‌دیقه‌ته‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردووه‌، ئایا كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كوێی له‌ كۆتایی زوحاك یا ئاژده‌هاكی ماربه‌شان ده‌چێت، هیچ باسێك له‌ زو‌ڵمی ئاستیاگ و چه‌كوشه‌كه‌ی كاوه‌ و په‌لاماره‌ له ‌ناكاوه‌ی فه‌ره‌یدون نیه‌، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، شه‌ڕی هه‌خامه‌نشی له‌گه‌ڵ ماد، كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌ ساڵی 553 تا 550 پێش زایین درێژه‌ی كێشا و شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو‌‌، له‌ شه‌ڕیشدا هه‌رجاره‌ لایه‌كیان سه‌رده‌كه‌وت، تا دواجار به‌هۆی خیانه‌تی هارپاك و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد پارسه‌كان توانیان به ‌ته‌واوی سه‌ركه‌ون، به‌م جۆره‌ ڕووداوێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌ تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ كورد تائێستاش ڕابردووی خۆی خۆشناوێت و به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو و كه‌لتوور و سیاسه‌ت و خانه‌دان و پیاوه‌ گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تیه‌ قاره‌مانه‌كانی ڕابردووی خۆی كه‌مته‌رخه‌مه‌، زۆر به‌ساده‌یی و بێباكانه‌ ده‌ست له‌ خاك و خه‌ڵك و مێژووی خۆی هه‌ڵده‌گرێ، بۆ دراوسێ و لایه‌نا‌نی تر، هه‌ر قسه‌یه‌ك گومان بخاته‌ سه‌ر ڕابردووی، بێ چه‌ند و چوون باوه‌ڕی پێ دێنێ، ده‌بێ كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ بێت ئێمه‌ش به‌دوای مێژووی دزراوی خۆماندا بگه‌ڕێین و بیدۆزینه‌وه‌ و وه‌ری بگرینه‌وه، دواجار ماڵ بۆ خاوه‌ن ماڵ بگه‌ڕێته‌وه‌‌.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:
1- ئی. م. دیانۆكۆف، میدیا، وه‌رگێڕانی: بورهان قانع، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری- هه‌ولێر، 2008.
2- حه‌بیبوڵڵای تابانی، هاونه‌ته‌وه‌یی كورد و ماد، وه‌رگێڕانی: جه‌لیل گادانی، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- هه‌ولێر، 2010.




ئامانجە ترسناکەکانی پوتین… ئاوات ئەسعەدی

داوا، یان بە زمانێکی رۆشنتر، پڕوپاگەندی روسیا سەبارەت بە “مافی ڕەوا”ی ئەو ووڵاتە، لە “دوورخستنەوەی ناتۆ لە سنوورەکانی”، کەم و زۆر بوونەتە بابەتێک، کە نەک هەر بووەتە پاساو دانەوەی شەڕی دەسدرێژکارانە بۆ سەر ئۆکرانیای لێقەوماو، بەڵکو بووەتە ئەوەی ناتۆ و رۆژئاوا بخرێنە بەر رێژنەی رەخنە، تەنانەت بگاتە ئەوەی، “بەشێک” لە تاوانی ئەم جەنگەی ئیستەی پوتین دژ بە ئۆکرانیا، بخرێتە ئەستۆی رۆژئاوا.
ئەم لێکدانەوە چاوپۆشی لە زۆر شتی گرنگ ئەکات و بێدەنگە لە ئاستی گەلێ ڕاستی تردا.
لە سەرەتاوە سەبارەت بە روسیاوە ناکرێت ئەمانە لەبیر بکرێن: لە پاش دوەم جەنگی جیهان یەکێتی سۆڤیەت، نەک رۆژئاوا، ببوە بەڵایەکی زۆر گەورە بۆ هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و کەسیش گومانی لەوە نیە، کە “هەموو ئازادیەکی” لێ زەوتکردبوون.. تاوانەکانی سۆڤیەت لە بەرلین لە 1953، لە بودابێست لە 1956 لە پراگ لە 1968 لەبیرناکرێن… هی تریش هەن.
جا کەسێک روخانی ئەو سیستەمە تیرۆرەی یەکێتی سۆڤیەتی دژ بە ئازادی مرۆڤ بە “گەورەترین کارەساتی گیوسیاسی سەدەی بیستەم” ناوببات، (ئەمە وتەی ڤلادیمیر پۆتین خۆیەتی) بێگومان بەدوای شتی ترەوەیە نەک ئاسایشی وڵاتەکەی، نەک سنورەکانی ناتۆ.
کێشەیەکی ترسناکیش لەم گۆشە نیگایەوە ئەوەیە، وەک چاودێرێکی روسی ڤلادیسلاڤ ئێنۆسێمت ئەڵێت: زۆرینەی گەلی روسیا بیری ئیمپریالیستانەی هەیەو، هەر وەک پوتین، ئۆکرانیا بە خاکی خۆیان ئەزانن. پوتینیش خۆی چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان، کە ئۆکرانیا، کەمو زۆر، مافی دەوڵەتبوونیان “نیە”.

ئەو داوایەی پوتین خستبویە بەردەم ناتۆ لە دیسەمبەری 2021، نەک تەنیا رەتکردنەوەی داوای ئۆکرانیا بوو لە بوونی بە ئەندام لە ناتۆ، بەڵکو وەرنەگرتنی فنلەندەو سویدیشی گرتبووە خۆ! ئەمەو سەرەڕای داوای گەڕانەوەی هەیکەلیەتی ناتۆ لە ئەوروپا بۆ ساڵانی 1997. لەمانەش پڕرووتر ئەو خاڵە بوو، کە ئەم داوایانە لە روانگەی مۆسکۆوە بابەتی “گفتوگۆکردن نین”. بەڵکو وەک فەرمانێک وا بن بەسەر ناتۆیا، کە ئەبێت جێبەجێ بکرێن. ئەگەر نا، ئەوا روسیا پەنا ئەباتە بەر “هۆکارە سەربازی و تەکنیکیەکان”. واتە هەر لەسەرەتاوە پوتین مەبەستی شەڕ و پەلاماردان بوو. بۆیەش هەندێ لە داواکانی تەعجیزی بن بەهەموو واتایەکی وشە. تەنانەت ئەم داوایەی پوتین دوو رۆژ دوای گەیاندنی بە ناتۆ بەدەستی قەستی مۆسکۆ بڵاوی کردەوە.
ئەم داوایە هەر لەناوەڕۆکدا چەندین پێشێلکردنی لە خۆگرتبوو. گرنگتریان سەبارەت بە ئۆکرانیاوە بوو: بە پێی رێکەوتنامەی بۆداپێستی 1994 روسیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا تەئمینی ئەوەیان دابوو بەو وڵاتە، کە بە تەسلیم کردنی چەکە ئەتۆمیەکانی سۆڤیەت بە روسیا “سەروەری و سنوورەکانی” بپارێزرێن. ئەم کارە کاتی خۆی بێ هیچ کێشەیەک دوایی هات… کەچی ئۆکرانیا هەر لە 2014 راستەخۆ دووچاری دەستدرێژی مۆسکۆ بوو، ئەویش بە داگیرکردنی دورگەی قرم و لکانی بەزۆری ی ئەو دورگەیە بە روسیاوە. ئەمەش پێشێلکردنێکی قورسی قانونی نێودەوڵەتی بوو.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا هیچ کاتێک مەترسی نەبووەو نیەو ناشبێت بۆ روسیای خاوەن چەکی ئەتۆمی و خاوەن گەورەترین رووبەری سەر ئەم زەویە.
لەمەش بترازێت بە پێی رێکەتنامەی ناتۆ و روسیای ساڵی 1997 ناتۆ پابەندی ئەوەبوو، بەرژەوەندیەکانی روسیا لە رووی ئاسایشەوە لەبەرچاوبگرێت و یەکەی سەربازی گەورەو، بە شێوەی بەردەوام، لە وڵاتانی ئەندامی پێشووتری پەیمانی وارشۆ دانەنێت، جگە لە یەکەکانی eFP، کە هەرگیز نەبونەتە مایەی هەرەشە بۆ روسیا.
کەواتە هیچ شتێک لە ئارادا نیە، کە ناتۆ لەئاستی روسیا پێشێلکاری کردبێت و ببێتە پاساوێک بۆ دەستدرێژی پوتین بۆ سەر ئۆکرانیا. ئۆکرانیا یەکەم وێستگەی پەلاماری روسیای پوتین نیە. هەر ئەم پوتینەش بوو، کە لە 2008 سنورە نێودەوڵەتیەکانی بەزاندو، پەلاماری گورجستانی داو، خوێنی پتر لە 1500 مرۆڤ رژێنرا. با کارەساتی گەلانی کەفکاس لە سیاسەتی دڕندایەتی روسیا لەناوەوەی سنوورەکانی روسیا “لەولاوە بوەستن”…
پوتین بە پەلاماردانی ئۆکرانیا، شتێکی دیکەشی ئیسپات کرد، کە هیچ ئیعتیبارێک بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسە لە ئەوروپا دانانێت. بەرلین و پاریس خاوەنی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا “مینسک” بوون.

رەفتاری پوتین هاڵاوێکی گەورەی دیکەشی لێوەدێت: “دروسکردنەوەی زلهێزیتی روسیای” یان وەک لەسەروە ئاماژەمان پێدا، ئیمپریالی روسی بەو بڕوایەی، کە بشتوانێت ببێتە جەمسەرێکی هاوچاو لە بەرامبەر ئەمریکا و ئەورپا. ئەمەش بێگومان وەک سیستەمێکی دیکتاتۆری و دژ بەئازادی رۆژئاوا. مۆسکۆ لەم هەنگاوەیدا لەو رووەوە “سەرکەوتووە”، کە سێ لە دڕندەترین رژێمەکانی جیهان (سوریا و بێلاروس و کۆریای باکوور) چەپڵەی بۆ لێدەدەن. هەروەها “نەیاران”ی رۆژئاواش، بەتایبەتیش سیستەمە ئیستیبدادیەکان، لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەوەیە ئامانجێکی وای پوتین بە کارێکی باش بزانن. هەڵوێستی چین و هیندستانیش وا ئاسان نابێت بۆ روسیا بۆ ئەم بابەتە.
لایەنێکی دیکەی پەلاماردانی ئۆکرانیا پەیوەندی بە عەقلیەتی سیستەمەکەوە هەیە. بۆ پۆتین هەر سیستەمێک، کە تۆزقالێک بۆنی ئازادی و دیموکراتیەتی لێوە بێت، خەتەرناکە. ئۆکرانیاش بەو رێگەوەیە.
ئەو سیستەمەی پوتین هەوڵی بۆ ئەدات، بەلایەنی کەمەوە، سیستەمێکە بە توندی دژی بیرورای جیاوازە: تەنیا دۆست و دوژمن هەیە لەو سیستەمەدا. ئەو کەسانەی لەگەڵ سیاسەتی پۆتین نین، پوتین بە کەسانی “بێفەڕ و خاین” دایان ئەنێت، وەک “مێشولەیەک، کە بەهەڵە هاتبێتنە سەر لێوی مرۆڤ و بە ئاسانی تفیان لێبکرێت.” ئەمە قسەی پۆتین خۆیەتی. داوای لێبوردن لە خوێنەر ئەکەم لە نووسینەوەی ئەم رستە ناشیرینە. بەڵام هەڵە نیە، ماهیەتی پوتین بناسرێت.

سەبارەت بە ناتۆشەوە سێ خاڵ شایستەی ئاماژەپێدانن:

  1. مێژووی هاوچەرخی ناتۆ مێژووی چەوساندەوەی ئەندامەکانی نیە و نەبوە. هیچ کاتێک ناتۆ لە ئەوروپا روداوێکی وا خوێناوی تۆمارنەکردووە، کە وڵاتێکی “زلهێز” لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئەندامیدا دەستێوەبگلێنی. یاخود بە زۆری هێز دەسەڵات بگۆرێت.
  2. تەنیا و تەنیا ترسە لە روسیا، کە پاڵ بە وڵاتانی ئەوروپاوە بنێت، ببنە ئەندامی ناتۆ، نەک مەترسی بێت لە ئەمریکا. تەنانەت وڵاتانی بێلایەنیش، وەک فنلەندە و سوید، ئێستە بیر لە بوونە ئەندامی ناتۆ ئەکەنەوە. چونکە روسیا “ئەمانی نیە”.
  3. ناتۆ هاوپەیمانێتێکی بەرگریکەرە نەک هێرشبەر. بۆ روونکردنەوەی ئەم خاڵە پێم چاکە ئاماژە بە شتێک بدەم: تورکیا، کە بێشک تاریکترین پەڵەی ئەندامانی ناتۆیەو دەوڵەتێکی شەڕخوازەو دیموکراتیش نیە، ئەمەش بە پێچەوانەی 29 ئەندامەکەی دیکە، کاتێ کە لە مانگی دووی 2020 پتر لە 30 سەربازی لە نزیک ئیدلبی سوریا تیاچوون، بۆی نەبوو داوای خستنە کاری ماددی 5 پەیمانی ناتۆ بدات و بەمەش ئەندامان لە شەڕە خوێناوی و دڕندانەکەیەوە بگلێنێ. چونکە سەربازەکان لە دەرەوی سنوورەکانی تورکیادا کارا بوون، نەک ناو سنوورەکانی تورکیا.

میکائیل گۆربەتشۆف لە ساڵی 2019 بە سەرۆکی ئەو دەمەی ئەڵمانیا، کریستیان ڤۆلف، ی راگەیاندبوو، کە دەسەڵاتدارانی روسیا “یادەوەریەکانی ستالین دێننەوەو خەریکن، دەوری ئەو دیکتاتۆرە چەواشە بکەنەوە.” لای کەس شاراوە نیە: ستالین دیکتاتۆرێکی دڕندەو مرۆڤ کوژ بوو. جا تۆ بڵێیت، لە خۆڕایی بووبێت، کە سەرۆکی ئەمریکای ئیستە، جۆ بایدن، لە کاتی دەسەڵاتگرتنیدا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەنالی ABC بە خۆڕایی پوتینی بە “پیاکوژ” ناوبردبێت؟
ئامانجی فراوانخوازی وشەرخوازی و دیکتاتۆریەتی پوتین مەترسیەکی جیدین بۆ ئاسایشی ئەوروپا و تارادەیەکیش بۆ جیهان.




حاڵباشی ساختە… نەوزاد بەندی

( لە ڕاستیدا ئەمە کۆمێنتێکمانە له گفتوگۆیەکی تا ڕادەیەک درێژ سەبارەت به هۆکاری هەڵگرتن و ڕاکێشانی بارەکە لەلایەن خەڵکەوە هەرچەندە زۆر قورس و تاقەتپڕوکێنیشە ، حەزم کرد وەک کورتە ووتارێک بیخەمە بەر دیدی خوێنەران )

ئایا کەسێک لە چەند ساڵێکدا دەوڵەمەند کراوە ، بە دەوڵەمەند دادەنرێت ؟ یان کەسێک لە چەند ساڵێکدا هەژار کراوە ، بە هەژار دادەنرێت ؟
کێشەکە لێرەدایه ، لێرە نە دەوڵەمەندەکەی بناغەیەکی مێژوویی دەوڵەمەندیی هەیە ، نە هەژارەکەیشی هۆکارێکی تەمەڵیی و گەمژەیی لە پشت هەژارییەکەیەوە وەستاوە ..بە پێچەوانەوە ، زۆرترین چینی هەژار لە هەڵگری بڕوانامە وڕۆشنبیرەکانن ..بە پێچەوانەوە زۆرترینی چینی دەوڵەمەند ، خێڵەکی و ڕەشۆکی و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرن ..
پرسیارەکە لێرەدایه ، بۆچی ئەم چینە ڕۆشنبیرە هەژارە یەکناگرن و گۆڕانکاریی ناکەن ؟
خۆت لە وەڵامەکەتدا ئەڵێی : ( منێک کە تا ڕادەیەک حاڵم باشە ..) هەمووان لەبەر بارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی وا خۆیان دەردەخەن کە تا ڕادەیەک حاڵیان باشە ..ئەم خۆدەرخستنە بەوەی کە تا ڕادەیەک حاڵی ڕۆشنبیرە هەژارخراوەکان باشە ، کارێک دەکات ئەگەر قەرزیشمان کردووە ، بەنزینی گران بکەینە ئوتومبیلەکانمان .. ئەگەر قەرزیشمان کردووە ، جلی کوردی بۆ نەورۆز بدوورین ..ئەگەر بە قەرزیشمان کردووە بڕۆینە گەشت و سەیران ..ئەمەیش کەسێکی سەرقاڵ دروست ئەکات کە نایپەرژێتە سەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵگا ..کەسێک کە سەرقاڵە بەخۆیەوە چۆن وای دەربخات کە تا ڕادەیەک حاڵی باشە ..کەسێک کە خۆبەخشە و یەک دینار وەرناگرێت و دەوامیش دەکات ، چۆن وا بکات ، ڕۆژانە جلی تازە و ئێکسسواری تازە و عەتری تازە بەکاربێنێ ؟ ئەم دۆخە ، کەسێکی سەرقاڵ دروستئەکات بە گێڕانی ڕۆڵی حاڵباش، لە کاتێکدا حاڵی زۆر خراپه ..کەسێکی کە بەردەوام سەرقاڵی درۆکردنە لەگەڵ خۆی و کۆمەڵگادا تا بە حاڵباشیی دەرکەوێ ، ناتوانێ کۆبوونەوەی جەماوەری وشۆڕش و گۆڕانکاریی دروست بکات ..یان ڕاستتر ئەو لەناخەوە بێئەوەی هەستی پێبکا ، بەردەوام خەریکی شۆڕش و گۆڕانکاریی درۆیه له خۆیدا هەتا وەکو حاڵباش دەربکەوێ ..ئەوەتا جەنابی وەزیری گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی دارایی ئەڵێ : ئەم سەیرانکەرە بە کۆمەڵە دەرخەری ئەوەن خەڵکەکە حاڵباشن ..
لەبەر ئەوە ئەم چینە هەژارخراوە پاراوێزخراوە ئەکتەرە ماندووە لە بواری خۆدەرخستن بە ستایڵی حاڵباشییەوە ، بە هیچ جۆرێ نایەوێ کۆبوونەوە دروست بکا ..نایەوێ تەنانەت براکەیشی نزیکی بکەوێتەوە ، هەتا دەستەکەی کەشف نەبێ ، چونکە بەهەژار دەرکەوتن لە لای ئەو ( کە لە ڕاستیدا هەژاریشە) شکست و ئاڵای سپی هەڵکردنە ..
بێگومان ئەم دۆخەیش زۆر لە خزمەتی چینە دەوڵەمەندە ڕەشۆکییەکەدایە ، چونکە ماندوو نابێ ..تەنانەت کە بێگانەیەک یان کەناڵێکی ڕاگەیاندنی جیهانیی دێتە شارەکان ، هیچ ڕوو زەردییەک توشی دەسەڵاتە دەوڵەمەندە خێڵەکییەکە نابێ ، ئەوەتا خەڵک هەمووی جلی جوانە ..ئوتوکراوە ..ئوتومبیلێکی زۆر دێت و ئەچێ .. چێشتخانە و مۆڵ و سەیرانگاکان پڕن لە هامشۆکەر ..کەواتە خەڵکەکە دڵخۆش و دەوڵەمەندن ..
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی خەڵک و گۆڕانکاریی ، ڕاستگۆییە ..له نەبوونی ڕاستگۆییدا ، نە ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆمەڵگا دەردەکەوێ .. نە دەرد و ئازار و هەژارییەکەی دەردەکەوێ ..نە هەستی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیی دەمەزەرد ئەبێتەوە ..
بە پێچەوانەوە ، میللەتێکی پۆشتە وپەرداخی تەزویر ..گەشتیاری ساختە ..پێکەنینی درۆ ..حاڵباشی وێران ،دێتە دی ..کەسێکیش ئەو هەموو زەبرە لە خۆی و کەسایەتی خۆی بدات، هەرگیز شۆڕش و گۆڕانکاریی پێ ناکرێت .. گەر بێتە سەر شەقامیش ، بەخۆی سەلماندووە کە چەند خولەکێکە و ..ئیتر ئەڕواتەوە بۆ لای حاڵباشی ونواندنەکەی خۆی ، واتا بە خۆی سەلماندووە کە تەنها خۆنمایشکردنێکە و دوور و نزیک پەیوەندی بە گۆڕانکارییەوە نییە .
( لە ڕاستیدا ئەم نیشاندانی حاڵباشیەیش ، خۆی لە خۆیدا ڕەگێکی دەروونیی قوڵی هەیە ، چونکە ئەو خەڵکە لە بنەڕەتدا دەوڵەمەندی بەشەرەف بوون و لەم سیستمەدا هەژار کەوتوون ، یان شایانی ئەوەن دەوڵەمەند بن و بواریان پێنەدراوە و پەراوێز خراون ، لەبەرئەوە ناتوانن خۆیان بە هەژار نیشان بدەن ، چونکە لە هەبوونی سیستمێکی دادپەروەردا ئەوان دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوون ، هەر بۆیە خۆنیشاندان بە حاڵباش و دەوڵەمەند ، دۆخێکی دەروونیی خەمگینی هەیه کە لە ڕاستیدا گوزارشتە لە دۆخێکی دزراو کە نەدەبوو بدزرێت لێیان )




دوو تێكستی دی له ( فازڵ عه‌ززاوی)ـه‌وه… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• ئاهه‌نگ

كه‌س دوا نه‌كه‌وتبوو
قابیل له‌ ئاشپه‌زخانه‌دا
چه‌قۆكه‌ی تیژ ده‌كرده‌وه‌
(نووح)یش له‌ هۆڵه‌كه‌دا چاودێری ده‌كا
بڵاوكراوه‌ی كه‌ش و هه‌وایش له‌ ته‌له‌ڤزیۆن .
هه‌موویان به‌ ئۆتۆمبیله‌كانی خۆیان گه‌یشتن
پاشان له‌ كۆڵانی درێژووكانیدا ون بوون
ده‌چوونه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ .
له‌وێدا
ژنێكی جوانمان بینی
سه‌مای له‌ مه‌یدانێدا ده‌كرد و
شۆخی خۆی
له‌و دیو
كراسی ڕووبه‌ده‌رییه‌وه‌
پێشان ده‌داین
له‌گه‌ڵ میوانان دانیشتین
پیاڵه‌مان تا كه‌یل بوون هه‌ڵدا .
شه‌وێ گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌كانمان
گۆچانه‌ بزربووه‌كه‌یمان
بۆ كوێره‌كه‌ گه‌ڕانده‌وه‌
ته‌وری خوێناویشمان بۆ بكوژ ..
ڕاستیی ئاهه‌نگێك بوو
وه‌ك هه‌ر ئاهه‌نگێكی دی .

• كه‌ دواجار به‌ربه‌ره‌كان گه‌یشتن

له‌ نێوان شه‌و و ڕۆژێكدا
جیهان له‌ بارێكه‌وه‌ بۆ بارێكی دی گۆڕا :
ناكاو پاشای تۆقیو به‌ ناو تاریكاییدا هه‌ڵات
پێستی خاراوی ده‌رباز بكا
حه‌كیمه‌كان
نووسراوه‌ دێرینه‌ پیرۆزه‌كانییان
له‌ ژێر قه‌دی دره‌ختی باخچان شارده‌وه‌
سیاسییه‌كان كۆنه‌ بزگوڕیان پۆشی و
له‌ناو خه‌ڵكیدا ون بوون
قوماربازه‌كان له‌ مه‌یدانی شارن .

فه‌رمانده‌ی سوپا
شمشێری زێڕینی
به‌ داگیركاری نوێ به‌خشی
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس
سێداره‌كانی له‌ مه‌یدانه‌ گشتییه‌كاندا
بۆ ئاژاوه‌گێڕه‌ بێكاره‌كان هه‌ڵخستن
شاعیران
قه‌سیده‌ی درێژی پیاهه‌ڵدانیان هۆنییه‌وه‌
به‌ پیتی زێڕین نه‌خشاندیان
به‌ په‌رده‌ی كابه‌یان هه‌ڵواسی
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی به‌ خۆی
وتاری پێشوازی ئاماده‌ كرد .

له‌ نێوان شه‌و و ڕۆژێكدا
جیهان
له‌ بارێكه‌وه‌ بۆ بارێكی دی گۆڕا :
به‌یداخی ڕه‌شی بتپه‌رستانیان
له‌سه‌ر مناره‌ و ماڵان هه‌ڵكرد
كاهینه‌كان
خواوه‌نده‌ شێردراوه‌كانی ژێر تاریكایی سه‌رده‌مه‌كان
له‌ حه‌شارگه‌ی ئه‌شكه‌وتان له‌ چیاكاندا
هێنایه‌ ده‌ر
له‌ كاتێكدا بڵندگۆكان
به‌ سڵاوات و لاوانه‌وه‌
بۆ( لات ) و (عززی) و (مه‌نات) ی
سێیه‌كه‌ی دی
له‌‌سه‌ر قو‌لله‌كان‌ ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌ ..

دواجار
پاش هه‌زار ساڵ چاوه‌ڕوانی
به‌ربه‌ره‌كان گه‌یشتن .

(*) ئه‌م دوو تێكسته‌ له‌م دوو ماڵپه‌ڕه‌ی خواره‌وه‌ كراون به‌ كوردی .

بڕوانه‌ :
https://albaleegh.com/poet/%D9%81%D8%A7%D8%B6%D9%84_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B2%D8%A7%D9%88%D9%8A/poem/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%81%D9%84%D8%A9
هه‌روه‌ها :
https://archive.alsharekh.org/Articles/194/20548/466320

https://albaleegh.com/poet/%D9%81%D8%A7%D8%B6%D9%84_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B2%D8%A7%D9%88%D9%8A/poem/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%81%D9%84%D8%A9




نه‌مری بو شه‌هیدانی شیوعی… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ رۆژی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی عێراق تا ئه‌مرۆ هه‌ندی سه‌رلێشێواوو دوژمنانی چینایه‌تی و هه‌ندی له‌و كه‌سانه‌ی ناوی خۆیان ناوه‌ سیاسه‌تمه‌دار بێ وچان هێرشیان كردووه‌ته‌ ‌ سه‌ر شیوعییه‌كان و حزبه‌ نه‌به‌زه‌كه‌یان ، به‌ڵام شیوعییه‌كان به‌بێ گوێدان به‌و جۆره‌ پروپاگه‌نده‌ هیچ و پوچانه‌ هه‌رده‌م له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی تێكۆشانی گه‌ل و نیشتمان بوون و، گیانی خۆیان به‌ختكردووه‌و به‌ خوێنی ئاڵیان به‌رگرییان له‌ سه‌ربه‌رزی گه‌ل و نیشتمان كردووه‌.
له‌ وڵامدانه‌وه‌ی چڵكاوخۆرو دوژمنانی حزبی شیوعی و، بۆ مێژوو ئه‌ڵێن {42} ساڵ به‌ر له‌ ئیستاو له‌ م رۆژه‌دا، رۆژی (24) ی ئاداری ساڵی (1980) رژێمی له‌رزۆكی به‌غدا بۆ تۆقاندن و داپلۆسینی جه‌ماوه‌رو به‌ هۆی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازو جاشی هێنابووه‌ شاری سلێمانی و له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باش بوو، ێشمه‌رگه‌ ئازاو دلێره‌كانی (حزبی شیوعی عێراق) داستانێكی پر له‌ قاره‌مانێتی و خۆبه‌خت كردنیان تۆمار كرد.
به‌ڵێ، مه‌فره‌زه‌یه‌كی قاره‌مانی حزب كه له‌ (16) پێشمه‌رگه‌ پێك هاتبوو، به‌یانی زوو دێی زێوێی بناری شاخی سه‌ركه‌شی پیره‌مه‌گروونی به‌جێ هێشت و به‌و سه‌رماو سۆڵه‌یه‌و، له‌ پاش به‌فرشكاندن و چوونه‌ سه‌رشاخ و دابه‌زین بۆ دامێنی شاخه‌كه، كه‌‌ بوونه‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌كی هیلاك و ماندوو بوونی پێشمه‌رگه‌كان ، مه‌فره‌زه‌كه‌ له‌ كاتژمێری (11) دا چووه‌ ناو دێی قزله‌ری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رچنار بۆ حه‌سانه‌وه‌و نانخواردن، به‌ڵام له‌ پاش كاتژمێرێك هه‌لێكۆپته‌ره‌كانی دوژمن هاتنه‌ ئاسمانی دێكه‌{من و هاورێی تێكۆشه‌ر ره‌ووف ره‌شید – بێكه‌س} پاسه‌وان بووین و، هه‌لیكۆپته‌ره‌كان یه‌كسه‌ر سه‌ربازو جاشیان هه‌ڵرشت و زوو به‌ زوو له‌ هه‌ردوولا ده‌ست كرا به‌ ته‌قه‌كردن و، دوژمن په‌یتا په‌یتا سه‌ربازو جاشی ئه‌هێناو ژماره‌ی هه‌لێكۆپته‌ره‌كانی گه‌یانده‌ 19 و، له‌م داستانه‌ شكۆداره‌دا ئه‌م هاورێیانه‌ شه‌هید بوون:
1- عومه‌ر حه‌مه‌ بچكۆل (مه‌لا حسین ) كرێكاری كارگه‌ی ته‌نقیحی سلێمانی.
2- شه‌فیق كریم (شاهۆ) مامۆستای زمانی ئینگلیزی له‌ سانه‌وی رۆشنبیر – سلێمانی،
3- موعته‌سه‌م عه‌بدولكه‌ریم (أبو زه‌هره‌) ، هونه‌رمه‌ندو وێنه‌كێش {شێوه‌كار}.
4- حه‌سه‌ن ره‌شید (فه‌لاح) – كرێكارو لێپرسراوی هێزی پاراستنی باره‌گای كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا..
5- كه‌مال مام هه‌مزه‌ (هه‌ژار) كرێكار، سلێمانی.
شایانی باسه‌ ساڵی (1980) به‌ هۆی باران و ته‌روتووشییه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز خرابوونه‌ رۆژی (24) ی مانگ و هێزه‌كانی دوژمن له‌ سه‌رپێ بوون بۆ سه‌ركوتكردنی هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان.
دوژمنی ترسنۆك به‌ شێوه‌یه‌ك هاتبوو، ئه‌یزانی مه‌فره‌زه‌كه‌ (16) كه‌سه‌و چه‌كه‌كانیان زۆر خراپه‌، به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆی هاتبوو مه‌فره‌زه‌كه‌ ده‌ستگیر بكات، له‌ راستیدا چه‌كی پێشمه‌رگه‌كان چه‌كی شه‌ر كردن نه‌بوو، بریتی بوون له‌ (2) كلاشنكۆف و (8) ژێسێ و (5) ماوو* یه‌ك برنه‌و، هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌ش كۆن بوون و، له‌ كاتی ته‌قه‌ كردندا ئه‌وه‌ستان، به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ حه‌ماس و وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه‌و هاورێیان له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بوو.
پاش ماوه‌یه‌ك شه‌ر كردن مه‌فره‌زه‌یه‌كی دلێری پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسماعیل گه‌وره‌دێی له‌ قۆڵی چۆخماخه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌كه‌و هاتن به‌ هانای برا پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه‌و، شه‌هاب پێشمه‌رگه‌ی دلێری یه‌كێتی كوردستان له‌ شه‌ره‌كه‌دا بریندار بوو، له‌ كاتژمێری (6) ی ئێواره‌ دوژمن كه‌وته‌ پاشه‌كشێ و كۆكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی و به‌رووره‌شی بۆ مۆڵگاو ته‌ویله‌كانی خۆی گه‌رایه‌‌وه‌.
*** ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ (مه‌فره‌زه‌ (16) كه‌سه‌كه‌یه‌ كه‌‌ به‌شداربووانی داستانی قزله‌ر:
1- حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی (حه‌مه‌ساله‌ح) فه‌رمانده‌و به‌رپرسی عه‌سكه‌ری، 2- حه‌سه‌ن ره‌شید{ فه‌لاح}3- كه‌مال مام هه‌مزه‌ {هه‌ژار} 4- عمر حه‌مه‌ بچكۆل }ملا حسین} 5 معتصم عبدالكریم {أبو زه‌هره‌} 6- مامۆستا شه‌فیق كه‌ریم {شاهۆ} 7- صلاح حه‌سه‌ن {مامۆستا خالید} 8- سه‌رباز مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی {سه‌رباز} 9- عومه‌ر عه‌لی { بۆ رێزو خۆشه‌ویستی عمر میم سه‌لما} 10- جه‌مال ئه‌مین {مامۆستا جه‌مال} 11- حه‌مه‌ساله‌ح سورداشی {مامۆستا سه‌ردار} 12- ره‌ووف ره‌شید {بێكه‌س برای شه‌هید حه‌سه‌ن ره‌شید} 13- محه‌مه‌د مه‌زلزم {أبو محه‌مه‌د} 14- بورهان ئه‌حمه‌د {عه‌تا} 15 ـ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب {سیروان} ، ( 16 ـ عه‌دنان تاڵه‌قانی ــ ئه‌بو هیمن، خاين له‌لایه‌ن ئیستخبارات و به‌ریوه‌به‌رایه‌تی ئه‌من كرابوو به‌ چڵكاوخورو سیخور).
{3} هاورێ له‌و هاورێیانه‌ی به‌شداری شه‌ری قزله‌ریان كرد له‌ شوێنی تردا شه‌هید بوون:
1 – سه‌رباز ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی له‌ داستانه‌كه‌ی به‌كربایفدا به‌ ده‌ستی جاشه‌كانی رووره‌ش و تاونباری خوێنرێژ ته‌حسین شاوه‌یس شه‌هید كراو شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه ب ریسوایی و شه‌رمه‌زاری ‌ ته‌حسینی جاش به‌ پله‌ی به‌رز خانه‌نشینه‌ له‌ سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
2- عومه‌ر عه‌لی (عومه‌ری پوره‌ سه‌لما) له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی حزب و پێشمه‌رگایه‌تی‌ له‌ رووباری چه‌می سووره‌بان له‌ نزیك دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌ خنكاوو شه‌هید بوو.
3- سه‌لاحه‌دین حه‌سه‌ن (مامۆستا خالید) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی محه‌لی سلیمانی له‌ كاتی ئه‌نفاله به‌دناو چه‌په‌ڵه‌كه‌ی رژێمی به‌عسی ترسنۆكدا 1988 كه‌وته‌ داوی چه‌ته‌و چڵكاوخۆره‌كانی رژێم و شه‌هید كرا.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی ره‌وای حزبی شیوعی عێراق له‌ پێناو ئاواته‌كانی گه‌ل و نیشتمان..
مردن و سه‌رشۆری بۆ دۆژمنانی شیوعییه‌ت…




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک… 5 … شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم…

دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتی ئایینێك، گرووپ و مەزهەبێك، ئایدیۆلۆژیاو حزبێكی ئایینی، فیرقەیەكی دیاری كراو بەتەنها موڵكی ئەقیدەیەك نییە. سیکۆلاریزم دەڵێت دەبێت دەوڵەت،

دەوڵەتێک بێت، بۆ هەموان بێت. ژیانی هەموو مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستەبێت. كەرامەت و سەرو گیان و حەزەكانیان تێیدا پارێزراوبێت. دەوڵەتێک بێت، جێگای ئازادییەكانی تێدا ببێتەوە. دەوڵەتێک بێت، كەس لەسەر ئایین و ئەقیدی ئایینی، لەسەر مەزهەبی جیاواز و دیدەنیگای جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز، تیرۆر نەكرێت و ئەشكەنجەو ئازار و زیندانی و بێ سەرو شوێن نەكرێت.

دەوڵەتێک بێت ئایندار و لائیكێك، بڕوادار و گومانگەرایەك بە یەكسانی جێگایان تێدا ببێتەوەو جیاوازی لەنێوان هیچ مرۆڤێك نەكرێت، لەسەر بنەمای جیاوازی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ڕەنگ و ڕەگەز. دەوڵەتێک بێت، خۆشەویستی تێیدا ئایین و مرۆڤایەتی ڕێبازبێت. دەوڵەتێک بێت، رق و دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و یەكترسڕینەوە، تیرۆر و كوشتن و تووندوتیژی، فێندەمێنتالیزمی ئایینی و بیری ڕادیكاڵیەت،

دۆگمی بەرد و حوكمی شمشێر و هەڕەشەی سەربڕین و زمان قرتاندن و دەست و پێ پەڕاندن تێیدا تاوان و قەدەغەبێت. ڕێزگرتن لەئاشتی و برایەتی و پلۆرالیەت و پێكەوە ژیان، ئەرك و یاسا بێت. لێبوردەیی و یەكترقبوڵ كردن و چەمكی هاووڵاتی بوون، بنەماو دۆکترین و ئەقیدەی فەرمی دەوڵەت و دەستوری وڵات بێت. دەوڵەتێک بێت بەواتای وشە باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ هەبێت. ڕێز لە ئازادی و ماف و سەربەستی ژن.

هەڵبژارنەكانی تاك، ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان، بیروباوەڕی هەموان و هەموو جیاوازیەكان بگریت. دەوڵەتێک بێت، دژایەتی یەكسانی جێندەری، دیموكراسیەت، سیكولاریزم و زانست و ئەقڵانیەت و تازەگەری نەكات..




سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر کامیان؟… زاهیر باهیر

پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە سێ خاڵی گرنگ هەن. یەکەم: سزا و گەمارۆی ئابوریی لە سەرەتادا هێچ ڕۆڵێکی نییە لەسەر وڵاتی سزادراو. پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و هەندێك جاریش ڕك و کینەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دژ بە بەدەوڵەت یا دەوڵەتانی سزادەر دروستدەکات. گەرچی بازرگانانی جەنگ هەر کە تەقە دەستی پێکرد ئەوان زۆربەی کەرەسەکان لە ئەمبارەکاندا خەزن دەکەن و ئەوەشی کە بەدەرەوەیە هەر دوای ڕۆژێك نرخەکەی بەرز دەکەنەوە. دووەم : سزای ئابووریی کە بەسەر وڵاتانی گەشە نەکردوی پیشەسازییدا دەسەپێنرێت زۆر جیاوازە لەو سزایەی کە کۆمەڵێك لە وڵاتان بەسەر وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەیسەپێنن، هەر ئاواش کاراییان دوولایەنەیە . سێیەم: هەر لایەك ئەو سزایە بەسەر هەر لایەکی دیکەدا بچەسپێنێ باجەکەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دەیدات نەك حوکمڕانانی وڵاتەکە. باشترین بەڵگەش سزادان و گەمارۆخستە سەر عێراق، ئێران، ڤێنزویلا، کۆریای باکور و زیمبابۆیە .
لەم نوسینەدا مەبەستم پەیوەندی ئاڵووێر و بازرگانی نێوانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لەگەڵ روسیادایە بە هۆی ئەم شەڕەی کە هەیە. هەر ئاواش قسەکە لەسەر سزادانی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتووە لەسەر وڵاتێکی دیکە کە تا ڕادەیەك ئەویش خاوەن پیشەسازیی پێشکەوتوە کە ڕوسیایە. لێرەدا سزای ئابوریی و گەمارۆدانی ئابوریی و ئابورییانە دوولایەنەیە واتە لەسەر دانیشتوانی هەردولا دەکەوێت، ئەویش بە گوێرەی ئاستی گەشەی پیشەسازییەوە و ڕێژەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی شمەك و کاڵاکانە لە نیوانیانا .
بۆڕونکرننەوەی ئەوە چەند داتایەکی نوێ کە سەبارەت بە بازرگانیی نێوانیانە دەخەمە ڕوو، ئەو کاتە دەتوانین ئەنجامگیرییەك بکەین .
بەگوێرەی داتاکان، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 سەرجەمی هەناردەی ڕوسیا بۆ جیهان 388.4 ملیار دۆلار بوە کە بە شێك لەو وڵاتانە ئەم 5 وڵاتەن: چین بە بڕی 112.4 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا بە بڕی 46.1 ملیار دۆلار، هۆڵندە بەبڕی 37 ملیار دۆلار، ئەمەریکا بە بڕی 28.8 ملیار دۆلار و تورکیا بە بڕی 25.7 ملیار دۆلار. ئەوەی ڕوسیا هەناردەی بۆ ئەم وڵاتانە دەکات نەوتە و غازە و بەرهەمهێنراوی کیمیاوییە و مەعدەنە. لەسەرجەمی هەناردەی ڕوسیا لەسەدا 53 ی نەوتە و غازە وەبەرهەهێنراوی کیمیاوییە. لە سەدا 13 هەناردەی ڕوسیا دەچێت بۆ وڵاتانی CIS ، واتە ئەو 11 وڵاتەی کە کاتی خۆی لە فەلەکی یەکێتی شورەویدا بوون.
بێ لەوانەی سەرەوە ڕوسیا ئەمانەش هەناردە دەکات : جۆ ، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، مریشک، شیر و پەنیر ، گۆشتی بەستوی بەراز ، پێویستی کارەبایی و کەرەسەی میکانیکی و تەختە. ڕوسیا و ئۆکرانیا پێکەوە سێیەکى هەناردەى گەنمى جیهان‌ و 80%ى ڕۆنى زەیت دابیندەکەن ئەمەش وای کردوە هەر لە ئێستاوە لە بۆرصەی جیهانیدا گەنم نرخەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 50 زیادی کردووە.

بازرگانی ئەمەریکا و ئەورروپا لەتەك ڕوسیا:
بازرگانی و ئاڵووێر و خزمەتگوزاریی و کاڵای نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە ساڵی 2019دا تەنها 34.9 ملیار دۆلار بووە کە لەمەش هەرناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا 10.9 ملیار دۆلاربووە و هاوردەی 24 ملیار بووە، کەواتە نوقسانی [ عەجزی] ئەم ئاڵووێرە بۆ ئەمەریکا 13.1 ملیار دۆلار بووە ، بە زمانی ئاسایی یانی هەناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا کەمتر بووە لە هاوردەی. هەر لەو ساڵەدا، 2019 دا ، ئەمریکا 26 هەمین دەوڵەتی مامەڵەی بازرگانیی ڕوسیابووە، کە 28 ملیار دۆلار بووە. لە هەناردەکردندا ڕوسیا بۆ ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا، 40 هەمین وڵات بووە، بەڵام لەهاوردەی کاڵادا لە لایەن ئەمەریکاوە هەر لەو ساڵەدا، ڕوسیا لە ڕیزبەندی 20 دا بووە، کە بە بەهای 22.3 ملیار دۆلاربووە. سەبارەت بە نەوت و وزەش ئەمریکا لە سەدا 5 نەوت و وزەی لە ڕوسیا هاوردە کردووە.
لە لایەکی دیکەوە BlackRock کە گەورەترین کۆمپانیای ئیدارەدانی سامانە لە جیهاندا کە بارەگاکەی لە نیو یۆرکە و سامانی 10 تریلۆن دۆلاری لە ژێردەستدایە، ئەم کۆمپانیایە 17 ملیار دولاری لە کاری سیکوێرێتیدا لە ڕوسیا لە دەست چووە، بە هۆی هەڵپەساردنی سامانییەوە لە 28/02 دا.
هەرچیش سەبارەت بە ئەوروپایە ، لە ساڵی 2021 دا بازرگانی و ئاڵووێر لە نێوانی ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپیدا 257.5 ملیار یورۆ بووە. بڕی هاوردەی ئەوروپا لە ڕوسیا 158.5 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە نەوت و غاز و وزە و کانزاکان و تەختە و پۆڵا و ئاسن هەروەها سەمادی کیمیاوی. هەر ئاواش لە ساڵی 2021 دا ڕوسیا پێنجەم شەریکی ئەوروپا بووە لە هەناردەدا و سێهەم شەرییکی هاوردەی ئەوان بووە. سەرجەمی هەناردەی ئەوروبا بۆ ڕوسیا لە ساڵی 2021دا بایی 99 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە مەکائین و پارچەکانی و سەیارە و داو و دەرمان و ئالەتی ئەلەکترۆنی. لێرەشدا بە ئاشکرا دیارە کە مامەڵەی بازرگانی ئەوروپا لەتەك ڕوسیادا لە عەجزدا بووە، هەناردەی ئەوروپا بۆ ڕوسیا زۆر کەمتر بوە لە هاوردەی.
هەرچیش بریتانیایە تا ئێستا سزای زیاتر لە 350 ڕوسیی کە زیاتر لە 50 کەسیان ئۆلیگارگییەکان و خێزانەکانیانن و بڕی گشتی داهاتیان دوای باج 100 ملیار دۆلارە. لە لایەکی دیکەوە حکومەت بە بڕی سەدەها ملیۆن پاوەن لە کاڵای زۆر گرانبەها و ناوازە [لەکشەری] بلۆك کردووە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی پار، 2021 ، بریتانیا بایی2.6 ملیار پاوەند کاڵا و شمەکی بە ڕوسیا فرۆشتووە، 400 ملیۆن لەمە پارەی فرۆشتنی سەیارەی دانسقە و تایبەت دروستکراو، بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە گۆێرەی داتاکان بریتانیا بازاڕێکی بچوك بووە بۆ كڕینی سەیارە لە لایەن ڕووسەکانەوە، کە نیشانی دەدات کە شتێك زیاتر لە 10 هەزار سەیارە بە ڕوسیا فرۆشراوە، کە لە کاتێکدا بڕی بەرهەمهێنانی سەیارە لە بریتانیا بەهاکەی 850 هەزار پاوەند بووە.
کاردانەوەی جەنگەکە و سزا ئابوورییەکان لەسەر دانیشتوانی بریتانیا زۆر گەورەیە هەر لە مانگی ڕابوردوودا، مانگی شوبات، نرخی خۆراك و خوردن لە سەدا 20 گرانتر بووە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێك لەمەوبەر. کولفەی ژیان لە بریتانیادا لە پایزدا بە ڕێژەی لە سەدا 10 دەچێتە سەرەوە. هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانە ژیان ئەوەندە گران دەبێت کە 23.4 ملیۆن خەڵك لە بریتانیا بۆ ئەوەی بژین دەبێت دەست بە جیهازەکانی گەرمکردنەوەی خۆیانەوە بگرن و هاوکاتیش کەمکردنەوەی هەندێك لە کەرەسەی خواردنی بنەڕەتی کە لە خۆیانی بگرنەوە.
بێ گومان کشانەوەی کۆمپانیای پیترۆڵی بریتانی لەژێر فشاری حکومەتی بریتانیا و کۆمپانیاکانی دیکە لەژێر فشاری حکومەتەکانی تردا هەر وا بە ئاسانی بەسەرماندا تێناپەڕێت و دەبێت ئێمەی باجدەری بریتانیا ئەم باجە قورسە بدەین . ئەم باجەش دێتە سەر ئەو باجەی کە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی غاز و وزەیان بۆ ساڵێك لانی کەم بە 700 پاوەند خەمڵاند لەسەر هەر ماڵێك یا بزنسێك.
سەرەڕای ئەمانەش نوقسانی بوجەی بریتانیا لە 2019 دا گەیشتە 140 ملیار پاوەند بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەم نوقسانییە [عەجزە] بە هۆی ئەم جەنگەوە زیاتر هەڵکشێت کە ئەمە لە کاتێکدا لەسالی 2000 دا تەنها 40 ملیار پاوەند و لە 2010 دا 98 ملیار بووە. لەم بارەشەوە، مارك کەنری کۆنە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەند ماوەیەك لەمەوبەر وتی ” بریتانیا سەبارەت بە ئیدارەدانی عەجزی میزانییەکەی متمانە دەکاتە سەر بەڕەحمیی ساماندارانی بێگانە” . گرانیی لە لایەکەوە و نوقسانی میزانییە ، بە بڕوای ئابوورییناسەکان هەڵئاوسانی پارە لە پایزدا دەباتە سەروی لە سەدا 8 .
هاوکاتیش حکومەتی بریتانیا دەڵێت ” ئەوەی لە توانامانا بێت دەیکەین بۆ پارێزگاریکردن لە بەکاربەر و خەڵك” بەڵام چۆن دەتوانێت ئەمە بکات ؟ ئەی ئەگەر نەیکرد چی ڕوودەدات؟ بێ گومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە ئایندەدا دەستمان بکەوێت.

ئەنجامگیریی:
بە گوێرەی ئەو داتانەی سەرەوە غاز و نەوت بەشی سەرەکی هەناردەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا کە دەکاتە لە سەدا 31 بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا، بریتانیا لە سەدا 7 بۆ ئەمەریکا لە سەدا 5 . لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بەرزبووندایە بێ گومان لە قازانجی ڕوسیایە نەك بریتانیا و ئەوروپا کە تا ئێستا جێگرەوەی نەوت و وزەی ڕوسیایان نییە. گرانبوونی زیاتری غاز و وزەمەنیی زۆر لەسەر دانیشتوانی ئەوروپا و بریتانیا دەکەوێت. هەمان شتیش بۆ هاوردەکردنی سەمادی کیمیاوی کە کێڵگەوانەکان بە پلەی یەکەم زیانیان لێدەکەوێت و لە پلەی دووهەمیشدا بەکاربەران. باشە لەم بارە ناهەموارەدا کاردانەوەی ئەوروپییەکان و بریتانییەکان چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی حکومەتەکانیان چۆن چۆن چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە دەکەن؟ کاتێك کە لە پایزدا ئاو و هەوا دەگۆڕێت.
لە ڕاستیدا زۆر گرانە کە ئەوروپا و بریتانیا جێگرەوەی بڕی نەوتی هاوردەی ڕوسیا وا بە ئاسانی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەوە بکرێت زیادکردنی بڕی دەرهێنانی نەوتی زیاترە لە لایەن دەوڵەتانی ئۆپیکە وە کە خودی ڕوسیا کارایی خۆی لەسەر هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا هەیە وەکو ئێران و لیبیا و ڤێنزویلا، خودی ئەمانیش لایەنگری ڕوسیان، تەنها وڵاتێك کە بیەوێت ئەو بڕە زیاتر بکات کە ئەویس دەبێتە شکاندنی پەیمان و ڕێکەوتنی نێوانیان، سعودییەیە . چارەیەکی دیکە هەیە کە ئەویش لابردنی سزا و گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا و ئەوروپایە لەسەر ئێران. رەنگە ئەم روداوانەی ئەم ڕۆژانە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئەوە، لەوانە گەرمکردنەوەی وتووێژ و بەردانی نازەنین زەگهاری ڕەتکلیف لە بەرانبەر نزیکەی 400 ملیۆن پاوەن کە ئەمەریکاش رازی بوو بەوە کە وەکو بڕێك بۆ کاروباری مرۆڤانە دەبێت سەرفبکرێت.
شتێکی دیکەش هەیە ئەویش دابەزینی بەهای ڕۆبڵە، دراوی ڕوسیا ، کە لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە شکاوە بەڵام لە هەناردەی کاڵادا هێشتا هەر قازانج دەکات .
لە مەسەلەی هەناردەی دانەوێڵەدا لە کاتێکدا کە بە ڕوسیا و ئۆکرانیا سێیەکی دانەوێڵەی دونیا زامن دەکەن زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها و باکوری ئەفەریقا متمانەی سەرەکییان لەسەر دانەوێڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیایە. بۆ نمونە لەسەدا 40 ی پێویستی دانەوێڵەی یەمەن لە ڕوسیادا دەڕوێنرێت، هەر ئاواش میسر گەورەترین هاوردەی دانەوێڵەیە کە لە سەدا 70ی گەنمی لەوێ دەهێنیت. ئەمە کارەسات دەهێنێت. ئایا ئەم وڵاتانە لێدەگەڕێن کە میسر و یەمەن و وڵاتانی دیکە گەمارۆ ئابووریییەکە بشکێنن و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەن؟ یاخود حکومەتانی ئەوروپا و بریتانیا قەرەبوی ئەوەیان بۆ دەکەنەوە؟ هەر بارێکیان بێت ڕوو لە باشی نییە بۆ ئەم حکومەتانە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕوسیا وڵاتێکە کە قەرزەکەی ئێکجار کەمە کە هەتا دوو مانگ لەمەوبەر تەنها 38 ملیار دۆلار قەرزار بوو، کە لە چاو بریتانیادا هەر هیچ نییە، وێڕای ئەمەش متمانەی، کرێدتی، 650 ملیار دۆلاریشی هەیە، کە بڕێکیان نەختینەن و بڕێکی تریان ئاڵتون و ئەڵماس و کانزای گرانبەهای دیکەن .
لە لایەکی دیکەوە ئایا ئەو کۆمپانیانەی کە مامەڵەی بازرگانی و ئاڵووێر لەتەك روسیادا دەکەن تاکو چەندێك دەتوانن تەحەمولی ئەوە بکەن کە پەیوەست بن بە سزادانی ئابوری ڕوسیاوە وەکو کۆمپانیاکانی نەوت، مەکدۆناڵدا، کۆکاکۆلاو، بیبسی بێرگەرکینگ ، ستاربێرکس، کارتە بانکییەکان، ماستەرکارت، هەرە گەورە کۆمپانیای جیهان ‘ بلاك ڕۆك ‘ کە هەر لە ئێستادا 17 ملیار دۆلاری لە ڕوسیادا لە دەستداوە.
ئەوەی کە لێرەدا دەردەکەوێت ئەوروپا و ئەمەریکا و کۆمپانیا گەورەکانیانە کە زیاتر پاشکۆی ڕوسیان، نەك پێچەوانەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە مەتریسیەکی دیکەش لەسەر کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە لە ڕوسیان، هەیە. ڕوسیا ئێستا بیر لە دەستبەسەراگرتن و خۆماڵیکردنی کۆمپانیا و کارگە نزیکەکانی ئەوروپا کە لەوێ هەن ، بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک، دەکاتەوە .
ڤلادیمێر پوتین چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وتی ” کرملین دەتوانێت ڕێگایەکی یاسایانە لە دەست بەسەراگرتنی کۆمپنایا جیهانییەکان بدۆزێتەوە …دەتوانێت ئیدارەیەی دەرەکی بدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەمانە بۆ هەر کەس بیەوێت کاریان لەسەر بکات … یاسا و بازاڕی کافی هەیە بۆ ئەمە” هاوکاتیش دیمەتری میدڤیدیڤ-ی کۆنە سەرۆکی ڕوسیا وتی ” وەڵامی گونجاو” هەیە بۆ سزا و گەمارۆی ئابوریانەی کە لە سەریانە لەوانە ” دەست بەسەراگرتنی سەرەوت و سامانی بێیانە و گریمانی خۆماڵی کردنیان” دواتر ئەوەشی بۆ وتەکانی زیادکردو وتی ” هۆکارەکانیان هەرچۆن بێت ، کۆمپانیا بێیانەکان دەبێت لەوە بگەن گەڕانەوەیان بۆ بازاڕەکەمان ئاسان نابێت”
گەرچی ئەمانە هەڕەشەن لە ئێستادا بەڵام ڕوسیا ڕەنگە بتوانێت بیانکاتە کردار و ئەوەی کە دەیەوێت بیکات، ئەمەش زۆر گران نییە بۆ ڕوسیا کە لە کاتێکدا ڕوسیا دەتوانێت سەرپێچی ئەو یاسا و برگە یاسایانەی بازرگانی و بزنسانەی نێوانی خۆیان و کۆمپانیا بێیانەکان بکات، چونکە لە حاڵەتی ئاوادا ئەوروپا و ئەمەریکا چی تر دەتوانن بکەن جگە لە سزا و گەمارۆی ئابوریانەی زیاتر؟ کە ئەمانەش هەموویان کراون.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
19/03/2022




چیرۆکی نێرگزچنین و نێرگزفرۆشتنەکەم!… د. هێرش رەسوڵ

‎هەمیشە بۆن-ە تایبەتەکەی مەستمدەکات. ئەو بۆنە لای من تەواو ناوازە و سروشتییە. کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری هەمو ساڵێ حەزدەکەم ئەو بۆنە هێمن هێمن رۆبچێتە نێو هەست و رۆح و، تەنانەت مولولەکانی خوێنیشمەوە.

‎تا ئەو ساتەوەختە، تەنها بە دەستی ئەم و ئەوەوە بینیبوم و بۆنیم کردبو.. بۆنی ئەو گوڵە قەد سەوز و چاو زەرد و شەش باڵ سپییە.

‎کە چەپکەنێرگز توند بە لوتتەوە دەگریت و پڕ بە سییەکان بۆنەکەی هەڵدەمژی، دەنکە زەردەکانی ناو گوڵەکە، سەری لوتت زەرد دەکەن. رەنگکردنێکی زۆر جوان، کە هەندێجار هەستیشی پێناکەیت، یا یەکێک ئاگادارت نەکاتەوە.

‎تەمەنم تەنها دوانزە ساڵ و چەند مانگێک بو. لەگەڵ شوانەی خاڵۆزام و کۆمەڵێ منداڵ و گەنجی دیکەی خزم و ناسیاو و
‎دراوسێی ماڵی باپیرم دەچین بۆ چنینەوەی نێرگز.

‎رۆژی پێشتر، من و دایکم لە رانیەوە هاتوینەتە حاجیاوا، شوانە، کە زوتر لەگەڵ هاوڕێکانیدا پلانی ئەو کار و گەشتەیان داناوە، داوا دەکات منیش بۆ سبەینێ هاوەڵییان بکەم.

‎بەیانییەکی زوی مانگی رەشەمێیە، پشوی نیوەی ساڵی خوێندنمانە. ساڵی ١٩٩٥ـە، و من لە پۆلی یەکەمی ناوەندیم. کۆمەڵێ کوڕ و کچ لە حاجیاواوە بەرەو بناری ماکۆک بەڕێدەکەوین. ماکۆک چیایەکی دڵگیرە و لەلایەکەوە بەسەر ناوچەی بیتوێن و خۆشناوەتی و لەلاکەیترییەوە بەسەر دۆڵێ-دا دەڕوانێت.

‎گەشتی لەوجۆرە بۆ من، تاموچێژی تایبەتی هەبو، سەرەتا زۆر بە تاسەوە رێمدەکرد، بە ناو دەشت و دەر و بەردەڵان و تەنانەت پەڕینەوە لە روباریش. دواتر وردە وردە هەستدەکەم هیلاکدەبم. دەکەومە دوای هەموان. شوانە و هەندێ لە برادەرەکانی ئاوڕم بۆ دەدەنەوە، و بزەیەک دێتە سەر لێوەکانییان، وەکئەوەی بڵێن: ها شلەشاری، ئەوجۆرە گەڕان و رۆیشتنانە بۆ تۆ نابن! منیش بەردەوامدەبوم لەسەر هەنگاونان، گوایە ماندونیم و زۆر حەزم لێیەتی.

‎ئەگەرچی دەرکەوتنی نێرگز دەکەوێتە پێش هاتنی وەرزی بەهار، بەڵام بە “گوڵی بەهار”ـیش ناودەبرێت. ئاخر ئەو کوێستانییە و لەناو بەفرەوە سەردەردێنێ و لەگەڵ رەشبونەوەی چیا و بەندەن و نواڵە و بنارەکانیش، وردە وردە جێماندێڵێت.

‎هێشتا نەگەیشتوینەتە شوێنە دیاریکراوەکە. من زو زو دەپرسم: زۆرمان ماوە؟ ئەوانیش دەڵێن: پەلەمەکە، ئێستا دەیگەینێ. لە رێگاکە، ناوە ناوە پەڵەنێرگز دەبینین، بەڵام ئەوان هێشتا پێیانوایە دەبێ زیاتر بڕۆین، تاکو دەگەینە ئەوێ.

‎ئامانجی نێرگزچنین بەرەو سەفەرێکی درێژی بردین. سەفەرێکی جوان و پڕچێژ و یادگاریی. وەکئەوەی بڵێی ئەوە بۆنی ئەو گوڵە کوێستانییە ناسکە شۆخوشەنگەیە بەرەو لای خۆی راماندەکێشێت.

‎خۆ ئەوکاتە بە چیرۆکی ناوی ئەو گوڵە و ئەفسانەکەیم نەدەزانی. دەگوترێت ناوەکە لە ئەفسانەیەکی گریکییەوە هاتوە، گوایە کوڕێکی زۆر قۆز هەبوە بە ناوی (نرسیس)، ئەو کوڕە قۆزە رۆژێک لە کاتی ئاوخواردنەوەدا لەسەر روبارێکدا، روخساری خۆی دەبینێت و تەواو شەیدای جوانی خۆی دەبێت و ئاگای لە خۆی نامێنێت، بۆیە بە دەمدا دەکەوێتە ناو روبارەکە و دەخنکێت، لەو شوێنەشدا کە (نرسیس) گیانی سپاردوە، گوڵێک رواوە، کەوا دواتر بە ناوی ئەو کوڕە خودشەیدایەوە ناونراوە، بەوشێوەیەش ناوی گوڵەکە ئاوا رۆیشتوە و لە ناو زمانە جیاوازەکانی دنیادا بە شێوەگۆکردنی جیاجیا جێی خۆی گرتوە.

‎ تا ئەوکات نەمدیبو پانتاییەکی گەورەی زەویی بەرین بەو گوڵە زەرد و سپییە داپۆشرابێت. مەزرای گوڵی نێرگز، یان وەک کورد پێیدەڵێت “نێرگزەجاڕ”، دیمەنێکی زۆر جوان دەبەخشێت بە ناوچەکە.

‎ماوەیەکی باش لەناو نێرگزەجاڕەکە دەستدەکەین بە نێرگزچنین. هەریەکەمان بەشی خۆی نێرگزی دەکاتە تەلیس (گوێنی)ـەوە. کەشێکی زۆر خۆش و تایبەت بو. بۆنی سەوزایی و شێداریی خاک و نۆبەرەی نێرگز ئاوێتەی یەکتر دەبن. مەستمان دەکەن.

‎پاش بڕینی هەمان رێگا، کاتی نیوەڕۆ تێپەڕیبو، کە بە هیلاکییەکی زۆرەوە گەیشتینەوە ماڵی باپیرم. ماڵی باپیرم (سۆفی حەسەنی ئاڵڵای) لە گەڕەکی (خەندەکەییەکان) بو لە ناحیەی حاجیاوا، خانوەکە لە روبەری ٤٠٠ مەتردا بو، ژورەکانی کەم بون، بەڵام گەورە، حەوشەیەکی فراوانیشی هەبو، ماڵی خاڵە گەورەکەشم (خاڵە حسێن) هەر لەو خانوەدا بو.

‎ئێمە دەگەینە ماڵەوە، هەر کە نەنکم ئێمە بەو ماندوێتییەوە دەبینێ یەکسەر بە پیرمانەوە دێت. نەنکم (هەمینی وسێنی ئاڵڵای ئەمەری) ژنێکی وردیلەی رۆحسوکی میهرەبان بو، تا ئەوکاتەوە هەر چالاک و گورجوگۆڵ بو. چەند ساڵ دواتریش، کارین-ی خوشکەزام کە تازە فێری قسەکردن ببو، ئەمەی بە زارییەوە گرتبو: “نەنکۆڵێ، گورجوگۆڵێ”.

‎نەنکم، دەزانێ سەرباری هیلاکییەکەشمان زۆر برسیمان بوە، بە پەلە چەند هێلکەیەکی خۆماڵیمان بۆ دەکاتە رۆنەوە. بە پەلە نانەکەمان دەخۆین. لەسەر نانخواردنەکەش هەر بیرمان لای نێرگزەکانمانە، ئاخۆ چۆن بە پەلە بیانکەینە چەپک؟

‎ئەو پاشنیوەڕۆیە هەریەکەمان بە تەشتێ چەپکەنێرگزەوە بە کۆڵان و شەقامەکانی حاجیاوا وەردەبین. “یەڵا نێرگز.. نێرگزی گەش و جوان”. بەڵام بەداخەوە من ئەو رۆژە بێئومێد دەبم، تەنها چەپکێکیشم بۆ نافرۆشرێت!

‎خۆ من یەکەمجارم نەبو شت بفرۆشم. لەگەڵ هیوا و هێمن-ی برامدا، کە یەکەمیان پێنج ساڵ و دوەمیشییان دو ساڵ لە من گەورەترە، بەردەوام هاوینان، و دوای تەواوبونی خوێندن دەکەوینە شتفرۆشتن، تاکو لانیکەم بەشی جلی خوێندنگە کۆبکەینەوە. من لە ژیانی منداڵییمدا، ئاو، پسکیت، گوڵەبەڕۆژە، جگەرە، بنێشت، چلورە و مۆطا و ئایسکرێم و کتێب و رۆژنامە و گۆڤار و زۆر شتی تریشم فرۆشتوە.

‎دروست نازانم بۆ هەر چەپکێ نرخی چەندمان دانابو، بەڵام پێموابێ دینارێک یان نیو دینار بو. رۆژی دواتر لەگەڵ دایکم دەچینەوە رانیە. لەوێش بە هەمانشێوە تەشتێ چەپکەنێرگز دەخەمەژێر باڵمەوە و هاواری نێرگزفرۆشتن دەکەم. پێموابێ چەند چەپکێکی کەم دەفرۆشم و ئەوەیتر لە ماڵەوە دابەشدەکەم.

‎هەموجارێ کە لەسەر رێگای دەرەوەی شارەکان و، لە قەراغی جادەکاندا منداڵە نێرگزفرۆشە جوانکیلەکان دەبینم، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو یادگارییە جوانە.




پێکی خیانەت… جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

دەمێکە ڕەخنەگران وشەی خیانەت و گەندەڵی بەکاردێنن، بەڵام ئەم وشانە هێندە سوواون و کاڵبونەوە، کاریگەرییان نەماوە. یاخود ئەوەیە تاکی کورد هێندە لەگەڵ گەندەڵی و خیانەت ڕاهاتووە کە لای ئەو جگە لەوە، بەدیلێکیتر نییە. لێ لەڕاستیدا ئەمە ئەو کارەساتەیە کە بینە قاقای ئێستاو داهاتووی میللەتی ئێمەی گرتووە. چونکە ئەمە کارەساتە کە هاوڵاتییانی وڵاتی ئێمە خیانەت و گەندەڵییان بەلاوە ئاسایی بێت. چونکە گەندەڵی و خیانەت دەبێت ببێتە هەوێنی شۆڕشێکی مەدەنیی و سیستەمی حوکم بگۆڕێت. وە لە مێژووی دەیان وڵاتدا ناعەدالەتی و گەندەڵی خیانەتی دەسەڵاتداران، پاڵنەری هەموو شۆڕشەکان بووە. بۆنمونە گەورەترین شۆڕش لەفەڕەنسا لەسەر تەنها یەک قسە هەڵگیرسا. کاتێک بە شاژنی فەڕەنسا دەڵێن میللەت زۆر برسییەو خەڵک نانی نییە بیخوات. کەچی ئەو بە گاڵتەپێکردنەوە دەڵێ، ئێ کە خەڵک نانی نییە، با پسکیت بخۆن! ئیتر تەنها ئەم قسەیە بویە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی گەورەو تەواوی سیستەمی حوکمڕانی ئەوسای گۆڕی.
بەڵام تێناگەم بۆچی میللەتی ئێمە شۆڕشێکی هاوشێوە ناکات و سیستەمی حوکم ناگۆڕێت. لەکاتێکدا میللەتی ئێمە نان و پسکیتی نییە بیخوات. نەوتو غازو هەموو سامانێکی سەر زەوی و ژێر زەوی بەتاڵان دەبرێت. هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، دەیان جۆری زەریبە لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت، ئازادی نییە، مافی مرۆڤ نییە، کەڕامەتی مرۆڤ پارێزراو نییەو حوکمێکی دیکتاتۆری و مافیایی میللەت دەچەوسێنێتەوە. کەچی خەڵک هەر بێدەنگە.
من پێموایە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان هێندە قێزەونن و خاوەنی پاشخانێکی هێندە دزێوو ناشیرینن وە هیچ شتێک نەماوە نەیکەن لە دزی، فەسادی، بەدئەخلاقی، تیرۆر، مافیایی، سەرانەوەرگرتن و تەنانەت دەستدرێژی سێکسیش بۆسەردایکو خوشکانی ئێمەومانان. بۆیە بەبڕوای من دەبێت لەناو فەرهەنگی کوردیدا بگەڕێین بەشوێن وشەیەکی کاریگەرترو قێزەونتر کە شایستەی پاشخانی پیس و ڕووی ڕەشی دەسەڵاتداران بێت.
من پێموایە هەموو حیزبەکانی کوردی تەمسیلێکی زۆر خراپی حوکمڕانی دەکەن و نموزەجێکی بێئەندازە ناشیرین نیشانی جیهان دەدەن، بەڵام هەرکامێکیان هەرچەندە زیاتر دەسەڵاتی فراوانتر دەبێت زیاتر کاری کوشتن، فڕاندن، دزی لەسەروەت و سامانی وڵات دەکەن.
حاڵی حازر ئەوەی پشکی شێری بەردەکەوێت لەدزی، تاڵانی و سکانداڵە سیاسییەکان ئەوا بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (بنەماڵەی حوکمڕانی تاڵەبانی)و پارتی دیموکڕاتی کوردستان (بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانین) وە زۆر بەدیاریکراوی و تایبەتیتر پارتییە. بەحوکمی ئەوەی پارتی خاوەنی دەسەڵاتی موتڵەقەو تەواوی جومگە سیاسیی، ئابوری و سەربازییەکانی بەدەستە، بۆیە زۆرترین بەرپرسیارێتی بەردەکەوێت. هەرچەندە یەکێتی و پارتی دووانەیەکی خاوەن قێزەونترین ڕابردون و هێندەی وڵاتانی دوژمن، کوردییان کوشتووە. بەڵام لەزۆر شتیشدا جیاوازییان هەیە، بۆنمونە پارتی بەحوکمی ئەوەی بنەماڵەیەکی خێڵەکی و عەشائیر ڕێبەرایەتی دەکات، بۆیە هەستی دیکتارۆری و پاوانخوازی دەسەڵات لای ئەوان زیاترە، پارتی و سەرکردە بارزانییەکان هاوشێوەی دیکتاتۆرەکانی جیهان باوەڕیان بەچەمکەکانی ئازادی، دیموکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ نییە، وە بەلایانەوە ئاساییە کە لەسەر تەنها نوسینێک مرۆڤ بکوژن. هەروەک چۆن پێشتریش دەیانی وەکو سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمەو هتد ییان بەشاراوەیی کوشت و ئێستاش دەیان چالاکوانی سیاسیی و مەدەنیی لەزیندانەکانی پارتین بەبێ تاوان و کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەماییان بۆهەڵبەستوون و بەشێکیشیان لەژێر ئەشکەنجەدانێکی سەختدا ئیعتیڕافیان پێکراوە لەسەر تاوانێک کەهەرگیز نەیان کردووە.
وشه‌یه‌ك نییە قێزه‌ونتر بێت له‌ ووشه‌ی (خیانه‌ت)، خیانه‌ت به‌مانای نه‌بوونی ئاكارو ئه‌خلاق دێت، پشتكردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، خیانه‌تكاران داماڵراون له‌به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كان. .
ئه‌گه‌ر له‌مێژووی پارتی و یه‌كێتی، وردبینه‌وه‌، كه‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری كوردایه‌تی ده‌زانن، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌زۆر وێستگه‌دا خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشـتیمانیان به‌رامبه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، چه‌ندین شـه‌ڕی ناوخۆییان كردووه‌، هه‌زاران ڕۆڵه‌ی بێگوناحی كوردیان به‌كوشت داوه‌، هه‌زاران خانوویان رووخاندووەو سه‌دان ڕه‌زو باخی هاوڵاتیانیان سوتاندووه‌، ئه‌م دوو هێزه‌ شوێنێك نه‌ماوه‌ به‌شـه‌ڕی ناوخۆو هێنانی سـوپای ئێران و توركیا و عیراق وێرانیان نه‌كردبێت، جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستی سوپای داگیركه‌رانیان واڵا كردووه‌ كه‌ ته‌سفیه‌ی نه‌یارانی خۆیان بكه‌ن له‌هه‌رێمداو خه‌باتكارانی كوردی پارچه‌كانی تر شه‌هید بكه‌ن، ئه‌مانه‌ خیانه‌ت له‌دوای خیانه‌ت پیشـه‌یانه‌، نه‌ك شـۆڕشگێرو قاره‌مـان نین به‌ڵكو ڕێویه‌كی ترسنۆكن به‌رامبه‌ر شــێخ و ئاغــا و سـوڵتانه‌كانیان، له‌كاتێكدا به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان له‌پێسـتی شـێردا خۆیان ده‌نوێنن. ..
ئه‌گه‌ر له‌خیانه‌تی (31) ئاب بڕوانین، ئه‌وه‌ تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ”مەسعود بارزانی” ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یدا‌ حكومه‌تی ئەوسای عێڕاق ده‌هێنێته‌ هه‌وڵێر بۆ ده‌ركردنی یه‌كێتی و قه‌تڵ و عام كردنی لاوی ئه‌و شارەو شكاندنی سومعه‌ی كوردو سوككردنی دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی، ئه‌م خیانه‌ته‌ په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ونه‌ به‌نێوچه‌وانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌.
به‌هه‌مان شـێوه‌ له‌ 16 ئوكتۆبه‌ردا باڵێكی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ته‌نهـا له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یان له‌و شاره‌دا، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقی ده‌هێننه‌ سه‌ر كه‌ركوك، بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی پارتی و داگیركردنی ئه‌و شارەو ده‌ركردنی پێشمه‌رگه‌، به‌مه‌ش په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ون ده‌كه‌نه‌ نێوچه‌وانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان.. .
سـه‌رانی كوردایه‌تی له‌دوای خیانه‌تی 31 ئاب و 16 ئوكتۆبه‌ره‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستانیان دەستەمۆو بێدەنگ کردووە به‌زه‌بری هـێزو تیرۆرو تۆقاندن، له‌لایه‌ن شه‌لاتی و جه‌لاده‌كانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌. به‌ڵام له‌ژێر باڵی ئه‌و بێ ده‌نگییه‌دا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی توڕه‌یی بوونی هه‌یه‌، كه‌ پێویستی به‌ ڕێكخستێكی تۆكمه‌ی نهـێنی هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌كات و سـاتی خۆیدا بته‌قێنرێته‌وەو ئه‌م هه‌رێمه‌ لە هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ پاك بكرێنه‌وەو ژینگه‌یه‌كی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ بهێنرێته‌ كایه‌وه‌ تا مرۆڤه‌كان له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌سه‌ربه‌رزی و ئازادییه‌وه‌ بژین، دڵنیابن ڕۆژێك ئه‌مه‌ هه‌ر ڕووده‌دات خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانتان، سامان و ده‌سه‌ڵاتتان ده‌كه‌ونه‌به‌ر سزای گه‌ل و نیشتیمان..
ئەگەر بمانەوێت خیانەتەکەتانی یەکێتی و پارتی بژمێرین، ئەوا کتێبێکی هەزار لاپەڕەیی پڕ دەبێتەوە. بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ڕێککەوتنی فرۆشتنی خۆشیان کردووە، ئەوان خۆشیان فرۆشتووە بە ئێران و تورکیا. ئەوان ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت و غازی کوردستانیان کردووە لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی پەنجا ساڵ کە داهاتەکەی دیار نییەو بەشاراوەیی دەچێتە گیرفانی خۆیان. ئەم دوو بنەماڵە خائینە ڕێککەوتنی فرۆشتنی ئیرادەی میللەتی کوردییان لەگەڵ ئێران و تورکیا کردووە، بەو مانایەی کە ئەرکی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە ئیرادەی میللەتی خۆیان بشکێنن و سەرکوتییان بکەن بۆئەوەی تاکی کورد هەستی خۆشویستنی نیشتیمان و ئینتیمای نەتەوەیی نەمێنێت. ئەوەی لەحەقیقەتدا لەکوردستان حوکم دەکات ئێران و تورکیان. ئێران بە ماسکی یەکێتی لەسلێمانی حوکم دەکات. تورکیاش بە جامانەی سوری بارزانییەکان و ماسکی پارتی لە هەولێرو دهۆک حوکم دەکات.





خۆشویستنی چارەنووس… ئازاد شکۆ

(گرنگی ڕەتکردنەوەی پەشیمانی)

بیرۆکەی خۆشویستنی چارەنووس، ئەو بیرۆکەیەیە کە تاکی کورد زۆر پێویستی پێیەتی، چونکە جۆرە واقیعێک هەیە بێشک پێویستی بەدانایی هەیە و دەبێت سەرچاوەکەی لەهزرەوە هەڵقوڵابێت، بەڵام هەندێک کاتیش پێوستە ڕازبین بەوەی کە لە ژیانماندا ڕووی داوە و بەخۆشحاڵیەوە وەری بگرین، پێویستە بیکەینە پاڵپشتیەکی بەهێز بۆ ڕووبەڕووی ئایندەو داهاتوومان. بەڵام دەبینین بە پێچەوانەوەی ئەم وێنایەوە، لەناو جڤاکی کوردیدا وێنایەکی تر بەشێوەیەکی زۆر نێگەتیڤانە بەرجەستە بووە، دەبینین بەجۆرێک ناخۆشی و تاڵیەکانی چارەنووس و نائومێدیەکانیان ڕەتدەکەنەوەو قبوڵی ناکەن.
بەپێچەوانەوە دەبێت هەموو ئەو ناخۆشی و تاڵیانە پەسەند بکەین بەخۆشحاڵیەوە قبوڵی بکەین و پێشوازی لێبکەین، وەک بەشێک لەچارەنوسی خۆمان لێی بڕوانین.

دەبینین لە جڤاتێکی وەهادا ئەگەر تاکێک لە ڕابردوودا تووشی ڕووداوێکی ناخۆش یان دۆڕانێک یان غەمێک یان حاڵەتێکی نەخوازراو بووبێت، بەجۆرێک تێکیشاندووەو لەناوی بردووە؛ بەجۆرێک خۆی تێدا ونکردووەو دونیای بەسەرخۆیدا وێران کردووە، وەک ئەوەی ئیتر هیچ تروسکاییەک لەم ژیانەدا نەمابێت، ئەمەش بەتەنها نەک خودی کەسەکە بێچارە و نائومێد دەکات، بەڵکو ئەم بیرکردنەوە نێگەتیڤە دەگواسترێتەوە بۆنێو خێزان و ماڵبات و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیشی. بەم کارەش ئەگەر پێی بزانێت یاخود نەزانێت خۆی و دەوروبەرەکەی بەرەو ڕووی دۆخێکی دەروونی ناسەقامگیرو لاسەنگ دەکاتەوە، کە دواجار ئەو گرێبەستە خێزانیەش بەرەو لەناچوون و هەڵوەشانەوە دەچێت، ئەم دۆخە ناهاوسەنگەش لە ناو خێزانەوە ڕاستەخۆ دەگواسترێتەوە بۆ ناو جڤاک.
بەمەش کۆمەڵگایەکی توندئاژۆو ڕقاوی دروست دەکات، لەناخیاندا ڕەگەزگەلێکی وەک بوغزو کینە درووست دەبێت.
بۆیە لێرەدا تاک “نەخێرێکی گەورە” بەرەو ڕووی ژیان بەرزدەکاتەوە، تەنانەت جوانی و فەزیلەتەکانی ئێستاو ئایندەو داهاتووش دەخاتە خزمەتی ناشرینی و تاڵیەکانی چارەنووسەوە. ئێمە دەتوانین ئەم لەئامێزگرتنە بۆ ناخۆشی و تاڵیەکانی ژیان ناوبێنین “نەخۆشی مێژوو”. بەڵام هەموو ئەمانە ئەوە ناگەیەنن کە ڕێگاکان لەپێش ئێمەدا داخراو و ئاڵۆزن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ مرۆڤ هیچ شتێک مەحاڵ و نەکردە نییە، بەڵکو هەموو ئەگەرێک لەپێش مرۆ ئەگەرێکی حەتمی و کراوەیە، چونکی مرۆ خاوەن هۆش و ئاگایییە ئەگەر ئیرادە هەبێت هیچ شتێک لە پێش مرۆ نابێتە مەحاڵ.

بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناهەموواریەیی کە تاک تێیدەکەوێت، پێویستمان بەهەنگاوی کردارەکی هەیە،
ئێمە دەبێت بەخۆشحاڵیەوە چارەنووسی خۆمان خۆش بوێت، ئەو کەسەی چارەنووسی خۆی خۆش دەوێت، هەرگیز هیوا ناخوازیت هیچ ڕووداوێک لەژیانی خۆیدا بسڕێتەوە، بەڵکو هەرچی بەسەریدا هاتبێت پەسەندی دەکات ئیتر ئەو ڕووداوانە باشبن یان خراپ. دەبێت بەئیرادەیەکی باشترەوە قبوڵی چارەنوسمان بکەین و بە ئەداو وزەیەکی زۆر چالاکانەوە بۆ ئایندەو داهاتوو بڕوانین. شین بۆ ڕابردوو ناکەین و خۆزگەو بریا ناخوازین خۆمان تەسلیمی خۆزگەو چارەنوس ناکەین، هەرگیز ناڵێین ئەگەر ئەو ڕووداوە نەبووایە باشتر دەبوو! یان بریا ئەو شتە هی من بوایە! یان خۆزگە ئەوە ڕووی نەدایە! یان خۆزگە فڵان و فیسار کەس لەژیانمدا نەبووبا، بەپێچەوانەوە ئێمە هەموو ئەو خۆزگانە دەکەین بە ئیرادەو چەکێکی بەهێز بۆ خۆشکردنی ژیانمان، چونکی لەم ژیانەدا مرۆڤ مەحکومە هەڵەبکات، ئێمە ناتوانین ڕووبەڕووی ئەو تەحەدیانە ببینەوە ک ەلەچارەنوسماندا ڕوویانداوە، ئێمە نەک ڕقمان لەتاڵی و ناشرینیەکانی خۆمان نابێتەوە کە لە چارەنوسی ئێمەدا بوونیان هەیە، بەڵکو وەک مەعشوقێک لێی دەڕوانین، ئەوەی لەڕابردوودا لەژیانی ئێمەدا ڕوویانداوە، خۆمان بەخاوەنی دەزانین هەموو ئەو ڕووداوانە بەشێکن لەمێژووی ئێمە. دەبێت خۆشمان بوێت و شانازی پێوە بکەیەن. ئەم خۆشویستنی چارەنوس و ئەم ڕەتکردنەوەی پەشیمانیە وەک چاکە و فەزیلەتێک لێی دەڕوانین.

دانیشتن بەدیار ڕابردووەوە هیچ گۆڕانکاریەکی ئەرێنی بۆ ئێمە درووست ناکات، بەڵکو پەرێشانی و تەوقێکە لەدەست و قاچمان ئاڵاوە. بۆ ڕزگاربوون لەم کابووسە نەعلەتییە، هەندێجار پێویستمانە مامەڵە لە گەڵ واقیعی باودا بکەین و پێی ڕازی ببین وەک بەشێک لە بوونی خۆمان لێی بڕوانین، بەڵکو لەوێوە بتوانین ژیانی خۆمانی پێ باشتر بکەین.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە پێویستە هەموو قۆناغێک بەگوێرەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. هەموو ئەو ناشیرینانە بەخۆشحاڵیەوە وەردەگرین پێی قایل دەبین و دەیکەینە ئەرشیفێک لەمێژووی خۆمان تۆماری دەکەین. نابێت چەق بەستوو توند بین، بەڵکو دەبێت ئایدیاکانمان تەسلیمی ئەو لایەنانە بکەین کە یارمەتیمان دەدات بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەق بەستووەی درووست بووە، بەڵکو دەبێت بەپێی پێویستی بارودۆخەکان دەست بۆ ڕێکارەکان ببەین.
کەوایە بۆئەوەی دەروونمان لە فشار ڕزگار بکەین یان مێشکمان بێتەوە سەرخۆی، دەبێت ڕێکەوتنێک لە نێوان خۆمان و چارەنوسمان واژۆ بکەین، بڵێن: “بەڵێ بۆ ژیان”
چونکە ئێمە هەرچی بکەین و هەرچیەک بین ئەو ڕووداوانەی کەڕوویانداوە بریتین لەزنجیرەیەک ئاکام کەچیتر خۆزگە ناخوازین کە شتەکان بەجۆرێکیتر بوونایە.
خۆشویستنی چارەنووس خۆی جۆرێکە لەچاکە، لەبوونی مرۆڤدا بۆ بەڕەنگاربوونەوە یان ڕەتکردنەوەی پەشیمانی تەنها چارەسەرێک کەهەبێت بریتیە لەوەی کەچارەنووس و ئەوەی لەژیانی ئێمەدا ڕوویداوە خۆشمان بوێت، پەسەندی بکەین و پێی ڕازی ببین. ئەم کانسڵکردنی پەشیمانیەش بەهەموو کەسێک ئەنجام نادرێت مرۆڤی چالاک و خاوەن ئیرادەی دەوێت، چونکی ئەوکەسەی کە بزانێت لە هەوای ڕەتکردنەوەی پەشیمانی هەناسە بدات، ئەوکات تێدەگات کە هەوای ئەم بەرزاییانە، هەوایەکی بەهێزە، دەبێت خودی کەسەکە بۆ وەها هەوایەک دروستکرابێت. ئەو سوێری و ناشرینانەی لە چارەنووسماندا ڕوویاندابوو ئێمە دەبێت بیکەینە مەرهەمێک بۆ هەوکردنەکان و ساڕێژکردنی برینەکانمان. سوود لە ڕووداوە نەخوازراوەکان وەردەگرین، خۆمانی پێ درووست و بەهێز دەکەین.”فردریش نیچە” دەڵێت:(هەرشتێک نەبێتە هۆی مردنمان، ئەوا بەهێزترمان دەکات)١ تایتڵی کاری ئێمە بۆ مەزنی مرۆڤ و باڵابوونی مرۆڤ”خۆشویستنی چارەنوسە” واتا نەک ناتوانرێت لەو چارەنوسە لابدرێت، بەڵکو خۆشیشمان دەوێت.

بە شێوەیەکی گشتی ئێمە هەندێک جار ناچارین ئەو دۆخەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە پێی ڕازیبین و قبوڵی بکەین واتا بۆ سەلامەتی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەو گونجاو ناچارین قبوڵی ئەو دۆخەی خۆمان بکەین. هەندێک جاریش چارەسەرێکی باشە کە مامەڵە لەگەڵ واقیعی باودا بکەین، ئەگەر چی لەناخیشەوە تەبا نەبین لەگەڵ ئەو دۆخەدا، بەڵام ناچاریش دەبین ڕازی بین و دانی پێدا بنێین. پەندێکی کۆنی کوردی هەیە دەڵێت: (ناچاری سەرت بە ماڵی دوژمنیشدا دەکات) ئەگەر نا لە حاڵەتێکی زۆر دا زیانمەند دەبێت، هۆکاری ئەمەش زۆرجار مرۆڤ ڕوانینێکی جیاوازی بۆخۆی چێکردووە، وێنەی خۆی بەگەورەیی کێشاوە، زیاد لە ئەندازە خود قەبارەی خۆی گەورە کردووە. زۆر جار دەبینین بەهۆی بێ پلانی و بێ بەرنامەیی و دزی ستەم و گەندەڵیەکانی فەرمانڕەواوە بەهەزاران دەرچووی دانەمەزراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان لەهەرێمی کوردووستان بێ کارن و لەماڵەوە دانشتوون، بەڵام زۆرجار ئەو دەرچوانە هەلی کارییشیان بۆ دێتە پێش بەڵام ئەو دەرچوانە بەبیانووی ئەوەی کەئەوان خوێندەوارن و ئەوان جیاوازن لەچینەکانی تری ناو جڤاک، زۆر جار ڕوانێنکی دژە باو خۆی دزە ئەکاتە ناو ناخیانەوە، هەرگیز ڕازی نابن کارێک بکەن کەلەدەرەوەی کەرتی گشتی. بە بیانووی ئەوەی کە گوایە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی یان ئاستی هۆشیاریان تەباو کۆک نین. هەڵبەت بەو بەراوردکاریەی کە خۆیان پۆڵینیان کردووە، بەڵام ئەم ڕەتکردن و ڕازینەبوونەیان، خۆیان تووشی دابڕان و جۆرێک لە نائومێدی دەکەن. ژیانیان بەڕادەیەکی زۆر پاشەکشەدەکات چەند قۆناغێکی زۆر بەرەو بەپاشەوە دەچن، لەژیان دوایان دەخات، بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لەخۆیان هەبێت تەمەنیان بەسەر چووەو درەنگ کەوتوون، ئیدی ناتوانن بەڕکێفی خۆیان ژیان کۆنتڕۆڵ بکەن، هۆکاری سەرەکی پشت ئەم پاشەکشەیەش بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە کە ئەو کەسانە وێنەیەکی زۆر گەورەیان بۆ خۆیان کێشا بوو پێچەوانەی خوێندنەوەی واقیعی باوی کۆمەڵگا، بۆیە لەهەندێک حاڵەتدا مرۆڤ ناچارە دان بەهەندێ ڕاستی و واقیعی باودا بنێت، زۆرن لەکۆمەڵگای کوردی کە بە بەشی خۆی و چارەنوسی خۆی ڕازی نابێت، کە داوای تۆپ و سەروو دەکات بەڵام هەندێک کات ژیان پێچەوانەی هزری مرۆڤەکان ئاڕاستە وەر دەگرێت، ئەگەر تاکێک یان هەر مرۆڤێک نەتوانێت دۆخەکەی خۆی بەرەوباشتر بەرێت هیچ نەبێت باشترە قبوڵی دۆخی سەپێنراوی خۆی بکات. بە گشتی ئەم وێنایە بە هۆی نەخوێندنەوەو تاڕادەیەک ناهۆشیاریە لەهەمبەر خود و سیستەمی سیاسیش، ئێستا دەبینین دەوڵەت لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە تۆشی حاڵەتێک لە شەلەلی و داڕوخان هاتووە، گەندەڵی نادادی گۆمەڵگای تەنیوە، شتێک نیە بە ناوی شەفافیەت و هاوسەنگی. ئێستا تەنها ئەوە هەیە کە ڕوون و بەرچاوین. واتا چارەنووس ئێستا لە ئەوەندە زیاتر چیتری لەهەگبەدا نییە. بۆیە لەم سەروبەندەدا دەبێت بەپێی بارودۆخەکە هەنگاو بهاوین و ئەو تێڕوانینەی کە بۆ خۆمان درووستمان کردووە، ئەگەر پێمان وابێت ئێمە لە کەشکەلانی فەلەکین ئەوا پێویستە بێینە خوارەوە چارەنوس چی بۆ داناوین بەپێی بارودۆخەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، ئاڕاستەی ئەو “با”یە وەرئەگرین کە شەماڵ ئاڕاستەی دەکات، خۆمان پۆشتەو پەرداخ دەکەین هەتا دەرفەتێکی باشتر دێتە پێشەوە، چونکی گەشتن و سەرکەوتن بەسەر لوتکەدا پێوستی بەتواناو وزەو خۆکۆکردنەوەو تێهزرین هەیە، ئەگەر هاتو ئەو هۆکارانە ئامادەگیان نەبوو لە ئێستادا دەبێت ڕازیبین بەو چارەنوسەی بۆمان دیاری کراوە، پێویستمانە قایل و ڕەزامەند بین.
هەندێکجار پێویستمانە دوای ئەم جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوانە بکەین هەتاوەکو دەرفەتێکی زێڕین دێتەپێشەوە. گرنگە کەپەشیمان نەبینەوە ونەڵێین دەبوو ئێمە لە جێگەو پێگەیەکی تر بووایەین، گازندە ناکەین کە بۆچی ژیان لەگەڵ ئێمە پێچەوانەی خواستی ئێمە دەجوڵێتەوە، بۆیە چارەنوسمان هەرچیەک بێت یان هەرچۆنێک بووبێت، بەشێکی دانەبڕاوە لەخۆمان. ئێمە خۆشیشمان دەوێت، ئێمەو چارەنوس لەناو یەکتریدا تواوینەتەوە هەرگیز خۆمانی لێ بێبەری ناکەین و پەشیمانی ڕەت دەکەینەوە.


سەرچاوە:

١-فردریش نیچە، ئەمەیە مرۆڤ، فەردین دارا، چاپی دووەم-٢٠٠٩-سلێمانی.




فەقێیەکی گوومڕا… 1… شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم/

بیگومان مرۆڤ تازیاتر لێکۆلینەوە بکات و بیربکاتەوەوە بخوێنێتەوە، ئاسوی بیرکرنەوەی فراوان تر و دیدی واڵاتردەبێت، تا زیاتر ئاشنای ڕوانگە و دید جیاواز و، قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی زیاتر بێت و زێدەتر گوتەو تێزی زانایان و عاریفان و ئەندێشەمەندان و فەیلەسوفان بخوێنیتەوە، زیاتر تێدەگات و زیاتر هەڵەکانی پێشووی خۆی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە.
مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و خوێنەوار، هیچ کاتێک لە شوێنێکی دیاریکراو لە پنتێکی دیاری کراوی بیکردنەوەو لەخاڵێکدا ناوەستێت و چەق نابەستێت.

مرۆڤی خوێنەوار و هۆشیار، هەمیشە عەوداڵی گەڕان بە دوای ڕاستیەکان و چوونە نێو قوڵایی شتەکان و ئەو دیوی پەردەی نەزانراوی شتەکانە،
مرۆڤی ژیر و ڕۆشنهزر، بەردەوام بە دوای شتی نوێ دا دەگەڕێت و هەوڵدەدات نوێ تاقی کاتەوە و شتی تازە ئەزموون کات و فێربێت.

مرۆڤی شارستانی و ئاقڵ، هەرشتێک لەگەڵ زانست و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی نەهاتەوە، پولێکی سوتاوی پێنادات و هەرگیز وەری ناگرێت. مرۆڤی شارستانی و ئاقل و خوێنەوار، گۆڕینی دیدو فیکری نازانستی و نائەقڵانی، لە پێڵاو لا ئاسانترە.
مرۆڤی شارستانی و خوێنەوار و هۆشیار، هیچ کاتێک لە گۆڕانکاری ناترسێت و دەمارگیری بۆ ئایینێک دیاری کراو مەزهەب و ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی بیرکردنەوەکی دیاری کراو نییە و کوێرانە و چاولێکەرانە و بۆماوەییانە، شوێن هیچ بیر و باوەڕ و مەزهەب و گرووپ و ئایدیۆلۆژیایەک ناکەوێت.

ئەمڕۆ ئەوەی پێ ڕاستە، بەیانی بۆ دەرکەوت ڕاستیەکەی ئەو هەڵەیە، دانی پییادەنێت و دەستبەرداری ئەو ڕاستیە ساختەیه دەبێت.
مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و ڕۆشنبیر، باوەڕی بە چەمکی ڕەهایی نییە و ڕێژەیی بوونی شتەکان، قەناعەت و بیر و باوەڕیەتی.
مرۆڤی شارستانی تەنها لەڕوانگەی کتێبێکەوە بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤایەتی نابینێت و بڕیار لەسەر شتەکان نادات.
مرۆڤی شارستانی دەخوێنێتەوە، قبوڵ ناکات، کەس لەجیاتی ئەو بیربکاتەوەو بریاڕبدات و هەڵبژێرێت.

مرۆڤی شارستانی لەتونێلی مێژوودا گیرناخوات و بەردەوام خەونی گەڕانەوەی چوونەوە ناو مێژوویەکی کۆنی بەر لەهەزار ساڵە نابینێت و خەیاڵی ئەوە ناکات، ئێستا لەقاڵبی ڕابردوو بدات و واقیع بکات بە قوربانی مێژوو و مردووی ناو گۆڕەکان، لە جیاتی ئەو بڕیار بدەن و بیربکەنەوە و فەتوای بۆ بدەن.
نەخێر مرۆڤی شارستانی کوڕی ڕۆژە و شوێن قیلەو قال و عن عنەی ئەوی تر ناکەوێت، ئەو شوێن واقیع و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی دەکەوێت.
مرۆڤی شارستانی، مرۆڤێکە بەردەوام دەخوێنێتەوە.

ئینجا بابێینەوە سەر ئەسلی مەسەلەکەو چیرۆک و بەسەر هاتی فەقێیە گوومڕاکە باس بکەین و بزانین بەچی و چۆن و بۆچی گوومڕابوو!؟

هەڵبەت من زۆر زوو دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبی هەمەجۆر و فەقێیەکی تابڵێیت نەوەستاو عەجووڵ بووم و زۆر زوو و هەر لە تەمەنی هەرزەکاری و ژیانی فەقێیاتی و قۆناخی خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامیم، دەستم بۆ کتێبی قەبەو سنوری هێڵەسورەکان و بابەتی بڤەو نووسەرە بە تابوو کراوەکان دەبرد. جاری وابووە کتێبێکم کڕیوە لای مەلای مزگەوت لەسەری ڕوبەڕووی کێشە بوومەتەوەو بە هۆیەوە لەحوجرەو مزگەوت دەرکراوم.

بێ گوومان گۆڕانی ئایدیۆلوژی، لەڕووی سایکۆلۆژییەوە قورسە و هێندە شتێکی ئاسان نییە، تۆ وا زوو دەست بەرداری بیر و باوەڕی پێشووت بیت و لە فەقێیەکی دۆگمایی و بابایەکی ئیسلامیستەوە، بگۆڕێیت بۆ کەسێکی نهلیست و عەدەمی و سیکۆلاریست.
من ئەو گۆڕانکاریەی دووچارم بوو، بە ڕێگای خوێندنەوەو تێڕامان و بیرکردنەوەو بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و لەڕێگای میتۆدێکی لۆژیکی و زانستیەوە بوو، نەک سۆز و عاتیفە، یان، ڕق و کاردانەوە.

ئازیزان چۆن گۆڕام و بەچی گۆڕام و بووم بە فەقێیەکی گومڕا؟ لەمیانی باسکردن لە چۆنیەتی بوونم بە فەقێیەکی گومڕاو سەر لێ شێواو لەدین دەرچوو، وەک هەندێک لە مەلاکان وایان پێ دەگووتم.

یەکێک لەو نووسەرانەی کە بووە هۆکاری ئەوەی من بگۆڕێم و ببم بە فەقێیەکی گوومڕا. عەبدولکەریم سروش بوو،
بە تایبەتی کتێبەکەی«ڕێگا ڕاستەکان». بۆ من ڕاچڵەکینێک بوو، سەبارەت بە قۆناغی بەنج و غەیبوبە و دۆگمایی بوونی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵی و بیرتەسکی و ئاسۆداخراویم و تەنها بەڕاستی زانینی تاقەڕێگایەک و قۆرخکردنی ڕاستیەکان و حاڵی نەبوون لە پیرۆزی چەمکی پلورالیزمی ئایینی.

سروش ئەو کەسەبوو، کاریگەری زۆری لەسەر دروستکردم. دانراو کتێبەکانی(ڕێگا ڕاستەکان، نیوەی پەنهانی فەیلەسووف، کەلەپوور و سیکولاریزم، ئەقڵ و ئازادی، تەنها ئەزموونی پێغەمبەر، سیاسەت و ئایینداری، پلورالیزمی ئایینی، ئاین لەسەردەمی مۆدێرنەدا) و بەتایبەتی ڕێگاڕاستەکان، دەروازەیەکی زۆر گرنگ و باشبوون بۆ ئەوەی من تووشی کرانەوەی فیکری و توانەوەی ئەو بەستەڵەکەی ئەقڵ ببم و لەو تونێڵە تاریکەی ئایدیۆلۆژی بێمە دەر و لەوە تێبگەم، دنیای مرۆڤایەتی گەلێ لەو حوجرە داخراو چاڵە فیکریەی من تێیکەوتووم، فراوانتر و ڕێگاکانی ڕاستی و حەقیقەتەکانیش، زۆر لەو ڕاستیە ساختەیەی من بانگەشەی بۆ دەکەم و پێی تەڵقین و گەوج و گۆشکراوم زۆرترن.




دڕک… شيعر: مسعود هوشمند… وەرگێڕانی :پشکۆ نكام

” خار”

ئەی خودا
من کارم بەکەس نیە
بەڵام زامداریی دەستی هەمووان
بووە بە کارم
لە نەناسیاو و لە ئاشن
پاشقول گرتن و مەرگ
بووە بە کارم

خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە
مایەی ڕەنج و خەڵەتاننم نەبوایە
ئاخر ووشیاری غەمێکی گەورەیە
خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە
لەو بەرزاییە دانیشتووی ئە خودا

بزانە لە چ ئازارێکایە دونیا
پێ ئەخەمە هەر کوێ یەک
هەر کوێ یەک ئەڕۆم
لە پێش چاووم ئەبینم
ئابڵۆقە دراووم

ئەی خودا

من ئاگاداری هیچ نیم
بۆچی هەموو گوڵێک
ئەبێ بە دڕک لە پێش چاووم ..!!
ووردە ووردە
هەست بە مەرگ ئەکەم
وێنەی زەردەخەنە
مردوە لەسەر لێوم
خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە
مایەی ڕەنج و خەڵەتاننم نەبوایە
ئاخر ووشیاری غەمێکی گەورەیە
خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە

ئەی خودا
هەر کەسێکم پێ ئەگا
لە پێش قاچم
چاڵی دووڕوویی لێ ئەیا
خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە
مایەی ڕەنج و خەڵەتاننم نەبوایە
ئاخر ووشیاری غەمێکی گەورەیە
خۆزگە ووشیاری بە نسیبم نەبوایە




مرۆڤکوژی لەنێو کوردانی ئێراقدا… کاوە جەلال

کوشتنی ماریا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناخی گەلێک کەسی هەژاند، پەرچەکردارەکانی نووسین، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا، لێ کەمتر لە سایتەکاندا، دەریانخست کە لەنێو کوردانیشدا هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە کەم نین. پێدەچێت لەدژی ژنکوژی زۆرتر پەرچەکرداری ئاشکرا بنوێنرێت، چونکە کردارێکی ڕەگەزییە لەدژی ڕەگەزی مێینە و زۆر کەس لە مرۆڤدیدیی خۆیانەوە قبووڵی ناکەن، چونکە بەئاگان لەوە کە ڕیشەی ئەو تاوانە بۆ ئاین و دەسەڵاتی سیاسی دەگەڕێتەوە.
پرسێکی کرۆکی و گەرەکی دانوستاندن لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە دەڤەری جڤاکی و سیاسیی کوردان تەنراوە بە درۆی “مافی مرۆڤ” و دامەزراندنی رواڵەتییانەی “وەزارەتی مافی مرۆڤ” (گەر مابێت، لێ ئەو وەزارەتە هەبوو). ئاشکرایە هەنگاوی بەم جۆرە یەکێکە لە ساختەچێتییەکانی نوێنەرانی کوردایەتیی ڕیال (واتا یاخیبوونی چەکداریی ستەمکارانی کورد) کە بۆ مکیاجکردنی دەسەڵاتیان تێگە و واژەی دامەزراوەییانەی خۆرئاوا وەردەگرن. لە بنەڕەتدا کوردەکان بەگشتی (بێگومان جیهانی کولتووریی ئیسلامیش، لێ ئەمیان بابەتی ئێمە نییە) تا ئەمڕۆ تێگەی “مرۆڤ”یان نییە وەک بوونەوەرێکی گەردوونی کە مافی هەیە مرۆڤێتیی خۆی کرۆکییانە ئاوەڵابکات و بژێنێت، بەڵکو لای ئەوان تاکی مرۆڤ وەک باوک و دایک، خوشک و برا، نەنک و باپیر، پوور و خاڵ و مام و هتد پێناسە دەکرێت. بەڵێ شێوە ژیانی ڕێژەییانە کراوەی کەسان بەدەگمەن جیهانبینییەکی هومانی لە خۆ گرتووە کە دەشێت ببێت بە هومانیزم و سەرجەم کایەکانی ژیان و ڕەفتاری تاکەکەس بتەنێت، کە ئاشکرایە تەنانەت کاریگەری لەسەر شێوازەکانی نوکتەبازی و ڕوانین لە مرۆڤانی پیر، کەمئەندام، معەوەق و دەروونشێواو و هتد دەنوێنێت. ئاخر مرۆڤ لە هومانیزمدا هەرگیز بە هیچ مرۆڤێک ڕانابوێرێت، هەرگیز کێماسێکی جەستەیی ناکات بە بابەتی نوکتە و پێکەنین، تەنانەت دەشێت دەرچوونی “تڕ” لە پیرێکی پەککەوتەوە یەکسەر وەک لەکارکەوتنی کارایی فیزیکییانەی لەش ببینێت نەک وەک تێکەوتنێکی شایانی پێپێکەنین.
ئاشکرایە ئیسلام بەگشتی دوژمنی مرۆڤێتیی مرۆڤە و دەیەوێت ئاڕاستەی هۆش و دەروونی ئەو ڕووەو غەیبانییەتێکی هۆنراوە وەربچەرخێنێت، هاوکات بە ترس و تۆقاندن لە ئەودنیا، یان بە تامەزرۆکردنی بۆ ڕابواردنی ئەبەدی لە ئەودنیا، بیکات بە تەسلیمبوویەکی بێپرسیار. ئیسلام دەیەوێت سەرجەم پەیوەندییە جڤاکییەکان لە بنەما چەسپێنراوەکانی خۆیەوە بنیاتبنێت، ئەوجا گەر بنەماکانی پێویستیان بە ڕوونکردنەوە بێت، ئەو تەنیا بابەت-گەرایانە تەفسیریان دەکات – تاکلایەنە. واتا ئیسلام وەک بابەت-گەرا (کە هاوکات پیرۆزاندنی بەرد و گۆڕ-پەرستیش لە خۆ دەگرێت) هەر داڕشتنێکی نڤیسکی لە کتێبەکەی خۆیەوە وەک بابەت، وەک شت (thing)، دادەنێت و لێوەی سۆفیستییانە، واتا بەهێزی وشەی زارەکییانە گۆکراو، ڕەوایەتی بە ڕێنوماکانی خۆی دەدات. ئەم بابەتگەراییە، یان بەشتکردنە (Verdinglichung / reification) کە بە هێزی زمان ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی سەلەفییەکان تەواو مەبەستمەندانە و بەدەر لە سەرجەم سپیریتوالێتی دەیگەیەنن بە ڕادەیەک کە ئیدی ڕستە گۆتراوەکان وشکهەڵدێن؛ ئەوجا، کەمێک نەرمتر لە ئەوان، نوێنەرانی دیکەی ئیسلامی سیاسی وەک دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە ڕێکخراوی سیاسیی خۆیان دەیخەنە بواری پراکسیسەوە؛ پاشان بابەتگەراییەکە لای پیاوانی میللیی ئاین شێوەیەکی کەمێک نەرمتر لە هەردووکیان وەردەگرێت، کە بێگومان ئەمانیش ناوێرن لە هەردوو ڕووەکەی تێکستەوە خۆیان بە بابەتە ئاینییەکانیانەوە خەریک بکەن: لە ڕوویەکی فیزیکییەوە وەک تۆماری سەر کاغەز (یان وەک دەنگ)، لە ڕوویەکی دیکەی هۆشەکییەوە وەک ناوەرۆکی ڕاگەیەنراوی ڕستە کە هۆشێکی لە خۆ گرتووە، یان لەتەک هوسەرل بدوێن، نووسراوەکان لە ڕووی پسیکۆلۆگییەوە وەربگرن و بییانکەن بە پرسی لێوردبوونەوەی “فرەلایەن” و “سەنگاندن”، ئەوجا دانوستاندن. بە شێوەی کۆنکرێت ببێژین: کاتێک لە جوویەتیدا دەگۆترێت کە تەورات یاسای خودایە و ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە لە نێویدا بۆ ڕاستی بگەڕێت (ئەم تێڕوانینە هەروەها کریستیانەتیش دەگرێتەوە)، ئەوا لە ئیسلامدا بە پێچەوانەوە دەگۆترێت کە قورئان ڕاستیی ڕەهایە و ئەرکی مرۆڤیش ئەوەیە کە خۆی لە بەردەمیدا بچەمێنێتەوە!!
پیاوانی ئاینییانە چالاکبوو هەروەها بابەتگەرایانە، لە ترسی ژیانەوە، لە تۆقینی پیاوانەیانەوە لە سەرجەم دیاردە و کردارە ئەمڕۆییەکانی فرە گەنجانی نێر و مێ، بەردەوام دەهۆڵی سزا بۆ ئەو کەسانە دەکوتن کە ڕێگەی ئەوان ناگرنە بەر، بەڵێ ئەوانی هاندەر تەنانەت برا لە برا و خوشک نامۆ دەکەن. لێرەوە ئیدی برا ماف بە خۆی دەدات بۆ ئەوەی خوشکی خۆی دارکاری بکات، دیلبکات، تەنانەت بکوژێت، تا بە حساب ناموسی خانەوادە بپارێزێت یان بشواتەوە، لێ ئەو هەروەها خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت بۆ ئەوەی ڕاببوێرێت، کچ سووک بکات یان ناوی بزڕێنێت.
ئەوجا لەپاڵ ئایندا دەسەڵاتدارانی سیاسی دێن کە ئەو جۆرە تاوانانەیان کردووە بە کرداری ئاسایی. ئەمان خۆیان، بەتایبەتی مەسئولە خولەچەخماخەییەکانی کوردایەتیی ڕیال، ئاوی تاوانبارییان دەرهەق بە کیژان و ژنانی “بڕێک لاداو” ڕشتووە، چونکە لەو بڕە لادانەدا کە بێگومان لادان نییە، بەڵکو کرانەوەی مرۆڤییە، لەقبوونی زەمینەکانی ژیانی پیاوسالاریانەی خۆیان دەبینن. لە بنەڕەتدا ژنکوژی، کیژکوژی، دەستبردن بۆ شکۆی ژن لەنێو خەبات و لە شوێنی کار، لە کوردایەتیی ڕیال (لە شەڕوشۆڕی چەکداریی نێو شاخ و داخەکان) جیانابێتەوە، ئەوە بێگومان لە هەرە سەرەتاکانییەوە، لایەنی کەم لەکاتی کوشتنی “مارگرێت”ەوە تا دەگات بە ناوزڕاندنی ژنانی کوردایەتیکەری کەمێک کراوە – کردنیان بە “قەحبە”.
بەڵێ کاتێک “نزیکەی” لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا باندەکانی تاوانکاریی ڕێکخراو یان مافیایی نهێنین و دەسەڵاتی دادوەری بەدوویاندا دەگەڕێت، ئەوجا گەر بگیرێن، ئەوسا حوکم دەدرێن، ئەوا لای کوردەکان بە پێچەوانەوە ئەو باندانەی تاوانکاریی رێكخراو خۆیان حوکم دەکەن و دەستیانناوەتە بینەقاقای دامەزراوە و دادگەکانەوە – بە ناوی کوردایەتییەوە!
سەرەڕای ئەوە ژنکوژی لەنێو کوردانی ئێراقدا بەشێکە لە مرۆڤکوژی بەگشتی، کە بەدەگمەن وەک تاوان پەرچەکردار دەهێنێت. بۆ نموونە کوشتنی گەنجێک، مەرگی تەمومژاویی کەسێتییەکی وەک “فوئاد یاسین”، ناسراو بە “فوئادە ڕەش”، نزیکەی هیچ پەرچەکردارێکی وەک پراکسیسی خەباتگێڕانە لێناکەوێتەوە، کە ئیدی خەڵک گرووپ گرووپ یەخەی دامەزراوەکان بگرن و داوای ئەنجامدانی ئیجرایان لێبکەن، یان میدیاکارانی بە حساب ڕەسەن بکەونە بەدواداچوون بۆ ساغکردنەوەی هۆی تاوانەکان و بە نووسینی بەردەوام بییانهێننە نێو ئاگایی گشتییەوە. ئاخر نەک تەنیا کوشتنی (؟) چالاکوانێکی وەک فوئادە ڕەش کە جگە لە کاری مرۆڤدۆستانە و ژینگەپارێزی و کولتووری هیچی دیکەی نەکردووە، بەڵکو کوشتنی مرۆڤێکی ئاساییش کە تەنیا ژیانی خۆی بەڕێوە بردووە، ڕووداوی ترسێنەرن کە پێویستە هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت، چونکە دەشێت ڕێخۆشکەر بن بۆ تاوانکاران کە بێ سڵەمینەوە کەسانی دی بکوژن. بێگومان ڕاستە کە خەمی نەمانی چالاکوانەکە بڕێک زیاترە، ئەمەش لەو ڕووەوە کە کەسێتییەکە چالاکانە هاتووەتە نێو ژیانی سیاسییەوە (سیاسی لە واتا فراوانەکەیدا) و ویستوویەتی جڤاکییانە و کولتوورییانە سوودمەند بێت، کە ئیدی ئەم هەقیقەتە و مەرگی تەمومژاویی ئەو دەمانبەن بۆ گەلێک پرسیار لەبارەی هۆکاری لەناوچوونی یان دەستێکی بکوژ، بۆ نموونە دەزگایەکی موخابەراتیی بیانی کە دژی کردارە مرۆڤپەروەرییەکانی ئەو بووە، یان هێزێکی سیاسیی ناحەز و هتد. سەرەڕای ئەوە کوژرانی مرۆڤە ئاساییەکەش مایەی راچڵەکینە، چونکە ئەویش سروشتییانە نەمردووە، بەڵکو دەستێک لە دەرەوە کۆتایی بە ژیانی هێناوە، دەستێک کە مافی نییە کۆتایی بە ژیان بهێنێت، لێ گەر بیکات، ئەوسا دەبێت سزای توندی یاسایی بدرێت، ئەوجا گەر هیچ سەروەرییەکی یاسا نەبێت، دەبێت بەگوێرەی یاسای سروشتی بکوژرێتەوە. بەڵێ لەو بنەمایەوە کە هیچ کەس بۆی نییە کەس بکوژێت، گەرەکە وەڵامە پراکتیکییەکانی ئەو جۆرە تاوانانە پەرەیان پێبدرێت بۆ شێوازی دیکەی خەبات لەدژی تاریکیپەرستان و سەلەفییە سێکسیستەکان، بەری مینبەرەکانیان لێبگیرێت و ڕسوا بکرێن، هەروەها لەدژی عەسابە خولەچەخماخەییەکان کە بەردەوام بە ئاشکرا و بە نهێنی تاوان لەدژی کیژان و ژنان، بەگشتی لەدژی مرۆڤانی کورد، ئەنجام دەدەن.




پیتەکان… ئازاد سوبحی

ئەی پەتریارکە پیرەکان
ئەوە گۆپکەی گوڵەخوێنی ئێمەیە ئەستێرەکانی پۆشیوە، یان دوومەڵی میکرۆبە نەمرەکانی تەوتەمەکان؟

-د-
دەستی ئاگردزەکان لەودیوی سنوورەکانەوە ئەندازەی ھێڵە نەبینراوەکان دەگۆڕن، حورمەتی مۆمە زەردەکان ڕیسوا ئەکەن، پەنجەرەی نوێ بۆ زوڕناژەنە فریودەرەکان واڵا ئەکەن.
گوڵەگەنم.
بە تاڵی مووی گایەکی گۆشتن بە کاغەزی دۆلارەوە ھەڵواسراوە.
لەمدیوی سنوورەکانەوە، گیرفان و نینۆکمان پڕن لە ھەڵدێر و سەرباز.
سپێتیمان دەخوێننەوە، لەسەر ڕوومەتی خەونەکانمان جارێکی تر وێنەی پلیکانە ونبووەکان دەکێشنەوە. ئەڵێن ئێمە خۆڵەمێشی لۆچەکانی دڵتان ئەسڕینەوە، فرمێسکی ڕژاوی دەزگیرانەکانی گوڵەگەنم ماچ ئەکەین. جووڵەی ئەسپە سیحرییەکان بەم ئەستێرە کڵۆڵە ئاشنا ئەکەین.

-و-
وێرانییەکان لە چەقی جەستە بازنەییەکانماندا کفن و تیزاب ئەڕژێنەوە.
ئەوە باڵای ڕۆحی شەرمنمانە لەژێر چەپۆکی تفەکانا ڕاوەستاوە.
دەست بۆ سێبەری درەخت بەرن، با پاسارییە کوێرەکانى مێژووی ئاسن بخوێننەوە.
ئەوە پلازمایە، یان ئەسید. ئەڕژێتە دەمارەکانمانەوە. ئەمە مەرگە، یان کەرنەڤاڵی نەعل و خوێن؟

ز-
زایەڵەی سەمای کانزاکان سروودەکانی گەنجێتی خۆی ئەڵێتەوە. (دڵە مەییوەکان لە ترسا باڵیان لە ئاسمانەکان ئەخواست و بە شڵەژاوی بۆ کەلێنە سەرابییەکان دەگەڕان.) لەسەر پلیکانەی ئاوازە ئاسنینەکان، کفنە بەتاڵەکان بۆ لاشەی ونبووی بۆشاییەکان دەگریان.
(ئەو بۆشاییانە پێش مردنیان ھەرەسی ئەفسانەکانیان بینی.)
ئەوان سیحری ترسیان بینی.
کێ فریا کەوت دڵۆپی ڕق بۆ مەرگی ھەوا بڕێژێ؟
شارەکان دەخزانە ناو گیرفانی یەکدییەوە، دایکەکان مەمکیان بۆ کۆرپە جێماوەکانیان دەبڕی.
سمۆرەکان چاویان لەژێر سێبەری دارگوێزەکانا لە بیر چوو.
شارەکان ڕژانە ناو چارەنووسی ئاسنەوە.
ئەوە سەفەری ئامادەبوون بوو، ویستمان لەسەر لووتکەکان، سەرەتاکان داگیرسێنین، کاتژمێری سەر تەنافەکان بە ئاگا بێنین، خۆمان باڵای زەمەنێکی مێیینە بین. چاویلکە و نەخشەکانمان ڕۆچوونە دۆڵەکانەوە. لەناو پاڵتۆ و ھەنگاوەکانمانەوە دڵ و فرمێسک دەردەپەڕن. خواوەندەکان نەیانتوانی گۆچانێک بۆ گریانەکانمان بدۆزنەوە. ئەوە پاشماوەی ڕۆحی تۆراومان بوو، لە پێچەکانا بە جێ ئەما.

-خ-
(خۆرەکان ئێستا لە تونێلەکانی کوێرێتیدا شیوەنی پارچەکانی ئاگر ئەکەن.)
ئەی تیشک
ئەی نھێنییە نەگۆڕەکەی نێوان بوون و نەبوون، تۆ نەبێ چۆن پەپوولە و تابووت لە یەکتری جیا کەینەوە؟ چۆن بتوانین مناڵ و گۆچان لە یەکتری جیا کەینەوە؟
ئێمە ھەروا لە بەر دەرگا داخراوەکانا نینۆکەکانمان بکرۆژین، یان لەناو وردوخاشبوونمانا بۆ پارچەکانت بگەڕێین؟

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی ھەرێم، ژمارە (١٨)، 8/4/1993, ل:8.




بەرگریکردن لە منداڵان، بۆ دایکان و باوکان… جوبران خەلیل جوبران و: هاوڕێ خالید

دایکان و باوکان
منداڵەکانتان موڵکی ئێوە نین، ئەوان کوڕ و کچی ئەم ژیانە بەردەوامەن.
ئەوان لە ڕێگەی ئێوەوە هاتوونەتە دنیاوە، نەک بۆ ئێوە.
هەرچەنده لەگەڵ ئێوەدا دەژین، بەڵام هی ئێوە نین.
ئێوە دەتوانن خۆشەویستییان پێ بدەن، نەک بیرکردنەوەکانتان.
چونکە ئەوان خاوەنی بیرکردنەوەی خۆیانن..
ئێوە دەتوانن جەستەی ئەوان داگیر بکەن، بەڵام ڕۆحیان نا.
چونکە ڕۆحیان نیشتەجێی دوارۆژێکە،
کە ئێوە لە خەویشدا پەی پێنابەن.
ئێوە دەتوانن وەک ئەوان بن، بەڵام هەرگیز هەول مەدەن ئەوان وەک خۆتان لێبکەن.
چونکە ژیان نەدەگەڕێتەوە بۆ دواوە و نە لەلای سبەینێدا دەوەستێت.
ئەوان تیری زیندوون، هێز بە ئێوە دەبەخشن تا لە کەوانی ژیانەوە رووە و ئامانجە بێکۆتاکان خێراو دوور هەڵیان بدەن.
کەواتا با لە پێناو خۆشی و شادومانییدا له دەستی کەوانداری ژیر دابن،
چونکە ئەو تیرانەی لە کەوانەکەوە دەفڕن، بە هەمانشێوەی کەوانەکان مەچەکەکانیان لا خۆشەویستە.




کچەی نێرگز… عارف کوردە

هیچ نازانم
چی جوانە، دڵ ڕفێنە
چەپکە نێرگزی ناو دەستت
یان بریسکەی ئەو چاوانە
هیچ نازانم
چی دڵ بەخور..پە… ئەهێنێ
ناسکی نێر..گز
سێوی باخەڵ
یان تەتەڵەی ئەو ..لێوانە.
هیچ نازانم..
باڵای نێرگز شۆخ و شەنگە؟
یان ئەو کیژەی
خۆی بووە بەنێرگز و
لەرەی باڵای وەک شەبەنگە.
هیچ نازانم
لەهاوکێشەی ئەم ژیانە
بۆچی ئەبێ.. تۆ لێرەبی
لەناو ئەم ترافیکانە
دەستەکانت چەپکە نێرگز
خۆشت بویتە..بەئینجانە.

عارف کوردە




گەرداوێک لە فنجانی (اربیل)… مصطفى فحص… وەڕگێڕانی: فازیل شەوڕۆ

ئێران، ئەمجارەیان بۆ نیشانەگرتن لە هەولێر، پێویستی بە مووشەکی بالستی بوو، بۆ ڕاستکردنەوەی ئاراستەی سیاسی لە بەغدا، فەزاحەتکە لێرەدا ئەوەبوو کە ئاستی قەیرانەکانی ناوەخۆ و دەرەوەی، ناچاریان کرد مووشەکی کاتیوشا بگۆڕێ بە مووشەکی بالستی و لە بریکارەوە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانی ئاغای ڕەسەن، بە ئومێدی چارەسەکردنی زۆربەی ئەو دۆسییانەی کە بەرژەوەندە بایەخدارەکانی ئەو لەخۆ دەگرن. جیاوازیی لە جۆریی مووشەکەکانی هاویشتوویەتی، بەڵگەی ئەوەیە کە قەیرانەکانی گەیشتوونەتە ئاستێک کە پێشتر نەیبینیون، نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە هەرێمەکانی سوریا و یەمەن و لەڕەنگدانەوەی نەرێنییان لە ناوەخۆیدا، ناوەخۆیەک کە ئاوسە بە قەیرانان. بۆیە ئێران بە ڕاستیی عەوجە بە نمایشکردنێکی بالستی بوو بۆ ئارایشتکردنی وێنە و هەیبەتی ڕژێمەکەی دوای چەندان نشووستیی هێنانی، لە بوارەکانی ئەمنی و سەربازیی لە ناوەخۆ و لە دەرەوە.
هەیبەت و سەڵتەنەتی ڕژێمی ئێران لە مەحەکد دابوو، ئاخر نووشستییە ئەمنی و سەربازییەکانی یەکجار حەیابەربوون، فەزاحەتە ئەمنییە هەرە ئابڕووبەرەکەی ئەمدواییەی ئەوبوو، کە ژنە ــ جاسووسی ئیسرائیلی، کاترین بیرز شکدم، پەردەی لەسەر ڕاماڵی، ئەو ژنە بۆ چەندان ساڵ، گۆیا ڕۆژنامەوانێکی فەرەنسییە، لە دامودەزگا میدیایەکانی ئێران کاری کرد و سەرکەوتووانە توانی پتر لە سەت کەسیەتیی ئێرانی لە خشتەبەرێ و زانیاری ورد و دەقیقیان لێ دەربێنێ، بەتایبەتی کە زۆرانی گیرۆدەی عێشق و ئەڤینی خۆی کرد. ئەو بێ پێچ و پەنا ئاشکراکرد کە توانییەتی موڕشیدی ئیرانی لە یەکەم زیارەتی بۆ ئێران بینێت و ببێتە یاوەری ئیبراهیم ڕەئسی، لە زۆبەی گەڕان و سووڕانەکانیدا لە کاتی هەڵبژارندا. تەنانەت لە ئاشانسی (تسنیم)ی سوپای پاسداراندا کاری کردووە.

لەو ڕاپۆرتانەی، هەرچەندە دەرفەت نەبووە پشت ڕاست بکرێنەوە، کە لە هێندێک دامودەزگای ئەمنی ئێرانییەوە دزیان کردووە، نیشانی دەدەن کە ئیسرائیل بە تەواوەتی خۆی خزاندووەتە نێو دامودەزگاکانی ئەمنی و سەربازیی دەوڵەت و توانیویەتی بە سەدان کەس لە ئاستی وەزیفی یەکجار باڵا لە تۆڕی ئاڵۆزوپاڵۆزدا بکاتە بەکرێگیراوی خۆی. دەڵێن، لە ڕێی ئەو تۆڕانەوە، ئیسرائیل توانیویەتی ئەرشیفی وزەی ئەتۆمی ئێران بدزێت و گەورە زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە بکوژێ. ئەوان یارمەتی و کۆمەکی ئیسرائلیان کردووە لە ئەنجامدانی چەندان چالاکی برنجی لە ناو کوورە و دامودەزگاکانی ئەتۆمی و شوێنە بایەخدارەکانی دیکەی ئێران. لەمدوایەشدا، تەل ئەبیت، خراپ دەستی لە گەورەترین جبەخانەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەی کرماشان وەشاند و زەبرێکی گەورەی لێدا. ئەو ڕووداوانە لە لایەک و ئەو دۆسییە ئەمنی و سەربازیانەی سووریا کە چەندان ساڵە ئیسرائیل دەستیان تێدادەگێڕێ لە لایەکی دیکە. ئەو کەتنانەی لە لوبنانیش بەسەری دێ، کەمتر نییە لە ئەوانی دیکە.
بۆیە دەکرێ بڵێین، مووشەکەکانی هەولێر، کاردانەوەیەکی پووچ و بۆش بوو، بۆ پەردەپۆشکردنی نسکۆ ئەمنی و سەربازییەکانی بوو کە ڕژێمی ئێرانی ئیحراج کرد و هەیبەتی برد و ئەو هاوار هاوارەی ئەو دواییەی پۆچەلکردەوە کە گۆیا خاوەن پارسەنگی هێزی تۆقێنەرن بەرانبەر هێزی ئیسرائیلی. بەتایبەتی، کە ئێران هەردەم دەستەوەستان بووە لە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل، ئەسڵەن هێزی بەربەرەکانی و تۆقاندنی هەر نییە. هەر ئەمەش وای کردوە تەل ئەبیب، لە ناو ماڵی ئێران و لە دەرەوەیدا، بێمنەتانە، دەستی خۆی بوەشێنێ. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەمان ئەوەیە، وێنەکانی ئەو خانوبەرەی کە لە هەولێر درایە بەر مووشەکان و (بە گوێرەی ریوایەتی ئێران) مەکۆیەکی بایەرخدار بووە، هەر دەڵێی بە یارییە ئاگرینەکان بۆمباران کراوە، نەک ٦ مووشيکی بالستی ئێرانی بەرکەوتبێ!

ئێستا، دوای ئەو هەڵچوون و خۆ گیڤکردنەوەی ئێران لە هەولێر، پرسیارە سیاسییەکەی یاخەمان دەگرێ ئەوەیە: ئایا قەبارە و کێش و هێزی یاخیبوون لە ئێراق گەیشتووەتە ئەو ڕادەییەی پێویستی بە مووشەکی بالستییە، بۆ ئەوەی ئێراقییەکان تێبگەن کە (خۆی ـ ئێران) هەر ئاغا و کوێخوایە؟ بەڵام ئاخۆ ئەو کەچە مووشەکانە توانیان ئەدای خراپ و لاوازی وان لە عێراق ڕاست کەنەوە؟ پێدەچێ، پێچەوانەکەی درووست بێ: ئەو مووشەک وەشاندنە، ئەزمە سیاسییەکەی وەخەبەر هێناوە و ئەو باوەڕەی لە لای خەڵک دروست کرد کە فەشەلی هێنا، لە ئاوجۆشدانەوەی هەڵوێستی گرووپە پشتیوانەکانی خۆیان و نەشی توانی عەزیمەتی نەیارەکانی تێک بشکێنی لە سووربوونیان لەسەر هەڵوێستی خۆیان. نە ئەو هەولێرەی کە بە پەڵپ و بیانۆی هیچ و پۆچ دەستی لێوەشێندرا، پەشیمان بۆوە، نە (الحنانة) لە دڕووشمەکەی کە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، هەڵگەڕایەوە. بە پێچەوانە، ئەو مووشەکانە، یاریدەدەر بوون بۆ جفتکردنەوەی ئەو درزانەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی داڕووشاندبوو و گەرموگوڕی خستەوە ئەو پەیوەندییانەی ساردییەکی تێکەوتبوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی و ئامۆزا و خوارزاییەکانی. لە ئاکامدا، ئەو دەستدرێژییەی ئێران کردیە سەر هەولێر، سەلماندی کە ئێران چەندە نەزۆکە لەوەی تاران حاڵی بکات لە گۆڕانکارییەکانی ئێراقیدا. بریکارەکانی خۆشی تووشی ئیحراجی و زمان کورتی کرد کە نەیوانی بە ڕەوایەتی فیعلەکەی خۆی، قەناعەتیان پێ بێنێ. ئەمەش هێز و ورەیەکی باشتری بە نەیارەکانی دا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێڕەوی کارەکانی ناوەخۆیان… بەڵام بایەختدرین خاڵ ئەوەبوو، کە کازمی گەڕایەوە هەولێر و دۆسیەی هاوسەنگیی ناوخۆی و دەرەکی، لە نێو کەشکۆڵەکەی دابوو.

مصطفى فحص
وەڕگێڕانی: فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن

لە ڕۆژنامەی شرق الاوسط
الجمعة – 15 شعبان 1443 هـ – 18 مارس 2022 مـ رقم العدد [15816]
https://aawsat.com/home/article/3537831/%D9%85%D8%B5%D8%B7%D9%81%D9%89-%D9%81%D8%AD%D8%B5/%D8%B2%D9%88%D8%A8%D8%B9%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%86%D8%AC%D8%A7%D9%86-%C2%AB%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D9%84%C2%BB




دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە… شەماڵ بارەوانی

ژیانی فەقێیاتیم پڕیەتی لە چیرۆک و بە سەرهاتی خۆش و ناخۆش. دنیایەکی سەیرە گیانە، هەرگیز بە خەیاڵیشم دانەدەهات، ڕۆژێک دادێت من تووشی ئەو گۆڕانە فیکریە دەبم و لەکەسێکی ئیسلامی و بابایەکی فێندەمێنتالیستەوە وە، دەگۆڕێم بۆ کەسێکی سیکۆلار و لیبراڵ!

هەڵبەت سەبارەت بە چوونم بۆ خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتی و حوجرە، ئەوە بە قەناعەت و حەزێکی خۆم بوو، کەس لەماڵەوەمان، نە فشاری چوون و نەیش پشتیوان و هاندەرم نەبوو لەو چوونەم بۆ خوێندنی ئایینی و مانەوە لە حوجرە. خانەوادەکەی من موسوڵمانی تەقلیدی بوون، نوێژ و ڕۆژوو و زۆربەی ڕیتواڵەکانی ئایینیان بە جێ دەگەیاند، وەلێ هەرگیز ئیسلامی نەبوون و دیندارییان بەو شێوە تەعریب و مۆدێلە تووند و نامۆیه نەگرتبوو، کە سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی لەکوردستان دەیانەوێت دەرخواردی خەڵکی بدەن.

جاکاتێک بڕیارم دا ببم بە فەقێ و بڕۆمە حوجرە،
دایکم بەڕەحمەت بێت، بۆ شۆخی بەردەوام پێی دەگوتم: کوڕەکەم، موعجیزەیه کاریتە لەکفر درووست بێت!
منیش بە پێکەنینەوە دەمگووت:ئەی نەت بیستووە کەپێشینان گوتوویانە: لەپەلویان دەبیت وەلی و لەوەلیانیش دەبیت بەلو؟ ئیجا زیاتر پێدەکەنین و دووبارە بەدایکمم دەگووت: دایە دەزانی لەنوح پەیامبەرەوە، تائێستا من یەکەم کەسم، لەنێو تیرە و هەموو بنەماڵەکەمان بڕۆمە فەقێیاتی و لەداهاتوو دەبم بە مەڵا.

جابە هۆی ئەوەی هەرزەکار بووم و عاتیفەی دینی بەسەرم دا زاڵ بوو و گوێم لە وتاری کۆمەڵێک واعیز و داعی و مەلای سەر بە ئاڕاستە و تەوژمی ئیسلامی سیاسی دەگرت، زۆر کەوتبوومە ژێر کاریگەری هزری ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆجیاکەیان و ئەو حەز و خولیایەم لا دروست بوو، منیش ڕۆژەک بێت و، ببم به مەڵاو بڕۆمە سەر مینبەر و بانگەوازی بۆ ئیسلام بکەم.
هەر لەو سۆنگەیەوە من بە ئیشق و تاسەو حەزێکی زۆرەوە
ڕۆیشتم بۆ فەقێیاتی و خوێندنی ئیسلامی،

هەرچەندە دایکم ئەمەی پێ خۆش نەبوو، نەک لەبەر ئەوەی دژە ئایین بوو، نەخێر، هەرگیز، دایکم ئەوەی من دەمبینی ڕۆژانە نیوەی تەمەنی هەر لەسەر بەرماڵ و لە گەڵ ئایین و بۆ خوا بەڕێکرد.

دایکم بێ ئەوەی پێم بڵێت، هەستم دەکرد، بەوە نیگەرانە و دڵخۆش نییە، کەمن کورد وتەنی عەیب نەبیت( سەر و کلکم لەگەڵ ئیسلامیەکان تێکەڵ کردووە)و ئەوە ئیسلامیەکانن هانی من دەدەن بۆ چوونم بۆ حوجرەو مزگەوتێک، کەسەر بە خۆیان و لەژێر دەستی خۆیانە. جارجاریش کاتێک کە دەمگووت ئیسلامیەکان واو وان و مەدحم دەکردن. دایکم دەیگووت: کوڕم بەو خوایه درۆی دەکەن، ئەوانە لۆ خوایان نییە.

دایکم زۆر دینداربوو، بەڵام قەت خۆشی لەئیسلامی سیاسی نەدەهات، دایکم خوێندەواری نەبوو، جارێک لە کاتی دەنگدان منی بۆ ئەوە هەڵبژارد لەگەڵی بڕۆم تا دەنگ بدات، لە بەردەم بنکەی دەنگدان، گووتم:دایە ئەوە گەیشتین، ئینجا تۆ دەنگ بەکێ و کامە لایەن دەدەیت؟

با یارمەتیت دەم؟ گوتی: کوڕەکەم من هیچ نازانم و خوێنەواریم نییە، بەڵام دەنگی من با لۆ خوای بیت. لەبەر پێکەنین خەریک بوو لەهۆش خۆم بچم. گوتم:دایەگیان خوای گەورە ئەوەی من بیزانم جارێ هیچ کاندید و لیستێکی نییە و بەژداری هەڵبژاردنی نەکردووە، گوتی وسبە کورە، دەم ڕووت. ئەوکات من هێشتا ئیسلامی بووم، مەلایەکی ئیسلامیش لەو دڤەرەی ئێمە خۆی کاندیدکردبوو. منیش گووتم: ئەو مەلا ئیسلامیه خۆی کاندید کردووە، بۆ دەنگت بۆ ئەو نەبێت؟ بەو خوایە، وەکو ئەوە وایە، کەدەنگ بدەیت بە خوای گەورە.

گووتی :وڵا هەردووک چاوی دەربێت، من دەنگی خۆمی پێنادەم، ئەو ئیسلامیە پیسە.

جا بەسەرتان نەیەشێنم و بەسەرهاتێکی تری ژیانی فەقێیاتی خۆمتان بۆبگێڕمەوە،
ئەوە لە فەقێ یاتیم ساڵەكی لای کەرکوک و مەنتیقەی شێخ بزێنی و ساڵەییان مەلابووم، جومعە کەوتارم تەواو دەبوو هەرجارەو کەسێک دەیگووت مامۆستا دەبیت لەگەڵ ئێمە بێیت و بە زاراوە شیرینەکەی کەرکوکیان وتەنی (لەماڵ ئێمە ئاش بخۆیت)،
جومعەکی پیاوەک گووتی مەلاگیان دەبێت لەگەڵ من بێیت، دەی بابڕۆین.
کو گەیشتینە حەوشەی ماڵی پیاوەكەی، دوو منداڵی دوانەی کچی هەبوون، کەمنیان بینی لەگەڵ باوکیانا، یەکسەر ڕایانکرد بۆ ژوورەوەو پڕ بەدەنگ هاواریان کرد:
دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە. کەوەم بیست دامە قاقای پێکەنین، جا من دیشداشەیەکی سپی عەرەبانیشم لە بەردابوو. گووتم هەرباش بوو نەتانگووت: دایە، دایە، باوکم سەلاجەی لەگەل خۆی هینایە.




كونگره‌ی لوتكه‌… شاعیری گه‌وره‌: عه‌بدولسه‌تار نورعه‌لی… وەرگێر: ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵكیشن !
دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری
له‌ سه‌ر سه‌به‌ته‌یه‌كی قسه‌كردن دێن ،
هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵكیشن !
كونگره‌ی لوتكه‌ له‌ پایته‌ختی ئه‌لره‌شید ده‌به‌سترێت ،
ئه‌لره‌شید سێ هه‌زار كه‌نیزو
كوێله‌ی خه‌سێنراو
بكوژی پیشه‌یی هه‌بوو،
ئه‌ی به‌غدا ، توشیان خه‌ساند
ئه‌ی مه‌ناره‌كه‌ی وڵات ؟!
شاره‌ عه‌ره‌بییه‌كان كه‌نیزن
له‌ ته‌لاری شازاده‌كان سه‌ما ده‌كه‌ن،
هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵكێشن!.
كونگره‌ی لوتكه‌ له‌ سه‌ر خوانى به‌غدا كوده‌بێته‌وه‌
هێرشی كولله‌یه‌‌ ،
ئه‌وه‌ به‌غدایه‌ ،
له‌ سه‌ر شان وباڵت برینی گه‌وره‌و
فێڵی خێڵه‌ !،
داشه‌كانی شتره‌نج له‌ نه‌خشه‌ی نیشتمانی گه‌وره‌دا
یه‌ك له‌ دواییه‌ك… كه‌وتن.
وتیان :
مێشك ده‌فرێت و
به‌غداش كوێ ده‌كاته‌وه‌ !
لوتكه‌كان سه‌ره‌نویلكی مێژووه‌ ،
” سه‌ره‌كان پێگه‌یشتوون و
كاتی لێكردنه‌وه‌یانه‌”.
سێ نه‌خێر له‌ ناو ئه‌م سێیدا له
باوه‌شی به‌ڵێ ، به‌ڵێ ،به‌ڵێ كه‌وتن !.
هه‌موویان مه‌رن و
ئه‌م لوتكانه‌
سه‌ره‌نوێلكن ته‌ویله‌ی نه‌ته‌وه‌كان كویان ده‌كاته‌وه‌
سپییه‌كانیان، ئاڵتونییه‌كه‌یان و،
هه‌موویان پینه‌كراون
به‌ دوایاندا وه‌ك
رانه‌ مه‌ر ده‌رۆن

هه‌موویان ئاماده‌ن ، به‌ڵێ
بو ئاغایانی سپی ‌ وه‌ك كوێله‌و خزمه‌تكار!
پێنووس ، پێنووس، پێنووس …
به‌ پێنووسه‌كه‌ خه‌ت به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بێنه‌و
ده‌نگ و شه‌قام و ئاوازو،
ئه‌م هه‌مووه‌ ئازاره‌ زوره‌ و ،
پێداكوتاندنه‌ و
هه‌ر كات هه‌ڵات زیاتر بته‌و ده‌بێت.
بت
له‌ پاش ئه‌وه‌ش بت
به‌ڵام لوتكه‌كان
هیچ نین‌ جگه‌ له‌ تاقمێكی خوێنمژو
فرۆشیاری مێژوو شه‌ره‌ف و په‌یمان.

17/3/2022




چیرۆک/ درمی دابڕان… جەلال عەبدوڵڵا

کاتێک چوومە ناو چیشتخانەکە، چەند قاپێکی شکاوم بینی لەسەر کاشییەکان. دەستم کرد بە کۆکردنەوەیان خاولییەک هەڵواسرا بوو نیووەی ڕەش هەڵگەڕا بوو سمێڵی باوکمم بیرکەوتەوە کە دووکەڵی جگەرە بۆری کردبوون، خاولییەکەم لابرد، وێنەی مەسیح م بینی لە ناو چوارچێوەیەکی خڕ دا شێوەکەی لە سەعاتەکەی باخەڵی باپیرمی دەکرد بە زنجیرێکی درێژەوە قایم کرا بوو، بەشی دواوەیی وێنەی ئەو کچە بوو کاری دەکرد لەگەڵم دا (ئەلیسا) من وەک چۆن یەکەم جارم بوو سواری شەمەندەفەر ببم هەرئاوا یەکەم جار م بوو مەدالییای لەو چەشنە ببینم. ئاخر من قەرەچێکی ڕۆژهەڵاتیم، غەریبم، نامۆم بە خۆم، کاری ڕۆژانەی من کۆکردنەوەی پارچەکانی خۆمە لە ناو کۆڵانەکانی غوربەت و دابڕان دا.

درماتیت جداسازی
وقتی وارد رستوران شدم چند تا ظرف شکسته روی صندوقدار دیدم. شروع کردم به جمع کردنشون، يه حوله نصف سياه آويزون شده بود، و سبیل پدرم را به یاد آوردم که سیگار می کشید، حوله را برداشتم، تصویر مسیح را در قاب گردی به شکل ساعت باد دیدم. موهای پدربزرگم در زنجیره ای بلند بسته شده بود و قسمت پشتی تصویر دختر با من کار می کرد. الیاس با من کار می کرد که من اولین باری بودم که سوار قطار شدم و این اولین بار بود که مدالی مثل این را می دیدم. اما من یک کولی شرقی، غریبه، غریبه با خودم هستم و کار روزانه ام این است که قطعاتم را در خیابان های غربت جمع کنم و از هم جدا کنم.




غوبار… سەردار جاف

غوبارەکانی مەريوان
لە دڵی سەوزی سروشتا هەڵدەکەن و
ئافاتی جەستەی گڕگرتوون
بۆسەی کڵپەن گڕی دەدەن
هەناسەی گوڵ دەگوزەرێ
مزگێنی جەنگ جاڕ دەدات و
نمەی گەزۆ
بە حەوشەی خەم شەکراوی دابڕانێکە گڕی دەدەن
گريان لە غوبارەوە هاوێر دەبێ و
بە گەروو و تەنگەی نەسيمی ژين گڕ دەگرێ
ئەستێرە و تريفەی شەوێ
بە خەياڵی زرێبارا شەپۆل دەدا
کە ئەندێشە لە کەناری سپێدەوە ، بە ئاگا دێ
ژوانی سەرە ڕێی نەورۆز
شيوەنێکە و دەگێڕدرێ
بە دەم قاوەيەکی کاپۆ
ژوانی تاڵ
ژوانێ کە ڕووی نەدابێ
بە کەمەری کراسی شينی غوربەتی دەشواتەوە
پياسەی دەم
دڵؤپە ڕۆخی ترپە سێو
بە سەر ژێی زرێبارا
بوخچە واڵاکانی ئاو
گرێ دەدا
نەبا بۆ ڕۆحی کڵۆمدان
بيباتەوە

ئەڵمانيا

  1. 03 . 2022



شیعری مناڵان/ بەرات… عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی

وەرن وەرن ئـــــــازیزان
ئەی منداڵانی گــــــەڕەک
نوقــــــڵ و شیرینییم پێیە
دەی وەرنە دەرێ یەک یەک

دەزانم شـــــەوی بــەرات
چەندە خۆشـــــە لای ئێوە
بۆیــــە وا بــە نوقڵـــەوە
من وەســـتاوم بـــە پێوە

بەشی خۆتــان وەربگرن
با ئاسودە و دڵخۆش بن
کۆڵان کۆڵان بگــــەڕێن
گــــــۆرانی بەرات بڵێن

بڵێن ئەمشـــــەو بەراتە
هەموو هاتووین بۆ دیاری
بەدڵخـــۆشیی دەگەڕێین
وەکــو خۆشترین یــاری




ئەڵمانیا ئامانجە لە شەڕی روسیا- یۆکرەیندا… ئیدریس مستەفا

بەریتانیا و ئەمریکا دوو هیزی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپان و هەر یەکەیان مەبەستێکی هەیە لە خوڵقاندنی شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا. ئەمریکا کە هەموو ئەوروپای وەک ئاگرگرەیەک بەکار دەهێنێ دژ بە روسیا ئەوا بەریتانیا دەیەوێ ئەلمانیا لەو جەنگە تێوەگلێنێ. جا ئایا ئەو تەڵەیەی بەریتانیا بۆ ئەلمانیای ناوەتەوە سەردەگرێ یان نا ئەوە پەیوەستە بە هزری سیاسیە دەسەلاتەدارەکانی ئەڵمانەوە.ئاماژەکانی ناحەزێتی یاخود دوژمنکارانەی بەریتانیا دژ بە ئەڵمانیا کە لەم ئاریشەیەی ئۆکرانیادا دەتوانرێ ببینرێ رەگێکی مێژوویی هەیە و ئەوەی لێرەدا بۆ خزمەتی ئەم باسە من دەمەوێ باسی تەنها هەندی هەڵوێست و رووداوی سیاسی سەدەی پێشوو هەروەها هەندێ دۆکیومێنتی نوێ لەو بارەیەوە کە تاکو ئیستا لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەوە ئەدەبیاتی سیاسی خۆمان هەر هیچ، ئاماژەی پێ نەدراوە یاخود زۆر کەم ئەگەرنا هەر دەکەوتە بەرچاوان جارێ لە جاران. کەواتە پرسیار ئەمەیە: بۆچی بەریتانیا رقی لە ئەڵمانیایە و بۆچئ بە دیاریکراوی دەیەوێ چۆن تێوەی گلێنێ لەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیادا؟
ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا سێ وڵاتی گەورەی ئابوری و زلهێزی ئەوروپا و جیهانیشن. ئەڵمانیا لە هەردووکیان زیاتر بە دڵی ئەوروپا دادەنرێت هەم بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە لە ناو کیشوەری ئەوروپادا هەڵکەوتەی کردووە و هەم بەهۆی بارە ئابوریە بەهیزەکەیەوە. دیارە فەرەنسا و بەریتانیا خاوەن ئابوری گەورەن بەڵام وەک ئەڵمانیا خاوەن ئابوریەکی بەهێزنین. لەم نوسینەدا دەردەکەوێ گەورەیی و بەهێزی ئابوری ئەڵمانیا لە چیدایە کە ئەوانی تر لە ئەوروپا نیانە.

باری مێژوویی:
ململانێی ئەڵمانیا و بەریتانیا مێژوویەکی گەلێک کۆنی هەیە کە بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە بەڵام ساڵی ١٨٧١ بە خاڵی وەرچەرخانی بەریتانیا دادەنرێت دژ بە ئەلمانیا چونکە لەو ساڵەدا راوێژکاری گشتی ئەلمانیا، ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، ئەڵمانیای یەکگرتووی دروست کرد. بەریتانیا بەم هەنگاوە زۆر قەڵس بوو. ئەم هەنگاوە هەم ئەڵمانیای کرد بە هیزێکی گەورەی ئەوروپا و جیهانیش، هەم لەو ساڵانەدا ئاسۆی خۆرئاوابوونی ئیمبراتۆریەتی بەریتانی بەرەو کزی دەچوو. خاڵی دووەم رێگەی خۆش دەکرد بۆ ئەڵمانیا وەک ئیمبراتۆریەتێک یان وەک هیزێکی گەورەتر لە بەریتانیا دەرکەوێت. هەرواش بوو، سەدەی بیست و بە تایبەت بیست و یەک سەدەی ئەڵمانیا بوو بەسەر بەریتانیادا.

لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا بەریتانیا هەردەم لە هەوڵی ئەوەدابووە ئەڵمانیا لە گەورەیی بخات. جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دوو بەڵگەی مێژوویی گەورەن کە لە هەردوو جەنەگەکەدا ئەلمانیا و بەریتانیا دژ بە یەک بوون و بەریتانیا رۆڵی سەرکی هەبوو لە پشت ئەو قەید و بەندانەی کە ئەڵمانیایان پێ سزادا لە هەردوو جەنەگەکەدا. سەرباری لە دەستدانی لە سەدا شانزەی قەبارەی خاکی وڵاتەکە، ئەڵمانیایان خستە ژێر قەرزێکی زۆرەوە بەوەی بەشێکی زۆر لە زەرەری وڵاتانیان بەسەردا سەپاند. تەنها دانەوەی قەرزی جەنگی جیهانی یەکەم ٩٢ ساڵی خایاندا. واتە ساڵی ٢٠١٠ ئەڵمانیا لە دوایین قەرزەکانی تەواو بوو کە رێژەکەی ئەودەم بە زێر لەسەریان حساب کرد ٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، واتە ٧٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی ئیستا. (س١) ئەم سزایە لە پەیماننامەی سێرڤای لە رۆژی ١٩ی مانگی ٦ی ١٩١٩ لە بەندی ٢٣١ی پەیماننامەکە لە ژیر ناوی بەشی تاوانبارانی شەڕدا ئەو سزایانە بەسەر ئەڵمانیادا سەپێنرا. (س٢)
قەرزی جەنگی جیهانی دووەم کە تەنها کەوتە سەر شانی رۆژئاوای ئەڵمانیا، چونکە ئەڵمانیا بوو بە بە دوو بەش رۆژهەڵات و رۆژئاوا. رۆژهەڵات کەوتە بەرەی یەکێتی سۆڤیەتەوە و فلسێک قەرزیان نەدایەوە. ئەڵمانیای رۆژئاوا کە لە بەرەی رۆژئاوادا مایەوە بڕی ٢٣ ملیارد دۆلاری ئەمریکی کەوتە سەرشان. دیارە، ئەڵمانیا موفلیس کەوتەوە و ئەو برە پارەیەی نەبوو. هەمان وڵاتان بە تایبەت بەریتانیا بە قەرز پارەیان پێ بەخشی و دواتر لەگەڵ سووەکەیدا ئەڵمانیا دەبوو بیداتەوە. تاکو ئیستاش پۆڵەندا داوای قەربووکردنەوەی زیاتر لە ٨٥٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکاتەوە لە ئەڵمانیا. (س٣)
جگە لەوەی لە دانوستانەکانی وەستاندنی جەنگ و سزاکانی سەر ئەڵمانیا بەریتانیا دەورێکی بنەڕەتی گێڕا لە زەلیل کردنی ئەڵمانیا بەوەی هەرچی زەرەر و زیانی جەنگ هەیە خستیانە سەر شانی، بەسەریاندا سەپاند کە نابێ خاوەن هیچ سوپایەک و چەکێکی گەورە بێت وەک چەکی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا لە ئیستادا بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی دنیا دادەنرێت بۆ چەک فرۆشتن بەڵام ناتوانێ چەکی گەورە هەڵبگرێت بۆخۆی.

پەرەسەندن و گەشەی ئابوری و سەربازی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، بەریتانیای نیگەران کرد. حکومەت و دەزگای هەوالگری بەریتانی دەیانزانی هیتلەر و دروشمەکانی ئەڵمانیا بەرەو هەلدێرێک دەبات بۆیە کەوتنە پیاهەڵدان و رێگەخۆشکردن بۆی کە پەلاماری هەندێ ناوچە بدات. لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٨ ئەڵمانیا نەمسا و ناوچەی سەتلاندی چیکۆسلۆڤاکیای ئەڵمانی زوبانی داگیر کرد. بەریتانیا نەک هەر سەرەکۆنەی ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیای نەکرد بەڵکو لە مانگی ٩ی هەمان ساڵدا، ١٩٣٨، “رێکەوتننامەی میونیخ” کە سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی بەریتانیا “نڤیڵ چامبەرلین” بوو بەشداری تێدا کرد؛ لە رێکەتننامەی میونیخدا بەریتانیا بە رەسمی دانی نا بە داگیرکاریەکانی هیتلەر بۆ ئەو ولاتانە. (س٤) ئەم هەنگاوەی بەریتانیا هەندێک لە رۆژنامەکانی ئەو دەمی بەریتانیا بە ترسنۆکی حموکەت ناوبرد بەڵام لە راستیدا ئەوە هاندانێک و تەڵەیەکی ئینگلیز بوو بۆ هیتلەر تاکو تیوەگلێ لە شەڕێکدا و ئامانجەکەش لاوازبوونی ئەڵمانیایە. بەریتانیا ئەمەیان کرد و ئەوە بوو هیتلەر جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و ئەڵمانیای پێش هەر وڵاتێکی تری ئەوروپی توشی وێرانکاری و کارەساتی مێژوویی کرد.

هەستانەوەی ئەڵمانیا:
سەرباری ئەو دوو کۆستە گەورەیەی بەسەر ئەڵمانیادا هات واتە ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، لەگەڵ قەرز دانەوەی ولاتانی ئەوروپا لەگەڵ سووەکەیدا، دەبوو وڵاتەکەی خۆی سەر لە نوێ دروست بکاتەوە. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئیستا ئەڵمانیا نەک هەر قەرزەکانی سەدەیەکی دایەوە و وڵاتەکەی خۆی لە جاران باشتر و پتەوتر بنیات نایەوە بەڵکو ئەڵمانیا بوو بە یەکێک لە هێزە گەورە ئابوریەکانی دنیا و بگرە لە ئەوروپادا سوپەرپاوەر خۆیەتی و لە و بلۆکی رۆژئاوادا کە ئەمریکا و کەنەداشی تێدایە لە دوای ئەمریکاوەیە.

ئەو هۆکارانەی وایان لە ئەڵمانیا کردووە کە هەردەم هێزی گەورە بێت سەرباری ئەو هەموو کارەسات و رووداوە جەرگبڕە مێژژوییانە ئەو توانا مرۆییەیە کە ئەڵمانەکان وەک میللەتێک هەیانە، توانا فکری و فەلسەفی و سیاسی و پیشەسازی و داهێنانە تەکنۆلۆجیەکان. هیچ کەس ناتوانێ نکوڵی لەو خاسیەتە تایبەتانە بکات کە میللەتەکانی پێ دەناسرێنەوە، دیارە ئەو خاسیەتانە ئەزەلی نین کە لە میللەتێکدا هەبی و لە ئەوی تر نەبێ، بەڵام درک و عەزیمەت و ماندوو بوونی بەردەوام و هەوڵی عاقڵانە لە ژینگەیەکی لە باردا ئەو خاسیەتانەیە کە ئەڵمانەکانی کردووە بەوەی وڵاتەکەیان دروست بکەنەوە تا رادەی سوپەرپاوەر. هەر ئەم خاسیەتانەیە، کە من بە خاسیەتی عەقڵی ئەڵمانی ناوی دەبەم، بەریتانیەکانی تۆقاندووە و نایانەوێ ئەڵمانیایەکی بەهێزبببنن.
کاتێک هێزی هاوپەنیمانان لە جەنگی گێتی دوودا چوونە ناو ئەڵمانایەوە لەوانە بەرلین، یەکێک لەو کارە سەیرانەی بەریتانیا ئەنجامیدا رفاندنی زانا و زانستخواز و کەسە پیشەسازیە سەربازیەکانی ئەڵمانیا بوو تاکو سوود لە توانییەکانیان ببینن. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ساڵی ٢٠٠٧ راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (چۆن مێشکە باشەکانی ئەڵمانیا رفێندرا لە لایەن بەریتانیاوە) و دەڵێ: ” بەڵگە نهێنە باڵاکان کە ئاشکرابوون پیشانی دەدەن کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیدا، دەسبژێرێک لە هێزی سەربازی بەریتانی بە سەدان زانا و زانستخواز و میکانیزان دەڕفێنن و لە لایەن وەزارەتەکانی حکومەتی بەریتانیاوە دادەمەزرێن یاخود لە کارخانەکانی کۆمپانیا شەخسیەکانەوە کاریان پێدەکرێت.” هەر لە پەیوەند بەم بابەتەوە ” داوایان لە بزنسمانە ئەڵمانیەکان کردووە لە دوای جەنگەکە کە دەبێ بێن بۆ بەریتانیا بۆ لێ پرسینەوە و زانیاری وەرگرتن لەو بارەیەوە و ئەمەیان بە نهێنی پێگوتوون و بە نهێنی کراوە.” (س٥) ئەوەی ئەو دەم بەریتانیا کردی ئێستا لە سیاسەتی وڵاتە رۆژئاواییەکانی تردا بە ئاشکرا پیادە دەکرێت لە ژێر ناوی کۆچ و پەنابەرێتیدا. بۆ نموونە وڵاتی کەنەدا کە بە یەکێک لە پڕ چالاکترین وڵاتەکانی دونیا دادەنرێت بۆ کۆچ و پەنابەرێتی، سیاسەتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی کەنەدا هەیە لە ژێر ناوی چەندان پرۆگرامدا بۆ بۆ راکێشانی توانا مرۆییەکانیانی وڵاتانی تر لە هەموو جیهانەوە و سالانەش دەیان هەزار کەس دێنە ناو کەنەداوە. سەرنج راکێشانی ئابوری و ژیانێکی باش لە کەنەدا بۆ خەڵکانی شراەزا و بە توانا و خاوەن کارامەیی و خوێندنی بەرز یاخود خوێندن لە کەنەدا و دواتر توانای مانەوە لە کەنەدا لە ریگەی چەندان پرۆگرامەوە دەچێتە پێشەوە وەک (سکیڵد وۆرکەر، ئێکسپرێس ئینتری، ئێڵ ئێم ئای ئەی، کەنەیدیەن ئێکسپریەنس کلاس، پرۆڤینشاڵ نۆمینی، فەدراڵ نۆمینی، ئینڤەستمەنت یان بزنس پرۆگرام، ئینتەرناشناڵ ستیودنت “کە دواتر دەتوانن داوای مانەوە بکەن بە مەرجێک کارێک بدۆزنەوە بە ناوی”، پۆست گراجوەیت وۆرک پێرمت.) دیارە لە پێنچ شەش ساڵی رابردووە و تەنانەت بۆ سێ و چوار ساڵی داهاتوش کەنەدا هەر ساڵە پێشوازی لە زیاتر ٤٠٠ هەزار کۆچبەر دەکات کە لە سەدا هەشتایان لە بوارە ئابوری و بزنسی و بەرهەمهێنانە مرۆییەکانی تردایە.

سەرداری ئەوروپا:
یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەریتانیا لەگەڵ ئەلمانیا مەسەلەی سەردارێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەرووپا و دراوی یەکگرتووی ئەوروپی، ئیرۆ، بوو کە دەیزانی ئەم هەنگاوانە ئەڵمانیا زیتار دەکەن بە سەرداری ئەوروپا لە کاتێکدا بەریتانیا ئەوە بە خۆی رەوا دەبینێ بەو پێودانگەی کە خاوەن گەورەترین ئیمبراتۆریەتی مێژوویی بووە و زمانەکەشی بۆتە زمانێکی جیهانی بێ رکابەر. ئابوری وڵاتە کلاسیکیە گەورەکانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا هەر بە ەگورەیی مایەوە بەڵام وەستاون لە خاڵێکدا کە لەوە زتار بەرەو بەهیزی ناچێ وەک ئابوری ئەڵمانیا بەرەو بەهێزیەکی بێ پایان دەڕوا کە جگە لە ئەمریکا و چین هیچ هیزێکی تر لە دنیادا ئابوری بەهێزی وەک ئەڵمانیای نیە بە پێی وێبسایتی “راستیەکان دەربارەی ئەڵمانیا” کە لینکەکی لە سەرچآوەی ژمارە ٦ دایە. بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی ماشین دروستکردنی ئەڵمانیا هەموو جیهانی نەک هەر داگیر کردووە بەڵکو جیهانی پیشەسازی سەرسام کردووە بەوەی باشترین و چاکترین ماشینی دونیا دروست دەکەن کە بێ وێنەیە لە جیهاندا. ئەم دیدە هەر لە کەسێکی شارەزاوە تاکو کەسێکی ئاسایی مۆری لێدراوە کە ئەو رایە جەندە دروستە.
هۆکاری سەرەکی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی رەسمی لە ٣١ی مانگی ١ی ٢٠٢٠ ئەڵمانیا بوو. دیارە بەریتانیا هەرگیز لەگەڵ دروای یەکگرتووی ئەوروپیدا نەبوو تا ئەو رۆژەشی لە یەکێتی ئەوروپا هاتە دەر هەر دروای ئوستەرلینی خۆی پاراست ئەمە جگە لەوەی هەردەم لە بۆڵە بۆڵدابووە بەرامبەر بە خودی قەوارەی ئەو یەکێتی ئەوروپایەی کە ئەڵمانیا هیزە گەورە ئابوریەکەیەتی ئەوەبوو لە قەیرانی بە شەپۆلی پەنابەرانی سوریدا تەقیەوە کاتێک ئەڵمانیا بڕیاری کردنەوەی دەرگای بۆ هەزارانیان کردەوە. بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە بەریتانیا دوورگەیەکە لە دەرەوەی نەخشی ئەوروپای گەورە، هەروەها رەەگەزی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا کە یەکێکە لە سێ هیزە جیهانیە گەورەکەی بلۆکی ئینگلیزی کە لە ئەمریکا-کەنەدا و ئوسترالیا و بەریتانیادا رەنگ دەداتەوە، ئەو پاڵپێوەنەرە بوو کە بەریتانیا خۆی لە یەکێتی ئەوروپای دیوچلاند و فلاندەرەکان و فەرەنگیەکان دوور بخاتەوە.
ئابوری ئەڵمانیا کە یەکەمینە لە چاو هاوئەوروپیەکانیدا بە تایبەت “ئابوری ئەڵمانیا گەورەترین ئابوری هەیە و پێشڕەوەترینە لە داهێنانەکان و ناردنەوە دەرەوەی کاڵاکاندا لە دنیای کێبڕکێی جیاهنگیریدا بە تایبەت لە بوارەکانی تەکنۆلجی و پیشەسازی ماشین سازی و تەندروستی و میکانیکی و مادە کیمیاییەکاندا.” (س٦) ئەمە لە کاتێکدایە گەر ژمارەی دانیشتوان و قەبارەی جوگرافی وڵاتەکان لێ بدەیتەوە ئەڵمانیا خاوەنی کەمترین دانیشتوان و بچوکترین نەخشە وڵاتە بە چآو وڵاتێکی وەک چینی یەک و نیو بلیۆن دانیشتوانی و ئەمریکای زیاتر لە ٣٣٠ ملیۆن ژمارەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا هاوت بووە لە قەرەبوو دانەوەی زیانی دوو جەنگی جیهانی گەورە لە ماوەی یەک سەدەدا.
بەو ئامارانەی کە رێژەی بەهێزی هەر ئابوریەکی جیهانی پێ دەپێورێ وەک لە سەرچآوەی “کتێبی راستیەکانی سی ئای ئەی” دا تۆمارکراوە و دواتر لە سایتی ماستەر نەیشندا بەرواردکاریەی کراوە لە نیوان ئەڵمانیا و بەریتانیدا هاتووە کە داهاتی ساڵانەی وڵات، هاوردە و نێردراو، قەرز، کرەدیتی بانکی، ناووناوبانگی کۆمپانیای بزنسی و ماڵی ئەڵمانی لەم هەموو ئاستە بنەرەتیاناەدا باڵاترە لە بەریتانیا. (س٧)

ترس لە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا:
مارگرێت تاتچەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ١٩٧٩-١٩٩٠، کە بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا ناسراوە بەهۆی ئەو رق و کێنەیەی هەبوو دژ بە بلۆکی کۆمۆنیزم لە جیهاندا و بەتایبەت یەکێتی سۆڤیەت و بگرە لە دیدارێکدا دەلێ گرنگترین شت لە ژیماندا کە رووی دابێ هەڵوەشانەوەی بلۆکی کۆمۆنیستی و روخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو. روخانی دیواری بەرلین ساڵی ١٩٨٩ کە دواتر بووە هۆی رووخانی ئەڵمانیای کۆمۆنیستی و یەکگرتنەوەی یاخود چونە ناو باوەشی ئەڵمانیای رۆژئاوای سەرمایەداری رۆژئاوایی هەنگاوی بناغەیی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو، کەچی مارگرێت تاچەر دژی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە بوو. تا ماوەیەکی زۆر هەر ئاوها مایەوە بەڵام دواتر لە ژیر فشاری ئەمریکا و ئەوروپا دانی پیدا نا. ئەم هەڵویستەی تاتچەر دەیسەلمێنێ کە بەریتانیا چەندە ترسی هەیە لە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو.
دیارە لەو ساڵەوە ئەڵمانیا بوو بە بەهێزترین وڵاتی ئەوروپا و جیهانیش لە هەموو روویەکەوە جگە لە رووی سەربازیەوە کە ئەمەش خودی خاڵی نهێنی سەرکەوتنی ئەڵمانەکانە تاکو ئیستا. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەڵمانیا، بە سیاسی و رۆشنبیر و کەسانی ئاساییەوە، گەیشتن بەو بڕوایەی کە شەڕ جگە لە نەهامەتی هیچ شتێکی تری بۆ نەهێنان بۆیە ئادیای شەڕ چ وەک جەمکێکی فکری و چ وەک مۆراڵێک و هەڵوێستێکی سیاسی لە لۆجیکی عەقڵ و دەستوری ئەڵمانیا دەرهێنرا و هەر وەک بڵێی نا بۆ شەڕ هەتا هەتایە. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا بە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی پیشەسازی چەک و تەقەمەنی لە جیهاندا دادەنرێت بۆ ناردەی کاڵای سەربازی بەڵام خۆی خاوەن هێزی سوپایی گەورە و چەکی قورسی وێرانکەری شەڕ نیە و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە لە هیچ شەڕێکدا بەشداریان نەکردووە جگە وەک بەشێک لە هێزی ناتۆ کە ساڵی ٢٠٠١ کرایە سەر تاڵیبانی ئەفغانستان.

شەڕی روسیا-ئۆکرانیا و ئەڵمانیا:
ئەوەندەی بەریتانیا بە دوای هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیاوە بوو مەگەر ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو. گەر بۆ ئەمریکا پاوازنخوازیە جیهانیەکەی بێ ئەوا بۆ بەریتانیا هەم پاوانخوازیە جیهانیەکەی و هەم ئەوروپیەکەشی مەبەستی سەرەکی بوو. ئەوەندەی بەریتانیا ژێر بە ژێر ئاگری ئەو پشکۆی شەڕەی خۆش دەکرد ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو چونکە ئەمریکا دەیزانی روو بە روو بوونەوەی روسیا واتە جەنگی جیهانی سێیەم، بۆ بەریتانیا ئەوەی گرنگ بوو تێوەگلانی یەکێتی ئەوروپا بوو لەو بەرامبەرکێیەدا. ئامانجی سەرەکی بەریتانیا لەم شەرەدا ئەڵمانیایە و بەو هیوایەی ئەڵمانیا توشی سەڕی روسیا-ئۆکرەین ببێ و وەک سەدەی رابردوودا بکەوێتە ژێر باری شەڕیکی قورسەوە بە تایبەت کە ئەڵمانیا لە هەر دوو ئاستی ئابوری و جوگرافی نزیکە لە روسیاوە و بچوکترین تێوەگلان ئەڵمانیا توشی نەزیفی ئابوری دەکات.

لەگەڵ هەموو ئەو فشارانەی لەسەری هەیە، ئەڵمانیا هێشتا نەچۆتە پای تەواوی گەمارۆی ئابوری کە لە لایەن یەکێتی و ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراوە بەسەر روسیادا. هۆیەکە ئەو تایبەتمەندێتیەیە کە ئەڵمانیا لە تەواوی وڵاتانی تری ئەوروپا جیا دەکاتەوە. بۆ نموونە، هیچ وڵاتێک لە ئەوروپا و جیهان هێندەی ئەڵمانیا زەروور نیە بە گاز و نەوتی روسی چونکە ” ئەڵمانیا لە ٥٥٪ پێوستیەکانی گازی سروشتی و لە ٣٠٪ نەوتی خۆی لە روسیاوە بۆ دیت. هەر بۆیە قورسە بۆی راستەوخۆ بچێتە پاڵ گەمارۆ ئابوریەکانی سەر روسیا.” (س٧)
دیارە ئەوە نابێ لە یاد بکرێ “نۆرد ستریم٢” کە بڕی تێجوونەکەی زیاتر لە ١٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە زۆرتر هەر بە خاتری ئەڵمانیا بووە و روسیا بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیادا تەواویان کرد هەرچەندە هێشتا کاری پێ نەکراوە. لەوانەیە ئەڵمانیا لە کۆتاییدا مل بدات بە گەمارۆکانی سەر روسیا بەڵام تاکو ئەم ساتەی کە من ئەم بابەتە دەنوسم هەناردەیکردنی گاز و نەوتی روسیا بۆ ئەڵمانیا بەردەوامە و ئەڵمانیا هەروەها فەرەنساش تاکو ئیستاش کار بە سیستەمی سویفت کۆدی بانکی، واتە سیستەمی حەواڵەی پارە ناردن، دەکات لەگەڵ روسیادا.

ئەمریکا داوای لە قەتەر و جەزائیر کردووە بە تایبەت قەتەر کە بتوانن بەشی روسیا لە گاز و نەوت بۆ ئەوروپا هەناردە بکەن. بەڵام هەنگاوە یەکسەر مەحکوم بوو بە هەندێ بەربەست لەوانە سیاسی و ماڵی. روسیا ارستەوخۆی داوای لە قەتەر کرد کە نەجێتە پاڵ ئەو داوایە و قەتەریش دوێنێکە بە رەسمی رایگەیاندا لە میانەی دانیشتنێکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیادا کە قەتەر پابەستە بە بڕیارەکانی ئۆپیکەوە. ئەمە لە کاتێکدا رۆژێک پێش پەلامارەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا پۆتین نامەیەکی شەخسی دەسنوسی نارد بۆ ئەمیری قەتەر. شایەنی یادهێنانەویە کە دە ساڵ پێش گرژیەک دروست بوو لە نێوان نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حمد بن جاسم سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە کێشەی سوریا. حمد بن جاسم بە ڤایتاڵی تشۆرکینی نوینەری ئەو دەمی روسیای گوت: “ڤیتۆ لە دژی بڕیارەکەمان بەکارمەهێنە ئەگەرنا ئەوا پشتیوانی هەموو دەولەتانی عەرەبی لە دەست دەدەیت.” تشۆرکین زۆر بە هێمنی بە حمد بن جاسمی گوت ” جارێکی تر ئاوها قسەبکەیت ئەوا لە بەیانیەوە ولاتێک نامێنێت بە ناوی قەتەر.” (س٩)
خاڵێکی تر ئەوەیە کە تێچوونی گواستنەوە و بەربەستی رێگەی گەیشتنی گازی قەتەر بۆ ئەوروپا نرخی گازی سروشتی چەندان قات بەرز دەکاتەوە کە لە وتانای کڕینی هاوڵاتی ئاسایی ئەوروپیدا نامێنێ کە بتوانێ وەک جاران گاز و نەوت بۆ کار بهێنن هەر بۆیە ئەڵمانیا و تەنانەت فەرەنساش ئیستاش هەر دەستیان بە گاز و نەتوی روسیەوە گرتووە و لەوەش ناچێ بە ئاسانی دەسبەرداری ببن.

پەیوەندی ئابوری روسیا و ئەلمانیا:
ئەو پەیوەندیە ئابوریە دووسەرەیەی ئەڵمانیا لەگەڵ روسیا هەیەتی زۆرترە وەک ئەوەی لەگەڵ بەریتانیدا هەیبێ. بۆ نموونە، “گەر تەنها ساڵی رابردوو بە پیوەر بگرین بڕی هەناردەی ئابوری ئەڵمانیا بۆ روسیا گەیشتە نزیکەی پەنجا بلیۆن دۆلاری ئەمریکی واتە روسیا یەکیک لە یازدە وڵاتە گەورەکانی ئەڵمانیایە کە هەناردەی کاڵای بۆ دەکات و ئەڵمانیاش یەکێک لە حەوت وڵاتە گەورەکانی دنیایە کە روسیا هەناردەی کاڵای بۆ دەکات. ئەم پەوەیندیەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیدا رێک نیوەی ئەم رێژەیەیە.” (س١٠)
ئەم پەیوەندیە و ئەو ئابوریە بەهیزەی ئەڵمانیا هەیەتی بەریتانیای ئێجگار نیگەران کردووە هەر بۆیە بەریتانیا پێش ئەڵمانیا کەوتە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا پێش ئەوەی پەلاماری روسیا دەست پێ بکات. تەنانەت کاتێک هەردوو وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکا لە دانیشتندا بوون لە سویسرا بۆ ئەوەی شەڕ دروست نەبێ بەریتانیا بە سەر سەری ئەواندا چەک و تەقەمەنی بە فڕۆکەی جەنگی گەورە رەوانەی ئۆکرانیا کرد. ئامانجەکەش بۆ بەریتانیا تەنها تێوەگلانی ئەڵمانیایە لە شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا؛ بەڵام، تاکو ئێستا ئەلمانیەکان عاقڵآنە سیاسەت دەکەن دوور لەهەر دروشمێکی ناتۆیی و پلانێکی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا.

ئیدریس مستەفا
١٥ی ٣ی ٢٠٢٢

سەرچاوەکان:
س١:
https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html
س٢:
https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html
س٣:
https://www.reuters.com/article/us-poland-germany-reparations-idUSKCN1S215R
س٤:
https://www.iwm.org.uk/history/how-britain-hoped-to-avoid-war-with-germany-in-the-1930s#:~:text=Instituted%20in%20the%20hope%20of,as%20a%20policy%20of%20weakness.
س٥:
https://www.theguardian.com/science/2007/aug/29/sciencenews.secondworldwar
س٦:
https://www.tatsachen-ueber-deutschland.de/en/germany-glance/strong-hub#:~:text=The%20German%20economy%20has%20its,over%20half%20of%20total%20sales.
س٧:
https://www.nationmaster.com/country-info/compare/Germany/United-Kingdom/Economy#2014
س٨:
https://edmontonsun.com/opinion/columnists/goldstein-germany-rejects-u-s-call-to-ban-russian-energy-exports/wcm/d8f11727-dc58-49d9-96b3-35e003434a15#:~:text=Germany%2C%20which%20relies%20on%20Russia%20for%2055%25%20of,for%20an%20international%20ban%20on%20Russian%20energy%20exports.
س٩:
https://alwafd.news/%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%80%D9%8A/159003-%D9%88%D8%B2%D9%8A%D8%B1-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%8A%D9%87%D8%AF%D8%AF-%D8%A8%D9%85%D8%AD%D9%88-%D9%82%D8%B7%D8%B1-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D8%B7%D8%A9?fbclid=IwAR3JCR_m-v6xzo5G-QBt0a4j6tr6dAeInDubo08Li3mOEzL0cvgleaRTXcg
س١٠:
https://www.bbc.com/news/business-28423733#:~:text=Economic%20ties%20On%20the%20latest%20figures%2C%20Russia%20is,goods%20and%20services%20%28about%20the%20same%20as%20Britain%29.




موشەکی وێڵ.. عوسمان حاجی مارف

پاشکۆ بونی حزبە میلیشیاکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتای جەنگی کەنداوەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە عێراق و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دواتر پاشکۆ بونی پارتی بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیاو پاشکۆ بونی یەکێتی بۆ سیاسەتی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ملکەچی و گەڕانەوەی بەردەوامیان بۆ هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتداری بەغداد و گرێدانی چارەنوسی کوردستان بە حکومەتی ناوەندیەوە، ئەو واقعیەتەیە لە درێژەدان بە نائەمنی و کارەسات و سەرگەردانی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بۆیە تا هیزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پارتی و یەکێتی دەسەڵاتدار بن هەڵەیەکی گەورەیە چاوەڕوانبین کۆتایی بەو دۆخە نالەبارە بێت.
موشەکەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر تەنها کارێکی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە کە پێویستەو دەبێت سەرکۆنەی بکەین، یان موشەکی وێڵ نین و دزەیان بۆ ناو شاری هەولێر کردبێت، لەبری ئیسرائیل بەر هەولێر کەوتبێت، بەڵکو لە ئاکام و کاریگەری ئەو نەخشەو سیاسەتانەوەیە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەواو خستۆتە باوەشی دەوڵەتی تورکیاو لەنێو کێشمەکێشە جیهانیەکاندا گەمەیەکی مەترسیدار بە چارەنوسی خۆیان و کوردستانەوە دەکەن، چونە باوەشی تورکیا و بونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێرو لایەنگری لە سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا، جگە لەوەی دەبێت پێشوازی لە موشەکی ئێران بکەین، لە هەمان کاتدا ئەو مەترسیەیە کە لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوردستان بکەنە قوربانی ململانێ و کێشەکان و دەورو دەخالەتی تورکیا و ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا، بەم شیوەیە ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر دوای موشەکی ئێران موشەکی وێڵی ئیسرائیل و تورکیا سلێمانیش بگرێتەوە.
پارتی و بارزانی بەدوای ئەوەوەن و دەیانەوێت ئەو ئاڵوگۆڕەی شەڕی ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەی ڕوسیاو ئۆکرانیا کە دەورەیەکی تازەی لە ئاستی جیهاندا پێشهێناوە، مەزەندە بکەن بەوەی، پێیان وایە بەدوای هەر ئاڵوگۆڕێکدا تەنها لە جەمسەری ئەمریکاو ناتۆدا دەتوانن خۆیان حەشاردەن و پێگەو نفوزیان بپارێزن، یاخود ئەشێ لە ناچارییەکدا ئەو ئاڕاستەیەی ئەمریکاو ناتۆ هەڵدەبژێرن، چونکە لەو کەین و بەینەی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکادا بە جۆرێک پێوەی لکاون و گیریان کردووە، تازە ناتوانن بە زیندویی لێی بێنە دەرەوە، بۆیە هەرهێرشێک، لە هەر لایانێکەوە بکرێتە سەریان، تەنها ئەوەیان لەدەست دێت بڵێن “ترسنۆکانیە”.
بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان لە نێو ناکۆکیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو جەمسەرە ئیمپریالیەکاندا، چاوەڕوانی بۆ دوای ئاکامەکانی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیاو دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێویستی دەورەیەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پارتی و بارزانی لەناو زەلکاوی واقعیەتێکەدا بەرەوڕوون کە ئەگەری ئەوە هەیە نەک موشکەکانی ئیران هەراسانیان بکات و کارەسات بۆ دانیشتوانی کوردستان بخولقێنن، بەڵکو دوورنیە لە دوبارە بونەوەی نمونەی کارەساتی شەنگال زیاتر واقعیەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی پێ لە قاڵب بدرێت، هەر بۆیە بەجیا لەسەرکۆنەی موشەکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی پارتی بە تایبەتی و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی سەرکۆنە بکرێن، کە بەردەوام بەجیا لەوەی هۆکارێکی سەرەکین لەسەر بەڵای ژیانی نائارام و ناسەقامگیرو نەخوازراو بۆ خەڵکی کوردستان، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن لە گواستنەوەی هەر بەڵایەکی تر کە لە ئاکامی دەورو دەخالەت و کێشمەکێش و شەڕی وولاتان دێنە ناو کۆردستانەوە، تەنها ڕێگا کۆتایی هاتنی دەسەڵاتیانە بەر لەوەی هەر کارەساتێکی تر ڕوبدات.
١٤/٠٣/٢٠٢٢




یادەوەرییەکی جاویدان… شیعری شاعیری ئۆکرانی/ کاتێرینا بابکینا

شیعری شاعیری ئۆکرانی Kateryna Babkina
کاتێرینا بابکینا

وەرگيڕانی: بەکر ئەحمەد

پیشکەشکراوە بەو سەدان ئینسانانەی لە خرۆشانی “مەیدان”دا گیانیان لەدەستدا.

پێشەکییەکی کورت:
یەکەم جار، ئەم شیعرەم لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی شەری روسیا لە ئۆکرانیادا لە بەشی کولتووری ڕادیۆی سویدەوە گوێ لێ بوو. زۆر سەرسامیکردم. خۆپیشاندانەکانی مەیدانی ئۆکرانیا سەرچاوەی ئەم شیعرەی کاتیرینایە. ناوەڕۆکە ئینسانیی و پرسە وجودییەکانی ناو قەسیدەکە لەوە گەورەترن بانگەوازی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بەو بزووتنەوە سیاسییەی لە مەیدانی کیڤ دا گووزەرا، وامان لێبکات شیعرەکە نەخوێنینەوە.
ئەم شیعرە لە رۆژنامەی ” یۆتێبۆری پۆستن” لە رۆژی 11ی مارسی 2022 دا بلاوکراوەتەوە
وەرگێرانی لە سویدییەوە بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد
”Evig hågkomst” – dikt av Kateryna Babkina | GP

کاتێک لەبەردەستی مەرگدا ڕادەکشێی، لەبیرت بێت
کە هەمیشە چاکە دەیباتەوە
گەرچیش لە ئەوەڵدا، دەکرێ وا نەیەتە پێش چاو
لە بیرت بێت
کە لانی کەم لە شوێنی تر، درەختی خۆڵەمێشی و جۆگەی شەکراو بوونی هەیە
ئەوەی بۆ هەمیشە دەبێتە هی تۆ، هەر ئەوەیە کە دەیبەخشیت
ئەگەرچی هەموو رووناکییەکی تۆ هەر ئەوە بێت

خۆشەویستی نە زەندەقی کەسێ دەبا و نە ئازاری کەسێ دەدا
ئەگەرچی تۆ لە خۆشەویستیدا، ترسی بێ ئامان و ژان دەورت دەدا
تۆ تێفکرە , بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکەیەوە
کە لە دوای تۆش، خەڵکانێک دەژین و دەمرن
کەسانێک کە نازانن تۆ هەشبووبی

بۆیە کاتێک کە وەختت هات
بۆ تۆ، چاوەڕاونکراو بووبێ یان نا
لە شارێکدا، کە لە ئاگردا دەسووتێ
لە وڵاتێکدا کە داوای زۆرت لێ دەکات
لە یادتدا، ناوی هەموو ئەوانە بژمێرە خۆشت دەوێن:
ئەوانەی لە عیشقدا بە شوێنپێکەی تۆدا دەڕۆن
چاوەکانت مەنووقێنە!
یادەوەرییەکی جاویدان:
تێپەڕینی تاڵە شەبەنگ بە گشت کاتدا، دەنگی ناسک لە هەوا دا
دەنگی شین کاڵ
بریسکەیەکی ئاڵتوونی لە نیگای چاوانی دیدا
بۆیە کاتێک لە بەردەمی مەرگدا ڕادەکشێی
گۆرانییەکی بێدەنگ بچرە:
ژیان دەبێتەوە بە ژیان وەک چۆن دەریا دەبێتەوە بە باران
سووڕێکی بە بێ کۆتایی
یادت نەچێ
ناوی ئەوانەش بهێنی کە قەت بۆ تۆ گرنگ نەبوون
ئەوانەی خۆشیان نەویستی یان چاویان پێتەوە نەبوو
ئەوانەی لە رۆژەکانی میحنەتدا، دەستیان بۆ درێژنەکردی
دۆعایەکیش بۆ ئەوانە بکە
کە بە سۆزەوە پێیان ئەوترێ دوژمن
بۆ بەدەکان ، هەروەها بۆ دڵڕەقەکان
بۆ ئەوانەی، ئەوە نین کە دەبوو ببن
بۆ ئەوانەی لە تۆ ناچن
نەکەی ئەوانەت لەبیرچێ کە لە کێڵگەن، ئەوانەی وا لە دەریادان، وان لە باخچە
یاخود ئیستا لە سینەمان
ئەوانەی لە ڕێدا دەکەون، ئەوانەی خۆ فڕێ دەدەنە خوارەوە و ئەوانەی بە چیچکانەوەن،
ئەوانەی درۆ دەپەیڤن، ئەوانەی یەکەم رۆژیانە لە دایەنگا،
ئەوانەی
کێک دروستدەکەن
کۆت و شەڵواریان کڕیوە
پەنجەرەیەکیان شکاندووە،
وەفاداربوون بە پەیمانەکانی خۆیان،
ئەوانەی نازانن روو لە کوێ بکەن یان بە کام ریگادا بگەڕێن
بە ناوی خۆیانەوە بانگیان بکە!
تا ناوی کەسیانت لە بیر نەچێ
بانگی ئەوە بکە تەنیایە و
ئەوەی سەقفی ماڵمان بۆ چاکدەکا
ئەوەی هەموو رۆژێ ماشینەکەی بە هەڵە لە پارک ڕادەگرێ و
ئەوەی لەسەر لای ڕاست دەنووێ
ئەوانەی قاڵدرمەکان لە سەهۆڵ پاکدەکەنەوە و
ئەوانەیشی قەشمەرییان بە ترسییان کرد و لە جەنگدا مردن

لەسەروی تۆوە، مۆمێک دەسووتێ
لە ژوورەکەتدا بێدەنگییە و لە دەرەوەیش هەر هەمان شت
تۆ ئێستا ڕوون، بێکێش و سەربەهیج کەسێک نیت
تۆ لە مێشوولەیەک بچووکتری
لە شەونمیش زۆر ناسکتر
سا بڕژێ رووبار!
بپشکوێ تۆو!

بۆ ئەوەی لەسەرتەوەیە، چاوبگێڕە!
یادت نەچێ
نەکەی نەتوانی ناویان بێنی
دەربارەی ئەوانیش بدوێ
بۆ وانیش، هەمان شت بخوازە!

بەکر ئەحمەد



خۆشەویستیی ئالوودە/ گرفتاریی… ئەحمەد رەزا

(( الحب المرضي))
(( obsessive love disorder/ ))شپرزەیی خۆشەویستیی بەدەستهێنان
(( lamour maladif/ )) نەخۆشی خۆشەویستیی.
ئالوودە بوون بە خۆشەویستیی لە لایەنێکەوە، نەخۆشییەکی دەروونییەو پێویستیی بە چارەسەر هەیە.. ڕەنگە چارەسەرەکەی بۆ کەسێکی ئاسایی و نەخۆشییەکەی نەبێت ئاسان بێت، بەڵام وەک عەرەب ئەڵێت بۆ کەسی نەخۆش ” سهل الممتنع” ە، واتە وێڕای ئاسانییەکەی ڕێگە لێگیراویشە، بەوەی کەسی نەخۆش باوەڕ بە هیچ جۆرە چارەسەرێک ناهێنێ و ئەسڵەن بە نەخۆشیی نابینێ.
خۆشەویستیی لە بنەڕەتدا چێژو هێور بوونەوەو دڵخۆشیی و دابینبوونی سۆزدارییە، بەدەرە لە هەموو هەستێکی نێگەتیف)) بەڵام هەرکاتێک بووە مایەی کێشە خوڵقاندن و خەمۆکیی و شپرزەیی دەروونیی و لێکدانەوەی زۆر، لە هەمان کاتیشدا کەسی گرفتار تاک لایەنە لە خۆشەویستییەکەی بەبەردەوامیی مایەوەو هەوڵی چارەسەرکردنیدا، مانای وایە ئالوودە بووە بەو خۆشەویستییە.
ئالوودەیی سۆزداریی چییە؟
جۆرێکە لە ئیدمان بە خۆشەویستیی کەسێک و ئالوودەبوونە بە کەسی بەرامبەرەوە، بە بێ هیچ سنورێک.. هەموو کردەوەیەک لەو خۆشویستنەدا بە ڕێگەپێدراو ئەبینێت تا ئەندازەی سووکایەتیی بەخۆ کردن و خۆ زەلیل کردنیش.. ئەبێتە مایەی سەرێشە بۆ خۆی و کەسی خۆشویستراوی بەرامبەریشی، بە جۆرێک خۆی لە ژیانی ئاسایی ئەچێتە دەرەوە.. تا ئالوودە بوونەکە زیاتر بخایەنێت، نەخۆشییەکە زیاتر پەرە ئەسێنێت و چارەسەریشی پێویستیی بە کات و هەوڵی زیاترە، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێ لەگەڵ چارەسەری وازهێنان لە بەنگکێشان، یان دەسهەڵگرتن لە جگەرە کێشان.
نەخۆشی دەروونیی ئامانجەکانی لە ژیاندا ئەگۆڕێت، هەموو ئامانجێکی ڕووەو کەسی خۆشەویست ئاراستە ئەکات، هەر کارو کردەوەیەک بکات کەسی خۆشویستراو ئامانجەو بۆ ڕازیکردنی زیاتری ئەوە لە خۆی.. کەسی هاوشێوەی ئەو نابینێتەوە، بە مەزن و پاکژترینی ئەبینێت، هیچ تێبینییەکی نێگەتیفی دەربارەی ئەو لا دروست نابێت، لە هەموو ڕوویەکەوە بە کەسێکی موتەکامیل و پڕی ئەبینێت، هەر کارو کردەوەیەک کەسی خۆشەویستراو بیکات، نەخۆشەکە بە باشترین و جوانترین و نایابترین کارێک ئەیبینێتەوە.. خۆشویستنەکەی بە ئەندازەیەکە، کەسی خۆشویستراو تا ڕادەیەک بێزار ئەکات و نەخۆشەکەی لا بچووک ئەبێتەوەو هەست بە نەخۆشکەوتنی ئەکات.
کەسی نەخۆش بەختەوەریی خۆی بە کەسی خۆشویستراوەوە ئەبەستێتەوە، بە دەرکەوتن و بینینی تووشی شلەژان و دڵ لێدانی خێرا ئەبێت، وا تێ ئەگات سەرچاوەی هەموو بەختەوەرییەکان و دڵخۆشبوونی لەودا کۆبووەتەوە.. هەر کاتێکیش خۆشویستراو بە ژیانی ئاسایی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، نەخۆش بێتاقەت و بێهوودە ئەکات، بەردەوام چاودێریی ئەکات، بە کورتیی ئەیەوێت کۆنترۆڵی بکات و ببێت بە یەکێک لە شتەکانی خۆی، واتە غەریزەی بە موڵکداریی بوونی زیاتر تەشەنە ئەکات و ئەو بە موڵکی خۆی ئەزانێت.
کەسی نەخۆش بەردەوام لە چاوەڕوانیدایە، تەنانەت ئەوکاتانەی پێکەوەن، لەبەرئەوەی ئەو بڕیاردەری ژیان و بەختەوەرییەکانیەتی.. کەسی نەخۆش غەریزەی سێکسیی زۆر لاوازە لەگەڵ خۆشویستراودا، تەنها لە کاتی پێویستدا نەبێت.. واتە هەوڵە چڕەکانی لە غەریزەی موڵکدارێتیدا خۆی ئەبینێتەوە، نەک لە سێکسدا.
کەسی نەخۆش بەردەوام ئازارو ئەندێشە/ معاناة ی هەیە، ئاسوودە نییە، هیچ هۆکارێکی ئاشکرا لە خۆشویستنەکەیدا نابینرێتەوە، لە حاڵەتە سەرەتاییەکاندا نەبێت، وەک سەرسامبوون/ اعجاب، یان تەنیایی، یان هۆکاری ماددیی.. خۆشویستراو بەردەوام بە تاوانبارێکی بێ تاوان ئەزانێت.. ڕقی لە هەموو ئەو کەسانەیە ئەو ڕقی لێیەتی و هەموو ئەوانەی خۆش ئەوێ ئەو خۆشی ئەوێن، لە هەموو کاتێکدا لە بیری ئەودایەو زۆرتین بیرۆکەی بۆ دێت بۆ خۆ پێگەیاندنی، ژیانی ئاسایی خۆی فەرامۆش ئەکات و نیمچە گۆشەگیر ئەبێت.. هەرچیەک لە توانایدا بێت بە زیادەوە بۆ کەسی خۆشویستراوی ئەکات و بەردەوام بیری ئەچێتەوە شتێکی بۆ کردبێت، بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوە ئەدات شتێکی بۆ بکات.. نەخۆش گرفت و کێشەو زیانەکانی زیاتر بۆ خۆیەتی، تەنها ئەو زیانە بە بەرامبەری ئەگەیەنێت کە وەڕسی ئەکات.
تەنها کردەیەک وا لە نەخۆش ئەکات چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە، ئەویش هەستکردنیەتی بەوەی خۆشویستراو گرنگی زۆر بە کەسێکیتر ئەدات،، هەوڵی تەواو ئەدات بۆ دوورخستنەوەی کەسەکە لێی، بە هێمنیی لە مەبەستی کەسەکەی ئاگادار ئەکاتەوەو گەر خۆشویستراو گوێی پێ نەدا، چاو بەخۆدا خشاندنەوەکە زیاتر ئەبێت.. لەوکاتەدا نەخۆش توشی شپرزە بوونێکی گەورەی دەروونیی ئەبێت، لە دیارترین بارەکدا ئەوەیە بە مەبەستی کشانەوە وەزیفە ئۆرگانیکیەکانیشی تووشی شپرزەیی و شڵەژان ئەبن و ئەگەری زۆری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تیا سەرهەڵئەدات، وەک شەکرەو فشاری خوێن و دڵ، لە هەندێک باردا کەنسر.
بۆ ناسینی ئەم نەخۆشییە لە هەرکەسێکدا، پزیشکی تایبەت ئەم سێ پرسیارە لە نەخۆشەکە ئەکات:

  • 1 ئایا پەیوەندێیەکەت لە ژیانی خۆت زیاتر لا مەبەستە؟
  • 2 ئەو باجەی بۆ پەیوەندییەکە ئەیدەیت، زۆرەو کاری لە باری دەروونیت کردووە؟
  • 3 تەنها خۆت ئەو هەموو هەوڵە ئەدەیت و تێئەکۆشیت بۆ ئەوەی ئەو ڕازیی بکەیت؟
    چارەسەر:
  • هەرکەسێک هەستی بە گرفتاربوونی کرد بەم نەخۆشییە، پێویستە سەرەتا میکانیزمێکی دەروونیی بگرێتە بەر، بۆ هێور کردنەوەی دۆخەکەی و دوواتر کشانەوە لە کەسی بەرامبەر، بەوجۆرەش کەسی خۆشویستراو وەک پەیکەرێکی وەهمیی لە خەیاڵدا ئەمێنێتەوەو لە واقعدا ئەو جەدوایەی نامێنێت.
  • ڕاگرتنی هەموو جۆرە خۆشویستن و ڕق لێبوونەوەیەک لە کەسی بەرامبەر، بەوجۆرەش ئەبێتە کەسێکی ئاسایی و لە ڕق و ڕەشیی دەروونیی خۆی ئەپارێزێت.. ئەوەندە هەیە وەک یادگارییەک جێ بمێنێت.
  • ناوبەناو هەوڵبدرێت بۆ نەبینینی کەسی بەرامبەر، تا ئەگاتە ئەوەی بە یەکجاریی نەبینرێت.
  • وزەی دەروونیی و خۆ بەهێز کردن زۆر گرنگەو مرۆڤی پێگەییو لە توانایدا هەیە ئەوە بکات.
  • ئەگەر چارەسەر نەبوو، ئەوا سآدەترین و باوترین چارەسەر، خۆ گەیاندنە بە پزیشکی دەروونیی..



“ئەزموون” خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی “سانتا باڕباڕا”ی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەمایی و هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی “جێفڕی سی. بارباکۆ” Jeffrey C. Barbakow بەدەستبێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” بریتی بوون لە: “کاڕلۆس ئاگیۆلار” Carlos Aguilar، “جۆستین بێتیمێن” Justine Bateman، “دۆپ بۆسۆ” Dupe Bosu، “جۆلی کارمێن” Julie Carmen، “ئانلی ئێلینگسۆن” Annlee Ellingson، “تیم گریرسۆن” Tim Grierson، “بیندریا جولی” Beandrea July، “ئێلیزابێت لو” Elizabeth Lo، “ئێسکات مانتز” Scott Mantz، “خۆزێ نۆڤۆئا” Jose Novoa، “گیل ڕابێرتسۆن” Gil Robertson، “چاڕلز سۆلۆمۆن” Charles Solomon، “ئانجی وانگ” Angie Wang، “ئێستیو زێن” Steve Zahn، “ئانتۆنی زێربە” Anthony Zerbe و “ئانێت زێربە” Annette Zerbe.

سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” SBIFF بە هاوکاری ڕێکخراوەی ناحوکمی “یو.جی.جی” ®UGG، بە بەشداریی ئەستێرە ناوداره‌کانی سینەمای دنیا و بە نمایشی 200 فیلم لە سینەماکارانی 54 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”ی کورت و درێژ، بەشی پێشبڕکێی “ئەنیمەیشن”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای سەربەخۆ”، بەشی پێشبڕکێی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای نۆڕدیک”، بەشی “سێمینارە سینەماییەکان”، بەشی پسپۆڕانەی “ڤۆرکشۆپی فێرکاری” و … لە ڕۆژانی 2 تا 12ی ماڕچی 2022 لە شاری سانتا باڕباڕا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لە فیلمی سینەمایی “ئەزموون”دا کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و … .

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆی لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://sbiff.org/

https://www.facebook.com/SBIFF

https://fb.watch/bLlBss6Xix/

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/




سرودی ئاوەدانی.. عەلی حەمەڕەشید

ئێمـــــەی منداڵ دڵخۆشین
وا بەهار و ســــــــەیرانە
ئەوەی تینمــــــان دەداتێ
هەڵەبجە ئـــــــــــاوەدانە
….
وەرن هەمــــــــوو پێکەوە
بە ئـــــاواز و گــــــۆرانی
دەستی یەکتری بگـــــرین
بەخۆشیی و شادومـــــانی
….
بڵێین ئێمـــــەی بچکۆلە
پەرۆشین بۆ ئەو کــــارە
بۆ بــــــــاشتر بنیاتنانی
ژیانەوەی ئەم شـــــارە
….
بەخوێندن و زانیـــــــاری
هەنگــــاو دەنێین بە گشتی
هەتا شـــــاری هەڵەبجە
نمــــــــونەبێت بۆ ئاشتی
….
ناوی وەکــــــو ئەستێرە
گــەش بێ و بدرەوشێتەوە
سرودی سەرکەوتن بێ و
هەموو کـــەس بیڵێتەوەی
….
بویت بەپایتەختی ئاشتی
دڵخۆشـــــــم ئاوەدانی
بڵند و پڕ شکــــــۆ بی
تۆ ناسنامـــەی کوردانی

١٤/٣/٢٠٢٢




چەند و چونی پێش مردن.. نەوزاد بەندی

ئەو شتانە بکڕن ،
کە بۆ فرۆشتن نین ..
هەمیشە ئەو شتانەی بۆ فرۆشتنن ،
عەیبدارن ..قەت بە هیچەوە سەرقاڵ مەبن ..
سەد ساڵ لەگەڵ هیچ سەرقاڵ بن،
ناگەن بە شت ..

کە دوور کەوتیتەوە ،
هەستم کرد ،
باشترین دەرمان بۆ هەردووکمان ،
دوورییە ..

شەمسی تەبریزی ئەڵێ :
لە ئەسپەکەت مەیەرە خوارەوە ،
لە هەر شوێنێ دابەزیت ،
کەلەپچەت ئەکا بۆ خۆی ..
دنیا گەڕانە ..گەڕان ..
بە بێ وەستان ..

چاوەڕێی کەستان ناکەم و ..
بە تەنیا ئەڕۆم ..
چونکە بێیشن لەگەڵما ،
لە نیوەی ڕێ ئەگەڕێنەوە ..

بۆ ئەوەی خەم نەتانخوا ،
خەم مەخۆن

کە تۆ دیار نیت ،
ئاپۆڕەی خەڵکم لێ ئەبێ
بە بیابان ..
لە دەرگاکان عاجز ئەبم ،
کە بەبێ تۆ ، ئەکرێنەوە ..
خێرهاتنی شەماڵ ناکەم ،
کەبێ تۆ دێتە بەرهەیوان ..

کە تۆ دیار نیت ،
هەوڵ ئەدەم بە شتێکەوە ،
خۆم سەرقاڵ کەم ..
هیچ شتێ سەرقاڵم ناکا ..
نازانم تۆ
بۆ من ئازادییت یان زیندان !




(مێژوو له‌سه‌ر گردێك ) قه‌ڵای هه‌ولێر.. له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ پ.ی.د. حممد عزیز سعید

ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆشایی ئامسان – ناسا
له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ پ.ی.د. حممد عزیز سعید / كۆڵێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی – زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

ئاشكرایه‌ كه‌ یه‌كه‌م شارستانیه‌ت له‌ جیهان دا له‌ ناوچه‌ی میزۆپۆتامیا سه‌ری هه‌ڵداوه‌. جه‌نگیزخان هه‌وڵی دا گه‌وره‌ترین
ئیمپراتۆری زه‌وی نزیك له‌ مێژوودا دابهێنێ‌. عومسانیه‌كان زه‌وی و زاری ئه‌وروپا و ئاسیایان بۆ نزیكه‌ی 600 ساڵ
داگریكرد. ئه‌م دوو ئیمپراتۆره‌ یه‌ك شتی هاوبه‌شیان هه‌بوو ، ئه‌ویش بریتی بوو له‌ دروستكردنی كه‌مپ له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی
بچووك… ئێستا ناسراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان ( باكوری عێراق): قه‌ڵای هه‌ولێر.
ئه‌م قەڵایه‌ كۆنرتین قه‌ڵایه‌ له‌ جیهان تاوه‌كو ئێستا ژیانی له‌سه‌ره‌ و نیشته‌جێ‌ یه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی
6000 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا. مێژووه‌ دێرینه‌كه‌ی له‌ خاكه‌كه‌یدا به‌دی ده‌كرێ‌. له‌ سه‌ر شێوه‌ی گردێكی هێلكه‌ییه‌ و به‌رزییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 32 مه‌تره‌. قه‌اڵی هه‌ولێر له‌ زبڵ و خاشاك و پامشاوه‌ و خانووی قوڕی داڕماو و نیشته‌جێ‌ ی چه‌رخی پێشووتر دروست كراوه‌.
ئه‌م شاره‌ دێرینه‌ كه‌وتۆته‌ ناوه‌ندی هه‌ولێر و رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌ هێكتاره‌ و له‌ ساڵی 2014 ڕێكخراوی یۆنیسكۆ خستیه‌ ناو
لیستی شوێنه‌واره‌كانی جیهان.
وێنه‌ی قه‌اڵ و شاری هه‌ولێر كه‌ خوێنه‌ر لێره‌دا ده‌ی بینێ‌ مانگی ده‌ست كردی هه‌شت ) الند سات 8 سه‌تیالیت ( له‌
20/11/2018 له‌ ئامسانی هه‌ولێره‌وه‌ وێنه‌ی گرتووه‌. قه‌اڵكه‌ له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر به‌ده‌ی ده‌كرێ‌ له‌ شێوه‌ی ویلی
گالیسكه‌ دایه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌ چاخی عوبید ژیانی لێ بووبێت كه‌ مرۆڤ ئه‌وكات ویلی گالیسكه‌ی داهێناوه‌. قه‌ڵای هه‌ولێر
ده‌وری دراوه‌ به‌ پایته‌ختی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌وری دراوه‌ به‌ دیوارێكی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و ڕواڵه‌تی قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی پێ‌ به‌خشیوه‌. له‌ناو ئه‌م
دیواره‌ گه‌وره‌یه‌دا كۆڵانی ته‌سكی ده‌رنه‌چوو له‌ ده‌رگای سه‌ره‌كیه‌وه‌ حه‌وشی ماڵه‌كانی به‌ باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ گرێ‌ داوه‌. شێوازی
شه‌قامه‌كانی له‌ چه‌رخی عومسانییه‌كان وه‌رگریاوه‌.
ئه‌مڕۆكه‌ ته‌نها یه‌ك خێزان له‌ سه‌ر قه‌اڵی هه‌ولێر ده‌ژیت. ئه‌مه‌ش له‌ الیه‌ن به‌رپرسانی كوردوستان ڕه‌خسێندراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن قەڵای هه‌ولێر تاكه‌ قەڵایه‌ له‌ جیهان تاوه‌كوو ئێستا ژیان له‌سه‌ری به‌رده‌وامه‌. ئێستا قه‌ڵای هه‌ولێر یه‌ك مزگه‌وتی به‌كاری له‌سه‌ره‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین موزه‌خانه‌ كراوه‌ن بۆ كاركردن. چه‌ندین ڕێكخراو به‌رده‌وام كاری نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ ئەنجام ده‌ده‌ن بۆمه‌به‌ستی هێنانی چالاكی نوێ‌ بۆ سه‌ر قه‌اڵت. بۆ زانیاری زیاتر سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ بكه‌:
https://earthobservatory.nasa.gov/images/144736/history-on-a-hill




پێشەوا و نەمرەڕێ.. مەهدی عەبدوڵڵا

دەگەڵ پێشەوا، ڕەنگە هاوساڵ و مانگ بین، لە زۆر لاوە لێک‌نزیکین، بەڵام ئەمن نە شاعیرم و نە شیعرناس، ئەمما هەرتکمان بۆ نەمرەڕێیەک ملی ڕێمان گرتووە و هەریەکە بە ڕاستەڕێیەکدا و هەورازێکی وان دەبەیندا نییە.

٭ کاکەیی، کوڕێکی دانسقە و کاکڵ، لەخۆبوردووییەکی بێوێنە، بەڕادەیەک تەواوی گەنجییەتیی خۆی بۆ دنیای هزر و ڕوح، ئینسانییەت، ئازادی، گەیشتنە هەقیقەت بۆ هەقیقەتی تەرخان کردووە. بۆ وشیاری و وریابوونەوە تێدەکۆشێ. ئەو بەیەکچاو دەڕوانێ و کۆژانی تەواوی دنیا لە دڵ و ئەندێشەی خۆیدا ورد و وەرد دەکاتەوە و خەم و ناسۆری کون و قوژبنەکانی جیهان دێنێتە سەر ڕووپەڕ و مرۆڤایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە و پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێ و خەمێکی قووڵ بە شیعر و وشەی ناسک دەردەبڕێ، کە لە بەرهەمەکانیدا بە ڕوون و ڕەوانی دیارە.

٭٭ پێشەوای نووسەر و شاعیر، دەخوێنێتەوە، ڕادەمێنێ، لە هیچ دانامێنێ. وێڕای دنیای تایبەتیی خۆی، خاوەنی ڕا و ڕەخنەی خۆیەتی، کە ڕەنگە دیسانەوە زۆر نەبن لە جیلی خۆی؛ شاعیر بن و شیعریان ئاوێزان بێ لە بەیانکردنی دەردی مرۆڤایەتی.

(بیر بکەوە تا بکەویتە ڕێ)۱

٭٭٭ نەمرەڕێ، یەک لەو بەرهەمە ناوازە و مانادارانەیەتی، کە قەدەرێکی زۆر نییە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە، هەوڵێکە وەک باقی هەوڵەکانی دیکەی بە زمانێکی پاراو و ڕەوان، دەوڵەمەند لە وشەی کوردی، مانای قووڵ دەبەخشێ و هەر خوێنەرە و بەشێ‌خۆی مانا هەڵدەێنجێ، بە قەولی مەولانا (هر کسی از ظن خود شد یار من) و دەبێتە یار و یاوەری و دەیخاتە سەر ڕێ و بەرەو نەمرەڕێ ڕاستەڕێی دەکات.

  • لە بەشێک لە نەمرەڕێدا، مانای کردۆتە بەر پیتەکان و کارێکی سەرنجڕاکێش و جوانی خوڵقاندووە. وەرن با پێکەوە بزانین لە پیتەکانی پێشەوادا چ مانایێکی ڕۆحی و جوان دێتە دەست، کە دەمانباتەوە بۆ دنیای ڕووناکی:

ـ پێ:
پێ، پەی پێ ببرێت، پاڵی پێوە نەنرێت/…
پەلەپڕووسکەی ناوێ سەرێ، تاسووخی دیداری لە دڵەوە دەوێ.۲

ـ ێ، یێ:
یێ، ئەوەتا پێمان دەڵێ:
ئەم ڕێیەی ئێرە، کۆتایی دێ،
سەرەتایەکی دی دێ.۳

شین:
شین نەکەین بۆ ڕەنگی شین، شین ببینەوە بە پێکەنین/ شەونشینی ئەوەیە بە شینیمان شەودێز ڕووناک بکاتەوە.٤

ە، ئە:
ئە، بزوێنێکی کورت و سواوە، دە هەموو کونێکەوە دەچێ دەبێتە نێوانگر، دەچێتە نێو نەمرەڕێ.٥

و، واو:
وچانێکم دەوێ، گوێم لە هیچ ورتەورتێ نەبێ،٦

  • ئەلف:
ئا، ئائا دەگەڵ ئێوەمە! چ دادەگیرسێ، ئاو یان ئاور؟ ئاو گوتی پاکیێتی لە من و لێخنی لە ئێوە/ تینویێتی لە من و پاشەڕۆ لە ئێوە/ ئاور گوتی هەرکێ داگیرسێ، دەبێ پاکیێتیی لە ئاوەوە سەرچاوە بگرێ.۷

۱. نەمرەڕێ، پێشەوا کاکەیی، (چامە-کتێب)، چاپخانەی جەنگەڵ- تاران، وەشانی نووسیار- دانیمارک، ز. ۲۰- (۸)، ۲۰۲۱، ل. ۳۳.
۲. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ۲۰.
۳. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۳۲.
٤. نەمرەڕێ، هەمان سەرچوە، ل. ۲٥.
٥. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۳۱.
٦. هەمان سەرچاوە، ل. ۳۱،
۷. نەمرەڕێ، هەمان سەرچاوە، ل. ۱۷.

On Tue, Mar 1, 2022, 9:49 PM peshawa kakayi peshawa.kakayi140@gmail.com wrote:

On Thu, Feb 3, 2022, 9:30 PM peshawa kakayi peshawa.kakayi140@gmail.com wrote:
🔸نوێترین کتێبی تازەی «پێشەوا کاکەیی» چاپ و بڵاو کرایەوە⤵

کتێبی «لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

🔻 له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (شیعر و پەخشانەشیعر)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. ته‌نيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به‌ جێ ده‌هێڵم. نالى (مه‌لا خدرى ئه‌حمه‌دى شاوه‌يسى ميكايه‌ڵى 1800-1877) بیانوویەک بوو بۆ من تا بتوانم بدوێم. لە ڕوانگەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانه‌وانییەوە کارم لەسەر ئەم شیعر و پەخشانەشیعرانە کردووه‌ و دۆخی دوای نالیم پێيان خوێندووه‌تەوە. ئەم شیعرانە بە زمانێکی ڕەخنەیی، کاری توێژینەوەييی خۆيانيان کردووە. چه‌ند نیوەبەیتێكى نالیم هێناوە و ڕەخنە و وەڵام و سەرنجی خۆمم بۆيان هەبووە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرتاپای شیعر و پەخشانەشیعرەکاندا لە ڕوانگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە دوواوم. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوای نالی و هێنانەوەی نالی بۆ ئێستامان کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و داهاتوومان لەسەر ئەو ئێستایە چی لێ شین دەبێتەوە.

🔵 پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.

شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

ئەها ببینن! زمان بەو لینجاوییەی خۆیەوە، شیعرمان بۆ دەنووسێت،
هەموو شتێک دەکشێت و دەشکێت،
دەلکێت و ون دەبێت.

🔹پێشەوا کاکەیی
🔸پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

🔴 لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە چەندین زمانی تر…

🔻بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛
۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛
۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر-پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.




سێ قول هواللە و دوو فەقێ و فێڵێک.. شەماڵ بارەوانی

بەحوکمی ئەوەی هەم فەقێ و هەم ئیسلامی بووم کاتی خۆی، ئەوە لەقۆناغی ژیانی فەقێیاتیم و سەردەمی ئیسلامی بوونم دا، فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، ئێستا لەیەکێک لەمزگەوتەکان لەهەولێری پایتەخت مەڵایە، زۆر بەتووندی ئیسلامیبوونی گرتبوو و تابڵێیت ئیسلامیزمێکی دۆگمایی بوو. زۆرجار دەیگووت لەپێناو ئەو ڕێبازه پیرۆزەی(ئیسلامی سیاسی) و کاری دەعوە و بانگخوازی، ئەنجامدانی هەموو شتێک دروست و ڕێگە پێدراوە. هەندێک جار بۆ شۆخی و گاڵتە کاتێک تووڕەمان دەکرد، دەیگووت: تەنانەت زینا(سێکسی ناشەرعی)یش درووستە.

واتا ماکیافیلی وتەنی(الغایة تبرر الوسیلة) و ئامانجەکان ئامڕازەکان ڕەوا دەکەن، جا هەر لەو سۆنگە میکیاڤێلیانەیەوە، ئیسلامیەکان زۆر شتیان ڕەواکردبوو لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان گەلێ شتیان دەکرد و زۆر شتیان لەسەرخۆیان قبوڵ دەکرد، بۆ نموونە دەیانگووت:ئێمە ئێستا لەقۆناغی دەعوەو بێ دەسەڵاتیداین، مەسیح وتەنی شاپێکیان لەلا ڕوومەتی ڕاستێت دا، تۆ لای چەپیشیان بۆ ڕابگره. یان، گەر کراسەکەتیان لێ دزی، تۆ دەرپێکەشتیان وێبدە. تا دەگەین بە قۆناغی تەمکین و دەوڵەت داری و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و ڕۆنانی دەوڵەتی سیوکراتی،
ئەوسا بەکاهی دڵی خۆمان دەتوانین دۆگم و ئایدیاکانی خۆمان، ئایدیۆلۆژیاو بیر و باوەڕ و ئەقیدەی خۆمان بسەپێنین و چی ویستمان بیکەین و بیڵێین و کەسێک کاتی خۆی و لەکاتی دوو ڕوویی و لاوازی و بێ دەوڵەتیماندا، شاپێکی تیاهەڵدابین، لەتۆڵەو جێگایدا دوو شاپی تیاهەڵدەدەینەوە. بۆیە ناچارین ئێستا لەگەڵ بڕیارەکانی دیفاکتۆ دا خۆمان بگونجێنین و هەندەک شت بکەین و بڵێین و بچینە ژێر باری ئەمری واقیعەوە.

ئەو هێزه ئیسلامیەسیاسیەی من ئەندامیان بووم و لەڕیزی حزبەکەیاندا کارم دەکرد، زۆر کاریان دەکرد و چەندین چاڵاکییان ئەنجام دەدا، لەحەقیقەتدا بڕوایان پێی نەبوو، وەلێ بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئەویتر و خستنە ژێر کاریگەری خەڵکی بۆ ژێر ئایدیۆلۆژیاکەیان ئەنجامیان دەدا.
لەکارکردنیشدا زۆر زیرەک و فێڵباز و هەتابڵێیت تاکتیک باز و هونەرمەند و لێزان بوون، لەجوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێک بۆ لای خۆیان و وەرچەرخاندنیان بە ئاڕاستەی ڕێباز و ئایدیۆیۆلۆژیای خۆیان.

جا فەقێیەکی هاوڕێم هەبوو، ئێمەش لەو دێیەی تێدا بووین، دەستمان کردبوو بەکاری دەعوەو بانگخوازی و گەمەی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەڵای خۆمان و بە ئیسلامیزم کردنیان. یان هەر هیچ نەبێت دەمانگووت بیانکەین بە هاوسۆز و لایەنگر، یان، دژایەتیمان نەکەن. جا ئێمەش بە حوکمی ئیسلامی بوونمان و خوێندنی دەرس و وانە لای ئیسلامیەکان، زۆر لێزان و فێڵبازبووین. دوو قوتابیی قوتابخانەی ئیسلامیەکان بووین و لەتاکتیک و فریودان و، زۆر بە حەماسەتیشەوە دەعوەمان لۆ ئیسلامیەکان دەکرد. جا هەموو شێوازێکمان دەگرتە بەر، تەنها لەپێناو سەرنج ڕاکێشانی خەلکی بەڵای خۆمانداو بتوانین هەست و سۆزیان بە ئاڕاستەی بیر و باوەڕە ئیسلامیە سیاسیەکەماندا بجووڵێنین. وەکوو سەردانی کردنی خەڵکی دێ، قسەی نەرم و لێوبەخەندەیی و ڕوو خۆشی، تێکەلاوی گەنج و هەرزەکارەکان و ..تاد. ڕۆژەکی خەریکی پیاسەبووین و ژنەکمان دیت لەپێش دەرگای حەوشەی ماڵەوەیان دانیشتبوو،
یەکسەر من ئەو فەقێیە بە یەکتریمان گووت: چۆن بتوانین و چی بکەین تا مەیلی بۆ ئیسلامیەکان ڕابکێشین؟
ڕێککەوتین کە هەردووکمان بڵێین یەکەو ختمەکی قورئانمان لۆت کردیە و تۆ ئاگادار نیت!
دوای ئەوەی سڵاو چاک و چۆنیمان لە ژنەکە کرد و پێمان گۆت: پلکە(پوورێ) ختممان لۆت کردیە. ژنەی بەستە زمان خەریک بوو لە خۆشیان باڵبگرێت و بفڕیت و تابڵێیت کەیفی هات و یەک گونیە دووعای مراز حاسڵ بوون و خێری بۆکردین. لەڕاستی دا پێش بگەین بە ژنەکەو سڵاوی لبکەین، یەکەو سێ قولهو وەڵامان خوێند.
لە ئیسلام فەرموودەک هەیە دەلێت: سێ جار خوێندنی سورەتی(الإخلاص)، واتا: سێ قل هواللە بخوێنە بەختمەکێ حیسابە.




ناحاڵی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح


ئەو شین دەکات، ئەمیش دەمرێت
براکەشی وتی: کوشتم!
شەهیدە بۆ ئەوەی نەمرێت
کۆیلە بێت؛ یاسا دەشکێنێت.


گۆرانی بوو؛لە ماڵی هەست
عەشق بوو؛ بۆ دڵ ی مەبەست
هەتاکوو شەرەف قیبلەت بێت
نوێژت بەتاڵە و بێ نوێژیت.


دڵ ی هەور؛ کە لێ ئەدات
خوێنی ئاو ە، دەیجووڵێنیت.
ژیان قەرزاری مردن بێت
چارە نییە دەبێت بدرێت


کاتێ کە تۆ گوڵێ دەکووژێت
ئازاری دڵی ئاو ئەدەیت
سەرشۆڕییە مرۆڤ هەستێت
ڕەحمی ئافرەت بسووتێنێت

غیر ممکن (بدحاڵی)
جلال عبدالله صالح


سوگواری می کند و امی می میرد
و برادرش گفت: من او را کشتم.
او یک شهید است تا به عنوان برده نمرد
او قانون را می شکند.


این یک آهنگ بود
در خانه عشق بود
برای قلب هدف، تا دعای شما
خالی و بدون نماز باشد.


قلب ابر که خون آب را می تپد
آن را حرکت می دهد. زندگی
مدیون مرگ است هیچ راه
حلی برای داده شدن وجود ندارد


وقتی گل ها را می کشند
قلب آب را درد می کنید
حیف است که یک فرد
رحمت زن را می سوزاند




لەتاریکی گوومڕاتر.. شــەمـاڵ بارەوانی

هەڵەبجەتان باش
من ناوم
عومەری خاوەرە و
نازناویشم
ناکازاکی

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
و
لەشانزەی سێی
هەشتاو هەشت
ساڵی
خەجاڵەتی دیموکراسیەت
و
بزەی فتوحات

ساڵی
کۆکووژی کورد
و
کارەسات

کۆمەڵێک جزمەی شۆڤینی
لەتاریکی گوومڕاتر
و
لەهۆزی عەفلەق

ڕەگیان دەچوویەوە
سەر تیرەی بەرد
و
مەزهەبی جەهل

ئەوان
لە توخمی تراویلکە و
جینۆساید

سەر بە نەسلی تاوان
و
لە بنچینەی
سەحراو

لە فیرقەی بەربەر بوون

لە مەنتقی
فەرهوود
و
مناڵدانی کووشتنەوە
هاتن

بۆنی هێڵنج
و
جەهننەم

بۆنی
فریشتەی مەرگ
و
قیژەی کچە ئەنفاڵکراوەکانیان
لێدەهات

لەگەڵ
دەرزنێک بیری عرووبە
و
پۆلێک تراژیدیا
و
گۆڕی بە کۆمەڵ

لەگەڵ
فڕۆکەیەک عەلی کیمیایی
و
بەرمیلێک ژەهری سارین و خەردەڵ

لەگەڵ
سندوقێک درۆی UN
و
جانتایەک دەبڵ مۆڕاڵی
کۆمەڵی نێو دەوڵەتی
و
دنیایەک گازی سپانیدو دووکەڵ

دەست لەناو دەست
هاتن
و
ملی پێنج هەزار سەوزاییان
قرتاند
پێنج هەزار جۆگەڵەیان خنکاند

پێنج هەزار کانیاویان کوژاندەوە
و
چرکەی پێنج هەزار کاتژمێری هەڵەبجەیان
لەکار وەستاند

پێنج هەزار درەختیان شەهیدکرد
پێنج هەزار مەلیتریان لەفڕین کرد

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
فەسڵی خەندەی هەڵەبجەیان
سڕییەوە
و
خونچەی پێنج هەزار
گوڵیان تووشی هەڵوەرین
کرد

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
و
لەشانزەی سێ
شاشەی کامێرایەکی مۆدێڕن
و
دوو بست ڕیشی مەزهەبێکی کلاسیکی

هاتن
تا پاشماوەی ئازارەکانی عەبابەیلێ و
عەنەب

زامی سیروان
و
فرمێسکی زەڵم

هاواری شنروێ
و
سکاڵای باڵامبۆ

دەهری بوونی شارەزوور
و
دڵ تەنگی گۆیژە

شیوەنی گەرمیان
و
تووڕەیی هەورامان

دیمەنی خنکانی کانی قووڵگەو
سەرای و شەهیدان
و
تەرمی هەڵەبجە
لەتابووتی دوو ڕووییان
بە ئەرشیف کەن

وێنەی ڕۆحە هەڵکروزاوەکان
بگرن
و
جەستە سووتاوەکەی
تۆفیقی کارەبا
بە دیکۆمێنت
و
لە بیرکەن

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
دەنگی پێنج هەزار گیانەڵای
بەساڵاچوو
و
پێنج هەزار
کۆرپەی داماو

پێنج هەزار
چیرۆکی تراژیدی
و
پێنج هەزار
تابڵۆی سوتاو

پێنج هەزار
فرمێسکی خوێناوی
و
پێنج هەزار
مۆمی کوژاوە
و
پێنج هەزار دووا هەناسەی
خنکاو

کران بە هەویری داڕمانی
ئەخلاق
و
موزایەدەی
مەزهەبی دوانزە ڕیش و
سیناریۆی فیلمێکی تری
جیهانی

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
جارێکی تر گەردوون
بە هیرۆشیمایەکی تر
دووگیان بوو

دووبارە
ئاسمان ئەنفالێکی تری لێ داواکردین
و
زەوی پێنج هەزار
پەپوولەی تری
لێ قڕکردین

لەشانزەی سێ بوو
پێنج هەزار باڵندەمان
لێ ونبوو
و
دڵی پێنج هەزار دایکی کورد
کون بوو




هـۆنراوە بۆ منداڵان.. نـه‌ورۆزە .. رەزا شـوان

ئـه‌مــــڕۆ جــــــه‌ژنـی نـــــــــه‌‌ورۆزە
جــــــه‌ژنـی کـــــــوردە پـــــــــیـرۆزە
* * * * *
شـاجــــــــــه‌ژنی کـوردســـــــــــتـانـه‌
ســــەری ســاڵی نـوێـمـــــــــــــــــانـە‌
* * * * *
نـــــــه‌ورۆز جـــــه‌ژنـی شـــــــادیـیـه‌
رزگــــــــــــاری و ئـــــــــــــــازادیـیـە ‌
* * * * *
تـه‌وقـــــــــــه‌ و پـــــــــــــیـرۆزبـایـیه‌
خـۆشـی و شـــادی‌ و شـــــــــــــایـیـه‌
* * * * *
دیـــــاری نـــــــــه‌ورۆز نـــــــێـرگـزه‌
گـــــــوڵـی جــــــوانـی ئــــــه‌م وەرزە
* * * * *
رۆژی ســــــــــه‌یـران و گـه‌شـــــــتـه‌
کـوردســــــــتـانمـان بـه‌هـه‌شــــــــتـه

سـویـد: ٢٠٢١‌




رونکردنەوەیەک لەلایەن عەبدولڕەحمان فەرهادی ەوە

خوێنەر و بنووسی ئاست نزم، ئەو کەسەیە کە دەقەکانی نووسەر بە کەسایەتیی دەوابەستێنێ. خەڵکانێک هەن وا دەزانن ئەو تەنز و چیڕۆکانەی دەیاننووسم، بریتین لە ژیانی تایبەتیی خۆم، هەن نایانناسم، دەڵێن: “زگمان پێت دەسووتێ! لەگەڵ خوێندنەوەیان بۆت گریاوین”. بێئاگان لەوەی دەق و خەیاڵ و خولیای جیاجیای نووسەر، مەرج نییە پێوەندیی بە بایۆگرافیای خودی نووسەرەوە هەبێ، لە زۆر جێگا ئەمەمان گوتووە و لە دەقەکانیشماندا ئەمە دەردەکەوێت، کەچی بەداخەوە فەریکە بنووس و بخوێنی خۆ بە شتزان، دێن بەراوردیان بە ژیانی ڕۆژانەم دەکەن و قسە و لێکدانەوەی نابەجێم لەبارەوە دەنووسن!
شیعرەکەی “نالی”ی مەزن دەگۆڕم و دەڵێم:

“لە جگەرگۆشەی دەقەکانم مەدەن مانای خراپ
بێ خەتا کەس نییە ڕازی، لە ئەولادی درێ”

عەبدولڕەحمان فەرهادی




به‌هاى داهێنان و پێگه‌ى داهێنه‌ر له‌( هه‌ڵبه‌ستی ده‌روێش عه‌بدوڵای) گۆراندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( ده‌روێش عه‌بدوڵا ) یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌ دیاره‌كانی گۆران كه‌ پێشكه‌شی كردووه‌ بۆ فریشته‌ى مۆشیقا. ئایا به‌ لاى گۆرانه‌وه‌ فریشته‌ى مۆسیقا كێیه‌؟ ده‌شێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ها تێبگه‌ین كه‌ مه‌به‌ست له‌ فریشته‌ى مۆسیقا ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌. یان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ فریشته‌ى مۆسیقا ده‌روێش عه‌بدوڵا نه‌بێت كه‌واته‌ ئه‌م ده‌قه‌ پێشكه‌ش به‌ كێ كراوه‌؟ وه‌كو له‌ په‌راوێزى ده‌قه‌كه‌دا هاتووه‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا شمشاڵ ژه‌نێكی به‌هره‌دار بووه‌و زۆربه‌ى كات له‌ هه‌ورامان ژیاوه‌ یان بینراوه‌. بێگومان ژیانی ئه‌م شمشاڵ ژه‌نه‌ هاوسه‌رده‌می گۆران بووه‌و به‌ئاشكرا دیاره‌ كه‌ گۆران زۆر پێی سه‌رسام بووه‌و شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌ش به‌باشی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ده‌شێ دواتر باسی په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌م ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌و گۆران خۆى له‌سه‌ر ئاستی داهێنان بكه‌ین و ده‌شێ ده‌روێش عه‌بدوڵا وه‌كو ده‌مامكێك به‌كارهاتبێت و ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ ئاخاوتنی گۆران بێت له‌باره‌ى خۆیه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌مامكی ده‌روێش عه‌بدووڵادا، كه‌ ده‌شێ گۆران ئه‌وه‌ى به‌ هوشیارییه‌وه‌ كردبێت یان له‌ نائاگاییه‌وه‌ جۆرێك له‌ هه‌ست كردن به‌ گرنگی نه‌دان به‌ پێگه‌ى ئه‌وى داهێنه‌ر له‌ لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه‌ په‌ڵنه‌رى به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ بێت.
ناونیشانی ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ ناوێكی ناسراوه‌ كه‌ له‌ دوو وشه‌ پێكهاتووه‌ ( ده‌روێش عه‌بدوڵا ) كه‌ ناوى كه‌سه‌. ئایا وشه‌ى ده‌روێش لێره‌دا ناوى یه‌كه‌می ئه‌و كه‌سه‌یه‌و عه‌بدوڵا ناوى دووه‌مه‌ یان ده‌روێش خاسێت و ناونیشانی ئه‌و كه‌سه‌یه‌.دیاره‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا ئه‌مه‌یان ئاشكرا نیه‌و زمانی ده‌قه‌كه‌ش اه‌م باره‌یه‌وه‌ زانیارییه‌ك پێشكه‌ش ناكات. ده‌كرێ وشه‌ى ده‌روێش ناو بێت هه‌مان شێوه‌ى عه‌بدوڵا، هه‌روه‌ك له‌وانه‌یه‌ وشه‌ى ده‌روێش ئه‌گه‌رچی ناوه‌ به‌ڵام رۆڵی ئاوه‌ڵناو ببینێت و وه‌سفی ناوێكی تر بكات. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌ى ده‌روێش ده‌شێ ناسنامه‌ى ئاسایی ئه‌و كه‌سه‌ یان كارو پیشه‌كه‌ى ده‌ربخات كه‌ ده‌روێشه‌. ده‌روێش به‌ كه‌سانی شوێنكه‌وتووى رێبازى ته‌سه‌وفی قادرى ده‌گوترێت كه‌ نزمترین پله‌یه‌ له‌ پله‌به‌ندیی پێكهاته‌ى هه‌ره‌می قادریداو تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ئاشكراش وشه‌ى ده‌روێش له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌لاله‌تی شوێنكه‌وتوو، پاشكۆ، ئاستی هوشیارى نزم هه‌ڵده‌گرێت و كه‌سێكه‌ كوێرانه‌ بڕواى به‌ شێخه‌كه‌ى هه‌یه‌و هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تدایه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ى نیه‌و له‌ هه‌موو شتێكدا پشت به‌ شێخه‌كه‌ى ده‌به‌ستێت و شێخ له‌ روانینی ئه‌وه‌وه‌ پێگه‌ى باڵاى هه‌یه‌و پیرۆزه‌ هه‌مان شێوه‌ى پیرۆزى خوداو پێغه‌مبه‌ر. هه‌روه‌ك ده‌روێش ماناى بێ لانه‌یی و به‌ هه‌موو شتێك رازى و دێوانه‌ییش ده‌گه‌یه‌نێت. كه‌ پێ ده‌چێت وشه‌ى ده‌روێش له‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌دا زیاتر ئه‌م دێوانه‌یی و بێ باكی و ره‌وته‌نیه‌ بگه‌یه‌نێت. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م پاشخانه‌ مێژووییه‌ى ( ده‌روێش عه‌بدوڵا )ش نه‌زانین به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ كوێ ژیاوه‌ هێشتا ده‌قه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ شمشاڵ ژه‌ن بووه‌و له‌و وه‌سف و ناساندنه‌ى له‌ رێگاى زمانی ده‌قه‌كه‌وه‌ بۆى ده‌كرێت شوناسی ئه‌م كه‌سه‌مان وه‌كو كه‌سێكی شاره‌زاو لێهاتووى بواى ئاوازى ره‌سه‌نی كوردى بۆ ئاشكرا ده‌بێت.
ئاشكرایه‌ له‌ رێگاى ناونیشانه‌وه‌ ده‌رگاى ده‌قه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌و به‌ره‌و نێو بنیادى پێكهێنه‌رانه‌ى ده‌قه‌كه‌ شۆڕده‌بینه‌وه‌. له‌ پێشه‌كیدا پێویسته‌ رووناكی بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ گشتیه‌ى كه‌ ئه‌و گوتاره‌ شیعریه‌ى به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان په‌یوه‌سته‌ پێیه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كه‌لتووریه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌مهاتووه‌، كه‌ ساڵانی سی و چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ى رابردووه‌، بارودۆخێكی ناجۆرو دواكه‌وتوو پڕ له‌ كێشه‌ خاسێتی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ بووه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌مهاتووه‌. له‌ رووى پاشخانی ئه‌ده‌بیه‌وه‌ له‌پێش هاتنی به‌رهه‌مهێنی ئه‌م ده‌قه‌دا به‌راورد به‌ بارودۆخی گشتی زه‌مینه‌ى به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه‌ سامانێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك باش یان ده‌وڵه‌مه‌ندى شیعرى كلاسیكی و به‌رهه‌می شیعرى مه‌وله‌ویش هه‌بووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خاسێت و بنه‌ماكانی شیعرى رۆمانسی تێدایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو بنه‌ماكانیشی تێدا نه‌بێت، ئاماده‌بوونی هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش رێگاخۆشكه‌ربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ قۆناغی كلاسیكی بنیادنراو له‌سه‌ر پایه‌ى عه‌قڵ یان به‌هه‌می شیعرى كلاسیكی بارگاوى كراو به‌ به‌رهه‌می عه‌قڵ و فیكر، هه‌نگاو به‌ره‌و رۆیشتن بۆ لاى جیهانی خه‌یاڵ هه‌ڵبهێنرێت كه‌ ئه‌و جیهانه‌ش به‌ وێنه‌و جوانی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سرووشت و بۆ زاتی شاعیر یان بۆ پانتایی ژیانی تاكه‌كه‌س و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بارگاوى كراوه‌. ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ له‌م هه‌لومه‌رج و بارودۆخه‌دا به‌رهه‌م دێت.
به‌ دواى ئه‌مه‌دا دێینه‌ سه‌ر خستنه‌ڕوو نمایشكردن له‌ ده‌قه‌كه‌دا كه‌ ئه‌ویش به‌ چه‌ند قۆناغێك ئه‌نجام ده‌درێت. قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغی تێبینی كردنی ده‌قه‌كه‌یه‌ له‌وه‌ى كه‌ شێوازى ده‌قه‌كه‌ چۆنه‌، نه‌خشه‌ یان بنیادى ده‌قه‌كه‌ و پێكهاته‌و قه‌باره‌ى دێڕه‌كان و كێش و سه‌روا چیه‌. شێوه‌ى یان فۆرمی ده‌قه‌كه‌ له‌ هه‌شت كۆپله‌ پێكهاتووه‌، پێنج كۆپله‌ى یه‌كه‌م له‌ چوار نیوه‌ دێڕ پێكدێن و دوو كۆپله‌ى كۆتایی هه‌ریه‌كه‌ له‌ سێ نیوه‌ دێڕ پێكدێن. قه‌باره‌ى دێڕه‌كان مامناوه‌ندن. بێگومان هه‌ر لێره‌دا ده‌شێ باسی ئیقاعی ده‌ره‌وه‌یی ده‌قه‌كه‌ بكه‌ین كه‌ بریتیه‌ له‌ كێش و سه‌رواو به‌حرو…. كێشى دێڕه‌كانی جۆراو جۆره‌و له‌ نێوان چوارده‌و پانزه‌و شانزه‌ بڕگه‌یدایه‌. سه‌روا جۆراوجۆره‌و نیوه‌دێڕى یه‌كه‌م و سێیه‌م، نیوه‌دێڕى دووه‌م و چواره‌م هاوسه‌روان، بێجگه‌ له‌ دوو كۆپله‌ى كۆتاییدا كه‌ له‌سێ نیوه‌دێڕ پێكهاتوون. نیوه‌دێڕى یه‌كه‌م و سێیه‌م هاوسه‌روان. له‌ كۆى بیست و شه‌ش نیوه‌دێڕ سه‌رواى شانزه‌ نیوه‌دێڕ ده‌نگه‌ بزوینه‌كانن كه‌ بریتین له‌ پیت یان ده‌نگه‌كانی (ێ، ا، ه‌، ى).
له‌ رووى زمانه‌وه‌ ئاشكرایه‌ شیعرى رۆمانسی له‌ دوو ئاستدا سنوور له‌گه‌ڵ شیعرى كلاسیك داده‌نێت، یه‌كه‌میان له‌ روانگه‌ى ناوه‌رۆكه‌وه‌ كه‌ له‌ رووبه‌رى گشتیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رووبه‌رى خودو خود-زات ده‌دوێنێت و گوزارشت له‌ خود ده‌كات. له‌ روانگه‌ى شێوه‌و زمانه‌وه‌ شێوه‌ى شیعرى كلاسیكی كوردى كه‌ له‌ سه‌ر كێشه‌كانی فه‌راهیدى یان مه‌سنه‌وى فارسی نووسراوه‌، به‌جێده‌هێڵیت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زمانی پاراوى كوردى و بۆ كێشی په‌نجه‌، كێشی ئازاد كه‌ ئه‌میش به‌ جۆرێك ره‌سه‌نایه‌تیه‌كی كوردى هه‌یه‌و كێشی فۆلكلۆرى كوردى و كێشی گاتاكانی په‌یامی ئایینی زه‌رده‌شتیه‌. كه‌واته‌ لێره‌وه‌ له‌ رووى ناوه‌رۆك و شێوه‌یشه‌وه‌ ئه‌م ده‌قه‌ ده‌قێكی رۆمانسیه‌و به‌ زمانێكی كوردى پاراو نووسراوه‌ سه‌ربارى بوونی هه‌ندێ وشه‌ى عه‌ره‌بی به‌ڵام كوردێنراوى وه‌كو ( حوزن، ماته‌م، عومر، حه‌سره‌،..)، له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكێكدا كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو پێكهاته‌ى خود و ئه‌وه‌ش هه‌رچه‌نده‌ وه‌كو دواندنی كه‌سی به‌رامبه‌ر له‌ كه‌سێتی ده‌روێش عه‌بدوڵادا باس ده‌كرێت به‌ڵام گۆران له‌ خۆى ده‌دوێت و ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌مامكێكه‌ و له‌ پشتیه‌وه‌ گۆران راوه‌ستاوه‌. واته‌ شاعیر باسی خۆى ده‌كات. بنیادى رسته‌ى ئه‌م ده‌قه‌ رسته‌ى راگه‌یاندن و داواكاریه‌. كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ خستنه‌ڕوو یان نمایشكردنی بابه‌تى ده‌قه‌كه‌وه‌و پاشانیش به‌ جۆرێك رێگا دۆزینه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ بارێكی هاوسه‌نگ كه‌ وه‌كو چاره‌سه‌ى كێشه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت یان وه‌كو راوه‌ستان له‌ شوێنێكداو له‌وێوه‌ ئاماژه‌دان بۆ ئاینده‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر له‌ ئاستی نه‌بینراو یان نادیاردا ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بنیادى ئیحایی- ئاماژه‌یی یان ئاماژه‌دان.
بۆ تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌رۆكی ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نێو بنیادى ده‌قه‌كه‌و له‌ رێگاى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ى ده‌لالی و وێنه‌و بیرو بابه‌ت و هه‌ڵوێست و و دابه‌شكردنی ده‌قه‌كه‌ بۆ ره‌گه‌زو به‌ش و پێكهاته‌ى زمانی له‌ ناو و راناو و فرمان و ئاوه‌ڵناو و ئاوه‌ڵكارو رۆڵ و كاریگه‌رى هه‌ریه‌كه‌ له‌مانه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ماناو ناوه‌رۆك و پرسیارو جیهانبینی ده‌قه‌كه‌دا. وه‌كو پێشتر گوتمان ده‌قه‌كه‌ له‌ حه‌وت كۆپله‌و بیست و شه‌ش نیوه‌دێڕ پێكدێت و قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ به‌ ناوى كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌و به‌ راناوى لكاوى ( م ) ده‌دوێت كه‌ دیاره‌ ئه‌ویش كه‌سێتی شاعیر خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ش له‌م ده‌ربڕینانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ( حه‌زم كرد، ببیه‌م، به‌دیم كرد، ئه‌زانم، ئه‌وه‌نده‌م، كورده‌واریم، چۆڵم، رۆحم، كڵۆڵم ). له‌م ده‌قه‌دا ته‌نیا یه‌كجار قسه‌كه‌ر به‌ راناوى لكاوى كه‌سی یه‌كه‌می كۆ ده‌دوێت واته‌ ( ن ) ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌رچوونه‌ له‌ بنه‌ماى قسه‌كه‌رى ده‌قی رۆمانسی كه‌ ده‌شێ ئه‌و تاكه‌ به‌كارهێنانه‌ش به‌رهه‌می نه‌ست بێت به‌ كاریگه‌رى نه‌ریتی ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شووناس درووست نه‌بووه‌ به‌رده‌وام كه‌سه‌كان به‌ ناوى كۆ یان هه‌مووانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن واته‌ به‌ راناوى كه‌سی یه‌كه‌می كۆ. قسه‌كردنی كه‌سی یه‌كه‌م و به‌ ده‌مامك كردنی ده‌روێش عه‌بدوڵا بریتیه‌ له‌ گوزارشتكردنی شاعیر له‌ زاتی خۆى كه‌ ئه‌وه‌ش ناوه‌رۆكی رۆمانسیانه‌ى ده‌قه‌كه‌ نیشان ده‌دات. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێن ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی شێوه‌و ناوه‌رۆك ده‌قێكی رۆمانسیه‌.
قسه‌كه‌ر له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌مدا له‌ رێگاى دواندنی ده‌روێش عه‌بدوڵاوه‌ بارى ئه‌وى ده‌روێش وه‌كو شمشاڵ ژه‌نێك ده‌خاته‌ روو، چ له‌ ئاستی بینراو و چ له‌ ئاستی نه‌بینراودا له‌ لایه‌ك باسی داهێنه‌رێك ده‌كات و له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ ئه‌و داهێنه‌ره‌ له‌ چ بارێكی پڕ له‌ خه‌م و نیگه‌رانیدا ده‌ژى، له‌ هه‌مان كاتدا حه‌زو ئاره‌زووى خۆى بۆ بیستنی به‌سته‌یه‌كی پڕ له‌ خه‌م و ماته‌م نیشان ده‌دات. قسه‌كه‌ر له‌ وه‌سفی روخسارى ده‌روێش عه‌بدوڵادا له‌ رێگاى ئاوه‌ڵناوى زه‌رده‌وه‌ كه‌ بۆ وه‌سفی ره‌نگی ئه‌و به‌كارى هێناوه‌، وێنه‌ى كه‌سێكمان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ لاوازو بێتاقه‌ت و خه‌مباره‌ یان نه‌خۆشه‌، هه‌روه‌ك باسی شێوه‌ى ده‌ست و شمشاڵی ئه‌م كه‌سه‌ شمشاڵ ژه‌نه‌ ده‌كات ئه‌ویش له‌ رێگاى ئاوه‌ڵناوى كزه‌وه‌. هه‌ر لێره‌دا حه‌زو ئاره‌زووى خۆى له‌م كاته‌دا ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ بیستنی ئاوازێكه‌ گوزارشت له‌ خه‌م و نێگه‌رانی و ماته‌م بكات. ئێسنا ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ وه‌سف ده‌كرێت واته‌ كه‌سێتی ده‌روێش به‌ خه‌مبار و بێزار نیشان ده‌درێت. هاوكات ئه‌می قسه‌كه‌ر و هه‌م بینه‌رى ئه‌و كه‌سێتیه‌و روخسارى خه‌مگینی، ناڕاسته‌وخۆ گوزارشت له‌ بارى ده‌روونی خۆیشی ده‌كات كه‌ دیسان ئه‌میش خه‌مبارو بێزاره‌، هه‌ربۆیه‌ ئاره‌زووى بیستنی به‌سته‌یه‌كی پڕ له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ى هه‌یه‌. لێره‌دا له‌ ئاستی قوڵدا جۆرێك له‌ لێكچوون و هاوته‌ریببوون له‌ نێوان قسه‌كه‌ر واته‌ شاعیرو ده‌روێشدا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ردووكیان خه‌مبار و بێزارن. ئه‌میان ده‌توانێت له‌ گه‌روى شمشاڵه‌كه‌یه‌وه‌ گوزارشت له‌ خه‌مبارییه‌كه‌ى خۆى بكات، ئه‌ویشیان په‌رۆشی گوێگرتنه‌ له‌ به‌سته‌یه‌كی خه‌مبار كه‌ له‌ گه‌رووى شمشاڵه‌كه‌ى ئه‌وه‌وه‌ بێته‌ ده‌رێ. ئه‌ویان به‌ ژه‌نینی شمشاڵه‌كه‌ى خه‌مه‌كانی به‌با ده‌دات، ئه‌میان به‌ وێگرتن له‌و ئاوازه‌ ره‌سه‌نانه‌ى له‌ گه‌روى شمشاڵه‌كه‌وه‌ دێنه‌ ده‌رێ رۆحی بڵند ده‌بێت و به‌ره‌و ئاستی پاكژبوونه‌وه‌ ده‌چێت.
له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌می ده‌قه‌كه‌دا شاعیر ده‌ڵێت:
به‌ ره‌نگی زه‌ردو شێوه‌ى ده‌ست و شمشاڵی كزا، ده‌روێش
حه‌زم كرد به‌سته‌یه‌ك ببیه‌م سه‌راسه‌ر حوزن و ماته‌ بێ،
له‌ سیماتا به‌دیم كرد هه‌یكه‌لی عومرێكی حه‌سره‌تكێش،
وه‌ها دیاره‌ كه‌ به‌ختت ئاشیانی بلبلی خه‌م بێ!..
ئه‌می قسه‌كه‌ر راسته‌وخۆ ده‌روێش ده‌دوێنێت و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ سیماى ئه‌ودا ته‌مه‌نی پڕ له‌ خه‌م و ئازارى ئه‌و ده‌بینێت و ئه‌وه‌ ده‌خوێنێـه‌وه‌ كه‌ چ ژیانێكی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر بردووه‌و چ به‌ختێكی ره‌شی هه‌یه‌. لێره‌دا قسه‌كه‌ر راسته‌وخۆ له‌و هۆكارو پاڵنه‌ره‌ ده‌دوێت كه‌ وایان له‌ ده‌روێش كردووه‌ كه‌ به‌ شمشاڵه‌كه‌ى ئه‌و ئاوازه‌ خه‌مبارانه‌ بژه‌نێت. واته‌ پاڵنه‌رى به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ئاوازانه‌ له‌ راستیدا ژیانی پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌رى و پڕ كاره‌ساتی ده‌روێشه‌. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ هه‌موو داهێنانێك ژان و خه‌مێك له‌ پشتیه‌وه‌یه‌و هه‌ر به‌و پێیه‌ش مرۆڤی داهێنه‌ر خاوه‌نی خه‌م و ژانی تایبه‌تیه‌. داهێنان گوزارشتكردنه‌ له‌و خه‌م و ژانه‌ تایبه‌تیانه‌ به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ چ رێگایه‌كی هونه‌رى ئه‌و خه‌م و ژانه‌ تایبه‌تیانه‌ وه‌ها ده‌رده‌بڕرێن هه‌موو تاكێك هه‌ست بكات خه‌م و ژانه‌كانی ئه‌ون. هه‌روه‌ك له‌ رێگاى وێنه‌كانی” به‌سته‌یه‌ك له‌ حوزن و ماته‌م، هه‌یكه‌لی عومرێكی حه‌سره‌تكێش، ئاشیانی به‌ختی خه‌م”ه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر دیمه‌ن به‌ڵكو بوون و گه‌وهه‌رو شووناسی ده‌روێش عه‌بدوڵا نیشان ده‌دات. به‌گشتی ئاوه‌ڵناوه‌كانی( زه‌رد، كز، حوزن، ماته‌م، حه‌سره‌ت، خه‌م ) و فرمانه‌كانی (بێ، ه‌ ) و راناوه‌كانی ( م، ت) وه‌كو ره‌گه‌زه‌ زمانیه‌كانی ئه‌م كۆپله‌یه‌ كه‌ ده‌شێ هه‌مان ئه‌م شێوه‌ ره‌گه‌زانه‌ رووبه‌رێكی فراوانی ده‌قه‌كه‌ داگیر بكه‌ن به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌به‌رهه‌مهێنانی ناوه‌رۆك یان ئاماژه‌یه‌كدا كه‌ به‌ره‌و خاڵێك ئاراسته‌ ده‌كرێت كه‌ بێئومێدیه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی قوڵتردا ئاماژه‌ بۆ كۆتایی یان نه‌توانینی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و كه‌سێته‌ پێویسته‌، ئه‌ویش گوزارشتكردنی خه‌مبارانه‌یه‌ له‌ خۆى و له‌وێشه‌وه‌ دابه‌زینێك له‌ ئیقاعی ده‌نگدا به‌رهه‌م دێت كه‌ وشه‌كانی ( خه‌م و ماته‌م و حه‌سره‌ت ) به‌رهه‌می ده‌هێنن و ئیحاى رووداوێك ده‌ده‌ن كه‌ به‌دوایاندا بێت كه‌ ئه‌ویش مردنه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئه‌و ئاوازه‌ى له‌ گه‌رووى شمشاڵه‌كه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌ربارى بارگاوى بوونی به‌ ره‌گه‌زه‌كانی كۆتاییهاتن و مردن، هاوكات خودى ئاوازه‌كه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ جوڵه‌ى په‌نجه‌و بینخواردنه‌وه‌ى ده‌روێشدا به‌رهه‌م دێت ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی ژیان ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌ربارى فه‌زاى ماته‌و مه‌رگه‌سات ئامێز، له‌ گه‌وهه‌رى ئاوازه‌كاندا هێشتا ژیان به‌رده‌وامه‌ و جوڵه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌شێ له‌م بارى رووه‌و دابه‌زینه‌ى ماناو ده‌لاله‌تی ده‌قه‌كه‌وه‌ هێشتا پاڵنه‌رێك هه‌بَیت به‌ره‌و رابوونه‌وه‌و وزه‌به‌خشین به‌ ژیان. ره‌نگه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵبدات: ئایا به‌راستی ئه‌م كه‌سێته‌ى كه‌ له‌م ده‌ستپێكه‌دا باس ده‌كرێت و داهێنه‌رو ده‌ست ره‌نگینه‌ له‌ ژه‌نینی چه‌ندین ئاوازدا، له‌ به‌ر خراپی بارى ژیانه‌ كه‌ وا زه‌ردو خه‌مبارو حه‌سره‌تكێشه‌؟ یان له‌راستیدا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاره‌كه‌ى ئه‌و له‌و زه‌مینه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا كه‌ هه‌م ئه‌و ئاوازانه‌ى تێدا ده‌ژنرێت و هه‌م ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌هاو نرخێكی بۆ دانانرێت و به‌و پێیه‌ش به‌رهه‌مهێنی ئاوازه‌كانیش پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆى پێنادرێت و ره‌نگه‌ به‌ كه‌مبه‌هاو په‌راوێزیش دابنرێت؟ له‌ ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه‌دا جۆرێك له‌ هاوته‌ریببوون یان هاورَێكى له‌ نێوان ( به‌ ره‌نگی زه‌رد و شێوه‌ى ده‌ست و شمشاڵی كزا ) و ( به‌سته‌یه‌ك سه‌راسه‌ر حوزن و ماته‌م بێ ). ئاشكرایه‌ هاوته‌ریبوون ته‌كنیكێكی ئه‌ده‌بیه‌ كه‌ بیرۆكه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت له‌ رێگاى بنیادى هاوشێوه‌ى رسته‌وه‌ یان له‌ رێگاى بنیادى رێزمانی و دووباره‌ بوونه‌وه‌ى وشه‌، ده‌سته‌واژه‌ یان بیرۆكه‌وه‌. ئه‌م دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ش ئه‌و بیرۆكانه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ گفتوگۆده‌كرێن له‌ ده‌قێكداو یارمه‌تی رێكخستنی بیرۆكه‌كان ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆى له‌ بیرنه‌چوونه‌وه‌یشیان. ئێستا له‌م نموونه‌ى سه‌ره‌وه‌دا كه‌ ئاماژه‌مان بۆ كرد هه‌م لێكچوونی بنیادى هه‌یه‌، هه‌م دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌مان بیرۆكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی زیاتر رێكخستنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ى لاواز ئاوازى خه‌مبار به‌رهه‌م دێنێت و دووباره‌كردنه‌وى ئه‌و بنیاده‌ش بۆ زیاتر ده‌رخستنی بیرۆكه‌كه‌و له‌ بیرنه‌چوونه‌وه‌یه‌تی كه‌ دواجار ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ جیهانبینی گشتی ده‌قه‌كه‌.
كۆپله‌ى دووه‌می ده‌قه‌كه‌ به‌جۆرێك وه‌ڵامی ئه‌م پرسارانه‌ ده‌داته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌مداو له‌ ئاستی سیمانتیكیدا به‌رزده‌كرێنه‌وه‌، كاتێ ده‌ڵێت:
به‌ڵێ، دیاره‌، له‌ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌درى سنعه‌تكار
وه‌كو و عه‌كسی قه‌مه‌ر وایه‌ له‌ناو حه‌وزێكی لیخندا ،
به‌ڵام ته‌ختی روفاه و تاجی حورمه‌ت میلله‌تی هوشیار
به‌ ئوستادێ ئه‌دا وه‌ك تۆ له‌ناو شمشاڵی كون كوندا
قسه‌كه‌ر له‌م كۆپله‌یه‌دا، باسی بارودۆخێكمان بۆ ده‌كات كه‌ راسته‌وخۆ تێده‌گه‌ین بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ له‌و ده‌دوێت. ئایا چ جۆره‌ بارودۆخێكه‌؟ بێگومان بارودۆخێكی دواكه‌وتووه‌، كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و باره‌ به‌ “قه‌ومی به‌سیت” وه‌سف ده‌كرێت كه‌ ده‌شێ مه‌به‌ست له‌ قه‌ومی به‌سیت، كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوو یان كۆمه‌ڵگه‌ى په‌راوێزى مێژوو بێت. هه‌روه‌ك له‌ دێڕى یه‌كه‌مدا دانانی( قه‌ومی به‌سیت) له‌پاڵ ( قه‌درى سنعه‌تكار)دا بنه‌ماى دووانه‌ى دژیان هه‌یه‌و هاوكات جۆرێكیشه‌ له‌ ئۆكسیمۆرۆن واته‌ پێكه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ى دوو زاراوه‌ یان دوو دربڕینی ناكۆك و دژ پێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاستی قوڵدا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش ته‌واوكه‌رى یه‌كترن راگرى هاوسه‌نگی و هارمۆنیان له‌ گه‌ردووندا. له‌ پشتی ئه‌م له‌پاڵ یه‌كتردانانه‌ى دوو بۆچوونی ناكۆك ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات: ئایا ده‌شێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوودا داهێنان بكرێت؟ ئه‌گه‌ر داهێنانه‌ش كرا، ئایا ده‌شێت كۆمه‌ڵگه‌ى نه‌خوێنده‌وار له‌ به‌هاو گرنگی ئه‌و داهێنانه‌ تێبگات و نرخی پێبدات؟ هه‌روه‌ك له‌ رێگاى لێكچوونه‌وه‌ قه‌درى سنعه‌تكار ده‌چوێنرێت به‌ عه‌كسی قه‌مه‌ر له‌ناو حه‌وزێكی لیخندا. بێگومان له‌ رووى سرووشتیه‌وه‌ وه‌ها سه‌یر ده‌كرێت سنعه‌تكار كه‌ هه‌موو جۆره‌ داهێنه‌رێك ده‌گرێته‌وه‌، له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا رێزى زۆرى لێ بگیرێت، به‌ڵام له‌م لێكچواندنه‌دا به‌هاو رێزگرتن له‌وى سنعه‌تكار هه‌مان به‌ها یان هه‌مان جوانی مانگی هه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو حه‌زێكی لیخندا سه‌یرى بكه‌یت، كه‌ دیاره‌ نه‌ك هه‌ر وه‌كو خۆى به‌ جوانی ده‌رناكه‌وێـت و نابینرێت به‌ڵكو ناشیرین و نادڵگیریش ده‌رده‌كه‌وێت.، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ى مانگ له‌ناو حه‌وزدا له‌بارێكدا حه‌ه‌وزه‌كه‌ش لیخن بێت، هه‌رگیز ناشێت ئه‌و جوانیه‌ى مانگ بێت كه‌ مانگ له‌راستیدا هه‌یه‌تی به‌ تایبه‌تی مانگی چوارده‌و له‌ ئاسمانێكی ساماڵدا چونكه‌ ئه‌وه‌ى ناو حه‌وزه‌كه‌ وێنه‌ى دووه‌مه‌و هه‌میشه‌ وێنه‌ى دووه‌م یان كۆپی ناگاته‌ ئه‌سڵه‌كه‌ ئه‌مه‌ له‌بارى یه‌كه‌مدا. له‌ بارى دووه‌م وێنه‌ى مانگ له‌ ناو حه‌وزێكی روون و خاوێندا سه‌یر ناكرێت، به‌ڵكو له‌ناو حه‌وزێكی لێڵ یان لیخندا سه‌یر ده‌كێت كه‌ ناشێت به‌باشی ببینرێت. هه‌روه‌ك له‌ ئاستێكی تردا جۆرێك له‌ خواستن لێره‌دا هه‌یه‌ كاتێ حه‌وزى لیخن ده‌كرێت به‌ زه‌مینه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌یرى مانگی تێدا بكرێت. حه‌وز لێچووه‌، ئاوێنه‌ له‌وچووه‌ كه‌ ناوى نه‌هاتووه‌، بوارى لێكچوون بینینه‌. هه‌روه‌ها داهێنه‌ر لێچووه‌، مانگ له‌وچووه‌، بوارى لێكچوون دره‌وشانه‌وه‌و تیشكدانه‌وه‌یه‌، واته‌ هه‌رچۆن مانگ تیشك ده‌داته‌وه‌و ده‌دروشێته‌وه‌، داهێنه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ رووناكی په‌خش ده‌كات و ده‌دروشێته‌وه‌. لێره‌دا داهێنه‌ر یان سنعه‌تكار له‌ رووى ماناوه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ مانگدا، هه‌روه‌ك حه‌وز هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌دا كه‌ هه‌ردووكیان بیركه‌ى پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ى وێنه‌ هه‌ڵده‌گرن.
له‌پشتی ئه‌م وێنانه‌وه‌ لێكچوونێكی ده‌رنه‌بڕراو له‌ نێوان قه‌ومی به‌سیت و حه‌وزى لیخندا درووست ده‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر سنعه‌تكار مانگی دره‌وشاوه‌ بێت ئه‌وا حه‌وزى لێخن كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتووه‌ كه‌ هه‌رچۆن وێنه‌ى قه‌شه‌نگی مانگ له‌ حه‌وزى لیخندا ده‌شێوێت و وه‌كو خۆى ده‌رناكه‌وێت و نابینرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ سنعه‌تكار یان داهێنه‌ریش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوودا كه‌ لێره‌دا قه‌ومی به‌سیته‌ به‌هاو نرخێكی پێنادرێت و هه‌ندێجار به‌ سووك و بێ به‌هاش سه‌یر ده‌كرێت. به‌ڵام له‌ كۆپله‌ى دووه‌مدا دوو نیوه‌دێڕى یه‌كه‌م وه‌كو ته‌واوكه‌رى كۆپله‌ى یه‌كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خستنه‌ڕووى پاشخانێكی دوواكه‌وتوو نائاساییه‌ په‌یوه‌ست به‌ سنعه‌ت یان داهێنان و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن له‌و زه‌مینه‌یه‌دا داهێنان و سنعه‌ت بایه‌خێكی ئه‌وتۆیان نیه‌ ئه‌ویش دیاره‌ له‌به‌ر ئاستی دواكه‌وتوویی و ناهوشیارى كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى داهێنه‌رو سنعه‌تكار وه‌كو ده‌روێش عه‌بدووڵا ره‌نگ زه‌ردو خه‌مبارو بێ ئومێدو بێ چاره‌نووس بێت. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تاى نیوه‌دێڕى سێیه‌می كۆپله‌ى دووه‌مه‌وه‌ به‌راوردێك ده‌كرێت له‌ نێوان كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوو كۆمه‌ڵگه‌ى هوشیاردا، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ چۆن سه‌یرى سنعه‌ت و داهێنان ده‌كات. له‌ كاتێكدا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوودا به‌هاى داهێنه‌ر وه‌كو ده‌ركه‌وتنی وێنه‌ى مانگه‌ له‌ناوى حه‌وزێكی لیخندا. میلله‌تی هوشیار هه‌رچی به‌هاو رێزو خۆشی و ئاسووده‌یی شیاوه‌ ده‌یبه‌خشێت به‌ داهێنه‌رو سنعه‌تكاره‌كانی. قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا به‌ ئوستاد ناو ده‌بات، ئوستادێ كه‌ له‌ كونی شمشاڵه‌كه‌یه‌وه‌ ئاوازى به‌رزو داهێنان پێشكه‌ش ده‌كات.
ئایا به‌ پێی قسه‌كانی قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ میلله‌تی هوشیار رێز له‌ كێ ده‌گرێت و تاجی رێزلێنان له‌سه‌ر سه‌رى كێ داده‌نێت؟ ئه‌ى میلله‌تی ناهوشیار چۆن سه‌یرى كه‌سێكی وه‌كو ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌كات؟ بێگومان لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ له‌ پاڵ یه‌كتردانانی دوو عه‌قڵ دوو كه‌لتوور دوو روانین كه‌ به‌رهه‌می دوو كۆمه‌ڵگه‌ى جیاوازن. كۆمه‌ڵگه‌ى وه‌كو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ى تێدا به‌رهه‌مهاتووه‌و ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ى كه‌ ده‌قه‌كه‌ به‌ میلله‌تی هوشیار ناویان ده‌بات. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى هوشیاردا هه‌موو شتێك به‌هاى خۆیی هه‌یه‌ به‌ داهێنانیشه‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ناهوشیارو دواكه‌وتووشدا نه‌ك داهێنان و به‌رهه‌مه‌كانی مرۆڤ به‌ڵكو مرۆڤه‌كه‌ خۆیشی به‌هایه‌كی ئه‌وتۆى نیه‌.
له‌ راستیدا دوو نیوه‌دێڕى دووه‌می كۆپله‌ى دووه‌م و نیوه‌دێڕى یه‌كه‌می كۆپله‌ى سێیه‌م به‌ته‌واوه‌تی دابڕان له‌ به‌شی پێشترو پاشترى ده‌قه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌ویش به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و تێڕوانین و مامه‌ڵه‌كردنه‌ نیشان ده‌دات كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى هوشیار مامه‌ڵه‌ى داهێنه‌رو سنعه‌تكارى پێ ده‌كات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ نیوه‌ دێڕه‌ پێكه‌وه‌ دابنێین ئه‌وه‌ ته‌نیا له‌ رووى به‌راوردكردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ به‌شه‌كانی ترى ده‌قه‌كه‌وه‌و ئه‌و به‌راوردكردنه‌ش بۆ زیاتر ده‌رخستنی پێگه‌ى داهێنه‌ره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوودا.
به‌ڵام ته‌ختی روفاه و تاجی حورمه‌ت میلله‌تی هوشیار
به‌ ئوستادێ ئه‌دا وه‌ك تۆ له‌ناو شمشاڵی كون كوندا
سه‌حه‌ر بێنێته‌ گریان و قسه‌، سیحرى په‌رى نه‌غمه‌ !..
میلله‌تی هوشیار له‌پاى ئه‌وه‌ى كه‌ داهێنه‌ره‌كانی له‌ جۆرى ده‌روێش عه‌بدوڵا به‌هۆى ئامێره‌ مۆسیقیه‌كانیانه‌وه‌و به‌و ئاوازه‌ نایابانه‌ى به‌رهه‌می ده‌هێنن ( سه‌حه‌ر ) بێنێته‌ گریان و قسه‌ نرخ و پێزانین نیشان ده‌دات. ده‌شێ مه‌به‌ست له‌ سه‌حه‌ر كات بێت یان هه‌ربوویه‌كی بێ گیان بێت كه‌ هێزو له‌رینه‌وه‌ى ئه‌و ئاوازانه‌ى له‌ كونی شمشاڵه‌كه‌ى ده‌روێشه‌وه‌ به‌رهه‌م دێن هه‌مان شێوه‌ى ئه‌و ئاوازانه‌ى له‌ ئامێره‌ مۆسیقیه‌كانی داهێنه‌رانی میلله‌تی هوشیاره‌وه‌ به‌رهه‌م دێن كات یان شته‌ بێ گیانه‌كان ده‌هێننه‌ قسه‌و گریان. لێره‌دا ئه‌و به‌سته‌یه‌ى كه‌ شمشاڵه‌كه‌ى ده‌روێش عه‌بدوڵا یان ئامێرى مۆسیقاى داهێنه‌رانی تر به‌رهه‌می دێنن تواناى به‌خشینی خاسێتی مرۆڤیان به‌ شته‌ بێ گیانه‌كان هه‌یه‌. لێره‌دا له‌ رێگاى خواستنه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. سه‌حه‌ر لێچووه‌، مرۆڤ له‌وچووه‌ به‌ڵام له‌ ده‌قه‌كه‌دا ناوى نه‌هاتووه‌، بوارى لێكچوون گریان و قسه‌یه‌، گریان و قسه‌ خاسێتی مرۆڤن ئێستا ئه‌و خاسێتانه‌ ده‌به‌خشرێن به‌ سه‌حه‌ر واته‌ به‌ بوویه‌كی نامرۆیی. لێره‌دا له‌ ئاستی نه‌گوتراودا جۆرێك به‌راوردكردن هه‌یه‌ له‌ نێوان مرۆڤ و سه‌حه‌ردا له‌و رووه‌وه‌ كامیان ئاسانتر دێنه‌ گریان و قسه‌. له‌به‌راورده‌كه‌دا دیاره‌ كه‌ سه‌حه‌ر به‌ زه‌حمه‌تتر دێته‌ قسه‌و گریان چونكه‌ له‌ راستیدا قسه‌و گریان خاسێتی ئه‌و نین، به‌ڵام به‌ كاریگه‌رى ئاوازه‌كانی شمشاڵه‌كه‌ى ده‌روێش ئه‌ویش وه‌كو مرۆڤ دێته‌ قسه‌و گریان. به‌ڵام ئه‌و ئاوازه‌ى به‌رهه‌م دێت ئاوازێكه‌ خاسێتی ئاوازى په‌ریی یان فریشته‌ى هه‌یه‌. قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ له‌م وه‌سفكردن و لێكچواندنانه‌دا ده‌یه‌وێت دڵنیایی ئه‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئاوازى شمشاڵه‌كه‌ى ده‌روێش عه‌بدوڵا له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌و تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر رۆحی مرۆڤ بدوێنێ و بیخاته‌ جوڵه‌ به‌ڵكو سه‌حه‌ریش بخاته‌ قسه‌و گریان. هه‌روه‌ك لێره‌دا سه‌حه‌ر لێكچواندنی له‌گه‌ڵ مرۆڤ پێكراوه‌ به‌ڵام به‌بێ به‌كارهێنانی ئامرازى لێكچواندن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ خواستن. دیسان جۆرێك له‌ دژیه‌ك له‌ نێوان ( ته‌ختی روفاه و تاجی حورمه‌ت) و ( له‌ ناو شمشاڵی كون كوندا ) له‌ ئاستی بینراودا درووست ده‌بێت. كه‌ یه‌كه‌میان واته‌ ته‌ختی روفاه و تاجی حورمه‌ت بارێكی سه‌رو ئاسایی و پێگه‌و پایه‌ نیشان ده‌دات، به‌ڵام شمشاڵی كون كون ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌كو ئامرازه‌كه‌ش سه‌یرى بكه‌ین ئه‌وا ساده‌یی و ساكارى و سه‌ره‌تاییبوون نیشان ده‌دات. له‌ پشتی ئه‌مه‌شه‌وه‌ تاج هێماى ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام شمشاڵ ئامێرێكی ساده‌ى ده‌ستی شوانه‌ كه‌ ئه‌میش خۆى نزمترین پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ ئاستی نه‌بینراودا جۆرێك له‌ هاوته‌ریببوون له‌ نێوان ( ته‌ختی روفاه و تاجی حورمه‌ت )و( له‌ ناو شمشاڵی كون كوندا ) هه‌یه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى له‌ رووى بنیادى نووسینه‌وه‌ ته‌ریبن، له‌ رووى بیریشه‌وه‌ جۆرێك له‌ هاوته‌ریبوون له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. ته‌ختی روفاه و تاج خۆشی و ئاسووده‌یی ئاستێكی به‌رز له‌ ژیان بۆ ئه‌وانه‌ى له‌و پێگانه‌دان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هاوكات ئه‌و ئاوازانه‌ى له‌ گه‌رى شمشاڵه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بن تواناى دواندنی هه‌ست و رۆحیان هه‌یه‌و مرۆڤ به‌ره‌و بڵندبوونی رۆحی ده‌به‌ن و ده‌گه‌یه‌نن به‌ ئاستی پاكژبوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین پله‌ى ئاسوده‌یی و حه‌وانه‌وه‌یه‌ بۆ مرۆڤ. له‌م رووه‌وه‌ ( ته‌خت و تاج و شمشاڵ ) هه‌مان ئه‌رك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و هه‌مان كاریگه‌رى و جێكه‌وتیان هه‌یه‌.
قسه‌كه‌ر دواى ئه‌و به‌راورده‌ى له‌ نێوان میلله‌تی هوشیارو میلله‌تی دواكه‌وتوو یان ناهوشیاردا ده‌یكات، رووده‌كاته‌وه‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا و بارى بێدادى و هه‌ژارى ئه‌و له‌لایه‌ك ده‌خاته‌وه‌ ڕوو، هاوكات پاساویشی بۆ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ناچارى ژیان واى لێده‌كات به‌و جۆره‌ بژى یان په‌نا بباته‌ به‌رخه‌ڵك كه‌ له‌ راستیدا شایان به‌ پایه‌و ئاستی تواناو داهێنانی ئه‌و نیه‌.
براى ده‌روێش! ئه‌زانم بۆ مه‌عیشه‌ت وێڵ و ئاواره‌ى،
به‌ زه‌هرى ناعیلاجییه‌ له‌ ناكه‌س ویستنی لوقمه‌،
به‌ مردنته‌ كه‌ گوێی ناشی ئه‌خنكێنێ خرۆشی نه‌ى!
قسه‌كه‌ر راسته‌وخۆ ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌دوێنێت به‌ راناوى كه‌سی دووه‌م واته‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌روێش له‌به‌رامبه‌ریدا راوه‌ستابێت و ئه‌م قسه‌ بۆ ئه‌و بكات. ئه‌وه‌ش له‌ راناوى لكاوى كه‌سی دووه‌می تاكدا (ت- به‌ مردنته‌) ده‌رده‌كه‌وێت. لێره‌دا زیاتر كه‌سێتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌روێش ئاشكرا ده‌كرێت به‌وه‌ى كه‌ كه‌سێكی هه‌ژاره‌و به‌ ناچارى له‌ رێگاى ژه‌نینی شمشاڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پێداویستی ژیانی ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام هه‌ر قسه‌كه‌ر خۆیشی به‌رگرى له‌و شێوه‌ كاره‌ى ده‌روێش ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌روێش به‌ ناچارى به‌وشێوه‌یه‌ كار ده‌كات. كاتێ ده‌روێش به‌ شمشاڵه‌كه‌ى ئاوازى جۆراوجۆر بۆ كه‌سانێك ده‌ژه‌نێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌ به‌هاى ئاوازو رۆحی مۆسیقا بناسن نه‌ به‌رهه‌مهێنی ئه‌و ئاوازه‌ش به‌چاوى رێزه‌وه‌و به‌ هاوشانی خۆیان سه‌یر بكه‌ن ئه‌وه‌ به‌ ناچاریه‌ ده‌روێش ئه‌و كاره‌ ده‌كات. ئه‌وانیش بۆ چێژى ئاوازى ره‌سه‌ن نیه‌ كه‌ گوێ له‌ شمشاڵه‌كه‌ى ده‌روێش ده‌گرن به‌ڵكو بۆ كات به‌سه‌ر بردنه‌و له‌و پێناوه‌شدا پارویه‌ك نان به‌وى شمشاڵ ژه‌ن ده‌ده‌ن. ئه‌و پارووه‌ نانه‌ى كه‌ ده‌روێش به‌و شێوه‌یه‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنێت وه‌كو ژه‌هروایه‌. لێره‌دا ده‌ربڕینی( زه‌هرى ناعیلاجی ) جۆرێكه‌ له‌ كینایه‌ و مه‌به‌ست لێی پارویه‌كی تاڵه‌ كه‌ وه‌كو خێر پێكردن پێی ده‌درێت و له‌ئاستی قوڵتریشدا خاڵیكردنه‌وه‌ى ژیانه‌ له‌ هه‌موو مانایه‌كی جوان كه‌ به‌وجۆره‌ به‌ڕێ بكرێت. یان كاتێ چێژ و خۆشی ئاوازى نه‌ى و شمشاڵ گوێی كه‌سانی نه‌شاره‌زاو بێ ئاگا له‌و هونه‌ره‌ مه‌زنه‌ پڕده‌كه‌ن بۆ ئه‌می ژه‌نیار وه‌كو مردن وایه‌ چونكه‌ بۆ كه‌سانێك مۆسیقا ده‌ژه‌نێت كه‌ نازانن مۆسیقا چیه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ قسه‌كه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وى ده‌روێش له‌ پێناوى ژیاندا ناچاره‌ په‌نا بۆ هونه‌ره‌كه‌ى ببات، به‌ڵام كڕیاره‌كانی هونه‌ره‌كه‌ى وه‌كو كاڵایه‌كی كه‌م به‌ها سه‌یرى هونه‌ره‌كه‌ى ئه‌م ده‌كه‌ن و نرخێكی ئه‌وتۆ به‌ هونه‌ره‌كه‌ى ناده‌ن و پێگه‌یكی ئه‌وتۆش به‌خۆى ره‌وا نابینن. ئه‌مه‌ش تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوو یان ناهوشیاره‌ بۆ هونه‌رو داهێنان. ئێستا قسه‌كه‌ر خۆى ده‌خاته‌ شوێنی ده‌روێش عه‌بدوڵا و ئه‌و ئازارو خه‌مه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ به‌هۆى ناچاربوونیه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م قاپی ناكه‌س و ناچار ده‌بێـت هونه‌ره‌كه‌ى هه‌رزان فرۆش بكات.

به‌ڵام چی بكه‌ین له‌ناو چاوى ره‌شی به‌عزێ زه‌كاى گه‌وره‌ ،
وه‌كو و تۆوى گوڵی ده‌م- با له‌سه‌ر به‌ردێكی ره‌ق ئه‌ڕوێن،
ئه‌گه‌ر خیلقه‌ت نه‌سیبی عومرى تۆى مه‌حكوومی ئه‌م ده‌وره‌
نه‌كردایه‌ ، خوا عالم، له‌ كام عه‌رشت ئه‌سوو داوێن؟!
قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ له‌ وه‌سفێكی گشتیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و باسی تواناى هه‌ندێ كه‌س ده‌كات بۆ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندن و شاره‌زابوون له‌وه‌ى كه‌ چۆن توانایان هه‌یه‌ له‌ خراپترین بارودۆخدا جێ پێی خۆیان بچه‌سپێنن و هه‌نگاوى گه‌وره‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بنێن. ئه‌م پێشه‌كیه‌ گشتیه‌ ده‌كات به‌ بنه‌ما تا له‌وێوه‌ باسی تواناو لێهاتوویی ده‌روێش عه‌بدوڵا بكات. به‌ڵام هاوكات به‌راوردى زه‌مینه‌ى پێگه‌یشتن و به‌رزبوونه‌وه‌ى خاوه‌ن تواناو به‌هره‌كان ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ راسته‌ به‌هره‌و توانا بنه‌مان بۆ داهێنان به‌ڵام زه‌مینه‌و بارودۆخیش گرنگن بۆ نرخپێدانی ئه‌و داهێنانه‌و دانانى داهێنه‌ر له‌ شوێنی پێویست و شایان به‌ خۆیدا. هه‌روه‌ك قسه‌كه‌ر ناڕاسته‌خۆ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌ى داهێنان زیره‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌كو به‌هره‌یه‌ك ده‌به‌خشرێت به‌ هه‌ندێ كه‌س. به‌ڵام سرووشتی ئه‌و به‌خشینه‌ ئاشكرا نیه‌و په‌یوه‌ندى نه‌ به‌ ڕه‌ك و ڕیشه‌و نه‌ به‌ به‌ژن و باڵاوه‌ هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندى به‌ بوون و زه‌مینه‌و پاشخانی ئه‌و كه‌سه‌شه‌وه‌ نیه‌ هه‌مان شێوه‌ى تۆوى ئه‌و گوڵه‌ى كه‌ با هه‌ڵیده‌گرێت و هه‌ندێجار له‌سه‌ر به‌ردى ره‌ق ده‌كه‌وێت و سه‌وز ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ بۆ نهێنی سه‌رچاوه‌ى زیره‌كی و تواناى جۆراو جۆرو ناچوونه‌یه‌كی كه‌سه‌كان ده‌كات. لێره‌ له‌ رێگاى لێكچواندنه‌وه‌ له‌ نێوان زیره‌كی و تۆى گوڵی ده‌م بادا، كه‌ زیره‌كی ده‌چوێنرێت به‌و تۆوى گوڵه‌ى كه‌ با هه‌ڵیده‌گرێت كه‌ هه‌ردووكیان واته‌ لێچوو، له‌وچوو له‌ خاسێتی گه‌شه‌كردندا لێكده‌چن واته‌ بوارى لێكچوون گه‌شه‌كردنه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێكاى ئامرازى لێكچوونی ( وه‌كو ) نیشان ده‌درێت. هه‌روه‌ك قسه‌كه‌ر به‌ ده‌ربڕینی ( به‌ڵام چی بكه‌ین ) نیشانی ده‌دات كه‌ به‌جۆرێك ئه‌و شێوازه‌ى به‌خشینی زیره‌كی یان به‌هره‌و تواناى به‌دڵ نیه‌، یان ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وه‌ راستیه‌كه‌یه‌ كه‌ زیره‌كی و به‌هره‌و توانا به‌و جۆره‌ ده‌به‌خشرێن و ده‌بێ به‌ ناچاریش بێت به‌وه‌ رازیبین. لێره‌دا قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ به‌ راناوى كه‌سی یه‌كه‌می كۆ ده‌دوێت و ئه‌وه‌ش له‌ رێگاى راناوى لكاوى ( ن ) ه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. ئاشكرایه‌ قسه‌كه‌رى ده‌قی رۆمانسی تاكه‌و ئه‌و تاكه‌كه‌سه‌ش له‌ خۆى ده‌دوێت. راسته‌ لێره‌دا ئاراسته‌ى ئاخاوتن به‌ره‌و زاتی قسه‌كه‌ره‌ به‌ڵام كاتێك له‌ شێوه‌ى دربڕینێكی پرسیاریدا ده‌دوێت نایه‌وێت به‌ ته‌نیا رووبه‌ڕووى نه‌زانروێك بێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئاشكراكردنی كارێكی ئاسان نه‌بێت. هه‌روه‌ك له‌ نێوان ( چاوى ره‌شی به‌عزێ ) و ( تۆوى گوڵی ده‌م- با )دا هاوتریبوون هه‌یه‌ له‌ رووى بنیاد و له‌ رووى مۆسیقاوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ رووى بیرۆكه‌شه‌وه‌ هه‌مان هاوته‌ریبوون هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه‌دا دیاریكردنی به‌ش له‌ گشت ده‌بینرێت. له‌ یه‌كه‌میاندا وشه‌ى ( به‌عزێ ) و له‌ دووه‌میاندا ( تۆوى گوڵی ده‌م با نه‌ك هه‌موو تۆوێك ) ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ ئاشكرا ده‌بێت. ئه‌م وه‌رگرتن یان جیاكردنه‌وه‌ى به‌شه‌ له‌ گشت له‌ ئاستی نه‌بینراوى ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ زیره‌كی و به‌هره‌ رێژه‌یه‌كن له‌ كۆى گشتی و بێگومان رێژه‌یه‌كی به‌رزیش نیه‌، هه‌رچۆن ناشێت هه‌موو تۆوه‌كان له‌ هه‌ر كوێ كوتن سه‌وز ببن به‌ڵكو هه‌ندێ یان رێژه‌یه‌ك له‌ تۆوى گوڵ تواناى هه‌یه‌ له‌ خراپترین شوێنیشدا سه‌وز ببێت كه‌ سه‌ربه‌رد له‌و رووه‌وه‌ بۆ رواندن خراپترین شوێنه‌.
قسه‌كه‌ر له‌ دواى ئه‌وه‌ى باسی به‌هره‌و زیره‌كی هه‌ندێ كه‌س ده‌كات كه‌ شێوه‌ى پێبه‌خشینی ئه‌و به‌خششه‌ بۆ ئه‌وان، تاكو ئێستاش به‌لاى هه‌مووانه‌وه‌ له‌ گه‌ردووندا نهێنیه‌ یان وه‌كو نهێنیه‌كی ئاشكرا نه‌كراو ماوه‌ته‌وه‌. لێره‌دا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌روێش كه‌سێكی به‌خته‌وه‌ره‌ كه‌ زیره‌كی و به‌هره‌یه‌كی له‌و جۆره‌ى پێبه‌خشراوه‌و به‌رهه‌می ئه‌و زیره‌كی و به‌هره‌یه‌ش تواناى ده‌روێشه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ئاوازه‌ نایاب و رۆح بزوێنانه‌ى كه‌ له‌ كونی شمشاڵه‌كه‌یه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌. قسه‌كه‌ر باس له‌ تواناى له‌ ئه‌ندازه‌به‌ده‌رى ده‌روێش ده‌كات، به‌ڵام هاوكات نێگه‌رانی خۆیشی بۆ ده‌رده‌بڕێت كه‌ ئه‌و كوڕى واقیعێكه‌ نه‌ زیره‌كی و نه‌ داهێنان و نه‌ به‌هره‌ به‌هایان هه‌یه‌و نه‌ خاوه‌نی ئه‌مانه‌ش پێگه‌و پله‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆى پێده‌درێت. هه‌روه‌ك قسه‌كه‌ر له‌وه‌ى كه‌ چاره‌نووسی زیره‌ك و خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی وه‌كو ده‌روێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ واقیع و سه‌رده‌مێكی وه‌هادا بژى، خیلقه‌ت واته‌ ئه‌فرێنده‌رى گه‌ردوون یان ئه‌وه‌ى كه‌ بڕیارى رێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م گه‌ردوونه‌ و توخم و ره‌گه‌ه‌كانی به‌ده‌سته‌ تاوانبار ده‌كات. ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌ له‌ واقیع و له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ترو له‌سه‌رده‌مێكی تردا بژیایه‌، ئه‌وا گومانی تێدا نیه‌ كه‌ ده‌بووه‌ خاوه‌نی پله‌و پایه‌و پێگه‌یه‌كی زۆر به‌رزو مه‌زن. لێره‌دا دانانی دوو وشه‌ى ( عه‌رش و داوێن ) له‌ ته‌نیشتی یه‌كتردا وه‌كو دوو ناكۆك یان دوو دژ یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ وه‌كو دوو رووى به‌راوردكردن ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات ئه‌گه‌ر یاساكانی گه‌ردوون به‌ڕێكی بڕۆیشتنایه‌ ئه‌وا داوێنی خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی وه‌كو ده‌روێش هێنده‌ به‌رز ده‌بوو ده‌چووه‌ ئاستی عه‌رشی به‌رزى پادشاكان. له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و له‌ ته‌نیشت یه‌كتردانانه‌ى ئه‌و دوو وشه‌ دژه‌، نیشانی ده‌دات كه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئێستا داهێنه‌رێكی وه‌كو ده‌روێش له‌بارێكی خراپدایه‌و به‌ده‌ستهێنانی پارووى ژیان ناچارى ده‌كات كه‌ ئاواز بۆ ناكه‌س و بۆ نه‌شاره‌زا بژه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ زه‌مینه‌یه‌كی تردا بوایه‌ ئه‌وا شوێنی پێیه‌كانی له‌ به‌رزترین ته‌ختی ده‌سه‌ڵات به‌رزتر ده‌بوو. هه‌روه‌ك قسه‌كه‌ر ناڕاسته‌وخۆش به‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌ڵێت راسته‌ ئێستا تۆ له‌ بارێكی باشدا نیت، به‌ڵام له‌ روانگه‌ى داهێنانه‌وه‌و به‌و پێیه‌ش له‌ رونگه‌ى به‌رهه‌مهێنی ده‌قه‌كه‌وه‌ كه‌ گۆرانی شاعیره‌ پێگه‌ى ده‌روێش به‌رزتره‌ له‌ هه‌موو ته‌ختێكی ده‌سه‌ڵات. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ى داهێنان درووستی ده‌كات به‌رزتره‌ له‌ پێگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ته‌خت و عه‌رشه‌ى كه‌ هێز درووستی ده‌كات. هه‌روه‌ك له‌ دێڕى سێیه‌می ئه‌م كۆپله‌یه‌دا دێڕى سێه‌م ته‌واو نه‌بووه‌و ته‌واوكه‌ره‌كه‌ى هاتووه‌ته‌ دێڕى چوراه‌م به‌ بێ ئه‌وه‌ى خاڵ یان فاریزه‌ له‌ كۆتایی دێڕى سێیه‌مدا دانرابێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاسێته‌كانی شیعرى كلاسیك كه‌ پێی ده‌گوترێت ته‌وریه‌ به‌ڵام له‌م ده‌قه‌شدا وه‌كو ده‌قێكی رۆمانسی ده‌بینرێت ( ئه‌گه‌ر خیلقه‌ت نه‌سیبی عومرى تۆى مه‌حكومی….) ( نه‌كرایه‌،…) وشه‌ى نه‌كرادیه‌ چووه‌ته‌ سه‌ره‌تاى دێڕى دواتر كه‌ له‌ راستیدا به‌شێكه‌ له‌م دێڕه‌و بێ وشه‌ى نه‌كرادیه‌ ماناى دێڕه‌كه‌ كه‌ رسته‌یه‌كی مه‌رجیه‌ ته‌واو نابێت.
شاعیر ده‌ڵێت:
نه‌ حه‌رفی مه‌كته‌بێكت خوێند ، نه‌ ئوستادێ په‌لی گرتی ،
سیرف به‌رزیى زه‌كا ئه‌م سنعه‌ته‌ى فێر كرد به‌ شمشاڵت ،
هه‌موو وه‌زنێكی گۆرانی ، له‌ توولانی هه‌تا كورتی ،
به‌ سه‌رپه‌نجه‌ى هونه‌ر كردت به‌ دیلی كۆشش زاڵت !..
قسه‌كه‌ر ى ده‌قه‌كه‌ له‌م كۆپله‌یه‌دا كه‌ باسی ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌كات، ناڕاسته‌وخۆ له‌وه‌ ده‌دوێت ئایا داهێنان له‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت یان سه‌رچاوه‌كه‌ى زیره‌كی و به‌هره‌یه‌؟ یان هه‌ردووكیانه‌ پێكه‌وه‌؟ ئه‌و باسی ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واره‌و ته‌نانه‌ت رێنوماییكه‌رو رێنیشانده‌رێكیشی نه‌بووه‌ بۆ فێربوونی شمشاڵ و ناسین و زانینی ئاوازه‌ جۆراو جۆره‌كانی مۆسیقاو گۆرانی، به‌ڵكو ئه‌و هه‌موو شتێك له‌ زیره‌كی خۆیه‌وه‌ فێربووه‌، به‌ڵام هاوكات باسی كۆشش ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ته‌نیا زیره‌كی یان به‌هره‌ به‌س نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك له‌ بوارێكدا بتوانێت داهێنان بكات به‌ڵكو پایه‌یه‌كی تریش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش كۆشش كردنی به‌رده‌وامه‌. دیاره‌ كۆشش كردنی به‌رده‌وامیش جۆرێك له‌ خۆشه‌ویستی و عیشقی ده‌وێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا سه‌ربارى ئه‌و توانا به‌رزه‌ى هه‌یبووه‌ دیسان عه‌شقێكی قول َو به‌هێزى بۆ شمشاڵه‌كه‌یی و بۆ جوڵاندنی په‌نجه‌كانی و بۆ شاره‌زابوون له‌و بواره‌دا هه‌بووه‌. لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌قه‌كه‌دا ناڕسته‌وخۆ ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت فێربوونه‌ له‌ دوو ئاستدا، فێربوونی پیشه‌ییانه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان پێویستی به‌ خوێندن و به‌ به‌رنامه‌و پرۆگرامی رێكخراو و دانراو و مامۆستا هه‌یه‌ هه‌رچۆن ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ كۆى رۆشنبیریدا باس ده‌كرێت كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێده‌كات تا سه‌رئه‌نجام به‌ گه‌یشتنی به‌ پله‌ى پیشه‌وه‌ر یان ئه‌كادیمی له‌و بواره‌دا كۆتایی دێت. ئاستی دووه‌م خولیاو ئاره‌زووه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى خوێندن و فێركردنه‌ له‌ قوتابخانه‌ى تایبه‌تداو پشت به‌ لێهاتوویی و حه‌زوو ئاره‌زوو ده‌به‌ستێت و زۆربه‌ى كات ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى حه‌زو ئاره‌زوو خولیا ده‌یجوڵێنن بۆ هه‌ر بوارێكی فێربوون فراوانترو كراوه‌ترو سه‌رئه‌نجامیش رۆحێكی زیندووترى تێدایه‌. به‌ڵام له‌ رووى راستیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، واته‌ خولیاو ئاره‌زوو له‌گه‌ڵ ره‌خساندنی بوارى فێربوونی پیشه‌ییانه‌ ئه‌وا بنه‌مایه‌كی پته‌وتر بۆ داهێنان دێته‌ ئاراوه‌. خولیاو ئاره‌زوو وه‌كو ماده‌ى خاوى درووستكردنی شتێك ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زانیاریی و بنه‌مای تیۆریی تێرو به‌هێزو ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌كرێن. لێره‌دا ده‌قه‌كه‌ وێنه‌ى داهێنه‌رێكی خاوه‌ن خولیامان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ شاره‌زاییه‌كی ته‌واوى په‌یداكردووه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ پێوه‌ى خه‌ریكبووه‌و وشه‌ى “كۆشش” یش ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ راسته‌ ئه‌م كه‌سێته‌ له‌ رێگاى خوینَدنه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ئه‌و بواره‌وه‌و خولیاو ئاره‌زوو پاڵنه‌رى بووه‌و زیره‌كی و به‌هره‌ش رێنیشانده‌رى بووه‌، به‌ڵام كۆشش گه‌یاندوویه‌تیه‌ ئاستی زانینی زۆر شت له‌و بواره‌دا كه‌ وه‌كو قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ باسی ده‌كات شاره‌زابوونی بێ وێنه‌یه‌ له‌ جۆره‌كانی گۆرانی و مۆسیقادا كه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست به‌و پاشخان و ژینگه‌و پانتاییه‌ جوگرافیه‌ى كه‌ ئه‌وى تێدا ده‌ژى و ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م هاتووه‌. به‌ مانایه‌كی تر ئه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌ هونه‌رى و كه‌لتووریه‌ى كه‌ زیاتر به‌رهه‌می خولیا و ئارزووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى بنه‌ماو تیۆرییه‌كانی ئه‌و بواره‌دا رێكنه‌خراوه‌ زیاتر وه‌كو به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌مێنێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش له‌ رووى ده‌روه‌دا وه‌ك ره‌گه‌ز یان ماده‌ى خاوى ئه‌و بواره‌ سه‌یر ده‌كرێت و به‌ ئاسانی نابێته‌ خاوه‌نی شووناسێكی گشتی. دێڕى یه‌كه‌می ئه‌م كۆپله‌یه‌ جۆرێك له‌ هاوته‌ریببوون هه‌یه‌ له‌ نێوان ( نه‌ حه‌رفی مه‌كته‌بێكت خوێند ) و ( نه‌ ئوستادێ په‌لی گرتی ). كه‌ هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه‌ له‌ رووى بنیادى زمانیه‌وه‌ دوو رسته‌ى راگه‌یاندن و هه‌ردووكیان به‌ وشه‌ى نه‌رێی ( نه‌ ) ده‌ست پێده‌كه‌ن. له‌ رووى بیره‌وه‌ ته‌ریبن، له‌ یه‌كه‌میاندا كه‌سی دوێ،دراو كه‌ ده‌روێشه‌وه‌ هیچی نه‌خوێندووه‌ كه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئاوازو به‌ستانه‌ى ده‌یژه‌نێت له‌ خوێ،دنگایه‌ك فێر نه‌كراوه‌. له‌ دووه‌میاندا نه‌ مامۆستاى هه‌بووه‌و نه‌ كه‌سێك پشتگیرى كردووه‌و شتێكی فێر كردبێت. كه‌واته‌ هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه‌ له‌ رووى بیرۆكه‌وه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى لێكده‌چن یان هاوشێوه‌ن، دیسان هاوته‌ریبن له‌وه‌دا كه‌ فێربوونی ئه‌م كه‌سێته‌ ته‌نیا به‌ خۆڕسكی و به‌ كۆششی خۆى بووه‌.
هه‌روه‌ها له‌ دێڕى دووه‌می ئه‌م كۆپله‌یه‌دا ( صیرف به‌رزیی زه‌كا ئه‌م سنعه‌ته‌ى فێركرد به‌ شمشاڵت ) خواستن هه‌یه‌. زه‌كا خاسێتی مرۆڤ و هه‌ندێ له‌ زینده‌وه‌رانه‌ به‌ڵام لێره‌دا رۆڵی مامۆستا ده‌بینێت واته‌ زه‌كا لێچووه‌ و مامۆستا (مرۆڤ ) له‌وچووه‌ كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا نه‌هاتووه‌، بوارى لێكچوون فێركردنه‌. واته‌ لێره‌دا خاسێتێك ده‌چوێنرێت به‌ فێركار یان به‌ مامۆستا. ئه‌م خاسێته‌ش له‌ به‌رزترین ئاستی خاوێنیدایه‌و مه‌به‌ست له‌ ئاستی به‌رزى زیره‌كی ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌و زیره‌كیه‌یه‌ كه‌ بێ ئه‌وه‌ى حه‌رفی مه‌كته‌بێك بخوێنێت و بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك ده‌ستی بگرێت گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ى فێربوون و داهێنان. دیسان له‌ فێركردندا دوو ئاست هه‌یه‌، فێركار و فێرخواز. زه‌كا له‌ پێگه‌ى فێركاردایه‌و شمشاڵ له‌ پێگه‌ى فێرخوازدایه‌. ئه‌مه‌ش بریتیه‌ له‌ خواستن. زه‌كا لێچووه‌و فێركار له‌وچووه‌، هه‌روه‌ها شمشاڵ لێچووه‌و فێرخواز له‌وچووه‌، بوارى لێكچوون فێربوون یان فێركردنی گۆرانی و به‌سته‌ یان مۆسیقایه‌. ئه‌مانه‌ش به‌گشتی كارده‌كه‌ن بۆ زیاتر ده‌رخستنی ئه‌و راستیه‌ى كه‌ ده‌روێش چۆن له‌سه‌ر بنه‌ماى تواناو زیره‌كی خۆى فێرى ژه‌نینی شمشاڵ بووه‌.
دواى ئه‌وه‌ى كه‌ قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ باسی شاره‌زایی و لێهاتوویی ده‌روێش ده‌كات له‌ ژه‌نینی شمشاڵ و له‌ زانینی هه‌موو جۆرێكی گۆرانی، داوا له‌ ده‌روێش ده‌كات میزاجی شێواوى كورده‌وارى بۆ رێكخاته‌وه‌:
ئه‌وه‌نده‌م بیست له‌ مۆسیقا خرۆشی رۆحی بێگانه‌
میزاجی كورده‌واریم تێكچوه‌ ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ،
ده‌خیلت بم ده‌سا به‌و لاوك و ئاى ئاى و حه‌یرانه‌
شه‌پۆلی زه‌وقی میللی پڕ ده‌روونی مات و چۆڵم كه‌ !
له‌ بیتهۆڤن گه‌لێ زیاتر به‌ رۆحم ئاشناى، وه‌ڵا
ده‌ ، ئه‌ى ده‌روێش ، سكاڵایه‌ك له‌گه‌ڵ رۆحی كڵۆلم كه‌ !..
قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ وه‌سفی تواناو لێهاتوویی و په‌نجه‌ى ره‌نگینی ده‌روێش بكات و ره‌خنه‌ش له‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه‌ بگرێت كه‌ له‌ لایه‌ك رێز له‌ هونه‌ر ناگرێت و له‌ لایه‌كی تریش هیچ پێگه‌یه‌ك به‌ داهێنه‌رانی وه‌كو ده‌روێش ره‌وا نابینێت، به‌ڵكو له‌ پشتی باسكردنی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ ئامانجێكی تایبه‌تی قسه‌كه‌ریش ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌ویش ئاشناكردنه‌وه‌ى رۆحی نامۆى ئه‌می قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌یه‌ به‌ ره‌سه‌نایه‌تی كورده‌وارى. ئێستا واپێده‌چێت كه‌ قسه‌كه‌ر زۆرێك له‌ گۆرانی و مۆسیقاى بێگانه‌ى گوێ لێبووبێت و ئه‌وه‌ش بووبێته‌ هۆى شێواندنی میزاجی كورده‌وارى ئه‌م و گه‌یاندبێتیه‌ بارێك كه‌ له‌ لایه‌ك هه‌ست به‌ نامۆیی بكات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هیچ چێژێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌رنه‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ رۆح و بوونی ئه‌مه‌وه‌ نیه‌. ئه‌م باره‌ش واى لێده‌كات به‌ جۆرێك په‌نا بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵا ببات بۆ ئه‌وه‌ى له‌م بارى نامۆبوونه‌ رزگارى بكات و میزاجی تێكچووى كورده‌وارى بگێڕێته‌وه‌ بۆ بارى ئاسایی خۆى.
ئه‌می قسه‌كه‌ر هه‌ست ده‌كات ده‌روونی مات و چۆڵه‌ و ئه‌وه‌ش هۆكارى نێگه‌رانی و هه‌ست به‌ نامۆییكردنێتی. هۆكارى ئه‌م باره‌ش په‌رتبوون و جیابوونه‌وه‌یه‌تی له‌و ره‌گه‌زو توخمانه‌ى كه‌ خۆراكی هه‌ست و گیان و بوونی ئه‌ون. بێگومان ئه‌و ره‌گه‌زو توخم و هۆكارانه‌ش به‌شێكن له‌و پاشخان و زه‌مینه‌یه‌ى كه‌ ئه‌می تێدا په‌روه‌رده‌بووه‌و ئه‌م له‌گه‌ڵیان ژیاوه‌و گه‌وره‌بووه‌و بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ بوونی ئه‌م. گۆرانی و مۆسیقاو كۆى ره‌گه‌زه‌ كوردییه‌كان شوێن و كاریگه‌رییان له‌ بوونی ئه‌مدا هه‌یه‌. به‌ڵام ئێستا له‌ غیابی ئه‌مانه‌دا ئه‌وى قسه‌كه‌ر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ى بیستووه‌ له‌ مۆسیقاو خرۆشی بێگانه‌، كاریگه‌رى نه‌رێنیان له‌سه‌ر هه‌ست و خه‌یاڵی كوردبوونی درووستكردووه‌ به‌جۆرێك واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پانتایی بیستن و چێژوه‌رگرتنی كوردانه‌ى شێوا بێت. ئێستا ئه‌و به‌ دواى چاره‌سه‌رى ئه‌و باره‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ پێیوایه‌ بارێكی نائاساییه‌. بۆیه‌ په‌نا بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵا ده‌بات و تكاى لێده‌كات كه‌ له‌و باره‌ ناجۆره‌ رزگارى بكات. ئێستا ئه‌می قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ كه‌ له‌ رووى ئاماده‌بوونه‌وه‌ تاكه‌كه‌سی ئاماده‌ى ناو جوگرافیاى ده‌قه‌كه‌یه‌ له‌ رێگاى ده‌ربڕینی( ده‌خیلت بم ) داواكارى به‌رزده‌كاته‌وه‌ یان ده‌خاته‌ روو. لێره‌شه‌وه‌ قسه‌كه‌ر كه‌ پێشتر رۆڵی گێڕه‌ره‌وه‌و وه‌سفكه‌رى ده‌بینی، ئێستا ده‌چێته‌ پێگه‌ى داواكاره‌وه‌و ئه‌وى ده‌روێشیش كه‌ ته‌نیا له‌ گێڕانه‌وه‌و وه‌سفكردنه‌كانی قسه‌كه‌ردا ئاماده‌بوونی هه‌بوو، ئێستا له‌ پێگه‌یه‌كی به‌رزتردا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ى ئه‌و پێگه‌یه‌ى به‌ ده‌روێش داوه‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌تی. دیاره‌ ئاشكرایه‌ داهێنان و شاره‌زایی و مه‌عریفه‌ له‌ هه‌ر بوارێكدا سه‌ربارى خراپی پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌بێته‌ بنه‌ما بۆ به‌ده‌ستهێنانی جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات. ئێستا ئه‌وى ده‌روێش داواى لێده‌كرێت كه‌ شتێك ببه‌خشێت به‌ تایبه‌تی بۆ كه‌سێك یان رووبه‌رێك كه‌ پێویستیان به‌و به‌خشینه‌ى ئه‌و هه‌یه‌. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ بۆ خۆى چه‌مكی به‌خشین جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى پێویستی به‌ وه‌رگرتنی به‌خشینه‌كه‌یه‌ ئیتر گرنگ نیه‌ جۆرى به‌خشینه‌كه‌ چیه‌و چۆنه‌.
ئه‌می قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ به‌هۆى بیستنی مۆسیقاى بێگانه‌وه‌ كه‌ نامۆیه‌ به‌ رۆحی ئه‌م میزاجی كورده‌وارى تێكچووه‌و ده‌زانێت پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ رۆحی نامۆ و میزاجی تێكچووى كورده‌وارى ئاشتبكرێنه‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بارى ئاسایی خۆیان. ئه‌وه‌ش به‌ بیستن و ئاشنا بوونه‌وه‌ ده‌بێت به‌وه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ خۆراكی رۆحی و هێمنی و هێورى بۆ ده‌هێنێت، ئه‌ویش بیستنی ئاوازى ره‌سه‌نی كورده‌واریه‌ كه‌ قسه‌كه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێـت و داوا له‌ ده‌روێش ده‌كات به‌ لاوك و ئاى ئاى و حه‌یران كه‌ ئاوازى ره‌سه‌نی كوردین و ئه‌و وه‌كو شه‌پۆلی زه‌وقی میللی ناویان ده‌بات، ده‌روونی مات و چۆڵی پڕ بكات. لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌ربارى بیستنی مۆسیقاى پڕ له‌ جۆش و خرۆشی بێگانه‌ به‌ڵام رۆح و ده‌روونی ئه‌و چۆڵه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى مۆسیقا زمانێكی گه‌ردوونیه‌، به‌ڵام هێشتا تایبه‌تمه‌ندى ناوچه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، واته‌ سه‌ربارى ئه‌و گشتیبوونه‌ زمانی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه‌ كه‌ رۆح و ده‌رونی مرۆڤ هه‌ریه‌كه‌و له‌گه‌ڵ زمانی رۆحی مۆسیقاى خۆیدا باشتر تێده‌گات و مامه‌ڵه‌ ده‌كات و رۆحی پێ پاراو ده‌بێت.
قسه‌كه‌ر سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌ پێگه‌ى داواكاریه‌وه‌ ده‌خوازێت ده‌روێش رۆحی تینووى به‌ ئاوازى كوردى پاراو بكات واته‌ به‌و ئاوازانه‌ى كه‌ ئاشنان به‌ رۆحی. هه‌روه‌ك به‌ جۆرێكیش پێداگرى له‌ پێداویستی رۆحی خۆى به‌ ئاوازو به‌سته‌كانی ده‌روێش نێشان ده‌دات كه‌ له‌پێش گه‌وره‌ترین داهێنه‌رانی مۆسیقاى جیهانیه‌وه‌ په‌یوه‌ست به‌ رۆحی خۆیی و ئاشنابوونی ئه‌و ئاوازانه‌ به‌رۆحی خۆى دایده‌نێت. ئاوازه‌كانی ده‌روێش زیاتر له‌ ئاوازه‌كانی بیتهۆڤن ئاشنان به‌ رۆحی قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ گۆران خۆیه‌تی. له‌ راستیدا له‌سه‌ر زمانی قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ داهێنه‌رێكی نموونه‌ى بوارى شیعر بووه‌ به‌ڵكو به‌ئاگایه‌كی هوشیارى بواره‌كانی ترى هونه‌رو رۆشنبیرى گشتیش بووه‌. ئه‌وێك له‌ زه‌مینه‌یه‌كی دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى سێ ده‌یه‌ى دووه‌می سه‌ده‌ى بیستدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاوازو مۆسیقاى كوردى له‌ بیتهۆڤن ئاشناترن به‌رۆحی. ماناى وایه‌ ئه‌و گوێگرێكی باش و شاره‌زایه‌كی باشی ئاوازه‌كانی بیتهۆڤن بووه‌، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ به‌راورده‌ ده‌كات و سه‌رئه‌نجامیش له‌به‌رئه‌وه‌ى رۆحی ئه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ زه‌مینه‌و مێژوو كه‌لتوورى خۆیه‌وه‌ بۆیه‌ به‌رهه‌می زه‌مینه‌كه‌ى خۆى زیاتر رۆحی په‌شێوى هێور ده‌كاته‌وه‌و ناخی تینووى ئاوده‌دات و پاراوى ده‌كات. قسه‌كه‌ر داوا له‌ ده‌روێش ده‌كات به‌ ئاوازه‌ كوردیه‌ ره‌سه‌نه‌كانی رۆحی كڵۆڵی ئه‌م هێوربكاته‌وه‌. بێگومان ئاشكرایه‌ كه‌ مۆسیقا خۆركی رۆحه‌و قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌ش كه‌ میزاجی كورده‌وارى تێكچووه‌و بیستنی ئاوازى بێگانه‌ رۆحی نامۆكردووه‌، ته‌نیا به‌ ئاوازى ره‌سه‌نی كوردى میزاجی كورده‌وراى دێته‌وه‌ بارو رۆحی كڵۆڵی هێور ده‌بێته‌وه‌.
شاعیر له‌سه‌ر زمانی قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌وه‌ دوو وێنه‌ى دیار به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. یه‌كه‌میان وێنه‌ى داهێنه‌رێكه‌ له‌ واقیعێكی دواكه‌وتوودا كه‌ ئه‌و داهێنه‌ره‌ به‌ خۆڕسكی و له‌سه‌ر بنه‌ماى زیره‌كی و به‌هره‌ى تایبه‌تی وه‌كو خاوه‌ن خولیایه‌ك گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی داهێنان. به‌ڵام دیاره‌ له‌و واقیعه‌ ناجۆره‌دا گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ نه‌ به‌ خۆى و نه‌ به‌ هونه‌رو ئه‌ده‌به‌كه‌ى نادرێت. دووه‌میان وێنه‌ى كه‌سێكه‌ له‌ ناو ئه‌و واقیعه‌ دواكه‌وتووه‌دا كه‌ دیاره‌ ئه‌و واقیعه‌ى ده‌قه‌كه‌ لێی ده‌دوێت واقیعی كورده‌واریه‌، كه‌ كاریگه‌رى كه‌لتوورى بێگانه‌ كه‌ لێره‌دا باسی مۆسیقاو گۆرانی ده‌كرێت میزاجی میللی كورده‌وارى ئه‌وى قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌ى تێكداوه‌و سه‌رئه‌نجام داوا له‌و داهێنه‌ره‌ى ناو واقیعه‌كه‌ى خۆى ده‌كات به‌و ئاوازه‌ ره‌سه‌نانه‌ى كه‌ ئاشنان به‌ رۆحی ئه‌و میزاجی شێواوى كورده‌وارى ئه‌و بگێڕێته‌وه‌ بارى ئاسایی خۆى و رۆحی كڵۆل َو په‌شێوى ئه‌و هێور بكاته‌وه‌.
له‌م ده‌قه‌دا سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كاتێ باسی تایبه‌تمه‌ندبوون ده‌كرێت ده‌شێ به‌ ئاراسته‌ى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌ جۆرێك له‌ گشتیكردن یان به‌ بابه‌تیكردن له‌ ئاستی نه‌گوتراودا هه‌ست پێبكرێت به‌ تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتوودا به‌هاو پێگه‌ى داهێنه‌ر هه‌ر جۆره‌ داهێنه‌رێك بێت ره‌نگه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ پێویسته‌و هه‌مان شێوه‌ى ئه‌و وێنه‌ ته‌ڵخ و شێواوه‌ى مانگه‌ كه‌ له‌ حه‌وزێكی لیخندا ده‌بینرێت. به‌ڵام دیسان داهێنه‌ر به‌راورد به‌ كۆى كۆمه‌ڵگه‌ بارێكی ده‌گمه‌ن و تایبه‌تیه‌. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌شه‌وه‌ ئه‌م ده‌قه‌ وه‌كو هه‌ر ده‌قێكی شیعرى رۆمانسی پێكه‌ى خود یان زات وه‌كو تاكه‌كه‌س زیاتر به‌رز ده‌كاته‌وه‌و ده‌رى ده‌خات. كه‌ لێره‌دا كۆى پێكهاته‌ى زمانی و هونه‌رى ده‌قه‌كه‌ پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ ده‌رخستنی كه‌سێتی تایبه‌تی ده‌روێش عه‌بدوڵا له‌ ئاستێكی به‌رزو ده‌گمه‌ندا كه‌ ده‌رخستنی كه‌سێتی داهێنه‌رێكه‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا پاسیڤكردنی رۆڵى كۆمه‌ڵگه‌و جه‌ماوه‌ره‌ له‌ روانگه‌ى بایه‌خنه‌دانیان به‌و تاكه‌ ده‌گمه‌نه‌و به‌ به‌رهه‌مه‌كانی. بێگومان له‌ پشتی به‌رزكردنه‌وه‌ى خودو پێگه‌ى كه‌سی ده‌روێش عه‌بدوڵاوه‌ ده‌شێ ئامانجێكی تر راوه‌ستابێت و ئه‌رك یان مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌ویش له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ده‌روێش عه‌بدوڵا ته‌نیا بریتی بێت له‌ ده‌مامكێك كه‌ گۆران به‌كارى هێنابێت و له‌ بنه‌ڕه‌تدا گۆران له‌ پشتی وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراوى ده‌روێش عه‌بدوڵاوه‌ باسی خۆى بكات. ته‌نانه‌ت سه‌ربارى ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سێك به‌ ناوى ده‌روێش عه‌بدوڵاوه‌ هه‌بووه‌و له‌ هه‌وراماندا ژیاوه‌و شمشاڵ ژه‌ن بووه‌، ده‌شێ مه‌به‌ست له‌و ده‌روێش عه‌بدوڵایه‌، عه‌بدوڵا گۆرانی شاعیر بێت كه‌ وه‌كو یه‌كه‌مین داهێنه‌رى قۆناغه‌كه‌ى خۆى و یه‌كێك له‌ داهێنه‌ره‌ هه‌ره‌ پایه‌به‌رزه‌كانی مێژووى شیعرى كوردى، كۆمه‌ڵگه‌ى دواكه‌وتووى كوردى نه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ى پێداوه‌ كه‌ شایانی بووه‌ نه‌ له‌سه‌روه‌ختی خۆیشیدا بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به‌ داهێنانه‌كه‌ى دراوه‌، به‌ڵكو ئازارى رۆحیشی دراوه‌و ماندوكراوه‌. ئه‌وه‌ى گۆران بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵاى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ له‌ ناو میلله‌تی نه‌زان و دواكه‌وتوودا رێز له‌ داهێنانه‌كه‌ى ناگیرێت مه‌به‌ستی خۆیه‌تی و باسی ئێش و ژانه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆى ده‌كات وه‌كو بابه‌تێكی زاتی و ده‌قه‌كه‌ ده‌ربڕى هه‌ستكردنی گۆرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ ناتوانێت و له‌وه‌ تێناگات كه‌ ئه‌م چ گه‌وهه‌رێكی پێشكه‌ش به‌و كردووه‌ كه‌چی ئه‌و به‌چاوى سووكه‌وه‌ سه‌یرى ده‌كات و هیچ بایه‌خێكی پێنادات. كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌قه‌كه‌ زیاتر له‌ بیرۆكه‌یه‌ك ده‌وروژێنێ و ده‌یدوێنێ په‌یوه‌ست به‌ هونه‌رو داهێنان و رۆڵی هونه‌ر له‌سه‌ر گوێگرو بینه‌رو چۆنێتی چێژوه‌رگرتن و ئاستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ى وه‌رگر، به‌ڵام كۆى بیرۆكه‌كان به‌ هێڵێك پێكه‌وه‌ به‌ستراون و سه‌رئه‌نجام گوزارشت كردنن له‌ خودى ئه‌م تاكه‌كه‌سه‌ كه‌ لێره‌دا قسه‌كه‌ر یان ئاشكراتر بڵێین خودى شاعیر خۆیه‌تی وه‌كو داهێنه‌رێك. ئه‌م ده‌قه‌ سه‌ربارى خستنه‌ڕووى بابه‌تی داهێنان و كاریگه‌رى داهێنانی ناوخۆ و بێگانه‌ یان په‌یوه‌ندى ئێمه‌و ئه‌وان له‌ رووى داهێنانه‌وه‌،ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بایه‌خی گشتی ده‌قه‌كه‌ له‌ رووى ناوه‌رۆك یان پرسیارو جیهانبینیه‌وه‌ بایه‌خدانه‌ به‌ ناوه‌رۆكی عاتیفی و ویژدانی. فۆرمی ده‌قه‌كه‌ زیاتر له‌ خزمه‌تی ئه‌م ناوه‌رۆكه‌دایه‌و ته‌نانه‌ت وشه‌كانیش خزمه‌تی ئه‌م ناوه‌رۆكه‌ عاتیفیه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ندێجار سه‌ربارى بوونی وشه‌ى كوردى پاراو وشه‌ى عه‌ره‌بی به‌كارهێنراوه‌ كه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌و ناوه‌رۆكه‌ عاتیفیه‌ ده‌كات وه‌كو ( حوزن، عومر، حه‌سره‌ت، قه‌وم، به‌سیت، عه‌كس، قه‌مه‌ر، روفاه، تاج، حورمه‌ت، ئوستاد، سیحر، نه‌غمه‌، مه‌عیشه‌ت، لوقمه‌، زه‌كا، خیلقه‌ت، مه‌حكوم، حه‌رف، صیرف، رۆح، میزاج، زه‌وق، ). ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ زمان به‌گشتی بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و ناوه‌رۆكی عاتیفیه‌ كار ده‌كات كه‌ بوون و پێگه‌ى خود-زات زیاتر پته‌و ده‌كات و ده‌ریده‌خات. هه‌رچه‌نده‌ ده‌قه‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى زۆرینه‌ى ده‌قه‌كانی گۆرانه‌وه‌ كه‌ كیمیاگه‌رى وێنه‌ى تێداكراوه‌، ئه‌م ده‌قه‌ له‌ رووى وێنه‌ى شیعریه‌وه‌ به‌و جۆره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند نیه‌، به‌ڵام ئه‌و وێنانه‌ى هه‌ن ئه‌ركی گوزاشتكردن و ده‌ربڕین له‌ خود یان زات یارى ده‌كه‌ن. به‌ مانایه‌كی تر ده‌توانین بڵێین جیهانبینی ئه‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ ( ده‌روێش عه‌بدوڵا ) هه‌ڵوێستی گۆرانی شاعیره‌ سه‌باره‌ت به‌ روانین و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دوا كه‌وتووى په‌راوێزى مێژوو بۆ داهێنه‌رێك كه‌ زۆر له‌ پێش قۆناغی مێژوویی كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌یه‌. كۆى ده‌ربڕین و پرس و جیهانبینی ده‌قه‌كه‌ له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی زاتێكی داهێنه‌ره‌ بۆ ئه‌و پێگه‌و به‌هایه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ خۆى و به‌ داهێنانه‌كه‌یی ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی به‌رزى به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تدا به‌هه‌موو ره‌گه‌زو پایه‌كانیه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ كراوه‌. كه‌ كۆى ره‌گه‌زه‌كانی بنیادنای ده‌قه‌كه‌ له‌ ناونیشان و پێكهاته‌ى زمانی له‌ وشه‌و رسته‌و وێنه‌ى شیعرى و ده‌لالات و لێكچوون و دووانه‌ى دژو هاوتاو ئیقاعی ده‌روه‌وه‌ له‌ كێش و به‌حرو سه‌رواو ئیقاعی ناوه‌وه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌و ده‌نگ و وشه‌و به‌رزبوونه‌وه‌و نزمبوونه‌وه‌ى ئیقاع و بنیادى رسته‌ و پێكه‌وه‌ گونجاندنی وشه‌و وێنه‌و ده‌لالات..هه‌موویان پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كه‌و بنیادنانی گوتارى شیعرى ئه‌م ده‌قه‌و له‌وێشه‌وه‌ ده‌رخستنی دیدو تێڕوانینی شاعیر و هه‌ڵوێست و هه‌ستكردنی به‌رامبه‌ر به‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌ كه‌ لێره‌دا روانینی داهێنه‌رێكه‌ بۆ خۆى كه‌ له‌ پشتی ده‌مامكێكه‌وه‌ باسی خۆى ده‌كات و له‌ پێگه‌و نرخپێدانی خۆى وه‌كو داهێنه‌رێك ده‌دوێت له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ چۆن له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوودا سه‌یرى ده‌كرێت.
ئیقاع یه‌كێكه‌ له‌و پایانه‌ى كه‌ له‌ بنیادى هه‌ر ده‌قێكی شیعریدا رۆڵی دیار ده‌بینێت له‌ به‌رهه‌مهێنانی گوتارى ئێسه‌تیكی ده‌ق و به‌رهه‌مهێنانی جیهانبینی ده‌قدا. پێشتر له‌باره‌ى ئیقاعى ده‌ره‌وه‌یی ده‌قه‌كه‌وه‌ دواین واته‌ بنیادى گشتی ده‌قه‌كه‌و كێش و سه‌رواو… تاد. ئێستا سه‌رنج له‌ ئیقاعی ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ ده‌ده‌ین، ئیقاعی ناوه‌وه‌ پێكدێت له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ى ده‌نگی و وشه‌یی یان بێژه‌یی و هاوسه‌نگی و ته‌ریببوون – پارارێل- و گونجان. كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ جونكردنی ده‌ق و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستی جوانناسی ده‌ق واته‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنانی گوتارى ئێسه‌تیكی ده‌قدا، ئه‌مه‌ بێچجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كارده‌كه‌ن وه‌كو دال بۆ هه‌ڵگرتنی مه‌دلولی جۆراو جۆرو بۆ به‌رهه‌مهێنانی جیهانبینی ده‌ق.
لێره‌دا دێینه‌ سه‌رباسكردنی دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌مان ده‌نگ له‌ سه‌ره‌تاى وشه‌دا كه‌ ئه‌ویش ده‌بێت به‌ دوو جۆره‌وه‌ یه‌كه‌میان دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌نگی نه‌بزوێنه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌لیتره‌یشن یان كۆنسۆنانس. دووه‌میان بریتیه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌نگی بزوێن له‌ سه‌ره‌تاى وشه‌كانی هه‌مان دێڕدا كه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌سۆنانس. دووباربوونه‌وه‌ى ده‌نگ به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕتی كاریگه‌رى ده‌نگیی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێجار خۆشی به‌خشه‌ یان بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كارده‌كات بۆ زیاتر پێكه‌وه‌به‌ستنی وشه‌كان و بۆ به‌هێزكردنی بنیادى ده‌ق و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستی زمان و به‌ره‌و به‌ ره‌سمیكردنی كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات زمانه‌كه‌ زۆر له‌ جوڵه‌دا بێت كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش شتێكی دڵگیر بێت یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش كارده‌كه‌ن بۆ جوانكردنی ده‌قه‌كه‌و بۆ به‌ زیندوویى هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و بیرۆكه‌ یان ماناو ده‌لاله‌ته‌ى كه‌ له‌ پشتی ئه‌م دووباره‌كردنانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌.
دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌نگیی له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌مدا باس ده‌كه‌ین. ده‌نگی ( ش ) كه‌ ده‌نگسَكی نه‌بزوێنه‌، شه‌ش جار دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌ وشه‌كانی ( شێوه‌، شمشاڵ ، زه‌حه‌متكێش ، حه‌سره‌تكێش، ئاشیان ) بێگومان چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ رووى مۆسیقاوه‌ بایه‌خێكی گرنگی ده‌بێت و هارمۆنیایه‌ك ده‌به‌خشێت به‌ بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌، هه‌روه‌ك ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ وشه‌ى ده‌روێش دا كه‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌یه‌ هه‌یه‌و واده‌بینرێت ده‌نگی ( ش) له‌ ناونیشانه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر پانتایی ده‌قه‌كه‌دا دابه‌ش بووه‌و ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵ>ه‌گرێت كه‌ به‌شێكه‌ له‌ بوونی ئه‌و كه‌سێـه‌ى كه‌ ده‌قه‌كه‌ لێی ده‌دوێت چووه‌ته‌ ناو پێكهاته‌ى وشه‌كانه‌وه‌و خاڵی هاوبه‌شیش له‌ نێوان ده‌روێش و شمشاڵدا دیسان هه‌مان ده‌نگی ( ش) كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی عه‌شق ئاسا له‌ نێوان ده‌روێش و شمشاڵه‌كه‌یدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ك دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌نگی نه‌بزوێنی (ش) له‌ سه‌ره‌تاى هه‌ردوو وشه‌ى ( شێوه‌ ، شمشاڵ )دا بریتیه‌ له‌ كۆنسۆنانس یان ئه‌لیتره‌یشن.
هه‌روه‌ها له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌مدا ده‌نگی (ب ) نۆجار هاتوو كه‌ ئه‌مه‌ش چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌ى ده‌نگیه‌. له‌ دێڕى دووه‌م و چواره‌میشدا ده‌نگی ( ب ) له‌سه‌ره‌تاى وشه‌دا دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌ واته‌ خاسێتی ئه‌لیتره‌یشن یان كۆنسۆنانسی هه‌یه‌ واته‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌نگی نه‌بزوێن له‌ سه‌ره‌تاى وشه‌دا كه‌ ئه‌ویش له‌ دێڕى دووه‌مدا له‌ وشه‌كانی ( به‌سته‌ ، ببیه‌م ، بێ ) و له‌ دێڕى چواره‌مدا له‌ وشه‌كانی ( به‌خت ، بلبل ، بێ ). ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ له‌م ده‌قه‌دا دووباره‌بوونه‌وه‌ى وشه‌ یان بێژه‌ كه‌ هه‌ڵگرى ئه‌ركی جه‌ختكردنه‌وه‌و دڵنیاییكردنه‌وه‌ بێت بوونی نیه‌. به‌ڵام هاوسه‌نگی وه‌كو پایه‌یه‌كی ئیقاعی ناوه‌وه‌یی ده‌قه‌كه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێت بۆ نموونه‌ له‌ كۆپله‌ى یه‌كه‌مدا دوا وشه‌ى دێڕى یه‌كه‌م و سێیه‌م جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا ( ده‌روێش ، حه‌سره‌تكێش ) كه‌ له‌ راستیدا ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ هاوته‌ریبی. ئه‌م دوو وشه‌یه‌ له‌ رووى مۆسیقاوه‌ هاوسه‌نگ یان ته‌ریبن ئه‌گه‌رچی له‌ رووى ژماره‌ى بڕگه‌وه‌ جیاوازن. هه‌روه‌ها له‌ رووى ده‌لالیه‌وه‌ هاوسه‌نگیه‌كی ته‌واو له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. وشه‌ى ده‌روێش وه‌كو پێشتریش گوتمان به‌ ماناى شوێنكه‌وتوو، ساده‌، بێلانه‌و دڵسۆز دێت بۆ شێخ به‌بێ ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانی پاداشتی شێخه‌كه‌ى بێت. حه‌سره‌تكێش به‌ مانى كه‌سێكی ژیان سه‌خت و ماندو و دڵشكاو و ژیان پڕ له‌ كێشه‌ دێت كه‌ كه‌س به‌ فریاى ناكه‌وێت و ته‌نیا له‌ رێگاى ئاخ و حسره‌ت هه‌ڵكێشانه‌وه‌ ده‌توانێت بارى گرانی ناخی سووك بكات، هه‌رچۆن ده‌روێش له‌ ته‌قسی ده‌روێشیدا دنیاى بیر ده‌چێته‌وه‌و ده‌گات حاڵه‌تی بێ ئاگایی. ئه‌م دوو كه‌سه‌ ده‌روێش و حه‌سره‌تكێش له‌ رووى ده‌روونیه‌وه‌ هاوته‌ریبن، ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی قوڵتردا ده‌بێته‌ هاوسه‌نگی یان هاوتریبی له‌ رووى بوون و گه‌وهه‌رو ماناوه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ حه‌سره‌تكێش هاوواتایه‌ بۆ ده‌روێش له‌ كاتێكدا كه‌ كه‌سێتی ده‌روێش به‌ ماناى بێلانه‌و پاشكۆو شوێنكه‌وتووى ئه‌وى شێخ یان شوێنكه‌وتووى پارویه‌ك نان دێت، خاسێتی حه‌سره‌تكێشی هه‌یه‌و به‌و پێیه‌ حه‌سره‌ت ده‌بێته‌ سیفه‌تی ده‌روێش و لێره‌شه‌وه‌ جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى هاوسه‌نگبوون یان هاوته‌ریبی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ كۆپله‌ى دووه‌مادا هاوسه‌نگی له‌ نێوان وشه‌كانی ( سنعه‌تكار ، هوشیار ) دا هه‌یه‌ كه‌ دیسان هاوته‌ریبی نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌م دوو وشه‌یه‌ش له‌ رووى مۆسیقاوه‌ هاوسه‌نگ یان ته‌ریبن. له‌ رووى ده‌لالیشه‌وه‌ هاوسه‌نگی و ته‌ریبی له‌ نێونانیاندا هه‌یه‌. سنعه‌تكار كه‌ به‌ ماناى پیشه‌ییبوون یان خاوه‌ن پیشه‌ دێت خاسێتی كه‌سێكه‌ كه‌ شاره‌زاو به‌ ئاگا بێت له‌ بوارێكدا. هوشیاریش خاسێتی كه‌سێكی به‌ ئاگایه‌. هه‌میشه‌ هوشیارى ده‌بێته‌ بنه‌ما بۆ سنعه‌تكارى كه‌واته‌ لێره‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی هاوسه‌نگ له‌ نێوان ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى هاوسه‌نگی نێوان بوویه‌كی ئاماده‌و ئه‌و پاشخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ بوونی، واته‌ په‌یوه‌ندى نێوان سنعه‌تكارى و هوشیارى كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌یه‌و هه‌تا هوشیارى به‌رز بێت ئاستی سنعه‌تكارى پێشكه‌وتوو ده‌بێت واته‌ هه‌رچۆن له‌ رووى ماناوه‌ ئه‌م دوو وشه‌یه‌ ته‌ریب و هاوسه‌نگن هه‌روه‌ها له‌ رووى بنیادى و مۆسیقاشه‌وه‌ ته‌ریب و هه‌سه‌نگن. كه‌واته‌ لێره‌دا هاوسه‌نگی و ته‌ریببوونی -پارارێڵ-بنیادى و مانایی-ده‌لالی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شداری ده‌كات له‌ پێكهێنانی ئیقاعی ناوه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا. دووباره‌ بوونه‌وه‌ى ده‌نگی و وشه‌یی و هاوسه‌نگی یان ته‌ریببوون له‌ هه‌ر ده‌قێكی شیعریدا بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر مۆسیقاو ئێسه‌تیك و ده‌لالات و ماناو پرسیارى ده‌ق.
دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌مان ده‌نگی نه‌بزوێن كه‌ زیاتر له‌ سه‌ره‌تاى وشه‌دا ده‌بێت و ئه‌و جۆره‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕتی كاریگه‌رى ده‌نگیی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێجار خۆشی به‌خشه‌ یان بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كارده‌كات بۆ زیاتر پێكه‌وه‌ به‌ستنی وشه‌كان و بۆ به‌هێزكردنی بنیادى ده‌ق و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستی زمان و به‌ره‌و به‌ ره‌سمیكردنی و كه‌ واده‌كات زمانه‌كه‌ زۆر له‌ جوڵه‌دا بێت كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش شتێكی دڵگیر بێت یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش كارده‌كه‌ن بۆ جوانكردنی ده‌قه‌كه‌و بۆ به‌ زیندووى هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و بیرۆكه‌ یان ماناو ده‌لاله‌ته‌ى كه‌ له‌ پشتی ئه‌م دووباره‌كردنانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌.

نووسینی/ عەتا قەرەداخی




دووڕویی و نیفاق و بێ مۆراڵی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و حیزبە موعاریزەکانیان بە ڕاست و چەپیانەوە… زاهیر باهیر

بە بەردەوامی تورکیا خەڵک دەگرێت و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باکور و دێهاتەکانی سەر سنوری باشوریش وێران دەکات ئەی ئەم دیمۆکراتخواز، ئەم مرۆڤە دڵسۆز شیوەنکەرانە بۆ مافی مرۆڤ لە کوێ بوون؟ ئەی کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد بۆچی یەکێکیان زەلەیەکیان بەرانبەر بە تورکیا نەکرد؟ نەك هەر ئەوەش کاتێك کە ئێمە لە بەرانبەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی ئێرە, بریتانیا، بۆ دوو هەفتە پرۆتێستمان دەکرد، ئەو ڕۆاژانە بوو کە ئەردۆگان هات بۆ ئێرە بۆ دڵنیابوونی بریتانیا لە هاوپشتی تورکیا و کڕینی چەك و تەقەمەنی. بۆ بەخێرهاتن و پێشوازی لە ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێرە، ترێزە مەی, لە تی ڤی دا وتی ” کوردە تیرۆریستەکان” هەموومانی کرد بە تیرۆریست. ئەمە هەڵویستی حکومەتی ئێرە بوو .
لە لایەکی دیکەوە ئەو هەموو منداڵ و گەنجە لە فەلەستین دەکوژرێت هیچ دەوڵەتێك، هیچ حیزبێکی موعاریز کە لە جاوەڕوانی دەسەڵات گرتنەدەستدایە، نەیانتوانی سەر زەنشتێکی ئیسرائیل بکەن. هەر ئاواش هەمان شت لە بەرانبەر حکومەتی سعودییە کە لە کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانەدا کە هەر لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەکی ئێکجار زۆری منداڵ کوژران بەرپرسیارە ، ئایا کەس لە دەسەڵاتداران سیسیاسییە دەسەڵاتخوازەکان هێچیان وت؟
دوێنێ شەو ، 10/03 ، نەدیم زەهاوی دەڵاڵی نەوت و گەندەڵێکی حیزبی موحافیزین کە وەزیری پەرەوەردە و ڕۆشبیریی بریتانیایە و کە ڕەنگە خۆشی کاندید بکات بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا کەی جێگایان بە بۆریس جۆنسۆن لەق کرد، لە دیمانەیەکی چەناڵ فۆڕ، 4 ی ئێرەدا بەرگری لە پەنابەرەکانی ئۆکرانیا دەکرد بەزەیی بەواندا دەهاتەوە و دەەیوت دەبێت دەرگایان بۆ بکەینەوە، کەچی ئەم کابرایە کە خۆی کوردە ئەو هەمو کوردە دەربەدەر دەبێت ئاو نوقمی دەکات و قاچاخچی دەیانکوژێت و دەستیاندەبڕێت و پۆلیسی سەر سنورەکان تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن نقەی لێوە نەهات!! هاوکاتیش حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکات تا ڕادەی ئەوەی کە هەر ئۆکرانییەك لێرە تەنانەت ڤیزەی موەقەتیشی هەبێت دەتوانێت خێزانەکەی و کەسە هەرە نزیکەکانی بگەیەنێتە ئێرە . ئەمڕۆ هاوکاری پەنابەرانی ئۆکرانیا زیاتر بوو. حکومەت بڕیاری دا ئەوانەشی کە خوێندکارن لێرە یاخود ڤیزەی موەقەتیان هەیە و کاردەکەن دەتوانن کەس و کاریان بهێنن بۆ ئێرە، لەوەش زیاتر هەموو هاووڵاتییەکی بریتانی کە پەساپۆرتی بریتانی هەبێت دەتوانێت داوەتی ئۆکرانیان بکات و بیگەیەننێتە ئێرە تەنانەت گەر پەساپۆرتیشی لە سەر سنورەکانی پۆڵۆنیا و فەرەنسا بێت و پەساپۆرتیشی نەبێت.
حکومەتەکانی ئێرە بە لەیبەر و موحافیزین و لیبراڵەوە، لەگەڵ میدیای ئەم وڵاتەدا هەڵوێستێکی زۆر باشیان نەبووە دەربارەی پەنابەرانی ناسپیپێست، واتە بۆر و قاوەیی و ڕەش و ئەسمەر. با لێرەدا چەند نمونەیەك بهێنمەوە : یەکێك لە پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین پێشنیاری بۆ مارگرێت تاچەری کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیا، کرد ” خەڵکی ئێرە بەڕاستی دەترسێت کە ئەم وڵاتە، ڕەنگە بە خەڵکانێك غەرق بێت کە کولتوری جیاوازیان هەیە” لە دانیشتنێکی پەڕلەماندا دەیڤد کامیرۆنی کۆنە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی جێرمی کۆربنی سەرکردەی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] لەگەڵ وەزیری دارایی کە سێبەری وەزیری دارایی بوو، تاکو لەبەرچاوی خەڵکیان بخات وتی ” وتی ئەمان کۆمەڵێك کۆچبەریان لە بەندەری کالیس دیوە… کە دەتوانن بێن بۆ بریتانیا”. ئەمانەش هەندێك لە تایتڵی یەکەم پەیجی ڕۆژنامەکانی بریتانیا بوون ” سیاسەتی نەهێڵانی پەنابەران لە ئێستا توند ڕاگرن “… سوپا بنێرن بۆ کالیس “
ئیڤێت کوپەر کە پێش هاتنی حیزبی موحافزین بۆ حوکم وەزیری ناوخۆ بوو ، بەڵام لە ساڵی 2015 دا کە سێبەری وەزیری ناوخۆ بوو لاینگری ئەوە نەبوو کە پەنابەران بە ڤیزە بگەنە بریتانیا، هاوکاتیش کاتێک کە بانگەشەی نەدانی بیمەکان بۆ پەنابەران کرا و دواتر جێبەجێ کرا ئەو ئەمەی لا ئاسایی بوو . لە ئێستاشدا حیزبی لەیبەر بە ڕابەری نوێیانەوە کیری ستارمە، Keir Starmer پێشنیاری ئەوەی بۆ کراوە کە ” قوتابخانەکان لە منداڵانی بێیانە کە ئینگلیزی قسە ناکەن غەرق بوون ” ئەمە بانگەشەی هەوڵی مەنعکردنی منداڵانی پەنابەران و کۆچبەرانە لە قوتابخانەکاندا.

دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە ڕوسیا ڕسوا دەکەن لەبەر ئەوەی چەکی گەرمیی [ حەراری] بەکارهێناوە و لە غەم و مەترسی ئەوەدان کە ڕوسیا ڕەنگە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت، بەڵام هەر ئەم دەوڵەتە ئاشتیخواز و دیمۆکراتییانە بە دەیەها جار تورکیا چەکی کیمیاوی بەرانبەر بە گەریلاکانی قەندیل و شوێنەکانی دیکە بەکارهێناوە و چەندەها بەڵگە هەیە، تەنانەت چەکی کیمیاوی منداڵانیشی گرتەوە، کەچی ئەمان خۆیان نابینا و کەڕ کرد و هەر ئامادەش نین کە باسی بکەن چجای سزادانی تورکیا.

لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا لە سەرێکەوە سەرەکۆنەی ڕوسیا دەکات بۆ شەڕەکە و لە سەرەکەی دیکەشەوە ئامادەش نییە پەیوەندی ئابووریانە لەگەڵیدا ببچڕێنێت. ئەردۆگانیش دەیەوێت خۆی بکاتە کەسێكی ئاشتیخواز و موسڵیح بە ناوبژیکردنیان و داوەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو لایانی بو وتوو وێژی لە تورکیا کردووە. سیاسەت چ قەشمەرە و سیاسسیەکان چ قەشمەرجاڕێکن.

من پێشوازی لە هەموو ئەم وڵاتانە دەکەم بۆ کردنەوەی سنور و دەرگایان بۆ پەنابەران و لێقەوماوانی ئۆکرانیا بەڵام دەبوایە دووڕوو نەبوونایە هەر ئاوا هەڵوێستێکیان هەبوایە و هەبێت لە بەرانبەر مرۆڤە پەنابەرە بۆر و ڕەش و قاوەییەکانیشدا، بەڵام جێگای داخە کەئەمە هەڵوێسییان نییە و بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە وەرگرتنی ئۆکرانییەکان لەبەر ” جاوی شینیان و پرچی زەردیان و سپیپێستیان و هەڵگری دینی مەسییحییان ئەوروپییبوونیانەوەیە کە دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت”

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
11/03 /2022




قەیرانی خەیاڵ لە کەللەی ڕامییاریستەکان… یونــس تــانــج

خەیاڵ وەک بەشێک لە ئیحساساتی مرۆڤ، وەک پاژێکی هزر، ئەنگێزەیەکی ڕەمەکی فیتڕەتییە، دەشێت لە چەندان باردا سۆز و ویژدانی مرۆڤ پاڵبنێت ڕووە و ڕەفتار و گوفتارە دروستەکان. هەڵبەت خودی خەیاڵ ئاتاجی بە کۆمەڵە سەرچاوەیەکە بۆ گەشەسەندن و بۆڕدان. فەرامۆشکردنی ئەم چاوگ و سەرچاوانە خۆبەخۆ خەیاڵ دەکەن بە ڕەمەکێکی پەککەوتە.

چاوگە پڕ بایەخەکانی خەیاڵپەروەری بریتیین لە ئیستاتیکا و کۆی رەگەزەکانی هونەر و ژانرە ئەدەبییەکان. لەم سۆنگەیەوە کایەی ڕامیاری وەک باڵاترین پایەی جڤات، پێویستە خەیاڵرۆچووانە بڕوانێتە ناو وردەکاری گیروگرفتی ژیانی تاکەکان و موعانەت و پێداویستییەکانییان بخوێنێتەوە.
زانستە ڕامییارییەکان وەک چەمک و تییۆریا گەلێکی ئەپستراکت، دەستگیرۆیی ئەوە ناکەن مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ لە سەرجەم بوارەکانەوە پڕ بکرێتەوە.. داناچۆڕێنە ناو سوچە تاریکەکانی میحنەت و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە، گەر دەسەڵات بە دەستەکان خاوەن خەیاڵزەدەییەکی فرە واڵا نەبن.
ئەم خەیاڵە واڵایەش لەخۆوە چێنابێت، پێتڤی بە تەمەنێک لە هەوڵ و تەقەلای بێ وچانی ئەدەبی و هونەری و تەنانەت مەعریفی و هزری هەیە.
بۆیە کارەساتێکە ڕابەر و سیاسەتووان و دیپلۆماتکاربیت، هەزاران ڕۆمان و هۆزان و پەخشانت نەخوێندبێتەوە، ئەسپی خەیاڵت نەیبردبی بەرەو داستان و میسییۆلۆژیای میللەتان، سەدەها بەیت و بالۆرەو حیکایەتی فۆلکلۆری خۆت و گەلانت نەبیستبێت، ئاگەداری چیڕۆکەکان و جیهانی سینەما و فیلمەکانی نەبیت، ڕۆژانە گوێت نەگرتبێت لە خرۆشی سێمفۆنییایەک، ناواخنی تابلۆیەک نەبووبێتە کەڵکەڵەی کەللەت و عەوداڵ نەبووبی بە دوای شیتەڵکردنی مانا و مەدلولە جیاوازەکانی.
وێڕای ئەوەی ئەدەبییات و ژانرە ئەدەبییەکان، هونەر و سەرجەم کاتیگۆرییەکانی.. تاکە فاکتەری خەیاڵبزوێنی و پەروەردەکردنی خەیاڵ نین، وەلێ ڕییشەییترین و پڕ گرنگرینین.
گرنگی بەستێنێکی وەک جوانیناسی لەوەدایە دەخوازێت مرۆڤ دروست بکات و بەدووریبگرێت لە هۆڤی بوون و ڕەقەکاری، وەک ئاو ڕەوان و هاوشێوەی پەشمەک نەرمی بکات. تەنانەت ئەگەر خەیاڵی جەللادێک کارا بکەین ئەو دەمەی بە کێبڵێک دابارییوەتە سەر پیاوێک، لە پڕ خەیاڵی بڕکاو وێنەی تاقە کچەکەی ئەو پیاوە بێتە بەر هاوێنەی خەیاڵی.. کە لەبەر دەرگەی ماڵەوە بە خۆی و پشیلەکەی باوەشییەوە چاوەنواڕی گەڕانەوەی باوکییەتی. ئەگەر زۆرە دەستهەڵگرێت لەم ئەشکەنجە کارییە، یان هیچ نەبێت دەستی جەللادانەی سوکتر بکات.
ئەوە خەیاڵنەکردنەوەیە لەوانی دیکە خۆپەرستی و خۆسەپێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و هەژاری دەکات بە خۆرەی گیان و دەروونی هاونیشتیمانی.
کێشەی خەیاڵ ئەوەیە دەبێت داگیرساوبێت، کارا کراوبێت، دەنا هەمووان خاوەنی خەیاڵێکی کاڵ و پاسیڤن… کلۆجەکانی کاراکردنی خەیاڵ وا لەناو ئەدەبیات و هونەر و مەعریفە، ئەستەمە بەبێ ئەوە دەستمان ڕابگا بە خەیاڵێکی مفتی کارا.
پوکانەوەی خەیاڵ تاکو حاڵەتی مەرگ خەسڵەت و مۆڕکی بەرپرسیارانی کوردە، ئەوە بێ خەیاڵی ئەوانە، نسکۆی ئەندێشەیی ئەوانە… تاک و جوتەکانی کوردی بەم بارودۆخە شپرز و هەڵوەشاوە گەیاندووە، مرۆڤی بێ خەیاڵ چەندە ترسناکە سیاسی بێ خەیاڵ تۆقێنەرترین و ڕمێنەرترین. چونکە ناتوانێت وێنای ڕۆڵگۆڕینەوە بکات لە هەمبەر ئەوانیدیکە، خۆی بهێنێتە جێگەی کرێکارێکی شەکەت، بێوەژنێکی بێ پارە، پیرەپیاوێکی ڕۆماتیزمدار، ماڵێکی بێ نەوت لە چلەی زستاندا، لاوێکی بێ ئیش کە شەرمەزاری دەستگیرانەکەیەتی، خانووێکی لافاو بردوو، خاوەن دەواجنێک کە مریشکەکانی بە دەرد لەناوچوون و لە سوچێکدا کز کز دەگری، سێ منداڵی کلێنسفرۆش، قوتابییەکی نەدار، دەردەدارێک کە لەبەر نەبوونی نیوەی دەرمانەکانی دادەنێتەوە لە دەرمانخانەکە، میوەفرۆشێکی بێ بازاڕ، فێرنەبوون، ناتوانن وێنای بێ شیری منداڵێکی ساوا بکەن کە ئارەقی تەوێڵە بچوکەکەی خەریکە نغرۆی دەکا لە نیوەڕۆیانی دۆزەخی ئەو شارانە، نا کارن هەڵلەرزینی پشیلەیەک لە ناو بزوێنەری ئۆتۆمبێلێکدا چاوبکەن لە بەرەبەیانێکی زوقماویدا، یان چوار بێچووە سەگ کە لەبرسان دمیان ناوەتە هەناوی هەڵدراوی دایکییان و دەیخۆن.
عاتیفیبوون و سۆز ناسکی بۆ هەر کێ خراپ بێت بۆ سەرکردە باشە بەرامبەر میللەتەکەی، بە هەویای ویژدان جوڵاندن و دەستبردن بۆ بڕیاری ڕاست و دروست.
بەم تەرزە “بێ خەیاڵی” ویژدان ڕەق دەکات و هزرین چەقبەستوو دەکات. ئاکامەکەی بە ستەمکارییەکی ڕەها کۆتایی دێت. بۆیە قەیرانی پشتهەڵکردنە ئەدەبییات و نەخوێندنەوە و موتاڵانەکردنی ڕۆمان و هۆزان و وردنەبوونەوە لە پۆرترێت و نیگارە هەمە جۆرەکان و هتد.. ڕەهەندێکی دیکەیە لە هۆ کردەکانی ستەمکاری حوکمی کوردی.
دەسەڵاتداران بە هەموو پێوانەو مانایەک خەیاڵ ناکەنەوە لە نیشتیمانێکی ئاسوودە بەخش و هاونیشتیمانەیلێکی خۆشگوزەران، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە هاونیشتیمانییە خەیاڵ دەکاتەوە لە مەملەکەتێکی ئاسوودەبەخش و تاکێکی ئازاد و خۆشگوزەران.

یونــس تــانــج




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک/4..شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم
لەناو دەوڵەتی سیکولاریزمدا هیچ شتێک جیگیر و نەگۆڕ و پیرۆزو سەر و ڕەخنەو یەقینێکی ڕەهاو هێڵی سوور نییە، تەنها مرۆڤ و ئازادیەکانی نەبێت، تەنها ڕێزگرتن لەمافەکانی ئاژەل و سروشت دۆستی و ژینگە دۆستی و مرۆڤ دۆستی و ژن دۆستی و سەروەری یاساو چەمکی هاووڵاتی بوون و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نەبێت،

لەناو دەوڵەتێکی بە واتای وشە سیکۆلاریزمدا، هیچ کەسێک بۆی نییە، ئایینێکی دیاریکراو، مەزهەب ، یان، تیڕوانینی خۆییت بەسەردا بسەپێنێت. نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم و نەهیچ هێزێک و کەسێک بۆی نییە، ئەوە بکات، هەرگیز،لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، وەک چۆن نابێت کەس ئایینی خۆی بسەپێنێت، بەهەمان شێوە، نابێت ڕێگری لەئاییندارانیش بکرێت لەوەی ئازادانە مومارەسەی ئایینداری خۆیان بکەن. لە ناو دەوڵەتێکی سیکۆلاردا، نابێت هیچ ئایینێک قەدەغە، یان، بە پلە دوو و کە م سەیر بکرێت.

لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا.هەموو ئایینەكان بەیەك چاو سەیردەكرێن و جیاوازی لەنێوان مەسیحیەك و زەردەشتیەك، لەنێوان موسوڵمانێك و ئێزدیيەك، لەنێوان جوويەك و بودیەك، لەنێوان بێ دینێک و گومانگەرایەک، لەنێوان هیندۆسێك و یارسانیەكدا نییە، سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و ڕێگری لە ئازادی ئایینی هیچ ئایینێک ناکات، بەڵکو دژی بەسەنتەرکردنی ئایینێک و تێکەڵ کردنی ئایینە بەکایەی سیاسەت و ژیانی گشتیدا، سیکۆلاریزم دەڵێت ئایین مەسەلەيەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەندە، نابێت تێکەڵ بە فەزای گشتی کۆمەڵ ژیانی گشتی خەڵکی بکرێت. بۆیه سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و دژایەتی ئایین ناکات. سیکۆلاریزم دەڵێت: ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموان.

سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت:
من دژی ئایین نیم، بەڵکو دژی سەپاندنی ئایین و بەسیاسەتکردنی ئایینم، دژی ئەوەم ئایین بکرێت بەشمشێر و گەرووی ئازادی خەڵکی پێ پەڵبدرێت، ئایین بکرێت بە ئایدیۆلۆژیایەکی داخراو بیری مرۆڤەکانی پێ لەقاڵب بدرێت، ئایین بکرێت بە ئامێرێکی وێرانکەر و ژیانی خەڵکی پێ وێران بکرێت، ئایین بکرێت بە کابووسێکی ترسناک و مرۆڤەکانی پێ بتۆقێندرێت.




دەریا ئەکەمە شایەت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
من دوا کۆپلەی گۆرانی عەشقت بچڕم
رۆژێک نایەت
دێڕی شیعرم خاڵی بێت لە بۆنی هەستی تۆ
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
ئەم “وەلی”یە دڵی “شەم”ی خۆی جێبهێڵێت
رۆژێک نایەت
پێنووسەکەم خاڵی کۆتایی دابنێ و
لە سەحرای شیعرێکی مردوودا جێتبهێڵم
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
مورووی رەشی تەنهایی بدەم لە گەردنت
رۆژێک نایەت
بەرگی قەترانیی دڵڕەقیت بکەمە بەر و
قوفڵی بێدەنگی بدەم لە دەرگای هەمیشە کراوەت
بە رووی ئارەزووەکانمدا
دەریا ئەکەمە شایەت و
سوێند بە هەموو شەپۆلەکان دەخۆم
سوێند بە قووڵایی رۆحی دەریا دەخۆم
سوێند بەچاوی شینی دەریا دەخۆم
خۆم لا نادەم لەژێر خوڕەی
بارانی خۆشەویستی تۆ
هەتا ئەوکاتەی دەبمەوە بە تۆ

2018




شیعری مناڵان/ نەورۆز و نوێ بوونەوە.. عەلی حەمەڕەشید

ئێمــــەی منداڵ هەرهەموو
نەورۆزمان زۆر خۆشدەوێ
نێرگزی داوە لــە خــۆی
وەکو بوک دەردەکــەوێ

لەگەڵ هـــــاتنی نەورۆز
بەگــــۆرانی و هەڵپەڕکێ
ئامـــــادەین بۆ پێشوازی
لە شار و شارۆچکە و دێ

نـــــــەورۆز نوێبوونەوەیە
بۆ خاک و خەڵک و گیاندار
سەرمـای زستان نامێنێ و
دەچینە وەرزی بەهــــــار

کە نەورۆز دێ لەگەڵ خۆی
خونچەی نوێمان بۆ دێنێ
نەورۆز هۆی دڵخــۆشییە
بۆ کوردان لە گشت شوێنێ




تێڕوانینی دۆستۆیڤسکی بۆ هەرزەکاران.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

پاش ماوه‌یه‌ك دابڕان له‌ كاروبه‌رهه‌مه‌كانی دۆستۆیڤسكی، دووباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ رۆمانه‌ جوانه‌كانی، ئه‌ویش رۆمانی « هه‌رزه‌كار»ه‌. ئه‌م رۆمانه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پێنج رۆمانه‌ مه‌زنه‌كانی كه‌ ئه‌وانیش: برایانی كارامازۆڤ، گه‌مژه‌، تاوان و سزا، شه‌یتانه‌كان، هه‌رزه‌كار» رۆمانی هه‌رزه‌كار له‌ ساڵی 1875 دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌میش به‌ یه‌كێك له‌ شاكاره‌ جوانه‌كانی ئه‌ده‌بی روسی و جیهانی دێته‌ ژماردن. خۆشبەختانە ئەم رۆمانە جوانە لەلایەن برای وەرگێڕی هێژامان مامۆستا جەوهەر مەحمود داراغا کراوە بەکوردیی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی کردووە. کتێبەکە لە دوو بەرگ پێکدێت، کتێبێکی قەبارە گەورەیە.

نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌یدا باسی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی كردووه‌ له‌وانه‌ « قۆناغی هه‌رزه‌كاری، خۆشه‌ویستی، هه‌ژاریی، رق و كینه‌، شه‌ڕه‌نگێزیی و چاكه‌خوازی ناخی مرۆڤ، تاوانكاریی و ئاشتیخوازیی، قومار، ئایینداریی و بێباوه‌ڕی، مه‌سه‌له‌ی ژن» كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی تر. جارجار باسی مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كانیشی كردووه‌، له‌وانه‌« مه‌سه‌له‌ی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تیی، پرسی ره‌وشی خراپی ژیانی جووتیاران « كه‌ به‌ «كۆیله‌ی زه‌وی « ده‌ناسران له‌ روسیادا، چونكه‌ جوتیاره‌كان وه‌كو كۆیله‌ی خاوه‌ن زه‌ویییه‌كان وابوون. هه‌روه‌ها باسی كۆمۆنیزم و ره‌وشی سیاسی روسیا و ئه‌وروپای ئه‌و كاته‌ی كردووه‌.
به‌ڵام بابه‌تی سه‌ره‌كی « قۆناغی هه‌رزه‌كاریی» ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه‌«ئاركادی دۆلگۆركی»به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، بابه‌تێكی گرنگی تریش په‌یوه‌ندی نێوان باوك و كوڕه‌، هه‌روه‌ها پرسی منداڵی ناشه‌رعی و كاریگه‌ییه‌كانی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی تاكه‌وه‌.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه‌ بنووسم، به‌و هیوایه‌ی به‌ خوێنه‌رانی ئازیزی بناسێنم.

جه‌نگی منداڵێكی ناشه‌رعی و باوكی

ئاركادی دۆلگۆركی به‌بێ ویستی خۆی دێته‌ دنیاوه‌«سۆڤیا»ی دایكی ژنه‌ جووتیارێك ده‌بێت، پاشان له‌سه‌ر ویستی باوكی، شوو به‌ماكار ئیڤانۆڤیچی هه‌ژار ده‌كات. پاشماوه‌یه‌ك فرسیلۆڤی خاوه‌نی زه‌وییه‌كه‌ چاوی ته‌ماعی تێده‌بڕێت و منداڵێكی ناشه‌رعی لێده‌بێت ئه‌میش ناوی ده‌نێن ئاركادی. ئه‌م منداڵه‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ئه‌م رۆمانه‌. ئاردكای هه‌ر به‌منداڵی دایكی و باوكی به‌جێیده‌هێڵن و له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی مۆسكۆ، گه‌وره‌ ده‌بێت. هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ زاخاو و عه‌زابی دنیا ده‌كرێت به‌قوورگی ئه‌م منداڵه‌ داماوه‌دا، تاوانیشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵێكی ناشه‌رعییه‌، سه‌ره‌تا هاوڕێكانی ده‌یچه‌وسێننه‌وه‌ پاشانیش مامۆستاكان پێی فێرده‌بن و ده‌كرێته‌ قوربانی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌.
له‌ مه‌شدا نووسه‌ر زۆر به‌جوانی توانیویه‌تی وه‌سفی ژیان و كه‌سایه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ بكات، كه‌ ناشه‌رعین» زۆڵن» چۆن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا رووبه‌ڕووی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌.

پاشان كاتێك ئاركادیی گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌چێته‌ قۆناغی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌، واز له‌ خوێندن ده‌هێنێت، خولیای گه‌ڕان به‌دوای دایك و باوكه‌ ناشه‌رعییه‌كه‌یدا، ده‌بێته‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی و ته‌واوی مێشكی داگیرده‌كات و پلان و نه‌خشه‌ی تایبه‌تیش داده‌نێت بۆئه‌وه‌ی به‌وان بگات، هه‌ربۆیه‌ سه‌فه‌ری پیترسبورگ ده‌كات و له‌وێ دایك و خوشك و باوكی ده‌دۆزێته‌وه‌. دواتریش باوكه‌ شه‌رعییه‌كه‌شی ده‌بینێت، به‌ڵام ده‌رفه‌تی قسه‌ی زۆری نابێت له‌گه‌ڵیدا، تا له‌ كۆتاییدا نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌بێت، كه‌ ماكار ئیڤانۆڤیچ باوكی له‌ نزیكه‌وه‌ بناسێت.
كاتێكیش ده‌گاته‌ پیترسبورگ و فرسیلۆڤی باوكی ناشه‌رعی ده‌دۆزێته‌وه‌، له‌ ناخیدا رق و كینه‌ی زۆر به‌رامبه‌ر به‌م پیاوه‌ ده‌بێت، به‌ڵام پاشان بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ویش ئه‌و شه‌یتانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ مێشكی خۆیدا وێنای كردووه‌. پاشان ئاركادی تێكه‌ڵی ژیانی پیترسبورگ ده‌بێت، له‌ هه‌مووشی خراپتر زوو ده‌چێته‌ جیهانی قوماره‌وه‌، له‌ رێگه‌ی قوماریشه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌ناسێت له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ میر سێرجی، كه‌ دواتر ئه‌میش تووشی شۆكی ده‌كات، كاتێك بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ میر سێرجی ده‌ستی له‌گه‌ڵ لیزای خوشكی تێكه‌ڵكردووه‌ و منداڵێكی ناشه‌رعی لێبووه‌.

هه‌ر له‌ پیترسبورگ له‌ رێگه‌ی پووره‌ تاتیانای هاوڕێی هه‌میشه‌یی خێزانه‌كه‌وه‌، كارێكی لای میرێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ناوی»سۆكۆلسكی» بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، سه‌ره‌تا ئاركادی دڵی به‌م كاره‌ی خۆش ده‌بێت، به‌ڵام دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هیچ كاری نییه‌ ته‌نها بۆ هاوده‌نگی بۆلای ئه‌م میره‌ پیره‌ دایانناوه‌. هه‌رچه‌نده‌ میر سۆكۆسلكی زۆر ئاركادیی خۆش ده‌وێت و پاره‌ی باشیشی ده‌داتێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌ست به‌ سووكایه‌تی ده‌كات بۆیه‌ واز له‌م كاره‌ی ده‌هێنێت.
به‌ڵام پاشان به‌ڕێكه‌وت نامه‌یه‌كی كاترینی كچی میر سۆكۆلسكی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی ئاركادی، له‌و نامه‌یه‌دا به‌بیانووی پیرییه‌وه‌، كاترین ویستویه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر سه‌ره‌وه‌ت سامانی باوكیدا بگرێت، ئه‌م نامه‌یه‌ش ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی گرنگ، له‌وكاته‌شدا فرسیلۆڤی باوكی ناشه‌رعی له‌ جه‌نگدایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا پێشتر په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ كاترین هه‌بووه‌. ئه‌م نامه‌یه‌ش زۆركه‌س ده‌یه‌وێت له‌ چنگی ئاركادی ده‌ریبهێنێن، به‌تایبه‌تی كاتێك به‌ڕێكه‌وت یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی سه‌رده‌می قوتابخانه‌ ده‌دۆزێته‌و كه‌ ئه‌ویش « لامپێره‌« كه‌سێكی ساخته‌چیی و قۆڵبره‌، جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ به‌منداڵیش ئه‌م لامپێره‌ ئاركادی ده‌چه‌وسانده‌وه‌. كاتێكیش به‌گه‌وره‌یی یه‌كتری ده‌بیننه‌وه‌، دووباره‌ له‌ رێگه‌ی فێڵ و ساخته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئالڤۆنسینی كچه‌ هاوڕێ فه‌ره‌نسییه‌كه‌وه‌یه‌وه‌، هه‌وڵی دزینی ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌ده‌ن و به‌و نامه‌یه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كاترین ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕی 30 هه‌زار رۆبڵیان نه‌داتێ، ئه‌وا ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌ده‌نه‌ باوكیی و ئه‌وكاتیش باوكی له‌ ماڵ ده‌ریده‌كات و هیچ به‌شه‌ میراتییه‌كی ناداتێ. كۆتایی رۆمانه‌كه‌ش تاڕاده‌یه‌ك خۆشی ده‌بێت، پاشماوه‌یه‌ك فرسیلۆڤی باوكی تووشی حاڵه‌تێكی ناخۆش ده‌بێته‌وه‌، ده‌یه‌وێت به‌ یه‌كجاری ماڵ ژن و كچه‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت، به‌ڵام به‌هۆی بوونی كێشه‌ی به‌ڵگه‌كه‌وه‌ لای لامپێر، دووباره‌ فرسیلۆڤ، تێكه‌ڵی ژیان ده‌بێته‌وه‌. كاتێك ئاركادیی به‌م فێڵه‌ی لامپێر ده‌زانێت و له‌گه‌ڵ فرسیلۆڤی باوكیدا، ناهێڵن لامپێر به‌و ئاواته‌ی خۆی بگات و به‌ڵگه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌رده‌كه‌ن و كاترینیش كاتێك باوكی ده‌مرێت، له‌ میراتی بێبه‌ش ناكرێت و له‌ كۆتایشدا ئاركادی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆی.

شێوازی نووسین

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م رۆمانه‌ شێوازی نووسینێتی، ئه‌م رۆمانه‌ له‌ چاو رۆمانه‌كانی تریدا كه‌مێك جیاوازه‌. نووسه‌ر به‌شێوازی كه‌سی یه‌كه‌م نووسییه‌تی، له‌ هه‌مانكاتیشدا كاتێك خوێنه‌ر ده‌ستده‌كات به‌خوێندنه‌وه‌ی، هه‌ست ده‌كه‌یت، بیره‌وه‌ری كه‌سێك ده‌خوێنێته‌وه‌، نووسه‌ریش له‌ سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌م بیره‌وه‌ری كه‌سێكه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی جوان نووسراوه‌ته‌وه‌. نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ ته‌واوی ره‌گه‌زه‌كانی رۆمان له‌م نووسینه‌دا به‌كاربهێنێت به‌تایبه‌تی ره‌گه‌زی» دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، كتوپڕ، وه‌سفكردنی ته‌واوی شوێن و كاته‌كان.» دروستكردنی رووداو چیرۆكی لاوه‌كی» له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر، به‌پێچه‌وانه‌ی رۆمانه‌كه‌نی تری، له‌م رۆمانه‌دا قسه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌كات، له‌زۆربه‌ی به‌شه‌كاندا، ئه‌م ته‌كنیكه‌ی به‌كارهێناوه‌. له‌ڕووی زمانیشه‌وه‌، زمانێكی ئاسان و تاڕاده‌یه‌ك شیعری به‌كارهێناوه‌. تاكه‌ خاڵی خراپی نووسینی رۆمانه‌كه‌، به‌لای منه‌وه‌ درێژدادڕیی له‌ زۆر شوێندا كردووه‌، ئه‌مه‌ دواتر باسی لێوه‌ ده‌كه‌م.

هه‌رزه‌كار
هه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا دیاره‌ كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ گرنگی زۆر به‌ هه‌رزه‌كار داوه‌، لێره‌ زۆر به‌ چڕی باسی حاڵه‌ته‌ ده‌روونیی و جه‌ستییه‌كان ده‌كات، كه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا به‌سه‌ریدا دێت. له‌ هیچ رۆمانێكی تریدا، هێنده‌ی ئه‌م رۆمانه‌، گرنگی به‌ هه‌رزه‌كار نه‌داوه‌، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چۆنێتی بیركردنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ روودوا، كه‌سایه‌تی، كێشه‌كان كه‌ رووبه‌روی ده‌بێته‌وه‌. ئاركادی هه‌رزه‌كارێكی رووسیه‌، كه‌ دژی هه‌موو نه‌ریت و نه‌وه‌ی كۆن ده‌وه‌ستێته‌وه‌، كه‌سێكی زیاتر هۆگری شارستانی خۆرئاواییه‌، دژی كه‌لتوری باوی روسییه‌. هه‌رزه‌كارێك كه‌ حه‌زی سه‌ركێشیی و ئازایه‌تی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ دژی كۆمه‌ڵگه‌، به‌سه‌ریدا زاڵه‌.
له‌ زاری فرسیلۆڤه‌وه‌، نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ وه‌سفێكی گشتی هه‌رزه‌كاران بكات و ده‌ڵێت: هه‌رزه‌كاران له‌ خۆیاندا پاك و بێگه‌ردن، خۆ ره‌نگه‌ سه‌ركێشییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌رزه‌كارانیش هه‌ر به‌هۆی نه‌بوونی یاسا و رێساوه‌ بێت! تاوانیشه‌ هه‌رزه‌كاران بڕوا به‌ بڕێك یاسای گێلانه‌ بكه‌ن، له‌ كاتێكدا خۆیان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ن. هه‌رزه‌كارانی به‌ر له‌ ئێستا له‌بڕێك شت یاخی ده‌بوون، له‌خۆرا و بێ بنه‌ما نه‌بووه‌! ئه‌وان هه‌ستیان به‌ ژاوه‌ژاوی نێوخێزانیان و گه‌نده‌ڵی نێو ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ كردووه‌. 451.به‌رگی دووه‌م.
هه‌رزه‌كار لای دۆستۆیڤسكی یان ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه‌ له‌م رۆمانه‌دا كێشویه‌تی بریتییه‌ له‌ كه‌سێكی سه‌ركێش، له‌ هه‌مانكاتیشدا بوونی رۆحێكی ئازاو قاره‌مانی، كه‌ ئاماده‌ی جه‌نگ و ململانێیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ر. له‌ هه‌مانكاتیشدا كه‌سێكه‌، ده‌توانێت به‌شدارییه‌كی جدی رووداوه‌كان بكات. له‌ هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، دۆستۆیڤسكی پێمان ده‌ڵێت، با كۆمه‌ڵگه‌ سنگفراوان بێت به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵه‌كانی هه‌رزه‌كاران، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌وان ده‌رئه‌نجامی په‌له‌یی و نه‌بوونی ئه‌زموونه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی زیاتره‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌رزه‌كاران ده‌توانن دواجار هه‌ڵه‌كانی خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئاركادی سه‌ره‌تا زۆر رقی له‌ فرسیلۆڤی باوكی ناشه‌رعی و سۆڤیای دایكی ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر كاتێك تێكه‌ڵاوییان ده‌كات و له‌گه‌ڵیان ده‌ژی، هه‌ردووكیانی زۆر خۆش ده‌وێت و ده‌یه‌وێت هاوكاریان بكات.

منداڵی ناشه‌رعی

بابه‌تێكی گرنگی تر كه‌ دۆستۆیڤسكی له‌م رۆمانه‌یدا پانتایی باشی پێداوه‌، مه‌سه‌له‌ی منداڵی ناشه‌رعییه‌. نووسه‌ر زۆر به‌ جوانی وه‌سفی ژیانی ئه‌و منداڵانه‌ی كردووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعیی و له‌ده‌ره‌وه‌ی خێزان له‌دایك ده‌بن، چۆن ئه‌م منداڵانه‌ ده‌بنه‌ قوربانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ناڕه‌وا به‌چاوی تاوانكارێك زۆرینه‌ی خه‌ڵكی سه‌یریان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌وان هیچ تاوانێكیان نه‌كردووه‌ و هیچ ده‌ستیان له‌و شێوه‌ له‌ دایكبوونه‌ی خۆیان نه‌بووه‌. ئاركادی هه‌ر به‌منداڵی ده‌بێته‌ قوربانی ناو كۆمه‌ڵگه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وای لێده‌كات كه‌ ئه‌و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌، كار له‌ كه‌سایه‌تی بكات و به‌ شێوه‌یه‌كی خراپ سه‌یری ده‌وروپشت و كۆمه‌ڵگه‌ بكات.

له‌ زاری ئاركادییه‌وه‌ ده‌ڵێت:

من كه‌سێكی كه‌مێك تاریك و داخراوبووم، هه‌میشه‌یش حه‌زم به‌ راكردن بوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌، خۆ ره‌نگه‌ حه‌زیشم به‌ ئه‌وه‌ بووبێت، كه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ باش بم، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌، زۆر جارانیش هیچ به‌پێویستم نه‌ده‌زانی یارمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ بده‌م. له‌ خۆم ده‌پرسی، باشه‌ ئه‌ی ئه‌وان بۆ نایه‌ن به‌لای منه‌وه‌؟ 146. به‌رگی یه‌كه‌م.

نووسه‌ر زۆر به‌جوانی توانییویه‌تی باسی ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ش بكات، كه‌ ئه‌مجۆره‌ مندڵانه‌ تووشی ده‌بن، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و مامه‌ڵه‌ خراپه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌كات. هه‌ر له‌ زاری ئاركادیییه‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌ر له‌ منداڵیشـه‌وه‌ به‌و جۆره‌ بووم، هه‌ر قوتابییه‌ك نمره‌ی زۆرتری له‌ خۆم بهێنایه‌، رقم لێدبووه‌وه‌؟ یا له‌ وه‌رزشدا له‌ پێشمه‌وه‌ بوایه‌، ئیدی نه‌مده‌دوان! وه‌نه‌بێت ئێره‌ییم پێ بردبێت،به‌ڵكو خوو خده‌ی خۆم به‌و شێوه‌یه‌ بوو.ل 147 به‌رگی یه‌كه‌م.
من زۆر رۆمان و كتێبی زانستیم له‌باره‌ی كه‌سایه‌تیی و حاڵه‌تی ده‌روونی منداڵی ناشه‌رعییه‌وه‌ خوێندۆته‌وه‌، به‌ڵام هیچ كامیان هێنده‌ی ئه‌م رۆمانه‌، وه‌سفی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی بۆ نه‌كردووم كه‌ منداڵی ناشه‌رعی هه‌یه‌تی. به‌ڕاستی چیرۆكی پڕ ئازاری ئاركادی، زۆر كاری تێكردم و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی منداڵی ناشه‌رعی بۆخستمه‌ڕوو.

قومار
بابه‌تێكی گرنگی تر مه‌سه‌له‌ی قوماره‌. دیاره‌ ئه‌م پرسه‌ش له‌ زۆر رۆمانی تریدا باسیكردووه‌، هۆكاری ئه‌م گرنگی پێدانه‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ دۆستۆیڤسكی خۆی زۆر حه‌زی به‌ قوماركردن بووه‌.

له‌ زاری ئاركادییه‌وه‌ ده‌ڵێت:

قومارچی له‌و كاته‌ ناسكه‌دا له‌ خۆی ده‌پرسێت، ئاخۆ به‌شداربم یان بكشێمه‌وه‌؟ چونكه‌ ته‌نها له‌و ساته‌دا كاره‌كه‌ له‌ده‌ستی خۆیدایه‌، تا ئه‌وكاته‌ش دڵی به‌ خێرایی لێنادات، ئه‌و دڵه‌ كوته‌یه‌ش جۆرێك جێژی تێدایه‌، فره‌ی پێناچێت و ئه‌و راراییه‌ دڵت قورس ده‌كات، هه‌روه‌كو كوێر بوون، كوێر ده‌بیت. ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و بێ ئاگایانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سێكی تر ده‌ستت بجووڵێنێت، وه‌ره‌قه‌یه‌ك راده‌كێشیت! لێره‌دا خۆت یه‌كلاییكردۆته‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ت داوه‌و بڕه‌ پاره‌ی خۆت داده‌نێیت، ئیدی گۆڕانیش به‌سه‌ر هه‌سته‌كانتا دێت.ل 75 به‌رگی یه‌كه‌م.
له‌ شوێنێكی تریشدا زیاتر وه‌سفی حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌كه‌ی كه‌سی قومارچی ده‌كات و ده‌ڵێت:

هه‌موو به‌یانییه‌ك دوای بردنه‌ سه‌ری شه‌وه‌كه‌ی به‌ قوماره‌وه‌ به‌ خۆمم ده‌گوت:
من بۆ پاره‌ بردنه‌وه‌ قومار ناكه‌م و ته‌نیا چێژ له‌ قوماره‌كه‌ خۆی ده‌بینم، من حه‌زم له‌ بردنه‌وه‌ی قوماره‌كه‌ خۆیه‌تیی و حه‌زم له‌ له‌ بردنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ نییه‌ و حه‌زم له‌ رێكه‌وته‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانه‌ و حه‌زم به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌كه‌ی قومار نییه‌! حه‌زم له‌ سه‌ركێشی و په‌رۆشییه‌كانه‌ و ئاله‌م قسه‌ قۆرانه‌. ئاخر خۆ منیش زۆر پێویستیم به‌ پاره‌ هه‌بوو. ل،12 به‌رگی دووه‌م.

شه‌ڕه‌نگێزی و چاكه‌خوازی

وه‌كو هه‌موو رۆمانه‌كانی تری، مه‌سه‌له‌ی « شه‌ڕه‌نگێزی و چاكه‌خوازی» پانتایی باشی رۆمانه‌كه‌ داگیر ده‌كات و له‌ زاری پاڵه‌وانه‌كانه‌وه‌، نووسه‌ر قسه‌ی خۆی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌كات.
دواتریش نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی جوان، باسی گۆڕینی تێگه‌یشتنی مرۆڤ ده‌كات له‌باره‌ی ئه‌م دوو چه‌مكه‌وه‌، زۆرجار مرۆڤ به‌هۆی نه‌زانیننه‌وه‌ تووشی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌و شه‌ڕه‌نگێزی ده‌بێت، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕینی كات و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا، ئه‌م بۆچوونه‌ خراپانه‌ی ده‌گۆڕێت.

له‌ زاری ئاركادییه‌وه‌ ده‌ڵێت:

ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان بۆ ده‌ربخه‌م كه‌ چۆناو چۆن بوو بیروڕایه‌كانم له‌ نێوان تێگه‌شتم بۆ چه‌مكه‌كانی « خێر و شه‌ڕ» گۆڕان، دواجار ئه‌وه‌ سۆز بوو كه‌ منی رزگار كرد، به‌هۆی سۆزی خۆمه‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌ی بیرم له‌ خوشك و دایكم ده‌كرده‌وه‌، گه‌یشتبوومه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ی من ده‌یكه‌م، كارێكی خراپ و شه‌ڕانییه‌ و هیچ خێرێكی تێدا نییه‌. ل36 به‌رگی دووه‌م.
له‌ هه‌مووشی گرنگتر كاتێك باسی چیرۆكی « ماكسڤۆمیچ» ده‌كات، به‌ته‌واوه‌تی باسی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ ده‌كات. كاتێك ئه‌م پیاوه‌ كێشه‌ی شه‌خسیی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تردا ده‌بێت، دواجاریش به‌هۆی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. ماكسڤۆمیچ به‌وه‌ش وازناهێنێت، به‌ڵكه‌ ژن و منداڵه‌كانیشی له‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌رده‌كات، چونكه‌ پێشتر ئه‌م پیاوه‌ قه‌رزاری بووه‌. به‌وشێوه‌یه‌ ژن و منداڵی پیاوه‌كه‌، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ژین و ته‌واوی ژیانیان تێكده‌چێت و زۆربه‌ی منداڵه‌كان له‌ برسێتی و نه‌خۆشیدا، گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكیش زۆر دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و زۆرجاریش تكای لێده‌كه‌ن، كه‌ واز له‌و ژن و منداڵه‌ داماوه‌ بهێنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ خراپه‌كاریی و هیچ سۆزی ناجووڵێت. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك ته‌واوی بۆچوونی ده‌گۆڕێت، كاتێك هه‌ست به‌ ئازاری ویژدان ده‌كات،به‌رامبه‌ر به‌م خێزانه‌، هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هان ده‌دات كه‌ ئه‌و ژنه‌ لێیخۆشبێت و ببێته‌ هاوسه‌ری، ئه‌ویش ئاماده‌یه‌ هه‌موو سامانه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌و بكات، ئه‌ویش له‌ كۆتاییدا رازی ده‌بێت.
نووسه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌ی به‌ خوێنه‌ر داوه‌، كه‌ هیچ كاتێك بیری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ سوودی بۆ مرۆڤ نابێت، به‌ڵكه‌ زیانی هه‌یه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا مه‌رج نییه‌ مرۆڤه‌كان هه‌تا كۆتایی ژیانیان هه‌ر له‌ شه‌ڕه‌نگێزیی به‌رده‌وام بن، به‌ڵكه‌ هیوای گۆڕان له‌ناویاندا هه‌ر ده‌مێنێت.
پاشانیش هه‌روه‌كو له‌ زاری ئاركادییه‌وه‌ ده‌ڵێت:

هه‌رگیز ره‌وشتی چه‌وت، به‌ توندوتیژیی راست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ل 39به‌رگی 2

ده‌روونناسی
وه‌كو هه‌موو رۆمانه‌كانی تری، بابه‌تی ده‌روونناسی ده‌بێته‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی، به‌تایبه‌تی كاتێك باسی كه‌سایه‌تی پاڵه‌وانه‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌كات و هه‌ڵسووكه‌وت و مامه‌ڵه‌یان له‌به‌رامبه‌ر رووداو و كێشه‌كان ده‌رده‌خات.
له‌م رۆمانه‌شدا زۆر قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ فرۆیدا ناوی لێناوه‌ « ژیان دۆستی و مه‌رگدۆستی» و جه‌نگی « من و منی باڵا» ی ناخی مرۆڤ ده‌كات. به‌تایبه‌تی كاتێك باسی ئه‌و ره‌وشه‌ ده‌روونییه‌ خراپه‌ی ڤرسیلۆڤ ده‌كات و له‌ زاری خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت:
هه‌ر ده‌ڵێی « خۆ» مێكی تر، به‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشتووه‌، منیش پیاوێكی ژیر و مامناوه‌ندم، به‌ڵام ئه‌و خۆمه‌ی ته‌نیشتم، سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كارێكی مه‌حاڵ بكات!یان كارێكی سووك و هیچ بكات. له‌پڕێكدا ده‌گه‌مه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ، نا… ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم نییه‌ و ئه‌وه‌ خۆمم ده‌مه‌وێت ئه‌و كاره‌ بكه‌م! بێ ویستی خۆم، ده‌مه‌وێت كارێك بكه‌م، كه‌ به‌هه‌موو هێز و توانای خۆم، دژی هه‌مان ئه‌و كاره‌م!.ل365، به‌رگی دووه‌م.

پێكه‌نین
بابه‌تێكی تر كه‌ له‌م رۆمانه‌دا باسی لێوه‌ ده‌كات، مه‌سه‌له‌ی پێكه‌نینه‌. به‌ڕاستی به‌شێوه‌یه‌كی فكریی قووڵ وه‌كو ده‌روونناسێكی شاره‌زا قسه‌ی له‌باره‌ی پێكه‌نینه‌وه‌ كردووه‌.

له‌ زاری ئاركادییه‌وه‌ ده‌ڵێت:

باشترین پێوه‌ر بۆ ناسینی ده‌روونی مرۆڤ ، پێكه‌نینیه‌تی، ئێوه‌ له‌ پێكه‌نینی مناڵان بڕوانن، زۆرینه‌یان به‌ جوانی پێده‌كه‌نن، هه‌ربۆیه‌ كه‌سیش ناتوانێت به‌رامبه‌ر قه‌شه‌نگی پێكه‌نینی مناڵان خۆی بگرێت و خۆشیانی نه‌وێت! پێكه‌نینی مناڵان، نیگا و تیشكی به‌هه‌شتن، ئه‌وانیش مژده‌به‌خشی ده‌روون پاكیی دواجاری مرۆڤ.ل 125
– من وای ده‌بینم كه‌ پێكه‌نینیش بڕێك ناشیرینی مرۆڤ ده‌رده‌خات، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ جوان لێی ناڕوانرێت.
– له‌ڕاستیدا پێكه‌نین له‌و كارانه‌ نییه‌ كه‌ مرۆڤ راهێنانی له‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو ئه‌ویش به‌هره‌یه‌ و خوا ده‌یبه‌خشێت و ده‌ستی كه‌سه‌كه‌ خۆی تێدا نییه‌، تاكو به‌ جوانی پێبكه‌نیت و ته‌نیا په‌روه‌رده‌ی دروستی مرۆڤه‌كه‌ خۆی ، پێكه‌نینی راست ده‌كاته‌وه‌! بڕێكیش پێكه‌نینان په‌رده‌ له‌سه‌ر ده‌روونیان لا ده‌دات و دیوی ناوه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یان ده‌خاته‌ڕوو! ئاخر پێكه‌نینیش پێویستی به‌ رووه‌ راسته‌كه‌ی مرۆڤه‌كه‌ خۆیه‌تی! ل125،123.به‌رگی دووه‌م

فره‌ده‌نگی
یه‌كێك له‌ سیما سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌كنیكی نووسینی رۆمان لای دۆستۆیڤسكی، مه‌سه‌له‌ی فره‌ده‌نگییه‌. لێره‌دا نووسه‌ر به‌تایبه‌تی له‌م رۆمانه‌دا زۆر به‌جوانی ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی به‌كارهێناوه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك باسی « پاره‌« ده‌كات.

پاره‌
راسته‌ له‌ زۆر رۆمانی تریدا، باسی مه‌سه‌له‌ی پاره‌ی كردووه‌، به‌ڵام له‌ هیچ رۆمانێكیدا، به‌و شێوه‌ قووڵه‌، هه‌وڵی پێناسه‌كردنی پاره‌ی نه‌داوه‌. له‌ زاری پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت:
گومانی تێدانییه‌ كه‌ پاره‌ هێزێكی له‌ بن نه‌هاتووه‌، به‌ڵام به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان یه‌كسانی و هاوواتابوونیش به‌رهه‌م دێنێت! ئه‌مه‌ ئه‌نجامی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ بوو كه‌ من له‌ شاری مۆسكۆ پێی گه‌یشتبووم.ل 149
دواتریش باسی كاریگه‌ری پاره‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وكاتی روسیاوه‌ ده‌كات، كه‌ ئیتر ورده‌ ورده‌ كۆمه‌ڵگه‌ی روسیا له‌ قۆناغی ئه‌رستۆكراتییه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری هه‌نگاو ده‌نێت و پاره‌ش هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێنێت. دووباره‌ له‌ زاری پاڵه‌وانه‌كه‌وه‌ نووسه‌ر ده‌ڵێت:
شتی سه‌ره‌كی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تیی و ئه‌و سامانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، من ده‌توانم به‌و سامانه‌ له‌ 10 ساڵێكدا وا بكه‌م كه‌ ناوم له‌ هه‌موو روسیادا ده‌نگ بداته‌وه‌! تۆڵه‌ له‌ هه‌مووانیش ده‌كه‌مه‌وه‌، ئیدی پێویستیم به‌و شتانه‌ی تر نییه‌.ل 279 به‌رگی دووه‌م.
به‌ڵام پاشان له‌ زاری پاڵه‌وانێكی تره‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ماكار ئیڤانۆڤیچ باوكی ئاركادییه‌، باسی لایه‌نی نێگه‌تیفی و خراپی پاره‌ ده‌كات، به‌مه‌ش دووباره‌ ره‌گه‌زی « فره‌ده‌نگی» هێناوه‌ته‌وه‌ ناو رۆمانه‌كه‌ی. له‌ زاری ماكارۆڤیچیه‌وه‌ ده‌ڵێت:
پاره‌ خوا نییه‌، به‌ڵام نیمچه‌ خوایه‌كه‌! پاره‌یه‌ش هه‌ڵنه‌ر و كێشه‌یه‌كی فره‌مه‌زنه‌ بۆ مرۆڤ.ل 172، به‌رگی دووه‌م.
واته‌ لێره‌دا نووسه‌ر پاره‌ وه‌كو كێشه‌یه‌ك بۆ مرۆڤ داده‌نێت نه‌ك رێگاچاره‌، ئه‌مه‌ش دژی بۆچوونه‌كه‌ی پێشووتریه‌تی.
زۆرجار هه‌ست ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ زۆر له‌ رۆمانی «گه‌مژه‌«ه‌وه‌ نزیكه‌ به‌تایبه‌تی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی، بۆ نموونه‌ كه‌سایه‌تی ئاركادیی و میشیكین له‌ زۆر شوێندا له‌یه‌كترییه‌وه‌ نزیكه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سه‌ركێشی و گوێ نه‌دان به‌ ده‌ورووبه‌ر. راسته‌ چیرۆكه‌كانیان جیاوازن، به‌ڵام له‌رووی كه‌سایه‌تییه‌ زۆر له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن. هه‌روه‌ها له‌ڕووی شێوازی نووسینیشه‌وه‌ زۆر له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن، چونكه‌ هه‌ردووكیان به‌شێوه‌ی بیره‌وه‌ری نووسراون.

جیهانێکی نوێ
بابەتێکی تر کە مایەی سەرنج و تێڕامانم بوو، دۆستۆیڤسکی لەم رۆمانەدا لە زاری ڤرسیلۆڤەوە، هەوڵیداوە تێڕوانینی خۆی بۆ جیهانێکی نوێتر دەرببڕێت، جیهانێک کە دووربێت لە جەنگ و ناخۆشیی و ئازاردانی یەکتر، جیهانێک کە لە نێوان مرۆڤاکاندا، ئاشتیی و خۆشەویستی و برایەتی و یەکسانیی و سۆز بەسەریدا زاڵ بێت. لەمەدا دۆستۆیڤسکی زیاتر وەکو فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون، خەونی بە کۆمارێکی خەیاڵی خواستووە. ئەمەش لە زاری یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی ناو رۆمانەکەوە باسکردووە کە ئەویش ” ڤرسیلۆڤ”ە

لە زاری فرسیلۆڤەوە دەڵێت:
ئازیزەکەم ، خەیاڵی ئەوە دەکەم کە کوشت و بڕ بە کۆتا گەیشتووەو پێکدادان هێور و ئارام بووەتەوە، دوای ئەو هەموو هەڵشڵەپاندنەوەی یەکتر لە نێو قوڕ و چڵپاودا، ئارامی باڵی بەسەر هەمواندا کێشاوەتەوە،،،
ئازیزە چکۆلەکەم، هەرگیز بە بیرمدا نەهاتووە، ئەو مرۆڤانە هێندە سپڵە و گێل بن! هەر کە بێنەوا و بێ سەرپەرشت کەوتن، کەچی یەکیان گرتەوەو یەکیان خۆشویستەوەو بەهێز و گەرم و گوڕتر بوونەتەوەو دەستی یەکتریان گرت، چونکە لەوە تێگەیشتن کە خۆبەخۆیی خۆیان بەولاوە، کەسێکیان نییە، پەنا بۆ خاک و ئاو و گژوگیا و زەوی دەبەنەوەو خۆیان بە ژیاندا هەڵدەواسنەوە. بۆیان روون دەبێتە کە ژیان ماوەیەکی دیاری کراوەو خۆشەویستییەک دەکەوێتە نێوانیانەوە، کە هەرگیز لە خۆشەویستییەکەی جارانی خۆیان ناچێت، ئێدی هەروەکوو ڕوانینی عاشق لە مەعشوقەوە بۆ ژیانیش دەڕوانن. تێدەگەن ژیانیش کۆتایی خۆی هەیە، هەر لە خەو هەڵدەستن یەکتر لە ئامێز دەگرن و یەکتریان خۆش دەوێت، ئیدی یارمەتی یەکتر دەدەن و بەخششیان بۆ جیهانیش دەبێت و بەوەیەش بەختەوەر دەبن، تێدەگەن هەموو مرۆڤێک، دایک و باوکی خۆی هەیە. ل 309 . بەرگی دووەم.

چەند سەرنجێک
دیارە ئەم رۆمانەشی چەند خاڵێکی تێدایە ، کە تاڕادەیەک لە جوانی رۆمانەکەی کەمکردۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ” درێژدادڕیی” . ئەم رۆمانە بە زمانی کوردی لە دوو بەرگی قەبارە گەورە پێکدێت و کۆی گشتی لاپەڕەکانی دەگاتە سەرو 1000 لاپەڕە. بەڕاستی لە زۆر شوێندا، نووسەر درێژدادڕی زۆری بەکارهێناوە، هەرئەمەش وایکردووە کە خوێنەر زۆرجار تووشی بێ تاقەتیی و مومیلی بێت، بگرە وەکو پێشتریش باسمکرد، خاڵی سەرەکی کە خەڵکی تاقەت و حەزی لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی نییە، قەبارەی گەورەی رۆمانەکانییەتی، لەمەشدا زۆرجار درێژدادریی کردووە.
خاڵێکی تریش ئەوەیەە، من زۆرجار هەست دەکەم، کە ئەم رۆمانە و زۆر لە رۆمانی ” گەمژە” ەوە نزیکە بەتایبەتی پاڵەوانی سەرەکی، بۆ نموونە کەسایەتی ئارکادیی و میشیکین لە زۆر شوێندا لەیەکترییەوە نزیکە، بەتایبەتی لەرووی سەرکێشیی و گوێ نەدان بە دەورووبەر. راستە چیرۆکەکانیان جیاوازن، بەڵام لەرووی کەسایەتییە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن. هەروەها لەڕووی شێوازی نووسینیشەوە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، چونکە هەردووکیان بەشێوەی بیرەوەری نووسراون.

ژن وەکو کێشەی مرۆڤایەتی
بەداخەوە لەم رۆمانەشیدا لە چەند شوێنێکدا، کۆمەڵێک بۆچوونی خراپ لەبارەی ژنەوە دەڵێت. بۆ نموونە لە زاری ئارکادی پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکەوە، دەڵێت:
“ژن بۆ کۆیلایەتی دروست بووە.”
لەزاری ماکار ئیڤانۆڤیچیش کە باسی ئەو شتانە دەکات کە دەبنە کێشە بۆ مرۆڤ، ژنیش وەکو کێشەیەکی گەورە بۆ پیاو دادەنێت.
لەمبارەیەوە دەڵێت:
پارە، بەدوای ئەویش ژن دێت، بە دوای ئەمیشدا گوومان، هەروا بێتەوە ئێرەیی! ئێ خۆ مرۆڤ بابەتە سەرەکییەکەی بیر دەچێتەوەو سەرقاڵی بابەتە لاوەکییەکان دەبێت! ل 172 ، بەرگی دووەم.

دوا قسه‌:

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی دۆستۆیڤسكی چ له‌ڕووی ناوه‌ڕۆك و شێوازی نووسینیشه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندیی و جوانی زۆری تێدایه‌، به‌یه‌كێكیش له‌ كاره‌ گرنگ و جوانه‌كانی داده‌نرێت.
لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ده‌ستخۆشی له‌ كاك جه‌وهه‌ر مه‌حمود داراغا بكه‌ین و هیوای له‌شساخی و كاری جوانتری بۆ ده‌خوازین.

سەرچاوە:
دۆستۆیڤسکی. هەرزەکار. وەرگێڕانی: جەوهەر مەحموود داراغا. بەرگی یەکەم و دووەم. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان. سلێمانی. 2020




کوژراوێک لە جادەی سی و یەک مەتری.. عومەر سەید

ئەو شاعیرەی بە سەعات لە دوورەوە دەیڕوانییە چیا، هەمووی نا، هەر جارە و زوومی دەخستە سەر پنتێکی. بۆ نموونە، تولە رێیەک و وەک پیتێک وێنای دەکرد، بۆ نموونە پتی ڕ. وەک شێفێکی شارەزا، لەو تولەرێیە و پیتی درەخت و رەوەز و چڕی دەوەن و هەموو چیاکە، بەلەزەترین چێشتی ئەدەبی و شیعری دەخوڵقاند، ئەمڕۆ کوژرا.
بە تامی پونگە و رێواسی کێوان. خۆشترین بۆن، هاوشێوەی بۆنی مێخەک و رێحانەی مل و باخەڵی کیژان، یان دایکان، دەپرژان.
هەندەسەی چیا و چۆڵی، بەرز و نزمی، دوور و نزیکی دەکردە هەوێنی ئەو ماڵەی لە دڵیدا هەڵیگرتبوو و بە رۆحی ماندووی خۆی دایدەپۆشی، تا سبەی ببێتە شیعرێک، وەک ماست سپی، وەک گوڵ بە تام و رەنگ و گەشاوە.
ئەمڕۆ تیرۆرکرا.
بە شاردا دەگەڕێ و دەڕوانێ. بۆ دەسەڵات و شارەوانییەکان بووەتە بەڵا و سەرئێشە! نەنگی و ناڕێکی و پرۆژە نالەبار و پڕ عەیبەکانیان ئاشکرا دەکات و سەرلەنوێ لە ناو فەنتازیا و مەجازدا، دایدەڕێژێتەوە. ئەو باڵەخانەیە لە چوارینەیەکی باباتاهیری هەمەدانی دەچێت، بەڵام دەلاقەکانی لە رووی رێنووسەوە پڕ هەڵەن.
ئەو شەقامە، وەک چاوی حەبیبە خواروخێچە، هیچ نالییەک بۆی راستناکرێتەوە! بۆی جوان نابێتەوە. دەبێ سەرلەنوێ چاپێکی تر بکرێتەوە.
ئەم پردە، لاوازە و دیاڕە دەڕوخێت. با پردێکی وەک ئەوەی ریسالەت و غفرانی ئەبو عەڵای مەعری دروست بکەین، کە هەموان دەپەڕێنێتەوە.
کۆمەڵێک باڵەخانەی بەرز، نەشازن و ناهێڵن ئاسمانی شینی گەش بگرینە باوش.
ئەو ئەندازیاری شیعر بوو. ئەوی ساڵ، کاتێک دەیەوێت کتێبی رێبەری زانکۆ پڕ بکاتەوە. باوک و براکانی رجای دنیایی لێدەکەن کە یەکەم شوێن کۆلێژی پزیشکی بنوسێت. پێی دەڵێن، کوڕم تۆ نمرەکانت بەرزە، ئایندەی خۆت مەفەوتێنە!
ئەو وڕک دەگرێت و تەنها گوێ لە رۆحی خۆی دەگرێت. پڕ بە دنیا هاوار دەکات.
ئاو جاران روونتر و شەو سپی تر بوو.
دەقە شیعرییەکانی رێکوڕەوان رەنگدانەوەی، ئەقلە هەندەسییەکەیەتی. لە هەرەمەکانی میسر دەچێت و هەموو وشەیەک بەشی خۆیی و جێگای خۆی گرتووە.
ئەم کۆڵانە پێویستی بە کەمێک نەغمەی کۆترە. ئەم درەختە رەنگ زەردانە دڵۆپە ئاوی شیعرێکی سەیابیان پێویستە.
لێرە مەحوییەک و لەوێ لەتیف هەڵمەتێک و هۆ لەوێش شێرکۆیەک، ریتم و ئیقاعی شار ئاوەدانتر و خەلاق تر دەکات. ئەو وەک سوهراب هەمیشە دەڵێت: با ئاو ڵێڵ نەکەین. وەک ماغووت سەری لە نێو کڵاوێکدا شاردووەتەوە کە پڕە لە دنیابینی. پڕە لە رێگای واقیع و رێگای شیعر. پڕە لە جوانی و لە توڕەیی لەم دنیایە.
هەمیشە لای ئەو شەوی بەراتە و کتێب دەبەخشێتەوە. بەش بەشە وەک نەغمەی حەیات، لە یەک کاتدا لێرەیە و لە بەغداد. لێرەیەو لە بەیرووت. هەر کتێبێک تۆ دەتەوێ ئەو هەیەتی. رەنگە وەک جاحز، لە مەغریبێکی باراناویدا وەژێر کتێبەکانی بکەوێت.
تەواوی شار لە رووی وەزن و قافێوە ناسەنگە. چوارینەی گەڕەک وا نانوسرێت. هایکۆی باخ وانابێت. سەرلەبەری ئەم هەرێمە لە رووی رەوانبێژییەوە دەبێت دابڕێژرێتەوە. ئەوەی هەیە هەر هەمووی سەرابێکە و هەمووش بە خنکان دەچن! با گردەکان داپۆشین بە س سنەوبەری باڵا بەرز، ئەگەر نا رەشەبا ئەژنۆی ئەو باڵەخانە ناڕێکانە دەشکێنێ کە دەبوو بە چیچکانەوە وێنە بکێشرانایە نەک ئاوا ناقۆڵا و بەرزەپێ.
ئەم رەسیفە قافێی لەجێ چووە. ئەم یوتێرنە چاوی هێندە کزە، باش نابینێت.
بەرزی ئەم باڵەخانەیە نەشازە بە دانیشتنی دوو عاشق لە ژێر ئەم وێستگەیی چاوەڕوانییە.
شار لە بلوزی بێ رەنگی منداڵێک دەکات، نەزانانە هەڵاوەگێڕ لەبەری کرابێت. نە رەنگ هارمۆنیایە و نە هێڵ و فیگەر تەبایە!
دەچێتە کۆلێژی ئەندازیاری، بەشی بیناسازی. بەڵام ئەو لە ناو خۆیدا بەشێکی تاک و دەگمەن بۆ خۆی دەکاتەوە! لە نێو دنیای مەجازیدا، وەک تاکە خوێندکاری بەشی ئەندازیاری شیعر هەر چوار ساڵەکەی بەڕێدەکات. لە دەفتەرەکانیدا، وشەی چیمنتۆ بە چیمەن و ئاسن بە بەرد و دیوار بە درەخت دەنووسێ. نەخشەی باڵەخانە و تەواوی شار، بە فاریزە و خاڵ و کەوانە و هێماکانی رستە دەنەخشێنێ! گەڕەکەکان بە ناوی شاعیرەکانەوە دەناسێنێ. تا چاو بڕ بکات لە ئەحمەدی خانییەوە تا نالی دەشتایەکی قاقڕە. لە گۆرانەوە بۆ ئێرە ئاسمان تەنگەنەفەسە.
تەنانەت کۆتا تێز و نەخشەی دەرچوونی لە زانکۆ، ئەتڵەسی با خۆش مرورەکەی چامەکەی نالی دەبێت. بایەکی شارەزا لە ئەستەنبوڵەوە دێت، تا سەرچنار و تانجەڕۆ و خاکوخۆڵ، تا دەشتی شاری شارەزور. پنت بە پنتی رێی و شوێنی ئەو بایە لە ئەتڵەسێکدا دەنەخشێنێ و وەک تۆپی گۆی زەوی دەیبەخشێتە چوارڕیانێکی هاوڕێی ناو شار و بە گوێدا دەچرپێنێ، ئیدی تۆ ناوت دەبێ بە چوارڕەیانی چامەکەی نالی. بەڵام هەر زوو شارەوانی چاویان پێیهەڵنایە و تێکیدەدەن!
بەردەوام لەبەر قاپی شاردا، پڕ بە گەرووی دوعا دەکات، لە ناکەس عەقڵیدا خاکمان بەسەر، بە با چوو هەموو مێژوومان.
ئەم شەقامە، پڕ پڕە لە جیناسی ناقیز، ئەم باخچەیەش چ جوانە، پڕ پڕە لە جیناسی موحەڕەف، پڕە لە جیناسی تەواو لە جیناسی تەناسوب و تەرکیب. پڕە لە وەزن و قافییە، ئەما بۆن و ئازادی عیشقی گەرەک.
نابینن هەموو رۆژێک ئەم بازاڕە لەبەر ناڕێکی دەبورێتەوە. لە ترسی تاڵانی زەرد هەڵگەڕاوە. نابینن تەقەڵی ئەم دوورمانانەی نێوان ئەم شارۆچکە و گوندانە، چەند پڕ تاسە و هەڵدێرن.
نوسخەی ئەم وێنەیە و لەم شوێنەدا چ نەشازە، هەموو نوسخەکانی کۆبکەنەوە و لە مەعجونەکەی وێنەی ئاو بنەخشێنن کە بە نێو چیادا پیاسە دەکات.
ئەم وشەی خۆشەویستییە ئیزافە بکەنە سەر ناونیشانی هەموو گەڕەکێک.
ئەم رەسیفە بۆ خەتی شکستە نییە؟! ئەم بەلاغەی خانووانە بۆ واشێواوە؟!
دارشەق بخەنە ژێر باڵی ئەم منارانە. شوێنی پەڕینەوەی پیاسەی شار لەم شوێنەدا، نەشازە. هەوری پڕ باران، ئاوا بانگ ناکرێت. مێژو و کۆنە ساڵی شار وا لە چوارچێوە ناگیرێت. وێنەی ئاوەدانی لەم گۆشەیەوە بەس نییە، زاوێیی زوومی کامیراکە بگۆڕە.
سەیرە، خەڵک بۆ دڵ نادەن بە درەخت! بۆ گوێ نادەنە ئامۆژگاری پایز! بۆ بەر لە کەسابەت، پرسوڕا بە دەشتودەر ناکەن!
تریفە مرد هێندە خۆی گووشی، ئاوەنگ بێزار بوو هێندە خۆی بشواتەوە! شاخ هەزار جار وتی، بەس هێندە بە تاریکی پێستم بڕوشێنن! مردم هێندە بە تۆزی گزنگ و لیکی ئەستێرە پێستی رووشاوم چەور بکەم!
ویستی ناوچەکە لە نەزیفی خوێنی رەش راگرێت و بە لەفافی گزنگ تیماری بکات. ویستی بە خاولی شنە و شەونم، تای درەختەکان داگرێ و لەوە زیاتر پەتا سیسیان نەکات.
دەیویست ئاگر لەوە زیاتر گەرم و بەفر لەوە زیاتر سارد نەبێت. رێگا هێندە کورت نەهێنێ و تریفە هێندە گەڕ نەبێت و ئەم هەموو کاژە فڕێبدات. مانگ لەگەڵ بێکەسدا، هێندە لە بێکەسیدا نەخۆنەوە، سبەی بۆنی دەمیان بێت. باران هێندە دوور نەبێت، خەڵک قوربانی بۆ بکات.
ئەو کە کوژرا، لەسەر رێگای با بوو و پڕ بوو لە پرسیار. تازە خەریک بوو دوو مەمکی هەڵدەخەڵەتان تا بە دەم لایلایەوە چیرۆکی لێوی بۆ بگێڕنەوە.
ئەو کە مرد، هێشتا لە لێکۆڵینەوی ئەوەدا بوو، کە بۆچی باڵای ئەو گردە کورتە. ئەو جۆگەیە بۆ هێندە کزە، ئەو رێگایە بۆ هێندە تەنگە! ئەو سوارە بۆ هێندە سەرسامی کوێرەڕێیە. ئەی بۆ هەنگاونانی ئەسپەکەی هێندە ناڕێک و نا پووختە!
ئەو مرد، یا تیرۆر کرا؟
لە پرسەکەیدا باوکی هاواری کرد: کوڕم ئەم هەموو بایەت بۆ شەنوکەو کرد! بۆ بەم هەموو بزنە ڕێیەدا پیت و وشەت رشت! بۆ سەرت بە هەموو هەندەسەی مێژوودا کرد، بۆ وەک ئاو نەسرەوت بوویت؟! بۆ ئەم هەموو پڕسیارەت لە خودا کرد؟! بۆ وەک رەوە مێگەل، بڕوات بەم شەریعەتی ژیانە نەکرد؟! چیتدابوو لە نەریتی باڵندەی تاقتاقکەرە. چیتدابوو لەوانەی بە تەقە بڵاوە بە باران دەکەن و پەرشوبڵاو دەیڕێژن بە کۆڵانەکاندا!
دواجار ئەم دەنوک وەشاندن و هەڵکۆڵینە، ئەوەتا سینگی هەڵکۆڵیت.
براکەی بەسەر گۆڕە تەڕەکەیەوە وتی: دەیویست و خەونی بوو، زەوییە رووکنەکان بکاتە باخچە. مۆڵەکان کووشتیان. دەیویست دەرمانخانەکان بکاتە دووکانی گوڵ و کتێب، نەخۆشە نەخوێنەوارەکان کوشتیان. دەیویست دووبارە باخە باغەییەکان بکاتەوە بە دەشتی بە پیتوبەر. ئاخ تۆ چیت دابوو لەو وڵاخانەی کێڵگە سەوز و ئاوە کەوسەرەکە جێدەهێڵن بۆ بەرازە کێوییەکان و لە دوورەوە باسی گوندەکانیان دەکەن!
خوشکە روومەت قوپاوەکەی، بە پرچی لە قوڕ سواغدراوەوە شیوەنی دەکرد:
تۆ دەتویست بزانی بۆ ئەو گردە هێندە رووبەرەکەی کورت بووەتەوە! بۆ ئەو دەریایە بووەتە ئەم جۆگە نزمە! بۆ کەس گوێ بە فەرمانی کارگێڕی ئەستێرە و باو باران نادات! تا ئاوا تەرزە بارانی ئەو هەموو بۆیە بەسەرتا داباری و لە شێوەی فیشەکی ژەنگ گرتووی جەهل، هەناوتی وەک خاکی بە پەڵەی ژێر تیخی گاواسن، شەقار شەقار کرد.
دایکی، ژنەی روومەت و چەناگە پڕ خاڵی کوتراوی نەگبەتی و بێ کەسی، هێمن فرمێسکی دڕشتی دەڕشت و لە ژێر لێوەوە دەیوت:
بزێوی منداڵی سەری خواردی. شیری پاکی من کردتییە قوربانی پیسی و چڵکی ژیان. ساوا بوویت بە کۆڵمەوە، بەدەم بەرخۆڵەکانەوە پێدەکەنیت و روو گرژ بوویت بۆ بەرانەکان. منداڵ بوویت بە خۆرئاوا دەتریقایتەوە، بە باران دەگەشایتە. بە هەرزەکاری، ئاسکەکان لە نێو لەپتا گەنمیان دەخوارد. منداڵێکی ئاسایی نەبوویت و دەمزانی ئاسایی نامریت. رۆحی تۆ دەسپێرم بە رەوە کۆترەکان، با ئەوان رێنمایت بکەن بۆ نەمری. ئەوان دەبێ ئەوەیان لەبیر بێت کە چەند پەلەت بوو مەڕوماڵاتەکان زوو ئاو بخۆنەوە و گۆلەکان بۆ ئێوە جێبهێڵن. کوڕم، هێندەی ئەو هەموو پەلەکردنت، پەلە مردی و زوو رۆیشتی! ئۆۆف لە دنیایی سەیروسەمەرەی تۆ ئۆۆف. پەلەت بوو و دەگریایت و دەتوت، بۆ کیسەڵ خاوە! بۆ باوکم و باپیرم وەک کەرۆیشک تیژ نەبوون! بۆ کەو هەم تیژ و هەم خائینە!
کوڕەکەم دەیویست بە خەیاڵ، چڵی بەڕووی هەزار ساڵە راستکاتەوە! دەیویست بە شنەبای باکور نەک باشور تەیمووم بکەین. بۆ کوشتتان، بۆ فووتان کردە ئایندەی بەخت و ناوچەوانتان. هەر نەبێ ئێستەش پێمباشە
لە بری بیابان، روو بکەنە کێلی ئەو، خۆڵی گۆڕەکەی ببێژنە سەر حەشامات. مشتێ لە خۆڵی ئەو، پڕ پڕە لە رۆحی نالی و مەحویی و گۆران، خۆڵی سەر گۆڕی ئەو، شێدارە بە فرمێسکی هەزاران ساڵەی دایکانی جگەر سووتاو. کوڕەکەی من، تەنها شیعری بۆ عشق و ئەندازە و رێیەکی راستوڕەوان دەهۆنییەوە. دەیویست هۆڕمۆنی خۆشەویستی بدۆزێتەوە. دەیویست تاریکی لە دەسکەوانەکەی مندا بهاڕێ و ئاردەکەی بکات بە رووناکی و چیمەنی بەختەوەری سبەی پێ ئاو بدات.
کوشتیان و پرۆژەکانی بە نیوەچڵ و تەواونەکراوی مانەوە. پرۆژەی شێلانی رەچەڵەک، پرۆژەی ئاوڕدانەوە بۆ پێشەوە. کۆکردنەوەی وردە با و وردە رووداو. گەڕانەوە بۆ شێوە زاری کانی و بنەتۆی متمانە.
ئاخ مەرگ رێی نەدا شەونامەی شەوانی سەرما و زوقم و هەڵلەرزان بنوسێتەوە. چیرۆکی دۆڕانی پاڵەوان و حیکایەتی بردنەوەی جاش و خۆفرۆشان بنوسێتەوە.
هاوڕێ شاعیرەکەی، بە هەواڵی مەرگی تاسا و راستەوخۆ ئیلهامی شیعری پژا.
وتم گفت مەدە و تۆ ناتوانی لەم دنیا خۆر گەرمەدا، رۆژانی زەمهەریر و تەزین و بەستەڵەک تۆمار بکەیت. گفت مەدە و لێناگەڕێن تۆ، سینارۆی تەفرەدان بۆ هەموو خەڵک نمایش بکەیت. ئەوان ناهێڵن مەدالیای دۆڕان لە سینەی جنەڕاڵ هەڵواسی و ئەتکوژن. تۆ گفتتداو بڕیا لە قسەی خۆت پەشیمان دەبوویتەوە، وەک چۆن هەموومان پەشیمانی ژیانی تاڵ کردووین. پێموتی ناوی خۆت بگۆڕە تا زۆر بژیت و نەتکرد. دۆڕانەکانت بگۆڕایە بە سەرکەوتن، براوە دەبوویت. بۆ پاڵت بە نا ئومێدییەوە نەناو پڕ بە دنیا شیعڕت بۆ بەختەوەری نەوت! ئەو هەموو حیکایەت و بەختەوەرییە ساختەیەت بۆ نەکرد بە شیعر و بۆ خۆت ئاوا رەنجەڕۆ کرد! چیت دابوو لە وشک کردنەوەی دیواری تەڕی هەزار ساڵە! چیتدابوو لە دوورینەوەی ئەو هەموو هەورە دڕاوە! هەزار ساڵە فرمێسک بە شێوەی باران دەباڕێ، بۆ دەتویست بە شێوەی فرمێسکی بەختەوەری ببارێ! پێمنەوتی ئاگادار بە دەتکوژن، کەچی تۆ تا لێیاندەدایت زیاتر جــوان دەبویت و پڕ تر ڕەنگت دەڕشت!
دواجار، ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیهێشت تەنانەت پرسەشی بۆ دابنێن. جیا لەوەش، دونیا تۆف و سەرمایە، کڕێوەی بەفر و کزەی بایە. خەڵک هەموو بە نیازن تا دوانیوەڕۆش هەڵنەسن!
تەنها ژوەرەکەی نەبێت، کەلوپەلەکانی، کتێب و نەخشە و شیعرەکانی نەبێت. کەس کەس بۆ پرسەکەی نایەت.
لە ژوورەکەیدا و لە بەردەم وێنەکەیدا، کە تیایدا دەیڕوانییە رێگای هەڵکشاوی دامێنی چیا، چەند مۆمێکیان داگیرساندبوو.
کتێبەکان لە فرمێسکدا، تەڕ تەڕ ببوون. پێخەفە پەرشوبڵاوەکەی سارد سارد. فڵچەی ددان و ریشتاشینەکەی دەگریان و هەڵدەورین. قاپوقاچاخەکانی، فنجانی قاوەکەی، پەرداخی مەییەکەی، شینیان دەگێڕا.
چۆلەکەی بەر پەنجەرەکە، کوکوختی سەر دارتێلەکە، پشیلەی بەر دەرگاکە، دەیانجریواند و دەیانخوێند و دەیانمیاواند. بە کۆرس و پڕ بە شار، بە زوبانی حاڵ دەیانووت.
لەعنەت لە بەدترین مەخلوق
لەعنەت لە پیسترین مەخلوق
لەعنەت لە ئینسان بێ.

تێبینی: لە ژێر کاریگەری و خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی تەیب جەبار نووسراوە.




چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسی ئه‌ڵمانی داڤید لۆنمیوله‌ر.. هیوا ناسیح

داڤید میوله‌ر رۆژنامه‌نوس و فۆتۆژۆرنالیستێکی ناسراوی ئه‌ڵمانییه‌‌‌ له‌ شاری فرایبورگ هاتۆته‌ دونیاوه‌، له‌ خێزانێکی هونه‌ریدا گه‌وره‌ بووه‌. حه‌زی به‌ سه‌فه‌رکردنی وڵاتان و ناسینی که‌لتوری گه‌لان و فۆتۆگرافییه‌. ئه‌و به‌ کامێرایه‌ک و کۆڵه‌پشتێکه‌وه‌ مل ده‌ننێت، زۆر وڵاتان گه‌ڕاوه‌ و هه‌زاران وێنه‌ و گرته‌ڤیدۆی له‌سه‌ر وڵاتان و گه‌لانی سه‌رزه‌وی کۆکردۆته‌وه‌. ئه‌م سه‌ره‌ڕای رۆژنامه‌نوسیی فۆتۆگرافه‌ر وه‌ک ئاره‌زوو پیشه‌که‌ی، وه‌ک خۆبه‌خشیش به‌شداری کاری خێرخوازی و هاوکاری کۆکردنه‌وه‌ش ده‌کات بۆ په‌نابه‌ران و لێقه‌وماوانی جه‌نگ و کاره‌ساته‌کان، چه‌ندان مانگی له‌ نێو که‌مپی ئاواره‌کانی یۆنان به‌سه‌ربردوه‌. به‌م جۆره‌ داڤید هونه‌رمه‌ندێکی مرۆڤه‌‌، مرۆڤ به‌مانا مه‌عریفییه‌که‌ی، که‌ له‌نێو و له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانیشیاندا بژی، نه‌ک هه‌ر وه‌ک دیمه‌نێکی ساتی چرکاندنی وێنه‌کانی له‌‌پێش چاوی بێت و دواتر فه‌رامۆشیان بکات. به‌ کورتی ئه‌و هاوکات به‌دوای جوانی و ئازاره‌کانیشدا وێڵه‌ و به‌ دۆکیۆمێنتیان ده‌کات.

داڤید ساڵی پار سه‌ردانێکی چه‌ند هه‌فته‌یی بۆ باشوری کوردستان ئه‌نجامدا و زۆربه‌ی که‌مپی ئاواره‌کان و ناوچه‌ی شه‌نگال و هه‌ر سێ پارێزگاکه‌‌ی هه‌رێمیش گه‌ڕا، ئه‌مساڵ و له‌مانگی دوودا له‌ چه‌ندان شاری سویسرا ئێواره‌کۆڕی نمایشی وێنه‌‌ و ڤیدیۆکانی له‌سه‌ر باشوری کوردستان به‌ ناوی (عێراق، سه‌فه‌رێک به‌ره‌و کوردستانی نه‌ناسراو) سازکرد‌، نزیکه‌ی دوو سه‌عات و نیوی ده‌خایاند، تێیدا ناوبراو سه‌دان وێنه‌ و ده‌یان گرته‌ی ڤیدیۆیی، به‌ کوالیتی به‌رز و له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌مایی، له‌ سه‌ر باشوری کوردستان نیشانی ئاماده‌بووان دا، وێنه‌ و فیلمه‌کان له‌سه‌ر شاخوداخ و سروشتی کوردستان، ژیانی رۆژانه‌، که‌لتور، مێژوو، گیانی به‌ره‌نگاری کورد بوون، به‌ گشتی پۆزه‌تیڤ بوون و ناساندنێکی باشی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو به‌ خه‌ڵکی ئه‌‌وروپی. جێگه‌ی ئاماژه‌‌یه‌ به‌ سه‌دان خه‌‌ڵکی سویسری ئاماده‌ی هه‌ر یه‌ک له‌ سیمیناره‌کانی ده‌بوون. ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌، له‌ ژماره‌ ١٨ی گۆڤاری (explora) دا که‌ گۆڤارێکی وه‌رزییه‌ و ده‌زگای ئیکسپلۆرا به زمانی ئه‌ڵمانی له ‌سویسرا ده‌ریده‌‌کات، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌سه‌ر بابه‌تی سیمینار و سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ باشوری کوردستان له‌گه‌ڵیدا سازکراوه‌، منیش کردەومه‌ به‌ کوردی.

ئێکسپلۆرا: ئێمه‌ عێراق له‌ میانه‌ی میدیاوه‌ ده‌ناسین، که‌ هه‌واڵه‌کان دڵخۆشکه‌ر نین، پێویسته‌ چی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای عێراق بزانین؟
داڤید: عێراق له‌ ده‌یان ساڵه‌وه‌ گیرۆده‌ی ده‌ستی جه‌نگه‌کانه‌. شه‌ڕی که‌نداو له‌ هه‌شتاکانه‌وه‌، دواتر جه‌نگی دووه‌می که‌نداو و پاشانیش شه‌ڕی جیهادییه‌کانی داعش خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ی توشی تراوما (زه‌بری ده‌روونی) کردوه‌. ته‌نانه‌ت پاش تێکشکانی داعش و ڕێگیری له‌ جیابوونه‌وه‌ی باکور واته‌ کوردستان، وڵاته‌که‌ به‌ قوڵی له‌ ڕووی سیاسی و ئیتنی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ دابه‌شبووه‌. پاشماوه‌کانی داعش وه‌ک گروپی تیرۆر هه‌ر جێگای مه‌ترسین. له‌ زۆر جێگای وڵاتدا خزمه‌تگوزاره‌ بنچینه‌ییه‌کان ده‌یانساڵه‌ تازه‌نه‌کراونه‌ته‌وه. خراپی به‌ڕێوبردن و گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌. به‌رئه‌نجامی ئه‌مانه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌ربه‌ده‌ربوون، کۆچکردن، بێکاری و هه‌ژاری.
ده‌نگی ناره‌زایه‌تی و بێزاریی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر حکومه‌ت زۆر زیاتر بووه‌. کوشتنی به‌ ئامانجی قاسم سوله‌یمانی له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه له‌ به‌غدا سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٠ ره‌وشی سیاسی ته‌واوی وڵاته‌که‌ی ئاڵۆز کردوه‌. سوله‌یمانی گرنگترین فیگه‌ری رژێمی ئێران بوو، که وا هه‌ژموونێکی زۆری له‌ عێراقدا هه‌یه‌.

ئێکسپلۆرا: له‌م سیمیناره‌دا تۆ تیشکۆ (فۆکه‌س)ت خستۆته‌ سه‌ر ناوچه‌‌ی کوردستان، که‌ به‌شێکه له‌ عێراق، ئایا چی کوردستان تایبه‌ته‌؟
داڤید: پێشه‌‌کی گرنگه‌ بزانین، که کوردستان له‌ ڕوخانی عوسمانییه‌وه به‌شێکی له‌ عێراقه‌، له تورکیا، له ئێران، سوریا و به‌شێکی تریشی له‌ ئه‌رمینیایه‌. کورده‌کان گه‌لێکن بێ وڵات، بۆیه‌ هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن. له‌م بواره‌دا ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری کوردستان له باکوری عێراق رؤڵێکی گرنگ ده‌گێڕێت.
له‌ دوای که‌وتنی رژێمی به‌عسی سه‌ددام حوسێن له‌ جه‌نگی که‌نداوی دووه‌م، ئه‌مریکا ناوچه‌‌ی دژ‌ه‌ فڕینی دابینکرد. له‌ ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا کورده‌کان توانیتیان جۆرێک له‌ سه‌ربه‌خۆیی بنیاد بنێن. سوپای پێشمه‌رگه‌ هۆکار بوو، که‌ داعش ناوچه‌که‌ی داگیرنه‌کرد وه‌ سه‌دان هه‌زار که‌سی په‌نابه‌ری ناوچه‌کانی تر له‌‌ که‌مپی ئاواره‌کانی ئه‌وێدا بپارێزرێن. من له‌ سیمیناره‌که‌مدا ویستومه‌ تیشک بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌وه‌، که هه‌واڵنێره‌کان زۆرکه‌م ده‌یڵێن. دواجار له‌وێدا خه‌‌ڵکانێک ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان له‌ سروشتێکی زۆر جواندا به‌ڕێده‌که‌ن، جۆراوجۆریی ئاینی، شاری جوان، خه‌ڵکانێک که‌ پێده‌که‌نن، کارده‌‌که‌ن، گفتوگۆ ده‌که‌ن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ئه‌مانه‌ پۆزه‌تیفن.

ئێکسپلۆرا: تۆ خۆت چ شتێک ده‌تبه‌ستێته‌وه به کوردستانه‌وه، بۆچی ئه‌و ناوچه‌یه‌ جێگه‌ی بایه‌‌خه‌ بۆت؟
داڤید: من ساڵی ٢٠٠٦ بۆ چه‌ند مانگێک وه‌ک خۆبه‌خشێک له‌ ڕێگای به‌ڵکان بووم. له‌وێ کاتێکی زۆرم له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی کۆچبه‌ر به‌سه‌ر برد، که‌ هه‌موو شتێکی خۆیان به‌جێهێشتبوو. ئه‌مه‌ به‌رده‌وام کاریگه‌رییان له‌سه‌ر من دانا. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ دڵمدا جێگه‌ی گرت، خێزانێکی کورد بوون له باکوری عێراقه‌وه‌، که پاش داخستنی سنور له‌ که‌مپی ئیدۆمان له سنوری یۆنان-مه‌که‌دۆنیا له‌نگه‌ریان گرتبوو، کاتێکی زۆر له‌گه‌ڵیاندا بووم. تا ئێستاش په‌‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا ماوه‌. بۆیه‌ ویستم به‌ هه‌ر جۆرێک بووه‌ نیشتمانه‌که‌یان بناسم، وێنه‌یه‌کی راستینه‌ی ئه‌وێم هه‌بێت.
جگه‌ له‌مه‌ کارکردن و ڕاگۆڕینه‌‌وه‌ له‌گه‌ڵ زۆر له‌و یه‌زیدیانه‌ی له ده‌ستی داعش له‌ عێراقه‌وه‌ هه‌ڵاتبوون، به‌ هاوکاری خۆبه‌خشانی تر له‌وێ کاری خێرخوازیمان بۆیان ده‌کرد له چادرگه‌کانیاندا، له ڕه‌وشێکی زۆر خراپدا بوون، واته‌ ئه‌م کاره‌ خێرخوازیانه‌ هۆکار بوون که‌ من ساڵی ٢٠١٨ یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ کوردستانی عێراق بکه‌م.

ئێکسپلۆرا: چ شتێک زۆر له‌ کاتی سه‌ردانه‌کا‌نتدا سه‌رسامی کردی؟
داڤید: له‌ یه‌که‌م سه‌ردانمدا بۆ ئه‌وێ به‌ دیمه‌نی سه‌وزایی سروشتی ئه‌وێ زۆر سه‌رسام بووم، چونکه‌ پێشتر له خه‌یاڵدانی خۆمدا وێنای عێراقم وا کردبوو که‌ بیابانێکی تۆزاوی و وشکه‌. باکوری عێراق‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌‌مباری دانه‌وێڵه‌یه‌ بۆ وڵاته‌که‌، شاخی زۆر، مێرگ و پاوان و کێڵگه‌ی زۆر. له‌سه‌ره‌تای ساڵدا ئه‌و‌ێ زۆر جوان و پڕ له‌ گوڵه‌.
ئێکسپلۆرا: چی له‌ هه‌موو زیاتر شۆکی کردیت؟
داڤید: مرۆڤ ناتوانێت بێنێته‌ به‌رچاوی، که‌ له‌ ڕابردوویه‌کی نزیکدا چ تاوان و کاره‌سات و نه‌گبه‌تی به‌سه‌ر مرۆڤی ئه‌وێدا هاتوه‌. زیندانه‌ ترسناکه‌که‌ی سه‌ددام حوسێن له‌ سلێمانی (ئه‌منه‌ سوره‌که‌)، که‌مپی زۆر و گه‌وره‌ی ئاواره‌کان، که‌ وا به‌سه‌ر وڵاتدا دابه‌ش بووه‌، یان شاری وێرانکراو له‌ شه‌ڕی داعشدا، ئه‌م دیمه‌نانه‌ شۆککه‌رن. له‌ هه‌مووی زیاتر کاریگه‌ر بووم به‌ گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان بینیوه‌، یان به‌سه‌ر خۆیان هاتوه‌، که‌ وا مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێت له‌ بیریان بکات.

ئێکسپلۆرا: له‌ سیمیناره‌که‌تدا باست له‌وه‌ کرد، که‌ ژماره‌ی کریستیانه‌کان له‌ عێراقدا زۆر که‌میان کردوه‌، چییان به‌سه‌ر هاتوه‌؟
داڤید: دیاره‌ که ژماره‌ی کریستیانه‌کان له‌و وڵاته‌دا زۆر زۆر له‌ ئێستا زیاتر بوون، به‌‌ڵام به‌هۆی فشاری زۆری سه‌ریان و ململانێ و چه‌وساندنه‌وه‌ی که‌مینه‌کان و دواتریش هێرشی داعش ڕوویان له‌ ده‌ره‌وه‌ کرد. ئه‌و به‌شه‌ی له‌وان ماونه‌ته‌وه‌ ئێستا له‌ ئارامیدا له‌ باکوری عێراقدا ده‌ژین.
له‌ مانگی سێی ٢٠١٨ کاتێک پاپا سه‌ردانی عێراقی کرد، پاش ساڵانێکی زۆری ده‌ربه‌ده‌ربوون و فه‌رامۆشی کریستیانه‌‌کانی خۆرهه‌ڵات خۆشحاڵ بوون. بۆ تیشک خستنه‌ سه‌ر که‌مینه‌کان و جیاکاریی له عێراقدا، چه‌ند به‌ قازانج بۆیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هێشتا دیار نییه‌.
ئێکسپلۆرا: ئێستا داعش له عێراقدا چ ڕۆڵێک ده‌بینێت؟
د
اڤید: دیاره سوپای عێراق توانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ نێویشیاندا ئه‌مریکا به‌ سه‌ربازی تێکبشکێنن. ره‌وشی ئه‌منی له‌وکاته‌وه باشتر بووه‌، به‌ڵام هه‌ر ته‌واو جێگیر نه‌بووه‌، چونکه شانه‌ی تاکوته‌رای تیرۆریسته‌کان هێشتا هه‌ر چالاکن و جاربه‌جار کاری تێکده‌رانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئێکسپلۆرا: ئایا کوردستان ده‌بێته‌ ئامانجێک بۆ گه‌شتی ئه‌وروپییه‌کان؟
داڤید: ئه‌مه‌ زۆر جێگه‌ی ئومێده‌، چونکه‌ ناوچه‌که‌ نه‌ک هه‌ر زۆر جوانه‌، به‌ڵکو له‌ ڕووی پێکهاته‌ییشه‌وه‌ مۆزائیکییه‌، له‌ پێش هه‌موویشه‌وه‌ میهره‌بانی خه‌ڵکه‌که‌ی وا ده‌کات ئه‌وه‌ بهێنێت سه‌فه‌ری بۆ بکرێت. له ڕاستیدا کوردستانی عێراق ناوچه‌یه‌‌یه‌کی زۆر سه‌‌رنجڕاکێشه‌ بۆ خه‌ڵکی باشوری عێراق و بگره‌ وڵاتانی تری عه‌ره‌بی. چونکه‌ هه‌وای پاکی شاخه‌کانی ئه‌وێ له‌ هاویندا گه‌شتکه‌ران بۆ خۆی کێش ده‌کات. به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی ئه‌وروپا بۆ جارێ زووه‌، ره‌نگه‌ بۆ داهاتوویه‌کی نه‌‌زانراو، چونکه‌ دۆخی نا‌سه‌قامگیری ئه‌منی له‌ ئێستادا ئه‌و ئومێده‌ فه‌راهه‌م ناکات.
ئێکسپلۆرا: ئومێدی چی ده‌که‌یت بۆ کوردستان؟
داڤید: له پێش هه‌موو شتێکدا ئومێد ده‌که‌م که‌ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ پارێزراو بن له جه‌نگی تر، هه‌روه‌ها له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و ڕاوه‌دوونان، هه‌روه‌ها بتوانن له‌ وڵاتێکی خۆیاندا بێ ترس و له‌ ئاسایشدا بژین. گفتوگۆیه‌‌کم له‌گه‌ڵ کارمه‌ندێکی پێشوازیکردن له ئوتێلێکی دهۆکدا سه‌رسامی کردم، کاتێ پرسیارم لێکرد، چ داهاتوویه‌ک بۆ خۆت له‌عێراقدا د‌ه‌بینی؟ گوتی: باپیرم له‌ جه‌نگدا ژیا، باوکم له جه‌نگدا ژیا، خۆشم له‌ جه‌نگدا ژیام، ده‌بێت مناڵی من لێره‌ چی لێره‌ ببینن؟
ئێکسپلۆرا: چی هانت ده‌دا سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و جێگانه‌ بکه‌یت و هاوکارییان بکه‌یت؟
داڤید: له‌ سه‌فه‌ر و گه‌شته‌کانمدا به‌ جیهاندا زۆر هاوکاریی و میواننوازیم بینی. پێشتر سه‌فه‌ری سوریام کردبوو، کاتێکیش ساڵی ٢٠١٥ سه‌دان هه‌زار که‌س له‌وێ هه‌ڵاتن، بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئێستا ده‌بێت شتێک له‌و قه‌رزه‌یان بۆ بگێڕمه‌وه‌، له‌و جێیانه‌ مرۆڤ ده‌توانێ به‌ توانا و ماندووبوونێکی که‌م هاوکارییه‌کی زۆر بکات، که‌ رێخکراوه‌ خێرخوازییه‌کان ئه‌نجامیان نه‌داوه‌. مرۆڤ ده‌بێت له‌و دۆخانه‌دا نه‌وه‌ستێت و شتێک هه‌ر بکات.‌

هیوا ناسیح




یادی راپەرین.. عوسمان حاجی مارف

دوای سی و یەک ساڵ لەدەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانەکانیان کە مایەی ئەوپەڕی نائەمنی و نا سەقامگیری و گێژاوی سیاسی بوون و هەن لە کوردستاندا، خەریکن بە لێدانی دەفی سواوی کۆنەپەرستی بیروسیاسەتەکانی کوردایەتیەوە، لە ژێر پەردەی یادی ڕاپەرینەوە، سەمادەکەن و بەردەوامی بە چەواشەکاری ئەدەن. هەڵبەتە ئەوە خاڵی لاوازی ئەو ڕاپەرینە بوو کە لە ساڵی ١٩٩١دا فرسەتی دا بە بزوتنەوەی کوردایەتی تاسواری سەری توڕەیی و ناڕەزایەتی چەند ساڵەی خەڵکی کوردستان بێت بۆ وەستانەوەو ڕزگاربونیان لەدەستی چەپەڵی حکومەتی بەعس و ناسیۆنالستی عەرەبی.
ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەهەر کەموکوڕی و ناڕۆشنیەکەوە ئەتوانین بڵێین، هێمای هاتنە مەیدانی ڕیزێکی بەرین لە جەماوەری ناڕازی کوردستان بوو کە بۆ چەند دەیە دەیانناڵاند بەدەست بێئیرادەیی و سەرکوت و ئەوپەڕی چەوسانەوەو بێمافیەوە، بەدەست زیندان و لە سێدارەدان و ئاوارەیی و کوشتنی بە کۆمەڵەوە. بە هەرجۆرێک و لەژێر کاریگەری هەر هەلومەرجێکی سیاسیدا جەماوەری کوردستان وەها تینوو تامەزرۆی ڕزگاری و ئاسودەیی و ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی بون، تروسکایی ڕزگاری لەدەست حکومەتی بەعس لە هەر شوێنێکەوە دەرکەوتایە بەرەو پیری دەچون، هەر هێزێک بەهەر پۆشاک و ئاڵاو ڕەنگێکەوە دەرکەوتایە باوەشیان بۆ دەگرتەوە. بێئیرادەیی و بێئومێدی بەجۆرێک لەناخی خەڵکی کوردستاندا چەسپێنرابوو، ئەگەر هەر شەیتانێک سەدام و حکومەتی بەعسی وەلابنایە فەرشی سوریان بۆ ڕادەخست. هەرئەم ئاراستەیە لە بیرکردنەوەی جەماوەری ناڕازیدا خالێکی گەورەی لاوازی ئەو ئومێدەی خەڵکی بوو کە بەهەر قیمەت و هەر فرسەتێک کۆتایی بەدەسەڵاتی بەعس و سەدام بهێنرێت، پێشوازیان لێدەکردو شاییان بۆ سازدەکرد.
کارامەیی حزبەکانی کوردایەتی لەوەدا بوو، لەو هەلومەرجەدا لەلایەک بوونە پاشکۆ و پێشخزمەتی و جێبەجێکەری بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، لە لایەکی ترەوە سود وەگرتنیان بوو لە ئاستی ناڕۆشنی ئایندەیەک کە بێئیرادەیی سەپاندبوو بەسەر خەڵکیدا. خەڵکیان لەژێر کاریگەری ئاسۆی ناسیۆنالیستی و دەربازبون لە دەسەڵاتی بەعسدا کردە قوربانی بەرژەوەندی ئەجنداو نەخشەی سیاسەتەکانی بەرەی کوردستانی کە لە سایەی هێزە میلیشیاکانی بنەماڵەیی پارتی و یەکێتیدا خۆی دەنواند.
بەرپابوونی جەنگی کەنداو بە باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە ناوی ڕزگاری کوەیتەوە، لەلایەک ئەم جەنگە کەجێگای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دەیان ملێۆن ئینسان بوو لە جیهاندا، بەڵام لەلایەکی ترەوە جێگای ئومێدو پێشوازی بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق و کوردستان بوو. لە هەمان کاتدا حزبەکانی کوردایەتی تەواو بوونە پاشکۆی ئەو جەنگە دژی ئینسانی و وێرانکەرە، کە لەساڵی ٢٠٠٣دا دوای داگیرکاری تەواوی عێراق، ناویان نا پرۆسەی “ئازادیی عێراق”.
لە ڕاستای ئومێد بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بەعس و سەدام لە کوردستانداو پەیوەستبونی خەڵک بە ئاسۆی ناسیۆنالیستی و دەوری ئەمریکاوە، ئاسۆو پێگەی ڕاپەرینی ١٩٩١ تەواو نابینا کردبوو، چونکە “پاڵەوانیەتی”پاشکۆبونی هیزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە بەرژەوندی و سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، خستنەڕوی ئەڵتەرنەتیفێک بوو لە بەرامبەر ئیرادەی هێزی جەماوەری و نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جەماوەریدا، ململانێی بێئیرادەبون لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەعسدا،جارێکی تر گواسترایەوە بۆ بێئیرادەیی لەژێر دەسەڵاتی هێزو دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، کە سی و یەک ساڵە بەسەر ئایندەو چارەنوسی نادیاری خەڵکەوە باڵادەستی هەیە.
بێئیرادەکردنی خەڵک لە لایەن هەر دەسەڵاتێک و بە هەر شێوازێک بێت بەجیا لەوەی پێشێلکردنی ئازادی و سەرکوتی سیاسیە، هەروەها بەرهەمهێنەری فەزای زیاتری نائەمنی و تاڵانی و جەردەیی و گەندەڵی و دزیی و دڕندەییە.
هەربۆیە بزوتنەوەی کوردایەتی و یەکێتی و پارتی و بنەماڵەکان، شانازی بەو ڕاپەرینەوە دەکەن و هەموو ساڵێ جەژنی ڕۆژی ڕاپەرین دەکەن، چونکە ڕاپەرین و دەوری وێرانکاری ئەمریکا پێکەوە، تەنها نازو نعمەت و دەستکەوت و فرسەتی گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە بووە بۆ هێزو حزبەکانی کوردایەتی و سەرکردەکانی، بەڵام مایەی کارەسات و نا ئەمنی و نائارامی و ناجێگیر سیاسی و بەڵای بەردەوام و ئاوارەیی بووە بۆ ژیان و گوزەرانی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەداری کوردستان.
حزبەکانی کوردایەتی بە دەسەڵاتدار و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە بەو کردەوەو سیاسەتەی گرتویانەیەتە پێش بەرامبەر بە دۆخی ئێستا، ڕەواج بە فەزایەک ئەدەن کە پەشیمانی بۆ هەر ڕاپەرینێک بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، دەیانەوێ وێنایەکی بەدبەختی ببەخشن بەوەی کە ڕاپەڕین کاریگەری زیانەکانی زۆر زیاترە لە سودەکانی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک، ڕاپەڕین بۆ ئەوان تەنها مانای ئەوەیە کە کۆتایی بە حکومەتی بەعس هێنراوە، واتە ڕاپەڕین بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسدا ئیتر کۆتایی هاتووەو مانایەکی نەماوە، تەنها وەک بۆنەو یادکردنەوەیەک دەمێنێتەوە، نەک ئەوەی کە لە ئێستاشداکاری پێشڕەوانەیە ئەوەیە کە دەست ببرێ بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵەو پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان، کە پێوێستە بەیەکگرتویی و ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکەوە پەیڕەوی بکرێت.
ڕاپەڕین بۆ ئێمەو جەماوەری ناڕازی بە مانایەک یادکردنەوە دەبێت، کە وەک ئەزمونێک دەرس لە پێشڕەویی و کەموکوریەکانی وەربگرین، ڕاپەڕینی فراونی جەماوەری و سەراسەری لە کوردستاندا کارسازترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتێک کە نامانەوێت و نەفرەتی لێ دەکەین، ڕاپەڕینێک کە دەورودەخالەت و ئیرادەی جەماوەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات، ڕاپەڕینێک کە سنوربەندی لە بەرامبەر ئاسۆی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سیاسی و هەر ئایدۆلۆژیایەک بکات کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە گۆشەگیرکردنی ئیرادەو دەوری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ناڕازیدا.
پێویستە هەنگاوەکان بەرەو ڕاپەڕین پێشوەخت ڕێکخراوو ڕۆشن و نەخشەمەندانەو خاوەن ڕابەری بەتواناو رادیکال و پەیگیر بێت. لاوازیەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ جگە لە ڕق و کینەو تۆڵە لەبەرامبەر حکومەتی بەعسدا شتێکی تری لەخۆ نەگرتبوو، هەربۆیە حزبەکانی کوردایەتی توانییان خۆیان بکەنە خاوەنی و دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزەکانیان و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و داگیرکاری و دەستبەسەراگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆیان دابین بکەن. ڕاپەڕین و شۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دەبێت بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بێت لەدەسەڵاتی سیاسیدا، نەک تەنها دەربڕین بێت لە ڕق و تۆڵەو ڕاماڵین.




ژاڵە*-2-.. فەتاح حەسەن

بەشی دوەم

-١-
لە گەشتەکاندا بۆ مەغریب ، کاتێك فڕۆکەکە دەگاتە ئەو شارەی بۆی دەچیت پێش ئەوەی فڕۆکەکە بنیشێتەوە فۆڕمێکت پێپڕدەکەنەوە ناوی سیانی و ئەو شوێنەی لێوەی هاتووی وە ناونیشانێك لەو شارە، ماڵ بێت یان هۆتێل، ئەو کێشەی نەبوو چونکە دوەمجاری بوو بچێت بۆ ئەو شارە، لە فۆڕمەکەدا ناونیشانی ئەو کەسەی تۆمارکرد کە، جاریپێشوو هاتبوو بۆلای، بەگەیشتنی بە فڕۆکەخانە لە هۆڵی چاوەڕوانیدا چاوەڕیی دەکرد، ، لەحەفتەی یەکەمدا دوو شەویان بەیەکەوە بەسەربرد، پاش ئەوە پێیوت دەچم بۆ ماڵی براکەم لە ( رباط )، ئەویش ناچار شوقەیەکی بەکرێ گرت. پێنج شەش جار تێلی بۆکرد، لەڕێگەی کۆمپیتەرەوە وەڵامی وەردەگرتەوە ( ببورە ناتوانی پەیوەندی بەژمارەی داواکراوەوە بکەیت)، ناچار ئەویش کۆڵی لێدا، دوای دوو حەفتە درەنگانێکی شەو کورتە نامەیەکی لەوەوە بۆ هات ( دەمەوێت سبەینێ کاتژمێر پێنجی عەسر لە قاوەخانەکەی بۆ یەکەمجار یەکترمان تیادا ناسی بتبینم )، لەخۆشیدا خەریك بوو باڵی دەگرت ئۆکەیەك و گوڵێکی سوری بۆ نارد. زۆر بەتامزرۆوە لە قاوەخانەکە چاوەڕێی دەکرد، بەچاویلکەیەکی ڕەشەوە سڵاوی لێکرد، ئەویش لەدەمی لەبەرهەستانی سڵاوەکەی بۆ سەندەوە و کورسییەکەی بەرامبەر خۆیی بۆ ڕاکێسا و فەرمووی لێکرد، لەڕاستیدا حەزمکرد بۆ دواجار بتبینم، چون خوازبێنیم هاتوە و ئەگەر خوا لەچارەی نوسیبم شوی پێدەکەم.. پاش کەمێك بێدەنگی لەدڵەوە پیرۆزبایی لێکرد و هەزار درهەمێکی لەسەر مێزەکە بۆ دانا و هەستا ناوچەوانی ماچکرد، هیوادارم ئاسودەبن. پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی خۆی دوای نزیکەی دوو مانگ هاوڕێیەکی تێلی بۆکرد دەزانی یارۆی تۆ ڕاستی کرد شوی کردوە لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ مێردەکەیدا لە سۆپەرمارکێتیك بینیمن.

-٢-
نزیکەی چارەکێك بەدەم قاوە خواردنەوەو لە قاوەخانەیەك لە شەقامی ( الحسن الثانی ) وەڵامیان بە پرسیار گرێدەداو پرسیار دوبارە دەبۆیەوە، سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بڕۆن بۆ شوقەی پیاوەکە، دەستی لەتەکسییەك بەرزکردەوە، ژنەکە گووتی :- دەست داگرە شوقەکەت دوور نییە لێرەوە، ئەو پارە زیادەیە بۆ دەدەیت، بەتایبەتی شەوانە تاکسی گرانتریشە. دەستی داگرت،وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دایەوە و تاکسییەکی ڕاگرت، جزدانەکەی کردەوە و بیست درهەمی دا بە شۆفێرەکە و شەو شادی لێکرد، ئەویش وەك ئامبولانس بئاژوێ تا هێزی تیادابوو پێی نا بەبەنزینا،پیاوەکە دەستیدا بەیەکداو گووتی:- جزدانەکەم ..!!
ژنەکە وەك عەموود لەسەرشۆستەکە چەقی، پاشان قۆڵیکرد بەقۆڵیدا و گووتی:-
( بەز بێت و بکەوێتە دەمی پشیلە )
پێکەوە شەویان ڕۆژکردەوە، بەیانییەکەی دوو سەد درهەمیی خستە سەر مێزی تیڤییەکە و بەماچێکی پڕ لەسۆز و بەزەیی پیاوەکەی بەتەنها لە شوقەکەیەدا بەجێهێشت.

-٣-
لەگەشتەکانیدا بۆ مەغریب دووسێ جار دەچوو بۆ حەمامی مەغریبی، کە زۆر بەناوبانگە بۆ شۆردن و مەساج نەك بەتەنها لە مەغریب بەڵکو لە دنیادا، پێش گەڕانەوە بەدوو ڕۆژ خۆی کرد بە عەمامێکدا، ژورێکیان بۆ دیاریکرد، وەك جارانی دیکە خۆی ڕووتکردەوە و چاوەڕوان بوو، کاتێك ژنێك هاتە ژورەوە واقی ورما لە جوانی و شۆخوشنگییەکەی، لەچونەدەرەوەدا ژمارە تەلەفونەکەی لێوەرگرت و ناونیشانی خۆی لەسەر پارچە کاگەزیك بۆ نووسی کاتێك ناونیشانەکەی پێدا، پێیوت من ڕۆژی لەگەڵ یەك پیاودا دەردەچم بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن دوای دوو ڕۆژ دێت دەمەو ئێوارە بچێت بۆ شوقەکەی، دوای دوو ڕۆژە تێلی بۆ کرد، داوای لێبووردنی لێکرد بەبیانوی ئەوەی کوڕەکەی نەخۆشە ناتوانێت بچێت بۆ لای، خۆی گۆڕی و بەنیازی نانخوارد لەو چێشتصانەیەی خواردنی زۆر بەتام بوو کەوتەڕێ، لەکاتی نانخواردندا ژنەی بینی لەگەڵ کوڕێکی قۆزی باڵابەرزدا خۆیان کرد بە چێشتخانەکەدا بەبێ ئەوەی لا لەو بکاتەوە، ئەویش لەبەرخۆیەوە وتی کوڕێکی وەك ئەوە قۆزی دەستکەوێت چۆن چاو بەمندا هەلدەهێنیت؟!

ژاڵە* کۆمەڵە ڕوداویکی ڕاستەقینەو خەیاڵین بیرۆکەکانیان زادەی گەشتکردنە بۆ شاری ئەگادیر لە مەغریب بەتایبەتی ناوچەی ( شارع حسن الثانی ) و گەڕەکی ( طالبرج ) و بازاڕی ( سوق الآحد ).




ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ (3625) ڕۆژی 7/3 بابه‌تێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌ ناوی (كه‌ریم ده‌شتی له‌ ئه‌وینێكی گه‌ردوونیدا) له‌ نووسینی (سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی) بێگومان وێرای ڕێز و خۆشه‌ویستیم بۆ كاك (كه‌ریم ده‌شتی) وه‌ك شاعیرێكی دێرین و دیار، به‌ڵام لێره‌وه‌ به‌ هه‌موولایه‌كی ڕاده‌گه‌یه‌نم كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ دوور و نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ منه‌وه‌ نییه‌ و من نه‌منووسیوه‌ و بابه‌تم به‌و ناوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ نه‌ناردووه‌. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ش، هه‌رئه‌و ڕۆژ و ده‌ست به‌جێ، په‌یوه‌ندیم به‌ سكرتێری نووسینی ڕۆژنامه‌كه‌وه‌ كردوو له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ ئاگادرام كرده‌وه‌، ئه‌ویش به‌ڵێنیدا پۆزشێك بێنێته‌وه‌ و خۆشم ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم بۆ نارد، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دوای سێ ژماره‌ له‌ ڕۆژنامه‌كه‌، هیچ كامێكییانی بڵاونه‌كرده‌وه‌. بۆیه‌ ناچاربووم ئه‌م به‌رچاوڕوونییه‌ بۆ خوێنه‌رانی ئازیز، له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌نگینبی ده‌نگه‌كان بڵاو بكه‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ئه‌و نووسه‌ره‌ نه‌فه‌وتێت، كه‌ ئه‌و وتاره‌ی نووسیوه‌. هیودارم هه‌ڵه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ دیارده‌یه‌كی نا شرینه‌ و و ناشێ نووسینی نووسه‌رانێك، به‌ ناوی كه‌سانێكی دیكه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ خوێنه‌ران.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ڕواندز_ 9/3/2022




برینی قەتماغە نەبوو.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

من باش ئەو کاتەم لە بیرە
لە لەشکری سپارتاکۆسدا “1”
تیروکەوانچی بووم
ئەو رۆحەم هەزاران جەنگی دیوە
کەچی ناوێرێ خۆی بخاتە
جەنگی عەشقی تۆوە!
جەنگێک خوێنی شیعری تێدا دەڕژێ و
کریستاڵی دڵی تێدا دەشکێ
من ئەو ساتانەم بیر دێتەوە
مەسیحیان دەبرد بۆ لە خاچدان
من لە نێوان مەسیح و
هەردوو دزەکەدا لە خاچ درام “2”
کەسێک نەبوو، نرکەی من ببیستێ
بە چوار مێخەی عەشقی تۆوە
کەسێک نەبوو تەرمەکەم دابگرێ
بە خاچی بێدەنگی یارەوە
من پاشماوەی برینێکی کۆنم
لە زەمەنی سۆمەرەوە “3”
تاکو چاڵدێران”4″
هەرچی نوکی شمشێری رقە
لە لەشی من دەچەقێنرێت
کەچی هێندە ترسنۆک بووم
لەبەر چەقۆی دڵشکان و
گوێزانی عەشقێکی ناکام
سەرم خستۆتە قۆزاخەی وەهمەوە و
لە بری تیشکی خۆری ئەوین
بە رووناکی فتیلەی تەنهایی رازی بووم
من مرۆڤێکی هێندە پیرم
کەوتنی تەختی نەینەوام لە بیرە”5″
لە کاتی تۆفانەکەی نوحدا
هەناری سینگی شۆخێکم ئەڕنی
لە کۆڕی دەروێشانەی مەولانادا
سازی عەشقێکی دێوانەیم لێدەدا
کەچی ئێستا هێندە منداڵ بوومەتەوە
گڕووم بۆ ماچێکی یار گرتووە و
لەناو بێشکەی دەریای دلبەردا نەبێ
کەشتی ئارەزووم ناسرەوێ
من زۆر دێرینم، زۆر زۆر
کەچی ئازارەکانم زۆر تازەن!!
ئازارەکانم هیچ کات کۆن نابن
من هەر زۆر دێرینم

هەرگیز برینەکانم قەتماغە ناگرن

مارسی 2018

پەڕاوێز:
1- سپارتاکۆس، رابەری شۆڕشی کۆیلەکان لە دژی ئیمپراتۆریای کۆنی رۆمان، لە ساڵی 71ی پێش زاین، کوژراوە.
2- هێمایە بۆ لە خاچدانی عیسای مەسیح لە نێَوان دوو دزدا.
3-شارستانێتی سۆمەرییەکان لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین لە میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە.
4-شەڕی چاڵدێران لە 23-8-1514 روویدا لەنێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا، پاش ئەو شەڕەش کوردستان بە رێکەوتن لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریایە دابەشکرایەوە.
5-نەینەوا پایتەختی ئیمپراتۆریای ئاشووری بوو، لە ساڵی 612 پێش زایین لەلایەن مادەکانەوە ئەو ئیمپراتۆریایە رووخێنرا و نەینەوا وەک پایتەخت کەوت.




یه‌كگرتنمان له‌به‌رامبه‌ر(ئۆكرۆنا).. سەلام عەبدوڵڵا

جه‌نگ و ڤایرۆسی ئۆكرانیا و كرۆنا جیاوازی زۆریان نیه‌، یه‌كه‌میان ئابووری-سیاسییه‌ و ئه‌وی تر ته‌ندرووستی و بۆنی مه‌رگیان لێدێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ جه‌نگ هاته‌ پێشه‌وه‌، هیچ كه‌س باسی ڤایرۆسه‌كه ناكات.‌
هه‌ر چۆن مرۆڤایه‌تی به‌ یه‌ك ده‌نگ دژ به‌ كرۆنا ‌ راوه‌ستان، ئاواش ده‌بێ هه‌مان هه‌ڵویستمان هه‌بێت دژ به‌ جه‌نگه‌كه‌، ئاخر نه‌ پوتین شیوعییه‌ و نه‌ ناتۆ دیموكرات، ‌هه‌ردوولایان كه‌مپی سه‌رمایه‌دارین و ململانیانه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی بازاڕه‌كانه‌.
له‌ عیراق و كوردستان ده‌بینین حزبه‌ چه‌ته‌ خۆفرۆشه‌كانی ناتۆ درێژه‌ به‌ هاوپه‌یمانییه‌كانیان ده‌ده‌ن و ته‌نها رووسیا مه‌حكوم ده‌كه‌ن و سه‌رسامن به‌ “نیشتمانپه‌روه‌ری” نازی و راستڕه‌وه‌كانی ئۆكرانیا و هه‌یشه‌ وێنه‌ی پۆتین هه‌ڵده‌واسن گوایه‌ دژ به‌ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌مریكایه.‌
به‌ره‌ی ئینسانییه‌‌:
تاوانی ناتۆ له‌ جه‌نگی یوگسلافیا 1999 و ئه‌لبانیا تا لیبیا و سوریا، ئیمڕۆ رووسیا ئه‌نجامی ده‌داو، هه‌ر چۆن له‌ دژی وه‌حشیگه‌ری داگیركردنی یوگسلاڤیا به‌شداری ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانم ده‌كرد، ئێستا به‌ هه‌مان شێوه‌ دژی جه‌نگی رووسیام له‌ ئۆكرانیا به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ وه‌حشیگه‌ری ناتۆ بكه‌م.
تاقه‌ وڵام به‌م بارودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ئه‌مه‌یه‌:
(ئاشتی سۆسیالیستی)‌!




وڵاتی پاشەکەوتی موچە و ئەوانی تر.. نەوزاد بەندی

لەو ووڵاتانە
کچ و جگەرە ،
ئەکرێن بە تابلۆ ..
لێرە هەردووکیان ،
بەر تەقە ئەدەن،
ڕێک بۆ ناو گڵکۆ ..

لێرە لادان و
ووتاری هەینیی ،
بارەگای حیزب
پشتگیریان نەبێ ،
پشتیان شکاوە..

لێرە دەسەڵات
موچەی میللەتێ ،
ئاگر تێ بەردا ،
وەکو جگەرە ،
کەس وورتە ناکا ..
هەموویشی لە جێی
خۆیەوە پیاوە..

7/8032022
‌ زۆنی سەوز




ھەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.. شوشان مستەفا

(ئەمڕۆ ناتوانم ھیچ نەڵێم )

زۆر ھاوار ھەن دەرمان نەبڕیوون ، زۆر وشە ھەیە نەمانتوانیوە بیانڵێین ،زۆر گرێ لە ناخماندا ھەن کە نەکراونەتەوە،
بە بیانووی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاواز ھەتا ئەم ساتەش ژن دەکوژرێت و تیرۆری جەستەیی و رۆحی و دەرونی دەکرێت تکایە وەک مرۆڤبوون لە ئافرەتان بروانن و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ڕاگرن
، ژنان و ئافرەتان بە درێژایی مێژوو لە ھەر چوار پارچە ڕۆڵی جوان و کارا و کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکان بینیوە بەشێکیان لە لوتکەی دەسەڵات بوون و بەشێکیش بە کارە مرۆڤ دۆستانەکانیان بونەتە سمبول،
بۆ ئێوەش ئەی ھاوڕەگەزەکانم : لە ئێستادا وێنا جوان و تایبەتە پڕتواناکانتان نیشانبدەن واز لە شتی لاوەکی بھێنن بیسەلمێنن ئافرەت لێھاتوو وکارامەیە توانای کار و بەڕێوەبردن و گرتنە دەسەڵاتی لەسەرجەم دامەزراوە و پلە و پۆستەکان ھەیە
تا چیدیکە ئافرەت نەبێتە قوربانی توندوتیژییەکان و
بۆ ڕیشەکێشکردنی ھەموو جۆرە جیاکاری و نادادپەروەرییەک ،
بۆ داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگایەکی پڕ لەڕەنگ پێویستە جدیتر لە پرسی ژن بروانن .
مێژوی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی مێژوییە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسانی و هەلو مەرجی باشتر لە ژیانی ژناندا..
هۆکاری دیاری کردنی ڕۆژی هەشتەی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێز لێنانە بو مێژوی خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی شاری نیۆیۆرکی ئەمەریکا لە ساڵی ١٨٥٧.
هەلومەرجی دژواری کاری بێوچان و موچەی نیوەو ناتەواوی کرێکارانی ژن، کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ لە وەڵاتانی خاوەن پیشەسازی شان بەشان لەگەڵ پیاوان هاتبونە مەیدانی کارەوە، ئەوانی ناچار دەکرد ناڕەزایەتی دەرببڕن و بێنە کۆڕی خەباتی یەکسانی خوازیەوە بە شێوازی ڕێکخراوەیی بەرنامەڕێژی کراو یان تۆکمە دژی ئەو چەوسانەوەیە..
لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی دەسکرد، دەستیاندایە مانگرتن بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی نالەباری کارو و خراپی موچەیان. بیرەوەری ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار بەردەوامە تاکو ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت..
هەشتی مارس، ١٩٠٨٨ دووای نیو سەدە، ژنانی ماندو نەناسی بنکەی دەسبافی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بە هۆی هەڵاواردن و هەژاری و گوشاری زۆری کار و موجەی نیوەو ناتەواو دەستیاندایە مانگرتن. کاربەدەستانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن و پێشگرتن لە ئاشکرا بونی لە ناو بەشەکانی تردا ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستبەسەر دەکەن. بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێت،زیاتر لە سەد کرێکاریژن لە ئاگردا گیانیان لەدەست دەدەن..
یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانمارک، ئاڵمانیا، نەمسا، سویسرا و ئامریکا بەڕێوەچوو، بە مەلاین ژن بەشداری بەڕێوەچونی ڕۆژی ژن بوون. سەرەکی ترین داخوازیەکانیان ئەوکاتە بریتی بوون لە یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، مافی دەنگدان و بەژداری لە هەڵبژاردن ..
لە لایەکی ترەوە کێشەی جیاوازی نیوان ژن و پیاو لە بەرانبەر کاری یەکسان، کەم کردنەوەی کاتی کاری، دابەزاندنی نرخی شتومەک داخوازیەکانیان بوو، کە بۆ ئەمڕۆی ئێمەش نامۆ نین..
لە دووای شەڕی جیهانی دووەم، لە وڵاتانی ئوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٠ بۆنەی هەشتی مارس بەڕێوەچوو، لەم وڵاتانە بە ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە شکۆدار بەڕێوەچو وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان..
ئێستە هەشتی مارس لە زۆربەی زۆری ولاتانی دونیا هەموو ساڵێک ڕیزێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی و توندو تیژی بەرانبەر بە ژنان، وە هەر وەها ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە بنەمای ئەم خەباتەیان هەڵگیرسان بۆ باشتر کردن دۆخی ژنان..
دەسکەوتەکانی ڕابردوو و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی یەکسانی هەمەلایەنە بۆ سەپاندنی مافە سەرەتای و ئینسانیەکانی ژنان، کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسراوە..
هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەریدا لە لایەن کۆمەڵگاوە یان شوێنی کار ژنان ڕوبەڕوی توندو تیژی دەبنەوە، یاسای مەزهەبی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتوەکانی جیهاندا ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت، هێشتا لە پێشکەوتوو ترین وڵاتانی جیهانیش هێزی کاری ژنان بەرانبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، تا رادەیەک جیاوازی بە خۆیەوە دەبینێت..
زۆربەی نەخوێندەوارەکانی جیهان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی و دەربەدەری ناکۆکیەکانن. دیاری کردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توند و تیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین، نمونەی سەرەکی و ئاشکرا یە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

پیرۆزبێت ڕۆژی جیھانی ئافرەتان

ئازادی بۆ ھەمووان

شوشان مستەفا




ژیانی ژنانی کوردوستان لە کۆمەڵگایەکی ژن کوژدا.. حەسەن ڕازانی

بۆچی هەر ڕۆژەو ماریایەک دەکوژرێت و ئەوکەسەی کە بەرەنگاریش لە ماریاکان دەکات هەردەکوژرێت؟ بۆ نموونە شەهید : نەقیب محمد لەتیف

پیرۆز بێت ٨ی مارس لە ژنان و تەواوی ئازادی خوازان و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە بە کرداری .

(لە پەراوێزی کوژرانی ئیمان سامی، کە ناسراوە بە ماریا، لەناو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردوستان)
کورتەو ڕیشەی ڕوودانی ڕووداوەکە: بە پێی گێڕانەوەکانی ئێن ئاڕ تی و ڕوداو کە لە، سامی مەغدید، باوکی ماریا، وەریان گرتووە دەگوترێت: ئیمان سامی ناسراو بە ماریا لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە شوودراوە و لەگەڵ مێردەکەی نەگونجاوەو بە بەردەوامی کێشەو گرفتیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە. لەبەرئەوە ماریا هەمیشە لە ژێر گوشاردا بووەو هەربۆیەش پارساڵ ماریا لە مێردەکەی جیابۆتەوە. دوای ئەوە ماریا ڕێگای هاتنەوە ماڵی پێنەدراوە تاکو لەگەڵ دایک و باوکیا بژیت، بۆیە بە تەنیا ژیاوە. باوکی دەڵێ: “من ماوەی دوو ساڵ بووە قسەم نەبووە لە گەڵیداو بەڵام بەشداری سەرقەبرانم کردووەو بۆشی گریاوم چی بکەم جەرگمە.” ئەو دەڵێ: ” من بەشداری کوشتنەکەیم نەکردووە و بەزۆری براوم .” هەروەها باوکی ماریا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە کوڕەکەی بە ئۆتۆمۆبێلی براکەی چووەو تووشی ماریا بووەو پێی گوتووە کە لەگەڵیدا سەربکەوێت و بچنەوە ماڵەوە، بەڵام ماریا بەقسەی نەکردووەو دوای درووستبوونی دەمەقاڵێ فیشەکی پێوەناوە. باوکی دەڵێ: ” من زۆرم پەرۆش بووە بەڵام چی بکەم کوڕەکەم کوشتویەتی و ئەویش لەبەر ئەوەی بووە کە ماریا زۆر سەرەڕۆ بووە.” ماریا شەوی ٦/٧ی ٣-٢٠٢٢ لە هەولێر بەدەستی براکەی کە لە خۆی بچوکتر بووە کوژراوە. هەروەها هاوڕێیەکی ماریا ئاهوا باس لە ماریا دەکات: ” ماریا کەسێکی باوەڕ بەخۆ، ئازاو ئازادو وریا بووە. لە سۆشیال میدا زۆر چالاک بووەو زۆر هەواداری هەبووە بۆ نموونە لە تیکتۆک. ئەو دەڵێ ماریا لایەنگری کۆمەڵگای پەلکە زێرینەکان بووەو بەشداری چالاکیەکانی ئەوانیشی کردووە.”
ژن کوشتن لە زۆر شوێن بوونی هەیە بەڵام لە کوردوستان لەبەر زۆری و بەردەوامیەکەی وای لە کۆمەڵگای کوردی کردووە کە سیمایەکی ژن کوشتن بەخۆوە بگرێ و پیاوی کوردیش بە ژن کوژ ناوزەد بکرێت. ئایا دیاردەی ژن کوشتن لە کوردوستان و لە لایەن پیاوی کوردەوە هۆیەکەی سیاسییە و کێشەی نێوان سیستەمی عیلمانی و ئایینە، کێشەی نێوان سیستەمی ڕاست و چەپ و کۆمۆنیستی و لێبڕالییە یان هۆیەکەی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە کەلتوورەوە هەیە؟ یان ئەوەتا هەموو ئەو هۆیانە بە یەکەوە بەشدارن لە ڕاهێنانی ئەم پیاوی کوردە لەسەر ژن کوشتن؟ یان ئەوەتا هۆیەکەی تەنها سیستەمی سەرمایەدارییەو هیچ دوورتر بۆی مەڕۆ؟ ئایا ئەم دیاردەی ژن کوشتنە هەر پەیوەندی بە پیاوی کوردەوە هەیە یان ئەوەتا پیاوی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تریش لەسەر هەمان ڕێچکەن؟ بە بڕوای من هۆیەکەی هەر کامێکیان بێت و یان هەموویان بە یەکەوە بەشداربن ئەوەندە گرنگ نییە بە قەدەر ئەوەی کە ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە خودی ژنان خۆیانەوە. واتە بەرگرتن بە دیاردەی ژن کوشتن دەتوانرێت لە کوردوستان کۆتایی پێ بهێنرێت یان بەری پێ بگیرێت ئەگەرژنان خۆیان بە کرداری هەبن و بیکەنە ئەرکی دەستبەجێی خۆیان.

بە بڕوای من، سیستەمی سیاسی و دەسەڵات هۆی ڕاستەوخۆن لە هێشتنەوەو کۆتایی پێ نەهێنانی دیاردەی ژن کوشتن لە لایەن پیاوەوە. حکومەت ئەگەر بە ڕاسستی و بە کرداری بیەوێت، نەک هەربە قسە لە بۆنەکان و ٨ی مارس دا دژی ژن کوشتن بێت، بە دڵنیاییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت ژن کوشتن کۆتایی پێ بێت. ئەویش بەیەک هەنگاوی زۆر سادە، بەڵام ئازایانە، ئەویش بەسزاگەیاندنی دەستبەجێی ژن کوژان. حکومەتی هەرێمی کوردوستان زۆر بە کەمی سزای ژن کوژانی داوە. زۆر جاران حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەسەڵاتیان لەسەرووی حکومەتەوەیە هۆکاری سەرەکین لە هێشتنەوەی دیاردەی ژن کوشتن. چونکە ئەوانن و بەرپرسەکانی نێو ئەوانن کە داڵدەی ژن کوژان دەدەن و دەیان شارنەوەو لە یاسا دەربازیان دەکەن.
بۆیە بە بڕوای من، ئەرکی پاراستنی ژنان لە کوشتن و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردنیان دەبێ ڕاستەوخۆ بکرێتە ئەرکی خودی ژنان خۆیان. من تێدەگەم کە ئەوە ئەرکی کۆمەڵگایە بە پلەی یەکەم و سیستەمی حوکمڕانییە بەڵام ئەوەتە داروبەرد شاهیدە کە نە حکومەتەکەو نە کۆمەڵگایەکەش وەک پێویست لە پەنای ژناندا ڕاناوەستن، بۆیە هەر دەبێ ژنان خۆیان بیکەنە ئەرکی ڕاستەوخۆی خۆیان. دەبێ ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خۆیان بپارێزن لە پیاوان و کۆمەڵگای ژن کوژ. ئەگەر ژنان خۆیان هەبن پیاوی ئازادی خوازیش بەشی ئەوەندە هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا کە پشتگیری لە ژنان بکات. بەڵام ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە موعادەەلەکە پێچەوانەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە هەر پیاو بوون کە دەستپێشخەرییان کردووە لە دیفاع لە ژنان و هەر پیاوان بوون مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ڕێکخستووە و ئینجا ژنانیش پەیوەستبوون پێیانەوە. دەبوایە ژنان خۆیان ئەم کارە بکەن و چاوەڕێ بن پیاوی ئازادیخوازیش پەیوەست بن پێیانەوە. ئەم کارو هەڵوێستەی ژنان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت غائیبە.
کەواتە با گرفتەکە ڕاستەوخۆ ببەستمەوە بە ژن خۆیەوەو با گلەیی و ڕەخنەکانیشم ڕاستەوخۆ ئاراستەی ژنان خۆیان بکەم. بە بڕوای من، ئەوەی کە لە کوردوستان دەگوزەرێ لە دژی ژنان و تائێستا پیاو بۆی لواوەو سیستەمە سیاسیەکەش دووفاقانە مامەڵە لەگەڵ کوشتنی ژناندا دەکاو هیچ ئاماژەیەکیش لەگۆڕێدا نابینرێت کە ئەم تاوانکاریە بەدژی ژنان کۆتایی پێبێت، بەشی زۆری هۆیەکەی سستی و ناچالاکبوونی ژنان خۆیانن لەوبوارەدا.

ئەوەی کە کراوەو دەکرێت کە گوایە دیفاع لە ژنان دەکرێت، بە بڕوای من، هەمووی هەر وتاری ئینشائیانەی سەر کاغەزەو لە بۆنەکاندا پێشکەش دەکرێ و بەس. بۆ نموونە ڕێواز فایەق ، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردوستان ، لە ڕۆژی ٨ی مارسی ئەمساڵدا وتی: “شەوی ڕابردوو زۆر بیرم کردەوە بەڵام لە ڕووم نەهات ڕاگەیەندراو بۆ ٨ی مارس بڵاوبکەمەوە” لە وتارەکەیدا کە دیارە ڕوودەکاتە دەسەڵات و خۆشی بەشێکی سەرەکییە لەو دەسەڵاتە، بەڵام ژنە نەک پیاو، دەڵێ :” ٨ی مارس بە هەموو وتارو بۆنەو ئاهەنگەکانیەوە بۆ خۆتان بەڵام ڕۆژەکانی تری ساڵ بە ژنانی وەڵاتەکەم و هەرێمەکەمان. بماندەنەوە بەبێ هەڕەشە، بەبێ مەترسی لەسەر ژیانمان، لەسەر کەڕامەتمان، لەسەر کارمان ، لەسەر هەڵوێستمان،” .. لێرەدا بە بڕوای من، سەرۆکی پەڕلەمان کە سەرۆکی دەزگایەکی هەرێ گەورەی بڕیاردانە لە کوردوستان بەم شێوەیە قسە بکات و داوا بکات، کە لە پاڕانەوە دەچێت، هیچ شتێک ناگەێنێت بێجگە لە بێتوانایی و بێئیرادەیی و بێهومێدی ژنان لە کوردوستاندا. ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پیاودا لە هەموو بوارو جومگەکانی ژیاندا خنکێنراون و بێتواناو بێ ئیرادە کراون. ئەگەر سەرۆکی پەڕلەمان کە ژنە بەم شێوەیە قسە بکات دەبێ گەلۆ ماریاکان چی بکەن؟.
ئەم ماریایەی کە دوێنێ لە هەولێر کوژرا، بە بڕوای من ئەم ماریایە نە یەکەمینەو نە دواهەمینیش دەبێ. ئەم ماریایەی کە لە هەولێر کوژرا هەزارەمین ماریایە کە لە کوردوستاندا بەدەستی پیاوان دەکوژرێن. گۆڕستانی پڕ لە ماریای کوژراو بەدەستی پیاوان و چەندین ماریاش هەن کە بێناوونیشانن و گۆڕستانی تایبەتیان بۆتەرخانکراوە. ئایا دەبێ ئەم کۆلمەڵگایەی کوردوستان چ ناوێکی لێ بنرێت؟ ئایا باشە پێی بگوترێت: کۆمەڵگای پیاو سالاری، یان نێر سالاری ، یان نێو گەڵ پارێزی؟ بە بڕوای من نێوگەڵ پارێزی پڕاوپڕی خۆیەتی. چونکە زووربەی زۆری ئەو ژنانەی کە کوژراون پیاو کوشتوونی و لەسەر شەڕەف و نامووسیش کوشتوونی. شەڕەف و نامووسیش لە کۆمەڵگای کوردوستاندا بە لای پیاوانی کوردوستانەوە بە مانای ناوگەڵی ژنان دێت. شەڕەف و نامووس لای ژن کوژەکانی کوردوستان نیشتیمان فرۆشتن نیە، گیران لەسەر دزی نییە، لە سەر چەتەیی و ڕاوەڕوت کردن نیە، لەسەرفێڵکردن و خەیانەت لە خەڵک وهەژاران نیە، لە سەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نەتەوە نییە، لە سەرجاسووسی و نۆکەرایەتی وخۆش خزمەتی بۆ داگیرکەرانی کوردوستان نییە، بەڵک و لای ئەو ژن کوژانە شەڕەف و نامووس تەنهاو تەنها ژنەکانیانن، خوشکەکانیانن، دایکیانن، و مێینەی ناوکۆمەڵگاکەیانن. واتە ئەو پیاوانە دەبێ هەمیشە ئاگایان لە پاراستنی نێو گەڵی مێینەکان بێت . پاسەوانانی نێو گەڵن نەک پاسەوانانی نیشتیمان وکوردو وەڵات و نەتەوەو خاک و ئاو.

هەر بۆیەش، بە بڕوای من، دەبوایە ئێستا ژنانی کوردوستان بە گشتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان و دەیان ناوی تری ژنانە لەگەڵ بوونی هەزاران چالاکوانی ژنی نێو بواری ژنان هەموو شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی شارەکانی کوردوستانیان پڕکردبایەو بهەژاندایە. دەبوایە ئێستا بچووبانایە بەردەرگای بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان و تەنانەت بەردە بارانیشیان بکردبانایە. بەڵام بەداخەوە تەنها لە ناو شاری هەولێر چەند ژنێک لە ژێرناوی چالاکوان و ڕێکخراوی ژناندا کە ژمارەیان لە ١٠ تا ١٥ کەسێک تێپەڕی نەدەکردو بە چەند لافیتەیەک هاتبوونە سەر شەقام و تا ئێستا هیچی تر بەدی ناکرێت. لە سەر یەکێ لە لافیتەکان نوسرابوو : ساڵی پار 15 ژن کوژراوە”. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێ ساڵی پار ٢٤ ژن کوژراوەو پەڕلەمانتارێکیش وتی هەر ئەمساڵیش تائێستا ١١ ژن کوژراوە. دیارە هیشتا ماریای تەمەن ٢٠ ساڵ نەخراوەتە ناو لیستەکە. بۆیە قسەی من ئەوەیە کە ئەگەر ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان نەیەنە مەیدانی بەرەنگاری لە خۆیان ئەوە با دڵنیابن کە ماریا کوشتن کۆتایی نایەت و بۆی هەیە هەر بەرەوسەر بڕوات.

ئەوەی کە تێبینی کراوە و دەکرێ ژنان وەک پێویست بەرەنگاری لە خۆیان ناکەن و نە بەرەنگاریش لەو پیاوانە دەکەن کە لە پێناوی پاراستنی ژناندا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە. بۆ نموونە دەبوایە ژنان لە سەرتاسەری کوردوستاندا بهاتنایە سەرشەقامەکان و مانگرتن و خۆپیشاندانیان کردبایە ئەو کاتەی کە نەقیب محمد لەتیف شەهید کرا. نەقیب محمد شەهید کراو سێ پۆلیسیش بە خەستی بریندار کران لە پێناوی پاراستنی ئەو ژنانەدا شەهیدو بریندار کران کە ژیانیان لە مەترسیدا بوو. نەقیب محمد ژیانی خۆی کردە قوربانی پاراستنی ژیان و مافی ژنان.

دیسان تێبینی دەکرێت ژنان چاوەڕێی پیاوانن ئەو کارەیان بۆ بکەن. بە بڕوای من ئەمە خەونێکەو قەت نایەتەدی بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا کە سیستەمی سەرمایەداری لەئەوپەڕی ئەوجی خۆیدایە. بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی چالاکوانانی پیاو بن بەرەنگاری لە مافی ژنان بکەن، بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی نووسەری پیاوبن لە جیاتی ژن بنووسێت و لە نووسینەکانیاندا بەرەنگاری لە ژنان و مافەکانیان بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان بۆ هەموو ئەو ناداد پەروەریەی کە لێیان دەکرێت چاوەڕێی مەڕحەمەتی پیاوان بن کە بارودۆخەکەیان بۆ باش بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان چاوەڕێ بن چالاکوانانی پیاو مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ڕێکخەن بۆ ژنان و ژنانیش هێواش هێواش تاق و تەرا بەدوا پیاوانەوە دەرکەون؟
ئایا ژنان چیان کەمە لە پیاوان؟ ژنان لە کوردوستاندا بە دڵنیاییەوە بە ژمارە لە ژمارەی پیاوان زۆرترن، دەرچوانی ژن لە زاکۆکان ئەگەر لە پیاوان زۆرتر نەبن کەمتر نین، ژنانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی وەک ماستەرو دوکتۆراو سەروو تریش چی وایان لە پیاوان کەمتر نین، ژنان لە دەسەڵاتدان و لە نێو حکومەت و پەڕلەمان دان، ژنان پلەی باڵایان لەناو حیزبەکاندا هەیە، ژنان ڕێکخراوو یەکیەتی و نەقابەی خۆیان هەیە. ژنان نووسەرن، شاعیرن، ئەندازیارن، مامۆستان، دوکتۆرن، شوفێرن، کرێکارن، سیاستەمەدارن. بۆیە بەبڕوای من، نەدەبوو ژنان بەو بێ هێزی و بێ دەسەڵاتیەی خۆیان ڕازی ببن و بە بەرچاویانەوە هەموو ڕۆژێک ماریایەکیان لێبکوژرێت بەدەستی پیاوانی ژنکوژی نێوگەڵ پارێز.

بۆیە دەبێ ژنان هەر خۆیان بەدەستی خۆیان بارودۆخی خۆیان خۆش بکەن. دەبێ هەر خۆیان ڕاستەوخۆ ببنە هۆی چوونە ناو شوێنی بڕیارو بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێری وەڵات. دەبێ لە پاشکۆیەتی پیاو بێنەدەر. چۆن دەبێت ژن خۆی وەزیر بێت و ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێک بێت و پلەی باڵای هەبێ لە حکومەت و کارگێریدا کە چی هێشتا نەتوانێ لەبەرامبەر پیاوەکەیدا، دیارە بە هیچ شێوەیەک مەبەستم درووستکردنی ئاژاوە نییە لە نێو خێزان و نێوان ژن و مێردا. تەنها مەبەستم ژنە کە ئەویش یەکسانە بە پیاو، تەنانەت جۆری خوارنێک کە خۆی ئارەزووی دەکا بۆ ژەمێکی نان خواردن دیاری بکا؟ ئەمە پرسیارێکەو دەبێ ژنان خۆیان وەڵامی بدەنەوە.

حەسەن ڕازانی
٧ی ئازاری ٢٠٢٢




جەنگی ماڵوێرانکەری ڕوسیا و ئەمریکا لە ئۆکرانیا و بۆگەنی ڕاسیزمی بورژوازی ڕۆژئاوایی.. کامل احمد

جەنگی ئەمریکا و ڕوسیا و ناتۆ لە ئۆکرانیا پێ دەنێتە دەهەمین ڕۆژی خۆیەوە. جەنگێک کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە خەڵکی ئۆکرانیاوە نییە و تەنها وەک مەیدانێکی جەنگ هەڵبژێردراوە بە هۆی هاوسنوری لەگەڵ ڕوسیادا. جەنگ یانی کاولکاری و ماڵوێرانبوون و ئاوارەبوون و برسێتی و نەبوونی و هەڵئاوسان و گرانی و برسێتی. بە دڵنیاییەوە کە زیانلێکەوتووی یەکەم خەڵکی ئۆکرانیان، بەڵام بە ڕۆشنی دەتوانین ئاسەوارەکانی ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرەی سەرمایەداری و بورژوازی جیهانی بە هەموو جیهانەوە ببینین. میدیای بورژوازی هەموو ڕۆژێک گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک ڕادەگەیەنن و دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان. هاوکات دەیانەوێت بڵێن ئەوە چاوچنۆکی سیستەمەکەی ئەوان نییە کە ئێمەی لەم بارودۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتییە سەختەدا ڕاگرتووە، بەڵکو ئەوە جەنگە و کە جەنگیش بوو دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتەکانیشی بکەین.

ئەوان دەیانەوێت وا بە ئێمەی بقەبڵیین کە شەڕ دەکەن لەسەر گێڕانەوەی ئەو بەهاو پێداویستیانە کە ئێمە لەدەستمان چوون. ئەم جەنگە، جەنگێکە دژ بە بەرژەوەندییەکانی پڕۆلیتاریا و خەڵک. جەنگێکە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و بردنی پشکی زیاتر لە سەروەت و سامانی جیهان. کاتێک کە ئەمەیان بە ئابڵوقەی ئابوری و شەڕی پشکەکان و یەکگرتن و تەنانەت مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکانیان بۆ دەستەبەر نابێت ناچارن پەنا بۆ شەڕ ببەن. ئەوەی کە لەم هاوکێشەیەدا ڕۆشنە ئەوەیە کە هەمیشە ڕۆڵەی خەڵک و کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبنە قوربانی ئەم جەنگانە و دەیانکەن بە دوژمنی یەکتر و لە بەرامبەر یەکتردا ڕایاندەگرن و خۆشیان خەریکی مامەڵە و بازرگانیکردنی خۆیانن بەم جەنگەوە.

ئێمە لە ناو دڵی ئەوروپادا گەواهی چەندین خۆپیشاندنی جۆراوجۆربووین لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپادا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە سەرانی بورژوازی و ئەحزابی دەسەڵاتداری ووڵاتە جۆراوجۆرەکان بەشداری تیدا دەکەن و قسەکەرە سەرەکییەکانین. سەرانێک کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا نەک تەنها نووزەیەکیشیان لێوە نەهاتووە لە بەرامبەر ئەو هەموو شەڕو ماڵویڕانییەی کە لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن سۆماڵیا و سودان و….. هتد بەڕێوەدەچێت، بەڵکو خۆیان یاریزانی سەرەکی ئەم جەنگ و کوشتارگایانە بوون لەژێر هەڵەوەڕی “دیموکراسی و مافی مرۆڤ” دا. ئەوان زۆر خوێنساردانە ژیان و گوزارەنی ملێۆنان ئینسانیان کردۆتە بەردەبازی سیاسەتە سەرمایەدارییە خوێنڕێژی و چاوچنۆکییەکانی خۆیان و ئینسانەکانیان لە کەمترین بەهای ئینسانی خۆیان داماڵیوە. ئێستاش کە گوێبیستی زوڕناژەن و کاسەلێسەکانیان دەبین، بێ شەرمانە دەکەونە پاساو هێنانەوە بۆ ئەوەی ئەو شەڕانە لە جیهانی “سێهەم” یان ووڵاتانی بەناو گەشەسەندوودا ڕوویان داوە. کاتێک گوێبیستی ئەمە دەبیت مووچڕک بە گیانتدا دێت کە بورژوازی جیهانی لە ئامادەنەبوونی چینێکی پڕۆلێتاریای یەکگرتوو ئامادەباشدا بتوانێت ئاوها بێ شەرمانە ئینسانەکان بۆ جیهانی جیاواز و پلەبەندی جیاواز دابەشبکات. ئەم فرمێسک هەڵڕشتن و پڕوپاگەندانەیان بۆ مرۆڤە سپی پێست و چاوشین و مەسیحییەکان جگە لە درۆیەکی گەورە و داپۆشینی شکستیان بە گرتنەبەری ئەم جۆرە لە گووتاری ڕاسیستی هیچی تر نییە، چونکە مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە بۆ زیاتر لە ٧٥ ساڵە ئاوها ئەمریکا و خۆرئاوا خۆریان ئاوا نەبووەو لە سیستەمی ڕابەرایەتییە جیهانییەکەیان نەدراوە. ئەوان ژیان و گوزەرانی ئینسانەکانیان پێ گرنگ نیە و تەنها بەرژەوەندییەکانیان خاڵی یەکلاکەرەوەیە بۆیان و ئێستاش بەرژەوەندییەکانیان لە ناو دڵی خۆیان دەدات بۆیە هاواریان لێهەستاوە و هەر ئەمەشە نیگەرانییە ئەسڵییەکەیان.

ئەوەی کە دەبێت نەک دەرگای هەموو ووڵاتانی ئەوروپا لەبەردەم خەڵکی ئۆکرانیا و ڕوسیادا کراوە بێت بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئارام و ئینسسانی، بەڵکو دەبێت هانی خەڵکی ئەو ناوچانەش بدرێت کە بە هانای هاوچیەنەکانیانەوە بچن، بەڵام پارادۆکسێکیش کە لێرەدا پێویستی بە ڕوونکرندەوە هەیە ئەوەیە، هەموو ئەو ووڵاتە ئەوروپییانەی کە ئێستا بەیداخی وەرگرتنی پەنابەری ئۆکرانی و دابینکردنی سەرپانەیەکی ئامنیان بۆ دەکەن، کە بە دڵنیاییەوە دەبێت وابێت، هەتا ئێستاش زۆر سەرسەختانە لەبەرامبەر هاتنی پەنابەری ئەو ووڵاتانەی کە خۆیان هۆکاری شەڕو ئاوارەبوونیانن دەوەستن و خەریکی داڕشتنی دەیان یاسای دژە ئینسانین بۆ ئەوەی کە مەودای هاتنیان یان مانەوەیان لێ بەرتەسک بکەنەوە و تەنانەت بە زۆریش بیانگێڕنەوە بۆ ئەو جەهننەمەی کە لە ووڵاتەکانی خۆیاندا بۆیان داخستوون. یان بێباکانە و خوێنساردانە هەزاران ئینسان لەسەر سنوورەکانیان ڕادەگرن کە دووچاری سەرما و ڕەقبوونەوە و برسێتی بوون تەنها لەبەر ئەوەی لەوان ناچن. ئەمە شۆڤێنیزمێکی داڕێژراوە و برەودانە بە جیاوازی ئینسانەکان لەسەر بنەمای ئیتنیک و ڕەنگی پێست و ڕەچەڵەکیان. ئەمە سیاسەتێکە کە بورژوازی پیادەی دەکات بۆ زیادکرنی ئەو قڵشتە چینایەتییەی کە هەیە و دەیەوێت ئینسانەکان بەم مەسایلانەوە سەرقاڵبکات تا نەیانپەرژێتە سەر خەباتە چینایەتیەکەیان و لە کۆتاییشدا هەرخۆیان سوودمەند دەبن. پڕۆلیتاریا دەبێت بەمە هۆشیار بێت و بوار نەدات کە سەرمایەداری و نوێنەرەکانیان ئەم قڵشتە بخەنە نێوانیان و هەموو پێکەوە دژی جەنگ و ماڵوێرانی بن لە خەمی دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتردابن بۆ ئینسانەکان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.

ئەوەی کە جێگای خۆشحاڵی یە و تروسکەیەک لە ئومێد دەبەخشێت بە خەبات و کێبەرکێی سەرمایەداری و پڕۆلیتاریا، ئەو دەنگانەیە کە لە بەرامبەر هەردوو بەرەی شەڕی سەرمایەداری جیهاندا هاتوونەتە مەیدان و گوزارشت لە پەیامێکی تر دەکەن. پەیامێک کە سەرمایەداری و دارودەستەکانیان بە هەموو ڕەنگ و تاقمەکانیانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا وەک یەک چاولێدەکات و بانگەواز بۆ هاتنە مەیدانی کرێکارانی ڕوسی و ئۆکرانی و تەنانەت پڕۆلیتاریای هەموو جیهان دەکات کە لەبەرامبەر ئەم شەڕ و کوشتارگایانەدا بێنە مەیدان و بتوانن هاوپشت و هاوپەنای یەکتر بن. هاوکات هەر ئەمەش بە تەنها ڕێگای وەستانەوە بەرامبەر جەنگ و فشارهێنان بۆ ڕاوەستانی جەنگ و دەرهێنانی دەسەڵات لە چنگی ئەم مشتە لە سەرمایەدار لە جیهاندا دەزانێت. ئەم ووشیارییە پێویستی بە ڕێکخراوبوون و هاتنەمەیدانی زیاترە تا بتوانێت بەر بە هەموو ئەو سیاسەتە ڕییاکارانەیەی بورژوازی بگرێت بەرامبەر جەنگ و هاوکات بتوانێت لە یەکێک لەو ووڵاتانەدا تەرازووی هێز قڵپبکاتەوە بە قازانجی پڕۆلیتاریا و بتوانێت لە ناوخۆدا پشتی بورژوازی و دەسەڵاتەکەیان لە خاک بدات و پێیان بلێت نا بۆ جەنگ و کوشتار و ئاوارەیی و برسیکردنی خەڵک و خاپورکردنی خانە و لانەی هاووڵاتیان بەسەریەکتردا. هەر ئەم هاوپشتی و هاوخەباتی یە و ئەم ئاگایی یە سۆشیالیستی یە دەتوانێت ڕێگای ڕزگاری پڕۆلیتاریا بێت و بۆ ئەمەش چۆن سەرمایەداران هاوپشت و هاوخەباتی یەکترن، بۆ ئەم بەهرەبەردارییە لە هەموو جیهاندا، پڕۆلیتاریاش بێ ئەم ڕیکخراوبوونە چیانەیەتی یە و ئاگایی یە سۆشیالیستی یە ناتوانێت ئەم کێشمەکێشە بباتەوە و تیایدا سەرکەوتن بۆ خۆی و تەوای مرۆڤایەتی تۆماربکات.

کامل احمد
07.03.2022
kamil.ahmed.f@gmail.com




دوو کتێبی هاوبەشی گرنگ لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی بڵاودەکرێنەوە

کتێبی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن و سەرکەوتن دوای شکست) بەرهەمی وەرگێڕان و نووسین و ئامادەکردنی هەر دوو نووسەر و وەرگێڕ (دڵشاد کاوانی و ڕەوەند سەباح)ە کە هەردوو نووسەر بەیەكەوە کاری هاوبەشیان لەسەر کردووە و بەم نزیکانە لە چاپخانەی چوارچرای سلێمانی، بەشێوە و قەباری جیاواز دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران و چاپ و بڵاودەبێتەوە.
دوو كتێبەكە یەكیان کتێبی بیرۆکەکانی سەرکەوتنی نووسەری گەورەی جیهانی ڕۆبن شارمایە کە نووسەرەكان کاری وەرگێڕانیان بۆ کردوە، هەروەها کتێبی سەرکەوتن دوای شکست، لە ئەزموونی پەنجا و شەش کەسییەتی سەرکەوتووی بوارە جیاوازەکانی جیهان پێكهاتووە، کە دوای شکست و هەڵدێران بە پایەکانی سەرکەوتن گەیشتوون.
کتێبی بیرۆکرکانی سەرکەتن کتێبێکی (١٦٠) لاپەڕییە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، بریتییە لە ٢٠٠ بیرۆکەی نهێنی سەرکەوتن، ئەو بیرۆکانە لە کتێب و وتە و ئامۆژگارییەکانی شارما وەرگیراون لای نووسەران جارێکیتر بە کوردی کراون و داڕشتنەوە و رێکخستنی بۆ کراوە لەگەڵ ژیاننمەی نووسەر و پێشەکییەکیان لەبارەوە نووسیوە.
دڵشاد کاوانی نووسەر و وەرگێڕ لەم بارەوە پێی ڕاگەیاندین: لە کتێبی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن) هەڵساین بە ئامادەکردن کۆکردنەوەی 200 بیرۆكه‌ی به‌هێز بۆ ژیانێكی شاهانه‌یی ڕۆبن شارما. کە دووسەت بیرۆکەی سەرکەوتنی شارمایە کە ملیۆنان خوێنەری لە جیهان هەیە و بەرهەمەکانی زیاتر بۆ پەنجا و یەک زمان وەرگێڕدراوون، ئێمەش بەرگی کوردیمان کردۆتە بەر و لەگەڵ دۆخی تاکی کوردی سازاندوومانەو لەماوەیەكی نێزیك دا دەكەوێتە دەستی خوێنەران.
هەروەها کتێبی سەرکەوتن دوای شکست کتێبێکی (١٢٠) لاپەڕەیە، لە شێوە و قەباریەکی جوان خۆی دەبینێتەوە و لەپاڵ پێشەکییەکی جوان باسی شکستی پەنجا و شەش ئەستێرەی بوارە جیاوازەکانی جیهان دەکات، کە ئه‌و كه‌سانه ‌ لە ژیانییان دا سەرکەتوو و لێهاتوو بوون، بەڵام هەرگیز شکستەکانیان لەبەرچاو نەگیراوە.
نووسەران لەم کتێبە دا پەنجەیان خۆستۆتە سەری چیرۆكی شکست و کەوتنی ئه‌و كه‌ساییه‌تییه‌ جیهانیانە كە لە ژیانینان دا بەسەریان هاتووە، بۆئەوەی ببنه‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی زۆرێك له‌وانه‌ی به‌ هۆی شكسته‌كان ڕووخاون و بەسەرخۆیان كەوتون و هیوا بڕاوبوون لە ژیان و لە سەركەوتنیان بێ ئومێدبوون.
هەروەها ڕەوەند سەباح نووسەر و وەرگێڕ بۆ ئەم مەبەسەتە گوتی: ئەمە کارێکی دیکەی هاوبەشی ئێمەیە بە هیوای ئەوەی بەردێکمان خسبێتە سەر بناغەی بونیاد و توانای مەعریفەی تاکی کوردییو چونکە شكست و سه‌ركه‌وتن دواونه‌ی له‌یه‌ك دانه‌بڕاون، دەبێت بکەویت بۆ ئەوەی هەڵسیتەوە.
ئەمەی ئەو کتێبانە لە کتێبەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە کە لەبارەی بواری پەرەپیدانی مرۆیی و چەمکی سەرکەوتنەوە کە نووسراون، گرنگی دانە بە زمانی شیرینی کوردی و گونجاندنیانە لەگەڵ دۆخ و گوزەرانی ژیان تاکی کورد و خوێنەرانی بوارەکە و دەرخستنی شکستەکان و گەڕاندنەوەی هیوایە بۆ هیوا لێ بڕاوەکان.




بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن: ڕزگاری ژن، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی شۆڕشە لە عێڕاقدا

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ژنان بوونە نێچیر بەدەست ترۆر و سەرکەوتی خوێناوی بێ پەردە و هێرشی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و “فەرهەنگی” ڕێکخراو و بەردوام، کە وجود و جێگەوڕێگە و ئینسانیەتەکەی و هەموو ئەو دەسکەوتانەی لە ماف و ئازادیەکان کردۆتە ئامانج کە لە مێژوودا بەدەستی هێناون، ئەمەش بەدوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێڕاق لە (٢٠٠٣) و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە دوای خۆیدا هێنانی لە بەرزکردنەوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستە پیاوسالارەکان بۆ دەسەڵات کە جەنگ و شەڕی تائیفی و قەسابخانەی تیرۆریستانیش هاوڕای بووە.
لە عێڕاقدا، لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و فەرهەنگیدا، هیچ شتێکی هەمەلایەنە بەربڵاو و ڕیشەدار لە ئارادا نیە بە ئەندازەی “فەرهەنگی” پیاوسالاری و باوکایەتی سەرکوتگەر بەرامبەر بە ژنان، کە بەرجەستە بۆتەوە لە بە کەم تێڕوانین و پەراوێزخستن و چەوسانەوەی بەردوامییدا. بەردەوامی ئەم “فەرهەنگە” لەمڕۆدا نەک تەنها لەبەرئەوەیە “فەرهەنگ” و “پەیوەندی”یەکی میراتی بەجێماوە، بەڵکو لەبەرئەوەیە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەشێکە لە ستڕاتیژی فەرمانڕەوایی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستە پیاوسالارەکانی هاوپەیمانیان، و زاڵبوونیان بەسەر کۆمەڵگە و چارەنوسیدا، وە بەشێکیشە لە پێداویستیەکانی پاراستنی سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری هاوچەرخ لە عێڕاقدا. ئەم قێزەوەنیـیە بەوە کامڵ دەبێت کە چەک و توندوتیژی و یاسا بەکاردێت دژ بە ژنان و بەردەوامیی دەدرێت بە باڵادەستی عەشیرەتگەری، وە دامەزراوە ئایینیی و شەرعیـیەکانیش تیۆریسازی بۆ دەکەن و مەلای مزگەوتەکانیش هەڵدەستن بە وتاردانی هەست وروژێنانەی دژە ژن، وێڕای خەرجکردنی میلیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی وڵات بۆی.
لەژێر سایەی ئەم دۆخ و ئەم کەشوهەوایەدا کوشتنی ژنان بەردەوام بووە و سوتێندراون و سوکایەتیان پێ کراوە و ناچار کراون بە خۆکوشتن وەیا ژیانکردن بە نائومێدی و دڵتەنگیەوە، هەموو ئەمانەش لە لایەن پیاوانی پیاوسالار و مێرد و خزم و کەسوکار و تاوانکارانی سەربە جۆرەها لایەن. ئەم قێزەوەنیە دژ بە ژنان، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەسەندنێکی ترسناک و تڕاژیدیایی بەخۆیەوە بینیوە، لەم دواییانەدا بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە سەراسەری وڵاتدا بە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆر، هەم لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروو و ڕۆژئاوای عێڕاق، وە هەم لە هەرێمی کوردستاندا.
لەم ڕۆژانەدا، لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، کێشمەکێشێکی توند لە ئارادایە لە نێوان باڵەکانی هێزە دژە شۆڕشی ناو ڕژێمی فەرمانڕەوا لەسەر پێکهێنانی “حکومەتی زۆرینە” یان “حکومەتی تەوافوقی”، وە ئەوەی لە ناواخنی ئەجندای ئەم هێزانە و ململانێکانیاندا بەرجەستەیە، بریتیـیە لە خنکاندنی دەنگی ژنان و سەرکوتکردن و پەراوێزخستنیان و پتەوکردنی هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیا و یاسا و بەها و نەریتانەی کە ژنان کۆیلە دەکەن. هێزەکانی ئەو ڕژێمە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەریان لەباربرد لە ڕێگەی خوێنڕشتن و هەڵسان بە هەڵمەتی سەرکوت و فڕاندن و گرتنی بەردەوام، هەروەک خەباتی جەماوەری ژنانی چەوساوە و کچانی شۆڕشگێر و ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشیشیان لەباربرد، کە خەباتیان دەکرد و ڕێگەیەکی سەربەخۆیان گرتبووەبەر بۆ بەرەو پێش چوون و وەستانەوە بەڕووی سەراپای ئەو ڕژێمە سیاسی و ئایدیۆلۆژیـیەی کە چەوسانەوەیان بەسەردا دادەسەپێنێت و پەرەی پێدەدات. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر بەرزنەکردنەوەی پەرچەمی ڕزگاری تەواوەتی ژنان بوو وەک یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی، پێویستە هەر ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی داهاتوو، زاڵ بێت بەسەر ئەم خاڵە لاوازەدا.
ڕاپەڕینەکە و ژنانی ڕاپەڕیوو سەرکوتکران، بەڵام ئەو مەسەلەیەی کە پاڵی نا بە ڕاپەڕینەکە و بە ژنانەوە تا بێنە مەیدانی خەبات و ڕاپەڕین و ئەو هۆکارانەش کە ڕاپەڕینی هێنایە ئاراوە هێشتا هەر لەشوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، بەڵکو بەرفراوانتر و چڕتریش بوونەتەوە. پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەبێ لە هەموو چرکەیەک و گۆشەیەکیدا خەباتی شۆڕشگێڕانەی ژنان دژ بەو واقعەی تیایدان بگرێتە خۆی.
پایەیەکی سەرەکی شۆڕشی سۆشیالیستی پڕۆلیتاریای هاوچەرخ و یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی بریتیـیە لە خەباتی ئازادیخوازانەی جەماوەری ژنانی چەوساوە و ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و شۆڕشەکەیان بەسەر سەراپای بارودۆخی کۆمەڵایەتییاندا وەک موڵکیەتێکی تایبەتی پیاوان و نێچیر بەدەست عەشیرەت و هێزە دینییەکان و نەریت و کۆتوبەندی داسەپاوی سەدەکانی ناوەڕاست بەسەریاندا. هەروەها یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکان و مەسەلە جەوهەری و بنەڕەتییەکانی هەر ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە و هەر شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە عێڕاقدا، هێنانەدی ئازادی هەمەلایەنەی ژنانە، وە ئەمەش نایەتەدی، ئەگەر بزوتنەوەی سۆشیالیستییانەی ژنان و ئامانجەکانی مۆری خۆی لە شۆڕش و ئەجینداکان نەدات.
شۆڕش بەسەر واقعی جەرگبڕی ژناندا لە عێڕاق و هێنانەدی ئالوگۆڕی ڕیشەیی لە بارودۆخیدا بەر لەهەر شتێک بەوە دەستپێدەکات کە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی فێمێنیستی توانادار و بزوتنەوەیەکی کرێکاری و سۆشیالیستی بەهێز پایەڕێژی بکرێت کە ئازادی هەر ئێستای ژنان بخاتە دووتوێی ئامانجەکانیـیەوە.
خەباتی یەکگرتووانە بۆ ڕوخاندنی پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی باڵادەست و ئەم ڕژێمەی ئێستا لە عێڕاقدا هەنگاوی یەکەمی یەکلاکەرەوەیە لە ڕێگەی ڕزگاری کۆتایی ژنان.
ئەی جەماوەری ژنانی چەوساوە، ئەی کچانی ئازادیخواز، ئەی جەماوەری چینی کرێکار و سۆشیالیست و ئازادیخوازەکان، با هەشتی مارس بکەینە ڕۆژی شۆڕش بەسەر ئەو واقیعە جەرگبڕەدا کە ژنان لە عێڕاقدا تیایدا دەژین، با بیکەینە ڕۆژی شۆڕش بەسەر ئەو قەسابخانەیەی کە دەرحەق بە ژنان ئەنجامدەدرێت لە هەموو گۆشەیەکی ئەم وڵاتەدا.
با هەشتی مارس بکەینە ڕۆژی بەرزکردنەوەی پەرچەمی خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاربوون لەم ڕژێمە بورژوا ئیسلامی و قەومییە قەیراناویـیەی فەرمانڕەوا، کە بەربەستێکی سەرەکیـیە لە بەردەم هێنانەدی ئازادی و یەکسانی ژناندا.
با بە یەک ڕیز بووەستین و دەنگمان بەرزکەینەوە و بەهەموو ئامڕازێکیشەوە ڕووبەڕووی تاوانی کوشتن بووەستینەوە کە ڕۆژانە دەرحەق بە ژنان ئەنجام دەدرێت، وە دەستپێشکەری بکەین لە دامەزراندنی کۆڕ و کۆمەڵی بەرگریکار لە ژنانی چەوساوە و ژێڕ هەڕەشەی کوشتن، وە هەر شتێکیش کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی بەرگریکردن لە خۆی پێی بیبەخشین و بیگەێنینە شوێنی ئارام.
با ڕیزی خەبات بەهێز بکەین دژ بە پیاوسالاری و هەڵاواردن و سوکایەتی کردن بە ژنان جا لە هەر شکڵ و پلەیەکدا بێت، وە خەبات بکەین لە پێناو دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی فێمێنیستی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بەهێز و توانادار.
با ڕیزی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان و ڕیزی خەباتی سۆشیالیستی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و کچانی شۆڕشگێڕ بەهێز بکەین، وە خواستەکانیان داسەپێنین بەسەر دەسەڵاتداراندا لە دابینکردنی بیمەی بێکاری و خانووبەرە و تەندروستی و خوێندنی گشتی بێ بەرامبەر.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پیرۆزبایی لە ژنانی عێڕاق و سەرجەم ژنانی جیهان دەکات بە بۆنەی هەشتی مارسەوە، هەروەها بەبۆنەی ئەمڕۆژەشەوە پیرۆزبایی لە ژنانی چەوساوەی ئەم وڵاتە و هەموو ئەو ژنانەش دەکات لە عێڕاقدا کە هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی ترن، وە بە ڕاوەستاویەک و لێبڕاویەکی تەواوەوە خەبات دەکات لە پێناو ڕزگاری ژنان و هێنانەدی ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنە.
بژی ڕزگاری ژنان و ئازادی و یەکسانییان
بژی سۆشیالیزم
٣- مارسی ٢٠٢٢




ڕەگەز یان جێندەر و پرسیاری ژنان.. ن: مارتا لینا مۆڕۆو لۆویس وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: هێمن ئەمانی

مەیلی هەندێک کەس بۆ بەهەڵە گرتنی پرسیاری ژنان لەگەڵ پرسیاری جێندەر دەرخەری بێئاگایی و نەزانیی زانستی و تێنەگەیشتنی بنەما بنەڕەتیەکانی ئەو دوو کێشەیەیە.
لەوانەیە لە نێوان ئەو دوانەدا پەیوەندییەک هەبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هاومانای یەکتر یان هاوشێوە نین. ڕەگەز یان جێندەر لە تەیبەتمەنییەکانی پیاو و هەروەها ژنیشە، وە باسکردن یان تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە هەردوولا واتە پیاو و ژنیش دەگرێتەوە. ئەگەر بۆچوونی پرۆفیسۆر لێستێر فرانک وارد “کۆمەڵناسی ناسراوی جیهانی” ڕاست بێت، دەستەواژەی جێندەر Gender پەیوەندی زیاتری لەگەڵ پیاو هەیە تاکوو ژن.
بۆچوونەکەی پرۆفیسۆر وارد ئەمەیە کە ژن واتە مێینە، بناغەی سەرەکیە، سەرەتای ڕەچەڵەکە و هەروەها ژن خودی ڕەچەڵەکە. بە شێوەیەکی سادە پیاو لەسەر ڕێگای سرووشت و پێگەیشتن “Evolution” بۆ مەبەستی جیاوازی و جیا کاریە، وە بە واتای تەواوەتی زیندەزانی “بایۆلۆجیکی”، پیاو واتە ڕەگەز “جێندەر”.

بەڵام لە جیهانی مرۆیی و کۆمەڵایتیدا پێگە و پەیوەندی ژن و پیاو ئاوەژوو بۆتەوە. هەرچەند ناتوانین کە جیاوازیەکانی نێوان پێکەی زیندەزانی “بایۆلۆجیکی” و ڕوانینی باو و کۆمەڵایەتی بۆسەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا تەنیا بخەینە ئەستۆی هەوەسبازیەکانی زەینی مرۆڤ. بەڵام بڕوا یان وەها بۆچوون و ڕوانگەیەک کە بەو ڕادەیە جێکەوتوو بووە، دەبێت بۆ خوڵقانی ڕوونکردنەوە و پاساوێک یان هۆکارگەلێک هەبێت، دەنا نەیدەتوانی هەتا ئەمڕۆش بەسەر پێوە بمێنێتەوە. ڕاستیە زیندەزانی و بایۆلۆجیکیەکان ناتوانرێت لەناوببرێن، بەڵام ڕوانگە زەینیەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو دەکەونە ژێر کاریگەری هۆکارە ئابووریەکان لەژیاندا، وە ئەگەر بەڕادەی پێویست لێکۆڵینەوەی قوڵی لەسەربکەین بەدڵنیاییەوە هۆکار و بناغەیەکی مادی بۆ هەموو بوارە کۆمەڵایتی و زەینیەکان دەدۆزینەوە.

لە کوێوە ئەو خواستە بەردەوام دروست دەبێت کە پرسیاری ژن لەگەڵ پرسیاری جێندەری ڕەگەزی بەهەڵە وەربگیرێت؟
ناساندن و پێکهێنانی بنەچەی خاوەندارێتی تایبەتی “خاوەندارێتی تایبەتی واتە خاوەندارێتی تاکە کەسی بەسەر شتێک، ناوچەیەک و تەنانەت کەسێکدا”، پێگەی ژنانی لە کۆمەڵگادا بە تەواوی گۆڕی. مافی خاوەندارێتی تایبەتی ئەو هەلەی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ دەوڵەمەندبوون و هەروەها خواستی گواستنەوەی ئەو موڵکە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم دەسەڵات و سیستمە ئابووریە نوێیە گۆڕانکاری زۆری لە پەیوەندی خێزانی و بنەماڵەییدا پێکهێنا. بۆ ئەوەی کە پیاوان بزانن کێ دەبێتە بەشبەر یان واریسەکانی ئەوان کێ دەبن، تاکهاوسەری بوو بە پێوسیتی و نیازێکی گرنگ، لانیکەم بۆ ژنان. کۆنتڕۆڵکردنی هێزی سێکسی و سێکشوالیتی ژنان، خواستی کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخستنی کارلێکی دایکایەتی، سەرچاوەکەی لە خواستی غەریزی و دەروونی بۆ پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتیدایە.
لە پێگەی دەسەڵات و سەرۆکی بنەماڵە یان عەشیرەوە، لەگەڵ بوونی مافی تەواوەتی بۆ ژیانێکی تەواو و کامڵ بۆ مرۆڤ، ژنان کەوتنە بازنەیەکی تەنگی کۆمەڵایەتیەوە کە بەگشتی لەلایەن کارتێکەرەکانی دایکایەتیەوە دیاری دەکرا. پێکهێنانی ژیانی هاوسەری و شوو کردن بوو بە بابەتێکی گرنگ لە ژیانی ژناندا. زمانی ئێمە سەلمێنەر و بەڵگەی ئەوەیە کە کاتێک دەڵێین ” پیاو و هاوسەرکەی” “Men an Wife” . ووشەی “Wife” “هاوسەری ژن” تەنیا باس لە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ یەک پیاودا دەکات و پێوانەی بوونی ژنە. هیچ کەس بیر لە ناوهێنانی ژن و مێردێک ناکاتەوە بەواتای مێرد و ژن “Husband and Women”. پێگەی ژنان یان پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان تا ئاستێکی زۆر لەسەر بناغەی جێندەری ئەو دیاری دەکرێت و گرنگی کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە بۆ پاراستن و ڕاگرتنی بناغەی خاوەندارێتی تایبەت پێویست و گرنگە. ئەو خواستە بۆ کۆنترۆڵ و ژێردەستە کردنی ڕەگەزی ژن لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیەوە زیاتر لە کاتی هەوڵدانی ژنان بۆ هاتنە ناو ئاڕاستەکانی تری هەڵسوڕان و کارە کۆمەڵایتیەکان خۆی نیشاندەدات. کاتێک کە کرێکارانی پێشڕەوی مافی دەنگدان بۆ ژنان هەڵسوڕان و خەباتی خۆیان بۆ مافی یەکسان دەستپێکرد، یەکێک لەو بەڵگانەی کە بە شێوەی بەربڵاو کەڵکی لێ وەردەگیرا بۆ دژایەتیان ئەوە بوو کە ئەوان بە” ژنانی بێ ئەخلاق” نێو دەبران. هەر ماوەیەک لەمەوبەر یادی زیاتر لە سەدساڵەی لەدایک بوونی ئەو پیاوەمان جێژن گرت کە بۆ یەکەمین جار لە ویلایەتی مین ژنی وەکوو مونشی لە دووکانی خۆی دامەزراند. ئەم پیاوە لەلایەن کۆمەڵگاوە پەراوێز خرا و ئەو ژنانەی کە لەلای ئەو کاریان دەکرد بەلای پیاوانی “بەڕێزی” ئەو کاتەوە بە ژنانی “خراپ” نێر لێندران. هەر جۆرە هەوڵ و تێکۆشانێکی ژنان بۆ دەرباز بوون لەو ژیانە بەرتەسکە نالەبارەی بەهۆی ڕەگەز یان پیشەی دایکایەتی بۆی دیاری کرابوو بە ناشیرینترین و تاڵترین شێوە دژایەتی دەکرا.
ئەگەر کۆنتڕۆڵ یان دیاری کردنی پەیوەندی ڕەگەزی سێکشواڵی ژنان لە خواستەکات و پێویستیەکانی خاوەندارێتی تایبەت تێپەڕێت، کەواتە لە لایەنی لۆژیکیەوە وامان بۆ دەردەکەوێت کە کلتووری ناوبراو ئەم پێویستیە زەروریە وەلا دەنێت و ژن توانای ئەوەی دەبێت کە ژیانێکی شیاوی مرۆڤێکی کامڵی هەبێت. هەموو جۆرە یاسا و ڕێساکان یان پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی کۆنتڕۆڵکراوی سێکشواڵیتی ڕەگەزی لە سیستمێکدا کە شوێنکەوتووی یاسای سەرمایەداریە، لەلایەن ئەو خواست و پێویستیە ئابووری و کۆمەڵایتیانەی کۆمەڵگای ئەوکات دیاری دەکرێت. ئەم سیستمە ئابووریە تازەیەی کە ئێمە بە خێرایی خەریکین بەرەولای تێدەپەڕین، پێکهێنەری وەها پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دەبێت کە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و پارێزگاری کۆمەڵگا.
ئەخلاقی سەرمایەداری ئەو کاتە لەناو دەچێت کە سیستمی خاوەندارێتی تایبەتی تێپەڕێنین و لەناوی بەرین. قازانچی کۆمەڵایەتی هاوبەش ئەخلاق و ستانداردێکی بەرزتری مۆڕاڵی بە ئێمە دەبەخشێت.

——————————————————————————–

کورتەی ژیانی مارتا لینا مۆڕۆو لۆویس:
لینا مۆڕۆو لۆویس لە ساڵی ١٨٦٨ لە شارۆچکەی وارن لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمەریکا لەدایک بوو و هەر لەوێش خوێندی دواناوەندی تەواو کرد و لە ساڵی ١٨٩٢ بڕوانامەی زانکۆی بەدەست هێنا.
ناوبراو کە بە لینا دەناسرێتەوە، وەک ئەدیب و وتەبێژی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی مەسیحی یەکسانی تا ساڵی ١٨٩٨ کاری کردووە و دوای ساڵی ١٨٩٨ دەستی داوەتە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان. لە ساڵی ١٩٠٠ چوو بۆ ئۆرۆگان و وەک کرێکارێکی ژن بۆ یەکەمجار هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی بزووتنەوەی بەهێزی یەکێتیە کرێکاریەکانی شیکاگۆیدا بۆ خەبات بۆ بەدەست هێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان.
لینا لە ساڵی ١٩٠٢ چووە ناو حیزبی سۆسیالیستی ئامریکا SPA، وە خەباتی خۆی لە مافی دەنگدان بۆ ژنانەوە بەرەو سۆسیالیزم گۆڕی. وەکوو ڕێکخەر و سازماندەری سیاسی لە حیزبی سۆسیالیستدا دەستی بەکار کرد و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٨-١٩١٤ لە هەموو ویلایەتەکانی ئامریکا قسەی دەکرد، هەروەها لە کانادا و ئینگلاندیش بەشداری لە بەشە ڕیکلامیەکاندا دەکرد. لە ساڵی ١٩٠٥ وەکوو ئەندامی کومیتەی میللی ژنانی حیزبی سۆسیالیست لە کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا.
زیاتر لە ٢ ساڵ ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ساندەی مۆرنینگ پۆست و هەروەها ڕۆژنامەی کرێکاری ڕێکخراوی ویلایەت، هەواڵی کرێکاری ئالاسکا بوو.
ساڵی ١٩٢٥ وەکوو وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی حیزبی سۆسیالیستی کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا تا ساڵی ١٩٣٠ و لەو ماوەیەدا سەرنووسەری ڕۆژنامەی سۆسیالیستی Labor World بوو. ئەو لەو ماوەیەشدا ئەندامێکی کارای نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی و یەکێتی ژنانی دەنگدەر بوو. ساڵی ١٩٢٦ کاندیدی حیزبی سۆسیالیست بوو بۆ فەرمانداری “قائیم مقام” کالیفۆرنیا، وە هەروەها لە ساڵی ١٩٢٨ کاندیدی سۆسیالیستەکانی کالیفۆرنیا بوو بۆ مەجلیسی سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.
لینا لە ساڵەکانی ١٩٣١ بوو بە ئەندامی کومیتەی میلی ئیجرایی حیزبی سۆسیالیستی ئامریکا و لە ساڵی ١٩٣٦ لە حیزبی سۆسیالیست جیا بۆوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو فێدراسیۆنی سۆسیاڵ دیمۆکرات کە بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆژیەوە لە SPA حیزبی سۆسیالیست جیا ببۆوە. ئەو لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا خەریکی بەڕێوەبردنی کتێبخانەی کۆلێژی زانستی کۆمەڵایەتی ڕەند بوو کە بۆ فێرکردن و خوێندنی سۆسیالیزم پێکهاتبوو.
لینا لە ساڵی ١٩٥٠، وە لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئەگەرچی ئەو زۆرینەی ژیانی خۆی لە ڕێبەرایەتی حیزبی سۆسیالیستدا بوو بەڵام ژیاننامەی خۆی هیچکات نەنووسیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لینا خاوەنی زۆر نووسین و بابەتە کە لە کتێبخانەی تامیمن لە ئاڕشیوی ڕابێرت واگنێر لە زانکۆی نیۆیۆرک هەڵگیراون.

ن: مارتا لینا مۆڕۆو لۆویس
وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: هێمن ئەمانی




ئایا یۆکرەین وڵاتێکی گەندەڵ بوو بۆیە وای لێهات؟.. ئیدریس مستەفا

باسێک بە بەڵگە و زانیاری نوسراوەوە…

“ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە لە وڵاتی یوکرەین بوونی هەبووە بەڵام رێژەی بەرزبوون و زیادبوونی ئاستەکەی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە، ساڵی نفوزی دەسەڵاتی ئەمریکا و ئەوروپا، گەیشتۆتە چڵەپۆپە.”

یەکەم: کاتێک لەگەڵ هاورێیەکی خۆمدا دەربارەی گەندەڵی وڵاتی یوکرەین قسەبکەم، گوتی (پێویستیم بە هیچ زانیاری و بەڵگەیەک نیە بزانم وایە یان نا، مادام لە کوردستانەوە خەڵک دەچون بە پەنجا گەڵام ماستەر و دکتۆرایان دەهێنایەوە ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ئەوپەڕی گەندەڵی تێدایە.) ئەم قسەیەی ئەم هاوڕێیەم خەتمی مۆری لە راستیەکی بەڵگەنەویستدا.

دووەم: لە دوای ٢٠١٤ەوە واتە لەو سالەوەی ئەمریکیەکان دەسەڵاتی سیاسی سیاسیان تێدا قایم کرد، داهاتی ساڵانەی یوکرەین ساڵ بە ساڵ هاتە خوار و گەندەڵی هەموو شوێنێکی تەنی. لەم رووەوە دوو نموونە باس دەکەم:
١) بە پێی زانیاری Macrotrends کە وێبسایتێکی تایبەتە بە ئابوری و دارایی خشتەیەکی ئابوری وڵاتی یوکرەینی داناوە لە ساڵانی ١٩٨٧ تا ٢٠٢٠. خشتەکە GDPی یوکرەین واتە داهاتی ساڵانەی وڵاتی داناوە. تەنها لە ٢٠١٤ ەوە تاکو ٢٠٢٠ داهاتی ساڵانەی یوکرەین دابەزیوە و ساڵی ٢٠١٤ کە دوایین ساڵی دەسەڵاتی پرۆ-روسیەکان بوو بەرزترین ساڵی داهاتی یوکرەین بووە. واتە ساڵی ٢٠١٤ داهاتی ساڵی یۆکرەین ١٨٣ بلیۆن/ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە بەڵام ساڵەکانی دواتر لە ٩١ بلیۆنەوە بووە و دواترین ساڵ کە ساڵی ٢٠٢٠ بووە ١٥٣ بلیۆن دۆلار بووە. ئەم ژمارانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئەوروپا بەرهەمهێنانیان لە یوکرەیندا کردووە.

٢) یەکێک لە هەرە رووداوە گەندەڵیەکانی وڵاتی یوکرەین بە (هەنتەر بایدن)ی کورەکەی جۆو بایدنی ئیستا سەرۆکی ئەمریکاوەیە لەو وڵاتەدا و بگرە لە ولاتی ئەمریکاش رووداوێکی شەرمهێنەرە و کۆماریەکان ئیستاش خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەری، هەنتەر بایدن، بەوهۆیەی باوکی ئەدەمە جێگری باراک ئۆباما بوو، لە رێگەی باوکیەوە بەرهەمهێنانی نەوتی لە یوکرەین دەست پێکرد. سەرەتا بە راوێژکاری ئابوری کۆمپانیانی نەوتی یوکرەین دەستی پێکرد کە مانگانە ٥٠ هەزار دۆلار ئەمریکی هەبوو کە لە وڵاتی یۆکرەین پێی دەدرا، لە کاتێکدا داهاتی ساڵانەی کەسێکی ژیان مام ناوەند Middle Class لە یوکرەین ٤٣٠٠ دۆلار بووە. بە کورتی ئەو چەند ساڵەی هەنتەر بایدن لەوێ بوو زیاتر لە ٨١ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە.

٣) ساڵی ٢٠١٥ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند کە:
(یۆکرەین گەندەڵترین وڵاتی ئابوری ئەوروپایە.) لە یوکرەین وەک هەر وڵاتێکی تر کە دەستی ئەمریکا و ئەوروپای پێ گەیشتبێ دەسەڵات گەندەڵیان هێناوەتە سەر حوکم تاکو لەو رێگەیەوە وڵات وێرانتر بکەن. وڵاتانی وەک یوگسلاڤیای پێشوو، ئەفغآنستان، عێراق، لیبیا، وڵاتانی ئەمریکای لاتین و دواترینیان یۆکرەین نموونەی بەرجەستەی ئەو سیاسەتە گەندەڵیەی غەربن. لە یوکرەین لە ٢٠١٤ەوە چینێک لە دەسەڵاتی سیاسی پەیدابوون کە بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر وەک سەرۆکی پێشووتری یوکرەین بە ناوی پەترۆ پۆرەشینکۆ کە ئەمریکا بە بزنسمانێکی کارایان لە قەلەم دەدا. سەرۆکی ئێستای یۆکرەین ئەمریکا هێنایە سەر ناو گۆڕەپانی سیاسیەوە بۆ دوو مەبەست: یەکێکیان بۆ ئەوە بوو کە دیمەنی گەندەڵی سیاسیەکانی ولاتەکەی پێ بشارێتەوە هەر وەک چۆن لە عێراقدا کەسێکی وەک مستەفا کازیمیان هێنایە سەر شانۆی سیاسی. دووەمیان، بۆ ئەوەبوو کە بە دنیا بڵێن یوکرەین هێز و بیروباوەری فاشی و هیتلەریزمی تیانیە ئەوەتا سەرۆکی وڵات جووە. بەڵام لە راستیدا هیزی سیاسی لە یوکرەین هیزێکی تەواو نازیزمیە و ئەمەیان لە keس نەشاردۆتەوە و بگرە ئایدیۆلۆجیەکەیان کاریگەری بەسەر زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەوە هەیە و نموونەش ئەو جیاوازیە رەگەزیە بوو کاتێک لەسەر سنورەکان کە نەیاندەهێشت غەیرە ئەوروپایی بچیتە بپەڕێتەوە پۆڵەندا. هەروەها جەندان نموونەی تری لەو جۆرە هەن دەرهەق بە غەیرە یوکرانیەکان کراوە و لە هەواڵەکاندا رۆژانە دەیانبینین.

سێهەم: پیشەسازی سەکس لە یۆکرەین، رۆژنامەی گاردیان و ئۆفیسی مافی مرۆڤ لقی یوکرەین و چەندان رۆژنامە و میدیای تر باس لەوەدەکەن کە یوکرەین بۆتە وڵاتێکی پیشەسازی سەکس فرۆشتن و زۆربەی ئەو گەشتیارانەی روو لەو ولاتە دەکەن بۆ مەبەستی سەکس کردن دەڕۆن. ناتالیا ئەنتۆنۆڤای جورناڵست لە رۆژنامە گاردیان وتاریکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی: (بەخێر بێن بۆ کییەڤ، شاری ژنە جوانەکان و گەشەی پیشەسازی سەکس.) ژمارە و زانایاریەکانی تر لەم بارەیەوە زۆرن و من لێرەدا ئاماژەیان پێنادەم.
بەم هۆیانەوە یوکرەین نەک هەر بوو بە گەندەڵترین و هەژارترین وڵاتی ئەوروپا بەڵکو بوو بە وێرانترین و پڕ شەڕترین و پڕ ئاوارەترین وڵاتی ئەوروپا و لەوانەشە ببێ بە چآوگی شەڕێکی جیهانی گەورەتر.
ئەو گەندەڵیە کە هەموو وڵاتی تەنی بوو یوکرەینی بەم رۆژە گەیاندا چونکە هیچ جومگەیەکی وڵات نەمابوو لەوانە جومگەی سیاسی و دەوڵەتی و حموکی کە گەندەڵی خراپ و بێ کەڵکی نەکردبێ. کاتێکیش ئەمە بوو ئیتر عەقڵ و حیکمەتی سیاسی لە وڵاتدا بوونی نامینێ و وڵات بەو فەتارەیەدا دەجێ کە ئیستا دەیبینین بە داخەوە.




جەنگی روسیا و ئۆکرانیا جەنگێکی سەرمایەداری.. خۆشەوی کەمال

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




فەقێیەکی ئاشق.. شەماڵ بارەوانی

ئیشق شتێکی لائیرادییە، ئاشق بوون لەدەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی کەسی ئاشقدایە، ئیشق ئاگرێکی زۆر دژوارە و گڕ لەناخی ئاشق بەردەدات و وەکو مۆم دەیسووتێنێت و دەیتوێنێتەوە، لەخۆڕا نەبوو ئاگری ئیشق تۆبەی بەشێخی سەنعان بەتاڵ کرد، مەجنوون ساڵێک بەدەوری ماڵی لەیلا دا دەسوڕایەوە، لەپێناو یەک نیگای لەیلا. دەیگووت گەر سەگەکەشیان ببینم ئارامی بەدڵ و ئاسوودەیی بەدەروونم دەبەخشێت.

ئیشقی ڕاستە قینە، پڕیەتی لە پاکێتی و ڕاستگۆیی و قوربانیدان و توانەوە و بۆیەکتری سوتاند.
ئیشق نابێت هیچ مەرجێک بخاتە نێوان ئاشقانەوە. وەلێ ئیشق ئاگرێکی هێندە دژوار و بەسوێ و سووتێنەرە، ئیشق ناخی ئاشق دەکات بە خەڵووز و ڕۆژانە و هەموو چرکە ساتێک، چوون مەرگێکی لەسەرخۆ دەیکووژێت، بەتایبەتی دابڕان و مالئاوایی و نەگەیشتن و شاد نەبوون.
دەڵێن لە مامۆستایەکی زانستیان پرسی ئیشق چیە..؟
وتی: ئیشق تەنها مادەیەکە، کە بە بێ ئۆکسجین بسوتێت.
ئیشق چاوی ئاشق لەئاست مەعشووق کوێر دەکات، مرۆڤ وەک کەسێکی هەرزەکار و مناڵێک لێدەکات، تەنانەت گەلێک جار ئاشق شێت دەکات.

ئیشق سنوورەکانی ئایین، مەزهەب، نەتەوەو ئیتن و ڕەنگ دەبڕێت. من بینیومە کچێکی باڵاپۆش و لەچك پۆش و ئیسلامی شووی به کەسێکی لائیک و لیبڕاڵ و سیکۆلار کردووە، گووتوویانە:بیرو باوەڕەکەمان شتێکی تایبەتە و هەرگیز نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو ئیشقەمان، لەو بووارەوە گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە، بەزاراوەی کورمانجی دەڵێت(لێ لێ لێ لێ، لێ لێ حنێ، هەرکەس سەر دینا خوە، تۆ یارامنێ)
ئیشقێک ڕاستەقینەبێت، تەنانەت زۆر جار بەرامبەر ئامادەبووە لەپێناوی دا، دەست لەنزیکترین کەس و ئازیزترین کەسەکانی هەڵگرێت و دەست بەرداری ئایین و بیر و باوەڕەکەی پێشووی بێت و هەموو شتێک لە دوای خۆی جێ بێڵێت و بڕوات و بەگەڵ ئەو کەسە بکەوێت کە ئاشقی بووە،

من ئەوەم بە نموونە لایەو لە نزیک ئەو دەڤەرەی ئێمەی تێدا نیشتەجێین لەبادینان، لەساڵی هەشتاکانەوە، کچێکی مەسیحی ئاشقی کوڕێکی موسوڵمان دەبێت لەکاتی خوێندن، ماڵەوەی کچەکە هەمووی دژی ئەو پەیوەندیە بوون. کچەکەیان سەرپشککرد، یان، ئیشقەکەت، یان، ئێمە، کچە بەچاوی پڕ لەفرمێسک و دڵی پڕ لەگریانەوە، ئیشقەکەی هەڵبژارد.
ئەفسووس ئاخریەکەی هەموان حاشایان لێی کرد و پەتی هەموو پەیوەندیەک و نێزیکیەک و شتێکیان لەگەڵی دا بجڕاند.
ئەوە بۆ نزیکەی چڵ ساڵ دەڕوات، ماڵی ئەو کچە، کە ئێستا بووەتە داپیرە و چەندین نەوەیە هەیە، لەگەڵ ماڵی باوک و کەس و کاری چەند کیلۆمەترێک نێوانیانە، ئەوان لەدێیەک و ئەوانیتر کۆمەڵگایەکی نزیک ئەو دێیە، وا بۆچڵ ساڵ دەچێت، بۆ جارێکیش یەکتریان نەبینیوە، بەقسەی کوڕی ئەو ژنەیەی کە دواتر ئایینەکەیشی گۆڕی، ئەو کوڕە مەڵایە و هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیمە و زۆر جار چیرۆکی ئیشقی نێوان دایک و باوکی و تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ لە ئەلفەوە، تاوەکو یا، باسکردووم، ئەوەیە ئیشقی ڕاستەقینە.

ئینجا با سەرتان نەیەشێنم و بێمەوە سەر مەسەلەی موشتاق بوون و ئاشق بوونی خۆم.
ئەوە لەکاتی فەقێیاتیم دا جارەكی مەلایەكی برادەرم گووتی شەماڵ گیان وەرە بچۆره ئەو دیوی دێگەلە و دەشتی كۆیە و لەدێ… لەجیاتی من وتاری جوعمەیان لۆ بدەو من كارم هەیە. منیش بەیانی لەگەڵ پاسی كۆیە زۆر زوو بەرێكەوتم و گەشتمە دێیەکە و یەكەم پیاو لێم راست هات و گووتی وەی لەو مەلایە قشت و گچکەیەی ! خۆناكرێت لەجێگای مەڵا… هاتبیت؟
گووتم بەرێ وڵا، گووتی دەی زووە جارێ بۆ مزگەوت، بابرۆینە مالێ و چایەكی بخۆینەوە، كە رۆشتمە ماڵ چم بینی خودایه! شاجوان! حۆری بەهەشت، سبیل جان، ئەوە چبوو خودایە گیان تۆ دروستت کردبوو و بەو هەموو جوانییە وێنەت کێشابوو!؟ خوشكی كابرای، کچێکی ناسک و تیتك زەرد و لێو ئاڵ. یەکسەر لە دڵەوە ئاشقی بووم،
لەخۆڕا نییە گووتراوە: ئیشق ڤایرۆسێکە لە رێگای چاوەوە دەڕواتە ناو دڵەوە.
لە لایەک بەئاگری ئیشق دەسووتام و لەلایەکەیتر سەرزەنشت و لۆمەی خۆمم دەکرد و بەخۆمم دەگووت: خەجاڵەتی بگرێت و نمەک حەرام مەبە، ئەوە ناپاکییە، ئەو کچە وەک خووشکی خۆت سەیربکە، عەیبە کاکە عەیبە، بەسەرهەستی خۆتدا زاڵ بەو دەی زوو بڵێ خودایه تۆبە. لەو بیرو خەیاڵانەدا بووم.

لەپڕ کچەکە هاتوو و پێی گووتم بەخێرهاتی مامۆستا، گووتم سەرچاوەکانم خوشكی خۆم، لەناخەوەیش دەمگووت سوپاس گیانی مەلای، هەی بەخۆم و مەندیلەوە بە قوربانت بین. ماوەک لەوێ دانیشتم و دواتر لەگەڵ پیاوەکە ڕۆشتین بۆ مزگەوت، وەلێ مزگەوتی چی و حاڵی چی، وەکو کابرا منیش لەو چرکە ساتە دەمگووت(وڵاهی، وڵاهی، گیانی من، ئێستا چگە لەتۆ دڵی من، هیچیتری تێدانییە)و بیر و هۆشم هەر لەكن ئەو كیژەی بوو و کورد وتەنی:پیس ئاشقی ببووم. لەناو وتار یەكەم جارم بوو بگریێم. سەیرم كرد دووسێ مامە حاجی بەتەمەن و دڵپاک، لەگەڵ من دا دەستیان کرد بەگریان. بەستەزمانانە وایان دەزانی من لۆ حاڵی ئومەتی موحەمەد(د.خ)و لەترسی خوای گەورە دەگریم، وای گەردەیان زانی گریانی من لۆچیە و من موشتاقی کێ بوومەو ئاگری چ ئیشقێکی هەرزەکارانە، وا خەریکە گڕم تێبەردەدات و دەمسووتێنێت، دەم کات بە هەڵم، بە سەراب، بەئاو، كو بەرد بارانیان دەكردم.

ئینجا دووای تەواوبوونی وتارەکە چوینەوە ماڵی كابرای و دیاربوو حەزی لێ بوو بڵێ وەرە خوشكێ خۆمت بدەمێ. گووتی:مەلاگیان مەوالیدت چەندە، بەتەما نیت ژنێ بینی؟ گۆتم ناوڵا جارێ خەریکی خیندنێ مەو هێشتا گچکەمە، وای كو پێم لەشانسێ خۆم ناو قوڕم کردە بەختی خۆم، ئاخر بێ شانسی ئێمە بە ویراسیە و دەلێن باپیرە گەورەمان کاتی خۆی دوو نانی بە دڵۆپەی بارانێ خواردیە، لەوی وەرایە دۆشاوە.




خەوی باڵندە کانی نەنکم.. جلال عەبدوڵا ساڵح

(نەنک)م
بە باپیریم ی وت:

  • ڕۆژێ زەمیلەیەک
    میووەت بۆ نەناردم.
    ئێوارەی چوارشەمەیەک
    (باڵندە)کانی (باخ) ت ڕانەسپارد
    چوار گۆرانیم بۆ بڵێن.
    چوار جار
    پێت نەووتم:
    گوڵ و
    ژن
    ڕەنگییان جوانە
    یان
    بۆن

چوارشەممە ی ( ١٩٨٤)
“چوار” چرکەیی دەوویست
(گوند)ەکەمان ڕووناک ببێتەوە
“نەنک”م
بۆی گێڕامەوە:

  • هەر چوار براکەی
    لە چوار شەڕی جیاواز دا
    (چاو)ییان کوێر بووە
    (دڵ) یان
    تا ڕؤژی (قیامەت)
    بووراوەتەوە

“نەنک”م
هەموو چوارشەمەیەک
چارەکی بوویستایە بۆ پارشێو
دەچوو بۆ سەرتەنووری ژیان
چوار تەنەکە ئاردی ئەمڕۆی
دەکرد بە هەویر بۆ سبەی
چوار (نان) یشی دەکرد بە خێر
بۆ کۆترەکان
چوار ی کەش
بۆ نیشتمان


(نەنک) م
بەر لەوەی نان بکێشێت
چوار جار
دەی پێوا
پێش ئەوەی (بیسمیلا)ی
لە ئاو کا
چوار جار
دەگریا


(نەنک) م
تا
ژیا
لە (ئەنفاڵ) ی
ئاو
ترسا


کاتێک
چوار (سەعات)
لە خەو دا
دەمرم
لەگەڵ (باران) ی
شەو دا
(نەنک) م
دێت
بۆ
لام


رویای پرندگان

جلال عبدالله صالح


پدربزرگم
به مادربزرگم گفت:

  • روزی هیچ میوه ای
    برایم نفرستادی
    عصر چهارشنبه
    به پرندگان
    باغچه واگذار نکردید
    که چهار آهنگ
    به من بگویند.
    چهار بار
    به من نگفتید:
  • گل ها و
    زنان
    زیبا هستند
    یا بو می دهند.

چهارشنبه ۱۳۶۳ ثانیه های «چهار»
می خواستند
روستای ما روشن شود.
به او گفتم:

  • هر چهار برادر
    در چهار جنگ مختلف
    کور شدند.

«مادربزرگ»
باید برای پراکنش
زندگی مشکل ساز می شد،
امروز چهار تن آرد با خمیر
برای فردا درست می کرد و
چهار نان
برای کبوترها درست می کرد و
چهار تا
برای وطن.


قبل از اینکه
غذا بخورد،
چهار بار
صبر می کرد
قبل از اینکه بیسمیلا
چهار بار در
آب می جوشد.


مادربزرگم
تا وقتی
که آنفلون
آب می شد
از آب
می ترسید.




ئارامیی و نائارامیی.. نەوزاد بەندی

ئارامی و بێدەنگیی باشترین بارودۆخن بۆ دز ، بۆ ئەوەی دزییەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات ، هەر بۆیە دز لە شەودا ، یان لە کاتی چۆڵبوون و کش و مات بوونی ماڵ و شار و ئاواییدا ، دزییەکەی ئەنجام ئەدات ..
کەواتە لە کاتی دزی و بڕینی ماڵدا ، پاراستنی ئارامی و هێمنیی ، نەک هەر گەمژەییەکی گەورەیە ، بگرە ئەچێتە خانەی خیانەت و تاوانی نیشتمانی و مرۆییەوە ..
کاتێ فڕۆکە جەنگییەکان بەڕێوەن شارێک بۆردومان بکەن ، لەو کاتەدا مارشی ئاگادارکردنەوە بە بەرزترین دەنگ ، کوچە و کۆڵانەکانی شارەکە ئەهەژێنێ و ..ئارامی وبێدەنگیی تێدا ئەشێوێنێ ، ئێ ئەگەر وا نەکات ، خەڵکەکە هەر بە خەوتوویی و بێ ئاگایی ئەکەونە بۆسەی بۆمباران و تیا ئەچن .. ئا لەو کاتەدا تێکدانی ئارامیی و بێزارکردنی گوێچکەی هاووڵاتی و ترساندنیان و ڕاچڵەکاندنیان لە خەو ، گەورەترین کاری نیشتمانییە و شایانی مەدالیای ڕێز و ئازایەتییە ..
کاتێ نەخۆشێک یان بریندارێک ئەگەیەنیتە نەخۆشخانە ، ناچاریت بە خێراییەکی زۆر و هۆڕن لێدان و لایتی فول داگیرساندن و تەنانەت گوێنەدان بە هێماکانی ترافیکلایتی شەقامەکان ، ئۆتومبیلەکەت لێبخوڕیت ، ئەم تێکدانی یاسا و ئارامییە ، نەک هەر ناشیرین و یاساغ نییە ، بگرە جوانە و جێی دەستخۆشییە و هەمووانیش پشتگیری و کارئاسانیت بۆ ئەکەن لە هاووڵاتیەکی ئاسایی هەتا پۆلیسی هات و چۆ .. چونکە پاراستنی گیانی مرۆڤێک و زوو گەیاندنی بە نەخۆشخانە ، گەورەترین و پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتیی و نیشتمانییە ..
کاتێکیش بەکتریایەک ئەچێتە لەشێکی زیندووەوە ، سیستمی بەرگری ئەو لەشە نائارامیی گشتی ڕادەگەیەنێ و ..ژمارەیەکی زۆر خانەی بەرگری ئەڕۆن بۆ جەنگ دژی بەکتریاکە ، ئەوەیش ئازار و لەرز و تا و ئاوسان و هەوکردن و شەونخونیی لێ پەیدا ئەبێ ، کە هەموو ئەو نائارامییانە لە پێناوی پاراستنی تەندروستیی ئەو لەشە زیندووەیە ، ئەگینا لەشی مردوو ، هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە بەکتریاکان نیە و لە ماوەیەکی کورتدا دایئەڕزێنن و شی ئەکەنەوە ..
تەنانەت لە لەشی مرۆڤدا ، هۆرمۆن هەیە ، بۆ تێکدانی ئارامیی لەشە ، پێی ئەوترێ : هۆرمۆنی ئەدرینالین ، ئەم هۆرمۆنە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ بە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێک ، ئەڕێژرێ ، لێدانی دڵ و هەناسەدان خێرا ئەکا ، مرۆڤ ئامادە ئەکا بۆ هەڵوێستی خێرا ، وەکو شەڕکردن یان ڕاکردن ..لەکاتی هەموو مەترسییەکاندا ، بۆ نمونە کاتێ لە پڕ ئاگرێک ئەکەوێتەوە ، ئەم هۆڕمۆنە وا لە مرۆڤ ئەکا ڕابپەڕێ و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە وڕزگارکردنی خەڵکێک لە ئاگرەکە بدات ، هەموو ئەو کارانەیش لە دۆخێکی نائارام و هەناسەبڕکێ و لێدانی دڵی خێرادا ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی خوێن و ئۆکسجینێکی زۆر بگاتە ماسولکەکان و بتوانن کاری قورس و خێرا ئەنجام بدەن ..بەڵام ئەگەر لاشە مردوو بێت ، ئەدرینالین ناڕێژرێت ، ئەو لاشەیە ئەبێتە سوتەمەنی ئاگر و هەموو مەترسییەکانی تر و لەناو ئەچێت .

شایی و شین و سروود ، کە تێکدانی ئارامی و بێدەنگین ، بەڵام گرنگن بۆ ئاگادارکردنەوەی چوار دەورەکەیە لە هەبوونی خۆشییەکی گەورە یان ناخۆشییەکی گەورە یان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ..
لەو نمونانە و ..چەندەها نمونەی تردا ، بۆمان ڕوو دەبێتەوە کە لە کاتی تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاری و گەندەڵکاری و هێرشی باندی مافیاگەریدا ، پاراستنی ئارامیی و هێمنیی ، گەمژەیی و تاوان و خیانەتێکی گەورەیە دەرهەق بە هەموو شتێک ..هەتا ئەو ئارامی و هێمنی و بێدەنگییەیش درێژە بکێشێ ، تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاری و گەندەڵکاری و مافیاگەریێتیەکەیش درێژە ئەکێشن ..
هاوارکردن و تووڕەیی و بەگژداچوونەوە و فیداکاری و پێشمەرگایەتیی ، لە ڕاستیدا تێکدانی ئارامی و هێمنین لە پێناوی ڕاگرتنی زوڵم و داگیرکاری و پاوانخوازی و مافیاگەرێتیدا ..
ئەم حاڵەتی تێکدانی ئارامی و هێمنییە ، لە پێناوی کۆمەڵێ ئامانجی بەرز و پیرۆزدایە :

  1. ڕاگرتنی تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاریی لە سنوورێکدا .
  2. شکاندن و ڕاوەدونان و لەناوبردنی تاوانباران و لێپێچینەوە لێیان .
    3 . لە دوای پاککردنەوەی ناوچەکە ، ئینجا گەڕانەوەی هێمنی و ئارامیی ..

لە کاتی دروستبوونی نەخۆشیەکی ترسناک لە لەشدا ، کە بەرگریی لەش توانای نەمێنێت ، نەخۆش ئەبرێتە نەخۆشخانە ..بێهۆش ئەکرێت ..لاشەی بە نەشتەر ئەکرێتەوە ..بڕێکی زۆر خوێنی لێ دێت ..ئازارێکی زۆری پێئەگات ..
هەموو ئەو کارانە له ڕووکەشدا کاری ئازاربەخش و تێکدەری ئارامی و هێمنیی و شێوێنەر و بریندارکردنی لاشەی نەخۆشەکەیە ، بەڵام ئەگەر ئەو نائارامیی و کارە ئازارابەخشانەی بۆ نەکرێت ، نەخۆشەکە ئەمرێت ..
ئەگەر بە تیشک و چارەسەری کیمیایی ، ئارامیی و جوانی و شێوەی نەخۆشێکی شێرپەنجە تێکنەدرێت و نەشێوێنرێت ، ناتوانرێت دژایەتی شێرپەنجەکە بکرێت و نەخۆشەکە لە هێمنی و ئارامیدا ئەمرێت .

میللەتە زیندووەکان ، کە داگیرکاری و گەندەڵکاری و مافیاگەرێتیی لە ووڵاتەکەیاندا ببینن ، ئارامی و هێمنییان ئەشێوێت و کاردانەوەی گەورەیان ئەبێ ..تەماشای مێژوو بکەن ، بزانن میللەتە پێشکەوتوو سەربەرزەکان ، بە چ نائارامیی و تەقینەوە و بەگژاچوونەوەیەک گەیشتوون بەو پلە و پایە و هێمنی و ئارامییەی ئەمڕۆ تێیدا ئەژین ..
لە بەرامبەردا تەماشای میللەتە بێدەنگ و بێ هەڵوێست و بێکاردانەوە و کپ و بێدەنگەکان بکەن ، چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانیان وێرانتر ئەبێت و .. ماف و ڕێز و سەربەرزی و کەرامەتیان زیاتر پێشێل ئەکرێن ..بڕوانن چۆن لە کار مریشکە بێدەنگ و هێمن و ئارامەکان لەو هێمنی وئارامی و بێدەنگییەیان بەردەوام بن ، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سەریان دەبڕن و ..شێفەکان خواردنی خۆشتریان لێ دروست ئەکەن .
(تێگەیشتن ؟؟؟؟؟؟




دوو شیعر له‌ (سێلیڤیا پلاس‌)ـه‌وه(*)‌.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• هه‌رگیز هه‌وڵ مه‌ده‌
به‌ ماچێك هه‌ڵمبخه‌ڵه‌تێنی

هه‌رگیز هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ ماچێك هه‌ڵمبخه‌ڵه‌تێنی
وا پێشان بده‌ی
باڵدار هاتوون لێره‌ بمێننه‌وه‌
ئه‌و پیاوه‌ی ئاوزنگ ئه‌دا
به گاڵته‌ و ڕقه‌وه‌ ‌ ته‌ماشای ئه‌مه‌ ده‌كا .

ئه‌و به‌رده‌ی دڵی نییه‌
ده‌توانێ خۆی بگۆڕێ
پاكیزه‌ له‌و شوێنه‌دا سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن
(ڤینۆس)ی هه‌وه‌سباز لێی ڕاده‌كشێ :
هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ ماچێك بمخه‌ڵه‌تێنی .

پزیشكی ڕه‌ندمان پێی وایه‌
ئێش ئیشی ئه‌وه‌
نه‌خۆشه‌ سه‌رگه‌ردانه‌كانیش
قسه له‌ قسه‌ی ناكه‌نه‌وه‌ :
ئه‌و پیاوه‌ی ئاوزنگیش ئه‌دا
به‌ ڕق و گاڵته‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌مه‌ ده‌كا .

هه‌ر تۆلازێكی سینگڵی به‌كه‌ڵ
له‌ ترسی ئیفلیج بوون هه‌ڵده‌له‌رزێ
پیره‌مێردی ڕه‌به‌نیش له‌ هه‌وره‌بانه‌كه‌دا
به‌ درێژایی ڕۆژێ ده‌گری :
هه‌رگیز هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ ماچێك بمخه‌ڵه‌تێنی .

ماره‌ نه‌رم و نیانه‌ نه‌مره‌كان
هه‌رێی به‌هه‌شت
به‌و مناڵه‌ لێبڕاوانه‌ی شێتی شادین ئه‌دا
ئه‌و پیاوه‌ی ئاوزنگیش ئه‌دا
به‌ گاڵته‌و ڕقه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌مه‌ ده‌كا .

زوو یا دره‌نگ
شتێك ڕوو ئه‌دا میزاج تێك بدا
باڵداره‌ خۆشخوانه‌كان
كه‌ل و په‌لیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و
دوور ده‌فڕن
بۆیه‌ هه‌رگیز هه‌وڵ مه‌ده‌
به‌ ماچێك بمخه‌ڵه‌تێنی
چوون ئه‌و پیاوه‌ی ئاوزنگ ئه‌دا
به‌ گاڵته ‌و ڕقه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌مه‌ ده‌كا .

• گۆرانییه‌كی خۆشه‌ویستی بۆ كچێكی شێت
چاو ئه‌ترووكێنم
دونیا هه‌مووی ده‌مرێ
پێڵووم بڵیند ده‌كه‌مه‌وه‌
جارێكی دی هه‌موو شتێك له‌دایك ده‌بێته‌وه‌
( له‌و باوه‌ڕه‌ دام من تۆم به‌ خه‌یاڵم دروست كردووه‌ )

ئه‌ستێره‌كان سه‌مای ڤاڵس
به‌ ڕه‌نگی سوور و شین ده‌كه‌ن
ڕه‌شی هه‌ڕه‌مه‌كی به‌غار دێته‌ ناوی
چاو ده‌نووقێنم و دونیا هه‌مووی ده‌مرێ .

خه‌ونم دی فریوت دام
له‌گه‌ڵت بێمه‌ سه‌رجێ
تا عه‌قڵیشم له‌ده‌ست دا
گۆرانیت بۆ چڕیم
ئیتر تا شێت بووم ماچت كردم
( له‌و باوه‌ڕه‌ دام من تۆم به‌ خه‌یاڵم دروست كردووه‌ )

خواوه‌ند له‌ ئاسماندا هه‌ڵده‌دێررێ
ئاگری دۆزه‌خ لێ ده‌چنه‌وه‌ :
پیاوه‌كانی شه‌یتان فریشته‌ باڵداره‌كان ده‌ڕۆن
چاو ده‌نووقێنم و دونیا هه‌مووی ده‌مرێ .

وام به‌ خه‌یاڵ داهات
به‌و ڕێیه‌ی وتم ده‌گه‌ڕێیه‌وه‌
به‌ڵام من پیر ده‌بم و ناوی تۆم له‌بیر ده‌چێته‌وه‌
( له‌و باوه‌ڕه‌ دام من تۆم له‌ خه‌یاڵمدا دروست كردووه‌ )

بۆ من باشتر بوو
عاشقی یه‌كێ له‌ باڵداره‌كانی برووسكه‌ بم
هه‌ر چی نه‌بێ لانی كه‌م
كه‌ به‌هار جارێكی دی دێته‌وه‌
ئه‌ویش به‌ ژاوه‌ژاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه
‌( له‌و باوه‌ڕه‌ دام من تۆم له‌ خه‌یاڵمدا دروست كردووه‌ )
چاو ده‌نووقێنم ، هه‌موو دونیا ده‌مرێ .

() ژنه‌ شاعیرێكی ئه‌مه‌ریكاییه‌ له‌ ته‌مه‌نی سی ساڵیدا خۆی كوشتووه‌ ساڵی 1982 دوای مردنی خه‌ڵاتی -پۆلیتزه‌ر- ی پێ دراوه‌ . (*) له‌ ماڵپه‌ڕی ( القصيدة كوم )ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
بڕوانه‌ :

https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=3751

    https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=3745



رۆژنامەی دەنگی کرێکار- ژمارە ٣١

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٣١ی دەنگی کرێکار کلیکی ئێرەبکەن..




بە یادی شجریان.. شيعر: محمد رضا یار/ وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

لەم خۆرە تاوە ، ماڵ ئاوایی مەکە
بەم دڵە شکاوە ، ماڵ ئاوایی مەکە
فورسەتم بە
تینوێتیم بەلاوە نێم
لە سەرابا وا ئەمرم
ماڵ ئاوایی مەکە….

ڕووناکی پوشاک چرای شەوانەمە
تۆی: مۆمی من
ڕۆشن بەرەوە
ماڵ ئاوایی مەکە….

كۆتایی ئەم ڕێگەیە ئاگر گرتنە
ئەی خۆر بگەڕێرەوە
ماڵ ئاوایی مەکە
بۆ بەیاد هێنانەوە ، ئارام بگرە
ماڵ ئاوایی مەکە
بەم خێراییە
ماڵ ئاوایی مەکە
“”””””””’

ئەم تێکستە لەلایەن”سالار عقیلی” کراوە بە گۆرانی




جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بە چی و بە کوێ دەگات؟.. رەزا شـوان

هەمـوو ئـەو قـسانەی کە شـرۆڤـەکارانی ســیاسی و شـارەزایانی سـەربـازی دەربـارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا وتوویانە، گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە دیار نییە ئەم جەنـگە بە چـی دەگـات و چـۆن و کـەی کۆتـایی دێـت. چـونکە وەکـوو دەڵـێن “شـەڕ بە تەقـەیەک دەستپێـدەکات.. بەڵام بە هـەزاران تەقـە راناگـیڕێـت”. گەر ئـەم جەنگە درێـژە بکـێشێت راستەوخۆ و ناڕاستوخۆ، پریشکی گەلی لە وڵاتان و گەلانی کەش دەگرێتەوە.
ئەمـڕۆ جەنگی نێـوان رووسیا و ئۆکـرانیـا دوانـزە رۆژە بەردەوامـە، تا دێـت شـەڕەکە دژوارتـر و دڕنـدانەتر دەبێـت، تا دێت ژمارەی قـوربانیان لە سەربازانی هەردوولا و لە خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا زیاتر دەبێت، پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە نزیکەی (١٥) ملیۆن ئۆکـرانی دەربـەدەر و ئـاوارەی وڵاتانی ئەوروپـا ببن. چونـکە تادێـت چـەکی قـورستر و کوشندەتـر و کاولکەرتـری تێـدا بەکاردەهـێنن. ژمارە کۆژار و برینـدارکراو زیاتر دەبـن. ئەمەیە راستی شـەڕ، چونکە شەر پیاسەکردن و گەشت نییە، شەڕ کوشتن و کاولکردن و ماڵوێـرانییە، لە شەڕدا رەوشـت و مـرۆڤـایەتی و ویـژدان بوونیان نییە و تەنهـا ناون. لە شـەڕدا یاسـا و رێسـا و رێـکەوتنە نێـودەوڵەتیـیەکان و نێـونەتەوەییەکان هەمـوویان بە درۆدەکەونەوە و دەبنـە مەرەکەبی سەر کاغـەز و هـیچی تر. نەتەوە یەکگـرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیـش دوو رێکخراوی، بێ دەستەڵاتـن. لەوە زیاتریان لەباردا نییە، کە لە بەیـان نامەیەکـدا لـۆمەی شـەڕ و لایـەنی شەڕهـەڵگـیرسێنەر بکەن. مـافی ڤـیتۆش وایکـردووە کە بـڕیـارەکانیـان سەنـگـیـان نەبێـت.

لە جەنگـدا نە سنووری سیاسی دەوڵەتـان پـیرۆز و ئارامە، نە ژیـان و ماڵ و سامان و ئابـڕووی خـەڵکـیش پارێـزراوە. بەزانـدنی سـنووری سـیاسی و رەوشـتی و یاسـایی و مـرۆڤایەتی و یـژدانی و پێشـێلکـردنی مافـەکانی مـرۆڤ و ژنـان و منـداڵان و هـەمـوو رێکەوتنـەکان و جـاڕنامە و بـڕیـارە نێـودەوڵەتی و نێـونەتەوەییـەکان. لە لایـەن وڵاتە زلهـێزە داگیرکەرەکانەوە پێشیل دەکـرێن، گـوێ بە رەوشت و بە هـیچ یاسایەک نادەن.
ئەم جەنـگە، شەڕێـکی تەوەریییە، لە نێـوان ئەمریکا و ڕووسـیادا شەڕێکی لاسەنـگ بوونە. هەریەکەیان دەیەوێت ببێت بە تاک تەوەر و باڵادەست و سەنگـداربێت. بڵانسی هـێـز بە لای خـۆیـدا سـەنگەلا بـکات. ئەگـەر چـیش لەسـەر قـوربانیـدان و تێـوەگـلانی گەلان و وڵاتـانی بێ هـێز و شەڕنەخـوازیش بێت. گرنـگ بە لایانەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، کاریش بە چەمکی تیۆری میکافیلی دەکەن”هـۆیەکان پاکانە بۆ ئامانج دەکەن”. هـەر ئەم بۆچـوون و بەرژەوەنـدی پەرستییە و لەخـۆبایی بوونیان و سەنگەلای هـێز و داهـێنانی چەکی کوشندەی کۆمەڵکوژی و بە سەربـازیکـردنی دەوڵەت و خـۆ بە زلهـێـز زانین و هـاوپەیمانی و بە بەرەبـوون و گەلەکۆمەیی لە یەکتری و ئارەزووی جـەنگ و داگـیرکـردن و تاقـیکـردنەوەی چـەکە داهـێـنراوە تازەکانیـان لەسـەر خـەڵـکی سـڤـیـل و ئاوەدانی ساڵەهـای ساڵ و چاوبـڕینە سامان و خـێروبیری وڵاتـان و گەلانی بێ هـێزتـر. بـوونە هـۆی هەڵگیرساندنی دوو جەنگی جیهـانی وێرانکەر، تەڕ و وشکیان سوتانـد و بە ملیـۆنـان مـرۆڤی سـڤـیل و بێتـاون بـوونە قـوربانی ئـەم دوو جـەنـگە، لە دواییـشدا سەرکردەکانی شـەڕ، تەوقـەیان لەگەڵ یەکتریدا کـرد و بە زەردەخـەنەوە لەسـەر مێـزی گفتـوگۆدا دانیشتن، وەک ئـەوەی نە بایـان دیبێـت و نە بـاران. دەبـوایە سـەرکردەکانی دوای ئـەم دوو جەنـگە، وانـە و پەنـدیـان لە ئەنجـامـەکانیـان وەربگـرتـایە و هـەمـوو بایەخێکیان ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی گەلەکانیان بوایە، نەفـرەتیشیان لە شەڕ و شەڕخوازان بکردایە. ئەو هەمـوو بوودجە زەبەلاحەیان بۆ پێشبڕکێی چـەکی ئەتـۆمی و وێـرانکاری تەرخان نەکردبـایە. بەڵام بە داخـەوە، لە دوای ئەم دوو جەنگەشـەوە، هەر خەریکی خۆئامادەکردن بۆ جەنگـێکی تر، بێ ئەوەی گوێ بە ئەوەبدەن کە ئەنجامەکەی چی ئەبێـت و نابێـت.
لە ئەمڕۆشدا گەلی ئۆکرانیا باجی شەڕێکی قورس دەدات، هێشتا ئەنجەمەکانی دیارنییە کە بە کـوێ دەگات. هـەرگیز چـاوەڕوانی ئەنجـامێکی باش لە جـەنگ ناکـرێت، جـگە لە زیـان. تا ئەمڕۆش هـیچ گەلێک وەکوو گەلی کوردی بێدەرەتانمان، ئازار و قـوربانی و ماڵـوێـرانی و سـەرگەردانی و داگـیرکاریی و تـاڵاو و ژەهـراوی جەنـگی نەچـێشـتووە.
ئەم جەنگە، تەنیا شـەڕێکی سەربـازی نییە، بەڵکوو، شەڕێکی ئابـووری و سیاسیشە.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئـاوا، دەیانەوێت لە رێی (گەمارووی ئابووریی) ەوە، چـۆک بە رووسیا دابـدەن و زیانـێکی گـەورەی ئابـووری پێبگەیەنن. رووسیاش سزا ئابوورییە نیودەوڵەتییەکان لە دژی، بە (راگەیـانـدی شـەڕ) دەزانێـت.
رووسیا چاوی بـڕیـوەتە سامانی ئۆکرانیا، چونکە ئـۆکرانیا زەوییەکی بە پیتی هەیەوە دەوڵەتێکی کشتوکاڵی بەهـێزە، بە تایبەتیش لە بەرهەمهـێنان و ناردنی گوڵـەبەڕۆژە و رۆنی گوڵەبەڕۆژە و گەنـم و جـۆ و گـەنمە شامی. کـانی بەنـرخـیشی زۆرە. ئـۆکرانیـا شوێنێکی و جیۆسیاسی و ستراتیژی گەورەشی هـەیە. کەوتۆتە سەر (دەریـا رەش) و پێگەیـەکی بازرگانی گـەورەی هـەیە. بۆڕی گازی رووسیاش بۆ ئەوروپا بە ناو خاکی ئۆکرانیـادا تێـدەپـەڕێـت.

ئامـانجی رووسیا لە داگـیرکـرنی ئـۆکرانیا، تەنهـا ئەو تـرسە نییە کە ئۆکرانیا ببێت بە ئەندام لە پەیمانی باکووری ئەتـڵەسی (ناتۆ). گەر وابوایە کە لتـوانیا و موڵداڤـیاش کە دوو دەوڵـەتی هـاوسـنووری رووسـیان و بـوون بـە ئـەنـدام لە ناتـۆدا، هەریەکەش لە سـویـد و نەرویـج و فـنلەنـدا و تـورکیـاش کە ئەنـدامی ناتـۆن و هـاوسـنوورن لەگـەڵ رووسیادا. رووسیا هـیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر بە ئەنـدامێتی ئەم دەوڵەتـانە نەبـووە.
ئـۆکرانیا کە دەوڵەتێکی سەربەخـۆیە و ئەنـدامێکە لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مـافی ئـەوەی هـەیە، بە ئازادی هـەچ بڕیاریک لە بەرژەوەنـدی گەل و وڵاتەکەی بدات. ئەی چۆن نەترسێت، کە رووسیا لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە (دوورگەی قـەرم)ی ئۆکـرانیای داگیرکردووە و خستوویەتە سەر رووسیا، ئێستاش هەوڵی ئەوە دەدات کە هەموو خاکی ئـۆکـرانیا داگـیربکات و حکوومەتـەکەی بـڕووخـێنێت و حکوومەتێکی جـاشی سـەر بە رووسیا لە ئـۆکـرانیا دابمـەزرێنـێت، بۆ ئـەوەی دەسـت بەسـەر سامـانەکانی ئـۆکـرانیـادا بگـرێـت. بەڵام بە ئاسانیش ئەمەی بـۆ ناچـێتە سـەر. چـونکە سـووپـا وگـەلی ئـۆکـرانیا دەسـت لە قـوربانیـدان هەڵنـاگرن و درێـژە بە بەرگریکـردن لە وڵاتەکەیان دەکەن. وەک چـۆن ئەفغـانییەکان رووسیایان ناچارکرد کە ئەفغـانستان بەجـێبهـێـڵن. لەو بڕوایەدام لە ئـۆکرانیاش هـەر هەمـان چارەنـووسـیان بەسـەردێـت.

پێمـوایە کە رووسـیا بەم زووانـە بە هـێزێکی تایبەتی زیاتر و دەبـابەی زۆرتر و لەژێـر بۆردوومانێکی چـڕی فـرۆکە و موشەک باراندا، شاری (کـیـڤ) ی پایتەخـتی ئـۆکـرانیا دەگرێت. بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی تونـدی سووپا و خۆبەخشانی ئۆکرانیا دەبێتەوە و گـوژراو و برینـدار و ئـاوارەیی و کـاولکـردنێـکی زۆری لێـدەكـەوێتـەوە. ناڕەزایی و رقـێکی زیاتری دەوڵەتان و گەلانی جیهانی لێدەکەوێتەوە. تا ئەوەش روونەدات نازانین هەڵوێست و کاردانەوە و سزای ئەمریکا و ناتۆ و ولاتانی ئەورۆپا و جیهـان بەرانبـەر بە رووسیا چی دەبێـت و چی سزایەکی زیـاتری دەدەن. جیهـانێکی نوێش دێتە کایەوە.
جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا، زەنگێکی مەترسیدارە، گەر درێژە بکێشێت، تەشنە دەکات و زۆر نـاوچـەی رۆژهـەڵاتی نـاوەڕاسـت دەگـرێتـەوە. لەوانـەیە (کۆمـاری چـین) یـش پەلامـاری (تایـوان) بـدات، تورکیاش پەلاماری باشووری کوردستان بـدات، بە بیانووی ئەوەی کە (مووسڵ) و (کەرکووک) دوو پارێـزگابوونە سـەر ئیمپریالـیزمی عـوسمانی داگیرکەر بـوون.
رووسیا و ئۆکـرانیا گەر بیانویسـتایە و بەرژەوەنـدیی هـەردوو لایـان رەچـاو بکـردایە، دەیانتوانی کێشەکانی نێوانیان، لە رێی گفتووگۆ و دیپلـۆماتییەوە چارەسەر بکـردایە و نەگەیشتـبایە بە ئەم جەنـگە، کە نازانرێـت بە چی دەگات؟ بـەڵام تا درێـژە بکـێشێـت لە بەرژەوەنـدیی هـیچ لایەکیـان و هەمـوو جیهـانـیشدا نییە. گەر ئێستاش بە بـڕوا و نێـت پاکییەوە دانـووسان بـکەن، لە بەرژەوەنـدی هـەردوو لایـانە، وەکـوو دەڵـێـن: زیـان لە نیـوەشی بگەڕێتـەوە هـەر باشـە. تا رۆژێـک زووتـر شـەڕەکـەیان رابـگـرن باشـترە و زیـانی کەمـتر دەبـێـت.
لە راسـتیشدا ئەمریکا و وڵاتـانی ئەوروپـاش وەکوو پێـویسـت هـەوڵی راگـرتـنی ئـەم شەڕەیـان نـەداوە، بەڵکوو هـەنـدێکیان وەکوو هـەوادارانی یاریی تـۆپی پێ لە نێـوان هـەڵـبژاردەی دوو وڵاتـدا، بـوونـە بە تەماشـاکەر، کە کامیـان شـەڕەکە دەبـاتـەوە.
ئـەم چـیرۆکـەم دێتـەوە یـاد: کە دوو منـداڵ شـەڕیـان دەکـرد.. پیـاوێکی ریـش سپی لە دیاریان وەستابوو و زەق زەق سەیریانی دەکرد.. پیاوێکی تـر لە دوورەوە بیـنیـیانی و هـاواری لە پیـاوە ریـش سـپییەکە کـرد و وتی: ئەری مامە گیان، تـۆ لای خۆی ریشت سپییە، دەبینیت ئەو دوو منداڵە شەڕ دەکەن. بۆ ناوبژیان ناکەیت و لێکیان ناکەیتەوە؟! پیـاوە ریـش سـپیـیەکە وەڵامی دایـەوە و وتـی: کابـرا، تا بە شـەڕیانم دا، خەریک بـوو شـەق بـەرم. جـەنـابتـش دەتـەوێت بە ئاسـانی ناوبـژیان بـکەم و لـێکـیان بـکەمـەوە.
پێـویستە هـیوادار و خـوازراوی ئـەوە بیـن، کە ئەم جەنگە تەشــنەنەکات و گـەورەتـر نەبێـتەوە و نەگاتە جەنگی رۆکـیتی کێشـوەربـڕی ئەتـۆمی. ببێت بە جەنگی سـێیەمی جـیهـانی، ئەگـیـنا رۆژێـکی رەش چـاوەڕێی سـەرجـەم مـرۆڤـایـەتی دەکـات.
لە شارەزایەکی چەک و جەنگیان پرسی، را و بۆچوون چییە، لە بارەی جەنگی جیهانی سـێـیەم؟ لە وەڵامـدا وتی: مـن هـیچ رایـەکـەم لە بـارەی جەنـگی سـێیەمی جـیهـانییەوە نییە.. بـەس ئەوەتـان پێـدەڵەم، ئەگەر بێـتو جەنـگی سـێیەمی جـیهـانی هـەڵبگـیرسـێت، دەبێـت جەنـگی چـوارەمی جـیهـانی بـە شـەڕە بـەرد بـکـرێـت.
نەفـرەت لـە شــەڕ و شـەڕخـوازان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٧/ ئـادار/٢٠٢٢




پرسی فێمێنیزم و کێشەکانی ژنی کورد.. سوهەیلا مێهەمی

جیهانی واقیع جیهانێکە، کە یەکەم مەرجی ژیانەوەی لە ڕووی سیاسەیەوە هەبوونی دوو ڕەگەزی باڵادەست و بندەستدا بووە؛ هەبوونی چینایەتی و دابەشکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی ڕەگەز، بنەچە، ڕەنگی پێست، زمان، ناوچە و تاد.. بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵات بناغە و بنیاتی دەسەڵاتی مادیی پێوە بووە، وەکوو بە کۆیلەکردنی ڕەشپێستەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی کاری ئەوان؛ لە زیادکردنی سامان بۆ خاوەن دەسەڵاتەکە. سیاسەت هەر لە سەرەتای بوونەوە لە دوو چەمکی دەسەڵاتی زاڵ و بن دەست پێکهاتووە و کەسێک کە بن دەستە قەد ناتوانێت و نەبووە کە دەوری دەسەڵاتداری زاڵدا، بگیڕێت. سیاسەت لە شێوەی زاڵیدا دەتوانێ دەگیرکار بێ لە شێوەی چینایەتی، ڕەگەز، ئیتنیک و تاد… بزوتنەوەی فێمێنیزمی و شوناسخوازی کوردیشی لە بەر گرتووە و ئەم بازنەیە بە لە بەرچاو نەگرتنی ئەم چەمکانە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و هەبوونی بزافێک بۆ پێناسە و بوونی خۆی دەردەبڕێ. داخوازییەکانی ژنی کورد لەم بازنەیەدا؛ ڕۆژانە بەهۆی شوناسی کوردبوون و ڕەگەزی ژنبوونی لە بەر چاو ناگیردرێت. توندوتیژی چەند لایەنە بە سەر ژنانی کورددا زاڵە؛ بە پێچەوانە هەندێ ڕوانگە کە بەس توندوتیژی لە لایەنی نەتەوەیی و شوناسەوە لە بەر چاو دەگرن و لایەنی ڕەگەزی ناخەنە بەر چاو. بە بڕوای من دەبێ کۆمەڵناسان و دەرووناسەکان و لایەنە بزاڤییە ئازادیخوازەکان خۆیان لە تێۆری و پێناسە دەقکراوەکان خۆیان بپارێزن و چەمکی فمنیزمی کوردی وەکو چەمکێکی زیندوو کە لە چەند لایەنەوە دەدرێتە بەر توندوتیژی، لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن و وەکوو دیاردەیەک کە زیندووە و بەردەوام لە گۆڕاندایە چاوی لێ بکەن و شێوەی لە شێوەکانی ئایین و داخوازییەکانی ڕەگەزی بەردەوام لە گۆڕاندایە. توندوتیژی لە دژی ژنی کورد و ئەو ئەزموونە لە لایەن ژنی کورد هەموو توندوتیژییەکان لە خۆ دەگرێ بەهۆی ڕەگەز و چینایەتی و شوناس و ناوچە و جوگرافیا و نەبوون و نەهیشتنی دەرفەتی ئاشنایی بە ماڤی مرۆڤایەتی ژنێک و هتد. کە چەند دەسەڵاتی زاڵی سیاسەت و دەسەڵاتی ئایین و دەسەڵاتی ڕەگەزی سەرتر، هۆکاری ئەم توندوتیژیییەیە کە لە هەمبەری ژنی کورد. کە لە شێوەی یەک دەیەڵاتی تەبا؛ ماڤی ژن لە بەر چاو ناگرن.

ئەزموونی توندوتیژی ژنانی کورد لە ئەم سێ ڕێیانەدا؛ بە دوو چەمکی بن دەستی نەتەوە یا شوناس و ڕەگەز؛ لە چوارچێوەی پێناسەی دەسەڵاتی فێمێنێستی ئێراندا لە دژی ژێر دەستی ڕەگەزی و لە چەمکی داخوازی و پێناسەی نەتەوەییدا دەخرێتە پەراوێزەوە، چونکە توندوتیژی دژی ژنی کورد بە تەنیا بەرهەمی سیاسەت یا ئایینەوە نییە، ئەمە بەرهەمی هەر دوو چەمکە کە ڕەنگدانەوە یاسای زاڵە لە ساڵانی ڕابردوودا ژنکوژی بە ناوی کوشتنی نامووسی و چەمکێکی ڕێگە پێدراوی دەدەن و ژن وەکوو نامووسی پیاو دەبێ هەموو مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی لێ زەوت بکردرێت و دەربەست لە خزمەتی پیاودا بمێنێتەوە تا کوو دوچار کوژران نەبێ. ژنی عاقڵ، ژنی بەحەیا ژنی بن ماڵ، دایک، ژنێکی گوێڕایەڵە هەموو دەرکەوتەی دەسەڵاتی زاڵی ڕەگەزایەتییە کە هەموو ڕێگاکان لە ژن تووند دەکاتەوە بۆ چەوسێنەری زیاتر.
لە ڕاستیدا ژنی نەتەوەی زاڵ هیچ کێشەیەکی ئیتنیکی، زمانی، ئایینی و چینی بن دەستی نییە و ئەگەر ئێمە سێ گۆشەیەکمان هەبێ بۆ پیشان دانی هەڵاواردنەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئێراندا ژنێکی فارس زمان لە سەرەوەی سێ گۆشەکەیە و ژنی کورد لە خوارەوەی ئەو سێ گۆشەیە دادەنرێت، لە ڕاستییدا کاتێک باس لە سەر مافی ژنێک دەکرێ لە ئەو بازنەیەدا مەبەست ژنێکە کە لە چینی باڵادەستە کە هەندێ مافی تایبەتی پێی داون، بە دانانی ژن لەم بازنە دیاریکراوەدا، دیارە ژنانی ئیتنیکیتر لەم بازنەیەدا ناگونجن و پەراوێز دەخردرێن. بە لە بەرچاو گرتن و دانانی یاسای هەڵاواردن؛ هەموو ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژن ڕووندەبێتەوە و دەکرێ بە گۆڕانکاری یاساکان ئەو توندوتیژیانەی نێو کۆمەڵگا ئاستی زۆر بهێنرێتە خوار. ڕاستە کە لە سەر ئاستی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەبێ ئیش بکردرێت و سڕینەوەی نەریتە داڕزاوەکانێک کە لە بیری بەرتەسک سەرچاوە دەگرێ کار بکردرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یاسا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگادا.

گرینگی ڕۆڵی یاسا لە بەرەو پێشچوون یان سەرکوتی بزووتنەوی مافخوازی ژنان
بێگۆمان یاسا یەکێک لە ئامرازە هەرەگرینگەکان بۆ بەرەوپێش چوونی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانە و مافخوازانەی ژنانە. یاسای بنەڕەتی وڵاتان دەتوانێت کاریگەری ئەرینی یان نەرینی لە سەر بزووتنەوەی ژنان بێت.
کاتێک کە ژنان لە کۆمەڵگایەک هەست بە چەوساندنەوە دەکەن، ئەمە دەرخەری وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنانە لەسەر خواست و مافەکانیان. ژنان بەرپرسیارنە دەچنە نێو ڕیزی خەبات لەدژی چەوساندنەوەیان و ئەو هەڵاواردنانەی کە بەرەوڕووی دەبن، هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆیان. لەم قۆناغەدا گرینگی ڕۆڵی یاسا دەردەکەوێت، لە ئەگەری ئەوەی کە خواستەکانی ژنان بڕواتە نێو یاساوە و مافەکانیان یان بەشێک لە مافەکانیان ڕەچاو بکات ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ژنان بە ئامانجەکانیان بگەن و بزووتنەوەکەیان بەهێز دەبێت. وەکوو ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و پێشکەوتوو یاسا پاڵپشتی ژنانە و بەشێک لە مافەکانیان بۆ دەستەبەر بووە؛ دەبینین کە بە پاڵپشتی یاسا ڕۆژانێک وەکوو ۲٥ی نۆڤامبر و ٨ی مارس تێکەڵ بە کولتووری ئەو وڵاتانە بوو.

هەڵاواردنی ڕەگەزی جیا لە هەڵاواردنی نەتەوەیی نییە کە دەبێتە ستەم و زوڵمی دووبەرابەر لە هەمبەر ژنی کورد؛ لە ڕاستییدا بزووتنەوەکانی فێمێنیزمی کە دەبێ چەمکی ئازادیخوازی و یەکسانی بپارێزن هەندێ جار دەبینین لە فێمێنیزمی ئێرانیدا؛ هەندێ جار هەڵوێستێکی دوو لایەنەیان لە کەناری باسی بە خاوەن بوونی ژنان لە لایەن ڕەگەزی پیاوسالاریدا هەیە لە هەمبەر ئازادیخوازی ژنی کورددا، دەبینین هەر ئەو ژنانی فمنیست کە سکاڵایان بەرزە لە دژی بە پیاوسالاریدا؛ باسەکە دەگاتە ژنی کورد، زۆر ئاشکرایە لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە، بۆ کێشەکانی ژنی کورد دەڕووانن. ئەو ڕخنانەی کە لە ژنی کورد دەگرن بە هۆی چەک هەڵگرتنی ژنان لە هەمبەرشەڕی داعیش زۆر بێ مانایە بە بڕوای من تەنانەت بزووتنەوەی فێمێنیزمیش دەتوانێ بۆ شەڕێکی ناڕەوا خۆی بە چەک بکات کاتێک هەفپەیڤین لە ڕفاندن و توندوتیژی سکێکسی و کوژران بێ واتایە ژنێک دەبێ داکۆکی بکا لە خۆی.

لە ئێستادا ئێمە لە گەڵ دوو ڕۆانگەی فێمێنیزمییدا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە دوای دوو ئاراستە فیکرییدا کەوتوون؛ لیبرالیزم کە بانگەشەی سیستەمی سەرمایەداری دەکا و مارکسیزم کە ڕەخنە دەگرێ لە پێکهاتەی فیکری لیبرالیزم؛ لیبراڵ فێمێنیزم پشتگیری چینی باڵادەست دەکا جیا لە شێوەی دەسەڵاتداری (ڕەنگە فاشیست ، دیکتاتور ..) کە نێو دەزگا دەوڵەتییەکاندا دەبێتە نوێنەری ژنان و لە سەرچاوە ئابوورییەکان بۆ خۆ سوود وەر دەگرێ، خوازیارە ژنانی چینی باڵادەست لە شوێنە دەوڵەتییەکان ببنە خاوەن کار و پیشەی خۆیان و چینی ژنی هەژار و پایین دەست لە بیر دەکا، بەڵام بە گشتی خەباتی ژنان بە درێژایی مێژوو بۆ دەستەبەر کردنی ماڤە ڕەواکانیان و ڕزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالارییدا بەردەوام بووە و مێژووێکی زۆر درێژی هەیە و هەر لە درووستبوونی شارستانیەت مرۆڤی ئازادیخواز هەوڵی ئەوەی داوە کۆیلەتی و دیلبوون بسڕدرێتەوە و بۆ بە کولتووریکردنی ئەم هەوڵە بەردەوام کەسانێکی ڕووناکبیر لە حەول و تەقەلادا بوون بۆ مسۆگەرکردنی مافی تاک. لە کوردستاندا ژنانێکی تێکۆشەرمان هەیە، ڕەنگە دووچاری زۆر کۆسپ و تەگەرە بن لەم ڕێگایەدا هەر چەند بچووکیش بێ ئەو دەستکەوتانەیان، بەڵام بەردەوامن گەورەترین کێشەی ژنی کورد لە ئەم سەردەمەدا کە گەیشتن بە مافی ڕەوای مرۆڤایەتی دوا دەخات سەڕەتا هەبوونی یاسای دژە ژنە کە یاسا لە ڕووی ئایینەوە ساز کراوە؛ کە دەبوایە بە پێی ڕەوتی سەردەم گۆڕانکاری تێیدا هەبوایا وەکوو ئەوەی ژن موڵکی پیاوە و دەبێ لە سەر هەموو وردەکارییەکانی ژیانی پیاوێک بڕیار بدات، ئەوەی دیکە هەبوونی نەریت و کولتوورێکی باوە لە ناو خەڵکدا کە ژن بە پێوەرەکانی هەزاران ساڵ لەوەو پێش لە بەر چاو دەگرێ، کە واتە کۆمەڵگا و ئاستی ڕووناکبیری خەڵکەکەی دەبێ گۆڕانکاری بە سەر بێ و گرینگترینیش ئەوەی یاساکان یەکسانی و دادپەروەری لە بەر چاو بگرن و بە پێی مافی مرۆڤی جیهانی شرۆڤەی بۆ بکات. ڕاستە ئەم کێشانە زۆر لە کۆمەڵگای کوردیدا وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاون و بەڵام پیاو نابێ چەمکی فێمێنیزم بە شتێکی نامۆ بزانێت و تێفکرینی ئەوەی هەبێ ئەمە وەکوو چەکێک لە دژی پیاو بە کار دەبرێت دەبێ پیاویش هەوڵبدات لە پەراوێز خستنی ژن دەنگی هەڵبڕێت و داواکاری مافی یەکسانی ژن و پیاو بێ. وەکوو هەندێ کەس کە دەڵێن فێمێنیزم ئەندێشە و تێفکرین و قوتابخانەی ڕۆژئاوایییەکانە و لە کوردستاندا نابێ ئەو قوتابخانەیە وەکوو ئەندێشەیەکی مافخوازانە بە کار ببردرێت. ئەو بڕوایانە هەیە سروشتی ژن لە بنەڕەتدا هەر وایە و نابێ ئەو مافانە بە ئەو بدرێت، کە ئەمانە دیارە سەرچاوە فیکرییەکەی لە ئایینەوە وەرگیراوە کە بڕوایان ئەوەی ئایینی ئیسلام هەموو مافەکانی مرۆیی بە ژن داوە، ئەمانە دەبێتە بەربەستێک لە بەر دەم بزاڤی ڕزگاری خوازی و یەکسانیدا. بزوتنەوەی ئەندێشەی ژنی ئازاد تا ڕادەیەک کاریگەری داناوە لەوەی کە سیستەمێکی چەوسێنەر و کۆمەڵایەتی و ئابووری زاڵ بە سەر چینی ژناندا پیشان دەدات.

دەبێ بە کردەوەکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی و دادپەروەری ڕێکارەکان بخرێتە ڕوو، لێرەدا دەبێ شیکردنەوەیەکی بنەڕەتیمان هەبێ لە کێشەکانی ژنان و ئینجا بۆ ڕێکارەکانی بگەڕێین، کە بە هۆی بەربەستی زاڵ هێشتا نەیتوانیوە ببێتە پاشخانێکی فیکری و مەعرەفی لە نێو کۆمەڵگادا. بۆیە هەمیشە ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لە پارادۆکسەکاندا، لە میدیاکان بە تایبەت بۆ پێناسەی ژن، بەرنامەیەک داڕژراوە کە ڕەنگە ڕیشەکانی لە لیبراڵیزمدا بدۆزینەوە، دەرکەوتنی ژنێک بە چەندەها نەشتەرگەری جوانکاری و پێناسەی ژنێکی باش لە فیلەر و بۆتۆکس و جۆرەها پرۆتین کە بە لەش و لارییەوە دووراوەتەوە لێرەدا ئەندێشە و زهنییەتی ژن لە پەراوێز یا تەنانەت سڕاوەتەوە و خودی ژن لەم بە کوێلەکردندا ڕۆڵی هەیە. بە کارهێنانی خودی ژن لە خزمەتی سیستەمێک کە بۆ بە کەرەستەکردنی هەر شتێک هەوڵدەدا لە بازاڕەکانی ئابوورییدا. بە کاڵاکردنی ژن هەر خۆی بۆ پەسەندکردنی لایەنی پیاوانە دایە و دیسانەوە مەیل و خواستی پیاوە کە دەبێتە پێوەر؛ کە بە هەڵە ئەم نەشتەرگەرییە مۆدیڕنانە بە ناوی ماف ناوی لێ دەبەن و ئۆبژەبوونی ژنان لە جیهانی مۆدێڕنیشدا بە شێوەگەلی جیاواز هێشتا درێژەی هەیە.

شێوەی پەروەردە کردنی تاکی ئەم کۆمەڵگا لە ڕووی عادەت و باودا تێپەڕ نەبووە؛ بە شێوەیەک کە بۆ هۆشیار بوونەوەی منداڵەکانمان هەوڵبدەین، پەروەردەکردنی هزر و ئەندێشەیەک کە ڕێز لە هەموو چین و تووێژ و تەنانەت هەموو بوونەوەرکان بگرێت، کە پرۆسەیەکی درێژخایەنی پێویستە، بەڵام بە گشتی باس لە سەر توندوتیژییە لە سەر چینێکی کۆمەڵگا کە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە لە خۆ دەگرێ و بە بیانووی شەرەف و نامووس ژنان بە دەستی پیاوان دەکوژرێن و یا ژن لە چوارچێوەیەکی بێ هێواییدا خۆی دەسوتێنێت و خۆی لە ناو دەبا و لە ڕاستییدا هیچ هەوڵێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ بۆ لە ناو بردنی ئەو یاسایانە نادرێت کە ژنی کوژراو بە تاوانبار دەزانێ و پیاوی بکوژ دوای ماوەیەک دەستبەسەر کردن ئازاد دەکرێ و یاسا مافی کوشتنی پێ دەدا و لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی پەنچە دەخاتە نێو ژیانی تاکەکان هەر وەها کە فوکو ئاماژە بەوە دەکات باس لە سەپاندنی دەسەڵات بە سەر ژیاندا دەکا؛ ئەگەر زلهێزی بۆ هیچ کەس گونجاو نییە بۆچی پیاو چ بە ڕەوشت و چ لاواز؛ بە شیاو دەزانین کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ژنێکەوە هەبێ؟ کە گەندەڵی دەسەڵات لێرەدا خۆی پیشان دەدا. یاسای سەردانەواندن لە ئێستادا لە ژیانی هاوبەشی ڕوو دەکاتە ژن، کە پارادۆکسێکە لەگەڵ ژیانی مۆدێڕنی ئێستا و بە هۆی یاسا و نەریتەکانی نێو کۆمەڵگادا کە هەموو دژە ژنن، ئەوە مسۆگەر نابێ کە دوو کەس هەموو شتێکی ئەو ژیانە لە بەین خۆیاندا بەش بکەن و کەسێک دەسەڵاتی تەواوی نەبێ و کەسێکی دیکەیان بن دەست بێ بە هیوای جیهانێک پڕ لە تەبایی و یەکسانی و دادپەروەری و هۆشیاری.

هەشتی ماڕسی 2022
سوهەیلا مێهەمی




ناونیشانێك بۆ وتارێكی بێ ناونیشان!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

له‌ ژماره‌ هه‌فتی گۆڤاری سه‌نگینی (دیوان) دا، ( سه‌عید عه‌بدوڵا) وتارێكی له‌ باره‌ی ڕۆمانی كچانی دووكه‌ڵ و ئاگر، به‌ ناوی(وتارێكی بێ ناونیشان) نووسیوه‌. خوێنه‌ر كه‌ وتاره‌كه‌ ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ئه‌مه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردو هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، كه‌چی كاتێ وتاره‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌رشتێكی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێت و ده‌بینێت كه‌ سێ به‌شی وتاره‌كه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به‌و ڕۆمانه‌وه‌ نییه‌ و به‌شێكی په‌سندانی خۆیه‌تی و به‌شه‌كه‌ی تریشی، باسكردنه‌ له‌ چه‌ند نووسه‌رێك، كه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندییان به‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ نییه‌. هه‌ڵبه‌ته‌، من ئه‌و ڕۆمانه‌م نه‌خوێندۆته‌وه‌، چونكه‌ هێشتا نۆره‌ی خوێنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌یان كتێبی دیكه‌ نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ هیچ ناڵێین، ته‌نها له‌ باره‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌رنجه‌ كورت و ڕاگوزه‌رانه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ ئیستێك ده‌كه‌ین، كه‌ گوایا به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌و، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كن له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن و به‌ سه‌ر وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ تێپه‌ڕیون. به‌رله‌وه‌ی باس له‌و سه‌رنجانه‌ بكه‌م، ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ وه‌رگێڕی ئه‌و ڕۆمانه‌، یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێڕه‌ كارامه‌ و جواننووسه‌كانی ئێمه‌ و منیش پێشتر له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانه‌كانییه‌وه‌، سه‌رنج و دیدگای خۆم خستۆته‌ ڕوو، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و به‌ ناو ڕه‌خنانه‌ی له‌ كاره‌كانی ئه‌و وه‌رگێڕه‌ ده‌گیرێن ( كه‌ من پێشتریش وه‌ڵامی هه‌ندێكییانم داوه‌ته‌وه‌) له‌ ڕاستیدا ڕه‌خنه‌ نین، به‌ڵكو تێنه‌گه‌یشته‌ له‌ زمانی وه‌رگێڕان و ڕه‌هه‌ندی واتاییانه‌ی وشه‌ و زمان له‌ كاری وه‌رگێڕاندا. زمانی كوردی، له‌ جۆری ئه‌و زمانانه‌یه‌، كه‌ ناتوانرێت فۆڕمێكی جێگیریی واتاییانه‌ی پێ بده‌یت و ده‌شێ وشه‌یه‌ك زۆرتر له‌ ڕه‌هه‌ند و مانایه‌كی هه‌بێت، یان میتافۆر بێت بۆ شتێك، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌میشه‌ دیوێكی دیكه‌ی واتاییانه‌ی ئه‌و زمانه‌ ببینین، كه‌ دیوێكی ناڕاسته‌وخۆیی واتاییانه‌ و ئاماژه‌ییانه‌ی زمانه‌، له‌ گوزارشتكردن و ده‌ربڕیندا، ئێستاش دێینه‌ سه‌ر سه‌رنجه‌كانی ئه‌وبه‌ڕێزه‌، له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه‌وه‌.

  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( نازانم بۆچی وه‌رگێڕ وشه‌ی باڵیۆزی به‌كار هێناوه‌، چونكه‌ باڵیۆز ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌تان و بۆ بوارێكی دیاریكراوه‌، وه‌ك باڵیۆزی ئاشتی، باڵیۆزی په‌نابه‌ران) پرسیار ئه‌وه‌یه‌، تۆ بڵێی وه‌رگێڕی ئه‌م ڕۆمانه‌، نه‌زانێت باڵیۆز وشه‌یه‌كی سیاسییه‌؟ له‌ ڕاستیدا، باڵیۆز لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كی سیاسی نییه‌، به‌ڵكو نرخاندن و پێزانین و پایه‌داركردنی كارێكه‌ كه‌ نموونه‌ییه‌. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دیوێكی دیكه‌ی واتاییانه‌ی زمانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ زمانی كوردیدا، ده‌یان نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌ن، ده‌توانم بڵێم ناڕاسته‌و خۆ، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی واتاییانه‌ به‌ده‌ر له‌ واتا بنه‌ڕه‌تییه‌كانییان ده‌گه‌یه‌نن. بۆ نموونه‌ ده‌گوترێت:(له‌ چاوێ شێری ناگه‌ڕێته‌وه‌) به‌ڵام ئایا كه‌س هه‌یه‌ له‌ شێر نه‌ترسێت؟ ئایا شێر لێره‌دا هه‌مان ئه‌و شێره‌ی نێو جه‌نگه‌ڵه‌كانه‌؟ یاخود ده‌گوترێت ( ده‌ڵێی به‌هه‌شته‌) كه‌س به‌هه‌شتی بینیوه‌، تا وه‌سفی شوێنێك به‌ به‌هه‌شت بكات؟ یان ده‌گوترێت ( له‌ سه‌ر سه‌رمت داده‌نێم) ئایا ده‌توانین مرۆڤ له‌ سه‌ر سه‌رمان دابنێین؟ بۆیه‌ وشه‌ی باڵیۆز هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نیییه‌ و پتر نرخاندنی كارێكه‌ نه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بێت. دواتر ده‌نووسێت (نوێنه‌رمان هه‌یه‌ و كه‌سیش دانی پێدا نانێت) ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی نووسه‌ر ڕاست بێت، من نازانم ئه‌و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌ی حكومه‌ت، له‌ ده‌یان وڵاتی دنیادا چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی بۆچی فه‌رمانگه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ ناوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌؟
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( وشه‌ی دێمنیشای له‌ جیاتی خه‌ڵه‌فان به‌كار هێناوه‌، ده‌بووایا بنووسێت ئاستی ئاگایی دابه‌زیوه‌) ئه‌گه‌ر كه‌سێك خه‌ڵه‌فا و واتا تووشی (زه‌هایمه‌ر) بووبێت، ئاگایی ده‌مێنێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌، ئاگاییان به‌ پێی ئاست هه‌ڵبكشێ و دابكشێ ، ئه‌وا دواتر كه‌ ئاگایان به‌رزبووه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ باری ئاساییانه‌ی ژیانی خۆیان و كار و ڕه‌فتارییان زۆر هزرییانه‌ ده‌بێت. بۆ زانیاریی نووسه‌ر، ئه‌وانه‌ی تووشی نه‌خۆشی له‌ بیرچوونه‌وه‌ ده‌بن، ئاگاییان ورده‌ ورده‌ و به‌ خێرایی نامێنێت، چونكه‌ خانه‌كانی مێشك ده‌مرن، بۆیه‌ دابه‌زین و هه‌ستانه‌وه‌ له‌ ئاگایی و مێشكیی مرۆڤێك كه‌ تووشی نه‌خۆشی (خه‌ڵه‌فاوی زه‌هایمه‌ر) بووبێت نییه‌. ، خۆ مێشك فشاری خوێن نییه‌، تا به‌رزبێته‌وه‌ و نزم بێته‌وه‌. تاكو ئێستاش چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ كه‌سانی خه‌ڵه‌فاو، ئاگاییان نامێنێت و به‌ نه‌مانیشی، جارێكی تر نایه‌نه‌وه‌ دۆخی ئاسایان، چونكه‌ خانه‌كانی مێشك، تاكه‌ خانه‌ن له‌ له‌شی مرۆڤدا كه‌ مردن، وه‌ك خانه‌كانی دیكه‌ی له‌ش جارێكی تر دروست نابنه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و سه‌رنجه‌ی پتر ڕه‌شكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌یه‌، نه‌ك ڕه‌خنه‌گرتن.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وه‌رگێر وشه‌ی یه‌خچاڵی بۆ به‌فرگر به‌كار هێناوه‌ كه‌ توركییه‌ و ئێمه‌ وشه‌ی به‌فرگرمان هه‌یه‌) بێگومان، وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت وشه‌ی ( یه‌خچاڵ) توركییه‌، به‌ڵام به‌فرگر، هاوواتای یه‌خچاڵ و (سه‌لاجه‌) نییه‌ بۆ زانیاریی نووسه‌ر، به‌ڵكو له‌ زمانی كوردی، به‌ فرگر له‌ به‌رامبه‌ر وشه‌ی (موجه‌میده‌) به‌كاردێت، چونكه‌ دیاره‌ ئه‌مه‌یان، له‌ یه‌خچاڵ یه‌كجار ساردتره‌ و به‌فری زۆرتر ده‌گرێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌خچاڵ، به‌ شێكی كه‌می كه‌ (فرێزه‌ره‌كه‌یتی) به‌ فر ده‌گرێت. بۆیه‌ به‌فرگر، هاوتای یه‌خچاڵ نییه‌، گه‌لێك جار ساردكه‌ره‌وه‌ به‌كاردێت، كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ بڕوای من گونجاوتره‌.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_ ڕسته‌ی ( چونكه‌ گوتی ئه‌و ناتوانێ متمانه‌ به‌و قه‌حپه‌یه‌ بكات) ده‌بوو به‌و جۆره‌ بێت (چونكه‌ ئه‌و ناتوانێ متمانه‌ به‌و قه‌حپه‌یه‌ بكات). بێگومان ئه‌م دوو ڕسته‌یه‌، له‌ ڕووی ئاماژه‌و لایه‌نی ڕێزمانیشه‌وه‌ جیان له‌ یه‌كتری، چونكه‌ له‌ڕسته‌ی یه‌كه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ گوتنێك هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕسته‌ی دووه‌م.
    وێرای ئه‌مانه‌ش، نووسه‌ری وتاره‌كه‌، گه‌رچی ڕه‌خنه‌ له‌ زمانی ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و خۆشی له‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كردووه‌. بۆ نموونه‌ نووسیویه‌تی:(ئه‌وان له‌ به‌رو پشتدا ئازاریان هه‌یه‌ و نۆ مانگ كۆرپه‌یه‌كییان هه‌ڵگرت) مه‌به‌ستی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ له‌ كۆرپه‌، ئه‌و منداڵه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو ڕه‌حم و سگی ژن دایه‌، به‌ڵام ده‌ربڕینه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێی ده‌بڕینه‌كه‌ی ئه‌و بێت، ئه‌وا كۆرپه‌كه‌ له‌ ئامێز هه‌ڵگیراوه‌، جگه‌ له‌مه‌ش (كۆرپه‌كان) دروستتره‌، چونكه‌ ژنه‌كان كۆنه‌! له‌ شوێنێكی دیكه‌ش نووسیویه‌تی:( سه‌ربار له‌ ژێر بار گرانتره‌) ئه‌م ئیدیۆمه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر به‌ كاردێت به‌و شێوه‌یه‌یه‌ ( سه‌ربار له‌ بن بارگرانتره‌) واتا سه‌ربار و بن باره‌كه‌، له‌ سه‌ر پشتی وڵاغه‌كه‌یه‌ (باره‌به‌ره‌كان) ئه‌گه‌ر به‌ پێی ده‌ربرینه‌كه‌ی نووسه‌ربێت، لێره‌دا (سه‌ربار و بن بار) هه‌یه‌ و ژێره‌وه‌، واتا ژێره‌وه‌ی باره‌كه‌ هه‌مووی. خۆ زمانزان و كه‌سانی پێشوو له‌ خۆوه‌ نه‌یانگووتووه‌ (بن بار) ئه‌م ورده‌كارییانه‌، زۆرجار ده‌بنه‌ هۆكاری گۆڕینی ماناكانی زمان و ده‌ربڕین، كه‌ ده‌شێ واتایه‌كی تر و ئاماژه‌یه‌كی تر بگه‌یه‌نن. دواجار ده‌ڵێم خۆزگه‌ نووسه‌ری وتاره‌كه‌، هه‌ر سه‌دو شه‌ست و سێ هه‌ڵه‌كه‌ی بڵاو ده‌كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران به‌رچاو ڕوونییان زیاتر بێت و بزانن ڕه‌خنه‌كان چین!

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌(9) ی گۆڤاری دیوان، شوباتی 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




سەرەتای کۆتایی پۆتین.. نووسینی: ئەندریە کەندا/ وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی


(دیکتاتۆر بە جێگیری دەردەکەوێت هەتا ئەو کاتەی کە جێگیر نییە!)

نووسینی: ئەندریە کەندال @ ئێریکە فڕانتز
٢یئازاری ٢٠٢٢ ….. سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

هێرشەکەی پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا، بۆ سەر ئۆکڕانیا ڕوون و ئاشکرابوو. هەر لە ساڵی ٢٠٠٠وە کە هاتە سەرحوکم، زۆرێک لە سەرۆکی وەڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان دا کە لەگەڵیدا هەماهەنگی بکەن و خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن و دانوستاندنی لەگەڵدا بکەن. بەڵام کە هێرشی کردە سەروەڵاتێک، کە وەک خۆی دەڵێت مافی بوونی نییە، وای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە پۆتین وەک و کە هەیە ببینن، وەک کەسێکی شەڕخوازکە توانایەکی دیاری لە وێرانکردندا هەیە. ئەنجامەکەشی بریتیبوو لە ئیجڕائاتی تازەی سەرتاسەری لە دژی ڕوسیا کە خۆی بینییەوە لە تەوقکردنی، گەمارۆخستنە سەر دام و دەزگا داراییەکانی، قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیا بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا، هەروەها زیادکردنی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکڕانیا. هەتا ئەڵمانیاش، کە ماوەیەکی درێژدوودڵ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆتین، ڕازیبوو بە دەرکردنی بانکەکانی ڕوسیا لە سیستەمی دارایی نامەیی سویفت و ڕازیبوونی بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆربووونەیدەهێشت، هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاویش بودجەی بەشی سەربازی زیادکرد. هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا شتێکی کەمترنەکرد لە گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر پۆتین کە دەبێ ڕووبەڕووی ببنەوە.
گۆڕانێکی ڕیشەیی لەوجۆرە بەباشی دەتوانێت بچێتە ناو ڕوسیاشەوە. بە درێژایی حوکمی پۆتین تاڕادەیەک جێگەی پێزانین و سوپاسکردن بووە لە لایەن گەلی ڕوسیاوە. زووربەشی بەهۆی ئەوەوە بوو کە توانی ئابووری ڕوسیا ببوژێنێتەوە دوای ئەو قەیرانەی کە لە نەوەتەکاندا تێی کەوتبوو. لە کاتێکدا زووربەی ڕوسەکان هەندێک وەهمیان هەبوو دەربارەی سەرۆکەکەیان ، وە دانیان دەنا بە گەندەڵی کە خۆی و دەستەبژێری دەوروبەری لێی بەهرەمەندن، بەڵام نەیاندەزانی کە پۆتین شەڕێکی ئاهوا گەورە لە دژی ئۆکڕانیای هاوسێیان هەڵدەگیرسێنێت. بۆ چەندین مانگ، زۆر لە لێکۆڵەرەوەکان، شیکەرەوەکان، هەروەها هاونیشتیمانیان وەکویەک قەناعەتیان پێکرابوو کە پۆتین لە کردەوەیەکی ئاهوا شەڕەنگێزیدا تێوەناگلێت. دەنگوباسی شەڕو لێکەوتە ئابوورییەکانی کە بەدوایخۆیدا هێنا وای لە ڕوسیەکان کرد کە بە شێوەیەکی جیاواز هەم ڕوسیاو هەم پۆتین ببینن. ڕوسیای ئەوڕۆهەمان ڕوسیای هەفتەی ڕابردوو نییە!
قسەیەکی ژیرانەی باوهەیە کە دەگوترێت: پۆتین دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەهەرپەرچەکردارێکی ناوخۆیی. ئەوەش زۆر لە ڕاستی نزیکە. لە سیستەمی سەرکوتگەریی تاکەکەسیدا کە تەواوی هێز لەدەستی تاکە کەسێکدا کۆدەبێتەوە وهیچ کام لە حیزب و ئەنجومەنی سەربازی وخێزانی پاشایاتی دەستیان تێیدا نابێت، زۆرئەستەمە کە سەرۆک بەهۆی جەنگەوە جا با تووشی تێکشکان و بەزینیش ببێت بتوانرێت لە کورسییەکەی وەلابنرێت. ئەمەش هۆیەکەی هەم ئەوەیە کە دەستەبژێرئەوەندە بەهێزنین تا بتوانن دیکتاتۆر بەرپرسیار بکەن وهەم بەهۆی ئەوەش کە جەماوەری ناوخۆ هەلی زۆر کەمیان لەبەردەمدایە تا بتوانن سەرۆکەکانیان بەهۆی کارەکانیانەوە سزابدەن. بەڵام دەربارەی سیستەمە چەوسێنەرەکانی وەک ڕوسیای پۆتین ئەوەیە کە هەمیشە ئەوسیستەمانە هێندە بە جێگیری دەردەکەون تا ئەو خاڵەی کە لەڕاستیدا وا نین. پۆتین رسکێکی گەورەی کرد بە هێرشکردنە سەر ئۆکڕانیا، هەروەها یەک دەرفەت هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە گەشەکردندایەو بریتیشە لە دەسپێکی کۆتایی پۆتین.

قەڵای ڕوسیا
هۆی باش لەبەردەستدان کە بڵێین پۆتین دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پەرچەکردارانە ببێتەوە کە هی ئەنجامی شەڕەکانی ئەوون. ئەو تا مەودایەکی درێژ ڕۆییشتووە لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕوسیا و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و فەزای ڕۆشنبیری لە ڕوسیادا. ژەهرخواردکردنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا، ئەلێکسی نەڤانلی، و قەدەغەکردنی پەیکەر، کە لە دوای حوکمی سۆفیاتەوە بە گرنگترین دەزگای مافی مڕۆڤ دادەنرێت، ئەوە دەگەێنێت کە سیستەمی پۆتین لە پێناو مانەوەی خۆیدا سەرکوت دەکا. ڕوسیەکان ئەو پەیامەیان پێگەییشتووە. بە پێی سەرژمێرییەک کە ٢٠٢١ سەنتەری لەڤادە ئەنجامی داوە لە ٥٢٪ی ڕوسەکان لە سەرکوتی بەکۆمەڵ دەترسن و لە ٥٨٪یان دەترس کە لەناکاوو لە خۆڕا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بگیرێن و ئازاربدرێن. لە ساڵی ١٩٩٤ وە ئەو نیشانانە ڕووەو هەڵکشان ڕۆییشتوون. هەڵکشانێک لەو جۆرە لە سەرکوت ئاساییە لە سەردەمی حوکمی سەرکوتگەرەکان کە بۆ ماوەیەکی دووروودرێژ لەسەر کورسی دەسەڵاتن. هەرچەندە ئەو سەرکوتگەرانە ماوەی دەسەڵاتیان درێژ بێت، زیاتر پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا دەپچڕێت و کەمتریش خزمەت بە هاونیشتیمانیان دەکەن. بۆیە لە ئەنجامدا ئەو دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرانە ڕێگای کەمیان لەبەردەمدا دەمێنێت بۆ بەردەوامی بە دەسەڵاتیان.
پۆتین شانبەشانی سەرکوت دەتوانێت یاری و مڕاوەغە لەگەڵ فەزای زانیاری ڕوسیادا بکات، بەجۆرێک پێکی بێنێت کە زۆر لە ڕوسەکان لە ڕوداوەکانی ئۆکڕانیا نەگەن. هەر لە ئێستاوە ئاساییشی ڕوسیا دەستی کردووە بە سانسۆرو چاودێری هەموو جوڵەیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندی بە جەنگی ئۆکڕانیاوە هەبێ. بۆ نموونە دەسەڵاتداران ڕادیوی ئیکۆمۆسکڤیان داخست کە ڕادیۆیەکی سەربەخۆیەو لە ساڵی ١٩٩٠وە کاردەکات. هەرچەندە نەوەی تازە زیاتر زانیاری لەو دەزگایانەی کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە بە دەست دەهێنن، بەڵام ئێستاش ڕژێم پانتایی زانیاری دەستکەوتنی بەدەستەوەیە. پێش ئەوەی ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکڕانیا، سەرژمێریەکان ئەوەیان پیشان دەدا کە زۆرینەی ڕوسیەکان لەگەڵ دانپێداهێنانی ناوچەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا بوون وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و هەروەها لۆمەی ناتۆیان دەکرد بۆ ئەو کێشەیەی کە درووست بووە.

کۆنتڕۆڵکردنی سەرکوت و زانیاری بە یەکەوە لە لایەن پۆتینەوە دەتوانرێت خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ لە پەرەسەندن بوەستێنرێت. تاکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار خۆپیشاندەر گیراوە کە چالاکییان لە دژی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەنجامداوە. بۆی هەیە ئەو ڕەشبگیرییە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خۆپیشاندانی تر لە دژی ڕوسیا لە ناوخۆی ڕوسیادا. لە کاتێکدا ڕوسی هەبن کە ژیانی خۆیان بخەنە خەتەرەوەو خۆپیشاندان بکەن ئەگەر بزانن کە خۆپیشاندانەکان بەرەو زیادبوون دەڕۆن و بە هۆی سانسۆریشەوە لەمەودوا سەخت دەبێ بۆ خۆپیشاندەران کە بتوانن بزانن چەند کەس ناڕازین بەو جەنگە. بۆیە لەوانەیە پۆتین زیاتر بەرەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگای ڕوسی هەنگاو بنێت کە کە ئێستا لە شڵەژاندایە. سیستەمە تاکڕەوەکان زۆرترلە سیستەمە ئۆتۆکڕاتەکانی تر بەرەو سەرکوت دەڕۆن لە وەڵام بە خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی کاتێک کە لە کردەوەی فراوانخوازییەوە تێوە دەگلێن وەک ئێستای پۆتین بۆ ئۆکڕانیا. سەرباری ئەوەش زۆرێک لە ڕوسەکان کە بەتەواوی لە پۆتین بێزاربوون وەڵات بەجێدەهێڵن ، وەک لە ئێستاوە هەندێکیان کردوویانە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی فشاری ناوخۆیی لەسەرت پۆتین.

هەروەها پۆتین بە تەواوەتی خۆی تەیارکردووە لە بەرامبەرهەڕەشەیەکی ترکە بریتیە لە جودابوونەوەی دەستەبژێر. لە کۆبوونەوەی باڵای ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی دا پۆتین بە فشار ئەندامەکانی ناچارکرد کە پشتگیری لێ بکەن لە بڕیاری بە سەربەخۆیی ناساندنی هەردوک بەشە جیابۆوەکە لە ئۆکڕانیا کە بریتین لە دۆنێتسک و لوهانسک. کە دوو ناوچەی جوداخوازن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا. ئەمەش لە توانای ئەندامانی ئەنجومەنەکەی کەم کردەوە کە ببنە هۆی لێکترازان و بڵێن پۆتین ڕوسیا بەرەو ڕێگایەکی هەڵدێر دەبات. ئینجا یەک ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هێرش بۆسەر ئۆکڕانیا پۆتین کۆبوونەوەی بە بەناوبانگترین و بەهێزترین لە دەوڵەمەندو خاوەنکارەکانی نێو دەستەبژێری ڕوسیا کرد. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە بوو کە گفتوگۆ لەسەر ئەو لێکەوتەو قەیرانە داراییانە بکەن کە لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا دێنەدی. ئامانجی پۆتین لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە پێیان بڵێت ئێوەش دواڕۆژتان و سەروەت و سامانتان بە مانەوەی منەوە گرێدراوە.

هەر هەموویان دەکەون!
بەڵام هۆی باشیش لەگۆڕێدان کە لەوانەیە شەپۆلەکان ئاراستەیان بگۆڕن. سەرباری سەرکوت، خۆپیشاندەران زیاد لە ٥٨ شاریان بەدەستەوە گرتووە لە سەراسەری ڕوسیادا. ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سەرەتادا دەستیان پێکرد زۆر نایاب بوون نەک هەر لە ڕووی نواندنی ئاڕەزایەتیدا ،بەڵک و لە ڕووی تواناشەوە. ئەمە ئەوەی سەلماند کە خۆپیشاندەران لە ژێر سایەی سیستەمە زۆر سەرکوتگەرەکاندا زیاتر بۆیان هەیە سەرکەوتوبن وەک لە ژێر سایەو دەسەڵاتی سیستەمە کەمترسەکوتگەرەکاندا. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە کاتێک خەڵک دەچێتە سەرشەقامەکان هەتا ئەگەر بێت و باجەکەشی زۆربێت دەبێتە هێمایەکی بەهێز بۆ هاونیشتیمانیەکانی تر کە تووڕەبوونی ئەوان ببینرێت. هەر بە پێی ئەو ڕێسایە سەرەتا خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ بوونە هۆی هاندان و پشت ئەستووری بۆ ئۆپۆزسیۆن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕوسەکان ئەو جەنگەی پۆتین بە ناڕاست دەزانن و پێان وایە کە پەرچەکرداری زۆرخەراپ و سەرتاسەری بەدوادادێت. ئەو کاتەی کە نادادپەروەری زۆر پەرە دەستێنێت ئیتر تواناو وزە دەدات بە خەڵک و دەشیان هێنێتە سەر شەقامەکان. هەروەک کە لە تونس ڕویدا کاتێک کە بەرپرسانی تونسی سوکایەتییان بە محمد البوعزیزی میوە فرۆش کردو دەستیان بەسەر کەل و پەلەکانیدا گرت ئەویش لە داخا ئاگری بەردایە جەستەی خۆی . بە هۆی ئەو ڕووداوەوە نەک هەر لە ناو تونس دا بەڵک و بەهاری عەڕەبی لە ساڵی ٢٠١١ دا بەدوای خۆیدا هێنا.

هەروەها جەنگ رکابەری کاریگەرو بەناوبانگی ناوخۆیی هەن کە تەنها یاخی و جودابۆوەکان نین. ئەوەتە چەندین خەڵکی بەناوبانگی ڕوسی نامەیان ئیمزا کردووە لە دژی شەڕ. ئەندری ڕوبلێڤ، ئەستێرەی تێنسی ڕوسی، لە سەر کامێڕای تەلەفیزیۆن نووسیویەتی” بە یارمەتیتان شەڕ نا”. سەرۆکی وەفدی ڕوسیا لە کۆنفرانسی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەەکان لەسەر هێرشی وەڵاتەکەی بۆ سەرئۆکڕانیا پۆزشی هێنایەوە و هەروەها کچی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پۆتین لە ئەکاوەنتی خۆی لە ئنستگڕام، هەر چەندە دوای چەند کاتژمێرێک کوژاندیەوە، نووسیویەتی ” شەڕ نا”. کەسە دەوڵەمەندو کاریگەرەکنی نزیک لە پۆتینیش نیشانە هەن کە کەیفیان بەو جەنگە ناێت. ئەناتۆڵی چوبایس، سەرۆکی پێشووی وزە، وێنەی بۆریس نەمرنۆڤ کە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا بوو وە لە بەردەمی کڕملین کوژرا، لەسەرلاپەڕەی فەیسبووکی خۆی وێنەکەی ئەوی داناوە. هەروەها ئەوەتا ئۆلێگ دێریپاسکە، ملیاردلێری ڕوسی بانگەوازی بۆ ئاشتی و دانووستان کرد.

هەتا ئەگەرئەو کارانەی پۆتین نەشبنە هۆی دەستبەجێ لەسەر حوکم لابردنی، ئەوا شەڕ لە گەڵ ئۆکڕانیادا خاڵی لاواز لە درێژماوەدا دەخوڵقێنێت. ئەوەتا هەر لە ئێستاوە گەمارۆکانی سەر ڕوسیا بەهای ڕۆبڵی هێنایە خوار و چاوەڕێش دەکرێ کە گەمارۆکان چڕتربکرێنەوە. ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات پۆتین لاوازتر دەکا. عادەتەن ڕژێمە تاکڕەوەکان لە کاتی گەمارۆکاندا بودجەی حکومەت کەم دەکەنەوە و بەمەش ژیانی خەڵکی ئاسایی دژوارتر دەکەن و لەوانەشە بارودۆخیش بەرەو پەشێوی زیاتر بڕوا. عادەتەن گەمارۆکان زۆرتر کاریگەریی لەسەر ڕژێمە تاکڕەوەکەن دادەنێن وەک لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرو چەوسێنەرەکانی تر. چونکە ڕژێمە دکتاتۆرە تاکڕەوەکان زیاترپشت بە سەرچاوەی دەرەوە دەبەستن لە حوکمڕانیدا. دەستەبژێری ڕوسیا تاکو ئێستا ناچارنەبوون کە لە نێوان پۆتین و ئەو ژیانەی کە خۆیان دەیانەوێت لایەک هەڵبژێرن. بەڵام کۆمێنتەکانی چوبایس و دێریپاسکا لەوانەیە بە دەرکەوتنی کاریگەری سزاکان گۆڕانکاری درووست بکا بە تایبەتی کە ئەگەر ببەسترێتەوە بەو هەوڵ و کۆششەی کە ئەمریکاو ئەوروپا لە دژی گەندەڵی دەیکەن. بۆیە ئەگەر ئەو دەستەبژێرەی ڕوسیا زیاتربگوشرین لەوانەیە بگەنە ئەوبڕیارەی کە هیچیتر پۆتین ناتوانێت بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت و بۆیە ناچار دەبن کە بیر لە جێگرەوەیەک بکەن و کەسێک دیاری بکەن کە لە ئۆکڕانیا بکشیتەوەو بتوانێت سەرمایەکانیان بۆ ئازاد بکا.

لە کۆتاییدا ئەو کێشەیەی ئۆکڕانیا لەوانەیە پەل بهاوێت بۆ سەرهەڵدانی هەڵگەڕانەوەو خەڵکی ڕوسیاش هیچی تر ناتوانن ئارام بگرن . هەرچەندە لێکۆڵینەوە نیشانی داوە کە ڕژێمە دیکتۆرە تاکڕەوەکان زۆر گوێ بە شەڕوشۆڕی سەربازی نادەن کە زیانی گیانی زۆریشی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ئەم گوێ پێنەدانەی ئەوان ئەوە ناگەێنێت کە خەڵکیش بەهەمان شێوەی ئەمان دەبێ. بۆ نموونە موعەمەر قەزافی لیبیا پەنای بۆسەرکوتی زیاتر برد بۆ بەڕێوەبردنی وەڵات لەبەرامبەر هەڵکشانی خەرجیەکان بۆ ئەو شەڕانەی ئەو دایدەگیرساندن. بەڵام کاتێک کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری سەخت بوویەوە هەر خەڵکە ئاساییەکەی لیبیا لێی ڕاپەڕین و بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ لە سەر تەخت لایان برد. هەروەها لە کاتی درێژەکێشانی داگیرکاری یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بۆ ئەفغانستان وایکرد کە خەڵک دڵسۆزیی نەمێنێت بۆ حیزبی کۆمۆنیست. بۆیە دوور نیە کە ئەگەر ئۆکڕانیا ببێتە زۆنگاوێک پۆتین لەسەر کورسیەکەی هەڵبخلیسکێنێت..

پەیوەندی پچڕان
پێشبینی کردنی ڕوخانی سەرۆکێکی پاوانخوازو شەیدا بۆهێز کاری کەسێکی گێل و نەزانە. دیکتاتۆرە لاوازەکان کە دەکەونە کێشەوە دەتوان بە شەلەشەلیش بێت زیاتر بمێننەوە لەو ماوەیەی کە لێکۆڵەرەوان دایدەنێن. ڕۆبەرت موغابی سەرۆکی زیمبابۆی لەو هەڵاوسانە گەورەیەو شکەستەی کە لە هەڵبژاردندا تووشی هات توانی دەربازی ببێت و هەتا دوو ساڵ پێش مردنی هەر لەسەر حوکم مایەوە. یان ئەوەتە سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆڵاس مەدورۆ هەر لەسەر حوکم ماوە سەرباری ئەوەی کە ئابووری وەڵاتەکەی بەتەواوی داتەپیوە. زۆر بە سادەیی: ئەو ڕابەرو سەرۆکانەی کە بە ڕواڵەت بەهێزن لەوانەیە زۆر کوتوپڕ لەسەر کورسیەکەیان لابدرێن هەروەک لە سەرۆکی میسر حوسنی موبارەک و زەین العابدین سەرۆکی تونس ڕوویدا لە بەهاری عەڕەبی کە لە ساڵی ٢٠١١دا ڕوویدا.

بەڵام لێکۆڵەرەوان ئەوە دەزانن کە دیکتاتۆرە تاکڕەوەکان لە وێنەی پۆتین لەوانەیە زیاتر هەڵە بکەن لە سیاسەتی دەرەوەیاندا. ئەو جۆرە سەرۆکانە دەورەی خۆیان قەرەباڵغ دەکەن بەو کەسانەی کە هەر بەڵێ دەڵێن و هیچ کات بێجگە لەو شتانەی کە خۆیان دەیانەوێت قەت دەنگ و باسی خەراپیان پێناگەێنن. ئەمەش وا لەو سەرۆکە دیکتاتۆرانە دەکات کە نەتوانن بڕیاری درووست بدەن. جا ئەو جەنگەی کە پۆتین هەڵیگیرساندووە لەسەر کورسیەکەی لا دەبات یان لای نابات ئەوە پرسیارێکەو هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام ڕوسیا لە لایەن خەڵکیەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە، جودابوونەوەو لێکترازان درووست دەبێت لە نێو دەستەبژێری ڕووسیادا، هەروەها سزا نێو دەوڵەتییەکانیش لە دەرەوەرا ڕۆڵی کاریگەرییان دەبێ لەسەر پۆتین. ڕەنگە ڕوخانی پۆتین ئەوڕۆ یان بەیانی ڕوونەدات بەڵام بە دڵنیاییەوە گیربوونی بە کورسییەکەیەوە ئێستا هێندەی پێش هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکڕانیا بەهێزو جێگیر نییە .

ئەندریە کەنداڵ تایلەر: ئەندامی سەرەکی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئاساییشی ترانزئەتڵانتیکە لە سەنتەری ئاساییشی تازەی ئەمەریکا. لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٨ ئەفسەری جێگری ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی بووە بۆ کاروباری ڕوسیا – ئوڕاسیا لە سەنتەری ئەنجومەنی ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی.
ئێریکە فڕانتز: پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ویلایەتی مێشیگان.

https://www.foreignaffairs.com/articles/russian-federation/2022-03-02/beginning-end-putin?




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-3- شەماڵ بارەوانی

بەشی سێیەم/

دەوڵەتی سیکۆلاریزم: دەوڵەتێکە هاووڵاتی بوون پێوەرەو جیاوازی نەتەوە، ڕەنگ و ڕەگەز، ئایین و ئیتن و مەزهەب و ئیدەلۆژیا ناکرێن بە هۆکاری چەوسانەوەی ئەویترو بێ ماف کردنی.
سەپاندن و تۆتالیتارییەت.لەناو سیستەمێكی سیكۆلاردا هەرگیز، جێگای نابێتەوەو بوونی نییە. هیچ كەسێك، لەسایەی سیستەمێكی سیكۆلاریستی ڕاستەقینە، سیستەمێك، بەمانای وشە، نەك تەنها بە ڕواڵەت و بە ناو بە دروشمی بەتاڵ و بێ ماناو بێ ناوەڕۆك، سیكۆلاربێت، بۆی نییە تەداخولی ژیان و ئازادی و خواست و هەڵبژاردنەكانی ئەویتر بكات. دەوڵەتی سیكۆلار هەموو مافێكی بۆ تاك، بەپێی گریبەست و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نێوان هەموان و بەیاسا ڕێكخستووەو دەستەبەر و زامنكردوو پاراستووەو كردوونی بەبڤەو هێڵی سوور و كەس بۆی نییە، بە هیچ پاساوێك و لەژێر هیچ ناوێكدا، ئەو هێڵە سوور و بڤەو پیرۆزیەی تاك، ئەو ماف و ئازادی و خواست و سنورانەی مەملەکەتی تاک و مرۆڤەكان ببەزێنێت و ئازادیەكانیان پێشێڵ بكات.
لەدەوڵەتی سیكۆلاردا، هاووڵاتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیەو دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتیەو هاووڵاتی بنەماو بنچینەیە، هاووڵاتی پێوەرو پیرۆزە، بێ ئەوەی سەیری ئایینەكەی یاخود ئیتن و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاكەی، نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بكرێت، لەدەوڵەتی سیكۆلاردا دەستورێك هەیە پێویستە بەیەك چاو سەیری هەموان بكات و بەیەكسانی ئەرك و ماف بۆ هاووڵاتیان دابەش و دیاری بكات و ئازادی ویژدان(لائیك-بێ دینی)و عەقیدەو بیرو باوەڕ بۆ هەموو كەسێك دەستەبەربكات و هەموان بە ئازادی بتوانن گۆزارشت لەخۆیان بكەن و كەس مافی ئەوەی نەبێت لەجیاتی ئەوەكەیتر بڕیاربدات و نەخشەی بكەو نەكەی بۆ بكێشێت و تاك ئازاد بێت بەو شێوازە بژیت كەخۆی دەیەوێت، نەك ئەویتر.
لەناو سیستەم و دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا،
عەلمانیەت مرۆڤی کردووە بەکابەو ڕووگەی ژیان و دەبێت هەموو شتێک لەپێناو مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی دابێت و هەموو شتەکان بەدەوری خواست و ئارەزوو و ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا بخوڵێنەوە،
لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، دەسەڵات دەسەڵاتی ئەقڵ و هێز هێزی زانست و گۆڕەپان گۆڕەپانی بیرکردنەوەی ئازاد و ئینسانی ئازادو مرۆڤ بوونە. لەناو سیستەمی سیکۆلاریزمدا.
هیچ مەرجەعەکی باڵاو دەسەڵاتێکی پیرۆزی ڕەها بوونی نییە، تەحەکوم و یاری بەژیانی تاکەکان و چارەنوسی مرۆڤەکانەوە بکات، بەڵکو لە لەسایەی عەلمانیەت و لەناو سیستەمی عەلمانیدا ئیرادەی گشتی و پەیمان و ڕێککەوتنی کومەڵایەتی نێوان هاووڵاتیان و ئازادی و خواستەکانی تاک مەرجەع و پیرۆز باڵان.
..
شەماڵ بارەوانی




ئیدی خەون نابینم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

تۆ هێشتا نازانیت
شەقامەکانی هەستم چۆڵە و
دڵم رووبارێکی نیگەرانە
درەختی تەمەنم
هەر تەنیا یەک گەڵای پێوە ماوە
ئەویش بە یەک شێتە “با”ی
عەشقێک دەوەرێت
وێرانم، وەک ئەو شارانەی
دەبنە خۆڵەمێشی جەنگ و
غەریبم وەک ئەو رێبوارەی
لە چۆڵەوانیدا رێ دەکات
دەگریم، هەر دەگریم
چونکە خۆمم لێ ون بووە و
لە هیچ کۆڵانێکی رووناکدا نایدۆزمەوە
چاوەکانم هەمیشە کراوەن
ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
لێوەکانم وشک بوونەتەوە
لەم وشکەساڵیی ماچەدا
هەناسەکانم هێندەی مەریخ قورسن
کەوتوونەتە سەرشانی مەرگ
چەندین سەدەیە دەفڕم
لە ئاسمانە رەش داگیرساوەکانی مەراقدا
هەزاران هەزار ساڵە
بەسەر فەرشی گریاندا ئەڕۆم
لە پاپۆڕی تێکشکاوی زەمەندا
لە کەناری ژیلەمۆدا لەنگەر دەگرم و
سووتانی رۆحم ئەچنمەوە
ئەمێستا پڕم لە گۆرانی حەزین
کەچی چڕینم لە بیر چۆتەوە
پڕ پڕم لە مۆسیقای غەم
کەچی ژەنینم بیر چۆتەوە
ئاسمانم پڕە لە هەوری رەش
کەچی بارینم بیر چۆتەوە
تۆ هێشتا نازانیت، شەوان
تاریکی رائەخەم و
بێدەنگی ئەستێرەکان
ئەدەم بە خۆمدا
هەر تینووم بوو
پەرداخێک لە خەیاڵی
باوەشت ئەخۆمەوە
کە برسیشم بوو
لەتێک لە کێکی یادگارییەکانت ئەخۆم
کە بیرم کردیت
خوداش لەگەڵ خۆمدا دەخەمە گریان
تۆ نازانیت هەموو شەوێک
پرسیاری تۆ لە مانگ دەکەم و
تریفە وەڵامم ئەداتەوە
تۆ نازانیت، هەموو رۆژێک
سۆراغت لای پەلکە گیا دەکەم
ئاورینگ وەڵامم ئەداتەوە
تۆ نازانیت، هەر کات بێدەنگ بیت
زمانی شیعرم لە گۆ دەکەوێت
تۆ نازانیت، هەر کات تووڕە بیت
زریانی فرمێسکم هەڵدەچێ
تۆ نازانیت، هەر کات ون بیت
ژیان خۆیم لێ حەشار دەدا و
لە کۆڵانەکانی دڵتەنگیدا
بەدەم نەفەسدان
لە دوا سیگاری تەمەنەوە
دوا هەناسەم هەڵدەکێشم

2018
ستۆکهۆڵم




کۆپلەیەک و دوو ڕوباعی.. شیعری: نەوزاد بەندی

بەڵام دەسەڵاتێکی خوێڕی ،
کە ڕووخانی ،
هیمەتی چوار پیاوی ئەوێ و
پیاو قاتییە ..
هیچ سەیر نیە ..
فیل نافڕێ ..کیسەڵ خاوە ..
بەس لە کوردا ،
مەوسیمی
پیاوەتی و غیرەت ،
نەهاتیە ..

٭ ٭ ٭

چاوەڕێی دەستی نامەرد کەی ، مـردووی
هەر خۆی ئەبینێ و تۆ وەک بابـــــردووی
بێ سودە هەرچەن هەوڵی لەگەڵ بــــەی
ئەو هەر ئەوەیە زەلیلـــــــــــــی کردووی

٭ ٭ ٭

نامەرد هیچ باس و خواســــێ نایگۆڕێ
براوەتـــــــــــرە هەرچــــــــــــەن بدۆڕێ
نامەرد تا زیاتر ڕەخنـــــــەی لێ بگری
گەورەتر ..پیستر ..بۆی دێتــــــە گۆڕێ




جەنگی ئوکرانیا وەک دەستوێژێک بۆ پارسەنگکردنەوەی هێزەکان.. کاوە جەلال

دەمێکە جەنگی لابەلا بەسەرچووە. ئەمە بەڕوونی تەنانەت لە ولاتێکی بچووکی وەک سوریادا دەبینین کە ئەکتەرەکانی نێوی بەپێی توانایان کۆشش بۆ بەرژەوەندییەکانیان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ کامیان شایانی ئەوە بێت ناونیشانی “شەیتان” لە بەرۆکی بدرێت. ئاخر سیستەمی سەرمایەگەری بۆ هەمیشە بنەڕەتی بەرژەوەندیی خستە جێی دوالیزمی چاکە و خراپە. سیستەمی سەرمایەگەری دز نییە، بەڵکو بەرژەوەندگەرایە و تا ڕادەی شیان بە گرێبەست وەک دەستوێژی مۆدێرنی پەیوەندیسازی پەرەی پێدەدات، ئەوجا لەکوێدا بەرژەوەندیی بکەوێتە مەترسییەوە، بە جەنگ دەیپاریزێت. گرێبەستێکی بەم چەشنە بۆ نموونە دەشێت بە پێشنیارێک بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ هەوڵی بۆ بدرێت، لەو شێوەیەدا کە خرایە بەردەم سەرکردەکانی ئوکرانیا، ئاشکراشە ئەوان بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندیی خۆیانەوە مشتوماڵیان کرد و بڕیاریان لەسەر دا. ئێمە هەموو بەئاشکرا دەزانین کە سەرکردەکانی ئوکرانیا وەڵامێکی ئەرێنییان بۆ ئەو پێشنیارەی خۆرئاوا، ڕەنگە بەتایبەتی ئەوروپا، هەبوو. کەواتە ئەم سەرکردانە خۆیشیان فاکتەرێکن لە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکەدا کە هەنووکە لەنێو وڵاتەکەیاندا لەگۆڕێیە. بەمەش ئیدی هاوکات بەڕوونی دەبینرێت، کە نە هێرشبەر شەیتانە و نە بەرگریکەر فریشەی ڕزگاریخوازە.

ئەمڕۆ دەهۆڵی میدیاییانەی خۆرئاوا بۆ جەنگی ئوکرانیا هەموو دەهۆڵکوتانەکانی دیکەی لەکارخستووە، ئەوجا گەر هەندێکیان هێشتا هەر لەگۆڕێ بن، ئەوا نزیکەی تەواو کپ بوون. ئاخر جەنگەکە کە ڕوسیا بەرپای کردووە، هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی بەرژەوەندییە سەرمایەگەری و سیاسی-ئاسایشییەکانی ئەوروپای خۆرئاوا تا بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی خۆی بپارێزێت. گەر لێرەدا ڕەچاوی هاوکێشەی پەیوەندییەکان بکەین، ئەوا دەبێت لەنێو هەمان تۆڕی بەرژەوەندیدا هەروەها گوێ لە دەنگی پوتین بگرین کە دەشێت بەم شێوەیە بیدەینەوە: “کاتێک ئێوە، خۆرئاوا، دەتانەوێت بە هەموو شێوەیەک ئابڵۆقەمان بدەن، بێگومان بن کە ئێمە هاوشێوەی کەروێشک بەرانبەر مار هەڵوێست وەرناگرین، ئەوجا گەر ئەم دراوسێیەمان هەڵوێستی خۆی لەتەک هەڵوێستی ئێوەدا یەکبخات، ئەوا ئێمە بە هێرش وەڵامی دەدەینەوە. ئێمەش وەک ئێوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئابووریمان هەیە، ئێمە کەمتر لە ئێوە ئیمپریالیستی نین”.

پوتین خۆی بە گوتەیەکی (ڕەنگە ڕوسی) هەڵوێستی خۆی و وڵاتەکەی سەبارەت بە تەنگژەی سوریا و هاتنەناوەوەی خۆیان دەربڕی: “هەرگیز جرج نەخزێنیتە نێو سووچەوە”. ئاشکرایە گەر مرۆڤ هەڵمەت بۆ جرجێک بەرێت، ئەو هەڵدێت، گەر مرۆڤ بیخزێنێتەوە نێو قوژبنێکەوە، جرجەکە هەڵمەتی بۆ دەهێنێت: پەلاماری دەدات. ئەمەش پێشانی دەدات کە نەک تەنیا تەنگژەی سوریا، بەڵکو هەروەها جەنگی ئوکرانیاش ئینتەرناسیۆنالییە، بەڵێ دەشێت وەک سەرئەنجامی هەڵپەکانی دەوڵەتانی خۆرئاوا بۆ پتر تەشەنەپێدان و دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان بیسەنگێنین. بێگومان لێرەدا هاوڵاتیانی ئوکراینی زیانیان پێدەگات، وەلێ سەرکردەکانیان، خاوەنفیرماکانیان، بەشدارن لە هۆی ئەو نەهامەتییەدا کە بەسەر ئەواندا هاتووە. هەمووویان بکەرن لەم پەیوەندییانەدا بەبێ ئەوەی هیچ کامیان ڕزگاریخواز و نیازباشی دێمۆکراتی (ی جەختلێکراو) بێت. کەواتە تیۆریی پیلانگێڕی لەم ڕەوشەدا جێی نابێتەوە کە گریمانەی شەیتانێکی بەرژەوەندگەرا دەکات وەک ئاژاوەگێڕی دەرەکی لە نێوخۆی وڵاتێکدا.




بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆم.. هیوا ناسیح

ئه‌و گه‌نجه‌ گه‌رمیانییه‌ی له‌ وڵاتی غه‌ریبیدا بوو به‌ مامه‌خه‌مه‌ی کوردان

له‌م ماوه‌یه‌دا کتێبی به‌سه‌رهاتی ژیان، یان بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆمم خوێنده‌وه‌، که‌ به‌ ناوی کاردۆخ، کورده‌‌که‌(Kardox, der Kurde، Lebensbericht)یه‌ و‌ چاپی یه‌که‌‌می ساڵی ٢٠١٨ له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌ر کاغه‌زێکی بریقه‌دار و جوان و قه‌باره‌ی مامناوه‌ند که‌ ٣٦٤ لاپه‌‌ڕه‌یه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌،. زیاتر له‌ ٣٠ وێنه‌ و ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی کوردی و ئه‌ڵمانی له‌ پاشکۆیدا چاپکردوه‌، کتێبه‌‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردوه‌.
دیاره من یه‌ک له‌ ئاره‌زووه‌کانم خوێندنه‌وه‌‌ی بیر‌ه‌وه‌ریی مرۆڤه‌کانه‌، جا کورد بێت یان بێگانه‌، که‌ گۆڕانکاری و به‌رزی و نزمی زۆریان له‌ ژیاندا بینیوه‌ و تاڵی و سوێری و ساردوگه‌رمی ڕۆژگاریان زۆر چه‌شتوه‌. رۆژێکیان به‌ رێکه‌وت چاوم که‌وته‌ سه‌ر ئه‌م کتێبه،‌ زانیم هی کوردێکی خه‌مزه‌ده‌ و که‌سه‌ردیده‌یه‌ بۆیه‌ یه‌کسه‌ر کڕیم، به‌ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی کاکیخۆم محیه‌ددین تام و چێژێکی تایبه‌تی پێ به‌خشیم، ئه‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوانماندا هه‌یه‌، هه‌ر چه‌نده‌ جیاوازی ته‌مه‌نیشمان بڕێک زۆره‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌ویش کورده‌ و خه‌ڵکی گه‌رمیانه، خاک و وڵاتی خۆی له‌بیرنه‌کردوه‌، ئاواره‌ی ئه‌وروپا بووه‌ و لێره‌ توانیویه‌تی زمان باش فێرببێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێره‌دا ئاوێته ببێت. یان ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، یه‌که‌مجاره‌ بیره‌وه‌ریی کوردێکی په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌نده‌ران به‌ زمانی بیانی ده‌خوێنمه‌وه‌.
دیاره‌ نوسینی بیره‌وه‌ریی، که‌ یه‌کێکه له‌ ژانره‌ گرنگه‌کانی ئه‌ده‌ب و خوێنه‌ری زۆره‌ له‌ جیهاندا، بۆ ئێمه‌ی کورد و به‌ زمانی بێگانه‌ بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونکه‌ له‌ سه‌رێکه‌وه‌ له‌ میانه‌ی گێڕانه‌و‌ه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه‌ که‌ به‌سه‌ر خۆمان و گه‌له‌که‌‌مان هاتوه‌، چه‌وسانه‌وه‌ و خه‌بات و به‌رگری و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌ خوێنه‌ری بیانی ده‌ناسێنین، هاوکات دابونه‌ریت و که‌لتوری گه‌له‌که‌مان پێیان ئاشنا ده‌که‌ین، وه‌ک لێبورده‌یی، میواندۆستی، به‌خشنده‌یی، هاوده‌ردی و هاوخه‌می که‌سوکار و دراوسێ بۆ یه‌کدی… هتد. له سه‌رێکی تریشه‌وه‌ بۆ هاوزمانه‌‌که‌مان گرنگن، که‌ ده‌یخوێننه‌وه‌، له‌و ڕووه‌وه‌ که‌ پڕه‌ له‌ ئه‌زمونی ژیانی ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌یی و کارکردن و خوێندن و ئاوێته‌بوون له‌گه‌‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاواییدا، هاوکات دانه‌بڕان له‌ خه‌بات بۆ ئازادی و مانه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ مانا مرۆڤایه‌تییه‌ پێشکه‌وتووخوازییه‌که‌ی له‌و کوردانه‌ی له‌ وڵاتانی بیانی و هه‌نده‌ران ده‌ژین، ئینجاش فێربوون و زانیاری ده‌رباره‌ی که‌لتور و دابونه‌ریت و ر‌ه‌فتاری ژیانی رۆژئاوا و یاسا و ڕێساکانیان له ژیانی رۆژانه‌دا.
کاکیخۆم له‌ گوندی عوسمانه‌له‌که ی نزیک که‌رکوک‌ ساڵی ١٩٥٥ له‌‌دایکبووه‌، له ‌خێزانێکی گه‌وره‌دا، له‌وێوه‌ به‌سه‌رهاتی ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی ده‌ست پێ ده‌کات، که‌ ئه‌م هێشتا مناڵێکی هه‌شت ساڵانه‌ و باوکی به‌ هاندانی دراوسێیه‌کیان ده‌ینێرێته‌ به‌ر خوێندن. ئیتر له‌‌و کاته‌وه‌ چیرۆکی ده‌ربه‌ده‌ریی و گوندسوتانیان ده‌ست پێ ده‌کات، ئاواره‌ی که‌رکوک ده‌بن، له‌‌ هه‌ژاری و ناچاریدا هه‌ر به‌ مناڵی له‌‌گه‌ڵ براکه‌یدا نۆکی کوڵاو ده‌فرۆشن، سه‌ره‌تای لاویی به‌ خوێندن و کرێکاری و به‌ پاسکیلێکه‌وه‌ به‌سه‌ربردوه‌، له‌گه‌ڵ عه‌شقبازی و سیاسه‌تدا هاوته‌ریب خه‌ریکبووه‌، ئه‌‌و لاپه‌ڕانه‌ قه‌سیده‌ ناوداره‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌سی نه‌مری به‌ناوی (یاده‌وه‌ریی پاسکیلێکی که‌رکوکی) بیرخستمه‌وه.
ناوبراو ساڵی ١٩٧٨ له‌ کوردستان دوای زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌‌ی به‌عس و ئه‌منی که‌رکوک هه‌ڵدێت و ده‌گاته‌ ئیتالیا و دواتر به‌رلین، له‌وێوه‌ له‌پاڵ کار و زمان فێربوون و دواتر خوێندنی زانکۆیدا، به‌رده‌وام به‌هانای ئه‌و کورده‌ ئاوارانه‌وه‌ ده‌چێت، که تازه‌ دێنه‌ ئه‌و وڵاته‌ و به‌تایبه‌ت به‌رلین، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی خه‌ڵکی کوێن و له‌ کام پارچه‌ی کوردستانه‌وه‌ هاتون، ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌م وه‌ک خوێندکارێک له‌ شوقه‌یه‌کی بچوکدا ژیاوه‌، په‌یتا په‌یتا کورده‌ په‌ناخوازه‌ تازه‌گه‌یشتووه‌کانی بردۆته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆی و هاوڕێکانی، ته‌نانه‌ت جارێکیان و سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که‌ سێ خێزان که‌ ژماره‌یان ١٣ که‌س بووه‌ له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌وێوه‌ ده‌باته‌وه‌ به‌ره‌و شوقه‌که‌ی خۆی! که‌ ته‌واو که‌نه‌فت و ماندووی ڕێگه‌ بوونه‌، نانی داونه‌تێ و خۆی لای هاوڕێکه‌ی خه‌وتوه‌ تا چه‌ند رۆژێک لای ئه‌م حه‌ساونه‌ته‌وه‌ و ئینجا خۆیان ته‌سلیمی فه‌رمانگه‌کانی ئه‌وێ کردوه‌. هاوکات خه‌ریکی خه‌باتی سیاسی بووه‌ له‌ خۆپیشاندان دژی رژێمی به‌عس و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ ئه‌وروپا، که‌ چالاکترین رێکخراوی ئه‌وکاتی کورده‌کانی ئه‌وروپا بووه‌. هاوکات له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی کورد و ئه‌ڵمانی تردا گروپێکی هه‌ڵپه‌ڕكێی کوردیشیان دامه‌زراندوه‌ و له‌‌وێ و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له‌ نه‌ورۆز و بۆنه‌کانی تردا چالاکی هونه‌رییان سازکردوه‌.
کاکیخۆم خۆی ناوی کاردۆخه‌، بەڵام بەردەوام لە قسەکردندا “کاکی خۆم”ی بەکارهێناوە و ئیدی کوردەکانی بەرلین له‌‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناویان ناوە کاکیخۆم. خۆیشی ئەو ناسناوەی پێ خۆش بووە و کردویەتییە نازناوەکەی. ناوبراو زانستی کۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) ی له‌ به‌‌رلین خوێندووە، پڕۆژه‌ی ده‌رچوونه‌که‌ی به‌ناوی (ژنانی کورد و ژیانیان له‌ ئاسۆی مێژوودا)یه‌.
کاکیخۆم ده‌ربه‌ده‌ریی و کۆڕه‌وی کورد ١٩٩١ زۆر کاری تێده‌کات، چه‌ند رۆژێک ده‌رگه‌ له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و ته‌له‌فونیش هه‌ڵناگرێت، نامه‌یه‌کی کاریگه‌ر بۆ دایکی ده‌نوسێت، دواتر ده‌یکاته‌ ئه‌ڵمانی و له‌ رۆژنامه‌ و ڕادیۆی به‌رلیندا بڵاوده‌کرێته‌وه‌، هاوکات سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی کورد و چه‌ند دۆستێکی کورددا، که‌ ناویانی یادداشت کردوه‌، کۆمیته‌یه‌ک بۆ فریاکه‌وتن و به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی کورد دروست ده‌که‌ن، به‌ هاوکاریی ژووری پزیشکانی به‌رلین چه‌ند دکتۆر و چه‌ندان تۆن ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنور و نێو ئاواره‌کان ده‌که‌نه‌وه‌، دواتر ده‌ست ده‌که‌ن به‌ کاری تر له‌مانه‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پێنج نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فه‌ری له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی باشوری کوردستان به‌ بادینانیشه‌وه‌، دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، مه‌سره‌ف و پشتیوانی ماددی ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ باشور له‌ ئاواره‌یی و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و شارۆچکه‌ ڕووخاوه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو له‌ گه‌رمیان سێ گوندیان ئاوه‌دانکردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دروستکردنی دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، هاوکاری ماددی بۆ پاککردنه‌وه‌ی کانیاو و کارێزه‌کان، جۆماڵکردنی جۆگه‌کان، دروستکردنی ئاشێکی ئاو له‌ گه‌رمیان، بنیادنانی ته‌نکییه‌کی ئه‌مباری ئاو له‌ خانکێ نزیک دهۆک.
هاوکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان به‌هۆی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر عێراق و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌مارۆی ئابورییه‌ی رژێمی سه‌ددامیش له‌سه‌ر ناوچه ئازادکراوه‌کانی دانابوو، ره‌وشی ئابوری خه‌ڵک له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، جوتیاران گه‌ڕابوونه‌وه‌ گونده‌کانیان به‌ڵام پاره‌ی بنه‌ تۆویان نه‌بوو، کۆمه‌‌ڵه‌که‌ له‌ سێزده‌ گوندی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان و قه‌ڵاسێوکه‌ ١٢ جۆر تۆویان به‌سه‌ر ده‌یان جوتیاردا دابه‌شکردوه‌. هه‌موو ئه‌م کارانه‌ نزیکه‌ی ٢٠٠ هه‌زاردۆلاری تێچووه‌، که‌ به‌ کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌‌ک و پشتیوانی کوردانی ئه‌وکات و دۆستانی کورد له‌ ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌ت به‌رلین ئه‌نجامیانداوه‌. دوای هاوسه‌رگیریش له‌گه‌ڵ ئوتای هاوڕێیدا، که‌ کچێکی ئه‌‌ڵمانی بووه‌ له‌ گروپی هه‌ڵپه‌ڕكیی کوردیه‌که‌یاندا، پێکه‌وه‌ بەردەوام سەرقاڵی خزمەتکردنی کورد و ناردنەوەی هاوکاری بوونه‌ بۆ کوردستان. به‌ڵگه‌نامه‌کانی پاشکۆی کتێبه‌که‌ که‌ نزیکه‌ی ٣٠ لاپه‌ره‌یه‌ به‌ کوردی و ئه‌ڵمانی، گه‌واهیده‌ری ئه‌م کارانه‌ن.
شتێکی دی که‌ ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ له‌ هی زۆربه‌ی که‌سانی تری رۆژهه‌ڵاتی و کورد جیاده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ کاکیخۆم بێ شآردنه‌وه‌، باسی سه‌روه‌ختی لاوی و سه‌ره‌تای گه‌نجی خۆی و یه‌که‌م عاشقبوون و ده‌سله‌ملانێی په‌ناوپه‌سیر و سه‌ربانان و مه‌‌مکگرتن ده‌کات، کاتێکیش له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌م گه‌نجێکی باڵابه‌رز و قیت و قۆزبووه‌ له‌وه‌دا به‌خته‌وه‌ر بووه‌، که‌ چه‌ندان کچه‌ هاوڕێ و دۆست و دولبه‌ری ئه‌ڵمانی عاشقی ده‌بن و ئه‌میش به‌ وردی و بێپه‌رده‌ باسی چێژبینین له حه‌زوئاره‌زووه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵیاندا ده‌کات، دیاره‌ ئه‌م شتانه‌ زۆربه‌مان کاتی گه‌نجی گه‌ر بۆمان لوا بێت کردومانه‌، به‌‌ڵام به‌ هۆی فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژیانماندا به نهێنی ده‌‌یانهێڵینه‌وه‌ و نایاندرکێنین، له‌مڕوه‌وه کاکیخۆم له زۆربای یۆنانی ده‌چێت، که‌سه‌ره‌ڕای کار و خه‌بات و به‌جێهێنانی به‌رامبه‌ر خه‌‌ڵک و نه‌ته‌وه و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌ڵام هه‌میشه‌ش چێژبینین و ڕابواردن و خۆشی بینین له‌ کات و ساته‌کانی ژیانی فه‌رامۆش نه‌‌کردوه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ بیره‌‌وره‌ییه‌کانی ناوبراوی زۆر سه‌رنجڕاکێش کردوه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م له‌ یه‌كکاتدا چۆن توانیویه‌تی‌، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، هونه‌ر و خوێندنی زانکۆ و ئینجاش عه‌شقبازی له‌گه‌ڵ کچانی ئه‌وروپی خۆی فه‌رامۆش نه‌کات و کۆبکاته‌وه‌! هه‌ر به‌ڕاستی سه‌رسامم بووم به‌م توانایه‌یان.
شایه‌نی باسه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ندان که‌سایه‌تی سیاسی و نوسه‌ر و ئه‌دیب سه‌ردانی ماڵی کاکیخۆمیان کردوه‌ و له‌ ده‌فته‌ری یادداشته‌کانی ماڵیاندا یاده‌وه‌ریی خۆیان تۆمارکردوه‌، له‌وانه‌، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر، دکتۆر که‌مال میراوده‌لی و …هتد. که‌ نامه‌کانیان له‌ پاشکۆی کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

هیوا ناسیح

سه‌رچاوه‌:

Kardox, der Kurde, Lebensbericht , Berlin, 2018, Bus Verlag, Kachichom Muhyaddin,
ISBN: 978-3-944909-54-7




ئامانجت لە نووسین چییە؟.. جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

دیارە کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە حاڵی حازر وڵاتەکەمان بە دۆخێکی چەندە سەختتدا دەگوزەرێت. ئەم بارودۆخە فرەکێشەیەش لەعێڕاق ١٩ ساڵەو لە کوردستانیش٣١ ساڵە بەردەوامەو ڕۆژ دوای ڕۆژ خەراپتر دەبێت. ئەو کەسانەشی کە وڵاتیان بەو ئاراستە مەترسیدارە بردووە، تەنها چەند سەد کەسێکن، وە ئەوانەی باجی ئەم بارودۆخە دەدەن ملیۆنان کەسن. بۆیە نابێت ئەمە هەر بەردەوامبێ. ٣١ ساڵ پێش ئێستا کە کوردستان لەدەستی حکومەتی عێڕاق دەرهێندراو بەرەو چارەنوسێکی تاریک هەنگاوی نا، من تەمەنم شەش ساڵ بوو. ئێستا تەمەنم ٣٧ ساڵە هێشتا عێڕاق و کوردستان لە قوڵایی هەزاران کێشەدان و بارودۆخەکە هەر چاک نەبوو. ئێ من مناڵیم و گەنجێتیم تێپەڕی و هەر چاوەڕێم وڵات چاکبێ، گەندەڵی نەمێنێ، تیرۆرو کوشتن و تاڵانی نەمێنێت، خۆشیم لەژیان نەبینی، نەمتوانی و ناتوانم بە ئارامی و بە سەلامەتی و بە ئازادی لە وڵاتی خۆم بژیم و بگەڕێم و هەناسەی ئازادی بەبێترس هەڵمژم. ئێ ئەگەر ئێستا ئێمە ئەم بارودۆخە نەگۆڕین ئەوا هەموو کەسوکارو مناڵەکانمان و نەوەکانیشمان لەداهاتودا باجەکەی دەدەن. ئەوانیش وەک ئێمە بێبەش دەبن لە ژیانێکی ئازادانەی بێ مەترسی.
من ئێستا لەجاران باشتر بیرم کردۆتەوە لەوەی نابێت ملیۆنان مرۆڤ بێدەنگبن و چەند سەد کەسێک هەموو سەروەتی گشتی وڵات بەتاڵان بۆ خۆیان بەرن، مافەکانی مرۆڤ بن پێ بخەن، ئازادی بوونی نەبێ، لەسەر قسەکردن و خۆپیشاندان خەڵک بکوژرێ، کەسانی چالاکوان بخەنە ژێرزەمین و زیندانی نهێنییەوە، هەڵبژاردنەکان بەتەزویر بکەن و دەسەڵاتێکی ناشەرعی بە زەبرو زەنگ حوکم بکات. ئەمانەو سەدان کێشەیتر کە ناکرێت هەتا هەتایە هەر بێدەنگ بین و قبوڵی بکەین. چەند ساڵێکە من زۆر بیر لەم بارودۆخە دەکەمەوە، وە زۆر بیروبۆچون و بیرۆکەی جیاواز لەمێشکمدا کۆبۆتەوە، بەجۆرێک پڕبووم، پڕم لە ڕەخنەی سیاسیی، پڕم لە وردە قسەی نەوتراو، پڕم لە ناڕەزایەتی، قورگم ئەیەوێت پڕ بە دەنگی شۆڕش هاوار بکات، لە دژی هەزاران ناعەدالەتی و وێرانکردنی وڵات و دەربەدەرکردنی سەدان هەزار گەنج بۆ وڵاتانیتر. ئیتر گەیشتووم بەو قەناعەتەی کە لە ئێستادا تەنها ڕێگەو باشترین ڕێگە بۆ کەسێکی دەربەدەری وەکو من ئەوەیە لەڕێگەی نووسینەوە دەتوانم گوزارشت لەو دەنگە ناڕازییەی ناخم بکەم و لەڕێگەی نوسینەوە بیروبۆچونەکانم دەرببڕم وە دەتوانم لەم ڕێگەیەوە گەنجان وشیار بکەمەوە لەوەی بێدەنگ نەبن لەئاستی ماف و ئازادییە زەوتکراوەکانیان. ئێمە هیچ ڕێگەمان نییە جگە لەوەی وەرچەرخانێکی مێژوویی ئەنجام بدەین. جا هەندێک کەس باوەڕیان بەشۆڕشی چەکدارییەو هەندێکیتریش باوەڕی وایە دەکرێت لەڕێگەی شۆڕشێکی مەدەنیی و ئاشتییانە وڵات بگۆڕین. من پێموایە ڕێگەی ئاشتیی چاکترە. چونکە شۆڕشی مەدەنی لەڕێگای نوسینی ڕەخنەیی و خۆپیشاندان و وشیارکردنەوەی خەڵک، کاریگەرترەو بەبێ جەنگە. وە ئەگەر لەم ڕێگەیەوە بەتەواویش وڵات نەگۆڕدرێت، ئەوا لانیکەم دەتوانێت کاریگەری هەبێت و دەسەڵاتداران کەمتر دزی بکەن، کەمتر خەڵک بکوژن، کەمتر گەندەڵی بکەن و کەمتر وڵات وێران بکەن.
من ڕۆژنامەنووس نیم و کەسێکی پڕۆفیشناڵیش نیم لەم مەجالەیا. بەڵام کاتێک وڵاتەکەمان دەناڵێنێت بەدەست هەزاران کێشەی گەورەوە. وە وڵات پێویستی بە ئێمەیە ڕزگاری بکەین. ئا لەم کاتەیا هەموومان پێویستە پیشەیەکیتریش فێر بین. لەم بارودۆخەدا، کە وڵات بە هەزاران قەیرانی سیاسیی گەورەدا تێدەپەڕێت، دەکرێت مامۆستای وێنەکێش لافیتە بۆ خۆپیشاندەران بنوسێت. دەکرێت پزیشک کراسە سپییەکەی وەکو پەیامێکی سیاسیی بۆ سەرۆک بنێرێت، بەو مانایەی کە سەرۆک تکایە ئاشتی هەڵبژێرە. دەکرێت کچە مۆدێلەکان لەسەر کراسەکانیان بنوسن: ”سەرۆک لەشفرۆشی شەڕەفمەندانەترە، لە نیشتیمانفرۆشیی” دەکرێت ئیمامی مزگەوت ببێت بە بێژەری ڕادیۆو بەهەموو هێزی قورگی هاواربکا، بڕوخێ دزو گەندەڵ و سەرۆکی بکوژ. دەکرێت کچە ناسکۆڵەکەی سەرۆک ویژدانی بجوڵێت و لەباوکی هەڵگەڕێتەوەو ببێت بە شۆڕشگێڕێکی چەکدار. دەکرێت بۆیاغچی سەر شەقام بڵێت قۆندەرەی هەمووتان بۆیاغ دەکەم، بێجگە لە جەللادەکانی دەسەڵات. دەکرێت شەهید زیندو ببێتەوەو نەفرەت لەو ڕۆژانە بکات کە تێیدا گیانی خۆی بەختکردو نیشتیمانیش بوو بەهی کۆمەڵێک جەللادو مافیا، مناڵە هەتیمەکانی ئەویش کرێچی ئەنفالچیەکن. بۆیە دەشکرێت منێکی بەقاڵ ببم بە نوسەرو لەداهاتوشدا کاریگەری زۆر دروستبکەم لەسەر ئەم گۆڕانکاریەی کە درەنگ یان زوو هەر ڕوودەدات و هەموومان ئەوکات دەتوانین بە ئازادانە بگەڕێینەوە وڵات و تێیدا بەبێ مەترسی بژین.
ئێستا لە ئوکڕانیا دەبینین پەڕلەمانتار بووە بەچەکدار. دایک خواردن بۆ سەربازەکان دەبات. سەرۆکی وڵات بە جلی سەربازی دەردەکەوێت. خوێندکاران بە بوتڵی پڕ لە بەنزین و ئاگرەوە هێرش دەکەنە سەر تانکەکانی ڕوسیای داگیرکەر. ئەو میدیایەی پێشتر ڕەخنەی لەحکومەت دەگرت، ئێستا ستاییشی دەکات و مەعنەوی سەربازانی بەرزدەکاتەوە. ئیتر ئاوایە کاتێک وڵاتەکەت دەکەوێتە قەیرانەوە دەبێت هەموومان پیشەی دووەم فێربین و هەر یەکێک لە ئێمە لەبوارێکدا کاربکات بۆڕزگارکردنی وڵات. ئینجا جیاوازی نییە لە بەینی ئوکڕانیاو وڵاتی ئێمە. وڵاتی ئەوان لەژێر داگیرکارییداو وڵاتی ئێمەش دەیان ساڵە لەژێر داگیرکاری چەند سەد مافیاو جەللادو پیاوکوژێکدایە. ئیتر ئامانجی من لە نوسین بۆ نەمانی ئەو هەموو ناعەداڵەتییەیە کە باسمکرد. بەڵێ ئەمەی سەرەوە وەڵامی منە بۆ ئەوانەی لێمدەپرسن تۆ ئامانجت چییە لە نوسین؟ ئامانجی من لە نوسین ئەمەبوو کە لەسەرەوە ڕوونم کردەوە….




ئوستاز ئوستاز، هازیهی مەرەگە.. شەماڵ بارەوانی

لەبیریم دێت، پۆلی یەکی سەرەتایی بووین و خوێندن لەو سنوورەی دەڤەرەکەی ئێمە لەبادینان هێشتا بەزمانی عەرەبی بوو و هەموو مامۆستاکانیشمان نەتەوە عەرەب بوون، تەنها دانەیەکیان نەبێت، کوردی ئێزدی و دانیشتووی شاری موسڵ و بەئەسڵ خەڵکی قەزای شێخان بوو. هەرچەندە ئەوکاتە من زۆر بچووک بووم بە تەمەن.

بە حاستەم و وەکوو خەونێک بیرم دێتەوە، وەلێ کورد وتەنی بیری مناڵی تیژه. ئەوە ڕۆژێک لەلەدێیەکەمان لەقوتابخانە بووین، قوتابیەک عەیب نەبێت دەستنوێژی گەورەی نەخۆش بوو و دۆخی زۆر زۆر ئالۆزبوو. بەکورتیەکەی حاڵەتی تەواری بوو. زەنگی چوونەژوورەوەیش لێی دابوو، ها ئێستا نا چەند چرکەیەکیتر مامۆستای وانە دێتە ژوور و هیچ دەرفەتێک نەما ئەو قوتابییە کوڕەی بەستەزمان بڕواتە سەرئاوێ. مامۆستاکەمان عەرەب بوو، کەسیشمان عەرەبیمان نەدەزانی.

لە نێو قوتابییەکان بووە هەراو مشتومڕ. باشە کاکە ئەوە مامۆستا هات کو حالی کەین ئەو کوڕە خەریکە بەخۆی دابکات؟! لە میانی ئەو مشتومڕ و هەرایەدا،
مامۆستا هاتەپۆل و کەسمان عەرەبیمان نەدەزانی و نەمان دەزانی کو تێیبگەیەنین کە ئەو قوتابییە ئەگەر زوو فریا نەکەوین، لەناو پۆل دەیقەومێنێت.
کوڕەش لەحەژمەتان و لە شەرمان حەوت ڕەنگی گۆڕی و بەکۆڵیش هەنسکی دەداو دەگریا. قوتابییەکانیش هەموان بەدەم قاقاو پێکەنینەوە دەیانگووت: گەرفریانەکەوین هەر ئێستا لەناو پۆل ئەوەی نابێت ڕوو بدات، ڕوو دەدات و کارەساتەکە دەقەومێت.

ئاخریەکەی قوتابییەک هەستاوەو سینگی خۆی دەرپەڕاند، عەلەساس من عەرەبی دەزانم و ئێوە نایزانن. دەستی خۆی بەئاماژە بۆ کوڕەکە درێژکرد و گووتی:ئوستاز ئوستاز، هازیهی مەرەگە. وای دەزانی بە عەرەبی بە هین(…)دەڵێن مەرەگە! و دەیویست بڵێت مامۆستا ئەو قوتابییە مەرەگەی دێت.
مامۆستا بەتووڕەییەوە گوڕاندی و گووتی وەل شنو مەرەگە مەرەگە؟!

ئاخریەکەی بەهەموان و بەهەزار حال، عەیب نەبیت هێنامان و بردمان تا مامۆستامان تێگەیاند و کوڕە بەسەلامەتی گەیشتە شوێنی مەبەست.

جاقوربان حاڵی هەندێک لەنوێنەرانی کورد لەو خولەی پەڕلەمان و ناو پەڕلەمانی عیراق ڕێک وەک ئەو سەردەم و ئەوسای خوێندنی ئێمە بەزمانی عەرەبی و ئەو ئوستاز ئوستاز هازیهی مەرەگەیە دێتەوە پێش چاوەکانم.
کەسی وادەناسم لەنێو ئەو کوردانەی بوونەتە پەڕلەمانتار و نوێنەر لەپەڕلەمانی عیراق، تۆ لەوەگەڕێ کابرا هەرزەیەکی دەم ڕووت و بێ پاگراوەندەو هیچ پاشخانێکی ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئەزموونێکی سیاسیی نییە و فڕی بەسەر دنیای سیاسەتەوە نییە،

دوو دێڕ و چوار وشەی عەرەبی تەنانەت بەشڕیش نازانێت گۆ بکات. دەبێت بڵێین خودایە حاڵی هیچ یەکێک لەو پەڕلەمانتارانە بەحاڵی ئەو قوتابییەی پۆلەکەی ئێمە نەبێت و لەئەسنای کۆبوونەوەی پەڕلەمانا، کابرای پەڕلەمانتاری کوردی عەرەبی نەزان لێی نەقەومێت و حاڵەتی لەناکاو نەخوازراو کارەسات ڕوو نەدات. دەی مەگەر پێش قەومان هەر خۆی فریای خۆی بکەوێت و بڵێت: ئوستاز ئوستاز، ئانی مەرەگە و فریای چوونە شوێنی مەبەست بکەوێت.

شەماڵ بارەوانی




ئۆکرانیا قوربانیی جەنگی زلهێزەکان.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەفتەی پێشوو فلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا جەنگێکی گەورەی لەدژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند، بەمەش تەواوی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی کرد. هەندێک چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە پوتین بەم کارەی، ئاشتی جیهانی خستە مەترسییەوە، چونکە شەرعیەتی بە هێزی سەربازی داو لەمەولا دەنگی عەقڵ و ئاشتی نابیسترێت و دەوڵەتە گەورەکان، وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر دەکەن. هەندێکی تریش ئەم جەنگە بە بەشێک بە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و روسیا دادەنێن، لەمەشدا خاکی ئۆکرانیا بۆتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان و گەلی ئۆکرانیاش قوربانی دەدات. جگەلەمەش کۆمەڵێک پرسیار رووبەری جیهان بۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ئایا چیتر ئەم سیستمەی کە ئەمڕۆ جیهان بەرێوە دەبات، دەتوانێت چارەسەری کێشە زۆرەکانی مرۆڤایەتی بکات؟ بۆ سەدەی نوێ، سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت؟ چارەنووسی گەلان و دەوڵەتە بچووکەکان چی لێ دێت؟ پەیوەندیی نێوان زلهێزەکانی جیهان چۆن دەبێت؟ بەڵام با سەرەتا بپرسین بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟

بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟

زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی شرۆڤەی ئەم کارەی پوتینیان کردووەو بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە کۆکن، کە چەند خاڵێک هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە بوون. یەکەمیان: کشانەوەی ئەمریکا بەوشێوە خراپەی لە ئەفغانستان، کە شكۆی ئەمریکا و ناتۆی لە تەواوی جیهاندا شکاند. دووەم: گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و دانانی چین وەکو رکابەری سەرەکی ئەمریکا، چونکە پێشتر روسیا رکابەری سەرەکی بوو. سێهەم: پوتین لەرێگەی ئەم جەنگەوە، پێگەی جەماوەری خۆی بەهێزکرد، خۆی وەکو سەرۆکێک پێشاندا کە دەیەوێت دووبارە شکۆمەندی جاران بۆ روسیا بگەڕێنێتەوەو خەونی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی روسیای، لەناو مێشكی روسەکان زیندووو کردەوە، بەمەش ماوەی چەندین ساڵی تر دەمێنێتەوەو دەنگی نەیارانیشی هێندەی تر کپ دەکات. هەروەها دەتوانێت مەرجەکانی بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا بسەپێنێت، سنوورێک بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی ناتۆ دابنێت. بەڵام خۆ تەنها پوتین و روسیا سوودمەند نەبوون بگرە ئەمریکاش سوودمەند بوو.

ئەمریکا
زۆرینەی خەڵکی بەسەرۆکی ئۆکرانیاشەوە لەو باوەڕەدان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا خیانەتیان لە ئۆکرانیا کرد، ئەوان بوون دنەی ئۆکرانییەکانیان دا کە دژی مۆسکۆ بوەستنەوە، کەچی کاتێک لەلایەن سوپای روسیاوە پەلاماردران، وەکو سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: بەتەنها جێیانهێشتن جەنگی روسیا بکەین. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بووە، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار. یەکەمیان: ئەمریکا هێندەی تر روسیای کردە دوژمنی ئەوروپا و لەتەواوی جیهانیشدا روسیا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی و داگیرکار دەرکەوت. دووەم: بەم جەنگە دەستی کرایەوە بۆئەوەی سزای قورسی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی زۆر بەسەر روسیادا بسەپێنێت، چونکە پێشتر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دوودڵ بوون لە سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا. سێهەم: هێدەی تر ئەوروپا دەچێتە باوەشی ئەمریکاوە، چونکە بۆ هەموویان دەرکەوت، کە ئارامیی و ئاسایشی ئەوروپا، بەبێ ئەمریکا ناکرێت، بەمەش کۆتایی بە خەونی سوپای ئەوروپای یەکگرتوو هێنا، کە بەدڵی ئەمریکا نییە. چوارەم: هێندەی تر چەکوتەقەمەنی بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت.

لاوازی ئەوروپا

خاڵێکی گرنگی تری ئەم جەنگە ئەوە بوو، دووبارە لاوازی وڵاتە ئەورپییەکانی پیشاندا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ماوەی چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە بەوپەڕی نەرمییەوە مامەڵە لەگەڵ روسیا و پوتیندا دەکەن، هەروەکو رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەو سیاسەتە نەرمونیانەی ئەڵمانیا لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بەرامبەر پوتین، هۆکاری ئەم جەنگە بوو. لەلایەکی ترەوە بۆ هەموویان دەرکەوت کە روسیا توانای سەرکێشی هەیە، ترسیشی لە سزاکانی ئەوان نییە. هەروەها دووبارە ئەوروپا ناچارکرایەوە،کە بچێتەوە ژێر دەواری ئەمریکا. هەربۆیە زۆرکەس لەو باوەڕەدان، لەپاش ئۆکرانییەکان، ئەوروپییەکان زەرەرمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن.

دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە گەلی ئۆکرانیا بە پلەی یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە جەنگەدا، چونکە خاکی ئەوان بووە مەیدانی جەنگەکە، ئەوە خانووبەرەو گێڵە و ژێرخانی ئابووری ئەوانە کە وێران دەبێت، منداڵ و ژن و پیاوی ئەوان دەکوژرێت و بریندار دەبێت. گەلی ئۆکرانیا بۆ ئازادیی خۆیان ناچار دەبن کە جەنگێکی ماڵوێران و درێژخایەن لەگەڵ زلهێزێکی گەورەدا بکەن. لەهەمانکاتیشدا گەلی روسیش زەرەرمەند دەبن، بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، چونکە ئەوان باجی یەکەمی ئەم جەنگە دەدەن نەک دەسەڵاتداران.

لەکۆتایشدا تەواوی جیهان زەرەرمەندە، چونکە ئەم جەنگە دەبێتە هاندەرێک بۆ دەوڵەتە گەورەکان، کە وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر بکەن، بەم شێوەیەش ئاشتی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەتا ئێستاش دیار نییە سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت، ئایا تەنها دەنگی تۆپ و فڕۆکە دەبیستێت یاخود دەنگی ویژدان و عەقڵ و یاساکان؟




نا بۆ ئەمریکا و ناتۆ و نا بۆ ڕوسیا.. کامل احمد

کۆمەڵگای بەشەری ئەمڕۆ لە نێو جەنگێکدایە. ئەم جەنگە بە هیچ شێوەیەک جەنگی تەقلیدی نێوان دوو ووڵات نی یە ، ئەگەر چی لە ڕووی ڕووکەشەوە وەکو جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا دەردەکەوێت و زوڕنا ژەنانی بورژوازیش دەیانەوێت ئاوها وێنای بکەن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان دوو زلهێزی سەرمایەداری جیهانە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕوسیایە، بەڵام مەیدانی جەنگەکە ئۆکرانیایە. ئەم جەنگە نە پەیونەدی بە مافی هاوڵاتیانی ئۆکرانیاوە هەیە و نە تەنانەت ئەو ناوچانەشی کە ڕوسیا دەیەوێت بیانکات بە دەوڵەتی پەنادەستی خۆی بە ناوی پارێزگاریکردن لە مافی نیشتەجێبووانی، بەڵکو ڕاستەوخۆ شەڕە لەسەر بردنەڕێوەی جیهانەوە. جیهانێک کە چیتر ئەمریکا، وێڕای هەر هەوڵێکی، ناتوانێت هێزی یەکەم و قولدری جیهانبێت و بتوانێت جیهان بە تەنیا بەڕێوەبەرێت و پیادەی بکات. لەم کارەیدا شەریکی بۆ دروستبووە و شەریکەکانیشی نەیارەکانی دوێنێین کە بریتین لە ڕوسیا و چین. ئەم شەڕە یەکێکە لە ئاکامەکانی ئەو بارە ڕاگوزەرەی کە ئێستا جیهانی پیاداتێدەپەڕێت. جیهانێک کە هێزی پێشوو وێڕای هەر هەوڵێکی ناتوانێت ڕابەری جیهانبێت و هێزی تری لێ قووتبۆتەوە لە قۆناغێکی ڕاگوزەردا کە سەرمایەی جیهان بەجۆرێک تێکەڵاوە کە هەم شکاندنی بەرامبەر و هەم جێگرتنەوەی قورسترە لە چاو سەدەی پێشوودا. بۆیە جیهان لە گۆشەنیگای بەرژوەندییە جیاوازەکانی سەرمایەوە پێوسیتی بە ئارایشتدانەوە بە خۆی هەیە و بە داخەوە بەشێکیش لەم دووبارە دابەشبوونەوە و دەستبەرکردنی بەرژەوەندیانە پێویستی بە جەنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی. جەنگێک لە ڕاستیدا دەمێکە بە شێوەی ئابوری و شەڕی بە وەکالەت دەستیپێکردووە.
ڕوسیا لە دوای ساڵی ١٩٩٧ ەوەو بە دوای ئەوەی کە زۆرێک لە ووڵاتە دراوسێکانی و بە تایبەتی ئەوانەشی کە بەشێکبوون لە خۆی پێش ڕووخانی دیواری بەرلین، هەمیشە نیگەرانی خۆی لە بەرفراوانبوونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ دەربڕیوە و جێگەی نیگەرانی بووە و بە مەترسی لەسەر خۆی چاویلێکردووە، وە لە ڕاستیشدا هەروابووە و ئەم هاوپەیمانیەش بە ڕابەری ئەمریکا هەمیشە یەکێک لە ئامانجەکانی ئابڵوقەدانی ڕوسیا بووە بە هێزەکانی و خودی دامەزراندنیشی هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە بۆ ئەوەی هەرکاتێک بیانەوێت و بتوانن دەستیان ئاواڵابێت بۆ تەدەخولی سەربازی. هاوکات بە دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و بەڵێننامەی مینسک دا و هەوڵدانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆکرانیا لە خۆ بگرێت ڕوسیای لەبەرامبەر هەڕەشەیەکی گەورەتردا ڕاگرتووە کە وای لە ورچە سپی یەکە کردووە بەخەبەربێتەوە. ڕوسیا بە ئاشکرا دەزانێت کە ئەمریکا و ئەوروپا ناکۆکن، وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە کۆکبن، بەڵام خۆری ئەم کۆکبوونە دەمێکە ئاوابووە و زۆرێک لە ووڵاتەکانی ئەوروپا و بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا هەمیشە لە مۆلەقەییدا ژیاون و هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەوەندەی بۆیانبکرێت بای باڵی خۆیانبدەن و لەژێرڕکێفی تەواوی ئەمریکادا نەبن. ئەمە وێڕای قووتبوونەو و گەشەکردنی چەندین هێزی ناوچەییو تر وچەندین کێشەی تر. لە ڕاستیدا ئەم شەڕە نزیک بە دوو دەیەیە لەژێر ناوی دانانی ئابڵوقەی ئابوری و لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی یەکتردەستیپێکردووە و ڕۆژ دوای رۆژیش بواری بەردەم ڕوسیای تەسکترکرۆتەوە، هەر بۆیە کاتێک کە شەڕی بۆرسە و پشکەکاکن و بانکەکان بە بنبەست دەگات و ناتوانێت ڕیگاچارە خوازراوەکەبێت، ئەوا شەڕی مەیدانی و جیۆسیاسی دێتە پێشەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پشک و سەروەریە ئابورییانە، سەرمایەداری جەنگ دەکات و دەیەوێت لە دوای جەنگ لە بەرووبوومەکەی بخوات. ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ جەنگی بۆرسەو سەرمایەیە و چ لایەنێکیش هێزی زیاتربێت سەرمایەکەی زیاتردەبێت. هەر بە پێی ئەم هاوکێشەیەش کە بۆرسەکان و بەرژوەندییە بازرگانی و سەرمایەدارییەکان جیهانین و هەموو شتێک جیهانی یە، هەر بۆیە ئەم شەڕەش جیهانی یەو تەنها وەکو پێشتریش ووتمان مەیدانەکەی ئۆکرانیایە. ڕوسیا و پۆتین داوای بەشی زیاتردەکەن و ئەوانیش نایدەن و بەربەستی بۆ دروستدەکەن، بۆیە بە شەڕ ساغدەکرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانی شەڕدا بە ئاشکرا دەیبینین گەواهی لەسەر ئەمە دەدات و بە ئاشکرا و ڕۆشنی هەموو ڕۆژێک لە میدیاکانی خودی بورژوازییەوە گوێبیستی دەبین کە چۆن ئەم دوو بلۆکە بورژوازییە جیهانییە خەریکی ساغکردنەوەی ناکۆکیەکانی خۆیان لە شوێنێکدا کە ناوی ئۆکرانیایە، هەر لە بلۆککردن و ئابڵوقەی ئابوری یەوە بگرە تا دەگاتە نوردستریم و ناردنی چەک و تەقەمنی بۆ ئۆکرانیا. تەنانەت بارەکە بە شوێنێک گەیشتووە کە بورژوازی جیهانی چۆن لە ئەفغانستان و عێراق و ووڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی دا خەریکی دروستکردنی مورتەزەقە بوون، هەر وا لە ناو دڵی ئەوروپاش دا خەریکن ئەم جۆرە لە سیاسەت بەڕێوەبەرن لە ژێر ناوی جەنگاوەری خۆبەخش وبەرگریکار لە ئەوروپا و ئۆکرانیا و بێ شەرمانەش سەرۆکی ووڵاتەکان یان بانگەشەی بۆ دەکەن یان ڕەزامەندی لەسەر دەدەن و دەیانەوێت جەنگێک کە هیچ پەیوەندییەکی نە بە ئەوروپی بوون و ئۆکرانی بوونەوە هەیە، بە خەڵک بقەبڵێنن و بۆ بووکەڵە جوانەکەی دیموکراسی فرمێسکبڕژن و خەڵک بکەنە قوربانی. ئەم شەڕە تەنانەت بە واتا سوواوەکەشی هییچ پەیوەندییەکی بەو بەها سوواوانەوە نییە و شەڕە لەسەر پێگەی دوو ڕەقیب و زلهێزی جیهانی کە دەیانەوێت زۆرترین بەشیان لە سەرمایەی جیهاندا هەبێت بە تایبەتی کە ئەم کێبەرکێیانەیان لە چوارچێوەی دانوستان و ڕێکەوتن دا بۆ ناچێتە پیش، ئەو کات شەڕ بە تاکە گریمانە دەمێنێتەوە بۆ ئەم یەکلاییکردنەوەیە.
مەیدانی جەنگێک کە ئۆکرانیایە، هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی ئۆکرانیاوە نییە و ئەوێ تەنها وەک مەیدانێکی ڕووبەڕووبوونەوەکە هەڵبژێردراوە یان ناچاربوون هەڵیبژێرن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان “ئەمریکای دیموکراسی” و “ڕوسیای دیکتاتۆری” نی یە، بەڵکو لەڕاستیدا جەنەگی نێوان دوو سەرمایەی جیاوازە بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژی درۆزنانە و هەر بۆیە هەڵوێستوەرگرتن لەبەرامبەر جەنگیشدا ئەگەر دژ بەم دوو جەمسەرە و هاوپەیمانەکانیان نەبێت نە مانایەکی دەبێت و نە دەتوانێت سیاسەتێکی دروست بێت. وە ئەگەر هەر کەس و هێز و لایەنێکیش بە یاسا و ڕێساکانی جەنگی ئەم دوو زلهێزە ووشیارنەبێت، ئەوا زۆر ئاسان دەکەوێتە بەرەی یەکێکیانەوەو یان دەبێت بە پارێزگاریکەر لە “ئەمریکا و خۆرئاوای دیموکراتی” و دەچێتە سەنگەری خەڵکی ئۆکرانیاوە و تەنانەت وەک دەوڵەتە ڕاستڕەوەکانیشیان بانگەوازی هەڵگرتنی چەک دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە “ئۆکرانیا” و تەنانەت بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکرانیاش تا بەوە دەگات کە هاوڕای وەزیر و گوزیرەکانی ئەوروپا بچێت لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربێت و چەپڵە بۆ ناتۆ و ئەمریکا لێبدات و هاوپشتی خۆی بۆ “خەڵکی ئۆکرانیا” نیشانبدات دژ بە “ڕوسیای دیکتاتۆر” و یان دەبێت بچێت پشتگیری لە “ڕوسیای دیکتاتۆر” بکات و فرمێسکە تیمساحاوییەکانی پوتین قبوڵبکات کە سەبارەت بە خەڵکی ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەیڕێژێت و دەیەوێت “سەروەرییان” بۆ بگێڕێتەوە!.
لەم جەنگەدا پڕۆلیتاریای ڕوسی و ئۆکرانی وجیهانی زەرەرمەند دەبن. ئەوەتا لەو ڕۆژەوەی کە جەنگ دەستپێکردووە، نرخی هەموو کولوپەل و خۆراک و پێداویستیەکان و سووتەمەنی و هتد لە بازاڕەکانی جیهاندا زیادیانکردووە و رۆژ لە دوای رۆژ توانایی کڕینی ئەم چینە بۆ ئەم پێداویستیانە دێتە خوارەوە و باری شانی قورستردەبێت. دەبێت ئەوەشمان لە یادبێت ئەم جەنگە چۆن بۆ بورژوازی و هێزەکانی جیهانییە و گڵۆباڵە ئاوهاشە بۆ پڕۆلیتاریا، بۆیە ناتوانرێت لە چوارچێوەی ئاسۆ و ئایندەیەکی “نەتەوەیی” کە خۆی هیچ جێگایەکی نییە لەم هاوکێشانەدا لێکبدرێتەوە. وەستانەوە بە دژی جەنگیش تەنها و تەنها کاتێک مانا پەیدا دەکات کە پڕۆلیتاریا توانیبێتی بە دژی ئەم زلهێزانە لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا هێزی خۆی نمایش بکات و ڕیزی خۆی لە ڕیزی ئەم جانبازانەی سەرمەیاداری و دەسەڵاتە گڵۆباڵی و ناوخۆییەکانی جیابکاتەوە. ئەگەر نا هەر جۆرە هەڵوێستگرتنێکی تر بە بێ خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا بە ڕیزی سەربەخۆی چیانیەتی خۆیەوە، دەبێتە ئاو و دەڕژێتە ئاشی یەکێک لە لایەناکنی ئەم کێشمەکێشەوە. هەر بۆیە جەنگ و ماڵوێرانی و بۆمبارانکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک بە گشتی جێگای ئیدانەکردنە لە لایەن هەر هێزێکەوە بێت، بەڵام ئەگەر ئەم جەنگانە بە ڕیزی پڕۆلیتاریای یەکگرتوو قڵپنەکرێتەوە بەسەر لایەنەکانی جەنگدا، ئەوا لە هەڵوێست دەربڕینێکی بێ کاریگەر زیاتر نابێت چونکە ئیدانەکردنیش ئەگەر بتوانێت مانایەکی هەبێت تەنها لەنێو ئەم هاوکێشە چینایەتیەدا ماناپەیدادەکات. ئیدانەکردن دەبێت “نا” یەکی گەورەی چینایەتی و یەکگرتوو بێت دژ بە هەموو لایەنەکانی ئەم جەنگە بە ئەمریکا و ناتۆ و ڕوسیاشەوە، وە هەر ئەمەش دروشمی ئەنتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریای هۆشیارە.

کامل احمد
01.03.2022
kamil.ahmed.f@gmail.com




ئۆکراین لەژێرپێی میلیتاریزم و ئۆلیگارشی ترانسناشناڵی ڕوسیا و ناتۆ.. ئاسو کمال

کاتێک ویژدان زیندووی هەر مرۆڤێک قسەکانی پوتین و جۆ بایدن دەبیستێ دەزانێ سەدەی ٢١ گەشتۆتە ئاستی چ کارەساتێک. زمانی شەڕ و ئەتۆم لە نێوان ئەم ملیاردێرانەی جیهانیان کردۆتە بازاڕی پێشبڕکێی دۆلار و ڕۆبل زۆر بێ شەرمانە سەرتاپای میدیای جیهانی سەرمایەداری داگرتوە. گیانی هەزاران ئۆکرانی چوەتە پاڵ دەیان و سەدان هەزار قوربانی تر کە هەر لەم سەدەی ٢١ دنیای دیموکراسی و بازاڕی ئازادی سەرمایەدا لە گۆشە و کەناری جیهان بونەتە قوربانی و تازە ئەمەش سەرەتای قوربانی بونی مرۆڤایەتیە.
ئۆکراین شوێنی خاڵی بونەوەی گرێی نەزمی نوێی ئەمریکایە کە لە ڕێگای ناتۆوە حکومەتی ئەمریکی دەیەوێ بەهەر قیمەتێکە نەزمی یەک قوتبی ڕابگرێ. بەڵام ئەمریکا لە دنیایەکی ترانس ناشنالی سەرمایەدا ناتوانێ ڕەقیبە سەربازیەکانی وەک پوتین بە ئاسانی لابدا چونکە بورژوازی ڕوسیا لەناو تۆڕی جیهانی سەرمایەدا بەشێکی جیانەکراوە لەو چینە ترانسناشناڵەی سەرمایەیە کە لە بانک و پیشەسازی و بازرگانی و پەیوەندیەکاندا ئاڵۆسکاوە.
حکومەتی پۆناپارتی پۆتین نمونەیەک لە حکومەتی سەرمایەیە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا چینێکی سەدان ملیاردێری لە ڕوسیادا دروستکردوە کە هەموویان هاوکاری ملیاردێرەکانی ئەمریکا و چین و ئەوروپان و هەرچەند حکومەتەکانیان شەڕی سیاسی و سەربازیشیان هەبێت لە کۆتاییدا پێویستیان بە دابەشکردنەوە و سەرلەنوێ سازکردنەوەی ئەم بازاڕە جیهانیەیە.
ئایا شەڕی ئۆکراین چۆن ناکۆکی نێوان ئەم چینە ترانسناشناڵە و دەسەڵاتی سەربازی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیمانی سەربازی ناتۆی ڕۆژئاوا یەکلایی دەکاتەوە؟ ئەمە هێشتا دیار نیە. بەڵام نیگەرانی لەم ئایندەیە لە ئێستادا لەوپەڕیدایە، چونکە سەرمایەداری جیهانی لە ڕێگەی ئەم دەسەڵات و دەوڵەتە سەربازیانەوە پرۆسەی کۆنترۆل کردنی بازاڕ و سەرمایە و دابەشکردنەوەی داهات دەکا و ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی هێز و پاوانکردنی زۆرەملێ یە و هەرکام لەم حکومەتە بورژوایانە و قسەکانی پوتین و بایدن و سەرانی ناتۆ نیشانی دەدەن کە ئەم قەسابانەی مرۆڤایەتی خەریکی تیژکردنەوەی چەقۆکانیانن.
چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دوای ٢ شەڕی جیهانی ئێستا لەبەردەم دەورەیەکی نوێی بەربەریەتی سەرمایەداری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادایە و هەرجۆرە خۆشباوەڕیەک بەهەر کام لە بەرەکانی ئەم شەڕە بەرەو دوبارەبونەوە و چەند قات بونەوەی کارەساتی جەنگە جیهانیەکانی ڕابردومان دەبات. هەربۆیە کۆتایی هێنان بەم شەڕانە خواستی فەوری ئێمەیە و خەبات بۆ ئایندەیەکی دوور لەسەرمایەداری تەنیا ڕێگای دەربازکردنی مرۆڤایەتیە لە دەست کارەساتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی ئێستا.

ئاسو کمال




نەخێڕ شەڕ کۆتایی نەهاتووە.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک

چەند خولەکێکە ئیمێڵێکم بۆ هاتووە، داوا دەکات پشتگیری لەگەلی ئۆکراین بکەم، چەند رۆژێک پێش ئێستاش، بەهەمان شێوە، ئێمڵێکم بۆ هات داوا دەکات واژووی داواکاری گەلانی ناو دارستانەکان بکەم، چونکە سەرمایەداران دەیانەوێ بەشێک لەدارستانەکەیان ببڕنەوە، دیارە ئێمەش لەگەڵ هەموو گەلێکی ستەم دیدەین، چونکە خۆمان هەردەم لەژێر هەڕەشەداین، ئەمە قسەی یەکێک لەوانە بوو لەدانیشتنێکی ئاسایی لەگەڵ هاوڕێ تورک و عەرەبە سووری و ئەو هیندییە بوو، کە لەچێشتخانەی نزیک کۆمپانیایە کاری دەکرد.
-کەس ئەو چیرۆکە دووبارە نەکاتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، شەڕ کۆتایی دێ، دایکێکیش چاوەڕوانی کوڕەکەی دەکات، دایک هەموو کاتێک لەبەر دەرگایە، لەکاتی خەوتنیشدا کاتێک گوێی لەچرپەیەک دەبێ یەکسەر رادەپەڕێ، لەو کاتەشدا چاوەڕێی کوڕەکەیەتی، بەڵکو باوەشی پیادا بکات، لەخۆشیدا هۆڕ هۆڕ بگریێ، ئینجا دڵنیا بێ لەوەی شەڕ کۆتایی هاتووە.
عەرەبە سووریەکە:هەر لەبەر ئەوەی دەمانویست پشت بەخۆمان ببەستین، هەرچی باڵەخانە و کارگە هەبوو، لەگەڵ زەویدا یەکسانیان کرد، راستە دەستەڵات گەندەڵ بوو، کەچی دەکرا، بەئاشتییانە و گفتوگۆی لۆژیکیانە، هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێ،
کوڕە هیندییەکەی چێشتخانە:من پێم سەیرە باس لەوەستانی شەڕ دەکەن، ئێمە و پاکستان زیاتر لە هەفتا ساڵە لەیەکتر جیابووینەوە، بۆ ئەوەی هەردوو لا بەئاشتییانە بژین، چەندین گفتوگۆ و بڕیار و دانوستاندن و رێککەوتن کراوە، هەردوو لا رازین لەسەری، کەچی تا ئێستا شەڕ لەو نێوەندە نەوەستاوە، هەردوو لا بەئەتۆم هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، هیندی و پاکستانییەک لەهەر کوێی ئەم جیهانە یەکتر ببینن، چاو لەیەکتر زەق دەکەنەوە.
-وەک ئەو شیعە و سوونییە وان هەردوکیان ئاوارەی ئێرەن، بەڵام هیچیان ئامادەنین، لەشوێنێکدا لەگەڵ یەکتردا کاڕ بکەن.
سەیر بکە، پێم بڵێ چۆن شەڕ کۆتایی هاتووە، ئەو منداڵە دەبینی، جوانترین جلی پۆشیووە، دایک و باوکی کار بۆ ئەو دەکەن، سەیری چاوانی بکە، حەسرەتێکی تیادا دەبینی، وا هەست دەکات کارەساتێک بەڕێوەیە، بۆیە چاو بەهەموو لایەکدا دەگێڕێ، ئەو پێمان دەڵێ : نەخێر شەڕ کۆتایی نەهاتووە.




بڵندنۆڕینی نالییانە، لە پەنجەرەشیعری پێشەوا کاکەییەوە.. هەردی حوسێن

لای ھەموومان ڕوونە، کە نالی یەکێکە لەو شاعیرانەی کورد کە لە ڕیزی ھەرە پێشەوەی شاعیرانی کلاسیک دێت. نالی ئەو قارەمانەی کە بە دەست میللەتێکی بێدەسەڵات و کێشمەکێشمی نێو خۆوە دەیناڵاند. ئەو بلیمەت و زانایەیە، کە لەبەر بێ خاوەنی وەک پشکۆی ئاگر، ھێواش ھێواش لە کزی دەدات و داخەکەم بەقەد کۆلکە شاعیرێکی خاوەن دەوڵەت نێوی نایەت.
بەڵام، پێشەوا کاکەیی شاعیر بەو شیعر و پەخشانەشیعرانە (ـی ڕەخنە و توێژینەوە بە شیعر)ەیدا، دێت و شیعری نالی و ئەدەبەکەی لە جەرگەی سەدەی نۆزدەمەوە بەسەر سەدەکانی دوای خۆشییەوە گەردەن کێل دەکات. شاعیر زۆر قووڵ و نالیناسانە لەو ڕووداو و فەترە زەمەنییە دەنواڕێت، کە نالی تیایدا گوزەری کردووە و باوەڕێک و سوکناییەک بە خوێنەر دەدات کە پێی دەڵێت سەردەمی نالی و دوایی نالی ھەریەک سەردەمە بۆ ئێمە و گیروگرفتەکانی سەردەمی نالی، خزمی گیروگرفتی ئەو سەردەمەی نالیین و بە شکڵ ھەندێک شت گۆڕراوە.
شاعیر پەنجە لەسەر ھەموو ئەو گرفتانە دادەنێت و دەیانھۆنێتەوە. ھۆنینەوەیەک لە شێوەی ڕۆمانئاسا کە پڕیەتی لە ڕووداو و شوێن و کارەکتەر! ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە شاعیر بێ ئەوەی ھیچ ڕووداوێک جێ بهێڵێت و ھەرچی گرینگە بۆ خوێنەر دێت بەیانی دەکات. شاعیر ئەو فەترە زەمەنییەی کە نالی تێدا نییە دووبارە بە لێدوانی نالییانەوە پڕی دەکاتەوە و لە دۆخەکان دەدوێت. کە ئەمە کارێکی ئێجگار قورسە و ئەگەر ڕۆمانێک بوایە ئەوا قەبارەی پەڕتووکەکە چەند ھێندە دەبوو، بەڵام شاعیر وەک بیهەوێت ھەموو یاسایەکی درووستکراو تێک بشکێنێت، دێت و لە ڕووپەڕی شێست لاپەڕەدا کۆی ئەو ڕووداوانەمان وەک تۆمارکردنێک بۆ تۆمار دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، زۆر جار خوێنەر بیری بۆ ئەوە دەچێت، تۆ بڵەی شاعیر ئەوەی وەک یادداشتێک نەکردبێت؟ چەند لاپەڕەیەک ھەڵدەدەیتەوە و بیرت بۆ لای شتێکی دیکە دەبات و بە ڕەخنەیەک یاخود ڕووداوێک کە دەشێت لە بیرمان کردبێت دڵمان ڕادەچڵەکێنێت! ھەر لە سەرەتاشەوە شاعیر ئەم پەڕتووکەمان وەک فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری نیشان دەدات، کە ھەرگیز جاڕز نابین لە تەماشاکردنی و بگرە حەزیش ناکەین تەواو بێت! و پێ بە پێ لەگەڵ خۆیمان دەبات. بۆ مەگەر ھاتنەوەی نالی و درووستکردنەوەی بە شیکڵی ئیمڕۆ لە دیۆکۆمێنتاری ناچێت!
ئەوەی جێگەی تێڕامانی زیاترە ئەوەیە کە شاعیر لەم پەخشانەشیعرەیدا زۆر وریایانە زمان و زمانەوانی و لایەنی ڕێنووسی بێ ھەڵە بەکار دەھێنێت کە لە سەردەمی ئێستاماندا بووە بە شتێکی مەحاڵ بۆ نووسەران! خوێنەر گەر بیهەوێت لە ھەرڕووپەڕێکدا چەندین ھەڵەی زمانەوانی و ڕێنووسی دەدۆزێتەوە کە ئەوە نەک لەم پەخشانەشیعرەی شاعیردا نییە، بەڵکوو لە بەرھەمەکانی تریشیدا دەگمەنە!
شاعیر دێت و نالی دەکاتە بیانوویەک بۆ دوواندن لە بابەتە (کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئایینی و زمانەوانی.) دۆخی دوای نالی، بە نالی دەخوێنێتەوە و ڕەخنەیان لێدەگرێت. کە دەڵێین خوێندنەوەی نالی بە نالی ئەوە شتێکی ئاساییە و ئەوپەڕی شکۆیە بۆ شاعیر، کە بتوانێک کارێکی وا ئەستەم لە ئەستۆ بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پڕ شانازی، ھەر وەکوو مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: »(برناردشۆ) چەند جوانی فەرموو کە لێیان پرسی (تۆ گەورەتری یا خود شێکسپیر؟) ئەویش لە وەرامدا بەوپەڕی باوەڕبەخۆکردنەوە گوتی: (ئەو لە من کەڵەگەتترە، بەڵام من لەسەر شانی ئەو ڕاوەستاوم.) ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لە سەر شانی (نالی)ـی ئەدیب و شاعیرێکی کوردیش چەند بەرز دەبێتەوە کە لەسەر شانی نالی و ئاوەڵەکانیەوە گەشتی بەرەو ژوور دەست پێ بکات.« شاعیر بەر لە ھەرشتێک بە شادێڕێکی نالی دەست پێدەکات و دەڵێت:
[لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!]

شاعیر چەند وەستایانە ئەو شادێڕەی ھەڵبژاردووە، چونکە نالی ھەرچی تاڵی و سوێرییە لەو شادێڕەدا کۆی کردۆتەوە و داوا دەکات دڵی ببێتە ئاو و بە چاوانیدا بێتە خوارەوە و بێتەوە بۆ نیشتمان! شاعیر ھەر دەڵێی گوێی بۆ ترپەی دڵی ئەم دێڕەی نالییەوە ڕادێراوە و نالی دەھێنێتەوە بۆ نیشتمان، بەڵام چ نیشتمانێک! ئەوەتا شاعیر دەستی نالی دەگرێت و دەڵێت:
نالییش گەر بێتەوە،
جارێکی دی ناڵێت:
(چاوی من دەم دەم دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گەش،)
بە بێ گوێدرێژەکەی ڕێ تەی دەکات
تا هەموو دنیا بزانێت
دەریای ئیژە دوڕ و مەرجانی نییە،
ئیدی خۆی پێدا دەکات
لە داخی گرد و دۆڵ و سەری ڕەش!

شاعیر ھەر زوو نالی نائومێد دەکات و پێی دەڵێت گەر ئەم جارە و چەند جارێکی دیکەش بێیتەوە ھەمان ھەڵوێست دەنوێنی و ڕێ تەی دەکەیەوە، چونکە ئێستا گۆمەکە بۆگەنتر بووە و ناتوانی دان بە خۆتدا بگری و نەڕۆی. شاعیر وەک ئەوەی بیهەوێت بە ئێمە و نالی بڵێت ھێشتا ماوە و وەرن ببینن ئەوانە ھەموو ڕۆژێک لە ژیانمان ڕوودەدەن و خەریکە ببن بە ڕووداوی ئاسایی و لە سەدەی نۆزدەمەوە تا کابینەی ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش وەک ھەڵمی سەر دەریاچەکان ون دەبن و دەچن بە ئاسماندا.
هەموو ڕۆژێک خوێنمان دەڕێژرێ،
تيغ لە گەردنمان سواوە
ناڵێین دەستمان دامێنتە،
چەند دەیەیەکە ناڵینە، ڕەنگە بڕوا تا سەد کابینە

شاعیر ھەر بەو ڕەخنانە ناوەستێت، کە نووسەران زیاتر سیاسییەکان دەکەنە ئارمانج، بەڵکوو شاعیر بەداخیشە لەو شاعیر و بوێژانەی كە بوونە پارێزگارێک بۆ سیاسییەکان و بۆ مووچە ناڵە ناڵیانە و بەرگری لە ستەمکاران دەکەن. ھەر ئەوەش پاڵی بە شاعیرەوە ناوە و بڵێ:
ورگت، دەفتەرێکی شڕە
ئەلفبێی کراسەکەت هەڵوەریون.
گوێچکەت کەروێشکییە و
گاڵتەت بە گوێدرێژ دێ.
بگەڕێوە نالی!
ناڵێک بکێشە بە خەیاڵی شاعیراندا!
چۆن داڵغەیان چەقیوە و
ناڵینی مووچەی حیزبییانە!
با هەموو کەس بزانێ خۆ شاعیری ئەم سەدەیە
لە (ئاراس) و (سەردەم)ـەوە،
لە (یەکيێتیی دووسەران)ـەوە،
لە (پاراستن) و (زانیاری)ـیەوە،
قەڵەم و کاغەزيان وەکوو کووتاڵ سەودا پێ دەكه‌ن!
هەر لەبەر ئەوەشە ڕقیان لێمە،
چۆن لە ڕەخنەمدا شیعرم چەکوشکاريی خۆی دەکا!

شاعیر ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت دەزانێت و دەیهەوێت بە نالی و ئێمەش بڵێت، نالی و خانەقاکان چیان بەسەر ھاتووە و مەلاکانی ئەم سەردەمەش بێبەش نین و پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو کاولستانەی خوڵقاوە؛ چونکە مەلاکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان ھەیە، بە پێی ئەوەی زۆرینەی خەڵقی کوردستان موسڵمانن. شاعیر بە شارەزاییەکی زۆر زمانەوانیانەوە لەو بارەوە دەدوێت و دەڵێ:
ناگەڕێمەوە تاریکەدوا، دووا
چاوم بە کەلەم کەوت و کەللەم دا لە سەرەکەلەمی
لە ترسان، لێی بەر بوو، دەستنوێژی شکا مەلا؛
کە هەڕەشەی مووچەبڕینی لێ کرا!
نالی هاتەوە نێو شیعر و
گوێدرێژیش چاوی بە هەرمەلایەک کەوتايه‌،
جووته‌يێکی لێ دەدا!

لێرەدا گوێدرێژیش وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕێت و بگرە زیاتریش، چونکە ئەوە گوێدرێژەکەی نالییە جووتە لەوانە دەدات کە شاعیر وایان دەبینێت پشکیان ھەیە، بەرپرسیارن لە پێھەڵخلیسکانی خەڵکی و ھاوکاری (حوکوومەت)ـن. بۆیە شاعیر نایشارێتەوە، کە ئەوە ھەر حیزبەکان نین، کە خەڵکی دەڕووتێننەوە و ڕۆڵیان ھەیە لە چەقبەستوویی وڵاتەکەمان. بۆیە شاعیر دەڵێ:
هەر داری سەوز و زەرد نییە
دڵی خەڵەفاوێک، دەکەنە مۆمدان و
چاوی گەنجێکی بیرنەکەرەوە دەکەنە گڵۆپ و
ڕیش خۆڵەمێشێکی ئیخوانی،
بێدەنگ بێ لە ئازاری منداڵێکی ئێزیدی و
دار پرتەقاڵێکیش لەگەڵ خۆیدا دادپه‌روەر نەبێ؛
چى گۆڕاوە نالی؟
هەچە لە گوێدرێژەکەت بکە و بڕۆ!

ھەر چەندی کێشەکان، زۆربن، بەڵام نابێت مرۆ ئەوە بکاتە بییانوویەک و ڕوو لە ھەندێک باس نەکاتەوە بەتایبەت زمان، چونکە زمان سەرچاوەی بوونی نەتەوەیە و پێویستە ھەموو نەتەوەیەک شانازی بە زمان و ڕەچەڵەکی خۆیەوە بکات، بەتایبەت ئێمەی کوردزمان… بۆیە شاعیر زمان فەرامۆش ناکات و شانازی دەکات بەو زمانەی پێی دەنووسێت و دەڵێ:

کاتێک لە گەردوون ڕادەمێنم
ئەستێرە بێت یان کاکێشان،
هەسارە بێت یان کونە ڕەشەکان،
بە کوردی، جوانتر شیعرم بنکۆڵی دەکات.
با خۆی دەخشێنێت لە هەوای زمانم و
وشەم هەڵدەپاچێت،
بە ڕەگەوە شیعرم هەڵدەکەنێت
یان قەدی دەشکێنێتەوە،
ئەگەر ئەم خاکە لە زمانمدا نەسوێت،
دەیسووم.

شاعیر نەک ھەر شانازی دەکات بە زمانی کوردیییەوە، بەڵکوو ئاڵانگاری ئەوەش دەکات کە زمانی کوردی ئەو زمانەیە، کە دەتوانێت نەک لە شتە زەمینییەکان بەڵکوو لەو شتانەش بدوێت و قسەی پێ بکرێت کە ئاسمانین و پەیوەندیەکی پتەویان بە زانست و فەلسەفەوە ھەیە. شاعیر ھەر بەوە ناوەستێت، بەڵکوو زیاتریش دەڕوات و تا ئەوپەڕی سنوورەکانی خۆشەویستی و ھەست دەربڕین بۆ زمانەکەمان دەڵێ:
نامەوێت دەستت لێ هەڵبگرم ئەی نیشتمان!
هەرچی خوێنە دەیدەم، بۆ زوبانە، وەلێ بە فیڕۆ دەڕوش!

شاعیر بەردەوام دەبێت لە پەیامەکەی و ئەمجارەیان دێت نالی و خوێنەران دەباتە وێستگەیەکی دیکە و پێمان دەڵێت ببینن گیرۆدەی چین؟ نالی وەرە ببینە لە چ دۆخێکداین؟ نالی وەرە و ببینە خۆت گوتەنی (مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاوە شکاوە.) وەرە و ببینە ھەموو ئازاری بەدەنمان دەناڵێت بە دەست سیاسییەکانەوە ھەر لە کۆڕەوەوە ھەتاوەکوو ئەمڕۆ. شاعیر ئەو پەیامە لە ڕێگەی شیعرەوە بۆمان بەیان دەکات و دەڵێ:

لەدوای کۆڕەوەوە
هەڵدێم، لە دەست دەنگی فیشەکی جەلالی و مەلایی
هەڵدێم، لە دەست دەنگی بتڵەغازی بەتاڵ
بە تاڵ، تاڵيی ڕۆژگار دەژمێرم.
هەڵدێم، لە دەست تەقەتەقی بەرمیلی بەتاڵی نەوت و
هەڵدانەوەی جۆزەی کارەبا و
دەنگی نووساوی ئاو و
هەڵگرتنەوەی مووی سپيی سەرم لە زیندان.
هەڵدێم، لە دەست سەدان تاوانی ئەم بنەماڵانە،
لەم سەرماوسۆڵەدا ڕەقیش ببمەوە،
ناتوێمەوە.
وەک پەیکەرێک لەنێو بەفردا
مێژوویەکی نوێم لێ دەتاشرێ.
ئەوەتا هەموو دنیا دێ بۆ تەماشام
کە کۆچم نەکردووە و هەڵاتووم،
دەزانن بۆ شۆڕشێکی نوێ هەڵدێم.

شاعیر ھەر وەکوو لەو سەرنجەی کە خۆی بەر لە دەستپێک ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: ئەم شیعرانە بە شێوەیەکی ڕیالیزمانە نووسراون. بۆیە بێ شرۆڤەکردن لەوەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو پەیامە بگەیەنن کە شاعیر ئارمانجیەتی. دەشگونجێت شاعیر ھەڵبژاردنی ئەم ڕێبازەی ڕێک بۆ ئەوە بووبێت، پەیامی شیعریەکانی ئاسانتر بگات، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو دۆخەی تێیداین لای شاعیر دۆخێکە پێویست دەکات زمانی شیعری ئاسان و قووڵ بێت. ئەویش بەو ئارمانجەی خەڵکی ئاسانتر دۆخەکەیان بۆ ھەزم بکرێت یاخود ئاسانتر لە دۆخەکە بگەن لە ڕێگەی شیعرەوە.
شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ھەموو ئەو ڕووداوە درووستکراو و خوڵقاوانە لێکەوتەی زۆر خراپیان ھەبووە و کارێکیان کردووەتە سەر مرۆی ئێمە کە بەدەگمەن یەکێک دەبینی ئاوات بە ڕابردوو نەخوازێت و نەفرین لە ئەمڕۆ نەکات. بەدەگمەن مرۆی ئێمە دەبینی لە ناخەوە پێبکەنێت. بۆیە لە چێوەی شیعرێکەوە دەڵێ:

کۆمەڵناسێکم دەوێت، خەندەم بۆ شی بکاتەوە.
یان پزیشکێک لە زار ورد بێتەوە،
بزانێت کەسێک لە دڵەوە دەکەوێتە قاقا.

شاعیر دەیەوێت، ئەم گەڕاندنەوەی نالی بە دەرفەت بزانێت و بەر لەو سەفەرە درێژخایەنە پێی بڵێت نالی ئەوە ھەر تۆ نیت کە وڵاتت تەی کردووە و چوویت بۆ وڵاتی غەریبیان، وەرە و بنواڕە گەنجان چۆن لە دەست جەور و ستەم پۆل پۆل لە وڵات ھەڵدێن و ڕادەکەن. شاعیر دێت و نیوەدێڕێکی نالی تێکەڵ بە ناخی خۆی و داکەوت (واقیع)ـی ئیمڕۆ دەکات و دەڵێ:

لە دەست ستەمکاران
وڵات چۆڵوهۆڵ بووە قوربان!
حوجرە بووەتە زانستگە،
هيی مەلا نییە،
هيی مامۆستايش نییە،
بینای کوڕانی هەرزەکاری کڵاوسوور و ڕاوچییە،
بینایی نییە، لێیان مەگرە!
زانستگەر هەم یاخی و هەم شۆڕشگێڕ و
هەمیش دینارێکیان پێ نییە.
نالی! ئەم کەفوکوڵە چۆن دادەمرکێ؟
کە دەڕوانمە مانگ،
گەدەی بەتاڵم مانگا تێيدا دەبۆڕێنێ!

شاعیر لە ڕەخنەگرتن بەردەوام دەبێت و پەیتا پەیتا سەفەرەکەی نالییش بەرەو کۆتایی دەڕوات؛ بەڵام شاعیر دێت بەر لە کۆتایی چەند وێنەیەکی دیکەمان نیشان دەدات و دەڵێ:
نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.

شاعیر بە درێژایی پەڕتووکەکە زۆر ئیش لەسەر چڕیەتی بابەتەکان دەکات و دەیەوێت بە فەترەیەکی زۆرکەم زۆرترین ئەو ڕووداوانە بە ئێمە بگەیەنێت کە ڕوویان داوە. ئەمەش ژارێکی ئەوەندە سانا نییە، چونکە پێویستی بە سەلیقەیەکی زۆر ھەیە. لە ھەمان لاپەڕادا، چەند باسێک بە یەکەوە گرێ دادات و دەڵێ:
شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

شاعیر ڕووداوەکان وەک زەنگیانە بە نێو شیعری خۆیەوە دەکات و ھەرچی ڕووداوە بە جوانی بۆمان دەھۆنێتەوە. ئەمانەی نووسیمانن چەند نموونەیەکن لە کۆی پەڕتووکەکە. لەبەر ئەوەی ڕووداوەکان پاشاخانێکی مێژووییان ھەیە و گرێدراوی یەکترن، ئێمە ھەموومان نەنووسیون، ھۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو کە خوێنەر خۆی بتوانێت گوزەرێک بەنێو پەڕتووکەکەدا بکات و بە چاوی خۆی ببینێت چۆن لە پەڕتووکێکی قەبارە بچووکدا، ئەمما گەورە بە نێوەرۆک توانراوە ئەو ھەموو خەم و پەژارەیە بکرێتە پیاڵەی ئەم پەڕتووکەوە. ئەگەر شیعر نەبوایە پێم وانییە بە ڕۆمانێکی چەند سەت لاپەڕەییش تەواو ببوایە! شاعیر لەوانەش گرینگتر کە کردبێتی ئەوەیە نالی ھێناوەتەوە ھەم نێو شیعر و ھەمیش مێژوو، کە ئەوە کارێکی ئاسان نییە. نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت شاعیر شیعری نالی ئاوێزانی شیعری خۆی و ھەستی خۆی و ڕووداوەکانی سەدەی بیستویەک کردووە، کە ئەمە کارە قورسەکەیە، چونکە شیعرێک سەدەی نۆزدە نووسرابێت دوای دوو سەدە ھەمان شیعر درێژەی پێبدرێت کارێکی نەکردەیە، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە شاعیر ھەر لە ھەڵبژاردنی دێڕەشیعرەکانەوە دەزانرێت چ نالیناسێکی گەورەیە! شاعیر بەو چەند دێڕە ئێمە و سەفەری نالی بە کۆتایی دەگەیەنێت و دەڵێ:
لەم بیبابانی نیشتمانەدا، مەرگ هەموو کات منداڵێکی ترسلێنیشتووە، تا گەورە دەبێت، چ تۆز و خۆڵی بیابان هەیە لە چاویدا هەڵدەگڵۆفێت.




ئەو سەرک ئەستوورە بۆ نوێژان ناکات.. شەماڵ بارەوانی

بێگومان مرۆڤ تا زیاتر بخوێنێتەوە، تازیاتر ئاشنای فیکر و فەلسەفەو کولتوور ودیدی جیاواز بێت، تازیاتر بیربکاتەوەو بەراوردی نێوانی ئایینەکان بکات، زیاتر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان و تونێلی تێڕوانینی وڵاتر دەبێت و لەزۆر شت تێدەگات. هەڵەکانی ژیانی پێشووی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەست بەرداری دۆگمی مەزهەب و ئەقیدەی ڕەها گەرایی و دەیان تێگەیشتنی پێشووتری دەبێت. ئینجا لەسۆنگەی مرۆڤ دۆستی و فەلسەفەی ڕێژەییەوە لەشتەکان دەڕوانێت. تێدەگات کە پێشووتر ئەو لەچاڵێکی چەندە تەسک و داخراودا ژیاوە. دنیا زۆر لەو چاڵەی هزر و تونێڵەی بیر و باوەڕ و ئەشکەوتەکەی ڕوانینی ئەو فراوانتر و مەزنترە. ئیتر دەست دەکات بە پێداچوونەوە و ئەبدەیتکردنەوەی ئەو دیدەنیگایەی پێشووتر کە بەبەغە ئاسا، لەسەری تەڵقین درابوو. من هەندێک وێستگەی ژیان و قۆناغی فیکری خۆمم بیردەکەوێتەوە، هەر بەڕاستی شەرم دامدەگرێت و هەست بەخەجاڵەتیەکی بێ ئەندازەو تەریق بوونەوەیەکی زۆر دەکەم. لەخۆم دەپرسم هەربەڕاستی من وابووم؟!
دواتر خۆم وڵامی خۆم دەدەمەوەو دەڵێم دەی خۆمن ئەو کات لەقۆناغی هەرزەیی تەمەن و غەیبووبەی فیکری دابووم.
بیرم دێت. لەڕابردووو و قۆناغی ژیانی خوێندنی ئایینی و فەقێیاتیمدا، چەندە کەسێکی وشک باوەڕ و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست بووم. چەندە کەسێکی فێندەمێنتالیست و چەق بەستوو ناحاڵی بووم، سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و ئازادیەکانی تاک و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و دەیان کۆنسێپتی تر، ڕوانینێکی چەندە نێگەتیڤی و خراپم هەبوو. چەندە هەڵەو نزم و سوک لەچەمکی لەمرۆڤ بوونم دەڕوانی. چەندە سوک سەرنجی ڕەگەزی ژنم دەدا. چەندە نائاژەڵ دۆست و نامرۆڤ دۆست و دەمارگیر و ڕاسیزم بووم. چەندە کوێرانە شوێن کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتن کەوتبووم. چەندە ڕقم لە ئێزدی، کاکەیی، جو، مەسیحی و هەموو ئایینەکانی تر و ئاڕاستەکانی تری درەوەی بازنەی بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی خۆم دەبوویەوە. ئای خودایە چەندە هەڵە حاڵی کرابووین و تێگەیەندرابووین! لەو سۆنگەیەوە دەمەوێ نموونەیەکی ئەو قۆناغەی ژیانم بۆ خوێنەرانی ئازیز باس بکەم. بەحوکمی ئەوەی فەقێ بووین و زۆرجار مەلاکان لەجێگای خۆیان دەیانناردینە ژن (مارەکردنێ).
ڕۆژەک چومە ژن مارەکردنێ لای بەحرکەو ئەو ناوە، زاوا هات، ئەمەش بەشێک لەو مەلا بەڕێزانەی لایان دەمانخوێند وایان تێگەیاندبووین، هەر کەسەک نوێژی نەکرد، کە بەهیچ شێوەیەک وەک موستەلەحە عەشایەرەکە دەڵێت( ژنی لێ مارەنەبڕین)، چونکو دروست نییە و ئێمە شافعی مەزهەبین و بەپێی مەزهەبی شافعیش نوێژنەکەر فاسقەو نابی ژنی لێ مارەبکرێت. مەلایەکیش لەیەکێک لەمزگەوتەکان، زۆر جار کە پێشتوور دەڕۆشتمە وتارەکەی ڕۆژانی هەینی، زۆر بەخراپی و نەرێنی هێرشی دەکردە سەر نوێژنەکەر و دەیگوت: ئەگەر بەکۆڵانەیەکی تەسک دا ڕۆشتیت و لە ئاراستەی بەرامبەریشت سەگێک و نوێژنەکەرێک لەو کۆڵانەدا بوون، خۆت بدە لای سەگەکە، نەک نوێژ نەکەرەکە. بۆیە تابڵێیت ڕوانینێکی نێگەتیڤ و نزمم لەهەمبەر مرۆڤی نوێژنەکەر هەبوو، بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکەو سەرتان نەیەشێنم، ‌ئێ منیش بە زاوام گوت نوێژ دەکەیت کوڕە؟ مامەحاجیەکی بەتەمەن لەوێ بوو، نازانم چی کوڕەکە بوو، یەکسەر لەجیاتی ئەو وڵامی دایەوەو گوتی: وڵا کاک مەلا ئەوەی ڕاستی بیت ئەو سەرک ئەستوورە نوێژان ناکات. من ئەوکات ئایینم زۆر بەتوندی و حەماسییەوە گرتبوو. بەینی خۆشمان بێت ، ئیسلامی و هاوسۆز و لایەنگری بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیش بووم. ئیتر کەئەمەم لەو مامە جاجیە بیست و زانیم کوڕەکە نوێژ ناکات، تووڕەیی هەموو بوونی داگرتم و پێم گوت: کاکە ئەتو شەرم لەخۆت ناکەیت نوێژان ناکەیت؟ کو دەبی ئومەتی موحەمەدی نوێژی نەکات؟ ئێستا بەمن ناڵێیت جیاوازی توو جولەکەیەک چییە؟ هەرگیز ئەو ژنەت لێ مارەناکەم ئەگەر بشفڕی، چونکە بەپێی مەزهەب و ئایین تۆ فاسقی، سەرتان نەیەشێنم هەستام بڕۆم. هەموو دەوریان دام، کوڕە دانیشە مامۆستا مەکردمان و تو مەکە حەیامان دەچیت لەناو خەلکی بەو خوایەی، ئێ گۆتم کاکە دەبینن ئەوە نوێژی ناکات من کو ژنی لێ مارەبکەم؟! من و ئیمامی شافعی زۆر خاتریشمان گرتیە، گەرنا لای هەندەک مەلاو مەزهەب هەر کافریشە، دواتر گوتیان کاکە بەخودای وەعد دەدات دەست بەنوێژان بکات، گۆتم نا باوەڕم بە وەعدی نوێژ نەکەری نییە، دەبی ئیلا سوێندی بخوات، زاوای فەقیر لەشەرم و خەجاڵەتیان حەوت ڕەنگی گۆڕی و تنۆک تنۆک ئارەقەی شەرم لەسەر نێوچەوانی دەکەوتنەخوارەوەو ناچار سوێندی خوارد و گوتی بەو خوایەی ئیتر دەست دەکەم بەنوێژان، ئینجا لێم مارەبڕی.
ئێستاش کە ئەوەم بیردەکەوێتەوە، لەلایەک دەدەمە قاقاو تێر تێر بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوسام پێدەکەنم و لەلایەکەی تریش تەریق دەبمەوە و لەخۆم دەپرسم باشە من بۆوام کرد. هەر بەڕاستی من هێندە مەزهەبی و بیر تەسک و ئاسۆ داخراو بووم؟!




مەرگ، دۆستی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح

چیت؟ لێم دەوێت:

  • وشە ی ڕۆمان
    گۆرانی مەل
    دڵ ی ژن
    دۆستی منن
    نەک جەنگ!

لەناو ئاو دا!
تەرم بۆگەن ناکا
وەرە پێکەوە
بچین بۆ ماڵ ی دەریا
ترسم! لەو پیاوەیە
تفەنگی پێ یە!


لە کۆڵانەکانی ژیان
دەنگی شەڕ دێت.
سەنگەرەکان دوورن؛
ژەهر ( با) ڕاو دەنێت
دووری نێوانمان
هێندەی درێژی تابووتێکە
من ئابڵووقەم
تۆ ئاگات لە خۆت بێت!


چەند جوانییت!
چی؟ بوو ناوت!
ببورە!
شەڕی سەگ ەکانی ئەو دوو ڕاوچییە
لەسەر لەزەتی چەند ئێسقانێک
لە بیری بردمەوە!


دان م ڕۆدەکەم
بۆ کۆترەکان!
کچ ەکەم ژان دەیگرێت
بەر لەوەی شەڕ کۆتایی بێت


پۆستاڵەکانی بۆ داکەند
پڕ بوون لە خوێن.
بە هاوڕێکەی وت:

  • جوانی مەرگ لەوەدایە
    ئیتر شەڕ نابینم

لە دوایی جەنگ
چەم چوو بۆ ماڵی باخ؛
پیی وت:

  • بۆنت خۆشە،
    شێوەت جوانە.
    چۆن ماویت!
    ئەو هەموو فیشەکەیان
    پیوەناویت!



چـیرۆک بۆ منـداڵان.. بیـربکەرەوە پێـش ئـەوەی بڕیـاربـدەیـت.. و. رەزا شـوان

پـزیشکەکە زۆر بە خـێرایی هـاتە نـاو نەخـۆشخـانەکەوە، بۆ ئەوەی نەشـتەرگـەری بۆ منداڵێک بکات. بە پـەلە چـووە نـاو ژووری جـل گـۆڕین و جـلـێکی سـەوزی پـۆشی و یەکسەر بە خـێرایی چـوو بۆ بەشـی نەشـتەرگـەری. لە هـۆڵـەکـەدا بـاوکی منـداڵەکەی بـیـنی کە چـاوەڕێی دەکـرد.
باوکی منداڵەکە بە تووڕەییەوە: بۆ ئەم هەموو کاتەت پێچوو؟ بۆ نازانی ژیانی منداڵەکەم لە مەتـرسی دایـە؟
پـزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: ببـوورە، لەناو نەخۆشخانەکەدا نەبـووم. کە پەرستیارەکە بە تەلەفـۆن پەیـوەندی پێوەکردم، بە ئەوپەڕی خێراییەوە هاتـم. هـيوادارم هـێورببیتەوە. تا بتوانـین بە ئـەرک و کـاری خـۆمـان هـەڵـبستـین.
باوکی منـداڵەکە: هـێوربـبم! گەر منـداڵەکەی تـۆ لـەم ژوورەدا بێـت ئایا هـێوردەبیـتەوە؟ گـەر منـداڵـەکەی تـۆ لە چـاوەڕوانی پـزیـشکـدا بێـت و بمـرێـت چـی دەکـەیـت؟
پـزیشکەکە دیسان بە زەردەخـەنـەوە: ئێـمە ئەوپـەڕی تـوانامـان بەکـاردەهـێنـین بـۆ ئـەوەی منـداڵـەکەت چـاک ببـێـتـەوە.
دوایی پزیشکەکە چـووە ژووری نەشتەرگەرییەوە، لە دوای دوو کاتژمێر هاتە دەرەوە.
پزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: سوپاس بـۆ یەزدان، نەشتەرگەرییەکی سەرکەووتـووم بۆ منـداڵەکەت ئەنجـامـدا. ئێستا تەنـدروستی زۆر باشە. گـەر هـەر پرسیارێکـت هـەیە لەم خانمە پەرسـتیارەی بکە وەڵامـت دەداتـەوە.
دوایی پـزیـشکەکە زۆر بە خـێرایی لە نەخـۆشخـانەکە چـووە دەرەوە و رۆیـشـت.
باوکی منـداڵـەکە بە پەرستـیارەکەی وت: ئـەم پـزیـشـکە بـۆ هـێــندە لـووت بـەرز و لەخۆبـاییە؟ بـۆ نەیـدەتـوانی بۆ ماوەی چەنـد خولـەکـێک لەگـەڵمـدا رابوەستـێـت، تا دەربـارەی نەشتەرگەرییەکـە و دۆخـی منـداڵـەکەم چـەنـد پـرسـیارێـکی لـێـبـکەم؟
خانمە پەرستیارەکە دڵۆپ دڵۆپ فـرمێسک لە چاوەکانی دەهـاتنە خوارەوە: نا وانیـیە. پـزیشکێکی زۆر دڵسۆز و خاکی و رووخۆشە. ئەم بەیانییە، منـداڵەکەی بە کارەساتی ئۆتـۆمبـێل شێلان گیانی لەدەست دا. کە بە تەلەفـۆن پەیـوەندیـم پێـوە کـرد، خەریـکی ناشتـنی منـداڵەکەی بـوون. کە ناشتیان، یەکـسەر بە ئەوپـەڕی خـێـراییەوە هـات، بـۆ ئەوەی نەشـتەرگەری بـۆ منـداڵـەکەی تـۆ بکات و لە مـردن رزگـاری بکات. بۆیـەش
بە پـەلـە رۆیـی، بـۆ ئـەوەی لە پـرسـەی ماتـەمیـنی جـگەرگـۆشـەکەیـدا ئامـادەبێـت.
باوکی منداڵەکە، زۆر خەمبار بوو، زۆریش پەشیمان بـۆوە لەو قـسە رەقانەی کە لە رووی پـزیشکەکەدا کردی. چـوو بـۆ پرسەکەی و سەرەخـۆشی لە پـزیشکەکە کرد و زۆر داوای لـێبـووردنیـشی لـێکـرد.

(*) ئەم چیرۆکەم لە ئینگـلیزییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەریشی بە سەرەوە نییە. (Think befor you judge)




سەیرە ئەگەر.. نەوزاد بەندی

سەیرە ئەگەر
جەنگیش نەبێ و
زۆربەی هاووڵاتیانیش بریندار بن ..
فڕۆکەی سیخۆ و ئێف شانزە
بۆردومانیان نەکرد بێ و
کەچی بۆ هەرچی بڕوانی ،
وێران بوو بێ و ..
شارەکان وەک شوێنەوار بن ..
شەقام و پڕۆژەکانی هەڵتەکی بن ..
قەرزیش تا بینە قاقا بێ و
دانەوەیان ئەوەلەویەت و سەرەکی بن ؟

من تێناگەم ،
چۆن چۆنی بە بێ هیچ کڕین ، قەرزی زۆریش کەڵەکە بێ ؟
ئەمە قومارە ..
یان سیحرە ..؟
یان وەک شتێ ،
دزی و فێڵ و تەڵەکە بێ ..

بە بێ فیشەک ،
چۆن خەڵکی خوێنیان لێ ئەتکێ ؟

چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ
هیوا و دڵ و خەونی خەڵکی
زیاتر ئەشکێ ؟

ــن . بەندی ـــــــــــــــ