چۆن، لەهجەی موکریانیی بەسەر لەهجەی سلێمانییدا، سەپێنرا؟… کامیار سابیر

لە زمانناسییدا، پرەنسیپێکی زمانیی( لغوي) گشتگییر هەیە کە “هیچ زمان و دایەلێکتێک لەوی تر باشتر یان خراپتر نییە”، هاوکات، پرەنسیپێکی زمانەوانیی تر هەیە کە لەهجەکان لە نێوان، زاراوەی باڵا و نزمدا پۆلێن ئەکات و ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و نابێ دڵی خەڵکی هیچ ناوچەیەک ئازار بدات و خەفەتی عەشایەرییانەی بە نان و پیوازی( پیاز) موکریانەوە، پێوە بخورێت. لێرەشەوە، زمان و زاراوەی زاڵ، دێنە کایەوە، ئەمەش پێوەندیی بە پرۆسێسێکی سیاسیی-کۆمەڵایەتیی-کولتووریی- زمانیی و مێژووییەوە هەیە. گەلی کورد، چییتر خاوەنی یەک زمانی یەکگرتوو و گشتگییر نییە، بەڵکو زۆربەی ئەوانەی دە ساڵ لەمەوبەر پێمانئەگوتن زاراوە کوردییەکان( کرمانجیی سەروو، ناوەڕاست، خواروو، هەورامیی، زازاکیی…تاد)، ئێستا زۆربەیان ( تەنیا ناوەڕاست و خواروو، زۆر بە باشیی تێکەڵبوونە) بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەچن و هیچ هێزێکی سیاسیی و نوخبەیەکی ئەکادیمیی و رۆشنبییریی، ناتوانن پێشیان پێبگرن و هەر لەهجەیەک لە جیۆگرافیا سیاسییەکەی خۆیدا، بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەڕوات.

ئەمەش ئەو حەقیقەتە زمانیی و سیاسییە بەیان ئەکات کە گەلی کورد( بووینە بە گەلانی کورد)، وەکو گەلانی تورک- باکگراوند و فارس باکگراوند( یان دروستتر زمانە ئێرانییەکان، بە کوردییشەوە) بەرەو کۆمەڵێ زمانی جیاواز و سەربەخۆ، ئەڕۆن و گەڕانەوەیان بۆ نییە. ئەکرا سەردەمانێک لە کوردستانی عێراقدا، زمانێکی ستاندەرد و ئۆفیشەڵی نووسیین، جێکەوت بکرێ، بەڵام بەهۆی حەنیینی ئایدیۆلۆژیای زمانیی و زاڵبوونی مێنتاڵیتیی ناوچەگەریی و بەرژەوەندیی حیزبیی و بنەماڵییەوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی نوخبەیەکی زمانەوانیی کە بەرچاوەگێڕی سیاسییە فاشیلەکانی شاخ نەبووبن، دەسەڵاتی کوردیی بە گشتیی و پارتیی( قۆرغکاری دەسەڵاتی کوردیی) بە تایبەتیی، ئەمەیان نەکرد و هیچ گرووپ و نوخبە و سیاسیی و حیزبێکیش نەیانتوانی، فشار بۆ پارتیی بهێنن کە ئەو بڕیارە سیاسییە- زمانییە، بۆ دۆخی کوردستانی عێراق، بدات.

ئێثنۆنیمی(ناوی نەژادیی- Ethnonym) تورکیی و زمانیی بۆ گەلانی تورک باکگراوند( تورک، تورکمان، ئاذەریی، ئۆزبەکیی، قیرقزیی، تەتەریی، ئۆغوریی، سالاریی، کازاخیی، یاقوتیی…سەری هار و مار ئەگرێتەوە)، وێڕای نزیکایەتیی زۆریان لەگەڵ زمانەکانی گرووپی مەنگۆلییەکان، هەموویان، سەرومڕ زمانی جودا و سەربەخۆن. هاوکات دۆخی زمانە لەیەک نزیکەکان کە نزیکی زمانەکانی گەلانی کورد باکگراوند( واقیعی سیاسیی وا ئەڵێت)، بن، زمانی گەلانی فارس باکگراوندە ( فارسیی ئێران، دەریی ئەفغانستان، طاجیکیی طاجیکستان و”تات Tat “ی روسیا و ئاذەربایجان، یان دروستتر بگوترێ لە داغستان….تاد)، هەموویان سەربەخۆن و بە زمانی ستاندەردی جودا جێکەوت بوونە. وێڕای ئەوەی نووسیین و ئاخافتنیان زۆر زۆر نزیکن، هەندێجار وەکو زاراوەی سلێمانیی و هەولێر، یان وەکو زاراوەی سنە و سەقز، لێکەوە نزیکن، بەڵام بە تەواویی بوونە بە زمانی ستاندەرد و جودا و بەناوی جودایشەوە، ناسراون. بە واتایەکی تر، سەردەمێک ئەکرا زمانێکی ستاندەردی نووسیین لای کەم لە پارچەیەکی کوردستاندا( کوردستانی عێراق)، لە رێگەی بڕیاری سیاسییەوە و بە توێشووی ئەکادیمیایەکی زمانیی، جێکەوت بکرایە، بەڵام بە قەولی فارسیی ئەو سەردەمە “گوزەشت”. هەر ئێستا، ئەوەی لە رێگەی ئێثنیکییەوە بە کورد ناسراوە، زمانی کرمانجیی، سۆرانیی( چەمکی سۆرانیی، بە رەشۆکیی و بە هەڵە جێکەوت بووە کە کرمانجیی ناوەڕاست و تا رادەیەکیش خواروو، ئەگرێتەوە)، هەورامیی و زازاکیی، بە تەواویی پرۆسێسی ستاندەربوونی خۆیان جێکەوت کردووە و هەر هەوڵێكیش بۆ چێکردنی یەک زمانی کوردیی، وەکو خورافەیەکی سیاسیی و زمانیی، وەکو شیعری کوردیی بۆ ئەیلییەنەکانی فەضا، ئەبێ سەیر بکرێت. هاوکات، نە دایگڵۆسیای diglossia زمان و نە خورافەی جووت-ستاندەردیی، یان خەراباتی فرە ستاندەردیی، چارەسەری دۆخی ئاڵۆزی زمانە کوردییەکان( چییتر لەهجە نەماون) و گەلانی کورد-نەژاد، ناکات! بە داخەوە بەمشێوەیەیە، بەڵام واقیعی سیاسیی و جەبری زمانیی و رۆڵی بچووکبوونەوەی زمانی کوردیی، ئەو حەقیقەتانەن کە ئەبێ ببیینرێن.

لە ناو کرمانجیی ناوەڕاست و خواروودا( لێکەوە نزیکن) لە سنەوە بۆ مەهاباد و ورمێ، لەو دیو خانەقیینەوە( کرماشان و ئیلام) بە گەرمیان و کەرکوکدا بۆ جیۆگرافیای زمانیی هەولێرو باڵەکایەتیی، تا پیرانشار و نەغەدە، سەنتەری شاری سلێمانیی و دەوروبەری، بە ستاندەردی زمانیی و زمانناسیی، بە باڵاتریین زاراوەی نووسیین، دێتە ئەژمارد کردن. دیارە لە حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە، سلێمانیی و هەولێر، بەراورد بە کەرکوک، بوونە بە شاری گەورە، بەڵام تێکەڵییەکی گەورەی کولتووریی و سیاسیی و زمانیی، ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک و گەرمیانی بە درێژایی چەندیین صەدە بەیەکەوە بەستووەتەوە. ئەم زمانە خۆبەخۆ ستاندەرد و باڵایەی سلێمانیی، بەراورد بە لەهجەی نزمی موکریانیی، جیاوازییەکی گەورەی مەعریفیی و رۆشنبییریی و مێژوویی هەیە.

سلێمانیی( لەگەڵ ناوچەکانی کەرکوکدا) خاوەنی نوخبە هەرە گەورەکانی کوردن کە تێکستی دانسقەیان، بۆ سەردەمەکانی خۆیان هەبووە، لە نالیی و سالم و کوردییەوە، بۆ مەحویی، حەمدیی، پیرەمێرد و گۆران، بۆ مەلا کەریمی مودەڕیس، قانع و شێرکۆ بێکەس، لە کاتێکدا، موکریان، باشتریین نوخبەکانی لۆکاڵیی و کەم سەوادن، یان ئەوەندە کەمن، کارییگەریی ئەدەبیی، زمانیی و کولتوورییان بەراورد بە سلێمانیی، زۆر سنووردارە، بە تایبەتیی، پیاوێکی زمانزان( نەک زمانناس) ی وەکو هەژار موکریانیی، بۆچی ئەبێ، لەهجە و ئاخافتن و هەژموونی کولتووریی ناوچەکەی ئەو( موکریان) کە مونەظیری سیاسیی بارزانیی بووە، بکرێ بە زمانی ستاندەری نووسیین و بەسەر کولتووری زمانیی و زمانی باڵای سلێمانییدا، بسەپێنرێت؟ بەشێک لە هۆکاری ئەمانە بە کورتیی لە خوارەوە، ئاماژەیان پێئەدرێت.

سەیری ئەدەبییاتی نوخبەکانی سلێمانیی و دەوروبەری بکەن، لە نووسیین و ئاخافتندا، فرمان بە “ئە” “ئەنووسرێ” نەک بە “دە” (دەنووسرێ)، بۆ نموونە، ئەخەوم، ئەڕۆم، ئەچن، ئەبەن، نەک دەخەوم، دەڕۆم، دەبەن…تاد، هۆکاری ئەم ئەفسانە زمانییە(linguistic myth ) لە کوێوە، سەرچاوەی گرتووە کە “دەترسن” لە “ئەترسن”، گوایە ستاندەردترە؟ خەڵکی سلێمانیی ( بە تایبەتییش ئەو پشتێنەیەی لە بانەوە بۆ پێنجوێن، بۆ هەڵەبجە و شارەوزوور، بۆ گەرمیان و بازیان و سورداش و شارباژێڕ، تێکەڵ ئەبنەوە) لە رووی کولتووریی و زمانییەوە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستانی عێراق( بگرە لەسەرتاسەری پارچەکانی کوردستاندا) زۆر باڵادەستترن، ئەی بۆچی تەسلیمی ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان بوونە؟ بە تایبەتییش هەژار موکریانیی، تەبەنیی سیاسیی لەهجەکەی خۆی کردووە لە ئەدەبییاتی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، هەژارێک تەنانەت وەکو شەرییکی قەتڵوعامی نەیارەکانی بارزانیی، شەرعییەتی داوە بەو تێرۆرانەی دژی کوردەکانی ئێران( لە چەشنی سولەیمانی موعینیی) کراوە. هەژار موکریانیی، ئەدییب، شاعیر، نووسەر، زمانزان و موهەڕیجی سیاسییەکان بووە، بەڵام لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە زمانناسیی کولتووریی، بە مەعریفەی زمانیی و مەغزا فیکریی و فەلسەفییەکانی زمانناسییەوە، نەبووە و نابێت.

ئەوانەی هەژاریان پێ غۆلی زمانی کوردییە، بەشی زۆریان ئەوانەن لە کوردیی بترازێ زمانێکی تر نازانن، وێڕای ئەوەی شارەزایی زمانناسیی و مەعریفەی سیاسییان لەسەر زمانناسیی نییە، یان زۆر سنووردار و لۆکاڵییە. بە دڵنیاییەوە، لە زۆر رەهەندی زمان و شیعردا، هێمن موکریانی زۆر لە هەژار باڵاتر و بەسەلیقەتر بووە، بەڵام هەژار لە رووی سیاسییەوە، بە بەرنامە، تەوظیف کراوە. راستە ئەم بابەتە( واتە دەڕۆم یان ئەڕۆم)، مێژووەکەی زۆر لە ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی کۆنترە و تۆفیق وەهبیی بەگ بۆ کۆتایی ١٨٠٠ ەکان ئەیگێڕێتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، هەر بەهۆی کولتوور و زمانی ناوچەی موکریانەوە بووە! هاوکات، ئەمەیان زۆر گرنگ نییە کە بە ” دە” بێت یان بە “ئە”، نیشانەی باڵاتر و ستاندەردتربوون بێت! بەڵام گرنگ و بنەڕەتییە کە ئەبێت یەکێکیان دروستتر بێت و ئەوەی تریان لاوەکیی بێت.

نموونەیەکی تر، ئەم حەقیقەتە لە وەرچەرخانی ئەدەبییات و نووسیینی کوردییدا، بەیان ئەکات. تەواوی ئەو ناوچانەی دەوروبەری سلێمانیی، تەواوی سنە و گەرمیان و کەرکوک، بە هەولێر، دەشتی هەولێر و باڵەکایەتییشەوە، لە ناو ئەدەبییاتی نوخبەکانی ئەو ناوچانەدا، وشەی( جوێن=دژوێن=جوون=جمێن)، تەنانەت بە بادینییش”چفین” هاتووە، لەسەروو هەموویشیانەوە، ئەدەبییاتی نالیی، سالم، قانع، پیرەمێرد و بە تایبەتییش، مەحویی کە پرێستیژتریین مونەوەری سلێمانییە، کەچیی ئێستا نەک بەشێک لە سلێمانییەکان، جوێن بە جنێو ئەنووسن، تەنانەت کەسێکی وەکو مەریوان قانع( برا و ئامۆزاکانی نا)، دەستبەرداری ئەدەبییاتەکەی باپییری بووە و دوای ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان کەوتووە! بەشێک لە هەولێرییەکان و کەرکوکییەکان و سنەییەکانیش، دوای ئەم هەژموونە موکریانییە کەوتوونە. ئەمە لە زمانناسییدا پێیئەگوترێ ( language Shifting)، بە واتایەکی تر، جەڕیینی زمانیی، رەنگە بە عەرەبیی و فارسییەکە دروستتر بێت کە تەغییری زمانیی پێئەگوترێت. ئەمە بۆ زگ( سک)یش هەمان میثۆدی زمانیی دروستە، چونکە پێش حەفتاکان، زۆریینەی ئەدەبییاتی سلێمانیی، زگیان( لە زگماکەوە) بەکارهێناوە، بەڵام ٥٠ ساڵێکە بێت، لە ژێر هەژموونی کولتووری زمانیی موکریاندا، بۆ سک، جەڕاندوویانە.

رۆژێک لە نووسەرێکی هەولێرییم پرسی، ئەرێ ئوستاذ، خێرە تۆ جوێن بە جنێو ئەنووسیت؟ رێکوڕەوان گوتی، هەندێ لە برادەرە سلێمانییەکانم و بە تایبەتتریش ئەو سلێمانییانەی لە سلێمانییەوە دوای پارتیی کەوتوون و لێرە نیشتەجێبوونە، وای ئەنووسن و منیش دوای ئەوان کەوتووم! پێموایە ئەگەر لاسایی سلێمانییەکان بکەیتەوە ئەوە زمانی کوردیی بە باشیی ئەزانیت! ئەمە رێک بۆ سلێمانییەکانیش هەروایە، پێیانوایە ئەگەر دوای رێنووسی ناوچەکانی موکریان بکەون، ئەوە زمانیی کوردیی، بە پرێستیژیی و بە ستاندەردیی! ئەزانن. ئەگەر سەیری ئەدەبییات و نووسیینی تەواوی نووسەرانی سلێمانیی بکەیت تا سەرەتای حەفتاکان، هەموویان ( بە موطڵەقیی)، “جوێن”یان نووسییوە، بەڵام لەگەڵ ئاشبەتاڵی جەلالییەکەدا و گەڕانەوەیان بۆ صەفی پرۆکسییە ئیقلییمەکە( شۆڕشەکەی بارزانیی) و دواتریش ئاشبەتاڵی ئەوان، وەکو لە باری سیاسیی و عەسکەرییەوە شکست بوو، لەباری کولتورییشەوە، کەوتنە ژێر ئەدەبییاتی سیاسیی حیزبەکەی بارزانیی و مونەظیرە موکریانییەکەیەوە و لە بری جوێن، جنێو ئەنووسن.

لە هەمووی کۆمیدییتر ئەوەیە، کاتێ هەژار هاتووەتە کوردستانی عێراق، خۆی کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەدەبییاتی “کورد”ی عێراقەوە، بە تایبەتییش ئەدەبییاتی ناوچەکان و نوخبەکانی سلێمانیی، بۆ نموونە لە ( چێشتی مجێوردا) وێڕای ئەوەی درەنگ نووسییویەتی و لە دوای ئاشبەتاڵ و گەڕانەوەی بۆ ئێران، کۆی کردووەتەوە، خودی هەژار موکریانیی، “جوێن”ی بەکارهێناوە. نەک وەکو هەڵەی چاپ، بەڵکو دەیانجار “جوێن”ی لەبری جنێو، بەکارهێناوە! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەژار، جوێنی بە ستاندەرد داناوە و جنێوی بە لۆکاڵیی ئەژمارد کردووە، کەچیی ئێستا نوخبەکانی سلێمانیی، جنێوی موکریان بەکار ئەهێنن و ئۆرثۆگرافیی تێکستەکانی مەحویی، نالیی، قانع و گۆرانیان بەلاوە، ناوە.

بە واتایەکی تر، لە رووی سیاسییەوە، تۆ چەند دژی سیاسەتەکانی پارتیی و ماڵباتی بارزانیی بیت، بەڵام لە رێگەی دەستی سێ و چوارەوە( لە رێگەی هەژار موکریانییەوە بۆ ئەدەبییاتی موکریان) تۆ کەوتوویتەتە ژێر هەژموونی کولتووریی ئەوانەوە. ئەوە بۆ جوێن وابووبێت، بۆ بەرامبەریش وابووە کە موکریانییەکان بە بەرانبەر! ئەینووسن. لە کاتێکدا لە مەغزای زمانەوانیی بە ثیۆرییەکەی ڤینگشتاین( ثیۆریی وێنەگرتن یان وێنەکردنی زمان= picture theory of language ) یاخود هەندێجار بە ثیۆریی وێنەگرتنی مانای ئیستیدلالیی دێت، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە لە زمانناسییدا، دوای بۆرە زمانزانێکی وەکو موکریانیی بکەویت. بۆ نموونە ئەوەی لە رووی لۆژیک و فەلسەفەی تەحلیلیی زمانەوە، پێیئەگوترێ” رستەی ئەتۆمیی atomic sentence” ناکرێ فۆرۆمەڵە بکرێتەوە و پێتوابێت زمانی ئاسایی و کولتووریی خەڵک، ئەتوانیت بجەڕێنیت.

جوێن لە وێنەگرتن و ئیتیمۆڵۆژیای زمانییەوە، لە دژ-وێن ەوە هاتووە، وێنەی بەرامبەر بە نێگەتیڤ نیشان ئەدەیت و رەسمێکی خراپی لەسەر دروست ئەکەیت. لە کاتێکدا، جنێو، ئەگەر دابنێین لە دژ-نێوەوە، جارێ پێش هەموو شتێ، “نێو” فرەیزێکە بۆ ناوەندێک، گۆڕەپانێک یان کایەیەک بەکاردێت و زۆر لۆکاڵییە بەراورد بە ناو، ئەگەر نێو لە بری ناو بە لەهجە وەربگرین، ئەوە دەلیلی موثبەتە کە لەهجەی موکریانیی، لەهجەیەکی زمانیی نزمە. ئەی بۆ ئەبێ، ئەدەبی باڵای سلێمانیی، بۆ بەختیار عەلیی و نووسەرەکانی سلێمانیی ( لە حەفتاکان بە دواوە) دوای لەهجەیەکی نزمی وەکو لەهجەی موکریانیی بکەون؟ ئەگەر لە رووی سیاسیی و کولتوورییەوە، غەزوی مەغز و مێنتاڵیتییان نەکرابێت!

ئەم هەموو شێرو رێوییە زمانییەی سەرەوەم، بۆ ئەم سێ نموونەیەی خوارەوە، هێنایەوە.

1- بەختیار عەلیی، نوێتریین کتێبی لە رەهەند، بڵاو ئەبێتەوە بە ناوی”گووتاری مانەوە”! وەرە بە وردیی سەرنج بدە، وێڕای ئەوەی لە باری فۆنەتیکی زمانییەوە، قسەیەکی زۆر قۆڕ و بێ مانا دەرئەچێ کە گوتار بکەیت بە گووتار، یان وەکو گەنجێکی وردەکار لە زمانناسییدا “رابەڕ حەسەن”، ئەڵێ لە باری فۆنەتیکییەوە، بڕگەی یەکەم”گو” هێزی لەسەر نییە، بەڵکو هێز لە بەشی دووەمدایە کە”تار”ە. تەنانەت، هەر بۆ حەیثییەتی زمانیی، شتێکی جوان نییە، چەمک یان ناوی “گوو” کە بە پێی زانستی فۆنۆڵۆجی لە زمانناسییدا، نە فۆنیمە و نە مۆرفیمە( phoneme & morpheme) بەڵکو رەپوڕاست، ناوێکی دیاری کوردییە بۆ پیسایی مرۆڤ بەکار ئەهێنرێت. لە ئەدەبییاتی شەعبییدا، کەسێک ئەگەر زۆر دێز و قێز و چەوت بێت، پێیئەگوترێ گوو-تاڵ، بە لە هجەی هەولێریی ئەبێتە “گووتار”، تۆ بێیت گوتار( وتار-دیسکۆرس-خِطاب) بە چاولێکاریی هەندێ نووسەری شیوعیی دێریین کە رێچکەی هەژار موکریانییان گرتووە و بە نزیکەیی وەکو نەخۆشیی زمانیی، هەموو واوێک بە دوو واو ئەنووسن( لە چەشنی کەرکوک، خواکوڕک، گوتن، گوشراو، گوڵزار…تاد، هەموویان سەقەت ئەکەن)؟

لە کاتێکدا، بۆ گرفتی دوو یای کە زۆرجار وشەکە بە تەواویی ماناکەی ئەگۆڕێت، لای ئەو لە زۆربەی رۆمانەکانیدا گرنگییان پێنادات. بۆ نموونە لە باشتریین رۆمانەکانی، رۆمانی “داگییرکردنی تاریکیی”، ئەبووایە تاریکیی بە دوو یای بنووسیایە، بەڵام بە یەک یای( تاریکی= تاریکیت) نووسییوە؟ هۆکار چییە کە زمانی باڵای سلێمانیی، زمانی نوخبەکان و پرێستیژی سیاسیی، بەو شێوەیە زەلیل و ریسوا بکەیت؟ و دوای قوتابخانەی موکریانیی-بارزانیی و فشەخانەی پارەخۆرە بێ تێکستە ناو زل و بێناوەڕۆکەکانی وەکو( ئەکادیمیای کوردیی) بکەویت؟

لە زمانناسییدا ئەکرێ نووسەرێک، زمانناسێک یان کەسێک لە بواری فیکریی و زمانییدا کار بکات، وشەیەکی نوێ دابهێنێ وەکو نیۆڵۆجیستێک( لە neologism ەوە ) بناسێنرێ، بەڵام ئەگەر گووتار، چەمکێکی نوێ بێت و نیۆلۆجییانە داهێنرابێت و مۆتیڤەکەیان لە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی بارزانیی-موکریانیی و شیوعییە دێریینەکانەوە وەرگرتبێت( نەخۆشیی دوو واو)، ئەوە ئەبێ ئەو مێنتاڵیتییە چاولێکاریی و جاهیلانەیە، بە قەولی گەرمیانییەکان، گووباران بکرێت. ئەم کەوتنە ژێر کولتوورییەوە کە ئەنثرۆپۆلۆجیستی زمانیی و کولتووریی ئێدوارد تەیلەر** بە تەصویری envisaged کولتووریی ئاماژەی پێئەدات، پێیوایە کە زمان و وێنەکردنی( نەک وێناکردن) کولتووریی دیدی مرۆڤەکان، ئەخاتە قۆناغێکەوە، لە رێگەی زمانێکی باڵاترەوە، ئەیەوێ جێگە بۆ خۆی بدۆزێتەوە و خۆی مانیفێست بکاتەوە.

ئەم بۆچوونەی تەیلەر، چاولێکاریی هەولێرییەکان بۆ سلێمانییەکان، سلێمانییەکانیش بۆ لەهجەی نزمی موکریانیی، نەک هەر خۆیان مانیفێست ناکەنەوە، بەڵکو لە رووی ئایدیۆلۆژیای زمانییەوە، خۆیان بارزانییزە و موکریانییزە ئەکەن. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، جیۆگرافیای دەسەڵاتی پارتیی، بە تایبەتییش لە رێگەی هەندێ شیوعیی دێریینەوە کە خەریکی ئەدەب و زمانن، سوودێکی زۆر لە کولتوور و ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی وەرئەگرێت و ئەیەوێت بە بەرنامە، بیسەپێنێت بەسەر ئەدەبییاتی باڵادەستی نوخبە دێریینەکانی سلێمانییدا.

2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە، بە عەرەبیی و بە دەستنووسی شەخصیی جەلال تاڵەبانیی، پاش پرسوڕاکردن، بۆ ناوەڕۆکی بەیانە عەرەبییەکە( الاتحاد الوطني الکردستاني-لماذا) بە دەیان نووسەر و شاعیر و زمانناسی “عەرەب”ی عێراق و سوریا و لوبنان، بە تایبەتییش پرسکردن بە غۆل و فیلەتەنی ئەدەبی عێراقیی ( محەمەد جەواهیریی)، چەمکی الکردستاني، بە درێژایی مێژووی یەکێتیی لە ئەدەبییاتە عەرەبییەکەیدا جێکەوت بووە. ئەمە بەدەر لەوەی لەو رۆژەوەی چەمکی کردستان( بە عەرەبیی، بە فارسیی، بە ئاذەریی، بە تورکمانیی و بە تورکیی کۆن تا سەردەمی کەمالیزم) هەر کردستان بووە و مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە نۆ صەد(٩٠٠) ساڵ لەمەوبەر کە “کردستان” بە عەرەبیی، فارسیی و تورکیی، بۆ یەکەم جار لە ئەدەبییاتی نووسییندا بەکارهێنراوە.

چەندیین صەدە دواتر، خانیی و دواتریش نالیی و ئەوان بە ” کوردستان” کردوویانەتە ناو ئەدەبییاتی کوردییەوە، کەچیی ئێستا هەندێ گەلحۆی سیاسیی و هەندێ عەوامی ئەکادیمیی، دووبارە بە چاولێکەریی ئەدەبییاتە موکریانییەکەی پارتیی، بە عەرەبیی و فارسیی ( کوردستان) ئەنووسن؟ لە کاتێکدا، هەر ئەمانە، نوطقیان لێوە نایەت کە بە بە زمانی تورکیی بە کورد ئەگوترێ کورت( Kürt) ، ئەمە شەرم و خەجاڵەتیی نییە و سووکایەتیی نییە بە کورد، ئەمە مۆدیفای زمانی تورکییە و بە موردایش ئەڵێن ( مورات)، بەڵام پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیی و حیقدە نەتەوەیی و راسیستییەکە بۆ لە زمانی فارسیی و لە عەرەبیی هەیە، بەڵام لە تورکیی نییە؟ هۆکارە سیاسیی، فیکریی و مێژووییەکەی پێوەندیی بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردایەتییەوە هەیە، وێڕای جەهلێکی غەڵیظ لە زمانناسییدا، رەگێکی پڕ لە حیقدی طائیفیی سوننیی-عوثمانییشی تێدایە.

لە کێشەی نێوان، هاوسەرۆکانی یەکێتییدا( لاهور و بافڵ)، ئەمە بە ئاشکرا دەرکەوتەوە. کاتێ بافڵ بڕیاری دەرکردنی لاهوری دا، ئارم و تێکستی ئامادەکراو letterhead یان ئەوەی پێیئەگوترێ، لۆگۆی رەسمیی یەکێتیی بە عەرەبییەکەی نووسراوە الاتحاد الوطني الکوردستاني، لە کاتێکدا ئەمە تەحریفکردنی ناوی رەسمیی یەکێتییە کە تاڵەبانیی، یەکەم کەس بووە بە قەڵەمی خۆی، دایڕشتووە.

لە بەرامبەریشدا، لاهور بە لۆگۆی رەسمیی! یەکێتییەوە، ئیدانەی ئەو دەرکردنەی کرد و بە کارێکی نا حیزبیی و دژە پێڕەوی حیزبیی، نیشانی دا، چەمکی الکردستاني بە “ضەممە” نووسییوە نەک بە واوی درێژ( الکوردستاني)، جا پرسیارەکە لێرەدایە، کاتێ لاهوریش کە قائیدی یەکەمی یەکێتیی بوو، زۆربەی بەیانەکانی یەکێتیی بەو لۆگۆیەوە دەرئەچوو کە لەسەردەمی دوای تاڵەبانیی و باڵادەستبوونی کۆسرەت و مەلا بەختیارەوە، مونەظیرە سیاسیی و فیکریی و زمانییەکانی پارتیی، غەزوی ئەدەبییاتی یەکێتییان کرد و کەم تا زۆر جێکەوتیان کردبوو. ئەی بۆچی لاهور لەم بەیانەی ئەخیریدا، لە لۆگۆکەدا، کوردستانی بە عەرەبیی بە “الکردستاني” نووسییبوو؟ ئایا لە باری فیکریی و زمانیی و سیاسییەوە، ئەوەندە خەڵکی وردەکاری بەدەورەوەیە کە بیانەوێ خۆیان لە هەژموونی کولتوورییەکەی پارتیی دوور بخەنەوە، یان هەر بە رێککەوت بووە؟

3- حەمەی مەلا کەریمی مودەڕیس، نووسەرێکی باش و شارەزا بوو، خزمەتێکی زۆری بە ئەدەبی کوردیی کردووە، بەڵام قەطعەن، پرسیاری ئەوەت لە خۆت کردووە، بۆچی ئەم پیاوە، تەحریفی رێنووسی تەواوی مونەوەرەکانی ناوچەی سلێمانیی کردووە( ئەوانەی لە لایەن حەمەی مەلا کەریمەوە، نووسیینەکانیان بیراز کراوە) و لەسەر ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی و نووسەرە شیوعییە دێریینەکانی ناو دەسگاکانی راگەیاندنی پارتیی، زمانی نالیی و سالم و کوردیی و مەحویی…تاد سەقەت کردووە؟ هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو سەرلەبەری ئۆرثۆگرافی( قەواعیدی ئیملائیی)ی نووسیینەکانی ئەو مونەوەرانەی بە هەڵە نووسییوە و کەوتووەتە ناو خورافەی زمانی پەتیی کوردیی و فشقییاتی پاککردنەوەی زمانیی لە زمانە بێگانەکان و تەواوی ئەو حەرفە عەرەبیی و ئارامییانەی( ض، ط، ص،ث، ظ…تاد) لە نووسیینە ئۆریجناڵ و دەستنووسەکانی ئەواندا یان لە چاپەکانی تا هەشتاکان و نەوەدەکانی ئەواندا هەبوونە، تەزویری کردوونە و بە ئەدەبییاتی نا مۆدێرن و نزمی موکریانیی، دایڕشتوونەتەوە؟

سەرەنجام، ئەم شەرعییەتە زمانییە (linguistic legitimation ) کە زمانێک یان لەهجەیەکی تر زاڵ ئەکات بەسەر ئەم و ئەودا، لە دیدی “بۆردیۆ”ەوە لەوێوە سەرچاوە ئەگرێ کە موئەسەسەیەکی سیاسیی یان دەسەڵات، بۆ ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی و خووی زمانیی ( attitude ) ئەوەی مەبەستیەتی، مەقبولییەتی پێئەدا و دواتریش شەرعییەت لە مەقبولییەتەکە و لە دیفاکتۆ سیاسییەکەوە وەرئەگرێ بۆ سەپاندنی ئەجێندا سیاسیی و زمانییەکانی خۆی. ئەمە لە کاتێکدایە، زمانی نووسیین و ئەدەبییاتی مونەوەرەکانی سلێمانیی، زمانێکی باڵایە لە دەرکی موتەبادیلدا(mutually intelligible )، هاوکات لە دیدی سۆسیۆزمانییەوە ئەکرێ بگوترێ زمانێکە لە بناغە نوخبەوییەکەیەوە، درێژ ئەبێتەوە و بەردەوامیی زمانیی continuum و ویقاری کولتووریی لە گەردن و باڵای کرمانجیی ناوەڕاست و خواروو، ناوە.
بۆردیۆ، بۆچوونی ئەوەیە کە” ئاخێوەرانی زمانێک کە شەرعییەتی چالاکیی زمانەکەی خۆیان لە دەست ئەدەن، بە حوکمی دیفاکتۆ لەسەر شانۆی کۆمەڵایەتیی دوور ئەخرێتەوە، یان ئەبێ بێدەنگیی هەڵبژێرێت” (Bourdieu, 1991, p. 55). لە دۆخی ئەوەی کە زمانی سلێمانیی، شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە و تەبەنیی لەهجەی موکریانیی ئەکات، مەریوان و بەختیار و رەهەندییەکانی تر، خووی نووسەرانی موکریانیی ئەگرن و شوێنیان ئەکەون، بەشێکی پێوەندیی بە نەقصی مەعریفیی و زمانیی نوخبە و سیاسییەکانی ئەم سەردەمەوە هەیە و بەشێکیشی پێوەندیی بە خۆبەکەمزانییەوە هەیە بەرامبەر ئەزبەنییەکانی بارزانیی( لێرەدا موکریانیی) و بە ماستەرمایندی خۆیانی ئەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە، کەسی وەکو شێرکۆ بێکەس کە دواهەمیین و مەزنتریین شاعیری کوردە لە ناوبانگ و ویقار و شۆهرەتدا، بە تایبەتییش لە داهێنانی باڵاتریین وێنەی شیعریی و خوڵقاندنی پرێستیژی پەنهانییدا ( covert prestige) ، دەقەکانی بە زاراوەی زاڵی سلێمانیی نووسییوە و کەم تا زۆر توخنی ئەدەبییاتی نزمی موکریانیی نەکەوتووە.

لە کاتێکدا، شێرکۆ بە دەیان قەد ، لە باڵای شیعریی و تێکستی جوان و ئاوێزانکردنیان لەگەڵ زماندا، بەسەر موکریانییدا ئەشکێتەوە، نەک هەر حیسابی بۆ وڕێنە زمانییەکانی موکریانیی نەکردووە، بەڵکو تەحەدای کردووە، کەچیی خووی ئایدیۆلۆژیی سلێمانییە رەهەندییەکان، بەلای موکریانییدا ئەگوزەرێ، لە کاتێکدا لە هەموو دەقە پرێستیژەکانی شێرکۆ بێکەسدا نایدۆزیتەوە کە فرمانەکانی بە دە ( دەڕۆن، دەشێوێنن) نووسیبێت، بەڵکو هەموویانی بە ئە ( ئەڕۆن، ئەشێوێنن، ئەدەن…تاد) نووسییوە، هەروەکو نوخبەکانی پێش شێرکۆیش وایان نووسییوە. بۆ خۆم تا چەند ساڵ لەمەوبەر بە “دە” ئەمنووسی، بەڵام کاتێ لە مێژووی گەشەی زمانیی -کرمانجیی ناوەڕاست وردبوومەوە و بابەتی پێوەندییداری زمانناسییم خوێندەوە، وازم لەو خورافە زمانییە( the language myth) هێنا.

کۆتایی ئەم نووسیینە بەوە دائەخەم کە لای من زمانی کوردیی یان هەر زمانێکی تر، قودسییەتی سیاسیی نییە، حەزم ئەکرد زمانەکانمان( زمانە کوردییەکان) بیانتوانیایە تەعبییر لە ئازار و دەربڕیینە سیاسییەکانمان، بە جیهانی دەرەوە بگەیەنن، بەڵام بە داخەوە، هەر کوردێک ئەگەر لای کەم یەکێک لەم سێ زمانە ( عەرەبیی، فارسیی یان تورکیی) یاخود زمانێکی جیهانیی نەزانێ، ئەوە نە لە مەغزای سیاسیی زمان ئەگات، نە لە جیهانی دەوروبەر ئەگات و نە ئەشتوانێ ئیدامە بە پاراستنی زمانەکەی بدات، بە دۆخێکی لەو چەشنەیشەوە، جگە لە وڕێنەی زمانیی بە شێوەیەکی لۆکاڵیی، شتێکی تر بەرهەم ناهێنرێت. لەسەر ئەرضی واقیعیش، زۆربەی ئەوانەی تێئەگەن لەم دۆخە سۆسیۆسیاسییەی زمانی کوردیی و ئیمکانییاتی ماددییان هەیە، منداڵەکانیان فێری زمانێکی تر ئەکەن.
لە بەرامبەریشدا، نوخبەکانی کورد و شاری سلێمانیی، خەریکە تەواو تەسلیمی ئەو ئەمری واقیعە ببن کە کاتی خۆی بارزانیی بە تۆبزیی و بە عەنتەرییات، هەژار موکریانیی کرد بە موقتەدا و بە مەرجەعی هەموو رۆشنبییران و کایەی رۆشنبییریی کورد لە کوردستانی عێراقدا، هەر دوای ئەوەی بارزانیی و بەعث، رێککەوتنی ئاداریان کرد، لە بەغداد کرا بە سەرپەرشتیار و مامۆستای یەکێتیی نووسەرانی کورد و لە یەکەمیین هەنگاویشدا، بە فەرمانی بارزانیی نێردرا بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد( کوردستانی عێراق) کە تازە لە بەغداد، دامەزرابوو، بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەریش، تەعیین کرا. ئەو هەژارەی جگە لە شیعر و وەرگێڕان و هەندێ سەجعی زمانزانیی، مەعدەنە سیاسییە هەزییلەکەی ئەم جۆرە شیعرانەی خوارەوە بووە.

بارزانیی، پاڵەوانی کورد
هیوای پییر و جەوانی کورد
خەبەریان پێداین تۆ مردووی
بە دیمەن لەبەرچاو ونبووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بەهێزتری

Anthropological Essays presented to Edward Burnett Tylor. Oxford at the Clarendon Press. 1907. **

Bourdieu, P. (1991). Language and symbolic power. Cambridge, UK: Polity.

کامیار سابیر




دێوەزمەی حەشدو شیعە… سەیران سەدیق ساڵح

دروستكردنی حەشدی شەعبی لەكاتێكدا بوو كە مەترسی داعش لە بەغداد نزیكببویەوە. كە ئەمەش دەكاتە مەترسی لەسەر عیراقی شیعی، بەو هۆیەشەوە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ”عەلی سیستانی” بەفەتوایەكو بەدروشمی ”لەبەیکە یاحوسێن” باڵانسی هێزی شیعی راستكردەوەو لەوێوە یەكەم قۆناغی ئایندەیەكی ئاڵۆزو تراژیدیا بەهۆی ئەو هێزەوە لە مێژووی عێڕاقدا دەستیپێکردو دواتریش مەترسییە راستەقینەكانی دەرکەوتن.

حەشدی شەعبی بەپێی سیستم دروستنەكراوەو كۆپیكردنی ئەزموونی هێزی دیكەی شیعەیە، لە وێنەی: سوپای قودسی ئێرانی، حوسییە شیعییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی. حەشدی شەعبی نە یەك هێزەو نە یەك هێز دژیەتی و نە یەك فەرماندەو خاوەنداری هەیە. بەڵكو زیاتر لە دەیان گروپی چەكدارییە وە زۆرینەی كوردو عەرەبی سوننە دژی مانەوەین و دەیان فەرماندەش سەركردایەتی دەكەن. لەهەڵبژاردنەكان ئەو هێزە ئەبێتە خاڵی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەگۆڕێت، بەفەرمانی ئێران و لەبەرژەوەندی ئێران. لەسەر سێ ئاست حەشدی شەعبی مانەوەی رەتدەكرێتەوە.
یەكەم بەهۆی دروستكردنی مەترسییەوە لەسەر كوردستان و ئەزموونەكەی كۆدەنگییەكی كوردستانی بۆ رەتكردنەوەی حەشدی شەعبی دروستبووە.
دووەم حزبە عەرەبییە سوننەكان حەشدی شەعبی بەمەترسی دەزانن بۆ سەر شوناسی مەزهەبی خۆیان و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا رەتدەكەنەوە.
سێیەم دەستووری هەمیشەیی عیراق بوونی هەر هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوەیی سوپاو دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران رەتدەكاتەوە.
ئەم هێزە میلیشییایە مەزهەبییە بۆچی و لەپێناو کێ و چی دا دروستکرا؟ لەرۆژانی سەرەتای هاتنی داعشدا، سوپا زەبەلاحەكەی عێڕاق بەبێ‌ شەڕ لەشارە سوننییەكان كشایەوەو چەك و جبەخانەکانی بۆ داعش بەجێهێشت. ئەوكات کەم کەس گومانی ئەوەیان هەبوو كە ئەمە تاكتیكی مالیكی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات بووبێت بۆ پەڕینەوەی شەڕ بۆ ناوچە سوننییەكان. وە ئامانجیش دروستکردنی شەڕی تائیفی سوننەو شیعە بوو، بەفەرمانی ئێران کە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و زۆرینەی سەرکردەکانی ئێستای حەشدی شەعبی فەرمانەکەی ئێرانیان جێبەجێ کردو خۆیان فرۆشت بەئێران و ناویان وەکو قێزەونترین خائینی مێژوو لەوڵاتەکەی خۆیان تۆمارکرد. كاتێکیش‌ مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حەشدی شەعبی كرد، بۆ ڕەوایەتیدان بەم هێزە عەشایەرو نایاساییەو بۆئەوەی لەناوچە سوننییەكاندا هەق و ڕەوایەتی شەڕکردنی هەبێت. ئەمجارە كەوتنە لۆمەكردنی سوپا بەوەی نەیتوانیوە بەرگری بكات، بۆیە پێویستە رۆڵی سوپا پەراوێز بخرێت و دەبێت بایەخ بە حەشدی شەعبی بدرێت و پڕچەك بكرێن، لەپێناو ئەم ئامانجەی عێڕاقێکی خاوەن سەروەری و دەستورو نیزام و یاساو سوپایەکی یاسایی بگۆڕن بۆ وڵاتێکی مەزهەبیی، مەرجەعیی و میلیشیایی.
بەمجۆرە ناڕاستەوخۆ راگەیاندنی شەڕی شیعە و سوننەبوو. گوێ‌ بەهیچ كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك نەدرا. سوپا فەرامۆش كرا، توانا سەربازی و داراییەكانی عێراق خرانە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبییەوە، بەبێ‌ بوونی هیچ یاسایەك، لە بودجەی گشتیی عێراق مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین كرا. نەیارانی حەشدی شەعبی، یاخود ئەوانەی بەشێك نەبوون لەم ئامانجە ستراتیجییەی شیعە لەعێراق، كەوتنە نیشاندانی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ویستیان سەرنجی هێزو ناوەندە نێودەوڵەتییەكان رابكێشن كە ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دەیانكات، جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی داعش دەیانكات. تەنانەت لە ئاستی رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك (هیومان رایتس وۆچ) و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری درا لەوەی كە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئەوەش رێی لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی نەگرت…

پرۆسەی بەشیعەكردنی عێراق بەدەیان ڕێگەی جۆراوجۆر هێشتا بەردەوامی هەیە. شیعەی عەڕەبی کە سێ جار دوژمنی سەرسەختی کوردە، جارێک وەکو قەومییەت ئەوان عەڕەبن و ئێمە کوردین، جارێکیش وەکو مەزهەب ئەوان شیعەی گەمژەی، دڕندە و خوێنڕژن و کوردیش سوننەی موسوڵمانن. جارێکیتریش کێشەی خاک و دەوڵەتداری و دیموکڕاسیمان هەیە لەگەڵیان. بۆیە کورد لەداهاتووی دوورو نزیکدا دەبێتە ئامانجی هێزە نانیزامە تیرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی شیعیی. بۆیە یەكێك لە رێگە گونجاوەكان سەربەخۆبوونی كوردستان و جێهێشتنی عێراقە بۆ شیعەكان…
ئامانجی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی هەموو عێراقە بە کوردستانیشەوەو هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو میلیشیایە چەکداریەوە بۆ زۆر کەس و کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش روون بوو کە ئامانج لە پێك هێنانی ئەو ڕێکخراوە بەسەرپەرشتی ئەوکاتی “قاسم سولێیمانی” نوێنەری خامنەیی بۆ پاراستن و فراوانکردنی هیلالی شیعییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. حەشدی شەعبی وەکو برابچکۆڵەی سوپای پاسدارانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران، لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و هەتا لە رووی پێك هاتەو ستڕاتیژیەکانیان بەیەك ئاڕاستەی دیاریکراودا هاوشێوەی سوپای پاسداران، لەعێراقدا ڕێنمایی دەکرێن. ئێران بۆ مەبەستی تایبەتی سیاسی و ئابووری و نیزامی خۆی میلیشیای چەکداری شیعەکان بەهێزدەکات.
داعش كوڕی شەرعی قاعیدەیەو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی جیهادیەو ئەركەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەكالەتی جیهادیەكانی جیهان تەواو دەكات. بەڵام حەشدی شەعبی كوڕی شەرعی ئێرانەو ڕێكخراوێكی میلیشیایی چەكداریی شیعەییەو بەوەكالەتی ئێران و شیعەی جیهان لە شەڕدایە. داعش بە حیساب تۆڵەی ستەملێكراوانی شوێنكەوتووانی سوننە مەزهەب ئەكەنەوە، گوایە لەگەڵ زلهێزانی جیهانی لە جەنگدایە بۆ ڕاماڵینی سوپای داگیركاری صەلیبی و جولەكەو كوفری عالەمی. بەڵام حەشدی شەعبی لەژێر پەردەی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنكەوتوانی شیعە مەزهەب و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئالو بەیت لە دژی شوێنكەوتوانی سوننە مەزهەب شەڕی سیاسیی و ئابوری خۆیان دەكەن. داعش ڕێكخراوێكی كۆچەرییە بۆ مەرامێكی كاتی و تەكتیكی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازرێتەوە، ئامانجی مانەوەیان كاتیەو زۆر جار بە گوێرەی پێویست و پیلانەكانی نێودەولەتی جێگۆڕكیان پێدەكرێت. بەڵام حەشدی شەعبی ئامانجیان داگیركردن و پیلانی پەلهاوێشتن و فرانخوازیان هەڵگرتووه، هەرشوێن و وڵاتێكیان داگیر كرد بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. داعش جگە لە خۆیان هیچ گروپ و ڕەوتێكی سوننی یاخود شیعەیان پێ قبوڵ نیە، هەر لایەنێكـ لەفەرمانی ئەوان لابدا خوێنی حەڵاڵ دەكەن. بەڵام حەشدی شەعبی تەنها دژی سووننەكان دەجەنگن بە هیچ جۆرێكـ دەستی شەڕو كاولكاریان ناگاتە شوێنی نیشتەجێی شوێنكەوتوانی شیعه مەزهەب و كوشتاری شیعە بەدەستی شیعە حەرامكراوە. حەشدی شەعبی بە هۆی فەتوای مەرجەعەكانیان ”هەموو شتێكی غەیرە شیعە” حەڵاڵە و پاش كوشتن و بڕین و گواستنەوەی تەواوی ماڵ و بازاڕەكان ئەوجا گەڕەكو كۆڵانەكانیش دەتەقێننەوەو كاولی دەكەن. داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستی قەدەغەکراوەو مامەڵەی فەرمی لەگەڵیدا ناكرێت، واتە گەمارۆدان و قەتیس كردنی سەرچاوەكانی هێزو توانای سەربازی و داراییەکانیان. بەڵام حەشدی شەعبی گروپێکی تیرۆریستی زێدە توندڕەوو میلیشیایەكی فەرمی دانپێدانراوی دەوڵەتەو بودجەو مووچەی تایبەت بە خۆیان هەیەو بەئاشكراش پاڵپشتی ئەكرێت. داعش و حەشدی شەعبی لێکچوونی زۆر و خاڵی هاوبەشی زۆریان لەنێواندا هەیە، تەنێ ئەوەنەبێ یەکێکیان بووەتە ئەمری واقیع، وە ئەویتریان هێزێکی یاساغە. لێ لەڕاستیدا هەردوکیان دوو هێزی عەڕەبیی قەومیی تەواو تیرۆریستین و ئێجگار توندڕەوو زاڵمن، تەنانەت لەسەدەی ٢١دا تەنها دوو هێزی دونیان کە شێوازی نوێیان داهێناوە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی مرۆڤ. داعش چی تراژیدیایەکی بەسەر کوردهێنا لەشەنگال، حەشدی شەعبیش هەمان تاوانەکانی بەرامبەر کورد ئەنجامدا لەکەرکوکو دەوروبەری لەدوای داگیرکردنی کەرکوک.

ئەم هێزە میلیشیا شیعە نانیزامیانەی لەکەرکوک حوکم دەکەن، دەیان ژنی کوردییان هەتککردو دەستدرێژی سێکسییان کردەسەریان، لایەزال ڕۆژانە تاوانەکانیان لەکەرکوک بەچاوی خۆمان دەبینین. بۆیە لەئێستادا پیرۆزترین ئەرکی گەنجانی کوڕو کچی کورد، ئەوەیە چیتر قبوڵی ئەم چەوساندنەوەو هەتککردنی دایکو خوشکەکانمان نەکەن و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لەکەرکوک ئەنجام بدەن لەدژی میلیشیا شیعیەکان. .




سیمۆلۆژیای ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوەی دڵشاد کاوانی دا… نووسینی: هاوکار جمیل

پێشەكی:.
ئەدەب ئاوێنەی کۆمەڵگەیە، ئەم گوزارشتکردنە دەیەوێت ڕازیمان بکات کە ئەدەب دیاردەیەکی مێژووییە لە دەڕبڕین و کاردانەوەدا، هێزی سەردەم و دەرهاویشتەکانی، بۆیە وادەکات هێما و سیمۆلۆژیای ڕاستەوخۆ لە دەقەکان دەركەوێت، ئەمەش گەلێ گۆڕانکاری تێدا کراوە بە پێی پێشهاتە سیاسی و مێژووییەکان سەردەمەکان. لە ڕۆمانەکانی سەردەمدا ئەمە دەگوڕێت بە بەستنەوەی ڕووداوەکان، لەگەڵ کێشەی سەردەم، چونکە خودی ڕۆمان لەسەردەمی ژیانەوە (نهضة) پەیدابووە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە كە دەقی ڕۆمانی لەم چواچێوەیە دەرچێت کە دەقێکی داهێنان بێت؛ بەڵکو گوزارشتکردنە بە ڕێگە جیاوازییەکانی بۆ پیشاندانی کۆمەڵگە، سەڕەڕای فەرامۆش نەکردنی داهێنانەکەی، ئەمە ڕێک ڕۆمانی بە ڕێگاوە ئەم ڕێگەیەی هەڵبژاردووە.

سرووشت لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ڕۆماننووس لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە پێچەوانەی ڕۆماننوسانی دیكە زەمەنی ڕووداوەکانی فەرامۆش کردووە، هاتووە مێژووی ڕادەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نوێ و ململانێکانی تاکەکان دەربخات، بگرە لە ڕێگەی دروستکردنی هەرێمەکانی نێو ڕۆمانەكە لەوانە ( فومەن، قەچوچان، نێرگزان، ئەشکەوت و چیاکان)ی دەرخستووە، کە هێمایەکن بۆ بوونی (ئاو، ئاگر، خۆل، هەوا) کە چوار ڕەگەزی بوونی گەردوونن، تەنانەت دەرخستنی شوێنیش لە ڕۆمانەکەدا گوزارشتکردنە لە واقعێکی کۆمەڵگە، ئەگەرچی شوێنەکان خەیاڵیشبن، بەڵام هەرێمەکان هێما و مەغزایەکن لە بوونی هەرێمی لەم جۆرە هەروەك خەیاڵی ئەفڵاتوون بۆ یوتوبیا و شاری نموونەییی (مدينة الفاضلة) یان مرۆڤی باڵایی فردیش نیچە.
لەناو ڕۆمانەکەدا کۆمەڵێک پێکدادان و کوشتن و تیرۆرکردن دەبینرێت وەک ئەوەی لە چوار پارچەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەبێت، هەر ئەمەش کۆمەڵێک لێکدانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، ڕۆماننووس ململانێی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی باس کردووە. خوێنەری وردی ڕۆمانەکە نەبیت بە ئاسانی سیمۆلۆژیای دەق بەسەرت دەرباز دەبێت، چونکە ڕۆماننووس بۆ دەستەبژێر دەنووسێت، دەیەوێت ڕامانبێنێت بۆ ڕووداوێکی گەورەتر لەوەی ئێمە بۆی دەچین، ئەویش دەربازبوون لە کەلەپچەی ئایین و عورف و سیاسەت، کە مرۆڤ نەیتوانیوە لە مانای ڕاستی و کرۆکی هیچیان بگات، ڕۆماننووس هەوڵی داوە دەروازەی بیر بۆ مانا گەورەکە ببات کە مرۆڤبوونە!!

ئاو وەك سیمۆلۆژیا.
مرۆڤ لە ئەزەلەوە لەوەتەی هەیە بە پێی قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ململانێ لەگەڵ سروشت ئەنجام دەدات، ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هێزی سروشتە، هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینیووە بە ترسان، هەندێ جاریش بە شکاندنی دەسەڵاتی سروشت بەرامبەر مرۆڤ، ئەویش بە ناسینی زیاتر و نزیکبوونەوەی زیاتر و هەندێ جاریش بە کرنۆش بردن بۆی، وەک ئەوەی لە چاخەکانی ڕابردوو مرۆڤ ئەنجامی دەدا. ئاو بە گشتی و دەریاچە و لافاو و ڕووبارەکان بەتایبەتی تەوەری سەرەکی یان هێزی ڕادەبەدەرن لە ڕۆمانە نوێکاندا. خەیاڵ دروستکردن لە ڕۆماندا و بەستنەوەیان بە ئاو هەمیشە داستانێک یان تڕاژیدیایەک دروست دەکەن، جاروباریش ئیستاتیکا و ئارامبەخشی دەداتە مرۆڤ، وەک ئەوەی لە ڕۆمانە عیرفانییەکاندا دەبینرێت. (تەروادە و ئۆدیسە) دەریایەکی توند و بێڕەحم نیشان دەدات، بەڵام ئەگەر سەیری فینیقییەکان بکەین دەریا لە ئەدەبی ئەواندا هێمنە هەر میللەت و سەردەمێک بەپێی ژینگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە.

ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ڕۆمانی بە ڕێگاوە لەگەڵ ئەوەی بە شێوە و تەكنیكێكی جوان و ناوەڕۆكێكی بە هێز و زمانێكی پاراوی كوردی نووسراوەتەوە، سرووشت بە گشتی و ئاویش بە تاییبەتی لە چەندین شوێن دەبێتە ڕووداو و دیمەن و هەندێك جاریش دەبێتە شوێن و كات و زەمەنی وەرزەكانی سرووشتش دیاری دەكات.لەگەڵ ئەوانەش دا لە ڕۆمانی بەڕێگاوە، ئاو بۆتە ڕەهەندی فكری و پێناسەی ئاییین و فەلسەفە و گۆشەنیگای ڕۆماننووس، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئاو لە ڕۆمانی ڕێگاوە بەسەر دوو لایەن دابەش دەبێت.

ئاوی پیس و زەڵكاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە زۆر شوێندا تڕاژیدیایە و نەهامەتییە، کە دەبێتە هۆی مردن و گیربوونی کارەکتەرەكان و نیشاندانی ڕووی كۆمەڵگە و ئازار و مەینەتییەكان و هەندێك جار تەواوی ئاو دەبێتە بەشیك لە پێكاهەتی ڕووداوی نێو ڕۆمانەكە، هەوەك لە بەشی گیرخواردنی (بێزۆی سیناوخۆر) لە ناو زێراب. گیرخواردن و مردنی منداڵێك بە ناوی (جیقۆ فشە ) كە دەنووسێت ” من یەكەم كەس بووم لە بن بەستێنەوە، لە نێو قوڕاوگە ئەوم سەرەو قوون لە نێو قوڕ و لیتەدا بینییەوە، سەرەتا پۆتینە سەوزەكانیم دۆزییەوە لە قوڕدا ” ، لێرەدا ئاو مەدلولی تری هەیە لە شێوەی لافاودا لای ڕۆماننووس شەڕانگێزییە وەک دزینی ڕۆحی کەسێک. هەروەها جۆگەی پیس و زێرابی ماڵان دەبێتە خۆراکی (بێزۆی سیناوخۆر) بەم چەشنە دەخاتەڕوو ” ئەویش شێتی خواردنەوەی سیاناو چڵكاو بوو، ئەو ناوی خۆی بێزەواڵ بوو، چونكە سیاناوی ڕەشی وەك شیری سپی دایكی دەخواردەوە، ناویان نابوو بێزۆ سیاناوخۆر” وەک سیفەتێکی هەمیشەیی منداڵەکە (ڕۆماننووس هەوڵدەدات وێنەی منداڵێكی بێناز و ئاوێتەبوو لەگەڵ ئاوی پیس و سیاناو نیشان بدات، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی پەروەردەیی لە کەسایەتی داهاتووی منداڵەکە بخاتە ڕوو)*، (امنة عبدالجليل) ئەم پیشاندانە وێناکردنی داهاتووە لەو ژینگەی ئەم منداڵەی لێ پەروەردە بووە، هەروەها نیشاندانی وێنایەک بۆ نەوەی داهاتوو.رۆماننووس هەمیشە هێزی باران و هێزی سروشتی تاقیکردۆتەوە کە بەرامبەر تاکی کورد ڕووە تۆقێنەرەکەی نیشانداووە. بەهەمان شێوە (بێزۆی سیناوخۆر) لە ڕێڕەوی زێرابی ئاوەڕۆی ماڵان ون دەبێت، دوای ئەوەی بە زیندووی دەگاتە لای دەستەیەكی چەتە هەڵدەگیرێتەوە و گەورە دەبێت و دەبێتە چەتەیەك و تەواوی ژیانی منداڵێك بە هۆی زێرابێكی سەر داخراەوە دەگۆڕێت. ئەمەش هێما و سیمۆلۆژیای ئاوی پیسی وەك پیسی ناخ و دروون دەكاتە سیناو و جەستەش دەبێتە زێراب لە پەرەوەردەی دەروونی مرۆڤ دا.یاخود لە بەشی (نارسیس) لە هەرێمی نێرگزان لەگەڵ (مێناز) بە لافاو و قوڕوا و لیتاوی ئاو دا دەچن و دەنووسێت ” ئەو كاتەی دەستم لە نووسینەوەی ڕۆمانی ڕەش هەڵگرت هەمان ڕووبار و هەمان و شوێن، هەمان زریان كوتان بوو، من سەیری مێنازم دەكرد نیوەی لە قوڕ و نێوەكەی تری لە تیشكی ڕۆژ بوو، تاكو یاداشتكردنی ئەم بیرەوەر ییە تا ئێستا نازانم كتێبی ڕەش چی بەسەر هاتووە. كە خۆم لە قەرەی ڕووبارە بەتینەكە دا، تا ئەژنۆ پاشان تاكو ناو قەدم هات، هەر دوو دە ستم یەكەكیان مێنازی قوڕ و لیتە،” ئاو لێرە دەبێتە فیراق و دابڕان لە نێوان نارسیس و مێناز. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ لافاوەكەی نوح و لە دەستچوونی میژووی ڕابردووی مرۆڤایەتی و نووسینەوەی بیرەوەری یاداشتەكانی نارسیسە بۆ بونیادی شارستانییەتی نوێ.

ئاوی سازگار و پاك لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
هەموو ئەمانە دەلالەتی بوون و ئایدۆلۆژی و ژیانن، بەڵام جیاوازی کردووە لەگەڵ ئەو بارانەی کە گۆڕی نێرگزانی بە جوانی نەخشاندووە بە گوڵ و گوڵزار و ئاو هەواکەی، ڕووە جوانەکەی سروشتی ئەو دەمە جوان نیشان داوە کە هەرێمەکانی تر و ئایدۆلۆژیا و ئایینی تر پێیان نەخستبووە ناو هەرێمەکە، بۆیە نە کات کۆتایی دەهات، نە مردن هەبوو وەک بەهەشت بوو، تا ئەوکاتەی مرۆڤەکان ڕەوشتی مرۆڤبوونیان لەدەستدا ئەو کاتە دۆڵی نێرگزانیش تێکچوو بووە بە تڕاژیدیا. بۆ نموونە (عەدە گرینۆک) حەزی لە خواردنی سیکۆتینە لە جیاتی هەڵمژینی ئاو و هەوای سافی دۆڵی نێرگزان، هەڵدانی (قۆیتاس) بۆ ناو ئاودا تیرۆرکردنێکی ترە لەناو زێدی خۆی لە هەرێمی (قەچووچان) بەدەستی تاکەکانی هەرێمێکی تر. نیشاندانی کوشتن لە هەرێمی (فومەن) و سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکانی (نکرۆفیلیا، نکرۆفۆجیا) و سەهەڵدانی ماسۆنییەت و ئایینگەرایی، پێکدادانی شارستانی ئیسلامی و جولەکە لە ناوەندی هەرێمی (فومەن) هەوڵێکە بۆ زاڵبوونی بیری ئیسلامی سیاسی بەسەر ناوچەکەدا هەروەها خنکاندنی (کوڕیژگەی بەرانان) لە هەرێمی قەچووچان و شەرعیەتدان بە سێکس و حەزە سێکسییەکان ڕوویەکی تری نیشاندانی کاروباری هەرێمەکانە لە گوندێکی هەستێڵ و شڵپاو قوڕ و لیتەیە، کە یان لەبارەی (شێخی زەنەک) دەڵێت “ڕەنگە جگە لە من و شێخی زەنەك، كەسی تر پێدا تێپەڕ نەبووبێ، ئەوەی كە چووە و نەهاتۆتەوە، یان خنكاوە، یاخود داماوێكی وەك من بووە لە ترسی مەرگ هەڵاتووە، ئیدی بۆ ئاوایی نەگەڕاوەتەوە. كاتێ گەیشتینە ژێر تاڤگەكە، زەنەك خۆی دە بەرزایێ هاویشت و منیش لە دوای ئەو تا قووڵایی ژێر تاڤگەكە ڕۆچووین، دواتر بەسەر ئاوێك وەك دوو بۆق هاتینە دەرەوە” شێخی ناو ئاوە لەبنەوە ئاوێکی ساف و سازگارە ئەم شێخە لەوێ ژیان بەسەر دەبات لەبەشی چواری ڕۆمانەکە باسی لێوە دەکات لەوەسفی گوندەکەدا دەڵێت ” ڕووبارێکی بە خوڕ و چەم و چۆمێکی پڕ لێڕەوا و چاڵاوی تێدا بوو، دەوروپشتی گوند، پڕ لە هەرزەگیا بوو هەموو لایەک هەستیل و زەنەک و شڵپاو بوو. گوندەکەمان هەر وەک سەری باوکم تەڕ و تووشبوو، کە دەبوغزا وەکو چڵم لە لووتی پلووسکەی دەکرد، چاوەکانی وەک چاڵاوی خوار ڕووبار فرمێسکی تێدەزا، دەم و لغاویشی دەبووە ڕووبار و لیکاو و ترشاوی دەردەدا” کاتێک (کوڕیژگەی بەرانان) شێخی زەنەک ڕۆڵی نەرێنی بینی لە ڕزگارکردنی ئەو مێر منداڵە! یاخود كاتێك (شێمرازی نورانی) لەپاڵ خوێندنی ئایینی لە گەرماوی (دژوون) لای (ڕەمۆی ڕووتەڵە) دەبێتە پشتشۆر لێرە ڕۆماننوس عیرفانیانە لە بوون دەڕوانێت و وەها دەپەیڤێت ” شێمراز لە نێو حەمامدا بە پارەیەكی كەم ڕۆژانە پشتی خەڵك دەشوا و قڕێژ و چڵكی سەر پشت و ملان لا دەدا، ئەو پیاوێكی نوورانییە و هەمیشە بە دوای تێگەیشتن لە زانین و درككردنی حەقیقەتەوەیە. دوو شتی شێمراز ناكۆكن ڕۆح و حەقیقەت، ڕۆحی ئەو وەك ئەو جامە وایە كە بەسەر شان و باڵی خۆشۆرەكان دادەكا،.” بەمەش چڵكی پیسی و وەهم و لەكە و پاشماوەی چێژ و غەریزە لە جەستەیاندا دەشۆرێنی، ئاو وەك پاكببوونەوەی ڕۆح و پاقژبوونەوەی ناخ و سەرچاوە بۆ ڕوونبینینی ژیان بەكاردێنێت.

ئاو وەك بیر و هزر لە ڕۆمانی بەڕێگاوە.
هزر و مەعریفەلە ڕۆمانی بەڕێگاوە گەڕانەوەیە بۆ عیرفانییەتی و فەلسەفەی بوونگەراییی و دەروونشیكاری و قووڵبوونەوەیە لە خود و ڕۆماننووس شارەزاییەكی باشی لە ئایدیاكان هەیە، ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕۆماندا وەک هەمان دەقی (سەعدی شیرازی)یە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە بە ئاوی باران چاومان بشۆین چونکە ئاوی زەوی مرۆڤ پیسی کردووە. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە مرۆڤ دەبێت تێڕوانینی بەرامبەر دەوروبەر بگۆڕێ و دەست هەڵگرن لە خراپەکاری دواتر شوێنێک نامێنی مرۆڤبوون تێیدا سەقامگیربێت. بۆیە سروشتی دۆڵی نێرگزان نەیتوانی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. بوونی چەمکی ئاو لە ڕۆمانی بەڕێگاوە چەندین ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆ نموونە یەکێک لە خێزانەکانی (ئەمبێز بەگ) کە کچی جولەکەیەکی خمکێشە کاری ئەوەیە جلەکان لە خم هەڵکێشێ جارێکیتر ڕەنگیان بکاتەوە! لە دیالۆگێکی فەلسەفیدا (شێمراز) لە حەمام کاردەکات لە کاتێکدا فەقێشە هەموو جار لەگەڵ کارەکتەرێکیتر یەکتر دەبینن بە ناوی(ڕەمۆی حەمامچی ) خەڵک دەشوات، (میخۆ)ش ناو بەناو دەچێتە حەمام بۆ ئەوەی خۆیان بشۆن، ئەمەش یەکێکە لەو نموونانەی پاکبوونەوەی مرۆڤ بەئاو لە پیسی ڕۆژگاردا.

حەنچەیەک بەڕێدەکەوێ بەرەو شوێنێکی نادیار ڕووداوەکان لەم هەرێمە ڕەنگاو ڕەنگە دەبێتە پەیداکردنی هێز بۆ تۆڵەکردنەوە و کوشتن و خاوێنکردنەوەی شارستانییەتی جیاواز. دکتۆر (حسن حنیفي) دەڵێت: ئاو لە گێڕانەوەی بووندا لە تەوڕاتدا وێنەی هێزی ژیان نیشان دەدات، لە ئنجیلدا پاککردنەوەی ڕۆحە، لە قورئاندا ئاو لە ئاسمان دابەزیوە بۆ مەبەستی ژیانەوەی زەوی و دەرکروتنی بەروبووم بۆ سوودبینین، لێرەدا ئاو لە هەرسێ ئاییندا هێزی چاکە و باشەیە. لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە ڕۆماننووس ئاو دەمەزرێنێ بە چەندین شێوەی جیاوازەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر مرۆڤێک بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ هێزی سروشت دەکات. (ئیمی ئایتورانتا) لە ڕۆمانی پاسەوانی ئاودا دەڵێت: ئاو لە هەموو توخمەکانی گەردون زیاتر دەردەکەوێت، لەگەڵ مانگ دەڕوات و زەوی لەباوەش دەگرێت، لە سوتانی ئاگر ناترسێت، لە هەوادا ناژی، بەڵکو لە ناو چوارچێوەی هەوادا دەژی، لەگەڵ هەوادا وەکو هاوڕێ وان وەک پێستەکەیەتی، بەڵام ئەگەر بەهێزەوە لێی بدەی ئەوا یەقەت دەگرێ. ئەمە ڕێک مامەڵەی ڕۆماننووسی ڕۆمانی بە ڕیگاوەیە لەگەڵ ئاودا. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی (ئیمی ئایتورانتا) پێی وایە، کە ئاو هەستی هەیە لە زاکیرەیدا هەموو ڕووداوەکان تۆمار دەکات و پێشی مرۆڤیش بێتە سەر زەوی، ئاو دەزانێ جولەی گەردوون چۆنە، دەشزانێ کەی زەوی کاری پێدەبێت، کەی کەم دەکات و کەی دەچێتە ناخی زەوی و دواتر ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێ و توڕە دەبێت.

کاتێکیش ئاو مێر منداڵێک ڕاپێچ دەکات ئەوا جولەی ناتەندروستی مرۆڤە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سروشتدا توڕەیی ئاوە، بۆچوونی ئەم ڕۆماننووسە فیلەندیە تەمەنی نزیکی تەمەنی (دڵشاد کاوانی)یە، ژیانی مرۆڤایەتی داهاتووەکەی نادیارە بۆ گەڕان بە دوای ئاوی شیرین بۆیە ئەشکەوتێت دەدۆزنەوە بە نهێنی بۆ خوادنەوەی ئاو نەوەک دەسەڵات پێی بزانێ دواتر سەرباز بنێرێ بۆ ئەو شوێنە، ڕۆمانی بە ڕێگاوە باسی هەمان داهاتووی نادیاری هەرێمەکان و ئایینەکان و مرۆڤەکان دەکات لە دۆزینەوەی نەوایەکی ئارام بۆ ژیانکردن، بە هەمان شێوە شەڕی ژیان ئامانجی دانیشتوانە، بەڵام ژن لە ڕۆمانی (پاسەوانی ئاودا) بەرگری لە مانەوەی زەوی دەکات بە سروشتی خۆی، بەڵام لە (بە ڕێگاوە) ژن ئەو هێزە نییە بەرگری لە خۆی بکات هەمیشە پیاوەکان دەسەڵات و بیرکردنەوەیان زیاترە. (فرانسوا-رينيه دو شاتوبريان)یش لەسەر شعرییەتی دەریا دا پێی وایە دەنگێکی ترسناکی هەیە و ڕەنگێکی تاریکی هەیە دەڵێت: دەریا پێناکەنێت.

کاتێکیش منداڵێک ڕاهاتووە لەسەر خواردنی ئاوی زێراب ئەوا داهاتووەکەی هەر مردنە بەم زێرابە. ڕۆماننووس ڕوویەکی تر دەردەخات کاتێک مامەڵەی دروست لەگەل سروشت دەکرێت، ئەوا نەمردن دەبێت نە کات! هەموویان فریشتە ئاسا بەیەکەوە دەژین، کاتێکیش ئایینەکان تیژ دەبنەوە لە پەیامەکەیان لادەدەن توندوتیژی دروست دەکەن. ئەم پرسیار کردنانەی کە دروست دەبن لە ڕایەڵی ڕووداوەکان ڕۆماننووس سیمائییەتی دەقەکان بە چەندین شێوە نیشان دەدات لەوانە: دەسەڵاتداران زۆرترین چەوساندنەوە دەکەن بەرامبەر کپکردنی دەنگ و ژیاری تاکەکانی کۆمەڵگە. بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئایینی بەرامبەر کوشتن و دیاردەی نامرۆڤانە لەناو کۆمەڵگەدا. توندوتیژی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر هەبوونی شارستانییەتی جیاوازدا، کاتێکیش مرۆڤ لە بوونی خۆی دوور دەکەوێتەوە لە مێشکی مرۆڤەکان، ئەوا مرۆڤ پەلدەکێشێت بۆ ئەنجامدانی عەبەسیەت، ئەوەی لە ئەمڕۆماندا دەبینرێت پیسترین دیاردەی مرۆڤایەتییە ئەویش دیاردە چێژ وەرگرتنە لە کوشتنی مرۆڤ.

لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەقەکان وا نیشان دەدەن کە سروشت دەگۆڕێت لە وانەیەکی فیزیایی بۆ وانەی دەروونی و فسیۆلۆژی لە ڕوانگەی سروشتی ئادەمیزادەوە. ئەویش بە دوو گۆشەدا، یەکەمیان ئەسلی بڕواداری (فطرة الایمانیة)لەلایەک، ئەسلی سێکسی لەلایەکی ترەوە، ئەمەش پێکدادان دروست دەکات لە سەرئاستی کۆمەڵایەتی، کەچی لە ڕەسەنی خۆیاندا هەر لە خودی دانیشتوان و ژینگەی ئەوانەوە ئەم ئەسل و نەسلە دروست بووە. ڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا لە نێوان چەمکەکانی (فطرة) و (سروشت) دا نیشانی داوە کە هەموویان دەستی مرۆڤە دەستکاری ڕەسەنی چاکە و خراپە دەکات، ئەگەر سزا ئایینی و مەزهەبیەکان هەر رێگرییەک بکەن، دەتوانن چاکی بکەن و خراپیشی بکەن. هەوڵی نووسەر بۆ ئەوەیە دەرخەری بیرکردنەوەکان بێت، نەک بڕوابوون بە شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکان.
ڕۆماننووس واینیشان داوە تابلۆیەک لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک و ڕۆڵی ئاین و ئایدۆلۆژیا و سروشت لە لێخوڕینی بە حەنچەیەک بۆ داهاتووی نادیار، ئەگەر بەرنامەیەکی رێک و پێک بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان بکرێت ڕەنگە پلانی کەوتنە ڕێگای حەنچەشبە ئامێری سەردەم ڕۆشنتربێت وەک GPS ڕێگاکەی ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام کۆمەڵگە بێبەرنامە دەبێتە گوێڕایەڵی تەوژمە هزرییەکان و کلتورە چەوتەکان، خۆیان دەدەنە دەستی قەدەر، هەر بۆیەشە قەدەر داهاتوو نادیار نیشان دەدات.

ئەنجام:.
لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكەمان گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕۆمانی بە ڕێگاوە، شەن و كێوكردنی ئاسان نییە و تێگەیشتن و لێكدانەوەی جودا هەڵدەگرێت و دەكرێت لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە لێی بڕواندرێت. ڕۆمانێكی فرە ڕووداوە، دیمەن و وەسف و زمان تێیدا گەمەیەكی شعرییە و سرووشت پێكهاتەی سەرەكی ڕۆمانەكەیە، ئاویش تێیدا ڕۆڵێكی باڵایی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی فكری ناو ڕۆمانەكە و خستنە ڕووی گۆشەنیگای ڕۆماننووس دەردەخات. ئاو بە چەندین جۆر و شێوازی جیا جیا خۆی دەنوێنێت وەك بارن و تۆڤان، یاخود قوڕ و لیتە، چ وەكوو ڕەنگ و خم و خوێن و شەڕاب، ئەمەش دەرخستەی ئەوەیە كە ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەی دا هەڵگری فەلسەفەی بوونگەراییە و سرووشت بە سەرچاوەی بوون دەزانێت و ئاو وەكو ژیان و ئافات دەبینێت، لە هەندێك شوێن ئاو دەبێتە ڕەخنەی فكریی و یاخی بوونە لە ژیان و لە هەندێك شوێندا داناپێدانە بە درووستكراوی بوون، یاخود وەستانەوەیە لە دژی مرۆڤكوژی لە ژێر هەرناوێك و دید و ڕوانین و ئایدیایێك بێت. ئەوەی مەبەستە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە زۆر بە لێزانی ئاو وەك سیمۆلۆژیا بۆ حاڵی بوونی خوێنەر لە گۆشەنیگای ڕۆماننووس بە كارهاتووە.

نووسینی: هاوکار جمیل
ماستەر لە ئەدەبی کوردی

———————————————————

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

  • دڵشاد کاوانی، (ڕۆمان)بەڕێگاوە، چاپخانەی چنگڵ(تاران)، چاپی یەکەم، 2020.
  • امنة عبدالجليل سليمان القواسمة، رسالة ماجستير، جماليات الوصف في الرواية سليمان القوابعة، جامعة مؤتة، 2014.
  • د. الرشید بو شعیر، المیتا سرد في الروایة الخلیجیة، “سلسلة كتاب مجلة دبي الثقافية- 73، 2012، دبي.
  • ایمي ایتورانتا، حراس ماء،ترجمة علاء الدین ابو زینة، دار المنی، السوید، 2014.
  • منى بت جبراش السليمية، عن كتاب “الطبيعة في الرواية العمانية”مجلة “القباب” الثقافية الجزائرية. عدد 8. ديسمبر 2014م
  • www.aljazeera.net/news/cultureandart/2014/8/13
  • www.noonpost.com



دادگایی کردنی کەسایەتی جەلال تاڵەبانی… جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

عیراق و ئێران دوو ووڵاتی جەنگی بون. بەشێکی سنوریان خاکی کوردستانە. ئەوکات سنوری هەڵەبجە لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارە جەلالییەکاندا بوو. سەدام ویستی نەبوو باشوری کوردستان بکات بە بەرەیەکی جەنگ. نەک لەبەر خاتری کورد، بەڵکو لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە. ئەوەش بەهۆی هێزە کوردیەکانەوە. بەڵام ئیران بە پێچەوانەوە. ئێران دوو پیلانی هەبوو. کە بەبێ جەلال تاڵەبانیی نەیدەتوانی ئەو پیلانانە مسۆگەر بکات. پلانێکی ئێران ئەوەبوو، ئەگەر ئیران سنوری هەڵەبجەو سلیمانی کۆنتڕۆڵ بکات، رێگەی یارمەتی و گەیاندنی چەک لە هێزەکانی سەرکردە قاسملۆ دەبڕێت.
پلانی دووەم ئەوەبوو ئەگەر هێزی ئیرانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکانی کەرکوک مسۆگەر دەکات. بەمەش قورگی ئابوری عێڕاق دەگرێت. ئێران نەخشەی کێشاو ئەندازیاری جێبەجێکردنی نەخشەکەش جەلال تاڵەبانی بوو.
ئیران خەریکبوو پلانەکانی بەدی بێنێت. تاڕادەیەکی زۆر هاتبووە ناو خاکی عێڕاق و تەواوی ناوچەی هەڵەبجەی کۆنتڕۆڵ کردبوو. بەڵام لەژێر چاویلکەکەی جەلال تاڵەبانیدا. یانی هێزەکانی ئێران جلوبەرگی پێشمەرگەیان پۆشیبوو. وە وانیشانیاندەدا کە پێشمەرگەکانی جەلال تاڵەبانی بەبێ هێزی ئێران لەهەڵەبجەن. بەڵام دواتر ئەوە ئاشکرابوو، کە ئەوە پیلانی ئێرانەو ئەویتریش جەلال تاڵەبانییە کە دەستی هێزەکانی ئێرانی گرتووەو بەرەو قوڵایی ناو خاکی عێڕاق دەیانبات. بۆیە لێرەدا عێڕاق دەبوو بەرگری لە خاکی خۆی بکات. بەڵام پێشئەوەی کاردانەوەی سەربازی هەبێت. چەندین جار جەلال تاڵەبانی و هێزەکانی، ئاگادارکردەوە، کە یان هێزەکانی ئێران لەهەڵەبجە وەدەرنێن یان خۆیان لەهێزە ئێرانیەکان جیابکەنەوەو تەواوی هاوڵاتیانی سڤیلیش ئاگاداربکەنەوە کە لەشارەکە بچنە دەرەوە. چونکە ئێمە لە ئەگەری دووەمدا بەزەبری هێز ئێرانییەکان وەدەردەنێین و هەموو جۆرە چەکێکیش بەکاردێنین. بەڵام جەلال تاڵەبانی گوێی بەم ئینزارانەی عێڕاق نەدا. بۆدواجار عێڕاق ئینزارێکی زۆر جددی بە ئاشکرا ڕاگەیاندو داوای کرد هاوڵاتیانی سڤیل لەشارەکە بڕۆنە دەرەوەو هێزە کوردییەکانیش خۆیان لە هێزە ئێرانییەکان جیابکەنەوە. بەڵام جەلال تاڵەبانی لەهەموو لایەکەوە هەڵەبجەی گەمارۆداو ڕێگەی نەدا هیچ هاوڵاتیەک بچێتە دەرەوە. بەوجۆرە جەلالیەکان و ئێرانیەکان ویستیان هاوڵاتیانی سڤیل وەکو قەڵغان بەکاربێنن و خۆیان لەناو هاوڵاتیاندا حەشاربدەن. بۆئەوەی عێڕاق هێرش نەکاتە سەر شارەکە. بەڵام عێڕاق چەکی کیمیاوی لەهەڵەبجەداو یارو نەیاری بەیەکەوە کوشتن. بەمەش جەلال تاڵەبانی جارێک بەوە تاوانبارە کە دەستی ئێرانی گرت و بردییە ناو هەڵەبجەو ئەوەش تەنها هۆکاری کیمیابارانی هەڵەبجە بوو. جارێکیتر تاوانبارە بەوەی کاتێک مەترسییەکی جددی لەسەر هەڵەبجە بوو، بەس جەلال ڕێگەی نەدا هاوڵاتیان بچنە دەرەوەو ئەوانی بەکارهێنا وەکو قەڵغانێکی جەنگی.

بەوەش لەسەعاتێکدا پێنج هەزار هاوڵاتی سڤیل کوژران و هەڵەبجە بوو بەقوربانی ئامانجەکانی ئیران و گەوجی و بێ ڕەوشتی جەلال تاڵەبانی.
لە زاری نەوشیروان مستەفاوە کە جێگری جەلال تاڵەبانی بوو شاهیدی داوە کە. جەلال تاڵەبانی وتویەتی: ئاخ خۆزگە دوو ڕوداویتری وەکو هەڵەبجە ڕویاندابایە. ئەوە بەو مانایەیە کە جەلال تاڵەبانی هەم خۆی پیلانی ئەوەی هەبووە کە (ئیستیفزازی) پەلکێشی عێڕاق بکات بۆ کارەساتێکی ئاوا گەورەو دواتر بازرگانی بەو کارەساتە مرۆییەوە کردووەو لەیادی هەڵەبجەشدا فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانییان ڕشتووە. بۆیە جەلال تاڵەبانی تەنانەت لەو فڕۆکەوانەش تاوانبارترە کە قومبەلەکەی خستە خوارەوە. هەروەها ئەگەرچی جەلال مردووە، بەڵام هێشتا پێویستە کەسایەتی جەلال تاڵەبانی لەگۆڕدا دادگایی بکرێت و سزاکەشی ئەوەبێت، کە ئێسقانەکانی لەگۆڕەکەی دەربهێندرێن و لەگۆڕستانێک بنێژرێتەوە کە ناوی بنێن گۆڕستانی خائینان و تاوانبارانی جەنگ.

لەدوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکیەکانەوە. ”تاریق ڕەمەزان” کە ئەو فڕۆکەوانە جەنگییە بوو، کە قومبەلەی کۆمەڵکوژی لە هەڵەبجەدا. دەستگیرکراو لەشاری سلێمانی لە دەزگای ئاساییشدا سجن بوو. ئاساییش ئەو دەزگایەی کە ناوی ئاساییشەو واتا ئەمان و پارێزگاری کردن لەخەڵکی سڤیل. بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستەو دەزگایەکە، کە تەنها پارێزگاری لەتاوانبارانی جەنگ دەکات و وەکو تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان دەکات. دەزگای ئاساییشی سلێمانی پەناو پێگەی بکوژو جەللادو تاوانبارانی جەنگە. چونکە کاتێک تاوانبارێکی جەنگ لەلای ئەوان سجن دەبێت، کە پێنج هەزار هاوڵاتی کوشتووە. کەچی بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی ئازاد دەکرێت و دەینێرن بۆ دەرەوەی وڵات.
جا سەیری شەیتانی و دوو ڕوویی جەلال تاڵەبانی بکەن. ئەو فڕۆکەوانەی کە کاتی خۆی دوژمنی بووە، بەڵام دواتر ئازادی دەکات تەنها لەپێناو ئەوەی پێکهاتەی سوننەکان لەعێڕاق پشتیوانی بکەن تاکو ببێت بە سەرۆککۆماری عێڕاق. ئامانجەکەشی پێکاو بوو بە سەرۆککۆماری عێڕاق و لەو پۆستەش مایەوە هەتاکو بەڕیسوایی وەکو دڕندەیەک بەسەر شۆڕی مرد.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…4…شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم/

ئیبنولعــەقـیل، یــان ئیبنولعــەزرائـیل..!؟

لە بەشی یەکەم و دووەم دا، ئاماژەم بەوەکرد، کەهەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک بە هەندێک لە فەقێکان ناساندبوو.

کۆمەڵەک فەقێ لەیەکێک لە حوجرەکان، حوجرەی مزگەوتی( ئیبراهیم گەردی)، گوتوبوویان ئەو کوڕە کافربووە و خوێنی حەڵاڵە، فەقێیەک کە لە ناویان دەژیا، دواتر گۆڕا و بوو بە قورئانی و پاشان لائیک، خۆی ئەوەی بۆ گێڕامەوە. فەقێکان بەشێکیان لێم دوور دەکەوتنەوە، لە بیرم دێت، لە ناو حوجرە و لە مزگەوتی بەرزنجی کتێبێکم کڕێبوو، زۆرێک لە قوتابخانە فیکری و هەروەها هەموو قوتابخانە فەلسەفیەکانی تێدا بوو.

منیش بە وانە ئەو کتێبەم بە چەند فەقێیەک دەگووتەوە. فەقێیەک هەبوو، لە حوجرەیەکی تر بوو و هاوڕێمان بوو و زوو و بەردەوام بە سەردانی داهاتە لامان، جا لە حوجرە، کاتێک دەستمان بە وانەکە دەکرد، ئەو دەڕۆیشتە دەرەوە.

دواتر ئەمیش کاتێک تووشی گۆڕانی فیکری بوو، پێی گووتم: دەزانی بۆ دەڕۆیشتمە دەرەوە کاتێک تۆ فەلسەفەت بە فەقێکانی تر دەگووتەوە؟
گووتم: بۆ؟
گووتی:چونکوو دەترسام مێشکم تێک بچێت. شتێک بڵێم، هەڵبەت کەدەڵێم ئێمە لە حوجرە بە وانە فەلسەفەمان دەخوێند، ئەو حوجرەیە مەلای تێدا نەبوو، فەقێیەکی هاوڕێم، مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی جومعە، وتاری تێدا دەخوێندو، پێشنوێژی بۆ خەڵکەکە دەکرد. پێشووتر مەلا(جومعە)، مەلای ئەو مزگەوتەبوو، لە قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانیش مامۆستابوو و وانەی زمانی عەرەبی و نەحو کتێبی(ابن العقیل)ی پێ دەگووتین، ئەو کتێبەی، بە هۆی زەحمەتیەوە، من بۆگاڵتە و شۆخی پێم دەگووت(ئیبنولعەزرائیل)و فەقێکان و خوندەکاراکان زۆر پێدەکەنین کەوام دەگووت.
ئێمە ئەو کتێبە، کەچوار بەرگ بوو، دوو بەرگی یەکەم و دووەممان لە قوتابخانەی ئایینی دەخوێند، لەکۆلێژی شەریعەش، دووبارە، هەرساڵە و بەرگێکیان دەخوێند، حەققەت دەبوا تەنها لەکۆلێژی شەریعە بخوێندرێت، هی ئاستی قوتابی ئامادەیی نەبوو.
دواتر و دوای ئەوەی ئێمە لەوێ نەماین، گووتیان قورسە و ئەو کتێبەیان لە قوتابخانەی(پەلپیتانی)لابرد و کتێبکی تری زمانی عەرەبیان هێنا شوێنی. لە کۆلێژی شەریعە و بەشی شەریعەیش، تەنها لە هەردووک قۆناغی یەکەم و دووەم هێشتیان، لە سێیەم و چوارەم لایان برد، بەڵام لە بەشەکەی ئێمە، بەشی بنەماکانی ئایین(أصول الدين)و بەشی خوێندنی ئیسلامی(دیراسات الاسلامیە)، هەر وەکوو خۆی مایەوە و هەر چوارساڵ خوێندمان.

بیرمە لە پۆڵی دوانزە، فەقێکان، ئەو ڕۆژەی، ئەزموونی ئەو بابەتەمان هەبوو، ڕێککەوتین، ئەگەر پرسەکان قورس هاتبوویەوە، وڵام نەدەینەوە و هەموان هۆڵی ئەزموونەکان جێ بێڵین، بێگوومان وەکوو ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد وابوو، هەموان دەنگمان هەڵبڕی و گووتمان کاکە کەس وڵام نەداتەوە، وەزیری ئەوقاف، ئەوکات(كامیلی حاجی عەلی)بوو، لەسەر پشکی بزووتنەەی ئیسلامی وەزیربوو، گووتی بەس بێدەنگ بن، ئەوە یەکەو دە نمرە بۆ ئێوە، لەو لقەی کە دەڵێن داخل نەبووەو هاتووەتەوە، ساڵی پێشووتریش فەقێکان هەمان بەزم و فەرتەنەیان نابوویەوە.

باسی مەلا جومعەم کرد،
مەلا جومعە، مەلایەکی تابڵێیت هێمن و زیرەک و بەڕێزبوو.
من ئەو کات لە حوجرەی مزگەوتی عەلی سۆرانی دەمامەوە،
پۆڵی یانزە بووم،
جا مزگەوتی بەرزنجی و عەلی سۆرانی، زۆر لێکتری نزیک بوون، زۆر جار بەیانی، بە جادەی ئەلباندا، دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلیپیتانی، کە دەکەوێتە نیوان هەردووک مزگەوتەکە، جادەی ئەلبان دەڵێم.

مەلا جومعەش بەو ڕێگایە دا دەڕۆیشت بۆ هەمان قوتابخانە، مەڵاو فەقێ، یان مامۆستاو قوتابی، دوو بەدوو و بە دەم قسەکردنەوە، پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ سەواف، سەواف زۆر دوور نەبوو، چوارەگێک دەبوو بە پێ، ئێمە هەردەمانگووت سەواف، ڕاستە قوتابخانەکە، ناوی پەیمانگای(مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانی)ٚبوو،
لە سەرەوەیدا، بینای مزگەوتەکەی سەواف بوو و ژێرەوەیشی قوتابخانەکەی ئێمەبوو، بۆیە لای خەڵک بەو ناو مەشهوربوو و تا نەتگووتبا سەواف کەس نەیدەزانی کوێیە.

دواتر مەلا جومعە نازانم بۆ لەو مزگەوتەی بەرزنجی نەما، ئەوە بەر لەوەی من بڕۆم بۆ ئەو مزگەوتە و حوجرەکەی ئەوێ.

جا لەو حوجرەیه،
ئێمە سێ فەقێ بووین، بەو فەقێیەش ڕا، کە لەوانەی فەلسەفە، ڕایدەکرد بۆ دەرەوە، لە حوجرەیەک تربوو، وەلێ زۆربەی کات و بەردەوام هەر لای ئێمە بوو، دەبووین بە چوار. ئەوەش بڵێم:جا بەر لە ڕۆیشنتم بۆ بەرزنجی، من سێ ساڵیش لە حوجرەکەی مزگەوتی(حاجی بەدریە بووم)، دوای ئەوەی لە مزگەوتی عەلی سۆرانی نەمام. ئینجا دواتر هاتم بۆ مزگەوتی بەرزنجی. ئەوکاتەی ڕۆیشتم بۆ ئەوێ.
من لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم، ئەوانەتیریش، یەکێکیان لە قوتابخانەی ئیسلامی مەلا فایزبوو، دووەکەیتریشیان لە لە قوتابخانەی ئایینی مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی دەیان خوێند و بۆمانەوەش لە بەرزنجی دەماینەوە.

هەڵبەت ئەگەر ئەو حوجرەیه، مەلای ڕەسمی خۆی هەبوایە، لە سەر مێلاکی وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکەش سەربە ئیسلامی سیاسی بوایە، ئەوە هەرگیز، ڕێگەی پێنەدەداین کفرێکی ئاوا مەزن و کارێکی لەو شێوەیە بڤە و مەترسیناک، لە ناو حوجرەکە دا بکەین و فەلسەفە بەوانە بخوێنین.

سەبارەت بەوە لە بەشەکانی داهاتوو ئاماژە بەوە دەکەم، لەسەر کتێبی دوو کەسی سیکۆلار، چۆن لە حوجرە، لەلایان مەلایەکی ئیسلامییەوە دەرکراوم!

بێگوومان لە ناو مەلاکان و فەقێکان و ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی سەقەت و هەڵە و باو هەیە، بەوەی کەفەلسەفە مرۆڤ شێت دەکات و سیستەمی ئەقڵ تێک دەدات و بیرکردنەوە دەشێوێنێت و شتێکی زۆر بێمانایە و فەلسەفە و لۆژیک، هەڕەشەن بۆسەر ئایین و،

بیرو باوەڕی بڕوادار لەق دەکەن. بۆیه خەتەرە و مرۆڤی بڕوادار دەبێت خۆی لێیان بە دوور بگرێت. تەنانەت لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە( علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذكي!)




سەددام دیکتاتۆرێکی جیاوازبوو… ئومێد محەمەد فەرەج

دیکتاتۆرو دیکتاتۆریەت واتا حوکمی تاکە کەس و تاکە حیزب. یانی لە سیستمی حوکمی دیکتاتۆریدا، دیموکڕاسی، ئازادی و مافی مرۆڤ وەک پێویست بوونی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی کۆمەڵگا ئەوە یەکلائەکاتەوە کە ئایا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر یان دیموکڕاسیخواز لەگەڵ خۆی دەگونجێنێت. بۆنمونە سروشتی گەلانی ئەسکەندەناڤیا، بوونی هیچ سیستمی دیکتاتۆری هەزم ناکەن. بەڵام تەواوی گەلانی عێڕاق، واڕاهاتوون کە دەبێت بەزەبرو زەنگ حوکمیان بکرێت. وە کۆمەڵگای عێڕاقی هەرگیز ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستمێکی دیموکڕاسیی و ئازادی ڕەهادا. چونکە بوونی هەر دیموکڕاسییەت و ئازادییەکی ڕەها، بەهەڵە ئیستیغلال دەکەن. بۆنمونە: کاتێک دوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە، بەبێ ئامادەکاری بۆ چونە ناو سەردەمێکی تازەو جیاواز، کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

ئەوا لەناکاو کۆمەڵێک چەمک بۆ میللەت پەخشکران، وەکو: ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی تاکەکەسی، مافی ژن، دیموکڕاسی و هەڵبژاردن. ئەمانە زۆر چەمکی جوانن، بەڵام بۆ عێڕاقییەکان تازەبوون، وە چونکە کۆمەڵگاکە هۆشیاریی و ئامادەیی تیانەبوو بۆ وەرگرتنی ئەم چەمکانە، بینیمان دەرەنجامەکە بەو جۆرەیە کە، لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکان بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین هەرچی سوکایەتی، قسەی قێزەون و تەشهیرە بەیەکتری دەکەن. هەروەها کەسانێک ئازادی تاکەکەسیی بەوە تێگەیشتوون، کە لەشوێنە گشتییەکان کردەوەی نائەخلاقی بکەن، کە ئەمەش ئادابی گشتی تێکدەدات. هەروەها حیزبەکانیش بەوجۆرە لەدیموکڕاسی تێگەیشتوون کە هەرچەندی توانییان تەزویر لەهەڵبژاردنەکان بکەن و کاتێکیش دۆڕان ئەوا هێزی چەکدار ببەنە سەر بارەگاکانی یەکترو یەکتر تیرۆر بکەن. لەسەردەمی سەددام حوسێندا ژیان بەجۆرێکیتربوو، سەددام زۆر باش سروشتی کۆمەڵگای خۆی خوێندبویەوەو لەوە تێگەیشتبوو کە بە دیموکڕاسیی ناتوانێت حوکمی ئەم میللەتە بکات، چونکە ئەگەر زیاد لەپێویست ئازادی بەم میللەتانە بدات و بۆی شل بکات ئەوا میللەت لەناو خۆیاندا بەڕووی یەکترو بەڕووی دەسەڵاتیشدا دەتەقێتەوە. بۆیە سەددام بە زەبروزەنگ حوکمی دەکردو کۆنتڕۆڵی تەواوی پێکهاتەکانی عێڕاقی کردبوو. کەس نەیدەوێرا باسی ناکۆکی بەینی شیعەو سوننەو کوردو عەڕەب بکات. بۆیە ئەگەرچی بۆ کورد باش نەبوو، بەڵام بەگشتی سەددام پیاوێکی ئاقڵ و سەرکردەیەکی بوێرو بەهەیبەت و لێهاتوو بوو، وە لەوە تێگەیشتبوو کە، گەورەترین کێشەی نێوان عێڕاقییەکان بابەتی مەزهەبییە لەنێوان سوننەو شیعە.

هەروەها بابەتی قەومیە لەبەینی کوردو عەڕەب. ئەم بابەتانەش زەمەنێکە وەکو قومبەلەی تەوقیتکراون هەر ماوە ماوە دەتەقنەوەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. بۆیە سەددام لەوە تێگەیشتبوو کە ئەم کێشانەی بەینی پێکهاتەکان وەکو زێرابێکی بۆگەن وان، ئەگەر ئازادی بەم پێکهاتانە بدرێت و سەرکوت نەکرێن ئەوا سەری ئەم زێرابە لادەچێت و پیسی و بۆگەنی ئەم زێرابە بەتەواوی عێڕاقدا بڵاودەبێتەوەو ئاشتی و ئارامی لەتەواوی وڵات تێکدەچێت.

بۆیە سەددام حوسێن وتبووی کێشەی بەینی پێکهاتەکانی وەک، کوردو سوننەو شیعە وەکو زێراب و قومبەلە وان، تەنها منیش سەری ئەم زێرابەم داپۆشیوەو ئەڵقەی ئەم قومبەلەیەم گرتووەو ڕێگە نادەم بتەقێتەوەو دەیان جاریش تەقینەوەکەم پوچەڵ کردۆتەوە. وە کاتێک من نامێنم سەری زێرابەکە لادەچێت و قومبەلەکەش دەتەقێتەوەو بۆگەنی زێرابەکەو پڕشکی قومبەلەکە تەواوی عێڕاق دەگرنەوەو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەتەواوی تێکدەچێت. تەبعەن سەددام تەنها بە زەبرو زەنگ و حوکمێکی توند توانی بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئەم کێشە گەورانە خەفە بکات وە هیچ ڕێگەچارەیتری نەبوو، لەنێوان خەراپ و خەراپترو خەراپتریندا، ئەو خەراپی هەڵبژاردبوو. ئەگینا سەددام لەناخەوە کەسێکی دیکتاتۆر نەبوو، وە کەسێکی زۆر دڵسۆزبوو بۆ میللەتانی عێڕاق و وڵاتەکەی. سەددام ناچاربوو بەزەبری هێز کێشەی بەینی پێکهاتەکان خەفە بکات، وە سەددام مەترسی نەبوو بۆ سەر ژیانی هەرکەسێک، کە تەداخولی سیاسەت و بابەتی بەینی پێکهاتەکان نەکات و سیخوڕی لەدژی وڵاتی خۆی نەکات. هەر کەسێک ئەم شتانەی نەکردبایە، ئەوا ژیانی ئەوکاتی عێڕاق بۆ ئەو کەسە بەهەشتبوو. چونکە سەددام میللەتی خۆی زۆر بەباشی دەژیاندو هەموو خزمەتگوزاریەک بەردەستبوو، کارەبای ٢٤ سەعاتی هەبوو، جادەو ڕێگەوبان زۆر باشبوون، ئاوی پاکی خواردنەوە هەبوو، سیستەمی تەندروستی زۆر لەئێستا باشتربوو، یاساو دادپەروەری و یەکسانی زۆر لەئێستا باشتر بوو، ئابوری عێڕاق هێندە باش بوو، تەنانەت لە هەشتاکان خەڵکی وڵاتانیتر دەهاتن لەعێڕاق ئیشیان دەکرد. بەڵام ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوەو بەهۆی نەمانی سەددام و هاتنە سەرحوکمی کۆمەڵێک تیرۆریستی سوننی و شیعیی و مافیای کوردی.

سەدان هەزاری وەکو ئێمە دەربەدەرکراون و وڵاتی خۆمان لێ حەرام کراوە. ئەگەرچی عێڕاقی هەشتاکان وەکو ئەوروپای ئێستا پێشکەوتووبوو، کەچی بەهۆی نەمانی سەددام وڵات پەنجا ساڵ بەرەو دواوە گەڕایەوە. بۆیە لەسەر ئەم بەراوردو بنەمایانە، دەڵێم سەددام لەهەموو سەرکردەکانی ئێستای عێڕاق و کوردستان باشتربوو. سەددام باڵی کێشابوو بەسەر دەیان کێشەداو کەس نەیدەوێرا کێشە گەورەکان بتەقێنێتەوە. تەنانەت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا کە گەورەترین دوژمنی سەددام بوون. وتی: دەزانن سەددام چی شتێکی زۆر بەباشی ئەنجام دەدا؟ ئەو تیرۆریستەکانی دەکوشت، سەددام کەسانی تێکدەری ڕێک دەکوشت. سەددام ئەم کارەی زۆر بە باشی دەکرد. وە مافەکانی پێنەدەدان، ڕێگەی پێنەدەدان قسە بکەن، ئەوان تیرۆریستن و تەواو بڕایەوە. هەروەها ترامپ تەقریبەن هەمان ئەو قسەی سەددامی بەشیوازێکیتر دووبارەکردەوەو وتی، ئێستا خراپەکاران و تیرۆریستان عێڕاقیان شێواندووە. وە عێڕاق بووە بە بەرهەمهێنەری تیرۆریستان. ترامپ وتیشی، ئەگەر ئەتەوێت ببیت بە تیرۆریست ئەوا بڕۆ بۆ عێڕاق. ئەمانە قسەی سەرۆکی ئەم وڵاتەن کە سەددامیان ڕوخاند بەپاساوی دیکتاتۆریی بوون، کەچی ئێستا خۆیان پەشیمانن و ددان بەوەدا دەنێن، کە سەددام لەئەوان باشتر توانیبووی کێشەکانی عێڕاق خەفە بکات. تەبعەن ترامپ کە وتی تیرۆریستەکانی دەکوشت و سەرکوتی دەکردن، مەبەستی هەموو ئەو سیاسیی و سەرکردانەی ئێستای کورد و سوننەو شیعەبوو، کە ئێستا حوکمی عێڕاق دەکەن و وڵاتیان کردووە بە کارگەیەکی زەبەلاح بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریستان. بەڵام هیچ کام لەئەوان نەیاندەوێرا لە ترسی سەددام سەر بەرزبکەنەوە







کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری “فەرنوود ئیلهامی” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کورد “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی” و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕەسەنایەتی مەقامەکان و ڕوانینێکی نوێی بۆ کووکی ڕەسەنی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کرماشانی “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی”، لە دەرهێنانی “موحسین رەشیدی”، لە بەرهەمهێنانی ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی موزیکزانی بەئەزموونی کرماشانی “فەرید ئیلهامی” ئاوازدانەر، وانەبێژ و ژەنیاری بەتوانای تەنبوور و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە مەقامە ڕەسەنەکانی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کووکی گۆرانی “یار” لە کووکە ڕەسەنەکانی تەنبوور نییە و لە ڕاستیدا کووکێکە کە “فەرنوود ئیلهامی” خوڵقاندوویەتی کە تێکەڵاوێکە لە کووکە ڕەسەنەکانی ئامێری تەنبوور و کووکێک کە ناوەکەی کووکی “عشاق” واتە “عاشقەکانە”.

ئەو مەقامەی کە لە گۆرانی “یار”دا خوێندراوە لە مەقامی “خامۆشە گیان” وەرگیراوە و لە کۆتایی ئەم بەرهەمە مۆسیقاییەشدا کەڵک لە دوو مەقام لە مەقامەکانی تەنبوور وەرگیراوە کە مەقامە سەرەکییەکە ناژەندرێت.

ستافی ئامادەکردنی کلیپی گۆرانی “یار” بریتین لە: ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور: فەرنوود ئیلهامی، گۆرانیبێژ: سپێهر زوالنووریان، ژەنیاری دەف: ئەمیرحوسێن مێنشادی، دەنگهەڵگر، میکس و مەستێرینگ: مێسباح قەمسەری، دەنگدانەر: سوهەیل موئمێنی، دەرهێنەر: موحسین رەشیدی، بەرهەمهێنەر: ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی فەرید ئیلهامی، بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای “زەنگ ڕیکۆرد”، مۆنتاژ: موحسین رەشیدی، وێنەگرەکان: موحسین رەشیدی، عیرفان مورادی و محەمەد رۆخ، فۆتۆگرافەر: رەزا رەجایی، فۆتۆگرافەری پۆستەر: فەردین رەزایی، دیزاینی پۆستەر: محەمەد کازمی، بە سپاس لە: گوڵنووش ئیلهامی، ماهان سەیفی و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی.

“فەرنوود ئیلهامی” لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند لە شاری سەحنەی کرماشان لە دایک بووە. باوە گەورەی مامۆستا سەید “ئەیاز قەزوینە” لە مامۆستایانی خاوەند شێواز و ناوداری تەنبوور بوو و باوکیشی یەکێک لە دەرهێنەرە بەرچاوەکانی شانۆی شاری سەحنە دێتە ئەژمار.

ئەو فێربوونی ئامێری مەقامی تەنبوور لە مێرمنداڵییەوە دەست پێکرد و هەر لەو سەردەمەوە، لە خزمەت مامۆستایانی شارەزای مەقام لە شاری سەحنە کەڵکی زۆریی وەرگرت. لە تەمەنی 18 و 22 ساڵییەوە لە فێستیڤاڵەکانی مۆسیقای ڕۆژئاوای ئێران و تاقیکرنەوەی گرینگی “باربەد”، پلەی یەکەمی لە بەشی تاکژەنی ئامێری تەنبووردا بەدەستهێنا.

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 2006 لە خزمەت “فەرید ئیلهامی” براکەیدا لە گرووپی مۆسیقای “فیردەوسی” کۆمەڵێک بەرهەمی درەوشاوەیان پێشکەش و تۆمار کرد، لەوانە: ئەلبوومی “درەفشی کاویانی” و “شانامەی کوردی” بە دەنگی هەرمانی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “شەهرام نازری”، “عەشق نامە” بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “سەدیق تەعریف”، “عەشق” بە دەنگی “حیسام ئەلدین سیراج” و “امید، باز امدم” واتە “هیوا، دیسانەوە گەڕامەوە” بە دەنگی “وەحید تاج”.

ئیلهامی لە ساڵی 2015 سەرقاڵی پڕۆڤە و تۆمارکردنی ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” بە ئاوازدانەری هاوبەشی “فەرید ئیلهامی” برای و بە دەنگی مامۆستا سەدیق تەعریفە، کە بە هۆی جۆاروجۆرەوە تاکوو ئێستا ئەو بەرهەمە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ نەڕەخساوە.

ئەم ئاوازدانەرە کوردە، لە ساڵی 2020 گۆرانی “مەجنوون” بە دەنگی گۆرانیبێژی ئێرانی “پەرواز هۆمای” بڵاوکردەوە کە بە دابەشکردنی راک “پراگرسیو” ڕوانینێکی نوێیە بۆ مۆسیقای تەنبوور و شیعرەکانی مەولانا.

هەروەها گۆرانییەکانی “بابا سەرهەنگی”، “قەڵەندەر”، “عشاق” واتە “عاشقەکان”، “خۆف و ڕەجا”، ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” و … لەو بەرهەمانەی ئەم هونەرمەندە کرماشانییە دێنە ئەژمار کە لە داهاتوودا بڵاودەبنەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.instagram.com/farnood_elhami

لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی “یار”:
https://we.tl/t-IA7IhYQ8b8