رێكخراوه‌كان(NGO)و كاری هه‌ره‌وه‌زی… سه‌لام عه‌بدوڵڵا

هه‌زاران كه‌سی ئه‌كادیمی، سیاسه‌تمه‌دار و شاره‌زا له‌ بواره‌ جیاجیاكان له‌گه‌ل ئه‌م یان ئه‌و رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و به‌ خه‌رجی حكومه‌ته‌ سه‌رمایه‌دار و كۆمپانییه‌(سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ و شه‌ڕخواز)ه‌كان، كارده‌كه‌ن، گوایه‌ رێكخراوگه‌لی”سه‌ربه‌خۆ”و له‌پێناو هوشیاری و پێشخستنی(دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامه‌نوو‌سی)ن‌. ئه‌م به‌ڕێزانه‌ رۆژانه‌ سه‌رقاڵی كۆڕ و سمینار و كۆڕبه‌ند و كۆبوونه‌وه‌ و میتینگن له‌ هوتێل و صالۆن و نووسینگه‌ گرانبه‌هاكانن و كه‌ناڵه‌كان راپۆرت و لێدوان و ریكلامیان بۆ ده‌كه‌ن و به‌ خه‌ڵكیان ده‌ناسێنن.
راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ كار بۆ(تینك تانك)ه‌ ستراتیژییه‌كانی وڵاتانی ناتۆی”ئاشتیخۆاز و ئازاد و دیموكراسی”ن كه‌ راسته‌وخۆ له‌ خزمه‌تی ئه‌جندای وه‌زاره‌ته‌كانی جه‌نگ و كۆمپانیا و وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌یانن.
ئه‌و رێكخراوه‌”سه‌ربه‌خۆ”یانه‌ بۆ جارێك ره‌خنه‌ یان ناڕه‌زایه‌تیان ده‌رنه‌بڕیوه‌ له‌ رۆڵی صندوقی دراو‌ی جیهانی و جه‌نگی ناتۆ و كوشتنی مه‌ده‌نی و سته‌مكارییه‌كانیان نه‌گرتووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ شانازییه‌وه‌ ته‌شریف ده‌به‌ن بۆ لای قونسولگه‌ری و سه‌فاره‌ته‌كانیان.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخراوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌رۆشی پێشخستن و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانن، ئه‌ی بۆچی نه‌مانبینی سه‌نتڕالی دنیای خۆشگوزه‌رانی و نه‌هێشتی سته‌مكاری كه‌ خۆی له‌ كاری هه‌ره‌وه‌زی ده‌بینێته‌وه‌‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌؟
بۆچی نازانن بۆ نموونه‌:

  • هوشیاری كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ 14/3/ 1761 له‌(فینویك- ئه‌سكوتله‌ندا-)ده‌ستپێكردووه‌؟
  • نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی 1995وه‌ بڕیاریدا یه‌كی/ته‌موز بكرێت به‌ رۆژی جیهانی هه‌ره‌وه‌زی(Coops Day)؟
  • كلتووری كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ كوردستان نامۆ نیه‌ و له‌ هه‌موو ئاواییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌.
    به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و زۆرێك له‌ نووسه‌ر، شاعیر و سیاسه‌تمه‌داره‌كان ره‌خنه‌ی درووست یان جوێن و تۆمه‌ت به‌خشین ده‌گرن له‌م حزب و ئه‌و كه‌س، به‌ڵام بایه‌خ به‌ باسكردنی به‌دیلی ئه‌م سیستێمه‌ ناده‌ن، باسی كلتووری هه‌ره‌وه‌زی ناكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ناكه‌ن.
    ساڵانێكه‌ ره‌خنه‌ له‌پێناو ره‌خنه‌ بووه‌ به‌ باو و جۆرێكه‌ له‌ خۆ خاڵیكردن و رق و تۆڵه‌سه‌ندن و شه‌خسی ومشه‌خۆری و گه‌وجاندنی خه‌ڵك و سه‌رقالیكردنی رای گشتی به‌ شتی لاوه‌كی، نه‌ك به‌هێزكردنی هوشیاری ئه‌ڵته‌رناتیڤی دژ به‌م سته‌مكاری و ماڵوێرانیه‌.
    ئێستا كاری هه‌ره‌وه‌زی به‌ بیر و توانا و هه‌وڵی خودی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین و هیچ پێویستیمان به‌ پاره‌ و پولی هیچ رێكخراوێكی ده‌ره‌كی حكومه‌ت و كۆمپانییه‌كان نیه‌. ئێمه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای كاره‌كانین وهه‌ر كه‌سێك خۆی به‌ رۆشنبیر یان دڵسۆزی خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌زانێت و نه‌فره‌ت له‌ سته‌مكاری ئه‌م حزبانه‌ ده‌كات، فه‌رموو با له‌ بواری خۆی بیكات به‌ باس و خواستی، نه‌ك وه‌ك ته‌‌ماشاكه‌ر بمێنێته‌وه‌ و خۆی دووره‌په‌رێز بگرێت. ئه‌ركی یه‌ك به‌ یه‌كی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان و رۆژنامه‌ و سایته‌كانی ئینترنێت و په‌یجه‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، هێز به‌م كار و چالاكییه‌ بده‌ن.
  • سه‌لام عه‌بدوڵڵا



چەند شیعرێکی شاعیری مارکسیستی ئەمریکی جان گوودمان… و: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چۆن بتوانم ببم بە شاعیر
ئایا کۆمەڵگە, وک هونەر دان بە شیعری مندا دەنێت؟
لەم کۆمەڵگە هەناسە لەبەربڕاوە
من چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک منداڵان دەبینم دەکوژرێن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ئینسانە بەساڵاچووەکان خواردنی سەگ دەخۆن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک کچان دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتیک ڕۆژانە خەڵکانی بێتاوان دەکرێنە قوربانی؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک تۆ بڕیاری ئەوە بدەی چی شیعرە و چی شیعر نییە؟
ئەی چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ڕۆژانە لەسەر ئەم هەسارەیە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەمڕۆ ئاخرین ڕۆژە؟

ئەم سیستەمە دەمکوژێت

من ئینسانم
پەرەسەندووترین شێوەم لە گشت شێوەکانی تری ژیان
بەڵام ئەفسووس من هەر گۆشت و ئێسقانم
گەر مرۆڤایەتی تا ئەوپەڕی گەشەکردن، گەشەش بکات،
من تەنانەت لە زۆربەی هەرە زۆر زیرەکتر و
لە هەموو خۆشەویستترم
بەڵام ناتوانم بچمە ئەودیو ئەم سیستەمە
ئەم سیستەمە ناتوانێت وەکو ئێمە زیرەک بێت
ئەم سیستەمە بناغەکەی لەسەر قازانج و نەخۆشی و شەڕ بنیادنراوە
ناتوانێت وەکو چۆن ئێمە زیرەکین، ئەویش وابێت
ئەم سیستەمە منی زیرەکترین شێوازی ژیان و
نێو زیرەکترین توخم دەکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت

ئێمە

من تۆم
تۆش منی
من و تۆ ئێمەین
ئێمە دەتوانین ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە پێویستە ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە دەبین بەوەی دەمانەوێت.

باڵندەی ئازادی
باڵندەی کۆیلەتی جیهانگیری
بەرەو زستانی سەرمایەداری کۆچ دەکات
دەبێت بە باڵندەی ئازادی
کە بەرەو باکوور دێتەوە
چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە.

جەنگینێکی باش جەنگیم

دوواجار چی بە نەوەی داهاتوو بڵێـم لەدوواجاردا؟
بەنەوەی داهاتوو بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
بەنەوەی داهاتوو بڵێـم ڕاپەڕیم بۆ ڕاستی
چی بەنەوەی داهاتوو بڵێم
ڕاپەڕیم دژ بە خراپە و ستەمکاری
چی بە لیۆن ترۆتسکی بڵێم ئەگەر بەسەر ئەسپێکی سپییەوە بیبینم (1)
چی پێبڵێم ئەگەر لەلای دەروازە مروارییەکان بینیم(2)
پێی بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
نازانم چی پێبڵێم
پێی دەڵێم دەترسام
پێ دەڵێم دەترسام
پێی دەڵێم ئازا و نەبەرد بووم
پێێ دەڵێم نەجیبزادە بووم
پێی دەڵێم کۆیلە بووم
پێی دەڵێم دڵ و دەروون باش بووم
پێی دەڵێم بەهێز بووم
پێی دەڵێم سەرکز و بەستەزمان بووم
پێی دەڵێم ئاسوودە بووم
پێی دەڵێم دڵخۆش بووم
پێی دەڵێم غەمبار بووم
پێی دەڵێم چێژم وەردەگرت
پێێ دەلێم تووڕە بووم
پێی دەڵێم ڕۆشنبیر و چاوکراوە بووم
پێی دەڵێم نەخوێندەوار بووم
بەڵام پێی دەڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم.

خەونی ڕاستەقینەی ئەمریکیی

تەنها دەمەوێت بتوانم بۆت بنووسم و
پێت بڵێم
خۆشم دەوێی
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
کە جیهانێکی تازەم دەوێت
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
لەوەی پێویستمە زێترم ناوێت
هەر ئەوەندەم دەوێت ژیانێکی شایستە بژێم
تا بتوانم خزمەت هاوڕێکانم بکەم
بۆیە ئەوەت لەقووڵایی ڕوحی ئەمریکاوە پێ دەڵێـم
ئەمە خەونی ئەمریکایە
ئەمە خەونی ئینسانە
ئەمە خەونی قارەمانانی وڵاتەکەمە
کە خوازیارین بۆ هەموو جیهان.

بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان

من بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان دەنووسم
دەنووسم بۆ ئەو هونەرمەندە،
ئەو زانایە،
ئەو کرێکارە.
چونکە ئەوەی من ئارەزوومەندیم ئەوەیە بە هونەرەکەم
شارستانییەتێکی نوێ بنیادبنێم
جیهانێک بخوڵقێنم کە گشت کەس تیایدا هونەرمەند بن.

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

———————————————————

(1) ئەسپی سپی هێمای زانیاری و ڕۆشنبیرییە
(2) دەروازە مروارییەکان، هێمایە بۆ دوانزە دەروازەکەی بەهەشت کە لە ئینجیلدا باسی لێوە کراوە.

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوبۆتەوە.




برسیکردن و چارەڕەشکردن وەک تەکنیکێک بۆ گەڕانەوەی خوڕافیات ڕوکردنە پەرستگە… مەحمود عەبدوڵڵا

ئەوە چییە وادەکات خەڵکی تا هەژارو چارە ڕەشتر بن ،زیاتر هەست بەگوناح دەکەن؟ چییە وادەکات خەڵکی زیاتر ببنە دیلی خوڕافە و ئایدیۆلۆژیستە چەوسێنەرەکانیان؟بۆچی کاتێک گەلان برسی دەکرێن دەکەونە ناخۆشی زیاتر بەرەو “پاککردنەوەی نەفس” و دورکەوتنەوە لەچێژە کان ئاڕاستە دەبن و پیاوانی دین بازاڕیان گەرم دەبێت؟ وەڵامی دەرونشیکاری هەستکردن بەگوناحە ،کەدواتر شڕۆڤەی دەکەین. ئەم دۆخەی گەلان زۆر بەدۆخی ژن دەچێت، چەندە داماو و کڵۆڵ بێت ،زیاتر بە مێرد ,یان پیاو گرێدەدرێت و گوێڕایەڵی دەکات و زیاتر هەست بەگوناح دەکات ،لە ئەنجامی هێرشی ئایدیۆلۆژی وبیرکردنەوەی نێرسالارانە ژن سایکۆلۆجیایەکی بۆ دروستدەبێ کە واهەست بکات گوناهبارە بۆیە دوودڵە لە گومانەکانی سەبارەت بەمافەکانی خۆی؟سەیرنییە سەرەڕای ئەوفشارە ئایدیۆلۆژیەی لەسەر ژنان هەیە،سەرەڕای ئەوەی سوکایەتیان پێدەکرێت و بچوک دەکرێنەوە دەکرێنە ئۆبێکتی سێکسی ،کەچی زیاتر پابەندی وەهمە دینیەکان دەبن،و لەنائاگایدا هەستکردن بەگوناه وایانلێدەکات نەتوانن باوەڕیان بە خۆیان بێت. بیرکردنەوەی نێرسالارانەی پیاوانیان لێبۆتە بیرکردنەوەی خواوەند،ژن لەکەسایەتی پیاودا خوا دەبینێت.

بەم شێوەیەیە کە هیتلەر وتویەتی گەلان وەک ژن وان،ئەم قسەیەی هیتلەر ئەوەدەگەیەنێت ژن چۆنە بەرامبەر پیاو پیاویش ئاوایە بەرامبەر دەسەڵات . کۆمەڵگە کاتێک دەکەوێتە ناو گێژاو و قەیرانی دروستکراو،هەست بەگوناح دەکات ،لەجیاتی تۆڵەکردن لەچەوسێنەران هەست بەگوناح دەکات و خۆی سزادەدات. هەندێجار ئەو هەستکردن بەگوناحە پێویستی بەئاگادارکردنەوەش نییە،تاک خۆی واهەست دەکات زێدەڕۆییکردوە و چێژی لەژیان بینیوە بۆیە تۆڵەی لێدە کرێتەوە و ئەو دۆخە بۆ بەخۆ داچونەوەیە.مرۆڤ بونەوەرێکی نەخۆشخراوە لەڕێگەی میکانیزمە چەپێنەرەکان و داخوازییەکانی شارستانیەت .ئەگەرچی ئەم خۆسزادانە،یان هەستکردن بەگوناهە تاکەکەسیە،بەڵام کۆمەڵ لەتاکەکان پێکدێت بۆیە دواجار وەک هەستکردن بەگوناحی دەستە جەمعی دێتە بەرچاو، لەبنەڕەتدا بەدیدی فرۆید دین وڕێنەیەکی کۆییە.بە هۆی ئامۆژگاری پیاوانی دین و تەڵقینکردنی تاکەکان لەخێزانەوە تاقوتابخانەو تامزگەوت ،تاک دۆگما دەبێت نابێتە خاوەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەراوردکاریانە و بابەتگەرا ،هەربۆیە بیرکردنەوەی خودی بەسەریدا زاڵدەبێت و ،
ئەنجامدراو ،تەنانەت کەبیرش بکەیەوە لەڕەفتارەکە هەست بەگوناح دەکەیت.

.واتا لێرەدا نەک ئەنجامدانی خراپە بەڵکو بیرکردنەوە ش ڕوبەڕوی سزادەبێتەوە و مرۆڤ هەست بەگوناه دەکات بەرامبەر وەسوەسەکان،ئەگەرچی ئەم وەسوەسانە زیاد دەکەن بەزیادبونی بێبەشبونەکان هەربۆیە لای قەشەو مەلاکان هەستکردن بەگوناه زیاترە،مەلایەک کە بەردەوام خەڵک دەتۆقێنێت،مرۆڤ وەک کائینێکی گوناهبار سەرزەنشت دەکات، مەسەلە ئەوەیە کە سوپەرئیگۆی توند خوی هەیە،واتا ڕێگەبە ئیگۆ نادات پاڵنەرەکانی تێربکات.بەڕای فرۆید خراپە سەرچاوەیەکی دەرەکی هەیە،نەک ناوەکی بۆیە خراپەیەک نییە بەلای ئیگۆ ووە بەڵکو چێژیشی لێدەبینیت،ئەوە سوپەر ئیگۆیە دەنگی مامۆستاو دایباب و کۆمەڵگەیە دەڵێ مەکە.گۆشتی بەراز مەخۆ،شڕاب نۆشمەکە،ئەگەروانەبوایە دەب و لەهەموشوێنێک مرۆڤ ڕقی لە خواردنی شڕاب و گۆشتی بەراز و یان هەستی بەگوناه بکردایە “لێرەدا باسی زودوزیانی ئەوشتانە ناکەین” کەواتا ویژدان دەنگی کۆمەڵگاو دامەزراوە پەروەردەییەکانە.

کاتێک گۆڕانی گەورە ڕودەدات کە “ئۆتۆریتە لەمیانەی جێکەوت و گەشەی سوپەر ئیگۆ ناواخن دەبێتەوە”واتا جیاوازی نێوان ئەنجامدانی کارو بیرکردنەوە لەکردار نامێنێت.ئەگەرچی بۆمرۆڤێکی گەورە چیتر مەترسی لەدەستدانی باوک یان سزای باوک یان بێبەشبون لە کۆمەڵگەش نییە،بەڵام سوپەرئیگۆ هەر واڕەفتاردەکات و من یان ئیگۆ سزادەدات و هەستیگوناه هەر دەمێنێ بەرامبەر ئەوشتانەی بەخراپ دانراون.هۆکارەکەش ئەوەیە ئەوکاریگەریەی سوپەر ئیگۆی پێکهێناوە .کاریگەری ژینەتیکییەو دەبێتە هۆی هێشتنەوەو درێژەدان بەوشتەی ڕابرووو پێیدا تێپەڕیوە.واتا شتەکان لە دۆخی سەرەتایی دەمێننەوە. بەهۆی هەستی ترس ئیگۆ ی گوناهبار سزادەدات ،چونکە ویژدان لەسوەر ئیگۆدا بەسادەی ماوەتەوە .بۆئەوەی ژینگە دەرەکیەکە سزای ئیگۆ نەدات،ئەگەرچی لەواقیعدا ترسەکە نەماوە،بەڵام بەشێکی سوپهر ئیگۆ لەقۆناغی سەرەتایدا دەمێنێتەوە. ئێمە زۆر گەورەساڵ دەبینین هەستکردن بەگوناح تیایاندا مناڵانەیە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سوپەر ئیگۆیەکی توند خویان هەیە،کاریگەری پەروەردە .

کڕۆکی مەسەلەکە چیە؟
بەبڕوای فرۆید ئەو بێبەشبونانەی سەرچاوی دەرەکیان هەیە، دەبنە هۆی بەهێزی ویژدان، لە سوپەر ئیگۆدا.بۆیە مرۆڤ ئەوکاتەی بارودۆخی باشە،خۆشگوزەرانە کەمتر هەست بەگوناح دەکات و ،ویژدانی زۆرشت بە ئیگۆ ڕەوادەبینێت ،بەڵام لەکاتی ناڕەحاتی و چارەڕشی و کڵۆڵیدا خۆی بەگوناهبار دەزانێت داوای ویژدان باڵادەبێ و داوای سزادان لەئیگۆ دەکات. ئەمە ڕەنگە هۆکاری گەڕانەوە بۆ دین و ملکەچی دینی بێت کاتێک گەلان دەکەونە دۆخی چارەڕەشی ئیتر مرۆڤ دەبێ کەفارەتی گوناهەکانی بدات و شوکرانە بژێربێت سزای خۆی بدات بە دورکەوتنەوە لەخۆشگوزەرانی و خۆبرسیکردن و ملکەچی زیاتر.بەبڕوای فرۆید ئەمە بەهۆیی ساوایی و سەرەتاییبونی ویژدانەوەیە پاش گۆڕانی سوپەر ئیگۆ ئەوا دۆخە سەرەتاییەکەی هەردەمێنێتەوە.چارەنوس دەبێتە جێگرەوەی ئۆتۆریتەکانیتر و لێرەدا مرۆڤ هەستدەکات چارەنوس ئیرادەی خوداییەو جارێکیتر دەیەوێت بە ملکەچی زیاتر ئەو ئوبێکتەی ئەشقەکەی بەدەست بێنێتەوە کەوادەزانیت بەهۆی تێرخواردن و وخۆشگوزەرانی لێی توڕەبووە و موچەکەی بڕیوەو … .بەڕای فرۆید گەلە سەرەتاییەکان باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانە دەکەن،کاتێک توشی ناڕەحەتی دەبنەوە بتەکە دەکوتن ،پێیان وایە بە کاری خۆی هەڵنەستاوەو کەمته رخەم بوەسزای خۆیان نادەن سزای خواکەیان دەدەن.چاوەڕوان دەکرا مرۆڤی شارستانیش سزای خواکەی بدات و لێی دورکەوێت،بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنەکان لەهەموو بوارەکان هێشتا پێکهاتەی دەرونی مرۆڤ بەجۆرێکە کە لە دۆخە مەرسیدارەکان دەگەڕێتەوە بۆ هێزە نادیارەکە واتا خودا.سەرچاوەی هەستی گوناه ئۆتۆریتەی دەرەکی و سوپەر ئیگۆیە.
ڕۆڵی چارە ڕەشی لەمەدا چیێە:پارادۆکسێکی سەیرهەیە سەرەتا ترسی دەرەکی دەبێتە هۆی دروستبونی ویژدان، دەبێتە هۆی چاوپۆشی لەپاڵنەر،بەڵام دواتر چاوپۆشی لەپاڵنەر دەبێتە هۆی سەرچاوەیدینامیکی ویژدان.کاریگه ری چاوپۆشی لەپاڵنەر لە سەر ویژدان بەوجۆرەیە هەربەشێکی شەڕەنگێزی کە تێرنەبێت، لەلایەن سوپەر ئیگۆ وە دەخرێتەوە گەرو شەڕەنگێزی و توندخویی سوپەر ئیگۆ زیاددەکات دژی ئیگۆ. یان ئەو بەدبەختیی و چارە ڕەشیەی مرۆڤ تێیدەکه وێت دەگۆڕێت بۆ خۆسزادن…
ئەڵبەت ئەودۆخە دەقۆزرێتەوە،پیاوانی دین هەژاری خەڵک و چارەڕەشیان دەقۆزنەوەو داوادەکەن خەڵک روبکاتە خوا،ەمەش ڕۆڵی پاسیڤی ئاینە وادەکات خەڵک یاخی نەبن و دودڵبن بەرامبەر ڕوخاندنی دەسەڵات ،واتا پیاوانیدین خزمەتی دەسەڵاتی خۆسەپێن دیکتاتۆر دەکەن ،چونکە بەشێکی چارەڕەشیی خەڵک دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی لەخوا دورکەوتونەوە.لەکاتێکدا خودا سزا نادات ئەوە گەندەڵی و پیسخۆری دەسەڵاتە.لێرەدایە کەدەوترێ ڕێککەوتنی تەخت و میحراب.پیاوانی دین و چەوسێنەران هەمیشە کۆکن. دینیەکان هۆشی خەڵک کۆنتڕۆڵدەکەن نەخۆشی دەکە.

مەحمود عەبدوڵڵا




مافیای قوڕمیشکراو… ئاراز مستەفا مەحمود

ئەڵێن کاتی ڕۆژ ئاوابوون سێبەری پیاوی بچوک گەورە دەردەکەوێت، کورتو پوخت یانی باڤڵ تاڵەبانی کەخۆی لە”باطین”دا پیاوێکی بێهەیبەتو خاڵییە، لێ لە”زاهیر”دا وەکو سەرکردەیەکی نیشتیمانیی و کاریگەر خۆی عەرز ئەکات. خۆی لەحەقیقەتدا باڤڵ و لاهور دوو ماری ژەهراوی مەترسیدارن، بەڵام وەک وتراوە ماری مارخۆریش هەیە، وە ناتوانم بەهیچیان بڵێم “باش” بەڵکو ئەکرێ بڵێین وەکچۆن باش و باشترو باشترین هەیە ئاواش بەڕێژەیی بڵێین بەهەموو خراپیەکانیەوە هێشتا لاهور خراپی کەمترە لەبافڵ، چونکە لاهور هاوشانی خراپیەکانی، باشیشی هەیە، کەدواتر باسی ئەکەین، لێ بافڵ خاڵییە لەهەرچی باشی.
شەڕی نێوان ئەم دوو مارە لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانییەوە دەستپێدەکات و لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانیشەوە قوڵتر ئەبێتو بەشاراوەیی دەگوزەرا هەتاکو لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢١دا قومبەلەکەی ناو ماڵی یەکێتی تەقییەوەو ماری یەکەم ئەچێتە یەکەم قۆناغی شکستهێنان بەماری دووەم و دەست دەکات بەقوتدانی، قوتدانێک لەسەرەوە بەرەو کلکو کۆتایی لێ بەهێواشی.
ئەگەرچی باڤڵ تاڵەبانی ناوینا ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نوێبونەوەی یەکێتی و چاکسازی، لێ لەڕاستیدا ئەوەی ڕودادەت چاکسازی نییە، بەڵکو سیاسەتبازی و پاکتاوبازی و خراپسازییە.
وەکچۆن خراپو خراپترو خراپترین هەیە ئاواش لەنێوان باڤڵ و لاهوردا باشێک لەگۆڕیدانییە، لێ ئەوەی هەیە خراپو خراپترە، بەڵام لەڕاستیدا پاشخانی باڤڵ نەک لەوەی لاهور باشتر نییە، بەڵکو باڤڵ خاوەنی پاشخانێکی قێزەونەو پڕیەتی لەتاوان و کوشتن و تیرۆرو فەسادی. ئەگەرچی لە٢٠٠٣ من مناڵ بووم، بەڵام بیرمە کەسەرەتای ژیانی سیاسیی باڤڵ دەستی پێدەکردو ئەوکات تازە وەکو گەنجێکی ٢٥ ساڵی وەکو فەرماندەیەکی سەربازی دەرکەوت و یەکەمین تاوانی قێزەونی ئەنجامدا ئەوەبوو، کە لەپرسگەی تاسڵوجە مەلا عبدوڵای قەسرێ و پێنج پاسەوانی بەناهەق کوشت، کەئەوکات عبدوڵای قەسرێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی بوو. دواترو لەهەمان ساڵدا لەناوجەرگەی شاری سلێمانی گروپێکی چەکداری یەکێتی بەسەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی هێرشیان کردە سەر هەندێک ماڵی نەیاری سیاسیی یەکێتی و چەند قازیفەیەکییان بەناو ماڵەکانەوەنا کە ژن و منداڵی تێدابوو، چەند کەسێکیان کوشت و دوو کەسیشیان بەناوەکانی وریاو ئاسۆ دەستگیرکردو لەزینداندا بەئەشکەنجە کوشتنیان.
دواتر باڤڵ دەستی کرد بەڕفاندنی ئەو بازرگانانەی کەئامادەنەبوون سەرانەی پێبدەن و کۆمەڵێکی لێکوشتن، دواتر لەساڵی ٢٠٠٤ هەڵگورد تاڵەبانی بەبڕی دوو سەد هەزار دۆلارەوە ڕفاند، بەبیانوی ئەوەی هەڵگورد تاڵەبانی بەنیازی دامەزراندنی حیزبە. دوای چوار ساڵیش لەبێسەروشوێن کردنی و لەزیندانی نهێنی دەزگای زانیارییدا ئازادکرا.
ئەتوانم بڵێم ئەمانە تاوانە سەرەتاییەکانی باڤڵ بوون و لەوێوە گیانی تەماحبازی لەناخی باڤڵدا پەرەی سەندو بەرەو پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی زیاتر پەلکێشی کرد. یانی لەڕاستیدا باڤڵ تاڵەبانی پێش لاهور هەموو قۆناغەکانی دزی، تاڵانی، سەرانەوەرگرتن، دزینی پارەی حکومەت، تیرۆرو ڕفاندنی تێپەڕاندووە. ئینجا هاتووە بەناوی چاکسازی منافسەکەی لەناودەبات.
هەڵبەتە من نامەوێت لاهوری شێخ جەنگی بەفریشتەو باڤڵ تاڵەبانی بەشەیتان وەسف بکەم، حەقیقەت ئەوەیە هەردوکیان پاشخانێکی ناشیرینیان هەیە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت ڕەدی باڤڵ بدەمەوە لەوەی کە ئەوەی باڤڵ دەیڵێت ڕاست نییە. چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە کە لاهور هەوڵی ژەهرخواردکردنی باڤڵی دابێت، دواتر باڤڵ لاهوری بەژەهرخواردکردنی خۆیی و دەیان تاوانیتر تۆمەتبار کردو پەلکێشی دادگای کرد، لەهەمان کاتدا داوای ئەوەشی دەکرد کە لاهور کوردستان بەجێبهێڵێت و بچێت بۆ ئەوروپا. ئاخر ئەمە تەناقوزێکی زۆرگەورەیە، چۆن ئەبێت کەسێک کە تاوانبارە ڕێگەی بدەیت بچێتە دەرەوەی وڵات؟ دواتر لاهور زۆر بەبێباکی چوویە بەردەم دادگاو هیچی لەسەر ئیسپات نەبوو، ئینجا باڤڵ درکی بەوە کرد کەسێک کەلەدادگا نەترسێت لە هەڕەشەکانیتریش ناترسێت، چونکە ئەویش پشتی قایمە بەجەماوەرێکی تایبەت بەخۆیی و هاوکات لەئاستی سەرکردایەتی حیزب و پلەدارە سەربازیەکانیشەوە خاوەنی پێگەو نفوسی خۆیەتی. بۆیە کاتێک بافڵ ئەبینێت لەڕێگەی دادگاوە ناتوانێت دەستی بەرامبەرەکەی بشکێنێت، چونکە کەیسەکەی هێندەی سیاسییە هێندە یاسایی نییە، بۆیە ئەوەی ئێستا ئەیبینین ئیجرائاتەکان عەسکەرین نەک قانونی وە یەکێتییەکان خۆییان ئەڵێن ئێمە لەنێوان خراپو خراپتر خراپەکەمان هەڵبژاردووە. بۆیە لەڕاستیدا ئەمە چاکسازی نییە، بەڵکو پاکتاوسازی تەرەفێکیترەو قاچاخچێتی و فەسادی و سەرانەوەرگرتن هەر بەردەوامە.
ئەوە ئینقیلابێک بوو وە لایەنی دووەم خۆی بۆ ئەم ئینقیلابە ئامادەکردبوو، وە ئەگەر ئەم ئینقیلابە باڤڵ نەیکردبایە بەدڵنیایەوە لاهور ئەیکرد، هەروەکچۆن باڤڵ وتی ئەوە ئینقیلاب نەبووە، بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی ئینقیلاب بووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هەردووکیان پیلانیان لەدژی یەکتر هەبووە بەس تەنیا جیاوازی ئەوەبوو کە کام لایەن دەستپێشخەری دەکەن. تەبعەن ئینقیلابەکەش ئۆکەی ئێران و وە بەپشتیوانی پارتی دیموکڕاتی کوردستان و دەزگای هەواڵگری میتی تورکی بوو.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەگەڵ توندوتیژی نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و وتی “ئەگەر بێت و هێرشبکەنە سەرم ئامادە نیم خوێنی‌ کەس لە پێناومدا بڕژێت و پاسەوانەکانم دەنێرمەوە ماڵەوە. ئەگەریش دەرکەوێت کە هۆکاری کێشەکان منم ئەوا ئامادەم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووربکەومەوه و دەست لە پۆستەکەم هەڵبگرم‌.”
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لاهور شێخ جەنگی بە سەرانەسەندن و قاچاخچێتی و قۆرخکردنی بازاڕ تۆمەتبار دەکەن و لاهور شێخ جەنگیش پێی وایە ئەمە گەلەکۆمەیەکە بەرامبەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیای لە پشتە. لەنێوان شەڕە قۆچی ئەم دوو سەرکردەیەشدا ئەوەی باجەکەی دەدات بەر لەخۆیان ئەوا خەڵکی سڤیلی کوردستانە، چونکە زۆر کەسی بێگوناح کەوتنە بەر زەبری شەڕە قۆچەکەی بافڵ و لاهور، ئێستا ئەبێت بپرسین
چی ماوە پێمان بکەن؟ واتان لە خەڵک کرد ئاوات بەعەرەب بخوازێ تا مووچەی بداتێ، واتان لەتوشبویەکی کیمیایی کرد گەردنی سەدام ئازاد بکا، واتان لە گەنجێک کرد نیشتیمان بەپارویەک نان و تۆزێک سەلامەتی گیانی بگۆرێتەوە، پێکەنینتان نەهێشت لەسەر لێوەکان تەنانەت پێکەنینەکانی خۆشتان دەستکردن، ئێوە یا کە رێککەوتن هەمووی دەبەن یا کە رێکنەکەون ئێمە ئەتۆقێنن، خۆ ئەشزانم نەگوێمان بۆ ئەگرن نەشتێکمان ئەخوێننەوە جا بۆیە ئەڵێم شتێک بکەن یان ئێوە لە کۆڵمان ببنەوە یان ئێمە لە کۆڵ خۆتان بکەنەوەو وڵات بۆخۆتان بەرن.
باڤڵ ئەڵێت لەدوای ٨ی مانگەوە یەکێتی ئیمتیحان بکەنو پێش ئەوە حیساب مەکەن، وەک ئەوەی بڵێی هەرچی قێزەونی و سەرانە وەرگرتن و تیرۆرو دزی هەیە گشتی لاهور لێی بەرپرسەو خۆی فریشتە بووە، بەڵام لەڕاستیدا وانییەو بنەماڵەی تاڵەبانی بەگشتی و بەتایبەتی دوای مام جەلال باڤڵ تاوانبارو بەرپرسی یەکەمە لەهەرچی نایاسایی و دزی و گەندەڵی کە ڕویداوە. دواتر هەموومان ئەزانین ئەم ئینقیلابە لەسەر دەسەڵاتە نەک لەسەر بەرژەوەندی خەڵک وە ئەمە چاکسازی نییە، بەڵکو پاکتاوسازی تەرەفێکیترەو قاچاخچێتی و فەسادی و سەرانەوەرگرتن هەر بەردەوامە.
ئەگەرچی باڤڵ ئەڵێت ئەمە کودەتا نەبوو بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو وە لاهور دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوە، بەڵام ئەوەی ئێمە لەئەرزی واقیعدا ئەیبینین ئەوەیە کە ئەوەی ئەم دەزگایانەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا باڤڵ بوو نەک لاهور، ئەوەی کودەتای کرد باڤڵ بوو نەک لاهور. ئەو کادیرانەی یەکێتی کە نەدەوێران سیم کارتی ئاسیاسێڵ بەکار بێنن لەترسی باڤڵ بوو نەک لاهور، ئەوەی ڤیدیۆی نائەخلاقی لەسەر بەرپرسانی خودی یەکێتی تۆمارکرد بۆشکاندنی پەنجەکانی یەکتر باڤڵ بوو نەک لاهور. ئەوەی ملکەچی بنەماڵەی بارزانی و ئەردۆغان بوو باڤڵە نەک لاهور، ئەوەی دەستی دەزگای ئیستیخباڕاتی میتی تورکیای گرت و هێنای لەناوجەرگەی سلێمانی بەرپرسانی پەکەکەیان تیرۆر کرد باڤڵ بوو، وە ئەوەی بەشێکی ئەم پلانانەی هەڵوەشاندەوەو پەکەکەی ئاگادار کردەوە لەم سیناریۆیانە لاهور بوو. باشە کاک باڤڵ با من یەک پرسیاری گرنگت ئاراستە بکەم، تۆ ئەڵێیت زیاتر لە ١٠ ساڵە لاهور سەرانە لەبزنزمەنەکان وەردەگرێت و خەڵک دەڕفێنێت و دەیان کردەوەیتری ناقانونی ئەنجامداوە، بەڵام جەنابت لەئاستی ئەم کارانەی لاهوردا چاوت دەنوقاندو گوێچکەکانت دەئاخنی و بێدەنگیت نواندبوو، بەڵام ئەوکاتەی کە هاتە سەرئەوەی کە خودی خۆت دەرمانخواردکراویت ئینجا هاتیتە دەنگو تەقیتەوەو کودەتات بەسەر لاهوردا کرد، ئایا ئەوە مانای ئەوەنییە کە ماوەی ١٠ ساڵ لەخەمی ژیان و گیانی ٦ ملیۆن مرۆڤی کورددا نەبوویت و ئامادەنەبوویت شەڕ لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان بکەیت بەس لەسەر خودی خۆت ئەم شەڕە ئەکەیت؟ جەنابی کاک باڤڵ با شتێکی گرنگترت بیرخەمەوە، ئایا بیرتە لەکاتی شەڕی داعشدا فڕۆکەیەکی پڕ لەچەکو تەقەمەنی هات بۆ مەتاڕی سلێمانی و ویستت چەکەکان بەداعش بفرۆشی بەڵام لاهور پلانەکەی هەڵوەشاندیتەوەو فڕۆکەکە ناچارکرا لەمەتاڕی بەغداد بنیشێتەوەو چەکەکان کەوتنە دەستی حکومەتی عێڕاق و ئەم ڕوداوەش کەلێنی بەینی تۆو لاهوری فراوانتر کرد.. ماوەتەوە بڵێم جیاوازی لاهورو بافڵ هەر ئەوەیە یەکێکیان خراپ و ئەویتریان خراپترە وە جیاوازی ئەوان تەنها وەکو جیاوازی کۆکاکۆلاو پیپسی کۆلا وایە.




کورتە چیرۆک/ ئەو کاتەی هەستمکرد پیرم… رەسووڵ بەختیار

رۆژانە سواری پاس دەبووم، هەردەم لەنزیک شۆفێرەکە دادەنیشتم، بەو پیەی، لەنزیکترێن وێیتگەی گەڕەکی زەیتوون بووم، هیچ کات خۆم بەپیر نەزانیووە، هەردەم وام دەزانی لەهەمووان گەنجترم، گەڕەکەی ئێمە کەوتۆتە ئەوپەڕی شار، یان راستر بڵێم، لەو شارە نوێیانەن بەم دوایە دروستکراون، تەنیا چەند قوتابییەی ناوەندی لەپێش من سواری پاسەکە دەبوون، ئەوان تەمەنیان لەدوانرە تا پانزدە ساڵی دەبوو، هەمووشیان عەرەب بوون، زۆر وەڕس دەبووم، کاتێک بەدەنگی گەورە، لەگەڵ یەکتردا دەدوان، رۆژێک زۆر بێزار بووم، پێمگوتن، ئێوە نازانن بەهێمنی قسە بکەن، ئەوە پاسە و گشتییە، خۆ بۆ ئێوە دانەنیشتووین، گوێمان لەهەرا و هۆسەی ئێوە بێ، یەکێکیان بەکوردییەکی نیوە عەرەبی و بەسەردەخەنەیەکەوە گوتی: عەمۆ، ئێمە خەڵک، صحرا، رومادی، سەوتمان گەورە، لا تزعل، ئەتوو توڕە نابی.
لەچەندین،.
هەڵوێستی دیکە، زۆر زوو بێزار دەبووم، لەگفتوگۆی نێو پاس، گلەیی ئەو دایکانەی، کە منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دەبرد،.
زۆر جار بە ئاماژە بەشوفێری پاسەکەم رادەگەیاند :
دەتەوێ هەموو خەڵکی گەڕەکی فەرمانبەران و شارەوانی و نەود و چوار سواری پاسەکە بکەیت.
شوفێرەکەش هەر زوو تێدەگەیشت: مامۆستا ناکرێ کەس جێبێڵین، هەموو ئەوانەی جێمانهێشتوون، دواتر شکایەت دەکەنو دەڵێن پاسی ژمارە ئەوەندە جێیهێشتووین، بابگەینە لای چاودێری پاسەکان، ئەوجا دەزانی، راستدەکەم یان نا.
زۆر زوو زوو تووشی گفتوگۆی لابەلا دەبم، بەڵام ئەم بەیانییە بڕیارمدا، نە قسە و ئاماژە بکەم، خوانەخواستە رۆژێک تووشی شەڕێکی لابەلابم، نەوەک وەک سایتە سێبەرەکان و هەندێک بابەتی ناوفەسبووک، قسەی ناشرینم پێ بگوترێ، دواتر ببمە بێێشتە خۆشەی لاپەڕە درۆزنەکان.
ئەو بەیانییە، کاتێک لەگەڕەکەکەمان دەستم بۆ پاس راگرت، دوای وەستانی پاسەکە، کە ویستم لەسەر کورسییەک دانیشم، بینیم،هەموو کورسییەکان گیراوە، وەک ئەوەی لەدوا وێستگە بێمە ناو پاسەکەوە، جێی کەسی لێ نەمابوو، لەو کاتەدا دەستم بەسەقفی پاسەکە گرت، نەوەک بەرببمەوە، یەکێک لەو گەنجانەی پێشتر باسمکرد، گوتی: مامە وەرە لێرە دانیشە،
دەزانم ئەو رێزی لێنام، بەڵام زۆرم پێناخۆش بوو، چونکە هەستم کرد پیر بوومە، پێش ئەوەی دانیشم، لەهەر جوولەیەکی پاسەکە بەملاو بەولادا دەجولام، هەستمکرد وەک جاران ناتوانم دەستم بەلایەک و کورسی و سەڤفی پاسەکە خۆم راگرم.

رەسووڵ بەختیار




دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر

دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر» لە لایەن (باست مورادی)ـیەوە وەرگێڕرا بۆ سەر زمانی فارسی بە نێوی «آمریکانامە با طعم شعر» و بەو زووانە لە لایەن (انتشارات افراز) لە تاران چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

کتێبی «آمریکانامە با طعم شعر» دووەمین کتێبی شاعیرە لە دوای کتێبی «آفریقانامە و زمین‌نامە باطعم شعر» لە لایەن وەرگێڕ (باست مورادی)ـیەوە، وەرگێڕراوە و لە (انتشارات افراز) چاپ دەکرێت. ئەمریکانامە بە تامی شیعر (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە)یە کە ژانرێکی خوڵقاوی خودی شاعیرە لە ڕۆمانەشیعر و قەسیدەوە بەرهەمی هێناوە. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی یەکەم و دووەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱٦ـەوە سەرقاڵی نووسینی بووە. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی سێیەم و چوارەمی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱۷ نووسراوە و هەردوو کتێبەکە لە ساڵی ۲۰۱۸ بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئێستاکە هەردوو کتێبەکە بۆ زمانی فارسی لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕراوە و هاوکات کتێبێکی دیکەی شاعیر لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕاوە و لە داهاتوودا دەچێتە چاپ و کتێبخانەی فارسییەوە.




سروود… نەوزاد بەندی

کە بێدەنگ بووی لە مافی خۆت

 سبەی باشتر نابێ لەمـــــــڕۆت

ئەڵێی مەگەر‌ خوا چاکی کــــــــا

خوا لەوە زیاتر چی بکا بـــــــۆت ؟!

دەست وقاچ و عەقڵ و چـــاوت

دین و بەرنامەی هەنگــــــــــاوت

لە هی مافیاکان باشـــــــــــــترن

بێ مانایە کـــــــــــــۆت و داوت

غیرەت ، مەردیــی ، ئازایەتـیی

سێ ڕێگان بۆ مرۆڤایەتـــــــیی

ئەوەی ئەو ڕێیانە وونـــــــــکا ،

نوقم ئەبێ لە کـــــــۆیلایەتیی

سەرشۆڕیی  بەرهـــەمی نییە

لە زۆریش هەر‌ کەمـــــی نییە

سەر هەڵبڕە ، وا خۆر هەڵهات

بانگتەکا ، بەس دەمــــی نییە

سەربەرزیی گەر ساتێکیش بێ

کۆیلەیی گشـــت کاتێکیش بێ

هەر سەربەرزیی هەڵبژێـــــــرە

ئەگەر کارەساتێکیــــــش بـــێ

هەرچۆنێ بی   ، مردن هەر دێ

لە کۆشــــــکا بی یان بن بەردێ

مل کەچ مەکە بۆ هیچ کەســێ

قازانجیش کەی هەر زەرەر دێ.

ـــنەوزاد بەندی ــــ