“پەروەردەی ئیسلامی”، پرسیارکوژی‎ ‎‏‌و گومانکوژی… شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە کە بەشی چوارەمە لەو زنجیرەی وتارەی کە دوابەدوای هێرشەکانی هەندێک کەس و لایەن بۆ سەر نوسەر و ڕوناکبیری کورد کاک شێرزاد حەسەن وا خەریکم دەیاننووسم. کاک شێرزاد لە کۆڕێکدا بەبنەما لەسەر هەندێک توێژینەوەی من گوتبوی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان مرۆڤی داعشئاسا بەرهەمدێنن (‏تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە لەم زنجیرە وتارە کە لەژێر ناونیشانی “من بووم ‏نەک شێرزاد حەسەن” بڵاوبۆتەوە).
لە بەشی یەکەمدا پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە هەندێک لە دەقەکانی کتێبەکان بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێن ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا ‏دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی کرستیانبوونیان ‏بدەن یان دەبێت بیانکوژین. لە بەشی دووەمیش بە نیشاندانی چەند دەقێک لە کتێبەکان نیشانماندا کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لەمیانی کتێبەکانی پەروەردەی ‏ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن. ‏‏لە بەشی سێیەم باسم لەوە کرد کە چۆن لە ڕێگەی کتێبەکاندا ئیسلام وەک ئایین بەسیاسیی دەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن ‏بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنەمایەکە و هەوڵێکە بۆ بەداعشکردنی منداڵان.
ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر ئەوەی داخۆ پەیام‌ و بەهاکانی نێو کتێبەکانی “پەروەردەی ئیسلامی” چ جۆرە منداڵێک، خوێندکارێک، مرۆڤێک، یان نەوەیەک، بەرهەمدێنن. هاوکات، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی خوێندنی ئایین لە قوتابخانەکانی کوردستان لە پەروەردەی ئیسلامییەوە بۆ ئایینناسی. پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم هەوڵە ئەوەیە کە پەروەردەی ئایینیی کار و ئەرکی قوتابخانەکانی کوردستان نییە.
گرنگی توێژینەوە لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە (مینهاجی دیراسی) لەوەدایە کە لەنێو هەموو ئەو کتێب‌ و زانیاری ‌و زانینانەی (مەعریفانەی) لەبەردەستدان کتێبەکانی قوتابخانە لە هەر هەموویان کاریگەرییان لەسەر منداڵان ‌و لاوان‌ زیاترە. ئەمەش بە سوک‌و سانایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە بێجگە لە دەق و پەیامەکانی ناو کتێبە مەنهەجییەکان هیچ کتێب‌ و زانیارییەکی دیکە لەم دنیایەدا نییە کە هەموو منداڵ ‌و لاوێک پێی ئاشنا بێت، چونکە خوێندن، وەک زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە کوردستانیش بەزۆرییە (ئیلزامییە). ئەمەش وای کردوە کە خوێندکار حەزبکات یان حەزنەکات ئەوا زانیاری ‌و مەعریفە ئامادەکراوەکانی نێو کتێبە مەنهەجییەکانی بەسەردا دەبارێنرێت. گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم زانیارییانە، وەک ئەو پەندەی دەڵێت “فێربوون لە منداڵی وەک نەقشهەڵگرتنە لەسەر بەرد”، جێپەنجەی خۆیان جێدێڵن.
پرسیارکوژی ‌و گومانکوژی
ئەگەر دروستکردنی پرسیار و گومان‌ و گەڕان بە دوای سێ پرسیارە گرنگ ‌و گەورە و جەوهەرییەکەی مرۆڤایەتی: ئێمە کێین؟ لەکوێوە هاتووین؟ بەرەو کوێ دەچین؟ کڕۆک‌ و خەمی سەرەکی سیستەمی پەروەردە بێت ئەوە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونیان بۆ قوتابخانە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دەستدەکەوێت‌ و یەک دانە پرسیاری جەوهەری بێ وەڵام لەلای منداڵەکان نامێنێتەوە. گومانکردنیش، کە جەوهەر و سەرەتای هەموو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچوونێکە، نەک لەلای مندڵان و خوێندکاران گەشەناکات بەڵکو ئەگەر هەشبێت دەڕەوێتەوە.
پرسیار لێرە ئەمەیە، داخۆ ئەو بانگەشەیەی ئێمە بنەمای لەسەر چ داناوە؟ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکە چاوێک دەخشێنین بە کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”. منداڵانی کوردستان لە وانەی یەکەمی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێیاندەگوترێت کە “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو وە هەموو شتێک”ـە. سەرنجێک لە ناوەڕۆکی ئەم دەقەی سەرەوە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە:
یەکەم، لە ڕۆژی یەکەمی خوێندن، منداڵانی کوردستان وەڵامی هەموو پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤایەتیان، کە مرۆڤەکان هەزاران ساڵە بە دوایانەوە حەوداڵن، لە یەک ڕستەدا بە دەستدەکەوێت. چونکە ئەم دەقەی سەرەوە وەڵامی هەر سێ پرسیارە گەورە فەلسییەکەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، داوەتەوە.
دووەم، ئەم دەقە چەمکی فەلسەفی زۆر قوڵ‌ و ئاڵۆز لە خۆدەگرێت کە لە توانای منداڵێکی تەمەن شەش ساڵیدا نییە کە بتوانێت بە سانایی تێیانبگات‌ و هەرسیان بکات.
سێیەم، ئەم دەقە منداڵی بێپرسیار و بێگومان لە پرسە فەلسەفییەکان بەرهەمدێنێت چونکە وەک گوتمان وەڵامی پرسە فەلسەفییەکانی بە ئامادەکراوی لە دەقەکە دەستدەکەوێت. بێجگە لەمە ڕستەکە زۆر بەشێوەیەکی ڕەهاییانە (ئیتلاقیانە) داڕێژراوە.
ئەم هەڵسەنگاندن‌ و ڕەخنانەی سەرەوە لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە بەتایبەتی لەوانەی کە ئایینیان وەک ڕاستییەک و باوەڕێکی ڕەها وەرگرتووە و لای ئەوان ئایین جێگای هیچ پرسیار و گومانێک نییە. بۆنمونە، لەوانەیە کەسانێک هەبن ڕەخنەبگرن ‌و بپرسن ئەی باشە مەگەر خوا زەوی‌ و ئاسمان‌ و مرۆڤی نەڕسکاندوە/نەخولقاندووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە دەڵێین:
یەکەم، مەبەستی ئەم وتارە قسەکردن نییە لەسەر ئەوەی داخۆ ئەم دەقەی کە لە کتێبەکە هاتووە ڕاستە یان هەڵە، بەڵکو زیاتر قسەکردنە لەسەر شێوازی داڕشتنی ڕستەکە/دەقەکە، لەگەڵ ئەو پەیامانەی کە ئەم شێوە داڕشتنە دەیانگەیەنێت.
دووەم، کردنی پرسیارەکە بەمشێوەیەی سەرەوە لە چوارچێوەی پرسیارێکی پەروەردەیی-فەلسەفیی دەزگایەکی (ئینستیتۆیەکی) حکومی سەربەخۆ، وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، دەردەچێت‌ و دەبێتە پرسیارێکی ئایینیی-فەلسەفی دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی دیکە، ئایا وەزارەتی پەروەردە دەزگایەکی حکومییە یان ئایینییە؟ دیارە ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە حکومەتێکی نائایینی (مەبەست لە نائایینی دژە-ئایین نییە) دابنێت ‌و وڵات لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین، وەک بەخۆی ئیدیعا دەکات، بەڕێوەببات ئەوا ئەوکات دەبێت پێداچوونەوە بکات بە شێوەی داڕشتنی نەک تەنیا ئەم دەقە بەڵکو زۆربەی دەق ‌و ڕستەکانی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”، کە دواتر باس لە هەندێکی دیکەشیان دەکەین.
پێداچوونەوەکەش کارێکی هێندە سەخت نیە. هەنگاوی یەکەم لەوە دەستپێدەکات کە هەر ئێستاکانێ وەزارەتی پەروەردە دەستیداوەتێ ئەویش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی خوێندنی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ “ئایینناسی”یە. مەبەستێکی سەرەکی ئەم وتارە خزمەتکردنە بەو هەنگاوە. هەنگاوی دووەمیش دەبێت ئەوە بێت داخۆ مەبەست لە ئایینناسی چییە؟ بە چەند نمونەیەک دەکرێت هەندێک تیشک بخەیەنە سەر چۆنییەتی کارکردن بە ئاراستەی گۆڕینی وانەکانی پەروەردەی ئایینی بۆ ئایینناسی‌ و ڕزگارکردنی دەقەکان لە خسڵەتە پرسیارکوژی ‌و گومانکوژییەکانیان.
بە چاککردنی ئەم دەقەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، دەستپێدەکەین. دەقەکە لە کتێبەکەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا دەڵێت “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ‏ئاو وە هەموو شتێک”ـە‏. ئەم دەقە لە دیدێکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە و نوسراوە کە دەکرێت شیاو بێت بۆ کتێبێکی ئایینیی کە لە دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت بخوێندرێت، بەڵام نوسینی ئەم دەقە لە توێی کتێبێکی قوتابخانەیەکی حکومی نەگونجاوە. لە کتێبەکانی قوتابخانە حکومییەکان دەبێت ئایینناسی بخوێنرێن نەک پەروەردەی ئایینیی‌ و ئیسلامی. ئەوەش بە مانای ئاشناکردنی خوێندکاران بە هەموو ئایینەکانی دنیا لەسەروی هەمووشیانەوە ئایینی ئیسلام چونکە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.
لەوانەیە هەندێک کەس پرسیاری ئەوە بکەن باشە چۆن دەکرێت دەقێکی ئایینی وەک ئەو دەقەی سەرەوە لە جیاتی ئەوەی وەک دەقێکی ئایینی ڕەها، وەک دەقێکی ئایینناسی بخرێتە نێو توێی کتێبەکان. لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین ئەمە کارێکی زمانەوانی زۆر سەخت نییە. ئەویش بە داڕشتنەوەی دەقەکە دەبێت، بەبێ ئەوەی تانە لە جەوهەری بڕوای موسڵمانانیش بدرێت کە باوەڕیان بەوە هەیە کە خوا زەوی ‌و ئاسمان‌ و مرۆڤی خولقاندوە. داڕشتنەوەکەش دەکرێت بەمشێوەیە بێت: “موسڵمانان پێیانوایە کە خوداکەیان خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو و هەموو شتێک”ـە.
ئەم داڕشتنە، دەقەکە لەو دەربڕە ڕەهاییە ڕزگاردەکات کە داڕشتنەکەی پێشووتر هەیبوو. لە پاڵ ئەمیش دەرگای پرسیار ‌و گومان لەبەردەم خوێندکاران داناخات چونکە ئەم دەقە ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئەوە لە دیدی موسڵمانانە کە خودا ئاسمان‌ و زەوی ‌و مرۆڤی خولقاندوە. دەقە نوێکە ئەم دیدەشی وەک هەقیقەتێکی ڕەها وەرنەگرتووە. فەزاکانی ئەم دەقە جێگای دیدی دیکەی تێدا دەبێتەوە و دەرگاش ئاوەڵا دەکات لەڕووی کۆمەڵێک پرسیار، کە گرنگن بۆ منداڵ.
کاریگەریی ئەم داڕشتنە لەسەر منداڵانی کوردستان بە زۆر شێوە دەبێت، لەوانە:
یەکەم، پرسیاری ئەوە لەلای خوێندکاران دروستدەکات کە ئەمە تاکە دید نیە و تێگەیشتن ‌و تێڕوانینی دیکەش هەیە بۆ ئەم پرسە گرنگەی مرۆڤایەتی.
دووەم، گیانی قەبوڵکردنی دیدگاکانی دیکە لەلایەن خوێندکاران دروستدەکات چونکە دیدگاکە ڕەهاییگەرانە دانەڕێژراوە.
سێیەم، هەلی پێکەوەژیان‌ و تەبایی لەنێوان ئەندامانی گەلی کوردستان لەنێوخۆیاندا و لەگەڵ گەلانی دیکە دروستدەکات. ئەمەش بەوەی کە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژ و یەکەم وانەی قوتابخانە بە گیانی فرە دیدگەیی گۆشدەکرێن نەک تاکڕەویی کە دید و دەستپێکی دەقەکەی نێو کتێبەکەیە.
چوارەم، ئەم داڕشتنە دەبێتە بەردی بناغەی پێکەوەژیان‌ و تەبایی ئایینی‌ و ئایدیۆلۆجی لە کوردستان.
لە بەشی داهاتوودا هەندێک ئەنجامگیری لە گفتوگۆکانی ئەم بەشە دەکەین و چەمکگەلی وەک ڕەهایگەرایی و تاکڕەویی زیاتر شەنوکەو دەکەین.

شێرکۆ کرمانج




دەست بۆ ناوەکان مەبەن… سامانی وەستا بەکر

ئەبوو پاش ٣١ ساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی ئێستا باس لە ئەزموونی سەرکوتوو و مۆدیرنی کوردستان بکرایە نەک تا ئێستاش چاومان لەسەر ئەزموونی خۆجێی و بەڕێوەبەری وڵاتانی تری دنیابێ.
گەلی کورد گەلێکی بندەست و چەوساوەی ناوچەکە بووە لە مێژەوە، زۆر تامەزرۆی ئازادی و حوکمی خۆماڵی کوردی بووە، ئەبوو هەر بەو تامەزرۆییەش، شێلگیرانە هەڵپەی بووایە بۆ دروست کردنی موئەسەسات و حومێکی ڕەشید کە شایستەی گەلێکی ستەمدیدە و بندەست بووایە. حوکمێک کە تاکی کوردی هەستی بەچێژی ئازادی و سەربەخۆی بڕیاردانی خۆماڵی بکردایە، حوکمێک کە بەتەمەنەکان بەنەوەکانیان بووتایە دەستمان دامێنتان نەکەن ئەم سەربەخۆییە لەدەستبەن و بگەڕێنەوە ژێردەستی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەکانی نەتەوەکانی سەردەست، بەڵام مەخابن کەمن ئەو بەتەمەنانەی پڕکێشی داوایەکی لەو جۆرە لە نەوەکانیان بکەن چونکوم سەردەمی بندەستی حوکمی سۆڤینیەکان ئازادی نەبوو بەڵام سک تێربوو، مەخابن ئێستا هەم سک برسییە و هەم ئازادیش سنوردار و لەقاڵبیراوە.

دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی:
دەسەڵاتدارانی هەرێم بێزارئەبن و پێیانخۆش نیە پێیان بوترێ کە بە هزری خێڵەکی وڵات بەڕێوەئەبەن، بگرە بە نەنگیشی ئەزانن بەڵام چەن نیشانەیەکی زۆر دیارهەیە کە تابێت ئەو جۆرە لە حومکڕانیە ڕژدتر و توندوتۆڵترئەکا و بەردەوامیش کاری لەسەر ئەکەن کە ئەیسەلمێنێ جۆری حوکمڕانی هەرێم خێڵەکیە بەپلەی نایاب.
ئەگەر سەرنجێک بخەینە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێـم زۆر بەڕوونی هەست بە بوونی “دەسەڵاتی قوڵ” ئەکەی، جەوهەری بابەتەكە ئەوەییە كە كەسانێك لە پشتی دەزگا و دامەزراوەكانەوە بڕیارئەیەن و هیچ پۆستێكی فەرمیان نییە لە دەزگاكانی تەشریعی، جێبەجێكار و دادوەریا. كۆمەڵە كەسانێكن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سیاسیی و دارایی و كۆمەڵایەتی خۆیان كارئەكەن، كۆسپن لەبەردەم بەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆسپن لە سەر پروسەی سیاسی و حوكمی یاساو مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، لە سەرووی لێپرسینەوەی فەرمی دەسەڵاتان.
تورکیا لەسەردەمی کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست و فاشیا هەندێ دەسەلاتی لەسەروی دەسەڵاتەكانی تر بەخشیە سوپا و جەنەراڵەكانی، بە پاساوی پارێزگاری كردن لە علمانیەتی توركیا، بەڵام نەی بەخشییە کوڕ و براو کەسە نزیکەکانی خۆی بەجیاوازی ئەوەی لای ئێمە.
ئەوەی لا ئێمە جۆرێکە لە حکومڕانی وێنەی زۆر کەمە تا ئاستی نەبوون، دوورنیە حکومەتی هەرێم تاکە دەسەڵاتبێت لەو جۆرە ئەویش ئەویە کە خێزان زاڵ و لەپێشترە لە تایەفە و تایەفەش لە پێشترە لە خێڵ بۆ جێبەجێکردنی “دەسەڵاتی قوڵ” لەناو “دەوڵەتی قوڵ”ا، کە ئەمە بابەتێکی ناوازەو سەمەرەی بەڕێوەبردنە.
ئەگەر ڕاستگۆبین لەناو خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێما ئەتوانین بەڕوونی خێزانی بارزانی وەک داهێنەری ئەم جۆرە لە بەڕیوەبردن و دەسەڵاتداری دیاربکەین، کوردەواریش ئەڵێ “گەورە ئاوەڕژێنێ بچوک پێێ تێئەخشێنێ”.
خێزانی بارزانی زۆر بەپەنهانی و بێ سڵەمینەوە بەردەوام خەریکی جێبەجێکردنی دەسەلاتی قوڵن، بەناچاری لێرەیا دوو نموونە وەرەگرین کە تازەترین کارەکانی خێزانی بارزانین بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی.

یەکەم: لەسەروبەندی کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کومار پ.د.ک وشیار زێباری کاندیدکرد، پ.د.ک لە هەموو کەس باشتر ئەیزانی کە زێباری تێناپەڕێ، بەحوکمی ئەوەی متمانەی لێوەرگیراوەتەوە وەک وەزیر بەڵام هەر کاندیدیان کرد، دڵگرانیش نەبوون کە دادگای فیدراڵی کاندیدبوونەکەی هەڵوەشانەوە چونکوم پارتی یان ڕاستر بڵێین پارتی نا بەڵکو خێزانی بارزانی کاندیدە دڵخوازە شاراوەکەی خۆیان ئامادەکردبوو کە ئەویش ڕێبەر ئەحمەد بارزانی وەزیری ناوخۆیە، ئاخر لەدیدی خێزان و خێڵا بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵ باشترین کەسەکان ئەندامانی خێزان پاشان تایەفە و دواتر خێڵ و هۆزن بەپلەبەندی، هۆشیار زێباری ڕاستە خاڵی سەرۆکی پارتیە بەڵام بارزانی نیە بەڵام ڕێبەر ئەحمەد بارزانیە واتە لە ڕیزبەندی پلەبەندیا خاڵێک لەپێشترە، واتا لەکاتێکا کە زۆربەی دەسەڵاتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای خێزانی بارزانین و ئەوانەی بەفەرمیش لەژێر دەسەڵاتی خۆیانانیە ئەوان لەڕیی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵەوە کەسێکی خێزانی خۆیان بۆ پۆستە گرنگ و پڕ بەهاکان داناوە، بۆیە بۆ توندوتۆڵکردنی دەسەڵاتی قوڵ پێویستیان بە کەسێکی خێزانی خۆیان یان خێڵی خۆیانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارکە ئەویش ڕێبەر ئەحمەدە.

ئەگەر بابەتەکە چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ نیە خۆ لەناو پارتیا بێجگە لەو هەموو کادێرە پێشکەوتووە، ئەو هەموو پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆیە، ئەو سەرکردایەتیە فراوانەی پارتی، ئەو خەڵکە نوخبە و رۆشنبیرەی کە پارتین و بۆ پارتی کارەکەن، لەوانەش لەپێشتر مەکتەب سیاسی پارتی خەڵکێکی تیایە کە شیاوی ئەو پۆستەن، هەر بۆ نمونە فازیل میرانی کە لای عێراقیەکان ناسراوە و گونجاوترە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەتێڕوانینی تەسکی خێزانی بارزانی میرانی ناکەوێتە ناو چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە لەناو دەوڵەتی قوڵا، هەرچی سەبارەت بەکادێر و ئەندام و سەرکردیەتی سلێمانی پ.د.ک هەیە، ئەوانە نەک ناکەونە چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە بەڵکو ئەوان بەر “نەفرەتی سلێمانی بوون” کەوتوون ئەگەرنا چەندین کەسانی شیاو بەئەزموون و سەرکەوتوویان تیائەدۆزرێتەوە.

دووەم: ماوەیەکە ناوبەناو مێردمناڵێک بەناوی “مەلا مستەفا”وە لە شوێنە فەرمی و کۆڕو داودەزگاکانا بەشداری ئەکا و دەرەکەوێ، لە کۆبوونەوە گرنگ و چارەنووسازەکانا بەشدارئەبێ، ئەم مێردمناڵە یەکێکە لە دیاریترین دەرکەوتەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئامدەش ئەکرێ کەببێ بە کەسی یەکەم و گرنگی هەرێم، لەم خاڵەیانا خێزانی بارزانی غەدر لە بارزانی باپیر ئەکەن، چونکە لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکی ئەم مێردمناڵەیا چەندین ووشەی نەشیاو جنێو ئەوترێت و ڕوو لە بارزانی باپیرئەکات، بەمەش لە شکۆو خەبات و ماندووبوونی مەلا مستەفای باپیرئەیرێ، بەناڕاستەوخۆش لەبەهای یەکێک لە سەرکردە مێژوویەکانی میلەتی کورد ئەهێنرێتە خوارێ، کە ئەمەش باش نیە بۆهیچ میلەتێک چونکوم ئەگەر بتەوێ گەلێک بڕوخێنی ئەتوانرێ بەسێ هۆکار ئەو کارەبکرێ کە یەکێکیان سوککردن و کەمکردنەوەیە لە خەبات و تێکۆشانی سەرکردەکانی گەلێک، دووانەکەی تریشیان بێ بەهاکردنی مامۆستا و لەبەرچاونەگرتنی ڕۆڵی دایک و باوکە.

دەسەڵاتی خێڵکی:
خێڵ هەمیشە گرنگی بە چواردەورەکەی خۆی ئەیا کە پێکهاتوون لە خەڵکانی خێڵ و هۆزەکەی خۆی، لەوناو ئەوانەشا گرنگی زیاتر بە خزم و تایەفە ئەیات، لەناو ئەونیشا گرنگی هەرە زۆر بۆ خێزانە، ئەمەش یەکێكە لە دیارترین سیماکانی حوکمڕانی هەرێم.
دەسەڵاتی هەرێـم دەسەڵاتێکی خێڵکییە، خێڵ گرنگی بەچواردەورو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ئەیا ئەگەرچی لەسەر شان و حسابی خەڵکی تر و ناوچەیەکتریشبێ.
ئەگەر شوێنی نیشتەجێ بوون و هاتوچۆی خۆیان ببینی زۆر بەڕوونی ئەزانی کە ئەمانە خەڵکێکن بە هزری خێڵ وڵات بەڕێوەئەبەن، چاویان تەنها ئەو شوێنانە ئەبینێ کە کۆڕو کۆبوونەوەی تیائەکەن و کۆشک و تەلارو باڵەخانەی پێشوازی میوانەکانیان و ڕێگەی هاتوچۆی سەردانیکەرە دەرەکییەکانیان گرنگی پێئەیەن، لەباشترین کارەکانیشیان ئاوەدان کردنەوەی ناوچەیەک و وەلانانی نانی ناوچەیەکیترە تا ڕق و کینە لەناو خەڵکا دروستبێت بۆ نمونە گرنگیان بە هەولێر و وەلانانی سلێمانی کاری حکومەتێکی ڕەشید نیە هێندەی سیمای خەڵکانێکی خێڵەکی و کاڵفامی سیاسی پێوەدیارە.

ناشرینکردنی ناوە جوانەکان:
یەکێک لەقێزەونترین کارە نابەرپرسەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ناشرینکردنی ناوەکانە تاکو لەبری ئەوەی خەڵکی نەفرەت لە سیاسیەکان بکات بکەوێتە داوی پلان بۆداڕێژراوی دەسەڵاتدارە سیاسیە بازرگانەکانەوە و ئەوان لەبیرکرێن و تاوان بکرێتە ملی شارەکانەوە.
لە دنیای سیاسیا دوو وڵات کاتێ لەسەر هەر بابەتێک گفتوگۆبکەن ئەوا لە نوسین و دەربڕینەکانا ناوی پایتەختی وڵاتەکە بەکارئەهێنن چونکە واباوە دەسەڵاتی جێبەجێکارو حکومەت لە پایتەختە، بەڵام لە کلتوری سیاسی هیچ وڵاتێکا نەبینراوە کە دوو شاری ناو وڵاتێک هاوشێوەی دوو وڵاتی سەربەخۆو جیاواز بەناوی شارەکانەوە بانگی یەکتربکەن و لەو ڕێیەوە هەڵە و چەوت و چەوێڵی خۆیان بەیەخەی شارەکانا بسون.
پارتی و یەکێتی ماوەیەکە زۆر بەڕوونی هەرچی دزی و گەندەڵیەکانیانە، هەرچی نەزانی و نەشارەزایی بەڕێوەبردنیایە، هەرچی ڕق و تۆڵەیانە بەناوی سلێمانی هەولێرە ئاڕاستەی یەکتری ئەکەن، بۆ نمونە داهات دیارنیە و حکومەت بەشە بودجەی سلێمانی نانێرێت، بەشە بەنزین و نەوتی سلێمانی نانێرێت و لەبازاڕی ڕەشا ساغی ئەکاتەوە، پارەی دەرمانی نەخۆشخانە و پرۆژەکان واژۆ ئەکات و پارەکەی سەرف ناکات کەچێ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز ئەڵێن “هەولێر” گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی، لە ڕاستیا ئەمە دەربڕینێکی هەڵەیە.

پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و بانکەکان چۆڵکراون و سویلەیان نیە بۆ دابەشکردنی مووچە، داهات ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، کەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد ئەڵێن “سلێمانی” داهات ناگێڕێتەوە، لەڕاستیا ئەمەش دووبارە دەربڕینێکی هەڵەیە، ئەمە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز کاری بۆئەکەن، تا لەو ڕێگەیەوە کەمتر ناوی خۆیان بهێنرێ و هەدوو ناوی شاری سلێمانی و هەولێر ناشرینکەن و خەڵکی هەردوو شار بکەن بە دوژنی یەک و سەرقاڵبن و ڕق و بوغزیان لەدڵا لەدژی یەکتر دروستبێ، بەوجۆرەش ئەوان لەدزی و گەندەڵی خۆیان بەردەوام ئەبن و دەستەچەورەکانیشیان بەناوی هەردوو شاری سلێمانی هەولێرا ئەسوون.
بەداخەوە بەشێک لە مێدیاکارەکان جا بەنەزانیبێ یان بەرنامە بۆ داڕێژراوی حیزبەکانیان هەمان هەڵە ئەکەن و هەموو ئەو هەڵە و تاوانانەی پارتی و یەکێتی دەرهەق بەخەڵکی هەرێمی کوردستانی ئەکەن بەناوی سلێمانی و هەولێرە ئامژەی پێئەکەن، هەروەک ئەوەی ئەو دوو شارە دوو مرۆڤی تاوانباربن، ئەمە لەبری ئەوەی هەموو جارێ ناوی خودی دز و گەندەڵکارە بهێنرێ. لەڕاستیا ئەگەر خەڵکی ئاسای و عەوام بکەونە هەڵەیەکی لەو جۆرەوە و تێپەڕێ بەسەریانا تا ئاستێک ئاساییە بەڵام کاتێک نوخبە و ڕۆشنبیرو مێدیاکار ئەو هەڵەیە بکات ئەوا ئەبن بەبەشێک لەو تاوانەی کە دز و گەندەڵکارەکان دژی ناوە جوانەکان ئەیکەن.
ئەوەی دڵخۆشکەرە ماوەیەکە هەندێ کاری هونەری و درامای هاوبەش لەنێوان هونەرمەندانی سلێمانی و هەولێرا ئەکرێ کە ئەکرێ ببێتەوە هەوێنی گرێدانەوەی ئەو دوو شارە کە پارتی و یەکێتی بەزۆر لەهەوڵی دابڕانیانان.

سامانی وەستا بەکر ٢٦-٤-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم




لە شازدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند ئازاد خانەقـینی.. رەزا شـوان

هـونەرمەنـدی شۆڕشگـێڕ و پێشمەرگەی دلـێر و تێکۆشەری شار و شاخ، جوانەمەرگ (ئـازاد وەهـاب عـەبـدولـڕەحمـان) ناسـراو بە (ئـازاد خـانەقـینی) لە سـاڵی (١٩٥٨) دا، لە (گەڕەکی پاڵاوتگەی ئەڵوەند) لە شارە جوان و قەشەنگەکەی سەر (روباری ئەڵوەن) شاری شەهـید (لەیـلا قاسـم) و شەهـیـدی فەرمانـدە لیـوا (حـوسین مەنسور) و بە دەیان شەهـیدی تر. لە خـێزانێکی رۆشـنبـیر و تێکۆشەری خـانەقـین لەدایک بـووە. خـێزانێک تا سەر ئێسقـان کورد و کوردستان پەروەرن. کوردایـەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان بووە بە گـروپی خوێنـیان. هەر لە منـداڵییەوە جگەرگۆشەکانیان بە رۆحی کوردایەتی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان گۆش و پەروەردە کـردوون. قوربانی و باجـێکی قـورسی ئەم هەڵـویست و رێبـازەیان دایـەوە. سەرجـەم ئەنـدامانی ئەم خـێزانە، لە رۆژگـارێکی زۆر ترسناک و سەخت و دژواردا، لە شاری خانەقـنی قـەڵای کوردایەتی و مەردایەتی، ببـوون بە چـقـڵی چـاوی بەعـسی رەگەزپـەرسـت و شـۆڤـێـنست.

خوالێخۆشبوو مام (وەهـاب) ی باوکیان، کە سکرتێری سەندیکای کرێکارانی خانەقـین بـوو، کورد و کوردستان پەروەرێکی کەم وێنەبـوو. منداڵەکانیشی بە رێبازەکەی خۆی پەروەردەکـردوون. رەوانشاد مامۆستا (جەبار) ی کوڕە گەورەی ئەم خـێزانە، ئەویش رۆڵـێکی گـرنگی زۆری هەبـوو لە، لە پەروەردەکردنی خوشـک و بـراکانی بە هەستی کوردایـەتی و کوردستان پەروەری. وەکو مامۆستایەکیش، چەنـدین نەوەی کـوردی لە شاری خانەقـینی بـووکی گەرمیان، بە هـەمـان رێبـاز و رۆحـیەت پەروەردەیانی کـرد. لەو سەردەمەدا مامۆستا جەبار ناوی هەنـدێ لە براکانی و لە منـداڵەکانی خۆی، ناوی کوردی لێـنان (ئـازاد، بـەرزان، هـەڤـاڵ، مەولـەوی، گـۆران، دڵـزار، هـەژار، ساکار). کەواتـا ئـازاد خانـەقـینی و خوشـک و بـراکـانی، هـەر لـە منـداڵـییەوە، ئـەلـف و بـێی کوردایـەتییان لە باوکیـان و لە مامـۆسـتا جەبـاری برایـانەوە فـێربـوون.
لە ساڵی (١٩٦٤) دا، لە پـۆلی چـواری لقی (وێـژەیی) بـووم لە (ئامادەیی موسەڵـڵا) لە کەرکوک. لە رێی بەرنامەی یەکـتری ناسین بە نامە لە رادیـۆی کوردی بەغـدا، یەکێک لەو ناوانەی خوێندرایـەوە، ناوی (فەتحوڵـڵا وەهـاب عـەبـدولـڕەحمان) لە خانەقـین، کە ئەو کاتە تەمـەنی لە دەور چـواردە و پانـزە ساڵان بـوو، کە دووەمـین بـراگەورەی ئازاد خانەقینی یە، نامەیەکم بۆ نارد، ئەویش وەڵامی دامەوە. لەو رۆژەوە بووین بە هـاوڕێ، بەڵکو بووین بە بـرای یەکتری و ئاشنایەتی و هـاتوچـۆی خـێزانیش زیاتر پەیوەندیمانی شـيرینتر کـرد. لە ساڵی (١٩٦٥) بۆ یەکەم جـار، چـووم بۆ شـاری خـانەقـین بۆ ماڵی (فەتحـوڵڵا)ی هـاوڕێـم. ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە منیان کرد، هەمیشە لە یادمە و لە یـادی ناکەم. کە لە ساڵی (١٩٦٦) دا، لە (پەیـمانـگای ئامـادەکردنی مامـۆسـتایان ـ باقـوبە ـ دیالە) وەرگیرام، جارێکیان لەگەڵ عـەلی برام و دو هـاوڕێی هـاوخوێنـدکاری پەیمـانگاکەمـان، لە باقـوبەوە، بە گەشـتێک چـووین بۆ خانـەقـین. سەرمـان لە مـاڵی (ئازاد خانەقـینی) دا، زۆر بە گەرمی پێشوازیان لـێمان کرد و خوانی نیوەڕۆیان بۆمان ئامـادەکـرد. ئەو سـاڵـە تەمـەنی (ئـازاد خانـەقـینی) هـەشـت سـاڵ بـوو، تـەمـەنی کاک (بـەرزان خانـەقـینی) بـرا بچـووکیشـیان شـەش سـاڵ بـوو. چـویـن لەسـەر رووبـاری سیروان بۆ لای (بەردە کونەکە) کە شوێنـەوارێـکی جـوگـرافـی ناسراوە لە خانەقـین. چەنـد وێنـەیەکمان لەوێـدا گرت. زۆر سوپاسی کاک (بەرزان وەهـاب) دەکەم، کە دوو مانگ بەر لە ئێـستا یەکـێک لـەو وێنانەی بـۆم ماسنجـەرەکـەم نـارد. ئەوەشـم لە یـاد ناچـێت کە مـام (وەهـاب) ی باوکیان، دوو جـار بە دیـاریی جـوانەوە، وەکو سـەر لە کـوڕی خـۆی بـدات، بۆ سەردانیمان هـات بـۆ پەیمانـگاکەمـان لە باقـوبە.

ئەو کاتـەی کە مـن ناسیـیانـم، ماڵیـان لە (گەڕەکی کـرێـکاران) ی سـەر بە پالاوتگەی وەنـد بوو. بەشی هـەرە زۆری گەڕەکەکەیان کورد بـوون. لە نێوان شاری خانەقـین و گـەڕەکی کـریکارانـدا، بازگەیەکی کونتـرۆڵ و پشکـنینی پـۆلیسی لێـبوو، بـریتیـبون، لە چەنـد پۆلیسێکی بەعـسی، کە زۆر رقیان لە کورد بوو. خەڵـکی گەڕەکی کرێکاران، بە لۆرییەکی درێژی سەر بە کۆمپانیای پاڵاوتگەی وەنـد، بۆ ناو شاری خانەقـین دەهاتن و دەگـەڕانەوە. پـۆلیسەکانی ئەو خـاڵە، زۆر جار هـەر بۆ تەشـقەڵە و لـۆمە و ئەزێتـدان، خەڵکی ناو لە لۆرییەکەیان دادەگرت و لێیان مـۆڕ دەبوونەوە، دووبارە فەرمانیان دەدا، دەی خـێرا سـواربنـەوە.
پـورە (مـەکـیە)ی دایکی ئازاد خانەقـینی، هـەزاران درود بـۆ گیـانی پاکی. وتی:” ئـەو کاتە ئـازاد و بەرزان تەمەنیان شەش و چوار ساڵان بـوون، کە لە بازگەی پشکنینەکە دایان دەگرتین و دەیانوت دەی سواربنەوە، بە ئەنقەست هاوارم دەکرد، ئازاد، بەرزان، دەسـتانـم بـدەنێ با سـواری لـۆرییـەکەتـان بکـەم. چـونـکە دەمـزانی کـە ئـەو پـۆلیـسە بەعـسییانە، بە گـوێ لـێبـونی نـاوی کـوردی زۆر قـەرس و گـرژ دەبـوون”.
ئازاد خانەقـینی قـۆناغـەکانی خوێنـدنی سەرەتـایی و ناوەنـدیی لە خانـەقـین تەواو کرد، قوتابخانەی (ئامادەیی کشتوکاڵی) لە شارۆچکەی (خاڵـس) ی سەربە دیالە، تەواوکرد.
ئازاد بێجگە لە رۆحە کوردایەتییەکەی، هەر لە منـداڵیەوە خولیـا و هـۆگـری هـونەری رەسـەنی کـوردی بـوو. دەنـگـێکی زۆڵاڵ و سـەدایـەکی شـیرین و خـۆشی هـەبـوو. لە رۆژی (١/ ئایـار/١٩٧١) دا، لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا، بۆ یەکەمجار، وەک ئەنـدامێک لە کورسی سرود و گـۆرانی، بە شـداری لەو ئاهـەنگەدا کرد، کە لە لایـەن کۆمپانیـای پالاوتـگەی نەوتی خـانەقـین، بە بـۆنـەی (رۆژی کـریـکارانی جـیهـان) ەوە، سـازکـرا.
ئازاد خانەقـینی، لە ساڵی (١٩٧٩) دا، لەگەڵ چەنـد گەنجـێکی هـاوڕێی کوردیـدا، لە خانەقـین، تیپێکی هـونەرییان بە نـاوی (تیـپی مۆسـیقـای خانـەقـین) ەوە دامەزرانـد.
بە هـۆی دەرکـردن و بڵاوکردنەوەی کاسێتێکی گـۆرانی بە زمـانی کوردی. لە لایـەن دەزگای ئەمنی بەعسی سەرکوتکەر و فاشیستەوە، توشی گـرتن و ڕوانان بوونەوە.
ئازاد خـانەقـینی، لە سـاڵی (١٩٨٠) دا، لـە گـونـدی (تـوژەڵـە) پەیـوەنـدی بە هـێزی پێشـمەرگەی کوردستانەوە کرد. بـوو بە ئەنـدامی (تیـپی مـۆسـیقـای شەهـید کارزان: ١٩٨١ـ١٩٩٠) لەوێ لە رێی چڕینی سرودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، رۆڵـێکی بەرچـاوی هەبـوو، لە جۆشـدانی خەبـات و لە بـزوانـدنی هـەستی نیشـتمانی و گـیانی بەرگـری کـردن لە کورد و کوردسـتان. سـرودەکانی هـاوشانی چـەکی پێشـمەرگە، لە سەنـگەردا بـوون.
ئازاد بێجگە لە کاری هـونەری، وەکو پێشکەشکارێکیـش لە رادیـۆي دەنگی کوردسـتان کاری کردووە. ئازاد کەسـایەتیـیەکی سەنـگـین و هـێـمن و لەسەرخـۆ و هـاوڕێ دۆسـت بـوو. لە دوای راپەڕینـەکەی ساڵی (١٩٩١) دا، بەردەوام بوو لە خـزمەتکـردن لە کاری هـونـەری و راگـەیـانـدنـدا. چەنـدیـن ئـاهـەنـگی سـرود و گـۆرانی پێـشـکـەش کـرد. لـە (تەلەفـزیـونی گـەلی کوردسـتان) یش، درێـژەی بە کـاری راگەیـانـدنـدا. لە رێی سـرود و گۆرانییەوە خـزمەتێکی زۆری هـونەر و کەلەپـوری رەسەنی کوردی کرد. پەنجەمـۆری لـەم بـواردا هـەیە و کـاڵەوە نابێـت. ئـەوەی رۆژێـک ئازاد خانەقـینی ناسیبێت، هەرگـیز لە یـادی ناچـێـت.
ئەمانە نـاوی بەشـێک لە سـرود و گۆرانییەکانین (کرماشـان کرماشان، کەڵکی قەیـوان، مەرزیـە ئەی نازەنـین، لە باغـان ئاه و ناڵـین دێ،…بەدەیان گـۆرانی و سـرودی تر ).
خێزانەکەیان، لە شەش بـرا (جەبار، فەتحوڵڵا، عەبدوڵڵا، خالید، ئازاد، بەرزان) و پێنج خوشک (نەبیهـە، مـریـەم، زەکیـە، ئامینە، فـرمێسک) پێکهـاتبـوون. دایک و بـاوکی و پێنـج لە بـراکان و خوشکە گەورەکەیان، کـۆچی دواییـان کـردووە. هـەزاران دروود بۆ گیانی باکیان. لە بـراکـان تەنهـا کـاک (بەرزان) یان مـاوە، تەمەنـدرێـژی بـۆ دەخـوازم.
کاک (بەرزان) یش سـرودچـڕ و گۆرانبێژێکی بە توانا و ناسراوی کوردمانە، لە کەناڵە تەلەفـزیـۆنییەکانـدا، چەنـدین کـلیـپی گـۆرانی کوردیی خۆشـیان بـۆ تـۆمـارکـردووە. بە شـێوەزاری (کـەڵهـۆڕی) گـۆرانی دەڵـێت. شایـەنی باسیشە کـاک بەرزان لە راپـەڕینی ئازادکردنی شاری خانەقـین لە (٢٠٠٣) دا، رۆڵێکی قـارەمانانەی بەرچـاوی هـەبـوو.

سەرجەم ئەندامانی ئەم خێزانە کوردە تێکۆشەرەمان، بێ باکانە بە نهـێنی و بە ئاشکرا، گیانبەخـشانە لە رێخـستنە نهـێنییەکانی نـاو شاری خانەقـین و سلێمانیـدا، کوردایـەتی و خەباتیان دەکرد و پێشمەرگەی نهـێنی بوون و دژایەتی حیزبی بەعـسی رەگەزپەرستیان دەکـرد. خالیـدی بـرایان کە پێشـمەرگە بـوو، لە ساڵی (١٩٨٤) دا، لە کەمینێکـدا لەنـاو شاری سلێمانیدا، لە لایـەن هـەواڵگـری و دایـرەی ئەمنەوە شەهـید کرا. (نووسەر) من و دایـکم و خـێزانەکەم، لە کەرکوکەوە چـوویـن بـۆ پـرسەی ماتەمینی شەهـید خالیـد لە خانـەقـین. کە بنهـێنی لە ماڵـەوە دایـان نابـوو.
لە دوای شەهـیدکردنی خالـیدەوە، لە هەشـتاکانی سەدەی رابـردوودا، لە لایەن دایـرەی ئەمـن و بەعـس لە خانەقـین، فـشارێـکی زۆریان خـستە سـەر هەمـوو ئەنـدامـانی ئەم خـێزانە کوردەمان و ناچاریان کردن، کە خانەقـینی زێـدی باب و باپیرانیان بەجـیبهێـڵن. لە شاری سلـێمانی نیشتەجـێبـوون. بەڵام هەڕەشە و راوانـان و دەربەدەری، تۆزقاڵێک کـۆڵی پێنەدان و زیـاتر و سورتـربـوون لە خەبـات و تێکـۆشان بۆ رزگاری کوردستان.
ژنێـکی ناسـیاومـان هـەبـوو ناوی (درەخـشان شەریـف) ە، رۆحی رەوانی شاد بێت. ئەو بۆمانی گێڕایەوە، وتی:” مـریـەم خانەقـینی ـ خوشکی گەورەی دووەمی ئـازاد خانەقـینی کە لە ژیانـدایە ـ تازە هاتبووە کارگەی جگەرەی سلێمانی، هـێشتا بە باشی نەمانناسیبوو لە ساڵانی هـەشـتاکانـدا، نیـوچـە مانـگـرتـنـێک لە سـلـێمانی لە دژی سـتەمـکارییـەکانی رژێمی بەعــس رویـدا، رائید تەهـا کە ئەفـسەرێکی ستەمکاری دایـرەی ئەمنی سلـێمانی بوو. هـاتە ناو کارگەی جگەرەی سلـێمانی، بە تـووڕەییەوە وتی: ئێوە بۆ وا هـاربوونە؟ درەخشان خان وتی: مریـەم خانەقـینی بە زمانێکی باشی عەرەبی وتی: ئیوە بەبێ تاوان بـرا، بـاوک و کەسوکارمانتان گرتـووە، هـیچ تـاوانێکـیان نیـیە ئەمـە سـتەمە بـۆ بەریان نـادەن؟ رائیـد تەهـا چـاوی زەقـەوە کرد و بە مـریـەمی وت: مـن أنـت؟؟ مریەمیش بەبێ تـرس وتی: أنـا بنـت السلـیمانیـە. کە وای وت هـەموومـان چـەپـڵەیـەکی درێـژمان بـۆی لـێـدا. رائیـد تەهـاش هەڕەشەی کـرد و بە سەرشـۆڕییەوە رۆیشت. لەو رۆژەوە مریـەم خانەقـینی بوو بە خۆشەویستی هەموومان” ئەو قسەیە درەخشان خان بۆمی گێڕامەوە.
ئازاد خانەقـینی، رۆشنبیر و نوسەر و شاعـیریش بوو، چەنـد سرود و گۆرانییەکی، لە هـۆنراوەی خۆیـن. بە زۆریـش بە شـێوەزاری (کەڵهـوڕی) گۆرانی و سرودی دەچڕی.
لە کۆپـلەی یەکەم، لە هـۆنراوەی (نەوای بێسـتون) لە نووسینی ئازاد خانەقـینی کە بە گـۆرانی و ئاوازیشەوە، تـۆماری کـردووە، دەڵـێت:
کرماشان کرماشان، ئەی دیارێ خوەش و کۆساران
قـیبـلەی عـاشـقـانە بـێـسـتـون و تـــــاق وەســـــــان
لە وەهـاران وەهــاران خوەشـە دەشـت و کۆسـاران
بەهـەشـتی سـەر زەمینـە ئەیـوان و قەسـر و گـێلان
ئازاد خانەقـینی لە نێو غـەم و ئازار و چەوسانەوەی گەلەکەیدا چاوی هـەڵهـێنا، دەڵێت:
مـن کـوڕ غــەم بـیـم، لـە غــەم بــيـم پـەیـدا
غـــەم نـاوکــــم بــڕی و غـــەم نـــاوم نـيــا
غــەم چــڕیـیــە و پـــێـم ئـەی چــارە ســیـا
ئـەرای غــەم خـواردن سـەر گـەورە کـردم
رەوانشاد ئـازاد خانەقـینی شـانۆییەکـیشی بە نـاوی (ئـەرا کی؟) نـووسی و دەرهـێنـرا.
لە ئامادەکردنی: تەهـا ئاغـاجان و دەرهـێنانی: جاسـم وەنـدی. کە لە رۆژانی (٢٧ ـ و ـ ٢٨ ـ و ٢٩/ / ٢٠١٣) لە شاری خانەقـین نمایش کـرا.
ئازاد خانەقـینی لە ساڵی (١٩٩٣) دا، لەگەڵ پەرلەمانتار خاتوو (پەیمان عـەزەدین) دا، هـاوسەرگـیری کرد. دوو کـچی جـوانیـان هـەیە، گەورەکەیان هـاوسەرگـیریی کـردووە.
ئازاد خانەقـینی، لە بـواری دۆکیـۆمێنکـردنی مێـژووی راکەیـانـدنی (یەکةێتی نیشـتمانی کوردستان) دا، شـوێـن پەنجـەی دیـارە، ئـەو مێـژووی لە سـاڵانی (١٩٧٥ـ ١٩٩١) لە چـوارچـێـوەی پەرتـوکـێکـدا، بە نـاوی (مـادێـنا، مێـژوو و بیـبلـۆگـرافـیای راگەیانـدنی یەکـێتی نیشتمانی کوردستان) ی نـوسی و بـڵاوی کـردەوە.
ئازاد خانەقـینی لە رۆژی (١/ ئایار /٢٠٠٦ ) لە تەمەنی (٤٨) ساڵـیدا، کـۆچی دوایی کرد، لە رێـورەسمێکی شایستەدا، لە گۆڕستانی شەهـیدان لە سلێمانی بە خاک سپێرا.
بە داخەوە مەرگ بواری نەدا، ئەگینا ئازاد زۆری پێمابوو و زۆریشی لە خەیاڵدا بوو.
ئازاد خانەقـینی، تێکـۆشەرێکی سـیاسی سەرسەخـت و پێشـمەرگە و هـونەرمەنـدکی رەسەنی شـۆڕشگـێڕبوو (کـەم ژیـا و کـەڵ ژیـا) زۆری کـرد و زۆری بەخـشی، بـەڵام زۆر کەمیان بۆ کرد. هـیچ کاتێکیش چاوی لە پۆست و پایە و پاداشت وەرگرتن نەبوو.
وەک ئەمـەک و رێـزگـرتن و بـەرز راگـرتنی رۆڵ و یـادی ئـازاد خانەقـینی تێکـۆشـەر، بەشی پەیکەرسازی لە ناوەنـدی چالاکی گەنجانی شاری خانەقـین ـ سەر بە رێکخراوی منـداڵپارێزی کوردستان ـ لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز (جەنگـیز یازگی) یەوە، بە یارمەتی چەند هـاوڕێیەکی، لە فـایبەر گڵاس، پەیکەرێکیان بۆ ئازاد خانەقـینی دروست کـرد، کە چـوار مەتـر بەرزە. لە ئێـوارەی رۆژی سێ شەمـمەی (١٥/ ئـاب/٢٠٢٠) لە گـۆڕەپانی (شەقـامی سەرەکی خانەقـین) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و هـونەرمەنـدان و کەسوکاری جوانەمەرگ و خەڵکی شاری خانەقـین و شارەکانی تر، لە لایـەن بنەمـاڵەکەیەوە، پەردە لەسەر پەیـکەرەکەی لابـرا.
لە شازدەمین ساڵـڕۆژی یــادی کـۆچی دوایی جـوانەمەرگی رەوانشاد، ئـازاد خانەقـینی، هـەزاران درود بـۆ رۆحی رەوان و بـۆ گـیانی پـاکی دەنێـرین. هـەزاران چەپـکە گـوڵی گـەش و رەنـگاوڕەنـگی کوردسـتان بـۆ سـەر مـەزاری پیـرۆزی دەنـێرین.
(*) بۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، بێجگە لەوەی کە لە نـزیـکەوە و دەمـێکە تێـکەڵاوی و ئاشنابوونمان لە گەڵ خانەوادەی ئازاد خانەقـینی دا هـەیە. تا رادەیـەکیـش سـودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـووە:
١ـ ئـازاد خانەقـینی ـ خەلیـل عەبـدوڵڵا ـ سایـتی: خـاک. مێـژوو: (٦/ ئایـار/ ٢٠١٧).
٢ـ وتەیەک بە زمـانی عـەرەبی بە ناوی (الارث الـثـقـیل) لە نوسینی: خاتوو (ئـامینە وەهـاب) خوشکی ئـازاد خانەقـینی ـ کە لە فـەیسبووکـدا بـڵاوی کـردۆتـەوە.
٣ـ سایـتی: بنـکەی رونـاکـبیـری گـەلاوێـژ. (١٩/ ئاب/ ٢٠٢٠).
٤ـ چەنـد زانیارییەکـیشم بە تەلەفـۆن. لە هـونەرمەنـد کاک (بەرزان وەهـاب) ی برای بچـوکی ئـازاد خانەقـیینی یەوە وەرگـرت.

رەزا شـوان
نەرویــج: ٢٥/ نیسـان/ ٢٠٢٢




تۆكه‌ ناشاره‌زای له‌ نهێنی عه‌شق لۆمه‌ی ئێمه‌ مه‌كه(*)… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

گیانه‌ تۆ
سۆز و ده‌ردی
دڵی ئێمه‌ت نه‌دیوه‌
تۆ
له‌ ئێمه‌ بپرسه‌
كه‌ نه‌ت دیون ..

( به‌‌ دڵبه‌ر بڵێ به‌ خۆپه‌نهاندانی بمانكوژه‌
دڵ ویستی به‌ موراد‌ بگا و
به‌ ده‌ردی خۆی دوایی پێ بێ)(1)

به‌ شین و ڕۆڕۆی گه‌رم و
هه‌ناسه‌ی ساردی ئێمه‌
پێمه‌كه‌نه‌

‌تۆ مناڵی
گه‌رم و ساردی دونیات نه‌دیوه‌ .

( عه‌شق ئه‌وه‌یه‌
چاوی عاشق ببینی
به‌ ئه‌سرین ته‌ڕ بووه‌ و
خڵتانی‌ فرمێسكی
گریانی
خۆی بووه‌ ) (2)

تۆ كه‌ له‌ نهێنی عه‌شق ناشاره‌زای
لۆمه‌ی ئێمه‌ مه‌كه‌

ئێمه‌ نووقمی‌گه‌شتین و
تۆ
ده‌ریات نه‌دیوه‌ ..

من له‌به‌ر دام ‌ له‌ حاڵ و بار
با خه‌به‌رت كه‌م
تۆ بێ خه‌می
تۆ ده‌ردی دڵت ته‌نیا بیستووه‌
به‌ڵام نه‌ت دیوه‌ .

ئاماژه‌ :
(*) ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ قه‌سیده‌یه‌كی درێژتری شاعیری فارسیزمان(جه‌لاله‌ددین عه‌زدی یه‌زدی)
كه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان ( مێهدیێ عه‌باسی و مینای ده‌ریس) به‌ هاوكاری گرووپی نواك –
له‌ سترانێكی مه‌ئاڵ سۆفیدا به‌ تێكهه‌ڵكێشێكی باڵكێش و ‌ شایان كه‌ دوو بڕگه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی تێدایه‌ و له‌‌ لایه‌ن خاتوو( مینای ده‌ریس )ـه‌وه‌‌ گوتراوه‌ ‌ – له‌ناو دوو كه‌وانه دانراوه‌ –
ته‌واوی قه‌سیده‌كه‌ فارسی و عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ده‌قی ئه‌و سترانه‌یه له‌ یوتووب بڵاوكراوه‌ته‌وه‌‌ ،
هه‌ر له‌وێوه‌ش كراوه‌ به‌ كوردی .

وه‌رگێڕ
بڕوانه‌ :
https://www.nabavi.co/blog/32354
(1) و (2) ی ناو كه‌وانه‌ به‌ عه‌ره‌بیه‌ و
له‌ لایه‌ن ( عه‌بدولقادر مه‌راغی)یه‌وه‌ نووسراوه‌
خاتوو مینای ده‌ریسی‌ چڕیویه‌تی‌ .




هیچ و سفرو هیچ… جەلال عەبدوڵا ساڵح

١

هەنگاوم نا و ڕەنجم دا
پارە و پوڵ و دراوم دەستکەوت
باخی پڕ لە میوەم دەسکەوت
تاووس و جووجەڵەی ڕەنگاوڕەنگم دەستکەوت
هەنجیری پڕ لە شیلەم دەستکەوت
ژنی جوانم دەستکەوت
پاشان
هیچ و سفر و هیچ

٢

دەریای سوورم بینی و ئاوی قاوەیم بینی
شەپۆلی قەڵەوم بینی هەنگاوی زەعیفم بینی
حووتی چوار چاوم بینی ماسی چوار شاخم بینی
بۆقی باڵدارم بینی
کیسەڵی دوو قاچم بینی
دوای ئەمانە
هیچ و هیچ و هیچ…

٣

لەسەر یەک گوێز سمۆرەم کوشت!
لەسەر تاریکی تفم لە کۆڵان کرد
لەسەر جنێوێک گوێچکەی مناڵێکم بڕی
لەسەر وشک بوونی نەمامێک نەفرەتم کرد لە خۆم و خاک
لەسەر سیاسەت دوورکەوتمەوە لە سیاسەت
لە سەر ئەنفاڵ خوێندنەوەی کتێبم تەرک کرد
لەسەر پارە بوومە جەلاد و سەرۆک و ئەندامی پەرلەمان
لەسەر ژیان ئەملاو ئەولای مردنم ماچ کرد
لەسەر وشە گوێم لە ئامۆژگاری نووسەرێکی شێت گرت
ئەی دوای ئەوە
بەسەری کۆتر درۆناکەم
هیچ و سفر و هیچ

٤

لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی نامۆم
واشتنگتۆن دەری کردم
تۆرۆنتۆ ڕاوی نام
مەکە ناردمی بۆ ماڵی وەهابییەکان
تاران ناردمی بۆ شەڕی حوسەینییەکان
لینین ناردمی بۆ کوشتنی ( مەنشەفییەکان)
مووسڵمان ناردمی بۆ ماڵی جووەکان
ئەی دوای ئەوە

٥

لەسەر هیچ
فێی پیریم گرت
کرمی غەریبیم خوارد
میزی کەرم تام کرد
ئەسپێی خەیاڵم کوشت
چەکی ئەمەریکاییم ماچ کرد
پێڵاوی ڕووسم خستە سەرسەرم
ژەهری ئەڵمانیام وەک نوقوڵ خوارد
وەک سەگ دەمم کردەوە
نانی قەشەم قوت دا
بوم بە فەقێی ترۆسکی
بۆ زەمدن کاتژمێرم شکاند
مووسووڵمان بووم بۆ ژن بوومە جوولەکە
مووسووڵمان بووم بۆ مارکس بوومە شویعی
خواناس بووم بۆ پارە بوومە قاتیل
پاش ئەمانە
هیچ و سفر وهیچ

جەلال عەبدوڵا ساڵح




خوێندنەوەی گەمژانەی مێژوو… مەحمود عەبدوڵڵا

ئەبو بەکر کاروانی بەنمونە

دەبێت سەرەتائەوە بڵێم لەبنەڕەتدا سیاسەتی اخوانەکان گەمژانەیە.چونکە وەک باربارا تۆکمان دەڵێت:هەموسەردەمێک داب و نەریتی خۆی هەیەوسیاسەت بەگوێرەی ئەوداب و،نەریتە دادەڕێژرێت.بەڵام ئەوان برا موسڵمانەکان بێ ئاوەزو گەمژانە لەوسەردەمەی ئێستادا،بەگوێرەی سەردەمی سوڵتان سەلیم و مەلا ئیدریس سیاسەتی خۆیان داڕشتووە،بە لۆژیکی نۆکەرایەتی سوڵتان ئیش دەکەن!
بەرلەوەی بزانین ڕابردوچۆن بووە،دەکرێت لەئێستای ئێوەوە بزانین،براموسڵمانەکان،ڕابەرەدینیەکان تەنها وەک نۆکەر ئەرکدارکراون بۆ خەلیفە و سوڵتانەکان.ئەوەی ئێوە دەیکەن لەخیانەت وجاشایەتی فیکری،وڤیستیڤاڵی بە تورککردن ونکۆڵی لەکولتوری خۆمان ،درێژکراوه ی نۆکەرایەتی سەعید نورسی و مەلا ئیدریسە،ئێوە پاشماوەی ئەو دەربارو نۆکەرانەن،.لەناو کوردا ئیسلامەتیتان کردۆتە چەکی جاشایەتی.
خەریکی بێ هۆشکردنی تاکیکوردن.ئەگەر ئێوە لەڕابردو ئێستادا نۆکەرێتیتان نەکردوە،خێرە وەها بەچڕی ئیش لەسەر پەروەردەکردنی کچانی کورد دەکەن لەسەر شێوازی ئیسلامی تورکی .ستایلی ژنەکەی ئەردۆغان دەکەنە واجبی دینی کیژە کوردە کان.
ئەمە بۆخوایە یان بۆخەلیفە؟سەیرکەن چۆن،لەڕابردودا نورسی دۆگما خوداو خورما تێکەڵ دەکات.دەڵێت ئەگەر سەیری مانگ بکەیت وێنەی خورمایەک دەبینیت!ئێوە اخوانەکان کتێب لەسەر کتێبی خالید ئێرتوغرول دەکەنە کوردی کە ناسیۆنالیستێکی تورکە هەدەفتان خواناسیە یان خالید ناسی و تورکناسی؟ئەزانن ئەوخالیدە چ ژەهرێکی ناسیۆنالیستیتورکی دەڕێژێت،چۆنباسی نورسی دەکات ئەوانەی دژی دەوڵەتی تورکن بە یاخییان دادەنێت،ودەڵێت نورسی لەوانە نەبوو.خوێنەر بۆدرێژەی ئەوباسە دەتوانێت سەیری؟وتارێکم بکات لە کورستان پۆست. ئەم لینکە ی خوارەوە،خوێنەرە حەپۆلەکانی خالید ئێرتوغرول.
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=89537
بەڵێ ئێوە ئیسلامی سیاسی سیاسەتی خۆتان لەسەربنەمای نۆکەرایەتی و گێڕانەوی خەلافەتی ئیسلامی تورکی داڕشتووە،واز لەڕابردو بێنن،خۆ ئێستا هەموو،کەس دەزانێت ئەوەی دەیکەن بە پێوەری ئەمڕۆ جاشێتیفیکریە و نۆکەرایەتییە بۆعوسمانیە نوێکان.چونکە تەنهالەوڕێگەیەوە دەتوانن لەناوکورد پێگەیەکتان هەبێت،بەپاڵپشتی دارایی وڵاتانیتر گەنج،ولاوی کورد پەروەردە دەکەن ،ئێوەگەشتی نۆکەرێتیتان داهێنا بۆتورکیا لەسەرزاری عەلی قەرەداغی مەلا ئیبلیسی سەردەم ڕاتان گەیاند کە نۆکەری سوڵتانن.

دەوڵەتی عوسمانی ،لەمێژودا بەپیاوەنەخۆشەکە ناسراوە،ئەوە تەنها ئەقڵی نەخۆشە دەتوانێ بەرگری لێبکات.دەوڵەتی عوسمانی هەموو خێروبێرەکەی بۆکورد سەپاندن باج،کۆکردنەوەی سەربازو سەرانە بو،لەگەڵ دابەشکردنی موی پەیامبەر!جەنگی بەردەوامی سوڵتانە خوێنڕێژەکان،تەنها بۆ ئەقڵ نەخۆش وفاشیستەکان جێگای ڕێزە،بۆئەومرۆڤانەی لەمێژودا دەژین و لەواقیع نامۆکراون.سوڵتان محمد فاتیح چۆن قوستەنتینیەی گرت؟فەرمانیدا سێ ڕۆژ سەربازەکان ئازادبن لەڕابواردن لەگەڵ ژنە ڕۆمیەکان!ئەم ئەقڵ نەخۆشانە مێشکە کیرانە ئەم فاتیحە داگیرکارو بێڕەوشتە پیرۆز دەکەن.هەربەڕاستی ئەمانە ویژدانیان بیمارە،نەخۆشن

بەر لەوەی بپرسین کور د کێیە و چی بوو دەبێت بپرسین فەتح چییە؟
کێشەی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە مێژوو بەئیسلام دەستپێدەکەن،ئەوان گەربۆیان بکرێت نکۆڵی لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکەن، و هەموشتێک دەگێڕنەوە بۆسەردەمی پەیدابونی ئیسلام.مرۆڤ حیزبی سۆسینگی بیردێتەوە لەڕۆمانی ۱۹٨٤ کە چۆن دەیەوێت هەموشتێکی بەر لە شۆڕش بسڕێتەوە،دونیا دابەشبکات بۆ پێش شۆڕش و دوای شۆڕش ،دونیای پێش شۆڕش هەمووی نەزانی و چەوساندنەوەیە و دوای شۆڕش هەموشتێک باشە.ئەمە فۆڕمی حیزبێکی تۆتالیتارە کە دەیەوێت هەموشتێک بگۆڕێت زمان،مێژوو ،غەریزە،دیارە ئەوەش دەکرێت بۆماوەیەک لەڕێی پەروەردەیەکی ئایدیۆلۆژی و خیانەت لەهۆشیاری!ئیسلامیەکات بەهەمان تەکنیک سەیری دونیا دەکەن،لای ئەوان چرکەساتی مێژوو ئەو چرکە ساتەیە کە گروپەکەی محمد هەڵدەکوتنە سەر کاروانێکی بازرگانی ئەو گروپە کە بەفەرماندەیی محمد ئەو کارەدەکەن بە سریە نەخلە بەناوکراوە.ئیسلامیەکان بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ مێژودەکەن،سرینەوەی هەموشتێک پێش ئیسلام و دابەشکردنی دونیا بۆ پێش ئیسلام و دوای ئیسلام.سەردەمی ئیسلام و نکۆڵی لە هەر شتێکی پێش ئیسلام دەکەن.دەیانەوێت هەموشتێک بگۆڕن ،جگە لەخوێندنەوەی ئایدیۆلۆجی ئیسلامی هەموو خوێندنەوەو تەفسیرێکیتر بۆ دونیا ڕەتدەکەنەوە.
لەکاتێکدا بەشێکی زۆری شەریعەتی ئیسلام لە سەردەمی جاهیلی وەرگیراوە،ئەڵبەت بەگوێرەی دونیابینی ئیسلامیەکان سەردەمی جاهیلیە،ئەگەرنا وەک وتم ڕەگ و ڕیشەی ئیسلام لەسەردەمی جاهیلیدایە هەربۆنمونە حەج، قەدەغەکردنی چوارمانگی جەنگ لە کولتوری سەردەمی جاهیلییە. بەڵام ئیسلام لەگەڵ ئەوسەردەمە سەنتێز دروستدەکات و فۆڕمێکی پێشکەوتوتر پێشکەش دەکات. خوێندنەوەی دیالێکتیکانە بۆ مێژوو ئەوەیە هەموو سەردەمێک لە جیاوازی و ناکۆکیەکانەوە بەرەو سەردەمێکیتر دەچێت،کە تێک هەڵکێشە. نەوەک خوێندنەوەی ئیسلامیەکان کە هەوڵدەدەن لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە،و نکۆڵی لەهەوڵەکانی پێشتربکەن .وەک ئەوەی مێژوی بیرکردنەوە بەئیسلام دەستپێبکات،بێ ئاگا لەوەی ڕەگو ڕیشەی قورئان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەڕیەکان و بابلیەکان عەرەب کە ئەوانیش سامین شەریعەتەکەیان،شەریعەتی ئیسلام بەشێکی لەیاساکانی عاموڕابی ئاودەخواتەوە. سەیرنییە ئیسلامیەکان ئەوەندە جەخت لە ڕاست دەکەنەوە و فەزڵی ڕاست دەدەن بەسەر چەپدا،واتا لای ڕاستی لاشەی مرۆڤ.لە ئاینی کۆنی کوردستان فەزڵی چەپ لەپێش ڕاستە!پەیکەرەکان ئەوە نیشان دەدەن، حاشا لەم بابەتە ناکرێت لە زۆرێک لەو پەیکەرانەی خواوەندەکان خواوەندەکانی کوردستانی دێرین قاچی چەپیان لەپێشە!ئیتر ئاسایی ئەوە دەردەکەوێت پێشخستنی ڕاست جیاوازی و ناکۆکی کولتوریە نەک شتێکیتر،میللەتان و شارستانیەتەکان بەم شێوەیە لەنێو جیاوازی و ناکۆکی کولتوریدا ژیاون. ئەوە سروشتی شارستانیەتەکانە کە لە من منێتیدا دەژین،هەموو شارستانیەتەکان هەوڵدەدەن مێژوو بەخۆیان دەستپێبکەن،بۆ شارستانیەت ی ئیسلامیش هیچ ڕیزپەڕێک نییە. هەروەک چۆن خۆرئاواش هەوڵی سڕینەوەی شارستانیەتەکانیتر ئەدات .فەتح و داگیرکاری پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش هەبوەو ئێستاش شارستانیەتی سەرمایەداری بەناوی ڕرگاری میللەتان و دیموکراتی لەهەوڵی فەتحکردنی جیهاندایە.تاڕادەیەک ئەوە ئەنجامدراوە،بەڵام دۆگماتیزمی ئیسلامی مێشکی ئەم براموسڵمانانە فەتح نەبووە و داخراوە بەڕوی گۆڕانکاری و نوێبونەوە هەمیشە لە نوستالژیادا دەژین ،دەیانەوێت مێژوو بوەستێنن و ژیان بگەڕێننەوە دواوە. دیارە وەک بێرنارد لویس دەڵێت :جەنگەکان جەنگی ئیمان و تەماح بون.هەموو فەتحەکان لەمێژوودا پاساویان هێزە،لەژێرناوی خوادا،ئەگینا خودا تەنها پاساوێکە.فەتح لەپێناو داگیرکردنی زەوی تر و بردنی سەروەتی ئەوخاکەی داگیر دەکرێت. دیارە هەمو ئیمپراتۆریە تەکانیش پاساویان هەیە و بەناوی خوایەک هێرشدەکەنە سەر وڵاتانیتر لەلایە ک لەڕێگەی خواکانەوە جەنگەکەیان پیرۆز کردوە،لەلایەکیتر وەک جەنگێکی کولتوری لەگەڵ خوای بەرامبەر خودایەکیان ڕاستکردۆتەوە. بەڵام بەبێ هێز هیچ خوایەک بڕیاری فەتح نادات.پاشا ئاشوریەکان بەناوی ئاشوری خواوەند،یان ئیسلام بەناوی ئەڵڵا هێرش دەکە نە سەر وڵاتی دیکە هەر یەک شتە لەناوەڕۆکدا،بەڵام فۆڕمی داگیرکاریەکان جیاوازە”فۆڕم ناوەڕۆک دەشارێتەوە” ،نکۆڵی لەوەناکرێت جەنگەکان جەنگێ ئیمان و تەماحبون و ئێستاش هەمان شتە.
عەرەب کاتێک لە ڕێگەی ئیسلامەوە یەکێتیەکیان پێک هێنا و پەلاماری وڵاتانیاندا،بەناوی ڕزگاری وەک ئەمڕۆ باسی دەکەن،بەڵام لەڕاستیدا عەرەب برسی بون،بۆنان و گان پەلاماری وڵاتی فارسیاندا،ئەوەتا وەک عەبدولحسەین زەڕنکوب دەڵێت :سێسەد هەزار ژن و مناڵیان بردەوە بۆلای عومەر.لەگەڵ سامانێکی زۆری وڵاتی فارس تا برا عەرەبەکان لەناوخۆیان دابەشی بکەن.ئەمەیە عەدالەت. ئەنەوشیروانی ساسانی عادل بو یان عمر ئەوە با ئیسلامیەکان بچن مێژوی ئەم پاشا ساسانیە بخوێننەوە کە خواکەی ئاهورامەزدایە نەک ئەڵڵا ئەوسا دەزانن خواکان بەرهەمی کولتورن. خواکانی بەجیاوازی ژینگە لە خەسڵەتەکانیان جیاوازن،نەک حەقیقەتی خۆیان .تاڵانی کەکولتوری خێڵە عەرەبەکانە دەبێتە خەسڵەتی ئەڵڵای محمدیش ،چونکە خودایەک بەتەواوی لە نەتەوەیەک جیاوازبێت و ڕووت بێت لەخەسڵەتەکانی کولتورەکە جێگای نابێتەوە. وەک وتم تاکە پاساوی فەتح هێزە،فەتحەکان شەرعیەت لەهێز وەردەگرن نەک خواکان. ئەو خوێندنەوە ئایدیۆلۆژیە گەمژانەیە ی ئەبو بەکر کاروانی دەبێت وەک ڕوانگەیەکی کەسی سەیربکرێت نەک واقیعی و مێژویی.
وتراوە مێژوو بەسۆمهە یەکان دەست پێدەکات،ئەوەسۆمەڕیەکانن داهێنەری نوسین و خوێندنن نەک اللە!هەموو سەردەمێک بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە،یاساو سیستەمی حوکمڕانی بەگوێرەی ئەوسەردەم دادەڕێژرێت.
نکۆڵیکردن لە بونی هەستی نەتەوەیی ،لەڕابردودا ،شتێکی ناواقیعیە،ەوە تەنها لەمێشکی ئایدیۆلۆژی جێگای دەبێتەوە.ئەوان کە لەڕێگەی پڕۆسەی مێشک شۆردنەوە غەریزەش دەگۆڕن ئاساییه پێیان وابێت،کە نەتەوە بونی نەبووە،لەم ڕێگەیەوە کولتوری جاشایەتی فیکری بڵاودەکەنەوە.ئەگەر نەتەوە و هەستی نەتەوەیی نەبوە،ئەگەر عروبە نەبوە خێرە بەبێ جەنگ عەرەب خەلافەت ناداتە نەتەوەیەکیتر،بۆچی لە سێ سەردەمی خەلافەت هەر عەرەبە چاوڕەشەکان نوێنەری خوان.بۆچی لەچوار خەلیفەی ڕاشێدین کوردێک نەبو بەخەلیفە.بۆچی محمد قیبلەی گۆڕی ئەگەر مەسەلە تەماح نەبوو،ئاخر داهاتی کەعبەی موسڵمانان هەردەبێت بچێتەوە لای نەتەوەی عەرەب. بۆچی ئیسلام ئەگەر مەبەستی ڕزگاری بەشەریەتە لەکوفر بە دانی سەرانە واز لە وانە دێنێت موسڵمان نابن،ئەمە منیش نایڵێم،ڕای مەعروف ڕەسافی عەرەبە کە وەک ڕۆشنبیرێک ئەو ستەمە دەبینێت.عەرەب بەناوی خوداوە سرانەو سەبایاو کەنیزەکی دەوێت. با ئەبوبەکر پێمان بڵێت کە ئیسلام پەیوەندی بە عروبەوە نیە بۆچی ناوی شارەکوردەکان دەگۆڕن،مەگەر ئەمە سڕینەوەی زمان و تەعریب نییە پێش بەعس!ئێ لەخۆڕانیە عەفلەقی دامەزرێنەری بەعس دەڵێت :ئێمە قەرزاری محمدین،ئەوان دەرانن محمد چی بۆکردون،بەڵام کوردە بۆر نڵزانێت چی بەسەر هێناوین. ئەبوبکر کاروانی دەڵێت:لەسایەی ئیسلام سەلاحەدین دەرکەوت،بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە سەلاحەدین وەک ئەمبرا ئیخوانیانە ئیمانی بەکورد نه بو،لەژێر کاریگەری کولتوری داگیرکەردا ژیاوە.بۆیە پایتەختەکەی کوردستان نییە.ئێ ناکرێت چونکە عەرەب دوای کوردناکەوێت هەردەبێت کورد دوای عەرەب بکەوێت.زۆر گەمژانەیە بڵێیت نەتەوەو هەستی نەتەوەیی بونی نەبوە،دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا وەک تیۆر شتێکە و هەبونی نەتەوە لەواقیعدا شتێکیترە. کە پێشتر نەتەوەکان بەناوی نەتەوە خەباتیان نەکردوە،مەسەلە ئەوە یە کە ئەونەتەوانە داگیرکراون لەژێر کاریگەری ئیمپراتۆریەتدا بون و نەیان توان
توانیوە،چونکە سەردەمی ئیمپراتۆریەت بووە، بەڵام نەتەوەکان پارێزگاررییان لەهەبونی خۆیان کردوە.ئەم ئیمپراتۆریانەش هەر سەردەمەو لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیەک دابوە،جگە لەکورد لەدوای ئیسلام ،تورک،عەرەب،فارس سودیان لە ئاین وەرگرتوە،بەڵام کوردە موسڵمانەکان تەنها سودیان بۆ ئاین هەبوە.خەلافەت بەخۆشی نادرێتە تورک یان فارس ،ئەوە ئەوکاتەیە کە خەلیفە لەگەندەڵیدا نقوم دەبێت و دادەڕزێت .خەلافەت دەکەوێتە دەست تورکەکان،بەڵام تورکەکان دیسان هەستی ئاینی بەکاردێنن و لەلایەن مەلا ئیبلیسی بەدلیسی کورد دەکرێنە سورەی بەر لەشکر وەک چۆن ئێستا ئیخوانەکان بونە جاشفیکری ئەردۆغانو عوسمانیەتی نوێ.دیارە ئەبوبەکر کاروانی جیاوازی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیێ ناکات،ئەوکات سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی نەبوە،بەڵام ئیمپراتۆریەت نەتەوەیی بووە.بۆ کورد نەبۆتە سوڵتان،خۆ مەلا ئیدریسی نەگریس و نۆکەری سوڵتان شەرعزان بو،بەڵام ئەو نۆکەری سوڵتانی پێخۆشتربو لەوەی ببێتە سوڵتان.ئەوکولتورە جاشایەتیە ئیسلام بەدیاری بۆی هێناین،کێشەی برا موسڵمانەکانمان ئەوەیە کە پێیان وایە حەرامە کورد ببێتە سوڵتان. ئەی بۆچی هەموو میرنشینەکان لەناوبران؟بۆچی تا ڕوخانی عەباسیەکان میرنشینەکان دەرنەکەوت،ئەم میرنشینانە دیاری ئیسلام نین عەبوبەکر،بەڵکو تەنها لە ئەنجامی نەمانی دەسەڵاتی ئیسلامی و لەبۆشایی دەسەڵات دەرکەوتن،بەڵام دیارە بەهۆی هەستی نەتەوەیی تورک و فارس و پەرش وبڵاوی کورد نەتواندراوە ببنە سوڵتان.ڕێبەرە ئاینیەکانیش خائین بوون،مەلا ئیدریسەکان ئامادەنین داوای یەکگرتویی بکەن بۆ ئەوەی کوردێک ببێتە خەلیفە،بەڵام بۆ کردن بەنۆکەری خەلیفەی بێگانە هەموشتێک دەکەن. باشە بۆچی عەرەبەکان لەوپەڕی دەسەڵاتداری دا بە کوردو فارس دەڵێن مەوالی و عەلوج با ابوبکر ئەوەمان بۆڕون بکاتەوە . ئەگەر هەستی نەتەوەیی نەبوە بۆچی تورکەکان تورک دێنن بۆکەرکوک و بولگاریا ئەمە تەتریک نییە.ئەی هێنانی هۆزە عەرەبەکان و گۆڕینی ناوی شارەکوردیەکان تەعریب نییە؟ یانی چی مناڵیش دهزانێت عەرەب لەژێرناوی ئایندا تەعریبی کردووە،ئەی بۆچی خەلافەتی ئیسلامی هۆزێ کوردی نابات بۆ مەککە و جێگیری ناکەن .بۆچی ئەگەر بۆڕزگاری هاتوون هەندێ شار ی دەوڵەمەند دوجا ر فەتح دەکەن.بۆچی بەدرێژایی چەندین سەدە عەرەبەکان هەوڵی دامرکاندنەوەی شۆڕشە کوردیەکانیاندا دژی عەباسیەکان.بۆچی ئەبا عوبەیدەی جەراع لەشکری ناردە سەر کوردستان وەک ئەردۆغان؟ئەم درۆ و دەلەسەو جاشایەتی فیکریە تاکەی. چەواشەکردنی مێژو بێ ئەخلاقیە و هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکە،ئەمە دەکەن تا وەک سوڵتان سەلیم کە بە مەلا ئیدریسی دەگوت :نۆکەرە خۆشەویستەکەم ئەردۆ داعش پێتان بڵێ نۆکەرە خۆشەویستەکانم .سەرەڕای هەموو ئەمانە گریمان هیچ یەک لەم شتانە نەبوو،ئەمە چ کەرێتیەکە بتانەوێت کورد بگەڕێتەوە سەردەمی جەنگەڵ و فەتح و داگیرکاری سوڵتانەکان وببنەوە نۆکەری سوڵتانە خوێنڕێژو دڕندەکان.باشە ڕابردو هەرچییەک بوبێت،ئەمڕۆ سەردەمی نەتەوەو گەلانە،ئێوە چۆن نکۆڵی لەهەستی نەتەوەیی دەکەن لەئەمڕۆدا ،ئەی پیرە خائینان ئەگەر وانیە و ئاسیمیلە نەبوون بۆچی گڕتان تێ بەردەبێت بۆ مورسی بەڵام بۆ داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی تەقەی سرتان دێت.بۆچی دژی داگیرکردنی بەرزایەکانی جۆلانن بەڵام هەموو قەندیل بگیرێ باکتان نیێە.نەخێر ئێوە مێشکتان شۆردراوەتەوەو لەژێر کولتوری داگیرکردا گەورەبوون و لەسەر حیسابی کورد وەکنەتەوە درێژه بە پێگەی جاشایەتیتان ئەدەن.ئێوە هەر لەبنەڕەتەوە نۆکەری سوڵتانن،ڕابەرەکۆنەکانیش نۆکەربون،ئێوە پاشماوەی نۆکەرێتی مەلا ئیدریسن و هیچیتر.
دیارە مێژوو دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ هۆشیاری،و بەپێچەوانەشەوە.بەڵام خوێندنەوەی مێژوو بێ توخمی ئەقڵ هەمیشە وەک چیرۆکی لێدێت.بەڕای ئیبن خەلدون بێ بەشداری ئەقڵ لەلێکدانەوەی مێژودا ،مێژوو هیچ واتایەکی نابێت و خوێندنەوەکان بۆمێژوو نازانستی دەبن. ئی ئێچ.کار لەو بارەیەوە دەڵێت:دەکرێت کتێبێکی مێژویی بنوسیت بێ ئەوەی هیچ ڕویدابێت.یان دەکرێت مێژویەکی پێچەوانە بنوسیت.کەواتا بەشداریکردنی ئەقڵ لە لێکدانەوەی مێژودا مێژو دەکات بەزانست.هیچ کاتێک مێژووی فەرمی بێ درۆو چەواشەکاری نییە. تاودانە کتێبێک و خوێندنەوەی وەرگرتنی وەک مێژوو خیانەتە لەهۆشیاری و خۆخەڵەتاندنە.خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژی بۆ مێژوو،مەترسیدار و خیانەتکاریە لەهۆشیاری گەلێک یان لەهۆشیاری مرۆڤایەتی ئەوەی ئیخوان دەکات سەبارەت بەمێژوو گێڕانەوەی مێژویە وەک چیرۆکێکی پیرۆز و حەتمی و ئایدیۆلۆژیانە هیچ توخمێکی ئەقڵانی تێدانیە.بەکورتی سەبارەت بە بەموسڵمانبونیکورد ،ودەوڵەتی عوسمانی ئەبوبکر کاروانی و مەلا ئیخوانیەکان خیانەت لەهۆشیاری کورد دەکەن.بەبڕوای من بێشەڕەفانەترین شت شێواندنی مێژوییە لەو شێوەی ئیسلامیەکان. کە سنوری مێژوو خوڕافیاتیان نەهێشتووە. بۆنمونە دەربارەی بەئیسلامکردنیکورد مرۆڤ زۆر نەزان نەبێت چۆن بڕوادەکات ئیسلام بێشمشێرو کوشتاربڵاوبوبێتەوە لەکاتێکدا خودی مەککە فەتحکراوە وو بەشمشێر .خێرە کورد وەها تامەزرۆبون بۆدینێک کە ئێستاش لەزمانەکەی تێناگەن.سەبارەت بەدەوڵەتی عوسمانی لە ئیسلامبولی پایتەخت سوڵتان کەنیزەکی دەفرۆشت.ئەبوبەکر عەلی دیارە ئارەزوی کەنیزەک و مناڵبازی و نێربازی عوسمانیەکانی گەرەکە. سوڵتان ئەحمەدی عوسمانی تاکە ژنێک لەدەربارەکەیدا نەبو ،چونکە نێرباز بو!خەلیفە تورکەکانداگیرکارتاڵانچی و خوێڕی بون ئەوە بەس نییە!باشە بە پێوەری ڕۆحی سەردەم ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی لۆمپەنی خوێڕی نییە؟وەکیتر جگە لەسیاسەتی پەرتکەو زاڵبە بۆکورد چیان هەبووە.عوسمانیەکان تەنانەت لە ئەنادۆڵیش داگیرکارببون نەک کوردستان بەڵام سودیان لەنۆکەرە کوردەکان وەرگرتوە بۆ فەتحی وڵاتان.
سێ تێزی سەقەتی ئیسلامیەکان لەبارەی ئیسلام و خەلافەت پێویستی بە لەسەروەستانە یەکەم تێزی نەتەوەیی نەبونو نەبونی هەستی نەتەوایەتی لەڕابردودا
دووەم موسڵمانبونی کورد بەئاشتی و دڵخوڵزانە
سێیەم ئیسلام وەک ڕزگارکەرو نەهێشتنی کۆیلایەتی
لەڕاستیدا ئەم تێزانە سەقەت و بێبنەمان. لەسەردەمی عەباسیەکان شۆڕشی کۆیلەکان ڕویداو،کوردیش بەشداربون!ئیسلام لە خودی نیمچە دورگە بەشمشێر بڵاوبۆوە نەک لەناو ناعەرەبەکان،وە ئیسلام ئیمپراتۆریای عەرەب بوو.

مەحمود عەبدوڵڵا




کە دۆڕاین… تێکست: د.چیا زەنگەنە… وەرگێڕانی لە عەربییەوە: پشکۆ ناکام

ئێمە نەتەوەیەکی دۆڕاوین
خەو بە سوار بوونی
قیتارەوە ئەبینین
بەڵام حەڵاڵ حەرام ئەکەین
حەرامیش حەڵاڵ ئەکەین
بە فتوایەک کە نازانین
لە کوێوە هاتوە ئەسڵ و فەسڵی
ئێمە نەتەوەیەکی”سواو” ین
چەپڵە بۆ هەر
گەجەر و گوجەرێک لێئەیەن
بۆ فەرمان رەواکانمان
ئەجەنگین
و
هەر ” زۆڵ” و کوڕە زۆڵێک ئەپەرستین
ئێستاش ،شمشێر
تفەنگ
ئاڵا وێنا ئەکەین
خەویش بە قاوەیەکی بەیانیان
و
پیاسەیەکی ئێوارانی
كەناری دەریا ئەبینین
و
بیر ئەکەینەوە چۆن سواری تەیارە بین…
“”””””””
ئێمە قورسایمان نیە
ئێمە ” نەبوو”ین
بار گرانییەکین
بۆ ئینسانیەت
بۆگەن بوویەکی کۆمەڵایەتین
چاڵایی جوگرافیاین
چونکە تا ئێستاش
ئاواتەخوازین وێنەیەک
لەگەڵ :
ڕابەر
سەرۆک
خانەوادەکانیان
وەچەزاکانیان
دراوسێکانیان بگرین
چونکە ترسمان هەیە لە:
زەردەخەنە علوجەکانیان
بزە پڕ لە تەڵەکانیان
تا ئێستاش :
ویژدان
ڕەوشت
بیر و باوەڕ
قەڵەمەکانمان ئەفرۆشین
بە کرێیان ئەیەین
ئەدزین و ئەیانکەین بە دیاری
لەو کاتەوەی باسی شۆڕش
هاتە پێش و ئێستاش
ئەفیش بە دیوارەکانا هەڵئەواسین
و
هاواری پاڵەوانیەتێکان ئەکەین
و ئەیانکەین
بە موعجیزەکانی سەردەم
ئێمە ،
بەڵێ ئێمە
بوونمان هەر نیە ، تا
ڕیش و مێزەر
دوعا و دەمانچە
مەزار و جادوگەری
ڕاوچی حوکمان بکا
ئەوانە :
زەهریان لە جەستەی
نیشتمانەکەمان چانوە
لە ئەقڵمان
لە دڵمان
لە خوێنمان چانوە




شیعر/ زۆر لێتان جوانە… نەوزاد بەندی

( شیعری شەعبی بۆ دەروێشەکانی حەشدی شەعبی و عەشایەری )

ـ

زۆر لێتان جوانــــــــــــــــــــە تاڵان و بڕۆ
ڕێک ئەیتەقێنێ ڕۆژی ســــــــــــــەد درۆ
ساڵ بەسەرئەبەن بە هەنگــــــــــە شەلە
موچە بووەتە هــــــــــــــــــــــەواڵی پەله
بانکی حوکومیی ، چـۆڵ و هــۆڵ و لات
هەرچی بێتە شار ،بانکی حیزب ئەیـبات
مەرگی خانەنشین ، ڕۆژی مەعاشـــــــــە
بۆ خەرجی و ئاوی پرسەکەی باشــــــــە
ئەوەی زمانی بە دێڕێ بپـــــــــــــــــــژێ
یان بێ ڕەوشتە یان خوێنـــــــی ئەڕژێ
یان ئەبێ بڵێ بەخـــــــــــوا ڕادوێ بوو
ئەگین حوکمەتــی وا باش له کوێ بوو؟
پەنجا فەوج خـەریج ، بێ کار و ئیشــن
ئێوەیش دیزاینی قیتار ئەکێــــــــــــشن
ملیارێ دۆلار ، هی خەڵکـــــــی دامــــاو
لە لوبنان ئەبێ بە پــــــــــــــۆڕی خوراو
زۆر ئاساییە ، جــــــــێی باس هەر نییە
لە ئاست خەباتا ، ملــــــــــیارێ چـــــیە؟
زۆر لەسەرمان کەوت ڕۆژانی شـاختان
بەڕاستی جوانە دەروون و ناخــــــتان
چی بەرزاییە ، کۆشک و تــــــــــــەلارە
ملیۆنێ دۆلار‌ بۆ یەک ســـــــــــــــەیارە
کۆمپانیا و زانکۆ و گومرک و دەرمـــان
هەمووی دۆلارە و ئەخرێــــتە گیرفان
ئەوەی سەر بە قوڕ دێنێتە قـــــــــــاقا
کارەباکەیە ، لەســــــەر دوو لاقــــــە
هەتا هەتایە نابــــــــــــێ بە یەک لاق
ئەهلی و حوکومی، عاشق و موشتاق
بەو حاڵەیشەوە چەندەها ســــــەعات
کارەبا ئەبڕن لە مــــــــــــــەڕ و ماڵات
تا خەڵک بڕۆنە ناو پـــــــــــــــــڕۆژەوە
کارەبا و ئاوی شـــــــــــــەو و ڕۆژەوە
پڕۆژەیش تەنهـــــا موڵکــــی ئەحزابە
ئەویش بۆ سەوزه و نان و کـــــــەبابە
موەلیـــــــدەی‌ گەڕەک بووە بە بزنـس‌
ئیتر هێمنی و جوانــــی بە یەک فلس
دوکەڵ و نەڕەی یەک ڕۆژ ڕێ ئەڕوات
پیاو کە ئەیبینێ ، کۆڵێ داخ ئەخـوات
سی ساڵ زیاترە ، هەروایە و .. هەروا
خۆ خەڵک ڕازییە و .. وەزعەکە ئەڕوا
ئەگەر ڕازیــش‌ نین ، پڕۆژەمان هەس
ناوشار چاک ناکەین ، ئیتر بەهەوەس
هەتا هەتایە ، کارەبا وایـــــــــــــــــــــە
بزنسە و نابێ بڕوا بە زایـــــــــــــــــــە
جاجاریش بۆ زەوق ، شەقوەشاندنـێ
پۆرتی مامۆستای پیـــر شکاندنـــــێ
یاخود ناردنی‌ چەند چەقۆ کێــ ـــشێ
بۆ ڕۆژنامەنوسێ ، بزانن کوێی ئێشێ
گەر پێویستی کرد ، بەناوی داعـــــش
ڕۆحی دەربێنن ،هەرچیش ئەبێ چش
لە پڕ لە باڕ و لەگەڵ مۆدێــــــــــــلــێ
لەسەر سیستەمی ڤێلا و مۆتێــــــلێ
یەکێکتان لەگەڵ بـــــاڵا چنـــــــــــارێ
سێکس و هاوارتان لە لێو ئەبـــــــارێ
ڤیدۆیەک دزە ئەکا بۆ ئیعـــــــ ـــــلام
بە سەوت و سوڕە ، مەشهەدی بەتام
ئەمە بۆ تێستی غیرەتی خەڵـــــــــکە
تا دڵنیابن هەمووی بێ کەڵـــــــــــکە
ئیتر بەو جۆرە و زۆر‌ خراپتــــــریش
چەندم وتووە ، هەر زۆر زیاتریــــش
ئەنجامی ئەدەن بێ دەربەستانـــــە
میللەت بێ ورتە و جوڵە و پەستانە
زۆر لێتان جوانە، حوکمی نەوە و کوڕ
کاسەی خەڵک بۆش و ئەوەی خۆتان پڕ
………هتد ….

ــنەوزاد بەندی ــــــــــ