شیعر و شاعیریی و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌ شیعری “به‌ره‌واژ”ی نارین ڕۆسته‌م-١-… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

-1-
یه‌كه‌م: شیعر و شاعیریی

ا
ژانری شیعر ئەمڕۆ لە هەر ژانرێکی تر نزیکە لە تاک، لە ڕووحی تاک گەرا دادەنێت و دەی ئەنجنێت. شیعر وا لە شاعیر دەکات تەواو بیرکەرەوەی خۆی بێت. ئەو ژانرەیە کە بەردەوام تۆفان بەسەر خۆیدا دادەکات و بەردەوامیش پڕووشکە ئاگرینەکانی بەسەر کێڵگەی ئەو كه‌توارەدا پەرش دەکاتەوە کە تێیدا دەژێت، هەر بۆیەشە شیعر ئەو ژانرەیە کە خۆی دەکوڵێنێت بۆ خۆی، ئەو ژانرەیە کە هه‌رده‌م له‌نێو درووستكردنی مه‌ته‌ڵدایه‌. بۆیه‌ شیعر مه‌ته‌ڵی مرۆڤه‌‌.
شاعیر نانووسێت بۆ ئەوەی ستایش و دەستخۆشیی وەربگرێت، بەڵكوو دەنووسێت بۆ ئەوه‌ی شێتی خۆی پێ فرچک بدات. شاعیر مینا مەلۆتکەیه‌کی بەزۆر لەشیر گیراوە و لەمەمکان تارێندراوە. بۆیەشە تا دەمرێت ئەم شیرە، ئەم بێڕووحییەی، كه‌ دیوه‌كه‌ی تری ژیانه‌ و شاعیر له‌گه‌ڵی له‌ كێبڕكێدایه‌، نەک وەک گەورەبوون، بەڵکوو وەک فڕێدراو، فڕێدراو بۆ ژیان نەک فڕێدراو بۆ بێزراو لە ژیان، دەیبینێت. بۆیە هەمیشە بەدوای ئه‌وه‌یە كه‌ لەو ژیانەدا لە هەر وێنە و چرکەساتێک، تامەزرۆی مەمکەمژەیەکی لێبکات، بەڵام نەک مەمکەمژەیەکی وشک، بەڵکوو مەمکه‌ژینێكی مه‌ته‌ڵاویی. بۆیه‌ شیعر ده‌بێت هه‌ر ئه‌و شته‌ بێت كه‌ لە مەرگەوە دێت، نەک لە ڕووناکیی، چون ڕووناکیی ئامانجەکەیەتی. بە مانایه‌كی تر بۆ شیعر، ده‌بێت له‌ تارییکایی و مەرگدا بۆی بگەڕێین. هەر ئەمەشە وادەکات شەیدای چنگکردنی جوانیی شیعر بین. چییه‌تیی جوانیی و نه‌مربوونیشی نادۆزرێته‌وه‌. هەموو شتێک بە دۆزینەوە و پێگەیشتنی، جادووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، شیعر ئه‌و ژانره‌ تاقانه‌یه‌یه‌‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌ خۆی ده‌ژێنێت و‌ شاعیریش ته‌نێ به‌زمان دەهێنێت و وێنا ده‌كات. چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی شاعیری به‌رده‌كه‌وێت، شێوه نییه‌، به‌ڵكوو ڕووحی شیعره‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ سیلان یێژێت: “شیعر پەیوەندی بەدەستلێدانەوە هەیە”. (شێخانی. 2017: 297) ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێده‌درێت، ئه‌و شیعره‌یه‌ كه‌ تا سه‌ر ئێسكان نا، به‌ڵكوو به‌نێو ڕووحی خۆیدا بردوویه‌تییه‌ خواره‌وه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ گه‌وهه‌ر و جادووی ئه‌م ژانره‌‌.
شاعیر زاندنی ئه‌و هەوڵدانەیه‌ بۆ ده‌ستلێدان، ده‌ستلێدان هاوكاته‌ به‌ زاندنی شاعیر و كه‌وتنه‌ نێو ژیانه‌وه‌‌، چونكه‌ مرۆڤ ناتوانێت له‌ ڕووحی خودایان و دڵبلندیی خۆی غه‌یانه‌ت بكات. له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌ “كردنه‌وه‌” ده‌كه‌وێته‌ مانای خۆی، كه‌واته‌ شیعر كردنه‌وه‌یه‌، كردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه‌ به‌ڕووی ئه‌و ژیانه‌دا، كه‌ ئێمه‌ تێیدا له‌ ته‌قه‌ڵا داین بۆ ئه‌وه‌ی ژیان بژێنین. له‌نێو پانتایی نووسینیشدا هه‌ر شیعر ئه‌و ئه‌ركه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی خودایانه‌یه‌. بەڵام ئاخۆ هەوڵدان و نووسین دەبێت بەرەو كوێی ئاسووده‌یی ئه‌و ژیانه‌مان به‌رێت كه‌ ده‌مانه‌وێت بیژێنین؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ كه‌ شاعیر به‌جێی ده‌هێڵێت و لێده‌گه‌ڕێت ئه‌وه‌ی كه‌ زایێندراوه‌، ڕیسی گه‌وهه‌ری خۆی بێت.
شیعر واده‌كات بێپسانه‌وه‌ شاعیر، شاعیر بێت، چونکە شاعیر هه‌ڵگیراوه‌ی شیعره‌ و دەیکاتە منداڵی دمدمیی، کە هەردەم بێماڵە و ئاواییی شەیتانی وەک ئەو ناگرێتە خۆی. بۆ؟ چونکە ناکرێت منداڵی پرۆمیسۆس و دیۆنیسۆس بیت و ئاوایی لەبارت بەرێت. كه‌وایه‌ شاعیر ئه‌مڕۆ به‌رپرسیاره‌ له‌ ژیاندنی ئه‌و ژیانه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێت تێیدا ڕابمێنین و بیژێنین. شاعیر ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات، ده‌ست بۆ ئه‌و مه‌ته‌ڵ/ هه‌ڵنه‌هێنراوه‌یه‌ به‌رێت، كه‌ شیعر و ژیانه‌. كه‌وایه‌ شیعر و ژیان یه‌ك واتان. چونكه‌‌ شیعر هه‌رده‌م وه‌ك منداڵێك، كه‌ ئاوایی‌ نه‌یگرتووه‌ته‌ خۆی سرك و بێپسانه‌وه،‌ لاسارانه‌ ژیان ده‌ژێنێت. به‌بێ شیعر مرۆڤ كه‌رتێكی داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن شته‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌. وه‌ك له‌ دیمانه‌كه‌ی نێو به‌ره‌واژدا، شاعیر نموونه‌ی كوپه‌ شیرێك له‌ ژیانی منداڵییدا دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “شاعیر به‌ كوپێكی پڕه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ نووسین، ده‌بێ له‌وه‌ به‌ئاگا بێت تا ده‌گاته‌ لای خوێنه‌ر، به‌تاڵ نه‌بێته‌وه‌.” (ڕۆسته‌م. 2021: 60)

ب
مرۆڤ به‌ كه‌وتنه‌ نێو ژیانیه‌وه‌ بە لەدایکبوونیەوە تووشهات و سەرگەردان بوو، هه‌ر بۆیه‌شه‌ تا ئێستاش پرسیارەکانی ئەو مرۆڤە هاڕدراوە، فڕێدراو و نەفرەتلێکراوە، هەمان پرسیاری سەرەتای ئەفسانەکانە، پرسیاری گێلگامێشە، لێرە چیدەکات؟ تەبای کێیە؟ مردن چییە و ژیان چییە؟ دەگەڕێت بەدوای ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئاخۆ دەکرێ نەمریی بەدەست بهێنین؟ مرۆڤ چییە و دەکرێ واوەتر لەو مرۆڤە بڕۆین و فانیی نەبین؟ ئاخۆ ئه‌و مرۆڤه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌پرسێت و مه‌ته‌ڵ هه‌ڵده‌هێننێت و داده‌هێنێت؟
ئه‌م مرۆڤه‌ جگه‌ له‌ شاعیر كه‌سێكی دیكه‌ نییه‌. چونكه‌ شیعر، لە لەدایکبوونی یه‌كجاره‌كیی هەڵدەگەڕێتەوە. بۆ؟ بۆ ئه‌وەی لەدایکبوونەوە بکاتە سووڕی نوێبوونەوە. بۆیە گۆڕانی زمانیش، ڕیتم و سیستەمێکی وه‌ها لە خۆیدا بەرهەمهێناوەتەوە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی هەمیشە مرۆڤی نوێ، چاخ و سەردەمی نوێ بە جیهانێک ببەخشێت، که‌ مایل به‌ ترازانه‌. لەوڕا، زمانی مرۆڤ زمانێکی شیعریی سەرشێتە و بەهیچ ڕاستایییەکدا پێهەڵنایێنێت ئەگەر لەگەڵ خۆی ڕاپێچی نەکات. هه‌رچه‌نده‌ پرسار له‌لای زۆر له‌ مرۆڤه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ شتێكی غه‌ریبه‌ و غه‌ریب نییه‌. بۆ؟ غه‌ریبه‌ به‌وه‌ی كه‌ منداڵیی هه‌ر كه‌سێك شاعیرێك تێیدا جێماوه‌، به‌ڵام خۆڕانه‌هێنراو و له‌خۆنه‌گه‌یشتوو. غه‌ریب نییه، چونكه‌ شیعر منداڵیی‌ شاعیره‌كه‌ی خۆی نه‌كوشتووه‌، هه‌ڵی گرتووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژ و ساڵان بێپسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان له‌ په‌یوه‌ندیی ده‌ستلێداندا هێشتوویه‌تییه‌وه‌‌، دەستپێکی ئەم هەنگاوەش لەگەڵ چارەنووس بەرانبەرکێییی و زۆرانبازیییە، دەستپێکێک، کە نە پادشایی و هێز، نە ئەنکیدۆ”هاوەڵ” و نە کۆمەڵگە لێی دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو ئەوەی دەکرێ سەبوورییەک بەم مرۆڤ/منداڵه‌ سەراسیمەیە بداتەوە؛ شیعره‌، كه‌وایه‌ شیعر به‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ ده‌ژێت، له‌كوێدا له‌دایكبوون نه‌بووه‌ پرسی شاعیر، له‌وێدا منداڵیی شاعیرێكی جێماوه‌، ده‌بێته‌ شتێكی غه‌ریب، كه‌یش له‌دایكبوونه‌وه‌ بووه‌ سووڕی ژیانی به‌رده‌وامیی شاعیر، له‌وێدا منداڵیی شاعیرێك هه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیی ده‌ستلێدان به‌ژیاندنه‌وه‌ ده‌ژێت. كه‌وایه‌ شیعر دەتوانێت مرۆڤ لە لەدایکبوونه‌ چارەنووسخودایییه‌كه‌ی بستێنێتەوە و لە ڕێگەیەوە خەون و پرسیارەکانی خۆی بخزێنێتە نێو ژیان و ببێته‌ دیوی ئه‌ودیوی ژیانی هه‌ره‌وه‌ز‌یی‌، لێره‌وه‌یه‌ كه‌ “شیعر عیله‌تێكی ترسناكه‌” (هاو. 2016: 65).
ئەمڕۆ به‌ناو شاعیرانمان خەریکی هەڵقوڕاندنی ژیانی تێکڕایین، واتە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن لەنێو بازاڕی قسەی سوواو، تۆڕە خەسێنەرەکان بێنە دەرەوە، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌دایكبوونه‌وه‌ نه‌بێته‌ پرسی شیعریییان، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕوونه‌دات، ئه‌وه‌ شیعر وه‌ك له‌دایكبوون خۆی بێبه‌ریی ده‌كات له‌و مرۆڤه‌، كه‌ گه‌ره‌كیه‌تی نانه‌زگێنیی به‌ شیعره‌وه‌ بكات. گه‌وهه‌ری‌ “شیعر ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌كۆشێت بێپسانه‌وه‌ خۆی له‌ شته‌كانی دیكه‌ جوودا بكاته‌وه‌” (كارسون. 1397: 64)، شیعر بازاڕی بژێویی نییه‌، كه‌چی بازاڕی ئەوان بازاڕی هه‌ره‌وه‌زیییه‌.
له‌و ده‌مه‌ی شیعر ده‌بێته‌ ستاندنەوەی ڕووحی هه‌ره‌وه‌زییی‌ لە شاعیر، چونكه‌ شیعر هەڵگۆزینی زمانە، بۆ ماڵە ئەبەدییەکەی شاعیر، ئه‌وه‌ ڕێك شاعیر هه‌مان چاره‌نووسی ئۆدیپۆستی پێده‌بڕێت. چاره‌نووسێك كه‌ له‌منداڵییدا به‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌ستلێدانه‌وه‌ به‌ ژیان مه‌راییكراوه‌ و منداڵیی شاعیریش، ئەو مرۆڤە ژیاندۆست و مەیللەژیانەیە، کە بەم بەدبەختیی و بێپەنایییەی، مینا کەسێکە، کەسێک بەم هەموو ترس و دڵەڕاوکێیەی، ئەوا ده‌یانه‌وێت دنیایەکه‌ی خۆیانی بەڕوودا بکەنەوە، کە لێی بێبه‌ریییه‌؛ ژیانێكی ناشاعیرانه‌، ژیانی ناشاعیرانه‌ واته‌ دابڕانی هه‌میشه‌یی مرۆڤ/شاعیر له‌ پرسیاری منداڵیی خۆی له‌ ژیان و دونیا. به‌ڵام شاعیر بۆیه‌ به‌رنه‌فره‌تكه‌وتووه‌، چونكه‌ شەیدایە، شەیدای ژیان و بێندانێکە بەڕێگەوە/ به‌ هه‌رده‌م له‌دایكوونه‌وه‌ مەیلی بکات، بەڵام هەردەم لە دەستپێڕانەگەیشتندا بێت، بۆیه‌ هه‌رده‌م شاعیر دووره‌ له‌ په‌ناگه‌ی ئه‌وانی تر -بازاڕ و هه‌ره‌وه‌زیی-. ئه‌و بۆ به‌رده‌وام ژیاندنه‌وه‌، ده‌بێت ده‌نگی خۆی به‌سه‌ر ژیان و گوێی دونیاوه‌ زایه‌ڵه‌دار بكات.
شاعیر ئەم مرۆڤه‌ دانەسەکناو، ڕێلەبەر و بێنوانووەیه‌، کە هەردەم بانگەشەی نوێبوونەوە، جیاوازنووسین، کاژ فڕەدانێک دەکات و دواجاریش لەسەر هیچ تەنافێکی نمایش نییە، بەشێوەیەک دەکرێ بڵێین: ئەو شاعیرە ئەو کەسە نییە، کەچاوەڕێی ئەوەی لێبکرێت، ڕێبازێک، یان ڕێبەرێکی هەقیقەتدۆزەرمان پێبناسێنێت و پێمان بێژێت، ئەوە منم، کە دەرگەتان بۆ دەشکێنم، نا. به‌ڵكوو ئه‌و منداڵییه‌ گه‌وره‌بووه‌یه‌ كه‌ چاره‌نووسی نه‌مریی شیعر چاوی به‌زه‌یی لێستاندوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیییه‌ی شیعر و شاعیریی، له‌گه‌ڵ شیعر و منداڵیی ئۆدیپۆست لێكگرێده‌دات.

ج
بە خوێندنەوەی بەرهەمه‌یلی ئەمڕۆی شیعری کوردیی، له‌لای دوو لایه‌ن ده‌گیرسێینه‌وه‌‌، له‌ لایه‌نی یه‌كه‌م تێدەگەین کە تێگەیشتنێکی زۆر سوواو و مردوویی بۆ شیعر هەیە، تێگەیشتنێکە دەتوانین بە هەڵاتن لە شیعر یان مردووشۆریی ناوی بێنین. ئەم مردووشۆریییەی شیعری کوردیی لەخۆوەرپێچانه‌وه‌ی لایەنی بازاڕیی و لایه‌نی هەڵگرتنەوەیه‌. بۆیه‌ تێگەیشت بۆ شیعر، تێگه‌یشتنێكی هه‌ره‌وه‌زییه‌ و لە گەوهەر یان چییەتی شیعر دەسڵەمێتەوە. شیعری ئەم قۆناغەی کە بە شیعری گەنج ناوی ده‌هێنرێت، بەشێکی هەرەزۆری بریتیی شنگێڕیی و نووزانەوە و هاوكات مردووشۆریی، كه‌ به‌جێگه‌یاندنی وه‌سیه‌تنامه‌ی هه‌مان نه‌ریتی باو، هه‌مان ڕیتم، شێوه‌ و زمانی شاعیرانی باوه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ تاقه‌تمان له‌م به‌رده‌وامنووسینی ئه‌م لایه‌نه‌ چووه‌.
هه‌ڵبه‌ت له‌ته‌ك ئه‌م لایه‌نه‌دا، كه‌ به‌ هه‌ڵاتن له‌ شیعر ناومان هێنا، لایه‌نێكی تر خوویایه‌، كه‌ به‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ ژیان ده‌ژێنن. ئێمه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌و ناو و به‌رهه‌مانه‌ ناده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كان ببێته‌ سه‌رباس، نه‌ك ناوهێنانیان، بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نێ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌ی “نارین رۆسته‌م” به‌ر چاو ده‌خه‌ین و له‌م نووسینه‌ماندا ده‌په‌ڕژێینه‌ سه‌ری.
بەرهەمی شیعریی باش هەمیشە ئەو بەختەم پێدەدات کە بیری لێبکەمەوە، بخوێنمەوە و بنووسم. ئەم بەرهەمە شیعرە “بەرەواژ” بەرهەمێکی شیعریییە و نۆ شیعر و گفتوگۆیەکی لەخۆگرتووە. بەرهەمێکە بە قەبارە گچکە و بە باڵای شیعر دەوڵەمەند و تێر. ئەم بەرهەمە ساڵی 2021 چاپ بووە و لە بڵاوکراوەکانی نووسیارە.
ئەوەی لەم بەرهەمەدا “به‌ره‌واژ” دەیینین غروورگرتنی شاعیرێکە بەدەم تۆفانی دڵڕەقیی سەردەم، کە هەم ناسکیی خۆی وەک شاعیرێکی باو دەکوژێت و هەم تێگەیشتنیشی بۆ شیعر دەباتەوە لاڕێیەک کە زۆربەی شاعیرانی ئەمڕۆ پەنای لێدەگرن. بۆیە خوێندنەوەی شیعر و به‌ره‌واژ، کڵاوڕۆژنەیەکە بۆ ژیانی تاریککراوی خۆمان. ژیان، کە لەمێژساڵە بە دەنگوباس، مەکینە، مۆبایل، مێکیاژ، بوودەڵەبوون، فیلمی توورکیی و مردووشۆرییمان گۆڕیوەتەوە.
شیعره‌كانی نێو ئه‌م به‌هه‌مه‌ له‌نێو واقیعی ژیاندان، به‌ڵام نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ. ئه‌گه‌ر له‌ شیعره‌كان ورد نه‌بینه‌وه‌ و به‌سه‌ریاندا تێبپه‌ڕین، ئه‌وه‌ به‌ر ئه‌م واقیعه‌ ناكه‌وین، چونكه‌ ئه‌م واقیعه‌ به‌رگێكی سووریالیی له‌خۆیدا وه‌رپێچاوه‌. هاوكات سووریالیی و واقیع تێیدا وایكردووه‌، كه‌ شیعره‌كان له‌نێو مه‌ترسیی ڕۆژی ڕه‌شدا، ترس و دڵه‌ڕاوكێ، یان تراژیكۆمیدی بن. بۆیه‌ دنیایه‌كی سارد و بزربوون، ترس و گرمۆڵه‌بوون بووه‌ته‌ كه‌شی شیعره‌كان. بۆیه‌شه‌ ده‌بینین هه‌ندێكجار ته‌نانه‌ت گرۆتێسك “عه‌جیب و غه‌ریب” ئاوقای خوێنه‌ر ده‌بێت و بینه‌قاقای ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر بێت و باسی ئه‌و ده‌نگانه‌ی شیعری كوردیی بكه‌ین، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو ڕێبازی سووریالیزمه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌گشتیی ده‌نگێكی نێر ده‌بیسترێت، بۆیه‌ نارین ڕۆسته‌م یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ بكوژ، یان كه‌لێنی ئه‌م ده‌نگه‌ گشتییه‌ی نێره‌‌، هه‌رچه‌نده‌ خۆی وه‌ك ده‌نگێكی ژن ئینكاریی ده‌كات، چونكه‌ شیعر ڕه‌گه‌زی نییه‌. له‌ شیعری “شه‌ره‌پشیله‌”دا، كه‌ خاوه‌ن فۆڕم و ته‌كنیكێكی جوان، ناوه‌رۆكێكی قووڵه‌ ده‌ڵێت:
“له‌ كن عه‌ریزه‌نووسی ناسنامه‌
كه‌ قه‌ڵه‌م گه‌یشته‌ سه‌ر ڕه‌گه‌ز
سه‌ره‌وخوارم كرده‌وه‌،
فرمێسكێكی لێ كه‌وت:
نییه‌تی.
ده‌ركراین.” (هه‌مان: 30)
ئه‌م كۆپله‌یه‌ چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ ده‌كرێت ئه‌م كۆپله‌یه‌ لێدان بێت‌ له‌ جیاوازیی ژن و پیاو، هاوكات لێدان بێت‌ له‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێو دونیای ڕۆشنبیری كوردییدا به‌نێوی خانمه‌نووسه‌ر سه‌ری هه‌ڵداوه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌وه‌ ده‌گرێت ئه‌گه‌ر جیاوازیی ڕه‌گه‌زیی هه‌بێت، ئه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی سێیه‌م، یان با بڵێین “نێره‌مووك” له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی ده‌بێ چی بنووسرێت! كه‌ ناشنووسرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ئه‌و جیاكارییه‌ی ژنه‌شاعیر به‌هه‌ند وه‌ربگرین، ئه‌وه‌ ده‌بینین بابه‌تی شیعره‌كانی ئه‌و خانمه‌شاعیرانه‌ زۆر لێكنزیكه‌، دڵداریی به‌شه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یه‌تی یان هه‌ر له‌ بابه‌تی كچێنیی، عاده‌بوون و شه‌وی بووكێنییدا ماوه‌ته‌وه‌‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌ڕیبێته‌وه‌ بۆ بابه‌تی نیشتیمانیی و ئازادیی ئه‌وه‌ جه‌لاد و چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ هه‌ر ته‌نیا داگیركه‌ره‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ به‌ره‌واژدا ئازادیی، جه‌لاد و داگیركه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌كییه‌، بابه‌ته‌كانی كچێنیی، عاده‌بوون و فێمێنیستبوون له‌گۆڕێدا نییه‌، ته‌نیا ده‌نگێكی شیعریی هه‌یه‌، ده‌نگێك كه‌ به‌ ئاره‌زوو بۆ ژیان بارگاویی كراوه‌. بۆیه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌ره‌واژ یه‌كڕاست له‌نێو شیعردایت، له‌نێو شیعردابوون له‌نێو ژیاندابوونه‌. سوودوه‌رگرتنیشی له‌ سووریالیزم، یان سووریالیزم بوونی، ئه‌وه‌ له‌پێناو خزمه‌تكردن و نوێخوازییدا قووچ ده‌بێته‌وه‌، “گۆران”ی شاعیر هه‌رچه‌نده‌ كه‌ خۆی شیعری سووریالیزمی نه‌نووسیووه‌، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب تازه‌بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ سووریالیزم ده‌بێته‌ هۆی ئه‌م لایه‌نه‌ گرینگه‌ی ئه‌ده‌ب‌. (پیرباڵ. 2021: 129) هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاكارییه‌ ڕه‌گه‌زیییه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ “نارین” وه‌ك یه‌كه‌م شاعیر له‌ به‌ستێنی ئه‌ده‌بی سووریالیزمی كوردییدا ده‌گیرسێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئەم بەرهەمه‌ هەر لە پزدانیدا، شاعیرێك/منداڵێکی کونجکاویی و زیت، چاوەکانی دە دنیای دوێنێ، ئەمڕۆ و بەیانی بڕیوە.
ئه‌م منداڵه‌ی كه‌ لەنێو ئازار، ساردیی و دڵڕەقییدا لەدایکبووە، بەڵام نایەوێت نە خۆی لێنەبان بکات و نە خۆیشی تێدا سووڕگووم بکات، بەڵکوو دەیەوێت لە ساتەوەختەکانی سەردەمەکەی تێبگات، ئەو تێنوویەتیییەی هەیە بۆ تێگەیشتن، واتای ئەوە نادات کە دەزانین بەڵکوو واتای ئەوە دەدات لێی تێبگەین، ئەمەش وادەکات لە مەرگەسات، ئاڵۆزیی و دڵساردیی ئاوازی سەردەمی خۆت وەخۆ بکەویت و دەنگێک بخەیتە گوێچکەی سەرگەردانیی، خەمساردیی و نەبانیی ئەوانی دیکە، خودی ئەمەش تێگەیشتنە لە شیعر.
خاڵێكی سرنجراكێشی دیكه‌ به‌ به‌راورد به‌ شاعیرانی تر ڕابوردووه‌، بە ئەمەکبوون بەرانبەر ڕابوردوو لە شیعردا، نمەککردنی ژیانە. شاعیر لەهەر کەسێکی تر بەتەنگەوەترە بۆ بیرکردنەوە لە ڕابوردووی خۆی، چونكه‌ بیرکردنەوە لە ڕابردوو خۆتێگەیاندنه‌ له‌‌ ئێستا، خۆته‌یارکردن و خه‌مڵاندنی داهاتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ژیانی ڕابوردوو، له‌لای شاعیر گرینگییه‌كی زۆری پێدراوه‌، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا و داهاتوو بووه‌ستێنێت، فه‌رامۆش بكات، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی دۆخ و ژینگه‌ی سه‌رده‌م، به‌تایبه‌تیی له‌ شیعره‌كانی “شه‌ڕه‌پشیله‌، ئێكسپایه‌ر و بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان تاد دا.

دووه‌م: ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی نارین ڕۆسته‌م
“بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان” وه‌ك نموونه‌
هه‌ر منداڵێكی كورد، له‌ خه‌یاڵدانیدا سووپه‌رمانێك هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت هه‌رده‌م به‌هانای دیترانه‌وه‌ بچێت، ببه‌خشێت و جیهان له‌ده‌ستی شه‌یتان ڕزگار بكات، به‌ڵام منداڵه‌ سووپه‌رمانه‌كه‌ی شیعری “بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان” سووپه‌رمانێكی تێكشاو‌ و شكستخواردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ سووپه‌رمان بانمرۆڤ و شكستنه‌هێنه‌ره‌‌.
“جامخانه‌ به‌ تۆپێكی فووتبۆڵ زرمه‌ی لێ هه‌ستا،
بووكه‌ڵه‌یه‌كی سووپه‌رمان ده‌رپه‌ڕی.

به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی وشكدا ده‌فڕێت
هه‌ور ده‌گوشێت، برووسكه‌یه‌ك فڕێ ده‌دات و
هیچ نابارێت.” (هه‌مان، 20)
شاعیر، تێڕوانینێكی ڕه‌شبینانه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و دونیای كوردیی هه‌یه‌، له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سووپه‌رمانیش بیت، سووپه‌رمانێكی شكستخواردوویت‌ و ده‌رنابه‌یت،‌ هه‌ر بۆیه‌شه‌ شاعیر سوود له‌ وشه‌ی بووكه‌ڵه‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌یخاته‌ پێش وشه‌ی سووپه‌رمانه‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، ئه‌وه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ جێگیر و نه‌زۆكه‌ ڕازییه‌، پرسیاری نییه‌ و ناشیه‌وێت كه‌سێك پرسیاری لێبكات، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ هێناوه‌، كه‌ ناتوانێت و ناشیه‌وێت بگۆڕێت.
“زیندانێكی نهێنی ده‌دۆزێته‌وه‌،
گوریس هه‌ڵده‌دات
زیندانییه‌كان ده‌یكه‌ن به‌ جۆلانه‌.” (هه‌مان، 20)
له‌م كۆپله‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌بینین كه‌ سووپه‌رمان په‌تێك بۆ زیندانییه‌كان هه‌ڵده‌دات، به‌ڵام زیندانییه‌كان له‌ خه‌ون و بیری ئازادییدا نین، بۆیه‌ په‌ته‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ جۆلانه. ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ شكه‌وتی پلاتۆن، ئه‌وه‌ له‌ شكه‌وته‌كه‌ی پلاتۆدا كه‌سه‌كان زنجیركراون و ناتوانن ڕوو وه‌ربچه‌رخێنن، واته‌ بیركردنه‌وه‌ و زانینیان نییه‌، یان كۆنتڕۆڵكراوه‌، به‌ڵام له‌ زیندانه‌كه‌ی نێو شیعری “بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان”دا زیندانیه‌كان زنجیرنه‌كراون، واته‌ ده‌توانن بیربكه‌نه‌وه‌، كه‌چی له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا نایانه‌وێت به‌ره‌و ڕووناكیی، به‌ره‌و زانین بڕۆن، ئه‌مه‌ گوزارشتێكی ئه‌مڕۆییی دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌‌، كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر نییه‌ و خۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌، كه‌واته‌ ده‌ستبه‌سه‌ریی هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌م زیندانیانه‌ له‌نێو ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر تاڵیش بێت، هه‌ر بۆی شیرینه‌، خۆشخه‌یاڵتره‌، چونكه‌ مه‌حكوومه‌ به‌ خۆده‌ستبه‌سه‌ریی، به‌وه‌ی كه‌ زانینێكی هه‌یه‌ كه‌ قه‌ده‌ریه‌تی‌ له‌ زینداندا بژێت. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌م سووپه‌رمانه‌ له‌وه‌ها كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌بێته‌ بووكه‌ڵه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر هه‌ور بگوشێت و برووسكه‌ش بهاوێژێت، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وشك هه‌یه‌ و هیچ دڵۆپێك نابارێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ كورده‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌م ڕه‌شبینییه‌ گشتییه‌ و تایبه‌ت نه‌كراوه‌ به‌ كورد، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داڕووخاو، ملكه‌چبووی نێو خوڕافیات و وه‌همه‌، ده‌ستبه‌سه‌ره‌ به‌ وه‌هم و دابونه‌ریت.

“له‌ قاوه‌خانه‌كان…
به‌ ڕه‌حه‌تی قاوه‌ ده‌ڕژێننه‌ ده‌می پێكه‌نینه‌وه‌،
نه‌وه‌ك بخه‌وێت:
ده‌یخواته‌وه‌ و هێڵنج ده‌دات
سووپه‌رمان، په‌تۆیه‌كی پێدا ده‌دات.
له‌ناو جامخانه‌ شكاوه‌كه‌ ده‌نیشێته‌وه‌،
پارچه‌شووشه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ
قۆڵی هه‌ڵده‌كات، ده‌ماری نییه‌.” (هه‌مان: 20)
ئه‌وه‌تا به‌ ڕه‌حه‌تیی قاوه‌ ده‌ڕژێننه‌ ده‌می پێكه‌نینه‌وه‌، كه‌ نه‌خه‌وێت، كه‌چی هێڵنج ده‌دات، پێكه‌نینیش نه‌ك سارد و وشك، به‌ڵكوو سووپه‌رمانیش ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بێت، قۆلی خۆی بۆ خۆكوژیی هه‌ڵده‌كات، به‌ڵام چیبكات، سووپه‌رمانه‌كه‌مان بووكه‌ڵه‌یه‌ك زیاتر نییه‌ تا ده‌ماری هه‌بن.

ماویه‌تی…




گوتاری شیعری لای (د. وریا عومەر ئەمین)… غازی حەسەن

ناونیشانی لێکۆڵینەوە (گوتاری شیعریی الی د. وریا عومەر ئەمین).
ڕێبازی لێکۆڵینەوە
شیکردنەوەیەکی وەسفییە، گوتاری دەقی شیعری شی دەکاتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە
هەولێکە بۆ بەستنەوەی زمان و دەق و گوتار بەیەکەوە.
بایەخی ئەم لێکۆڵینەوە لەوەدایە لایەنێکی پراکتیکی شیکردنەوەی دەقی شیعریی و
چۆنیەتی بەرهەمهێنانی گوتاری شیعریی بەرجەستە دەکات و کار لەسەر ئەرکی زمان
لەبەرهەمهێنانی دەق و گوتاری شیعریی دەکات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…




کۆڕێک لەیادی ١٢هەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە ئوسترالیا




“كودەتای پەرستگا”… شەماڵ بارەوانی

کتێبێکە حەقیقەت .شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوەیە،
“كودەتای پەرستگا”چارەسەرێکی بوونگەرایانەی ئاینە.
بە ڕێگەچارەیەکی وجودیانە بۆ ئایین و هەڵگەڕانەوەو وەرگەڕانەوەو کودەتاو شۆڕشێک لەدژی کاهینەکان و مەعبەدەکان، لەفێندەمێنتالیزم و سەلەفیزمی ئایینی، لە کەلەپوورو ڕابردووگەرێتی، لەتراژیدیای ئایدیۆلۆژیاکان، لە دۆگم و تێگەیشتنە سەتحیەکان، لەو مەعبەدانەی پڕن لە دەمارگیری ئایینی و ڕاسیزم و ڕق، خاڵین لە خۆشەویستی و مرۆڤایەتی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت دەبێت چارەسەرێکی وجودیانە بۆکێشەکانی مرۆڤایەتی بدۆزینەوە و بە وجودیەت کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەربکەین. شۆڕشێکی وجودیانە، شۆڕشێک ویژدان بنەمای بێت، شوڕشێک مرۆڤ بکات بە پێوەر، شوڕشێک تێگەیشتنێک بێنێتە بوون، چیتر بوونی مرۆڤ پێش ماهیەتی بخرێت، مرۆڤ پێش ئاین، مەزهەب، نەتەوە و ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بخرێت و تەنها مرۆڤبوونی مرۆڤ بە پێوەر و ڕەچاو بکرێت و لەبەرچاوبگیرێت، مرۆڤ یەکەمین و دواهەمین شت بێت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت پێویستمان بەئاینێکیترە، ئاینێکی وجودی، ئینسانی و ئەخلاقی، ئاینێک پەرستگاکەی دڵ بێت و کەعبەکەی مرۆڤ و پێغەمبەرەکەی ویژدان.

ئاینێک وجودی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت، ڕەچاوی خواست و حەزو ئیرادە و ماف و ئازادیەکانی تاک بکات و بوونی مرۆڤ بە تەواوی مانا بەرزو پیرۆز بنرخێنێت. چیتر بە ناوی ئاینەوە لە ئازادی مرۆڤ نەدرێت، ئازادیەکانی تاک دەستی بەسەردانەگیرێت و سەربەستیەکانی ژن دەستبەسەرنەکرێت و مرۆڤبوونی مرۆڤ پێشێڵ نەکرێت. ئاەقڵی مرۆڤ لەقاڵب نەدرێت و ویژدانی مرۆڤ خەفەنەکرێت.

چیتر لەژێر ناوی مەزهەب و لەژێر پەردەی ئاین و بە پاساوی ئاینی مرۆڤ بە کۆیلە و بەکەنیزە نەکرێت. ڕەخنە بەبڤە و جیاوازیەکان دەمکوت نەکرێن.

ئاینێکی وجودی، وجودیەتێک، مرۆڤ بکات بە گەوهەری ژیان و سەنتەری بوون. ویژدانی مرۆڤ بکات بە ئایین و دڵ بە پەرستگا.
وجودیەتێک، هەڵگری پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی بێت، لەخەمی مرۆڤەکان کەم بکاتەوە و ئازارەکانیان سڕبکات و لە کۆیلایەتی فیکری و جەستەیی و دەروونی ڕزگاریان بکات.

مرۆڤەکان لە ئەشکەوتی تێگەیشتن و بیری دۆگمایی و چەقبەستوویی دید و بەستەڵەکی ئەقڵ و لە دەستی پەرستگاکان ڕزگاربکات و مرۆڤ بێنێتەدەر و تێکەڵ بە فەزای ژیانیان بکات.
مرۆڤایەتی لەگۆشەی مەعبەدەکان قورتاربکات، ئەو مەعبەدانەی بەڕۆژ ناوی خوداوەند بەرز ڕادەگرن و بەشەو مرۆڤەکانی لێدەدزن!

ئەو پەرستگایانەی لەلایەک بانگەشەی خۆشویستنی خوداوەند و مرۆڤایەتی دەکەن، لەلایەکەیتر تۆی دەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی و پەتای پەرتەوازەیی لە نێوان مرۆڤەکان بڵاو دەکەنەوە!

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت مەعبەدەکان بنەمای هەموو کێشەکانن، بتەوێت باوەڕبهێنیت و باوەڕداربیت، مەرجی یەکەم بێ باوەڕبوونتە بە مەعبەدەکان.
کفرکردن بە مەعبەدەکان و جاڕدانی بێ باوەڕی لە هەمبەر مەعبەدەکان، ڕوکنی باوەڕ و پێشمەرجی ئیمانە.

كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت ژیانی ئێمە بە فیقه و فەتوا و تێگەیشتنی کاهینەکان لاقەکراوە. ژیانمان مەحکومە بە فیقه و بڕیار و ئەحکامی فەقێ و پیاوانی ئایینی و کاهینەکان. بە شافیعی و ئیبنولتەیمیەکان. بە عن عنەو قیلەو قالەکان.
نەک فەلسەفە و فەیلەسوفەکان ،بە ئیبنولباجە و ئیبنولتوفەیلەکان. بەعیرفان و عاریفەکان، به مەلاناو هەلاج و ئیبنولعەرەبیەکان.

“كودەتای پەرستگا”
وەکو کیرکگاردسۆرین پێمان دەڵێت (گرنگ نییە، باوەڕمان بە چی هەیه، گرنگ چۆنیەتی ئەو باوەڕهێنانەیە)،

تاچەند باوەڕەکەت، لەگەڵ مرۆڤ دۆستی، لەگەڵ ژینگە دۆستی، ژیان دۆستی و ئاژەڵ دۆستی، لەگەڵ مرۆڤ دۆستی دەگونجێت و بەرکەوتنی لەگەڵ ویژدان و مۆڕاڵ و ئەخلاقی مرۆڤایەتی نابێت.
تاچەند باوەڕەکەت جێگای فرە باوەڕی تێدا دەبێتەوەو ڕێز لەباوەڕەکانی تر دەگرێت. ڕێز لە ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی ویژدان و هەڵبژداردنی ئەوانیتر دەگرێت. باوەڕەکەت تاچەند باوەڕی بە پێکەوە ژیان و بیری ناتوندوتیژی و تولەرەنس و ڕێبازی مرۆڤایەتی هەیە.

تاچەند باوەڕی بە پلوالیەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، ئەوە گرنگە. جا خوام دەکرد باوەڕ و ئەقیدەکەت، ئایین و ئیمانەکەت، مەزهەب و قەناعەتەکەت بەردێک، خاچێک، بتێک و درەختێک دەبوو. گرنگ ڕێز لە مرۆڤایەتی بگریت و باوەڕت بە خۆشەویستی و برایەتی و تەبایی و یەکگرتوویی نێوان مرۆڤەکان هەبێت.
Shamal Ismael Kareem
نەک ئەقیدە و باوەڕێک بێت، لە پێناویدا، سەری مرۆڤەکان ببڕدرێت و خەڵکی پێ بکرێت بە کۆیلە و پێی لە مرۆڤایەتی و کەرامەت و ئازادی و ژیانی مرۆڤەکان و ئەقڵانیەت و شارستانیەت و هەموو بەها و جوانیەکی بوون و مانایەکی ژیان بدرێت وجودی پێ وێران بکرێت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت ئێمە نوێژخوێنمان بەدەست هێنا،وەلێ نوێژەکەمان لەدەستدا.
مەعبەدمان ڕۆنا، ئەفسوس مرۆڤایەتیمان ڕماند،“

كودەتای پەرستگا”
وەکو هێرمان هسە دەڵێت(ئەوەی دوێنێ خەمربوو، ئەمڕۆ بووە بەخەل).
ئەوەی پێشووتر تابوو بوو، ئێستا ڕەوایە.
مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی بەناوی خوداوەندە ئازادبکرێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەکرێت بە کۆیلە.
ئایین لە ئایینی خوداوەند و مرۆڤایەتیەوە، بووە بەئایینی کاهین و فەقێکان.
مەعبەدەکان بوون بە جۆرێک لەفرۆشگاو دووکانی سیاسی و ماڵی بازرگانی کردن. باوەڕ بووە بەبێ باوەڕی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت دەبێ لە مەعبەدەکان بێینەدەر و بڕۆین بۆناو وجود، تەنها بەدەرچونت لە مەعبەد نەبێت، لە وجودی خۆت تێناگەیت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت گەڕان بە دوای ئیسلامدا لە بێدەنگی سەلمان فارسییە، نەك لە ناو دووتوێی كتێبەكانی ڕازی، لە مەنفای ئەبی زەڕە، نەك لە قوڕەیشی بوونی خەلیفەكان، لەكوخەكەی عەلیە، نەک لەناو کۆشک و تەلاکانی مەعاویه.
لەسەرخاچەکەی هەلاجە، نەك لە ناو ئەقڵیەتی ئیبن سینا.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت خوداوەند پێویستی بە دروستکردنی مەعبەد نییە، بەڵکو ئەو پێویستی بەدروستکردنی مرۆڤە.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت لە تێکستەوە بۆ وجود، لە مێژووەوە بۆواقیع، لە داخران و تاکڕەهەندی جیهان بینیەوە، بۆ ناوئاپۆڕای ماناکان، لە خەتمی نبووەت و قفڵکردنی فیکرو قەدەخەکردنی تەئویلکردن و داخستنی دەرگای تەفسیرە نوێکان، بۆ کرانەوەی ئەقڵ و کردنەوەی لوغز و کۆدی چەمکەکان و سەرەتاو دەسپێکێکیتری خوێندنەەوەی دەقەکان.
لە تۆتالیتاریەتی ئایینیەوە، بەرەو پلورالیزمی ئایینی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت کێشەکە ئەوە نییە، کەمرۆڤەکان لەئایین دەرچوون، بەڵکو تراژدیدیاکە دەرچوونی ئایینە لەمرۆڤ بوون.
“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت:سودی چییە ئاینت هەبێت و ویژدانت نەبێت. مەزهەبت هەبێت و مرۆڤ بوونت نەبێت. سودی چییە ئایین لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ ئازاد بکات و بەرگری لە ئازادیەکانی تاک بکات، بە پێچەوانەوە مرۆڤ بە ئاین بکرێت بە کۆیلە و لە ئازادیەکانی بدرێت.

“كودەتای پەرستگا”
بانگەوازیکردنە بۆ ئایینێکی تر و ئاشنابوون بەخوداوەندێکیتری جیاواز لەوەی کاهینەکان و مەعبەدەکان بە خەڵکیان ناساندووە. ئەو مەعبەدانەی ڕێگەی خودا ناسی و ئینسانیەتیان لەبەردەم مرۆڤەکان شێواندوەو وندکردووە.

“كودەتای پەرستگا”
داوای ئایینێکیتردەکات، ئاینێک مرۆڤ تێیدا گەوهەربێت.
ئایینێک لە جیاتی ئەوەی ڕق فێری مرۆڤەکان بکات، فێری خۆشەویستی یەکتریان بکات. لەجیاتی ئەوەی داوای بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بکات، مرۆڤەکان لە کۆیلایەتی ئازادبکات.
ئاینێک، ڕێز لە جیاوازیەکان بگرێت و باوەڕی بە ئاشتی و پێکەوژیان هەبێت. ڕەگەزپەرستی ڕەتکاتەوە و بە چاوێکی یەکسان سەیری هەموو مرۆڤەکان بکات.
ئایینێک، لەبەر بۆچونی جیاواز و لەسەر ئایینی جیاواز، بەکەم و گڵاو پیس سەیری هیچ کەسێک نەکات.

كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت مەعبەدی پێغەمبەر مرۆڤە.
پێغەمبەر ئایینی بۆ خزمەتی مرۆڤ هێنا…کاهینەکان مرۆڤ دەکەن بە خزمەتکاری ئایین.
پێغەمبەر لەمرۆڤایەتی دەگەڕا لەناو ئاییندا.. وەلێ کاهینەکان لە خشتی پەرستگا.

پێغەمبەر دەڕۆشتە هەموو پەرستگایەک…… کاهینەکان تەنها دەڕۆن بۆ یەک پەرستگا.
Shamal Ismael Kareem
“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت گرنگ نییە تۆ ئاینداربیت، ئەوەی گرنگە تۆ مرۆڤ دۆست بیت، گرنگ نییە تێکستە ئایینیەکان ئەزبەرزکەیت، گرنگ مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونت لەبیرنەکەیت.

“كودەتای پەرستگا”
خوداوەندێکیترمان پێدەناسێنێت،
خوداوەندێک، نەپێویستی بە ترساندن و نەیش بە تیرۆر و کوشتن و تۆقاندنی مرۆڤەکانە.
نەپێویستی بەگوتەبێژ و نەبە فەقێ و کاهین و پیاوە ئاینیەکانە.نەپێویستی بە شمشێرو نەبە دۆزەخ و نەبە زۆر لێکردن و ناچارکردنی مرۆڤەکانە.

خوداوەندێکی میهرەبان، لەسەر ڕیشی درێژ و شەرواڵی کورت هیچ کەسێک سزانادات. لەسەر ئەنجامنەدانی نوێژو نەپەرستنی خۆی، لێپێچینەوە لە هیچ کەسێک ناکات.

خودایەکی بە سۆز و میهرەبان، خودایەک هەموو مرۆڤەکانی خۆشدەوێت. بە جیاوازی دروستی کردوون، بۆیە جیاوازیەکانیشی خۆش دەوێت. خودایەک لە ڕەخنە و بیری ئازاد و لەپرسیار و گومان و ئایین و دیدی جیاواز ناترسێت.

خودایەک، ڕقی لەبەرتەسکردنەوەی سنوری ئازادیەکانە، ڕقی لەقوتکردنەوەی بت و دروستکردنی مەعبەدەکانە، ڕقی لەسانسۆر و بەکافرکردنی عەلمانیەت و بە تابووکردنی دیموکراسیەت و بە بڤەکردنی مۆدێڕنێتە و بەهەرتەقەکردنی ئازادیەکانە. ڕقی لە دەستوەردان لەژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و بیروباوەڕی خەڵک و هێڵکێشانە.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت فقهی فەقێکان و
قسەی کاهینەکانمانکرد بە ئایین وئاینی خوداوەندمان کەمرۆڤایەتییە لەدەستدا.
خوداوەند ئەقڵ و ئیدراک، ئازادی و ئیرادەی بە ئێمە بەخشی و مرۆڤەکانی بە ئازادی دروستکرد و ئازادی پێدان، وەلێ فەقێ و کاهینەکان، ئاخوند و مەعبەد و پیاوە ئایینیەکان، ئەو ئازادیەیان لە مرۆڤەکان زەوتکردو بە ناوی ئاسمانەوە، دەستیان بەسەر زەوی و مرۆڤ بونی مرۆڤەکانداگرت.

خۆیان لە هەموو شتێکی مرۆڤەکان هەڵقورتاندو دەستیان لە هەموو تایبەت مەندیەکی مرۆڤەکان وەردا.
لەمۆسیقا ژەنین، جڵ وبەرگ و چۆنیەتی خەوتن، سمێڵ کورتکردن و ڕیش تاشین، شێوازی نان خواردن و ڕێکردن، چونە سەرئا و سێکسکردن، لە خۆشۆردن و فتبۆڵێنکردن، ئابوری، زانست و خوێندن، سیاسەت و حوکمکردن، لەیەکەم چرکەساتی لە دایکبونتەوە، تاکۆتا هەناسە و مردن، تاخستنە ناو تابووت و ژێر خاککردن، لە هەموو شتێک وازت لێناهێنن و دەست لەبونت وەردەدەن.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە ئایین لە دەست کاهینەکان و پێغەمبەر لەئایینی مێژوویی و خوداوەند لە مەعبەدەکان دەربێنین و مۆنۆپۆلکردنی پیرۆزیەکان و ڕاستیەکانیان لێ بسەنینەوەو دووبارە پێناسە بۆ چەمکەکانی باوەڕو پەرستش و ئایین و ئەخلاق و ئەقیدە و بەهاکان بکەینەوەو پێناسەکان دابڕێژینەوەو وشەی کفرو کۆیلایەتی و تۆی ڕق و بیری ڕەگەزپەستی و ناوی جەنگ، لە فەرهەنگی مروڤایەتیدا بسڕینەوەو لە جیاتی ئەوەی هێندەی خەریکی باسکردنی تەوحیدی خوداوەندبین، هەوڵی تەوحیدکردن و یەکگرتنی مرۆڤەکان بدەین.
لەجیاتی ئەوەی هێندەی شەڕ بە ناوی ئاسمانەوە بەرپابکەین و ژیانی ئێرە بە ناوی بەهەشتەکەی ئەولاوە بە دۆزەخ وێران و مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن بکەین،
با ئاشتی لەسەر زەوی بەرقەرار و بەهەشتێک بۆ مرۆڤایەتی لێرە دروست بکەین.

مرۆڤایەتی ئاشنای چەمکی ڕێژەیی بوون و ئاشنای تولەرانس و لێبوردەیی و پێکەوژیان و خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن بکەین.

ماوەتەوە بڵێم
عەبدولڕەزاق جوبران/
مرۆڤێکی مرۆڤ دۆست و نووسەرێکی جوان نووسە.
ئەو لەکتێبەکان و نووسینەکانیدا،
داوای بە مۆدێڕنەکردنی ئاین و بە سەردەمیکردنی ئایین و گونجاندنی ئایین لەگەڵ دنیای تازەگەریدا دەکات.
داوای شۆڕش و کودەتا بە سەر کاهین و مەعبەدو فیقه و کەلەپووری ئایینی و دووبارەو
پێداچوونەوەو هەموارکردنەوەو خوێندنەوەی تێکستەکانی ئایێندەکات.
لە ڕێگەی وجودیەتێکی ئینسانی ئەپستراکت و ڕووت، وجودیەتێک لەگەڵ بەهاکانی ئینسانیەت و پڕەنسیپەکانی مرۆڤبوون یەکدەگرێتەوە و مرۆڤ دەکات بە ماک و بنەما؟و پێوەرو سەنتەر.
Shamal Ismael Kareem
“كودەتای پەرستگا”
داوای خوێندنەوەیەکیتری ئایین، دوور لەو خوێندنەوە فقهیه کلاسیکیه مەزهەبیە سیاسیە مێژووییەی پێشووتری ئایین دەکات.

جوبران بانگەوازی بو ڕوانگەیەکی مرۆڤانە و وجودیانەی ڕبوبیانە دەکات، وجودیەتێکی باوەڕداری لەشێوەی وجودیەتەکەی کیرکەگاردسۆرین،

نەک وجودیەتە بێ باوەڕیەکەی سارتەر، وەڵێ ئەو ڕوانگەیەکی زۆر باڵاو ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانەو جوانی هەیە بۆ مرۆڤ بوون، ئەو لەجوغزێکی تەسک و گوشەیەکی دخراو ڕوانینێکی ئایینی و دیدێکی تاریکی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و لەسەر بنەمای ڕەش-سپی ، باوەڕ-بێ باوەڕ،بەهەشت دۆزەخی..
لەمرۆڤ ناڕوانێت، بەڵکوو جوبران لە دیدێکی هیومانیستانەو مرۆڤ دۆستانە مرۆڤ دەبینێت.ئەو بۆچونی وایە کە هەرگیز خوداوەند لەسەر بێ باوەڕی مرۆڤ سزا نادات و کێشەی خوداوەند کێشەی باوەڕهێنان یاخود بێ باوەڕی نییە لەگەڵ مرۆڤەکان،
بەڵکو کێشەی ئەو زاتە ستەم و دادپەروەریە، کێشەی نوێژنەکردن و نەچونە مەعبەدنییە، بەڵکوو کێشە بابەتی باپەندنەبوون بە ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤدۆستی و جێبەجێکردنی بەهاکانە لەناومرۆڤدا.

بۆیە ئەو بە پیاوەئاینیەکان و فەقێ و کاهینەکان دەڵێت بەسیەتی چیتر خۆتان لەخۆتانەوە مەکەن بە نوێنەری خوداوەند و سێبەری ئاسمان و دەرگاوانی دۆزەخ و پسوولەی چونە بەهەشت و دۆزەخ بەمرۆڤەکان مەفرۆشنەوەو بەهەشت و حەقیقەتەکان تاپۆی سەرخۆتان مەکەن.

بەهەشت و ڕەزامەندی و میهری خوداوەند زۆر لەوەگەورەترە کەئێوە لەو سنورەتەسک و ڕوانینە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیەداخراوە دەیبینن.
میهرو سۆزو لێبوردەیی و بەهەشتی خوداوەند، تەنها تایبەت بەکەسانێک و ومولکی ئایینێک و گرووپێکی فەندەمێنتالیست و مەزهەبێکی دیاریکراونییە، بەڵکوو هی هەموو مرۆڤەکانە، بوودی، جو، مەسیحی، زەردەشتی،کاکەیی، ئێزدی و موسڵمان، هی هەموانە.

سیکولەرو ئەتێست و گومانگەراکانیش، بەڵێ هی ئەوانیشیە. خوداوەند، هیچ کات لایەنگری گرووپێک، لە دژی گرووپێکیتر نییە، شەڕی ئایینێک لەدژی ئاینێکیتر ناکات و لە بەر جیاوازی مەزهەب، ئیدەلۆژیاو ئایین و ڕەگەز و نەتەوە، جیاکاری لە نێوانی مروڤەکان ناکات و ڕقی لە مرۆڤ نابێتەوەو جاڕی جەنگ و نەفرەت و کەرب وکینە و لایانگری بۆکەسانێک،
لەدژی ئەوانیتر نادات و دەرگای ڕەحمەت و بەهەشتە فراوانەکەی بۆخەڵکانێک بخاتە سەرپشت و بەڕووی ئەو هەموو ملیارەی تری مرۆڤایەتی دابخات.!
..
شەماڵ بارەوانی




ڕەواهو تەبەڕانی، حەقەقەهو ترمزی، باشیان لەدەست ئێمەدا لە پاپۆڕ هەتا دەرزی… شەماڵ بارەوانی

لەماڵپەڕی(دابڕان)، کاتێک،
ئەوە نووسینەم:(مۆدێلێكی نوێی ئیسلامگەراكان بۆ باڵاپۆش كردنی خانمان …!
بە دروشمی “لەدوای ڕەمەزانیش لەچکەکانمان لانابەین”یەكەمین فیستیڤاڵی ڕێكخراوی مەلای گەورە بەبەشداری زیاد لە 300 کچی تازەى باڵاپۆش لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو،) بینی،

لەگەڵ وێنەی کۆمەڵێک کچی تەمەن هەرزەکار و مناڵ و بێ ئەزموون، کەکەوتوونەتە داوی ئیسلامی سیاسی و بە فاقی ئیدەلۆژیای ئیسلامی سیاسی وەبوون.

نەمزانی نە بیدەمە قاقا و پڕ بەگەرووم بگوڕێنم، بۆ ئەو ئەقڵیەتە ساواو پرۆژە مەهزەلە و مناڵانەیەی تاجی قوڕخستنە سەر و لەچکی سیاسی ئیسلامی سیاسی و تێر تێر پێبکەنم، یان بۆ ئەو هەموو کچە هەرزەکارە بێ پاکگراوەند و بێ ئەزموون و بێ ئاگایەی کوردی هاونەتەوەو هاوزمانی خۆم بدەمە پڕمەی گریان و تێر تێر بگریم،

ئەو هەموو هەرزەکارەی، کە کەوتوونەتە داوی ئیسلامی سیاسی و بوون بە قوربانی ئەجێندای نەیاری نەتەوەکەم و پرۆژەی تەعریب و لەچکی سیاسی.

بەڕاستی تووشی شۆکبووم.
تکایە: ئیسلامی سیاسی کە ئەو هەموو دەرفەت و ئازادیەی کارکردن و چاڵاکی نواندا و پڕۆژەی بەتەعریبکردن و بە ئیخوانیزەکردنی کۆمەڵی کوردەواری و تاکی کوردیتان پێدراوە، بێ ئەوەی هیچ کەسێک هەست بە ترس و بەرپرسیارەتی و خەمخۆری بکات، لە بەرامبەر ئەجێندا داعشی و پڕۆژە تەعریبەکەی ئیسلامی سیاسی لەسەر ئێستاو ئایندەی وڵات و ڕۆحی لێبوردەیی و گیانی پێکەوە ژیان و چەمکی پلورالیەت و یەکتری قبوڵکردن و کۆمەڵی کراوەو پێیان بڵێت لە پشت چاوەکانتان دوو برۆ و سەرووی دەمتان لوتێک هەیه.

هەر هیچ نەبێت، ناوی کەسانێکی وەکوو مەلای گەورە ناشرین مەکەن و پێیان بڵێن ئازاد بن وەکوو ئەوەی هێندە ئازادن لەوەی بەدڵی خۆتان لەمینبەرەکانتان و کەناڵەکانتان و لەسۆشیال میدیا، جوێنی مزرو نەفرەتی خوداوەند و چی بێ ڕێزیەک هەیه، بە گونیە، بۆ پیکەوەژیان و ئایینەکانی ترو شوێنکەوتوەکانیان و بۆ مرۆڤە و لائیک و سیکۆلاستەکان و کچەمۆدێل و هەموو جیاوازیەکان بنێرن.

وەلێ لەوەیان ئازاد نین، ئێوەی ئیسلامی سیاسی، بێن و بەکاهی دڵی خۆتان ناوی مەڵایەکی مرۆڤ دۆست و کورد پەروەری لەنموونەی گەورە، تێکەڵ به ئیدولۆژیای ئیسلامی سیاسی پڕۆژەی تەعریب بکەن.

بۆیه لەهەر هەنگاوێکی گەوجاندنی تاک و چاڵاکیەکی لەخشتەبردن و فیستیڤاڵێکی ئەقڵ فڕاند و لەچکی سیاسیدا، گونجاوتر و جوانتر و باشتروایه، ناوەکەی بکەن بە ڤیستیڤالی ڕیکخراوی سەید قوتب و مەودودی و حەسەن بەناو قەرەزاوی و مەلا عومەری تاڵیبانی و ئەبوو عومەر شیشانی و زەینەب غەزالی و ئامینە ئۆردوگان.

نەک ناوێکی وەکوو ئەوزاتە عەزیزم و ئەو مەلا ڕووناکبیر و بیرمەندو خوێنەوارو مرۆڤ دۆست و زانست پەروەر و کوردپەروەرەی لە نموونەی مەلای گەورەی کۆیە، گڵاو ناشرین کەن.

من لەشوێنی بنەماڵەی مەلای گەورەبم، ڕێک سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەم، لەسەر ئەو بێ ڕێزیەی کەناوی مەلایەکی کوردپەروەری وەکوو مەلای گەورە، به پرۆژەیەکی تەعریب و لەچکی سیاسی ئیسلامی و بیری عروبە ناشیرین دەکەن.

کاکە
کچەکانی مەلای گەورە و ڕەوا جەلیزادەی کچە هونەرمەند تابلۆکێش و فاشیونیستی نەوەی مەسعود محەمەدی بیرمەند و کوڕی مەلای گەوره، ئەو لەچکە سیاسی و ستایلە سیاسیەی لەچک و لەچکیان نەکرد و نایکەن، ئیتر ئێوەی ئیسلامی سیاسی ئەو خۆڵکردنە چاوی خەڵکەتان لەچی!؟
کوڕە مەلای گەوره هەرباوەڕی بە ڕیوایەت و شت نەبووە،
(ڕەواهو تەبەڕانی، حەقەقەهو ترمزی
باشیان لەدەست ئێمەدا لە پاپۆڕ هەتا دەرزی)

بڕۆن تۆزەک ڕوانین و جیهانبینی ئەو زاتە و تەفسیرو هەموو بەرهەمەکانی (حكایات خەون و كەرامات”، “دیاری مەلا محەممەدی كۆیی”، “عەقیدەی ئیسلام”، “نوێكەرەوە”، “فڕی فڕی قەل فڕی”، “تەفسیر قوڕئانی پیرۆز ”و
المصقول فی الأصول”، “القائد فی العقائد”، “الكلام الجدید”، “حقیقە الایمان”، “المشاهد”، “الإله والطبیعة والعقل والنبوة”، “المعجزات والكرامات”، “حقیقە الاسلام”، “أبهی المآرب وإثبات الواجب”، “كشف الأستار فی مسألە الاختیار”، “ضیاعان عظیمان”، “الأشخاص الستة”، “الحدس سلم الإرتقا‌ء”، “خراب العالم”، “غایتي وأملي فی علمي وعملي” لەگەڵ “الوسیلة في علم أصول الفقه”.) ئەو مەلا بیرمەندە ڕیفۆرمخوازە ڕۆشنفکرە بخوێننەوە. تاباشتر بیناسن، کەهەر گیز نەتان ناسیوە.
ئێوەی ئیسلامی سیاسی و مەلای گەوره، نێوانتان ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە، یان کورد وتەنی و حۆشتر و حەمام و کوجا و مەرحەبا.
کوڕە مەلای گەورە دیاره وەکوو ئەوەی ئێوەی ئیسلامی سیاسی، لینگاوقوچ لێی حاڵی بوون، هەرباسی لەچکی بۆ ژن و کچی کورد کردووە!
لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە:
(یەکێک لەو بابەتانەی کە مەلای گەورە زۆر ئاوڕی لێداوەتەوە؛ بابەتی ئازادیی ژنان و خوێندنیان بووە. یەکێک لەو ھەنگاوە گرنگانەی لەم بوارە نای، ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٢٦ کچی خۆی ناردە مەکتەب. پێشی وابوو کە دەبێت کچان لە گەڵ کوڕان لە مەکتەب لەسەر یەک کورسی دابنیشن و ئەوانیش وەکوو کوڕان خوێندەوار بن و فێری زانست ببن)

ئەومەهزەلەیەی ئیسلامی سیاسی شتێکیتری تری هێنامەوە یاد، کۆمەڵێک مەڵاو هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، کە سەربەئیسلامی سیاسین و باوەڕیان بەیەک دێڕ لەو هەموو شیعره غەزەلی و دڵداریانەی ناو دوو توێی دیوانەکەی مەحودی کەلە شاعیر و گەورە ئەدیبی کورد نییە،

کەچی بەرلەچەندساڵێکە لەهەولێر
هەمان شێوە، ڕێکخراوێکیان بەناوی(مەحوی)دانابوو،
لەژێر ناوی مەحویدا، خەریکی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ئیسلامی سیاسی و ئەجێندای تەعریب و بیری ئیخوانچیەتی بوون.
وەکوو ئەوەی بڵێیت مەحوی شاعیر و ئەدیب، کاتی خۆی دەستەڕاستی حەسەن بەنای دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانولموسلیمین، باشتروایه بڵێین(موفلیسین)بووبێت.

هەربەڕاستی ئەوانە موفلیسن، هیچ پرۆژەیەکی جدی ژیانیان لا نییە، دێن و خەڵکی بە کۆمەڵێک بابەتی سادەو کەسی و شتی تایبەتی مرۆڤەکان، لەوێنەی لەچک و سیواک و برۆ هەڵگرتن و مێکاپ کردن ..تاد. سەرقاڵ دەکەن.

وەکوو بڵێیت: لەو سەردەمی جەنجاڵی و
Shamal Ismael Kareem
ئەو هەموو قەیرانەدا،، خەڵکی هیچ کێشەیەکی نەبێت، تەنها کێشەی لەچک و ڕیش و سیواک وچی و چی ئیسلامیەکان نەبێت!

هەربەڕاستی
ئیسلامی سیاسی، خاوەن دیدێکی داعشانە و ڕوئیایەکی تابڵێیت تۆتالیتارانە و پۆپۆلیستانەو لەهەمانکاتدا هێندە خاوەنیمڕوانینیکی تابڵێیت تەسک و تاریک و داخراو ئەقڵیەتێکی مناڵانە و تێگەیشتنێکی هەرزەکارانەو سادەن.
جیهان و ژیان لەکوێ و ئەمانە لەکوێ!

مردن تۆ لەکوێی؟ جەهل کوشتمی!




بۆچی ئێمه‌ دژی شه‌ڕی ڕوسیاین، به‌ڵام بۆ تورکیا بێده‌نگین؟… ڕۆزا باروچ… و. له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

(( ڕۆزا باروچ، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردی باکوری کوردستانه‌، دکتۆرای له‌ کۆمه‌ڵناسی سیاسییدا له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ ده‌ستهێناوه، له‌ ئێستدا‌ ئه‌ندامه‌ له‌ سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسی له‌ شاری فلۆره‌نسی ئیتالیا. ئه‌و پسپۆڕیی له‌ گه‌لانی بێوڵات و به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر گه‌لی کورد هه‌یه‌، زۆر وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک زه‌ نیویۆرک تایمزدا بڵاوکردۆته‌وه‌))‌

ئێمه‌ هێرشی ڕوسیا له‌ قاوده‌ده‌ین، به‌ڵام بۆمبابارانی تورکیای ئه‌ندامی ناتۆ ڕوی لێوه‌رده‌گێڕین، ده‌باره‌ی ده‌بڵمۆراڵی وڵاتانی رۆژئاوا.
وا فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کان و چه‌کی قورس به‌کار ده‌هێنرێت، بۆمباباران ده‌‌کرێت، خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کوژرێن و بریندار ده‌کرێن. له‌ سێبه‌ری جه‌نگی ڕوسیادا دژ به ئۆکراینه‌، فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کان و بێفڕۆکه‌وانه‌کانی تورکیا وا جارێکی تر ده‌فڕن به ‌سه‌ر کوردستاندا. پاش رۆژانێکی زۆری بۆمبابارانی ئاسمانی و زه‌مینی شه‌وی دووشه‌می جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه‌‌ی مه‌سیح سوپای تورکیا ده‌ستی کرد به‌ هێرشێکی به‌رفراوان به‌ ناوی چنگی قفڵ له‌ ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان. ئایا ئه‌مه‌ یاخیبوونه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای نێوەده‌وڵه‌تی؟ نه‌خێر. ناوی هێرشه‌‌کان به‌فه‌رمی گوایا بریتین له‌ (جه‌نگی دژه‌ تیرۆر). وته‌بێژی ئاکه‌په‌ ئومه‌ر چه‌‌لیک ئاماژه‌ به‌ مادده‌ی ٥١ جاڕنامه‌ی نه‌ته‌و‌ه‌یه‌کگرتوه‌کان دا، که‌وا (مافی داکۆکی له‌ خۆکردن)ی تێدا نوسراوه‌. به‌و مانایه‌ی، که‌ سه‌روه‌رێتی نه‌ته‌وه‌ و سنوری وڵاتی تورکیا له‌ مه‌ترسیدایه‌.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی واقعی و جدی سه‌ربازی له‌سه‌ر تورکیا هه‌بێت، بێ ده‌نگی لێکرد. له‌ میدیاکاندا لێره‌و له‌وێ هه‌واڵێکی کورت له‌ په‌راوێزدا ده‌بینین، که‌ باس له‌ ئۆپه‌راسیۆنێک بۆ سه‌ر پێگه‌کانی پارتی کرێکاران ده‌کات. خۆکه‌ڕکردن هه‌یه‌ له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه، که تورکیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌ و به‌م هێرشه‌‌ مافی گه‌لان پێشێل ده‌کات.
له‌ کاتێکدا هێرشی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینه‌ هه‌ر زوو له‌ قاودرا و کۆمه‌‌ڵێک سزای خرایه‌ سه‌ر، که‌چی به‌رامبه‌ر هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورده‌کان که ‌ده‌یان ساڵه ‌به‌رده‌وامه‌، له‌ لایه‌ن هه‌مان (پارێزه‌رانی به‌هاکانی رۆژئاواوه‌) چاو داده‌خرێت! سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حکومه‌تی تورکیا یه‌کتر ده‌بینین و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هاوبه‌شێتی و په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا – ئه‌ڵمانیا ده‌که‌نه‌وه‌. ئێستا تورکیا، که‌وا ڕوسیا جه‌نگی له‌ دژی ئێمه‌ ده‌کات، گوایه‌ نێوه‌ندگیرێکی گرنگه‌.
له‌ ئوکراینه‌ ئۆکراینه‌ییه‌کان ده‌کوژرێن، به‌ڵام له‌ کوردستان (تیرۆرسته‌کانی پارتی کرێکاران)، نه‌ سزا ده‌خرێته‌ سه‌ر وڵاته‌ دۆست و هاوبه‌شه‌كه‌مان، نه‌ رێگای ئه‌منیش بۆ کورده‌کان ده‌کرێته‌وه‌ لێوه‌ی ده‌رباز بن، کاتێک له ‌بۆمباکانی تورکیا هه‌ڵبێن. له‌ کاتێکدا سنور بۆ هه‌ڵاتوان و په‌نابه‌رانی ئۆکراینی له کاتی خۆیدا ده‌کرێته‌وه، ده‌بێت په‌ناخوازان و هه‌ڵاتوانی کورده‌کان له سنوره‌کانی بیلاروسیا و پۆڵه‌ندا گیربخۆن، له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا بخنکێن، یان له‌ ئه‌ڵمانیا مافی مانه‌وه‌یان پێنادرێ و ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌بڵ مۆراڵییه‌که‌، که‌ ئه‌سته‌مه‌ ته‌حه‌مول بکرێت.
تاوانه‌ جه‌نگییه‌کانی ڕوسیا که‌ دژ به‌ مافی گه‌لانه‌، هێرش بۆ ناو ئۆکراینه‌، کۆمه‌ڵکوژی، کۆگۆڕه‌کان، بۆمبابارانه‌کانی سه‌رجه‌م شاره‌کانی شۆکێکی ئه‌‌خلاقی به‌دوای خۆیدا هێنا، چونکه‌ ئه‌وروپا زۆر ده‌مێکه‌ جه‌‌نگی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ی که‌ گفتوگۆ به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چ سیاسه‌تێک پێویسته‌ له‌ ئێستادا، چاره‌سه‌ریی ناوه‌ند له‌ مه‌‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤدا ناکرێت و له‌پێشینه‌یه‌، له‌ بری ڕه‌وشه‌که‌ هێمن بکرێته‌وه‌، یه‌که‌م جار دێن پڕ چه‌‌کی ده‌که‌ن. لێره‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ لایه‌نی میلیتاریزه‌کردنێکی بێ ئه‌ملاولا به‌سه‌ر ئه‌‌رکه‌ ئه‌خلاقییه‌که‌دا ده‌ده‌ن. دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌دڵی لۆبییه‌کانی چه‌کفرۆشتنه‌ له‌ ته‌واوی جیهاندا، له پێش هه‌مووانه‌وه‌ سه‌رکرده‌کانی جه‌نگ، وه‌ک له‌ تورکیادا، که‌وا ئه‌م دیسکورسه‌ (گوتار)ه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربهێنن. پشتیوانی تورکیا به‌ پێدانی چه‌کوچۆڵ و ته‌کنیکی نوێ له‌ لایه‌‌ن ئه‌‌ڵمانیاوه‌، وا ده‌کات، تورکیاش هه‌مان کار له‌ کوردستاندا بکات، که‌ ڕوسیا له‌ ئۆکراینه‌ ئه‌نجامی ده‌دات. جه‌نگ به‌سه‌ر ته‌واوی دانیشتوان به‌ به‌رده‌وامی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌کان به‌رپا بکات.
کاتێک هاوکات ناوی جه‌نگ و هێرشه‌کان به‌ (داگیرکاری روسیا بۆ ئۆکراینه‌) و (بوونی تورکیا له‌ سوریادا) بهێنرێت، کاتێک هه‌ردوو توندوتیژییه‌کان لایه‌‌کیان‌ به‌ جه‌نگ ناوبنرێت و له‌ لایه‌کی تر به‌ ئۆپه‌راسیۆنی سوپا، کاتێک به‌ کوژراوه‌کانی ئۆکراینه‌ بوترێت قوربانییه‌کانی جه‌نگی ئۆکرانی و هی کورده‌کانیش به‌ تیرۆریسته‌کانی پارتی کرێکاران، ئیتر ڕێک له‌م کاته‌دایه‌، که‌ ئێمه‌ تێده‌گه‌ین، که‌ پێشێلکردنی مافی گه‌لان ڕه‌وایه‌، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ئه‌ندامێکی ناتۆوه‌ ئه‌نجام درا، چونکه‌ هاوبه‌شی خۆیانه‌.
بۆمبای تورکی خه‌ڵکی سیڤیل به‌ڕێکه‌وت ناکوژێت
حکومه‌تی تورکیا ده‌توانێت له‌ ده‌مێکه‌وه‌ بێ هیچ کێشه‌یه‌ک درۆن (فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان)ه‌کانی و فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی به‌سه‌ر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا بفڕێت و بۆمبابارانیان بکات، وه‌ک له ئێستادا و له‌ ناوچه‌‌کانی مه‌تینا، زاپ و ئاڤاشین و هه‌روه‌ها له‌ رۆژئاوای کوردستاندا و شاری کۆبانی ده‌یکات. ئه‌م هێرشانه‌ هه‌میشه‌ دژ به‌ پێگه‌کانی شه‌ڕڤان و گه‌ریللا کورده‌کان نییه‌، وه‌ک ده‌گوترێت، به‌ڵکو خه‌ڵکی ناوچه‌ سیڤیلنشینه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌کی پێشێلی مافه‌کانی گه‌لانه‌ له‌لایه‌ن هێرشه‌‌کانی هێزی هه‌وایی تورکیاوه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا: له‌ ئابی ٢٠١١دا له‌ ناوچه‌ی کورته‌کی باشوری کوردستان. چوار مانگ دواتر له‌ ڕۆبوسکی له‌ سه‌ر سنوری ئێراق – تورکیا، یان ساڵی و له ‌٢٠١٥ دا و له‌ ناوچه‌ی زارگه‌لی باشوری کوردستان. ئه‌م هه‌موو جارانه‌ خۆ به‌ ڕێکه‌وت نین، که‌ بۆمبه‌کانی تورکیا خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌کوژن.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ دوژمنکارانه‌یه‌ی تورکیا دژ به‌ کورده‌کانی دراوسێ له‌ لایه‌ن دۆسته‌ هاوبه‌شه‌‌کانی رۆژئاواوه‌ (ئه‌ندامانی ناتۆ – و.) هه‌میشه‌ یان چاوی لێنوقێنراوه‌ یان ڕاسته‌وخۆ پشتگیرش کراوه‌! کاتێک هێزه‌کانی کورده‌کان به‌ سه‌ر قه‌ڵه‌‌مڕه‌وێتی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)دا سه‌رکه‌وتن و بزوتنه‌وه‌ی کورده‌ فێمنیسته‌کان دیموکراتیه‌ت ئازادی ژنانیان به‌ ده‌ستهێنا، سوپای تورکیا، که‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆیه‌، گه‌وره‌ترین هێرشی به‌ هاوکاری هێزه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆریسته‌ به‌کرێگیراوه‌کانی نزیک له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێکرد. به‌م شێوه‌یه‌ شاری فره‌کولتوری و تا ئه‌وکاته‌ پارێزراوی جه‌نگی سوریا، شاری عه‌فرین ساڵی ٢٠١٨ بووه‌ شانۆی شه‌ڕێکی سه‌خت و به‌ هێزی هه‌وایی و زه‌مینی، داگیرکاری و ده‌ربه‌ده‌رکردن و زه‌وتکردن. له‌‌و کاته‌وه‌ شاره‌که‌ به‌ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و وه‌ک داگیرگه‌‌یه‌ک له لایه‌ن تورکیاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.
ده‌کرا له‌ باشترین حاڵدا پێش له‌ ڕوودانی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ وه‌‌ک گوله‌بارانکردنی ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دار هێڤین خه‌ڵه‌ف له‌ کوردستانی سوریا له‌ لایه‌ن هێرشی تورکیاوه‌ ساڵی ٢٠١٩ بگیرێت، لای که‌می پێویست بوو که‌ له‌ قاوبدرێت، سزای بخرێته‌ سه‌ر، ئه‌م شتانه‌ لای ئه‌وروپاوه‌ وه‌ک شتێکی ڕاگوزه‌ر نه‌بووه‌، به‌ڵکو حساباتی سیاسی له پشته‌وه‌ بووه‌. به‌مه‌دا مامه‌ڵه‌ی ئه‌وروپا – تورکیا به‌ په‌ناخوازانه‌وه‌ به‌دیارکه‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا زیاتر و به‌رده‌وام په‌ناخوازان له ئه‌وروپا به‌ دوور بگرێت و رێیان لێبگرێت، بۆ ئه‌مه‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ تورکیا، جارێ ئه‌گه‌ر هه‌ر بگیرێت، و له‌سه‌ر سه‌رکێشییه‌کانی زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت. له‌ پێش هه‌موو شتێکیشدا لێکتێگه‌یشتن و رێککه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ پێدانی چه‌كوچۆڵ به‌ دڵێکی فراوانه‌وه‌ به‌ تورکیا، وه‌ قه‌ده‌غه‌کردنی کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌کان له ئه‌ڵمانیا و تا ده‌گاته‌ ناردنه‌وه‌ی کورده‌کان که هه‌ڵاتون بۆ تورکیا، که‌وا سزای زیندانیی درێژ چاوه‌ڕوانییان ده‌کات، خۆی ده‌بینێته‌وه‌.
کوا (سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فێمنیستی) حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ کوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌؟
دواجار و له ئێستادا که جه‌نگی دژ به‌ ئۆکراینه‌ بابه‌تی مۆراڵ و ئه‌رکه‌کانی هێناوه‌ته‌وه‌ پێشه‌وه، کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌، که جه‌نگه‌کان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ ناوبنرێن، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی له لایه‌ن ئێمه‌وه‌ یان هاوبه‌شه‌کانی ناتۆوه‌، یان که‌سانی تره‌وه‌ به‌رپا ده‌کرێن. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی فێمینیستی، که‌وا حکومه‌تی ئه‌‌ڵمانیا بانگه‌شه‌‌ی بۆ ده‌کات، ده‌بوایه‌ ده‌مێک بوایه‌ هێرش و پێشێلکارییه‌‌کانی مافی مرۆڤی له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ ره‌خنه‌ بکردایه‌، گفتوگۆی سزادانی بکردایه‌، کاری بکردایه‌ بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی له‌ تورکیادا، هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی ئۆپۆزسیۆنی هه‌ده‌په‌ بکردایه‌، هاوکار و پشتیوانی له‌ ده‌ستپێشکه‌ریه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوه‌ سیاسیه‌‌کانی کۆمه‌لگای ئه‌وێ بکردایه‌. په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کورده‌کانی ناوچه‌که‌ سازکردایه‌، چاره‌سه‌رێکی سیاسییانه‌ی بۆ کێشه‌ی کورده‌کانی میانگیری بکردایه‌ و جیاکاریی و تاوانبارکردنی کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوه‌ کوردییه‌کانی له ئه‌ڵمانیادان بوه‌ستاندایه‌.
وه‌ له‌ پێش هه‌موودا بۆ هه‌موو هه‌ڵاتوان و په‌ناخوازان هه‌مان پاناگه‌ و پارێزگاری چوونیه‌ک فه‌راهه‌م بکرایه‌، وه‌ک ئه‌‌وه‌ی ئێستا بۆ هه‌ڵاتوانی جه‌نگی ئۆکراینه‌ ده‌کرێت، کاتێک ئه‌مانه‌ هیچی ڕووینه‌دا و نه‌کرا، ئه‌وا ئێستا حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا ڕاستگۆیی خۆی له‌ په‌یوه‌ند به‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقی و بگره‌ سه‌رکۆنه‌کردن و دژ بوون به‌ جه‌نگی ئۆکراینه‌‌‌ش له‌ ده‌ست ده‌دات.

ڕۆزا باروچ
و. له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ و سایتی (Die Zeit) ی ئه‌ڵمانی، که یه‌کێکه‌ له‌ به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌کانی ئه‌و وڵاته‌.
https://www.zeit.de/zett/politik/2022-04/kurdistan-tuerkei-russland-ukraine-doppelmoral-westen?utm_referrer=https%3A%2F%2Fl.facebook.com%2F




ره‌وشی درامای كوردی به‌ره‌و كوێ‌؟… حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌و رۆژانه‌دا زێتر له‌رۆژان قسه‌ و باس له‌سه‌ر پرسی درامای كوردی ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ی ئێستاو له‌چه‌ند ساڵی دواییشدا نمایش كران، ئومێدێكی ئه‌وتۆیان پێ‌ نه‌بوو بۆ رزگار بوونی درامای كوردی له‌و حاڵه‌ته‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی درامای كوردی ده‌مێكی دووره‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌.
ئه‌وه‌ی بینیمان پێمان ده‌ڵێ‌، جارێ‌ كاتی زۆرمان له‌به‌رده‌م ماوه‌ بتوانین به‌و توانسته‌ دیاری كراوه‌ی هه‌مانه‌، بتوانین ئه‌و زه‌مینه‌ له‌باره‌ بڕه‌خسێنین، ئه‌و ته‌مو مژه‌ خنكێنه‌ره‌ی درامای كوردی به‌ئاسانی بڕه‌وێنینه‌وه‌.
پێشم وایه‌ ده‌بێت هه‌موومان بێ‌ گرژ بوون بوێری ئه‌وه‌مان هه‌بێت دان به‌و واقیعه‌دا بنێین ئه‌گه‌ر به‌راسته‌قینه‌ نیه‌تمان گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ نه‌خوازراوه‌ی درامای كوردی و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ ره‌وشی ته‌ندروست و راسته‌قینه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ ده‌ست له‌و چه‌ند ئه‌زموونه‌ شكست خواردووانه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ بشۆین و سوود له‌هه‌ڵه‌كانیان وه‌ربگرین، ئه‌گه‌رنا به‌رده‌وام بوون و خولانه‌وه‌ له‌هه‌مان بازنه‌و خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تیبه‌تیه‌كان، ئه‌وه‌ ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م درامای كوردی قوڵتر ده‌كه‌نه‌وه‌.
بۆ هه‌ر ئامانجیكی چاكسازی ئاینده‌، ده‌بێت ئه‌و چه‌ند ئه‌زموونه‌ بكه‌ینه‌ نموونه‌ و گرنگترین هه‌ڵه‌كان ده‌ست نیشان بكه‌ین، بێ‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵاته‌ش ناتوانین راستیه‌كان بناسینه‌وه‌.
من لای خۆمه‌وه‌ و له‌رێگه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌و پێدا چوونه‌وه‌م به‌و به‌رهه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێ‌ هه‌قیقه‌تم بۆ یه‌كلا بۆوه‌ وه‌ك:

  1. هه‌ندێ‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌ندێ‌ هاوكێشه‌یان گَۆڕی و ده‌ریان خست كه‌ پرسی دارایی پرسێكی بنه‌ڕه‌تی نیه‌ له‌چاره‌نووسی دراما، ئه‌گه‌ر ئه‌و داراییه‌ وه‌ك پێویست بۆ كاری به‌رهه‌مهێنانی دراما به‌رجه‌سته‌ نه‌كراو بوو به‌سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵی و چاو تێبڕین.
    ئامانج له‌ده‌ستپێكی هه‌ر كارێكدا چاره‌نووسی به‌رهه‌می له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌، ئه‌گه‌ر ئامانج داهێنان و پێشكه‌وتن بێت شتێكه‌و ئه‌گه‌ر ئامانجیش له‌كۆڵ كردنه‌و تێپه‌ڕاندن بێت بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌ مادییه‌كه‌ ئه‌وه‌ شتێكی تره‌.
    له‌ ره‌وشی درامای كوردی و له‌سه‌رده‌می نوێ‌ دا زۆرن ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی نه‌ك هه‌ر ته‌نها بوون به‌مایه‌ی به‌هه‌ده‌ر چوونی زۆر ده‌رفه‌ت و متمانه‌، زه‌ره‌رو زیانێكی گه‌وره‌شیان به‌به‌هاو ئاستی هونه‌ریی دراما گه‌یاند.
    بۆیه‌ ئێستا پێشبینی گه‌وره‌ی شكست هێنان له‌و به‌رهه‌مانه‌دا ده‌كرێت، كه‌ گه‌وره‌ترین یودجه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، نه‌ك بچووكترین بودجه‌.
    له‌سیسه‌می به‌رهه‌مهێناندا لای ئێمه‌، گرێ‌ به‌ست له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ردا ده‌كرێت نه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ر، ده‌رهێنه‌ریش ده‌ست كراوه‌ ده‌بێت له‌ پرسی دارایی و مه‌زاجیه‌ت و ته‌وزیف كردنی پاره‌ بۆ به‌رهه‌م وه‌ك پێویست، بۆیه‌ پرسی دارایی زۆر جاران كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر چاره‌نووسی به‌رهه‌م.
    له‌و به‌رهه‌مانه‌ی بودجه‌ی گه‌وره‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌له‌قاتی گه‌نده‌ڵی هاوبه‌ش دروست ده‌بێت، له‌نێوان ئه‌وانه‌ی بودجه‌ دیاری ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر، ئه‌وانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان چاوپۆشی له‌ نه‌بوونی ده‌ق یا كه‌مو كوڕیه‌كانی ده‌كه‌ن، كاتێك كه‌ كاره‌كه‌ كه‌وته‌ بواری جێ‌ به‌جێ‌ كردنه‌وه‌، چار نامێنێ‌ ته‌نیا ته‌واو كردن نه‌بێت به‌هه‌موو كه‌م و كوڕیه‌كانیه‌وه‌.
    سه‌یره‌ بوجه‌ بۆ به‌رهه‌مێك خه‌رج بكرێت ، كه‌ ده‌قی نه‌بێت و كه‌س نه‌زانێ‌ ئه‌و ده‌قه‌ باسی چی ده‌كات !
  2. ده‌رهێنه‌ر:
    زۆربه‌ی ئه‌و درامایانه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێندرێن ده‌رهێنه‌ری پرۆفیشنالی تایبه‌ت به‌دراما نین، به‌ڵكو ئه‌كته‌ری بواری شانۆ، كاری ته‌له‌فزیۆنین ، به‌هۆی په‌یوه‌ندی تایبه‌تی هه‌لی ئیش كردنیان زێتر له‌و ده‌رهێنه‌ره‌ پرۆفیشنالانه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێ‌ كه‌ هه‌ندێ‌ جار وه‌ك ئه‌كته‌ری لاوه‌كی لای ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ كار ده‌كه‌ن.
    ده‌رهێنه‌ری وا هه‌یه‌ له‌ژیانیدا شتێ‌ له‌ئه‌لف و بێی ده‌رهێنان نازانێ‌، به‌ڵام ئه‌م سه‌ركێشیه‌ ده‌كات و زنجیره‌ی دوورو درێژی دراما ئه‌نجام ده‌دات، بێباك له‌ئاكام و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ قورسه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی.
    زۆر له‌ ده‌رهێنه‌رانی ئێمه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری به‌رهه‌مه‌ بیانیه‌كان و لاسایی كردنه‌وه‌یه‌كی كوێرانه‌ی كولتووری توركی، به‌مه‌ش له‌ رۆحیه‌ت و خه‌سڵه‌ت و كولتوری نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و كێشه‌و ئاریشاكانیان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، هه‌ر چیه‌ك بكه‌ن ناتوانن گوزارشت له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌و خواسته‌كانی بكه‌ن.
    له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناوازه‌و دیار فۆرم و روخساری درامای كوردی ده‌ركه‌وت و رووی درامای كوردی ناشیرین نیشاندا.
    هه‌ندێ‌ له‌و ده‌رهینه‌رانه‌ ویستیان به‌ ته‌كنیك و وێنه‌گرتن و كوالیتی ره‌ونه‌قدار بینه‌ر چه‌واشه‌ بكه‌ن، به‌ڵام بینه‌ری هوشیار درك به‌راستیه‌كان ده‌كا.
    كاتێك ته‌كنیك ده‌توانێ‌ شوێنی خۆی بگرێت، كه‌ بۆ خزمه‌تی دراما ته‌وزیف كرا نه‌ك بۆ چه‌واشه‌ كردنی چاو به‌كار بێت.
    هه‌ندێ‌ ده‌رهێنه‌ری تر هه‌وڵیان دا هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ ژماره‌ دا بكه‌ن و زۆرترین ئه‌لقه‌ له‌ زنجیره‌یه‌كدا به‌رهه‌م بهێنن، به‌ڵام چونكه‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی درامای كوردی توانایه‌كی دیاری كراوه‌، وێڕای زۆر له‌خۆ كردن و دروست كردنی پینه‌و په‌ڕۆ ته‌نها له‌پێناو ده‌ستكه‌وتنی زۆرترین بڕی بودجه‌ بوونه‌ هۆكار بۆ سه‌قه‌ت كردنی زنجیره‌یه‌ك.
    3.سیناریۆ
    كێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی درامای كوردی كێشه‌ی قه‌یرانی سیناریۆیه‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ك بۆشاییه‌كی به‌ر فره‌وان له‌پانتایی درامای كوردی دا ده‌رده‌كه‌وێت.
    بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ تا ئێستا زۆر له‌ده‌رهێنه‌ران پشتیان به‌توانای خۆیان به‌ستووه‌، كه‌ هه‌م ده‌رهێنه‌رو هه‌م سیناریۆ نووس و هه‌ندێ‌ جار ئه‌كته‌ریش بن .
    ره‌نگه‌ نووسینی سیناریۆ و ده‌رهێنان و نواندن به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌ركێكی قورس بێت، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ران به‌ناچاری یا بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی تێڕوانین ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.
    هه‌ندێ‌ جار كێشه‌ له‌وه‌دا دروست ده‌بێت كه‌ ده‌رهێنه‌ر توانای نووسینی سیناریۆی نیه‌و ته‌نیا پشت به‌وێنه‌و هه‌ندێ‌ كورته‌ دیالۆگی لاوه‌كی ده‌به‌ستێت، بی بایه‌خدان به‌دروست كردنی گرێ‌ و چاره‌سه‌ر كردن و قوڵ بوونه‌وه‌ له‌كاراكته‌رو درووست بوونی ململانی و بونیاتی درامی,
    هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كه‌ن كه‌ دراماكه‌ روویه‌كی رووكه‌ش وه‌رگرێت و هه‌موو توخمه‌كان به‌كه‌م وكوڕی بمێننه‌وه‌و درامایه‌كی بێ‌ ره‌گو ریشه‌ بێت.
    له‌زۆر به‌رهه‌مدا هه‌ر سێ‌ ره‌گه‌زی ده‌ق، سیناریۆ، دیالۆگ تایبه‌تمه‌ندی و كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه‌و ناكرێت هیچیان فه‌رامۆش بكرێن .
    4.ئه‌كته‌ر:
    داخه‌كه‌م زۆر له‌ئه‌كته‌ره‌ سه‌نگینه‌كانی بواری شانۆو دراما به‌ها هونه‌رییه‌كانیان له‌ به‌رهه‌می ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا به‌نرخێكی هه‌رزان له‌ ده‌ست دا، به‌هۆی لاوازی باری ئابووری و نه‌بوونی هه‌لی كار كردن.
    ئه‌كته‌ری ناسراوی وا هه‌یه‌ خۆی به‌ كۆڵه‌گه‌ی دراما زانیوه‌، كه‌چی بۆ بڕێ‌ پاره‌ له‌ به‌رهه‌میێكدا به‌شداری كردووه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌ق ببینێ‌، له‌ ناوه‌ڕاستی به‌رهه‌مدا په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌و راده‌كاو كار به‌جێ‌ دێڵێ‌.
    بۆیه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ نامۆیه‌ی ئه‌مڕۆكه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، له‌خۆراِیی دروست نه‌بووه‌و زۆرێك له‌ دراما كاره‌كان خۆیان هۆكاری راسته‌قینه‌ی ئه‌و پاشه‌گه‌ردانیه‌ن.
    كاتێك ئه‌و هۆكارانه‌ی ئێستا له‌پشت درامای كوردی دا نه‌بووه‌و ئامانج ته‌نیا له‌پاره‌دا كۆ نه‌بۆته‌وه‌، زۆر به‌رهه‌می به‌پێز له‌درامای كوردی دا دروست بوونه‌، كه‌ به‌ به‌رهه‌می زێڕین ناو ده‌برێن.
    له‌قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی درامای كوردی دا، به‌و ته‌كنیك و كوالیته‌ لاوازو په‌ڕپووتانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ره‌شو سپی دراماكانی وه‌ك مه‌ره‌زه‌، جه‌نابی موفه‌تیش، پیسكه‌ی ته‌ڕپیر، باوه‌ژن خوا بناسه‌، لالۆ كه‌ریم، مه‌سه‌له‌ی شارێك، فیله‌كه‌ی خاوه‌ن شكۆ، خوله‌ی چه‌خماخه‌و ده‌یان به‌رهه‌می نایاب، پاشان له‌سه‌رده‌می ته‌له‌فزیۆنی ره‌گاو ره‌نگ دا، به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك هه‌بوو نه‌بوو، تاپۆ هه‌قی چیه‌، گه‌رده‌لوول، مه‌می ئالان، گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان،ئاره‌زوو.
    ژاڵه‌ ـ كه‌ به‌ سونبولی درامای كوردی ده‌ژمێردرێت وهه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی وروژێنه‌ری له‌سه‌رده‌مێكی زۆر هه‌ستیاردا خسته‌ روو، ویستی بڵێ‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ كوێره‌وه‌ری و نه‌زانین و نامه‌عریفه‌ت و نه‌خوێنده‌وارییه‌، ده‌بێت كار بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی چاوكراوه‌و هوشیار بكرێت، بتوانێت به‌ره‌نگاری هێزی سته‌مكاری وداگیر كاری بێته‌وه‌.
    هۆكاری سه‌ره‌كی له‌سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ ئه‌و حه‌ماسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ شۆڕشگێڕیه‌ و ئه‌و نواندنه‌ به‌هێزه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان به‌گشتی و جیهاد دڵپاك به‌تایبه‌تی بو، كه‌ ببوو به‌ داینمۆی زنجیره‌كه‌، به‌هاوكاری موزیكه‌ وروژێنه‌ره‌كه‌ی سه‌ڵاح ره‌ئووف.
    له‌وه‌ته‌ی زنجیره‌ درامای ماڵه‌كه‌ی مه‌عروفیش له‌نووسینی ماهیر حه‌سه‌ن و ده‌رهێنانی ره‌حیم زه‌بیحی نمایش كراوه‌، تاوه‌كو ئیستا ده‌یان زنجیره‌ دراما هاتوون،
    تا ئێستا وێڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌نجام دراون، به‌ته‌رخان كردنی بوجه‌ی زه‌به‌للاح و كادیری ته‌كنیكی پێشكه‌وتوو بۆ ئه‌و زنجیرانه‌، كه‌چی هیچ له‌و زنجیرانه‌ نه‌یانتوانیووه‌ له‌رووی هونه‌ریی و بابه‌ته‌وه‌ له‌ئاستی ئه‌و زنجیره‌یه‌ تێپه‌رێنن و به‌و رادده‌یه‌ تینوویه‌تی بینه‌ر بشكێنن كه‌ پێویسته‌.
    بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی دراما ده‌كه‌ن،به‌ر له‌وه‌ی ره‌نج و ماندوو بوونیان له‌ ئاكامێكی نه‌رێنی به‌هه‌ده‌ر بچێت، هه‌ق وایه‌ سوود له‌ئه‌زموونی ئه‌و كارانه‌ی وه‌ك ماڵه‌كه‌ی مه‌عروف وه‌ربگرن و به‌دوای ئه‌و نهێنیانه‌دا بگه‌ِڕێن كه‌ فاكته‌ری سه‌ركه‌وتن و مایه‌ی وه‌رگرتنی بینه‌رن .
    بۆ دروست بوونی هه‌ر به‌رهه‌مێكی درامیش، گرنگه‌ هه‌مو ره‌گه‌زوپێكهاته‌كانی كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێ‌ به‌ یه‌كسانی، نه‌ك بایه‌خ به‌ ره‌گه‌زیك بدریو ئه‌وانی تر فه‌رامۆش بكرێن و هاوسه‌نگی دراماكه‌ تێك بچێت .
    بۆ نموونه‌ چه‌ند بایه‌خ به‌ وێنه‌گرتن ده‌درێت، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ده‌ق،چه‌ند به‌ شێوه‌، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ناوه‌رۆك.



حکومەتی هەرێم ئەتوانێ ژیانی هاوڵاتیان دابین بکات..!… عوسمان حاجی مارف

“حکومەتی هەرێم ناتوانێ ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دابین بکات و ڕێگاچارە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا” ئەمە پەیامی بافڵ تاڵەبانیە، کە لەکاتێکدا حزبەکەی خۆی یەکێكە لە حزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت و قوبادی برای جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، پەیامێکی لەم چەشنە جێگای تێرمان و قسەکردنی جدیە.
گەر ئەم مەسەلەیە لەو ئاماژەیەوە قسەی لەسەر بکەین، کە بافڵ ئەوە ڕادەگەیەنێت ئیتر حکومەتی هەرێم ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، واتە لەپێکهاتەی حکومەتی هەرێمدا بەئاشکرا ئەوە دەخاتە بەرچاومان کە حکومەتی هەرێم توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لەدەستداوە، ئێستاش بەرامبەر ئەو دۆخەی کە بافڵ دەیەوێت ئاماژەی پێبکات، دەبێت تەنها یەک ڕێگە هەبێت بۆ ڕزگاربون لە نەتوانینی حکومەت بۆ دابینکردنی ژیانی هاوڵاتیان، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی بێ ئەملاوئەولای حکومەتی ئێستای هەرێمە.
پێویستە سەبارەت بەو ئاماژەیەی بافڵ دەیخاتە بەرچاومان ئەو ناکۆکیە دیاری بکەین کە دەرگیری بوون، چونکە ئەگەر بافڵ پێیوایە ئەم حکومەتە ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، ئاخۆدەبێت چی ڕێگەی ئەوەی لێگرتبن کە دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە ڕابگەیەنێت، خۆی و قوبادی براشی دەست لەکاری سیاسی بکێشنەوە؟، هەروەها لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداری حزبەکەی لە کوردستاندا، پێویستە پاشەکشەی حیزبەکەی و سڕبونی حزبەکەی لە کاری سیاسی ڕابگەیەنێت. گەر ئەو کارەش ناکات ئیتر ئەو ئاماژەیەی کە حکومەت ناتوانێ بژێوی هاوڵاتیان دابین بکات قسەیەکی بێماناو مزایەدەی سیاسی و خۆدزینەوەیەکی ڕیسواو بێشەرمانەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ژیان و گوزەران و پێداویستیەکانی هاوڵاتیاندا. هەروەها ئامادەنیە هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر کە بگاتە ئەو ئاکامەی پێگەی حیزبەکەی لەق بکات وە بۆخۆشی کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت، چونکە ئاشکرایە کە بەرژەوەندی خۆی و حزبەکەی پێشمەرجی هەموو ڕووداوو قەیرانێکە.
دەمەوێت بڵێم دەربارەی دۆخی ئێستای کوردستان و قەیرانێک کە حکومەت دەرگیریەتی، لەو شوێنەوە دیاری ناکرێت کە بافڵ دەڵێت حکومەت ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، چونکە لە نێوان ئەوەی حکومەت ناتوانێ بژێوی دابین بکات یان بڵێین نایەوێت بژێوی خەڵک دابین بکات، دوو مەسەلەو دوو ئاراستەی جیاوازی تێدا بەدی دەکرێت. من وای دەبینم کە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خاوەن ئیمکاناتێکی بێشوماری وەهان کەبە جەردەیی و تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان دەستیان کەوتوە، گەر مەبەستیان بێت، دەتوانن باشترین خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکەن. بۆیە ناکۆکیەکە لەوەدایە کە بافڵ و مەسعود، قوبادو مەسرور، نێچیرو بەرهەم، یەکێتی و پارتی کێشەکەیان ئەوە نیە ناتوانن بژێوی هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵکو وەک خاوەن هێزی میلیشیاو تاڵانچی و جەردە و خاوەن سەرمایەیەکی بێشومار، بە هیچ جۆرێک بەتەنگ ژیانی هاوڵاتیانەوە نەبون و نین و کێشەیان ژیانی خەڵک نیە. هەر بۆیە گەر بەراستی نەیانتوانیایە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەڕێوەبەرن لە ناچاریدا ئەم کاسبیەیان نەدەکردو حکومەتەکەیان هەڵدەوەشاندەوە، بەڵام ئەوەی کەمن دەڵێم نایانەوێت،چونکە لەو بیرکردنەوەیەدان کە نەک حکومەتەکەیان هەڵناوەشێننەوە بەڵکو وەهایان داناوە کە دەسەڵاتەکەیان هەتاهەتایی دەبێت.
هەروەها باسکردنی گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەستنەوەی چارەنوسی خەڵک بەبەغداوە هێندە ئاماژەیەکی نابەجێیە، جگە لەوەی کە نایانەوێت وەڵام بە گوزەران و باشکردنی بژێوی و پێداویستیەکانی خەڵک بدەنەوە، بەڵکو چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە بارمتەو قوربانی ئەو مامەڵەو کێشمەکێش و گەمە سیاسیانەی کە لەگەڵ هێزە سیاسی و قەومی و تائیفیە میلیشیایانەی عێراقدا دەیکەن.
بافڵ و حزبەکەی لە نێو ئەو هاوکێشە سیاسیەی کە ئاڵوگۆڕ بە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستان هاتووەو پێشبینی ئاڵوگۆڕی زیاتریش دەکرێت، هەروەها کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکەی، پێگەیەکی وەها توندو پتەویان نیە کە بتوانن لە نێو جەنجاڵی هەلومەرجی ئایندەی ناوچەکەدا چارەنوسی هێزەکەیان دیاری بکەن، بەتایبەتی لەبەرامبەر پارتیدا، هەر بۆیە بافڵ لە هەندێ حاڵەتدا وەک قومارچیەک وەرەقەی دۆڕاندن فڕێ ئەدات و قسیەک بەبێ ڕونکردنەوەو نەخشەیەکی دیاریکراو دەخاتە ناو مەیدانی کێشمەکێشی لایەنەکانەوە.
بافل بەمەبەستی شکاندنی پارتی یان، خۆڵکردنە چاوی خەڵک بێت، پێش هەموو شتێک واقعیەتی بێتوانایی و بودەڵی حیزبەکەی دەخاتە ڕوو، کە پاش سی ساڵی دەسەڵاتیان، جگە لە ڕاگەیاندنی بنبەستبونی حیزبەکەی لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا هیچی ترمان پێناڵێت. واتە بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بە جۆرێک لە حاڵەتی بێئاسۆیی و دیارنەبونی چارەنوسی هێزەکەیاندان، لە نێو ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتە سیاسیانەی کە لە ناوچەکەو عێراق و کوردستان ڕودەدات بە تایبەتی لە هەلومەرجی شەڕی ئۆکرانیا و ئاکام و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، بەمانایەک یەکێتی نیشتمانی وەک هیزێکی میلیشیا پێگەو ئیعتبارە سیاسیەکەی ئێستای لەو ئاستەدانیە کەبتوانێ لە مەیدانی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا جێگایەکی باشتر لە دۆخی بنبەستی ئێستای بەدەست بهێنێت، هەروەها بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی جگە لە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێران و خۆبەستنەوە بە سیاسەت و چارەنوسی ئێرانەوە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشە جیهانیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیا ڕێگایەکی تریان نیە، هەربۆیە یەکێتی بێئەوەی هیچ تەرح و ڕێگایەک بگرێتەبەر بە ناچاری کەوتۆتە بەر سیاسەتی چاوەڕوانی و تەماشاکردنی ڕوداوەکان کە ئاخۆ ڕێرەوی ئایندەی هێزەکەی بەرەو کوێ دەبات..!. هەربۆیە قسەکانی بافڵ حسابێکی جدیان لەسەر ناکرێت و سەرکردایەتی یەکێتیش یەکڕیز نین و هەر کەسێکیان پێشنیارو قسەیەکی جیاوازی هەیە، وە تەنها لەهەوڵی پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەت و سامانی خۆیان و حیزبەکەیاندان، تا ئەوەی بیر لە ژیانی هاوڵاتیان بکەنەوە.
دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە وەک پاشکۆ بون بە بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە مەیداندا بوون، وە لەو ڕێگایەوە وەک هێزی میلیشیاو مافیا و تاڵانچی ئیدارەی کوردستانیان گرتەدەست و بونە بەشێك لە واقعیەتی ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەی ئەمڕۆ، کە کوردستان و عێراقی پێ لە قاڵب دراوە.
خوڵقاندنی کارەسات و چوارچێوەیەکی تەواو نەشیاو بۆ گوزەرانی هاوڵاتیان لە پێناو جەردەیی و دزی وتاڵانی و قۆرخکردنی تەواوی سەروەت و سامانی کوردستان لەڕێگەی دەسەڵاتەکەیانەوە پێناسەو کارنامەی سیاسی کوردایەتیەکەیان بووە، دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی هیزی میلیشیاو خولقاندنی نائاسودەیی و وێرانکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری، کە وایان لە خەڵک کردوە نەفرەت لە بونیان بکەن. حزبەکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتاوە نمونەی بێباکترین و نابەرپرسیارترین و نائینسانی ترین دەسەڵاتی سیاسی بون و هەن. خولقێنەری فەزای کۆنەپەرستی و دژی ژنان، کە دەبوا هەر لەسەرتاوە فرسەتی دەسەڵاتداریەتیان پێ نەدرایە، ئێستاش تەنها هەر ئەو ڕێگایە کارسازە کە هەڵچون و خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەری لە هەر ئانوساتێکدا بێت پێویستە بەر بە هەناسەی ئەم دەسەڵاتەی کوردایەتی بگرێت.




دیوانی مات… سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ا
دڕكوداڵی تاریكییه‌ك ڕژایه‌ ماڵه‌كه‌م
هێلانه‌ی برینداركردم
باڵنده‌ی به‌ره‌و ساردایی زستان كۆچیانكرد
دیوانێكی ماتیان به‌ باڵ نووسی و په‌ڕه‌كانیان كرده‌وه‌
له‌ناو لكوپۆپی دره‌ختی حه‌وشه‌یان دانان
ئاماژه‌ی كه‌وانه‌ی ڕووناكیان كرد
پێیدا دێینه‌وه‌
ئاسۆ گه‌وره‌بوو
وێنه‌یه‌ك له‌ ئه‌لبوومی خێزانی هه‌ڵده‌بژێرین
له‌ ده‌رگای ماڵی ده‌ده‌ین
قۆزاخه‌ی په‌مۆ ده‌كرێنه‌وه‌
خه‌نده‌یه‌ك گه‌شیان ده‌كات
چاو ده‌گه‌شێنه‌وه‌
ئاسمان به‌ ته‌واوی جریوه‌ی دێ
زه‌ویش گوێڕایه‌ڵی ده‌بێ
ئه‌ستێره‌ و مرۆڤ له‌به‌ر چاوان ڕاناكه‌ن
ڕۆژێ چه‌ند جارێكیش پرچی ئه‌ستێره‌ی ماڵ
به‌سه‌ر ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌دا ده‌كرێته‌وه‌

ئـ

ئاژه‌ڵی ترسناك زوو له‌خه‌وهه‌ڵده‌ستێ و به‌ باریكه‌ ڕێگادا دێت
ده‌می دژی به‌رانبه‌ر من ده‌كاته‌وه‌
ئاوازه‌ ته‌واوبووه‌كانم نه‌گوتران
ئاواز دڵی گۆرانی ڕوونده‌كاته‌وه‌
دڕكوداڵی تاریكی كۆڵی پێدام
چاوتان داخه‌ن به‌ ته‌نیا ده‌ڕۆم و سڵاو له‌ گۆڕ ده‌كه‌م
په‌نجه‌كانم به ‌ناوچه‌وانم شۆڕبوونه‌ته‌وه‌
ب

شكۆمه‌ندییه‌ك له‌ تیشكی پاراودا هاوار هه‌ڵده‌دا
دیوانی ماتی تێدا ده‌پارێزم
به‌ ته‌نیا و بێچه‌ك سه‌رنجی ده‌ن
سێبه‌ری خوداوه‌ندم خستووه‌ته‌ سه‌ر كانییه‌كی ساكار
له‌ هێزی هاوار خوڵقاندوومه‌

ت

به‌ كه‌وانه‌ی ڕووناكی نا
به‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كدا هاتنه‌وه‌
نزیكیان به‌فر باری
دیمه‌نێكه‌ كێ ده‌یه‌وێ به‌شداری تێدابكات
پاشان شه‌ڕی سنوورێك بكه‌ین و بیبه‌زێنین
شاری حه‌وت ده‌رگا بیناده‌كه‌ین
ده‌رگای یه‌كه‌م خه‌ون
ده‌رگای دووه‌م وه‌رز
ده‌رگای سێیه‌م شایی
ده‌رگای چواره‌م یاد
ده‌رگای پێنجه‌م سۆز
ده‌رگای شه‌شه‌م شاد
ده‌رگای حه‌وته‌م سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن
به‌ ته‌نیا و بێچه‌ك سه‌رنجی ده‌ن
ماڵێك ژماره‌ی ڕه‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێڕینه‌ بینای كردووه‌

پ

مێرووله‌كان به‌ زه‌ویم بزانن شارم له‌ناو دانێن
داڵه‌كه‌رخۆر بانگ مه‌كه‌نه‌ لای خۆتان
له‌ ئه‌ستێره‌ دابه‌زیو به‌ زمانی ناسیاو بلاوێننه‌وه‌
هێلكه‌ شه‌یتانۆكه‌ گۆڕ نییه‌
له‌و وه‌رزه‌ تێپه‌ڕه‌ پیر پیشانت ده‌دا
ئاوێنه‌یه‌ك به‌رانبه‌رت ڕوخساری به‌ فه‌رامۆشی گه‌یشتووه‌
زمانی ناسیاره‌

ج

به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێكی دارینه‌وه‌م
كۆترێكی باڵگران به‌سه‌رمدا دێت و ده‌چێ
ده‌نووكی داخراوه‌
گۆرانی له‌ په‌ڕی ده‌ڕژێ
لێوم هه‌ڵێنایه‌وه‌
ئاوی خدری بۆ هێنابووم ده‌ستنوێژ بشۆم
دیواری ماڵ پڕبوو له‌ كاتژمێری قورمیشكراو
كات بزرنه‌كه‌م
ناوی ڕاسته‌قینه‌م دیوانی ماته‌
نزیك په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌ ده‌خوێنرێمه‌وه‌
تكایه‌ دایكم و منداڵه‌كانم به‌ مردنم نه‌زانن
هه‌موو ڕووداوێك ده‌كرێ ڕووبدات

نیسانی 2022 هه‌ولێر




پاش گەیشتنی عاباکەی شەو… سروشت نەوزاد

من ئەوەم بە ئاسانى وێنا دەکرێت
دەگمەن نەبێت ڕووە و هیچ کەس وەرناگەڕێم
کاتێک
باڵندە کۆچەرییەکان دوور دەڕۆن و
ئاسمانەکە دەخۆنەوە.
هەروەها ئەوەش بە ئاسانى وێنا ناکرێت
دەگمەن نەبێت بەسەر خۆمدا دەنیشمەوە
ڕوو لە شیعر وەرناگێڕم
کاتێک
ئۆتۆمبێلەکە لە دامێنى ڕێگاکەدا لا دەدات و
منداڵان
تەنانەت هیچ منداڵێک لە دەرەوە نین.

:

ئەمە دەستپێکمە
ڕوخسارێکی تر،
ماسییەک کە هەڵدێت و فرتە دەکاتە وشکانییەوە.*
هەمووان وەک مرۆڤێک دەمناسن، ناوم بەسەر ڕەگەزی خۆمدا دەشەکێتەوە بەو سروشتەی
کە دای دەکەنم و ڕەنگپەڕیوو، ڕێگاکە بەرەو کار دەمئاژوێت.

سپێدەیەکی زێڕین با یەکانی لە شان دەکات، دەریا دۆزەکان بە خەبەر دێن، پاش تێ ڕامان، نەخشەکانیان لە بن دەست دەنێن و بە دەریاکەدا هەڵدەگەڕێن، ڕێک و ڕەوان، بەو کەشتییانەی کە دەکۆکن و پتر لە قەبارەی خۆیان، هەستی دڕاو لە گیرفانیان، گۆرانییەکان توڕ هەڵدەدەن…

سەرەتای ڕۆژە، لە ژێر تیشکی خۆرەکەدا پێدەشتەکە ڕوو لە ئاسۆ ڕاوەستاوە، هەڵواسراو بەو خاچانەی بە بێ پەروا لە هەوادان. لەوێ سەروەرێک بە دیار پەرژینەکەوە باڵەکانی دەکاتەوە و سێبەرەکەی خۆی ڕادەخات، چەشنی پردێک وەک ئەوەی وا بنوێنێت ئازادییەکە و درێژ دەکشێت.

بەڵام ئێستا، ئێستاش تەنانەت کە تابووتێکە یاخود شیکپۆشێک، مردووان وەک ئارەق
بەنێوچاویدا دەچۆڕێنەوە.
دەزانم هەوا قورس، تیشک تەنگەو شیکپۆشێک فریوودەرانە لە ئاوێنەدا دادەنیشێت،
لێ ناگەڕێت ڕوون ڕەوان درەختەکە نەختێك لە خۆیدا پشوو دات.
ئێستا ئێستایە و بێ هیچ سەر سامییەک، تەنانەت هیچ نیگایەک غەریبانە تێی ناڕوانێت.

ئێرە شەقامە، ئەو ڕێگایەی ڕاستە و ڕاست بە ئاڕاستەی شارەکەدا خۆی لێ دەخوڕێت.
لەوێ لە دامێنی ڕێگاکەدا و بە تەنیشت ئەو گەڵایانەی کە وەریون،
نەناسراوەکە دەرگای گەنجینەکەی دەکاتەوە و خۆی هەڵدەڕێژێت.
گەنجینەیەک بەو بیرانەی لە هێلانەکە دێنە دەر و بە تاریکییەکەدا هەڵدەگەڕێن،
نەناسراو وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبێتن…
پێخەفگەلێک بەو خەونانەی جار نا جارێک
لە بەردەمی منداڵەکە دادەنیشن و لە بیرى دەکەن ناونیشانی خوداکە بپرسن.

بەڵام باڵندەکان دەگەڕێنەوە، خەونەکانیش،
ئەوانەی وەک ئەوەی هەرگیز نەتوانن لە جێیەکی دیکەدا بن…
لە دامێنی ڕێگاکەدا و بەو شەقامەی ڕاستە و ڕاست ڕوو لە شارەکە خۆی لێ دەخوڕێت، ئەوانی دیش تێپەڕ دەبن، هەڵپێکراو بەو خەونانەی بەسەر خۆیاندا دەچەمێنەوە:
سەرنشینانێک کە هیچ کات دەرگای هەڵە ناکەنەوە. بەهەڵەدا وەرناچەرخێن.
ڕوو لە خۆیان ڕانامێنن تا نەناسراوێک ببینن.

منیش پێ و پێڵاوی ژیریم، پەنجەرەیەک لە چاومایە،
ڕوو لە ناوەوە وەستاوم و
با یەک نابینم لە نێو دەشت.

پاش کرانەوەی دەریا، ئەمە بایە دەفیشکێنێت
کێڵگەیەک باڵندەکان بە شەویدا دەنیشنەوە
منداڵێکە لە باوەشی زمانەوە، گلۆر دەبێتەوە خوار.
دیوارێکە لە دەستمدا چەکەرە دەکا و بەسەر ناوما هەڵئەزنێت.
یاخود سێبەرێکی بەرین، بەو باڵانەی
لەژێریدا کە چەماوە و دەستی مێژووم،
دەستی ئێستام، دەرگایەک داڕووخاو بە ڕووی خۆمدا،
دەبێت بپرسم: ناوم بەسەر زمانی خۆمدا دەشەکێتەوە لەو پەرژینەی
کە دەیپۆشم و ڕەنگپەڕیو، ڕێگاکە بەرەو ماڵ دەمئاژوێت.
پاش گەیشتنی عاباکەی شەو: ئاخۆ هەورم بێ هەدادان کە دەگرمێنم؟

سروشت نەوزاد


  • دێڕە شیعرێکى (بیلى کۆلینس)ە بە دەستکارییەوە وەرگیراوە.



بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…7…شەماڵ بارەوانی

بەشی حەوتەم/

ڕێگاکانی ناسینی خودا، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمانە…!
لەبەشی پێشوو ئاماژەم بەوەکرد، کە تەنها ئەوە قورئانیەکانن، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن.

دێمەوە سەرباس و خواس سەبارەت بە دیدگا و تێڕوانینی قورئانیەکان و قورانیەکانیەکانتان باشتر پێدەناسێنم، کە منیش ڕۆژگارێک قورئانی بووم…

وەلێ مادام باسم لە پرۆتستانتەکان کرد، بۆیە پێم باشە و بە گرنگی دەزانم لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، هەندەك باسی پرۆتستانتییەکان بکەین و زیاتر لە بارەیانەوە بدوێین و باشتر بە خوێنەرانی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…بییانناسێنین.

پرۆتستانتییەکان کێن..؟
هەڵبەت، وشەی(پرۆتستانت)، له‌ پەیڤی “پرۆتێستی (Protest)ئینگلیزییە هاتووه‌ و بە واتای: ناڕازی بوون موعارەزەبوون و ئیدانەکردن به‌رهه‌ڵستیكردن دێت.

پرۆتستانتییەکان، سەرەتا پێیان دەگووتن(ئینجلییه‌كانیان)، وەلێ دواتر و به‌ گوێره‌ی تێپه‌ڕینی ڕژگار و سەردەم، ناوه‌كه‌یان له‌ ئینجلییەکانه‌وه‌، گۆڕدرا بۆ پرۆتستانتییەکان و ئیدی بەو شێوەیە، لە پاڵ هەردووك مەزهەبی:کاتۆلیك و ئەرتەدۆکس، ئەوانیش بوون به‌ مه‌زهه‌بێكی تری دیار و کاریگەری نێو ئاینی مەسیحیەت و كریستیانەکان.

بزووتنەەی چاکسازی پرۆتستانەکان، کەشیشێک بە ناو (مارتن لۆتەر) دایمەزراند، چەوسانەوە و ستەمی کلێسا و پیاوانی ئایین و کەشیشەکان، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندبوو و گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، پاپاو پیاوانی ئایینی سەرو کلکیان لەگەڵ ستەم و جەوری و، کلێسا دەستیان لە گەڵ چینی دەرەبەگ و پاشاکان تێکەڵ کردبوو و بە ناوی عیسا و ئاین و ئاسمانەوە، خەڵکیان لە سەر زەوی دەچەوساندەوە و ستەمێکی زۆریان لە مرۆڤەکان دەکرد.

ئیتر لە مناڵدانی ئاینی کرسیتیان و هەناوی کلێسا و مەسیحیەتدا، بزووتنەوەی ئیسڵاحی( پڕۆتستانتییەت) لەدایک بوو، ئەو بزوتنەوە ریفۆرمیستەی وەکوو ئاماژەم بۆکرد(مارتین لۆتەر) دایمەزراند و ڕابەرایەتی دەکرد.

مارتین لۆتەر پیاوێکی ئایینی و لاهوتی و کەشیشێک بوو لە ساڵی( ١٤٨٣)زایینی دا لەدایك بوو. لە ساڵی(١٥٤٦)یش، ماڵئاوایی لە ژیانكرد و کۆچی دوایی کرد.

مارتن لۆتەر ڕیفۆرم خواز و چاکسازیخوازێک بوو، ئەو دژی بیروباوەڕەی پاپای كاتۆلیكی بوو، كە پاپا ئەو دەسەڵاتەی هەبێت و بتوانێت ببێت بە نوێنەر و سێبەری خوداوەند و لە جیاتی ئاسمان پسوولەی لێخۆشبوون و غوفران بۆ مرۆڤەکان دەربکات و مۆڵەتی چوونە بەهەشت بە خەڵکی بفرۆشێتەوە و بازرگانی بە ئایینەوە بکات و بە دڵی خۆی خەڵکێکیش بە کافر و هەرتەقەکات و بیاننرێت بۆ جەحیمی خوداوەند و دۆڵەکانی دۆزەخ.
Shamal Ismael Kareem
مارتین لۆتەر بڕوای بە هیچ واستە و وەسیلە و نێوەندگیرییەک نەبوو لە نێوان زەمین و ئاسمان، یان خوداوەند و مرۆڤەکان.
مرۆڤ دەتوانێت یەکسەر پەیوەندی لەگەڵ خواوەند ببەستێت. ئەوە قەناعەتی مارتین لۆتەربوو.
ئەو باوەڕی وابوو کە
“مرۆڤ بە باوەڕی دڵەوە و هەر لەڕێگای دڵەوە، لە خوداوەند نزیك دەبێتەوە، نەك بەو كارانەی كە كڵێسا بە سەریدا دەیسەپێنێت”.
مارتین لۆتەر هه‌موو جۆرە نوێژ وپەرستش و ڕیتواڵ و سوننەتێکی بە پێی ڤاتیکان و ڕۆماو پاپا و كڵێساکان و هەموو ده‌سه‌ڵاتێكی پاپا و کڵێساو کەشیش و چینی ئەکلیرۆسەکانی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌ و دانی به‌ هیچ گووتە و بڕیار و بکە و نەکە و فه‌رمانێكی پاپا و پاتریکەکان و پیاوانی ئاینی دا نه‌دەنا.
ئەو لەسەر پرۆتستانتبوون و نەچوونە ژێر باری بڕیارەکانی پاپا و کلێسا و دژایەتی کردنی بۆ دەسەڵاتی پاپا و کلێسا و پیاوانی ئایینی، لەساڵی ١٥٢٠ی زاینی، لۆتەر، لەلایان ڕۆماوە: بڕیاری دادگایی کردن و هەموو سوتاندنی کتێبەکانی و بێ بەشکردنی لەوانە و گووتنەوەی بۆ دەرچوو.

مارتین لۆتەر دەیگووت: “كتێبی پیرۆز بە تەنها تاكە سەرچاوەی سەرەكی ئایینی مەسیحییەتە”. ئەو قسەکانی پاپاو چینی ئەکلیرۆس و هەموو شتێکی تری ڕەتدەکردەوە.
پرۆتستانییەت، وەکوو ئاماژەم بۆکرد، لە مناڵدانی کاتۆلیکەوە لەدایک بوو، لەمەزهەبی کاتۆلیکدا، پیاوانی ئایینی و کەشیشەکان بۆیان نەبوو، ژیانی هاوسەرگیری پێک بێنن.

مارتین لۆتەر دژی ئەو تێگەیشتنە وەستایەوە و، پرۆتستۆی ئەوەی کرد و گووتی کەشیشەكانیش دەتوانن وەکوو هەر مرۆڤێکی تری ئاسایی ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن.

بە شێوەیه مارتین لۆتەر، سەرەڕای ئاستەنگ و ڕێگری و ناخۆشیەکان، کۆڵی نەداو بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی ڕێبازە ئیسڵاحی و مەزهەبە تازەکەی و بیرو ڕاکانی دژ بە کڵێساو پیاوانی ئایین، تاوەکوو سەرەنجام وایلێهات هەوادار و لایەنگرانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبوون و گوتەکان و بیرو باوەڕ و ڕێبازە تازەکەی زیاتر لە ناو خەڵکی بڵاو دەبوویەوە و خەلکێکی زۆر ڕوویان لەو تێگەشتنەی لۆتەر دەکرد، سەبارەت بە ئینجیل و کڵێساو پاپاو پیاوانی ئایینی و مەسیحیەت و ئێستا مەزهەبی پرۆتستانت،
به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین ڕێباز و مه‌زه‌هەبی مەسیحیەت داده‌ندرێت له‌سەر ڕووی زەوی و پێڕەو شوێنكه‌وته‌و ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی لە سەرتاسەری جیهاندا، بە(٨٠٠) ملیۆن كه‌س دێنە ژمارتن.

هەڵبەت لەپاڵ مارتین لۆتەر، (قەشەجۆن كاڵڤین John Calvin-١٥٠٩ بۆ ١٥٦٤ زایینی ژیاوە)
ئەویش تیۆلۆژیست و كەسایەتییەكی تری کاریگەر و دیاری نێو مەزهەب و ڕێباز و ڕێڕەڕوی پروتستانییەت بوو، لێرەوە قسەکردن لەوبارە بە کۆتادێنم و چیتر ناتوانم لەسەر ئەوە بڕۆم و ئەوە پوختەیەک بوو سەبارەت بە پرۆتستانیت.

ئینجا بابێینەوە سەر باس و خواسی قورئانیەکان،
من سەرەڕای ئەوەی دوای ئەوەی کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، دەستبەرداری قەناعەتی قورئانی بوونیشم بووم.
وەلێ من ئێستاش هاوڕێی قورئانیم زۆرن، تائێستایش هەر هاوڕێین و زۆر یەکتریمان خۆش دەوێت و سەرەڕای گۆڕانی هزر و دیدم، وەلێ ئێمە هەرکۆنتاک و پەوەندیمان هەیه و هیچ لە برایەتی و هاوڕێیەتیمان نەگۆڕاوە.

بەڕاستی قورئانیەکان مرۆڤی ئەقڵانی و هێمن و لەسەرخۆ و جوان بینن. ئەوان وەکوو سەلەفیگەرا و مەزهەبیگەرا و وئیسلامگەراکان جیقڵدان تەسک و دید داخراو نین، کاتێك دەبینن موسڵمانێک دەستبەرداری ئایینەکەی دەبێت، یان ئایینەکەی دەگۆڕێت. هیچ پێی تووڕه و قەڵس نابن و بە شتێکی زۆر ئاسایی و ئازادی تاک و مافێکی سروشتی هەر کەسێکی دەزانن، کە بەپێی قەناعەتی خۆی بژیت و هەڵبژێرت. ئینجا مەولانە وتەنی ڕێگاکانی ناسینی خودا هێندە زۆرە، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان.
ناکرێت تەنها مزگەوت، یان کلێسا، یان ئاتەشگا و مەعبەدێکی دیاری کراو بکەیت بە ڕێگای ناسینی خوداوەند و گەیشتن بە ئەو. ئایینەکەی ئەو ماڵی حەقیقەت و هەموو ئەوانەیتر ڕەتکەیتەوە. ئەوە پێچەوانەی یاسای سروشت و پلورالیەتی ئایینی و جیاوازیەکانە. تەنانەت پێچەوانەی پێکەوەژیان و ویستی ئێزدانە.

قورئانیەکان لەو سۆنگەیەوە:
ڕوانگەیەکی بەرز و لیبڕاڵانە و هیومانیستانە و جوانیان بۆ مرۆڤ و ژیان و ژن و گەردوون هەیه. شلۆڤە و تێگەیشتنێکی هیومانیستانە و ئەقڵانیانە بۆ تێکستەکانی قورئان دەکەن و باوەڕیان بەو تەفسیرە:حەرفی، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیە نییە، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت.

ئەوان باوەڕیان وایە، ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموانە و نابێت ئایین هەرگیز، تێکەڵ بە کایەی سیاسەت و کێڵگەی حوکومڕانی و کاری دەوڵەتداری بکرێت. ئەوان بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتی سیوکراتی ڕەتدەکەنەوە. بیردۆزی داروینیان سەبارەت بە پەرەسەندن(ئیڤۆڵەیشن)قبوڵە و بۆچوونیان وایە: قورئان پشتگری ئەو تیورەی داروین دەکات و تیئۆرەکەی داروین هیچ دژایەتیەکیشی لەگەڵ ئەو دروست بوون و خەڵقەی ئادەم نییە، کە لەقورئان باسکراوە.




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان (3)… رەسوڵ بەختیار

لەوانەیە بپرسن، بۆچی تا ئێستا هیچ کام لەپاڵەوانێک دیار نییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەشەقامە بازنەییەکان دەژین، هەموویان پاڵەوانی سەرەکین، یاخود هەموو ئەوانەی رۆژێک لەرۆژان ئەگەر بەرێکەوتیش بێ، لەسەر شەقامە بازنەییەکان تێپەڕیوون، یان ئەوەتا بەهۆی کارێک روویان لەو شەقامانە کردووە، پاڵەوانەکان جۆراجۆرن، وەک رەنگەکان هەر یەکەو مانایەک دەبەخشێ، زۆرجاران ئەو رەنگانە داهێنانیان هێناوەتەکایەوە، کەچی نکۆڵی دەکا و دەڵێ:
-من خەڵکی ناو شەقامە بازنەییەکان نیم.
-تۆ پرسیارت کردووە، لەکوێ لەدایکبوومە؟
خەڵکی شەقامە بازنەییەکان گوێ بەم قسانە نادەن، بەڵکو پێیانوایە تۆ بەشێکی دانەبڕاوی ئەو نێوەندەیی، بۆیە دەبینی هەموو ئەوانەی بەئەسڵ خەڵکی ئەوێ نین، هەندێکیان دوای بیست ساڵیش دەبێ، شێوە زاریان وەک خەڵکی شەقامە بارنەییەکان نەکردووە، بۆیە ئاساییە چۆن قسە دەکات ئەوان بەشێوەزاری شەقامە بازنەییەکان وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام دڵتەنگ دەبن کاتێک یەکێک لەدانیشتۆانی نێو ئەو شەقامە بازنەییانە دەوڵەمەند دەبێ، کەچی بەشێوازێکی ناشیرین، باس لەشەقامە بازنەییەکان دەکەن.
جەژن و بۆنە و یاد، حزبی نەتەوەی و ئاینی، چالاکی مەدەنی و خێرخوازی، جوانی و ناشیرین، رۆژانە لەسەر ئەو شەقامە بازنەییانە دەبیندرێ، هەوادار و دژەکان هەردەم لەگەڵ یەکدا هاوڕێن، زۆر بەکەمی رق و قینەیان بەرامبەر یەکتر هەیە، سەردەمانێک ڕاپورت نووسین دژ بەیەک باو بوو، کەچی لەکۆتایدا گەیشتنە ئەو بۆچوونەی هەموومان خەڵکی شەقامە بازنەییەکانین، بۆیە ئەمجارەیان بەدڵێکی فراوانەوە گوێیان بۆ بۆچوونی یەکتر دەگرت.
ئیبراهیم ئەندامی یەکێک لەحزبە ئاینییەکان بوو، سەرەتای جۆش و خرۆشی باوەڕداری وایلێکردبوو سڵاوی لەزۆرێک لەهاوڕێییەکانی نەدەکرد، چونکە پێیوابوو سڵاوکردن لەوانە جایز نییە، رۆژ لەدوای رۆژ بۆ سڕینەوەی ئەو بۆچوونە، هاتەوە وەک پێشتر سەردانی هاوڕێیەکانی دەکرد، بگرە وایلێهاتبوو گەشتی دەرەوەی وڵاتیش لەگەڵ ئەوانە دەکرد، کە سەردەمانێک پێوابوو جایز نییە سڵاویان لێ بکات، بەو پێیەی ئەوانە لەنێو حزبی نەتەوەیی و چەپدان.
شاکر: بۆ سەردەمانێک سڵاوت لەئێمە نەدەکرد و خۆت لالووت نیشان دەدا؟

  • (بەپێکەنینەوە) ئێ مەبەستت ئەوەیە، ئەو رۆژگارە گەمژە و گێل بووم، بەڵام ئەوەی راستی بێ، سەیرم کرد، ئەوانەی بەو شێوەیە فێریان دەکردین، لەگەڵ کەسانی گومڕاش دادەنیشن و بەشداری خواردن و خواردنەوەشیان دەکەن، دەزانی رۆژگارێکی سەیر بوو کاتێک بیری لێدەکەیتەوە یان ئەوەتا دەبێ پێبکەنی یان بگرێی بۆ ئەو عەقڵە پووچەی هەمانبوو، واز لەمە بێنە سەرداانی برای خۆمم نەدەکرد، کەچی ئەو هەردەم بەپێکەنینەوە لەرێگەکان بەرەو رووم دەهات.
    -تۆ ئێستا باوەڕداریت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟
    -نەخێر، ماوەیەک بۆ ئەوەم بوو، تۆ بهێنمە سەر بیروباوەڕی خۆم، کاتێک نەمتوانی، پێمباش نەبوو، هاوڕێیەتیشتان لەدەست بدەم.
    زۆرێک لەوانەی لەحزبە نەتەوییەکان بوون، بەرق و قینەوە دەیانڕوانییە هەوادارانی حزبەکانی دیکە، هەیانبوو ملی نزیکترین هاوڕێی خۆی دەشکاند، ئەمەش تەنیا بۆ دەستخۆشییەک بوو، سەردەم تێپەڕی زۆرێک لەو بابەتانە بوو بەبەرژەوەندی و کار و هۆیەک بۆ دەوڵەمەندی، تا وایلێهات لەگەڵ هەوادارانی حزبەکانی دیکە کۆمپانیا دابنێن و بۆ هەڕ پرۆژەیەک پشکی هاوبەشیان هەبێ و سوێند بەسەری یەکتر بخۆن، سەرەڕایی گەشتکردن بەیەکەوە، خەڵکە نزیکەکانی خۆیان لەهەموو کۆمپانیا و شوێنێکدا دادەمەزراند.
    خەڵکی ئەم دەڤەرە، بەقسەی خەڵکی دەڤەرەکانی دیکە بێ، نازانن ئۆتۆمبێل باژۆن، راستە ئۆتۆمبلی بەهاداری دوا مۆدیلێان هەیە، بەڵام شتێکی وای لێ نازانن، تەنیا بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی دوا مۆدیلیان هەبێ، هەندێکجاڕ وەک ئەوەی بەیەکتر نیشانی بدەن، خۆیان بە دەوڵەمەند دەزانن، ئەوە بەشێکیان، بەشەکەی دیکە هێمن هێمن بۆ کارەکانیان ئۆۆمبێل لێدەخۆڕن، رۆژ نییە لەسەر شکانەوە کێشەی گەورە روو نەدا، بەڵام لەکۆتایدا یەکتر ماچ دەکەن وەک ئەوەی هیچ نەبوو بێ، هەندێکجار لەشەڤامە بازنەییەکان لەیەکتر دێنە خوارەوە، هەزار جوێن بەیەکتر دەدەن، کەچی کاتێک یەکێکی کەمێک ماقووڵ دێتە بەینیان داوای لێبوردن لەیەکتر دەکەن، سەیرەکە لەوەدایە، دەبن بە برادەر، بۆ هەندێک بابەت راوێژ بەیەکتر دەکەن لەپرسە و تازیە و خۆشییەکاندا بەشداری دەکەن، هەموو کات سوپاسی ئەو رێککەوتە نالەبارە دەکەن.
    کێشمە کێشمی ئەو شەقامە بازنەییانە کۆتایی نایەت، زۆرێک لەماستەرپلان دانرا، زۆرێک لەرێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی و ژیار و رۆشنبیری دانرا، تا هیچ نەبێ کێشەکی بچووکی ئەو شەقامە بازنەییانە چارە بکەن، بەڵام هەموو ئەوانەی بەو کارانە هەڵدەستان هیچیان یەکێک لەو ژاڵەوانانە نەبوون، کە لەشەقامە بازنەییە لاوەکی و سەرەکییەکاندا سەری هەڵدابێ، هەموو ئەوانەی باس و خواستەکان دەخەنە روو، یان ئەوەتا بەدوای کارێک دەگەڕا، کەچی لەشەقامەکانی خۆیدا نابووت دەبیندرا، بەڵام لەو لاترەوە پێیانگوتبوو:بڕۆ لەشەقامە بازنەییەکان لەدووتۆیی مەدەنی و رۆشنبیری و ژیاریدا خۆت بنوێنە، ئەوان زۆر حەز بەقسەی بریسکەدار دەکەن.
    ئەو نازانی بەدرێژایی مێژوو، زۆر هاتوون خۆیان بەپاڵەوان زانیووە، کەچی شەقامە بازنەییەکان کردووینەتە پەندی زەمانە.



چیرۆک/ ڕاوی ژیان… جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەلیسا کاتێک بووە پارێزەر لە تەمەنی بیستو پێنج ساڵی دا شووی کرد بە میستەر دانیاڵ لێپرسراوی دادگای شاری ڤانکۆڤار. دەیڤد پانزە ساڵ لە ئەلیسا گەورە تر بوو. ئەو کاتەی دەیڤد لەسەر کێشەی موڵک میستەر دانییاڵی کوشت جەیسنی کوڕی تەمەنی هەشت ساڵ بوو. دووای بیست ساڵ جەیسن تۆڵەی باوکی کردەوە و کارۆڵی براکەی دەیڤدی کوشت. ئەلیسا شوی کرد بە دەیڤد. دەبوایە ئەو کارەی بکردایە بۆ ئەوەی جەیسن نەکوژرێت.
دەیڤد جگە لەوەی ئەندامی پەرلەمان بوو. لێپرسراوی شارەوانی شارەکەی و خاوەنی سامانێکی زۆر و کۆمەڵێک پرۆژەی گەورە بوو.
دەیڤد گەڕایەوە ماڵەوە. ئەلیسای ژنی دەیزانی پلانی داناوە جەیسنی کوری بکوژێت پرسیاری لێ کرد :

  • ئایا قومارەکەت دۆڕاند؟ شپرزە دیاریت!
  • هەواڵم زانی کابرای تاوان بارت ڕزگار کردووە! گرنگ ئەوەیە پارەیەکی باشت دەست کەوت؟ ئەلیسا پێی وت:
  • دەیڤد تۆ بە بێ بەڵگە قسە دەکەیت. ئەو کابرایە هێندەی تۆ تاوانبار نەبوو. بگرە تاوانیشی نەکرد بوو؟
  • چۆن تاوانی نەکرد بوو؟ پۆلیس بەسەر تەرمی کابرای کوژراوەوە گرتبووی؟
  • بەڵی بەڵی ڕاست دەکەیت! بەڵام دەمانچەکە هی تۆ بووە؟ تۆ دەبێت لە دادگا بەرگری لە خۆت بکەیت؟
  • تۆ خێزانی منی؟
  • بەڵێ دەزانم بەڵام من دادوەرم! ناتوانم چاوپۆشی لە قاتل بکەم!
  • لە دوای بڕیاری دادگا جەیسنم وەک نوێنەری خۆم لەگەڵ پیاوەکانم نارد تا ئاگای لە هەموو شتێک بێت؟
  • قسەی مناڵانە دەکەیت دەیڤد! دەزانم کە بەرنامەت داناوە بیکوژیت. ئایا تۆ نەبوویت مێردەکەمت کوشت ؟ ئایا دەتەوێت تاوانێکی کە ئەنجام بدەیت؟
  • ئایا چەکی لەگەڵ خۆی برد؟ وتم نەک لە بیری چوبێت هههههه
  • دەزانی تۆ زۆر کەری! بە بێ چەک چۆن شەڕ دەکرێت؟ جەیسن گەمژە نییە دەزانێت چی دەکات لەگەڵ دووژمنەکانی دا!

شەو هەواڵییان گەیاندە دەیڤد پاپۆڕەکەی تەقێنراوەتەوە و هەموو پیاوەکانی کوژراون. ساڵی ١٩٩٣ دادگا بڕیاری بیست سال زیندانی بۆ دەیڤد دەرکرد. دوای چوار مانگ جەیسن کوژرا. ئەلیسا سەری خۆی هەڵگرت و پاش دووساڵ لە شوێنی پاپۆڕەکە تەرمەکەیان دۆزییەوە.

    • !

    غوربەت




مەراسیمی ١ی ئایار ٢٠٢٢ لە شاری تۆرنتۆ/کەنەدا

کرێکارانی جیهان یەکگرن !

بۆیەکڕیزی و جۆشدانی خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی یەکسان و باشتر، ڕێکخستنەکانی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حزبی حیکمەتیست( خەتی ڕەسمی) مەراسیمێکی شکۆدار لە
Thomson Memorial Park ڕێکدەخات.
بەم شێوەیەی خوارەوە و بەوهیوایەی هەموو ئازادیخوازان و ڕابەرانی جەماوەری و یەکێتیە کرێکاری و حزبیەکان بتوانن بەشداری تێدا بکەن.

١- پیشانگەیەکی وێنەیی بۆ خەباتی جەماوەری و کرێکاری لە کوردستان، عێراق، ئێران و کەنەدا و دنیا نمایش دەکرێت.
٢- مێزکتابی ڕاگەیاندن و نوسراوی مارکسی و بڵاوکراوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی بەزمانەکانی کوردی،عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی.
٣- بەشی وتارخوێندنەوە جگە لە وتاری ڕێکخەرانی مەراسیمەکە کەسایەتی و نوێنەری ڕێکخراوی جەماوەری لەکەنەدا بەشدار دەبن. وتار بێژەکان:

  1. وتاری ڕێکخەری مەراسیم
  2. John Clarke. Packer Visitor in Social Justice at York University.
  3. Nawzad Medhat from socialist action
  4. Kiri Vadivelu from Scarborough
    • Member of Acorn Canada
    • Member of Municipal Socialist Alliance
    • Running for Councillor Ward 21 in Toronto
    ٤- شیعر و قەتعنامە و مایکی ئازاد .
    ٥- بەشی مۆسیقا و گۆرانی بە دی جەی لە لایەن بەڕێزان گۆران باهیر و شەماڵ ڕەسوڵ ئامادە دەکرێت.
    ٦- هەرکەسە و بەخواردنی خۆی بەشداری دەکات و خواردنەوەش لەوێدا دەفرۆشرێت.
    بژی ڕۆژی هاوپشتی و چینایەتی کرێکار
    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/ کەنەدا
    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق/ کەنەدا
    حزبی حیکمەتیست( خەتی ڕەسمی)/ کەنەدا



“پەروەردەی ئیسلامی”، پرسیارکوژی‎ ‎‏‌و گومانکوژی… شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە کە بەشی چوارەمە لەو زنجیرەی وتارەی کە دوابەدوای هێرشەکانی هەندێک کەس و لایەن بۆ سەر نوسەر و ڕوناکبیری کورد کاک شێرزاد حەسەن وا خەریکم دەیاننووسم. کاک شێرزاد لە کۆڕێکدا بەبنەما لەسەر هەندێک توێژینەوەی من گوتبوی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان مرۆڤی داعشئاسا بەرهەمدێنن (‏تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە لەم زنجیرە وتارە کە لەژێر ناونیشانی “من بووم ‏نەک شێرزاد حەسەن” بڵاوبۆتەوە).
لە بەشی یەکەمدا پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە هەندێک لە دەقەکانی کتێبەکان بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێن ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا ‏دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی کرستیانبوونیان ‏بدەن یان دەبێت بیانکوژین. لە بەشی دووەمیش بە نیشاندانی چەند دەقێک لە کتێبەکان نیشانماندا کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لەمیانی کتێبەکانی پەروەردەی ‏ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن. ‏‏لە بەشی سێیەم باسم لەوە کرد کە چۆن لە ڕێگەی کتێبەکاندا ئیسلام وەک ئایین بەسیاسیی دەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن ‏بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنەمایەکە و هەوڵێکە بۆ بەداعشکردنی منداڵان.
ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر ئەوەی داخۆ پەیام‌ و بەهاکانی نێو کتێبەکانی “پەروەردەی ئیسلامی” چ جۆرە منداڵێک، خوێندکارێک، مرۆڤێک، یان نەوەیەک، بەرهەمدێنن. هاوکات، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی خوێندنی ئایین لە قوتابخانەکانی کوردستان لە پەروەردەی ئیسلامییەوە بۆ ئایینناسی. پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم هەوڵە ئەوەیە کە پەروەردەی ئایینیی کار و ئەرکی قوتابخانەکانی کوردستان نییە.
گرنگی توێژینەوە لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە (مینهاجی دیراسی) لەوەدایە کە لەنێو هەموو ئەو کتێب‌ و زانیاری ‌و زانینانەی (مەعریفانەی) لەبەردەستدان کتێبەکانی قوتابخانە لە هەر هەموویان کاریگەرییان لەسەر منداڵان ‌و لاوان‌ زیاترە. ئەمەش بە سوک‌و سانایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە بێجگە لە دەق و پەیامەکانی ناو کتێبە مەنهەجییەکان هیچ کتێب‌ و زانیارییەکی دیکە لەم دنیایەدا نییە کە هەموو منداڵ ‌و لاوێک پێی ئاشنا بێت، چونکە خوێندن، وەک زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە کوردستانیش بەزۆرییە (ئیلزامییە). ئەمەش وای کردوە کە خوێندکار حەزبکات یان حەزنەکات ئەوا زانیاری ‌و مەعریفە ئامادەکراوەکانی نێو کتێبە مەنهەجییەکانی بەسەردا دەبارێنرێت. گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم زانیارییانە، وەک ئەو پەندەی دەڵێت “فێربوون لە منداڵی وەک نەقشهەڵگرتنە لەسەر بەرد”، جێپەنجەی خۆیان جێدێڵن.
پرسیارکوژی ‌و گومانکوژی
ئەگەر دروستکردنی پرسیار و گومان‌ و گەڕان بە دوای سێ پرسیارە گرنگ ‌و گەورە و جەوهەرییەکەی مرۆڤایەتی: ئێمە کێین؟ لەکوێوە هاتووین؟ بەرەو کوێ دەچین؟ کڕۆک‌ و خەمی سەرەکی سیستەمی پەروەردە بێت ئەوە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونیان بۆ قوتابخانە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دەستدەکەوێت‌ و یەک دانە پرسیاری جەوهەری بێ وەڵام لەلای منداڵەکان نامێنێتەوە. گومانکردنیش، کە جەوهەر و سەرەتای هەموو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچوونێکە، نەک لەلای مندڵان و خوێندکاران گەشەناکات بەڵکو ئەگەر هەشبێت دەڕەوێتەوە.
پرسیار لێرە ئەمەیە، داخۆ ئەو بانگەشەیەی ئێمە بنەمای لەسەر چ داناوە؟ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکە چاوێک دەخشێنین بە کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”. منداڵانی کوردستان لە وانەی یەکەمی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێیاندەگوترێت کە “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو وە هەموو شتێک”ـە. سەرنجێک لە ناوەڕۆکی ئەم دەقەی سەرەوە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە:
یەکەم، لە ڕۆژی یەکەمی خوێندن، منداڵانی کوردستان وەڵامی هەموو پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤایەتیان، کە مرۆڤەکان هەزاران ساڵە بە دوایانەوە حەوداڵن، لە یەک ڕستەدا بە دەستدەکەوێت. چونکە ئەم دەقەی سەرەوە وەڵامی هەر سێ پرسیارە گەورە فەلسییەکەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، داوەتەوە.
دووەم، ئەم دەقە چەمکی فەلسەفی زۆر قوڵ‌ و ئاڵۆز لە خۆدەگرێت کە لە توانای منداڵێکی تەمەن شەش ساڵیدا نییە کە بتوانێت بە سانایی تێیانبگات‌ و هەرسیان بکات.
سێیەم، ئەم دەقە منداڵی بێپرسیار و بێگومان لە پرسە فەلسەفییەکان بەرهەمدێنێت چونکە وەک گوتمان وەڵامی پرسە فەلسەفییەکانی بە ئامادەکراوی لە دەقەکە دەستدەکەوێت. بێجگە لەمە ڕستەکە زۆر بەشێوەیەکی ڕەهاییانە (ئیتلاقیانە) داڕێژراوە.
ئەم هەڵسەنگاندن‌ و ڕەخنانەی سەرەوە لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە بەتایبەتی لەوانەی کە ئایینیان وەک ڕاستییەک و باوەڕێکی ڕەها وەرگرتووە و لای ئەوان ئایین جێگای هیچ پرسیار و گومانێک نییە. بۆنمونە، لەوانەیە کەسانێک هەبن ڕەخنەبگرن ‌و بپرسن ئەی باشە مەگەر خوا زەوی‌ و ئاسمان‌ و مرۆڤی نەڕسکاندوە/نەخولقاندووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە دەڵێین:
یەکەم، مەبەستی ئەم وتارە قسەکردن نییە لەسەر ئەوەی داخۆ ئەم دەقەی کە لە کتێبەکە هاتووە ڕاستە یان هەڵە، بەڵکو زیاتر قسەکردنە لەسەر شێوازی داڕشتنی ڕستەکە/دەقەکە، لەگەڵ ئەو پەیامانەی کە ئەم شێوە داڕشتنە دەیانگەیەنێت.
دووەم، کردنی پرسیارەکە بەمشێوەیەی سەرەوە لە چوارچێوەی پرسیارێکی پەروەردەیی-فەلسەفیی دەزگایەکی (ئینستیتۆیەکی) حکومی سەربەخۆ، وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، دەردەچێت‌ و دەبێتە پرسیارێکی ئایینیی-فەلسەفی دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی دیکە، ئایا وەزارەتی پەروەردە دەزگایەکی حکومییە یان ئایینییە؟ دیارە ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە حکومەتێکی نائایینی (مەبەست لە نائایینی دژە-ئایین نییە) دابنێت ‌و وڵات لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین، وەک بەخۆی ئیدیعا دەکات، بەڕێوەببات ئەوا ئەوکات دەبێت پێداچوونەوە بکات بە شێوەی داڕشتنی نەک تەنیا ئەم دەقە بەڵکو زۆربەی دەق ‌و ڕستەکانی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”، کە دواتر باس لە هەندێکی دیکەشیان دەکەین.
پێداچوونەوەکەش کارێکی هێندە سەخت نیە. هەنگاوی یەکەم لەوە دەستپێدەکات کە هەر ئێستاکانێ وەزارەتی پەروەردە دەستیداوەتێ ئەویش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی خوێندنی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ “ئایینناسی”یە. مەبەستێکی سەرەکی ئەم وتارە خزمەتکردنە بەو هەنگاوە. هەنگاوی دووەمیش دەبێت ئەوە بێت داخۆ مەبەست لە ئایینناسی چییە؟ بە چەند نمونەیەک دەکرێت هەندێک تیشک بخەیەنە سەر چۆنییەتی کارکردن بە ئاراستەی گۆڕینی وانەکانی پەروەردەی ئایینی بۆ ئایینناسی‌ و ڕزگارکردنی دەقەکان لە خسڵەتە پرسیارکوژی ‌و گومانکوژییەکانیان.
بە چاککردنی ئەم دەقەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، دەستپێدەکەین. دەقەکە لە کتێبەکەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا دەڵێت “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ‏ئاو وە هەموو شتێک”ـە‏. ئەم دەقە لە دیدێکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە و نوسراوە کە دەکرێت شیاو بێت بۆ کتێبێکی ئایینیی کە لە دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت بخوێندرێت، بەڵام نوسینی ئەم دەقە لە توێی کتێبێکی قوتابخانەیەکی حکومی نەگونجاوە. لە کتێبەکانی قوتابخانە حکومییەکان دەبێت ئایینناسی بخوێنرێن نەک پەروەردەی ئایینیی‌ و ئیسلامی. ئەوەش بە مانای ئاشناکردنی خوێندکاران بە هەموو ئایینەکانی دنیا لەسەروی هەمووشیانەوە ئایینی ئیسلام چونکە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.
لەوانەیە هەندێک کەس پرسیاری ئەوە بکەن باشە چۆن دەکرێت دەقێکی ئایینی وەک ئەو دەقەی سەرەوە لە جیاتی ئەوەی وەک دەقێکی ئایینی ڕەها، وەک دەقێکی ئایینناسی بخرێتە نێو توێی کتێبەکان. لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین ئەمە کارێکی زمانەوانی زۆر سەخت نییە. ئەویش بە داڕشتنەوەی دەقەکە دەبێت، بەبێ ئەوەی تانە لە جەوهەری بڕوای موسڵمانانیش بدرێت کە باوەڕیان بەوە هەیە کە خوا زەوی ‌و ئاسمان‌ و مرۆڤی خولقاندوە. داڕشتنەوەکەش دەکرێت بەمشێوەیە بێت: “موسڵمانان پێیانوایە کە خوداکەیان خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو و هەموو شتێک”ـە.
ئەم داڕشتنە، دەقەکە لەو دەربڕە ڕەهاییە ڕزگاردەکات کە داڕشتنەکەی پێشووتر هەیبوو. لە پاڵ ئەمیش دەرگای پرسیار ‌و گومان لەبەردەم خوێندکاران داناخات چونکە ئەم دەقە ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئەوە لە دیدی موسڵمانانە کە خودا ئاسمان‌ و زەوی ‌و مرۆڤی خولقاندوە. دەقە نوێکە ئەم دیدەشی وەک هەقیقەتێکی ڕەها وەرنەگرتووە. فەزاکانی ئەم دەقە جێگای دیدی دیکەی تێدا دەبێتەوە و دەرگاش ئاوەڵا دەکات لەڕووی کۆمەڵێک پرسیار، کە گرنگن بۆ منداڵ.
کاریگەریی ئەم داڕشتنە لەسەر منداڵانی کوردستان بە زۆر شێوە دەبێت، لەوانە:
یەکەم، پرسیاری ئەوە لەلای خوێندکاران دروستدەکات کە ئەمە تاکە دید نیە و تێگەیشتن ‌و تێڕوانینی دیکەش هەیە بۆ ئەم پرسە گرنگەی مرۆڤایەتی.
دووەم، گیانی قەبوڵکردنی دیدگاکانی دیکە لەلایەن خوێندکاران دروستدەکات چونکە دیدگاکە ڕەهاییگەرانە دانەڕێژراوە.
سێیەم، هەلی پێکەوەژیان‌ و تەبایی لەنێوان ئەندامانی گەلی کوردستان لەنێوخۆیاندا و لەگەڵ گەلانی دیکە دروستدەکات. ئەمەش بەوەی کە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژ و یەکەم وانەی قوتابخانە بە گیانی فرە دیدگەیی گۆشدەکرێن نەک تاکڕەویی کە دید و دەستپێکی دەقەکەی نێو کتێبەکەیە.
چوارەم، ئەم داڕشتنە دەبێتە بەردی بناغەی پێکەوەژیان‌ و تەبایی ئایینی‌ و ئایدیۆلۆجی لە کوردستان.
لە بەشی داهاتوودا هەندێک ئەنجامگیری لە گفتوگۆکانی ئەم بەشە دەکەین و چەمکگەلی وەک ڕەهایگەرایی و تاکڕەویی زیاتر شەنوکەو دەکەین.

شێرکۆ کرمانج




دەست بۆ ناوەکان مەبەن… سامانی وەستا بەکر

ئەبوو پاش ٣١ ساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی ئێستا باس لە ئەزموونی سەرکوتوو و مۆدیرنی کوردستان بکرایە نەک تا ئێستاش چاومان لەسەر ئەزموونی خۆجێی و بەڕێوەبەری وڵاتانی تری دنیابێ.
گەلی کورد گەلێکی بندەست و چەوساوەی ناوچەکە بووە لە مێژەوە، زۆر تامەزرۆی ئازادی و حوکمی خۆماڵی کوردی بووە، ئەبوو هەر بەو تامەزرۆییەش، شێلگیرانە هەڵپەی بووایە بۆ دروست کردنی موئەسەسات و حومێکی ڕەشید کە شایستەی گەلێکی ستەمدیدە و بندەست بووایە. حوکمێک کە تاکی کوردی هەستی بەچێژی ئازادی و سەربەخۆی بڕیاردانی خۆماڵی بکردایە، حوکمێک کە بەتەمەنەکان بەنەوەکانیان بووتایە دەستمان دامێنتان نەکەن ئەم سەربەخۆییە لەدەستبەن و بگەڕێنەوە ژێردەستی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەکانی نەتەوەکانی سەردەست، بەڵام مەخابن کەمن ئەو بەتەمەنانەی پڕکێشی داوایەکی لەو جۆرە لە نەوەکانیان بکەن چونکوم سەردەمی بندەستی حوکمی سۆڤینیەکان ئازادی نەبوو بەڵام سک تێربوو، مەخابن ئێستا هەم سک برسییە و هەم ئازادیش سنوردار و لەقاڵبیراوە.

دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی:
دەسەڵاتدارانی هەرێم بێزارئەبن و پێیانخۆش نیە پێیان بوترێ کە بە هزری خێڵەکی وڵات بەڕێوەئەبەن، بگرە بە نەنگیشی ئەزانن بەڵام چەن نیشانەیەکی زۆر دیارهەیە کە تابێت ئەو جۆرە لە حومکڕانیە ڕژدتر و توندوتۆڵترئەکا و بەردەوامیش کاری لەسەر ئەکەن کە ئەیسەلمێنێ جۆری حوکمڕانی هەرێم خێڵەکیە بەپلەی نایاب.
ئەگەر سەرنجێک بخەینە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێـم زۆر بەڕوونی هەست بە بوونی “دەسەڵاتی قوڵ” ئەکەی، جەوهەری بابەتەكە ئەوەییە كە كەسانێك لە پشتی دەزگا و دامەزراوەكانەوە بڕیارئەیەن و هیچ پۆستێكی فەرمیان نییە لە دەزگاكانی تەشریعی، جێبەجێكار و دادوەریا. كۆمەڵە كەسانێكن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سیاسیی و دارایی و كۆمەڵایەتی خۆیان كارئەكەن، كۆسپن لەبەردەم بەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆسپن لە سەر پروسەی سیاسی و حوكمی یاساو مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، لە سەرووی لێپرسینەوەی فەرمی دەسەڵاتان.
تورکیا لەسەردەمی کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست و فاشیا هەندێ دەسەلاتی لەسەروی دەسەڵاتەكانی تر بەخشیە سوپا و جەنەراڵەكانی، بە پاساوی پارێزگاری كردن لە علمانیەتی توركیا، بەڵام نەی بەخشییە کوڕ و براو کەسە نزیکەکانی خۆی بەجیاوازی ئەوەی لای ئێمە.
ئەوەی لا ئێمە جۆرێکە لە حکومڕانی وێنەی زۆر کەمە تا ئاستی نەبوون، دوورنیە حکومەتی هەرێم تاکە دەسەڵاتبێت لەو جۆرە ئەویش ئەویە کە خێزان زاڵ و لەپێشترە لە تایەفە و تایەفەش لە پێشترە لە خێڵ بۆ جێبەجێکردنی “دەسەڵاتی قوڵ” لەناو “دەوڵەتی قوڵ”ا، کە ئەمە بابەتێکی ناوازەو سەمەرەی بەڕێوەبردنە.
ئەگەر ڕاستگۆبین لەناو خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێما ئەتوانین بەڕوونی خێزانی بارزانی وەک داهێنەری ئەم جۆرە لە بەڕیوەبردن و دەسەڵاتداری دیاربکەین، کوردەواریش ئەڵێ “گەورە ئاوەڕژێنێ بچوک پێێ تێئەخشێنێ”.
خێزانی بارزانی زۆر بەپەنهانی و بێ سڵەمینەوە بەردەوام خەریکی جێبەجێکردنی دەسەلاتی قوڵن، بەناچاری لێرەیا دوو نموونە وەرەگرین کە تازەترین کارەکانی خێزانی بارزانین بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی.

یەکەم: لەسەروبەندی کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کومار پ.د.ک وشیار زێباری کاندیدکرد، پ.د.ک لە هەموو کەس باشتر ئەیزانی کە زێباری تێناپەڕێ، بەحوکمی ئەوەی متمانەی لێوەرگیراوەتەوە وەک وەزیر بەڵام هەر کاندیدیان کرد، دڵگرانیش نەبوون کە دادگای فیدراڵی کاندیدبوونەکەی هەڵوەشانەوە چونکوم پارتی یان ڕاستر بڵێین پارتی نا بەڵکو خێزانی بارزانی کاندیدە دڵخوازە شاراوەکەی خۆیان ئامادەکردبوو کە ئەویش ڕێبەر ئەحمەد بارزانی وەزیری ناوخۆیە، ئاخر لەدیدی خێزان و خێڵا بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵ باشترین کەسەکان ئەندامانی خێزان پاشان تایەفە و دواتر خێڵ و هۆزن بەپلەبەندی، هۆشیار زێباری ڕاستە خاڵی سەرۆکی پارتیە بەڵام بارزانی نیە بەڵام ڕێبەر ئەحمەد بارزانیە واتە لە ڕیزبەندی پلەبەندیا خاڵێک لەپێشترە، واتا لەکاتێکا کە زۆربەی دەسەڵاتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای خێزانی بارزانین و ئەوانەی بەفەرمیش لەژێر دەسەڵاتی خۆیانانیە ئەوان لەڕیی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵەوە کەسێکی خێزانی خۆیان بۆ پۆستە گرنگ و پڕ بەهاکان داناوە، بۆیە بۆ توندوتۆڵکردنی دەسەڵاتی قوڵ پێویستیان بە کەسێکی خێزانی خۆیان یان خێڵی خۆیانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارکە ئەویش ڕێبەر ئەحمەدە.

ئەگەر بابەتەکە چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ نیە خۆ لەناو پارتیا بێجگە لەو هەموو کادێرە پێشکەوتووە، ئەو هەموو پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆیە، ئەو سەرکردایەتیە فراوانەی پارتی، ئەو خەڵکە نوخبە و رۆشنبیرەی کە پارتین و بۆ پارتی کارەکەن، لەوانەش لەپێشتر مەکتەب سیاسی پارتی خەڵکێکی تیایە کە شیاوی ئەو پۆستەن، هەر بۆ نمونە فازیل میرانی کە لای عێراقیەکان ناسراوە و گونجاوترە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەتێڕوانینی تەسکی خێزانی بارزانی میرانی ناکەوێتە ناو چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە لەناو دەوڵەتی قوڵا، هەرچی سەبارەت بەکادێر و ئەندام و سەرکردیەتی سلێمانی پ.د.ک هەیە، ئەوانە نەک ناکەونە چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە بەڵکو ئەوان بەر “نەفرەتی سلێمانی بوون” کەوتوون ئەگەرنا چەندین کەسانی شیاو بەئەزموون و سەرکەوتوویان تیائەدۆزرێتەوە.

دووەم: ماوەیەکە ناوبەناو مێردمناڵێک بەناوی “مەلا مستەفا”وە لە شوێنە فەرمی و کۆڕو داودەزگاکانا بەشداری ئەکا و دەرەکەوێ، لە کۆبوونەوە گرنگ و چارەنووسازەکانا بەشدارئەبێ، ئەم مێردمناڵە یەکێکە لە دیاریترین دەرکەوتەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئامدەش ئەکرێ کەببێ بە کەسی یەکەم و گرنگی هەرێم، لەم خاڵەیانا خێزانی بارزانی غەدر لە بارزانی باپیر ئەکەن، چونکە لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکی ئەم مێردمناڵەیا چەندین ووشەی نەشیاو جنێو ئەوترێت و ڕوو لە بارزانی باپیرئەکات، بەمەش لە شکۆو خەبات و ماندووبوونی مەلا مستەفای باپیرئەیرێ، بەناڕاستەوخۆش لەبەهای یەکێک لە سەرکردە مێژوویەکانی میلەتی کورد ئەهێنرێتە خوارێ، کە ئەمەش باش نیە بۆهیچ میلەتێک چونکوم ئەگەر بتەوێ گەلێک بڕوخێنی ئەتوانرێ بەسێ هۆکار ئەو کارەبکرێ کە یەکێکیان سوککردن و کەمکردنەوەیە لە خەبات و تێکۆشانی سەرکردەکانی گەلێک، دووانەکەی تریشیان بێ بەهاکردنی مامۆستا و لەبەرچاونەگرتنی ڕۆڵی دایک و باوکە.

دەسەڵاتی خێڵکی:
خێڵ هەمیشە گرنگی بە چواردەورەکەی خۆی ئەیا کە پێکهاتوون لە خەڵکانی خێڵ و هۆزەکەی خۆی، لەوناو ئەوانەشا گرنگی زیاتر بە خزم و تایەفە ئەیات، لەناو ئەونیشا گرنگی هەرە زۆر بۆ خێزانە، ئەمەش یەکێكە لە دیارترین سیماکانی حوکمڕانی هەرێم.
دەسەڵاتی هەرێـم دەسەڵاتێکی خێڵکییە، خێڵ گرنگی بەچواردەورو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ئەیا ئەگەرچی لەسەر شان و حسابی خەڵکی تر و ناوچەیەکتریشبێ.
ئەگەر شوێنی نیشتەجێ بوون و هاتوچۆی خۆیان ببینی زۆر بەڕوونی ئەزانی کە ئەمانە خەڵکێکن بە هزری خێڵ وڵات بەڕێوەئەبەن، چاویان تەنها ئەو شوێنانە ئەبینێ کە کۆڕو کۆبوونەوەی تیائەکەن و کۆشک و تەلارو باڵەخانەی پێشوازی میوانەکانیان و ڕێگەی هاتوچۆی سەردانیکەرە دەرەکییەکانیان گرنگی پێئەیەن، لەباشترین کارەکانیشیان ئاوەدان کردنەوەی ناوچەیەک و وەلانانی نانی ناوچەیەکیترە تا ڕق و کینە لەناو خەڵکا دروستبێت بۆ نمونە گرنگیان بە هەولێر و وەلانانی سلێمانی کاری حکومەتێکی ڕەشید نیە هێندەی سیمای خەڵکانێکی خێڵەکی و کاڵفامی سیاسی پێوەدیارە.

ناشرینکردنی ناوە جوانەکان:
یەکێک لەقێزەونترین کارە نابەرپرسەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ناشرینکردنی ناوەکانە تاکو لەبری ئەوەی خەڵکی نەفرەت لە سیاسیەکان بکات بکەوێتە داوی پلان بۆداڕێژراوی دەسەڵاتدارە سیاسیە بازرگانەکانەوە و ئەوان لەبیرکرێن و تاوان بکرێتە ملی شارەکانەوە.
لە دنیای سیاسیا دوو وڵات کاتێ لەسەر هەر بابەتێک گفتوگۆبکەن ئەوا لە نوسین و دەربڕینەکانا ناوی پایتەختی وڵاتەکە بەکارئەهێنن چونکە واباوە دەسەڵاتی جێبەجێکارو حکومەت لە پایتەختە، بەڵام لە کلتوری سیاسی هیچ وڵاتێکا نەبینراوە کە دوو شاری ناو وڵاتێک هاوشێوەی دوو وڵاتی سەربەخۆو جیاواز بەناوی شارەکانەوە بانگی یەکتربکەن و لەو ڕێیەوە هەڵە و چەوت و چەوێڵی خۆیان بەیەخەی شارەکانا بسون.
پارتی و یەکێتی ماوەیەکە زۆر بەڕوونی هەرچی دزی و گەندەڵیەکانیانە، هەرچی نەزانی و نەشارەزایی بەڕێوەبردنیایە، هەرچی ڕق و تۆڵەیانە بەناوی سلێمانی هەولێرە ئاڕاستەی یەکتری ئەکەن، بۆ نمونە داهات دیارنیە و حکومەت بەشە بودجەی سلێمانی نانێرێت، بەشە بەنزین و نەوتی سلێمانی نانێرێت و لەبازاڕی ڕەشا ساغی ئەکاتەوە، پارەی دەرمانی نەخۆشخانە و پرۆژەکان واژۆ ئەکات و پارەکەی سەرف ناکات کەچێ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز ئەڵێن “هەولێر” گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی، لە ڕاستیا ئەمە دەربڕینێکی هەڵەیە.

پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و بانکەکان چۆڵکراون و سویلەیان نیە بۆ دابەشکردنی مووچە، داهات ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، کەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد ئەڵێن “سلێمانی” داهات ناگێڕێتەوە، لەڕاستیا ئەمەش دووبارە دەربڕینێکی هەڵەیە، ئەمە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز کاری بۆئەکەن، تا لەو ڕێگەیەوە کەمتر ناوی خۆیان بهێنرێ و هەدوو ناوی شاری سلێمانی و هەولێر ناشرینکەن و خەڵکی هەردوو شار بکەن بە دوژنی یەک و سەرقاڵبن و ڕق و بوغزیان لەدڵا لەدژی یەکتر دروستبێ، بەوجۆرەش ئەوان لەدزی و گەندەڵی خۆیان بەردەوام ئەبن و دەستەچەورەکانیشیان بەناوی هەردوو شاری سلێمانی هەولێرا ئەسوون.
بەداخەوە بەشێک لە مێدیاکارەکان جا بەنەزانیبێ یان بەرنامە بۆ داڕێژراوی حیزبەکانیان هەمان هەڵە ئەکەن و هەموو ئەو هەڵە و تاوانانەی پارتی و یەکێتی دەرهەق بەخەڵکی هەرێمی کوردستانی ئەکەن بەناوی سلێمانی و هەولێرە ئامژەی پێئەکەن، هەروەک ئەوەی ئەو دوو شارە دوو مرۆڤی تاوانباربن، ئەمە لەبری ئەوەی هەموو جارێ ناوی خودی دز و گەندەڵکارە بهێنرێ. لەڕاستیا ئەگەر خەڵکی ئاسای و عەوام بکەونە هەڵەیەکی لەو جۆرەوە و تێپەڕێ بەسەریانا تا ئاستێک ئاساییە بەڵام کاتێک نوخبە و ڕۆشنبیرو مێدیاکار ئەو هەڵەیە بکات ئەوا ئەبن بەبەشێک لەو تاوانەی کە دز و گەندەڵکارەکان دژی ناوە جوانەکان ئەیکەن.
ئەوەی دڵخۆشکەرە ماوەیەکە هەندێ کاری هونەری و درامای هاوبەش لەنێوان هونەرمەندانی سلێمانی و هەولێرا ئەکرێ کە ئەکرێ ببێتەوە هەوێنی گرێدانەوەی ئەو دوو شارە کە پارتی و یەکێتی بەزۆر لەهەوڵی دابڕانیانان.

سامانی وەستا بەکر ٢٦-٤-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم




لە شازدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند ئازاد خانەقـینی.. رەزا شـوان

هـونەرمەنـدی شۆڕشگـێڕ و پێشمەرگەی دلـێر و تێکۆشەری شار و شاخ، جوانەمەرگ (ئـازاد وەهـاب عـەبـدولـڕەحمـان) ناسـراو بە (ئـازاد خـانەقـینی) لە سـاڵی (١٩٥٨) دا، لە (گەڕەکی پاڵاوتگەی ئەڵوەند) لە شارە جوان و قەشەنگەکەی سەر (روباری ئەڵوەن) شاری شەهـید (لەیـلا قاسـم) و شەهـیـدی فەرمانـدە لیـوا (حـوسین مەنسور) و بە دەیان شەهـیدی تر. لە خـێزانێکی رۆشـنبـیر و تێکۆشەری خـانەقـین لەدایک بـووە. خـێزانێک تا سەر ئێسقـان کورد و کوردستان پەروەرن. کوردایـەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان بووە بە گـروپی خوێنـیان. هەر لە منـداڵییەوە جگەرگۆشەکانیان بە رۆحی کوردایەتی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان گۆش و پەروەردە کـردوون. قوربانی و باجـێکی قـورسی ئەم هەڵـویست و رێبـازەیان دایـەوە. سەرجـەم ئەنـدامانی ئەم خـێزانە، لە رۆژگـارێکی زۆر ترسناک و سەخت و دژواردا، لە شاری خانەقـنی قـەڵای کوردایەتی و مەردایەتی، ببـوون بە چـقـڵی چـاوی بەعـسی رەگەزپـەرسـت و شـۆڤـێـنست.

خوالێخۆشبوو مام (وەهـاب) ی باوکیان، کە سکرتێری سەندیکای کرێکارانی خانەقـین بـوو، کورد و کوردستان پەروەرێکی کەم وێنەبـوو. منداڵەکانیشی بە رێبازەکەی خۆی پەروەردەکـردوون. رەوانشاد مامۆستا (جەبار) ی کوڕە گەورەی ئەم خـێزانە، ئەویش رۆڵـێکی گـرنگی زۆری هەبـوو لە، لە پەروەردەکردنی خوشـک و بـراکانی بە هەستی کوردایـەتی و کوردستان پەروەری. وەکو مامۆستایەکیش، چەنـدین نەوەی کـوردی لە شاری خانەقـینی بـووکی گەرمیان، بە هـەمـان رێبـاز و رۆحـیەت پەروەردەیانی کـرد. لەو سەردەمەدا مامۆستا جەبار ناوی هەنـدێ لە براکانی و لە منـداڵەکانی خۆی، ناوی کوردی لێـنان (ئـازاد، بـەرزان، هـەڤـاڵ، مەولـەوی، گـۆران، دڵـزار، هـەژار، ساکار). کەواتـا ئـازاد خانـەقـینی و خوشـک و بـراکـانی، هـەر لـە منـداڵـییەوە، ئـەلـف و بـێی کوردایـەتییان لە باوکیـان و لە مامـۆسـتا جەبـاری برایـانەوە فـێربـوون.
لە ساڵی (١٩٦٤) دا، لە پـۆلی چـواری لقی (وێـژەیی) بـووم لە (ئامادەیی موسەڵـڵا) لە کەرکوک. لە رێی بەرنامەی یەکـتری ناسین بە نامە لە رادیـۆی کوردی بەغـدا، یەکێک لەو ناوانەی خوێندرایـەوە، ناوی (فەتحوڵـڵا وەهـاب عـەبـدولـڕەحمان) لە خانەقـین، کە ئەو کاتە تەمـەنی لە دەور چـواردە و پانـزە ساڵان بـوو، کە دووەمـین بـراگەورەی ئازاد خانەقینی یە، نامەیەکم بۆ نارد، ئەویش وەڵامی دامەوە. لەو رۆژەوە بووین بە هـاوڕێ، بەڵکو بووین بە بـرای یەکتری و ئاشنایەتی و هـاتوچـۆی خـێزانیش زیاتر پەیوەندیمانی شـيرینتر کـرد. لە ساڵی (١٩٦٥) بۆ یەکەم جـار، چـووم بۆ شـاری خـانەقـین بۆ ماڵی (فەتحـوڵڵا)ی هـاوڕێـم. ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە منیان کرد، هەمیشە لە یادمە و لە یـادی ناکەم. کە لە ساڵی (١٩٦٦) دا، لە (پەیـمانـگای ئامـادەکردنی مامـۆسـتایان ـ باقـوبە ـ دیالە) وەرگیرام، جارێکیان لەگەڵ عـەلی برام و دو هـاوڕێی هـاوخوێنـدکاری پەیمـانگاکەمـان، لە باقـوبەوە، بە گەشـتێک چـووین بۆ خانـەقـین. سەرمـان لە مـاڵی (ئازاد خانەقـینی) دا، زۆر بە گەرمی پێشوازیان لـێمان کرد و خوانی نیوەڕۆیان بۆمان ئامـادەکـرد. ئەو سـاڵـە تەمـەنی (ئـازاد خانـەقـینی) هـەشـت سـاڵ بـوو، تـەمـەنی کاک (بـەرزان خانـەقـینی) بـرا بچـووکیشـیان شـەش سـاڵ بـوو. چـویـن لەسـەر رووبـاری سیروان بۆ لای (بەردە کونەکە) کە شوێنـەوارێـکی جـوگـرافـی ناسراوە لە خانەقـین. چەنـد وێنـەیەکمان لەوێـدا گرت. زۆر سوپاسی کاک (بەرزان وەهـاب) دەکەم، کە دوو مانگ بەر لە ئێـستا یەکـێک لـەو وێنانەی بـۆم ماسنجـەرەکـەم نـارد. ئەوەشـم لە یـاد ناچـێت کە مـام (وەهـاب) ی باوکیان، دوو جـار بە دیـاریی جـوانەوە، وەکو سـەر لە کـوڕی خـۆی بـدات، بۆ سەردانیمان هـات بـۆ پەیمانـگاکەمـان لە باقـوبە.

ئەو کاتـەی کە مـن ناسیـیانـم، ماڵیـان لە (گەڕەکی کـرێـکاران) ی سـەر بە پالاوتگەی وەنـد بوو. بەشی هـەرە زۆری گەڕەکەکەیان کورد بـوون. لە نێوان شاری خانەقـین و گـەڕەکی کـریکارانـدا، بازگەیەکی کونتـرۆڵ و پشکـنینی پـۆلیسی لێـبوو، بـریتیـبون، لە چەنـد پۆلیسێکی بەعـسی، کە زۆر رقیان لە کورد بوو. خەڵـکی گەڕەکی کرێکاران، بە لۆرییەکی درێژی سەر بە کۆمپانیای پاڵاوتگەی وەنـد، بۆ ناو شاری خانەقـین دەهاتن و دەگـەڕانەوە. پـۆلیسەکانی ئەو خـاڵە، زۆر جار هـەر بۆ تەشـقەڵە و لـۆمە و ئەزێتـدان، خەڵکی ناو لە لۆرییەکەیان دادەگرت و لێیان مـۆڕ دەبوونەوە، دووبارە فەرمانیان دەدا، دەی خـێرا سـواربنـەوە.
پـورە (مـەکـیە)ی دایکی ئازاد خانەقـینی، هـەزاران درود بـۆ گیـانی پاکی. وتی:” ئـەو کاتە ئـازاد و بەرزان تەمەنیان شەش و چوار ساڵان بـوون، کە لە بازگەی پشکنینەکە دایان دەگرتین و دەیانوت دەی سواربنەوە، بە ئەنقەست هاوارم دەکرد، ئازاد، بەرزان، دەسـتانـم بـدەنێ با سـواری لـۆرییـەکەتـان بکـەم. چـونـکە دەمـزانی کـە ئـەو پـۆلیـسە بەعـسییانە، بە گـوێ لـێبـونی نـاوی کـوردی زۆر قـەرس و گـرژ دەبـوون”.
ئازاد خانەقـینی قـۆناغـەکانی خوێنـدنی سەرەتـایی و ناوەنـدیی لە خانـەقـین تەواو کرد، قوتابخانەی (ئامادەیی کشتوکاڵی) لە شارۆچکەی (خاڵـس) ی سەربە دیالە، تەواوکرد.
ئازاد بێجگە لە رۆحە کوردایەتییەکەی، هەر لە منـداڵیەوە خولیـا و هـۆگـری هـونەری رەسـەنی کـوردی بـوو. دەنـگـێکی زۆڵاڵ و سـەدایـەکی شـیرین و خـۆشی هـەبـوو. لە رۆژی (١/ ئایـار/١٩٧١) دا، لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا، بۆ یەکەمجار، وەک ئەنـدامێک لە کورسی سرود و گـۆرانی، بە شـداری لەو ئاهـەنگەدا کرد، کە لە لایـەن کۆمپانیـای پالاوتـگەی نەوتی خـانەقـین، بە بـۆنـەی (رۆژی کـریـکارانی جـیهـان) ەوە، سـازکـرا.
ئازاد خانەقـینی، لە ساڵی (١٩٧٩) دا، لەگەڵ چەنـد گەنجـێکی هـاوڕێی کوردیـدا، لە خانەقـین، تیپێکی هـونەرییان بە نـاوی (تیـپی مۆسـیقـای خانـەقـین) ەوە دامەزرانـد.
بە هـۆی دەرکـردن و بڵاوکردنەوەی کاسێتێکی گـۆرانی بە زمـانی کوردی. لە لایـەن دەزگای ئەمنی بەعسی سەرکوتکەر و فاشیستەوە، توشی گـرتن و ڕوانان بوونەوە.
ئازاد خـانەقـینی، لە سـاڵی (١٩٨٠) دا، لـە گـونـدی (تـوژەڵـە) پەیـوەنـدی بە هـێزی پێشـمەرگەی کوردستانەوە کرد. بـوو بە ئەنـدامی (تیـپی مـۆسـیقـای شەهـید کارزان: ١٩٨١ـ١٩٩٠) لەوێ لە رێی چڕینی سرودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، رۆڵـێکی بەرچـاوی هەبـوو، لە جۆشـدانی خەبـات و لە بـزوانـدنی هـەستی نیشـتمانی و گـیانی بەرگـری کـردن لە کورد و کوردسـتان. سـرودەکانی هـاوشانی چـەکی پێشـمەرگە، لە سەنـگەردا بـوون.
ئازاد بێجگە لە کاری هـونەری، وەکو پێشکەشکارێکیـش لە رادیـۆي دەنگی کوردسـتان کاری کردووە. ئازاد کەسـایەتیـیەکی سەنـگـین و هـێـمن و لەسەرخـۆ و هـاوڕێ دۆسـت بـوو. لە دوای راپەڕینـەکەی ساڵی (١٩٩١) دا، بەردەوام بوو لە خـزمەتکـردن لە کاری هـونـەری و راگـەیـانـدنـدا. چەنـدیـن ئـاهـەنـگی سـرود و گـۆرانی پێـشـکـەش کـرد. لـە (تەلەفـزیـونی گـەلی کوردسـتان) یش، درێـژەی بە کـاری راگەیـانـدنـدا. لە رێی سـرود و گۆرانییەوە خـزمەتێکی زۆری هـونەر و کەلەپـوری رەسەنی کوردی کرد. پەنجەمـۆری لـەم بـواردا هـەیە و کـاڵەوە نابێـت. ئـەوەی رۆژێـک ئازاد خانەقـینی ناسیبێت، هەرگـیز لە یـادی ناچـێـت.
ئەمانە نـاوی بەشـێک لە سـرود و گۆرانییەکانین (کرماشـان کرماشان، کەڵکی قەیـوان، مەرزیـە ئەی نازەنـین، لە باغـان ئاه و ناڵـین دێ،…بەدەیان گـۆرانی و سـرودی تر ).
خێزانەکەیان، لە شەش بـرا (جەبار، فەتحوڵڵا، عەبدوڵڵا، خالید، ئازاد، بەرزان) و پێنج خوشک (نەبیهـە، مـریـەم، زەکیـە، ئامینە، فـرمێسک) پێکهـاتبـوون. دایک و بـاوکی و پێنـج لە بـراکان و خوشکە گەورەکەیان، کـۆچی دواییـان کـردووە. هـەزاران دروود بۆ گیانی باکیان. لە بـراکـان تەنهـا کـاک (بەرزان) یان مـاوە، تەمەنـدرێـژی بـۆ دەخـوازم.
کاک (بەرزان) یش سـرودچـڕ و گۆرانبێژێکی بە توانا و ناسراوی کوردمانە، لە کەناڵە تەلەفـزیـۆنییەکانـدا، چەنـدین کـلیـپی گـۆرانی کوردیی خۆشـیان بـۆ تـۆمـارکـردووە. بە شـێوەزاری (کـەڵهـۆڕی) گـۆرانی دەڵـێت. شایـەنی باسیشە کـاک بەرزان لە راپـەڕینی ئازادکردنی شاری خانەقـین لە (٢٠٠٣) دا، رۆڵێکی قـارەمانانەی بەرچـاوی هـەبـوو.

سەرجەم ئەندامانی ئەم خێزانە کوردە تێکۆشەرەمان، بێ باکانە بە نهـێنی و بە ئاشکرا، گیانبەخـشانە لە رێخـستنە نهـێنییەکانی نـاو شاری خانەقـین و سلێمانیـدا، کوردایـەتی و خەباتیان دەکرد و پێشمەرگەی نهـێنی بوون و دژایەتی حیزبی بەعـسی رەگەزپەرستیان دەکـرد. خالیـدی بـرایان کە پێشـمەرگە بـوو، لە ساڵی (١٩٨٤) دا، لە کەمینێکـدا لەنـاو شاری سلێمانیدا، لە لایـەن هـەواڵگـری و دایـرەی ئەمنەوە شەهـید کرا. (نووسەر) من و دایـکم و خـێزانەکەم، لە کەرکوکەوە چـوویـن بـۆ پـرسەی ماتەمینی شەهـید خالیـد لە خانـەقـین. کە بنهـێنی لە ماڵـەوە دایـان نابـوو.
لە دوای شەهـیدکردنی خالـیدەوە، لە هەشـتاکانی سەدەی رابـردوودا، لە لایەن دایـرەی ئەمـن و بەعـس لە خانەقـین، فـشارێـکی زۆریان خـستە سـەر هەمـوو ئەنـدامـانی ئەم خـێزانە کوردەمان و ناچاریان کردن، کە خانەقـینی زێـدی باب و باپیرانیان بەجـیبهێـڵن. لە شاری سلـێمانی نیشتەجـێبـوون. بەڵام هەڕەشە و راوانـان و دەربەدەری، تۆزقاڵێک کـۆڵی پێنەدان و زیـاتر و سورتـربـوون لە خەبـات و تێکـۆشان بۆ رزگاری کوردستان.
ژنێـکی ناسـیاومـان هـەبـوو ناوی (درەخـشان شەریـف) ە، رۆحی رەوانی شاد بێت. ئەو بۆمانی گێڕایەوە، وتی:” مـریـەم خانەقـینی ـ خوشکی گەورەی دووەمی ئـازاد خانەقـینی کە لە ژیانـدایە ـ تازە هاتبووە کارگەی جگەرەی سلێمانی، هـێشتا بە باشی نەمانناسیبوو لە ساڵانی هـەشـتاکانـدا، نیـوچـە مانـگـرتـنـێک لە سـلـێمانی لە دژی سـتەمـکارییـەکانی رژێمی بەعــس رویـدا، رائید تەهـا کە ئەفـسەرێکی ستەمکاری دایـرەی ئەمنی سلـێمانی بوو. هـاتە ناو کارگەی جگەرەی سلـێمانی، بە تـووڕەییەوە وتی: ئێوە بۆ وا هـاربوونە؟ درەخشان خان وتی: مریـەم خانەقـینی بە زمانێکی باشی عەرەبی وتی: ئیوە بەبێ تاوان بـرا، بـاوک و کەسوکارمانتان گرتـووە، هـیچ تـاوانێکـیان نیـیە ئەمـە سـتەمە بـۆ بەریان نـادەن؟ رائیـد تەهـا چـاوی زەقـەوە کرد و بە مـریـەمی وت: مـن أنـت؟؟ مریەمیش بەبێ تـرس وتی: أنـا بنـت السلـیمانیـە. کە وای وت هـەموومـان چـەپـڵەیـەکی درێـژمان بـۆی لـێـدا. رائیـد تەهـاش هەڕەشەی کـرد و بە سەرشـۆڕییەوە رۆیشت. لەو رۆژەوە مریـەم خانەقـینی بوو بە خۆشەویستی هەموومان” ئەو قسەیە درەخشان خان بۆمی گێڕامەوە.
ئازاد خانەقـینی، رۆشنبیر و نوسەر و شاعـیریش بوو، چەنـد سرود و گۆرانییەکی، لە هـۆنراوەی خۆیـن. بە زۆریـش بە شـێوەزاری (کەڵهـوڕی) گۆرانی و سرودی دەچڕی.
لە کۆپـلەی یەکەم، لە هـۆنراوەی (نەوای بێسـتون) لە نووسینی ئازاد خانەقـینی کە بە گـۆرانی و ئاوازیشەوە، تـۆماری کـردووە، دەڵـێت:
کرماشان کرماشان، ئەی دیارێ خوەش و کۆساران
قـیبـلەی عـاشـقـانە بـێـسـتـون و تـــــاق وەســـــــان
لە وەهـاران وەهــاران خوەشـە دەشـت و کۆسـاران
بەهـەشـتی سـەر زەمینـە ئەیـوان و قەسـر و گـێلان
ئازاد خانەقـینی لە نێو غـەم و ئازار و چەوسانەوەی گەلەکەیدا چاوی هـەڵهـێنا، دەڵێت:
مـن کـوڕ غــەم بـیـم، لـە غــەم بــيـم پـەیـدا
غـــەم نـاوکــــم بــڕی و غـــەم نـــاوم نـيــا
غــەم چــڕیـیــە و پـــێـم ئـەی چــارە ســیـا
ئـەرای غــەم خـواردن سـەر گـەورە کـردم
رەوانشاد ئـازاد خانەقـینی شـانۆییەکـیشی بە نـاوی (ئـەرا کی؟) نـووسی و دەرهـێنـرا.
لە ئامادەکردنی: تەهـا ئاغـاجان و دەرهـێنانی: جاسـم وەنـدی. کە لە رۆژانی (٢٧ ـ و ـ ٢٨ ـ و ٢٩/ / ٢٠١٣) لە شاری خانەقـین نمایش کـرا.
ئازاد خانەقـینی لە ساڵی (١٩٩٣) دا، لەگەڵ پەرلەمانتار خاتوو (پەیمان عـەزەدین) دا، هـاوسەرگـیری کرد. دوو کـچی جـوانیـان هـەیە، گەورەکەیان هـاوسەرگـیریی کـردووە.
ئازاد خانەقـینی، لە بـواری دۆکیـۆمێنکـردنی مێـژووی راکەیـانـدنی (یەکةێتی نیشـتمانی کوردستان) دا، شـوێـن پەنجـەی دیـارە، ئـەو مێـژووی لە سـاڵانی (١٩٧٥ـ ١٩٩١) لە چـوارچـێـوەی پەرتـوکـێکـدا، بە نـاوی (مـادێـنا، مێـژوو و بیـبلـۆگـرافـیای راگەیانـدنی یەکـێتی نیشتمانی کوردستان) ی نـوسی و بـڵاوی کـردەوە.
ئازاد خانەقـینی لە رۆژی (١/ ئایار /٢٠٠٦ ) لە تەمەنی (٤٨) ساڵـیدا، کـۆچی دوایی کرد، لە رێـورەسمێکی شایستەدا، لە گۆڕستانی شەهـیدان لە سلێمانی بە خاک سپێرا.
بە داخەوە مەرگ بواری نەدا، ئەگینا ئازاد زۆری پێمابوو و زۆریشی لە خەیاڵدا بوو.
ئازاد خانەقـینی، تێکـۆشەرێکی سـیاسی سەرسەخـت و پێشـمەرگە و هـونەرمەنـدکی رەسەنی شـۆڕشگـێڕبوو (کـەم ژیـا و کـەڵ ژیـا) زۆری کـرد و زۆری بەخـشی، بـەڵام زۆر کەمیان بۆ کرد. هـیچ کاتێکیش چاوی لە پۆست و پایە و پاداشت وەرگرتن نەبوو.
وەک ئەمـەک و رێـزگـرتن و بـەرز راگـرتنی رۆڵ و یـادی ئـازاد خانەقـینی تێکـۆشـەر، بەشی پەیکەرسازی لە ناوەنـدی چالاکی گەنجانی شاری خانەقـین ـ سەر بە رێکخراوی منـداڵپارێزی کوردستان ـ لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز (جەنگـیز یازگی) یەوە، بە یارمەتی چەند هـاوڕێیەکی، لە فـایبەر گڵاس، پەیکەرێکیان بۆ ئازاد خانەقـینی دروست کـرد، کە چـوار مەتـر بەرزە. لە ئێـوارەی رۆژی سێ شەمـمەی (١٥/ ئـاب/٢٠٢٠) لە گـۆڕەپانی (شەقـامی سەرەکی خانەقـین) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و هـونەرمەنـدان و کەسوکاری جوانەمەرگ و خەڵکی شاری خانەقـین و شارەکانی تر، لە لایـەن بنەمـاڵەکەیەوە، پەردە لەسەر پەیـکەرەکەی لابـرا.
لە شازدەمین ساڵـڕۆژی یــادی کـۆچی دوایی جـوانەمەرگی رەوانشاد، ئـازاد خانەقـینی، هـەزاران درود بـۆ رۆحی رەوان و بـۆ گـیانی پـاکی دەنێـرین. هـەزاران چەپـکە گـوڵی گـەش و رەنـگاوڕەنـگی کوردسـتان بـۆ سـەر مـەزاری پیـرۆزی دەنـێرین.
(*) بۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، بێجگە لەوەی کە لە نـزیـکەوە و دەمـێکە تێـکەڵاوی و ئاشنابوونمان لە گەڵ خانەوادەی ئازاد خانەقـینی دا هـەیە. تا رادەیـەکیـش سـودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـووە:
١ـ ئـازاد خانەقـینی ـ خەلیـل عەبـدوڵڵا ـ سایـتی: خـاک. مێـژوو: (٦/ ئایـار/ ٢٠١٧).
٢ـ وتەیەک بە زمـانی عـەرەبی بە ناوی (الارث الـثـقـیل) لە نوسینی: خاتوو (ئـامینە وەهـاب) خوشکی ئـازاد خانەقـینی ـ کە لە فـەیسبووکـدا بـڵاوی کـردۆتـەوە.
٣ـ سایـتی: بنـکەی رونـاکـبیـری گـەلاوێـژ. (١٩/ ئاب/ ٢٠٢٠).
٤ـ چەنـد زانیارییەکـیشم بە تەلەفـۆن. لە هـونەرمەنـد کاک (بەرزان وەهـاب) ی برای بچـوکی ئـازاد خانەقـیینی یەوە وەرگـرت.

رەزا شـوان
نەرویــج: ٢٥/ نیسـان/ ٢٠٢٢




تۆكه‌ ناشاره‌زای له‌ نهێنی عه‌شق لۆمه‌ی ئێمه‌ مه‌كه(*)… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

گیانه‌ تۆ
سۆز و ده‌ردی
دڵی ئێمه‌ت نه‌دیوه‌
تۆ
له‌ ئێمه‌ بپرسه‌
كه‌ نه‌ت دیون ..

( به‌‌ دڵبه‌ر بڵێ به‌ خۆپه‌نهاندانی بمانكوژه‌
دڵ ویستی به‌ موراد‌ بگا و
به‌ ده‌ردی خۆی دوایی پێ بێ)(1)

به‌ شین و ڕۆڕۆی گه‌رم و
هه‌ناسه‌ی ساردی ئێمه‌
پێمه‌كه‌نه‌

‌تۆ مناڵی
گه‌رم و ساردی دونیات نه‌دیوه‌ .

( عه‌شق ئه‌وه‌یه‌
چاوی عاشق ببینی
به‌ ئه‌سرین ته‌ڕ بووه‌ و
خڵتانی‌ فرمێسكی
گریانی
خۆی بووه‌ ) (2)

تۆ كه‌ له‌ نهێنی عه‌شق ناشاره‌زای
لۆمه‌ی ئێمه‌ مه‌كه‌

ئێمه‌ نووقمی‌گه‌شتین و
تۆ
ده‌ریات نه‌دیوه‌ ..

من له‌به‌ر دام ‌ له‌ حاڵ و بار
با خه‌به‌رت كه‌م
تۆ بێ خه‌می
تۆ ده‌ردی دڵت ته‌نیا بیستووه‌
به‌ڵام نه‌ت دیوه‌ .

ئاماژه‌ :
(*) ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ قه‌سیده‌یه‌كی درێژتری شاعیری فارسیزمان(جه‌لاله‌ددین عه‌زدی یه‌زدی)
كه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان ( مێهدیێ عه‌باسی و مینای ده‌ریس) به‌ هاوكاری گرووپی نواك –
له‌ سترانێكی مه‌ئاڵ سۆفیدا به‌ تێكهه‌ڵكێشێكی باڵكێش و ‌ شایان كه‌ دوو بڕگه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی تێدایه‌ و له‌‌ لایه‌ن خاتوو( مینای ده‌ریس )ـه‌وه‌‌ گوتراوه‌ ‌ – له‌ناو دوو كه‌وانه دانراوه‌ –
ته‌واوی قه‌سیده‌كه‌ فارسی و عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ده‌قی ئه‌و سترانه‌یه له‌ یوتووب بڵاوكراوه‌ته‌وه‌‌ ،
هه‌ر له‌وێوه‌ش كراوه‌ به‌ كوردی .

وه‌رگێڕ
بڕوانه‌ :
https://www.nabavi.co/blog/32354
(1) و (2) ی ناو كه‌وانه‌ به‌ عه‌ره‌بیه‌ و
له‌ لایه‌ن ( عه‌بدولقادر مه‌راغی)یه‌وه‌ نووسراوه‌
خاتوو مینای ده‌ریسی‌ چڕیویه‌تی‌ .




هیچ و سفرو هیچ… جەلال عەبدوڵا ساڵح

١

هەنگاوم نا و ڕەنجم دا
پارە و پوڵ و دراوم دەستکەوت
باخی پڕ لە میوەم دەسکەوت
تاووس و جووجەڵەی ڕەنگاوڕەنگم دەستکەوت
هەنجیری پڕ لە شیلەم دەستکەوت
ژنی جوانم دەستکەوت
پاشان
هیچ و سفر و هیچ

٢

دەریای سوورم بینی و ئاوی قاوەیم بینی
شەپۆلی قەڵەوم بینی هەنگاوی زەعیفم بینی
حووتی چوار چاوم بینی ماسی چوار شاخم بینی
بۆقی باڵدارم بینی
کیسەڵی دوو قاچم بینی
دوای ئەمانە
هیچ و هیچ و هیچ…

٣

لەسەر یەک گوێز سمۆرەم کوشت!
لەسەر تاریکی تفم لە کۆڵان کرد
لەسەر جنێوێک گوێچکەی مناڵێکم بڕی
لەسەر وشک بوونی نەمامێک نەفرەتم کرد لە خۆم و خاک
لەسەر سیاسەت دوورکەوتمەوە لە سیاسەت
لە سەر ئەنفاڵ خوێندنەوەی کتێبم تەرک کرد
لەسەر پارە بوومە جەلاد و سەرۆک و ئەندامی پەرلەمان
لەسەر ژیان ئەملاو ئەولای مردنم ماچ کرد
لەسەر وشە گوێم لە ئامۆژگاری نووسەرێکی شێت گرت
ئەی دوای ئەوە
بەسەری کۆتر درۆناکەم
هیچ و سفر و هیچ

٤

لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی نامۆم
واشتنگتۆن دەری کردم
تۆرۆنتۆ ڕاوی نام
مەکە ناردمی بۆ ماڵی وەهابییەکان
تاران ناردمی بۆ شەڕی حوسەینییەکان
لینین ناردمی بۆ کوشتنی ( مەنشەفییەکان)
مووسڵمان ناردمی بۆ ماڵی جووەکان
ئەی دوای ئەوە

٥

لەسەر هیچ
فێی پیریم گرت
کرمی غەریبیم خوارد
میزی کەرم تام کرد
ئەسپێی خەیاڵم کوشت
چەکی ئەمەریکاییم ماچ کرد
پێڵاوی ڕووسم خستە سەرسەرم
ژەهری ئەڵمانیام وەک نوقوڵ خوارد
وەک سەگ دەمم کردەوە
نانی قەشەم قوت دا
بوم بە فەقێی ترۆسکی
بۆ زەمدن کاتژمێرم شکاند
مووسووڵمان بووم بۆ ژن بوومە جوولەکە
مووسووڵمان بووم بۆ مارکس بوومە شویعی
خواناس بووم بۆ پارە بوومە قاتیل
پاش ئەمانە
هیچ و سفر وهیچ

جەلال عەبدوڵا ساڵح




خوێندنەوەی گەمژانەی مێژوو… مەحمود عەبدوڵڵا

ئەبو بەکر کاروانی بەنمونە

دەبێت سەرەتائەوە بڵێم لەبنەڕەتدا سیاسەتی اخوانەکان گەمژانەیە.چونکە وەک باربارا تۆکمان دەڵێت:هەموسەردەمێک داب و نەریتی خۆی هەیەوسیاسەت بەگوێرەی ئەوداب و،نەریتە دادەڕێژرێت.بەڵام ئەوان برا موسڵمانەکان بێ ئاوەزو گەمژانە لەوسەردەمەی ئێستادا،بەگوێرەی سەردەمی سوڵتان سەلیم و مەلا ئیدریس سیاسەتی خۆیان داڕشتووە،بە لۆژیکی نۆکەرایەتی سوڵتان ئیش دەکەن!
بەرلەوەی بزانین ڕابردوچۆن بووە،دەکرێت لەئێستای ئێوەوە بزانین،براموسڵمانەکان،ڕابەرەدینیەکان تەنها وەک نۆکەر ئەرکدارکراون بۆ خەلیفە و سوڵتانەکان.ئەوەی ئێوە دەیکەن لەخیانەت وجاشایەتی فیکری،وڤیستیڤاڵی بە تورککردن ونکۆڵی لەکولتوری خۆمان ،درێژکراوه ی نۆکەرایەتی سەعید نورسی و مەلا ئیدریسە،ئێوە پاشماوەی ئەو دەربارو نۆکەرانەن،.لەناو کوردا ئیسلامەتیتان کردۆتە چەکی جاشایەتی.
خەریکی بێ هۆشکردنی تاکیکوردن.ئەگەر ئێوە لەڕابردو ئێستادا نۆکەرێتیتان نەکردوە،خێرە وەها بەچڕی ئیش لەسەر پەروەردەکردنی کچانی کورد دەکەن لەسەر شێوازی ئیسلامی تورکی .ستایلی ژنەکەی ئەردۆغان دەکەنە واجبی دینی کیژە کوردە کان.
ئەمە بۆخوایە یان بۆخەلیفە؟سەیرکەن چۆن،لەڕابردودا نورسی دۆگما خوداو خورما تێکەڵ دەکات.دەڵێت ئەگەر سەیری مانگ بکەیت وێنەی خورمایەک دەبینیت!ئێوە اخوانەکان کتێب لەسەر کتێبی خالید ئێرتوغرول دەکەنە کوردی کە ناسیۆنالیستێکی تورکە هەدەفتان خواناسیە یان خالید ناسی و تورکناسی؟ئەزانن ئەوخالیدە چ ژەهرێکی ناسیۆنالیستیتورکی دەڕێژێت،چۆنباسی نورسی دەکات ئەوانەی دژی دەوڵەتی تورکن بە یاخییان دادەنێت،ودەڵێت نورسی لەوانە نەبوو.خوێنەر بۆدرێژەی ئەوباسە دەتوانێت سەیری؟وتارێکم بکات لە کورستان پۆست. ئەم لینکە ی خوارەوە،خوێنەرە حەپۆلەکانی خالید ئێرتوغرول.
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=89537
بەڵێ ئێوە ئیسلامی سیاسی سیاسەتی خۆتان لەسەربنەمای نۆکەرایەتی و گێڕانەوی خەلافەتی ئیسلامی تورکی داڕشتووە،واز لەڕابردو بێنن،خۆ ئێستا هەموو،کەس دەزانێت ئەوەی دەیکەن بە پێوەری ئەمڕۆ جاشێتیفیکریە و نۆکەرایەتییە بۆعوسمانیە نوێکان.چونکە تەنهالەوڕێگەیەوە دەتوانن لەناوکورد پێگەیەکتان هەبێت،بەپاڵپشتی دارایی وڵاتانیتر گەنج،ولاوی کورد پەروەردە دەکەن ،ئێوەگەشتی نۆکەرێتیتان داهێنا بۆتورکیا لەسەرزاری عەلی قەرەداغی مەلا ئیبلیسی سەردەم ڕاتان گەیاند کە نۆکەری سوڵتانن.

دەوڵەتی عوسمانی ،لەمێژودا بەپیاوەنەخۆشەکە ناسراوە،ئەوە تەنها ئەقڵی نەخۆشە دەتوانێ بەرگری لێبکات.دەوڵەتی عوسمانی هەموو خێروبێرەکەی بۆکورد سەپاندن باج،کۆکردنەوەی سەربازو سەرانە بو،لەگەڵ دابەشکردنی موی پەیامبەر!جەنگی بەردەوامی سوڵتانە خوێنڕێژەکان،تەنها بۆ ئەقڵ نەخۆش وفاشیستەکان جێگای ڕێزە،بۆئەومرۆڤانەی لەمێژودا دەژین و لەواقیع نامۆکراون.سوڵتان محمد فاتیح چۆن قوستەنتینیەی گرت؟فەرمانیدا سێ ڕۆژ سەربازەکان ئازادبن لەڕابواردن لەگەڵ ژنە ڕۆمیەکان!ئەم ئەقڵ نەخۆشانە مێشکە کیرانە ئەم فاتیحە داگیرکارو بێڕەوشتە پیرۆز دەکەن.هەربەڕاستی ئەمانە ویژدانیان بیمارە،نەخۆشن

بەر لەوەی بپرسین کور د کێیە و چی بوو دەبێت بپرسین فەتح چییە؟
کێشەی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە مێژوو بەئیسلام دەستپێدەکەن،ئەوان گەربۆیان بکرێت نکۆڵی لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکەن، و هەموشتێک دەگێڕنەوە بۆسەردەمی پەیدابونی ئیسلام.مرۆڤ حیزبی سۆسینگی بیردێتەوە لەڕۆمانی ۱۹٨٤ کە چۆن دەیەوێت هەموشتێکی بەر لە شۆڕش بسڕێتەوە،دونیا دابەشبکات بۆ پێش شۆڕش و دوای شۆڕش ،دونیای پێش شۆڕش هەمووی نەزانی و چەوساندنەوەیە و دوای شۆڕش هەموشتێک باشە.ئەمە فۆڕمی حیزبێکی تۆتالیتارە کە دەیەوێت هەموشتێک بگۆڕێت زمان،مێژوو ،غەریزە،دیارە ئەوەش دەکرێت بۆماوەیەک لەڕێی پەروەردەیەکی ئایدیۆلۆژی و خیانەت لەهۆشیاری!ئیسلامیەکات بەهەمان تەکنیک سەیری دونیا دەکەن،لای ئەوان چرکەساتی مێژوو ئەو چرکە ساتەیە کە گروپەکەی محمد هەڵدەکوتنە سەر کاروانێکی بازرگانی ئەو گروپە کە بەفەرماندەیی محمد ئەو کارەدەکەن بە سریە نەخلە بەناوکراوە.ئیسلامیەکان بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ مێژودەکەن،سرینەوەی هەموشتێک پێش ئیسلام و دابەشکردنی دونیا بۆ پێش ئیسلام و دوای ئیسلام.سەردەمی ئیسلام و نکۆڵی لە هەر شتێکی پێش ئیسلام دەکەن.دەیانەوێت هەموشتێک بگۆڕن ،جگە لەخوێندنەوەی ئایدیۆلۆجی ئیسلامی هەموو خوێندنەوەو تەفسیرێکیتر بۆ دونیا ڕەتدەکەنەوە.
لەکاتێکدا بەشێکی زۆری شەریعەتی ئیسلام لە سەردەمی جاهیلی وەرگیراوە،ئەڵبەت بەگوێرەی دونیابینی ئیسلامیەکان سەردەمی جاهیلیە،ئەگەرنا وەک وتم ڕەگ و ڕیشەی ئیسلام لەسەردەمی جاهیلیدایە هەربۆنمونە حەج، قەدەغەکردنی چوارمانگی جەنگ لە کولتوری سەردەمی جاهیلییە. بەڵام ئیسلام لەگەڵ ئەوسەردەمە سەنتێز دروستدەکات و فۆڕمێکی پێشکەوتوتر پێشکەش دەکات. خوێندنەوەی دیالێکتیکانە بۆ مێژوو ئەوەیە هەموو سەردەمێک لە جیاوازی و ناکۆکیەکانەوە بەرەو سەردەمێکیتر دەچێت،کە تێک هەڵکێشە. نەوەک خوێندنەوەی ئیسلامیەکان کە هەوڵدەدەن لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە،و نکۆڵی لەهەوڵەکانی پێشتربکەن .وەک ئەوەی مێژوی بیرکردنەوە بەئیسلام دەستپێبکات،بێ ئاگا لەوەی ڕەگو ڕیشەی قورئان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەڕیەکان و بابلیەکان عەرەب کە ئەوانیش سامین شەریعەتەکەیان،شەریعەتی ئیسلام بەشێکی لەیاساکانی عاموڕابی ئاودەخواتەوە. سەیرنییە ئیسلامیەکان ئەوەندە جەخت لە ڕاست دەکەنەوە و فەزڵی ڕاست دەدەن بەسەر چەپدا،واتا لای ڕاستی لاشەی مرۆڤ.لە ئاینی کۆنی کوردستان فەزڵی چەپ لەپێش ڕاستە!پەیکەرەکان ئەوە نیشان دەدەن، حاشا لەم بابەتە ناکرێت لە زۆرێک لەو پەیکەرانەی خواوەندەکان خواوەندەکانی کوردستانی دێرین قاچی چەپیان لەپێشە!ئیتر ئاسایی ئەوە دەردەکەوێت پێشخستنی ڕاست جیاوازی و ناکۆکی کولتوریە نەک شتێکیتر،میللەتان و شارستانیەتەکان بەم شێوەیە لەنێو جیاوازی و ناکۆکی کولتوریدا ژیاون. ئەوە سروشتی شارستانیەتەکانە کە لە من منێتیدا دەژین،هەموو شارستانیەتەکان هەوڵدەدەن مێژوو بەخۆیان دەستپێبکەن،بۆ شارستانیەت ی ئیسلامیش هیچ ڕیزپەڕێک نییە. هەروەک چۆن خۆرئاواش هەوڵی سڕینەوەی شارستانیەتەکانیتر ئەدات .فەتح و داگیرکاری پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش هەبوەو ئێستاش شارستانیەتی سەرمایەداری بەناوی ڕرگاری میللەتان و دیموکراتی لەهەوڵی فەتحکردنی جیهاندایە.تاڕادەیەک ئەوە ئەنجامدراوە،بەڵام دۆگماتیزمی ئیسلامی مێشکی ئەم براموسڵمانانە فەتح نەبووە و داخراوە بەڕوی گۆڕانکاری و نوێبونەوە هەمیشە لە نوستالژیادا دەژین ،دەیانەوێت مێژوو بوەستێنن و ژیان بگەڕێننەوە دواوە. دیارە وەک بێرنارد لویس دەڵێت :جەنگەکان جەنگی ئیمان و تەماح بون.هەموو فەتحەکان لەمێژوودا پاساویان هێزە،لەژێرناوی خوادا،ئەگینا خودا تەنها پاساوێکە.فەتح لەپێناو داگیرکردنی زەوی تر و بردنی سەروەتی ئەوخاکەی داگیر دەکرێت. دیارە هەمو ئیمپراتۆریە تەکانیش پاساویان هەیە و بەناوی خوایەک هێرشدەکەنە سەر وڵاتانیتر لەلایە ک لەڕێگەی خواکانەوە جەنگەکەیان پیرۆز کردوە،لەلایەکیتر وەک جەنگێکی کولتوری لەگەڵ خوای بەرامبەر خودایەکیان ڕاستکردۆتەوە. بەڵام بەبێ هێز هیچ خوایەک بڕیاری فەتح نادات.پاشا ئاشوریەکان بەناوی ئاشوری خواوەند،یان ئیسلام بەناوی ئەڵڵا هێرش دەکە نە سەر وڵاتی دیکە هەر یەک شتە لەناوەڕۆکدا،بەڵام فۆڕمی داگیرکاریەکان جیاوازە”فۆڕم ناوەڕۆک دەشارێتەوە” ،نکۆڵی لەوەناکرێت جەنگەکان جەنگێ ئیمان و تەماحبون و ئێستاش هەمان شتە.
عەرەب کاتێک لە ڕێگەی ئیسلامەوە یەکێتیەکیان پێک هێنا و پەلاماری وڵاتانیاندا،بەناوی ڕزگاری وەک ئەمڕۆ باسی دەکەن،بەڵام لەڕاستیدا عەرەب برسی بون،بۆنان و گان پەلاماری وڵاتی فارسیاندا،ئەوەتا وەک عەبدولحسەین زەڕنکوب دەڵێت :سێسەد هەزار ژن و مناڵیان بردەوە بۆلای عومەر.لەگەڵ سامانێکی زۆری وڵاتی فارس تا برا عەرەبەکان لەناوخۆیان دابەشی بکەن.ئەمەیە عەدالەت. ئەنەوشیروانی ساسانی عادل بو یان عمر ئەوە با ئیسلامیەکان بچن مێژوی ئەم پاشا ساسانیە بخوێننەوە کە خواکەی ئاهورامەزدایە نەک ئەڵڵا ئەوسا دەزانن خواکان بەرهەمی کولتورن. خواکانی بەجیاوازی ژینگە لە خەسڵەتەکانیان جیاوازن،نەک حەقیقەتی خۆیان .تاڵانی کەکولتوری خێڵە عەرەبەکانە دەبێتە خەسڵەتی ئەڵڵای محمدیش ،چونکە خودایەک بەتەواوی لە نەتەوەیەک جیاوازبێت و ڕووت بێت لەخەسڵەتەکانی کولتورەکە جێگای نابێتەوە. وەک وتم تاکە پاساوی فەتح هێزە،فەتحەکان شەرعیەت لەهێز وەردەگرن نەک خواکان. ئەو خوێندنەوە ئایدیۆلۆژیە گەمژانەیە ی ئەبو بەکر کاروانی دەبێت وەک ڕوانگەیەکی کەسی سەیربکرێت نەک واقیعی و مێژویی.
وتراوە مێژوو بەسۆمهە یەکان دەست پێدەکات،ئەوەسۆمەڕیەکانن داهێنەری نوسین و خوێندنن نەک اللە!هەموو سەردەمێک بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە،یاساو سیستەمی حوکمڕانی بەگوێرەی ئەوسەردەم دادەڕێژرێت.
نکۆڵیکردن لە بونی هەستی نەتەوەیی ،لەڕابردودا ،شتێکی ناواقیعیە،ەوە تەنها لەمێشکی ئایدیۆلۆژی جێگای دەبێتەوە.ئەوان کە لەڕێگەی پڕۆسەی مێشک شۆردنەوە غەریزەش دەگۆڕن ئاساییه پێیان وابێت،کە نەتەوە بونی نەبووە،لەم ڕێگەیەوە کولتوری جاشایەتی فیکری بڵاودەکەنەوە.ئەگەر نەتەوە و هەستی نەتەوەیی نەبوە،ئەگەر عروبە نەبوە خێرە بەبێ جەنگ عەرەب خەلافەت ناداتە نەتەوەیەکیتر،بۆچی لە سێ سەردەمی خەلافەت هەر عەرەبە چاوڕەشەکان نوێنەری خوان.بۆچی لەچوار خەلیفەی ڕاشێدین کوردێک نەبو بەخەلیفە.بۆچی محمد قیبلەی گۆڕی ئەگەر مەسەلە تەماح نەبوو،ئاخر داهاتی کەعبەی موسڵمانان هەردەبێت بچێتەوە لای نەتەوەی عەرەب. بۆچی ئیسلام ئەگەر مەبەستی ڕزگاری بەشەریەتە لەکوفر بە دانی سەرانە واز لە وانە دێنێت موسڵمان نابن،ئەمە منیش نایڵێم،ڕای مەعروف ڕەسافی عەرەبە کە وەک ڕۆشنبیرێک ئەو ستەمە دەبینێت.عەرەب بەناوی خوداوە سرانەو سەبایاو کەنیزەکی دەوێت. با ئەبوبەکر پێمان بڵێت کە ئیسلام پەیوەندی بە عروبەوە نیە بۆچی ناوی شارەکوردەکان دەگۆڕن،مەگەر ئەمە سڕینەوەی زمان و تەعریب نییە پێش بەعس!ئێ لەخۆڕانیە عەفلەقی دامەزرێنەری بەعس دەڵێت :ئێمە قەرزاری محمدین،ئەوان دەرانن محمد چی بۆکردون،بەڵام کوردە بۆر نڵزانێت چی بەسەر هێناوین. ئەبوبکر کاروانی دەڵێت:لەسایەی ئیسلام سەلاحەدین دەرکەوت،بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە سەلاحەدین وەک ئەمبرا ئیخوانیانە ئیمانی بەکورد نه بو،لەژێر کاریگەری کولتوری داگیرکەردا ژیاوە.بۆیە پایتەختەکەی کوردستان نییە.ئێ ناکرێت چونکە عەرەب دوای کوردناکەوێت هەردەبێت کورد دوای عەرەب بکەوێت.زۆر گەمژانەیە بڵێیت نەتەوەو هەستی نەتەوەیی بونی نەبوە،دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا وەک تیۆر شتێکە و هەبونی نەتەوە لەواقیعدا شتێکیترە. کە پێشتر نەتەوەکان بەناوی نەتەوە خەباتیان نەکردوە،مەسەلە ئەوە یە کە ئەونەتەوانە داگیرکراون لەژێر کاریگەری ئیمپراتۆریەتدا بون و نەیان توان
توانیوە،چونکە سەردەمی ئیمپراتۆریەت بووە، بەڵام نەتەوەکان پارێزگاررییان لەهەبونی خۆیان کردوە.ئەم ئیمپراتۆریانەش هەر سەردەمەو لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیەک دابوە،جگە لەکورد لەدوای ئیسلام ،تورک،عەرەب،فارس سودیان لە ئاین وەرگرتوە،بەڵام کوردە موسڵمانەکان تەنها سودیان بۆ ئاین هەبوە.خەلافەت بەخۆشی نادرێتە تورک یان فارس ،ئەوە ئەوکاتەیە کە خەلیفە لەگەندەڵیدا نقوم دەبێت و دادەڕزێت .خەلافەت دەکەوێتە دەست تورکەکان،بەڵام تورکەکان دیسان هەستی ئاینی بەکاردێنن و لەلایەن مەلا ئیبلیسی بەدلیسی کورد دەکرێنە سورەی بەر لەشکر وەک چۆن ئێستا ئیخوانەکان بونە جاشفیکری ئەردۆغانو عوسمانیەتی نوێ.دیارە ئەبوبەکر کاروانی جیاوازی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیێ ناکات،ئەوکات سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی نەبوە،بەڵام ئیمپراتۆریەت نەتەوەیی بووە.بۆ کورد نەبۆتە سوڵتان،خۆ مەلا ئیدریسی نەگریس و نۆکەری سوڵتان شەرعزان بو،بەڵام ئەو نۆکەری سوڵتانی پێخۆشتربو لەوەی ببێتە سوڵتان.ئەوکولتورە جاشایەتیە ئیسلام بەدیاری بۆی هێناین،کێشەی برا موسڵمانەکانمان ئەوەیە کە پێیان وایە حەرامە کورد ببێتە سوڵتان. ئەی بۆچی هەموو میرنشینەکان لەناوبران؟بۆچی تا ڕوخانی عەباسیەکان میرنشینەکان دەرنەکەوت،ئەم میرنشینانە دیاری ئیسلام نین عەبوبەکر،بەڵکو تەنها لە ئەنجامی نەمانی دەسەڵاتی ئیسلامی و لەبۆشایی دەسەڵات دەرکەوتن،بەڵام دیارە بەهۆی هەستی نەتەوەیی تورک و فارس و پەرش وبڵاوی کورد نەتواندراوە ببنە سوڵتان.ڕێبەرە ئاینیەکانیش خائین بوون،مەلا ئیدریسەکان ئامادەنین داوای یەکگرتویی بکەن بۆ ئەوەی کوردێک ببێتە خەلیفە،بەڵام بۆ کردن بەنۆکەری خەلیفەی بێگانە هەموشتێک دەکەن. باشە بۆچی عەرەبەکان لەوپەڕی دەسەڵاتداری دا بە کوردو فارس دەڵێن مەوالی و عەلوج با ابوبکر ئەوەمان بۆڕون بکاتەوە . ئەگەر هەستی نەتەوەیی نەبوە بۆچی تورکەکان تورک دێنن بۆکەرکوک و بولگاریا ئەمە تەتریک نییە.ئەی هێنانی هۆزە عەرەبەکان و گۆڕینی ناوی شارەکوردیەکان تەعریب نییە؟ یانی چی مناڵیش دهزانێت عەرەب لەژێرناوی ئایندا تەعریبی کردووە،ئەی بۆچی خەلافەتی ئیسلامی هۆزێ کوردی نابات بۆ مەککە و جێگیری ناکەن .بۆچی ئەگەر بۆڕزگاری هاتوون هەندێ شار ی دەوڵەمەند دوجا ر فەتح دەکەن.بۆچی بەدرێژایی چەندین سەدە عەرەبەکان هەوڵی دامرکاندنەوەی شۆڕشە کوردیەکانیاندا دژی عەباسیەکان.بۆچی ئەبا عوبەیدەی جەراع لەشکری ناردە سەر کوردستان وەک ئەردۆغان؟ئەم درۆ و دەلەسەو جاشایەتی فیکریە تاکەی. چەواشەکردنی مێژو بێ ئەخلاقیە و هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکە،ئەمە دەکەن تا وەک سوڵتان سەلیم کە بە مەلا ئیدریسی دەگوت :نۆکەرە خۆشەویستەکەم ئەردۆ داعش پێتان بڵێ نۆکەرە خۆشەویستەکانم .سەرەڕای هەموو ئەمانە گریمان هیچ یەک لەم شتانە نەبوو،ئەمە چ کەرێتیەکە بتانەوێت کورد بگەڕێتەوە سەردەمی جەنگەڵ و فەتح و داگیرکاری سوڵتانەکان وببنەوە نۆکەری سوڵتانە خوێنڕێژو دڕندەکان.باشە ڕابردو هەرچییەک بوبێت،ئەمڕۆ سەردەمی نەتەوەو گەلانە،ئێوە چۆن نکۆڵی لەهەستی نەتەوەیی دەکەن لەئەمڕۆدا ،ئەی پیرە خائینان ئەگەر وانیە و ئاسیمیلە نەبوون بۆچی گڕتان تێ بەردەبێت بۆ مورسی بەڵام بۆ داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی تەقەی سرتان دێت.بۆچی دژی داگیرکردنی بەرزایەکانی جۆلانن بەڵام هەموو قەندیل بگیرێ باکتان نیێە.نەخێر ئێوە مێشکتان شۆردراوەتەوەو لەژێر کولتوری داگیرکردا گەورەبوون و لەسەر حیسابی کورد وەکنەتەوە درێژه بە پێگەی جاشایەتیتان ئەدەن.ئێوە هەر لەبنەڕەتەوە نۆکەری سوڵتانن،ڕابەرەکۆنەکانیش نۆکەربون،ئێوە پاشماوەی نۆکەرێتی مەلا ئیدریسن و هیچیتر.
دیارە مێژوو دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ هۆشیاری،و بەپێچەوانەشەوە.بەڵام خوێندنەوەی مێژوو بێ توخمی ئەقڵ هەمیشە وەک چیرۆکی لێدێت.بەڕای ئیبن خەلدون بێ بەشداری ئەقڵ لەلێکدانەوەی مێژودا ،مێژوو هیچ واتایەکی نابێت و خوێندنەوەکان بۆمێژوو نازانستی دەبن. ئی ئێچ.کار لەو بارەیەوە دەڵێت:دەکرێت کتێبێکی مێژویی بنوسیت بێ ئەوەی هیچ ڕویدابێت.یان دەکرێت مێژویەکی پێچەوانە بنوسیت.کەواتا بەشداریکردنی ئەقڵ لە لێکدانەوەی مێژودا مێژو دەکات بەزانست.هیچ کاتێک مێژووی فەرمی بێ درۆو چەواشەکاری نییە. تاودانە کتێبێک و خوێندنەوەی وەرگرتنی وەک مێژوو خیانەتە لەهۆشیاری و خۆخەڵەتاندنە.خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژی بۆ مێژوو،مەترسیدار و خیانەتکاریە لەهۆشیاری گەلێک یان لەهۆشیاری مرۆڤایەتی ئەوەی ئیخوان دەکات سەبارەت بەمێژوو گێڕانەوەی مێژویە وەک چیرۆکێکی پیرۆز و حەتمی و ئایدیۆلۆژیانە هیچ توخمێکی ئەقڵانی تێدانیە.بەکورتی سەبارەت بە بەموسڵمانبونیکورد ،ودەوڵەتی عوسمانی ئەبوبکر کاروانی و مەلا ئیخوانیەکان خیانەت لەهۆشیاری کورد دەکەن.بەبڕوای من بێشەڕەفانەترین شت شێواندنی مێژوییە لەو شێوەی ئیسلامیەکان. کە سنوری مێژوو خوڕافیاتیان نەهێشتووە. بۆنمونە دەربارەی بەئیسلامکردنیکورد مرۆڤ زۆر نەزان نەبێت چۆن بڕوادەکات ئیسلام بێشمشێرو کوشتاربڵاوبوبێتەوە لەکاتێکدا خودی مەککە فەتحکراوە وو بەشمشێر .خێرە کورد وەها تامەزرۆبون بۆدینێک کە ئێستاش لەزمانەکەی تێناگەن.سەبارەت بەدەوڵەتی عوسمانی لە ئیسلامبولی پایتەخت سوڵتان کەنیزەکی دەفرۆشت.ئەبوبەکر عەلی دیارە ئارەزوی کەنیزەک و مناڵبازی و نێربازی عوسمانیەکانی گەرەکە. سوڵتان ئەحمەدی عوسمانی تاکە ژنێک لەدەربارەکەیدا نەبو ،چونکە نێرباز بو!خەلیفە تورکەکانداگیرکارتاڵانچی و خوێڕی بون ئەوە بەس نییە!باشە بە پێوەری ڕۆحی سەردەم ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی لۆمپەنی خوێڕی نییە؟وەکیتر جگە لەسیاسەتی پەرتکەو زاڵبە بۆکورد چیان هەبووە.عوسمانیەکان تەنانەت لە ئەنادۆڵیش داگیرکارببون نەک کوردستان بەڵام سودیان لەنۆکەرە کوردەکان وەرگرتوە بۆ فەتحی وڵاتان.
سێ تێزی سەقەتی ئیسلامیەکان لەبارەی ئیسلام و خەلافەت پێویستی بە لەسەروەستانە یەکەم تێزی نەتەوەیی نەبونو نەبونی هەستی نەتەوایەتی لەڕابردودا
دووەم موسڵمانبونی کورد بەئاشتی و دڵخوڵزانە
سێیەم ئیسلام وەک ڕزگارکەرو نەهێشتنی کۆیلایەتی
لەڕاستیدا ئەم تێزانە سەقەت و بێبنەمان. لەسەردەمی عەباسیەکان شۆڕشی کۆیلەکان ڕویداو،کوردیش بەشداربون!ئیسلام لە خودی نیمچە دورگە بەشمشێر بڵاوبۆوە نەک لەناو ناعەرەبەکان،وە ئیسلام ئیمپراتۆریای عەرەب بوو.

مەحمود عەبدوڵڵا




کە دۆڕاین… تێکست: د.چیا زەنگەنە… وەرگێڕانی لە عەربییەوە: پشکۆ ناکام

ئێمە نەتەوەیەکی دۆڕاوین
خەو بە سوار بوونی
قیتارەوە ئەبینین
بەڵام حەڵاڵ حەرام ئەکەین
حەرامیش حەڵاڵ ئەکەین
بە فتوایەک کە نازانین
لە کوێوە هاتوە ئەسڵ و فەسڵی
ئێمە نەتەوەیەکی”سواو” ین
چەپڵە بۆ هەر
گەجەر و گوجەرێک لێئەیەن
بۆ فەرمان رەواکانمان
ئەجەنگین
و
هەر ” زۆڵ” و کوڕە زۆڵێک ئەپەرستین
ئێستاش ،شمشێر
تفەنگ
ئاڵا وێنا ئەکەین
خەویش بە قاوەیەکی بەیانیان
و
پیاسەیەکی ئێوارانی
كەناری دەریا ئەبینین
و
بیر ئەکەینەوە چۆن سواری تەیارە بین…
“”””””””
ئێمە قورسایمان نیە
ئێمە ” نەبوو”ین
بار گرانییەکین
بۆ ئینسانیەت
بۆگەن بوویەکی کۆمەڵایەتین
چاڵایی جوگرافیاین
چونکە تا ئێستاش
ئاواتەخوازین وێنەیەک
لەگەڵ :
ڕابەر
سەرۆک
خانەوادەکانیان
وەچەزاکانیان
دراوسێکانیان بگرین
چونکە ترسمان هەیە لە:
زەردەخەنە علوجەکانیان
بزە پڕ لە تەڵەکانیان
تا ئێستاش :
ویژدان
ڕەوشت
بیر و باوەڕ
قەڵەمەکانمان ئەفرۆشین
بە کرێیان ئەیەین
ئەدزین و ئەیانکەین بە دیاری
لەو کاتەوەی باسی شۆڕش
هاتە پێش و ئێستاش
ئەفیش بە دیوارەکانا هەڵئەواسین
و
هاواری پاڵەوانیەتێکان ئەکەین
و ئەیانکەین
بە موعجیزەکانی سەردەم
ئێمە ،
بەڵێ ئێمە
بوونمان هەر نیە ، تا
ڕیش و مێزەر
دوعا و دەمانچە
مەزار و جادوگەری
ڕاوچی حوکمان بکا
ئەوانە :
زەهریان لە جەستەی
نیشتمانەکەمان چانوە
لە ئەقڵمان
لە دڵمان
لە خوێنمان چانوە




شیعر/ زۆر لێتان جوانە… نەوزاد بەندی

( شیعری شەعبی بۆ دەروێشەکانی حەشدی شەعبی و عەشایەری )

ـ

زۆر لێتان جوانــــــــــــــــــــە تاڵان و بڕۆ
ڕێک ئەیتەقێنێ ڕۆژی ســــــــــــــەد درۆ
ساڵ بەسەرئەبەن بە هەنگــــــــــە شەلە
موچە بووەتە هــــــــــــــــــــــەواڵی پەله
بانکی حوکومیی ، چـۆڵ و هــۆڵ و لات
هەرچی بێتە شار ،بانکی حیزب ئەیـبات
مەرگی خانەنشین ، ڕۆژی مەعاشـــــــــە
بۆ خەرجی و ئاوی پرسەکەی باشــــــــە
ئەوەی زمانی بە دێڕێ بپـــــــــــــــــــژێ
یان بێ ڕەوشتە یان خوێنـــــــی ئەڕژێ
یان ئەبێ بڵێ بەخـــــــــــوا ڕادوێ بوو
ئەگین حوکمەتــی وا باش له کوێ بوو؟
پەنجا فەوج خـەریج ، بێ کار و ئیشــن
ئێوەیش دیزاینی قیتار ئەکێــــــــــــشن
ملیارێ دۆلار ، هی خەڵکـــــــی دامــــاو
لە لوبنان ئەبێ بە پــــــــــــــۆڕی خوراو
زۆر ئاساییە ، جــــــــێی باس هەر نییە
لە ئاست خەباتا ، ملــــــــــیارێ چـــــیە؟
زۆر لەسەرمان کەوت ڕۆژانی شـاختان
بەڕاستی جوانە دەروون و ناخــــــتان
چی بەرزاییە ، کۆشک و تــــــــــــەلارە
ملیۆنێ دۆلار‌ بۆ یەک ســـــــــــــــەیارە
کۆمپانیا و زانکۆ و گومرک و دەرمـــان
هەمووی دۆلارە و ئەخرێــــتە گیرفان
ئەوەی سەر بە قوڕ دێنێتە قـــــــــــاقا
کارەباکەیە ، لەســــــەر دوو لاقــــــە
هەتا هەتایە نابــــــــــــێ بە یەک لاق
ئەهلی و حوکومی، عاشق و موشتاق
بەو حاڵەیشەوە چەندەها ســــــەعات
کارەبا ئەبڕن لە مــــــــــــــەڕ و ماڵات
تا خەڵک بڕۆنە ناو پـــــــــــــــــڕۆژەوە
کارەبا و ئاوی شـــــــــــــەو و ڕۆژەوە
پڕۆژەیش تەنهـــــا موڵکــــی ئەحزابە
ئەویش بۆ سەوزه و نان و کـــــــەبابە
موەلیـــــــدەی‌ گەڕەک بووە بە بزنـس‌
ئیتر هێمنی و جوانــــی بە یەک فلس
دوکەڵ و نەڕەی یەک ڕۆژ ڕێ ئەڕوات
پیاو کە ئەیبینێ ، کۆڵێ داخ ئەخـوات
سی ساڵ زیاترە ، هەروایە و .. هەروا
خۆ خەڵک ڕازییە و .. وەزعەکە ئەڕوا
ئەگەر ڕازیــش‌ نین ، پڕۆژەمان هەس
ناوشار چاک ناکەین ، ئیتر بەهەوەس
هەتا هەتایە ، کارەبا وایـــــــــــــــــــــە
بزنسە و نابێ بڕوا بە زایـــــــــــــــــــە
جاجاریش بۆ زەوق ، شەقوەشاندنـێ
پۆرتی مامۆستای پیـــر شکاندنـــــێ
یاخود ناردنی‌ چەند چەقۆ کێــ ـــشێ
بۆ ڕۆژنامەنوسێ ، بزانن کوێی ئێشێ
گەر پێویستی کرد ، بەناوی داعـــــش
ڕۆحی دەربێنن ،هەرچیش ئەبێ چش
لە پڕ لە باڕ و لەگەڵ مۆدێــــــــــــلــێ
لەسەر سیستەمی ڤێلا و مۆتێــــــلێ
یەکێکتان لەگەڵ بـــــاڵا چنـــــــــــارێ
سێکس و هاوارتان لە لێو ئەبـــــــارێ
ڤیدۆیەک دزە ئەکا بۆ ئیعـــــــ ـــــلام
بە سەوت و سوڕە ، مەشهەدی بەتام
ئەمە بۆ تێستی غیرەتی خەڵـــــــــکە
تا دڵنیابن هەمووی بێ کەڵـــــــــــکە
ئیتر بەو جۆرە و زۆر‌ خراپتــــــریش
چەندم وتووە ، هەر زۆر زیاتریــــش
ئەنجامی ئەدەن بێ دەربەستانـــــە
میللەت بێ ورتە و جوڵە و پەستانە
زۆر لێتان جوانە، حوکمی نەوە و کوڕ
کاسەی خەڵک بۆش و ئەوەی خۆتان پڕ
………هتد ….

ــنەوزاد بەندی ــــــــــ




مێژووی شانۆی که‌نه‌دی… وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

نووسینی : ئینسایکلۆپیدیای شانۆی که‌نه‌دی

یه‌که‌مین شانۆ
نەیتیڤەکان، خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی که‌نه‌دا، دراما و نه‌ریته‌ ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان وه‌کو به‌شێک له‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌کانیان، به‌ سه‌دان ساڵ پێش هاتنی ئه‌وروپییه‌کان بۆ که‌ناری جیهانی نوێ، نمایش کردووه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ وه‌ک شانۆی خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نەکان ئه‌یبینین، چه‌شنی شانۆگه‌رییه‌کانی تۆمسۆن هایوه‌ی، زۆرجار پشت به‌ میتۆلۆژی یان ئه‌فسانەناسی نه‌یتیڤه‌کان ده‌به‌ستێ.

شانۆی ئه‌وروپییه‌ به‌راییه‌کان
مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی، له‌گه‌ڵ هامفره‌ی گیلبێرت و “گروپێکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌ ئیمائییەکان”، (١) له‌ساڵی ١٥٨٣دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ، له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می ١٦٠٦ و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا نۆڤه‌سکۆشیایه‌)، یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری. ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی فەرمانێکەوە‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ئه‌کران و‌ ڕووخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی بەجۆرێک وه‌کوو ڕووخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن. ئامانج له‌و کاره‌، ئاهه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی دامەزرێنەرانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کان بوو له‌ گه‌شتێکی مه‌ترسیدار. شوێنی ده‌وڵه‌تی ژێرده‌ست و به‌رهه‌مەکە‌ له‌ ساڵی ١٦٠٧ جێهێڵدرا و هیچ ئاماژه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ هیچ چالاکییه‌کی شانۆیی نه‌بوو‌ تا ساڵی ١٦٤٠. که‌ زیاتر وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ سه‌رگه‌رمی‌ بێباکانه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌شێکی ژیانی ئیمپریالیستییانە بوو.

باڵه‌خانه‌ی نیبتۆن له‌ شاری کوبێک له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م که‌ شوێنی کۆبوونه‌وه‌ بوو و وه‌کو ڤینۆسه‌ شانۆییه‌کانی ‌ به‌رایی که‌نه‌دا خزمه‌تی ده‌کرد.
له‌ ئه‌رشیفی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

کلاسیکه‌ نوێیه‌کانی جیهانی نوێ
مه‌حاڵه‌ له‌ وڵاتی که‌نه‌دا به‌چاکی گه‌شه‌ی درامای زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی به‌ته‌واوه‌تی لێک جودابکرێنه‌وه‌ که‌ ترادیسیۆنی شانۆیییان وه‌کوو یه‌که‌. له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا شانۆگه‌رییه‌ ئینگلیزییه‌که‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی نمایش کراوه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، کە تا ئه‌مڕۆش ئه‌م دۆخه‌ له‌ شانۆی که‌نه‌دی هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌هایی بتوانرێ بوترێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌تادا کاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، گاریگه‌ریشیان به‌سه‌ر شانۆی به‌رایی که‌نه‌داوه‌ هه‌بووه‌. ئەوانیش به‌تایبه‌تی بریتیبوون له‌ مۆلێر و شه‌کسپیر و هه‌روه‌ها پییر کۆرنی و جان راسین. ستایڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیشیان هه‌ر به‌و جۆره‌ بوو کە له‌ دراما به‌راییه‌کانی که‌نه‌دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌‌وه‌. بۆ نموونه‌ داستانی قاره‌مانێتی له‌ ئیشە سه‌ره‌تاییه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ جه‌نگی جه‌نگاوه‌رانی ئیبراهیم به‌نه‌مری نیشان ئه‌دا.
شتێکی تری ڕوونیش‌ ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ شانۆی که‌نه‌دی له‌ ئاره‌زووه‌وه‌ له‌دایکبووه‌، که‌ تا چه‌ند ده‌یه‌ له‌ دوای دامەزراندنی ده‌وڵه‌ته‌ ژێر ده‌سته‌کان، ئینجا ئه‌کته‌ره‌ پرۆفیشناڵه‌کان له‌ هه‌ر (٣٠) سی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانه‌وه‌‌ گه‌یشتنه‌ که‌نه‌دا. ئه‌وکات ترادایسیۆنی نمایشکردنی سه‌رگه‌رمی و شانۆیی ده‌وڵه‌تی ژێر ده‌سته‌ی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی دامه‌زرا. به‌رهه‌مه‌(کاره‌) سه‌ره‌تاییه‌کان به‌پانتایی هه‌ردوو کۆمه‌ڵگەکه‌ نمایش ده‌کران، له‌ سه‌ربازه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بازرگان و سه‌وداچییه‌کان ڕۆڵیان تێدا بینیوه‌. بۆ نموونه‌ له‌ هالیفاکس، گاریسن چه‌ند شانۆگه‌رییه‌کی هه‌بوو هەروەها له‌سه‌ره‌تای ساڵی ١٧٨٨ دا له‌گه‌ڵ شێردیان شانۆگه‌رییه‌کیان به‌ناوی قوتابخانه‌ بۆ ئابڕووچوون نمایش کرد. ئه‌کته‌ره‌کان ئه‌فسه‌ر و کوڕ بوون که‌ ڕۆڵی ژنیان ئه‌بینی. گاریسن له‌ ساڵی ١٧٨٩ دا بوو به‌ خاوه‌نی‌ هۆڵی شانۆیی و شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیا وه‌ک یه‌که‌م کاریان له‌و هۆڵه‌ خسته‌ به‌ر دیدی بینه‌ران.
ڕابه‌رانی کڵێسا هه‌ر زوو که‌وتنه‌ ڕێگه‌ گرتن له‌ گه‌شه‌ی شانۆ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی له‌ خاکی نوێدا. ئه‌مه‌ش ئایرۆنییە وه‌ک قوتابخانه‌کان کە له‌لایه‌ن کڵێساکانه‌وه‌ قۆرخ کرابوون، ده‌بوایه‌ ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ نمایش بکرێن که‌ به‌شێک بوون له‌به‌رنامه‌ی خوێندن و شێوازێک بوون بۆ نه‌پچڕان له‌گه‌ڵ دایکی خاک و زمان. کڵێساکان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌‌کاندا زۆر به‌هێزتر بوون وه‌ک له‌وه‌ی له‌‌ ئه‌وروپا هه‌بوون. ڕابه‌رانی کڵێسا هیچ به‌لایانه‌وه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بوو نمایشه‌کانی مۆلێر قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن به‌تایبه‌تی له‌و هێرشانه‌ی که‌ له‌ شانۆگه‌ری “دووڕوو”دا ده‌یکاته‌ سه‌ر ڕابه‌رانی کڵێسا. له‌ ڕووداوێکی به‌ناوبانگ له‌ ١٦٩٣-١٦٩٤ دا حاکمی گشتی فڕۆنتناک له‌لایه‌ن قه‌شه‌ی ساینت ڤاڵیه‌ره‌وه‌ به‌رتیلی پێدرا بۆ قه‌ده‌غه‌ کردنی نمایشی ئه‌م کاره‌ ناوبانگ زڕاوه‌. کڵێسای ساینت ڤاڵیه‌ر له‌ هه‌موو بواره‌کاندا شانۆی قه‌ده‌غه‌ کرد.
دوای داگیرکاری به‌ریتانییه‌کان، مۆلێر جارێکی تریش له‌لایه‌ن سه‌ربازانی به‌ریتانیاوه‌ به‌زمانی فه‌ره‌نسی هاته‌وه‌ سه‌ر شانۆی جیهانی نوێ. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ کۆمه‌ڵە شانۆییه‌کان ببینرێ کە سه‌ربازان و خه‌ڵکی سیڤیڵ پێکه‌وه‌ کار ده‌که‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانیان. له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، لە کەنەدا دوو گروپ(کۆمه‌ڵه‌)، تیپی ئاڵن بۆ کاری کۆمیدی و تیپی لاوه‌ که‌نه‌دییه‌‌کان نمایشی شانۆییان ئه‌نجام ئه‌‌دا. (٢)هه‌ردوو لاشیان مۆلێریان نمایش ده‌کرد و هه‌روه‌ها تیپی ئاڵن جگە لە مۆلێر، شه‌کسپیریشیان نیشان ده‌دا. له ‌وه‌رزی نمایشی ١٧٨٩-١٧٩٠ دا، ئه‌م دوو گروپه‌ کاته‌کانیان له‌نێوان خۆیاندا ڕێکخستبوو.

هۆڵی ئۆپرای نوێ له‌ شاری داوسن له‌ ئه‌رشیفی “یۆکن”ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

بنیادنانی هۆڵه‌کانی شانۆ
کڵێساکانی پرۆتستانت و کاسۆلیک به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پشتیوانیان له‌ شانۆ نه‌ده‌کرد. ئه‌وان هۆڵه‌کانی شانۆیان ده‌شوبهاند به‌وه‌ی که‌ بۆ به‌دڕه‌وشتی بنیاد نراون. به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاست و ئه‌تله‌نتیکی که‌نه‌دا، شانۆ له‌هه‌ر جێگایه‌ک بواری بۆ بڕه‌خسایه‌‌ نمایش ده‌کرا وه‌کوو مه‌یخانه‌کان و به‌گشتیش هه‌ر پیاوان ڕۆڵیان تێدا ده‌گێڕا. له‌ هالیفاکس سه‌ربازه‌کان هۆڵێکی نوێی شانۆیان بنیاد نا و له ساڵی‌ ١٧٨٩ به‌ نمایشکردنی شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیای شه‌کسپیر کرایه‌وه‌. هه‌ر زوو دوای ئه‌وه‌ش شارله‌تاون هۆڵی شانۆیی تێدا کرایه‌وه‌ و دوای ئه‌وانیش له‌ شاری سەین جۆنز هۆڵێکی تر کرایه‌وه‌.
یه‌که‌مین باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ نمایشی کاری هونه‌ری له‌ ناوه‌ڕاستی که‌نه‌دا له‌ هۆڵی شانۆی پاشایه‌تی بوو له‌ شاری مۆنتریاڵ و هەروەها هۆڵی پاشایه‌تی سێرک – که‌ هه‌ر زوو ناوه‌که‌ی گۆڕا و بوو به‌ هۆڵی شانۆی پاشایه‌تی – له‌ شاری کوبێک ( هه‌ردووکیان له‌ساڵی ١٨٢٥ دا دامه‌زران). هاوکات تیپە هونەرییە کۆچەرییەکان له‌ فه‌ره‌نسا کەوتنە ده‌رکه‌وتن و به‌مه‌ش کڵێساکان زیاتر په‌ست و تووڕه‌ ده‌بوون. له‌گه‌ڵ بنیادنانی سیستمی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر که‌ بووه‌ هۆی گه‌شه‌کردنی زیاتر و زیاتری گەشتی تیپه‌ هونه‌رییه‌ بێگانه‌کان‌ بۆ که‌نه‌دا، جۆرێک له‌ کلتووری ئیمپریالیزم (جووتبوون له‌گه‌ڵ نوخبه‌ی لووت به‌رز) که‌ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی کاره‌کته‌ری شانۆی نه‌ته‌وه‌یی به‌هه‌ڵواسراوی هێشته‌وه‌.

ستایڵی شانۆگه‌رییه‌کان
هاوکات له‌گه‌ڵ هاتنی هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وروپییه‌کان، سیاسه‌تی ئه‌وروپیش دژایه‌تی ده‌کرا و هه‌ر زوو کاریگه‌ری ڕابه‌رانی کڵێسا لاواز بوو و زیاتریش لاواز ‌بوو وه‌ختێ شانۆ بووه‌ ئامڕازێکی سیاسی. ڕێک هه‌روه‌کوو بارودۆخی ئه‌وروپا، که‌ ئێستا له‌ سێ به‌شی فراوان پۆلین کراوه‌، ئایین، په‌روه‌رده‌یی، سیاسه‌ت و سه‌رگه‌رمی. یه‌که‌مین به‌ش له‌سه‌ر به‌رفراوان بوونه‌وه‌ی سیستمی قوتابخانه‌ ئاینییه فه‌ره‌نسی زمانه‌کان به‌رده‌وام بوو، به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان مه‌سیحییه‌کان ( ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام بێباکانه‌ لیبراڵترن له‌ فه‌رمانه‌کانی کاسۆلیک). درامای سیاسیش دیسانه‌وه‌ له‌نێو فه‌ره‌نسی زماندا له‌ شێوه‌ی وتار هاته‌ مه‌یدان و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ڕۆژنامه‌ سیاسییه‌کان بڵاو ده‌بۆوه‌، هه‌ندێجاریش له‌ شێوه‌ی دراماتیکی به‌و مانایه‌ی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا به‌ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنرانه‌وه ( وه‌ک خه‌مڵێنراوه‌ ئه‌وکات سەدا پێنجی خه‌ڵک خوێنده‌وارییان هه‌بووه‌). سه‌رگه‌رمیش له‌ ئه‌مریکاوه‌ گه‌یشت و له‌شێوه‌ی گه‌شتی تیپه‌کان که‌ میلۆدراما و سێرکیان نمایش ده‌کرد وه‌کوو تیپی جۆن ب.ڕیکێتسی ئه‌مریکی که‌له‌ شاره‌کانی مۆنتریاڵ و کوبێک له‌ ساڵه‌کانی ١٧٩٧ و ١٧٩٨ دا نمایشیان ئه‌نجامدا.

شانۆنامه‌نووسه‌کان
ئه‌گه‌ر نووسین بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ خوا سڵ ئه‌که‌نه‌وه‌، بۆ سیاسییه‌ فێڵبازه‌کان، یان بۆ جه‌ماوه‌ری به‌ربڵاو بنووسرێ، ئه‌وا دراماتیسته‌ ناوخۆییه‌کان زۆر قه‌رزاری ئه‌وه‌ بوون که‌ چییان بۆ ترادیسیۆنی ئه‌وروپی و ئینجیل نووسیوه‌. ئیلیزا له‌ینسفۆرد کوشینگ ئایه‌ته‌ به‌تاڵه‌کانی درامای کتێبی پیرۆز”ئه‌سسه‌ر”ی له‌ساڵی ١٨٣٨ و ڕوحی چارڵس هێڤیسێگ له‌ساڵی ١٨٥٧ و داستانی نیشتمانی فلیکس پۆوتره‌ی لویس فرێشیت له‌ ساڵی ١٨٦٠ نووسی، به‌ڵام ناکۆکی سیاسی به‌چاکی و به‌زیندوویی به‌ زمانه‌کانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی له‌ شانۆگه‌رییه‌که‌ی فرێشیت به‌ناوی پاپینۆ و کاره‌ ساتیرئامێزەکانی وه‌ک درامای هەرێمی هیو سکۆبی به‌ناوی فشاری خێزان له‌ ساڵی ١٨٣٩دا، دیاربوون.
هه‌ر زوو ئه‌کته‌ره‌ هه‌وه‌سکاره‌کان قایل نه‌بوون به‌ زه‌خیره‌ی کلاسیکی نوێ و ده‌ستیان کرد به‌ تێکه‌ڵبوونی زیاتر له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌ خۆماڵییه‌کان. لەوماوەیەدا هیچ حاڵه‌تێکی به‌رچاوی وا له‌ئارادا نه‌بووه‌، جگە لە فلیکس گابریاڵ مارچه‌ند کە بوو به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی کوبێک له‌ نێوان ١٨٩٧- ١٩٠٠ ، که‌ به‌ناوبانگترین شانۆگه‌ری ئه‌ڵماسی ساخته‌ی نووسی، که‌له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌ شاری کوبێک به‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌وه‌ نمایش کراو و چه‌ندین جاریش دووباره‌ کرایه‌وه‌. شه‌قامی کۆمیدیای فه‌ره‌نسی بۆ بینه‌رانی کوبێکیی خواستراو و بارهێنرابوو.
له‌به‌شی ئینگلیزی که‌نه‌دا، له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، گه‌لێ بابه‌تی جۆراوجۆر نمایشکران که‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست بوون به‌ بینه‌رانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ چوون بۆ بینینی شانۆ تا ئه‌و کات چالاکییه‌کی نوخبه‌وی بوو(به‌ زۆری له‌ شاری کوبێک) شانۆگه‌رییه‌کان که‌وتنه‌ بایه‌خدان به‌ که‌سایه‌تی و ڕووداوه‌ ناوخۆییه‌کان له‌چه‌شنی تیکۆمسییه‌ و له‌ورا سیکۆرد و هه‌روه‌ها جین ڕۆبه‌رڤاڵ. ولیه‌م ویلفرێد کامبڵ که‌ تا ئه‌وکاتیش زۆر به‌ توندی له‌ژێر گاریگه‌ری شه‌کسپیر دابوو، شانۆگه‌ری کۆشکی دۆلارد ئۆرمیکسی نووسی.
هه‌رچه‌نده‌ بێگانه‌کان به‌رده‌وام ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ که‌نه‌دییه‌کان نیشان بده‌ن که‌ چی پێویسته‌ له‌سه‌ریان و ” به‌ڕاستی ده‌بێ چیبکه‌ن” و هه‌ندێجار وه‌ک بزوێنه‌رێک بۆ کارامه‌ کردنی ناوخۆ ڕه‌فتاریان ده‌کرد. بۆ نموونه‌ گه‌شته‌کانی سارا بێرنهاردت له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م کە هه‌ڵسوڕاوێک بوو بۆ دروست کردنی سیسته‌می ئه‌ستێره‌ی هونه‌ر که‌ گه‌لێک کەسی هاندا ده‌ست بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م که‌ پێشتر بیریان له‌ نووسین بۆ شانۆ نه‌کردبۆوه‌.
شانۆ تا ئه‌و کاته‌ش به‌زۆری مه‌سه‌له‌یه‌کی به‌رز و جوان بوو ‌له‌گه‌ڵ هه‌ندێ جیاوازی سه‌رنجڕاکێش‌. ئاشووبه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌که‌ی ساڵی ١٨٦٠ له‌ ڤیکتۆریا، وه‌ختێ ڕه‌شپێسته‌کان ڕێی خۆیان کرده‌وه‌ بۆ دانیشتن له‌سه‌ر ئه‌و کورسییانه‌ی که‌ بۆ سپی پێسته‌کان ته‌رخانکرابوو له‌ شانۆی ئیمپریالی ڤیکتۆریا.(بڕوانه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ بایه‌خداره‌کان – شانۆ له‌ ڤیکتۆریا ١٨٥٠) و نمایشکردنی های ڕیڤه‌ر له‌ شاری ئه‌لبێرتا له‌ ١٩٠٢ که‌ به‌ هێلکه‌ بارانی نمایشکه‌ران کۆتایی هات. زۆر شتی سه‌یریش هه‌بوو وه‌کوو ئه‌وانه‌ی که‌ کڵێساکان ده‌ستییان به‌سه‌ردا گرتبوو. قه‌شه‌کانی کوبێک که‌وتنه‌ سه‌رزه‌نشت کردنی “بێرنهاردت”، قه‌شه‌کانی ئۆنتاریۆش ده‌رباره‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ ده‌دوان وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌له‌ ئه‌نجومه‌نه‌کاندا بینیبویان. ڕێڤ ج.پ.سیلیکۆکس له‌ ساڵی ١٨٨٣ دا ده‌ڵێ: ” به‌هۆی قه‌ومی “لوت”ه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌شه‌رماندا سوور هه‌ڵگه‌ڕان، وه‌ گوێیه‌کانیشیان له‌شه‌رماندا که‌ڕ بوون”. سه‌رباری ئه‌م ژه‌هرانه‌ش، نوخبه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو ده‌فرین خانم و ئێرڵ گره‌ی پشتیوانی شانۆیان کرد له‌ شێوه‌ی پێشبڕکێی سه‌رگه‌رمی و چاودێریکردنه‌وه‌.
کۆتایی ساڵه‌کانی سەدەی نۆزدەهەم، شاره‌کانی سه‌رتاسه‌ری که‌نه‌دا په‌ره‌سه‌ندنی بنیادنانی هۆڵه‌کانی شانۆیان به‌خۆوه‌ بینی. له‌نێوان ساڵانی ١٨٧٣-١٨٩٢ چل هۆڵی زیاتر له‌ هەزار کورسی کرانه‌وه‌. که‌ ئێستا به‌هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌ به‌یه‌کتره‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. ئه‌م هۆڵانه‌ مێوانداری به‌رهه‌می ئه‌و تیپانەیان ده‌کرد که‌ سێرک و به‌تایبه‌تی سێرکی گه‌ڕۆک که‌له‌ شاری وینیپیگه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد. هه‌روه‌ها تیپە خۆجێیه‌ پاره‌داره‌ پرۆفێشیناڵه‌کان له‌شاره‌کانی وینیپیگ و ئێدمه‌نتۆن دامه‌زران. له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا و له‌شاری کوبێک شانۆگه‌رییه‌ نمایش نه‌کراوه‌کان که‌وتنه‌ بڵاو بوونه‌وه‌. له‌ ساڵی ١٨٦٨ وه‌ تا ساڵی ١٩٠٠ سه‌د و شانزه‌ شانۆگه‌ری بڵاو بوونه‌وه‌ که‌ ته‌نها چل دانەیان نمایش کرابوون.

ئاغایه‌ک له‌گه‌ڵ خانم گره‌ی ئه‌چنه‌ ناو هۆڵی شانۆ (ئه‌رشیفی نه‌ته‌وایه‌تی)

سه‌رده‌می زێڕین
شانۆ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م زۆر چالاک بوو. مێوانداری گه‌لێ ئه‌کته‌ر و تیپی بیانی و ناوخۆیی ئه‌کرد، ڕوودانی دوو جه‌نگی جیهانی و داهێنانی ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و ئینجا ده‌ستیان کرد به‌ پێداگری له‌سه‌ر بینینی خۆیان له‌سه‌ر تەختەی شانۆکان. هه‌رچه‌نده‌ هۆڵه‌کانی شانۆی کۆمیونیتییه‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات خه‌ریکی چالاکی نواندن بوون، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی شانۆیی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنران. به‌ڵام هونه‌رمه‌نده‌ شانۆییه‌کان وه‌کوو مه‌ریڵ دانیسۆن له‌سه‌ر درامای ڕادیۆی که‌نه‌دی و (دواتر ته‌له‌فیزیۆن) کاری ده‌کرد و بۆ ئێوارانیش له‌ شانۆکانی کۆمیونیتی و زانکۆکان به‌ خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر نمایشی ده‌کرد وه‌کوو هۆڵی شانۆی هارت هاوس.
له‌ شانۆ و درامای کۆمیونیتییه‌کان پێشبڕکێ هه‌بوو وه‌کوو فیستیڤاڵی درامای دۆمینیۆن که‌شانۆی که‌نه‌دی سازی ئه‌کرد له‌میانی مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌و ئه‌کته‌ر و نووسه‌رانه‌ی که‌ له‌ توانایاندایه‌ سه‌رکه‌ون بۆ پاڵه‌وانێتی شانۆیه‌کی به‌ڕاستی که‌نه‌دی. چالاکییه‌ شانۆییه‌کان پرۆگرامی درامای له‌ زانکۆکان داڕشت و به‌رهه‌می تیپه‌ شانۆییه‌ گه‌ڕۆگه‌کانیش که‌وتنه‌ گه‌شتکردن بۆ مه‌ڵبه‌نده‌ بچووکه‌کان به‌تایبه‌تی بۆ مه‌ڵبه‌ندی ئیلیزابس ستێرلینگ هاینس بۆ بەدەستهێنانی خه‌ڵاتی شانۆیی ئیدمنتۆن، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی ئیلیزابس ستێرلینگ هاینس که‌ به‌خه‌ڵاتی ستێرلینگ ناونراوه‌، ‌ یه‌کێکه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی (مه‌ڵبه‌ندی بانف)ە بۆ هونه‌ر.(٣)
مامۆستای شانۆ هارمان ڤۆدن ڕایگه‌یاند‌؛ “له‌و بڕوایه‌دا بووه‌ ‌که‌ ئه‌وه‌‌‌ ستایڵێکی شانۆییه‌ که‌ گوزارشتی له‌ ڕوحی که‌نه‌دییه‌کانی ‌باکوور و ” سه‌مفۆنیای ده‌ربڕینخوازی” کردووه‌. هونه‌رمه‌نده‌کانی تریش به‌ ئاراسته‌ی داهێنانی شانۆی ڕه‌سه‌ن که‌وتنه‌ کارکردن. دۆرا ماڤۆر موور کۆمه‌ڵگەی شانۆی نوێی له‌گه‌ڵ چه‌ند شانۆنووس و ئه‌کته‌ری تردا دامه‌زراند وه‌ک جۆن کۆڵته‌ر، لیسته‌ر سننگله‌ر، ماڤۆر موور . وه‌ هەروەها باوه‌ پییر ‌و ئیمڵی لێگاوتش تیپی دی سان لۆرانییان له‌گه‌ڵ جین گاسکۆن و ده‌نیس پێلێتیه‌ر و جین لویس رۆکس، دامه‌زراند.
له‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و دوو تیپە و ئه‌و تیپانەی له‌وان و له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌وانه‌وه‌ له‌دایک بوون وه‌ک ڤیستیڤاڵی ستراتفۆرد (٤) و شانۆی دو موند نۆڤۆ، داهێنانی شانۆییان ئه‌نجام ئه‌دا، کاره‌کته‌رێکی بچووک و نامۆ که‌ به‌رگی کاندیانزی له‌به‌ر بوو له‌ مۆنتریاڵ موژده‌ی له‌دایکبوونی جۆرێکی تری شانۆیدا. فریدۆڵین داهێنه‌ری گراتین گلیناس، منداڵ خستنه‌وه‌ی تیک-کۆک ،کێ کۆمیدیای کانداینیسی هێنایه‌ بوون و ..تاد، شانۆنووسه‌کانیش وه‌کوو مارسێڵ دوبێ فرانگۆیس لۆرانگه‌ر، که‌ شانۆگه‌رییه‌کانی له‌وێدا نمایش کراون.

دیمه‌نێک له‌ شانۆگه‌ری مارش هه‌ی له‌ فیستیڤاڵی شانۆیی له‌ساڵی ١٩٩٦

شانۆی هه‌رێمایه‌تی و شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ

له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی په‌نجاکان و شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، شانۆی هه‌رێمایه‌تی له‌ زۆربه‌ی ناوه‌ند‌ی شاره‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری کەنەدا دامه‌زرا. ناوه‌ندی شانۆی مانیتۆبا(١٩٥٨)، شانۆی یانە هونەرییەکان ( ١٩٥٨)، شانۆی نیپتۆن ( ١٩٦٣)، هۆڵی شانۆی ڤانکووڤەر ( ١٩٦٣)، شانۆی ستەیدڵ (١٩٦٥)، شانۆی گڵۆب (١٩٦٦)، شانۆی نیوبرۆنزویک ( ١٩٦٨)، شانۆی گالگەری ( ١٩٦٨). شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ و ئه‌زموونگه‌ری له‌به‌شی ئینگلیزی که‌نه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا. ۆرک شۆپی به‌رهه‌مهێنان لە تۆرۆنتۆ (١٩٥٩)، شانۆی پاسی مورێڵ ( ١٩٦٨) و شانۆی فاکتری( ١٩٧٠)و له‌به‌شی فه‌ره‌نسی(گروپی کار) که‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی شانۆی که‌نه‌دی و هه‌ندێجاریش شێوازی دۆکیمێنته‌ری ده‌کرده‌وه‌ و داهێنانی به‌کۆمه‌ڵیان ئەنجام دەدا.
له‌سه‌ده‌مین ساڵیادی دروستبوونی که‌نه‌دا، له‌ ساڵی ١٩٦٧ تەکانی زیاتر درا بۆ پشتیوانی نووسینی شانۆ و به‌رهه‌مهێنان، له‌وانه‌ شانۆگه‌رییه‌کانی جۆرج ڕایگا، جه‌یمس ڕینه‌ی و جۆن هاربێرت. ساڵی ١٩٦٨ شانۆگەرییە دوو پەردەییەکەی مایکڵ ترامبڵی لەسەر شانۆی مۆنتریاڵ نمایشکرا، کەبووە هۆی پێشکەشکردنی جوال( دایەلێکتی (شێوە ئاخاوتنی) چینی کرێکاری کوبێک بوو) بە شانۆی کوبێک.
لەدەیەی حەفتاکان لەگەڵ بڕیاری گەشەپێدان و بەرەپێدانی شانۆی کەنەدی، گەلێ شانۆی بچووک بچووک هاتنە دەرکەوتن. شانۆی تاراگۆن کە بیل گلاسکۆ و جینی هاوژینی دایان مەزراندبوو، کەوتنە پشتیوانی کردنی نووسەرانی ئیندیڤیجواڵ لە چەشنی دەیڤد فرێنچ، دەیڤد فریمان، مایکڵ ترێمبلەی بە وەرگێڕانی هەریەک لە( گلاسکۆ و جان ڤان بورک)، کارۆڵ بۆڵت، شارۆن پۆڵۆک، ئیریکا ڕیتەر، ئاڵن ستراتن، دودیس تۆمسن و جەیسن شێرمان. هەروەها لەساڵی ١٩٧١ جان گرەی و لاری لیللۆ شانۆی تەماهنۆسیان لەشاری ڤانکووڤەر دامەزراند. شانۆی ئازادی تۆرۆنتۆش دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی کارە ئەزموونگەراییەکانی تۆم هێندری و مارتین کینچ و جان پالمەر و هەروەها ئەندراس تان و دەرچوانی تری زانکۆی ساسکاچوان، شانۆی شەقامی ٢٥یان لەشاری ساسکاتوون دامەزراند. ساڵی ١٩٧٢ لە هەرێمەکانی ماریتامیز هەریەک لە کریس برووکس و لین لوند شانۆی مەمەرتراوپسیان دامەزراند و ئینجا هەریەک لە ئێڤلین گاربەری، تۆم میللەر، سارا لی لویز شانۆی پەری دەریایان لە هەرێمی نۆڤاسکۆشیا دامەزراند کە شانۆیەکی ئیستعرازی جەماوەری بوو بۆ توێژی گەنج. هەر لە هەمان ساڵ لە هەرێمی ئەلبێرتا، دۆگلەس ڕیسک و لوسیل واگنەر پڕۆژەکانی شانۆی ئەلبێرتایان دامەزراند وەک شانۆیەک بۆ بینەری گەنج، کە دواتر گەشەی پێدرا بۆ شانۆیەکی هەرێمی گەشەسەندوو بۆ گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی کاری نوێ لە میهرەجانی پلەی رایتس. لە شاری کالگەریش شانۆی پەمهاوس لە پاشماوەی شارەوانی پەمهاوسی مێژوویی هاتە دامەزراندن. ساڵی ١٩٧٣ لە مانیتۆبا، وۆرشۆپی شانۆی مانیتۆبا دامەزرا، کە دواتر بوو بە شانۆی پیریەر ئێسکسچەینج و دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی کاری تازە و میهرەجانی بلیسش لە وەرزی هاوین لە شارۆچکەیەکی ئۆنتاریۆ هاتە بەڕێوەبردن. لە ساڵی ١٩٧٤ و لە شاری برۆنزویک شانۆی جەماوەری ئەکەدیا دامەزرا. ساڵی دواتر ژمارەیەک تیپی شانۆیی هاتنە دامەزراندن لەوانە شانۆی ئەزموونگەری مۆنتریاڵ ( کەدواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە شانۆی ئەزموونگەری نۆڤیۆ)، شانۆی نێتوۆرک، شانۆی نۆرترن لایت لە ئیدمنتۆن؛ شانۆی بێلفری لە ڤیکتۆریا، شانۆی کەنەدی مەزن لە ئۆتاوا. شانۆی کاربۆن ١٤ لە مۆنتریاڵ. ساڵی ١٩٧٨ پێکهاتنی گەلێ شانۆی وەرزشی لە کالگەری، وۆرکشۆپی شانۆی ڕۆژئاوایی لە ئیدمۆنتۆن، شانۆی رایزینگ تاید لە ساین جان، شانۆی ناکای لە شاری وایت هۆرس بەخۆوە بینی.
شانۆی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جەماوەرییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەمێژووی شانۆی کەنەدی گێڕاوە بەجەغدکردنە سەر داگیرکردنی پانتایی هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی شانۆی کەنەدی. ساڵی ١٩٧٧ شانۆی کاتالیست لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکارانی خوێندنی باڵای زانکۆی ئەلبێرتا هاتە دامەزراندن. ساڵی ١٩٨٤ گراوند زیرۆ پرۆداکشن لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بەئامانجی گۆڕینی کۆمەڵایەتی، کەوتە کارکردن. ساڵی ١٩٧٩ شانۆی نایتوود ژمارەیەک شانۆگەری سەبارەت بە پەروەندەی بەهێزی فیمینیستی، چەشنی شانۆنامەی (هاوڕێ لە کاتی ناڕێک ئەجندای ناوازە)، بەرهەمهێنا.
بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، سەرکەوتنی جەماوەری گەورەی لەساڵەکانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ لەسەرتاسەری کەنەدا بەدەستهێنا. شانۆنامەی (بیڵی بیشۆپ دچێت بۆ شەڕ) بە گەشتێکی نیشتمانی لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەر و دا‌هێنەر وەک جان گرەی، ئیریکا پیتەرسن؛ لە ڕۆڵی ماگی و پییەر بەهێنانەپێشچاو و نواندنی لیندا گریفتس بە نیشاندانی چیرۆکی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ترودۆ و وەیواردی هاوسەری، توانی سەرنجی هەموو جیهان ڕابکێشێت.
بەهاتنی دەیەی هەشتاکان، شانۆنامەکانی جۆرج ف وۆڵکەر و شارن پۆڵۆک لە سەرتاسەری کەنەدا و دەرەوەی کەنەداش هاتنە نمایشکردن؛ وەک شانۆنامەکان نمایندەی ئەلتەرناتیڤی نوێ بوون هەنگاویان نا بەرەو دامەزراندنی شانۆی هەرێمایەتی و هەروەها بەرەو شانۆی بەریتانی و ئەوروپی و ئەمریکی و دەرەوەی ئەوانەش. تیپەکانی وەکوو نێسیسەری ئەنجڵ ١٩٨١ و شانۆی ڕیپەیر ١٩٨٢ ئەزموونگەراییانە لەگەڵ بەرهەمهێنان لە شوێنە دۆزراوەکان بە شێوازی تازە و داهێنەرانەی شانۆ، کەوتنە کارکردن. ساڵی ١٩٨٦ دانیاڵ مەکلڤۆر لەڕێگەی شانۆنامەی دە دە کامیرا، توانی مەنەلۆگە نائاساییەکان و لوغزە سایکۆلۆژییەکان بخاتە بەرچاوی بینەر.
لە شارەکانی مۆنتریاڵ و تۆرۆنتۆ و ڤانکووڤەر، گەلێ شانۆی تایبەت بە گەشەپێدانی کاری کلتوورە جیاوازەکانی دانیشتوانی کەنەدا پێکهێنرا؛ وەکوو وۆرکشۆپی شانۆی بلاک (١٩٧٢) و شانۆی تێسری دونیا ( ١٩٨١) و پڕۆژەی شانۆیی کاهووت ( ١٩٨٦) و تیپی شانۆیی ئۆبسیدیان(٢٠٠٠) و تیپی شانۆیی فوجینی ئاسیایی- کەنەدایی ( ٢٠٠٢) و شانۆی نیوۆرلد (١٩٩٤). هونەرمەندانی بەرچاوی شانۆی کەمایەتی، جیاوازی درامییان لەمیانی گێرانەوەی چیرۆکەکانیان دەربارەی خەڵکە بنەڕەتی و موهاجیرەکان و کەشفکردنی کارتێکردن و پێکدادانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەوجود، نیشان دەدا. شانۆی نەیتیڤەکانی کەنەداش دەگەنە جەماوەرێکی بەرین لەکەنەدا و دەرەوەی کەنەدا لەمیانی کارەکانی تۆمسن هایوەی، مۆنیکا مۆجیکا، دانیال دەیڤد مۆسس، درو هەیدن تایلەر،ماری کلێمێنتس، کێنت ویلیەمز، و زۆری تر.
بزووتنەوەی فرینج کە میهرەجانی ساڵانەی شانۆییە لە ئیدمنتۆن دامەزرا، وەک مۆڵگەی کەشەسەندی شانۆی نوێ کە هەموو هاوینێک لەسەرجەم شارەکانی کەنەدا، دێتە سازکردن.
لە ساڵی ٢٠٢٠، شانۆی کەنەدی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کرۆناوە داڕووخا. کۆڤید ١٩ کەلە چینەوە سەریهەڵدا و بەخێرایی بەجیهاندا بڵاوبۆوە، بووە هۆی داخستنی شوێنە گشتییەکان وداخرانی شارەکان. بۆیە زۆرێک لە تیپە شانۆییەکان هەوڵیاندا بەرهەمەکانیان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە نمایش بکەن بە ژمارەیەکی کەم لە ئەکتەر، یانیش بەهۆی پرۆگرامی زووم کە ئەکتەرەکان بەهۆی ئەنتەرنێتەوە پێکەوە لەڕایەڵەدان، نمایشەکانیان بخرێنە سەر سکرینی کۆمپیوتەرەکان. بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە، هونەرمەندانی شانۆیی بۆ ماوەیەک ڕووبەڕووی بێکاری بوونەوە.(٥)

پەراوێزەکان وەرگێر ئامادەی کردوون:.
(١)ئەکتەری ئیمائییەکان بەو هونەرمەند و ئەکتەرانە دەوترێت کە لەگەڵ هونەرمەندە هاوپیشەکانیان لەشوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی تر یانیش نمایشی شانۆییان ئەنجام دەدا. ئەم ئەکتەرانە خۆشی لە جەژن و کار و نمایشی سەرشانۆ وەردەگرن کە زۆربەی کات نمایشەکەیان کۆمیدیین وەک ئاماژە بە ڕووداوێکی فاشل یان نالۆژیک یان دروستکراو.
(٢)ئەم تیپە لە شاری مۆنتریاڵ لە هەرێمی کوبێک لەساڵی ١٨١٧ دامەزرا. بەڕیوەبەری تیپەکە کاپتن جۆزیف بوو. یەکەم بەرهەمیان شانۆگەری گریگۆری وەڕسکەرە مەزنەکە و پاشان دەقێکی مۆلێریان نمایش کرد. پاشان گەلێ کاری ئیستیعرازییان ئەنجامدا. لەساڵی ١٧٨٩-١٧٩٠ تیپەکە دەچێتە شاری کوبێک و دوای چەندین شوێنی کاتی، لەساڵی ١٨٠٤ هۆڵی شانۆی پەتەگۆنیان وەک بارەگای تیپ دروست کرد.
(٣)مەڵبەندی بانف بۆ هونەر مەڵبەندێکی کەوتۆتە شاری بانف لە هەرێمی ئەلبێرتا و لەساڵی ١٩٣٣ لەلایەن زانکۆی ئەلبێرتاوە دامەزراوە. پرۆگرامە هونەرییەکانی وەکوو نمایش و شێوەکاری و میدیا و مۆسیقا و ئەدەب و ئەدەبی نەیتیڤ و تیا دەخوێنرێت.
(٤)فیستیڤاڵی ستراتفۆرد، فیستیڤاڵێکی شانۆییە کە لەنێوان نیسان تا تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک لە شاری ستراتفۆرد لە هەرێمی ئۆنتاریۆ دێتە سازدان.
(٥)ئەم نووسینە لەڕاستیدا پرە لە ناوی کەس و تیپ و شوێن و ڕووداو، کاتێک ویستم پەراوێزیان بۆ بنووسم، بینیم هەویرێکە و ئاو زۆر دەکێشێت. بۆیە جگە لەم دوو سێ پەراوێزەی سەروە، ئیتر وەکوو خۆی لێی گەڕام تا ئەگەر خوێنەر ویستی زانیاری لەسەر هەر ناو و ڕووداو و تیپێک دەست بکەوێت، دەتوانێت لەڕێگەی گووگڵەوە ئەو کارە بکات.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نووسینه‌ ئینسایکلۆپیدیای شانۆی که‌نه‌دییه‌
http://www.canadiantheatre.com/dict.pl?term=History%20of%20Canadian%20Theatre




لیبراڵ، فاشیی، چەپی دەسەڵاتخواز… زاهیر باهیر

چەمکێك نییە ناوی حکومەت و دەوڵەتی دیمۆکراتی بێت مەگەر لە لای لیبراڵەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان و چەپە دەسەڵاتخوازانی ئەنتی فاشیی. حکومەت یا ڕاستتر دەوڵەت کە مانایەکی فراوانتر و هەمە لایەنە دەگەیەنێت هەموویان لە ناوەرۆکد یەكن کە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییەکی زۆر کەم و سیستەمی کاری کرێگرتە و کۆیلایەتییین. بۆ ئەمەش دوو جۆر، دوو شێواز لە حوکمڕانیی بە گوێرەی پێویستییان، دەگرنەبەر . شێوازێکیان ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە ئەوروپا دەیبینین کە ناوی دەوڵەتانی دیمۆکراتیی و مەدەنی و پێشکەوتوویان بەسەردا بڕاوە ، شێوازی دووهەمیان سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینە ئاشکراکەیە، کە لە ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناوین وڵاتانی دیکە دەیانبینین.
ئەم دوو شێوازە وەکو وتم خزمەتی دەسەڵات و مانەوەی دەکەن کە پەیوەستە بە مانەوەی سیستەمەکەوە بۆ ئەمەش حکومەتەکان یا دەوڵەتەکان پۆلینە کراون: ئەمیان فاشییە و ئەویان لیبراڵە و ئەوی تریان چەپە. ئەوەی کە لیبراڵ دەکاتە فاشی و ” دەوڵەتی فاشیی” دەکاتە لیبراڵ و چەپ، تەنها و بە تەنها بڕ و ئاستی بەرگریکردنە [ مقاوەمەیە]. لە هەر شوێنێك بەرگریی و بەگژاچونەوەی خەڵکی بۆ دەستپێوەگرتنی مافەکانیان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوو، ئەوە کام لەو دەوڵەتانە چەپن و لیبراڵێکی باشن بێ سێ و دوو دەبنە دەوڵەتێك یا خود حکومەتێکی فاشییی لە بەرانبەریانا. لەم بارەیەوە بە دەیان نموونەمان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرە فاشیی و لیبراڵ و چەپی دەسەڵاتخوازە، بە بەردەوامی لە بەهێزکردنی یەکدیدان. ئەوەی کە پێی دەوترێت فاشیی، لیبراڵ و چەپ بەهێز دەکات و هاوکاتیش چەپ و لیبراڵیش فاشی و فاشییەت بەهێز دەکەن، کە لە ناوەرۆکدا هەمویان ئامانجی سەرەکییان دەستگرتنە بەدەوڵەتەوە و پارێزگارییە لە سیستەمی مەوجوود، بۆیە هیچ جیاوازییەکیان لەو بارەو نییە .
هەر با تەماشای فەرەنسا بکەین ئەوەی ئیمانوێل مایکرۆنی هێنایە سەر حوکم لیبراڵەکان نەبوون بەڵکو لی پان و حیزبەکەی بوون کە بووە هۆی یەکگرتنی چەپ و نقابە و لیبراڵ و سۆشیالدیمۆکرات لەژێر دروشمی ئەنتی فاشیدا و لە مەترسی هاتنە سەرحوکمی فاشییەتدا دەنگ بە ماکرۆن درا و هێنرایە سەر حوکم . پاش 4 ساڵ حوکمڕانی ماکرۆن نەك هەر هیچی نەکرد بۆ کرێکاران و کۆمۆنێتی ئەو نەتەوانەی کە لەوێ جێگیر بووبوون بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانەوە، بەڵکو زۆر شتی خراپتری کرد و ویستی بیکا وەکو ریفۆرمی کار و سەر کار، لێدان لە نقابەی کرێکاران ، بەرزکردنەوەی ساڵی تەمەنی خانەنیشیکردن ، زیاتر فشار و بەستدانان بۆ سەر موسڵمانان ڕێگرییکردن لێیان بە بەکارهێنانی یاسای دژە تیرۆر، هەموو ڕێگرییەك لە کۆچبەران و پەنابەران و زۆری تر، لەگەڵ ئەمانەشدا هێستا بۆ 4 ساڵی دیکە ئەم کابرایە هەڵدەبژێرێتەوە و دێتەوە سەر حوکم . بۆچی؟ چونکە چەپ و نقابە و سۆشیالدیمۆکرات پێیان باشترە کە دەنگ بە شەیتانی بچوك بدەن تاکو شەیتانی گەورە، دەنگ بۆ مەترسی کەمتر یا بچوکتر بدەن تاکو لە بۆ مەترسی زیاتر یا گەورە تر.
بەم شێوەی ئەنتی فاشیی کە ئایدۆلۆژیی هەناوی چەپەکان و دروشمی سەرەکییانە ڕۆڵی خراپی خۆیان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بینیوە و دەبینن. بۆ نموونە لەم جەنگەی ئەمڕۆی ڕوسیا و ئۆکرانیادا، پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا دەکەن لە ژێر ناوی ئەنتی فاشییەتدا، ئەنتی ئیپریالیزم دا ، هەندێکیشیان پشتگیری لە پوتین و دەوڵەتی ڕوسیا لەژێر ناوی ئەنتی ناتۆ ، ئەنتی غەرب ، ئەنتی سەرمایەدارییدا، دەکەن.
بە کورتی ئەوانەی کە ئەنتی فاشین و ئەنتی ئیمپریالیستین مەرج نییە ئەنتی سەرمایەداریی بن ، بەڵام هەمو ئەنتی سەرمایەدارییەك بێ هیچ جۆرە گومان و دڵە ڕاوکێیەك دژ بە فاشییەت و بە ڕایسسیزم و هەموو جۆرەکانی جەنگن، چونکە دەزانن ڕەگ و ڕیشەی و ئەوانە لە خودی سیستەمەکەدایە، پێچەوانەی ئەوان، ئەنتی فاشیی، کە ئاوا تێدەگەن کە جەنگ و بێ کاری و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی هی دەوڵەت و حکومەتی خراپن، گرفتەکە حکومەت و دەوڵەتی خراپن نەك خودی سیستەمەکە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
23/04/2022




خوێندنەوە و ئەلف و بێی دۆزەخ… شوان عەباس بەدری

ئەڵێن کتێب خوێندنەوە دەرگای ژیانت بەڕوودا ئەکاتەوە ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمەیه ، کتێب خوێندنەوە هەنگاونانە بۆ ناو جیهانی خەمۆکی و گۆشەگیری ، کتێب دەرگایەکە بۆ ناو جیهانێکی جەهەنەم ئاسای تاقەت پروکێن ، کە دەسکی ئەو دەرگایەت بادا و هەنگاوت نایە ئەو دیو دەرگاکەوە ، ئیدی جگە لە تاریکی و ڕەشبینی و نائومێدی و لە هەمووی سامناکتر هۆش هیچی تر نابینیتەوە و ئەو کرانەوەی هۆش و تێگەیشتنەش لە ماهییەتی ڕاستەقینەی ژیان ، ژیانت دەکات بە دۆزەخێکی بێکۆتایی و بێمانا و کەسایەتیت یا هزرت یا دەروونت پڕ ئەبێت لە خۆڵەمێشی خۆخواردنەوەی سووچی تەنیایی ، تەنیاییەک کە گەر ئاگاداری نەبیت وەک خورە ، هێدی هێدی ناخت ئەخوات و چێژ هیچ مانایەکی بۆت نامێنێ .
زۆر جار دووچاری یاخیبوونێکی پڕ لە هەڵەت ئەکات و زۆر جاری تریش بە بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت تەمەنت بە با ئەدات و لەناو زیندانی وەهمدا یەخسیر ئەبیت .
کتێب و خوێندنەوەی زۆر یەکەمین و دوایەمین دوژمنی مرۆڤە ، هەموو ئەلف و بێیەکی ناو کتێب و نووسینەکان جۆرە کەلەپچییەکی تایبەتی نەبینراون کە قوڵبەستی خۆیانت ئەکەن و هەڵتئەدەنە ناو ئوقیانووسێکی بێ کۆتایی مرەکەب و قەڵەم و ئایدیا و هزری جۆراوجۆری پڕ لە درۆ و بەرژەوەندی .
نووسەر و بیرمەندەکان درۆزنترین تاکەکانی ناو کۆمەڵگەن و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێرێکی سامناکی پێچاوپێچ دەبەن و هەر وەک سیستەمە تۆتالی و دیکتاتۆری و ئایدلۆژییەکان لە هزر و کەسایەتیت دائەماڵن و ئەتکەن بە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵی قەڵەمەکانیان .
ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکان لە بەردوەشێنەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی مرۆڤ زۆر دڕندەترن و بەردەوام بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێی نووسین و قسەکانیانەوە مێشکت ئەشۆن و بۆ کام لایەنە سیاسییەی بیانەوێ ، بە شووڵی نوکە قەڵەمەکانیان و نووکی شمشێری زمانیان پەلکێشت ئەکەن و تۆش مەڕئاسا تەنها سەرئەلەقێنی و چەپڵە لێئەدەی .
نە ببە بە دۆن کیشۆتی ناو ڕۆمانەکەی سێرڤانتێس و نە ببە بە گورگی بیابانەکەی هێرمان هسە و نە سیزیفەکەی کامۆ ، بخوێنەرەوە و ماوە ماوە لە خوێندنەوە خۆت داببڕە تا ژیان نەبێت بە زیندانێکی ژەنگاوی بێمانای بێچێژ و سادق هیدایەت ئاسا بەردەوام لە چاوەڕوانی مەرگدا دووکەڵی جگەرەکەت بە با نەدەی !
فەلسەفەی خوێندنەوە واتە گەیشتن بە کەناری ئارامی ، بەڵام زۆر جار لە ناو ژاوەژاوی فەیلەسوفە هەمەچەشنەکاندا وون ئەبیت و هەتا ئەبەد ناگەی بە کەنارە ئارامەکەی هزر و دەروونت !
وون بوون و وەهم و قوڵبەستکردنیش ئا لەو ژاوەژاوەوە دەست پێئەکات و هەندێک جاری دیکەش هۆشیاری زیاد لە ئەندازە ئەبێتە جەلادێکی قامچی بە دەستی بێ بەزەیی و ناخت شەقار شەقار ئەکات .
خوێنەری ناشی کۆیلەیەکی دەستەمۆیە و خوێنەری جدیش زیندانییەکی ئەبەدی ناو زیندانە دۆزەخ ئاسا بێماناکەی ژیانە !

شوان عەباس بەدری




گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆراندا-3-… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( بەشی سێیەم)

گۆران به‌ متمانه‌و دڵنیاییه‌وه‌ پێداگرى له‌وه‌ ده‌كات، ژن كه‌ هێماو لوتكه‌ى جوانیه‌ ئه‌وى چاوه‌ڕوانی مه‌رگ ته‌نیا به‌ ده‌ركه‌وتن و خۆنیشاندانی ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ژیان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ رزگاربوون له‌ مردن یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ بۆ دواخستنی مردن كه‌ ئه‌ویش جوانیه‌. جوانیش وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد لاى گۆران دوو سه‌رچاوه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش سرووشت و ئافره‌تن. گۆران له‌مه‌ زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت:
ئیتر رابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ
یا بلوورى شادمانیم هه‌رگیز گه‌رد بگرێ.
واته‌ شاعیر باس له‌ مانه‌وه‌ى هه‌تاهه‌تایی ونه‌مرى ده‌كات. ته‌نانه‌ت باسی مانه‌وه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ به‌هێزو به‌ چالاكیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌و هه‌رگیز نه‌گاته‌ قۆناغی پیرى. ئه‌مه‌ش مۆتیڤ و پاڵنه‌ڕێك له‌ پشتیه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌ كه‌ جوانیه‌ به‌ تایبه‌تیش جوانی ئه‌وى ژن. ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا له‌ رووى ڕاستیه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێكی له‌م جۆره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، یان ئه‌وه‌ى شاعیر باسی ده‌كات به‌رهه‌می خه‌یال َو ئه‌ندێشه‌و نائاگاییه‌و له‌ ڕاستیدا درووستكردنی یۆتۆپیایه‌كه‌؟ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ش بۆ درووستكردنی ئه‌م یۆتۆپیایه‌ فه‌راهه‌م ده‌كات جوانیه‌. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ جوانی خۆى شتێكی نه‌مره‌، به‌ڵام ئه‌وى ژن كه‌ لێره‌دا به‌رهه‌مهێنی ئه‌و جوانیه‌یه‌ كه‌ ئه‌وى چاوه‌ڕوانی مه‌رگ زیندوو ده‌كاته‌وه‌و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستێك كه‌ باسی ئه‌وه‌ بكات جاڕێكی تر نه‌ پیرى لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌و نه‌ مردن له‌ ده‌رگاى بدات، خۆى بابه‌تێكه‌ ملكه‌چی مردن و نه‌مانه‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر جوانی ژن بتوانێت نه‌مرى به‌وى پیاو بدات، ماناى وایه‌ ده‌شێ نه‌مرى له‌ سه‌رچاوه‌ى مردوو یان له‌ناوچووه‌وه‌ به‌رهه‌مبهێنرێت. لێره‌شدا ئه‌و پرسیاره‌یه‌ خۆى ده‌سه‌پێنێت؟ ئایا شتێك هه‌یه‌ ناوى نه‌مرى بێت؟ ئایا ئه‌وه‌ى نه‌مرى به‌رهه‌مده‌هێنێت چیه‌؟ ڕاسته‌ لێره‌دا و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌قه‌ شیعریه‌دا جوانی به‌رهه‌مهێنی نه‌مریه‌، به‌ڵام جوانی خۆى به‌رهه‌می سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌مر نیه‌.
ڕاسته‌ شاعیر باسی نه‌مرى و مانه‌وه‌ى هه‌تاهه‌تایی ده‌كات و ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ جاڕێكی تر ئه‌و پیر ببێت، یان دڵی بمرێت. ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌كردنی نه‌مریه‌. به‌ڵام دواتر ئاشكرا ده‌بێت كه‌ نه‌مرى لاى گۆران نه‌مرى جه‌سته‌و مانه‌وه‌ نیه‌ له‌ ژیاندا، به‌ڵكو به‌ده‌ستهێنانی نه‌مریه‌ له‌ ڕێگاى داهێنانه‌وه‌. سه‌رچاوه‌و مۆتیڤى داهێنانیش لاى ئه‌م شاعیره‌ جوانیه‌. سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی جوانیش سرووشت و ئافره‌ته‌. واته‌ ئه‌و باسی به‌ده‌ستهێنانی گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی نه‌مرى ده‌كات له‌ ڕێگاى داهێنانه‌وه‌. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: ئه‌مجا ئه‌ى یار، ئه‌ى خوا.. ژنی عه‌شقم، ئه‌ى ڤینووس
ئه‌ى هه‌یكه‌لی به‌ده‌ن له‌ عاج توالێت ئابنووس
هیچ نه‌بێ بۆ .. بۆ خاترى جاهی ئه‌پۆلۆ
مه‌لی شیعرم مه‌یدان مه‌ده‌ بكه‌وێ له‌ گۆ.
شاعیر له‌ وه‌سفێكی به‌رزدا ئه‌وى یار ده‌دوێنێت، جاڕێك به‌ خواوه‌ندى جوانی و دڵدارى ناوى ده‌بات و ده‌مێك به‌ به‌ژن له‌ عاج و توالێت له‌ ته‌خته‌ى ئه‌به‌نووس درووستكراو وه‌سفی ده‌كات، كه‌ مه‌به‌ستی له‌م جۆره‌ وه‌سفه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وى شاژنی عه‌شق به‌رزترین نموونه‌ى جوانیه‌و به‌و جوانیه‌ش ئه‌می له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ ژیان. به‌ڵام ئایا ئه‌م شێتی ژیانه‌و هه‌رچۆنێك بێت ده‌یه‌وێت بژى، یان به‌ واتایه‌كی تر، ترس له‌ مردن واى لێده‌كات كه‌ په‌نا بۆ هه‌ر شتێك ببات كه‌ به‌ژیانیه‌وه‌ ببه‌ستێـته‌وه‌؟ یان له‌ پشتی ئه‌م دوو بۆچوونه‌وه‌ شتێكی تر هه‌یه‌و ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ پێناوى ئه‌وه‌دا بژى، یان له‌ ڕاستیدا ژیانی ئه‌و له‌وێدا به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ش به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێ ئه‌وى شاعیر رووده‌كاته‌ شاژنی عه‌شقی و ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك لێی ده‌پارَێته‌وه‌و داواى لێده‌كات له‌به‌ر خاترى ئه‌پۆلۆى خواوه‌ندى شیعرو حیكمه‌ت یارمه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ى تواناى شیعر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وام بێت. ئه‌و هێزێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعر دیارى ده‌كات و به‌ مه‌لی شیعر ناوى ده‌بات كه‌ ده‌شێ به‌ فریشته‌ى ئیلهام ناوببرێت یان پێی بگوترێت هێزى به‌رهه‌مهێنانی شیعر. ئه‌می شاعیر یه‌ك ئامانجی روون و ئاشكراى هه‌یه‌و ژیان و زینده‌گانی و مانه‌وه‌ى ته‌نیا بۆ ئه‌و ئامانجه‌ ده‌وێت، كه‌ ئه‌ویش به‌رده‌وامبوونی فریشته‌ى ئیلهام به‌خشی شیعرى ئه‌وه‌. واته‌ ژیان و خۆزگه‌ى مانه‌وه‌و ترس له‌ مردن و ده‌ستگرتن به‌ ژیانه‌وه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی شیعر به‌رده‌وام بێت. كاتێكیش به‌دواى جوانیدا وێله‌و ده‌یه‌وێت پێی بگات هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌و جوانی به‌شێكه‌ له‌و هێز و پاڵنه‌ره‌ى كه‌ ده‌رگاى داهێنانی شیعرى ئه‌م به‌ كراوه‌ى ده‌هێڵێته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ داهێنان. بوون و مانه‌وه‌و نه‌مرى ئه‌میش ته‌نیا له‌ داهێناندایه‌ نه‌ك له‌ مانه‌وه‌ى فیزكیدا و به‌رده‌وام بوون وه‌كو هه‌ر مرۆڤــێك یان هه‌ر ئه‌فریده‌بوویه‌كی ترى بێ به‌رهه‌م. به‌ مانایه‌كی تر، شاعیر تا ئه‌و كاته‌ خۆى به‌ زیندوو ده‌زانێت كه‌ تواناى داهێنانی هه‌بێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌می شاعیر هه‌ستی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی مردن كردبێت، ده‌شێ بینین یان هه‌ستكردنی ئه‌م به‌ ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ، ئه‌و مه‌ترسیه‌ى كه‌مكردبێته‌وه‌. واته‌ ئه‌وى ژن به‌ هه‌موو ئه‌و جوانیانه‌وه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر وه‌سفی ده‌كات ئیلهامی داهێنانی پێبه‌خشی بێت ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ى ئه‌می شاعیر گێڕانه‌وه‌یه‌تی له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیانی پڕ له‌ چالاكی و جوڵه‌و به‌رهه‌م. واته‌ لێره‌دا جوانی ئه‌وى ژن هه‌م ئیلهام به‌خشی شیعره‌، هه‌م ده‌شێ وه‌كو پاڵنه‌رى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م بۆ ژیان و بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان سه‌یر بكرێت.
گۆران بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئافره‌ت یان ژن به‌ جوڵێنه‌رو مۆتیڤى درێژه‌دان به‌ ژیان و ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به‌ نه‌مرى ده‌زانێت، كاتێك ده‌بێت به‌ پاڵنه‌رى داهێنان. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و داهێنان به‌ بنه‌ماى سه‌ره‌كی ده‌زانێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی نه‌مرى، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ نه‌مریش مانه‌وه‌ى ناوه‌. دیسان نه‌ك هه‌ر ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ ڕه‌گه‌زه‌ جوانه‌كانی سرووشت، به‌ڵكو ئافره‌ت وه‌ك هه‌ندێ له‌و ڕه‌گه‌زه‌ جوانانه‌ یان به‌رهه‌می ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ جوانانه‌ ده‌ناسێنێت. بۆ نیشاندانی ئه‌م پێشكه‌شكردنه‌، گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی” شه‌وێك له‌ عه‌بدوڵا” ده‌ڵێت:
ئافره‌ت: چراى كۆڕى ئاهه‌نگ
له‌نجه‌ى جووڵان، مۆسیقاى ده‌نگ
یه‌كێ قژ زه‌رد، یه‌كێ چاوره‌ش
یه‌كێك لێو وه‌ك گوڵ – غونچه‌ى گه‌ش
یه‌كێك جوانی وه‌ك هه‌تاوه‌
تین و تیشكی له‌ پێش چاوه‌
یه‌كێك مانگی شۆخ و شه‌نگه‌
سیحرى جوانیه‌كه‌ى بێ ده‌نگه‌
یه‌كێك شێوه‌ى دوان خۆشه‌
جوان نیه‌، به‌ڵام جوان پۆشه‌.
ئاشكرایه‌ كه‌ گۆران ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ى له‌ چ كات و دۆخێكدا نووسیووه‌، به‌ڵام وه‌سفی ئه‌و بۆ جوانی به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندایه‌. ئه‌وه‌ش له‌ شێوه‌ى ئه‌و وێنه‌ شیعریانه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ یان له‌ لێكچوونی نێوان دوو ڕه‌گه‌ز به‌رهه‌می هێناون كه‌ ئه‌ویش یان ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ سرووشت یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێجار ئافره‌ت ده‌كاته‌ چه‌ق و سرووشت به‌و ده‌چوێنێت. یان وێنه‌كانی گۆران له‌سه‌ر بنه‌ماى دووانه‌ى دژ یان ناكۆك یان به‌رامبه‌ر پێكدێن كه‌ له‌ هه‌ردوو شێوه‌كه‌شدا چ لێكچواندن، چ دووانه‌ى دژ بنه‌مان بۆ پێكهێنانی جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی كه‌ ئێمه‌ پێشتر وه‌كو هارمۆنیاى سرووشت یان ڕێكخستنی گه‌ردوون باسمان كرد.
ئاشكرایه‌ (له‌ عه‌بدوڵا)، جۆرێك له‌ ئاهه‌نگ یان كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ماو گۆرانی هه‌بووه‌، گۆران نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته‌و له‌وێ به‌ڵكو له‌ ئه‌زموونی شیعرى گۆراندا به‌گشتی ئافره‌ت چرا یان بزوێنه‌ر یان رۆحی كۆڕى ئاهه‌نگ و ساته‌ خۆشه‌كانه‌، هه‌رچۆن بزوێنه‌رى ژیان و سه‌رچاوه‌ى ژیانه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئافره‌ت خۆى مۆسیقاو گۆرانی و ئاهه‌نگ و سه‌مایه‌، ئافره‌ت ئه‌و تابلۆ ره‌نگینه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى هه‌ستی گۆران تابلۆیه‌كی ره‌نگینی جوانی به‌رهه‌مێن و چێژ به‌خشه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا گۆران جۆرێك شووناس ده‌دات به‌ ئافره‌ت كه‌ ئه‌ویش شووناسی ژیانه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ جوان و ناسك و هه‌ست بزوێن و رۆح وروژێنه‌كانیه‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر ئافره‌ت سرووشتێكی ره‌نگاو ره‌نگه‌ به‌ جوانی دیمه‌ن و به‌ ده‌نگی خۆش و به‌ رووى گه‌ش و به‌ بۆنی سه‌رسامكه‌ره‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر ئافره‌ت هه‌ڵگرى هه‌موو خاسێته‌ جوانه‌كانی ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و شان به‌شانی جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنی هه‌موو چێژێكی جه‌سته‌یی و رۆحیه‌. هه‌روه‌ك گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى شووناسێكی گشتی ده‌دات به‌ هه‌موو ئافره‌ت یان ڕه‌گه‌زى مێ، دیسان له‌ناو ئه‌و شووناسه‌ گشتیه‌شدا جۆرێك له‌ پۆلێنكارى دووه‌می ده‌كات و خاسێته‌ تایبه‌تیه‌كانی ئافره‌ته‌ جۆراو جۆره‌كانیش ده‌كاته‌ بنه‌ما بۆ پۆلێنكردنیان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌ژێر ناونیشانێكی گه‌وره‌تردا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌شداریكردنی هه‌موویانه‌ له‌ خاسێتێكی سه‌ره‌كیدا كه‌ جوانیه‌. دیاره‌ ئه‌و جوانیه‌ش به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت، جوڵه‌ى ئافره‌ت، ده‌نگی ئافره‌ت و عیشوه‌و نازى ئافره‌ت و ناسكی و رووبه‌رى فراوانی رۆحیی لاى ئافره‌ت به‌رهه‌مێنێتی. بێگومان لێره‌دا كه‌ گۆران به‌و ئاوه‌ڵناوه‌ جوانانه‌ وه‌سفی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت و ده‌نگ و زمان و ئاخاوتن و جوڵه‌و هه‌ر شتێكی ترى ئافره‌ت ده‌كات، بوونی ئافره‌ت وه‌كو هه‌ر تابلۆیه‌كی جوان و قه‌شه‌نگی نێو ئه‌م سرووشته‌ پێشكه‌ش ده‌كات. لێره‌شدا له‌ ڕێگاى كۆمه‌ڵێك لێچواندنی ئافره‌ت و جوانیه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ڕه‌گه‌زو جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت ئه‌و تابلۆ قه‌شه‌نگه‌ چێژ به‌رهه‌مهێنه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.
گۆران له‌ روانگه‌ى جوانیه‌وه‌ پێگه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت دیارى ده‌كات و ئه‌و به‌ پێی پێوانه‌ى جوانی ده‌ڕوانێته‌ ئافره‌ت و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه‌ هه‌ندێجار ئافره‌ت له‌ پێگه‌ى ئافره‌ت یان مرۆڤه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ پێگه‌یه‌كی به‌رزترو وه‌كو بوویه‌كی ئه‌فسوونی یان بوویه‌ك له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌دا سه‌یرى بكات یان بیكات به‌ ئه‌فریده‌بوویه‌كی ئه‌فسانه‌یی. له‌ هه‌ڵبه‌ستی”ئه‌ڕۆى ئۆغر”دا گۆران رووده‌كاته‌ ئه‌وى ئافره‌ت و به‌مجۆره‌ ده‌یدوێنێت:
فریشته‌ى، یا په‌رى، یا حۆرى ئه‌ى شۆخی مه‌له‌ك شێوه‌
به‌عیشوه‌و خوو، له‌ هاوجینسی به‌شه‌ر ناكه‌ى ئه‌ڕۆى ئۆغر.
گۆران به‌ ته‌واوه‌تی دڵنیا نیه‌ كه‌ ئه‌وى ئافره‌ت كام له‌مانه‌یه‌: ئایا فریشته‌یه‌، په‌ریه‌ یان حۆرى. ئه‌و ناتوانێت شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت لێره‌دا دیارى بكات، هۆكاره‌كه‌شی جوانی و شۆخ و شه‌نگیه‌و لێره‌شدا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ گۆران ته‌نیا ده‌زانێت ئه‌مانه‌ هه‌موویان جوانن به‌ڵام پێوانه‌یه‌كی دیاریكراوى نیه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ له‌ رووى جوانیه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وى ئافره‌ت به‌هه‌موویان ده‌چووێنێت. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی تردا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ ئه‌وى ئافره‌ت جوانی هه‌موو ئه‌و هێما جوانانه‌ى له‌خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه‌و ناتوانرێت ته‌نیا به‌ یه‌كێكیان دابنرێت، به‌ڵام شاعیر له‌ شتێك دڵنیایه‌ سه‌باره‌ت به‌ جوانی ئه‌وى ئافره‌ت كه‌ ئه‌ویش شۆخی مه‌له‌ك شێوه‌یه‌و به‌ جوڵه‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتیدا ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زى مرۆڤ جیاوازه‌. بێگومان جیاوازبوونه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی به‌رزترو باڵاتره‌. لێره‌دا دیار نیه‌ ئایا گۆران مه‌به‌ستی هه‌موو ئافره‌تانه‌ یان ئافره‌تێكی دیاریكراوه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاخاوتنكردنیدا له‌وه‌ ده‌چێت ئافره‌تێكی دیاریكراو بدوێنێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى تێڕوانینی گۆران بۆ ئافره‌ت یان ژن به‌ گشتی ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌ بۆ ئافره‌ت یان ژن به‌ گشتی و له‌ رووى جوانیه‌وه‌ له‌سه‌رووى ڕه‌گه‌زى مرۆڤه‌وه‌ دایده‌نێت و خاسێتی ئه‌فسانه‌ی پێده‌به‌خشێت.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ گۆران دوو سه‌رچاوه‌ى هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی جوانی و هه‌ر ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ش مۆتیفی درێژه‌دان به‌ ژیانن لاى ئه‌و و هه‌ر ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ش سرۆش به‌و ده‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ى مه‌لی شیعرى به‌رده‌وام گۆرانی بڵێت و له‌وێشه‌وه‌ نه‌مرى به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام هه‌ندێجار به‌ئاشكرا یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش ئافره‌ت یان ژنه‌، ته‌نانه‌ت وایشی نیشان ده‌دات ئه‌گه‌ر ژن و جوانی ژن نه‌بێت ره‌نگه‌ به‌ته‌نیا جوانی سرووشت به‌س نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى سرۆشی داهێنان به‌و ببه‌خشێت. گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی ” ژن “دا ده‌ڵێت:
ژنه‌ كه‌ جلیوه‌یی حوسنی به‌ عیشق ئه‌كا په‌راز
ژنه‌ كه‌ قووه‌ت ئه‌خاته‌ خه‌یاڵی ره‌قص ئه‌نگیز
ژنه‌ مووه‌للیدى عیشق و ژنیشه‌ عیشق نه‌واز
ژنه‌ كه‌ تارى روبابی حه‌یات ئه‌كا ته‌هزیز
سه‌مایی واسیعی دڵ گه‌ر له‌ ژن بكه‌ى خاڵی
ته‌جللیاتی به‌دایع غرووب ئه‌كا دیجوور
به‌سه‌ر سه‌مایی ته‌هیدا گوشاد ئه‌كا باڵی
له‌ كه‌وكه‌بی ئه‌مه‌لت ون ئه‌بێ ته‌به‌سوقی نوور
له‌ كونجی خاتیره‌ما تا ژنێكی شۆخ نه‌كا
په‌رى سیفه‌ت به‌ په‌ل و پۆى جه‌ماله‌وه‌ جیلوه‌
له‌ كوێ له‌ سه‌تحی زه‌مینا، له‌ سینه‌ى فه‌له‌كا
ئه‌بێته‌ مه‌نبه‌عی شیعرم به‌دایعی دنیا؟
گۆران هه‌موو جوانی و جوڵه‌و دیمه‌ن و دیارده‌و بوویه‌كی هه‌ست بزوێن و خۆشی به‌خش ده‌به‌ستێـته‌وه‌ به‌ ژنه‌وه‌. ژن سه‌رچاوه‌ى خه‌یاڵ و خه‌یاڵبه‌خشه‌ به‌وى پیاو. ژن سه‌رچاوه‌ى عیشقه‌و ته‌نانه‌ هه‌ر ژنه‌ كه‌ ژێی كه‌مانی ژیان ده‌له‌رێنێته‌وه‌و ئاوازى جوان له‌ ژیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌ مانایه‌كی تر ژن سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م و بنچینه‌یی ژیانه‌ و به‌ ده‌ركردنی ژن له‌ ژیان، ژیان مانایه‌كی نابێت و له‌ ڕاستیشدا بوونی نامێنێت. به‌لاى گۆرانه‌وه‌ به‌ بێ بوونی ژن نه‌ سرووشت و نه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت هیچ جوانیه‌كیان نیه‌، نه‌ ڕۆژ رووناكی ده‌به‌خشێت، نه‌ هیواو ئاسۆیه‌ك له‌ ناخی مرۆڤدا ده‌مێنێت. واته‌ ئه‌وه‌ى گۆران لێره‌دا مه‌به‌ستیه‌تی بیڵێت ئه‌وه‌یه‌ ژن هه‌رچۆن سه‌چاوه‌ى ژیان و سه‌رچاوه‌ى خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و ئومێدو هیواو رووناكی و ئاسووده‌یی و هه‌موو بوونێكی نێو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ى داهێنانی شیعرو مۆسیقاو گۆرانیه‌. ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ژن بوونی نه‌بێت، به‌ ته‌نیا جوانی شته‌كان كه‌ مه‌به‌ستی ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته‌ ناتوانن ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعر. واته‌ به‌ بێ بوونی ژن جوانی سرووشت ناتوانێت ببێته‌ پاڵنه‌رو مۆتیڤی داهێنان. به‌ڵێ له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ ژن بریتیه‌ له‌ ژیان. كه‌واته‌ ژن سه‌رچاوه‌ى هه‌موو به‌رهه‌مهێنانێكی مرۆییه‌. ژن هۆكارو مۆتیڤی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤایه‌تی و ئازادى و به‌هامرۆییه‌كانی و هه‌موو شارستانێتی مڕۆژایه‌تیه‌. تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ى كه‌ بگوترێت ژن به‌رهه‌مهێنی مرۆڤایه‌تی و به‌ مرۆڤبوونی ئه‌م ئه‌فریده‌بووه‌یه‌ كه‌ ناوى مرۆڤه‌و سه‌روه‌رى ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موونهێنیه‌كانی ئاشكرا بكات و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو جوڵه‌یه‌كیدا بكات و خۆى چاره‌نووسی خۆى دیارى بكات و چیتر بواڕێك بۆ هێزى میتافیزیك، یان بواڕێك بۆ هۆكاره‌ نه‌زانراوه‌كان نه‌هێڵیته‌وه‌ بۆ جوڵاندنی سرووشت و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و رووداو و دیاردانه‌ى كه‌ زۆرجار سرووشت ده‌ڕوخێنن و هارمۆنیاكه‌ى تێكده‌ده‌ن و به‌وه‌ش جوانی ده‌شێوێنن.
ژن بێجگه‌ له‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى جوانی و به‌رهه‌مهێنی چێژو مۆتیڤی داهێنانه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرى هیواو هێماى ئاینده‌و ڕێگاى به‌ره‌و ئاسۆى ئاینده‌و مژده‌به‌خشی ئاسوده‌ییه‌. گۆران له‌م رووه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستی ” جیلوه‌ى شانۆ” دا ده‌ڵێت:
فیدات ئه‌بم ژنی جوان، ئه‌ى جه‌مالی سنعه‌تكار
به‌ڵێ ده‌لیلی سه‌عاده‌ت ئه‌خه‌یته‌ پێش ئه‌نزار
به‌لاى گۆرانه‌وه‌ هه‌ڵگرى په‌یامی ئاسووده‌یی ئاینده‌یه‌ به‌ڵام ژنی جوان، هه‌رچه‌نده‌ نازانرێت ئایا ئه‌و ئاسووده‌یه‌ ئاسووده‌ییه‌كی هه‌میشه‌یه‌، یان ساتێكی كورت ته‌مه‌نه‌ له‌ ئاسووده‌یی كه‌ به‌هۆى ئه‌وى ژنی جوانه‌وه‌ ئه‌م پێی ده‌گات. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌مه‌ى دووه‌میان بێت واته‌ ئاسووده‌یی كورت ته‌مه‌ن ئه‌وا له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ ده‌لاله‌تی سێكسی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت لاى گۆران ئاسووده‌یی رۆحی و جه‌سته‌یی هاوشانی یه‌كترن و لاى ئه‌و ئاسووده‌یی هه‌میشه‌یش له‌ مانه‌وه‌و داهێنان و نه‌مرى و تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ به‌هاى باڵاو چێژى باڵاى جوانیدا به‌رهه‌م دێت.
ئاشكرایه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی شیعر خه‌یاڵه‌. ئاستی به‌رزى داهێنانیش لاى گۆران په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌یاڵی قوڵ و مه‌ودا فراوانی ئه‌وه‌وه‌، به‌جۆرێك كۆى به‌رهه‌می شیعرى گۆران وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو وه‌ها خۆى ده‌نوێنێت كه‌ جیهانێكی یۆتۆپی بێت، جیهانێك كه‌ به‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی جوانی رازێنرابێـته‌وه‌و ده‌ستێكی هونه‌رى ره‌نگین نه‌خشه‌سازى بۆ كردبێت و كۆى جیهانه‌كه‌ش وه‌كو تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ى ره‌نگاو ره‌نگ خۆى نمایش ده‌كات. ئه‌وه‌ش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا وه‌كو بنه‌ماى ده‌ق ده‌بێته‌ ده‌لاله‌ت بۆ هه‌ڵگرتنی مه‌دلولێكی گشتی كه‌ فره‌ێتیه‌ به‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌، به‌ فره‌ ره‌نگی و فره‌ ده‌نگی و فره‌ سیمایی و فره‌ روخسارى و فره‌ بۆچوونی كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش رایه‌ڵه‌یه‌كی به‌هێز پێكیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ ئه‌ویش رۆح و گه‌وهه‌رى جوانیه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى هێزى گه‌وره‌و هه‌ژمونكه‌رى جوانیدا له‌و پۆتۆپیایه‌دا هه‌موو شتێك ماناى خۆى ده‌بێت و ده‌شێ شووناسی خۆیی هه‌بێت. گۆران له‌ وه‌سفی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژناندا كه‌ له‌ ” گه‌شت له‌ قه‌ره‌داخ”دا بینیوێتی ده‌ڵێت:
خه‌وه‌ خه‌یاڵه‌؟ عه‌رده‌ به‌هه‌شت؟
هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنه‌ یا هی فریشته‌؟
په‌لكه‌زێڕینه‌ى ئێواره‌ى به‌هار
له‌ عه‌زره‌ت تاراى سوور كه‌وتۆته‌ خوار.
كاتێ گۆران ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ ده‌بینێت كه‌ دیاره‌ له‌ واقیعدا ئه‌م بینینه‌ روویداوه‌، به‌جۆرێك وه‌سفی ده‌كات كه‌ ڕاسته‌خۆ رۆڵ و كاریگه‌رى به‌هێزى خه‌یاڵ له‌ وه‌سفكردنه‌كه‌دا دیاره‌، به‌جۆرێك كه‌ واینیشان ده‌دات ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ له‌ خه‌ون یان له‌ خه‌یاڵ ده‌چێت. واته‌ درووستكردنی رووداوێك له‌ خه‌یاڵدا كه‌ بێگومان رووداوێكه‌ له‌ لوتكه‌ى جوانیدا. ئه‌و بۆ ئه‌و ئاسته‌ له‌ جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێ نموونه‌یه‌كی باڵاى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵپه‌ڕكێی فریشته‌یه‌. ئێستا سه‌رسام ماوه‌و ده‌پرسێت ئایا ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ ژنه‌ یان هی فریشته‌. ئه‌مه‌ش لێواندنێكه‌ كه‌ شێوازى ده‌ربڕینه‌كه‌ى لێكچواندنێكه‌ له‌ گه‌وهه‌ردا له‌ نێوان نزم و به‌رزدا، به‌ڵام له‌ خودى رووداوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى لێكچواندنی پێكراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌شه‌نگ و جوانه‌ ده‌گاته‌ ئاستی نموونه‌ باڵاكه‌، واته‌ سه‌رچاوه‌كه‌. جوانی ئه‌م دیمه‌نی هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ كه‌ بێگومان بووكیش له‌ ریزى هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌دایه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر سرووشت داده‌نێت و ته‌نانه‌ت سرووشت ده‌خاته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه‌و دیمه‌نی جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان و تاراى سوورى بووك سرووشت ناچار ده‌كه‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌. سه‌رئه‌نجام په‌لكه‌زێڕینه‌ كه‌ له‌ دواى بارانی به‌هار ده‌رده‌كه‌وێت و بریتیه‌ له‌ گورزه‌یه‌ك له‌ تیشكی ره‌نگاوره‌نگی شكاوه‌ی قه‌شه‌نگ و جوان داده‌به‌زێته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان، ئه‌گه‌رچی كاتى گه‌شته‌كه‌و ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ش وه‌رزى هاوینه‌. كه‌واته‌ جوانی و كاریگه‌رى ئه‌و دیمه‌نه‌ یۆتۆپیه‌ى كه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان درووستی كردووه‌ ته‌نانه‌ت كارى له‌ كات و دیارده‌كانی سرووشتیش كردووه‌و گۆڕانكارى تێداكردوون. به‌هۆى جوانی و سه‌رنجڕاكێشی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنانه‌وه‌ له‌ وه‌رزى هاویندا. په‌لكه‌زێڕینه‌ كه‌ دواى بارانی زۆرى به‌هار ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌م كاته‌دا ده‌ركه‌وتووه‌. كه‌واته‌جوانی ژن و كاریگه‌رى ئه‌و جوانیه‌ ته‌نانه‌ت گۆڕانكارى له‌ هارمۆنیاى سرووشتیشدا ده‌كات. لێره‌ودا زیاتر رۆڵی ژن وه‌كو كاركه‌رى گۆڕان درووستكه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ ڕاستیدا وه‌سفی ژن و وه‌سفی سرووشت لاى گۆران واده‌رده‌كه‌وێت له‌وه‌ جوانتربن كه‌ خۆیان هه‌ن(8).
وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد، بنه‌ماى سه‌ره‌كی بنیادى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندى نێوان دووانه‌ى لێكچوو یان دووانه‌ى دژه‌، ئه‌مه‌ش بنه‌ماى سه‌ره‌كی جێگیرى و هارمۆنیاى سرووشت و گه‌ردوونه‌. گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ دووانه‌ى نێرو مێ، یان پیاو و ژن وه‌كو دوو پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كی ژیان سه‌یر ده‌كات، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وه‌كو دووانه‌ى به‌رامبه‌ر دایان ده‌نێت، به‌ڵام له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یرى په‌یوه‌ندى نێوانیان ده‌كات كه‌ ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. ده‌شێ ئه‌مه‌ش له‌ روانگه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌وه‌ بێت كه‌ پێیوایه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش یه‌كترى ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووى گه‌وهه‌رییه‌وه‌ نێرومێ زیاتر له‌وه‌ى دژبن، به‌رامبه‌ر، یان هاوشان یان ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. سه‌ربارى ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانانه‌، گۆران پیاو وه‌كو هێماى هێزو ژنیش وه‌كو هێماى جوانی-سۆز- نه‌رم و نیانی- ناسكی سه‌یر ده‌كات. له‌ وه‌سفی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌دا كه‌ له‌ گه‌شتی قه‌ره‌داخدا بینیوێتی، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵپه‌ڕینی پیاوان ده‌ڵێت:
نۆره‌ى ئافره‌ته‌ ئه‌مجا هه‌ڵپه‌ڕێ
سا هێز ده‌ست به‌ردا، جوانی ده‌ست بگرێ.
هێز وه‌كو گوتمان مه‌به‌ست پیاوانه‌ و جوانیش مه‌به‌ست ژنانه‌. لێره‌وه‌ دیسان گۆران ژن وه‌كو جوانی پێناسه‌ ده‌كات و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و جۆرێك له‌ هاوشانی له‌ نێوان (هێز/ جوانی)دا درووست ده‌كات و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێش یه‌كسانی له‌ نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا درووست بكات. واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ جوانی ئافره‌ت به‌ ئه‌ندازه‌ى هێزى پیاو گه‌ریگه‌رى هه‌یه‌و ڕێگا نادات هه‌ژموونی هێزى پیاو به‌سه‌ر ئافره‌تدا باڵاده‌ست بێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له‌ هێزدا نیه‌ به‌ڵكو جوانیش وه‌كو سامانێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنی ده‌سه‌ڵاته‌. هه‌ر لێره‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا، جوانی ژن هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى درووستكردنی جوڕێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا. گۆران نایه‌وێت به‌ درووشمی ساده‌ى زمانی باس له‌ هاوشانی و یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو بكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا ڕه‌گه‌زێك لاى ژن ده‌دوێنێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ تواناو هێزى هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا رایبگرێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ لاى گۆران په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له‌ هێزى پیاو، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له‌ جوانی ژن، په‌یوه‌ندى دوژمنایه‌تى و له‌ رووى یه‌كتردا وه‌ستان نیه‌، به‌ڵكو هاوسه‌نگی درووستكردن و ته‌واوكردنی یه‌كتریه‌.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ جوانی ئافره‌ت زیاتر ده‌چوێنرێت به‌ جوانی سرووشت، به‌ڵام لاى گۆران هه‌ندێجار به‌ مرۆڤكردنی سرووشت هه‌یه‌. واته‌ خاسێته‌كانی مرۆڤـــ بۆ سرووشت قه‌رز ده‌كات یان سرووشت به‌ جوانی ئافره‌ت ده‌چوێنێت كه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌م جۆره‌ له‌ لێكچواندن له‌ پێش گۆراندا لاى مه‌وله‌وى ئاشكرابووه‌. واته‌ گوڵ و ڕه‌گه‌زه‌كانی ترى سرووشتی چواندووه‌ به‌ جوانی یار یان ئافره‌ت. گۆران لێره‌دا خاسێتی مرۆڤــ به‌ سرووشت ده‌به‌خشێت، كاتێ ده‌ڵێت:
سه‌رانسه‌رى چه‌م دارى ژاڵه‌یه‌
ئه‌و داوێن سه‌وزى سه‌رلق ئاڵه‌یه‌
ڕۆژ: ڕۆژى شایی، كات: به‌یانیه‌
ته‌بیعه‌ت مه‌ستی بزه‌ى جوانیه‌.
لێره‌دا لێكچواندنی سرووشت به‌ مرۆڤـــ هه‌یه‌. كاتێ وه‌سفی دارى ژاڵه‌ ده‌كات له‌ وێنه‌یه‌كی قه‌شه‌نگدا باسی سه‌وزى داوێنی ئه‌و دره‌خته‌و ئاڵی سه‌رى ده‌كات. داوێن بۆ مرۆڤـــ ده‌بێت و زیاتریش بۆ ئافره‌ت به‌كاردێت. بۆ نموونه‌ ده‌گوترێت داوێنی كراسه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك ئاڵ زیاتر ئاوه‌ڵناوێكه‌ بۆ وه‌سفی لێو و روومه‌تی ئافره‌ت به‌كار دێت، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م وه‌سفكردنانه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ دره‌ختی ژاڵه‌، وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی نێو سرووشت. هه‌روه‌ها بزه‌ كه‌ به‌ ماناى زه‌رده‌خه‌نه‌ دێت خاسێتی مرۆڤه‌ به‌ڵام گۆران ئه‌م ئاوه‌ڵناوه‌ به‌كار ده‌هێنێت بۆ وه‌سفی سرووشت. واته‌ خاسێتی مرۆڤـــ ده‌دات به‌ سرووشت به‌وه‌ى ئاوه‌ڵناوى بزه‌ى جوانی پێ ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌ك ناوى ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى مرۆڤــ هه‌یه‌ كه‌ بزه‌ى له‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌ویش لێوه‌، به‌ڵام له‌ ده‌قه‌كه‌دا ناوى نه‌هاتووه‌. كه‌واته‌ سرووشت وه‌كو مرۆڤـــ بزه‌ى جوانی له‌سه‌ر لێوێتی. كردنی مرۆڤـــ به‌ سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌و بچوێندرێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر له‌ روانگه‌ى جوانیه‌وه‌ سه‌یرى هه‌موو شتێك ده‌كات و كام شت جوانتر بێت لاى ئه‌و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌. له‌ زۆربه‌ى وێنه‌و ده‌قه‌كانیدا سرووشت و جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌یه‌و جوانی ئافره‌ت به‌و ده‌چونرێت، به‌ڵام لێره‌شدا جوانی ئافره‌ت ده‌كرێته‌ سه‌رچاوه‌و سرووشت به‌و ده‌چوێنرێت، یان خاسێته‌كانی مرۆڤ ده‌درێن به‌ سرووشت، كه‌ ئه‌وه‌ش بریتیه‌ له‌ به‌ مرۆڤكردنی سرووشت. ئه‌وه‌ش ماناى زیاتر به‌هاپێدان و به‌ گرنگ سه‌یركردنی سرووشته‌ بۆیه‌ خاسێته‌كانی مرۆڤی پێده‌به‌خشرێت.
گۆران خاسێتـه‌كانی مرۆڤـــ به‌كارده‌هێنێت بۆ وه‌سفی كات، به‌ڵام كاتیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی سرووشت به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئه‌و كاته‌ش پایزه‌. له‌ هه‌ڵبه‌ستی” پایز”دا ده‌ڵێت:
پایز! پایز / بووكی پرچ زه‌رد
من مات تۆ زیز/ هه‌ردوو هاوده‌رد.
پایز یه‌كێكه‌ له‌ چوار وه‌زه‌كه‌ى ساڵ كه‌ وه‌رزى پێگه‌یشتنی به‌روبووم و پاشان گه‌ڵاڕێزان و رووتبوونی داردره‌خت و دیمه‌نی سرووشته‌. گۆران ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ بووك ناو ده‌بات، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد. ئاشكرایه‌ بووك ته‌نیا به‌و ئافره‌ته‌ ده‌گوترێت كه‌ شووده‌كات و له‌كاتی گواستنه‌وه‌ له‌ ماڵی باوانه‌وه‌ بۆ ماڵی نوێ و بۆ لاى زاوا پێی ده‌گوترێت بووك كه‌ له‌ كورده‌واریدا بووك ده‌ڕازێنرێته‌وه‌و وه‌ك ده‌زانین پێشتر تاراى سوور ده‌درا به‌سه‌ردا بووكدا. كه‌واته‌ گۆران خاسێتی بووك وه‌رده‌گرێت بۆ پایزو له‌برى تاراى سوور، ئه‌و به‌ پرچ زه‌رد وه‌سفی ده‌كات كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش وه‌سفێكی زۆر وردو جوانه‌ بۆ وه‌رزى پایز كه‌ گۆران به‌ پایز ده‌ڵێت تۆ له‌ جوانیدا بووكیت، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد نه‌ك سه‌رداپۆشراو به‌ تاراى سوور. هه‌روه‌ها شاعیر لێكچوون له‌ نێوان خۆى و پایزدا درووست ده‌كات. واته‌ خۆى و ئه‌وى بووكی پایز وه‌كو یه‌ك نیشان ده‌دات. ئاشكرایه‌ پایز هێمایه‌ بۆ غه‌مگینی و بێزارى و ته‌نانه‌ت جۆرێك له‌ بێ هیوایی و سه‌ركه‌وتنی ته‌مه‌ن. وه‌سفكردنی پایز به‌ پرچی زه‌رده‌وه‌و به‌ زیزى، ئاماژه‌ بۆ ئه‌و خه‌مبارى و بێ هیواییه‌ ده‌كات كه‌ هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مات و مه‌لولیه‌كه‌ى ئه‌مدا. كه‌واته‌ لێره‌دا خاسێتی مرۆڤـــ به‌ كات، یان به‌ وه‌رزى پایز وه‌كو به‌شێك له‌ سرووشت ده‌به‌خشرێت، كه‌ ئه‌ویش وه‌كو ئه‌می مرۆڤـــ خه‌مبارو بێزارو بێ هیوایه‌. له‌ ڕاستیدا كات شتێكی بێلایه‌نه‌ به‌ڵام كاتێ خاسێتی پایزى پێده‌درێت، ماناى وایه‌ له‌ ڕێگاى ئه‌و خاسێته‌وه‌ جۆرێك له‌ ناساندن دێته‌ ئاراوه‌، كه‌ خاسێتی بووكیشی بخرێته‌ پاڵ، ئه‌و كاته‌ ماناى وایه‌ له‌ ڕێگاى پێدانی خاسێتی مرۆییه‌وه‌ شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و كاته‌ دیارى ده‌كرێت و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ت و مانایه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌پشتی ئه‌م كاته‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵبه‌ستی” هه‌ورى پایز”دا گۆران خاسێتی مرۆییبوون یان به‌ مرۆڤكردن ده‌به‌خشێته‌ هه‌موو سرووشت و وه‌كو مرۆڤـــ باسی ده‌كات. كاتێ ده‌ڵێت:
بگرمێنێ، ته‌پ و لم دابكا، بیكاته‌ شه‌ست، هه‌رگیز
نه‌وه‌ستی قوڵپی گریانی، نه‌وه‌ستی هه‌وره‌كه‌ى پایز
ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه‌، له‌ حاڵی گیان كه‌نشتایه‌
نیشانه‌ى ماته‌می پایز له‌ فرمێسكی درشتایه‌.
گۆران باسی باران بارین ده‌كات كه‌ له‌ كورده‌واریدا ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م بارانی ئه‌و ساڵه‌ بێت پێی ده‌ڵێن بارانی په‌ڵه‌. له‌ شێوه‌ى ده‌ربڕینی بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا جۆرێك له‌ حه‌زكردن، یان په‌رۆشی بۆ بارینی ئه‌و بارانه‌ هه‌ست پێده‌كرێت. واته‌ واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بوونی ئه‌و بارانه‌ پێویست بێت، ئه‌گه‌رچی بارانی په‌ڵه‌بێت پاش هاوینی درێژو وشك كه‌ سه‌ره‌تاى ساڵی نوێی چاندن و وه‌شاندنه‌، یان ئه‌گه‌ر بارانی مه‌عنه‌وى بێت بۆ شۆردنه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زه‌ پیس و ناشیرین و خراپانه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر زه‌وى و دارو دره‌خت و رووى جوانی ئه‌وان و سرووشتیان به‌گشتی ته‌ڵخ كردبێت. ئه‌وى قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌ داواى بارینی بارانی به‌ خورژم ده‌كات، به‌ڵام بارینی ئه‌و بارانه‌ به‌ قوڵپی گریان ناو ده‌بات كه‌ گریان خاسێتێكی مرۆییه‌، به‌ڵام شاعیر وه‌سفی بارانی پێده‌كات، واته‌ خاسێتی مرۆڤــــ ده‌دات به‌ باران، یان به‌ هه‌ور كه‌ باران له‌وه‌وه‌ ده‌بارێت. له‌ باڕێكی وه‌هاشدا ئه‌گه‌ر هه‌ور بگرى ماناى وایه‌ باران فرمێسكی هه‌وره‌. هه‌ڵبه‌ت پایز هێماى خه‌مبارى و دڵته‌نگیه‌. مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ دڵـه‌نگی له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ر بكات، گریان ده‌بێته‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵڕشتنی ئه‌و خه‌فه‌ت و خه‌مباریه‌و كه‌مێك بارى شانی ئه‌و سووك ده‌كات. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ وه‌كو جۆرێك له‌ خاوێنكردنه‌وه‌ى رۆح سه‌یرى گریان ده‌كرێت. كه‌واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌نگ زه‌ردى و مات و مه‌لولی پایزیش هه‌مان ئاماژه‌ى هه‌یه‌و گریان هۆكاڕێكه‌ بۆ سووك كردنی بارى قورسی سه‌رشانی پایز. كه‌واته‌ لێره‌دا به‌ گشتی پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كرێت، یان خاسێتی مرۆیی به‌ پایز ده‌درێت و پایز ده‌كرێت به‌ مرۆڤـــ و وه‌كو مرۆڤیش خه‌مبار ده‌بێت. له‌م وه‌رزه‌دا سرووشت به‌ گشتی ره‌نگ زه‌ردو شێواوه‌، دره‌خته‌كان پرچیان شێواوه‌و به‌رگی سه‌وزیان زه‌ردبووه‌. به‌گشتی ئه‌م بووه‌ى كه‌ شاعیر وه‌كو مرۆڤـــ یان زینده‌وه‌ر وه‌سفی ده‌كات له‌ حاڵی گیان كێشان یان مردندایه‌. دیاره‌ هۆكارى ماتی پایزو گریانی به‌ قوڵپی پایز مه‌رگی سرووشته‌. لێره‌وه‌ به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران سرووشت و پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كات و وه‌كو مرۆڤـــ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێَت. هه‌رچۆن له‌ لایه‌كه‌وه‌ خاسێته‌ جوانه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردنی جوانی مرۆڤ، گۆران به‌هه‌مان شێوه‌ خاسێته‌كانی مرۆڤیش وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردن یان ده‌رخستنی هه‌ندێ بارو دیارده‌ى سرووشت. به‌ڵام زیاتر ئه‌و خاسێتانه‌ى مرۆڤـ وه‌رده‌گرێت كه‌ ئاماژه‌ى خه‌مبارى و بێ هیوایی و ناكارایی و مردن و كۆتایی ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ هه‌ور ده‌گرى، پایز خه‌مبارو مات و مه‌لوله‌، ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه‌، پایز بووكی پرچ زه‌رده‌.
دیسان گۆران جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت ده‌چوێنێت به‌ جوانی مرۆڤـــ. ئه‌م شوێن گۆڕینه‌ له‌ لێچواندندا كه‌ جاڕێك ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ سرووشت و جاڕێك سرووشت ده‌چوێنێت به‌ ئافره‌ت، ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ كه‌ هه‌ردووكیان سه‌رچاوه‌و به‌رهه‌مهێنی جوانین و هه‌ردووكیشیان سه‌رچاوه‌ى ئیلهامی شیعرى گۆرانن و شیعریش به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ هۆكاڕێكه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ى ناوى مرۆڤـــ و به‌جۆرێك نه‌مرى پێ ده‌به‌خشێت. به‌ گشتی ئه‌م دوو انه‌ هاوشانن یان هاوتاو یه‌كسانن له‌ جوانیدا و تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى هیچ كامیان به‌ بێ بوونی ئه‌ویتریان ئه‌و جوانیه‌ى نابێت كه‌ پێكه‌وه‌ هه‌یانه‌. گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی “دارچواله‌ى پشكووتوو”دا، دارچواله‌ ده‌چوێنێت به‌ بووك، واته‌ دره‌خت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا لێكچواندنی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌مرۆڤێكی ئاسایی و نه‌ مرۆڤـــ له‌ ساتێكی ئاسایدا، به‌ڵكو ئافره‌ت و له‌ ساتێكدا كه‌ بووك بێت، كه‌ ئه‌و ساته‌ش بۆ هه‌موو ئافره‌تێك هه‌ستیارترین ساته‌وه‌ختی ژیانه‌، ساتی لوتكه‌ى رازاندنه‌وه‌و جوانی و مه‌ستی و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌. گۆران له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا ده‌ڵێت:
ریزێك نه‌مامی دارچواله‌ى نازدار
كه‌ ڕێك وه‌ستابوون له‌سه‌ر گیاى به‌هار
وه‌ك بولبول ئه‌ندامیان له‌ سووراو نابوو
له‌نجه‌ى تاوتاویان بۆ چپه‌ى با بوو.
دارچواله‌ خاسێتی بووكیان پێ ده‌درێت و وه‌كو بووك سووراو ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌نجه‌ولار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌میش دیسان خاسێتی ئافره‌ته‌ له‌ كاتی جوڵاندندا. هه‌روه‌ها (با) له‌ ڕێگاى خاسێت یان چالاكیه‌كی مرۆییه‌وه‌ وه‌سف ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش “چپه‌”یه‌، ئاشكرایه‌ چپه‌ دواندنی مرۆڤه‌ به‌ ده‌نگێكی نزم. ئێستا چپه‌ وه‌سفی باى پێ ده‌كرێت و له‌نجه‌ى دارچواله‌ بۆ چپه‌ى بایه‌. له‌م لێدوانه‌ دووجه‌مسه‌ریه‌دا ئافره‌ت و سرووشت هه‌ر جاره‌و یه‌كێكیان ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌و ئه‌ویتریانی پێ به‌راورد ده‌كرێت، یان لێكچواندنیان پێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وه‌كو گوتمان دیدو تێڕوانینی گۆران بۆ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى به‌رهه‌مهێنی جوانی نیشان ده‌دات كه‌ یه‌كێكیان مرۆڤه‌ و ئه‌ویتریان سرووشته‌. مرۆڤـــ به‌رزترین و هوشیارترین ئه‌فریده‌بووى ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ئه‌ویتریان سرووشتی جوانه‌ واته‌ ئه‌و سرووشته‌ى كه‌ سه‌رچاوه‌ى بوونه‌ یان له‌ پێناوى مرۆڤدا درووستكراوه‌ یان هه‌یه‌.
گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی “دوا سه‌رنج”دا كه‌ به‌ ده‌ست به‌سه‌ركراوى ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌بینێت و ئه‌و بینینه‌ ده‌بێته‌ ئیلهامی ئه‌م شیعره‌ى، ئه‌گه‌رچی واپێده‌چێت ئافره‌ته‌ قژزه‌رده‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی تردا بێت و له‌ گۆرانی ده‌ست به‌ كۆت و پێوه‌ند بێ ئاگابێت. گۆران له‌ جوانی ئه‌و شۆخه‌ هیواى ئازادبوون وه‌رده‌گرێت. كاتێك ده‌ڵێت:
پرشنگی نیگایه‌ك كه‌ له‌ رووى رووناك
هه‌ڵئه‌ستێ و تیژ ئه‌كشێ تا ناخی ده‌روون
كڵپه‌ى نوێ ئه‌خاته‌ كووره‌ى عه‌شقی پاك
ده‌فرى گیان لیپ ئه‌كا خۆزگه‌ى به‌ربوون
بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم له‌ په‌رده‌ى بیرم
نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ى لێت بچێ
تا هه‌رچه‌ن گازى گرت له‌ له‌ش زنجیرم
ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ.
دیسان گۆران ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ر په‌رده‌ى ناسكی خه‌یاڵی، وێنه‌یه‌كی ئه‌م شۆخه‌ بكێشێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ى له‌یاد نه‌چێته‌وه‌، چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ هێزێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ى پێ ده‌به‌خشێت و واى لێده‌كات له‌به‌رده‌م ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ى زینداندا به‌هێزترو دان به‌خۆدا گرتووتر بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت له‌ لایه‌ك هیواى رزگاربوون به‌ ئه‌می زیندانی ده‌به‌خشێت و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سووككردنی ئازارى زنجیرو ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات ئافره‌ت هه‌ر ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى چێژو مۆتیڤی داهێنان و ژیان نیه‌ لاى گۆران، به‌ڵكو هیوابه‌خشی ژیان و ئازادیه‌و وره‌به‌خش و به‌هێزكه‌رى گیانی به‌رگرى مرۆڤه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ئافره‌ت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك مۆتیڤى ژیان و به‌رده‌وامی و نه‌ڕواخان و هیواى ئاینده‌یه‌.




هەڵاواردنی میللی،کێشەی زمان و ڕێگە چارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری… حەمید تەقوایی

ئەم دەقی ئەم نوسینە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە.
دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی: کاوە عومەر

٢٣\٠٤\٢٠٢٢

خەلیل کەیوان: چەوسانەوە وهەڵاواردن و تەنانەت سوکایەتی لەسەر بنەمای میللەت ڕاستیەکە کە بەئاشکرا بەسەر بەشێک لە خەڵکی ئێراندا ئەنجام ئەدرێت.
بێ بەشیە ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی و کلتوریەکان بەهۆی ئینتیمای نەتەوەییەوە یەکێکە لە ڕوخسارە دزێوو دژە ئینسانیەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە.بێبەشکردنی بەشێک لەخەڵک لە سود وەرگرتن لە زمانی دایک و بەفەرمی نەناسینی زمانە باوەکان لە وڵاتدا یەكێکە لە دەرکەوتەکانی هەڵاواردن لەسەر بنەمای میللەت.
ناسیۆنالیستەکان وقەوم پەرستەکان دەستیان بردوە بۆ کێشەی ستەم وهەڵاواردنی میللی وخۆراکی لێوەردەگرن. ئەوان لەکۆتایدا چەوسانەوەیەک ئاشکرادەکەن وخوازیاری لابردنی ئەو کێشەیەن.حەمید تەقوایی،تۆ کە ڕەخنەگری لە ناسیۆنالیست ونەتەوە چیەکان،ئایا وابیرناکەیتەوە کەلە ڕەخنەگرتنەکاتاندا لەوان توندڕەوی دەکەن؟وابیرناکەیتەوە کە ئەوان لەسەر حەقن لەو بابەتەدا کە ئەو کێشەیە دەخەنە ڕوو و بەرجەستەی دەکەنەوە؟
حەمید تەقوایی:هەر بەو شێوەی کە ئاماژەتان پێدا کێشەی ستەم وهەڵاواردنی میللی کێشەیەکی بابەتی و واقیعیە لە کۆمەڵگەی ئێران و زۆر کۆمەڵگەی تردا.بەڵام ناسیۆنالیستەکان ئەرک وئامانجیان لابردنی ئەو ستەمە نیە.ئەوان لەسەر بنەمای ئەو چەوسانەوەیە بەشوێن ئامانج و خواستی خۆیانەوەن.
ناسیۆنالیزم ئایدلۆژی وسیستەمێکی هزری و بەهایی تایبەتە بەچینی سەرمایەدار.تایبەتە بە لەسەدا یەکەکان.ئیستا ئەوان لە شوێنێکدا لە دەسەڵاتدان و دەوڵەتیان هەیە.لە جێگایەکێشدا لە دەوڵەتدا نین و بەوتەی خۆیان”کەمینەی میللی”پێکدەهێنن.بەڵام ئامانجیان هەر ئەوەیە کە بەدەسەڵات بگەن.کە میللەت دروست بکەن ودەوڵەت دروست بکەن،بۆ ئەوەی کە بازاڕی ناوخۆیی خۆیانیان هەبێت،کۆکردنەوەی قازانج وکۆکردنەوەی سامانی خۆیانیان هەبێت و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریان کە لەو چوارچێوە میللیە کەدا ئامانجی بەرزیانە بهێننەدەرەوە.لەبنەڕەتدا لەناو مێژودا هەر بەو شێوەیە میللەتەکان ودەوڵەتەکان دروست بوون.
میللەتەکان بۆ لابردنی هەڵاواردنی میللی دورست نەبوون،بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینێکی تازەپێگەیشتوو پێکهاتبون کەلە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا لەئەورپا لە دژی پاشا وخانەدانەکان و کۆمەڵگەی داخراوی دەربەگایەتی هاتبوویە مەیدان و ئەیویست بەرژەوەندی ئابوری خۆی،بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی یا سەرمایەداری دەستەبەربکات.ئەم چینە بۆ ئەوەی کە بازاڕی خۆی هەبێت،بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی ئابوری وسیاسی خۆی لەو کۆمەڵگە فیئودالیەدا کە خێڵەکی و میر میرەیی بوون دامەزرێنێت،ناچار بوو کە هەموان لەژێر ئاڵای میللەتێکدا کۆبکاتەوە،ناچار بوو کە کۆمەڵگەیەک بەناوی میللەت و ولاتەوە دامەزرێنێت هەتا کەموو کوڕیەکانی کۆمەڵگەی داخراوی فیئودالی بخاتە لاوە و دەسەڵاتی ئابوری وسیاسی خۆی بەدەستەوە بگرێت.ئەمڕۆ ئیتر لە سەرتاسەری جیهاندا وڵات ومیللەتەکان دروست بوون لە هەموو جێگایەک چینی سەرمایەدار دەسەڵاتدارە.
بەڵام بەشێک لە سەرمایەداران کە بەخۆیان دەڵێن”کەمینەیی میللی” کە هێشتا وڵات ودەوڵەتێکیان نیە.ئەوانە لە کۆمەڵگەی تردا لەگەڵ سیستەمی ولاتی-میللی تردا کە پیشتر دروستکراوە دەژین.ئەوانەش دەیانەویت ببنە سەری ناوسەران!واتە بەشێک لە چینی سەرمایەدار کە زمان و مێژوچەی خۆیان هەیە بەڵام خاوەنی وڵاتێک نیە ئەیەوێت وڵاتی خۆی،واتە بازاڕی ناوخۆ و چالاکی ئابوری ،خۆیشی هەبێت ودەسەڵاتی سیاسی خۆشی بەدەستەوەبگرێت.ئەوانە بۆ ئەوەی بەو ئامانەجە بگەن سود لە ستەمی میللی وەردەگرن کە کێشەیەکی واقیعیە.
ڕێگام بدە کە نمونەیەک بهێنمەوە.دەزانیت کە کیشەی فەلەستین کێشەیەکی واقیعیە.ملیۆنەها کەس لەخەڵک لە سەرخاکی مێژوویی خۆیان،جێگایەک لەوێدا دەژیان.ماڵیان هەبوو،ئاوارە بوون ولەجێی ئەودا وڵاتێکیان بەناوی ئیسرائیلەوە دامەزراند.ئەمە کێشەیەکی واقیعیە بەڵام ئەحزاب وهێزە سەرو کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان نان دەخۆن،پایەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی هەر ئەمەیە.هێزەکانی وەک حەماس،وەکو حزبوڵا،وەکو خودی کۆماری ئیسلامی سودیان لەمە وەرگرتووە،خوراکیان دەدایە چەوسانەوەو مەینەتیەکانی خەڵکی فەلەستین بۆ ئەوەی ئامانەجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیانی پێ بەرنەپیشەوە.
ناسیۆنالیزمیش هەمان دەور دەگێڕێت.ئەحزابی ناسیۆنالیستی خێڵەکی پەنا بۆ هەڵاواردن و ستەمی میللی دەبات بۆ ئەوەی کە بەدەسەڵات بگات و بەرژەوەندیە ئابوری وسیاسیەکانی چینی خۆیان دەستەبەربکەن.
ئەو ئامانجەی کە ئەوانە بەدوایەوەن بەهیچ شێوەیەک هەمان ئامانجی چینی کرێکارو زەحمەتکێشێک نیە کە وان لەژێر ستەمی میللیدا.بەڵکو ئامانجی هەمان ئەو لەسەدا یەکانەیە کە لەناکۆکی تەواودایە لەگەڵ بەرژەوەندی جەماوەری هەمان میللەت کە ئەوان پاگەندەی نوێنەرایەتیەکەیان هەیە.ئەمە ئەمڕۆ لەکوردستانی عێراق وەک نمونەیەک دەبینین.بنەمای ڕەخنەی ئێمە لەناسیۆنالیزم ئەوەیە.هەتا ئەوجێگەیەی کە بە کێشەی چەوسانەوەو هەڵاواردنی مللی دەگەڕێتەوە “ڕێگەچارەیەک”کە ئەوان دەیخەنە بەردەم خەڵکی ڕێک قوڵکردنەوەی هەڵاواردنی میللیە،نەک ڕێگەچارەی.بەهیوایی ئەوەی کەلە دریژەی ئەم چاوپێکەتنەدا بتوانین کە زیاتر ئەبابەتە ڕونبکەینەوە.

خەلیل کەیوان:لایەنێکی تری ئەم چەوسانەوەیە بێ بەش بوونی خوێندنە بە زمانی دایک و سود وەرگرتنە لێی لە بەڕیوبەرایەتیەکان و لەکاروباری ڕۆشنبیری و هاشیوەی ئەمانەدایە.ئەمەوێت لێتان بپرسم کە هەڵاواردنی زمانی و فەرهەنگی چ کاری گەریەکی هەیە لەسەر ژیانی تاک وکۆی قسەکەران بەو زمانانە؟چ کاریگەریەکی هەیە لەسەر هەستی هاوبەشیان لە سەر هاوچارەنوسیان لەگەڵ هەموو خەڵکی دانیشتووی وڵاتدا؟

حەمید تەقوایی:بەبڕوای من هەڵاواردن لە دژی زمانی دایک خەڵکیک کە بەزمانێک جگەلە زمانی ڕەواج پێدراو لەو کۆمەڵگەیەدا قسەدەکەن یەکێکە لە دەرکەوتە زۆر گرنگەکانی چەوسانەوەو هەڵاواردنی میللیە،بەهۆی ئەوەی کە بابەتەکە تەنها لەسەر قسەکردن نیە.زمانی دایک،زمانیکە کە تاک لەگەڵیدا گەورە بووە و لەگەڵیدا دەستی بە قسەکردن کردوە و بەو زمانە لەگەڵ کۆمەڵگەدا،بە کلتورێک،یان پەیوەندیەک،یا ئەدەبیاتێک ئاشنا بووەشوێنێکی تایبەتی دەبێت لە ژیانی ئەو تاکەدا.جێگایەکی جیاواز تر لەو زمانانەی کەلەوانەیە دواتر فێریان ببێت.
ڕێگەم بدە کە نمونەیەک بهێنمەوە.ئێستا زۆرێک لە ئێرانیەکان بە کۆچبەری چونەتە وڵاتانی جۆراوجۆرو بونەتە پەنابەر.زۆرێک لەوانە زمانی وڵاتی نیشتەجێ بونی خۆیان بەباشی فێربوون و بەو زمانە قسە دەکەن.لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەزمانی دایک باشتر دەتوانن تەعبیر لە خۆیان بکەن.هیچ زمانێکی تر ناتوانێت جێگەی زمانی دایک بگرێتەوە.ئێوە بە زمانی دایک،فارسی یا کوردی یا تورکی و یان هەر زمانێکی ترکە لەگەڵیدا دەستت بە قسەکردن کردوە،بەردەوام دەتوانیت هەستەکانتان دەرببڕن،گاڵتە بکەیت یان تانە بدەیت،نوکتەو قسەی خۆش بڵێیت،نمونەو پەندەکان بەکار بهێنیت،ئاڵۆزی وخەمی زمان وخۆشیەکانی زمان زۆر باشتر تێدەگەیت و بەکاریان دەهێنیت وهتد. لەوانەیە زۆر باش لە شکسپیرو بۆدلیرو هانریش هاینە بخوێنێتەوەو تێیبگەیت بەڵام ئەو کاریگەریەی وای دانێین کە حافزو خیام لەسەر ئێوە هەیانە، ئەوانە نیانیە.
شارەزایانی زمان لەو باوەڕەدان کە زمان تەنها وەسیلەی قسەکردن نیەبەڵکو وەسیلەی بیرکردنەوەشە.واتەبیرکردنەوە بەبێ قسەکردن جێگای باوەڕ نیە،کەسێک کەلەگەڵ زمانی دایکیدا دەستی بەبیرکردنەوە کردوە ئەو کارە بەشێوەیەک لە کەسایەتیەکەیدا هەڵکەندراوە کە ئیتر قابیلی ئەوە نیە کە جێگاکەی بگۆڕدرێت بەزمانەکانی تر.
بەو بەڵگانە بێ بەشی لە خوێندن و بێ بەشی لە چالاکی کلتوری وکۆمەڵایەتی بەزمانی دایک،زۆڵمێکی زۆر ئاشکرایە.لە زۆرێک لە وڵاتاندا زمانی دایکی خەڵکێک کە لەناوچەیەکدا بەزمانی فەرمی ئەو وڵاتە قسەناکەن هیچ کات بەڕەسمی ناناسرێت.ئەڵێی بەشێک نیە لە واقیعیەتی کۆمەڵایەتی.هەموان ناچارن لە فەرمانگەو پەروەردەو خوێندن و ڕاگەیاندنەکان و ئەدەبیاتدا ئەو زمانە بەکار بهێنن کە دەوڵەتی پەیوەندیدار لە کۆمەڵگەدا بەفەرمی ناسیوە.باشە،ئەمە هەڵاوردنێکی ئاشکرایە بە مافی کەسێک کە بە زمانی دایکێکی تر جگە لەو زمانە ئەسڵیەی کە دەوڵەتی پەیوەندیدار لە کۆمەڵگەدا ڕەسمێتی پێداوە هاتوەتە دونیا.من هێشتا لەناو هاوڕێ کانمدا کە زمانی دایکیان زمانێکی ترە بۆ نمونە تورکی یا کوردی وهیترە و لەو زمانە ئاشنایەتیەکی زۆرتریان لەگەڵ ئەو زمانە هەیە،لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کۆنترۆڵیان بەسەر زمانی فارسییدا هەیە،کاتێک کە دەیانەوێت وای دابنێین نوکتەیەک یان قسەیەکی خۆش بکەن یا کاتێک کە بیانەوێت توانج و توڕەیی دەرببڕن دەیگۆڕن بۆ زمانی دایکیان.ئەو زمانە ئاسان ترە بۆیان ئەمە تایبەت نیە بە”کەمە نەتەوەکان”.بۆ فارسی زمانەکانی نیشتەجێی وڵاتانی تریش ئەم کارە هەر ڕاستە.ئەوانیش کاتێک کە دەیانەوێت نوکتەیەک و قسەیەکی خۆش بگێڕنەوە،یان، بە پەندێک تەعبیر لە شتێک بکەن،یا بە کۆپلە شیعرێک ئامانجەکەیان بگەیەنن،پەنا دەبەنەوە بۆ زمانی فارسی.بەبۆچونی من ئەوە بەتەواوەتی سروشتیە و بەشێکە لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان.
هەر بەو هۆیەوە ئەبێت ئێمە هەڵاواردن لەدژی زمانی دایک ڕێشەکێش بکەین،ئەبێت ئەمە لەناوبەرین تا بتوانین کە بانگەشەی ئەوە بکەین کە ستەمی میللی مان لەناو بردوە.ئەڵبەت ستەم وهەڵاواردنی میللی تەنها لەزماندا قەتیس نابێتەوە بەڵام نایەکسانی لە بەکار هێنانی زمانی دایکدا گۆشەیەکی گرنگی چەوسانەوەی میللیە.

خەلیل کەیوان:ڕێگا چارەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران چیە بۆ لابردنی ئەم هەڵاواردنە زمانی-ڕۆشنبیریە؟

حەمید تەقوایی:ئێمەلەبەرنامەی حزب و بەگشتی لەئەدەبیات و قسەوباسەکان و بانگەشەکانی حزبدا ڕیگا چارەی ڕۆشنمان هەیە بۆ لابردنی ئەم کێشەیە.ئێمە دەڵێین ئەبێت فرسەتی فێربونی زمانی دایک بۆ هەموو ئەو زمانە باوانەی کەلە وڵاتدان دەستەبەر بکرێت.ئەبێت هەبونی ئەدەبیات،بڵاوکراوە،کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە بە زمانی دایکیی خۆیان و بەکار هێنانی. لە میدیا کۆمەڵایەتیەکان و لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی وەکو ڕادیۆو تەلەفزیۆن و هتد یاسایی بێت و بە فەرمی بناسرێ.دەوڵەت بەرپرسە لەوەی کە ئاسانکاری کاری بکات بۆ ئەوەی کە کەسانێک بە زمانی دایکیان (جگە لەزمانی بنەڕەتی ئەو وڵاتە) قسە دەکەن بتوانن بخوێنن،بتوانن ئەدەبیات و کلتوری خۆیان بەوانە بڵێنەو و یا بیخوێنن،بتوانن بڵاوکراوەی ئەدەبی کتێب،ڕۆمان،شیعرو گۆرانی وفلیم و مۆسیقایان هەبێت،بتوانن دەزگایی ڕاگەیاندنی خۆیان هەبێت(ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وهتد)و بەگشتی مافیان هەبێت کە بەزمانی دایک چالاکی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەبێت.ئەبێت ئەمانە بەڕەسمی بناسرین.باسەکە تەنها لەسەر فێربونی ئەلف با و خوێندن و نوسین نیە.ئەوە بابەتێکە.فێربونی زمانی دایک ئەبێت لە هەموو جێگایەک بەفەرمی بناسرێت و لەو ناوچانەدا کە بەو زمانانە قسە دەکەن ئەبێت ئەوە بەفەرمی بناسرێت ،ئەبێت ئەمە یاسایی وکردەیی بکرێتەوە.بەڵام سەرباری ئەوانەش ئەبێت شیعر و ئەدەبیات بەو زمانە،مۆسیقا و گۆرانی بەو زمانە و هەموو لایەنە ڕۆشنبیریەکانی تری ئەو زمانە بەوانە بوترێتەوە.بۆ نمونە ئیستا ئێمە لە قوتابخانەکاندا داڕشتنمان هەیە بەزمانی فارسی،بەزمانی فارسی ئەدەبیاتمان هەیە،سەبارەت بەزمانەکانی تریش ئەبێت بەهەمان شێوە بەفەرمی بناسرێت.دەوڵەت ئەرکێتی ئاسانکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کارە دابین بکات.

خەلیل کەیوان:هەرچۆن بێت،زمانی هاوبەش یەکێکە لە پێویستیەکانی هەر کۆمەڵگەیەک.ئایا ئەو پێداگریەی کە ناسیۆنالیستەکان و نەتەوەپەرستەکان لەسەر زمانی دایک هەیانە و ئەو ڕێگە چارەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هەیەتی نابێتە هۆکاری ئەوەی خەڵک لەیەک جودابکرێنەوە،بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرەزمانە وخەڵکەکەشی سەربە نەتەوەی جۆراوجۆرن.ئایا ئەم وڵاتە لە سەر لێواری جیابونەوە دانانێت و نایکاتە چەند پارچە و هتد؟ لەگەڵ ئەو ڕێگە چارەی کە ئێوە هەتانەو پێداگریەک کە خێڵ پەرستەکان و نەتەوەپەرستەکان لەسەر ئەو کێشەیە هەیانە،ئایا مەترسی ئەوەی نیە کە خەڵک لەبەرانبەر یەکدا دابنێت؟

حەمید تەقوایی: سەرەتا ئەبێت بڵێم کە ئێمە خۆبەخۆ بەش بەش بون وجیابونەوە وسەربەخۆیی بەکفر یان تابۆ یان قەدەغە نازانین.ئێمە لە ناوچەیەکدا کە کێشەی میللی هەیە ئەگەر خەڵک لە بارودۆخێکی ئازادانەو لە ڕێگەی گشت پرسی(ڕیفراندۆمێک)ەوەبڕیار بدەن کە جیا دەبنەوە،بە پێچەوانەی هێزە ناسیۆنالیستە فارسەکانەوە،ئەمە بەفەرمی دەناسین.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ،باسەکە لێرەدایە کاتێک هێزە ناسیۆنالیستەکان پێداگری لەسەر مەسەلەی زمان دەکەن،لە ڕاستیدا ئەیانەویت بۆ مەسەلەی میللەت دروستکردن،مەسەلەی گەیشتن بە دەسەڵات و بۆخۆ جیاکردنەوە لەوانی تر باسی دەکەن،هەر ئەوەی کەلە سەرەتای ئەم باسەکەوە خستمە ڕوو.
بەڵام بە پێچەوانەی ناسیۆنالیستەکانەوە ئێمە لەسەر بنەماو بنچینەی مافی یەکسان بونی هاوڵاتیان بەرگری لە زمانی دایک دەکەین.هاوڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان واتە ئەوەی کە لەئێرانی ئەمڕۆدا بەهەمان شێوە کە کەسێک زمانی دایکی فارسیە دەتوانێت بە زمانی فارسی کتێب بنوسێت،شیعر بڵێت،فلیم دروست بکات،نمایشی شانۆی بکات،ڕادیۆ وتیڤی بەڕیوەبەرێت وهتد وهتد،هەموو ئەو مافانە ئەبێت بۆ کەسێکیش کە زمانی دایکی تورکی فارسی یا عەرەبی یا هەر زمانێکی ترە بەفەرمی بناسرێت.ئەمە نابێتە هۆکاری دابەش بوون،بەپێچەوانەوە،یەکێتی بەشەکانە.
ناسیۆنالیزمی خێڵەکی،بۆ نمونە ناسیۆنالیزمی کورد،ئەیەوێت لەدەوری زمانی وڵات-میللەتی خۆی دروست بکات یان فیدراڵی خۆی هەبێت وهەموو کارەکان خۆی بەدەستیەوە بگرێت.واتە ئەیەوێت زمانی کوردی لەوڵاتی دڵخوازی خۆیدا هەمان دەوری هەبێت کە زمانی فارسی لە ئێرانی ئەمڕۆدا هەیەتی.
پاشان.باسەکەی ئێمە ئەوە نیە! ئێمە دەڵێین یەکسانی هەموو زمانە باوەکان لە هەر وڵاتێکدا.ئێمە دەڵێین لە هەر کۆمەڵگەیەکدا-ئیتر ناوی هەرچی لێ بنێین،وڵاتی ئێران،وڵاتی کوردستان،یا هەر وڵاتێکی تر-هەموو زمانە باوەکان لەو کۆمەڵگەیەدا،هەر بەوشێوەی کە ڕونم کردوە،ئەبێت بەشێوەی یەکسان بە فەرمی بناسرێن و مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم هەلومەرجە بخولقێنیت دەتوانیت کۆمەڵگەیەکی گەورەو یەکگرتوترت هەبێت.
ئیمە وەکو بنچینەیەک خوازیاری ئەوەین ئەوکۆمەڵگەیانەی کە(سەرمایەدارەکان ناوی وڵات ومیللەتیان لەسەردادەنێن)هەرچەند گەورەتر بێت.ئێمە بەهیچ جۆرێک لایەنگری وڵاتانی زۆر بچوکترو هەرکەسێک بەزمانی خۆی وهەرکەس بە کلتوری خۆی نین،بە شێوەیەک کە هاوسێ زمانی هاوسێکەی تێنەگات.ئەگەر ئێمە باسی مافی یەکسان دەکەین ڕێک لەبەر ئەوەیە کەکۆمەڵگە هەرچی زیاتر گەورە بکەین و هەرکەسێک بەهەر زمانێکی دایکەوە کە هەیەتی بتوانێت لەوێدا هەست بەئازادی و ئاسودەی بکات و بتوانیت بەزمانی خۆی هەموو چالاکیەک ئەنجام بدات.هەربەوبۆنەیەوە ئەمە پێکەوەلکێنەرو لەدەوریەک کۆکەرەوەی خەڵک و یەکگرتوو کەری خەڵک و ڕۆشتن بەرەو کۆمەڵگەی هەرچی گەورەترو ئینسانی تر ئەبێت.تەنها لەبارودۆخێکی وەهادایە کە هەموان بە تامەزرۆییەوە زمانێکی سەرتاسەری و هەموو لایەک بگرێتەوە.بەپێچەوانەوە،کەسێک کە لەسەر زمانی خۆی وەکو زمانی فەرمی و سەپێنراوی میللەتێک یان وڵاتێک(چ وڵاتێک کە ئیستا هەیە وچ وڵاتێک کە دەیەوێت سبەینێ دروستی بکات)جەخت دەکاتەوە،هەر بەوبۆنەیەوە ئەوە کە دەیەوێت هەڵاواردن دروست دەکات،ئەوە کە ئەیەوێت،خەڵک و کۆمەڵگەی ئینسانی لەسەر بنەمای یەک مێژوچەی میللی-قەومی دابەش بکات.
ئەگەر کەسێک لەسەر ئینسانیەت و کۆمەڵگەی ئینسانی دەجوڵێتەوە-نەک لەسەر ئەوەی کە چینی من ئەبێت دەسەڵات وەربگرێت و ئەبێت من ئاڵای پیرۆزیەکان و خاک و سنوری پیرۆزی خۆم هەبێت و هتد،ئەگەر پیرۆزیەکانی دەمارگیری میللی بخەینە لاوە،ئەو کاتە هەر ئینسانێک بەهەر زمانی دایکێک کە هەیەتی لەگەڵ ئەوانی تردا هەست بەیەکسانی دەکات و ئیتر پێویست ناکات کە باسی جیابونەوەو تەنانەت خودموختاری و فیدرالیسم و هتد بخریتە ڕوو و ئەو جۆرە نوسخە پێچانەوانە کە لەکردەوەدا هەڵاواردن و جیاکاری میللی قوڵ دەکاتەوە دەڕواتە کەنارەوە.بنەمای باسەکە مافی ئینسانیە کە جیهانداگرە.ئەگەر حکومەتێک بیەوێت کۆمەڵگە لەسەر بنەمای مافی ئینسانی بەڕێوە بچێت،بەشێک لەو مافانە ئینسانیانە بەفەرمی ناسینی زمانی دایکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەزمانی جۆراوجۆر دەئاخفن.ئێمە لەم چوارچێوەیەدا مەسەلەکە باس دەکەین، ناسیۆنالیستەکانیش لە چوارچێوەی لە پێشتری بەزاڵکردنی زمانی دایکی خۆیان بەسەر چارەنوسی کۆمەڵگەدا کە لەوباوەڕەدایە کۆمەڵگەی میللی ئەوانە.ئەم دوو جۆرە ڕوانینە بۆ کێشەی زمان و رێگە چارەی کیشەی زمان بەتەواوەتی خاڵی لەبەرانبەر یەکتردان.

خەلیل کەیوان: زۆر باشە،لەگەڵ ئەم تاریفەی کە دەڵێیت،ئەگەر بڕیار بێت کە لە هەر ناوچەیەکدا خەڵک بەزمانی دایکی خۆیان قسەبکەن،بخوێنن،چالاکیە ڕۆشنبیریەکانیان ڕێکبخەن،ئەو کاتە چ زمانێک خەڵکی وڵاتێک لەگەڵ بەیەک یەکگرتوو دەهێڵێتەوەکە بتوانن لەگەڵ یەک پەیوەندیان هەبێت؟کێشەی زمانی ئەسڵی نێوان خەڵکی ئەو وڵاتە چی دەبێت؟

حەمید تەقوایی:نەخێر!ئەمە گونجاونیە و پێویستە.تەنها لە قوتابخانەی ئەو ناوچانەی کە زمانی تر باون،وەکو کوردستان،خوزستان،ئازەرباینجان و هتد،ئەبێت زمانی دایک بخوێندرێت.هەم بەواتای فێربونی خوێندن و هەم ئەدەبیات بەو زمانانە.بەڵام ئەم دەرسانە لە هەموو قوتابخانەکانی ئێران ناخویندرێت.بۆنمونە لە شیراز خویندنی زمانی کوردی گرنگی نیە،پێوست نیە بەڵام لە کوردستان بەدڵنیایی دەبێت زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکاندا بخوێندرێت.
لەوڵاتانی ڕوژئاوا تا ئاستێکی زۆر ئەم یاسایە لەبەرچاو دەگرن ئەگەر لە سەدا چەندێکی دیاری کراوی خویندکاران لە قوتابخانە داوابکەن کە زمانێکی ناسەراسەری بخوێنن،ئەو قوتابخانەیە ئەرکێتی کە کارئاسانی بۆ ئەم کارە بکات.وای دابنێین لەناو پەنابەرە عەرەب زمانەکاندا کە لەوڵاتێکی ئەورپایی و یان لە وڵاتێکی تردا کە ئەم مافە تا ڕادەیەک بەفەرمی دەناسێت دەژین،ئەگەر لەسەدا یەکی دیاریکراوبن کە بیانەوێت وانەی زمانی عەرەبی لە قوتابخانەی شارو ناوچەی نیشتەجێ بونیاندا بێت بخوێنن.ئەرکی دەوڵەتە کە ئاسانکاریان بۆ بکات.
لە ئێرانیشدا ئەبێت ئەم مافە بەفەرمی بناسرێت.ئەڵبەت لێرەدا مافی پەنابەران بابەتی باسەکەی ئێمە نیە،بەڵام ئەوانەی زمانی دایکیان جیاوازە لەگەڵ زمانی سەرتاسەری ئەبێت بەهرەمەند بێت لە مافی فێربونی زمانی دایک لە ناوچەکانی تری وڵاتدا.لە ناوچەکانی کوردستانیش و ئازەر بایجانیش کە زمانی ناوچەی جیاوازە و لە ناوچەکانی تریش ئەگەر لەسەدا یەکی دیاری کراو لە خەڵک خوازیاری فێربونی زمانی دایکیان بنئەبێت ئەو مافەیان بەفەرمی بناسرێت.
هەرچۆن بێت ئەوانە وردەکارین کە یاسا ڕونیان دەکاتەوە.بەڵام ناوەرکی بابەتەکە،بنەمای بابەتەکە،ئەوەیە کە ئێمە مافی کەسێک کە بەزمانی دایکی جیاواز دەئاخفێت بە فەرمی بناسین وبێ بەشی نەکەین لەخوێندن وچالاکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی بەزمانی دایکی .تەئکید لەسەر ئەوەش بکەمەوە کەڕێژەی نیسبەتی جوغرافیایی تەنها لەبارەی خوێندنەوە ڕاستە.واتە تەنها بۆ فێربونی زمانێکی دایک لە ناوچەیەک کە زۆرینەی خەڵک زمانێکی تریان هەیە ئەبێت داوای ڕێژەی سەدی بکەن.بەڵام سەبارەت بە چالاکی ئەدەبی وڕۆشنبیری و هونەری نابێت هیچ سنورداریەکی،چ جوغرافیایی یا هیچ شتێکی جگەلەوانەش،بونی هەبێت.بۆ ئەم جۆرە چالاکیەش ئەبێت کارئاسانی و دەرفەتی پێوست بۆ هەموان بڕەخسێنێت،سەربەخۆ لە زمانێک کە قسەی پێدەکەن.

خەلیل کەیوان: دوبارە هەر لەم پەیوەندەوە پرسیارێکم هەیە.ئایا خۆیندن بەزمانی دایک ماناکەی ئەوەیە کە هەموو دەرسەکانی قوتابخانە وناوەندیەکانی وەکو فیزیا و کیمیا ودەرسەکانی تر،ئەبێت هەر بەو زمانی دایکە بخوێندرێن؟

حەمید تەقوایی:بەبڕوای من بەو شێوەیە نیە.هەر بەوشێوەی کە و وتم کێشەی هەڵاواردنی زمانی و جیاوازی نێوان زمانەکانی دایک لەبنەڕەتدا لە دەوری ئەدەبیات وشیعرو گۆرانی و هاوشێوەکانیدا مانای خۆی دەداتبەدەستەوە.بەڵام سەبارەت بە زانست ئەبێت ئاگامان لەوە بێت کە لە سەردەمی ئێمەدا زمانی ئەسڵی زانست زمانە ئەورپیەکانە.وڵاتانی ڕۆژئاوان کە لە ڕیزی پێشەوەی پێشڕەویە فەلسەفی زانستی-چ زانستی دەقیقە و چ زانستی کۆمەڵایەتی-دا وەستاون.زمانەکانی تر،وەک زمانی فارسی و یان زمانەکانی تر کەلە ئێران باوە.ئەو گەنجینەی زمانەکان و دەستەواژە و مانا و ئەوتوانا هەمەلایەنیەیان نیە کە پێشکەوتنەکان و دەستکەوتە زانستیە ئەمڕۆژیەکان بە ئاسانی و وردبینی و ڕاستی پێویستەوە دەربڕێت.
لە ئێران،لانی کەم ئەو سەردەمەی کەمن خوێندکار بووم ،لە زانکۆکاندا هەندێک لە وانەکان بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندران لەبەر ئەوەی کە بۆ نمونە نەیان دەتوانی میکانیکی کوانتێۆم یا بیرکاری بەرز بەفارسی بخوێنن.فارسی بۆ ئەم کارە زۆر زمان گرانە.دەتوانی بە فارسیش هەبێت نزیک بە زۆرینەی زمانەکان و زاراوەکان هەر بە زمانە ئەسڵیەکەی بوو کە تەنها بە خەتی فارسی دەنوسرا .لە هەندێک حاڵەتیشدا هەر لەو ئاسەتەدا باشترە کە لە دووی ناوەندیەوە زمانی ئینگلیزی بخوێندرێت.بەو جۆرە زۆر باشترو بەربڵاوترو قوڵتر دەتوانیت زانست لە وڵاتی ئێراندا پەرەپێبدەیت.
ئێمە دەمارگیریەکمان نیە.جیاوازیەکی ئێمە لەگەڵ ناسیۆنالیستەکاندا ئەوەیە کە ئێمە دەماریریەکمان لەسەر کلتوری خۆمان،زمانی خۆمان،مێژووی خۆمان نیە.ئێمە دەڵێین کە ئەبێت کۆمەڵگە بڕوات بەپیری کلتوری پێشکەوتوی ئینسانیەوە و هەر لەبەر ئەوە پێ لەسەر بەها جیهانداگرەکان دەکەینەوە.بۆ نمونە دەستکەوتە ڕۆشنبیری و زانستیەکان بەزمانی ئینگلیزی تەنها تایبەت نین بەو کۆمەڵگەیانەی کە زمانیان ئینگلیزیە.بەڵکو دەستکەوتی گەشەی هزری و ڕۆشنبیری هەموو مرۆڤایەتیە.ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی مێژوو بە شێوەیەک بووە کە ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپایی پێشەنگی ڕۆشنبیری و پێشەنگی زانست و هونەرن.ئەمە پێویستە لە هەموو وڵاتان سەربەخۆ لەوەی کە بەچ زمانێک دەئاخفن بەفەرمی بناسرێت.

خەلیل کەیوان: لێرەدا دواین پرسیارتان لێ دەکەم،ئێوە ئاماژەتان بەزمانی ئینگلیزیدا.لە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا باس لەوە دەکرێت کە خوێندنی زمانی ئینگلیزی ئەبێت لە هەموو قوتابخانەکاندا لە تەمەنێکی خوارەوە دەست پێ بکات.بەرنامە دەڵێت کە زمانی ئینگلیزی ئەبێت بە تەدریج ببێتە زمانی بەڕیوەبردن و پەروەردەی باو لە وڵاتدا.ئایا خوێندنی زمانی ئینگلیزی تا ئەم ئاستەی کە ئێوە جەختی لێدەکەنەوە ناکۆک نیە لەگەڵ خودی خوێندنی زمانی دایکدا؟

حەمید تەقوایی:لە هیچ ڕویەکەوە بەو شێوەیە نیە.ئێمە خوازیاری زمانی ئینگلیزین لەپاڵ زمانی ئەسڵی و زمانە باوەکانی تر لەناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا.من ڕونم کردوە کە زمانی ئینگلیزی لە ئاکامی یەک زنجیرە ئاڵوگۆڕی مێژوویی بۆتە زمانێکی دەوڵەمەند و بەتەواوەتی کۆبەند بۆ زانست.زانست بەنای فراوانی وشەکە،لە زانستی دەقیقەوە تا زانستی کۆمەڵایەتی و پزیشکی وفەلسەفەو تیئۆریە ئابوریەکان و مەکتە هزریەکان و هتدئەوە یەکێک لە بەڵگەکانی گەشەی زمانی ئینگلیزیە بۆ زمانێکی نێونەتەوەیی.
لەوڵاتی سوئید لەتەمەنێکی بچوکەوە،لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە،زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێت لەگەڵ ئەوەی کە زمانی سوئیدیش لە کۆتاییدا بەشێک لە فەرهەنگی ئەورپاییە.لەڕوی زانستیەوە بۆ نمونە ئەو لاوازیەیی زمانی فارسی نیە،لەگەڵ ئەوەشدا،لەوێ ئینگلیزی دەخوێندرێت،چونکە دەزانن کە زمانی دایکیان تایبەتە بە کۆمەڵگەیەکی بچوکی چەند ملیۆنی.دەزانن ئەگەر بیانەوێت پەیوەندی بکەن بەدونیایەوە،و بەباشی سود لە دەستکەوتە زانستی وتەنانەت هونەری وڕۆشنبیری وئەدەبی وفلیم و مۆسیقاکانوەرگرن،ئەبیت زمانی ئینگلیزی گشتگیر بکەنەوە.لە سوئید تەنانەت زۆربەی فلیم وزنجیرە تەلەفزیۆنیەکان-کە زۆربەیان بەزمانی ئینگلیزین-دوبلاج ناکەن و هەر بە زمانی ئەسڵیەکەی نیشانی ئەدەن.
ئێمە دەمانەوێت ئەم مۆدێلەلە ئیران جێبەجێ بکەین.ئەمە بواردەدات کە کۆمەڵگەی ئێران پەیوەندێکی بەهێزتر لەگەڵ دونیا دروست بکات و بتوانیت لە تازەترین ودواین دەستکەوتە هزری و ڕۆشنبیریەکانی دونیا بەهرەمەند ببێت.
لە کۆتاییدا خاڵێکی تریش با،س بکەم لە پەیوەند بە خەتی فارسیەوە.ئێمە دەمانەوێت هاوکات خەتی فارسیش بگۆڕین بەلاتین،هەر ئەوکارەی کە کۆمەڵگەی تورکیا کردیان.زمانی فارسی زمانی فارسیە بەڵام خەتی عەرەبی کە زمانی فارسی پێ دەنوسرێت،بەبۆچونی ئێمە بارێکی قورسە بەسەر پیی ئەو زمانەوە.ئەگەر بمانەویت ئەدەبیاتی فارسی پێشکەوێت،خوێندن بەزمانی فارسی ئاسانتر ئەنجام بدرێت و بەگشتی وای لێ بێت کەبە زمانی فارسی تێکەڵ بە جیهانێک ببیت کە تێیدا خەتی لاتین لە هەموو جێگەیەک بە فەرمی دەناسن،ئەبیت خەتی فارسی بگۆردرێت بەلاتین.ئەوە یەکێک لە ڕیفۆرمە گرنگەکانە بەرەو گەشەی زیاتری ڕۆشنبیری وشیعرو ئەدەبیات وبەگشتی کارەکانی نوسین وئەدەبی بەزمانی فارسی دەبیت.

٨ژانویە ٢٠٢١




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان-2- … رەسوڵ بەختیار

شەقامە بازنەییەکان (2)

هەرچەند، دەتەوێ لەشەقامە بازنەییەکان دوور بکەویتەوە، کەچی سۆز و مێشک و دڵت دەیەوێ بگەڕێتەوە، ناتەوێ ببێتە بەشێک لەژیانت.
سیاح تەمەنی لەسەرووی شەست ساڵییە، چەند جارێک ویستی خۆی دوور بخاتەوە، چەندین کێشەی نایەوە، تا وایلێهات کەسوکاری هاشای لێ بکەن، دووریان خستەوە و لەهەموو شتێک بێبەشیان کرد، ئەویش بەهەلی زانی بۆ یەکجارەکی لەشەقامە بازنەییەکان دوور بکەوێتەوە.
سیاح: رۆیشتم زۆر دوور رۆیشتم، دوورترین شوێنی ئەم جیهانە بوو بەمەنزڵم، دەستم بەکار کرد، پارەیەکی باشم کۆکردەوە، خانوو و ئۆتۆمبێلم کڕی، کارێکی باشم هەبوو، تا وایلێهات زنجیرەیەک ریسەۆرانتم هەبوو، سەدان کەس لەلام کاری دەکرد، هیچ کاتێک ئەوانەشم قبووڵ نەدەکرد، خەڵکی شاری شەقامە بازنەییەکان بێ، تا لەیەکێک لەریستۆرانتەکانم کار بکات، خێزانم پێکەوە نا، خێزانەکەم یەکێک لەو خاتوونانە بوو، لەدایکبووی شەقامە راستەکانن، ئۆلیڤای ناو بوو، هەموو کات دەیویست، باسی شەقام و شێوەی خانوو و ژیان و گوزەرانی شەقامە بازنەییەکانی بۆ بکەم.
ئۆلیڤیا: دەبینم هەردەم وەک یەکێکی بیرت لەلای خۆت نەبێ، پێم بڵێ چیتە؟
سیاح:هیچ نییە، ماندووم، بۆ نایەی چەند رۆژێکی دیکە بەیەکەوە پیاسەیەکی سەر زەریای ئەتڵەسی بکەین، لەوێدا بۆ ماوەی مانگێک لەمۆتێلێک دەمێنینەوە.
ئۆلیڤیا: تۆ هەردەم دەتەوێ دوور بکەویتەوە، نەخێر، من حەزم بەوەیە بۆ پیاسە و گەشت بچینە یەکێک لەو شارە گەشتیاریانەی لەسەر دەریای ناوەڕاستە.
سیاح: حەزی پێ ناکەم.
ئەو سەرەڕایی هەموو ئەو شتانە، هەردەم بیر و هۆشی لەلای شەقامە بازنەییەکانە، بەڵام هەردەم وا نیشان دەدا. خۆی دوور دەخاتەوە، کەچی شەوو رۆژ و لەکاتی کارکردندا دڵ و هۆشی لەلای شەقامە بازنەییەکان بوو، زۆر جار بیری لەو رۆژگارە دەکردەوە، کە لەنێو شەقامە بازنەییەکاندا بوو، تەنیا دیمەنێکی لەلا شیرین بوو، بەتایبەتی ئەو شەوانەی خەوی لێ نەدەکەوت، هەمیشە دڵی خۆی دەدایەوە، مادام خەو ناچێتە چاوم، بەڵام ئەمە هەلێکە هەموو ئەستێرەکان بژمێرم و سەیری مانگ بکەم چۆن دوای ماوەیەک لەشوێنی خۆی نامێنێ ئەگەر کەمێکیش جوولا بێ، ئەوا رووناکییەکەی بەرەو کزی دەڕۆیشت، کاتژمێر دوای کاتژمێر رەنگی ئاسمان گۆڕنکاری بەسەردا دێ، لەنزیک کاتژمێرەکانی دەمەو بەیان کاتێک سەیری مانگی دەکرد، دەیبینی مانگ بەتەواوی شوێنی خۆی گۆڕیووە و ئاسمانیش بەرەو کاڵبوونەوەی تاریکی دەڕۆیشت، لەم کاتەدا چاوەڕوانی رۆژهەڵاتن دەبوو، ئاسمان هێدی هێدی، سپی دەبوو، هەموو خانوو و باڵەخانەک لەتاریکیدا دیاڕ نەبوون، کەچی لەو کاتەدا بەڕوونی دەبیندران، کاتێکیش خۆر دەردەکەوت، لەدوورەوە تیشکەکانی دەچەقییە نێو چاوانی.
سیاح هەردەم ئەو هەستەی لەدڵ و دەروونیدا بوو، کاتێک یادی ئەو شەوانەی دەکردەوە بزیەک دەکەوتە سەر لێوانی.
ئەو زۆرجار یاد و خەمی شەقامە بازنەییەکان تینی بۆ دەهێنا، ناچار تەسلیم بەخەیاڵەکانی دەبوو، بۆیە تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەوانە دەکرد، کە خەڵکی شەقامە بازنەییەکانە، کاتێکی دادەنا تا لەگەڵ چەند کەسێک لەیەکێک لەریستۆرانتەکانی کۆ ببێتەوە و وتویژەکانیان بەزمانی شەقامە بازنەییەکان بێ.
کاتێک لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن، هەردەم بەسیاحیان دەگوت: بو هیج کەس لەزنجیرە ریستۆرانتەکانت وەرناگری تا وەک شاگرد و کرێکار و سەرکار لێرەدا کار بکەن، کەجی کاتێک تەلەفۆن دەکەی مکوڕی لەسەر ئەوەی لەدەوری یەکتردا کۆ ببینەوە و یادی کۆڵان و بازاڕ و قوتابخانە، شەڕ و کێشە و گرفتەکانی ئەو رۆژگاڕە بکەین.
باسکردنی دیمەنەکان وەک ئەوەیە، هەموو ئەوانەی لەشەقامە بازنەییەکاندان حەز بەبینینی دەریا دەکەن، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، تا گەشت بکەن، تا دەریا ببینن، کاتێک دەچنە سەر دەریا زۆر سەرسوڕمانن بەشەپۆڵەکانی دەریا، بۆیە دەچن مەلەوانی دەکەن، مەلەوانی ئەوان زۆر جیایە لەهەموو مەلەوانزانەکانی دیکە، ئێمەمانان تەنیا بۆ ئەوەی شەپۆڵەکان لێمان بدات دەجینە ناو دەریا، بۆیە دەیان مەتر دەجینە نێو دەریاکە، چاوەڕوانین شەپۆڵێکی گەورە لێمان بدا، ئیجا ئەو شەپۆڵە بۆ کوێمان دەبا گرنگ نییە، ئێمه زۆر خۆشی لەو شەپۆڵانە دەبینین، لەدانیشتنەکانمان دەیان وەسفی جۆروجۆری بۆ دەبینینەوە.
سیاح: ئێوە دەزانن، بەهەموو شێوەیەک هەوڵمدا لەشاقامە بازنەییەکان را بکەم، دوورترین شوێنم هەڵبژارد، تا هیچ پەیوەندییەکی بەشەقامە بازنەییەکانەوە نەبێ، کەچی خەون و خەیاڵ و هەستم هەمووی لای ئەو شەقامانەیە، ماوەیەک دەمویست مێژووی بسڕمەوە، بەڵام هاوڕێیان ئێستا تەمەنم بەرەو پیری دەڕوات، ئەو چەندین سالەی لێرەم هەوڵمدا هەموو شتێک بسڕمەوە، وامکرد، هەموویم لەخۆم دوور خستەوە، کەچی نەمتوانی بۆ ساتێکیش بێت، لەخەیاڵ و دڵ و دەروونم دووری بخەمەوە، هەردەم لەنیوە شەودا خەون بەیەکێک لەشەقامەکان دەبینم، کاتێک چاو شارکێمان دەکرد، کچە نازدارەکانیش کاتێک تێدەپەڕیم، بزیەکی پڕ لەخۆشەویستیت ئاراستە دەکات. دەزانن کاتێک ئۆلیڤیا پرسیاری خۆشەویستی و دڵداری نێو شەقامە بازنەییەکانم لێدەکات، بە زمانی ئەو ناتوانم بەتێروتەسەلی دەربڕینەکانم بخەمە روو.
ئۆلیڤیا: باشە تۆ زمانی ئێرە لەمن باشتر دەزانی، کەچی ئێستا لاڵ بوو؟
ناچار بێدەنگ دەبم دەچمەوە نێو دڵ و دەروونی خۆم.

رەسوڵ بەختیار




سۆشیال میدیا ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییەکانی، لەسەر ڕەوتی ژیانکرن لە کۆمەڵگەی هاوچەرخ دا…

لیکۆڵینەوە دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر.

پێشەکی:.
سۆشیال میدیا ئەم فاکتە گشتییەیە کە لە ئاکامی هاتنە کایەی جیهانێکی بەرفراوانی بەیەکەوە گرێدراوی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییە‌، کە له‌ ئەنجامی پێشكه‌وتنی سیستەمی ته‌كنه‌لۆژیای ئینته‌رنێت و زیدەتربوونی خواست و ویستی تاکەکان بۆ ڕزگاربوون لە چه‌قبه‌ستوویی میدیای‌ فەرمی و ئاڕاستەکار هاته‌ ئاراوه‌. پاش ئه‌وه‌ی میدیای کلاسیک، تاكه‌كانی به‌ره‌و بێزاری و ونبوونی دید و شوناسی تاکەکەسی و توانەوەی بۆچوونی تاک، لە ڕوانینی دەستەجەمعی جلەوکراو و به‌لاڕێدابردنی ‌مه‌عریفەی زاتی، لەهەمبەر لەدەستدانی شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی میدیا‌ برد. بۆ ئەوەی تاکەکان لە فەزایییەکی فروان و ڕەها دا، ئاسنتر و ئازادانە بڕوانن و ڕاسته‌وخۆ و بێ بوونی هیچ فلتەرێک و بەربەستێک ئاوێتەی جیهانی زانیارییەکان و گەیشتن بە دەرەوەی خۆیان بن، پەنا بۆ سۆشیال میدیا دەبەن، ئەمەش كاردانه‌وەی میدیای تاکەکەسی‌ دروست ده‌كات.

پێناسە:.

سۆشیال میدیا لە ڕووی زاراوەیەوە لە (Social Media) هاتووە، واتا میدیای کۆمەڵاییەتی، یان میدیای خەڵک. کە ڕاستەخۆ، بەکاربەر یان فان دەتوانی مامەڵە لەگەڵ هەر پێشهات و پێوستییەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە لە چوارچێوەی سیستەم و یاسا و ڕێنمایەکانی هەر ئەپێک دا بکات، کە تێدا وەک هەر تاکێکی دیکەی بەکار بەر مافی خاوەندارییەتی بەکارهێن بە یەکسانی و ئاسانترین شێوە وەردەگرێت.

سەرەتا:.

گەر بمانەوێت بە وردی لەسەرئەوە بووەستین ئایە بەدیاری کراوی سۆشیال میدیا وەک پێوستییەکی حەتمی هاتۆتە بەرهەم و خۆی خزاندۆتە نێو فەرهەنگی ژیان، یان لەئەنجامی گەشەسەندن و پێشخستن و داهێنانی زانستی بووە، بە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ. لەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسێکی تر کە سۆشیال میدیا جیهانێكی گریمانەییە یان بەرنامە بۆ داڕێژراوە. دەركەوتنی سۆشیال میدیا بەرهەمی میدیا خۆیەتی یا ئەوەتە پاشەكشەی میدیای باوە! بۆ هاتنەکایەی سۆشیال میدیا حەقیقەتێک هەیە، ئەمیش لەگەڵ هەر جۆرە پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیای ئامێری زیرەک، میدیا و ڕوانینەکانی گۆڕانكاری بەخۆوە دەبینێت، جۆری بەکاربردن و مامەڵەی خەڵكیش لەگەڵ میدیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، شتێك هەیە لەبواری میدیادا، که‌ هەمیشە قەسەی لەسەر دەكەین، ئەویش حەتمەیەتی تەكنەلۆژییە، زۆرجار تەكنەلۆژیا كە سەرهەڵدەدات بەتایبەت لە بواری میدیا لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریش دەهێنێتە ئاراوە، ئەویش رەنگدانەوەی بووە لەسەر ژیانی ئێمە لەسێ بواری سەرەكیدا، ئەوەی سۆشیال میدیا ئێستا هێناویەتە ئاراوە دەتوانین لەسێ روانگەوە تەماشای بكەین، یەكێكیان ئەوەیە دەتوانین بڵێین دنیایەكی گریمانەییە، یەكەمیان بەجەمسەربوونی تاكە، ئەم سۆشیال كۆمەینیكەیشنە تاك دەكات بەجەمسەر بەو مانایەی مامەڵەی لەگەڵ تاك دایە، راستە مامەڵەیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تاكدا كردووە، بەڵام ئەگەر دیقەت بدەیت، ئەگەر مامەڵەی خەڵك مامەڵەیەكی دەستە جەمعی بێت لەتەماشاكردندا یان رادیۆ بەهەمان شێوە گوێگرتنێكی دەستەجەمعی بێت، ئەگەر دەستاودەستكردنی رۆژنامەیەكیش مامەڵەیەكی دەستەجەمعی بێت، بەڵام مامەڵەی ئێمە لەگەڵ سۆشیال میدیا مامەڵەیەكی تاكە، واتە تاك دەبێت بەجەمسەر.
دۆخێكی تر كە دروستی دەكات كە كۆمەڵێك شتی تر لەتاك دەسەنێتەوە، گرنگترین شت سەندنەوەی تایبەتمەندی تاكە، ئەم تەكنەلۆژیایە بەتایبەتی لەسەردەمی سۆشیال میدیادا، تاك بەخۆی نازانێت تادێت تایبەتمەندی خۆی لەدەست دەدات، حاڵەتێكی تریش نامۆبوونی تاكە، چونكە ئەو لەدۆخێكدا دەژی كە گریمانەییە، دۆخێكی واقیعی نییەو مامەڵەكردنەكەش گریمانەییە، پەیوەندییەكان گریمانەییە، تادێت ئەو دۆخە گریمانەییە زیاتر خۆی بەرجەستە دەكات.
بەواتایەکی دی تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکان ، ئەو پەیوەندیە خێرایەیە کە بەکەمترین کات و کورترین ڕێگە، بە شکاندنی سەرجەەم سنوورەکان خەڵکەوە دەمانبەستێتەوە. لە کاتێکا ئەمڕۆی سەردەمی خێراییە و بۆ بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی تاکەکان، کاتی ئەوەمان نیيە تەنانەت پەیوەندییە ئاساییەکانمان لە دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببەستین ، بۆیە ھانا و پەنامان بۆ ئەم شێوازە لە پەیوەندیکردنە دەبەین و بە زۆر شێوازی جۆراوجۆر بەکاری دێنین. که‌سه‌کان به‌بێ بوونی هیچ سنورێک له‌ ته‌واوی دونیا پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و دەکرێت بە رەهایی و بێ سنوریش کاری لەگەڵدابکەیت ، گەر بەکۆمەڵی و پێکەوە بوونبێت یان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانی بێت، یان چاڵاکی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابووری و ئایانی و هەربوارێکی دیکە بێت، لە ھەموو کاتەکاندا بەکارھێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیيانەین . لە یه‌کتر ناسین و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا و وه‌رگرتنی زانیاری خۆیی ده‌بینێته‌وه.‌

جۆر و پۆلینەکانی سۆشیال میدیا

له‌ساده‌ترین پێناسه‌دا، سۆشیال میدیا ئه‌و جۆره‌ له‌ میدیایه‌ که‌ چیتر خودى خۆى به‌ ته‌نها قسه‌ ناکات، جیاواز له‌ میدیا باوه‌کان وه‌ک رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و میدیاى چاپکراو رێگه‌ به‌ خه‌ڵک ده‌دات ببن به‌ شێک له‌ به‌هاى ناوه‌ڕۆکى ئه‌و زانیاریه‌ى، که‌ سۆشیال میدیا بڵاویده‌کاته‌وه‌. له‌ سۆشیاڵ میدیادا هه‌م ده‌زگا فه‌رمییه‌کان و هه‌م خه‌ڵکیش ده‌توانن ئازادتر بدوێن و به‌ ستایلى جیاواز بنووسن و بڵاوبکه‌نه‌وه‌.
چه‌ند جۆرێک له‌ سۆشیاڵ میدیامان هه‌یه‌. وه‌کو وترا ئه‌و میدیایه‌ جیاوازى گه‌وره‌ى به‌شداریکردن و په‌یوه‌ندیکردنه‌ که‌ ده‌کرێت جۆرى تێکه‌ڵبوونى له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا به‌م جۆره‌ پۆلێن بکرێت:
سۆشیال بوکمارکین :. ئه‌م جۆره‌ له‌ سۆشیال میدیا ڕێگه‌ به‌ به‌شداربووه‌کانى ده‌دات ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت نیشان (تاگ) بکات له‌سه‌ر بنه‌ماى نیشانه‌کردنى به‌شداربووه‌کانى تر.
سۆشیال نیوز:. ئه‌م جۆره‌ش له‌ سۆشیال میدیا ڕێگه‌ به‌ به‌شداربووه‌کانى ده‌دات ده‌نگ بده‌ن یان کۆمێنت بنوسن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت و هه‌واڵانه‌ى ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ بڵاویده‌که‌نه‌وه‌، که‌ به‌ ماڵپه‌رى سۆشیال نیوز ناوده‌برێن.
سۆشیال فۆتۆ و ڤیدیۆ:. ئه‌م جۆره‌ش له‌ سۆشیال میدیا رێگه‌ به‌ به‌شداربووه‌کانى ده‌دات بتوانن فۆتۆ و ڤیدیۆ ئه‌پلۆد بکه‌نه‌ سه‌ر ماڵپه‌ره‌که‌یان و هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ به‌شداربووه‌کانیشى ده‌دات کۆمێنت بنوسن له‌سه‌ر فۆتۆو گرته‌ ڤیدیۆیه‌کان.
ویکیس:. ئه‌م جۆره‌ش له‌ سۆشیال میدیا رێگه‌ به‌ شداربووه‌کانى ده‌دات به‌رهه‌مى نوسراو زیاد بکه‌ن بۆ ماڵپه‌ره‌که‌یان و هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ به‌شداربووان ده‌دات، نوسینى زیاتر یان به‌رهه‌مه‌ نوسراوه‌کان که‌ ئه‌پلۆد کراون، که‌مبکه‌نه‌وه‌.
سۆشیال نێتۆرکین:. یان تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان: ره‌نگه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ سۆشیال میدیا باوترین جۆرى بێت له‌ناو کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا و ئه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ش له‌ سۆشیال میدیاکانى تر جیا ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ رێگه‌ به‌ به‌شداربووه‌کانى ده‌دات بتوانن له‌ نێو خودى خۆیاندا په‌یوه‌ندى بگرن و ببنه‌ هاوڕێى یه‌کترى، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى زۆرترین خه‌ڵک به‌ تایبه‌تى له‌م ناوچه‌یه‌ له‌ ده‌ورى خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌.
هەرچەندە تائێستا داتایەک و ئامارێکى ورد لە بارەى بەکارهێنەرانى کورد لەبەردەست دانەبێت لێ بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و درککردن بەو ڕاستییە باوترین جۆرى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ وڵاتانى سێ و ڕۆهەڵاتى ناوەڕست و عێراق و کوردستان بەتایبەتى ‌ فه‌یسبوک و ئینستگرام و تیکتۆک و سناپ چاتە کە زۆرتر بابەتى سەرگەرمى و خۆدەرخست و پەیوەندی و گفتوگۆکردنن کە خۆیان لە هەردوو پۆلینى سۆشیال فۆتۆ و ڤیدیۆ و سۆشیال نێتۆرکین دەبینێتەوە.

سۆشیال میدا و لێکەوتە و کاریگەرییەکانى:.
هەڵبەتە ڕۆڵ و كاریگەریی و لێکەوتەکانى سۆشیال میدیا بەدەرنییە لە سەرهەڵدانى هەر داهێنانێکى ترى زانستى، کاتێک ڕوو لە مرۆڤایەتى دەکات و دووڕووى جیا نیشان دەدات، یان وردتر بڵێن و سۆشیال میدیا شمشێرێكی دوو دەمە، لایەنی ئەرێنى و نەرێنى هەیە و کاریگەرى خۆى بەسەر كۆمەڵگەوە دەسەپێنێت، ئەویش دەكەوێتە سەر چۆنییەتی بەكارهێنەر و پێشكەشكردنی سرویسەکانى گەرهاتوو شێوازێكی ئەرێنی پیشان دا، تاک لێی سوودبەخش دەبێت و كۆمەڵگە بەرەو ئاقارێكی باش ئاڕاستە دەکات، پێچەوانەكەشى تاک زەررمەند دەبێت تووشى دەیان و ئاریشەى دەروونی و تەندروستی و پەروەردەیی و دەبێت و خێزان و کۆمەڵگەش لەبەریەک هەلدەوشێنێتەوە.
بۆیە ڕۆڵ و كاریگەریی و لێکەوتەکانى سۆشیال میدیا بەسەر دوو لایەن دەبەش دەکەین.

سوودەکانى سۆشیال میدیا:.
سۆشیاڵ میدیا بە یەکێک لە گرنگترین تەکنەلۆژیاکان دادەنرێت کە بەکار دەهێنرێت بۆ بەشداریکردنی بیرۆکە و زانیارییەکان لەسەر کۆمەڵگە گریمانەییەکانی نێو تۆڕی ئینتەرنێت، بە جۆرێک بەردەستبوونی ئەو ناوەڕۆکانە ئاسان دەکات کە زانیاریی تایبەتی و ڤیدیۆ و وێنەیان تێدایە، هەروەها نامە ناردنی نێوان تاکەکان ئاسان دەکات، بە تایبەتی کە سۆشیال میدیا زۆر باڵاو بووەتەوە.
1-بەئاسنترین و کورترین ڕێگە دەگەیتە زۆرترین هەواڵ و زانیارى و داخوازییەکانت.
3-فیربوونى زمان و ئاشنابوون بە کلتور و دابونەریتە جیاوازەکان.
4-دەستگەیشتن بە ئاسانترین شێوە بە سەر هەڵى کار و خوێندن و گەشتکردن.
5-بەکارهێنانى سۆشیال میدیا بۆ لۆبى کردن و یەکدەنگى هێنانەدى داخوازییە جەماوەرییەکان.
6-ئاسانکارى بۆ درووستکردن و ئاگاداربوون لە دەستە و کۆمەڵەى مەدەنى ڕێکخراوەیى و پیشەىى و گروپی فشار.
7-گرنگی سۆشیاڵ میدیا بۆ بە بازاڕکردن زۆرترین کڕیاری نوێ دەهێنێت بۆ ئەو کارە بازرگانیانەی لەسەر بازاڕگەری وەستاون بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و ،خزمەتگوزارییەکانیان و بەردەوام بوون لەگەڵ کڕیارەکانیان لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە.

زیان و مەترسییەکانى سۆشیال میدیا:.

بەپێى ڕاپۆرتىى ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بەکاربەرانى سۆشیال میدیا بەوە وەسف دەكات كە دۆخێكی دروستە كە تاك تیایدا توانا تایبەتییەكانی خۆی ببێنێتەوە. لێ لەم رێگەیەوە سۆشیال میدیا رۆژانە بەسەر تاکەکان دا زاڵ دەبێت، بە جۆرێك كە لە وزەى جەستەی و دەروونى دا بەرهەمدارنابێت ‌و هاوبەش لەگەڵ دەورووبەر لەدەست دەدات. چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی جۆراوجۆر كراوە لەسەر پەیوەندی ‌و كاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە گشتی ‌و تەندروستی دەرونی بەتایبەتى.

توێژینەوەیەك لەو بارەیەوە بخەمە روو:
میشێل فانسۆن (Michel. 2010) لە توێژینەوەیەكدا كەلەسەر 1600 خوێندكاری زانكۆ كردویەتی، دەریخستوە كە ئەو كەسانەی سۆشیال میدیا بەكاردێنن زۆرترین كاتەكانیان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتە ‌و كەمتر تێكەڵ بە هاوڕێ ‌و خێزانەكانیان دەبن، ئەمەش هەستی تەنهایی بۆ دروست كردون‌ و متمانەبونیان بە خۆیان بۆ كەم بۆتەوە. یان ( كالبیدۆ، كۆستین، مۆریس) (kalpidou . costin . Morris) لە توێژینەوەیەكدا لە زانكۆكانی باكوری ئەمریكا ، سەبارەت بە كاریگەری فەیسبوك لەسەر خودناسی‌و گونجانی دەرونی‌و كۆمەلایەتی، گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی كە: خوێندكارانی قۆناغە سەرەتاییەكانی زانكۆ كاتی زیاتر لەسەر فەیسبوك بەسەر دەبەن.

بۆیە ئێمەش لە کۆمەڵگەى کوردى دا زیانەکانى بەکورتى بە چەند خاڵێک دەخینەڕوو:.
١- تێکشکاندنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان. بۆ کۆمەڵگەیەکی فرە کلتور و فرە بیرورا و ئاینی ئەمە واتە کوشتنی رۆحی دۆستایەتی و خۆشەویستی و هاورێیەتی وە بێ ئاگاییمان لە دەوروبەر، لە قسەکردن و بیروڕا گۆڕینەوە، لە بەئاگاییمان لە ساتەوەختی روودانی خۆشی و ناخۆشیەکان، کوشتنی لەزەت و جوانی، هەست نەکردن بە چێژی قسەکردن و دانیشتن لەگەل خێزان کاتێک ئەوان بەها و جوانی و ئاسوودەیی دەبەخشن بە رۆحمان. سۆشیاڵ میدیا توانیوێتی کارێک بکات دەنگ و شێوەی ئازیزانمان بیربچێتەوە، هەموو کەسێک لە فۆرمی ئیمۆجی و دڵسۆزیان لە شەیر و لایک و کۆمێنت دا دەبینین.
٢- دواخستنی بەرەوپێشجوونی پرۆسەی خوێندن. هەموو ئەو مندال و مێرد منداڵانەی مۆبایل و ئینتەرنێت بەکاردێنن درەنگتر پەیوەندیان بۆ دروست دەبێت لەگەڵ کاغەز و کتێب و نووسین دا چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوان لە پرۆسەی نوسین بە قەڵەم دابڕاون تەنها وابەستەی وێنەی رەنگا و رەنگ و تۆنی دەنگن لە ڕێگەی مۆبایل و ئایپاد و لاپتۆپەوە، یاریە ئەلیکترۆنییەکانیشن بەشێکن لە پرۆسەی شکست پێهێنانی خوێندن کە ئەمە کاریگەری نەرێنی دروست دەکات چونکە ئالودەبوون بە یاریە ئەلیکترۆنییەکان بە پێی چەندین توێژینەوەی زانستی (منداڵ و گەورەکان) بێ جیاوازی تووشی خەمۆکییان دەکات وە جگەلەمەش، زیانە جەستەییەکانی وەک (قەڵەوی و فەقەراتی مل و پشت ونەخۆشیەکانی چاو هتد) تووشی بەکارهێنەرەکان دەبێت.
٣-دروست کردنی مۆدێل و فاشیۆن، مۆدێل و ئەکتەری ریکلام و چەندین کارەکتەری نامۆ بە کۆمەڵگە. لەڕاستی دا دەکرێت ئەمانە گرفت نەبن یان شتێکی ئاسایی و رۆتینی ژیان بێت، بەڵام کەی و لە کوێ و چۆن؟ بۆ دنیای دەرەوە کە ئەخلاقی بەکارهێنان و یاسا و سیستەم جێبەجێ دەکرێت. واتە کاتێک ماشێنەکە دەگاتە دەست بەکارهێن ئەخلاق و پرەنسیپی بەکار‌هێنانیشی لەگەل دایە و یاساش چاودێری دەکات و وە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و چاوکراوەیە نەک چاولێکەر، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ کۆمەڵگەی کوردی جۆرێكن لە پاکێجی مۆدێل بەبێ تێپەرین بە خاڵی سەرەتا چونکە نە هێندە هۆشیارین وە نە یاساش سێبەر و چاودێرمانە، وە ئەم جۆرە دروستکردنە نەوەیەک بەرهەم دێنی کۆنترۆل نەکراو هەموو بڕیارەکانی وا بەستەی غەریزەکانییەتی و عەقڵ و لۆجیک هیچ بەهایەکیان نییە.
لێکەوتەی ئەم حاڵەتانە (چاولێکەری و لاسایکردنەوەیە) کە زۆرینەی خێزانەکان ڕێگا بەو جۆرە لە خۆدەرخستن و خۆ ڕوتکردنەوەیە نادەن وە لە دەرەنجام دا بەریەکەوتن ڕوودەدات و کێشەکان گەورەدەبن و لە کۆنتڕۆڵ دەرئەچن.رۆژانە دەبینین و دەبیستین کاری (خۆسوتاندن و خۆ کوشتن یان دەکوژێن) هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ بەرامبەر بڕێک پارە یان ئەنجامدانی کاری سێکسی وە چۆن سوکایەتی بە شکۆ و بەهای مرۆڤ دەکرێت کاتێک بە کۆمێنت و پۆستی نەشیاو و گاڵتەکردن بە کەم عەقڵ و خاوەن پێداویستی تایبەت و رۆشنبیر و سیاسی و پیرۆزیەکان و جەندانی دیکە دەیبینین. چەندان خاڵی دیکەی لاوەکی هەن و پێویستیان بە پسپۆری دەرونی و توێژەری کۆمەڵایەتی و کەسانی شارەزا هەیە تا قسەی لەسەر بکەن، وە پێموایە چارەسەری هەموو ئەم گرفتانە دەکرێت بە.
4- ئەنجامدانى کارى توندو تیژى و قۆرغکردنى رای گشتى و مانەوەیان لە ژێر هەژموونى دەسەڵاتدەرانى ستەمکارى یان پێچەوانەکەى قۆستنەوەى بەرهەڵستکاران و ناڕازییە سیاسییەکان هاندانى گەنج و لاوانان بۆ کارى توندوتیژى و خوێنڕشتن.
5- زۆربوونى نەخۆشییە تەنرووستیەکان و دەرونییەکان بەهۆى ئالوودەبوون و تێکدان و شێونى بارى دەروونى بەکاربەران لە کاتى بینینى دیمەنەکانى کوشتن و بڕین و تووندوو تیژییەکان.
6- پاشەکشەکردن بە مەعریفە و خوێندنەوەی کتێب و ئاستى ڕۆشنبیرى تاک بەهۆی سەرقاڵى زۆرتر بە ئامیرە زیرەکەکان.
١- پێداچوونەوە بە سیستمی پەروەردە و خوێندن
٢- چاودێریکردن لە ڕێگەی خێزانەکانەوە وە لێپرسینەوە لەگەڵ نەوەکانیان بە شێوەیەکی دروست.
٣-سەروەری یاسا و لێپێچینەوەی تەواو لەگەڵ بەکارهێنەران لە کاتی هەر هەڵەیەک کە دەکرێت.
٤-رێکخستنی سیمینار و بەرنامەی دیالۆگی کراوە لەرێگەی دایەنگە و خوێندنگە و زانکۆکانەوە، پێدانی بەرنامەی هۆشیاری لەسەر بنەمای لۆجیک.
٥-هاوکاری کردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە هاونیشتیمانیان و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە باسەکەوە.

چارەسەر
دیارە هەرکاتێک پێشهات و گریمانییەیک ڕوو لە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى دەکات، سەرەتا لە حاڵەتەوە دواتر بۆ دیاردە سەرهەڵدەدات و بۆیەشە زانست هەمان پێوەرە بە هۆى بەرفراوان بوونى بەکارهێنەران و زۆرى خواستى بەکار بەر کۆنتڕۆڵکردن و کێوماڵکردن و دەستبەسەراگرتنى بەکاربەران چۆنییەتى بەکارهێنان و مامەڵەى تەندرووست لەڕووى لێپرسینەوە و بەیاسایکردنی ئاسان نییە، وەلێ وەک چارەسەر ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو.
دەرکردنى یاسا و ڕێنماییەکانى تایبەت بە سۆشیال میدیا.
کردنەوەى خول و سیمینار و ۆرکشۆپ بۆ وشیارى مامەڵکردن لەگەڵ سۆشیال میدا.
بڵاوکردنەوەى هۆشیارى یاسایی لەسەر یاساى بەکارهێنان و مافى بەکاربەر.
جێکردنەوەى لە وانەیەکە تایبەت یان بوونى بەشێک لەوانەى پەروەردە و فێکردن لە سییتەمى خوێندنى قوتابخانەکان.
درووستکدنى بۆردیکى هاوبەش لە وەزارەتى ناو خۆ و ڕۆشنبیرى و کاروبارى کۆمەڵایەتى بۆ چاودێرى و پێداچوونەوە و چارەسەر بۆ دەرەهاویشتە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانى کۆمەڵگە.

ئەنجام
لە کۆتاییى باسەکەمان دا گەیشتینە ئەم دەرنجامەى کە هاتنى سۆشیال میدیا وەک پێشکەوتنى زانستى تەکنەلۆژى چەندین دەرهاویشتە و لێکەوتەى بەدواى خۆیەوە هێنا. ئەم کاریگەرییەى سۆشیال میدا بە هەردوو ڕووى ئەرێنى و نەرێنى بۆتە زەروورەتێکى حەتمى بە هۆى بەرفراوان بوونییەوە و لە ئێستا دا جلەوکردنى زەحمەتە. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر چۆنییەتى شێوازى بەکاربەر بەکام چەشن بەکاردێنێت، لێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتى ناوین زۆرتر لایەنە نەرێنییەکەى باڵى بەسەر کۆمەڵگەکان دا کێشاوە و چەندین گرفت و ئالینگارى لێکەوتۆتەوە و زۆر جاریش تاک و خێزان باجى هەڵەکانى سۆشیال میدیاى داوە و هەندێک جاریش دەبێتە مایەى خرۆشانى جەماوەرى و بێ ڕیزى کردن بە بەهاکان و ئایین و باوەڕ و پیرۆزییەکان، قوربانى بە کۆمەڵى لێ کەتۆتەوە. کەواتە سۆشیال میدا چەکێکە هەموو تاکێک دەتوانى چۆنى بوێت ئاوا بەکاریبێنێت.

سەرچاوەكان:.

کوردى

  • هەردی ئیسماعیل – لایەنە خراپەكانی بەكارهێنانی ئینتەرنێت‌و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان – روانگەو رەخنە – 20/12/2019.
  • بیزا برزۆ – چۆن دەتوانرێت سۆشیال میدیا كاریگەری ئەرێنی لەسەر تاكی كورد هەبێت – سایتی سبەی – 18/8/2019.
  • تانیا ئاوارە – ئامارەكان ژمارەی مەترسیدار لەبارەی كاریگەری نەرێنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەدركێنن – كوردستانی نوێ – ژمارە 7494 – 16/2/2018.
    فارسی
    -رسناهاى اجتماعي سيت هاى اجتماعى مانند فيسبوك و تئوتر. محمد على پورز چاپ 20219. تهران.
    -سوشال مدیا (Social Media) یا رسانه اجتماعی چیست؟ بيلالفيَت. هانیه زاهدی.
    -چگونه استراتژی سوشال مدیا بنویسیم. اتوسا اهنك. نوامبر 13, 2021 نوين هاپ.
    -بررسی انواع مختلف سوشال مدیاو چگونگی کارکرد آنهامدیر سایت ایاتاللە كاشانی ۲۲ فروردین ۱۳۹۹.
    عربی
  • الشبكات الاجتماعية و القيم رؤية تحليلية. تأليف: جبريل بن حسن العريشي الناشر: الدار المنهجية للنشر والتوزيع الطبعة الأولى تاريخ النشر: 2015
  • ثورة الشبكات الإجتماعية؛ ماهية مواقع التواصل الإجتماعي وأبعادها تأليف: خالد غسان المقدادي تاريخ النشر: 2013 الناشر: دار النفائس للنشر والتوزيع الطبعة: 1
  • ثورة العشرين دراسة في الأحزاب السياسية والشبكات الاجتماعية في العراق 1908 – 1920 كیكو سكای دار الرافدين للطباعة والنشر والتوزيع. اكتوبر 2020.
  • المشاكل الاجتماعية والسلوك الانحرافي. دكتور محمد عاطف غيث. استاذ علوم الاجتماع. جامعة الاسكندرية. 1989.

ئینگلیزى

and the Well-Being of Undergraduate College Students, Cyberpsychology, Behavior and Social Networking, 14(4). pp. 183- 189
Mecheel,Vansoon(2010). Facebook and the invasion of technological communities , N.Y,Newyurk, from.www.pewinternet.org/pdfs.pip_Teens_Privcy_SNS_Repo rt_final_ pdf




سڵاو بۆ 7 ژن دەنێرم… سەحەر ناسر… و: هاوڕێ خالید

بیرۆکەی یەکسانی جێندەری نێوان ژن و پیاو، ناتوانێت قەناعەتم پێ بهێنێت، چونکە بڕوام وایە دۆزی مرۆڤ هەر بەمشێوەیە؛ پیاو یان ژن، دەکرێت دز، بکوژ یان ساختەکار و فریو دەربێت. ئەگەر لەم ساتەوەختەدا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیت نییە، داکۆکی لە ژنان و تواناکانیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی دەرگات بۆ بکرێتەوە، چونکە دەتوانرێت تۆمەتەکانی سەر “ژن” بەسەر هەر کەسێکدا ببەخشرێتەوە، کاتێک لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا ناکۆک بێت: “بە پێی میزاجی ئەویتر کار ناکات”.
لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا هەزاران توێژینەوە و وتار و کتێب چوونەتە ناو دنیای ژنانەوە و سەرکەوتوو بوون و یارمەتیان داون و سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان کرد و پشتیوانیان لێکرد و سەرکەوتووانە لە چێشتخانەوە ژووری نوستنەوە، ژنیان گواستەوە؛ بەرەو ڕاڕەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆڕبەندە ڕۆشنبیرییەکان. بەڵام دوای ئەوە چی؟
لە ڕۆژی جیهانیی ئەمساڵی ژناندا، بە ناونیشانی _(ڕۆژی جیهانی ژنان 2022: یەکسانی ڕەگەزیی ئەمڕۆ بۆ سبەینێیەکی بەردەوام) کە تێیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەپەیامێکی ساڵانەیدا داوای دەستنیشانکردنی زیاتر لە وەزیرانی (ژن بۆ ژینگە) دەکات، چونکە ژنان زیاتر لە پیاوان لاوازترن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و زۆرینەی هەژارانی جیهان پێک دەهێنن و زیاتر پشت بەسامانی سروشتی دەبەستن…….ئەمە ئەو فەلسەفەیە کە جیاوازی دەکات لە نێوان ڕەگەزەکان تەنانەت لە ئۆکسجین و هەوا، هەناسە دەدات.
کێشەی یەکسانی جێندەری لە پەروەردەدا، وەک جوینەوەی بنێشتێکی بێتامی لێهاتووە. ڕاستە نایەکسانی پەروەردەیی لە کۆمەڵگا بێ بەشکراوەکاندا هەیە، گومانی تێدا نییە ئەمە پێویستی بە چارەسەرە. هەروەها کێشەی منداڵانی نێرینەی بێ بەش لە پەروەردە کە لە شەقامەکاندا هەن، یەکسانی جێندەری لە پەروەردە و هاوسەرگیری و دامەزراندن و مووچە و تەندروستی و تەکنەلۆجیا….بەڵام؛ (کێشەی یەکسانی جێندەری) کێشەیەکی سروشتی و خۆڕسکانەیە، بۆیە واز لە دروستکردن و زیادکردنی جیاوازییەکان بهێنن.
من ژن وەک پیاو دەبینم لە هەموو پێگە و سەکۆ و بوارەکاندا، ئەگەر پیاوێک ببینم لە ماڵەکەیدا بڵێ من پیاوم، هەروەها ژنێک دەبینم لە ماڵەکەیدا دەڵێت: ئێرە نیشتیمانی منە، من دایک و ژنم.
ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە لە ڕۆژێکی جیهانیدا و لەم پرسە گرنگەدا بازرگانیکردن و وەبەرهێنانی ڕەگەزیمان بوەستێنین و دەسکەوت بۆ کۆتایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە دەست بێنین.
لەم ڕۆژەدا زۆرێک چاوەڕێن بیریان بخەینەوە کە ئەوان ژنن و هۆکارێکیان هەیە بۆ شانازیکردن بەخۆیان.
لە ڕێگەی پلاتفۆرمی میدیاوە سڵاو بۆ 7 ژن دەنێرم:
سڵاوێک بۆ ئەو ژنەی کە بەیانیان بە بڕوا بە خۆبوونەوە لە خەو هەڵدەستێت و بەچاوی دوژمن سەیری پیاوەکەی ناکات.
ستایش بۆ ئەو ژنەی کە لەگەڵ خۆی ئاشت دەبێتەوە و بەهۆی گرێ دەروونییەکانی کە ژنانی تر، لەگەڵ پیاواندا تاوانبار ناکەن سڵاو بۆ ئەو ژنەی کە بەرگری لە پرسی مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون دەکات و بەرگری لە مافی خۆی دەکات وەک مرۆڤێک بەبێ ئەوەی بانگەشەی ژنبوون بکات سڵاو لەو ژنەی کە دووگیانی و لەدایکبوون وەک بابەتێکی بابەتی دەبینێت و ئەمە ناقۆزێتەوە لە سوکایەتی پیاودا بەکاری ناهێنێت سڵاو لە هەموو ژنێک کە خۆشەویستی لە دڵیا هەڵدەگرێت و پەخشی دەکاتەوە، بێ ئەوەی چاوەڕێی سەلماندن لە پیاوێک بکات.
سڵاو بۆ ئەو ژنەی کە ژنییەتی خۆی دەپارێزێت و بیر و زەردەخەنەی تیشک دەداتەوە بێ ئەوەی ڕقی لەوە بێت کێ دەدرەوشێتەوە و زەردەخەنە دەکات.
سڵاو لە هەموو ئافرەتێک کە لە ڕۆح و تێگەیشتن و خۆڕاگری و لێهاتوویی لە کارەکانیدا جوانە و پێشەنگە لە بیرۆکەکانیدا
وە لە کۆتایدا سڵاو بۆ ئەو پیاوەی کاتێک ژنێک “دڵگران و نیگەرانە”.، باوەش و، زەردەخەنە دەکات و چاکی دەکاتەوە.

https://m.al-sharq.com/opinion/writer/%D8%B3%D8%AD%D8%B1-%D9%86%D8%A7%D8%B5%D8%B1




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…6…شەماڵ بارەوانی

بەشی شەشەم/
بۆچی کاتی فەقێیاتیم ئینجیلم دڕاند..!؟

ئینجا لەو بەشە هاوڕێیان بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکە، لە بەشەکانی پێشوو باسم لەوە کرد، فەقێیەک لە حوجرە، کە خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش و یەکێک لە دێیەکانی لای خۆمان بوو. لەکاتی وتنەوەی وانەی فەلسەفە بە فەقێکانی تر، دەڕۆیشتە دەرەوە لە ژوورەوە، تا گوێی لە فەلسەفە و قسەی فەیلەسوفەکان نەبێت، نەوەک تێک بچێت و شێت بێت و سیستەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەی ئاڵۆز بێتن و تووشی گۆمڕایی و بێ باوەڕی و بێت.

ئەو فەقێیە، کە لە ترسی من ڕایدەکرد کاتێک وانەی فەلسەفەم بە فەقێکان دەگووتەوە. خۆیشی دواتر لەڕێگای منەوە گۆڕا و بوو بە قورئانی و دواتر و سەرەنجام واوەتر ڕۆیشت و بوو بە کەسێکی لائیک، (لە مێژە ئاگاداری نیم و نازانم ئێستا بە کوێ گەیشتووە!؟).

فەقێیەکی تر هەبوو، فەقێ(خ)، ئەویش خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش بوو. ئەوان ماڵەوەیان هەمویان ئیسلامی سیاسی بوون.
لە ناو فەقێیەکان قسەی پێ دەگووتم و تەنانەت جوێنیشی پێ دەدام و دەیگووت: گوێی بۆ مەگرن، ئەو فەقێیەکی گومڕایە، وەلێ دواتر کاتێک لە گەڵم دانیشت، دوای چەندین دانیشتن و دیالۆک و گفتوگۆ، سەرەنجام هاتە سەر هەمان قەناعەتی من.

دواتر ئەو فەقێیەلەسەر قورئانی بوون و بۆچوونی جیاواز، ماوەیەك لەگەڵ باوکی کێشە کەوتە نێوانیانانەوە، لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، بوو دڵنیابوون لە زانیاریەکانم سەبارەت بەوە، پێوەندیم پێوەکرد و خۆی ئەوەی بۆ باسکردم و ئەو هەواڵەی پشت ڕاستکردەوە.
لەگەڵ ئەو کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و ژیانی حوجرەم، ئێستاش هەر هاوڕێین و لەفەییسبووکیش فرێندین و پێی گووتم: ئاگام لە بیرەوەریەکانتە و دەیانخوێننمەوە.
ئەو فەقێیە، ئەوکاتەی بوو بە قورئانی چەند پۆستێکیم بینی لە فەیسبووک، زۆر دژە باو بوو، پێم گووت: کاکە لەسەر خۆ، بەو شێوە مەنووسە، کەس لێت تێناگات، زمانی نووسینەکەت هەندەک زبر و قورس و شێوازێکە، پیاوانی ئایینی و خەڵکی گشتی و مێگەڵ، بۆیان هەزم ناکرێت و کێشەت بۆ دەنێنەوە، بە تایبەتی لە گەڵ ماڵەوەتان.

ئەو فەقێیە، دواتر و دوای من، کۆلێژی: زانستە ئیسلامیەکان-زانکۆی سەلاحەدینی تەواوکرد. ئەویش هەمان کۆلێژ. کەمن پێشووتر لەوێم خوێند.

ئەو کاتەی من قورئانی بووم، چەندین فەقێ و کەسی دەرەوەی حوجرە و فەقێیاتیشم کردن بە قورئانی.
هەڵبەت قورئانیەکان: ئەوانەن کە تەنها باوەریان بە قورئان هەیە، ئەوان ڕیوایەت و کەلەپووری ئیسلامی بە بەشێک لە ئاین نازانن، ڕەخنە لە هاوەڵەکان و خەلیفەکان بە شتێکی نۆرماڵ دەزانن.
ئەوە لە ناو مەسیحیەکانیش هەیە، پێیان دەڵێن: ئینجیلییەکان، یان پرۆتستانتییه‌كان،
من لە حوجرە و کاتی فەقێیاتیم، لەسەر ئایینەکانم خوێندەوە.
ئەوکات هێشتا پۆلی دوانزەی خوێندنی ئیسلامی و لە قوتابخانەی ئایینی (مەلا عەبدولڵا پەلپتانی) فەقێ و قوتابی بووم.
هەرچوار ئینجیلەکەم خوێندەوە(یوحەنا، لۆقا، مەرقەس و بەرنابا)، زەبوورەکەی داود، کتێبەکەی بوودایش( فەلسەفەی ئەخلاق).
دوو سێ کتێبیشم لەسەر کاتۆلیک و ئەرتەدۆکس و پرۆتستانتییەکان خوێندەوە.
هەرچەندە من ئەوکات لە پێناو سود بینین، یان گەیشتن بەڕاستیەکان، یان بزانم مەسیحیەت چییە و چۆنە و ناشرینی و جی جوانی تێدایە، ئینجلەکانم نەخوێندەوە.
نەخێر،

بەڵکوو تەنها لە پێناو ئەوەی شارەزایی لەو ئایینە پەیاکەم و زنیاری لەسەر بەدەستبێنم و پاشان دژایەتی بکەم. من بێ ئەندازە ڕقم لە مەسیحیەت و جوڵەکە و هەموو ئایینەکانی تردەبوویەوە، تەنها ئیسلامم قبوڵ بوو.

هەموو شوێنکەوتەو مرۆڤەکانیتری سەربە ئایین و ئایینزا و بیرو باوەڕ و فەلسەفە جیاوازەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیسلامم کافردەکردن و بۆ ژێر توڕیی و نەفرەتی خوداوەند و ناو دۆڵەکانی دۆزەخم دەناردن و دەمگووت:((وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ))،و جگە لە ئیسلام، هێڵێکی چەوت و ڕەشم بەسەر هەموو ئەوانیتر دادێنا و دەمگووت: هەر هەموویان باتیڵ و کفر و بێ بڕوایی و درۆ و دەڵەسەن.

کەچوار ئینجیلەکەشم خوێندەوە، لای فەقێیەکان سوکایەتی و گاڵتەی زۆرم بە هەرچواردانە ئینجیلەکە کرد.
هەر دوای ئەوەی هەرچوارم خوێندنەوە، پارچەپارچەم کردن.

دواتر و دووای ئەوەی ڕۆیشتمە کۆلێژی شەریعە و بووم بە قۆناغی دووی کۆلێژ، زۆرشت لە تێڕوانین و دیدەنیگاو فیکری پێشووم گۆڕانی بەسەرداهات و وازم لە ئایدیۆلۆژیەتی ئیسلامی سیاسی و دەمارگیری ئایینی و ئاسۆ داخراوی و بیری ڕاسیزم گەرێتی و نەخۆشی مەزهەبگەرێتی و هەست و سۆزێکی کوێرانەی ئایینی هێناو دوور لەهەژموونی هیچ تێگەیشتنێکی پێشوو و لە پەنجەرەیەکی تر و گۆشەنیگایەکی تری زۆر باڵاتر و ئینسانی تر و کراوەتر و فراوانتر و سەت و هەشتا پلە جیاوازتر لەوەی پێشووم لە شتەکانم ڕوانی و هێدی هێدی قەبارەی گوومانە بچووکەکانی پێشووم سەبارەت بە ڕیوایەتەکان و کەلەپوور و فیقهو فیکری دینی و مێژووی ئایینی مەزنتردەبوو، دوای ئەوەی خەریکبوو لە قاوغی فێندەمێنتالیزمی و قەپێڵکی جەهاڵەتدا دەهاتمە دەر و هێدی هێدی فیکر ئیعتیزال و موعتەزیلەبوون و پاشان قەناعەتی قورئانی بوون و تۆی پلورایەتی ئایینی، لە دڵ و دەروون و مێشک و تێڕوانینمدا، چەکەرەی کرد و جێگیربوو.

دووباره ئینجیلەکانم خوێندەوە. وەلێ ئەوجارە، بەڕقەوە و لە پێناو دژایەتی کردن نا، بەڵکوو لە ڕوانگەکی ئەپستڕاکت و ڕووت و پەتی و بێلایەنانە و نها بە ئامانجی گەیشتن بە ڕاستیەکان و لەسۆنگەی مرۆڤ بوون و بەراوردی نێوان ئایینەکان.

دوای ئەوەی هەردووك گەورە تیۆلۆژیست و کەسایەتی و ڕابەری بزووتنەوەی ئیسڵاحی پرۆتستانییەت (مارتین و لۆتەر و جۆن کاڵڤن)و پاشان قەشە زویرگم ناسی.
ئینجا، ئەو قەناعەتەم لادروست بوو کەشکەڵەی ئەوە کەوتە بیر و هۆشم، کە ئیسلامیش چەندە پێویستی بە دەیان مارتین لۆتەر و کاڵڤن و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی هەمان شێوەی پرۆتستانت، یان ئینجیلییەکان هەیه، تا لەو چەقبەستۆیی و دۆگمایی بوون و ئەو هەموو پەتای
مەزهەب و بیری فێندەمێنتالیزمی و دەستی پیاوانی ئایینی و هێزی خوڕافە و ئەو دەیان هەزار ڕیوایەت و، کەلەپوورە ژنگگرتووەی ئایین و مێژووەی ئیسلامی، کە لە خەڵکیان کردووە بە ئایین، دەری بێنن و ڕزگاری بکەن.

بە قەناعەتی من تەنها قورئانیەکان، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن و کۆمەڵەک تێکست هەموار بکەنەوە و خوێندنەوەیەکی تری تازە بۆ دەقەکانی قورئان بکەن.

خوێندنەوەیەک، کەلە گەڵ فەلسەفەی ژیان و ڕۆحی سەردەم و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بگونجێت و وابکەن کە ئایین چیتر هیچ دژایەتی و بەرکەوتنێکی لەگەڵ یەکسانی جێندەری و حەزە سروشتیەکان بەشەر و ئازادیەکانی تاک و ئارەزووی مرۆڤەکان و چەمکی سیکۆلاریزم و هێزی ئەقڵانیەت و دنیای مۆدێڕنێتە و دەسەڵاتی زانست و کۆمەڵێکی مەدەنی و شارستانی و کرایەوە و سەردەمی نەبێت.

ئایین لە دەست ئەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە:
نامرۆڤانە، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیەی، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت. لالەیان
هێزه ئیسلامگەراکان و حزبە دینیەکان و گرووپە ڕادیکاڵ و فێندەمێنتالیزمەکان دەربێنن.




ژوانی ماچ… دڵکەش قادر

مەچۆ ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر کوشتن
مەچۆ ئەو ماڵانەی لە جوغزی شەڕدان
سەر بە نەژادی خەیاڵم
لە خەون کەوتمە خوارەوە و
خەو دەمباتەوە سەر سەماکردن
لە کوانووی شەڕی خەیاڵەوە سەیری
کشانی ئەو نەیزەکانە دەکەم
کە لە ترازانی ستیانەکەم هەڵوەرین
من لە ئاوی ئەو سینە دەنۆشم
کە دەستەکانی ستیانی سێوێکن بۆ نازکردن
لە ناز و عیشوەی ئەو باڵدارە دەچم
کە هەر خەیاڵە و دەچینەوە سەر یەکەم ژوانی ماچ
من لە خەزانی هەر گەڵاکدا
ئیقاعی نوێبوونەوەی ماچێک دەبینم
لەگەڵ هەر نەسیمێکی پاییزانە
وێنەیەکی ڕەش و سپی دەنێرم
وێنەیەۆ ئاماژە بێ بۆ ئیجراکرنی خۆشەویستی و
کێشانی تابلۆیەک لەسەر حەرامترین شوێنی خەیاڵ.

سلێمانیی
دڵکەش قادر




سروودی ده‌رچوون… نێچیروان وه‌لی

ئێمه‌ی منداڵ ده‌رچووی باخچه‌ین
له‌ باخی ژیاندا خونچه‌ین
هه‌موومان له‌م ماڵه‌ جوانه‌
فێربوون و زانین ئاواتمانه‌
فێربووین جۆره‌ها وانه‌
گۆرانی و سروود و وێنه‌
خوێندمان كوردی و بیركاری
چه‌ند دڵخۆش بووین به‌ یاری
ئینگلیزی و وانه‌ی هونه‌ر
به‌خۆشی بردمانه‌ سه‌ر
ئه‌وه‌ی فێربووین له‌ زانست
به‌به‌هایه‌ و خۆشه‌ویست
ڕه‌فتار و ڕه‌وشتی جوان
دیارییه‌ بۆ هه‌موومان
داده‌كانمان له‌ وانه‌ی ئایین
فێری وته‌ی جوانیان كردین
بژی زانست و نیشتمان
هه‌ر ئاوه‌دان بێ وڵاتمان




میدیای كوردی چۆن له‌ هه‌واڵ گه‌یشتووه‌؟!… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

به‌ داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌ ماوه‌ی سی و یه‌ك ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه‌ بۆ یه‌كخستن و به‌رجه‌سته‌كردنی زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت. یاخود زمانێكی ستاندارد كه‌ له‌ نووسین وداڕشتن، وه‌ك زمانی هاوبه‌ش و یه‌كگرتووی كوردی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌وبه‌شه‌ی كوردستان په‌یڕه‌و بكرێت. بێگومان له‌ نه‌بوونی زمانێكی هاوبه‌شیشدا، ئه‌وا شێوه‌ جیاوازه‌كانی ڕێنووس و نووسین ده‌بنه‌ دیارده‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ زمانی داڕشتن و نووسین له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان و بڵاوكراوه‌كانی ئێمه‌دا، زمانێكی یه‌ك جۆر و یه‌ك شێوه‌ نییه‌. به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌ و په‌یڕه‌و له‌ شێوه‌یه‌كی ڕێنووس ده‌كات. ته‌نانه‌ت زۆرجار ڕێنووسی یه‌ك وشه‌ به‌ جۆره‌ها شێوه‌ ده‌نووسن. له‌ ڕاستیدا، یه‌كخستنی زمان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی حكومه‌ته‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نێوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان و له‌ چوارچێوه‌ی پلانی ڕۆشنبیری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری كاری له‌ سه‌ر بكات. یاخود چه‌ندین ڕێنمایی و ڕاسپارده‌ به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستنی زمانی نووسین و ده‌ربڕین له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كاندا ده‌ربكات. به‌ڵام كاتێ گرنگیدان به‌ زمان له‌ پلانی حكومه‌ت نابێت، ئه‌وا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان كه‌ كاربۆ به‌ستانداربوونی زمان بكه‌ن. مه‌رج نییه‌ ڕێكخستنی زمان هه‌رته‌نها به‌ بڕیاری سیاسی بێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت له‌ ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ زمانی هاوبه‌ش بێته‌ كایه‌وه‌. شكسپیری نووسه‌ری گه‌وره‌ی ئینگلیز و جیهان، له‌ ڕێی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌، ڕۆِڵێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی له‌ پێشخستنی زمانی ئینگلیزیدا بینیوه‌. به‌ڵام ده‌زگاكانی ئێمه‌ و بگره‌ به‌شێكی نووسه‌رانیش، به‌ هۆی نووسینه‌كانیانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی تر زمانی كوردی په‌رپووتتر و وێرانتر ده‌كه‌ن. به‌و پێیه‌ی كه‌مترین یاخود هیچ شاره‌زایه‌كییان له‌ سه‌ر زمان و بونیادی ڕێزمان و داڕشتنی ڕسته‌ نییه‌. ئه‌مه‌ وێرای نه‌بوونی زانیاری له‌ سه‌رئاماژه‌ و ماناكانی وشه‌. چونكه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی نووسه‌ربێت، یاخود چه‌ند كتێبێكی وه‌رگێڕابێت ئیدی شاره‌زایی له‌ هه‌موو كه‌ له‌ به‌رێكی زماندا هه‌بێت. به‌ تایبه‌تیش كه‌ زۆرجار ته‌نها ده‌نگێك یاخود پیتێك ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ته‌واوی مانای وشه‌كه‌. نووسین یاخود هه‌واڵ، هه‌ر ته‌نها داڕشتنی ڕسته‌ و چه‌ند ده‌ربڕینێك نییه‌، به‌ڵكو گه‌یاندنی ماناو په‌یامه‌. كاتێ به‌ وردی سه‌رنج له‌ زمانی هه‌واڵ و داڕشتنی هه‌واڵیش ده‌ده‌ین له‌ میدیاكاندا، ئه‌وكات درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ هه‌ردوو لایه‌نی زمانه‌وانی و ماناییه‌وه‌، به‌شێكی یه‌كجار زۆری (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌مووی) ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، به‌ هه‌مووجۆره‌كانییانه‌وه‌، له‌ هه‌واڵ نه‌گه‌یشتوون و نازانن هه‌واڵ چییه‌ و پێویسته‌ چ شتێك وه‌ك هه‌واڵ ببینرێت و بخرێته‌ به‌رچاوی بیسه‌ران و بینه‌ران و خوێنه‌ران. بێگومان، به‌ هۆی زۆربوونی هۆكاره‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ جه‌نجاڵی و ئاڵۆزیی ژیان، ئێمه‌ ڕۆژانه‌ به‌ر ده‌یان و سه‌دان دیارده‌ و ڕووداو ده‌كه‌وین و هه‌ندێك له‌و ڕووداوانه‌ش له‌ ده‌زگاكاندا، وه‌ك هه‌واڵی گرنگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ڕووبه‌ری شاشه‌ی ڕۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕ و تیڤیه‌كان ده‌گرن. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌و به‌ ناو هه‌واڵه‌ به‌ په‌لانه‌ی، كه‌ زۆرجار ده‌گوازرێنه‌وه‌ و نه‌ك هیچ بنه‌مایه‌كی هه‌واڵی به‌ په‌له‌یان تێدا نییه‌، به‌ڵكو ناچنه‌ خانه‌ی هه‌واڵی ئاساییشه‌وه‌، چ جای هه‌واڵی خێرا!! هه‌ڵبه‌ته‌، دوو تایبه‌تمه‌ندی گرنگ، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا هه‌ن، كه‌ ده‌بێ ڕه‌چاو بكرێن و وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی هه‌واڵ دابنرێن، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ئه‌م هه‌واڵه‌ی كه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، چه‌ند په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ژیانی گشتی خه‌ڵكی جێگه‌یه‌كه‌وه‌،
دووه‌مییان: چه‌ند تازه‌ و نوێییه‌. چونكه‌ كاتێ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن، بۆ نموونه‌ هه‌واڵێك له‌ سه‌ر شه‌ڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وا لای مرۆڤی كورد، وه‌ك هه‌واڵی گرنگ و بایه‌خدار نابینرێت و گرنگی پێ نادات، چونكه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و گشتی ئه‌وه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی بێت شتێك له‌ باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ بزانێت، ئه‌وا میدیای كوردی به‌ تایبه‌تیش بۆ ئه‌وانه‌ی زمانێكی دیكه‌ ده‌زانن و بژارده‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ن، نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ، به‌ڵكو كه‌ناڵێكی وه‌كو بی بی سی، یان حه‌ده‌سی عه‌ره‌بی، ده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌ . كه‌واته‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ بێگومان هه‌واڵه‌، به‌ڵام هه‌واڵێك نییه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ ئێمه‌، تاكو ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌ گرنگییه‌وه‌ و زیاد له‌ پێویست، بایه‌خی پێ بده‌ن. كاتبَ هه‌مان ئه‌و میدیایه‌ به‌ نموونه‌، هه‌واڵێك له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كات سه‌رنج و بینینی هه‌موو خه‌ڵك ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌، بۆچی؟ چونكه‌ مووچه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ژیانی گشتی هه‌مووانه‌وه‌ و مه‌به‌ستییه‌تی بزانێت، له‌ نێو ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێم چ پلانێكی هه‌یه‌ و بۆچی له‌ كاتێكدا نه‌وت به‌ سه‌د و هه‌ڤده‌ دۆلاره‌، به‌ڵام مووچه‌ دابه‌ش ناكرێت؟ له‌ ئاستی یه‌كه‌مییاندا، ده‌بێ هه‌واڵه‌كه‌ وه‌ك هه‌واڵێكی ئاسایی ببینین، به‌ڵام له‌وه‌دی دووه‌میاندا، ده‌بێ به‌ یایه‌خه‌وه‌ له‌ هه‌واڵه‌كه‌ بڕوانین. كاتێ شه‌ڕی داعش هه‌بوو، قه‌یڕانی دارایی بوو، به‌ ئێستاشه‌وه‌، ژیانی مرۆڤێكی كورد، بۆ ئۆكرانییه‌ك جێی بایه‌خ نه‌بوه‌و نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ڕوانگه‌ مرۆڤدۆستیه‌كه‌شه‌وه‌، بۆیه‌ كه‌مترین و بگره‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر بایه‌خیشیان له‌ ڕووی هه‌واڵ و هه‌واڵسازییه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌دابێت، چونكه‌ ئه‌وان ده‌زانن، بۆ ئه‌وان ئۆكرانییه‌ك گرنگتره‌ له‌ كوردێك. به‌ڵام كاتێ هه‌مان دۆخ به‌راورد ده‌كه‌ین له‌ كوردستان چی ده‌بینین؟ ئایا میدیای كوردی، هێنده‌ی بایه‌خ به‌ هه‌واڵه‌كانی دنیا ده‌دات، هێنده‌ ژیانی فه‌رمانبه‌رێكی بێ مووچه‌ی لا گرنگه‌؟ كه‌واته‌ ده‌بێ هه‌واڵ پێگه‌ و گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌بێت له‌لای ئه‌وانه‌ی ده‌یخوێننه‌وه‌ و ده‌یبینن، به‌ تایبه‌تیش له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ هێنده‌ زۆر و زه‌به‌ندن، كه‌ هه‌واڵێكی ئێستا، دوای چه‌ند چركه‌یه‌كی تر ده‌بێته‌ ڕابردوو. بێگومان كاتێ سه‌رنج له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌ ناو هه‌واڵانه‌ی بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ میدیای كوردیدا ده‌ده‌ین، تێ ده‌گه‌ین كه‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، وه‌كو پێویست، وێرای به‌ ناو كاركردنی پرۆفیشناڵانه‌ش، به‌ڵام هێشتا له‌ هه‌واڵ نه‌گه‌یشتوون، بۆیه‌ ساده‌ترین و بێ به‌هاترین شت، ته‌نانه‌ت ڕووداوی زۆر ئاسایی و ڕۆتینیش، ده‌كه‌نه‌ هه‌واڵ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌. دیاره‌ به‌ هۆكاری زۆری ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه‌، ده‌بێ به‌رده‌وام ڕه‌گه‌زی هه‌واڵ و بابه‌تی هه‌مه‌ جۆریش هه‌بێت، وه‌ك ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی به‌ خه‌ڵووز كار ده‌كات و هه‌ر كاتێك خه‌ڵووزه‌كه‌ نه‌ما، له‌ وه‌ستان ده‌كه‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌و ده‌زگایانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ بینه‌ر و خوێنه‌ر به‌رده‌وامی پێ بده‌ن، پێویستییان به‌و خه‌ڵووزه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵووزیش نه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێ به‌ هه‌ر شتێكی دیكه‌، ته‌نها بسووتێت و دووكه‌ڵ بكات، درێژه‌ به‌ ته‌ق و لۆقی ڕۆیشتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ بده‌ن. لێره‌وه‌ش ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گوایا به‌ تێگه‌یشتنی خۆیان، كێبڕكێی یه‌كتری بكه‌ن له‌وه‌ی كامییان هه‌واڵێكی تازه‌ و نوێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌، هه‌موو شتێك وه‌ك هه‌واڵ ده‌بینن و بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ داهێنان و گرنگی و به‌هایه‌ك له‌و هه‌واڵه‌دا هه‌بێت، ته‌نێ ڕه‌ش كردنه‌وه‌ی شاشه‌ و لاپه‌ڕه‌كانه‌. لێره‌دا، چه‌ند نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ دێنمه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كرداری بزانین، ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی هه‌واڵ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ و بایه‌خییان پێ ده‌درێت، ده‌چنه‌ خانه‌ی هه‌واڵه‌وه‌ یاخود نا؟
نموونه‌ی یه‌كه‌م:_
ڕووداو، كه‌ خۆی پێ یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ره‌ و كورد وته‌نی شا به‌سه‌پان نازانێت، له‌ تایتڵی دوایین هه‌واڵه‌كاندا، له‌ ڕۆژی 12/3 هه‌واڵێكی له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ و نووسیویه‌تی:( گه‌نجێكی زاخۆیی له‌ ئاسنی كۆنه‌ چه‌قۆ دروست ده‌كات) ماڵپه‌ڕه‌كه‌، ئه‌م كاره‌ی زۆر به‌لاوه‌ گرنگ و داهێنه‌رانه‌ و جێی سه‌رنج بووه‌، بۆیه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ كردوویه‌تیه‌ هه‌واڵ و بڵاویكردۆته‌وه‌. بێگومان، هه‌ر كه‌سێك ئه‌لف و بێیه‌ك له‌ دنیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی و هه‌واڵ بزانێت، تێ ده‌گات كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی هێنده‌ گه‌وره‌ و گرنگ نییه‌، تاكو وه‌ك هه‌واڵ بناسێنرێت، مه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌ یۆڕانیۆمی دروست كردووه‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت كه‌ چه‌قۆ هه‌ر له‌ ئاسن دروست ده‌كرێت و ئه‌مه‌ هونه‌رێكی هێنده‌ تازه‌ و داهێنه‌رانه‌ نییه‌ و به‌ سه‌دان كه‌سی پیر و به‌ ساڵاچوو، ساڵانێكه‌ چه‌قۆ له‌ ئاسن دروست ده‌كه‌ن؟ من باپیره‌یه‌كم هه‌بوو، له‌ یه‌ك كاتدا (چه‌قۆ، مشار، كارتیغ ، داس، مقه‌س) و چه‌ندان بڕه‌ڕی دیكه‌شی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌و به‌ر دروست ده‌كرد. ئه‌م كاره‌ی ئه‌و، بۆ سه‌رده‌مێك كه‌ من منداڵیش بووم، هیچ جێی سه‌رنج ڕاكێشان و داهێنانێكی تازه‌ نه‌بوو، ئاخر چه‌قۆ، هه‌ر له‌ ئاسن دروست ده‌كرێت، خۆ له‌ دار و به‌رد دروست ناكرێت! ڕه‌نگه‌ هونه‌رێكی كه‌می بووێت، به‌ڵام كارێك نییه‌ زۆر بایه‌خدار بێت، تاكو وه‌ك دوایین هه‌واڵی ئه‌و ڕۆژه‌ دابنرێت و بیخوێنینه‌وه‌. ئه‌م گه‌نجه‌، ئه‌گه‌ر له‌ بری چه‌قۆ، فڕۆكه‌یه‌كی دروست بكردایه‌، ده‌بووه‌ داهێنانێكی گه‌وره‌ و شایه‌نی ئه‌وه‌ بوو، به‌ گرنگییه‌كی زۆره‌وه‌ كاره‌كه‌ی بخرێته‌ به‌رچاو و بناسێنرێت. ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات، كه‌ ڕووداویش كه‌ خۆی پێ یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ره‌، هه‌ موو شتێك به‌ هه‌واڵ ده‌زانێت و هه‌موو كارێك به‌ داهێنانی زانستی و مرۆییانه‌ تێ ده‌گات. دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو سمێڵ سوورێك هه‌مزه‌ ئاغا بێت!

نموونه‌ی دووه‌م:
له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاردا، به‌شێكی یه‌كجار زۆری ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، ڕوودانی سووتانی ژنه‌ په‌رله‌مانتارێكی پێشووی گۆڕان (به‌هار محمود) یان وه‌ك هه‌واڵێكی بایه‌خدار بڵاو كرده‌وه‌ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرد. هه‌ڵبه‌ته‌، سووتانی هه‌ر مرۆڤێك، بۆ هه‌موومان جێی نیگه‌رانی و ئازاره‌، چونكه‌ ده‌بێ هاوسۆز و هه‌ستێكی مرۆییانه‌مان بۆی هه‌بێت و له‌ هه‌ر شوێنێك مرۆڤێك ئازار بچێژێت، ده‌بێ هه‌ست به‌ ئازار بكه‌ین، چونكه‌ دوا جار هه‌موومان مرۆڤین و كه‌س لاری له‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ڕۆژانه‌ چه‌ندان ژن له‌ كوردستان، به‌ ئاشكراو به‌ نهێنی ده‌سووتێن و خۆیان ده‌سووتێنن، یان ده‌سووتێنرێن؟ بۆچی سووتانی ئه‌وانیش نابێته‌ هه‌واڵێكی گرنگ و هه‌موو ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان سه‌رقاڵ بكات؟ بێگومان هۆكاره‌كه‌ی دیاره‌، چونكه‌ ژنه‌كانی دیكه‌، وه‌ك ئه‌م په‌رله‌مانتار نه‌بوونه‌ و پێگه‌یه‌كی سیاسی و حزبی دیاریكراویان نه‌بووه‌، بۆیه‌ كه‌س هه‌ست به‌ ئازاره‌كانییان ناكات و ده‌بێ به‌ ده‌م ئازارێكی جه‌سته‌یی و ده‌روونی زۆره‌وه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی مردن دابن. هیچ گومانم نییه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ڕێزه‌، پێشتر ناسراو و په‌رله‌مانتار نه‌بووایه‌، كه‌س هه‌واڵی سووتانه‌كه‌ی بڵاو نه‌ده‌كرده‌وه‌. لێره‌وه‌ش به‌ بڕوای من، له‌وه‌ ده‌گه‌ین كه‌ میدیای كوردی، زۆر ناپرۆفیشنالانه‌ و نا ئاكاریی ونا ئینسانییانه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌كات، كه‌ ده‌ڵێم نا ئینسانییانه‌، مانای وانییه‌، بێ ڕێزی به‌ ئینسان بكات، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی، به‌ داخه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماو پێوه‌ری (پۆست، پێگه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ریی، پایه‌ و سیاسه‌ت، به‌رژه‌وه‌ندی) مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌كات، كه‌ بێ لایه‌نیبوون و پیشه‌یی بوون، ده‌بێ ئه‌ته‌كێت و ڕێسای هه‌موو ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن بێت. نیگه‌رانییه‌كه‌ له‌وه‌ دابوو، به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، ڕۆژانه‌ چاودێری ته‌ندروستیشیان ده‌كرد، داخۆ حاڵی چۆنه‌، تا دواجار ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ به‌شێكی كه‌می جه‌سته‌ی سووتاوه‌. هه‌ڵبه‌ته‌، وه‌ك باسمكرد، من نیگه‌رانی سووتانی ئه‌و خاتوونه‌ و هه‌موومرۆڤێكیشم، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌مه‌ مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای پۆست وپایه‌ و سیاسه‌ت، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، مه‌گه‌ر ڕۆژانه‌، سه‌دان كه‌س له‌و هه‌رێمه‌، به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی نه‌وت وگازه‌وه‌ ناسووتێن؟ بۆچی هیچ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن، بایه‌خ به‌ خه‌م و كۆسته‌كانییان نادات؟ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان، پیشه‌ییانه‌ كار بكه‌ن و ته‌نێ مرۆڤبوون بكه‌نه‌ پێوانه‌ی كار و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی و هه‌واڵ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ڕه‌چاو بكه‌ن، بۆچی ته‌نها سووتانی ژنێك كه‌ پێشتر په‌رله‌مانتار بووه‌ و كه‌سێكی به‌ ناوه‌، لایان ده‌بێته‌ هه‌واڵ و گوێ به‌ كه‌سانی دیكه‌ ناده‌ن؟ مه‌گه‌ر ئه‌وانیش هه‌ست به‌ ئازاریی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ناكه‌ن؟ كه‌واتا، یان نابێت سووتانی ژنێك به‌ ته‌نها ببێته‌ هه‌واڵ، یان ده‌بێت بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی كاری ڕۆژنامه‌وانی، بۆ هه‌واڵ و داڕشتنی هه‌واڵ دیاری بكرێت.

نموونه‌ی سێیه‌م:_
به‌شێك له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان، هه‌واڵی مردنی دایكی هونه‌رمه‌ند(حه‌مه‌ ده‌مبڵیان) وه‌ك هه‌واَێكی گرنگی ڕۆژی 13/3. بڵاوكرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ره‌ دیار و خۆشه‌ویسته‌كانی كوردستان و به‌ جووڵه‌ و كرده‌كانی، بزه‌ ده‌خاته‌سه‌ر ده‌می هه‌زاران و كه‌س و مناڵ، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هونه‌رێكی جوانه‌ و كاره‌كانی شایه‌نی به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ و به‌ هه‌واَلكردنه‌، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، دایكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی گشتی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌؟ مه‌گه‌ر ڕۆژانه‌، هه‌زاران كه‌س و منداڵ بێ دایك نابن و دایكییان نامرێت؟ بۆچی ئه‌وان نابنه‌ هه‌واڵ و مردنی دایكی هونه‌رمه‌ندێك ده‌بێته‌ هه‌واڵێكی گرنگ؟ مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ پۆلێنكردنی مرۆڤ نییه‌، له‌ میدیای بێ زانیاریی كوردی؟ ئه‌م هه‌واڵه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بووه‌ هه‌واڵێكی گرنگ و جێی سه‌رنج و نیگه‌رانی، ئه‌گه‌ر مردووه‌كه‌ (هونه‌رمه‌نده‌كه‌ _ كه‌ هیوادارم سه‌د ساڵی دیكه‌ بژیت) خۆی بایه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ ڕووبه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییه‌كه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ له‌ گۆشه‌ نیگایه‌كی هونه‌ریی و سه‌لیقه‌ی كاری كۆمیدییه‌وه‌ هه‌یه‌ و مردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ڕووی هونه‌ری كۆمیدیاوه‌، له‌ نێوه‌ندی هونه‌ری كوردی دروست ده‌كات. به‌ڵام مردنی دایكی شتێكی زۆر ئاساییه‌ و نابێ وه‌ك هه‌واڵێكی گرنگ له‌ نێوه‌نده‌ی میدیای كوردیدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه‌ ڕۆژانه‌ سه‌دان كه‌س دایكیان ده‌مرێت و ئه‌مه‌ش یاساییه‌كی فیزیكییانه‌ی ژیانه‌ و تا ژیان هه‌بێت، كورده‌واری وته‌نی (ده‌بێ یه‌كمان یه‌كێكمان بشارینه‌وه‌).

نموونه‌ی چواره‌م:_
ماڵپه‌ڕی سپی میدا، هه‌واڵێكی له‌ باره‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ئێرانی بڵاو كردۆته‌وه‌و هه‌واڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ (شووی) كردووه‌. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ و ژیانی تایبه‌تی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ژیانی گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌؟ مه‌گه‌ر میدیاكانی وڵاتی ئێران، ئاماده‌ن هه‌واڵێك له‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی كورد، ئه‌گه‌ر زۆر داهێنه‌ر و به‌ تواناش بێت، بڵاو بكه‌نه‌وه‌؟ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌، نیشانه‌ی هه‌ژاری ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌ن، له‌ په‌راوێزی ده‌ستخستن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌واڵدا. بێگومان ئێمه‌ ناڵێین با ڕووبه‌رێك له‌و میدیایانه‌، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی هونه‌ری جیهانی نه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێ بزانرێت، ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌ گرنگه‌ یان نا؟ دواتریش ناشێ ماڵپه‌رێك، فۆڕمی كاركردنه‌كه‌ی سیاسی و هزریی بێت، كه‌ چی هه‌واڵی مه‌یك ئه‌پ و مۆدێله‌كان بڵاو بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنێكی هونه‌ری ڕووت باشه‌. ئه‌م نموونانه‌ی باسكراون، هه‌ڵاوێردكردنی چه‌ند میدیایه‌ك نییه‌ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو نموونه‌یه‌كه‌ له‌ شێوازی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌ به‌ گشتی، له‌گه‌ڵ هه‌واڵ ده‌یكه‌ن. ئه‌وان وا ده‌زانن هه‌موو كرده‌یه‌ك و ڕووداوێك، ده‌شێ وه‌ك هه‌واڵ ببینرێت و به‌ گرنگییه‌وه‌ باس بكرێت، له‌ كاتێكدا هه‌واڵ ئه‌و كاته‌ بایه‌خ وگرنگی خۆی هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ژیانی گشتییه‌وه‌ و گۆڕانكارییه‌ك و پێشهاتێكی تازه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌. ئه‌وه‌ی به‌لای مرۆڤی كورده‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ ئۆكڕانیا چی ڕووده‌دات، ژنه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ئێرانی شووی كردوه‌ یان نا؟ ئه‌وه‌ گرنگه‌، به‌نزین و مووچه‌ چی لێ دێت، ئێران بۆ هێڕشمان ده‌كاته‌ سه‌ر؟ بۆچی ژن كوشتن نابڕێته‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ گرنگن. جارێكیان له‌ ماڵپه‌ڕی ئێن ئارتی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌زگا پیشه‌یی وهه‌ره‌ دیاره‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌واڵێك له‌ باره‌ی پاسه‌وانه‌كانی پۆتین بڵاو كرابوه‌وه‌، ته‌نها ده‌ هه‌زار كه‌س هه‌واڵه‌كه‌یان خوێندبووه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕ، هه‌واڵێك هه‌بوو له‌ باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، نزیكه‌ی دوو سه‌دو چل و چوار هه‌زار كه‌س، خوێندبوویانه‌وه‌. ئه‌م نموونه‌ ساده‌یه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ كاتێ ڕاگه‌یاندن هه‌واڵێكی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی گشتی، یاخود توێژێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، چه‌ند گرنگی پێ ده‌درێت. پرسه‌كه‌ لێره‌ ته‌نها مووچه‌ و پاره‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌نجه‌ خستنه‌ سه‌ر بابه‌تێكه‌، كه‌ بۆ خه‌ڵكی گرنگه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌. دوا جار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ له‌ سه‌رووبه‌ندی كۆتایی هاتنی ئه‌و وتاره‌ دابووم، كاتێ گاڵته‌ جارییه‌كی دیكه‌ی سه‌یر و هه‌زه‌لیم له‌ میدیای كوردی كه‌وته‌ به‌رچاو، ئه‌ویش، سازكردنی كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌نووسی بوو، بۆ پزیشكێك، كه‌ گوایا تۆمه‌تباره‌ به‌ ده‌ست درێژیكردنه‌ سه‌ر پێنچ ژن، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ به‌ر مایكه‌كانی به‌رده‌می، به‌ ئاسته‌م سیمات ده‌دیت! له‌ كوێوه‌ی ئه‌م دنیایه‌دا، كه‌سێك ده‌نگۆی ئه‌نجامدانی كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی له‌ سه‌ر بێت، زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنرێت خۆی وه‌ك پاڵه‌وانی شاشه‌كان پیشان بدات؟ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌، ده‌بێ ڕابگیرێن و له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت ، یان كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسییان بۆ ساز بكرێت و ڕۆژنامه‌نووسان به‌ پڕتاو ئاماده‌بن؟ به‌ داخه‌وه‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی له‌ نێو ئێمه‌دا، بێ ئه‌رزش و بێ به‌ها بووه‌، به‌شێكی زۆر له‌ میدیا و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسانیش، نازانن ماهیه‌تی كۆنفرانسی ڕۆژنامه‌نووسی چییه‌ وده‌بێ كێ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی ساز بكات، چونكه‌ كاره‌كته‌ره‌ی بواره‌كه‌ نینه‌ و پڕۆفیشناڵ و شاره‌زا نین، له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی. وا ده‌زانن هه‌ر كه‌سێك مایكێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، ئیدی ڕۆژنامه‌نووسه‌!

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
(ڕواندز _22/4/2022 ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی)

سه‌رنج: ئه‌م وتاره‌ تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان و له‌ ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا نووسراوه‌.




تەنیام لەنێو قەرەباڵغی شاردا… غازی حەسەن

لێرەدا وەکو کەلەکە شکاوێکی سەد ساڵیم…
ئۆقرە ناگرم و ناتوانم پاڵکەوم، خەون لێناگەڕێت بنووم.. من خەون بەخەونەوە دەبەستمەوە.. وەکو چۆن جگارە خۆرێکی مەست جگارە بەجگارە دادەگیرسێنێت
ژانێکم گرتووە.. پڕە لەژانی تەنیایی… ژان بەژان دەپێچمەوە
هێندە بیر دەکەمەوە، خەریکە بیرکردنەوەم لەبیر دەچێتەوە
دەزانم باش دەزانم هەزارنیش هەن ناتوانن خەون ببینن
لێرەدا شار هێندە قەرباڵغە، کەس کەس نابینێت.. کەس دەستی بەکڵاوی کەس ڕاناگات و کەس ناوی کەس نازانێت و کەس کەس نادوێنێت و کەس گوو بەکڵاوی کەس ناپێوێت.. کەس بەڵێ کەس!
مرۆڤ وەکو ئامێرەکان بێ گیان بوون..
لێرە کەس لەموچە و تەمەن و ئاشقی کەس ناپرسێت! عەیب و شورەیی چۆن؟
لێرە کەس بەجاوزار لەڕ و شەپڕەلێدراو نابێت..
ئێرە هێندە گەورەیە.. کەس ناوونیشانی دراوسێکەی خۆی نازانێت
لای ئێمە لەگوندێکی بچووکدا ناوونیشانی هەموو سیاسییەک و هەموو سەرۆکی وڵاتەکان و ڕەنگی پێڵاوی ژنی وەزیرەکان و ژمارەی ئاشقی بەرپرسەکان و ژمارەی تەلەفۆنی پرسگەکان و جۆری جگارەی گەوادەکان دەزانن!
مرۆڤەکان وەکو کەرەستەیەکی سڕ.. بێ نهێنی و بێ لێکدانەوە و بێ ئاوڕدانەوە و بێ بیرەوەریی و بێ ، بەڵێ بێ هەموو (بێ)یەک دەڕۆن..
هەموو شتێک دەزانن، شانازی بەئاودەستی وڵاتەکانیشان دەکەن
لای ئێمەش هیچ نازانن و بەفیکەیەک ئامادە وڵات هەڕاج بکەن..!
هەموو گوڵی دەستکردیان لەیەخەیان داوە
لێرەدا خەڵک جمەی دێت، کەس مەرحەبای کەس ناکات
ڕۆژێ سەدان شانت بەرشان دەکەوێت، کەچی کەس نابینیت
دەک کوێرایم دابێت زەمانە
من تەنیا لەگوندێک و لەدەشتێکی کاکی بەکاکیدا دەڕۆیشتم
کەسی لێ نەبوو
بەرد قسەیان لەگەڵ دەکردم
جنۆکە و لەمەچێتر دەستیان دەگرتم.. لەخەوما لەگەڵ جنۆکان شایم دادەبەستا
لێرەدا لەنێو ئەم قەرەباڵغییەدا تەنیام
تەنیایی چەندە کوشندەی…
لەوێ لەگوند، دەمتوانی بەرد و کەستەک و پنچکیش بدوێنم..
لێرە زمانی مرۆڤەکانم نییە.. دڵی مرۆڤەکانم نییە
لەنێو ئەم قەرەباڵغییەدا تەنیایی کوشتمی
لێرەدا… خەریکە لەنێو مرۆڤایەتیدا دەخنێکم، و ڕەنگی ئامێر و گیانلەبەران وەردەگرم، کەچی کەس نابینم
لەوێدا.. دابڕاو لەهەموو شتێک، کاتم نەبوو بۆ بیرکردنەوە، هەموو شتێک بووم مرۆڤ نەبێت!
لە ئیلنجاغی قوڕاوییە، بۆ باڵاخانەی سەر بەهەوری نیۆیۆرک و مەشیگان و لۆس ئەنجلۆس و فلۆریدا و دەریای بێ بنی جوانی…!
لە ئیلنجاغدا دەمتوانی خوا و مرۆڤ و هەموو شتێک بدوێنم
لێرەدا لەتەنیایی پتر هیچ شتێک نابینم..
ئەی خودایە قەرەباڵغی لەنێو تەنیاییدا کوشتمی..!
لێرەدا پشیلەیەک و گوجیلە سەگێکی کورکن لەهەمووان پتر دەبینم و لەگەڵیان گفتوگۆ دەکەم، باسی مێژوو، باسی ڕووداوەکان و باسی خۆمیان بۆ دەکەم
ئەوان، تەنیا ئەم دوو گیانەوەرە میهرەبانە
گوێم لێ دەگرن و هەست دەکەم لەگەڵ ئازارەکانی تەنیایی و ژانەکانی بیرەوەرییەکانم… موچڕکیان پێ دادێت
تەنیا لەگەڵ ئەم پشیلە و سەگە کورکنەش تەنیام.. دەمەوێت بگەڕێمەوە نێو مرۆڤبوون.. ئەی مرۆڤبوون!

غازی حەسەن




سۆسیال دیموکرات، یان دیمەترەق..!؟… شەماڵ بارەوانی

دەڵێن: کاتی خۆی مارکسیەکانی شارەزوور، خۆپیشاندانیان کرد، لە ناو خۆپیشاندەراندا، مامە حاجیەکی بە تەمەنی تیابوو، دروشمی دەدایەوە و یەک بە دەنگ دەیگووڕاند و دەیگووت:ئێمە ڕۆڵەی مارکسین، لە خوا نەبێت، لە کەس ناترسین. یەکێک لە خۆپیشاندەران کە ئەوەی بیست، گووتی: مامە حاجی تۆ دەزانی مارکس کێ بوو؟
گووتی بۆ مارکس سەحابە نەبوو؟
گووتی ناگەوەڵا مارکس دەڵێت دین دلیاکە و خوداش بوونی نییە.
مامە حاجیەکە تووڕە بوو و گۆتی مارکس گووی خواردیە.

قوربان منیش حاڵی هەندێک لە چەپ و سۆسیال دیموکراتەکانم وەکوو ئەو مامە حاجیە دێتە پێش چاو،

ئەو بەناو چەپ و سۆسیال دیموکراتانەی کە نەسۆسیالن و نەیش فڕیان بە سەر دیموکراتیەوە هەیه.
تەنها بە دروشم سۆسیالست و بە قسە دیموکراتن، حەققەت لە واقیعدا لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی خۆرئاواو ئەسکەندەنافیا، لە گەڵ گەوهەر و فەلسەفەی سۆسیالیزمدا، نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە و بگرە هەر بەراورد ناکرێت و جگە لە درووشمی قەبە و بەتاڵ، هیچ شتێکیتر ئەوان بە سۆسیال دیموکراتەوە نابەستێتەوە.

ئەو بەناو سۆسیال دیموکراتانەی بەردەوام لە کۆتایی کۆبوونەوە سیاسیە سێ چوار قوڵەکانیان لە پشت سەلەفیزم و فێندەمێنتالیزم گەلێکی وەکوو عەلی باپیر، خەریکی نمایشی نوێژی سیاسی بە کۆمەڵ و خۆڵخستنە چاوی جەماوەر و مێگەڵن.
ئەو سۆسیال دیموکراتانەی ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی خۆیان و حزبە سۆسیالیستەکانیان، نەیانتوانی دوو بنەمای کاکە سۆسیال و سێ خاڵی خاڵە دیموکراتیەت لەسەر ئەرزی واقیع جێ بەجێ بکەن.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی قنیان بە کورسی سەرۆک و حزبایەتی و پەڕلەمانتاری و دەمیان لە گونیەی پارەی چەور چەقیەوە و هەرگیز ئامادەنین، دیموکراتی بن و کورسیەکەیان سۆسیالیستانە و دیموکراتانە، بۆ کەسێکیتر جێ بێڵن.

کاکە سۆسیال دیموکراتێک دەناسم، دەڵێت لە دەنگدانا یەک کورسیش بێنین، خەڵکینە خۆتان هیلاک مەکەن، هەر ئەمە براوەین، چونکوو هێزمان بە دەستەوەیه.
ئەو سۆسیال دیموکراتانەی لەکاتی لێ قەومان و تووڕەیی و غەزەبی خەڵکا، بە سۆسیال دی مەترەق دەکەونە گیانی خەڵکەوە و بە زەبری هێز و کوتەک دەمکووتی خەڵکی دەکەن.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی پڕ بە پێستە گەر پێیان بگووترێت:سۆسیال بنەماڵەیی، سۆسیال نوێژی بە کۆمەڵ، سۆسیال ئیسلامی، سۆسیال دوو ڕوو، سۆسیال خۆڵخستنە چاو خەڵک، سۆسیال نادیموکرات، سۆسیال کوێخایی، سۆسیال دەرەبەگ، سۆسیال بازرگان، سۆسیال کۆمپانیا و سۆسیال سەرمایەدار، سۆسیال ناسۆسیال و..تاد.

من خاتوو سۆسیال دیموکراتی وا دەناسم بە تارەت و دەستی بە دەستنوێژ و بە لەچکی سەوزەوە، ساڵانە لەڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مارکسدا، بەڵێن و پەیمان بۆ مارکس دووپاتدەکاتەوە، کە تاکوو مردن لە سەر ڕێبازە پیرۆز و پێشکەوتووخوازەکەی ئەو، هەر بە لەچک و دەستی بە دەستنوێژ و بە وەفاداری بۆ ئیدەلۆژیاکەی مارکسیزم بمێنێتەوە.

سۆسیال دیموکراتخانێکیتر دەناسم، داوا لە مەرجەعی باڵای ئایینی دەکات، مەزارگا و مەرقەدێک بۆ فلان شێخی تەریقەت و ئیمامی فیسار مەزهەب لە شارەکەیان بکەنەوە، تا بەرەکەتی مەرقەدی شێخ و گونیە پارەی زیارەتکارانی مەزارگای ئیمام،
بڕژێت بەسەر دڵ و دەرون و گیرفانی سۆسیال دیموکراتەکان،
مارکسم ڕۆ، سۆسیالم ڕۆ ، دیموکراتم ڕۆ ، نمایشی نوێژی بە کۆمەلی سیاسی و خۆڵخستنە چاوی پشت مەلا عەلی باپیرم ڕۆ ، خورمای عەرەب و لەچکی سەوزم ڕۆ.

ئەوەیە فەلسەفەی سۆسیال خۆرما کە ئێمەی نا سۆسیالیست لێی حاڵی نەبووین.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی دوای زیاتر لە دەیان ساڵ و پەنجا ساڵ لە سۆسیال دیموکرات بوون، تازە بە تازه دێن و باسی ئەوە دەکەن ڕۆژوو به خورمای عەرەبی نەشکێنن. چونکوو ئەوە لەگەڵ فەلسەفەی سۆسیال دیموکرات و ئیدەلۆژیای مارکسیزم یەکناگرێتەوە و ئەگەر نا، دواتر حەزرەتی مارکس(قَدَّسَ اللەُ سِرَّەُ) لە ڕووژی مەحشەرێ و لە حزووری خوای گەورە شکاتمان لێ دەکات.

چونکوو لە فەلسەفەی چەپگەرێتی و ئیدەلۆژیای مارکسیزمدا، بەربانگ کردن، بە گوێزی هەورامی خێر و حەسەنات و پاداشتی زۆر زیاترە، لە خورما و قەسپی عەرەبی.

مارکس لە بەرگی دووی کتێبی سەرمایه و لە بەشی دیالیکتیکی ماتریالیزمی خورما و مێژووی گوێزی هەورامی ئەوەی باسکردووە: کە من هەرگیز ئامادەنیم بە خورما ڕۆژوەکەم بشکێنم، چونکە ھی عەرەبە.

هەروەها مارکس و ئێنگڵس، لە قەولێکدا، لە مانیفێستی کۆمۆنیست)دا، گووتویانە کرێکارانی جیهان لەکاتی نوێژی بە کۆمەڵ جوان دەستی یەک بگرن، چونکوو هەتا ڕۆژووەکەتان بە وردە خورمای بوڕژوا بشکێنن و نوێژی بەیانیتان بە کۆمەڵ نەبێت و لەکاتی نوێژەکانتانا یەکنەگرن، ئەوا هەرگیز، کێشەی چینایەتی چارەسەرنابێت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵێکی سۆسیال و خۆشگوزان بەرپانابێت و کابووسی کاپیتاڵیزم ناڕوخێت و حکومەتی دیکتاتۆری پڕولیتاریاش دروست نابێت.

ماوەتەوە بڵێم:
هیوادارم چەپەکان لێم دڵگران نەبن، من بەگشتی باسی چەپەکان ناکەم.
بە تایبەتی ئەو چەپانەی کەم و زۆر سۆسیالیست و چەپن و شەرم لە سۆسالیست بوون و چەپ بوونی خۆیان ناکەن و لەگەڵ مەبدەئو چەبپوونیان ڕاستگۆن و موجامەلەی قەشە و کلێسا و میتافیزیکا ناکەن.

من باسی چەپە درۆزن و دوو ڕووەکان دەکەم ، ئەو بەناو چەپانەی لەگەڵ عەلی نان دەخۆن و لە پشت مەعاویەشەوە نوێژدەکەن.

حەققەت من زۆر هاوڕێی چەپ و شیوعی و کومۆنیستم هەن و هاوڕێی گیانی به گیانی و وەکوو برا واین، لە نووسەر و شاعیر و ڕاگەیانکار و کەسی سیاسی و هونەرمەند و مرۆڤی ئاسایی..تاد. هەتا بڵێیت مرۆڤی ڕۆشنبیر و هێمن و بەڕێز و بە وەفا و دەست پاکن.
هەر بەڕاستی نموونەی ڕەوشت بەرزی و دڵپاکی و بێ گرێی و ڕاستگۆیی و لە خۆ بووردەیی و بە واتای وشە بە ڕێز و مرۆڤ دۆستن و ئەوەندەی لە هاوڕێیەتی و تێکەڵ بوون لە گەڵ ئەوان هەست بە ئارامی و مورتاحی دەکەم، سەتا یەک لە گەڵ هاوڕێ نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسیەکان نا، لە ناو ئەوان، ئەوەی من هەستم پێکردبێت و تێبینیم کردبێت، نە دوو ڕوویی و درۆ، نە ڕق و دژایەتی کردنی یەکتری و یەکترشکاندنەوە و دوو زمانی و فەسادی کردن لەدژی یەکتری، نە بەرژەوەندی، من هیچم بینیوە. نەپارە پەرستی و پول پەرستی وەکوو ئەوەی لە ناو هاوڕێ ئیسلامی و نەتەوەییەکانم، یان لەو سۆسیال دیموکرات درۆزنانەی باسم لێوەکردن، دەیبینم و بینیومە بەداخەوە!




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان… رەسوڵ بەختیار

(١)
خۆم لەچیرۆکە نادزمەوە، بەڵام دەکرێ لەپێشەکیدا باس لەو شوێنە بکەم، تیایدا دەمەوێ پێی ئاشنا بن، ئەم شارەی تیایدا دەژیم، جیا لەهەموو شارەکانی دیکەی جیهان، شەقامەکانی بازنەییە، هەر کەسێک لەگوندێک و شارێکی ئەم وڵاتەوە بێ، یاخود لەوڵاتێکی دیکەوە هاتبێ ئەگەر یەکێکی ئەم شارەی لەگەڵدا نەبێ، تەنیا لەبازنەیەکدا دەسوڕێتەوە، لەو شوێنەی هەنگاوی ناوە، دەگەڕێتەوە هەمان شوێن، تەنیا یەکێک لەسوودەکانی ئەم شەقامانە ئەوەیە، بەهیچ شێوەیەک ون نابی، تەنیا خولانەوە و ماندووبوونت زیاتر دەبێ.
هەر یەکێکی بیانی پێ بنێتە سەر ئەم شەقامە بازنەییانە، زوو وەڕس دەبێ، دەبینێ خەڵک گرنگی بەهیچ نادەن، وەک ئەوەی تەنیا لەبازنەیەکدا دەخولێنەوە، سەرەتا رقی لەخەڵکەکەی دەبێتەوە، کەچی کاتێک یەکێک دەدوێنێ، هەست بەوە دەکا، هەڵەبووە لەبڕیاردانی رقلێبوونەوە، بۆیە دەیەوێ لایەنە شاراوەکان بدۆزێتەوە، کاتێک لەو شتانە دەکۆڵێتەوە، دەبینێ بۆتە یەکێک لەخەڵکی ئەم شارە، زۆرجاریش هەیە، لەشارەکانی دیکە باس لەو شارە دەکرێ، ئەو وەک خەڵکی دێنرینی وەڵام دەداتەوە، یەکێک لەخەسڵەتەکانی شەقامە بازنییەکان ئەوەیە، زوو زوو ئاشنایەتیت، لەگەڵ خەڵکی دیکە دەبێت، عەرەبەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراق، لەپاش راکردنیان بۆ ئەم شارە، واقیان وڕما کاتێک لەو شەقامە بازنەییانە دەسوڕانەوە،
ئەگەر کوڕێک بەدوای کچێکەوە بێ، تەنیا لەشەقامە بازنەییەکانی هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ، ئەو کچەی بەتامەزرۆوە بیبینێ، ئەوا لەیەکێک لەشەقامە بازنەییەکان، ئەوڕۆش نەبێ، بۆ رۆژێکی دیکە، رێککەوتێک دێ، ئەگەر لەنزیکەوەش نەبێ، ئەوا لەدوورەوە هەر دەبێنێ.
وەنەبێ ئەم شارە تەنیا لەبازنەیەکدا، نەخێر ئەم شارە سەدان شەقامی بازنەیی لاوەکی و دەیان شەقامی بازنەیی گشتی و مەزنی تیادایە، هەر گەڕەکێکی نێو هەر شەقامێکی بازنەیی لاوەکی، هەندی شارۆچکەیەکە، شەقامە بازنە مەزنەکانیشی بەقەد شارێکی گەورەیە.
جوانی شارەکە، بەشەقامە بازنەییەکانییەتی، هەموو پاڵەوانانی نێو ئەو شەقامانە رۆڵیان هەبووە، لەپێشخستنی هونەر و رۆشنبیری وڵات، بەڵام زۆر بەدەگمەن هەر یەک لەوانە دێن، باسێکی کورت لەپاڵەوانییەتییەکەی بکات، هەردەم دەیەوێ، خەڵک بابەت و هونەر و ئازایەتییەکەی باس بکات، وەک زۆرێک لەخەڵکی شارەکانی دیکە نین، مێشێک بکەنە گامێشێک.
ئێستا ئەو شەقامە بازنەییانە بۆتە سەنتەری بازرگانی، هەرچی هیندی و بەنگلادیشی و نیپالی و چینی، هۆڵەندی و ئەورووپی بەگشتی لەنێو ئەو شەقامە بازنەییانە بەرژەوەندییان هەیە، ئەوە جگە لەعەرەبی و عێراقی و سووری و لوبنانی، خۆیان بەخەڵکی نێو ئەو شەقامە بازنەییانە دەزانن، زۆرجار کاتێک لەیەکێک لەچایخانەکان، کە دادەنیشی، دەبینی خەڵکی رەسەنی نیو شەقامە بازنەییەکان بەدەگمەن دەبیندرێ،
ئەوەی خراپە زۆرێک لەو بیانیانە کاتێک هەڵەیەک دەکەن و دەبێتە بنێشتە خۆشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵک بەگشتی هەموو تۆمەتەکان دەخەنە پاڵ خەڵکی رەسەنی نێو شەڤامە بازنەییەکان.
راستە چیرۆکەکەمان پەیوەندی بەشەقامە بازنەییەکانە، کەچی هەر پاڵەوانێکی ئەو نێوەندە، ئەگەر لەدوورترێن شوێنی جیهان بێ، هەردەم لەنێو شەوانی سوور بێ، یان یەکێک بێ لەدەوڵەمەندەکانی شەقامە راستەکان، کەچی هەموو کات بیری لەلای یەکێک لەشەقامە بازنەییە لاوەکییەکانە، ئاکاری کوڕی دەرمانسازەکەی سەنتەری شار، زۆرجار لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆڕ بەوردی دەگەڕێ، تا یەکێک بدۆزێتەوە، خەڵکی ئەو شەقامە بازنەییانە بێ، پێی سەیر بوو لەنێو چەند وێنەیەک هاوڕێیەکی قۆناغی سەرەتایی دۆزییەوە، یەکسەر بێ سێ و دوو تەلەفۆنی بۆ خاوەن وێنەکە کرد، کە لەفەیسبووک هاوڕێییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر ژمارەی هاوڕێیەکەی پێدا، ئەویش لەوڵاتێک دەژێا سەرجەم شەقامەکان راست راستە و هیچ خوار و خێچییەکی تیادا نابیندرێ، یەکسەر تەلەفۆنی کرد، بەڵام وەڵام نەبوو، دووبارەی کردەوە، چەند جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە، بەڵام هەر وەڵام نەبوو، لەکۆتایدا بێ ئومێد بوو، چەند کاتژمێرێکی پێچوو، زەنگی تەلەفۆنەکەی لێیدا، کاتێک وەڵامی دایەوە، ئافرەتێک بەزمانێکی بیانی گوتی: تەلەفۆنت کردبوو.
ئاکار:بەڵێ، ئەمە ژمارەی هاوڕێیەکمە بەناوی دانەر؟ ئەو خەڵکی نێو شەقامە بازنەییەکانە؟
ئافرەتە بیانییەکە: بەڵێ، ژمارەی دانەرە، بەڵام ئەو لەکارهاتۆتەوە، زۆر ماندووە و خەوی لێکەوت، بۆیەش وەڵامم دایەوە، چونکە چەندینجار تەلەفۆنت کردووە.
ئاکاڕ: باشە کاتێک لەخەو هەڵسا پێیڕابگەیەنە، کە ئاکاری هاوڕێی قۆناغی سەرەتایی بەتامەزرۆیە لەگەڵت بدوێ.
ئاکار زۆر تامەزرۆ بوو، قسە لەگەڵ دانەر بکات، بڕیاریدا ئەگەر شەویش دابێ، نەخەوێ تا ئەو کاتەی دانەر تەلەفۆن دەکاتەوە، هەرچۆنێک بێ خۆی سەرقاڵکرد بەکاری نووسینگە و وێنەیادگارییەکانی ئەو وڵاتەی تیادا نیشەچێیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک سۆزی پێ نەدەبەخشی، هیچ یادگارییەکی قووڵی لەگەڵدا نەبوو، دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە، زەنگی تەلەفۆنەکەی ئاکار لێیدایەوە، یەکسەر وەڵامی دایەوە: هەلەو دانەر چۆنی.
دانەر: تۆ کێی؟
ئاکار: من ئاکارم، لەسەرەتایی پێکەوە دەمانخوێند.
دانەر: نازانم بیرم نەماوە، بەڵام بەڕێز دەکرێ هەندێک وەسفی خۆت و شەقامە بازنەییەکان بکەیت، لەبیرم نەماوە، ئەوکاتەی چوومە هەندەران، تەمەنم بیست ساڵان بوو، من ئێستا تەمەنم شەست ساڵە، چل ساڵە من لەئاوارەیی و پەناهەندەیی دام.
ئاکار ئاخێکی هەڵکێشا:راست دەکەی، من ئەو هاوڕێیەتم لەدوای قوتابخانە شەڕە بەردمان لەگەڵ منداڵانی گەڕەکی نێو شەقامە بازنەیەکی دیکە دەکرد، چەند جارێک سەری هەردووکمان شکاوە.
دانەر بێدەنگ بوو، وەک ئەوەی هاتبێتەوە سەردەمی منداڵی، ئاکار تەنیا گوێی لەپرمەی گریان بوو، بۆیە ئەویش دەستی بەگریان کرد، وەک ئەوەی لەزینداندا یەکتریان دۆزیبێتەوە و باوەش بەیەکتردا بکەن.
دوای هێوربوونەوە، ئەوجارەیان ورد و درشتی هەموو شتێکی سەردەمی نێو شەقامە بازنەییەکان باسکرد.
زۆرێک لەوانەی خەڵکی شەقامە بازنەییەکانن وەک زۆرێک لەخەڵکی شەقامە راستەکان کەوتوونەتە شوێنە لابەلایەکانی دونیا، شڤان یەکێکە لەوانەی وەک بازرگانێک دەچێتە زۆرێک لەوڵاتان، ئەو رۆژە لەدانیشتنێکدا گوتی:لەیەکێک لە فرۆکەخانەکان کاتێک دابەزیم، لەهۆڵی پێشوازی پۆلیسێک داوای پاسەپۆرتی لێکردم، کاتێک بینی خەڵکی یەکێک لەگەڕەکەکانی شەقامە بازنەییەکانم، فرمێسک لەچاوانی هاتەخوار، واقم وڕما، پۆلیسەکە بەدەنگێکی نووساوەوە گوتی: داوات لێدەکەم، ئەمڕۆ ئێوارە، کاتێک دەوامم تەواو بوو، دەبێ بێی بۆ ماڵی ئێمە، چونکە، هاوسەرەکەشم وەکخۆم خەڵکی گەڕەکەکانی نێو شەقامە بازنەییەکانە، رۆژ نییە، لەیادی شەقامە بازنەییەکان، چاوانی پڕ فرمێسک نەبێ،




چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی خۆشه‌ویستی بۆ خیومار… ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ*.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
نه‌مزانی
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستته‌
لیمۆیه‌كی زه‌رده‌
یا تاڵی هه‌تاوه‌ خیومار !
لێوه‌كانتم له‌ تاڵه‌ زێڕینه‌كاندا بینی
زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بنه‌وه‌ بۆم ..

لێم پرسی چیم ده‌ده‌یێ
ئه‌و‌ ده‌مه‌ی ده‌سته‌كانت ‌ له‌ میوه‌یه‌كی
‌ بێستانی گه‌شاوه‌دا
ده‌یچنن
یا ئێواره‌ وه‌خته‌ ئارامه‌ بۆشه‌كان؟
یا ون بوونی زێڕین ؟
یان ڕه‌نگه‌ ‌وێنه‌یه‌ك‌ بێ
له‌ ئاوێكی وه‌ستاودا ؟
یاخود به‌ سووتانی چیایه‌ك بۆ ئه‌وی دی
زه‌رده‌ ده‌په‌ڕێ ؟

ئایا خۆشه‌ویستی
تاڵی خۆرئاوا
له‌ ئاوێنه‌ ڕه‌نگ په‌ڕیوه‌كاندا ده‌شكێنێ ؟

(2)
خه‌ونم پێوه‌ دیتی خیومار
له‌ باخچه‌كه‌تدا بووی
ڕووبارت به‌ ژێردا ده‌ڕۆیشتن
تۆ له‌و باخچه‌یه‌تدا بووی
كه‌ ڕۆژگارێكه‌
به‌ تامانی ئاسنینی سارده‌وه‌
ده‌وره‌ دراوه‌ ..

چۆله‌كه‌یه‌كم بینی ته‌نیا
به‌ نه‌رمی به‌‌سه‌ر دره‌ختی (ئالمیس)ـه‌وه‌
له‌ ده‌م ڕووباری پیرۆزه‌وه‌
كه‌ سه‌رچاوه ‌و تینوویه‌تی تیا
له‌ تینوویه‌تیان ده‌جریوێنێ ..

له‌و باخچه‌یه‌دا خیومار
باخێكی دی له‌ یه‌كگرتنی دڵه‌كانمان
له‌دایك ده‌بێ ..
كاتمان
له‌ ناو یه‌كتردا ده‌توێنه‌وه‌ و
پێكه‌وه‌ هێشووی خه‌ون
له‌ قه‌ده‌حی بێگه‌ردماندا
ده‌گووشین
ئیتر چیرۆكی دووانه‌مان له‌بیر ده‌كه‌ین
یه‌كه‌میان
( له‌باره‌ی پیاو و ژنێك
كه‌ وه‌ك ئاسك و شێر وان
هاتوون پێكه‌وه‌ بخۆنه‌وه‌
ئه‌وی دی ده‌ڵێ :
خۆشه‌ویستی به‌ختیاوه‌ر نییه‌
دوو ته‌نیاییه‌ له‌ ته‌نیاییه‌كدا )

شاعیره‌كه‌ بیرت لێ ده‌كاته‌وه‌ خیومار !
ماوه‌ی به‌ینیشمان
له‌ لیمۆ و وه‌نه‌وشه‌یه‌
كێڵگه‌كان‌ هێشتا كه‌سكن
وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم خیومار !
چیا له‌ هێللانه‌وه‌ به‌ره‌و لێڕی داربه‌ڕوان
قووتمان ده‌دا ..
ڕۆژ له‌ ڕۆیشتنیدا ماندوو ده‌بێ
شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێمه‌ش ده‌ڕوا
بێده‌نگی له‌گه‌ڵ ڕۆژدا هه‌ڵده‌لووشێ و
ڕیتم به‌ره‌و سێبه‌ر ده‌بزوێ و
( خوادامارا)یش
ڕه‌نگی زێڕینی بزر ده‌كا
چوون شازاده و عاشقه‌كه‌ی
پێكه‌وه‌ هه‌ڵدێن و
مانگیش هه‌ناسه‌سوار به‌ دوایانه‌وه‌یه‌ ..
شه‌مه‌ننه‌فه‌ر ون ده‌بێ و
له‌ جه‌سته‌ی شاخ دا فیشكه‌ی دێ ..

خاك نه‌زۆك‌ و ئاسمان بڵیند
له‌ پشت چیای گرانێت و
پشت چیای بازڵت
ئه‌وه‌تا ده‌ریای دیماهی نه‌هاتوو
با پێكه‌وه‌ بڕۆین
ئه‌وه‌ ئازادی یه‌ .

(3)
له‌ فارغۆنی شه‌مه‌ننه‌فه‌ره‌كه‌وه‌ بۆت ده‌نووسم
له‌ كاتی ژووانی وه‌همیدا
كه‌ ته‌لان په‌لكه‌زێڕینه‌‌ له‌ بادا ده‌شكێنێ و
خه‌میشی به‌سه‌ر پشتی چیاوه‌ ده‌قڵیشێ ..

خۆر و زه‌نگه‌كان له‌ قولله‌ كۆنه‌كانیانن
ئای له‌و بانگی شێوانه‌ هێمن و بژوێنه‌
ئای له‌و ئێواره‌ منداڵانه‌یه‌ی
شاعیره‌كه‌ت خۆشی ‌ویست
ئای له‌و ڕۆژه‌ … ڕۆژی گه‌نجی
كاتێ جه‌سته‌یه‌ك بووم
له‌ ڕه‌نگی گوڵ له‌ كه‌ناردا .

• ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ ، شاعیری ئیسپانیایی 1875 له‌ ئه‌شبیلیا
له‌ دایك بووه‌ ، 1903 یه‌كه‌م كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌
كه‌ به‌ قه‌ڵه‌مبازێك له‌ شیعری ئیسپانیایی له‌ قه‌ڵه‌م درا .
له‌ 1898 كۆشیعری دووه‌می له‌ ئه‌نده‌لووس بڵاو ده‌كاته‌وه‌
ده‌گووترێ به‌ شاعیرانی ئه‌ندلووسه‌وه‌ كاریگه‌ر بووه‌ ، هه‌روه‌ها به‌
( ئیبنی عه‌ره‌بی) و هه‌ندێ له‌ شاعیرانی عه‌ره‌ب له‌وانه‌ ( عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی)

(** ) ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی ماچادۆ له‌ ماڵپه‌ڕی ( دیوان العرب)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی
بڕوانه‌ :

https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=5127




ڕۆژئاوا تا ئێستاش لە تاڵیبان تێناگات!… کارتەرماڵکاسیان.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

(چۆنیەتی مامەڵە کردن لە گەڵ ڕژێمی تازەی ئەفغانستان)

تاڵیبان وا بۆ زیاتر لە نیوساڵ دەچێت لە سەرحوکمن لە ئەفغانستان. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی لە پێناو گەییشتن بە سیاسەتیکی گونجاوو مەحکەم تێکۆشاوون بۆ وەڵامدانەوە بەو بارودۆخە. سەرۆک و بەرپرسەکانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی پێیان باشە کە تاڵیبان حکومەتێکی گشتگیر پێک بهێنێت و ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و هیچیترتەنگ بە ئەندامانی سەر بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەڵنەچنێت و هەروەها ئیدانەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیسش بکات. لە نێو ئەو قەیرانە ئابووری و مرۆییەی کە لە ئەفغانستان دا هەیە سیاسەتمەدارانی نێودەوڵەتی تووشی گرفتێکی گەورەو ترسناک بوونەتەوە. ئەویش ئەوەیە یا ئەوەتە تاڵیبان وەک لایەنێکی تیرۆرو بێزراوی نێودەوڵەتی چاوی لێبکرێت و لێرەشەوە دەبێ هەموو هاوکاری و کۆمەکێکی نێودەوڵەتی لێ ببڕن، یا ئەوەتە هاوکاری و یارمەتی نێودەوڵەتی پێبدەن و لێگەڕێن ئەو سیستەم و ڕژێمە بەو شیوەیەی کە خۆی دەیەوێت دەوام بکات.
گرفتی جەدەلی سیاسی کە جیگەی سەرسوڕمانیشە ئەوەیە کە بۆچی جیهان زۆرکەم دەزانێت دەربارەی ڕژێمی تازەی تاڵیبان. نیازەکانی تاڵیبان و بەرژەوەندیەکانیان و هەروەها پێکهاتەی درووستکردنی بڕیاریشیان لە لای جیهان لێڵ و تەمومژاوییە. مەولەوی هەیبەتواللە ئاخونزادە، ڕابەری ئێستای تاڵیبان، چەندین ساڵە نە لەسەر تەلەفزیۆن بینراوەو نە وێنەیەکیشی گیراوە؛ ئەندامەکانی تری ڕابەرایەتی تاڵیبانیش لە وینەی مەلا موحەمەد حەسەن ومەلا عەبدولغەنی برادەر و سیڕاجەدین هەقانی یا ئەوەتە هەر نەبینراوون یان زۆر بەکەمی بینراوون. کتیبەکەی بێتی دام کە لەو زووانەدا بڵاویکردەوە بە ناوی (گەڕان بەدوای دوژمندا: مەلا عومەرو هەروەها تاڵیبانی نەزانراو)، ئەو کتێبە باشترین ڕێنوماییە و یارمەتیدەری باشیشە بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان. لێکؤڵینەوەیەکی پڕ لەوردەکارییە کە نووسەر چەندین ساڵی پێوە خەریک بووە کە ئەو وەک ڕۆژنامەوانیکی بنکۆڵیکار بەدوای تاڵیباندا گەڕاوە. ئەو کتێبە زۆرێک لە کاروباری ناوخۆیی ئەو گرووپە دەردەخات و نیشانی دەدا کە بە ڕاستی ڕۆژئاوا زۆرکەم دەزانێت کە ئەو جوڵانەوەیە چۆن کاردەکات. ئەو کتێبە زۆرترو وردترنیشاندەدا لەوەی کە تاکو ئێستا لە لایەن ڕۆژئاواوە بە شێوەیکی گشتی دەربارەی تاڵیبان زانراوە. بێتی دام پێشنیاردەکا کە ڕۆژئاوا نە دەبێ بەتەواوی تاڵیبان وەلانێ و گوێی پێنەداو نە دەشبێ چاوەڕێی ئەوە لە تاڵیبان بکەن کە ملکەچی فەرمان و داواکاریەکانی نێودەوڵەتی دەبێ. لە جیاتی ئەوە دەبێ سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بە سیاسەتێکی کراوەترو بە چاوێکی تیژترەوە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن. دەبێ خۆیان لادەن لە سەپاندنی سزای زۆر قورس بەسەر تاڵیبانداو هەوڵی زیاتریش بدەن بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان و بزانن لە چ شوێنێکدا دەتوانن لەگەڵ تاڵیباندا کار بەیەکەوە بکەن. وە لە کۆتاییشا دەبێ ڕۆژئاوا خۆی بەدووربگرێت لە وەی تاڵیبان بکاتە دوژمن کە پێویست بەمە ناکات و ناشبێت خەرجی زۆر بە فیڕۆ بدەن لە پێناوی ئەوەی کە وا لە تاڵیبان بکەن تەنازولات بکات بۆیان، چونکە ئەمە شتێکە قەت ڕوو نادات. بۆیە پەیڕەوی کردن لە سیاسەت و بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لەوانەیە بتوانن و نەهێڵن کە ئەو وەڵاتە لەوە زیاتر بکەوێتە ناو قەیران وکارەساتی مرۆییەوە.
پڕکردنەوەی بۆشاییەکان
بێتی دام، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠وە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەفغانستان کردووەو لە ساڵی( ٢٠١٢ )شەوە دەستی بە نووسینی کتێبێک کرد دەربارەی مەلا موحەمەد عومەر بە ناوی : ڕابەرە یەک چاوەکەی یەکەم ڕژێمی تاڵیبان. کە ئەو ڕژێمەش میوانداری لە ئوسامە بن لادن کردو حوکمی ئەفغانستانیشی کرد لە ساڵی ١٩٩٦ وە هەتا ساڵی ٢٠٠١ کە لە لایەن ئەمریکاوە وەلانرا. لە دوای وەلانرانی ڕژێمی تاڵیبان، مەلا عومەر زۆر بە دەگمەن دەبینراو هەتا وای لێهاتبوو وەک کەسایەتیەکی ڕوحانی و نادیار باسی لێوە دەکرا. هەوڵی بێتی دام بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی ڕابەرێکی زیرەک و لێزانی تاڵیبان وای لەو ژنە کرد کە چەندین ساڵ تەرخان بکات لە سەرتاسەری ئەفغانستان بۆ گەڕان بە دوای دوژمندا. بۆچوونی زاڵ و ژیرانەش ئەوەبوو کە هەر لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە، مەلا عومەر لە پاکستانەوە ڕابەرایەتی تاڵیبانی دەکرد. بەڵام بێتی دام، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە دوای چەندین ساڵ لە بەدواداچوون لەوبارەوە، چەندین بەڵگەی زۆر باش دەردەخا کە مەلا عومەر هەر لە نێو ئەفغانستانەوەو لە شوێنێکی زۆر نزیکیش لە بارەگاو بنکەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەتا رۆژی مردنەکەی لە ساڵی ٢٠١٣ئەو کارەی ئەنجام داوە. مەلا عومەر توانیویەتی خۆی بەدوور بگرێت لە خۆ دەرخستن و لە ناو خانووی قوڕو سادەدا ژیاوە. پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ دەوروبەریدا بەشێوەی کاسێتی تۆمارکراوو نامەی دەستخەت ئەنجام داوون.
قەت نەتوانراوە بەباشی مەلا عومەر بناسرێت. ئەوهەمیشە لە ناو کتێب و ڕاگەیاندنەوە وێناکراوە، بە تایبەتی لە دەستپێکی ساڵەکانی جەنگەوە، ئەو وەک و کەسێکی تونڕەو کە شوێنی قاعیدەی کردەوە ناسرا. بەڵام بێتی دام پێی وایە کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا و ڕاگەیاندنەکان بێلایەن نین لە بەرامبەر مەلا عومەرو تاڵیبان دا. جا لەبەرئەوەی شتیکی زۆرکەم دەربارەیان دەزانن کەواتە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەلا عومەرو تاڵیبان هەروەها پەیوەندی ئەو دوولایە بە تیرۆرەوە ئاڵۆزو ناڕوون دەبێت. بێتی دام دەڵێ: “بەداخەوە ڕاگەیاندنی سەرەکی و باوهەمیشە باسی لە بوونی دوژمنیک دەکردو بەمەش درێژەیان بە جەنگ دەدا.” ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە زۆر کەم زانیاری جێ باوەرو متمانە زانراوە لە دوای ئەوەی کە مەلا عومەر قەندەهاری بەجێهێشت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١. مەلاعومەرو بن لادن ئامانجی سەرەکی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوون، بەڵام ئەو دوو زاتە هەر وەک ئەوەی وابوو کە لەسەر ڕووی زەویێ نەمابن. لە ڕاستیدا کاتێک کە مەلاعومەر لە ساڵی ٢٠١٣ دا مرد کەس لەدەرەوەی بازنەیەکی بچووکی دەوروبەری خۆی نەیدەزانی کە مەلا عومەر مردووەو هیچیشیان دەربارەی مەلاعومەرنەدەزانی. هەروەها زیاتر لە دو ساڵیشی خایاند هەتا زانیاری لەوبارەوە دزەی کردو جیهان پێیزانی کە مەلا عومەرمردووە.
بێتی دام پێی وایە کە تا ڕادەیەکی زۆر خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون. هەروەها نووسەر گێڕانەوەکەی خۆی وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەو قسەو قسەڵۆکانە دەبینێت کە دەگوتران گوایە تاڵیبان بە توندوتیژی و سەرکوت ناسراوەو مۆسیقاو گۆرانیشی قەدەغە کردووەو دەزگای سەرکوت و سزادانی هەیە و چالاکی ژنانیشی قەدەغە کردووە. لە ڕێگەی چەندین چاوپێکەوتنەوە کە بێتی دام لەگەڵ خەڵکی ژێر حوکمی تاڵیباندا کردوویەتی دەڵێ: “قەت ژیان ئەوەندە ڕێک و باش نەبووە وەک کە لە ژێرسایەی تاڵڵیباندا دەگوزەرێت.” بە دەرێژایی ساڵەکانی ١٩٩٠ و بەرەو ژوور خەڵک بە تەواوی گوێی لە گۆرانی و مۆسیقای کەلتووری گرتووەو شێعر خوێندراوەتەوەو وەرزشیان کردووە. بەڵام ژنان بە شێوەیەکی گشتی لە ماڵدا ماونەتەوەو هەندیک لە کچانیش توانیویانە بچنە خوێندنگا و قۆناخی سەرەتایی. هەروەها بێتی دام دەڵێ : “بەڵگەی زۆر کەم هەیە کە گوایە تاڵیبان هەموو ڕۆژانی هەینی سزای بەشێوەی بەردباران جێبەجێکردووە لە شارەکانی وەک کابوڵ و قەندەهار و بە زۆری زۆرداریش خەڵکیان پەلکێش کردووە بۆ ئەوەی لە مەڕاسیمی سزادانەکە ئامادەبن و سەیر بکەن.”
بە بەڵگەوە نووسەر دەڵێت ئەوجوڵانەوەیە پاڵپشتیەکی زۆرتری هەیە لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی ناسراوە، بە تایبەتی لە ناوچە دوورە دەست و لادێکاندا. بۆ نموونە دانیشتوانی قەندەهارزۆر پێیان خۆشبووکە تاڵیبان لەساڵی ١٩٩٤ بازرگانانی شەڕو ئاشووبی نەهێشت کە باج و سەرانەیەکی زۆریان دەخستە سەر هاوڵاتیان و هەراسانیان دەکردن. هەروەها تاڵیبان جۆرێک لە دڵنیایی و جێگیری و ئەمانەتی بۆ خەڵک دابین کرد. بۆیە بۆ خەڵکێک کە لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدی وەک و ئەفغانستاندا بژیت، ڕێساو یاساکانی تاڵیبانیان بەلاوە شتێکی سەیرنابێت. هەتا دانیستوانی کابوڵیش زۆر پێیان خۆش بوو کە لە ساڵی ١٩٩٦ تاڵیبان هاتە ناو شارەکەوەو کۆتایی بەو بێ سەرەوبەرەییە هێنا. هەروەها یاساو ڕێسای پەیوەند بە ژیانی رۆژانەی خەڵکیان چەسپاند، بە تایبەتی لە پەیوەند بە ژیانی ئافرەتانەوە کە بۆی هەیە سەخت بووبێت. لە هەندێک شوێنان خەڵک زۆر خۆشحاڵبوون بەوەی کە خۆراک و پێویستیەکانی ژیان هەرزانبوون و فڕۆکەخانەکانیش بەڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە.
لێرەدا نووسەربو لێکۆڵینەوەەیەی خۆی بابەتی هاوکاریی تاڵیبان بۆ قاعیدە، کە بەلای ئەمریکاو جیهانیشەوە خاڵێکی گرنگە، ئاڵۆزدەکات. ئەو نیشانی دەدا کە پەیوەندیەکانی نێوان مەلاعومەرو قاعیدە ناڕۆشن و لێڵ بوون. دەڵێ هەرچەندە مەلاعومەر ڕێگای بە بن لادن دا کە لە ئەفغانستاندا بمێنێتەوە بەڵام لەگەڵ بن لادن نەبوو دەربارەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و هەروەها هەوڵیشی لەگەڵ بن لادن داوە کە بۆ میدیاکان لێدوان و قسەنەکا. کوڕەکەی بن لادن لە دواییدا بە بێتی دامی گوتووە کە ” پەیوەندیەکان باش نەبوون. مەلا عومەر نەیویستووە هیچ شتێک لەگەڵ باوکم بکات بەڵام نەشیتوانیوە بەتەواوی گوێی پێنەدات، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە بەشێوەیەکی زۆرچڕهێرشی کرایە سەر لەدەرەوەڕا”.
بێتی دام دەیسەلمێنێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون!
بێتی، دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا بە شێوەیەکی خەراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە ئاڵۆزە کردووە. هەوڵەکانی واشنتۆن لە نەوەتەکاندا بە شێوەیەکی دیار بۆ پەراوێزخستنی تاڵیبان پێجەوانەی ویستی ئەمریکای لێکەوتەوە. ئەو مامەڵە خەراپەی ئەمریکا لە گەڵ تاڵیبان بووە هۆی پەکخستنی ئاڵوگۆڕی لێکتێگەییشتن و زیادبوونی لایەنداری و ڕێگری لە چارەسەری مامناوەندی و نێوەندگیری بە تایبەتی کە دەهاتە سەر بابەتی قاعیدە. کردەوە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی تاڵیبان تا واز لە وەخۆگرتنی بن لادن بهێنێت زیاتر مەلا عومەری بەرەو عینادی و شێلگیری برد تا بە هیچ شێوەیەک واز لە بن لادن نەهێنێت و داڵدەشی بدات. هەر بۆ نموونە مەلا عومەر توڕەتر بوو کاتێک کە ئەمریکا لە بنکەو کامپەکانی قاعیدەی دا لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٩٨ لە تۆڵەی بۆمبارانکردنی سەفارەتەکانی ئەمریکا لە کینیاو تانزانیا لا لایەن قاعیدەوە. لەو بارەوە مەلا عومەر وتی:” ئەگەر هەموو جیهان دژایەتیمان بکات سەرباری دڵنیایەکانمان و هەر بەردەوام بن لەسەر داواکردنی بن لادن لە ئێمە ئەوا ئێمە قەت بن لادن تەسلیم ناکەینەوە پێیان. لە جیاتی ئەمە ئێمە بەرەنگاری لە بن لادن دەکەین تا دوا دڵۆپە خوینی خۆمان.” هەرلە دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت مەلا عومەر ئاگاداری تۆم ماڵینۆفسکی دیپلۆماتکاری ئەمریکای کردەوە کە ئەو هێرشە سەربازیانە تەنها دەبنە هۆی یەکگرتوویی زیاتر لە نێوان موسڵماناندا و هەروەها دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا بەرفراوانترو زیاتر دەبێت. بە پێی وتەکانی یەکێک لە هاوکارەکانی ماڵینۆفسکی دەڵێت:” ئەو ٦٠ ساروخەی کە ئەمریکا هاویشتی ڕیک تاڵیبان و مەلا عومەری خستە ناو باوەشی بن لادنەوە.”
لە گەڵ ئەوەشدا بێتی دام دەیەوێت کە هیوابڕاو نەبین چونکە لەوانەیە بزووتنەوەی تاڵیبان ڕازی ببێت هەندێک تەنازولات بکات بۆ ڕۆژئاوا لە بەرامبەر جۆرێک لە هاوبەشی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵیاندا. هەروەک بێتی دام تێبینی کردووە کە بابەتی سەرەکی لای ئەو بزووتنەوەیە بریتیە لە عەقیدەوئایینەکەیان وە بە هەر نرخێک بێت بتوانن نێوبانگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست بێنن. دوای ئەوەی کە تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ هەردووک پەیکەری بودای لە نزیک شاری بامیان لە ناو جەرگەی ئەفغانستان ڕوخاندن و بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی تاڵیبان کەوتە بەر ڕەخنەو گلەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، مەلا عومەر قسەیەکی گرنگ و بەناوبانگی کرد کە وتی:” من پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەلاوە گرنگ نیە”. هەروەها وتی: ” کاری من ئەوەیە کە یاساکانی ئیسلام بچەسپێنم، لەوە نە کەمترو نە زۆرترە. ” لەوەش واوەتر مەلا عومەر ڕازی نەبوو کە واز لە بن لادن بهێنێت و بیداتە دەست ئەمریکا. چونکە “دەترسا کە دوژمن لەبەرێکی دەربێنن و وەک موسڵمانی ناڕاست ناوزەدی بکەن ئەگەر بن لادن وەک دیارییەکی گەورە بدەینە دەست ئەمریکا.” هەتا کار گەییشتە ئەوەی کە مەلا عومەر پەنای بۆ خەوبینین دەبرد کە لە خەویدا ڕێنمایی بکرێت کە جی بکات؟. کە ئەمەش داب و نەریتێکی کۆنە لە نێو کەسانی دینیدا لە ئەفغانستان. بۆ سیاسەتمەدارەکان زۆر بە سوودە ئەگەر بە وردی سەیری ئەو نموونەیە بکەن : ڕابەری ئێستای تاڵیبان، هەیبەتوللا، وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت وەک و مەلا عومەر بێت. هەیبەتوللاش هەر بە هەمان شێوە لە قەندەهار دەمێنێتەوە، لە کامێڕاو میدیا دوور دەکەوێتەوە، هەروەک مەلا عومەر ئەویش هەمان تێڕوانینی هەیە بۆ ئیسلام و تەفسیری ئیسلام، هەمان دیدو بۆچوونی هەیە لەبەرامبەر شەریعەتی ئیسلامی کە دەبێ ببێتە دەستووری دەسەڵات و حوکمڕانی. ئەو کتێبەی بێتی دام وەک وەبیرهێنانەوەیەک وایە بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا کە خۆ تەرخانکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئیسلام ڕاستەو نەگۆڕە، ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت خزمەتی وەڵاتی خۆیان بکەن، جا بە هەر نرخێک بۆیان بچێتەسەر، چونکە بەلای ئەوانەوە لە هەموو شتێکی تر گرنگترە.
بەهێزی و تۆکمەیی عەقیدەی ئاینیی تاڵیبان بە تەنیا لە پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا دەرناکەوێت بەڵک و لەگەڵ پاڵپشتە سەرەکیەکەشیان کە پاکستانە دیارە. بێتی دام دەری دەخات کە پەیوەندیەکانی تاڵیبان لەگەل دراوسێکەی ئەفغانستان زۆر جاران جێی گومان و لە ژێر پرسیاردابووە. سەرباری ئەوەی کە تاڵیبان ڕازیبوون بە وەرگرتنی هاوکاری و کۆمەک لە پاکستان، بەڵام ناڕازیشن بەو مامەڵەیەی کە پاکستان لەگەڵ ئەفغانستاندا دەیکات هەروەک کە ئەفغانستان پارێزگایەک بێت لە پاکستان. هەروەها تاڵیبان دەست تێوەردانی دەرەکی بە باش نازانێت لە کێشەی ئەفغانستاندا. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە دەبێ هەموو کەس بیزانێت ئەوەیە کە تاڵیبان لە ناوجەرگەی ئەفغانساتندا سەری هەڵداوە. بێتی دام قسەیەکی مەلا عومەر دەگێڕێتەوە کە بە سەرۆکی حیزبێکی پاکستانی گوتووەو وێراویەتی پێی بڵێ و ئامۆژگاری کردووە ئەوەیە :” ئێوە بەڕاستی پێمان بڵێن چی دەکەن لێرە؟ ئێوە پێویستە جەخت لە پاکستان بکەنەوەو لە پێشدا لەوێ دەوڵەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنن.”
بەشێکی تری کتێبەکەی بێتی دام
توێژینەوەکەی بێتی دام هاوکاری سیاسەتمەداران دەکات کە رێگایەکی تازە لە گەڵ تاڵیباندا بگرنە بەر. چونکە ئەگەر بێت و ئەمریکا وەک بزووتنەوەیکی توندڕەوی تێرۆریست و بێزراوی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکات، بۆی هەیە کە پاڵپشتی تێرۆریستی و توندڕەوەکانی جیهان زیاتر بۆ لای ئەو بزووتنەوەیە پەیدا بکات کە ئەوەش ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە هەمووشت زیاتر لێی دەترسن. ڕێگای تەقلیدی ئەمریکا بۆ شەڕ لە گەڵ تێرۆریستەکان و لێدانیان لە ناو خاکی ئەفغانستان دا پەرچەکرداری زۆرخەراپترو زیانبەخشتری لێدەکەوێتەوە بۆ ئەمریکا کە زۆرتر دەبێ لەوەی کە زۆریک لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا هەستیان پێکردووە. بە تایبەتی کاتێک کە خەڵکی سیڤیل دەکوژرێت، خەڵکی لۆکاڵ و ناوەوی ئەفغانستان زۆرخەراپتر دەبنە دوژمنی ئەمریکا. ئەگەر ئەو جۆرە لێدانەی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لەدەوری تاڵیبان و گرووپە توندڕەوەکانی ترلە ناوچەکەدا کۆببنەوە. کەواتە بە ڕای بێتی دام ڕێبازێکی دیبلۆماسیانەی لەسەرخۆو بە پشوو باشترین چارەیە لەگەڵ تاڵیبان کە تاوانباران و خەراپەکاران تەسلیم بکاتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکەی بێتی دام ، مامەڵەی دیبلۆماسیانە لەگەڵ ڕێکراوی تاڵیبان ڕێگایەکی ژیرانەیەو لەوانەشە بە پێی تێپەڕبوونی کات ئەو ڕژێمە کورسییەکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابین بکرێت و یان هەتا بگاتە ئەوەی کە ئەمریکاش سەفارەتی خۆی لە ئەفغانستاندا بکاتەوە. ئیدارەی بایدن کارێکی ژیرانەی کرد کە ڕێگای بە بانکەکاندا کاری خۆیان بکەن لە ئەفغانستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پارەکانی حکومەتی ئەفغانستانیان ئازادکرد و هاوکاریەکانیش بگەینن بە بێ ئەوەی ئەمریکا لە خۆی بترسێت. جا لە کاتێکدا کە ئیدارەی بایدن لەو دواییانەدا بڕیاری دا کە دەسەڵات بداتە کارو مامەلەی بانکی بۆ خەڵکی ئەفغانستان، پێویستە واشتۆنیش بیر لە لابردنی گەمارۆ و سزای دارایی وبازرگانیش بکاتەوە بە تایبەتی لە گەڵ حکومەتی تاڵیبان. چونکە هەردووک حکومەتی تاڵیبان و ئەمریکاش سوودمەند دەبن لە ئەفغانستانێکی بێلایەن و سەربەخۆ. چونکە ئەمە دبێتە هۆی کە هیچی تر ئەفغانستان نەبێتە شوێنێک بۆ پێشبڕکێی نێوان هێزە گەورەکان و دیسان هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستاندا.
مامەڵەکردن لە گەڵ تاڵیبان وەک گروپێکی توندڕەوی بێزراو لە وانەیە پشتیوانی گروپ و بزووتنەوەی تیرۆریستی تر بەدەست بێنی کە واشنتۆن لە هەمووشت زیاتر لەمەیان دەترسێت.
بەڵام ئەوانەی کە هیوایان بەوەیە کە تاڵیبان ڕازی ببێت بە داواکاریەکانی ڕۆژئاوا و حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێنێت و ڕێز لە مافی مڕۆڤ بگرێت، لەوانەیە تاڵیبان تووشی بیهیواییان بکات. لەوانەیە تاڵیبان مل بدا بە هەندێک شت بۆ نموونە ڕێگە بە هەندێک کچ بدات برۆن بۆ خوێندنگاو ڕێگا بە هەندێک ڕێکخراوی نا حکومی بدات بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەکی مڕۆیی و لە وانەشە تۆڵەو لێدانی ئاشکرای ناو بازار بووەستێنێ، بەڵام لەوە زیاترو بەرەو ژوورتر ئەگەر لە تاڵیبان چاوەڕێ بکرێت ڕاست دەرناچێت و بێ بنەمایە.
کاتێک کە ئەگەر نەتوانرا بزووتنەوەی تاڵیبان لەو ڕێبازەی خۆی یەک تۆز بهێنڕیتە خوارێ لە بەڕێوەبردنی حکومەت و کۆمەڵگادا ئیتر وەبەرهێنانی گەورە ی ئابووریش لەو وەڵاتەدا بۆی هەیە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بەڵام پێویستە هاوکاری و کۆمەکی مرۆیی ئەنجام بدرێن و نابێ لە گەڵ سیاسەت تێکەڵ بکرێن. دەبێ کۆمەک و هاوکاری بگەێنرێت بە ئەفغانستان لە سەر بنچینەی پێویستیەکانی خەڵک و هەژاری و داماوی خەەڵک نەک وەک پاداشت و چاکە بدرێت بە حکومەت لەبەرئەوەی حکومەت هەمانگی دەکات لەگەڵ ڕۆژئاوادا. بڕیارەکەی ئەم دواییانەی ئیدارەی بایدن بە تەرخاندکردنی نیوەی ئەو پارە بلۆکراوەی حکومەتی ئەفغانستان ڕاستەوخۆ بدرێت بە خەڵکی ئەفغانستان نەکو لە ڕێگەی حکومەتی تاڵیبانەوە، ڕووی لە سنووردارکردنی کارکردنی ئەمریکایە لەگەڵ تاڵیبان. دیسان ئاماژەیەکیشە کە هێزە گەورەکان زیاتر تاڵیبان و ئەمریکا لێک دووردەخەنەوە. ئەمریکا چەند بەرژەوەندیەکی کەمی لە نێو ئەفغانساتندا هەیە، وە کاتێک کە پارەی باج کە لە خەڵکی ئەمریکا وەردەگیرێت و دوایی دەدرێت بە دوژمنێکی پێشووی وەک تاڵیبان لەوانەیە لە نێو خۆی ئەمریکادا بە باشی پێشوازی لەو هەنگاوە نەکرێت لە لایەن خەڵکی ئەمریکاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەم ئەمریکاو هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆیان بەدوور بگرن لە کردەی کۆشەگیرکردنی تاڵیبان.
لە کاتێکدا ئەمریکاو ئەوانەی تریش بیردەکەنەوە ئاخۆ دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی تازەی تاڵیباندا بکەن، هەر بەرنامەیەکی باشیش وا لە سیاسەتمەداران دەخوازێ کە دەبێ ئارامیان هەبێ و پێیان وا نەبێ کەوا خەراپتر بەڕێوەیە، هەروەها لەسەرووی هەمووشەوە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی زۆرتردەربارەی دایەلۆگچیەکان فێر ببن. جا بۆ ئەوەی یەکێک ببینێ و بزانێت کە بێتی دام پێشنیارو ڕاوێژێکی سیاسیانەی درووست و بەجێی پێشکەش کردووە، هیچ پێویست ناکات کە تاڵیبانی خۆش بوێت.
تێبینی: کارتەر ماڵکاسیان سەرۆکی بەشی توێژینەوەی بەرەنگارییە لە کۆلیژی باڵای توێژینەوەەی دەریایی. هەروەها نووسەری کتێبی: جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا- مێژوو. لە سەڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ وەک ڕاوێژکاری سەرەکی جەنەڕاڵی ئەمریکی جۆزیف دەنفۆرد بووە. دواییش سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش بووە..

https://www.foreignaffairs.com/reviews/review-essay/2022-03-21/west-still-doesnt-understand-taliban?

کارتەرماڵکاسیان
٢١ئازاری ٢٠٢٢
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی




پەروەردەی بانکی و خەساندنی ئەقڵ و بیرکردنەوە… مەحمود عەبدوڵڵا

چەمکی پەروەردەی “بانک”ی لای پاوڵۆ فرێری چەمکێکە بۆ جۆرێک لە پەروەردەو فێرکردن کەتێیدا مرۆڤ لەمرۆڤ دەخرێت و دەکرێت بەکاڵا یان میمۆرییەک .کە قوتابی تێیدا تەنها ڕۆڵی ئامێری خەزنکردن دەبینێت.ئەم جۆرە لەپەروەردە پەیوەندییەکی ناکۆک دروستدەکان لەنێوان مامۆستاو قوتابیدا،مامۆستا ڕۆڵی فەرماندە رو ڕێنماییکەر دەبینێت، لەم جۆرە پەروەردەو فێرکردنە ستونیەدا قوتابی وەک ئامێر مامەڵەی لەگەڵدەکرێت،لەهەمانکاتدا ئەم جۆرە پەروەردەیە خزمەتی سیستەمی ستەمکاری و ئەقڵیەتی مێگەلی دەکات،مرۆڤی دەستوپێ سپی و بیرنەکرەوەو دۆگما و دواجار دەمارگیر دروستدەکات.مامۆستاش خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو وچینێکی بەهەژمون دەکات لەکۆمەڵگەدا،کەدواجار بەرهەمی ئەو مامۆستایانە تەنها خزمەتی داهاتوی ئەوچینە دەکات نەک داهاتوی قوتابیان.
لەپەروەردەی بانکیدا ،چ لەقوتابخانەو چ لەدەرەوەی قوتابخانە،پەیوەندی مامۆستاو قوتابی پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای ناکۆکی و دژیەکی . واتا لەوسیستەمە فێرکاریەدا مامۆستا هەموشتزانە ،قوتابی نەزانێکی ڕەها،مامۆستا ئەوەی خۆی فێریبووە،دەیگوازێتەوە بۆقوتابی بێ گفتوگۆ و دیالۆگ وگومان و پرسیار ،مامۆستا قسەکەرەو قوتابی گوێگر،مامۆستا بیردەکاتەوەو قوتابی بیری پێدەکرێتەوە ،وە مامۆستا دەسەڵاتی پیشەیی و مەعریفی تێکەڵدەکات. لەبەرامبەردا پەروەردەکردنی ئاسۆیی بابەتەکان دەخاتە بەردەست بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان و پرسیار کردن و گفتوگۆکردن واتا لەفێرکردنی ئاسۆیدا مامۆستاو قوتابی دوجەمسەری ناکۆک نین هەردوکیان هەم مامۆستاو هەم فێرخوازن .
لە پەروەردەی بانکیدا مامۆستا سوبێکتە،و قوتابی ئوبێکت،واتا مامۆستابکه رەو قوتابی کارتێکراو ،مامۆستا حیکایەت خوانەو قوتابی گوێگر ، ناوەڕۆکی وانە چیرۆک ئاسایە و مامۆستا توشی نەخۆشی گێڕانەوە دەبێت.لەلایەکیتر مامۆستا “لەقوتابخانەو دەرەوەی”دا، وا مامەڵە دەکات لەگەڵ واقیع وەک ئەوەی نەگۆڕو بێجوڵە و یەکپارچەیە ،دەربارەی هەرشتێک بێت،ئەگەربەهایەک بێت،یان بابەتێکی مێژوویی مامۆستا وانیشانی ئەدات کە جێگیرو نەگۆڕە بەشێوەی چیرۆکی مرودو بێ ڕۆح،لەدەرەوەی ویستی مرۆڤ وێنای دەکات،وەک ئەوەی مرۆڤ بونیادنەری واقیع نەبێت.مامۆستا واباسی بارودۆخ دەکات وەک شتێک لەدەرەوەی ژینگەی قوتابی و شتێکی نامۆ،دواجار مرۆڤ و واقیع لەیەکتر نامۆ دەبن.لەم شێوازە دا قوتابی زانیاری وەردەگرێت و لەبارودۆخیتردا توتی ئاسا دەیڵێتەوە ،یان لە ئیمتیحاندا نمرەی پێ بەدەست دێنێ،بەبڕواوی فرێری چەندە قوتابی دەرخ بکات و مێشکی پڕبکات ،زیاتر ناهۆشیار و بێ ئاگا دەبێت.بەگوێرەی سیستەمی فێرکردنی بانکی قوتابی دەفرێکە چەندە مامۆستا شتی زیاتری تێ بئاخنێ باشترە،قوتابیش چەندە وەرگرێکی باشبێت زیرەکترە.بەڵام لەڕاستیدا ئەمپڕۆسەیە لەمرۆڤ خستن و خەساندنی ئەقڵەو دواجار تاکی بیرنەکەرەوە ،دۆگما و دەمارگیر و دەستو پێ سپی دەخاتە کۆمەڵگاوە.بەڕای فرێری هۆکاری دەست وپێسپیبونی تاکەکان و وەستانی پڕۆژەی بیرکردنەوەیان سەرچاوەکەی ڕەشبینی و نائومێدیە لە ڕوبەڕوبونەوەی جیهانەکەیاندا بۆ گۆڕانکاری.
ئەم میتۆدە لەسەرەتاوە جیاوازی دەکات لەنێوان ئەوانەی زانیاریبەخشن لەگەڵ ئەوانەی زانیارییا ن نییە،واتا کۆمەڵگە دابەش دەکات بۆئەوانەی دەزانن و ئەوانەی نازانن،قسەکەرو گوێگر.ئەمەی ئەمڕۆ دەیبینین هەمانشتە لەکۆمەڵگەدا زۆرینە هەموو لەشی بۆتە گوێ،توێژێکیش بەردەوام قسەدەکەن ،واتا لێرەدا بیرکردنەوە بۆ توێژێکە،گوێگرتن بۆ زۆرینە ئەمەش خزمەتی ستەمکاری و ئایدیۆلۆژیای ستەمکاری دەکات،کۆمەڵگە پەکی دەکەوێت و خەڵکی وەک توتی ئەوە دەڵێنەوە کە گوێیان لێبووە،بێ ئەوەی بوێرن، لەحەقیقەتی شتەکان و پێویستیان بکۆڵنەوە،نەک هەر ئەو ە بەڵکو پرسیارو گومان بە تاوان ولادان دەزانن!ئەمەیە خەساندنی ئەقڵ و بیرکردنەوە. لەم شێوازە بانکیەدا متمانە بەمامۆستا ناکرێت،مامۆستا بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ دەبێتە خزمەتکاری کۆنەپەرستی و ئایدیۆلۆژیا ستەمکارەکە.بەبڕوای پاولۆ فرێری ئەم شێوازە ی فێرکردن و حیکایەت خوانی جگە لە زۆربڵێی شتێکیتر نییەو توانای داهێنان دەکوژێت . بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگا دەبێ بەگوێگر بۆچی؟هۆکارەکەی ئەم پەروەردە بانکیەیە کە مامۆستاکان،دایک و باوک مەلاکان لەمناڵیەوە ئەم میتۆدە بەکار دەهێنن،دواجار لەگەورەیشدا سیستەمی بیرکردنەوەی خەڵکەکە بەم شێوەیە دەبێت کە زانیاری ئەداتەوە،نەک بیربکاتەوە! کاتێک ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە وەک ئەوەوایە دەست لە دوگمەی تەسجیلێک بدەیت،ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک قسە دەبیستی کە خەزنکراوە!مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ نییە. ئەم سیستەمە دواجار مرۆڤەکان بێ توانا دەکات لەڕوبەڕوبونەوەی واقیع دا دەستو پێ سپی قەدەرگەرا دەبن،چونکە پڕۆژەی بیرکردنەوەیان نییە توانای بەرهەم هێنانی مەعریفەی نوێیان نییە. ئەم ڕێککەوتنە ی “تەخت و میتراب”نهێنیەکەی لەوەدایە،کە فێرکاری چ لەقوتابخانەو چ لەدەروەدا مرۆڤی دۆگماو دەست وپێ سپی بەرهەم دێنێت کە دواجار هەردولا واتا ئەوانەی دەبنە واعیز و دەسەڵاتداران بێخەم دادەنیشن،چونکە زۆرینە هەست بەبێ توانایی دەکات لەبەرامبەر سوڵتە و واسەیری مرۆڤ دەکەن کە ئەوە قەدەریەتی،واقیع شتێکی نەگۆڕە وەستاوە ،لەلایەکیتر چونکە مرۆڤەکان دەزگای بیرکردنەوەیان لەکاردەخرێت بۆ واعیزەکان ئاسانە ببنە حیکایەتخوان،وەک بڵێی ئەقڵی تاکەکان سیستەمی بەرگری نەماوەو نەخۆشە زو بڕوا دەکات و تەسلیم دەبێت،وە باوەڕیشی بەوجیاوازیە هەیە کە ئەو نەزانەو ئەویتر زانا،بەڵام لە پەروەردەی ئاسۆیدا واقیع شتێک نیە پێشبینی بکرێ ،وەستاوبێ ،بەڵکو واقیع دەخرێتە بەردەست و توێژینەوەی بۆدەکرێت،هەردولا،مامۆستاو قوتابی پێکەوە لەڕێگەی ڕامان و گفتوگۆ وپرسیارو دیالۆگ دەگەنە حەقیقەت. واقیع بەرهەمی مرۆڤە نەوەستاوە نەپیرۆز،نەتێکستەکان ئەزەلین،هەموشتێک شایانی لێکۆڵینەوە و شیکاریە. مێژوو بەرهەمی مرۆڤە،مرۆڤیش بەرهەمی مێژوو نییە،بەڵکو مرۆڤ مێژو دروستدەکات.دەکرا ڕوداوەکان بەشێوەیەکی دیکە ڕویاندابایە…..لەسیستەمی بانکیدا مامۆستا جارێک زانایە لەڕێگەی خوێندن،خوێندنەوە و …فێردەبێت لەقۆناغیدوەمدا فێردەکات ئەوەی فێریبوە دەیگوازێتەوە و ،لایەنی بەرامبەر وەریدەگرێت بەڕەهایی.
ئەم شێوازە جگە لەوەی خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەکات،یان واقیع و بیرکردنەوەی باو دەسەپێنێت،بەردەوام دژی ئەو تاکانەیە کەدژی دەوەستنەوە،وەک حاڵەتی تاکەکەسی سەیری دەکەن،مەلا دەڵێت:ئەم یان ئەو لادەرە،دەبێت تێبگەیەندرێت،هەمو ئایدیۆلۆژیا ستەمکارەکان وا مامەڵە دەکەن کەمرۆڤ خاوەنی هۆش نییە،هۆشی بۆدروستدەکرێت،بۆیە بیرکردنەوەی جیاواز ڕەتدەکرێتەوە .چونکە لەسەرەتاوە واوێنای واقیع دەکرێت کەنەگۆڕە نابێ بگۆڕێت.
هەرکەس ئەگەربایی ئەوه ش زیرە ک نەبێت،دەزانێت ئەەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە پەروەردەدا لەهەرێمی کوردستان فێرکردنی بانکییە و سیستەمێکە لەخزمەت واقیعدایە نەک گۆڕانکاری،بگرە مەیلی کۆنەپەرستی لەهەڵکشاندایە،گەڕانەوە بۆ خوڕافیاتو حیکایەت خوانی ئارەزوکراوە. دەمارگیری لەهەڵکشاندایە دۆخێک کە هەمومان وەستاوی بیرکردنەوەو و لەمرۆڤخستن دەبینین. پەروەردەی بانکی هەوڵێکە بۆ لەمرۆڤ خستن و نەزانکردنی تاکەکان،کە خۆاراکدەری سیستەمی ستەمکاریە.ئەم سیستەمە وادەکات دواجار خەڵکی نەتوانن بیربکەنەوە بۆ گۆڕینی واقیع،ئەگەرچی ددانی پێدا نانێن،بەڵام لەبنەڕەتدا کەمتوانان لە چاکردنی بارودۆخی خۆیان و پەیوەندیا ن بەجیهانەوە کۆیلانەو پاسیڤە.لەچاوەڕوانی فریادڕەسدان.چاوەڕوانن کەسانی دیکە لەچەشنی سەرۆکی کاریزما دەرکەون و واقیعیان بۆ بگڕێت،کەدواجار ئەو فریادڕەسەش دەبێتەوە ستەمکار.پەروەردەی بانکی مرۆڤی خۆگونجێنەر و ملکەچ وخەوشدار بەرهەم دێنێت،کە بونی خۆی دەداتە دەست کەسانی دیکە،توانای خۆ سەلماندنی نییە لەبیرکردنەوەدا کڵۆڵە و دەگەڕێتەوە بۆ یادگە ،واتا بیرناکاتەوە،بیری دێتەوە. واقیعی ئەمڕۆ جودایە لەدوێنێ،سبەیش جیاوازە،پەروەردە دەبێت مرۆڤێک دروستبکات لە کارکردن لەجیهان و بارودۆخی خۆیدا کارابێت، مەعریفەی نوێ بەرهەم بێنێت. بەڵام پەروەردەو فێرکردنی بانکی شتێکی پێچەوانەیە. ئێمە چ دەزانین؟ ئەوە کەسی خۆی هەیە؟ هیچ ناکرێت؟ ئەم دەربڕینانە وێردی سەرزاری ئەو کەسانەن کە قوربانی فێرکردنی بانکین،لەڕاستیدا وەک میمۆری وان ،ناتوانن بیری نوێ بەرهام بێنن،کەلەئاستی گرفتو پێویستی ئەمڕۆدابن. لەبنەڕەتدا ئەو مرۆڤانە قەدەرگەران ،وا سەیری خۆیان ناکەن کە تەرازوی مرۆڤبونیان لاسەنگەو هاوسەنگیان لەدەستداوە.خاوەنی بیری ڕەسەننین واتا بیرێک کە لەئەنجامی پرسیارو وگومان و شیکردنەوە هاتبێت،بەڵکو بیرۆکەکان کۆنن وەرگیراون گواستراونەوە لەمێشکێکەوە بۆمێشکێکیتر…بەبۆچونی فرێری مرۆڤبون تەنها لەگەڵ توێژینەوەو پراکتیکی بەردەوامدا هەیە.بەڵام فێرکردنی بانکی بەردەوام لە مرۆڤخستن پێشدەخات،مرۆڤی پاسیڤ و بێتواناو خەون و مەرگ دۆست بەرهم دێنێت.کە مەرۆڤی مەرگدۆست ئارەزودەکات شتەکان نەگۆڕێن ، تەنها لەمیانەی کاڵا و خاوەنداریەتیدا پەیوەندی بەجیهانەوە دەبێت وەک ئەریک فرۆم دەڵێت:مرۆڤی مەرگدۆست کاتێک خاوەنی جیهان نەبێت پەیوەندی بەجیهانەوە دەپچڕێت دەسەڵات خوازە،ژیانی خۆش ناوێت لەچوارچێوەی بون بەخاوەنی شتەکاندا نەبێت،واتا پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤیشدا وەک کاڵا یە.

مەحمود عەبدوڵڵا




مەقەست… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

بە لوورە هەواڵ لە ئاسمان دێنێ،
بەتاو گوێ لە زەویی قووڵاغ دەکا
خۆشەویستیی کە ناگێڕدرێتەوە، بۆچی نەبیسترێ!

ئاشقان لە شکستدا
پەنا بۆ سیگار و مەی و کوفر دەبەن
بەیەکجار هەموویانم خستەلاوە

دەبا ببیسترێ، شکستی من
کە خوێی کۆنەساڵی مێژووی لێنیشتووە.
ئاشق کە بێزرا
نابێ بهێڵێ دەستەکانی مەگیرانیی خوێن بکەن.
چ بریندارە لەخۆ، ئەو کەسەی زامەکانی هەتوانی بیرچووبێتەوە.

ئێوە لێکنزیکن
ئاسمانیش لێتانەوە دوور
دواجار تەنێ ئاسمان ماڵی منە.
٭٭٭

زلێکی وشکی بەخوێن هەڵماسراو
لە ئازاری ماڵ دادەچۆڕێ.
ویژدانی ئەم هەموو خوێنی تۆیە
لەجەستەم دەنۆشرێ و
گورگەکان هەر تەنیان.
خوێی ئەو هەموو شکستە
وەک مێش نیشتووەتە سەر جەستەم و
گورگەکان هەر تەنیان
مرۆڤیش ویستی داگیرکردنی لوورەیانە.
دەبا گورگەکان لەتێرییدا بن
لچیان سوور
گۆشتی کاڵم لە کەلێنی دەدانەکانیان
خۆی لە زمانیان بسووێ.
٭٭٭

کە چاوم لەتێرایی ڕێگەدا لێ ون دەبن
بەیانییان بەسەر دادێ
خۆریش ڕووحم لەنێو ئەم گورگگەلە
ڕەپێش نادیاریی دەدا.
بەیانییەکی بێبەزەیی بەڕێوەیە
مرۆڤی بەیانی دەبێ شەڕەنگێزتر بێت.
ئای منیش
ئێسکەکانم، پەراسووەکانم
لێدادەماڵدرێن.

گورگەیل لەناو کەللەسەر و ئێسکەکانمدا ڕاکشاون
تینی خۆریش ساردیی خوێنم دووبارە لەنێو دەمیاندا گەرم دەکاتەوە و
مێروولە ئاسا ختووکەی دەبێتەوە.
٭٭٭

ئێوە لێکنزیکن
خوێ[ن]ی تێنووی خۆشەویستیی منیش
ئۆزینگ بە لەدایکبوونەوەی تەنیاییم،
باوێشک بە گەلەگورک دەدا.
ئا ئەمە لەدایکبوونەوەی هەمیشەییی زەوییە
دەردێک کە بێچارەسەر لەگەڵ خۆی پەروەردەت دەکا، تەنیایییە.
٭٭٭

بەیانی هەر کە خۆر هەڵدێ
ئاوابوونی منیش
ڕاپێچی بەردەم دادگەی خودا دەکرێ،
ئاخۆ لەخۆی هەڵدەبڕێنێ.
٭٭٭

ئەهۆ گورگەیل
دەمەوێ ساردیی ئەویندارییەکی بەبێبەزەییی ماڵاواکردوو لەدڵ بتارێنم.
نەمناسی و نەمایەوە؛ خۆشەویستیی
هەر ئەوەی خوێنت پێدەڕێژێ.

سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک..7… شەماڵ بارەوانی

بەشی حەوتەم/

لەبەشی پێشوو باسمان لەوەکرد، کە لە ئۆروپا، مرۆڤەکان هەموان بێ جیاوازی ئازادن، چی ئایینێک و مەزهەبێک و ناوێکیان هەبێت، کەس لەسەر ناو مەزهەب و ئایینی جیاواز، هیچ کەسێک بۆی نییە خوێنی ئەویتر ڕەو کات، یان ڕێگری لێ بکات، لەوەی پێڕەوی لە مەزهەبەکەی و ئایینەکەی خۆی بکات.
لەوێ کلێساکان، مەعبەد و ئاتەشگا و مزگەوتەکان بەو ئەڕی ئازادی ئایینداری و خودا پەرستیان تێدا دەکرێت.
هیچ کەسێک بەناوی مزگەوتەوە بۆی نییە، هێرش بکاتە سەر کلێسایەک، یان مەعبەد و ئاتەشگایەک. هەمان شێوە مەعبەد و کلێساو ئاتەشگایش، بۆیان نییە هێرش بکەنە سەر مزگەوت.

زەردەشتیەک و بودیەک، هیندۆسێک و جوێک، کریستیانێک و ئێزدیەک، ئەتایستێک ئەگنۆستیکێک، هۆمۆسێکشواڵێک و لیسبێک و ترانز جێندەرێک، هەموویان مافیان پارێزراوە و سیستەمی سیکۆلاریزم بە یەک چاو سەیری هەر هەموویان دەکات.
کەسیان ئەو مافەیان نییە، لە ژێر هیچ ناوێکدا و بە هیچ پاساوێک، تەداخولی ژیانی ئەویتر بکات و ڕێگری لە ئازادیەکانی بکات و جوێنی پێ بدات و سوکایەتی و تەشهیراتی پێ بکات.

لەوێ پلورالیەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، کولتوور و یاسایە. پێویستە هەموو ئایین و ئایینزاکان، ڕێزی ئەو پلورالیەتە ئایینیە، کۆمەڵایەتیە، سیاسیە بگرن.
نابێت قەشە، لە سەر جیاوازی بیر و ڕا و ئایینەکەی، قسە بە مەڵایەک بڵێت و مەڵا سوکایەتی بە حاخامێک بکات و ئاسرەوانێک بێ ڕێزی بە پیاوێکی ئایینی هیندۆسی بکات.

لەوێ دیالۆک هەیه، جیاوازیەکان پارێزاون، دەتوانی بە ڕێگای لۆژیک و گفتوگۆ بەڵگە و ئەرگیومێنت و سەلماندنەوە، بەو پەڕی ئازادی بانگەشە بۆ ئایین و بیر و باوەڕەکەت بکەیت، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە گوڵ کاڵترت پێ بڵێت.
بە مەرجێک، ڕێز لە پڕەنسیپەکانی سیکۆلاریزم بگرە، ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی وڵات نەشێوێنە، خۆت لە ڕقی مەزهەبی و ناکۆکی ئایینی و شەڕە دنوکی ئایینی بە دوور بگرە.
ئەوانیتر و فرەیی ڕەت مەکەرەوە، کولتووری پێکەوەژیان مەخەرە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە، تەشەنوجات و حەساسیەت و دوو بەرەکی ئایینی و مەزهەبی لە نێوان مرۆڤەکان درووست مەکە.

لەوێ بۆت نییە، لە ڕێگای جوێندان و تەشهیرات و هەڕەشەی شمشێر و چاو سوور کردنەوە و بە ناوی ئاسمان و بە پاساوی پیرۆزی و بانگەشەی پاوانکردنی مێژوو و مۆنۆپۆڵکردنی حەقیقەتەکان،

خەڵک ناچاری هاتنە سەر بیر و باوەڕەکەت بکەیت و دەست لە ئازادی و هەڵبژاردنیان وەربدەیت و بیر و باوەڕەکەی خۆت و ئایین و مەزهەبەکەی خۆت تێکەڵ بە یاسا و ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکان و کۆمەڵ و دەوڵەت بکەیت و بە عەنتەری خۆت بسەلمێنیت.




چۆن یه‌که‌م کۆنفرانسمان له ‌نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال ساز کرد؟… هیوا ناسیح

گه‌یاندنی دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و جیهانییه‌کان و هه‌وڵدان بۆ به‌ جینۆسایدناساندنیان کارێکه‌، که‌ ده‌بوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌ر دوای راپه‌رین و پێکهێنانی ئه‌و حکومه‌‌ته‌ شێلگیرانه‌ کاریان بۆ بکردایه‌ و هه‌وڵیان بۆ بدابایه‌. ئه‌وان که‌ هه‌م ئۆتۆریته‌یه‌کی خۆیان له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی هه‌یه‌، هه‌میش بوودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحیان له‌ موڵکی گشتی له‌به‌رده‌ستدایه‌، زۆر ئاسانتر و خۆشده‌ستانه‌تر ده‌یانتوانی، چه‌ندان کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ئه‌مریکا و سویسرا هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و شوێنانی تر ساز بکه‌ن، وه‌بیانکه‌‌نه‌ سه‌نته‌ری چالاکیه‌کانیان بۆ ئه‌و دۆسیه‌یانه‌.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم، لیژنه‌‌ی شه‌هیدان وئه‌نفالکراوانی په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌‌م وڵاتانه‌ی هه‌نده‌ران له‌ ئه‌وروپا و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کارێکیان له‌‌و دۆسایه‌یه‌دا نه‌کرد، سه‌ره‌ڕای باشیی توانا ماددی و مه‌عنه‌وی و په‌‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ وڵاتانی جهیان، که‌ له ‌ئاستی گرنگی دۆسیه‌که‌ و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردنییان بۆ خۆبه‌پارێزه‌ریی قوربانییانی ئه‌و تاوانانه‌ و مافه‌کانی که‌سوکاری قوربانییان بێت.
ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) کاتی خۆی چالاکترین ڕێکخراو بوو، له‌ بواری مافی مرۆڤ و به‌جینۆسایدناساندنی کۆمه‌ڵکوژیی و گه‌وره‌تاوانه‌کانی، که‌ دژ به‌ میلله‌تی کورد ئه‌نجامدراوه، له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا‌ کاری ده‌کرد، کۆمیته‌ی له‌ باشوری کوردستان و زۆربه‌‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا هه‌بوو. ساڵانێکی زۆر به‌نده‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕ، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ بییانییه‌کان، به‌رپرسی کۆمیته‌‌ی سویسرا و خولێکیش بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی سێ ساڵ (٢٠١٤-٢٠١٧) سه‌رپه‌رشتیاری رێکخراوه‌که‌ بووم. له‌ چوارچێوه‌ی کار و چالاکییه‌کانماندا و بۆ خۆئاماده‌کردن بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ساڵی ٢٠١١ پڕۆژه‌یه‌‌کم ئاماده‌ کرد بۆ ئه‌نجامدانی کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ ژنێڤ، که‌ تا ئه‌و کاته‌ نه‌ حزبه‌‌ کوردییه‌کان، نه‌ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ نه‌ هی عێراقیش کۆنفرانسی گه‌وره‌‌ی وایان ساز نه‌کردبوو، دوای سه‌رنج و تێبینی هاوڕێیان، بڕیارماندا بۆ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی حکومه‌تی هه‌رێم بینێرین، ئه‌وکات د. مه‌جید محه‌مه‌د وه‌زیر بوو، چونکه‌ له‌ ڕووی ماددیه‌وه‌ ئیمکانییه‌تێکی زۆری ده‌وێت و هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ و ئاسانکاری سه‌فه‌ری ئه‌وانه‌ی داوه‌تده‌کرێن له‌ کوردستانه‌وه‌ بێ پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌سته‌م ده‌بوو،‌ پرۆژه‌‌که‌م له‌سه‌ر کاغه‌زی فه‌رمی و به‌ لۆگۆی ڕێکخراوه‌که‌وه‌ له‌‌ ١٢/٧/٢٠١٠ نارد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاوکاریی پێویستیان نه‌کردین.
بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ ئیمکانییه‌تێکی که‌می مادی و به‌ چه‌ند مانگێک له‌ کار کۆشش و ماندووبوونمان قۆڵمان لێهه‌ڵماڵی و کۆنفرانسه‌که‌مان سازکرد، واش بڕیار بوو پاش کۆنفرانس هه‌موو ئه‌و بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌ کۆنفرانسه‌كه‌دا پێشکه‌ش كران له‌ دووتوێی کتێبێکدا به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ بکرێن، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر زۆر هۆکار ئه‌م کتێبه‌ چاپنه‌کرا. شایه‌نی باسه‌ حکومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندنیشه‌‌وه‌ گرنگییان به‌ کۆنفرانسه‌که‌ دا نه‌دا، چونکه‌ نه‌ده‌چووه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبییه‌وه‌ و جگه‌ له‌مه‌ش ئێمه‌ی سازکه‌رانی کۆنفرانسه‌که‌ زۆربه‌مان نه‌ک سه‌ر به‌به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات نه‌بووین، به‌ڵکه‌ له‌و ده‌موچاوانه‌ بووین که دوو حزبه‌که‌ به‌ هۆی هه‌ڵوێستی سیاسیمانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رکوت و ده‌سگیرکردنی خۆپیشانده‌ران و پشتیوانی داواکانیانه‌وه‌ به‌ ناحه‌ز له‌ قه‌‌ڵه‌م ده‌دراین، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانمان بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی کوردا ئه‌م کاره‌مان ئه‌نجامدا و دڵنیام له‌ داهاتوودا ڕێزی ماندووبوون و گرنگی ئه‌م کاره‌ ده‌زانرێت، وه‌ک خۆشم ئه‌مه‌ و گه‌یاندنی دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ به په‌رله‌مانی سویسرا ساڵی ٢٠١٢ پاش چه‌ند ساڵ هه‌وڵ و کۆشش بۆی، به‌ دوو گرنگترین کاری ده‌زانم له‌ ژیانمدا ئه‌نجامم دابێت. لێره‌دا بۆ مێژوو ده‌قی پڕۆژه‌‌که‌، هه‌روه‌‌ها ڕاپۆرتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسه‌که‌ داده‌نێم. ئه‌مه‌‌ ده‌قی پرۆژه‌که‌ بوو:

پڕۆژه‌ بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان

ب: کۆنفرانسێک له‌ یادی 23 ساڵه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه
له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ ژنێڤ

سڵاوێکی گه‌رم

سه‌ره‌تا: وڵاتی سویسرا گرنگی خۆی هه‌یه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتێکی بێلایه‌نه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، سه‌نته‌ری ئه‌وروپایه‌، ده‌یان و سه‌دان په‌یماننامه‌ و رێکه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر خاکی ئه‌م وڵاته‌ مۆر کراوه‌، ساڵانه‌ ده‌یان کۆنفرانس و کۆبونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێ ساز ده‌کرێت. باره‌گای زۆر له‌ رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی لێیه‌، له‌وانه‌ش باره‌گای سه‌ره‌کی کۆمسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، که‌ پاش ئه‌وه‌ی نیۆیۆرک دووه‌م گه‌وره‌ترین باره‌گای ئه‌و رێخکراوه‌ جیهانییه‌یه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، رێکخراوی خۆراکی جهیانی، رێکخراوی ته‌ندروستی جهیانی…هتد، بۆیه‌ هه‌ر کۆنفرانس و کۆنگره‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ کورد له‌ شاری ژنێڤ، که‌ پایته‌ختێکی دیپلۆماسی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ و له‌ باره‌گای ئه‌و رێکخراوه‌ مانا و مه‌غزای خۆی هه‌یه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌یه‌.

بیرۆکه‌ی پرؤژه‌که‌:
له‌سه‌ر پێشنیازی چاودێری کوردۆساید – چاک، بۆ ساڵی داهاتو له‌ ناوه‌راستی مانگی ئازاردا (گه‌ر 16/3 بێت باشتره، ئه‌گینا هه‌ر کاتێکی تر له‌‌ نێوان‌ 28/2 تا 25/3) کۆنفرانسێک بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ساز بکرێت، به‌ به‌شداری راسته‌وخۆی جه‌نابی وه‌زیری شه‌هیدان وه‌ک لایه‌نی حکومی بۆ کردنه‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتیکردنی کۆنفرانسه‌که‌، هه‌روه‌ها چه‌ند شاره‌زا و پسپۆڕێک له‌ بواره‌کانی (گازی کیمیاوی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دژ به‌ چه‌کی کیمیاوی، جینۆسایدی گه‌لان له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا، کۆمه‌ڵکوژی…هتد). له‌ 28 ی شوبات تاوه‌کو 25ی ئازاری ساڵی 2011 ئه‌نجومه‌نی گشتی کۆمسیۆنی مافه‌کانی مرۆڤ کۆبوونه‌وه‌کانی (وه‌رزی شانزه‌هه‌م)ی خۆی له‌ هه‌مان باره‌گا سازده‌کات. سازدانی کۆنفرانسێکی وه‌ها هاوته‌ریبی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌، که‌ سه‌ده‌ها شاره‌زا و پسپۆڕ و یاسایی و که‌سانی دیپلۆماسی و نوێنه‌ری وڵاتان و که‌سایه‌تیی ناودار له‌ چوارلای جیهانه‌وه‌ به‌‌شداری تێدا ده‌که‌ن، گرنگی و سه‌نگی خۆی ده‌ ئه‌وه‌‌نده‌ زیاتر ده‌کات.

رێکخه‌ران: ئه‌م کۆنفرانسه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و هاوبه‌شی چاودێری کوردۆساید – چاک / کۆمیته‌ی سویسرا، دامه‌زراوه‌ی ئه‌لحه‌کیم – نوسینگه‌ی ژنێڤ، رێکخراوی جیهانی ( interfaith international Organisation) و سه‌رۆکه‌که‌ی به‌رێز (Dr. Charls Grafz) ده‌بێت.

سه‌رنج و تێبینی:
1/ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم تێچوونی ته‌واوی بلیتی سه‌فه‌ر و رێکخستن و وه‌رگرتنی ڤیزا بۆ به‌شداربووان مسۆگه‌ر بکات، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ کوردستانه‌وه‌ دێن.
2 / ئێمه‌ و رێخکراوه‌کانی تر که‌ ناویان له‌سه‌ره‌وه‌ هاتوه‌ له‌ سویسرا، کاری ئاماده‌کردنی هۆڵێک بۆ کۆنفرانسه‌که‌ و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی کۆنفرانسه‌که‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، مۆڵه‌تی چوونه‌ ژووره‌وه بۆ پسپۆڕان و به‌شداربوان و میوانه‌کان، ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر خۆمان.
3/ تێچوونی مانه‌وه‌ له‌ ئوتێل و نانخواردن و هاتوچۆی به‌شداربووان و میوانه‌کان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی شه‌هیدان (یان به‌گشتی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت) که‌ی پێویستی کرد، ده‌توانین ته‌خمینی بکه‌ین، که‌ مه‌سروفاته‌کان چه‌ند ده‌بێت)، یان ده‌بێت وه‌زاره‌ت بۆیان جێبه‌جێ بکات، ده‌کرێت و ئاساییه‌ چه‌ند میوانێکی ئازیز (ئه‌وانه‌ی له‌ کوردستان یان ده‌ره‌وه‌ی سویسراوه‌ هاتوون) له‌ ماڵی دۆست و ئه‌ندامانی (چاک) جێگه‌و خواردنیان بۆ رێکبخرێت بێ به‌رامبه‌ر.
4/ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌وێدا پێشکه‌ش ده‌کرێن، ده‌بێت لای که‌می پێش دوو مانگ له‌ سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌ بگاته‌ ده‌ستی لیژنه‌یه‌که‌وه‌، که‌ له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ت و چاودێری کوردۆساید پێک ده‌هێنرێت.
5/ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێن، ده‌کرێت و وا باشتره‌، که‌ دواتر بکرێنه‌ کتێبێک و چاپبکرێت.

پێشنیاز:

  1. به‌رای ئێمه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بۆ به‌شداری له‌و کۆنفرانسه‌ دێن، جگه‌ له‌ به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان، ده‌بێت بابه‌ته‌کانیان به‌ زمانه‌کانی ئینگلیزی یان فه‌ره‌نسی پێشکه‌ش بکه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ یه‌ك له‌‌و دوو زمانه‌ زۆر باش بزانن. ئه‌م که‌سانه‌ گونجاون و ده‌کرێت 4 – 6 که‌سیان داوه‌ت بکرێت: به‌رێزان (د. فوئاد بابان – کوردستان، مارف عومه‌ر گوڵ – کوردستان، شه‌فیقی حاجی خدر – کوردستان، ئه‌میری حه‌سه‌ن پور – که‌نه‌دا، شاخه‌وان شۆرش – دانیمارک، :شۆرش حاجی – به‌ریتانیا، ئیبراهیم مه‌لازاده‌ – به‌ریتانیا، عادل باخه‌وان – فه‌ره‌نسا، نه‌جمه‌دینی فه‌قێ عه‌بدوڵا – دانیمارک،…..).
  2. دروستکردنی پۆسته‌رێکی ره‌نگاوره‌نگ و به‌ زمانی ئینگلیزی بۆ کۆنفرانسه‌که‌.
  3. چاپکردن و ئاماده‌کردنی نامیلکه‌یه‌ به‌ زمانی ئینگلزی له‌ سه‌ر هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال و دابه‌شکردنیان به‌ سه‌ر میوانانی بیانی.
  4. کۆنفرانسه‌که‌ ده‌کرێت رۆژێک بخایه‌نێت و له‌ 6– 8 سه‌‌عات زیاتر نه‌بێت یان بکرێته‌ دوو ڕۆژ.
  5. باشتره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ جگه‌ له‌ رێکخراوی چاک و لایه‌نی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هیچ رێکخراو لایه‌نێکی تردا باس نه‌کرێت تا بریاری له‌سه‌ر نه‌درێت.

بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به (هیوا ناسیح) نوێنه‌ری چاودێری کوردۆساید بۆ ئه‌م کۆنفرانسه‌‌:

تێل و فاکسی 0041525343583, یان مۆبایلی: 0041763691971، hiwanaseh@hotmail.com

هیوادارین له‌ ماوه‌ی مانگێکدا به‌ فه‌رمی وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌…
هه‌ر شاد و سه‌رکه‌وتوو بن…

چاودێری كوردۆساید – چاك
به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ بیانییه‌کان
12.7.2010


پاش ئه‌‌وه‌ی هیچ وڵامێکی کۆنکرێتیمان لێیان نه‌بیست، ئیتر ناچار خۆمان ده‌ستبه‌کار بووین، قسه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو رێکخراوی جیهانی کرد، که‌ ئه‌ندامی راوێژکاری بوون له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، ئه‌وانیش ده‌زگای ئه‌لحه‌کیمAl Hakim Foundation و Interfaith international، ڕازیبوون به‌ هاوکاریمان، ته‌نها سه‌رنجێکی د. ئه‌میر هاشم سه‌رۆکی رێکخراوه‌ی ئه‌لحه‌کیم، که‌ که‌سێکی زۆر باش و دۆستی کوردیشه‌، ئه‌وه‌ بوو که‌ ناوی کۆنفراسه‌که‌ وا لێبکه‌ین (کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال، گۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان و بێسه‌روشوێنه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان) تا هه‌م لایه‌نه‌‌ عێراقیه‌کانیش راکێشین بۆ کاره‌که‌، هه‌میش بابه‌تی گۆڕه‌‌به‌کۆمه‌ڵه‌‌کان له ئێستادا زیندوه‌ و به‌رده‌وام هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌ و باس بکرێت له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌‌ی که‌سوکاری قوربانییاندا، گرنگی کۆنفرانسه‌که‌ زیاتر ده‌کات، ئێمه‌ش ڕازیبووین.
ڕاسته‌ ئه‌وکات قه‌یرانی مووچه‌ نه‌بوو، حکومه‌ت پاره‌ی زۆر بوو له چاو ئێستادا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنیشیاندا هاوکارییه‌کی جدی و به‌رچاویان نه‌کردین، چونکه‌ ئه‌و کات گه‌رمه‌ی به‌هێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان بوو، ئێمه‌ش به‌رده‌وام پشتیوانیمان له‌ خۆپیشانده‌ران و داواکاریییه‌کانیان ده‌کرد، جگه له‌وه‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌ هیچ یه‌ک له دوو حزبه‌ باڵاده‌سته‌که‌ نه‌بووین، سه‌رۆکی حکومه‌ت ئه‌وکات به‌رهه‌م ساڵح بوو، له‌ رێگه‌ی هاورێیه‌که‌وه‌ هه‌ندێک هاوکاریی ماددی کردین، قوباد تاڵه‌بانیش که‌ ئه‌وکات نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بوو له‌ ئه‌مریکا، له‌رێگه‌ی هاوێیه‌کی ترمانه‌وه‌ هه‌ندێک هاوکاری کردین، سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ سویسرامان کرد، جاومان به‌ د. فه‌وزی قه‌دور که‌وت، که‌ خۆی خه‌ڵکی رۆژئاوای کوردستانه‌ و سه‌ربه‌ پارتییه و نوێنه‌‌ری حکومه‌‌تی هه‌رێمه‌ له‌‌م وڵاته‌، ئه‌ویش هیچ هاوکاریی نه‌کردین، سه‌ردانی سه‌فیری عێراق له‌ سویسرا، د. پیرۆت مان کرد، که‌ پارتی بوو، ئه‌و گوتی من کێتان ده‌وێت وه‌ک که‌سایه‌تی بۆتان داوه‌ت ده‌که‌م و پشتیوانیتان ده‌‌که‌م به‌ڵام لایه‌نی ماددی ناتوانم هاوکاریتان بکه‌م. له‌ نێوخۆمان کۆمیته‌یه‌کمان پێکهێنا بۆ ئاماده‌کاری و سه‌رپه‌‌رشتی کۆنفرانسه‌که‌، چونکه‌ سه‌ره‌ڕای گرفته‌کان هه‌ر سوربووین له‌‌سه‌رئه‌نجامدانی. بۆ رێکخستنی گشتی کۆنفرانسه‌که‌ و کاروباری کۆمیته‌که‌ من دیاریکرام وه‌ک رێکخه‌ر، واته‌ شه‌ره‌فی ئه‌وم پێبڕا، که‌ سه‌رپه‌رشتی سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌م بکه‌م، که‌ یه‌ک له‌‌و کارانه‌یه‌ له ژیانمدا شانازی پێوه‌ ده‌که‌م، وه‌‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی قۆڵمان لێ هه‌ڵماڵی، ماندوونه‌ناسانه‌، شایه‌‌نی باسه‌ به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی کاک کاردۆ سه‌رباز خۆی له ژێنف داده‌نیشت، ئه‌وم دیاریکرد بۆ کاروباری مه‌یدانی کۆنفراسه‌که‌، که‌ به‌ هه‌ق ئه‌و و کاروانی برای زۆر ماندوو بوون و بێ ئه‌رک و زه‌حمه‌تی ئه‌وان ئه‌سته‌م بوو کۆنفرانسه‌که‌ سه‌ربگرێت، چونکه‌ من زیاتر له‌ سێ کاتژمێر به‌ ئۆتۆمبیل له‌ ژنێفه‌وه‌ دوورم. به‌ڵام به‌ ناچاری و بۆ رێکخستنی کۆنفرانسه‌که‌ چه‌ند‌ان جار رۆیشتم بۆ ژنێڤ و کۆبونه‌وه‌مان کرد، هه‌موو جارێکیش رۆژێکی ته‌واوم پێده‌چوو، ده‌بووایه‌ مۆڵه‌تی کارم وه‌ربگرتایه‌، که‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌و شتانه‌ زۆر سه‌خته‌‌و مه‌ترسیکردنه‌ به‌ کاره‌که‌ته‌وه‌!
له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی دوو و سه‌ره‌تای سێی٢٠١١دا باشوری کوردستان له‌ گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر دا بوو، نزیکه‌ی سه‌رجه‌م شاره‌کانی باشور به‌تایبه‌ت له‌ زۆنی سه‌وز ده‌کوڵان، رۆژانه‌ خه‌ڵک شه‌هید و بریندار ده‌بوو، ده‌‌سته‌ڵاتی هه‌ردوو حزبه‌که‌ توندوتیژییان به‌کار ده‌هێنا، ئێمه‌ش هه‌موو یان زۆربه‌مان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا هاودڵ و هاوخه‌م بووین، به‌ڵام نه‌ده‌کرا پاش ئه‌و هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ کۆنفرانسه‌که‌ دوابخه‌‌ین. دوای چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌ و هاتوچۆ و په‌یوه‌ندیکردن و پرس و ڕاوێژ، گۆڕانکاری به‌سه‌ر ناوی ئه‌و که‌سانه‌دا هات، که‌ داوه‌ت بکرێن، هه‌ندێکیان خۆیان بۆیان نه‌ده‌کرا، و هه‌نێکیشیان به‌ هۆی کێشه‌ی ڤیزه‌ و پاسپۆرت و شتی وا نه‌‌یانده‌توانی بێن، له‌وانه‌ی که‌ دیاریکرابوون و نه‌یویست بێت دکتۆر فاروق ڕه‌فیق بوو، که‌ چونکه‌ هاوڵاتی که‌نه‌دا بوو, پاسپۆرتی ئه‌وێی هه‌بوو کێشه‌ی ڤیزه‌ی نه‌بوو، پاره‌ی بلیته‌که‌شمان ده‌دایه‌وه‌ و شوێنی مانه‌وه‌شمان بۆیان ئاماده‌کردبوو، به‌ڵام چونکه‌ کاتی سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌ که‌وتبووه‌ دوای ١٧ی شوبات و ئه‌ویش یه‌ک له‌ ڕێکخه‌رانی خۆپیشانده‌ران بوو، هه‌رچه‌نده‌ بلیتی فڕۆکه‌شی بڕیبوو، ئۆکه‌ی کردبوو، به‌ڵام دواجار گوتی: ببورن له‌م کاته‌دا مه‌یدانی ئازادی (سه‌نته‌ری خۆپیشانده‌رانی سلێمانی بوو)‌ جێناهێڵم، چونکه‌ خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ ده‌کرێت، که‌ به‌ ڕاستی هه‌‌ڵوێستێکی جوان بوو، کاتی خۆی وتارێکم له‌سه‌ر نوسی. ناچار له‌و که‌شه‌ سیاسییه‌ بارگاوییه‌ی باشور و کێشمه‌کێشمه‌ی ئه‌وێدا به‌رده‌وام بووین له‌ کاره‌کانمان، تا سه‌رکه‌وتووانه کۆنفرانسه‌که‌مان ساز کرد، شایه‌نی باسه‌ نزیکه‌ی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کان به‌ زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی پێشکه‌شکران، ته‌نها دوو وتار نه‌‌بێت له‌گه‌ڵ پرسیار و وڵامه‌‌کاندا، که‌ له‌‌لایه‌ن د. بابان ئه‌لیاسی، که کوردێکی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی دیموکراتی ئێرانه‌‌ و زۆر دڵسۆز و خه‌مخۆره‌ له ژنێف ده‌ژی، ڕاسته‌وخۆ ده‌کران به‌ ئینگلیزی، شایه‌نی باسه‌ ناوبراو ئه‌م کاره‌ی بێبه‌رامبه‌ر بۆمان کرد، چونکه‌ کاره‌که‌مان به‌ یه‌کێکی تر سپاردبوو، له پر خۆی زویر کرد و نه‌هات!
بۆ ورده‌کاریی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسه‌که‌ لێره‌دا ڕاپۆرتی ڕاگه‌یاندنی کۆنفرانسه‌که‌، که‌ کاتی خۆی بڵاومانکرده‌وه‌، داده‌نێم:

بۆ یه‌که‌مجار له یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا
کۆنفرانسێک له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال
له‌رێکه‌وتی 18.3.2011 رۆژی هه‌ینی به‌ به‌شداری چه‌ندان پسپۆڕ و که‌سایه‌تی و شاره‌زا له‌ کورد و بیانی له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه‌، کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێو باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ شاری ژنێڤ وڵاتی سویسرا سازکرا، که‌ له‌ ژێر ناوی (کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال، گۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان و بێسه‌روشوێنه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان)ه‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوه‌کانی (چاودێری کوردۆساید – چاک، ئینته‌‌فه‌یس ئینته‌رناشناڵ، ئه‌لحه‌کیم فۆنده‌یشن)ه‌وه‌ رێکخرا بوو‌.
ئه‌م کۆنفرانسه‌ که‌ سه‌عات 11ی به‌یانی تا 5 ی ئێواره‌ خایاند، له‌ په‌راوێز و هاوته‌ریبی خولی شانزه‌هه‌می کۆبوونه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، به‌ زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی به‌رێوه‌چوو، که‌ کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه ‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی و زانستی له‌ خۆ ده‌گرت. جگه‌ له‌وه‌ی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد پیشانی ئاماده‌بووان درا، هاوکات پێشانگایه‌کی وێنه‌ییش بۆ شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ به‌ شێوه‌‌ی سلاید نیشان درا.
دانیشتنی یه‌که‌م: سه‌عات 11 تا 1ی پاشنیوه‌ڕۆ
سه‌ره‌تای به‌رنامه‌که‌ د. چارلز گراف، سه‌رۆکی رێکخراوی ئینته‌رفه‌یث ئینته‌رناشناڵ کۆنفرانسه‌که‌ی کرده‌وه‌، باسی له‌وه‌ کرد، چۆن و بۆچی کۆنفرانسه‌که‌یان رێکخستوه‌، پاشان وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی رژێمی سه‌دام حوسێن دژ به‌گه‌لی عێراق به‌ گشتی و گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی.

  • وته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی عێراق که‌ له‌ لایه‌ن باڵوێزی عێراق له‌ سویسرا د. پیرۆت خوێندرایه‌وه
  • وته‌ی د. عه‌بدولئه‌میر هاشم، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی ئه‌‌لحه‌کیم
  • پرۆفیسۆر و دکتۆر گێرهارد فرایلینگه‌ر له‌ زانکۆی ڤییه‌ننا، که‌ یه‌که‌م دکتۆری ئه‌وروپی و بیانی بوو، کاتی کیمیابارانی هه‌‌ڵه‌بجه‌ ١٩٨٨خۆی گه‌یاند بووه‌‌ ئه‌وێ و چه‌ند بریندارێکی له‌گه‌‌ڵ خۆی بردبوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڤییه‌نا بۆ چاره‌سه‌ر‌. له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا وێنه‌ و داتای له‌‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌کانی کاره‌‌ساته‌که‌ و چیرۆکی به‌رکه‌وتوان و کاریگه‌ریی گازه‌کان له‌سه‌ریان پێشکه‌ش کرد.
  • پرۆفیسۆر ئه‌نتۆن کیلله‌ر، مامۆستای زانکۆی ژنێڤ و سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی لیکنزیککردنه‌وه‌ی که‌لتور و ئاینه‌کان (SLM) وته‌یه‌‌کی پێشکه‌ش کرد، له‌ میانه‌یدا گوتی کوردستان وڵاتی نه‌ته‌وه‌ و ئاین و گروپه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌، تاوانی زۆر به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌له‌ کراوه‌‌، گه‌لانی سه‌ر ئه‌و خاکه‌ ئاشتییان ده‌وێت، ده‌بێت کۆمه‌‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ نه‌دات ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌.
  • خاتو فریشته‌ که‌وه‌، که‌ پسپۆڕی بواری سایکۆلۆجییه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ناوی (شیکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌رونی له‌سه‌ر به‌رکه‌وتوان پاش لێدانی هه‌له‌بجه‌ به‌ چه‌کی کیمیاوی) پێشکه‌ش کرد. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دوا که‌ چۆن ئێستاش ئه‌و به‌رکه‌وتوانه‌ له‌ بارێکی ده‌رونی شله‌‌ژاو و ناجێگیردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و کاریگه‌رییه‌که‌ی هێشتا کۆتایی نه‌‌هاتوه‌ له‌سه‌ریان.
  • ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد.
    دانیشتنی دووه‌م سه‌عات 3 ی پاشنیوه‌ڕۆ تا 5 ی ئێواره‌
  • دکتۆر چارلز گراف، کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد
  • د. کارزان ناسیح عه‌لی، وته‌ی رێکخراوی (چاودێری کوردۆساید – چاک)ی خوێنده‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ناساندنی ئه‌رک و ئامانجه‌کانی رێکخراوه‌که‌، باسی له‌وه‌ کرد، که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ هاوکاری و دیالۆگ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و جیهانییه‌کاندا بکه‌ن، وه‌ گوتی کارکردن بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ به‌شێکه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی دژ به‌ شه‌ر وه‌ هه‌وڵ بۆ ئاشتی له‌ جیهاندا، که‌ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌که‌ هاوپشتی بین.
  • د. چۆمان هه‌ردی باسێکی ئه‌کادیمی زانستیی له‌سه‌ر (ژنه‌ رزگاربوه‌‌کانی دوای ئه‌نفال له‌ نێوان قسه‌کردن و بێده‌نگیدا) پێشکه‌ش کرد، که‌ باسی له‌ غه‌م و ئازاره‌کانی ژنانی پاش ئه‌نفال ده‌کرد و‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووان بوو.
  • شۆڕش حاجی، په‌رله‌مانتار له‌ به‌غدا، به‌ ناوی (هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌‌نفال چۆن و بۆچی؟؟)، که‌ باسی له‌ بیر و هۆکاری ئه‌نجامدانی ئه‌نفال ده‌کرد له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌کی داتا شۆو هه‌موو قۆناغه‌کانی ئه‌نفال و ژماره‌ و قه‌باره‌ی قوربانیان و زیانه‌کانی خسته‌ڕوو له‌گه‌‌ڵ ناوی که‌رته‌‌کانی سوپای ئه‌نجامده‌ر و ناوی تاوانکاران.
  • محه‌مه‌د جه‌واد ئه‌لحه‌داد: چالاکوانی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ له‌ عێراق، وته‌یه‌کی خوێنده‌وه‌. گوتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق واژۆی چه‌ندین په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد بوو، که‌چی بێباکانه‌ گه‌وره‌ترین تاوانییان دژ به‌ گه‌لی کوردی بێبه‌ش ئه‌نجامدا. باسی له‌وه‌ کرد، که‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وان بکاته‌و‌ه‌ و ئازارو مه‌ینه‌تییه‌کانی ناوچه‌ کاره‌ساتباره‌کان که‌مکه‌نه‌وه‌. پشتگیری له‌ مافه‌ نه ‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد کرد.
  • وته‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سیان نه‌هاتبوون، له‌ لایه‌ن (هیوا ناسیح) ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێری رێکخراوی چاودێری کوردۆسایده‌وه‌ خوێندرا‌یه‌وه‌. سه‌ره‌رای ده‌ستخۆشی له‌‌م هه‌نگاوه‌، ئه‌و کۆنفرانسه‌یان به‌رزنرخاندبوو، که‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ دۆسییه‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد ده‌کات له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
  • ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد.
    هاوکات له‌میانی کۆنفرانسه‌که‌دا کتێبێک به‌ زمانی ئینگلیزی به‌ ناوی (ئه‌‌نفال، ژینۆسایدکردنی کورده‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقییه‌وه‌)، له‌لایه‌ن شاخه‌وان شۆرش ئه‌ندامی ریکخراوی چاودیری کوردۆسایده‌وه‌ نوسراو و ئاماده‌کرابوو به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئاماده‌بوواندا دابه‌‌شکرا، تێیدا سه‌ره‌‌رای باس له‌‌ کاره‌ساته‌‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفاله‌کان دۆکیۆمێنتێکی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال و دادگاییکردن و بریاره‌کانی دادگا به‌رامبه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفالی له‌خۆی گرتبوو،.
    ئه‌م کۆنفرانسه‌ که له‌سه‌ر پێشنیازی چاودێری کوردۆساید ئه‌نجام دراو زیاتر له‌ 70 که‌س له‌ نوێنه‌رانی وڵاتان و دیپلۆمات و نوێنه‌رانی رێکخراوه‌ جهیانییه‌کان و دۆستانی بیانیی کورد و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان ئاماده‌بوون، هه‌روه‌ها هاوکات دوو سه‌رپه‌رشتیار و نوێنه‌ری نه‌ته‌و‌ه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌‌ڵ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان به‌شداریان کرد و زانیارییه‌کانیی ناو کۆنفرانسه‌که‌یان تۆمار ده‌کرد.
    مه‌به‌ست له‌ به‌ستی کۆنفرانسه‌که‌ش بریتیی بوو له‌:
    ١. ناساندنی ئه‌م کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ به‌ جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
    سودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی گه‌لان له‌ کارکردن و تێکۆشان بۆ  ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ له‌باری یاساییه‌وه به‌ جینۆساید ٢.
    ٣. قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتوان و نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژییانه‌
    شایه‌نی باسه‌ و ده‌کرێت بلێین بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژووی کورددا کۆنفرانسێکی وا له‌باره‌گای نه‌ته‌وه‌‌یه‌کگرتوه‌کان له‌سه‌ر کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان ئه‌نجام بدرێت. ناشکرێت نه‌ڵێین که‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ پرۆژه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه‌مان دابوو به‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، که‌چی هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌کی ماددی و مه‌عنه‌ویان پێشکه‌ش نه‌کردین، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوولاوه‌ به‌ڵێنی هاوکارییان پێداین.
    جێگه‌ی باسه‌ چه‌ند که‌سێکی تر داوه‌تکراوبوون، وه‌ک به‌رێزان مامۆست محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵح، نوسه‌ر و لێکؤله‌ر له‌ بواری ئه‌نفال و جینۆساید هه‌روه‌ها کاک به‌کر حه‌مه‌سدیق په‌رله‌مانتاری کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق و پارێزه‌ری که‌یسی هه‌له‌بجه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی کێشه‌ی ڤیزه‌وه‌ نه‌یانتوانی بێن و به‌شدار بن…
    شایه‌نی باسه‌ کاتی خۆی ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ زۆر له‌سایته‌ کوردییه‌کاندا، هه‌روه‌هاش له‌ گۆڤاری (تۆپزاوه‌) ژماره‌ سێ، ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکرایه‌وه‌…
پۆسته‌ر‌ی به‌رنامه‌‌ی کۆنفرانسه‌که

چه‌ند وێنه‌یه‌ک له‌ کۆنفرانسه‌که‌وه‌….




كورد ئەنفالی هەیە، بەڵام…!… د. هێرش رەسوڵ

‎نامەوێ لەم دەرفەتە بچوكەدا سەرتان بە لێدانەوەی قەوانە سواوەكان دەربارەی پرۆسەی بەجینۆسایدكردنی كورد بیەشێنم، ناشمەوێت لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا كار لەسەر ژێی هەست و سۆزتان بكەم، بەڵكو گەرەكمە لێرەدا تەنها چەند راستییەكی تاڵ بخەمەڕو.

‎پاش تێپەڕبونی ۳٤ ساڵ بەسەر پرۆسەی كۆمەڵكوژیی ئەنفال و پاكتاوی نەژادیی كورد، لەو مێژوەش، دوای ۳۱ ساڵ لە ئازادیی و حوكمڕانیی كوردیی، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا نەمانتوانیوە لە ئاست گەورەیی كارەساتەكەدا بین.. چونكە:

‎- وەك پێویست و لەسەر ئاستی جیهان ئەنفال بە جینۆساید نەناسێنراوە! (دیارە ناساندن بریتییە لە بە رەسمیی ئاگاداربون، دانپیانان، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی، رێگرتن لە دوبارەبونەوە)، لەمڕوەشەوە لێپرسراوێتیی یەكەم دەكەوێتەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

‎- گوتاری سیاسیی كوردیی روبەڕوی دەرەوەی خۆی ئەوەندەی گریان و كروزانەوە بوە لە پێناو بەزەییپێداهاتنەوە و راكێشانی هەست و سۆز بە قەد ئەوە كاری جددیی و شێلگیرانە نەبوە لەپێناو دروستكردنی تێگەیشتنێكی لۆژیكیی لە بەرژەوەندیی تاوانەكەدا.

‎- تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم و حزبەكانی كوردستان، نەك جاش و مستەشارانی تۆمەتبار بە هاوكاریی بەعس لە پرۆسەی ئەنفال-یان نەداونەتە دادگا، بەڵكو هەندێكیشیان داڵدەداون!

‎- ئەو ناوچانەی هەڵمەتە جیاوازەكانی ئەنفال گرتبونیەوە، هێشتا وەك پێویست خزمەتگوزاریی و پێداویستیی ژیانێكی شایستەیان نەگەیەندراوەتێ و شوێنەواری كاولكاریی و ماڵوێرانیی بە سیمایانەوە دیارە.

‎- دۆخی بەجێماوانی ئەنفال تا بە ئێستاش دەگات بارودۆخێكی ناهەموارە و كەسوكاری ئەنفالكراوان پێویستییان بە دەستگیرۆیی زۆری مادیی و مەعنەویی و دەرونیی هەیە.

‎- لە روی ئەكادیمیی و زانستییەوە، هێشتاش وەك ئەوەی پێویستە توێژینەوە و بەدواداچونی جددیی لەسەر ئەنفال و رەهەندە جیاوازەكانی نەكراوە.

‎- كایەی پەروەردەمان، تا هەنوكەش لە ئاست پێویستیی ناساندن و بەرجەستەكردنی كارەساتەكە بۆ نەوە یەكلەدوایەكەكانی كورددا هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە و نەیتوانیوە رۆڵی راستینەی خۆی بگێڕێت.

‎- بواری هونەر و رۆشنبیریی كوردیی نەكاراوە ببێتە نمایندەی شارستانیی گەیاندنی واقیعی تاڵی ئەوێ رۆژێی كورد، تاكو دنیا لە رێگەی شاكارە سینەمایی و درامیی و ئەدەبیی و … یەكانەوە ئاشنای كورد و دۆزەكەی بێت.

‎- راگەیاندنی كوردیی تا ئێستاش نەیتوانیوە كاری جددیی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بكات و لە رێگەی راپۆرت و بنكۆڵكاریی و بەڵگەفیلم و بابەتەكانی ترەوە ئەنفال و تراژیدیاكانی دیكەی كورد لە یادەوەریی و خەیاڵدانی تاكی كورد لە كاڵبونەوە بپارێزێت.




قوبـادی جەلیـزادە، یـان ڕەنگڕێزی شـیعری ناوچەگەرایی لە شـاکاری گەردوودنییەتیدا… فازیل شـەوڕۆ

چەمکی ئەدەبیی ناوچەگەرایی، دەوارێکە کۆبەرهەمی هەرچی قەڵم هەیە ــ بەدەر لە زمان و شێواز و ئاست و بیرۆکە و خەیاڵ..، لە ژێر ئەستوونگی خۆیدا کۆ دەکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، کۆبەرهەمی ئەدەبی، بە شیعریشەوە، زادەی کانیاو و گڕکان و شەپۆڵ و کێڵگە و کازیووەی دەڤەر و ناوچە و هەرێمێکی دیاری کراون لەم گەردوونە بێسنوورەدا. ئەوەی سنووربەند و شوورەی ئەو لۆکاڵییە دەشکێنێت و دەیگەێنێتە دوورترین خاڵ کە مرۆڤ پێی لەسەر دانابێ، نە ئامرازە پێشکەوتووەکانی میدیا و نە ئامێرە تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانن، بەڵکوو ئەدەبییەتی ئەو ئەدەب و شیعرییەتی ئەو شیعرەیە. ناوچەگەڕایی لە ئەدەبدا ــ شیعریش وەک پەریزادی ئەو ئەدەبە، چەمکێکی پیرۆز و مەزن و داهێنەرانەیە، نەک هەڵگری خەوش و کەمایەسی و گرێ و پاشاگەردانی .

دیارە، ئەدەبیی ناوچەگەرایش، بەبێ هزر و خەیاڵ و داهێنانی ئەدیبی ئەو ناوچەیە مەیسەر نابێ. جا چونگێ ناوونیشانی بابەتەکەمان، شیعر و قوبادی جەلیزادەیە، لێرەوە دەپەڕێنەوە بۆ کەناری دەقە شیعرەکانی ئەو شاعیرە بەهرەمەندە.
قوبادی جەلیزادە، وەک شاعیر، بەرهرەمەندێکی ڕەسەنی پر توانست و داهێنەر و نوێخوازیی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. توانستی لە داڕشتنی دەقە شیعرەکانیدا، ڕێچکەشێکێنە؛ لە داهێنانی شیعری نوێدا، قەڵەمێکی لاسانەکراوەیە؛ لە نوێخوازیشدا، تخوبی نوێخوازانی سەردەمی خۆی بەزاندووە. ڕوونتر بڵێین، ئەو سێ کوچکە خولقێنەرەی ئەدەبیی زیندوو، ڕێخۆشکەرن بۆ داڕشتنەوەی پێناسەی شیعریی ئەو قەڵەمە لەم وشانەدا:
جەلیزادە؛ دیاردەیەکی شیعری سەربەخۆی ئەدەبیی کوردی و ئاسۆیەکی واڵای دونیای شیعریی گەردوونییە لەم چەرخەدا. دیاردەیەک، بە واتای نەخشەساز و داڕێژەر و بونیاتنەری ڕێچکەیەکی (پێشتر نەبووی) شیعری کوردییە. ئاسۆ واڵا گەردوونییەکەشی لە چوار بنەمای ئەدەبیدا، بە گەشی دێنە بەرچاو: کەرەستە شیعرییەکانی گەردوونین، لە مرۆڤ و زیندەوەر و بێگیانەکاندا؛ زمانی ئاخاوتنی شیعریی، کۆی زمانەکانی گەردوونە بە زمانی بێ زمانەکانیشەوە؛ ناوەوڕۆکی شیعریی دەقەکانی، هەست و سۆزیی شیعریی، بێمیکیاژ و دەمامکی مرۆڤەکانە لە هەر کوێیەک بن؛ دەنگدانەوەی دەروونیی قەڵەمەکەشی، ورووژێنەری دەروونی خوێنەرە، بە هەموو ڕەگەز و تەمەن و توێژ و چینەکانەوە.
لە ڕەخنە و ڕەخنەکاریی شیعری کوردیی هاوچەرخدا ــ سەرەڕای هەژاریی ئەدەبیی کوردی لەم بوارەدا تا ڕادەیەک، بەختی جەلیزادە خەواڵۆ نییە و فرە ڕەنگ، قەڵەمکارییان لە دەقە شیعرەکانیدا کردوە. ئەلهەقی، بەرهەمی باشیشیان تێدا ڕنیوەتەوە،
بەڵام…
ئەگەر بە چاوی قوبادناسێکی بە سەلیقە و ئەزمووندار و شارەزا لە ئەدەبی جیهانی، هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ نووسین و لێکۆلێنەوە و ڕەخنەکان بکەین، بیوێژدانی نییە بڵێین:
دەقە شیعرەکانی جەلیزادە، وەکو قەسرێکی گەورەی چەند نهۆمی سەردەمی سەدەکانی ناوەندی (ڕۆما)یە، ئەوەی دەربارەی ئەو قەسرە نووسراوە و گوتراوە، وەک ئەوە وایە، هەر لە یەک پەنجەرەوە سەرمان بەو قەسرە گەورەیەدا گرتبێ و کەوتبینە وەسفکردن و پەسنکردن و کەشفکردنی !
تۆ بڵێی، ئەو هەڵسەنگاندنە، ناهەقی تێدا نەکرابێ؟!
باوەڕ مەکە! بە هەموو هزر و ئیدڕاک و ئەقڵەوە ئەم وشانە تۆمار دەکەم. لە توانای قەڵەمی ڕەخنەکارەکانیش کەم ناکەمەوە. ڕەنگبێ، جیاوازیمان، هەر ئەوەبێ تۆ لە گۆشەیەک و من لە گۆشەیەکی دیکەوە، سەیری ناوەوەی ئەو قەسرە دەکەین.
من ئەو شاعیرە، وەک ڕەنگڕێزێک دەبینم، شیعرییەتی ناوچەگەرایی ( کە بە زمانی کوردی لە باشووری کورستاندا دەنووسێ)، جارێکی دیکە ڕەنگبکاتەوە و شێوە ودیمەن و جوانی و ڕەونەقێکی شاکارانەی ئەدەبیی ئەوتۆی بە بەردا بکات، کە هەموو خەسڵەتەکانی گەردوونییەتی پێ ڕەوا ببینێ.
دەزانم، خودی شاعیر، دڵخۆشە کە ڕەخنەکاران ئەو وەک (پاشا یان سوڵتانی شیعری ئیرۆتیکی کوردی) دەناسێنن. ــ ئەم نازناوە درووستە و ستایشیش نییە.
بەڵام، پێناسەی تەواو و تەکمیلی جەلیزادەش نییە!
خوێندەوەی ئیرۆتیکی و توێژینەوە لە شێواز و شیتەڵکاری و توێکاریی لە هونەرکاری و سنعەتی ئیرۆتیک، لە دەقە شیعرەکانی جەلیزادەدا، لە پێناو کەشفکردن و ڕاڤەکردنی خودی ئیرۆتیک و ئیرۆتیکا، فەریکە خوێندەوە و زڕە توێژینەەوەیە.
بۆچی؟
چونکە، ڕەخنەکاری کارامە، دەتوانی لەو دیوی ئەو دەقە ئیرۆتیکایانە، چەندان جیهانی دیکە کەشف بکات، کە شاعیر، بە جددی و بە فیعلی کاری تێداکردوون، وەک: جیهانی ژن وەک مرۆڤ، جیهانی پیاو وەک ژنکوژ، جیهانی ئازارەکانی مێینە. جیهانی بکوژانی ژینگە و ئازادی و ژیان و ئایندە و منداڵ و وەچە و خۆشەویستی…تاد .
میکیاژکردن و پێیداهەڵگوتن بە بڕگە و دەستەواژە و ڕستە ئیرۆتیکاییەکانی وەک” قاچە درێژ و لووسەکانت؛ گۆی مەمکەکانت؛ دڵۆپە شەونمی سەر تووکە بەرەکەت؛ گەڵا هەنجیری نێو ڕانەکانت؛ بمکە بە دووش لە حەمامەکەتدا…”، خوێندنەوەی هەرزەکارانەن. زۆربەیجار پەیامەکانی شاعیر، لە دیوی سنووری دەقەکەدا دەدۆزرێنەوە، کە ئەو بە ئەنقەست لەوەی شاردونەتەوە. ئەم کەشفکرنەش ئەزموون و زانست و لێزانی گەرەکە.
هەرچەندە، شیعر، هەر یەک زمانی هەیە و مەحاڵە تەرجەمە بتوانێ دەقە شیعرێک، کت و مت وەک هەیە، بگەێنێتە خوێنەرێکی غەیری ئەو زمانەی دەقەکەی پێنووسراوە، بەڵام لە تێگەیشتن و حاڵی بوون لە زمانی جەلیزادە، دەکرێ بە ئاسانی پەیامی شاعیر بگەێندرێتە خڕ خوێنەرانی ئەم جیهانە، جا بە هەر زمانێک بدوێن. ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی گەروونییەتی جۆری بابەتەکانیەتی لە ناوەڕۆکدا:
کۆڵبەڕێک بە خۆی و باری وڵاغێکەوە، لەسەر پشتی، بە جووتە کەوشێکی دڕاو، لە ناو بەفر و سەهوڵ، لە ژێر قرمژنی دەستەڕێژی گولـلەدا، ڕێی سەختترین کوێستانی سەر سنوور، شەق دەکات، لە پێناو پارەوە نانێک بۆ منداڵە برسییەکانی. ئەم دیمەنە، قەت لەم سەدەیەدا، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نابینرێ و دووبارە نابێتەوە، غەیری سەر سنوورە دەستکردەکانی نیشتیمانەکەی شاعیر نەبێ، بەڵام، ئەو هێندە وەستایانە، ئەم دیمەنە بە شیعردەکات کە کابرایەکی کۆڵەمبی لە توولە ڕێیەکی دێیەکەی خۆیدا لە کۆلمبیا، یان مێرمنداڵیکی سووری لە پێدەشتی گۆلاندا، یان ژنێکی ئەرژەنتینی لە کۆڵانەیەکی بۆینس ئایرسدا، هەمان موعاناتی هەبێ، بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر. ئەمە، زمانی وەرگێڕانی دەقەکە هاسانتر دەکات. گەردوونییەتی ئازار و ژان و خۆشەویستی و ڕق و برسیەتی، جوان جوان لە نێو دەقەکانیدا توێندراوەنەتەوە، لەبەریەک دەرهێنانەوەیان ئەستەمە. ئەمەش گەردوونییەتی بوونی مرۆڤە. بۆیە ناسینەوەی جەلیزادە، تەنها بە تاجی ئیرۆتیکای سەر سەری دەقە شیعرییەکانی، غەدرێکی گەورەیە،. ناهەقییە دەرهەق ئەو هەموو شاکارانەی کە ژان و خەون و ئایندەی مرۆڤ و ژینگە و نیشتمان و گەردوون لە خۆدەگرن، شاکارگەلێک کە بە خوێنی خۆی نووسیویەتی و چەقۆی تیژی لەسەر ملڕاگیراوە، بەڵام ئەو، لەوخوێنەی خۆی خۆشبووە، لە پێناو کیژۆڵە دەقە شیعرێکی چاوگەش!
گەشترین خاڵی درەوشاوە لە شیعرەکانی جەلیزادە لەوەدایە، کە ئەو ڕۆحە، ئەو پەیامە، ئەو مرۆڤدۆستی و مرۆڤبینییە، گەردوونییە لە زۆربەی دەقەکانیدا بوونیان هەیە. کەواتە ڕەنگڕێژی دەقە لۆکاڵییەکانی بۆ شاکاری گەردوونی پڕ بە پێستییەتی، کاتێک دەقەکانی تەرجەمە دەکرێن بۆ زمانەکانی دیکە.
هەر کاتێک ئەوەمان کرد، ئەوا قوباد لە ناوچەگەرییەتی دەردێت و گەردوونییەتی شیعری بۆ خۆی زامن دەکات. واتا، شیعری کوردی لەو دیوی ئەو کەژ و شاخ و داخەدا، دەگاتە هەموو جیهان. حەتەمن، ئەو کات، ڕەخنەکاران و شیعرناسان، حەقی ئەو شاعیرە ناخۆن و پاداشتی دەدەنەوە!
هەر لە میانەی، جەلیزادە، وەک دیاردەی شیعریی و ئاسۆی واڵای دونیای شیعریی گەردوونییەوە، ئەو ئیزافەیەش دەکەم: زمانی شیعری جەلیزادە، گەرچی بە ڕوواڵەت، تا بڵێی سادە و ڕەووان و ساکار و ئاسانە، بەڵام لەهەمان کاتدا تا بڵێی قورس و زەحمەت و گرانە، باشترین بەڵگەش، زەحمەتیی لاساکردنەوەیەتی .
لە زۆربەی دەقەشیعرەکانیدا، سیحرێکی شاراوەی کاریگەرهەیە لە نێوان دەستپێک و قوفڵدانی دەقەکەدا: دەستپێکێک، هەر لە قسەی ئاسایی دەچێ، قوفڵدانێک ،کە لە ناخەوە ڕاتدەچڵەکێنی.
ئەو، تاقە شاعیرە لە هەموو مێژوودا، بیرۆکەی (ئیلهام و سرووشی شیعری) بەتاڵ کردەوە. نزیکەی ١٧٢ دەقە شیعر، لە دوای یەک، بەبێ پسانەوە نووسی. هەر ڕۆژەی دەقە شیعرێکی نوێ!

هەرچی پەیام و هاوار و قیژە و دەنگدانەوەیەک، کە لە دەقەشیعرەکانیدا، بوونیان هەیە، ڕۆژانە هەستییان پێدەکەین، بەڵام، گەروومان توانی ئەو دەربڕینانەی نییە، کە شاعیر هەیەتی. بۆیە کە دەیانبیستین، وادەزانین، یەکمجارە لە گوێماندا دەزرینگێنەوە.
ئەوەندەی من ئاشنا بم، بە شیعری جیهانی، ئیمڕۆ، هیچ شاعیرێک شک نابەم، وەک قوباد، ژینگە و زیندەوەر و بێگیانەکانی، لە دەقەشیعرییەکانیاندا تەوزیف کردبێ. شاعیری مێروولە و خاڵخاڵۆکە و کیسەڵ و بەفر و گەفر و دار و بەردە… . ئەگەر یەشار کەمال، سۆفییانە لە مێروولەیەک ڕادەمینێ کە خەریکی ئاو خواردنەوەیە، ئەوا جەلیزادە، ئاشقانە لە خەمی ئەو میروولەیە دایە، کە لە کەنار زەریایەک خەریکە نغرۆ دەبێ!

ئەلهەقی، جەلیزادە شاعیرێکی گەردوونییە، ئەگەر، قەڵەمێکی باڵادەست و کارامە هەبێ، بە زمانی بزانێت و لێی تێبگا و دەنگی بگەینێتە دونیا… . لێکۆلەر و توێژەر و ڕەخنەکاری بەتوانا، دەتوانن میتۆد و تیوریی ئەدەبیی نوێ لە بەرهەمە شیعرییەکانی ئەودا هەڵینجن . ئێستا ئەو، وەک دیارەدی شیعریی، کەوتووەتە سەر سکەی خۆی، ئەگەر پچران و وەستان و کەوتنی نەێتە ڕێ، دوورە نییە لە ئیستگەکانی داهاتوویدا بگاتە (قوتابخانەی شیعری پڕایڤێتی خۆی). بەڵام با جارێ، ئەو پێشبینییە، بۆ ئایندە لێگەڕێین.

فازیل شـەوڕۆ

٧ ی نیسانی ٢٠٢٢ ــ دوبلن




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…5…شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم/

هەرچی عیلمو لكەلامی خوێند، بە پەلكی دارەخورما و (نعل) لێی بدەن..!

لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە لەناو مەلا و فەقێ ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی نیگەتیڤ و سەقەت و هەڵەو باو هەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە و زانستی کەلام و وەهابیزمەکان خوێندنی زانستی کەلام و لۆژیک و فەلسەفە، بە حەرام و تاوان و تابوو دەزانن و
لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە( علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذكي!)،
واتا:زانستێكە كەسی زیرەك پێویستی پێنابێت و كەسی گەوج و گێلیش قازانجی لێناكات !!.

سەبارەت بە زانستی گوتە(علم الکلام)یش،
گوتوویانە(حوكم ئەوەیە بۆ ئەهلی كەلام كە لێیان بدرێت بە پەلكی دارەخورما و (نعل)وە بە نێو هۆز و تیرەكان دا بگەڕێنرێن و بوترێت ئەوە پاداشتی كەسێكە كە پشت لە كتێبەكەی خودا بكات و ڕوو لە كەلام بكات.)

هەڵبەت ئەوەش بڵێم، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە بە گشتی وا نییە لای پیاوان ئایینی و لە زۆرێک لەقوتابخانە ئایینیەکان و لەحوجرەکان، لە کۆنەوە و ئێستاش، کتێبی مەنتق و زانستی لۆژیک دەخوێندرێت، مەبەستم کتێبی لۆژیکی(إيساغوجي)یە. پیاوی ئایینی هەبووە چەند دانراو کتێبیشی لەو بوارە نووسیو.

بۆ نموونە بۆتی(محەمەد سەعید رەمەزان بۆتی) کە مەلایەکی کورد بوو و لەو پایزەی کە بەهەڵە پێ گوترا بەهاری عەرەبی، لە 21 مارسی 2013، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا تیرۆرکرا. جا ئێمە لە قوتابخانەی ئاینی(پەلپیتانی)، کتێبی (فقه السيرة)ی ئەو پیاوە ئاینیەمان وەکوو مەنهەج دەخوێند.
من لەحوجرە کۆمەڵێک کتێبێکیتری ئەو پیاوەم خوێندەوە، لەوانە:
-اللامذهبية أخطر بدعة تهدد الشريعة الإسلامية.
-السلفية مرحلة زمنية مباركة لا مذهب إسلامي.
-الجهاد في الإسلام كيف نفهمه وكيف نمارسه.
-الحكم العطائية شرح وتحليل.
-إشكالية تجديد أصول الفقه.
-كبرى اليقينيات الكونية.
-الإنسان مسير أم مخير.
-المذاهب التوحيدية والفلسفات المعاصرة.
لەمەی دواییان باسی گرووپە و مەزهەبە کەلامی و فەلسەفیەکان و و وجودیەت و مۆدێڕنێتە و سیکۆلاریزم و تیوری پەرەسەندن و لۆژیک و زانست کردبوو و وڵامی فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی کرد بوو وڵامی (ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی)
مارکسی دابوویەوە و گەنگەشەی فەلسەفەی ئیلحادی کردبوو.
حەققەت بووتی تەنها پیاوێکی ئاینی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو لاهوتی و تیولۆژیستێکی ئیسلامی و کەسێکی بەواتای وشە مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و مەلایەکی موتەنەوەر بوو.

مەلای گەوە هەمان شێوە، لە پاڵ ئەوەی مەلاو پیاوەکی ئایینی بوو، لەهەمان کاتدا ڕووناکبیرێکی مەزنیش بوو، تەفسیرەکەی سەبارەت بە قورئان، تەفسیرێکی زۆر لۆژیکی و ئەقڵانییه.

وەلێ ئەوەشمان بیرنەچێت، وەک عەبدولکەریشم سروشی بیرمەند و عاریف و فەیلەسوفی بەڕەگەز ئێرانی و ڕاکردووی تاراوگە نشین دەڵێت(شارستانیەتی ئیسلامی، شارستانیەتی فیقه بووە، نەک فەلسەفە).شارستانیەتی پیاوانی ئایینی و فەقێکان بووە، نەک فەیلەسوفەکان.
بە درێژایی مێژووی ئیسلامی ئەوانەی گرنگییان بە زاستی کەلام و فەلسەفە و لۆژیک و زانستە ئەقڵیەکان داوە، هەمیشە لەلایان فێندەمێنتالیستەکان و توندڕۆکانەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و چەوسانەوە و سەرکوتکردن و تەکفیرکردن و کوشتن و دەربەدەری بوونەتەوە.

بۆ ئەوە سەیرێکی مێژووی ئیسلامی بکەن و لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەڵدەنەوە، بزان چییان بەسەر باتنی و موعتەزیلە و ئیخوانولسەفەفا و هەلاج و ئیبولموقەفەع و گەیلانی دیمەشقی و جەعدی کوڕی دەرهەم و هەموو ئەو کەسایەتیە عاریف و ڕووناکبیر و گرووپە فیکری و مەزهەبیانە هێناوە، کە گرنگیان بە کاری ئەقڵ و فەلسەفە و لۆژیک داوە.

جا ئازیزان ئیسلامیەسیاسیەکان و سەلەفیزمەکان، ئەو ڕوانگە هەڵە و ناتەندروستەیان لە هەمبەر لۆژیک و فەلسەفە هەیە. گەرنا مەلاکۆنەکان و زۆر پیاوی تری ئایینی ئێستاش هەن، دژی زانستی لۆژیک نین و ئێستایش ئەو کتێبە لۆژیکیە کلاسیکیەی ئیساگۆگی لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان دەخوێندرێت. وەکوو ئاماژەم پێدا. هەرچەند ئەو کتێبەی ئیساگۆگی هەموو شتێک نییە و دنیای لۆژیک و پانتایی فەلسەفە، زۆر لەوە فراوانترە، ئەوان کەدەشیخوێنن، هەڵبەت بۆ خزمەتی ئایینەکە و بە خوارکردنەوە لە پێناو ئایدیۆلۆژیای خۆیان و سەلماندنی بیر و باوەڕی خۆیان دەیخوێنن، نەک لۆژیک لە پێناو لۆژیک.




شیعر/ سێبەری ئاو… جەلال عەبدوڵڵا ساڵح

A

من ئەو ڕادەگرم

ئەگەر ئەو ئاو وەک من ڕابگرێ

من و ئەو هەردووکمان یەکتری ڕادەگرین

ئەگەر پرد وەک بەراز شانی بشکێ

لافاو وەک سرووشت پێکەنێ

B

ئەو هەتاوی شەوم بوو وەک خۆم

ئەو ئەستێرەی گڕم بوو وەک بەردی دڵم

ئەو شاتووی سپی و

کۆڵانی سەهۆڵم بوو

C

ئەو لە من دا ژیا وەک خاک بێدەنگ بوو

ئەو لە عەسرا ڕۆیی وەک دوێنێ

چارەیەکی نییە وەک پێرێ

دەبێت وەک سبەینێ

لە چرکەیەکی ژیان دا جێم بێڵێ

D

ئەو دەڕووا، وەک ئەو دەچم

چوونمان پیویستە، وەک هاتین دوێنێ

خەو شیرینە لە خاکی نەرما

هەموو دەڕۆین

وەک ئەوان وەک بەفری سبەینێ

E

من ملیۆنێک کێشەی خۆراکم هەیە
من لە ماڵی برسییەتی دەژیم

بۆ ئەوەی تێربوون نەمرم

دەبێت میزەلانی سبەی بتەقێنم

بۆ ئەوەی وەک لە ناو برسییەتیدا نەمرم

دەبێت قەپ لە سێوی ئادەم بگرم

F

وەک سێوی سەوز قەیسی مزرە

وە ک چۆن بەڵاڵووک وەک بەفر سپییە

بۆ ئەوەی قەیسی شیرین بێت دەبێت سێو بمرێت

وەک چۆن قەیسی دەمرێت هەرمێ لەدایک دەبێت

G

بەلای من و تۆدا

سەیارەیەک کۆکی

سەربەرەوخوار ڕۆیشت و کەوت

هەردوو چاوی شکا

ئەگەر سەیارەکە نەمردایە

کۆڵانەکە ڕووناک دەبوو

من دەمیش چاوی تۆم دەبینی




چۆنیەتی وتنەوەی هۆنراوە و سرود… عەلی حەمەڕەشید

یەکێک لەو بابەتانەی کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و خۆشیی لێوەردەگرن هۆنراوەیە(شیعر) کە وەک گۆرانی دەیڵێنەوە .هۆنراوەی منداڵانیش وەک دەزانین تایبەتمەندی خۆی هەیە و وا باشە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە لە قوتابخانەدا بە قوتابیانی دەڵێن شارەزاییان تێیدا هەبێت تا زیاتر سەرکەوتووبن لە هەڵبژاردنی ئەو هۆنراوانەی کە دەیانەوێت بە قوتابیانی بڵێن هەر لە باخچەوە تا پۆلەکانی دواتر.مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیش بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:

  1. کورت و پوخت بن و کۆتاییەکی باشی هەبێت ،بەشێوەیەک کە منداڵ خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات.
  2. وشەکانی سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن.
  3. هەوڵبدرێت وشەی نامۆی بە منداڵ زۆر تێدا نەبێت.
  4. بەپێی ئاستی تەمەنی منداڵ نوسرابن.
  5. باس یان وشەی (کوشتن،مردن، خنکان،خوێن…)ی تیا نەبێت یان هەر وشەیەکی تر لەمانە تا لەڕوی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ جێنەهێڵێت.
  6. هەوڵبدرێت ئاسۆی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵ فراونتر بکات.
  7. گرنگی بە بەهاکان بەگشتی بدات بەتایبەتی بەها پەروەردەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و هەر بەهایەک کە شاعیر بەلایەوە گرنگ بێت.
  8. ڕەچاوی لایەنی دەرونی تێدا بکرێت.
  9. هەوڵبدرێت کە خاک و نیشتمان و ژینگە و باوک و دایک و خێزان و مامۆستا لای منداڵان خۆشەویست تر بکات ،هەروەها گیاندار و باڵندەکانیش.
  10. بەکارهێنانی فەنتازیا(خەیاڵ) زیاتر وا لەمنداڵ دەکات کە چێژی لێوەربگرن و زیاتر لایان بمێنێتەوە.
  11. گرنگی بدرێت بە زمان و ڕێزمان و ناکرێت لەپێناو سەروا و وەزنی شیعردا فەرامۆش بکرێن.
  12. تا چیرۆک ئامێز بێت باشترە و زوو دەگاتە منداڵ .
  13. مۆسیقایەکی ناوەوەی هەبێت کە لەکاتی خوێندنەوەیدا منداڵ هەستی پێبکات
  14. هەوڵبدرێت لە شیعردا زانیاری هەڵە نەدرێت بە منداڵ،بۆیە وا باشە شاعیر کە بۆ منداڵان دەنوسێت شارەزاییەکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە هەڵەوە.
    لەڕاستیدا دەبووایە وەک پڕۆگرام لە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هۆنراوە و سرودی تایبەت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەبکرایە کە لەقوتابخانەدا لەبەردەست مامۆستایاندا بووایە تا بەپێی گونجاندن و بابەتی هۆنراوەکان بۆ ئەو پۆلەی دەیانەوێت لێیهەڵبژێرن و بە منداڵانی بڵێن.لیژنەکەش واباشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارانەدا سەرپەرشتی بکەن(هۆنراوە ،دەرونناسی،ژینگەیی،تەندروستی،زمانەوانی،کلتوریی و کەلەپور،زانستی….)چونکە منداڵ لە قۆناغی باخچە و بنەڕەتییدا کە بنیاتنانی کەسایەتیی خۆیان و دروستکردنی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە کاریان بۆ بکرێت تا سبەینێ کەسانێکی ڕۆشنبیر و چالاک و دروست دەربچن ،چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت هۆنراوە کاریگەری خۆی بەهەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت.خۆمان کە گەورەین تائێستاش ئەو هۆنراوانەمان لە بیرە کە کاتی خۆی مامۆستا بەڕێزەکانمان پێیان وتووین.بۆیە بۆ وتنەوەی هۆنراوە بە منداڵان وا باشە مامۆستا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکات:
  15. هەڵبژاردنی هۆنراوەیەک کە گشت مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانی تێدابێت.
  16. گونجاو بێت بۆ ئەو پۆلەی کە دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،واتا لە ئاستی تەمەنیاندا بێت.
  17. کورت و پوخت و ئاسان بێت و بە ئاوازێک بوترێت.
  18. بۆ مەبەستێک بێت کە مامۆستا پێشتر دیاریکردووە،نەک ئەو ڕۆژە و بەڕێکەوت هۆنراوەیەکی هاتە بەردەست یەکسەر بۆیان بنوسێت و پێیان بڵێت.
  19. پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەو هۆنراوەیە کردبێت کە هەڵی بژاردووە و دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،بزانێت خاوەنەکەی کێیە؟کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی و ئەگەر پەرتوک یان نامیلکەی چاپکراوی هەبوو ،یان لەگۆڤارە تایبەتەکانی منداڵاندا ناوی هەبوو بۆ منداڵی باس بکات.
  20. پێویستە ئەو سەرچاوەیەش دیاری بکات کە هۆنراوەکەی لێوەرگرتووە،تا منداڵ ئەگەر کەوتە بەردەستی جارێکی تر بیخوێنێتەوە کە لەمەوەش مامۆستا دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لای منداڵ پەرە پێبدات تا منداڵان لەسەرەتاوە خوێندنەوە بکەن بە کلتور.
  21. ئەگەر لەقوتابخانەدا پەرتوکخانەی تێدا بوو لەوێ بوترێتەوە باشترە و سەرچاوەکان لەوێ هەن و لێرەشەوە هەر کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات بۆ زیاتر ناسینی پەرتوکخانە و خۆشەویستکردنی پەرتوک و گۆڤار و خوێندنەوە.
  22. خۆ ئەگەر ژوری مۆزیک لە قوتابخانەکەدا هەبوو لەوێ کاریگەری باشتری دەبێت بەمەرجێک مامۆستا خۆی شارەزای مۆزیک بێت و بتوانێت ئامێرێک بژەنێت و پێشتر ئاوازێکی گونجاوی بۆ ئەو هۆنراوەیە دانابێت کە دەیەوێت پێیان بڵێت.
  23. ئەگەر شارەزای مۆزیک نەبوو دەتوانێت سود لە هاوڕێکانی وەبگرێت و هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوازی بۆدابنێن ،یان ئەگەر ئەوان ئاوازیان داناوە بۆ هەمان هۆنراوە کە دەزانن گونجاوە بە تۆمارکراوی لێیان وەربگرێت بۆ قوتابییەکانی خۆی سودیان لێوەربگرێت.
  24. مامۆستا دەشتوانێت سود لەو گۆرانییە تۆمار کراوانە وەربگرێت کە تایبەتن بە منداڵان بەمەرجێک هۆنراوەکە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبێت کە لەسەرەتاوە باسمان کرد.
  25. واباشە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت کە لەهەر پەرتوکێک نوسرا هۆنراوەی پەروەردەیی یان بۆ منداڵان،مەرج نییە هەموو هۆنراوەکان گونجاوبن و پەروەردەیی بن و دووربن لە وشە و وێنەی نەشیاو.بۆیە پێویستە مامۆستا ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکات و بە وردیی و بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیخوێنێتەوە ئەوسا بڕیار بدات کە بە منداڵی بڵێ،چونکە کارێکی وا ئاسان نییە .
  26. ئەگەر لە قوتابخانەدا (داتاشۆ) هەبێت ،مامۆستا دەتوانێت بۆ ئەو کارە سودی لێوەربگرێت.

شێوازی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود:
هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیهانە تایبەتەکەی خۆشیان وا دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی گەورە بەوریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی ڕەوای خۆیان لەو کارە بڕوانین.بۆیە مامۆستایانی ئازیز کە هەمیشە پێشەنگ بوون لە پەروەردە و فێرکردندا بەهەمان شێوە لەم کارەشدا هەر پێشەنگن و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی ئەوان .لەکاتی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود دا پێویستە گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت و بەشێوەیەکی گونجاو و ڕێگایەکی ئاسان کە منداڵان هەم چێژی لێوەربگرن و هەم هۆنراوەکەش بە ئاسانی لەبەر بکەن.
• سەرەتا مامۆستا هۆنراوەکە جارێک بەدەنگەوە بۆ قوتابیان بخوێنێتەوە تا بتوانێت حەزی منداڵەکان بۆ هۆنراوەکە لەسیمایانەوە ببینێت.
• پاشان چیرۆک ئاسا باسێکی کورتی هۆنراوەکە بکات و ناوی خاونەکەی بە منداڵان بڵێت.
• ئیتر دێڕ دێڕ لەسەر وایت بۆردەکە بینوسێت و بەو ئاوازەی کە ئامادەی کردووە خۆی بیڵێت و ئەوانیش لەدوایەوە بیڵێنەوە.
• کەزانی دێڕی یەکەم بەباشی دەڵێن ئەوا دەتوانێت دێڕی دووەم بنوسێت…بەمشێوەیە تا کۆتایی هۆنراوەکە.
• دواتر دەتوانێت یەک یەک قوتابیان هەڵبسێنێت و بیڵێنەوە.

• لەم وتنەوەیەدا مامۆستا دەتوانێت ئەوانە دیاری بکات کە دەتوانن باشتە بەو ئاوازە بیڵێن و زووتر لەبەریان کردووە وەک کۆرسێک.
• دواتر جارێک ئەمان وەک کۆرس بیڵێن و ئەوانەش کە ماون دوای ئەمان بیڵێن و جاری سێیەم هەمووان پێکەوە بیڵێن.
• بەدووبارەکردنەوەی لەم شێوەیە لەگەڵ مامۆستا هەمووان دەتوانن هۆنراوەکە لەبەر بکەن..
• ئیتر داوا لە قوتابیان بکات کە لە پەڕاوی تایبەتدا بینوسن.بۆ وانەی داهاتوو دووبارە بکرێتەوە باشتر و ئاسانترە لای قوتابیان و بە دووبارەکردنەوەش زیاتر لەبەری دەکەن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.

عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆراندا: دوو ئاست له‌ جوانی-2-… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( بەشی دووەم)

وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد له‌ كۆى به‌رهه‌می شیعرى گۆراندا جوانی بووه‌ته‌ فه‌زایه‌ك كه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌قه‌كانیدا كردووه‌، به‌و ده‌قانه‌شه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بوارى سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیاوه‌ هه‌یه‌. مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆران وه‌كو شاعیر پێیوایه‌ شیعر له‌ هه‌ر جۆرێك بێت به‌بێ جوانی بوونی نیه‌. ئه‌مه‌ش له‌ روانگه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعرێته‌وه‌ بۆچوونێكی ته‌واو درووسته‌و ئه‌وه‌ى پێكهاته‌یه‌كی زمانی ده‌كات به‌ شیعر ته‌نیا بنیادى نووسین نیه‌، چی ئه‌و بنیاده‌ كلاسیكی بێت یان نوێ، به‌ڵكو له‌پاڵ بنیادى زمانی یان شێوه‌ى نووسیندا ڕه‌گه‌زێكی تر هه‌یه‌ ئه‌ویش بوونی شیعریه‌ته‌ كه‌ بنه‌ماى سه‌ره‌كی شیعریه‌یتیش جوانیه‌، هه‌ربۆیه‌ ناشێت به‌ بێ بوونی جوانی شیعریه‌ت و به‌و پێیه‌ش شیعر به‌رهه‌م بێت.

ئه‌م فه‌زاى جوانیه‌ى كه‌ پانتایی شیعرى گۆرانی داگیركردووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دوو بوار ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش ئافره‌ت و سرووشته‌. ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ هه‌ردووكیان له‌ روانینی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ دوو ڕه‌گه‌زى نه‌رم، ناسك، هێمن، سۆزدارن. هه‌روه‌ك هه‌ردووكیان رووبه‌ڕێكن له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و به‌رهه‌مهێنی ئه‌فسانه‌و یۆتۆپیان، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌گشتی به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی شیعرى و شیعریه‌ت و داهێناندا. ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ له‌ شیعرى گۆراندا ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ به‌ره‌ده‌وام پێكه‌وه‌ دێن و به‌شێوه‌ى ئاڵوگۆڕ ده‌شوبهێنرێن به‌ یه‌كترى. ئه‌ویش به‌پێی پێداویستی ئه‌و ئامانجه‌ى كه‌ ده‌قه‌كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی، یان پرسیار و جیهانبینی ده‌قه‌كه‌ ده‌یسه‌پێنێت. هه‌روه‌ك جوانی هه‌ریه‌كه‌ له‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ به‌شێوه‌ى ئاڵوگۆڕ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ جوانی ئه‌ویتریان.

له‌ هه‌ڵبه‌ستی (ئافره‌ت و جوانی) دا گۆران ده‌ڵێت: به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز… بێ رووناكی یه‌ بێ بزه‌ى ئازیز). كاتێ گۆران له‌ برى زاراوه‌ى سرووشت وشه‌ى ته‌بیعه‌ت به‌كار ده‌هێنێت بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت یان به‌جۆرێك هه‌ستی پێده‌كه‌ین كه‌ وشه‌ى ته‌بیعه‌ت وشه‌یه‌كی شیعریتره‌ بۆ ئه‌و چوارچێوه‌ى كه‌ ئه‌و تیایدا به‌كارى هێناوه‌. ته‌بیعه‌ت هه‌موو ئه‌و گه‌ردوونه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رانی تێدا ده‌ژی به‌ مرۆڤیشه‌وه‌ ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ نازیندووه‌كان. له‌م گه‌ردوونه‌دا دوو سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كی رووناكی هه‌ن كه‌ خۆر و مانگن و خۆر سه‌رچاوه‌ى هه‌موو رووناكی و وزه‌یه‌و بێ بوونی ئه‌و ژیان بوونی نیه‌. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م سه‌رچاوه‌ گه‌وره‌یه‌دا گۆران سه‌رچاوه‌یه‌كی ترى رووناكی له‌م ته‌بیعه‌تدا دیارى ده‌كات و واینیشان ده‌دات كه‌ سه‌ربارى بوونی خۆرو سه‌ربارى بوونی مانگ، ئه‌م ته‌بیعه‌ته‌ به‌ تاریكی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بزه‌ى ئازیز، واته‌ ئه‌وى ئافره‌ت بوونی نه‌بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ دیدى گۆرانه‌وه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌ به‌بێ بوونی ئه‌وى ئافره‌ت به‌بێ به‌خشینی زه‌رده‌خه‌نه‌و بزه‌ى سه‌رلێوى ئه‌وى ئافره‌ت تاریكستانه‌. كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاستێكی قوڵتردا ماناى نه‌بوونی ژیانه‌ به‌بێ ئه‌وى ئافره‌ت. لێره‌وه‌ ئافره‌ت و بزه‌ى سه‌رلێوى كه‌ ده‌بێته‌ پاڵنه‌رو مۆتیڤى رووناك كردنه‌وه‌ى ته‌بیعه‌ت به‌رهه‌مهێنی ژیان و زینده‌گانیه‌ له‌ گه‌ردووندا، هه‌روه‌ك زاراوه‌ى بزه‌ى ئازیز وه‌كو وێنه‌ له‌ ناوه‌رۆكدا ئاستێك له‌ جوانی به‌رهه‌مده‌هێنێت و نهێنیه‌ك له‌ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت.

له‌ وێنه‌ى پێشوودا جوانی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌بێته‌ مۆتیڤی به‌رده‌وامی ژیان، به‌ڵام هه‌ر به‌دواى ئه‌وه‌دا شاعیر به‌راوردێك ده‌كات له‌ نێوان جوانی هه‌ندێ له‌ توخمه‌كانی نێو سرووشت و هه‌ندێ به‌شی جه‌سته‌ى ئه‌وى ئافره‌تداو سه‌رئه‌نجامیش قورسایی به‌راوردكردنه‌كه‌ به‌لاى ئه‌وى ئافره‌ت و جوانتربوونی ئه‌و له‌ سرووشت ده‌شكێته‌وه‌. گۆڕان ده‌ڵێت: (كام ئه‌ستێره‌ى گه‌ش، كام گوڵی كێوى/ ئاڵه‌ وه‌ك گوڵمی گۆى مه‌مكی لێوى).گۆران له‌نێو ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشتدا به‌دواى ده‌گمه‌نه‌كان له‌ جوانیدا ده‌گه‌ڕێت و وه‌ریانده‌گرێت و به‌راوردیان ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شوێنی هه‌ستیارى جه‌سته‌ى ئافره‌تدا. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا وشه‌ى كام به‌كار ده‌هێنێت كه‌ ماناى هه‌ڵبژاردنی باشترین له‌ ناو ئه‌و پۆل یان ئه‌و چه‌شنه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت. كاتێ ده‌ڵێت كام گوڵی كێوى ماناى وایه‌ له‌نێو هه‌موو گوڵه‌ كێوییه‌كاندا ئاڵترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت و كاتێكیش ده‌ڵێت كام ئه‌ستێره‌ى گه‌ش، ماناى وایه‌ دوو ئاستی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ یه‌كه‌میان ئه‌ستێره‌ هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌ ئاستی دووه‌میشدا له‌نێو ئه‌ستێره‌كاندا گه‌شترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت و به‌راوردیان ده‌كات له‌گه‌ڵ گوڵم، گۆى مه‌مك، لێو، كه‌ ئه‌و وه‌ها وێناى ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه‌ى جه‌سته‌ى ئافره‌ت ده‌كات كه‌ ئاڵن و پێیوایه‌ هیچ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و هیچ گوڵێكی كێوى له‌ ئاڵیدا شان له‌شانی گوڵمی ئه‌وى ئافره‌ت و گۆى مه‌مكی و لێوى نادات. له‌ڕاستیدا جوانی سرووشت یان وه‌كو گۆران خۆى ده‌یڵێت جوانی ته‌بیعه‌ت، سه‌رچاوه‌یه‌و، ئه‌سڵه‌و هه‌موو جوانیه‌كانی تر له‌به‌رگیراوه‌ى ئه‌ون یان لاسییكردنه‌وه‌ى ئه‌ون. به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ ئه‌وى ئافره‌تیش به‌شێكه‌ له‌ كۆى سیتێمی ته‌بیعه‌ت و له‌ رووى جوانیشه‌وه‌ له‌ئاستی یه‌كه‌مدایه‌و بۆ نیشاندانی جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت. له‌ كاتێكدا ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ جوانی ئافره‌تدا یان به‌راورد ده‌كرێن به‌ جوانی ئافره‌ت و زۆربه‌ى كاتیش جوانی ئافره‌ت وه‌كو سه‌رچاوه‌ یان ئه‌سڵ نیشان ده‌درێت و له‌ جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی ترى سرووشت جوانتر به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت. لێره‌وه‌و له‌ئاستی نه‌بینراوى وێنه‌كانی گۆراندا وه‌كو به‌شێك له‌ بنه‌ماى ده‌ق، ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ئافره‌ت وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی مرۆیی و وه‌كو جوانی ئه‌گه‌ر له‌ پێش سرووشته‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وا هاوشانی سرووشت و جوانیه‌كه‌یه‌تی.
گۆران هه‌ردوو جوانی ئافره‌ت و جوانی سرووشت پێكه‌وه‌تێكه‌ڵاو ده‌كات و تابلۆیه‌كی قه‌شه‌نگی نموونه‌ى باڵاى جوانی لێ به‌رهه‌مدێنێت. واته‌ شاعیر له‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ بێت یان له‌ نائاگاییه‌وه‌ ئه‌و به‌دواى به‌رزترین ئاست له‌جوانی یان جوانی ره‌هادا ده‌گه‌ڕێت. هه‌روه‌ك دیاره‌ نه‌ پێوانه‌یه‌ك و نه‌ ئاستێكی دیاریكراو نیه‌ بۆ جوانی و پێناسه‌یه‌كی ئاشكراش بۆ جوانی ره‌ها نیه‌، چونكه‌ جوانی په‌یوه‌ندى به‌ هه‌سته‌وه‌ هه‌یه‌و وه‌كو هه‌ر شتێكی ترى ئه‌م گه‌ردوونه‌ شتێكی رێژه‌ییه‌. له‌ پێكه‌وه‌به‌ستنی جوانی ئافره‌ت و جوانی سرووشتدا گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی (جوانی لادێ)دا ده‌ڵێت:

چه‌ن جوانی به‌ره‌و مه‌غریب ئه‌چی زه‌رده‌ ئه‌دا لێت
پرشنگی خشڵ ئه‌بڵه‌ق ئه‌كا ده‌وروبه‌رى پێت
ڕۆژى ده‌می كه‌ل حازره‌ بۆ پێشكه‌شی به‌رپێت
ئێواره‌یه‌ وا، هه‌ڵگره‌ سا گۆزه‌ى تازه‌.

شاعیر وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ى ئافره‌تی لادێ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ چۆن ده‌می ئێواره‌ یان خۆرنشین گۆزه‌ ده‌نێته‌ سه‌رشانی و به‌ره‌و كانی دێ ده‌ڕوات بۆ ئه‌و هێنان. له‌م وێنه‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌دا جوانیه‌ك نیشان ده‌درێت كه‌ جوانی ساده‌و خاوێن و بێ رتووشی لادێیه‌، واته‌ جوانی سرووشت. ئافره‌تی لادێ به‌ جوانیه‌ ئاسایی و ده‌ستلێنه‌دراوه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌كو به‌شێك له‌و سرووشته‌ وایه‌ كه‌ ده‌ستی مرۆڤـــ و شارستانێتی و ته‌كنۆلۆجیاى پێنه‌گه‌یشتووه‌. واته‌ گۆران له‌ئاستی قوڵی ئه‌م وێنه‌یه‌دا جوانیه‌ك نیشان ده‌دات كه‌ هاوشانی جوانی سرووشته‌ كه‌ هیچ په‌ڵه‌یه‌كی پێوه‌ نیه‌ یان هیچ په‌ڵه‌یه‌كی به‌رنه‌كه‌وتووه‌. ئه‌می ئافره‌ت خۆى جوانه‌، به‌ڵام كاتێ ده‌می خۆرنشین زه‌رده‌ى خۆر لێی ده‌دا زیاتر جوانیه‌كی په‌خش ده‌بێت. ئه‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و خشڵ و زێڕو زیووه‌ى به‌ ئافره‌ته‌كه‌وه‌یه‌ تیشكی زه‌ردى خۆره‌تاوى ده‌می ئاوابوون عه‌كس ده‌كاته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوره‌نگ په‌خش ده‌بێت و ده‌بریسكێته‌وه‌، هه‌مان شێوه‌ى ئه‌و ته‌سبیحه‌ قه‌زوانه‌ ئه‌بڵقه‌ى كه‌ چه‌ندین ره‌نگ ده‌نوێنێت و سه‌رنجی مرۆڤـــ بۆ خۆى كێش ده‌كات و ده‌بێته‌ به‌رهه‌مهێنی جۆرێك له‌ چێژ، كه‌ له‌ڕاستیدا چێژى جوانیه‌. كاتێ ئه‌می شۆخ و شه‌نگ له‌ده‌می خۆرئاوادا به‌ گۆزه‌ى سه‌رشانیه‌وه‌ ڕێگاى كانی ده‌گرێته‌به‌ر، ڕۆژ كه‌ له‌ چركه‌ساتی ئاوابووندایه‌ ئاماده‌یه‌ خۆى بخاته‌ به‌رپێی ئه‌می ئافره‌ت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ته‌نانه‌ت خۆر سه‌رسامه‌ به‌جوانی ئه‌می ئافره‌ت و ئاماده‌یه‌ له‌ خزمه‌تیدا بێت. لێره‌دا سه‌ربارى وه‌سفكردنی تابلۆى قه‌شه‌نگی خۆرئاوابوون و په‌خشبوونی چه‌ندین ره‌نگ له‌ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی تیشكی زه‌ردى ده‌م كه‌لدا بۆ خشڵه‌كانی ئه‌و، جوانیه‌كه‌ى ئه‌م هێنده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ خۆر هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌می ئاوابوونیشدایه‌، به‌ڵام ئاماده‌یه‌ ببێته‌ په‌روانه‌ى ده‌ورى ئه‌م. ده‌شێ گۆران خۆى به‌خۆر چواندبێت و جوانی ئه‌وى كچی لادێ به‌جۆرێك كارى لێكردبێت كه‌ سه‌ربارى هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیش به‌ڵام ئاماده‌بێت له‌به‌رپێی ئه‌وى شۆخدا بمرێت. ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا بریتیه‌ له‌ قوربانیدان له‌ پێناوى جوانیدا، به‌ڵام جوانیه‌ك كه‌ ده‌ستی لێنه‌دراوه‌، جوانی كچی لادێ، واته‌ جوانی سرووشتی خاوێن و پاكژ. دیسان لێره‌دا جۆرێك له‌ گه‌ڕانی به‌رده‌وام به‌ دواى گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی جوانیدا ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌وى شاعیریش له‌ كۆششی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و گه‌وهه‌ره‌ى جوانی و ئاماده‌یشه‌ له‌ناویدا بتوێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ گه‌ڕانی گۆران به‌ دواى جوانی و گه‌وهه‌رى جوانی و چێژى جوانیدا هاوشێوه‌ى گه‌ڕانی سۆفیه‌ به‌ دواى رۆحی باڵاو كۆششكردنه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌و گه‌یشتن به‌و رۆحه‌و توانه‌وه‌ تیایدا. به‌ مانایه‌كی تر له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ جوانی به‌رزو بڵندو پاكژ و بێگه‌رده‌ وه‌كو رۆحی باڵا. هه‌روه‌ك گۆران ویڵ و سه‌وداسه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگات به‌ گه‌وهه‌رى جوانی ڕاسته‌قینه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و قۆناغی جوانیپه‌رستی ده‌یبات. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ له‌ شیعرى گۆراندا په‌یوه‌ستبوونێكی هێجگار قوڵ به‌ ئافره‌ت و سرووشته‌وه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ به‌رهه‌مهێنی ئه‌و جوانیه‌ باڵایه‌ن كه‌ ئه‌وى شاعیر له‌ هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وامدایه‌ تا پێی بگات.

شاعیر نه‌ك هه‌ر به‌چاو جوانی ده‌بینێت و ده‌ناسێت، به‌ڵكو پێده‌چێت له‌ ئاستێكی باڵادا له‌ ده‌ره‌وه‌ى بینین و له‌لایه‌ن هه‌سته‌وه‌ره‌كانی تره‌وه‌ هه‌ستی پێبكرێت. گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی” له‌ درزى په‌چه‌وه‌” به‌جۆرێك وه‌سفی جوانی ده‌كات كه‌ هه‌ست ده‌كرێت ئه‌و به‌ چاوى دڵ یان به‌چاوى رۆح، جوان یان جوانی ده‌بینێت. له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا گۆران ده‌ڵێت:
له‌پڕ نازانم چۆن سه‌رم هه‌ڵبڕى
به‌رامبه‌رم به‌ژنێك ده‌ركه‌وت: وه‌ك په‌رى
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ عه‌باوه‌ ئاڵابوو
له‌ دیمه‌نی شیرینی ئاشكرابوو.

ئه‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خۆیشی نازانێت چۆن له‌ پڕ سه‌رى هه‌ڵبڕیووه‌و به‌ژنێكی جوانی شێوه‌ په‌رى بینیووه‌. لێره‌وه‌ ده‌شێ وای لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ چاوى ئاسایی یان بێجگه‌ له‌ هه‌ستی بیستن، لێره‌دا هه‌ستی تر هه‌یه‌ بۆ په‌یبردن یان زانینی هاتنی ئه‌و شۆخه‌ و هاتنی ئه‌ویش هۆكاربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌می شاعیر له‌ پڕێكدا سه‌رى هه‌ڵبڕێت، واته‌ سه‌رهه‌ڵبڕینی ئه‌م هێزێكی تر درووستیكردووه‌ كه‌ وه‌كو گوتمان ده‌شێ بینین بێت به‌چاوى رۆح یان دڵ. ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌یبینێت له‌ عه‌باوه‌ ئاڵاوه‌، به‌ڵام له‌ بینینی ئه‌مدا هه‌م وه‌كو په‌رى وابووه‌، هه‌م له‌ دیمه‌نیدا شیرینی ئاشكرابووه‌. ئه‌می شاعیر ئه‌و به‌ژنه‌ى بینیوێتی سه‌ربارى ئه‌وه‌ش له‌ عه‌باوه‌ پێچراوه‌، ده‌یشوبهێنێت به‌ په‌رى. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ نازانین ئایا جه‌سته‌ى ئه‌و كه‌سه‌ ده‌شوبهێنێت به‌ په‌رى یان له‌سیماو روخسارى، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌ عه‌باوه‌ پێچرابێت ماناى وایه‌ ئه‌م نه‌ سیماو نه‌ جه‌سته‌شی به‌ باشی نابینێت. كه‌واته‌ دیسان لێره‌شه‌وه‌ ده‌شێ واى بۆ بچین كه‌ ئه‌م به‌ چاوى رۆح، یان دڵ ده‌یبینێت و بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هاوشێوه‌ى په‌ریه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م وێنه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ى كه‌ ئه‌و وه‌كو په‌یكه‌ر پێشكه‌شی ده‌كات، له‌ واقیعدا بوونی نه‌بێت و كۆى وێنه‌كه‌ درووستكراو یان به‌رهه‌می خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى شاعیر بێت. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش زیاتر ڕێگاى تێده‌چێت. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتێ ئه‌م خۆى ئه‌فرێنده‌ری ئه‌و وێنه‌یه‌ بێت و له‌ خه‌یاڵدا درووستی كردبێت، ده‌زانێت كه‌ شۆخ و شه‌نگ و فریشته‌ ئاسا درووستی كردووه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ شاعیر ته‌نیا له‌ دیمه‌نی ئه‌و به‌ژنه‌دا كه‌ له‌ عه‌باوه‌ ئاڵاوه‌ شیرینی ده‌بینێت كه‌ ئه‌ویش دیسان ده‌شێ له‌ ڕێگاى هه‌سته‌كانی تره‌وه‌ بگات به‌و ئه‌نجامه‌، چونكه‌ هه‌ستی بینین به‌ چاو ناتوانێت خاسێتی شاراوه‌ یان نادیارى شته‌كان دیارى بكات، به‌ تایبه‌تی ئه‌و خاسێتانه‌ى كه‌ ئه‌ركی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی تره‌ دیارییان بكات. هه‌رچه‌نده‌ لێره‌دا شاعیر باسی شیرینی مه‌عنه‌وى ده‌كات نه‌ك شیرینی مادى كه‌ ئه‌مه‌ى دووه‌میان له‌ ڕێگاى هه‌ستی چێژكردنه‌وه‌ دیارى ده‌كرێت.
شاعیر له‌ ڕێگاى لێكچواندنی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژنەوە‌، كه‌ ئەوی ژن به‌ په‌رى ناوى ده‌بات، به‌ ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌كانی سرووشت، تابلۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگ له‌ چه‌ندین وێنه‌ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ پێكه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنی ئاستێكی به‌رز له‌ جوانین و هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى سرووشت و به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جوانیه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ن. شاعیر ده‌ڵێت:
قۆڵ و مه‌چه‌ك ساف و سپی وه‌ك شووشه‌
سه‌رپه‌نجه‌كان یاقووتێك بوون به‌ ورشه‌
بێینه‌ سه‌ر چاو: چاوێك… بڵێم چ چاوێك؟
كانی سیحر، ده‌ریاى عیشوه‌، گێژاوێك
كه‌وا كه‌وته‌ به‌ر شه‌پۆلی هه‌ستی من
له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌ر نقوم ئه‌بێ به‌ره‌و من.

ئه‌وێك كه‌ له‌ عه‌باوه‌ پێچراوه‌، ئه‌می شاعیر وه‌سفی قۆل َو سه‌رپه‌نجه‌كانی ده‌كات. قۆڵ ده‌چوێنێت به‌ شووشه‌ی سپی و ساف و بێ خه‌وش، سه‌رپه‌نجه‌كانیش ده‌چوێنێت به‌ یاقووت. لێره‌دا شووشه‌و یاقووت وه‌كو دوو ڕه‌گه‌زى سرووشتی كه‌ هێماى سپێتی و سافی و دره‌وشانه‌وه‌ن، خاوه‌نی پێناسه‌ى خۆیانن و ناسراون، قۆڵ و سه‌رپه‌نجه‌ى ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێكچواندنیان پێده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی جوانی ئه‌می ئافره‌ت. هه‌روه‌ك چاوه‌كانیشی لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ كانی سیحرو ده‌ریاى عیشوه‌و گێژاو. له‌ لێكچواندنی قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رچه‌نجه‌دا، توخمه‌ كانزاییه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ لێكچواندنی چاودا ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئاوه‌وه‌ هه‌یه‌. قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رپه‌نجه‌ جێگیرن، هه‌مان شێوه‌ى جێگیریى كانزاو ڕه‌گه‌زه‌ ئۆرگانیه‌كانی ترى ناو سرووشت، به‌ڵام چاو به‌ نیگاو بینین و په‌خشكردنی نهێنی و هه‌ست و حه‌زو ئاره‌زوو له‌ جوڵه‌ى به‌رده‌وامدایه‌ وه‌كو ئاو كه‌ وه‌ستانی نیه‌. چاو كانی سیحره‌، واته‌ سه‌رچاوه‌ى نهێنی و كه‌مه‌ركێشكردنی ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌، چاو ده‌ریاى عیشوه‌یه‌، دیاره‌ عیشوه‌ لێره‌دا بریتیه‌ له‌ حه‌زو ئاره‌زووى دنیایی. به‌م پێیه‌ چاو سه‌رچاوه‌ى نیشاندانی حه‌ز و ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كانه‌. چاو گێژاوه‌، واته‌ چاو ئه‌و قوڵایی و ونكه‌رو حه‌شارده‌رو راكێشه‌ره‌یه‌ كه‌ هه‌م شته‌كان په‌رده‌پۆش ده‌كات هه‌م ئاڵۆزیان ده‌كات و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى گێژاوى ناو ده‌ریاو ئۆقیانووسه‌كان ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت و له‌خۆیدا ونی ده‌كات. لێره‌دا شان به‌شانی به‌رهه‌مهێنانی جوانی ئه‌م وێنه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كانه‌ ئاماژه‌ى حه‌ز و ئاره‌زووى جه‌سته‌یی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه‌ چۆن كاریگه‌رى خۆى له‌ ڕێگاى چاوه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر داده‌نێت و به‌دواى خۆیدا كێشی ده‌كات و ده‌یخاته‌ گێژاوى ده‌ریاى بێبنه‌وه‌. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ده‌ڵێت سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕه‌گه‌زى نێر چه‌ند خۆى به‌هێز نیشان بدات و چه‌ند هێماى پته‌ویى و تووندوتیژى و نه‌چه‌مانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام هێشتا نیگاو حه‌زو سیحرى چاوى ئه‌وى ئافره‌ت هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌می پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا ده‌كات و موگناتیس ئاسا به‌لاى خۆیدا رایده‌كێشێت و له‌ گێژاوى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كاندا ونی ده‌كات. هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ ئه‌می شاعیر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و به‌ژن و باڵاو ئه‌و چاوه‌ ئه‌فسووناوییانه‌ى بینیووه‌ كه‌وتووته‌ ناو ئه‌و گیژاوه‌ قوڵه‌وه‌و به‌دوایدا ده‌ڕوات. لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ مرۆڤـــ به‌ سرووشتی عیشقی جوانیه‌. پاڵنه‌رى ئه‌م عیشقه‌ش دوو ئاسته‌ له‌ چێژ، چێژى رۆحی و چێژى جه‌سته‌یی. یه‌كه‌میان ره‌هه‌ندێكی سۆفیانه‌ى هه‌یه‌ و دووه‌میشیان ره‌هه‌ندێكی دنیایی هه‌یه‌. مرۆڤ به‌ سرووشتی پێكهاته‌یه‌كه‌ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه‌ له‌ بوونی ئه‌ودا كۆده‌بنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا درووستبوو، ئه‌وا كه‌سێتی مرۆڤـــ هاوسه‌نگ ده‌بێت و ئه‌م هاوسه‌نگبوونه‌ش هاوشێوه‌ى هارمۆنیاى سرووشته‌. ئه‌گه‌ر ناهاوسه‌نگیش له‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا هه‌بێت ئه‌وا ناهاوسه‌نگی كه‌سێتی درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى تێكچوونی هارمۆنیاى سرووشته‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ هارمۆنیاى سرووشت پێكه‌وه‌ گونجاندن و پێكه‌وه‌ كاركردن و ته‌واوكردنی یه‌كترى توخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته‌.

جوانی لاى گۆران شتێكی بێ لایه‌ن و بێ كاریگه‌رى نیه‌، به‌ڵكو سه‌ربارى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی چێژه‌و چێژ ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها رۆڵی كاركه‌رو پاڵنه‌ریش ده‌بینێت له‌ ژیاندا یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر وه‌كو مۆتیڤی ژیان كارده‌كات و ده‌بێته‌ هۆى درێژه‌دان به‌ ژیان و زینده‌گانی به‌ تایبه‌تی گۆران دیمه‌نێك پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ تیایدا كه‌سێك به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كی نه‌ماوه‌ له‌ ژیانداو ته‌نیا چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كات، به‌ڵام جوانی ده‌بێته‌ ئه‌و مۆتیڤه‌ى كه‌ هیواى ژیانی لادرووست ده‌كاته‌وه‌و ئومێدپه‌یداكردنه‌وه‌ به‌ ژیان به‌سه‌ر بێ ئومێدى و چاوه‌ڕوانی مردندا زاڵ ده‌بێت. له‌ هه‌ڵبه‌ستی (نیاز)دا گۆران ده‌ڵێت:
چاوه‌نواڕم، سا كه‌ى گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێ باك
جانه‌وه‌رى گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته‌ خۆراك؟
به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ
به‌ لێوى ئاڵ، به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شی تۆخ
به‌ باڵاى به‌رز، به‌ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان
ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆ و جوڵان
به‌م جوانیانه‌ كه‌ زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان
به‌م جوانیانه‌ كه‌ له‌ تۆدا هه‌موویان په‌یدان
له‌و ڕۆژه‌وه‌ دیوومه‌ سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى تۆ
دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانی هاتووه‌ته‌وه‌ گۆ
سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه‌ قوڵ
باغچه‌ى ژینم پڕ بۆته‌وه‌ له‌ نه‌مامی گوڵ.

ئه‌م له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگدایه‌، واته‌ هیچ ئومێدێكی ژیانی نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌وى ژن به‌ جوانیه‌كانی كۆتایی به‌ بێ ئومێدییه‌كانی ئه‌م ده‌هێنێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌بۆ ژیان. شاعیر له‌ وه‌سفی ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌ جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ئه‌وى ژندا هه‌وێنی زینده‌گانی و درێژه‌دان به‌ژیان رامده‌كات. كاتێ باسی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژن ده‌كات، وه‌كو هۆكارى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سێكی بێئومێدبوو بۆ ئامێزى ژیان سه‌یریان ده‌كات. ئه‌می شاعیر له‌ ڕێگاى نیشاندانی دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ژن یان ئافره‌ته‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئافره‌ت وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك له‌ جوانی پێكه‌ش بكات. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ئه‌و ژن وه‌كو یارو یارى نازدار ده‌دوێنێت. كه‌واته‌ لێره‌دا جۆرێك له‌ هۆگرى و په‌یوه‌ندى له‌ نێوان خۆى و ئه‌وى ژندا نیشان ده‌دات كاتێك به‌ ده‌ربڕینی یار ده‌یدوێنێت و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وه‌سفێكی به‌رزى ده‌كات به‌ ده‌ربڕینی شۆڕه‌ژنی شۆخ كه‌ ئه‌مه‌ش ماناى كۆبوونه‌وه‌ى گه‌لێك سیفاتی جوانیه‌ تیایدا. كه‌ دواتر ئه‌و سیفاته‌نه‌ ورد ده‌كاته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی گونجاندن و رۆڵبینین بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی تابلۆیه‌كی جوان كه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى به‌خشینی چێژى جوانی به‌كارده‌هێنێت. لێوى ئاڵ، چاوى ره‌شی تۆخ،باڵاى به‌رز، ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان، ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌ى ناز له‌ گفتوگۆو جوڵانا. ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له‌ ڕێگاى ده‌ربڕینی زمانه‌وه‌، گۆران كۆگایه‌ك له‌ خاسێـت و سیفاتی جوانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیانداته‌ پاڵ هه‌ر شتێك كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌سفی بكات. هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارى سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شاعیره‌یه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین وێنه‌ى شیعرى ره‌نگاوره‌نگدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و وێنانه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌ى كه‌ به‌شدارى ده‌كات له‌ به‌رهه‌مهێنانی جوانیدا، به‌شداریش ده‌كات له‌ به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كانیداو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌بێته‌ ڕه‌گه‌زى یه‌كه‌می زمان یان ده‌ق بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌لالات و ماناى جۆراوجۆر به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه‌ تیایدا به‌كار ده‌هێنرێت.

ئاوه‌ڵناوه‌كانی (ئاڵ، ره‌ش، تۆخ، به‌رز، نه‌رم، شل، جوان، شیرین)، كه‌ وه‌سفی لێو و چاو و باڵا و ئه‌ندامانی ترى له‌شی ئه‌وى ژن ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك به‌رهه‌مهێنی تابلۆیه‌كن له‌ جوانی، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ڵگرى ده‌لالاتی مێێتین و له‌پشتی ئه‌مه‌شه‌وه‌ جۆرێك له‌ رۆچوون و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ئاماژه‌ى سێكسی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ستی بینین یان بیستن و به‌ركه‌وتن له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى جه‌سته‌ى مێ یان ئه‌وى ژندا هه‌ستی پێده‌كات یان ده‌یبینێت. شاعیر هه‌موو ئه‌م جوانیانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌و به‌ جوانی به‌هه‌شتی دنیا باسیان ده‌كات و هه‌موویشیان له‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ یان له‌وى یاردا هه‌ن. ره‌نگه‌ ئێستا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه‌ بچێت و بپرسین مه‌به‌ست له‌ به‌هشتی دنیا چیه‌؟ ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ى باوه‌و پێی راهاتووین به‌هه‌شت به‌پێی چه‌مكی ئایین ئه‌و پاداشته‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ خودا له‌ دواى ڕۆژى لێپرسینه‌وه‌ ده‌یبه‌خشێت به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ بڕوادارن و به‌دڵسۆزیه‌وه‌ فه‌رمایشته‌كانی ئه‌ویان جێبه‌جێكردووه‌. ئه‌م به‌هه‌شته‌ به‌هه‌شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌زانین كه‌ دنیایه‌كی بێ وێنه‌یه‌و بۆ مرۆڤی زیندوو خه‌ونێكی ئاینده‌ییه‌. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م به‌هه‌شته‌دا گۆران باسی به‌هه‌شتی دنیایی ده‌كات. بێگومان مه‌به‌ست له‌ به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی دنیایه‌كی هاوشێوه‌ى ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ خه‌ونی ئاینده‌یه‌. ئه‌میش واته‌ به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی فه‌زاو دنیایه‌كه‌ با بچووكیش بێت كه‌ خاسێته‌كانی به‌هه‌شتی ئه‌و دنیاى هه‌بێت. واته‌ دنیایه‌ك مرۆڤ تیایدا بگات به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ ئاره‌زووى ده‌كات. گۆران ئه‌و به‌هه‌شته‌ له‌ ئه‌وى ژندا ده‌بینێت، كه‌واته‌ لێره‌دا گۆران ژن هاوشێوه‌ ده‌كات له‌ گه‌ڵ به‌هه‌شتی خودادا. خاوه‌ن بڕواو گوێڕایه‌ڵه‌كانی فه‌رمانی خودا به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ن له‌ به‌هه‌شتدا هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ببێت كه‌ دڵیان ده‌یخوازێت. ئه‌می شاعیریش وه‌ها سه‌یرى ئه‌وى ژنی شۆخ و شه‌نگ ده‌كات كه‌ جه‌سته‌ى ئه‌و و جوانیه‌كانی ئه‌و ئاماژه‌و جوڵه‌و ڕه‌وتی ئه‌و كه‌ هه‌موویان به‌هه‌شتی فراوانترى جوانی ئه‌ویان پێكهێناوه‌، ئه‌مى ژن ده‌كه‌ن به‌و به‌هه‌شته‌ى كه‌ هه‌موو خواسته‌كانی دڵی ئه‌مى تێدا ده‌سته‌به‌رو فه‌راهه‌م ده‌بێت، كه‌ ده‌شێ گه‌یشتن بێت به‌ لوتكه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و لوتكه‌ى چێژى رۆحی كه‌ دووه‌میان چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ جوانیه‌كانی جه‌سته‌و هه‌موو خاسێتێكی ژن. لێره‌دا له‌ ئاستی قوڵتردا هاوشێوه‌بوونێكی ئاشكرا له‌ نێوان به‌هه‌شتی ژن و به‌هه‌شتی ئه‌سڵیدا درووست ده‌بێت كه‌ هه‌ردووكیان له‌به‌خشینی خۆشی و چێژدا هاوشێوه‌ن.

دنیاى پڕ له‌جوانی و چێژى ژن هه‌رئه‌وه‌ نیه‌ چێژ به‌م ببه‌خشێت به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی مه‌رگه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ ژیان. هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت له‌و ڕۆژه‌وه‌ سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخی بینیووه‌، هه‌موو شتێك به‌ لایه‌نی ئه‌رێنیدا گۆڕاوه‌. واته‌ له‌و ڕۆژه‌دا كه‌ ئه‌مى شاعیر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ى ده‌كرد جانه‌وه‌رى گۆڕ یان ئاشكراتر بڵێین ئیزرائیل بێت و گیانی بكێشێت، پاڵنه‌رى ژیان و به‌رده‌وامبوون له‌ ناخیدا زیندوو بوونه‌وه‌و چالاك بوون و جانه‌وه‌رى مه‌رگیان به‌زاندووه‌. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك وه‌سفی خۆى ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ى زیندوو بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغی لاوێتی، بۆ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ى كه‌ هیواو ئاوات و حه‌ز و خۆزگه‌و دنیاویستی هه‌موو بوون و ژیانی ئه‌میان داگیركردبوو.

ئێستا ئه‌م وه‌كو لاوێكی خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵی مه‌ودا قوڵ و وه‌كو مرۆڤێكی چالاك خۆى نمایش ده‌كات. هه‌روه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌ى عومرى جوانی ژیاوه‌ته‌وه‌. ئه‌م خۆى ده‌چوێنێت به‌ سرووشت، به‌ڵام سرووشتی به‌هار كه‌ كانی و سه‌رچاوه‌كان ده‌ژێنه‌وه‌. هه‌روه‌ك ژیانی وه‌كو باخچه‌یه‌ك وه‌سف ده‌كات كه‌ پڕبۆته‌وه‌ له‌ نه‌مامی گوڵ. ئاشكرایه‌ كه‌ گوڵ به‌رهه‌می وه‌رزى به‌هاره‌، كاتێك ئه‌م ژیانی خۆى ده‌چوێنێت به‌ باخچه‌ى گوڵ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می لاوێتی. هۆكارو پاڵنه‌رو مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ چالاكترین قۆناغی ژیان، ئه‌وى یاره‌ واته‌ ئه‌وى شۆره‌ِژنی شۆخ به‌ هه‌موو جوانیه‌كانیه‌وه‌. كه‌واته‌ گۆران بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژن یان جوانی ژن كه‌ سه‌رچاوه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و رۆحیشه‌ مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م ژیانه‌وه‌یه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌ره‌هه‌م دێت كه‌ ژن به‌ جوانیه‌كانیه‌وه‌، وه‌كو گۆران پێناسه‌ى ده‌كات به‌ گشتی بریتیه‌ له‌ جوانی، نه‌ك هه‌ر بارگاوى كراوه‌ به‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیاندۆستی، به‌ڵكو مۆتیڤى ژیاندۆستیه‌و له‌م ده‌قه‌ زمانیه‌ تابلۆئامێزه‌دا به‌جۆرێك هه‌ژموونی ژیان به‌رفراوان و باڵاده‌ست ده‌كات كه‌ مۆتیڤی مه‌رگدۆستی له‌به‌رده‌میدا پاسیڤ ده‌بێت و له‌جوڵه‌ ده‌كه‌وێت و له‌ نێوان دوانه‌ى ژیاندۆستی- ئیرۆس و مه‌رگدۆستی -تاناتۆسدا- ئیرۆس سه‌رده‌كه‌وێت و تاناتۆس ده‌به‌زێت كه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌م باڵاده‌ستبوونه‌ى ئیرۆس جوانیه‌كانی ژن و خودى ژنه‌.

عەتا قەرەداخی



چیتر لەمنداڵدانی یەسناکانم هیچ گاتایەکی تر لەدایک نابێت… شەماڵ بارەوانی

کەحەرفەکانم
چوونەوە سەر نەسلی کڕوزانەوە
و
کچێنی ڕستەکانم
ڕەنگی بێوەژنیان گرت

کە نیشتمانی خەونەکانم
پڕبوو لەترپەی ئاوارەیی
و
ڕێزمانی چاوەڕوانیم
ئیعرابی کوێری لێ ڕوا

کەنزاکانم بە فەتوای نائومێدی
پێچرایەوە
و
مەزهەبی
عیشق بە چەقۆی خوڕافە
نەزیفکرا
مەیە

قەراربوو
بەرلەوەی دەستنووسی خەمەکانم
پێ بگرێت
و
لەهجەی گریانم پاراوبێت

بەرلەوەی
حەلاجی وشەکانم
تەریقەتی دەهریبوون بپۆشن
و
بەرماڵی ئنتیمام
لە هەرتەقەی بێ هیوایی
سیخناخ بێ

بەرلەوەی
کفری ڕەشبینی
لە میحرابی وشەکانم
داگیرسێت
و
فەسڵی کاڵبوونەوە
لە ترۆپکی تەمەنم
چرۆبکات

بەرلەوەی
تۆبەی سنعانی
پیتەکانم
بەتاڵ بێتەوە
و
ڕەهێڵەی بارانی بێ تاقەتی
لە دەروازەی دەروونم دابکات

بەرلەوەی
گەڵای دیدەم
هەڵبوەرێت و
باهۆزی عەبەس
لە سردابی ڕۆحم
هەڵبکات
تۆبێیتەوە

درەنگە،و کات بەسەرچوو
من ئیتر نە حەوسەڵەی
کۆپی کردنی دوو ڕکات پێکەنین
و
نەیش مەزاجی
خواردنەوەی کوپێک
خەندەم ماوە

تازە فانۆزی بیناییم
چووە وەرزی کزی
و
سورەتی گەنجیم
مەحکوم بوو
بە ئایەتی پیری

ئاڤێستای ئەمەلم
کوژایەوە
و
چیتر لەمنداڵدانی یەسناکانم
هیچ گاتایەکی تر لەدایک نابێت

ئیدی گوڵی سەمایەکیتر
لەباڵی زۆربام شکۆفەناکات
و
درەختی ئشتیام
هیچ هێشووە ئامێزێکی تری
لێ ناروێت

من لەمێژە گۆزەی قاقام هاڕەیکردووە
و
خەونی فڕینم بەشکان مەحکوم بووە

لە مێژە ئینجیلی ئاواتەکانم
لەمانا بەتاڵ بووەتەوە و
وەرزی مەسیحم خاچی پایزی
گرتووە

ئیدی
تەرمی خەونەکانم
بە تابووتی ماڵئاوایی دەسپێرم

پاشماوەی کاتژمێرەکانی تەمەنم
دەپێچمەوە و
دەچمەوە سەر کۆتا چرکەکانی
هەڵوەرین

دەڕۆمەوە
بۆ نیشتمانی فرمێسک
بۆ کەناری عەدەم
بۆ باوەشی سەراب و
تاراوگەی دڵشگوشین




سروود… نەوزاد بەندی

بە دەست ..بە بیر ..بە بێداریی
هەڵمەت ئەبەین بۆ ڕزگاریی ..

هیواکان ئەڕوێنینەوە ..
هەڵۆکان ئەهێنینەوە ..

چەکی باوەڕ ئەکەینە شان
مەرگ بۆ نیشتمانفرۆشان ..

بە دەست ..بە بیر.. بە بێداری
هەڵکەین مەشخەڵی ڕزگاریی

ئێمە زۆرینەی بێدەنگین
خاوەن هەڵوێست و بێڕەنگین ..

لە بێدەنگیی ئەچینە دەر
لە بێڕەنگیی ئەچینە دەر

چونکە هیوای گەل فرۆشرا
میللەت بۆ بێگانە دۆشرا

بە دەست ..بە بیر .. بە بێداریی
ئەبین بە خۆری ڕزگاریی

خوێنی ئەنفال هەر ئەچۆڕێ
تاوانە نەیەینە گۆڕێ ..
وا به چاوی سەر ئەبینین
تابێ ئەم خەڵکە ئەدۆڕێ ..

هەر پەیامی گەل ، پەیامە ..
ئەبێ بگا وەکو نامە ..
چونکە داهاتووی تاریکە ،
هەر میللەتێ بێ بەرنامە ..

تەماشا کەن بە چاوی سەر
چۆن زێڕی خاک ئەبرێتە دەر
ئەوان هەژاریی ئەڕوێنن ..
بۆیە ئەبێ شکست بێنن ..

ڕازی نابین بەم حاڵەوە ..
بێخەم بڕۆینە ماڵەوە ..
دەنگی میللەت زوڵاڵ نەبێ
ڕزگار بوونی مەحاڵ ئەبێ ..

بە دەست ..به بیر .. بە بێداریی
کۆتایی دێ ستەمکاریی ..

ـــنەوزاد بەندی ـــــ




دەنگی کرێکار ژمارە 32

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 32ی دەنگی کرێکار کلیکی بکەن…




چوارەمین دیداری شیعری کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

مەنسوور جیهانی

ـ چوارەمین دیداری شیعری کوردی “یۆتۆبۆری” بە به‌شداریی شاعیران و نووسه‌رانی کورد لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوه‌چوو.

چوارەمین دیداری شیعری کوردی “یۆتۆبۆری” Goteborgلە لایه‌ن کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، بە به‌شداریی شاعیران و نووسه‌رانی کورد و بە ئاماده‌بوونی گرووپی دەفی ژنانی یۆتۆبۆری بە هاوکاری موزیکزانی کورد “ئاسۆ دیلان” به ئامێری عوود لە رۆژانی 26 و 27 مارسی 2022 لە هۆڵی “فۆڵکت هیووس” Folkets Hus Hammarkullen لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوه‌چوو.

یه‌کێک له خاڵه به‌رچاوه‌کانی ئه‌م رووداوه ئه‌ده‌بییه ئامادەبوونی نووسەری گەورەی کورد مامۆستا “عه‌بدوڵڵا سەراج” له هەر دوو ڕۆژیی دیدارەکەدا بوو.

“شەماڵ ئیبڕاهیم زادە” وەکوو پێشکەشکارێکی سەرکەوتوو چوارەمین دیداری شیعری کوردی “یۆتۆبۆری” بەڕێوەبرد و هونەرمەند “ڕێبین ڕەشید” کاری دیکۆر و ڕووناکی ئه‌نجامدا و هه‌روه‌ها کاروباریی تەکنیکیش لە ئه‌ستۆی “نەوزاد باهر”ەوە بوو.

هونەرمەند “عزەت رەئووف” وتاری دیدارەکەی خوێندەوە و لە ڕێوڕه‌سمی کۆتاییشدا به‌ڕێز “محه‌مه‌د قادر” لە دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی “یۆتۆبۆری” خەڵاتی ڕێزلێنانی بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرد.

به‌رنامه‌کانی رۆژی یەکەمی چوارەمین دیداری شیعری کوردی “یۆتۆبۆری” به به‌شداریی گرووپی دەفی ژنانی یۆتۆبۆری دەستی پێکرد و “سابیر سدیق” میوانی تایبه‌تی ئه‌م دیداره بوو و بەشداربووانی ئه‌م ڕۆژه‌ش بریتی بوون له: “داناز عه‌بدوالڕەحمان”، “بنار کەولۆز”، “ڕەسوول سەفەریانی”، “کەژاڵ جەلال” و “خاڵە حەمە”.

بەشداربووانی رۆژی دووهه‌می ئه‌م رووداوه گرینگه ئه‌ده‌بییه‌ش بریتی بوون له: “بەکر حەبیب”، “گۆران سدیق”، “رۆژا ناسر”، “یاسین مەحموود”، “سۆزە بەرزه‌نجی”، “هیوا رەسووڵ” و “ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر”.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen




رێكخراوه‌كان(NGO)و كاری هه‌ره‌وه‌زی… سه‌لام عه‌بدوڵڵا

هه‌زاران كه‌سی ئه‌كادیمی، سیاسه‌تمه‌دار و شاره‌زا له‌ بواره‌ جیاجیاكان له‌گه‌ل ئه‌م یان ئه‌و رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و به‌ خه‌رجی حكومه‌ته‌ سه‌رمایه‌دار و كۆمپانییه‌(سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ و شه‌ڕخواز)ه‌كان، كارده‌كه‌ن، گوایه‌ رێكخراوگه‌لی”سه‌ربه‌خۆ”و له‌پێناو هوشیاری و پێشخستنی(دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامه‌نوو‌سی)ن‌. ئه‌م به‌ڕێزانه‌ رۆژانه‌ سه‌رقاڵی كۆڕ و سمینار و كۆڕبه‌ند و كۆبوونه‌وه‌ و میتینگن له‌ هوتێل و صالۆن و نووسینگه‌ گرانبه‌هاكانن و كه‌ناڵه‌كان راپۆرت و لێدوان و ریكلامیان بۆ ده‌كه‌ن و به‌ خه‌ڵكیان ده‌ناسێنن.
راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ كار بۆ(تینك تانك)ه‌ ستراتیژییه‌كانی وڵاتانی ناتۆی”ئاشتیخۆاز و ئازاد و دیموكراسی”ن كه‌ راسته‌وخۆ له‌ خزمه‌تی ئه‌جندای وه‌زاره‌ته‌كانی جه‌نگ و كۆمپانیا و وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌یانن.
ئه‌و رێكخراوه‌”سه‌ربه‌خۆ”یانه‌ بۆ جارێك ره‌خنه‌ یان ناڕه‌زایه‌تیان ده‌رنه‌بڕیوه‌ له‌ رۆڵی صندوقی دراو‌ی جیهانی و جه‌نگی ناتۆ و كوشتنی مه‌ده‌نی و سته‌مكارییه‌كانیان نه‌گرتووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ شانازییه‌وه‌ ته‌شریف ده‌به‌ن بۆ لای قونسولگه‌ری و سه‌فاره‌ته‌كانیان.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخراوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌رۆشی پێشخستن و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانن، ئه‌ی بۆچی نه‌مانبینی سه‌نتڕالی دنیای خۆشگوزه‌رانی و نه‌هێشتی سته‌مكاری كه‌ خۆی له‌ كاری هه‌ره‌وه‌زی ده‌بینێته‌وه‌‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌؟
بۆچی نازانن بۆ نموونه‌:

  • هوشیاری كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ 14/3/ 1761 له‌(فینویك- ئه‌سكوتله‌ندا-)ده‌ستپێكردووه‌؟
  • نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی 1995وه‌ بڕیاریدا یه‌كی/ته‌موز بكرێت به‌ رۆژی جیهانی هه‌ره‌وه‌زی(Coops Day)؟
  • كلتووری كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ كوردستان نامۆ نیه‌ و له‌ هه‌موو ئاواییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌.
    به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و زۆرێك له‌ نووسه‌ر، شاعیر و سیاسه‌تمه‌داره‌كان ره‌خنه‌ی درووست یان جوێن و تۆمه‌ت به‌خشین ده‌گرن له‌م حزب و ئه‌و كه‌س، به‌ڵام بایه‌خ به‌ باسكردنی به‌دیلی ئه‌م سیستێمه‌ ناده‌ن، باسی كلتووری هه‌ره‌وه‌زی ناكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ناكه‌ن.
    ساڵانێكه‌ ره‌خنه‌ له‌پێناو ره‌خنه‌ بووه‌ به‌ باو و جۆرێكه‌ له‌ خۆ خاڵیكردن و رق و تۆڵه‌سه‌ندن و شه‌خسی ومشه‌خۆری و گه‌وجاندنی خه‌ڵك و سه‌رقالیكردنی رای گشتی به‌ شتی لاوه‌كی، نه‌ك به‌هێزكردنی هوشیاری ئه‌ڵته‌رناتیڤی دژ به‌م سته‌مكاری و ماڵوێرانیه‌.
    ئێستا كاری هه‌ره‌وه‌زی به‌ بیر و توانا و هه‌وڵی خودی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین و هیچ پێویستیمان به‌ پاره‌ و پولی هیچ رێكخراوێكی ده‌ره‌كی حكومه‌ت و كۆمپانییه‌كان نیه‌. ئێمه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای كاره‌كانین وهه‌ر كه‌سێك خۆی به‌ رۆشنبیر یان دڵسۆزی خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌زانێت و نه‌فره‌ت له‌ سته‌مكاری ئه‌م حزبانه‌ ده‌كات، فه‌رموو با له‌ بواری خۆی بیكات به‌ باس و خواستی، نه‌ك وه‌ك ته‌‌ماشاكه‌ر بمێنێته‌وه‌ و خۆی دووره‌په‌رێز بگرێت. ئه‌ركی یه‌ك به‌ یه‌كی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان و رۆژنامه‌ و سایته‌كانی ئینترنێت و په‌یجه‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، هێز به‌م كار و چالاكییه‌ بده‌ن.
  • سه‌لام عه‌بدوڵڵا



چەند شیعرێکی شاعیری مارکسیستی ئەمریکی جان گوودمان… و: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چۆن بتوانم ببم بە شاعیر
ئایا کۆمەڵگە, وک هونەر دان بە شیعری مندا دەنێت؟
لەم کۆمەڵگە هەناسە لەبەربڕاوە
من چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک منداڵان دەبینم دەکوژرێن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ئینسانە بەساڵاچووەکان خواردنی سەگ دەخۆن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک کچان دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتیک ڕۆژانە خەڵکانی بێتاوان دەکرێنە قوربانی؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک تۆ بڕیاری ئەوە بدەی چی شیعرە و چی شیعر نییە؟
ئەی چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ڕۆژانە لەسەر ئەم هەسارەیە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەمڕۆ ئاخرین ڕۆژە؟

ئەم سیستەمە دەمکوژێت

من ئینسانم
پەرەسەندووترین شێوەم لە گشت شێوەکانی تری ژیان
بەڵام ئەفسووس من هەر گۆشت و ئێسقانم
گەر مرۆڤایەتی تا ئەوپەڕی گەشەکردن، گەشەش بکات،
من تەنانەت لە زۆربەی هەرە زۆر زیرەکتر و
لە هەموو خۆشەویستترم
بەڵام ناتوانم بچمە ئەودیو ئەم سیستەمە
ئەم سیستەمە ناتوانێت وەکو ئێمە زیرەک بێت
ئەم سیستەمە بناغەکەی لەسەر قازانج و نەخۆشی و شەڕ بنیادنراوە
ناتوانێت وەکو چۆن ئێمە زیرەکین، ئەویش وابێت
ئەم سیستەمە منی زیرەکترین شێوازی ژیان و
نێو زیرەکترین توخم دەکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت

ئێمە

من تۆم
تۆش منی
من و تۆ ئێمەین
ئێمە دەتوانین ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە پێویستە ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە دەبین بەوەی دەمانەوێت.

باڵندەی ئازادی
باڵندەی کۆیلەتی جیهانگیری
بەرەو زستانی سەرمایەداری کۆچ دەکات
دەبێت بە باڵندەی ئازادی
کە بەرەو باکوور دێتەوە
چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە.

جەنگینێکی باش جەنگیم

دوواجار چی بە نەوەی داهاتوو بڵێـم لەدوواجاردا؟
بەنەوەی داهاتوو بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
بەنەوەی داهاتوو بڵێـم ڕاپەڕیم بۆ ڕاستی
چی بەنەوەی داهاتوو بڵێم
ڕاپەڕیم دژ بە خراپە و ستەمکاری
چی بە لیۆن ترۆتسکی بڵێم ئەگەر بەسەر ئەسپێکی سپییەوە بیبینم (1)
چی پێبڵێم ئەگەر لەلای دەروازە مروارییەکان بینیم(2)
پێی بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
نازانم چی پێبڵێم
پێی دەڵێم دەترسام
پێ دەڵێم دەترسام
پێی دەڵێم ئازا و نەبەرد بووم
پێێ دەڵێم نەجیبزادە بووم
پێی دەڵێم کۆیلە بووم
پێی دەڵێم دڵ و دەروون باش بووم
پێی دەڵێم بەهێز بووم
پێی دەڵێم سەرکز و بەستەزمان بووم
پێی دەڵێم ئاسوودە بووم
پێی دەڵێم دڵخۆش بووم
پێی دەڵێم غەمبار بووم
پێی دەڵێم چێژم وەردەگرت
پێێ دەلێم تووڕە بووم
پێی دەڵێم ڕۆشنبیر و چاوکراوە بووم
پێی دەڵێم نەخوێندەوار بووم
بەڵام پێی دەڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم.

خەونی ڕاستەقینەی ئەمریکیی

تەنها دەمەوێت بتوانم بۆت بنووسم و
پێت بڵێم
خۆشم دەوێی
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
کە جیهانێکی تازەم دەوێت
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
لەوەی پێویستمە زێترم ناوێت
هەر ئەوەندەم دەوێت ژیانێکی شایستە بژێم
تا بتوانم خزمەت هاوڕێکانم بکەم
بۆیە ئەوەت لەقووڵایی ڕوحی ئەمریکاوە پێ دەڵێـم
ئەمە خەونی ئەمریکایە
ئەمە خەونی ئینسانە
ئەمە خەونی قارەمانانی وڵاتەکەمە
کە خوازیارین بۆ هەموو جیهان.

بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان

من بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان دەنووسم
دەنووسم بۆ ئەو هونەرمەندە،
ئەو زانایە،
ئەو کرێکارە.
چونکە ئەوەی من ئارەزوومەندیم ئەوەیە بە هونەرەکەم
شارستانییەتێکی نوێ بنیادبنێم
جیهانێک بخوڵقێنم کە گشت کەس تیایدا هونەرمەند بن.

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

———————————————————

(1) ئەسپی سپی هێمای زانیاری و ڕۆشنبیرییە
(2) دەروازە مروارییەکان، هێمایە بۆ دوانزە دەروازەکەی بەهەشت کە لە ئینجیلدا باسی لێوە کراوە.

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوبۆتەوە.




برسیکردن و چارەڕەشکردن وەک تەکنیکێک بۆ گەڕانەوەی خوڕافیات ڕوکردنە پەرستگە… مەحمود عەبدوڵڵا

ئەوە چییە وادەکات خەڵکی تا هەژارو چارە ڕەشتر بن ،زیاتر هەست بەگوناح دەکەن؟ چییە وادەکات خەڵکی زیاتر ببنە دیلی خوڕافە و ئایدیۆلۆژیستە چەوسێنەرەکانیان؟بۆچی کاتێک گەلان برسی دەکرێن دەکەونە ناخۆشی زیاتر بەرەو “پاککردنەوەی نەفس” و دورکەوتنەوە لەچێژە کان ئاڕاستە دەبن و پیاوانی دین بازاڕیان گەرم دەبێت؟ وەڵامی دەرونشیکاری هەستکردن بەگوناحە ،کەدواتر شڕۆڤەی دەکەین. ئەم دۆخەی گەلان زۆر بەدۆخی ژن دەچێت، چەندە داماو و کڵۆڵ بێت ،زیاتر بە مێرد ,یان پیاو گرێدەدرێت و گوێڕایەڵی دەکات و زیاتر هەست بەگوناح دەکات ،لە ئەنجامی هێرشی ئایدیۆلۆژی وبیرکردنەوەی نێرسالارانە ژن سایکۆلۆجیایەکی بۆ دروستدەبێ کە واهەست بکات گوناهبارە بۆیە دوودڵە لە گومانەکانی سەبارەت بەمافەکانی خۆی؟سەیرنییە سەرەڕای ئەوفشارە ئایدیۆلۆژیەی لەسەر ژنان هەیە،سەرەڕای ئەوەی سوکایەتیان پێدەکرێت و بچوک دەکرێنەوە دەکرێنە ئۆبێکتی سێکسی ،کەچی زیاتر پابەندی وەهمە دینیەکان دەبن،و لەنائاگایدا هەستکردن بەگوناه وایانلێدەکات نەتوانن باوەڕیان بە خۆیان بێت. بیرکردنەوەی نێرسالارانەی پیاوانیان لێبۆتە بیرکردنەوەی خواوەند،ژن لەکەسایەتی پیاودا خوا دەبینێت.

بەم شێوەیەیە کە هیتلەر وتویەتی گەلان وەک ژن وان،ئەم قسەیەی هیتلەر ئەوەدەگەیەنێت ژن چۆنە بەرامبەر پیاو پیاویش ئاوایە بەرامبەر دەسەڵات . کۆمەڵگە کاتێک دەکەوێتە ناو گێژاو و قەیرانی دروستکراو،هەست بەگوناح دەکات ،لەجیاتی تۆڵەکردن لەچەوسێنەران هەست بەگوناح دەکات و خۆی سزادەدات. هەندێجار ئەو هەستکردن بەگوناحە پێویستی بەئاگادارکردنەوەش نییە،تاک خۆی واهەست دەکات زێدەڕۆییکردوە و چێژی لەژیان بینیوە بۆیە تۆڵەی لێدە کرێتەوە و ئەو دۆخە بۆ بەخۆ داچونەوەیە.مرۆڤ بونەوەرێکی نەخۆشخراوە لەڕێگەی میکانیزمە چەپێنەرەکان و داخوازییەکانی شارستانیەت .ئەگەرچی ئەم خۆسزادانە،یان هەستکردن بەگوناهە تاکەکەسیە،بەڵام کۆمەڵ لەتاکەکان پێکدێت بۆیە دواجار وەک هەستکردن بەگوناحی دەستە جەمعی دێتە بەرچاو، لەبنەڕەتدا بەدیدی فرۆید دین وڕێنەیەکی کۆییە.بە هۆی ئامۆژگاری پیاوانی دین و تەڵقینکردنی تاکەکان لەخێزانەوە تاقوتابخانەو تامزگەوت ،تاک دۆگما دەبێت نابێتە خاوەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەراوردکاریانە و بابەتگەرا ،هەربۆیە بیرکردنەوەی خودی بەسەریدا زاڵدەبێت و ،
ئەنجامدراو ،تەنانەت کەبیرش بکەیەوە لەڕەفتارەکە هەست بەگوناح دەکەیت.

.واتا لێرەدا نەک ئەنجامدانی خراپە بەڵکو بیرکردنەوە ش ڕوبەڕوی سزادەبێتەوە و مرۆڤ هەست بەگوناه دەکات بەرامبەر وەسوەسەکان،ئەگەرچی ئەم وەسوەسانە زیاد دەکەن بەزیادبونی بێبەشبونەکان هەربۆیە لای قەشەو مەلاکان هەستکردن بەگوناه زیاترە،مەلایەک کە بەردەوام خەڵک دەتۆقێنێت،مرۆڤ وەک کائینێکی گوناهبار سەرزەنشت دەکات، مەسەلە ئەوەیە کە سوپەرئیگۆی توند خوی هەیە،واتا ڕێگەبە ئیگۆ نادات پاڵنەرەکانی تێربکات.بەڕای فرۆید خراپە سەرچاوەیەکی دەرەکی هەیە،نەک ناوەکی بۆیە خراپەیەک نییە بەلای ئیگۆ ووە بەڵکو چێژیشی لێدەبینیت،ئەوە سوپەر ئیگۆیە دەنگی مامۆستاو دایباب و کۆمەڵگەیە دەڵێ مەکە.گۆشتی بەراز مەخۆ،شڕاب نۆشمەکە،ئەگەروانەبوایە دەب و لەهەموشوێنێک مرۆڤ ڕقی لە خواردنی شڕاب و گۆشتی بەراز و یان هەستی بەگوناه بکردایە “لێرەدا باسی زودوزیانی ئەوشتانە ناکەین” کەواتا ویژدان دەنگی کۆمەڵگاو دامەزراوە پەروەردەییەکانە.

کاتێک گۆڕانی گەورە ڕودەدات کە “ئۆتۆریتە لەمیانەی جێکەوت و گەشەی سوپەر ئیگۆ ناواخن دەبێتەوە”واتا جیاوازی نێوان ئەنجامدانی کارو بیرکردنەوە لەکردار نامێنێت.ئەگەرچی بۆمرۆڤێکی گەورە چیتر مەترسی لەدەستدانی باوک یان سزای باوک یان بێبەشبون لە کۆمەڵگەش نییە،بەڵام سوپەرئیگۆ هەر واڕەفتاردەکات و من یان ئیگۆ سزادەدات و هەستیگوناه هەر دەمێنێ بەرامبەر ئەوشتانەی بەخراپ دانراون.هۆکارەکەش ئەوەیە ئەوکاریگەریەی سوپەر ئیگۆی پێکهێناوە .کاریگەری ژینەتیکییەو دەبێتە هۆی هێشتنەوەو درێژەدان بەوشتەی ڕابرووو پێیدا تێپەڕیوە.واتا شتەکان لە دۆخی سەرەتایی دەمێننەوە. بەهۆی هەستی ترس ئیگۆ ی گوناهبار سزادەدات ،چونکە ویژدان لەسوەر ئیگۆدا بەسادەی ماوەتەوە .بۆئەوەی ژینگە دەرەکیەکە سزای ئیگۆ نەدات،ئەگەرچی لەواقیعدا ترسەکە نەماوە،بەڵام بەشێکی سوپهر ئیگۆ لەقۆناغی سەرەتایدا دەمێنێتەوە. ئێمە زۆر گەورەساڵ دەبینین هەستکردن بەگوناح تیایاندا مناڵانەیە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سوپەر ئیگۆیەکی توند خویان هەیە،کاریگەری پەروەردە .

کڕۆکی مەسەلەکە چیە؟
بەبڕوای فرۆید ئەو بێبەشبونانەی سەرچاوی دەرەکیان هەیە، دەبنە هۆی بەهێزی ویژدان، لە سوپەر ئیگۆدا.بۆیە مرۆڤ ئەوکاتەی بارودۆخی باشە،خۆشگوزەرانە کەمتر هەست بەگوناح دەکات و ،ویژدانی زۆرشت بە ئیگۆ ڕەوادەبینێت ،بەڵام لەکاتی ناڕەحاتی و چارەڕشی و کڵۆڵیدا خۆی بەگوناهبار دەزانێت داوای ویژدان باڵادەبێ و داوای سزادان لەئیگۆ دەکات. ئەمە ڕەنگە هۆکاری گەڕانەوە بۆ دین و ملکەچی دینی بێت کاتێک گەلان دەکەونە دۆخی چارەڕەشی ئیتر مرۆڤ دەبێ کەفارەتی گوناهەکانی بدات و شوکرانە بژێربێت سزای خۆی بدات بە دورکەوتنەوە لەخۆشگوزەرانی و خۆبرسیکردن و ملکەچی زیاتر.بەبڕوای فرۆید ئەمە بەهۆیی ساوایی و سەرەتاییبونی ویژدانەوەیە پاش گۆڕانی سوپەر ئیگۆ ئەوا دۆخە سەرەتاییەکەی هەردەمێنێتەوە.چارەنوس دەبێتە جێگرەوەی ئۆتۆریتەکانیتر و لێرەدا مرۆڤ هەستدەکات چارەنوس ئیرادەی خوداییەو جارێکیتر دەیەوێت بە ملکەچی زیاتر ئەو ئوبێکتەی ئەشقەکەی بەدەست بێنێتەوە کەوادەزانیت بەهۆی تێرخواردن و وخۆشگوزەرانی لێی توڕەبووە و موچەکەی بڕیوەو … .بەڕای فرۆید گەلە سەرەتاییەکان باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانە دەکەن،کاتێک توشی ناڕەحەتی دەبنەوە بتەکە دەکوتن ،پێیان وایە بە کاری خۆی هەڵنەستاوەو کەمته رخەم بوەسزای خۆیان نادەن سزای خواکەیان دەدەن.چاوەڕوان دەکرا مرۆڤی شارستانیش سزای خواکەی بدات و لێی دورکەوێت،بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنەکان لەهەموو بوارەکان هێشتا پێکهاتەی دەرونی مرۆڤ بەجۆرێکە کە لە دۆخە مەرسیدارەکان دەگەڕێتەوە بۆ هێزە نادیارەکە واتا خودا.سەرچاوەی هەستی گوناه ئۆتۆریتەی دەرەکی و سوپەر ئیگۆیە.
ڕۆڵی چارە ڕەشی لەمەدا چیێە:پارادۆکسێکی سەیرهەیە سەرەتا ترسی دەرەکی دەبێتە هۆی دروستبونی ویژدان، دەبێتە هۆی چاوپۆشی لەپاڵنەر،بەڵام دواتر چاوپۆشی لەپاڵنەر دەبێتە هۆی سەرچاوەیدینامیکی ویژدان.کاریگه ری چاوپۆشی لەپاڵنەر لە سەر ویژدان بەوجۆرەیە هەربەشێکی شەڕەنگێزی کە تێرنەبێت، لەلایەن سوپەر ئیگۆ وە دەخرێتەوە گەرو شەڕەنگێزی و توندخویی سوپەر ئیگۆ زیاددەکات دژی ئیگۆ. یان ئەو بەدبەختیی و چارە ڕەشیەی مرۆڤ تێیدەکه وێت دەگۆڕێت بۆ خۆسزادن…
ئەڵبەت ئەودۆخە دەقۆزرێتەوە،پیاوانی دین هەژاری خەڵک و چارەڕەشیان دەقۆزنەوەو داوادەکەن خەڵک روبکاتە خوا،ەمەش ڕۆڵی پاسیڤی ئاینە وادەکات خەڵک یاخی نەبن و دودڵبن بەرامبەر ڕوخاندنی دەسەڵات ،واتا پیاوانیدین خزمەتی دەسەڵاتی خۆسەپێن دیکتاتۆر دەکەن ،چونکە بەشێکی چارەڕەشیی خەڵک دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی لەخوا دورکەوتونەوە.لەکاتێکدا خودا سزا نادات ئەوە گەندەڵی و پیسخۆری دەسەڵاتە.لێرەدایە کەدەوترێ ڕێککەوتنی تەخت و میحراب.پیاوانی دین و چەوسێنەران هەمیشە کۆکن. دینیەکان هۆشی خەڵک کۆنتڕۆڵدەکەن نەخۆشی دەکە.

مەحمود عەبدوڵڵا




مافیای قوڕمیشکراو… ئاراز مستەفا مەحمود

ئەڵێن کاتی ڕۆژ ئاوابوون سێبەری پیاوی بچوک گەورە دەردەکەوێت، کورتو پوخت یانی باڤڵ تاڵەبانی کەخۆی لە”باطین”دا پیاوێکی بێهەیبەتو خاڵییە، لێ لە”زاهیر”دا وەکو سەرکردەیەکی نیشتیمانیی و کاریگەر خۆی عەرز ئەکات. خۆی لەحەقیقەتدا باڤڵ و لاهور دوو ماری ژەهراوی مەترسیدارن، بەڵام وەک وتراوە ماری مارخۆریش هەیە، وە ناتوانم بەهیچیان بڵێم “باش” بەڵکو ئەکرێ بڵێین وەکچۆن باش و باشترو باشترین هەیە ئاواش بەڕێژەیی بڵێین بەهەموو خراپیەکانیەوە هێشتا لاهور خراپی کەمترە لەبافڵ، چونکە لاهور هاوشانی خراپیەکانی، باشیشی هەیە، کەدواتر باسی ئەکەین، لێ بافڵ خاڵییە لەهەرچی باشی.
شەڕی نێوان ئەم دوو مارە لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانییەوە دەستپێدەکات و لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانیشەوە قوڵتر ئەبێتو بەشاراوەیی دەگوزەرا هەتاکو لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢١دا قومبەلەکەی ناو ماڵی یەکێتی تەقییەوەو ماری یەکەم ئەچێتە یەکەم قۆناغی شکستهێنان بەماری دووەم و دەست دەکات بەقوتدانی، قوتدانێک لەسەرەوە بەرەو کلکو کۆتایی لێ بەهێواشی.
ئەگەرچی باڤڵ تاڵەبانی ناوینا ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نوێبونەوەی یەکێتی و چاکسازی، لێ لەڕاستیدا ئەوەی ڕودادەت چاکسازی نییە، بەڵکو سیاسەتبازی و پاکتاوبازی و خراپسازییە.
وەکچۆن خراپو خراپترو خراپترین هەیە ئاواش لەنێوان باڤڵ و لاهوردا باشێک لەگۆڕیدانییە، لێ ئەوەی هەیە خراپو خراپترە، بەڵام لەڕاستیدا پاشخانی باڤڵ نەک لەوەی لاهور باشتر نییە، بەڵکو باڤڵ خاوەنی پاشخانێکی قێزەونەو پڕیەتی لەتاوان و کوشتن و تیرۆرو فەسادی. ئەگەرچی لە٢٠٠٣ من مناڵ بووم، بەڵام بیرمە کەسەرەتای ژیانی سیاسیی باڤڵ دەستی پێدەکردو ئەوکات تازە وەکو گەنجێکی ٢٥ ساڵی وەکو فەرماندەیەکی سەربازی دەرکەوت و یەکەمین تاوانی قێزەونی ئەنجامدا ئەوەبوو، کە لەپرسگەی تاسڵوجە مەلا عبدوڵای قەسرێ و پێنج پاسەوانی بەناهەق کوشت، کەئەوکات عبدوڵای قەسرێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی بوو. دواترو لەهەمان ساڵدا لەناوجەرگەی شاری سلێمانی گروپێکی چەکداری یەکێتی بەسەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی هێرشیان کردە سەر هەندێک ماڵی نەیاری سیاسیی یەکێتی و چەند قازیفەیەکییان بەناو ماڵەکانەوەنا کە ژن و منداڵی تێدابوو، چەند کەسێکیان کوشت و دوو کەسیشیان بەناوەکانی وریاو ئاسۆ دەستگیرکردو لەزینداندا بەئەشکەنجە کوشتنیان.
دواتر باڤڵ دەستی کرد بەڕفاندنی ئەو بازرگانانەی کەئامادەنەبوون سەرانەی پێبدەن و کۆمەڵێکی لێکوشتن، دواتر لەساڵی ٢٠٠٤ هەڵگورد تاڵەبانی بەبڕی دوو سەد هەزار دۆلارەوە ڕفاند، بەبیانوی ئەوەی هەڵگورد تاڵەبانی بەنیازی دامەزراندنی حیزبە. دوای چوار ساڵیش لەبێسەروشوێن کردنی و لەزیندانی نهێنی دەزگای زانیارییدا ئازادکرا.
ئەتوانم بڵێم ئەمانە تاوانە سەرەتاییەکانی باڤڵ بوون و لەوێوە گیانی تەماحبازی لەناخی باڤڵدا پەرەی سەندو بەرەو پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی زیاتر پەلکێشی کرد. یانی لەڕاستیدا باڤڵ تاڵەبانی پێش لاهور هەموو قۆناغەکانی دزی، تاڵانی، سەرانەوەرگرتن، دزینی پارەی حکومەت، تیرۆرو ڕفاندنی تێپەڕاندووە. ئینجا هاتووە بەناوی چاکسازی منافسەکەی لەناودەبات.
هەڵبەتە من نامەوێت لاهوری شێخ جەنگی بەفریشتەو باڤڵ تاڵەبانی بەشەیتان وەسف بکەم، حەقیقەت ئەوەیە هەردوکیان پاشخانێکی ناشیرینیان هەیە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت ڕەدی باڤڵ بدەمەوە لەوەی کە ئەوەی باڤڵ دەیڵێت ڕاست نییە. چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە کە لاهور هەوڵی ژەهرخواردکردنی باڤڵی دابێت، دواتر باڤڵ لاهوری بەژەهرخواردکردنی خۆیی و دەیان تاوانیتر تۆمەتبار کردو پەلکێشی دادگای کرد، لەهەمان کاتدا داوای ئەوەشی دەکرد کە لاهور کوردستان بەجێبهێڵێت و بچێت بۆ ئەوروپا. ئاخر ئەمە تەناقوزێکی زۆرگەورەیە، چۆن ئەبێت کەسێک کە تاوانبارە ڕێگەی بدەیت بچێتە دەرەوەی وڵات؟ دواتر لاهور زۆر بەبێباکی چوویە بەردەم دادگاو هیچی لەسەر ئیسپات نەبوو، ئینجا باڤڵ درکی بەوە کرد کەسێک کەلەدادگا نەترسێت لە هەڕەشەکانیتریش ناترسێت، چونکە ئەویش پشتی قایمە بەجەماوەرێکی تایبەت بەخۆیی و هاوکات لەئاستی سەرکردایەتی حیزب و پلەدارە سەربازیەکانیشەوە خاوەنی پێگەو نفوسی خۆیەتی. بۆیە کاتێک بافڵ ئەبینێت لەڕێگەی دادگاوە ناتوانێت دەستی بەرامبەرەکەی بشکێنێت، چونکە کەیسەکەی هێندەی سیاسییە هێندە یاسایی نییە، بۆیە ئەوەی ئێستا ئەیبینین ئیجرائاتەکان عەسکەرین نەک قانونی وە یەکێتییەکان خۆییان ئەڵێن ئێمە لەنێوان خراپو خراپتر خراپەکەمان هەڵبژاردووە. بۆیە لەڕاستیدا ئەمە چاکسازی نییە، بەڵکو پاکتاوسازی تەرەفێکیترەو قاچاخچێتی و فەسادی و سەرانەوەرگرتن هەر بەردەوامە.
ئەوە ئینقیلابێک بوو وە لایەنی دووەم خۆی بۆ ئەم ئینقیلابە ئامادەکردبوو، وە ئەگەر ئەم ئینقیلابە باڤڵ نەیکردبایە بەدڵنیایەوە لاهور ئەیکرد، هەروەکچۆن باڤڵ وتی ئەوە ئینقیلاب نەبووە، بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی ئینقیلاب بووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هەردووکیان پیلانیان لەدژی یەکتر هەبووە بەس تەنیا جیاوازی ئەوەبوو کە کام لایەن دەستپێشخەری دەکەن. تەبعەن ئینقیلابەکەش ئۆکەی ئێران و وە بەپشتیوانی پارتی دیموکڕاتی کوردستان و دەزگای هەواڵگری میتی تورکی بوو.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەگەڵ توندوتیژی نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و وتی “ئەگەر بێت و هێرشبکەنە سەرم ئامادە نیم خوێنی‌ کەس لە پێناومدا بڕژێت و پاسەوانەکانم دەنێرمەوە ماڵەوە. ئەگەریش دەرکەوێت کە هۆکاری کێشەکان منم ئەوا ئامادەم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووربکەومەوه و دەست لە پۆستەکەم هەڵبگرم‌.”
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لاهور شێخ جەنگی بە سەرانەسەندن و قاچاخچێتی و قۆرخکردنی بازاڕ تۆمەتبار دەکەن و لاهور شێخ جەنگیش پێی وایە ئەمە گەلەکۆمەیەکە بەرامبەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیای لە پشتە. لەنێوان شەڕە قۆچی ئەم دوو سەرکردەیەشدا ئەوەی باجەکەی دەدات بەر لەخۆیان ئەوا خەڵکی سڤیلی کوردستانە، چونکە زۆر کەسی بێگوناح کەوتنە بەر زەبری شەڕە قۆچەکەی بافڵ و لاهور، ئێستا ئەبێت بپرسین
چی ماوە پێمان بکەن؟ واتان لە خەڵک کرد ئاوات بەعەرەب بخوازێ تا مووچەی بداتێ، واتان لەتوشبویەکی کیمیایی کرد گەردنی سەدام ئازاد بکا، واتان لە گەنجێک کرد نیشتیمان بەپارویەک نان و تۆزێک سەلامەتی گیانی بگۆرێتەوە، پێکەنینتان نەهێشت لەسەر لێوەکان تەنانەت پێکەنینەکانی خۆشتان دەستکردن، ئێوە یا کە رێککەوتن هەمووی دەبەن یا کە رێکنەکەون ئێمە ئەتۆقێنن، خۆ ئەشزانم نەگوێمان بۆ ئەگرن نەشتێکمان ئەخوێننەوە جا بۆیە ئەڵێم شتێک بکەن یان ئێوە لە کۆڵمان ببنەوە یان ئێمە لە کۆڵ خۆتان بکەنەوەو وڵات بۆخۆتان بەرن.
باڤڵ ئەڵێت لەدوای ٨ی مانگەوە یەکێتی ئیمتیحان بکەنو پێش ئەوە حیساب مەکەن، وەک ئەوەی بڵێی هەرچی قێزەونی و سەرانە وەرگرتن و تیرۆرو دزی هەیە گشتی لاهور لێی بەرپرسەو خۆی فریشتە بووە، بەڵام لەڕاستیدا وانییەو بنەماڵەی تاڵەبانی بەگشتی و بەتایبەتی دوای مام جەلال باڤڵ تاوانبارو بەرپرسی یەکەمە لەهەرچی نایاسایی و دزی و گەندەڵی کە ڕویداوە. دواتر هەموومان ئەزانین ئەم ئینقیلابە لەسەر دەسەڵاتە نەک لەسەر بەرژەوەندی خەڵک وە ئەمە چاکسازی نییە، بەڵکو پاکتاوسازی تەرەفێکیترەو قاچاخچێتی و فەسادی و سەرانەوەرگرتن هەر بەردەوامە.
ئەگەرچی باڤڵ ئەڵێت ئەمە کودەتا نەبوو بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو وە لاهور دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوە، بەڵام ئەوەی ئێمە لەئەرزی واقیعدا ئەیبینین ئەوەیە کە ئەوەی ئەم دەزگایانەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا باڤڵ بوو نەک لاهور، ئەوەی کودەتای کرد باڤڵ بوو نەک لاهور. ئەو کادیرانەی یەکێتی کە نەدەوێران سیم کارتی ئاسیاسێڵ بەکار بێنن لەترسی باڤڵ بوو نەک لاهور، ئەوەی ڤیدیۆی نائەخلاقی لەسەر بەرپرسانی خودی یەکێتی تۆمارکرد بۆشکاندنی پەنجەکانی یەکتر باڤڵ بوو نەک لاهور. ئەوەی ملکەچی بنەماڵەی بارزانی و ئەردۆغان بوو باڤڵە نەک لاهور، ئەوەی دەستی دەزگای ئیستیخباڕاتی میتی تورکیای گرت و هێنای لەناوجەرگەی سلێمانی بەرپرسانی پەکەکەیان تیرۆر کرد باڤڵ بوو، وە ئەوەی بەشێکی ئەم پلانانەی هەڵوەشاندەوەو پەکەکەی ئاگادار کردەوە لەم سیناریۆیانە لاهور بوو. باشە کاک باڤڵ با من یەک پرسیاری گرنگت ئاراستە بکەم، تۆ ئەڵێیت زیاتر لە ١٠ ساڵە لاهور سەرانە لەبزنزمەنەکان وەردەگرێت و خەڵک دەڕفێنێت و دەیان کردەوەیتری ناقانونی ئەنجامداوە، بەڵام جەنابت لەئاستی ئەم کارانەی لاهوردا چاوت دەنوقاندو گوێچکەکانت دەئاخنی و بێدەنگیت نواندبوو، بەڵام ئەوکاتەی کە هاتە سەرئەوەی کە خودی خۆت دەرمانخواردکراویت ئینجا هاتیتە دەنگو تەقیتەوەو کودەتات بەسەر لاهوردا کرد، ئایا ئەوە مانای ئەوەنییە کە ماوەی ١٠ ساڵ لەخەمی ژیان و گیانی ٦ ملیۆن مرۆڤی کورددا نەبوویت و ئامادەنەبوویت شەڕ لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان بکەیت بەس لەسەر خودی خۆت ئەم شەڕە ئەکەیت؟ جەنابی کاک باڤڵ با شتێکی گرنگترت بیرخەمەوە، ئایا بیرتە لەکاتی شەڕی داعشدا فڕۆکەیەکی پڕ لەچەکو تەقەمەنی هات بۆ مەتاڕی سلێمانی و ویستت چەکەکان بەداعش بفرۆشی بەڵام لاهور پلانەکەی هەڵوەشاندیتەوەو فڕۆکەکە ناچارکرا لەمەتاڕی بەغداد بنیشێتەوەو چەکەکان کەوتنە دەستی حکومەتی عێڕاق و ئەم ڕوداوەش کەلێنی بەینی تۆو لاهوری فراوانتر کرد.. ماوەتەوە بڵێم جیاوازی لاهورو بافڵ هەر ئەوەیە یەکێکیان خراپ و ئەویتریان خراپترە وە جیاوازی ئەوان تەنها وەکو جیاوازی کۆکاکۆلاو پیپسی کۆلا وایە.




کورتە چیرۆک/ ئەو کاتەی هەستمکرد پیرم… رەسووڵ بەختیار

رۆژانە سواری پاس دەبووم، هەردەم لەنزیک شۆفێرەکە دادەنیشتم، بەو پیەی، لەنزیکترێن وێیتگەی گەڕەکی زەیتوون بووم، هیچ کات خۆم بەپیر نەزانیووە، هەردەم وام دەزانی لەهەمووان گەنجترم، گەڕەکەی ئێمە کەوتۆتە ئەوپەڕی شار، یان راستر بڵێم، لەو شارە نوێیانەن بەم دوایە دروستکراون، تەنیا چەند قوتابییەی ناوەندی لەپێش من سواری پاسەکە دەبوون، ئەوان تەمەنیان لەدوانرە تا پانزدە ساڵی دەبوو، هەمووشیان عەرەب بوون، زۆر وەڕس دەبووم، کاتێک بەدەنگی گەورە، لەگەڵ یەکتردا دەدوان، رۆژێک زۆر بێزار بووم، پێمگوتن، ئێوە نازانن بەهێمنی قسە بکەن، ئەوە پاسە و گشتییە، خۆ بۆ ئێوە دانەنیشتووین، گوێمان لەهەرا و هۆسەی ئێوە بێ، یەکێکیان بەکوردییەکی نیوە عەرەبی و بەسەردەخەنەیەکەوە گوتی: عەمۆ، ئێمە خەڵک، صحرا، رومادی، سەوتمان گەورە، لا تزعل، ئەتوو توڕە نابی.
لەچەندین،.
هەڵوێستی دیکە، زۆر زوو بێزار دەبووم، لەگفتوگۆی نێو پاس، گلەیی ئەو دایکانەی، کە منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دەبرد،.
زۆر جار بە ئاماژە بەشوفێری پاسەکەم رادەگەیاند :
دەتەوێ هەموو خەڵکی گەڕەکی فەرمانبەران و شارەوانی و نەود و چوار سواری پاسەکە بکەیت.
شوفێرەکەش هەر زوو تێدەگەیشت: مامۆستا ناکرێ کەس جێبێڵین، هەموو ئەوانەی جێمانهێشتوون، دواتر شکایەت دەکەنو دەڵێن پاسی ژمارە ئەوەندە جێیهێشتووین، بابگەینە لای چاودێری پاسەکان، ئەوجا دەزانی، راستدەکەم یان نا.
زۆر زوو زوو تووشی گفتوگۆی لابەلا دەبم، بەڵام ئەم بەیانییە بڕیارمدا، نە قسە و ئاماژە بکەم، خوانەخواستە رۆژێک تووشی شەڕێکی لابەلابم، نەوەک وەک سایتە سێبەرەکان و هەندێک بابەتی ناوفەسبووک، قسەی ناشرینم پێ بگوترێ، دواتر ببمە بێێشتە خۆشەی لاپەڕە درۆزنەکان.
ئەو بەیانییە، کاتێک لەگەڕەکەکەمان دەستم بۆ پاس راگرت، دوای وەستانی پاسەکە، کە ویستم لەسەر کورسییەک دانیشم، بینیم،هەموو کورسییەکان گیراوە، وەک ئەوەی لەدوا وێستگە بێمە ناو پاسەکەوە، جێی کەسی لێ نەمابوو، لەو کاتەدا دەستم بەسەقفی پاسەکە گرت، نەوەک بەرببمەوە، یەکێک لەو گەنجانەی پێشتر باسمکرد، گوتی: مامە وەرە لێرە دانیشە،
دەزانم ئەو رێزی لێنام، بەڵام زۆرم پێناخۆش بوو، چونکە هەستم کرد پیر بوومە، پێش ئەوەی دانیشم، لەهەر جوولەیەکی پاسەکە بەملاو بەولادا دەجولام، هەستمکرد وەک جاران ناتوانم دەستم بەلایەک و کورسی و سەڤفی پاسەکە خۆم راگرم.

رەسووڵ بەختیار




دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر

دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر» لە لایەن (باست مورادی)ـیەوە وەرگێڕرا بۆ سەر زمانی فارسی بە نێوی «آمریکانامە با طعم شعر» و بەو زووانە لە لایەن (انتشارات افراز) لە تاران چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

کتێبی «آمریکانامە با طعم شعر» دووەمین کتێبی شاعیرە لە دوای کتێبی «آفریقانامە و زمین‌نامە باطعم شعر» لە لایەن وەرگێڕ (باست مورادی)ـیەوە، وەرگێڕراوە و لە (انتشارات افراز) چاپ دەکرێت. ئەمریکانامە بە تامی شیعر (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە)یە کە ژانرێکی خوڵقاوی خودی شاعیرە لە ڕۆمانەشیعر و قەسیدەوە بەرهەمی هێناوە. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی یەکەم و دووەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱٦ـەوە سەرقاڵی نووسینی بووە. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی سێیەم و چوارەمی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱۷ نووسراوە و هەردوو کتێبەکە لە ساڵی ۲۰۱۸ بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئێستاکە هەردوو کتێبەکە بۆ زمانی فارسی لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕراوە و هاوکات کتێبێکی دیکەی شاعیر لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕاوە و لە داهاتوودا دەچێتە چاپ و کتێبخانەی فارسییەوە.




سروود… نەوزاد بەندی

کە بێدەنگ بووی لە مافی خۆت

 سبەی باشتر نابێ لەمـــــــڕۆت

ئەڵێی مەگەر‌ خوا چاکی کــــــــا

خوا لەوە زیاتر چی بکا بـــــــۆت ؟!

دەست وقاچ و عەقڵ و چـــاوت

دین و بەرنامەی هەنگــــــــــاوت

لە هی مافیاکان باشـــــــــــــترن

بێ مانایە کـــــــــــــۆت و داوت

غیرەت ، مەردیــی ، ئازایەتـیی

سێ ڕێگان بۆ مرۆڤایەتـــــــیی

ئەوەی ئەو ڕێیانە وونـــــــــکا ،

نوقم ئەبێ لە کـــــــۆیلایەتیی

سەرشۆڕیی  بەرهـــەمی نییە

لە زۆریش هەر‌ کەمـــــی نییە

سەر هەڵبڕە ، وا خۆر هەڵهات

بانگتەکا ، بەس دەمــــی نییە

سەربەرزیی گەر ساتێکیش بێ

کۆیلەیی گشـــت کاتێکیش بێ

هەر سەربەرزیی هەڵبژێـــــــرە

ئەگەر کارەساتێکیــــــش بـــێ

هەرچۆنێ بی   ، مردن هەر دێ

لە کۆشــــــکا بی یان بن بەردێ

مل کەچ مەکە بۆ هیچ کەســێ

قازانجیش کەی هەر زەرەر دێ.

ـــنەوزاد بەندی ــــ




چۆن، لەهجەی موکریانیی بەسەر لەهجەی سلێمانییدا، سەپێنرا؟… کامیار سابیر

لە زمانناسییدا، پرەنسیپێکی زمانیی( لغوي) گشتگییر هەیە کە “هیچ زمان و دایەلێکتێک لەوی تر باشتر یان خراپتر نییە”، هاوکات، پرەنسیپێکی زمانەوانیی تر هەیە کە لەهجەکان لە نێوان، زاراوەی باڵا و نزمدا پۆلێن ئەکات و ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و نابێ دڵی خەڵکی هیچ ناوچەیەک ئازار بدات و خەفەتی عەشایەرییانەی بە نان و پیوازی( پیاز) موکریانەوە، پێوە بخورێت. لێرەشەوە، زمان و زاراوەی زاڵ، دێنە کایەوە، ئەمەش پێوەندیی بە پرۆسێسێکی سیاسیی-کۆمەڵایەتیی-کولتووریی- زمانیی و مێژووییەوە هەیە. گەلی کورد، چییتر خاوەنی یەک زمانی یەکگرتوو و گشتگییر نییە، بەڵکو زۆربەی ئەوانەی دە ساڵ لەمەوبەر پێمانئەگوتن زاراوە کوردییەکان( کرمانجیی سەروو، ناوەڕاست، خواروو، هەورامیی، زازاکیی…تاد)، ئێستا زۆربەیان ( تەنیا ناوەڕاست و خواروو، زۆر بە باشیی تێکەڵبوونە) بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەچن و هیچ هێزێکی سیاسیی و نوخبەیەکی ئەکادیمیی و رۆشنبییریی، ناتوانن پێشیان پێبگرن و هەر لەهجەیەک لە جیۆگرافیا سیاسییەکەی خۆیدا، بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەڕوات.

ئەمەش ئەو حەقیقەتە زمانیی و سیاسییە بەیان ئەکات کە گەلی کورد( بووینە بە گەلانی کورد)، وەکو گەلانی تورک- باکگراوند و فارس باکگراوند( یان دروستتر زمانە ئێرانییەکان، بە کوردییشەوە) بەرەو کۆمەڵێ زمانی جیاواز و سەربەخۆ، ئەڕۆن و گەڕانەوەیان بۆ نییە. ئەکرا سەردەمانێک لە کوردستانی عێراقدا، زمانێکی ستاندەرد و ئۆفیشەڵی نووسیین، جێکەوت بکرێ، بەڵام بەهۆی حەنیینی ئایدیۆلۆژیای زمانیی و زاڵبوونی مێنتاڵیتیی ناوچەگەریی و بەرژەوەندیی حیزبیی و بنەماڵییەوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی نوخبەیەکی زمانەوانیی کە بەرچاوەگێڕی سیاسییە فاشیلەکانی شاخ نەبووبن، دەسەڵاتی کوردیی بە گشتیی و پارتیی( قۆرغکاری دەسەڵاتی کوردیی) بە تایبەتیی، ئەمەیان نەکرد و هیچ گرووپ و نوخبە و سیاسیی و حیزبێکیش نەیانتوانی، فشار بۆ پارتیی بهێنن کە ئەو بڕیارە سیاسییە- زمانییە، بۆ دۆخی کوردستانی عێراق، بدات.

ئێثنۆنیمی(ناوی نەژادیی- Ethnonym) تورکیی و زمانیی بۆ گەلانی تورک باکگراوند( تورک، تورکمان، ئاذەریی، ئۆزبەکیی، قیرقزیی، تەتەریی، ئۆغوریی، سالاریی، کازاخیی، یاقوتیی…سەری هار و مار ئەگرێتەوە)، وێڕای نزیکایەتیی زۆریان لەگەڵ زمانەکانی گرووپی مەنگۆلییەکان، هەموویان، سەرومڕ زمانی جودا و سەربەخۆن. هاوکات دۆخی زمانە لەیەک نزیکەکان کە نزیکی زمانەکانی گەلانی کورد باکگراوند( واقیعی سیاسیی وا ئەڵێت)، بن، زمانی گەلانی فارس باکگراوندە ( فارسیی ئێران، دەریی ئەفغانستان، طاجیکیی طاجیکستان و”تات Tat “ی روسیا و ئاذەربایجان، یان دروستتر بگوترێ لە داغستان….تاد)، هەموویان سەربەخۆن و بە زمانی ستاندەردی جودا جێکەوت بوونە. وێڕای ئەوەی نووسیین و ئاخافتنیان زۆر زۆر نزیکن، هەندێجار وەکو زاراوەی سلێمانیی و هەولێر، یان وەکو زاراوەی سنە و سەقز، لێکەوە نزیکن، بەڵام بە تەواویی بوونە بە زمانی ستاندەرد و جودا و بەناوی جودایشەوە، ناسراون. بە واتایەکی تر، سەردەمێک ئەکرا زمانێکی ستاندەردی نووسیین لای کەم لە پارچەیەکی کوردستاندا( کوردستانی عێراق)، لە رێگەی بڕیاری سیاسییەوە و بە توێشووی ئەکادیمیایەکی زمانیی، جێکەوت بکرایە، بەڵام بە قەولی فارسیی ئەو سەردەمە “گوزەشت”. هەر ئێستا، ئەوەی لە رێگەی ئێثنیکییەوە بە کورد ناسراوە، زمانی کرمانجیی، سۆرانیی( چەمکی سۆرانیی، بە رەشۆکیی و بە هەڵە جێکەوت بووە کە کرمانجیی ناوەڕاست و تا رادەیەکیش خواروو، ئەگرێتەوە)، هەورامیی و زازاکیی، بە تەواویی پرۆسێسی ستاندەربوونی خۆیان جێکەوت کردووە و هەر هەوڵێكیش بۆ چێکردنی یەک زمانی کوردیی، وەکو خورافەیەکی سیاسیی و زمانیی، وەکو شیعری کوردیی بۆ ئەیلییەنەکانی فەضا، ئەبێ سەیر بکرێت. هاوکات، نە دایگڵۆسیای diglossia زمان و نە خورافەی جووت-ستاندەردیی، یان خەراباتی فرە ستاندەردیی، چارەسەری دۆخی ئاڵۆزی زمانە کوردییەکان( چییتر لەهجە نەماون) و گەلانی کورد-نەژاد، ناکات! بە داخەوە بەمشێوەیەیە، بەڵام واقیعی سیاسیی و جەبری زمانیی و رۆڵی بچووکبوونەوەی زمانی کوردیی، ئەو حەقیقەتانەن کە ئەبێ ببیینرێن.

لە ناو کرمانجیی ناوەڕاست و خواروودا( لێکەوە نزیکن) لە سنەوە بۆ مەهاباد و ورمێ، لەو دیو خانەقیینەوە( کرماشان و ئیلام) بە گەرمیان و کەرکوکدا بۆ جیۆگرافیای زمانیی هەولێرو باڵەکایەتیی، تا پیرانشار و نەغەدە، سەنتەری شاری سلێمانیی و دەوروبەری، بە ستاندەردی زمانیی و زمانناسیی، بە باڵاتریین زاراوەی نووسیین، دێتە ئەژمارد کردن. دیارە لە حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە، سلێمانیی و هەولێر، بەراورد بە کەرکوک، بوونە بە شاری گەورە، بەڵام تێکەڵییەکی گەورەی کولتووریی و سیاسیی و زمانیی، ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک و گەرمیانی بە درێژایی چەندیین صەدە بەیەکەوە بەستووەتەوە. ئەم زمانە خۆبەخۆ ستاندەرد و باڵایەی سلێمانیی، بەراورد بە لەهجەی نزمی موکریانیی، جیاوازییەکی گەورەی مەعریفیی و رۆشنبییریی و مێژوویی هەیە.

سلێمانیی( لەگەڵ ناوچەکانی کەرکوکدا) خاوەنی نوخبە هەرە گەورەکانی کوردن کە تێکستی دانسقەیان، بۆ سەردەمەکانی خۆیان هەبووە، لە نالیی و سالم و کوردییەوە، بۆ مەحویی، حەمدیی، پیرەمێرد و گۆران، بۆ مەلا کەریمی مودەڕیس، قانع و شێرکۆ بێکەس، لە کاتێکدا، موکریان، باشتریین نوخبەکانی لۆکاڵیی و کەم سەوادن، یان ئەوەندە کەمن، کارییگەریی ئەدەبیی، زمانیی و کولتوورییان بەراورد بە سلێمانیی، زۆر سنووردارە، بە تایبەتیی، پیاوێکی زمانزان( نەک زمانناس) ی وەکو هەژار موکریانیی، بۆچی ئەبێ، لەهجە و ئاخافتن و هەژموونی کولتووریی ناوچەکەی ئەو( موکریان) کە مونەظیری سیاسیی بارزانیی بووە، بکرێ بە زمانی ستاندەری نووسیین و بەسەر کولتووری زمانیی و زمانی باڵای سلێمانییدا، بسەپێنرێت؟ بەشێک لە هۆکاری ئەمانە بە کورتیی لە خوارەوە، ئاماژەیان پێئەدرێت.

سەیری ئەدەبییاتی نوخبەکانی سلێمانیی و دەوروبەری بکەن، لە نووسیین و ئاخافتندا، فرمان بە “ئە” “ئەنووسرێ” نەک بە “دە” (دەنووسرێ)، بۆ نموونە، ئەخەوم، ئەڕۆم، ئەچن، ئەبەن، نەک دەخەوم، دەڕۆم، دەبەن…تاد، هۆکاری ئەم ئەفسانە زمانییە(linguistic myth ) لە کوێوە، سەرچاوەی گرتووە کە “دەترسن” لە “ئەترسن”، گوایە ستاندەردترە؟ خەڵکی سلێمانیی ( بە تایبەتییش ئەو پشتێنەیەی لە بانەوە بۆ پێنجوێن، بۆ هەڵەبجە و شارەوزوور، بۆ گەرمیان و بازیان و سورداش و شارباژێڕ، تێکەڵ ئەبنەوە) لە رووی کولتووریی و زمانییەوە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستانی عێراق( بگرە لەسەرتاسەری پارچەکانی کوردستاندا) زۆر باڵادەستترن، ئەی بۆچی تەسلیمی ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان بوونە؟ بە تایبەتییش هەژار موکریانیی، تەبەنیی سیاسیی لەهجەکەی خۆی کردووە لە ئەدەبییاتی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، هەژارێک تەنانەت وەکو شەرییکی قەتڵوعامی نەیارەکانی بارزانیی، شەرعییەتی داوە بەو تێرۆرانەی دژی کوردەکانی ئێران( لە چەشنی سولەیمانی موعینیی) کراوە. هەژار موکریانیی، ئەدییب، شاعیر، نووسەر، زمانزان و موهەڕیجی سیاسییەکان بووە، بەڵام لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە زمانناسیی کولتووریی، بە مەعریفەی زمانیی و مەغزا فیکریی و فەلسەفییەکانی زمانناسییەوە، نەبووە و نابێت.

ئەوانەی هەژاریان پێ غۆلی زمانی کوردییە، بەشی زۆریان ئەوانەن لە کوردیی بترازێ زمانێکی تر نازانن، وێڕای ئەوەی شارەزایی زمانناسیی و مەعریفەی سیاسییان لەسەر زمانناسیی نییە، یان زۆر سنووردار و لۆکاڵییە. بە دڵنیاییەوە، لە زۆر رەهەندی زمان و شیعردا، هێمن موکریانی زۆر لە هەژار باڵاتر و بەسەلیقەتر بووە، بەڵام هەژار لە رووی سیاسییەوە، بە بەرنامە، تەوظیف کراوە. راستە ئەم بابەتە( واتە دەڕۆم یان ئەڕۆم)، مێژووەکەی زۆر لە ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی کۆنترە و تۆفیق وەهبیی بەگ بۆ کۆتایی ١٨٠٠ ەکان ئەیگێڕێتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، هەر بەهۆی کولتوور و زمانی ناوچەی موکریانەوە بووە! هاوکات، ئەمەیان زۆر گرنگ نییە کە بە ” دە” بێت یان بە “ئە”، نیشانەی باڵاتر و ستاندەردتربوون بێت! بەڵام گرنگ و بنەڕەتییە کە ئەبێت یەکێکیان دروستتر بێت و ئەوەی تریان لاوەکیی بێت.

نموونەیەکی تر، ئەم حەقیقەتە لە وەرچەرخانی ئەدەبییات و نووسیینی کوردییدا، بەیان ئەکات. تەواوی ئەو ناوچانەی دەوروبەری سلێمانیی، تەواوی سنە و گەرمیان و کەرکوک، بە هەولێر، دەشتی هەولێر و باڵەکایەتییشەوە، لە ناو ئەدەبییاتی نوخبەکانی ئەو ناوچانەدا، وشەی( جوێن=دژوێن=جوون=جمێن)، تەنانەت بە بادینییش”چفین” هاتووە، لەسەروو هەموویشیانەوە، ئەدەبییاتی نالیی، سالم، قانع، پیرەمێرد و بە تایبەتییش، مەحویی کە پرێستیژتریین مونەوەری سلێمانییە، کەچیی ئێستا نەک بەشێک لە سلێمانییەکان، جوێن بە جنێو ئەنووسن، تەنانەت کەسێکی وەکو مەریوان قانع( برا و ئامۆزاکانی نا)، دەستبەرداری ئەدەبییاتەکەی باپییری بووە و دوای ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان کەوتووە! بەشێک لە هەولێرییەکان و کەرکوکییەکان و سنەییەکانیش، دوای ئەم هەژموونە موکریانییە کەوتوونە. ئەمە لە زمانناسییدا پێیئەگوترێ ( language Shifting)، بە واتایەکی تر، جەڕیینی زمانیی، رەنگە بە عەرەبیی و فارسییەکە دروستتر بێت کە تەغییری زمانیی پێئەگوترێت. ئەمە بۆ زگ( سک)یش هەمان میثۆدی زمانیی دروستە، چونکە پێش حەفتاکان، زۆریینەی ئەدەبییاتی سلێمانیی، زگیان( لە زگماکەوە) بەکارهێناوە، بەڵام ٥٠ ساڵێکە بێت، لە ژێر هەژموونی کولتووری زمانیی موکریاندا، بۆ سک، جەڕاندوویانە.

رۆژێک لە نووسەرێکی هەولێرییم پرسی، ئەرێ ئوستاذ، خێرە تۆ جوێن بە جنێو ئەنووسیت؟ رێکوڕەوان گوتی، هەندێ لە برادەرە سلێمانییەکانم و بە تایبەتتریش ئەو سلێمانییانەی لە سلێمانییەوە دوای پارتیی کەوتوون و لێرە نیشتەجێبوونە، وای ئەنووسن و منیش دوای ئەوان کەوتووم! پێموایە ئەگەر لاسایی سلێمانییەکان بکەیتەوە ئەوە زمانی کوردیی بە باشیی ئەزانیت! ئەمە رێک بۆ سلێمانییەکانیش هەروایە، پێیانوایە ئەگەر دوای رێنووسی ناوچەکانی موکریان بکەون، ئەوە زمانیی کوردیی، بە پرێستیژیی و بە ستاندەردیی! ئەزانن. ئەگەر سەیری ئەدەبییات و نووسیینی تەواوی نووسەرانی سلێمانیی بکەیت تا سەرەتای حەفتاکان، هەموویان ( بە موطڵەقیی)، “جوێن”یان نووسییوە، بەڵام لەگەڵ ئاشبەتاڵی جەلالییەکەدا و گەڕانەوەیان بۆ صەفی پرۆکسییە ئیقلییمەکە( شۆڕشەکەی بارزانیی) و دواتریش ئاشبەتاڵی ئەوان، وەکو لە باری سیاسیی و عەسکەرییەوە شکست بوو، لەباری کولتورییشەوە، کەوتنە ژێر ئەدەبییاتی سیاسیی حیزبەکەی بارزانیی و مونەظیرە موکریانییەکەیەوە و لە بری جوێن، جنێو ئەنووسن.

لە هەمووی کۆمیدییتر ئەوەیە، کاتێ هەژار هاتووەتە کوردستانی عێراق، خۆی کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەدەبییاتی “کورد”ی عێراقەوە، بە تایبەتییش ئەدەبییاتی ناوچەکان و نوخبەکانی سلێمانیی، بۆ نموونە لە ( چێشتی مجێوردا) وێڕای ئەوەی درەنگ نووسییویەتی و لە دوای ئاشبەتاڵ و گەڕانەوەی بۆ ئێران، کۆی کردووەتەوە، خودی هەژار موکریانیی، “جوێن”ی بەکارهێناوە. نەک وەکو هەڵەی چاپ، بەڵکو دەیانجار “جوێن”ی لەبری جنێو، بەکارهێناوە! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەژار، جوێنی بە ستاندەرد داناوە و جنێوی بە لۆکاڵیی ئەژمارد کردووە، کەچیی ئێستا نوخبەکانی سلێمانیی، جنێوی موکریان بەکار ئەهێنن و ئۆرثۆگرافیی تێکستەکانی مەحویی، نالیی، قانع و گۆرانیان بەلاوە، ناوە.

بە واتایەکی تر، لە رووی سیاسییەوە، تۆ چەند دژی سیاسەتەکانی پارتیی و ماڵباتی بارزانیی بیت، بەڵام لە رێگەی دەستی سێ و چوارەوە( لە رێگەی هەژار موکریانییەوە بۆ ئەدەبییاتی موکریان) تۆ کەوتوویتەتە ژێر هەژموونی کولتووریی ئەوانەوە. ئەوە بۆ جوێن وابووبێت، بۆ بەرامبەریش وابووە کە موکریانییەکان بە بەرانبەر! ئەینووسن. لە کاتێکدا لە مەغزای زمانەوانیی بە ثیۆرییەکەی ڤینگشتاین( ثیۆریی وێنەگرتن یان وێنەکردنی زمان= picture theory of language ) یاخود هەندێجار بە ثیۆریی وێنەگرتنی مانای ئیستیدلالیی دێت، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە لە زمانناسییدا، دوای بۆرە زمانزانێکی وەکو موکریانیی بکەویت. بۆ نموونە ئەوەی لە رووی لۆژیک و فەلسەفەی تەحلیلیی زمانەوە، پێیئەگوترێ” رستەی ئەتۆمیی atomic sentence” ناکرێ فۆرۆمەڵە بکرێتەوە و پێتوابێت زمانی ئاسایی و کولتووریی خەڵک، ئەتوانیت بجەڕێنیت.

جوێن لە وێنەگرتن و ئیتیمۆڵۆژیای زمانییەوە، لە دژ-وێن ەوە هاتووە، وێنەی بەرامبەر بە نێگەتیڤ نیشان ئەدەیت و رەسمێکی خراپی لەسەر دروست ئەکەیت. لە کاتێکدا، جنێو، ئەگەر دابنێین لە دژ-نێوەوە، جارێ پێش هەموو شتێ، “نێو” فرەیزێکە بۆ ناوەندێک، گۆڕەپانێک یان کایەیەک بەکاردێت و زۆر لۆکاڵییە بەراورد بە ناو، ئەگەر نێو لە بری ناو بە لەهجە وەربگرین، ئەوە دەلیلی موثبەتە کە لەهجەی موکریانیی، لەهجەیەکی زمانیی نزمە. ئەی بۆ ئەبێ، ئەدەبی باڵای سلێمانیی، بۆ بەختیار عەلیی و نووسەرەکانی سلێمانیی ( لە حەفتاکان بە دواوە) دوای لەهجەیەکی نزمی وەکو لەهجەی موکریانیی بکەون؟ ئەگەر لە رووی سیاسیی و کولتوورییەوە، غەزوی مەغز و مێنتاڵیتییان نەکرابێت!

ئەم هەموو شێرو رێوییە زمانییەی سەرەوەم، بۆ ئەم سێ نموونەیەی خوارەوە، هێنایەوە.

1- بەختیار عەلیی، نوێتریین کتێبی لە رەهەند، بڵاو ئەبێتەوە بە ناوی”گووتاری مانەوە”! وەرە بە وردیی سەرنج بدە، وێڕای ئەوەی لە باری فۆنەتیکی زمانییەوە، قسەیەکی زۆر قۆڕ و بێ مانا دەرئەچێ کە گوتار بکەیت بە گووتار، یان وەکو گەنجێکی وردەکار لە زمانناسییدا “رابەڕ حەسەن”، ئەڵێ لە باری فۆنەتیکییەوە، بڕگەی یەکەم”گو” هێزی لەسەر نییە، بەڵکو هێز لە بەشی دووەمدایە کە”تار”ە. تەنانەت، هەر بۆ حەیثییەتی زمانیی، شتێکی جوان نییە، چەمک یان ناوی “گوو” کە بە پێی زانستی فۆنۆڵۆجی لە زمانناسییدا، نە فۆنیمە و نە مۆرفیمە( phoneme & morpheme) بەڵکو رەپوڕاست، ناوێکی دیاری کوردییە بۆ پیسایی مرۆڤ بەکار ئەهێنرێت. لە ئەدەبییاتی شەعبییدا، کەسێک ئەگەر زۆر دێز و قێز و چەوت بێت، پێیئەگوترێ گوو-تاڵ، بە لە هجەی هەولێریی ئەبێتە “گووتار”، تۆ بێیت گوتار( وتار-دیسکۆرس-خِطاب) بە چاولێکاریی هەندێ نووسەری شیوعیی دێریین کە رێچکەی هەژار موکریانییان گرتووە و بە نزیکەیی وەکو نەخۆشیی زمانیی، هەموو واوێک بە دوو واو ئەنووسن( لە چەشنی کەرکوک، خواکوڕک، گوتن، گوشراو، گوڵزار…تاد، هەموویان سەقەت ئەکەن)؟

لە کاتێکدا، بۆ گرفتی دوو یای کە زۆرجار وشەکە بە تەواویی ماناکەی ئەگۆڕێت، لای ئەو لە زۆربەی رۆمانەکانیدا گرنگییان پێنادات. بۆ نموونە لە باشتریین رۆمانەکانی، رۆمانی “داگییرکردنی تاریکیی”، ئەبووایە تاریکیی بە دوو یای بنووسیایە، بەڵام بە یەک یای( تاریکی= تاریکیت) نووسییوە؟ هۆکار چییە کە زمانی باڵای سلێمانیی، زمانی نوخبەکان و پرێستیژی سیاسیی، بەو شێوەیە زەلیل و ریسوا بکەیت؟ و دوای قوتابخانەی موکریانیی-بارزانیی و فشەخانەی پارەخۆرە بێ تێکستە ناو زل و بێناوەڕۆکەکانی وەکو( ئەکادیمیای کوردیی) بکەویت؟

لە زمانناسییدا ئەکرێ نووسەرێک، زمانناسێک یان کەسێک لە بواری فیکریی و زمانییدا کار بکات، وشەیەکی نوێ دابهێنێ وەکو نیۆڵۆجیستێک( لە neologism ەوە ) بناسێنرێ، بەڵام ئەگەر گووتار، چەمکێکی نوێ بێت و نیۆلۆجییانە داهێنرابێت و مۆتیڤەکەیان لە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی بارزانیی-موکریانیی و شیوعییە دێریینەکانەوە وەرگرتبێت( نەخۆشیی دوو واو)، ئەوە ئەبێ ئەو مێنتاڵیتییە چاولێکاریی و جاهیلانەیە، بە قەولی گەرمیانییەکان، گووباران بکرێت. ئەم کەوتنە ژێر کولتوورییەوە کە ئەنثرۆپۆلۆجیستی زمانیی و کولتووریی ئێدوارد تەیلەر** بە تەصویری envisaged کولتووریی ئاماژەی پێئەدات، پێیوایە کە زمان و وێنەکردنی( نەک وێناکردن) کولتووریی دیدی مرۆڤەکان، ئەخاتە قۆناغێکەوە، لە رێگەی زمانێکی باڵاترەوە، ئەیەوێ جێگە بۆ خۆی بدۆزێتەوە و خۆی مانیفێست بکاتەوە.

ئەم بۆچوونەی تەیلەر، چاولێکاریی هەولێرییەکان بۆ سلێمانییەکان، سلێمانییەکانیش بۆ لەهجەی نزمی موکریانیی، نەک هەر خۆیان مانیفێست ناکەنەوە، بەڵکو لە رووی ئایدیۆلۆژیای زمانییەوە، خۆیان بارزانییزە و موکریانییزە ئەکەن. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، جیۆگرافیای دەسەڵاتی پارتیی، بە تایبەتییش لە رێگەی هەندێ شیوعیی دێریینەوە کە خەریکی ئەدەب و زمانن، سوودێکی زۆر لە کولتوور و ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی وەرئەگرێت و ئەیەوێت بە بەرنامە، بیسەپێنێت بەسەر ئەدەبییاتی باڵادەستی نوخبە دێریینەکانی سلێمانییدا.

2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە، بە عەرەبیی و بە دەستنووسی شەخصیی جەلال تاڵەبانیی، پاش پرسوڕاکردن، بۆ ناوەڕۆکی بەیانە عەرەبییەکە( الاتحاد الوطني الکردستاني-لماذا) بە دەیان نووسەر و شاعیر و زمانناسی “عەرەب”ی عێراق و سوریا و لوبنان، بە تایبەتییش پرسکردن بە غۆل و فیلەتەنی ئەدەبی عێراقیی ( محەمەد جەواهیریی)، چەمکی الکردستاني، بە درێژایی مێژووی یەکێتیی لە ئەدەبییاتە عەرەبییەکەیدا جێکەوت بووە. ئەمە بەدەر لەوەی لەو رۆژەوەی چەمکی کردستان( بە عەرەبیی، بە فارسیی، بە ئاذەریی، بە تورکمانیی و بە تورکیی کۆن تا سەردەمی کەمالیزم) هەر کردستان بووە و مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە نۆ صەد(٩٠٠) ساڵ لەمەوبەر کە “کردستان” بە عەرەبیی، فارسیی و تورکیی، بۆ یەکەم جار لە ئەدەبییاتی نووسییندا بەکارهێنراوە.

چەندیین صەدە دواتر، خانیی و دواتریش نالیی و ئەوان بە ” کوردستان” کردوویانەتە ناو ئەدەبییاتی کوردییەوە، کەچیی ئێستا هەندێ گەلحۆی سیاسیی و هەندێ عەوامی ئەکادیمیی، دووبارە بە چاولێکەریی ئەدەبییاتە موکریانییەکەی پارتیی، بە عەرەبیی و فارسیی ( کوردستان) ئەنووسن؟ لە کاتێکدا، هەر ئەمانە، نوطقیان لێوە نایەت کە بە بە زمانی تورکیی بە کورد ئەگوترێ کورت( Kürt) ، ئەمە شەرم و خەجاڵەتیی نییە و سووکایەتیی نییە بە کورد، ئەمە مۆدیفای زمانی تورکییە و بە موردایش ئەڵێن ( مورات)، بەڵام پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیی و حیقدە نەتەوەیی و راسیستییەکە بۆ لە زمانی فارسیی و لە عەرەبیی هەیە، بەڵام لە تورکیی نییە؟ هۆکارە سیاسیی، فیکریی و مێژووییەکەی پێوەندیی بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردایەتییەوە هەیە، وێڕای جەهلێکی غەڵیظ لە زمانناسییدا، رەگێکی پڕ لە حیقدی طائیفیی سوننیی-عوثمانییشی تێدایە.

لە کێشەی نێوان، هاوسەرۆکانی یەکێتییدا( لاهور و بافڵ)، ئەمە بە ئاشکرا دەرکەوتەوە. کاتێ بافڵ بڕیاری دەرکردنی لاهوری دا، ئارم و تێکستی ئامادەکراو letterhead یان ئەوەی پێیئەگوترێ، لۆگۆی رەسمیی یەکێتیی بە عەرەبییەکەی نووسراوە الاتحاد الوطني الکوردستاني، لە کاتێکدا ئەمە تەحریفکردنی ناوی رەسمیی یەکێتییە کە تاڵەبانیی، یەکەم کەس بووە بە قەڵەمی خۆی، دایڕشتووە.

لە بەرامبەریشدا، لاهور بە لۆگۆی رەسمیی! یەکێتییەوە، ئیدانەی ئەو دەرکردنەی کرد و بە کارێکی نا حیزبیی و دژە پێڕەوی حیزبیی، نیشانی دا، چەمکی الکردستاني بە “ضەممە” نووسییوە نەک بە واوی درێژ( الکوردستاني)، جا پرسیارەکە لێرەدایە، کاتێ لاهوریش کە قائیدی یەکەمی یەکێتیی بوو، زۆربەی بەیانەکانی یەکێتیی بەو لۆگۆیەوە دەرئەچوو کە لەسەردەمی دوای تاڵەبانیی و باڵادەستبوونی کۆسرەت و مەلا بەختیارەوە، مونەظیرە سیاسیی و فیکریی و زمانییەکانی پارتیی، غەزوی ئەدەبییاتی یەکێتییان کرد و کەم تا زۆر جێکەوتیان کردبوو. ئەی بۆچی لاهور لەم بەیانەی ئەخیریدا، لە لۆگۆکەدا، کوردستانی بە عەرەبیی بە “الکردستاني” نووسییبوو؟ ئایا لە باری فیکریی و زمانیی و سیاسییەوە، ئەوەندە خەڵکی وردەکاری بەدەورەوەیە کە بیانەوێ خۆیان لە هەژموونی کولتوورییەکەی پارتیی دوور بخەنەوە، یان هەر بە رێککەوت بووە؟

3- حەمەی مەلا کەریمی مودەڕیس، نووسەرێکی باش و شارەزا بوو، خزمەتێکی زۆری بە ئەدەبی کوردیی کردووە، بەڵام قەطعەن، پرسیاری ئەوەت لە خۆت کردووە، بۆچی ئەم پیاوە، تەحریفی رێنووسی تەواوی مونەوەرەکانی ناوچەی سلێمانیی کردووە( ئەوانەی لە لایەن حەمەی مەلا کەریمەوە، نووسیینەکانیان بیراز کراوە) و لەسەر ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی و نووسەرە شیوعییە دێریینەکانی ناو دەسگاکانی راگەیاندنی پارتیی، زمانی نالیی و سالم و کوردیی و مەحویی…تاد سەقەت کردووە؟ هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو سەرلەبەری ئۆرثۆگرافی( قەواعیدی ئیملائیی)ی نووسیینەکانی ئەو مونەوەرانەی بە هەڵە نووسییوە و کەوتووەتە ناو خورافەی زمانی پەتیی کوردیی و فشقییاتی پاککردنەوەی زمانیی لە زمانە بێگانەکان و تەواوی ئەو حەرفە عەرەبیی و ئارامییانەی( ض، ط، ص،ث، ظ…تاد) لە نووسیینە ئۆریجناڵ و دەستنووسەکانی ئەواندا یان لە چاپەکانی تا هەشتاکان و نەوەدەکانی ئەواندا هەبوونە، تەزویری کردوونە و بە ئەدەبییاتی نا مۆدێرن و نزمی موکریانیی، دایڕشتوونەتەوە؟

سەرەنجام، ئەم شەرعییەتە زمانییە (linguistic legitimation ) کە زمانێک یان لەهجەیەکی تر زاڵ ئەکات بەسەر ئەم و ئەودا، لە دیدی “بۆردیۆ”ەوە لەوێوە سەرچاوە ئەگرێ کە موئەسەسەیەکی سیاسیی یان دەسەڵات، بۆ ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی و خووی زمانیی ( attitude ) ئەوەی مەبەستیەتی، مەقبولییەتی پێئەدا و دواتریش شەرعییەت لە مەقبولییەتەکە و لە دیفاکتۆ سیاسییەکەوە وەرئەگرێ بۆ سەپاندنی ئەجێندا سیاسیی و زمانییەکانی خۆی. ئەمە لە کاتێکدایە، زمانی نووسیین و ئەدەبییاتی مونەوەرەکانی سلێمانیی، زمانێکی باڵایە لە دەرکی موتەبادیلدا(mutually intelligible )، هاوکات لە دیدی سۆسیۆزمانییەوە ئەکرێ بگوترێ زمانێکە لە بناغە نوخبەوییەکەیەوە، درێژ ئەبێتەوە و بەردەوامیی زمانیی continuum و ویقاری کولتووریی لە گەردن و باڵای کرمانجیی ناوەڕاست و خواروو، ناوە.
بۆردیۆ، بۆچوونی ئەوەیە کە” ئاخێوەرانی زمانێک کە شەرعییەتی چالاکیی زمانەکەی خۆیان لە دەست ئەدەن، بە حوکمی دیفاکتۆ لەسەر شانۆی کۆمەڵایەتیی دوور ئەخرێتەوە، یان ئەبێ بێدەنگیی هەڵبژێرێت” (Bourdieu, 1991, p. 55). لە دۆخی ئەوەی کە زمانی سلێمانیی، شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە و تەبەنیی لەهجەی موکریانیی ئەکات، مەریوان و بەختیار و رەهەندییەکانی تر، خووی نووسەرانی موکریانیی ئەگرن و شوێنیان ئەکەون، بەشێکی پێوەندیی بە نەقصی مەعریفیی و زمانیی نوخبە و سیاسییەکانی ئەم سەردەمەوە هەیە و بەشێکیشی پێوەندیی بە خۆبەکەمزانییەوە هەیە بەرامبەر ئەزبەنییەکانی بارزانیی( لێرەدا موکریانیی) و بە ماستەرمایندی خۆیانی ئەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە، کەسی وەکو شێرکۆ بێکەس کە دواهەمیین و مەزنتریین شاعیری کوردە لە ناوبانگ و ویقار و شۆهرەتدا، بە تایبەتییش لە داهێنانی باڵاتریین وێنەی شیعریی و خوڵقاندنی پرێستیژی پەنهانییدا ( covert prestige) ، دەقەکانی بە زاراوەی زاڵی سلێمانیی نووسییوە و کەم تا زۆر توخنی ئەدەبییاتی نزمی موکریانیی نەکەوتووە.

لە کاتێکدا، شێرکۆ بە دەیان قەد ، لە باڵای شیعریی و تێکستی جوان و ئاوێزانکردنیان لەگەڵ زماندا، بەسەر موکریانییدا ئەشکێتەوە، نەک هەر حیسابی بۆ وڕێنە زمانییەکانی موکریانیی نەکردووە، بەڵکو تەحەدای کردووە، کەچیی خووی ئایدیۆلۆژیی سلێمانییە رەهەندییەکان، بەلای موکریانییدا ئەگوزەرێ، لە کاتێکدا لە هەموو دەقە پرێستیژەکانی شێرکۆ بێکەسدا نایدۆزیتەوە کە فرمانەکانی بە دە ( دەڕۆن، دەشێوێنن) نووسیبێت، بەڵکو هەموویانی بە ئە ( ئەڕۆن، ئەشێوێنن، ئەدەن…تاد) نووسییوە، هەروەکو نوخبەکانی پێش شێرکۆیش وایان نووسییوە. بۆ خۆم تا چەند ساڵ لەمەوبەر بە “دە” ئەمنووسی، بەڵام کاتێ لە مێژووی گەشەی زمانیی -کرمانجیی ناوەڕاست وردبوومەوە و بابەتی پێوەندییداری زمانناسییم خوێندەوە، وازم لەو خورافە زمانییە( the language myth) هێنا.

کۆتایی ئەم نووسیینە بەوە دائەخەم کە لای من زمانی کوردیی یان هەر زمانێکی تر، قودسییەتی سیاسیی نییە، حەزم ئەکرد زمانەکانمان( زمانە کوردییەکان) بیانتوانیایە تەعبییر لە ئازار و دەربڕیینە سیاسییەکانمان، بە جیهانی دەرەوە بگەیەنن، بەڵام بە داخەوە، هەر کوردێک ئەگەر لای کەم یەکێک لەم سێ زمانە ( عەرەبیی، فارسیی یان تورکیی) یاخود زمانێکی جیهانیی نەزانێ، ئەوە نە لە مەغزای سیاسیی زمان ئەگات، نە لە جیهانی دەوروبەر ئەگات و نە ئەشتوانێ ئیدامە بە پاراستنی زمانەکەی بدات، بە دۆخێکی لەو چەشنەیشەوە، جگە لە وڕێنەی زمانیی بە شێوەیەکی لۆکاڵیی، شتێکی تر بەرهەم ناهێنرێت. لەسەر ئەرضی واقیعیش، زۆربەی ئەوانەی تێئەگەن لەم دۆخە سۆسیۆسیاسییەی زمانی کوردیی و ئیمکانییاتی ماددییان هەیە، منداڵەکانیان فێری زمانێکی تر ئەکەن.
لە بەرامبەریشدا، نوخبەکانی کورد و شاری سلێمانیی، خەریکە تەواو تەسلیمی ئەو ئەمری واقیعە ببن کە کاتی خۆی بارزانیی بە تۆبزیی و بە عەنتەرییات، هەژار موکریانیی کرد بە موقتەدا و بە مەرجەعی هەموو رۆشنبییران و کایەی رۆشنبییریی کورد لە کوردستانی عێراقدا، هەر دوای ئەوەی بارزانیی و بەعث، رێککەوتنی ئاداریان کرد، لە بەغداد کرا بە سەرپەرشتیار و مامۆستای یەکێتیی نووسەرانی کورد و لە یەکەمیین هەنگاویشدا، بە فەرمانی بارزانیی نێردرا بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد( کوردستانی عێراق) کە تازە لە بەغداد، دامەزرابوو، بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەریش، تەعیین کرا. ئەو هەژارەی جگە لە شیعر و وەرگێڕان و هەندێ سەجعی زمانزانیی، مەعدەنە سیاسییە هەزییلەکەی ئەم جۆرە شیعرانەی خوارەوە بووە.

بارزانیی، پاڵەوانی کورد
هیوای پییر و جەوانی کورد
خەبەریان پێداین تۆ مردووی
بە دیمەن لەبەرچاو ونبووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بەهێزتری

Anthropological Essays presented to Edward Burnett Tylor. Oxford at the Clarendon Press. 1907. **

Bourdieu, P. (1991). Language and symbolic power. Cambridge, UK: Polity.

کامیار سابیر




دێوەزمەی حەشدو شیعە… سەیران سەدیق ساڵح

دروستكردنی حەشدی شەعبی لەكاتێكدا بوو كە مەترسی داعش لە بەغداد نزیكببویەوە. كە ئەمەش دەكاتە مەترسی لەسەر عیراقی شیعی، بەو هۆیەشەوە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ”عەلی سیستانی” بەفەتوایەكو بەدروشمی ”لەبەیکە یاحوسێن” باڵانسی هێزی شیعی راستكردەوەو لەوێوە یەكەم قۆناغی ئایندەیەكی ئاڵۆزو تراژیدیا بەهۆی ئەو هێزەوە لە مێژووی عێڕاقدا دەستیپێکردو دواتریش مەترسییە راستەقینەكانی دەرکەوتن.

حەشدی شەعبی بەپێی سیستم دروستنەكراوەو كۆپیكردنی ئەزموونی هێزی دیكەی شیعەیە، لە وێنەی: سوپای قودسی ئێرانی، حوسییە شیعییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی. حەشدی شەعبی نە یەك هێزەو نە یەك هێز دژیەتی و نە یەك فەرماندەو خاوەنداری هەیە. بەڵكو زیاتر لە دەیان گروپی چەكدارییە وە زۆرینەی كوردو عەرەبی سوننە دژی مانەوەین و دەیان فەرماندەش سەركردایەتی دەكەن. لەهەڵبژاردنەكان ئەو هێزە ئەبێتە خاڵی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەگۆڕێت، بەفەرمانی ئێران و لەبەرژەوەندی ئێران. لەسەر سێ ئاست حەشدی شەعبی مانەوەی رەتدەكرێتەوە.
یەكەم بەهۆی دروستكردنی مەترسییەوە لەسەر كوردستان و ئەزموونەكەی كۆدەنگییەكی كوردستانی بۆ رەتكردنەوەی حەشدی شەعبی دروستبووە.
دووەم حزبە عەرەبییە سوننەكان حەشدی شەعبی بەمەترسی دەزانن بۆ سەر شوناسی مەزهەبی خۆیان و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا رەتدەكەنەوە.
سێیەم دەستووری هەمیشەیی عیراق بوونی هەر هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوەیی سوپاو دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران رەتدەكاتەوە.
ئەم هێزە میلیشییایە مەزهەبییە بۆچی و لەپێناو کێ و چی دا دروستکرا؟ لەرۆژانی سەرەتای هاتنی داعشدا، سوپا زەبەلاحەكەی عێڕاق بەبێ‌ شەڕ لەشارە سوننییەكان كشایەوەو چەك و جبەخانەکانی بۆ داعش بەجێهێشت. ئەوكات کەم کەس گومانی ئەوەیان هەبوو كە ئەمە تاكتیكی مالیكی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات بووبێت بۆ پەڕینەوەی شەڕ بۆ ناوچە سوننییەكان. وە ئامانجیش دروستکردنی شەڕی تائیفی سوننەو شیعە بوو، بەفەرمانی ئێران کە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و زۆرینەی سەرکردەکانی ئێستای حەشدی شەعبی فەرمانەکەی ئێرانیان جێبەجێ کردو خۆیان فرۆشت بەئێران و ناویان وەکو قێزەونترین خائینی مێژوو لەوڵاتەکەی خۆیان تۆمارکرد. كاتێکیش‌ مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حەشدی شەعبی كرد، بۆ ڕەوایەتیدان بەم هێزە عەشایەرو نایاساییەو بۆئەوەی لەناوچە سوننییەكاندا هەق و ڕەوایەتی شەڕکردنی هەبێت. ئەمجارە كەوتنە لۆمەكردنی سوپا بەوەی نەیتوانیوە بەرگری بكات، بۆیە پێویستە رۆڵی سوپا پەراوێز بخرێت و دەبێت بایەخ بە حەشدی شەعبی بدرێت و پڕچەك بكرێن، لەپێناو ئەم ئامانجەی عێڕاقێکی خاوەن سەروەری و دەستورو نیزام و یاساو سوپایەکی یاسایی بگۆڕن بۆ وڵاتێکی مەزهەبیی، مەرجەعیی و میلیشیایی.
بەمجۆرە ناڕاستەوخۆ راگەیاندنی شەڕی شیعە و سوننەبوو. گوێ‌ بەهیچ كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك نەدرا. سوپا فەرامۆش كرا، توانا سەربازی و داراییەكانی عێراق خرانە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبییەوە، بەبێ‌ بوونی هیچ یاسایەك، لە بودجەی گشتیی عێراق مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین كرا. نەیارانی حەشدی شەعبی، یاخود ئەوانەی بەشێك نەبوون لەم ئامانجە ستراتیجییەی شیعە لەعێراق، كەوتنە نیشاندانی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ویستیان سەرنجی هێزو ناوەندە نێودەوڵەتییەكان رابكێشن كە ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دەیانكات، جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی داعش دەیانكات. تەنانەت لە ئاستی رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك (هیومان رایتس وۆچ) و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری درا لەوەی كە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئەوەش رێی لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی نەگرت…

پرۆسەی بەشیعەكردنی عێراق بەدەیان ڕێگەی جۆراوجۆر هێشتا بەردەوامی هەیە. شیعەی عەڕەبی کە سێ جار دوژمنی سەرسەختی کوردە، جارێک وەکو قەومییەت ئەوان عەڕەبن و ئێمە کوردین، جارێکیش وەکو مەزهەب ئەوان شیعەی گەمژەی، دڕندە و خوێنڕژن و کوردیش سوننەی موسوڵمانن. جارێکیتریش کێشەی خاک و دەوڵەتداری و دیموکڕاسیمان هەیە لەگەڵیان. بۆیە کورد لەداهاتووی دوورو نزیکدا دەبێتە ئامانجی هێزە نانیزامە تیرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی شیعیی. بۆیە یەكێك لە رێگە گونجاوەكان سەربەخۆبوونی كوردستان و جێهێشتنی عێراقە بۆ شیعەكان…
ئامانجی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی هەموو عێراقە بە کوردستانیشەوەو هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو میلیشیایە چەکداریەوە بۆ زۆر کەس و کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش روون بوو کە ئامانج لە پێك هێنانی ئەو ڕێکخراوە بەسەرپەرشتی ئەوکاتی “قاسم سولێیمانی” نوێنەری خامنەیی بۆ پاراستن و فراوانکردنی هیلالی شیعییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. حەشدی شەعبی وەکو برابچکۆڵەی سوپای پاسدارانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران، لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و هەتا لە رووی پێك هاتەو ستڕاتیژیەکانیان بەیەك ئاڕاستەی دیاریکراودا هاوشێوەی سوپای پاسداران، لەعێراقدا ڕێنمایی دەکرێن. ئێران بۆ مەبەستی تایبەتی سیاسی و ئابووری و نیزامی خۆی میلیشیای چەکداری شیعەکان بەهێزدەکات.
داعش كوڕی شەرعی قاعیدەیەو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی جیهادیەو ئەركەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەكالەتی جیهادیەكانی جیهان تەواو دەكات. بەڵام حەشدی شەعبی كوڕی شەرعی ئێرانەو ڕێكخراوێكی میلیشیایی چەكداریی شیعەییەو بەوەكالەتی ئێران و شیعەی جیهان لە شەڕدایە. داعش بە حیساب تۆڵەی ستەملێكراوانی شوێنكەوتووانی سوننە مەزهەب ئەكەنەوە، گوایە لەگەڵ زلهێزانی جیهانی لە جەنگدایە بۆ ڕاماڵینی سوپای داگیركاری صەلیبی و جولەكەو كوفری عالەمی. بەڵام حەشدی شەعبی لەژێر پەردەی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنكەوتوانی شیعە مەزهەب و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئالو بەیت لە دژی شوێنكەوتوانی سوننە مەزهەب شەڕی سیاسیی و ئابوری خۆیان دەكەن. داعش ڕێكخراوێكی كۆچەرییە بۆ مەرامێكی كاتی و تەكتیكی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازرێتەوە، ئامانجی مانەوەیان كاتیەو زۆر جار بە گوێرەی پێویست و پیلانەكانی نێودەولەتی جێگۆڕكیان پێدەكرێت. بەڵام حەشدی شەعبی ئامانجیان داگیركردن و پیلانی پەلهاوێشتن و فرانخوازیان هەڵگرتووه، هەرشوێن و وڵاتێكیان داگیر كرد بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. داعش جگە لە خۆیان هیچ گروپ و ڕەوتێكی سوننی یاخود شیعەیان پێ قبوڵ نیە، هەر لایەنێكـ لەفەرمانی ئەوان لابدا خوێنی حەڵاڵ دەكەن. بەڵام حەشدی شەعبی تەنها دژی سووننەكان دەجەنگن بە هیچ جۆرێكـ دەستی شەڕو كاولكاریان ناگاتە شوێنی نیشتەجێی شوێنكەوتوانی شیعه مەزهەب و كوشتاری شیعە بەدەستی شیعە حەرامكراوە. حەشدی شەعبی بە هۆی فەتوای مەرجەعەكانیان ”هەموو شتێكی غەیرە شیعە” حەڵاڵە و پاش كوشتن و بڕین و گواستنەوەی تەواوی ماڵ و بازاڕەكان ئەوجا گەڕەكو كۆڵانەكانیش دەتەقێننەوەو كاولی دەكەن. داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستی قەدەغەکراوەو مامەڵەی فەرمی لەگەڵیدا ناكرێت، واتە گەمارۆدان و قەتیس كردنی سەرچاوەكانی هێزو توانای سەربازی و داراییەکانیان. بەڵام حەشدی شەعبی گروپێکی تیرۆریستی زێدە توندڕەوو میلیشیایەكی فەرمی دانپێدانراوی دەوڵەتەو بودجەو مووچەی تایبەت بە خۆیان هەیەو بەئاشكراش پاڵپشتی ئەكرێت. داعش و حەشدی شەعبی لێکچوونی زۆر و خاڵی هاوبەشی زۆریان لەنێواندا هەیە، تەنێ ئەوەنەبێ یەکێکیان بووەتە ئەمری واقیع، وە ئەویتریان هێزێکی یاساغە. لێ لەڕاستیدا هەردوکیان دوو هێزی عەڕەبیی قەومیی تەواو تیرۆریستین و ئێجگار توندڕەوو زاڵمن، تەنانەت لەسەدەی ٢١دا تەنها دوو هێزی دونیان کە شێوازی نوێیان داهێناوە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی مرۆڤ. داعش چی تراژیدیایەکی بەسەر کوردهێنا لەشەنگال، حەشدی شەعبیش هەمان تاوانەکانی بەرامبەر کورد ئەنجامدا لەکەرکوکو دەوروبەری لەدوای داگیرکردنی کەرکوک.

ئەم هێزە میلیشیا شیعە نانیزامیانەی لەکەرکوک حوکم دەکەن، دەیان ژنی کوردییان هەتککردو دەستدرێژی سێکسییان کردەسەریان، لایەزال ڕۆژانە تاوانەکانیان لەکەرکوک بەچاوی خۆمان دەبینین. بۆیە لەئێستادا پیرۆزترین ئەرکی گەنجانی کوڕو کچی کورد، ئەوەیە چیتر قبوڵی ئەم چەوساندنەوەو هەتککردنی دایکو خوشکەکانمان نەکەن و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لەکەرکوک ئەنجام بدەن لەدژی میلیشیا شیعیەکان. .




سیمۆلۆژیای ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوەی دڵشاد کاوانی دا… نووسینی: هاوکار جمیل

پێشەكی:.
ئەدەب ئاوێنەی کۆمەڵگەیە، ئەم گوزارشتکردنە دەیەوێت ڕازیمان بکات کە ئەدەب دیاردەیەکی مێژووییە لە دەڕبڕین و کاردانەوەدا، هێزی سەردەم و دەرهاویشتەکانی، بۆیە وادەکات هێما و سیمۆلۆژیای ڕاستەوخۆ لە دەقەکان دەركەوێت، ئەمەش گەلێ گۆڕانکاری تێدا کراوە بە پێی پێشهاتە سیاسی و مێژووییەکان سەردەمەکان. لە ڕۆمانەکانی سەردەمدا ئەمە دەگوڕێت بە بەستنەوەی ڕووداوەکان، لەگەڵ کێشەی سەردەم، چونکە خودی ڕۆمان لەسەردەمی ژیانەوە (نهضة) پەیدابووە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە كە دەقی ڕۆمانی لەم چواچێوەیە دەرچێت کە دەقێکی داهێنان بێت؛ بەڵکو گوزارشتکردنە بە ڕێگە جیاوازییەکانی بۆ پیشاندانی کۆمەڵگە، سەڕەڕای فەرامۆش نەکردنی داهێنانەکەی، ئەمە ڕێک ڕۆمانی بە ڕێگاوە ئەم ڕێگەیەی هەڵبژاردووە.

سرووشت لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ڕۆماننووس لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە پێچەوانەی ڕۆماننوسانی دیكە زەمەنی ڕووداوەکانی فەرامۆش کردووە، هاتووە مێژووی ڕادەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نوێ و ململانێکانی تاکەکان دەربخات، بگرە لە ڕێگەی دروستکردنی هەرێمەکانی نێو ڕۆمانەكە لەوانە ( فومەن، قەچوچان، نێرگزان، ئەشکەوت و چیاکان)ی دەرخستووە، کە هێمایەکن بۆ بوونی (ئاو، ئاگر، خۆل، هەوا) کە چوار ڕەگەزی بوونی گەردوونن، تەنانەت دەرخستنی شوێنیش لە ڕۆمانەکەدا گوزارشتکردنە لە واقعێکی کۆمەڵگە، ئەگەرچی شوێنەکان خەیاڵیشبن، بەڵام هەرێمەکان هێما و مەغزایەکن لە بوونی هەرێمی لەم جۆرە هەروەك خەیاڵی ئەفڵاتوون بۆ یوتوبیا و شاری نموونەییی (مدينة الفاضلة) یان مرۆڤی باڵایی فردیش نیچە.
لەناو ڕۆمانەکەدا کۆمەڵێک پێکدادان و کوشتن و تیرۆرکردن دەبینرێت وەک ئەوەی لە چوار پارچەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەبێت، هەر ئەمەش کۆمەڵێک لێکدانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، ڕۆماننووس ململانێی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی باس کردووە. خوێنەری وردی ڕۆمانەکە نەبیت بە ئاسانی سیمۆلۆژیای دەق بەسەرت دەرباز دەبێت، چونکە ڕۆماننووس بۆ دەستەبژێر دەنووسێت، دەیەوێت ڕامانبێنێت بۆ ڕووداوێکی گەورەتر لەوەی ئێمە بۆی دەچین، ئەویش دەربازبوون لە کەلەپچەی ئایین و عورف و سیاسەت، کە مرۆڤ نەیتوانیوە لە مانای ڕاستی و کرۆکی هیچیان بگات، ڕۆماننووس هەوڵی داوە دەروازەی بیر بۆ مانا گەورەکە ببات کە مرۆڤبوونە!!

ئاو وەك سیمۆلۆژیا.
مرۆڤ لە ئەزەلەوە لەوەتەی هەیە بە پێی قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ململانێ لەگەڵ سروشت ئەنجام دەدات، ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هێزی سروشتە، هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینیووە بە ترسان، هەندێ جاریش بە شکاندنی دەسەڵاتی سروشت بەرامبەر مرۆڤ، ئەویش بە ناسینی زیاتر و نزیکبوونەوەی زیاتر و هەندێ جاریش بە کرنۆش بردن بۆی، وەک ئەوەی لە چاخەکانی ڕابردوو مرۆڤ ئەنجامی دەدا. ئاو بە گشتی و دەریاچە و لافاو و ڕووبارەکان بەتایبەتی تەوەری سەرەکی یان هێزی ڕادەبەدەرن لە ڕۆمانە نوێکاندا. خەیاڵ دروستکردن لە ڕۆماندا و بەستنەوەیان بە ئاو هەمیشە داستانێک یان تڕاژیدیایەک دروست دەکەن، جاروباریش ئیستاتیکا و ئارامبەخشی دەداتە مرۆڤ، وەک ئەوەی لە ڕۆمانە عیرفانییەکاندا دەبینرێت. (تەروادە و ئۆدیسە) دەریایەکی توند و بێڕەحم نیشان دەدات، بەڵام ئەگەر سەیری فینیقییەکان بکەین دەریا لە ئەدەبی ئەواندا هێمنە هەر میللەت و سەردەمێک بەپێی ژینگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە.

ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ڕۆمانی بە ڕێگاوە لەگەڵ ئەوەی بە شێوە و تەكنیكێكی جوان و ناوەڕۆكێكی بە هێز و زمانێكی پاراوی كوردی نووسراوەتەوە، سرووشت بە گشتی و ئاویش بە تاییبەتی لە چەندین شوێن دەبێتە ڕووداو و دیمەن و هەندێك جاریش دەبێتە شوێن و كات و زەمەنی وەرزەكانی سرووشتش دیاری دەكات.لەگەڵ ئەوانەش دا لە ڕۆمانی بەڕێگاوە، ئاو بۆتە ڕەهەندی فكری و پێناسەی ئاییین و فەلسەفە و گۆشەنیگای ڕۆماننووس، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئاو لە ڕۆمانی ڕێگاوە بەسەر دوو لایەن دابەش دەبێت.

ئاوی پیس و زەڵكاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە زۆر شوێندا تڕاژیدیایە و نەهامەتییە، کە دەبێتە هۆی مردن و گیربوونی کارەکتەرەكان و نیشاندانی ڕووی كۆمەڵگە و ئازار و مەینەتییەكان و هەندێك جار تەواوی ئاو دەبێتە بەشیك لە پێكاهەتی ڕووداوی نێو ڕۆمانەكە، هەوەك لە بەشی گیرخواردنی (بێزۆی سیناوخۆر) لە ناو زێراب. گیرخواردن و مردنی منداڵێك بە ناوی (جیقۆ فشە ) كە دەنووسێت ” من یەكەم كەس بووم لە بن بەستێنەوە، لە نێو قوڕاوگە ئەوم سەرەو قوون لە نێو قوڕ و لیتەدا بینییەوە، سەرەتا پۆتینە سەوزەكانیم دۆزییەوە لە قوڕدا ” ، لێرەدا ئاو مەدلولی تری هەیە لە شێوەی لافاودا لای ڕۆماننووس شەڕانگێزییە وەک دزینی ڕۆحی کەسێک. هەروەها جۆگەی پیس و زێرابی ماڵان دەبێتە خۆراکی (بێزۆی سیناوخۆر) بەم چەشنە دەخاتەڕوو ” ئەویش شێتی خواردنەوەی سیاناو چڵكاو بوو، ئەو ناوی خۆی بێزەواڵ بوو، چونكە سیاناوی ڕەشی وەك شیری سپی دایكی دەخواردەوە، ناویان نابوو بێزۆ سیاناوخۆر” وەک سیفەتێکی هەمیشەیی منداڵەکە (ڕۆماننووس هەوڵدەدات وێنەی منداڵێكی بێناز و ئاوێتەبوو لەگەڵ ئاوی پیس و سیاناو نیشان بدات، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی پەروەردەیی لە کەسایەتی داهاتووی منداڵەکە بخاتە ڕوو)*، (امنة عبدالجليل) ئەم پیشاندانە وێناکردنی داهاتووە لەو ژینگەی ئەم منداڵەی لێ پەروەردە بووە، هەروەها نیشاندانی وێنایەک بۆ نەوەی داهاتوو.رۆماننووس هەمیشە هێزی باران و هێزی سروشتی تاقیکردۆتەوە کە بەرامبەر تاکی کورد ڕووە تۆقێنەرەکەی نیشانداووە. بەهەمان شێوە (بێزۆی سیناوخۆر) لە ڕێڕەوی زێرابی ئاوەڕۆی ماڵان ون دەبێت، دوای ئەوەی بە زیندووی دەگاتە لای دەستەیەكی چەتە هەڵدەگیرێتەوە و گەورە دەبێت و دەبێتە چەتەیەك و تەواوی ژیانی منداڵێك بە هۆی زێرابێكی سەر داخراەوە دەگۆڕێت. ئەمەش هێما و سیمۆلۆژیای ئاوی پیسی وەك پیسی ناخ و دروون دەكاتە سیناو و جەستەش دەبێتە زێراب لە پەرەوەردەی دەروونی مرۆڤ دا.یاخود لە بەشی (نارسیس) لە هەرێمی نێرگزان لەگەڵ (مێناز) بە لافاو و قوڕوا و لیتاوی ئاو دا دەچن و دەنووسێت ” ئەو كاتەی دەستم لە نووسینەوەی ڕۆمانی ڕەش هەڵگرت هەمان ڕووبار و هەمان و شوێن، هەمان زریان كوتان بوو، من سەیری مێنازم دەكرد نیوەی لە قوڕ و نێوەكەی تری لە تیشكی ڕۆژ بوو، تاكو یاداشتكردنی ئەم بیرەوەر ییە تا ئێستا نازانم كتێبی ڕەش چی بەسەر هاتووە. كە خۆم لە قەرەی ڕووبارە بەتینەكە دا، تا ئەژنۆ پاشان تاكو ناو قەدم هات، هەر دوو دە ستم یەكەكیان مێنازی قوڕ و لیتە،” ئاو لێرە دەبێتە فیراق و دابڕان لە نێوان نارسیس و مێناز. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ لافاوەكەی نوح و لە دەستچوونی میژووی ڕابردووی مرۆڤایەتی و نووسینەوەی بیرەوەری یاداشتەكانی نارسیسە بۆ بونیادی شارستانییەتی نوێ.

ئاوی سازگار و پاك لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.
هەموو ئەمانە دەلالەتی بوون و ئایدۆلۆژی و ژیانن، بەڵام جیاوازی کردووە لەگەڵ ئەو بارانەی کە گۆڕی نێرگزانی بە جوانی نەخشاندووە بە گوڵ و گوڵزار و ئاو هەواکەی، ڕووە جوانەکەی سروشتی ئەو دەمە جوان نیشان داوە کە هەرێمەکانی تر و ئایدۆلۆژیا و ئایینی تر پێیان نەخستبووە ناو هەرێمەکە، بۆیە نە کات کۆتایی دەهات، نە مردن هەبوو وەک بەهەشت بوو، تا ئەوکاتەی مرۆڤەکان ڕەوشتی مرۆڤبوونیان لەدەستدا ئەو کاتە دۆڵی نێرگزانیش تێکچوو بووە بە تڕاژیدیا. بۆ نموونە (عەدە گرینۆک) حەزی لە خواردنی سیکۆتینە لە جیاتی هەڵمژینی ئاو و هەوای سافی دۆڵی نێرگزان، هەڵدانی (قۆیتاس) بۆ ناو ئاودا تیرۆرکردنێکی ترە لەناو زێدی خۆی لە هەرێمی (قەچووچان) بەدەستی تاکەکانی هەرێمێکی تر. نیشاندانی کوشتن لە هەرێمی (فومەن) و سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکانی (نکرۆفیلیا، نکرۆفۆجیا) و سەهەڵدانی ماسۆنییەت و ئایینگەرایی، پێکدادانی شارستانی ئیسلامی و جولەکە لە ناوەندی هەرێمی (فومەن) هەوڵێکە بۆ زاڵبوونی بیری ئیسلامی سیاسی بەسەر ناوچەکەدا هەروەها خنکاندنی (کوڕیژگەی بەرانان) لە هەرێمی قەچووچان و شەرعیەتدان بە سێکس و حەزە سێکسییەکان ڕوویەکی تری نیشاندانی کاروباری هەرێمەکانە لە گوندێکی هەستێڵ و شڵپاو قوڕ و لیتەیە، کە یان لەبارەی (شێخی زەنەک) دەڵێت “ڕەنگە جگە لە من و شێخی زەنەك، كەسی تر پێدا تێپەڕ نەبووبێ، ئەوەی كە چووە و نەهاتۆتەوە، یان خنكاوە، یاخود داماوێكی وەك من بووە لە ترسی مەرگ هەڵاتووە، ئیدی بۆ ئاوایی نەگەڕاوەتەوە. كاتێ گەیشتینە ژێر تاڤگەكە، زەنەك خۆی دە بەرزایێ هاویشت و منیش لە دوای ئەو تا قووڵایی ژێر تاڤگەكە ڕۆچووین، دواتر بەسەر ئاوێك وەك دوو بۆق هاتینە دەرەوە” شێخی ناو ئاوە لەبنەوە ئاوێکی ساف و سازگارە ئەم شێخە لەوێ ژیان بەسەر دەبات لەبەشی چواری ڕۆمانەکە باسی لێوە دەکات لەوەسفی گوندەکەدا دەڵێت ” ڕووبارێکی بە خوڕ و چەم و چۆمێکی پڕ لێڕەوا و چاڵاوی تێدا بوو، دەوروپشتی گوند، پڕ لە هەرزەگیا بوو هەموو لایەک هەستیل و زەنەک و شڵپاو بوو. گوندەکەمان هەر وەک سەری باوکم تەڕ و تووشبوو، کە دەبوغزا وەکو چڵم لە لووتی پلووسکەی دەکرد، چاوەکانی وەک چاڵاوی خوار ڕووبار فرمێسکی تێدەزا، دەم و لغاویشی دەبووە ڕووبار و لیکاو و ترشاوی دەردەدا” کاتێک (کوڕیژگەی بەرانان) شێخی زەنەک ڕۆڵی نەرێنی بینی لە ڕزگارکردنی ئەو مێر منداڵە! یاخود كاتێك (شێمرازی نورانی) لەپاڵ خوێندنی ئایینی لە گەرماوی (دژوون) لای (ڕەمۆی ڕووتەڵە) دەبێتە پشتشۆر لێرە ڕۆماننوس عیرفانیانە لە بوون دەڕوانێت و وەها دەپەیڤێت ” شێمراز لە نێو حەمامدا بە پارەیەكی كەم ڕۆژانە پشتی خەڵك دەشوا و قڕێژ و چڵكی سەر پشت و ملان لا دەدا، ئەو پیاوێكی نوورانییە و هەمیشە بە دوای تێگەیشتن لە زانین و درككردنی حەقیقەتەوەیە. دوو شتی شێمراز ناكۆكن ڕۆح و حەقیقەت، ڕۆحی ئەو وەك ئەو جامە وایە كە بەسەر شان و باڵی خۆشۆرەكان دادەكا،.” بەمەش چڵكی پیسی و وەهم و لەكە و پاشماوەی چێژ و غەریزە لە جەستەیاندا دەشۆرێنی، ئاو وەك پاكببوونەوەی ڕۆح و پاقژبوونەوەی ناخ و سەرچاوە بۆ ڕوونبینینی ژیان بەكاردێنێت.

ئاو وەك بیر و هزر لە ڕۆمانی بەڕێگاوە.
هزر و مەعریفەلە ڕۆمانی بەڕێگاوە گەڕانەوەیە بۆ عیرفانییەتی و فەلسەفەی بوونگەراییی و دەروونشیكاری و قووڵبوونەوەیە لە خود و ڕۆماننووس شارەزاییەكی باشی لە ئایدیاكان هەیە، ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕۆماندا وەک هەمان دەقی (سەعدی شیرازی)یە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە بە ئاوی باران چاومان بشۆین چونکە ئاوی زەوی مرۆڤ پیسی کردووە. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە مرۆڤ دەبێت تێڕوانینی بەرامبەر دەوروبەر بگۆڕێ و دەست هەڵگرن لە خراپەکاری دواتر شوێنێک نامێنی مرۆڤبوون تێیدا سەقامگیربێت. بۆیە سروشتی دۆڵی نێرگزان نەیتوانی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. بوونی چەمکی ئاو لە ڕۆمانی بەڕێگاوە چەندین ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆ نموونە یەکێک لە خێزانەکانی (ئەمبێز بەگ) کە کچی جولەکەیەکی خمکێشە کاری ئەوەیە جلەکان لە خم هەڵکێشێ جارێکیتر ڕەنگیان بکاتەوە! لە دیالۆگێکی فەلسەفیدا (شێمراز) لە حەمام کاردەکات لە کاتێکدا فەقێشە هەموو جار لەگەڵ کارەکتەرێکیتر یەکتر دەبینن بە ناوی(ڕەمۆی حەمامچی ) خەڵک دەشوات، (میخۆ)ش ناو بەناو دەچێتە حەمام بۆ ئەوەی خۆیان بشۆن، ئەمەش یەکێکە لەو نموونانەی پاکبوونەوەی مرۆڤ بەئاو لە پیسی ڕۆژگاردا.

حەنچەیەک بەڕێدەکەوێ بەرەو شوێنێکی نادیار ڕووداوەکان لەم هەرێمە ڕەنگاو ڕەنگە دەبێتە پەیداکردنی هێز بۆ تۆڵەکردنەوە و کوشتن و خاوێنکردنەوەی شارستانییەتی جیاواز. دکتۆر (حسن حنیفي) دەڵێت: ئاو لە گێڕانەوەی بووندا لە تەوڕاتدا وێنەی هێزی ژیان نیشان دەدات، لە ئنجیلدا پاککردنەوەی ڕۆحە، لە قورئاندا ئاو لە ئاسمان دابەزیوە بۆ مەبەستی ژیانەوەی زەوی و دەرکروتنی بەروبووم بۆ سوودبینین، لێرەدا ئاو لە هەرسێ ئاییندا هێزی چاکە و باشەیە. لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە ڕۆماننووس ئاو دەمەزرێنێ بە چەندین شێوەی جیاوازەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر مرۆڤێک بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ هێزی سروشت دەکات. (ئیمی ئایتورانتا) لە ڕۆمانی پاسەوانی ئاودا دەڵێت: ئاو لە هەموو توخمەکانی گەردون زیاتر دەردەکەوێت، لەگەڵ مانگ دەڕوات و زەوی لەباوەش دەگرێت، لە سوتانی ئاگر ناترسێت، لە هەوادا ناژی، بەڵکو لە ناو چوارچێوەی هەوادا دەژی، لەگەڵ هەوادا وەکو هاوڕێ وان وەک پێستەکەیەتی، بەڵام ئەگەر بەهێزەوە لێی بدەی ئەوا یەقەت دەگرێ. ئەمە ڕێک مامەڵەی ڕۆماننووسی ڕۆمانی بە ڕیگاوەیە لەگەڵ ئاودا. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی (ئیمی ئایتورانتا) پێی وایە، کە ئاو هەستی هەیە لە زاکیرەیدا هەموو ڕووداوەکان تۆمار دەکات و پێشی مرۆڤیش بێتە سەر زەوی، ئاو دەزانێ جولەی گەردوون چۆنە، دەشزانێ کەی زەوی کاری پێدەبێت، کەی کەم دەکات و کەی دەچێتە ناخی زەوی و دواتر ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێ و توڕە دەبێت.

کاتێکیش ئاو مێر منداڵێک ڕاپێچ دەکات ئەوا جولەی ناتەندروستی مرۆڤە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سروشتدا توڕەیی ئاوە، بۆچوونی ئەم ڕۆماننووسە فیلەندیە تەمەنی نزیکی تەمەنی (دڵشاد کاوانی)یە، ژیانی مرۆڤایەتی داهاتووەکەی نادیارە بۆ گەڕان بە دوای ئاوی شیرین بۆیە ئەشکەوتێت دەدۆزنەوە بە نهێنی بۆ خوادنەوەی ئاو نەوەک دەسەڵات پێی بزانێ دواتر سەرباز بنێرێ بۆ ئەو شوێنە، ڕۆمانی بە ڕێگاوە باسی هەمان داهاتووی نادیاری هەرێمەکان و ئایینەکان و مرۆڤەکان دەکات لە دۆزینەوەی نەوایەکی ئارام بۆ ژیانکردن، بە هەمان شێوە شەڕی ژیان ئامانجی دانیشتوانە، بەڵام ژن لە ڕۆمانی (پاسەوانی ئاودا) بەرگری لە مانەوەی زەوی دەکات بە سروشتی خۆی، بەڵام لە (بە ڕێگاوە) ژن ئەو هێزە نییە بەرگری لە خۆی بکات هەمیشە پیاوەکان دەسەڵات و بیرکردنەوەیان زیاترە. (فرانسوا-رينيه دو شاتوبريان)یش لەسەر شعرییەتی دەریا دا پێی وایە دەنگێکی ترسناکی هەیە و ڕەنگێکی تاریکی هەیە دەڵێت: دەریا پێناکەنێت.

کاتێکیش منداڵێک ڕاهاتووە لەسەر خواردنی ئاوی زێراب ئەوا داهاتووەکەی هەر مردنە بەم زێرابە. ڕۆماننووس ڕوویەکی تر دەردەخات کاتێک مامەڵەی دروست لەگەل سروشت دەکرێت، ئەوا نەمردن دەبێت نە کات! هەموویان فریشتە ئاسا بەیەکەوە دەژین، کاتێکیش ئایینەکان تیژ دەبنەوە لە پەیامەکەیان لادەدەن توندوتیژی دروست دەکەن. ئەم پرسیار کردنانەی کە دروست دەبن لە ڕایەڵی ڕووداوەکان ڕۆماننووس سیمائییەتی دەقەکان بە چەندین شێوە نیشان دەدات لەوانە: دەسەڵاتداران زۆرترین چەوساندنەوە دەکەن بەرامبەر کپکردنی دەنگ و ژیاری تاکەکانی کۆمەڵگە. بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئایینی بەرامبەر کوشتن و دیاردەی نامرۆڤانە لەناو کۆمەڵگەدا. توندوتیژی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر هەبوونی شارستانییەتی جیاوازدا، کاتێکیش مرۆڤ لە بوونی خۆی دوور دەکەوێتەوە لە مێشکی مرۆڤەکان، ئەوا مرۆڤ پەلدەکێشێت بۆ ئەنجامدانی عەبەسیەت، ئەوەی لە ئەمڕۆماندا دەبینرێت پیسترین دیاردەی مرۆڤایەتییە ئەویش دیاردە چێژ وەرگرتنە لە کوشتنی مرۆڤ.

لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەقەکان وا نیشان دەدەن کە سروشت دەگۆڕێت لە وانەیەکی فیزیایی بۆ وانەی دەروونی و فسیۆلۆژی لە ڕوانگەی سروشتی ئادەمیزادەوە. ئەویش بە دوو گۆشەدا، یەکەمیان ئەسلی بڕواداری (فطرة الایمانیة)لەلایەک، ئەسلی سێکسی لەلایەکی ترەوە، ئەمەش پێکدادان دروست دەکات لە سەرئاستی کۆمەڵایەتی، کەچی لە ڕەسەنی خۆیاندا هەر لە خودی دانیشتوان و ژینگەی ئەوانەوە ئەم ئەسل و نەسلە دروست بووە. ڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا لە نێوان چەمکەکانی (فطرة) و (سروشت) دا نیشانی داوە کە هەموویان دەستی مرۆڤە دەستکاری ڕەسەنی چاکە و خراپە دەکات، ئەگەر سزا ئایینی و مەزهەبیەکان هەر رێگرییەک بکەن، دەتوانن چاکی بکەن و خراپیشی بکەن. هەوڵی نووسەر بۆ ئەوەیە دەرخەری بیرکردنەوەکان بێت، نەک بڕوابوون بە شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکان.
ڕۆماننووس واینیشان داوە تابلۆیەک لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک و ڕۆڵی ئاین و ئایدۆلۆژیا و سروشت لە لێخوڕینی بە حەنچەیەک بۆ داهاتووی نادیار، ئەگەر بەرنامەیەکی رێک و پێک بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان بکرێت ڕەنگە پلانی کەوتنە ڕێگای حەنچەشبە ئامێری سەردەم ڕۆشنتربێت وەک GPS ڕێگاکەی ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام کۆمەڵگە بێبەرنامە دەبێتە گوێڕایەڵی تەوژمە هزرییەکان و کلتورە چەوتەکان، خۆیان دەدەنە دەستی قەدەر، هەر بۆیەشە قەدەر داهاتوو نادیار نیشان دەدات.

ئەنجام:.
لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكەمان گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕۆمانی بە ڕێگاوە، شەن و كێوكردنی ئاسان نییە و تێگەیشتن و لێكدانەوەی جودا هەڵدەگرێت و دەكرێت لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە لێی بڕواندرێت. ڕۆمانێكی فرە ڕووداوە، دیمەن و وەسف و زمان تێیدا گەمەیەكی شعرییە و سرووشت پێكهاتەی سەرەكی ڕۆمانەكەیە، ئاویش تێیدا ڕۆڵێكی باڵایی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی فكری ناو ڕۆمانەكە و خستنە ڕووی گۆشەنیگای ڕۆماننووس دەردەخات. ئاو بە چەندین جۆر و شێوازی جیا جیا خۆی دەنوێنێت وەك بارن و تۆڤان، یاخود قوڕ و لیتە، چ وەكوو ڕەنگ و خم و خوێن و شەڕاب، ئەمەش دەرخستەی ئەوەیە كە ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەی دا هەڵگری فەلسەفەی بوونگەراییە و سرووشت بە سەرچاوەی بوون دەزانێت و ئاو وەكو ژیان و ئافات دەبینێت، لە هەندێك شوێن ئاو دەبێتە ڕەخنەی فكریی و یاخی بوونە لە ژیان و لە هەندێك شوێندا داناپێدانە بە درووستكراوی بوون، یاخود وەستانەوەیە لە دژی مرۆڤكوژی لە ژێر هەرناوێك و دید و ڕوانین و ئایدیایێك بێت. ئەوەی مەبەستە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە زۆر بە لێزانی ئاو وەك سیمۆلۆژیا بۆ حاڵی بوونی خوێنەر لە گۆشەنیگای ڕۆماننووس بە كارهاتووە.

نووسینی: هاوکار جمیل
ماستەر لە ئەدەبی کوردی

———————————————————

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

  • دڵشاد کاوانی، (ڕۆمان)بەڕێگاوە، چاپخانەی چنگڵ(تاران)، چاپی یەکەم، 2020.
  • امنة عبدالجليل سليمان القواسمة، رسالة ماجستير، جماليات الوصف في الرواية سليمان القوابعة، جامعة مؤتة، 2014.
  • د. الرشید بو شعیر، المیتا سرد في الروایة الخلیجیة، “سلسلة كتاب مجلة دبي الثقافية- 73، 2012، دبي.
  • ایمي ایتورانتا، حراس ماء،ترجمة علاء الدین ابو زینة، دار المنی، السوید، 2014.
  • منى بت جبراش السليمية، عن كتاب “الطبيعة في الرواية العمانية”مجلة “القباب” الثقافية الجزائرية. عدد 8. ديسمبر 2014م
  • www.aljazeera.net/news/cultureandart/2014/8/13
  • www.noonpost.com



دادگایی کردنی کەسایەتی جەلال تاڵەبانی… جەمال ئەحمەد ئیسماعیل

عیراق و ئێران دوو ووڵاتی جەنگی بون. بەشێکی سنوریان خاکی کوردستانە. ئەوکات سنوری هەڵەبجە لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارە جەلالییەکاندا بوو. سەدام ویستی نەبوو باشوری کوردستان بکات بە بەرەیەکی جەنگ. نەک لەبەر خاتری کورد، بەڵکو لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە. ئەوەش بەهۆی هێزە کوردیەکانەوە. بەڵام ئیران بە پێچەوانەوە. ئێران دوو پیلانی هەبوو. کە بەبێ جەلال تاڵەبانیی نەیدەتوانی ئەو پیلانانە مسۆگەر بکات. پلانێکی ئێران ئەوەبوو، ئەگەر ئیران سنوری هەڵەبجەو سلیمانی کۆنتڕۆڵ بکات، رێگەی یارمەتی و گەیاندنی چەک لە هێزەکانی سەرکردە قاسملۆ دەبڕێت.
پلانی دووەم ئەوەبوو ئەگەر هێزی ئیرانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکانی کەرکوک مسۆگەر دەکات. بەمەش قورگی ئابوری عێڕاق دەگرێت. ئێران نەخشەی کێشاو ئەندازیاری جێبەجێکردنی نەخشەکەش جەلال تاڵەبانی بوو.
ئیران خەریکبوو پلانەکانی بەدی بێنێت. تاڕادەیەکی زۆر هاتبووە ناو خاکی عێڕاق و تەواوی ناوچەی هەڵەبجەی کۆنتڕۆڵ کردبوو. بەڵام لەژێر چاویلکەکەی جەلال تاڵەبانیدا. یانی هێزەکانی ئێران جلوبەرگی پێشمەرگەیان پۆشیبوو. وە وانیشانیاندەدا کە پێشمەرگەکانی جەلال تاڵەبانی بەبێ هێزی ئێران لەهەڵەبجەن. بەڵام دواتر ئەوە ئاشکرابوو، کە ئەوە پیلانی ئێرانەو ئەویتریش جەلال تاڵەبانییە کە دەستی هێزەکانی ئێرانی گرتووەو بەرەو قوڵایی ناو خاکی عێڕاق دەیانبات. بۆیە لێرەدا عێڕاق دەبوو بەرگری لە خاکی خۆی بکات. بەڵام پێشئەوەی کاردانەوەی سەربازی هەبێت. چەندین جار جەلال تاڵەبانی و هێزەکانی، ئاگادارکردەوە، کە یان هێزەکانی ئێران لەهەڵەبجە وەدەرنێن یان خۆیان لەهێزە ئێرانیەکان جیابکەنەوەو تەواوی هاوڵاتیانی سڤیلیش ئاگاداربکەنەوە کە لەشارەکە بچنە دەرەوە. چونکە ئێمە لە ئەگەری دووەمدا بەزەبری هێز ئێرانییەکان وەدەردەنێین و هەموو جۆرە چەکێکیش بەکاردێنین. بەڵام جەلال تاڵەبانی گوێی بەم ئینزارانەی عێڕاق نەدا. بۆدواجار عێڕاق ئینزارێکی زۆر جددی بە ئاشکرا ڕاگەیاندو داوای کرد هاوڵاتیانی سڤیل لەشارەکە بڕۆنە دەرەوەو هێزە کوردییەکانیش خۆیان لە هێزە ئێرانییەکان جیابکەنەوە. بەڵام جەلال تاڵەبانی لەهەموو لایەکەوە هەڵەبجەی گەمارۆداو ڕێگەی نەدا هیچ هاوڵاتیەک بچێتە دەرەوە. بەوجۆرە جەلالیەکان و ئێرانیەکان ویستیان هاوڵاتیانی سڤیل وەکو قەڵغان بەکاربێنن و خۆیان لەناو هاوڵاتیاندا حەشاربدەن. بۆئەوەی عێڕاق هێرش نەکاتە سەر شارەکە. بەڵام عێڕاق چەکی کیمیاوی لەهەڵەبجەداو یارو نەیاری بەیەکەوە کوشتن. بەمەش جەلال تاڵەبانی جارێک بەوە تاوانبارە کە دەستی ئێرانی گرت و بردییە ناو هەڵەبجەو ئەوەش تەنها هۆکاری کیمیابارانی هەڵەبجە بوو. جارێکیتر تاوانبارە بەوەی کاتێک مەترسییەکی جددی لەسەر هەڵەبجە بوو، بەس جەلال ڕێگەی نەدا هاوڵاتیان بچنە دەرەوەو ئەوانی بەکارهێنا وەکو قەڵغانێکی جەنگی.

بەوەش لەسەعاتێکدا پێنج هەزار هاوڵاتی سڤیل کوژران و هەڵەبجە بوو بەقوربانی ئامانجەکانی ئیران و گەوجی و بێ ڕەوشتی جەلال تاڵەبانی.
لە زاری نەوشیروان مستەفاوە کە جێگری جەلال تاڵەبانی بوو شاهیدی داوە کە. جەلال تاڵەبانی وتویەتی: ئاخ خۆزگە دوو ڕوداویتری وەکو هەڵەبجە ڕویاندابایە. ئەوە بەو مانایەیە کە جەلال تاڵەبانی هەم خۆی پیلانی ئەوەی هەبووە کە (ئیستیفزازی) پەلکێشی عێڕاق بکات بۆ کارەساتێکی ئاوا گەورەو دواتر بازرگانی بەو کارەساتە مرۆییەوە کردووەو لەیادی هەڵەبجەشدا فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانییان ڕشتووە. بۆیە جەلال تاڵەبانی تەنانەت لەو فڕۆکەوانەش تاوانبارترە کە قومبەلەکەی خستە خوارەوە. هەروەها ئەگەرچی جەلال مردووە، بەڵام هێشتا پێویستە کەسایەتی جەلال تاڵەبانی لەگۆڕدا دادگایی بکرێت و سزاکەشی ئەوەبێت، کە ئێسقانەکانی لەگۆڕەکەی دەربهێندرێن و لەگۆڕستانێک بنێژرێتەوە کە ناوی بنێن گۆڕستانی خائینان و تاوانبارانی جەنگ.

لەدوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکیەکانەوە. ”تاریق ڕەمەزان” کە ئەو فڕۆکەوانە جەنگییە بوو، کە قومبەلەی کۆمەڵکوژی لە هەڵەبجەدا. دەستگیرکراو لەشاری سلێمانی لە دەزگای ئاساییشدا سجن بوو. ئاساییش ئەو دەزگایەی کە ناوی ئاساییشەو واتا ئەمان و پارێزگاری کردن لەخەڵکی سڤیل. بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستەو دەزگایەکە، کە تەنها پارێزگاری لەتاوانبارانی جەنگ دەکات و وەکو تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان دەکات. دەزگای ئاساییشی سلێمانی پەناو پێگەی بکوژو جەللادو تاوانبارانی جەنگە. چونکە کاتێک تاوانبارێکی جەنگ لەلای ئەوان سجن دەبێت، کە پێنج هەزار هاوڵاتی کوشتووە. کەچی بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی ئازاد دەکرێت و دەینێرن بۆ دەرەوەی وڵات.
جا سەیری شەیتانی و دوو ڕوویی جەلال تاڵەبانی بکەن. ئەو فڕۆکەوانەی کە کاتی خۆی دوژمنی بووە، بەڵام دواتر ئازادی دەکات تەنها لەپێناو ئەوەی پێکهاتەی سوننەکان لەعێڕاق پشتیوانی بکەن تاکو ببێت بە سەرۆککۆماری عێڕاق. ئامانجەکەشی پێکاو بوو بە سەرۆککۆماری عێڕاق و لەو پۆستەش مایەوە هەتاکو بەڕیسوایی وەکو دڕندەیەک بەسەر شۆڕی مرد.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…4…شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم/

ئیبنولعــەقـیل، یــان ئیبنولعــەزرائـیل..!؟

لە بەشی یەکەم و دووەم دا، ئاماژەم بەوەکرد، کەهەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک بە هەندێک لە فەقێکان ناساندبوو.

کۆمەڵەک فەقێ لەیەکێک لە حوجرەکان، حوجرەی مزگەوتی( ئیبراهیم گەردی)، گوتوبوویان ئەو کوڕە کافربووە و خوێنی حەڵاڵە، فەقێیەک کە لە ناویان دەژیا، دواتر گۆڕا و بوو بە قورئانی و پاشان لائیک، خۆی ئەوەی بۆ گێڕامەوە. فەقێکان بەشێکیان لێم دوور دەکەوتنەوە، لە بیرم دێت، لە ناو حوجرە و لە مزگەوتی بەرزنجی کتێبێکم کڕێبوو، زۆرێک لە قوتابخانە فیکری و هەروەها هەموو قوتابخانە فەلسەفیەکانی تێدا بوو.

منیش بە وانە ئەو کتێبەم بە چەند فەقێیەک دەگووتەوە. فەقێیەک هەبوو، لە حوجرەیەکی تر بوو و هاوڕێمان بوو و زوو و بەردەوام بە سەردانی داهاتە لامان، جا لە حوجرە، کاتێک دەستمان بە وانەکە دەکرد، ئەو دەڕۆیشتە دەرەوە.

دواتر ئەمیش کاتێک تووشی گۆڕانی فیکری بوو، پێی گووتم: دەزانی بۆ دەڕۆیشتمە دەرەوە کاتێک تۆ فەلسەفەت بە فەقێکانی تر دەگووتەوە؟
گووتم: بۆ؟
گووتی:چونکوو دەترسام مێشکم تێک بچێت. شتێک بڵێم، هەڵبەت کەدەڵێم ئێمە لە حوجرە بە وانە فەلسەفەمان دەخوێند، ئەو حوجرەیە مەلای تێدا نەبوو، فەقێیەکی هاوڕێم، مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی جومعە، وتاری تێدا دەخوێندو، پێشنوێژی بۆ خەڵکەکە دەکرد. پێشووتر مەلا(جومعە)، مەلای ئەو مزگەوتەبوو، لە قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانیش مامۆستابوو و وانەی زمانی عەرەبی و نەحو کتێبی(ابن العقیل)ی پێ دەگووتین، ئەو کتێبەی، بە هۆی زەحمەتیەوە، من بۆگاڵتە و شۆخی پێم دەگووت(ئیبنولعەزرائیل)و فەقێکان و خوندەکاراکان زۆر پێدەکەنین کەوام دەگووت.
ئێمە ئەو کتێبە، کەچوار بەرگ بوو، دوو بەرگی یەکەم و دووەممان لە قوتابخانەی ئایینی دەخوێند، لەکۆلێژی شەریعەش، دووبارە، هەرساڵە و بەرگێکیان دەخوێند، حەققەت دەبوا تەنها لەکۆلێژی شەریعە بخوێندرێت، هی ئاستی قوتابی ئامادەیی نەبوو.
دواتر و دوای ئەوەی ئێمە لەوێ نەماین، گووتیان قورسە و ئەو کتێبەیان لە قوتابخانەی(پەلپیتانی)لابرد و کتێبکی تری زمانی عەرەبیان هێنا شوێنی. لە کۆلێژی شەریعە و بەشی شەریعەیش، تەنها لە هەردووک قۆناغی یەکەم و دووەم هێشتیان، لە سێیەم و چوارەم لایان برد، بەڵام لە بەشەکەی ئێمە، بەشی بنەماکانی ئایین(أصول الدين)و بەشی خوێندنی ئیسلامی(دیراسات الاسلامیە)، هەر وەکوو خۆی مایەوە و هەر چوارساڵ خوێندمان.

بیرمە لە پۆڵی دوانزە، فەقێکان، ئەو ڕۆژەی، ئەزموونی ئەو بابەتەمان هەبوو، ڕێککەوتین، ئەگەر پرسەکان قورس هاتبوویەوە، وڵام نەدەینەوە و هەموان هۆڵی ئەزموونەکان جێ بێڵین، بێگوومان وەکوو ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد وابوو، هەموان دەنگمان هەڵبڕی و گووتمان کاکە کەس وڵام نەداتەوە، وەزیری ئەوقاف، ئەوکات(كامیلی حاجی عەلی)بوو، لەسەر پشکی بزووتنەەی ئیسلامی وەزیربوو، گووتی بەس بێدەنگ بن، ئەوە یەکەو دە نمرە بۆ ئێوە، لەو لقەی کە دەڵێن داخل نەبووەو هاتووەتەوە، ساڵی پێشووتریش فەقێکان هەمان بەزم و فەرتەنەیان نابوویەوە.

باسی مەلا جومعەم کرد،
مەلا جومعە، مەلایەکی تابڵێیت هێمن و زیرەک و بەڕێزبوو.
من ئەو کات لە حوجرەی مزگەوتی عەلی سۆرانی دەمامەوە،
پۆڵی یانزە بووم،
جا مزگەوتی بەرزنجی و عەلی سۆرانی، زۆر لێکتری نزیک بوون، زۆر جار بەیانی، بە جادەی ئەلباندا، دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلیپیتانی، کە دەکەوێتە نیوان هەردووک مزگەوتەکە، جادەی ئەلبان دەڵێم.

مەلا جومعەش بەو ڕێگایە دا دەڕۆیشت بۆ هەمان قوتابخانە، مەڵاو فەقێ، یان مامۆستاو قوتابی، دوو بەدوو و بە دەم قسەکردنەوە، پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ سەواف، سەواف زۆر دوور نەبوو، چوارەگێک دەبوو بە پێ، ئێمە هەردەمانگووت سەواف، ڕاستە قوتابخانەکە، ناوی پەیمانگای(مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانی)ٚبوو،
لە سەرەوەیدا، بینای مزگەوتەکەی سەواف بوو و ژێرەوەیشی قوتابخانەکەی ئێمەبوو، بۆیە لای خەڵک بەو ناو مەشهوربوو و تا نەتگووتبا سەواف کەس نەیدەزانی کوێیە.

دواتر مەلا جومعە نازانم بۆ لەو مزگەوتەی بەرزنجی نەما، ئەوە بەر لەوەی من بڕۆم بۆ ئەو مزگەوتە و حوجرەکەی ئەوێ.

جا لەو حوجرەیه،
ئێمە سێ فەقێ بووین، بەو فەقێیەش ڕا، کە لەوانەی فەلسەفە، ڕایدەکرد بۆ دەرەوە، لە حوجرەیەک تربوو، وەلێ زۆربەی کات و بەردەوام هەر لای ئێمە بوو، دەبووین بە چوار. ئەوەش بڵێم:جا بەر لە ڕۆیشنتم بۆ بەرزنجی، من سێ ساڵیش لە حوجرەکەی مزگەوتی(حاجی بەدریە بووم)، دوای ئەوەی لە مزگەوتی عەلی سۆرانی نەمام. ئینجا دواتر هاتم بۆ مزگەوتی بەرزنجی. ئەوکاتەی ڕۆیشتم بۆ ئەوێ.
من لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم، ئەوانەتیریش، یەکێکیان لە قوتابخانەی ئیسلامی مەلا فایزبوو، دووەکەیتریشیان لە لە قوتابخانەی ئایینی مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی دەیان خوێند و بۆمانەوەش لە بەرزنجی دەماینەوە.

هەڵبەت ئەگەر ئەو حوجرەیه، مەلای ڕەسمی خۆی هەبوایە، لە سەر مێلاکی وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکەش سەربە ئیسلامی سیاسی بوایە، ئەوە هەرگیز، ڕێگەی پێنەدەداین کفرێکی ئاوا مەزن و کارێکی لەو شێوەیە بڤە و مەترسیناک، لە ناو حوجرەکە دا بکەین و فەلسەفە بەوانە بخوێنین.

سەبارەت بەوە لە بەشەکانی داهاتوو ئاماژە بەوە دەکەم، لەسەر کتێبی دوو کەسی سیکۆلار، چۆن لە حوجرە، لەلایان مەلایەکی ئیسلامییەوە دەرکراوم!

بێگوومان لە ناو مەلاکان و فەقێکان و ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی سەقەت و هەڵە و باو هەیە، بەوەی کەفەلسەفە مرۆڤ شێت دەکات و سیستەمی ئەقڵ تێک دەدات و بیرکردنەوە دەشێوێنێت و شتێکی زۆر بێمانایە و فەلسەفە و لۆژیک، هەڕەشەن بۆسەر ئایین و،

بیرو باوەڕی بڕوادار لەق دەکەن. بۆیه خەتەرە و مرۆڤی بڕوادار دەبێت خۆی لێیان بە دوور بگرێت. تەنانەت لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە( علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذكي!)




سەددام دیکتاتۆرێکی جیاوازبوو… ئومێد محەمەد فەرەج

دیکتاتۆرو دیکتاتۆریەت واتا حوکمی تاکە کەس و تاکە حیزب. یانی لە سیستمی حوکمی دیکتاتۆریدا، دیموکڕاسی، ئازادی و مافی مرۆڤ وەک پێویست بوونی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی کۆمەڵگا ئەوە یەکلائەکاتەوە کە ئایا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر یان دیموکڕاسیخواز لەگەڵ خۆی دەگونجێنێت. بۆنمونە سروشتی گەلانی ئەسکەندەناڤیا، بوونی هیچ سیستمی دیکتاتۆری هەزم ناکەن. بەڵام تەواوی گەلانی عێڕاق، واڕاهاتوون کە دەبێت بەزەبرو زەنگ حوکمیان بکرێت. وە کۆمەڵگای عێڕاقی هەرگیز ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستمێکی دیموکڕاسیی و ئازادی ڕەهادا. چونکە بوونی هەر دیموکڕاسییەت و ئازادییەکی ڕەها، بەهەڵە ئیستیغلال دەکەن. بۆنمونە: کاتێک دوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە، بەبێ ئامادەکاری بۆ چونە ناو سەردەمێکی تازەو جیاواز، کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

ئەوا لەناکاو کۆمەڵێک چەمک بۆ میللەت پەخشکران، وەکو: ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی تاکەکەسی، مافی ژن، دیموکڕاسی و هەڵبژاردن. ئەمانە زۆر چەمکی جوانن، بەڵام بۆ عێڕاقییەکان تازەبوون، وە چونکە کۆمەڵگاکە هۆشیاریی و ئامادەیی تیانەبوو بۆ وەرگرتنی ئەم چەمکانە، بینیمان دەرەنجامەکە بەو جۆرەیە کە، لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکان بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین هەرچی سوکایەتی، قسەی قێزەون و تەشهیرە بەیەکتری دەکەن. هەروەها کەسانێک ئازادی تاکەکەسیی بەوە تێگەیشتوون، کە لەشوێنە گشتییەکان کردەوەی نائەخلاقی بکەن، کە ئەمەش ئادابی گشتی تێکدەدات. هەروەها حیزبەکانیش بەوجۆرە لەدیموکڕاسی تێگەیشتوون کە هەرچەندی توانییان تەزویر لەهەڵبژاردنەکان بکەن و کاتێکیش دۆڕان ئەوا هێزی چەکدار ببەنە سەر بارەگاکانی یەکترو یەکتر تیرۆر بکەن. لەسەردەمی سەددام حوسێندا ژیان بەجۆرێکیتربوو، سەددام زۆر باش سروشتی کۆمەڵگای خۆی خوێندبویەوەو لەوە تێگەیشتبوو کە بە دیموکڕاسیی ناتوانێت حوکمی ئەم میللەتە بکات، چونکە ئەگەر زیاد لەپێویست ئازادی بەم میللەتانە بدات و بۆی شل بکات ئەوا میللەت لەناو خۆیاندا بەڕووی یەکترو بەڕووی دەسەڵاتیشدا دەتەقێتەوە. بۆیە سەددام بە زەبروزەنگ حوکمی دەکردو کۆنتڕۆڵی تەواوی پێکهاتەکانی عێڕاقی کردبوو. کەس نەیدەوێرا باسی ناکۆکی بەینی شیعەو سوننەو کوردو عەڕەب بکات. بۆیە ئەگەرچی بۆ کورد باش نەبوو، بەڵام بەگشتی سەددام پیاوێکی ئاقڵ و سەرکردەیەکی بوێرو بەهەیبەت و لێهاتوو بوو، وە لەوە تێگەیشتبوو کە، گەورەترین کێشەی نێوان عێڕاقییەکان بابەتی مەزهەبییە لەنێوان سوننەو شیعە.

هەروەها بابەتی قەومیە لەبەینی کوردو عەڕەب. ئەم بابەتانەش زەمەنێکە وەکو قومبەلەی تەوقیتکراون هەر ماوە ماوە دەتەقنەوەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. بۆیە سەددام لەوە تێگەیشتبوو کە ئەم کێشانەی بەینی پێکهاتەکان وەکو زێرابێکی بۆگەن وان، ئەگەر ئازادی بەم پێکهاتانە بدرێت و سەرکوت نەکرێن ئەوا سەری ئەم زێرابە لادەچێت و پیسی و بۆگەنی ئەم زێرابە بەتەواوی عێڕاقدا بڵاودەبێتەوەو ئاشتی و ئارامی لەتەواوی وڵات تێکدەچێت.

بۆیە سەددام حوسێن وتبووی کێشەی بەینی پێکهاتەکانی وەک، کوردو سوننەو شیعە وەکو زێراب و قومبەلە وان، تەنها منیش سەری ئەم زێرابەم داپۆشیوەو ئەڵقەی ئەم قومبەلەیەم گرتووەو ڕێگە نادەم بتەقێتەوەو دەیان جاریش تەقینەوەکەم پوچەڵ کردۆتەوە. وە کاتێک من نامێنم سەری زێرابەکە لادەچێت و قومبەلەکەش دەتەقێتەوەو بۆگەنی زێرابەکەو پڕشکی قومبەلەکە تەواوی عێڕاق دەگرنەوەو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەتەواوی تێکدەچێت. تەبعەن سەددام تەنها بە زەبرو زەنگ و حوکمێکی توند توانی بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئەم کێشە گەورانە خەفە بکات وە هیچ ڕێگەچارەیتری نەبوو، لەنێوان خەراپ و خەراپترو خەراپتریندا، ئەو خەراپی هەڵبژاردبوو. ئەگینا سەددام لەناخەوە کەسێکی دیکتاتۆر نەبوو، وە کەسێکی زۆر دڵسۆزبوو بۆ میللەتانی عێڕاق و وڵاتەکەی. سەددام ناچاربوو بەزەبری هێز کێشەی بەینی پێکهاتەکان خەفە بکات، وە سەددام مەترسی نەبوو بۆ سەر ژیانی هەرکەسێک، کە تەداخولی سیاسەت و بابەتی بەینی پێکهاتەکان نەکات و سیخوڕی لەدژی وڵاتی خۆی نەکات. هەر کەسێک ئەم شتانەی نەکردبایە، ئەوا ژیانی ئەوکاتی عێڕاق بۆ ئەو کەسە بەهەشتبوو. چونکە سەددام میللەتی خۆی زۆر بەباشی دەژیاندو هەموو خزمەتگوزاریەک بەردەستبوو، کارەبای ٢٤ سەعاتی هەبوو، جادەو ڕێگەوبان زۆر باشبوون، ئاوی پاکی خواردنەوە هەبوو، سیستەمی تەندروستی زۆر لەئێستا باشتربوو، یاساو دادپەروەری و یەکسانی زۆر لەئێستا باشتر بوو، ئابوری عێڕاق هێندە باش بوو، تەنانەت لە هەشتاکان خەڵکی وڵاتانیتر دەهاتن لەعێڕاق ئیشیان دەکرد. بەڵام ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوەو بەهۆی نەمانی سەددام و هاتنە سەرحوکمی کۆمەڵێک تیرۆریستی سوننی و شیعیی و مافیای کوردی.

سەدان هەزاری وەکو ئێمە دەربەدەرکراون و وڵاتی خۆمان لێ حەرام کراوە. ئەگەرچی عێڕاقی هەشتاکان وەکو ئەوروپای ئێستا پێشکەوتووبوو، کەچی بەهۆی نەمانی سەددام وڵات پەنجا ساڵ بەرەو دواوە گەڕایەوە. بۆیە لەسەر ئەم بەراوردو بنەمایانە، دەڵێم سەددام لەهەموو سەرکردەکانی ئێستای عێڕاق و کوردستان باشتربوو. سەددام باڵی کێشابوو بەسەر دەیان کێشەداو کەس نەیدەوێرا کێشە گەورەکان بتەقێنێتەوە. تەنانەت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا کە گەورەترین دوژمنی سەددام بوون. وتی: دەزانن سەددام چی شتێکی زۆر بەباشی ئەنجام دەدا؟ ئەو تیرۆریستەکانی دەکوشت، سەددام کەسانی تێکدەری ڕێک دەکوشت. سەددام ئەم کارەی زۆر بە باشی دەکرد. وە مافەکانی پێنەدەدان، ڕێگەی پێنەدەدان قسە بکەن، ئەوان تیرۆریستن و تەواو بڕایەوە. هەروەها ترامپ تەقریبەن هەمان ئەو قسەی سەددامی بەشیوازێکیتر دووبارەکردەوەو وتی، ئێستا خراپەکاران و تیرۆریستان عێڕاقیان شێواندووە. وە عێڕاق بووە بە بەرهەمهێنەری تیرۆریستان. ترامپ وتیشی، ئەگەر ئەتەوێت ببیت بە تیرۆریست ئەوا بڕۆ بۆ عێڕاق. ئەمانە قسەی سەرۆکی ئەم وڵاتەن کە سەددامیان ڕوخاند بەپاساوی دیکتاتۆریی بوون، کەچی ئێستا خۆیان پەشیمانن و ددان بەوەدا دەنێن، کە سەددام لەئەوان باشتر توانیبووی کێشەکانی عێڕاق خەفە بکات. تەبعەن ترامپ کە وتی تیرۆریستەکانی دەکوشت و سەرکوتی دەکردن، مەبەستی هەموو ئەو سیاسیی و سەرکردانەی ئێستای کورد و سوننەو شیعەبوو، کە ئێستا حوکمی عێڕاق دەکەن و وڵاتیان کردووە بە کارگەیەکی زەبەلاح بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریستان. بەڵام هیچ کام لەئەوان نەیاندەوێرا لە ترسی سەددام سەر بەرزبکەنەوە







کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری “فەرنوود ئیلهامی” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کورد “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی” و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕەسەنایەتی مەقامەکان و ڕوانینێکی نوێی بۆ کووکی ڕەسەنی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کرماشانی “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی”، لە دەرهێنانی “موحسین رەشیدی”، لە بەرهەمهێنانی ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی موزیکزانی بەئەزموونی کرماشانی “فەرید ئیلهامی” ئاوازدانەر، وانەبێژ و ژەنیاری بەتوانای تەنبوور و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە مەقامە ڕەسەنەکانی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کووکی گۆرانی “یار” لە کووکە ڕەسەنەکانی تەنبوور نییە و لە ڕاستیدا کووکێکە کە “فەرنوود ئیلهامی” خوڵقاندوویەتی کە تێکەڵاوێکە لە کووکە ڕەسەنەکانی ئامێری تەنبوور و کووکێک کە ناوەکەی کووکی “عشاق” واتە “عاشقەکانە”.

ئەو مەقامەی کە لە گۆرانی “یار”دا خوێندراوە لە مەقامی “خامۆشە گیان” وەرگیراوە و لە کۆتایی ئەم بەرهەمە مۆسیقاییەشدا کەڵک لە دوو مەقام لە مەقامەکانی تەنبوور وەرگیراوە کە مەقامە سەرەکییەکە ناژەندرێت.

ستافی ئامادەکردنی کلیپی گۆرانی “یار” بریتین لە: ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور: فەرنوود ئیلهامی، گۆرانیبێژ: سپێهر زوالنووریان، ژەنیاری دەف: ئەمیرحوسێن مێنشادی، دەنگهەڵگر، میکس و مەستێرینگ: مێسباح قەمسەری، دەنگدانەر: سوهەیل موئمێنی، دەرهێنەر: موحسین رەشیدی، بەرهەمهێنەر: ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی فەرید ئیلهامی، بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای “زەنگ ڕیکۆرد”، مۆنتاژ: موحسین رەشیدی، وێنەگرەکان: موحسین رەشیدی، عیرفان مورادی و محەمەد رۆخ، فۆتۆگرافەر: رەزا رەجایی، فۆتۆگرافەری پۆستەر: فەردین رەزایی، دیزاینی پۆستەر: محەمەد کازمی، بە سپاس لە: گوڵنووش ئیلهامی، ماهان سەیفی و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی.

“فەرنوود ئیلهامی” لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند لە شاری سەحنەی کرماشان لە دایک بووە. باوە گەورەی مامۆستا سەید “ئەیاز قەزوینە” لە مامۆستایانی خاوەند شێواز و ناوداری تەنبوور بوو و باوکیشی یەکێک لە دەرهێنەرە بەرچاوەکانی شانۆی شاری سەحنە دێتە ئەژمار.

ئەو فێربوونی ئامێری مەقامی تەنبوور لە مێرمنداڵییەوە دەست پێکرد و هەر لەو سەردەمەوە، لە خزمەت مامۆستایانی شارەزای مەقام لە شاری سەحنە کەڵکی زۆریی وەرگرت. لە تەمەنی 18 و 22 ساڵییەوە لە فێستیڤاڵەکانی مۆسیقای ڕۆژئاوای ئێران و تاقیکرنەوەی گرینگی “باربەد”، پلەی یەکەمی لە بەشی تاکژەنی ئامێری تەنبووردا بەدەستهێنا.

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 2006 لە خزمەت “فەرید ئیلهامی” براکەیدا لە گرووپی مۆسیقای “فیردەوسی” کۆمەڵێک بەرهەمی درەوشاوەیان پێشکەش و تۆمار کرد، لەوانە: ئەلبوومی “درەفشی کاویانی” و “شانامەی کوردی” بە دەنگی هەرمانی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “شەهرام نازری”، “عەشق نامە” بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “سەدیق تەعریف”، “عەشق” بە دەنگی “حیسام ئەلدین سیراج” و “امید، باز امدم” واتە “هیوا، دیسانەوە گەڕامەوە” بە دەنگی “وەحید تاج”.

ئیلهامی لە ساڵی 2015 سەرقاڵی پڕۆڤە و تۆمارکردنی ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” بە ئاوازدانەری هاوبەشی “فەرید ئیلهامی” برای و بە دەنگی مامۆستا سەدیق تەعریفە، کە بە هۆی جۆاروجۆرەوە تاکوو ئێستا ئەو بەرهەمە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ نەڕەخساوە.

ئەم ئاوازدانەرە کوردە، لە ساڵی 2020 گۆرانی “مەجنوون” بە دەنگی گۆرانیبێژی ئێرانی “پەرواز هۆمای” بڵاوکردەوە کە بە دابەشکردنی راک “پراگرسیو” ڕوانینێکی نوێیە بۆ مۆسیقای تەنبوور و شیعرەکانی مەولانا.

هەروەها گۆرانییەکانی “بابا سەرهەنگی”، “قەڵەندەر”، “عشاق” واتە “عاشقەکان”، “خۆف و ڕەجا”، ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” و … لەو بەرهەمانەی ئەم هونەرمەندە کرماشانییە دێنە ئەژمار کە لە داهاتوودا بڵاودەبنەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.instagram.com/farnood_elhami

لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی “یار”:
https://we.tl/t-IA7IhYQ8b8




روسیا و ئۆکراین کامیان هەڕەشەن بۆ سەر یەکتر!… نوسینی: ئیدریس مستەفا

خوێندنەوەیەکی سیاسی رەخنەییە بۆ تەنگژەی ئۆکراین

وتەیەک:
ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات لە چوارچیوەی ململانێیەکی گەورەتردایە کە چەندان دەیە و سەدەیە دەجێتە پێشەوە ئەویش کێشەی هەردوو جەمسەری رۆژهەڵات-رۆژئاوایە کە لە نیویدا کێشەی ئۆراسیا و ئەوروپا و باشوری دەریای چین و …هتد لە خۆ دەگرێ. پەلامار و پاوانخوازیەنی نیوان هەردوو جەمسەر مێژووی جیهانی ئێمەی مرۆڤیان نەخشاندووە و لەوەناچی ئەمجارە ئەم جیهانە ئاوها بمێنێ گەر شەڕەکە ببێتە جەنگ و جەنگەکەش بە دەستکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کۆتایی پێ بێت. لەگەڵ ئەوەی روسیا لە دوای جەنگی ساردەوە بێ پەردە وەک بلۆکێکی سەرمایەداری دەرکەوت و دەشیویست ببێتە بەشێک لەو سیستەمە کاپتاڵیستیە غەربیەی لە جوڵەیەکی بەردەوام بوو بەڵام بلۆکی رۆژئوایی رییان پێگرت و نەیانهێشت بەو تایبەتمەندێتیەی خۆیەوە بێتەوە ناوەوە بەڵکو دەیانویست وەک وڵاتێکی ئاسایی و تێکشکاو و لاواز و پەراوێز بێتە ناو سیستەمە سەرمایەداریەکەیانەوە کە روسیا ئەمەی قبوڵ نەکرد و رەتی کردەوە. بەڵام ئەو قبوڵ نەکردنەی روسیا لە لایەن رۆژئاواوە و رەتکردنەوەی روسیا بۆ باوەشی رۆژئاوا بەو ژینگەیەی ئەوان لێی دەخوازن یەک راستیە مێژووییە دەسەلمێنێ ئەویش راستی مێژوویی ململانێی رۆژهەڵات (چین و هند و روسیا وئەوانی تر) و رۆژئاوایە و وا لە گۆرەپانی ئۆکرایندا دەتەقێتەوە. واتە کێشەی ئۆکراین رەگەکەی لە مێژوویەکی مەودا فراوانتردایە و وا لە پەلاماری سەربازی روسیادا خۆی دەنوێنێ و منیش لێرەدا وردبینی لەسەر کێشەی ئۆکراین و روسیا دەکەم.

ئێمە لە دنیایەکی نوێی سیاسی فکریدا دەژین کە تەواو جیاوازە لە دەورانەکانی سەدەی رابردوو. هەندێک لەو جیهانبینیانەی دنیامان پێ دەدی و ئەو چەمکانەشی دنییامان پێ شیدەکردەوە و لیک دەدایەوە چیدی بە کەڵکی ئێستاکانی نایەن چونکە ناتوانن وەڵامێکی پڕ بە پێست بە تەنگژە و کێشەکان بدەنەوە. چەمکی نیشتمان، داگیرکاری، بەرەنگاری، هێز و ئیرادە ئەو چەمکانەن کە تێگەیشتنی تازەیان لێمان دەوێ لەبەرئەوەی مەبدەیە جێگیرەکانیان کەوتونەتە لەرزە. نێشتمان بەو مانایەی دەولەتی نەتەوەیی دروست دەکات و ئەو دەوڵەتە و خاکەکەی دەبنە مەبدەئێکی پیرۆز و ستراتیجی بۆی کە بە درێژایی دوو سەدەی رابردوو، چونکە چەمک و قەوارەی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمان لەو دەورانەوە بەرجەستە بوو، ملیۆنان مرۆڤ بە خۆیان و ماڵ و حاڵیانەوە بوونە قوربانی ئەو مەبدەئە بێ ئەوەی بەروبومێکی مرۆیی گشتگیری وەک بەختیاری و ژیانی شایستە بە مرۆڤ هەبێ،
لەو رۆژەوەی روسیا پەلاماری سەربازی بۆسەر ئۆکراین دەست پێکردووە و هەموو دنیای لەگەڵ خۆیدا سەرقاڵ کردووە کە هەموو قەوارە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و رێکخراو و کەس و لایەنە حزبی و ئایدیۆلۆجی و سیاسیەکان نەک هەر قسە و هەلوێستی خۆیان هەبێ لەسەری بەڵکو تێزی سیاسی فکری خۆیان بۆ بەیان کرد هەر لەمسەری چەپەوە تاکو ئەوسەری لیبراڵی و قەومی. کوردستانی خۆمان و نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکەی وەک بەشێک لەو بەدەنە جیهانیە قسە و هەڵوێستی سیاسی خۆیان هەبوو لەسەری لەگەڵ بەیان کردنی تیزی سیاسی فکری خۆشیان لەو بارەیەوە. لەو نیوەندەدا گوێ بیستی چەمکی نیشتمان و داگیرکاری و بەرگری دەبووین کە دەرئەنجامی پەلاماری سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دروست بووە. لەگەڵ ئەم جەمکانەدا زۆر کەم گوێ بیستی چەمکێکی تر بووین ئەویش چەمکی هەرەشەیە کە جەوهەری هەڵایسانی شەڕەکەیە. ئەوەی سەرەکیە لەم باسەدا ئەوەیە دەست ببرێ بۆ هۆکارانەی شەرەکەیان دروست کرد نەک کێ شەڕەکەی دەست پێکرد یان کێ پەلامات دەدات. خاڵی جەوهەری ئەوەیە ببینێ کێ لە پشت هەڵایسانی شەڕەکانەوەیە نەک شەڕکەرەکان کێن چونکە رۆشنترین شت ئەوەیە لایەنەکانی دەستویەخەکە ببینێ. لەم شێکارکاریەدا پاشخانە مێژووییەکان و هەنووکەییەکانی ئەو کێشەیە بە پشت بەستن بە کۆمەلێ زانیاری و بەڵگە و تێزی سیاسی و فکری چوار لە کەسە دیارەکانی دنیای ئەمڕۆی سیاسی فکری دەخەمە روو کە هەر یەکەیان لە روانگەی مەیلی سیاسی هزری خۆیەوە وەک لیبراڵی و چەپ و ریالیزمی رامیاری سەیری تەنگژەی یۆکراین دەکەن

پاشخانی مێژوویی
پێش ئەوەی دەست بە باسەکەم بکەم بۆم گرنگە ئاماژەیەکی کورت بدەم بەوەی ناتۆ چیە. هەموان دەزانین کە ناتۆ چیە و دوای جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو کە ئەو دەم هەموو وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، جگە لە ولاتانی ئەسکەندەنافیا، لەگەڵ ئەمریکا و کەنەدا و دواتر تورکیا گرتەوە. دیارە هۆکار یاخود بنەمای دروست بوونی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ روو بە روو بوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو وەک یەکەمین سکرتێری گشتی ناتۆ، هەستینگ ئیزمەی ١٩٥٢، رایگەیاند. ئەمە لە کاتیکدا یەکێتی سۆڤیەت هاوپەیمان بوو لەگەل غەرب دژ بە ئەڵمانیای هیتلەری لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە. بەڵام، دیارە پلانی ستارتیجی رۆژئاوا، بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا، چآوبڕێنە بۆ خاکی روسیای گەورە وەک چۆن لە مێژووی هاوجەرخیاندا ناپلیۆن و هیتلەر کردیان.
ئۆکراین وەک وڵات و قەوارەیەکی سیاسی لە مێژوودا بوونی نەبووە و بگرە یەکێک لە بنەچە سەرکیەکانی روس بووە و لە مێژوودا بە روس کییڤ ناسراو بووە. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی روسیادا بەلشەفیەکان لە ساڵانی بیستی سەدەی رابردوودا کۆمارێکیان وەک کۆمارەکانی تری یەکێتی سۆڤیەت دروست کرد بە ناوی ئۆکراین. (ئۆکراین ئەو دەنگەژێیە کە روسەکان و ئۆکرانیەکانی ئێستا بۆ وڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن بۆیە من ئۆکراین لە جیاتی یۆکرەینی ئینگلیزی و ئۆکرانیای کوردی و عەرەبی بە کار دەهێنم.) لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتیەوە ساڵی ١٩٩١ ئۆکراین بوو بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بوو بەو وڵاتەی کە ئیستا هەیە.
گرنگی ئۆکراین بۆ روسیا هەمەلایەنەیە بە رادەیەک ستراتیجیترین کۆماری کۆنی یەکێتی سۆڤیەتە کە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی روسیای ئیستای فیدراڵ راستەوخۆ پیوەی بەستراوە بۆیە سەرانی روسیای ئەو کات دانیشتنێکی تایبەتی مێژووییان لەگەڵ بلۆکی رۆژئاواییدا بەست سەبارەت ئۆکراین. لەو دانێشتنەدا بەرپرسانی روسی داوایان کرد کە رۆژێ لە رۆژان ئۆکراین نابێ ببێت بە ئەندامی ناتۆ و هەردوو لا بە رێککەوتن گەیشتن و مەرجەکانیش ئەوە بوو کە سۆڤیەت دەستبەرداری ئەلمانیای رۆژهەڵات دەبێ و لە بەرامبەریشدا ئۆکراین دەبێ وڵاتێکی بێ لایەن وەک سویسرا بمێنێتەوە. دیارە رۆژئاواییەکان، ئەمریکا و بەریتانیا بە تایبەت، بەڵێنەکەی خۆیان نەبردە سەر و بگرە کەوتنە دابەشکردنی فۆرمی بە یەندام بوونی ناتۆ و یەک یەک کۆمارە کۆنەکانی یەکێتی سۆڤیەتیان کرد بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ. بڕیار بوو ئۆکراینیش بکەن بەڵام روسیا لەسەر ئۆکراین هاتە دەنگ و ئامادەیی هیچ سازشێکی نەکرد لەو بارەیەوە و بگرە هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لە ئەوروپا و ئەمریکا کرد گەر بێتوو ئۆکراین بکەن بە ئەندامی ناتۆ.

روسیای بچوک

لە باری مێژووییەوە، بۆ روسیا ئۆکراین هەمیشە بە روسیا تەماشا کراوە و بگرە پێیان گووتوە روسیای بچوک. ئەمە وەک ارستیەکی مێژویی تەواوە، چونکە لە مێژوودا ئۆکراین و روسیا لە یەکتر جیا نەبوونە. بوارەکانی فەرهەنگی و ئاینی و زمان و کەلتور و مێژوو ئەوە پیشان دەدەن کە جیوازیەکی سەرەکی نەبووە لە نیوان روسەکان و ئۆکراینەکاندا و بگرە بە درێژایی دەسەڵاتی قەسەری روسی ئۆکراین هەمیشە وەک بەشێک لە روسیا تەماشا کراوە و و بە روس کییڤەکانیش ناوبانگیان دەرکردووە. دیارە لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی هەستەیەک لە نیو ئۆکرانیەکاندا دروست بوو کە بتوانن قەوارە و دەوڵەت و ناسنامەی تایبەت بە خۆیان هەبێ چ وەک نەتەوە و چ وەک رەگەز. ئەم خەونەیان لەگەڵ درستبوونی یەکێتی سۆڤیەتدا رۆژی ١٠ی مانگی شەشی ١٩١٧ لەسەر دەستی بەلشەفیەکان بەدیهات و هەروەها لە رۆژی ٢٤ی مانی ٨ی ساڵی ١٩٩١یش لەگەڵ روخانی یەکێتی سۆڤیەتدا ئەو خەونەیان بۆ دووەم جار بەدیهات، بەڵام چۆن بەدیهاتنێک! دوایی دەگەڕێمەوە سەر ئەم خاڵە.

نەخشەیەکی کۆنی کییەڤی پایتەختی ئێستای ئۆکراین لە کۆندا پێی گوتراوە روس کێیەڤەکان.
هەندێک دەڵێن روسیای ئیستا لەوانەوە هاتووە و ئەو دەمەی کییەڤ هەبووە مۆسکۆ لادێ بووە.

بۆچی روسەکان بە ئۆکراین دەڵێن روسیای بچوک. بارە مێژووەکەیمان ئاماژە پیدا کە یەکم قەوارەی دەسەڵاتدارێتی بە ناوی روس کییەڤ لەو ناوچەیە دامەزرا. لە ئاستی زمانەوانی وئاخاوتندا زمانی روسی و ئۆکراینی نزیک بە لە سەدا حەفتا لە یەک دەچن چ لە وشەدا و چ لە دەستەواژەدا و چ لە پێکهێننای رستەدا و چ لە تێگەیشتنی قسەکردن لەگەڵ یەکتری.(س١) گەر ئەم پیوەرە بهێنین و بەسەر سۆرانی و بادینانیدا بهێنین، ئەوە کرمانجی هەر باس مەکە، دەبینین دەکەونە یەک قاڵبەوە. جیاوازیەکانی وشە و ئاخاوتنی سۆرانی و بادینی، یاخود هەورامی کە هەر زۆر دوورترە لە هەر دووکیانەوە، هەر ئەوەندەی جیاوازی روسی و ئۆکراینیە بەتایبەت هەردوو لایان ئەلف و بێی سریلاکی دەنوسن. پرسیار ئەمەیە ئایا سۆرانیە دەتوانێ بڵێ بادینی کوردنین یاخود بادینیەک دەتوانێ بڵی سۆرانی کورد نین. بێگومان نەخێر! کەواتە ئەو نزیکایەتیە زمانەوانیەی کە یەکێکە لە بناغە سەرەکیەکانی فەرهەنگی و کەلتوری هاوبەش وا لەوەدەکات بڵێین روسی و ئۆکراینی یەک میللەت نین. ئەوەی تیئۆرسیەن و بیری نەتەوەپەرستی ئۆکراینی دروست کرد ئەو شۆڕشە رۆناکبیری و وەرچەرخانە سیاسیەی سەدەی هەژدە و نوزدەی ئەوروپا بوو کە چەمکی نەتەوە و دەولەتی نەتەوەیی بەرهەم هێنا و دواتر بە تەواوی ئەوروپا و جیهاندا بلاوبۆیەوە. نامەوێ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم و ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا بیڵێم ئەو نزیکایەتیە فەرهەنگی و کەلتوری و ئاینی و رەگەزییەیە کە روسیا و ئۆکراین پێکەوە دەبەستێتەوە و بەڵام لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، و پێشتریش لە دەمانی هیتلەردا، بە پشتیوانی سیاسەت و عەقڵی سیاسی و جیهانبینی رۆژئاواوە روحی قەومی ئۆکرانیان دروستکرد کە ئیستا ئەنجامەکەی دەبینین.

شوێنگەی جوگرافی ئۆکراین
بیرجنسکی و هنری کیسنجەر وەک دوو سیاسەتوانی ستراتیجیست و هزری سیاسی دیار و بە ناوبانگی ئەمریکی لە دەیەی حەفتا و هەشتاکاندا و بگرە تا ئیستاش، ئامۆژگاری ناتۆ و بلۆکی غەربیان کردووە کە ئۆکراین بۆ روسیا خەتی سوورە و نابێ کارێکی وابکەن کە روسیا لە خۆیان تورە بکەن. تەنانەت راستەوخۆ بە ئۆکراینیەکانیش دەڵێت “ئۆکراین دەبێ سیاسەتی خۆ دوورگرتن لە هاوپەیمانی ناتۆ پەیرەو بکات.” (س٢) باشە ئەمانە کە بە چڵەپۆپەی هزری سیاسی ئەمریکا دادەنرێن بۆ ئاوها دەڵێن. دیارە هەندێ خاڵ هەیە لەم بارەیەوە دەیخەینە روو کە یەکێکیان ئەو بارە مێژووییە کە ئەستەمە روسیا دەستبەرداری ببێ چونکە دەستەواژەی روسیای بچوک ئەستەمە لە هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسەلاتدارێتی روسی بە ئاسانی بسڕدرێتەوە.
خاڵێکی تر گرنگ هەیە کە بۆ روسیا ستراتیجیە ئەویش هەڵکەوتەی جوگرافی ئۆکرانیایە. دیارە هەموو کۆمارە کۆنەکانی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت سنوریان بە ئیستای روسیاەوە هەیە و تەنانەت یەندامی ناتۆشن وەک لیتوانیا و لاتڤیا و ئەستونیا بەڵام هیچیان وەک ئۆکراین ستراتیجی یاخود ترسناک نین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی روسیا. نهێنی ئەم ترسە لە هێڵە جوگرافیە ئەوروپیەدایە کە ئۆکرانیای پێوە بەستراوەتەوە. ئەو هێڵە پێی دەوترێت رێگەی دەشتایی باکوری ئەوروپا. ئەم رێگەیە، وەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت، بە هێڵێکی تەختانیدا دەڕوات کە بە دیاریکراوی لە ئەڵمانیاەوە درێژ دەبێتەوە بۆ پۆڵەندا و بێلا روس و ئۆکراین بێگومان لەویشەوە بۆ روسیا یاخود وردتر بڵێم موسکۆ. (س٣) واتە هەر کاروانێکی پیادە یا ماشین سواری یاخود گەر هەر کەسێکی ئاسایی سواری سەیارەیەکی ئۆتۆماتێکی بێ شؤفێر ببێ و بە کۆمپیوتەری سەیارەکە بڵێ یان لەسەر سکرینی کۆمپیەری سەیارەکە بنوسێ مۆسکۆ ئەوا بێ هیچ رێگریەکی شاخ و دۆڵ و دەریای گەورە و زەریا دەجێتە ناو مۆسکۆوە بێ ئەوەی دەستی بەر سوکان بکەوێ.

رێگەی دەشتایی یاخود تەختایی باکوری ئەوروپا

گەر رۆژێ لە رۆژان ئۆکراین ببێ بە ئەندامی ناتۆ ئەوا ئەمریکای دوژمنە سەرسەختەکەی روسیا دەتوانێ هەرچی چەک و تەقەمەنی قورس هەیە لەسەر تخوبی روسیا دایبنێ و بەمەش ئاسایشی روسیا زۆر لە نزیکەوە دەکەوێتە بەردەم رەحمەتی هێزەکانی ناتۆوە. حاڵەتێکی ئاوها کە روسیا بە رەسمی لە سیناریۆیەکی ئاوها دەترسێ لەو پلانەی ئیمتۆریەتی رۆما دەچی کە دژ بە سەرکردەی شۆڕشی کۆیلەکان، سپارتاکۆس، کردی. لە فلیمی سپارتاکۆسدا، کاتێک سپارتاکۆس و هێزەکەی لە قەراغ دەریا پشوویەکی دوورودرێژ دەدەن چونکە رێگەیەکی ئێجگار دووریان بڕی بوو بەتایەبت هێزی رۆما بە دوایانەوە بوو. کە لە خەو هەڵدەستن تەماش دەکەن دیوارێکی دارئەستوری گەورەی بەرز لە پشتیانەوە هەڵچنراوە و لە دەریاشەوە هیزێکی دەریایی گەورە بەرمابەریان وەستاوە. پلانێکی ئاوها خاڵی وەرجەرخان بوو لە تێکشکانی سپارتاکۆس. ئەمریکا لە چەندان لاوە گەمارۆی روسیای داوە بەڵام هیچیان وەک ئۆکراین هەستیار و ترسناک نین بۆیە گەر ئۆکراین ببێ بە ئەدنامی ناتۆ ئەوا چارەنوسی روسیا بە دەردی سپارتاکۆس دەچێ. دیارە چەکی ئەتۆمی رێژەیەکی زۆر لە ئەنجامی شەڕ دیاری دەکات بەڵام جوگرافیا رەگەزێکی ستراتیجیە بۆ حەسم کردنی جەنگێک. ئەم ترسەی روسیا لە هێڵی تەختانی باکوری ئەوروپا دڵەراوکێیەکی مێژوویی خۆی هەیە هەر لە پەلامارە سەربازیەکانی ناپلیۆنەوە تاکو هیتلەریش کە ئەو هێڵەیان بەکار دەهێنا بۆ داگیرکردنی روسیا بۆیە لە مێژە و بۆ هەردەم ئەم هێڵە لە بەردەم ستراتیجیستە سیاسی و سەربازیەکانی روسیادایە.(س٤)

گوتاری رەسمی سیاسی ئۆکراین
لە دوای کەوتنی سەرۆکی ئۆکراینی پێشووتر، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، ساڵی ٢٠١٤ کە حکومەتێکی پرۆ-روسیایی بوو ئۆکراین کەوتە دەست هێزە راستڕە و نازیزمەکانی ئۆکراینەوە. ئەم هێزانە خۆیان بە ئاشکرا دەیانگوت و ئێستەش دەڵێن کە بەڵێ ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە ناتزین، واتە هیتلەرین. ئەمریکا و ئەوروپا بە هەموو هیزێکی سیاسی و مالی و دپلۆماسی و سیخۆڕی و تەکنۆلۆجیەوە چوونە پاڵپشتی عەقڵێکی سیاسی لە ئۆکراین کە تاکو ئیستا جگە لە بیر و کردەی فاشیزم هیچی تریان لێ سەوز نەبووە. گوتارە سیاسیەکانیان، بەرخوردەکانیان، رەمزەکانیان هەمووی لە سەرچاوەی بیروباوەری فاشیزم ئاو دەخۆنەوە. من لێرەدا ناچمە سەر ئەو هێزانەی کە نازیزمی عەیارە بیست و چوارن بەڵکو تەنها ئاماژە بە یەک دوو کرداری سەرۆکی ئیستای ئۆکراین، ڤلادیمێر زیلینسکی، دەدەم کە گوایە میانڕەوە و بە ئاین جولەکەیە و ئەمەش ئەو دیعایانە رەت دەکاتەوە گەر ئەو و دەسەڵاتدارێتی سیاسی ئۆکراین بە فاشست لە قەڵەم بدرێ.
زیلیزنسکی پێش و پاش ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئۆکراین لە وتاری خۆی گوتی (ئۆکراین تەنها بۆ ئۆکراینیەکانە و ئەوەی بە زمانی روسی قسەدەکات ئەوا با ئۆکراین بە جێبهێڵێ.) لەسەر شەقامیش کاتێک گردبوونەوە روودەدات و قسەکەری سەر تەختەکە دوای ئەوەی چەندان قسە بە روسیا دەبێژێ، دەلێت هەڵبەزنەوە ئەوەی هەڵنەبەزێتەوە روسیە. ئەمە جگە لەوەی هەر کەس بە ژێر لێوەوە تەئیدی شتێکی روسیا بکات ئەوا بەر هێرشی جەستەیی دەکەوێ و رەنگە بشکوژرێ و کەسیش لەوانە ناپرسێتەوە کە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن. هەواڵەکانی ساڵانی رابردوو پڕیەتی لەم پێشێلکاریانە. بە کورتیەکەی لە دوای ٢٠١٤ ەوە دژە روسی و دژە روسیایی بوون گوتاری سیاسی باوی ئۆکراینە هەر لە سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و پارێزگارەکان تا دەگات بە هاوڵاتیەکی ئاسایی کە مەیلی سیاسی هەبێت. دیارە ئۆکراینی بێ شوماریش هەن کە لەگەڵ ئەم گوتارەدا نین بەڵام بە رادەیەک گەر هەر کەس و لایەنێک ئەم گوتارەی پێ قبوڵ نەبێ ئەوا بە تۆمەتی لایەنگری روسیا و تەنانەت سیخوڕی روسیا تاوانبار دەکرێ و رسوایی پێ دەکرد و لێی دەدرێ و بگرە هەندێ جاریش دەکوژرێت.

مەشقی سەربازی
هەر لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئۆکراین بوو بە مۆڵگەی دەزگای هواڵگری ئەمریکی، سی ئای ئەی. ئەرکەکانیان مەشق پێکردنی گروپە تایبەتەکانی دژەروسیایی بەتایبەت بەتالۆنی ئازۆف کە بەناوبانگە بە نازیزم و هەموویان وەک بەتالیۆنەکە هێمای هیتلەریەتیان کردووە بە قەددا و لە رووی سیاسی و فکریشەوە هەڵگری بیروباوەڕی ناتزیزمن. (٥) بەتالیۆنی ئازۆف کە نزیکەی هەزار کەس دەبن و مەشقی تایبەتیان پێکراوە و لە نزیک ناوچەی هەرێمی دۆنباسک جێگیرکراون و پڕ چەک کراون بە تەفنگ و تەقەمەنی ناتۆ. ئەو گولانەی ناویانە بە خەڵکی هەرێمەوە یاخود کە پێیان گیراوە مۆر یاخود هێمای ناتۆی لەسەرە.

بەتالیۆنی ئازۆف، بەهێترین هێزی سەربازی ئۆکراین

“سی ئای ئەی” لە پاڵ کارە سیخوڕیەکانی بەسەر هەموو شتێکی روسیاوە لە ئۆکراین مەشقی سەربازی تایبەتی بە هێزە سیاسیە راستڕە و نازیەکان کردووە چ لە ناو ئۆکراین و چ لە ئەمریکاش و دواتر هەموویانی لە هەرێمی دۆنباس لەبەرامبەر هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنتسک جێگیر پێکردن و بەتالیۆنێکی تایبەتی لێ دروستکردن بە ناوی بەتالیۆنی ئازۆف کە ئاڵای بەتالیۆنەکەیان و هێمای سەر جلوبەرگە سەربازیەکانیان خاچی هەڵگەڕاوەی هیتلەرە. لە سەدا ٧٥ی زیاتری دانشێتوانی ئەو دوو ناوچەیە روسی زوبانن و لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئۆکراینە راستڕەوەکان لە کییڤ، کە سەنتەری بیر و بزاوتی سیاسیان دژە روسی بوونە لە ئۆکراین، بڕیاری جیابوونەوەی قەوارەی سیاسی و کۆماری سەربەخۆی خۆیان راگەیاند لە ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٤ەوە. لەو دەمەوە ئەو بەتالیۆنە ئۆکراینیە بەردەوام هێرش و بۆردومانی سەربازیان بۆ سەر ئەو دوو ناوچەیە دەست پێکردووە و تاکو ئیستا، بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیوان ١٣ بۆ ١٧ هەزار روسی دۆنباسکی کوژراون بەهۆی بۆردومانی ئە وهێزانەوە ئەمە جگە لە وێرانبوون و سووتانی چەندان گوند و دەشتی بەروبومی ئەو دوو کۆمارە. لە هەمووی ترسناکتر، ئەو هێزە بە رادەیەکی هێندە رق ئەستوری مێشکیان پڕکراوە لە دژە روسی بوون. کاتێک هاوڵاتیانی (لۆهانسک و دۆنستک) دەکوشت کە زۆربەی کات هی دێهاتیەکانبوون و دەیانفڕاندن لەسەر لاشەکانیان هێمای راسڕەوی خۆیان بە خوێی تەرمەکە دەکێشا و دواتر وێنەیان لەگەڵ دەگرتن.

ئەفسەرە ئەمریکیەکە چی دەڵێت!
یەکێک لە هەر گرنگترین پەردەهەڵماڵینەکانی دەستێووەردانەکانی رۆژئاوا لە ئۆکرانیا ئەم ئەفسەرە ئەمریکیە دەیدرکێنێ. ئەفسەری کۆنی ئەمریکی, سکۆت رایتەر، لە رۆژی ١١ی مانگی ٣ی ئەمسالدا کۆمەڵێ دانپێدانانی بڵاوکردەوە کە هیچ گومانێک ناهێڵیتەوە بۆ ئەو رووداوانەی ساڵی ٢٠١٤ و دروستکردنی بەتالیۆنی ئازۆف و راسستڕەوەکانی تر ئەوان و بەریتانیا و کەنەدا مەشقی تایبەتیان پێکردوون و هێز و نفوزیان فراوانبوو بە اردەیەک کە چونە ناو هەموو جومگەکانی دەوڵەتەوە و دواتر بوون بە دەسەڵاتداری سیاسی ئەو وڵاتە کە هەرەشەیان لە سەرۆکی وڵات دەکرد گەر بێتوو بە قسەیان نەکات.(س٥) ئەو دەڵێ هێزی کەسایەتی سەربازی ئەمریکی و ئەوروپی لە مێژبوو پەیوەندیان بە نازیەکان و قەومیەکانی ئۆکرانیاوە هەبوو دەشڵێت “هەر ئەو کۆمەڵە و هێزە راسترەوانەمان هێنا و سەرۆکی شەرعی وڵاتمان، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، لەسەر کار لابرد.” (س٥) ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەو ئەفسەرە باسی دەکات، دەڵێ “ئەو نازیانە ئەوەندە بەهێزبوون کە توندوتیژیان جێگەی نیگەرانی بوو، تەنانەت هەرەشەیان لە سەرۆکی پێشووتری ئۆکرانیا، پەترۆ پۆرۆشینکۆ، کرد چونکە ساڵی ٢٠١٥ ویستی دان بنێ بە دۆخی تایبەتی هەرێم دۆنباسدا.” (س٥) لەمەش واوەتر، کار گەیشتە ئەوەی کە هەڕەشە لە زیلینسکی سەرۆکی ئێستای ئۆکرانیا بکەن کاتێک داوای لە ئازۆفیە نازیەکان کرد چەکەکانیان دابنێن، پێیان گوت: بێ دەنگبە. لە سێدارەت دەدەین گەر بێتو رێکەوتننامەی مینسک واژۆ بکەیت.” (س٥) رێکەتننامەی مینسک سالی ٢٠١٤ لە وڵاتی بێلاروس بەسترا لە نیوان روسیا و ئۆکرانیا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپی. دووەم رێکەوتننامەی مینسک مانگی دووی ٢٠١٥ بوو کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو ریكەوتنە دانپیدانان بوو بە دۆخی تایبەتی هەریمی دۆنباسکی زۆرینەی روسیدا. لەو دیمانەیەدا کە سکۆت ریتەر دەربارەی تاقگیە بایۆلۆجیەکانیش نهێنی ترسناک دەدرکێنێ بەڵام من تەنها ئەو بەشەم بۆ گرنگ بوو کە باسم لێکرد.

سکۆت ریتەر

تاقیگەکان
دروستکردنی زیاتر لە سی تاقیگەی بایۆلۆجی و کیمیایی وەها کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە لە روی خەتەری و دژە ئینسانی بوونەکەیەوە یەکیکە لەو بابەتە ترسناکانەی کە بە جاودێری و بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەچوو بەڕێوە. ئامادەکردنی سەدان باڵندەی ژمارە لێدراو بۆ بڵآوبوونەوەی نەخۆشی و کاری ژەهر رێژی لە ناو روسیا بە تابەتی بۆ ئەوانەی دی ئێن ئەی سلاڤیان هەیە ئەوا راستەوخۆ ئەم باڵندە بە ژمارەکراوە دەنیشێتە سەر ئەو کەسانە. لەمەش زیاتر بەڵگە دەسکەوتوون کە کۆرۆنا لەوێدا تاقی کراوەتەوە و کوڕەکەی بایدن بە ناوی هەنتەر بایدن بەپرسی ئەو تاقیگانە بووە کە لە پاڵ ئیشی نەوت و گازەکەیدا خەریکی ئەم کارانە بووە. ئەو بەڵگانە هێزی سەربازی روسی دەستی کەوتوون لەم پەلامارە سەربازیەیدا بۆ سەر ئۆکراین کاتێک کۆمەڵێ شوێنی نهێنیان دۆزیەوە. یەکەم جار، ئەمریکا نەهی لێ دەکرد بەڵام دواتر دانیان پیدانا. لە رۆژی٨ی مانگی ٣ی رابردوو جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند ٢٠١٣-٢٠١٧، لەبەردەم لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکی دانی پێدانا کە ئەمریکا تاقیگەی کیمیایی و بایۆلۆجی هەبووە و چالاکیش بووە لە ئۆکرین. (س٦)

وێنەی تاقیگەی بایۆلۆجیەکە، کەناڵی فرە دەنگ و باسی هندستان بە ناوی “ویۆن” رۆژی ٨ی مانگی ٣ی رابردوو بڵاوی کردۆتەوە
https://www.wionews.com/world/found-30-biological-labs-in-ukraine-possibly-for-bioweapons-claim-russian-forces-460189

تێگەیشتنە نوێیەکان
بۆ ئەوەی لە کێشە و تەنگژە و رووداوەکانی ئیستا تێبگەین پیویستیمان بە چەمکی نوێ یان تێگەیشتنی نوێ هەیە. ئەو وشە و دەستەواژە و بابەتانەی گرنگ بوون و پیرۆز بوون چیتر مانایەکیان نیە نە بۆ تێگەیشتن و نە بۆ بەردەوام بوون. داگیرکاری و نیشتمان ئەو دوو چەمکەن کە ناتوانین هەمان قورسایی و باس و خواس و دیدی سەدەی رابردوومان بۆ هەبێ. سەدەی ئیستا سەدەی بەجێهێشتن و راکردنە لە نیشتمان، سەدەی نابوکردن و مردنی نیشتمانە لە دڵی مرۆڤەکاندا، دوو سێ دەیەی رابردوو، کە ئیستەش هەر بەردەوامە، پیشانیدا کە لە لای ملیۆنان مرۆڤ نیشتمان ئەو شوێنەیە نانێک و ئارامیەکت تێیدا دەست بکەوێ هەرچەندە هیچ رەگێکی رابردووی تۆی پێوە نیە. گەر ئەم تێگەیشتنە لای چین و توێژانەی کۆمەڵەگە کە زۆربەی خەڵکانی ، ئەم تێگەیشتنە لای سەرمایەدارەکانیش هەروایە بەڵام بە شێوەی پارە، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە بەرهەمهێنانی تیدا دەکات و سەرمایەی لێ کەڵەکە دەکات. ئەوەی جاران چەمکی نیشتمانی لە لای مرۆڤ شیرین کردبوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئازیزی و دۆستی و عاشقی و گیانی سەربەستی و ئازادی میللی و نەتەوەیی و هزر و جوڵانەوەکانی لە پەیوەست بەمانەوە بوو. ئێستا چیتر نە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و نە هاوڕێیەتی و دۆستی و نە عەشق و خۆشەویستی و نە رێز و پیرۆزی خێزان و سەربەخۆیی وڵات و خاک وەک خۆی نەماوە، چەمکی داگیرکاری و نیشتمان و داکۆکی لە خاک و ئاوی وەتەن مانایەکی نەماوە،
گەر چەمکی نیشتمان لای ئۆکرانیەکان گرنگ و پیرۆز بوایە ئەوا هەر لە یەکەم رۆژەوە بە هەزارانیان و دواتر ملیۆنانیان بەرەو سنورەکانی وڵاتانی تر رایان نەدەکرد ونێشتمانیان بە جێنەدەهێشت و ئاوارەی وڵاتە ئەوروپیەکان وکەنەدا نەدەبوون. جەنگە نوێیەکانی دنیا بە جۆرە چەکێک دەکرێن کە توانانی بەرگری کردنی هاوڵاتیەکی ئاسایی یان سەربازێکی ئاسایی نیە وەک چۆن جاران بۆ داکۆکی لە نیشتمان لە بەرامبەر تۆپ و دەبابە و تەیارە و هەلیکۆپتەدا بوو. چەکی دەنگی و ئەتۆمی ئاسمانەکانیش ناتوانن بەری پێبگرن و ئەوەی وا لە هاوڵاتی ئۆکراینی دەکات هەڵبێ و ئاوارە بێت لەم تێگەیشتنە حازر بە دەستەوەیە کە هەموو هاوڵاتیەکی ئەم جیهانە دەزانێ و بەتایەبت دراوسێکانی روسیا کە شەڕکردن لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەربازی ئێستا ئەستەمە. ئەمە جگە لەوەی خەڵکی ئۆکراین لە یەکەمین رۆژەکانی شەڕەوە بۆیان دەرکەوت ناتۆ و ئەمریکا تەنها بەکاریان دەهێنن و بۆ چەندەمین بار وڵاتەکەیان دەبێتەوە شوێنی جەنگێکی گەورەی وەک لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا بوو. جا بەرگریکاری و داکۆکی لە نێشتمان و خاک داگیرکردن ئەو چەمکانەن چیتر مرۆڤی پێ هەڵناخەڵەتێنرێ بەتایبەت دەبینن خودی ئەمریکا و ناتۆ بە ئاشکرا پێیان دەلێن ئێمە ناچینە شەڕەوە لەگەڵ روسیادا چونکە دەبێتە جێگەی بەکارهێنانی چەکە قورسەکان کە جیهان لەگەل خۆیدا تەفروتونا دەکات.

ئەوەی شەڕی هێزی روسیا دەکات ئەو هێزە راستڕە و فاشستانەن کە ئەمریکا مەشقی پێکردوون و بۆ مەبەستی دژە ورسیای ئامادەی کردوون نەک بۆ دادکۆکی لە خاک و وڵاتەکەیان. دوای دوو هەفتە لە پەلاماری سەربازی روسیا بۆ ئۆکراین، جۆزیپ بۆریڵ نمایندەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیساسەتی نەتەوەیی رۆژی ٧ی مانیگی ٣ی رابردوو رایگەیاند کە ژمارەی ئاوارەبوونەکان خۆیان دەدەن لە پێنچ ملیۆن گەر روسیا بەردەوام بێت لە شەڕ. (س٧) لەمەش واوەتر، جوار رۆژ دوای قسەکانی جۆزیپ بۆرێڵ واتە ١١رۆژی ١١ی مانگی سێ قسەکەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرێتی لە سویسرا، کارین کەڵەر شەتەر، رایگەیاند گەر پەلامارەکانی روسیا ئاوها بەردەوام بێت ئەوا هەفتەی ملیۆنێک ئۆکراینی ئاوارە دەبن. وەزیری دادی سویسریش کە گوتی نەتەوە یوکگرتووەکان پێیان راگەیاندووم کە ژمارەی ئاوارەی ئۆکرانی لەوانەیە خۆی بدات لە ١٥ ملیۆن کەس. (س٨)
لەو رۆژەوەی روسیا پەلاماری ئۆکراینی داوە، خەڵکی ئۆکراینی بە لێشاو ناوی خۆیان دەنوسن تا بگەنە کەنەدا و دائیرەی کۆچ و پەنابەرێتی وڵاتی کەنەداش دەرگای بۆ خستوونەتە سەر پشت و بە ئاسانترین شێوە قبوڵیان دەکات. باشە پرۆفیسۆریۆڤاڵ نەوا هەراری ئاخۆ دەبێ نەزەرەکانی خۆی چۆن ببینێتەوە لەبەر رۆشنایی ئەم داتایانەدا. ئەم پرۆفیسۆرە کێیە و چی نوسیوە لەسەر شەڕی روسیا-ئۆکراین.

یۆڤاڵ نەوا حەراری و ئۆکراین
یۆڤاڵ نەوا حەراری لە ناو خوێنەرانی کورددا ناسراوە بە کتێبەکانی لەوانە “عاقڵ: مێژوویەکی کورتی مرۆڤ.” بەهۆی ئەوەی ئەو کتێبەی سەدایەکی دایەوە و خوێنەری کوردیش بێ کالعادە کەوتنە سەروسەودا بە دوای کتێبەکانیدا بێ هیچ پاشخانێکی زانیاری و رۆشنبیری لەو بارەیەوەی ئەو لەسەری نوسیوە. لە یەکەم هەفتەی هێرشە سەربازیەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین وتارێکی نوسی بە ناونیشانی (بۆچی ڤلادیمێر پۆتین جەنگەکەی دۆڕاندووە؟) و سایتی کوردڕآوم وەریان گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. یۆڤاڵ نەوا پرۆفیسۆرێکی گەنجە و لەگەڵ ئەوەی دکتۆراکەی لە سەر مێژووی سەدەکانی ناوەآڕستە بەڵام سیاسەت و مێژووی سیاسەت و زانستی سیاسی شتێکە هەموو کەس ناتوانێ بە ئاسانی ئەسپی خۆی تێدا تاو بدا. خۆزگە هەموان کاتیان دەبوو ئەو وتارەیان دەخوێندەوە و تا بزانن ئەو بوارەی ئەو کتێبەکانی تێدا دەنوسێ ئێجگار دوورە لەو بابەتە سیاسیەی ئەو شتی بۆ نوسیوە. وتارەکەی هێندە کرچ و کاڵ و ئاست نزمە هەر دەڵێی گەنجیکی پەست و هەرزەی سیاسی و خوێن گەرمی لە ناو گۆرەپانی مەیدانی کییەڤ نوسیوێتی نەک پرۆفیسۆرێک لە زانکۆیەک.

ئەو خالانەی ئەو لەوێدا باسیان دەکات وتنەوەی هەمان ئەو تاس و حەمامانەی میدیای رەسمی غەرەبیە بە تایبەت ئەمریکی چونکە هەموو کێشەکان لە کەسێکدا بەرجەستە دەکات کە ڤلادیمێر پۆتینە و تایتڵی وتارەکەشی بەو ناوەوەیە. ئەمە جگە لە تێڕوانینێکی مەبەستداری تێکدەرانە بۆ لە بەڕێدابردنی تێگەیشتینی راستیە سیاسیەکان هیچی تر نیە چونکە ئەو رەهەندە سیاسی و سەربازیانەی ئەو لەوێدا باسیان دەکات ئەم دوو سێ هەفتەیەی دوایی شەڕ هەمووی هەڵوەشاندەوە. بۆ نموونە پێی وابوو لە ماوەیەکی دوو سێ هەفتەییدا روسیا ئۆکراین داگیر دەکات و حکومەتێکی پرۆڕوسیایی دادەمەزرێنێ و بەڵام ئۆکراینیەکان ناهیڵن تێیدا بحەسێنەوە. ئەو تێزە سەربازیەی لە ئەزمونی پەلامارە سەربازیەکەی عێراق و ئەفغانساتنەوە وەرگرتووە و وادەزانێ لە هەموو هەورێک بارانە. دیتنی پلانە سەربازیەکان و بڕیاری بڕەر لەسەریان کارێکی ئاسان نیە و تەنانەت خودی هێزی ۆەلاماردەر ناتوانێ ئاسۆیەکی روونی پێ بێ کە پلانەکە جێ بە جێ دەبێ وەک نەخشەی بۆ دانراوە، بەڵکو ئەگەرەکانی کە دێتە پێش ئەوە پلانەکان دەنەخشێنێتەوە.

یۆڤاڵ نەوا هەراری

لە وتارەکەیدا دوو وتەی دەهێنمەوە، یەکێکیان سیاسی و ئەوەی تر سیاسی فکریە. یەکەمیان دەڵێت ” روسەکان رەنگە ئۆکراین داگیر بکەن، بەڵام ئۆکرانیەکان لە جەند رۆژی رابردوودا ئەوەیان سەلماند کە ناهێڵن روسیا وچانی تێدا بدات و بەڕێوەی ببات.” (س٩) بە لەبەرچآوگرتنی ئەو زنایاریانەی یەکێتی و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەرباترەی راکردن و ئاواربوونی ١٥ ملیۆن ئۆکراینی، ئاخۆ یۆڤاڵ دەبێ هەمان قسەی هەبێ و بە خۆیدا نەچێتەوە و بڵێ پەلەم کرد لە رایەکانم. ئایا یۆڤاڵ نازانێ ئەوەی شەڕی کۆڵانە و کۆڵان روسیا دەکات هێزە راستڕەوە دژە روسەکانن. ئەەگر وانیە ئاخر مەعقولە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات دەسبەرداری ماڵ و حاڵ و وڵاتیان ببن و روو لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بکەن. گەر چەمکی داگیرکاری مانایەکی بمایە ئەوا لە هەفتەکانی یەکەمدا پێنچ ملیۆن کەس ئاوارە نەدەبوون و دژی داگیرکاری ولاتەکەیان دەجەنگان بەڵام ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە کە ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات داگیرکاری ولاتێک نیە بەو مانا سادەیەی یۆڤاڵ باسی دەکات. بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی دنیا چەمکی داگیرکاری چیدی ئەو رەهەندە کۆنینەی نەماوە و بگرە لەوانەشە لە جوڵانەوەی سیاسی و فکری نوێدا ئەو جێگەیەی نەمێنێ. کاتێک وڵاتێک پەمالار دەدرێ و لە هەر هەفتەیەکدا ملیۆنێک رابکات ئەوا داگیرکاری نیە بەڵکو شتێکی ترە کە پرۆفیسۆری گەنج، یۆڤاڵ هەراری، درکی پێ ناکات. خەڵکی سادە دەزانن ئەوەی دەگوزەری تەلەیەکی ئەمریکا بوو بۆ روسیای دانا لە خاکی ئۆکرایندا و ئەو تەڵەیە روسیای پێوە نەبوو بەڵکو ئۆکرانیای پێوە بوو بۆیە وڵات بەجێ دەهێڵن و ئەوانەی شەڕ دەکەن ئەوانە بۆ ئایدیۆلۆجیای خۆیان شەڕ دەکەن و پەیوەندی نیە بە ژیان و گوزارانی ئەوانەوە بەڵکو حوکمی هەشت ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەوان پیشانیدا لە سەرکوت و فۆبیای سیاسی و گەندەڵی و بارودۆخی خراپی ئابوری و کردنی وڵات بە مۆڵگەی سیخوڕێتی و تەراتێنی ئەمریکایی تێیدا ئەوەی بەرهەم هێنا خەڵک شەڕ نەکەن و رەو بکەن.

زانستی سیاسی زانستێکی سەربەخۆیە و وەک زانستەکانی تر نیە بۆ نموونە مێژوو کە شتەکان روویانداوە و نوسراونەتەوە جا درۆبن یان راست و چۆتە مۆزەخانەی مێژووەوە بەڵام زانستی سیاسی زانستێکی بزاوت و پڕ جوڵەیە و کەس ناتوانێ پێشبینی و پێشهاتی لە سەدا سەدی رووداوەکان بکات بەڵکو شیکارکاری ئەو رووداوانە دەکات کە ئەو رۆژە یان رۆژگارە لەبەردەمیدا روو دەدەن. شرۆڤەکاریەک کە نەزەر و داتای مەلموس و بەڵگە و رەئی سیاسی و فکری تێدا دەخرێتە روو کە هەندێ جار پێت دەلێ هاوکێشەی ئەو رووداوانە بە ئەگەری زۆر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێ وەک چۆن پێش و لە سەرەتای هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەزانرا کە روسیا ئەو شەڕە حەسم دەکات چونکە هاوسەنگی هێزەکان وایان دەگوت نەک گوتاری سۆزداری و قسە و دروشمی بریقەدار. دەرکەوت ئەوەی نەوا هەراری پێی وابوو روسیا “بەخێرایی، بەزەبرێکی زۆر لە ئۆکرانیا بدات و، حکوومەتێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات، پاشان ڕژێمێکی داگیرکاریی لە کیڤ دابمەزرێنێ” (س٩) وانەبوو بەڵکو ئامانجەکانی روسیا لەوە زیاتر بوو وە هیرشی ئۆکراین چەندان رەهەندی تری پێکا و ئاسۆی تری کردەوە کە لە چآوەڕوانی زۆر کەسی شارەزا و پسۆپڕدا نەبوو لەوانە هاتنە ناوەوەی رۆبڵی روسی، دروستکردنی بەرەی رۆژهەڵات وەک چین و روسیا و هند و تێکشکانی ئەفسانەکانی لیبراڵ دیموکارسی و ..هتد.

گەر هەراری ئەوەندە ئاگای لە سیاسەت و مێژووەکەی هەبوایە دەیزانی کە چەندە روسیا بۆ سەر ئۆکراین هەڕەشە بووبێ ئەوا ئۆکراین دە ئەوەندە هەڕەشە بووە بۆسەر روسیا لەبەر رۆشنایی ئەو زانیاری و بەڵگە و باسانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان.
دووەمیان دەڵێت “رق شتێکی ناشیرینە، بەڵام بۆ نەتەوەی بندەست: رق گەنجینەیەکی حەشار دراوە، لە قوڵایی دڵدا نێژراوە کە بۆ چەندین سەدە هەستی بەرگری بەهێز دەکات.” شەرعیەتدان بە رق و تیئۆرەکردنی رق بەهۆی رووداوێکی پلان بۆ دانراوی ئاشکراوە جگە لە دەبەنگیەک هیچی تر نیە چونکە هیچ هزرێکی سالم و مرۆڤدۆستی بە دوای رۆنانی رقەوە نیە لە ناو میللەتەکاندا مەگەر یۆڤاڵیش ببێتە نیتچە و هایدگەر. باشە پرسیارێکی مۆراڵی لە یۆڤاڵ: ئایا ئەوەی بۆ یۆکرانیەکان دەیڵێ کە رق هەڵبگرن لە روسیا ئایا بۆ فەلەستینیەکانیش دەیڵێ کە رق هەڵبگرن لە ئیسرائیل؟ ئایا وتارێکی لەم شێوەیەی بۆ “داگیرکاری و رقی” فەلەستینیەکان نوسیوە یان بانێکە و دوو هەوا. وەک خۆیان جۆرناڵیستە غەربیەکان و میدیاکانیان دەڵێن ئاخر ئەمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە ئەمە ئەوروپایە ئەوروپا. ئەمانە سپی پێستن و قاوەیی و ئەسمەر نین کە ئاوارە ببن. ئەم وتەیەی دوایی یۆڤاڵ شت زۆر هەذڵەگرێ قسەی لەسەر بکەی بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە بەسە.

سێ پرۆفیسۆری جیاواز و یەک بیروڕا لەسەر ئۆکراین
سێ پرۆفیسۆری بە ناوبانگ و بە توانای بواری زانستی سیاسەت، نعوم چۆمسکی و دەیڤید هارڤی و جۆن مێرشایمەر، لەگەڵ ئەوەئ ئەم سێ کەسە سەر بە سێ قوتابخانەی سیاسی هزری جیاوازن هەر سێکیان و هەر یەکەیان لە شوێنێکەوە قسەیان کردووە لەسەر تەنگژەی ئۆکراین هەمان دید و بۆچوونیان هەیە. چۆمسکی وەک لیبراڵێک و هارڤی وەک چەپێکی مارکسی و مێرشایمەر وەک موحافەزەکارێک یاخود ناسیۆناڵیستێک پێێان وایە ئەمریکا و ناتۆ بەرپرسی یەکەمن لە هەڵایسانی ئەو شەڕە. دیارە لەوە ئاسانتر نیە لایەنێک مەحکوم بکەیت و ئەوی تر بە قوربانی لە قەڵەم بدەی وەک خەتی رەسمی رۆژئاوایی و زۆرێک لە چەپەکان دەیکەن. خالی بنەرەتی بۆ تێگەیشتنی ماددی لە شەڕ ئەو هێزانەن کە خەریکی گرکردنەوەی ئەو تەڵە دڕکانەن کە دەچەقن بە پێی ئەو هیزەدا کە دەیانەوێ تێوەبگلێ لە تەنگژەیەک کە ریشەی هەیە یاخود دروستی دەکەن تاکو شەڕ هەڵبگیرسێ و ئیدی سیاسەتەکانی خۆیانی لێوە ببەنە پێش.

لە مێژە و بە دیاریکراوی بە شێوەیەکی رەسمی سێ و چوار ساڵ دەبێ روسیا داوا لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات پابەند بن بەو رێکەوتنەی ساڵی ١٩٩٠ ەوە کە لە نیوان سەرۆکایەتی هەردوو لایەنی روسی و ئەمریکی-ناتۆ کراوە کە تێیدا روسیا داوایان لیدەکات ئەمان دەسبەرداری ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەبن بەو مەرجەی ناتۆ لەوە زیاتر واتە لە ئەلمانیا واوەتر پەل نەکێشێ. ناتۆ هیچ پابەندیەکی هیچ پابەندبوونێکی بەم رێکەتونەوە نەکرد و ساڵ دوای ساڵ وڵاتانی کۆمارە کۆنەکانی یەکێتی سۆڤیەتی یەک یەک کرد بە ئەندمای ناتۆ. کاتێک مەسەلەکە هاتە سەر ئۆکراین روسیا ئەمەی بە خاڵی سوور دانا و داوای لە ناتۆ کرد کە ئەوە بڤەیە و لە بەشەکانی سەرەی ئەم نوسینەدا ئاماژەمان پیدا بۆچی بۆ روسیا بابەتی بە ئەندام بوونی ئۆکراین لە ناتۆ خەتی سوورە. ناتۆ وتیان جارێ لە پلانماندا نیە ئۆکراین بکیەن بە ئەندامی رێکخراوەکەمان. روسیا لە پێنچ شەش مانگی رابردوودا بە رەسمی نامەیەکی دوورودرێژی نارد بۆ ناتۆ و داوای لێکردن کە واژۆی لەسەر بکەن کە ئۆکراین ناکەن بە ئەندامی ناتۆ و بۆ ئەمەش کاتێکی دیاریکراوی دانا کە تا کۆتایی ساڵی رابردوو بوو. ئەو بەڵەگەیەش کە ناتۆ دەبێ ئیمزای لەسەر بکات دەبێ وەک بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی سەیربکرێ و دابی پیدا بنرێ و روسیا لەمە زتار قبوڵ ناکا ئەگەرنا ئەوا پلانی ترمان هەیە.

ئەم وێنەیە و بەڵگەنامەکە لە لایەن روسیاوە بڵاوکراوەتەوە. رۆژی ١٥ی مانگی ٨ی ١٩٩٠ لە روسیا گیراوە. لەوێدا سەرانی ناتۆ و بلۆکی رۆژئاوایی بەڵێنی ئەوە دەدەن کە ناتۆ لە لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە مەودای خۆی لە سنوری ئەلمانیاوە فراوانتر ناکات . (س١٤)

دیارە ناتۆ، کە ئەمریکا و بەریتانیا سەردارن تێیدا، بە رەسمی ئەو داوایەی روسیایان رەتکردەوە و وتیان ئێمە ناچینە ژێر ئەو بارە. روسیا لەوە تێگەیشت کە غەرب لە ئایندەیەکی دووردا دەیانەوێ روسیا وەک یۆگسلاڤیا لێ بکەن و ئۆکراین دەروازەیە بۆ ئەو مەوزوعە بۆیە خۆی کەوتە خۆی بۆ دابینکردنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆی. ئۆکراین بۆ روسیا مەسەلەیەکی تەواو ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی روسیایە کە مان و نەمانی پێوە بەستراوەتەوە بۆیە دەستی کرد بە هێرشی سەربازی و ئەم کردەیەشی ناو نا پرۆسەیەکی سەربازی تایبەت کە ئامانج لێی بێ چەک کردنی ئۆکراین و دەرهێنانی لە بازنەی رۆژئاوایە. لەمەش زیاتر روسیا چەندان جار گوتیان کە ئێمە ئامادەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین گەر هەر کەس دەست بهێنێتە رێگامان.

نعوم چۆمسکی، دەیڤد هارڤی، جۆن میرشایمەر

ئەمانەی کە من لەسەرەوە باسم کرد هەر سێ پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان باسیان کردووە لە پێشباری قسەکانی خۆیاندا و من تەنها ئەو چەند دێڕەی ئەوان دەهێنمەوە دەربارەی تەنگژەکە. بۆ نموونە نعموم چۆمسکی دەڵێت “گەر بێتو دڵەراوکییەکانی پوتین لەبەرچاو بگیرایە سەبارەت بە ترسی بە ئەندام بوونی ئۆکراین لە ناتۆ ئەوا بێگومان شەڕەکە دەکرا بەری پێ بگیرێ گەر هاوپەیمانی ناتۆ بازنەی ئەندامێتی خۆی فراوان نەکردایە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە. بگرە، گەر پەلکێشی ناتۆ بەشێویەکی دۆستانە بکرایە، دەکرا ئاسایشی روسیاشی ببوایە بە بەشێک لەو فراوان بوونە.” (س١٠) دەیڤد هارڤی وەک چەپێکی مارکسی هەمان شت دەڵێت “ئەو رەهەندانەی ئێستا لە کێشەی ئۆکرایندا دەبینین راستەوخۆ پەیوەندی بەو رۆژگارەوە هەیە کە بەڵینێکی پەمەیی درا بە روسیا لە دەمانی نەمانی بلۆکی سۆڤیەتیدا.” (س١١) پرۆفیسۆر جۆن مێرشایمەریش هەمان ناوەڕۆکی چۆمسکی و هارجی دەڵێتەوە بەڵام بەشێوەیەکی روونتر و دۆخئامیزی تر. ئەو دەڵێت “ئۆکرانیەکان گەر عاقڵ بن دەبێ خۆیان بە تەڵاقدان بدەن لەگەل ئەمریکادا و بچن لەگەڵ روسیا دابنیشن و کێشەکانیان حەل بکەن. روسیا گەر جەنەگەکەش نەباتەوە ئۆکراین دەکاتە خۆڵەمێش. ئەمەش شتێکە ئۆکرانیەکان نایانەوێ بیبینن. تۆ کە دراوسێکەت گۆرێلایەک بێت واباشترە بیکەیت بە هاورێی خۆت و هەرگیز لە خۆتی نەوروژێنی.” (س١٢) لە ئاخاوتنێکی تردا دەلێت “دار تێوە مەژنە بە ورچدا یان دار مەکە بە چآوی ورچدا چونکە نەک هەر لێت رادەپەڕێ بەڵکو پەلاماریشت دەدا. (س١٢) بۆ ورسیا رێک ئاوهایە کە ئۆکراین دەزانێ ئەمریکا و ناتۆ دوژمنی ئەون و پێگەی ئۆکراینیش ئاوهایە کە نەبێت بە ولاتێکی ناتۆیی و ئەمەی پێوتراوە لەو کاتەوەی ولاتیان دروست بووە، کەچی رێک بە پێچەوانەی ئەمەوە دوژمنە سەرسەختەکەی روسیای دراوسێت بهێنی و خەندەقی بۆ لێ بدەی لە بەرامبەر ماڵی دراوسێکەتدا و رۆژ تا ئێوارەش میللەتەکەی خۆت جۆش بدەی بە سیاسەت و دروشمی روسیایی دراوسێت و بگرە هەرەشەی تا رادەی لە ناوچوونیان لێ بکەی ئاخۆ دەبێ ترس و هەڵوێستی ئەو دراوسییە چی بێ بەرمابەر بە تۆ. زیلینسکی و ئۆکراین لە مانای ئەم دراوسێتیە تێنەگەیشتن و لەەبر بێگانەیەک هەم دراسێکەیان لە خۆیان کرد و هەم ماڵی خۆشیان وێرانکرد.

وشەی کۆتایی
سیاسەت دروشم و هاوار و قسەی سۆزداری نیە بەڵکو عەقڵێکە و هەموو سیاسی و سەرکردە و وڵاتێک لێی تێناگات لەوانە زیلینسکی ئۆکرانیا. لێرەدا نامەیەکی جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی باس دەکەم کە دەقی نامەکەم لە لا نیە و تەنها لە هەوالەکانەوە دوو سێ ساڵ پێش ئیستا گوێ بیستی بووم بۆیە تەنها بیرۆکەی ئەو نامەیە باس دەکەم کە چ رەهەندێکی قوڵی تێگەیشتن لە سیاسەت و هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکانی تێدایە. ساڵی ٢٠١٩ کاتێک رۆژاڤای کوردستان زانیتیان ئەمریکا و غەرب پشتیان تێکردوون و تورکیایان دەست ئاوەڵا کرد لەوەی هەندێ ناوچەی کوردستانی سوریا بگرێت، جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزە دیموکراتەکانی سوریا، نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، نارد و تێیدا دەڵێت لە نیوان بە کوشتارگەیی کردنی خەڵکەکەم و لە دەستدانی پارچەیەک لە خاکەکەم ئەوا بژاردەی یەکەمیان هەڵدەبژێرم. ئەو دەیزانی هێزی تازە و گەنج و شەڕکەر چەندە مەبدەئی و بە جەرگ و چاونەترس بن ناتوانن بەرگەی ئەو سوپا سەدان ساڵە گەورەیەی تورکیا بگرن کە بە پێشکەوتووترین و قورسترین و گرانترین چەکی تازە داهێنراوی غەرب لەگەڵ ئایدیۆلەجیتەکی سیاسی ئاینی و فاشیانەدا هێرش دەکەنە سەریان.

ڤلادیمێر زیلینسکی و جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی

بۆ زیلینسکی، حالەتەکە قورستر و گرانترە چونکە روسیا هەر بە تەنها بەهێترین دەولەتی سەربازی دنیا نیە و بەس بەڵکو قوتبێکی جیهانی گەورەیە و خاوەن گەورەترین کۆگا و بنکەی ئەتۆمیە لە جیهاندا و لەهەر چرکەیەدا ئامادەیە بەکاری بهێنێ گەر بزانێ بوونی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم هەرەشەیە لە زاری یەک بە یەکی بەرپرسە گەورە سیاسی و سەربازیەکانی روسیاوە دووپات کراوەتەوە. هەرچەندە زیلینسکی لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەوە داوای دانوستان و دانیشتنی تایبەتی کرد لە پۆتین بەڵام ئەمریکا و هێزە سەربازیەکەی ئۆکراین نەیانهێشت ئەوە بکات. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و ئەوروپا یەکبینە دووپاتیان کردۆتەوە کە ئامادەنین یەک سەرباز بنێرن بۆ شەڕی ئۆکراین و تەنها ئامادەن پارە و چەک بنێرن؛ کەچی زیلینسکی هێستا لەوە تێناگات کە خۆی و وڵاتەکەی و میللەتەکەی حسابی مەقاشێکیان بۆ دەکرێ کە دژ بە روسیا بەکاریان دەهێنن و هیچ تر. لەگەڵ ئەوەی چەندان جار زیلینسکی رەخنەی گرتووە لە گەرب و گلەیی ئەوەی لێکردوون بۆ نایەن یارمەتیمان بدەن کەچی هێشتا دەمدرێژی دەکات بەرامبەر روسیا لە کاتێکدا شارەکانیان یەک بە دوای یەک بۆتە کەلاوە. تەنانەت ژیانی خۆی لەبەر رەحمی روسیادایە بەڵام روسیا نایەوێ بیکوژێ. بە دەردی جەنەراڵێکی روسی گوتی ئێمە نامانەوێ بیکوژین بەڵکو دەمانەوێ ناچاری بکەین و بێت هەندێ ئیمزامان بۆ بکات.

زیلینسکی ئەو نموونەیەیە کە هیچ کات ئەکتەرێک ناتوانێ شوێنێکی سیاسی و سیاسیەک ناتوانێ شوێنی ئەکتەرێک بگرێتەوە چونکە دەورەکان جیاوازن. سەیری پەرلەمانی کوردستان بکەن بزانن کێ و چی تیایە بۆیە دەبینین جگە لە مەهزەلەیەک شتێکی تر نیە. ئەو یاریە مەگەر هەر لە رۆژئاوا رووبدات کاتێک ئەکتەرێکی وەک رێگان یان مۆدێلێک دەبێتە سەرۆک ولاتێک ئەمە جگە لە کوشتنی روۆی سیاسەت و سوککردنی سیاسەت وەک زانستیک هیچی تر نیە. دیارە ئەوانە بە لەشکرێک لە اروێژکار و مامۆستای سیاسی دەورەدراون و وشەیەک چیە ناتوانن بێ پرسی ئەوان بیڵێن؛ بەڵام بۆ کەسێکی وەک زیلینسکی کە بوکەڵەی دەستیئەمریکا بوو وە بە پشتیوانی و فڕوفێڵی ئەوان هاتە سەر حوکم و کاتێک ناتوانێ ئەو دەورە ببینێ وەک ئەوان ئەوا وڵات دەبێ بەو پەندەی کە لە مێژووی خۆیدا نەیدیوە و لەم دنیا گەورەیەدا بە بەرجاوی هەموو جیهانەوە وڵاتێک دێت و رۆژ بە رۆژ ولاتەکەت کاول دەکات و کەسیش ناتوانێ بڵێ لەل، بەتایبەت ئەوانەی توشی ئەم بەڵایەیان کرد لە هەموان خراپتر پشتیان تێکرد.

دیپلۆماتی ئەمریکی خانەنشین، چاس فریمان، لە وێبسایتی “ذە گرەی زۆن” رۆژی ٢٨ی مانگی ٣ی رابردوو بە تایتڵێکی گەورە وتارێکی نوسیوە و دەڵێت “تاکو یەک ئۆکراینی بمێنێ ئێمە شەڕی روسیا دەکەین.” ئەمە لە میدیا غەربیەکانەوە وەک پشتیوانیەک و وتارێکی زۆت گرنگ تەماشا دەکرێ بەڵام ئەمە جگە لە ئیهانەکردنێک و گاڵتەپێکردنێک بە خەڵکی ئۆکراین هیچی تر نیە. پەیامەکەی زۆر روونە کە ئێمە ئێوە بە کوشت دەدەین تاکو دوایین کەستان بمێنی. زیلینسکی رۆژانە گوێبیستی سوکایەتی و رسوایی پێکردنی ئاوهایە کەچی هیشتا دەیەوێ خۆی وەک سەرۆکێکی خاوەن کەسێتی و جەنگ نمایش بکات لە کاتێکدا، بەو هەموو پیودانگە سیاسی و زانیاری و داتایانەی سەرەوە، کەسی ئاوها جگە لە فس فس پاڵەوانیک هیچی تر نیە.
وەک پرۆفیسۆر جۆن میرشایمەر وتی گەر دراوسێکەت گۆرێلا بوو مەیکە بە دوژمنی خۆت یاخود گەر دراوسێکەت گەر ورچ بوو ئەوا داری تێوە مەژەنە یان دار مەکە بە چاویا چونکە لێت رادەڕێ و خراپیش پەلامارت دەدات، زیلینسکی گەر جاران ئەکتەریکی کۆمیدی ناو هونەر بوو ئەوا ئیستا ئەکتەرێکی کۆمیدی تراجیدی ئەڵقە لە گوێی ناو دنیای سیاسەتە کە نە لە هاوسەنگی هێزەکان و نە لە ئامانجە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکا و نە لە بودەڵی ئەوروپا تێگەیشت. کردنی ئۆکراین بە سەرچاوەیەک لە هەموو ئاستەکانی سیخوڕی و زانستی بایۆلۆجی و گوتاری سیاسی و سەربازی بۆ ولاتانی تر بۆ هەڕەشە لەسەر روسیا جگە لە وێرانبوونی وڵاتەکەی خۆی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە هاوڵاتیانی خۆی و نادیاری چارەنوسی ئەوروپا و بگرە جیهانیشی لەگەڵ خۆیدا خستە بەردەم ئایندەیەکی رەشەوە.

نوسینی: ئیدریس مستەفا
رۆژی ٤ی٤ی ٢٠٢٢

——————————————————————

سەرچاوەکان:

  1. https://theconversation.com/ukrainian-and-russian-how-similar-are-the-two-languages-178456#:~:text=As%20Russian%20and%20Ukrainian%20diverged,about%2062%25%20of%20their%20vocabulary.
  2. https://indepthnews.info/index.php/opinion/5106-ukraine-should-have-a-policy-of-non-involvement-with-nato-opined-zbigniew-brzezinski
  3. http://marketoracle.co.uk/article24756.html
  4. https://www.clovisinstitute.org/north-european-plain/
  5. https://thealtworld.com/scott_ritter/the-horrific-truth-about-the-biological-research-labs-in-ukraine
  6. https://jacobinmag.com/2022/01/cia-neo-nazi-training-ukraine-russia-putin-biden-nato
  7. https://voxukraine.org/en/fake-victoria-nuland-admitted-that-us-has-biolabs-in-ukraine/
  8. https://www.ukrinform.net/rubric ukrainian-refugees-in-europe-could-grow-to-5m-borrell.html
  9. https://www.reuters.com/world/europe/broader-war-ukraine-could-displace-15-million-swiss-minister-2022-03-11/
  10. https://www.kurdrawm.com/idea/2983/?fbclid=IwAR1Remo8pTLaVaiu7JeMpIZuuqQ85alg6Lsxks9skmiplogjLC8OYFbDgv4
  11. https://truthout.org/articles/noam-chomsky-us-military-escalation-against-russia-would-have-no-victors/
  12. http://www.nlka.net/news/details/1377
  13. https://www.youtube.com/watch?v=bkC9mZgaLDI
    14.https://nsarchive.gwu.edu/sites/default/files/thumbnails/image/stepanov-mamaladze_0.jpg



لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن… حەسەن ڕازانی

لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن چونکە پێغەمبەر هاتۆتە خەوی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خزمی سەربڕەکان و پێی گوتووە ئەو مامۆستایە سوکایەتی بە من و بە ئیسلام کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت!
(ئیترلە ئێستاوە لە پاکستان ئەگەر لەخەویشدا بتینن و گوێیان لێتبێت کە تۆ سوکایەتی بە ئیسلام دەکەیت، ئەوە سزاکەت سەربڕین دەبێت!)

پاکستان/ پارێزگای پەختون خوا لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان
خوێندنگای جامیعە ئیسلامیە فلاح البنات

بە پێی دەیان سەرچاوەی سۆشیال میدیایی و تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەی ڕەسمی و تەنانەت دەزگای پۆلیسی پاکستان و زۆرێک لە دەزگاو ڕاگەیاندنەکانی جیهانی بەم شێوەیەی خوارەوە باس لەو ڕووداوە دەکەن:

لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان کە سەر بە پارێزگای پەختونخوایە و دەکەوێتە سەرسنووری ئەفغانستان بە دیوی پاکستانەوە، لە خوێندنگایەکی ئایینیدا بە ناوی فەلاحول بەنات کە تەواوی مامۆستاکانی ژنن وخوێندکارەکانیشی هەموویان کچن، ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانی مامۆستایەک بە ناوی سەفورە بیبی بە چەقۆ سەر دەبڕن.

دەزگای پۆلیسی پاکستان لە ناوچەکە مامۆستایەکی هەمان خوێندنگا و دوو لە خوێندکارەکان کە ئەوانیش خوشکەزاو برازای مامۆستا پلان داڕێژەرەکەن وەک تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان کردوون. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ناوچەکە، مامۆستا تاوانبارەکە کە لە هەمان کاتدا هاوڕێی مامۆستا سەربڕاوەکەشە ڕاستەوخۆ پلانداڕێژەری تاوانەکەبووە. ئێستا پۆلیس مامۆستاکە و دوو خوێندکارەکەشی گرتوون. هەروەها پۆلیس دەڵێ هەرسێک تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. بەرپرسێکی پۆلیس بە ناوی نەجمول حەسەن لیاقەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کە ئەو کەیسە هێشتا لە ژێر لێکۆڵنەوەدایە و دەبێ بزانرێت کە ئاخۆ ئەم کوشتنە پەیوەندی بە بابەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەرەوە هەیە یاخود شتی شەخسیەو دوژمنایەتی نێوخۆی ئەو دوو مامۆستایەیە. بە پێی ڕۆژنامەی ئەلمەشریقی پاکستانی کە ڕۆژانەیەو بە زمانی ئوردو دەردەچێت دەڵێت: “مامۆستا تاوانبارەکە ناوی عومرە ئامان و دوو خوخوێندکارە تاوانبارەکەش ناوی یەکێکیان رازیە حەنیفە و ئەوەی تریشیان ئاییشە نوعمان.”
هەر لە سەرهەمان بابەت، زاهید قوڕەیشی کە خزمی مامۆستا سەفورەیە بە پۆلیسی وت کە “هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوانی مامۆستا سەفورەو مامۆستا تاوانبارەکەدا نەبووە”. زاهید دەڵێ “زۆر جاران مامۆستا تاوانبارەکەو مامۆستا سەفورە بە یەکەوە چوون بۆ دەوام و بە یەکەوەش هاتوونەتەوەو زۆر یەکتریان خۆش ویستووە”. زاهید لەو بارەوە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت کە “ئەو کارە کارێکی زۆر دڕندانە بووەو داوای جێبەجێکردنی دادپەروەری لە حکومەت دەکم”. لە لایەکی تریشەوە مەولانە شەفیعو اللە بەڕێوەبەری خوێندنگاکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کە “مامۆستا سەفورە دوو ساڵ بووە لەو خوێندنگایە دەرسی وتۆتەوەو هەرسێک تاوانبارەکەش هی ناوخۆبوون.”

لە لێدوانێکدا هەردووک خوێندکارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. دەڵێن بۆیە مامۆستاکەیان سەربڕیوە چونکە لە ماڵەوە خزمەکانیان و یەکێک لە خزمەکانیان کە کچێکی تەمەن ١٣ ساڵە ئەو خەوەی دیوە. لە خەوی کچە تەمەن ١٣ ساڵەکەدا ئەو مامۆستایە سوکایەتی کردووەو پێغەمبەریش هاتۆتە خەوی و فەرمانی کردووە کە دەبێ ئەو مامۆستایە بکوژرێت و تۆڵەی لێبکرێتەوە. بۆیە ئەوانیش ئەو سوکایەتیەیان بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام پێ قەبوڵ نەکراوەو نەیان توانیوە چاوپۆشی لە مامۆستا سەفورە بکەن. هەر بۆیەش بە ئەرکێکی ئاینی ئیسلامیان زانیوە کە دەبێ تۆڵەی ئیسلام و پێغەمبەر لە مامۆستا سەفورە بکرێتەوە. ئەو دوو کچە دەڵێن “ئەوان تەنها فەرمانی پێغەمبەری ئیسلامیان جێبەجێکردووە.”
پلانەکەش بەم شێوەیە جێبەجێدەکەن: ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٧ی سەر لەبەیانی کاتێک کە مامۆستا سەفورە بیبی بەرەو خوێندنگاکە دەچێت بە مەبەستی دەوام ، لە بەردەم دەرگای سەرەکی خوێندنگاکە دەکەوێتە کەمینی هەرسێک لە مامۆستا و دوو خوێنکارەکان کە برازاو خوشکەزای مامۆستا تاوانبارەکەبوون. هەرسێکیان بۆ ئەو کارە بە ئامادەباشی هاتوون و کوتەک و تێڵاو چەقۆیان پێبووە. هەر لەوێدا کوتوپڕ وەری گەڕاونەتێ و لە عەرزیان داوەو هەموو لەشیان بەچەقۆ و کوتەک هەلاهەلا کردووە، دواییش بە چەقۆ سەریان لە لاشەی کردۆتەوە.
جێگەی باسە کە لە پاکستان دا بە پێی یاسا سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام تاوانێکی قورسەوسزاکەی کوشتنەو لێخۆشبوونی نیە. هەر بۆیەش هەر کەسێک کە ئەوتاوانە ئەنجام بدات خەڵکی ئیماندارو ئیسلامی توندڕەوی پاکستان لە هەر کون و قوژبنێکی ئەو وەڵاتەدا لەسەر پۆلیس و دەزگای دەوڵەتی ڕاناوەستن کاری کوشتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵک و هەر خۆیان ڕاستەوخۆ هەڵدەستن بەو کارە وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی کە لەسەر شانیان واجیبە. لەو بارەوە بە پێی ڕاگەیاندنەکان پاکستان لە چەند دەیەی ڕابردودا ژمارەیەکی پێوانەیی یەکجار زۆری تۆمار کردووە کە خەڵکی تێدا سەربڕاوەو کژڕاوەو بەردەباران کراوە لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام.

دەگوترێت کە بەرپرسانی حکومەتی پاکستان چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە هیچ لێبوردن و لێخۆشبوونێک نیە بۆ ئەو گروپ و کەسانەی کە لەدەرەوەی یاساو دەزگای دەوڵەتیدا بەم شێوەیە خەڵک دەکوژن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر. بەڵام هێشتا خەڵک گوێ بەو قسانە نادات و پشت ئەستوور بە هەندێک حیزبی ئیسلامی هەرێ توندڕەو بەردەوامن لەسەر ئەو سزایانە.

توندوتیژی و سزای کوشتن و سەربڕین و بەردبارانکردن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام لە پاکستاندا مێژوویەکی لە مێژینەی هەیە. هەر لەو بارەوە بە پێی بەدواداچوونێکی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئاساییش کە ناوەندێکی بەناوبانگ و جێ متمانەیە لە ناو ئیسلام ئابادا دەڵێت “لە حەوت دەیەی ڕابردوودا ٩٠ نەوەد کەسی سیڤیل بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام کوژراوون.” هەربە پێی ڕاپۆرتێکی هەمان ناوەند دەڵێت ” لە ساڵی ١٩٤٧ وە کە پاکستان سەربەخۆیی وەرگرتووە ١٤٠٠ هەزارو چوارسەد کەس تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەریان دراوەتە پاڵ و خراونەتە دادگاوە یان لە لایەن گرووپی توندڕەوی نێو شەقامەکانەوە تووشی سزاو ئەشکەنجەو کوشتن و ڕاوەدوونان بوونەتەوە. لە یەک دەیەی ڕابردووەوە ١٢٠٠ دۆسیەی لەو بابەتە بە ڕەسمی تۆمارکراوە. کە ئەوەش ژمارەیەکی یەکجار زۆر ەو لە زیادبووندایە .

تا ئێستا لە زور شوێنان لە وەڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت لە وڵاتانی نا ئیسلامیش بۆ نموونە وەڵاتە لیبڕاڵە ڕۆژئاواییەکان سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام یان باسی خەراپەی یەکێکیان یان هەردووکیان بە یەکەوە تاوانەو لێخۆشبوونی نیە. چارلی عەبدو لە ناوجەرگەی پاریسی فەرەنسادا وێنەی پێغەمبەری ئیسلامی بە شێوەی کاریکاتێری درووست کردو ئەویش چارەنووسەکەی کوشتن و تیرۆرکردن بوو. ئێستا هەر ئەوە نیە کە لەسەر ئەرزی واقیع ببینرێی کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام بکەی سزاکەت کوشتن و سەربڕین دەبێت، بەڵک و ئەگەر لە خەویشدا بتبینن و لێت ببیسن کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام دەکەی دەتکوژن، بەردبارانت دەکەن، کوتک و تێڵا بارانت دەکەن و قۆرتم و ملیشت بە کێردێک دەپەڕێنن. وەک، بۆ نموونە، کە بەسەر مامۆستا سەفورە بیبی د اهات لە پاکستان. تەنها لە خەودا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ پێغەمبەر هاتۆتە خەوی و پێی گوتووە کە مامۆستا سەفورە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت. بکوژەکانیش فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە بە شێوەی ئەشکەنجەو سەربڕین. بێجگە لە خەوەکە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبووە کە مامۆستا سەفورە ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت.

حەسەن ڕازانی
٥ی ئازاری ٢٠٢٢

—————————————————————
تێبینی: بۆ ئەو بابەتە سوودم لە زۆر سەرچاوە وەرگرتووە . لە وانە :

https://www.aljazeera.com/news/2022/3/30/pakistan-school-teacher-killed-for-alleged-blasphemy-police
https://www.youtube.com/watch?v=WJupD14fwwA
https://www.insider.com/pakistan-teacher-killed-over-13-year-olds-anti-muslim-blasphemy-dream-2022-4
https://www.geo.tv/latest/408289-kp-seminary-teacher-slaughter-police
https://www.albawaba.com/editors-choice/pakistan-teacher-killed-blasphemy-relatives-dream-1471810
https://www.vice.com/en/article/5dga85/woman-teacher-killed-blasphemy-dream-pakistan




دەروونناسیی… ئەحمەد ڕەزا

نەخۆشییەکی گرنگ لە منداڵییەوە: ADHD

  • شپرزەیی ” کەمیی سەرنجدان و جوڵەی زۆر/ هاروهاجیی”*
  • قصور الانتباه وفرط الحركة*
    *attention deficit hyperactivity disorder *

    شپرزەیی ” کەمیی سەرنجدان/ ترکیز، یان پەرتبوونی سەرنج و جوڵەی زۆر”، کە بە نەخۆشیی ADHD ناسراوە، لە گەوراندا پەیوەندیی بە تەندروستیی ئەقڵەوە هەیە. لە کۆمەڵێک کێشەی بەردەوام پێکدێت، وەک هاروهاجیی لە منداڵیدا، سەرنج پەرت بوون، ڕەفتاری پەلەپەل کردن، لە گەورەبوونیشدا پەیوەندیی ناجێگیر، لاوازیی کارکردن و کەمبوونەوەی باوەڕ بەخۆبوون و خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ و حولحولێتیی.
    ئەم شپرزەییە لە تەمەنی 3- 6 ساڵیدا سەرهەڵئەدات، زۆرترینی لە تەمەنی 5 ساڵاندا، نیشانەکانی زوو دەرئەکەون، بەڵام لە هەندێک کەسدا دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەگاتە تەمەنی باڵق بوون.
    لە هەر 10 منداڵێکی تووش بوو بەم شپرزەییە، سێ کەسیان ئەگاتە قۆناغی هەرزەکاریی، واتە لەو حەوت کەسەکەیتردا تێئەپەڕێت و ئاسەواری نامێنێت، یان شێوەی ئەگۆڕێت و هاوسەنگیی دروست ئەبێت. بۆ نمونە ئەو گەنجانە هەندێکیان توشی خەمۆکیی و هەندێکیتریان حولحولیی دەرئەچن، یان ئەبن بە بەنگکێش.. کەواتە پێویستە لە پێناوی پاشەڕۆژیاندا بە دروستیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

    لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەندیی بە پێکهاتەی مێشکەوە هەیە، بۆ نمونە نەخۆشی تووشبوو بە ADHD ڕەنگە بەشی پێشەوەی مێشکی – کە کۆنترۆڵی لێدانی دڵ و ڕێکخستن و سەرنجدان ئەکا- بە خاویی گەشە بکات.. جگە لەوەی نەخۆشییەکە خۆی بۆماوەییەو بۆ نەوەکان ئەگوێزرێتەوە، لەبەرئەوە هەندێک دایک و باوک، کە ئەزانن خۆیان تووشبووی ADHD ن، باشتروایە، وردتر چاودێریی مناڵەکانیان بکەن و پشکنینیان بۆ بکەن.
    لە هەندێ باریتریشدا دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی و تاقەت نەبوون بۆ خوێندنەوە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دائەپۆشن و ئەیشارنەوە، لەبەرئەوە واڕاستترە ئەو تێکڕاییەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە 4% مەزەندەکراوە بە تووشبووانی ADHD، زۆر زیاترە.

    لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ سیمای ADHD ئەبێتە خاڵی بەهێز بۆ کارەکانیان:
    لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە نەخۆشی ADHD زیاتر حەزیان بە کاری داهێنەرانەو سەربەخۆیی و خێراییە لەچاو ئەوانیتردا، وەک پیشەی هونەریی و ئاگرکوژێنەوەو مامۆستایی و ئەوانەی لە بواری ڕیکلامدا کار ئەکەن، یان پیشە بچووکەکان، زیاتر ئەو کارانەی خەڵک زوو ماندوو ئەبێت بەدەستیانەوە.

    نیشانە دیارەکانی:
    1- بێ ئاگایی/ غەفڵەت و نەتوانینی سەرنجدان:
    دایکان ناتوانن تێبینیی سەرنج نەدانی مناڵەکانیان بکەن، تا نەچنە بەرخوێندن، سەرەتاش مامۆستا لە کاتی وانە وتنەوەدا، یان کاتێ کارێک بە مناڵەکەدا دائەدا، هەستی پێئەکا.
    جگە لەوەش مناڵانی تووشبوو بە ADHD ئاژاوەچین، ناتوانن سەرنجی زۆر بدەن و گوێ نادەنە هیچ یاساو ڕێسایەک و حەزیان بە بەزاندنی یاساکان هەیە، تەنانەت لە یاریکردنیشدا.. لەبەرئەوە کارەکانیان بە ئاژاوەگێڕانەو فەرامۆشکراو ئەبینرێتەوە.
    هەروەک کێشەیان لە زۆروتندا هەیە لەهەر بابەتێکداو زوو تیایدا ئەوەستن، تاقەتی گوێگرتنیشیان لەوانیتر نییە.. بە دەنگێکی بچووک یان جوڵەیەک سەرنجیان ئەڕوا، لە کاتێکدا ئەوانیتر هەستی پێناکەن، یان گوێی نادەنێ.. زەحمەتە لەگەڵ ئەوانیتردا هەڵبکەن، لەبەرئەوەی توانای سەرنجدان و ناسینەوەی میزاجی ئەوانیتریان لاوازە.. بە زیندەخەون و بایەخدانە تایبەتەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن.

    2- چالاکیی و جوڵەی بێ ئەنداز/ هاروهاجیی بەردەوام:
    ئەمجۆرە لە مناڵیدا بەردەوام چاوەچاو/ ” مماطلة” ئەکەن، لە سەعیکردن و دەرس و دەوردا، لە یاریکردن و جێگۆڕکێی بەردەوام، لە سێ خولەک زیاتر، توانای مانەوەیان نییە، بە کورتییەکەی تۆتکە ناگرن.. توانای یاریکردنی هێمنیان نییە، حەزیان بە ڕاوڕاوکێ و بازهەڵدانە بەسەر شتومەکدا، بە جۆرێک تەواو دایک و باوکیان بێزار ئەکەن.. تاقەتی گوێگرتنی چیرۆکیان نییە.

    3- پەلەپەل:
    نەمانی سەبرو ئارامیی، چاوەڕوان نەکردن لەسەرەی خۆیاندا، پەلەکردن لە وەڵامدانەوەو پێبڕینی قسەی ئەوانیتر، ئازاردانی خودی خۆیان، لەبەرئەوەی بەبێ بیرکردنەوە هەڵسوکەوت ئەکەن، هەندێجاریش بەهۆی پەلەپەلییەوە بەرکەسانیتر ئەکەون، یان لە شتی مەترسیدار نزیک ئەکەونەوە، یان لە ماڵ هەڵدێن، یان ڕێکردن بەشەقامداو خۆهەڵدان لە شوێنی بەرزەوە.

    4- دەمارگیریی.
    5- کێشەی زۆر لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشار دروست بوون، یان ئاڵۆزیی تێپەڕاندنی کێشەکان.
    بەڵام هەریەک لە ئێمە لە یەکێک لە ساتەکاندا نیشانەی ئەم نەخۆشییەمان لێدەرئەکەوێت، بە بێ ئەوەی دووچاریشی بووبین، ئەوکاتە ئەزانین کە بە ADHD ەوە گرفتارین، کە نیشانەکانی کەڵەکە بن و ببنە مایەی کێشەی بەردەوام و زیاتر.. نیشانەکانیش لەگەڵ ماوەی منداڵیدا یەک بگرنەوەو پەیوەندیی نەپساوە لە نێوان نیشانەکانیدا هەبن.. بەڵام لە گەورەبووندا، بە حولحولێتیی و شپرزەیی و دڵەڕاوکێ دەرئەکەون.

    هۆکارەکانی تووشبوون بە ADHD:
    1- هۆکاری بۆماوەیی.
    2- جگەرەکێشان و خواردنەوەی دایکان، لە دووگیانییدا.
    3- دووچار بوون لە مناڵیدا بە ژەهرە ژینگەییەکان وەک خوێی فۆسفات و قوڕقوشم.PBso4
    دەرەنجامە خراپەکانی:
    1- تەممەڵیی لە خوێندن یان کارکردن.
    2- بێ ئیشیی.
    3- کێشەی دارایی.
    4- کێشەی یاسایی.
    5- ئالوودە بوون بە خواردنەوەو بەنگ/ هۆشبەر.
    6- دووبارە بوونەوەی ڕووداوی ئوتومۆبیل، یان ڕووداویتر.
    7- پەیوەندیی ناجێگیر لەگەڵ خەڵکدا.
    8- خراپیی تەندروستیی جەستەو ئەقڵ.
    9- لاوازیی وێنەی خود.
    10- هەوڵی خۆکوشتن.

    چارەسەر:
    باشترین ڕێگە چارەسەر، بۆ زاڵبوون بەسەر ADHD دا، سەردانیکردنی پزیشکە، لەبەرئەوەی جگە لە ڕووە دەروونییەکەی، پێویستیی بە داوودەرمانیشە.. بەڵام لەسەرەتادا پێویستە دایک و باوک بە هیچ جۆرێک پەنا نەبەنە بەر لێدان و تووڕە بوون، گرنگتر ئەوەیە ڕۆتینیان لەگەڵدا بەکاربهێنرێت و کاتی تەواویان بۆ جووڵە پێ ببەخشرێت، هەروەک لە هەندێ قوتابخانەدا ڕەچاو ئەکرێ.

    ————————————————
    سەرچاوە:

  • موقع mayo clinic / اضطراب فرط الحركة وتشتت الانتباه عند البالغين / 10/ 11/ 2021.
  • منال العبدلاوي – حقائق لا يعرفها الكثيرون عن اضطراب فرط الحركة وتشتت انتباه الأطفال – موقع الجزیرة – 22/ 4/ 2021.



ئامانج و بەختەوەر ی لەژیاندا لەدیدی فرۆیدەوە… مەحمود عەبدوڵڵا

ئاشکرایە تاقە ڕێسایەکی مسۆگەر نییە بۆ بەختەوەربون.بەئەندازەی جیاوازی مرۆڤەکان ڕێگای بەختەوەریش هەن.هەربۆیە وەک فرۆید دەڵێت :ڕێسایەکی زێڕین نییە بۆ بەختەوەربون کە بەسەرهەمواندا بچەسپێت.
بەدرێژایی مێژوو ،فەلسەفە و ئاینەکان لە لێگەڕیندابون بۆ وڵامی پرسیاری ئامانج و بەختەوەری لەژیاندا. سەرەتا ئامانج لەژیاندا چییە؟ لەوانەیە ئەوە سەرەکیترین پرسیاربێت لەژیانی مرۆڤدا؟ بەڵام بەدیدی فرۆید سەرچاوەی ئەوپرسیارە لوت بەرزی و خۆ بەزلزانی مرۆڤە،مرۆڤ و ئیگۆی مرۆڤ خۆی دەکاتە سەنتەری ژیان ،ئینجا بەدوای وڵامی ئەوپرسیە دەگەڕێت،بەڵام کەس ناپرسێت ئامانج لەژیانی ئاژەڵەکان چییە؟ ئەڵبەت مرۆڤ خوپەرستانە و بگرە مناڵانەش وڵامی دەداتەوە و دەڵێت :بۆخزمەتی مرۆڤ،بەڵام ئاژەڵگەلێکی زۆر هەن مرۆڤ نەشیناسیون و دەستی پێنەگەیشتون کەلەناو چون یان قڕیان تێکەوتووە. ڕەنگە ئەم وڵامە سادەیە مناڵگەرایی دەرونی بێت کە دینەکان هەوڵیانداوە بیخەنە زیهنی م رۆڤەکانەوە ، سادەکردنەوە یەکی لەوجۆرە فیتاوفیتی ئەقڵی حەشاماتە،هەربۆیە حەشامات بەگەرموگوڕیەوە پێشوازی لە ولامەکانی دین دەکەن تا زانست و فەلسەفە.

بەڵام بەباوەڕی فرۆید پرسیاری سەرەکی ئەوەیە مرۆڤەکان چییان دەوێت ؟بەدوای چییەوەن لە ژیانی ئەم دنیایەدا؟ بێگومان مرۆڤەکان بەدوای بەختەوەرییەوەن ،بەگوێرەی بەرنامەی پرەنسیپی چێژ . واتای سەرەکی بەختەوەریش هەر ئەوەیە واتا چێژبینین لەژیان و دورکەوتنەوە لەئازار.بەڵام پرەنسیپی چێژ دولایەنی هەیە ،لایەنێکی خۆلادان لەئازار،لایەنێکیشی ئەزمونکردنی چێژە چڕوپڕەکان .چالاکی مرۆڤەکان لەگەڵ دوانەیی ئامانجەکان بەدوئاڕاستە دەڕۆن. ئەگەرچی پرەنسیپی چێژ بەکەڵکە و ڕێسانی دەرون کۆنتڕۆڵ دەکات،بەڵام هەرلەبنەڕەتدا پرەنسیپی چێژ لەگەڵ گەردونی گچکە “مرۆڤ خۆی”وگەردونی گەورە ناکۆکە و ئە پرەنسیپە هیچ کات جێبەەجێ ناکرێت نەڵەگەڵ یاساکانی گەردون،نەلەگەڵ ڕێسای کۆمەڵگەو شارستانی ناگونجێن،وەک بڵێی مەرامی بەختەوەری لە نەخشەی خیلقەتدا نییە.
ژیان بریتییە لە بارێکی قوڕس کۆمەڵێک ئازارو ناخۆشی ،کە بەبێ ئامرازە یارمەتیدەرەکان بەرگەیان ناگیرێت. لالایەکیتر تەنها ئیمکانی ڕێژەیەکی مامناوەندی بەختەوەری هەیە.چونکە ئێمە وا دروستکراوین تەنیا لەمیانەی ناکۆکی و دژیەکی چێژێکی زۆر بەدەست دێنین،کەواتا پرەنسیپی چێژ لەگە خودی پێکهاتەی کۆئەندامی دەرون ناکۆکە. فرۆید نمونەی وتەیەکی گۆتە دێنێتەوە کە دەڵێت: هیچ شتێک لەوەقورستر نییە بەرگەی زنجیرەیەک لەڕۆژە خۆشەکان بگریت. بۆ مرۆڤ خۆشیەکی بەردەوام نە ئیمکانی هەیە نەبەرگەی دەگیرێت.

مرۆڤەکا ن سێ ڕێگە بەکاردێنن بۆ بەرگەگرتنی واقیع و دورخستنەوەی ئازار و ناخۆشی، یەکەم ئامرازە هۆش پەرتکەرو سەر گەرمکەرەکان،تێربونە جێگرەوەکان و مادە سرکەرەکان. یەکەمیان زانست و داهێنان دەگرێتەوە،دووە م هونەرەکان ،چونکە هونەرەکان کۆمەڵێک فێڵ و چاوبەستن بەرامبەر واقیع بەڵام کاریگەرییا ن هەر هەیە بەهۆی ڕۆڵی فەنتازیا لەژیانی دەرونی دا، سێیەمیان مادە سرکەرەکان وادەکەن دونیایەکی تایبەت مان هەبێت و لەواقیع داببڕێین.بەبڕوای فرۆید ئاینیش هەم ڕۆڵی خۆلادان لەواقیع دەبینێت و وەک یەکێ لە ئامرازە سوکنایی بەخشە و خۆ لادان لەواقیع ڕۆڵ دەبینێت . ئای ن جۆرێک وڕێمەی دەستە جەمعییە بۆ گۆڕینی واقیع،تا بەرگەی ژیان بگرین .ئێمەی مرۆڤ لەسێ لاوە ڕوبەڕوی ئازار دەبینەوە لە دونیای دەرەوە،لە جەستەی خۆمان و لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان،بەڵام ئوەی دواییان لەهەمویان کاریگەرترە. بۆخۆ لادان لەم ئازارانە،مرۆڤەکان ناچارن ئەوجار واز لە بەرنامەی پرەنسیپی چێژ بێنن. بەگوێرەی پرەنسیپی واقیع هەڵس و کەوت بکەن. واتا ناچارن ئامانج و ئارەزوەکانیان کەم بکەنەوە ،بۆخۆ لادان لە ئازاری مرۆڤەکان گۆشەگیری ڕەنگە تاکە ڕێگای دورکەوتنوەبێت لە ئازاری مرۆڤەکان. مرۆڤەکان چەندین ڕێگا بەکاردێنن ،هەندێکجار دورکەوتنەوە لەئازار زاڵدەبێت و مرۆڤ بەوەندە سوکنایی دێت کە لەئازار دورکەوێتەوە.هەندێکجاریش خودی چێژ دەبێتە سەرچاوەی ئازار بۆیە مرۆڤ دەبێت ڕوبکاتە گۆڕینی پاڵنەرەکان ،یان باڵاکردنیان. ئەو وزە ی ژیانە کەپاڵنەرێکی سێکسی هەیە دەگۆڕێت بۆ شتی ماقوڵتر بۆنمونە لەڕێگەی هونەرو داهێنان مرۆڤ چێژ دەبینێت و خۆ لەواقیع لادەدات.واتە تەکنیکی گۆڕینی پاڵنەرەکان . زوهد ،گۆشەگیری ،هونەر ئاین ،ئەشق،کار ،هەریەک بەجۆرێک ڕۆڵ دەبینن لە گۆڕین و کۆنتڕۆلکردنی پاڵنەرەکان و دورکەوتنەوە لەئازارو بەدەستهێنانی چێژ.
بەڵام بەدیدی فرۆید ئاین زاڵمانە تاقە یەک ڕێگا دیاری دەکات،لەڕێگەی تۆقاندنی هۆش و پەرەدان بە مناڵگەرایی دەرونی ،جۆرە جیاوەزەکان ی خۆگونجاندن بچوک دەکاتەوەو یەک یاسا پێشنیاردەکات بۆ بەختەوەری کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ ناکۆکە.هیچ کات مرۆڤەکان ناتوانن بە یەک شێواز بەختەوەربن.دین تەکنیکەکەی کەمکردنەوەی بەهای ژیان و شێواندنی وێنای ژیانە و لەکەوڵی وڕیمەدا،و بەزۆری زۆرداری سەردەکەوێت لە وەک یەک لێکردنی خەڵک تێکهەڵکێشکردنیان لەوڕێنەیەکی دەستەجەمعیدا .ڕێگاکانی بەختەوەری زۆرن،وەلێ پێشنیارکردنی تاقەڕێگایەک و سەپاندنی دەبێتەمایەی ئازارو بەدبەختی بۆ زۆر خەڵکی. مرۆڤ لە و پاڵنەرانەی کە کۆنتڕۆڵکراون ،چێژی کەمتری دەست دەکەوێت،بێبەشبونیش ازاری کەمتر،بە پێچەوانەوە لە وپاڵنەرانه ی ڕامنەکراون چێژێکی چڕتر دەبینێت ،هەربۆیە بێ بەشبونیش لێیان بە ئازارترە.ئەو ناکۆکییە ی نێوان پاڵنەرە ڕامکراو ڕامنەکراوەکان نهێنی ئەوەیە کە مرۆڤەکان ئارەزویان بۆ مادەسڕکەرەکان و شتە قەدەغەکراوەکان زیاترە وەک دەڵێن هەرچی مەمنوعە مەرغوبە.

مەحمود عەبدوڵڵا
سەرچاوە :شارستانیەت و ناکامیەکانی




ناساندنی کتێبی (لای کورده‌کان بووم)… هیوا ناسیح

کتێبی لای کورده‌کان بووم، بینه‌ری خه‌باتێک بۆ ژیان (Ich war bei den Kurden, Augenzeuge eines Lebenskampfes) که‌ هی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی ناسراوی نه‌مسایی فریتس زیته‌ (Fritz Zitte) یه‌، ساڵی ١٩٨٠ له‌ ڤییه‌ننا به‌ قه‌باره‌ی مامناوه‌ند و ٢١٠ لاپه‌ڕه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی گه‌نج له‌سه‌ر به‌رگه‌‌که‌یه‌تی به‌ بڕنه‌وێکه‌وه‌. نوسه‌ری ئه‌م کتێبه‌ ساڵی ١٩٢٤ له‌و وڵاته‌ له‌دایکبووه‌ و ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردوه‌، ناوبراو به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی نوسین و وێنه‌یی له‌ شوێنه‌ پڕ له‌ قه‌یران و جه‌نگه‌کانه‌وه‌ ئاماده‌ کردوه‌ و له‌ هه‌ندێک ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وکاتی وڵاتانی ئه‌وروپادا بڵاویکردونه‌ته‌وه‌، ئه‌م به‌وه‌ جیاواز بووه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی سه‌رده‌مه‌که‌ی، که‌ خۆی سه‌رکێشی کردوه‌ و کام ناوچه‌ جه‌نگ، که‌ شه‌ڕ و نائارامی و خه‌بات و شۆڕشی تێدابووه‌ خۆی به‌ هه‌ر نرخێک بووه‌ چۆته‌ ئه‌وێ و ماوه‌ته‌وه‌ و ڕاپۆرتی مه‌یدانی ئاماده‌ کردوه‌ و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی و کاراکته‌ره‌ دیاره‌کاندا ئه‌نجامداوه‌ و دواتر به‌شێو‌ه‌ی کتێب بڵاویکردۆته‌وه، نمونه‌ وڵاتانی وه‌ک یه‌مه‌ن، ئه‌نگۆلا، سورینام، نیگکه‌راگوا، نامیبیا، چاد، سودان، که‌مبۆدیا، ئه‌فغانسان و کوردستانه‌، خۆی خاوه‌‌نی زیاتر له‌ ٢٠ کتێبه‌ زۆربه‌یانی به‌م جۆره‌ نوسیوه‌‌. وه‌ک ده‌ریشده‌که‌وێت هه‌میشه‌ پشتی خه‌باتگێڕان و گه‌لانی چه‌وساوه‌ی گرتوه‌ و ڕه‌خنه‌ی له‌ چه‌وسێنه‌ران، داگیرکه‌ران و سیستمی سیاسی ناوچه‌یی و جیهانی گرتوه‌. ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی له‌ سه‌رکردایه‌تی و کاراکته‌ره‌کانی شۆڕشه‌کانیش گرتوه‌. ئه‌م به‌ خۆی و کۆڵه‌پشت و کامێرا و جانتایه‌که‌وه‌ ملیناوه‌ و گوێی به‌ مه‌ترسی و کێشه‌ و گرفت و هه‌ندێک جار گیانی خۆشی نه‌داوه‌!
له‌ پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی (لای کورده‌کان بووم) نامه‌یه‌کی کوردیی ده‌ستنوسی سامی عه‌بدولر‌ه‌حمان (سامی سنجاریی)، سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ده‌قی ئه‌ڵمانییه‌‌که‌شی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، که له‌ ١٥/١٠/ ١٩٧٩دا نوسراوه‌، تێیدا به‌ کورتی وه‌سفی ئه‌م نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌کات و ئه‌مکاره‌ی ئه‌و بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌باتی کورد به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ڵام چیرۆکی نوسینی کتێبه‌که‌ به‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، که‌ نوسه‌ر زۆر پێشتر زانیاری له‌سه‌ر کێشه‌ی کورده‌کان هه‌بووه‌ و مه‌به‌ستی بووه‌ سه‌ردانی کوردستان بکات، له‌ نیوه‌شه‌وێکی پایزی ساڵی ١٩٧٩دا ته‌له‌فونێکی له پاریسه‌وه‌ بۆ دێت، که‌ کوردێک پێی ده‌ڵێت، گه‌‌ر تۆ وه‌ک جاران حه‌ز ده‌که‌ی سه‌ردانی کوردستان بکه‌یت ئه‌وا رۆژی چوارشه‌مه‌ ئوتێلی فڵان له‌ شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا یه‌کتر ده‌بینین. ئه‌میش ڕازی ده‌بێت و یه‌کتر ده‌بینن، دوای ئاشنابوون به‌ ئامانج و بیروبۆچوونی زیته‌ ڕازی ده‌بن هاوکاری سه‌فه‌ره‌که‌ی بکه‌ن، پێده‌چێت ئه‌مان سه‌ر به‌ پارتی بووبێتن. رێک ده‌که‌ون که‌ ئه‌م به‌ فڕۆکه‌ تا ئه‌سته‌مبوڵ بچێت و له‌وێ ئه‌ندامێکیان پێشوازی لێ بکات، بۆ ناسینه‌وه‌شی پێنج کرۆنییه‌کی کاغه‌زی پاره‌ی ئه‌وکاتی سوید دوو له‌ت ده‌که‌ن و له‌تێکی ده‌ده‌نه‌ ئه‌م و له‌تێکی ده‌نێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ وه‌ک به‌‌ڵگه‌. دیاره‌ ئه‌م کاره‌ی پارتی کردویه‌تی زۆر گرنگ بووه‌ بۆ کاتی خۆی، که‌ ده‌نگی کورد نه‌گه‌یشتۆته‌ هیچ کوێ و دوای هه‌ره‌سی ١٩٧٥ وازانراوه‌ که‌ خه‌باتی کورد کۆتایی هاتووه‌، زۆر که‌م رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ران ده‌گه‌یشتنه‌ ناو پێشمه‌رگه‌.

به‌ کورتی ناوبراو خۆی ده‌پێچێته‌وه‌ و سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ری ١٩٧٩ ده‌فڕێت بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و وه‌ک رێککه‌وتون له‌ سه‌عات دووی نیوه‌شه‌و له ئوتێلی دیڤان له ئه‌سته‌مبوڵ دێن ده‌یبه‌ن. که‌سێک به‌ ناوی عومه‌ر وه‌ک وه‌رگێڕ و هاوسه‌فه‌ر سه‌ره‌تا به‌ ئۆتۆمبیل به‌ره‌و باشوری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) و له‌وێوه‌ بۆ سنوری ئێران، دواتر له‌گه‌ڵ دووکه‌سدا به‌ ڕێگه‌ی قاچاخ و به‌ سواری ئێستر به‌ سه‌ر سنوری پڕ له مه‌ترسی مین و خاڵی سه‌ربازی و شاخوداخ و دۆڵ و ڕێگه‌ی سه‌خت و که‌ندوله‌ند، تا به‌ نایاسایی ده‌گه‌نه‌ نێو خاکی ئێران و لای باره‌گایه‌کی پارتی ده‌حه‌سێنه‌وه‌. دیاره‌ ئێران ئه‌وکات دۆخێکی زۆر نائارام و بارگاوی به‌ شه‌ڕ و شۆڕی کاتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژ به‌ شا و ناکۆکی نێوان رژێمی ئێران (خومه‌ینی) و حزبه‌ کوردییه‌‌کان بووه‌، ئه‌تمۆسفیره‌که‌ زۆر نائاسایی و پڕ له مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکه‌ و بارێکی ئاسایشی ناجێگیر بووه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌مێکی بیانی و ئه‌وروپی، که‌ ته‌نها ڤیزه‌ی گه‌شتیاری تورکیای هه‌بووه‌ و به نایاسایی هاتۆته‌ ناو ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م گوێی پێ نادا و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سور ده‌بێت، که‌ بچێت بۆ سه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاتی پارتی – قیاده‌ مووه‌قه‌ته‌، وه‌ چاوی به‌ سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی بکه‌وێت!

پێشمه‌رگه‌کان ئه‌م تێیده‌گه‌یه‌نن که دوو ڕێگه‌ هه‌یه‌، یه‌کێکیان ئه‌مینتره‌ که‌ له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌ی پ.م کاندا و دوو سێ هه‌فته‌ی پێ ده‌چێت و به‌ پێیه‌، رێگه‌ی دووه‌م به‌ ئۆتۆمبیله‌ و یه‌ک ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام پڕ له مه‌ترسییه‌، چونکه‌ ده‌بێت به‌ سێ خاڵی پشکنینی هێزه‌کانی سه‌ر به‌ رژێمی ئیسلامیدا تێپه‌ڕن! دوای بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر زیته‌ بڕیار ده‌دات که‌‌ ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌که‌ هه‌‌ڵبژێرێت، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئه‌مێکی ئه‌وروپی و بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌فه‌ر و ڤیزه‌یه‌ک، گه‌ر بگیرێت به‌ دڵنیایی به‌ پێی یاسای ئه‌وکاتی ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانی گوله‌باران ده‌کرێت! به‌ کورتی جانتا و کامێراکه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و له‌گه‌‌ڵ کۆمه‌‌ڵێک پ.م دا، ئه‌میش به‌رگی کوردی ده‌‌پۆشێت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌ لاندرۆڤه‌رێک به‌ڕێده‌که‌ون! دوای ئه‌وه‌ی به‌‌ سه‌رکێشی به هه‌ر سێ بازگه‌که‌دا تێپه‌ڕ د‌ه‌ن، که‌وه‌ك‌ خۆی ده‌ڵێت ئه‌و چه‌ند خوله‌که‌ی له بازگه‌کاندا ئۆتۆمبیله‌که‌‌یان ده‌وه‌ستاند لای ئه‌م کات به‌ ساڵێک ده‌ڕۆیشت و وه‌خت بوو هه‌‌ناسه‌ش له‌خۆی ببڕێت، لای ئێواره‌که‌ی ده‌گه‌نه‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که، که پێده‌چێت ناوچه‌ی ڕاژان بووبێت. له‌وێ سامی عه‌بدولره‌حمان ده‌بینێت، هه‌ندێک ده‌حه‌سێته‌وه‌ و له‌ ژێر ده‌وار و چادره‌کانیاندا دێت و ده‌چێت. پاش چه‌ند رۆژێک له‌سه‌ر ویستی خۆی و به‌ پێشنیازی سامی له‌گه‌‌ڵ چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کی پ.م دا له‌ جه‌وله‌یه‌‌کدا ده‌ڕوات به‌ره‌و کوردستانی باشور، بۆ بینینی ره‌وشی ئه‌وێ، راپۆرت له‌سه‌ر کار و چالاکییه‌کانیان ده‌نوسێت. له‌ ڕێگا زۆر سه‌رما، برسێتی، شه‌وڕه‌و و بێخه‌وی و ماندوێتی و ساتی پڕ له‌مه‌ترسی ده‌‌بینێت، پاش ماوه‌یه‌‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌‌و سه‌رکردایه‌تی، نیوه‌شه‌وێک پاسه‌وانێکی سامی بانگی ده‌کات بۆ چادره‌که‌ی ئه‌و، له‌وێ سامی ده‌ڵێت: تۆ ده‌ته‌ویست گفتوگۆیه‌کی ئارام و درێژم له‌گه‌ڵدا بکه‌یت و تۆماری بکه‌یت، ئێستا کاتم هه‌یه‌! ئه‌ویش تۆمارکه‌ر ده‌رده‌هێنێت و چاوپێکه‌وتنێکی باشی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، که ده‌قه‌که‌ی له کتێبه‌که‌‌دا بڵا‌وکراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م سامی وا ده‌ناسێنێت: پێشمه‌رگه‌یه‌کی بێ جامانه‌، ئه‌ندازیار و زمانزانێکی زیره‌ک و به‌ئاگا که له‌ به‌ریتانیا خوێندوێتی و ژیاوه‌، سمێڵتاشراو (که‌ ئه‌وکاته‌ سمێڵتاشین له‌ نێو کورد به‌ گشتی و پێشمه‌رگه‌دا به‌تایبه‌تی زۆر نامۆ بووه‌). وێنه‌‌یه‌‌کیشی له‌گه‌ڵ ناوبراودا له به‌رگی پشته‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا بڵاوکردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌ک تیۆریسێن (مونه‌زیر)ی حزبه‌که‌ش باسی ده‌‌کات.
یه‌ک له‌و پرسیاره‌ی سه‌رنجڕاکێشانه‌ی‌ له‌ گفتوگۆکه‌دا هاتوه‌، زیته‌ ده‌پرسێت: پارتی دیموکرات هه‌ڵگری چ ئایدۆلۆجییه‌کی زانستی و سیاسییه‌؟ سامی له‌ وڵامدا ده‌ڵێت: شۆڕشه‌که‌مان پێشکه‌وتووخوازانه‌‌یه‌. زیته‌: به‌ڵام هه‌موو شۆڕشه‌کان وا ئیدیعا ده‌که‌ن؟ سامی: وایه‌، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم له‌ پڕۆگرامی خۆماندا زۆر ئامانجی سۆسیالیستیمان وه‌ک خاڵ جێگیرکردوه‌…هتد. له‌ شوێنێکی تردا سامی ده‌ڵێت: ئێمه‌ جارێکی تر هه‌رگیز چه‌که‌کانمان دانانێین، وه‌ک ساڵی ١٩٧٥ و به‌ فه‌رمانی بارزانی کردمان، گه‌لی ئێمه‌ به‌ خوێن باجه‌که‌یان دا! له‌ شوێنکی تردا زیته‌ ده‌پرسێت: کامیان بۆ ئه‌م شۆڕشه گرنگتره‌، که‌سایه‌تی سه‌رکردایه‌تی یان بیروباوه‌ڕی سیاسی؟ سامی: بێگومان له‌ خاڵی یه‌که‌مدا ئایدۆلۆجی، چونکه‌ شه‌ڕکه‌ران ده‌بێت بزانن بۆ چ ئامانجێک خه‌بات ده‌که‌ن….هتد. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ سامی عه‌بدولره‌حمان هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک که‌سێکی ڕۆشه‌نبیر و به‌ئاگا دیاره‌ و قسه‌ده‌کات، به‌ڵام له‌ وڵامه‌کانیدا هیچ باسی حزب و لایه‌نه‌کانی تری کوردستانی باشور ناکات و ناویان ناهێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها حزبی ئه‌وان له‌ مه‌یداندا بووبن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ناکۆکی و خاڵی جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تردا نادات، ته‌نها باسی حزبی دیموکراتی ئێران ده‌‌کات. وه‌ وه‌ک که‌سێک ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر رێچکه‌یه‌کی نوێ خه‌بات بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام مرۆڤ تێی ده‌گات، که پارتی باوه‌ڕی به‌ فره‌حزبی نه‌بووه‌.
زیته‌ لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڕانه‌کانیدا به‌‌نێو پ. م و گونده‌کاندا پرسیاری له‌ پ.م و لێپرسراو و خه‌ڵکی ساده‌ش کردوه‌، له‌ شوێنێکدا ده‌نوسێت: پیاوێکی سه‌رسپی پیری کورد له‌ گوندێکدا به‌ هێمنی و حه‌سره‌ته‌وه‌ گوتی: ئێمه‌ی کورد گه‌لێکی نه‌ناسراو و مه‌ته‌ڵاوین، زۆر لاپه‌ڕه‌ی مێژوو‌مان پڕ کردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێکی زۆری لاپه‌ڕه‌‌کانی هه‌رگیز هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک ڕازونهێنی تا هه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌!

پێده‌چێت پاسداران پێیان زانیبێت که‌ ئه‌م هاتوه‌، بۆیه‌ دوای ئۆتۆمبیله‌که‌یان ده‌که‌ون، ئه‌م که‌‌ له‌گه‌ڵ پ.م کانی پارتیدایه‌‌ و پێده‌چێت ناکۆک بن له‌گه‌ڵ پ.م حزبی دیموکراتدا له‌وسه‌رد‌ه‌مه‌دا، کاتێک له‌ده‌س هێزه‌ ئێرانییه‌که‌ هه‌ڵدێن بێئاگا ده‌که‌ونه‌ نێو ئه‌و گوندانه‌ی له‌ ژێر کۆنترۆڵی حزبی دیموکراتدایه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی نامێنێت ته‌قه‌ له‌یه‌ک بکه‌ن و کێشه‌ دروست بێت، بۆ ئه‌م سه‌خته‌ تێبگات، هه‌ردوولا کوردن و هه‌مان به‌رگ و چه‌کیان هه‌یه‌ بۆ ده‌بێ ناحه‌ز و دژ به‌ یه‌‌ک بن!
نوسه‌ر به‌شێکی کتێبه‌که‌ی ته‌رخانکردوه‌ بۆ باس له خه‌بات و سه‌رهه‌ڵدانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ناوی (ڕاپه‌ڕینی کورده‌کان) به‌ درێژی باس له‌ راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و دواتر هاتنه‌سه‌رکاری خومه‌ینی و دڕنده‌‌یی و تاوانه‌‌کانی رژێمی مه‌لاکانی ئێران دژ به‌ کورد و بێوه‌فاییان به‌رامبه‌ر خه‌باتی گه‌لی کورد دژ به شا، کوشت و بڕ و گوله‌بارانکردنی گه‌نجانی کورد و …هتد ده‌کات. هه‌روه‌ها باس له‌ نه‌دانی مافه‌کانی کورد و سه‌رکوتکردنی کورده‌کان ده‌کات. له به‌شێکی تردا به‌درێژی باسی ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران له‌سه‌رده‌می شادا (ساواک) د‌ه‌کات، که‌ چه‌‌ند دڕنده‌ و خوێنڕێژ و بێبه‌زه‌یی بوونه‌ به‌رامبه‌ر ئازادیخوازان و زیندانییانی سیاسی کورد. ئینجا ره‌خنه‌ له‌ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و سه‌رۆکی وڵاتانی ئه‌وروپاش ده‌گرێت، که به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێشوازییان له‌ شا کردوه‌ و ده‌ستی شاژن (فه‌ره‌‌ح زیبا) یان ماچ کردوه‌ له‌ سه‌ردانه‌کانیاندا.

له‌ به‌شێکی تریدا به‌ درێژی باسی کورده‌کانی باکور و چه‌وساندنه‌وه‌ و دیکتاتۆریه‌ت و خوێنڕێژی ئه‌تاتورک ده‌کات، که ناوی کورده‌کانی گۆڕی بۆ (تورکه‌ شاخاوییه‌کان)، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت دیپلۆماته‌ رۆژئاواییه‌کان ئاگادارن که‌ به‌ فه‌رمانی ناوبراو زیاتر له‌ ٦٠٠ هه‌زار کورد کوژراون و سه‌ربڕاون، که‌چی ئه‌م بابه‌ته‌ که‌ جینۆسایده‌ که‌س له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزی ناکاته‌وه‌ و باسی ناکات!
له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌ هه‌‌مان شێوه‌ توشی چه‌رمه‌سه‌ری و گرفتی زۆر ده‌بێت، له‌ ئێستر به‌رده‌بێته‌وه‌ و دانێکی ده‌شکێت! له‌گه‌ڵ قاچاخچی فه‌رش و به‌نایاسایی داخلی تورکیا ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لایه‌وه‌، سه‌رجه‌م نوسین و وێنه‌‌کانی گرتونی به‌ سه‌‌لامه‌تی له‌‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ ئه‌وروپا.
دوا به‌شی کتێبه‌که‌ی به‌ ناوی گرێکانی یان گرفته‌کانی کورده‌کان، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی جوانی بۆ شۆڕشه‌کانی کورد و خه‌باته‌که‌ی کردوه‌، باس له‌ نه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی جیهان و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌کات، ئه‌م جگه‌ له‌ بێبه‌زه‌یی و دڕنده‌یی دوژمنان و یه‌کتربڕینی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، باس له‌ بیرکردنه‌وه‌ و ره‌فتاری دواکه‌وتوویی و عه‌شایری، ناکۆکی و ناته‌بایی ناوخۆیی، یه‌کنه‌گرتویی، خۆخۆریی ده‌کات، که‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورده‌کان شه‌ڕکه‌ری باشن و کۆڵنه‌ده‌رن، ئه‌و هۆکارانه‌ نه‌یهێشتوه‌ به‌ ئامانج بگه‌ن. ئه‌م (دووبه‌ره‌کی) وه‌ک قه‌ده‌ر یان نه‌فره‌تی کورده‌کان باس ده‌کات که‌ لێیمان نابێته‌وه‌. دیاره‌ ئێوه‌ش هاوڕامن که‌ ناوبراو ته‌واو پێکاوێتی.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا دێته‌ سه‌ر کۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی، که له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٧٩ له‌ ئێران سازکراوه‌، جا نازانم خۆی ئاماده‌بووه‌ یان نا، به‌ڵام ڕووداوه‌کانی نێو کۆنگره‌که‌ی به‌وردی تۆمار کردوه‌، باس له ناکۆکییه‌کان ده‌کات که‌ وه‌‌ک‌ دوو باڵ ده‌رکه‌وتوون، باڵی ماڵی بارزانی باوک و باڵی سامی عه‌بدولره‌حمان، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت کاتێک ئیدریس بارزانی له‌ نێو کۆنگره‌ داوا ده‌کات هیچ پشتیوانیه‌کی کورده‌کانی ئێران نه‌کرێت له‌ شه‌ڕیاندا دژ به‌ خومه‌ینی، ده‌نگ به‌رز ده‌بێته‌‌وه‌ و ئاماده‌بووان ئه‌‌مه‌ وه‌ک (ناپاکی) به‌رامبه‌ر به‌ براکورده‌کانیان ده‌بینن، ده‌شڵێت کێشه‌کان زیاتر خه‌تای ئیدریس بارزانی بووه‌ نه‌ک (مه‌سعود)، که‌ گوتراوه‌ ئه‌وه‌ خۆفرۆشتنه‌ به‌ خومه‌ینی…هتد. له‌وێدا زۆر زه‌‌می شا کراوه‌ و هه‌ڵوێستی خومه‌ینی بۆ هاوکاریی په‌نابه‌رانی عێراقی کورد له‌ ئێراندا به‌رزنرخێنراوه‌. ده‌نوسێت، له‌سه‌ر ئه‌مانه سامی عه‌بدولره‌حمان و نۆ له‌ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی کشاونه‌ته‌وه‌ له‌‌ سه‌رکردایه‌تی و وه‌ک ئه‌ندامی ساده‌ ماونه‌ته‌وه‌.

ئه‌م راپه‌ڕینی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازادبوونی به‌شێکی ئه‌وێ وه‌ک ده‌رفه‌تێکی زێڕین بینیوه‌، بۆیه‌ لای وابووه‌ که‌ ده‌بێت به‌ هه‌موو پشتیوان و هاوکاریان بن، تا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌‌درێت، که‌ بۆ هه‌موو کورد گرنگه‌. ته‌نانه‌ت ده‌نوسێت: هه‌رچه‌نده‌ بارزانی باوک پیربووه‌، وه‌‌ک ره‌مزه‌ و رێزێکی زۆری له‌نێو کورده‌کاندا هه‌یه‌، به‌ڵام کوڕه‌کانی به‌م هه‌ڵوێسته‌یان، مه‌به‌ست له‌ پشتیوان نه‌کردنی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاته‌، دووه‌م هه‌ڵه‌ی کوشنده‌ ده‌که‌‌ن، دوای چه‌کدانانی ١٩٧٥ که‌ نوسه‌ر به‌ (ته‌سلیمبوون) باسی ده‌کات. له‌ کتێبه‌که‌شیدا خاڵی نۆیه‌می به‌یانی کۆتایی کۆنگره‌ی به‌ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی بڵاوکردۆته‌وه‌ که داوا له‌ حدکا و رژێمی ئێران ده‌کات به‌ گفتوگۆ کۆتایی به‌ شه‌ڕ بهێنن.
ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژووی نزیکی خه‌باتی کورد گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی ره‌خنه‌یه‌، که‌ هیچ باسێکی له‌‌ حزب و گروپه‌کانی تری ئه‌و کاتی باشوری کوردستان نه‌کردوه‌، وه‌ک یه‌کێتی، پاسۆک و حزبی شویعی و …هتد، به‌ڵام پێم وایه‌ گرنگه‌ وه‌ربگێڕرێته‌ سه‌ر زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت که‌ نوسه‌ر که‌سێکی بیانییه‌ و بێلایه‌نانه‌ ڕووداو و هه‌ڵوێسته‌کانی نوسیوه‌ته‌وه‌.

——————————————————-
سه‌رچاوه‌: Ich war bei den Kurden – Augenzeuge eines Lebenskampfes; Sitte, Fritz; Verlag Styria, 1980, Austria, ISBN: 3222112630




خوێن دەگری… جەلال عەبدوڵا ساڵح


بۆ ئەوەی پێبکەنێت
باخ ی مرۆڤ
چەم دەکەمە کۆڵم
بۆی دەبەم
وازم هینا لە یاری دووگۆڵی
لەبەر ئەوەی پیری هات بە میوانیم
بانگم دەکەن، دەچم بۆ لایان
کۆمەڵێک هاوڕێی باشن
لەسەر کورسی ڕازیکردنیان دادەنیشم
چەپڵەی سەرکەوتنیان بۆ لێ ئەدەم.
پزیشکەکەم کێشەکەی گەورە کردم
ئیتر گۆشتی بەراز ناخۆم
ماڵە دراوسێکەمان خەڵکی ئۆکرانییایە
هەموو ساڵێک
لە ڕۆژی کەنەدا بانگم دەکا
دەچم بۆ لای گوێدەگرم
لە قسەو ئاوازی گۆرانییەکانیی
پیی دەڵێم:

  • سپاست دەکەم!
    لەو ڕۆژەوە چەقۆ و مل
    یەکتری دەناسن گۆشت ناخۆم.
    حەزم لە ترێ یە!
    چوارساڵە شەراب ناخۆمەوە
    لەبەرخاتری سرووشت
    شووشەیەکم لە ڕەنگی بەلاڵووک
    لەسەر ڕەفەکەم داناوە
    چونکی دیاری کچەکە کوژراوەکەی هاوڕێمە.
    لە ئەفغانستان شیعرێکی سووتان
    قاچێکییان قرتان
    لە دووای نان خواردنی بەیانییان
    هەتا (مەندێلا)
    ئازاد کرا
    دەڕژانە سەر شەقامەکان
    لە (ئەفریقا)
    (کوردەکان)
    کۆترێکییان وا لە (قەفەس) دا
    فیشەکی پێوەدەنێن
    کەسوکارەکەم
    سووپای (تورک)ەکان کوشتییان
    ئەوکاتەی کە (لینین)
    هاورێی (ئەتا )بوو
    لە تۆرۆنتۆ
    چوار کرێکاری ئەستەمبوڵ ی
    کارم لەگەڵ دەکەن
    مناڵەکانییان (کورد)ی زانن
    پیاوێکی (ئێران)ی
    بۆنی خوێی(زرێبار)ی لێدێت
    (قاتل)ی ماسییە کوژراوەکانی دووای کارەساتی ١٩٧٩رە
    لەوێ ئاو ڕاویناوەو
    لێرە سوورەماسی دەفرۆشێت
    هەموو مانگێک دەچم بۆلای
    ئەو باسی (ڕەفسنجان)یم بۆ دەکات
    من جەلادەکانی وڵات
    ئەو کابرایەی ناوی (ئەنفاڵ) بوو
    خەڵکی(ڕووتبە) بوو
    (کورد) ێک بووە چاوساغی
    بەزۆر دایکم یان نارد بۆ لافاوی( ئەنفال)
    کەچی خاڵۆم کتێبەکەی باپیری
    لەسەرو ڕەفەکەی ژوورسەری
    داناوە بۆ چاوەزاری
    لێرە بێکاری مرۆڤ ڕادێنێت
    ببێتە سەگی کؤڵانەکانی شار
    لەم سەرزەمینی لە یەکتری دابڕانە
    لە ماڵی هەر مرۆڤێکی نامۆ
    وردە شووشەی ژیان ڕژاوە
    خوێن دەگری
    کەس نایبیسێت!



قوتابیانی ریزی دواوه‌، قوتابیانی سزا دراو… عیسا بۆتانی

(زۆرم خوێندبوو مامۆستا هه‌ڵینه‌ستاندم)… (ده‌ست هه‌ڵده‌بڕم مامۆستا نامبینێت)… (مامۆستا هه‌ڵمناستێنێته‌ سه‌ر ته‌خته)، ئه‌وانه‌ چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كن كه‌ قوتابیانی دواوه‌ی هۆبه‌كانی خوێندن پێوه‌ی گیرۆده‌ن، ئاخۆ ده‌بێت ده‌بێت تا چه‌ند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گوشاره‌ ده‌روونییه‌ خۆیان بێڕابگیرێ و تووشی بێهیوایی نه‌بن.
‌له‌وه‌تی له‌ بیرمانه‌ (له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی به‌عس و دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستانیش) دیاریكردنی شوێنی دانیشتنی قوتابی له‌نێو هۆبه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك بووه‌، ئه‌گه‌ر ره‌چاوی رێنماییه‌كانیش كرابێت ئه‌وا زیاتر لایه‌نی ته‌ندروستی له‌به‌رچاو گیراوه‌ و ئه‌و قوتابییانه‌ی كێشه‌ی بینین یان بیستن یان باڵایان كورت بووه‌ هێنراونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و له‌ ریزی یه‌كه‌م دندراون كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی راستی زانستیی و په‌روه‌رده‌یی و مرۆڤانه‌یه‌.
پسپۆر و شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده‌یی هاوڕان له‌وه‌ی شوێنی دانیشتنی قوتابی كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئاستی زانستی قوتابییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ بایه‌خه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ پلانی بۆ دابڕێژرێ و وه‌كو هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی پشتگوێ نه‌خرێ، ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵكردنی ژینگه‌ی پۆلیش وا ده‌خوازێت كه‌ به‌ تێڕوانینێكی زانستییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر دیاریكردنی شوێنی قوتابیان بكرێ كه‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و شێواز و هه‌ڵسوكه‌وتی مامۆستا؛ هه‌روه‌ها ئاستی پرۆگرامی خوێندن و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش جاریوا بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌خواستی قوتابی تاكو زیاتر ئاره‌زووی دانیشتن له‌ڕیزی دواوه‌ بكات و خۆی له‌چاوی مامۆستا بدزێته‌وه‌ و له‌ به‌شداریكردن له‌ وانه‌دا خۆی به‌دوور بگرێت.
توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی ئاشكرای كردووه‌ كه‌وا ئه‌و قوتابییانه‌ی له‌ریزی پێشه‌وه‌ داده‌نیشن به‌ به‌راورد به‌ هاوڕێكانیان كه‌ له‌دواوه‌ن؛ باشتر فێر ده‌بن. ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ له‌هه‌مان گۆشه‌ نیگاوه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌مووان له‌و بڕوایه‌دان قوتابییانی ریزی پێشه‌وه‌ ژیر و زیره‌كترن و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ی له‌دواوه‌ داده‌نیشن قوتابی ته‌مبه‌ڵن و ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌ پرسیاره‌كانی مامۆستا بشارنه‌وه‌ و حه‌زیان به‌ یاری و سه‌رقاڵكردن و نانه‌وه‌ی گرفته‌ له‌نێو هۆبه‌ی خوێندن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و توێژینه‌وه‌ زانستییه‌ سه‌ڵماندویه‌تی كه‌وا ئه‌و قوتابییانه‌ی راسته‌وخۆ له‌به‌رامبه‌ر بۆردی نووسینی هۆبه‌ن له‌ڕووی فێربوون و به‌شداریكردن له‌ ئاستێكی به‌رز و باشترن.
فریدریك بلۆم كه‌ ئه‌ندامێكی تیمی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌یه‌، ده‌ڵێت:(ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌مووان به‌ یه‌كسانی سوود له‌ كرداری فێركردن وه‌رگرن ئه‌وا پێویسته‌ ماوه‌ ماوه‌ جێگۆڕكێ به‌ قوتابیان بكرێ و شوێنیان بگۆڕدرێ… وا پێویست ده‌كا حه‌فتانه‌ شوێنی قوتابیان بگۆڕدرێ تاكو به‌پێی ژماره‌ی قوتابیانی هۆبه‌كه‌ هه‌مووان چانسی دانیشتن له‌ڕیزی پێشه‌وه‌یان به‌ر بكه‌وێت و وه‌كو یه‌ك فێر ببن و تێكڕا خۆیان به‌ زیره‌ك و ژیر ببینن).
سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی فێركردن و به‌رزبوونی ئاستی زانستی قوتابیان هه‌میشه‌ به‌وه‌ ده‌پێودرێ كه‌وا قوتابیان تا چه‌ند له‌ په‌یوه‌ندیی و به‌شداریكردنی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ مامۆستا، ئه‌و قوتابیانه‌ی به‌هۆی بێ پلانی كه‌وتۆنه‌ته‌ ریزی دواوه‌ی هۆبه‌ بیرۆكه‌یه‌كی وایان له‌لادا دروست ده‌بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی سزا درابن یانیش جێی گرینگی مامۆستا نه‌بن و چاوی مامۆستایان له‌سه‌ر نه‌بێت… ئه‌و قوتابییانه‌ تووشی نائومێدی ده‌بن كه‌ چه‌ندین جار خوازیاری به‌شداریكردنن له‌ بابه‌ته‌كانی وانه‌ و به‌هۆی دووریی و نادیده‌گرتنیان له‌لایه‌ن مامۆستاوه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ناڕه‌خسێت، بۆیه‌ دواجار ئاره‌زووی ئاماده‌كردنی ئه‌ركه‌كانیان نامێنێت و خۆیان وه‌كو كه‌سی پشتگوێخراو ده‌بینن و مرۆڤی شه‌رمنیان لێ دروست ده‌بێت كه‌ بوێری قسه‌ و گفتوگۆیان نه‌بێت… ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامێكه‌ كه‌وا كه‌س حه‌زی پێ ناكا!
له‌ڕووی ده‌روونیشه‌وه‌ ئه‌و قوتابییه‌ی به‌ درێژایی ساڵی خوێندن له‌ دواوه‌ و له‌ته‌نیشت دیوارێك داده‌نیشدرێت هه‌ست به‌ په‌راوێزخستن ده‌كا و خواستی له‌سه‌ر‌ خوێندن نامێنێت و ئاستی فێربوونی لاواز ده‌بێت. مامۆستایه‌كی وڵاتی میسر كه‌ شێوازی جێگۆڕكێی قوتابیانی تاقیكردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت:(رێگایه‌كی به‌سوود و ئاسانه‌، به‌وه‌ قوتابیان به‌ یه‌كسانی فێر ده‌كرێن و له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ كه‌س خۆی به‌ فه‌رامۆشكراو نازانێت).
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری ئه‌وه‌ له‌سه‌ر قوتابی، رۆماننووسی میسری مسته‌فا عه‌بدولعه‌زیز، له‌ رۆمانی (دوا په‌یام)دا باس له‌ سه‌رده‌می خوێندن ده‌كات و ده‌پرژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی قوتابیان و ماڵباته‌كانیشیان په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوون كه‌ منداڵه‌كانیان چانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی هۆبه‌دا دانیشن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م خه‌ڵكی وا تێگه‌یشتوون كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ره‌حله‌ی یه‌كه‌من زیره‌كترین و سه‌ركه‌وتووترینی پۆلن. له‌مڕووه‌وه‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی ئه‌و رۆمانه‌دا ده‌ڵێت:(ته‌نها به‌شێك له‌ قوتابیان خۆیان پێیانخۆش بوو له‌ دواوه‌ دانیشن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌كی گه‌وره‌ بوون… ئه‌وان به‌خۆیان ده‌یانزانی كه‌ له‌و ئاسته‌دا نین شه‌ڕ و كێبڕكێ له‌سه‌ر ره‌حله‌ی ریزی پێشه‌وه‌ بكه‌ن. ده‌یانویست له‌چاوی مامۆستا دوور بن و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بیانبینێت هه‌رچیان بوێت بیكه‌ن… ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بۆ خۆیان بشنوون).
غانم خه‌لیل كه‌ رۆماننووس و ده‌رچووی زانكۆی مووسڵه‌ ئه‌ویش له‌ یادداشته‌كانی خۆیدا به‌ شانازییه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ له‌ قوتابخانه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ داده‌ندرا، ئه‌و ده‌ڵێت:(له‌ ناوه‌ندی حه‌دبای كۆن، كه‌ خۆشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نم تێیدا به‌سه‌ر برد… هه‌میشه‌ له‌به‌رچاومه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی دوێنێ بووه‌، گۆڕه‌پانه‌كه‌ی… ته‌نانه‌ت تۆزی ته‌باشیره‌كه‌ی كه‌ به‌سه‌رمدا ده‌ڕژا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو ئه‌و پۆلانه‌ی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ كه‌ تێیدا خوێندم له‌ ره‌حله‌ی یه‌كه‌م داده‌نیشتم).
زۆرجار نادادیی له‌ دیاریكردنی شوێنی قوتابیان و قۆرغكردنی ره‌حله‌ی پێشه‌وه‌ بۆ به‌شێك (كه‌ ده‌كرێ منداڵی مامۆستایان بن) ده‌بێته‌ بیره‌وه‌رییه‌كی ناخۆش و ئه‌و مرۆڤانه‌ تاكو گه‌وره‌ش ده‌بن به‌ هه‌ستێكی ناخۆش بیریان ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ له‌ زۆر كه‌س گوێبیستی ئه‌وه‌ بووینه‌ كه‌ خه‌ونیان به‌وه‌ بینیووه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی هۆبه‌دا دانیشن به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه‌یان بۆ نه‌هاتۆته‌ دی).




شیوعی… عه‌بدولسه‌تار نور عه‌لی… و/ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ گیرفانی شیوعییه‌ك ده‌گه‌رێم
بۆ بڵاوكراوه‌یه‌كی نهێنی ،
باس له‌ هه‌ژارانی جیهان
له‌ كرێكاران ،
حوتیاران ،
هه‌ر كه‌سێك زه‌حمه‌تده‌كێشێ بكات ،
بۆ ئه‌وه‌ی پاروكه‌ی* له‌
ئاوێكی خاوێن كه‌ وشك نابێت بخوسێنێت ،
بۆ ئافره‌تێك ده‌گه‌رێم
له‌ بێستانێكی سه‌وزدا به‌خته‌وه‌ر بێت ،
بۆ منداڵان
له‌ گۆره‌پانه‌كانی گێڵگه‌ی گوڵاندا ،
له‌ پێناو نیشتمانێكی ئازادو به‌خته‌وه‌ردا.
بۆ قیرشێكی(1) ره‌ش ،
گڵای زه‌رد (2) ،
كه له‌ زه‌لكاوا (3)اتێگلاون (4) مه‌گه‌رێ
له‌ چه‌قویه‌ك له‌ پشتی پشته‌وه‌ ،
له‌ نیشتمانێكی پشت ستوونه‌كانی(5) زیندانه‌وه‌!

——————————

6/4/2022عه‌بدولسه‌تار نور عه‌لی**
و/ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
6/4/2022

** شاعری گه‌وره‌وناسراو
تێبینی :
*مه‌به‌ست نانه‌ ره‌قه‌ی هه‌ژارانه‌.
(1)پاره‌وپوولی توركیه‌ له‌ كاتی سوڵتانه‌كانی عوسمانلی به‌كار هاتووه‌و، هه‌روا له‌ میسریش به‌ كارهێنراوه‌.
)2) مه‌به‌ست له‌ پروپاگه‌نده‌ی روو زه‌رده‌ كه‌ هه‌میشه‌ هاشه‌وهوش ده‌كات و رووداوه‌كان گه‌وره‌ ده‌كات و،ره‌نگی زه‌ردیش له‌ عورف وعاده‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ بۆ كاری خراپ و شتی بێ قیمه‌ت.
(3) قووڕو لیته‌ وپیسی.
(4) وزه‌ وه‌رده‌گرێت
(5) له‌ ده‌قه‌ عه‌ربییه‌كه‌ ته‌نها ستوونه به‌بێ زیندان.




شووناس و هاوسه‌نگی جوانی له‌ شیعرى گۆراندا:… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

  • سه‌ره‌تا:
    -١-
    پێویسته‌ بزانین مه‌به‌ستمان له‌ “شووناسی جوانی” چیه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شووناس و جوانی به‌ جیا پێناسه‌ بكه‌ین و پاشان له‌ په‌یوه‌ندى نێوانیان بدوێین و له‌وێشه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ین ئاخاوتنی جوانی لاى گۆران بكه‌ین و شووناسی جوانی وه‌ك چه‌مكی ئێسه‌تیك له‌ شیعرى گۆراندا دیارى بكه‌ین. ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ پێیستمان به‌وه‌یه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌كانی جوانی و چۆنێتی به‌رهه‌مهێنانی، یان به‌رجه‌سته‌كردنی جوانی له‌ شیعرى گۆراندا بدوێن، به‌ تایبه‌تی پێویسته‌ له‌ دوو ئاستدا باسی جوانی بكه‌ین. یه‌كه‌م جوانیه‌كی تایبه‌تی یان لۆكاڵی، دووه‌م جوانیه‌كی گه‌ردوونی، كه‌ دیاریكردنی ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات بۆچی پێگه‌ى گۆران وه‌كو شاعیڕێكی داهێنه‌ر له‌ مه‌ودایه‌كی قوڵدا چه‌ند په‌یوه‌سته‌ به‌ شووناسی كوردبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها چۆن له‌ رونگه‌ى جوانی گه‌ردوونیه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌و كوردبوون له‌ چوارچێوه‌ى مرۆڤبووندا سه‌یر ده‌كات و جوانی كوردیش وه‌كو به‌شێك له‌ جوانی گه‌ردوونی ده‌بینێت.
    كاتێ باسی شووناس ده‌كه‌ین، ده‌شێ ڕاسته‌وخۆ خه‌یاڵمان بۆ ئه‌و كارته‌ بچێت كه‌ كه‌سێك هه‌یه‌تی و ناو و زانیارییه‌ تایبه‌تیه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ى تێدا تۆماركراوه‌و وێنه‌كه‌یی له‌سه‌ره‌. ئه‌مه‌ش دیاره‌ بۆ ناسینه‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سه‌یه‌ له‌هه‌ر كه‌سێكی تر. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ شووناسی ئاسایی هه‌ركه‌سێكه‌و ئه‌ركى ئه‌م شووناسه‌ش ناسینه‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێكه‌ له‌وانه‌ی تر به‌ پشتبه‌ستن به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ شووناس بریتیه‌ له‌:
    له‌و خاسێت و بیروباوه‌ڕو كه‌سێتیه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات یان ده‌رده‌بڕێت كه‌ شووناسی خود بۆ كه‌سێك بنیاد ده‌نێن. كردارى به‌ده‌ستهێنانی شووناس ده‌شێ داهێنه‌رانه‌ بێت یان روخێنه‌رانه‌(1). یان ده‌توانرێت بگوترێت: شووناس ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ یان ئه‌و خاسێته‌ بێت كه‌ تیایدا كه‌سێك یان شتێك ئه‌و خاسێت و بیروباوه‌ڕانه‌ى ده‌بێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و شته‌ جیاده‌كاته‌وه‌ یان ده‌یناسێنێت. یان شووناس هه‌ستی پێبه‌خشینی هاوشێوه‌یه‌تیه‌ به‌خود، یان به‌شێوه‌یه‌كی تر شووناس هه‌لومه‌رجی بوونی كه‌سێك، یان بوونی خودێكه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ ئه‌وى ترو له‌و ناچێت، یان ئه‌وى تر نیه‌. له‌ پشتی هه‌موو ئه‌م بۆچوونانه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ شووناس ئه‌و چه‌مكه‌یه‌ كه‌ ئاماده‌بوونی كه‌سێك یا پێكهاته‌یه‌ك یان شتێك یان چه‌شنێك نیشان ده‌دات، به‌جۆرێك كه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆیی هه‌بێت و له‌وانی تر نه‌چێت و جیاواز بێت و له‌ڕێگاى خاسێت و بیروباوه‌ڕو ده‌ربڕینه‌وه‌ بوونی ئه‌م كه‌سه‌ یان پێكهاته‌یه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌و به‌ ته‌واوى له‌وانی تر جیاده‌كرێته‌وه‌. له‌م رووه‌وه‌ شیعرى گۆران وه‌كو به‌رهه‌می داهێنان تایبه‌تمه‌ندى خۆیی هه‌یه‌و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له‌وانی تر، یان له‌ به‌رهه‌می ئه‌وانی ترى جیاده‌كاته‌وه‌و وه‌كو بوویه‌كی تایبه‌تی یان بوویه‌كی جیاواز له‌وانی تر ده‌یخاته‌ ڕوو. ئه‌م جیاوازبوونه‌ش خاسێتی تایبه‌تی و جیاكه‌ره‌وه‌ به‌م ڕه‌گه‌زه‌ى داهێنان ده‌به‌خشێت. خاسێتی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ى شیعرى گۆران شووناسی هه‌بێت تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعرى ئه‌م شاعیره‌یه‌ كه‌ سه‌رلووتكه‌ى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتیه‌ش”جوانیه‌”. به‌ مانایه‌كی تر ده‌توانین بڵێن جوانی ڕه‌گه‌زێكی هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌ به‌خشینی شووناس به‌ شیعرى گۆران. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ “جوانی ” لاى گۆران دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو ئاستدا كه‌ یه‌كه‌میان جوانی سرووشته‌و دووه‌میان جوانی ئافره‌ته‌. كه‌ سه‌رئه‌نجام پێكه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ یان ئه‌م دوو بنه‌ما سه‌ركیه‌ به‌ره‌و ئاستێكی به‌رزتر له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر جوانی له‌لاى گۆران رامان ده‌كێشێت، كه‌ ئه‌ویش تایبه‌تمه‌ندى ئه‌م دوو ئاسته‌یه‌ له‌ جوانی كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ ماناى جیاكردنه‌وه‌ى جوانی كوردیه‌ له‌ جوانی ئه‌وانی ترى غه‌یرى كورد. هه‌ر لێره‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر شووناسی جوانی لاى گۆران دێته‌ پێشه‌وه‌. بۆیه‌ جێگاى خۆیه‌تی لێره‌دا بپرسین ئایا جوانی لاى گۆران یان له‌ شیعرى گۆراندا پێناسه‌یه‌كی ترى هه‌یه‌ یان شووناسێكی ترى هه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ شووناسی كوردبوون؟

    كه‌واته‌ جێگاى خۆیه‌تی پێش ئه‌وه‌ى باسی شووناسی جوانی بكه‌ین له‌ شیعرى گۆراندا، باشتر وایه‌ ئاخاوتنی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ شیعر چیه‌؟ جوانی چیه‌؟ چۆن گۆران جوانی هه‌م وه‌كو فه‌زاو هه‌م وه‌كو به‌شێك له‌ بنیادى زمانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، یان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كات. جوانی ئه‌و وێنه‌و چركه‌ساتانه‌یه‌ كه‌ به‌رزترین و باڵاترین و دیارترین سه‌رسامی به‌ رۆح ده‌گه‌یه‌نێت و نیشانی ده‌دات. جوانی ئه‌و چركه‌ساتانه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ تیایاندا هه‌ست به‌ ئازادى و بوونی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كات، جوانی ئه‌و چركه‌ساتانه‌یه‌ كه‌ تیایاندا مرۆڤـــ هه‌ست به‌ شانازىو شكۆمه‌ندى ده‌كات. واته‌ جوانی ئه‌و ساتانه‌یه‌ كه‌ تیایاندا مرۆڤــ هه‌ست به‌ ژیان ده‌كات. جوانی بریتیه‌ له‌ ئاسووده‌یی هه‌ست و رۆح و له‌ ڕێگاى ئه‌و وێنه‌و تێگه‌یشتن و بۆچوونانه‌وه‌ وه‌سف ده‌كرێت و وێناده‌كرێت كه‌ به‌ربه‌سته‌كان ده‌بڕن و ده‌گه‌نه‌ مێشك یان عه‌قڵ یان هه‌ستی مرۆڤــ و زیاتر وه‌كو پێوانه‌ى هه‌ست و سۆزبزوێن سه‌یر ده‌كرێت. “جوانی له‌ چوارچێوه‌ى هونه‌ردا بریتیه‌ له‌ پێوانه‌، یان ئه‌ندازه‌ى په‌یوه‌ندیكردن و گه‌یاندنی سه‌ركه‌وتووى نێوان به‌شداران- گواستنه‌وه‌ى چه‌مك و بۆچوونه‌ له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندو وه‌رگردا(2). به‌م پێیه‌ بۆ وێناكردنی جوانی ده‌بێ سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێن و وه‌رگر هه‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ى دوواییان رۆڵی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ریش ده‌بینێت و شووناسی جوانی یان دژى جوانی دیارى ده‌كات و به‌بێ بوونی وه‌رگر جوانی وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی بێلایه‌ن ده‌مێنێته‌وه‌.”هونه‌رى جوان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ وه‌سفكردنی هه‌سته‌ هه‌ره‌ قوڵه‌ ئامانجداره‌كانی هونه‌رمه‌ندو چه‌مك یان تێگه‌یشتنه‌ دڵگیره‌كاندا.

    ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئامانج و تێگه‌یشتنانه‌ جوان و گه‌شاوه‌ بن، یان تاریك و نائاشكراو ته‌مومژاوى بن. له‌به‌رئه‌وه‌ جوانی بۆ هه‌میشه‌ ڕه‌گه‌زێكی زاتیه‌(3). بێگومان شتێك نیه‌ به‌ ناوى هونه‌ر به‌ بێ جوانی كه‌ مه‌به‌ستمان له‌ هونه‌ر كۆى بواره‌كانی داهێنانه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هه‌ونه‌رو زانسته‌ مرۆییه‌كاندا. بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئاشكرایه‌ زۆرجار به‌ داهێنان ده‌گوترێت به‌هونه‌ركردن. واقیع یان ده‌ره‌وه‌ى هونه‌ر جۆرێك له‌ جوانی تێدایه‌، به‌ڵام جوانیه‌كی ده‌ست لێنه‌دراوه‌، یان سرووشتیه‌و شێوه‌ى تابلۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگه‌. داهێنان ماناو ده‌لاله‌ت به‌خشینه‌ به‌و تابلۆیه‌و به‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو ئه‌و تابلۆیه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بۆچوونه‌ باڵاده‌سته‌ش هه‌یه‌ كه‌ كۆى هونه‌ره‌كان لاساییكردنه‌وه‌ى جوانی سروشتن. دواتر دێینه‌ سه‌رباسی وێناكردنی جوانی لاى گۆران به‌راورد به‌ جوانی سرووشت خۆى. گۆران تابلۆى جوانی خۆى له‌ ڕێگاى داڕشتنی وێنه‌ له‌دواى وێنه‌و وێنه‌ له‌پاڵ وێنه‌داو وێنه‌ له‌ناو وێنه‌دا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش وه‌كو به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ى شیعرى ناوببرێت كه‌ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌ته‌ و ئاستی باڵاى به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تیش لاى گۆران په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌رچاوه‌ى له‌بن نه‌هاتووى به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ى شیعریه‌وه‌ لاى ئه‌م شاعیره‌.
    كه‌واته‌ وێنه‌ى شعرى چیه‌؟ بێگومان وێنه‌ كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌ وێنه‌ى شیعرییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی زمان، واته‌ زمان وێنه‌ى شیعرى درووست ده‌كات یان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. وێنه‌ خۆى جۆرێكه‌ له‌به‌رجه‌سته‌كردنی تابۆلۆى زمانی. “خاسێتێكی زمان كه‌ له‌ بوارى شیعردا گرنگه‌ بریتیه‌ له‌ تواناى زمان بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاریگه‌رى له‌ مێشك یان عه‌قڵدا كه‌ ئه‌وه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگاى وروژاندنی ئه‌ندامه‌ هه‌ستیاره‌كانه‌وه‌ ده‌خوڵقێندرێت(4). ئێمه‌ هه‌ندێجار له‌باره‌ى وێنه‌ى زیهنیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مه‌به‌ستمان كاریگه‌ریه‌ له‌سه‌ر مێشك یان عه‌قڵ كه‌ هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ له‌ ڕێگاى په‌یبردنمانه‌وه‌ به‌ شته‌ بینراوه‌كان له‌ ڕێگاى چاو و ده‌ماره‌كانی بینین و پانتاییه‌ گونجاوه‌كانی مێشكه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. كه‌واته‌ لێره‌دا ئاشكرایه‌ كه‌ وێنه‌ له‌ ڕێگاى زمانه‌وه‌ به‌رهه‌مدێت و هه‌ست، مێشك، په‌یبردن، عه‌قڵ شێوه‌ى به‌رجه‌سته‌ى ئه‌و وێنه‌یه‌ دیارى ده‌كه‌ن. ئاستی جوانی یان پێوانه‌ى جوانی وێنه‌، ئاستی كاریگه‌رى له‌سه‌ر مێشك یان هه‌ست و عه‌قل دیارى ده‌كات. هه‌ندێجار وێنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ ده‌بینرێت، یان هه‌ستی پێده‌كرێت. هه‌ندێجاریش ئاستی رامكردنی وێنه‌ یان وه‌رگرتن و په‌یپێبردنی ئاسان نیه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ى وێنه‌ كه‌ ده‌شێ به‌ وێنه‌ى هه‌ستی ناوببرێت و له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ستدا درووست ده‌كرێت، یان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. دیاره‌ وێنه‌ -ئیمه‌یج-كه‌ وشه‌كه‌ ریشه‌یه‌كی لاتینی هه‌یه‌ به‌ ماناى هاوشێوه‌بوون، لێكچوون، وێناكردن، تێگه‌یشتن، لاساییكردنه‌وه‌ یان كۆپیكردن دێت. وێنه‌ى عه‌قڵی یان زیهنی نواندنێكی كۆنكرێتی شتێكه‌، كه‌ ده‌شێ هه‌ست په‌ی به‌هاوشێوه‌بوونی ببات. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌زرا پاوه‌ند ده‌ڵێت:

    وێنه‌ ئاڵۆزى فیكرى و سۆزدارى له‌ كاتێكی دیاریكراودا ده‌نوێنێت. وێنه‌ى شیعرى خۆى ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناو مێش یان عه‌قڵی ئێمه‌ له‌ ڕێگاى ناردنی بریسكه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ى ده‌خرێته‌ سه‌ر شاشه‌ى فیلم(5). دیاره‌ وێنه‌ هه‌ستی وه‌رگر یان خوێنه‌ر ده‌جوڵێنێت یان ده‌وروژێنێت و له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تێكی رووتكراوه‌ له‌ كاریگه‌رى ڕه‌گه‌زه‌ هه‌ستیه‌كانه‌وه‌ ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ ئاستی وروژان و هه‌ڵچوون و له‌وه‌شدا چێژ به‌رهه‌م دێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ده‌ق. گه‌یشتن به‌ چێژى ده‌ق گه‌یشتنه‌ به‌ خاڵێك وه‌كو ئه‌نجامی بڵندبوون سه‌یر ده‌كرێت. كه‌واته‌ وێنه‌ یان وێنه‌ى شیعرى هه‌رچۆن ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌ته‌، له‌هه‌مان كاتدا ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی چێژه‌و هاوكات ئاماده‌كه‌ر یان جوڵێنه‌رى وه‌رگره‌ بۆ گه‌یشتن به‌و چێژه‌ كه‌ به‌ چێژى ده‌ق ناوده‌برێت و له‌ ئاستێكی باڵاتردا ده‌شێ پێی بگوترێت چیێژى جوانی. هه‌روه‌ك له‌ گه‌یشتن به‌ لوتكه‌دا بارى جوانیپه‌رستی به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ ره‌نگه‌ جوانی له‌ شیعرى گۆراندا به‌ ئاسانی گه‌یشتبێته‌ ئه‌م ئاسته‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌خشینی چێژو به‌و پێیه‌ش جوانی لاى گۆران بارى جوانیپه‌رستی لاى وه‌رگر یان خوێنه‌ر درووست ده‌كات كه‌ هاوشێوه‌ى پاكژبوونه‌وه‌ى رۆحی یان تواندنه‌وه‌ى سۆفیه‌ له‌ نورى باڵادا. لێره‌وه‌ ڕێگایه‌ك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر شووناسی جوانی لاى گۆران یان له‌ شیعرى گۆراندا ئاشكرا ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ش بریتی نیه‌ له‌ كۆى شووناسی جوانی لاى ئه‌م شاعیره‌ له‌كاتێكدا ئاستی جوانی له‌ به‌رهه‌می ئه‌ودا هه‌ندێجار له‌سه‌رووى ده‌ست پێگه‌یشتنه‌وه‌یه‌.

    ئێمه‌ باسی شووناس و جوانی و وێنه‌ى جوانی به‌رهه‌مهێنمان كرد كه‌ ئه‌ویش وێنه‌ى شیعریه‌و وه‌كو ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كی شیعریه‌ت لێیدواین. هه‌روه‌ك به‌دواى ئه‌وه‌دا ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئاستی جوانی له‌ شیعرى گۆراندا ته‌نیا له‌و سنووره‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى چێژێكی ئاسایی بێت وه‌كو به‌شێك له‌ چێژى ده‌ق، به‌ڵكو په‌یوه‌ستبوونی وه‌رگر به‌ جوانیه‌وه‌ له‌ شیعرى ئه‌م شاعیره‌دا له‌ روانگه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خوێنه‌ر یان وه‌رگره‌وه‌ ده‌شێ بگاته‌ ئاستی جوانیپه‌رستی كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ گه‌وهه‌ردا په‌یوه‌سته‌ به‌ جوانناسی یان ئێسه‌تیكه‌وه‌، واته‌ ئه‌و قۆناغه‌ى مامه‌ڵه‌كردن و په‌یوه‌ستبوون به‌جوانیه‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ر یان وه‌رگر به‌شێوه‌یه‌كی نه‌ستی یان نائاگایانه‌ به‌ دواى خۆیدا كێش ده‌كات. كه‌واته‌ بابزانین مه‌به‌ست له‌ جوانناسی یان جوانپه‌رستی یان ئێسه‌تیك چیه‌؟ “جوانناسی زاراوه‌یه‌كه‌ ده‌كۆڵیته‌وه‌ له‌ جوانی و هونه‌ر و له‌ تێگه‌یشتن له‌ شته‌ جوانه‌كان”(6). دیسان له‌باره‌ى جوانناسیه‌وه‌ هاتووه‌: جوانناسی لێكۆڵینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فیانه‌ى جوانی و چێژه‌. ئه‌م چه‌مكه‌ به‌ تووندى په‌یوه‌سته‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ى هونه‌ره‌وه‌و ده‌كۆڵیته‌وه‌ له‌ سرووشتی هونه‌رو چه‌مكه‌كانی له‌و رووه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان یان تاكه‌كانی هونه‌ر راڤه‌ده‌كرێن و هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن(7). وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت جوانناسی په‌یوه‌ندى به‌ جوانی و چێژى جوانیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می سرووشتی جوانیه‌. جوانناسی وه‌كو چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی لێكۆڵینه‌وه‌ى چه‌مكی جوانی ده‌كات و سرووشته‌كه‌ى راڤه‌ده‌كات و لێكده‌داته‌وه‌و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ و له‌وێشه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌و ئاسته‌ى چێژه‌وه‌ كه‌ خودى جوانی، هه‌رجۆرێكی جوانی بێت به‌رهه‌می ده‌هێنێت. ئاشكرایه‌ لاى گۆران یان له‌ شیعرى گۆراندا دوو ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنی جوانین كه‌ ئه‌وانیش ئافره‌ت و سرووشتن.
    بڕیاردانی ئه‌وه‌ى كامیان یه‌كه‌مه‌و كامیان دووه‌مه‌ ره‌نگه‌ كاڕێكی ئاسان نه‌بێت، یان ده‌شێ ڕاستتر وابێت كه‌ بگووترێت ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى به‌رهه‌مهێنانی جوانی له‌ شیعرى گۆراندا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هاوسه‌نگن و هه‌ردووكیشیان سه‌رچاوه‌یه‌كی قوڵتریان هه‌یه‌ و په‌یوه‌ست ده‌بنه‌وه‌ به‌ شووناسێكه‌وه‌ كه‌ وه‌كو دواتر باسی ده‌كه‌ین شووناسی جوانی كوردستانیه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
1- Leary M. R. Tangney. Handbook of Self and Identity, New York, 2003, p. 76.
2- Wikipedia . 3- Ibid
4- Lynn Altenbernd and Lesie. L. lewis. A Handbook for the Study of Poetry, Macmillan, London, 1966, p. 12.
5- John Drury , The Poetry Dictionary, Writer’s Digest Books, 2nd ed. 2006, pp. 141-142.
6- Oxford Advanced Learner’s Dictionary, 7th edition, Oxford University press, 2005, p.24.
7- Northrop Frye, Anatomy of Criticism, Princeton and Oxford, 1990, p. 81.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-6-… شەماڵ بارەوانی

بەشی شەشەم/

لەمیانی ئەو پێنج بەشەی پێشووتر زانیمان کە حەقیقەت و ماهیەت و زەرورەتی چەمکی سیکۆلاریزم چییە. حەقیقەتی ژیان و مرۆڤ و ئازادی لەسایەی سیکۆلاریزممان بۆ ڕۆشنبوویەوە. بۆمان بەیان بوو کە سیکولاریزم هیچ کاتێک مورادیفی بێ دینی و هاوتای بێ بڕوایی و دژایەتی کردنی ئایین و بە مانای قەدەغەکردنی ئایین نایەت. گەر سەیریش بکەین لە ئۆروپا، کەوڵاتگەلێکی بەمانای وشە، سیستەم سیکۆلاریزم و لانکەی سیکۆلاریزمن.

هەرگیز، لەسایەی هیچ یەکێک لەو وڵاتە سیکۆلاریستانەدا، ڕێگری لەئایین نەکراوە و ناکرێت، بگرە زۆر رێزی ئایینەکانیش گیراوە و دەگیرێت و هەموو ئایینەکان ئازادی تەواویشیان پێدراوە. بەڵکوو ئەوان تەنها قەدەغەی تێکەڵکردنی هەردووک کایەی ئایین و سیاسەت بە یەکتری دەکەن. نەک قەدەغەکردن و دژایەتی کردنی ئایین. ئەوان هەردووک دەسەڵاتی ناسوتی( زەمەنی و دنیایی)، و لاهووتی(ئاسمانی و ئایینی)یان لێکتری جوێ کردووەتەوە. لەو وڵاتە سیکۆلاریستانە دا، وەکو ئاماژەم بوکرد،

بگرە ئازادی بیر و بیر باوەڕی ئایینی و مەزهەبی زۆر زیاترە، بە راورد بەو وڵات و شوێنانەی ئیسلامین. لە نموونەی:ئێران، سعودیاو ئەفگانستان.. تاد. ئەو وڵاتانەی کەئیسلامگەراکان و فۆندەمێنتالیزمەکان بە ناوی ئایینەوە حوکمی دەکەن. لەوێ(وڵاتە سیکۆلاریستەکان) کەس بۆی نییە،

لەسەر ناوی عومەر و عەلی، ئەبوو زەڕ و موعاویە، سونە و شیعە، حەنەفی و شافیعی، مالیکی و باتینی، دوانزە ئیمامی و زەیدی، کۆمەڵ و بزوتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفی، تاڵیبان و داعش، بۆکۆ حەرام و قاعیدە و فلان فیرقە ئایینی و فیسکە گرووپی تری ئیسلامی، لەسەر ماتریدی بوون و موعتەزیلەیی بوون، لەسەر حەمبەڵی بوون و ئەشعەری بوون، یەکتری بکوژێت و خوێنی یەکتری بڕێژێت و یەکتری تەکفیر و تەبدیع بکات و بسڕێتەوە. وەک ئەوەی لەوڵاتە ئیسلامیەکان بە درێژایی سەتان ساڵە، بگرە زیاتر لەهەزار و چوارسەت ساڵە ئەوە دەکرێت.




3 نامه‌ی ئه‌نگلس بۆ ماركس… و: سەلام عەبدوڵڵا

له‌م‌ 3 نامه‌یه‌ به‌ كورتی تێڕوانینی ماركس و ئه‌نگلس پیشانده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام شۆڕشی كردووه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م نامه‌یه‌ و له‌ رۆژانی داهاتوو دوو نامه‌كه‌ی تریشیان بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌.

نامه‌ی ئه‌نگلس بۆ ماركس
مانشیسته‌ر 24.ئایار. 1853
… دوێنێ ئه‌و كتێبه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ باسیم بۆ كردی سه‌باره‌ت به‌ نه‌قشه‌ عه‌ره‌بییه‌كان وچۆن بایه‌خی خۆی هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ گشتی‌ باسی پیاوئاینییه‌كان و ته‌وراته‌ به‌شێوه‌ی بێزئاوه‌ر. سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ توانیویه‌تی بیسه‌لمێنێ كه‌ جیبۆن هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ جوگرافیای كۆن. ئێمه‌ ئه‌توانین به‌‌و هه‌ڵانه ئه‌و ئه‌نجامه‌ ده‌ستكه‌وێت كه‌ لاهوتی جیبونیش هه‌ڵه‌یه‌. بابه‌ته‌كه‌‌ جوگرافیای مێژوویی دوورگه‌ی عه‌ره‌بییه به‌ قه‌ڵه‌می به‌ڕێز(شارل فۆرست)ه‌‌.
ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌توانێت له‌و كتێبه‌ ده‌ستیبكه‌وێت، ئه‌مه‌یه‌:
1- باسی ره‌چه‌ڵه‌ك‌ له‌(تكوین) و پێی وایه‌ ره‌چه‌ڵه‌كی نوح و ئیبراهیمه‌…هتد، هه‌ژماری زۆر درووسته‌ بۆ عێله‌ بیابانشینه‌كانی ئه‌و كاته‌.‌ به‌ گوێره‌ی خزمایه‌تی زمانه‌وانی نزیك یان دوور…هتد و، وه‌ك ده‌زانین ئه‌و عێله‌ بیابانشینانه‌ له‌وكاته‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وام ناوی خۆیان ناوه‌(وه‌چه‌ی صالد، وه‌چه‌ی یوسف….هه‌روا)، واته‌ كوڕانی فڵان و فیساره‌ وه‌چه‌ و ئه‌م ناولێنانه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ی بوونی شوانكاری سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌و، له‌دواییدا هه‌ر بۆ ئه‌م ناولێنانه‌ ده‌مانباته‌وه‌.
ناو هه‌ژماره‌كه‌ی(تكوین) زیاد یان كه‌م دووپات ده‌كرێته‌وه‌ له‌ جوگرافیاناسه‌ دێرینه‌كان. هه‌روا رۆژهه‌ڵات ناسه‌ نوێكان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ناوه‌ كۆنه‌كان له‌گه‌ل گۆڕانكارییه‌كان له‌سه‌ر زاراوه‌ ناوچه‌ییه‌كان هێشتا له‌ زۆربه‌ی ناوه‌كان ماونه‌ته‌وه‌.
هه‌رچییه‌ك روویدابێت، ده‌رده‌كه‌وێت‌ كه‌ خودی جووه‌كان هیچ تر نه‌بوون بێجكه‌ له‌ عێلێكی بچووكی بیابانشین، رێك وه‌ك هه‌موو ئه‌وانیتر و، بارودۆخه‌ ناوچه‌ییه‌كان و كشتوكاڵییه‌كه‌ی له‌ ناكۆكیدا بوون له‌گه‌ل بیابانشینه‌كانی تر.
2- ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی‌ به‌ داگیركاریه‌ گه‌وره‌كانی عه‌ره‌به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی باسمان لێوه‌ كرد: بیابانشینه‌كان وه‌ك مه‌غوله‌كان، ماوه‌ ماوه‌ كاری داگیركارانه‌یان ده‌كرد. ئیمبراتۆرییه‌تی ئاشووری و بابلی هاوتا له‌لایه‌ن عێله‌ عه‌ره‌به‌ شوانكاره‌كان دامه‌زران كه‌ پاشان خه‌لافه‌تی به‌غدایان لێ دامه‌زرا.
كلدانییه‌كان كه‌‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئیمبراتۆرییه‌تی بابلین، ئێستاش به‌ هه‌مان ناو( بنی كالد)و شوێن هه‌ن.
په‌ره‌سه‌ندنی خێرای شاره‌كان وه‌ك نه‌ینه‌وا و بابل به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ وردی پێشی 300 ساڵ روویدا و هاوشێوه‌یان شارگه‌لی مه‌زن دامه‌زران وه‌ك (أغرا و دلهی و لاهور و مونان) له‌ هیندستانی رۆژهه‌ڵات به‌ هۆی داگیركاری ئه‌فغانی یان تته‌ری. ئا به‌م شێوه‌یه‌ فتوحاتی مه‌حه‌مه‌دی زۆرێك له‌ خه‌سه‌لته‌ تایبه‌ته‌كانی له‌ده‌ستده‌دا.

3- پێده‌چێ كاتێ عه‌ره‌به‌كان له‌ باشووری رۆژئاوا جێنشین بوون، وه‌ك بیناسازییه‌كانیان ده‌یسه‌لمێنن، شانیان له‌ شان شارستانییه‌تی میسری و ئاشوورییه‌كانیان ده‌دا. ئه‌مه‌ شتی زۆر له‌‌ فتوحاتی مه‌حه‌مه‌دی روونده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و ئاینه‌وه‌ هه‌یه‌، پێده‌چێت به‌ گوێره‌ی ئه‌و نه‌قشه‌ كۆنانه‌ له‌ باشوور كه‌ تێدا‌ نه‌ریتی كۆنی قه‌ومی عه‌ره‌بی باڵاده‌سته‌ تایبه‌ت به‌ یه‌كتاپه‌ره‌ستی(له‌نێو هیندی و ئه‌مریكاییه‌كانیش باڵاده‌سته‌‌)، ئه‌و نه‌ریته‌یه‌ كه‌ عیبرانییه‌كان به‌شی زۆر كه‌می له‌و نه‌ریته پێكده‌هێنن.
شۆڕشی ئاینی مه‌حه‌مه‌د وه‌ك گشت بزووتنه‌وه‌ ئاینییه‌كان، له‌ رووكه‌شیدا به‌رچدانه‌وه‌ بوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی زاره‌كی بوو به‌ره‌و رابردوو و ساكاری‌. ئه‌مما كتێبی گوایه‌ پیرۆزی یه‌هودی هیچ تر نیه‌ بێجگه‌ له‌ تۆمارگه‌یه‌ك بۆ نه‌ریتی ئاینی وخێڵه‌‌ كۆنه‌كانی عه‌ره‌به‌‌ و راستكراوه‌ته‌وه‌ به‌ كرده‌ی زوو جیابوونه‌وه‌ی یه‌هودییه‌كان له‌ دراوسێ ده‌مارگیره‌كانیان، به‌ڵام بیابانشینه‌كان-ئه‌مه‌ ئێستا به‌ روونی بۆ من دیاره‌-.
ئه‌وه‌ی ده‌وری فه‌له‌ستین به‌ دیوی عه‌ره‌ب ته‌نها به‌ بیابان و زه‌وی بیابانشینه‌كان گیراوه‌، شیكاری گه‌شه‌كردنی جودامان بۆ ده‌كات.
به‌ڵام نه‌قشی عه‌ره‌بی كۆن و نه‌ریته‌كان و قورئان و ئه‌وساكارییه كه‌ پێمان ده‌كرێت ره‌مزه‌كانی هه‌موو ره‌چه‌ڵه‌كان بكه‌ینه‌وه‌…هتد، ئه‌م راستییه‌ ده‌یسه‌لمێنێ كه‌وا ناوه‌ڕۆكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عه‌ره‌بی بووه‌ یان روونتر بڵێین به‌گشتی سامی بووه‌ وه‌ك حاڵه‌تی قاره‌مانێتی ئیدا و ساغای ئه‌ڵمانی لای خۆمان.

دڵسۆزتان: ف. أ‌
سه‌رچاوه: مراسلات ماركس انجلز، ترجمه‌ فۆاد ایوب، لاپه‌ڕه‌ی 83-92‌ ‌

نامه‌ی ماركس بۆ ئه‌نگلس
له‌نده‌ن له‌ 2 حوزه‌یران 1853 ‌
….ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌كه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ عبرانی و عه‌ره‌به‌وه‌ هه‌یه بایه‌خێكی گه‌وره‌ی له‌لام ورووژاند. و به‌م بۆنه‌یه‌‌:
‌ 1- ده‌توانین بیسه‌لمێنین كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه‌ په‌یوه‌ندی گشتی هه‌بووه‌ له‌ نێوان ئێله‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان، له‌ نێوان به‌شێكیان كه‌ جێنشین بوون و به‌شتێكی تری ئێله‌كان درێژه‌یانداوه‌ به‌ ژیانی بیانی.
2- له‌ سه‌رده‌می مه‌حه‌مه‌د رێگاكانی بازرگانی له‌نێوان ئۆروپا بۆ ئاسیا تا راده‌یه‌كی زۆر گۆڕا و شاره‌كانی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ پشكی گه‌وره‌ی بازرگانیان هه‌بوو له‌ گه‌ل هیندستان، له‌ حاڵه‌تی وێرانی بازرگانی بوون. به‌گشتی ئه‌م خاڵه‌‌ هێزێكی گه‌وره‌ی پێدا.
4- سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ئاینه‌كه‌وه‌، له‌ هاوكێشه‌ گشتیه‌كاندا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پاشان وڵامی پرسیاره‌كه‌ ئاسان ده‌كاته‌وه‌: بۆچی مێژووی رۆژهه‌ڵات وه‌ك مێژووی ئاینه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت؟
سه‌باره‌ت به‌ پێكهاتنی شاره‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان، مرۆڤ ناتوانێت له‌ كتێبه‌كه‌ی پیره‌ فرانسووا بیرنیه‌ شتێكی باشتر و بریقه‌دار و جوان و زیندووتر بخوێنێته‌وه( ماوه‌ی 9 ساڵ پزیشكی لاورنغ زیبه‌ بوو).(….)
بیرنێ پێیوایه‌ به‌راستی شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو دیارده‌كان له‌ رۆژهه‌ڵات- مه‌به‌تی توركیا و ئێران و هیندستانه‌- ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موڵكایه‌تی تایبه‌تی زه‌وی بوونی نییه‌. ئه‌مه‌ه‌ كلیله‌ راته‌قینه‌كه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ئاسمانی رۆژهه‌ڵاتی…

نامه‌ی ئه‌نگلس بۆ ماركس
مانشیسته‌ر له‌ 6. حوزه‌یران. 1853

…له‌ راستیدا نه‌بوونی موڵكایه‌تی تایبه‌تی زه‌وی كلیلی هه‌موو رۆژهه‌ڵاته‌ ‌ به‌نیسبه‌ت مێژووی سیاسی یان مێژووی ئاینی، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه ‌چۆن رۆژهه‌ڵاتییه‌كان ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌ ده‌ره‌به‌گایه‌ته‌كه‌یشی نه‌گه‌یشتن به‌ موڵكایه‌تی خانوبه‌ره‌ ؟
پێموایه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌شوهه‌وا، بۆ‌ په‌یوه‌ندی به‌ سرووشتی زه‌وی، به‌تایبه‌تی به‌و به‌شی بیابانه‌ پانوبه‌رینه‌كه‌ی كه‌ له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ تا ئێران و هیندستان و وڵاتی و تته‌ر تا ده‌گاته‌ به‌رزاییه‌كانی زوورگاوی ئاسیا.
لێره‌دا ئاودێری ده‌ستكرد یه‌كه‌م مه‌رجی كشتوكاڵی بووه‌ و ئه‌مه‌ش كاری كۆمه‌ڵه‌، هه‌رێم یان حكومه‌تی ناوه‌ند بووه. له‌ هیچ رۆژێك له‌ رۆژان هیچ حكومه‌تێكی رۆژهه‌ڵاتی له‌ 3 ئیداره‌ زیاتری نه‌بووه‌: دارایی(چه‌پاوكردنی ناوخۆ)، جه‌نگ(چه‌پاوكردنی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌)، كاره‌ گشتییه‌كان(بایه‌خ به‌ زاوزێ)ی ده‌دا.
حكومه‌تی به‌ریتانی له‌ هیندستان به‌رچاو ته‌سكانه‌ ره‌فتاری له‌گه‌ل خاڵی یه‌كه‌م و دووهه‌م كردووه‌ و خاڵی سێهه‌میان به‌ ته‌واوی پشتگوێ خستووه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ كه‌ كشتوكاڵی وڵاته‌كه‌ مه‌ترسی وێران بوونی هه‌یه.‌‌ لێره‌ هه‌رگیز كێبركێی ئازاد سه‌رناكه‌وێت.
ئه‌و په‌ینریزكردنی ده‌ستكردی زه‌مین‌ه‌ كۆتایی هات له‌گه‌ل خراپبوونی‌ سیستێمی ئاودێری، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ سه‌رسووڕهێنه‌ره‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ رۆژێك له‌رۆژان ته‌واوی ناوچه‌كان ئاوه‌دان بوون و ئێستا نه‌ماون و له‌ناوچوون وه‌ك شاری(تدمر،بترا و كه‌لاوه‌كانی یه‌مه‌ن و ناوچه‌گه‌لی تر له‌ میسر و ئێران و هیندستان)و ئه‌و راستییه‌شمان بۆمان شی ده‌كاته‌وه كه‌ یه‌ك جه‌نگی وێرانكه‌رانه ده‌توانێت و‌ڵاتێك بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ ‌چۆڵ بكات و هه‌موو شارستانێكه‌ی له‌ناوببات.
پێموایه‌ وێرانكردنی بازرگانی له‌ باشووری دوورگه‌ی عه‌ره‌بی پێش مه‌حه‌مه‌د كه‌ تۆ به‌ درووستی بۆی چوون، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی شۆڕشی مه‌حه‌مه‌د، ئه‌و ناوچانه‌‌ش ده‌گرێته‌وه‌. من مێژووی بازرگانی یه‌كه‌م شه‌ش سه‌ده‌ی پێشی مه‌سیح به‌ تێروته‌سه‌لی نازانم تا بڕیاربده‌م له‌سه‌ر بارودۆخی ماددیانه‌ به‌گشتی وبه‌ گوێره‌ی پێویستیش له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی په‌سه‌ندكردنی بازرگانی به‌ڕێگای ئێران بۆ ده‌ریای ره‌ش و به‌ڕێگای‌ به‌نده‌ری فارسی بۆ سوریا و ئاسیای بچووك له‌سه‌ر رێگای ده‌ریای سوور. به‌هه‌ر حاڵ دیاره‌ دابینكردنی ئاسایشی رێژه‌یی رێكخراو بۆ كاروانه‌كان له‌ ئیمبراتۆرییه‌تی فارسی كه‌ ساسانییه‌كان حوكمڕانیان ده‌كرد، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌مه‌ن له‌ اڵانی 200- 600 له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حباشه‌كان بوو و تا راده‌یه‌ك یان داگیركراوه‌ یان تاڵانكراوه‌. شاره‌كانی باشووری دوورگه‌ی عه‌ره‌بی كه ‌هێشتا له‌ سه‌رده‌می رۆمانییه‌كان ئاوه‌دان بوون، له‌ سه‌ده‌ی حه‌فته‌‌م یوون به‌ كه‌لاوه‌. له‌ ماوه‌ی 500ساڵدا بیابانشینه‌كان ده‌وروبه‌ری ئه‌وكه‌لاوانه‌ بڕوایان هێنا به نه‌ریتی خورافی و ئه‌فسانه‌یی په‌تی له‌باره‌ی ره‌چه‌ڵه‌كیان(بڕوانه‌ قورئان و مێژوونووسی عه‌ره‌بی النفیری) و ئه‌و ئه‌لفوبێیه‌ی كه‌ نقشه‌كانیان پێ نووسیوه‌‌ له‌و ده‌ڤه‌ره به‌ته‌واوه‌تی نه‌ناسراوبوون‌ گه‌ر چی ئه‌لفوبێی تر نه‌بووه‌و خودی نووسین به‌ كرده‌وه‌ له‌بیركرابوو.
ئه‌و شتانه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی نه‌قشه‌كان بوون له‌ پاڵیاندا((پاڵه‌وانه‌كان))یش هه‌بوون و مه‌رجی بازرگانی گشتی بوون، جۆره‌ وێرانی راسته‌وخۆ و توندڕه‌و به‌شێوه‌ی ره‌ها ناكرێت راڤه‌ی تریان بۆ بكه‌ن بێجگه‌ له‌ داگیركاری حه‌به‌شییه‌كان كه‌ پێش هاتنی مه‌حه‌مه‌د به‌ 40 ساڵ له‌ناوبران. شایانی باسه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كاری هوشیاری قه‌ومی عه‌ره‌بی بێدا بوو و‌ داگیركارییه‌كانی فارسه‌كانیش له‌ باكووره‌ كه‌ نزیك مه‌ككه‌ بوونه‌وه‌، هانده‌ریان بوو.
من له‌ رۆژانی داهاتوو بایه‌خ به‌ ژیانی خودی مه‌حه‌مه‌د ده‌ده‌م و هه‌ره‌ چییه‌ك بێت، تا ئێستا وای ده‌بینم مۆركی په‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بیابانشینه‌كانه‌‌ دژ به‌ جووتیاره‌ نیشته‌جێبووه‌كانی شاره‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌و كاته‌دا كه‌ له‌ ئاینه‌كانیان تا راده‌یه‌كی زۆر بێڕه‌وشت بوون به‌ تێكه‌ڵكردنی په‌رستنی بۆگه‌نیان بۆ سرووشت و ئاینی یه‌هودی و مه‌سیحی بۆگه‌ن.


سه‌رچاوه: مراسلات ماركس انجلز، ترجمه‌ فۆاد ایوب، لاپه‌ڕه‌ی 83-92‌




سێبه‌ر – مۆچیاری… نوسینی ئیدگار ئالان پۆ/ و: پ.ی.د. مه‌حه‌مه‌د عه‌زیز سه‌عید

سێبه‌ر كورته‌ چیرۆكێكی ئه‌مه‌ریكیه‌. ئیدگار ئالان پوو، نوسه‌ر و شاعیر و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌ریكی نووسیویه‌تی. نوسه‌ر له‌ 19/1/1809 له‌ بۆستن-ئه‌مه‌ریكا له‌ دایك بووه‌. له‌ 7/10/ 1849 له‌ ته‌مه‌نی چل ساڵیدا له‌ ماریلاند – ئه‌مه‌ریكا كۆچی دووایی كردوه‌. نوسه‌ر له‌ ساڵی 1903 ئه‌م چیرۆكه‌ی به‌چاپ گه‌یاندووه‌.

ئاره‌زووی له‌ مردن هه‌ڵاتن…به‌ڵێ‌ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ دۆڵی سێبه‌ردا تێپه‌ڕ بووم – سروودی داوود پێغه‌مبه‌ر.
به‌ڵێ‌ ، ئێوه‌ منتان خوێنده‌وه‌، هیًشتا له‌ ژیان دا ماوون، به‌ڵام من ده‌نووسم، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌مه‌و پێش، چوومه‌ته‌ ناوچه‌ی سێبه‌ره‌كان. له‌ڕاستیدا، گه‌لێ شتی نامۆ، ڕووده‌دات، شته‌ نهێنیه‌كان ئاشكرا ده‌بن. چه‌ندین سه‌ده‌ ده‌ڕوات، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك، ئه‌م یاده‌وه‌ریانه‌ ببینێ‌. هه‌ندێكیان باوه‌ڕی پێ‌ ناكه‌ن، هه‌ندێكیان گوومانی لێ ده‌كه‌ن، كه‌سانێك هه‌ن، هه‌ست به‌ پیته‌ هه‌ڵكه‌ندراوه‌كان، به‌ هه‌ڵكێنه‌ری ئاسنی ، له‌ سه‌ر تابلۆكان ده‌كه‌ن.
ساڵ ساڵی ترس بوو، پڕ بوو له‌ هه‌ستی تۆقێنه‌ر، له‌ سه‌ر زه‌وی هیچ ناوێكی نه‌بوو، په‌رجوو، نیشانه‌جیاكه‌ره‌وه‌ی زۆر ڕویان دا بوو، ڕه‌شه‌ ڕشانه‌وه‌ ، باڵه‌كانی كێشابوو به‌ هه‌موو لایه‌كدا، به‌ ناو ده‌ریا و سه‌رزه‌ویدا. جادووگه‌ره‌كان، ده‌یانزانی ئاسمانه‌كان دیارده‌ی چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌، له‌لام ڕوون بوو، “ئۆنیۆسی” یۆنانی، له‌ ساڵی 794 نزیك ده‌بووینه‌وه‌، هه‌ساره‌ی موشته‌ری ده‌چێته‌ ناو ئالقه‌ سووره‌كه‌ی زوحه‌ل. ڕووحی ئاسمانه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، رووحی ئاسمانه‌كان، باڵی ڕاده‌كێشا، نه‌ك هه‌ر به‌سه‌ر زه‌ویدا، به‌ڵكوو به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی و بیره‌وه‌رییه‌كان و تێ‌ ڕامانینه‌كانیش دا.
شه‌وێكیان، حه‌وت كه‌س بووین، له‌ هۆڵێكی گه‌وره‌دا، له‌ناو كۆشكێكی گه‌وره‌ی تاریك به‌ ناوی ” پتۆلیمایس” به‌ ده‌وری شووشوه‌كانی پڕ له‌ شه‌رابی ماڕۆنی، دانیشتبووین. هۆڵه‌كه‌ ته‌نها یه‌ك ده‌رگای گه‌وره‌ی هه‌بوو، له‌ مس دروست كرابوو، “كۆرینۆس” دروستی كردبوو، چۆن دروست كردنێك، زۆر ده‌گمه‌ن بوو، له‌ ناوه‌وه‌دا داده‌خرا. په‌رده‌ ڕه‌شه‌كان، ژووره‌كه‌یان ده‌پاراست، مانگ و ئه‌ستێره‌ غه‌مگینه‌كان و شه‌قامه‌ چۆَله‌كان، له‌ ناو په‌رده‌كاندا دیار بوون. له‌ ده‌ورو پشتمان، له‌ نزیكمانه‌ ، گه‌لێ شت هه‌بوو، نه‌مده‌توانی گرنگیان بێ‌ بده‌م – هه‌ست به‌خنكان، شتی سروشتی و ڕووحی – قوورسایی له‌ هه‌وادا، گه‌مارۆدان، له‌ سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌، ئه‌و هه‌سته‌ ترسناكه‌، كه‌سانی نه‌سره‌وت هه‌یان بوو، كاتێك هه‌سته‌كان له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستن، هێزی ڕووحه‌ وه‌ستاوه‌كان، به‌ دڕنده‌یی ده‌گه‌شێنه‌وه‌، قوورساییه‌كی كوشنده‌ ده‌یان هاڕێ‌.
به‌سه‌ر جه‌سته‌ماندا بڵاو ده‌بووه‌وه‌، له‌سه‌ر شته‌كانی ژووره‌كه‌دا، به‌ ناو ئه‌و په‌رداخه‌ شه‌رابه‌ی ده‌مان خوارده‌وه‌، هه‌موو شتێك وا ده‌رده‌كه‌وت، په‌ستێنراوه‌، خه‌یاڵه‌ هێزه‌، هه‌موو شتێك، جگه‌ له‌ حه‌وت چرا ئاسنه‌كه‌، ڕووناكی كردبوووه‌وه‌، زۆرمان خواردبوو و خوارد بووه‌وه‌. گڕی ئاگر له‌ داوه‌ باریكه‌كان هه‌ڵده‌ستا، هه‌روا ده‌مایه‌وه‌، زه‌رد هه‌ڵ گه‌ڕاو و وه‌ستاو. هه‌موویان له‌وێ‌ دانیشتبوون، به‌ ده‌وری خوانی ” ئیبۆنی” دانیشتبووین، وه‌كوو ئاوێنه‌ی لێ هاتبوو، ده‌مان ڕوانیه‌ ده‌م وچاوی زه‌رد و چاوه‌ دره‌وشاوه‌كانی هاوڕێكانی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێ‌ ده‌كه‌نین، دڵخۆش بووین، به‌و شێوه‌ هیستیرییه‌یه‌ی تێ‌ ی دابووین – گۆرانی شێتانه‌مان ده‌گووت، زۆرمان ده‌خوارده‌وه‌، كاتێك بیرمان ده‌كه‌وته‌وه‌، شه‌رابه‌ ماڕۆنیه‌كه‌، خوێنی به‌ بیر ده‌هێناینه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سی هه‌شته‌م له‌ ژووره‌كه‌ بێ‌، ئه‌وا ” زوێله‌س” ی لاوه‌. درێژ كرابوو، مردوو بوو، كفن كرابوو، ڕواڵه‌تی جنۆكه‌و و شه‌یتانی بوو.
به‌داخه‌وه‌، به‌شداری خوشیمانی نه‌ده‌كرد. ده‌م وچاوی مه‌ینه‌تی تێدا به‌دی ده‌كرا، چاوه‌كانی، مردنی نه‌ڕه‌واندبووه‌وه‌، له‌نێو گه‌رمه‌ی ڕه‌شه‌ ڕشانه‌وه‌ – وا پێده‌چوو، گرنگی ده‌دات به‌ خۆشیه‌كه‌مان، به‌ هه‌مان شێوه‌ی گرنگی دانی مردووه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتیكارانی مردن. به‌ڵام من و “ئۆنیوس” هه‌ستمان كرد، چاوه‌ مردووه‌كان ، ته‌ماشامان ده‌كه‌ن، هه‌وڵم دا له‌ بینینه‌كه‌ی تێ‌ نه‌گه‌م، زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ ته‌ماشای قووڵایی ئاوێنه‌ ئه‌به‌نۆسیه‌كه‌م ده‌كرد، به‌ ده‌نگی به‌رز، گۆرانی ده‌ڵێم، به‌ ئاوازی گۆرانییه‌كانی كوڕی ” تیۆس”.
ورده‌ ورده‌ وازم له‌ گۆرانی ووتن ده‌هێنا، ده‌نگدانه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌م له‌ ناو په‌رده‌ تاریكه‌كاندا دوور ده‌كه‌وته‌وه‌، لاواز ده‌بوو، نه‌ما. گۆرانیه‌كه‌م له‌ ناو په‌رده‌كاندا نه‌ما، سێبه‌رێكی ته‌ماوی ده‌ركه‌وت، شێوه‌ی نه‌بوو، شێوه‌ه‌یه‌ك له‌ سه‌ر شێوه‌ی مرۆڤ ، مانگ پێش ئاوا بوونی دروستی ده‌كا. سێبه‌ری مرۆڤ نه‌بوو، سێبه‌ری خواوه‌ند نه‌بوو، سێبه‌ری هیچ شتێكی ناسراو نه‌بوو. له‌ كۆتاییدا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ناو په‌رده‌كه‌دا هه‌ندێك هه‌ڵ له‌رزی، له‌سه‌ر ڕووی ده‌رگا مسه‌كه‌، ڕاست ڕاوه‌ستا.
سێبه‌ره‌كه‌ نه‌ناسراو بوو، شێوه‌ی نه‌بوو، هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌بوو، سێبه‌ری مرۆڤ یان خواوه‌ند نه‌بوو – خواوه‌ندی یۆنانی، یان كلدانی یان میسری. سێبه‌ره‌كه‌ زۆر هێمن له‌ سه‌ر ده‌رگا گه‌وره‌كه‌ ده‌جووڵا، هیچ قسه‌ی نه‌ده‌كرد، ڕه‌ق بووبوو، به‌ ڕه‌قی مایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم، ده‌رگاكه‌ به‌رامبه‌ر پێ‌ یه‌كانی ” زۆیله‌سی” لاوی مردوو بوو. ئێمه‌ی حه‌وت هاوڕێكه‌، ئازایه‌تیمان تێدا نه‌بوو، ته‌ماشه‌ی ئه‌و سێبه‌ره‌ی له‌ په‌رده‌كانه‌وه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین، چاومان نزم كردبوو، ته‌ماشای قووڵایی ئاوێنه‌ ئه‌به‌نۆسه‌كه‌مان ده‌كرد. له‌ كۆتاییدا، من و ئه‌نۆس ، به‌ چرپه‌ی هه‌ندێ‌ ووشه‌، له‌ سێبه‌ره‌كه‌مان پرسی، ده‌رباره‌ی ” ناو و شوێنی دانیشتنی”، سێبه‌ر وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
من سێبه‌رم، شوێنی دانیشتنم نزیك قه‌بری ” پتولیمیاسه‌”، نزیك ده‌شته‌ دۆزه‌خه‌ رصاصیه‌كانی ده‌وروپشتی جۆگه‌له‌ی شاڕۆن. هه‌ر حه‌وتمان له‌ترسان هه‌ستاین، ڕاوه‌ستاین، له‌ترسان هه‌ڵ ده‌له‌رزین، تۆقیبووین، ده‌نگی سێبه‌ره‌كه‌ وه‌كوو ده‌نگی یه‌ك كه‌س نه‌بوو، به‌ ڵكوو وه‌كوو ده‌نگی كۆَمه‌ڵێك كه‌س وابوو، ده‌نگه‌كه‌ له‌كاتێكه‌وه‌ بۆ كاتێكی تر ده‌گۆڕا، ده‌هاته‌ ناو گوێمان، لاسایی زاراوه‌ زانراوه‌كانی هه‌زاران هاوڕێ‌ ی مردوومانی ده‌كرده‌وه‌.

Shadow- A Parable …. Edgar Allan Poe
پ.ی.د. مه‌حه‌مه‌د عه‌زیز سه‌عید له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌
كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌ت، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین – هه‌ولێر




لەگەڵ ئامێرەکان سەما دەکەین… شیعری شیوانگ/ وەرگێڕانی: نەوزاد مدحەت

بەلێدانێکی نەگۆڕ،
 لێدە و لێدە…

ڕۆژان دەڕواو ئێمە سەما دەکەین

لەگەڵ ئەو ئاوازەدا، پێیەکانمان ناوەستێ

هێزم دەپروکێ، ئەم یاسا پۆڵاینە ناگۆڕێ

هەمیشە قەرەباڵغییەکی زۆر، هێشتا هەستکردن بە تەنیایی

لە پڕێکدا ئامێرێک ئاوازەکەی دەگۆڕێ

لە چاو تروکانێکدا دەستی کەسێک دەپەڕێ

هاوارت لە ناو دەنگی ئامێرەکاندا دەخنکێ

خوێنی گەرمی تۆ ناتوانێت ئاگر لەو ئامێرانە بەردا

ئەوەتانێ ئەوانی تر خوێن ساردانە جێیان هێشتی

هەروەک ئامێرێکی شکاو

کێ بوو خوێنی تازە ڕژاوی تۆی، وەک ئەوانی تر سڕییەوە

ئاوا بێ ئەسەر؟

——————————————-

لە ئەدەبیاتی چینی کرێکاری چینییەوە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:
نەوزاد مدحەت

———————————————————————————–




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…3…شەماڵ بارەوانی

بەشی سێیەم/

بەڵێن بێت بەو دەستانەی خۆم سەری مەلا بەختیار ببڕم..!

وەکو لە بەشی یەکەم باسم کرد، بەرلەوەی تووشی گۆڕانی فیکری بم، سەر بە هێزێکی ئیسلامی سیاسی کۆنزەرڤاتیڤ بووم، کە خۆی بە مەدەنی ناوزدە دەکرد، وەلێ من لەناخەوە هەڵگری بیری ڕادیکاڵی بووم و کەسێکی زۆرئایدیۆلۆژیست و تابڵێیت بیرتەسک و ئەقڵ ژەنگاوی و ئاسۆ داخراو بووم.

جا بەو بۆنەیەوە،
هێشتا لە قۆناغی غەیبوبەی فیکری و زۆر بە تووندنی لە ژێرکاریگەری عاتیفەی دینی دا بووم و بەنجی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەری نەدابووم و فەقێیەکی تابڵێیت دۆگماتیزم و بناژۆ خواز بووم.

بیرمە لە حوجرە بووم و ڕۆژێک فەقێیەک سیدیەکی هێنا حوجرە، دیباتێکی نێوان مەلا بەختیار و ئەبووبەکر کاروانی ئیسلامی سیاسی و چەند کەسێکی تری ئاڕاستە سیکۆلار بوو،
مێژووی مونازەرەکە، دەگەڕایەوە بۆ ساڵی1999.
مونازەکە سەبارەت بە(ئازادی ژن و بنەماکانی مەدەنیەت)بوو.

جا ئێمە بەو پەڕی عاتیفی و حەماسەتەوە لەگەڵ فەقێیەکان بەدەم سەیرکردنەوە، کاتێک سەرەی قسەکردنی کاروانی ئیخوانی دەهات، دەستمان بە چەپڵەلێدان و دەنگ هەڵبڕین و پێکەنین و خۆشخاڵی دەربڕین دەکرد، وەکوو ئەوەی بڵێیت لە هۆڵەکە و لە گەڵ ئامادەبووانی مونازەرەکە ئامادەبین و بڵێین ئەها بردمانەوە و کاروانی ئیسلامی، مەلا بەختیاری سیکۆلاری بەزاند و ئەوەی ئەم بەوی کرد، با بە دەواری نەکردووە، حەققەت واش نەبوو، قسەکانی مەلا بەختیار زۆر واقیعی تر و لۆژیکتر و بڕوا پێکراوتربوون و مەلا بەختیار زۆر زاڵتر و پڕ مەعریفەتر و لە دەربڕینا زۆر بە هێزتروو لە مونازەکەش دا، زیرەکتر و بە تواناتربووو کاروانی هەر بەو بەراورد نەدەکرا.
وەلێ ئێمە ئەو کات، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و هەست و سۆزی ئایینی و دەروێشایەتی کردن بۆ ئیسلامی سیاسی کوێری کردبووین و هەستی بینینی حەقیقەتی شتەکان وەک خۆی لێ سەندبووینەوە و بە فەلسەفەی بشفڕێت، هەربزنە، کارمان دەکرد و

دەمانگووت: مەلا بەختیار هەر چی بڵێت و چی بێت، لە ڕۆشنگەری و عیلم و مەعریفە و فەن و سەقافەت دا، هەر کاروانی لەو زیرەکتر و بە تواناترە و مەلای مولحید و سیکۆلاریست، هەرگیز، ناتوانێت موناقەشەی کاروانی بکات!

جامن لەژێر لێویشەوە دەمگووت: بە کوێرایی چاوی ناحەزان و کافران،
ڕۆژێک دادێت و دەوڵەتی ئیسلامی و حوکمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە،
بەڵێن بێت مەلای بەختیار، بەو دەستانەی خۆم، گۆشە و گۆش سەرت بڕم.
ڕۆژگار هات و چوو، بەر لەوەی دەوڵەتی سیوکراتی دروست بێت، ئەو دەوڵەتەی هەموو خەون و ئاواتی من بوو،(خوایە کوێربم و لە خەونیش ئەو ڕۆژە ڕەشە و حوکمی ئیسلامی سیاسی نەبینم)، من تووشی گۆڕانی فیکری بووم و دواتر لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و فەیسبووکەوە، من و مەڵا بەختیار بووین بە فرێند و ڕۆژانە ڕاو بۆچوونمان لە سەر کۆمەڵێک چەمکی وەکوو:ڕۆشنگەری، فێمێنیزم، ڕیفۆرمی ئایینی، ئەقڵانیەت و فێندەمێنتالیزم و ..تاد. دەگۆڕیەوە و دیالۆک و گفتوو گۆمان لە سەریان دەکرد.
Seen by Shamal Ismael Kareem at Wed 11:12 PM
Shamal Ismael Kareem
وەئێستاش، من بە حوکمی کاری نووسەری و ڕۆژنامە نووسیمەوە، بۆ (23)، ڕۆژانامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئاڕاستە سیکۆلارست و نەتەوەیی و چەپ، دەنووسم، بەردەوام و بێ بچڕان، وە لە نێوان ئەو ژمارەیەدا، پێنجیان ماڵپەڕەکانی مەلا بەختیارن،
ماڵپەڕی:(دابڕان)، و ( چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)، و (فێمێزمی ڕۆشنگەری)،
بابەتی ئەدەبی و فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری دەنووسم و دەیان بابەتیشم سەبارەت بە بوارەکانی : کۆمەڵایەتی و فیکری و ئەقڵانی و مەدەنیەت و مۆدێڕنێتە و فێمێنیزم و سیکۆلاریزم و فێندەمێنتالیزم و ڕانان بۆ کتێبە ئەدەبی و فیکریەکان و ڕۆمانەکان و هەروەها شیعری خۆیشم لەو ماڵپەڕانە دا، بڵاو بووەتەوە و تائێستا لە سەر پێشنیاز و داواکاری خودی مەلا بەختیار خۆیشی، لە سەر یانزە کتێب و تێزێکی بەڕێزیان، لە نموونەی:
١-دیموکراسی دوای جەنگی سارد.
٢- ئازادی عەقڵ و کۆمەڵی مەدەنی.
٣- دیموکراسی و دوژمنانی
٤-پێشبینی سەرهەڵدان و مەترسیەکانی داعش
٥- دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا.
٦- کوردەواریی و رۆشنگەری هاوچەرخ.
٧-یەکەمین کۆڕ، یەکەمین مونازەرەی دوای راپەڕین.
٨-تۆتالیتاریزمی ڕۆحی و ئەرکەکانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ.
٩-شۆڕشــی کــوردستان و گۆڕانکارییەکــانــی ســـەردەم.
١٠-دوڕیانــی دیموکــراســی و ســەلەفیــەت.
١١-دوور لەڕق و تەرەفگیری چەند سەرنجێک لەسەر لەبری بیرەوەری.
١٢-ژن جەوهەری دیموکراسییە لەو سەردەمەی جیهانگیریدا.کە ئەمەی دوایی تێزێکەی بەڕێزیان بوو.
نووسیومەو کە خۆی زیاتر لە(20)، لە کتێبەکانی خۆی بە دیاری بەخشی بەمن و لەو دوانزە کتێبەیش کە لەسەرم نووسیون،

چەندین ڕەخنەیشم لێی گرتووە، لە میانی نووسینەکانم سەبارەت بە کتێبەکانی ئەو، بە دڵێکی زۆرفراوان و زۆر بە خۆشحاڵیشەوە قبوڵی کردووە و بەر لەوەی لە سەریشیان بنووسم، پێشم گووت: هەرگیز، موجامەلەت ناکەم، ئەلحەق گووتی: بە دڵی خۆت بینووسە و ناتبوورم، ئەگەر بە دڵی خۆت و زۆر ئازادانە، ڕەخنەم لێ نەگریت و هەڵسەنگاندن و ڕانان بۆ کتێبەکانم نەکەیت. هەموویشی لە ماڵپەڕەکانی:(دابڕان)، و ( چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)دا، بڵاوبوونەتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری یەک دێڕی نووسینەکانم بکرێت، یان ڕەخنەیەك و وشەیەکم لابرابێت، یا مەلا بەختیار پێی دڵگران و قەڵس ببووبێت.
ئێستاش (ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر) وا خەریکن، هەمووی له دوو توێی کتێبێکدا لە چاپ دەدەن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە.

ئەوەش بڵێم:
دووەم کتێبی شیعریم(پارچە شکاوەکانی دڵم)، مەلا بەختیار لە سەر ئەرکی خۆی بۆی چاپکردووم.

لە کۆتایی ئەو بەشەدا، ماوەتەوە بڵێم:
بەو چەشنە، ئیتر من گۆڕام و ئەو فەقێ دۆگماتیزم و وشک باوەڕ و فێندەمێنتالیزمەی جاران نەمام، تابڵێم سەری مەلا بەختیار، یان هەر سیکۆلاریست و چەپ و بێ دینێک دەبڕم،
گەر دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی سیوکراتی بگەڕێتەوە، یان ڕقێکی بێ ئەندازەی مەزهەبیانە و ئایدیۆلۆژیانەم لە دڵ دا، لە بەرامەریان دا،
هەبێت و تف و نەفرەت و نزای خراپیان لێ بکەم، وەکو ئەوەی کاتی سەرەتای فەقێیاتیم، لە هەمبەر حزبی شیوعی و بارەگای حزبەکەیان دەکرد، لە هەولێری پایتەخت، نەخێر ئەو سەردەمە گوزەشت و ئەوە جاران بوو، من ئیتر ئەو قەناعەتە داعشی و ئەو هەموو ڕق و دەمارگیری و نەفرەتەم لە مێشک و دڵ و دەروونم دا، بۆ هەرمان و هەمیشە دەرکرد و فڕێدا و ئێستا به پێچەوانەوە،
من لە بڵاوکراوەی چەپ و نەتەوەیی و سیکۆلاریستان، وتار و بابەت و شیعرەکانم بڵاو دەبێتەوە و بۆ کاکە مەلا بەختیاریش،
سەڕەڕای جیاوازی نێوانمان، لە دنیا بینینمان سەبارەت بە هەندێک چەمک و بۆچوونی سیاسی و، حزبایەتی، وەلێ خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاترە، ئەوکات من کەسێکی فۆندەمێتالیست و ئیسلامیست، ئەویش لیبڕاڵ و سیکۆلاریست بوو، ئێستا منیش هەمان شێوە کەسێکی ئاڕاستە لیبڕال و سیکۆلارم.

لە کۆتایی دا، جیهان بینی و تێڕوانینی مەلا بەختیار هەرچییەک بێت لە بارەی حزبەوە، یاخود سیاسەتەوە، ئەوە ئازادی و مافی خۆیەتی و منیش مافی خۆمە هاوڕا، یاخود ناتەبا و جیاوازبم، مەرجیش نییە من وەک نووسەرێک کە هەمیشە بێ لایەنانە دەنووسم، لە گەڵ وشە بە وشەو دێڕ بە دێڕ و تەواوی ناوەڕۆکی کتێبەکان و زمانی نووسین و هەموو دەستەواژە و دەربڕینەکانی مەلا بەختیار. هاوبیر و تەباو هاوڕابم، وەلێ سەرەڕای هەر جیاوازیەک لە دید و تێڕوانینمان.

من هەردەستێک لە خزمەت پرۆژەی ڕۆشنگەری و پرۆسەی مەدەنیەت و نەتەوەکەی خۆی و مرۆڤ دۆستیدا بێت،

لە خزمەتی بەهاکانی سیکولاریزم و دنیای مەدەنیەت و بیری مۆدێڕنێتە و یەکسانی جێندەری و چەمکی نەتەوە پەروەری و ڕێبازی مرۆڤ دۆستی و خەباتی چینایەتی دا بێت،
کە هەموو ئەو کۆنسێپت و مەفهومانە، سەنگەر و ڕوئیا و ئەقیدە و پڕەنسیپ و پیرۆزیەکانی من و ماکی پێنووس و هێڵ و هەنگاوی منیشن.
هەردەستێک لەو بوارە کاربکات، من ئەو دەستە دەگووشم و دەستخۆشی لێ دەکەم و پشتگیری و هاوبیری و هاوبەشی دەکەم. جا هەردەستێک بێت.




كۆچ… به‌ختیار محه‌مه‌د

عاشقه‌كانی با
كۆچیان كرد،
وه‌ك ئاسكه‌ كێویی
پێده‌شت و چیا
بۆ نیشتمانی به‌فر
كۆچیان كرد.
عاشقه‌كانی باران
تنۆك تنۆك
ڕژانه‌ ناو ده‌ریا،
له‌وێ ون بوون
بوونه‌ ناسنامه‌ی هه‌موو دنیا.
عاشقه‌كانی به‌فر
كۆچیان كرد،
وه‌ك داركاژ
له‌ قه‌دپاڵی شاخ و
له‌ دارستان و
له‌ كه‌نار ڕێگاكان
باڵای خۆیان
سپی پۆش كرد
بوونه‌ فریشته‌ی ئاواره‌ی
هه‌موو دنیا.
عاشقه‌كانی ڕووبار
بۆ ئه‌وپه‌ڕی دنیا،
بۆ نیشتمانی شینی
بێ پا‌سه‌پۆرتی ده‌ریاكان
كۆچیان كرد،
له‌وێ بوونه‌
دوڕڕ و له‌عل و مه‌رجان
ون بوون
له‌به‌ر چاوی هه‌مووان.
عاشقه‌كانی ته‌نیایی
كۆچیان كرد
له‌ نیشتمانێك،
كه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌
له‌ ناو ده‌می
سه‌دان ئه‌ژدیهایه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




نامەیەک بۆ نیشتمان… شیعر: ایرج جنتی عطایی/ بە کوردی کردن: پشکۆ ناکام

یاران……

بە بێ دەنگ دامەنیشن

ووڵات، لە سێبەری سێدارەیایە

بە بێ دەنگ دامەنیشن

لەبەر تەوری دڕەندەکانایە

بە بێ دەنگ دامەنیشن، یاران

بە بێ دەنگ دامەنیشن

لە ووڵاتی ئێمەیا

وەڵام فیشەکی گڕاوییە

گەر لە دادپەروەری بپرسی

هەر ڕێگەیەکی تر داخراوە

جگە لە ڕێی ڕەزالەتی

بێ دەنگ دامەنیشن یاران

ئێران لە سێبەری سێدارەیایە

بڕوانە ، ووڵات غەرقی غەم و نەهامەتی

ئاخ نیشتمان..ئاخ نیشتمان..ئاخ نیشتمان

لە غەما چیمەن بەستوویەتی

ئاخ نیشتمان..ئاخ نیشتمان..ئاخ نیشتمان

لەبەردەم تابوت و کفنا

لەسەر خۆ هەستنە سەر پێ

ئەی غەرقی

هەزاران دەردی بێ دەوا نیشتمان

ئەی نێچیری

گورگی موبتەلای ئەجەل..نیشتمان

قوربانیەکانت هەموو بە بەرگی

خوێناوی…نیشتمان

ئازیز نیشتمان

غەریب نیشتمان

بێ ناز نیشتمان

دایە ببینە

بوکی نیشتمان بێ” جیازی” بووە

دایە ببینە

دەستی بێگانە درێژ بووە

هەر لەتێکی

بە نسیبی پڵنگ و بەراز بووە

ئازیز نیشتمان

غەریب نیشتمان

بێ ناز نیشتمان

بێکەس نیشتمان

لە هیچ کەسا هیممەت و باوەڕ و

خۆ ڕاگری نیە

ژیانی ئێمە گیان هەڵکێشانە

ژیان نیە

لە هیچ لایەکەوە ڕێی هەڵاتن و

رزگار بوون نیە

ئەی خاکی تۆ، گەوهەر و

یاقووت و ئاڵتون، نیشتمان

” سلێمانی”ییەکان هەموو گرفتاری موسیبەتن

“هەولێر”ییەکان

ڕووخاوی دەستی ترسن

“گەرمیان”ییەکان، دووچاری میحنەتن

بۆ هەر ژن و پیاوێک

میحنەت سەرایە نیشتمان

ئازیز نیشتمان

غەریب نیشتمان

بێ ناز نیشتمان

ئەو دووپشکەی کەوتە نیشتمان

ئامادەیە

ئەو خائین و جەللاد و ستەمگەرانە

ئامادەن

ئەو مۆر و تۆمار و بەڵگانە

ئامادەن

ئەوەی نەکراوە ئەو زۆردارانە

بەرامبەرت کردیان

ئازیز نیشتمان

غەریب  نیشتمان

بێ ناز نیشتمان

———————————

” نامە بە وطن”

شیعر : ایرج جنتی عطایی

بە کوردی کردن: پشکۆ ناکام