ئارەزووی ژیان لە فەزای مەرگەساتدا لە کۆمەڵە شیعری ” حەسرەت” ی ئاراس عەزیزدا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

لێکۆڵینەوەی ئەدەبی:

حەسرەت دیوانە شیعرێکی ناو جوگرافیای شیعری کوردیە کە ماوەی نووسینی نزیکەی سێ دەیەی خایاندووە، لە کۆتایی حەفتاکانەوە دەست پێدەکات هەتا نزیکی کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک. واتە دەقەکانی ناو ئەم دیوانە شیعریە هاوشانی زیاتر لە نەوەیەکی شاعیرانی کوردە، هەروەها لە رووی ئەو قۆناغە مێژوویەوە کە دەقەکانی تیادا بەرهەمهاتوون، دیسان دوو سەردەمی جیاواز لەخۆدەگرن، کە ئەوانیش سەردەمی پێش راپەڕین و سەردەمی دوای راپەڕینن. بێگومان سەرباری بڕوابوون بەوەی کە داهێنان کاری تاکەکەسی و بابەتی زۆر تایبەتە، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە واقیعی ژیان چ ژیانی تاکەسیی داهێنەر خۆی بێت، یان واقیعی کۆمەڵایەتی و دەرەوەی دەق راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەق هەیە. بۆیە ناکرێت هیچ دەقێکی ئەدەبی بە دابڕاو لەو واقیعەی تیایدا بەرهەمهاتووە خوێندنەوەی بابەتیانەی بۆ بکرێت. بە مانایەکی تر دەمانەوێت بڵێین بۆ خوێندنەوەی دیوانی حەسرەت وەکو هەر دەقێکی تری زیندوو پێویستە ئەو زەمینەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوریە بناسین کە دەقەکانی تیادا بەرهەمهاتوون. هەڵبەت ئەمەش بەو مانایە نییە کە دەق کۆپیکردنی واقیع بێت، نەخێر بەڵکو بە مەبەستی زانین و تێگەیشتنە لەو پاشخانە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فیکری و عەقڵی و جوانناسیەی کە لە پشتی هەر دەقێکی هونەریەوە راوەستاوەو لە شێوازی جۆراوجۆردا لە ناو دەقدا لە شێوەی هێما، دەلالات، پرسیارو جیهانبینیدا ئامادەبوونی دەبێت.

دیوانی ” حەسرەت” لە بیست و یەک دەقی شیعری پێکهاتووەو سالی ٢٠٠٨ بە شێوەیەکی جوان چاپکراوە. بێگومان ئەم دیوانە شیعریە پێش باسکردن لە هەر خاسێتێکی، لە ئاستی بینراودا بە دوو رەگەزی سەرەکی بەرهەمهێنانی شیعریەت دەوڵەمەندە، کە ئەوانیش زمانێکی پاراوی شیعریە لەگەڵ چنینێکی هونەرییانەی وێنەی شیعری، بەجۆرێک کە وێنەکان لە رووی بەکارهێنانی زمانەوە وەها بەناویەکدا چوون دەقەکان وەکو تابلۆی رەنگاوڕەنگ پێشکەش دەکەن. زمانی بەرزو پاراو و دەوڵەمەندی دەقەکان و وێنەی شیعری یەک بەدوای یەکدا، پێکەوە بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی جوانی دەق، یان بنیادی ئێسەتیکی دەقەکاندا، کە ئەوەش سەرئەنجام بێجگە لەوەی بەشداری دەکات لە بەرهەمهێنانی پرسیارەکانی دەقەکان و جیهانبینی شیعری دەقەکاندا، دیسان بەشداریش دەکات لەبەرهەمهێنانی چێژی دەقدا. کەواتە لێرەدا ئەوە روون دەبێتەوە، ئەوەی لەم دیوانەدا لە بەردەستی ئێمەدایە کۆمەڵی دەقی زیندووی شیعریە، کە هەوڵدەدەین لە سەربنەمای شیکردنەوەی بنیادی زمانی دەقەکان و لە رونگەی شیعریەتەوە خوێندنەوەیان بکەین و بە دوای ئاشکراکردنی پرسیارەکانی ئەم دەقانەو چۆنێتی ئاراستەکردنیاندا بگەڕێین و لەوێشەوە رووناکی بخەینە سەر جیهانبینی گشتی دەقەکان. لە کاتێکدا دەقەکان لە رووی جیهانبینیەوە بەهێڵێک پێکەوە بەستراون و لە دەوری تەوەرێکی دیار دەسووڕێنەوە، کە ئەویش پەیوەندی هەیە بە دالی ” حەسرەت ” و هەموو ئەو مەدلول و مانایانەوە کە هەڵیاندەگرێت.

ناونیشانی ئەم دیوانە شیعریە ” حەسرەت” ناونیشانی یەکێک لە دەقەکانی ناو دیوانەکەیە. ئایا ئەم ناونیشانە دەبێتە ناونیشانێکی کۆکەرەوە، یان دەبێتە ئەو چەترەی کە جیهانبینی گشتی دەقەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوە؟ یان ئایا وشەی حەسرەت دەتوانێت گوزارشت لە جیهانبینی گشتی دەقەکان بکات؟ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئایا کۆی دەقەکان لە روانگەی ناونیشانی دیوانەکەوە بە رایەڵەیەکی دەلالی یان واتایی یان مەعریفی ئەوتۆ پێکەوە بەستراون، کە لە چوارچێوەی ناونیشانێکدا کۆبکرێنەوە، کە ئەو ناونیشانەش تەنیا یەک وشەبێت؟ کەواتە با لێرەدا بپرسین ئایا” حەسەرت” وەکو یەکەیەکی زمانی کە وشەیە وەکو دالێک چ مەدلولێک هەڵدگرێت، یان وەکو یەکەیەکی سەرەتایی زمان چ مانایەک دەدات یان چ مانایەکی هەیە؟
حەسرەت کە لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبیە ( حسرە) بەرامبەر بە Repetance, Alas ی ئینگلیزی دێت و ئەم وشەیە بە مانای پەشیمانی دێت ، هەروەک رەگوڕیشەیەکی ئایینیشی هەیەو لە روانگەی ئایینەوە بە مانای تۆبەکردنیش دێت. بەڵام لە کوردیدا بێجگە لە پەشیمانی بە مانای بەداخبوون بۆ شتێک کە لە دەستچووە، یان بۆ کارەساتیک کە روویداوە بەکاردێت. لەم روانگەیەوە دواتر دەردەکەوێت کە ئەم ناونیشانە تا چ ئاستێک هەڵگری مانای دەقەکانە.
بەگشتی دەقەکانی نێو ئەم دیوانە لە چەند خاڵێکدا لێکدەدەن و بەریەک دەکەون، کە ئەویش پێش هەر شتێکی تر بەداخبوون و ئاخهەڵکێشانە بۆ لەدەستچوونی کۆمەڵێک شت کە ئەوانیش بریتین لە جوانیەکانی رابردوو، هاوڕێیان و خۆشەویستان، پەیوەندیە راست و سادەو خاوێنەکانی ئەوسا، وەفاو راستگۆیی، مانا راستەقینەکانی ژیان. کەواتە ئەوەی دەقەکانی نێو ئەم دیوانە یەکانگیر دەکات ئەو هێڵە سەرەکیەیە کە ئەوی شاعیر، یان قسەکەری دەقەکان لە پێگەیەکدا وێنا دەکات، کە هەموو شتە پڕ بەهاکانی ژیانی رابردووی و ئیستای لە دەستچووەو هیچ هیواو ئومێدێکیشی نییە کە داهاتوویشی لەدەست نەچێت. ئەم لەم پێگەیەدا بەو پەڕی نیگەرانی و خەمگینیەوە داخ بۆ ئەو هەموو لە دەستچوونانە هەلدەکێشێت.

ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ ناو بنیادی زمانی دەقەکان ئەوە تێبینی ئەوە دەکەین هەستکردن بە تەنیایی و هەستکردن بە نامۆبوون خاسێتێکی گشتی دەقەکانە. ئەم هەستکردن بە تەنیاییە بەرەو ئاراستەیەکی ترسناکتر لە هەستی تەنیایی دەکشیت و دەگات بە خاڵی کۆتایی کە مردنە. کەواتە دوو خاسێتی گرنگ لە دەقەکانی ئەم دیوانە شیعریەدا باڵادەستن کە تەنیایی و مردنن. سەرجەم رەگەزەکانی تری بنیادنانی دەقەکان لە پێناوی ئامادەکردنی زەمینەو کەشی تەنیایی و لێکەوتەو دەرکەوتەکانیدان. کە ئەمانەش لە ئاستێکی تردا کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی زەمینەیەک کە ئەوی قسەکەری دەقەکان لەبەردەم مەرگدا رادەگرن. واتە گەیشتن بە مەرگێک کە ئەم لە لایەک وەکو رزگاربوون سەیری دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا هێشتا پەیوەندی ئەم بە ژیانەوە نەپچڕاوەو ئەوە خراپی ئەو بارودۆخەیە کە دەوری ئەویان داوە وای لێدەکەن کە مردن نەک هەر بە ئاسایی وەربگرێت، بەڵکو تەنانەت بەجۆرێک وەکو رزگارکەر لێی بڕوانێت و لە چاوەڕوانی هاتنیشیدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوکات خوازیاری مانەوەو ژیانە، بەڵام ژیانێکی بەمەرج، ئەویش مەرجی گەڕانەوەی گوێگرتن و هاتنی ئەوی بەرامبەر، یان ئەوی یار، یان ئەوانی هاوڕێیان، یان مەرجی گۆڕینی هەموو شتەکانە بۆ بارێکی باشتر.

شیعری یەکەم بە ناونیشانی ” پاڤێڵ”ە. پاڤێڵ کەسێتی سەرەکی رۆمانی دایکی ماکسیم گۆرگیە، کە نموونەی مرۆڤی خۆڕاگرو ئازاو کۆڵنەدەرە، واتە مرۆڤی خاوەن پەیام کە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکەیدا تێدەکۆشێت و هیچ هێزێک ناتوانێت بیوەستێنێت. بە ناونیشانکردنی کەسێتیەکی خاوەن پەیامی لەم جۆرە ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئومێدی ئایندە. کەواتە سەرباری ئەوەی لەسەرەوە باسی کەشی تەنیایی و کارەساتی مردنمان کرد وەکو خاسێتی دیاری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا لە رێگای بە ئامرازکردن یان بە کەرەستەکردنی کەسێتیەکەوە لە بەرهەمهێنانی ئەم دەقەدا، کە ئەم کەسە هەڵگری پەیامی ژیان و ژیاندۆستیە، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئاسۆیەک هەیە کە ئاسۆی ئایندەو ژیانێکی پڕ لە جوانی و بەهاو سەروەریە وەکو ئەو ژیانەی کە پاڤێڵی پاڵەوانی رۆمانی دایک بەدوایەوەیە. ژیانێک کە کارو ماندووبوون و کۆشش کردن لە پێناوی درێژە پێدانی ئەو ژیانەدا بەڵام بەشێوەیەکی سەربەزانە نەک چۆکی پێدانادات بەڵکو دەبێتە پاڵنەرو پاڵپشت بۆ کۆڵنەدان لە پێناوی گەیشتن بەو پەیامەی کە هەڵیگرتووە.

لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەی مرۆڤە مەزنەکە / لەگەڵ ژان و ئازاریشتا / خەمە تاڵەکانت، لە پریاسکەیەکی گەورە نابوو / بە لێژایی ئەو هەورازە سەخت و بەرزە، پێ ئەکەنیت./
سەرەتای ئەم کۆمەڵە شیعرە بەم دەقە دەست پێدەکات. دەقێک کە بەرجەستەی پاڵەوانێک دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆسپ و سەختیەکانی ژیان. پاڵەوانێکی نەبەزیووی خاوەن پەیام. ئەمەش پەیوەست بە ئەزموونی شیعری ئاراس عەزیز، ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە سەرباری کێشەو گرفتەکانی بەردەم ژیان، هێشتا مرۆڤ لە هەوڵدان ناکەوێت و نابەزێت. لەسەر بنەمای ئەو روانینە کە دەگوترێت: دەشێت مرۆڤ تێکبشکێت بەڵام ناشێت ببەزێت. دەشێ مردن ئەو تێکشکاندنە بێت، بەڵام ناشێت مرۆڤ لەبەرامبەر مردندا ترس دایبگرێت و هەرەس بهێنێت و چۆک دابدات و ببەزێت. ئەوەتا دەبینرێت پاڤێڵ کە ئەم دەقە بەرجەستەکردنی ئەو و پەیامەکەی و هەڵوێستەکانیەتی، رووبەڕووی هەموو سەختیەکان دەبێتەوەو بە پێکەنینەوە هەنگاو بەرەو ئایندە دەنێت.
شیعری دووەم ” هەڵم”. ئەگەر سەیری ئەم ناونیشانە بکەین کە وشەی ” هەڵم”ە، ئەوا دەزانین لە رووی زانستیەوە هەڵم دۆخی سێیەمی مادەیە، واتە لە دوای دۆخی رەقی و شلی دێت. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیر بکەین ئەوا هەڵم باری پەرش و بڵاویی و رکێف نەکردن و جڵەو نەگرتن نیشان دەدات. لە دەقەکەدا هاتووە:
شوێنێ نیە رووی تێبکەم / شوێنی نیە مەسکەنم بێ / بۆ ئەو یەک دوو رۆژەی ماومە / کەساسێتی تیا بەسەربەم…خوایە چی بکەم؟! شوێنێ نیە رووی تێبکەم / یەکێک نیە بە لەپی دەست / بازنەیەک لە تەمی رووی / شووشەی پەنجەرەکەی بسڕێ! / تا بمبینێ / هەر هیچ نەبێ بمباتە ژوور/.
ئەمی قسەکەر خۆی وەکو بێ نەوایەک پێشکەش دەکات و باسی ئەوەش دەکات کە تەمەنێکی کەمی ماوەو بۆ ئەو تەمەنەش شوێنێک نییە تیایدا بحەوێتەوەو کەساسی و بەدبەختی خۆیی تیادا بەسەر ببات. تەنانەت تەم وایکردووە هەموو شتەکان بشارێنەوە، یان نەبینرێن. تەم پەنجەرەکانی گرتووەو رێگا نادات کەسێک ئەم ببینێت و بیباتە ژوورەوە. وەکو ئاماژەمان بۆ کرد لێرەدا وێنەی بێ نەوایەک دەبینین. بەڵام سەرباری ئەو بارەی تیایدایە، پێشکەشکردنێکی هەیە بۆ هەر کەسێک کە بیباتە ژوورەوە، ئەویش ئەوەیە کە شیعری بۆ بخوێنیتەوە. ئەم لەم بارە ناهەموارەیدا باسی ئەوە دەکات کە لە ژیانیدا دوو شتی زۆر گرنگی نەبینیووە کە ئەوانیش خوداو بەختیارین. خودا بوویەکی نەبینراوەو لە رێگای کارەکانیەوە هەستی پێدەکرێت. هەروەک بەختیاریش هەستی پێدەکرێت و مرۆڤ تیایدا دەژی، بەڵام ئەویش بوویەکی رێژەییەو بوونی لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ خۆیدایە.
من دوو شتم نەبینیووە / خواو بەختیاری/ …دایکم دەیگووت رۆڵەی کلۆڵ / ئەو رۆژەی تۆ بۆ یەکەم جار…/ گریەت ناخی هەراو ژاوەژاوی/ دنیای جەنجاڵ!/ هەر ئەو رۆژەش،/ ( گۆدۆ)ش لە نێو دڵی بێکێت لە دایک بوو./
ئەم دایکی بە کڵۆڵ ناوی دەبات. ئەمەش سەرنجمان بۆ بوونی پێشینەیەک لەو بارەوە سەبارەت بە رابردوو هەروەها چارەنووسی ئەم رادەکێشێت. ئایا ئەم لە قەدەری نووسراوە کە کەسێکی کڵۆڵ و کەساس و بەدبەختە، یان لە دایکبوونیەوە روودانی کارەسات و بەدبەختیەکان پەیوەست بەم ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەم کەسێکی کڵۆڵە. دایکی دوو بەڵگە بۆ کڵۆڵیەکەی ئەم دەهێنێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە ئەگەر ئەم کەمێ زووتر لەدایک ببووایە، ئەوا خودای دەبینی، دووەمیان ئەم و پاڵەوانی شانۆنامەی لە ” چاوەڕوانی گۆدۆ”دا لە یەک رۆژدا لە دایکبوون. هەڵبەت بینینی خودا جۆرێکە لە خەیاڵ، هاوشێوەی ئەو خەیاڵەیە کە شیعر بەرهەم دەهێنێت. هەربۆخۆی خەیاڵکردن لە بینینی خودا شیعریکی نەگوتراوە، واتە دەقێکی شیعری بیر لێنەکراوەیە.
گۆدۆ نموونەی کەسێتی دیار یان پاڵەوانی ئەدەبی بێهودەیە. واتە ئەم کەسێتیە بەرجەستەی ئەو جیهانبینیە دەکات کە ژیان هیچ بەهایەکی نییەو مرۆڤ توانای هیچ گۆرانکارییەکی نیە مادەم بووەیەکی بڕیار بۆدراو و بەڕێکراوە نەک بوویەک خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. واتە ئەم کەسێتە نموونەی بەرجەستەی ئەو ئاراستە بیرکردنەوەیە کە پێی وایە بوون و نەبوون هەمان شتن و مرۆڤ بۆ خۆی دروستکراوێکی بێ ئاسۆو بێ ئایندەیە مادەم هەمیشە لەبەردەم مەترستی مەرگدایە. ئەمی قسەکەرو ئەم پاڵەوانە بەناوبانگەی ئەدەبی بێهودە لە یەک رۆژدا لە دایک بوون. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پێمان بڵێت ئەمیش هەمان شێوەی گۆدۆ هەڵگری پەیامی بەدبەختی و کڵۆڵی مرۆڤ و بێ مانایی ژیانە، بۆیە چاوەڕان ناکرێت ئایندەیەکی گەش یان ئاسۆیەکی روونی هەبێت. هەر لە راستیشدا لە رونگەی ئەم جۆرە کەسێتیەوە شتێک نییە ناوی ئایندەو ئاسۆی گەش بێت. کەواتە ئەم هەمان شێوەی گۆدۆ لە بوونیدا ماکی بەدبەختی و کڵۆڵی و چارە ڕەشی هەڵگرتووە. خۆی هەر لە راستیشدا لە روانگەی گۆدۆوە هەموو مرۆڤایەتی بەو رەگەزە ترسناکانە بارگاوی کراوە کە ماکی وێرانبوون و مەرگیان هەڵگرتووە. لەبەر ئەوەی ئەم و گۆدۆ لە رۆژێکدا لە دایکبوون و گۆدۆش هێمای بێ ئومێدی و بێ هیواییە، بۆیە وای بۆ دەچێت کە هیچ هیواو ئومێدێک نەبێت بۆ ئەوەی ئەم بە بەختیاری بگات. گۆدۆ ئەو کەسەیە، یان ئەو هێمایەیە یان ئەو شتیە کە هەرگیز نایەت و بۆ هەتا هەتایە چاوەڕوانی هاتنی دەکرێت. ئەم بەختیاری خۆی دەچوێنێت بە گۆدۆ، واتە بەختیاری ئەمیش شتێکە هەرگیز نایەت و نایبینێت.

شیعری سێیەم ( چۆلەکەی بەجێماوی ئێوارانێ). قسەکەر باسی ئەوە دەکات کە سەرەی مردنێتی و داوا لەوی بەرامبەر، یان داوا لە یار دەکات کە نزیک بێت لێی چونکە هیچ لەبارەی ئایندەی خۆیەوە نازانێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەزانێت مردن لەبەر دەرگا چاوەڕوانی دەکات. بۆ مردنی خۆیشی فرمێسک و گریان و شین و لاواندنەوە رەت دەکاتەوە. بێگومان ئەم خۆی وەکو شاعیر دەناسێنێت بەڵام شاعیرێکی کەساس. واتە ئەم بەردەوام خۆی بە لاوازو بێ تواناو ناکارا پێشکەس دەکات. مەبەست لەوەش وێناکردنی تەنیا خۆی نییە وەکو تاکەکەسێکی ناکاراو بێ توانا، بەڵکو خۆی وەکو نموونەیەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش دەکات و ئەوە دەخاتە روو کە مرۆڤ بە گشتی بوویەکی ناکاراو قەدەرییەو خۆی خاوەنی هیچ بڕیارێک نییەو لە دەرەوەی خۆی بڕیاری بۆ دەدرێت، ئەمەش هۆکاری کەساسی و چارەڕەشی و بەدبەختیەکانێتی.

لەم دەقەدا هاتووە:
سەرەی مەرگمە ، نزیک بە لێم! / ئەشکم ناوێ.. سنگ کوتان و شینم ناوێ/.. نزیک بە لێم، مردن نەبێ../ من هیچ شتێ لە سبەینێی خۆم نازانم / من حەزدەکەم وەک چۆلەکەی بەجێماوی ئیوارانێ../ رووبکەمە بەرزترین چڵی دارتووی حەوشەکەتان / تۆف و سەرمای چاوەڕوانی کۆتم بکاو رەق ببمەوە…/ نزیک بە لێم وا ماهیچەی هەموو لەشم پوکایەوە/ نزیک بە لێم، خۆم دەزانم گەر گیان دەرچێ و تۆم لا نەبی/ گەورەترین شاعیریش بم/ بەسەرتاپای شیعرەکانم غەریب دەبم./
ئەم نایەوێت مردنێکی ئاسایی بمرێت، بەڵکو دەخوازێت وەکو چۆلەکەیەک بفڕێتە سەر بەرزترین چڵی دارتووی حەوشەکەی ماڵی یارو لەوێ رەق بێتەوەو بۆ هەمیشە لە بیربچێتەوە. ئەم باسی ئەوە دەکات کە لە بەردەمی مەرگدا لاشەی دەپوکێتەوە، ئەوەش سەرەتای مەرگە. بەڵام لەم ساتەدا داوا لەوی یاردەکات کە نزیک بێت لێی، ئەوەش بۆ ئەوەنا کە رێگا لە مردنی بگرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بە شیعرەکانی خۆی نامۆ نەبێت. کەواتە ئەوی یار هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمی شاعیر لە دوای مردنیشی هێشتا لەگەڵ شیعرەکانیدا بژی. ئەوەی لێرەدا ئاشکرایە ئەم لە چاوەڕوانی مەرگدایەو لەو مەرگەش ناترسێت، بەڵام جۆرێکی تایبەتی مردنی دەوێت. مردن بە رەقبوونەوە لە سەر چڵی دارتوو، بە مەرجێکیش ئەوی یار لە تەنیشتیدا بێت. لێرەدا دەشیا لەبەرامبەر ئامادەبوونی مردندا ئەوی یار، یان ئەوی کەسی دووەم وەکو رزگارکەری ئەم لە مردن پێشکەش بکرایە. لە بارێکی وەهاشدا دووانەیەک دروست دەبوو وەکو دووانەی ژیان / مردن. بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا گریمانەیەکەو ئێمە دامان ناوە. ئەگینا لە راستیدا لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا دووانەیەکی لەم جۆرە لە ئاستی بینراودا دروست نابێت و ژیان لە هەر چرکەساتێکی ژیانی ئەوی شاعیر، یان قسەکەری دەقەکاندا لە لایەن مەرگەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت و هیچ بەربەست و رێگرییەک لە بەردەمی مەرگدا نییە. کەواتە لە شیعری ئەم شاعیرەدا جەمسەری مەرگ و کۆی ئەو رەگەزە زمانیانەی کە باسی مەرگ دەکەن و دۆخی مردن بەرجەستە دەکەن، باڵادەستن بەسەر جەمسەری ژیان و کۆی ئەو رەگەزە زمانیانەی لە دەقەکاندا کەشی ژیان و ژیاندۆستی ئامادە دەکەن. لێرەدا تێکشکاندنێک لەو لۆجیکە دایەلێکتیکیەدا هەیە کە هاوسەنگی، یان لەبەرامبەر یەکتر وەستانی نێوان دووانەی ژیان و مردنە. کە لە ئاستێکی تردا دەتوانین بە لەبەرامبەر یەکتر وەستانی ئیرۆس و ساناتۆس باسی بکەین، کە دەشێت ئەم پەیوەندیە لە ئاستێکی تردا لە شێوەی دووانەی دژ یان دووانەی بەرامبەری ژیاندۆستی / مەرگدۆستی-دا دەرببڕرێت. لێرەدا ئیرۆس یان ژیاندۆستی سەنگەری بۆ ساناتۆس یان مەرگدۆستی چۆل کردووە. ئەمەش لەخۆیدا تێکدان یان تێکچوونی هارمۆنیای سروشتە، چونکە هاوسەنگی نێوان ئەم دووانە دژەو دووانە دژەکانی ترە ئەو هارمۆنیایە دروست دەکات کە گەردوونی بە هاوسەنگی راگرتووە.

شیعری چوارەم ( ئێوارانێ هەست بە پیربوونی خۆم دەکەم!). ئەم دەقە لەسەر بنەمای دووانەی بەختیاری/ خەم، گەنجێتی / پیرێتی، ژیان/ مردن بنیادنراوە. ئەوی شاعیر وا دەبینێت کە جەمسەری یەکەمی ئەم دووانانە جێگیرن و لە رووی راستیەوە پێویستە لە هەموو کەسێکدا هەبن، یان هەموو مرۆڤێک ژیان و گەنجیتی و بەختیاریی هەبێت. کەچی وەکو دەردەکەوێت ئەو هیچ کام لەم شتانەی وەکو ئەوەی پێویستەو دەبێت نییە. بەڵام جەمسەری دووەمی دووانەکان باڵی بەسەردا دەکێشن. ئەو خەمبارە، هەست بە پیرێتی دەکات و لە ئەنجامی پیرێتیشدا ئاراستەی جوڵە بەرەو مردن و کۆتاییهاتنە. ئەوەی تێبینی دەکرێت لای ئەم خەم شتێکی خواستراو نییە، هەروەک ناشێت وەها سەیر بکرێت کە خەم دەرئەنجامی رووداوێک، یان بارودۆخی تایبەتی ژیان بێت، بەڵکو خەم لای ئەو خاسێتێکە لە منداڵیەوە لەگەڵیدا دەژی کە ئەو دەیچوێنێت بە پەرکەمێک کە لە منداڵیەوە لەگەڵیدایە کە دەشێ وەکو خاسێتێکی بۆماوەیی سەیر بکرێت.
هەروەک ئەم خۆی بە کڵۆڵ و چارە ڕەش باس دەکات و وەکو شاعیریش هەموو تەمەنی خۆی بە شیعری تەماوی وەسف دەکات. وریاییش دەدات بە هەموو ئەوانەی کە حەز لە شیعری ئەو دەکەن، یان ناو، شێوە، رەنگیان لەو دەچێت، دەبێت بزانن هەموویان کڵۆڵ و بەدبەختن و خەم و داخ پیریان دەکات، واتە بەرەو مەرگیان دەبات. ئەم سەرباری ناکارایی و هەست بە پیری کردنی خۆی هیوایەکی هەیە، بەڵام داخی ئەوە دەخوات کە ئەو هیوایەی بەدینایەت، ئەویش داخی ئەوەیە کە ناگاتە بەرزاییەک هەتا لەوێوە ئەوی بەرامبەر دوور یان نزم ببینێت و لەبەرامبەریشدا ئەو ئەم بەرز ببینێت. کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم سەرباری خەم و سەرباری هەست بەپیری کردن، بەڵام دەخوازێت پێش ئەوەی بمرێت بگاتە بەرزایی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تا ئێستاس ئەو لە نزماییدایە، واتە ئەگەر بەرزایی/ نزمایی وەکو دووانەیەک دابنێین، ئەوا دیسان ئەو لەباری، یان لە جەمسەری نزم یان نێگەتیفدا ماوەتەوە. کەواتە لەم دەقەشدا وێنەی کەسێتیەکی نەرێنی، یان ناکارا بەرجەستە دەبێت کە بێ ئومیدی و رەشبینی باڵی بەسەردا کێشاوەو ئەویش بێ هیچ هیواو ئومێدیک بەرەو کۆتایی یان مردن دەچێت.
شیعری پێنجەم ( دەمەو شەفەقێکی باراناوی)ە.، لەم دەقەدا قسەکەری شیعرەکە باسی خۆی دەکات کاتێ تەمەنی بیست ساڵی تێپەڕاندووە. ئەو لەم تەمەنەدا هەست بە تەنیایی دەکات و ئارەزووی مردن دەکات و دەیەوێت تەمەنی بەردەوام نەبێت. ئەو هەر لە منداڵیەوە هەستی بە پایزو خەزان کردووە، واتە بە منداڵی پیر بووە، بۆیە نایەوێت بە کردەوە بگاتە تەمەنی پیری. ئەو هۆکاری گەیشتنی بەم بارەی تێیدایە ئاشکرا دەکات. کاتێک دەڵیت:
شەوانی من گیرخواردن و رێ ون بوونی ناو ئەشکەوتە!/ شەوانی من دۆزەخێکی بی سروەتە / ناڵەم وەکو لورەی گورگی قەراخ شارە / شەوانی من وێستگەیەکی پڕ ئازارە!/ من بە رۆژیش، دارێک، ماڵێک، نیشانەمە / تا خانووەکەم لێ تێکنەچێ! کێ ئەوەندە کۆڵەوارە؟!
ئەم باسی خراپی ئەو بارودۆخە دەکات کە تیایدایە، بارودۆخێکی پڕ لە ئازارو ژانە. هۆکاری گەیشتنی خۆیشی بەو باروخۆخە ئاشکرا دەکات. ژیانی پڕ لە ئازارو ژان و چەرمەسەری وای لێکردووە هەر بە گەنجی هەست بە پیری بکات. ئەو هیواخوازە هەر لە ئێستادا مەرگ بێت و بەرەو هەناوی خۆیی ببات. ئەم ناڵەو هاواری خۆی دەچوێنێت بە لورەی گورک. گورگ زیاتر لە برسا دەلورێنێت، واتە ئازاری برسێتی وای لێ دەکات بلورێنێت. دەشێت نزیکی لە نێوان سەرچاوەی ئازارەکانی ئەم و سەرچاوەی ئازارەکانی گورگدا هەبێت. ئەمەش لە راستیدا بۆ زیاتر خراپ نیشاندانی ئەو بارودۆخەیە کە تیایدایە.

هاوشێوەکردن، یان لێکچواندنی سەرچاوەی ئازارەکانی مرۆڤ لەگەڵ ئازارەکانی گورگدا لە ئاستی بینراودا لێچواندنێکی ئاساییە، بەڵام لە ئاستی قوڵدا لێکچواندنی ئازارەکانی مرۆڤێک کە زیاتر وەکو قوربانی دەردەکەوێت لەگەڵ ئازارەکانی دڕندەیەکی وەکو گورگدا ناجۆر دەردەکەوێت. بەڵام دیسان ئەو دەلالەتەش هەڵدەگرێت کە ئەگەر مرۆڤ خۆی بداتە دەستی غەریزە ئاژەڵیەکانی، دەشێت رووی گونجاو بۆ لێکچواندنی گورگ بێت. بەڵام ئەم ئێستا لەبارودۆخێکی زۆر خراپدایەو سەرباری لێکچواندنی سەرچاوەی ئازارەکانی بە سەرچاوەی ئازارەکانی گورگ، ئەم بە تەواوەتی وەکو قوربانیەک دەردەکەوێت و هیچ خاسێتێکی نەرێنی نییە. بەڵکو ئەم تا ئەو ئەندازە ناکاراو لاوازو بێ توانایە، ناتوانێت بە باشی شوێن بناسێتەوە، کە مەبەست شوینی خۆیەتی، واتە ماڵەکەی. واتە ئەم گەیشتووەتە قۆناغێکی ترسناک لە ژیانی خۆیدا، ئەویش قۆناغی نەناسینەوەی شتەکانە، ئەوەش سەرەتای ونبوون و رێگاکردنە بەرەو نادیارو لەناوچوون.
ئەو دەڵێت: دەترسم پیریش ببینم،/ رۆژێ یەت، مەرگ تیایدا یەخەم بگرێ!/ کەی دێ؟ کەی دێ؟ مەرگ کەی دێ؟
لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە ئەو نەک هەر چاوەڕوانی مەرگ دەکات، بەڵکو دەخوازێت مەرگ بە زوویی بێت و پێش ئەوەی پیربێت بەرەو نادیاری ببات. کەواتە لێرەشدا کەشی مەرگ و مەرگدۆستی رووبەری ئەم دەقەی داگیرکردووەو رووبەری ژیاندۆستی تەواو تەسک بووەتەوە.
شیعری شەشەم ( پووش) باسی هەست بە نامۆییکردن و تەنیایی دەکات لە سەردەمی لاوێتیدا. هەروەک باسی ئەوە دەکات کە ئەم وەکو شاعیر بێ دیوانە و عاشقێکە هیچ کەسێک لەگەڵی بەردەوام نابێت. ئەوەش هۆکاری سەرەکی هەست بە نامۆییکردن و تەنیایی ئەوە. شیعرەکانیشی دەربڕینی ئەو بارە ناهەموارو پڕ لە کەسەر و ژانەیە، کە بەو تەمەنە کەمەوە کە بیست ساڵانە تیایدا دەژی. ئەو دەڵێت:
من گەنجێتیم غەریبێکی ئاوارە بوو/ لە نێو کۆشی سەرماو سۆڵەی تەنهایدا رەق بووەوە/.. من تا ئێستا ئەو شاعیرە بێ دیوانەم/ هیچ خانمێ.. دوانزە مانگەی ساڵی عەشق/ لەناو دڵما تەواو ناکا../ شیعرەکانم باسی خەم و مەرگ و پایزانە!/ هەمووی باسی کەساسێتی، رۆژەکانی شاعیرێکی بیست ساڵانە./
لێرەدا کەسێکی تەمەن بیست ساڵان دەبینین، کە لە باری نامۆیی و تەنیایدایەو شیعرەکانیشی گوزارشتکردنە لەو بارە ناهەموارەی تیایدا دەژی، کە فەزای تاریکی و بێ ئومێدی و خەم و پایزو خەزان دەقەکەی داگیر کردووە، کە هەموو ئەمانەش دەلالەتی کەوتن و مردن و لەناوچوون هەڵدەگرن. ئەم هۆکاری ئەو بارە ناهەموارە دەگەڕێتەوە بۆ رابردووی خۆی. ئەم گەنجێتیەکەی وەکو غەریبێکی ئاوارە وابووەو هەرگیز خۆی لە ئامێزێکی گەرمدا نەبینیووەو سەرباری ئەوەی کە ئەم خۆی وەکو شاعیر دەناسێنێت، بەڵام تا ئیستا شاعیرێکی بێ دیوانە. بێگومان شاعیر لە رێگای بەرهەمەکانیەوە دەناسرێت و ئەو بەرهەمانەش لە رووی راستیەوە دەبێت لە دیواندا بن، چونکە دیوان تۆماری شیعرو مێژووی هەست و خەیاڵ و سۆزە راستەقینەکانی ئەوی شاعیرە. کاتێک ئەم دیوانی نەبێت، واتە ئەو تۆمارەی نییە. ئەمەش بە گوێرەی ئەوی شاعیر جۆرێکە لە کەموکورتی. ئەم خەمێکی لەوە گەورەتریشی هەیە، خەمی نەمانەوەی هیچ خانمێک لەناو دڵیدا، واتە ئەم ئەگەر وەکو عاشق سەیری خۆی بکات، کێشەی گەورەی ئەوەیە هیچ مەعشوقێک دریژە بە عیشق نادات لەگەڵ ئەمدا. ئەمەش بۆخۆی خەمێکی وێرانکەرەو دەشێت سەرچاوەی هەست بە نامۆییکردن و ئاوارەبوونەکەی بێت.
شیعرەکانی ئەم گوزارشت لەو خەم و نیگەرانی و نامۆیی و تەنیایی و کەساسی و بەدبەختیانە دەکەن، ئەم بەم تەمەنی بیست ساڵانەوە تیایدا دەژی. کەواتە سەرچاوەی هەموو ئازارەکانی ئەم تەنیاییە، تەنیایی ئەمیش دەرئەنجامی شکستی عیشقە. بۆچی هیچ خانمێک ناتوانێت وەکو مەعشوقەی ئەم بمێنێتەوە؟ گرفت لای ئەوانی خانمانە، واتە رەگەزی بەرامبەر، یان گرفت لە بوونی ئەمدایە؟ بێگومان مادەم هەموو خانمەکان بە زوویی ئەم بەجێدەهێڵن، کەواتە ئەم ناتوانێت ئەو عاشقە بێت کە دڵی ببێتە واری عەشقێکی هەتاهەتایی و مەعشوقەیەک بۆ هەمیشە ئاوەدانی بکاتەوە. لێرەوە دەشێت سەرچاوەی سەرەکی هەست بە تەنیاییکردن و نامۆیی و ئازارو ژانەکانی ئەم، پەیبردنی خۆی بێت بەو هۆکارەی کە ناتوانێت پارێزگاری لە عیشقێکی هەتاهەتایی بکات.
شیعری حەوتەم ( باکەلێر)ە، کە تیایدا دەڵێت: سنگم تەنگە، سییەکانم پڕ حەسرەتن!/ تۆزو گەردی ئازارێکم هەڵمژیوە../ قورس و دێرین!/ سنگم تەنگە، من کەڤناری ئەم زەمانەم!/ کوا سروەیەک سییەکانم فێنک بکات؟! کوا سروەیەک لە ئازاری / باکەلێری ئەم تەمەنە رزگارمکات؟!/ سنگم تەنگەو سبەی دەمرم!/..خۆم دەزانم ئەو رۆژانەش / کە خەڵکی دێن بۆ دیدەنی مردووەکانیان / تەنها منم / تاقە گۆڕی بێ هاودەمی گۆڕستانم/.
لەم دەقەدا باسی بێ دەرەتانی و خراپی باری خۆی دەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە سییەکانی پڕن لە حەسرەت و ئاخ و ئۆف. ئەویش دەرئەنجامی ئازارو ژانی رابردووە. زەمانە لەگەڵ ئەم دۆست نەبووەو رۆژێ لە رۆژان لە بەختی ئەم نەگەڕاوە، بەڵکو هەمیشە لە دژی ئەم بووە. ئەم هەناسە تووندی و بێ دەرەتانیەی ئەم دەرئەنجامی بێ مروەتی زەمانەیە. ئەم لەم بارودۆخە ناهەموارەیدا دەخوازێت سروەیەک، هیوایەک، تروسکەیەک بێت و رزگاری بکات، بەڵام ئەوە روونادات. ئەم پێشبینی ئەوە دەکات ئەو بارەی تیایدایە بەرەو مردنی ببات. دەترسێت نە لە کاتی مردندا کەسێک هەبێت لێی بپرسێت، نە لە گۆڕستان کەسێک هەبێت سەردانی بکات. ئەم خەمی ئەوەیەتی هەر چۆن لە ژیاندا تەنیا بووە، لە دوای مردنیشی گۆڕێکی بێکەس بێت. دیسان هەمان فەزای تەنیایی و ناکارایی و پایزو خەزان و مەرگەسات باڵی بەسەر جوگرافیای گشتی ئەم دەقەدا کێشاوە. واتە وێنەی کەسێتیەک بەرجەستە دەکات کە لە تراژیدیای تەنیاییەوە بەرەو تراژیدیای مەگ و بەرەو تراژیدیای ونبوونی نێو گۆڕستان دەچێت. واتە ئەم دەقە وەک ئۆتۆبایۆگرافیای وونبوویەک یان کەسێکی بی شوناس، وایە کە لە ژیاندا نەیتوانیووە هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵبمژێت و دەترسێت دوای مردنیشی کەس لە گۆرەکەی نەپرسێت و لە گۆڕستانیش گۆڕێکی تاک و تەنیا و بێکەس بێت.

شیعری هەشتەم( قەناعەت). لەم دەقەدا دەڵێت:
خۆر ئاوابوونێک دەرکەوە / ئێستا ناخم،/ ئەشکەوتێکە بێ سەروبن!/ چەند هیوای گەنجێتیمی تێدا مردن!/ ..ئێستا دڵم / سارایەکە رووتەن و چۆڵ / خوێنی وشکی تیا دەپرژێ / ئێستا پیرێکی پەککەوتەم!/ وەکو جاران توانام نییە / ..خۆر ئاوابوونێک دەرکەوە / من نامەوێ ئەوڕۆ بمرم / دڵتەنگ و مات!/ نەگەییبمە قەناعەتێ،/ هەر بۆ ساتێ بەختیارمکات!/
ئەوی شاعیر لەم دەقەدا داوا لە کەسی دووەم دەکات ئامادەبێت گوێی بۆ رایەڵیت، تا ئەم باسی خراپی باری خۆیی و بێ توانایی و ناکارایی خۆیی بۆ بکات، کە وەکو پیرێکی پەککەوتە خۆی نمایش دەکات، یان هەر لە راستیدا وا دەردەکەوێت، چاوەڕوانی کەوتن یان لە دەستچوونی ئەندامانی جەستەی خۆی و مردن و کۆتایی بکات و ئەمانەش بۆ ئەوی گوێگر باس دەکات. ئەو دەزانێت دەمرێت بەڵام نایەوێت ئەمڕۆ بمرێت، چونکە نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی مردن بەجۆرێک جەختەوەری بکات. دیسان لێرەشدا کەسێتیەکی ناکارا لەبەردەمی مەرگدا دەبینرێت و رەگەزەکانی دەقەکەش بە وشەو و وێنەوە بەرجەستەی ئەو باری ئامادەبوونە بۆ کەوتن و مردن دەکەن.

شیعری نۆیەم ( تۆز). شاعیر ئەم دەقەی بۆ دووری هاوڕێیەکی خۆی نووسیووە لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا، کە تیایدا باسی خەم و نیگەرانی خۆی بۆ دووری ئەو هاوڕێیە دەکات و ناڕاستەوخۆش لەوە دەدوێت کە چەند پێویستی بەوی هاوڕێیەتی. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە چۆن کاتێ ئەوی لەلا نەبێت خەم سەر دەژەنێتە رۆحی و گەنجی لەناو دەبات و سەرئەنجام بە بێ ئەو دەمرێت و کەسێکیش نابێت بەتەنگ تەرمەکەیەوە بێت. ئەو دەڵێت:

تۆم لە لا نیی، وا لێرەدا راوەستاوم!/ دەڕوانمە (پێ کوڕە)ی خەم!/ دەغڵ و دانی ئەم گەنجیەم وێران دەکا!/ کێ دەمگاتێ؟ سەر: تۆزاوی! سیی: سیلاوی!/ پەنجەش وەکو بامێی زەردی بەر خۆرەتاو!/ کێ دەمگاتێ؟ کێ حەز بە نیهالی غوربەتی من دەکا؟!/ تۆ لە لام نیی، من دەمرم و کێ بێزی دێ../ لاشەم لەسەر تاتە شۆری مزگەوتێکا درێژ بکا؟!!
لێرەدا دووری هاوڕێیەک هۆکارە بۆ هەست بە تەنیایی کردن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازی و ناکارایی کەسی قسەکەرو لە رێگای چەندین وێنە و دەربڕینەوە ئەو باری لاوازی و ناکاراییەی خۆی بەرجەستە دەکات و سەرئەنجامیش باسی پێگەی گرنگی هاوڕێکەی دەکات لە ژیانی ئەمدا، بەجۆرێک کە دوور لە ئەوی هاوڕێی، خۆی لە وێنەی مرۆڤێکی لاوازی خەمباری نامۆدا نیشان دەدات، کە ئەگەری ئەوەی نییە خۆی لەبەردەم باری قورسی ژیاندا رابگرێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە دووری ئەوی هاوڕێی هەر چۆن بووەتە هۆکاری سەرەکی تەنیایی و نامۆیی ئەم، دەشێت نەتوانێت بێ ئەو لەسەر ژیان بەردەوام بێت، هەربۆیە دووری ئەو دەبێتە هۆی مردنی. بەڵام خەمی گەورەشی ئەوەیە کاتێک دەمرێت کەسێک نیە بایەخ بە جەستەی بێ گیانی بدات. یان لە راستیدا کەس بێزی نایەت خۆی بکات بە خاوەنی لاشەی مردووی ئەم. ئەمەش لە راستیدا لە لایەک ترسی ئەو نیشان دەدات کە لە مردنیشدا کەس بەفریای نەکەوێت. لەلایەکی ترەوە وێنەی کەسێتیەکمان بۆ بەرجەستە دەکات کە بەردەوام خۆی لە دەرەوەی کۆمەڵگا دەبینێت و هیچ متمانەیەکی بەوە نییە کە دوای مردنی بایەخی پێ بدرێت. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگاکەی ئەودا وەکو کۆمەڵگایەکی نەریتی رۆژهەڵاتی، ئەوە ئەرکی کۆمەڵایەتی و ئایینی خەڵکە بایەخ بە تەرمەکەی بدەن. لێرەوە سەرباری ئەوەی کە دەزانین هەست بە تەنیاییکردن خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی مرۆڤەو هەموو کەسێک بەجۆرێک لە تەنیایدا دەژی، بەڵام هۆکارێکی سەرەکی ئەم هەستکردنەی ئەمی قسەکەری شیعرەکە لاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیبوون و بایەخنەدانە بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، کە ئەوەش دیوارێکی گەورەی لە نێوان ئەم کەسێتەو دەوروبەردا دروستکردووەو ئەم بەردەوام وێنای خۆی بەجۆرێک دەکات کە لە بیابان و چۆڵەوانیدا بژی.
بێگومان ئاشکرایە کە هەست بە تەنیاییکردن پەیوەندی بەوەوە نیە مرۆڤ لە کوێ و لەگەڵ کێ دەژی، چونکە هەستی تەنیایی شتێکە لە بوون و ماهیەتی مرۆڤدا هەیە، بەڵام بە ئاستی جیاواز. ئەو هەستە لای قسەکەری ئەم دەقە شیعرییانە وا وێنا دەکرێت کە هەستێکی بەهێزی ئەوتۆیە، دیوارێکی پتەوی بەدەوری ئەم کەسێتەدا درووستکردووەو لە دنیای دەرەوەی خۆیی دابڕیووەو کردوویەتیە بوویەکی نامۆو تەنیا.
شیعری دەیەم ( پێروو). ئەم دەقە شیعریە وێنەی کەسێک بەرجەستە دەکات لە ماڵیکی کۆن و دەرگا شەق و شیڕو داگیرکراو بە بۆنی کونج و زێراب و سیخناخ بە قیڕەی بۆقی چەمدا دەژی. ئەو کەسێکی بێکەس و تەنیایە، لە نێوان مردن و ژیاندا لاشەیەکی ساردو سڕە. ئەو دەمرێ، بەڵام پێش مردنی ناتوانێت شیعرەکانی بۆ گەلە ئەستێرەیەک بخوێنێتەوە.

سەرئەنجام شیعرەکانی دەبن بە قالۆنچەو دەفڕن. لەم دەقەدا هاتووە:
ئەو ساتەی کە هێشتا بۆنی کونج و زێراب/ عەتری قژی شەوی چوار دەور ژوورەکەمە!/ ئەو ساتەی کە هێشتا قیڕەی بۆقی چەم دێ../ وەرنە سەرم! ئای دەمبینن!/ بێکەس تەنها! لاشەیەکی ساردو سڕم! پێش ئەوەی چوار شان/ هەڵمبگرن بۆ گۆرستان/ ئەو شیعرانەی کە ناتوانم/ شەوانە بۆ پێروویەکی بخوێنمەوە/ هەموو دەبن بە قالۆنچە/ یەک لە دوای یەک قالۆنچەکان فڕکە دەکەن!!/
لێرەدا کەش و هەوای مەرگ جوگرافیای دەقەکە داگیردەکات. کاتێ ئەم کەسە خۆی دەمرێت، شیعرەکانی بەشێوەیەکی نالۆجیکانە دەگۆڕێن بۆ قالۆنجە. ئێمە کە دیمەنێکی لەم جۆرە دێتە پێش چاومان، دەشێ راستەوخۆ خەیاڵمان بۆ لای پاڵەوانی رۆمانی میتامۆرفیسی کافکا بچێت. سەرباری جیاوازی گۆڕاوەکان لە رۆمانەکەو لەم دەقە شیعریەدا، کە لە رۆمانەکەدا مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ قالۆنچە کە ئەوەش دەلالەتی بێ بەهابوونی ژیانی مرۆڤ هەڵدەگرێت. لێرەدا شیعر دەبن بە قالۆنچە، واتە لێکچوون لە نێوان شیعرو مرۆڤدا دروست دەبێت کە هەردووکیان دەگۆڕێن بۆ بوونەوەرێکی ناشیرین و بێ بەها. هەروەک لە لایەکی ترەوە گرنگی و بایەخی شیعر دەردەکەوێت کە دەبێتە هاوتای مرۆڤ. ئەگەرچی لە ئاستێکی قوڵترداو لە روانگەی روانینی ئەدەبی بێهودەوە مرۆڤ و ژیانیش بەهایەکی ئەوتۆیان نییە. هەربۆیە بەردەوام لە دووانەی ژیان و مردندا لەم روانگەیەوە جەمسەری ژیان دەبەزێت و مردن باڵادەست دەبێت، کە ئەمەش لە رووی راستیەوە ئاراستەیەکی باڵادەست نییە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، چونکە مرۆڤ ئەو بوونەوەرە ژیرەیە کە ئەرکی بنیادنانی مرۆڤایەتی بە هەموو رەهەندەکانیەوە لە ئەستۆیە. هەربۆیە دروست ئەوەیە کە مرۆڤ بە ئاسانی خۆی نادات بەدەستەوەو چۆک دانادات و تا لە توانایدا بێت لە رووی مردندا بوەستێت و لە پێناوی بنیادناندا کۆشش بکات.

شیعری یانزەیەم ( تاوە باران). شاعیر لەم دەقە شیعریەدا دەڵیت:
ویستم بمرم تۆ لام نەبووی/ دیوانەکەم دەربهێنی چەند شیعرێکی گەنجێتیم بۆ بخوێنیەوە/.. هەر نەهاتی پاش گیان دەرچوون، پێخەفەکەم بپێچیەوە/ مردن یادی ئەو ساتانەی بیرخستمەوە/ کە کۆڵان و هاوڕێکانم بەجێدەهێشت/ ویستم بمرم! تۆ دیار نەبووی/ لەوە ترسام دیوانەکەم/ بکەوێتە بەردەست جەردەو شەوکوتەکان!/ لەوە ترسام پەڕەکانی/ ببنە لوولەی گوڵەبەڕۆژەی دەست منداڵان.
ئەم دەقە وێنەی کەسێتیەک بەرجەستە دەکات کە دەیەوێت بمرێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوی کەسی دووەم یان یار دەکات، هەتا لەبری یاسین خوێندن دیوانەکەی دەربهێنێت و چەند شیعرێکی گەنجێتی خۆیی بۆ بخوێنیتەوە، بەڵام ئەو هەر نایەت، تا لە کاتی مردنیدا لەوێ بێت و لەپاش مردنی پێخەفەکەی بپێچیتەوە. ئەم لەسەرە مەرگدا ئەو کاتانەی بیردەکەوێتەوە کە کۆڵان و هاوڕێکانی بەجێهێشتووە. دیارە لە مردندا ئەوان و هەموو شتێک بۆ هەتاهەتایە بەجێدەهێڵێت، بە تایبەتی دیوانەکەی. لەوەش دەترسێت دیوانەکەی بکەوێتە دەستی کەسانێک کە بەهاکەی نەزانن، ئەم دەیەوێت پێش مردنی، ئەو بێت بەو ئومێدەی دیوانەکەی کە وەکو بوون و مێژووی ئەمە وایە رزگار بکات. واتە ئەم پێیوایە تاکە شتێکی بەهادار کە لێی بەجێبمێنێت دیوانەکەیەتی، کە دەشێت دوای مردنیشی ناوی ئەم بە زیندووی بپارێزێت و بیهێڵێتەوە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەبینراودا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە سەرباری ئەوەی فەزای مردن فەزایەکی باڵادەستە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا، بەڵام هێشتا ویستی ژیان و مانەوەی ناو و ناوبانگی بە زیندوویی بە ئاشکرا دەبینرێت. هەروەک لێرەدا دەردەکەوێت کە لە روانگەی ئەمەوە شیعر نەک هەر بایەخ و گرنگیەکی زۆری هەیە، بەڵکو خاسێتی پیرۆزیشی هەیەو دەشێت بخرێتە شوێنی سورەتی یاسین کە سورەتێکی قورئانەو پێش گیان دەرچوون لە بری یاسین خوێندن شیعر بۆ مرۆڤ بخوێندرێتەوە.

شیعری دوانزەیەم بە ناونیشانی( تاعوون)ە.شاعیر لەم دەقە شیعریەدا دەڵێت:
خەم سمۆرەی پاییزێکی نەسرەوتووە!/ لەشی منیش،/ قەدی پیری درەختیکی پەککەوتووە!/ ئەگەر شەوێک قەسیدەیەک بۆ غوربەت و/ عومری وشکم نەخوێنمەوە../ تەوری پاییز دێتە وێزەم!/.. ئەو ئازارە پیری کردم!/ ئێستا وەکو مامە پیرەی گۆچان بەدەست / سارای چۆڵی تەمەن دەبڕم / ئێستا دوێنم دەخنکێنم / شەوان درەنگ../ وەکو مشکی تاعووناوی ژوورێکی چۆڵ / ژەنگی شیشی پەنجەرەکەم دەکڕێنم / لەم دیوەوە،/ دەرگای ژوورم کلۆمداوە / حەزناکەم بێیت!/ ئا لەم ژوورە کڵۆڵەمدا،/ چی شک دەبەم بەختیارتکات؟!
ناونیشانی ئەم دەقە “تاعوون”، راستەوخۆ هەڵگری مانای مردن و لەناوچوون و وێرانبوونە. ناونیشانی ئەم دەقەو پێکهاتەی دەقەکە پێکەوە کەشێک دروست دەکەن تیایدا لاوازی و ناکارایی ئەوی قسەکەری دەقەکە بەرهەمدێت. لەم دەقەدا قسەکەر خۆی دەچوێنێت بە قەدی درەختێکی پیرو پەککەوتەو خەمیش دەچوێنێت بە سمۆرەیەکی هارو هاجی پایز. ئەم خۆی بە درەختێکی پیر ناودەبات کە لەبەر رەحمەتی دەمی تەوردایە، بەڵام تەوری پایز. لێرەدا یەک هێز هەیە بیپارێزێت ئەویش هێزی شیعرە. ئازار ئەمی پیرکردووەو بە سارای تەمەندا بە یارمەتی گۆچان دەجوڵێت و خەریکی سڕینەوەی رابردووی خۆیەتی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا بۆچی ئەو رابردووی خۆی دەسڕێتەوە؟ ئایا رابردوویەکی ناشیرینەو دەیەوێت خۆیی لێ پاک بکاتەوە، یان رابردوویەکی پڕ لە خەم و ناسۆرەو نایەوێت لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی لە بوونی ئەمدا هەبێت؟ بەڵام لە راستیدا رابردووی هەرکەسێک و هەر کۆمەڵگایەک ئاوێنەی بوونی ئەو کەسە، یان ئەو کۆمەڵگایەیەو سڕینەوەی کارێکی ئاسان نییە. ئەو جارێکی تر خۆی دەچوێنێت بە مشکێکی تاعوناوی کە لە ژوورێکی چۆڵدا ژەنگی پەنجەرەکان دەکڕێنێتەوە. ئاشکرایە کە مشک هۆکاری بڵاوبوونەوەی تاعوونە. ئەم خۆی دەچوێنێت بە مشکێک کە هەڵگری تاعوونەو داواش لەو دەکات کە نەیەت، کەواتە دەشێت وای لێکبدەینەوە سەرباری ئەو بارە ناهەموارەی خۆیی تێدایە، ئەم نەیەوێت ئەو بێت بۆ ئەوەی تووشی تاعوون نەبێت. بەڵام ئەم لەپاڵ ئەوەشدا پاساوێکی تر دەهێنێتەوە بۆ حەزنەکردنی لە هاتنی ئەو، ئەویش ئەوەیە کە هەست دەکات هیچ شتێکی نییە ئەوی پێ بەختەوەر بکات، هەربۆیە حەزناکات ئەو بێت و لەبەرئەوەش دەرگای ژوورەکەی کڵۆم دەدات، کە بە ژوورێکی کلۆڵ ناوی دەبات. زاراوەکانی تاعوون و خەم و نەسرەوت و پیری و پەککەوتن و غوربەت و ئازار و ساراو چۆڵ و خنکاندن و ژەنگ و دڕاو و کۆن و زەرد وبێداری و کڵۆڵ..کەشێک دروست دەکەن کە کەشی ماتەم و مەرگەساتە، کەشێکە تیایدا هیچ ئاماژەیەکی ژیان نابینرێت. هەرچەندە کاتێ ئەم حەزناکات ئەو بێت ئەگەر پاساوەکەی بۆ تووش نەبوونی تاعوون بێت، یان لەبەر ئەوە بێت کە هیچی نییە ئەو بەختەوەر بکات، مانای وایە ئەم هێشتا دەیەوێت ئەو بژی. کەواتە هێشتا تروسکەیەک بۆ مانەوەو پەیوەستبوون بە ژیانەوە ماوە. هەروەک دەشێت ئەم لەم بارە شلۆق و ترسناکەدا حەزنەکات ئەو بێت، واتە نایەوێت لەو بارودۆخەدا ئەو بیبینێت، بۆیە دەرگای ئەو ژوورە تاریک و چۆڵە لە ژوورەوە دادەخات بۆ ئەوەی ئەو لەو بارە شکست و داڕماوەدا نەیبینێت.

شیعری سیانزەیەم ( زێمار )ە. لەم دەقەدا هاتووە:
ئەوە دڵمە زەردو کزەڵ !/ ئەوە دڵمە، لە میان جووتێ سی پڕ دووکەڵ!/ کێ ئەوەندەی دڵی تەنگی ئەم شاعیرە / خوێنی عومری پڕ حەسرەت و/ غەریبێتی تێ رژاوە!؟ پەردەی ژووری چ تەنهایەک / ئەوەن پەڕەی دڵی رەشەو،/ شەوان هەتا دەمەو شەفەق نەسرەوتووە../ بەدەم سەمای رەشەباوە؟!/ تاوێکی تر ئەم گەرداوە / ئەختەبووتی مەینەتییە / لە گەردنی کەشتی عومری من ئاڵاوە / تاوێکی تر پارچە تەختەی جەستەی رزیو / لە کەناری لماوی دا لەنگەر دەگرن / ..گۆڕستانم با دەریا بێ!/ کاتێک دەمرم، تۆ محەمەد!/ فڕێمدەرە ناو دەریاوە / با زیماری مەرگی خۆمم گوێ لێ نەبێ/.
ئەم شیعرە پێشکەش کراوە بە شاعیری غوربەت و پایز محەمەد عومەر عوسمان. ئەم دەقە وێناکردنێکی وردو جوانی ئەم شاعیرەیە بە هەمان زمانی شیعری ئەو. دەقەکە باسی ئازارو خەم و نیگەرانییەکانی خۆی دەکات و ئەوەش بۆ ئەو شاعیرە باس دەکات کە بێجگە لە هاوڕێیەتی، نزیکی ئاشکرا لە نێوان جیهانبینی شیعری هەردووکیاندا هەیە. لەم دەقەدا دەردەکەوێت ئەمی قسەکەری شیعرەکە کە دەشێت بڵیین شاعیر خۆیەتی نیگەرانە، ئەوەش دەرئەنجامی هەست بە نامۆییکردنی ئەوە لە بوون، لە ژیان، لە یاساکانی گەردوون کە ئەو بە ناجۆر دەیانبینێت. هەروەک لەپاڵ باسکردنی خەمەکانی خۆیدا، شاعیر باسی خەماکانی ئەوی هاوڕێ شاعیرەکەی دەکات و پێیوایە لەم گەردوونەدا کەس بە ئەندازەی ئەو تەنهاو نیگەران دڵ پڕ لە کەسەر نەژیاوەو کەس بە ئەندازەی ئەو حەسرەتی هەڵنەکێشاوە. هەروەک شاعیر ئەم ژیانە وەکو گەرداوێک باس دەکات و تەمەنی خۆیشی وەکو کەشتیەک باس دەکات بەدەم شەپۆلی سەختی گەرداوەوە پارچە پارچە دەبێت و پاشانیش ماسیگری تەنهای رۆخ پارچەکانی جەستەی دەسوتێنێت. ئەم داوا لە هاوڕێ شاعیرەکەی دەکات، کاتێ ئەم بەمجۆرە بە گەرداو دەمرێت و پێشبینی دەکات لە کەناری دەریادا پارچەکانی جەستەی بسوتێنرێن، هەست بە نیگەرانی دەکات، بۆیە داوا لەوی هاوڕێی دەکات رێگا بەوە نەدات و تەنانەت پێیشی دەڵێت نایەوێت لە گۆڕستانی ئاسایدا بنێژرێت، بەڵکو دەیەوێت ئەو فڕێی بداتە ناو دەریاوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری ون ببێت و گوێی لەوە نەبێت لە پرسەکەیدا چۆن شینی بۆ دەکرێت و چی لەبارەیەوە دەگوترێت. ئەو دەیەوێت لە ناو دەریادا ون بێت و لەوانی تر جیابێتەوەو تەنانەت لە گۆڕستانی ئەوانیشدا نەنێژرێت، کە ئەمەش بانگەشەکردنە بۆ تەنیایی هەتاهەتایی و بۆ بیرچوونەوەی کات و شوێن و هەموو شتێک و ئەوەش وەکو دوا جیابوونەوە وەسف دەکات، واتە جیابوونەوەی هەتا هەتایی. بێگومان کەشی ئەم دەقە شیعرییەش وەکو زۆربەی دەقەکانی تری ئەم دیوانە کەشی مردن و لەناوچوون و کۆتاییهاتنی هەتا هەتاییە.
شیعری چواردەیەم بە ناونیشانی( ئێوارە تابوتێک)ە. ئەم ناونیشانە راستەوخۆ ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێک مردووەو دەمی ئێوارە خراوەتە ناو تابوتێکەوەو بەرەو دوا ئارامگای بەرێ دەکرێت. ئاشکرایە تابوت و مردن دوو وشەی پێکەوەبەستراون و هەردووکیشیان ئاماژەن بۆ کۆتاییهاتنی ژیان. ئەم دەقە شیعریە وێنای کەسێک دەکات کە زەمەن هەر بە گەنجی پیری کردووەو پێش ئەوەی بگاتە هیچ ئامانجێکی ژیانی بەرەو کۆتایی دەڕوات. ئەو هەست بە خەم و نیگەرانیەکی زۆر دەکات چونکە زەمەن پیری کردووەو هەست دەکات ئەم لە هەموو هاوەڵانی لاوازترو بێ تواناترو ناکاراترە. ئەوەش بەوە دەردەبڕێت کە ئەو لە هەمووان نەخۆشترە. ئەو خەونی ئەوەی هەبوو بگاتە بەرزایی، بەڵام لە هەموو لاوە فشاری لەسەربووە. ئایا ئەو بۆچی لە هەموو لایەکەوە فشاری لەسەربووە؟ یان ئایا بە راستی وەکو خۆی دەڵێت ئەو لە هەر چوارلاوە پەستانی لەسەر بووە، یان خۆی هەستیکی لەوجۆرەی هەبوو؟ ئەم بە ئومێدی ئەوە بووە بگاتە بەرزاییەک، کە ئەوەش کاتێ دەهاتە دی، کە ئەم قەسیدەکەی تەواو بکردایە، بەڵام ئەو قەسیدەکەی تەواو نەکردووەو بەوەش پێش ئەوەی بگاتە بەرزاییەک هەڵخزاوە. لێرەدا ئاماژەیەک بۆ خلۆربوونەوەی بەردی سیزیف هەیە کە ئەوەش دەلالەتی خولانەوە لە بازنەی بەتاڵدا هەڵدەگرێت و مەبەست بێهودەیی ژیان و ناکارایی مرۆڤ و بێ واتایی هەموو ئەوەیە کە دەیکات. ئەم لەکاتێکدا ئومێدی گەیشتن بە بەرزی هەیە، مردن دێت و راپێچی دەکات. دوا ئاواتی ئەوەیە کاتێ دەخرێتە تابووتەوە، خەڵکی لەبەر دەرگاکانیانەوە بیبینن کە بەسەر شانی چەند کەسێکەوەیەو لە ئاستیکی بەرزتردایە لەوان. بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە، داوا لە ئەوانی تر دەکات کە کاتێ لەناو تابوتدایەو بەسەر شانی چوار کەسەوەیە، دەرگاکانیان بکەنەوەو سەرنجێکی لێ بدەن، بۆ ئەوەی ئەم هەر هیچ نەبێت لە مردنداو لەسەر شانی ئەوانی ترەوە، هەست بکات کە لە بەرزایدایە. ئەو دەڵێت:
ئەم زەمەنە هەر بە گەنجی / گۆچانی پیرێتی خۆمی دایە دەستم / چۆن وەڕزیی کۆتم نەکا،/ ئێستا لە نێو هاوەڵاندا،/ لە هەموویان نەخۆشترم!/ لەوەتەی بووم، من هەر ماندووم!/ لە چوارلاوە دەپەستێورێم!/ قەسیدەکەم تەواو نەبووە،/ نەگەیشتوومە( بەرز)ییەکیش،/ وا خەریکە هەڵدەخزێم!/.. ئێوارەیەک دەرگاکانتان بکەنەوە!/ راکشاوی نێو تابووتی سەر چوار شانم!/ سەیرم بکەن!/ هیچ نەبێ با بە مردووییم/ هەست بکەم وام بە بەرزایی دوو مەترەوە!!.
ئایا بۆچی ئەم کەسێتیە خەونی ئەوەی هەیە کە هەر هیچ نەبێت ئەگەر لەناو تابوتەکەیشیدا خەڵک بیبینن بەسەر شانی چەند کەسێکەوەیەو، شوێنەکەی لەوان بەرزترە، دڵخۆش دەبێت؟ بێگومان ئەم دەربڕینە لە ئاستی نەبینراودا ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سەرباری بێ ئومێدی و سەرباری بێ باکی لە ژیان و سەرباری چاوەڕوانکردنی مردن، بەڵام هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری هەموو خواست و ئارەزووە غەریزەیی و وەرگیراوەکانی بێت. سەیرکردنی خۆ و خۆبینین لە ئاستێکی بەزتر لەچاو ئەوانی تردا، بوونی خواستی دەسەڵات و هەژموونکردن بەسەر ئەوانی تردا نیشان دەدات. واتە ئەم سەرباری ئەوەی کە دەزانێت دەمرێت، بەڵام هێشتا خواست و ویستی دەسەڵاتی هەیەو دەیەوێت تەنانەت ئەگەر بە مردوویش بێت خۆی لە پێگەیەکی بەرزتر لەوانی تر ببینێت. بینینی خۆی تەنانەت بە مردوویش لە پیگەیەکی بەرزتر لەجاو ئەوانی تردا. بەجۆرێک ئاسودەو دڵخۆشی دەکات.

شیعری پانزەیەم ( ئێوارە ئاوابوونێک )ە. لەم دەقەدا هاتووە:
هەر ساتێک بێ من دەکەوم!/ کۆستی عومری خۆم بینیوە،/ ئێوارەیەک بەم گەنجیە ئاوا دەبم!/ بەم گەنجییە کۆستی عومری خۆمم بینی!/ ئەوڕۆ لە تۆ، سبەینێش لە دایک و باوک / خوشک و برا، جیا دەبمەوە / پاشی ئەوەی زەمەنم مرد!/ شیعرەکانم بدەرە دەست کچی پاییز/ با بزانێ ( ئاراس) ێک بوو / ئەوەندەی ئەو تەنهاو رەنگ زەرد/.
ئاوابوون وەکو ناونیشان دەلالەتی مردن هەڵدەگرێت، واتە ئەم دەقە باسی مردن دەکات، هەڵبەت مردنی ئەوی قسەکەری دەقەکە. هەر خۆیشی لەبارەی مردنی خۆیەوە دەدوێت، واتە لە رێگای گێڕانەوەوە. ئەم کەسێتە ئەوە دەگێڕیتەوە کە چۆن پێشبینی کەوتن و مردنی خۆیی کردووە، یان دروستتر بڵێین ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن بەگەنجی مردنی خۆیی بینیووەو لە ئێستاشەوە لە ئەو و لە کەسە نزیکەکانی تری جیادەبێتەوەو ماڵئاوایی لەو دنیایە دەکات. ئەم لە ئێستادا داوا لە ئەو دەکات کە دوای مردنی، شیعرەکانی بداتە دەستی کچی پایز، چونکە خۆی رەنگ زەرد نیشان دەدات هەمان شێوەی پایز. ئەم بە دوای ناودا ناگەڕێت، بەڵکو وادەردەکەوێت کە حەزنەکات ببێتە جێگای سەرنج و بایەخی خەڵکی. هەربۆیە دەترسێت پاش مردنی ببێتە شاعیرێکی گەورەو خەڵکی خەم و حەسرەتەکانی کۆبکەنەوە.
شیعری شانزەیەم بە ناونیشانی( ڤەهێڵ)ە. ئەم لە ئێستادا وەستاوەو دەڕوانێتە سبەینێ، بەڵام بە هیواوە نا بەڵکو بە نیگەرانیەوە دەڕوانێت، چونکە دڵنیایە کە سبەینێیشی لە ئەمرۆ و دوێنێی باشتر نابێت. ئەمڕۆ دوو دڵ و نیگەرانە، چونکە بۆ سبەینێ چاوەڕوانی خەم و کۆست و کارەسات دەکات. دوێنێیشی کە سەردەمی گەنجێتی بوو، ئەم تیایدا ناکاراو بێ توانا بوو، تەنانەت ساتێکی رابردووی خۆیی بیرناکەوێتەوە کە تیایدا کارێکی کردبێت یان رۆڵێکی بینیبێت. واتە ئەم نە لە رابردووداو نە ئێستاش نەبووەتە بکەرێکی رووداو دروستکەر، بەڵکو هەمیشە ئەم کاری لەسەر کراوە. هەڵبەت ئەم بۆ داهاتوویش تەنیا چاوەڕوانی پیری دەکات، کە پیریش قۆناغی ناکارایی و گۆشەگیریی و هەنگاونانە بەرەو کۆتایی. ئەو دەڵێت:
سبەینێش دێ، دێ لە دەرگای ژوورم دەدا/ من چیم هەیە چاوەڕێی کەم/ جگە لە خەم، کۆست، کارەسات/ من بە گەنجیش دەنگەکانم باش نەدەبیست/ من بە گەنجیش شتەکانم باش نەئەدی/ نووسینی سەر تەختەی رەشم، بە چاویلکە ئەخوێندەوە/..هەمیشە هەر کەنەفتی ژێر لێفەی شڕ بووم!/ هەمیشە هەر چاوەڕوانی، کارەساتی جەرگ بڕ بووم!/ ڤەهێڵی نێو زەمەنێکم هەر بە گەنجی دڵمی شکاند/ ڤەهێڵی نێو زەمەنێکم هەر بە گەنجی/ تۆوی کەساسیم تیا وەشاند!/ خەونم دیووە، خەونی ناخۆش! کێم هەیە بۆی بگێڕمەوە؟!/ ئای ئەوڕۆکە چەند دوو دڵم!/ ئای خوایە چەند لە سبەینێی خۆم ئەترسم!!/ سبەینێش دێ/ لە پیریی زێتر چیم هەیە چاوەڕێی کەم!
ئەم هەر لە بنەڕەتەوە خۆی بۆ خەم و ئازارو بەدبەختی ئامادە کردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رابردووی تروسکەیەک، ئاسۆیەک، هیوایەک، خۆشیەکی تێدا نەبووە. هەربۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکات نە ئێستاو نە لە ئایندەشدا لەم بارە ناهەموارە رزگاری بێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە بە گەنجی لە رووی فیسیۆلۆجیەوە کەموکورتی هەبووە. ئەم لە گەنجیدا نە دەنگەکانی بە باشی بیستووە، نە شتەکانی بە باشی بینیووە، بەردەوامیش چاوەڕوانی کارەسات بووە. ئەم وێنای خۆی وادەکات کە لەگەڵ لە دایکبوونیدا بەدبەختی و چارەڕەشی و بێکەسی لەدایکبوون. وایشی بۆ دەچێت ئەم لە چارەنووسی نووسراوە هەموو ژیانی بەم جۆرە بەسەر ببات و ئەو بۆچوونەی لا دروستبووە کە قەدەری ئەم بەمجۆرەیە. لێرەدا ئەم دەقە کەسێتیەکی نەرێنی و ناکاراو روو لە بێهودەیی و پشت لە هیواو ژیان بەرجەستە دەکات. سەرجەمی رەگەزەکانی بەرهەمهێنانی شیعریەتی ئەم دەقە فەزای بێهودەیی و مەرگەسات دروست دەکەن. فەزایەک تیایدا رابردووی گەنجێتی خەم و ژان و کەسەر بووە، ئێستاش ژیانی خەمی زیاتر و بەدبەختی و تفت و تاڵی خراپترە، داهاتووشی کە پیرییە بریتی دەبیت لە ناکارایی و ئازارو ژان و هەمان دڵشکاندنی رابردوو. ئێستا فەزای گشتی ئەم دەقە فەزایەکی ماتەم و ئامادەکراوە بۆ روودانی کارەسات، کە ئەویش کارەساتی مردن و کۆتاییهاتنە.

شیعری حەڤدەیەم بە ناونیشانی( ئاژێر )ە. شاعیر دەڵێت:
پیر دەبیت و کێ وەکو تۆ / تەمەنێکی ئاوا مەزن بەسەر دەبات؟!/ پیر دەبیت و کێ وەکو تۆ / لە زمانی بەفرو زوقمی / بەیانیانی زستانی تووش!/ گەرمای چلەی / دۆزەخی هاوین تیدەگات / پیر دەبیت و سیەکانت/ رەشی و تەنیی لێ دەنیشێ!/ قاچ ورد دەبێ! دەست دەپەڕێ!/ چاو کوێر دەبێ! گوێ کەڕ دەبێ!/ بەڵام هێشتا لەناو خوێنتا/ ملیۆنەها دەست و قاچ هەن/ پشتی ماشێن بدەن لە عەرد!/ ملیۆنەها چاو و گوێ هەن/ تاریکایی کارگە راونێن./ گوێ رادێرن بۆ گۆرانی پاشەڕۆژی ئینسانی مەرد!/ بەیانیانێ کە ئاژیر دێ / پێش وەی بۆ کارگەکەت بکشێی،/ چەند ماچێکی قووڵ و گەرم،/ لەسەر لێوی جێ دەهێڵی!/ چاو هەڵدەبڕێ../ بنوو جەرگم!/ وا ئاژیر هات / بەرەو کارگە بانگم دەکات!/.. ئێوارانیش جەرگەکەی تۆ/ لەبەر دەرگا / چاوەڕوانی هەڵهاتنی / باڵای ئارەقاویت دەکا./
ئەم دەقە گێڕانەوەی دوو ساتی کورتی ژیانی کرێکارێکی کارگەیە. یەکەمیان ئەو ساتەی بەیانی کە دەنگی ئاژیری کارگە دێت، ئەم بە ماچی خۆشەویستی منداڵەکەی بەجێدەهێڵێت و دەڕوات بۆ سەر کار. دووەمیان ئەو ساتەیە کە لەکار دەگەڕێتەوەو منداڵەکەی لەبەر دەرگا چاوەڕوانی دەکات و بەرەو پیری باوکی دەچێت و خۆی هەڵدەداتە باوەشی. لە پاڵ ئەم دوو ساتە هەستیارە لە ژیانی هەر رۆژێکی کریکارێکی کارگەدا وەسفیکی ئەو کارە دەکات کە ئەوی کرێکار وەکو نموونەی چینێکی کۆمەڵایەتی گرنگ ژیانی خۆیان لە پێناوی بەدەستهینانی پاروی رۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیاندا دەفرۆشن تا پیردەبن و توانای کاریان نامینێت. ئەم دەقە ناڕاستەوخۆ باسی ئەو سیستێمەی کاری سەرمایەداری دەکات کە چۆن هەمان شێوەی ئامێرو ئامرازەکان سەیری ئەوی کرێکار دەکات و کەی توانای بەرهەمهێنانی نەما وەکو پارچە ئامێرێکی لەکارکەوتوو سەیری دەکات و فڕێی دەدات. لەپاڵ ئەوەشدا باسی ئەو تەمەنە مەزنە دەکات کە ئەوی کرێکار بە سەربەرزانە بە عەرەقی ناوچاوانی بژێویی ژیانی خۆیی و خێزانەکەی بەدەستدەهێنێت. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە سەرباری ئەوەی ماشێنە نوێیەکانی بەرهەمهێنان و قورسی کاری رۆژانە دەبنە هۆی تێکشکاندنی جەستەی ئەوی کرێکار. بەڵام هێشتا ماناو گەوهەری قوڵی مرۆیی ئەوی کرێکار لە پێناوی پارێزگاریکردن لە مانای ژیانی راستەقینەو لە پێناوی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی مرۆڤی رەنجدەرو بەرهەمهێندا هەموو رۆژێ زیاتر پتەوو بەهێز دەبن بۆ راگرتنی شکۆی راستەقینەی مرۆڤی کارکەرو بەرهەمهێن.

شیعری هەژدەیەم بەناونیشانی( حەسرەت)ە، کە ناونیشانی ئەم دەقە بووەتە ناونیشانی ئەم دیوانە شیعریەی ئاراس عەزیز. وشەی “حەسرەت” وەکو پێشتر باسمان کرد بە مانای داخ هەڵکێشان دێت. ئەم دەقە بەرجەستەی ئەو بۆچوونە دەکات کە هیچ کەس لەسەر ئەم زەویە نامێنێتەوەو هەمووان یەک بەدوای یەکدا بەجێی دەهێڵن. ئەوەش هەرچەندە بەشێکە لە یاسای ئەم سروشتەو هارمۆنیای سروشت بەو شێوەیە رێکخراوە، بەڵام مردن بۆ خۆی کارەساتێکەو هەمیشە مایەی نیگەرانی و ترس و خەم و ئاخ بۆ هەڵکێشان و داخ خواردنە.
ئەوی قسەکەری دەقەکە لە رێگای پێشبینیکردنەوە وێنەی ئێوارەیەکی مات و پڕ لە نیگەرانی دەخاتەڕوو، وای بۆ دەچێت شەوێکی نائاسایی و نووتەک و تار بێت. وەکو ئەوەی مزگەوتیش لەو پێشبینیکردنەدا بەشدار بێت، چونکە هەتا ئەو کاتە دەرگای مزگەوت بە کراوەیی دەمێنێتەوە، وەکو ئەوەی چاوەڕوانی میوانێک بکات، ئەو میوانەش بێگومان تەرمێکە. بەڵام ئەوی قسەکەر خولیای ئەوەیە بزانێت ئەوە کێیە ئەمشەو دەمرێت. سەر ئەنجام دەکەوێتە گومان و ترسەوە لەوەی کە رەنگە ئەو تەرمەی مزگەوت چاوەروانی دەکات ئەم بێت. ئەوەتا دەڵێت:

من لێرەوە چەند مەراقمە/ ئاخۆ کێ بێ ئەمشەو دەمرێ؟!/ ئەگەر ئەمشەو من نەمردم/ دوا قەسیدەی ( حەسرەت)ی خۆم دەنووسمەوە./
ئەم سەرباری ئەوەی دەترسێت ئەوەی ئەمشەو دەمرێت خۆی بێت، مەرجێک بۆ خۆی دادەنێت کە ئەگەر ئەمشەو نەمرێت ئەوا دوابەش یان دوا قەسیدەی حەسرەتی خۆی دەنووسێت، کە ئەوەش وەکو خوێندنی یاسینی خۆی پێشکەش دەکات، واتە دوا بەشی حەسرەت لە پێش مەرگیدا دەنووسێت. ئەمەش لە ئاستێکدا ئەوە نیشان دەدات کە خوێندنی سورەتی یاسین لە سەرە مەرگدا چەند گرنگە بۆ کەسی بڕوادار، نووسینی دوا شیعر بۆ ئەوی شاعیر ئەوەندە گرنگە. لێرەوە پێگەو بەهای شیعر بەرز نیشان دەدرێت وەکو پێگەو بەهای ئایەتێکی قورئان کە چەند گرنگە بۆ بڕواداران. شاعیر دەڵێت:
من هەرچیم ویست نەهاتە دی/ هەرچیشم دی ویستم نەبوو!/ هەر بە گەنجی خۆشەویستم لە من هەڵات/ ئاخ! گەر ئەمشەو نەمردمایە…/ دوا قەسیدەی (حەسرەت)ی خۆم دەنووسیەوە/ کێ دەزانێ سبەی زەمەن بۆ کوێم دەبات/ تاکو زیاتر بە ساڵا چم/ شیعرم زێتر خەمگین دەبێ!/ ئەگەر یەکێ رۆژەکانی ئاوا بڕوات/ ئەگەر یەکێ کۆستی ئاوا کۆتی بکات/ کێ دەتوانێ روو لە ماڵی و دڵی بکات؟! بڵێ ئاخر من چیم داوە بە ئاڵۆزی زەمەنەوە/ ئەوڕۆ، سبەی هەر شتێ بێ./ رۆژگار بۆ من هەر نەهاتە!!./
ئەمی قسەکەری دەقەکە لە دەستپێکدا واینیشان دەدات کە نازانێت کێ دەمرێت، بەڵام دواتر لە رێگای دەربڕینەکانیەوە تێدەگەین کە پێشبینی مردنی خۆی دەکات لەم شەوەدا. دەشێ باس نەکردنی راستەخۆی مردنی خۆی لە راستیدا بۆ دوورخستنەوەی مردن و مەترسی مردن بێت لە خۆی. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە سەرباری ئەوەی بابەتی مەرگ رەگەزێکی تەواو باڵادەستە لە ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرەدا، بەڵام ئەم ناخوازیت بمرێت، بەڵکو ئەوە مردنە بێ لە دەرگادان و بی مۆڵەت وەرگرتن دەرگا لەم دەگرێت.

ئەم دەزانێت ئەمشەو کەسێک دەمرێت و گومانیشی هەیە کە ئەو کەسە خۆی بێت، بۆیە نزا دەکات کە ئەمشەو هیچ کەس نەمرێت، دەنگی گریان و شین و لاواندنەوە لە هیچ ماڵێکەوە بەرز نەبێتەوە. ئەمەش بە پلەی یەکەم نزاکردنە بۆ ئەوەی خۆی نەمرێت، بە پلەی دووەمیش ئەگەر ئەو کەسەی پێشبینی دەکرێت بمرێت، خۆی نەبێت، دیسان نزادەکات هیج کەسی تریش نامرێت بۆ ئەوەی ئەم بتوانێت دوا قەسیدەی “حەسرەت”ی خۆی بنووسێتەوە. لەپاڵ ئەم نزاکردنەدا ئەم باسی رابردووی خۆی دەکات، کە چۆن خۆشەویستیی بەجێهێشتووەو چۆن شیعرەکانی خوازیاری ئەوە بوون بەرز ببنەوە، یان بگەنە ئاستی نەمری. لەگەڵ ئەمانەدا ئەو ئاواتەخوازی مانەوەیە، بەڵام هەر خۆیشی وەڵامی ئەو خواست و ویستەی خۆی دەداتەوەو دەڵێت کەسێک ئەم رابردووەو ئەم ئێستایەی هەبێت هەمیشە بۆ ئەو هەر نەهاتە، واتە مانەوەش گرنگی و بەهایەکی ئەوتۆی نییە. ئەم باسی ئەوە دەکات ئەگەر کەسێک رۆژەکانی بە شێوەیەکی ناخۆش و پڕ لە نیگەرانی و بەدبەختی بڕوات و هەموو ژیانی ناسۆر بێت، ئەستەمە کەس لە دەرگای دڵی بدات. واتە لێرەدا هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو حەسرەت و داخەی ئەم دەردەکەوێت کە پەیوەندی بە رابردووی ناجۆرو پڕ لە کێشەو گرفت و بەدبەختیەوە هەیە. رۆژگار بەهەر شێوەیەک بڕوات بۆ ئەم هەمان شتەو ئاشکراشە کۆتاییەکەی مردنە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرباری ئەوەی کە مردن ئامادەبوونێکی هەمیشەیی و بەردەوامی هەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا، بەڵام واپێدەچێت پاڵنەری بەرهەمهێنانی ئەم بۆچوونەو باڵادەستبوونی فەزای مردن لەوێوە هەڵنەقوڵێت کە لایەنگری و خواست و ئارەزوو بێت بۆ مردن، بەڵکو لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ترس لە مردن و هەڕەشەی مردن لە لایەک، رێگرە لە بەردەم ئاسودەیی مرۆڤدا، لە لایەکی تریشەوە، هەڕەشەی مردن وادەکات مرۆڤ هەمیشە لە چاوەڕوانییەکی ترسناکدا بێت و ئەوەش بەربەست بێت لەبەردەم دروستکردنی رووداوی گرنگداو هەمیشە مرۆڤ بە ئاستێک لاواز نیشان بدات و بخاتە ڕوو کە بێ تواناو ناکارابێت بۆ ئەنجامدانی کاری گەورەو هەڵهێنانی هەنگاوی گرنگ.
شیعری نۆزدەیەم ( شتێک لە وەسێتەکانی با)یە، کە دەشێت وەکو “بەشێک لە ئۆتۆبایۆگرافیای ” با” ش باس بکرێت. دەشێ ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا با هەر با-یەو بەس؟ یان با شاعیرەو بەشێک لە یادەوەری خۆی و هاوڕێکانی دەنووسێتەوە، یان با پێشمەرگەیەو لە دەباشان و ئەزمڕەوە خۆی دەکات بە شاردا واتە سلێمانی، یان لە مەسیف و کەسنەزانەوە خۆی دەکات بە هەولێردا. دەکرێت با ناوێک بێت لەژیر ماسکداو شاعیر خۆی، یان پێشمەرگەی کاتی بەرهەمهێنانی دەقەکە، یان هەر ناوێکی تر بێت.
شاعیر ناوی ریزێک خەڵک دەبات کە دەشێت بە دەستەی هاوڕێکان بناسرێن وەکو( بەرزان و جەمال و سەباح و ئەنوەرو ئەوانی تریش) کە پێدەچێت ئەو هاوڕێیانە ئێمە هەموومان بین، واتە هەموو هاووڵاتیانی هاوزێدی شاعیر کە رابردوو ئیستاو داهاتوومان یەکە. گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو، زیندووکردنەوەی جوانی و سادەییەکانی رابردووە بەمەبەستی پەیوەستکردنمان و گەڕانەوەمان بۆ ناو بوون و مێژووی خۆمان. ئەویش بە مەبەستی دروستکردنەوەو بەهێزکردنی پەیوەستبوون و ئینتیما بەو رابردووەو بە بوونی خۆمانەوە.
ئەوخۆی وەکو با دەناسێنیت بەڵام بایەکی بەخشندەو خۆنەویست، خۆی دەکات بە شارداو بە هیواشی لە شووشەی پەنجەرەی ماڵەکان دەدات و دیاری ئەو شیعرە، دەیەوێت وەکو بەرچاییەکی بە چێژ پێشکەشی ئێمەی بکات. ئەو بایەکی بەرهەمدارەو خەمخۆری ئێمەیە. داوا دەکات رێگای پێبدرێت هەور بۆ ئێرە بانگهێشت بکات، چونکە چۆمەکان وشک بوون و زیندەوەران لە بێ ئاویدا دەخنکێن. ئەو باسی ئەوە دەکات ئێمە بووین بە پەندی زەمانەو دەنگ و باسی بەدبەختیمان گوێی دنیای پڕکردووە. ئەو دەیەوێت بگاتەوە بە هاوڕێکانی سەردەمی منداڵی و گەنجێتی و یادەوەرییەکانی کۆڵانەکانی مەڵکەندی و پیرمەسورو سابوونکەران و کوران و سێتاقان و شێخەڵا وەبیربێنێتەوە. هەموو ئەمانەش بە مەبەستی پەیوەستبوونەوەیە بە رابردووەوەو وەبیرهێنانەوەی هەست و بەهاو مانا جوانەکانی رابردووی خۆی و هاوڕێکانی و هەمووان. ئەم بایە، بایەکە بە کۆمەڵێ خاسێتی دەگمەنەوەو وەسێتی خۆیی هەیە بۆ ئێمە. ئەوەتا دەڵێت:
من ( با )م و لە لوورەم بێزار مەبن./ من ( با )م و وەسێت بێ/ ملم مەکەن بە پەتی کورتە بارانێکی ئێوارانێ !/ من ( با )م و گەلێک نهێنی خەرەندو / شاخ و چەم و شارو دێهاتم پێیە! / من ( با )م و رەنگ ناگرم تا نەمناسنەوە! / من ( با )م و بۆن ناگرم تا نەمدۆزنەوە! / من ( با)م و ( با)م و ( با )م…
ئەو کە خۆی وەکو ( با) دەناسێنێت و خاسێتەکانی ( با) دەداتە پاڵ خۆی، داوا لە ئێمە دەکات لە لوورەی ناسازی ئەو کە راستەوخۆ لوورەی رەشەباکەی سلێمانیمان بیردەخاتەوە، بێزار نەبین. ئەو بایە، لەبەر ئەوە ناکرێت بە کورتە بارانێکی دەمەو ئێوارانێک کۆتایی پێبێت. واتە ئەو هەڵگری خاسێتی بەردەوامی و درێژەدانە بە بوونی خۆی. ئەم باسی ئەوە دەکات کە نهێنی هەموو شوێنەکانی سروشت یان وڵاتی پێیە چونکە دیارە هەموو لایەکی تەیکردووە. ئەو بایە، بایش نە رەنگی هەیەو نە بۆن، کە ئەمانەش بە هۆکاری نەناسینەوەو نەدۆزینەوەی دادەنێت. لێرەدا دیسان ئەو پرسیارەی سەرەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە: کەواتە ئەم ( با )یە چیەو چ شوناسێکی هەیە؟

شیعری بیستەم بە ناونیشانی( دە ساڵ رۆیشت)، چیرۆکی رۆیشتن و ونبوون و نەگەڕانەوەی کەسێکە، کە رووبەرێکی فراوانی لە هەست و بیرکردنەوەی شاعیردا داگیرکردووە. ئەو کەسەش “دیاری” برایەتی کە دەستی غەدر لەناوی بردووە. ئەم باسی ئەو بەیانیە دەکات کە ئەو لە دەرگای حەوشەکە چووە دەرەوەو ئیتر جارێکی تر نەگەڕایەوە. لە بینینی جلە رەشەکانی دایکی، ئەو دڵنیا دەبێت کە جارێکی تر براکەی نابینێتەوە. بەڵام تاکو ئێستایش دایکی هەر چاوەڕوانە رۆژێک کوڕەکەی خۆی بکات بە ژووردا. ئاشکرایە ئەم چیرۆکی رۆیشتنە دەرەوەو نەگەڕانەوەی دیاری برای ئەم، نموونەیە بۆ رۆیشتنەدەرەوەو نەگەڕانەوەی چەندین لاو و گەنجی هاووڵاتیانی ئێمە لە بارودۆخی رابردووی ئێمەو کاتی ژێردەستەیی رژیمە داگیرکەرەکانی وڵاتەکەماندا لای هەموومان ئاشکرایەو تاکو ئێستاش ئەم جۆرە رووداوانە تەواو نەبوون. کە هەر چۆن مردن بەردەوام مرۆڤەکان بەرەو نادیارو هەناوی خۆی راپێچ دەکات، بەهەمان شێوە ئەو دەسەڵاتە نەیارەی ئێمەش بەردەوام لاوانی ئێمەی بەرەو نادیار راپێچ دەکرد. کاتی رۆیشتن و نەگەڕانەوەی دیاری ئاشکرا نییە، بەڵام لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەی دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووە شتێکی زانراوەو نامۆ نییە.ئەو مێژووی دیارنەمانی دیاری بە تەمومژاوی بەجیدەهێڵێت. لە ناونیشان و دەقەکەدا دەڵێت دە ساڵ رۆیشت بەسەر نەگەڕانەوەی دیاری دا، لە کۆتایی دەقەکەشدا نووسیووێتی (١٩٩٧- ٢٠٠٧) واتە ئەم دەقە شیعریە لەو ماوەیەدا نووسراوە، کە یانزە ساڵ دەکات. کەواتە ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠١ یش ئەم دەقەی نووسیبێت، مانای وایە دیاری لەسەردەمی دەسەڵاتی داگیرکەردا دیارنەماوە، بەڵام ئەگەر دوای ئەو مێژووە بێت، ئەوا لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیدا دیارنەماوە. ئەوی شاعیر بەجۆریک ئەوەی بە تومومژاوی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە.
ئەم دەقە گێڕانەوەی نموونەیەکی ئەو رووداوە تراژیدیانەی رابردووی ئێمەیە وەکو دەقێکی هونەری و بەرهەمهێنانی شیعریەت لە ئاستیکی جواندا لە رووداوێکی واقیعی بەرهەمهێنراوە. ئەو دەڵێت:
دە ساڵ رۆیشت وا دەزانم بەیانیە/ بۆ بەرچایی قەمسەڵەکەت دا بە شانتا / تا نانێکی کونجی گەرم و/ جامێک ماستی بۆسووت بێنی / رۆیشتیت و نەهاتیەوە!!/ دە ساڵ رۆیشت./ هێشتا پەڕەی دۆسێی غەدری ونبوونی تۆ / دەمەو بەیان بای توی مەلیک دێنی و دەیبا / دە ساڵ رۆیشت ئێستا دڵم شیعرێکە مات!! / بەو هیوایەی کە لەو دنیا بە دیدارت شاد ببمەوە! / دە ساڵ رۆیشت ئێستاش دایکم / هەر ( شەمالە) دەگرێتەوە / بەو نیازەی کە رێبوارێ تێپەڕ ببێ و/ بڵێ ( رۆژێ هەر دێتەوە !!) .
بێگومان هەرچۆن کاتی دیارنەمانی دیاری بە تەمومژاوی بەجێهێڵراوەو ئەوەش ئەگەر لە داهاتوویەکی دووردا سەیری ئەم دەقە بکرێت دەشێت وەکو دروستکردنی رووداوێک لە خەیاڵدا سەیری دیارنەمانی ئەم کەسێتە بکرێت. هەڵبەت لەبەرامبەر ئەم رووداوەدا وێنەی بەرجەستەی دایکێک نیشان دەدات کە هەتا ئەو کاتەی دەژی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەیدایە، کە لە راستیدا ئەوەش هەمان شێوەی چاوەڕوانیی هاتنی گۆدۆیە. ئەم دەقە وێنای دوو تراژیدیا دەکات، یەکەمیان تراژیدیای ونبوونی مرۆڤێک، دووەمیشیان تراژیدیای ژیانی پڕ لە چاوەڕوانی دایکێک بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی.
شیعری بیست و یەک بە ناونیشانی( مەجهول )ە. ئاشکرایە مەجهول وشەیەکی عەرەبیە کە دەشیا کوردیەکەی بەکاربهێنرایەو بە هەمان مانای مەجهول بارگاوی بکرایە، بەڵام دەشێ ئەم زاراوەیە بە لای شاعیرەوە زاراوەیەکی شیعریتر بێت. مەجهول مانای نادیار، یان ون هەڵدگرێت. کەواتە ئەم ناونیشانە مانای دەقەکە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، یان لە خۆیدا چڕدەکاتەوە، لەکاتێکدا کە دەقەکە باس لە دیارنەبوون، یان ونبوونی هاوڕێیانی بەرهەمهێنی دەقەکە دەکات. ئەم هاوڕێیانە هەندێکیان لە رووی شوێنەوە دوورکەوتوونەتەوەو لەم جیابوونەتەوە، هەندێکی تریان مەرگ بەرەو نادیارو نەزانراو راپێچی کردوون. هەروەک دەشێت هەندێکیان هەم لە ژیاندا مابن، هەم لە رووی شوێنەوە لەم نزیک بن، بەڵام دیسان بەربەستی جۆراوجۆری تایبەتی، واتە زاتی، یان بەربەستی بابەتی- مەوزوعی- لێکتری پەرت کردبن. مرۆڤ ئەو بوونەوەرە هەستیارەیە کە هەندێ جار نەک لەوانی تر بەڵکو بەخۆیشی نامۆدەبێت و پەرت دەبێت. ئەوەش نەک نادیاری، یان ونبوونی ئەوانی تر بەڵکو ونبوون و نادیاری خۆی دروست دەکات.
ئەم لە دووری هاوڕێکانی، یان لە ئەنجامی نامۆبوونی بە خودی خۆی و بێ هاودەمی دەبێتە هاوڕێی با. ئەم با-کان بۆ ماڵی خۆی دەباتەوەو دەبێتە هاوڕێی ئەوان، بەڵام کام بایانە؟ بێگومان با ماندوو بێ نەواکان، ئەو بایانەی شوێنێک نییە ئارامی تێدا بگرن. ئێستا لێکچوون لە نێوان ئەم و با-کاندا هەیە، کە هەردووکیان تەنیاو بێ هاودەمن. نزیکی ئەم لە با-کان وای لێ دەکات ببێتە هاوڕێی هەرە نزیکیان و باسی ئەوە بکات کە کەس لەو باشتر با-کان ناناسێت. ئەم دەبێتە هاوڕێی با-کان بەو هیوایەی لە تەنهایی رزگاری بێت. بەڵام با ناتوانێت لەو بارە پڕ لە تەنیایی ونامۆییە رزگاری بکات، بۆیە داوا لە هاوڕێکانی دەکات بگەڕێنەوە چونکە ئێستا دەزانێت تەنیا ئەوان دەتوانن لە تەنیایی و نامۆیی رزگاری بکەن. ئەو باسی ئەوە دەکات کە لە ژیانیدا هیچ هەنگاوێکی نەرێنی یان نائاسایی لەوجۆرەی نەناوە کە بووبێت بەهۆی ئەم تەنیایی و نامۆییەی، لەبەرئەوە خۆی بە شایانی ئەو تەنیایی و نامۆیی و ونبوون و ژیانی شێوە تاراوگەییە نازانێت. لەبەرئەوە دەربڕینەکانی جۆرێک لە ناڕەزایی بەرامبەر بەو یاسایانەی گەردوون تێدایە کە هەڕەمەکی بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنرێن. ئەو دەڵێت:
خوایە من نە رێگای هات و نەهاتم گرت!/ خوایە من نە لە جەنگەڵ و شارو لادێ غەریبەکاندا / سەگ و پۆلیس پێم وەڕین / خوایە من نە لە نێو بەلەمێکی / پڕ لە گەنجی چڵکن و ریش هاتوودا / شەپۆلە زەبەلاحەکانی دەریا شایەتمانیان پێهێنام!/ خوایە من نە ماڵئاواییم لە کەس و کارم کرد / خوایە من نە شیعرەکانم بە ئەمانەت دایە دەست کەس!/ … خوایە من ئەمانەم هیچی نەدی و نەکرد!/ کەچی لەم تاراوگەیەدا خۆم بینیەوە!/
ئێستا ئەو لە بارێکدا دەژی خۆی بە تاراوگە وەسفی دەکات. ئاشکرایە تاراوگە زاراوەیەکە لەگەڵ ماناکەیدا خەم و نامۆیی و ژانی تەنیایی و تەنانەت ژانی ونبوون هەڵدەگرێت. واتە ئێستا ئەو لە ونبووندا دەژی. لە خودا دەپاڕێتەوە ونبوون و نامۆیی ژیانی شێوە تاراوگەی بۆ بکات بە قەسیدەو، گریانی دایکی بۆ بکات بە گۆرانی. کەواتە سەرباری ئەوەی کە فەزای گشتی ئەم دەقە شیعریە، خەم و نیگەرانی و ئازارو دۆخی مەرگەسات باڵی بەسەردا کێشاوە، بەڵام لە پشتی ئەو هەموو نیگەرانی و ناڕازیبوونەوە، ئەم دەخوازێت لەو بارە رزگاری بێت. ئەو لە خوازیارانی بێ ئومێدی و رەشبینی و مەرگ نییە، بەڵکو ئەوە بێ مانایی ژیان و قەدەرو زەمەنە کە مەرگیان کردۆتە شتێکی هەمیشە ئامادە لەبەردەمیدا. ئەوەتا ئەم دەخوازێت و نزادەکات خودا ئەم ونبوونە، کە ئەم بە مەجهول ناوی دەبات بکات بە قەسیدەیەک. ئەمەش مانای ئەوەیە دەیەوێت کارەسات و ماتەم و خەم بگۆڕێن بۆ ئاسودەیی و بەختەوەری و پێکەنین. واتە ئەم دەخوازێت هێزی ژیاندۆستی بەسەر هێزی مەرگدۆستیدا زاڵ بێت و فەزای ژیان و خەندەو بەختەوەری باڵ بەسەر ژیاندا بکێشێت. هەروەک ئەم کۆچکردن و دوورکەوتنەوەی هاوڕێکانی بە هۆکاری ئەم ونبوونەی دەزانێت و دووری ئەوان ناچاری دەکات بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو، بەو ئومێدەی یادەوەرییەکانی رابردووی کە بەراورد بە ئێستای سیخناخ بە تەنیایی و نامۆیی و ونبوون، سەردەمێکی خۆشتر بووەو هێشتا بەهای شتەکان وەکو ئێستا هەرەسیان نەهێنابوو، هێشتا جوانیەکان تەڵخ و ناشیرین نەبووبوون و هێشتا هاوڕێکانی کە ئەم ئاسودەیی خۆی دەبەستێت بە بوون و نزیکی ئەوانەوە، لێی دوورنەکەوتبوونەوە. واتە ناڕاستەوخۆ ئەم لە تەنیایی و نامۆیی و ونبوونی ئێستایدا، رابردووی خۆی دەلاوێنێتەوە چونکە هەست دەکات بەلایەنی کەمەوە لە رابردوودا هەستی بەم تەنیایی و نامۆیی و ونبوونەی ئێستای نەکردووە.
شاعیر دەڵێت:
لە تاو تەنهایی خۆم / ئێواران ( با) کان بۆ ماڵێ دەبەمەوە/ بایە تەنهاو مانووەکان / بایە بێ جێ و مەسکەنەکان / کەس وەک من باکان ناناسێ / کەس وەک من لە نهێنی خەفەبوون و / گەڕانەوەی باکان نازانێ/.. وا چل و پێنج ساڵە لە تاو تەنهایی / هاوڕێیەتی (با )کان دەکەم! / ئەو بایانەی بە ڕەوەیەک مێشی موزعیجەوە / تۆزو خۆڵیان دەکرد بەسەر دەم و چاومدا /.. هاوڕێکانم ئێوە یەک یەک کۆچتان کردو/ منتان دایە دەست ئازاری بیرەوەری! / شەوان لە تاو تەنهایی خۆم / روودەکەمە دەریاکانی گەنجێتی /.. ئێوە یەک یەک کۆچتان کردو / منیش لە تاو تەنهایی خۆم / خۆم دایە دەستی ئەم مەجهولە!.. ئەم مەجهولە هەر دەمێنێت / ئەم مەجهولە تەمەنی نیە پیرنابێت / خوایە ئەم مەجهولەم بۆ بکە بە قەسیدەیەک / گریانەکەی دایکم بۆ بکات بە ستران / خەمباریەکەی دایکم بۆ بکات بە تریقە /.. کەی دێنەوە ئێستا پاشای بەساڵاچووی/ مەملەکەتێ بیرەوەریم؟!
وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ئەم لە دووری هاوڕێکانی هەست بە تەنیاییەکی خنکێنەر دەکات. ئەم تەنیاییە بۆشاییەکی گەورە لە ژیانی ئەمدا دروست دەکات و وای لێ دەکات بە دوای جێگرەوەیەکدا بگەڕیت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە. ئەم بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە ئێواران ( با) لەگەڵ خۆی دەباتەوە. ئاشکرایە با نە جێگای هەیەو نە لە هیچ شوێنێک رادەوەستێ، هەمیشە لە جوڵەدایەو ناسرەوێت. ئەم با- کان دەچوێنێت بە خۆی لەو رووەوە کە ئەوانیش وەکو ئەم تەنیاو بێ شوێن و جێگاو ماندوون. ئەم تەمەنی خۆی هەمووی بە تەنیایی باس دەکات و لەو رووەوە مێژووی هاوڕێیەتی خۆیی و با- کان دیاری دەکات، کە بریتیە لە هەموو تەمەنی ئەم. هەروەک باسی ئەوەش دەکات کە با- کان پێشتر تۆزو خۆڵیان بەسەر ئەمدا کردووە، بەڵام ئەم ئەوانی کردووەتە هاوڕێی خۆی. هەر لە راستیشدا دەشێت لە ئاستێکی تردا مەبەست لە با- کان هاوڕێکانی بێت، کە چۆن وەکو با هاتن و تێپەڕین و ئەمیان بەتەنیا بەجێهێشت. کە ئەوانیش رۆیشتوون ئەم هیچی بۆ نەماوەتەوە تەنیا گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو نەبێت. یادەوەرییەکانیش سەرباری رووە جوان و گەشەکانیان، بەڵام دیسان ئازاربەخشن، بەتایبەتی کاتێ بە روانینی ئێستاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوساو لەبری ئەوەی هاوڕێکانی لە تەنیشتیدا وەستا بن، تەنیا خۆی دەبینێت کە کەسێکی تەنیاو بێ هاودەم و نامۆیە. لێرەوە لە تاو ئازارو ژانی تەنیایی، خۆی دەداتە دەست ونبوون و نادیار- مەجهول-، ونبوونێک کە ئەوسەری دیار نییەو نازانێت بۆ کوێی دەبات و بە کوێ دەگات. ئەم وەکو کەسێکی لاوازو ناکارا دەردەکەوێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جوڵەو ئاراستەی هەنگاوەکانی خۆیشی نییە، هەر بۆیە بەوجۆرە خۆی دەداتە دەستی نادیارو ونبوون. هەروەک لە بری ئەوەی هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ونبوونە، ئومێد لەسەر هێزی نادیاری خودا دادەنێت کە لەو بارە ناجۆرەی ونبوون و تەنیایی رزگاری بکات و گریان و فرمێسکی دایکی بۆ بکات بە گۆرانی و زەردەخەنە. بێگومان فەزای باڵادەست لەم دەقەدا فەزای تەنیایی و ونبوونە و سەرئەنجام هەنگاونانە بەرەو نادیار و بەرەو کۆتایی. واتە دیسان لەم دەقەشدا پاڵنەری مەرگدۆستی و هەژموونی تاناتۆس باڵادەستە بەسەر پاڵنەری ژیاندۆستی و ئیرۆسدا.
دەرئەنجام:
ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە هێڵێک لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی دەقەکانی ئەم کۆمەڵە شیعرە پێکەوە دەبەستێت، کە ئەویش باڵادەستبوونی فەزای مەرگە لە دەقەکاندا، کەواتە با لێرەوە سەرنجی ئەو رەگەزە زمانی و وێنە شیعریانە بدەین کە فەزای مردن لە دەقەکەدا بەرهەم دەهێنن. لە راستیدا لە بنیادی زمانی دەقەکاندا چەندبارەبوونەوەی چەند وشەیەک دەبینرێت، کە رۆڵی دیار دەبینن لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقەکاندا، کە لە چوارچێوەی مردن و چەمکی مردندا بەرجەستە دەبێت. ئەو وشەو وێنە شیعری و دەربڕینانەی کە پەیوەندییان بە مردنەوە هەیە رووبەرێکی فراوان لە کۆی دەقەکانی ئەم دیوانەدا داگیردەکەن.

لەم دیوانە شیعریەدا زیاتر لە شەست جار وشەی مردن هاتووە، وشەکانی خەم و حەسرەت نزیکەی چل و پێنچ جار بەکارهێنراون. وشەکانی کەساس، کڵۆڵ و کۆست وکارەسات نزیکەی چل جار بەکارهێنراون. وشەکانی تەنهایی و غەریبی زیاتر لە سی جار هاتوون. وشەکانی پیری و ئەو وشانەی ناکارایی و بێ توانایی نیشان دەدەن زیاتر لە پەنجا جار بەکارهێنراون. وشەکانی پایز، زستان، شەو، تەم، ساردو سڕ، ئەشک، شین، گریان زیاتر لە سەد جار بەکارهێنراون. بەگشتی وشەکانی پیرێتی، پایز، رەنگ زەرد، وشکبوونەوە، کۆست، کەوتن، گۆڕستان، تاتە شۆر، ماڵئاوایی، کۆچکردن، جیابوونەوە، شین، رەقبوونەوە یان راستەوخۆ مانای مردن هەڵدەگرن، یان وەکو دال مەدلولی مردن هەڵدەگرن. هەروەک وشەکانی خەم، حەسرەت، ئەشک، تەنهایی، کەساس، کڵۆڵ، غەریبی…دەلالەتی ناکارایی و جیابوونەوە هەڵدەگرن، کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا ئاماژەن بەرەو کۆتایی، واتە بەرەو مردن. ئەو رووبەرە فراوانەی لە دەقەکانی ئەم دیوانەدا کە ئەم وشانە داگیریان کردووە لە رووی سیمانتیکەوە ئیقاعی دابەزینیان هەیە، کە ئەوەش دەلالەتی گەڕانەوە بەرەو هەناوی خاک هەڵدەگرێت.
ئەگەر سەیری بنیادی پێکهێنەری زمانی دەقەکە بکەین ئەوا رووبەری رووداو یان کردار لە چاو ئەو رووبەرەی ناو و راناو و ئاوەڵناو و فرمانی ناتەواو داگیریان کردووە زۆر کەمە. ئەوەش وایکردووە دەقەکان لەبری ئەوەی لە رووی بنیادی زمانەوە ببنە دەقی کرداری، یان رووداو بەرهەمهێن، زیاتر دەقی وەسفین و لەبری بینینی رووداو یان کار، رووبەرێکی فراوان لە لێکچوون دەبینرێت، کە ئەویش لێکچواندنە لە نێوان قسەکەر یان کەسی ئامادەی نێو دەقەکان، کە بە راناوی کەسی یەکەمی تاک دەدوێت، واتە راناوی من دەچوێنرێت بەو رەگەزو توخمە زمانیانەی کە راستەوخۆ مەرگ دەنوێنن، یان دەگەیەنن، یان ناڕاستەوخۆ مانا، یان دەلالەتی مردن هەڵدەگرن.
لە سێ دەقی یەکەمی دیوانەکەدا ژمارەی ناو و راناو و ئاوەڵناو زیاتر لە چوار ئەوەندەی فرمانن. زیاتر لە نیوەی فرمانەکانیش فرمانی ناتەواون. رێژەیەکی بەرزی فرمانە تەواوەکانیش فرمانی تێنەپەڕن. کەمی فرمانی تەواو لاوازی کردار و بەرهەمنەهێنانی رووداو دەگەیەنێت. فرمانی ناتەواو زیاتر لە وەسفکردندا بەکاردێت. راستە فرمانی تێنەپەڕ جۆرێک لە رووداو دروست دەکات، یان ئەنجامدانی کارێک نیشان دەدات، بەڵام ئەو کارە تێناپەڕێتە سەر بەرکارێک، بەڵکو تەنیا بکەر کارێک دەکات کە لە سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ئەم فرمانە تێنەپەڕانە لە دەقەکاندا دەبینرێن ( ئەتەقێ، نەهات، پێدەکەنێت، ئەگری، لە دایک دەبێت، دێت، سەرهەڵدەدا، دەمرێت، دەفڕێت، دەکەوێت، دەخەوێت، دەتوێتەوە، دڵ- لێدەدا، دێن، دەچن، دەردەچێت، هەڵدێ، هەڵدەتروشکێ، دەڕوات،…). ئەوەی بە گوێرەی فرمانە تێنەپەڕەکان گرنگە ئەوەیە کە تەنیا جوڵە، یان کاری بکەرن بێ بوونی بەرکار. ئەمەش بە تەواوەتی لەگەڵ بنیادی دەقەکاندا هاوتایە، کە تاکە جەمسەرێک هەژموونی بەسەر جوگرافیای دەقەکاندا کردووە، ئەویش مردنە. لەبەرامبەر هەژموونی مردندا، هەژموونی ژیان نائامادەو نادیارە. واتە ئەو دووانە دژانەی کە هاوسەنگی و هارمۆنیای سروشت بە هەموو رەگەزەکانیەوە پێکدەهێنن لە دەقەکانی ئەم دیوانە، یان لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا نائامادەن.
ئەگەر ئەم دەقانە پەیوەست بکەین بەو زەمینە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و شارستانێتیەی کە تیایدا بەرهەم هاتوون، واتە ئەگەر خوێندنەوەیەکی سیۆسیۆلۆجیانە بۆ دەقەکان بکەین، ئەوا دەقەکان رەنگدانەوەی دروستی واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەن، کە ئاشکرایە دەقەکان لێرە بەرهەمهاتوون. لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵگای ئێمە تا ئەندازەیەکی ئاشکرا ئەگەر کۆمەڵگایەکی وەستاو نەبێت لە مێژوودا، ئەوا کۆمەڵگایەکی نیمچە وەستاوەو رووداوی گۆڕان بەرهەمهێنی تیادا بەرهەم نایەت. کۆمەڵگای کوردی بکەرێکە لە شوێنی خۆیداو ناتوانێت کار لە سەردەرەوەی خۆی بکات. واتە هەرچۆن لە دەقەکەدا کردار لاوازە و رووداوێکی دیار کە کەسی ئامادە یان قسەکەری دەقەکان کە منی شاعیرە لە پشتیەوە بێت نابینرێت. بەهەمان شێوە لە واقیعی دەرەوەی دەقەکانیشدا بکەری کۆمەڵایەتی بکەرێکی لاوازەو رووداو دروست ناکات، بەڵکو لەباری وەستاندایە. قسەکەری دەقەکان وەسفی باری تەنیایی و نامۆیی و غەریبی و ناکارایی دەکات، کە هەر بە گەنجی وێنای پیربوونی خۆی و راوەستانی لەبەردەم مەرگدا دەکات و نەک هەر لە مەرگ ناترسێت، بەڵکو چاوەڕوانی مەرگیش دەکات و هەندێ جار مەرگ وەکو دواچارەسەرو رزگاربوون سەیر دەکات.
بە هەمان پێوانە، یان لە رووی لێکچوونەوە بکەری کۆمەڵایەتی دەرەوەی دەقەکان وەکو بووەیەکی دەرەوەی مێژوو بەراورد بە کۆمەڵگاکانی تر لە باری تەنیایی و نامۆیی و ناکاراییدایە. لە راستیدا بکەرێتی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەم دەقانەی تیادا بەرهەمهاتوون هاوشێوەی کەسی ئامادەی ناو دەقەکانە کە هیچ جوڵەو بەرهەمێکی نییەو هەست بە پیرێتی دەکات و لە چاوەڕوانی مەرگدایە. ئەم بکەرە کۆمەڵایەتیەش هەر ئەوەیە تەنیا زیندووە، ئەگینا ئامادەبوونی بەراورد بە ئامادەبوونی ئەوانی تر لە ئاستی نەبووندایە و مانەوەیشی بەو شێوەیە هەمان شێوەی مانەوەی کەسی ئامادەی ناو دەقەکانە، کە چاوەڕوانی مردن دەکات.
ئایا ئەو هۆکارانە چین کە وایان لە قسەکەری دەقەکان کردووە هەست بە تەنیایی بکات، یان باسی ئەو تەنیاییە بکات کە تیایدایەو وەکو سەرەتایەک بۆ ناکارایی و پیربوون و مردن باسی بکات؟ بێگومان دوو جۆر لە هەستکردن بە تەنیایی هەن. یەکەمیان تەنیایی حاڵەتێکی ئەنتۆلۆجیەو لە بوونی مرۆڤدا بوونی هەیە، کە لە راستیدا هەموو مرۆڤێک بە ئاستی جیاواز هەست بە تەنیایی دەکات. دووەمیان هەست بە تەنیایی کردن بەهۆی جیابوونەوەو دابڕانەوەیە لە کەسە نزیکەکان، کە ئەمەیان بە یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەوانەی جیابوونەوەیان ئەو هەستکردن بە تەنیاییەی بەرهەمهێناوە، دەشێت کۆتایی بێت. جۆری یەکەمی تەنیایی رەهەندی فەلسەفی و فیکری هەیەو بەردەوام دەبێت، بەڵام جۆری دووەمیان رەهەندی کۆمەڵایەتی هەیەو بەلاچوونی هۆکاری دروستبوونی کۆتایی دێت. ئەو تەنیاییەی لە دەقەکانی ئەم دیوانە شیعریەدا بەرجەستە دەبێت لە ئاستی بینراوی دەقەکاندا وادەردەکەوێت بەهۆی جیابوونەوەو دوورکەوتنەوەی هاوڕێیان و خۆشەویستانەوە بێت، لەراستیدا لە ئاستی قوڵ یان نەبینراوی دەقەکاندا ئەوە ئاشکرا دەبێت، کە بابەتی تەنیایی لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا بابەتیکی پەیوەستە بە مەسەلەی بوونەوە، واتە لەجۆری یەکەمەو رەهەندی فیکری و فەلسەفی هەیەو پەیوەستە بە روانینی قسەکەری دەقەکانەوە بۆ مەسەلی ژیان و مردن.

ئایا هەستکردن بە تەنیایی بارێکی پۆزەتیفە، یان نێگەتیف؟ لە راستیدا لە ئاستی باودا بەگشتی تەنیایی وەکو بارێکی نێگەتیف دادەنرێت و لەو روانگەیەوە سەیر دەکرێت، کە مرۆڤ ئەفریدەبوویەکی کۆمەڵایەتیەو بوون و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی شوێن و پێگەی ئەو دیاری دەکات. بەڵام لە رووی راستیەوە تەنیایی، یان هەستکردن بە تەنیایی، یان وازهێنان لە دەوروبەرو ئەوانی ترو گەڕانەوە بۆ دنیایی تایبەتی و سنووری خود، بارێکی پۆزەتیفە بە تایبەتی بۆ داهێنەرانی هەموو بوارەکان. هەروەک گەیشتنی مرۆڤ بەگشتی، یان تاکەکەس بە تەنیایی رەها هاوشێوەی گەیشتنە بە ئازادی رەهاو بە سەربەخۆبوونی رەها، چونکە لە بارێکی لەو جۆرەی تەنیاییدا مرۆڤ بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ ناو ناخ و قوڵایی بوونی خۆیی و بە تەواوی لە دنیای دەرەوەی خۆی پەرت دەبێت. واتە سنوورەکانی دەرەوەی خۆی بەگوێرەی ئەو هیچ مانایەکیان نامێنێت. ئەو کەسەی دەگات بە تەنیایی رەها مانای وایە دەگات بە ئاستی ناسینی تەواوەتی خۆیی و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵە لەگەڵ بوونی رەهای خۆی و بەهای راهای بوونی خۆیدا دەکات، کە ئەوەش تەنیا لە لوتکەی ئازادی و سەربەخۆییدا دەگاتە ئەنجام.

کەواتە لەم روانگەیەوە تەنیایی بارێکی پۆزەتیەفەو ئەو کەسەی دەگات بەو بارە نەک هەر نیگەران نابێت و لەبەردەم هیچ ترسێکدا نابێت بەڵکو لەبارێکی دڵنیایی تەواو و لە بارێکی پڕ متمانەی تەواودا دەبێت. ئەوەش گەیشتنە بە ئازادی تەواو بۆ گوزارشت لەخۆ کردن کە هاوشێوەی ئازادی رەهای رۆحە، کە لێرەدا ئێمە پێی دەڵێین بوونی رەها. لە بوونی رەهاشدا هیچ ترس و نیگەرانیەک نامێنێت. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە تەوەرییەی سەبارەت بە کەسی ئامادەی دەقەکانی ئەم دیوانە سەرهەڵدەدات ئەوەیە: ئایا ئەم کەسە گەیشتووەتە ئاستی تەنیایی رەها؟ ئایا ئەگەر گەیشتووەتە ئەو ئاستە بۆچی لەباری ترس و نیگەرانیدایە؟ ئایا نیگەران و دوودڵەو لە کۆتایی و مردن دەترسێت؟ ئایا بوونی رەها باکی بە مردن هەیە؟ یان لە راستیدا ئایا بوونی رەها لە رووی مەعنەویەوە دەمرێت؟ ئایا ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی ئێمە توانیوێتی باری تەنیایی رەها بەرهەم بهێنێت، یان لە رووکەش و ئاستی بینراوی تەنیاییدا ماوەتەوە؟ ئایا ئەزموونکردنی تەنیایی رەها بەو مانایەی کە هاوتای ئازادی و سەربەخۆیی رەهای تاکەکەسە لە جوگرافیای شیعری کوردیدا دەبینرێت؟ بێگومان وەڵامی بەڵێی ئەم پرسیارانە نە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەو نە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا وەکو وەڵامێکی بابەتی دەستناکەوێت.

هاوینی ٢٠٢١

نووسینی/ عەتا قەرەداخی




ئازاری ڕەش… شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لای من ناخۆشترین کاتم سەعات پێنج و پەنجا دەقەی بەیانیانە
خەڵکی لە خەوی شیریندان
من لەناو جێ دەردەپەڕم و بەدەم ئومێدی ئەو ڕۆژە
ڕوو لە بازاڕی کار دەکەم
ناخۆشتر لەوەش ئەوەیە هەر هەمان ڕۆژ لە سەعات نۆ و پەنجا دەقە
بەدەست بەتاڵی دێمەوە و کەسێک نەبووە هێزی کارم لێ بکڕێ
کەس لێی نەپرسیووم ئاخۆ کتێبی دڵی پڕ خەون
چەند چیرۆک و چەند شیعر و گۆرانی تیایە
دەستێک نەهات بەسەر سەرما بملاوێنێ و
بڵێ قەینا تۆ ئەمڕۆت لە دوێنێ جیایە
دەچمەوە ماڵ؛ دەرگای ئومێدی ئەو ڕۆژە لەدوای خۆم دادەخەم و
بە بێدەنگی دەڕوانمە چاوەکانی هاوژینەکەم
ئەویش وەکچۆن لەگەڵ برسێتی ڕاهاتووە
نیگام ورد دەخوێنێتەوە و
بە هەناسەی ساردوسڕی بەبێ ئەوەی پێی بزانم
لە دڵەوە دەگری بۆ خۆی و بۆ من و چارەنووسمان
بە ڕاستی نا، لەدڵەوە، بەڵکە هەر بۆ فریودانی خۆمان بزە بۆ یەک دەکەین
دەڵێین قەینا ئەمڕۆش نەبێ سبەی پەیدا دەبێ کارێک
بەبێ ئەوەی مرازی دڵ بژاکێنین
چەتری ڕۆژێکی برسی تر، دەکەین بە سێبەری شارێک.
ئەوەتانێ سەری مانگە و خاوەن خانووش پارەی دەوێ
ئاخر چلۆن بەو بێکارییەم بتوانم سەر لە سەرین کەم
ئازاری ڕەش ساتێ پشو بدا و بنوێ
چوون دەزانم سبەینێش هەر هەمان حەمامە و هەمان تاس
چاری دەردی من ناکات سەبر و تەحەموول
یان خواردنی نێو عەلاگە و ناو سفرتاس
من ناتوانم پەنجەرەیەک نەکەمەوە بەسەر ئەم شەوە تارەمدا
قەت ناتوانم هەروا بێباک بڕوانمە خواروخێچی و
دەستەووەستان بکەوم بەلای ئەم بارەمدا
نەفەسکێشێکم دەوێ تا بمخاتە سەر ڕێی دەربازبوون
دەرمکێشێ لەنێو چاڵی نووتەک ئاسا بێ هاوئازاریی و بێنازبوون
بسکی خەمی نەهامەتی هەتاکو کەی بهۆنمەوە
داستانی ڕەنجی ژیانم، بە چ جۆرێ لەنێو شیعرا بهۆنمەوە
دەفری ئازارم لێێ دەڕژێ و دان بەخۆما دەگرم بەس ئاخ
پشت دەکەمە فریودانی دەست قەدەر و
نابمە گوێڕایەڵی دەستی ستەم و داخ
ئیتر مەشخەڵێک هەڵدەکەم بڵێسەی با لە ئاسمان بێ
دەنگی ئێمەی بێکار لە ژین
لێوانلێو نووچە و باسمان بێ.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١١-١-٢٠٢١




کەی وەفاتی میللەت ڕائەگەیەنن..!!… شيعر: نزار قبانی.. بە کوردی کردن: پشکۆ ناکام

     1

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

وێنەی ووڵاتێک بکێشم

” ئەگەر وا ناو بنرێ”، بە:

بە ووڵاتی کورد ناو ئەبرێ

كە لێم ببورێ گەر شوشەی مانگم شکان

     و

سوپاسم بکا گەر قەسیدەیەکی

خۆشەویستیم نووسی

     و

ڕێگەم با وەک هەموو

چۆلەکەکانی سەر درەخت

بۆ کردەی خۆشەویستی جووت بم

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

فێری کردبم هەردەم

لە ئاستی عەشقا بم

هاوینان عەبای خۆشەویستیت بۆ ڕاخەم

لە باران بارینیشا

كراسەکەت بچۆڕم

“”””””””’

     2

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

پارلەمانێکی لە نێرگس

     و

گەلێکی ناسکی نێرگس ئاسای هەبێ

كۆترەکان لەسەر سەرم بنوون

     و

مەنارەکانی لە چاوما بگرین

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

هاوڕێ ی شیعر بێ

     و

خۆی هەڵنەقورتێنێتە بیر کردنەوەکانم

     و

چەکدارەکان بەسەر ناوچەوانما نەڕۆن

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

گەر شیعرێکم نووسی خەڵاتم کا

     و

گەر ڕووباری “شێت”ێتیم

بوو بە لافاوێ

……لێم ببورێ

“””””””””””””’

     3

ئەمەوێ وێنەی شارێک بکێشم

لە هەموو گرێ کوێرەکان، ڕزگار کرا بێ

” مێ” یەتی تیا سەرنەربڕدرێ

     و

لەش و لار  دانەپڵۆسێنرێ

“””””””””””””

     4

باکور گەڕام

باشور گەڕام

هیچ….سوودێکی نەبوو

“چا”ی هەموو چایخانەکان وەک یەک بوو

هەموو یەک بۆنیان هەیە

     و

پیاوەکانی خێڵ خوارد ناجوون

     و

بەیەک سانیە ئافرەت هەڵئەلوشن

“””””””””””””’

5

لە سەرەتاوە هەوڵم یاوە

لە یەکێکی تر نەچم

قسەی “قوتوو”م قبوڵ نەبوە

پەرستنی هیچ “بت”ێکم قبوڵ نەبوە

“”””””””””’

     6

ئەمەوێ هەموو ئەو دەقانەی

لەبەرم کردوون ، بسوتێنم

هەندێک قەسیدە “گۆڕ”ن

     و

هەندێک زمان “کفن”

     و

لە گەڵ دوا ئافرەتیا ڕێککەوتم

بەڵام کە گەیشتم

تێپەڕی بوو زەمەن

“””””””””””

     7

ئەمەوێ خۆم لە دەستەواژەکانم

     و

زمانی ڕستە و ووشەی لێکدراو

پاک بکەمەوە

خۆم لە تەپ و تۆزم بتەکێنم

     و

بە ئاوی باران دەم و چاو بشۆم

ئەمەوێ لە دەسەڵاتی شاخ بکشێمەوە

ئیتر ماڵ ئاوا : خێڵ

ماڵ ئاوا بابان

ماڵ ئاوا ووڵات

“”””””””””””

     8

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

شوێنی خەوم جێگیر بێ

شوێنی سەرم جێگیر بێ

تا جیاوزای نێوان ووڵات و پاپۆڕ بزانم

بەڵام” ئەوان” پەڕەی وێنەکەیان لێ سەنم

نەیانهێشت،

سیمای ووڵات بکێشم

“”””””””””’

     9

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

كەش و هەوایەکی نێرگس ئاسا

دروست کەم

     و

لە هەموو مێژووی کوردا

بۆ پێشوازی لە عاشقان

یەکەم “ئوتێل”ی خۆشەویستیم

دامەزران

هەموو جەنگەکانی نێوان ژن و پیاو

     و

نێوان کۆتر و ئەوانەی سەریان ئەبڕن

     و

نێوان بۆرەک و ئەوانەی سپێتی بۆرەک زامار ئەکەن

…….هەڵوەشانەوە

بەڵام ئوتێلەکەیان داخستم

ووتیان :

خۆشەویستی نا لایەقە

بە ڕابردووی کورد

     و

بە پاکێتی کورد

     و

بە میراتی کورد

” ئای لە سەیر وسەمەرەیی کورد….!!”

“”””””””””””

     10

ئەمەوێ شێوەی ووڵات

بێتە بەرچاوم

ئەمەوێ بچمە یەکەم شوێنم لای دایکم

     و

دژی ئاوی ڕۆژگار مەلە بکەم

    و

هەنجیر و قۆخ و گوێز بدزم

     و

وەک چۆلەکە بە داوی پاپۆڕەکانا بفڕم

ئەمەوێ بەهەشتی سەر ئەرز

بێنمە بەر چاوم….

     و

چۆن پشووم لە نێوان دەریا دانش بوەکان

     و

دەریاکانی ماست بەسەر بەرم

…..کاتێ هاتمەوە سەر خۆم

تێک شکانی خەوەکەم بۆ دەرکەوت..!!

لە ئاسمانی ئێمەیا مانگ نیە

    و

لە “سیروان” ماسی نیە

    و

لە بەهەشتی سەر ئەرز

……چا نیە

“”””””””’

     11

ئەمەوێ بە شیعر

دەست بەسەر مەحاڵا بگرم

     و

دارتوویەک  بچێنم

بەڵام لەم ووڵاتەی ئێمەیا

قژی دارتوو ئەبڕن

ئەمەوێ ئسسپی ئێرە بکەمە باشترین ئەسپ

بەڵام خەڵکی شار

لە ئەسپ ، بێزارن

“””””””””’

     12

خانمەکەم ؛

ئەمەوێ لە دەرەوەی هەموو کەش و هەوایەکا

لە دەرەوەی هەموو دەقێکا

     و

لە دەرەوەی هەموو شەریعەت و ڕژێمێکا

     خۆشم بوێ ی

بۆ هەچ مەنفایەک چووم

     خۆشم بۆێ ی

تا ڕۆژێک خستمیتە باوەشم

هەست کەم خۆڵی ووڵات

وا لە باوەشم

“””””””””’

     13

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

هەرچی کتێبێک دەربارەی:

پەیامبەری کورد ،

فەرمانڕەواکانی کورد ،

شاعیرانی کورد ، هەیە بخوێنمەوە

“زۆر بە دەگمەن نەبێ..!!”

تەنها ئەو قەسیدەیەم دی

كە لە پێناوی پاروویەک و چەن هەزارێ

قاچی”سولطان” ئەلێسنەوە

” ئای چەن سەیر و سەمەرەیە کورد..!!”

هەر خێڵم بینی کە جیاوازی

لە نێوان گۆشتی ژن و پیاوی بێ توک” کۆستە” ناکەن..!

هەر ئەو ڕۆژنامانەم دی

كە جلی ژێرەوەیان، بۆ هەموو سەرۆکێ

كە لە غەیبەوە هاتبێ

     و

هەر ئەفسەرێ بەسەر لاشەی

میللەتا بێت و بچێ

     و

هەر بازرگانێ بە ئاسانی ئاڵتون بخاتە سەر یەک

دانەکەنێ……

ئای چەن سەمەرەیە..!!

“””””””””””””

     14

پەنجا ساڵە سەیری  حاڵی کورد ئەکەم

ئەبن بە هەورە تریشقە…و

باران نابارێنن

ئەچنە شەڕەوە …و

هاتنە دەرەوە لێ ی  نابینن

“”””””””””’

     15

پەنجا ساڵە

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

جارێک بە ڕەنگی دەمارەکان

    و

جارێک بە ڕەنگی “توڕەیی”

وێنەم کێشا ،

كە تەواو بوو ، لەخۆم پرسی:

گەر ڕۆژێک وەفاتی کوردیان ڕاگەیان

لە کام گۆڕستان ئەینێژن..؟

     و

کێ بۆی ئەگری..؟

    و

نە کوڕی هەیە ..نە کچ

نە هیچ غەم…!

     و

نە هیچ کەسێکی غەمبار

“””””””””

     16

لە سەرەتای شیعر نووسینمەوە

ئەمەوێ نێوانی خۆم و باپیرە گەورەکانم

……بپێوم

لەشکرم دی ، لەشکریش نەبوو

سەرکەوتنم دی ، سەرکەوتنیش نەبوو

     و

هەموو جەنگەکانم

لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دی

كوژراو لەسەر شاشە

زامار لەسەر شاشە

     و

لە خواوە سەرکەوتنێکمان بەڕێوەیە

….هەر لەسەر شاشە

“”””””””””

     17

ووڵاتەکەمیان کردوە

بە ئەڵقەی” دڕاما “ی ترس

هەموو ئێوارەیەک سەیری ئەکەین

گەر کارەبایان لێ بڕین

…..چۆنی ببینین!!

“””””””””

     18

دوای پەنجا ساڵ

ئەمەوێ ئەوەی دیومە ، تۆمار کەم

میللەتێکم دی پێ ی وایە :

پیاوانی “پاراستن”ی!! نیشتمان

وەک سەریەشە……

وەک هەڵامەت……

وەک سورێژە……

وەک کۆرونا …..

ئیرادەی خوایە..!

لە مەزاد خانە ، کوردایەتیم

بۆ زەم کردن بەسەرا  دی

بەڵام…

……كورد  خۆیم نەدی

“”””””””””””””

“””””””””””””’

(..ئەم شاکارەی نزار قبانی لەسەر چەوسانەوەی  عەربە لە

  لایەن دەسەڵاتدارەکانییەوە ، لە یەک چوونی ناوڕۆکی

قەسیدەکە لە گەڵ ڕابردووی ئێمە و ئەوەی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ

بە چاکم زانی بە کەمە دەسەتکارییەکەوە بیکەم  بەکوردی

بە هەمان چێژ و ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی کە گوزارشت لەمڕۆی

خۆمان بکا… ).

پشکۆ ناکام ”  “




شیعر/ بنووسە کچەکەم بنووس… ن.نەوال سەعداوی.. و.شەماڵ بارەوانی

بنووسە کچەکەم بنووس،
تا بەنەمری بمێنیتەوە،

نووسین لە ژنەکان و کۆیلەکان قەغەکرابوو
ئەوان بە مەرگ مەحکوم بوون و مردنیان بۆ نوسرابوو

مانەوە تەنها بۆ خوداوەندەکان و بۆ
نێرەکان بوو

لە منداڵیمدا من دەترسام،
بە هۆی ترسی زۆرمەوە گۆڕایەڵیم دەنواند
بۆ فەرمانەکانی خوداوەند و پاشا،
بۆ نیشتمان و باوک و دایکم

هەمیشە ناوی دایکم لە کۆتایی دەهات
لە کاتێکدا من جگە لە ئەو هیچترم نەدەبینی
ئەو یەکەم ڕوخساربوو بینیم و
یەکەم دەنگیش بوو ببیستم
ئەو دەستپێکبوو
کەچی پاڵیان پێوەنا
بۆ دواوە

دایکم بە نهێنی دەینووسی و
وشەکانی لە ژێرزەویدا حەشاردەدا
ئەو وەکو من دەترسا
تامرد

کچەکەم تۆهاوشێوەی من مەبە
بنووسە بنووس ڕۆڵەکەم تا نەمریت و
بە نەمری بمێنیتەوە..
….

ن.نەوال سەعداوی
و.شەماڵ بارەوانی




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -6- رەسوڵ بەختیار

6

بازنەی هاوڕێیەتی لەشەقامە بازنەییەکان توندوتۆڵە، مەرجیش نییە، ئەم توندوتۆڵییە بەردەوام بێ، ئەمەش دەکەوێتە سەر هەڵسوکەوتی بەرامبەرەکان، لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی بازنەکان یەکتری باش دەناسن، ناسینێکی دوور و نزیک بەشێکیان هەر لەدێرینەوە خانەوادەکانیان یەکتر دەناسن، بەشێوەیەک هەموو سەروکاریان لەگەڵ یەکتردا بووە، لەناخۆشی و خۆشییەکاندا لە شەڕ و ئاشتیدا، لەلایەکی دیکەوە هەموو خەڵکی شەقامە بازنەییەکان زۆر بەئاسانیش لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی بازنەکانی دیکە دەبنە ناسیاری یەکتری، لەپرسە و ئاهەنگەکاندا کاتێک یەکتر دەبینن وەک هاوڕێ و ناسیاری یەکتری مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، تا وای لێدێ متمانەی پێدەکەن و نهێنی خۆشیان لەلا دەدرکێنن، نهێنییەکانی شەقامە بازنەییەکان زیاتر لەرووی کار و بازرگانییەوەیە، کە لەدێڕ زەمانەوە چەند خانەوادەیەک دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام کاتێک دوو هاوڕێ لەمنداڵییەوە یەکتر دەناسن،بابەتەکە دەگۆڕێ، دیارە هاوڕێیەتی لەهەموو رووەکانەوە زۆر هەڵدەگرێ تا چیرۆکەکانی هاوڕێیەتییەکان بگێڕینەوە.
فەرهاد هاوڕێی منداڵیمە پێکەوە چووین بۆ قوتابخانە، لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێک لەمن گەورەترە، بەڵام لەتەسکەرەی نفووسەکەی هەمان ساڵی لەدایکبوونی من نووسراوە، بەشێکی زۆری قۆناغەکانی خوێندنمان بەیەکەوە تەواو کرد، ئەوەی سەیرە ئەو ساڵەی من دەرنەچووبام، ئەویش بەهەمان شێوە دەرنەدەچوو، پێدەچوو ئاستی تێگەیشتنیشمان هەر لەیەک دەچوو، یاریی تۆپی پێ و هەموو یارییەکانمان لەبازنەی سێیەمدا بوو، بەڵام باوکمان لەبازنەی یەکەمدا کاری دەکرد، هەردەم کاتێک باوکمان ئێمەی دەبردە بازنەی یەکەم دڵمان زۆر خۆش دەبوو، منداڵانی بازنەی یەکەم زۆڕ جار بەڕقەوە سەیری ئێمەی دەکرد، بەڵام هەندێکی دیکە هەستیان دەکرد ئێمە دەبین بەهاوڕێیان بۆیە پێیان دەگوتین خۆتان لەهەندێک منداڵی بازنەی یەکەم بەدوور بگرن.
کاتێک دەچووینە قوتابخانە هەردەم ئەو کتێبە قورسانە لامان بارگرانی بوو، لەقۆناغی ئامادەیدا پێمانوابوو، ئەگەر خوێندن تەواو بکەین وەک ئەوەیە، گەورەترین بارگرانی ژیانمان لەکۆڵ دەبێتەوە، کێشەی ئێمە خوێندنەکە نەبوو، بەڵکو قورسی کتێبەکان بوو، رۆژانە پێنج کتێبمان دەبردە قوتابخانە، سەردەمی ئێمە جانتایەکی واش نەبوو، تا وەک کۆڵەپشت هەڵیگرین، بەڵکو بەلاستیک دەمانبەستایەوە، هەرچۆنێک بێ چەند ساڵێکی دیکە لەقۆناغەکانی خوێندن بەیەکەوە بووین، ساڵی خوێندنی نوێ، یەکەم رۆژی خوێندن چوومە ماڵی فەرهاد، کە چەند مەترێک لەماڵی ئێمەوە لەولاتر بوو، کاتێک پرسیاری فەرهادم کرد، دایکی گوتی: چیتر فەرهاد ناخوێنێ، باوکی لەبازاڕ دوکانێکی بۆ گرتووە، لەوێ کار دەکات، بەڵام تۆ وەک ئەو مەبە، دەتوانی درێژە بەخۆێندن بدەی.
-چۆن واتە لەمەودوا بەتەنیا بچمە قوتابخانە، فەرهاد لەگەڵم نایەت، ئێوە بۆ واتان کرد، خۆ چوونە قوتابخانە رێگە لەهیچ ناگرێ.
-بەڵێ بەتەنیا دەچی، ئەگەر تۆش کارێکت دۆزیەوە، دەتوانی واز لەقوتابخانە بێنیت، کوڕم مەکتەب، خزمەت بەکەس ناکات، بڕۆ بۆ خۆت پیشەیەک فێربە.
کاتێک لەوێ رۆیشتم وامزانی دونیا بەسەرمدا رووخاوە، هەرچی یاد و یادگاری هەبوو، هەموو بەمێسکمدا گوزەری دەکرد.
ئەو کاتەی هەرزەکار بووین، دەچووینە کۆڕ و سمینار، فەرهاد زۆر حەزی بەکۆڕ و سمینارەکان نەدەهات، هەمیشە دەیگوت: لەو قسە گەورانە هیچ شین نابێ، سەیری رووخساری بکە، پێدەچێ نەخۆشی کەم خوێنێ هەبێ، لەجیاتی ئەو قسانە بابچێ چارەسەرێک لەخۆی بکات، ئەو قسە زلانە فلسێک ناکات.
کەچی کاتێک من و فەرهاد دەچووینە ئاهەنگ و کۆنسێرتێک، دەیگوت: باشە، دەتوانین کەمێک مێشکمان بحەسێتەوە، لەو هەموو چەنجاڵییەی رۆژانە تووشی دەبین. (ئەو کات تەمەنمان بۆ شانزدە حەڤدە ساڵان دەبوو).
لەبیرمە گۆرانیبژێکی ناوداری عەرەب هاتبووە یەکێک لەهۆڵەکانی ئەودیوو
بازنەی سێیەم، لەقاتی سەرەوەی هۆڵی جەماوەردا جێگەمان بۆوە، من گۆڤاری ئەلف بام لەلا بوو، ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە وا قسەی دەکرد وەک ئەوەی لەشارێکی عەرەب نشین بێ، منیش لەو قسانە وەڕسبووم، دەمویست کارێک بکەم ئاهەنگەکە بشێوێنم، بۆیە دەستم کرد بەدڕاندنی گۆڤارەکەی دەستم هەموو لاپەڕەکانم دڕاند و چەند لاپەڕەیەکم دەکرد بەتۆپەڵەیەک لەسەرەوە فڕێم دەدایە خوارەوە، هەموو ئەوانەی رقیان لەو گۆرانبێژە هەڵسابوو، هاوکاریان دەکردم، لەرێکخستنی تۆپەڵە کاغەز، هەریەکەو لاپەڕەیەکی لوول دادا و فڕێی دەدایە خوارەوە تاوەکو لەناوەندی شانۆکە بکەوێتە خوارەوە.
تەنیا فەرهاد نەبێ گوتی: ئەوە چی دەکەی، خەریکی ئاهەنگەکە لەهەمووان تێک دەدەی.
ئەو راستی کرد، ئێستاش ئەو گۆرانبێژە عەرەبە کاتێک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکەن و لێی دەپرسن: لەچ ئاهەنگێک پەشیمانی.
گۆرانیبێژە عەرەبەکە: کاتێک لەشەقامە بازنەییەکان ئاهەنگم ساز دەکرد، ناخۆشترین رۆژ بوو لەژیانمدا، دواتر هەستم دەکرد، جەماوەرەکە حەز بەوە دەکەن، گوێیان لەگۆرانی بێ، بەڵام بەزمانی خۆیان، بۆیە چەند کەسانێک لەجەماوەرەکە لەو نێوەندە کێشەیان هێنا ئارا، منیان سەخڵەت کرد، بەچەند کردەوەیەک کۆتاییان بەئاهەنگەکە هێنا.
لەهەموو بازنەکان کەسانێک هەن حەز بەهونەر و ئەدەب و زانست دەکرد، زۆربەی ئەوانەی ئەو خولیایەیان هەبوو ئێستا لەنێوەندی هەموو ئەم دەڤەرە بەخولیایەکانیان ناودارن، کەسانیکن بوونەتە سەرچاوەی ئەدەب و هونەر لەبازنەکان.
با لەچیرۆکی هاوڕێیەتی دوور نەکەوینەوە، مەرج نییە هەموو هاوڕێیەتییەک سەرکەوتوو بێ و هەردەم ببن بەپشت و پەنای یەکتر، کاتێک گوێبیستی ئەوە دەبووین، دوو هاوڕێ لەسەر چەند بابەتێک کێشەیان کەوتۆتە نێوانیان، یەکێکیان دەمانجەی لەسەر سەری هاوڕێیەکەی داناوە و کوشتوویەتی.
-چۆن؟
-یەکێکیان پەیوەندی لەگەڵ کچێکدا هەبووە، کاتێک زانیوویەتی هاوڕێیەکی چۆتە داخوازی و کچە و دایک و باوکی رازی بوونە، ئەو هاوڕێیەی پەیوەندی لەگەڵ کچەدا هەبووە، لەگەڵ هاوڕێیەکەی رێککەوتووە، تا لەدەرەوەی بازنەکان مەی بخۆنەوە، دوای مەستبوون، کوڕە ئەویندارەکە چەند گولەیەک بەسەر هاوڕێیەکەوە دەنێ و دەیکوژێ.
-دواتر کارەکە کەوتە دادگا، کوڕە ئەویندارەکە لەزیندان حوکمی بیست ساڵەی بەسەردا سەپێندراوە.
-ئەی کچەکە چی بەسەر داهات؟
-کچە شووی بەکوڕێکی دیکەی هاوڕێی کرد.
ئێستا کوڕە ئەوێندارە لەزیندانە و کچەش دوو کوڕ و کچێکی هەیە.
کێشەکان لەشەقامە بازنەییەکان ئەوەندە زۆرن، لەژمارە نایەن، کاتێک بەشەقامێک دادەڕۆی بێ ئەوە پرس بکەی، لەچاوانی رێبوارەکان خەمێکی گەورە دەبینی، ئەم بینینە تەنیا لەچاوانی بەتەمەنەکان نییە، بەڵکو لە چاوانی هەرزەکار و گەنجەکانیش داهاتوویەکی نادیار دەبینی.
-کێشەت چییە؟
-رۆژنامەی شەقامە بازنەییەکان بەرۆژی نیوەڕۆ، راستییەکان چەواشە دەکەن، کەس کاغەزی کەس ناخوێنێتەوە.
-ئەها مەبەستتە، تەنیا دەیانەوێ قسەی گەورە بکەن، تۆش بەرامبەریان بڵێیت، تۆ راستی و هەر تەنیا تۆ، کەچی تۆ دەزانی راستییەکان چییە، هەست بەکڕۆکی هەموو بابەتەکان دەکەی .
-تا ئێستا لێت تێنەگەیشتووم، دەتەوێ چی بڵێت؟
-تۆش ناتەوێ تێبگەیت، تۆ یەکێکی لەنێو شەقامە بازنەییەکانت، باپیرانیشت هەر لێرە بوونە. چۆن نازانی کێشەی ئێمەی گەنج چییە، یان دەتەوێ وەک ئەوانی دیکە باس لەشاکارەکانی دەسەڵات بکەم.
باوکم زۆر جاران بۆی گێڕاومەتەوە، کە شەقامە بازنەییەکان هەر لەدروستبوونییەوە تا ئێستا هەر وابووە.
-کوڕم بۆ کەس خۆت خەتابار مەکە، گۆڕانکاری زەحمەتە، مەگەر دەسەڵاتێکی دیکە بێ سەر لەنوێووە هەموو شتەکان بەرەواژ بکاتەوە، دەزانم ئەو دەسەڵاتە سەرەتا بەهێز حوکم دەکا، بۆ ماوەیەکیش دەیەوێ خۆی شیرین بکات، بەڵام لەژێرەوە هەرجی شیرینی ئەم شەقامە بازنەییانە هەیە دەیخۆن و دەیکەن بەمەزەی مەی خواردنەوەکانیان، کێشەکە لەوەدایە ئەگەر قسان نەکەی دڵ و دەروونت کرمی دەبێ، قسانیش دەکەی زیاتر خەفەتی پێدەخۆی، کەسانی ماستاوچیش نان و ماست بەقسەکانت دەخۆن.
-بازنەی یەکەم مێژووەکەی بۆ چەند هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە، دەیان شەڕ و شۆڕ بۆ داگیرکردنی بازنەی یەکەم دراوە، هیچ کاتێک بازنەی یەکەم خۆی رادەست نەکردووە، چارەنووسی هەردەم بەدەست خۆی بووە.
-دەتەوێی بڵێی ئێستا داگێرکراوین، داهاتوومان دیار نییە، چاوەڕوانی چارەنووسی خۆمان دەکەین.
لەم دوایەدا فەرهادی هاوڕێم دیتەوە، ماوەیەکی باش لەگەڵ یەکتردا دانیشتین، ئەو هەردەم باسی لەوە دەکرد و دەیگوت: تۆ زۆر دەست لەکونان وەردەدەیی، باوەڕ بکە هیچ سوودی نییە، بۆ خۆت هەر دەبێ لەو شەقامە بازنەییانە بیخولێنیەوە، ئەو گۆرانکاریانەی تۆ و دەیان کەسی دیکە باسی لێوە دەکەن، مەترێک بڕ ناکات، بۆ خۆت هەڕ بڵێ.
وەک لەپێشتردا باسم کرد، فەرهاد چەند ساڵێک لەمن گەورەتر بوو، ئەو عەقڵی بەسەر زۆر شتدا دەشکا، هەمیشە دەیگوت: خۆتان سەخڵەت مەکەن، کار و کاسبی خۆتان بکەن و نوێژ و رۆژووی خۆتان بگرن، قەت خۆتان تووشی کێشەی لابەلا مەکەن، چونکە بەهیچ کام لەئێوە ئەو دۆخە ناگۆڕێ.
چەندین خاڵ و بابەتم دەخستە پێش فەرهاد، بەڵام ئەو هیچ کات لەگەڵ بۆچوونەکانم نەبوو.
فەرهاد: ئێمە لەبیست ساڵییەوە ئەو قسانەمان دەکرد، ئێستا تەمەنمان لەپەنجا تێپەڕیووە، هەر هەمان قسە دەکەین، وەک شەقامە بازنەییەکان تەنیا لەدەوری خۆمان دەخولێینەوە، ئەگەر یەک خاڵ بەرەو پێش چووبێ ئەوا هەقتە ئەو قسانە بکەی.
لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکە ئێستا لەخوارەوەی بازنەی یەکەمداین، خانوو پێشتر خانووەکان یان تەلارەکانی سەردەمی زوو دەیڕوانییە دەشتاییەکان، کەچی ئێستا دەڕوانیتە چەند شووقەیەکی پەرش و بڵاوی کاولبوو، ئەوەندە پیس و پۆخڵە تەنیا گەشتیارە عەرەبەکانی باشوور پێی رازی دەبن، بۆ چەند شەوێک لەبەرامبەر پارەیەکی کەم تیایدا دەخەون. کەچی تەنیا حەفتا ساڵ پێش ئێستا جووەکان ئەو شوێنەیان کردبووە خۆشترین بازاڕی ئەو کات، پەرستگەکانیان لەو دەورە بوو، تا ئەم دوایەش ئەستێرەی داوود لەسەرەوەی خانووەکان لەگۆشەیەکدا نەخشێندرا بوون، بەم دواییە کەسانێک دەمارگیر بۆ سڕینەوەی ئەو مێژووە، هەموو نەخشەکانی ئەستێرەی داوودیان شێواند، بەڵام لەوەتەی ئەوان ڕۆیشتوون، ئەم شوێنە بۆ ماوەیەک لەلایەن کەسانێکەوە داگیر کرابوو، وەک ئەوەی وەک میرات بۆ ئەوان ماوەتەوە، ئێستا ئەم خانووانە هەمووی چۆڵە و کەسی تیادا نییە، بەو بیانووەی شوێنەواری بازنەی یەکەمە، کەچی ماوە نا ناماوە چەند خانوویەک دەڕووخێندرێ و دەکرێتە گەراجی ئۆتۆمبیل.
وەک باسی لێوە دەکەن جووەکانی بازنەی یەکەم بۆ ماوەی هەزران ساڵ لەبازنەی یەکەمی خوارەوە ژیاون، راستە ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام توانیبوویان جێ پەنجەی خۆیان لەهەموو کارێک جێبهێڵن.
زۆرێک لەوانەی لەبازنەی یەکەمدا ژیاون ئێستا تەمەنیان نەوەد ساڵ دەبێ، کەمێکیان بیریان ماوە، کە چۆن هەڵسوکەوتێان کردووە، سەبارەت بەهاوڕییەتی نێوان مووسڵمان جووەکان، مام سڵێمانی تەمەن نەوەد ساڵ باس لەوە دەکات، کە جووەکان حەزیان بەهاوڕێیەتی هەبووە، هەردەم دڵکراوە و کەسانی میواندار بوونە، کەچی مووسڵمانەکان زۆر بەکەمی هاوڕێیەتیان لەگەڵ جووەکاندا کردووە بەو بیانووەی غەیرە دینن.
زۆر جار لەگەڵ فەرهاد باسمان لەمەرگ و ژیان دەکرد، هیچ کات لەمردن نەدەترساین، پێمانوابوو ژیان دەرفەتێکە تا بتوانین خزمەت بەکەسە نزیک و دوورەکان بکەین، هەمیشە مشتومڕمان بوو لەسەر ئەوەی چۆن جێ پەنجەی خۆمان جێبهێلین، ئینجا بەکار و کردەوە و نووسین و داهێنان یان هەر پیشەییەک بێ، سەر لەبەری مێژووی ئەو ناوچەیەمان دەخستە بەر باسەکانمان.
ماوەیەکی دوور و درێژ بوو فەرهادم نەبینی بوو، لەگەڵ ئەوەی لەبۆنە و یاد و جەژنەکاندا سەردانی یەکترمان دەکرد، چەند رۆژێک پێش جەژن ویستم سەردانی فەرهاد بکەم، دوای ئەوەی لەدەوام هاتمەوە، برایەکم تەلەفۆنی بۆ کردم، زۆر بەپەشۆکاوی گوتی: فەرهاد جەڵتە لێداوە و نەگەیشتۆتە نەخۆشخانە و کۆچی دوایی کردووە.
کاتێک ئەو هەواڵەم بیست بۆ چەند خولەکێک بێدەنگ بووم، قوڕگم پڕ گریان بوو، نەمدەزانی چی بڵێم.
ئێستا هاوڕێی منداڵیم چۆتە دونیایەکی دیکە، ناوێرم سەردانی ماڵەوەیان بکەم نەوەک دایک و باوکی دووبارە دەست بەگریان بکەنەوە.
ئیتر فەرهاد لەنێوەندی هەموو نووسین و چیرۆک و وتارەکانم رەنگدەداتەوە، ئەگەر رستەیەک هی خۆم نەبێ، ئەوا بێگومان فەرهاد خاوەنییەتی.
هەردەم یاری و رۆژانی قوتابخانەم دێتەوە یاد، فەرهاد یەکێک لەو هاوڕێیانە بۆ دووبارە لەشەقامە بازنەییەکان دووبارە نابێتەوە.

رەسوڵ بەختیار




پرۆگرامی خوێندن خەمی هەمووانە… سەردار جاف

لەم رۆژانە و بە دياریکراوی ڕۆژی ١٢/ ٥/ ٢٠٢٢ لە هوتێل ڕۆتانە ديدارێکی زانستی سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن بۆ پۆلی يەکی بنەڕەتی سازدرا، بە داخەوە لەوێ نەبووم، ئەوەی دوور بە دوور لێی بە ئاگا بووم، برادەرێک بە ناوی فرياد فازڵ گوايە داهێنانێکی تازەی داهێناوە، کتێبێکی نوێی پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ببێتە وانەی خوێندنی کوردی بۆ ئەو پۆلەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، جگە لە هەندێ بڕگەی زياد کراو بۆ کتێبەکەی ڕەوانشاد ئەمين باڵدار هيچی ديکەی تێدا بە دی ناکرێ، لەم سۆنگەيەوە ئێمە بۆ خۆمان تێبینی و سەرنجی تايبەتمان هەيە، بە هۆی ئەو بەرەڵاییەی لە رێنوس و بواری زمانەوانی هەيە، وای لێهاتووە پیتەکانيش ڕەنگاوڕەنگکراون، بۆيە هەڵويستەی دڵکارانەی لە ئاست وەردەگرين، ناکرێ لە ئێستاوە ( مەبەستم لە ئێستا… قۆناغی يەکی بنەڕەتييە) مناڵەکان و نەوەی دادێ بەو جۆرە سەقەتە پەروەردە بکرێ، هەڵبەتە مەبەستم ميتۆدی خوێندنەکە نييە، مەبەستم لەوەيە رەنجی باڵدار و کەسانی دیکە بدرێ بە کەسێکی دی، ئێمە زۆر پێويستمان بە پرۆگرامێکی سەرەتايی هەيە، هەتاوەکو نەوەيەکی ساغلەم بۆ نيشتيمانەکەمان پەروەردە بکەين، بزانە چ تاوانێکە منداڵی کورد وا تێبگەيەنرێ کە ئەوەی هەيە بەرهەمی باڵدار نييە و کەسێکی دی هاتۆتە سەر سفرەی ئامادەکراو و لە خوانەکەی دەخوا، زمان کۆڵەکەی هەم نەتەوە و هەم کەڵچەڕەکەيەتی، پێم وابێ ئەم بێسەر و بەرييەی زمانی کوردی گرتۆتەوە لە دەرئەنجامی ئەم جۆرە کۆڕ و ديدار و سمينارانەيە کە لەو ديو دەرگا داخراوەکانەوە ساز دەدرێ، با هيچ کەسێ وا تێنەگات دنيا سەرگەردانييە و هەر کەس بۆ خۆيەتی، مرۆڤ وا هەست دەکات کە کەسێک دەخرێتە پێشەوە لە ئاکامی قاڵبوويەتی نييە، وەلێ دۆراندۆرەکەيە و لە چوارچێوەی (( المحسوبية و المنسوبية )) ناترازێ، رێک ڕووپەرمایی و خۆچەماندن نيشان دەدا، سەرکەوتن بە سەر گازەرەی پشتی ئەم و ئەو گەرەکە پێی بوترێ ستۆپ تائێرە و بەس، سڕێنەوەی ناوی ئەوانەی رۆژگارێکی زۆر زۆر خزمەت بە زمان و خوێندنی کوردی کردووە جگە لەوەی تاوانێکە و هيچ پاساوێک هەڵناگرێ، ئەوا لە کتێبە نوێیەکەيشدا تازەگەرێتییەکی تێدا نابينی جگە لە جوینەوەی رابردوو.

لێرەوە ڕووی ئاخاوتنمان دەکەينە وەزيری پەروەردە و پێی دەڵێین ئامانەتێکی گەورەتان لە ئەستۆ دايە و ناکرێ کارێکی وا بکەن قەڵەمی نوسەر و ڕەخەگر و پسۆری بوارەکە لێتان بێتە دەنگ و بەزەیی پێتاندا نەيەتەوە، بە پێچەوانەيشەوە مێژوويەکی پاک بۆخۆتان تۆمار دەکەن، کە نها ناوی چاکەکاری بەڕێوەبردنتان سنووری وڵاتی بەزاندووە، با ( العد التنازلی ) دەست پێنەکات، هەرچەندە کەمێکی وا تێگەيەنراوم کە وەزير بەم ديدارەوە ڕاناوەستێ، بە هيواين پرۆگرامی خوێندن ئەو ڕەوتە پاکەی بگرێتە بەر کە هەموو خودان قەڵەمی بە حەسرەتن بۆی، لەم دەرگاوە واسيتە و خاتر و خۆتر نەخوا، گرينگ بوژانەوەی پرۆگرام بێت، قسە زۆرە و بەم چەند دێرە کۆتایی پێدێنم، لێرە و لەوێ خەلکی غەيرە کورد و رۆژنامەوانيش گەواهی ئەوە دەدەن کە کورد سەرباری ئەوە بە درێژایی مێژوو لە لايەن دوژمنەکانییەوە سەرکوت دەکرێ و گەمارۆ دراوە کەچی زمانەکەی خۆی لە دەست نەداوە ماوە و گەشەی پێداوە، لە خۆڕاییش نییە زمانزانەکانمان پەنايان بۆ زمانی لادێی دەڤەرە جياجياکان بردووە، چونکە پاکی زمان وا لەوێ.

سەردار جاف / ئەڵمانيا




ديوارى تابۆ… شەماڵ بارەوانی

درگای دیواری تابۆ بشکێنە و
پەردەی پەنجەرەی شەرم لابە

وەرە تاریکی باڵەخانەی تەنیاییم
بە فانۆزی ڕوت ڕووناککەرەوە

لێواری ئەتەگی ئشتیات
بە تەنافی بێ ئۆقرەییم هەڵواسەو
دەمی قەسیدەت بخەرە نێو دەمی شیعرمەوە

ستیانی هەستت
لە لقی بای حەزی جەستەما ببەستە
و
بە دەستی بوێریت
زنجیری پانتۆڵی بەختم بکەرەوە و
یاری بە ملپێچی هەوەسم بکە

لەسەر قەرەوێڵەی بوونم
دۆشەگی ترپەی دڵمم بۆ ڕاخستووی
لە ناو نوێنی تامەزرۆییمدا ڕاکشێ و
لەسەر سەرچەفی حەزەکانم
ڕووحت ڕووت کەرەوە

سەرت بخەرە سەر سەرینی گۆنام و
دەست بنێ گەردنی تاسەی هەناسەکانم

بە شیرینی ماچی سۆزت
لاقەی تینوێتی تاڵی مەراقم بکە

ئاوێتەی ئینجانەی خەیاڵم بە و
لە ئامێزی خولیام بتوێوە

مایۆی چاوەڕوانی داکەنە
لەگەڵ تارمایی خەونمدا جووت بە
و
بە ئیرۆتیکی وشەکانت
ئۆرگازمی ئارامی
ئاوێتەی پێخەفی موشتاقیم کە




پەرستار…هۆنراوە بۆ منداڵان…عەلی حەمەڕەشید

پەرستار

هۆنراوەی:عەلی حەمەڕەشید

ئەو مـرۆڤە بەخشندەی
هەمیشە ماندووی کارە
لەنێو نەخۆشخــــانەدا
چـالاک و دڵسۆز دیارە
کەسێکی خۆشەویستە
بیناسن پەرســــــتارە

وەک فریشتە بەفریـای
نەخۆشەکــان دەکەوێ
دەبێتە مـــایەی خۆشی
بۆ نەخۆش کە دەرکەوێ
دڵنیام هەمـــوو کەسێک
پەرستاری خۆشـــدەوێ

مرۆڤێکە میهـــــرەبان
بەگیانی پڕ هاوکـــاری
بۆ شیفای نەخۆشەکان
خەندەی پێیە بەدیاری
گشت پێزانینمان هەیە
بــۆ پیشەی پەرستاری

١٣/٩/٢٠٢١




سیمیناری سەرکەوتن ئامانجمانە

سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە
لە درێژەی کارو چالاکییەکانی دا سیمینارێکی ناساندنی کتێب لە ژێر ناوی سەرکەوتن ئامانجمانە، بۆ هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (دڵشاد کاوانی و ڕەوەند سەباح) بۆ ناساندنی کتێبەکانی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن و سەرکەوتن دوای شکست) سازدەکات. …

لە کۆتایی سیمینارەکە دا کتێبەکان لەلایەن نووسەرەکانەوە دەبەخشرێن بە ئامادەبووان.
بەهاتنتان سیمینارەکە دەوڵەمەندتر دەکەن.

  • ڕۆژی چوارشەممە.
  • بەرواری ١٨/٥/٢٠٢٢.
  • کاتژمێری (٥) ی ئێوارە.
  • شوێن: باخچەی کتێبخانەی گشتی شەقڵاوە. تەنیشت بارەگای سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە.

هاتن بۆ هەمووانە….

ڕاگەیاندنی سەنتەری رۆشنبیری شەقلاوە