تاک و کۆمەڵگەی عیراق لە دیدی عەلی وەردییەوە… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دکتۆر عەلی وەردی بیرمەند و کۆمەڵناس و مێژوونوسێکی دیاری عیراق و گێتی عەرەبییە. زۆربەی مێژوونوس و کۆمەڵناسانی عیراق و جیهانیش لەو باوەڕەدان کە هیچ کەسێک هێندەی عەلی وردی کۆمەڵگەی عیراقی نەناسیوە. عەلی وەردی لە ساڵی 1913 لە بەغدا لە دایک بووەو لەساڵی 1995 لە بەغدا کۆچی دواییکردووە. زانکۆ و پلەی ئەکادیمی لە ئەمریکا خوێندووەو خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لەوانە ” کەسایەتی تاکی عیراقی، چەپكێک لە مێژوویی کۆمەڵناسی عیراق، گاڵتەجاری عەقڵی مرۆڤایەتی،واعیزەکانی سوڵتان” کۆمەڵێک بەرهەمی تر. ئەو خاوەنی دیدێکی تەواوی جیاوازە بۆ تاک و کۆمەڵگەی عیراقی، ئەمەش لە بەشێکی زۆری کتێبەکانیدا بەروونی دەریخستووە.
لەماوەی پێشوودا چاوم بە دیدارێکی زۆر تایبەتی کەوت کە ئەویش لەگەڵ نووسەری عیراقی حەمید مەتبەعی سازیکردووە، ئەمەش لەکتێبێکدا بەناونیشانی ” عەلی وەردی داکۆکی لە خۆی دەکات” کە لەلایەن وەرگێڕی هێژا. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کراوەتە کوردی و دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی کردووە.
لەم کتێبەدا عەلی وەردی تێڕوانینی خۆی لەسەر کۆمەڵێک مەسەلە باسکردووە لەوانە: کەسایەتیی و کۆمەڵگەی عیراقیی، زانست ، ئەدەبی کۆن و نوێ، شۆڕش، مێژوو. کۆمەڵێک بابەتی تریش. لەهەمووشی گرنگتر، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە کە لە بۆچوونەکانی دەگیرێت. زۆرجار لەرێگەی دیدارێکەوە، مرۆڤ دەتوانێت تێڕوانینی کەسی بەرامبەر بزانێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسێکی شارەزا ئەم دیدارە بکات. ئێمەش لەرێگەی ئەم کتێبەوە بە بەشێکی بیروبۆچوونی عەلی وەردی ئاشنا دەبین.

زانست
لەم کتێبەدا قسەوباسی زۆری تێدایە لەبارەی زانست و ئەدەب و نووسین. کاتێک حەمید مەتبەعی پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە بۆچی ئێستا دژی بۆچوونەکانی سەلام موسای رووناکبیری میسری دەوەستێتەوە لەکاتێکدا سەلامە موسا وەسفی کارەکانی ئەوی کردووە . وەردی لە وەڵامدا دەڵێت:
“لە زانستدا مەسەلەی وەفایی و بێ وەفایی بوونی نییە، بواری وەفا لە پەیوەندییە شەخسییەکاندا بوونی هەیە. ئەگەر زانست لەسەر بنەمای وەفای شەخسی کاری بکردایە، ئەوا پێش نەدەکەوت. “
شۆڕش و مێژوو
عەلی وەردی تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە لەبارەی مێژوو و شۆڕشەوە، کە زۆرجار بەدڵی ئەو کەسانە نەبووە کە خۆیان بە شۆڕشگێر و خەباتگێر دادەنێن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
“مێژوو بریتییە لە زنجیریەک شۆڕشی بەدوای یەکداهاتوو، ئەوەی لەسەردەمێکی دیاریکراودا شۆڕشگێر و پێشكەوتنخواز بووە، دەشێت لە قۆناغی دواتردا کۆنەپەرست بێت. ل26”

مرۆڤ
لەبارەی مرۆڤیشەوە دیدێکی تەواو جیاوازی هەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە کەسایەتیی و رۆڵی کۆمەڵگە لەسەر تاک هەیە. لەمبارەیەوە کۆمەڵێک بۆچوونی تایبەتی هەیە .
مرۆڤ بە گشتی ” هەقی”ی خۆش ناوێ، بەڵکو ” من” ی خۆش دەوێ، ئەو کاتێک باسی هەق دەکات کە لەگەڵ ” من” دا بگونجێت. خۆ ئەگەر ” هەق” و ” من” جیاواز بوون، ئەوا مرۆڤ بە دوای ” من” دا دەڕوا و هەقی لەبیر دەچێتەوە…ل72
گرفتی مرۆڤ ئەوەیە خۆی دەستی لە دروستکردنی کەسێتی خۆیدا نییە لە چوارچێوەیەکی زۆر دیارییکراودا نەبێت. ئەو وا دەزانێت دەتوانێ خۆی خۆی دروست بکات،بەڵام بە هەڵەدا چووە. نازانێ خۆی دروستکراوە، دروستکەر نییە،،،ل 86
عەقڵ زاڵ نییە بەسەر سروشتی مرۆییدا، بەڵکو سروشتی مرۆیی زاڵە بەسەر عەقڵدا و هەڵیدەسوڕێنێ. کاتێک مرۆڤ رەفتارێکی دیاریکراو دەگرێتە بەر، یان باوەڕ بە بیروباوەڕێک دەهێنێت، ئەو وادەزانێت ئەمە بە ئیرادەی خۆیی و بە هەڵبژاردنی ئازادانە و بیرکردنەوەی خۆی ئەمەی کردووە، ئەو نازانێت لە پشتی رەفتارەکەی یان بۆچوونەکەیدا چەندین فاکتەر هەیە،ئەو فاکتەرانەش کار دەکەنە سەر بیرکردنەوەی بێئەوەی پێی بزانێت،،ل 106

هەموومان شێتین
هەر لەبارەی سروشتی مرۆییەوە، عەلی وەردی قسەی زیاتری هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژیریی و شێتییەوە هەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
زانستی نوێ دەڵێ ، ئێمە هەموومان شێتین، بەڵام بە ڕێژە و پلەی جیاجیا، بەڕێژەی زۆر یان کەم. هیچ کەسێک لە دنیادا سەد لە سەد عاقڵ نییە.ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە هەموومان لە رەفتارو بیرکردنەوەکانماندا ملکەچی ئەو فاکتەرانەین کە کارمان تێدەکەن و ئێمە نایزانین، یاخود هەستی پێ ناکەین، بەڵام ئەو کەسانەی خودا شانسی پێ بەخشیون دەتوانن رەفتارو بیرکردنەوەیان کۆنتڕۆڵ بکەن، بە جۆرێک رێگە نادەن پاڵنەرە نەستییەکان کاریان تێبکات،،،ل 110

هەموومان بێ ئابڕووین

خاڵێکی تر کە مایەی سەرنجم بوو، تێڕوانینییەتی بۆ مەسەلەی “ئابڕوو”، لەمەشدا بەهەمانشێوەی مەسەلەی شێتی، پێی وایە ئەمەش رێژەییە.
زاناکان پێمان دەڵێن ئێمە هەموومان، بە جۆرێ لە جۆرەکان بێ ئابڕووین، وەک چۆن ئێمە هەموومان شێتین بە رێژەی جیاجیا ، ئاواش هەموومان بێئابڕووین بە ڕێژەی جیاواز. کەسێک خاڵی بێت لە بێئابڕوویی وەکو ئەو کەسە وایە سەد دەر سەد عاقڵ بێت. یان بەتەواوەتی کامڵ بێت و هیچ کەموکورتی نەبێت.کەسی واش لەهەموو دونیادا بوونی نییە…ل113 .

کاریگەری کۆمەڵ و خەونی موگناتیزی
عەلی وەردی زۆر باوەڕی بە کاریگەری کۆمەڵ بەسەر تاکەوە هەیە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگ و ئاژاوەگێڕیدا. ئەمەش زیاتر بە پشت بە بەستن بە تێزەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی گۆستاڤ لۆپۆن.
وەردی لەمبارەیەوە دەڵێت:
مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو خەواندنەی لە رێگەی هوتافلێدان یان گوتاری زایەڵەداری سەرکردەکانی ئاژاوەچییانەوە، کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەوان دونیای بۆ پڕ دەکەن لە وەهم و زۆر پێوەنان، ئەویش باوەڕ بە هەموو قسەکانیان دەکات و بەپێی فەرمانی ئەوان دەجووڵێتەوە. کاتێک لە دواییدا ئەو خەواندنەی لەسەر دەرەوێتەوە، پێی سەیرە ئەو کارانەی کردووەو سەری لە کردەوەکانی خۆی سوڕ دەمێنێ، وا دەزانێ خەون بووە. ،،،
نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە سروشتی ئاژاوەگێڕی تەنها لەو کەسانەدا نییە کە بەکردەوە بەشداری دەکەن، بەڵکو لەوانەیە ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە بەدڵ و بە زمان لەگەڵیدان،،،ل116

سیستمی کۆمەڵایەتی
هەمیشە جۆری ئەو سیستمەی کە کۆمەڵگەکان بەرێوە دەبات، مایەی مشتومڕ و نیقاشی گەورەی نێوان فەیلەسوفان و بیرمەندانی جیهان بووە. لەو کاتەشدا کە عەلی وەردی ژیاوە، جیهان لە نێوان دوو فیکرە یان فەلسەفە دابەشبووە، فەلسەفەی کۆمۆنیستی روسیا، فەلسەفەی لیبڕاڵیی ئەمریکا. بەڵام عەلی وەردی خاوەنی تێروانینی خۆی بووە. ئەو پێی وایە هیچ سیستمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئیداری کامڵ نییە و بەدەر نییە لە کەمووکورتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:
مرۆڤ بە سروشتی خۆی ناتەواوە، مرۆڤ توانای ئەوەی نییە سیستمێکی کامڵ دامەزرێنێت کە هەموو خەڵکی رازی بکات،،، مادام ” من” تەوەری کەسێتی مرۆڤە، کەواتە مرۆڤ هیچ شتێک قایلی ناکات، تەنانەت ئەگەر بچێتە بەهەشتیشەوە، هەرچەند شتێکی دەست بکەوێت، هەوڵ بۆ شتێکی تر دەدات. ل193

عیراق لە سەردەمی عوسمانیدا
عیراقیش وەکو هەموو شوێنەکانی تری ژێردەستەی دەوڵەتی تورکی عوسمانی، لەوپەڕی دواکەوتوویی رەوشی خراپدا بووە. وەردی زۆر بەجوانی لە کتێبەکانیدا، باسی ئەو رەوشە خراپەی عیراق دەکات لەسایەی تورکدا. لێرەشدا دووبارە جەخت لەم خاڵە دەکاتەوەو دەڵێت:
عیراق لە چەرخی عوسمانیدا لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی وادا دەگوزەرا، لە رووی دواکەوتنی شارستانی و برسێتی و نەخۆشی، هەر لە بارودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست دەچوو. فەیسەڵی یەکەم هات و هەوڵی دا عیراق لە نەهامەتی رزگار بکات، لەم پێناوەدا زۆر تێکۆشا، بەڵام بەر لەوادەی خۆی مرد، ئەمەش بەدبەختی عیراق بوو،،،ل 152

گۆڕانکاری لە کۆمەلگەی عیراق
لەلایەکی ترەوە عەلی وەردی بەحوکمی ئەوەی شارەزایی زۆر باشی مێژووی عیراقە، ئاگاداری قۆناغە گرنگەکانی کۆمەڵگەی عیراقییە، بەتایبەتی لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هاتنی ئینگلیز و کرانەوەی بەرووی جیهان، کە ئەمەش گۆڕانکاری گەورەی لە کۆمەڵگەی عیراقیی کرد، لەهەمانکاتیشدا رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی کردووە.
لەمبارەیەوە دەڵێت:
لەسەرەتای سەدەی بیستمەدا واعیزێک پەیدابوو داوای دەکرد کەس شەمەندەفەر بەکارنەهێنێت بۆهاتووچو، ئەو وتی: ئێوە واز لە گوێدرێژی خودا دەهێنن و سواری شەمەندەفەری کافران دەبن؟ بێگومان کەس بە گوێی ئەو قسەیەی نەکرد، خەڵکی بەبێ دوودڵی شەمەندەفەریان بۆ سەفەر بەکاردەهێنا،،124

نووسین پیشەیە
عەلی وەردی خاوەنی دیدێکی تەواو تایبەت بووە بۆ ئەدەب و نووسین، کە زۆرجار بەدڵی زۆرینەی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق نەبووە، ئەو پێی وایە ئەدەبێکی کامڵ و باڵا بوونی نییە، پێشی وایە نووسین پیشەیە وەکو هەموو پیشەکانی تر. لەبارەی ئەدەبیشەوە بۆچوونی تەواو جیاوازی هەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت:

لە واقعدا لەرووی سروشتی مرۆییەوە، جیاوازی نییە لە نێوان ئاسنگەر و ئەدیب، جیاوازی دیاری ئەمان لەو جیاوازییەدایە کە لەسەرێك هەریەکەیان لەهەلومەرجێکی جیاواز پێگەیشتوون، لەسەرێکی تر ئەو بەهرە زەینییە کە خودا پێی بەخشیوە، دەشێت تاک بەبەهرەیەکی زەینی وا لەدایک بێت کە رێگەی بۆ خۆش بکات ببێ بە ئەدیب، پاشان لە بارودۆخێکدا بژی یارمەتیدەر یان هاندەربێت بۆ ئەو کارە ، بۆیە لەوانەیە ببێ بە ئەدیبێکی دیارو بەناوبانگ، بەڵام گرفتی ئەو تاکە ئەوەیە، کاتێک دەگاتە پایەیەکی دیار، لە خۆبایی دەبێت و وا دەزانێ خۆی خۆی دروستکردووە، ئەو بەهرە زەینییەی بیر دەچێتەوە کە خودا پێی بەخشیوە، هەروەکو ئەو هەلومەرجەشی بیر دەچێتەوە کە یارمەتی داوە، ئەگەر ئەو شتە نەبوایە لەوانەیە ببوایە بە ئاسنگەر یان ببوایە بە حەماڵ و یان ببوایە بە سواڵکەر. ل35

ئەدەبی کۆن و نوێ
لەبارەی جیاوازی نێوان ئەدەبی کۆن و نوێشەوە بۆچوونێکی جیاوازی هەیەو دەڵێت:
لە کۆندا ئەدیب گوێی بە کەس نەدەدا و تەنها دەیویست رەزامەندی سوڵتان بە دەستبێنێت، چونکە سوڵتان دەتوانێت شاعیر بۆ بڵندترین پایە بەرز بکاتەوە، هەروەکو دەشتوانێ بۆ نزمترین ئاست دایبەزێنێت، بەڵام ئەدیبی نوێ چاو دەبڕێتەوە میللەت، میللەتیش بە سروشتی خۆی ئارەزووی ئەوەی نییە شاعیرەکە ستایشی بکات، وەکو ئەوەی لە رابردوودا لە بەرامبەر سوڵتان دەیکرد. میللەت تاکەکەس نییە حەز بکات ئیگۆی خۆی ” من ی خۆ بەرز بکاتەوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری گرووپ و تاکەکەسن داوا لە ئەدیب دەکەن لە تێگەیشتنی ئەم دنیایەی تیایدا دەژین سوودیان پێ بگەیەنێت.

بەداخەوە ئەمڕۆ لە عیراق و تاڕادەیەک زۆربەی وڵاتانی جیهانیش، زۆرکەم نووسەران دەتوانن بە بەرهەمەکانیان بژین، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فرۆشی کتێب کەم بۆتەوە، ئەمەش وا لە نووسەران دەکات، کە بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە سەرچاوەیەکی تری بژێوی بگەڕێن. ئەمەش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان کە رووبەروی دونیای نووسین و مەعریفەی ئێستامان دەبێتەوە.

شاعیرانی تاکسی ئامێز
لەلایەکی ترەوە عەلی وەردی بۆچوونی زۆر تایبەتی بەرامبەر بە شیعر و شاعیران هەبووە، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە شاعیرانی کلاسیکی عەرەبەوە هەیە بۆ نموونە موتەنەبی. ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی زۆرێک لە نووسەران و ئەدیبانی عیراقی و گێتی عەرەبی. لەم کتێبەشدا بە ووردی ئەم دیدگایەی باس کردووە. لەهەمووی گرنگتر باسی ” شاعیرانی تاکسی ئامێز” دەکات، لێرەدا زۆر بەجوانی ئەم دەستەواژەییەی شیکردۆتەوەو دەڵێت:
“من رێز و حورمەت و شکۆیەکی زۆرم بۆ شاعیری پابەند-مولتەزیم هەیە، بەڵام شاعیری نامولتەزیم ئەوەی من حەز دەکەم ناوی بنێم شاعیری ” تاکسی ئامێز” ، ئەوا من قینم لێ دەبێتەوەو رقم لە هەموو ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئەو رێچکەیە دەگرن. شاعیرانی تاکسی ئامێز، ئەوانەن کە ستایشی سوڵتانەکانیان کردووەوە هەقیان بە ناهەق و ناهەقیان بەهەق زانیوە، بەپێی ئەو خەڵات و پاداشتەی لە سوڵتانەوە وەریان گرتووە.”
هەربۆیە ئەو بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی بەرامبەر بە شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی هەیە، زۆرکەسیش بە دوژمنی موتەنەبی دادەنێن. هەرچەندە ئەو تەنها دەڵێت:
“موتەنەبی ساتیشی حاکمی میسری کافوری ئیخشیدی کرد و دوایش زەمی کرد، ئەو بۆیە ستایشی کرد، چونکە تەماحی لە پاداشتەکانی هەبوو، بەڵام کە پاداشتی لێ بڕا، ئیتر زەمی کرد.پێشتریش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ستایشی حاکمی سوریا سیف الدوله الحمداني کردووەو لە دوایشدا زەمی کردووە، رەخنەگران چاوپۆشی لەم لایەنەی شیعری موتەنەبی دەکەن، تەنها دەڕواننە لایەنی هونەری و شیعرەکە، ل31”

دوا قسە
بە دڵنییایەوە لەم کتێبەدا قسەوباسی زۆری تێدایە هەمووشیان قسەی تایبەت و گرنگ و جوانن، ئەم کتێبە هاوکاری زۆرمان دەکات بۆ تێگەیشتن لەبەشێکی بۆچوونەکانی عەلی وەردی لەبارەی مرۆڤ، تاک، کۆمەڵگەی عیراقی و جیهانی.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشیی لە برای هێژامان کاک نەوزاد بکەین، هیوای کاری جوانتری بۆ دەخوازین.




رەگەزی خاک و جیهانبینی نەتەوەیی لە شیعری حەسیب قەرەداخی دا… نووسینی: عەتا قەرەداخی

-١-
مەبەست لە خاک چیە؟ ئایا خاک تەنیا وەکو رەگەزێکی سروشت سەیر دەکرێت، یان خاک وەکو رەگەزێکی سروشت دەکرێت بە کەرەستەی بەرهەمهینانی شیعر و شیعریەتی لێ بەرهەم دەهێنرێت. لەو پرۆسێسەشدا مانای خاکبوون وەکو رەگەزێکی سروشت بەجێدەهێڵێت و بە مانایەکی باڵاتر بارگاوی دەکرێت و لەوێوە خاک دەبێتە نیشتیمان یان وڵات. نیشتیمان دوور لە چەمکی سیاسی وەکو زاراوەیەکی بێ لایەن بە مانای شوێنی نیشتەجێبوون دێت، بەڵام لەگەڵ بەستنەوەی ئەم زاراوەیە بە کۆمەڵناسی سیاسیەوە راستەخۆ بە مانای ئەو شوێنە کە نەتەوەیەکی تێدا دەژی. واتە لەم روانگەیەوە چەمکی نیشتیمان و نەتەوە پێکەوەبەستراون، واتە لێرەوە نیشیمان هەر ئەو رەگەزەی خاکە کە لە روانگەی کلاسیکەوە یەکێکە لە پایەکانی بوونی نەتەوە. بەڵام لە روانگەی کۆمەڵناسی نوێوە کاتێ چەمکی نیشتیمان دەبێتە چەمکێکی خاوەن شووناس کە نیشتەجێی سەر ئەو نیشتیمانە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان بن و سنووری سیاسی و جوگرافی ئەو نیشتیمانە دیاری کراوبێت.
ئێمە لەم باسەدا هەوڵدەدەین لە ئاستی یەکەمدا ئاخاوتنی چەمکی خاک لە شیعری حەسیب قەرەداخیدا بکەین وەکو رەگەزێکی سروشت، پاشان خاک لە روانگەی بوونیەوە بە زێد بۆ بکەرێک باس بکەین کە توانای ئەوەی هەیە خاک بگۆڕێت بۆ نیشتیمان و نیشتیمان بگۆڕێت بۆ وڵات کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وڵات هاوواتای دەوڵەتە. هەر لێرەشەوە دەشێت ئەوە جێگیر بکەین کە خاک یان نیستیمان پێش بوونی بە چەمکی سیاسی هاوشانی گوتاری مانەوەیە، لە کاتێکدا نیشتیمان وەکو چەمکی سیاسی، یان وەکو وڵات هاوشانی گوتاری ناسیونالیزمەو لە راستیشدا ئەو زەمینەیە کە گوتاری نەتەوەیی تێدا بەرهەم دێت و ئەو گوتارەی تێدا پیادە دەکرێت. شاعیر دەڵێت:
تا دێت خاکم خۆشتر دەوێت،
چونکە وڵات لە دڵمایە..
وەکو دایک لە دڵمایە!
ئەگەر بەردێ لەو بنارە،
دابتاشرێ، ئازارێکەو لەبن نایە …
وەک زامێک لە دڵمایە!
لە نێوانی ئەشک و خەما
من بەستراوم بەم خاکەوە،
نیشتیمانم جێناهێڵم! نیشتیمانە بێ باوکەکەم،
ئەی تۆ بۆچی بەجێتهێشتووم؟
کەی دێیتەوە، ناخی وێرانەی بی دایکم؟
هۆ دایە گیان… بەستەم هاوار…
رازم هاوار…شیعرم سەدای بێ ئاسەوار!
ئەم باسی پەیوەندی خۆیی و خاک دەکات و لەو نێوەندەشدا باسی ئەوە دەکات کە خاک خۆشەویستەو رۆژ لە دوای رۆژیش خۆشەویستی ئەم بۆ خاک زیاتر دەبێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە خۆشەویستی ئەم بۆ خاک لە پێش کاتی دەربڕینی ئەو رستەیەوە دەستی پێکردووە، بەڵام لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا ئاستی ئەو خۆشەویستیە زیاد دەکات. ئەم لەخۆوەو بێ هۆ خاکی خۆش ناوێت، بەڵکو هۆکارێک هەیە کە وا لەم دەکات خاکی خۆش بوێت، ئەویش ئەوەیە کە وڵات لە دڵیدایە. بێگومان دیسان خاک بە زیدو نیستیمان دێت، بەڵام ئاشکرایە وڵات یان نیشتیمان مانای زیاتر لە خاک هەڵدەگرن کە ئەمی دووەمیان زیاتر خاسێتی رەگەزێکی سروشتی هەیە، بەڵام وڵات یان نیشتیمان زیاتر ئەو رووبەرەن کە لە قۆناغی جوگرافیای سروشتیەوە گواستراونەتەوە بۆ جوگرافیای سیاسی و وڵات و نیشتیمان وەکو پێکهاتەی جوگرافی بە بێ بوونی پێکهاتەی مرۆیی هیچ پێناسەیەکیان نیە، ئەو پێکهاتە مرۆییەش ئیتنیک یان نەتەوەیە. واتە ئەم تەنیا باسی خۆشەویستی خاک وەکو شوێنی لە دایکبوون و شوێنی ژیان و پەیوەستبوونی مرۆڤ بەخاکەوە لەم روانگەیەوە ناکات کە زیاتر بنەمایەکی غەریزیی هەیە. لە کاتێکدا پەیوەندی ئەم بە خاکەوە وەکو وڵات و نیستیمان کە لە دڵیدایە پەیوەندی ئینتیمایە کە ئەویش ئەگەر ریشەی غەریزەیشی تێدابێت، بەڵام هێشتا لەسەرووی غەریزەوەیەو سەرچاوەکەی هەست و هوشیارییە. ئەم وڵات لەناو دڵیدایە، دڵ لە دەرەوەی پێکهاتە مادیەکەی سەرچاوەی سەرەکی ژیانەو هاوکات دڵ سەرچاوەی خۆشەویستی و عەشقە. لەم رووەوە ئەم وڵاتی خۆش دەوێت و عەشقی وڵاتە. هەروەک لێکچوون لە نێوان خۆشەویستی دایک و خۆشەویستی وڵاتدا دەکات. لە راستیشدا ئەم وڵاتی بۆیە خۆش دەوێت چونکە وڵات لە دڵیدایە واتە ئەم عەشقی وڵاتە.
بێگومان مادەم ئەم عەشقی وڵاتە، هەست بە هەموو ئازارەکانی وڵات دەکات، بەجۆرێک وڵات وەکو بەشێک لە جەستەی خۆی دەبینێت و هەر رەگەزێکی جوگرافیای وڵات رووبەڕووی کێشەیەک یان ئازارێک بێتەوە، وەکو ئەوە وایە بەشێک لە جەستەی ئەم دوجاری کێشە یان ئازار بووبێت. لێرەدا خاک کە وەکو وڵات یان نیشتیمان وەسف دەکرێت دەبێتە بەشێک لە جەستەی ئەم، یان بوونی ئەم. بێگومان ئەم وەکو شاعیرو وەکو مرۆڤێکی هەستیارو هوشیار بە ئاگایە لە هەموو بوون و جەستەی خۆی. هەر لەبەر ئەوە هەرگیز نیشتیمانەکەی بەجێناهێڵێت، واتە وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ئەم و نیشتیمان لەناو یەکتردا تواونەتەوەو بەوپێیەش ناشێت لێکتر جیاببنەوە، یان لێکتر جیابکرێنەوە، بەڵام دیارە نیشتیمان ئەمی بەجێهێشتووەو لێی جیابووەتەوە بۆیە لە هۆکاری ئەو جیابوونەوەو بەجێهێشتنە دەپرسێت. هاوکات نیشتیمانەکەی خۆی وەکو بوویەکی تەنیاو بێکەس، بێ باوک وەسف دەکات. لە پشتی ئەم وەسفکردنەوە قسەکەری دەقەکە ئاستی باسکردنی نیشتیمان لە شێوە گشتیەکەیدا بەجێدەهێڵێت و باسی نیشتیمانە تایبەتیەکەی خۆی دەکات، کە لەبری باسکردنی وڵات یان نیشتیمان لە رووی ئامادەبوون و شوناس و شارستانێتیەوە، وڵات وەکو بوویەک باس دەکرێت کە زیاتر جێگای سۆزو بەزەیی و لاواندنەوە بێت. ئەمەش بەتەواوەتی نیشتیمانەکەی ئەوی شاعیرە کە تاکو ئێستا نەیتوانیووە لە رووی ئامادەبوونەوە خۆی لەبەرامبەر ئەوانی تردا بسەلمێنێت و لە هەست و نەستی دەرەوەی خۆیدا بوونی هەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە وڵات لە شێوەیەکدا بەرجەستە دەکات کە جێگای بەزەیی بێت و لەسەر بنەمای جوڵاندنی سۆزو بەزەیی ببێتە جێگای سەرنجی ئەوانی تر. واتە لێرەدا شاعیر وێنەیەکی ریالیستیانەی نیشتیمانەکەی خۆی لە مێژوودا بەرجەستە دەکات، کە بەدرێژایی مێژوو ئەم قسەکەرە کە ئیتنیک یان پێکهاتەی مرۆیی سەر ئەم خاکەیە لەبری ئامادەبوون و بوون بە بکەری دروستکردنی رووداو و بکەری بەرهەمهێنی شارستانی بە مەبەستی دروستکردنی مێژوو بۆ ئەم خاکە، چاوی لە سۆزو بەزەیی ئەوانی تر بووەو هەروەک هەمیشە لەبەردەم مەترسی سڕینەوەدا بووە، کەچی لەبری ئەوەی ئەم ببێتە بڕیاردەری چارەنووسی نیشتیمان و نیشتیمان بە بڕیاری ئەم بجوڵێت، کەچی لە لایەک نیشتیمان ئەم بەجێدەهێڵێت و لە لایەکی تریشەوە لەبری ئەوەی ئەم رێگا لەو بەجێهێشتنە بگرێت و وا لە نیشتیمان بکات نەک هەر ئەمی نەوەی خۆی لە ئامێز بکات و لێی جیانەبێتەوە، بەڵکو لە رووی ئامادەبوونەوە ئامێزی بۆ ئەوانی تریش بکاتەوەو لە رووی ئامادەبوون و لە رووی بەشداریکردنی لە بەرهەمهێنانی شارستانیتی مرۆڤایەتیدا خۆی لە ئاستی ئەوانی تردا بسەلمێنێت. هەتا خاک نەگاتە ئەم قۆناغە نابێتە وڵات یان نیشتیمانێکی خاوەن شوناس. ئەو خاکەی شاعیر لەم دەقەدا دەیدوێنێت، نەگەیشتووەتە ئاستی ئامادەبوون و خۆسەلماندن، نەگەیشتووەتە ئاستێک کە قسەی هەبێت، کە کاری هەبێت، کە رووداو درووست بکات، کە هەنگاوی بەرەو هاتنە ناو مێژوو هەڵبهێنێت، واتە ئەم خاکە لە رووی ئامادەبوونەوە تەنیا خاکە و خاسێتی وڵاتی وەرنەگرتووە، واتە هێشتا جوگرافیایەکە خاسیتی سروشتیبوونی هەیە، نەک خاسێتی سیاسی یان وڵات و نیشتیمان بە چەمکی کۆمەڵناسی. شاعیر لە رێگای وێنەو لێکچواندنەوە، لە رێگای بەکارهێنانی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی شیعریەتەوە دەقێکی جوانی شیعری بەرهەم دەهێنێت کە بنیادی پێکهێنانی ئەم دەقە لەسەر پەیوەندی دووانەی من / نیشتیمان بنیاد نراوە، بەڵام وەکو دووانەیەکی دژ نا، بەڵکو وەکو دووانەیەک کە لە فەزایەکی سۆفیانەدا لەناو یەکتردا دەتوێنەوە، هەمان شێوەی تواندنەوەی رۆحی سۆفی لە رۆحی باڵادا. بەڵام لەو تواندنەوەشدا شتێک بەجێنامێنێت. هۆکارەکەیشی لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئاشکرا دەبێت کە ئەویش نائامادەبوونی هەردوو جەمسەری دووانەکەیە واتە ئەم و نیشتیمان کە خاسێتی عاشق و مەعشوق، یان خاسێتی سۆفی و رۆحی باڵای یەزدانیان هەیە و لەناو یەکتردا دەتوێنەوەو هیچ ئاسەوارێکیش بەجێناهێڵن چونکە لە بنەڕەتدا لە رووی ئامادەبوونەوە نادیارن. واتە هیچیان ئامادەبوونێکی مادییانە، یان تەنانەت مەعنەوییانەشیان نیە. لەم روانگەیەوە سەرباری بەرهەمهێنانی جوانی و جوانی داڕشتن و جوانی شیعریەت، گوتارێک بەرهەم دەهێنێت لە چوارچێوەی گوتاری لاواندنەوەدا پێناسەدەکرێت، کە ئەویش وەکو بەشێک لە گوتاری هەڵوەشاندنەوە، یان سڕینەوە سەیر دەکرێت. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ناشێت لەپشتی ئەم گوتاری لاواندنەوەوە رەگەزەکانی گوتاری مانەوە ئامادەبوونیان هەبێت؟
-٢-
شاعیر بەو ئەندازەی پەیوەستە بە خەک و نیشتمانەوە، ئەوەندەش پەیوەستە بە خەڵکەوە. ئەمەش دووانەیەک پێکدەهێنێت، کە دووانەی خاک/ خەڵکە، کە دووانەیەکی پێکەوە پەیوەستن و هیچیان بێ بوونی ئەویتریان بوونی نیە. ئەم هەرچۆن خەمی خاک و نیشتیمان بووەتە خولیاو خەمی هەمیشەیی بەهەمان شێوە خەمی خەڵکیش هەڵدەگرێت. لە شیعری ( خەمی خەڵک)دا دەڵێت:
ئەوەتەی من پێم گرتووە خەمی خەڵکم لە کۆڵایە / کە رۆژ هەڵدێ تا ئێوارە / هەمووی هەر لە باوەشمایە./ بۆ تاریکی چرایەکی وا هەڵئەکەم / لە رەنگی جوانی دنیایە! کەچی هەر سەیر لەوەدایە / من شاعیری میللەتێکم / سەدان ساڵە بەری خۆری لێ ئەگیرێ و / وەکو پێویست کەسێک بە خەمیەوە نایە!
ئەم وەکو رزگارکەر خۆی پێشكەش دەکات. سەرەتا خۆی وادەناسێنێت کە ئەوەتەی هەیە لە خەمی خەڵکدایە. ئەو خەمەش وای لێ دەکات بیر لە دۆزینەوەی رێگای کۆتایی پێهێنانی ئەو خەمانە بکاتەوە. بێگومان ئەگەر کۆمەڵگایەک خەم داگیری کردبێت، ئەوا مانای وایە لە تاریکیدا دەژی. لێرەوە ئەم وێنای کۆمەڵگایەکمان بۆ دەکات کە فەزای سەرەکی و باڵادەست تیایدا فەزای تاریکیە. تاریکی خاسێتی کۆمەڵگای دواکەوتوو، سەرەتایی و سەرکوتکراووە. واتە ئەو کۆمەڵگایەی ئەو وێنای دەکات کۆمەڵگایەکی کارەساتبارە. کۆمەڵگایەکە لە ژێر فشاردایە. بەڵام ئەم وای نیشان دەدات کە لە دەرەوەی خۆی ئەم فشارەی بۆ دەهێنرێت و سەرکوت دەکرت و بەری تیشکی خۆری لێ دەگیرێت. ئەم بۆ رەواندنەوەی تاریکی و بۆ کۆتاییهێنان بەو خەم و نیگەرانیە چرایەک هەڵدەکات. بێگومان چرا هێمای رووناک کردنەوەو کۆتایی هێنانە بە تاریکی. واتە ئەم دیسان دووانەی تاریکی/ رووناکی درووست دەکات بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەمسەری تاریکی و باڵادەستبوونی جەمسەری رووناکی. ئەو چرایەی ئەو هەڵیدەکات هەموو جوانیەکانی دنیا کۆدەکاتەوە. واتە ئەم لە روانگەی خۆیەوە پرۆژەیەکی هەیە بۆ کۆڕانکاری، بۆ کۆتاییهێنان بە خەم و تاریکی، بۆ گۆڕینی ئەو فەزا ناهەموارەی کە هەیە بۆ فەزایەکی تر کە رووناکی و ئاسودەیی و خەندە لە بری خەم و فرمێسک و نیگەرانی لە خاسێتە دیارەکانی بێت.
ئەم پرۆژەیەی ئەم تەنیا لە چوارچێوەی بیرلێکردنەوەو نەخشە بۆداناندا دەمێنێتەوەو لە سەر زەمینەی واقیع جێبەجێ ناکرێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە سەرباری ئەوەی بیرۆکەی گۆڕینی ئەو فەزایەی هەیە، بەڵام ناتوانێت بیروبۆچوونەکانی بخاتە بواری پیادەکردنەوە، چونکە سەدان ساڵە رێگری لێ دەکرێت و بەربەستی بۆ دادەنرێت. دیارە ئەم لەو رووەشەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئەوانی تر بە فریایی بکەون و لەو دۆخە رزگاری بکەن، بەڵام لەوەشدا بێ هیوا دەبێت چونکە کەس بە هانایەوە ناچێتت. لەم دەقەدا شاعیر بارودۆخی ئەو کۆمەڵگایەی کە لە بارێکی ناهەمواردا دەژی و ئەم بووەتە خەمخۆری و هەر لە راستیشدا ئەوەی ئەو باسی دەکات کۆمەڵگاکەی خۆیەتی کە هەوڵدەدات چرای رووناکی بۆ هەڵبکات، بەڵام نەک هەر تیشکی ئەو چرایە دڕن بەو تاریکیە نادات، بەڵکو لە راستیداو لەسەر زەمینەی واقیع تەنانەت چراکە داناگیرسێت. ئەوەش بەرەو ئاستێکی تر لە تێگەیشتنی دەبات کە هەستکردنە بە ناکارایی خۆی. واتە لێرەوە بەجۆرێک سەرەتای قۆناغێک لە بوونی ئەم کەسێتەدا دەست پێدەکات کە دەشێت بە قۆناغی خۆناسین ناوببرێت، خۆناسین بەو مانایەی کە تێدەگات ئەم ناکارایەو توانای هیچ گۆڕانکارییەکی نیە. لێرەوە بە ئاراستەیەکی تر چاو دەکاتەوەو چاوەڕوانی پشتگیری ئەوانی ترە بۆ دەربازکردنی ئەو میللەتەی خەمەکانیانی هەڵگرتووە، بەڵام لەوەشدا دووچاری بێ ئومێدی دەبێتەوە، چونکە کەس بە هانایەوە نایەت.
لێرەدا ئاخاوتن لەسەر دوو لایەن دەکەین. یەکەمیان بوونی ئامادەبوونی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەم دەبێتە هەڵگری خەمەکانیان. دووەم ئەمی شاعیر وەکو نموونەی دەستەبژێری کۆمەڵگا کە چۆن دەڕوانێتە کۆمەڵگاکەی خۆیی و چۆن سەیری رێگای گواستنەوەی لەو بارودۆخە خراپەی تیایدایە بۆ بارودۆخیکی باشتر دەکات. بێگومان دەشێ بپرسین ئایا خەمەکانی خەڵک چین؟ ئەو هۆکارانە چین وا لە خەڵک دەکەن خەمی هەبێت؟ ئایا خەمەکانی خەڵک خەمی نەبوونی ماف و ئازادیە یان خەمی ترسە لە ئایندە؟ بێگومان ئاشکرایە ئەو خەڵکەی ئەم باسیان دەکات میللەتەکەی خۆیەتی. لەسەر ئەو بنەمایەش دەردەکەوێت خەمی میللەت خەمی دواکەوتوویی و نەبوونی ماف و ئازادیە. خەمی مانەوەیە لە دەرەوەی مێژوو، خەمی نەبوونی شوناس و نەتوانینی خۆسەلماندنە. ئایا هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە چین کە وایان لە میللەتەکەی ئەو کردووە بەو جۆرە بمێنێتەوە؟ ئایا هۆکاری ناوخۆیین، یان هۆکاری دەرەکین؟ ئایا تەنیا دەرەوە بەرپرسە لە بوونی ئەو بارودۆخە، یان خودی میللەت خۆیشی لەبەر زۆر هۆکاری پەیوەست بە بوونی خۆی و ئامادەبوونی خۆی لە ئاستێکدا بەرپرسە سەبارەت بەو بارودۆخەی کە تیایدایە؟ بێگومان ئاشکرایە ئەو خەڵکەی خەمیان هەیەو ئەم خەمەکانی ئەوان هەڵدەگرێت و خۆیشی یەکێکە لەوان، بەگشتی سەرچاوەی خەمەکانیان هەم خۆیانن و هەم دەرەوەی خۆیشیانن. خۆیان تا چرکەساتی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە شیعریە نەیانتوانیووە بوونی خۆیان بسەلمێنن، واتە نەیانتوانیووە لە زەمینەی خۆیاندا ببنە خاوەنی خۆیان و ببنە بکەری سەر ئەو زەمینە. ئەم لاوازییەش وایکردووە نەتوانن فشاری دەرەوە رەتبکەنەوە، یان هەڵبووەشێننەوە. بە پێجەوانەوە زۆربەی کات لەبری لە رووداوەستان و کاردانەوە بەرامبەر بە فشاری دەرەوە بێ دەنگ بوون، یان خۆیان داوە بەدەستەوە. ئەو کاردانەوە سادانەیشی کە هەیانبووە لەجۆری هەوڵدانی ئەم بۆ داگیرساندنی چرایەک بۆ رەواندنەوەی تاریکی، یان چراکە دانەگیرساوە، یان هێندەی رووناکی نەبووە کە دڕن بە تاریکی بدات. لە ئەنجامی ئەم ناکاراییەدا، بەردەوام چاویان لەوەوە بووە ئەویتر، واتە ئەوی دەرەوە بە فریای بکەوێت و بیپارێزێت. لەم رووەشەوە واینیشان داوە ئەم هەر هەنگاوێک بنێت رێگای لێ دەگیرێت. ئەم تێڕوانینە لە گەوهەردا دەبێتە هۆی رووخاندنی گیانی بەرگری و لە رووداوەستان و سەرئەنجام ئەم پێکهاتەیە هەوڵدەدات وەکو قوربانی خۆی نیشان بدات. ئەوەش بە ئومێدی بزواندنی هەست و سۆزو بەزەیی ئەوانی تر. واتە دیسان ئەم پێکهاتەیە لەبری ئەوەی لە رێگای خۆسەلماندن و کارەوە ئەوانی تر ناچار بکات دان بە بوونیدا بنێن، هەوڵدەدات ببێتە جێگای بەزەیی ئەوانیتر. ئەوەتا شاعیر باسی ئەوە دەکات کە ئەوانی تر وەکو پێویست بە دەنگیەوە نایەن. واتە لێرەدا جۆرێک لە چاوەڕوانی بۆ سۆزو بەزەیی و یارمەتی ئەوانیتر دەردەکەوێت. ئەمەش جارێکی تر کارکردنە لە چوارچێوەی گوتاری پاڕانەوە کە ئەویش بەشێکە لە گوتاری شکست. گوتاری شكست گوتارێکی تراژیدیە، بەڵام لە پشتی هەموو شکست و تراژیدیایەکەوە گیانێکی بەرخوردان و رابوونەوە خۆی مەڵاس داوەو بەو ئەندازەی رووخان لە دەرەوەدا روودەدات، ئەو گیانی بەرخوردانە لە ناوەوە بەهێزتر دەبێت تا سەرئەنجام خۆی نمایش دەکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، بە گوێرەی ئەو خەڵکەی خەمیان هەیەو ئەمی شاعیر خەمی ئەوانی هەڵگرتووە، ئەو گیانی رابوونەوەیە تاکو کاتی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە شیعریە نەیتوانیووە بگاتە ئاستێک واقیعی شکست بگۆڕێت بۆ رابوونەوە، یان بۆ خۆبنیادنانەوە. واتە سەرباری بوونی هەندێ لە رەگەزەکانی گوتاری مانەوە لە بنیادی ئەم دەقەدا وەکو داگیرساندنی چرایەک کە هەموو جوانی دنیا کۆبکاتەوە بە ئومێدی روونکردنەوەی ئەو تاریکستانەی کە ئەم خەڵکەی تێدا دەژی بە ئومێدی ئەوەی بتوانن رێگای بەرەو داهاتوو ببینن. بەڵام ئەم رەگەزەی گوتاری مانەوە کە لەناوخۆیدا بەرنامەی پاراستن و دەربازکردنی ئەوانی لەو خەمە هەڵگرتووە، کە تیایدا دەژین بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بتوانن بمیننەوەو درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بێ جوڵە دەمێنێتەوە، چونکە رەگەزی مانەوە کە چراکەیە داناگیرسێت، یان رووناکی نادات ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مانەوە بەشێوەیەکی پارێزراو دەستەبەر نابێت.

-٣-

( کۆچێکی رەشپۆش ( یەکێکە لە دەقە دیارەکانی حەسیب قەرەداخی کە لە ساڵی ١٩٨٢ دا نووسیووێتی. ئەم دەقە باسی کۆچکردنی نالی، یان لەسەر بنەمای ئەوەی دەقەکە دەیەوێت بیڵێت باسی سەرهەڵگرتنی نالی دەکات. کاتێ باسی سەرهەڵگرتن دەکەین، مانای ئەوەیە نالی بە ناچاری وڵات بەجێدەهێڵێت. دیارە هۆکارەکانی ناچاربوونی نالی بۆ بەجێهێشتنی زێدی خۆی لە دەقەکەدا رووبەرێکی دیاریکراو داگیر دەکات. ئاشکرایە نالی لە دیارترین شاعیرانی کوردو یەکەمی سێ کوچکەی بابانە. واتە ئەو کەسێتیەکی ئاسایی یان سادە نیە، هەربۆیە لە مێژوویەکدا کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە زێدو نیستیمان شتێکی دەگمەن بووە، بەو پێیە کۆچکردنی نالی کۆچێکی ئاسایی نیە. بە تایبەتی ئەگەر ئەوەش بزانین کە نالی شاعیری میرنشینی بابان بووەو بەوپێیەش دەشێ سەرباری کێشەو کەموکورتیەکان خەونی رەنگاوڕەنگی بۆ میرنشینی بابان و ئاییندەی کورد لەسەر ئەو میرنشینە بنیاد نابێت.
سەدو چل ساڵێک لەمەوبەر مەلا خدر / عەبایەکی دا بەشانداو لە ژوورەکەی هاتە دەرێ/ چەند فەقێیەک لە خانەقا بەڕێیان کرد هەتاکوو (وەیس) / هاواریان کرد وشەی کوردی ماڵوێرانە / شارەزووریش بێ بارانە / نالی ئەڕوات هەوار دوورە / کەچی خاکمان لە کاغەزی هەندەراندا / هەتا ئێستەش بێ سنوورە! / .

لەم دەستپێکەدا نالی کە وەکو مەلایەک دەناسێنرێت، بڕیاری کۆچەکەی دەدات. شوێنی دەستپێکردنی کۆچەکەی سلێمانی و بە دیاریکراویش لە مزگەوتی خانەقاوە دەکەوێتە رێ و فەقێکان هەتا ( وەیس) کە ئەوسا رۆژئاوای سلێمانی بووە، بەڕێی دەکەن. ساڵی کۆچکردنەکە بەپێی ئەوەی لە دەقەکەدا هاتووە پێشی سەدو چل ساڵە، کە دەکاتە نیوەی یەکەمی دەیەی چوارەمی سەدەی نۆزدە. بەپێی ئەوەی لە پێشەکی دیوانی نالی بنەماڵەی زاناو پایەبەرز مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیشدا هاتووە کۆچکردنی نالی لەو مێژووەدا بووە، واتە بە لای کەمەوە دەوروبەری پانزە ساڵ پێش روخانی میرنشینی بابان. فەقێکان نالی وەکو خاوەن پایەو داهێنەرو بەرپرسی وشەی کوردی سەیر دەکەن و ئەوان پێیان وایە کۆچکردنی نالی مانای مەرگی وشەی کوردی یان بەدەربڕینێکی تر مەرگی زمانی کوردی. هەرئەوەش نا بەڵکو ئەوان ناڕاستەخۆ نالی دەچوێنن بە هەورو کۆچی نالی بریتیە لە کۆچی هەورەکان و بێ بارانی. دیارە بێ بارانیش مانای وشکەساڵی و نەهاتی. بەم پێیە کۆچی نالی وەکو کارەساتێکی گەورە وێنادەکرێت و روودانی ئەو کۆچە دەبێتە هۆی بەجێمانی وێرانەیەک لە دوای ئەوی کۆچکەرەوە. هەروەک لەسەر زمانی فەقێکانەوە، شاعیر ئەوە دەردەبڕێت لە کاتێکدا نالی وڵات لە بارێکی بەوجۆرە شڵۆق و ناهەمواردا بەجێدەهێڵێت، وڵات خۆیشی هێشتا لەسەر نەخشەی جوگرافیای جیهان نەناسراوە، یان پێناسە نەکراوە چونکە هیچ سنوورێکی نیە کە مەبەست لەوەش سنووری دانپێدانراوە. لێرەدا بەئاشکرا دیارە کە شاعیر، نالی و کۆچی نالی دەکات بە ئامراز بۆ باسکردنی وڵاتەکەی نالی و خۆی لە دوو ئاستدا: یەکەمیان بێ شوناسی وڵاتەکەی ئەمانە لەسەر نەخشەی جیهان، دووەمیان لە ڕێگای نالی و باسکردنی هۆکارەکانی کۆچەکەیەوە ئاخاوتنی ئەو هۆکارانە دەکات کە بوونەتە هۆی روخاندنی میرنشینی بابان و زۆرینەی ئەو هۆکارانەش دەگێڕێتەوە بۆ کەموکورتی لە کەسێتی کوردی و کەموکورتی لە بوونی ئیتنیکی کوردیدا. بەڵام ماوەی نێوان کۆچکردنی نالی و رووخاندنی میرنشینی بابان ئەم لێکدانەوەیە لاواز دەکات.
نالی رۆیی و کەس هەڵنەستا،/ کە رۆژ هەڵهات و گشت شتێ ئاشکرا بوو / دەرگای بەبە مۆرکرابوو / ئەوسا دەستتان دا بە دەستا، هاتن و چوون / بۆ نەبوو بوون وا هەر نەبوو؟/ هۆ خەڵکینە، ئەوا سەدو چل سال ئەبێ / لە شارەزوور، سەری حەبیبە هەر شینە / لە هەر کەسێک داوای خەوێکی نالی کەین /ئەڵێ: هەڕۆ هەڕۆ نینە!
سەرەتا دەبێ ئەو راسیە میژووییە دووبارە بکەینەوە، کە کۆچکردنی نالی هاوکاتی روخاندنی میرنشین نەبووە، دەشێت نالی لە خەیاڵی قوڵ و مەودا فراوانی شاعیرانەی خۆیدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسەتی خراپی براو ئامۆزا برازاکانی بنەماڵەی بابان پێشبینی ئایندەیەکی رەشی بۆ دەسەڵاتی میرنشینەکە کردبێت و ئەوەش هۆکاری کۆچکردنی نا، بەڵکو هۆکاری نەگەڕانەوەی بووبێت.
پێدەچێت کۆچی نالی، بێچگە لە فەقێکانی خانەقا کە دەقی شیعرەکە واینیشان دەدات فەقێی نالی خۆی بوون، کەسی تر بایەخ بە کۆچکردنەکەی ئەو نادات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەی نالی بەرهەمهێناوە بۆ کۆمەڵگای ئەوکاتەی سلێمانی یان کۆمەڵگای کوردەواری بایەخێکی ئەوتۆی نەبووە. بەرهەمی نالی شیعرو زیندووکردنەوەی زمانی کوردیە. دەبێت بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگای کوردی دەیەی چوارەم و پێنجەمی سەدەی نۆزدەیەم، کێ بایەخی بە شیعرو زمانی کوردی دابێت. واتە لێرەدا هەمان بۆچوونەکەی گۆران-ی هاوشانی نالی لە داهێناندا دێتەوە یاد. کە دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سونعەتکار ناگیرێت، چونکە لە کۆمەڵگای لەمجۆرەدا هونەرو داهێنان بەهایەکی نیە. هەرچەندە ئەو پرسیارە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە کە داخۆ کۆمەڵگای گریکی لەسەردەمی داهێنانە مەزنەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆو داهێنەرانی تردا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بووە؟ ئایا لە ئاستێکی هێندە پێشکەوتوودا بووە کە بەهای هونەر تێگەیشتبێت؟
ئەو شەوەی نالی کۆچی کرد بۆ بەیانیەکەی کە خەڵک بەئاگاهاتن، دەسەڵاتی میرنشینی بابان روخابوو. خەڵک هیچیان لە دەست نەهات تەنیا دەستی بێئومێدییان دا بەیەکداو ئاخیان هەڵکێشا. راستە ئەو ئاخ هەڵکێشانە دەلالەتی جۆرێک لە پەشیمانی هەڵدەگرێت، بەڵام ئایا خەڵکی شار لەچی پەشیمان بوون؟ ئایا ئاخیان بۆ ئەوە هەڵدەکێشا کە دەسەڵاتی میرنشینیان لەدەستچووبوو یان پەشیمانی ئەوە بوون کە بەباشی پشتگیری میرنشینیان نەکردبوو؟ بەڵام شاعیر لەبری نالی بەو خەڵکە دەڵێت ئێوە لە ئاستی نەبوودا بوون و نەتتان توانی رۆڵێکتان هەبێت لە پاراستنی میرنشیندا. بێگومان ئەم وێنەی کۆچکردنە زیاتر بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی گونجاوە، وەکو ئەوەی ریچ باسی دەکات و دەڵێت ئەمشەو شێخ خالید بەخۆی و خێزانیەوە سلێمانی بەجێهێشت، بەڵام کۆچکردنی ئەو زیاتر لە دە ساڵ پێش کۆچکردنی نالی بووە. واتە هیچیان لە سەروبەندی روخاندنی میرنشیندا کۆچیان نەکردووە.
ئاشکرایە حەبیبە کە وەکو خۆشەویستی نالی بەجۆرێک لە بیرو خەیاڵی خوێنەری نالیدا جێگیربووە، کە گومان لە بوونی حەبیبە وەکو مەعشوقەی نالی ناکرێت. هەرچەندە لە رووی راستیەوە دەشێ وێنەیەکی بەرجەستەکراوی خەیاڵی نالی بێت، ئەو خەیاڵە فراوانەی کە داهێنانی نالی بەرهەمهێناوەو چەندین یۆتۆپیای دروستکردووە، یۆتۆپیای مەستورەو، یۆتۆپیای میرنسینی بابان و زمانی کوردی و چامە رەنگینەکەی بۆ لاواندنەوەی میرنشین و لەپاڵ ئەوانیشدا یۆتۆپیای حەبیبەو شارەزوورو دەیان دنیای رەنگاورەنگی تری نێو دەقەکانی. بێگومان نالی بەپێی ئەوەی زانراوە هەرگیز بە حەبیبە ناگات، دوای رۆیشتنی نالی حەبیبە دەمێنێتەوەو هەتاکو ئێستاش حەبیبە وەکو هێمای ئەو مەعشوقە ماوەتەوە کە هەرگیز بە عاشقەکەی ناگات. سەری شینی حەبیبە هێمایە بۆ دوو کارەساتی هاوکات بە گوێرەی ئەو، کە یەکەمیان کۆچی نالیە و دووەمیشیان کارەساتی روخاندنی میرنشینی بابانە.
نالی کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی زێدی خۆی، واتە نیشتیمان بەجێدەهێڵێت. ئایا هۆکاری سەرکی ئەوەیە کە ئەم شاعیرە چاوی بەوەدا هەڵنایەت کە سلێمانی بەبێ دەسەڵاتی بابان ببینێت. بەڵام پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە نالی پێش روخاندنی میرنشین زێدو خاکی خۆی بەجێدەهێڵێت. بێگومان ئەگەر کۆچی نالی پێش روخانی میرنشین بێت، مانای وایە روخانی میرنشین هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچە نیە. دیارە نالی چووە بۆ حەج و ماوەی زۆر لە سام ماوەتەوەو دەشێت کە لەوێوە روخاندنی میرنشینی بیستبێت، ئیتر چاوی بەرایی نەدابێت بگەڕێتەوە سەرتەرمی میرنشین. بەڵام ئەگەر لەپێش روخاندنی میرنشیندا نالی بڕیاری دابێت کۆچ بکات و نەگەڕێتەوەو چوون بۆ حەج بیانوو بووبێت بۆ ئەوە کۆچ بکات. لەبارێکی وەهاشدا دەبێت ئەو هۆکارانەی وایان لە نالی کردبێت کۆچ بکات کێشەو گرفتەکانی ناوخۆی میرنشینی بابان بووبێت بە تایبەتی ململانیی نێوان براو ئامۆزا بابانیەکان و پاڵدانی بەشێکیان بە شای قاجارییەکانەوەو و بەشێکی تریشیان بە خەلیفەی عوسمانی و بابی عالیەوە. ئەمە سەرباری ناکۆکی ناوخۆی خەڵک و نەبوونی هیچ بنەمایەکی یەکێتی و یەکبوون لە ئاستی خوارەوەی خەڵک و بایەخنەدانی میرانی بابان بە ژیانی خەڵک و خەریکبوونیان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەو سەرگەرمبوونییان بە رابواردن و بەزم و کەیفی ژیانی تایبەتیانەوە. کە بێگومان ئەم خاڵەی دوواییان بەردەوام هەڕەشەبووە بۆ سەردەسەڵاتە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی کوردستان و هەرئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی روخاندنیان بووە. دەقەکە وەکو دەقیکی شیعریی زیندوو بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی هۆکاری کۆچەکەی نالی بەکراوەیی بەجی دەهێڵێت.
شاعیر باسی ئەوە دەکات لە شارەزووری زێدی نالی و حەبیبەدا، کە لە رۆیشتنی نالیەوە حەبیبە سەری شینە، داوای خەونێکی نالی لەهەر کەس بکەین، ئەو وەڵامەمان دەست دەکەوێت کە هیچ خەونێکی نالی دەست ناکەوێت. مەبەست لە خەونی نالی چیە؟ بێگومان مەبەست لە خەونی نالی هیواو خواستە ئایندەییەکانی نالیە. کە ئەویش لە لایەک بەواقیعیکردنی یۆتۆپیای میرنشینی بابان و چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەو سەربەخۆبوونێتی. لە لایەکی ترەوە زیندوکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی و کەلتوری کوردی و گەیاندنێتی بە ئاستی کەلتووری نەتەوە دیارەکانی تر بە تایبەتی عەرەب و فارس و تورک، واتە خەونی بوونی دیوان بەهەرسێ زمان و رەتکردنەوەی هەڵوێستی هەموو ئەوانەی کە ئەلفازی ئەو کە ئەلفازی کوردیە بە خۆکردی ناو دەبەن. ئەم دەیەوێت زمانی کوردی هاوشانی زمانی ئەوانیتر بێت، چونکە ئەم بایەخی زمان دەزانێت و لەو رووەوە بۆچوونی ئەو لە ئاستی نەدرکێندراودا هاوشێوەی ئەو بۆچوونەی هەندێ لە خاوەن تیۆرییانی بابەتی نەتەوەی و زانستی زمانە، کە باس لەوە دەکەن زمان بریتیە لە دەوڵەت، دەوڵەتیش واتە سەربەخۆیی، ئەمەش مانای بەرهەمهێنانی گوتاری تەواوی نەتەوەییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەگوتراودا و لەم دەقە شیعرییەدا گوتاری نەتەوەیی تەواو بەرهەم دێت کە ئەمەش تێپەڕاندنێکی ئاشکرایە بەسەر گوتاری لاواندنەوە، یان تەنانەت بەسەر گوتاری مانەوەدا.
بڕۆ نالی بڕۆ نالی / تەختی شارەزوور بێ تاجە / کە شارەزوور تاجی نەبێ / شاعیریشی بێ رەواجە.
بە رەچاونەکردنی مێژووی کۆچەکەی نالی، ئەمی شاعیر پشتگیری نالی دەکات بۆ کۆچکردن. پاساویشی بۆ ئەم پشتگیریکردنە روخانی دەسەڵاتی شارەزوورو کەوتنی تاجەکەیەتی. هەڵبەت مەبەست لە شارەزوور لەو چوارچێوەیەدا کە دەقەکە لێی دەدوێت میرنشینی بابانە. نالی سەرلوتکەی شاعیرانی بابان بوو، ئێستا میرنشینەکە رووخاوە، بەوپێیە سەروەری ئەوی شاعیریش دەڕوخێت. هەر بۆیە شاعیر هەست دەکات دڵشکاوەو پاساوی مانەوەی نەماوە بۆیە دەیەوێت بروات. لەم هەنگاوەشدا شاعیر پشگیری دەکات. هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کە تاجی دەسەڵات دەڕوخێت و دەشێت لە دوای خۆیەوە هیچ بەجێنەهێڵێت، بەڵام تاجی دەسەڵاتی داهێنان ناڕوخێت و نەک بۆ کاتی خۆی دەشێت داهێنان بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوەو ئەو تاجە رەونەقدارترو بەرزتر بێت. داهێنانی نالی خۆی باشترین نموونەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، چونکە دیارە میرنشینی بابان روخاو بێجگە لە تۆمارێکی مێژووی دوو لایەنە، واتە ئەرێنی و نەرێنی شتێکی تری بەجێنەهێشتووە، بەڵام شیعری نالی بەزیندوویی ماوەتەوەو بەردەوام بابەتی قسەلەسەرکردن و توێژینەوەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە ئێستا ناوی نالی دیارترو ناسراوترو لە هەست و گوێی خەڵکدا زیاتر ئامادەبوونی هەیە لەچاو هەموو میرانی باباندا.

شاعیر بە نالی دەڵێت:
مەیەرەوە / چونکە خەڵکی پرسش دەکەن / چیتان کرد لە تەختی “ئەحمەد”،/ بە پیلانی کاسبهای شار رێتان نەبرد!/
بەدوای ئەمەدا شاعیر داوا لە نالی دەکات نەگەڕیتەوە، بۆ ئەو مەبەستەس پاساوی خۆیی هەیە کە ئەویش پەیوەستە بە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشینەوە. ئەو پێیوایە خەڵکی نالی و بەرپرسانی میرنشینیش دەخەنە بەردەم ئەو پرسیارەوە کە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشین چی بوون؟ بێگومان هەر شاعیر خۆی بە نیوە دێڕێکی سالم بەشێک لە وەڵامەکە دەداتەوە کە پیلانی کاسبکارانی شاربووە، بەڵام نە دەسەڵاتی میرنشین و نە نالیش وەکو شاعیرو روناکبیر پەییان بە پیلانی کاسبکارانی شارنەبردووە بۆ رینوێنی کردنی رۆم بۆ پایتەختی میرنشین لە لایەک و پشتگیرنەکردنی میرنشینیش بۆ بەرگریکردن لە لایەکی ترەوە. لێرەدا شاعیر هەمان شێوەی سالم هۆکاری روخاندنی میرنشین دەخاتە ئەستۆی کاسبکارانی شار. بەڵام لە راستیدا شاعیر لێرەدا هەمان شێوەی نالی خۆی لەوە بەدوور دەگرێت کە باسی ئەوە بکات هۆکاری سەرەکی روخاندنی میرنشین ناکۆکی و ململانێی براو ئامۆزاکانی بنەماڵەی بابان بووە لەسەر کورسی دەسەڵات و سڵ نەکردنەوەیان لە دابەشبوون و پەنابردنی هەندێکیان بۆ فارسەکان و هەندێکی تریشیان بۆ تورکەکان. هەروەک دەشێت سیاسەتی بەڕێوەبردنی خراپیشیان لە ئاستی ناوخۆدا وایکردبێت کە کاسبکارانی شاری تەواو بێزار کردبێت بۆیە کاسبکاران پشتیان لە دەسەڵاتەکەیان کردبێت. ئەو کاسبکارانەی سالم باسیکردون و حەسیبیش دێڕەکەی ئەوی وەرگرتووە بە گوێرەی ئەوکاتەی کۆمەڵگای کوردی کاکڵەی دروستبوونی خاوەن پیشەو پیشەوەران و مانیفاکتۆریا بوون، کە ئەوەش بنچینەی دروستبوونی چینی بۆرژوا یان چینی ناوەندە. کە بەشێوەیەکی گشتی هەر دەسەڵاتیکی بەڕێوەبردن لە هەر کۆمەڵگایەکدا پشتگیری بازاڕ، یان کاسبکاران یان چینی ناوەندی نەبێت ناتوانێت بۆ ماوەی دوورودرێژ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام دیارە دەسەڵاتدارانی بابان و تەنانەت نالیش وەکو روناکبیری سەردەمەکە لەوە تێنەگیشتوون. هەر لەڕاستیشدا یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوێستوەرگرتنی دەسەڵاتی بابان لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئەوە بووە کە رێبازەکەی مەولانا رێبازی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاو کاسبکاران و بەرهەمهینەران بووە.
لەم دەقە شیعریەدا، حەسیب قەرەداخی سەرباری لایەنگری بۆ نالی و بۆ کۆچکردنی و سەرباری خستنەڕووی رەخنەش لەسەر بنەمای ئاخاوتنی هەندی لە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشین، بەڵام ئەو لە روانگەی بەرهەمهێنانی گوتاری نەتەوەییەوە سەیری ئەو دەسەڵاتە دەکات و روخاندنی دەسەڵاتەکە وەکو بەشێک لە دەسەڵاتی نەتەوەی کورد بەکارەسات وسف دەکات.

-٤-
یەکێکی تر لەو دەقە زیندووانەی حەسیب قەرەداخی کە جیهانبینی نەتەوەیی هەیە ئەو دەقەیە کە لە یادی دووسەد ساڵەی سلێمانیدا نووسیووێتی. لەم دەقەدا شاعیر وەکو نەخشەسازی دروستکردنی سلێمانی دەردەکەوێت لە رووی باسکردنی وردەکارییەکانی بنیادنانی شارەکەوە. هەروەها لە روانگەی باسکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی پایتەختی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی وەکو کەسێکی شارەزای بواری سەربازی باسی شوێنە نوێیەکە دەکات کە دوورترە لە مەودای چەپۆک و قامچی تورک و عەجەم. ئەو بە ئومێدەوە سەیری بنیادنانی شاری نوێ دەکات و هاوشێوەی ئەو یۆتۆپیای کە سالم بۆ میرنشینی بابانی دروست دەکات لە رووی دەسەڵات و هێزو سوپاو رێ و شوێنی بەڕێوەبردنەوە، حەسیب قەرەداخی بە ئومێدێکی بەسەرچووەوە دەیخواست میرنشینی بابان بە جۆرێک بەهێزبووایە وەکو ئەوەی شێخ رەزا لە خەیاڵدا دەیڵێت سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو، نە مەحکومی عەجەم بوو، نە دیلی ئالی عوسمان بوو. بەڵام ئەم سەرباری خەیاڵی شاعیرانەو نیشاندانی رووە ئەرێنی و جوانەکانی شار، هاوکات رووە نەرێنی و دزێوەکانیش ناشاریتەوەو ئەوانەش نیشان دەدات کە ئەو سەباری دەورو کاریگەری دوژمنکارانەی دەرەوە، لە رۆم و عەجەم( تورک و فارس ) و لە مێژووی نوێشدا دەەوڵەتانی بڕیاربەدەست کە ئەو نوێنەرەکانیان بە سوورەی چاوکاڵ ناودەبات، هۆکاری ناوخۆیی بۆ بەدبەختیەکانی شار نیشان دەدات، کە هۆکاری سەرەکی روخاندنی میرنشینی بابان دەبەستێتەوە بە ناکۆکی نێوان براکانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پەیوەندی خراپی نێوان لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین و دانیشتوان بەتایبەتیش کاسبکاران. هەروەک لە سەردەمی ششخ مەحمودیشدا کاتێک شێخ داوای سەربەخۆیی و دروستکردنی مەملەکەت بۆ کورد دەکات، لەولاوە دەیان دژو نەیاری بۆ راست دەبێتەوەو هەندێکیشیان راستەخۆ یان ناڕاستەخۆ پشتگیری داگیرکەری ئینگلیز دەکەن.
قەڵاچۆلان بێ دەرفەتە، بی بەراوە / سای سیبەری بەیانیان هێشتا قورسە / سێبەری لای ئێوارانی تێ رماوە/ … جێ شارێکم لا مەبەستە / دوور لە قەپی گورگی عەجەم / رێگەی دەستیشم بداتێ، کە ناچاربووم/ لە لمۆزی رۆمیش بدەم / عەجەم گورگەو رۆمیش دێوە / پەنای ئێمەی چاو تێبڕاو / قەڵای لوتکەو زەردەو کێوە/
ئەگەر لە رونگەی نەتەوەوە سەیر بکەین میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی دەسەڵاتێکی ناوچەیی خێلایەتیە، بەڵام دەسەڵاتێکی کوردی بووەو ئەگەر دووچاری شکست نەبووایەو نەڕوخایە، ئەوا ئەگەری ئەوەی هەبوو زیاتر پەرەیبسەندایە و ببووایەتە دەسەڵاتێکی خاوەن شووناسی کوری. لەم رونگەیەوە دەقەکە وەها سەیر دەکرێت کە کارکردنە لەناو مێژووی کوردداو هاوکات لایەنگیری بۆ لایەنە گەش و ئەرێنیەکانی ئەو مێژووەو بکەرەکانی ناو ئەو مێژووەش هەیە.
لەو رۆژەوە خەمی منی/ پەیامی سۆزو بەستەمی/ تۆ گیانمی تۆ جەستەمی/ .. لەو رۆژەوە دەستەو دوعام/ وەک مەولانا دەمی گورگت لێ دەبەستم/ دەستی دێوت لێ لا ئەدەم/ دەستەسڕت بۆ با ئەدەم/ گوللبەنت لە مل ئەکەم/.
لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا خۆشەویستی و لایەنگری رەها بۆ سلێمانی و بۆ ئەو دەسەڵاتانە هەیە کە لە سلێمانیدا دامەزراون، کە ئەوانیش دەسەڵاتی میرنشینی بابان و دەسەڵاتی شێخ مەحمودی حەفیدزادەیە، کە هەردووکیان دوو دەسەڵاتی کوردی بوون. لە ئاستی قوڵ و نەبینراوی دەقەکەشدا خواست و ویستی نەک هەر پاراستنی ئەو دەسەڵاتانە هەیە بەڵکو خواست و ویستی رەهاو بەهێز بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردی لە شوێنی دەسەڵاتی میرنشینی بابان و دەسەڵاتەکەی شێخ مەحموددا هەیە. ئەمەش گەوهەری جیهانبینی گوتاری ئەم دەقە شیعرییەی حەسیب قەرەداخیە، کە جیهانبینیەکی نەتەوەییە و ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەییەوە. ئاشکرایە شیعری ئەم شاعیرە بە شێوەیەکی گشتی پۆلێن دەکرێت بۆ شیعری عیرفانی و شیعری نەتەوەیی و نیشتیمانی. شیعری لاواندنەوەو تەنانەت دڵداریش کە زیاتر دڵدارییەکی سۆفییانەیە لای ئەو، کە بە چەمکی ئەفلاتونی بە دڵداری خاوێن ناودەبرێت، دەچنەوە چوارچێوەی شیعرە عیرفانیەکانیەوە. شیعری بەرخوردان و بەرهەڵستی کردن و خۆبەدەستەوەنەدان و لاواندنەوەی شەهیدان و سەروەری پێسمەرگەو راپەڕین و پەسنی جەماوەرو ئەو شیعرانەی کە داوای ئاشتی و برایەتی و یەکێتی و یەکبوونی کورد دەکەن و ئەو شیعرانەی بە باڵای شەهیدان و سەروەرانی وەکو شێخ مەحمودو قازی محەمەدو بارزانی و .. ئەوانی تریشدا هۆنیوونیەتیەوە دەچنە چوارچێوەی شیعرە نەتەوەییەکانی ئەم شاعیرەوە.
حەسیب قەرەداخی نە لە رووی پێگەی باڵای داهێنانییەوە، نە لە روانگەی پێگەی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەپەروەرییەوە هەتا خۆی لە ژیاندا بوو، پێگەو جێگەی رەواو شایان بەخۆیی پێنەدرا. بەڵام ئەو لە سەربنەمای ئەو داهێنانە شیعرییەی بەرهەمی هێناوە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەو شاعیرێکی داهێنەرە، داهێنەریش نەمرە.




پێنج شیعری بڵاونەکراوەی جەلالی میرزا کەریم

گۆرانیی شار

لە بیرەوەریی نمەی بارانا…
لە تۆف و شەستەی شەوی زستانا
لە ساردبوونەوەی دواپشکۆی سووری
ناو ئاگردانا…
لە لێوی تاری
پڕ خەفەتباری
بێ ئەستێرەکەی گۆمی ئاسمان
نووسیم داستانی
پڕ قارەمانی
بەستە و گۆرانیی
شاری قوربانی.


ئەو گۆرانییەی… وەکو پاساری
خەریکە لەژێر خەنجەری ھاری
نەھامەتییا… گیان بدا و بمرێ
ئەو گۆرانییەی… سنگی شەقاری
خەریکە گوللەی چەکی زۆرداری
دوائاھ… لە گیانی تاساوی ببڕێ.


لە باڵی شەماڵ…
لەسەر کولێرەی وشکەوەبووی تاڵ
لە ناوچەوانی کۆچی ئێوارە
لەسەر سێدارە
لەسەر تاتەشۆر
لەسەر برینی ژێر قامچیی ناسۆر
نووسیم داستانی
پڕ قارەمانی
بەستە و گۆرانیی
شاری قوربانی.


داستانێک، داستان
لە چاوی سووری تۆڵەدا ئەنوێ
داستانێک، داستان
لەناو دێراوی برینا ئەڕوێ.
سبەینێ مناڵ، مناڵانی شار
دێنە پێکەنین
باخی خۆڵەمێش… شاری بێبەھار
خۆی ئەکا ڕەنگین.


بەڵام سبەینێ…
کامەیە؟ کەی بێ؟

  • ئەو ڕۆژەی ئەبێ…
    شار ڕاست بێتەوە، ھەڵسێتە سەر پێ
    ئەو ڕۆژەی بزە و تریقەی مناڵ
    ئەبێتە چەپکەی گوڵی ئاڵ و واڵ
    ئەو ڕۆژەی تێکڕا خاکی کوردستان
    ڕزگاری ئەبێ لە داگیرکەران. 1969

تۆڵەی زام

لە زامی قووڵی سەرسنگی خۆری نۆزدەی حوزەیرانا
لە تەرمی مەرگی سەرشانی ڕێچکەی کاروانی کوردانا
لە سای ورشەی سێبەری بن ئەرخەوانی گۆڕستانا
لە یادی چوار شەھیدەکەی ڕێی ڕزگاریی کوردستانا
پشکۆی ھیوای نەپشکووتووی بەستەی وێڵی ژێر بەستەڵۆک
وەک چاوی زام لێی ھەڵئەچێ خوێنی تۆڵە تنۆک تنۆک


تەمەنی مەرگ بیستوسێھەم لەخۆدانی حوزەیرانە
نەء، عومرێکی ئێجگار کۆنی ھەزاران ساڵی داستانە
ھەموو ڕۆژێ لەسەر گۆڕێ ھەنسکی- یاد- ڕژانمانە
کەچی تا ئەم حەلەی مێژوو ڕێی تۆڵە بێناونیشانە
مەگەر ھەر بیری نوێی یاخی بە خوێن و بیر چرا ھەڵکا
ھەموو گۆڕێ… جێگوللەیەک… بە تیشکی سەرکەوتن پڕ کا

١٩٧٠

یادگاریی شار

ڕۆژانی زوو…
کاتێک مێژوو…
داستانی شار، ڕوخسار و ڕوو
سەراپا خڵتانی خوێن بوو
ئێمەی زیندوو
زیندووی مردوو
ڕاپێچ ئەکراین
بەرەو مەرگی گران ئەبراین
یەک بە یەکتر دەرخوارد ئەدراین
ئاوا ئەژیاین.


ئاسمان تەم بوو
ھەموو دڵێ ناخی خەم بوو
چاوی ھیوا
زوخاوی ڕەش، ژان لێی ئەڕژا
بە کزییەوە
ئەیڕوانییە خۆری مەبەست
فرمێسکی خەست
بە ماتییەوە
ئەھۆنییەوە ڕستی ھەڵبەست.


ئای ڕۆژی ڕەش
چەندە لێڵ بوو، ئاسۆی بنەوش
خەم بەرۆکی بەر نەئەداین
خۆری ژیان
دەمەوبەیان
زیز بوو… تیشکی پێ نەئەداین
خوڕەی قەڵبەز
ئەیدا وەنەوز
بێئاواز بوو
مت، بێ ھەڵڕشتنی ڕاز بوو
ھەموو شت زام
یادی بەسام
چیرۆکێکی پڕ مەینەت بوو
ڕێگایەکی زۆر زەحمەت بوو.
ئا ئەم یادەی
تاڵە… ئەڵێی ژەھری مارە
ئەمڕۆ چاوی پێ ھەڵھانین
دوور پێی ڕوانیمە
بەرەو ڕووی خۆرێکی گەرم
گیان بە بەری مەرگا ئەکا
کێوی بەستەڵۆک و سەرما
ئەکا بە دووکەڵ و ھەڵم.


خۆری گەرمی بیری کوردی
ڕاپەڕینی نەوەی مەردی
چەکی بڕوا…
ئەو وتانەی
وەکو گوڵێک…
لەناو باخی خوێنا ڕوا
ئەو دلێر و پێشمەرگانە
لە سەنگەری شەڕا کوژران
ئەمڕۆ چران
ئەمڕۆ ڕێگان
ئەمڕۆ تێکۆشان و ھیوان
بۆ کوردستان.

١٩٦٩

گڕی وتە

چەند شیرینە
چەند ڕەنگینە
ئەو وتەیەی
ئەو وشەیەی
لە زارێکەوە ھەڵی ئەڕژێت
بەستە ناڵێت
بۆ نیشتمان، جوانی نەبێت.


ئەو وتەیەی:
حەز بە دیلی و بەندی قەفەسەی سنگ ناکات
بۆ زنجیری:
دەمکوتکردن یەک تۆز جڵەوی بەر نادات
ئەو وتەیەی، ھەموو دەمێ
بەستە بۆ خاک، بۆ گەل ئەڵێ
بۆ ھەژار و ڕەشوڕووتی مەچەکئەستوور
زەحمەتکێشان، ئەو کەسانەی لە پشکۆی سوور
نانی ھەرزن…
بۆ تۆ و بۆ من،
پەیا ئەکەن،
سکی برسی پێ تێر ئەکەن.


چەند ڕەنگینە: ئەو خولیایەی
لە بیری کەوە ھەڵئەقووڵێ
کاسەسەری پڕ بڕوایە
وشەی شۆڕش تیایا ئەکوڵێ.


بام گوێ شل کەین
بۆ ڕازی خەڵکی چەوساوە
بام مل کەچ کەین
بۆ ئەو ھەژارە داماوە
بام دڵ بنێینە سەر دەستمان
گڕ بەین پووشووی بیر و ھەستمان
ژینی ھەژار
ڕزگار کەین لە ئازاری لەش
شەوگاری تار
بکەینە چراخانی گەش
بام لە ئێوە…
لەوەی ئێستاش وان بە ڕێوە
وان بە پێوە…
لە بیری تازەی پێشکەوتوو
بیری زیندوو
ئاگری دۆزەخێ خۆش کەین
نەوەی شۆڕش وەھا گۆش کەین
(شێرپەنجە)کەی کورد لەناو بات
ھەموو خاکی کوردمان یەک خات.

١٩٧٠

پێنج ھۆنراوە

١- درۆ

پیاوێک…
یاخود با بڵێین بێناوێک،
لە سروەی پڕ خەفەتباری…
ئاسۆکەی دەمەوبەیانا،
لە ئارەزووی ڕەش و تاری…
چاوی لێڵی پڕ گریانا…
ورشەی خۆری پڕ لە بزەی
ھیوا و بڕوای پڕ لە وزەی
ئادەمیزادێ ئەبینێ
ئەیبینی ئادەمیزادێک
پێی ئەڵێن: کورد
تاک و تەنیا… لە شەوگارا
لە کوشتارا
وەک مۆم بەبێ دەنگ ئەسووتێ
کەچی نەزان و نەفامێ…
نەء، نابووتێ،
ئەڵێ: ئەم کوردە بێخێرە،
ھەر بۆ درۆ و دزی فێرە.


نازانن ئەو ڕەنجەی ئەیدەن…
ئەو گیانانەی بەختی ئەکەن،
ئەبنە مایەی بیری ڕۆشن
ئەبنە تیری جەرگی دوژمن.

١٩٧٠

٢- ڕێگای کورد

ھاوڕێکەی بیر و باوەڕم
لە دەربڕینی ڕای نوێدا
وای حەز ئەکرد شت دەربڕم
لەوەی (کورد) بڕوات بە (کوێ)دا؟
بۆی باس کردم ئەم دەمەی کورد
بە پاشاگەردانی ناو برد
پرسیاری کرد:
ئاخۆ کاروانی خەباتمان
ھەتا (کوێ)ی برد؟
نەک من، بەڵکو…
دەنگی مێژوو
بیر و باوەڕی پێشکەوتوو
وتی: ئەبێ…
شۆڕشگێڕانی پێشکەوتووی
کورد یەک بگرێ
کوردایەتی…
ئاڵای بیری نوێ ھەڵبگرێ
چینی زەحمەتکێش و ھەژار
وا بجەنگێ… ھەنگاو بنێ
کە ئەم خاکی کوردستانە
ڕزگاری بێ
یەکگرتوو بێ
لە ستەم و چەوساندنەوەی
نەتەوەیی و چینایەتیی
ڕەش بە دوور بێ.

١٩٧٠

٣- شێرپەنجە

لە بیرێکی شێواوەوە…
لە ھەستێکی دۆڕاوەوە…
لە زەلکاوی مەرگی ھۆشا،
لە دەفتەری گەورەی بۆشا…
باسی کورد و ڕێی کورد کرا
وا ناو برا…
(کورد تووشی دەردی گرانی
بێئامانجی
شێرپەنجەی کوشندە بووە)
(ھەتا مابێ…
بە ھیچ نابێ)
(تاکو ئەمرێ… ھەر نووستووە).


ئەی مێژووی کورد
بیر و گفتار
ئەی پاڵەی کورد
بیر و ڕەفتار
بام ژیانمان
ماڵ و گیانمان
تەرخانکراوی خزمەت بێ
بیرمان ئاسۆی ڕێی زەحمەت بێ
پڕ یاریدەی چەوساوە بێ
مایەی ناوی ئەو پیاوە بێ
کە بۆ ژیان
سەر و ماڵی ئەکا قوربان.

١٩٦٩

٤- نەمر

ئەوەی نەمرد،
ئەو کەسە بوو…
بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.
ئەوەی ژیا،
ئەو گیانە بوو،
بۆ زۆرداری ملی نەدا.


لە کتێبا…
لە مێژووی پڕ لە خەباتی میللەتانا،
لە چیرۆکا…
لە زبریی دەستی ئینسانا،
لە پێکەنین… لە گریانا…
لە چاوی پڕ خۆڵەمێشی مناڵانا…
ئەم وتانەمان بە دی کرد:
ئەوەی نەمرد،
ئەو کەسە بوو…
بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.
ئەی ئێمەی کورد…
بەم وتانە بڕوامان کرد؟


ھەندێک ئەڵێن، ئەوەی نەمرد
کوردێک بوو، دوور لە ئێستای کورد
بێ خەم سەری نایەوە و مرد
بەڵام مێژووی میللەت ئەڵێ:
ئەوەی نەمرێ،
ئەو کوردەیە…
ئەو ئەو جەنگاوەر و مەردەیە
بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.

١٩٧٠

٥- نەورۆز

لە نەورۆزا
لە تارماییی پاڵەوانی
داستانەکەی گەل و ھۆزا
لە ورشەی بای پڕ نیگاری
گۆرانییەکی بەسۆزا
ڕەنگێکی ئاڵ
تێکەڵ بە تریقەی مناڵ
شارای کڵپە… سپێدەی گەش
کوردستانیان گرتە باوەش.


ئەی نەورۆزی بەھاری نوێ
وشەی گەشمان لە تۆ ئەوێ
نان بۆ برسی… بەھار بۆ شار
ئازادیمان لە تۆ ئەوێ.


سەدان ساڵە کاوەیەکی کورد
مەشخەڵی نەورۆزی ھەڵکرد
کەچی ئێمەی نەوەی ئێستا
(ھەزار و نۆسەد و ھەفتا)
وڕین ھێشتا
لەو نەورۆزەی دێت و ئەڕوا.


ئەبێ نەورۆزی ئەمجارە
زامی پڕ لە سوێی ئەم شارە
وا ساڕێژ کا… جارێکی تر
ژێردەستی نەبینێ ئیتر.

١٩٧٠

———————————————————–

تێبینی:
ئەم پێنج شیعرەم لە ٢٦/٥/٢٠٢٢ لە خوشکی شاعیر: (ڕووناکی میرزا کەریم) وەرگرتووە.




پەیکەری مارگرێت تاچەر بە هێلکە و رەنگ پێشوازی لێکرا!… نوری بەشیر

پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر لە دانانی پەیکەری مارگرێت تاچەر سەرۆک وەزیرانی پێشوو لە بەریتانیا، لە رۆژی ١٥ی ئایار ٢٠٢٢ لەشاری گرانسام کە شوێنی گەورە بونێتی بە هێلکە پێشوازی لێکرا. دوو هەفتە دواتر واتە لە ٢٩ی ئایاردا بۆ جاری دووەم ڕەنگی پێدا ڕژێنرا.
ناڕەزایەتی بە تاچەر وەک یەكێک لە سیما دیارەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی چ ئەوکاتانەی لەدەسەڵاتدا بوو چ دوای مردنیشی لە ئاستی کۆمەڵگادا زۆر بەرینە. ئەم پەیکەرە پێشتر بڕیار بوو لە نزیک پەرلەمان لە لەندەن دابنیرێت، بەڵام بەهۆی ترس لە ناڕەزایەتی و هێرش بۆسەر پەیکەرەکە شارەوانی وێستمنستەر لە لەندەن ڕازینەبوو بەدانانی، لەبەرئەوەی کە بەردەوام ناڕەزایەتی بەرەی ئازایخواز و چەپەکانی بەریتانیا بە تاچەر هەبووە بەتایبەت لە کاتی مردنیدا ناڕەزایەتیەکان شەقامەکانی لەندەنی داگرت.
لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی لە ساحەی پەرلەمان دایبنێن، بەڵام رەتکرایەوە، لە ساڵی 2020دا لە ڕێوڕەسمی ئاشکراکردنی بڕی سەد هەزار پاوەند کۆکردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی ناوچەی باشووری کێستێڤن پەسەند کرا بۆ ڕێوڕەسمی دانانی، بەدوایدا گروپێکی فەیسبووک پێشبڕکێیەکی ‘هەڵدانی هێلکە’یان لە پێشنیار کرد کە زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس دووپاتیان کردەوە کە ئەوان بەشداری دەکەن لە ‘فڕێدانی هێلکە’ و ” لەوانەیە هونەری گرافیتی” بکرێت، بۆ ئەمەش ئەنجومەنەکە کامێرایەکی کامێرایی بە راستەوخۆ لە بەرامبەر پەیکەرەکە دانا و بۆ پارێزگاری لەبەرزی سێ مەتریش دانرا.
ئەگەر چی بۆرژوازی و بەتایبەت حزبی پارێزگاران هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەکۆمەڵگادا ئەم سەرۆک وەزیرانە بە کەسایەتی گەورە پێناسە بکات و بە ژنە ئاسنینەکە بیناسێنێت، بەڵام لای زۆربەری خەڵکی کۆمەڵگە بەتایبەت لای چینی کرێکار و بەرەی ئازیخواز و سۆشیالیستەکان ” بە شیر دز ” و بە کەسێکی خراپ و رەزاگران و دژی کرێکاران ناوی براوە و ناڕەزایەتیەکی فراوان بەدژی هەبووە.
لە کاتێکدا کۆمەڵگای بەریتانیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت، نرخی کەلوپەل و پێداویستیەکانی خەڵک چەند بەرابەر بەرزبۆتەوە، دەسەڵاتی حزبەکەی تاچەر کە بۆریس جۆنسن ئێستا سەرۆک وەزیرانەکەیەتی بەئەزمەیەکی قوڵ و گەورەترین دەورەی بێ ئیعتباریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ٣٠٠ هەزار پاوەند تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی پەیکەرەکەو ١٠٠ هەزار پاوەند بۆ دانانی پەیکەرەکە. ئەمەش وایکرد سەرەڕای ناڕەزایەتی بە مارگرێت تاچەر وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن کە نوێنەرایەتی باڵی راستی بۆرژوازی دەکرد و لەبەرژەوەندیەکانی ئەم چینە، هەرچی لەدەستهات بەدژی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا کردویەتی. ناڕەزایەتی خەڵک بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەو پەیکەرەکەدا بۆ کەسێک کە بەشی زۆری کۆمەڵگا خۆشیان ناوێت و نایانەوێت گوێبسیتی ناوی بن هەتا لەو شارەی تێیدا گەورە بووە نیوەی خۆشیان ناوێت، لەبەرئەوەی بەدژی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا و ژنانی ستەمدیدەی کۆمەڵگەی بەریتانیا بووە.
بۆرژوازی و سەمایەداران لەهەرکوێیەک بن دەیانەوێت سەرانی دزێو و دژی کرێکاریەکانی خۆیان بەگەورە و باش نیشان بدەن، هەروەک ئەوەی بیانەوێ بۆریس جۆنسن وا بە پاڵەوان پێناسە بکەن، بەڵام کۆمەڵگای چینایەتی هەر مێژوو بەئارەزوی ئەوان نانوسێتەوەو بەدوای مردنیشیاندا ناڕەزایەتیان بەدژ دەکرێت و تا دەگاتە دادگایی کردنیشیان.

٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢
بۆ زانیاری زیاتر لە لەسەر تاچە رو ناڕەزایەتیەکان بەدژی لەم لینکەوە ئەم بابەتەش دەتوانن بخوێننەوە.
https://emrro.com/margirettatcerew.htm




عەلی باپیر مادام هێندەت حەز لە بەهەشتە، چیدەکەیت لەو سەردەشتە!؟… شەماڵ بارەوانی

من وەکوو سینگلێک ئێستا بمەوێت ژن بێنم، ناتوانم، یان دەبێت خانووەکەمان بفرۆشم و بڕۆمە ناو خانووی کرێ، یان دەبێت ئۆتۆمبیلەکەی ژێرەوەم بفرۆشم، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە بەچی قوڕبەسەری و دەردی سەریەک کڕیومە، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە بە پارەی هەشت ساڵ وانەبێژی و دنیایەک قەرز و پارەی ئەو هەزار و حەوسەد کتێبەی کتێبخانەکەم( ئەو کتێبخانەی کە لە خۆمم خۆشتردەویست و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە و لە ناچاری بۆ کڕینی ئۆتۆمبیلەکەم فرۆشتم)ئەو کتێبخانەی، کە کاتی خۆی و لە کاتی فەقێیاتیم بە زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقەی خەڵک کڕێبووم.

ئینجا بە زمانە عەشایەری و میلیەکەی خەڵک، دەتوانم ژنێک بێنم.
کەچی عەلی باپیر کوڕێکی لە بەریتانیادەخوێنێت و بە دەفتەر دەبێت بۆی بڕژێنێت و خۆیشی بەو تەمەنە گەورەیەی ماوەی چەند ساڵێک، ژنێکی تازە و تەمەن مناڵ دێنێت!

لەولاشەوە من و هەزاران سینگل و گەنجیتری بێ ناز و داماو هەژار، لەو وڵاتە بمانەوێ پرۆسەی هاوسەرگیری پێک بێنین، فلیممان دەستوتێت و بە زمانە بازاڕیەکەی گووتەنی دەبین بە قەشمەڕ، بگرە ناتوانین و من دەبێت لەو وەزعە خراپە ئابوریەی تێدامە، کە بەو گەرمایەی من و دایکە دانعەمرەکەم، لە بەرگەرما، شەو ڕۆژدەکەینەوە و پارەی ئەوەمان نییە موبەڕیدەیەک بکڕین(ئەوە کڕۆزانەوە نییە) بەڵکوو حەقیقەتی ژیانی پڕ ناسۆری و نەبوونی خۆم و هەزاران گەنجیتر و خانەوادەیترە لەو وڵاتە باس دەکەم.

ئینجا مەبەستم لەوە زیاتر ئەوەیە خەڵکی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ئەمیر و خەلیفە و ئەمیندار و ڕابەرە فریودرانەی ئیسلامی سیاسی بۆ دەرکەوێت، کە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و هەمیشە بەرگوێی خەڵک دەدەن گوایە پەیامبەر کە مرد درعەکەی بەڕەهن لای جولەکەکان بووە لە بەرامبەر پاروە نانێک.

کەچی خۆیان هەر خەریکی قۆزتنەوەی ئایینن بۆ ناوگەڵ و بەرو زگ و خۆشکردنی ژیانیان، لە سەر حسابی کۆمەڵێک مرۆڤی مێگەلیزم و مەڕی بەستەزمان و سادە لەوح و لە خشتە بردراو.

ئیسلامیەکان پسپۆڕی فریوان و مامۆستای گەمژاند و ئەندازیاری خۆڵکردنەوە چاوی خەڵکێکن، بیرمە یەکگرتووی ئیسلامی و فەقێش بووم، ساڵی ٢٠٠٨، بوو وابزانم،
ئەوکات سەلاحەدین بەهائەدین لە ئیسکان چووبووە ناو خانووەکی خۆشی زەخمی بەکرێ، منیش هەر لەئیسکان و لە نزیک ماڵی مامۆسا،
لە مزگەوتی حاجی قەرۆک(قوتابخانەو حوجرەی ئایینی موحەمەدیە) کەهەر لەناو مزگەوتەکەبوو، فەقێ بووم. زۆرجار بۆ وتاری ئایینی و وانەی ئیسلامی سیاسی شەو ئێمە دەڕۆشتین لە ئیسکان لە پاڵ ماڵی مامۆسا، لە ناو بینای ڕادیۆی یەکگرتوو، کە ئەوکات لەوێ بوو، لەوێ کاک مەلاسەید ئەحمەدی ئیخوانی وانەی ئایینی و ئیخوانی بوونی پێدەگوتین، جا هەموو جار وەک نموونەی هەژاری و دەستکورتی عەلەساس مامۆستا سەرقافلەی لە خۆبوردەیی و ژیان نەویستی و هەژاریە.

بە ئێمەیان دەگوت ئەها مامۆسا سەڵاح چەند دەستکورتە، لە خانووی کرێ دەژیت، لە کاتێکدا ئەمینداریشە، وەیش کە گوناح بوو، هەموو جار کەوایان پێدەگوتین، من دووسێ دەستە کلینکسم بە فرمێسکەکانم دەخوساندەوە! خەریک بوو زەکات و سەرفیترەی خۆم، هی فەقێیاتی مانگی ڕەمەزانی لەگەڵ دابەشکەم، ئەوە لەکاتێکدا بوو، من بە پارەی(زەکات و سەرفیترەو سەدەقەی خەڵکیش کۆلێژی شەریعەو زانستە ئیسلامیەکان و مزگەوتی سەواف و قوتابخانەی محەمەدیەی یەکگرتوو و خوێندنی ئیسلامیم تەواوکرد)کەچی کاک (ئەیوب)ی کوڕی مامۆسا سەلاحەدین لە کۆلێژی شەریعە، لە بەریتانیا دەیخوێند.

قسەیەکیش هەیه، جا نازانم هەر بۆخۆشی و تەنزە، یان حەقیقەتێکی بۆ هەیه!
دەڵێن کاتی خۆی عەلی باپیر هەرزەکار و گەنجی بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و سادە لەوح و عاتیفی و نەزانی بە ناوی جیهادەوە بە کوشت دەدا و هانی دەدان جیهاد بکەن و لە ڕێگای جیهادەوە تا زوو و بڕۆنەبەهەشت و بگەنە حۆریەکان،
کەچی خۆیشی لە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێی پاڵدابوویەوە، پێیان گووت: مامۆسا عەلی باپیر، ئەی مادام خۆت هێندەت حەز لە حۆری و غیلمان و بەهەشتە، چیت داوە لەو سەردەشتە!؟

جا کەسێک بێت و بە جەنابی عەلی باپیریش بڵێت، ئێوە بە خەڵک دەڵێن ئارام بگرن لە سەر نەبوونی و هەژاری و خوداوەند لە بەهەشت بە سەتان قات لە حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهۆر قەرەبووتان دەکاتەوە، کەچی خۆتان ئارامیتان لێ بڕاوە، جنس و خۆشی و ڕابواردن و جۆگەڵەکانی بەهەشت و دەوڵەمەندی بەهەشتتان بۆخۆتان گواستووەتەوە ئێره، کوڕە هەرزەکار و دەم شڕەکەی عەلی باپیر، لێت ڕاست بێتەوەو پێت بڵێت سوکەڵە و بوودەڵە و ئە فەزیحەت و سکانداڵەی باوکی پینەبکات(کەکچێکی بەستە زمانی تەمەن٢٥ساڵی لە تەمەنی کچەکەی خۆی لە خۆی مارە بڕیوە) بڵێت مادام بە باوکم بڵێن بۆ ژنی تر دێنیت و سێ و چوار وەکوو مانگا، ڕیز دەکەیت و قسە لەسەر ئەو زەواجە پیرۆزە دەکەن،
ئەوە” تێکڕای ئیمان و باوەڕەکەتان لەدەستداوە”!

پیاوانی ئایین وکاهین و فێڵبازەکان، بە درێژایی مێژووی سەرهڵدانی ئایینەکان و دروست بوونی ئایینەکان، هەمیشه بۆ بێدەنگکردنی خەڵک و ڕازی کردنی خەڵکێکی سادە، بەرگی پیرۆزییان لەبەر فەزیحەت و کارە قێزەون و نامرۆڤانە و ناشارستانیەکان کردووە و بە دڵی خۆیان جنسیان کردووەو کچ و ژن و داک و خوشکی خەڵکیان کردووە به کەنیزەی سێکسی و چوار ژنیان ڕیزکردووە و وەکوو نووسەر و ڕۆمانوو” شێرزاند حەسەن”دەڵێت هەر لێرە دۆخینیشیان بۆ(٧٢) حۆریەکەی ئەولاش شلکردووە. جا
هەرکەسێک بوێری بکات بڵێت نابۆ ئەو کارە قێزەون و بیرکردنەوە سێکسی و ڕوانینەجنسیەتان، یەکسەر ئەو جنس ڕابواردن حۆری و ناوگەلەی خۆیان،
ئەو ژن بازی و ئارەرووبازی و ستەمە ناڕەوایەی ئەوان ناویان ناوە سێکسی حەڵاڵ و سونەتی پەیامبەر و شەرعی خوداوەند،
کە لەحەققەتدا، نە سونەت و نەشەرع و نە هیچە.
ئەو جنس بازیە، بە ڕێگەپێدراوی ئایین و سونەتی ڕەسول اللە و شەرعی خوداوەند و بڕیاری ئاسمان یەکسان دەکەن و بەرامبەر بە کۆیلە و دەم درێژ و کافر و دوژمنی خوداوەند و لادەر تۆمەت باردەکەن و خۆیان لێدەبێت بە شمشێری ئایین و وتەبێژی ئاسمان و نوێنەری خوداوەند و ئێمان و کفر و بەهەشت و دۆزەخ و ڕەحمەت و نەفرەتی خوداوەند بەسەر خەڵک دابەش دەکەن!




“بەهرام ڕادان” ئەستێرەی سینەمای ئێران پەیامێکی تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد

مەنسوور جیهانی ـ

“بەهرام ڕادان” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران، ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش”، بە بیانووی نمایشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەمای شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، پەیامێکی تایبەتی ڤیدیۆیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد.

دەقی پەیامی ڤیدیۆیی “بەهرام ڕادان” ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” The Black Cat لە خوارەوەدا هاتووە:

سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان
فیلمی “پشیلە ڕەش” بە ژێرنووسی کوردی لەم هەفتەیەوە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایش دەکرێت، ئێمەش لە هەوڵداین تاکوو بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەندێک لە ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە، سەردانی کوردستان بکەین و ببینە میوانی ئێوە، هیوادارم کە ئەم کارە ڕووبدات و لە نزیکەوە ئێوە ببینین. هیوادارم کە فیلمەکە ببینن و چێژیی لێوەربگرن و پێتان خۆش بێت.
بە هیوای دیدارتان، هەر بژی کوردستان.

پیشاندانی فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” بەرهەمی ساڵی 2020 بە بەرپرساریی “محەمەد تۆریوەریان” لە ڕۆژی 30ی مای واتە گوڵانی 2022 لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە و لە درێژەدا لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و هەروەها لە سینەمای “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

لە فیلمی “پشیلە ڕەش” لە دەرهێنانی “کەریم ئەمینی”، لە بەرهەمهێنانی “بەهرام ڕادان” ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ئێران، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: “بەهرام ڕادان”، “تەڕلان پەروانە”، “حوسێن پوورکەریمی”، “کیا ڕوکنی”، “بەهارە کیان ئەفشار”، “عەلیڕەزا ئوستادی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “ئازادە سەدیری”، “بێهرووز قادری”، “ستایش ڕەجایی نیا”، “ئارەزوو نەبووەت”، “سومەیە بورجی” و هەروەها “ڕەزا یەزدانی”، “ئیحسان کەڕەمی”، “عەلی ئۆوجی”، “نیگار شیرازی” و گرووپی موزیکی “سوێن” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە و ڕوانینێکی هەیە بە مەسەلەکانی ئەمڕۆی گەنجان، ئامادەبوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیی ئەنتەڕنێت لە ناو کۆمەڵگای ڕەسەن و هەروەها جیاوازیی جیلەکان لە ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆکەی ئێراندا.

ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: “وەرشەو” لە وڵاتی پۆڵەندا، “سووفیا” لە وڵاتی “بوڵگاریا”، فێستیڤاڵی هونەریی پێشکەوتووی “چۆنگ کینگ” Chongqing Pioneer لە وڵاتی چین، “داکا” لە وڵاتی “بەنگڵادش” و هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی “پڕێنس ئێدواڕد” و “ڤەنکۆڤێر” لە وڵاتی کەنەدا.

پەیامی “بەهرام ڕادان” لە لاپەڕەی ئینستاگڕامی خۆی:
https://www.instagram.com/p/CeQrYBrA2rE/?igshid=YmMyMTA2M2Y=

لینکی دانلۆدی پەیامی “بەهرام ڕادان”:
https://we.tl/t-RegStG5MqS