لە دیدەنی عەزیز گەردیدا… حەیدەر عەبدوڵڵا

“ده‌مه‌وێت وشه‌ به‌ ته‌رازوو دابنێم!”

عەزیز گەردی بۆ كتێب ژیا و لەگەڵ كتێبیش سەری نایەوە. بۆ كۆكردنەوەی وشەی كوردی و بەكارهێنانیان لە وەرگێڕان و نووسیندا تەنیا بە فەرهەنگ و كوردیزانانی پێش خۆی دڵی دانەكەوتووە، بەڵكە گوند بە گوند گەڕاوە و گوێی بۆ پیرەژن و پیرمێردان گرتووە و هەرچی لە دەمیان بەربووەتەوە، لە كەشكۆڵەكەی بەردەستی تۆماری كردوون.
بەڵێ ئەكادیمی بوو، بەڵام خۆی لەنێو چوارچێوەیەكی بەرتەسكی سەرچاوەڕێژكراو قەتیس نەكرد، ڕقی لەوە بوو پیتی (دال) لەپێش ناوی خۆی بنووسرێت، هەر بۆیە لە هەموو كتێبەكانی هەر (عەزیز گەردی)یە.
ئەو، بەر لەوەی نووسەر بێت، خوێنەر بوو. بەر لەوەی زمانە بیانییەكان بزانێت، لە زمانی كوردی و شێوەزارەكانی قاڵبووەوە.
لە ساڵی 2015 سەردانم كرد، هەر ئەو دەم شتێكم لەسەر نووسی، بە كەمێك دەستكارییەوە لێردا دای دەنێمەوە:
له‌وه‌ته‌ی سه‌روكارم له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا په‌یدا كردووه‌، عه‌زیز گه‌ردی له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه‌ ده‌ناسم. تاكه‌ وه‌رگێڕێك كه‌ ئێسته‌ هه‌موومان شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ین، به‌ وه‌رگێڕێكی مه‌زن و هه‌ڵكشاوی زمانی كوردی نێوزه‌دی ده‌كه‌ین، ڕۆژانه‌ به‌ شانوشه‌پێلكیدا هه‌ڵده‌ده‌ین، عه‌زیز گه‌ردییه‌.
ده‌مێكه‌ حه‌ز ده‌كه‌م بچمه‌ دیده‌نی، له‌ ده‌ریای ئه‌زموونه‌كانی سوود وه‌ربگرم و به‌ قسه‌ خۆشكه‌ڵه‌كانی خۆشباربم.
له‌م ڕۆژانه‌دا ئاره‌زووی دیداری ئه‌م زانا زمانزان و وەرگێڕە مەزنە، كه‌للـه‌ی گه‌رم كردمه‌وه‌، پێوه‌ندیم به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌م دیداره‌م بۆ ڕێك بخه‌ن، هه‌موو وتیان باشتر وایه‌‌ نه‌چیت، چونكێ ئه‌و نه‌خۆشه‌ و له‌وانه‌یه‌ ده‌رگه‌شتان لێ نه‌كاته‌وه! تەنانەت بەشێك لە هاوڕێیان دەترسان ژمارەشم بدەنێ، چونكە ئەو لە زۆربەی دۆستانی خۆی زیز بووە!
به‌م بڕوبیانوانه‌ دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه‌، هه‌ر سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌ر بیبینم. نیوه‌ڕۆیەك پێوه‌ندیم به‌ هێمن خوڕشیده‌وه‌ كرد و گوتم: بابڕۆین.
-بۆ كوێ؟
+ماڵی عه‌زیز گه‌ردی.

  • به‌ بێئیزن و هیچ پێشه‌كیيەك، شتی وا چۆن ده‌بێت؟
    +برا ئه‌گه‌ر دێیت، ده‌نا من به‌ ته‌نیا ده‌ڕۆم…عەزیز گەردی پێشەكی و مێشەكی ناوێ…
    -ده‌ی منیش دێم…
    رۆیشتین، له‌ ڕێگه‌ هه‌ر باسی كتێبه‌كانی (داغستانی من، لاوه‌چ ، قۆڵبڕ ، سه‌روا، درەختی چل داستان، زارا عەشقی شوان، ژیان و جەنگ و هیچی تر)مان ده‌كرد.
    دوای سۆراخ و پرسێكی زۆر، گه‌نجێگ ماڵه‌كه‌ی نیشانداین و هه‌ر خۆیشی له‌ ده‌رگه‌یدا… پیاوێكی پیر هاته ده‌ر‌، بۆی چووم و هه‌ر خێرا ئه‌ولا و ئه‌ملام ماچ كرد، ئاخر ناهه‌قم نه‌بوو، وامزانی عه‌زیز گه‌ردییه‌. گوتی: ببووره!‌ من برای ئه‌وم … ته‌زوویەكی سارد به‌ جه‌سته‌مدا هات. هێمن خوڕشیدیش له‌م لاوه‌ دەستی بە دەمەوە گرتبوو و بەپێكەنین لاربووبووەوە.
    به‌ هه‌مه‌حاڵ، گوتم: هاتووین بۆ لای مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی.
    گوتی: به‌داخه‌وه‌! تازە ده‌رچوو … قەیرێك قسه‌مان له‌گه‌ڵ برایه‌كه‌ی كرد و
    به‌ دڵساردی گه‌ڕاینه‌وه‌.
    ڕۆژی 19/ 1/ 2015، دیسان به‌ هومێدی دیده‌نی، كه‌وتینه‌وه‌ ڕێ، خوا هه‌ڵناگرێت برایه‌كه‌ی كارئاسانیی زۆری بۆ كردین، ڕێك له‌به‌رده‌م ده‌رگا وه‌ستیان و مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی ده‌رگای لێ كردینه‌وه‌، زۆر به‌ خه‌مباری پێشوازیی لێ كردین، گوتم: ببووره‌ مامۆستا كاتت ده‌گرین.
    گوتی: “كات هیچ به‌های نییه‌!”
    گوتم: ئاخر لای تۆ جوانترین به‌های وه‌رگرتووه.‌
    گوتی: ” له‌كنه‌ من له‌ هه‌مووشتێك پیستره‌!” یه‌كسه‌ر هاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ غه‌دری لێكراوه‌، ئه‌زیه‌تدراوه‌، خولاسه‌ به‌شێك له‌ ده‌رده‌دڵی خۆی بۆ هه‌ڵڕشتین.
    كتێبێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌ماشام كرد كتێبی (ڕێبه‌ری كتێبسازه‌ كوژراوه‌كان) بوو.
    دۆشه‌كێكی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاخستبوو، گوتی: “فه‌رموون دانیشن!” بینیم كتێبێكی دیكه‌شی له‌به‌ر ده‌ست بوو، لاپره‌یه‌كی سپی له‌نێو دانابوو، ئه‌ویش ڕۆمانی (ماڵی نانی) بوو.
    گوتم: چما تۆ كتێبی نوێبابه‌تیش ده‌خوێنیته‌وه‌؟
    گوتی: “حه‌ز ده‌كه‌م هه‌رچییه‌ك كه‌ ده‌رده‌چێت، بیخوێنمه‌وه‌، به‌س كوا پێ ڕاده‌گه‌م؟”
    بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌م لێی كرد، چونكه‌ به‌شێك له‌ نووسه‌ره‌ كۆنه‌كان، كه‌ باسی به‌رهه‌می ئێسته‌ی نووسه‌رانیان بۆ ده‌كه‌یت، گرژ ده‌بن، دیاره‌ ئه‌وانیش ناهه‌ق نین، له‌ جیهانی نووسینی ئەمڕۆدا پاشاگه‌ردانییه‌كی زۆر هەیە، كه‌س به‌كه‌س نییه‌.
    مه‌جلیس گه‌رم بوو، به‌ره‌به‌ره‌ ڕه‌نگ و ڕوخساری ده‌گه‌شایه‌وه‌، ده‌ستی به‌ نوكته‌ و قسه‌ی خۆش كرد. زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ ده‌دوا.
    گوتم: مامۆستا تۆ له‌نووسینه‌كانت وشه‌ی هاوواتا (مرادف) زۆر به‌ دوای یه‌كه‌وه‌ دەكاردێنی…
    گوتی: “ڕاستییه‌كه‌ی من ده‌مه‌وێت وشه‌ به‌ ته‌رازوو دابنێم، به‌ڵام ده‌شكرێ وام كرد بێت، به‌ڵام شێوازی ده‌قه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ زۆرجار شێوازی وه‌رگێڕانت پێ ده‌گۆڕێت.”
    هێمن خوڕشید گوتی: مامۆستا من ئه‌و تامه‌ی له‌ كتێبی (داغستانی من) كردم، نه‌متوانی ئه‌و چێژه‌ له‌ كتێبه‌كانی دیكه‌یت بكه‌م.
    گوتی: “یه‌ك خاڵی زۆر گرنگ هه‌یه‌، ڕاسته‌ من له‌و كتێبه‌دا زۆر خۆم ماندوو كردوو و وشه‌ی جوانم تێدا به‌كارهێنا‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ بابه‌ت ده‌ور ده‌بینێ. تۆ ده‌بێ بۆ هه‌ر بابه‌تێك، زمانێك به‌كار بێنێ. له‌وانه‌یه‌ زمانی داغستان وای لێ كردبم به‌م شێوه‌ ناسكه‌ی تۆ ده‌یڵێیت وه‌ریبگێڕم.”
    له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ گوتی: “من پێش نه‌خۆشییه‌كه‌م، له‌ به‌یانییه‌وه‌ تاكوو ده‌مژمێر یه‌كی شه‌و ده‌منووسی، به‌ڵام ئێسته‌ بڕستم لێ بڕاوه‌.”
    گوتم: ڕاستییه‌كه‌ی تۆ شایا‌نی خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ی، ئه‌و خزمه‌ته‌ی تۆ كردووته‌ كه‌م نییه‌…
    به‌مه‌ نه‌ختێك ده‌موچاوی تێكناو و فه‌رمووی: ” بۆچی كاك حەیدەر! تۆ خه‌ڵاتت پێ هێنده‌ شتێكی گه‌وره‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ له‌ كوردستان خه‌ڵاته‌!
    كێن ئه‌وانه‌ی خه‌ڵات ده‌ده‌ن؟ بۆچی ده‌یده‌ن؟ ڕاستییەكەی خه‌ڵات ڕه‌تكردنه‌وه‌، زۆر له‌ خه‌ڵات وه‌رگرتن باشتره‌.”
    وێجا لایەكی لێ كردمه‌وه‌ و گوتی: “نابرا! تۆ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ خه‌ڵات گه‌یشتوویت، به‌ ده‌یان جار ناوم بۆ خه‌ڵات زل هاتووەتەوە، ڕه‌تم كردووه‌ته‌وه‌…”
    بزەیەكی كرد و گوتی: ” تەنها یه‌كجار خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌م وه‌رگت… با بۆت بگێرمه‌وه‌ چۆن بوو، له‌ چایه‌خانه‌ی مه‌چكۆ كابرایه‌ك گوتی:” ئیللا وبیللا ده‌بێ بچینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، دۆڵمه‌مان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵمان بخۆیت. منیش دڵم نه‌شكاند و له‌گه‌ڵی چووم… وه‌ختێك له‌ ماڵیان دانیشتم، كابرا بانگی كوڕه‌كه‌ی كرد و گوتی: كۆڕم وه‌ره‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌!
    كوڕه‌كه‌ سه‌رێكی به‌ ژووردا گرت و گوتی: تخوا بابه‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌! دواتر منداڵه‌كه‌ هات له‌گه‌ڵمان دانیشت، ناوه‌ناوه‌ سه‌ری خۆی خوارده‌كرده‌وه‌ و ده‌یگوت: تخوا بابه‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌؟ تومه‌ز چیرۆكه‌كانی منی خوێندبوونه‌وه‌، یان بۆی خوێندرابوونه‌وه‌… ئه‌وه‌ باشترین خه‌ڵاته‌ كه‌ من لە دونیا وه‌رمگرتبێت.
    له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی ئه‌ده‌بی قسه‌مان كرد… ئه‌و پێی وابوو كه‌سێك گه‌ر بیه‌وێت بنووسێت، ده‌بێ بازنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی فراوان بكات، خۆی به‌ زلتر نه‌زانێت، ده‌نا باشتر وایه‌ واز له‌ نووسین بێنێت. ده‌یگوت ئاخر چۆن ده‌كرێ بنووسی و ئاگات له‌ نووسینه‌كانی هه‌ژار و هێمن و عه‌لائه‌دین و مه‌سعوود محه‌مه‌د و، مه‌لاشوكر …نه‌بێت.
    گه‌ردی كه‌سێكی خاكی بوو، به‌ شه‌ڕواڵه‌ تۆزاوییه‌كه‌ی هێنده‌ی تر خۆی له‌ دڵی ئێمه‌دا شیرین كرد. ژیانی ئه‌و جگه‌ له‌ كتێب هیچی تر نییه‌… ڕه‌نگی ڕووخساری زۆر له‌ ڕووپه‌لی كتێب ده‌چوو.
    گوتم كاتێك دیوانی حاجی قادری كۆیم بە شەرحی مسعوود محەمەد خوێندەوە، هەستم كرد لێكدانەوەی مەسعوود محەمەد لە شیعرەكانی حاجی بەنرخترن.
    گوتی: “منیش هەمان بۆچوونم هەیە و پێم وایە مەسعوود محەمەد زۆر بە ئاستێكی بەرز نووسیویەتی.”
    گه‌ردی زمانی عاره‌بی ، ئینگلیزی، فارسی ، فه‌ڕه‌نسی و ئیتاڵی ده‌زانی و پێیان وه‌رده‌گێڕێت… وێڕای ئه‌مانه‌ش، زمانی كوردی به‌ زۆربه‌ی شێوه‌زاره‌كانیه‌وه‌ ده‌زانێت.
    كاتی خۆی بۆ فێربوونی وشه‌ و زاراوه‌ی زیاتر، سه‌ردانی چه‌ندان گوندی كوردستانی كردووه‌، لەنێویاندا گوندی (شێخوەسانان) بووە، چونكە كه‌ گوتم خه‌ڵكی گوندی (شێخوه‌سانان)م، پێكه‌نی و گوتی: “كاتی خۆی چوومه‌ته‌ شێخوه‌سانان و له‌ وێ لای (حاجی لاس) زۆر دانیشتووم، زۆر شتی كۆنم لێ پرسیوه‌…” دواتر هێمین عومەر خۆشناویش ئەمەی پشتڕاست كردەوە و گوتی بە یەكەوە لە گوندان زۆر گەڕاوین.
    له‌ كۆتایییه‌كه‌ی ویستمان هه‌ستین، گوتی هێشتا دانیشن، دیاربوو مه‌جلیسه‌كه‌ی ئێمه‌ی زۆر پێ خۆش بوو… گوتی: به‌ دڵ خۆشم ویستن.
    ڕاستییه‌كه‌ی له‌زه‌تێكی خۆشم له‌ دیداری وه‌رگرت، ئه‌وه‌ی ویستم لێم پرسی. ده‌بێ كورد شانازیی به‌خۆیه‌وه‌ بكات، كه‌ كه‌سێكی هێنده‌ به‌ توانا و زانای وه‌ك عه‌زیز گه‌ردی هه‌یه‌.
    ڕۆژی 3/ 6/ 2022 لەگەڵ زیرەك كەمال لە نەخۆشخانە سەردانمان كرد و بۆ دووەم جار بە دیداری گەیشتمەوە، پەیتاپەیتا نووسەر و خوێنەران سەردانیان دەكرد، بەڵام وا دیاربوو دوا دیدار بوو، لە ڕۆژی 6/ 6/ 2022 بە یەكجاری بەجێی هێشتین.
    حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا



باڵندەیەک لە نووتەکدا بەردەبێتەوە… سروشت نەوزاد

یەکەمین دێڕ دەستپێدەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژێکی بەدبین، ئەگەر چی ڕۆژێکی تەواویش نا، تەنیا چەند کاتژمێرێک پاش کاتژمێر سێ و سی و دوو خولەکی پاش نیوەڕۆ، پازدەی ژوئیەی ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و دوو، کاتێک ئەپارتمانەکانی پرۆئیت ئیگۆی سانت لویس بەهۆی دینامێتەوە تەقێنرانەوە.

پاشان لە ناکاو باڵندەیەک لە نووتەکدا بەردەبێتەوە.
پاشان خۆرەکە چەشنی دەفرێکی سووری مس
پاش ئەوەی کە سپێدە دەخواتەوە،
بەرز بەرز هەڵدەکشێ و
کێوە زەبەلاحەکان بەجێ دەهێڵێت..

سەرەتای ڕۆژە،
ئەمە کاتێکە سەرتاپا جلەکانی خۆی گۆڕیوە و میلەکانی دادەکەنێت.
سەرەتای سەرەتا
ساڵانێک پاش گاگۆڵکێی نێو ئەشکەوتان*
سێبەری تیژڕەو
یاخود
شەقامێکی درێژ کە شەوانە ڕووناکییەکەی پێ دەکات و
هەردەم کەسێک بە خەیاڵی پەتییەوە
دەستی لە دەستی منداڵێکدا، پیاسە دەکات.

سەر لە دووی من ئەمێستا
تەنانەت کە دەشزانم شارەکانت دەئافرێنیت
بەجووتێک دەستی کارەبایی،
لە ڕازاوەترین ڕۆژەکانم ڕادەوەستیت.
سەر لە دووی تۆ، لەگەڵ بادا پۆرترێتەکانم دەکێشم
دەگمەن نەبێت پەنابەر و
شلە بەردی ئاگراوی نێو بورکانم.
سەر لە دووى تۆ وەختێ گەڕام
بنەچەی سەربڕاوی خۆم دۆزییەوە،
هاوارم کرد:
سەر لە دووى تۆ کاتێک
باڵندەیەکى زلى خەمبار لە حەوشەکەدا بەدیل دەگرى و
بە پلیکانەکەدا دێیتە خوار.

سەبارەت بە خەونم، ئەگەر چی نەمدەویست بتبینم
کاتێک بوتڵە بەتاڵەکان لە ژەنگی دەریاکە پڕ دەکەیت و
بەڕێدەکەویت لە ژێر تۆپەڵە هەورە چڕەکاندا،
دەربارەی ئەو زەوییەی کە دەیکێڵم
کاتێک لە کێڵگە دوورەکاندا شەو دادێت و
لەبیری دەکات بگەڕێتەوە،
من پاسەوانم،
ئەو ڕێگایە دەپارێزم کە لەژێر پێیەکانمدان.
من ڕێبەرم،
بەڵام پێڵاوەکانم هەرگیز هی من نین…

دەربارەى ڕۆژەکانى
بەرامبەر تیڤی تەنانەت کە دادەنیشێت و ئوتوو دەکات
کەسێک کە ڕۆژی ژیانی درێژ دەکشێ و دادەگیرسێ
کاتێک لەسەر کورسییەکە دەخوێنێتەوە،
وەک هەمیشە قاوە گەرمەکەی هەڵدەلووشێت.
کەسێک بەیانیان قاوەڵتی ئامادە دەکات و سەموون دەکڕێت
جار نا جار ئەلبوومەکە دەکاتەوە،
پرسەی نییە، ئەگەر چی وێنەی باوان، نەوە و مردووان…
مردووان مردووانن.
کەسێک دەستەکانی دەلەرزن
وەختێک سمتى ژنەکە دەگوشێت و زار دەکاتەوە.
مردووان مردووانن…
کەسێک کە دەیویست کاتژمێرەکە
لە مەچەک بکات و جلەکانی بگۆڕێ
کاتێک تەنانەت لەسەر مێز کە دادەنیشێت و ئوتوو دەکات.

کەسێک کە بە خێراییەکی زۆرتر نزیکتر دەبێتەوە
بە ئاڕاستەی دۆستێک لەو کاتەی لێزمە باران دەکوژێتەوە و
تەمەکە خەستتر دەبێتەوە
وەک ئەوەی بیەوێت ئەمیان لەودا پشووبدات،
بە خۆی و ڕوخسار گەلێک چین لەسەر چین کەڵەکە دەبن
کاتێک لە ژوورەکراوەکەدا دووگمەى تیڤى دادەگرێت و
زەنگ بۆ دۆستەکەى دەکات.
بە خۆی و زارێک کە شیعرێک دەخوێنێتەوە دەربارەی ئەوەی؛
باڵندەیەک لە نووتەکدا بەردەبێتەوە.
یا شیعرێک ناخوێنێتەوە دەربارەی ئەوەی؛
باڵندەیەک لە نووتەکدا بەردەبێتەوە.

پاشان بە ئاڕاستەی باڵندەیەک لە ناکاو کە بەر دەبێتەوە،
لەو شەقامەی کە شەوانە ڕووناکییەکەی پێ دەکات و
هەردەم کەسێکیش بەخەیاڵی پەتییەوە
دەستی لە دەستی منداڵێکدا،
ڕەنگبوو بیەوێت پیاسە بکات…


لە گفتوگۆی پەیوەست بە ڕزگاریی هەسارەکەوە، نەخشەکانیان هەڵدەواسن. پاش گەشتێک
بە نێو دارستان لە دامێنی درەختە ڕەق و وشک هەڵاتووەکاندا.
پیاوە گەنجەکەش لە بەردەمیان، سەر و سیمای هەڵبڕوسکاو، جێیەک کە تێیدا
لە پشتیەوە تەوژم دەدا و بە مێژوودا خۆی درێژ دەکات.
عەساکە زێڕینەکەی درێژ، لێ دەست نووقاو بە ئێسک و پروسکی ئەوانەوە کە خوازیاربوون بەر لە تۆفان شارەکەیان جێبهێڵن و لە چیاکەدا بنیشنەوە.

پاپۆڕ گەلە سپى پۆشەکان بە بێ هیچ نیشانەیەکی لاڕێیان، لە جووڵەیان بەسەر چرکە زۆرەملێکاندا دەکەون. وەک ئەوەی دەردەکەوێ دەتوانرێ نزیکتر ببینرێت، ئەوێ دەریایە، ئیمپراتۆریەتێک لەو نەوانەی با لە زماندا دەکێڵن و پێی ئاسۆکە تاریک دەکەن. لەوێ زەنگەکە هەردەم دەزرنگێتەوە و دەنگەکان پێکدا دەدەن ، بە خۆیان و نامەی نووسراویان بە پۆستاڵ.

ئێوارەیەکی بەفرانبار** دواین زرمەی سامناکى بە هەواکەدا ڕۆکرد.
کەشتییەکە بەو کتێبەی گڵۆپەکەی دادەگیرساند لە ئەفسانەکەی نەپەڕییەوە.
بوونەوەرە کەم ناسراوەکەش وەک ئەوەی دەسەڵاتی لە گەردوون دزیبێت، بە جووڵەی قورس و برسێتییەکی دڕندانەوە لە نێوان زێیە باریکەکاندا بێ پشوودان دەیگرماند و غاری دەدا.

بەسەر قەرەوێڵەی خەوەکەدا و لە دامێنی، هزرە ترساوەکان کەڵەکەدەبن، بە پڕتاو لە ژێر پرچیدا ڕۆدەچن و گوێیەکانی دەسمن.
قاوشەکانیش سارد و بێ ڕەنگ لە کۆشی ئەو ژوورانەی چەشنی خاچ هەڵواسراو بە پلازما.
بوتڵی تۆقێنەری هەناسە پێدەر و گەڵای وشک و ڕژاوی وەسیەت جار نا جارێک کە دەڕۆیشتن
با دەیبردن بە ڕووی ژێرەوەی زەوییەکە بۆ لای مێردمنداڵە نووستووەکەی.

لە دەرەوەش بە ئاڕاستەی پۆلیسەکان بە خۆیان و دەمانچەکانی کەمەریانەوە، لەژێر گڵۆپی سوور و زەردی ترافیکەکان، شەقامەکە پێڵاوەکانی هەڵدەکێشێ و خۆی لێ دەخوڕێت.

جیهانێکی ڕاوەستاوە، بە هەر بەرێکی شارەکەوە دەروازەکە خۆی ڕادەخات، لە نێوان تابلۆ تۆز لێ نیشتووەکان و ئەو درەختانەی لە دامێنی قیرەکاندا دەشنێنەوە لەو هەوایەی دەستەمۆیە.
دەشنێنەوە: لێ بە فریوی وەهمێک کە خوازیارن پێیان وابێت وا لە کاتژمێرەکە دەکەن
میلەکانی هەڵبسووڕێت،
بێ لە تاقیگەکان و
ئەو پەککەوتووانەی لە نێو هەوری حەبدا دەلەرزن.


  • (بیلى کۆلینس) لە شیعرى ئەرستۆدا دێڕە شیعرێکى هەیە بەم شێوەیە: ئەمە زۆر زووە، ساڵانێک بەر لە کەشتى نووح.
    ** ئێوارەیەکی بەفرانبار/ ئاماژەی ئەو کات و ساتەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پەڕى تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەیدا بوو بە جیهاندا. لەو نێوەندەیشدا، باوکم و کەسانێکى دیکە لە هاوڕێ و دۆستانم، هەڵگرى ڤایرۆسەکە بوون ومەترسى مردن و لەناوچوون لەسەر ژیانیان بوو.



منداڵبازیی… لەخولیای کەسییەوە بۆ پرسی کۆمەڵایەتی لەچیرۆکی “نوورەشەشە” ی فەرهاد شاکەلیدا… عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

لێکۆڵینەوە

پرسی منداڵبازیی چیرۆکێکی کۆنی مرۆڤایەتییە

منداڵبازیی (Pederasty)بەو کردارە سێکسییە دەوترێت کە مرۆڤی سەرووی هەژدە ساڵ لەگەڵ منداڵ و هەرزەکار چ کوڕ بن یان کچ ئەنجامی دەدەن. بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کردارە لە ڕووی تەندروستییەوە زیان بە منداڵەکە دەگەیێنێت ؛ لەلایەکەوە جەستەی منداڵەکە دەشێوێنێت و لەلایەکی ترەوە باری دەروونی ئەو منداڵە بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ڕەنگە تا مردن کاریگەرییەکەی بمێنێت. ئەم ڕەفتارە دژی مرۆییە لە گۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگە بەڵام بە نهێنی و دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام دەدەرێ. سیستەمە جیاوازەکانی کۆمەڵگە چ مەدەنی بن یان تۆتالیتاری؛ سزای تایبەتیان داناوە بۆ ئەو جۆرە کارە قێزەوەنانە. سەرباری بوونی ڕێگری لە بەردەم منداڵبازیی، کەچی تا ئێستا نەتوانراوە ڕێشەکێش بکرێت. زۆربەی جارەکانیش ئەو کردارە دەستدرێژییە یان لە لایەن دایک و باوک و دایەن و کەسوکار یان مامۆستا یان وەستا یان مەلا یان قەشە ئەنجام دەدرێت. هەر دوێنێ بوو ” گەورەترین سکانداڵی ئابڕووبەری هەوەسبازی و منداڵبازی لەمێژووی میدیای بەریتانیا و کەناڵی BBC ئاشکرا بوو دەربارەی جیمی ساڤیڵ گەورەترین کارەکتەری میدیایی و بەناوبانگترین دیجەی و بێژەری کەناڵی ناوبراو کە زیاتر لە چوارسەد ڕاپۆرت و سکاڵا لە دژی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان درا بە پۆلیسی بەریتانیا”(١). لە ڕووی مێژوویییەوە ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە بۆ مێژووە بەراییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە. واتە لەڕووی مێژووییەوە منداڵبازیی لە بەرەبەیانی مێژووەوە یەخەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی گرتووە و لە تەواوی سەردەم و شارستانەتییە جیاوازەکان بوونی هەبووە و بە شێوەی جیاجیا دەرکەوتووە. ئایینیش سەرباری ڕەتکردنەوەی منداڵبازیی بەشێوەیەکی ئاشکرا، بەڵام هەندێک لە پیاوانی ئایینی بە بارە نهێنییەکەی ڕەواجیان بەم کارە داوە. ئەم کردارە قێزەوەنە ڕەنگە هەندێجار خولیای کەسیی بێت و هەندێجاریش بووبێتە حاڵەت. بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەوە هەبووە و هەیە. کاتێکیش مۆڕاڵ ڕوو لە خوار هەنگاو دەنێ، منداڵبازیی ڕوو لەسەر دەڕوات و بەرز دەبێتەوە. بەپێی سایتی (Info on Islam) لە ٩٥ % سایەق ترێلە و لۆرییەکانی وڵاتێکی موسوڵمانی وەک پاکستان منداڵبازی دەکەن و سێکس لەگەڵ منداڵی نێرینە دەکەن.(٢).
منداڵبازیی (بەچەبازیی و هەتیوبازیی) زۆر پێش پەیدابوونی ئایینەکانی ئیسلام و مەسیحی بە شێوەیەکی بەرچاو پراکتیک کراوە. لەیۆنانی کۆندا منداڵبازی بەربڵاو بووە و شارستانە جیاوازەکانیش بێبەری نەبوونە لە پیادەکردنی ئەم تاوانە دژی ئینسانییە. واتە وەک لەکەیەک بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی ئینسانی بە نێوچەوانی مرۆڤایەتییەوە بووە. مرۆڤە بە ئازاد لە دایکبووەکانی ئەسینای کۆن مافی ئەوەیان هەبووە سوود لە کۆیلەکان وەربگرن و سێکسیان لەگەڵدا بکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی ڕۆمانی کۆمەڵگەیەکی پەتریارکی یان پیاوسالاری بووە و پیاوە ڕۆمانییەکان ئازاد بوون لەوەی چێژ لە سێکسکردن وەربگرن لەگەڵ نێرینەدا بێ ئەوەی پیاوەتی یان دۆخی کۆمەڵایەتییان لەدەست بدەن ئەگەر ڕۆڵی نێرایەتی ببینن. بۆ ئەم مەبەستەش سوودیان لە کۆیلەی نێر وەردەگرت(٣). ئایینەکان گەرچی لە ڕووخساردا دژایەتی منداڵبازیی دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە بکەونە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی کە دەیەها چیرۆکی دڵتەزێن و سەدەها سکانداڵ لەخۆ دەگرێت کە هەزاران منداڵ بوونەتە قوربانی. هەر بۆنموونە پاپای کەنیسەی کاسۆلیک پیتەر هەلێرمان یەکێکە لەو پاپا دەستدرێژیکەرانەی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە لاقەی منداڵانی کردووە”(٤). لە جیهانی ئیسلامیشدا و لە کات و شوێنی تایبەتدا ئەو دیمەنە ناشیرین و هەواڵە تاڵانە دەبینرێن و بەرگوێ دەکەون. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، مێژوونووس مارساڵ هۆدگسن لە وتاری “شارستانی ئیسلامی لەسەدەکانی ناوەڕاست”دا دەنوووسێت ” سەرباری ڕەتکردنەوەی بەهێزی ئەم دیاردەیە لە لایەن شەریعەتەوە، کەچی پەیوەندی سێکسی نێوان پیاوی پێگەیشتوو(بالغ)و هەرزەکار زۆر بە ئاسانی لەنێو بازنەی چینی باڵا قەبووڵ دەکرا(٥). هەرچی سەردەمەکانی دواترە منداڵبازیی وەکو خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە. تەنانەت چینی ئەرستۆکراتی کۆمەڵگە، نەخشی بەرچاوی هەبووە لە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی کوڕانی چینی هەژار و لاقەکردنیان. لە ئاستی نێونەتەوەییش گەلێ هەوڵ دراوە بۆ وەستانەوە دژ بەو پرسە و دیارترینیان “بۆ یەکەمجار وەزیرانی دادی چل و شەش دەوڵەتی ئەوروپی لەگەڵ ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٢ لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆ دەبنەوە تا ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە منداڵبازیی دەرببڕن”(٦).ڕەنگدانەوەی منداڵبازیی و نێربازیی (هاوڕەگەزبازیی) لە هونەر و ئەدەبیشدا بە ئاشکرا هەست پێدەکرێت. منداڵبازیی هەر تەنها مرۆڤە سادە و نەخوێندەوارەکانی کۆمەڵگەی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەندێجار گەلێ هونەرمەند و ئەدیب دووچاری ئەو دەردە بوونە و ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەب و هونەر هەڵبدەینەوە گەلێ ناومان بەرچاو دەکەوێ کە ڕەنگە ببنە مایەی شۆک و سەرسامی، لەوانە ” شاعیر و شانۆنامەنووسی ئێرلەندی ئۆسکار وایڵد(٧) یان کەڵە مەقامزانی بەغدا ڕەحمەتوڵڵا شەڵتاغ-ی کورد.(٨). ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە کە تا ئێستا و کاتی نووسینی ئەم دێڕانە بەردەوامی هەیە و بەداخەوە هیچ ڕێ و شوێنێکی گونجاو نەگیراوەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی، بەڵام وردبوونەوە لە زەمینەی سەرهەڵدانی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە دژە مرۆییە و سەرنجدان لە هۆکارەکان ڕەنگە خراپ نەبێت. بە بۆچوونی من کۆمەڵگە پاشکەوتووەکان زۆرتر زەمینەی لەبارن بۆ سەرهەڵدان و گەشەی ئەو تراژدییایە، بەتایبەتی کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئاستێکی بەرزدابێ. جگە لەمەش بوونی بۆشایی سێکس و چەپاندن لە ژیانی مرۆڤەکاندا؛ کاریگەری خۆیان هەبووە و هەیە بەسەر دەستبردن بۆ وەها کارێکی ناپەسند. کلتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەتی کاتێک داب و نەریت ڕێگر بێت لە ئاشکراکردنی ڕەگەزی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان جا چ ئەوانەی لە ڕووی سروشتییەوە نێرن و بە ڕواڵەت وەک مێ دەردەکەون یان بەپێچەوانەوە، کاریگەری هەبووە و هەیە بەسەر ئایدێندتی مرۆڤەکان.

ستراکتۆری کورتەچیرۆکی نوورەشەشە

نوورەشەشە ناوی شەشەمین کورتەچیرۆکی کتێبی “بۆنی تاریکی” ی شاعیر و چیرۆکنووس فەرهاد شاکەلییە کە چاپی سێیەمی ساڵی ٢٠١١ لەلایەن دەزگای ئاراس”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ماجەرای دەقەکە بەم جۆرەیە : نوورەشەشە و خانەوادەکەی لەنێو کەسوکاریاندا لە گوندەکەیان دەژیان. شەشە بە هەر کولەمەرگییەک بووە نەیهێشت نوورە و دایکی موحتاج بن. وەختێ شەشەی باوکی نوورە ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، دایکی نوورە کێچ دەچێتە کەوڵییەوە و هەوای شار لە کەللەی دەدات و چەندێ خزم و کەسوکار هەوڵی لەگەڵ دەدەن، بێسوود دەبێ و دەستی نوورە دەگرێت و دەچێتە شار. لەوێ لای وەستا شەریف کە هاوڕێیەکی باوکی نوورەشەشە بووە، جێگایەک پەیدا دەکەن. نوورە سەرسام دەبێت بە بارودۆخی شار وەختێ لەسەر دیواری ناو ئاودەستخانەی مزگەوتەکان دەیەها دروشم و قسەی سەیر دەخوێنێتەوە. دواتر هەر بە هەوڵی وەستا شەریف کاری بەردەستی لای حەمەسەنی تەنەکەچی بۆ نوورەشەشە ددەدۆزنەوە. نوورە بێئاگا لە دونیای شار و پەیوەندییە ناتەندروستییەکانی شار خەریکی کارکردن دەبێت. تا ڕۆژێک وەستاکەی هەوڵ دەدات دەستدرێژی بکاتە سەر نوورەشەشە و نوورەش دەیکاتە دەنگەدەنگ و هەڵدێ. ماوەیەک بێکار دەمێنێتەوە. لێرەشەوە بۆڵە و گلەیی دایک دەست پێدەکات. تا ڕۆژێک نوورەشەشە بە هەوڵی خۆی کاری سەکنیی لای بلە زۆراب، مام برایم بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. نوورەشەشە دڵی بە کارە تازەکەی خۆش بوو. ڕۆژێک وەستا برایم لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێگا زەفەری پێدەبات و نوورە هەرچەند دەپاڕێتەوە کەڵکی نابێت و لە تاوان تەسلیم دەبێت و دەڵێت توخوا وەستا یان مام برایم ئازارم مەدە با زۆر نەیەشێت.

مام برایم توخوا وازم لێبێنە
وس بە قویندەر
مامە برایم ئەومە قوربانت بەس ئەمجارە وازم لێ بێنە(٩).

ئیتر نوورە شەشە لێرەوە هەست دەکات سنووری منداڵی دەبڕێ و دەبێتە پیاو و پێ دەنێتە دنیای خەڵکە گەورەکان.

مام برایم توخوا ئازارم مەدە…
ئازارت نادەم، نا…دایکەنە دەی…
ئاخر توخوا زۆر دەترسم توخوا با ئێشی نەیەت.(١٠).

ئیتر لێرە ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە دەگەنە چڵەپۆپە و (Rising Action) ڕوو دەدات. تەسلیمبوونی نوورەشەشە بە بلە زۆراب چڵەپۆپە( Climax) و خاڵی وەرچەرخانی ململانێی نێوان دوو دنیای تاوان و بێتاوان، جەللاد و قوربانی، ڕاوکەر و ونێچیرە. ئەو هێڵە ڕوو لەسەرەی ڕووداوەکان لەو خاڵەوە ڕوو لەخوار دەکشێت. ئیتر وەک دەرئەنجامی ئەم کردارە درامییە لە ئەدەبی گێڕانەوە، ڕووداوەکان خاو دەبنەوە و ململانێکان هێورتر دەبنەوە. دواجار نووسەر(حیکایەتخوان) لەمیانی بەڕێکردنی فوئادی ئامۆزایەوە لە گەراجی نەهزە لە شاری بەغداد نوورەشەشە دەبینێت و سەکنی هەیە و ئیتر بەو جۆرە ڕەوڕەوەی ڕووداوەکان دەچێتە پێش. ستراکتووری چیرۆکی نوورەشەشە نیشاندانی کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانە لە شار، ئەو پەیوەندییانەی کە لە گونددا هێشتا بەهاکانیان لە ئاستێکی بەرزتردان. نیشاندانی دوو وێنەی لێکجیاوازی شار و لادێ و دوو جۆر پەیوەندی و دوو جۆر ژیانە، ئاماژەیەکی گرنگە بە گەشەی پیشەوەریی کە شاریش وەک دەرئەنجامی ئەو گەشەکردنە هاتۆتە بوون و شکڵ و شێوەی پێدراوە. شاریش وەک وتمان بۆ پاڵەوانی چیرۆکەکە “نوورەشەشە” جێی ڕامان و سەرسووڕمان بوو.” نوورەشەشە زۆر دڵی بەشار خۆش بوو. حەزی دەکرد شەو و ڕۆژ بەناو کۆڵان و بازاڕ و قەیسەریدا بسووڕێتەوە تەماشای دوکان و کۆگا و شتی جوان بکات”(١١). نووسەر لەهەڵبژاردنی کارەکتەرەکانی چیرۆکی “نوورەشەشە”دا زۆر بە وردی لە کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگەی کوردستانی ڕوانیوە. بۆیە کارەکتەری گونجاوی بۆ کار و شوێنی گونجاو هەڵبژاردووە. سیفەتەکانی پاڵەوانە سەرەکییەکان(Protagonist) لەچیرۆکی نوورەشەشە بریتین لە :
یەک: نەخوێندەوارن یان کۆلکە خوێندەوارن و دووریی ئەو کارەکتەرانە لە قوتابخانە و کتێب و زانست و مەعریفە.
دوو: سادەن و بە کۆمەڵێ گرفتی دەروونیی دەورە دراون، هەرچەندە کێشەی ئابووری یەکێکە لە کێشە گشتی و باوەکانی کارەکتەرەکان.
سێ: دڵپاکی و نییەت پاکی کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان و وابەستەبوونیان بە کلتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پاشماوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی .
چوار: بێکەسی و غیابی پەروەردەی دروست و نەبوونی سەرپەرشتیار و لێپرسینەوە بە تایبەتی نوورە کە باوکی نەماوە و دایکیشی فریای ژیانی سەختی شار ناکەوێت.
بەمجۆرە فەرهاد شاکەلی بە وشە و لە ڕێگەی کورتەچیرۆکێکەوە وێنەی دیمەنێکمان بۆ دەکێشێت کە بە شێوەیەکی نهێنی و نادیار لەسەر دیواری نێو ساختمانی کۆمەڵگە هەڵواسراوە و مرۆڤەکانیش نایبینن.

داتەپینی هێڵێ درامیی مۆراڵ لە بونیادی دەقی نوورەشەشەدا

لە بونیادی دەقی چیرۆکی نوورەشەشەدا هێڵی درامیی مۆراڵ لە بەرزبوونەوە و دابەزیندایە. لە کۆمەڵگەی کوردستان و لە لادێیەکی ناوچەی گەرمیان کە لە لایەکەوە ئایین زۆربەی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی خستۆتە ژێر چاودێری و لە لایەکی ترەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چەشنی خزمایەتی و هۆز و عەشیرەت زۆر بە زەقی سێبەری هەیە بەسەر ژیانی تاکەکانەوە. مۆراڵێش لەژێر کارتێکردن و کاریگەری ئەو دوو فاکتەرە ئاکتیڤەوە پێناسەی کراوە. بۆیە لادان لەهێڵێ مۆڕاڵ گەورەترین پرسیار لەسەر کەسێتیی تاک دروست دەکات و هەندێ جار خزم و کەسوکاریش دەکەونە ژێر فشاری کۆمەڵایەتییەوە و پەرچەکردار و هەڵوێست وەردەگرن. لە کورتەچیرۆکی نوورەشەشە ئەو سەروەرییەی کە مۆڕاڵ لە کۆمەڵگەی کوردستان هەیەتی لەئەنجامی دەسدرێژی کردنە سەر نوورەشەشە تووشی داتەپین دەبێت و نیشاندانی وێنەیەکی قێزەوەنە لە حاڵەتێک کەئیش لەسەر کوشتنی بەها مرۆییەکان دەکات. مۆڕاڵ لە دەقی نوورەشەشە بە دوو جۆر خۆی نمایش دەکات. جۆرێکیان مۆڕاڵی دیار و بێگەردە کە بە فلتەری ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکاندا تێدەپەڕێت و بە ڕێزیشەوە ناوی دەهێنرێت. بەڵام ئەوی تریان مۆڕاڵی نادیار و خەوشدارە کە بە هیچ جۆرێک بە فلتەری کلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیدا تێناپەڕێت. بەڵام سەرباری ئەو پێداگرییەی مرۆڤەکان لەسەر مۆڕاڵ، کەچی بە هەزاران مرۆڤ دەبینین ڕۆژانە دەبنە قوربانی حەز و خولیا و شەهوەتی ناوگەڵی مرۆڤگەلێک کە بچووکترین ئینتمایان نییە بۆ مەسەلە مۆڕاڵییەکان. پیشەگەلی لە چەشنی تەنەکەچی و سەکنی و فیتەر و کوشنچی و وایەرمەن و..تاد، بە گشتی ناچنە چوارچێوەی ئەو دیمەنە ناقۆڵا و ناشرینەوە، چونکە ئەو پیشەگەلە سەرباری ئەوەی سەرچاوەی بژێوی سەدان و هەزارەها خێزانن و بە هەزاران وەستای بەڕێز دوور لەو کارە دڕندانەیە بە ئارەقی نێوچەوانیان بژیوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین کردووە و دەیکەن. بەڵام لە پەنای ئەمانەشدا و لەلایەن گەلێ وەستای نائینسانەوە و لە چوارچێوەی هەر ئەو پیشەگەلەوە گەلێ منداڵی جوانکیلەی پاک و بێگەردیان کردۆتە نێچیری شەهوەت و دەروونە نەخۆشەکانیان و دووچاری کارەساتیان کردوون، ئەمانیش بە دەوری خۆیان هەم وەک تۆڵەکردنەوەی خۆیان و هەمیش وەک خوو و نەریتێک کە ژیانیانی نەخشاندووە، درێژە بەو کارە ترسناکە دەدەن. واتە منداڵبازی هەر تەنها لە چوارچێوەی خولیا و ئارەزوو نەماوەتەوە، بەڵکو لە چیرۆکی نوورەشەشە بۆتە حاڵەت، بەڵام حاڵەتێکی ترسناک و نادیار.
فەرهاد شاکەلی وەک نووسەرێکی بوێر لە پایزی ساڵی ١٩٨٣ دا دەست دەخاتە سەر دەردێکی ترسناک کە بەرۆکی کۆمەڵگەی کوردستانی گرتووە و چاونەترسانە وێنای دەکات. بێدەنگی لە ئاست ئەو دەردە کۆمەڵایەتییە و لا لێنەکردنەوەی بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەک : ترس لە شکانی شکۆی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و کەمڕەنگبوونەوەی شانازییە کلتوورییەکان.
دوو : سەرقاڵیی تەواوی ناوەندەکانی نووسین و ڕۆشنبیری بە کێشە سیاسییەکان و مەسەلەی خەباتی کورد و شۆڕش و ڕزگاری مرۆڤی کوردەوە و بینینی ئەم پەتا کۆمەڵایەتییە وەک کێشەیەکی لاوەکی.
سێ : نەبوونی ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتی و لە ئارادانەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی دروست سەبارەت بە سەرجەم دیاردە و کێشەکان و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ڕەهەندەکانی کرانەوە و مۆدێرنەکردنی ژیان.
چوار : ئامادەنەبوونی نووسەرانی کورد بۆ سازشکردن لەسەر ناعەقڵانیەت و دەستگرتن بە کۆمەڵێ بەها؛ کە کار لەسەر خۆدزینەوە و دروستکردنی ناسنامەی نووسەر دەکەن لە بوارەکانی کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی.
پێنجەم : فەرامۆشکردنی ئەم پرسە کۆمەڵایەتییە لەلایەن ڕای گشتی و میدیا و دەسەڵاتە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگەوە.
پشتگوێ خستنی ئەم پرسە کۆمەڵایەتییە کە مەترسی هەیە بۆ سەر بەهاکانی ژیان، هۆکارێکە بەرەو بۆگەن بردنی کۆمەڵگە و کەنارخستنی ژیان لە لێواری کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوەکان.

                     کۆمەڵگەی کوردستان و پرسی منداڵبازی..خولیا یان حاڵەت؟

لەکۆمەڵگەی کوردستاندا (بەتایبەتی لە باشووری کوردستان) پرسی منداڵبازی لەدەرەوەی سنوورە ناسراوەکانی مۆڕاڵ و ژیانی خێزانەوە هەناسەکانی خۆی داوە. نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و بگرە زوتریش ئەوەی نەخشی ژیانی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دیاری دەکرد، بریتی بوو لە سیستەمێکی تۆتالیتاری و حکومڕانی دەوڵەتێک کەهەموو شتێکی لەلوولەی چەک و سەرکوتی سیاسیدا دەبینییەوە. پەروەردە و فێربوون، میدیا، هۆشیاری کۆمەڵایەتیی جگە لە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی سەرکوتگەر هیچی تر نەبوون. لەدۆخێکی وەهادا بەدڵنیاییەوە خزمەتگوزاری و ئاوەدان کردنەوە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیری ئاسایش بۆ گەلی کورد خەونگەلێکی دوور بوون. ئەمە جگە لەوەی کە دۆخی سیاسیی کورد وەک بوونی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی و خەباتێکی چەکدارانە دژ بە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زەمینە خۆشکەر بوون بۆ هیشتنەوەی ئەو پارچەیە لەدواکەوتوویەکی نەخوازراو. بۆیە لە وەها کۆمەڵگەیەکدا دەبینین کە سەرباری پرسی منداڵبازی، پرسگەلی وەک نێربازی و ئاژەڵبازیش بوونی هەبووە. ئەم پرسانە لە بنچینەدا ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجەن کە مرۆڤەکان توانای هەڵبژاردنیان نییە و ناتوانن ئازادییەکانیان دەستەبەر بکەن. واتە فەزای کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان بە جۆرێک بووە کە مرۆڤەکان لە بەرامبەر غەریزە و ئارەزووەکانیان جگە لەپەنا بردن بۆ درۆ و فێڵکردن لە خەڵک هیچی تریان لەدەست نەهاتووە. ئێمە ئەگەر چی هیچ ئامار و داتایەکی دادگا و دەزگای پۆلیسی کوردستانمان سەبارەت بە دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو دیاردەیە بنبڕ بووە. چونکە زۆرجار ترس و شەرم ڕێگرن لە پەردە لادان لەسەر ئەو دیاردەیە. دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان کە بارگاوییە بە شەرم و ترس، فەراهەمهێنەری زەمینەیەکە کە تیایدا قوربانییەکانی ئەم پرسە نەک هەر ئامادە نین داوای گەڕانەوەی شکۆ و مافی پێشێلکراویان بکەن، بەڵکو قایلبەخشن بەو ستەمە. بێدەنگبوون لەم شکانی شکۆیە، بێدەنگبوونە یان دەستبەرداربوونە لە بەهای مرۆیی. هەر لەم دۆخە شەرمئاوەرە بۆ نموونە تا کۆتایی سەدەی بیستەمیش ئاژەڵبازی (بەتایبەتی کەرگاین) دیاردەیەکی بڵاو بوو و نەک هەر لە گوندەکانی کوردستان بەڵکە لە شارەکانیش گەنج و هەرزەکاران بەشانازییەوە چیرۆکەکانی خۆیان لە چۆنیەتی گاینی ماکەر دەگێرایەوە. دیاردەی ئاژەڵبازی سەر بە کلتووری دەرەبەگایەتییە و کاتێ کۆمەڵگە لە سەرەتاکانی قۆناغی سەرمایەداری دایە و ‌هێشتا عەقڵییەتی کۆمەڵگە عەقڵییەتێکی لادێیە و مرۆڤەکان سوێند بە سەری یەکتر دەخۆن، ئاژەڵبازیش کۆڕی کوڕ و کاڵ گەرم دەکات. ئەگەر ترس و شەرم ڕێگر بن لە بەئاشکرا باسکردنی منداڵبازیی، ئەوا ئاژەڵبازیی ئەو ترسەی تێدا نییە. ئاژەڵبازیی هەندێجار بۆتە ناو و ناتۆرە و بەخشینی سیفەتی ناشیرین بە ئینسانەکان و هەندێجاری تریش بۆتە مایەی دەیان نووکتەی کۆمەڵایەتیی لەسەر مرۆڤەکان.
منداڵبازیی ئەگەر لە سەرەتاوە وەک بۆشایی سێکسی و خولیای تاک خۆی نمایش بکات، بەڵام دواتر وەک پرسیکی کۆمەڵایەتی گەشە دەکات و لە نێو توێژێک لە پیشەوەران دەبێتە حاڵەتی باو و نەوە دوای نەوە پەیڕەوی دەکەن. لەگەڵ گەشەی شارو پیشەسازی و بڵاوبوونەوەی قوتابخانە و خوێندەواری لە کۆمەڵگە، ئەم پرسە بنەبڕ نابێت بەڵام کەم بوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
فەرهاد شاکەلی لە دەقی چیرۆکی نوورەشەشەدا زیرەکانە جووڵە بە کارەکتەرەکانی ناو دەقەکە دەکات چ لە ڕایەڵەی پەیوەندییەکانیان و چ لە گفتوگۆ و مەنەلۆگی کارەکتەرەکان کە لە بەردەم گەشە و بەرەو ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی شار تووشی بارودۆخێکی نەخوازراو دێن. نووسەر بە هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان و شوێنکات و چنینی گرێچنە و دیالۆگەکان جوان ئیشی لەسەر پرسێک کردووە کە کەم نووسەر لە پانتایی ئەدەبی کوردی وێراویەتی خۆی لێبدات و زۆر کەمیش ئاوڕ لەم حاڵەتە دراوەتەوە، کە بەهەزاران مرۆڤی کردۆتە قوربانی بێئەوەی کۆمەڵگە لەئاست ئەو کارەساتە جەرگبڕە هەستی بجووڵێت و ڕابچڵەکێت.

سەرەتای تەممووزی ٢٠١٣
کەنەدا

سەرچاوەکان :
١-سکانداڵی ئابڕوبەر لە بی بی سی ئاشکرا بوو، سایتی بەهاری کورد ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی http://baharikurd.com/ku/far-ku/82-culture/219-bbc-jimmy-savile-sexual-abuse-scandal.html
٢-بڕوانە سایتی Info on Islam کە زانیاری بەکەڵکی سەبارەت بەو دەردە کۆمەڵایەتییە خستۆتە بەرچاو http://crombouke.blogspot.ca/2010/01/1.html
٣-هاوڕەگەزبازی لە ڕۆمای کۆن. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی http://en.wikipedia.org/wiki/Homosexuality_in_ancient_Rome
٤-پاپا لەسەرووی یاساوە نییە، تاوانەکانی ناو کەنیسەی کاسۆلیک داوای دادپەروەری دەکەن. نووسینی کریستۆفەر هیچنیس. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی http://www.slate.com/articles/news_and_politics/fighting_words/2010/03/the_pope_is_not_above_the_law.html
٥-شارستانی ئیسلامی لەسەدەکانی ناوەڕاست نووسینی مارشاڵ هودگسن. وەرگیراو لەم سایتەی خوارەوە. http://en.metapedia.org/wiki/Pederasty_in_Mohammedanism
٦-هاوپەیمانییەکی نوێ دژ بە پۆرنۆگرافی منداڵان دەبەسترێت، سایتی ڕادیۆی کوردی لە سوید بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://sverigesradio.se/sida/artikel.aspx?programid=2200&artikel=5368292
٧-ژیاننامەی ئۆسکارد وایڵد بڕوانە کتێبی Oscar Wilde By Richard Ellmann 1987
٨-کەڵە مەقامزانی بەغدا ڕەحمەتوڵڵا شەڵتاغ-ی کورد جەلال خدر گۆڤاری ڕامان ژمارە ٥٢ ی ساڵی ٢٠٠٠ لاپەڕە ٨٧.
٩-بۆنی تاریکی کۆچیرۆک نووسینی فەرهاد شاکەلی لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس هەولێر چاپی سێیەم ٢٠١١.
١٠-هەمان سەرچاوەی پێشوو.
١١- هەمان سەرچاوەی پێشوو.




عەزیز گەردی ڕەزێکی بەبەرهەم لە دامێنی قەڵادا… یوسف محەمەد بەرزنجی

تێوەردان(مداخله):
نەتەوە چۆن خاوەنی زمان وکەلتوورو خاک وسەروەرییەکانی دیکەیە، نێوەندی ڕۆشنبیری وڕوناکبیریش بەهەمان شێوە خاوەنی سامان وبەهاو و گەنجینەی مەزنی عەقڵی و داهێنانی تایبەت بەخۆیەتی، ئەدیب و شاعیران ونوسەران هونەرمەندەکان بەهەموو بوارو نێوەندو ڕێچکەکانیەوە، سامانی نیشتمانیی وسەروەری و گەنجینەیی لەبننەهاتووی گەلەکانیانن، پارێزگاریکردن لەدەستکەوت و سامان و گەنجینەی وڵات ونەتەوە، بەستراوەتە بەپلەیەکی بەرز بەکەسایەتییە دەست ڕەنگین و داهێنەرو بەبەرهەم و ماندووەکانی ئەم نێوەندەوە، پێشکەوتن تەنیا لە بواری تەکنەلۆژیاو باڵەخانەو پرودو تونێل و ڕێگاوبان وئابووری و پیشەسازیدا نیە، بەڵکو بەشێکی گەورەو گرنگی بەر نێوەندی ڕوناکبیری و داهێنانی عەقڵی وهزری مرۆڤ و کەسایەتییەکانی دەکەوێت، ئەوەی لەم دونیا جەنجاڵ وپڕکێشمەکێش و خۆخواردنەوەو داڕوخانەی مرۆڤ و وێران بوونی نیشتمان و کاوول بوونی شارستانییەکاندا دێتەدی و مرۆڤایەتی بۆنی پێوەناوەو مرۆڤایەتی لەدامێنی شەڕێکی خۆکوژیدا چاوڕێیەتی و چەکە کۆکوژو ناوکییەکان لە ئامادەباشیدان لەبەرانبەر یەکترداو لە ڕۆژو ساڵ و چرکەوکاتی نزیک بونەوەیدایە بۆ وێران بوون و کاولبوونی گۆی زەویی و مرۆڤایەتی، ڕەنگە لەئان و ساتدابێت، بۆتێکوپێکدانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی هەزاران ساڵەو بۆ بەخۆڵەمێش بوونی گەردون بەهەموو زیندەورانی زیندوو مردووییەوە، بەخاکیشەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بۆپێشکەوتن و بەرەو پێشەوە چونی کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی تێدەکۆشێ، هزرمەندو نوسەرو ڕوناکبیرو هونەرمەندەکانن، کە لەسەردەستی بەرهەمی هزری ئەواندا گەلان و میللەتان هەنگاوی گەورەی پێشکەوتنیان بەسەخاوەتەوە بڕیوەو لەمەنزڵگەی سەروەری و وچانی بەرزدا بۆدونیای پێشکەوتن دەڕوانن و لەخەونی گەوردا دەژین.
عەزیز گەردی وەک نمونە:
عەزیز گەردی، پیاوێکی دەگمەن، ماندو بێدەنگ و سادەو ساکار هێمن دورەپەرێزو خۆدەرنەخەر، عەقڵێکی ناوازەو بەخزمەت بۆگەلەکەی، بەرهەمەکانی بەقەد باڵای مرۆڤێکی کوردە، زاناو زمانزانە، لەئینگلیزی و فەرەنسی، فارسیی، عەرەبی، ئازەری، کوردی… ڕەنگە کەمم گوتبێت دەزانێت، تائێستا لەشاشەیەکی تیڤیەکەوە نەبێنراوە، لەکۆڕێکدا دەرنەکەوتوو، بەڵام دەیان کتێبیی بۆکتێبخانەی کوردی نوسیوەو وەرگێڕاوە، هەموو چاپکراوەکانی خۆیی بەهەوڵوماندوبوون وشەونخونی و پڕئازاروخەونی مەزنەوە چاپکردووە، ئەو دکتواری هەیە، بەڵام قەت لەهیچ کتێبێکیدا، لەسەر ڕوو بەرگی چاپکراوێکیدا دالێک بۆپێشخانی ناوەکەی دانەنراوە، عەزیز گەردی کوڕی لادێ و شارە، بەڵام خەمی ئەو کتێب و خوێندەواری و پێشکەوتنە بۆگەلەکەی، ئەو بەمامۆستایەتی دەیان نەوەی شارو گوندی تا زانکۆ پێگەیاندووە، ئەوەندەی بەخەمی خوێندەوارییەوە بووە، نیوئەوەندە بەخەمی خۆیەوە نەبووە، ئەو پێاوێکی مەزنە سامانی گەورەو گەنجینەی نەبڕاوەی ئەم گەلەیە، چۆن ئاسایش وئارامی بۆپێشکەوتن بەنرخ و بەکەڵکە، نوسەران وڕوناکبیرانیش بۆگەل بەکەڵک وبەسودن، نابێت ئەم گەنجینەو سامانە نەتەوییانە فرامۆش وپەراوێز بخرێن،تکایە عەزیز گەردی کەوەک ڕەزێکی بەردارو گوڵێکی بۆنخۆشە فەرمامۆش مەکەن و بەهاناییەوە بچن، چونکە ئەم سامانەگەورەو مەزنانە تا سەدەیەکی تر ڕەنگە دروست نەبنەوە، تا لەژیاندان ڕێزیان بگرن و بەسامانی گەل وخاکی خۆتانی بزانن و بابیرنەچنەوە.


عەزیزگەردی ویادەوری:
لەسەرەتایی ساڵی هەشتاوە مامۆستا عەزیز گەردی دەناسم، چەندجارێک لەناحیەی بەحرکەمەنزڵگەو زێدی خۆیی سەردانم کردووەو بەخزمەتی گەیشتووم، لەگەڵ مامۆستای پارێزەرو خەمخۆری مێژوو کەلەپوورو دڵسۆز مامۆستا (عەبدولڕەقیب یوسف)سەردانم کردووەو بەسەرمان کردۆتەوە، کاتێک مامۆستا لەزانکۆی موسڵ قوتابیی بوو لەبەشی فەرەنسی، لەیەکەم ساڵدا کتێبێکی لەفەرەنسییەوە کردە عەرەبیی و لەزانکۆ بەهۆی لێهاتووی و توانای ئەم کەسایەتیە لەقۆناغی یەکەم بەرزکرایەوە بۆقۆناغی سێیەم وڕێزی لەزانکۆ لێگیراوەو بەبەهای بەرزەوە سەیری کرا، ئەوکاتانەش دەهاتە سلێمانی چەندجار لەگازێنۆی گەل و میوانخانەکەی میرزاحسێن، ئوتێلی گەل یەکترمان بینیوە، ئەو کاتەی سەرەتای ساڵانی هەشتاکان، (ئەدەبی بێگانان)ی چاپکرد بەچەندبەرگێک و (داغستانی من)ی ڕەسوڵ هەمزەتۆڤی لەئینگلیزییەوە وەرگێڕاوچاپ و بڵاو کردەوە، زیاتر ناسراو ناوی لەنێوەندی ئەدەبیدا لەدرەوشانەوەدا بوو، مامۆستا عەزیزم کاتێک ناسی گەنجێکی ١٤ ساڵان بووم، زۆر سەرسام بووم بەزمان پاراوی و سادەیی و لەسەرخۆیی و دەوڵەمەندو کامڵ لە مەعریفەدا، ئەوکاتەی (کتێبخانەی خاکی)مان لەگازێنۆی گەل هەبوولەگەڵ شەهید مەحمودخاکی، لەشەقامی مەولەوی تەنیشت پۆستەی سلێمانی، سەردانی دەکردین و دەمانبینی وبەخزمەتی دەگەیشتین، هەرکاتێک هاتبێتە سلێمانی سەردانی مامۆستای شوێنەوارو ناس ومێژووپەروەر مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسفی کردووە، ئەوەندەی بزانم ئەم دوکەسایەتیە زۆر ڕێزو خۆشەویستی لەنێوانێدا هەیە.


عەزیز گەردی کێیە:
عەزیزگەردی، پیاوێکی بێگەردە پاکە دڵسۆزە ناوی(عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا)یە ساڵی ١٩٤٧لە بەحرکە لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٨ هاتونەتە شاری هەولێر، بەڵام زۆری بنەماڵەکەیان هەر لەناحیەی بەحرکە ماونەتەوەو بەکاری ئاژەڵداری وجوتیارییەوە سەرقاڵبوون،ساڵی ١٩٩٤ ماستەری بەدەستهێناوە، ١٩٩٩ دکتۆرای بەدەست هێناوە لەسەر(سەروا) لەزۆرێک لەقوتابخانەکان مامۆستایەتی کردووەو وانەی وتۆتەوە، دوای ئەوەی زانکۆی تەواوکردووە بۆتە مامۆستای کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەددین، وەیەکێکە لەنوسەرە پڕبەرهەمەکان لەنوسین و وەرگێڕاندا، بەداخەوە بەهۆیی نەخۆشیوەڕۆژی دووشممە ٦-٦-٢٠٢٢. ماڵ ئاویی کردو بەجێیهێشتین، زۆرێک لەکەس و لایەن و دەزگاکان ویستویانە ڕێزلێنان و بۆنەی بۆ سازکەن، بەڵام ئەو ڕەتی کردۆتەوەو رازی نەبووە، ئەو هەمیشە دەڵێت: بەرهەمەکانم ماندوبوونم حەزی خۆمەو منەت بەسەرکەسدا ناکەم.
داغستانی من و نامەیەک:
کاتێک (داغستانی من)ی ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ، لەلایەن مامۆستا عەزیز گەردییەوەچاپ وبڵاوکرایەوە، لەمانگی (٩)ی ساڵی ١٩٨٥، بۆهێنانی کتێبەکەی سەردانی شاری سلێمانی کردوو، بەخزمەتی گەیشتم وداوام لێکرد ژمارەیەکی زۆر لەکتێبەکەیم بۆبنێرێت بۆئەوەی بۆی بفرۆشم وبۆی ساخ بکەمەوە،ئەو پەیمانیدا بۆم بنێرێت ئەوەبوو کەڕۆیشتەوە بۆشاری هەولێر، گەرایەوەو،بەژمارە(١٧٠)دانەی بۆهێنام منیش هەموویم بۆفرۆشت و بە بەڕێز هیمداد حسێن کەئەو کاتە قوتابی زانکۆی سەڵاح ددین بوو، لەکۆلێژی ئاداب بەشی زمانی فارسی و هاوڕێی قوتابیان خوالێخۆشبوو سابیرشێخ حسێنی حاجی مامەندی و دکتۆر عەتاڕەشید حسێن بوو، لەهەمان کۆلیژو جارجار دەهاتە سلێمانی، پارەی کتێبەکانم بەشێکی فرۆشراوی بۆناردو پاشتر ئەویشم بۆنارد، ئەویش پاشتر داغستانی من، بەرگی دووەمی بەکاغەزی بۆر چاپکردبوو، بەڵام بەپەڕەی سپی وجیاواز لەچاپەکەی دانەیەکی بۆناردم، ئەم نامەییەی کەدەیخوێننەوە باسی دکتۆر هیمداد حسێن و(١٧٠)ژمارە داغستانی من و کتێبە فرۆشراوەکان دەکات مێژووی نامەکە وەک بەڵگەو دیکۆمێنت بۆ بەرواری ١٤|٩|١٩٨٥ دەگەڕێتەوە، کتێبی (داغستانی من)ی ٢٥|٩| ١٩٨٥ بەدیاری و پێشکەش بۆ ناردم تائێستا لەلام پارێزراون.


هەولێر
١٤|٩|٩٨٥
بۆکاک یوسف محەمەد، کتێبخانەی خاکی
سڵاو…
ــ کاک یوسف کەداغستانەکەم
هێنا سلێمانی(١٧٠)دانەم لات
بەجێ هێشت. نازانم چیت لێکردون؟
ئایا بەکتێبخانەکانت فرۆشتوە یان
لای خۆت ماوەتەوە؟
ئەگەر فرۆشراوە پارەکەم بۆ بنێرە
ئەگەر نەفرۆشراوە حەزدەکەم
بزانم چی بەسەرهاتوە.
ــ وەعدم دابوو کەدانەیەکی سپی
داغستانت بۆ بنێرم، ببورە
کەنەمنارد، چونکە پێ ڕانەگەیشتم…
ئێوارە بوو، کاک هیمداد گوتی:
بەیانی دەچمە سلێمانی پێ ڕانەگەیشتم
بچمەوە ماڵێ …

برات عزیزگەردی


کۆپی دەستخەتی نامەکەی دکتۆر عەزیز گەردی
نامەیەک لەسلێمانییەوە:
٦|٦|٢٠٢٢
بۆ دکتۆر عەزیز گەردی ئازیزم
پاش سڵاوڕێز….
دکتۆرگیان من گەنجێک بوو تۆم ناسی، سەرەتا بەرهەمەکانتم بینی و خوێندمەوەو پاشان خۆتم بینی و تۆم خۆشویست، کاتێکیش بویت بەهاوڕێم و بەرهەمەکانتم لەئامێزی خۆشەویستی و خوێندنەوەدا لە ئامێزگرت، زیاتر بەتۆ و بەرهەمە بێوێنەو نایابەکانت و بەزمانە بێگرێو گۆڵەکانت سەرسام بووم، زیاتر تۆ وەک گەنجینەو سامانێکی ئەم گەلە لام گەورەترو گەورتربویت و بوێتە یەکێک لەمەزنەکانی نێو کتێبخانەی کوردی کەمەڵۆیەکی گەورەت بەوێنەی ڕەشکەیەک گەنمی قەندەهاری بەگوڵەوەت خستە نێو خەرمانی پڕبەرەکەتی کتێبخانەی کوردییەوەو ئەو خەرمانە مەعریفیی و ڕۆشنبیرییەت دەوڵەومەند ودەوڵەمەند ترکرد، کەئێمە شانازی بە بوونتەوە دەکەین، ئێستا کەتۆ لەنێوجێدا بەدەم ئازارەوە دەتلێیتەوەو لەبەرگریدای، ئێمە خەمێکی قوڵمان لەناخدا هەڵگرتووەو چاوەڕێی سەرفرازی و چاکبوونەوەی تۆ دەکەین، تا دەست بدەیتەوە ژێرباڵی خەرمانی پڕبەرەکەتی مەعریفەو زانستت، دوبارە وەک ڕەزە بە بەرهەمەکەی دامێنی قەڵای سەربەرزی هەولێرەکەمان بت بینین.
دکتۆرگیان، ئێمەی خوێنەرو قوتابیەکانت، تۆمان خۆشدەوێت و تۆمان لەیادەو قەت بیرمان ناچیتەوەو فەرامۆشت ناکەین، خوازیاربووین بەزوترین کات بەتەندروستییەکی باشەوە، بتبینین و بەدیدارت شادبین بەڵام بەداخەوە زوو بەجێدهێشتین و ئێمەت لەبێنازی کتێب و وەرگێڕاندا بەجێهێشت. یادت بەخێر وڕۆحت ئارام.


دڵسۆزت: یوسف محەمەدبەرزنجی
سلێمانی٦|٦|٢٠٢٢


بەشێک لەبەرهەم و خەرمانە پڕبەرەکەتەکەی دکتۆر عەزیز گەرد

*بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز گەردی :
نوسین ولێکۆڵینەوە

  • ئەدەب وڕخنە ساڵی ١٩٧٤
  • چەشەی ئەدەبی
    -پەخشانی کوردی ساڵی ١٩٨٧
    -ڕەوانبێژی ٣ بەرگ ١٩٧٢ـ ١٩٧٩
  • ئەدەبی بەراودكاری، ساڵی ١٩٧٨
  • ئەدەبی بێگانان ٥بەرگ ١٩٨٥
  • سەروا ساڵی ١٩٩٨
  • کێشی شیعری کلاسیکی کوردی بەراودکردنی لەگەڵ عەروزی عەرەبی ساڵی ١٩٩٩
  • رابەری کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی ٢٠٠٣
  • کێشناسی کوردی
  • فەرهەنگی کێشناسی
  • فەرهەنگی مەم وزینی خانی
  • شیخ ڕەزای تاڵەبانی، لێکۆڵینەوە.

وەرگێڕان:
-سێ نیگار، چیرۆکی بەلەکاییڤ، ساڵی ١٩٧٦

  • ئافره‌تی كورد لەتوركیا ١٩٨٣
    داغستانی من، ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ، دوو بەرگ ١٩٧٩- ١٩٨٥
  • چیرۆکەكانی ئیزۆپ، برایانی ئیزۆپ ساڵی ١٩٨٤
  • ژیانی ئافرەتی کورد، هێنی هارۆڵد هانسن، ساڵی ١٩٨٤
  • کۆمەڵی لادێی کوردستانی هاوچەرخی عێراق بەرامبەر نوێبوونەوە،لیژەک ژیکیل ساڵی١٩٩٩
  • ئەفسانەی کوردی، م.ب ڕۆدینکۆ، ساڵی ٢٠٠٠
    -ئەفسانەو ڕازی کوردی، عەلی ئەشرەف دەروێشیان,٢٠٠٠
    -كوردوزمانی كوردی،توفیق وەهبی، ساڵی ٢٠٠٢
    -كاریگەری گۆرانی لەسەر کوردیی ناوەڕاست، میشیل لیزنبێرگ ساڵی ٢٠٠٤
    -ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردی ڕەواندز، ساڵی ٢٠٠٥
    -ئەفسانەی کوردی، ئۆدیخانی جەلیل، ساڵی ٢٠١٠
    -ئەفسانەی هەنگاری، فال بیرۆ، ساڵی ٢٠٠٨
    -ئەفسانەی ژاپۆنی
    -ئەفسانەی سلاڤی،پاڤۆڵ دۆبشسکی
    -ئەفسانەی فیرعەون
    -ئەفسانەی هیندی
    -ئەفسانەی چینی، ساڵی ٢٠٠١١
    -ئەفسانەی پێست سورەکانی ئەمریکا،ویلیام ترۆیچ لارند، ساڵی ٢٠٠١١
    -ئەفسانەی ئێرانی
  • ئەفسانەی تورکی، ساڵی ٢٠١٢
    -ئەفریقی،ساڵی ٢٠١٢
  • ئەفسانەی ئەڵمانی، ساڵی ٢٠١٢
    -ئەفسانەی ئەرمەنی (چارلز دونیتگ)ساڵی ٢٠٠٦
  • دەنکە هەنار،کۆمەڵێک ئەفسانەی ئازەربایجانییە،ساڵی ٢٠٠٨
    -داستانی حسێن کورد وچەند هەقایەتێکی تر، ئەحمەد ئازەر ئەفشار
  • درەختی چل داستان، ساڵی ٢٠٠٧
    -ئەگەر خۆر بمرێ (ئۆریانا فالاچی) (ڕۆمان(ساڵی ٢٠١٣
  • پیاوێک (ئۆریانا فالاچی) (ڕۆمان(، ساڵی ٢٠١٣
    -پەنەلۆپە لە جەنگدا (ئۆیانا فالاجی)،ساڵی ٢٠١٢
    -ژیان و جەنگ و هیچی تر (ئۆریانا فالاجی)ساڵی ٢٠٠٨
    -گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا (ئۆیانا فالاجی)
    -ئافرەت رەگەزی بێ کەڵک (ئۆیانا فالاجی)
    -ئەو پیاوەی بە تەنیا سەفەری کرد (كۆنستاتین گریگۆ) (ڕۆمان (
    -ئاشورا،عەلی ئەشرف دەروێشیان، ساڵی ٢٠١١
  • وەرزی نان، عەلی ئەشرەف دەروێشیان، ساڵی ٢٠١١
    -بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک
    -بەرنامەی خوێندن
    -پڵنگ لە ڕۆژی دەیەمدا (کۆمەڵە چیرۆک(
  • پیاوانی بەیانی
  • بەرکوتێکی ژیانم،یەلجینی بەلەشینکۆ،ساڵی ٢٠١٣
  • چەند لاپەڕەیەک لەسەربردەی خۆم، سدرەددین عینی،ساڵی ٢٠٠٥
    -زارا عەشقی شوان، (محەمەد قازی) ساڵی ٢٠٠٧
    -کەوێتی دەمەنتاری، ساڵی ٢٠٠٤
  • رۆمیۆ جولێت، ولیم شکسپیر، ساڵی ٢٠٠٩
    -جۆڵای ئازا
    -چیرۆکین ناو بەندیخانە
    -حاجی موراد، تۆڵستۆی (رۆمان) ساڵی ٢٠١٤
    -حەفت گفتوگۆ
    -خوا و شەیتان (تۆڵستۆی (
    -خەڵک بەچی دەژی
    رۆمیۆو جولێت و مەم و زین
    -ساڵانی هەورین دوودوو (عەلی ئەشرەف دەروێشیان)
    -سولی ١٨(عەلی ئەشرەف دەروێشیان)
    -شا عەباسی گەورە
    -قوتیل (ئەلفۆس دۆدێ)
    -قۆڵبڕ (عەزیز نەسین)ساڵی ٢٠١٤
    -قەننە
    -کچەی فەرماندە (پۆشکین) ساڵی ٢٠١٥
    -کۆمیدیا دوو بەرگ (دانتی ئەلیگیری) ساڵی ٢٠١٥
    -گێلەکانی چێلم و مێژویان
    -گەشتەکانی گەلیڤەر
    -لاوەچ ، مەنسوری یاقووتی، ساڵی ٢٠١٤
  • كرمانج، مەنسوری یاقووتی، ساڵی ٢٠١٤
  • چرایەک لەسەر هادیان کۆ، مەنسوری یاقووتی،ساڵی ٢٠١٢
  • تەلخون، سەمەدی بهرەنگی، ساڵی ٢٠١١
    -لەشکری روسی لە جەنگی عێراقدا
    -لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا
    -ماینی چل جوانوو
    -مەسەلەکە
    -نامەیەک بۆ ئەو کۆرپە نێرینەیەی کە هەرگیز لەدایک نەبوو
    -نامەیەک لە پەکینەوە پیرل س بک (ڕۆمان)ساڵی ٢٠١٣
    -هەقایەتی کوردەواری سێ دەتمام
    -هەقایەتەکانی مەشدی گەلین خانم، ل.ب، ستن
  • هەقایەتی بەغدایی، نبنستاس ماری کەرمۆ
  • هەندێ باوەری ئاینی مەندائی
    -هەندێ بەستەی کوردی
    -یەزداندۆخت
    -بەرسیلە، زەکریا تامر، ساڵی ٢٠١٩

سەرنج: ئەم وتارە بەرلەمەرگی ناوادەی مامۆستای بێگەرد دکتۆر عەزیز گەردی نوسراوە، بەداخەوە ئەمڕۆ٦-٦-٢٠٢٢ کۆچی کردوو بەجێیهێشتین… بۆیە کاتی وەفات و لەدونیا دەرچونم بۆ زیادکرد.


٥-٥-٢٠٢٢




زمانی سیاسیەت زمانی ڕۆشنبیر… زانا رەزاق

سەرەتا خۆی سیاسەت هونەرە هونەری بەڕێوەبەبردنی بوارەکانی کۆمەلگایە سیاسیەکانیش ئەو هونەرە بۆ بەڕێوەبەبردنی کۆمەلگا دەگرنە ئەستۆ ،خۆی دەبێ سیاسیەکان کەسانێکی لێهاتوو خاوەن ئەزموون بن هەروەها بەپێی کۆمەلگا و دەولەتەکانی دەوروبەر مامەلە بکات یانی دەکرێ بۆ نێو خەلکی خۆیی و کۆمەلگا بە زمانێکی ڕاشکاو باسی زۆر شت بکات بەلام هەموو شت نا چونکە ئەمە بۆ ئێمەی کوردستانی باش نیە لەبەر ئەوەی داگیرکەران چاویان لەسەر ئێمەیە و هەموو کات ئەوان لە ئێمە دەترسن دەشبێ بەپێی قۆناغ ئاستی بەهێزی بێهێزیی خۆی و بوارەکانی کۆمەلگا مامەلە بکات یانی بۆ نموونە، سیاسیەکان و سەرکردەکان بەپێی ئاستی بەهێزی خۆیان هەم لەنێو هێزەکانیان هەمیش بەهێزی پەیوەندییان لەگەل هێزەکانی تری کۆمەلگا هەمیش بەهێزی بوارەکانی کۆمەلگا هەنگاو بهاوێژن یان بە شێوەی تر سالانێک باسی مافەکان دەکەی دوای سالانێک کە بەهێزتر بووی داوای زیاتر دەکەی پاشانیش هەرئاوا بەلام بە مەرجەوە دەبێ پەیوەندی باش بێت لەنێو خۆیی و خەلکی کۆمەلگا هەمان شێوەش بۆ هێزەکانی تری کۆمەلگا.

کاتێک وتمان دەبێ بۆ خەلکی کۆمەلگای خۆی لە زۆر شت ڕاشکاو بێ بەلام بۆ دەولەتە دراوسێیەکان جۆرێکی تر بێ بۆ مامەلە کردن لەگەلیان بەس دەبێ هەستیاربن هەروەها کاتێک لەگەلیان دادەنیشن دەبێ خوێندنەوەیەکی دروست بۆ کەسەکانیان و پشت قسەکانیان بکەین …

دووەم زمانی ڕۆشنبیرەکان یانی بلێین ڕۆشنبیر کەسێکە جیاوازترە لەسیاسیەکان ئەو کەسێکە یان کەسانێکن ڕەخنە لەکەمو کورتییەکان دەگرن و بەدیلی باشتر ئامادە دەکەن هەروەها ئەرکێکی ئەوان ئەوەیە کە خەلکی کۆمەلگا هۆشیار بکەنەوە تاک دروست بکەن بەهەمان شێوە دەکرێ ڕۆشنبیرانێک ئەرکێکی گرنگتر بگرنە ئەستۆ ئەویش ئەوەیە خەلکی وولاتە داگیرکەرەکانیش هۆشیار بکەنەوە لەستەمی دەسەلاتدارەکانی ئەو وولاتانە یانی لە هەموو دونیا وولاتان و سیاسیەکان پەیوەندییان لەگەل یەکتری هەیە بەتایبەت لەگەل دەولەتە دراوسێیەکان ئێمەش بەشێکین لەو دونیایە و سیاسیەکانمانیش بەشێکن لەو سیاسیانەی وولاتەکان بەلام زۆر گرنگە ڕۆشنبیری ئێمە هەم خەلکی کۆمەلگای خۆمان هۆشیار بکاتەوە هەمیش بچێتە نێو مێشکی مرۆڤەکانی کۆمەلگاکانی وولاتە داگیرکەرەکان خەلکەکەی لەسەر ئەو شتانە هۆشیار بکاتەوە کە حکومەتەکانیان دژی ئێمە کردوویانە.

جا ئەوە خۆی زۆر گرنگە چونکە لێرەدا خالێک هەیە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە کاتێک سیاسیەکانمان مامەلە لەگەل وولاتە داگیرکەرەکان دەکەن خەلکی ئێمە هەیە ئەوانیش جۆرێک لە جۆرەکان خۆشدەوێ یانی سیاسیەکانی ولاتە داگیرکەرەکان ئەوانی خۆشدەوێ ووردە ووردەش کاریگەری لەسەر دروستدەکات پێویستە خەلک لەوە هۆشیار بێت و بزانن کاتێک مامەلە لەگەل ئێمە دەکەن مانای ئەوەنیە دۆستی ئێمەن یان لێدوانی ئەوان لەکەنالەکان و میدیاکان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بگوازینەوە کاتێک دۆستی ئێمەن خەلکی ئێمە ژێردەستەی ئەوان نەبێ.

تێبینی هۆشیار کردنەوەی خەلک و مرۆڤەکانی ئەوان بەڕێگایەکی باش دەزانم چونکە ئەگەر ئەوان ووردە ووردە هۆشیار ببنەوە هەروەها مێشکیان لە پەروەردە ناتەندروستیە ڕزگار ببێت بێگومان ئەمە سەرەتایەکی باش دەبێ.




یاسای ئێستای هەڵبژاردنی كوردستان یەكێكە لە باشترینی جیهان… عەلی مەحمود محەمەد

لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەوەی بیوتایە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ هەڵبژێردرێت بۆیان كفرێكی گەورە بوو, لە كاتێكدا سستەمە چاكەكانی جیهان ئەوانەن كە پەرلەمانین و سەرۆك راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت تێیدا, دواتر هەر ئەوانەی سوكایەتیان بە رای جیاواز دەكرد دەنگی دەنگدەرانیان بردە پەرلەمانەوەو لەسەر سینییەك زێڕینین پێشكەش پارتیان كرد, وەك بینیمان بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان بووە سەرۆكی هەرێم, لە رێگەیەكی دیكەوە دەنگەكانیان بە پارتی فرۆشت, وا نەبوایە بۆ كاندیدی پارتی هێنانەوەی پەنجاو یەك لە سەد لە دوو خولیشدا ئەستەم بوو نەك 82%.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال, زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە لە چوارچێوەی سستەمی پەرلەمانیدا, تەنانەت لە سەرۆكی باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی” 69,69% و 65,90% ” دەنگەكان بهێنێتەوە.
ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانیەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, خۆشیان جاهیل بوون بینینیان تەنها بەرپێی خۆیان بوو, گفتوگۆ لە گەڵ جاهیلدا خۆكوژییە, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, پەیوەندی بە ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە نەبوو كە ئیدعایان دەكرد, بەڵكە پەیوەندی بەوەوە هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا مەزاد بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر راستەوخۆ هەڕاج بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە بۆ فرۆشتن وەك كردیان, ئەم قسەیەم پێنج سەڵ لەمەوپێش وتووە, لەسەریشی جوێن باران كرام.
لە جیهان 45 وڵاتی كۆماری پەرلەمانی هەیە (زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەم تەرزەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دوو جۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن و باشترین و دیموكراسیترینیانن تەنانەت لە چاو سستەمەكانی دیكەی هەڵبژاردنیشەوە, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, بە هەردوولایانەوە كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن.
ئەوەی ئەمانە بیری لێدەكەنەوە بەرژەوەندی هەنووكەییە نەك پرۆژە بۆ جێكەوتنی دیموكراسی و نوێنەرایەتی زۆرینە و دیموكراسیەت و قازانجی داهاتووی پرۆسەی سیاسی, ئەم هەڵپەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەش بەو ئاقارەیا ئەنجامەكەی دەڕوات, دواتر وەك وتەنی زۆریان دەبێت كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنن, چونكە ئەنجام زیانی بۆ پەزەكانیان دەبێت.
دوو خاڵ جێگای سەرنجە ئاماژەی پێ بدەین, لە لایەك ئەوان خەڵكی كوردستان بە دواكەوتوو دەزانن, پێیان وایە كوردستان لە ئاست ئەو یاسایە نییە كە هەیە, لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان هوشیاری زۆر لە پێش پارتە سیاسیەكانەوەیە, وە پێیان وایە گۆڕینی یاساكە ئەگەری زیادكردنی كورسی لێدەكرێت, لە كاتێكدا پێشەنگی سیاسی بیر لە دوارۆژ و كۆی پرۆسەكە دەكاتەوە نەك بەرژەوەندی هەنووكەیی كە لەوەشدا ئەگەری هەیە پێشبینییەكەیان پێچەوانە دەكەوێتەوە, بە تایبەت بۆ پارتە مام ناوەندییەكان” یەكگرتوو, نەوەی نوێ, كۆمەڵ, گۆڕان, لیستە نوێكان وا دێن”, چونكە لە ئەساسدا پارتی لەگەڵ سستەمی بازنەیی خۆ هەڵبژاردنی تاك بووە ” دیداری تەمەن- ل240″.

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان رێژەیی یەك بازنەیی كراوەی زێدەی بەهێزە,لە جیهاندا 80 وڵات پەیڕەو لە سستەمی هەڵبژاردنی رێژەیی دەكەن, یەك بازنەیی كراوەی بێسنوور, یان چەند هەرێمی”كوردستان هەرێمێكە بۆ خۆی”, یاخود رێژەیی بە سنوور بۆ چوونە پەرلەمان”نموونە سستەمی هەڵبژاردنی ئیسرائیل هەموو وڵات وەك هۆڵەندا یەك بازنەیە لیچ رێژەی 3,25% دیاریكراوە بۆ چوونە پەرلەمان”, كاتی خۆی كە ئەم یاسایە دوای هەمووارەكان چەسپیووە, لەگەڵ بەشداری پێكردنی كۆتاكان زیاتر مۆركی تاڵەبانی پێوە دیار بووەو خواستی بووەو خۆزگەی بۆ هەموواری یەكەم یاسای هەڵبژاردن خواستووە “مام جەلال دیداری تەمەن -بەشی دووەم ل232-233 “, كەچی ئێستا كوڕەكانی دەیانەوێت بیگۆڕن.
یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان وەك ئاماژەمان پێی دا یەك بازنەییەو رێژەیەك بۆ چوونە ناو پەرلەمان دیاری نەكراوە, ماوەی بەهێز كۆتا كورسییەكان دەبەن, نموونەی ئەم یاسایەو یاسای هەڵبژاردنی وڵاتی هۆڵەنداو كرواتیا و ئەنگۆلا(داخراوە), ئەروبا(باقی ئەقوا نییە), زۆر وڵاتی دیكەیە بە دیاریكردنی هێنانی رێژەی لانی كەم بۆ چوونە ناو پەرلەمان, نەك وەك ئەوەی پەرلەمانتار ع م وتی ئەم سستەمە باوی نەماوە, بەڵكە پێچەوانەكەی تەواو راستە جیهان بەرەو ئەو دەڕوات, چونكە ئەو سستەمە دیموكراسیترینیانە, نوێنەری زۆرینەی زۆری بەشداربووانی دەنگدان دەچێتە پەرلەمانەوە, ئەو خۆی ئاگای لە جیهان نییە…….. لەم یاسایە نوێنەری زۆرترین بۆچوونە سیاسییەكان دەچێتە پەرلەمانەوە, كەمترین دەنگ دەفەوتێت و بێ نوێنەر دەبن لە چوارچێوەی دەنگدەراندا ( هەرچەندە لە پرۆسەی سیاسیدا رۆژ بە رۆژ متمانە بە سستەمی پەرلەمانی لاواز دەبێت و رێژەكانی دەنگدان دادەكشێن روو لە خوار, من لایەنگری سستەمی دیموكراسی راستەوخۆم), لەو وڵاتانەی بازنەكانی هەڵبژاردنیش لەسەر بنچینەی هەرێمەكان دابەش كراوە لە سستەمی بازنەیی نەك شارو قەزاو ناحیە.

بەراوردێك لە نێوان دوو نموونە لە باوترین سستەمەكانی هەڵبژاردنی جیهان

دەمەوێت بۆ بەرچاو رونی زیاتر دوو نموونە لەسەر سستەمی رێژەیی یەك بازنەو بازنەیی زۆر بازنە بهێنمەوە, ئەوجا بەراوردێكیان بكەین, لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا كە بە باشترین سستەمی هەڵبژاردنی جیهان دێتە ژماردن, تەنها نوێنەری 1,99%ی دەنگدەران بیچ بەش بوونە لە نوێنەرایەتی و نمایندەیان نەچۆتە پەرلەمانەوە, لە كۆی 37 پارتی بەشداربوو وە هیچ هاوپەیمانیەتییەك دروست نەكراوە, لە پرۆسەكە 17یان بوونەتە خاوەند كورسی پەرلەمان, لە بەرامبەردا نوێنەری 98,1%ی دەنگدەران لە ناو پەرلەمانن, لە كاتێك رێژەی لانی كەمی دەنگ هێنان 0,67% داندراوە بۆ چوونە پەرلەمان, لە كوردستان ئەو رێژەیەش دیاری نەكراوە.
نموونەكەی دی هەڵبژاردن لە سستەمی بازنەیی هەر لەو وڵاتانەی بە پیتی ه ن وەردەگرین كە ئەویش هیندستانە, لە هیندستان لە هەڵبژاردنی 19-5-2019 نرخی كورسیەك لە كۆدا 888هەزار دەنگ بوو, وەلێ بۆ پارتی دەسەڵاتدار بهاراتا جاناتا 756029 دەنگ بوو, پارتی ناوبراو 2229076879 دەنگی هێناوەتەوە دەكاتە 37,30%ی دەنگەكان و 303 كورسی بردووە, بۆ 10 پارتی هاوپەیمانیشی لە هاوپەیمانی نیشتمانی دیموكراتی كە 30 كورسیان بردووە نرخی كورسییەك هەر وا بووە, كەچی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن 119,495,214 دەنگی هێناوەتەوە كە دەاتە 19,46% ی دەنگەكان تەنها 52 كورسی بردووە , هەر كورسییەك بۆ ئەو 2297984 دەنگ وەستاوە, ئەویش هاوپەیمانی یەكگرتووی پیشكەوتنخوازی پێك هێناوەو بە هەموویانەوە 110 كورسیان بردۆتەوە, 9 پارتی ناو هاوپەیمانیەتیەكە چوونەتە پەرلەمانەوە بۆ ئەوانیش نرخی كورسییەك هەر وایە, نرخی كورسییەك بۆ پارتی كۆنگرەو هاوپەیمانەكانی 3,4 جاری نرخی كورسی پارتی بهاراتا جاناتا بووە.
لە هەڵبژاردنەكە كۆی گشتی 5 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكە پێك هێنراوە, زیاتر لە 75%ی پارتەكان ئەگەر هاوپەیمانیان پێك نەهێنایە ناچوونە پەرلەمانەوە. لە هەمان هەڵبژاردن حیزبی شیوعی ماركسی 10744908 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, بیوجۆ جاناتا دیل 10174021 دەنگی هێناوەتەوە 12 كورسی بردووە بەهۆی هاوپەیمانیەتی لە گەڵ بهاراتا جاناتاوە , كۆنگرەی نەتەوەیی جامۆ كشمیر 280356 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, چونكە هاوپەیمانی پێك هێناوەو نرخی كورسی لە هەرێمەكەیان و زۆری كاندید هۆكار بوونە بۆ دەرچوونی, لە بەرامبەردا پارتی راشتریا جاناتا دال 6632247 دەنگی هێناوەتەوە نە چۆتە پەرلەمانەوە, دەبینین نا دادی زۆر لە سستەمەكە هەیە .
بە گشتی زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگی لیستە بچوكەكان كە لە بان 609 پارتی سیاسی بوونە هیچ نوێنەرێكیان نەچۆتە پەرلەمانەوە .
بەم خوێندنەوە سەرەتاییە بۆ هەروو ئەزموونی هۆڵەنداو هیندستان دەتوانین جیاوازی دادپەروەری یاسای هەڵبژاردن لە هەردوو وڵات بەراورد بكەین.

سستەمی هەڵبژاردنی كوردستان پێویستی بە گۆڕین هەیە؟؟

یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان یاسایەكە بە ئیمتیاز دیموكراسییە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی باودا, ژمارەیەكی كەم بۆچوونی سیاسی و پارت و لیست بێ نوێنەر دەمێننەوە, ژمارەیەكی كەمی دەنگی دەنگدەر بێ نوێنەر دەبن لە پرۆسەكە, بۆیە بە بڕوای من وەك یاسا لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا باشترینە لە جیهان, وەلێ وەك جێبەجێكردن خراپترینیانە, كە خراپ جێبەجێ دەكرێت, چارەسەر گۆڕینی یاساكە نییە بەڵكە چاككردنی خراپییەكانە و تەشخیسكردنی دروستی نەخۆشییەكەیە.
وەك وتم یاساكە لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا چاكترینە, بە هەمواركردنی یاساكە خراپتر دەبێت, تا بازنەكان بچووكتر بكرێنەوە, شانسی هێزە كۆنەكان لە ئاغاو دەرەبەگ و كوڕە موستەشارو دەوڵەمەند و پارتی دەسەڵاتدار خاوەند دەزگای راگەیاندنی زەبلاح و …..زیاتر دەبێت, وە ململانێ توندتر دەبێتەوە, فشارو دەنگ كڕین و گرژی و گزی زیاترو توندتر دەبێت, هەنگاوێكیشە بۆ سەركەوتنی نەوەی موستەشارەكان, بۆیە باشترە خراپییەكان پرۆسەكە پڕ كرێتەوە نەك باشەكەش بگۆڕدرێت دەرگا لە بەردەم خەڵكی عەوام دابخرێت لە بەشداری سیاسی.
گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لە بەرژەوەندی زۆرینەی حیزبەكان بە مام ناوەندییەكانیشەوە نییە,كە ئەحمەقانە دوای هەلاكە كەوتوونە, سیاسەتی كەری دێزە چارەنووسی هەر مەرگە. گۆڕینی ئەم یاسا گورزێكیشە لە پرۆسەی سیاسی بۆ نەوەكانی داهاتوو, ئەستەم دەبێت بۆ لیست و پارتی نوێ بتوانن بچنە پەرلەمانەوە, دەرگای گۆڕانی سیاسی لە رێگای هەڵبژاردنەوە دادەخات.
ئەگەر ئاراستەكان روو لە پارتی بێت, ئەوا ئەو 31 ساڵ لەمەوپێش شەڕی لەسەر سەپاندنی سستەمی بازنەیی ئەنگلۆ ئەمەریكی كردووەو سانایە بگەڕێتەوە سەری.
لە كۆتادا ینك و پدك سستەمی بازنەییان دەوێت, بە تایبەت پارتی لە 1991ەوە ئەوە خواستی بووە, ئەوكات ئەنجام وەك ئەمەریكاو بەریتانیا و زۆرینەی ولاتانی كۆمۆنۆلس ” 58 وڵات بازنەیین, نموونەی هیندستانمان هێنایەوە”پایەی دوو حیزبی دەچەسپێت لە كوردستان, پرۆسەی سیاسی ستۆپ دەكات و دەرگا لەبەردەم هێزەكانی دیكە دادەخرێت.
جیا لەوانەش هێزی خاوەند پرنسیبی باوەڕ تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆی ناكاتەوە, بەڵكە پێشكەوتنی پرۆسەیەكی بۆ گرنگە, ئاراستەی روو لە داهاتووە.

ئەدی چی بكرێت؟

بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەڵبژاردنی كوردستان كێشەی دیكەی زۆری هەیە وایكردووە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ببێتە خراپترین هەڵبژاردن لە جیهان, تەواو پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنەكەی, كۆمەڵێك هەنگاو هەیە پێویستە بنرێت بۆ چارەسەركردنیان, وەك ئاماری نوێی دەنگدەران و پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران لەناوی مردووان, دروستكردنی لیستی دەنگدەرانی پێكهاتەكان بۆ كۆتاكان, دیاریكردنی لانی زۆری خەرجیەكانی هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرچاوەی پارەكان و ئاستی بەخششەكان ناوخۆو راگەیاندنی ناوەكانیان, قەدەغەی بەخششی بێگانە, قەدەغەی تەمویلی ولاتانی دەوروبەر, سزادانی توندی لیستەكان بۆ ئەنجامدانی جموجۆڵ لە رۆژی دەنگدان لە ناو شوێنەكانی دەنگدان و دەرەوەی, سزادانی قورسی پارتەكان لە بەرامبەر دەنگ كڕین بە بێبەشكردنیان لە كورسی ئەو ناوچانە, چاودێری وردی پرۆسەی دەنگدان و ژماردن و راگەیاندنی…….هتد, دەشێت دەیان خاڵ دیاریبكرێن بۆ رێگا گرتن لە ساختەكاری و دەنگ كڕین و لاوازكردنی رۆڵی ولاتانی بیانی لە كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدنەكان و لاواز كردنی رۆڵی پارە لە هەڵبژاردنەكاندا .
لە كۆتاییدا دەڵێم پارتی و یەكێتی دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردن نین, هەموواركردنەوە تەڵەیەكە ناویانەتەوە تا كەموكوڕییەكان دیكەی پێ بشارنەوە, ئەوان لە كۆتادا ئارەزوویانە كوردستان بكەنە 100 بازنەی هەڵبژاردن.
ئەم زانیاریانە ببینن:
https://en.wikipedia.org/wiki/2021_Dutch_general_election
https://en.wikipedia.org/wiki/2019_Indian_general_election
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10406




کورتە چیرۆک/ ئەو هەستانەی نابنە شیعر بەس دەگەیین… گۆران سەباح

پووشۆ لە سێتاقان، ماڵیان لە پشت گەرماوی کوردستانە. دیار نەبێ، خەڵک سوێند بە سەری دەخۆن. دیاریش بێ، ڕایدەگرن و پێی ڕادەبێرن.
لە نێو ماست، مەرەگەی بامیە، لە هەر شوێنێکدا، موو ببینێت، سەری پەنجەی شەهادەی بە زمانی کەمێک تەڕ دەکات، مووەکەی پێ دێنێتە دەرێ و تاوێک لێی ورد دەبێتەوە. ئەم قسەیەی بەناوبانگە، “ژیان لەم تاڵە مووە باریکترە، بپسێ، دەپسێ.”
مێروو، مێش، مێشوولە بکەوێتە نێو چای، بە سەری پەنجەی شەهادەی بە ئاستەم پاڵێکی پێوە دەنێت و نوقمی دەکات، پاشان دەریدەهێنێت و بەشێنەیی دەیخاتە نێو کلێنکسێک. ئەمەشی هەیە، “مێشوولەیەکی مردار لە یەک ملیۆن مرۆڤی بێ هەست بەنرخترە.”
لە گوانی مەڕ، پێی کێشکە، گوێی ئەسپ، قونی مەیمون، چاوی کوندەبەبۆ ورد دەبێتەوە. بەردەوام پرسیار دەکات. کە دەڵێ بۆچی بانگدان هەیە لە ئیسلام، خەڵک پێیان وایە کفری دەکات. کە دەڵێ بە دەستیبایە سێ ساڵ قوتابخانەکانی دادەخست و مامۆستاکانی دەکردە شوان، وەزیرەکانیشی دەکردە گاوان، خەڵک پێیان وایە شێت بووە.
“قاپت شووشتییە ئەوڕۆ؟” مام عەوڵای دوکاندار پیاوەکانی چواردەوری خۆی دەخاتە پێکەنین. “ئەدی گێسک؟”
پووشۆی خاوەن ژن و منداڵ سڵ ناکاتەوە لە پلاری پیاوانی گەڕەک. لای پیاوەکانی بەردەم دوکانی مام عەوڵا ڕادەوەستێت و سڵاو ناکات. یەک یەک سەیریان دەکات و لە دڵی خۆیدا دەڵێت، “ئەو مام عەوڵایە، چار مانگیش دەبێ گانی نەکردییە، پێوەی دیارە؛ ئەو کەریمە کەرە هەموو ڕۆژێ لە ژنەکەی دەدات؛ ئەو ساڵحە چاوچنۆکە ڕۆژێ یەک هەزار دەداتە ژنەکەی بۆ مەسرەفی مارێ؛ ئەو حاجی تەهایە دوو ژنی هەیە و دوو حەجیشی کردییە، لەسەر پشیلەش پاز نادات.”
“ئەو قاقەزانە چییە؟” مام عەوڵا دەیپچڕێنێت. “ناکا شیعر و میعران بنووسی لۆ مارێ؟”
پێکەنین. هەر یەکە لە ڕاستە خۆی پلارێک داوێت:
“هەستی ناسکە.”
“ژنی خۆی خۆش دەوێ بابە.”
“لە ئیشی ناو مارێ گەڕێ. چما شیعریشی پێ دەنووسن؟”
“عەجایب، پیاوی وا پەیدا بوونە ئەو عەیامەی.”

پووشۆ تەماشای کاغەزەکانی دەستی دەکات. خەیاڵی بۆ ئەوە دەڕوات دوایین شیعری خۆی بۆ ئەوان بخوێنێتەوە:
وەرە با دڵمان یەقین کەین
بەوەی هەمانە
وەرە با دوور بین لە چڵێسی
وەک دێوانە
ژیانی سادە زۆر خۆشترە
وەک عاریفانە

هەرچەندی دەکات، ناتوانێت خەیاڵەکەی بکاتە ڕاستی. پێیاندا دەخەنێتەوە و دەڕوات. مام عەوڵاش زوو یاوەرەکانی دەمکوت دەکات، “نا، لێی گەڕێن، بێتامی مەکەن.”
یەک لە پیاوەکان ددانی پێدادەنێت، هیچیان وەک پووشۆیان پێ ناکرێت.
“قسەیەکیش بۆ هەق بکەین،” مام عەوڵا کیلۆیەک تەماتە بۆ منداڵێکی پارچەرە دەکێشێت و بەڕێی دەکات. “بە سەری ئەو پووشۆیە، ئەوەی ئەو دەیکات لەگەر ژنەکەی، سیفەتی پێغەمبەرمانە.”
“صلی اللە علیە وسلم.” هەموو پێكرا وا دەڵێن.
هێندەی نەماوە بگاتەوە ماڵ. خەیاڵ دەیبات، دێتە پێش چاوی، کۆپلەی دووەمی شیعرە تازەکەی بۆ خێزانەکەی دەخوێنێتەوە:
وەرە با هیچمان نەوێ
سروشت نەبێ
وەرە با بۆنی خاک کەین
هەر لە باخ بین
موڵک و ماڵ هیچ نییە
بەس سەرئێشەیە

پێڵاوەکەی دەخاتە نێو دۆڵاب. سڵاو لە خیزانەکەی دەکات لە مەتبەخ، پشتملی بۆن و ماچ دەکات. دوای خۆگۆڕینی، گۆریە و دەرپێکوتەکەی دەشوات و هەڵیاندەخات. دێ سفرە ڕادەخات و قاپ و مڵاک و پەرداخ و سەوزە و ماستاو دادەنێت. لە کاتی نانخواردندا، منداڵەکەیان دەگریت، پووشۆ ناهێڵێت خیزانەکەی هەستێت، خۆی دەچێت ژیری دەکاتەوە. دوای نانخواردنیش، قاپەکان دەشوات.
کارەبا فیز دەکات، پووشۆ دەچێ لێی بداتەوە. دێتەوە و دەڵێ فیزی نەکردووە. گەرما تین بۆ منداڵەکەیان دەبات. خێزانەکەی دەتەقێتەوە بەسەر خاوەن مۆلیدە و حکوومەتدا. ئەمە برینی دەکولێنێتەوە و دەست دەکات بە گلەیی لە پووشۆ، “نەدەبا ئیشەکەت بەجێ بێڵی، دەبێ خۆت لە گێلی بدەی، هەمووی هەر گەندەڵن.”
پووشۆ منداڵەکە ژیر دەکاتەوە و لە بەرانبەر خێزانەکەی خەیاڵ دەکات شیعرێکی بۆ بخوێنێتەوە:
پێمدا بڕژێ، دڵت خاڵی کە
هەرچی دەبێ، خەتای منە
هەرچیت نییە، لێی بەرپرسم

بە پرتەپرتی ژنەکەی دێتەوە هۆش خۆی. هەرچەندی دەکات ناتوانێت شیعرەکەی بۆ بخوێنێتەوە. گوێیەکانی لای پرتەپرتە، مێشکی لای هەستەکانی. دێتە بەرچاوی هەستەکانی دەگەیین و دەبنە درەختێک لە ناوەڕاستی ژووری دانیشتن. لک و پۆپی درێژ دەبنەوە بۆ نێو مەتبەخ، ژووری نووستن، هۆڵ و تەنانەت سەربانیش. هێندەی نابات، درەختەکە خانووەکەیان دادەپۆشێت. وردە وردە تەواوی گەڕەکەکەش.




ئه‌كادیمیستی ناوداری كورد، عه‌زیز گه‌ردی، ماڵئاوا!… دكتۆر نووری تاڵه‌بانی

ئه‌دیب و نووسه‌ر و وه‌رگێڕی ناوداری كورد، مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی به‌ یه‌كجاریی ماڵئاوایی لێكردین. به‌م بۆنه‌وه‌ بابه‌تی زۆر بڵاوكرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن زۆر لایه‌نی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری و سیاسیی، به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ بۆ ڕۆڵی ئه‌و كورده‌ دڵسۆزه‌ بكه‌م بۆ هاوكاریكردنی (ده‌سته‌ی قانوونی باڵای كورد)، كه‌ له‌ ساڵی هه‌زار نۆسه‌د و نه‌وه‌ت و دوو، به‌ بڕیاری خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێم دامه‌زرابوو بۆ هاوكاریكردنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه‌ سێ‌ قانووونناسی ئه‌و ده‌مه‌ بووین، به‌نده‌و خوالێخۆشبوو حاكم ڕه‌شید عه‌بدولقادر و دكتۆر عه‌بدوڕه‌حمان ڕه‌حیم. حكومه‌تی هه‌رێم جێگای بۆ ده‌سته‌كه‌ دابین نه‌كردبوو، بۆیه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم كردبووه‌ باره‌گای ئه‌و ده‌سته‌ قانوونیه‌. ڕۆژانه‌ ئه‌و دوو ئه‌ندامانه‌ی دی ده‌هاتنه‌ ماڵه‌كه‌مان تا كاتژمێری دووی پاش نیمه‌ڕۆ ده‌مانه‌وه‌.
كه‌سێك داوای له‌ خوالێخۆشبوو مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی نه‌كردبوو هاوكاریمان بكات، ئه‌و له‌وده‌مه‌ مامۆستا بوو له‌ یه‌كی له‌ قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر، به‌ پایسكل ده‌هات بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پرۆژه‌ قانووننانه‌ی ده‌سته‌كه‌مان ئاماده‌ی ده‌كردن، تا بیانكاته‌ كوردی. ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌كه‌ هیچ توانایه‌كمان نه‌بوو تا بیخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی، به‌ ده‌ستی خۆم پرۆژه‌كانم ده‌نووسییه‌وه‌، چونكه‌ كۆمپیوته‌رمان نه‌بوو و كه‌سێكیان ده‌ستنیشان نه‌كردبوو هاوكاریمان بكات بۆ نووسین، یان لانی كه‌م فۆتۆكۆپیكردنیان پێش ناردنیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێم. كاك عه‌زیز بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هاوكاریی بكات، به‌ پایسكله‌كه‌ی ده‌هاته‌ ماڵه‌كه‌مان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پرۆژه‌ قانوونانه‌ی ئاماده‌مه‌مان ده‌كرد، پاش چه‌ند ڕۆّژێك خۆی بۆی ده‌هێناینه‌وه‌. ئه‌ویش كۆمپیوته‌ری نه‌بوو، به‌ده‌ستی خۆی، پاش وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانی كوردی، ده‌ینووسییه‌وه‌ بۆی ده‌هێناینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ نوسخه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌، كه‌ به‌ ده‌سخه‌تی من یان خوالێخۆشبوو كاك د. عه‌بدوڕه‌حمان ره‌حیم ده‌نووسرا.
پێشتر كاك عه‌زیز گه‌ردیمان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌و ده‌یزانی ده‌سته‌كه‌مان خه‌ریكی ئه‌و ئه‌ركه‌یه‌ و كه‌س هاوكاریمان ناكات، ڕۆژێك سه‌ردانی كردین و ئاماده‌یی ده‌ربڕِی بۆ هاوكاری كردنمان. هه‌تا ده‌سته‌كه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ كاره‌كانی، ئه‌ویش به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵمان.
هه‌زار سڵاو له‌گیانی پاكی ئه‌و كورده‌ دڵسۆزه‌.




تۆ پزیشکیت، یان واعیز..!؟ شەماڵ بارەوانی

هەڵبەت ئایین باشترین ڕێگایە بۆ فریودان و قۆستنەوە و بەکارهێنانی لە پێناو جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێکی سادە لەوح و خوش باوەڕ و لە خشتە بردن و خۆڵکردنە چاویان.
کەمنین ئەوانەی لە ڕێگای بەکارهێنانی ئایینەوە، دەوڵەمەند بوون، بوون بە پەڕلەمانتار، دوکانی سیاسیان دانا و خۆشترین ژیانیان بۆخۆیان لە سەر حیسابی خەڵکێکی ئایێنداری بەستە زمان دابین کرد.

جامن هێندەی عەیب نەبیت، دەیهینم و دەیبەم و هەر کۆدەکەیم بۆ ناکرێتەوەو لێی تێناگەم، ئەوەیە، کە ئەو پزیشکە بەڕێزەیش من کە چەند بەرنامەیەکی موتابەعە بکەم، ڕێک هەمان شتی لێ بەدیدەکەم، نازانم لە خولی داهاتوو بە تەمای خۆ کاندیدکردنە، یان مەبەستێک و ئامانجێکی تری هەیە،
کە هێندە فۆکەس دەخاتە سەر هەندێک تەوەر و بەلای ئاقار و ئاڕاستەیەکیان دا خواردەکاتەوە، کە هەمووی ئامانج و ڕێگا و پەیامی ئیسلامی سیاسی و فێندەمێنالیستەکانە!؟

هەر بەڕاستی
مرۆڤی تاک ڕەهەند و تێڕوانین تۆتالیتار هەمیشە هەوڵدەدات و دەیەوێت هەموو ڕوانگەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەکەی خۆی، تیرۆر بکات و بسڕێتەوە.

مەعلومە
کۆمەڵی کراو و شارستانی و پێشکەوتوو و مۆدێڕن، بە تەنها شۆێنی ئایینێک و مولکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە،
بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سەکسفرۆش.

لەوەها کۆمەڵێکدا:
ئینجا ئازادیت دەڕۆیتە باڕ، یان مزگەوت، نوێژ دەکەیت یان نایکەیت، کەس بۆی نییە بێت و تەداخولی ژیانی تایبەتیت بکات و فرمانت بە سەردا بکات و زۆریت لێ بکات و پێت بڵێت: یا دەبێت نوێژ بکەیت و مۆڵەتت تەنها سێ ڕۆژە، گەر نوێژ نەکەیت سەرت لەلاشەکەت جیا دەکەینەوە، یان جگە لەو ڕێگا دیکتاتۆریانە و داعشگەرایانە هیچ ڕێگا و چارە و هەڵبژاردنێکی ترت لە بەردەمدا نییە!

لە کۆمەڵی کراوە و پلورال و شارستانیدا،
هیچ کەسێک و بە هیچ پاساوێک و لە ژێر هیچ ناوێکدا،
بۆی نییە بێت و پێت بڵێت بۆ تەنورەکەت کورتە و تەسریحەی قژت بەو ستایلە ڕێکخستووە، بۆچی ناچیتە مەعبەد و ڕیشت دڕێژناکەیت؟
یان با فلان فیلم چونکە ماچی تیایە و فیسار سایتی پۆڕن ئەخلاقی خەڵک تێکدەدات دایخەین.
لە کۆمەڵی مۆدێڕن و سیکۆلار و پلورالدا،

هەڵبەت لوتکەی ئەخلاق ئەوەیه:تۆ وەکو خۆت و بە پێی دۆگم و بیر و باوەڕی خۆت بژیت و لێش گەڕێ بامنیش بە پێی بیر و باوەڕ و قەناعەت و بە ئازادی بۆخۆم بژیم.

ئاخر ئەوە لوتکەی داعش بوونە:
تۆ باوەڕت بە فرەیی( پلورالیەتی) ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت و خۆت و ئایین و ڕوانینەکانت لە خەڵک بکەیت بە حەقیقەتی ڕەهاو یەقینی سەرو گومان و کابەی هەموان و ، خەڵکی ناچاربکەیت، کە دەبێت هەموان بە پێیەکانی تۆ هەنگاو بنێن و بە ئەقڵیەتی تۆ بیربکەنەوە و بە گوێچکەکانی تۆ ببیستن و بە چاوەکانی تۆ ببینن!

کاکە خۆ بە زۆر نییە من نوێژ ناکەم و نایەمە مزگەوت و باوەڕم بەو بیر و باوەڕەی تۆ نییە.

من هەرگیز گلەییم لە بابایەکی ئیسلامی سیاسی، یان سەلەفیزمێک نییە، ئەوان دیارە لەکۆێ ئاو دەکرێتە ئاشی ئیدەلۆژیاکەیان و سەر بە چ بەستەڵەک و دۆگمێکن و ئەقیدە و بیر و باوەڕیان سەبارەت بە سیکۆلاریزم و مەدەنیەت و مافەکانی ژن و ئازادیەکانی تاک و ئاژەڵ دۆستی و هەموو شت دۆستیەک چییە و ئاشکرا مەعدەن و هەموو شتێکیان دیارە کە چەندە داعشگەرا و تۆتالیتار و ڕاسیزم و دەمارگیرن.

بەڵکو کارەسات ئەوەیە تۆ نە مەڵابیت و نە واعیز و نە کاهین، نە بستێک ڕیشت هەیە و نەیش شەڕواڵت کورتە و نە ئیسلامی و نە سەلەفیزم و نەیش لە کەناڵیکی ئاڕاستە سەلەفیزم و ئیسلامی و ئایینی بیت، بەڵکو گەنجکێی شێوە مۆدڕنی و سەکسوکە پان بیت و لە کەناڵێک بیت لە ڕۆژی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی پەخشی خۆت دەستپێبکەیت وەکو هێمایەک بۆ پیرۆزی ئەو ڕۆژە لای ئێزدیەکان و گەڕانەوە بۆ مێژووی باو باپیرانی بەر لە ئیسلام، کەناڵێکی بە ناو عەلمانی بیت، کەچی پزیشک بیت و وەکو واعیزێکی ئیسلامی و پیاوێکی ئایینی و بە دڵی ئیسلامیەکان قسە بکەیت و جارێک هاوسەرگیری کچەکان لە گەڵ کوڕی نێرگەلە کێشەکان پڕۆتستۆبکەیت و جارێکیش داوای ڕاگرتنی ماڵپەڕە سێکسیەکان بکەیت!
ئەرێ بەڕاست تۆ پزیشکیت، یان واعیز!؟

ماوەتەوە بڵێم:
هەڵبەت زۆربەی ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا پشتگری ئەو داوا داعشیانەی ئەو پزیشکە واعیزەیان کردبوو درۆی دەکەن و خۆشیان شەوەکانیان بە دیار سایتە شین و پەمەییەکان بەڕێدەکەن.

ئاخ
مردن لە کوێی دوو ڕوویی کوشتمی.




وەک هەر بەیانییەک… شیعری نەوزاد بەندی

هەموو بەیانییەک ،
لە خەو هەڵئەسی ،
دڵت گیراوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
هەنگاوێک ئەبوو هەڵبهێنرایە و
هەڵنەهێنراوە ..
هەموو بەیانییەک ،
تاوێرە بەردێک
ڕێک لەسەر سنگی تۆ دانراوە ..
ئەتەوێ هەڵسی ،
نازانی بۆچی ..
نازانی بۆ کوێ ..
هەرچی جێ هەیە ،
هەرچی ڕێ هەیە ، بە قوڕ گیراوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
بۆ تابلۆی ژیانێک ،
ئەبوو بیکێشین ،
نەک نەمانکێشا ،
فڵچە وسکێچ و کاغەزەکەیشی
نازانین لە کوێ فڕێمانداوە ..!
هەموو بەیانییەک ،
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
زۆرت پێباشە چاو نەکەیتەوە ..
ئەو گشت پێڵاوە بزماراویانە ،
لەسەر تەوێڵ و چاوت وەستاون ،
نەبینیتەوە ..
ئاخر ناخۆشە هەر بەیانییەک
وەک سەدان هەزار بەیانی تر بی ،
هیچ ڕووی نەدابێ..
هیچ نەگۆڕابێ ..
بچووکترین خەم نەسڕابێتەوە ..
هەر ئەشکەنجەکەی دەیەها ساڵ بێ،
…نەبڕابێتەوە ..
هەرچی ڕێگایە،دڕک دایپۆشیوە ..
دەرگا داخراوە ..
هەرچی پەنجەرە و دەلاقە هەیە ،
دژە هەتاوە ..
هەور دژە باران ..
ئاغا دژە نان ..
هەرچی ئەبینی ،
مات و ڕوخاوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
هەرچی دەرد هەیە ..
هەرچی بەرد هەیە ،
وەکو خۆی ماوە ..