دەستی خوێناویی ڕژێمە سەرکوتکەرەکەی ئێران!… عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشانێک بەسەر نەخشەڕێگای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێراندا

زۆر جار بینیومانە یان بیستومانە کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران هەمیشە نرخی بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی، لەسەر حیساب و گیرفانی خەڵکی ئێران داوە. ئەوانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ تێپەڕیوە بە باشی دەزانن کە چۆن سوپای پاسدارانی ڕژێم بە هاتنەسەرکاری خومەینی، خەڵکی گوندەکانی کوردستانی دەدایە پێش خۆی لە پێشڕەوییەکانیاندا بۆ داگیرکردنی ناوچە بە ناوچەی کوردستان و ئەو خەڵکەیان وەک قەڵغان بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزە جەماوەرییەکان نەتوانن تەقە لە سوپای پاسداران بکەن. ئەمەیش وەک کلتور و تاکتیکێکی دژەمرۆیی لە ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر بەکارهێنراوە و تا ئەمڕۆیش بەردەوام بووە!
بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، شاهیدی ئەوە بووین کە چۆن “کۆرۆناڤایروس” لە لایەن پاسداران لە وڵاتی (چین)ەوە بۆ ئێران گوازرایەوە و لە لایەن دەزگاکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە و چۆن (وەلی فەقیهی ئاخوندان) خۆی رێگریی کرد کە چوونی ڤاکسێنی دژەکڕۆنا بۆ ئێران و ئەوەیش بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە (500)هەزار ئێرانی!
ئێستایش لە ئاڵقەیەکیتری ئەم پلانە دژەمرۆییانەدا، دەبینین کە چۆن (عەلی خامنەیی) دێوەزمەی “”گرانی” و “هەژاری”ی بەرداوەتە گیانی خەڵک بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی بتوانێت ئامانجە دژە مرۆییەکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات بە مەبەستی سەرخستنی پرۆژەی ناوکی و بە بارمتەگرتنی چارەنووسی کۆمەڵگای مرۆڤایەییی هاوچەرخ!

نەهێشتنی (نان) لە سەر سفرەی خەڵک!
لەئێرانی ئەمڕۆدا کۆڵبەرانی کورد یان ئەو بەلووچانەی هەڵگری سوتەمەنین (سوختبەر) بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانێک لەلایەن پاسدارانەوە دەکوژرێن. ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان (لەوانەیش ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەری 2019) لەلایەن پاسدارانەوە خەڵتانی خوێن کران و ئێستایش هێزەکانی حکومەت، خەڵکانی برسی لەسەر شەقامەکانی شاران دەکەنە ئامانج و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی گوللە. کەوایە بە بێ هۆ نیە کە دەوترێت (لە ئێران گیان هەرزانترە لە نان). بۆ باسکردنی بارودۆخی ئێستای ئێران ئەمە کورتترین وەسفە. واتە وڵاتێک کە ئێستا 43 ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ترسناکترین دیکتاتۆرییەت، واتا دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، کە کەمینەیەکی زۆر بچووکە، لەژێر ناوی (ئیسلام) دا دەسەڵاتی خۆی بەسەر 85 ملیۆن ئێرانیدا سەپاندووە.
واتا ئێرانێک کە تیایدا ئازادییەکانی سەرکوت و ئازادیخوازان بە رێژەی چەند سەد هەزار کەسی (!) بەندکراون و ئەشکەنجە یاخود لە سێدارە دەدرێن لە لایەن ئەم رژیمەوە و زیاتر لە 500,000 کەس لە ئاپۆرەی (85) ملیۆن کەسیی ئەو وڵاتە، خراونەتە ناو تەنووری (ڤایرۆسی کڕۆنا)وە و ئێستایش لە هەنگاوێکیتری تاواندا، دڕندەیەکی کوشندە بە ناوی “هەژاری و گرانی”ی بەرداوەتە گیانی خەڵک و تەنانەت نان و برنج و هێلکە و پەنیر و .. هتد ی لەسەر سفرەی خەڵکی ئێران نەهیشتووە!
هەموومان لەبیرمانە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە رۆژی 12ی گەلاوێژی 1400 (3ی ئابی 2021) و لە شانۆی دەستبەکاربوونیدا، پەیامەکەی ئەوە بوو کە “دۆخەکە دەگۆڕن”. ئێستا دوای تەنها نۆ مانگ، بژێوی خەڵک بە رادەیەک بە ئازارە کە تەنانەت (نان)یش لە سفرەدا نەبێت!

خەڵک لە (ئیبراهیم ڕەئیسی) خۆش نابێت!
بەپێی هەواڵە فەرمییەکان، نرخی نانی ساندویچ 13 هێندە و نرخی برنج بە ڕێژەی 130% و نرخی دەرمانیش 10 هێندە بەرزبووەتەوە. نرخی هەر كیلۆ مریشكێكیش گەیشتووەتە 80 هەزار تمەن. کاتێک خەڵک بە هۆی گرانی نرخی برنج ڕوویان کردە کڕینی ماکاڕۆنی، لەناکاو ڕژێم نرخی ماکاڕۆنیی چەند هێندە بەرزکردەوە!
دەبێ بە دڵنیاییەوە بگوترێ کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و تاڵانکاری بێ وەستان و لە هەمان کاتدا بە درۆ و هەڕەشە و تیرۆر لە کۆمەڵگادا خەتی خۆیان بەرەو پێشەوە دەبەن. بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باری روو لە تەقینەوە كۆمەڵگا، ئیدیعای ئەوەیان کردووە كە ماکارۆنی شێرپەنجەی بە دوادا دێت(!). هەروەها بە سانسۆر لە میدیای دەوڵەتی و سنووردارکردنی سۆشیال میدیا، ڕێگرییان کردووە لە هۆشیاربوونەوە خەڵک و دەربڕینی ناڕەزایەتییە گشتییەکان.

لە دەسەڵاتەوە زەنگی مەترسی لێدەدرێت!
دۆخی کۆمەڵگای ئێران هێندە بە ئازار و روو لە تەقینەوەیە کە تەنانەت لە ناوەوەی ڕێژیمەوە زەنگی خەتەر لێدراوە کە “کاکی ڕەئیسی! چەند هێندەکردنی نرخی ئارد دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت کە میدیای دژە شۆڕش (واتا ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم) لە بۆسە دایە بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات “(نامەی بەسیجی خوێندکاران ١٥ی بانەمەڕ) یان” ئەگەر هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێت چاوەڕوانی شۆڕشی خەڵکانی برسی بین. سەرهەڵدان و راپەڕین لە شۆڕش مەترسیدارترە!”(ئاخوند مەیبودی، یەکێک لە مامۆستایانی شارد قوم، 15ی بانەمەڕ).
بەکارهێنانی درۆ و فریودان!
سەرانی ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدەن بە درۆ، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، شەڕی ئۆکراینا یان تەنانەت دەڵاڵ و قۆرخکاران! بە هۆکاری ئەم دۆخە بناسێنن! بەڵام خەڵک باش ئاگاداری ئەوەن کە ڕێژیم چۆن پێداویستی بەکرێگیراوان و چڵکاوخۆرانی خۆیان لە ناوخۆ یان دەرەوەی ئێران دابین دەکات. ئەوان زۆر باش دەزانن کە هۆکاری سەرەکی “گرانبوونی نرخەکان” رژێم خۆیەتی و پلانی “نە نەغدکردنی یارانەکان” و … ” بۆ لەخشتەبردنی خەڵکە.
دۆخی هەڵچووی ناو شارەکانی ئێران!
هەواڵەکان باس لە هەڵچوونی دۆخی زۆرێك له شار و پارێزگاكانی ئێران دەکەن و لاوانی ئێرانی بە درووشمی “مەرگ بۆ خامنەئی” و “مەرگ بۆ رەئیسی” و “تۆپ و تانک و فشفشە، خامنەئی دەبێ لە ناو چێ” داو و دەزگاکانی حکومەتیان سووتاندووە.

توڕەیی خەڵکی ئێران لە دەسەڵات!
لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، خەڵکی برسی و وەزاڵەهاتووی زۆرێک لە شارەکانی ئێران دژ بە تاوان و تاڵانکارییەکانی ڕێژیم رژانە سەرشەقامەکان ئاڵقەیەکی دیکەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانیان تۆمار کرد. لەم ڕاپەڕینە بەربڵاوەدا هەر خواستێکی بژێوی ژیان، بەخێرایی ڕەگ و ڕیشە و ڕەهەندێکی سیاسیی گرتە خۆی و خەڵکی ئێران داوای نەمانی ئەم ڕژیمەیان کرد. تەنانەت لە هەندێک شوێن چرپەی ئەوە هەیە کە خەڵک بەدوای چەکدا دەگەڕێن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان. ئاسۆیەکی چاوەڕوانکراو کە موژدەی “گۆڕانکاریی گەورە”ی لە هەناودایە.
ئەوەی ئێستا زۆرتر دیارە ئەوەیە کە خەڵکی ئێڕان چیتر شتێکیان نەماوە لە دەستی بدەن و ئەوەش بە واتای کۆتایی هاتنی قۆناغێک و دەستپێکردنی وەرزێکی نوێیە. قۆناغێک کە “هێمنی و ئارامی” بەزاندووە و، زیاتر لە جاران، “مانەوەی ئەم دەسەڵاتە”ی خستۆتە مەترسییەکی جددی و زۆر جیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێشووی خەڵک. وەها دۆخێک بەتەواوی لەگەڵ ئامانجەکانی موقاومەتی ئێراندا گونجاوە، کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە تێچووی زۆرەوە کاری بۆ کردووە و، بە پێچەوانەی ئەو هێزانەی بە درۆ خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی رژێم دەناسێنن، هەرگیز لە “ڕووخاندنی تەواوەتی ئەم ڕژێمە” دوور نەکەوتۆتەوە و بەردەوام هەڵگری درووشمی رووخاندنی ئەم رژێمە بووە!

ڕێوشوێنی ئەمنیی ڕژێم دژ بە ڕاپەڕینە جەماوەریەکان!
هاوکات لەگەڵ خاوبوونه‌وه‌ یان پچڕانی هێڵی ئینته‌رنێت له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی ئێران كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا شاهیدی بووین، به‌رپرسی ڕادیۆی فه‌رهه‌نگی ڕێژیم ده‌ڵێت “بارودۆخی حکومەت به‌ ته‌واوی شڵەژاوە” و وریایی داوە بە به‌ڕێوه‌به‌رانی ئەم دەزگایە کە: “بە سەرنجدان بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بارودۆخی ئێستای كۆمه‌ڵگا” بە جۆرێکە کە “نابێ ناڕەزایەتییەکان بوروژێنین و بە تەواوی وریا بین” و بزانین “کە بچووکترین هەڵە لێخۆشبوون هەڵناگریت و بجووکترین هەڵە دوا هەڵەیە!”(حەبیبی ٦ی ئایار).
هەروەها ڕۆژنامەیەکی حکومەت نووسیویەتی “ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەڵاوسانی ساتەوەختی دەبینەوە”، زیاتر لە “٦٠%ی دانیشتوانی وڵات لە خوار هێڵی هەژارییەوەن” (١٩ی ئایار). زاکانی، سەرۆکی شارەوانی رژیم لە تاران، هەروەها وتی: دوژمن لە هەوڵی ئەوە دایە کە خەڵک بە گژ حکومەتدا بەرێت”. ئاخوند میسباحی موقەدەم، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام وتی: “ئەوان دەیانەوێت بیروڕای گشتی دژی بە ئیبراهیم رەئیسی هان بدەن”.
لە خۆڕا نییە کە بەپێی ڕاپۆرتی میدیایی هێزی قودسی سپای پاسداران بە ناوی (تەسنیم) لە ١٥ی گوڵانی 2022 (25ی بانەمەڕی 1401) بە فەرمانی خامنەیی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی توڕەیی و بێزاری گشتی و ڕێگریکردن لە ڕاپەڕینی جەماوەری، هێزی ئینتیزامیی سەرکوتکەر (ناجا) بەرز کرایەوە بۆ فەرماندەیی پۆلیس (فراجا) و پلەی فەرماندەکەیشی بەرزکرایەوە بۆ ئاستی فەرماندەی سوپای پاسداران و ئەڕتەش(سوپا)ی حکومەت.
هەر لەسەر ئەو هێڵەیش و لەم دواییاندا، (74) ئەندامی مەجلیسی رژێم پرۆژە گەڵاڵەیەکیان رادەستی مەجلیس کرد وەک پلانی دامەزراندنی “دەزگای پاراستن و زانیاریی هێزی دادوەری” کە بەو پێیە ئەرکدارە بە “پێشگرتن و کەشف و شناسایی و بەرەنگاربوونەوەی پیلان و چالاکییە سیخۆڕییەکان و کاری تێکدەرانە و لە ناوبردنی هۆکارانی نارەزایەتییەکانی ناو خەڵک و هەنگاوی دژ بە ئاسایشی گشتی لە ئاستی هێزی دادوەری و دۆسێیەکانی ئەو هێزەی رژێمدا(ئاژانسی هەواڵی فارس، 27ی بانەمەڕ).
ئەوەی هەر گومانێک لە مێشک لا دەبات ئەوەیە کە دامەزرانی ئۆرگانی نوێ لە ڕژێمی ئێراندا، بەر لە هەموو شتێک، چەقبەستوویی سەرانی ڕژیم و ترسی رژێمەکەیان نیشان دەدات لە ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخاندنی.
ئەوەی جێی ترس و دڵەڕاوکێی رژێمە!
حزووری موجاهیدین لە ناو خەڵکدا، وەک کابوسێکی بەربڵاو و بەردەوام، بە تەواوی عەلی خامنەیی تۆقاندووە و ئەوەیش وایکردووە کە هەریەک لە نوێنەرانی خامنەئی، لە نمایشی نوێژی هەینی شارەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی دەکەن (23ی بانەمەڕ):
ئاخوند لائینی لە شاری (ساری) وتی: “لە سوشیال میدیا هەموو جۆرە کلیپ و کورتەنامەیەک لەلایەن موجاهیدینەوە بڵاو دەکرێتەوە”.
ئاخوند شاهرۆخی لە شاری (خوڕەمئاوا) وتی: موجاهیدین بەدوای وروژاندنی خەڵکەوەن!
ئاخوند تەباتەبایی نەژاد لە شاری (ئیسفەهان) وتی: موجاهیدین دەیانەوێت دەست بە ئاژاوەنانەوە بکەن!
ئاخوند نکونام لە شاری شەهریکۆرد، بە ئاماژەدان بە موجاهیدین، وتی “بەردەوام بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لە هەر پرسێکدا کێشە بۆ نیزام درووست بکەن!”
بە کورتی و بە کوردی یەکێکیان ترسی رژێم بیر دەخاتەوە کە: “لەوانەیە ئەو شتە روو بدات کە لە ساڵی 1398 (2019) رووی دا”(رۆژنامەی جیهان سەنعەت، 28ی بانەمەڕ) و ئەوی دیکەشیان دەڵێت، دۆخەکە بە جۆرێکە کە “ئەگەری ڕووداوی مەترسیدارتر لە ڕاپەڕینەکانی 1396 ، 1398 لە ئاڕادایە”.
ئەم کابوسانە بە جۆرێکن کاتێک هێزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین دەنێرن بۆ خوزستان، رۆژی دواتر خوراسان دەشڵەقێت. کاتێک دەیاننێرن بۆ خوراسان، بڵێسەی ڕاپەڕین لە ئەردەبیل و سیستان و بەلوچستانەوە سەر هەڵدەدات. دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن، لوڕستان و چوهرمەحاڵی بەختیاری هەڵدەستن و … هتد(جیهان سەنعەت 28ی بانەمەڕ).
پەرەسەندنی پەیوەندی خەڵک بە دەزگای سەرکردایەتی ڕاپەڕینەوە!
ئەوەی سەرانی ڕژیم توڕە دەکات، پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و دەزگای سەرکردایەتیی ڕاپەڕینە کە ڕژێم ناوی لێناوە “ئالبانی نشینەکان”. ئەلبانیا وڵاتێکی ئەوروپییە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک میوانداری هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران، واتا “ئەشرەف 3” دادەنرێت و لەم دواییانەشدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کرد و لەگەڵ خاتوو مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران دیدار و کۆبوونەوەی کرد.
عەلی خامنەیی لە وتارەکەیدا لە رۆژی 5ی رێبەندانی 1394 هەتاویدا باسی لەو “دوژمن”ە کرد کە “ئەگەر رێگری لێ نەکرێت” “دێتە ناوخۆی ئێران” و ئێمە “دەبێ لێرە، واتا لە کرماشان و هەمەدان و پارێزگاکانی دیکە، دەبێ شەڕیان لەگەڵ بکەین و لە بەرانبەریاندا بوەستین!”. بەڵام “حیسابکردنی هەڵە” گەورەکەی عەلی خامنەیی لەوەدایە کە ناتوانرێت خەڵک و موقاومەتی ئێران لە یەک جیا بکرێنەوە. به پێچەوانەی لێکدانەوەکەی عەلی خامنەئی، ئێستا زیاتر له هەموو كاتێكیتر، موقاومەتی ئێران له ناو کۆمەڵگادای ئیران ریشەی داکوتاوە و لە ناو خەڵکدا بوونی هەیە. شانە و بنکەکانی شۆڕش (کانونهای شورشی) لە ریزی پێشەوەی شوڕشدا و پێشەنگن و توانیویانە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرە راپەڕین و کۆتایی هێنان بە رژیم بەرن. شانەکانی شۆڕش رۆژ نیە هەڵنەستن بە چالاکی. هەر لەو رێڕەوەدایە کە جیا لە چالاکیی راگەیاندن بە بەربڵاوی، و سوتاندنی ناوەندەکانی سەرکوتکەری رژێم، لەم دواییانەدا دەبیستین کە لاوانی شۆڕشگێڕ، “ستادی ناوەندیی دەزگای زیندانەکانی رژێمی ئێران لە رۆژئاوای زیندانی ئێڤینی تارانیان دایە بەر هێرشی خۆیان”، یان لێرە و لەوێ پاسداران و پلەدارەکانی رژێم لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران دەکەنە ئامانج.
دوا وشە،
هەرچەند ڕژێمی ئێران هەوڵی داوە بە تێچووی ملیارەها دۆڵار و بە پرۆژە گەلێکی جۆراوجۆری دێواندنی دژ بە موجاهێدینی خەلق، موقاومەتی ئێران لەناو بەرێت، یان لانیکەم “لە کاری بخات” و پەکی بخات، بەڵام موجاهیدین توانیویانە خۆیان و موقاومەتی ئێران بپارێزن وەک “تاکە رکابەر و هێزی سەرەکیی گۆڕەپانەکە” و زۆرێک سەرکەوتنی گەورەیش تۆمار بکەن بۆ خەڵکی ئێران لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا.
ئەم رژێمە بەنیاز بوو هەموو پەڵە و نەنگێک وەک “جەنگی پیرۆز” نیشان بدات و هەموو تاوان و تاڵانکارییەک بە “جل و بەرگی ئایینی ئیسلام و موسڵمانان”ەوە داپۆشێت و جلی “ئێران و ئێراندۆست”ی بە بەردا بکات. لە لایەکی دیکەوە موجاهیدین تاکە هێز بوون کە لە ڕۆژی یەکەمەوە گوتویانە ئامانجمان “ڕووخاندنی رژێمە” و پیداگر بوون لەسەر. واتا ئەو ستراتیژ و دروشمانەی کە ئێستا و بە تایبەت لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، زۆر جار لە شوێنە گشتییەکان لە ناوخۆی ئێران دەنگی داوەتەوە و بەرەو زیادبوون دەچێت.
ئێستا لاوانی شۆڕشگێڕ هاتوونەتە سەر ئەو ڕێگایەی موجاهیدینی خەلق. چوار دەیە پێش ئێستا پێشەنگی بوون! خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لاوانی شۆڕشگێڕی ئێرانی بە ئەزموون فێربوون کە، کاتێک ڕێژیم تەقە لە خەڵک دەکات، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گەل و نیشتمان و لە پێوەندی لەگەڵ موقاومەتی ئێراندا، چەک هەڵگرتن و ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە خاکەکەیاندا.
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی ئابادان، ئەهواز، ئەندیمێشک، شاهینشار، ئیزە، دوورگەی مینو، بەندەر عەباس و شارەکانی دیکەی باشوور، (دوای داڕمانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان)، باشترین بەڵگەن لەسەر ئامادەیی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران. لەبەرئەوەی خۆپیشاندەران و راپەڕینکاران بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ ئیبراهیم رەئیسی، تەواوەتی رژێمیان کردۆتە ئامانج.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی




حەقیقەت لە نێوان ڕێژەیی و ڕەها دا… دڵشاد کاوانی

حەقیقەت و تایبەتمەندیەکانی لە ڕووانیینی ماددەگەرایی و ماتریالستیی دا.

حەقیقەت و ڕاستی بە گشتی، واتا حەقیقەتی ڕەها و حەقیقەتی ڕێژەیی لە تێگەیشتن و بانگێشەکردنی مرۆڤەکان دا گەورەترین ئاریشەیە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە پێش ئاگایی مرۆڤ دا بە نەزانراوی ماوەتەوە. بۆیە حەقیقەت سەختترین چەمکی فەلسەفییە، کە تا ئێستا لەسەر ڕێژەیی بوون و ڕەهایی، مرۆڤاییەتی هاوسازنین، هەر ئەمەش وای کردووە، فەیلەسووفان و بیریاران بۆچوونی جودایان هەبێت، زۆرترین مشتوومڕی لەبارەیەوە کراوە. لەم شیکارییە دا لە ڕووانگەی ماتریالستییەوە شیکردنەوەی لە نێوان ڕەهایی و ڕێژەیی بوونی دەکەین.

1- حەقیقەت چییە؟

حەقیقەت ئەو زانستەیە کە لەگەڵ ئەو شتەدا یەکدەگرێتەوە کە ڕەنگ دەداتەوە و بە پراکتیک تاقی دەکرێتەوە.

حەقیقەت بەرهەمی پرۆسەی هەستکردن بە جیهانە مرۆییە. بۆیە حەقیقەتیش بە پێی ئەم هۆکارانەی خوارەوە هەنگاو بە هەنگاو دروست دەبێت و پەرەی پێدەدرێت:

  • گەشەکردنی شتە بابەتییەکان؛
  • مێژوویی – مەرجە تایبەتەکانی تێگەیشتن؛
  • چالاکی پراکتیکی و چالاکیی مەعریفی مرۆڤ.

بەمجۆرە بەهۆی گۆڕانی چەندین فاکتەرەوە، ڕەنگە “زانیارییەک” ئەمڕۆ بە ڕاستی ناوببرێت، بەڵام لە داهاتوودا ڕەنگە ڕاستی نەبێت.بێدەنگی مردوو، وێنەیەکی سادە و کاڵ بێ مەیل، بێ جووڵە. له داهاتوو دەکەوێتە جووڵەکردن.

2- تایبەتمەندییەکانی حەقیقەت

هەموو ڕاستییەکان بابەتییەت و ڕێژەیی و ڕەهای و کۆنکرێتییان هەیە.

  • بابەتییەتی حەقیقەت ئەوەیە بڵێین: گونجانی مەعریفە و واقیعی بابەتیی؛ سەربەخۆ لە ئیرادەی بابەتیی.

بۆ نموونە ڕێکەوتنی نێوان چەمکی “زەوی گۆییە نەک چوارگۆشە” لەگەڵ واقیعی بابەتیی یەکدەگرێتەوە؛ پشت بەو چەمکە نەریتییە نابەستێت کە هەزاران ساڵ پێش رێنێسانس بوونی هەبووە.

  • تایبەتمەندی حەقیقەت ئەوەیە بڵێین: مەرجداری هەر مەعریفەیەک، ڕەنگدانەوەی شتەکان لە ڕووی فەزا، کات، گۆشەی ڕەنگدانەوەی،…).

حەقیقەت کۆنکرێتە چونکە ئەو ئۆبژەی کە حەقیقەت ڕەنگ دەداتەوە هەمیشە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بوونی هەیە، لە ژێر هەلومەرج و هەلومەرجێکی دیاریکراودا لەگەڵ پەیوەندییە تایبەتەکاندا.

بۆ نموونە هەموو قسەیەکی تیۆرمی لە زانستەکاندا هەندێک مەرجی لەگەڵدایە بۆ دڵنیابوون لە وردییەکەی: “لە سنووری تەختەکەدا، کۆی گۆشەکانی ناوەوەی سێگۆشەیەک ٢ ڕاستە؛ ئاو لە پلەی گەرمی 100 پلەی سەدی بە ئاوی پاک و پەستانی دەکوڵێت.

  • ڕێژەیی و ڕەهای حەقیقەت ئەوەیە کە بڵێین: هەر حەقیقەتێک لە سنوورێکی دیاریکراودا بەتەواوی ڕاستە، و لە دەرەوەی ئەو سنوورەش، ڕەنگە ڕاست نەبێت؛ لە لایەکی دیکەوە هەر ڕاستییەک، لە هەندێک بارودۆخدا، تەنیا بەشێک لە واقیعی بابەتیی ڕەنگ دەداتەوە.

بۆ نموونە لە سنووری تەختەدا (بە کێشانی سفر)، کۆی گۆشەکانی ناوەوەی سێگۆشەیەکی ڕەها یەکسانە بە ٢ چوارگۆشە (ڕەها)، بەڵام ئەگەر ئەو مەرجە بگۆڕدرێت (بە کێشکردن جگە لە سفر)، ئەوا ئەو تیۆرمە چیتر نییە ڕاستە (ڕێژەیی)، پێویستە بە تیۆرمێکی نوێ تەواو بکرێت (پەرەپێدانی پرۆسەیەکی مەعریفی وردە وردە بۆ ڕاستییەکی تەواوتر – ڕاستییەکی ڕەها).

  • ڕاستی ڕێژەیی و ڕاستی ڕەها

ڕاستی ڕێژەیی بریتییە لە زانینێک کە بە وردی ڕەنگدانەوەی واقیعی بابەتیانە بەڵام ناتەواو و ناتەواو و پێویستی بە تەواوکردن و ڕێکخستن هەیە لە گەشەکردنی زیاتری تێگەیشتندا.

لە ڕاستییەکی ڕێژەییدا ڕەنگدانەوەی واقیعی بابەتیی تەنیا لە هەندێک لایەن و بەشێکدا سنووردارە و بەهۆی بارودۆخی مێژووییەوە سنووردارە.

بۆ نموونە ئەم دوو قسەیەی خوارەوە هەردووکیان ڕاستن، بەڵام تەنیا ڕاستییە ڕێژەییەکان: (١) سروشتی ڕووناکی تایبەتمەندی شەپۆلی هەیە؛ (٢) سروشتی ڕووناکی سیمایەکی تەنۆلکەیی هەیە. لەسەر بنەمای ئەم دوو ڕاستییە دەتوانرێت بچینە سەر قسەیەکی تەواوتر: ڕووناکی سروشتێکی دووانەی هەیە وەک شەپۆل و تەنۆلکە.

حەقیقەتی ڕەها زانینی تەواو و تەواوەتی جیهانی بابەتییە.

لە ڕوانگەی ماتریالیزمی دیالێکتیکەوە، بە سروشتی خۆی، بیری مرۆڤ دەتوانێت ڕاستی ڕەهامان بۆ دابین بکات و دابین دەکات کە تەنیا کۆی گشتی ڕاستییە ڕێژەییەکانە.

هەر قۆناغێکی پەرەسەندنی زانست تەنۆلکەی نوێ بۆ ئەو کۆی گشتی حەقیقەتی ڕەها زیاد دەکات، بەڵام سنووری ڕاستی هەموو تیۆرمە زانستییەکان ڕێژەیین، هەندێک جار فراوان دەبن، هەندێک جار بچووک دەبنەوە، بەپێی گەشەی مەعریفە.

پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان حەقیقەتی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی:.

ڕاستی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی هەردووکیان ڕاستی بابەتین. کاتێک دان بە حەقیقەتدا دەنێین وەک بابەتی، وەک یەکێتییەک لە نێوان دوو ئاستی ڕەها و ڕێژەیی، ئەوەش مانای ئەوەیە کە حەقیقەت کۆنکرێتە.

  • حەقیقەتی ڕێژەیی هەمیشە توخمگەلێکی تێدایە کە حەقیقەتی ڕەهایە. حەقیقەتی ڕەها لە ڕاستییە ڕێژەییەکان دروست دەبێت، کە بە ڕاستییە ڕێژەییەکان تەواو دەکرێت.

– جیاوازی نێوان حەقیقەتی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی لە سروشتی ئەواندا نییە بەڵکو لە ڕادەی گونجانیاندایە لەگەڵ ئۆبژەی ڕەنگدانەوەیدا. ئاست یان سنووری نێوانیان هەمیشە بوونی هەیە بەڵام بەردەوام دەسڕدرێتەوە و دادەمەزرێت.

3- پێوەری حەقیقەت لە پراکتیکییە.

پراکتیک تاکە پێوەرە بۆ حەقیقەت. تەنها لە ڕێگەی پراکتیکەوە و لەسەر بنەمای پراکتیک دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و هەڵەدا.

– پراکتیک ڕۆڵێکی وەهای هەیە، چونکە سوودی “گشتگیری”ی هەیە و واقیعی ڕاستەوخۆیە. لە ئەنجامدا پراکتیک دەتوانێت زانین “ماددی” بکات، زانین بگۆڕێت بۆ ئۆبژەی دیاریکراو و سۆزداری لە جیهانی بابەتیدا.

ستانداردە پراکتیکییەکان هەم ڕەها و هەم ڕێژەیین. بە ڕەهایی لەبەر ئەوەی پراکتیک تاکە پێوەرە. بەڕێژەیی لەبەر ئەوەی پراکتیک هەمیشە لە گۆڕان و گەشەکردندایە، بۆیە پێویستە تەواوکەر و پەرەپێدانی زانستی پێشووتر بکرێت.




ئەو مەشخەڵە وشەیەی گەڕایەوە ئامێزی خاك… به‌رزان فه‌ره‌ج

(لە یه‌كه‌مین ساڵڕۆژی كۆچی: جەلالی میرزا كەریم لە 13/1/1993)دا

ئەو نووسینە، نه‌ لێكۆڵینەوەیەكی ڕەخنەیی ئەزموونی شیعری، نە خوێندنەوەیەكی بونیادگەرانە، نە بە قسەهێنانێكی دەقی شیعری شاعیری كۆچ كردوومان: (جەلالی میرزا كەریم)ـە، بەڵكو چەند ڕستەیەكی ڕەها و خەمئامێز و سەرنجدانی تراژیدیایی ئینسانێكە، كە لە زەمەنی تێكشكان و هەرەس دا كاروانی وشەی ڕاچەنیوی بەرەو مەنفا كردە كەشكۆڵ و لە زەمەنێكی هه‌ڵسانەوەدا ئەو باڵندە ئاوارە باڵ شكاوە بە جەستەیەكی ماندوو، كە شێوه‌ی هەموو مێژووەكانمانی هەڵگرتبوو، بەڵام بە رۆحێكی هێشتا گەرم و بە كاروانی وشەی ڕاچەنیوی نوێوە گەڕایەوە. جەلالی میرزا كەریم دەكرێت بڵێین: ئەو دەنگە خەمناكە بوو, بەبێ دەنگی هاتەوە و سۆناتاكانی نوچدان و گلەیی زەمەنێكی بە گوێماندا چڕییه‌وه‌، دواییش بەبێ دەنگی لە ژاوە ژاوی كارەساتەكانمان و خەون و هیوای هێشتا سەوز نەبووی دا بەبێ دەنگی خامۆش و خەفەبوو. ئەو كە ڕەگ و دەمارەكانی خۆی بە ناو خاكی ئێرەدا شۆڕكردبۆوە نەیتوانی لێی دەرباز بێت تا هاتەوە و وشەگڕاوییە تووڕەكانی خۆی، دوورە وڵاتی، مەنفای بێ كۆتایی.
تووڕەیی لە مێژوو، واتە: دڵ ڕەقەكان فڕێ دایەوە باوەشی خاك وەك ئەوەی بیەوێت جارێكی تر ڕۆحێكی یاخی و شه‌ڕانگێز و شۆڕشگێڕانە بكاتەوە بە بەری وشەكاندا و زەنگێكی نوێی ڕوانگە لە گوێماندا بزرینگێنێتەوە.
ده‌روێشێكم
ئەمەوێ لە ڕیسوایی ئەم
شارە خەونی سەرشێتەدا.
كەشكۆڵ و عه‌سای لێ تووڕدەم..
ئەمجارەیان – پرچ و ڕیشی
مه‌سیحێكی هەڵسانەوە
بهێڵمەوە
هه‌تا بە ژان: بزەی باران
به‌ مەرگ، ژیان
بە ژیله‌ و كڕ
نەء، بە شیعر
شناسنامەی گەڕانەوە
لە بنار چۆڕاوەكەی تەما
وەرگرمەوە
باوەش بە شێركۆ بێكەسا
بكەمەوە و
تێر – تێر بگرین
حوسێن عارف بدۆزمەوە و
تێر هەڵپەڕین.
(شیعری: نەخشەی خەونەكان)

ئەم دێڕانە تەنیا تاجە گوڵێكی ڕێزلێنانە بۆ سەر گۆڕی شاعیرێك، كە وەكو دوا قوتابی و دوا موریدی بەوەفای ڕوانگە دەیویست وشەی یاخییەكان پێكەوە كۆكاتەوە و بیكاتەوه‌ مەشخەڵێك و زەمەنی وەستاوی پێ بسووتێنێ، چونكە لای شاعیر زەمەنی خودی شیعری ئەو و زەمەنی سیاسی لە ڕوانگەوە دەستیان پێ كرد و لەوێدا تووشی شكست بوون، هەر لەوێشدا هەڵدەسانەوە، ئەگەرچی ناتوانرێ وەك یەك وەچە و یەك جەستەی یەكگرتوو قسە له‌باره‌ی نەوەی ڕوانگە بكرێت، چونكە ئەو دەنگانە پێكەوە سروودێكی یاخییان چڕی، بەڵام دواتر هەریەكەیان گۆرانییەكی تەنیای وتەوە. نەوەی ڕوانگە لەگەڵ قۆناغێكی هەڵچوون و ساتەوەختێكی گەش و شۆڕشگێڕی كوردیدا، كڵپەی سەند و یەكەمین خیتابی شیعری و سیاسی و شۆڕشگێڕی چڕی و لەگەڵ هەرەسی ئەو زەمەنەشدا لەگەڵ تێكشكانی دنیای سیاسی و خیتابی سیاسی كوردیدا ئەو خیتابە شیعرییەش تووشی هەرەس و تێكشكان بوو. ئیتر ڕوانگە ئەزموونە یاخی و شۆڕشگێڕییەكەی خۆی لەوانەی شكست و گلەیی و ریسوا كردنی زەمەنەكەی دا بینییەوە. لێرەوە ئەو دەنگە (كۆ)یانە ڕێگا تەنیاكانیان گرت و ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە چەندین تۆلەڕێ و جۆگەی سەرهەڵگرتوو بەناو جەستەی شیعری كوردیدا بڵاوكردەوە.
ئەزموونی شیعری جەلالی میرزا كەریم ئەزموونێكی بەردەوامی ڕوانگەیە. چ لێرە و چ لە مەنفا، چ لە زەمەنی هەڵچوون و ڕێنیسانسی سیاسی كوردیدا، چ لە تێكشكانیدا. ئەگەر لەناو ئەو موغامەرەیەدا خه‌سڵه‌تێكی جیاواز بە دەنگ و یاخی بوونی ئەو بدەین، دەكرێت بڵێین دەنگێكی چەپی ناو گرووپی ڕوانگە بوو، لە دوای تاقیكردنەوە سیاسی و كارلێكەرییەكانیشی لە دەرەوە بۆ ناو شیعری ئەو هەروا مایەوە. ڕوانگە وەڵامی فەزایەكی سیاسی بوو، شوێنەواری دیاری لەسەر شیعری جەلالی میرزا كەریم جێهێشت.
لە ساڵێكدا، كە ((شێركۆ بێكەس)) دەنگێكی تەبا و ئاهەنگسازی ناو ئەزموونی ڕوانگە بوو، جیهانبینی شیعری خۆی هەم ئاهەنگی ئەو فەزا سیاسییەی دەرەوە كردووە و زیاتر توخمەكانی مێژوو و كەلتوور و سروشت و جوگرافیای خاك بونیادی دەلالی شیعرەكانیان هەڵچنیوە. بەڵام جەلالی میرزا كەریم كەمتر دەلالەتی شیعری لە كەلتوور و مێژووەوە هەڵهێنجاوە. جگە لە مێژووی تێكشكان. ئەو وەكو دەنگێكی ئایدیۆلۆژی ماركسیانەی پێشكەوتووخواز جۆرێك لە خیتابی شیعری خوڵقاند، كە تیایدا وشەی شیعری هەڵگری تاكە دەلالەتێكی سیاسییە، سیاسەتی دەكردە شیعر و بە شیعریش پرسیاری سیاسی دەكرد، بۆیە هیچ دەقێكی شیعری ئەو بەدەر نییە لە سیاسەت و لە هەموویاندا هەست بە كێشەیەك، مێژوویەك، پرسیارێكی سیاسی دەكەیەت، وەكو خۆی ناوی ناون وشەكان ((وشەی ڕاچەنیو))ن، ماناكانی شۆڕش، شكست و شكان، خۆڕاگرتن و هەڵسانەوە دەگەیەنێ، كەواتە: لە ساتێكدا كە شكست لای شاعیر شكستی فیكرە، خۆڕاگرتنیش، خۆڕاگرتنی ئایدیۆلۆژیایە، لەبەردەم مێژووی تێكشكاندا. هەرچەندە موفرەداتەكان تراژیدی ئامێزن و (مەرگ) ئامدەبوونێكی بەردەوامی هەیە تیایاندا، بەڵام لە پشتیانەوە جیهانبینییەكی شۆڕشگێڕانەی دنیا و ئاسۆیەكی ژیانەوە هەیە. لە شیعرەكانیدا كۆمەڵێك وشە دووبارە دەبنەوە وەكو (وڵات، مەرگ، تەنیایی، سنوور، هەرەس، تێكشكان) كە لە خوێندنەوەی یەكەمیاندا تەنیا پەیوەندییەكی ڕەوتی (سیاقی) ئامادەی سادە هەست پێ دەكەیت، بەڵام دووبارەبوونەوەیان وادەكات، كە پەیوەندییەكی نائامادە، واتە: ڕەمزی و دەلالی بدۆزێتەوە، تیایاندا تێكشكانی مێژوو، جەستە، خاك، دەبنە تێكشكانی وشەكان لە شیعردا و بە تراژیدی بوونی و هەمیشە هەست بە ئیقاعێكی خەماوی و جۆرێك لە لیریكییەت لە زمانی شیعرەكاندا بكەیت. لای ئەو نیشتمان بزربووە و ڕێگاكانی دەربازبوون كلۆم كراون. زەمەن چرۆی ئاواتەكانی وەراندووە.
تەنیا خۆمم
نازانم كام ڕێگا ئەمبا
كام ڕەشەبای ئاگراوی هەڵمئەگرێ؟
كام شمشێری ژه‌نگهه‌ڵگرتوو هەڵمئەدڕێ؟
(شیعری: لە كوێم)

 ***

ئەگریم بۆ ئەو فرمێسكانەی
بۆ تەنیایی خۆمم ڕشتن
ئەگریم بۆ ئەو دایكەی خۆزگەی
بینینەوەی منی لەگەڵ
مەرگی ناكاوی خۆیا برد.
نه‌خێر بۆ ئه‌و نیشتیمانه‌ی
منی ئاوا دەربەدەركرد
(شیعری: ئاوێنەی هیوایەكی سەرهەڵگرتوو)

دیوانی ((ڕێگا دوورەكانی چاومان)) تاكە دیوانی چاپكراوی شاعیرە لە پاش مەرگی بۆمان جێ مابێت. ئەم دیوانە كۆمەڵیك ده‌قی لەخۆ گرتووە، ئەزموونی تاراوگەی شاعیرن دەكرێت ئاماژە بۆ چەند سیمایەكی دیاری بكرێت:
یەكەم: شاعیر وەك ئەوەی پەیمانێكی فاوستیانەی لەگەڵ ڕوانگەدا بەستبێت، وەكو فیكر و شێواز لەو ئەزموونە و خیتابی شیعری سیاسیانەی ڕوانگە لای نەداوە و خیانەتی لێ نەكردووە، وەكو دوا پاڵەوانی لە مەیدانەكەدا مایەوە، دەكرێت بڵێین بوونی لە هەندەرانیش، دنیای شیعری ئەوروپی و ئەمەریكیش لەو گۆشەگیرییەی ناو كەلتووری ڕوانگەیان دەرنەهێنا و هیچ كارلێكەرییەكی ئەوێی پێوە دیار نییە. دەشێت ئەمە بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ تەنیایی و كۆستی جەستەیی شاعیر و دابڕانی لە كۆمەڵگەیەكی دڵڕەقی و تووندوتیژی ئەمەریكا، یاخود بۆ ئەوەی شاعیر وەكو دەنگێكی ماركسیانە لەناو شارستانییەتی ڕۆژئاوا و كەلەپووری لیبرالیشدا هەروا مایەوە و دیوارێكی لێك نەگەیشتنی لە نێوان خۆیی و فیكری خۆیی و شیعری خۆیی و ئەو فەرهەنگەدا هەڵچنی.
دووەم: شیعرەكان هەموو لە دایك بووی دوای ئەزموونی شكستن، یاخود گوزارشتن لە ئەزموونی تاكە كەسێكی یاخی و تێكشكاوی ژێر هەرەسی سیاسی كورد شاعیر لە مەنفاوە هۆرەیەكی خەماوی و لاوكێكی گریاناوی بۆ گەل و خاكەكەی دەچڕێت و ڕووبەڕووی مێژوویەكمان دەكاتەوە، هەموومان تیایدا گوناهبارین. لێرەوە لە شیعرەكاندا (زەمەن، ساڵ) بوونێكی ئامادەیی هەیە. شكستی زەمەنی كوردی زەمەنی شاعیر و مەنفابوونیەتی. بۆیە شیعرەكانیش زیاتر لە خیتابێكی گلەیی ئامێزانە دەچێت بۆ خۆمان، یان ڕووبەڕووی سیاسییەكانمان دەبێتەوە زۆربەشیان بونیادی شیعرییان لەسەر پرسیار (كێ، كەی، ئاخۆ، چۆن) هەڵچنراون، كە گومان و پرسیاری شاعیرە، لە خۆمان و مێژوومان.
مێژووی ئێمە تەرمێكی بێ گۆڕستانە
ئایەتێكی بێقورئانە
بەڵێنێكی بێنیشانە
مێژووی ئێمە
چەندین سەدەی فریودانە
مێژووی ئێمە
هەر دۆڕانە
مێژووی ئێمە
خەونێكی بێ كوردستانە
(شیعری: سەرەتای حەیرانی تەمەنمان)

          ***

بەڵكو ئێوەش گەورەكانم
ئەتانزانی
ئەتانزانی – پەری ئاوات
لە كەژاوەی دڵدارانی ئاوارەوە
نەبێ .. نایەت
ئه‌تانزانی – كه‌شتی شادی
له‌ڕۆخی زامی ده‌ریاوه‌
نه‌بێ .. نه‌یات
ئەتانزانی – خۆر لە چركەی
پەلەپیتكەی تفەنگەوە
نەبێ .. نایەت
ئەتانزانی – شنەی ئاڵا لەناو ڕێژنەی
ڕاستبوونەوەی سێدارەوە
نەبێ .. نایەت
(شیعری: ڕێگا)

ئەم دێڕانە ته‌نیا یادكرنەوەیەكی ئەو شاعیرە، ئەو باڵندە ئاوارە بریندارەیە، كە دەكرا بەخششی شیعری بە برەوتر بێت، بەڵام زەمەن زوڵمی لێ كرد، ئێمەش زوڵممان لێ كرد، بۆ ئەوەی لە یادمان نەچێتەوە و ئەو تاكە كۆرپە جێماوەی بە نامۆیی لە ((ڕێگا دوورەكانی چاومان)) دا بزرنەبێت، ئەم وشانە لە دایك بوون.

سه‌رچاوه:
ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره‌ (586)ی 13/1/1994.




قێزەونترین ڕژێم… سەنگەر محەمەد ئیسماعیل

دەسەڵاتی سیاسی كورد لە کوردستان هەم لە عێڕاق لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوە و دوچاری قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهان تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەكێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەكانی ناو ئەم دوو حیزبە نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكرد، بەڵكو لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بەوەزیفەكانی زانست و فیكری سیاسی مۆدێرن، كۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج كردو ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاند و حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.
گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. دەسەڵاتی كوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.
ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمكارو دیكتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بەسەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی، حەقیقەت سەركوت دەكات و ناشیرینیەكانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی كوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەكردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەكان بێدەنگ دەكات. ھەموو ڕێگەیەكی نا ئەخلاقی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە كە ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكان دەكەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونكە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاكانی كۆمەڵگەی ئێمە بونەتە ئەو سەربازە خۆبەخشەی لەسەنگەری میللەتەوە بەنوسینەکانیان تەقە لەدەسەڵاتدارە زاڵم، چەتە، بکوژو گەندەڵەکان دەکەن و بونەتە سەبەبی كەشفكردنی دیوە بەدو ناشیرینەكەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسك و ماكیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یاخود ڕونتر بڵێم بنەماڵەی حوکمڕانی تاڵەبانییەکان و بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانییەکان.
ھەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتارو شمولی و پۆلیسی لەسەر كوشتنی ڕەخنەو ڕەخنەگران و كپكردنی دەنگی ئازاد ئیش دەكات، لەسەر دروستكردنی مۆدێلی كۆمەڵگەی بێدەنگ و وە (كردنی كۆمەڵگە بە بێدەنگخانە) ئیش دەكەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگیەك نەشتەرگەری جوانكاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و كولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەكات. لەھەمانكاتدا كاتێك ڕەخنە دەمرێت دەنگی قامچی دەستی دیكتاتۆر بەھێزتر دەبێت.
ھەڕەشەكردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، تەقەكردن….ھتد بەرامبەر بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش مستی دیكتاتۆر قایمتر لەڕومەتی هەژاران دەوەشێنێت و كەشوھەوایەكی پۆلیسی لە كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە.
ھەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی وەكو ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگریكارێكی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەكێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بكات لەپێناو: چاكەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانكاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی كورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە كە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێك كە بەردەوام كاردەكات بۆ وێرانبوونی سایكۆلۆژیاو باری دەرونی مرۆڤی كورد و بێبەھاكردنی ئینسان.
دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی كولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیكری و كەسایەتی ئینسانی كورد دەكەن، دەمانكوژن، جا كوشتنی جەستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازادو ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەكانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ قوربانی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. چونكە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ كەشفكەری تونێلە تاریكەكانی سیستەمێكی گەندەڵ و شكست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەكێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەكی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھا لەپێناو ھەستكردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی كۆمەڵگەو گێڕانەوەی شكۆو بەھاو ڕێز بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یاسایی لە كۆمەڵگەدا.
یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی «ئابووری، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەكدارەكان و ھەموو كایەكانی تری كۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیكتاتۆریە ھەتادێت پایەكانی دەسەڵاتی خۆی بەھێزتر دەكات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو جومگەکانیتر، هەروەها بەترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا كولتووری و پەروەردەیی و میدیایی و…ھتد بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەكانی خۆیان.
مرۆڤی كورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات كە ئازادی لەھەموو شتێك گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربكات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بكەین و بەرەنگاریەكی عەقڵانی دژ بە كولتووری سیاسی یەكێتی و پارتی بەرپابکەین. ھیچ گروپ و ڕێكخراوێكی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێكی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆئەوەی لەم سیستەم و كولتورە سیاسیە نا عەقڵانی و نا مۆڕاڵیە نەجاتیمان بێت كە یەكێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.
چونکە ناکرێت لەوە زیاتر قبوڵی ئەوە بکەین شەش ملیۆن کورد ژیانێکی خراپ بگوزەرێنێت، مەفە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوی پاک، کارەبا، جادە، ئاوەڕۆ، تەندروستیەکی خراپ و تەنانەت نەبوونی ئەمنیەت و عەدالەتی و قانون. کەچی بەرپرسێکی خاوەن دەسەڵاتی وەکو مەحمود سەنگاوی خاوەنی هەزاران چەکداری خۆی بێت و موچەی هەموو چەکدارەکانیش لەخەزێنەی حکومەت سەرف بکرێت و مەحمود سەنگاوی خۆیشی چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووەو نەوتی خەڵکی کوردستان بەچەتەیی و زۆرداری بەقاچاخ دەبات. لەولاوە کۆمپانیای نۆکان کە هی بنەماڵەی تاڵەبانیەکانە هەموو جۆرەکانی بازرگانی قۆرخ کردووەو ڕۆژانەش سەدان تەن کەرەستەو خۆراکی بەسەرچوو لەسنورەکانەوە داخیلی کوردستان دەکەن. لەلایەکیترەوە بنەماڵەی دەسەڵاتداری کۆسرەت ڕەسول بازرگانی دەرمانیان داگیرکردووەو هیچ بازرگانیەکی ئازاد بوونی نییەو کەس ناوێرێت بازرگانی داودەرمان بکات لەترسی ماڵی کۆسرەت. لەلای میرنشینی زەرد و پارتیش بەهەمان شێوەو خەراپتریش فازل میرانی کە دەسەڵاتدارێکی گەورەی پارتییە بەئاشکرا سەرانە لەخەڵک دەستێنێت و هەموو بازرگانیەک کە لەسنوری ئیبراهیم خەلیل لەنێوان کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت دەبێت بەزۆر پشکێک یاخود پڕۆسێنتێکی بدات بە فازل میرانی. هەر لەسنوری حوکمڕانی پارتی چەندین بەرپرسی باڵای پارتی بازرگانی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ داعش یەکێک لەوانە سیروان بارزانی بوو، کە خۆی سەرکردەیەکی سەربازییەو برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هەروەکچۆن لەناو یەکێتیش وەستا ڕەسو کە سەرکردەیەکی سەربازی یەکێتییەو بەهاوبەشی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکیتری یەکێتی چەکی زۆر دەگمەن و گرانبەهاو کاریگەری لەجۆری ”میلان” بەداعشیان فرهۆشت، کە چەکێکی تانک شکێنەرەو بەئاسانی دەست ناکەوێت.
ئەمەی لەسەرەوە باسمکرد، دڵۆپێکە لە کارە قێزەونەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان. بەڵام بەهەمان شێوە لەناوچەکانیتری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاقیش دەوڵەتداری لەوە خراپترو بۆگەنترەو تەواوی عێڕاق نغرۆبووە لە فەسادی بەدەستی کۆمەڵێک مافیای کوردی و شیعەی تیرۆریست. بۆنمونە کە سەیری ئەو ناوچانە بکەین کە لەژێر حوکمی چەکدارە میلیشیاکانی شیعەدان، دەبینین حوکمڕانییەک دەکرێت هیچی باشترنییە لەوەی داعش دەیکرد. شیعەکان وەکو داعش دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی کوردو سوننە. وەکو داعش ئەوەی شیعە نەبێت و بچوکترین ئاماژەی یاخیبون و ناڕەزایی لێببینن ڕێک بە دڕندانەترین شێوە دەیکوژن. شیعەکان، ڕێک وەکو داعش ڕۆژانە کردەوەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدەن. وە باکیان بەهیچ نییە چونکە دەیان گروپی چەکداری میلیشیان لەدەرەوەی یاساو نیزام و سوپای نیشتیمانی، بەڵکو ئەوان تەنها گوێڕایەڵی مەرجەعە مەزهەبییەکانی شیعەن. بۆیە ئەگەر داعش گروپێکی تیرۆریستی بێت ئەوا بەڕای من گروپە چەکدارە شیعییەکانیش یاساغ و تیرۆریستن.




شاعیری فه‌ڕه‌نسی لویس ئاراگۆن… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

• پێكه‌وه‌ ده‌نووین

یه‌كشه‌ممه‌ بێ ، یا سێشه‌ممه‌
به‌یانی بێ یا ئێواره‌
نیوه‌ڕۆ بێ ، یا نیوه‌شه‌و
له‌ به‌هه‌شتێ یا له‌ دۆزه‌خ
خۆشه‌ویستی له‌ به‌رز ڕاگرتن و ملكه‌چی ده‌چێ
ئه‌وه‌ دوێنێ بوو كه‌ پێم وتی :
پێكه‌وه‌ ده‌نووین .

ئه‌وه‌ دوێنێ بوو ، سبه‌یش هه‌ر وا ده‌بێ
له‌ تۆ به‌ده‌ر
ڕێگه‌یه‌كی دیم نییه‌
دڵی خۆم و دڵی تۆم پێكه‌وه‌
له‌ ده‌ستی تۆ ناوه‌
ئینجا چوون به‌ چوارپه‌لان ده‌ڕوا
به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی
له‌ سه‌رده‌می ئاده‌مییه‌وه‌ هه‌یه‌تی
پێكه‌وه‌ ده‌نووین .

خۆشه‌ویستم
ئه‌وه‌ی بوو ده‌بێ
ئاسمان وه‌ك سه‌رپۆش به‌ سه‌رمانه‌وه‌یه‌
منیش باسكم له‌ تۆدا گرێ داوه‌
له‌ تاو خۆشه‌ویستیم بۆ تۆ ده‌له‌رزم ..
زۆر
چه‌ندی بته‌وێ
پێكه‌وه‌ ده‌نووین .

• ئێلزا خۆشم ئه‌‌وێی !

به‌قه‌د ماچان
زۆر به‌ خێرایی
ساڵ تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یادگارییه‌ تێكشكاوه‌كان .

ئه‌ی ئه‌و كژه‌ی
هه‌مووی ژیانی تێدا خۆش بوو
ئه‌م هاوینه‌
وه‌ك هاوینی كتێبان
زێده‌ جوان بوو
نا
به‌ لۆژیك ،
وام ده‌زانی ده‌توانم دڵخۆشت بكه‌م
كه‌ دارستانی گه‌وره‌ی ( شارترۆز)
یا شه‌وێكی دڵڕفێن له‌ به‌نده‌ری ( تۆلۆن)
وێك هاتوو ، وێنه‌ی به‌خته‌وه‌ری
كه‌ نه‌توانی له‌ سێبه‌ردا بژی .

به‌قه‌د ماچان
ساڵ ته‌واو به‌ خێرایی تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یادگارییه‌ تێكشكاوه‌كان .

پار كه‌ گه‌ڵاكان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان
گۆرانیم ده‌گوت
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ خواحافیز ،
وا ده‌زانێ ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌
ئه‌وانه‌ی ده‌مرن
خه‌یاڵ ده‌كه‌ن دونیایه‌كی نوێ ده‌ست پێ ده‌كا
شتێك له‌ هۆزانی
گۆرانییه‌ ڕۆمانسییه‌كان نه‌ماوه‌ ..
سه‌یری چاوم كه‌ زۆر ‌ جوان ده‌تبینن
له‌مڕۆوه‌ به‌دوا
گوێ له‌ دڵم ، له‌ دووری و شێتییه‌تیم مه‌گره .

به‌قه‌د ماچان
ساڵ زۆر به‌ خێرایی تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یادگارییه‌ تێكشكاوه‌كان .

خۆر
ده‌ڵێی ژه‌نیارێكی ڕه‌نگ زه‌ردی‌ پیانۆیه‌
كه‌ ته‌نێ
چه‌ند وشه‌یه‌ك – هه‌میشه‌ هه‌مان وشه‌ –
ده‌چڕێ
خۆشه‌ویستم
ئه‌وه‌ ئه‌وان ڕۆژانه‌ت بیر ده‌خه‌نه‌وه‌
گه‌ف و گوڕی تێدا نه‌بوون
كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ (مۆنبارناس)دا ده‌ژیاین
ژیان ڕۆیی
بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانین
ئێستا سه‌رما
شه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و
دڵ دوا ده‌كه‌وێ
به‌قه‌د ماچان
ساڵ زۆر به‌ خێرایی تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یادگارییه‌ تێكشكاوه‌كان .

ئه‌و چوارینه‌ی به‌هۆی مۆسیقای غه‌مگینیه‌وه‌
به‌ دڵت بوو
كه‌ وه‌ك یاسه‌مه‌نێكی گوڵگرتوو پێم به‌خشی
له‌ ناخی یاداوه‌ریه‌كانمدا به‌ قووڵی ده‌نووست
ئه‌مڕۆ له‌ دۆڵابه‌ له‌بیركراوه‌كه‌دا ده‌یهێنمه‌‌ ده‌ره‌وه‌
لانی كه‌م خۆشت ده‌وێ
وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ گۆرانی ده‌یڵێین :
ئێلزا .. خۆشم ده‌وێی ، كارتێكه‌رم
ئه‌ی سه‌ربه‌گێچه‌ڵه‌كه‌م

به‌قه‌د ماچان
زۆر به‌ خێرایی ساڵ تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یاداوه‌رییه‌‌ تێكشكاوه‌كان .

ئه‌ی لایلایه‌ی كریستاڵ
چرپه‌ی به‌دواییه‌كدا هاتوو
ئه‌و ئاوازه‌ی له‌به‌ر خۆمان ده‌یڵێینه‌وه‌ ..
وشه‌ی وه‌ك ئامێر
وێنه‌ی جادوویه‌كی بێ ئاكام ناڵێته‌وه‌
ڕۆژێ دێ
وشه‌ له‌ فرمێسك پێكده‌هێنین
ئای ..
با ئه‌و لاپه‌نجه‌ره‌یه‌ دابخه‌ین
كه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیبیسین داده‌خورپێ
ئه‌و ئاوه‌ی له‌ شێوه‌ی تنۆك‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوانمان .

به‌قه‌د ماچان
ساڵ زۆر به‌ خێرایی تێده‌په‌ڕن
دوور كه‌ونه‌وه‌ ، دوور كه‌ونه‌وه‌ ،
دوور كه‌ونه‌وه‌
‌ یادگارییه‌ تێكشكاوه‌كان .

له‌ ماڵپه‌ڕی( القصيدة كوم)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
بڕوانه‌ :
https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=1180




کاکە ڕادیۆ بوو..!… شەماڵ بارەوانی

هەڵبەت وتارێکم نووسی لە سەر پزیشکێکی بەڕێز، کە داوای لە خەڵک کردبوو پشتگیری بکەن بۆ هەڵمەتی داخستنی ماڵپەڕە شین و پەمەییەکان، منیش پێچەوانەی ئەوم درکاندبوو و لە هەردسێک ماڵپەڕەکانی” ڕوانگە و ڕەخنە” و “دەنگەکان” و “دابڕان” بڵاو بووەوە، بە هۆیەوە لە سۆشیال میدیا، دیسان سەتان کومێنتی جوێن و تەشیرات و بێ ڕێزی بۆخۆم و کەس و کارم هات، هەڵبەت من بە جوێن و سوکایەتی و تەشیراتەکانیان هیچ نیگەران و دڵگران نەبووم، ئەوان ئەوە ئەقیدە و پیشەو ئەخلاقیانە و هەمیشە وڵامی لۆژیک به جوێن و تف دەدەنەوە.

هەرهێندە دەڵێم:
ئەوانەی جوێن دەدەن، بێگوومان مرۆڤی دۆڕا و داماون و لە لۆژیک و ئارگویمێنت هێنده لاواز و کۆڵەوار و بێ دەسەڵات و شکست خواردوون، حەققەت لە یەکاتتدا، مایەی پێکەنین و هەم شایەنی فرمێسک بۆ ڕشتن و بەزەییشن.

بە تایبەتی ئیسلامی و سەلەفیزمەکان و بەشێک لە موسڵمانی کورد کە چوونەتە هەمان سەنگەری ئەو دوو هێزەیلە کۆنزەرڤاتیڤ و فێندەمێنتالیستە(ئیسلامی سیاسی سەلەفیگەراکان)و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گوتاری پیاوە ئایینی و بانگخوازەکانیان و لەخشتەبردراون.

جا با لەو نووسینەش دووبارە پێتان بڵێمەوە:
ئەوە بۆچوونی منە و تا ئەبەد و دوا هەناسەشم لێی پەشیمان نابمەوە و هەرگیز، بە خەیاڵیش چاوەڕێی ئەوە لەمن مەکەن وەکو خەڵکێکی تر قسەیەک بکەم، دواتر لەبەر لۆبی و فشاری ئەم و جوێن و دەمشڕی ئەو، بێم و بڵێم( کاکە ڕادیۆ بوو!).

من لەو نووسەرە بەناو سیکۆلاریست و ترسنۆک و موجامەلەچیانە نیم، بێم نازی هەستە ناسکەکەی بابای ئیسلامی سیاسی هەڵگرم و موجامەلەی مەزهەب و مەندیلی مەلاکان بکەم.

ئەو نووسەرە بەناو سیکۆلاریستانەی بەشەو لە باڕ کاتژمێرەکان بەڕێدەکەن و بە ڕۆژیش بۆ فریودان و خۆڵکردنە چاوی خەڵکێکی سادە، وێنە لە پاڵ منارەی مزگەوت دەچرکێنن. ئەو دەبڵ مۆڕاڵانەی لە پشت عەلی نوێژ دەکەن و لەسەر خوانی موعاویەش نان دەخۆن.

ئینجا من ڕاستە دەرچووی حوجرەی ئایینی و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە) و ماستەری ئیسلامیم، وەلێ لە مێژە و زۆر بوێرانە و بێ منەتانە، ئەوەم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکان بەیان کردووە، کە من کەسێکی سیکۆلاریست و لائیک و تاڕادەیەک دایزم(ڕبوبی) بیر و باوەڕم و
کۆمەڵەک پڕنسیپم هەیه، تامردن لە پێناویان دەژیم و بۆیان دەکۆشم و دەنووسم و بەرگریان لێدەکەم و هیچ هێزێکیش ناتوانێت سلم پێ بکاتەوە و لێیان پەشیمانم بکاتەوە.

دواتر بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن ئایینت چییە؟
لەمێژە بۆ ئەوەش گووتوومە: نەتەوەپەروەری و مرۆڤ دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و ژینگە دۆستی و سرۆشت دۆستی ئایین و ڕێبازی منە.

بۆیە ئێستاش و تامردنیش هەر سورم لەسەر بۆچوونەکەی خۆم و دەڵێم: بانگەوازیکردن بۆ داخستنی ماڵپەڕە شین و پەمەییەکان(پۆڕن)، بەو ڕەهاییە، ئەقڵیەتێکی پۆپۆلیستانە و تۆتالیتاریستانە و داعشگەرایانەی لەپشتە و دژی ئازادیەکانی تاکە، لە جیاتی قەدەغەکردنی تەواوی ئەو جۆرە ماڵپەڕانە، دەکرێت فلتەر و سنوورداربکرێت.

ئینجا جوێنفرۆشی ئازیز، بەر لەوەی ماڵپەڕە سێکسیەکان لە فلتەربدرێت و سنوردار و قەدەغە بکرێت، دەبێت جوێندان و دەمشڕی و ئەو هەموو سوکایەتی و تەشیرات و بیرە داعشیەی ئێوە قەدەبکرێت.

دەبێت وتاری هەموو ئەو مەلا و پیاوە ئایینی و واعیزانە(ڕێزم بۆ باش و بەڕێزەکانیان)لە فلتەر بدڕێت و هەموو ئەو سوکایەتی و بێ ڕێزی و تەشیراتەی کە بە هەمووجیاوازیەکی دەکەن قەدەغەبکرێت.

ئەو پیاوە ئایینیه فێندەمێنتالیست و بانگخوازە سەلەفیزم و مەلا ئیسلامیە سیاسیانەی بە کۆلێژی هونەره جوانەکان دەڵێن:(هونەرە قەبیحەکان).
بە مەیک ئارتێست و کچە مۆدێڵ و شاجوانەکان دەڵێن داوێن پیس و قەحپە.

ئەوانەی بە خانمە بێ لەچک و نا باڵاپۆشەکان دەڵێن بەڕەڵا.
بە مەیخۆرەکان دەڵێن خوێڕی.
بە سوک سەرنجی ئێزدی و کاکەیی و مەسیحی و جولەکە و بوودی و ئەتایست و مولحید و جودا بیران دەدەن و پێیان دەڵێن ئاژەڵ.

بە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر دەڵێن کافر و پیس و گڵاو جەحنەمی.
بە جەژنی نەورۆز دەڵێن جەژنی ئاگر پەرستی.
بە مۆسیقا دەڵێن میزی ئەهریمەنی.
ئەوانەی سرودی ئەی ڕەقیب تەکفیردەکەن.
ئەوانەی خزمەتی ئەجێندا و پڕۆژەی تەعریب و کلتور و زمان و هەموو شتێکی عەرەب دەکەن، لە ژێر پەردەی ئایین و لە بەرگی پیرۆزیدا.( کەس بە هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکانم نەکات، من لێرە مەبەستم ئایین نییە، بەڵکوو کەلەپوور و مەزهەب و فیقه و مێژووەکەیەتی)،

ئەوانەی
عەشق و خۆشەوستی تابۆ و ڕشتنی خوێنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن.

ئەوانەی دەڵێن نوێژنەکەر دەبێت لەسەری بدرێت و فەتوای کوشتنی مرۆڤ دەدەن.
ئەوانەی بە ڕەخنە سەر و دڵیان دەگیرێت و دژی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و فرەیی(پلورالیەت)و ئاشتی کۆمەڵایەتی قسە دەکەن.

ئەوانەی بیری ڕاسیزم و تۆی دەمارگیری ئایینی و نەخۆشی مەزهەبی و ڕق لە کومەڵ بڵاو دەکەنەوە و تەشەنوجات لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ دروست دەکەن و بە ناوی ئایینەوە، مرۆڤەکان دەکەن بە دووژمنی یەکتری و مرۆڤایەتی پارچە پارچە دەکەن و کلتور و فەرهەنگ و مێژوو و ناو هەموو شتێکمان ئەنفال دەکەن.
دەبێت سەرەتا ئەوانە قەدەغەبکرێن و داوای قەدەغەکردنیان بکرێت،
ئینجا لە ڕووتان بێت، باسی قەغەکردنی سایتە سێکسیەکان بکەن.