من و ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ)… کاروان محەمەد فەتاح

(له‌ده‌ستدانی سامان زۆر له‌ په‌یداکردنی قورستره.‌) لە ڕۆمانەکەوە.


وەکوو خوێنەرێکى ناو دنیاى ئەدەبى گێڕانەوە هەمیشە چێژ لەو تێکستانە وەردەگرم، کە بێژمار ئاسۆى نەزانراو لە بەردەم خوێنەردا دەکەنەوە. بە مانایەکى تر، بە هۆى پرۆسەیەکى فکرییەوە لە زانراوەوە بۆ نەزانراو پەڕیونەتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لەگەڵ خوێنەردا دەکەونە دایەڵۆگەوە و گومان دەخەنە سەر هەموو ئەو زانراوانەى، کە وەکوو حەقیقەتى ڕەها و نەگۆڕ تەماشاى کردوون و دەستى پێیانەوە گرتووە. دەتوانم بڵێم بەرهەمەکانى (کاروان عومەر کاکەسوور) لەم چەشنەن، بەو مانایەى، بەرهەمێکى ئەم نووسەرە نادۆزیتەوە زانراوەکانى خۆتت پێ بداتەوە، بەڵکوو وەکوو گوترا گومان دەخاتە سەر زانراوەکانت و لەگەڵ خۆیدا بەرەو نەزانراوەکانت دەبات، ئەم پرۆسێسە لە ڕێگەى ڕەهەندە فکرى، فەلسەفی و سایکۆلۆجییەکانى ناو بەرهەمەکانیەوە ئەنجام دەدات، بەبێ ئەوەى کاریگەریی ئەم سێ ڕەهەندە لە بەهاى ئەدەبیی تێکستەکانى کەم کردبنەوە.
(کاروان) لە بەرهەمەکانیدا بە گشتى کار لەسەر تێکشکاندنى حەقیقەت و ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ هەموو دەنگەکان بەبێ جیاوازى دەکات، لە بەرهەمى (کاروان)دا هەر کارەکتەرێک خاوەنى دەنگى خۆیەتى و لە هیی کارەکتەرێکى تر ناچێت. لێرەوەیە جیاوازى لە دایک دەبێت. بەهاى جیاوازییش لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات، کە دەنگێک نەبێتە هۆى سڕینەوەى یەکێکى تر.


سەرەڕاى ئەوەى ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) لەسەر چەندین بابەتى گرنگ ڕاوەستاوە، بەڵام نووسەر بەتایبەت چەمکى نامۆیى و یاخیبوونى قووڵ کردووەتەوە و ئاڕاستە جیاواز و ئاسۆ نەزانراوەکانى ئەو دوو چەمکەى پێشان داون. کوڕەقژدرێژ نامۆیى و یاخیبوونەکەى خۆى خۆش دەوێت. واتە ڕووبەڕووی چارەنووسى دەبێتەوە و بە هیی خۆیی دەزانێت. بە مانایەکى تر، ئەم نامۆیی و یاخیبوونە کەس بە سەریدا نەسەپاندووە، بەڵکوو خۆى بەوپەڕى ئازادییەوە هەڵی بژاردووە و چێژى پێ دەبەخشێت، پێچەوانەى نامۆبوونى کۆمەڵایەتى، کە دەوروبەر بۆى دروست دەکەن. هەرچەندە گرتنى لەلایەن پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت و ئەمنەوە لە خەونەکەى دوور دەخەنەوە، کە پێى وایە ئەگەر وا بڕوات و هەموو تەمەنى لە زینداندا بە سەر ببات، ئەوا فریاى بەدیهێنانى خەونەکەى ناکەوێت (لەدەستدانى سامانەکەى باوکى) واتە ڕابردوو بڕووخێنێت و ئێستا دابمەزرێنێت. ڕاستییەکەیشی ئەوەی دەیەوێت بیڕووخێنێت، ئەو بەها ساختانەن، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بەو ڕابردووەیان لکاندووە و ئەو بە هیی خۆیانیان دانانێت. لەمەوە ڕووبەڕووی دەستەڵاتەکان دەبێتەوە، لە پێش هەموویانەوە دەستەڵاتی کۆمەڵایەتی، کە پۆلیسی پاراستنی ڕەوشت نوێنەریەتی و دەستەڵاتی سیاسی، کە لە ئەمندا بەرجەستەیە. لەناو ئەو ژمارە زۆرەى گرتنیدا دەتوانین ئاماژەیەکى فەلسەفی بدۆزینەوە، ئەویش ترسى یاسا و کۆمەڵە لە تاکە دەنگێک، کە جیاوازە و لەوان ناچێت. لێرەدا هێزى جیاوازبوون دەردەکەوێت، کە بە ژمارە ناپێورێت، بەڵکوو جیاوازییەکە بۆ خۆى گەورەترین هێزى بە کوڕەقژدرێژ بەخشیوە، بە ڕادەیەک، هەر کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت، ڕاستەوخۆ دەست بەو کارە دەکاتەوە، کە هۆکارى گرتنەکەى بووە.


هەر لە سەرەتاى ڕۆمانەکەوە بەر ئەم دەربڕینە دەکەوین؛ من چیرۆکى کوڕەکەچەڵتان بۆ ناگێڕمەوە، کە لاى هەمووان زانراو و ئاشکرایە، بەڵکوو هیى کوڕەقژدرێژتان بۆ دەگێڕمەوە، کە پێى نامۆن و نەتانبیستووە. واتە بازدان لە چیرۆکێکى فۆلکلۆرى و زانراوەوە بەرەو چیرۆکێکى نەزانراو. وەکوو لە پێشتر گوترا (کاروان) زانراوەکانى خۆتت پێ ناداتەوە. (ئەوەى ئێستا من بۆتى دەگێڕمەوە چیرۆکى کوڕەقژدرێژە، کە ڕێک پێچەوانەى چیرۆکى کوڕەکەچەڵە. ل6)
ئەگەر لە تێکستدا ناو ناسنامە بێت بۆ ناسینەوەى کارەکتەر، ئەوا لێرەدا ناوى خودى کەس و شتەکان ئاستى ئاسایی تێدەپەڕێنن و بە شێوەیەکى نامۆ بە کار هاتوون، تەنانەت کۆى ڕۆمانەکە ناوى تایبەتیى یەک کارەکتەرى تێدا نییە. هەموویان، یان بە هۆى خەسڵەت، یاخود لە ڕێی پیشەیانەوە ناویان هاتووە، بۆ نموونە (کوڕەکەچەڵ، کوڕەقژدرێژ، ژنى ساڵۆن، ژنى ژێرزەمین، ژنە قەڵەوەکە، کچى گیتارژەن، کچى چیرۆک و چەندین ناوى تر) هەروەها ئەو ئامێرانەى، کە کوڕەقژدرێژ ناوى نامۆى بۆ هەڵبژاردوون و داوا لە بازرگانان دەکات بۆى بهێنن، بەڵکوو لێرە بیانفرۆشێتەوە، وەکوو (بەفرماڵ، پاپزیڤزیڤا، کەژاوەى فیل، تەڵەى پڵنگ). پرۆسێسی ناونان لەم ڕۆمانەدا زیاتر لە ئاماژەیەکی هەیە، کە سەرجەمیان نامۆیییەکە خەستتر دەکەنەوە. مرۆڤێک تەمەنی شەشتی تێپەڕاندووە و هێشتا بە (کوڕەقژدرێژ) بانگ دەکرێت. پۆلیس لەناو بازاڕدا سەریان بە گوێزان پاک تاشیوە، گوایە سزایان داوە و هەر بە (کوڕەقژدرێژ) بانگ دەکرێت، کە دەگاتە ئەوەی خۆی لە قاقای پێکەنین بدات. (ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست تێپه‌ڕیوه‌، که‌چی هه‌ر وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی و لاوێنیی چڕه‌ و زوو درێژ ده‌بێته‌وه. ل80)‌… یان (ئه‌مجاره‌ له‌ زیندان به‌ ده‌رمانێکی کیمیاوی قژیان سووتاندووه‌ و سه‌ری یه‌ک تاڵی پێوه‌ نه‌ماوه‌. هه‌میشه‌ که‌لـله‌ی له‌ به‌رهه‌تاودا ده‌بریسکێته‌وه‌. ئه‌وه‌ بۆ ساڵێک ده‌چێت موویه‌ک سه‌ری ده‌رنه‌هێناوه و چاوه‌ڕێیش نییه‌‌ ئیدی تاڵێکی دیکه‌ی لێ بڕوێته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ناوی کوڕه‌قژدرێژه‌. کاتێ نێوی خۆی به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێت، له‌ قاقای پێکه‌نین ده‌ده‌ن‌. ل151)
چەندین جار ژنى ژێرزەمین و کوڕەقژدرێژ هەوڵ دەدەن ناوى یەک بزانن، ئەنجام هەوڵەکان بێسوود دەبن:
(_ دەتوانم لێت بپرسم ناوت چییە؟
_ کوڕەقژدرێژ.
ژنە قاقایەک لێ دەدات.
_ منیش ناوى خۆمت پێ ناڵێم، بەڵام دەتوانیت هەر بە ژنى ژێرزەمین بانگم بکەیت! ل 131-132)


کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ هەڵگرى دوو بیرى فەلسەفییە، نامۆیى و یاخیبوون، کە نامۆیە بە دەوروبەرەکەى و ئەم نامۆبوونە واى لێ دەکات لە هەموو دامودەستگە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە یاخی ببێت. هۆکارى نامۆبوونەکەى دەرەوەى خۆى نییە، یان دەستەڵاتى خۆى تێدا نەبێت، بەڵکوو هیى ناوەوەى خۆیەتى و لەو ڕێگەیەوە هەوڵى دامەزراندن و دۆزینەوەى خۆى دەدات. لێرەوە کوڕەقژدرێژ نامۆیی و یاخیبوونەکەى بە هۆشیارییەوە گرێ داوە. ئەمە وا دەکات یاخیبوون لە ڕابردوو ڕوو بدات. یەکەم ڕەتکردنەوەى مێژوویى، یاخیبوونە لەو ژیانەى خێزان بۆ تاک دروستى دەکات. کوڕەقژدرێژ لە سەرەتادا بە هۆى کەمیی تەمەنیەوە نامۆیییەکى ناهۆشیارانەى بەرانبەر خێزانى خۆى هەیە. دواى ماوەیەکى زۆر بە هۆشیارییەکى فەلسەفییەوە بیر لەو بێباکییەى دایک و باوکى دەکاتەوە، کە لە منداڵى و هەرزەکاریدا کاتیان بۆى نەبووە. (بۆى دەرکەوتووە دایک و باوک هەمیشە ئەرکى ڕۆڵەکانیان قورس دەکەن، ئەوەتا دواى شەست ساڵ ئینجا توانیی ئەوە چاک بکات، کە ئەوان تێکیان دابوو. ل87)
ئەو سامانە زۆرەى باوکى بۆى جێ هێشت، بەو مەبەستەى بە هۆى ئەو سەروەتە زۆرەوە کوڕەکەى ژیانێکى ئاسوودە و دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ بە ڕێ بکات، کەچی لەبرى ئەوە، بازرگانیکردن دەکاتە بیانوویەک بۆ لەناوبردنى سامانەکەى باوکى، چونکە پێى وایە ئەو ڕابردووەى بۆى دروست کراوە، پێى نامۆیە و هیى ئەم نییە، دەبێت لێى یاخی ببێت و بەو هۆیەوە داهاتووى خۆى دروست بکات. سامانەکەى لە ناو دەبات و دەست بە کرێکارى و پاشان لە بازاڕدا دەستفرۆشی دەکات. ڕەتکردنەوەى ئەو ڕابردووە لە دایەڵۆگێکی درێژى نێوان کوڕەقژدرێژ و ژنى ژێرزەمیندا دەردەکەوێت:
(_ ژیانمم بە کرێکارى دەست پێ کردووە و دواتر بوومەتە دەستفرۆش. تۆ بۆت هەیە هەموو کاتێ لەبارەى ئەوانەوە پرسیارم لێ بکەیت.
ژنە دەپرسێت:
_ ئینجا کەى دەستت دایە کرێکارى و کەى ڕووت کردە دەستفرۆشى؟
_ دەکرێت بڵێم ساڵێکە.
ژنە ڕووى گرژ دەکات و دەڵێـت:
_ گاڵتە هەموو دەمێ خۆش نییە. حەزم لێیە پێوەندییەکەمان ڕژدییشى تێدا بێت.
_ گاڵتە ناکەم.
_ ئەى پێشتر چیت دەکرد؟ خەریکى چى بوویت؟
_ لێرەوە ڕابردوو دەست پێ دەکات و پێتى ناڵێم.
_ ئەها! کەواتە بۆم هەیە تەنیا لەبارەى یەک ساڵى تۆوە بپرسم و شت بزانم. وایە؟
_ بەڵێ. ل 132-133)
تەنانەت لەوە دوورتریش دەڕوات، لە دایەڵۆگێکى ترى خۆى و ژنى ژێرزەمیندا، کاتێک پرسیارى ناوى لێ دەکات، بە کاتەوە دەیبەستێتەوە:
(_ ئەرێ ڕستەى (ناوت چییە؟) ڕابردووە، یان داهاتوو؟
_ لە ڕووى فۆرمەوە داهاتووە، بەڵام لە ڕووى ناوەڕۆکەوە ڕابردووە.
_ دەتوانم لێت بپرسم ناوت چییە؟
_ کوڕەقژدرێژ. ل130)
تاکە شتێک، کە کوڕەقژدرێژ داخى بۆ هەڵبکێشێت، ئەوەیە، پێنج ئامۆژگارییەکەى دى لە دەمى باوکیەوە نەبیست، تاکوو کارەکەى ئاسانتر بووایە و ڕێک پێچەوانەى ئەوانەى بکردایە، بەڵام ئەو یەکەیان سەرەکییە: (هەرگیز بە مەبەستى بازرگانى دەست بۆ شتێک مەبە، کە دانیشتووان پێویستیان پێى نییە. ئەو کەلوپەلانە بهێنە، کە خەڵک بۆى پەرۆشن و بەکاریان دەهێنن! ل25) هەموو ئەم دەربڕینانەى کوڕەقژدرێژ هێمان بۆ ڕەتکردنەوەى ڕابردووى خۆى و دامەزراندنى ئێستا و داهاتوو. ئەم یاخیبوونە لە ڕاسپاردەى باوکى، یاخیبوونێکى فەلسەفییە و نایەوێت رێگەى باوکى بگرێت، چونکە ڕێگەیەکى دیار و زانراوە و ئامانجى کوڕەقژدرێژیش مانەوە نییە لەناو زانراوەکاندا، بەڵکوو هەنگاونانە بەرەو نەزانراوەکان. تەنانەت ئامادە نییە گوێیشى لێ بگرێت. ئەمە بە ڕوونى لە دایەڵۆگى نێوان خۆى و باوکیدا دەردەکەوێت:
(_ ڕاسته‌ هه‌رگیز ڕێک نه‌که‌وتووه‌ ئێمه‌ ئاوا پێکه‌وه‌ دابنیشین و قسه‌ بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر پێویسته‌ گوێم لێ بگریت، که‌ شه‌ش شتت پێ بڵێم، یان چاکتره‌ بڵێم شه‌ش ئامۆژگاریت بکه‌م، تاکوو له‌ دوای مردنم سوودیان لێ ببینیت.
ئه‌گه‌رچی کوڕه‌قژدرێژ هێنده‌ی دی هه‌ست ده‌کات باوکی به‌ ده‌ست گرفتێکی گه‌وره‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌، بگره‌ له‌وه‌ ده‌چێت واده‌ی مه‌رگی نزیک بووبێته‌وه‌، به‌ڵام پێی ده‌ڵێت:
_ گوێت لێ ناگرم.
باوکی وه‌ک باوه‌ڕی نه‌کردبێت کوڕه‌که‌ی ئاوا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ لێی ده‌پرسێت:
_ چی؟ گوتت گوێ ناگریت؟
_ وام گوت… دیاره‌ گوێت لێ بووه‌!
_ بۆ به‌ خۆشیی خۆته‌، گوێ ده‌گرێت، یان نایگریت، ملهووڕ؟ دوایی تۆ ده‌زانیت چیت پێ ده‌ڵێم؟
_ نامه‌وێت بیزانم.
_ کاتی ئه‌وه‌م نییه‌… واز له‌م ده‌به‌نگییه‌ت بێنه‌ و جوان گوێم بۆ شل بکه‌!
_ هیچ شتێکم پێ مه‌ڵێ!
_ تۆ له‌م جاره‌ زیاتر من نابینیته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێت گوێم لێ بگریت.
ئه‌وده‌م کوڕه‌قژدرێژ ده‌ڵێت:
_ که‌واته‌ گوێت لێ ده‌گرم، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و شه‌ش شته‌ چین، تاکو ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ بکه‌م. ل 16-17)
دەکرێت گونجاو بێت بگوترێت ڕەتکردنەوەى ئەو ڕابردووە، جیا لەوەى بە هیى خۆى نازانێت، بەڵکوو دەیەوێت تێکیشی بشکێنێت. ئەو کڕیارەى، کە هەمیشە ئەو کەلوپەلە نامۆیانەى بازرگانان بۆى دەهێنن، بە زۆر و بە نیوەى نرخ لێى دەکرێت، کوڕەکەچەڵە، کە لە سەرەتاى ڕۆمانەکەدا بە کورتى باسى دەکرێت و لە ناوەڕاستدا دەردەکەوێتەوە. ئاشکرایە کوڕەکەچەڵ پاڵەوانێکى ناو چیرۆکە فۆلکلۆرى و ئەفسانەیییەکانە، کوڕەقژدرێژ وەکوو سیمبۆڵى بیرکردنەوەیەکى ئەفسانەیی دەیبینێت و دەیەوێ ڕووبەڕووى ببێتەوە. (دوایى ئەو دەستى هەڵدەبڕێت و پاروکەکەى لا دەبات. سەرى لە ژێر ڕووناکاییدا دەبرسکێتەوە. لێى دەپرسێت:
_ ئێستا زانیت من کێم، کوڕەقژدرێژ؟
ئەگەرچى دەیناسێتەوە، ڕاستتر بۆى ڕوون دەبێتەوە کێیە، بەڵام بە شێوەیەک سەرى سووڕ ماوە، ناتوانێت بە (بەڵێ) وەڵام بداتەوە، بۆیە کابرا هەر خۆى لێى دەپرسێت:
_ کوڕەکەچەڵ ناناسیتەوە؟
ئینجا پێى دەڵێت:
_ تۆ بەختەوەریت، کە دواى چەند ساڵێک زانیوتە ئەو پیاوە سەیرە کێیە هەر جارێ دەتەوێ شتومەکەکانت بە دڵى خۆت بفرۆشیت، پەیدا دەبێت و لێت تێک دەدات، بەڵام ئێستایش من نازانم کوڕى گام، یان هیى مرۆڤ. ل83-84)


کوڕەقژدرێژ بە تەواوى مانا کارەکتەرێکى نامۆیە لەنێو دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە. سەرەتاى ئەم نامۆبوونەى لاى خێزان بۆ دروست دەبێت، کە تاقانەى دایک و باوکێکى بێباکە. (پێویستە ئەوەیش بزانین چ دایکى و چ باوکى کاتیان زۆر کەمە. ئەمیان (دایکى) بەیانییان لە ئامادەیییەکى کچان و ئێوارانیش لە ناوەندییەکى کوڕاندا وانەى ئینگلیزى دەڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەویان (باوکى) وازى لە کارى میرى هێناوە، کە بەڕێوەبەرى فەرمانگەیەکى گەورە بووە؛ ئێستا بە کارى بازرگانییەوە خەریکە. زووزوو بۆ دەرەوەی وڵات سەفەر دەکات. هێندەی لێرەیشە خەریکى ساغکردنەوەى شتومەکەکان و پێوەندیکردنە بەم بازرگان، بەو دەڵاڵ و بەو دووکاندارەوە. ل12) ئەمە جگە لەوەى، کە زۆربەى کات خۆى لە ماڵێکى چۆڵ و بێدەنگدا دەبینێتەوە، کە جگە لە چکەچکى کاتژمێر هیچى دیکە نابیستێت. دواتر لە دەرەوە نەک هەر هیچ هاوڕێیەکى نییە، بەڵکوو لە کۆڵان و گەڕەک تانەى لێ دەدرێت، لە قوتابخانەیش وەکوو دامودەستگەیەکى کۆمەڵایەتیی گرنگ، گاڵتەى پێ دەکەن و لەبەر قژى درێژى لە قوتابخانە دەردەکرێت. دواتر لە دەرەوە و لە شەقامەکاندا چەندین جار و هەر جارەى بۆ چەندین ڕۆژ و مانگ پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت و ئەمن دەکەونە وێزەى و دەستگیرى دەکەن.


کوڕەقژدرێژ خاوەنى زمانێکى تایبەت بە خۆیەتى، بە جۆرێک، ناوى نامۆى وا بۆ ئامێرەکان هەڵدەبژێرێت، کە تەنانەت بازرگانانیش لێى تێناگەن، لەو ڕێگەیەوە تووشى چەندین گرفتى دەکەن، داواى هێنانى دوو میلیۆن بەفرماڵ دەکات و (بازرگان بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێت:
_ ژنە؟ ئەوە تۆ باسى چى دەکەیت؟ کوا بازرگانیى مرۆڤ ماوە، ڕۆڵە؟ ئەى قەدەغە نەکراوە؟ ل26) دواتر بازرگانەکە دەڵێت تەمەنم لە پەنجا هەڵدەکشێت و تەنیا چەند جارێک لێرە دیومە بەفر ببارێت. داواى هێنانى کەلوپەلى وەکوو بەفرماڵ، پاپزیڤزیڤا، کەژاوەى فیل و )تەڵەى پڵنگtiger (trapدەکات. زۆر جار بە هۆى ئەو نامۆبوونەى زمانەوە ڕووبەڕووى جوێن و سووکایەتیش دەبێتەوە:
(_ کام داون (calm down)، کام داون، مامە!
_ دایکى خۆت بە کەم داونە. باوەڕ ناکەم تۆ باوکى خۆت بناسیت، چونکە لام ڕوونە زۆڵیت، ئەى بەرەڵا .ل63)
(قژدرێژ ده‌نگی به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت:
_ کوره‌، تۆ بڕۆکه‌ریت. من هه‌ر…
بازرگان ناهێڵێت قسه‌که‌ی ته‌واو بکات:
_ به‌ کێ ده‌ڵێیت بڕۆ که‌ر، سه‌گبابی خوێڕی؟ له‌گه‌ڵ منته‌ بڕۆ هه‌ی که‌ر؟
_ به‌ڵێ، به‌ تۆ ده‌ڵێم بڕۆکه‌ر. ئاخر برۆکه‌ر (Broker) واته‌ که‌سێک کاروباری بازرگانی له‌نێوان کڕیار و فرۆشیاردا ڕێک بخات. به‌ڵێ، تۆ بڕۆکه‌ریت. من هه‌ر ئه‌وه‌م لێت ده‌‌وێت، یارمه‌تیم بده‌یت. ل65-66)


کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ هەر لە یەکەم ساتى لەدایکبوونیەوە بە هۆى درێژیى قژیەوە نامۆ دەردەکەوێت. (کاتێ لە دایک بووە، قژى خاوى گەیشتووەتە سەر شانى، بە ڕادەیەک دۆکتۆر و سیستەرەکان سەریان لێى سووڕ ماوە. تاکوو ئەو کاتە نەک کوڕ، بەڵکوو کچیشیان نەدیوە بە قژى وا درێژەوە هاتبێتەوە دنیاوە. هیچ کاتێکیش ئەو قژە درێژە بۆ کوڕەقژدرێژ مایەى ئاسوودەیى نەبوو، بەڵکوو هەمیشە نەهامەتیی بۆ هێناوە. هەر لە سەرەتاوە گاڵتەیان پێ کردووە، کە لە کچ دەچێت. ل11) ئەم نامۆبوونەى ڕووخسارى کاریگەریی لەسەر پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى داناوە و لە کۆڵان، گەڕەک، قوتابخانە و دەرەوەیش ڕووخسارى، یاخود دروستتر بڵێم قژى درێژى کردوویەتییە کەسێک، کە هەم نامۆ، هەم مایەى گاڵتەجاڕى بێت. یەکێک لە هۆکارەکانى دەرکردنى لە قوتابخانە، قژە درێژە نائاسایییەکەیەتى، پاشان لە گەڕەک گاڵتەیان پێ کردووە و لە بازاڕیش پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت چەندین جار بە مەقەستى کول قژیان هەڵپاچیوە.
بەگشتى شوێنەکان نامۆ و نائاسیین، ژێرزەمین وەکوو شوێنێکى نامۆ. ئەو نووسینگە و ئۆفیسەى، کە کوڕەقژدرێژ کەلوپەلەکانى خۆى تێدا هەڵدەگرتن، کەتووەتە گەڕەکێکى هەژارنشین. بە هەموو پێوەرێک بوونى ئۆفیسێک لە گەڕەکێکى هەژارنشین زیاتر لە هەر شوێنێکى تر دەکەوێتە بەر هێرش، دزى و تاڵانکردن. (بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ کارگه‌ و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کاندا زیاتر ده‌که‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی تاڵانی و تێکشکاندن، به‌وه‌ی ئه‌وان وا ڕاهاتوون له‌ ‌شتی گه‌وره‌ تووڕه‌ ده‌بن و داخی دڵیانی پێ ده‌ڕێژن، به‌ڵام هه‌ر ئێره‌ی لا چاکتره‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێت و به‌ نهێنی ئیشی خۆی بکات. ل69-70). هەروەها شوێنى ساڵۆنەکەیش لە ناوجەرگەى بازاڕدایە و ژنی ساڵۆن لەوێ دەژی، کە دواتر دەزانرێت خۆی هەم لە کەسوکاری و هەم لە دەستەڵاتی سیاسی شاردووەتەوە.


ڕۆماننووس ویستوویەتى ئێمەى خوێنەر هێندەى بەر بیرکردنەوە و ڕوانینەکانى کوڕەقژدرێژ و ئەوانى تر بکەوین، هێندە بە لاى خەسڵەتە جەستەیییەکانیاندا نەچووە. (تەنیا پرچى درێژى نەبێت.) ئەمە بووەتە شێوازێکى تایبەت لە ناسینەوەى (کاروان) لەناو ئەدەبى گێڕانەوەدا. ئەوەی دەردەخرێت، بەشێکی وێنەکەیە، نەوەک هەمووی، بەو مانایەی تەواوکردنی وێنەکە بۆ خوێنەر جێ دەهێڵێت، تا خۆی بە شێوازی خۆی خەریکی ببێت، کە ئەوە تەواو لەگەڵ دنیای ناوەوەدا ڕێک دەکەوێت، بەوەی لە ئاماژە پێک هاتووە، نەوەک لە شت. بە کاتی دەروونی ئاڕاستەی جۆراوجۆری گرتووە، نەوەک بە کاتی دەرەکی و یەک ئاڕاستەی ڕێکی هەبێت. تەنانەت لە لاى (کاروان) کارەکتەر بە هۆى زۆریى ژمارەى دەرکەوتنیەوە نابێتە کارەکتەرى سەرەکى، بگرە هەر لاى ئەم نووسەرە شتێک نییە ناوى لێ بنرێت کارەکتەرى سەرەکى و هیى لاوەکى. ئەوەتا لە گفتوگۆیەکدا، کە (محەمەد کەریم) لە بەشى (ئەدەب و هونەر)ـى (کوردستانى نوێ)ـدا لەگەڵیدا کردووە، لەبارەى کارەکتەرەوە دەڵێت: (هێزی كاره‌كته‌ر له‌ ژماره‌ی ده‌ركه‌وتنه‌كانیدا نییه‌، به‌ڵكوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ چ كاریگه‌رییه‌ک له‌ ئاڕاسته‌ی گێڕانه‌وه‌دا ده‌كات و تا چ ڕاده‌یه‌ک گوته‌ و هه‌ڵسوکه‌وته‌كانی ده‌بنه‌ جێگه‌ی پرسیار. به‌ مانایه‌كی دی بوونی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ له‌و تێكسته‌دا چ جیاوازییه‌ک ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌.)
لە پرۆسێسى گێڕانەوەى ڕۆمانەکەدا چەندین کارەکتەرى دیکە دێنە ناوەوە، ئەگەرچی دەرکەوتنەکانیان بەراورد بە کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ کەمترن، بەڵام بەها و هێزى دەرکەوتنیان لە خۆیان و لە ناوەوە وەردەگرن، نەوەک لە دەرەوە، هەر یەکێک لەو کارەکتەرانە نوێنەرى خۆیانن، زمانى تایبەت بە خۆیان هەیە و لە هیى کارەکتەرێکى تر ناچن. بە دەربڕینێکى تر، دەرکەوتنى ئەوان بۆ مەبەستى تەواوکردنى چیرۆکەکانى کوڕەقژدرێژ نین، بەڵکوو خاوەنى چیرۆکى تایبەت بە خۆیانن، وەکوو کوڕەکەچەڵ، ژنى ژێرزەمین، ژنى ساڵۆن، کچى چیرۆک و کچى گیتارژەن.


ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) بە تەکنیکى شەپۆلى هۆش نووسراوە، واتە ڕۆمانەکە خۆى لە دەستى سێیانەى مۆپاسانى (سەرەتا، گرێ، کۆتایی) و گێڕانەوەى کرۆنۆلۆجى ڕزگار کردووە، کات لەتوکوت کراوە و زیاتر لە ڕێگەى کاتى ناوەوە درێژە بە پرۆسێسى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە دەدرێت. (کاروان)، نەک هەر لەم بەرهەمەیدا، بەڵکوو لە سەرتاپێیاندا ئەم تەکنیکە بە کار دەهێنێت. واتە کاتی ناوەوە، نەوەک کاتی دەرەوە بایەخ پێ دەدات، کە ئەمە وای کردووە بە ئاماژەی کەم دیمەنی زۆر بهێنێتە بەر چاوی خوێنەر. وەک سەرەتایش گوتم بەرهەمی (کاروان) بریتییە لە ئاماژە، چونکە شتەکانی دەرەوە لە ناوەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕێت. ئەوە تەنیا گۆڕینی یاساکانی کاتی دەرەکی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئاستەکانی زمانیشە لە ڕاستەوخۆیییەوە بۆ ناڕاستەوخۆیی. خوێنەر لێرەدا بوونەوەرێکی دەستەپاچە نییە، کە تەنیا گوێ بگرێت، بەڵکوو ئەرکی هەیە. ئەوە خوێنەرە هەر لە ڕێی ئاماژەوە ئەو دیمەنانە بە شێوازی خۆی پێک دەبەستێتەوە و مانایان لێ پێک دەهێنێت.
ئەگەرچی ڕۆمانەکە لە ڕووخساردا وا دەردەکەوێت یەک پارچەیە و یەک نارەتەری هەیە، بەڵام لە ناوەوەدا لە چەند بەش پێک هاتووە و زیاتر لە نارەتەرێکیش هەن، کە چیرۆکی ئەوانەی تر دەگێڕنەوە. ئەوەی چیرۆکی ژنی ساڵۆن دەگێڕێتەوە، هەمان نارەتەر نییە، کە چیرۆکی ژنی ژێرزەمین دەگێڕێتەوە. هەروەها نووسەر ئازادیی تەواوی بە کارەکتەرەکان داوە، تا لە ڕێگەی دایەڵۆگەوە خۆیان دەربخەن، بۆیە دایەڵۆگ لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت و ناهێڵێت نارەتەری هەمووشتزان دەستەڵاتی خۆی بەسەر کارەکتەرەکاندا بسەپێنێت. بە مانایەکی تر، نارەتەر و خوێنەر هاوکاتی یەکتر زانیاری لە دەمی کارەکتەرەکانەوە بە دەست دەهێنن، کە ئەوە مانای ئەوەیە نووسەر پێشتر بڕیاری نەداوە تێکستەکە چ ئاڕاستەیەک بگرێت، بەڵکوو بەرەو نەزانراوی بردووە، تا خۆی خۆی بنووسێتەوە. ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی نوێ، یان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، کە تێکست دەدوێت، نەوەک نووسەر. ڕۆمان خۆی خۆی دەنووسێتەوە، نەوەک نووسەر بینووسێتەوە.


کوڕەقژدرێژ، نەک هەر لە مێژووى فەرمی یاخی دەبێت، بەڵکوو یاخیبوونەکەی دەگاتە ئەوەی ئەو کەلوپەلە سەیرانەی خۆیشی، کە ڕۆژگارێک لە ڕێی بازرگانەکانەوە هێناونی، تا ساغیان بکاتەوە، بشکێنێت. ئەو کەلوپەلانەی ڕۆژگارێک لەسەریان گیراوە، بگرە بە هۆیانەوە بووەتە گاڵتەجاڕ، وا وەک ئەنتیک لە مۆزەخانەی نیشتمانی دانراون، گوایە ئەوانە ڕۆژگارێک لەم وڵاتەدا دروست کراون و بە کار هاتوون. کوڕەقژدرێژ کاتێک لەگەڵ ژنى ژێرزەمین و کچى چیرۆکدا سەردانى مۆزەخانە دەکات، هەموویان دەبینێت و دەیانناسێتەوە، بۆیە دەچێتە لاى جامخانەى پاپزیڤزیڤاکان و بە لەقە دەیانشکێنێت. لەمەوە تێکڕای خەڵک پەلاماری دەدەن و دەیانەوێت بیکوژن. ئینجا پۆلیس دەگات و دواتر ئەمن لە پۆلیسی وەردەگرن، تەنانەت ژنی ژێرزەمین، کە ئێستا هاوسەری کوڕەقژدرێژە، وای زانیوە ئەو کەلوپەلانە هەر بە ڕاستی ڕۆژگارێک لێرە دروست کراون و بە کار هاتوون، بۆیە کاتێ کوڕەقژدرێژ پێی دەڵێت با بڕۆنەوە ماڵەوە، تا چیرۆکی ئەوانەی بۆ بگێڕێتەوە، ئەو لێی تێناگات، لە کاتێکدا پێشتر زۆر هەوڵی لەگەڵ داوە بەشێک لە ڕابردووی ژیانی بۆ بگێڕێتەوە و ڕازی نەبووە.
ئەم دەربڕینە لە بەردەم دوو خوێندنەوەدا ڕاماندەگرێت؛ یەکەم، کوڕەقژدرێژ نەک هەر بیرۆکەى پیرۆزکردن ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو دژى پیرۆزکردنى ڕابردووى خۆیەتى لەلایەن ئەوانى تریشەوە. دووەم، یاخیبوونى بەردەوامی لە یاساکان، کە نابێت ئەو کەلوپەلانە دەربهێنرێن و ببرێنە دەرەوە، ئەم بە ئامانجى وەستان لە دژى ئەو یاسایە، دەریان دەهێنێت و دەیانشکێنێت.
وەکوو پێشتر گوترا، ژنى ژێرزەمین و کوڕەقژدرێژ وا ڕێک کەوتن، کە کوڕەقژدرێژ لەبارەى ڕابردووەوە هیچ شتێک بە ژنى ژێرزەمین نەڵێت، کەچى لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا پێى دەڵێت با بچینەوە بۆ ماڵ، (هەموو شتێک لەبارەى ڕابردووى خۆمەوە بۆ تۆ و کچى چیرۆک دەگێڕمەوە. ل157) بەڵام بە هۆى شکاندنى پاپزیڤزیڤاکانەوە بۆ هەمیشە لە زیندان توند دەکرێت. ئەمە ماناى تەواوبوونى ڕۆمانەکە و بیرۆکەى یاخیبوونەکەى نییە، ڕەنگە لە زیندانیشدا دەستبەردارى ئەو جیاوازى و یاخیبوونە نەبێت.
لە مۆزەخانەدا هەموو میکانیزمەکانی دەستەڵات بە ڕوونی دەردەکەون، کە لە ئەمن، پۆلیس، مێژوونووس، ئەکتەر، جەماوەر و هیی تردا بەرجەستەن. ئەمن وەک ڕەهەندی سیاسی. پۆلیس وەک ڕەهەندی یاسای کۆمەڵایەتییانەی دەستەڵات. مێژوونووس وەک ڕەهەندی گوتار (دیسکۆرس)ی دەستەڵات، کە لە گێڕانەوەی مێژوویەکی دەستەڵاتدارانەدا خۆی دەنوێنێت. ئەکتەر وەک نمایشی ئەو گوتارە مێژوویییەی دەستەڵات. جەماوەری فریودراو وەک ڕەهەندی ڕەوایەتی، کە بەرگری لە گوتاری دەستەڵات دەکات و بە پیرۆزی دەزانێت.
دەکرێت ڕۆمانی (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ) بە ڕۆمانی ئیکزۆتیک، یان فانتازی دابنێین، کە شێوەیەکە لە شێوەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن. واتە ئەتمۆسفێرێکی سەمەرە هەیە و هەرچی ڕەگەزی وەک کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، شتومەک و هیی تری تێدان، نائاسایی و سەیرن، بۆیە خودی زمانیش هەر سەیرە و شتی باو دەرنابڕێت.
ڕەگەزی پارۆدی لەم ڕۆمانەدا کاری پێ کراوە، کە بریتییە لە گاڵتەکردن بە دەستەڵات و نوێنەرانی دەستەڵات. بۆ نموونە ئەمن، پۆلیس، بازرگان و هیی تر دەبنە مایەی پێکەنین و ڕیسوا دەکرێن. لە هەندێک شوێندا خوێنەر لە قاقای پێکەنین دەدات، لە کاتێکدا خودی ڕووداوەکە تراجیدییە. (له‌و کاته‌دا سێ چوار پۆلیس به‌ره‌و ڕووی دێن. هه‌ر یه‌که‌ی جگه‌ له‌ تفه‌نگ، که‌ژاوه‌یه‌کی فیلیشی خستووه‌ته‌ سه‌ر پشتی‌. دیمه‌نیان به‌ هه‌موو مانایه‌ک سه‌یره‌، به‌ڵام جگه‌ له‌م، که‌سی دیکه‌ پێکه‌نینی پێیان نایه‌ت. ده‌گه‌نه‌ سه‌ری و به‌ شه‌ق و بۆکس تێی ده‌که‌ون. ل90) ڕۆمانی (کاروان) لە دیمەن پێک هاتووە، نەوەک لە وشە، بۆیە دەبێت بەردەوام دیمەنەکان بهێنرێنە بەر چاو. با بیهێنینە بەر چاو سێ چوار پۆلیس لەسەر شەقامێکدا تفه‌نگیان پێیە و که‌ژاوه‌ی فیلیان خستووه‌ته‌ سه‌ر پشت. ئایا ئەو دیمەنە بە هەموو مانایەک سەیر و پێکەنیناوی نییە؟ کاتێ ئەو پۆلیسەی لە بازاڕ لەسەر تەنەکە قژی هەڵدەپاچێت، لێی دەپرسێت ئەو کاسکێتانەی بۆ چین، (کوڕه‌قژدرێژ نازانێت چ وه‌ڵامێکی بداته‌وه‌، چونکه‌ هه‌ر ناتوانێت وه‌ڵامی خۆیشی بداته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی قژی هه‌ڵپاچراوه‌ و دیمه‌نه‌که‌ی گه‌وره‌ و بچووکی بازاڕ دێنێته‌ پێکه‌نین، چی له‌ کاسکێت بکات؟ پیاوێک له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌ و له‌ ناوجه‌رگه‌ی بازاڕدا سه‌ری هه‌ڵپاچراوه‌ و سه‌د کاسکێتی ژنانه‌یشی پێیه‌! کاسکێتی ژنانه‌؟ به‌ڵێ، کاسکێتی ژنانه‌. هاهاهاها. واته‌ ئه‌گه‌ر تۆ نه‌شیبینیت، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌ ده‌می که‌سێکه‌وه‌ بیبیستیت، قاقا لێ ده‌ده‌یت. ئه‌دی کاتێ پێت بڵێن نیازی وایه‌ سه‌د کاسکێته‌که‌ بۆ لای ژنێک ببات، که‌ له‌ ساڵۆنی خانماندا کار ده‌کات؟ ناترسیت به‌رگه‌ی شاڵاوی پێکه‌نین نه‌گریت و دڵت بوه‌ستێت؟ ل118)
ئەو دوو ڕەگەزە، (ئیکزۆتیک) و (پارۆدی) لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا بایەخیان هەیە و (کاروان) لەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریدا بە هۆشیارییەوە بە کاری هێناون. تێکەڵکردنی جیهانی مێتۆلۆجیا و واقیع لەم ڕۆمانەدا تەکنیكێکی ترە و زیاتر خەسڵەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن بە گێڕانەوەکە دەدات، کە بە مێتاگێڕانەوە (Metafiction) ناسراوە. کوڕەکەچەڵ وەک ئاماژە بۆ مێتۆلۆجیا و کوڕەقژدرێژ وەک ئاماژە بۆ واقیع تێکستەکە دەکەنە فرەڕەگ. واتە وەک ڕۆمانی باو تەنیا یەک ڕەگی نییە، بەڵکوو فرەڕەگ، فرەدەنگ و فرەئاڕاستەیە. بوونی کارەکتەری بێماڵ و ئاوارە دیسان بە یەکێک لە سیماکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن دادەنرێت، کە لەم ڕۆمانەدا ژمارەیان زۆرە. کوڕەقژدرێژ خۆی دوای لەدەستدانی سامانەکەی، لەو دنیایەی ئەواندا خۆی دەبینێتەوە. (بڕیاری داوه‌ ئه‌مشه‌و له‌ به‌رده‌رگه‌ی هیچ دووکانێکدا نه‌خه‌وێت، به‌ڵکوو بچێته‌ ناو ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ کرێکاره‌کان شیشه‌که‌یان ده‌به‌ست و به‌ شه‌ڕ ده‌هاتن. شوێنێکی ئاوا هه‌میشه‌ بۆ بیرکردنه‌وه‌ چاکتره‌. ئه‌گه‌رچی پاسه‌وانێکی تووڕه‌ی هه‌یه‌ و گه‌لێجار دیویه‌تی جوێنی به‌وانه‌ داوه‌، که‌ ویستوویانه‌ شه‌وان بۆ خه‌و و حه‌سانه‌وه‌ ڕووی تێ بکه‌ن، به‌ڵام ‌ئه‌م ده‌زانێت چۆن شوێنی خۆی ده‌کاته‌وه‌. ل 138)
دەکرێت بڵێم لە سەرجەم کارەکانی (کاروان)دا نەتەوە، زمان، کەلتووری جۆراوجۆر هەن، کە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن بایەخی تایبەت بەوانە دەدات. لەم ڕۆمانەیشدا جگە لە کورد، نەتەوە و زمانی دیکەی وەک هیی عەرەب، ژاپۆن، چین، ئینگلیز دەردەکەون، تەنانەت دواجار ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ژنی ژێرزەمین عەرەبە. (دۆکتۆری زانکۆیه‌ و له‌ کۆلیژی هونه‌ردا لێکچه‌ی ئێستاتیکای گوتووه‌ته‌وه‌. مێرده‌که‌ی گیراوه‌ و ئه‌م ڕزگاری بووه‌. کچێکی هه‌یه‌، ئێستا ته‌مه‌نی چوار‌ ساڵه‌ و لای پووری داناوه‌. مێرده‌که‌ی به‌رگه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌گرتووه‌ و دوای سێ مانگ گیانی ده‌رچووه‌. ژنی ژێرزه‌مین شاره‌که‌ی جێ هێشتووه‌ و لێره‌، ڕێک له‌م ژێرزه‌مینه‌دا گیرساوه‌ته‌وه‌. به‌وه‌دا زمانی کوردیی زانیوه‌، به‌ ئاسانی شوێنی خۆی کردووه‌ته‌وه‌. ل149)
دوای هەموو ئەوانە دەگەینە ئەوەی بڵێین (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ) نموونەیەکی دیاری ئەدەبی پۆستمۆدێرنە، کە گێڕانەوەکە بە ئاڕاستەی جیاوازجیاوازدا دەجووڵێت و لە هەر جووڵەیەکدا کۆمەڵێک خەسڵەتی نوێ لە خۆی دەگرێت. ئەو داینەمێکییە وای کردووە کارەکتەرەکان لە دۆخێکدا نەمێننەوە، بەڵکوو هەر یەکەیان بەردەوام بچێتە دۆخی ترەوە. کوڕەقژدرێژ لە ڕووی بایۆلۆجیا و سایکۆلۆجیادا هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەو گۆڕانەیش لە بەرچاوی خوێنەردا ڕوو دەدات. هەم ڕووی ناوەوە و هەم ڕووی دەرەوەی دەگۆڕێن. لەو جووڵەیەدا نەک هەر سەردەمی جۆراوجۆری مێژوویی، بەڵکوو شوێنی ڕەنگاوڕەنگی جیۆگرافیاییش دەردەکەون، کە (باختین) ناو لەوە دەنێت کرۆنۆتۆپ، بەو مانایەی ڕەگەزەکانی کات و شوێن لەو ئەتمۆسفێرەدا پێکەوە دەبەسترێنەوە. جەستە هەر لەم ڕۆمانەدا بایەخی گەورەی هەیە. هێرشەکان لە هەموو لایەکەوە بۆ سەر جەستەن و ئەوەی بە پلەی یەکەم کوڕەقژدرێژ بەرگری لێ دەکات، جەستەیەتی، کە بە تایبەتی بە هۆی قژە درێژەکەیەوە دەکەوێتە بەر شاڵاو. ئەو شاڵاوە لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، زمان و سیمبۆڵیدا دەردەکەوێت. ئەوەیش دیسان سیمای پۆستمۆدێرنیتی بە تێکستەکە دەبەخشێت، کە جەستە لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا بووەتە جێگەی بایەخ، کە ڕۆمانی فرەدەنگیش مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا دەکات، ئەگەر نەگوترێت ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی جەستەیە. تەکنیکەکانی گێڕانەوە لەوەدا یارمەتیدەرن، کە هەموو ئەو ڕەگەزانە لە ئەتمۆسفێری ڕۆماندا کۆ بکەنەوە.
سروشتى ڕۆمانەکە وایە، کە بە ڕووى هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە و لە ئاستەکانى تێکست و خوێندنەوەى (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)دا بریتییە لە تێکستێکى کراوە، کە هەڵگرى چەندین خوێندنەوەى کراوەیە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) لە مانگى حەوتى ئەمساڵدا لە کتێبخانەى (ئاشتى) چاپ و بڵاو کرایەوە.
  • ئەم گوتارە لە ژمارە (١٢٠٠) و (١٢٠١)ی پاشکۆی (ئەدەب و هونەر)ی (کوردستانی نوێ)دا بە دوو بەش بڵاو بووەتەوە.



لەبارەی وشە و رەنگی رەشەوە… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

گەر لەسەر ئەوە رێکبکەوین کە وشە گوزارشت لە ناخ و هزری مرۆڤ دەکات، ئەوا بەهەمان شێوە، رەنگەکانیش گوزارشت لە ناخ و هزری مرۆڤ دەکەن. دیارە هەروەک چۆن وشە بۆ دەقێکی ئەدەبی یان سیاسیی یان فکری گرنگە، بەهەمانشێوە رەنگەکانیش بۆ تابلۆکێشێکیش گرنگن و کلیلی چوونە ژوورەوەی جیهانی تابلۆ دەگەیەنن. لێ هیچ وەختێک وشە و رەنگ لەسەر یەک شت رێکنەکەوتوون، هەردووکیان بەیەک شێوە گوزارشت لە شتێک بکەن، زۆرجار هونەر دژ بە ئەدەب دەوەستێتەوە، بەڵام کە کار دەگاتە سەر وشە و رەنگی ” رەش” هەردووکیان یەک مانایان هەیە.
لە رەنگەکاندا هەمیشە ” رەش” ئاماژەیە بۆ ( خەفەت، ناخۆشی، کوشتن، نائومێدی، ناشیرینی، شەڕ، به‌دبه‌ختی )، لە زمانیشدا هەمیشە ” رەش” هەمان مانای هونەری هەبووە، ئێمە هەموومان دەڵێین ” رەشبینی، روورەشی، دەستێکی رەش، چاره‌ره‌شی” زۆرجاریش هەندێک قۆناغی ناخۆش یان رۆژێک کە رووداوێکی ناخۆش تێیدا رووی دابێت بە ” رۆژی رەش، مانگی رەش، ساڵی رەش” دادەنێین. لەکاتێکدا سپی لە هونەر و زماندا گوزارشتی لە ” گەشبینی، ئاشتی، پێشكەوتن، پاکیزەیی، جوانی ” دەکات.
دیارە گەر لەناو زمانی کوردیدا بە دوای وشە و دەستەواژەی رەشدا بگەڕێیت، بێ هووده‌ نابیت و زۆر زۆرن، ئێمە رۆژانە ئەمانە بەکاردەهێنین، بەبێ ئەوەی بزانین بۆچی ئەم حاڵەتە وادروستبووە؟ یان بۆچی ” رەش” هەموو ئەم دەلالاتە خراپ و ناشیرینانەی هەیە. هەمیشە رەنگی سپی لەلامان “جوانە، پاکە، باشە،” بەڵام رەش “، ناشیرین، پیس، بێ تامە.” تەنانەت لە رووی سیاسیشەوە کاتێک سەیری سیمبۆڵی پارتە سیاسییەکانیش دەکەین، دەبینین رەنگەکان لە سیاسەتیشدا زاڵن، هەمیشە چەپ و کۆمۆنیستەکان ” سوور” سیمبۆڵیان بووە. ” سەوز” گوزارشتی لە پارتە ژینگە پارێزییەکان دەکات. بەڵام لە هەمووی سەیرتر پارتی فاشیستی ئیتالی رەنگی ” رەش” ی کردە سیمبۆڵی پارتەکەیان بەم شێوەیەش ” رەش” کرایە رەنگی فاشیزم، ئەمە لەکاتێکدا ئەوان هەمیشە دژی رەشپێستەکانن و سپیپێسته‌کانیش بە رەگەزێکی باڵا دادەنێن.
دیارە هۆکاری سەرەکی لەم دابەشکردنە و لەم دەلالاتە زمانی و هونەرییانە، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆسەر هزرێکی خراپ و فاشیستیانە کە ماوەی چەندین ساڵە بەسەر مێشک و دەروونی هەموو جیهاندا زاڵە، ئەویش بە حوکمی ئەوەی ئەفریقییەکان رەنگیان رەش بووە، هەمیشە ئەم رەنگی پێستە خراوەتە قاڵبی شتێکی ” خراپ، ناشیرین، نابەجێ، شەڕ”ەوە. دیارە راسیزم تەنها لە هونەر و ئەدەب و سیاسەتدا بەرامبەر بە ئەفریقییەکان رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکە بە حوکمی مێژووی هەزاران ساڵەی چەوساندنەوەی ئەفریقییەکان، هەمیشە رەنگ و کەلتوور و پێست و هەمووشتێکی ئەم گەلە داماوە، خراوەتە چوارچێوەی راسیزمەوە.
راسیزم خۆی لەناو مێشکی هەموو جیهاندا بەرامبەر بە ئەفریقییەکان سەپاندووە. دیارە هەرچەندە ئێمە گەلێک بووین هەمیشە لەژێر چەپۆکی فاشیستیدا ناڵاندوومانە، کەچی ئێمە لە نەتەوەکانی تر، لەڕووی زمانەوانی و هونەرییەوە، زیاتر ئەم دەستەواژە راسیزمانەمان بەکارهێناوە.
من نازانم بۆچی رەنگی رەش ناشیرینە؟ بۆچی دەبێت رەش بکرێتە سیمبۆڵی شەڕ و نەهامەتی، لەکاتێکدا ” سپی” دەکرێتە نیشانەی ئاشتی، جوانی، باشی، چاکی؟”.
دیارە هەموو ئەمانەش لە قووڵایی ئەو مێژووە دێرینە راسیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دژ بە ئەفریقییەکان کراوە. ئاخر ئەوان هەمیشە کۆیلەی پیاوی سپی پێست بوون، لەبەرئەوە هەمیشە پیاوی سپی پێست هەوڵیداوە، کۆیلەکەی ژێردەستی بەهەموو شێوەیەک ناشیرین بکات و هەرچی سیفاتی جوانیش هەیە، بۆ خۆی دابنێت. تەنانەت منداڵیش، هەمیشە منداڵە سپیپێستەکان لامان جوانن، بەپێچەوانەوە، منداڵە رەشپێستەکان ناشیرینن و ڕقمان لێیانە، لەکاتێکدا هەموو منداڵێک سیمایەکی جوانیان هەیە. کەسیش نازانێت بۆچی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ خراپه‌مان به‌رامبه‌ر به‌ ره‌نگ و وشه‌ی ره‌ش هه‌یه‌ ؟.
دیارە کارێکی هەروا ئاسان نییە ئەم دەرەنجامە زمانی و هونەرییە بە رۆژ و دووڕۆژێک لەناو مێشکی مرۆڤایەتیدا دەربهێنرێت، لێ گرنگە قسەی لەسەر بکرێت، رەخنە لەو کەسانەش بگیرێت کە زۆرجار بە ناڕەوا و خراپ مامەڵە لەگەڵ وشە و رەنگی ” رەش” دا دەکەن .




ناوی نزار خەزرەجی و زۆری دی لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نین؟… عەلی مەحمود محەمەد

تۆمەتبارانی ئەنفال هەر ئەو 423 كەسە نین كە دادگای باڵای تاوانەكان بە ناو ( قائمە باسما‌و الاشخاص المگلوب اتخاژ الاجرا‌وات القانونیە بحقهم) لیستی ناویانی بڵاوی كردۆتەوە.
لە پرۆسەی دادگایی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دەستپێكدا حەوت تۆمەتبار دادگاییكران, ئەو حەوت كەسەی دادگایی كران, ئەوانە بوون پێشتر دەستگیركرابوون و زیندانیبوون, بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی سەرۆك كۆماری عێراق كە رۆژی شەممە رێكەوتی 30-12-2006 لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا, ئەمەش تاوانێكی گەورە بوو بەرامبەر بە كەیسە گەورەكانی دواتر كرا لە ناویاندا هەموو كەیسەكانی خەڵكی كوردستان. عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی بەرپرسی بیرۆی باكووری پارتی بەعس. لیوا روكن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی. فەریق روكن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان. لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم. تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری باكوور و پارێزگاری موسڵ, عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.
تۆمەتباران پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان حوكمی قەتعی خۆیان بە سزای جۆراو جۆر وەرگرت و تاوانبار كران بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی جگە لە سەدام حسێن و تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو, ئەم بێ تاوانیەی ناوبراو پرسێارێكی گەورەی دروست كرد بۆ هەموو ئەوانەی شارەزان لەو بوارە.
هاوكات لە پاڵ ئەو تاوانبارە سەرەكیانە, كۆمەڵێك تۆمەتباری دیكەش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن, لێ ئامادە نەبوون لە دادگا و كەیسەكەیان بە هەڵپسراوی مایەوە, ئەوان لە ناو دەستگیركراوەكان نەبوون, بۆیە بەرەو رووی دادگا نەكرانەوە, بەشێكشیان لە ژیان نەمابوون. هیچ كەسێك تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال دەستگیر نەكراو تەسلیم بە دادگا نەكرا.
وەك لە دوو داوانامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا كە لە خوارەوە ئاماژە بە ناوەڕۆكەكانیان دەدەین, ناوی 24 تاوانبار هاتووە” بە پێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, كە بریتین لە”1- نزار عەبدوالكەریم خەزرەجی ( ناوی لە لیستی 423 تۆمەتبار نەهاتووە) , 2- یونس ئەلدرب ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 3-ئەیاد خەلیل زەكی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) – 89 -اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و 4- رەمزی مەحمود (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33 , 5-سەعید مەحمود باریكە ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 6-قاسم دڕەیی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 216-قاسم رشید درەیی , 7-معتەسەم بەرزنجی ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 8- یاسین رەئوف ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 9-تەحسین شاوەیس(ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 409-تحسین شاویس سعید = , 10-قاسم ئاغای كۆیە (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و ,11- بایز عەبدالڕەحمان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 12-عەلی ئەحمەد رەشید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 13-نیعمە فارس (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب , 14-حەمید شەعبان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 15-نەجم عەبدوڵا دوری ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 16-عیسمەت سابیر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 , 17-عەدنان جەباری (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 179-سعید عدنان جباری, 18-جیهان موسا ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 19-رەفعەت گلی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 275-شمال رفعت كلی امر سریە , 20-عوسمان شێخ سەعید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 21-شێرزاد ساڵەح, 22-تۆفیق جەبار قارەمان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 159-توفیق جبار قارمان, 23-حوسێن شێخ سەعید( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 24-حەسیب حەمە ئینجە,( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە) “.
لە 24 ناوی داواكراو 14ەیان لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفالدادوای پرۆسەی دادگایی ئەنفال لەسەری ساغ بوونەوە ناویان نەهاتووە؟؟, لە پێشیانەوە نەزار خەزرەجییە, كە یەكێكە لە تاوانبارە سەرەكیەكان, دەتوانم بڵَم لە دوای سەدام و عەلی حەسەن مەجید تاوانبارە لە دۆسیەكە, ئەگەر هیچ پۆست و بەرپرسیارێتی سەربازیشی نەبووایە, تەنها وێنەكەی لە گوندی عەسكەری قەڵاسێوكە, قەبارەی تاوانەكانی ئەنفالی چوار كە سەرپەرشتی كردووە, بەس بوون بۆ ئەوەی ناوی لە لیستەكەدا هەبوایە, بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە سزا بدرابایا.
هەروەها “لە رێكەوتی 21-12-2005, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2 1474, فایلی ژمارە 9099 دۆسیەی ئەنفال, بە واژۆی رائید جوجی سەرۆكی دادوەرانی لێكۆڵینەوە, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات لەوانەی لە نامەی پێشوو زۆریان ناویان هاتبوو, كە بریتین لە تاوانباران: ” 1- سەعید مەحمود باریكە, 2- عەدنان عەبدوڵا جەباری, 3-شێخ رەئوف (نوێ), 4-شێخ جەعفەر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە (نوێ), 5-شێخ رەمەزان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 6-قاسم دڕەیی, 7-جیهان موسی, 8-معتەسەم محەمەد بەرزنجی, 9-رەفعەت گلی, 10-یاسین رەئوف, 11-غەسان شێخ سەعید (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 12-تەحسین شاوەیس, 13-شێرزاد ساڵەح, 14-قاسم ئاغای كۆیە, 15-تۆفیق جەبار قارەمان, 16-بایز عەبدالڕەحمان, 17-حوسێن شێخ سەعید, 18-عەلی ئەحمەد رەشید, 19-حوسێن حەمە ئینجە (نوێ) “.
لە لیستی دووەمدا 5 ناوی دیكەی هاتۆتە سەر 24 ناوی پێشوو, بەمەش ژماری ئەم داواكراوانە دەگاتە 29 تاوانباری داواكراو, پێی دەچێت دوبارەی ناو بە هەڵە هەبن, لەو ژمارەیە تەنها 11ەیان وەك تۆمەتبار ناویان هاتۆتەوە, 18ەیان ناویان لە لیستی تۆمەتباران نەهاتۆتەوە, كە پلەی جۆراو جۆریان هەیە و هەندێكیشیان هاووڵاتیان سكاڵایان راستەوخۆ لە دژیان تۆمار كردووەو دۆسییەكانیان چۆتە چوارچێوەی كاری دادگاوە, سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی دیكەش لە تاوانباران لە لایەن قوربانیانەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە ناویان لەناو لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال نەهاتۆتەوە تەنانەت لە لیستی 24 كەسەكەو لیستی 19 كەسەكەش.
تەنها بەهۆینەبوونی ناوی خەزرەجی وامان لێدەكات گومانمان بۆ دروست ببێتو بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لەم ناوانە بكرێت, هۆكاری نەبوونی ناویان لە ریزبەندی لیستی تۆمەتباران وەڵام بدرێتەوە, ئەم دوو بەڵگەنامەیە پێویستیان بە ساغكردنەوەی زیاترە لە لایەن نووسەران و لێكۆڵەرەوانی تایبەتمەند لە بوارەكە, لە گەڵ دەرخستنی ناسنامەی ئەو كەسانەی ناویان هاتووە .
پێش بڵاو كردنەوەی لیستی ناوی 423 تۆمەتبارەكەی ئەنفال, لە پشكنینی دۆسیەی ئەنفال, وێرای لیستی ناوی ئەوانەی نیشانەی ئازایەتیان وەرگرتبوو بە تایبەت 77 كەسەكەی ئەنفالی 1 و 2, یان لە بەڵگەنامەكان راستەوخۆ ناویان هاتبوو, یاخود لە ریزی 163 بەشدار بووەكەی ئەنفالی 8 دا بوون و وەك بەڵگە كەوتبووە دەست دادگا, لیستێكی داواكراوانم بۆ چاودێری كوردۆساید دروست كرد لە پشكنینی ئەو سكالایانەی پێشكەش دادگا كرابوون, لە رۆژنامەی هەواڵ و پەرتووكی (كوردۆساید -عەلی مەحمود محەمەد- 2008 چاپخانەی رۆمان-بڵاوكراوەی وەزارەتی رۆشنبیری زنجیرە 630- ل176 بۆ 183) بڵاوكرایەوە, زۆر ناوی تێدایە لە دۆسیەكە سكالای لەسەر تۆمار كراوە , بەلام لە ریزبەندی 423 ناوەكەدا ناویان نییە؟؟؟.




“نەمرەڕێ”و شاعیرێک لە دووی ئاسمانێکی ساماڵتر بۆ شیعر… هۆمەر نۆریاوی

وشەی دەستپێک:

“نەمرەڕێ”،یەک لە بەرهەمە شیعرییە نوێیەکانی شاعیری جوایەزنووس”پێشەوا کاکەیی”یە کە وەک خودی خۆی،ئەمجارەیش بە گەشتێکی تری شیعری دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نێو جیهانە پاکژە شیعرییەکەی خۆی کە دەیەوێت جیهانێک بێت بەدوور لە ژەنگ و ژار و هەردەمیش میهرەبانی لێ بچۆڕێت. جیاوازی ئەم گەشتنامە شیعرییەی پێشەوا کاکەیی دەگەڵ چەند بەرهەمە شیعری پێشووی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە شاعیر ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمێکی دوور و کەونی ژیاری مرۆیی کە بەشێكی گەورەی خودی نیشتمانەکەی شاعیر هەر لە نێو ئەم جەغزە جوگرافیاییەدا هەڵکەوتووە.

ڕۆچوونێک بە قووڵایی “نەمرەڕێ”دا:

نەمرەڕێ،بڕینی ڕێگایەکی پڕ لە میهری شیعرییە کە دەمانباتەوە تا بەردەم خودی ئەو زەمەنەی کە ژین،گوڵخەندەی دەگرت،سرووشتیش میهرەبانی لێ دەڕژا و بلاوێنی ڕۆح و گیانی ئادەمزاد بوو.

شاعیر،سەرەتای ئافرانی گێتی بە پاکژ دادەنێت کەچی دواتر مرۆ،لیخنی دەکات و لە بن نسێی مرۆی بەدکاردا ئەم کەونە، وا خەریکە چاوی کوێر ببێت.

جیهان لەوەتەی دەمی کردووەتەوە،شەکراوێکە،

کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە زەلکاوێکی گەنیو،

دڵت داگیرسێنەوە،کەون وەختە چاوی کوێر بێ…

(نەمرەڕێ،ل14)

نەمرەڕێ،هەمان ڕێیە کە دەچێتەوە تا چاخی پڕ لە میهری باڵووڵی دانا،لەوێشەوە شۆڕ دەبێتەوە تا بێساران و دەیەوێت تەپوتۆزی سەر دڵ،بە نەغمەی بلاوێنی بولبول و قومریی هەورامان لا بچێت. چونکە لە خودی هەوراماندا نەمریی دەبینێتەوە.

وەک بابا سرنج

بەدەم تینی ئاورەوە

وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،

وەک دار قرچەقرچیان هات و دەبوونە بڵێسە،

نەمریم لە هەوراماندا دۆزییەوە.

(نەمرەڕێ،ل82)

هەموو پەرۆشیی شاعیر،گەڕانەوە بۆ سەردەمی سادەییە،ئەو زەمەنە پاکژەی کە:

“ئاونگ هایکووی خۆی بنووسێت

لەسەر گژ و گیا،پەلکی گوڵان؟!

ئاوێزان بێتەوە بوونمان بە هاتنی سپێدان؟

ئاییندە بە بنیات بێت لە ئێستامان؟

(نەمرەڕێ،ل18)

پێشەوا کاکەیی لەم بەرهەمە شیعرییەدا دەچێتەوە تا سەر ئەو ڕاستەڕێیەی کە مرۆڤایەتی نوغرۆی نێو میهری ئەدەب و ئاکارچاکی بوو و ڕەوشتبەرزییش،میوانی دڵان.

نەمرەڕێ،لەڕاستیدا ڕۆچوونێکی قووڵیشە بە ناخدا و دەیەوێت لە ڕێی ئەم شۆڕبوونەوەیەوە،مرۆ پتر پەی بە خۆی ببات و ئینسانییانەتر مامەڵە دەگەڵ گەردووندا بکات. لەم گۆشە نیگایەوە کارتێکەریی زمانە ڕۆحییە قووڵەکەی شاعیرانی وەک مەحوی،مەولەویی بەڵخی و حافزی شیرازی بەسەر پێشەوای شاعیرەوە دەبینرێت.

گەشتێک بکە هاوڕێ!

بچۆرەوە نێو خۆت و لە لووتکەی بێدەنگیدا

ڕازی خۆت بۆ خۆت بەیان بکە!

خۆت دەتوانیت خۆت بپشکنیت لە چ ڕەگێکدایت،

ڕیشەت لە چ گەشتێکدایە و چۆن بۆ ئاسۆ هەڵدەکشێیت.

(نەمرەڕێ،ل42)

شاعیر، ڕامان و وردبوونەوە لە خودی خۆ بە نیشانە و بگرە هۆکارێک بۆ شادبوونەوە دادەنێت. بیرکردنەوە و ڕامان،هێوریی و ئۆقرە بۆ دڵی ئینسان دەگوێزێتەوە و لە دەست ئەم جەنجاڵستانەی نها،قوتاری دەکات. لەم ڕێگە دوور و درێژەی شاعیر دەیبڕێت،بێ سێ و دوو ،زانین و ئاگایی دەوری سەرەکی دەبینێت و بەرچاوڕوونییش بە ژیان دەبەخشێت. هەر بۆیە بە زانین،مرۆ خۆی لە تاریکستان دەرباز دەکات.

بڕۆ!

جوان بنواڕە،بجووڵێ و بدوێ!

پەیڤت ڕێی خۆی وەدۆزێ،

با بشزانی،بێئاگایی دەتکاتە ونڕێ،

دنیات لێ دەبێتە قەفەس.

(نەمرەڕێ،ل51)

پێشەوا کاکەیی لە نەمرەڕێ دا بە زمانێکی شیعری هاواری لە دەست جیهانی سەرمایەداریی و بۆرژوازیی ئێستا بەرزە کە تێیدا سەرمایەدار،لە بەری ڕەنجی خەڵک دەخواتەوە کەچی خەڵکی هەژار تا دێت بەلەنگازتر و فەقیرتر دەبێت. هەر بۆیە پەنا دەباتەوە لای باڵووڵی ماهی و گەرەکیەتی بەیانان لەگەڵ گزنگی خۆر، ژیان دەست پێ بکات.

وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆر هەڵدێم،

دەرگا دەکەمەوە،بە ڕووی خەڵکدا،

سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،

نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن…

(نەمرەڕێ،ل62)

مرۆی بۆرژوا لە دیدی شاعیرەوە کە وەک دڵە پاکژە شیعرییەکەی خودی ڕاستییەکان دەنوێنێت،وا خەریکە خۆڵ لە چاوی گزنگیش دەکات و لە پێناو بەرژەوەندییە بەرتەسکەکەی خۆیدا گەرەگیەتی بەردیش بهاڕێت کەچی شاعیر پێشبینی هەرەسهێنانی دەکات و مژدەی دواڕۆژێکی ڕوونمان پێ دەبەخشێت.

لە گزنگەوە بۆ گزنگ

دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،

خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،

ئەم دەنگە

هەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و

داڕمانی شاخ و

ڕۆچوونی زەوی نییە،

داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە

دەستی ناوەتە بینی سرووشت و بەرد دەهاڕێ!

(نەمرەڕێ،ل84)

شاعیر بە مەبەست و ژیرانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخ و سەردەمی باڵوولی ماهی،بابا لوڕی لوڕستانی،حەللاج،بابا سەرهەنگ،بابا سرنج،دایە تەورێز،ڕێحان خانمی لوڕستانی،باوە تاهیری لوڕ،فاتمە لوڕە و،لەوێشەوە ڕێی درێژ دەبێتەوە تا نەیشابوور،تەورێز،تاشکەند،سەمەرقەند و بوخارا و دواتریش تا لای خودی تاگوور. ئەمانە هەموو کۆدن بۆ خوێنەر و شاعیر دەیەوێت خوێنەر بۆ خۆی کۆدەکان بکاتەوە. پێشەوا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو چاخەی کە هەست و نەستی مرۆ تا دوورەدەستتان بڕی دەکرد و جوانتریش لە هەموو شتێک تێدەگەییشت. پێشەوا لەم گەشتە شیعرییەدا لە دووی ئاسمانی ساماڵتر بۆ شیعر دەگەڕێت.بۆیە بەردەوام ڕێ دەبڕێت و دەڕوا و دەڕوا تا بەوێندەرێ بگات کە ئاسمان شینتر و ساماڵتر دەربکەوێت.

دەگەڕێمەوە بە برینی ڕۆژگار

باشتر لە ئاو تێبگەم،

لەمێژە دەفڕم،لەو چیا بۆ ئەو چیا،

تا ئاسمان ڕوونتر دەربکەوێ.

(نەمرەڕێ،ل88)

پێشەوای شاعیر،لەم گەشتە شیعرییەدا دەڤەرە کەونەکانی نیشتمانیش بەسەر دەکاتەوە و دەچێتەوە بەردەم مەنزەڵەکەی پیرانی یارسان و لە دەست ئەم هەموو زەبر و زەنگەی نها مرۆ بەدەستیەوە ناڵانە،سکاڵا و شکات بەرز دەکاتەوە و داوای ڕێکار دەکات. دەگەڕێتەوە لای باوەخۆشین،باوە سەرهەنگ،باوە تاهیری لوڕ،فاتمە لوڕە و پیرانی ماریفەت.

شاعیر لە نەمرەڕێ دا دیرۆک دەخوێنێتەوە و لە دەست هەرچی دەستەڵاتە دەم بە هاوارە و شکاتی خۆی تا لای خودا بەرز دەکاتەوە و زۆر بە ڕوونی پەیامەکەی بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە.

ئەوسا بەغدا

گڕ لە دڵی دەهاتە دەرێ و

ئێستاش دووکەڵ لە چاوی،

کەچی وا ئێستاکە

خۆکوژیی کۆکوژی نمایش دەکەن،بە بەر چاوی خواوە!

هەموو ڕۆژێ شۆڕشێک تەشەنە دەسەنێ

لە بەغداوە بۆ مەککە،لەوێوە بۆ ئەهواز

خوێن دەچۆڕێ،

هەرچی میر و شالیارە

هەرچی خەلیفە،شێخ،سەیید،ئاخوون و مەلاشە

خەڵکی دەنێرن

تا لە دۆڵ و گرد و دەشت و لووتکەی شاخەکاندا

خۆ بۆ خودا بە کوشت بدەن،

کەچی خۆیان هەر یەکە لە دیوەخانی خۆیدا

لەبری بۆنی خوێن،

دەم لە دۆڵ و گرد و دەشتی کەنیشکێکەوە دەنێ…

(نەمرەڕێ،ل74 و 75)

پێشەوا کاکەیی لە دەست ئەم ڕۆژگارە دەم بە گلە و سکاڵایە کە تەنانەت ئەم چاخە لێڵە،زمانی ئەڤینیش کەوڵ دەکات.

بە زمانی ئەوین دەپەیڤم

کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا…

(نەمرەڕێ،ل80)

ئاوڕێکیش لە فڕکەفڕک و پەلەی مرۆی ئەم سەردەمە دەداتەوە کە دەیەوێت خێرا بە هەموو شتێک بگات تەنانەت گەر کانیاوە زوڵاڵەکانیش لێڵ و کوێر بکاتەوە.

زەوی وەک توورەیەکی زێڕ دراوە بە کۆڵدا،

فڕکان فڕکانێکە،هەر یەکە بەشی خۆی دەبا،

هەر یەکە چنگی تێ ناوە و دایدەدڕێ،

زەوی ناتوانێ باڵەفڕێ بگرێ،

دەیەوێ لە دەستی ڕێبواراندا

وەک ئاوی کانیی کوێستانان بنۆشرێ.

(نەمرەڕێ،ل92)

پێشەوا بۆیە ملی ئەم ڕێگە دوور و درێژە دەگرێتە بەر تا بچێتەوە بەردەم یەکەم قۆناخی بوون کە ئیتر ڕۆح و جەستە تێیدا ئاسوودە بن و مرۆ لە بن سێبەری ئاوەز و ژیرێتیدا خۆ لەدەست ئەم هەموو زیندانە قوتار بکات.

ئەم ڕێیەم بۆ ئاسوودەیییە

تا جەستە هەمیشە نەرم بێ،ڕۆح تێیدا ئارام بێ.

لە قوڕ کە هاتوویتە دەرێ،

بۆ ئەوە نییە وڕ ببیت،

دانا ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا بەند نەکرێ.

(نەمرەڕێ،ل103)

ئەنجام:

پێشەوا کاکەیی، یەک لەو شاعیرە پاکژنووسانەی ئێستای  شیعری کوردییە کە لە ڕێی زمانێکی جوایەزەوە بەردەوام ڕۆشنایی بە سووچە تاریکەکانی شیعر دەبەخشێت و لە هەوڵی کەشف و دیتنەوە و دەرخستنی جوانییەکانی شیعردایە و هەر جارە و ڕێگەیەکی جوایەزی شیعریی دەبڕێت و بە پلان و بەرنامەیەکی وردەوە کار لەسەر ئەم پاژەی ئەدەب دەکات. شاعیرێکە بە دیدێکی ڕوون و ڕۆحێکی بێ گرێ و گۆڵی مرۆیییەوە بیر لە هەڵچنینی دیواری بڵندی شیعر دەکاتەوە و شیعرەکەیشی تا بە دوورەدەستترین دەڤەرەکانی گەردوون ڕێ دەبڕێت؛  بۆیە هەر جارە لە دووی هەسارەیەک وێڵە و دەیەوێت بە ڕێی کاکێشانی شیعرەوە شۆقی ئەم هەموو ئەستێرە پرشنگدارانەمان تێبگرێت. هەر ئەوەندە ماوەتەوە کە بێژم،پێشەوا کاکەیی وەک بەرهەمە شیعرییەکانی پێشووی،لەم بەرهەمە نوێیەیشدا بە زمانێکی پاراو، خامەکەی دەخاتە گەڕ و کۆمەڵە وشە و دەستەواژەیەکی نوێیش دەکاتە بەر ئەم بەرهەمەیش واتە “نەمرەڕێ”. پێشەوا کاکەیی ،هەر جارە و بە پرۆژەیەکی نوێی شیعری ،دەروویەکی نوێمان لە ڕوو دەکاتەوە.پێشەوا شاعیرێکە جوگرافیا و مێژوو پێکەوە گرێ دەدات و لە ڕێی داگەڕان بە جوگرافیای وڵاتاندا دەرکە لە ڕووی دیرۆکی گەلانیش دەکاتەوە و خوێنەر هەم بە جوگرافیا و هەمیش مێژووی نەتەوە و گەلانی سەرزەوی ئاشنا دەکات.

پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە نەمرەڕێ،بەرهەمی شاعیری جواننووس پێشەوا کاکەییە کە ساڵی 2021 لە لایەن وەشانی “نووسیار”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پێشەوا کاکەیی پێشتر چەندان بەرهەمی شیعری بڵاو کردووەتەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، ناسراو بە «پێشەوا کاکەیی،» ساڵی 1984(1363ی هەتاوی) لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری “قەڵادزێ” لەدایک بووە. تا هەنووکە خاوەنی نزیک بە 14 بەرهەمی شیعری و توێژینەوەی ئەدەبیی چاپکراوە کە “زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر” نوێترین بەرهەمی ئەم شاعیرەیە. شیعری ئەم شاعیرە نوێخوازە بۆ سەر چەندان زمان وەرگێڕدراون.

ژێدەر:

نەمرەڕێ،پێشەوا کاکەیی،چاپخانەی جەنگەڵ،تاران،وەشانی نووسیار،چاپی یەکەم،2021،دانیمارک

هۆمەر نۆریاوی و پێشەوا کاکەیی



بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم پڕۆژەیەکی شکست خواردودا!… عوسمان حاجی مارف

دوای چەندین ساڵ لە هەڵسورانی سیاسی جەلال تاڵەبانی کە خۆی لەبەرامبەر دژایەتی کردنی بارزانی و پارتیدا پێناسە دەکرد، هەوڵێکی زۆری دا تا هاوسەنگی هێزەکەی بەرێتە پێش هێزو نفوزی بارزانیەوە، تا ببێتە هێزێک کە وەک خاوەنی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی بناسرێتەوە، بەڵام ئاشکرایە لەوبارەیەوە کە مەوقعیەتی هێزەکەی تاڵەبانی بە هەر پلەو ئاستێک پێناسە بکرێت، بێ هودەو ناکام و دەستبەتاڵ لەبەردەم بارزانیدا مایەوەو نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، تا ئەو ئاستەی دواتر ناچاربوو بە پێشوازیکردن لە سازش و ڕێکەوتن و ملکەچی بۆ قەبوڵکردنی مەوقعیەتی پارتی.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم هەنگاوی ناچارییەی ملکەچی تاڵەبانی بۆ بارزانی درزێکی گەورەی خستە ناو ڕیزەکانی یەکێتیەوە، دیارترینیان ناڕەزایەتی نەوشیروان بوو کە ئەم پاشەکشەیەی تاڵەبانی بە قازانجی ئایندەی زۆنی سەوز نەدەبینیەوە، ناچار لەسەرەتادا جۆرێک لە گۆشەگیری پیادە کردو دواتر هەنگاوی بەرەو پێکهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان کردە پڕۆژەیەک، کە بە شێوازێکی تر لە هەڵسورانی سیاسی بەردەوامی بە ڕێبازی پێشوتری تاڵەبانی بدات بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا.
ئەوەی پێویستە لەم نوسینەدا بەکورتی ئاماژەی پێ بدەم، بەجیا لەوەی هەر تێگەیشتن و وێنایەکمان لەسەر دەورونەخشی بزوتنەوەی گۆڕان و کاریگەریەکانی و چەواشەکاریەکانی هەبێت، تاتێوەگلانی ئیسلامیەکانیش لەو پرۆژەیە، بە بۆچونی من هەر لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو پرۆژەیەکی لەم چەشنەی نەوشیروان هەر مەبەست و نیازێکی لە پشتەوە بوبێت بەشکستخواردویی لەدایک بووە، چونکە شەخسی یەکەمی یەکێتی و یەکێک لە شەخسیەتە ئەوەڵەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، واتە تاڵەبانی دوای چل ساڵ زیاتر لە هەڵسورانی سیاسی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بنبەستی خۆی راگەیاندو دەستبەرداری ئەو ستراتیژیە بوو کە هەوڵیداو دەیویست بارزانی کەنار خات و خۆی ببێتە کەسی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، بەڵام دواجار دیمان تاڵەبانی هەر بۆ خۆشی ئەوەی ڕاگەیاند کە لەو دژایەتی کردنەی بارزانیدا هەڵەی کردووە.
بۆیە پڕۆژەیەکی لەو چەشنە پاش چل ساڵ لە هەوڵی بێهودەو شکست و پەشیمانی تاڵەبانیدا، بۆ نەوشیروان نەک ئاسان نەبوو کارێکی لەو چەشنە درێژە پێبدات و بەسەرکەوتنی بگەیەنێت، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە حەتمیەتی شکستی خۆی مسۆگەر کردبوو، بە تایبەتی لەهەلومەرجی ناجێگیری سیاسی کوردستان و باڵا دەستی بارزانی و پارتی وەک پایەو پێگەیەکی بەهێز لەدەسەڵاتی سیاسی و زۆنی زەرد لە کوردستاندا، جێگای بەجێگەیاندنی ئامانجی پرۆژەکەی نەوشیراونی تیادا نەدەبوەوە. هەر بۆیە سەرەتای نیشانەو هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاراستەی کۆتاییەکەشی بە شکستێکی ئابڕوبەرانەو زوو خۆڕادەستکردن بە پارتی پێشبینی دەکرا، هەر ئەو کاری خۆڕادەستکردنەشیان بە پارتی بەهەرزان و زوویی ئەنجامدا.
واتە مێژووی پاشخانێكە بە دوای باڵا دەستی و گوندەیی بارزانیەکان بەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیدا سەپاندویانە و خۆیان تیا جێگیر کردووە بوونەتە خاوەنی هێزی یەکەم، هیچ فرسەتێکیان نەهێشتەوە تا بەشێکی تر لە ڕابەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەر گروپ و ڕێکخراوو کەسایەتیەک توانای ئەوەیان هەبێت بە ناوی کوردایەتیەوە دەوری بارزانی لابخەن و جێگەی بارزانی بگرنەوە. ئەمە بەجیا لەوەی مێژویەکی تاڵە بۆ ململانێی نێوان هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەڵام لە هەمانکاتدا واقعیەتێکیشە بۆیان ئاسان نەبووە قەبوڵی بکەن و هەمیشە سەرکێشیان کردووە، بۆیە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی مەوقعیەت و ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بری بەدواداچوون بۆ ئامانج و خواستی دەسەڵاتی خەڵک، هەموو کات بەشکست و بەخۆڕادەستکردن بە بارزانی پەردەی شانۆیی پرۆژەکانیان دادەرێتەوە.
گەر ئەو پاشخانە بنەماو واقعیەتی بەڵگە نەویستی شکستی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت، لە هەمانکاتدا دەستپێکی چۆنیەتی کارەکەشیان ناواقع بینانەو مامەڵەیەکی نەگونجاویان خستەڕوو، بۆ گۆڕانێک کە مەبەستیان بوو لەدەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا ئەنجامی بدەن. گەر تاڵەبانی لەڕێی هێزی چەکداری و شەڕی ناوخۆو دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا ئەو هەوڵەی دابێت و سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی پەرلەمانێکی فۆرماڵی و کارتۆنیەوە ڕێگای ئەو ململانێیانەی گرتەبەرو بانگەوازی “ئەیگۆڕین”یان دەکرد، بەوشێوەیە ئومێدیان بە جەماوەرێکی ناڕازی بەخشی، کەچی لە ماوەی دوو دەورەی پەرلەماندا “ئەیگۆڕین” بەسەر خۆیاندا شکایەوەو بوونە خاوەنی ڕابەری شەقامی ئارام بۆ دەسەڵاتی بارزانی، ئەم ئاراستەیە مایەی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان بوو.
خاڵێکی تر لەم شکستەی گۆڕان کە جێگای ووردبونەوەیە، جگە لە سەوداومامەڵە بێهودەکەی ناو پەرلەمان، چەند دروشمێکیان ڕاگەیاند کە کاریگەری لەسەر زهنیەتی خەڵک داناو جێگای پێشوازی خەڵک بوو، دەربارەی بودجەو شەفافیەت و یەکگرتنی هێزی چەکداری و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی..هتد، بەم دروشمانەوە چەپڵەی بەرەو دەسەڵاتیان لێ ئەدا، دواتر گەورەترین پاشەکشەو ڕیسواییەک کە بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئێستادا پێ دەناسرێتەوە، بێدەنگی و فەرامۆشکردنی تەواوی ئەو بانگەوازو خواستانە بوو کەوەک مەزەی دروشمی ئەیگۆڕینەکەیان دەرخواردی خەڵکیان ئەدا. بودجە لە شوێنی خۆیەتی و بارزانی بەئارەزوی پێداویستیە سیاسیەکان و بنەماڵەکەی زیاتر یاری و مامەڵە بە بودجەوە دەکات، ناشەفافیەت حەتمیەتی وەرگرتووە و قسەکردن لەسەری بڤەیە، یەکنەگرتنی هێزی چەکداری و نایەکڕیزی “کورد” بە فەرمی دەناسرێت و گەندەڵیش تابێت بەرفراوانتر دەبێت، چاکسازیش بۆتە دەسەڵاتی ڕەهای بارزانی. واتە دروشمەکانی گۆڕان بە هێڵێکی تەواو پێچەوانەدا داکشاو بێشەرمانەو بەبێدەنگی قەبوڵیان کرد، وەگۆڕان بووە ئەو بەشە لەدەسەڵات، کە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا ئاڵا شینەکەی چووە ڕیزی بەرمیلە ڕەنگکراوەکان کە پاڵیان پێوە دەنرا، وەک هێمای خواستی خەڵک بۆ کۆتایی هینان بەم دەسەڵاتەو پێکهاتەکانی.
بزوتنەوەی گۆڕان زوو هەڵوەری و زۆر بچووک بۆتەوە، تەنها دوکانێکی لاکۆڵانیان ماوە کە بەشێک لەسەرکردەکانیان خۆیانی پێدەژێنن، ئەمەش ئایندەی هەموو ئەو هێزانەیە کە بۆ ڕکابەری لەبەرامبەر بارزانیدا بە هەوای کوردایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزترو ڕاستگۆترو بوێرتر خۆیان پێناسە دەکەن.
ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان کوردایەتی نیە، سەربەخۆییە لە تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی بانگەوازی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، ئەوە تەنها دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کە ئەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی بارزانی و هەردەسەڵاتێکی سەرو ئیرادەی جەماوەری ناڕازی بهێنێت و ئازادی و یەکسانی جێگیر بکات.




تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا-2-…شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

لە بەشی پێشوو ئاماژەم بەوەدا، کە بەر لەوەی ڕانانێکی کورت بۆ کتێبەکەی هادی عەلەوی«تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا». بکەین و قسەو باس لە تیرۆری سیاسی بکەین، لە ئیسلامدا و لاپەڕەکانی کتێبەکە هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەو بکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لە بارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو، سەرەتا لە دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بە شیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەدوێین.

هەڵبەت، تیرۆری سیاسی، مناڵی ئەمڕۆ، یان کۆرپەی دوێنێ، یاخود لە دایکبووی پێرێ نییە. بەڵکو ئەو ڕەگێکی درێژ و مێژوویەکی کۆن و کەوناری هەیە و بە تەنها تایبەت نییە بە سەردەمێک و بڕگەیەکی تاریخی دیارکراو، یاخود شارستانیەتێک و مێژووی گەلێک و ئایین و نەتەوەیەک. بە پێی ئایینەکان و میتۆلۆژیاکان بێت، تیرۆر لە گەڵ یەکەم هەنگاوی دابەزینی مرۆڤ، لە بەهەشتەوە بۆ ئێرەو لە گەڵ یەکەم پێ خستنە سەر زەوی ئادەمەوە، دەست پێدەکات و یەکێک لە دوو کوڕەکەی ئادەم، ئەوەکەیتر تیرۆردەکات( قابیل، هابیل دەکوژێت).

کەواتە بە پێی ئەو تێگەیشتن و میتۆلۆژیایەبێت، کە ئادەم بە یەکەم قۆناغی ژیانی بەشەریەت دادەنێن، دەتوانین بلێین تیرۆر لە گەڵ دەستپێکی کاروانی ژیان و مرۆڤایەتی و، سەرەتای گەشەسەندنی شارستانییەتدا، هاوەڵێتی و هاودەمی مرۆڤی کردووە.

هەموو شارستانیەتەکان و سەردەمە مێژووییەکان، کەم و زۆر، بەشیخۆی تیرۆر، یاخود تیرۆری سیاسی تێدا هەبووە. لە گەڵ پەرەسەندنی شارستانیەت و بەرەو پێشڤەچوونی ژیان و پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵ و ژیار و درووستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئیمپڕاتۆڕیەت و دەوڵەت و هەرێم و مەمالیک و مێرنشینەکان، دیاردەی تیرۆری سیاسیش سەری هەڵداوە. بە هۆکار و پاڵنەری جۆر بە جۆر، تیرۆر لە پێناوگەیشتن بە دەسەڵات، یاخود لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات، تیرۆرکردن لە پێناو بەرژەوەندییەک، تیرۆر لە پێناو ئایین و ئایدیۆلوجیا و ئایدیایەکی دیاریکراو، تیرۆرکردنی بۆچونی جیاواز، تیرۆرکردنی ئازادیەکان، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و قەڵەمە ئازادەکان..تاد.

مێژووی ئیسلامیش وەک بەشێک لەو مێژووە دوور و درێژەی مرۆڤ، که ژیان پێیدا تێپەڕیوە و لە سایەیدا ئەزموون کراوە و مرۆڤایەتی بە ناوتۆنێڵەکەیدا ڕۆیشتووە، یەکێک لە مێژووە هەرە ناشیرینەکانی بوونی بەشەریەتە.
مێژووەک، تیرۆر ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتیوە و پڕیەتی له تاوان و لادان و ئەشکەنجە و داگیرکرکاری و تاڵان و فەرهود و بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و جەنگ و کوشتن و تیرۆر.

ئەو مێژووەی پێکهاتووە لە زنجیرەیەکی بەردەوام، لە تیرۆری سیاسی و توندو تیژی و خوێن ڕشتن و کوشتن و کودەتاو پیلان و یەکتری لە ناوبردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەت و وێرانکردن.

ئەو مێژووەی بە تڕێڵە مێکابی بۆ بکەیت و بە ساڵان بە دیاریەوە دابنیشیت مۆنتاژی بۆ بکەیت و هەوڵی پەردەپۆشکردنی قێزەونیەکانی و جوانکردنی ناشیرینیەکانی بدەیت، ئەوە هەرگیز، بۆت ناکرێت.

چونکو مێژووەیەکی هێندە قێزەون و بێ ئەندازە ناشرین و لێوان لێوە لە توندوتیژی. مێژووەک، بۆنی باروت و خوێن و خویزاو جەنگ و داگیرکاری و کاوڵکاری و تیرۆری لێ دێت.

ئەو مێژووەی زۆر چەواشەکارانە، وەکو پەپولەیەک و مانگی چواردەشەو، یاخود بوکێکی ئارایشتکراو، پیشانی ئێمە مانان دراوە و دیوە ڕاستەقینەکەی و لایەنە دزێوەکەی، زۆر فێڵبازانە، هەمووی شاردراوەتەوە و پەردەپۆشکراوە.

ئەو مێژووەی کردەی تیرۆری سیاسی یەجگار زۆر و لە ئەژمار نەهاتووی بەخۆیەوە بینیوە.
لە لایەن سەرکردە و خەلیفەو والی و ئەمیر و حاکم و قازیەکان و هاوەڵەکان و ئالو بەیت و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و هەموو ئەوانەیتری دوای ئەمان و بە درێژایی حوکمی خەلافەتی ئیسلامی و بوونی حوکمی ئیسلامی و دەولەتی سیوکراتی ئیسلامی و لە نێوان هەموو چین و توێژەکانەوە.

تەنانەت هەوڵدراوە خودی پەیامبەری ئیسلامیش(د.خ)، بەژار تیرۆربکرێت. جا وەک ئاماژەمان بۆی کرد، لە پێناو دەسەڵات بووبێت، یان لە سەر ڕەخنەگرتن و بۆچوونی جیاواز و ئایینی جیاواز، یاخود بۆ تەۆڵەسەندنەوە و بۆ سەروەت و سامان و هەر هۆکارێکیتر بووبیت.