چەکەرەکردنی ڕەخنە بە تۆوی ئیشراق، تیۆری ڕەخنەییی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە… گۆران سەباح

تا سیستمی پەروەردە لەسەر بنچینەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بنیات نەنرێت، ڕەخنەگر دروست نابێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەوێنی ڕەخنەیە لە هەموو کایەکاندا.
هەموومان کۆکین، ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا کڵۆلە. ڕەخنە لە ژێر کاریگەریی پێگەی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتیدا دێتە شێواندن. لەبەر هەندێ، بێو لێرە و لەوێ بیەوێت چەکەرە بکات، نووسەر، خوێنەر، ڕەخنەگر، چاپخانە و هەرسێ پێگەی سەرەوە سەرکوتی دەکەن، دەیشارنەوە، هیچ نەبێ بایەخی پێ نادەن. نووسەرەکە قەبولی نییە (تێنووی ستایشە)؛ خوێنەرەکە پێی وایە دەتەوێت بتەکەی بشکێنی، چونکە نووسەرەکەی لا پیرۆز کراوە و بووەتە موریدی. ڕەخنەگرەکە وەهمێکی لا دروست بووە، پێی وایە هەر ڕێچکەی ئەو ڕاستە، نووسەر و خوێنەرەکە کردوویانەتە ناوەندی بڕیار، نازانێت ئەوەی ئەو دەیکات هەموو شتێکە، ڕەخنە نییە. چاپخانە و هەر سێ پێگەی ناوبراویش کاکی ڕەخنەگریان کردووەتە بت و دەیپەرستن. ئێ باشە، حاڵ ئاوا بێت، چۆن ڕەخنە چەکەرە دەکات. نایکات. قەت.
نائومێدیش نیم. وێڕای هەوڵی بەندە، گەشبینم بە هەوڵەیلی ڕژدی هۆشەنگ شێخ محمد. پڕۆژەکەی هۆشەنگ دارێکە چەندان لکی پێوە. لکێکیان هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی ڕەخنەیەکی خۆماڵی، پشت ئەستوور بە فەلسەفەی ئیشراقی سوورەوەردی. ئەگەر دەتەوێ بە وردی تێی بگەی، تکایە (حیکمەتی ئیشراق و خوێندنەوەکەی) بخوێننەوە. بەکورتی، فەلسەفەی ئیشراق لەمانە دەنۆڕێت و ورد دەبێتەوە: ڕووناکی (نوور) سەرچاوەی مەعریفەیە؛ ئەقڵی نەمر، ئەقڵی سوور، جەستە، دەروونی مرۆڤ، تێکەڵکردنی فەلسەفە و عیرفان، مرۆڤی ئەقڵانی، مرۆڤی نەفسانی، مرۆڤی جستەیی، هتد.
بۆ پێشخستن و زەقکردنەوەی هەوڵەکەی هۆشەنگ، قسە لەسەر دوو کتێبی دەکەم، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٢دا چاپی کردوون: ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی، دنیای تارمایی کارەکتەرە پەنهانەکان. یەکەمیان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ڕەخنەیەکی کوردانە لەسەر بنچینەی ئیشراق، دووەمیان نموونەیەکی پراکتیکیی هەوڵەکەیە، تێیدا، هۆشەنگ پڕۆژە ڕەخنەییەکەی لەسەر چەند دەقێکی یوسف عزەدین تاقی کردووەتەوە.

ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی
لەم کتێبەدا، هۆشەنگ دەڵێ بۆ دروستبوونی ڕەخنەیەکی کوردانە، دەبێ بچینەوە سەر (ڕەگ)مان. دەکرێ سوود لە گەنجینەی ڕەخنەی بیانی وەرگرین، بەس هەتا نەچینەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆمان، نابینە خاوەن ڕەخنە. خۆی وا باسی هەوڵەکەی دەکات، ” . . . ئەم هەوڵە ڕەخنەییە، بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی ئیشراق، لە پێناو دامەزراندنی ڕەخنەیەکی کوردیی ڕەسەن و زیندووە، کە بتوانێت (کوردانە) لە بارەی وتارەکانی و ئەدەب و فەرهەنگ و زمان و دەقگەلی (خۆ)یەوە بدوێت.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٠٧).
دینی، فەلسەفی و ئیشراقییە، ڕەگی ئەدەبی کوردی. لەم کتێبەیدا، هۆشەنگ پێشانی دەدات هەر لە بابا تاهیری هەمەدانەوە بگرە (٩١٠-١٠١٠) تا دەگاتە حەریق (١٨٥٦-١٩٠٦)، ئەدەبی کوردی لە هەناوی ئایین و فەلسەفەی ئیشراقەوە هاتووە، بەڵام دوای دابەشکردنی کوردستان، ئەم بەشەی باشوور لە ڕەگە ئیشراقییەکە دادەبڕێت، لەباتیان، ڕەگی “کوردایەتی” و شۆڕشگێڕی” گەشە دەکەن (پیرەمێرد تا ڕاپەڕین).
دوای ڕاپەڕین، چەند نووسەرێک (ناویان دەنێم نووسینسەقەت)، هەوڵیان دا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دروست بکەن، بەس هەوڵەکەیان لەبار چوو چونکە لاسای نەریتی دەسەڵاتی کوردیان کردەوە، خۆیان لێ بووە کائینێکی پیرۆز. ئەم نووسەرانە، بە پشتبەستن بە نەقلێکی سەقەتی تیۆری ڕەخنەییی خۆرئاوایی، وەهمێکیان لا دروست بوو کە نابێ کەس ڕەخنەیان لێ بگرێت، تەنیا ئەوان دەتوانن باسی ڕەخنە بکەن. ڕەخنەکەیشیان لیخن بوو بە تۆوی دەسەڵاتی سیاسی. تا وای لێهات بوونە تووتییەکی ڕەخنەی خۆرئاوایی. بە نەقلی پچڕپچڕ و قسەی باقوبریق، خوێنەری گەنجیان لە خشتە برد، چاویان داخستن و کردنیان بە دەروێشی خۆیان. لەوەش وێرانتر، چاوەڕێی ئەو دەروێشانە بوون تەنیا پێیاندا هەڵبڵێن، بە ئێستەیشەوە، تەنیا ستایشیان قەبولە. خەمە قووڵەکە ئەوەیە، ئەو موریدانە لاسای ئەو نووسینسەقەتانەیان کردەوە لە شێوازی نووسین، ئەمەیش وای کرد ئاستی نووسینیان نزم، پڕ لە گرێ و بێ سەروبەر بێت، جا هەندێکیان، لەپاڵ نووسینی سەقەت، وەرگێڕانی سەقەتیش دەکەن (پێم سەیرە ئەو نووسینسەقەتانە شین بۆ عەزیز گەردی دەگێڕن. لەباتی شین، وەرە لاسای عەزیز گەردی بکەنەوە، هەرنا شتێک لە زمانی وەرگێڕان/نووسینی وی فێر بن).
“لەم سەد ساڵەدا، ڕەگەکانی ئیشراقی کولتوری کوردی، هەم لە تێگەیشتن و هەم لە زماندا، بڕانەوە. دۆخێک دروست بوو کولتوری کوردی دوور لە ڕەگەکانی خۆی، لەسەر هەندێ بنەما و پێکهاتەی تر، پێڕەوکەی کرد.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٠٤).
ئەوەی تا ئێستە پشتمان پێ بەستاوە بۆ ڕەخنە، ئی خۆرئاوایە. بۆیە هەردەم پاشکۆینە، هەندێ جار پاشکۆی تەواویش نین. پرسیارەکە ئەوەیە: تا کەی خۆمان بە خۆرئاوا هەڵواسین؟ تکایە بە هەڵە وەریمەگرن، مەبەستم سڕینەوەی ئەوان نییە، هەوڵەکەی من و تەنانەت ئەوەی هۆشەنگیش سوود وەردەگرن لە مێژوو و پراکتیکی ڕەخنەی خۆرئاوا، سوورەوەردیش سوودی لە پلێیتۆ و ئەرستۆ وەردەگرت. کەسەرەکە ئەوەیە ئێمە خۆمان ون کردووە، ئەوەی هۆشەنگ ناوی دەنێ “عەدەم”، لە هیچگەراییەکی قۆڕ، بێ بنەما و بێ ئاڕاستە.
خوێنەر، نووسەر و ڕەخنەگری کورد، بۆ پشتڕاستکردنەوەی دیدێکی، بۆچوونێکی، هەوڵێکی، پەنا دەباتە بەر خۆرئاواییەکان. بۆ نموونە، کاتێ دەڵێ “نیچە، سۆسێر، هتد وا دەڵێ”، پێی وایە گەیشتووەتە لووتکە و لەوسەری هاتیتەوە. ئەم خۆبەکەمزانینە، ئەم خۆگچکەکردنەوەیە، ئەم خۆپێهەڵواسینە، نەک ڕەخنە، مەخنەشی لێ شین نابێت! نابینن، ئاستی زمان و ڕەخنەی کوردی چۆنە؟ ئەو هەموو وەرگێڕان، قەوچەقەوچ و نووسینەی لەمەڕ بیرمەندانی خۆرئاوا چی پێشکێش بە زمان، ڕەخنە و هزری کوردی کرد؟ بەرەواژ و سەقەتە کارەکە.

“. . . ئەوەندەی بکرێت، نووسین و پەرەگرافی هیچ نووسەر و فەیلەسووف و کتێبێک وەرناگرێت، مەگەر بە دەگمەن و لە کاتێکدا ئەو وەرگرتنە ببێتە بەشێکی جودانەبووەوە لە تەئویلەکەدا.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٩).
ئەمە یەکێکە لە پنتە سەرەکییەکانی (بازنەی سێیەمی گێڕانەوە)ی هۆشەنگ. ئەم پنتە، ڕەخنەگر دەرباز دەکات لە خۆهەڵواسین، خۆدانەپاڵ، خۆشاردنەوە، خۆکەمکردنەوەی لە ژێر کاریگەریی خۆرئاواییەکان. ئەمە هەنگاوێکی بوێرانە و پێویستە هۆشەنگ ناویەتی. دەبێ یەکێک بێتە دەنگ و بڵێ، “بەسە، هێندە خۆتان بەم و بەو هەڵمەواسن. کاتیەتی بچنەوە سەر ڕەگی خۆتان، ڕەگی خۆرئاوا لە ملتان کەنەوە.”
پار، کتێبێکم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕا بۆ کوردی (ناوەکەی ناڵێم چونکە تا ئێستە بڵاو نەکراوەتەوە)، توێژەرە ڕووسییەکە دەڵێ، زمان، کولتور و فەلسەفە لەم کوردستانەی خۆماندا تەشەنەی کردووە و پەڕیوەتەوە ئەنەدۆڵ و لەوێشەوە بۆ یۆنان. ڕەگی فەلسەفەی یۆنانی لێرەیە، بەس ئێمە ئەوەی هەشمانە دەیدەینە پاڵ خۆرئاواییەکان. خۆ سوورەوەردی ئەڵمانی با، ئێستە موریدانی هایدگەر، شۆپنهاوەر و کانت، هتد دەیانپەرست.

“رۆشنبیری کورد، بەتایبەتی ئەوانەی لە خۆرئاوابوون فێری زمانێک یان چەند زمانێکی بیانی ببوون، لە ڕێی بەرهەمگەلی ئەدەبی و هزرییەوە، توانیان کاریگەری لەسەر خوێنەر و رۆشنبیرانی کوردستان بکەن. جۆرە خوێندنەوەیەک و تەئویلێک بسەپێنن، کە لە کوردبوون و خۆرهەڵاتیبوونی ئێمە دوور بکەوێتەوە. لەم سی ساڵەدا، ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی، نەکەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە و قسە لەسەرکردن و سوودوەرگرتن لەم پۆتێنشیالە ڕەخنەییەی لە فەلسەفەی ئیشراق و میراتی ئیشراقی بە گشتیدا هەیە. جا چ لە بەرهەم و نووسراوەکانی نووسەرانی کورد بێت، یان بەرهەمگەلی بێ خاوەن و بێ نووسەر، کە موڵکی میللەتن. لەم ماوەیەدا، کۆمەڵێ بیر و ڕێباز و میتۆد و تیۆری ڕەخنەیی خۆرئاوایی لە ڕۆشنبیری کوردیدا چالاک کران و زۆر بە گەرمی ئیشیان لەسەر کرا. بە شێوەیەک وەک ئەوەی ئەم ڕێباز و تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییانە هەڵقولاوی ئێرە بن و دەقی کوردی بەم تێزانە نەبێت نەخوێندرێتەوە.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ٧٨).

هەر بازنە ڕۆشنبیرییەکەی کوردە ڕێی چۆڵ کردووە بۆ بازنەی دەسەڵات بەکەیفی خۆی یاری بە خاک، ئینتیما، سامان و زمان بکات. نووسینسەقەتەکان، لەوەگەرێ زمان و ڕەخنەی کوردیان وێران کرد، گەنجیان سەرەڕۆ کرد، بێ بەرنامە کرد، هەرچی ئاکار و ڕەفتاری کوردانە بوو لێیان سەندنەوە. گوایە کاکم عەلمانییە و لە فەلسەفەی خۆرئاوا بووەتەوە، دێ بە فیتی دەسەڵات وتار دەنووسێت لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسی. بەری گوتاری ڕۆشنبیری و هزریی نووسەرانی چوار دەیەی پێشووی کورد دۆخێکە هەموومان بێزی لێ دەکەینەوە. وەرە بنۆڕە سیستمی پەروەردە، کەرتی تەندروستی. گوتاری ڕۆشنبیریمان دروستبا، بازنەی دەسەڵات نەیدەتوانی یاری بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی بکات. پێم ناڵێی چ لە نووسینسەقەت و ڕۆشنبیری سەرخۆش شین دەبێت؟
“دابڕانی کورد، لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەم ڕەگە ڕەسەن و گرنگ و بنچینەییەدا، بووە هۆکاری ئەوەی سیاسەت لە شوێنی فەلسەفە و شیعر و ئەدەبدا، بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بێت.” (لا١٠٥، هۆشەنگ، ٢٠٢٢).
بەکورتی، هۆشەنگ بەم هەوڵەی دەیەوێت گۆمەکە بشڵەقێنێت؛ گۆمێک، تاکی کورد تێیدا بە پوولەکی و ڕواڵەتی کراوە، تێیدا سەرلێشێواو و فریودراوە. دەیەوێت هۆشیاریی بیرکرندەوەی ڕەخنەیی دروست بکات، “ڕەخنەگر” دروست بکات لەسەر بنچینەی مرۆڤبوون و گەڕانەوە بۆ خود، نەک لەسەر بنچینەی مەرگی نووسەر و چەند تیۆرێکی سواوی خۆرئاوایی کە ئەو نووسینسەقەتانە بە سەقەتی گواستییانەوە.

کتێبی دووەم

دنیای تارمایی کارەکتەرە پەنهانەکان، گێڕانەوەکانی یوسف عزەدین لە خوێندنەوەیەکی ئیشراقییانەدا

ئەو تیۆرەی، هۆشەنگ دەقی کوردی پێ دەخوێنێتەوە پێی دەڵێن “بازنەی سێیەمی گێڕانەوە”. تیۆرەکەی لە تێز، هزر و فەلسەفەی ئیشراق هەڵێنجاوە. بەپێی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، هۆشەنگ چەند پێوەرێکی داناوە بۆ خوێندنەوەی دەق. پێوەرەکان: قووڵیی مرۆڤبوون، تەئویلی هێزی دەق، دیوی ناوەکی دەق و کارەکتەر، زمان و خەیاڵی نووسەر، دەرهاویشتە و ئیمکانی خوێندەوەی دەق.

ئەم پێوەرانە تیۆرەکە پێناسە دەکەن. بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، هەردوو بازنەی ئایینی و زانستی دەبڕێت. لە پراکتیکی ئەم تیۆرەدا، ڕەخنەگر خوێندنەوەکەی پڕ ناکات لە چەند وتەیەکی زلی بیرمەندانی خۆرئاوا، فڵان وای گوت، فیسار وا دەڵێت. نەخێر، بازنەی سێیەمی گێڕانەوە ئەم ڕیتم و شێوازە سەقەتەی خوێندنەوەی دەق تێک دەشکێنێت. لەباتی ئەوە، دەچێتە نێو هەناوی دەق، هەناوی کارەکتەر و نووسەر، ئەودیو پەردەیلی هونەری گێڕانەوە.
لەم کتێبەدا، هۆشەنگ ڕەخنە لە بیست دەقی یوسف عزەدین دەگرێت، بێ ئەوەی پێمان بڵێت دەقەکە باشە یان خراپ، بێ ئەوەی باسی ڕێنووس و هەڵەچنی بکات (زۆرن ئەوانەی بەوەیان وەگرتییە)، بێ ئەوەی چیرۆکەکانمان بۆ کورت بکاتەوە (ئی واش زۆرن، وا دەکەن)، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر هیچ وتەیەکی زل و مردووی بیرمەندانی بیانی. هاتووە بە هاوێنەیەکی ئیشراقی، قسە لەسەر دەقەکانی یوسف دەکات.

کۆتاییی ئەم کتێبە (ئەنجامەکانی) بەس وەڵامت ناداتێ، پرسیاریش دروست دەکات، بەس کەلێن پڕ ناکاتەوە، دروستیشی دەکات. ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەیلی تیۆری بازنەی سێیەمی گێڕانەوە. کە دەقێک دەخوێنییەوە، چ پرسیارێکت لا دروست دەبێت، وەڵامی چ پرسیارێک وەردەگری، چ کەلێنێک پڕ دەکەیەوە و چ کەلێنێک دروست دەبێت. هۆشەنگ لە دوای خوێندنەوەی یوسف عزەدین، ئەم پرسیارانە دەکات: “ئەوەی لە جیهانی ئێمەدا ڕوو دەدات، ڕاستییە یان وەهم؟”؛ گۆڕانەکان ڕاستین یان وەهم؟”؛ هەروەها ئەمانەش بەیان دەکات: “ژیان و ئیمان لە مرۆڤ دزران”؛ “لەم جیهانەدا، پێوەندیی نێوان ماهییەتی مرۆڤ و زمانی مرۆڤ پچڕا”؛ “لەم پڕۆژە شارستانی و کولتورییەدا، مرۆڤ حزووری لە دەست دا”؛ “ئەم ژیانە ماددیە وای لە مرۆڤ کردووە، قووڵترین ئەزموونی غوربەتی هەبێت”؛ “مرۆڤ لە ڕووی ماددییەوە پێشکەوتووە، بەڵام لە ڕووی ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەوە کەوتووە.” ئەمانە و چەندان ئەنجامی تریش.
بازنەی سێیەمی گێڕانەوە یارمەتی خوێنەر دەدات دیوە شاراوەکانی دەق و نووسەر و کارکەتەر کەشف بکات. تیۆرەکە ئەزموونی خوێندنەوەی خوێنەر دەوڵەمەند دەکات، بە نووسەریش دەڵێ، “بەم شێوازە باسی شتەکانت کردووە، ئاوا شتەکانت گەیاندووە.” بازنەی سێیەمی گێڕانەوە دەق لە دەق دروست دەکات، واتە لە واتەی دەق، واقیع لە خەیاڵی نووسەر، تێگەیین لە جیهان و خود و خودا لە هونەری گێڕانەوە.

تیۆری بازنەی سێیەمی گێڕانەوە خۆی دەپارێزێت لە هەڵسەنگاندنی دەق. پێم وایە هەڵسەنگاندن لکێکە لە ڕەخنە، بێ ئەو، ڕەخنە تەواو نییە. هەڵسەنگاندن لە نێو کارێکی ڕەخنەیی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی زمان و هونەری گێڕانەوە. ساڵانە لە ئەمریکا باشترین و خراپترین ڕۆمان دیاری دەکرێن. هەڵسەنگاندن بە مانای باش و خراپ نا، بە مانای تێربوون لە هونەری گێڕانەوە، لە جواننووسی. دەقێک چێژ بە خوێنەر نەگەیەنێت لە ڕووی گێڕانەوە و زمانەوە، قابیلی چاپبوون و بڵاوبوونەوە نییە، با باسی پرسێکی گرنگیش بکات. ئەگەر بە شێوازێکی هونەری، نووسەر نەیتوانی ئەو پرسە گرنگە بگێڕێتەوە، با بۆ خۆی بچێت وتارێک بنووسێت، تا سکی دێشێت قسە بکات.

هۆشەنگ ڕوونی کردووەتەوە، تەنیا ئەو دەقانە دێنە ژێر هاوێنەی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، دەربچن لەو پێوەرانەی لە سەرەوە باس کران. واتە دەقێک ئەم پێوەرانەی سەرەوەی تێدا نەبێت قابیلی ڕەخنە نییە چونکە هیچی لێ هەڵناهێنجرێت. ئەمەش کێماسیی تیۆرەکەیە، واتە هەموو دەقێکی پێ ناخوێندرێتەوە.
ڕەخنە هەر بۆ ئەوە نییە بزانین دەق چی دەڵێ، بۆ ئەوەیشە بزانین چی ناڵێت. لەم سۆنگەیەوە، بازنەی سێیەمی گێڕانەوە دەتوانێت دەق هەڵسەنگێنێت و بڵێ، بۆ نموونە، “ئەم دەقە هیچمان پێ ناڵێت، یان شتێکی ئەوتۆی پێ نییە بۆ مرۆڤ و خود.” ئەگەر وا نەبێ، هەرچی زەوقی هەستێت، ڕۆمانێک فڕێ دەداتە بازاڕ. بنواڕە بازاڕ، پڕە لە ڕۆمانی بێ تام، بێ سەروبەر، بێ سەلیقە. نووسەر بە کەیفی خۆی داوی داوەتێ، زێتر لە پێنجسەت لاپەڕە بە وتاری درێژ و قۆڕ پڕ دەکاتەوە، گۆیا کاکم ڕۆمانی نووسیوە. لە شیعر هەر مەپرسە، ئەوەیان جێ دەهێڵم بۆ پسپۆڕانی بواری شیعر.

کورتەچیرۆکیش لەولا. نابێ بیشارمەوە، هەوڵی جوان و ڕژد هەن لە ڕۆمان و چیرۆک، دەبێ باسیان لێوە بکرێت. هۆشەنگ، بێ لەو ئیشەی لەسەر یوسف عزەدین، چەندان ڕۆمانی تری خستووەتە ژێر هاوێنەی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە. بێو ئەم هەوڵە و هاوشێوەکانی ئاو بدرێن، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێتە مەیدان، ئەویش ڕەخنەگری لێ دەبێتەوە. ڕەخنەگرێک دوور لە سیاسەت و مەشڕوب. ڕەخنەگرێک خۆی بە کەم نەزانێت لە ئاست خۆرئاوا، ڕەخنەگرێک موریدی هیچ نووسەرێکی پیرۆزکراو نەبێت، ڕەخنەگرێک ئاگای لە هونەری گێڕانەوە بێت.




سەردەمی پڕوپوچی… مەحمود عەبدوڵڵا

سەردەمی پڕو پوچی “میدۆکراسی”
ناونیشانی کتێبێکی ئالان دۆنۆیە،ئەم کتێبە وێنەیەکی پوختی ئەو دنیایە پێشکەش دەکات کە لەسایەی نیولیبڕالیزم پێکهاتوە. دنیایەک کە لەڕێکخستنی سیاسی و ڕۆشنبیی و هونەردا دا ،گەیشتۆتە ئاستی داڕوخان،سیاسەت مردووە ،لەجیاتی سیاسەت حکومداری جێگەی گرتۆتەوە،کە تەکنیکێکی ودی کارگێڕیە.
مەبەست لە حکومداری نیولیبڕاڵ ، نەهێشتنی پێوەرەکان،بەهاکان ، هزری فەلسەفییە ، بۆ پەیوەنیمان بە جیهانەوە.داماڵران لەمۆڕاڵ،و بێ بایەخکردنی به هاکان لەلایەن چینێک لەکەسانی پڕوپوچ کە دەستیان بەسەر دەسەڵات داگرتووە،ئەم چینە کە ڕۆڵی ناوەندێک دەبینن لەنێوان تاکەکان و بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان،هەوڵدەدەن یەک جۆربیرکردنەوە بەسەر کۆمەڵگە دا بسەپێنن. نکۆڵی لەهەرچەشنە بیرکردنەوەو و ئایدیایەکی باڵا دەکەن،بەڵام ئەمە لەڕاستیدا بۆ ڕێگریکردنە لە هەرچەشنە مەزنییەک کەمرۆڤەکان بتوانن لەخۆیانی نیشان بدەن. هەوڵدەدرێت لەڕێگەی ئاکادیمیە کۆیلەکان ،زمانێکی نەرم و هێمنن بسەپێنن بەسەر بیرکردنەوەی گشتیدا،بەجۆێک هەرزبریەکی زمان، لەبارەی بەهاکان وەک گێلێتی دەبیندرێت.بۆخۆت بژی، حەقی هیچت نەبێت، هەموشتێک گۆڕاوە،ئێمە نابێت وەک ڕابردوو ،جدیبین،کتێبە ئاڵۆزەکانت بخەلاوە، پراگماتیبە، چونکە لەوانەیە هەڵەبین،ئەم دونیا بینییە هەوڵێکە بۆ داستبەرداربونی ئینسانەکان لە بیرکردنەوەو خۆدانە دەست چێژپەرستی و دورکەوتنەوە لەدانایی.
لەکاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ میللەتان دەچەوسێندرێنەوە ،بازرگانی چەک و شەڕو شۆڕ پەرەی پێدەدرێت ،لەلایەن ئەم چینە دەسەڵاتدارە کە بوکەڵەی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانن.حکومەتداری نیولیبڕاڵ هەوڵێکە بۆگونجاندنی سیاسەتی دەوڵەت لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و ملیاردێرەکان. ئەم چینە ناوەندێکن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی تاک لەگەڵ پیشەسازیەکان،بازرگانی و کۆمپانیاکان.
حکومەتەکان داوای سک هەڵگوشین دەکەن،ڕەخنەی خەرجکردنی زۆری کۆمەڵگە دەکەن،لەکاتێکدا سەرمایەداران لەڕێگەی شارەزایانی میکانیکی کە هەوڵدەدەن بەهەشتێک بۆ دەوڵەمەندان دروستبکەن، بەجۆرێک بۆنمونە دروستکردنی فڕۆکەی تایبەت بۆ ملیاردێرەکان ،بەکارهێنانی هەموشارەزایی ئەکادیمیەکان و پسپۆڕانی میکانیکی بۆخزمەتی ئەوانە بەکاردێت،ئەم کۆیلەکردنە لەڕێگەی زانکۆکان دەکرێت،بەجۆرێک زانکۆکان پەیمانگاکانی توێژینەوە گەندەڵترین دامودەزگان،کە بەرژەوەندییان لەگەڵ بازاڕ گرێدراوە،پڕۆفیسۆرەکان وەک مافیاکانی دەرمان وان،کە براندەکانی زانکۆ دەفرۆشن،توێژینەوەکانیان ڕۆڵی فەتوا دەبینن،لە شەرعی بونی هەموو ئەو چاوچنۆکی و تێکدانەی کۆمپانیاکان دەیکەن لە ژینگەدا،لەلایەکیتر پارە لەو سیستەمەدا ،بۆتە بەهایەکی ڕەهاو ،ناوەندی بەهاکان،ئەوەش بەبڕوای دۆنۆ لەبەرئەوەیە پڕوپوچەکان جگە لە ئابوری لەهیچ مەجالێکیردا ناتوانن ڕۆڵی سەرکردایەیەتی ببینن.پڕوپوچەکان لەڕێگەی حوکمداریەوە هەوڵدەدەن ئەو بێ بەهایی و پڕوپوچیە لە هەموئاستەکان،بکەنە بەهایەکی گشتی کۆمەڵگە،سرجەمی لایەنەکانی ژیان توشی داڕوخان هاتون،هونەرو وەرزش و سیاسەت و ڕۆشنبیری،هەمویان گۆڕاون بۆ پیشەسازی و قازانج.
زانکۆ وەک ناوەندێک بەکاردێت بۆ نەرمکردنی مرۆڤ و ڕامکردنی وکوشتنی کەسێتی شۆڕشگێڕ،ئەڵبەت زمانی توێژەرە گەورەکان ئەکدیمیست و پڕۆفیسۆرەکان ،زمانێکە کە وەک دۆنۆ دەڵێت:زمانێکە لەسر بنمانا وەستاوە،نوسینی ئاڵۆز و توێژینەوە زۆرەکان کە کەڵکێکی وایان نییە تایبەتمەندی ناوەندە ئەکادیمیایەکانە، بەبڕوای ئالان دۆنۆ،توێژەرەکان ،خەبیرەکان لەبیرکردنەوە دابڕاون،ئەوان بۆ خۆیان بیرناکەنەوە،بەڵکو بیرکردنەوەکانیان ،مەعریفەکانیان دەفرۆشن،لەژێرکاریگەری قازانج و سەرمایە و باربۆکردنی کۆپانیاکاندان. ئەمەش واتا ونبونی ئەقڵ و تراژیدیای ڕۆشنبیری.
ئالان دۆنۆ،بە پشت بەستن بە بۆچونەکانی جۆرج سیمیل،باس لە دۆخی تراجیدی ڕۆشنبیری و پڕوپوچی بیرکردنەوە دەکات و دەڵێت:بیرکردنەوە پڕوپوچ دەبێت کاتێک توێژەر بایەخ نادات بەگونجاندنی گیانی بۆ توێژینەوە پێشنیارکراوەکان. توێژەر بۆخزمەتی ئابوری دادەمەرزرێت،ئەوکاتەش بیرکردنەوە خەوشداردەبێت،دەچێتە ژێرباری ویستی دامەزراوەکەوە،نەک ویستی تاکەکەسی . ئەقڵانیەتی ئامێری ئەقڵانیەتێکە هەوڵی ڕازیکردنی توانای بەرهەم هێنانی دامەزراوەکە و سیستەم دەکات،نەک ڕازیکرنی خودی.ئەمە یە کە سیمیل ناوی دەنێت تراژیدیای ڕۆشنبیری.
هۆکاری ئەمەش بەڕای دۆنۆ: بریتیە لە زۆری توخمە بابەتیەکان وەک ڕاپۆڕتەکان ،کتێبەکان،زانیاری ڕۆژو چەمکەکان و زانیاری و کارە پشتیوان بەتیۆریەکان،کە ڕۆڵیان هەیە وەک نێوەندی گوێزانەوە بۆهزر. لێرەدا ئەقڵ وندەبێت،تەنانەت ئەقڵ هەست دەکات لەنێو دەریایەک زانیاری دا نقومبوە ،لەترسێکدایە کە ئەوەی بەرهەمی دێنێت کارەساتی سەربارە بۆ دیاردەکە. ویستێکی مەعریفی ڕاستەقینە و کەسی لەپشت بەرهەم هێنانی ڕۆشنبیرییەوە نییە،ئەوەی هەیە ویستی دامەزراوەکان و هۆکارە ئابورەکانە.ئەمەش دورکەوتنەوەیە لە پرۆسەی مەعریفە،کە پشت بە پێداویستی وئاوەزو توانا دەبەستێت،کە کەسی داهێنەر ئاسودە دەبێت بەکارەکەی،لێرەدا کاری ئەقڵیش ،وەک کاری دەستی کارێکی بێگیانە، کارێکە لەپێناو دەستکەوتی ئابوری و هیچیتر.بەرهەم هێنانی مه عریفە لەژێر کاریگەری پاڵنەرە ئاوریەکانەو هیچیتر.

پڕوپوچی زاڵبوە،بەجۆرێک زۆرترین داخوازی لەسەر پروپوچییە،پڕوپوچیش هەلێکە بۆسەرکەوتنی تاکەکەسی،بەجۆرێک کە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین ناتوانین بیر لەئابوری بکەینەوە بەشێوەی دەستە جەمعی،بیرکردنەوە لەقازانج حیکمەت و ئاوەز وندەکات. پارە بێدەنگی دەکڕێت،هەموشتێک لەژێر دەسەڵاتی پارەدا دەجوڵێتەوە،ئەمەش واتا ئیفلاسی ئابوری گیانی لەبەرامبەر ئابوری مادیدا.وەک دۆنۆ دەڵێت:پارە لە ئاستە سایکۆلۆجیەکەیدا کاریگەری شێوێنەری هەیە،پارەتیشکۆی چالاکی لەسەر ئامرازێک کۆدەکاتەوە،کەهەموو ئاوەزی ئەقڵانی وندەکات،لەڕەنگاو ڕەنگکردنی جیهاندا.ئەم بۆچونەی دۆنۆ ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە،ئەمڕۆ جیهان لەسایەی سیستەمێک دادەژیت کە نکۆڵی لە هەمەڕەنگی دەکات،هەوڵدەدرێت تەواوی مرۆڤەکان بکەونە ناو پڕوپوچی،من ناوی دەنێم فاشیزمی پارە،چونکە لەم لایەنەوە پارە بکوژی دیالۆگ و حیکمەتە ،کە گەمژەیی و نائەقڵانی و دەمارگیری توخمی ناو ئایدیۆلۆژیا فاشیستیەکانن بەرهەم دێنێت . بەباوەڕی من هیچ شتێک هێندی پارە بکوژی دیالۆگ نییە،چونکە پارە وەک بەهایەکی ڕەها سەپێندراوە و دانایش لەبیرکردنەوە جیادەکاتەوە.
دۆنۆ پێی وایە لە سەردەمی پڕوپوچیدا،پیشەکان گۆڕاون بۆ ئیش،ئیشی ڕوت،بەو واتایەی لەم سستەمەدا هیچ ئیشێک تایبەتمەندی زاتی نییە،دەرهێنەرەکان سورن لەسەر بینینی ڕۆڵ بەکەسێک پەیوەندی بەهونەرەوە نیە،ئەمە لەبواری هونردا، ،ئەمەش واتا ئیشی وەهمی ئەوەیدەکرێت هیچ نییە،هونەرمەندی بەناوبانگ خاوەن خەڵات،بەڵام هیچی نەکردووە،تەنها لاسایکردنەوەی ئیشە.بۆیە هونەری خراپ،ئاڕاستەکراو بەرهەمدێت،مرۆڤ دابڕاوە لەئیشی درێژخایەن،بەبڕوای دۆنۆ سیستەمی پڕوپوچی گونجاوە لەگەڵ گەشەی سەرمایەدا گواستنەوە لەئیشێک بۆ ئیشێکیتر و ئیشکردن تەنها لەپێناو قازانج وایکردوە ئیش بێگیان بێت،و ئیشکریش وەک ڕۆبۆت بۆقازانجی سەرمەیدارو کۆمپانیاکان ئیشبکات.واتا هیج پاڵنەرێکی زاتی نییە بۆ ئیش.تەنانەت کاری هزری و مەعریفیش،تینوێتی نییە بۆ مەعریفە،بەڵکو بۆ دەستکەوتنی قازانجە و گوێنادرێت بە کاریگەری ئەو مەعریفەیەی بەرهەم دێت لەسەر کۆمەڵگا. ئابوری بەپلان، بێ بەهایی ،بەبازاڕکردنی هونه ر ڕۆشنبیری،دەرکەوتنی ڕۆشنبیرە بچوکەکان،بوکەڵەی میکانیکی تایبەتمەندی سیستەمی پڕوپوچین.
ئەمە یارییەکە ،کە پڕوپوچەکان دەیکەن،یاریەکە بکە دەستەواژەیەکی ڕانەگەیەنراو ە،یاساکانی فەرمی و نوسراونین،بەڵام چی دەگەیەنێت.یاریەکە بکە
ئەم دەستەواژەیە،گوزارشتە لەو یاریەی دەکرێت لەجیهاندا،یاریەکە بەکورتی ئەوەیە کە پڕوپوچەکان ،سەرەڕای بەتاڵیان لەبوارێکدا بەڵام وەک پاڵەوان دەردەکەون.لەبوارەکانی هونەر ،سیاسەت ڕۆشنبیریدا،یاریەکە قێزەونە،توندوتیژە بێ بەزەییانەیە. ئەویاریە بەرلەهەرشت جەخت لە پارە دەکاتەوە وەک ناوەندێ بەهاکان،چونکە پڕو پوچەکان جگە لەبواری ئابور لەهیچ بوارێکیتردا مەجالی سەرکردایەتیان نیە.لەبەر ئەوەی جگە لەپارە هیچ شتێکیتریان نییە.یاریەکە جیهانیە،چینکی پڕوپوچ بەڕێوەی دەبەن،لەهەرکوێش مەبەستیان بیت پڕو پوچێک قوت دەکەنەوە،بەمەرجێ یاریەکە بکات،یاریەکە لەبنەڕەتدا لەسەر ئەوە وەستاوە تۆ یاری بکەیت بۆ دەستە نادیارەکان پڕوپوچ بیت،بەڵام خۆت لێ ببێ بەشت. لەهەموشی گرنگتر وەهمی دەوڵەمەندکردنی هەموانە،.خەیاڵی سوپەرمانبون لە چیڕۆکەکەی مارشاڵ ماکلۆهاندا دەڵێت مرۆڤی نیاز پیس و بچوک لەهەموکەس زیاتر خەیاڵی سوپەرمان بون دەکات.لەم یاریەدا کەهەموبوارەکاندەگرێتەوە پیشە واتای لەدەستداوە،ئەوەی دەکرێت ئیشی وەهمییە.تەنها لەئاستی زماندا شت دەکرێت،پڕوپوچەکان هەوڵدەدەن یان دەتوانن لەهەربوارێکدا ببنە یاریکەر،بەمەرجێک ملکەچی یاساکانی یاریەکەبن. چینێکی پڕوپوچ کە خۆیان لێ دەبێ بەشت ڕوکەش و بێ پێوەری تایبەتمەندییانە.کەسانێک دەبنەیاریکەر وەک دەوترێت:کە هیچ شەونخونی و ماندوزونیان پێوە دیارنیە،هیچ نازانن،وەلێ وەک زانا و بلیمەت دەردەکەون،لەکاتێکدا تەنها کۆمەڵێک قسە دەجونەوە، خاوەنی مەعریفەیەکی پوختن،زانین لەبارەی هەموشتێک ،بەڵام ڕوکەشانە. خەبیر،یان پڕۆفیشناڵ تایبەتمەندی کەسێکە کەڕۆبۆتیانە ئیش دەکات بۆ ئەڕبابەکانی سیستەمی هیچوپوچی.
ئەودونیایەی تێیدا دەژین ، دنیایەکە بەگوێرەی بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکان،سیاسیە پڕوپوچەکان ڕێکخراوە،بۆیە لەبواری سیاسی هیچ داهێنانێک نابینین ،هەموشتێک لەسەرمێزی گفتوگۆ دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت،هیچ شتێکیش جێگیر نییە،بەربەریزمێکی ئابوری داهاتوی مرۆڤی نا ڕۆشنکردووە.پڕوپوچەکان تەواوی کۆمەڵگاکان بۆ بەرژەوەندی کەمینەیەک دەکەنە قوربانی. بێ بەزەییانە شەڕ هەڵدەگیرسێنن،خەڵک ئاوارەدەکرێت،کۆمەڵکوژ دەکرێت،بەڵام یاریەکە بکە کۆدێکە بۆ ئەوەی پڕوپوچەکان هەموشتێک پەردەپۆش بکەن. نیولیبڕالیزم بۆتە دەستی نادیار،ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بەهۆی دەستە نادیارەکان ڕادەوەشێندرێت. بە هۆی هێزی پارەو کاریگەری وروژێنەرەکانی نیولیبڕاڵی مرۆڤەکان شوێن ئارەزوە کەسیەکان کەوتون،لە هیچ شوێنێک بەرژەوەندی گشتی نەماوە.سەرکەوتای تاکەکەسی،خەیاڵی سوپەرمانبون،مرۆڤەکانی دابڕاندووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سیستەمی پڕوپوچی.
بەکورتی پڕوپوچی سیستەمێکە کەپڕوپوچەکان بەڕێوەی دەبەن.مەبەست لە پڕوپوچەکان کەسانێکن کە لە دەرەوەی پێوەر و بەهاکان ڕەفتاردەکەن ،بێ گوێدانە بنەما ئایدیۆلۆجیەکان. دەکرێت وەک کەسانێک دەستنیشانبکرێن کە دابڕاون لەمەعنەویات. پڕوپوچی هەبونی توانایەکە بۆ لاسایکردنەوەی کار،نەک توانای ڕاستەقینە ، زمان لوسی و زۆربڵێیی دەکرێت وەک توانایەک بۆپڕوپوچەکان دەرفەتی سەرکەوتنیان بداتێ،لەسیستەمێکی پڕوپوچدا. کاری سیاسی ،هونەر و تا بوار ی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریش کەوتونەتە ناو سیستەمی پڕوپوچی. بەبڕوای ئالان دۆنۆ جاران پڕوپوچەکان کەمینەیەک بون بۆهەندێ مەسەلە سودیان لێوردەگیرا،بەڵام ئەمڕۆ خواستێکی تەواو هەیە بۆ پڕوپوچی،پڕوپوچەکان زۆرینەن و داستیان بە سەردەسەڵاتدا گرتوە.زیرەکی ئەوان بریتییە لە توانای ناسینی پڕوپوچێکیتر و یەکتر هەڵدەنێن.وەنەبێ کەسانی بێتوانا بن،بەپێچەوانەوە ئەوانە دەبێت کەسانێک بن،کە ئاستێک لەتوانا پیشانبدەن،کە نەبێتە هۆی گومانکردن لەسیستەمەکە. بەبڕوای ئالان دۆنۆ پڕوپوچی لەجیاتی دورکەوتنەوە لە گەمژەیی،گەمژەیی لەفۆڕمی دەسەڵاتدا نمایش دەکەن،ئەوانە کەسانێکن دەتوانن مەیلی چاکسازی بەردەوام ،پێشکەوتن وەک ڕوکاری دەرەوەی گەمژەیی نمایش بکەن،بەبێ ئەوەی کارێک بکەن. سیستەمی پڕوپوچی گوزارشتە لە مردنی سیاسەت و بەها باڵاکان،کە حوکمداری شوێنی گرتۆتەوە ،بەجۆرێک هەوڵدەدرێت تەواوی کۆمەڵگاکان بەرەو جۆرێک بیرکردنەوە ئاڕاستە بکرێن کە خواستی پڕوپوچەکانە ،لەڕێگەی حوکمدارییەوە، لەڕێگەی سەپاندنی کۆمەڵێک مەرج و دانانی نەریتێک بۆ گواستنەوە لە پەیژەی کۆمەڵایەتیدا،ئەڵبەت پڕوپوچی واتای ئەوەنیە کەسەکە سەرکەوتونەبێت لەکارێکی دیاریکراو بەڵکو مەبەست لە وەیە کە بۆتە ڕەفتارێکی گشتی وباو کە پڕوپوچەکان دەتوانن لە داگیرکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیشدا سەرکەوتوبن. دەکرێت پڕوپوچی وەک مەیلێک ببیندرێ بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ،بەشێوەیەکی سیستاماتیکی لەلایەن ناوەندەکانی دەسەڵات و سەرمایە ڕێگە خۆشدەکرێت.

مەحمود عەبدوڵڵا




بروسکەيەکی بە پەلە لە: س. جافەوە بۆ: ئاوی شينی زرێبار

دەزانی کات دووی بەرە بەيانە، نازانم لە کونجی کام ديدە نيگاوە لێت بڕوانم و بە وشە سيحرئامێزەکانم فرمێسکە هەڵقوڵاوەکانی برينی ئەوينت بسڕم، بە تيشکی کام کزەچرای شەوەزەنگ لە کەناری زرێبار شەوان و ساتە مەست و خومارييەکانی قاوەتاڵەکانی زەمەنی تاريکيت ڕۆشن بکەمەوە، لە کوێوە دەستم پێت بگات و لە دۆزەخی ئەنگوستەچاو و دۆراندۆرە پڕ پاسەوانيت قورتارت بکەم، ئای لەو دەمە ئێوارە سەختەی ئەوکی برينمت هيشک هيشك کرد و هەستت بە قوڵپی گريان و ژانی سەختی دابڕانم نەکرد، چ فريستەيەک بووی لە تەختی بوڵاتی شاهانشاهيما تاجی سەروەری و سەلاريت لە سەر نابوو، نها قوڵپە بە حەسرەتەکانمان شەوی لێ درێژ کردوين و نابڕێتەوە، خەو نەک لە چاوانمان زڕاوە بگرە پەی بە بەردەرگای خاو بوونەوەيشمان نابا هەتا سەر خەوێ بشکێنين و کەمێ لە خەمی دابڕانمان دوور بکەوينەوە، کاتەکانی ئەمشەو دەزانم بۆ تۆيش بۆتە مۆتەکەيەک و بەر بۆتە وێزەت و دەتخوا……… ئیدی چاريش ناچار دەبێ هەر لێرەوە کەفوکوڵی ڕۆژانێ هەڵڕێژم کە ئومێد و هيوا دەست لە ملی دادێی تەمەنمان بکا، ئەو دەم دەزانين دابڕاندنی خودان هێز لە يەکمان ناکا، با فرمێسکەکانيشمان شەڵاڵی ئۆغری نێو ئەو دەريا مەنگەی کەسەرباريمان بکا، لێ هەرگيز لێم ون نابی ئەمجارەيان بە قسەی دايکت دەکەم و لای مەلاکەی پشتی ماڵی خۆمانەوە چاوەزارێ دەکەم، تاوەکو هيچ کەسێ جەسارەتی ئەوەی نەبێ توخنی بەردەگا بکەوێ و تارای سپيت بۆ هەڵبدا، دەتبينمەوە ئەی ڕووبارە سەرشێتەکەم زرێبار .

سەردار جاف

باد کامبێرگ . ئاڵمان
١٥ / ٠٦ / ٢٠٢٢




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..13… شەماڵ بارەوانی

بەشی سیانزەهەم/

چەتەکانی خودا..!

لە بەشی دوانزەهەمی بیرەوەریەکانی فەقێەکی گوومڕا..دا
لەڕێگای کتێبی(کۆماری پێغەمبەر)ەوە، باسم لە ڕوانگەی جوبران کرد، لەو بەشەیش لە ڕێگای کتێبێکی تری(چەتەکانی خودا..!)
بەردەوام دەبین لە قسەکردن لە سەر ڕوانگەی ئەم پیاوە ڕووناکبیرە.

هەربەڕاستی ڕوانگەی(عەبدولڕەزاق جوبران)
تێڕوانینێکی وجودیانە و ئینسانیانەی نوێیە، سەبارەت بە خوداوەند و ئایین، دیدێکیتر و گۆشەنیگایەکیتری جیاوازە بۆ مێژوو، فیقه و کەلەپۆری ئایینی،
خوێندنەوەیەکی تری ئایین و عەقیدە و مێژووی ئایینە، ڕانانێکی تری جیاوازە، جیاواز لە هەموو ئەو خوێندنەوە کۆن و کلاسیکیانەی تائێستا بۆ ئایین کراوە.

ڕوانگەی عەبدولڕەزاق جوبران:
تێکشکاندنی هەموو ئەو بتانەیە کە فەقێ و کاهین و پیاوانی ئایینی لە بەردەم گەیشتن بە خوداوەند ڕۆیان ناوە.

عەبدولڕەزاق جوبران
ڕەخنەی زۆرێک لە مەهافیمە کلاسیک و چەمکە کۆنەکانی ئایین دەگرێت و بە پشت بەستن بە تێگەیشتنێکی وجودیانە و سۆفیزمانەوە ڕوئیای نوێمان بۆ دەخاتەڕوو و
پێمان دەڵێت دین بە دڵ وەربگرە و پرسیار لە دڵ بکەو “استفت قلبك” بکە بەسەنتەری تێگەیشتن و هەنگاوەکانت، بکە کابەی تێڕوانین و ژیانت، بکە بە خاڵی ڕفتارکردن و بڕیاردانت بکە بە بنەمای تێگەیشتنت لە وجود و قسەکانت.

عەبدولڕەزاق جوبران
پێمان دەڵێت بۆ سەلماندنی تێکەستەکانی ئایین و گوومان نەکردن لە ڕاستێتی و دڵنیابوونەوە لە ئیلاهی بوونی هەرتێکستێک، پێویستمان بە هیچ عن عنە و بە سەنەد و گێڕەڕەوە(راوی)یەکە نییە، بەڵکو ئینسانی بوونی ئەو تێکستەو تێکنەگیرانیەتی لە گەڵ مرۆڤ بوون و ویژدان و ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی و، پێوانەکردنیەتی بە پێوەرەکانی مرۆڤ، بەسە تابزانین ئەو تێکستە ڕاستە، یاخود هەڵبەستراو، وەری بگرین، یان ڕەتیکەینەوە.

یانی هەرتێکستێکی ئایینی، بۆ وەرگرتن، یان ڕەتکردنەوەی، ئینسانی بوونی ئەو تێکستە و نائینسانی بوونی دەکەین بە پێوەر، نەک سەنەدەکەی، چونکو مرۆڤ سەنتەر و لوتکە و کابەی هەموو تێگەیشتنێکە.

جوبران
پێمان دەڵێت گرنک نییە عەقیدە و بیروباوەڕی ئایینیت سێیانەبێت، یاخود یەکتاپەرستی، یاخود بتێک بێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی تۆ دەیپەرستیت چەندە لە گەڵ مرۆڤدایە و ئایینەکەت چەندە مرۆڤانەیه، تاچەند ڕێزی لە ئازادی و کەرامەت و خواست و مافەکانی مرۆڤ گرتووەو تاچ ئەندازەیەک مرۆڤ بوونی ڕەچاوکردووە و مرۆڤ بوونی لە تێکستەکانیدا بەرجەستەکردووە.

تاچەند ئەو خودایەی تۆ دەیپەرستیت بۆ مرۆڤە و لە خەمی مرۆڤایەتی و لە گەڵ مرۆڤ بوون و مرۆڤدایە.
هەر ئایینێک بە مرۆڤبوون دەپێورێت و هەڵدەسەنگێندرێت، نەک خوداوەندبوون.

بۆیە جوبران
پێمان دەڵێت ئایینی ڕاست ئەو ئایینە نییە کەبانگەشەی مۆنۆپۆڵکردنی ڕاستی دەکات، بەڵکو ئەو ئایینە ڕاستە کە، مرۆڤ بوونی تێدا قۆرخکراوە، مرۆڤایەتی تێدا ڕەچاوکراوە، مرۆڤ تێدا ڕووگەیە، مرۆڤ تێیدا سەنتەرە، مرۆڤ تێیدا گەوهەری ئایین و حەقیقەت و پیوەرە.

“چەتەکانی خودا”
پێمان دەڵێت یەکتاپەرستی خوداوەند، یەکتایی مرۆڤایەتی و خۆشویستنی مرۆڤەکان و برایەتی مرۆڤایەتییە، بەرلەوەی مشتومڕی ئەوە بکەین کە خوداوەند دەست و پێی هەیە یاخود نا!

جوبرانیزم
یاخیبونێکە له توراسێکی کۆنەخوزانە و هەموو تێگەیشتنێکی مێژوویانە و سیاسیانە و فقهیانە و مەزهەبیانە و دۆگماییانەی ئایینی.

جوبران پێمان دەڵێت
سەیری لای چەپت بکە، ئەوە لای ڕاستە، ئەی ئەو کەسەی دڵت ڕووتە، تۆی تەنها درۆناکەیت.

ئاگاداربە، بڕوادارەکان بێ بڕوان، ئاگادار بە، هاوسەرەکان، هاوسەرگیریان پێک نەهێناوە، ئاگاداری نوێژبە و نوێژ مەکە، ئاگاداری ناوەکان بە ئەوە ناوەکان نین، ئاگاداری فەقێیەکان بە، ئەوان خوداوەند دەنووسنەوەو ناشزانن بیخوێننەوە، ئاگاداری مێژوو بە، مێژووەک یان مێژووی پەیامبەرانی خوداوەندە، یانیش مێژووی دزەکان.
Seen by Shamal Ismael Kareem at Mon 11:44 PM
Shamal Ismael Kareem
جوبران پێمان دەڵێت
بۆ ئەوەی باوەڕت بە خوداوەند بێت، یەکەم ڕوکنی باوەڕ و مەرجی ئیمان، یەکەم شت کە پێویستە لەسەرت بیکەیت:
بێ باوەڕ بوون و کافربوونتە بەپەرستگاکان،

نکۆڵیکردنتە لە فیقه و ئەحکامەکان، لە ڕفتارو مێژووی ئایین و کەهنوتەکان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاستیدا بیت، پێویستە لە سەرت کفر بە هەموو ئەو شتانەبکەیت کە مرۆڤەکان لە سەری ڕێککەوتوون، لەو شتانەی تائێستایش پێی دەڵێن ڕاستی و حەقیقەت، جا شتانی مێژوویی، یان ئایینی، یاخود شتگەلی بەهایی بن. باشترە بێ ئایین و وەک بێ دین و لائیکێک لەگەڵ خوداوەندا بمریت، نەوەک لە گەڵ ئایینێکی بێ خوداوەند.

جوبران
پێمان دەڵێت بێ بڕوایی بوون و کافربوون لەو کاتە دەبێتە ئەرک و ئەخلاق، کاتێک کتێبی خوداوەند و فەقێیەکان لەتای یەک تەرازودادەندێت و بەیەک چاو سەیردەکرێت، کاتێک فەقێ دەبێت بەوەرگێڕی خوداوەند، نەک دڵ.

کافربون لەوکاتە دەست پێدەکات و دەبێت بە زەروری کاتێک دەگوترێت: بێ ئایینێک بکوژە هەرچەندە باشیش بێت،
دیندارێک سەرخە هەرچەند خراپیش بێت.

بەڵێ دەبێ هەموومان کافربین لەوکاتەی عەلی لەناو میحرابەکەی دەکوژن و موعاویەش سەردەخەنە سەر مینبەر.

کافربوون و بێ بڕوایی ئەوکاتە لوتکەی بڕوا بوونە.

کاتێک دەیانەوێت ژنێک بەردباران کەن لەسەر(داوێن پیسی)، وەکو مەسیح دەبێ جاڕی بێ بڕوایی خۆمان لە بەرامبە ئەو کۆمەڵە بدەین و لە ڕوویان بوەستینەوەو پەنجە بکێشینە ناو چاوەکانیان و پێیان بڵێین بوەستن، کێ لە ئێوە هێندە هەوری بێ پەلە و فریشتەی بێ هەڵەیەو گوناحبارنییە و تاوانێکی ئەنجام نەداوە، تابێت و لەسەر ئەوەی ئێوە لاتان تاوان و لادانە و ژنێکی لە سەر بەردباران بکەن!؟

جوبران
پێمان دەڵێت کافر ئەو کەسە نییە کە پێنج نوێژەکە ئەنجام نادات،
بەڵکو کافری حەقیقی ئەوکەسەیە کە بەهاکان جێ بەجێ ناکات،
کافر و مولحید و ئەتێست ئەو کەسە نییە کە باوەڕی بە مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی و خۆشبەختی و مافەکانی مرۆڤ هەیە، ئەو کەسە بڕواداری ڕاستەقینەیه، با نکوڵی لەبوونی ئێزدانیش بکات.

کافر ئەو کەسەیە خەڵک فریدەدات و بەختەوەری خەڵک دەدزێت، بابڕواتە حەج و ماڵی خواوەند و بەڕۆژووش بێت و نوێژیش بکات و بڕواتە پەرستگایش.

کافر ئەو کەسەنییە ناچێتە پەرستگا، کافر ئەو مرۆڤەیە کە ڕۆژی پێنج جار دەڕواتە پەرستگاو درۆو زەغەلی دەکات، قۆڵی خەڵک دەبڕێت و فرت و فێڵ لە کڕین و فرۆشتن دەکات.
لەسەر دەفتەری دۆلاردەخەوێت، بەڵام ئامادەنییە، بە دینارێک یارمەتی هەژارو لێقەوماوێک بدات. کافر ئەو کەسەیە ئایینی هەیە بەڵام ویژدانی نییە، مەزهەبی هەیە مرۆڤ بوونی نییە، بەرماڵی هەیە، ئەخڵاقی نییە.

جوبران
پێمان دەڵێت کافر ئەوانەن تەجاوزی مرۆڤایەتی دەکەن و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و خەڵکی ئازاردەدەن. مرۆڤەکان دەکەن بە کۆیلە و کەنیزەو ماڵی خەڵکی دەدزن و ئازادی خەڵکی دەستبەسەردادەگرن و ژیانی مرۆڤەکان بە دۆزەخ دەکەن.

کافر ئەوانەن کاری توندوتیژی ئەنجام دەدەن و خودا لە بەرگی جەلادێکی دڵ ڕەق و کائینێکی بکووژ و، تیرۆردا پیشان دەدەن.

کافر ئەوانەن کە، تێزی ڕێژەیی ڕەتدەکەنەوە و خۆیان وەکو کۆتا ڕاستی و دوایین تەفسیرو یەقینێکی سەرو گوومان پیشاندەدەن و حەقیقەتەکان لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ دەکەن!

جوبران
پێمان دەڵێت کفر باوەڕ نەبوون بە بوونی خوداوەندو داننەنان نییە بەو زاتە، بەڵکو کفری ڕاستەقینە باوەڕنەبوون و داننەنانە بە مرۆڤ بوونی مرۆڤەکان.

کفر سڕینەوەی خودایەتی خوداوەند نییە، هێندەی سڕینەوەی مرۆڤ بوونی مرۆڤەکانە، کفر بابەتێک نییە پەیوەندی نێوان خوداوەند و مرۆڤ بێت، بەڵکو کفر پەیوەندی نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکیترە.

کافر ئەو کەسە نییە باوەڕی بە دۆگم و عەقیدەی ئایینەکان نییە، کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە دادپەروەردی، ئازادی، لێبوردەیی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، فرەیی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نییە، باوەڕی بە سەربەستی ژن و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی و ئاژەڵدۆستی و نیشتمان دۆستی نییە.

کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە ئازادی و مافەکانی تاک نییە و ڕێز لە حەز و هەڵبژاردن و خواست و تایبەتمەندی مرۆڤەکان ناگرێت و دەست لەژیانی تایبەتیان وەردەدات و دەم لە هەموو شتێک دەکوتێت و قسە لە سەر هەموو شتێکی مرۆڤەکان و دارو بەرد دەکات.

کافری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە خۆی لە خەڵک دەکات بە گوتەبێژی خوداوەند و بەناوی خوداوە فەتوا دەردەکات و بڕیار لە سەر ژیانی خەڵک دەدات و دونیایەک بکەو نەکەو نۆرمیان بۆ دادەڕێژێت و دەیەها بوت لە بەردەم بوونیان ڕۆدەنێت و بە تابۆ و حەرام و توندوتیژی ژیانیان لێدەکات بە ژەهر و قوزەلقورت و دۆزەخ.

کافر ئەو مرۆڤەیە خۆی دەکات بە سێبەری ئاسمان و بەتەمی تاریکی ئایدیۆلۆژیاکەی ژیانی مرۆڤەکان دادەپۆشێت.

بێ بڕواو فەرمەسۆن، ئەو ئینسانەیە کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکات و خۆی دەکات بە پەڕلەمەنتار و نوێنەری ئێزدان و مەکتەب سیاسی و ئەنجومەنی باڵاو کەناڵی تەلەفزیونی بەناوی خوداوەندە دادەنێت.

کافر هەموو ئەوانەن خۆیان دەکەن بە شمشێری خوداوەندو گەرووی ئازادیەکانی خەڵک دەبڕن، تیرۆر و ترس بەڵاو دەکەنەوە، کۆتری ئاشتی لە سێدارەدەدەن و پەپولەی ئازادی تیرۆر دەکەن، مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن و ژیان و بوون وێران دەکەن.
Shamal Ismael Kareem
جوبران
پێمان دەڵێت مرۆڤ پێویستی بە واعیز و قەشە و کاهین و پیاوانی ئایینی و لاهوتیەکان نییە، تافێری پەرستشی بکەن، بەڵکو مرۆڤەکان پێویستیان به مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانە تاکو لە کۆیلایەتی ڕزگاریان بکەن.

عەبدولڕەزاق لە”چەتەکانی خودا”
پێمان دەڵێت قەیران و کێشەی ژیانی مرۆڤەکان قەیرانێکی لاهۆتیانە نییە لە بەندایەتیکردنیدا، بەڵکو قەیرانی بوونیەتی لە بە کۆیلەکردنیدا، بۆیە کێشەی مرۆڤەکان هێندە کێشەی عەقیدە نییە، بەقەد ئەوەی کێشەی ناعەدالەتی و ستەمە.

جوبران
پێمان دەڵێت خوداوەند پەیامبەرانی نارد، کەچی خەڵکی شوێن فەقێ و واعیز و پیاوە ئایینیەکان، شوێن کاهین و قەشەو حاخام و مەڵاکان کەوتن، لە کاتێکدا نازانن ئەوەی فەقێ و پیاوە ئایینیەکان نووسیویانە پێچەوانەو نەقیزی ئەوەیە کە خوداوەند ناردویەتی.

بۆیە ناکرێت مرۆڤێک بڕواداربێت، بەرلەوەی کفر بە مەعبەدو حوکمی کاهینەکان بکات و بێ بڕوایی خۆی لە بەرامبەریاندا جاڕبدات.

جوبران
پێمان دەڵێت پێویستە لەسەرم چەند کفربکەم، تاکو ببم بڕوادار؟
لە تێڕوانینی “چەتەکانی خودا” کافربوون ئەرک و پێویستە بەو جۆرە بڕوایەی کە زۆری لا ئاساییە، لەو شوێنە نوێژو پەرستش بکات کە زگی هەژارونەدار و بێ نەوایەکی تێدادەشێڵدرێت، لەو شوێنەی ژنی تێدا ئەتک و بە کەنیزە دەکرێت، لەو جێگایەی مرۆڤی تێدا بەردباران دەکرێت و سەردەبڕێت.

جوبران
پێمان دەڵێت گرنگ ئەوە نییە بڕوامان پێیەتی، بەڵکو ئەوەی گرنگە چۆنیەتی ئەو باوەڕهێنانەیە.

جوبران
پێمان دەڵێت ئەوەی بە ئایینێکی ساختە فریوتدەدات، ئەوە خوداکەتت لێ دەدزێت و، وەکو ئەو کەسەیش وایە کە بە ناوی عیشقێکی درۆینەوە دڵت دەدزێت.

جوبران
پێمان دەڵێت ئایە کەسێک، یاخود کۆمەڵێک و گرووپێک بە ناوی خوداوەندەوە، هەموو ئازادیەک لە خەڵک قەدەغە و بە تابۆ بکات، خۆی مین ڕێژبکات و بە خەڵکدا بتەقێنێتەوە، مرۆڤایەتی بتۆقێنێت و سەری مرۆڤ ببڕێت، ژن بەردباران بکات، کچ و دایک و خوشکی خەڵک دەست بەسەردابگرێت و بیانکات بە کەنیزەی چێژی ناوگەڵ و سێکس و لە بازاڕی بێ مروەتی و بێ بەهاییدا، لە شێوەی کاڵایەکی مادی بێ گیان و بێ ڕۆح، مامەڵە و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکات، شاڵاوی داگیرکاری بۆ سەرخاکی وڵاتان ببات و خاک و وڵاتیان داگیربکات و کلتورو زمان و فەرهەنگ و هەموو شتێکیان تەعریب و ئەنفال بکات، مێژوویان بشێوێنێت،
هەر بەڕاستی ئەمانە سەرباز، یان چەتەکانی خودان!؟