زۆڵە ژورنالیست… ئازاد حەمە

(((پێشکەشە بە خانمە ژورنالیست شیرین ئەبو عەقلە و هاوشێوەکانی، کە یەکلابووەوە بە گولەی ئیسرائیلییەکان کوژراوە)))

دەستپێک: زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیین

لەم سەرەتایەوە زۆر بەڕاشکاوی دەڵێم، زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی داڕمان(کۆلاپس)ی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن و میدیای سێبەریش دایکی ڕاستەقینەی زۆڵە ژورنالیستەکانە. ئەم جۆرە، یان چەشنە(کاتیگۆری) لە ژورنالیست لە زۆر کۆمەڵگەدا هەن و دەکرێت کۆمەڵگە گەندەڵەکان بە شوێنی سەرەکی زۆڵە ژورنالیستەکان لەقەڵەمبدرێت.
لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، ئەڵبەتە لە کۆمەڵکە زۆرداریی و سەربازیی و دیکتاتۆرەکانیشدا، کە لەوێندەرێ زۆڵە ژورنالیستەکان بازاڕیان گەرمە، سیاسەت دووفاقانە کاردەکات. ئەمەش گرفتارئامێزیی و بێ مافیی بۆ مرۆڤەکان دێنێت.
سەرباری ئەوەی وترا، لە دیدی سیاسیی و سۆسیۆ-ئابوورییەوە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە کۆمەڵگە گەندەڵەکان کۆمەڵگەگەلێکی چەتەئامێز، مافیاگەرا و تاکڕەون. لەبەرئەوە ژینگەی ئەم جۆرە کۆمەڵگانە لەبارە بۆ هاتنەدونیای زۆڵە ژورنالیست و زۆڵەکانی بواری پێشەکانی تریش(داد، پەروەردە، تەندروستی، ڕوناکبیریی، ئەکادێمی).
هەرچی کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکانە دیاردەکانی لەبنڕا جیاوازن. لە کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکاندا زۆڵە ژورنالیستەکان جێگایان نابێتەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی لەوێندەرێ هاریکاری مادی ناکرێن، مافی تاک پارێزراوە، یاسا سەروەرە و تەمەنی میدیای سێبەریش کورتە، لەبەرئەوەش، کە هاوڵاتیانی ئەو کۆمەڵگانەی بە گەندەڵی ئاشنانیین خاوەنی ئەو جۆرە ئاگایی و روناکبیرییەن، کە دەزانن کاریان بە میدیای سێبەر مەیسەرنابێت و کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانیشیان لەژێرسایەی میدیای سێبەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بە حوکمی ئەوەی زۆڵە ژورنالیستەکان لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان دوانەییانە(دووفاقانە) کاردەکەن و پەیوەندیشیان بە کەسی یەکەم و دووەمی ناو حیزبەکان و بگرە سەرمایەدارەکانەوە بەهێزە بەردەوام پارێزراون.
لێرەوە بە پێویستم زانیوە لەڕێگای جۆرێک لە زۆڵەوە، زۆڵە ژورنالیست، قسە لە زۆڵگەرایی ناو کۆمەڵگەی نوێی خۆمان بکەم و دواتر بچمە ناخی وشەدانی ئەم چەشنە لە زۆڵ. تا ئەو دەمەی سیاسەتی هەڵە سەروەر بێت کۆمەڵگە بەردەوامدەبێت لە ناولێنانی ئەم جۆرە زۆڵە و زۆڵەکانی ناو پیشەکانی تریش بە لێهاتوو و هۆشیار.
ئەو نیازەی لەدووتۆێی ئەم باسە پوختەدا خوازیارم بیپێکم، ئاکاری سەمەرەی زۆڵەکانی نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەم ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی نۆرماڵ پەروەردەدەکرێت و وەکیتریش وەک کەسێکی زۆڵەشەیتانی بێباک و دژە بەها ڕەفتاردەکات.
لەمیانەی ئەم دەستپێکەشەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵە ژورنالیست؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکیی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زرنگیی تایبەتی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە تەلەفزیۆنێک کاربکەیت؟ لەناو ستافی ڕوناکبیریی گۆڤار یان ژورناڵیک دا بیت؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و تێڕامانی دی دەبنە هەوێنی قسەکردنەکانم.
کۆتا وتنی ئەم دەستپێکە ئەوەیە، کە داوادەکەم خوێنەری ئەم چەند دێڕە زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیابکاتەوە و ئەندێشەی خۆی ڕادەستی زۆڵە ژورنالیست نەکات و هەواڵ و ڕووماڵەکانی بەهەندوەرنەگرێت و وەک دوژمنی وتنی ڕاستیش تەماشایبکات.

زۆڵگەردانی
ڕوونە، کە دەستەواژەی زۆڵ لە خودی خۆیدا نەختێک، بگرە زۆریش، سەمەرەیە، ئەو دەمەش، کە دەدرێتە پاڵ ژورنالیست ڕووبەری سەمەرەبوونەکە زیاتردەکات و لەوسەریشەوە خۆی پتر کاریگەر و سەرسامکەر نیشاندەدات. بەڵام زۆڵگەردانی وەک پاشاگەردانی نییە. پاشاگەردانی لەئاکامی بێ سەرۆکی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەوە دەردەکەوێت و پشێویی و نائارامی دەکات بە بنەمای خۆی، هەرچی زۆڵگەردانییە لێرەدا بەو واتایە بەکاردێت، کە هەر زۆڵە و بۆخۆی دەژیت و دونیای خۆی بە ئارەزووی خۆی دروستدەکات.
بەپێی دەستوری زۆڵگەردانی بێت ڕاستگۆیی لە هەڵوەدا و تەرە دا دەژیت و زۆڵیش زۆڵی تر قوتدەدات و چارەنوسی زۆڵگەردانیش بەدەست زۆڵترینەوە دەبێت. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆڵ لە دەمی زۆڵگەردانیدا یاری جیاواز و چاوەڕێنەکراو دەکات.
لەبەرئەوەی باسکرا، بۆ من نوسین لەسەر زۆڵە ژورنالیست پڕە لە تاسە و پەژارەیی. نوسین لەوبارەیەوە بۆ خۆشی و خەندە نییە. نوسینی لەم شێوەیە نوکتەئامێزی و خەندەئامێزی بەدوای خۆیدا ناهێنێت. بۆ من نوسین لەسەر بوونی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا مایەی سیس بوون و ژاکانی ئاکارە(موراڵە).
بوونی ئەم چەشنە لە ژورنالیست ئاماژەیە لەسەر یەکگرتنەوەی بێباکی لەتەک ناکامیدا. زۆڵە ژورنالیست ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕیت و لەناو گەرمایی ژیان کەسیرەمان دەکات(کەسیرەبوون= گرژهەڵاتن لەسەرماندا).

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟
پرسیاری هەرە بناغەیی ئەم نوسینە ئەمەیە: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە تەنیا لە خەونی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان. ئەوانە سایکۆپاتی (دروونبیمار) psychopath ئێستاشمانن. زۆر بەدەگمەن زۆڵە ژورنالیستەکان زیانیان بەردەکەوێت. گەر تۆزقاڵە زیانێکیشیان بەرکەوێت ئەوا یان نەخشەیان بۆداناوە، یان بە ڕێکەوت بەریانکەوتووە، لێ ئەو دەمەش یەک نەخت زیانیان بەردەکەوێت قازانجێکی زۆر لەوە دەکەن. نموونەشمان لەسەر ئەوە زۆرە.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە خەو بە تراجیدیاوە دەبینن. زۆڵە ژورنالیستەکان خوازیارن تراجیدیا ڕووبدات، تا بەهۆیەوە دەرکەون و بێنەگۆ. ئەوەی لەم حاڵەتەدا زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە زۆڵە ژورنالیست لەسەر تراجیدیا و کارەساتی جەرگبڕ مشەخۆرە. ئیدی دوای ئەوە مانشێتی سۆزاوی و وروژێنەری زۆڵە ژورنالیست لە گشت لایەکەوە خۆی دەکات بە ئەندێشەماندا.
بەو جۆرە بێت کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ زۆڵە ژورنالیستەکان ئەو جۆرەن، کە شەیدای مایکرۆفۆنن. لە کوێ تراجیدیایەک هەبێت لەوێندەرێ دەپەیڤن، کە دەشپەیڤن خۆیان وەک کۆتا مرۆڤدۆستی سەرزەمین نیشاندەدەن. ئەمەش لەبەرئەوەی زۆڵبوونەکەیان وایانلێدەکات پیشەکەیان لا بێ بەها و ناکاریگەر بێت.
ئاشکرایە، کە پیشەی ژورنالیستی شتێکی پڕمانا و بەرپرسیارئامێزییە، لێ زۆڵیەتی وادەکات پیشەی ژورنالیستی بە ئاقارێکی سەرلەبەر جیاوازدا بڕوات.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ دەشێت ئەوانەبن، کە بەردەوام چەنەلێدەدەن و پێشیانوایە گشت ڕاستی وا لەبەرباخەڵی ئەواندا. وەکیتریش زۆڵە ژورنالیستەکان سۆفیستەکانی Sophist (سوفستاییەکانی یۆنانی کۆن) سەردەمی ئێستامانن و پرۆتۆگۆراس Protagoras و گۆرگیاس Gorgias یش بە شاگردی خۆیان نازانن. یاریکردن بە ڕاستی و وشەفرۆشی باشترین کاری زۆڵە ژورنالیستەکانە و لەگەڵ زاڵبوونی ئاکاری نیولیبرالیزمیش زۆڵە ژورنالیستی وەک پەتا لێرە و لەوێ دا بڵاوبووەتەوە.
ئەو شیاوییانەی وتاری سیاسیی نیولیبرالیزم خستوویەتە بەردەست زۆڵە ژورنالیستەکان لە دیرۆکی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەدەگرێت. کۆمەڵگەی تازەش لە زۆر ڕووەوە قۆرت و چەوتیەکانی هەر لەم وتارەوە بەدەستهێناوە.
دیسانەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ له‌ بنچینه‌دا، ئەمە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە سەر هەموو شتێک و لە هەموو شوێنێک دەنووسن و لەکۆتایشدا هەستدەکەین هیچیان نەنووسیووە. زۆڵە ژورنالیستەکان زۆر دەنووسن و بێ پرینسیپانەش دەنووسن. نووسین لای ئەمانە وشەسازییەکی ڕۆژانەیە و تانە و پلار، تەشەرە و توانج بەهەندوەرناگرێت. نووسینی پووچ و سەرەڕۆ، یان ئەو جۆرە نووسینەی بێباکی و نابەرپرسیاریی بەرهەمدێنێت بەری بیری زۆڵە ژورنالیستەکانە.
سەرباری ئەوە، دەخوازم دووبارە بپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەو جۆرەن لە ژورنالیست، کە ناهێمن و چەنەباز و پۆپۆلیستن. زۆڵە ژورنالیستەکان لە وتنا گەرم و زۆربڵێن. وا قسەدەکەن کە دایکی ڕاستیین، لێ دەمێکە ڕاستیی قوربانی دەستی ئەمانەیە و وەکیتریش خۆیان وەک گوناح و فریشتە نیشاندەدەن.
دەپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانە زۆڵە ژورنالیستن، کە یاریزانن. یاری بە وشە، بە ڕاستی و بە ڕووداو دەکەن. ڕاستی بۆ ئەم جۆرە لە ژورنالیست بریتییە لە ڕیزکردنی وشە. ڕوداوەکانیش بۆ ئەمانە تا ئەو جێگایە مانادارە، کە خۆیان لە ناو مانشێتێکدا دەبیننەوە.
بەم جۆرە بێت بۆ دواجار دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە پارێزەری بێدادییەکانی کۆمەڵگەن، لەسەر خوانی سیاسی و دەوڵەمەندەکانی کوردستان باس لە کاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان دەکەن. بگرە هەر زۆڵە ژورنالیستەکانیشن، کە ڕاستەوخۆ ژیانی هیچ سیاسی و دەوڵەمەندێک ناخەنە ژێرگومان و مەترسییەوە.
بەڵێ زۆڵە ژورنالیستەکان مانشێتە سەرنجڕاکێشەکان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوەکان دەستنیشاندەکەن. تاساڵانێکیش لەمەوبەر ئاگام لێبوو، کە زۆڵە ژورنالیستەکان بابەتی مانشێتە گرنگەکانیان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوە لەگەڵ سیاسیی و دەوڵەمەندەکان دادەڕشت. زۆرجار زۆڵە ژورنالیستەکان ناونیشانی مانشێتە هەستیارەکانیان بەدەم قاقا و نوکتەوە دەهۆنیەوە و بەجۆرێکیش ڕێزمانی مانشێتەکانیان دادەنا، کە نزیک بێت لە بەرژەوەندی سیاسیی و بازرگانەکان. بەجۆرێک ڕاستییەکانیان لە ناواخنی مانشێتەکانیان دەئاخنی، کە نە شیش بسوتێت نە کەباب.

ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە
بوون بە زۆڵە ژورنالیست بەڕێکەوت نییە و کۆشش و تەقەلایەکی زۆر و بێ وچانی دەوێت. وەکیتر، گێلەکان نابنە زۆڵە ژورنالیست. ئەوانە دەبنە ئەمە، کە جۆرێک لە زرنگی و هۆشیاری تایبەتیان هەیە و بە بەرژەوەندییەکانیشیان ئاشنان. ئەمانە، زۆڵە ژورنالیستەکان، دەزانن چیدەکەن، لە کوێ چی دەڵێن و چۆنیشی دەڵێن. بۆیە ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە زۆر شتە. لای خوارەوە هەندێکیان بەسەردەکەینەوە.
زۆڵە ژورنالیست بەردەوام هەیە و لە هەموو شوێنێکیشدا دەردەکەوێت. ئێستا لێرەیە، لە سلێمانییە و تاوێکیتر لە بادینانە. سبەی لە هەولێرە و دواتر لە هەڵەبجەیە. گشت شوێنێک دەکات بێ ئەوەی دووچاری مەترسی ببێتەوە. ئەوەش، کە وادەکات دووچاری هێچ کێشەیەک نەبێتەوە تایبەتمەندییە سۆفیستییەکەیەتی. ئەمەو ئەم جۆرە زۆڵە جارجارە لەو جەولانە خەو بە ڕووبەڕووبونەوە و پەلاماردانێکیشەوە دەبینێت. ناوبراو مردووی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکانە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کارەکەی ئەوەی لێداوادەکات، لەبەرئەوەش، کە سایکۆلۆجیای زۆڵایەتی لە ناخی زۆڵە ژورنالیستدا کارایە.
زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەردەوامبێت پێویستی بە دراما و داستانە. پێویستی بە درێژدادڕی و کاوێژسازییە. بەواتایەکیتر، ئەم جۆرە ژورنالیستە لەسەر قەیرانەکانی ئێمە دەژیت. تا قەیران هەبێت ئەو مانشێتی وروژێنەر و یاریئامێزانە دادەڕێژێت.
هەرچی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە، کە بوونی لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی خەریکە دەبێتە شتێکی دانسقە و دەگمەن، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ژورنالیستی ڕاستەقینە وتنی ڕاستی سەروی گشت وتنەکانە. هاوکات ئەم جۆرە ژورنالیستە لە خۆڕا ناپەیڤێت، کە دەشپەیڤێت ڕاستی لە ناڕاستی جیادەکاتەوە و خۆی لای سیاسی و دەوڵەمەند ناشریندەکات. ئەمەو ئەم شێوە ژورنالیستە مات و خەمبارە و کارەکانی، کە بریتیین لە بەدواچوون و یەکلاکردنەوە، دوور لە سۆز و ڕاگرتنی بەڵانس ئەنجامدەدات.
لەوەی باسکرا سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە ژورنالیستی ڕاستەقینە بێباک و قۆشمەچی نییە. ئامادەیە سەری خۆی لەپێناو گەیشتن بە وەڵام بۆ پرسیارێکی هەستیار دانێت. ژورنالیستی ڕاستەقینە، ڕێک بە پێچەوانەی زۆڵە ژورنالیست، هۆگری کارەکەیەتی و لە بنەچەی کارەکەشی واحاڵییە، کە ئەرکێکی ئاکاریی(موڕالیی) لەسەرە و قەرزێکی ڕەوشتیشی لەئەستۆدایە.
وێڕای ئەوە، ژورنالیستی ڕاستەقینە بە سەلیقەوە لە سەختگیرییە ژورنالیستییەکان دێتەدەرێ و بەکارامایشەوە دژوێژ (پارادۆکس)ەکان شیکاردەکات. ڕچەشكێنی ژورنالیستی ڕاستەقینە ئەوکاتانە دەردەکەوێت، کە گورزێکی سامناک لە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەدات و چاوپۆشیش ناکات لە بی مافییەکان.

زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی میدیای سێبەرن
سەری باس و بنی باسی زۆڵە ژورنالیستەکان میدیای سێبەرە و هەر خۆشیان زووزوو دەمانکەن بە دوژمنی ئەم جۆرە میدیایە. لەبەرئەوەی میدیای سێبەر بەخێوکەر و دروستکەری زۆڵە ژورنالیستەکانە بەردەوام قاچێکیان لەناو ئەم میدیایەدایە. بەدڵنیاییەوە میدیای سێبەر ئەو چەشنە لە ژورنالیست دروستدەکات، کە دەزانێت کێکە گەورەکە لە کوێیە. بۆ زۆڵە ژورنالیستەکان کێکە گەورەکە وا لەناو میدیای غەیرە سێبەر. باشە بۆ؟
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ژورنالیستانە کەسانێکی دەبەنگ و ناوریا نیین، ئەو نەختە کێکەیان بەلاوە مەبەست نییە لە دەڤەری میدیای سێبەردایە. ئەمانە چاک لەوە حاڵیین مانەوەیان لە زۆنی میدیای سێبەر شتێکی کاتیی، یارییەکی دۆڕاو و بی گەرانتییە، بۆیە زۆڵە ژورنالیستەکان گشت بوونی خۆیان و تەکنەلۆژیا زۆڵاویەکەیان لە بەرگێکی تردا لەناو میدیای غەیرەسێبەر دەخەنەگەڕ.
بەزمەکە لەوەدایە، ئەو ماوەیەی زۆڵە ژورنالیستەکان لەناو میدیای سێبەر بەسەریانبردووە، بە جۆرێکی تر بە ئێمەی دەفرۆشنەوە و وەک قۆناغێکی زێڕینی خۆشیان تەماشیدەکەن؛ گوایە لەوێندەرێ کاری دەگمەن و تایبەتییان کردووە. وێڕای ئەوە، ئەوەندەی لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکانەوە فێری ڕاستیبێژی دەبین و بە شاراوەکان ئاشنادەبین ئەوەندە لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان و ژورنالیستە ڕاستەقینەکانەوە شت فێرنابین. شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان شەڕە لەپێناوی پلەوپایەی ناو ڕاگەیاندن و دابەشکردنی کێکی داهاتوو، نزیکبوونەوە لە سیاسی و سەرمایەدارەکان و چەندین دیاردەیتر.

زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی(دروونبیمار) هەیە
بە بی گومانەوە، هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی psychopath (دەروونبیمار) شی هەیە. کەسی سایکۆپات کەسێکی دەروونناساغی بێ سۆز و ئاکار لادەرە. تابڵێیت درۆزن و هەڵخەڵەتێنەر و ڕەفتار ترازاوە. لەوە سەمەرەتر کەسی سایکۆپات هەست بە ناموردای و تێکشکانی خۆی ناکات. ئەگەرچی زیرەکییەکی ڕووکەشیشی هەیە، لێ خۆپەرستییەکەی، کە لە لوتکەدایە، ئەوەی لێتێکدەدات. سەرباری ئەوە، ئەم جۆرە کەسە بێ شەرمە و توانای دادوەری ڕاستەقینەی نییە و بەردەوامیش لە خەمی خۆی دایە.
کەوابێت ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە کەسایەتی سایکۆپات وترا لە زۆر ڕووەوە لە زۆڵە ژورنالیستیش دا بەدیدەکرێت. زۆڵە ژورنالیست ئەو دەروونبیمارەیە ناشێت پشتی پێببەسترێت. کەسی لەم جۆرە بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵگە بێباکە و خەو بە بەسەرهات و ئاشوبەوە دەببینێت.
زۆڵە ژورنالیست هەرگیز ژیانی، بەرژەوەندییەکانی، ناخاتە بەر مەترسیی و جۆرە هەڕەشەیەکەوە، کە بێدەرەتانی بکات. ئەمە ئەو کەسەشە، کە ناخوازێت موغامەرە بکات و بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەشی بۆ دروستبێت لەبەردەم مایکرۆفۆن دا قسەبکات و دلۆڤانی خۆی بۆ سیاسیی و سەرمایەدارەکانی کۆمەڵگە نیشانبدات بێباکانە گومان لە ئاکاری ژورنالیستی ڕاستەقینە دەکات.

زۆڵە ژورنالیست دوژمنی ڕاستییە
کاری ژورنالیستی کارێکی لێوڕێژە لە گەڕان بەدوای گەواهی و بەڵگە، لە خستنەڕووی پڕنۆ(دەلیل) و ساغکردنەوەی ڕاستییەکان. ئەمە بۆ زۆڵە ژورنالیست بەجۆرێکی ترە. لەبەرئەوەی ئەو دوژمنی ڕاستییە بکوژی سەرەکی دادیشە. بەم شێوەیە بێت، ئەوەی ناوبراو تێیناگات، یاخود ناخوازێت تێیبگات، ڕاستییە. بەڵام زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەرژەوەندییەکانیشی پارێزراوبێت لە هیچەوە ڕاستی دروستدەکات. کێشەی ئەم جۆرە لە ڕاستی ئەوەیە، کە کەس پێویستی پێی نییە. ڕاستییەک بەرهەمی هیچیی بێت ناڕاستییە و دژی تاکەکانی کۆمەڵگەشە.
ڕاستییەک لە منداڵدانی هیچییەوە بێتەکایەوە دژە بەهاو و بەدفەڕ و بەدنیهادە. بۆیشە کۆمەڵگەی گەندەڵ بەهەشتی زۆڵە ژورنالیست و دۆزەخی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە. لە سۆنگەی ئەم لایەنەشەوە بەوە دەگەین، کە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکانی ناو ژورنالیستی ئەمڕۆمان شیرازەی کۆمەڵگەیان لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە.
زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکی بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن.
لێرەدا هیچ دور ناڕۆم گەر بلێم: ژمارەیەکی بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. زۆرێکیش لەمانە ژورنالیست و میدیای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری ڕیشاڵی کۆمەڵگەن و لە داڕمان و گەندەڵکردنیشی بەرپرسیارن.
بەبێگومانە دەڵێم: لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، نەک هەر سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و کردی ڕوناکبییریی بی بەها و قێزەوەنکراوە، ئەوەش قێزەوەنکراوە، کە پێیدەڵێن کاری ژورنالیستی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی.

چۆن لە زۆڵە ژورنالیست ڕزگارمان بێت؟
ئەوەی كه هەمیشه، بۆ زۆرێک، لێرەدا جێگای پرسیاره ئەوەیه، کە زۆڵە ژورنالیست خۆی بەرهەمی خۆیەتی، یان لەدەرەوەی خودی خۆیەوە دێتەکایەوە؟ لە دەستپێکدا جەختمانلیکرد، کە زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن. بەم جۆرە، بە چاککردنی ئەم ڕەوشتە ڕزگارمان دەبێت لەم جۆرە زۆڵە.
بە نەمانی ڕیشاڵی گەندەڵی لە کۆمەڵگە ڕزگارمان دەبێت لە ئاکاری زۆڵە ژورنالیستەکان. کەواتە تا ئەو دەمەی ئەم چەشنە کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەی ئێمەبێت پێویستمان بەوەیە گوێ لە زۆڵە ژورنالیستەکان نەگرین، ئەوەی ئەوان بە ڕاستی دەزانن ئێمە گومانیلێبکەین، بۆچوون و تێگەیشتنەکانیان ڕەتبکەینەوە و باوەڕیپێنەکەین، تا پێماندەکرێت خوێنەر و گوێگریان نەبین، ئەوان بە سەرچاوەی ڕاستی و زانیاریش نەزانین.
بەو جۆرە بێت، کوشتنی رۆحیی زۆڵە ژورنالیستەکان لەوێوە دەستپێدەکات، کە هەردەم پێیانبوترێت “”تۆ بێ لایەن نییت و من بۆچونەکانتم لا بەهەند نییە””.
دوا وتن
پێشتریش (لە باسێک بەناوی “زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی””) وتوومە، زۆڵ ئەو کەسەیە دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازم بڵێم لەڕێگای فەلسەفەوە، وەک ئەرکێکی ڕەوشتی، لای سەرەوە ڕۆچوومە ناو قسەکردن لە زۆڵە ژورنالیست و بە دیاردەیەکی گەمار، پیس و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردیشم لەقەڵەمدا.
سەرباری ئەوە، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە، کە وەک گشت کۆمەلگاکان لەژێر فشاری سۆسیال میدیایە، لێوانلێو نییە لە زۆڵە ژورنالیست. کۆمەڵگەی میدیایی ئێمە ژورنالیستی بەئەمەک و مرۆڤدۆستی زۆری بەخۆوە دیووە، لێ دەشناڵێنێت بەدەست ئەو نەختە زۆڵە ژورنالیستەوە، کە لە گشت شوێنێکی هەرێمدا ڕێکەوتدەکرێن.
تێگەیشتن لە زۆڵە ژورنالیست داوای ئەوەمان لێدەکات لەو بونیادە حاڵیببین، کە ئەم چەشنە ژورنالیستە دروستدەکات. بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان توانایەکی ئەفسانەیی لە دروستکردنی ئەم جۆرە ژورنالیستانە هەبووە. ئەمەش مێژووەکەی بۆ پاش ڕاپەرین دەگەڕێتەوە و لەگەڵ گشت قەیران و تەنگژەیەکی سیاسی و ئابوورییش چاک تەشەنەی کردووە.
بەواتەیکیتر، زۆڵە ژورنالیستەکان لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی قوڵبوونەوەی ئازارە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکانی تاکی کوردەوە، توانیویانە لەناو پانتاییەکی بەریندا کارابن. لەبەرئەوە پێویستە بەسەلیقەوە، نەک بێباکانە، لەوە حاڵیبین، کە کارایی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی ئەم دوو دەیەی دواییدا زادەی چ هەل و مەرجێکە.
گومانیناوێت، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە خاوەنی پۆلێک ژورنالیستی بێدەنگ و بەمروەتە، لێ لە هەمان کاتدا و لەژێرسایەی زۆڵە ژورنالیستەکان دۆزی ژورنالیستیمان تابڵێیت ماندوو و ناساغە و هەواڵ و زانیاری بێ نرخ و هەرزان، کە بەرهەمی زۆڵە ژورنالیستەکانە، ڕۆژانە گەمارۆماندەدات.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێم: ڕۆژانە چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکەین، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان بۆ ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان شۆرکردووەتەوە.
زۆڵەکانی ئەو کایە هەستیارانە ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. واتە زۆڵ دەبەنگ نییە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات لە زۆڵناسی بکۆڵینەوە و لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتیش بڕامێین، کە لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بەرامبەر بە ئاییندەشمان بی خەمن.

سەرنج: ئەم باسە تەواوکەری ئەو باسەیە پێشتر ، لە ڕێکەوتی 2021-11-11 لە ماڵپەری ئاوینە و دواتر لە دەنگەکان بەناوی(زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) بڵاوکرایەوە.




كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕۆمانی قوربانی ژماره‌ 256 دا… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

هه‌موو ڕووداوێك كه‌ ڕووده‌دات، په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و شوێنێكی دیاریكراو. كرده‌ی ڕووداو دوای ڕوودانی ده‌بێته‌ مێژوو، بۆیه‌شه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ڕووداوه‌كه‌، واتا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژوو، كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی كرنۆلۆژییانه‌ و به‌ دوای یه‌كترداهاتنی زنجیره‌ی ڕووداوه‌كان پێكدێنێت. بۆیه‌ ده‌كرێ بڵێین هه‌موو ڕووداوێك هه‌ڵگری دوو زه‌مه‌نی جیباوازه‌، زه‌مه‌نێك كه‌ ڕووداوه‌كه‌ی تیادا ڕووده‌دات و ده‌می ئێستای ڕووداوه‌كه‌یه‌، زه‌مه‌نێكیش كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ڕووداوه‌كه‌، دوای ساڵانێكی زۆر له‌ ڕوودانی ڕووداوه‌كه‌ جا هه‌ر ڕووداوێك بێت. یه‌كێك له‌ دیارترین خاسیه‌ته‌كانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بگێڕه‌وه‌ی ڕووداو، چه‌ند توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ڕووداوه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ كۆنسێكته‌ مێژووییه‌كه‌ و ئه‌و هه‌سته‌ لای بۆ بگێڕه‌ڕه‌وه‌ دروست بكات، كه‌ ئه‌و له‌نێو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كه‌ دابووه‌، ئه‌گه‌ر خۆشی تیادا به‌ شدار نه‌بووبێت. به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ڕووداوێكی مێژوویی، ئیدی بچینه‌وه‌ نێو ئه‌و ساتانه‌ و زه‌مه‌ن بوه‌ستێت، نه‌ك خودی ڕووداوه‌كه‌، بێته‌وه‌ نێو زه‌مه‌نی ئێستا كه‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كرد بێت، له‌ به‌شێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ئه‌ده‌بی و بایۆگرافییه‌كان، ئه‌و دوو زه‌مه‌نه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه‌ هه‌ستی پێ ناكرێت و له‌ یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه‌. به‌و مانایه‌ی كه‌ ڕووداوێك ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوو ڕوویداوه‌، ئیدی له‌ بری ئه‌وه‌ی بۆ زه‌مه‌نی ڕوودانی ڕووداوه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووداوه‌كه‌ دێنه‌ نێو زه‌مه‌نی ئێستا. بۆیه‌شه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌قه‌وه‌، كه‌ خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن. جارێكییان كتێبێكم له‌ باره‌ی كۆچڕه‌وه‌كه‌ ده‌خوێنده‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ی نووسیبووی (باران له‌ پێنج ملیۆن مرۆڤی ده‌دا) ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كات، ڕه‌نگه‌ كه‌متر له‌ دوو ملیۆنیش بووبێت. ئه‌م درك پێ نه‌كردنه‌ی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ و زه‌مه‌نی ڕوودان، دواجار ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. بۆیه‌ كرده‌ی گێڕانه‌وه‌، هه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك نییه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌ن، شوێن، هه‌موو ئه‌و پێكهاته‌ سرووشتی و مرۆیی و جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ییانه‌ی ژیانی ئه‌وكات. به‌و مانایه‌ی بۆگێڕه‌ڕه‌وه‌، له‌ په‌راوێزی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌، زه‌مه‌نی ئێستا جێدیڵێت و ده‌چێته‌وه‌ نێو ڕابردوو، له‌گه‌ڵ فه‌زای ڕووداوه‌كه‌ ده‌ژیت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، ڕۆمانی (قوربانی ژماره‌ 256) یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ خوێنه‌ر له‌ میانه‌ی خوێنه‌وه‌یدا، زه‌مه‌نی ئێستا كه‌ ساتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه‌، له‌ بیر ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سی ودوو ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر كه‌ ڕژێمی به‌عس هه‌ڵه‌بحه‌ی كیمیا بارانكرد. له‌و ڕۆمانه‌دا، كاره‌ساته‌كه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی و كرنۆلۆژیی نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مێژوودا هه‌یه‌، به‌ڵكو هێنانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نی ئێستا ، هه‌ر بۆیه‌شه‌ كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ئه‌و كاره‌ساته‌مان دێته‌ به‌رچاو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوویدابێت و خۆمان له‌ نێو جه‌رگه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ بین. ئه‌م شێوازه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی زه‌مه‌نی فیزیكی ڕووداوه‌كه‌، به‌ زه‌مه‌نی ده‌روونی خوێنه‌رانه‌وه‌، فۆڕمێكی هونه‌ری جوانی به‌ ڕۆمانه‌كه‌ داوه‌، كه‌ تیایدا ئه‌و كاره‌ساته‌ نابێته‌ ڕووداوێكی ڕابردووی به‌شێك له‌ مێژوویی خوێناوی ئێمه‌، به‌ڵكو وه‌ك كرده‌یه‌كی تراژیدی به‌رده‌وام ده‌بینرێت. ئه‌مه‌ش جیاكردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی واقیعی و مێژووییه‌، له‌ به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕووداو، له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا. چونكه‌ له‌ ئاستی واقیعدا ڕووداو ده‌بێته‌ ڕابردوو، به‌ڵام له‌ دوو توێی ڕۆماندا، ڕووداو به‌رده‌وامی ده‌بێت و زه‌مه‌ن و شوێنه‌كان ده‌بڕێت.بۆیه‌ كاره‌ساته‌كان له‌ نێو ڕۆماندا به‌سه‌ر ناچن، به‌ڵكو ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی و بۆ هه‌میشه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی منداڵێكی هه‌ڵبجه‌ییمان له‌ سه‌ر زاری خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ منداڵی وشوێن و یاده‌وه‌ریی و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی ڕوحی و خێزانی، له‌ په‌راوێزی ئه‌و كاره‌ساته‌وه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و بۆ هه‌تایه‌، له‌ دنیای منداڵی خۆی داده‌بڕێت و ده‌بێته‌ قوربانییه‌كی زیندووی ئه‌و كاره‌ساته‌. ئاسۆ، كه‌ پاڵه‌وان و هاوكات بگێڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌شه‌، له‌ گه‌ڕه‌كی قاوه‌چییانی هه‌ڵه‌بحه‌ ده‌ژیت و ڕزگاربووی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كانه‌. خۆی و زریانی دایكی و باپیره‌یه‌ك، له‌ ماڵێكدا خه‌مه‌كانی دوای ئه‌نفال كۆی كردوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، كاره‌ساتێكی دیكه‌شیان به‌ سه‌ر دادێت، ئه‌ویش كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بحه‌یه‌. ئاسۆ له‌گه‌ڵ ژێهات و سیوه‌ر، دیاری، له‌ نێو دنیای منداڵی خۆیان دانه‌ و نازانن له‌ چركه‌ ساتێكی كه‌مدا، لێك داده‌بڕێن و قیامه‌ت به‌ چاوی خۆیان ده‌بینن. له‌ پڕ فڕۆكه‌یه‌ك، گازێك كه‌ بۆنێكی وه‌ك بۆنی سێوی هه‌یه‌، ده‌رژێنێته‌ سه‌ر شار و له‌ چركه‌ ساتێكدا، ژیانی هه‌موو مرۆڤه‌كان وسرووشت و بوونه‌وه‌ره‌كانیش، ژێراو ژێر ده‌بێت و بۆ هه‌تایه‌، ژیان ناگه‌ڕێته‌وه‌ پێش ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئاسۆ، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا منداڵێكی كچه‌، به‌ڵام باپیره‌ی وه‌ك كوڕێك ده‌یناسێنێت و به‌م شێوه‌یه‌ش جگه‌ له‌ زریانی دایكی، كه‌س هه‌ست به‌و دوالیزمیه‌ی كه‌سیه‌تی ئاسۆ ناكات. دایكی چه‌ندین جار، هانا وه‌به‌ر باپیره‌ی ده‌بات، تا ئاسۆ وه‌ك كچ بژیت و ڕه‌فتار بكات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ و سووڕ ده‌بێت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاسۆ پیاوانه‌ بژیت. به‌ بڕوای من، نهێنی ئه‌و به‌ پیاو ناساندنه‌ی ئاسۆ له‌لایه‌ن باپیره‌یه‌وه‌ له‌وه‌ دایه‌، كه‌ ئاسۆ و دایكی ڕزگاربووی كاره‌ساتی ئه‌نفالن، كه‌ سه‌دان هه‌زار پیاوی كوردی تێدا له‌ نێو برا، هێشتنه‌وه‌ی ئاسۆ له‌و ناسنامه‌ پیاوبوونه‌یه‌دا، سیمبولێكه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی هێز و خۆڕاگریی، وره‌ و ئازایه‌تی پیاوی كورد له‌ دیدی باپیره‌یدا. بۆیه‌ باپیره‌ی تا ده‌شمرێت ، ئاسۆ وه‌ك منداڵێكی كوڕ ده‌بینێت. ئاسۆ و دایكی له‌ پاڵ قوربانی ئه‌نفال، قوربانی ده‌ستی عومه‌ری شه‌هلای خۆفرۆشیشن. ئه‌و عومه‌ره‌ی هێمای جه‌لادیی و خۆفرۆشیی و نه‌بوونی هیچ جۆره‌ هه‌ست و سۆزێكی مرۆییانه‌یه‌ و ته‌نێ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێك بكات هه‌ر وه‌ك خۆشی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت:_(مرۆڤ ده‌بێ ته‌نها بیر له‌ پاره‌ بكاته‌وه‌، پاره‌ و هیچی دیكه‌ نا، هیچ شتێك له‌ پاره‌ گرنگتر نییه‌. لا 282) به‌م شێوه‌یه‌ش، زریانی دایكی ئاسۆ، وه‌ك كه‌نیزه‌یه‌ك له‌ خزمه‌تی خۆی ده‌بینێت. ئه‌م كاره‌كته‌ره‌، ڕووێكی ناشرین، هاوكات بێ به‌های هه‌موو ئه‌و خۆفرۆشانه‌ نیشان ده‌دات، كه‌ له‌ سه‌رووبه‌ندی خه‌باتی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تیدا، له‌ سه‌نگه‌ری دوژمن دابوون و به‌ دیار كوشتنی هاوشوناس و هاوخوێنه‌كانییان پێده‌كه‌نین. بۆیه‌شه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌، به‌و شێوازه‌ نامرۆیی و دڵڕه‌قییه‌، ناڕاسته‌وخۆ نیشاندانی ڕووێكی دیكه‌ی مرۆڤی كورده‌، كه‌ چۆن جاشێتی و به‌رژه‌وه‌ندیی و خۆفرۆشی، دایماڵیبوون له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی جوانی مرۆییانه‌. لێره‌وه‌ش عومه‌ری شه‌هلا، وه‌ك تارمایه‌كی پڕ له‌ ترس و تۆقاندن، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئاسۆ و زریانی دایكی ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ گوزارشت له‌ نامرۆییبوون دڕنده‌یی خۆی ده‌كات. حه‌سه‌نی سمیل قیت، كاره‌كته‌رێكی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ و خاوه‌نی چایخانه‌یه‌كه‌ له‌ نێو شاردا. ڕۆماننووس له‌ وێناكردنه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆزیكایی (هاوئاوێته‌ بوون) هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كاندا، ڕه‌چاوی ئه‌و تایتمه‌ندییه‌ هه‌مه‌ جۆره‌ی له‌ ژیان و سرووشت و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له‌ ڕووی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كردووه‌. بۆیه‌شه‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كشی ( هه‌واسی لانه‌واز، هه‌یاس، حه‌سه‌نی سمیل قیت، نه‌شمیل و شوان، دلبه‌ر، دایه‌ خه‌جی) و گه‌لێكی دیكه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌ كه‌ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌یه‌. ڕۆماننووس له‌و ڕۆمانه‌دا، له‌ ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ ساته‌كانی پێش ڕوودانی كاره‌ساته‌كه‌، به‌ چه‌ند ڕۆژێك وێنا ده‌كات و ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ش له‌و ساته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، كه‌ بۆچه‌ند ڕۆژێك هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ ژێر چڕنۆكی به‌ عسدا ئازاد ده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵده‌مژن، به‌ڵام ئه‌م ئازادییه‌، چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ئیدی شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی كیمیابارانكردن و ڕه‌وتی ژیان له‌و شاره‌دا وێران ده‌بێت. ئاسۆ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانێت له‌گه‌ڵ ئاپۆڕای خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ره‌ و سنوور ڕه‌و بكات و له‌ كه‌شێكی پڕ له‌ ترس و تۆقاندن، له‌ نێوان چركه‌ ساته‌كانی مردن و ژیاندا، هه‌ڵه‌بحه‌ به‌ره‌و گوندی شێخ ڕه‌ش له‌و دیو سنوور و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات جێبێڵێت. به‌ڵام نه‌هامه‌تییه‌كانی ئاسۆ، لێره‌شدا كۆتاییان نایه‌ت. له‌و كۆچه‌دا، دایكی ئاسۆ و دایه‌ خه‌جێش، كه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ ئاسۆ و دایكی به‌ ناچاری له‌ ترسی تارمایی مه‌رگ هه‌ڵاتوون و وه‌ك داپیره‌یه‌ك وایه‌ بۆی، هه‌ردووكییان ده‌مرن. به‌مه‌ش ئاسۆ، ته‌نها و بێ لانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌واسی لانه‌واوز، كه‌ هه‌ر واده‌زانێت ئاسۆ كوریژگه‌یه‌، ده‌بێته‌ چاودێر و سه‌رپه‌رشتیاریی و به‌رده‌وام خۆی و خه‌مه‌كانی ده‌لاوێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ویش ده‌ڕوات و ئاسۆ جارێكی دیكه‌ ته‌نها و بێكه‌س، له‌ نێو چادرێكی چادرگه‌ی ئاواره‌كاندا، له‌ نزیك گۆڕستانی گونده‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕۆژێك به‌ ڕێكه‌وت پێ ده‌گوترێت كه‌ ده‌بردرێته‌ بنكه‌ی چاودێری بێ لانه‌كان، به‌ڵام ئه‌و، چونكه‌ هه‌ر به‌ خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دار و په‌ردووی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ژیت، بۆیه‌ نزا له‌سه‌ر مه‌رقه‌دی شێخی سه‌ڵان ده‌كات، كه‌ نه‌یبه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌. نزاكه‌ی گیر ده‌بێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌ هاتنه‌وه‌ی عومه‌ری شه‌هلا و دۆزینه‌وه‌ی له‌ چادرگه‌كه‌دا، تا ئێواره‌یه‌كییان عومه‌ری شه‌هلا، خۆی ده‌كات به‌ چادرگه‌ی ئاسۆ و جارێكی دیكه‌، تارمایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و جه‌لاده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌ك سێبه‌ر به‌ دوایانه‌وه‌ بوو. به‌هۆی ئه‌و ترس و فۆبیایه‌ی عومه‌ری شه‌هلاش له‌ ڕابردوودا، كه‌ له‌ ناخ و ده‌روونی ئاسۆ جێی هێشتووه‌، ناتوانێت هیچ بكات. بۆیه‌ عومه‌ری شه‌هلا، ده‌سته‌ جلێكی كچانه‌ی بۆ ده‌كرێت و ده‌یباته‌ تاران و دواتریش وه‌ك منداڵێكی كاركه‌ری سه‌ر شه‌قام، ده‌یكاته‌ فرۆشیاریی گۆڕه‌ویی له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتێك به‌ مه‌به‌ستی سیخوڕیكردن. واتا عومه‌ری شه‌هلا ده‌یه‌وێت ئاسۆ له‌ سه‌ر هه‌مان نه‌زمی ژیانی ئه‌و، كه‌ پاره‌ لای هه‌موو شتێكه‌، بژیت و له‌ پێناو پاره‌دا هه‌موو كارێك بكات. ئاسۆ له‌ نێو ئه‌و ژیانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، تا دواجار ماریا به‌ هانایه‌وه‌ ده‌چێت و جه‌نگی ئێران و عێراقیش كۆتایی دێت، به‌ڵام دوای چی؟ دوای ئه‌وه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ش خه‌ونی منداڵی و ژیانی ئاسۆش كۆتاییان دێت و ڕوو له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌كات، تارمایی مه‌رگ و سێبه‌ری كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و عومه‌ری شه‌هلای به‌ خه‌یاڵ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ ونبوونی عومه‌ری شه‌هلاش، كۆتایی به‌ ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ دێت.ڕۆماننووس به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌سفی عومه‌ری شه‌هلا ده‌كات، كه‌ خوێنه‌ر وێنه‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن و ناشرینی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌، له‌ هزر و ڕوانینی خۆی دروست ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی بینیبێتی، ڕقی لێ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ستی هاوسۆزیی بۆ ئاسۆ و دایكی كه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌و خۆفرۆشه‌ن لادروست ده‌بێت.. ،ئه‌م ڕۆمانه‌، كاره‌ساتی هه‌ڵبجه‌ی له‌ فۆڕمێكی ئه‌ده‌بی جواندا به‌رجه‌سته‌ كردۆته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ ئه‌و تراژیدیایه‌مان دێنێته‌وه‌ به‌رچاو، له‌ ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌وه‌. ڕۆمانه‌كه‌، هه‌ڵبجه‌ییه‌كان و مرۆڤی كوردیش، وه‌ك قوربانی ده‌ستی ڕژێمێكی فاشی و دڕنده‌ پیشان ده‌دات، كه‌ چۆن قه‌ده‌غه‌ترین چه‌كی كیمیای له‌ سه‌ر تاقیكرایه‌وه‌. ئاسۆ، گوزارشت له‌ هه‌موو ئه‌و منداڵه‌ هه‌ڵبجه‌ییانه‌ ده‌كات، كه‌ بوونه‌ قوربانی و تاكو ئێستاش، له‌ نێو ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ تاڵ و تراژیدیه‌ ده‌ژین. بێگومان ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانمان له‌ دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا به‌ نه‌مری بهێڵێنه‌وه‌، ده‌بێ له‌ یاده‌وه‌ریی و له‌ ژیانماندا، هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بن و نه‌ بنه‌ مێژوو. ئه‌ده‌ب به‌ گشتی و ڕۆمانیش به‌ تایبه‌تی، ڕێگه‌یه‌كه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان و به‌رز ڕاگرتنیان، بۆ ئه‌وه‌ی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و سه‌رده‌مه‌كاندا، كاره‌ساته‌كان هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌ریمان بمێننه‌وه‌ و نه‌چنه‌ په‌راوێزی مێژوو. دواجار ده‌ستخۆشانه‌ له‌ (ڕێباز مسته‌فا) ی وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌م، وه‌ك كاره‌ كانی دیكه‌ی، ئه‌و ڕۆمانه‌شی به‌ زمانێكی كوردییانه‌ی یه‌كجار جوان و په‌تی وه‌رگێڕاوه‌ و خوێنه‌ر كه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌، زمانی كوردی لاشیرین ده‌بێت و ئاشنای چه‌ندین وشه‌و ده‌ربڕینی په‌تی كوردانه‌ ده‌بێت و هاوكات شانازیش به‌ زمانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات.

————————————————————-

  • په‌راوێز: ناوی ڕۆمان: قوربانی ژماره‌ 256، نووسینی: گه‌لاوێژ نه‌زه‌ریان، وه‌رگێڕانی: ڕێباز مسته‌فا، ساڵی چاپ -2022.
  • ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره‌ (1230) ی ڕۆژی 30/6/2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.



سوقرات پیاوە مەزنەکەی فەلسەفە… دڵشاد کاوانی

ئێوارەیەکی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٣٩٩ پێش زایین، پیرە پیاوێکی تەمەن حەفتاکان لە زیندانێکی ئەسینا خەریک بوو لە سێدارە بدرێت. بە جلێکی کۆنی شاقەڵ و بەپێی پەتییەوە، کەچی لە ڕووخسار ئارام و ئاسوودە بوو.

دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بۆسەلامەتی و پارێزگاری لە سوقرات لە کارەکەی دووری خستەوە، مژوولی ئەوەبوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا گفتوگۆی کرد، بەڕواڵەت لەسێدارەدانی داهاتووی لەبیرکردبوو. تا ئەو کاتەی زیندانییەکە بە پەرداخێک ژەهراویەوە هاتە ژوورەوە و بە ئاسپایی پەرداخە ژەهرەکەی برد و هەڵیقورتاند. پاشان پاڵکەوت و زەردەخەنەی کرد و بە هاوڕێکەی گووت کە بۆ دوا ماڵئاوایی هاتبوو، مریشکی دراوسێیەکی خواردووە، پارەکەشی نەداوە، تکایە بیدەنەوە. پیرەمێردەکە دوای قسەکردن بە ئارامی چاوەکانی داخست و خەوی لێکەوت. ئەم پیرە پیاوە فەیلەسوفی گەورە سوکراتە.

-ئەزموونی سوکرات و بیرۆکەکانی.

سوکرات (470 پێش زایین – 399 پێش زایین) تەنها فەیلەسوفێکی بەناوبانگی یۆنانی کۆن نییە، بەڵکوو کەسایەتییەکی مێژوویی بەناوبانگە و خاوەن کەسایەتییەکی جیاوازە و لە کۆنەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی جیاواز لە فەیلەسووفانی پێش خۆی ستایشی زۆری کراوە. باوکی نەقار و بەردتاش بوو، دایشکی مامان بوو.

سوکرات کە هەرزەکار بوو، لە باوکییەوە فێری ئەو پیشەیە بووبوو، داستانەکانی هۆمریۆس و بەرهەمی شاعیرە بەناوبانگەکانی دیکەی خوێندبووەوە و بە خۆفێرکردن بوو بە کەسێکی ژیر و تێگەیشتوو. بە بەخشینی زانستی بیرکردنەوە و فێرکردن بژێوی ژیانی دەگوزەراند، لە ٣٠ ساڵیدا بوو بە مامۆستایەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کە مووچەی نەدەگرت و فێرگەیەکی دانا. زۆرجار زۆرێک لە منداڵانی خێزانە دەوڵەمەند و هەژارەکان لە دەوری کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی لێی فێربن و پاکیزەیی بنووێنن.

زۆرجار سوکرات دەیگوت: “تەنها دەزانم کە هیچ نازانم”.

زۆربەی ژیانی لە دەرەوە بەسەر بردووە. حەزی لە قسەکردنە لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر بوو، وەک شەڕ، سیاسەت، دۆستایەتی، هونەر، ئەخلاق و هتد.
سێ جار وەک “هۆپلیت” سەرباز و جەنگاوەر شەڕی کردووە و زۆرجاران یارمەتی سەربازە بریندارەکانی داوە لە شەڕدا. لە دەوروبەری تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بووە کەسایەتییەکی ناسراو لە ئەسینای پایتەخت.

سوکرات بە درێژایی تەمەنی ژیانێکی سەختی بەسەر بردووە. هەرچەندە سارد بێت، هەمیشە تاکە پاڵتۆیەکی ئاسایی لەبەر دەکات، زۆرجار بێ پێڵاو بەڕێ دا دەڕۆیشت زۆرجار خواردنی دەست نەکەوتووە. دەەوڵەمەندی بەلاوە گرنگ نەبووە، تەنیا خۆی بۆ فێربوون تەرخان کردبوو.

  • باوەڕ و فکری سوقرات.

باوەڕی سوکرات عیرفانییە. پێی وابوو کە بوون و گەشەکردن و لەناوچوونی شتە جۆراوجۆرەکان لە ئاسمان و لەسەر زەوی لەلایەن خوداوە ڕێکدەخرێت کە سەروەری جیهانە. دژی لێکۆڵینەوە لە جیهانی سروشتی بوو بە کوفری لەقەڵەم داوە. بانگەشەشی بۆ ئەوە کرد کە مرۆڤەکان ڕاستی مرۆڤ بوون بزانن و ژیانێکی ئەخلاقی بژین. توێژینەوە فەلسەفییەکانی باس لە پرسە ئەخلاقییەکان و نائەخلاقییەکان دەکات.

زۆرجار سوکرات لەگەڵ خەڵک دا مشتومڕی دەکرد. لە کاتی گفتووگۆ دا پرسیارەکانی هەڵدەگێڕایەوە و پرسیار و وەڵامی بەکارهێنا بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر ڕاست بکاتەوە و واز لە بیرۆکەی هەڵەی باو بهێنێت و یارمەتی خەڵک بدات بۆ دروستکردنی بیرۆکەی نوێ. ئەو گشتگیرە لە تاک ئەبستراکت دەکات و چوار هەنگاو دەگرێتەبەر:
ئیرۆنی، مامان، ئیندێکشن و پێناسە. هەندێ جاریش “تەنز” کاری ئەو ئەوە بوو کە لایەنی بەرامبەر دژایەتی خۆی بکات و دان بە نەزانینی ئەو پرسەدا بنێت بە بەردەوامی پرسیارکردن؛

  • “مامان” لای ئەو بریتییە لە یارمەتیدانی لایەنی بەرامبەر بۆ وازهێنان لە هەڵە و دۆزینەوەی شتە دروست و گشتگیرەکە، واتە یارمەتیدانی ڕاستییەکان.
  • “ئیندێکشن” بریتییە لە فێربوون لە تاک بۆ دۆزینەوەی هاوبەشییەکان لە شتەکاندا، دۆزینەوەی یاسا گشتییەکان لە ڕێگەی شیکاری و بەراوردکردنی تاکەوە.
  • “پێناسە” بریتییە لە پۆلێنکردنی یەک چەمک بۆ گشتی.

سوکرات فێری خوێندکارەکانی کرد کە هەرگیز وەڵامی تاک ڕەهەندی و موتلەقیەت نەداتەوە، بەڵکو پرسیاری “ڕیتۆریکی” و پووچەڵکردنەوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بەبێ ئەوەی بزانن کاریگەری بیرکردنەوەکانی قبوڵ بکەن.

  • گفتووگۆی فەلسەفی سوقرات.

نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی پرسیار و وەڵامەکانی لەگەڵ خوێندکاران ببینە.

خوێندکار: سوکرات کردەوەی چاکە چییە؟

سوکرات: دزیکردن، فێڵکردن، فرۆشتنی خەڵک بە کۆیلە، ئەم کردارانە باشە یان خراپ؟

قوتابی: خراپە.

سوکرات: فریودانی دوژمن خراپە، دوژمنێکی دیل بفرۆشی بە کۆیلایەتی خراپە؟

خوێندکار: ئەمە کارێکی باشە. من باسی هاوڕێ دەکەم نەک دوژمن، هەرچەندە.
سوکرات: بە بڕوای تۆ دزیکردن بۆ هاوڕێ خراپە. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت هاوڕێیەکت خۆی بکوژێت، و تۆش ئەو ئامرازە بدزیت کە بڕیار بوو بۆ کوشتنی خۆی بەکاری بهێنێت، ئایا ئەوە کارێکی خراپە؟
خوێندکار: کارێکی باشە.

سوکرات: تۆ دەڵێی فێڵکردن لە هاوڕێکانت خراپە، بەڵام لە جەنگدا فەرماندەی گشتی سوپا، بۆ ئەوەی مۆڕاڵ بەرز بکاتەوە، بە سەربازەکان دەڵێت کە هێزی بەهێزکردن دێت. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بەهێزکەرێک نییە، ئایا ئەم فێڵە کارێکی خراپە؟

خوێندکار: ئەمە کارێکی باشە.

ئەم شێوازە فێرکردنە شایستەیی خۆی هەیە، دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، وا لە خەڵک بکات دەستپێشخەری بکەن بۆ شیکردنەوە و بیرکردنەوە لە کێشەکان، هەروەها میتۆدی دیالێکتیک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ڕاستییەکە کۆنکرێت و ڕێژەییە، و لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانن گۆڕانکاری پێچەوانەی خۆیان بڵێن . ئەم ئێپیستمۆلۆژییە لە مێژووی بیری ئەوروپیدا گرنگییەکی زۆری هەیە.

سوکرات بانگەشەى بۆ تیۆرى حوکمڕانى پسپۆڕ دەکرد، ئەو پێی وابوو کە هەموو چین و توێژەکانى ژیان، تەنانەت دەسەڵاتى دەوڵەتیش، پێویستە لە لایەن خەڵکانى ڕاهێنراو و زانا بەڕێوە ببرێت، هەروەها دژى ئەو دیموکراسییە بوو کە بە میتۆدى تیروپشک جێبەجێ دەکرێت.
گووتیشی: بەڕێوەبەران ئەوانە نین كە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و خەریکیچەوساندنەوەی ئەوانی ترن، ئەوانە نین كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵكو ئەوانەن كە دەزانن چۆن بەڕێوەببەن. بۆ نموونە پێویستە بەلەمێک لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوەبچێت کە ئاشنا بێت بە کەشتیوانی؛ لەکاتی خولاندنی پشمدا پێویستە ژنان پیاوان بەڕێوەببەن، چونکە ئەوان لەو کارەدا باشن، بەڵام پیاوان نایزانن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ باشترین كه‌س ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ده‌توانن به‌ باشی كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن. ئەوەی لە کشتوکاڵدا شارەزا بێت جووتیارێکی باشە، ئەوەی لە پزیشکیدا شارەزا بێت پزیشکێکی باشە، ئەوەی لە سیاسەتدا شارەزا بێت، دەوڵەتمەدارێکی نایاب و باشە.

سوقراتلە ساڵی ٤٠٤ پێش زایین ئەسینای پایتەخت لە جەنگی پێلۆپۆنێسدا شکستی هێنا و “دەسەڵاتی سی ستەمکار جێگەی دیموکراسی گرتەوە” کریتیاس کە سەرکردەی سی ستەمکار بوو، خوێندکاری سوکرات بوو. دەوترێت جارێک کریتیاس بانگی سوکراتی کردووە و فەرمانی پێکردووە سەرکردایەتی چوار پیاو بکات بۆ دەستگیرکردنی دەوڵەمەندێک بۆ ئەوەی دەست بەسەر موڵکەکەیدا بگرێت. سوکرات ڕەتیکردەوە گوێڕایەڵی بێت و ڕۆیشت. ئەو نەک هەر بوێری هەبوو بەرەنگاری فەرمانە نایاساییەکانی کریتیاس بێتەوە، بەڵکو بە ئاشکرا ئیدانەی دڕندەییەکانی کرد. کریتیاس بە تووڕەییەوە بانگی کرد و قەدەغەی کرد زیاتر لە گەنجەکە نزیک بێتەوە و ئاگاداری کردەوە و پێی گووت: “ئاگاداربە، وامان لێ مەکە مەڕێکی دیکە لە مەڕەکەدا کەم بکەینەوە” پشتگوێی خست، بەڵام هێشتی بەڕێگەی خۆیدا بڕووات.

دواتر دەسەڵاتی “سی پادشای ستەم” ڕووخێندرا، دیموکراتەکان گەڕانەوە سەر دەسەڵات. ئەو تۆمەتبار کرا بەوەی کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کریتیاس هەیە، دژایەتی سیاسەتی دیموکراسی دەکات و گەنجانی بە بیدعە ژەهراوی کردووە. سوکرات دەستگیر کرا و زیندانی کرا. بەپێی یاسای ئەسینا، تۆمەتبار مافی ئەوەی هەبووە سزایەکی جیاواز لەو سزایەی کە داواکار داوا دەکات پێشنیار بکات، بۆ ئەوەی دادگا بتوانێت لەنێوان ئەو دووانەدا هەڵبژێرێت، پێش ئەوەی دادگا سزایی تاوانبارەکە ئەنجام بدات. سوکرات ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و وتارێکی پڕ لە سۆز پێشکەش دەکات، بانگەشەی بێتاوانی دەکرد و پێی وابوو کە قسە و کردارەکانی نەک هەر بێتاوانن، بەڵکو لەبارن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئەسینی. لە ئەنجامدا خیانەتی لێکرا و لە سێدارە درا. لە زینداندا هاوڕێکانی بە نائومێدیەوە هەوڵیان دەدا ڕازی بکەن بۆ هەڵهاتن، هەروەها بەرتیلیان بە پاسەوانەکان دا بۆ ئەوەی پلانێک بۆ هەڵهاتن دابنێن، بەڵام ئەو پێی باشترە بمرێت نەک پێشێلکردنی بیروباوەڕەکانی بکات.
بەم شێوەیە ئەو سوقرات لەتەمەنی ٧٠ ساڵە بە ئاشتیانە جیهانی بەجێهێشت.

سوکرات ژمارەیەکی زۆری پەیڕەوکاری سەرسەختی هەبوو و بەڵام نەیانتووانی لە دەمی مەرگ قورتاری بکەن چونکە ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی ئەرستۆقراتی تووندی هەبوو، چ لە تەمەنی ژیانکردنی دا و چ دوای مردنی کاریگەری گەورەی لەسەر کاری فەلسەفەکاری هەبوو. لە ژیانیدا هیچ نووسینێکی بەجێ نەهێشتووە، بەڵام کاریگەریی گفتووگۆکانی لە نووسین بەهێزتربوون، بۆیە مێژوونووسانی فەلسەفی سوقراتموەک پەرداخێکی ئاوی سازگار لە مێژووی گەشەسەندنی فەلسەفەی یۆنانی کۆن سەیری دەکەن و فەلسەفەی پێشووی ئەو بە فەلسەفەی پێش سۆکراتی ناودەبەن.تا ئێستا سوکرات وەک فەیلەسوفێکی گەورەی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی دەناسرێت.

دڵشاد کاوانی
شەقڵاوە




چه‌ند ده‌قێكی دی له‌ شاعیری عێراقی ( عه‌دنان محسن )(*)ـه‌وه‌… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• هه‌ندێ
هه‌ندێ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
نه‌ تامیان هه‌یه‌ ،
نه‌ بۆن ،
نه‌ ڕه‌نگ
به‌ڵام به‌ ئاو ناچن .

• ورده‌واڵه‌

  • ئه‌وه‌ خووی منه‌
    ئه‌وپه‌ڕی ده‌چێته‌ ئه‌م په‌ڕ .
  • له‌ نیوه‌ی مۆته‌كه‌دا
    خه‌ونه‌ له‌ناوچووه‌كانم ده‌ژمێرم .
  • به‌ شوێنپێی ساتمه‌كانته‌وه‌
    گشتیان
    به‌ دڵی خواسه‌وه‌ ده‌ڕۆن .
  • له‌سه‌ر شۆسته‌ی تاریكاییتدا
    ڕوناهی
    له‌ نیوه‌‌ڕۆخه‌ودا به ئاگا دێ .
  • له‌ قامووسی كاتدا
    چاوه‌ڕوانی
    ته‌نێ له‌ ڕابردوودا ده‌جوولێته‌وه‌ .
  • حیكمه‌ت ئاوێنه‌ی خورافه‌یه‌
    ئاوه‌ز باخچه‌یه‌
    شێتییه‌تی تێدا ده‌سوڕێته‌وه‌ .
  • ڕۆژگار تۆی پێشان دام
    كێ ڕۆژگاری پێشانی من دا .
  • من ئه‌لف وبێی ڕۆشنایی تۆ فێر بووم
    تا مێژووی تاریكایی بخوێنمه‌وه‌ .
  • من فێری ده‌ست گرتنه‌وه‌ بووم
    تا ده‌سته‌كانت بخوازم .
  • له‌ ده‌وروبه‌ری ڕۆژگارمدا
    له‌ هه‌ر بزربوونێكی جه‌سته‌م
    شوێنێكه‌ .
  • هه‌ر فرمێسكێك
    چاوه‌كانت نه‌یڕشتبێ
    ‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ به‌ هه‌ڵم .
  • تا له‌ چاوی براده‌رێكدا نه‌مخوێنده‌وه‌
    له‌ مه‌رگی خۆم دڵنیا نه‌بووم .
  • كه‌ ژن تووڕه‌ ده‌بێ
    سواری سه‌ری خۆی ده‌بێ
    كه‌ پیاویش تووڕه‌ ده‌بێ
    سواری هه‌مووان .
  • وه‌ختێ‌ یه‌كه‌م به‌ دووه‌می وت
    پیاو به‌ و دوام كه‌وه‌ !
    ژنه‌كه‌ زه‌رده‌مسكه‌ بووه‌وه‌ و
    دووه‌م په‌شۆكا .
  • به‌ كوێرایی چاوی زمانم
    به‌ لێوم ده‌ڵێم بئاخڤێ .
  • له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
    به‌ ده‌رگادا هاتم
    شوێنه‌وارێكیم به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌دا نه‌دی .
  • نه‌یده‌توانی بمبینێ
    كه‌چی چرای كوژانده‌وه‌ .
  • له‌ به‌روبوجگوڕی خێزان .
    یاداوه‌ری
    دوا شته‌ بۆم مابێته‌وه‌ .
  • نیشتمان
    یه‌كه‌م نه‌خۆشی به‌ربڵاوه‌ تووشی بووبم
    هۆیه‌كانم به‌ بیر نه‌یه‌ته‌وه‌ .

• براده‌ر
كه‌ وه‌ختی نووسین دادێ
بۆت هه‌یه‌ ڕسته‌یه‌كی به‌سوود
بۆ نیشتمان بنووسی
نیو ڕسته‌یش له‌باره‌ی براده‌رانه‌وه‌
‌له‌وانه‌یه‌ به‌ سوود بێ
كه‌ دێته‌ سه‌ر دڵبه‌ریش
هیچ مه‌نووسه‌
ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌
به‌رده‌وام
چاو له‌ بۆشاییدا ببڕی
ئه‌وی دی بۆ ئه‌و لێ گه‌ڕێ .

• هه‌ندێ ده‌یانه‌وێ

هه‌ندێ ده‌یانه‌وێ
ببنه‌ شاعیری مه‌زن
هه‌ندێكیش ده‌یانه‌وێ
ببن به‌ وه‌رگێڕی گه‌وره‌
لێ هه‌موو ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ
ژنه‌كه‌م پێشی خۆم بخه‌وێ
تا به‌ته‌نێ
بچمه‌ ئاشپه‌زخانه‌ و
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی بریندار
سه‌ما بكه‌م .

• ڕاسته‌وخۆ
دوای كه‌وتنی ددانی عه‌قڵی
هیچم بۆ نه‌ماوه‌ خه‌ونێك نه‌بێ
وه‌ختێ ، ژنێ
له‌ وه‌ختی ده‌سبه‌تاڵیدا
خۆشی بوێم
یا‌ كاتی حه‌سانه‌وه‌ی
یا پشوودانی
یاخود كه‌ وه‌ختی پێویست دادێ
سنگم دڵێكی‌ تێدایه‌
خۆشه‌ویستی زۆری
له‌ هه‌موو وه‌ختان له‌سه‌ره‌ .

• ده‌كرا پێكه‌وه‌ بگرین

ده‌كرا پێكه‌وه‌ بگرین
ئه‌گه‌ر
هه‌موو ده‌سرۆكه‌كانی
له‌ گیرفانی مندا جێ نه‌هێشتبا
منیش
چی فرمێسكی پێم مابوو
له‌ جانتایه‌ك له‌ جانتاكانیم له‌بیر چوو بوو .

(*) ( عه‌دنان موحسن ) شاعیرێكی عێراقییه‌ له‌ به‌غدا له‌ دایك بووه‌ ،
دوادواكانی حه‌فتایه‌كان عێراقی به‌جێهێشتووه چووه‌ته‌ لوبنان ‌ پاشان بۆ پاریس
ئێستاش هه‌ر له‌وێیه‌ .
‌سه‌رچاوه‌ : بڕوانه‌
‌https://elarabielyoum.com/show240281




روانگه‌ی شكۆ… ستار ئه‌حمه‌د

له‌ كێڵی گۆڕ ده‌چم
گیانم له‌ تابووتی خاكا نێژراوه‌
له‌ نێوانی گڵه‌ زه‌رده‌ی پاییزه‌ڕۆیا
گوێم له‌ ده‌نگی چزه‌ی گڕه‌
مۆر ده‌نێ به‌ كوڵمی باوه‌
له‌گه‌ڵ كاڵبوونه‌وه‌ی..
ئه‌ستێره‌ی ژێر هه‌وری ته‌مه‌نا
دڵم گه‌وره‌و.. رێڕه‌وم ته‌سك ده‌بێته‌وه‌
تاوێك له‌گه‌ڵ به‌فرا ده‌بارێم
ساتێك به‌ڕۆ چوونی عومری چیا گوڵباره‌كان
له‌ پێڵووی مردووه‌كانا نیگای تاڵم ده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌وه‌تا پشتم بووه‌ته‌ دیواری رووخاو
ده‌سته‌كانم له‌ گۆچانی شوانكاره‌كان ده‌چن
دڵم له‌ ته‌لبه‌ندی داخه‌كانما له‌گۆ ده‌چێ
هه‌نگاوه‌كانم شوێن په‌نجه‌ی مامزه‌و
هیواكانم له‌ كوانووی ماڵه‌ سارده‌كانا ده‌سووتێ
بوونم چاوه‌ڕوانی شكۆی رانه‌ مرۆیه‌
ئای له‌م خۆزگانه‌ی زاخ دراوی درۆیه‌
خۆمن له‌ ده‌زگای پاكیا
رۆژی حه‌وت جار ره‌نگم ده‌كه‌ن
له‌ جامخانه‌ی كوتاڵ فرۆشه‌كانا ده‌وره‌م ده‌ده‌ن
له‌ شیعرێك ده‌چم بۆ پاره‌ بمهۆننه‌وه‌
ده‌مویست ئه‌لبوومێك بم
له‌ ره‌فه‌ی كتێبخانه‌كاندا
شاعیران به‌ دیارمه‌وه‌ خه‌و ببینن
شیعرێك بم له‌گه‌ڵ به‌رزه‌ڕاكانا
له‌ ده‌فه‌ی شانی مێژوو بمنووسنه‌وه‌
رۆمانێك بم له‌ دڵی بیرگه‌شه‌كانا
زامی ره‌ش‌و رووت سارێژ بكه‌م
چیرۆكێك بم له‌گه‌ڵ دووا پشتی ئاده‌ما
به‌ گژ گولله‌و زوڵما بچم
ئه‌وه‌تانێ به‌ گوێره‌ی ئه‌و گۆڕه‌ی هه‌ڵی ده‌كه‌نن
به‌ ئاره‌زوویان ده‌مبڕنه‌وه‌
به‌ كێلانی خه‌نجه‌ر ده‌مپێچنه‌وه‌
له‌ جه‌رگی خۆم ده‌مچه‌قێنن
له‌ لانه‌ی خۆم ده‌مڕه‌تێنن
ئه‌و لانكه‌ی له‌ نێویدا چاوم هه‌ڵهێناوه‌
پێش له‌دایك بوونم له‌ سكی خاكا له‌ گۆڕ نراوه‌
به‌قه‌د گۆشه‌ی زامه‌كانی كووچه‌كانمان
تروسكه‌ی روانگه‌ی ووشه‌
له‌ شاباڵی پێنووسه‌كه‌م فوو هه‌ڵده‌مژێ
نازانم شیعرو شاعیر
كامیان له‌وی تریان زیاتر ده‌ژێ
ژیان چه‌رمی گورگی پاڵتۆی نه‌مانه‌
چه‌ند جه‌ندرمه‌ی ده‌روون گۆڕی مه‌ڵاس داوه‌
هه‌ڵه‌ته‌ی سته‌م
چه‌ند جوامێری بێده‌نگ و باسی له‌ناو داوه‌
ئه‌مه‌وێ له‌ به‌رگی نه‌بوونیم ده‌ربچم
كراسی به‌رم.. گڵی ژێر سمی ئه‌سپه‌كه‌ی خۆزگه‌یه‌
پێڵاووم ساتووری تاشه‌ به‌ردی هه‌رده‌یه‌
هاوارم.. باڕه‌شی كوێستانه‌و
بۆ ماچی كیژۆڵه‌ی خه‌م ده‌چێ
به‌ مردوویی بیر له‌ زیندوویی خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌سه‌ر نێرگزی چیایه‌كی نوورانی ده‌سره‌وم
له‌ ته‌رمی بێشكه‌ی له‌ناوچووه‌كانا
به‌سه‌ر جه‌سته‌ی رزاوما له‌ كه‌لاوه‌ی ژانا
بۆ گۆڕی ده‌روازه‌ی خۆری تاساو سه‌رده‌كه‌وم
له‌گه‌ڵ بارینی به‌فرا
ته‌مه‌نم په‌پووله‌ی ژاكاوی جه‌نگه‌ڵه‌
له‌ كۆڕی ژینێكی بێشكۆی حه‌سره‌تام
هه‌ر چاكه‌ پێنووس‌و لاپه‌ڕه‌م له‌گه‌ڵه‌

ستار ئه‌حمه‌د