سەبارەت بە ئێکۆسۆسیالیزم… وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: هێمن ئەمانی – فواد

مارکسیسزم و ئێکۆ سۆسیالیزم
مارکس بازنەی سەرمایەداری لە سێ پیتدا کورت کردۆتەوە: “م-س-م”. ڕەوتی بەرهەمهێنان بە پارە “پوڵ” واتە “م” دەست پێدەکات. ئەم پارەیە بۆ بەکارهێنانی کرێکاران، سەرچاوە سروشتییەکان و پیشەسازی بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی کاڵا “شتومەک” سەرمایەگوزاری دەکرێت واتە “س”. دواتر ئەو کاڵا بەهەمهێنراوانە بە نرخێکی زیاتر لە تێچووی سەرەتایی خۆی دەفرۆشرێتەوە کە ئەمەش بە واتای “م” دێت. شێوازی گۆڕانی کۆی پارەی تێچووی سەرەتایی بۆ پارەیەکی زیاتر، لە نهێنی چەوساندنەوەی کرێکاردایە ئەو کاتەی کە سەرمایەدار “خاوەنی پارە” حەقدەستێکی کەمتر لە نزخی ئەو کاڵایەی کە کرێکار بەرهەمیهێناوە دەدات بە کرێکاران. لەگەڵ ئەوانەشدا زێڕاندن و بەهرە “قازانج” کێشاندنەوە لە سروشت و زەوی بەشێکی جیانەکراوە و گرنگە لە خوێنی سەرمایەداریدا بۆ بەردەوامبوون و گەشە….

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن…




نەوەستان لە کەناردا… رانانی بەکر ئەحمەد بۆ کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ

ناوی کتێب: کۆمۆنیزمی نوی، لیکۆلینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
چاپخانەی کارۆ

سالێ چاپ: 2020
ژمارەی سپاردن: 1457
نووسەر: ئاسۆ کەمال

ڕانانی : بەکر ئەحمەد
2022-07-01

لە یادکردنەوەی مەراسیمەکانی یەکی ئایاری شاری یۆتۆبۆری سویددا، گۆڕەپانی “یان تۆرێت”، جیگایەکی تایبەتی هەیە. بەشێک لەو چەپەی کە لە باری فکرییەوە خۆی لە سوشیال دیموکراتی جیاکردۆتەوە، لەگەڵ چەپی خۆرهەڵاتی ناوەراست و گۆشە جیاوازەکانی دیکەی دنیادا، بە خۆیان و مێز و میکرۆفۆن و چادرەکانیانەوە شوێنێکی هەمیشەییان لەم گۆرەپانەدا داگیرکردووە.
لە کاتی بەڕێکەوتنی ریزی خۆپیشاندانەکاندا، زۆربەی زۆری لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوانە، لە پاش پێچانەوەی مێز و چادرەکانیان، لە سوچێکی شەقامەکەدا دەوەستان و سەیری ڕێپێوانی سەندیکالیست و حزبەکانی دیکەیان دەکرد. بۆچی کەس تێکەڵ بەم خۆپێشاندانانە نەدەبوو: نەچوونە ژێرپەرچەمی بزووتنەوەی تر وپاراستنی بێگەردی ئایدئۆلۆژی گرووپی خۆ، لەسەر هەموو شتێکی ترەوە بوو. ئەمڕۆ زۆر کەس دەتوانێ ئەم روونکردنەوە یەکدێڕییە بە بێ هیچ دوودڵییەک بخاتە سەر کاغەز.
یەکێك لەو دیمەنانەی کە لە پەیوەند بەم مەراسیمانەی یەکی ئایاری ئەم گۆڕەپانەدایە و لە یادەووەری من و بەشێکی زۆری هاوڕیکانمدایە لە شاری یۆتۆبۆری، دیمەنی دوو پیرەمێردی هەشتا ساڵەیە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پشت مێزێکی بچکۆلە و میکرۆفۆنێکی دەستییەوە، ئەو بەیاننامە گڕدارانەیان دەخوێندەوە کە دژی سەرمایەداری بوون لە رۆژی یەکی ئایاردا.
ترسی گەورەی بەشێک لەو هاوڕێ قۆشمەچییانەی خۆشمان ئەوە بوو کە مەترسی دڵوەستانی یەکێک لە پیرەمێردەکان هەمیشە لە ئارادابوو کاتێک بەیاننامەکەی خۆیان بە تووندی دەخوێندەوە. سەیر ئەوە بوو، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی بەیاننامەکە، مێزو کورسییەکەیان دەپێچایەوە و دەڕۆیشتن. لە دوای سێ یادکردنەوەی یەکی ئایاردا ، هەواڵێک لە ئامادەبونی ئەوان نەما. دەکرێ کۆچی دواییان کردبێ و یان نەخۆشکەوتبێتن. یان هیوادارم کەسێک هۆکاری ونبوونی ئەم پیرەمێردە سەرسەختانەی بە جۆرێکی تر لابێت و لە ڕوونکردنەوەی سیناریۆ ڕەشەکانی من باشتر بێت.

ئایا ئامادەیی چەپ لە عیراق و کوردستاندا لەمڕۆدا نزیکایەتییەکی هەیە بە دۆخی ئەم دوو کۆمۆنیستە سویدیەوەی کە خۆشیان لەبیریان چووبووەوە بۆچی ڕێکخراوێکیان هەیە و چ کاریگەرییەکیان لە هاوکێشەکانی دەسەلاتدا هەبووە کە بە جیا لە “ئیسپات وجود”ێکی رۆتینیانە لە یەکی ئایارو هەندێک بۆنەی تردا، بۆیان گرنگ نییە بزانن لە کوێی ڕووداوەکاندا ڕاوەستاوون.؟
ئایا چەپ لەمڕۆی کوردستان و عێراقدا بە شوێن پاراستنی دەرودووکانێکەوە نییە کە ڕۆژگارێک دروستکراوە و لەمڕۆدا وەک شوناسێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەندامەکانی سەیری دەکرێت و هیچ جێگایەکی لە ئیعرابی سیاسی کۆمەلگادا نییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە کە چەپ لە عێراق و کوردستاندا بە جیا لە ئیسپات وجودێکی ڕۆتینیانە لە هەندێک موناسەبات و بەیاننامەڕەشکردنەوەدا ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بە مانای بروابوون بەوەی کە گرفتێک لە ئارادایەو دەکرێ بە شوێن وەلامەوە بیت.
پێتوایە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەم چالاکییانەی کە رۆتینی ئەنجامدەدرێت بەشێک لە کاروچالاکی گروپی خۆیە، دەکرێ سەدان ساڵی دیکە بەردەوام بێت و لە باشترین حالەتیشدا دەکرێ وەک چیرۆکی ونبوونی پێرەمێردەکانی گۆرەپانی “یان تۆرییەت”ی یۆتۆبۆری کۆتایی پێ بێت.
بەلام بۆ “ئاسۆ کەماڵ”، نووسەری کتێبی (کۆمۆنیزمی نوێ)، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم، وەلام بە پرسیارەکانی سەرەوە کە چەپ لە ئەزمەدایە و دەکرێ گەران بەشوێن ڕێگاچارە جۆراوجۆرەکاندا ، کۆششیکی گرنگ بێت، دەبێتە کتێبێکی قەوارە 400 پەرەیی و بە بەکارهێنانی سەدان سەرچاوەی کلاسیکی مارکسیستی کۆن و تازە بە شوێن سۆراغی ئەم پرسیارەوەیە: “پاسیڤیزمی چەپ و بیرۆکەی نوێ سەبارەت حزب و رێکخراوبوونی کریکاری تا وەڵامێک بەو کێشانەی رووبەڕووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆمیستیی بوونەتەوە بدرێتەوە”
یان بە مانایەکی تر:” چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین و پەیوەندی نێوان کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و حزب و پرۆسەی میژوویی شکڵگرتنی حزب وەک ستراکتۆری چینی کریکار بناسین”.
بۆ ئاسۆ کەماڵ ، بەشێکی گەورە لە پرسیاری ئەم ئەزمەیەی کە درێژەی هەیە، لە تێروانینی ئەم بزووتنەوەدایە بۆ حزب و پەیوەندی نێوان حزب و چیندا خۆی دەردەخات . بە تایبەت لە رێکخستنی کریکاراندا.
کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ، گەرانێکی قوڵی ڕەخنەگرانەیە بە مێژووی سوشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست دا و ئاوڕدانەوەیەکی چاوتیژانەیە بە پرۆسەی پەیوەندی نێوان کار و خەباتی چینی کریکار و دروستکردنی رێکخراو و ئەحزابی سیاسیدا. ڕاوەستانێکی بە ئاگاهانەیە لەبەرانبەر تاقیکردنەوەکانی چینی کرێکاردا لە سۆڤێت دا و دەرخستنی گۆشەنیگای تازەترە لە پەیوەند بەو جەدەلە سیاسییە هەمیشەییەی کە شکستی شۆڕش لە ئۆکتۆبەری ڕوسیادا دروستی دەکات.
بەشێکی گرنگی ئەو رەخنانەی لە تاقیکردنەوەی مۆدێلی سۆڤێتی کە لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا گیراون لەسەر ئامادەیی بیرۆکراتیزمە لە دەسەلاتی سیاسی بەلشەفییەکاندا، ئاسۆ کەمال لە کتێبی کۆمۆنیزمی نوێدا، جەدەلی بیرۆکراتیزم و سەرنجدان لێی لە ئاستێکی بالاتری سیاسی و تێگەیشتنێکی رادیکالانەتردا باس دەکات کە جێگای بەرزنرخاندنە.

بە بڕوای من، ناونیشانی کتێبەکە : لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ، خوێنەر دەخاتە سەر خەیاڵی وەلامدانەوەیەکی فراوان بەم گرفتانە لە ئاست جوگرافیایایەکی گەورەی نێونەتەوایەتیدا. وەک ئەوەی کە گرفتی پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکار بەو مۆدێلەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکانی ژێر دەسەلاتی دیکتاتۆریدا بە زەقی هەستی پێدەکرێ هەمان گرفت بێت لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری ئەوروپادا. یان وەک ئەوەی لەکەناردابوونی چەپ لە ئەوروپادا هەمان دەردێک بێت کە لە عێراقدا چەپ بە دەستییەوە گیری خواردووە. ئەم تێروانینە کێشمان دەکاتە ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا چوارچێوەی ڵێکۆڵینەوەکە کوێیە؟ ئەوەی کە دەبێ سنوورداربکرێت و تیشکێکی گەورەی نەخرێتە سەر کامەیە. ئەمە دەکرێ ئەو تێبینیە بێت کە لە بواری لێکؤڵینەوەی زانستیدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێ. بە تایبەت لە کاتێکدا کە بەشێکی گەورەی لێکۆڵینەوەکە لە تاقیکردنەوەی کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراقە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی حزب و ڕیکخستنی کریکاریدا.

ئاسۆ کەمال، خۆی ئەکتیڤیستێکی سیاسیە کە دەست بە داوێنی لێکۆڵینەوەی زانستیەوە دەگرێت تا وەلام بەو پرسیارانە بداتەوە کە بزووتنەوەکەی ئەوی لە چەقبەستنێکی هەمیشەیدا ڕاگرتووە ، هەر بۆیەش لە هەندێک جیگای لێکۆلێنەوەکەدادەنگی منی لێکۆڵەرەوە دەدرێتە دەست دەنگی منی ئەکتیڤیست و ئەو ئۆبژێکتیڤیتییە زانستییەی لە ڕەچاوکردنی نووسینی زانستیدا دەبێ ڕەچاو بکرێت کاڵ دەبێتەوە. ئەم نموونە کورتەی خوارەوە دەکرێ لە هەندێک شوێنی دیکەی نووسینەکەدا ببینرێت:” چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین”
خالێکی دیکە کە دەکرێ جێگای سەرنج بێت ئەوەیە کە گەرانەوەی چەپە بۆ کلاسیکیاتە گرنگەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستن و حزبایەتیدا لە زەمەنی گلۆبازیزەیشن و سەرمایەداری ئەمڕۆدا. بە تایبەت لەکاتێکدا تیۆریەکانی ئیدارە و بەڕیوەبردن لە ئاستە زانستییەکەیدا و لە ناو جومگە گرنگەکانی زانستە جۆراوجۆرەکاندا ، سەدەها مۆدێلی رێکخستنمان پێشکەشدەکات کە دەکرێ لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستندا کەڵکی لێوەربگیرێت. ئایا بەێوەبردنی مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و تۆیۆتا لە بازاڕێکی گڵۆباڵدا و بەو هەموو کەرت و لق وپۆپانەویە دەکڕی جێگای سەرنج بێت. تاقیکردنەوەی گەریلاکانی چیاپاس لە مەکسیک و بەکارهێنانی ئەو فرسەتانەی “نیتوۆرک”ەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری نموونەیەکی سادەیە.

بە بڕوای من کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ شایەنی خوێندنەوەیەکی قوڵترە، نەک هەر بۆ کەسانێک کە بە شووێن پرسیارەکانی سیاسەت و رێکخستنی سۆشیالیستییەوەن، بەلکو زانیاریەکانی ناو کتێبەکە گەڵێک گرنگن و کەسانێک کە بەشوین تێروانێکی مەتریالیستانەی ئەمڕۆییەوەن بۆ بەشێکی گرنگی ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدە و بێست کە تا ئیستاش کاریگەری ڕۆژانەیان لەسەر ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان هەیە ، دەکرێ خوێندنەوەیەکی زۆر بەسوود بێت.
بەڵام خاڵێک کە ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێت ئەوەیە کە بۆچی کتێبخانەی کوردی لەئاستی ئیلیتە کولتورییەکەیدا نووزەیەکی لێدەرنایەت بۆ ئاوڕدانەوە لە کارێک کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە لە بەرانبەریدا رابوەستیت. من بە جیا لە کولتوری ئاوڕدانەوە لە بەرهەمی دۆست و هاوڕی نزیکەکانی خۆ لە بازنەی مەدح و سەنایەکی یەکترگەورەکردندا و رەنگە ئایدۆلۆژیەکانی کە دەکرێ ئەم کتێبەی پێ مۆربکرێت هیچ هۆکارێکی دیکە نابینمەوە.
بەلام بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێکی گەورەی رەخنەکانی ئەم کتێبە ئاراستەی ئەوانە ، مەبەست لە حزب و گروپە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لەعێراق و ئێراندا، بێدەنگییەکە سەد هێندەی تر کوشندەترە.
بەلام بەرلەوەی ئینسان جێگایەکی گەورە یان ىچووک بۆ ئەم بێدەنگییەی چەپ تەرخان بکات لەبەرانبەر ئەم کتێبەدا کە بەشێکی گەورەی ڕەخنەکە رووی دەمی لەوانە، هەستدەکرێت ئەو دۆخەی لە ناو چەپی کوردستانی عێراقدا و ئێراندا دەگوزەرێ وەک ئەزمەیەک سەیر ناکرێت و ئینسان رازییە بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتەی کە لە کۆتایی هەشتاکانەوە گرتوویەتە بەری و لە باشترین حالەتەکانیدا، حزبی کردۆتە چەترێک کە لە پرسی مردنی کادر و ئەندامەکانییدا یان یادەوەرییە کرێکاری و حزبیە نێونەتەوایەتیەکاندا وەک یادەوەرییەکی جاویدان، وەک نوستالژیایەک بە دەوریدا کۆببنەوە. دۆخێک کە لە ڕەوتەکانی دیکەی ناو چەپی عێراقدا بە زەقی دیارە و ئەو چەپە نوێیەی کە بڕیاربوو بە ڕەخنە لەم ترادیسیۆنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە سنوورەکانی خۆی ڕابگەێنێ، لە ئێستایدا لە ناو هەمان کولتور و ترادیسیۆنی هێزیكی سیاسی سونەتیدا بە تەواوەتی گیریکردوە و بە لەکەناردابوونی خۆی ڕازییە .




وەڵامێک بۆ (کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو)ی شاخەوان شۆڕش… دەرسیم دیبەگەیی

شاخەوان شۆڕش، لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (01.07.2022)دا، لە فەیسبووکی خۆیی و ماڵپەڕی دەنگەکان وتارێکی لەژێر ناوی (کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو)دا بڵاوکردۆتەوە. بە مەبەستی زیاتر دەوڵەمەندکردن و ڕاستکردنەوەی چەند هەڵەیەک، بۆچوونەکانی خۆم لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا دەخەمەڕوو، بەڵام هەم کاتی ئەوەم نییە کە ناوی تەواوی ئەو ڕێکخراو، کۆمەڵەی کوردی و کەسانە بێنم کە هاوکارمان بووینە، هەم ئەو بابەتە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکراوە تا یەکە یەکە ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم:…

بۆدرێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن…




دره‌ختی كه‌تناوه‌ له‌ نێوان كاریكته‌ری زۆرباوی و حیكایتخوانی دۆنكیخۆتی… لێكۆڵینه‌وه‌: عه‌لی شێخ عومه‌ر

گه‌ر بوون پێكهاته‌ی چه‌ندین خودی له‌یه‌ك جیاكراوه‌ بێ، له‌ هاوكێشه‌یه‌كدا به‌ پێداویستی په‌یوه‌ست بێ به‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خود، چۆن به‌ چ ڕێگایه‌ك ده‌بێ منی بكه‌ر، وه‌ك بوون ناته‌واوی خۆی پێ پڕِبكاته‌وه‌، چه‌مكی پرسیارێ ئه‌نتۆلۆژی زیندووبكاته‌وه‌، بۆ په‌راوێز خراوین! په‌راوێزبوون چ واتایه‌كی هه‌یه‌! بۆ له‌ دنیای به‌رده‌ستدا نه‌گه‌م به‌ حه‌زو خه‌ونه‌كانم! بۆ ده‌بێ په‌نا به‌رم بۆ خه‌ون خه‌یاڵ! له‌ دواجاردا ئایا ئاوێته‌بوونم، جێنیشێنبوونم له‌نێو ده‌قێكی فانتازی دا، ده‌توانێ ڕه‌گه‌زه‌كانی خه‌یاڵ، هه‌وێنی ئه‌فسانه‌ و سیحرم له‌ چوارچێوه‌یه‌كی گونجاودا، بۆ بگێڕێته‌وه‌، له‌ پێدراوه‌كانی ڕیالیزمی باو، دوورمبخاته‌وه‌، ڕۆچوون به‌م ئاراسته‌یه‌، ئایا باڵابوونی منه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی هونه‌ری، یان گێڕانه‌وه‌ی په‌خشان ئامێزه‌، ئاسه‌واری نه‌مری به‌دوای خۆیدا دێنێ، ئایا كه‌ناركه‌وتنی منه‌، یان جێهێشتنی نووسراوێكی ئۆتۆبایوگرافایی خه‌یاڵئامێزه‌، له‌دوای ناڕِۆشنی له‌ چاره‌نووسی نادیاری من، له‌ دوای حه‌وت ساڵ له‌ژێر دره‌ختێكدا ده‌دۆزرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ ده‌قێكی ڕۆمان به‌نێوی “دره‌ختی كه‌تناوه‌”1 ئه‌مه‌ ده‌نگێكی نه‌گووتراوی حیكایتخوانه‌، كه‌ نووسه‌ری ڕۆمان “كه‌ریم كاكه‌” له‌ پشتیه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، ڕۆمانی “دره‌ختی كه‌تناوه‌” ڕۆمانێكی” كه‌ریم كاكه‌”یه‌ له‌ ساڵی 2007 ی ز دا له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، لقی كه‌ركووك به‌ ژماره‌ 91 چاپكراوه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ سیوسێ پاژ پێكهاتووه‌، 238 لاپه‌ڕه‌ی مام ناوه‌نده‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ رووی مانا و ده‌لاله‌ت و یوتوبی و فانتازیادا، توانیویه‌تی شوێنێ دیار له‌ هزری وه‌رگردا فه‌راهه‌مبكات، تێڕوانینی جیاواز و پرسیار دروستبكات، هه‌روه‌ها وه‌ك خانه‌خۆیه‌ك، ده‌كرێ له‌ نێوی ده‌قدا بژیت، هه‌ست به‌ جووڵه‌و هه‌ناسه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان بكه‌یت، له‌ ژانوژۆیان تێبگه‌یت، له‌ مه‌ودایه‌كی ئێستێتیكی دا، فره‌ ده‌نگی، بیركردنه‌وه‌ و گومان، لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر به‌دی بكه‌یت، به‌ هیچ شێویه‌ك زاڵبوونی ڕای نووسه‌ر له‌سه‌ر حیكایتخوان نابینین، ئاماژه‌ی ناساندنی بزاوتی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ك بابه‌تێكی مێژوو بوونی هه‌یه‌، زۆر به‌ ڕاشكاوانه‌ بێ زۆر له‌خۆكردن، له‌ ناوكۆی لێكه‌وته‌كانیدا، ڕاساندنی كه‌سه‌رو به‌ركه‌وتن له‌ته‌ك ده‌رگیره‌كانی ده‌قدا ده‌كات، ئایا نووسه‌ر تا چ ئاستێ له‌ ڕێگای گێڕانه‌وه‌دا به‌ركه‌ماڵ بووه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌و ناساندنی شوێن، ده‌رخستنی گرێچن، ڕێكخستنی ڕووداوه‌كان و گرێدانی به‌ ئه‌فسانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ڕوویه‌كی هه‌قیقه‌ت ده‌دات، له‌ ده‌روازه‌ی ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌، به‌گڕخستنی خه‌یاڵدا، تا ڕاده‌یه‌كی باش سه‌رنجی وه‌رگر به‌ نه‌پچڕاندنی كرده‌ی خوێندنه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ستكردووه‌، هه‌ڵسانگاندنێ نوێ، ده‌رخه‌ی ئاوێته‌بوونی وه‌رگرن، هه‌ماهه‌نگن له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان هه‌قیقه‌ت و هونه‌ردا، له‌گه‌ڵ ده‌روشاندنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی فانتازیا، پاشینه‌ی هێماو ده‌لاله‌ت شان به‌شان له‌گه‌ڵ كرده‌ی گێڕانه‌وه‌دا شۆڕده‌بنه‌وه‌ بۆ نێو ناخی هه‌ست و نه‌ستی یه‌كبه‌یكی كاره‌كته‌ره‌كان، ده‌ڵێیت له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌یانناسیت، له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیت، به‌ تایبه‌تی پیری به‌فر و هه‌ندێ له‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵیاندا كردووه‌، به‌ كه‌م و زۆر باسیان لێوه‌ده‌كات، وه‌ك گوڵناز، ئه‌ستێ، مێرێ، فه‌تانه‌، مه‌ستانه‌، سه‌حر و بێرێ، هه‌روه‌ها حیكایتخوان باس له‌ سێكوچكه‌ی خۆی و مه‌ریه‌م و كوره‌ چاو كه‌سكه‌كه‌ وكاریگه‌ری په‌نجه‌ خوار ده‌كات، ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین كاره‌كته‌ری لاوه‌كی ده‌كات، ڕۆمانه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، كاتێ حیكایتخوان له‌ گرته‌یه‌كدا، پێ له‌وه‌ ده‌نێت، زۆر نییه‌ پیری به‌فری ناسیبێت، له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكدا پیری به‌فر باسی گۆڕی باپیره‌ گه‌وره‌ی بۆ ده‌كات كه‌ تا ئێستا به‌ پێوه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ناوی گه‌نجۆیه‌، كاتی خۆی هه‌موو خه‌ڵكی گوند دێنه‌ سه‌ر ئاینی نوێ، هه‌رچه‌نده‌ چه‌تۆی كوڕیشیی تاقانه‌یه‌، دێته‌ سه‌ر ئاینی نوێ، به‌ڵام ئه‌م له‌سه‌ر ئاینی خۆی ده‌مێنێ، پیری به‌فر به‌ یانزه‌ پشت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گه‌نجۆ، حیكایتخوان، له‌ هه‌ر دیمانه‌یك و دانشتنێك پرسیارده‌كات، پیری به‌فر وه‌ڵام ته‌واوده‌كات، ناكات، له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر جارێكدا، باسی به‌سه‌رهات و حیكایه‌تێكی بۆ ده‌كات، یه‌ك له‌و باسانه‌، باسی بیره‌وه‌ری و مێژوویه‌كی بۆ ده‌كات، كه‌ به‌ركه‌وتنی له‌ ته‌كیدا هه‌بووه‌، باسی دوو شوێنی نهێنی فانتازی ده‌كات، كه‌ خۆی ئه‌زموونی كردووه‌، كه‌شفی كردووه‌، یه‌كیان دره‌ختی ئافره‌تانه‌، ئه‌وی تر دۆندی پاڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی سێیه‌م پیری به‌فر ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، جێگاكه‌ی به‌ نادیاری ده‌مێنێته‌وه‌، تا حیكایتخوان خۆی ده‌یدۆزێته‌وه‌، دارگوێزێكه‌، حیكایتخوان ناوی داری وشه‌ی لێده‌نێت، له‌بن ئه‌و داره‌ له‌گه‌ڵ جگه‌ره‌، چا و قاوه‌، ئیلهامی بۆ دێ به‌سه‌رهاته‌كان ده‌نووسێته‌وه‌، یه‌ك له‌و به‌سه‌رهاتانه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌ریه‌م له‌گه‌ڵ چاوكه‌سك دا ده‌كات، كاریگه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چیی ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆیدا چیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ڕۆڵی په‌نجه‌خواری هاوڕێی له‌ دابه‌شكردن و له‌ گرێدانی ڕووداوه‌كان، چیی ده‌بێ چ كه‌تنیك ده‌خاته‌وه‌، چ كاریگه‌ه‌ریه‌ك له‌سه‌ر حیكایتخوان به‌جێده‌هێڵێـت چیی به‌ ئێمه‌ی وه‌رگر ده‌ڵێت، چۆن بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌.

ڕه‌هه‌نده‌كانی شوێن
گوندی كه‌تناوه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، له‌ ئێستای گێڕانه‌وه‌دا، پیری به‌فر نێره‌رێكه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی حیكایتخوان ده‌داته‌وه‌، له‌ ڕووی شوێنه‌وه‌ باس له‌ پابه‌ندبوونی به‌ خاك و نیشتیمانه‌وه‌ ده‌كات، له‌ ده‌سپێكی مێژووییه‌وه‌ پێیدا دێت، له‌ پێش هاتنی ئاینی نوێیه‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مان هه‌ر لێره‌دا بوونه‌، لێره‌ له‌ ڕووی زمانه‌وانیه‌وه‌، پێداگریی ناسنامه‌ی شوێنێك هه‌ڵده‌گرێ، درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ ئێستای گێڕانه‌وه‌، گه‌رمێژوو په‌یوه‌ندی میلله‌تێك هه‌ڵنه‌گرێ به‌ ڕووداو، كاره‌سات، به‌رگری، هزری مانه‌وه‌ و كارتێكردن، ئه‌وا ڕه‌سه‌نایه‌تی پیری به‌فر ده‌توانێ هه‌ڵیبگرێ، كه‌ مێژوو به‌ یانزه‌ پشت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گه‌نجۆی باپیره‌ گه‌وره‌ی، ئاماژه‌كردن به‌ كێلی گۆڕی باپیره‌ گه‌وره‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌ر به‌پێوه‌ ماوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاسته‌كانی گێڕانه‌وه‌دا هه‌ڵبژاردنی شوێن و شوێنكات، مانا، ئاوه‌ز و دلاله‌ت هه‌ڵده‌گرێت، ده‌كرێ چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێ، چۆن بیره‌وه‌ری پرۆژه‌یه‌كه‌ له‌ دوای مردنه‌وه‌ نه‌بێت نایه‌ته‌ دی، مانه‌وه‌ی كێلی ئه‌و گۆڕه‌ش له‌ گۆڕستانێكی وێرانبوو، لای پیری به‌فر پرۆژه‌یه‌كه‌، له‌ كرده‌ی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری خۆی دا، ژێده‌رێكی ئیلهام به‌خشه‌، گوندی كه‌تناوه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌زانراوانه‌یه‌ كه‌ بۆ ته‌واوكردن و نووسینی ده‌ستنووسی ڕۆمانه‌كه‌ی، حیكایتخوان هه‌میشه‌ داگه‌ڕانی بۆ ده‌كات، به‌ دیوێكی دیكه‌دا ده‌كرێ ئێمه‌ی وه‌رگر، له‌نێوان مانه‌وه‌ی كێلی گۆڕه‌كه‌و له‌گه‌ڵ ناوی خاوه‌ن گۆره‌كه‌ په‌یوه‌ندیه‌ك بدۆزینه‌وه‌، واتا له‌گه‌ڵ گه‌نجۆ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی پیری به‌فر، كه‌ به‌ تاق و ته‌نیا ڕاده‌ستی ئاینی نوێ نه‌بووه‌، پێداگری و سووربوونی له‌سه‌ر پرینسیپی ئاین و تێڕوانینی خۆی كردووه‌، جیابوونه‌وه‌ی له‌وانی تر مانایه‌كی جیاواز به‌ ژیان و مردنه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، هه‌ستی بوونایه‌تی له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ ده‌سبه‌رده‌بێت كه‌ هاودژبوونێك نه‌ك له‌ مانای ژیان به‌ڵكو له‌ مردنیشدا، ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، ئاسه‌وارێ جیاواز له‌پاش خۆی به‌جێده‌هێڵێت، پرینسیپی سووربوون، مانه‌وه‌ و ڕاده‌ستنه‌بوون شوێنه‌وارێ بۆ مێژوو ده‌هێڵێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕاده‌ستبوون، ئاینیان گۆڕی، شوێنیان له‌ گۆڕستانه‌كه‌دا نابینین، به‌ چه‌تۆی تاقه‌ كوڕه‌كه‌شیه‌وه‌ كه‌ ڕاده‌ستی ئاینی نوێبوو، بۆیه‌ ده‌بینین، سه‌رجه‌م گۆڕه‌كان وێرانبوو، ته‌نیا یه‌ك گۆڕ گه‌واهی مێژوویه‌كه‌، له‌ شوێن و داكه‌وته‌كانی ئه‌و گۆڕستانه‌، له‌ نیشتیمانێك دا ماوه‌ته‌وه‌، ئایا ئه‌و ڕۆژه‌ مێژووی سه‌رفرازی نیشتیمان له‌ گۆڕنرا! یان به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌، گۆڕا بۆ چوارچێوه‌ی به‌رگری، ئایا ئه‌و ڕۆژه‌ شۆخی نیشتیمان كۆتاییهات، گه‌نجۆ وه‌ك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌ر له‌و قاڵبه‌ خێڵایه‌تییه‌دا، مراندی، ئه‌وی له‌ ئێستای گێڕانه‌ودا به‌ نه‌مری ماوه‌ته‌وه‌، كێلی خه‌ونێكه‌ نه‌هاته‌ دی، نه‌وه‌ی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌یه‌تی، كه‌ پیری به‌فره‌، نه‌وی چه‌تۆیه‌، خه‌ڵكی گونده‌، چه‌تۆ جگه‌ له‌وه‌ی ناوی كه‌سێكه‌، له‌هه‌مان كاتدا، ده‌كرێ وه‌ك ئاوه‌ڵناوێ وه‌ریگرین، كه‌ خه‌سڵه‌تی ئازایه‌تی ده‌به‌خشێت، چه‌تۆی بێ پرینسیپ، وه‌ك زۆربه‌ی ئه‌وانیتر كه‌ له‌ ئاینی باوباپیرانی لایدا، له‌ دوای ئازایه‌تی و هه‌ستكردنی به‌ كه‌رتبوونی شوێن و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌ و مردن، نامۆبوونی خود له‌ته‌ك بابه‌ت، داپچڕانی یه‌كبوونیان، كت ومت وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، كه‌ ناتوانن مێژووی خۆیان بنووسن، گۆڕانكاری له‌ چاره‌نووسی خۆیان دا بكه‌ن، ئازان شه‌ری به‌رگریان زۆركردوه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ وه‌ك ڕووداو ماونه‌ته‌وه‌، نه‌یان توانیوه‌ گۆڕانكاری له‌نێو مێژوودا بكه‌ن، هه‌ر وه‌ك گۆرستانه‌كه‌ به‌ وێرانی ماوه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكی ئه‌م گونده‌ دووسه‌د كه‌سن، حه‌ڤده‌ ماڵه‌، سه‌ر به‌ هیچ شوێنێك نییه‌، له‌ ڕووی مێژووه‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی، ئه‌سته‌مبووڵ، تاران، به‌غدا، كۆنتره‌، كه‌ریم كاكه‌ی ڕۆمانووس زۆر به‌ ووردی به‌ تۆبۆگرافیانه‌، ڕووماڵی شوێنه‌كانی كردووه‌، هه‌ر له‌ ماڵ، رووبار، جۆگه‌، هه‌ردو دۆڵ و شوێنی چیاكان، دارو به‌ردو ته‌نانه‌ت وه‌رزه‌كانیش سیمبولێكن له‌ نێو كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌ره‌وشاندنه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م شوێنه‌ گشتییه‌، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی سێ لای سێگۆشه‌یه‌كه‌، له‌ سێ لاوه‌، سێ ڕێگای لێده‌بێته‌وه‌، به‌ ئاراسته‌ی باكوور ڕێك ده‌چێته‌ نێو ئه‌سته‌مبووڵ، به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات ده‌چێته‌ تاران، به‌ره‌و خوار له‌ به‌غدای، له‌ ئاست دوورو نزیكی مه‌وداكانی، هه‌ر سێكیان به‌ پێوه‌ری بڕینی شوێنكات، به‌ مانگ و هه‌فته‌ و ڕۆژ یه‌كسانن، پۆلینكردنی مه‌ودای شوێن به‌ كرده‌ی شوێنكاته‌وه‌، پێدزێكه‌، گرێدانێكه‌، به‌ ڕووداوه‌وه‌ به‌ستراوه‌، په‌یوه‌ندی به‌ جووڵاندنه‌وه‌ و خه‌سڵه‌تی كه‌سایه‌تیه‌كان هه‌یه‌، پێوانی كات له‌ پێدراوه‌كانی شوێن دا، به‌ ڕێژه‌ی جیاواز كاریگه‌ری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كان جێگیرده‌كات، له‌ ڕێگای شوێنه‌وه‌ ده‌كرێ باری ده‌روونی و تێڕوانین و گۆشه‌نیگایان دیاریبكات، سێبه‌ری ڕووداوه‌كان به‌ پێی جووڵه‌ی كه‌سه‌كان له‌ شوێنكاتدا ئاسه‌واری نه‌خشه‌یه‌ك له‌ شوێندا به‌جێده‌هێڵێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی تۆخده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌تانی كه‌تناوه‌ وه‌ك شوێن كاریگه‌ری پێگه‌ی جوگرافی ته‌نراوه‌ به‌ سێ ڕێگاوه‌، به‌ سێ كه‌لتوور، به‌ سێ میلله‌ت و به‌ سێ بیركردنه‌وه‌و بۆچوونی جیاواز، به‌م هۆیه‌وه‌، ناو و شووناسێ جێگیری نییه‌، هه‌ر كه‌سێ دێت ناوێكی لێده‌نێت، حیكایتخوان، كه‌ ده‌نگی دووه‌می نووسه‌ره‌، به‌ كه‌تناوه‌ ده‌یناسێ، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناو له‌ شوێن، كردنی به‌ ناشوێن، باكڕاوندی گومانێ فه‌راهه‌مده‌كات، نه‌ له‌ئێستای گێڕانه‌وه‌دا، نه‌ له‌ ڕابردوویشدا سه‌قامگیری تێدا به‌رجه‌سته‌ نابێت، به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی پیری به‌فر، به‌ درێژایی مێژوو، له‌ ژێر كاریگه‌ری فاكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌دا، له‌ ناوه‌وه‌دا سیما سروشتییه‌كانی سه‌قامگیری له‌ ناو شوێن دا تێكشكاندووه‌، هه‌ر له‌ په‌له‌مار، هێرشبردن، سووتاندن، ماڵوێرانی، ئاسه‌واره‌كانی تۆپبارانكردن و تووندوتیژی جه‌نگه‌ ناڕه‌واكان، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر كه‌سه‌كان هه‌یه‌، جارێك ده‌كه‌ون، بۆ جارێكی تر كه‌ هه‌ڵده‌سنه‌وه‌، ناگه‌نه‌ كۆتا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مانه‌وه‌، هه‌رله‌و قاڵبه‌دا ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا، ئاینده‌یه‌ك به‌دی ناكه‌ن، مانایان پێ ببخشێت، ناسنامه‌ هه‌ڵگرن، له‌ شوێنێكی سه‌ختی دووره‌ده‌ستن، له‌ سێگۆشه‌یه‌كن، نه‌ مه‌نفایه‌كی فه‌رمییه‌، نه‌ نیشتیمانێكی ئازاده‌، خه‌ون و بیرو پلانی دواڕۆژیان پێ نییه‌، تا په‌یوه‌ندییه‌كی پۆزه‌تیڤی پێوه‌ببه‌ستن، ناوو شووناس هه‌ڵگرن، مارك ئاوگه‌ له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت “جیاوازی شوێن و ناشوێن له‌وه‌دا ده‌بینێت، شوێن په‌یوه‌ندییه‌كی پۆزیتیڤ و شوناسچێنی له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌رو هۆشیارییدا هه‌یه‌ “2 به‌پێی پێدراوه‌كانی ده‌قی به‌رده‌ست دا، كه‌ریم كاكه‌ له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا، زیره‌كانه‌ توانیویه‌تی ئاماژه‌ به‌ ره‌هه‌نده‌كانی ناشوێن بكات، یه‌كه‌م وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنیدا، قه‌ربووی شوێنی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كات، به‌ سێ شوێنی یوتۆبییه‌وه‌ گرێده‌دات، وه‌ك دره‌ختی هاوینه‌، دۆندی پاڕانه‌وه‌ و دره‌ختی وشه‌، كه‌ شووناسی تاك به‌ شوێن و ناسنامه‌وه‌ پابه‌ندده‌كات، چاوپۆشین له‌ شوێنی ڕاسته‌قینه‌، په‌نابردن بۆ شوێنی یوتۆبی، لادانێكی ئۆنتۆلۆجییه‌ له‌ زانراوێك، پرسیارێ نه‌مر له‌ ناشوێندا ده‌كات داوای وه‌ڵام و شووناس ده‌كات، ناتوانێ له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا بیدۆزێته‌وه‌، سنووری بۆ دانێ، كاریگه‌ری ڕابردووی ئه‌م شوێنه‌ جوگرافییه‌، كارێكی وا ده‌كات ناسنامه‌ی شوێن پێشهاتنی حیكایتخوان، به‌ نه‌زانراوی بمێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌می حیكایتخوانیش ناتوانێ ناوی لێبنێت، ناو واتا شووناس ناسنامه‌، نه‌ك خه‌سڵه‌ت، كه‌تناوه‌ خه‌سڵه‌تێكه‌، به‌ مه‌به‌سته‌وه‌ بێت یان بێ مه‌به‌ست بێت، شوێن ناوو ناسنامه‌ی لێسه‌نراوه‌، به‌ خه‌سڵه‌ت ده‌ناسرێته‌وه‌، ئه‌ی له‌ دیاریكردنی سنووری جوگرافیای به‌رجه‌سته‌كراو دا، چیی هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تی شوێن و ناوی ڕاسته‌قینه‌، چۆن وه‌ڵامی مێژوو ده‌داته‌وه‌، ناو داماڵراو نییه‌ له‌ جه‌سته‌، شوێن سڕینه‌وه‌و ئاسه‌واری ناوو شوێن، ڕێك دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕستانه‌ ویرانه‌یه‌ كه‌ نه‌ ناوو نه‌ ئاسه‌واری گۆڕیان نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ هێڵی سووره‌، به‌ڵگه‌ی مانه‌وه‌ی ناوێكه‌ مێژوویه‌ك هه‌ڵده‌گرێ، كێلی گه‌نجۆیه‌، له‌ كاروانی مێژوودا ناسنامه‌یه‌كی نه‌خوێندراوه‌، فه‌رامۆشكراوه‌، له‌ بیره‌وه‌ری و گێڕانه‌وه‌ی سه‌رزاره‌كیدا ماوه‌ته‌وه‌، جارجار پیری به‌فر باسیده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخ و كه‌سه‌ره‌، ماكی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار و بێئاگای تاكه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ناوو شوێنه‌وه‌ پچڕاوه‌، پێچه‌وانه‌ی هاونیشتمانیه‌، كه‌ تا ئێسك لكاوه‌ به‌ نیشتیمانه‌وه‌، نامۆ نییه‌ به‌ شوێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی كه‌تناوه‌ی سه‌پاند، كردییه‌ ناونیشانی ده‌سنووسه‌كه‌ی، له‌نێویدا به‌ شێوازێكی ئۆتۆبایۆگرافیایی خه‌یاڵئامێز بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی و پیری به‌فرو كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه‌ی تێدا نووسی، كه‌سێكی هاوزمانه‌ خوێنده‌واره‌، له‌ باره‌گایه‌كه‌یدایه‌، به‌ناو چه‌كداره‌، ئێستا ساچمه‌ له‌ لاقی دایه‌، وازی له‌ چه‌كداری هێناوه‌، هه‌ڵبژاردن و سه‌پاندنی ناوی كه‌تناوه‌، به‌ده‌ر نییه‌ له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی، چه‌ندین جار له‌نێو ده‌قی گێڕانه‌وه‌دا به‌ركه‌وتن له‌ته‌ك شوێن و ڕووداوو كه‌سه‌كاندا ده‌كات، هه‌ر جارێ به‌ مه‌بستێ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، بۆ نموونه‌ “من دوعا گه‌رمه‌كانی دایكم بیرده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌ی كه‌تنێكم ده‌كرد”رۆمان ل81، “له‌ دوایی بزربوونی من، مه‌ریه‌م ئه‌و كه‌تنه‌م لای كه‌س ناگێڕێته‌وه‌”رۆمان ل 132، “هه‌رچی هه‌یه‌ به‌ په‌نجه‌ خواره‌كه‌ی بكه‌م ئه‌و كه‌تنه‌ی به‌ من كرد”رۆمان ل 126 * چۆن حیكایتخوان ناپاكی له‌ته‌ك ناوی شوێندا ده‌كات، به‌ركه‌وتنی هه‌ندێ له‌ كاره‌كته‌ره‌كانیش له‌ شوێندا ناپاكی له‌ته‌ك ئه‌مدا ده‌كه‌ن، باكڕاوندی ئه‌م ناپاكییه‌ واده‌كات ناوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی به‌ نه‌زانراوی بمێنێته‌وه‌، به‌ خه‌سڵه‌تێ، بناسرێنه‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌زموونه‌كانی خودی حیكایتخوانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش شوێن ئاوێنه‌ ئاسا ڕووخساری كارێكته‌ره‌ سه‌ركیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێ ، ئه‌وانیش بێ ناون، به‌ خه‌سڵه‌تی ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌ناسڕێنه‌وه‌، وه‌ك پیری به‌فر، حیكایتخوان به‌ ساچمه‌ له‌ لاقیدایه‌ ده‌ناسڕێته‌وه‌، په‌نجه‌خوار، كه‌ له‌ دواجاردا مه‌ریه‌م مێردی پێده‌كات، چاوكه‌سكه‌كه‌ به‌ ده‌نكی مه‌ریه‌م ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، هه‌ر یه‌ك له‌م كاره‌كته‌رانه‌ له‌ ناوكۆی ئه‌جیندای هاوكێشه‌یه‌كن، دڵنه‌وای به‌ ڕه‌وتی ده‌قی خوێندراو ده‌به‌خشن، هه‌ر یه‌كێكیان تابلۆیه‌كه‌ له‌ وه‌رگیڕاوه‌كانی چه‌مكی كه‌تن، له‌ پێدراوه‌كانی ده‌قی نووسراوی حیكایتخوان دا نیشتجێبوونه‌، بۆ نموونه‌ پیری به‌فر له‌ كه‌تنی چاوه‌ڕوانیدا, له‌ پاییزه‌وه‌ بۆ هاوین، واتا سێ وه‌رز به‌ ته‌ماحی به‌هه‌شتێكی دنیایی به‌ یوتۆبیای دره‌ختی هاوینه‌ و دۆندی پاڕانه‌وه‌ ڕایده‌گرێت، چاوكه‌سكه‌كه‌ پیرۆزی مه‌ریه‌می دڵخوازی لێ زه‌وتده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا، ئومێدێكی پێده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ پیرۆزیی مه‌ریه‌می به‌ركه‌وێت، په‌نجه‌ خواره‌كه‌ به‌ غه‌یوری خۆی تا ئه‌م له‌سه‌ر ڕێگای پیرۆزی مه‌ریه‌م هه‌ڵكه‌نێ، به‌رده‌وام به‌ خراپه‌ ناوی مه‌ریه‌م ده‌هێنێ و برینداری ده‌كات، له‌ ناوكۆی ده‌قدا، تابلۆیه‌ك له‌ گومان وه‌رده‌گیرَِێت، جولیا كریستیڤا ده‌ڵێت”هه‌موو ده‌قێك بریتییه‌ له‌ تابلۆیه‌ك له‌ وه‌رگێراوه‌كان”3، له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان دا، ئه‌م تابلۆیانه‌، فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی كه‌تنه‌كانی حیكایتخوانن ، ڕه‌نگدانه‌وی كه‌تنه‌كان بنه‌مایه‌كی تر ده‌خاته‌ سه‌ر بابه‌تی ڕووداوه‌كانی نێو شوێن و جه‌سته‌ی ناله‌بارو هه‌ست و نه‌ستی حیكایتخوان، به‌ جۆرێك نه‌ ناوی خۆیمان پێده‌ڵێت، نه‌ ناوی ئه‌وانه‌ی به‌ركه‌وتنی ڕِاسته‌وخۆی له‌ته‌كیاندا هه‌یه‌، جگه‌ له‌ ناوی مه‌ریم نه‌بێت، ئه‌ویش له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی مه‌ریه‌م، له‌ ناجێگری خۆیدا ئاوێنه‌ ئاسایه‌كه‌، له‌ ناشوێنی دا نا مۆبوون، له‌ گرته‌ جیاوازه‌كانی گێڕانه‌وه‌دا، وێنه‌ی شكستی خۆی تێدا ده‌بینێ، هه‌ڵبه‌ت به‌هه‌مان تێڕوانینی چه‌مكی بێ ئومێدی شكستیه‌وه‌ش، نه‌گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌كان، هاوته‌ریبیه‌كی هاوسۆزانه‌ له‌ته‌ك ده‌ستبه‌رداربوونی ڕه‌هه‌نده‌كانی جێگری شوێن له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕووخساری ناجێگیری مه‌ریه‌مدا به‌دیده‌كات، له‌ ڕۆمانی نوێدا له‌نێو نه‌زانراوه‌كانی ده‌قدا توانه‌وه‌ی ناو و ڕووخساری ئه‌وانه‌ی ناویان نه‌هاتووه‌، به‌ چڕبوونه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ گه‌ماڕۆدراون، ڕێگا ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كه‌ساندنی ئه‌وانه‌ی ناویان هاتووه‌، بوونه‌ته‌ ژێده‌رێك له‌ نواندن و ڕێكخستنی بارودۆخێكی گواستنه‌وه‌ له‌ وێنه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی تر. .

نهێنی به‌هارو شكستی هاوینه‌
له‌ناوكۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ كه‌سانی دیكه‌وه‌، به‌پێی ئه‌زموون، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، خه‌سڵه‌ته‌كانی پێكهاته‌ی كه‌سایه‌تی وه‌ك دالێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر مه‌دلوول، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش دروسته‌، ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ گوێره‌ی پێشهاته‌كانی ڕووداو ده‌جوڵێن، له‌ دیمه‌نێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ دیمه‌نێكی تر، له‌ ئاست كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر شقڵی جیاواز، یان لێكچواندن وه‌رده‌گرن، به‌ هه‌ندێ داگری ڕه‌نگه‌ ده‌رگاكانی لادان وهه‌ڵخلیسكانیش له‌ په‌یوه‌ندییه‌ سروشتیكانی مرۆڤ دا ده‌سته‌به‌ربكات، قین و ئه‌وین ئاوێزانی یه‌كتربكات، هه‌ڵبه‌ت نه‌خشه‌ی جومگه‌كانی بنیادی كه‌سایه‌تی، بێ بنه‌ما له‌ جوگرافیایی ده‌قدا نایته‌ سه‌ر مێژووی ناساندنی كه‌سه‌كه‌وه‌، گه‌ر مانایه‌كی پێنه‌به‌خشێت، فیلیب هامۆن له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت ” له‌ میانه‌و ناكۆی ده‌قدا نه‌بێ كه‌سایه‌تی نه‌ ژێده‌ر و نه‌ مانای هه‌یه‌”4 گه‌ڕان به‌ دوای مانادا، له‌ دوای به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ كاریگه‌ری به‌شه‌ به‌ربڵاوه‌كانی چه‌مكی زانین ڕاسته‌وخۆ بلكێنین به‌ بارودۆخی ده‌ركه‌وتنی كه‌سه‌كان، ئه‌م كرده‌یه‌ش له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، ئاڵۆزییه‌ك به‌ خۆوه‌ ده‌بینێ، به‌ ستایلێكی بازنه‌یی هه‌وڵده‌ده‌ین، خوێندنه‌وه‌یه‌كی شاقوڵی بۆبكه‌ین، ته‌وه‌ری سێكسی وه‌ك لێكه‌وتێك بۆ بكه‌ینه‌ ده‌ستبژێرێكی گونجاو، بارودۆخی كه‌سایه‌تی حیكایتخوان و ئاسته‌كانی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان، له‌ ڕیچكه‌ی به‌ركه‌وتنی له‌ته‌ك ده‌وروبه‌ردا بكه‌ینه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ئاشكراكردنی ڕایه‌ڵه‌كانی نهێنی و له‌زه‌تی دۆزینه‌وه‌ دژه‌وازه‌كانی، كه‌ له‌ نێوان پێوه‌رو جیابوونه‌وه‌دا، ده‌بنه‌ هانده‌رێك بۆ ڕامكردنی په‌یوه‌ندییه‌ك، به‌ حه‌سره‌ته‌كانی ئه‌وین و تێركردنی دواكانی جه‌سته‌وه‌ گه‌مارۆدراون، به‌ پێلێنانی كه‌سایه‌تی حیكایتخوان خۆی به‌ مۆنۆلۆگ، گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات، به‌وه‌ی زووگوورتیه‌، له‌ دنیای ژندا هیچ ئه‌زموونێكی نییه‌، ئه‌وانه‌ی به‌زای ئه‌ون خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ باپیره‌، كه‌چی ئه‌میش هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌، خالییه‌ له‌ تام و كامی مێینه‌، بێ مێنه‌ ئاوێنه‌ی یاده‌ورییه‌كانی ته‌ڵخ و ناته‌واوه‌، له‌زه‌ته‌ ناكات گه‌ر جوانییه‌كانی پیاوه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ مێنه‌دا نه‌بینێ، ده‌ترسێ نه‌گات به‌ له‌زه‌تی ئه‌و نه‌هێنییه‌ی كه‌ توانه‌وه‌ی ڕه‌نگی جه‌سته‌ی خۆی له‌ ڕه‌نگی جه‌سته‌ی مێینه‌دا به‌دی نه‌كات، ئای له‌ سیحری تێكه‌ڵبوونی ڕه‌نگه‌كان، ئای له‌ مێینه‌و جوانییه‌كانی، به‌ تایبه‌ت مه‌ریه‌م، كه‌ به‌ گوێره‌ی حیكایتخوان، گشت جوانی كیژانی دنیا له‌ودا ده‌بینێ، مه‌ریه‌م و شۆخییه‌كه‌ی بوونێكی هایدگه‌رییه‌، ئاوێنه‌یه‌كه‌ خۆی تێدا ده‌بینێ، ماڵێكه‌ چۆن ئه‌و تێدا نیشته‌جێبووه‌، ده‌یه‌وێت ئه‌میش تێدا نیشته‌جێبێت، باشله‌ر ده‌ڵێت”ده‌بینین وێنه‌كانی ماڵ، به‌ دوو ئاراسته‌دا ده‌جوڵێته‌وه‌، به‌ دیوێكدا ئه‌وان له‌ناو ئێمه‌دان، به‌ دیوێكی تریشدا ئێمه‌ له‌ناو ئه‌وانداین”5 به‌ڵام ئایا مه‌زنده‌و ویستی حیكایتخوان، به‌ شێوازێكی ئه‌رێنی به‌ پێی نه‌خشه‌ی ئه‌و ماڵه‌ی ئه‌م له‌ چینه‌ قووڵه‌كانی خه‌ون و بێئاگاییدا دایڕشتووه‌، ده‌جوڵێته‌وه‌، یان به‌ردی گوناهێك، ده‌بێته‌ له‌مپه‌ڕێك تراژیدیایی شكاندنی ئاوێنه‌یه‌ك له‌خۆده‌گری، ئه‌می حیكایتخوان مه‌ریه‌می تێدا ده‌بینێ، چ كاره‌ساتێكه‌ خۆی به‌ قوربانیه‌ك ده‌بینێت، تاوانبار ئاسا سروشتی بوونایه‌تی خۆی، له‌ لێكچواندنی سروشتی هاوێندا به‌دی ده‌كات، و ده‌ڵێت من پیاوێكی هاوینه‌م، وشك و برینگ، بێ هه‌وری مێینه‌و بارانی به‌ یه‌كگه‌یشتن، گله‌یی و گازنده‌ له‌ مه‌ریه‌م ناكات، به‌ڵكو سه‌رجه‌م ژنی دنیا غه‌دریان لێكردوه‌، هه‌ستكردن به‌م غه‌دره‌ له‌ ئێستاوه‌ نییه‌، ڕابردوویه‌كی له‌ مێژینه‌ی هه‌یه‌، گرێیه‌كه‌ به‌ نه‌مری ماوه‌ته‌وه‌، كاتی خۆی له‌ پۆلی سێی ناوه‌ندی، مامۆستایه‌كی ژن وانه‌ی بیركاری پێ گووتووه‌، ڕێك سه‌یری ناوچه‌وانی كردوه‌ پێی وتووه‌ “هه‌ندێك سه‌روسیما هه‌یه‌ هیچ ژنێ حه‌زی پێ ناكات” رۆمان ل 135،حیكایتخوان ده‌ڵێت كه‌س وه‌ك ئه‌و مامۆستایه‌ منی نه‌ناسیه‌وه‌، واژووكردنی ئه‌م پێلێنانه‌، ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی ڕاده‌ستبوونه‌ به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی به‌هاری گه‌نجێنی، قۆناغی هه‌رزه‌كاری، پووكانه‌وه‌ی هه‌ستی خۆشه‌ویستیی به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی مێینه‌، ڕۆچوونه‌ بۆ نێو وه‌رزی هاوینه‌، به‌ نێو تین و گه‌رمای نامۆبوونی سێكسی، بازدانه‌ له‌ به‌هاری په‌یوه‌ندی دڵداری بۆ هاوینێ كه‌ ناتوانێ، تیونییه‌تی ئاه‌ وحه‌سره‌ته‌كانی به‌هاری دڵ بشكێنێ، هاوینێكی ته‌نیا، بێئومێد، بێبه‌شه‌ له‌ پاشخانی به‌هاری، وه‌رزیكی ناته‌واوه‌، بێ قۆناغ و دۆگمایه‌، هه‌ست به‌كه‌می ده‌كات، تا بڵێیت شه‌رمنه‌، ناتوانێ گوزارشت له‌ دڵداری بكات، پشتڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌ی مامۆستاكه‌ی كردووه‌ته‌ ڤیزای مینبه‌رێك، به‌رده‌وام چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌ملێكردنی خۆی تێدا نوێده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌سێكی ئیسك قورسه‌، دڵگیر نییه‌، ئه‌م هه‌ستكردنه‌ گیانێكی شه‌ڕانگێزو دڵره‌ق و خه‌سڵه‌تێكی هاوینه‌ی پێده‌به‌خشێت، پاڵنه‌رێكه‌ په‌ی به‌ ڕیگای سروشتی نابات، بیگه‌یه‌نێته‌ مه‌به‌ست، ڕاسته‌وخۆ قه‌دبڕێكی میكانیكی ده‌گرێته‌به‌ر، له‌ ڕقدا، زیاتر بیر له‌ ده‌سكه‌وت و له‌زه‌تی جه‌سته‌یی ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك له‌وه‌ی بیر له‌ په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری بكاته‌وه‌، درككردنی به‌ دڵه‌ڕاوكی و نه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری ڕاسته‌قینه‌، ده‌یخاته‌ ژێر فشاری پرسیاره‌ تێكشكێنه‌كانی خود، چ گوناهێكی كردووه‌، ڕه‌زای قورسه‌، له‌ سێی ناوه‌ندییه‌وه‌، قوربانی ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌، وه‌ك تاوانبارێك خۆی ده‌بینێت، ناچێته‌ دڵی ژنه‌وه‌، ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دنیایی سۆزو جوانی ژن، به‌ لێبوردن، چاوپۆشین له‌ ئێسك قورسی بكرێت، پیرۆزی به‌ ده‌ستبهێنێ، بێ ترس، به‌ ئومێده‌وه‌ خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌، بێته‌وه‌ نێو ئامێزی كه‌سكی به‌هارانه‌، بێته‌ لای مه‌ریه‌م، مه‌ریه‌م گوزارشت له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ هاوینه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پێشتر باوشێكه‌ له‌ سۆز، ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ به‌هاری چاوه‌ سه‌وزه‌كانی، بۆ سروشتی په‌یوه‌ندیی دڵداری، كه‌ له‌ هه‌ر سێ ڕێسای ئایدلۆژیاو سایكۆلۆژیاو له‌ دوا جاردا له‌ته‌ك سێكس دا كۆكن، به‌ڵام تێزی ئه‌م ڕێسا سروشتیه‌ له‌ته‌ك په‌یوه‌ندی دڵداری عوزری دا یه‌كنایه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش نه‌كرانه‌وه‌ی به‌هاره‌، نه‌بوونی سێكسه‌، داخران و قه‌تیس بوونی ده‌روونه‌، له‌نێو وه‌رزی نه‌بوونی و وشكه‌ ساڵی هاوینه‌یه‌، هه‌ست و لاقه‌نه‌كردنی پیرۆزییه‌، مانه‌وه‌یه‌ له‌نێو بێگه‌ردیدا، سه‌رسامبوونی به‌ جوانی، ته‌قینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی ئاوهانه‌، بچوككردنه‌وه‌ی خۆی وگه‌وره‌كردنی ئه‌وی دڵخواز، وای لێده‌كات ئه‌و به‌ پێمێردێ پیرۆز، بێ سێكس سه‌یركات، ئایا بیركردنه‌وه‌ له‌ چه‌مكی جوانی ڕه‌ها له‌ خود دا، مانای نه‌مرییه‌ك نابه‌خشێت كه‌ كرده‌ی سێكس تێدا به‌ تاوان هه‌ژماربكرێ، له‌ هه‌مان كاتدا درزێك فه‌راهه‌مناكات له‌ته‌ك مردنی حه‌زو خولیای گه‌یشتن به‌ كرده‌ی سێكسی، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، جوانی په‌یوه‌ست ناكات به‌ پاكدامێنی و بێگه‌ردی، گه‌ر له‌ ئاستی بینیندا دوالیزمه‌ی ڕووه‌ ئه‌رێنییه‌كی جوانی بێتاوانی بێت، ئه‌وا ڕووه‌ نه‌رێنییه‌كی جوانی ناشرینی و هه‌ست به‌خشینه‌ به‌ تاوان، به‌ گوناهبوون، ئافره‌ت په‌رستگایه‌كه‌ شوێنی گونهكارو تاوانباری تێدا نابێته‌وه‌، به‌هارێكه‌ شوێنی هاوینی تێدا نییه‌، پرسیارێكه‌ ته‌نیا وه‌ڵامێكی تێدا نییه‌، گه‌ر زۆری بۆ بێنی هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دنیایی ده‌ره‌وه‌، یان بۆ ڕابردوویه‌ك، له‌ ناسنامه‌ی وه‌رزێك دا، وه‌ك تاوانبارو گوناهبارێك ڕه‌نگ وبۆی داوه‌ته‌وه‌، خۆی به‌ پیاوێكی هاوینه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ش هاوشانه‌، یه‌كدێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به‌ دره‌ختی هاوینه‌، یان دره‌ختی ژنانه‌، ژنان له‌ گه‌رماوه‌كه‌ی مێرێ بۆی ڕووت ده‌بنه‌وه‌، مه‌راقی ئه‌میش بینینی جه‌سته‌ی مه‌ریه‌مه‌ به‌ ڕووت و قووتی، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی به‌هێزی مانه‌وه‌یه‌تی له‌ كه‌تناوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دان به‌خۆیدا ده‌گرێت، به‌ ناچاری به‌رگه‌ی چاوه‌ڕوانی سێ وه‌رز ده‌كات، هه‌ر له‌ پاییزی گه‌یشتنییه‌وه‌ بۆ زستان، به‌هاری درێژ و ئینجا هاوینی مه‌به‌ست، ئه‌م كه‌ ته‌مه‌نێكی به‌هاری له‌ده‌ستچووه‌، ڕقی له‌ به‌هاره‌، جوانی سروشت له‌ هاویندا ده‌بینێ، ئه‌م بینینه‌ به‌دیوێكدا یه‌كدێته‌وه‌ له‌ته‌ك پێكهاته‌ی وشك و برینگی بوونیدا، به‌دیوی سروشتیش دا، پارادۆكسێ له‌ته‌ك به‌هاری سه‌وزی دوورو درێژی كه‌تناوه‌ دا، فه‌راهه‌مده‌كات، كه‌ پره‌ له‌ گوڵ و گوڵزار، به‌ دیویكی دیكه‌شدا له‌ته‌ك چاوسه‌وزه‌كه‌ی هاورێی دا، ئه‌م پارادۆكسه‌ نوێ ده‌بێته‌وه‌، به‌ كردار له‌ته‌ك مه‌ریه‌می چاوكه‌سكدا یه‌كدێته‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌ردووكیان به‌ جووته‌ دوو بوونه‌وه‌ری به‌هارین “به‌ چاوی خۆم له‌ درزی به‌ردێكه‌وه‌ دیتم، وا له‌ ژێر براده‌ره‌ چاو كه‌سكه‌كه‌م ڕاكشاوه‌ ماچی ده‌كات، نازانم چیی دییكه‌یان ده‌كرد” ڕۆمان ل 76 ، ئه‌م بینینه‌، شاهیدی یه‌كه‌مه‌، له‌ ناوه‌خوندا، بڕیارده‌دات، چیتر بینه‌ر نه‌بێت، له‌ ساتی ڕوودانی گوناهه‌كه‌ كه‌ له‌وێبوو خۆی نه‌گرت، هه‌ڵهات، له‌ ئاستێكدا هه‌قیقه‌تی كه‌سێكی به‌ ده‌ستهێناوه‌، له‌ مه‌زنده‌یدا نه‌بوو ئاوهانه‌ بێت، له‌ ئاستێكی دیكه‌دا له‌ ڕاده‌ستبوون و په‌رتبوونی جه‌سته‌ی ئه‌و به‌هشته‌ پیرۆزه‌ هه‌ڵدێ كه‌ ڕۆحی خسته‌ نێو دۆزه‌خی دۆڕاندن، گه‌ڕاندییه‌وه‌ بۆ هاوینی قاتی، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا، داڕمانی زه‌مینه‌ی پۆلینكردنی ڕه‌هه‌نده‌كانی سیحری خۆشه‌ویستی عوزرییه‌، سه‌ره‌تای خاڵی وه‌رچرخانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داكه‌وته‌ سروشتیه‌كانی چه‌مكی سێكس، چاولێكردن و به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ی باڵاڕۆی خوده‌ له‌ بیرۆكه‌یه‌كی جێگر، مه‌ریه‌مه‌كه‌ی جارانی تێدا نابینێ، ده‌ركردنه‌ له‌ به‌هشتی پاكدامێنی بۆ دۆزه‌خی سێكس، شۆكه‌، ڕاساندن و باوه‌ڕهێنان به‌و گرته‌یه‌، تێزی گووشارێكی چه‌واشه‌كاری هه‌ڵده‌گرێت، ته‌شه‌ره‌یه‌كه‌ گیانی نه‌رسیسی زامارده‌كات، وه‌ك به‌رگری و په‌رچدانه‌وه‌یه‌ك، شێمانه‌ی په‌ڕگرتن له‌ هه‌ردوو كاره‌كته‌ری ئه‌و گرته‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ نه‌یتوانی تا دوا ساته‌كان، منه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری ئه‌و له‌زه‌ته‌ بكات، دوو بوونه‌وه‌ری به‌هاری نه‌یان توانی له‌ نێوان ئه‌رێنی و نه‌رێنی دا جیاكاری بكه‌ن، له‌ نێوان بێگه‌ردی و باجی ناپاكی دا، چاوكه‌سكی هاوڕێم و مه‌ریه‌م، به‌ خودوخه‌دوه‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو جه‌سته‌دا، حه‌زێك ده‌كوژن، ئه‌می بگێڕێره‌وه‌ به‌ ته‌ماشاكردنێكی پێدزییه‌وه‌ حه‌زێك ده‌یكوژێت، تۆڵه‌یه‌ك ده‌یگرێته‌وه‌، ئه‌م وه‌ك پیاوێكی هاوینه‌، ناتوانێ بگه‌ڕێته‌ دواوه‌، به‌ر له‌ دوو كه‌سی به‌هاریی بگرێت، به‌ر له‌ مه‌ریه‌م و چاوكه‌سك بگرێت، به‌هار وه‌رزی دڵداری و جوان په‌رستییه‌، ئه‌م له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی په‌ككه‌وته‌یه‌، ساچمه‌ له‌ پێیه‌كانیدایه‌، له‌ هاوینی ته‌نیایی بۆ به‌هاری ته‌بایی و جووتبوون، نه‌ پێی په‌ڕینه‌وه‌، نه‌ پێی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌، ناتوانێ په‌یوه‌ندی دروستبكات، له‌ كوێ جوانترین كچی دنیا به‌ پیاوێك ڕازی ده‌بێت، كه‌ خۆی دڵنیایه‌، هیچ كچێ حه‌ز له‌ چروچاوی ناكات، ئای مه‌ریه‌م چۆن له‌ دۆندی پاڕانه‌وه‌، له‌ پیرۆزیییه‌و منت په‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوزه‌خی تۆڵه‌كردنه‌وه‌، ئه‌ی چ جێگۆڕكه‌یه‌كی كرد، ڕێڕه‌وه‌كانی سروشتی گه‌یشتنی له‌ مێنه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ چاوكه‌سك، نازانێ چۆن بنه‌ماكانی په‌ڕگرتنی سێكسی، قه‌ربووی ڕایه‌ڵه‌كانی پیرۆزی ده‌كات، چ كه‌تنێكت به‌رپاكرد، ئه‌دی نازانی پیرۆزی، توندوتیژی و په‌ڕگرتنی به‌ دواوه‌ دێت، پیرۆزی تۆ نه‌بوایه‌، كه‌ به‌ ئاسانی ڕاده‌ستی چاوكه‌سكت كرد، من چیم دابوو له‌ چاوكه‌سك، بۆ ئاشقی ده‌بووم، كه‌ من نه‌گه‌م به‌ تۆی مێینه‌، خۆ وه‌ك پیاوێك بۆ سه‌لماندنی بوونایه‌تی خۆم، ڕازیكردنی نه‌رسیسی بریندارم، ناچارم سیمای تۆ له‌ودا ببینم، ده‌توانم تۆڵه‌ له‌و بكه‌مه‌وه‌، پیرۆزی تۆ بگێڕمه‌وه‌، چاوی بشكێنم، چاوشكاندنی ئه‌و، گێڕانه‌وه‌ی تۆیه‌ بۆ من، ئاوڕدانه‌وه‌ی به‌هاره‌ بۆ سه‌وزكردنی هاوین، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تێزه‌یه‌ كه‌ هیچ كچێ حه‌ز له‌م جۆره‌ پیاوه‌ ناكات، به‌ڵام له‌م كه‌ینه‌و به‌ینه‌، ئه‌وی مه‌ریه‌م دای به‌ چاو كه‌سك نه‌یدا به‌ حیكایتخوان، كاتێ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ڕێگا به‌ مه‌ریه‌م ده‌گرێت، پێی ده‌ڵێت “یه‌ك جار ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ من بكه‌، له‌ ته‌منم بیر له‌ دره‌ختی هاوینه‌ ناكه‌مه‌وه‌” ڕۆمان ل 75، له‌ ڕه‌شبردنه‌وه‌ی پاكدامێنی مه‌ریه‌م هۆیه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی خۆی نادۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات خۆی له‌نێو ببات، پیری به‌فر به‌ هاتنی وه‌رزی هاوین، به‌ سه‌یركردنی ژنی ڕووت و قووتی دره‌ختی هاوینه‌، ساردی ده‌كاته‌وه‌، چاو كه‌سكه‌ پێویستی به‌ هاتنی هاوین و دره‌ختی هاوینه‌ نییه‌، هه‌ردووكیان دوو كاره‌كته‌ری به‌هارین، به‌ كردار كاری خۆی له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌مدا كردووه‌، پیرۆزی لێ وه‌رگرتووه‌، ڕه‌نگی یه‌كیان گرتووه‌، هاوشێوه‌ بوونێك له‌چاو و لێوی مه‌ریه‌م و چاوكه‌سكدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌، چاوكه‌سك ده‌كاته‌جێگره‌وه‌ی مه‌ریه‌م، چۆن له‌په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری دا، تاوان ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌شقی تاك لایه‌نی، لاسه‌نگی، شه‌رم و ڕه‌نگ په‌ڕینی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌و شه‌رمه‌ی له‌ به‌رابه‌ر مه‌ریه‌م دا، له‌ ڕووخساری حیكایتخوان دا یه‌قی ده‌دایه‌وه‌، ئێستا له‌ به‌رده‌م چاو كه‌سكدا، به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌ق ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ویستی له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌م دا بیكات بۆی نه‌كرا، ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ته‌ك چاو كه‌سكدا بیكات، هه‌تا ده‌هات شوێنی مه‌ریه‌م له‌ق ده‌بوو، جێی چاوكه‌سك جێگیرده‌بوو، له‌ شوێنێكدا به‌ مۆنۆلۆگ ده‌ڵێت “من براده‌ره‌ چاو كه‌سكه‌كه‌م به‌ هی خۆم ده‌زانم حه‌زم نه‌ده‌كرد كه‌س لێی نزیك بێته‌وه‌”رۆمان ل 78، چاوكه‌سك هه‌ستی پێ كردبوو، تووخنی نه‌ده‌كه‌وت، ده‌ترسا ئه‌وی له‌ ته‌ك مه‌ریه‌م كردی، هه‌مان شتی له‌گه‌ڵ بكرێ، گه‌ر مه‌ریه‌م له‌ دنیایی مندا هێمایه‌ك بێ بۆ پاكدامێنی، ئیتر چۆن له‌ پێناو هه‌ڵگرتنی گوناهه‌كانی، شكاندنی تابۆكانی خۆشنوودی، نه‌بم به‌ عیسایه‌ك، له‌ خاچ نه‌درێم، پیرۆزی و نه‌مری نه‌گێڕمه‌وه‌، دوانه‌ی پیرۆزی وگوناه‌ له‌ دژوابووندا، چ له‌مپه‌ڕێك له‌ جیاوازی دووركه‌وتنه‌وه‌دا، به‌ده‌ستدێنێ، ئیترچۆن ته‌بایی و سڵاو و نزیكی له‌ نێوانیاندا ده‌مێنێ، به‌ چ ڕێساو پێوه‌رێك، سڵاو له‌ نێوان حیكایتخوان و چاو كه‌سكدا ده‌مێنی، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا لاقه‌ی بكرێ، لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌، شكستییه‌كی دیكه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌مه‌كانی حیكایتخوان، ئه‌گه‌ركانی پاكبوونه‌وه‌، له‌ گوناه‌ به‌ر ته‌سكتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ ڕێره‌وی ڕووباره‌وه‌، چه‌ندین نامه‌ بۆ مه‌ریه‌م ده‌نێڕێت، بێده‌نگی مه‌ریه‌م، وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی وای لێده‌كات، په‌نا به‌رێ بۆ په‌لاندانان و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ مه‌ریه‌م، كه‌شفكردنی ڕێگا و شوێنی دره‌ختی هاوینه‌، كاتێ ده‌مه‌و به‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، حه‌ره‌سه‌كه‌ی هاوڕێی په‌نجه‌خوار گومانی لێده‌كات، وا ده‌زانێ شه‌وخۆی به‌ مه‌ریه‌م گه‌یاندووه‌، سه‌رسام ده‌بێت، باوه‌ڕ ناكات ” به‌ڕاست مه‌ریه‌م ئه‌وهایه‌ ماچ ده‌داته‌ هه‌موو كه‌سان بۆ هه‌موو كه‌سێ ڕاده‌كشێ به‌س له‌گه‌ڵ من و ئه‌و كوره‌ له‌ من به‌دبه‌ختتر ئه‌وهایه‌” ڕۆمان ل 120، ده‌رخه‌ی ناجێگیرییه‌ك، نه‌ بوونی متمانه‌ و گومانێك له‌ تێڕوانینی حیكایتخوان دا به‌دی ده‌كرێت، یه‌كه‌مجار گومان له‌ تواناكانی خوی ده‌كات، نه‌گات به‌ مه‌رامی خۆی، هه‌ر له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌ به‌ مۆنۆلۆج چه‌نده‌ها ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌ریم دا ده‌كات، ناگات به‌ ویسته‌كانی دڵی، دووه‌مجار گومان له‌ پیری به‌فر ده‌كات، كاتێ باسی دره‌ختی هاوینه‌، یان دره‌ختی ژن و دۆندی پاڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات، سێه‌مجار گومان له‌ مه‌ریه‌مێك ده‌كات، كه‌ به‌ سێ مه‌ریه‌م ده‌یبینێ، مه‌ریه‌مێكی پاڵ به‌رده‌كه‌، له‌گه‌ڵ چاو كه‌سك دا بوو، شایه‌دی یه‌كه‌م بوو، به‌ چاوی خۆی بینی، بوێری نه‌كرد تا كۆتای ته‌ماشای بكات، دووه‌م مه‌ریه‌می گریمانكراو بوو، په‌نجه‌خواری هاورێی ناساندی به‌ خراپه‌ باسی لێوه‌ده‌كات، سێیه‌م مه‌ریه‌مه‌كی به‌ر دڵی خۆی بوو، ئێستا چیبكات، چۆن گومان له‌ ڕاستی جیاكاته‌وه‌، باوه‌ڕ ناكات، ئه‌مه‌ مه‌ریه‌م بێت، له‌ سه‌ره‌تادا، چاوكه‌سك له‌ دواجاردا په‌نجه‌خوار، توانی كۆتایی به‌ ڕۆڵی پاكدامێنی مه‌ریه‌م بێنێ، تێزی هاوكێشه‌یه‌كی دژوار بخوڵقێنێ، له‌ته‌ك تاواندا به‌ركه‌وتن بكات، پله‌و پایه‌ی پیرۆزی له‌ موقه‌ده‌س، وه‌رگرێته‌وه‌، بازنه‌ی موقه‌ده‌س بشكێنێ به‌وه‌ی “هیچ سه‌نته‌رێكی موقه‌ده‌س نییه‌، بازنه‌یه‌ك به‌ ده‌وری خۆیدا نه‌كێشێت” 6، له‌ وێنگه‌ی حیكایتخوانه‌وه‌، مه‌ریه‌م سه‌نته‌ری پیرۆزی له‌ موقه‌ده‌سه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، له‌ لێكه‌وته‌ی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌وه‌، درك به‌ ده‌رهاویشته‌ی چه‌ندین ململانی ده‌كات، به‌ دیوێ، به‌ چاره‌نووسه‌وه‌ گرێیده‌دات، به‌ دیوێكی تر، ئه‌م ململانییه‌ شاراوه‌ نییه‌، ململانی شوێنكات نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌و برده‌ی پێدراوه‌كانی داكه‌وت و هه‌قیقه‌ته‌، داكه‌وتی په‌یوه‌ندی حیكایتخوانه‌ به‌ مه‌ریه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌قیقه‌تێ له‌ نێوانیاندا ده‌وه‌ستێ، ئه‌ویش چاوكه‌سكی هاوڕیِیه‌تی، كه‌ دنیای بێگه‌ردی له‌كه‌دار كرد، په‌نجه‌خواریش وه‌ك لێكه‌وتێ ده‌ركی، زیاتر بازنه‌ی ئابرووی مه‌ریه‌می پیسكرد، له‌ دنیایی تۆله‌كردنه‌وه‌دا، هه‌وێنی كه‌تنیكی تری خۆشكرد، چاوكه‌سكی له‌ ده‌ستچوو، به‌ڵام مه‌ریه‌م و په‌نجه‌خوار، هێشتا له‌به‌ر ده‌ستن، ماوه‌نه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌م مه‌ریه‌م به‌ زۆر ئیشی خۆمی له‌گه‌ڵ دا ده‌كه‌م، گه‌ر له‌زه‌تی جه‌سته‌، پیرۆزی نه‌دا پێم ده‌یكوژم، به‌ڵام كه‌ پیرۆزی ده‌سنه‌كه‌وت، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك، په‌له‌ماری په‌نجه‌خواری دا، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ستوه‌شاندنیدا، په‌نجه‌ خوار لێیهاته‌ ده‌ست، تێرو پڕی لێدا، به‌زۆر له‌بن ده‌ستیان ده‌رهێنا، بۆ دووه‌مجار شكستی هێنا، جاری یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ چاوكه‌سكدا بوو، ویستی به‌ ڕێگای هاوڕه‌گه‌زخوازییه‌وه‌ چاوی بشكێنێ پیرۆزی مه‌ریه‌می لێ وه‌رگرێته‌وه‌، جاری دووه‌م ڕیچكه‌ی تووندوتیژی گرته‌به‌ر، ویستی ماف و پاكدامێنی مه‌ریه‌م بگێڕێته‌وه‌، لێره‌وه‌ ده‌كرێ، ڕه‌چاوی په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان سێكس و تووندوتیژی دا بكه‌ین، له‌ هه‌ر شوێنێ پێوه‌رێك نه‌بی بۆ سێكس، پێوه‌رێكیش نابێ بۆ توندوتیژی، گه‌ر سێكس له‌ چوارچێوه‌ی مرۆڤبووندا، به‌هاو حورمه‌تی ڕۆحی له‌ پشت نه‌بێ، بگۆردرێت بۆ ئامرازێكی بێ دڵ، بۆ كوشتن و دامركاندنه‌وه‌ی ئاره‌زووی ڕاگوزه‌ر، ئیتر چ جێگیرییه‌ك ده‌هێلێته‌وه‌ بۆ پته‌وكردنی به‌ هاكانی مرۆڤبوون و گیانی قوربانی و حیرس و خورپه‌كانی ئه‌وینداری، به‌ده‌ر له‌ كرده‌ی ئه‌وینداری، له‌ نێوان كورو كچدا چ هاوسه‌نگیه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌ی چۆن شانازی لایه‌كیان نابێته‌ هۆی سووككردنی لایه‌كه‌ی دیكه‌، پارادۆكس ئه‌نجام نادات، ئه‌م نادادوه‌رییه‌، جیاوازیه‌یی نێوان كورو كچ، ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌قی پرینسیپی له‌زه‌ته‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌هاو نرخ، ده‌سكه‌وت و بردنه‌وه‌ی لایه‌كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ دۆراندنی ئه‌ویتره‌ كه‌ له‌ كچدا خۆی نمایشده‌كات، بێ نرخكردنی سێكس، بێ نرخكردنی مرۆڤه‌، شكاندنی حه‌ز و له‌قكردنی پیرۆزی دیوه‌ جوانه‌كه‌ی سروشته‌ كه‌ ئافره‌ته‌، ئایا مه‌ریه‌م وه‌ك ئافره‌تێك له‌ كوێی سروشتی ناپاكیدایه‌، یاخود له‌ كوێی پاكدامێنی و بێ تاوانیدایه‌، كاتێ حیكایتخوان وه‌ك بكه‌رێك چه‌مكی تێگه‌یشتن به‌ ڕاستینه‌وه‌ گرێده‌دات، به‌ ڕێساكانی چۆنایه‌تی گه‌یشتن به‌ یه‌قین، هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی خۆی له‌ته‌ك كه‌سایه‌تی مه‌ریه‌مدا هه‌ڵسه‌نگێنێ، له‌ سایه‌ی سیمۆلۆژیای سۆزو چڕكردنه‌وه‌ دا، ده‌یه‌وێت تواناكانی كار له‌ بكه‌ره‌وه‌ بگۆڕێت بۆ كردار، له‌ ژێر جومگه‌كانی ئه‌م جیاكارییه‌ی گریماسه‌وه‌، ئه‌بێ له‌ كوێدا، باوه‌ر به‌ پاكی و ناپاكی مه‌ریه‌م بكات، كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌كرێ پۆلینبكرێت ” یه‌كه‌م ڕاستینه‌ یكسانه‌ به‌ ئه‌بێ، پێده‌چێ، دووه‌م نهێنی یه‌كسانه‌ به‌ ده‌بێ، پێناچی، سێیه‌م درۆ پێده‌چێ نابێ، چواره‌م به‌لارێبردن و چاو هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن پێناچێ نابێ” 7 ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ ده‌بنه‌ هانده‌ری دزه‌كردن بۆ نێو ژیانی مه‌ریه‌م، له‌ له‌زه‌تی دۆزینه‌وه‌ی زیندگی دا، قه‌ره‌بووی شتێكی ونبووی پێبكات، كه‌ لای ڕه‌گه‌زی مێینه‌ دا چه‌سپیووه‌، لای مه‌ریه‌میش شقڵیگرتووه‌، ئێسك قورسییه‌تی كه‌ ناچێته‌ دڵه‌وه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی نهێنی ناخی مه‌ریه‌م بخوێنێته‌وه‌، ده‌بێ هێزی خۆی له‌ ببینی نهێنی جه‌سته‌ی مه‌ریه‌م دا ببینێ، خۆی ده‌رخات، ده‌بێ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بینینی جه‌سته‌ی مه‌ریه‌م به‌ ده‌ستبێنێ، وه‌ك دوا چه‌كی نه‌یارێك، یه‌كه‌م ده‌توانێ مه‌ریه‌می پێ بكوژێت، دووه‌م ده‌یه‌وێت به‌هاری په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری له‌ دۆزه‌خی هاوینی دا كورتبكاته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌ خۆشه‌ویستی یه‌كسه‌ر بێته‌ سه‌ر سێكس، مه‌ریه‌م كاری وای كرد وه‌رزه‌كانی به‌یكگه‌یشتنی تێكدا، په‌یوه‌ندی نێوان به‌هارو هاوینی پچڕاند، ئه‌وی ماوه‌ته‌وه‌ هاوینی چاوه‌ڕوانییه‌، دره‌ختی هاوینه‌و حه‌مامی ژنانه‌، له‌ دوای سێ وه‌رز له‌ چاوه‌ڕوانی، بۆ دواجار گه‌یشته‌ دوا خه‌ون، وه‌رزی چواره‌م، ئێستا له‌ په‌نایه‌كه‌وه‌ سه‌یری نێو حه‌مامی ژنان ده‌كات، له‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌دایه‌، وا مه‌ریه‌م به‌ ڕووتی ده‌بینێ، به‌رگه‌ ناگرێت ته‌ماشای كامیان بكات، هه‌موو جوانن، مه‌مك، ڕان، سمت، یه‌ك موویان پێوه‌ نییه‌، ته‌نیا یه‌ك دوانیان نه‌بێ، یه‌ك له‌وان مه‌ریه‌م بوو، ناوگه‌ڵی پربوو له‌ موو، سه‌یری ئه‌و مه‌مكه‌ توندو تۆڵه‌ بكه‌، بڕواناكه‌م ده‌ستی كه‌سی به‌ركه‌وتبێ، براده‌ره‌ په‌نجه‌ خواره‌كه‌م درۆیكرد، چاوی منیش به‌ هه‌مان شێوه‌ درۆیكرد، ئه‌و ژنه‌ی بن براده‌ره‌ چاو كه‌سكه‌كه‌م مه‌ریه‌م نه‌بوو، له‌ش و لاری مه‌ریه‌م، به‌ هی كه‌س ناچێت، جوان دیقه‌تم داوه‌، هه‌تا ماوم چاكه‌ی پیری به‌فرم بیرناچێت، به‌هشتی پێ نیشاندام، پیری به‌فر با تامی بكه‌م، خۆم ناگرم، با بگه‌مه‌ نێو سێ گۆشه‌كه‌ی به‌ین ڕانی، له‌ دوای ئه‌م دیمه‌نه‌ خۆشه‌وه‌، حیكایتخوان هه‌ست به‌ سه‌ركه‌وتنێ ده‌كات، ڕاچیته‌ی نهێنی جه‌سته‌ی مه‌ریه‌می پێیه‌، فشارێكه‌ بۆ ده‌سكه‌وتنی له‌زتی جه‌سته‌یی، ڕه‌ش له‌ سپی، پاك له‌ پیس، به‌هار له‌ هاوین، گومان له‌ ڕاستی دا ده‌دۆزێته‌وه‌،”ئافره‌ت ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌ داخراوه‌ كه‌ كلیله‌كه‌یان بزركردووه‌”8 ڕێگای پێده‌گرێت، له‌ دیالۆگێكدا، له‌ پاش هه‌وڵدانێك، خۆشه‌ویستی به‌ری تێدا ناگرێت، دێته‌ سه‌ر باسكردنی نهێنییه‌كانی جه‌سته‌، دواجار تۆخی ده‌كاته‌وه‌ پێیده‌ڵێت” باشه‌ بۆچی مووی بن هه‌نگڵت كردووه‌، كه‌چی هی ناو ڕانت نه‌كردووه‌” رۆمان ل 204، كه‌ ده‌ڵێت به‌ چاوی خۆم دیومه‌، مه‌ریه‌م ملنادات ره‌تیده‌كاته‌وه‌، ئه‌وجا پێده‌ڵێت، ئه‌وه‌ من بووم تۆم بینی له‌ بن كوره‌ چاو كه‌سكه‌كه‌ پاڵكه‌وتبووی، ئه‌مجاره‌ش مه‌ریه‌م له‌ ده‌ستی هه‌ڵدی و شكستییه‌كی تر ده‌خاته‌ سه‌ر شكستییه‌كانی، شكستی له‌ دوای شكستی ئاوێزانی پێدراوه‌كانی واقیع ده‌بن، له‌ خه‌ونی ناخۆش زیاتر هیچی بۆ نامێنێته‌وه‌، ئایا خه‌ون ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و داكشانی بێئاگایی نییه‌، په‌ڕینه‌وه‌ نییه‌ بۆ دنیایی ئاگایی، له‌سه‌ر تڕۆپكی ڕه‌شبینیه‌دا یه‌كناگرن، حه‌وت شه‌وه‌ مه‌ریه‌م شووی كردووه‌، كه‌ بردیان له‌بن تاراوه‌ بزه‌ی ماڵئاوایی لێكرد، له‌ دوای ئه‌و حه‌وت شه‌وه‌، حیكایتخوان خه‌ون به‌ دۆندی پارانه‌وه‌ ده‌بینێ، پیری به‌فر له‌به‌ر خاتری مێرێ ئه‌م گوریسه‌ی شۆركردووه‌ته‌وه‌، ده‌بینێ ژنه‌كان ده‌ستی بۆ درێژده‌كه‌ن تا هه‌ڵیكێشن، ئه‌وه‌ مه‌ریه‌مه‌ ده‌ستی داوه‌ تا بمكاته‌ ئامێزی، له‌پڕ گوریس ده‌پچڕێت، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی، له‌ ئێواره‌ی ئه‌و خه‌ونه‌دا بوو، پیری به‌فریش كۆچی دوایكرد، ته‌نیا مه‌ریه‌م و په‌نجه‌ خوار، ئاماده‌ی پرسه‌كه‌ی نه‌بوون، ئه‌و هه‌فته‌یه‌ سێ شتی گه‌وره‌ له‌ ژیانی حیكایتخوان دا ڕوویدا یه‌كه‌م مردنی پیری به‌فر بوو، شووكردنی مه‌ریه‌م، سێیه‌م خه‌ونه‌كه‌ی بوو، به‌ر له‌ مردنی پیری به‌فر به‌ ڕۆژێك هه‌واڵی ڕه‌دووكه‌وتنی مه‌ریه‌م هات، شه‌وێك لای زاوا بوو، بۆ شه‌وی دوایی له‌گه‌ڵ سیامه‌ند دا كه‌ جوانترین كوری دنیایه‌، چاوه‌بڕكێی كرد، هه‌ڵهات، له‌ شووكردنی دووه‌م دا كه‌س نازانێت بۆ كوێ چوون.

سێگۆشه‌ی ئۆدیبی و گه‌مه‌كانیی سێیانه‌یی
” چه‌ند سه‌یرن، سروشت و دایك! هه‌ردووكیان به‌ میهره‌بانی ناسراون كه‌چی سه‌رچاوه‌ی هه‌زاران كاره‌ساتی گه‌وره‌ن”9
جێناوی منی قسه‌كه‌ر جێناوی ڕاز و سه‌دای ده‌نگێكی گێڕانه‌وه‌یه‌، ده‌توانێ ڕۆبچێته‌ نێو ده‌روونه‌وه‌، مه‌به‌سته‌ شاراوه‌كانی بگێڕێره‌وه‌ ئاشكرابكات، منی قسه‌كه‌ر ئاوێته‌ی خوێندنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌قبكات، په‌رده‌ له‌سه‌ر ده‌رچه‌كانی خود هه‌لمَاڵێ، له‌ ناوه‌خنه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌، یان له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ زه‌مه‌نی خودیی یان ده‌روونییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، كه‌ ده‌توانێ بابه‌تێكی ئاسایی بكاته‌ نائاسایی، پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته‌، ڕه‌نگه‌ له‌نێو پێدراوه‌كانی ده‌قدا، هه‌ندێ ده‌سته‌واژه‌ ببێته‌ ڕاچیته‌یه‌ك بۆ چوونه‌ نێو دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی حیكایتخوان، كه‌ له‌ چه‌ند ویستگه‌یه‌ك دا خۆی ده‌نوێنێ، ویستگه‌ی یه‌كه‌م، كاتێ ڕاده‌ستی غایله‌یه‌ك بوو، مه‌ریه‌می گه‌یانده‌ هه‌لهه‌له‌ی ئاسمان، وه‌ك پێمێردێك سه‌یریكرد، له‌ حه‌زو ئاره‌زووی زه‌مینی دایبڕی، له‌ جوانی و پیرۆزی دا له‌ هه‌موو كچی دنیا جیایی كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌روونێكه‌، په‌روه‌رده‌ی سۆزێكی نادروسته‌، ناتوانێ هه‌وێنێك بۆ جه‌سته‌، مانایه‌ك بۆ له‌زه‌ت بدۆزێته‌وه‌، پێشتر گووتمان هێمایه‌ك بوو بۆ پاكدامێنی، مه‌زه‌ندی ئه‌وه‌ ناكات جوانێكی ئاوه‌ها ماچ بكرێ، یان كه‌سێ هه‌بێ بوێری ئه‌وه‌ بكات، ده‌ستیلێبدات، جوانی وا ته‌نیا هی سه‌یركردن و ستایشه‌، نه‌ك ده‌ستلێدان، له‌نێو جومگه‌كانی پیرۆزیدا، وروژاندن ناتوانێ وێنه‌ی خۆی بكێشێ، ئه‌وه‌ كاریگه‌ری وێنه‌ی دایكه‌ ده‌توانێ له‌ هزرو ده‌رووندا وێنه‌یه‌كی بێ له‌كه‌ بنه‌خشێنێ، سامپڵی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌وشتمه‌ندی هه‌ڵگرێ، هۆكاری شكستی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری حیكایتخوان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كرده‌ی خۆداخستن، ناتوانێ لێی قووتاربێ، ئاماده‌بوونی وێنه‌ی پیرۆزی دایكی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆشه‌ویستییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ده‌روونییدا به‌جێهێشتووه‌، له‌و ساته‌ی مامۆستاكه‌ی پێی ووت، ناچیته‌ دڵه‌وه‌، بۆشایی سۆزداری پووكانه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان دایكی و مه‌ریه‌م دا پرده‌كاته‌وه‌، به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن له‌ په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریی، دووچاری كێشه‌یه‌كی بووناگه‌ریی ده‌كات، چاره‌ی بۆ نادۆزێته‌وه‌، یان لووتكه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی ڕه‌ها تا ئاستی په‌رستن، دوور له‌ غایله‌ی سێكسی، یان ڕۆچوونی یه‌كسه‌ری بۆ نێو دونیایی سێكسی په‌تی بێ خۆشه‌ویستی، سۆزداری یان سۆزانی په‌تی، ڕۆحی بێ جه‌سته‌، یان جه‌سته‌ی بێ ڕۆح، مه‌ودایه‌ك له‌و نێوه‌نده‌ نییه‌ به‌ خۆشه‌ویستیی به‌ركه‌ماڵ بێ، بۆیه‌ له‌ مه‌ریه‌می بێ حه‌زو سێكس، دایكی ئاسا شایسته‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی ڕه‌ها و بێ كۆتاییه‌، خۆشه‌ویستی له‌و باره‌ ڕۆحییه‌ دا له‌ته‌ك پیرۆزی دا درز دروستناكات، به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێت گه‌ر بیر له‌ هه‌وه‌س و شه‌هوه‌ت بكاته‌وه‌، تا ئێره‌ مه‌ریه‌م فه‌رزه‌نده‌یه‌كی ئاسمانی ڕۆحیه‌، ڕوویه‌كی پاكی دایكانه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌و تاوانه‌ی چاوكه‌سكی هاوڕێی كه‌ له‌ته‌ك مه‌ریه‌م دا ئه‌نجامیدا، له‌ دۆخێكی شه‌رمنانه‌دا بینی، نه‌یتوانی سه‌یری شكاندنی وێنه‌ی دایك بكات، كه‌ له‌ مه‌ریه‌م دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌، هه‌ڵهات، له‌ به‌هشتی سۆزی دایكانه‌وه‌ فرێدرایه‌ دۆزه‌خی په‌شیمانی، به‌ تێپه‌ڕاندنی وێنه‌ی دایك له‌ پیرۆزییه‌وه‌، بۆ ناپاكی و داوین پیسی چووینه‌ ویستگه‌ی دووه‌م، چ كاره‌ساتێكه‌، ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ چۆن له‌ مه‌ریه‌م دا كۆبووه‌ته‌وه‌، چ دوو ڕووییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا ده‌قی گرتووه‌، ئه‌ی چۆن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌ پارادۆكسێ له‌گه‌ڵ دنیای ئه‌مدا ئه‌نجام نادات، ناتوانێ جێگای بكاته‌وه‌، پاراستنی وێنه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌، له‌ته‌ك چه‌مكی مانه‌وه‌ی هیچ و پووچی دا یه‌كنایه‌ته‌وه‌، به‌ڵگه‌ی ناپاكییه‌كه‌، ناكرێ له‌ ڕووخساری دایكێكی دووڕوودا بشاردرێته‌وه‌، ڕوویه‌كی له‌ وێنه‌ی دایكیكدا، حیكایتخوان ده‌یناسێ، ڕوویه‌كی تری چاو كه‌سك ئاشكرای كرد، هه‌ڵبه‌ت به‌ پێی ئه‌م بنه‌مانه‌ دژوار نییه‌، له‌ سێگۆشه‌ی ئۆدیبیه‌وه‌، ڕانانی بۆ بكه‌ین، لایه‌كی بنكه‌ی سێگۆشه‌كه‌، دایكێكی ناپاكه‌، له‌ مه‌ریه‌م دا خۆی نمایشده‌كات، لایه‌كه‌ی دیكه‌ی بنكه‌كه‌ چاو كه‌سكه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ردووكیان، به‌رانبه‌ر حیكایتخوانن، له‌ بنكه‌ی هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كدا، نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌ریه‌م و چاو كه‌سك، بۆشایی ڕق و كینیه‌كی هاملتانه‌، لای حیكایتخوان گومان به‌ تۆڵه‌ بارگاویده‌كات، نزیك بوونه‌وه‌ی مه‌ریه‌م له‌ هه‌ریه‌ك له‌و دوانه‌، به‌ ده‌ركردنی یه‌كێكیان كۆتایی دێ، په‌نجه‌ خوار، لێره‌ش حه‌ره‌سه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سێگۆشه‌كه‌ وه‌ستاوه‌، چاوه‌ڕیی هه‌ل ده‌كات، په‌لانی داده‌ڕێژێت نزیكبوونه‌وه‌ی حیكایتخوان له‌ چاو كه‌سك، ترسی ئه‌تككردنی به‌ دواوه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ هه‌م له‌ مه‌ریه‌م هه‌م له‌ حیكایتخوان دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، حه‌ره‌س به‌ ووته‌ووت، پێداگری له‌ سووككردنی مه‌ریه‌م دا ده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌یه‌وێت حیكایتخوان له‌ مه‌ریه‌م دوورخاته‌وه‌، به‌ ژێره‌وانكی ڕووماڵی خۆشه‌ویستیه‌كی نه‌هێنی به‌رانبه‌ر به‌ مه‌ریه‌م هه‌یه‌، ئیره‌یی ده‌كات، ده‌یه‌وێت مه‌ریه‌م له‌ پێشچاو حیكایه‌تخوان بخات، هه‌موو جوڵه‌ و قسه‌كردنێكی دیاربێ یان نا، شاراوه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ، چاوگه‌كه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌، تیژكردنی گیانی دوژمنایه‌تی و غه‌یورییه‌، به‌دپلانییه‌ تا ئاستێك دیارده‌كانی هاوڕێیه‌تی وه‌رده‌گه‌ڕێته‌ سه‌ر دژه‌كه‌ی، وه‌همی ئه‌وی ته‌نیا ئه‌م حیكایتخوان ماونه‌ته‌وه‌ بگه‌نه‌ مه‌ریه‌م، دووپاتكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ به‌و جۆره‌ مه‌دلوولی دوانه‌یه‌ك له‌خۆده‌گرێ، خۆشه‌ویستی حیكایتخوان ده‌گۆڕێ بۆ قین، وه‌لێ پیش ئه‌وه‌ی مه‌ریه‌م بگێڕێته‌وه‌ بۆ خۆی، حیكایتحوان به‌ شه‌ر كۆتایی پێهێنا، حه‌رس به‌ ڕاگواستن، خۆی له‌ كه‌تناوه‌ و مه‌ریه‌م دوورخسته‌وه‌، له‌ دوای ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ حیكایتخوان زۆر ڕقی له‌خۆی ده‌بێ، ئه‌م ڕقه‌ به‌ خۆله‌ناوبردن نه‌بێ كۆتایی نایه‌، چه‌ند جارێ هه‌وڵی بۆ داوه‌، چیدی ناتوانێ هه‌ستی گوناه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا بشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ خۆی ده‌نوێنێ، له‌ ئاستی ئۆدیبیدا هه‌ستكردن به‌ گوناه‌، هه‌وێنێكی له‌باره‌ بۆ له‌ ده‌ستدانی ئاوه‌ز یان خۆله‌ناوبردن، هه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای ئۆدیبیه‌وه‌، هه‌ستكردن به‌ گوناه‌ ده‌گۆردرێت بۆ تاوانباركردن له‌ ده‌ره‌وه‌دا، له‌ ڕوانگه‌ی ئۆدیبیه‌وه‌ به‌ دیاریكراوی دایك پابه‌نده‌ به‌ خۆشه‌ویستیه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ مه‌ریه‌می پێش ناپاكی، یه‌كسان نییه‌، به‌ مه‌ریه‌می دوای ناپاكی، مه‌ریه‌م تاقه‌ كه‌سێكه‌ ده‌توانێ پارچه‌ تێكشكاوه‌كانی، حیكایتخوان له‌یه‌ك نزیكبكاته‌وه‌، له‌ سێگۆشه‌ی كه‌تناوه‌ دابیهێڵێته‌وه‌، كه‌ سێ نهێنی له‌خۆگرتووه‌، یه‌كه‌م دۆندی پاڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خه‌و بینین به‌ سێكسه‌وه‌، دووه‌م دره‌ختی هاوینه‌یه‌ (حه‌مامی ژنانه‌)، بینینی جه‌سته‌ی ژنه‌ هی مه‌ریه‌مه‌ به‌ تایبه‌تی، حیكایتخوان له‌ دۆندی پاڕانه‌وه‌، به‌ پچڕانی گوریسكه‌، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌و شووكردنی مه‌ریه‌م به‌ كه‌سێكی بێگانه‌و نه‌ناسراو، نه‌یتوانی بگات، نه‌ به‌ مه‌ریه‌م، نه‌ به‌خه‌ونه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ حه‌مامی هاوینه‌ مه‌به‌ستی پێكا، به‌ جوانی به‌ دیقه‌ته‌وه‌، به‌ چاوی خۆی سێگۆشه‌كه‌ی به‌ینی ڕانی مه‌ریه‌می بینی، هه‌ر وه‌ك نه‌خشی سێگۆشه‌ی به‌هاری كه‌تناوه‌، هه‌ردوو بۆ ئه‌م هاوشێوه‌ن، ئه‌م وه‌ك هاوینێكی ته‌مه‌ن كورت و بێ مه‌ودایه‌ وه‌ك بن هه‌نگڵی مه‌ریه‌م سافكراوه‌، بێتووكه‌، شاراوه‌ نییه‌ پۆلینكردنی مامڵه‌ی مه‌ریه‌م له‌گه‌ڵ دوو هه‌ست وورژێنی جه‌سته‌ی دا، به‌ تاشینی بن هه‌نگڵی، نه‌تاشینی مووی سێگۆشه‌ی نێو ڕانی، جیكاری هاوین و به‌هاره‌، لێسه‌ندنه‌وه‌ی به‌هاره‌، له‌ هاوینی حیكایتخوان، هاوینێك وه‌ك بن هه‌نگڵی مه‌ریه‌م ساف و لووس كرابێ، گه‌ر پله‌ی مه‌ریه‌م له‌ دایكه‌وه‌ دانه‌گرێ بۆ سۆزانی، چۆن ڕێگا ده‌دات پیرۆزی سێگۆشه‌ی به‌هار بشكێنرێت، ئه‌دی چۆن له‌ دوو تێڕوانینی دژوازدا، هاوین و به‌هار، ساف و تووك یه‌كده‌گرن، دوو تێڕوانین له‌ یه‌ك كه‌سدا، به‌رانبه‌ر دووكه‌س له‌ یه‌ك تێڕوانیندا، چۆن یه‌كدێنه‌وه‌، كه‌ له‌ مه‌ریه‌مدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، سێگۆشه‌ی كه‌تناوه‌، سێ ڕێگای لێده‌بێته‌وه‌، سێگۆشه‌كه‌ی نێو گه‌ڵی مه‌ریه‌میش سێ ڕێگای لێده‌بێته‌وه‌، یه‌كه‌م ئه‌وی بینیویه‌تی و تامی نه‌كردووه‌، شه‌ڕ بۆ پیرۆزی ده‌كات، چاوی ئه‌وه‌ش ده‌شكێنێ كه‌ تووخنی ده‌كه‌وێت، دووه‌م ئه‌وی تامی كردووه‌، له‌ ترسانا ده‌ستبه‌رداری ده‌بێ، نه‌ بادا خۆی بدۆرێنێ هه‌ڵدێ، كه‌سی سێیه‌م په‌نجه‌خواره‌ حه‌رسه‌كه‌یه‌، خۆی ماتكردووه‌، له‌ هه‌ل ده‌گڕێت، له‌ پاش حه‌وت ساڵ، له‌ دوای دوو شوو مه‌ریه‌م دێته‌وه‌، بۆ سێیه‌م جار هاوسه‌رگیری له‌ته‌ك حه‌رس دا ده‌كات، سێیه‌م دره‌ختی وشه‌یه‌، به‌سه‌رهات و بۆشاییه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی حیكایتخوان بۆ مه‌ریه‌می جێهێشت، كه‌ تێدا ئاویزانی بوو، به‌ هه‌مان ڕاده‌ی ئه‌و بۆشاییه‌، مه‌ریه‌م سته‌می لێكرد، چه‌وساندییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پارادۆكسێ له‌ته‌ك وتاری فێمێنییزم دا ئه‌نجامده‌دات، پێچه‌وانه‌ ده‌سه‌لمێنێ، له‌بری كچ، كوڕ به‌ ده‌ستی كچ چه‌وساوه‌ته‌وه‌، مه‌ودای ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه‌، دێڕینه‌، ته‌نیا له‌ مه‌ریه‌مه‌وه‌ نییه‌، له‌و ساته‌وه‌یه‌ مامۆستا كچكه‌ پێی وت تۆ جۆرێكی ناچیته‌ دڵی هیچ كچێكه‌وه‌، ئه‌و مه‌وداییه‌ له‌نێوان حیكایتخوان و مه‌ریه‌مدایه‌، هه‌مان ئه‌و مه‌وداییه‌ی نێوان هه‌رزه‌كاری و كامڵبوونه‌، نێوان، خه‌یاڵ و هه‌قیقه‌ته‌، گه‌شبینی و بێ ئومێدییه‌، نێوان به‌هارو هاوینه‌، بن هه‌نگڵی مه‌ریه‌م و سێگۆشه‌ی نێوگه‌ڵییه‌تی، حیكایتخوان، سێ به‌ركه‌وتنی له‌ته‌ك مه‌ریه‌مدا هه‌بوو، یه‌كمجار وه‌ك خواوه‌ند ته‌ماشای ده‌كرد، ته‌نیا ڕۆح بوو، دووه‌مجار له‌ پاش چاو كه‌سكه‌وه‌ شه‌رمی لێده‌شكێ، دێته‌ ڕیزی مرۆڤ، ده‌بێته‌ ڕۆح و جه‌سته‌، سێیه‌مجار كه‌ له‌ حه‌مامی هاوینه‌ به‌ ڕووت و قووتی ده‌یبینێ، ڕۆحی لێ وه‌رده‌گرێت، ده‌بێ به‌ جه‌سته‌یه‌كی په‌تی، به‌ سۆزانی سه‌یریده‌كات، له‌ گرته‌یه‌ك دا پێیده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌یكه‌ی له‌گه‌ڵ منیش بێكه‌، پاره‌شت ده‌ده‌مێ، مه‌ریه‌م به‌جوانی ده‌یخوێنێته‌وه‌، كه‌ شووی یه‌كه‌م ده‌كات به‌ چاو، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌، ماڵئاوایی لێده‌كات، حیكایتخوان به‌ ڕه‌زامه‌ندی و ئاشتبوونه‌وه‌ تێیده‌گات، مه‌ریم به‌ به‌زیی وبه‌ هه‌ڵه‌ تێه‌گه‌یشتنی په‌یوه‌ندی كوڕ كچ سه‌یریده‌كات، مه‌ریه‌م له‌ پاش دوو ئه‌زموونی هاوسه‌رگیری، بۆ جاری سێیه‌م شوو به‌ په‌نجه‌ خوارده‌كات، حیكایتخوان، له‌ بن دره‌ختی وشه‌دا، به‌سه‌رهات و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، به‌ سیو سێ به‌ش، به‌ گوێره‌ی ته‌مه‌نی له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا كۆیانده‌كاته‌وه‌، له‌ دوای شووكردنی یه‌كه‌می مه‌ریه‌م، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێی دا، چۆن له‌ پێناو هه‌ڵگرتنی گوناهه‌كانی، شكاندنی تابۆكانی، نابێته‌ عیسایه‌ك، له‌ خاچ نادرێ و دیار نامێنێ، ڕۆمانه‌كه‌ له‌ ئاست ده‌ق و بنیادی گێڕانه‌وه‌ دا، له‌ سێ كه‌س پێكهاتووه‌، یه‌كه‌م پیری به‌فره‌، به‌ گفته‌لێو به‌سه‌رهاته‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، دووه‌م حیكایتخوانه‌ له‌ ده‌فته‌رێكدا، كاتێ ده‌ینووسێ، به‌ سێ شت ڕێكیده‌خات، كه‌ چای و قاوه‌ و جگه‌ره‌یه‌، له‌ دڵه‌ڕاوكێ نووسینیشدا، باس له‌ سێ ته‌كنیكی نووسین ده‌كات، كه‌ ڕه‌شكردنه‌وه‌ و بۆشایی و پڕكردنه‌وه‌یه‌، سێیه‌م په‌نجه‌خواره‌، پێیدا ده‌چێته‌وه‌، له‌ پاش حه‌وت ساڵ ده‌فته‌ره‌كه‌، ده‌دۆزێته‌وه‌، ده‌یگه‌یه‌نێت به‌ ئێمه‌ی وه‌رگر، ڕۆمانه‌كه‌، له‌ سی و سێ پاژ پێكهاتووه‌، پیری به‌فر له‌ دوای یانزه‌ پشته‌وه‌ هاتووه‌، هه‌رپشتێكیان مێژوویه‌كی نادیاره‌ له‌ مێژووی نه‌زانراوی كه‌تناوه‌، سی و سێ پاژ دابه‌ش یانزه‌ پشت بكه‌، ده‌كاته‌ سێ، ئه‌م سێیه‌، وه‌ك ناوێك له‌ مێژوودا، ماونه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌م گه‌نجۆیه‌ نه‌ هاته‌ سه‌ر ئاینی نوێ ته‌نیا ئاسه‌واری گۆره‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، دووه‌م چه‌تۆیه‌، هاته‌ سه‌ر ئاینی نوێ، سێیه‌م پیری به‌فره‌، كه‌سێكی ئه‌فسانه‌ییه‌، زاوای هه‌موو دنیایه‌، ڕه‌وشتی زۆربای هه‌یه‌، بزۆێنه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌، له‌ سێگۆشه‌ی كه‌تناوه‌، سێ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بوون، له‌ سێگۆشه‌یه‌كدا ڕۆلی سێ تێڕوانینی جیاواز ده‌بینن، یه‌كه‌م پیری به‌فر، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك كاره‌كته‌رێكی كلاسیكی بوو، هه‌ر له‌ ئازایه‌تی و مه‌ردایه‌تی و ڕه‌وشت به‌رزی و لێبورده‌یی، مامڵه‌ی جوانی له‌ته‌ك ئافره‌تاندا، دووه‌م حیكایتخوانه‌، كاره‌كته‌رێكی دۆنكیخۆتیه‌، ته‌ژییه‌ به‌ شكستی و تراژیدیای فره‌دنگی و نه‌هامه‌تی، به‌مه‌ش ده‌توانێ پایه‌كانی ڕۆمان له‌ كلاسیكه‌وه‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ ڕۆمانی مۆدرن، سێیه‌م مه‌ریه‌مه‌، ئافره‌تێكه‌ بزاڤی فێمێنییزمی هه‌یه‌، له‌ هه‌ستیدا پیرۆزی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌، له‌ بڕیارداندا دوو دڵ نییه‌ ئازاده‌، مه‌ریه‌م له‌ سێ بار، باز به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دات، ئه‌وجا له‌نگه‌ر ده‌گرێ و ده‌گیرسێته‌وه‌، مه‌ریه‌می سه‌ره‌تای پێش ناپاكی جیاوازی دروستده‌كات له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌می دوای پاكدامێنی، له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیری سێیه‌میشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ته‌ك شوێن دا یه‌كدێته‌وه‌، پێگه‌ی خۆی له‌ كه‌تناوه‌ دا ده‌دۆزێته‌وه‌، ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ دیاری پێشكه‌ش ده‌كرێ، حیكایتخوان له‌ یه‌ك كاتدا له‌ سێگۆشه‌یه‌كدا، به‌ سێ نه‌هامه‌تی ئابڵوقه‌ ده‌درێت، یه‌كه‌م مردنی پیری به‌فره‌، دووه‌م شووكردنی یه‌كه‌می مه‌ریه‌مه‌، سێیه‌م خه‌ونه‌ ناخۆشه‌كه‌یه‌تی، له‌ یه‌كمدا مردنی ڕووه‌ به‌هارییه‌كه‌ی بوو، له‌ دووه‌مدا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ هاوین، ڕاگواستنه‌ له‌ سێگۆشه‌ی ته‌ڕ و پڕه‌وه‌ بۆ بن هه‌نگڵی ڕووت و وشك، له‌ سێیه‌مدا ڕاده‌ستبوونه‌ به‌ سه‌رهه‌ڵگرتن، بێهووده‌ییه‌ له‌ ونبووندا.

پیری به‌فر
كاره‌كته‌رێكی ئه‌فسانه‌یی ئه‌رێنییه‌، ده‌توانێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ردا دروستبكات، به‌ زمان و ڕه‌گه‌زه‌كانی گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاته‌ی ده‌قه‌وه‌ ده‌كات، گوزارشت له‌ مه‌به‌ست و ئه‌زموون و دنیابینی خۆی ده‌كات، به‌ ڕاشكاوی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ژده‌ ژنی هێناوه‌ نه‌كه‌سیانی ته‌ڵاق داوه‌، نه‌ ئازاری داون، هه‌رگیز له‌ یه‌ك كاتدا دوو ژنی پێكه‌وه‌ نه‌بووه‌، مامڵه‌ی له‌گه‌ڵیاندا مه‌ردانه‌ بووه‌، سه‌ربازی نه‌كردووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ڕوس و عوسمانلی عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م شه‌ریكردووه‌، شه‌ری برا كوژی نه‌كردووه‌، بێ برینداری سێجار تا سه‌د بژمێره‌، تورك، عه‌رب، فارس و جاشی كوشتووه‌، په‌نجا ساڵه‌ جگه‌ره‌ی ته‌رك داوه‌، باس له‌ دوو شوێنی فانتازی ده‌كات، یه‌كه‌م باس له‌ دۆندی پاڕانه‌وه‌ ده‌كات، چۆن گڵۆپه‌كانی سه‌ر قه‌ڵای لێوه‌ دیاره‌، هاوینێك بۆ خاتری مێرێ حه‌وت گوریسی له‌گه‌ڵ خۆی دا بردبووه‌ دۆندی پاڕنه‌وه‌، مێرێ ئه‌و ناوه‌ی لێنا، ئه‌و شه‌وه‌ له‌ دوای سه‌رجێی و بیسمیلكردن، به‌ده‌م سه‌ماوه‌ بۆ منداڵ له‌ خودا پاڕانه‌وه‌، گه‌ر مێرێ نه‌بوایه‌ ئه‌و دۆنده‌ به‌ دۆندی شه‌یتان ناوده‌نرا، هه‌رچی ژنی دنیا هه‌یه‌ به‌ ڕووتی دێنه‌ وێزه‌ت، شه‌یتانی ده‌بیت، پیری به‌فر چه‌ندین جار له‌وێدا له‌گه‌ڵ ژنانی دنیا شه‌یتانی بووه‌، دووه‌م باسی دره‌ختی ژنان یان دره‌ختی هاوینه‌ ده‌كات، دۆندی پاڕانه‌وه‌ و دره‌ختی هاوینه‌ دوو ڕووی دراوێكن له‌ خه‌زێنه‌ی غه‌ریزه‌دا مامڵه‌ی سێكسیان پێوه‌ ده‌كرێ، له‌ یه‌كه‌مدا خه‌یاڵ به‌ركه‌ماڵه‌ ڕوویه‌كی هاوینییه‌یه‌ له‌ حیكایتخواندا ووردده‌كرێته‌وه‌، له‌ دووه‌مدا راستینه‌یه‌ ڕووه‌ به‌هارییه‌كه‌یه‌ كه‌ پیری به‌فر په‌نجا جار زیاتر چووه‌ته‌ خزمه‌ت ئه‌و دره‌خته‌، ژنانی به‌ ڕووتی بینیووه‌، له‌وێ گوڵنازی بینی، باوكی ناچار كرد گوڵنازی بۆ بهێنێ، گوڵناز ژنی یه‌كه‌می پیری به‌فربوو له‌ داخی بێ منداڵی كۆچی دواییكرد، پێش مردنی گوڵناز، پیری به‌فر له‌ گه‌شتێكیدا بۆ باكوور له‌ گوندێكدا به‌فر ڕێگایان پێده‌گرێت، بێری ناسی و حه‌زیلێكرد، له‌ شه‌وێكدا لاقه‌یده‌كات، گفتی پێده‌دا، كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا بكات، كه‌ له‌ ئه‌سته‌مبووڵ دێته‌وه‌ بووكێ توركی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ، نێوی سه‌حره‌، له‌گه‌ڵ سه‌حر كه‌ ده‌گه‌نه‌ هه‌مان گوند هه‌واڵی كوشتنی بێری ده‌بیستێ، كه‌ دووگیان بووه‌ براكانی كوشتوویانه‌ ئه‌و ساوایه‌ تاقه‌ وه‌چه‌ی پیری به‌فر بوو له‌ سكی بێری دا مرد، له‌و هه‌ژده‌ ژنه‌ی هه‌یبوو هیچیان منداڵیان نه‌بوو، هه‌موو به‌و داخه‌وه‌ سه‌رده‌نێنه‌وه‌، نۆ له‌و ژنانه‌ له‌ گۆرستانێكدا ، له‌ ژیر سێ دار مێو كه‌پرێكیان بۆ دروستكردووه‌، به‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ نێژراون، كێلی گۆڕه‌كان یه‌ك جۆرو یه‌ك ئه‌ندازه‌ن هه‌ر كه‌سێ به‌ ئاینی خۆی نێژراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ، پیری به‌فر به‌یه‌ك چاو سه‌یریانده‌كات، یه‌كیان نه‌بێ هه‌موو ژنه‌كانی به‌ گه‌نجی مردون، گۆڕی ژنه‌كانی دیكه‌ی هه‌ریه‌كیان له‌ مه‌مله‌كه‌تێكه‌، له‌ چه‌ند مانگێكدا سه‌ردانیان ده‌كات، پیری به‌فر كۆدێكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی كورد، حه‌زی له‌ خزمایه‌تیه‌، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م میلله‌تانی دنیادا كردووه‌، بێ ئه‌وه‌ی وه‌چه‌یه‌ك بخاته‌وه‌، ناو و ناسنامه‌ی هه‌ڵگرێ، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ دا كردووه‌، هه‌موو نه‌زۆك بوون نه‌ دۆندی پارانه‌وه‌، نه‌ نزاو پارانه‌وه‌ له‌ خودا، نه‌ دره‌ختی هاوینه‌، نه‌ خه‌یاڵ نه‌ واقیع، نه‌ هاوین نه‌ به‌هار، كه‌ڵكی نه‌بوو، ئه‌وه‌ ته‌نیا كورده‌ به‌ دیار مێژووی له‌ گۆڕنراوی خۆیدا به‌ ئه‌مه‌كه‌وه‌ له‌ پاییزدا بۆ ڕابردووی خۆی ده‌گه‌ڕێت، به‌ دیار نۆ گۆر، نۆ نه‌زۆكه‌وه‌، كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژووی پیری به‌فر دا كۆچی دواییانكردوه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ڕێك وه‌ك مێژووی گوندی كه‌تناوه‌، له‌ به‌غا، تاران و ئه‌سته‌مبووڵ كۆنتره‌، كه‌چی له‌ شوێنی خۆی ماوه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ نه‌بووه‌، نه‌بووه‌ته‌ پایته‌خت، هه‌ر له‌ هه‌ناوی جوگرافیدا به‌و مێژووه‌ نه‌زۆكه‌، به‌ گوند ماوه‌ته‌وه‌، پیری به‌فر باسی سێیه‌م ژنی ده‌كات، ژنێكی ئه‌رمه‌نی بوو، ناوی مێرێ بوو، حه‌وت ساڵ ژنی بوو، به‌ جوانی پیری به‌فری فێر سه‌ماكرد، له‌سه‌ر خواستی مێرێ بوو گه‌رماوێكی ژنانه‌ی دروستكرد، له‌كاتی مردنی مێرێ، پیری به‌فر بۆ یه‌كه‌مجار نه‌خۆشكه‌وت، له‌ تاران دختۆره‌ روسییه‌كه‌ پێی ووت ده‌رده‌كه‌ت چاری نییه‌، سێ هه‌فته‌ زیاتر ناژیت، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا، نزیك ورمێ، كاتێ له‌ ماڵی برازای سمكۆ شكاك لایدا، تورك هێرشی هێنا شه‌ری مردنی كرد، به‌ڵام نه‌مرد، هه‌ندێجار حه‌زی له‌ مه‌جلیسی ده‌روێشان ده‌كرد، له‌ نزیك مناره‌ چۆڵی، له‌ نێو ده‌روێشه‌كانی شیخی نه‌هری دڵی چووه‌ ده‌روێشێك و هێنای له‌ هه‌موو جوانتر حاڵی لێده‌هات، سه‌مای مه‌ستانه‌م بینی، ده‌فی ده‌ژه‌ن، بۆ زگ پڕبوون حاڵی لێده‌هات، زیكری ده‌كرد، ده‌نگیشی زۆر خۆشبوو، پیری به‌فر گوێی له‌ سێ سه‌دو سی وسێ گۆرانی حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه‌، به‌ڵام شه‌وێكیان، مه‌ستان ده‌نگی له‌و خۆشتربوو، مه‌ستان خه‌ڵكی زێی بادینان بوو، زیكری ئاگر ده‌كات، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و له‌ نێوان زه‌رده‌شتی و موحه‌مه‌دییه‌، دوای ئه‌م جوانترین كیژی كرمنشاهی هێنا، ناوی فه‌تانه‌ بوو له‌ پێشدا داوای كوڕی كرد، دوایی كردی به‌ كچ، ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ خه‌فه‌تی بێ منداڵی ڕووی له‌ كزی ده‌كرد، شێت بوو، بۆ چاره‌سه‌ر بردی بۆ تاران، به‌شێتی كۆچی دواییكرد، له‌ دواجاردا باس له‌ غه‌زال ده‌كات، بۆ سك وزا به‌ هه‌موو زمانێك دوعای كرد، ناوی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانی هێنا، ئه‌ویش به‌و داخه‌وه‌ مرد، پیری به‌فر زمانی توركی، عاره‌بی، فارسی و تۆزی ڕووسی زانییوه‌، سووره‌ته‌كانی قورئانیشی له‌به‌ربووه‌، خوێنده‌وار بوو هه‌موو شیعره‌كانی حافز سه‌عدی، مه‌لا جه‌زیری و نالی ئه‌زبربوو، جارێ لای شێخ نه‌هری وه‌فایی بینیووه‌، شیعری شیرین ته‌شی ده‌ڕێسی نووسیووه‌، پیری به‌فر دیوه‌ بزربووه‌كه‌ی حیكایتخوانه‌، ئه‌و دیوه‌ خه‌یاڵئامێزه‌ی دۆنكیخۆته‌ كه‌ خه‌ون به‌ ژیانی زۆرباوه‌ ده‌بینێ، له‌ شكستی و گریاندا، له‌ ڕه‌شكردنه‌وه‌ و چڕكردنه‌وه‌ی كرده‌ی نووسیندا، له‌ سێبه‌ری دره‌ختی وشه‌دا هه‌وێنی تیامانێك ده‌گرێته‌وه‌، له‌ ئاسۆی ده‌قدا به‌ خۆرێكی زۆرباویانه‌ سه‌مای وشه‌كان، هه‌ڵچوون و داچوونی هه‌ستی ڕاده‌گرێت، بۆ وه‌ك پیری به‌فر زۆرباویانه‌ ڕه‌فتار ناكه‌م، هه‌موو كچێ حه‌زی لێده‌كات، كه‌سێكی پراكسیسی (كرده‌ی)ه‌، جگه‌ له‌ نه‌بوونی وه‌چه‌، هیچ ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی سۆزداری نییه‌، متمانه‌ی زیاتر به‌ جووڵه‌و كرداره‌، نه‌ك به‌ تیۆرو نووسین، گه‌ر بیه‌وێت گوزاریشت له‌ هه‌ستێك بكات زۆربا ئاسا، به‌ سه‌ما ده‌ریده‌بڕێت، به‌ سه‌ما ده‌توانێ جێ به‌گومان له‌ق بكات، خوێنده‌واری هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ نانووسێت، پێچه‌وانه‌ی حیكایتخوانه‌، وه‌ك بیسه‌رێك ده‌مڕاستی گێڕانه‌وه‌یه‌ی هه‌مان شتزانه‌، كه‌ بۆی ده‌گێڕێته‌وه‌، چی ده‌بیستێ و ده‌بینێ ده‌ینووسێته‌وه‌، زانیارییه‌كانی یه‌كسان ده‌بێت به‌ زانیارییه‌كانی پیری به‌فر، له‌ چوار چێوه‌ی ڕۆمانێكدا كه‌ وه‌سفكردن جێگا به‌ گێڕانه‌وه‌ چۆڵناكات، له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ به‌ ڕووی ڕووداوه‌كاندا ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ ستراتیژی هونه‌رمه‌ندێك له‌ بری هه‌موویان دێته‌ قسان و ده‌نووسێت، ئاندری تاركۆفسكی ده‌رهێنه‌ری ڕووس ده‌ڵێت “هونه‌رمه‌ند له‌ جیاتی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ قسان ده‌كات كه‌ توانای قسه‌كردنیان نییه‌ ” 10 ،گه‌ر زمانی پیری به‌فر جووڵه‌و كردارو سه‌ما بێت، زمانی حیكایتخوان بێده‌نگی و هونه‌ری نووسینه‌، ده‌ستبه‌ردار بوونیی هه‌ڵوێستی سۆزداری له‌ شوێن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نووسین، ده‌بێته‌ ئامانجێك له‌ ڕووخساری پشتتێكردنی مه‌ریه‌مدا یه‌قده‌داته‌وه‌، له‌ ژێر دره‌ختی وشه‌دا به‌رده‌گرێت، پیری به‌فر خه‌ون به‌ ژنه‌وه‌ نابینێ، هه‌ژده‌ ژنی هێناوه‌، كه‌چی تۆی حیكایتخوان نه‌توانی تاقه‌ ژنێك بهێنی، به‌ خه‌ونیش بێت نه‌توانی بگه‌یت به‌ مه‌ریه‌م، له‌ دۆندی پاڕانه‌وه‌ دا بوو گوریسكه‌ت پچرا، كه‌وتیت، نه‌گه‌یشتی به‌ مه‌ریه‌م، دۆندی پاڕانه‌وه‌ ڕنینه‌وه‌ی مووه‌كانی خه‌ون و خه‌یاڵت بوون، له‌مپه‌رێك بوو له‌ جیابوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی دۆنكیخۆته‌ له‌ دنیای زۆربا كه‌ نزیك بوونه‌وه‌ی چاو كه‌سك و ده‌ركردنی مه‌ریه‌می لێكه‌وته‌وه‌، وه‌ك پیری به‌فر ناتوانێ سه‌ما بكات، گریانیش دادی نادا، تا به‌ سه‌ما گوزارشت له‌ هه‌ستی بكات، پیری به‌فر چۆن دووركه‌وته‌وه‌، دنیاییه‌ك كێشه‌و ئاڵۆزی بۆی ناییه‌وه‌، دوو هاوینه‌ مردوویت، زوو مردیت، نه‌یهێشت جیاوازییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌، ئیتر چیی بنووسێت، له‌گه‌ڵ مردنی تۆ، شووكردن و كۆچكردنی مه‌ریه‌مدا، تراژیدیایی حیكایتخوان سه‌رهه‌ڵده‌دات، ڕاده‌ستنه‌بوونی به‌ پێدراوه‌كانی واقیع، سه‌رهه‌ڵگرتن و سه‌فركردنه‌كه‌ی بۆ نادیار، پشتكردنه‌، له‌ دنیای ژن، گومانه‌ له‌ توانای خۆی، گومانه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی پاژێكی نوێی نووسینه‌ له‌ سه‌ر دره‌ختی كه‌تناوه‌، پۆلینكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان واقیع و فانتازیایه‌، ئایا نووسینه‌كه‌ی به‌شی ئه‌وه‌ی تێدا ماوه‌ كه‌ له‌ گومان بیپارێزێت، له‌ كرده‌ی نووسینیدا، له‌ ژێر دره‌ختی وشه‌دا، ئایا به‌ دوای سه‌قامگیری بزربوودا ده‌گه‌ڕا، یان وه‌ك كاره‌كته‌رێكی دۆنكیخۆتی شكه‌ستیه‌كانی خۆی به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی كاره‌كته‌رێكی زۆرباوی وه‌ك پیری به‌فر به‌راوورد ده‌كرد، یان گومانكردنی له‌وه‌دا تۆخ نابێته‌وه‌ كه‌ مه‌ریه‌م حه‌زی لێ نه‌بوو، ڕووخساری ئاوێنه‌یه‌ك بوو دڵشكاندنێ گه‌وره‌ی تێدا بوو، كه‌ هیچ كچێ حه‌ز له‌و چروچاوه‌ ناكات، ئه‌م بیرخستنه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی گومان له‌ مه‌ریه‌م بكات، گومان له‌ خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ بڕوای به‌ نووسینه‌، بڕوای به‌ خۆی نییه‌، بڕوای به‌وه‌ نییه‌ كه‌ بتوانێ مه‌ریه‌م بگۆڕێت، په‌رجۆ ده‌سه‌به‌ركات، ویستی به‌ كرده‌ی نووسین قه‌ره‌بووی هه‌ست به‌ كه‌مكردنی بكات، داهێنان دروستبكات، گومان بزوێنه‌ری نووسینه‌ له‌ته‌ك دنیایی دڵنیایشدا پارادۆكس فه‌راهه‌مده‌كات، قه‌د له‌گه‌ڵ یه‌كتریشدا پاكنابنه‌وه‌، به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت ” پاك بوونه‌وه‌ له‌و گومانانه‌ پاكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ڕیشه‌كانی هونه‌ر “11 له‌ كۆتاییدا حه‌سره‌ته‌كانی ڕابردوو له‌ نێو خود و ئاینده‌ی به‌جێماوی ده‌ستنووسه‌كه‌، له‌ دره‌ختی كه‌تناوه‌دایه‌، ئاینده‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕابردوودایه‌، له‌ ئێستادا مه‌ریه‌م نییه‌، پیری به‌فریش نه‌ماوه‌، ئه‌دی من بۆ هه‌بم بۆ كه‌تنێكی تر، بۆ داوای لێبوردنێكی دیكه‌ كه‌ منی حیكایتخوان له‌وی نووسه‌ر جیاده‌كاته‌وه‌، گه‌ر ئه‌و به‌هاری ڕابردوو بێ، ئه‌وا من له‌ ئێستادا هاوینی به‌سه‌رچووم، له‌ پاییزییه‌كی نادیاردا به‌ره‌و نه‌زانراو هه‌ڵدیم.

كه‌ركووك مانگی 12 / 2021
ژیده‌ره‌كان
1 ـ كه‌ریم كاكه‌ ـ دره‌ختی كه‌تناوه‌ ڕۆمان ـ له‌ بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، لقی كه‌ركووك ژماره‌ 91 ـ چاپخانه‌ی: ئاربخا، كه‌ركووك ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2007
2 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ناشوێن ـ چاپخانه‌ی: كارۆ ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2019 ـ ل 155
*بۆ زیاتر ته‌ماشای لاپه‌ڕكانی 81 ،140 ، 203 ، 163 ، ی سه‌رچاوه‌ی ژماره‌ 1 بكه‌
3 ـ ئه‌نوه‌ر حسین ـ ئاشنا بوون به‌ دریدا ـ گۆڤاری ئایدیاـ ل 131
4ـ فلیب هامۆن ـ سمیولوجیه‌ الشخصیات الروائیه‌ ـ ترجمه‌: سعید بنكراد ـ تقدیم عبدالفتاح كیلیگوـ دار الحوار للنشر والتوزیع ـ الگبعه‌ الاولی ـ ص 43 5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ گوتاری مانه‌وه‌ ـ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌: ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ڕهه‌ند ـ چاپی یه‌كه‌م ـ 2021 ز ـ ل 112
6 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ دوا خه‌نده‌ی دیكتاتۆر ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵ 2020 ـ ل 257
7 ـ د صلاح فچل ـ بلاغه‌ الخگاب وعلم النص ـ عالم المعریفه‌ صدرت السلسله‌ فی شعبان 1998 بأشراف أحمد مشاری العدوانی 1923 ـ 1990ـ ص 211
8 ـ جورج گرابیشی ـ ـ فی الروایه‌ العربیه‌ ـ دار الگلیعه‌ للگباعه‌ والنشر ـ الگبعه‌ الاولی ـ 1982 ص 185
9 ـ كاروان عومه‌ركاكه‌سوور ـ (ڕێگاكانی ژه‌هر)ڕۆمان ـ ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2017 ـ ل 5
10 ـ عه‌بدولخالق یه‌عقووبی ـ دیالۆگ و داهێنان ـ چاپخانه‌ی خانی دهۆك ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2009 ـ ل 137
11 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ئاوڕه‌كه‌ی ئۆرفیۆس ـ چاپخانه‌ی رجایی / تاران ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2014 ـ ل 205




پرسى مرۆڤ و مرۆڤ بوون لە قەسیدەى (مرۆڤ)ى تەیب قادردا… کاروان حەسەن

مرۆڤ قەسیدەیەکى شاعیر (تەیب قادر)ە. ئەم قەسیدەیە لە بەرهەمى (مرۆڤێک لە نزیکمانە)دا هەیە، چاپکراوى ماڵى وەفاییە و لەساڵى (2017)چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم قەسیدەیە زۆر بەوردى و قوڵى نووسراوە و دەکرێ دەیان جۆر لێکدانەوە و پشکنین و لێکۆڵینەوەى بۆ بکرێ، لەزۆر بابەت و کێشەى بنەڕەتى مرۆڤ دواوە و باسى کردوون و لە نێو دێرەشیعرەکان دەیان کێشە و گرفت و هەژارى و چەرمەسەرى و دەرد و ئێش و ئازارى مرۆڤ خۆیان حەشار داوە.
شاعیر هاتووە زۆر وریایانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو کێشە و گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتى و دەرد و مەینەتییە ئاڵۆزانەى نێوان مرۆڤەکان کردووە. لەزۆر شت دواوە وەک:(مرۆڤبوون، ژینگە پارێزى، ئاکارى جوان، برایەتى، دایک، ئەمانەت پارێزى، ویژدان، دڵشکان، خوێن، کوشتن، بڕوابوون، ..هتد) ئیتر شاعیر بەلاى هەموو ئەو کێشە و گرفتانەدا گەڕاوە کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکترى هەیانە و بوونەتە لەمپەر لەبەردەم مرۆڤبوون و کۆمەڵگایەکى باڵاى مرۆڤایەتى، شاعیر لەجیاتى هەمووان قسەدەکات، دەدوێ، دەکۆشێ بۆ ئەوەى مرۆڤبوون بگەڕێنێتەوە بارى سەنگینى خۆیى و مرۆڤ لەو دەردە پیس و ناشیرینە ڕزگاربکات و ڕاستەڕێى مرۆڤایەتى بگرن و وەک برا لەگەڵ یەک بژین. چونکە بەلاى شاعیرەوە مرۆڤایەتى لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە. هەروەها(پەیامى هزرمەندان و پەیامبەرانیش بۆ خەڵک یەک ڕستە بووە، ببن بەمرۆیى واتە ببن بە مرۆڤ)(1)
لەیەکەم دەستپێکەوە شاعیر دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
هەموو بەیانییەک زەویم گەسک دەدا
ئەمە لەو پەڕى هەست بە بەرپرسیارییەتییەوە هاتووە و شاعیر دەبینێ پیسى و ناشیرینى دەورووبەرى مرۆڤایەتى تەنیووە ئیتر بێزارە لەو کەشە نامەعریفییە، ئەو دەیەوێ بەمرۆڤایەتى بلێ خۆتان ڕزگاربکەن لەو پیسى و ئاڵۆزى و ناشیرینییەى گرتووتانە بەر.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە سەرووى هەوو شتەکانە ئەوەتا بانگەوازى مرۆڤبوون دەکات و لەناخى دڵەوە هاوارى مرۆڤایەتى دەکات و دەڵێ:
هەمووتان برا و خوشکمن
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین
ئەم بانگەوازەى شاعیر مرۆڤانەیە و لەپێناو مرۆڤایەتى و بەرژەوەندى گشتى مایەى قسە و هەڵوەستەیە.
ویژدان سەرچاوەى بوون و ژیانى مرۆڤایەتییە، ئەگەر ویژدان زیندوو بوو بێگومان دڵەکان و هەموو کایەکانى مرۆڤایەتى زیندووە. شاعیر لێرەدا مرۆڤایەتى لەو بێ ویژدانى و قۆڵبڕین و فرت و فێڵانە ئاگادار دەکاتەوە و پێیان دەڵێ وامەکەن و بەسە. ئیتر مرۆڤانە بجولێنەوە و هەڵس و کەوت بکەن. شاعیر لەپێناو یەک وشەدا دەنووسێ و دەکۆشێ و خەباتى وشەى دەست پێکردووە، ئەویش (مرۆڤ)ە. ئەوەتا لەناخەوە بەدڵێکى پاکەوە دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بە گەورەیى، زۆر گەورە، دەمنووسى : سڵاو
سڵاو لە ڕووناکى و پشوو و شیرینى و
هەناسەى گەرم و شتى تریش…
کتێبێکى قەبەم دەنووسى
یەک وشەم بەکاردەهێنا
مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ
شاعیر دەنگى هەژار و لێقەوماو و ئازاربەخشانى سەر زەوییە، هەموو نەهامەتى و بێ ئومێدى و ڕەشبینى و ئازارێک لە مرۆڤ بوونەوە دەبینێتەوە و ئەبێ مرۆڤ بین بۆ ئەوەى یەک نەشکێنین و ئازار بەدیارى نەبەخشینەوە و خەم و خەفەت و مەینەتى بۆیەک جێ نەهێڵین. ئەوەتا ڕووى شیعر و دەمى مرۆڤ دۆستانەى دەکاتە مرۆڤ و پێیان دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە، ئاخ من بۆ مرۆڤ نەبووم؟
بەردى کەترەم لەسەر ڕێگاکان بژار دەکرد
بەردەم دوکانەکانم بەهەقیقەت قەرەباڵغ دەکرد
دکتۆر عەلى شەریعەتى دەڵێ: (مرۆڤ خاوەنى ئیرادەیە هەر ئەمەش گەورەیى و مەزنى پێ بەخشیوە. تەنانەت بەهۆى ئەم ئیرادەوە جیاوازترە لە فریشتەکان و لەسەرووى ئەوانیشەوەیە.)(2)
شاعیریش لەسەر پەیامە مرۆڤ دۆستى و مرۆڤ پەروەرییەکەى بەردەوامە و لەهەمبەر گەورەیى و مەزنى مرۆڤەوە دەڵێ:
مرۆڤ لە چەقۆ و خانوو و گوڵ گەورەترە
مرۆڤ لە ئاسمان و قەبر و خواردن گەورەترە
مرۆڤ ژیانى لەنێو دڵدایە، ڕێک نێو دڵى.
خواى گەورە دەفەرمووێ: (لقد خلقنا الانسان فى احسن تقویم)(3) کەواتا خواى گەورە مرۆڤى بەجوانترین شێوە دروست کردووە، بەو مانایەى عەقڵى پێ بەخشیوە و هیچ مەخلوقێک لەمرۆڤ باشتر و کاملتر نییە، بەڵام ئەوە مرۆڤە خۆى بەناشیرینترین شێوە پیشان دەدات و یەکتر دەکوژن و دەبڕن و ژان و ئێش و ئازار بۆیەک دەبەخشنەوە و یەکتر دەتۆرێنن. شاعیر لێرەدا بەردەوامە لە پەیامى مرۆڤبوون و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە بارەى مرۆڤبوونەوە ئەوەتا دیسان ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێ واز لەشەڕ بێنن و شەڕ ماڵوێرانى و کاولکارى و تێکدانى شیرازەى کۆمەڵى بەدواوەیە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
شەڕم نەدەکرد گەمەیەکى بەتام
شەڕم لەپەنایەکدا
دەخستە ژێر چەنگێک لمەوە و دەمگووت
وسبە
شەڕ خانووەکان پڕ لەبۆشایى دەکات
شەڕ منداڵەکان بێ منداڵى دەکات
شەڕ ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە ماڵى کوشتن
مارکۆس ئۆریلیۆس دەڵێ: (ئەوەى پێویستە مرۆڤ لێى بترسێت مردن نییە، بەڵکو پێویستە مرۆڤ لەوە بترسێت هەرگیز دەست بە ژیان نەکات)(4)
شاعیریش پەیامى ژیان بەگوێى مرۆڤەکانەوە دەچرپێنێ و پێیان دەڵێ لەجیاتى کوشتن و ڕق و کینە خستنەدڵى یەکترەوە وەک برا بژین. هەموو مەبەست و مەرامیشى لەیەک ڕستەکۆدەکاتەوە و دەڵێ:
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین.
خۆشەویستى شاعیر بۆ مرۆڤ لەناخى دڵ و حەقیقەتى ژیانەوە سەرچاوەى گرتووە و ئەو کارەسات و ڕووداو و نەهامەتیانەى لەژیان دیویەتى کە مرۆڤەکان ئەنجامیان داوە شاعیرى بۆ لاى ئەو قەسیدە پڕ لە خەم و ناسۆر و حەسرەت کێشانە بردووە. ئەوەتا لە پەیامەکەى دیسان ڕوومان تێدەکات و دەڵێ:
مرۆڤم خۆشدەوێت هێندەى دڵى ڕاستەم،
دڵم چەپان نییە
مرۆڤم خۆشدەوێت. بەنهێنى گریان ناخەمە چاویەوە
لاورین لەم بارەیەوە دەڵێ: (ئەگەر کەسێکت خۆشبوێت، ئەوا دەبێ تەنیا ئاواتى ئەوە بخوازى کە دڵخۆش بێت. هەتا ئەگەر لەگەڵ تۆش نەبێت)(5).
هەموو مرۆڤەکان بەیەک زمان پێدەکەنن، کەواتا بۆ نابێ هەموو مرۆڤەکانیش لەژیان کردن و مرۆڤبووندا هاوبەش بن. شاعیر لەوبارەیەوە پەیامى تایبەتى خۆى هەیە،کە مرۆڤبوون و پێکەوە ژیانە، ئەو پێى وایە ئەبێ لەبازنەیەکى برایەتیدا کۆببنەوە و پێکەوە بژین و لەسەر یەک سفرەى نان خواردندا دابنیشن بەئاشتى و تەبایى بەیەکەوە بژین، ئەوەتا ڕووى پەیامى بەیان دەکات و دەڵێ:
فەرموون ئاشتى ئامادەیە
دڵ بە ئاقڵى لەسەر سفرە دانیشتووە
تکایە فەرموون، با بەیەکەوە بژین
لەگەڵ ئەو پەیامە مرۆڤ دۆستانە و ئەو وشە لەبڕێژانە لەخۆشەویستى و تژى لە عەترى مرۆڤبوون شاعیر ئەوە ناشارێتەوە کەوا مرۆڤ ناتوانێ ئەو پەیامانەى ئەو جێبەجێ بکات و بیان کاتە ڕابەر و ڕێنمایى بۆ ژیانى، چونکە ڕۆژانە مرۆڤەکان یەک دەکوژن، یەک بریندار دەکەن، دڵى یەکتر ئازار دەدەن، دلڕەقى و کەلـلـە ڕەقى مرۆڤى تووشى پەتاى ڕق و کینە کردووە، هەروەک لە پەندى پێشینانى کوردیشدا هاتووە.(مرۆڤ بەکەلـلـە ڕەقى هیچى بۆ ناچێتەسەر)(6)
شاعیر ئاراستەى قسەکانى بەقوڵى بەناخى ئەوانەدا شۆڕ دەکاتەوە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
ئۆیی مرۆڤ بۆ وادەکات
بۆچى قۆرت
قۆرتى زل زل لەسەر ڕێگەکاندا هەڵدەکەنێت
بۆچى ددان دەچەقێنێتە لەشى یەکترى و
خوێن لەگەڵ نان، لەگەڵ پشوو،
لەگەڵ نیوەڕۆکانیان، لەگەڵ ئێوارەکانیاندا دەخۆنەوە؟
خوێن، خوێن، خوێن، باغەڵم پڕ بووە
پڕپڕ لەخوێن بووە،
لەخوێن دەترسم.
شاعیر بەردەوامە لە پەیامە جوان و مرۆڤ دۆستانەکەى و ئەمجارە ڕووى مرۆڤانەى لە منداڵان دەنێت و پێیان دەڵێت:
مرۆڤ بوومایە
منداڵەکانم دەخستە پێشەوەى ژیان و
پێم دەگووتن: ژیان گەورەترە لەمردن
پێکەنین باشترە لەگریان
بەئارەزووى خۆتان ئاسوودەیى بەکاربهێنن
بەئاسوودەیى بەختەوەرى بخۆن
بەبەختەوەرى تەمەنتان لەو شوێنانە دابنێن
کە پێتان خۆشە
بەدڵى خۆتان، زۆر بەهێواشى
قیچ قیچ، گەورەبن و
ژیان ململانێیە، خەم بۆ یەکترى هەڵمەگرن
ئازار ناکرێتە دیارى.
لەم قەسیدەیەدا دەیان پرس قسەیان لێوەکراوە و هەمووشیان لەچواچێوەى پەیامى مرۆڤانە و ئەداکردنى مرۆڤبوونەوەیە لەلایەن تاکەکانى کۆمەڵگاو شاعیر مەبەستى ئەوەیە مرۆڤانە بیربکەینەوە و بژین و بڕوانین، ئەوەتا باس لە ماکێکى پیسى نێو کۆمەڵ دەکات و ئەویش خۆهەڵقورتاندن لەکاروبارى خەڵک و چوونە ناو باسێک کە پەیوەندى بەوانەوە نییە، شاعیر دەڵێت:
نقورچەم لەخەمى هیچ کەسێک نەدەدا
تەنیاییم لەپێش ماڵى هیچ کەسێک نەدەڕژاند
ناوقەدى هیچ کەسم نەدەنووشتاندەوە و
دڵى هیچ کەسێکم نەدەدڕاند.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە جوانترین ڕەوشت و خووى مرۆڤە، بۆیە هەمیشە ئەوەى لەلا حەسرەتە کەبۆچى مرۆڤ نەبین(مرۆڤ بوون بەمانا ڕاستى و قوڵ و فەلسەفیەکەى)نەوەک بەڕووکەشى، شاعیر ئەو پارووە نانەى هەیەتى لەڕێگەى حەقیقەتى مرۆڤبوونەوە هاوبەشى پێدەکات لەگەڵ نەدار و هەژارانى دەوروبەر و چواردەورى. ئەوەتا دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بەکەرتە گوێزێکى گەنج ڕازى دەبووم و
ئەم هەموو خۆراکانەم بۆ سکە بەتاڵەکان دەنارد
دەستى قۆخەکانم دەگرت و
بە یەک دەنکە ترێ
لەسەر دەستى خۆشبەختى لەگوڵە گەنمەکانم مارە دەکردن

هاوڕێیەتى پرسێکى ترى ناو قەسیدەى (مرۆڤ)ە و شاعیر لەوە تێگەیشتووە کە زەمانەیەک تێیکەوتووین هیچ شتێک لەسەر ڕێچکە و ڕێباز و بنەڕەتى خۆى ناڕوات و ژیان ئاڵۆز و زەحمەت و پڕ کێشمە کێشە. بۆیە هاورێیەتیش لەم سەردەمەدا وەک خۆى نەماوە و گۆڕاوە، شاعیر دەیەوێ ئەو کەلێن و بۆشایى و خەوشە ناشیرین و نا مرۆڤانە بسرێتەوە و هاورێیەتى بگەرێنێتەوە دۆخى جوانى و ڕێکى خۆیەوە. ئەوەتا دەڵێ:
کورسى بەتاڵم لەبەینى هاورێیەکان نەدەهێشت و
پڕم لەخۆشبەختى و ئەمان دەکرد.
متمانە وەک چەمکێک خاڵێکى بنەڕەتى نێوان مرۆڤەکانە. بەڵام لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا متمانە کەم بووە یان دەتوانین بڵێین وەک سەردەمى پێشوو نەماوە و ڕۆژانە کێشە و گرفتى متمانە نەبوون لەلایەن مرۆڤەکان سەرهەڵدەدات و بەدەیان کەسى لێک کردووە، شاعیر دەڵێ پێویستە مرۆڤ بین بۆ ئەوەى متمانەمان بەیەک هەبێت و لەگەل یەک بە ڕاستى بژین، بۆیە گرنگە مرۆڤ بین و بەمرۆڤانە بژین.
ئەگەر مرۆڤ بوومایە
کاتێک تەنیا دەبووم، دەبوومە قاسەى متمانە
بۆ ئەو کەسانەى
چوار قسەى گەچراوى خۆیانیان بۆ باس کردووە
نەدەبوومە چڵکاو
چڵکاو شمەکى دەور و بەر پیس دەکات
نەدەبوومە دوکەڵ
دووکەڵ قوڕگى مرۆڤەکان دەخوسێنێت
نەدەبوومە دەمانچە
پێمخۆشە برین بێ کڕیار بێت.
هەمیشە گفتوگۆى ئارام و دانیشتن بەیەکەوە لەسەر کێشەکان ئەنجامى باشى لێکەوتۆتەوە و باشتر بووە لە لێکتێنەگەیشتن و زمانى هەڕەشە و شەڕکردن، بۆیە ئەگەر لێکتێگەیشتن هاتە ئاراوە ئەو هەموو کوشتن و بڕین و ئاڵۆزیەى مرۆڤ دروستى کردووە بەو شێوەیە نەدەبوو، شاعیر دلنیایە لەوەى ئەگەر مرۆڤ بایە ئەوا :
خۆکوشتن و ئەویتر کوشتنم دەکردە مۆدیلێکى کۆن
هەر زۆر زۆر کۆن
بەدوو قسەى خۆش
داڵەکانم دەکردنە کۆتر و
لەماڵى پەپوولەخانمم دوور دەخستنەوە و
ماڵى خۆییم لە ڕۆخ قومە ئاوێکى قەنداویى
بۆ دروست دەکرد.

لەکۆتاییدا وەرن با پێکەوە وەک مرۆڤ بژین.

کاروان حەسەن / هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(1)محەمەد جەودەت، هونەرى مرۆڤبوون، سایتى هەولێر.
(2) مرۆڤ، دکتۆر عەلى شەریعەتى، وەرگێڕانى: موسعەب ئەدهەم، چاپى سێیەم، 2014 سلێمانى
(3) قورئانى پیرۆز، سوڕەتى (تین) ئایەتى (4).
(4)جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(5) جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(6) پەندى پێشینان، کۆکردنەوەى : کاروان عوسمان چاپى یەکەم ، لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى ڕێنما، ل 345
(7)مرۆڤێک لەنزیکمانە، شیعر ، تەیب قادر، چاپى یەکەم 2017




هەواڵە پیس و پۆخڵەکان و راگەیاندنێکی قێزەوەن… رەسوڵ بەختیار

  • گەنجێک چەقۆیەکی لەهاوڕێیەکەیدا، دوو بریندار گەیاندرانە نەخۆشخانە.
  • باوکێک منداڵەکانی خۆی دەکوژێ.
  • لەسەر میرات دوو بنەماڵە بووە شەڕیان سێ کەس کوژراوە، پۆلیس چەند کەسێکی گرتووە.
  • ئەو بەنزینە هەموو ئۆتۆمبیلەکانی پەکخستووە.
  • نووسەرێکی ناودار پێویستی بەهاوکاری هەیە.
    هەموو ئەمانە و دەیان و سەدان مانشێتی رۆژانە، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبیندرێ، زۆربەی بۆ لایک کۆکردنەوە و دژایەتیکردنی بەرەیەک دژ بە بەریەکی دیکە، جگە لەوەی هەموو ئەو هەواڵانە ناخ هەژێنن، دەبیندرێ دەیانەوێ چ ژەهرێک فڕێبدەنە ناو کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی چەند کەسێک لەسەر حسێبی چەند کەسێکی دیکە و هەڵڕشتنی دەروونێکی پیسی لەمێژینەی چەند کەسێک ئامانجیانە بەچاوانی خۆیان ببینن تاکی کورد تا چەند بەرەو رسوایی هەنگاو دەنێ.
    کاتێک باس لەپەروەردە دەکرێ، هەمووان پێدکەنن و ئەو بابەتە پەراوێز دەخەن، چەندین قسە و باسی بەتاڵ و خاڵی لەمەعریفە دەخەنە روو، وا لەو کەسە دەکەن بیر لەپەروەردە نەکاتەوە، بۆ خۆی هەرچۆنێک بێ نەخش دەربێنێ.
  • ئەوەی تۆ باسی دەکەی کاتی بەسەر چووە، تەنیا لەنێو کتێبە کۆنەکاندا ماوە.
    ئەو راست دەکات، چونکە لەدایک و باوکێکە بەقبووڵ خاس چوونەتە زانکۆ و لەماستەر و دکتۆرادا هەموو پێداویستییەکیان پێ بەخشیوون، هەتا نامە و تێزەکانیان لەناو هەناوی کتێبەکان دەرهێناوە، لەبازاڕدا بۆیان چێکردووە.
    دەروونە نەخۆشەکان لەپلە و پۆستەکاندا یاری بەخەڵک دەکەن، لەشوێنە فێنکەکانیان لێدوانی زەق و بێ مانا دەدەن، راگەیاندنی قێزەوەنیش وەک ئەوەی داهێنانی کردبێ دەیقۆزێتەوە بەو بیانووەی یەکەم کەس بووە ئەوە جۆرە هەواڵەی بڵاوکردۆتەوە، ریکلامیشی بۆ دەکات و کەسانی نەزان و نەخۆشی وەکخۆیان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و لەلای خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، بەوەش ناوەستن دەیخەنە نێو هەواڵەکانی تیڤی و رادێۆیەکان و گۆرانی و مۆسیقای لەگەڵ تێکەڵ دەکەن.
    بۆ ئەمەش بەناوی کەسانی پسپۆڕ چەندین لێدوانی سەیر و سەمەرە دەدرێ، هیچ کامێکیان بەلای پەروەردەوە ناجن، وەک ئەوەی لەژیانیان وشەیەکی پەروەردەکاریان گوێ لێ نەبوو بێ.
    بەوەش ناوەستن لەشاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەئاشکرا دژایەتی ئەم دەڤەرە و ئەو دەڤەرە دەکەن، وەک گوتمان دەیانەوێ دەروونە پیسە لەمێژینەکەیان وەک ژەهر بڵاوە پێبکەن، ئەوەش لەبیر دەکەن، رۆژێک دێ خۆیان یەکەم زەرەرمەندی ئەو نێوەندەن، لەخوت و خۆڕایی شەڕ دەهێننەکایەوە تا ماوەیەک لەپشت مێزەکانیان پێبکەنن، ئەوان زیاتر کە دەدوێن باس لەپاڵەوڵنییەتی خۆیان دەکەن، کەچی لەو لاوە تەلەفۆنێکیان بۆ دێ، یەکسەر دەبنە شێری سەر کاغەز، ئەمجارەیان بەشێوەیەکی دیکە بابەتەکە دەقۆزنەوە، باس لەسەرەوەری هاووڵاتی و نیشتمان دەکەن، بەبێ ئەوەی رۆژێک لەرۆژان قسەیەکی خێریان بۆ ئەو گەلە ستەم دیدەیە کردبێ، بەڵکو تەنیا بەدوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون.
    راگەیاندنی قێزەوەن بۆ چەند دەسکەوتێک لاوازییەکان دەقۆزێتەوە، هەرچی لایەنی پەروەردەیی هەیە دەیەوێ رایبماڵێ تا هەمووان بخاتە ئاستەکەی خۆی، زۆر جارانیش خۆی لەبیر دەچێ دێ باس لەبنەما و بەها پەروەردییەکان دەکات، یەکەم شت دژ بەهموو بنەماکانی کۆمەڵگەی خۆیەتی، هەمووی سفر دەکاتەوە و بۆچوونی سەیر و سەمەرەی قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان دەکاتە سەنگی مەحەک، ئەو لەبیری چووە، کەسانێکی ئاست نزم، کە دەرچووی زانکۆی ئاست نزمی وڵاتانن، دەبنە رابەری قوناغی کۆلیژەکان، ئەو تەنیا مەلزەمەیەکی لەدەستە، ئەگەر ئەو مەلزەمەیەی لێ وەربگریتەوە، نەک هیچ نازانێ، بەڵکو قسەشی بیر دەچێتەوە.
    راگەیاندنی قێزەوەن گرنگی بەو کەسانە دەدات، تۆمەتی بێلایەنی و لایەنداری دەداتە پسپۆڕان وا دەزانن هەموو وشەکانیان پرۆگرامکراوە، قسەی ئەوان شوێن بەوان لەق دەکات.
    هەموو ئەو هەواڵە پیس و پۆخڵانەی رۆژانە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردی بڵاو دەکرێتەوە راستە بڵقی سەر ئاوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر عەقڵی تاکەکانە، دوور یان نزیک کاریگەری دەبێ، هەرنا ئەو گەنجانەی کە چاویان کردۆتەوە تەنیا ئەو وشە و هەواڵە پیس و پۆخڵانەیان بینیووە.



بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…16…شەماڵ بارەوانی

بەشی شانزەهەم/

هەرچەند ئێمە لە پاڵ کتێبەکەی زەنەدانی، چەند کتێبێکی تری ئەقیدەشمان دەخوێند، بەڵام ئێمە بە گشتی لە بواری ئەقیدە دا، ئەقیدەی ئەشعەریمان دەخوێند لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان، گەرچی ئەشعەریەکان هێندەی موعتەزیلەکان، ئەقڵانی نین و لۆژیکیانە و ئەقڵانیانە مامەڵەی تێکستەکانی ئایین ناکەن، وەلێ لە هەمبەر حەمبەلیستەکان و وەهابیزمەکاندا، زۆر ئەقڵانی ترن.
ئەقڵ لە لای ئەشعەریەکاندا، تاڕەیەک ڕۆڵی هەیە و پێش ڕووکەشى تێکستەکان دەکەوێت، وەلێ ئەشعەریەکانیش ئەقڵیان کردووەتەوە پاشکۆی نەقڵ، جیاواز لە موعتەزیلەکان، کە ئەقڵ پێش نەقڵ دەخەن.

ئەشعەریەکان دەڵێن لە ڕێگاى ئەقڵەوە بە مانا و مەغزاو مەبەستەکانى تێکستەکان دەگەین. بە تایبەت هەندێک لەو تێکستانەى کە مانایەکى ڕوون و ئاشکرا و دیاریان نییە لە بارەى سیفاتەکانی خوداوەندەوە، لەو کاتەدا، لێکدانەوەى (تەئویلگەرایانە)یان بۆ دەکەن.

ئەشعەریەکان بۆچوونیان وایە کە قورئان کۆنە، سیفەتى (کەلام)ى خودایە، پێچەوانەی موعتەزیلەکان، کە، دەیانگووت: قورئان مەخلوقە و کەلامی خوداوەند نییە.

موعتەزیلەکان بۆچوونیان وابوو کە ئەقڵ بە ڕەهایى پەى بە تێکستەکانی ئایین و ناوەڕۆکى ئایین دەبات و دەتوانین بە ئازادانە پشت بە ئەقڵ ببەستین.

دەتوانین بڵێین ئەشعەریەکان وەک خۆیان دەیڵێن، نێوەندگیری و هاوسەنگیەک لە نێوان نەقڵ و ئەقڵدا دروست دەکەن.
ئەوان، نە هاوشێوەی حەنابیلە و سەلەفیزمە ڕووکەشگەراو دەقگەراکان، ئەقڵ پشت گوێ دەخەن و، نەیش هاوشێوەی موعتەزیلەکان هێندە ئەقڵ پیرۆز دەکەین و پێش نەقڵی دەخەین.

جا ئێمە ڕاستە لە ئەقیدە ئەشعەری بووین، وەلێ لە فیقهدا: شافیعی مەزهەب بووین و مەزەهەبی شافیعیمان دەخوێند. لە بەشی دواتر دێینەوە سەر قسەکردن لە سەر شافیعی و مەزهەبەکەی…

لە بەشەکانی پێشوو باسم لەوەکرد و ئاماژەم کرد، کە لە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی، ئەشعەریمان دەخوێند لە ئەقیدە، وەلێ من زۆر کاریگەر بووم بە موعتەزیلەکان، تاڕۆشتم بۆ کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانیش، من و کۆمەڵەک خوێندەکاری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان زۆر موعتەزیلەکانمان خۆ دەویست و سەرسام بووین پێیانەوە.
هەڵبەت بەر لەوەی ببم بە قورئانی، زۆر کاریگەربووم بە موعتەزیلەکان.
موعتەزیلە گروپێکی ئاڕاستە ئەقڵانین و لە دەستە کەلامیەکانی نێو بازنەی ئیسلامن.

موعتەزیلەکان باوڕیان بەوەیە کە ئەقڵ ڕێنوێنێکی باشترە لە شەرع و دەڵێن ئەگەر ئایین و شەرع و پەیامبەریش نەهاتبوا و نەبوا، ئەوە ئێمە لە ڕێگەی ئەقڵەوە دەمانزانی(حسن و قبح)،چاکە و خراپەی شتەکان بزانین و باشەو خەراپە لێکتری جیابکەینەوە و پەی بە کرۆکی شتەکان بەرین و خۆداوەندیش هەر بە ئەقڵ بناسین.

هاتنی پەیامبەرانیش دووپاتکردنەوەیە لە سەر ئەوەی ئەقڵ دەیڵێت.
موعتەزیلەکان هاوشێوەی سەلەفیگەراکان ڕوکەشانە شوێن تێکستەکان نەدەکەوتن، بیروباوەری ئیسلامیان بە ئەقڵ و لۆژیک لێک دەدایەوە.
هەر ڕیوایەت(فەرمودەیە)یەک لە دژی لۆژیک بوایەو لەگەڵ ئەقڵ دژایەتی هەبوایە، ئەوە وەریان نەدەگرت و لە کاتی تێکگیرانی ئەقڵ و نەقڵدا، ئەقڵیان پێشدەخست.
ئەقڵ لای موعتەزیلەکان پێوەر و بنەمابوو. ئەقڵ فەرمان ڕەوا و هەڵسەنگێنەر و کۆتا بڕیاربوو.

موعتەزیلەکان پێنج بنەمایان ھەیە کە قوتابخانەکەیان لەسەری دامەزراوە، ئەوانیش(التوحيد، العدل، الوعد والوعيد، المنزلة بين المنزلتين، الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر.).
بێگوومان ئەگەر فیکر و بیرو باوەڕی موعتەزیلەکان هەر بەزاڵی بمابوایەتەوەو لە لایان سەلەفیزم و حەمبەلیستە فێندەمێنتالیستەکانەوە، ڕوبەڕووی ئەو کوشتارو لەناو چوون و ئیبادەکردنە جەستەیی و فیکری و مەعریفی و ڕۆشنبیریە نەبوانایەوە، ئەوە ئێستا ئەوەی پێی دەڵێن(جیهانی ئیسلامی) شتێکی تر دەبوو، ڕەنگبوو پێش ئەوروپاش بکەوتباین، لە کومەلێک بابەتی وەکو تۆلەرانس و پلۆرالیزمی ئایین و ئەقڵانیەت و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و جیاکردنەوەی ئاین لەسیاسەت و کاروباری دەوڵەت و ژیانی گشتی و زۆر شتی تریش.

هەرچەند ئەوانیش لەڕووی سیاسیەوە کەوتنە هەڵەو بەرامبەرەکانیان دەچەساندەوە، گەر مەسەلەی میحنەی خەڵقی قورئان و چیرۆکی ئەحمەدی کوڕی حەمبەڵ ڕاست بێت و فێندەمێنتالستەکان ترش و خوێیان پێدانەکردبێت و بە مقەستی بوهتان و ئایدلۆلۆژیی فێندەمێنتالیستانەی خۆیان شتیان لێ نەبڕی بێت و بە دڵی خۆیان کەم و زیادیان نەکردبێتن و، عەیب نەبیت زۆریان پێوە نەنابێت، وەک عادەتی هەمشەییان(٭)
وەلێ لەڕووی فیکری و ڕۆشبیری ئەقڵانییەوە، بەڕاستی گرنگ و پۆیستن بوون موعتەزیلەکان.

ئەفسوس کە نەیان هێشت گەشە بکەن و زوو فێندەمێنتالیستەکان، بە پشتیوانی خەلیفە موتەوەکیل جێنۆسایدی هەموو شتێکی کردن و لەناوی بردن.

موعتەزیلەکان،
( بەهۆی ئەو شاڵاوە تیرۆرە جەستەیی و فیکری کرایه سەریان، هەموو کتێب و توراس و داندراوەکانیان سوێندران و لەنێوبردران و شتێکی زۆر کەمیان لەدووا جێ ما و مێژوویان شێوێندراو ،سەلەفیگەراکان تابۆیان کرا کەمتەرخەمیان نەنواند لەناشیرین کردن وبەدێوەزمەکردن و ئەهریمەنکردن ناشیرینیان

کە موعتەزیلە لەسەر دەستی ئیبن حەنبەلدا شکستی خوارد، ئیدی نەقڵ جێی بە عەقڵ لێژ کرد و ئیدی لەو وەرچەرخانە بەدواوە، بایەخێک بۆ عەقڵ و بۆ فەلسەفە نەمایەوە و باڵادەستیی کۆنخوازی و لێکدانەوەی ڕووکەش و حەرفیی بۆ دەق، شاباڵی ڕەشی خۆیان بەسەر لێکدانەوەدا کێشا، ئیدی جێیەک بۆ ڕۆچوون بەناو دەقدا و بۆ تێڕوانینی نوێ لە ئارادا نەمان. ئیدی سەلەفیزم لە ئیبن تەیمییە و موحەممەد عەبدولوەهابەوە، تا ئیخوان و ئەستێرەکانی تیڤی و یوتیوب درێژەی کێشا. (٭)

(٭) سەبارەت بەو چەواشەکاریەی چیرۆکی:(میحنەتە)کە،
بەڕێز:محەمەد هەریری نووسەر،
بە بەڵگەوە ئەوە ڕەتدەکاتەوە، کە موعتەزیلەکان ئەحمەدی کوڕی حەنبەلیان ئازاردابێت.
من بەشێکی نووسینەکەی
لە پەراوێزی ئەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا دادەنێم، لە ژێر ناونیشانی(موعتەزیلەکان هۆکاری میحنەتی کوڕی حەنبەل نەبوون!

سەلەفیەت و ئازادی بیروڕا کووجا مەرحەبا):
چەندین کورتە نوسینی سەلەفیەکم بەرچاو کەوتوە کە وادیارە بە زنجیرە لەسەر موعتەزیلەکان دەنووسێت،

کە لە میژووی ئایین و مرۆڤایەتیدا هیچ تەرزە بیریک تا ڕادەی بیری سەلەفیەت نەیارانی نەکوشتوە ونەچەوساندۆتەوە، و دێت باسی دژایەتی موعتەزیلە دەکات بۆ ئازادی بیروڕا!!

سەیرە سەلەفیەکان کە لە مێژوودا کەس نەماوە تەکفیری نەکەن ودەری نەکەن لەبازنەی ئیسلام، هەزاران تاوانیان کردوە بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی زانایانی موسڵمان، کەچی ئەدەبیاتى سەلەفیەت وبەڵکو ئەدەبیاتى ئەوەى ناوى دەنێن بە ڕابوونى ئیسلامی، زۆر بە شێوەیەکى چەواشەکارانە تەنها باسی ئەحمەدى کوڕی حەنبەل وچەند زانایەکی تری وەك احمدی کوری نەسری خوزاعی دەکەن، کە هاوزیندانی ابن حنبل بوو، وەک قارەمانێکى خۆڕاگرى ئەشکەنجەدان وئازادی بیر نیشانیان دەدەن!

دەیەها وتار وکتێب وچیرۆکم خوێندۆتەوە لەسەر ئەشکەنجەدانى موعتەزیلەکان بۆ ئەحمەدى کوڕی حەنبەل، وخۆڕاگرى ئەو لەبەرامبەر ئەو هەموو ئەشکەنجە وفشارەى لەسەرى بوو، لەو کێشەیەى کە ناوى دەنێن بە میحنەى خەڵقى قورئاندا!!

جارێ سەلەفی نازانێت وناشیەوێ بزانێت، ئەو هۆکارانە چین کە بوونە هۆی ڕوودانی میحنەکە، وپاشینەی خودی ئەحمەدى کوڕی حەنبەل چۆن بوو لە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەیارانی! ئایە ئەحمەدى کوڕی حەنبەل فەتوای تەکفیری زانایانی تری نەدەدا و بۆی تێنەدەچاندن لای سوڵتان بۆ کوشتنیان وەك لەگەڵ [ضرار بن عمرو] وکەسانی تر وایکرد؟!

چۆن کەسێك وا ڕەفتار بکات لەگەڵ نەیارانی، دوایی ئەگەر نەیارانی وایان کرد لەگەڵی دەبێتە قارەمانی ئازادی بیروڕا؟!

ئینجا پێویستە پێمان بڵێت کێ بوون ئەوانەی میحنەی خەڵقکردنى قورئان دروست کرد، وئایە موعتەزیلە بەگشتی بەژداربوون لەو کێشەیەدا؟! نەخێر ئەوەی ئەو کێشەیان دروست کرد گروپێکی بچوکی کەلامیەکانی یان موتەکەلیمەکانی بەغدا بوون بە سەرۆکایەتی احمد بن ابي دٶاد، کە خودی احمد بن ابي دٶاد خۆی گومان دەکرێت لە موعتەزیلەبوونی بە پێی ڕای ئیمامی هەرەگەورەی سەلەفیان وسەلەفیەت، کە ابن تیمیە یە!!

زۆر لەو موتەکەلیمانە یان زۆربەی هەرەزۆریان موعتەزیلی نەبوون، بشر المریسي موعتەزیلی نەبوو، بەڵکو نەجاریەکانیان تێدابوو، بەرغوث یان تێدابوو، و ضراریة ی شوێن کەوتەی ضرار بن عمرو یان تێدابوو. مورجیئەیان تێدابوو کە بشر المریسي لەوان بوو، مورجیئەی ڕووتیان تێدابوو، موعتەزیلەشیان تێدابوو، “(مجموع الفتاوى 17: 299)

ئینجا میحنەی خەڵقکردنى قورئان لەسەر دەستی احمد بن ابي دٶاد دەستی پێنەکرد هەتا ئەگەر موعتەزیلیش بێت، هەرچەندە ابن تیمیەش ڕەتیدەکاتەوە کە موعتەزیلی بوو بێت.

ئایە دەکرێت ئەو هەڵوێستەی احمد بن ابي دٶاد لە دژی ئیمام ئەحمەدى کوڕی حەنبەل لەسەر موعتەزیلە حسێب بکرێت، کە ابن تیمیە خۆی دەڵیت احمد بن ابي دٶاد موعتەزیلی نەبوو؟!

هەر ابن تیمیە دەڵێت: ” زۆر لە پاشینەکان – لە شوێنکەوتەکانی ئەحمەد وغەیری ئەویش- وادەزانن نەیارانی ئەو موعتەزیلە بوون، وادەزانن بشر المریسي، هەرچەندە پێش میحنەتەکە مرد، وهەروەها احمد بن ابي دٶاد وئەوانی تر موعتەزیلە بوون، کە ئەوەش ڕاست نیە”
” (مجموع الفتاوى 14: 352، طبعة دار الوفاء المصرية)

بەڵکو لە کۆنترین سەرچاوەی هەواڵی میحنەت کە کتێبی برازای ئەحمەدى کوڕی حەنبەلە، حنبل بن إسحاق بن حنبل، هیچ باسی زانایەکی موعتەزیلی نەهاتوە لەوانەی کە مونازەرەیان کردبێت لەگەڵ ئەحمەدى کوڕی حەنبەل.

ئینجا شاراوە نیە لە کەسیك کەمێك لە مێژوو بزانێت، کە مەسەلەی تۆقاندنی فیکری و جەستەیی لەسەر دەستی سەلەفیەکان دەستی پێکرد بە یەك سەدە پیش میحنەی خەڵقکردنى قورئان، کاتێك غەیلانی دیمەشقی لە پاش مونازەرەیەك لەگەڵ الاوزاعي بە دزێوترین شێوە کوژرا، کاتێ هەردوو دەست و هەردوو پێیان بڕی و لە خاچیان دا لە ساڵی ١٠٦ کۆچی!

ئەوە چەند سەرباسێکە بۆ ئەو زانایانەی ناو نەخوێندەوارانی سەلەفی، چاکتر وایە باشتر بخوێننەوە، نەك هەر خەریکی خۆدەرخستن وڤیدیۆ خستنە یوتیوب بن، باشترە باسی بیدعە وقەبر و ڕیشی بێ ئیش بکەن، نەك باسی ئازادی بیروڕا، چونکە سەلەفیەت ئاخیرکەسن باسی ئازادی بیروڕا بکەن، و هەموو دەزانین کە دەستی سەلەفەکانی سورە بە خوێنی نەیارانیان.).

(٭)حەمەسەعید حەسەن.




مەبدەئ و بنەماو بناخە چییە؟… زانا رەزاق

سەرەتا ئێمەی مرۆڤەکان ڕاستە لەزۆر ڕووەوە لەیەکتری جیاوازین، بەلام بۆ لەیەکتر جیاکردنەوە لێکدابڕان و خۆسەپاندن، چەواشەیان لە مەبدەئ و بنەما کردووە بۆ ئەوەی ئەو مەرام و ئامانج و شتانەی لە پشت لەچەواشەکردنەکە خۆی شاردۆتەوە بهێننەدی، ئەمەش لە زۆر ئامرازەکاندا کراوە یانی ئەگەر سەیری مێژووی نووسراو بکەین کاتێک دەبینی بۆ زالبوون بەسەر نەتەوەی تردا ئەوا هاتوون خۆیان لە پلەیەک بەرزتر لەوان داناوە لەکاتێکدا هەموو مرۆڤەکان یەکسانن بەبێ جیاوازی هەموو شتێکەوە هەروەها کەس لە کەس گەورەترنیە بەلام بەهۆی پۆست و پلەوە ئەو کەسانە ئەرک و بەرپرسیاریەتی زیاتریان دەکەوێتەسەر.

ئیدی خۆی و مەبدەئ و بنەما لەناو خێزانێک تا قوتابخانەو هەموو شوێنەکانی تر یەک شتە بەلام لە ڕڕۆژهەلاتی ناوین و کۆمەلگاکانی مەبدەئ لای ئەوان یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و ئاژەلدۆستی هەموو شتە باشەکان نییە بەلکو
لای ئەوان حزب بەهەر شێوەیەک بێ مەبدەئە لایان یان ئایدۆلۆژیا یان هەر ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج لایان وایە

یانی دەتوانین بلێین ڕۆژهەلات و کۆمەلگاکانی پێچەوانەن دەبوایە وانەبوایە یان دەکرێ بەهۆی پەروەردەوە ئەمە بکرێت مەبەستم هەموو جۆرە پەروەردەکانە و لە هەموو شوێنێکیش دەشکرێت مرۆڤەکانیش کۆمەلێک بنەما و خالی باش بۆ خۆی دابنێت وەک مەبدەئێک هەروەها حزبەکانیش هەروەهای تر هەموو شوێنەکانی تریش تەنیا قسەش نەبێ بەلکو بەکرداریش بێ.

تێبینی خۆی ئەوەی مەبدەئی بێت نە دژتە نە لەگەل هەموو شتێکتە ئەمه بۆ مرۆڤێک تا دەگاتە حزب و ئایدۆلۆژیا و هەموو شتەکانی تر




رۆڵی منـداڵان لە فـیلـمی سـینه‌مـاییـدا… رەزا شـوان

سـینه‌مـا یه‌کێکه‌ لە باوتـرین جـۆرەکانی هـونـه‌ر، بایـه‌خی هـونـه‌ری و جـوانی هـه‌یه‌. سـینه‌ما یه‌کـێکه‌ له‌ هـۆکارەکانی راگه‌یـانـدن و زۆرتـرین هـه‌وادارانی هـه‌یه‌. سـیـنه‌ما پیـشه‌سازیی هـونـه‌ری جـوڵانه‌. هـه‌نـدی که‌س به‌ (هـونه‌ری حـه‌وتـه‌م) نـاوی دەبه‌ن. سـینه‌مـا ته‌نهـا لایـه‌نێکی خۆشی نیـیه‌، هه‌مـوو بـوارەکـانی ژیـانی بەسه‌رکـردۆتـه‌وە. روونـاکـیش دەخـاته‌ سـه‌ر کـێـشەکـانی کۆمـه‌ڵ. هـۆکـارێکـی گـرنـگی رۆشـنبـیریـشه‌. سینه‌ما دیـاردەیـەیه‌کی شارسـتانی و پێـشـکه‌وتـنیشـه‌.
رۆژئـاواییـه‌کان یه‌کـڕا و یه‌کـدەنـگ نیـن له‌سـه‌ر ئـه‌وەی، کـه‌ سـیـنەمـا هـونـه‌رێـکی سـه‌ربه‌خـۆیه‌ یـان لـقـێکه‌ لـه‌ هـونـەری ئـه‌دەب و شـانـۆ. (رۆدلـف ئارنهـایـم) یه‌که‌م داکـۆکـیکه‌ر بـوو، له‌سـه‌ر بیـرۆکه‌ی سـه‌ربه‌خـۆیی سـینه‌مـا وەکـوو هـونـه‌رێـک.
فـیلمی سینه‌مایی بریتیه‌ له‌ وێنه‌گـرتنی دیمه‌نه‌ ریـزبه‌نـدییه‌کان و ئـه‌و وێنـانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی سـینه‌ما له‌ هـۆڵی سـینه‌مـادا، یا له‌ ته‌له‌فـزیۆن و له‌ ئینته‌رنێتدا، یان به‌ هـۆی دەزگای تـرەوە بۆ خـه‌ڵکی نمایـش دەکـرێن. که‌ رووداوەکـانی ژیانیـان له‌خۆگـرتـوون.
سینه‌ما دەتوانێت ئاستی رۆشنبیریمان فـراوانتر بکات. په‌نجه‌رەکانمان له‌سه‌ر دەکاته‌وە، بۆ ئـه‌وەی دەربـارەی رۆشـنبیری و داب و نه‌ریـت و پێشکه‌وتنی گـه‌لانی تر بـزانـین و چاوەکانمـان به‌ جیهـانانی جیـاوازی تـردا هـه‌ڵـبهـێنـین.
سینه‌مـای منـداڵان، به‌شێکه‌ له‌ سـینه‌مای گشتی. ئه‌و فـیلمه‌ تایبه‌ییانه‌ نمایش دەکات که‌ به‌ تایبه‌تی بۆ منداڵان نووسراون و دەرهـێنراون و وێنه‌یان گرتوون، بۆ ئه‌وەی منداڵان بیـانبیـنن. یا بـۆ جەمـاوەرێـکی فـراوانتـار که‌ به‌ (خـێزان) ناودەبـرێـن.
له‌ ئه‌مڕۆدا وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهـان، گرنگییه‌کی زۆر به‌ سینه‌مای منـداڵان دەدەن. ساڵانه‌ چه‌نـدین فـیلمی تایبه‌تی بۆ منداڵان به‌رهه‌مـدەهـێنن و نمایشیان دەکه‌ن. به‌ دەیان رۆماننووس و سیناریۆنووس و ئه‌کته‌ر و دەرهـێنه‌ر و سینه‌ماکار و فـیلمساز و وێنه‌گر و کامیـرامه‌نـدی شـارەزا و شارەزایـانی بـواری پـه‌روەردە و ئـارەزووەکـانی منـداڵان و کۆمپانیای زەبه‌لاح، هه‌موو پێکه‌وە سه‌رقاڵی به‌رهـه‌مهێنانی فـیلمی سینه‌مایی منداڵانن. بـوودجـه‌یەکی زەبـه‌لاحیـشـیان بۆ تـه‌رخـان کـردووە. ئه‌مـریـکا و یابـان و هـیندستان و ئه‌لمانیا و پـۆڵه‌نـدا و کۆریـای باشوور و رووسیا و چیک پێشه‌‌نگـن له‌ به‌رهـه‌‌مهـێنانی فـیلـمی سینه‌مـایی بۆ منـداڵان.
له‌ بیسته‌کانی سه‌دەی رابـردوودا، له‌ ئه‌مریکادا بـیرۆکه‌ی فـیلمی سینه‌مایی بۆ منـداڵان سه‌ری هه‌ڵـدا، له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووەکانی ئه‌مریکا و ئه‌ورۆپادا پێشکـه‌وت. له‌ ئه‌مریکادا به‌ شێوەیـه‌کی فه‌رمی زاراوەی (فـیلمی خـێزانی) به‌کاردەهـێنن. له‌ ئه‌وروپاش زاراوەی (فـیلمی منـداڵان) و به‌ زۆریش زاراوەی (سـینه‌مـای منـداڵان) به‌کـاردەهـێـنن. ته‌نانه‌ت شێوازی هه‌ڵـبژاردنی پاڵه‌وان و که‌سایه‌تییه‌کان بـۆ رۆڵگـێڕان له‌ فـیلمه‌کانـدا، له‌ نێوان ئه‌مـریکا و ئه‌وروپـادا، تـا رادەیـه‌ک جیـاوازیـیان هـه‌یه‌. لـه‌ فـیـلمه‌ ئه‌مـریـکـییه‌کـانـدا، کۆمـه‌ڵـێک پێویستی و مه‌رجی تایبه‌تییان هـه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبـژاردنی ئه‌و منـداڵانه‌ی رۆڵیان له‌ فـیلمه‌کانیاندا هه‌بێت، وەکوو شـۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵا و چه‌نـد مه‌رجـێکی تر. بـه‌ڵام له‌ فـیـلمه‌ ئه‌ورۆپـاییه‌کانـدا، هـێـندە گـوێ به‌ سـیـمای تایبـه‌تی نادەن و منـداڵانی ئاسایی بۆ فـیـلمه‌کانیان هـه‌ڵـدەبـژێن.

پێویسته‌ هـه‌نـدێ پێـویستی لـه‌ فـیلـمه‌ باشـه‌کانی منـداڵانـدا هـه‌بـن: په‌یـامێکی ئـه‌رێنی په‌روەردەییـان هـه‌بێـت، گونجاوبن له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵان، دووربن له‌ ته‌ڵقین ئاسایی و له‌ په‌ندێری و له‌ ئامۆژگاریی راسه‌وخۆ، خۆشی و شادی به‌ منداڵان ببه‌خشن، هـۆش و سـۆزداری منـداڵان ببـزوێـنن، ساکار و سه‌رنـج راکێـشبن، دووربـن له‌ تـونـد و تیـژی.
ئـه‌م چه‌نـد رێنماییـانه‌ش بۆ سـوود وەرگـرتن، ئاراسـته‌ی دایـکان و باوکـان دەکـه‌ین:
١ـ پێویسته‌ ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ی بۆ منداڵان نمایش دەکرێن، دایکان و باوکان هه‌ڵیان بـژێـرن و په‌سه‌نـدیان بکه‌ن، له‌‌ژێـر چاودێـری ئه‌وانـدا منـداڵان سه‌یـریان بکه‌ن. ئه‌رکی وەزارەتی رۆشـنبیری کوردستانه‌، که‌ پيش نمایـشکردنی فـیلمه‌ سینماییه‌کان بۆ منداڵان، له‌ سـینه‌مـاکان و ته‌له‌فـزیـۆنه‌کانـدا، له‌ لایـه‌ن لیـژنـه‌یـه‌کی په‌روەردەیی و دەروونناسی منـداڵانه‌وە، کۆنترۆڵ بکـرێن و ئه‌و دیمـه‌نه‌ نه‌گونجـاو و ناپه‌سه‌نـدانه‌یان بسـڕنه‌وە که‌ بۆ منـداڵان ناشـێن و کاریـگه‌ری و رەنگدانەوەی نه‌رێنیان له‌ سـه‌ر ژیـانیان دەبـێـت.
٢ـ پێویسته‌ دایکان و باوکان، به‌ تایبه‌تی و به‌ وردییـه‌وە، پێش نمایشکـردن و بینـینی فیلمه‌کان له‌ لایه‌ن منداڵانه‌وە، چـیرۆکی فـیلمه‌کان بخوێننه‌وە و باش سه‌یریان بکه‌ن و له‌ ناوەڕۆک و مه‌به‌سته‌کانیان تێبگه‌ن. تا دڵنیابن که‌ شتی خراپ و ناله‌باریان تێدا نییه‌.
٣ـ دوای بینینی فـیلمه‌کان، پێویسته‌ دایکان و باوکان، هـانی منـداڵه‌کانیان بـدەن، که‌‌ به‌ راشکاوی گـفتـوگـۆ و پرسـیار دەربـارەی سیناریـۆ و که‌سایه‌تییه‌کانی فـیلمه‌کان بکه‌ن. سه‌رنـج و تێبینییه‌کانیان چـین دەربـارەی خـاڵه‌ ئه‌رێنییەکان و نه‌رێنییه‌کانی فـیلمـه‌کان.
٤ـ پێویسته‌ دایکان و باوکانیش، به‌شداربن له‌ بینینی فـیلمه‌کان و له‌ شیکـردنه‌وە و له‌ هـه‌ڵسه‌نگانـدنی فـیلـمه‌کان، له‌گـەڵ منـداڵه‌کانیـان. رای خۆیـان له‌ بارەیانه‌وە دەربـڕن.
٤ـ به‌ زارەکی فـیلمه‌که‌کـان کورت بکـه‌نه‌وە، با هـه‌ریـەكه‌ له‌ منـداڵه‌کان بیانگـێڕنه‌وە. دواییش با هـه‌ریه‌کـه‌یان به‌ کـورتی به‌ نـووسین باس له‌ فـیـلەکـان بـکه‌ن.
٥ـ با هـه‌ریه‌که‌ له‌ منـداڵه‌کانتان باس لـه‌و که‌سایـه‌تییانه‌ی فـیلمه‌کان بکه‌ن که‌ خۆشـیان دەویـن، له‌گـه‌ڵ باسکـردنی هـۆی خـۆشـه‌ویستیـیان بۆیـان.
٦ـ ئه‌گه‌ر بکـرێت دیمـه‌نێکی دیاریکـراو لـه‌ دیمـه‌نـه‌کانی ئـه‌و فـیلمانه‌ی کە دەیـانبینن. له‌ ماڵـه‌وەدا، بـۆ خۆشی له‌گـەڵ منـداڵه‌کانتـانـدا بـه‌ نـوانـدن بیـان نـوێـنن.

                         سـوودەکانی سینەمـای منـداڵان 

١ـ سینه‌مای منداڵان جیهـانێکی رەنگـینه‌، له‌ تێکه‌ڵبوونی دیمه‌نه‌کان و موزیک و خه‌یاڵ پێکـدێت. بۆیـه‌ بۆته‌ مایه‌ی بایه‌خـدانی منـداڵان. چیرۆکه‌کانی فـیلمه‌کان هـۆش و خه‌یاڵی منـداڵان به‌رەو ئاسمانـێکی ئه‌فـسووناوی فـراوان دەبـه‌ن.
٢ـ سینه‌مای منداڵان، که‌رەسته‌ و هـۆکارێکی گـرنگه‌ له‌ بنیاتنـانی رۆشـنبیریی منـداڵان و لـه‌ گه‌شـه‌کـردنی خـه‌یـاڵ و هـزر و بیـری منـداڵان. بـۆ ئاشـکـراکـردنی وزە و تـوانـا خه‌په‌بـووەکانیـان و قـۆستـنه‌وەیـان بـۆ به‌ دروسـتی ئاراسته‌کـردنیـان.
٣ـ ئه‌رەکی سـه‌رەکی فـیلمـە سـینه‌مـاییـه‌کانی منـداڵان، به‌خـشینی خـۆشی و شادییـه‌کی تایبه‌تییه‌ به‌ منـداڵان. فـیلمه‌کان پـڕن له‌ دیمـه‌نی کـۆمیـدی و گاڵـته‌ و گـه‌پ و خه‌نـدە و پێکه‌نـین. وەکوو له‌ فـیلـمه‌کانی کـه‌ڵه‌ ئه‌کـته‌ری کۆمیـدی جیهـانی (چـارلی چـاپـلین) و (میـسته‌ر بـین) دا دەیانبیـنن، ئه‌گه‌‌رچی فـیلمه‌کانی چارلی چاپـلین، به‌‌ رەش و سپین و مێـژوویان بۆ سه‌دەیه‌ک پێـش ئه‌مـڕۆ دەگه‌ڕێنه‌وە. به‌ڵام چـێژیان هـێشتا کاڵنه‌بۆته‌وە.
٤ـ دەشی فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان یارمه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ بدەن که‌ تووشی خه‌مۆکی و ترس و گۆشه‌گیری و توڕەیی و دڵه‌‌ڕاوکی بوونه‌، له‌م نەخۆشییه‌ دەروونییانه‌ رزگاریان بێت.
٥ـ ئـه‌و هه‌ڵـویست و کـارە ئه‌رێنییانه‌ی، که‌ منـداڵان له‌ فـیلمه‌کانی سینه‌مـای منـداڵانـدا دەیانبینن، روڵ و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له‌ بنیاتنانی که‌سایەتی دروستی منـداڵان و له‌ جیگـیردنی رەوشت و رەفـتاری باش و به‌هـا جـوانـه‌کان له‌ دەروونی منـداڵانـدا هـه‌یه‌.
٦ـ فـیلمه‌کانی منـداڵان، باشـترین هـۆکـارن بـۆ ناسینی داب و نه‌ریـت و رۆشـنبیری و که‌له‌پوور و شێواز و رێگای مامه‌ڵه‌کردنی جیاوازی گه‌لانی دەوڵه‌تـانی تـری جـیهـان. چونـکه‌ فـیلمه‌کـان وەکـوو ئـاوێنـه‌ وان و ژیـان و رۆشـنبـیریی گه‌لانی تـر دەنـوێـنن.
٧ـ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی منداڵان، به‌ سه‌رچاوەیه‌کی گه‌ورەی ئیلهام به‌خشین دادەنرێن. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی که‌ چـیرۆکه‌کانیان له‌ راستیـیه‌وە وەرگـیراون. هـه‌میشه‌ش فـیلمه‌ به‌سوود و باشه‌کان په‌یـامی ئه‌رێنی و هـيوا و گه‌شبینی به‌ منـداڵان دەبه‌خـشن. فـێریان دەکه‌ن که‌ له‌ ژیـانـدا، له‌ سایه‌ی متمـانه‌ به‌خۆبـوون و کۆشش و کـۆڵنـه‌دانـدا، شـتێک نییه‌ که‌ نـاوی ئه‌سـته‌م بێـت و نه‌یـاته‌دی.
٨ـ به‌شـێکی زۆر له‌ منـداڵان، له‌ رێی بینـین و گـوێگـرتن له‌ فـیلمـه‌کان، به‌ تایبـه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی به‌ زمـانی ئینگـلیزی و هـه‌نـدێ زمـانی ترن، که‌ ژێـرنـووسی کوردییان بـۆ نه‌نـووسـیون، تـا رادەیـه‌کی بـاش فـێری زمـانی ئیـنگـلـیزی یا زمـانی تـر بوونـه‌.

٩ـ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی منـداڵان، تـوانـایه‌کی جیـاوازیان له‌ دەوڵـه‌مه‌نـدکـردنی هـزر و بیری منداڵاندا هـه‌یه‌. وزەیه‌کی گه‌ورەشیان بۆ سەرهه‌ڵدان و داهـێنان پێیان دەبه‌خشن.
١٠ـ له‌وانه‌یه‌ له‌ رێی فـیلمه‌ سینه‌مـاییه‌کانه‌وە، منـداڵان روانینـیان بۆ ژیـان بگـۆڕێـت.
پێویسته‌ ئه‌وەش لە منـداڵان نه‌شارینه‌وە، که‌ سینه‌مای منـداڵانیش، وەکوو هـۆکارەکانی تـری راگه‌یانـدن دوو لایـه‌نه‌، سـوودی هـه‌یه‌ و زیـانیشی هه‌یه‌. دەبێت منداڵان له‌م دوو لایه‌نه‌ ئاگادار بکه‌ینـه‌وە. چونکه‌ بابه‌ته‌کانی فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ئه‌و منداڵانه‌ دەبێت که‌ سه‌یری ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ دەکه‌ن.

                  رۆڵی منـداڵان له‌ فـیلمـه‌کانی سـینه‌مـاییـدا 

له‌ زۆر فـیلمی سینه‌مـایی جیهـانیـدا، له‌ فـیلمه‌ سینه‌مـاییه‌ کوردییه‌کـانـیشدا، زۆرن ئـه‌و منـداڵه‌ به‌هـرەمـه‌نـدانه‌ی که‌ رۆڵـی پاڵـه‌وانـێـتی یا که‌سـایـه‌تی سـه‌رەکی فـیـلمـه‌کانـن و سـه‌رکـه‌وتـنیان بـه‌و فـیلـمانه‌ به‌خـشـیون. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فـیلـمانه‌ی په‌یـوەنـدییان به‌ خـودی منـداڵانه‌وە هـه‌یه‌ له‌ گه‌لی فـیلـمی سینه‌مـاییش بۆ گـه‌ورەکـان، منـداڵان دەوری سه‌رەکییان هه‌یه‌. هه‌نـدی له‌‌و شاکـارە فـیلمه‌ سینه‌ماییانه‌، له‌ سایه‌ی رۆڵی پاڵه‌وانێتی منداڵاندا، ناوبانگیان دەرکرد و لە سینەماکانی هەموو دەوڵەتانی جیهانـدا نمایش کران. به‌ ملێـۆنـان دۆلار داهـاتیـان بـوو. نووسـه‌ر و دەرهـێـنه‌رەکانیان بـوون به‌ ملیـۆنـێر.
زۆر زۆرن ئه‌و منـداڵانه‌ی که‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتی یا سه‌رەکییان له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانـدا بۆ منـداڵان و بۆ گه‌ورەکـان هـه‌بـوو. که‌‌ ته‌مه‌نـیـان له‌ نێـوان (٢) ساڵ بـۆ (١٥) ساڵ بـوون، هـه‌ندێکیان له‌ ژیانـدان و هـه‌نـدێکی تریان مـردوون. بۆ نمـوونه‌ نـاوی چه‌نـد منـداڵـێک دێنیـن، که‌ لە فـیلـمه‌ جیهـانییه‌کانـدا رۆڵی پاڵه‌وانـێتی و سه‌‌رەکـییان تێیانـدا بینێـون و ناوبانگـێکی جیهـانیان هـه‌یه‌، وەکوو:
١ـ (جـان کۆجـان) ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان، له‌ ساڵی (١٩٢١) دا، له‌ فـیلـمی (منـداڵ) له‌ دەرهـێنانی که‌‌ڵه‌ هـونه‌رمه‌ندی کۆمیدی ئه‌مریکی و جیهانی (چارلی چاپلین). فیلمه‌که‌ به‌ رەش و سپییه‌ و ماوەکه‌ی (٨٠) خوله‌كه‌ (جان کۆجان) له‌م فـیلمانه‌شدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو: له‌ فـیلمی (ئـۆلیڤـه‌ر تـویست: ١٩٢٢) و له‌ فـیلمی (دادی: ١٩٢٣) و له‌ فـیلـمی (رۆبنسۆن کـرۆزۆ:١٩٢٤). که‌ جـێی سه‌رسـامی بینـه‌رانی ئـه‌م فـیلمـانه‌ بـوو.
٢ـ كچۆڵه‌ی ناسک و جـوان (شـیرلی تـمبـل: ١٩٢٨ ـ ٢٠١٤) له‌ دایکبووی ئه‌مریکایه‌ و به‌ (شازادە بچـکـۆله‌) ناوی دەبـه‌ن. له‌ ته‌مه‌نی (٣) ساڵیـدا به‌ جیهـانی سینه‌ما ئاشنا بـوو. رۆڵی پاڵه‌وانێتی له‌ زنجـیرە فـیلمی کۆمیـدیی رەخنه‌ئامێز (بایبی بیـورلیسکس) دا هـه‌یه‌. سه‌رەنـج و سه‌رسامی هه‌مـوو بینه‌رانی به‌ لای خـۆیـدا راکێشا. شیرلی تمبـل له‌ چه‌ندین فـیلمی سینه‌ماییـدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌. به‌ (ئەفـسانه‌ی سینەما) یان دەزانی. شیرلی که‌ گـه‌ورەش بـوو، چـووە ناو دنیـای سیاسه‌ت و دپلـۆماسییه‌وە چەنـدین پله‌ و پایـه‌ی به‌رزی هه‌بـوو. لە نـووسینـێکم دا، بە درێـژی باسم لە شـیرلی تمبـل کـردووە.
٣ـ (جـادلـین سمیس) ی ته‌مـه‌ن هه‌شـت سـاڵان، که‌ کـوڕی ئه‌کتـه‌ری سینه‌مایی (ویـل سمیس) ە، له‌ فیلمی (گەڕان به‌ دوای شادی) دا، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هـه‌یە. هه‌روەها له‌ فیلمی (کوڕە کاراتییه‌که‌)ش له‌ دەرهـێنانی (جاکی شان) جادلین رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌.
٤ـ خونچه‌گـوڵ (ئانـۆک ستـیڤـن) ی سـویسری، له‌ فـیلـمی (هـایـدی) که‌ لە نـووسیـنی رۆماننووسی سویسری خاتوو (یۆهانا لویزە هـۆیسه‌ر) و دەرهـێنانی (ئالان گسپۆنه‌ر).
(ئانـۆک ستیـڤـن) ی تەمـه‌ن هـه‌شـت سـاڵان، رۆڵی (هـایـدی) دەبیـنێـت.
٥ـ له‌ فـیلمی (پیـپی گـۆرەویـدرێـژ) که‌ له‌ نووسینی که‌ڵه‌ رۆماننووس و چـیرۆکنووسی سـویـدی خاتـوو (ئاسـتریـد لـینـدگـرین) ە، ئـه‌و کچـۆڵه‌‌ بـلیـمـه‌ته‌‌ (٩) سـاڵانه‌ که‌ رۆڵی پـیـپی دەبینێـت، دوو گـۆرەویی درێـژی هـه‌ریه‌که‌ له‌ رەنگـێک له‌ پێـیـەکانی دایـه‌، قـژە سـوورە درێـژەکه‌ی سـتایـلـێکی تایبـه‌تی هـه‌یه‌. رۆڵـێکی پاڵه‌وانێتی کـۆمیـدی هـه‌یه‌ و جـوڵه‌ی سه‌یـر و سه‌رنجـڕاکـێش و زۆر کـاری لە تـوانابەدەر ئەنجـام دەدات. دەدات و هـه‌مـوو منـداڵان سه‌رسام دەکـات و دەیـانهـێنێـته‌ خۆشی و خه‌نـدە و پێکه‌نیـن.
٦ـ لـه‌ زنجـیرە رۆمـانی (هـاری پـۆتـه‌ر)، له‌ نـووسینی رۆماننووسی ئینگـلـیزی خاتـوو (جـوان رۆلیـنگ) که‌ کاکـه‌له‌ (دانیـال جاکـوب رادکـلیـف) ی ته‌مه‌ن (١٣) ساڵان، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌، رۆڵی (هـاری پـۆته‌ر) دەبینێت. کچۆله‌ی خونچه‌گوڵ (ئیما واتسـۆن)ی (١٠) ساڵان و کاکه‌له‌ (رۆبـه‌رت گرینـت)ی (١٣) ساڵانیش، له‌ پاڵ دانیال رادکـلیـف دا، رۆڵی سه‌رەکییان هه‌یه‌. ئه‌م فـیلمه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا نمایش کرا. ژمارەیه‌کی پێوانەیی له‌ دەسکه‌وتی پارە و له‌ ناوبانگ به‌ دیهـێنا، نووسه‌ره‌كه‌ی و دەرهـێنه‌رەکه‌ی به‌ هـۆی ئه‌م فـیلمه‌وە بـوون به‌ ملیـۆنێـر.
٧ـ هه‌ریەکەش له‌م منداڵانه‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتیان له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌کاندا هه‌یه‌:
(کمـارک لیسـته‌ر: دە سـاڵان) و کچـۆلە (جـۆدی فـۆسـت: له‌ سێ ساڵـییه‌وە) و کچـۆڵه‌ (هـایـله‌ر مـیلـه‌ر: دە سـاڵان) و کـچـۆڵه‌ (دارو بـاریـمـۆری) و (جـۆنـاسان ئه‌شمـور) و (ماریۆ کۆستۆدیۆ) و (ستیڤـزن وارسه‌ر) و (لیندا بلێر) و (هـارفی ستیفنز: پێنج ساڵان) و چه‌نـدین منـداڵی تر که‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان له‌ فـیلمە سینه‌ماییه‌کاندا هه‌یه‌.

رۆڵی منـداڵانی کورد له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌ کوردییه‌کاندا

منـداڵانی کوردیش گه‌ر هـه‌ل و مه‌رجیان و دەرفه‌تیان بۆ بـڕەخـسێت، له‌ رووی به‌هـرە و بلیمه‌تی و زیرەکی و توانـاوە، له‌ منـداڵانی تری جیهـان که‌متر نین. به‌ڵام بە داخه‌وە زۆر بێنـازن و زۆر به‌ کـه‌می ئـاوڕ له‌ خـه‌ون و هـیوا و له‌ بەهـرەکـانیان دەدرێنـه‌وە.
له‌ چه‌ند فـیلمێکی سینه‌مایی کوردیدا، منـداڵانی کوردمان رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان تێیانـدا بینیوە. له‌ سـایـه‌ی رۆڵی ئه‌و منـداڵانه‌وە فـیلـمەکـان سه‌رکه‌وتـن و ناوبانـگـیان به‌دەست هـێنان. ئه‌م منـداڵانه‌ش درچـووی هـیچ په‌یمانگایه‌کی شانـۆیی و سـینه‌مایی و هـونه‌ری نیـن. زۆر به‌ سروشـتی و عـه‌فـه‌وی نـوانـدن دەکـه‌ن و رۆڵـه‌کانیان دەبیـنن. هـه‌روەکوو ئه‌وەی یارییه‌کی ئاسایی بکه‌ن. بیـر و خه‌یاڵـیان لای کامیـرا و وینـه‌گـرتن نییـه‌. ناوی چه‌نـد منـداڵـێکی به‌هـرەمه‌نـدی کوردمـان دەهـێـنم كه‌‌ رۆڵی پاڵـه‌وانـێتی و سه‌رەکـییان له‌ هـه‌نـدێ فـیلـمی به‌نـاوبـانگی کوردیـدا هـه‌‌یه‌‌:
١ـ یه‌کـه‌م فـیلـمی سینه‌مـایی که‌ به‌ زمـانی کـوردی تۆمـارکـراوە، فـیـلمـێکه‌ به‌ نـاوی (زارە) یا (زارێ) یه‌. به‌رهـه‌می یه‌کـێتی سۆڤـیه‌تی پێشووە، له‌ ساڵی (١٩٢٦) دا، له‌ لایـه‌ن دەرهـێنه‌ری ئه‌رمـه‌نی (هامـۆ به‌گ نازاریان) ەوە دەرهـێنراوە. دیمه‌نـه‌کانی له‌ شاخه‌کانی ئه‌رمه‌نسـتان گـیراوە و هـه‌ر له‌ ئه‌رمه‌نستانیش بۆ یه‌کـه‌م جار نمایش کرا. ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی کوڕ و کچـێکی لاوی کوردی ئێزیـدی دەکات، کچـه‌که‌ ناوی (زارێ) یـه‌ و کوڕەکه‌ش شـوانه‌ و نـاوی (سـیـدۆ) یه‌. له‌ژێـر سه‌رکوتکـردن و چه‌وسانـه‌وە له‌ لایـه‌ن دەسه‌ڵاتـدارانه‌وە، بـۆ ژیـان دەجەنـگـن. نازانـم منـداڵانی کورد له‌م فـیلمه‌دا رۆڵیان هـه‌یه‌ یا نیانه‌. حه‌زمکـرد وەکوو یه‌که‌م فـیلمی سینه‌مایی کوردی ناوی بهـێـنم.
٢ـ فـیلمی کوردی (ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌‌کان) که‌‌ به‌ زمـانی کـوردی و فـارسییه‌‌، له‌ نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمـه‌نـدی سـینه‌‌مـاکـار و دەرهـێنه‌‌ری فـیلـمی سـینه‌مـایی (به‌همه‌ن قوبادی) یه‌‌. که‌ له‌ رۆژهـه‌‌ڵاتی کوردستان دەرهـێنراوە. له‌‌ سالی (٢٠٠٠) دا، بۆ یه‌که‌م جار له‌ فـێستیڤاڵی (کـان) له‌‌ فه‌رەنساد نمایشکرا. رۆڵی پاڵه‌وانێتی ئه‌م فـیلمه‌ منـداڵێکی کـوردە به‌ نـاوی (ئه‌یـوب) نـاوی ته‌واوی راستیشی (ئه‌یـوب ئه‌حمه‌د)ە، له‌و کاته‌دا، ته‌مه‌نی (١٣) ساڵ بوو. ئه‌یوب له‌ گوندی (مرانی) سه‌ر به‌ قه‌زای پێنجـوێن له‌ دایـک بـووە، به‌ هـۆێ جه‌نـگی نێـوان عـێراق و ئێـرانـه‌وە، بۆ رۆژهـه‌ڵاتی کوردستان کـۆچـیان کـردبـوو. هـه‌ر لـه‌م فـیلمـه‌دا دوو ئه‌کـتـه‌ری منـداڵی تـریـش رۆڵـیـان هـه‌یه‌، کچـۆله‌ (رۆژیـن یـوونس) ته‌مـه‌ن (١٠) سـاڵان و (مه‌هـدی ئـیخـیاردیـن) سێ سـاڵان، که‌ کـوڕێـکی منـداڵی خـاوەن پێـداویستی تایبـه‌تـییـه‌. لـه‌‌ فـیلـمه‌کـه‌دا ئـه‌م سێ منـداڵـه‌ خـوشک و بـران و دایک و باوکیان نه‌ماون، ته‌نها مامێکیان هـه‌یه‌. ئه‌یـوب له‌ پێناوی په‌یداکردنی بـژێـوی ژیانی (رۆژیـن) ی خوشکی و (مادی) بـرا بچـووکی، که‌ پێویستی به‌ پـارە هـه‌یه‌ بـۆ نه‌شـته‌رگه‌رییـه‌کی پێویست، هه‌مـوو به‌رپـرسیارێتییه‌ک دەکـه‌وێـته‌ ئه‌ستۆی ئه‌یـوب، ناچار واز له‌ قـوتابخانه‌ دەهـێنێت. کاری کـۆڵبـه‌ری دەکات له‌ نیـوان رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستاندا (رۆژین) یش، له‌ پێناوی مادی برایدا ناچاربوو که‌ شـوو بـکات، بۆ ئـه‌وەی پـارەی مـارەییـه‌که‌ی، بۆ نه‌شـته‌رگه‌ریی مـادی وەربگـرێت. ئه‌یـوب و رۆژیـن و مـادی، زۆر بـه‌ جـوانی و بـه‌ ئاسـایی و سـه‌رکـه‌وتـووانـه‌، لـه‌م فـیلمـه‌دا رۆڵـه‌کـانیان بینـیـوە. ماوەی فـیلمه‌که‌ (٨٠) خـولـه‌که‌. ئـه‌م فـیـلمه‌ بـاس له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ دەرەتانی کورد دەکات، که‌ دایک و باوکیان له‌دەست داوە. هـه‌وڵ بۆ مـانه‌وەیـان دەدەن.
بۆیه‌ش کۆڵبه‌رەکان ویسکـییان کردە ناو ئـاوی خواردنه‌وەی ئه‌سپه‌کانیان تا مه‌ست و سـڕببـن و سه‌رمـا و سـۆڵه‌ و گـزەبـای سـارد و به‌فـر کـاریـان لـێنـه‌که‌ن و نه‌وەسـتن.
(ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان) ژێـرنـووسیان بۆ چه‌ندین زمانی جیهـانی کردووە و له‌ چه‌نـدین هـۆڵی گـه‌ورەی سینه‌ماکانی شارەکانی وڵاتـانی جـیهانـدا نمایشکـرا. چه‌نـدین خه‌ڵاتی به‌نرخ و به‌رزی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خشی. به‌ هـۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م فـیلمه‌وە، به‌هـمـه‌ن قـوبـادی نـاوبانگـێکی جیهـانی له‌ دەرهـێـنانی فـیلـمی سینه‌مـاییـدا دەرکـرد.
شایه‌نی باسیشه‌ له‌ ئێستادا (ئه‌یـوب ئه‌حمـه‌د) گه‌نجـێکه‌ و گه‌ڕاونـه‌ته‌وە بـۆ پێنجـوێن. خه‌ریکی کـاری کـۆڵـبه‌رییـه‌. زۆر حه‌ز دەکـات له‌ فـیلـمێکی سـینه‌مایی کوردی تـازەدا بانـگی بـکه‌ن و رۆڵـێکی بـدەنێ.
٣ـ فـیلمی (کیسه‌ڵه‌کانیش دەفـڕن) فیلمێکی جه‌نگی درامییه‌، له‌ نووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـدی سینه‌ماکار (به‌هـمه‌ن قوبادی) یه‌. که‌ له‌ ساڵی (٢٠٠٤) دا نمایـش کـرا.
چـیرۆکی فـیلمه‌که‌ دەربـارەی (٣) منـداڵی په‌نـابه‌رە له‌ که‌مـپێکی ئـاوارە کوردەکان، له‌ نێوان رۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستاندا. چاوەڕێی رووخانـدنی سه‌دام حوسێن دەکه‌ن.

له‌م فـیلمه‌دا، ژمارەیه‌کی زۆر له‌ منـداڵانی کوردمان به‌شدارییان کردووە. به‌ڵام سێ له‌ منداڵه‌کان رۆڵی پاڵه‌وانێتیـیان هـه‌یه‌، که‌ ئه‌مانه‌ن:
١ـ (سـۆران ئیبـراهـیـم) ته‌مـه‌نی (١٣) ساڵه‌، دێ بە دێ دەگـه‌ڕی و ئانتـین و سـاجی مه‌هـورا بـۆ خه‌لکی گونـدەکان دادەنێـت، بۆیـه‌ به‌ نازنـاوی (کاک سه‌تـه‌لایـت) ناویان دەبـرد. شـڕە ئینگـلیزییه‌کـیشی دەزانی.
٢ـ خۆنچـه‌گـوڵ (ئـاواز له‌تـیـف) ته‌مه‌نی (١١) سـاڵه‌، رۆڵی (ئـاگـرین) ی لـه‌م فـیلمه‌دا هه‌یه‌، زۆر به‌ جـوانی و سروشتی رۆڵه‌که‌ی بینیوە، کچۆڵه‌یه‌کی بێ دایک و بێ بـاوکه‌. بـرا‌یه‌ك (٣) ساڵانی نابیناشی هه‌یه‌. خه‌م و ئه‌رکی به‌خێوکرنی براکەی که‌وتۆته‌ سه‌ری.
٣ـ (هـێڕش فـه‌یسه‌ڵ رەحمان) که‌‌ ته‌‌مه‌نی (١٣) ساڵه‌ و خـاوەنی پێـداویستی تایبه‌‌تییه‌، له‌ منـداڵییـه‌‌وە به‌ هـۆی شـۆرتی کـارەباوە، هـه‌ردوو دەسته‌‌کانی له‌‌ شانییه‌وە پـزیشک بڕیـویانەتەوە. هـێڕش له‌م فـیلمەدا رۆڵی (هـەنگـۆف) ی هـه‌یه‌. هـه‌روەکوو منـداڵێکی ئاسـایی مـه‌لـه‌ و زۆر کـاری تـر دەکـات. زۆر سه‌رکه‌وتـووه‌ له‌ رۆڵـه‌کـه‌یـدا.
مـاوەی فـیلمی (کیسه‌ڵـه‌کـانیش دەفـڕن) (٩٧) خـولـه‌که‌. بـۆ یه‌کـه‌مـین جـار له‌‌ سـاڵی (٢٠١٤) دا نمایـشکـرا.
٤ـ فـیلمی (بێـکه‌س) که‌ فـیلمێکی سینه‌مـایی کـۆمیـدی درامیی کوردییه‌. له‌ نووسـین و دەهـێنانی هونه‌رمه‌نـد (کارزان قـادر) بۆ یه‌که‌مین جـار له‌ ساڵی (٢٠١٢) دا نمایشکرا. باس له‌ دوو بـرای پێـڵاوبـۆیاخکه‌ر دەکات، که‌ له‌ فـیلمەکەدا ناویان (دانـا) و(زانـا) یه‌.
ناوی ته‌واویان (زەمـه‌نـد ته‌هـا ـ دانـا) و (سـەروەر فـازل ـ زانـا) دوو منـداڵی بەتوانان.
دەیـانه‌وێـت له‌ ژیـانی پـڕ له‌ مه‌ینـه‌تی و کوێـرەوەری هـه‌ڵـبێن و خـۆیان بگه‌یه‌نـن به‌ (سـۆپـه‌رمـان) له‌ ئه‌مریـکا. پێیانـوایه‌ ئـه‌و دەتـوانێت هه‌موو کێـشه‌کانیان بۆ چارەسه‌ر بکات. دانا و زانا به‌ سواری که‌رەکه‌یـان که‌ ناویـان لێنـاوە (مایـکڵ جاکـسـۆن) دەسـت دەکـه‌ن به‌ گه‌شـته‌که‌یـان بـۆ ئه‌مـریکا. مـاوەی فـیلمـه‌که‌ (٩٧) خـولـه‌که‌. وێنـه‌کـانی له‌ باشووری کوردستان گیراون. وەریان گێڕاوە بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیاوازی جیهانی.
چه‌نـدین خـه‌ڵاتی به‌نـرخی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خـشی. فـیلمێکی تایبـه‌تیـیه‌ بـۆ منـداڵان.
٥ـ (بـاوکـە) کـورته‌ فـیلمـێکه‌ بـه‌ زمـانی (کـوردی) و (نه‌رویـجی) یه‌. له‌ نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـد (هـیشام زەمـانی) یە. ماوەی فـیلمه‌که‌ (١٥) خوله‌که‌. دیمه‌ن و وێنه‌کانی له‌ نه‌رویـج گـیراون و دەرهـێـنراوە. بۆ یه‌که‌م جـار له‌ سـاڵی (٢٠٠٥) دا، له‌ نه‌رویـج نمـایـش کـرا.
ئه‌م فـیلمه‌‌ باس له‌ باوکێک و له‌‌ کوڕە (١٠) ساڵانه‌کەی که‌ ناوی (بڕوا ئاکۆ رەسووڵ)ە. كه‌ پاڵه‌وانی فـیلمه‌که‌یه‌. که‌‌ به‌ قـاجاغی هـاتوونه‌ته‌ نه‌رویـج. له‌ یه‌کێک لە کامپەکانـدان. مافی په‌نابه‌رییان رەتدەکرێته‌وە، پۆلیس باوکه‌که‌ دەگرن و سواری ئۆتـۆمبـێلی پـۆلیسی دەکـه‌ن بۆ گـەڕانەوە، منـداڵـەکەی بە گـریـانه‌وە هـاواردەکات بـاوکه‌ جـێـم مه‌هـیـڵه‌. که‌ پۆلـیس لێی دەپرسن ئه‌وە کوڕەته‌؟ به‌ نه‌خـێر کوڕی من نییه‌ وەڵامی پـۆلـیس دەداته‌وە. بۆ ئه‌وەی کوڕەکه‌ی مافی په‌نابه‌ری وەربگرێت. ئه‌م فـیلمه‌ له‌ نه‌رویـج و له‌ دەوڵه‌تانی ئه‌وروپـادا نمایـش کـرا و زۆر که‌سی هـێنایه‌ گـریان. زیاتر له‌ (٤٠) خـه‌ڵاتی به‌نـرخی بەدەستهـێـنا.
٦ـ فـیلمی (کـۆچـه‌ری بچکـۆل) هـونه‌رمه‌نـد (به‌تـین قـوبادی) سینارێوی نووسیوە و بۆ سینه‌مای دەرهـێناوە، به‌رهـەمهـێنانی (محه‌مه‌د ئه‌حـمه‌دی) یه‌. وێنه‌ و دیمه‌نـه‌کانی ئه‌م فـیلمه‌ له‌ ئـێران و تورکیـادا گـیراون. له‌ ساڵی (٢٠١٩) دا به‌رهـه‌مهـێنراوە. بۆ یه‌کـه‌م جاریش له‌ ساڵی (٢٠٢١) دا، له‌ یه‌که‌مین فـێستیڤاڵی فـیلمی سینه‌مایی کوردی له‌ شاری (مۆسکـۆ) له‌ رووسـیا، له‌ هـۆڵی سـینه‌مـایی (ئـوکتـۆبـه‌ر) نمایـشکـرا.
له‌‌ (کۆچه‌ری بچکـۆل) دوو منداڵی کورد که‌ بـران، ناویان (یوسف مه‌حمود عه‌بدولقادر) و (محه‌مه‌د مه‌حمود عه‌بـدولقـادر) ە، رۆڵی سـه‌رەکییان هـه‌یه‌.
٧ـ بێجـگه‌ له‌و فـیلمانه‌ی که‌ باسمان کـرد، له‌ چه‌نـد فـیلـمێکی سـینه‌مـایی تـری کوردیدا، منـداڵانی کورد رۆڵیـان تێـیانـدا هـه‌یه‌.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٥/ یـوولی/٢٠٢٢




ئایا کورد سەرکردەی هەبووە؟… زانا رەزاق

ئەمەی سەرەوە ئەم پرسیارەیە زۆرجار گوێبیستی بووین و دەبین ،زۆر کەس وەڵامی بۆ ئەمە هەیە و دەبێ، ئەم پرسیارەش چەندجارێک لە من کراوە بۆ ئەمەش من وەلامی خۆم هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە

لێرەدا ناتوانین بەسەدا سەد بلێین کورد یان هەر نەتەوەو شتێکی تر سەرکردەی نیە، نەبووە، چونکە هەموو سەرکردەکانی کورد کەسانی سیاسین زیاتر لە ڕۆشنبیری، دواتر دەکرێ بڵێین هەڵەو کەم و کورتییان هەبووە، یەکێک لەو هەڵانە دەبووایە ئەوان کەسانێکی لێهاتوویان کردبایە ڕاوێژکار و شتی تر ، هەروەها ئەوان ڕێنیشاندەر و بیرۆکە پێدەربان، لەگەڵ ئەوەش سەرکرده ماوەیەکی زۆر سەرکردە بێت ئەزموونی دەبێ بەئەزموونی خۆی شتەکانی وەرگرتبا، پێکەوە کارەکانیان کردبووایە، بۆ ئەوەی هەموویان وەک تیمێک کاریان کردبووایە، نەک سەرکردەی چی بڵێ ڕاوێژکارەکان و کەسانی تر هەمان شت بڵێن، ئەمە هەلەیە؟ ناشکرێت هەموو چاکەو خراپییەکان بخەیتە ملی ئەو،
چونکە ئەوانیش هەروەک تیپێکی تۆپی پێ وان، پێکەوە لە سەرکەوتن و شکست بەرپرسن، لەهەمان کاتدا هەروەک چۆن هەلەیەکی گۆلچی تیپێک یان بەرگریکارێک، ئەوا تیپەکە تووشی دۆڕان دەکات ئەوا سەرکردە و کەسەکانی سیاسیش هەروان، جا کاتێک تیپێک یاریزانی بەلێهاتوو پێدەگەیەنێ بەپێی ئاست پلە دەبڕێت، یان ڕاهێنەری تیپەکە لەنێو یانەکەی سەیری ئاستی یاریزانەکانی دەکات، کەسە باشەکان هەلدەبژێرێت، ئاواش پێویستە سەرکردەکان و کەسانی نزیکی ئەو کارەیان هەبێ، نەک کەسانێک بەسەریان داهەڵبدا ئەوان ببەنە پێش، چونکە ئەمە هەلەیە و ناکرێت وابێت.
تێبینی: ئەمە نەک بۆ سیاسیەکان دەبێ، بەڵکوو بۆ هەموو بوارێک و شتێک دەبێ کە کەسانێک وەک سەرکردە ڕۆل دەبینن
تێبینی تریش ناکرێت هەر سەرکەوتن و هەڵەو شکستێک تەنیا سەرکردە لێی بەرپرس بێت، بەلکو هەموو ئەوانەی لەگەڵیدان لێی بەرپرسن بەس بەپێی ئاستی پلەیان ئەمەش بۆ مێژوو هەروایە دەبێ وابێت
تێبینی تریش پێویستە ڕاوێژکارەکان و کەسانی تریان ڕووبەڕوو لێهاتوویان بسەلمێنرێت یانی سەد پرسیاریان لێبکرێت ئەوانیش ڕووبەڕوو وەڵام بدەنەوە بەپێی ئەمەش ئاستی ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت ئاواش هەلیانبژێرن نەک هەژار بن لەڕووی هزرەوە چونکە ئەمە زیانی دەبێ نەک سودگەیاندن.