(تك، تك تێڕامان)ی رۆژ هەڵەبجەیی و لادانی ئاماژەیی شیعر… لەتیف بێوار

لێکۆڵینەوەی شیعریی

(جان کۆهین) وای دەبینێت کە کرداری وەبەرهێنانی شیعر کردەیەکی دوو لایەنەیە؛ ئەوانیش لادان و نەفییە، واتا شکاندنی بونیات و پاشان بونیاتنانەوەی نوێ تا شیعرییەت بێتەدی، لەسەرەتادا دەلالەتی ئەو لادانە بزرەو لەپاش تێڕامان خوێنەری زیرەك دەیدۆزێتەوە. کەواتە زمانی داهێنەرانە لە شیعردا لادانە لە یاساکانی زمان و بەرەنجام دوو ئاستی جیاوازی مانا دێتە ئاراوە، کاتێك وشە لە ئەرکە بنەڕەتییەکەی لا دەدات بۆ هێنانەدی مانایەکی تری نوێ.
کۆهین وای دەبینێت شاعیران بەم کرداری لادانە هەڵدەستن بە تێكشکاندنی زمانی ئاسایی و پاشانیش بە جۆرێکی تر بنیاتی دەنێنەوە، بە ئاستێکی بەرزتر و رەنگێکی جیاوازتر. هەر ئەمەشە زمانی شیعر لە زمانی رۆژانە جیا دەکاتەوە.
بۆ نموونە گەر ئەم لادانە بگوێزینەوە بۆ ژیانی واقیع ئەوا بە سێنایی دەتوانین بەراوردی بکەین بە نموونەی ئەو کەسەی لە ڕێگایەکی سەرەکی لادەدات بەمەبەستی گەشتنە شوێنی مەبەست، هەرچەندە ئەو لادانە عاەتی و بەربڵاو نییە بەڵام هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای تر، لەم بارەشدا یان کورتبڕانەو جیاواز دەمانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، یان دوورمان دەخاتەوەو شکست دەهێنین، بەڵام لە هەردوو باردا ئاشنا دەبین بە شوێنگەلێکی نوێ.

ئێستا با چەند کۆپلەیەك وەك نموونە لە شیعری- تك تك تێڕامان- ی شاعیر نوێخواز رۆژ هەڵەبجەیی وەربگرین و هەردوو دیوەکەی زمانی ئاسایی و زمانی لادانی دەلالی تێدا بدۆزینەوە، پاشان وەکو نموونەی پراکتیکی دایبەزێنین بەسەر ناوەڕۆکی باسەکەماندا:
١- لادانی دەلالی(ئاماژەیی):
له ئه ندێشه ی ئاوا،
داربی هه یه سێبه ر هه ڕاج دەكا!
لە زمانی ئاساییدا درەخت رووەکێکە ناتوانایە لە هەستان بە کردارەکانی مرۆڤ، بەڵام لێرەدا ئەندێشە دەکات و سێبەر هەڕاج دەکات، ئەمەش دادەنرێت بە لادان لە ڕێسای زمان و بەکارهێنانی ئاسایی و رۆژانە، پێش ئەوەی لە پانتایی هزرو لێکدانەوەدا مانایەك وەربگرێت کە سەرەتا دادەنرێت بە نەفیکردن و داماڵینی مانا لەسیاقە گشتییەکەی، بەڵام کاتێك ئەو ئەڵقە بزرە دەدۆزینەوە بە هۆی هونەرەکانی رەوانبێژییەوە وەکو میتافۆڕ و خوازە کە دەمانگەیەنێتەوە مانایەکی نوێ، ئەوسا بڕیار بەسەر ئەوەدا دەدەین کە مەبەست لەم لادانە ئاماژەییە گەیاندنی مەبەستێك بووە کە شاعیر بە هۆیەوە خۆی بواردووە لە بەکارهێنانی شێوازی دەربڕینی راستەوخۆ تا لە ئاستی شیعرییەتی دەقەکە کەم نەبێتەوە.
هەروەها شاعیر لە نموونەیەکی تردا دەنووسێت:
له بیره و ه ری دارچنارا،
قه وز ه هه بووه، گیرفانه كانی
ته ژی كردووه له ئیره یی!
بەهەمان شێوە لە بارە واقیعیەکەی ژیان و دیوی دەرەوەی زماندا ئەمە بە حاڵەتێکی ناگونجاو و مەحاڵ دەژمێردرێت، گوایا کەی چنار بیرەوەریی هەیەو نە قەوزەش گیرفان و ئیرەیی، بەڵکو ئەم لادانە دەمانگەیەنێتەوە ئاستێکی تری باڵای مانا کە ئەوەی لێ دەفامینەوە شاعیر بەم شێوازی دەربڕینی مانادارو دەلالییە توانیویەتی ئەو پەیامە شیعرییە بگەیەنێت کە حاڵەتە بەرزو نزمەکانی مرۆڤ چۆن بەیەك بەراورد بکەین و ئەوە چییە کە دەبێتە هۆی سەرکەشی و یاخود بە پێچەوانەوە کە نەوی بوون و پاشکەفتنە کە (ئیرەیی)ـە.
٢- وێنەی لانەدانی دەلالی شیعر:
وەزیفەی پێنووس لێرەدا ئەوە بووە هەر وێنەی واقیع بگوازێتەوە سەر کاغەز بێ ئەوەی هەستێت بە هیچ گۆڕانکاری و لادانێك لە دۆخە سروشتییەکەی کەرەسەکان خۆیاندا، واتا مەجازو خوازە لێرەدا ناکارا کراوە، ئەوەش بۆ گەیاندنی مانایەکی هاوبەشی نێوان مرۆڤ و باڵندەیە کە لە واقیعدا چۆنە لە خەیاڵدانی شاعیریشدا هەر وایە، کە قەفەزو بەندینخانە هەردووك خاڵی هاوبەشی بەندییە لە نێوان باڵندەو مرۆڤدا کاتێك شاعیر دەڵێت:
كۆیله بوونی باڵنده قه فه سه،
هی مرۆڤیش
به ندیخانه
…..
لە نموونەیەکی تری ئەم دەربڕینە واقیعیەدا کە شێوازێكی ئینتیباعی ریالیزمی لە خۆگرتووە، شاعیر (شاخ) و (بەڕوو) بە هاوکۆلکەو بابەتی نزیکی یەکتری دەهێنێتەوە، کە لە زمانی گشتی و واقیعی جوگرافیشدا هەر وایە، هەروەها (لم) و (بیابان)یش وەك دووانەیەکی هاوپۆل، لێرەدا دەپرسین ئایا ئەمە دیوی دووەمی ( تك) ی ناونیشانەکەیە (تك تك تێڕامان) کە پێچەوانەی ( تك) ی یەکەمەو پێشتر کەمێك لەسەری وەستاین؟ ئەویان بە زمانێکی ناراستەوخۆو ئەمیشیان بە زمانێکی تارادەیەك راشکاو و بێ دەسکاری، بەڵام کاتێك کۆکردنەوەی ئەم نموونانە پێکەوە مانایەکی بەهێز بەرجەستە بکات ئەوە خۆی لە خۆیدا دەچێتە نێو پانتایی داناپەروەریەوەو کار لەسەر دەوڵەمەدند کردنی مەعریفەو یادخستنەوەی وەرگر دەکات، شاعیر دەڵێت:
له ناوشانی شاخدا داربه ڕوو ده ڕوێ،
له هه ناسه ی بیابانیشدا،
لم
تا ئێرە ئەمە کەمێك لێدوان بوو لەسەر هەوڵەکانی خانمە شاعیر رۆژ هەڵەبجەیی کە ناکرێت بەراورد بکرێت بە زۆر دەقی سادەی رۆژانە کە هیچ نوێبوونەوەو مەجازێك لە زمانەکەیاندا نابینرێتەوە، چ جای ئەوەی پەیام و ئایدیای شیعرەکەش ددوبارە بێت و یان بە زەوقی گشتی نەخوات، وەك ئەوەی شاعیرێك لە شیعری – لە نهۆمی سەرەوە-دا دەڵێت:
لە نهۆمی سەرەوە
پیاوێك، پێی دەوترێت: قامچی
یاخود تێڵاو هەندێک جار فیشەک
عەبدوڵڵایە یان محەمەد هەندێک جار ئیبراهیم
زۆر جاریش زۆرینەی پیاوان
ئەم دیدە کۆنە بۆ پیاوسالاریی دەبێت چ نوێبوونەوەو تازەگەریی و داهێنانێكی شیعریی لە خۆ بگرێت؟ لەکاتێکدا وتاری رۆژانەی فیمینستەکان و بەشێك لە دەزگاکانی راگەیاندنە، کە دەکرا شاعیر بە زمانێکی شیعریی پڕ ئیستاتیك و مەجاز ئەو تییمایە ئاڵووێر بکات، وەك ئەو خانمەی لەشیعرێکدا ناونیشانەکەی یەکسان دەکاتەوە بە کۆی ئەم شیعرە کە دەڵێت: ‘کەوتنی جەمەدانی بەرووەکان’.
یاخود ئەوەتا شاعیرێکی تر راستەخۆ باس لە جێهێشتن دەکات بە زمانە دووبارەکەو هیچ ئیزافەیەکی شیعریی ناخاتە سەرو لە دەقی – رۆیشتنی چەقیو-دا دەنووسێت:
ئەوەتا ئەو
درەخت و گوڵانە
بەجێدە هێڵێ و سەفەر دەکات
کە چاندوونی !
ئەو منداڵانە لە ماڵەوە
بەجێدە هێڵێت کە بوونی !
ئەو ژنە بەتەنیا بەجێدە هێڵێت
کە بە هاوبەشی ئەبەدیی
ژیانی هەڵیدەبژێرێت !

پەراوێز:
ئەم شیعرەی خاتوو رۆژ هەڵەبجەیی لەگەڵ هی ئەو دوو خانمەی تردا کە لێرەدا بە نموونە هێنراونەتەوە، لە پاشکۆی (مرواریەکانی شیعر)ی رۆژی شەممە ٢/٧/٢٠٢٢دا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ دیوانی (دێڕێك داستان و تاڵێك چۆلەکە)ی رۆژ هەڵەبجەییدا ئەوا دەبینین ئەو ١٤ کۆپلەیە بە دوو شیعری جیاواز بڵاوکراونەتەوەو لێرەدا لەیەك دراون، بۆ ئەم مەبەستە سەیری لاپەڕە ٧٧ و ١٦٣ بکە لە دیوانەکە.
شایانی باسە شاعیر ناونیشانی دیوانی(دێڕێك داستان و تاڵێك چۆلەکە)ی لە ناوەڕۆکی کۆپلەیەکەوە وەرگرتووە لە شیعری (رەنگاورەنگ)ی لاپەڕە ٧٣ دا کە تیایدا دەڵێت:
١٣
لەناو دێڕی دارستاندا مەلە دەکا
شەپۆل دەداتە درەخت
تاڵێك چۆلەکە


ئەوە ماوە بڵێین؛ ئەم دیوانە ساڵی ٢٠٢١ لە چاپخانەی کارۆ – سێمانی چاپ بووە بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری..




پاڕادۆکسیەت لە کوردوستان و ژیان لە سەرشێوازی پاڕادۆکسی!… حەسەن ڕازانی

پاڕادۆکس بریتیە لە دوو شتی ناکۆک بە یەک یان دژ بە یەک و نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ یەکتردا. پاڕادۆکسیەت لە نێو کۆمەڵگادا هێندە زۆرە تەواوی کایەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگای گرتۆتەوە. ئەوانەی کە ژیان و گوتارو کردەوەیان بە شێوەیەکی پاڕادۆکسیانە دەبەن بەڕێوە، هێندە زۆرن لە نێو کۆمەڵگادا، بەشی تەواوی کون و قوژبن و کایەیەکی ژیانی نێو کۆمەڵگا دەکەن، هەروەها هێندەش چالاکن کە بە هەموو لایەنەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگادا ڕادەگەن.
بوونی پاڕادۆکسیەت و ژیان بە شێوازی پاڕادۆکسیانە هێندە بە زیان بۆ کۆمەڵگا دەشکێتەوە کە : ناهێڵێت متمانە بە یەکترهەبێ، ناهێڵێت سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ کۆمەلگا دابمەزرێنرێت، ناهێڵێت کە ڕاست و ناڕاست لێک جیابکرێتەوە، هەروەها ناهێڵێت بە ئاسانی کە بتوانرێت ڕاستگۆ لە درۆزن جیا بکرێتەوە، یان دیندارێکی لە خوا ترسی ڕاستەقینە لە دینبازێکی سیاسەتباز جیا بکرێتەوە، یان نیشتیمانپەروەرێک لە جاسووس و خۆفرۆش ونۆکەرێکی دوژمنان جیا بکرێتەوە، یاخود چالاکوانێکی مافی مڕۆف لە جەلادێک جیابکرێتەوە، یان ئەنفالچیەک لە مامە ڕیشەکەی گەرمیان جیا بکرێتەوە، یاخود گەندەڵێکی تا سەر ئێسقان لە دەستپاکێک جیا بکرێتەوە…. هتد.. ئیتر لەو بارەوە دەتوانن پارادۆکسیەت و پاڕادۆکسی بژمێرن بە بار ، بە تەغار یان بە هەزار…..
لێردا زۆر بە کورتی هەندێک لە پاڕادۆکسەکانی نێو کۆمەڵگا نیشان دەدەین. ئەمانە تەنها وەک نموونەن و زۆری تریش بوونیان هەیە. ئیتر هەر کەسێک دەتوانێت لە ئەنجامی لێوردبوونەوە لە دەوروبەری خۆی و لە کەسەکان دەتوانێت دەیان نموونەی تر زیاد بکات و بیان خاتە ڕیزەوەو درێژەی پێبدات. ئەوەی من تەنها ڕێچکە شکاندنە بۆ ناسینەوەی پاڕادۆکسەکان… بۆ نموونە :
١- لە بواری دەرهێنان و مامەڵە بە نەوت و گازەوە بۆتە ملیاردلێری وەڵات و ناوجەرگەی زەوی لە بن دەرهێناوەو شاخ و دەشت و دارو دەوەنی لە بنڕا هەڵکەندووەو کەچی لەولاوە خۆشی بە پارێزەری ژینگە دەزانێت.
٢- هەر لە دوای هاتنە سەر کورسی دەسەڵات و بوونی بە فەرمانڕەوا، لە گیرفانێکی بەتاڵەوە بوو بە یەکێک لە هەرێ ملیاردلێرە گەورەکانی جیهان و باسیش لە دەسپاکی دەکات و نیازی ئەوەشی هەیە کە گەندەڵی بنبڕ بکات.
٣- هەرچی بە خوێچێشت بیگاتێ لە دەوری خۆیی و لە سەر کورسی دەسەڵاتی خڕکردوونەتەوەو هیچ کەسێکی تری نەماوە کورسیەکی گەورەو پڕداهاتی بۆ دابین نەکردبێ و کەچی دەشڵێت نابێ خۆخۆیی و مەحسوبیەت و خزم خزمێنە هەبێ.
٤- هەموو ژیانی بەوە بەناوبانگ بوو کە دژی بە بنەماڵەکردنی کورسی فەرمانڕەوایی یە لە پاش خۆی، کەچی هێشتا گیانی لە بەردا مابوو کە بەچکەکانی هەڵیان کوتایە سەر کورسیەکەی.
٥- دەیگوت دژە بنەماڵەم و نابێ خێڵ و قەبیلەو بەرەباب بەسەر نەتەوەدا زاڵ بکرێن، کەچی هەموو ژیانی بۆ ئەوە بوو نەتەوە بکاتە قوربانی نەک هەر خێڵەکەی بەڵک و نەتەوەی کردە قوربانی بەرەبابەکەشی. قسەو شیعاری شتێکەو کردارەکەشی شتێکی ڕێک پێچەوانە. دوو شتی ناکۆک بە یەکن.
٦- هەموو ژیانی بە شاخەوە بۆ ئەوە بوو کە ئەوەی سەدام لە دژی کورد دەیکرد ، ئەوان هەرکە حوکمیان کەوتە دەست پێچەوانەکەی نیشانی خەڵک بدەن، کەچی کە هاتنە سەر کورسی بە ئیعتیڕافی خۆیان گوتیان: ‘ ئێمە کارێکمان بەو میللەتەی خۆمان کرد سەدام نەیتوانی پێی بکات” دوو بۆچوون و دوو کرداری دژە یەکن.
٧- بە بەردەوامی دەیڵێتەوە کە ئەو شانازی بە پێشمەرگە بوونیەوە دەکات ، بەڵام ٣١ ی ئاب لەگەڵ ئەو شانازیە دا نایەتەوە و هەروەها بوونی بارەگاکانی سەربازیی و ئیستیخباڕاتی تورکیا لە نێو خاکی کوردوستانی باشووردا بە تەنیشتی خۆیەوە ئەو پێشمەرگەبوونەی پشتڕاست ناکاتەوە. ئەو کارانەو پێشمەرگەبوون لە گەڵ یەکتر نامۆن و دژە یەکن.
٨-خاوەنی کارێکە کە چەندین کرێکار لەبەردەستی ئەودا دادو فیغانیانە ، کەچی ئەندامێکی بە ڕواڵەت چالاکی نێو حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری یە.
٩- هەموو ڕۆژێک لە نێو خۆپیشاندانەکاندا بوونی هەیە کە چالاکوانێکی نێو بەرەنگاری لە مافی ژنان و لایەنگری یەکسانی نێوان ژن و پیاوانە ، کەچی ژنەکەی خۆی لە ماڵەوە نەبێ ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی نە جل لەبەر بکات و نە ڕای هەبێت و نە دەشهێڵێت لە گەڵ نێرینەیەکی نامەحڕەمدا ببینرێت.!!
١٠- ئەندامە لە ڕێکخراوێکی مافی ئاژەڵاندا بەڵام بە شەوانیش پۆلیس و چەکدارەو لە گەڵ تیمێکدایە کە قڕان دەخاتە نێو سەگ و پشییلەی بەرەڵا .
١١- دەڵێت نابێ ژینگە پیس بکرێت و سەری زمان و بنی زمانی پاکو خاوێنی ژینگەیەو پاراستنی سەوزاییە، کەچی یەک داری بچووک لە حەوشەکەیدا هەبوو خێڕا ئەو دارەشی بڕی و شوێنەکەی کردە هۆدەیەک بۆ کرێ و هەر جارێکیش دەڕواتە سەیران یەک کۆڵ عەلاگەو زبڵ لە دوای خۆی بەجێدێڵێت و دەڵێت: “لێی گەڕێ ئەوە ئیشی شارەوانیە”.. ڕۆژ نیە لە پەنجەرەی ماشێنەکەشیەوە بوتڵێک یان قوتووە ساردیەک فڕێنەداتە سەر جادەو دەڵێ: “مام ئەحمەد سبەینێ زوو لای دەبات” ..
١٢- هێندە نوێژو تەراویح دەکا نێوچەوانی نیشانەو چاڵێکی لێ پەیدا بووە وکاتێکیش کە پێی دەڵێن ئەوە نێوچەوانت بە نوێژ وای لێهاتووە؟ لە وەڵام دا دەڵێت” سیماهم فی وجوههم من اثر السجود”، سەری زمان و بنی زمانیش باسی میزان و کێشەو پێوانی دادپەروەرانە دەکات، کەچی تەرازووەکەی سەر دوکانەکەی بۆ فرۆشتنی شتومەک بە لەحیم فێڵی تێداکردووە بە قازانجی خۆی و زەرەری یەک بە یەکەی کڕیارەکان.
١٣- هەزار سوێند و قورئانان دەخوا کە پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە ، کەچی بۆ زیاتر لە سێ حیزب کاری جاسووسی دەکا بەسەر خەڵکی نا حیزبییەوەو ساڵ نییە بە دەست و ڕاپۆرتی ئەو چەندین کەس تووشی ئەشکەنجە نەبن.
١٤- تەماشا دەکات کە خەڵکێکی زۆر دژی دەسەڵاتە. دەڵێت هەلییەتی با بچم کۆیان بکەمەوە و چەند کورسیەکی پڕداهاتیان پێ وەربگرم لە نێو پەڕلەماندا.!
١٥- دەڵێت گوایە سەرنووسەری ڕۆنامەیەکی بێلایەنە، کەچی بە تایتڵی گەورە و ڕەنگێکی جوان نووسیویەتی: “لە سەر بڕیاری بەڕێز” ……” شەقامی نێوان فولکە گەورەکەو پەیکەرە کەی هەمیشە زیندوو و نەمری باوکی چەوڕێژکرا…”
١٦- لە بەرهاوڕێ ژنەکانی، هاوسەرە داماوەکەی خۆی بە چراو شەدا لێی دەگەڕێت و نایبینێت کەچی لە دژی فرە ژنیش هەمیشە پێنووسەکەی لە سەر کاغەزە.
١٧ – دەڵێت لە لای ئەو لە ئاڵای کوردوستان و پێشمەرگە پیرۆزتر نیە ، کەچی لە ژێر هێزو کورسی ئەو ئاڵایەدا لە دزی و خەیانەتی نیشتیمانی و گەندەڵی و نۆکەری بۆ دوژمنانی ئەو ئاڵایە درێغی نەکردووە.
١٨- دەڵێت هەرگیز تەماشای ژنی نامەحرەم ناکات و سەری زمان و بنی زمانی ئەوەیە کە دەبێ ژنان خۆیان داپۆشن ،کەچی هەموو شوێنە بەناوبانگەکانی شەوانی ژنان لە ناوشار ئاشنان بەو جوامێرە..
١٩- لە مەسەلەی ژمارەی ژن و ژن هێناندا دەڵێت دەبێ سوننەتی پێغەمبەر لەبەر چاو بگیرێت و وە دوا ئەو بکەوین بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر زەکات و سەرفترە جولەکەش تای ناکات.
٢٠ خۆیان بە حیزبی چەپ و کۆمۆنیست دەزانن ،کە چی لە ماڵەکانیاندا ڕەسمی شێخ مەحمودو سەعید نەورەسیان بە قەبارەی دوو ٢م بە ٢م هەڵواسیوە.
٢١- درێژی باڵای لە ١٥٠ سم تێناپەڕێت کەچی لە پێشبڕکێی باڵابەرزاندا بینراوە.
٢٢- زمانی دایکی خۆشی بە ڕەوانی نازانێت و توانای یەک لاپەڕەشی نووسین نییە کەچی چەندین کتێب بڵاوبوونەتەوەو ناوی ئەویان لەسەرە.
٢٣- بۆ یەک خولەکیش نایەوێت هەر بۆ پشووش لە بن لادیوارێک دابنیشێت، کەچی مووچەی بندیواری وەردەگرێت..
٢٤- دەتوانێت بچێت بۆ هەرچی وەڵاتی گەورەی جیهانیەو تەراتێنێ لە هەمواندا دەکات و دەشڵێت هەموولا دوژمنی منن. لەولاوە لۆمەی جیهانگیر دەکات کە پێی دەڵێت نۆکەری هەموو دەوڵەتانە. کە چی کە جیهانگیر لێی قەوما یەک دەوڵەت نەیوێرا وەخۆی بگرێت.
ئیتر دەتوانرێت لەو بارەوە درێژە بە ژیانی پاڕادۆکسیەت بدرێت لە نێو کۆمەڵگادا. هەر یەکێک لە ئیمە بەو پێیەی کە ئەزموونمان هەیەو لە دەوروبەرو کەسانی نزیکمانەوە تێفکریوین ، دەتوانین زۆر نموونەی تریش ریز بکەین….

حەسەن ڕازانی
٢٠-٦-٢٠٢٢




قسەوباسی سیمیناری حزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە یەکێتیە کرێکاریەکان… وەرگێڕانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر

مەنسوور حکمەت
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر
ئەم دەقە لە کاسێتەوە وەرگیراوەو نوسراوەتەوە

ڕاستیەکەی پێم وایە لە وتارەکەی هاوڕێ ئەمیردا تەرکیزی سەرەکی باسەکە لەسەر ڕەخنەگرتن لە (ئیکۆنۆمیزم) ئابووریخوازی و سەندیکاگەرایی بووە و تاڕادەیەک هەوڵێک درابوو بۆ جیاکردنەوەی خەباتی ئابووری بۆخۆی و تەنانەت یەکێتی بۆخۆی لە سیاسەتی ترێدیۆنیزم و ئابوورییەوە. بەڵام کاتێک بیرم لە تەواوی باسەکەی بە تێکڕای کردەوە، بینیم لەم باسەدا خەباتی ئابووری تاڕادەیەک ستەمی لێکراوە، منیش بە شەخسیی پێم وایە کە دەبێ لێرەدا باسی خەباتی ئابووری و گرنگییەکەی بکەم. بە تایبەت لە دوا وتارەکانی هاوڕێ ئەمیردا پێم وایە پێگەی ڕاستەقینەی خەباتی ئابووری زۆر کەم بووەوە. جگە لەوەش بە سەرنجدان بەو ئاماژانەی کە بە لادانەکان، لە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵمان، لە رەزمەندەگان ورای کارگەر و لادانەکانیان(انحرافاتەکانیان)، کردوویەتی، پێموایە لادانێکی(انحراف) ڕاستەقینەتر و مەترسیدارتری کەم ڕەنگ کردەوە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە.

پێم وایە چەند تێبینییەک پێویستە لەسەر ئەوەی کە ئایا خەباتی ئابووری بەردی یەکەمی وشیاری کرێکارانە یان بەردی یەکەمی خەباتی چینایەتییە؟ بە بڕوای من خەباتی ئابووری یەکەم بەردی وشیاری کرێکارانە. واتە من بەزەحمەتی دەزانم چینی کرێکار بتوانێت بگاتە تێگەیشتنێکی سۆسیالیستی سەربەخۆ لە تێڕوانین بۆ بوونی خۆی وەک فرۆشیارێکی هێزی کار بۆ ئەوەی نەزمێکی نوێ دابمەزرێنێت. پێموایە پرۆسەی پەیوەستبوونی خۆبەخۆی کرێکاران لە هەر جۆرە خەباتێکدا بەو ڕاستییەدا تێدەپەڕێت کە ئەوان پێگەی خۆیان پەی دازانن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا وەک فرۆشیاری هێزی و ئەو سەپاندن و ناهەقی لێکردنەی کە لەم بابەتەوە بەسەریاندا بەروەڕویان دەبێتەوە.

دووەم: من پێموانییە ئەوە بەڕێکەوت بێت کە سەندیکاگەرایی و ئابووریخوازی پەیوەستن بە خەباتی ئابوورییەوە، کشانەوە لە سیاسەت بە خەباتی ئابوورییەوە دەناسرێتەوە، هەروەها بەڕێکەوت نییە کە بە شێوەیەکی سروشتی سەروکەلەی کرێکارانی پێشەنگ و چالاک زیاتر لە ئابووریدا خەبات دەدۆزرێتەوە، دەکرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی بەشداریکردن لە خەباتی ئابووریدا لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی بۆرژوازیەوە ڕەواترە. ئەمەش واتە سروشتییە مرۆڤ بیەوێت شتومەکەکەی خۆی بە نرخێکی زیاتر بفرۆشێت، یان بیەوێت وەک مرۆڤێک مافی ئەوەی هەبێت بیمە و تەندروستی و حەقدەستی زیاتری هەبێت و مەرج نییە دژی ئەو ڕژێمەی ئیستا هەیە بێت و لایەنگری لە ڕوخاندنی بکات . ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵکراوە، تەنانەت لە فاشیستترین حکومەتەکانیشدا. کاتێک دەڵێی هەموو خەباتێکی ئابووری یەکسەر لەلایەن بۆرژوازییەوە سەرکوت دەکرێت، من دەڵێم لە پلەی یەکەمدا خەباتی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی سەد هێندە خراپتر سەرکوت دەکرێت. هەندێک جار لە فاشیستترین وڵاتەکاندا، ناڕەزایی لەسەر کاتی کارکردن، ناڕەزایەتی لەسەر بیمە، ناڕەزایەتی لەسەر تەندروستی کارگەکە شتێکە کە باشتر تەحەمول دەکرێت لە خەبات، بۆ نموونە بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەک یان هەڵوەشاندنەوەی موڵکی تایبەت. من دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ڕاستە ئەم خەباتە ئابووریەی چینی کرێکار بە خێرایی، لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوی وڵاتێکدا، بەرەو خەباتێکی سیاسی بۆ دەسەڵات دەبات، یان شەڕێک – لە یاخیبوونەوە یان بە ئاگادارییەوە – بۆ دەسەڵات. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە تێڕوانینی گشتی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا هەمیشە بوار بۆ خەباتی ئابووری هەیە. ئەگینا چینی کرێکار بە شێوەیەکی سروشتی دوچاری یاخی بوون ئەبێت و بە تەواوی نامێنێت. چونکە خودی بوون و پەیوەندییەکەی بە سەرمایە پەیوەستە بەم خەباتەوە. کەواتە ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەو مەترسیەی کە هەڕەشەمان لێدەکات ئەوە نییە کە ڕەوتێک بێت و نوێنەرایەتی ئابووری و سندیکالیزم بکات لەبەردەمماندا. بەڕاستی مەترسییەکە لەێرەدایە کە ئێمە لە سنووردارکردن لەگەڵ ئابووریخوازی و سندیکالیزمدا چاومان لە خەباتی ئابووریی چینی کرێکار و پێگە مێژووییەکەیەتی بۆ ئەم چینە، و پێگەی هەمیشەییەتی بۆ ئەم چینە، هەروەها پێگە تاکتیکیشی بۆ حزبی کۆمۆنیستی ئێران دابخەین. پێگەی مێژوویی خەباتی ئابوری، بەو مانایەی کە وتم بەشێکە لە هۆشیاری چینی کرێکار و ئەگەر بە دۆخێکی سەرکوتی سیاسی یان دیکتاتۆری کاریگەری لەسەر ئەم پرۆسەیە دابنێین، ئەوا دەگەینە هەمان دەرەنجامی سەیر و سەمەرە وەک هاوڕێ ئەمیر کە دەڵێت: “ئەو کرێکارێکی مامناوەندی ئینگلیزی نییە”. من ئەمە قبوڵ ناکەم. و ئەم یاخیبوونە لە حکومەتی ناوەندی، بەبێ ئەوەی نیشان بدات کە ئەم کرێکارە چ بەدیلێک بەرجەستە دەکات بۆ حکومەتی ناوەندی، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئەم کرێکارە تایبەتە کە لە دژی حکومەتی ناوەندی شۆڕشی کردووە دەتوانێت بە چی فریو بدرێت، خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێک نیە، خۆی ئاماژە بە ئاستێکی بەرزتری هۆشیاری ناکات، بە تایبەتی خۆی لە خۆیدا ئاماژە بە ئاستێکی بەرزتری ئەزموون ناکات. نیشاندەری ئەوەیە کەخاوەنی هیچ جۆرە ئەزموونێک نیە.

چینی کرێکاری ئێران بە لاوازییەکی بنەڕەتی لە تێگەیشتنی ئەوەی کە دەبێ یەکبگرن، تایبەتمەندە. ئەمە ئەو تێگەیشتنەیە کە چینی کرێکاری بەریتانی بە شێوەیەکی نەریتی هەیبووە. چینی کرێکاری ئێران بە بونە ئامرازی دەستی لەلایەن حیزبە بۆرژوازیەکانەوە دیاری دەکرێت. چینی کرێکاری بەریتانیا خۆی حیزبێکی بۆرژوازی ڕێکخست. بەڵام ئەگەر بڵێی ئاسانە چینی کرێکاری بەریتانیا بخەیتە ژێر کاریگەری فاشیزمەوە، بخرێتە ژێر کاریگەری کۆنەپەرستی و پارتی لیبراڵ یان یۆرۆکۆمۆنیزم؟ نەخێر، نا، پابەندە بە هەندێک نەریت و داتای ئایدیۆلۆژی لەناو چینەکەی خۆیدا. چینی کرێکاری بەریتانی زیاتر بە ئاگایانە ڕیفۆرمخوازە. چینی کرێکاری ئێران هەمیشە وەک یارییەک لە دەستی موجاهدین و خومەینی و بەرەی نەتەوەیی و حیزبی توودە و هاوشێوەکانی ماوەتەوە. من دەمەوێت بڵێم چینی کرێکاری ئێران بە پێداگری نەکردن لەسەر داخوازییە ئابوورییەکان و نەبوونی عەقڵیەتێکی پێوەندیدار بە داخوازییە ئابوورییە هاوبەشەکانییەوە، لە بنەڕەتدا بنەمای گەشەی پۆپۆلیزم و گەشەی حیزبە بورژوازییە بچووکەکان و لاوازی مێژوویی کۆمۆنیزم بوو لە ئێران.
ئەگەر بە خەیاڵتدا بێت کرێکاری پیشەسازی نەوت تا ئەو ڕادەیە شەڕ بکات کە وەک چینێک – وەک کرێکارێکی پیشەسازی نەوت – و بە کردارێکی ئابووری خۆی – تەنانەت ئەگەر نەیگوت ئەزهەری ئەبێت بڕوات – بە هەمان ڕادە خزمەت بەبزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەکرد لەبەرانبەر بزوتنەوە ئیسلامیەکاندا ئەوکاتە تێدەگەیت کە عەقڵیەتی چینایەتی-ئابووری خودی چینی کرێکار چ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئاسانکاریکردنی ئەرکی کۆمۆنیستەکان لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێکدا کە تەنیا دەیەوێت ڕژێمەکان بڕوخێنێت و حکومەتە سەرکوتگەرەکان بکاتە نا ناسەرکوتگەر یان شتێکی دیکە لە فۆرمە ستەمکارەکان. ئەمڕۆ کرێکاری ئێرانی دەتوانێ بە ئاسانی جارێکی دیکە ببێتە ئامرازی ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە کۆمۆنیستی و لە شۆڕشی ئێرانیشدا دوبارە دەتوانرێت کە کڵاوی لەسەر بنرێت (واتە فێڵی لێبکرێت وبەلاڕیدا ببرێت. و:وەرگێڕ). چونکە تێگەیشتنێکی ڕوونی لە خەباتی ئابووری خۆی نییە.

خاڵێکی دیکە کە لە مێژوودا تۆمارکراوە ئەوەیە کە خەباتی ئابووری چینی کرێکاریش جۆرێ لە مەحەکدانی کۆمۆنیزمیشە. تۆ پۆڵەندات هەیە؛ دواجار دوای سی ساڵ، چل ساڵ، پەنجا ساڵ، گەیشتینە شوێنێک کە هەندێک هاتوون و گوتوویانە سۆسیالیزم و نەزمی نوێ، هەندێکیشیان وتویانە نانی شەو و کاتژمێری کار. لە ڕووی مێژووییەوە لەمەحەکدانی ئەوەی کە سۆسیالیزم و نەزمە نوێیە لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا نان و کاتی کارکردن ئاسانتر دابین دەکرێت یان نا. ئایا ئەو بیرۆکەیەی کە مرۆڤ بەیانیان ماسیگرە و شەوانە نیگارکێشە و پاشنیوەڕۆ ئاسنگەرە، دێتە دی؟ واتە باری ئابووری و بابەتیی و ماددی چینی کرێکار بۆ هەمیشە موڵکی سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکانە و پێوەری ڕەوایەتی هەر بیرێکی کرێکارییە. ئەگەر ئەم خەباتە ئابوورییە کەم بکرێتەوە – ئەم داواکارییە ئابوورییانە وەک میحوەرێکی سەرەکی هەبوونی چینایەتی چینی کرێکار – پێموایە دەتوانرێت هەر شتێکی خۆبەخشانەی تێیدا لەقاڵب بدرێت؛ “باشە ئیتر ئەمە حکومەتەکەی تۆیە “، ” ئیترخۆماڵی کرد” یان بۆ نموونە “حکومەت سۆسیالیستیە ئیتر، ” یان “بەرەی دژە فاشیستیە ئیتر”!

پێم وایە ڕادەی پێداگری چینی کرێکار لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییە تایبەتەکانی و داخوازییە ئابوورییە تایبەتەکانی، یارمەتی کۆمۆنیستەکان دەدات نەک حیزبە ڕیفۆرمخوازەکان کە لە ناو بۆرژوازیدا لەگەڵ یەکدا گرەوی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەردەکەن. چونکە تەنها ئەوانن کە سیستەمێک بۆ کۆمەڵگا پێشنیار دەکەن کە بتوانێت ئەو داواکاریانە بەدی بهێنێت. و یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڕیڤیزیۆنیزم و ڕیفۆرمخوازی لە پارتەکانی دوای کۆمینتردا ئاشکرا کرد، ڕێک ئەم داواکارییە ئابووریانەی چینی کرێکار بوو. پێم وایە ئەم خاڵەش لەم باسەدا کاڵ دەبێتەوە.

بەڵام لە بارەی ئێران خۆیەوە پێموایە ئەوەی هەڕەشەمان لێدەکات دوورکەوتنەوەیە لە چینی کرێکار نەک شوێنکەوتنی چینی کرێکار. من بە هیچ شێوەیەک پێموانییە کە ڕای کارگەر و ڕەزمەندەگان و هتد، خەریکن ڕەوتێکی سندیکالیستی دروست دەکەن کەهێزمان لە ئێمە دەبات. پێم وایە پێچەوانەکەی ڕاستە. ڕای کارگەر و ڕەزمەندەگان و هاوشێوەکانیان جارێکی تر ئەوە نیشان دەدەن کە لە داهاتووی دیموکراسیدا ئەو کرێکارییە و ئێمەش رۆشنبیرین. ئەگەر ئێستا بتەوێت لەوە تێبگەیت کە چ لادانێک هەڕەشە لەپەیوەندی حیزبی کۆمۆنیست لەگەڵ چینی کرێکاردا دەکات، من دەڵێم ئەمە بە هیچ شێوەیەک ئیکۆنۆمیزم و سندیکالیزم نییە، بەڵکو دیسان خۆبەخشی و پۆپۆلیزم و ڕۆشنفکری خوازیە. ئەگەر بە شێوەیەکی واقیعی سەیر بکەیت، دەبینیت کە حیزبی ئێمە کەمتر هەستیارە بەرامبەر بە داخوازییە ئابوورییەکان، بە بوونی بابەتیی چینی کرێکار و بە خەباتی ڕاستەقینەی ڕۆژانەی خۆی. ئەو شوێنەیە کە ئێمە هیچ نازانین. لێرەدایە کە یەک کەس لەڕیزەکانی ئێمەدا خاوەنی بۆچون نیە. لێرەدایە کە ڕۆژنامەکەمان و ڕادیۆکەمان و هتد بەتاڵن. پێم وایە ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی قەیرانی شۆڕشگێڕانەی ئێران، ئەو ڕەوتەی کە دەبێتە هۆی جێهێشتنی چینی کرێکار و دوورکەوتنەوە لە چینی کرێکار، ڕەوتی ئێمەیە نەک ڕەزمەندەگان. ئەمە ئەو ڕیزبەندییە نییە کە ڕەزمەندەگان یان ڕای کارگەر بۆ ئیکۆنۆمیزم لە خۆیانی نیشان دەدەن، من گەرەنتی دەکەم. ئەمە هەوڵی ئەوانە بۆ ڕاکێشانی کرێکاران. ئەوە نییە کە ڕیڤیزۆنیزمی ڕووسیا لەناکاو لە ئێرانی ئابووریناسدا شکست دەهێنێت، واتە پێی وایە دەبێت داواکاری ئابووریی کرێکاران بەدی بهێنرێت، پێی وایە دەبێت بە هێزی خۆی جێبەجێ بکرێت، یان پێی وایە ئەمە ئامانجی بنەڕەتییە! نه‌خێر ئه‌وه‌ وا نیه‌. ڕای کارگەر بەرگری لە داخوازییە ئابوورییەکان و ڕێکخراوە خۆبەخۆکانی کرێکاران دەکات بۆ شکۆمەندکردنیان. بۆ چی؟ بۆ ئەوەی سیاسەت لە سەرەوە پێشبکەوێت و بە تەواوی خۆبەخشانە و غەیرە کرێکار و دژە کرێکاران و دژی هەمان داخوازی ئابووری دوسبەی بباتە پێشەوە. دەیەوێت ببێتەکرێکار. ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی کرێکاری بوونە. پێویستە لەم چوارچێوەیەدا سەیری ئەم دیاردەیە بکرێت. وە ئەمە جۆرێکە لە نیشاندانی هەستیاری ئەم ڕەوتانە بەرامبەر بە کێشەکانی چینی کرێکارخۆی.

کاتێک ئێمە ڕەخنە لەمانە دەگرین، ئەگەر ئەم لایەنە نەبینین و بەناوی ئیکۆنۆمیستەوە لێیان بدەین، پێم وایە ئێمە یاریمان بە دەستیان کردوە. راستە ئایدیاکانیان ئیکۆنۆمیستیە، بەڵام ئەم پڕوپاگەندە ئیکۆنۆمیستیانە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە ئەم رێکخراوانە لە چوارچێوەی چینی کرێکاری کۆمەڵگای ئێران نزیک بکاتەوە، شتێک کە ئێمە لێی بێ خەبەرین.
من دەڵێم کاڵکردنەوەی خەباتی ئابووری، لەم خاڵەدا، لاوازبوونی شوێنی خۆی لە تەواوی هۆشیاری چینی كرێكاردا، لاوازبوونی لە پێوەندی لەگەڵ حیزب و كرێكاران و شۆڕشی سۆسیالیستیدا، كە دەرئەنجامەكەی ئەوەیە ئێمە دیسانەوە دەبینەوە بەڕێکخراوی پەیکارو یا ڕەزمەندەگانی سەردەمانی ڕابردوو. ڕێکخراوی بێ پەیوەندی بەچینی کرێکارەوە.

با بەم شێوەیە بیڵێم؛ من دەڵێم خەباتی ئابووری یەکێکە لە پێکهاتەکانی خەباتی چینایەتی. ئەمەش لەلایەن هاوڕێ ئەمیرەوە کەمکرایەوە. راستە لە زۆر شوێن هەوڵی دا حیساباتی خەباتی ئابووری لە حیساباتی ئابووری و هتد جیا بکاتەوە، بەڵام کاتێک گەیشتینە کۆتایی باسەکە، بەو جۆرە جەختکردنەوە و وەستانەوە، پێم وابوو خودی خەباتی ئابووری شکستی دەهێنا. بە بڕوای من نەک هەر ژیانییە، بەڵکو هەڵە نییە بڵێین هەنگاوی یەکەم لە پێکهێنانی چیندایە. هەڵە نییە بڵێین هەنگاوی یەکەم لە وشیاری چیندایە. سنووردارکردنی زۆر توند لەگەڵ ئەمەدا دەتوانێت ئێمە لە بینینی ئەم پرۆسە حەیاتیە دوور بخاتەوە، کە پێموایە گرنگە-نابینم.

لە چوارچێوەی مێژووی راستەقینەی ئێرانیشدا، ئەگەر جارێكی تر ئاوڕ بدەینەوە، دەبینین كە بە شێوەیەكی نەریتی حیزبە چەپەكانی ئێران، لە سەرووی چینی كرێكارەوە، چینی كرێكار وەك “دیموكراتی بەردەوام” بەكاردەهێنن و رێژیم بگۆڕن بۆ رژێمێكی دیكە کە تەواو جیاوازە لە نەریتی کرێکاری , پێی دەوترێت چینی کرێکار یان بە هیچ شێوەیەک نەدا. وەک سیاسەتی چریکی.

ئێمە لە کام سەرەوە لە چینی کرێکار و ئیکۆنۆمیزم نزیک دەبینەوە؟ لینین کاتێک ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبێتەوە، بزووتنەوەی ڕۆشنفکران نییە، بزووتنەوەی کرێکاری ڕووسی هەیە، کە ئیکۆنۆمیستن و لە ئیکۆنۆمیزمدا خەبات دەکەن، هەروەها سۆسیال دیموکراتیشن. واتە جەستەی سۆسیال دیموکراسی لە جەستەی بزووتنەوەی ئیکۆنۆمیسیدا لە ساڵانی١٩٠٥-١٩٠٣ جیاناکرێتەوە. سۆشیال دیموکراسی ڕووسیا وەک بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕووسیا دەستی پێکرد. کۆمۆنیزمی ئێران وەک باڵی چەپی بزووتنەوەی ڕۆشنبیر-لیبراڵ و مەزهەبی-بورژوازی دەستی پێکرد و هیچ ڕیشەیەکی لە خەباتی ئابووریی چینی کرێکار و کەشوهەواکەیدا نییە و هەربۆیە بە شێوەیەکی بێکۆتایی لەم چینە و ڕابەرە پراکتیکییەکانی دابڕاوە.

هێزی مێژوویی حیزبی توودە، ئەکسەریەت و ڕای کارگەر بۆ نزیک بوونەوە لە ڕابەرە عەمەلیەکان، لەبەر ئەوەیە کە ئەوان لەم نەریتەوە، لە نەریتی پۆپۆلیزمەوە دەست پێ ناکەن. ئەوان لە نەریتی ڕووسیاوە دەست پێدەکەن، و ئەو نەریتەی ڕووسیا شوێنێکی زۆر پێناسەکراوی هەیە بۆ خەباتی ئابووری چینی کرێکار. ئەوە: تا ئۆپۆزسیۆن بیت فوتێکە، و کە دەگەیتە دەسەڵات لەژێری بدە! ئەوانیش هەمان شت دەکەن، تێگەیشتنیان ڕوونە. لە کاتێکدا. ئەگەر سەیری مێژووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بکەیت، بەڕەخنە لە ڕەوتە ڕۆشنفکرو سەرو کرێکاریەکان هاوتووە و نەک وەک ڕەوتێکی ڕادیکاڵ لە ناو خودی بزوتنەوەی کرێکاری و لەناو نەریتی خەباتی ئابوری و سیاسی چینی کرێکاری ئێرانەوە،و درێژەی نەریتی حیزبی کۆمۆنیستی یەکەمی ئێران نییە.- وەک هاوڕێ تاغی دەڵێت- درێژەپێدەری سروشتی و کلاسیک نییە. لە جەمسەرێکی دیکەوە نزیک دەبێتەوە لەو دیاردەیە.

خاڵێکی تری گرنگ کە پێشتر ئاماژەم پێکرد بەڵام نەگەیشتمە ئەنجام ئەوەیە کە خەباتی ئابوری بوارێکە کە چینی کرێکار تیایدا پەروەردە کراوە و لە فۆرمەکانی ڕابەرایەتی کردنی خۆیدا و قسەکردنیش لە بارەی خۆیەوە تێدەگات. جگە لەوەش، بوارێکە کە مرۆڤ دەتوانێت تیایدا بە شێوەیەکی یاسایی خەبات بکات – هەرچەندە قورس بێت – ئەگەر بوارێک هەبێت کە مرۆڤ بتوانێت وەک کرێکارێک بە شێوەیەکی یاسایی تێیدا خەبات بکات، ئەوە بواری خەباتی ئابوورییە. ئەگینا بەهیچ شێوەیەک لە خەباتی یاسایی دوور بخرێتەوە و ئەویش بچێت و چریک ڕابێنێت و لە شاخەوە بێت و شارەکان بگرێت. بەڵام ئەگەر باس لە تێکەڵکردنی کاری یاسایی و کاری نایاسایی بکەین، دەبێ ئەوە قبوڵ بکەین کە ئەو بوارە یاساییە لە ئێراندا هێشتا خەباتی ئابوورییە، یان خەباتی سەندیکایی یان خەباتی بە ئاراستەی چینێکی دیاریکراوی چینی کرێکار، وەک ژن، شارستانییە یان بەشی گەنجی چینی کرێکار.

حیزبی ئێمە ئەگەر بیەوێت ببێت بە کرێکاری، دەبێت لەم قۆناغەدا بتوانێت کاری یاسایی بکات، ئەگەر بتوانێت کاری یاسایی بکات، ئەوا دەبێت بتوانێت ببێتە پێشەنگی خەباتی ئابووری. من لێرەوە دەمەوێت ئەم خاڵانە بەیەکەوە ببەستمەوە. واتە پەیوەندیمان لەگەڵ كرێكارانی پێشەنگ و پەیوەستبوونمان بە بەشی پێشەنگی چینی كرێكاری ئێران، بۆ حیزبی كۆمۆنیستی ئەمڕۆی ئێران، دەچێتە چینی كرێكار و هەستیارە بە خەباتی ئابووری ئەو چینە. هاوڕێ ئەمیر لە باسەکەیدا بەسەر ئەم خاڵەدا ڕۆیشت و پێموایە ئەو دەرئەنجامەی مرۆڤ لە کۆتایی باسەکەدا بەدەستی هێنا جارێکی دیکە جەختی لەوە دەکردەوە کە “کرێکاران سیاسین” و هەرکەسێک کە ڕەنگە باسی خەباتی ئابووری بکات، یان بیەوێت ڕێکخراوێکی تایبەت بۆ ڕێکبخات خەباتی ئابووری، لەوانەیە تۆمەتبار بکرێت بە ئیکۆنۆمیزم ئەگەر پێشنیار بکات، یان ڕێکخستنی خەباتی ئابوری وەک پرسێکی بەپەلە بۆ کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ بزانێت. من پێم وانییە ئەمە ڕاست بێت.

پێم وانییە ناکۆکی ئەوتۆمان هەبێت. پێم وایە هۆکارەکە ئەوەیە کە هاوڕێ ئەمیر ئارگیومێنتەکەی لە مشتومڕدا لەگەڵ ئیکۆنۆمیستەکاندا داڕشتووە. ئەگەر بە بڕوای من تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە هەیە، بنەمای موناقەشەی ئێمە لای خۆبەخش و ڕۆشنبیرانە. راستگۆیانە پێم وانییە لە ئێرانئیکۆنۆمیستمان هەبێت. لەبەر هەمان ئەو هۆکارانەی کە تۆ باست کرد، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئیکۆنۆمیزمان نییە. هەموو کەسێک بۆ مەبەستێک لەوێیە. هەرکەسێک باسی داواکاری ئابووری دەکات، ئازارێکی دیکەی هەیە. کرێکارێک کە دێت بڵێت هەشت سەعات کارم دەوێت، پێم وانییە پێنج کەس هەبێت، هەمووان سەریان دەبڕدرێت. بەڵام بۆ ئەوەیە کە نواندنی ئیکۆنۆمیزم بکات، لەو ڕوانگەیەوە کە “کرێکار بە شێوەیەکی نەریتی ئابوورییە”، حیزب ناچارە ئابووری بکات بۆ ڕاکێشانی دەسەڵات. من پێموانییە ئابووریناسێکی ڕووسی ساڵانی ١٩٠٦-١٩٠٥یش ئەوەندە ساویلکە نەبوە کە بیر لەوە بکاتەوە کە ئێستا سیاسەت ڕادەستی بۆرژوازی لیبراڵ دەکەم و لە ئێستادا خەبات دەکەم بۆ ئابووریمان. مەبەستی ئەوە بوو کە ئەمە ڕێگایە بۆ هێشتنەوەی کرێکاران، بۆ دزەکردنە ناویان… و ئەوانیش دزەیان کرد. لە شۆڕشدا ١٩١٧ مێنشەڤیەکان گەورەتر و فراوانترن و ڕابەرانی کرێکارییان هەیە، بەلشەڤیکەکان کە ڕەفتارێکی جیاوازیان هەبووە ئەو کاریگەرییەیان نییە. ئەوە بزووتنەوەی کۆمیتەی کارگەکانە کە شوێنپێی بەلشەفیەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ کرێکاران و ئەگەرنا مامەڵەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی ئابوری هەتا ئەو کاتە کۆمەکێکی وەهای بە پەیوەندی بەلشەفیەکان بە چینی کرێکارەوە نەکردوبوو.

ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بمانه‌وێت ئه‌مڕۆ به‌شی پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ئێران ڕابکێشین، ده‌بێ هه‌ستیاریی خۆمان به‌رامبه‌ر خه‌باتی ئابووریی چینی کرێکار و گرنگییه‌که‌ی زیاتر بکه‌ین نه‌ک دابه‌زین. دەرەنجامەکەم ئەوەیە کە ئەم جۆرە فۆرمولاسیۆنە دایدەبەزێنێت.

بەشی دووەمی کاسێتەکە

پێم وایە زنجیرەیەک وتاری وەک تۆ وتت ” سەندیکاکان کۆنەپارێزن” و منیش وتم ” وا نییە” و هتد، ئەمانە ڕەنگە هەر جەوهەری مشتومڕەکە و وردەکارییەکانی کەم ڕەنگ بکەنەوە. من لێرەدا ئەوەندە ناکۆکی نابینم کە یەکێکیان بڵێ خەباتی ئابووری لەبیر بکە و سەندیکاکان کۆنەپەرستن و ئەوی تریان بڵێت نەخێر. پێم وایە باسەکە لە شوێنێکی ترە. مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە کە چۆن جەختی لەسەر دەکرێتەوە. پێم وایە سۆلماز لە باسەکانیدا کەمێک خاڵەکەی ڕوونتر کردۆتەوە و هەوڵی داوە هەمان قسە بکات.

کێشەکە لێرەدایە کاتێک کە پۆپۆلیستەکان بەرەو بزووتنەوەی چینی کرێکار دەڕۆشتن، ڕێک بەو هۆی ئەوەی کە بەهایان بۆ خەباتی ئابووری چینی کرێکاریان دانەدەنا. ئەگەر بەهایان بدایە بە ئایدیایەکی دیاریکراوی ڕێکخراوەیی، بە ڕادەیەکی دیاریکراو لە خۆبەختکردنی ڕێکخراوەیی، بە ڕادەیەک لە تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی چینی کرێکار، ، دەچوونە ناو ئەو گۆڕەپانە، کە ئەو کارەیان نەیاندەکرد.

بزووتنەوەی پۆپۆلیستەکان لەناو چینی کرێکاردا، دەستپێکردنی ڕێکخراوی سیاسی خۆیان بوو لە نێو کرێکاراندا. ئەو ڕەوتەی کە بیر لە خەباتی ئابووری چینی کرێکار دەکاتەوە، دەبێ وەک ڕێسایەک ئەو دیموکراسییە بەکاربهێنێت بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوی ناحیزبی، سەندیکای کرێکاری، کە بتوانێت بەرگری لە ئاستی ژیانی چینی کرێکار بکات یان مافەکانی لەو کۆمەڵگایەدا بەرەوباشتری ببات . کەس وای نەکرد. منیش هەروەها وای بۆ دەچم کە پەیکار، ڕەزمەندەگان یان یەکگرتووی شۆڕشگێڕانە(وحدت انقلابی) و هتد، هێندە لەخەمی خەباتی ئابووری چینی کرێکاردا بوون، کە یەکڕیزی کۆمۆنیستی(وەحدت کمونیستی)لە خەمی خەباتی سۆسیالیستیدا بوو.واتە هیچ. واتە تەنها قسەیان لەسەر کرد. چونکە ئەگەر کەسێک بەڕاستی خەمی شتێکی بێت، ئەوا دەست دەکات بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و پراکتیزەکردنی. یەکێتی کۆمۆنیستەکان نەسۆسیالیزمەکەیان پراکتیزە دەکرد و نە بە جددی بەدوای بزووتنەوەیەکی کرێکاری بێلایەندا ڕۆیشتن کە لەسەر بنەمای زنجیرەیەک داواکاری ئابووری یان ئابووری-یاساییەوە بوون. ئامانجی سەرەکی کاری ڕێکخراوەیی ڕاکێشانی کرێکاران بوو. ئەمەش وەک سۆلماز گوتوویەتی، ئەوان بە ڕەنگێکی ئیکۆنۆمیستیان پێ دەبەخشێت، چونکە ناچارن بڕۆنە ئەوێ بۆ ئەوەی خێرو قوربانی بدەن بە کرێکاران، ئەمە شوێن کەوتە-ئیسمە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم ئەم شوێنکەوتە-یسمە ڕەنگدانەوەی تەواوەتی پۆپۆلیزم و سکتاریزمی ئەوانە، و بە هیچ شێوەیەک نرخ دانەنانیان بۆ خەباتی چینی کرێکار- وەک چینی کرێکار لە پێگەی فرۆشیاری کاردا. ئەوان بە هیچ شێوەیەک بەها بۆ ئەو کارە دانانێن و تەنانەت ئەم وشیاریەش بەرز ناکەنەوە.

یەکێک لە ئارگیومێنتەکانی من – کە لە ئارگیومێنتی هاوڕێ ئەمیردا کەم ڕەنگ بوو – ئەوەیە کە وشیاری چینی کرێکار خۆی وەک فرۆشیاری کار پێش هۆشیاری خۆی وەک فەرمانڕەوای کۆمەڵگەی نوێ دەکەوێت و هتد. پێم وایە پێشی دەکەوێت، نەک تەنیا لە ڕووی مێژووییەوە، بەڵکو تەنانەت لە هەموو قۆناغ و سەردەمانێکدا. واتە من ناتوانم بە خەیاڵمدا بێت کرێکارێک کە لە چەمکی “چین لەناو خۆیدا” تێنەگەیشتبێت، کە “من و ئەو کرێکارەی تر یەک جۆر مرۆڤین”، “من و حەسەن و تەقی یەک جۆر مرۆڤین”. ، کە کرێکاران لەبەردەم بۆرژوازی، لەبەردەم خاوەنکاردا، لەبەردەم دەوڵەتدا، لە جۆرێک، جۆرێک، لە دیاردەیەک تێناگات، بەڵام لە وەرگرتنی حکومەت و ڕووخاندنی خاوەن دارێتی تێبگات، سیاسەتی سۆسیالیستی و جۆرێکی دیاریکراو لە مۆدێلی سۆسیالیزم، لە مارکسیزمە شۆڕشگێڕەکەیەوە تێبگات.

لێرەدا بە بۆچوونی من ئەو سیاسەتەی کە هاوڕێ ئەمیر بەهای پێدەدات – لە بەرامبەر وشیاری خۆبەخۆ و ئابووری چینەکەدا – سیاسەتێکی دیموکراتییە. بەڕاستی باسی لینین لەسەر “چی بکەین؟” ئەوە بوو. لە “چی بکەیندا؟” لینین لەبەرانبەر باسی خەباتی ئابووری، باسی بۆ خەباتی دیموکراسی، خەبات بۆ سیاسەتی دێموکراتیک، بۆ دیموکراسی، مناقەشە دەکات. کەسمان نەبینیوە لە بەرامبەر خەباتی ئابووری و داخوازی ئابووری چینی کرێکاردا بڵێت، ئەوەندە تۆخ مەکەنەوە و بە خەباتی سۆسیالیزمەوە بچەسپێن! ریک لینین لە هەمان “چی بکەیندا؟” ئەم جۆرە خەباتە بە سۆسیالیستی ناودەبات، بە پلەیەک لە کەمتەرخەمی، واتە ئەو خەباتەی کە چینی کرێکار تەنیا بۆ خۆی ئەنجامی دەدات. بە کرێکار دەڵێ تەنها هەر بەم جۆرە خەباتەوە مەچەسپی، بەڵکو خەباتێک کە دەبێ بەشێوەیەکی گشتی بۆ کۆمەڵگا بکەیت، بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری تزاری ئەنجامی بدەیت ببینیت! باسی ” چی بکەین؟” من بەم شێوەیە لێی تێدەگەم. سروشتییە، چونکە لەو بزووتنەوەیەدا ئەم مەیلە باڵادەستە. ئێمە لەم بزووتنەوەیەدا لە لایەکی ترەوە خەریکین دەرئەکەوین. ئەم چینە کرێکارە جارێکیش لە مێژووی خۆیدا نەیگوتووە کە من چیم دەمەوێت، تەنانەت نەمانتوانیوە سێ ساڵ لەسەر یەک بەدوایدا بگەڕێین. چینی كرێكار نه‌ رێكخراوه‌كه‌ی هه‌بوو، نه‌ حیزبه‌كه‌ی، نه‌ ئه‌و ژینگه‌ سیاسییه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانرێ بڵێین من وه‌ك كرێكارێك هیچ لە قسەکانم کەم ناکەمەوە- بەلامەوە گرینگ نییه‌ چ حكوومه‌تێك له‌ دەسەڵاتدایە‌.
یەکێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی بانگەشەی ئێمە چییە؟ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئێمە ئەم مافانەمان دەوێت، ئێستا کە هەر حکومەتێک لە دەسەڵاتدا بێت… کەس لە ئێمەوە لەم شتە تێناگات. هەمووان دەڵێن باشە لە کۆتاییدا هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە ڕووخاندنیان! قسەکردن لەسەر هەشت کاتژمێر کار و چل کاتژمێر لە هەفتەیەکدا یان پارەی بیمە مانای چییە ؟! ئایا دەتوانرێت ئەمانە بەبێ ڕووخاندن وەربگیرێت ؟! هەروەها دەڵێی نەخێر ناتوانرێت یەکسەر وەربگیرێت، ئەویش یەکسەر بەو ئەنجامە دەگا کە ئەو کاتە ئەم بابەتە بەجێ بهێڵە و پابەند بە باسی ڕووخاندنەوە!

من دەڵێم ئەگەر لە بەرامبەر ئەم خەباتە ئابوورییەی چینی کرێکاردا، خەباتی چینایەتی و بەم مانایە خەباتی سیاسی چینی کرێکار بۆ دەسەڵاتی پرۆلیتاریا لەبەرچاو بگرن، ئەوا ئەو دووانە بە هیچ شێوەیەک دژایەتی یەکتر ناکەن، بە هیچ شێوەیەک بێ یەکتر نابن. واتە بۆ من زەحمەتە بیهێنمە پێش چاوم کە چینی کرێکار کە بەگشتی ناتوانێت خۆی وەک فرۆشیاری هێزی کار پێناسە بکات و کەمترین داواکارییەکانی خۆی دەرببڕێت، چۆن بتوانێت ببرێتە شۆڕشێکی سۆسیالیستیەوە. بە بڕوای من ئەم هۆشیارییە لەناو چینی کرێکاری ئێران لەڕادەبەدەر لاوازە. کاتێک ئەمە لەگەڵ چینی کرێکاری بەریتانیا بەراورد دەکەین، دەڵێین “دژە ئیمپریالیزم” کە وشیاری چینایەتی پێنەبەخشین، “دژە ستەم” کە وشیاری چینایەتی پێنەبەخشین.

ئەگەر تەنها بتەوێت بڵێیت هەر وشیاری چینایەتی خۆی، من پێم وایە کرێکاری بەریتانی دەیان هەنگاو لە پێش کرێکاری ئێرانەوەیە. چونکە لانی کەم دەزانێت کە لە کۆمەڵگای ئینگلیزدا جۆرێکی دیاریکراو لە مرۆڤ هەیە، ئەویش ئەوە دەزانێت. بەڵام پێی وایە ئەم جۆرە پیاوە تایبەتە تەنیا دەبێ جۆرە دەستێوەردانێکی دیاریکراو لەم کۆمەڵگایەدا بکات، جا حکومەت بەڕێوەبەرێت یان هەرچییەک بێت. بەڵام لانیكەم دەزانێت كرێكار مەبەستی چییە، دەزانێت كرێكار چییە و كرێكار چۆنە. ئەو دەزانێت لە شوێنێکی دیاریکراودا لەدەست دانی دوو ریاڵ واتای چییە. ئەو دەزانێت هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەم یان ئەو کەسە مانای چییە. پەیوەندی نێوان خۆشگوزەرانی و تەندروستی و مووچەکەی دەزانێت. ئەمانە دەزانێت. ئەو هۆشیارییە چینایەتییەی چینی کرێکاری ئێران لاوازە. لەبەرامبەردا هۆشیاری گشتی-جەماوەری، سیاسی-دیموکراتیکی بەهێزە. من ئەمە قبوڵ دەکەم. با بڵێین بەڵێ و رژێمە پاوانخوازەکان بڕوخێنین. بەڵام چی لە شوێنی ئەو دادەنێیت؟ چینێکە ڕۆژێک دوای ڕووخاندنی ناتوانێت قەڵای خۆی بگرێتەوە و لە ڕووی مێژوویشەوە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات. ئەو لە ژێر ئەو وەهمەدایە کە فۆڕمی کار ستەمکارییە، ئەگینا هەموو خەڵکی کۆمەڵگا تێدەگەن کە کرێکار دەبێ باش بێت! ئەو لەوە تێناگات کە وا نییە. چونکە تێڕوانینی ئەو بۆ بۆرژوازی لاوازە، بەهەمان ئاست کە ڕوانینی بۆ چینایەتی بونی خۆی لاوازە.

بۆچی هێشتا بەشێک لە خەباتمان دژی شۆڕشگێڕی ڕوکەشە دژی ڕژێمیەکانە؟ چونکە چینی کرێکار وا بیردەکاتەوە. ئەگەر کرێکارانی شۆڕشگێڕ دژە ڕژێمێکی ڕووکەشیان نیشان نەدابا، باشتر بۆرژوازی دەناسی، ئەگەر تەنیا موجاهیدین شۆڕشێکی ڕووکەشی دژە ڕژێمی هەبوایە، ئێمە کێشەیەکی ئەوتۆمان نەدەبوو. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە کرێکارەکە دێتە دەرەوە و سڵاو لە خومەینی دەکات، یان دەچێتە پشت ئۆپۆزیسیۆنی بۆمب هاوێژ.

پێموایە سۆلماز ڕاست دەکات، ئەو حیزبەی کە بەها بە خەباتی ئابووری دەدات، کۆمەڵێک دەزگای فیکری-پراکتیکی بۆ داواکاری ئابووری دەکێشێت. فشار دەخاتە سەرمان و هەرگیز نەمانگوتووە ئەمە کێشەی ئێمە نییە. لەخوارەوە فشار دەخاتە سەر ئێمە، ئێمەش ناتوانین… ئەمە واقیعی حیزبەکەمانە. لەخوارەوە دەڵێت: “بەرژەوەندیی تایبەت”، “یاسای کار”، “پلانەکانی پۆلێنکردنی کار” و ئێمە بێدەنگین. مەگەر کە خۆی لەخوارەوە بنوسێت وئێمەش بیڕازێنینەوە و لەبڵاوکراوەکەماندا بڵاوی بکەینەوە.

پێویستە ئەم حیزبە لەم بارەیەوە نیگەران بێت. ئەگەرنا لەناکاو لە خوارەوەی خۆی دادەبڕێت. با بەم شێوەیە بیڵێم؛ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت،کرێکارانی بەشی ناوەوەی لە وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی کۆمیتەی ڕێکخستن و ڕابەرایەتیمان دەبێتەوە. بەشی کرێکاران دەڵێت من لەگەڵ کرێکارانم، من تێکەڵەیەکم لەوان، دەمەوێت خەباتیان بکەم بە خەباتێکی سۆسیالیستی، لەکاتێکدا کە ئێوە هیچ سیاسەتێکتان نەبێت،تۆ نازانی کە ئەبێت چۆن بەشوێن شوراکانەوەبم ، ئێوە نازانیت کە ئەبێت بەچ شێوەیەک بەشداری لە خەباتی یاسایی بکەم.ئێوە نازانن کە ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەم کە دەیانەوێت سەندیکا پێکبهێنن. هیچ کام لەمانەمان پێ ناڵێین؟ ڕونە کە من بەجێتان دەهێڵم و بە دوای ئەو کەسەدا دەڕۆم کە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.
ئارگومێنتی منیش لێرەدایە. ململانێی ئێمە لەگەڵ هەر ڕەوتێکدا لەسەر ئەو جۆرە وەڵامەیە کە دەتوانین بۆ یەک پرس بیدەینەوە، نەک ئەوەی کە پرسەکانمان جیاواز بن. ئەگەر قبووڵی بکەین کە پرسەکانی خەباتی ئابووری بابەتی ئێمەن، ئەوا ململانێی ئێمە لەگەڵ ئابووری نوێ مانای هەیە. کەواتە سنووردارکردنی ئێمە لەگەڵ ئیکۆنۆمیزمدا پەیوەندی لەسەر ئەوە نییە کە سیاسەت گرنگتر بێت یان ئابووری، بەڵکو پەیوەندی لەسەر ئەوەیە کە ئابووری چۆن گەشە دەکات. ئەوە ئابووری ڕووسیا بوو کە مشتومڕی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا سیاسەت گرنگترە یان ئابووری. ناکۆکی ئێمە لەگەڵ ئیکۆنۆمیزمی ئێرانیدا ناکرێت لەسەر ئەم بنەمایە بێت. کۆمۆنیزمی ئێرانی، بە پێناسە، بە وتەی ئەمیر خۆشی، زۆر سیاسیشە، واتە ئێمە ئیکۆنۆمیستێکی وەک ئیکۆنۆمیستەکانی ڕووسیامان نییە. ناکۆکیی ئێمە لەگەڵ ئابوریناسە ئێرانییەکاندایە، لەگەڵ ڕای کارگەر و ڕەزمەندەگاندایە و هتد، بە تەواوی لەسەر ئەوەیە کە بەڕاستی دەبێ چ جۆرە ڕێکخراوێکی ناحزبی بنیات بنرێت و دەست بر کاری بنیات نانی بکرێت. هەرئەو بەهایەی کە بە خەباتی ئابووری یان خۆبەخۆی دەدەن ناتوانێت بە باشی سنوری ئێمە بکێشێت. من مەبەستم ئەوە نییە چاوم دابخەم لەسەر ئەو ڕواڵەتی دەرکەوتوی – نەک تەنها فۆرمەکە، بەڵکو لە ناوەڕۆکی ئابووریناسانەی کارەکانیان لە چینی کرێکاردا – و بڵێم گرنگ نییە. من ئەمە بە تەواوی قبوڵ دەکەم. بەڵام دەمەوێت بڵێم کە هێشتا ئەمە وەڵامێکی تەواو نییە. واتە لێدانی ئەمەی کە، ئەم قسانەی تۆ بەبەرانبەر بە “چی بکرێت؟” بە تەواوەتی ئیکۆنۆمیستیە، دەردێک چارەسەر ناکات. لایەکەی تریش دەڵێ باش بڕۆ ڕای خۆت بڵێ، ئێستا کە ڕابەرە پراکتیکەکان لەبیری ئەم قسانەی مندان. تا دەتەوێت نەفرەت لە ئیکۆنۆمیست بکە! نەمن بەئەمە ئەڵێم ئیکۆنۆمیزم، نە ئەویش کەسەرۆکی کرێکارە چالاکەکانی ناو پیشەسازی چاپەمەنیە! بەئێمە دەڵێن پرۆلیتاریا، پێت دەڵێین ڕۆشنبیری ناو چین! ناونیشانێک کە بە تۆوە دەلکێت. بە بڕوای من ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارەمان لەبەردەستدا نەبێت، ئەو ناونیشانە بە ئێمەوە دەلکێت.

لێرەدا باسێک لەسەر سروشتی کۆنەپەرستانە یان ناکۆنەپەرستانەی یەکێتییەکان کرا، کە پێموایە لە هەردوولا هەڵەیە. ئارگومێنتێک دەڵێت کۆنەپەرستانەیە و ئەوی دیکەشیان دەڵێت بەهیچ شێوەیەک کۆنەپەرستانە نییە. پێم وایە لە زۆر شوێنیشدا کۆنەپەرستانەیە. تەنانەت ئەو بزووتنەوەی سەندیکاییانەی زەردیش نین کۆنەپەرستانەیە.لەڕاستیدا ئەوە بەندە بەوەوەی کە لەگەڵ کام پراکتیکی کۆمەڵایەتی هەر ئیستا بەراوردی دەکەیت.. ئەگەر کەسێک بزوتنەوەی سەندیکایی لە بەریتانیا بە کۆنەپەرست ناودەبات، من دەڵێم قسەی بێمانا دەکەیت. چونکە ئەبێ بڵێی کاتێک ئەم دارە لە چینی کرێکار وەردەگریت کام دارەت خستە ژێر قۆڵی؟ دەبێت بزانین بزووتنەوەی سەندیکایی لە بەرانبەر کام بزووتنەوەی تری چینی کرێکاردابون بەخۆی دەبەخشێت؟ بزووتنەوەی سەندیکایی لە بەریتانیا، لەبەرانبەر هیچ بزووتنەوەیەکی دیکەدایە، خۆی پێک دەهێنێت. کەواتە هەرکەسێک هاتبێت بۆ دیموکراتیزەکردنی سەندیکاکە – ئێستا لە نۆتینگام زۆر کەسی دیکە سەندیکایان پێکهێناوە و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە کە سەندیکای کانگەرەکان دیموکراتی نییە – لەسەر هێڵی مارگریت تاچەرە. منیش دەڵێم سەندیکاکان دیموکراسی نین. بەڵام بەڕاستی کاتێک ئێوە هیچ یەکێتییەکی دیموکراتی شۆڕشگێڕ دروست ناکەن، کاتێک بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هیچ سەرکردایەتییەکی دیموکراسی-ئابووری بەسەر چینی کرێکاردا ناسەپێنێت، خودی خەبات دژی سەندیکاکان تا ئەمڕۆ لەسەر خاڵی “دیموکراسی ئەمڕۆ واتە تاچەریزم”ە.ئەمەویت بڵێم مرۆڤ ئەبێت هەمیشە بزانێت کە لە بەرامبەر چ پراکتیکێکدا کە بەڕاستی بوونی هەیە، بەراوردی دیاردەیەک بە ناوی کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕش و هتد، وە دەکات؟ ئەگەر بمانەوێت هەربەو شێوەیە قسەکانیشی بکەین، واتە لەسەر بنەمای تیۆری و ئەوەی کە مرۆڤە پرەنسیپدارەکان دەبێ چی بیڵێن، زۆر شت کۆنەپەرستانەن. لەوانەش هەموو بزووتنەوەکانی ئەفریقای باشوور، بە تەواوی کۆنەپەرستانەیە. هەموو بزووتنەوەی ئێرلەندا کۆنەپەرستانەیە. هەموو بزووتنەوە سەندیکاییەکان لە بەریتانیا لەم حسابەوە کۆنەپەرستانەیە. ئەی ناسیۆنالیزم کۆنەپەرست نییە؟ ناسیۆنالیزم، هەروەها لە ئینگلتەرا؟ ئەو یەکێتیانە ناسیۆنالیزمی تەواویان هەیە. ئایا ڕیفۆرمخوازی و پەرلەمانتاریزمیش دیاردەی کۆنەپەرستانە نین؟ ئەوانیش ئەمانەیان هەیە.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەگەر کۆنەپەرست و دژە کۆنەپەرست و شۆڕش و دژە شۆڕش لەسەر بنەمای فۆرمولەکردنی ئامانجی چینەکان لە ئاستێکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵگادا لەبەرچاو بگرین و ئەم چینانە و ڕیزبەندی چینایەتی لە پشت ئەم فۆرمولاسیۆنانەوە نەبینین، ڕوبەڕوی کێشەی زۆر دەبینەوە. بۆ نموونە خودی شۆڕشی ئێران بە فۆرمولەی “دەبێ حکوومەتی ئیسلامی دابمەزرێت” دەبێتە بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانە.

من دەڵێم بەو پێیەی ئەو فۆرمولەکردنە کۆنەپەرستانەیە، یان لانی کەم شۆڕشگێڕانە، ناشۆڕشگێڕانە، ڕیفۆرمخوازی، پەرلەمانتاریستی، تاکە فۆڕمی ناڕەزایەتی چینی ئێمەیە، چیتر پێموانییە بتوانرێت پێی بڵێین کۆنەپەرستانە. تەنها ئەوەی کە دەتوانرێت لەبارەی چەپی ئەوروپاوە بگوترێ ئەوەیە کە رێبازی ئەم سیستەمە رێگەی پێدەدات وەک تاکە فۆڕمی ناڕەزایەتی چینی کرێکار لە ئەوروپا بمێنێتەوە. ئەگەرنا دەتوانین بڵێین، نەخێر بۆ، سەندیکاکان، و بۆ نموونە بەڵێ بۆ بزووتنەوەی کۆبونەوەی گشتی، یان بەڵێ بۆ بزووتنەوەی سەرۆکی بەشەکان. بەڵام ناتوانین قسەیەکی وا بکەین.

لە ئێراندا ئەگەر بتوانین بزووتنەوەی کۆبونەوەی گشتی و بزووتنەوەی شورایی پەروەردە بکەین، دەتوانین بە ڕوونی بڵێین کە بزووتنەوەی سەندیکایی کۆنەپەرستانەیە – ئەگەر ئەوەمان کردبێت. واتە ئەگەر هەر لەو ساتەدا کە بزووتنەوەی کۆبونەوەی گشتی لە ئێران دادەمەزرێت، کرێکاران لە کۆبونەوەی گشتیدا دیموکراسی راستەوخۆ مومارەسە بکەن، هەر لەو کاتەدا کە سەرانی ئەم بزووتنەوەیە کۆبونەوەی گشتییان هەیە، ئەوا لە ئاستی سەرتاسەیدا شورایەک پێکدەهێنن و هەڵوێستی سیاسی وەردەگرن، و بەتەنها گرنگی بە ئابووری نادەن و خۆیان بە حیزبەکانەوە دەبەستنەوە و کار دەکەن.لەم دۆخەدا کەسێک دێت و دەڵێت دەمەوێت سەندیکای کرێکارانی قوماش لە تاران دەست پێبکات. ئێمە دەڵێین ئەوەی تۆ دەتەوێت بیکەیت کۆنەپەرسانەیە پیاوی حسابزان!

بە بۆچوونی من یەکێتییەک ناتوانرێت تەنیا لەسەر بنەمای فۆرمەکەی یان پێناسە کلاسیکییەکەی حوکمی کۆنەپەرست بونی یان کۆنەپەرست نەبونی بەسەردا بسەپێنیت. بەڕای من لە دوا باسی هاوڕێ ئەمیردا ئەم دیوەی باسەکە ئێستا لاواز دێتە بەرچاو. ئەمە وەڵامی بزووتنەوەکەیە. دەتوانرێت بەم بنەمایە بە بەهەندێک سەندیکا بوترێت کۆنەپەرستانە، لەنێویاندا بزووتنەوەی سەندیکایی لە ئەمریکای ئەمڕۆدا.
واتە بزووتنەوەی سەندیکای ئەمریکی بە بەراورد بە بزووتنەوەی دژە جەنگی ڤێتنام، هێزێکی کۆنەپەرستە. بزووتنەوەی سەندیکایی لە ئەمریکا لە ئێستادا بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانە-چەتەییە بە بەراورد بە هەر بزووتنەوەیەکی دیکەی مافی مرۆڤ. بەڵام لە ئینگلتەرا ئەمە وا نییە، لە فەرەنسا کەمترە. بزووتنەوەی سەندیکایی لە پۆڵەندا، بە بڕوای من، بە هیچ شێوەیەک کۆنەپەرستانە نییە، لە کاتێکدا تەواوی فۆرمولەکردنی ئامانجەکانی، کۆنەپەرستانەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی لە پۆڵەندا ڕوویدا.

بۆچی ئەمە دەڵێم؟ چونکە تاکە فۆڕمی مومکین لە تیۆری ناڕەزایەتی چینایەتی ئێمەیە. ناتوانم بە سادەیی بەم شتە بڵێم کاردانەوە. بەڵام ئەگەر فۆرمێکی تر هەبێت و بتوانیت نیشانی بدەیت کە ئەم فۆرمی دەرکەوتنە لەبەرانبەر ئەو فۆڕمەدایەلە دەرکەوتن، بەدیلی یەکترن، ئەوا بە ڕوونی، تەنانەت ئەگەر زەردیش نەبێت و زوباتۆڤ [Zubatov] و هێڵی پێنجەمیش نەبێت [1]. و ئەگەر زۆر نیاز پاکیش بێت، ڕاشکاوانە بڵێم، بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەیە لەلایەن بۆرژوازییەوە، کە لە ڕاستیدا، لەو سەردەمانەدایەکسەر لەلایەن بۆرژوازییەوە پشتگیری دەکرێت.

بە هەر حاڵ من جیاوازییەکی ئەوتۆ لەگەڵ ئارگیومێنتی هاوڕێ ئەمیر نابینم، هەروەها وەک هاوڕێ ڕەزا ئەو ئارگیومێنتە ناخەمە دۆخی جەمسەرگیریەوە بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەم کە بۆ نموونە هێرش کراوەتە سەر داواکارییە ئابوورییەکانی چینی کرێکار ، یان پێویستیی کارکردن لەناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا هێرشی کراوەتە سەر، یان هێرش کراوەتە سەرگرنگی داواکارییەکانی کرێکاران. بەڵام هەر فۆرمولەکردنێکی باسی ئێمە لەبارەی ڕێکخراوە ناحزبییەکانەوە، لەبەرانبەر ئیکۆنۆمیزم، بە شێوەیەکی سروشتی ئێمە لە تەنیشت ڕەوتگەلێکەوە دادەنێت کە زۆر دوورن لە چینی کرێکار و جیا لە چینی کرێکار. بەڕاستی لەم قۆناغەدا هەر باسێکی هەمەلایەنەی ڕێکخراوە ناحزبیەکان دەبێ بمان خاتەکەناری ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت چینی کرێکار بە شێوەی ناحزبی ڕێکبخەن نەک بە پێچەوانەوە. دەرئەنجامی گشتی من لە باسەکە – ئەو باسەی کە هاوڕێ ئەمیر لێرەدا پێشکەشی کرد نەک لە ڕۆژنامەدا – ئەوە بوو کە باش بوو بێدەنگ بین لەوەی کە ئێمە لەبارەی شوراو هتد چی دەیڵێین، سەرەڕای ئەوەش لە شکست پێهێنانی خەباتی تریدیۆنیدا،شتێکی لە بابەتەکە بەجێ نەهێشتوە . ئارگومێنتی من ئەوەیە کە بەڕاستی ئەم مەترسییە زۆر زیاتر هەڕەشەمان لێدەکات.

با خاڵێکی تریش بڵێم؛ بە بڕوای من جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کاری ناحزبی لە نێو کرێکاراندا نابێت لە باتالیاوە[٢] وەربگیرێت، مەگەر بمانەوێت بە تایبەتی چوارچێوەی ئەوروپی لەبەرچاو بگرین. بۆ ئەمە دەڵێم؟ چونکە باتالیا لە ڕوانگەی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی-دیموکراسیەوە نییە کە بزووتنەوەی سەندیکا ڕەت بکاتەوە. بەڵکو ئەوە بەرنامەی لانی زۆرەکەیەتی کە بزووتنەوەی سەندیکای کرێکاری ڕەتدەکاتەوە. لە “چی بکەین؟ لینین لە بەرانبەر بزووتنەوەی تایبەتی تری کرێکاریدا ، ئامانجەکانی بەرنامەی لانی کەمی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی چینەکە دادەنێت و ئەوەش ئەوەیە کە لەلایەن بزوتنەوەی فیداییەکان و هێڵی سێهەم و هتد، لە بەرانبەر بزووتنەوەی چیندا. گشتێنراوە واتە دووری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئێران لە بزووتنەوەی کرێکاری لەبەر ئەوە نییە کە زۆر سۆسیالیستییە، ئەوەندە سۆسیالیستە کە نایەوێت ئەم کارانە بکات. بە هۆی ئەوپەڕی دژە دیکتاتۆر بونەوە بزووتنەوەی گشتی-دیموکراتیکەوەیە کە بەها بە یەکگرتوویی ناوخۆیی چینی کرێکار نادات و ئەمەش ئەرکی ئێمە قورستر دەکات.

ئەگەر بتەوێت لەگەڵ خودی باتالیا موناقەشە بکەیت، دیبەیتەکە لەسەر بەشداربوون، لەسەر پراکتیکییەتی ڕێکخستنی حیزبی دەبێت. ئەگەر مشتومڕ لەگەڵ پۆپۆلیزمی ئێرانی بە تەواوی لەسەر بزووتنەوەی تێکڕایی و شوناسی سەربەخۆی چینی کرێکار بێت. پێدەچێت ئەمە ئاستێکی دیکەی ئەبستراکت بێت. پێم وایە ئەمە مەترسییەکە کە تا ئێستاش هەڕەشەمان لێدەکات.

ڕەنگە لە ئێمەوە تێبگەین کە حزبی کۆمۆنیست سەردەمێک چووە لای چینی کرێکار، ئێستا کە شۆڕش ڕوویداوە، بە هێزی ڕێکخراوەیی خۆی دەچێتە لای هەمووان. ڕوونە لەو سەردەمەدا نابێت بکەوێتە ئەو پێگەی ئیکۆنۆمیزمە کە لەو قۆناغەدا پاشکۆی پۆپۆلیزمە. لە هەمان کاتدا نابێت بکەوێتە پلەیەک لە نا پێویستیی چینی کرێکار و دەربڕینی ناحیزبی و جەماوەرەکەی لە خەباتدا.

————–

[١] “هێڵی پێنج” – مەیلی “کرێکار-کرێکار” بە تایبەت مەندی دەرکەوتووی گاڵتەجاڕی ڕۆشنبیر ، سووکایەتی تیۆری و ڕێزلێنانی دەستی قڵیشاو ناسرابوو، بە “هێڵی پێنجەم” ناسرابوو.

[٢] تا ئێستا نەمانتوانیوە هیچ زانیارییەکی دیاریکراو لەسەر باتالیا بەدەست بهێنین کە لەم باسەدا چەند جارێک باسی لێوە کراوە. ئەگەر شتێکتان لەبارەی باتالیاوە دەزانن، تکایە ئاگادارمان بکەنەوە.

ئەم بابەتە لەبنەڕەدا زارەکیە. ئەم دەقە لە فایلێکی دەنگییەوە لەلایەن دێنیس ئازادەوە نووسراوە و لەلایەن بەرپرسی سایتی ئەرشیفی گشتی بەرهەمەکانی مەنسوور حکمەتەوە دەستکاری کراوە. ئەم سیمینارە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٥ بەڕێوەچوو.




وەڵام لە نامەی چاوەڕوانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم…

((مناڵێکی لە خەم ڕەخسیو…
بە خوێنی نۆ ساڵی ئازارمان گۆشکراو
بە (بارزان)، بە (کوردە)، بە (شۆڕش) ناونراو
بەڵام ھێشتا باوکنەدیو
پرسیار… لە گەروودا تەزیو
وەڵام… لە چاوی ناو دەرگای خەویا گریو))
-کام ڕێ؟ کام کاروانی ئازارمان تۆی ھێنا
کام ھەواڵی؟ پرسەی مەرگی پێشمەرگەکانمان تۆی ھێنا
ڕێگا! ھاتیت! چیت بۆ ھانین؟
پەڵە! ھاتیت! چیت بۆ چانین؟
((گوڵاڵەی دەنگ…
لە شەپۆلی دووکەڵا چاوی ھەڵھێنا
سێبەری ڕەنگ…
بە شانەی گڕ پرچی ئاسۆی دائەھێنا
زمانی زەنگ…
ھەنگاوی وشەی سنگی کاروانی ڕێی ھەڵئەھێنا))
-گڕی سەنگەر منی ھێنا
ھەناسەی کیشوەری باوەڕ منی ھێنا
من ھەواڵی بنکەکانم
بۆ ھێناون
من وێنەی شەھیدەکانم
بۆ ھێناون
ھەموو ئاڵان… ھەموو ناون.
((ماڵ… بۆ ڕێگا، گوڵ ناگرێ
پەنجەرەی سنگ، شیعر ناڵێ
باڵای خەمی باوەگوڕگوڕ
بۆ (ئەرپە) ناوێ گڕ ناگرێ))
-دایە! بۆ دەنگ ھەڵنابڕی
بۆچی بۆ ئەرپە ناگری
((گریان ھەورێکی نەزۆکە…
ئەرپە بۆ دایک چیرۆکە
ھەنگاو… بۆ ڕێی مەرگ… دڵدارە
تەنیا گۆرانی بۆ مێژووی شیعروتن… پەلامارە))
-کوڕم ئێمە ھەموو ڕۆژێ
دەیان ئەرپە لەناو دڵمان ئەنێژرێ
کوڕم! ئەرپە
لەم شارەدا بۆتە چرپە
((فرمێسکی شار…
ڕێچکە ئەگرێ.
لقی ھاوار…
گوڵاڵەی برووسکە ئەگرێ
باڵی ھەور…
بەرەو دۆزەخی گڕ ئەفڕێ
نەڕەی تەور…
چرپەی سنگ دارستانی چڕ ھەڵئەدڕێ
شەقام… ڕێ بە ڕێبوار ئەگرێ
ڕێبوار… یەخەی دیوار ئەگرێ))
-بۆ فرمێسکی لقی باڵای نەڕەی شەقام
زامەکانی نۆساڵەی خەم ناشواتەوە؟
بۆ ڕێچکەگوڵاڵەی بەرەو چرپەی ڕێبوار
بۆ ڕێی باخی چەخماخەدار ناباتەوە؟
((شار نازانێ… شۆڕەسوارێ…
بۆ… گڕ لە چاوی ئەبارێ
دایک نازانێ بۆچی کوڕ
لە (ئەرپە) ناوێ ئەپرسێ…
پرسیار لە وەڵام ئەترسێ…
وەڵام لە نەڕەی خۆی ھەڵدێ))

  • ئه‌بێ دیوار
    وێنە و دروشمی خوێنی پیا ھەڵواسرێ
    ئه‌بێ ڕێبوار
    ئاگری تێ بەردرابێ
    ئەبێ دەنگ… وشەی گۆرانیی خۆی بنووسێ
    گۆرانی… لە نۆتە و ئاوازێ پرسێ
    کەی ئەوترێم؟
    ئەبێ گوللە وێڵی تفەنگی خۆی ببێ
    تفەنگ… بە سەنگەری بڵێ:
    کەی ئەتەقێم؟
    ئەبێ شیعر… بنەڕێنێ
    کەی ئەنووسرێم؟
    ئەبێ شۆڕش… ھەموو دنیا بجووڵێنێ
    بگرمێنێ
    بڵێ: بۆچی ھەڵناگیرسێم؟
    ((شار تینووە…
    تینووی چۆڕێ خوێنی پەڵەی شۆڕشی سەرھەڵگرتووە
    سەرھەڵگرتووی ڕێی درێژی
    بست بست زامی ئاگرڕێژی
    ………. بەرەو کێوە
    دەنگ سووتووە
    گۆڕ سرکەییی بارانێکە نەھاتووە
    گوللە بۆنی گوڵ ھەڵئەمژێ
    بزە چزەی ھەنگ ئەکوژێ
    ………. خوێن تەنیا سووراوی لێوە))
    -ئەم شەقام و کۆڵانانە جێ ناھێڵم…
    ئەمێنمەوە
    ………. گوایە وێڵم
    بەڵام… سووتووی ھاوارێکم، ناتوێمەوە
    وێڵم بە دوای دەرگای کۆشکی پێکەنینا
    نەء، شیعرێکی ئاگرینا.
    ((تەرمی ھەڵوێستێک ھاتەوە
    تینوو، ئاگر لە چاوی گریاناویا ئەخواتەوە
    (بەری ئاسمان ھەور و تەمە
    عالەم دڵی پڕ لە غەمە
    بۆ شەھیدانی وەتەن…)*
    -مەگرین، ھەیە داستانی مەرگی گیڤارا
    بکات بە گیانی ھەناسەی زامی شارا
    سۆراخی سوار… ژان ئەچێنێ
    بزە لە بەردەم پەیکەری گریانێکا… ئەگریێنێ
    مەی… فرمێسکە… تیلەی چاو ئەبزڕکێنێ
    چاو… زنای ئازار ھەڵئەسێنێ.
    پرسە… بۆ شەھید ڕێک مەخەن
    چەند قوربان بدەن ھەر کەمە
    ئامانج زینە… ڕێگا مەمە.

*ئەم کۆپلەیە وەرگیراوە.

تێبینی: ئەم شیعرەم لە دەفتەرێکی ڕەشنووسی: (جەلالی میرزا کەریم) وەرگرتووە، کە (سەرخێڵ سیروان نەورۆڵی) خوشکەزای پێی داوم. پێدەچێ شیعرەکە دواداڕشتن نەبێت، چونکە لە زۆر شوێندا دێڕ و کۆپلەی ڕەش کردووەتەوە و دووبارە بە جۆرێکی تر نووسیویەتییەوە و دەستکاری کردووە. دەفتەرەکە زیاتر لە(دە) شیعری ڕەشنووسی تێدایە و لەنێوان ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ نووسراون. تەنیا توانیم ئەمە بھێنمەوە سەر یەک. ئەوانی تر دەدەم بە شارەزایەک ھاوکاریم بکات و بیانھێنێتەوە سەر یەک. دوای دڵنیابوون لە پاکنووسکردنیان بڵاویان دەکەینەوە.

سەباح ڕەنجدەر
٧/٧/٢٠٢٢




کتێبی Chro Is My Name لە رێی ئەمەزۆنەوە دەتوانن بە دەستی بێنن…

Chro Is My Name

لە رێی ئەم لینکەی خوارەوە دەتوانن کتێبەکە بەدەستبێنن:

Chro Is My Name: Memoir of a Kurdish Hero’s Daughter eBook : Zand, Chro: Amazon.ca: Kindle Store

چرۆ ناوی منە

سەرناوی کورتە چیرۆکێک بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا نووسیم، لە نیوکەمەر مەگەزین بڵاو بۆوە. وە لە کۆمەڵی کورتە چیرۆک لە بڵاو کرایەوە لە کێێبی( ژوار) لە ساڵی ٢٠١٠ نووسیم. پاشان لە پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆی تۆرۆنتۆ دانرا. وە لە سەنیکا کۆلێج لە پرۆگرامی خوێندن.
من بە ناوێک هاتمە جیهان کە شیرینە بۆم، خۆشم دەوێ، چرۆ ناوی شکۆفەیەکە، خونچەی گوڵێکە کە خەریکە دەشکوێ لە بەهاردا. من هەمیشە ناوەکەمم خۆش دەوێ، ئەو مانایەی کە دەیبەخشێ لە ژیانمدا. کاریگەریەکی گەورەی هەبوە لە ژیانمدا لە کەلتورە جیاوازەکاندا بۆ گەلێ هۆی جودا.

ڕاپەڕینی ١ ئەپریل ١٩٩١ لە چاپتەری یەکەمدا دام ڕشتوە، چونکە یادەکە لەبیری ناکەم، ئەوە بە کۆمەڵ کوژی گەلی کورد بە دەستی نەیارانی دژە کورد.

چاپتەری ٨

باس لە باوکم دەکات، کورتەیەکە لە ژیانی لە خەباتێکی درێژ خایانی .
هەر لەم چاپتەرەدا، ژمارەی ١٥ کتێبەکەی تێدایە لەگەڵ وەرگێرانی کێبی ئنجیلی پیرۆز، پەیمانی نوێ کە لەزمانی فەڕەنسیەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی.
نەخشەی کوردستان و شاکاری کێبەکانی جوگرافیای کوردستان، خەڵات وخەباتی لە مامۆستای شۆڕش لە کۆماری کوردستان لە مهاباد لەگەڵ پێشەوا قازی نەمر، تا دوا چرکەی ژیانی ، دوا وتەی، تا ئەو کاتەی کە سپاردم بە خاک.

سەر ناوی کتێبەکەم،
یادەوەرری کچی باوکە کوردە قارەمانەکە.
باوکم بۆ جیهان یەک مرۆڤ بوو، بەڵام بۆ من هەموو جیهان.
من نەم توانی یادەوەری ئەو جیابکەمەوە لە بیرەوەریەکانی خۆم.
ێّستا ڕابردووم بوە بەرجەستەیەکی نزیک بوو بە ئێستا، هەندێ جار دەمەوی بگەڕێمەوە بۆی. لاپەڕەکانی هەڵدەمەوە ، لاپەڕەی کچێکی گەنج لە کێبەکەیدا یان لە کتێنی خۆم. لە ژێر ئاسمانێکی ساماڵدا دانیشم ڕووناکی خۆرم ڕێگاکەم بۆ ڕۆشن بکات، تا بگەڕێمەوە بۆ منداڵیم بۆ نیشتیمان، بۆ ئەو شوێنەی کە تێدا لە دایک بووم وە خوازیارم بێتە زێدێ من.

لە کۆتایی من دەنووسم، دەمەوێ ببمە دەنگێ بۆ ژنی کورد کە دەنگیان زۆر کەم دەبیسترێ. لە ڕێگای چیرۆکی خۆمەوە کەلتەری گەلەکەم بە جیهانی بکەمەوە.

چرۆ زەند
September 8, 2021




شیعر/ تابلۆی خۆر… ستار ئه‌حمه‌د

تۆ ژنێكی
په‌نجه‌كانت قه‌ڵه‌م،
رۆحت ده‌فته‌رو
ئه‌ندێشه‌ت پاكییه‌.
له‌گه‌ڵ خه‌ما ده‌نوی..
به‌ ئاوات رۆژ ده‌كه‌یته‌وه‌.
رووناكیت له‌جوانی،
به‌هره‌ت له‌ به‌فرو
به‌خشنده‌یت له‌چیا وه‌رگرتووه‌.
فڕین نازانیت..
له‌گه‌ڵ نه‌وره‌سا هاوخاكی،
مه‌له‌ له‌ده‌ربه‌نده‌كان فیربوویت و
شه‌پۆل له‌ئاریشه‌ت ناگا
ناچاری به‌رووبار ..خه‌ونت بسپێری.
هه‌رده‌م هێمنیت..
بۆ ژانت خواستووه‌.
له‌ده‌نگا هێور ده‌بیته‌وه‌،
ده‌گه‌یته‌ راده‌ی راسپاردن.
ئاینده‌ی زام،
رابردووی ئاكام و
ئه‌مڕۆی كاڵبوونه‌وه‌،
له‌ ته‌مه‌ن وه‌رده‌گری.
فریشته‌یه‌كی ..
له‌تابلۆی خۆر،
نیگای ئه‌ستێره‌یا
بۆ نووری جاویدانی..
سه‌ری پێشوه‌ختت ..
بۆ ره‌هایی گڵ و خاك داده‌گری.
له‌ره‌نگا ونبوونت بزه‌یه‌..
هه‌ڵاتنت سێبه‌ری بێباكیی.
له‌ شكاندنی خۆزگه‌،
رۆچوونی جه‌سته‌یا..
گیانم به‌هه‌ناسه‌م ده‌به‌خشم.
نازانم…
ماچی شیعرێكت بكه‌م
خۆم له‌تۆدا ده‌دۆزمه‌وه‌.
ده‌گریم..
فرمێسكی وشه‌..
رووی ئاسۆی لاپه‌ڕه‌م به‌رنادا
ره‌نگه‌ ئاگادار بیت..
چه‌پكێ له‌مافم هێَناوه‌،
تروسكه‌یه‌ك له‌كۆشش،
كه‌مێك ژاكانی هه‌ژانم داگیرساندووه‌.
ئه‌فسووس..رێگای تاریكیت،
بۆ هه‌نسك هه‌ڵكردووه‌.
شیعرێكم داتاشم..
ده‌بێته‌ نیگاری تۆ،
بزه‌ی ژوانێك..
ده‌روونم راده‌چه‌نی.
له‌نه‌مریدا ده‌بمه‌..
نه‌خشه‌ی ره‌هه‌ندێكی بێمه‌ئوا.
تۆ خامه‌یه‌كی ره‌شپۆشی..
چۆن خه‌ونی ژاكاوت كۆكه‌مه‌وه‌.
برینی رابردووت،
تژی له‌سۆزو نیازكه‌م.
گه‌رووت له‌زارما كردووه‌ به‌په‌یوه‌ست.
ناتوانم خۆشه‌ویستیم..
له‌بازنه‌ی هزرتدا بنوێنم.

ستار ئه‌حمه‌د




مزگەوتەکان خراپ نین بەس دەکرێت مرۆڤەکان بەخراپ بەکاری بێنن!… زانا رەزاق

من پێچەوانەی هەموو ئەو کەسانەم کە پێیان وایە هۆکار مزگەوتە بۆ بیری توندڕەوی ئاینی بەلای منەوە ئەوە مرۆڤە ئەتوانی بەباشە یان خراپە بەکاری بهێنێت.
مرۆڤ ئەتوانێ کەنیسە یان پەرستگای لالش یان شوێنی پیرۆزەکانی زەردەشت و کاکەیی یان هەر دین و مەزهەبێک ئەوانە ئەتوانرێت بە ئاڕاستەی باشی ببەین یان خراپ ئەتوانرێت هەر ئەو جێگایانە بکرێتە شوێنی پێگەیاندنی تاک لەزۆر بواری کۆمەلگا سودێکی باشیش بەکۆمەلگا بگەیەنێت هەروەک دەزانن دین بۆ سودی مرۆڤە نەک بۆ زیان پێگەیاندنی ئەوە مرۆڤە دینی کردۆتە ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندییەکانی بەو ئاڕاستەیەی دا دەبات کە دەیەوێ ئەتوانرێت لەزانکۆ یان قوتابخانە یان هەر شوێنێکی تر بیری توندڕەوی بلاو بکرێتەوە لەو شێوانەو شوێنانی تریش ئەوانە یەکتر دەدۆزنەوە و بەیەکتری ئاشنا دەبن، ئەو ڕێگایەش تەنیا شوێنێک یان دوو شوێن ناگرێتەوە، بەڵکو گشتیە. دواتر ئەمەش لەلایەن ئەو مرۆڤە خراپانەی کە ئامانج و مەبەستیان هەیە، نیازیان باش نیە، پاش پەروەردەی توندڕەوەی بەکاردەهێنرێن. ئینجا هەم زانست هەم ئاین بۆ سودی مرۆڤ هاتووە نەک زیانی. هەردووکیان لەژێردەستی مرۆڤن، مرۆڤ ئەتوانێ بەهەر شێوەیەک بیەوێ بەکاری بێنێت، بەس پێویستە ئەمانە لەژێر دەستی مرۆڤی خراپ دەربهێنرێت بەتایبەت دین بدرێتە دەستی مرۆڤانی باش نەک خراپ.

تێبینی 26 7 2018 لە ئەکاونتم بلام کردۆتەوە




کۆتایی هێنان بە ڕژێمی دژە شۆڕش و پەرلەمانەکەی بەندە بە پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانەوە…

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

لە شانۆگەرییەکی ڕیسوای هێز و حزبە بۆرژوا ئیسلامی و قەومیـیەکانی فەرمانڕەوا لە عێراقدا، پەرلەمانی ئەو هێزانە لە (٢٣)ی ئەم مانگەدا دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا، و ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە جێگرەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی قەوارەی ڕەوتی سەدر بوون کە پێشتر هەر لەم مانگەدا دەستیان لەکار کێشابۆوە لەپێناو ئامانجی تایبەت بەو ڕەوتەدا.
ئەم ڕژێمە سیاسیـیەی ئێستای هێزەکانی دژە شۆڕش، کە مۆتەکەیە بەسەر سنگی جەماوەرەوە، قەیرانەکەی بەرەو ئاڵۆزکاوی زیاتر دەڕوات لەگەڵ هەر توندبوونەوەیەک لە کێشمەکێش لەنێوانیاندا لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پشکی دەسەڵات و سامان، بەپێی بەرژەوەندیەکانیان و بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی ئەم هێز و ئەو هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بە تایبەتیش هی ئەمریکا و ئێران.
دیمەنەکانی کێشمەکێش لەسەر “حکومەتی زۆرینە” و “حکومەتی تەوافوق” و بگرەوبەردەی نێوان ئەو هێزانە لە ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ و بەدواشیدا سەرهەڵدانی دۆخێکی بەناو “بنبەستی سیاسی”، هەموو ئەمانە پرۆسەیەک لە کێشمەکێشی پێکهێنا کە هەر لە سەرەتاوە پێشبینی دەکرا بۆ ئەنجامە پڕوپوچەکانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی بایکۆتکراو لە لایەن زۆربەی دەنگدەرانەوە، کە خۆی لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەم هەڵبژرادنە تەواوکردنی پڕۆسەی سەرکوتکردنە خوێناویەکەی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) بوو بە شێوەیەکی سیاسی نەرم و هەوڵدان بوو بۆ لەباربردنی ڕاپەڕینەکە.
دەستلەکارکێشانەوەی (٧٣) سێ پەرلەمانتاری بلۆکی سەدر لە (١٢)ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و جەختکردنەوەی موقتەدا سەدر لەسەر کشانەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پرۆسەی سیاسی، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر قووڵی ئەو قەیرانەی کە هێزەکانی ڕژێم و خودی بزووتنەوەی سەدر تیایدا دەژی.
مانای سیاسیی کردەیی ئەم هەڵاتنە بەکۆمەڵیەی ڕەوتی سەدری لە گۆڕەپانی خەباتی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، شکستە بۆ ئەم ڕەوتە، وەک ڕەوتێکی سیاسی حکومی لەبەردەم نەیارەکانیدا لە ڕەوتەکانی تری ئیسلامی سیاسی شیعە کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا کۆبوونەتەوە، لەمە زیاتر ناتوانرێت وەسفێکی تری بکرێت؛ ئەم شکستە لە بنەڕەتدا شکستهێنانی ئەم ڕەوتەیە لە گەیشتن بە ستراتیژەکەی سەبارەت بە حوکمڕانی وڵات لە ڕێگەی دامەزراندنی “حکومەتێکی زۆرینە” کە لە مێژە فێڵبازانە تەپڵی بۆ لێداوە و بانگەشەی بۆ کردووە، کە گوایە ئەمە جۆرێکی دیکەی حکومەت دەبێت “نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی”ە و دوورە لە “گەندەڵی” و “چەتەگەری” و “پاشکۆیەتی” بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات، کە تایبەتمەندی حکومەتەکانی پێشووتر بووە.
بەڵام چوونەدەرەوەی ڕەوتی سەدری لە پەرلەمان و تەنانەت لە پرۆسەی سیاسی ئێستاش، بەجیا لەوەی لەم کارەیدا قازانج دەکات یان زیانی پێدەگات، لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هێشتا ڕەوتی سەدری یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق و سێبەرەکەی باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا و بەم پێیە ڕۆڵی هەیە لە سەقامگیری و درێژەدانی ئەم ڕەوتانە وەک مۆتەکە بەسەر سنگی جەماوەرەوە.
لە لایەکی ترەوە ئەوەی کە ڕەوتی سەدر دەبەستێتەوە بە جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕین و تەوژمی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی داهاتووەوە، ڕۆڵی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیەتی دژی جەماوەر و شۆڕش و ڕاپەڕین. هەر ئەم ڕۆڵە و ئەو پەیوەندیـیە دوژمنکارانەیە کە ناوەڕۆکی جموجوڵی ئەم دوایـیانە و مانۆڕە سیاسییەکانی ڕەوتی سەدر دیاری دەکات لە ڕۆڵگێڕانی ئۆپۆزسیۆنیـدا، ئەویش بە مەبەستی ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و هەروەها پاراستنی بنکە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، کە لە ئاکامی ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەرەوە بە توندی لەرزۆک بووە.
ئەگەری سیناریۆی جۆراوجۆر لەئارادایە لە ئاکامی ئاڵۆزکاوبوونی زیاتری قەیرانی ڕێژیمەکە، و هەروەها لە ئاکامی پەرچەکرداری هێزە بۆرژوا ئیسلامی و قەومیەکان و دەستێوەردانی زلهێز و جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر بنبەستی سیاسیی ئێستادا، بەڵام بە دڵنیایـیەوە بۆرژوازی دەسەڵاتدار، هەرچەندە قەیرانی فەرمانڕەوایەتیشی توندوتیژ بێت بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، بۆیە پێویستە جەماوەری شۆڕشگێڕ کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیـیەکەی بهێنێت و خۆی کاروباری وڵات بگرێتە دەست.
بەم پێیە ئەوە جەماوەری شۆڕشگێڕە کە دەتوانێت تەختوتاراجی ئەم هێزانە هەڵتەکێنێت کە یاری دەکەن بە چارەنوسی کۆمەڵگە، هەروەک ڕوون و ئاشکرایە کە “بنبەستی سیاسی” ئێستا ڕەنگدانەوەی تارمایی ئەو تەوژمە شۆڕشگێڕانەیەی جەماوەرە بەسەر ئەم هێزانەدا، تەوژمێک کە توخمەکانی لە گەشەکردندان لە دووتوێی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتیە قوڵ و بەرفراوانەی کە تادێت بژێوی و ئایندەی بەشێکی هەرچی زیاتری جەماوەر دەهاڕێت.
دەرکەوتەکانی ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، ئەوەتا جەماوەر زۆرترین چەرمەسەری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەچێژێت بەدەست بێکارییەکی لەڕادەبەدەر، بەدەست هەژاری و نەخۆشی و گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و نەبوونی خانووبەرە، بەدەست داڕمانی سیستەمی تەندروستی گشتی و پەروەردە، و قەیرانی دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوەی پاکەوە. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زیادبوونی ئاستی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و ژێرپێ خستنی مرۆڤایه‌تییان، هەروەها ڕێگری له‌ ڕێکخستنی سه‌ندیکایی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی زۆردارانە به‌رامبه‌ر به‌ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خنکاندنی ئازادی و مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کانی هاووڵاتیان به‌ تایبه‌تی هی گه‌نجان، هەموو ئەمانەش هاوکات لەگەڵ بەردەوامیدان بە سەرکوتی جەماوەری ڕاپەڕیوو و خۆپیشاندەر، و بەردەوامیدان بە دەستگیرکردن و ڕفاندن و بێ سەروشوێن کردن و تیرۆرکردن و مانەوەی سەدان هەزار کەسی ئاوارە لە کەمپەکان لە دۆخێکی کارەساتبار و پڕ لە تڕاژیدیا و پێشێلکاری تردا.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەلومەرجە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوامە لە سەرتاسەری عێراقدا، بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە گەشەکردنیان، ڕێکنەخستنیانە لە کارێکی خەباتکارانەی ڕێکخراودا لەسەر ئاستی وڵات، لەناو ئەو سەندیکا و کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراوە جەماوەرییانەی کە بەرگریکارن لە ئامانج و داواکارییەکانیان. مەرجی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانە لە داهاتوودا، ئامادەبوونی پێشوەختی ئەم قەوارە ڕێکخراوەییانەیە بۆ ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنیان بەجۆرێک کە مۆرکی ڕێکخراوەیی خۆیان ببەخشن بە کردەی سیاسی شۆڕشگێڕانەی ملیۆنان کەس لە جەماوەری عێراق.
هێنانەدی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، و دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستی لەسەر وێرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری نیولیبراڵ لە عێراقدا، چارەسەری ڕیشەیی هەموو کارەساتەکانی ئەم دۆخەی ئێستایە، و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکیشە کە ئازادی و یەکسانی باڵی کێشاوە بەسەریا و، چینە کۆمەڵایەتیـیەکانی تێدا نییە.
بارودۆخی بابەتی و ئەو سەروەت و سامانە زەبەلاحەی لە کۆمەڵگادا هەیە، نەک هەر تەنها بۆ بەدیهێنانی ئەم شۆڕشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریـیە پێگەیشتووە، بەڵکو بەدیهێنانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ڕزگارکردنی جەماوەر لە کۆتوبەندەکانی بارودۆخی ئێستا، و هەروەها ڕزگارکردنی عێراق و ناوچەکە لە جەنگ و کارەساتەکانی کە دەیکەنە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژییەکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهانی و جەمسەرە ناوچەییەکان، پەیوەستە بە هێنانەدی ئەم شۆڕشەوە.
تەوژمی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە عێراقدا پێویستی بەوەیە کە بەشێک بێت لە بەدیهێنانی ئەم ستراتیژە سۆسیالیستیـیە و ئەمەش نایەتەدی بەبێ ڕێکخستنی چینی کرێکار و لاوانی سۆسیالیست و ژنانی کرێکار و چەوساوە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی بەتوانادا کە سەرکردایەتی خەباتی ملیۆنان کەس بکات لە خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش و هەژار کراو و ستەملێکراو، ڕووەو بەرجەستەکردنەوەی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆ و ڕێکخراویان لە شۆرا جەماوەریـیە شۆڕشگێڕەکانیاندا تا دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەستی خۆیان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق، ئامرازێکی خەباتکارانەیە لە دەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارکراوان و ژنان و لاوانی سۆسیالیست و جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخواز بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە سۆسیالیستیـیە شۆڕشگێڕانە مەزنەیە. ئەم ڕێکخراوە بانگەوازی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکات کە خەبات لەپێناو سۆسیالیزمدا دەکەن تا خەباتی خۆیان لەناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەدا یەکبخەن.
٢٦ حوزەیرانی ٢٠٢٢