هه‌ولێر، دوای به‌جێ هێشتنی بابلۆ… حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان

دواجار هه‌ولێر دوای بیست و پێنج رۆژ له‌ئامێز گرتن، ( بابلۆ) گه‌ردن ئازایی له‌خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر كرد.
دوای ئه‌و به‌جێ هێشتنه‌، سه‌ر له‌نوێ دیسان، په‌رده‌یه‌كی خامۆش، شانۆكانی هه‌ولێر داده‌پۆشێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و بیست و پێنج ڕۆژه‌دا دابوو، ڕۆژانه‌ شانۆكارانی هه‌ولێرم له‌نێو ئاپۆرای بینه‌رانی هه‌ولێر و له‌به‌رده‌م مایكی په‌یجه‌كه‌ی بابلۆ ده‌بینی، كه‌ چۆن ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر مه‌دح و سه‌نای نمایشه‌كه‌ی بابلۆ، بێ ئه‌وه‌ی بۆ تۆزقالێكیش هه‌ستیان به‌ته‌نگه‌تاوی خۆیان كردبێ به‌وه‌ی، كه‌ چۆن شانۆكارانی شارێكی تر، له‌شاره‌كه‌ی ئه‌واندا نغرۆی چه‌پڵه‌ ده‌بن، كه‌چی خۆیان زه‌مه‌نێكی دوورو درێژه‌ له‌ئاست خواستی بینه‌رانی شاره‌كه‌ی خۆیاندا ده‌سته‌پاچه‌و بئ ده‌سه‌ڵاتن.
له‌كاتێكا هیچیان له‌به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر به‌و واقیعه‌ تاڵه‌ی شانۆ به‌ده‌ر نین كه‌ له‌و شاره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن.
بابلۆ هه‌قیقه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی هه‌ولێری وه‌ك خۆی نیشاندا، شارێك ته‌ژی له‌كولتوورو هه‌ستیار له‌شارستانیه‌ت و لێواو لێو له‌ئاشقانی شانۆ، به‌ڵام بئ كه‌س له‌كاركردندا.
بابلۆ ڕۆیشت…
به‌ڵام به‌هه‌قیقه‌ت به‌هیوا نین جارێكی دیكه‌ (بابلۆ) بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ جارێكی تر ئێمه‌ بخاته‌وه‌ پێكه‌نین..
چاویشمان له‌وه‌ نیه‌ ماكینه‌ كاراكانی ڕاگه‌یاندن و تاكتیكه‌ میدیاكانی، هۆڵه‌كانمان پڕ كاته‌وه‌ له‌و بینه‌رانه‌ی كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ گیرفانیان پڕكه‌ن له‌پێكه‌نین .
ئێمه‌ شانۆكانمان به‌ژماره‌ی بینه‌ران ناپیوین.
ئاره‌زووی ئه‌وه‌ش ناكه‌ین هه‌موو ئامانجه‌كانمان بۆ ژماره‌ بێت.
چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، هه‌ركات هه‌موو ئامانجه‌كانمان ته‌نیا ژماره‌ بوو، ئه‌و كات ده‌بێت ده‌ست له‌شانۆ هه‌ڵگرین..
ئێستاش ئه‌گه‌ر له‌هه‌ولێر بمانه‌وێت سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ خۆمان له‌ته‌قلید كردنه‌وه‌ی بابلۆ به‌دوور رابگرین.
چونكه‌ تووشبوون به‌هه‌ندێ په‌تای شانۆیی، تووشبوونه‌ به‌مردنی شانۆ.
ئێمه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ شانۆ له‌هه‌موو شاره‌كانی كوردستان به‌ئاراسته‌یه‌كی دروست هه‌نگاو بنێ، ڕۆژانی ئه‌ساڵه‌ت و ئه‌فراندنه‌كانی له‌په‌ره‌سه‌ندن دابێت.
پڕ بێت له‌چه‌ندین ستایل و ڕێبازو فۆرمی لێكتر جودا.
ئه‌و كات نیگه‌رانی بۆ ئاینده‌ی شانۆ نامانگرێ.
ئه‌وه‌ی بینیمان ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، كه‌ كۆمه‌ڵێ ئه‌كته‌ری كۆمێدی به‌توانا به‌ توانای ده‌رهێنه‌رێكی لێهاتووی وه‌ك شوان كه‌ریم به‌رجه‌سته‌یان كرد، به‌ڵام دوو خاڵی گرنگ هه‌ن ده‌بێ ڕه‌چاو بكرێ:
نابێ ئه‌و ئه‌زموونه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ ته‌قلیدكردنه‌وه‌یه‌كی كوێرانه‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌رهێنه‌ر شانۆی كوردی پئ بێزه‌وه‌ر كه‌ن و ئه‌و ئه‌زموونه‌ش له‌كه‌دار كه‌ن.
٢.ناكرێت هه‌ر ده‌هێنه‌ێك بێت و پرۆژه‌ی نمایشێكی كۆمێدی سه‌قه‌ت هه‌ڵگرێ و توشی وه‌همی ( بابلۆ) بێت.
چونكه‌ ئه‌و ته‌كتیكه‌ میدیایی و ڕاگه‌یاندنه‌ به‌هێزه‌ی له‌پشت (بابلۆ) بوو، هۆكاری ڕاكێشانی بینه‌ر بوو، ره‌نگه‌ ئه‌م ته‌نیكه‌ میدیاییه‌ لای هه‌موو كه‌سێك له‌ ئاست ئه‌و پێشكه‌وتنه‌دا نه‌بێت .
پاشان( ڕێشان )و هاوڕێكانی، توانیان كۆمێدیا له‌ئاستێكی سه‌قامگیر ڕابگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن له‌ ته‌هریج نزیكی بكه‌نه‌وه‌.
به‌ڵام ناكرێت كۆمێدیا ببێته‌ به‌دیلی شانۆی جادو شانۆ به‌هه‌موو به‌ها هونه‌ری و ستاتیكاكانی بكه‌ینه‌ قوربانی كۆمێدیا.
ناكرێت هه‌موو ئامانجه‌كانشمان بۆ بینه‌ر ته‌نیا به‌پێكه‌نین خستنی بینه‌ر بێت تا ئه‌و ئاسته‌ی ته‌قلیدیه‌تی كویرانه‌ وای لێ بكات له‌جیاتی پێكه‌نین، بینه‌ر بۆ شانۆ بگری.

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان




با چیرۆکی خێزانێکتان بۆ بگێرمەوە!… هاوژین زیبا

دایکو باوکێک، وەک هەموو دایکان و باوکانی دیکەی ئەم دونیایە، ژیان و تەمەن و گەنجی خۆیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان کردووە. دایک، وەک ئەو کانیاوە خۆشەویستییەی هەرگیز وشک ناکات و هێندە قوڵ پێوەستە بە خۆشویستن و باشیی منداڵەکانییەوە کە بێهاوتایە و لە گەڵ هیچ شتێکی دیکە بەراورد ناکرێت. باوکیش کە باشەی منداڵەکانی لە خۆی زیاتر دەوێت…
بەو شێوەیە منداڵ گەورە دەکەن و هەرچی باشیەک کە لە خۆیاندا دەیزانن پێی دەبەخشن و تەنیا چاوەڕووانیان کە هەیانە باشیی و سەلامەتییەتی… رەنگە ئەم چاوەڕووانییە کەم و سادە ببیندرێت لە ژیاندا، بەڵام زۆر زەحمەتە باش و سەلامەت بیت لە هەرێمێکدا کە سیستەم و یاسا و بیرێکی نوێخواز و ژیاندۆستی تیادا زۆر کز بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە متمانە بە منداڵی خۆت دەکەیت و باشی پەروەردە دەکەیت و دەگەڕێیت و لە بیرو هەستی خۆتدا باشترینەکانی پێشکەش دەکەیت، بەڵام کە منداڵەکەت رۆیشتە کۆڵان ئیتر دڵنییا نییت لەوەی ئۆتۆمبێلێکی تیژڕەو ژیان لە جگەر گۆشەکەت دەسەنێتەوە یان نا، دڵنییا نییت تیژڕەویی ئوتومبیلێک منداڵەکەت دووچاری کەمئەندامبوون و بێ هۆشیی ناکات… هەرچەندە خۆشت بوێت و چەندیش ڕەنجت لەگەڵیدا کێشا بێت، هەرئەوەندەی چووە ئەو دیوی دەرگای ماڵەکەت ئیتر منداڵی تۆ نییە…
میللەت بە شۆفێریی، بەقاڵیی، دەراوسێکانت، پۆلیس و ئاسایشەکان، مامۆستا و مینبەرەکان هەموو دەتوانن بۆ منداڵەکەت کێشەساز بن.کاتێک توڕە دەبن وشەی “منداڵ” جوێنە، کاتێک بێ میزاجن “منداڵ” بێزراوە لەبەر چاویان و بە کەم ئەقڵی دەزانن، دەراوسێکان کوڕە هەرزەکارەکانیان خۆش ناوێت و حەز بە دەنگی گۆڕاویان ناکەن، کچەکانیشیان خۆشناوێت چونکە مەمکیان کردووە… شۆفێرەکان رقیان لە هەرزەکارەکانە چونکە لە دونیای گۆڕاوی خۆیاندان و پڕن لە وزە و حەز بە سەرکەشیی و تاقیکردنەوەی شتە جیاوازەکان دەکەن، بەقاڵەکان حەز بە یاری تۆپێن و چاوشارکێی منداڵەکان ناکەن لە گەڕەکدا چونکە کاسپیەکەیان خاو دەکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوە زیاتریش ئەوەیە کە منداڵەکان نازانن کە تۆی شۆفێر زۆر توڕەی لە خۆت و لە ژیانت، لە گرانیی بەنزین و بێ کارەبایی و بێ ئاویی و بێ موچەیی. نا، نا، منداڵەکان ئاگاداری کێشەکانی تۆ نیین!

بگەرێینەوە بۆلای خێزانەکە!
ئەو خێزانە منداڵیان گەورەکرد و وەک کوردەواریی دەڵێت نۆبەرەی دایک و باوکیانە، زۆر دڵیان بە باڵا و توانا و تێگەیشتنەکانی خۆش بوو. شەوێک وەک شەوانی ئاسایی دانیشتبوون لە پڕ لەلایەن کوڕە گەورەکەیانەوە کە هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو نەکردووە تەلەفۆنێکیان بۆ دێت و پێیان دەڵێت: “دایە، باوە، ئۆتۆمبێلێک لێی دام بەڵام نەمردووم… “.
ئایا ئەگەر ئەم هەواڵە بەر گوێی هەر کامێک لە ئێمە بکەوێت نامان هەژێنێت و سوێ ناخاتە دڵ و جەرگمانەوە؟ تاکسیەک لەوپەری تیژڕەوی خۆیدا بێئاگا لە گەڕەکێکی قەرەباڵغی شاردا کە باشیش دەزانێت رۆژ گەرمە و شەوانە دەرفەتێکە بۆ منداڵان لە گەڕەکەکەی خۆیاندا کەمێک یاری بکەن!
بەڵام کاکی شۆفێر کە زۆر پەلەیەتی گوێ بە چاوەڕووانیەکانی ئێمە نادات کە لە ماڵەوە بۆ گەورە بوون و ژیانی منداڵەکانمان هەمانە، بەڵکو لای ئەو ئەوە گرینگە کارەکەی خۆی ئەنجام بدات. ئەگەر من و تۆش ببین بە قوربانی چەند ساتێکی توڕەیی یان خۆشی ئەو…
بۆیە دەمەوێت بە خۆم وەک دایکێک، و بە سەرجەم دایکان و باوکان بڵێم، دەبێت کار بکەین و بێدەنگ نەبین لەم هەرا و بێ سیستەمییەی ئەم هەرێمی کوردستانە.
داواکاریەکانمان بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە بەرێوەبردن و جێبەجێکردنی یاساکاندا بخەینە پاڵ یەک و چیتر دەست بە دڵمانەوە نەگرین لە بیستنی دەنگی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەک و شەقامەکانی ئەو جێگایەی لێی دەژین. دەبێت ژیانمان پارێزراوبێت لە سایەی حکومڕانی ئەم دەسەڵاتەدا…
لە بیرمە برایەکم پێش لەدایک بوونی من لە ئەنجامی تیژڕەوی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەست دابوو. دایکم تا دوا ساتەکانی ژیانی لە دەنگی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکان رادەچڵەکی و دەستی لەسەر دڵی دا دەنا و دەیگوت “یائەڵا، خودا نەکات”…
با چیتر منداڵەکانمان نەبن بە قوربانی چەند ساتێکی خۆش و بە پەلەی شۆفێرەکان !

هاوژین زیبا
١٣/٧/٢٠٢٢




جگه‌ له‌ پیاڵه‌ شكاوه‌كان… بڵند باجه‌لان

من له‌نێو ئاوێنه‌ی سزادا ، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینینم چه‌شت .
منیش وه‌كو باران ،
ساردییه‌كی بێڕه‌نگم ،
حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م ،
له‌ ماڵی كۆتره‌وه‌ ، به‌ره‌و ئه‌ستانه‌ی ونبوون .

ده‌بێ له‌ مشتی ده‌ریادا بمرم و ببم به‌ ئاو . تۆ خاوه‌نی ئاوی له‌وكاته‌ی ، پێشده‌كه‌وێ دونیا و من له‌ ئاوێنه‌ی سزادا ، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینین و نه‌بینین ده‌چێژم ! . باش ده‌زانم ، هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ ئاسماندا ، هه‌موو كرمێك كه‌ تا سپێده‌ له‌نێو ته‌نیاییدا پیاسه‌ ده‌كه‌ن ، پێویستییان به‌ تۆیه‌ . به‌ لاری كه‌وانه‌یه‌ك ، كۆتایی به‌ به‌سه‌رهاتی كه‌وتنی ئاوێنه‌كان دێت .

تۆ هه‌میشه‌ هه‌میشه‌یی ! .
دڵنیام گه‌ر سپێده‌ نه‌یه‌ت ، خاڵخاڵۆكه‌ ده‌خه‌وێ . بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رده‌لێك ، هاوشێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دونیا .
ئه‌فسانه‌ له‌ گالیسكه‌كه‌ كه‌وت .
چوارچێوه‌ شكاوه‌كان ،
كورسییه‌ بیماره‌كان ، شایانی ئه‌وه‌ن بۆ هه‌ندێكیان نه‌گرین .
شه‌قامه‌كه‌ ، له‌ كۆتایی شۆسته‌كه‌ دانیشتووه‌ و سیگار ده‌كێشێ . تۆ سزای من مه‌ده‌ له‌ كاتێكدا یه‌كجار دڵته‌نگم و سپارده‌ی گوناهم . له‌ خه‌ونێكی كورتی زستاندا ، نیازی هه‌ناسه‌یه‌كی تازه‌ و
فرمێسكێكی تازه‌ و
هه‌ناسه‌یه‌كی چاو به‌ فرمێسكم دۆزییه‌وه‌ .

باران نم نم نابارێ .

ئاو به‌بێ پاسه‌پۆڕت ، ده‌ڕژێته‌ نێو ڕابردوومه‌وه‌ . جارجار ژیان ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ی خۆیم لێده‌شارێته‌وه‌ .
وه‌ڵامێكی دروستم دایه‌وه‌ ،
به‌ خۆمم گوت : ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووی ، بڵێ : ئا .
ئاگر به‌بێ ناسنامه‌ ، ده‌مكا به‌ خۆڵه‌مێش ، ئاگری جوانیت . ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی ، ناوی منی له‌ ڕێبواره‌كان پرسی . ته‌نیا هه‌ر كه‌وتنێك ماوه‌ . ئه‌و گیا ناسكانه‌ ، نازانن چی ده‌كه‌ن ؟! . نازانم من بۆچی ده‌بێ له‌باره‌ی هاتنی خۆمه‌وه‌ بنووسم ؟ . ده‌بێ بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی ، ناوی منی له‌ ده‌ریادا ونكرد ! .

به‌ر له‌ ئێمه‌ ، ته‌نها تۆ هه‌بووی .

ڕێزی چركه‌ سامناكه‌كانم تێبینی كرد . ساته‌كان بچوك ده‌بنه‌وه‌ . هه‌ر كاتێك خوازیاری هه‌ر شتێك بم ، ده‌زانم خاكی پرته‌قاڵه‌كان ، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته‌ به‌خشه‌ری خۆخه‌ تازه‌كان . له‌ نێوان هاتن و نه‌هاتندا ، چلووره‌ ده‌توێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هاتنی من و نه‌هاتنی شه‌و . له‌ لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی هه‌موو كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا ، تێبینی چركه‌ساتی ڕۆیشتنی زۆر شت ده‌كه‌م . چركه‌ساته‌ سامناكه‌كان ، ڕێزی منیان نه‌گرت .

به‌ر له‌ باران ، ته‌نها تۆ هه‌بووی .

من ڕووباری (سیروان) نیم . ئێستا له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ،
ته‌نها
ڕۆژێك
چۆله‌كه‌كان
دێنه سه‌ر گۆڕی شكسته‌كانم ! .
دیواره‌كان ، تووڕه‌ن . هه‌وره‌كان ، به‌شێكی ترن له‌ پێگه‌ ناوازه‌كانی ئاو . ده‌زانم هه‌موو خه‌تای من بوو له‌ ناكاو بڕیاری سزادانی چاویلكه‌ شكاوه‌كانمدا . خاك گیانی سپارد . مانگ و ئه‌ستێره‌ ، له‌ جوانی ئاوێته‌ی یه‌كتری ، پیاڵه‌كان پڕ ده‌كه‌ن له‌ پرسیار ، پیاڵه‌ شكاوه‌كان نه‌بن : من ڕووباری (سیروان) نیم .

به‌ر له‌ مردن ، ته‌نها تۆ هه‌بووی ! .

وشه‌ ته‌نیاكان ، بخه‌ینه‌ نێو گۆزه‌یه‌كی شكاوه‌وه‌ .
خه‌یاڵم
ده‌بێ به‌ با .
چی له‌ دانه‌دانه‌ كه‌وتنی گه‌ڵاكانی پایزدا تێبینی ده‌كرێ ؟ . كه‌ ویستم بڕۆم ، ده‌رگاكه‌م به‌ ڕووی خۆمدا داخست ، با ئه‌وانه‌ی له‌ ژووره‌وه‌ن ، هه‌ست به‌ سه‌رمای ناخی من نه‌كه‌ن . تۆ یه‌كه‌مین و دوواهه‌مینی . شه‌خته‌ به‌ر له‌ تووانه‌وه‌ ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌رگ نزیكه‌ . چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ناكاو سه‌ر به‌رز بكه‌یته‌وه‌ و ببینیت كه‌ ئاسمان پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ ؟ . ئه‌مڕۆ نه‌ ماڵه‌وه‌م گسك داوه‌ ، نه‌ ده‌ستم بردووه‌ بۆ سێوه‌ سووره‌كانی په‌نجه‌ره‌ی وه‌ستان به‌ ڕووی بیره‌وه‌رییه‌كان . ده‌خوازم وێنه‌ی دارگوێزێك بكێشم له‌سه‌ر قه‌دی دارقه‌زوانه‌كه‌ . به‌ هه‌ر حاڵ ، هه‌موو كه‌سێك له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیدا ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ زۆر شتی له‌ده‌ستداوه‌ .
تۆ
بێسه‌ره‌تا و
بێكۆتای . وجودم سووره‌ و به‌سه‌ر ئه‌و شووشه‌ شكاوانه‌دا ده‌نووزێته‌وه‌ ! .

سه‌گ به‌ر له‌ تۆپین ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌و هه‌رگیز مه‌یموون نه‌بووه‌ .

تا له‌ سه‌رابی ڕۆژه‌ مه‌ییوه‌كان غه‌رق نه‌بووین ، با هه‌ست بكه‌ین ئازاره‌كان به ‌هۆی دووری وشه‌كانه‌ له‌و ڕستانه‌ی چوون به‌ره‌و ئۆقیانووسی برین . تۆ بۆ هه‌میشه‌ و بۆ هه‌مووانی . كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ و هاوین له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌مان هه‌ر هاوینه‌ .

كه‌ر به‌ر له‌ نه‌مان ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ ،‌ ئه‌و هه‌رگیز ( داروین ) نه‌بووه‌ .

من له‌نیو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ، ویستم خۆم بدۆزمه‌وه‌ له‌ ساتی بیركردنه‌وه‌ له‌ ونكردنی شته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان . دڵنیام من سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌و په‌شیمانییانه‌م كه‌ زۆر دوور و بێسوودن . ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌رده‌كه‌وێ خۆشتبوێم ؟ . كێ هه‌یه‌ وا بكا من سه‌رمام نه‌بێ له‌ بارێكدا دڵم پڕه‌ له‌ شه‌خته‌ ؟.

باران نم نم نابارێ .




کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق… وەرگێڕانی: کاوە عومەر

دەربڕینی ڕاو سەرنج لەسەر گفتوگۆی کۆڕەشی مودەڕیسی لە ئەنجومەنی مارکس – لەندەن
دەربارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق
٢٢ی ئابی ٢٠٠٠

هاوڕێیان ویستم چەند خاڵێک لەسەر تەوەری کۆبوونەوەکە تاوتوێ بکەم و دواتر بۆچوون و هەڵوێستی خۆم لەسەر ئەو خاڵانەی لێرەدا خراونەتەڕوو ڕوون بکەمەوە. وەک یاسایەک ئەو پرسیارەی کە لەبەردەم ئەم کۆبوونەوەیەدایە ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراقدا چۆنە؟ گرێکانی چین؟ چۆن دەتوانێت پێشبکەوێت و پێگەی کۆمەڵایەتی چییە؟

لە کوردستانی عێراقدا دەبێت گرنگی بە چەند فاکتەرێک بدەین: ١.

لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی هەلومەرجێک بووینەوە کە لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکەدا بوونی نییە. واتە ئەو هەلومەرجانەی کە کۆمۆنیزم دەتوانێت بە ئاشکرا کار بکات. کۆمۆنیزم دەیتوانی و ئێستاش دەتوانێت ئۆفیسێکی هەبێت، دەتوانێت بە فەرمی ڕۆژنامەکەی بداتە چاپخانە و گرێبەستێک واژۆ بکات، دەتوانێت تەلەفزیۆنێک دروست بکات، دەتوانێت ڕادیۆیەک دروست بکات، سەرکردەکانی دەتوانن لەناو شاردا پیاسە بکەن و خەڵک تەوقەی لەگەڵ بکەن و سڵاویان لێ بکەن. دەتوانن میوان بانگهێشت بکەن، دەتوانن بەشداری کۆبوونەوەی پرسە و سەرەخۆشی کەسێک بکەن، تەنانەت دەتوانن هێزێکی چەکدار پێکبهێنن و بە چەکداری ئامادەبن. ئەم مەرجانە هەشت ساڵە لە کوردستان لەبەردەستماندایە. ئەمە ئەو مەرجەیە کە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی هاوشێوە ئاواتیان بۆ دەخوازن، بەو مانایەی کە تۆ لە دۆخێکدا دەبیت کە تەنها لەبەر ئەوەی کۆمۆنیست بوون ڕووبەڕووی مەترسی زیندان و لەسێدارەدان نابیتەوە، بەڵکو ڕێگەت پێدەدرێت بە ئاشکرا و یاسایی کار بکەیت . ئەو پرسیارەی کە لەبەردەمماندایە ئەوەیە کە بۆچی بزووتنەوەکەمان دوای هەشت ساڵ چالاکی گشتی لە هەلومەرجی نیمچە دیموکراسیدا ناتوانێت بە ڕادەیەکی پێویست سوود لەم هەلومەرجانە وەربگرێت تا دەسەڵاتی سیاسی بەدەست بهێنێت یان ئەوەندە لە دەسەڵاتی سیاسی نزیک بێتەوە و بچێتە ناو ڕەوتی سەرەکییەوەو کۆمەڵگا بگۆڕێت ؟

ئەمە لە سەرەتاوە ئامانجی حزبی کۆمۆنیتسی کرێکاری عێراق یان بزوتنەوەی کۆمۆنیزمیی کرێکاری عێراق بووە کە لە ئێستادا لەناو سنوورەکانی کوردستاندا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. لانی کەم ئەو باسانەی کە ئێمە پێشنیارمان کرد و نووسراوەکانی هاوڕێیانمان لەسەر ئەم پرسانەن. چ فاکتەرێک وامان لێدەکات، دوای هەشت یان نۆ ساڵ چالاکی بەرگەگرتنی بۆرژوازی، کاتێک ئەوان دەسەڵاتی سەرکوتکردنی ئێمەیان نییە، هێشتا هێزێکی هەمان ڕەئالییەکانمان هەیە، و ڕەنگە لە ڕووی ڕێکخستنەوە بچووکتریش بێت، بە بەراورد بە ئەو ڕەهەندەکان کە لە سەرەتای کارەکانماندا هەمانبوو؟ ئەم هۆکارانە چین و هۆکاری ئەمە چییە؟ بەڕای من ئەمە سەرەتای باسەکەیە. چونکە لێرەدایە بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە بە ناوی کۆمەڵگە و چالاکی سیاسی لە کۆمەڵگادا. چالاکی سیاسی دژی ڕژێمە دیکتاتۆرە خنکێنەرەکان کارێکی ئاسانە.
چالاکی سەربازی دژی سوپا ستەمکارەکان لەڕادەبەدەر ئاسانە. بەڵام چالاکی سیاسی لە دۆخێکدا کە تۆ کەسانێکت دەوێت کە ئامادەبن گوێت لێبگرن و لە هێزەکانی چینی بۆرژوازی بیانبەن و لەگەڵ خۆتان بیانهێنن، ئەرکێکی لەڕادەبەدەر قورسە بۆ بزووتنەوەکەمان. بۆ بزووتنەوەکەمان بەم جۆرەیە. زۆرێک ئامادەکاریی بزووتنەوەی چەکداری و ژێرزەمینی و ڕزگاریکەریان کردووە، چونکە هاوکێشەی سادەی هەیە. مرۆڤەکان بە گیان هاتوون، ناڕازین، تۆ چەک دابەش دەکەیت، ڕێکخراوی نهێنی دروست دەکەیت و خەڵک دەچێتە پاڵیان، شەڕ دەکەن، و بە چەکداری دژی یەکتر دەوەستنەوە، کوشتن، کوشتن… چەک و ناوچەکە دیاری دەکات و هتد. کاتێک بڕیارە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بڵێین، دەمانەوێت دەسەڵات لە بۆرژوازی ناو کۆمەڵگا وەربگرین، نەک لە دۆخێکی نائاسایی داگیرکاری سەربازی، خەباتی دژە داگیرکەر(ئیستیعمار)، خەبات دژی حکومەتە خنکێنەرەکان کە هەمووان لێێ ناڕازین ، لە دۆخێکی کۆمەڵایەتیدا کە بۆرژوازی قسە دەکات، لایەنگرانی هەیە، ئێمەی کۆمۆنیستەکانیش دەمانەوێت ئۆفیسێک بکەینەوە و چالاک بین، وەک بەریتانیا، وەک کوردستان، وەک سلێمانی. لەم هەلومەرجانەدا چی وا دەکات بزووتنەوەکەمان نەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی؟ ٨ یان ٩ ساڵ زۆرە لە تەرازووی دونیای ئەمڕۆدا، لە ساڵی ١٩١٧ تا چوار ساڵ دوای مردنی لینین دەگرێتەوە! تەواوی جەنگی جیهانی دووەم شەش ساڵی خایاند. شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران دوو بۆ دوو ساڵ و نیوی خایاند، شۆڕشی پورتوگال نزیکەی دوو ساڵی خایاند. کۆمۆنەی پاریس چەندی خایاند؟ ئێمە ٩ ساڵمان هەبوو لە کۆمەڵگایەکدا لەگەڵ خەڵکدا کار بکەین بۆ ئەوەی جەمسەرگیری لە بەرژەوەندی کۆمۆنیستەکاندا بگۆڕدرێت، کرێکاران دەسەڵات بگرنە دەست، ئازادی دامەزراوەیی جێگیر بێت. بۆ ناتوانین؟ لێرەدا چیتر پرسیارێک نییە کە بۆ ئەمەت بە کەسێک نەگوت یان هێڵەکە چی بوو و ئێمە چیمان کرد… پێویستە بگەڕێینەوە و بزانین چی لە کۆمەڵگادا هەیە کە نایبینین یان تەنانەت ئەگەر ئێمەش… دەبینیت، ناتوانین لاببەین؟ لەوانەیە مرۆڤ بڵێت بەختت لەدەست داوە. نۆ ساڵت هەبوو، کەس ڕێگری لێ نەکردیت، تەنانەت پارەیان لە حکومەت پێدایت، وتیان ئەگەر بتەوێت کرێی خانووەکەت و بەشێک لە باجی کوردستانی عێراقت بۆ دەدەین. وەرن لەگەڵ سەرۆکی حکومەت دابنیشن و کۆبونەوەیەک بکەن و پرسەکانتان بگێڕنەوە. ئەنتێنەی ڕادیۆکەت دابنێ و بیناکە لەبەردەستتدایە. تەنانەت ئەمەیان لەگەڵ ئێمە کرد و ناتوانین بەرەو پێشەوە بچین. بۆچی؟ ئەگەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە دۆخێکی خنکێنەردا بووایە، ئەگەر لە ژێر پێڵاوی سەدام حسێندا کاری بکردایە، ئێستا گەشەیەکی زۆری نیشان دەدا. هەمووان کۆیان کردبووەوە. لە دۆخێکی نهێنیدا لە توندترین بارودۆخدا شەڕی خۆی دەکرد. هەرچەندە لە ڕابردوودا هەمان کاری دەکرد. حەلقەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە شێوەیەک گەشەیان کرد و سەریان هەڵدا کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد. بەڵام کاتێک بە ئەم حیزبە، ئەم کۆمەڵگایەیان گوت، وەرە چالاکییەکانت ئەنجام بدە، دەبینیت لە شوێنی خۆیدا دەکەوێت.

پێم وایە لێرەدا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ باسەکە، من لە بەشی یەکەمی باسەکەی کۆڕەشدا ئامادە نەبووم، باسی ڕابەرایەتی، باسی دەستنیشانکردنی میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان، لە باسی حیزب و کۆمەڵگا نەبووم. بەڕای من هیچ شوێنێک بەقەد کوردستانی عێراق پێویستیمان بۆ تێگەیشتن لە باسی حیزب و کۆمەڵگا نیشان نادات. کاتێک بڕیارە ئاڕاستەی جەماوەری خەڵک بکەیت و بە ئاستێکی بەرفراوان کار بکەیت و دەست بخەیتە سەر پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا، کۆمەڵگەجەمسەری(قطبي) بکەیتەوە، وەک سەرکردەی کۆمەڵایەتی دەربکەویت نەک سەرکردەی ڕێکخراوەیی. ئەو مەرجانەی کە دەتوانیت پەیوەندی بە خەڵکەوە بکەیت. ئەمڕۆ هەموو ئایندەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق بەستراوەتەوە بەو ڕاستییەوە کە دیسانەوە سەیری باسی حیزب و کۆمەڵگا دەکەین لە پێوەندی لەگەڵ کۆمۆنیستەکان و تێدەگەین کە کێشەکە چییە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران لە پێگەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا نییە. ئێمە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنین، حزبێکی ئۆپۆزسیۆنین، بە مانایەکی نهێنی و نایاسایی. بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا کە سەرنجی کۆمەڵگا زیاتر بووە، هەموو ژیانی ئەم حیزبە گۆڕاوە. ئەو میکانیزمانەی کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، یان ئێمە، لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لە هەر ڕێکخراوێکدا کە کارمان لەگەڵ دەکرد کە ئاشنای بووین، وەک چالاکی نهێنی، خشتەی ڕەمزی نهێنی، ڕێکخستنی دەستەی بچووک کە گوایە ڕۆژنامەکەیان پێ دەگەیەننە تاران و هتد ژێرەوژوور بوون ئێستا دەبێت وەڵامی ئەو سەرکردانەی حکومەت بدەینەوە لە تاران کە لە پشتمانەوە درۆ دەکەن و لە کەناڵی تەلەفزیۆنی تاران پروپاگەندەمان لە دژ بڵاودەکەنەوە، دەبینین بەڵێ ڕاست دەکەن، ڕابەرمان کەمە، یان نیمانە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ قۆناغی خنکاندنی گشتی کادر و سەرکردەیەکی هەیە، بەڵام لەپڕ تێدەگەین کە ئێمە سەرکردەیەکمان نییە کە لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و خاتەمی و لەگەڵ پاشایەتییەکان و دوو خوردادی شەڕ بکەین. ئێمە پێویستمان بە پەنجا کەسی تر بوو بۆ ئەوەی بتوانین قەڵای خۆمان بگرین، چ جای بەرەو پێشەوە بچین. ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراقی لە کوردستاندا کاری تێداکردووە، لەڕادەبەدەر تایبەتە.

یەکەم: لایەنی ئاشکرای هەڵسوڕان، بەڵام ئەم ئاشکراییە لە حومەتێکی دیموکراسیدا نیە، بەڵکو لە دۆخێکدا کە خێڵێک و باندێکی چەکدار دەستیان بەسەر حکومەتدا گرتووە. دۆخێکی هاوشێوەی ئەفغانستان، هاوشێوەی سۆماڵە. بێگومان لە كوردستانی عێراقدا كۆمەڵگە بە بەراورد لەگەڵ ئەفغانستان و سۆماڵ لایەنی كۆمەڵایەتی زیاتری هەیە، بەڵام لە رووی جۆری ئەو پەیوەندییەی كە دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ خەڵكدا هەیەتی، لە جۆری ئەفغانستان و سۆماڵە. هەندێک کەسی چەکدار هەیە و لەوێ دەسەڵاتیان گرتووە، نە من و نە ئێوە دەنگمان پێنەداون، ئەوان بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەکردووە، هەروەها لەسەر شانی میدیاکان نەهاتوون. دەسەڵاتی سیاسیان بەزەبری لولەی چەک بنیات نراوە و دەکرێت لە چوارچێوەی بەخشندەیی ئەواندا قسە بکرێت. لەوانەیە چەکەکە لەم وشانەوە بخەنە ئەووشانەوە. چوار ساڵ لەمەوبەر ڕۆژێک هەستمان بەوە کرد و بینیمان حکومەتی سلێمانی ئیتر بوونی نەماوە. حكومەتی هەولێر هات و حكومەتی سلێمانی وێران كرد، حكومەتی سلێمانیش هەڵاتووە بۆ شاخ. دوای ئەم ڕووداوە دوو سێ حکومەت کەینوبەینیان کرد و مامەڵەیان کرد و حکومەتی سلێمانی جارێکی تر هاتەوە و لانی کەم سلێمانی گرت چونکە بڕیار نەبوو یەک لایەنە بێت. دیسان هەولێریان دایە ئەو لا و سلێمانیشیان بەم لا…

ئەمە حکومەت نییە. ئەمە دەسەڵاتێکی سەربازییە، بەڵام دەسەڵاتی سەرکوتکردنی کۆمەڵگای نییە. وەک ڕژێمی خومەینی یان حکومەتی ئێستای ئێران یان تەنانەت حکومەتی میسر نییە کە دەسەڵاتی سەرکوتکردنی هەیە. ئێوە هەمان ئازادی چالاکی سیاسیتان نییە کە لە سلێمانی هەیانە وەک کۆمۆنیستێکی کرێکاری لە قاهیرە. یەکسەر گوێت دەگرن و دەتخەنە زیندانەوە و جەستەت چەور دەکەن و دەتکوژن. تۆ لە مۆسکۆ هەمان هێزی ریکلامت نییە. چونکە مافیا دێن و دەتکوژن. بەڵام لە سلێمانی سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتێکی سەربازییە، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوەیەکی عەشیرەت-سەربازی دەستی بەسەر حکومەتدا گرتووە و لێپرسینەوە لە کەس نییە، هێشتا دەبێت بەرگەتان بگرێت.

خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستانی عێراق له‌ كۆمه‌ڵگه‌بوون كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌. سەیرکە ئەمە کۆمەڵگایەک نییە کە بەرهەمێنانی کۆمەڵایەتی تیایدا ڕووبدات، کرێ و ململانێ لەسەر کرێ هەیە، گەشەی ئابووری هەیە، بودجەیەک هەیە کە دەبێت حکومەت پەسەندی بکات، مرۆڤ دەتوانێت مشتومڕ لەسەر دابەشکردنی سامان لە کۆمەڵگادا بکات، یان مشتومڕ بکات لەسەر داهاتووی کولتووری و ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگا بەردەوامە، یان ئەوە کە پەروەردە چی بەسەر ذێت و مافەکانی ژنان چی بەسەر دێت.

هەرئەوکاتەی کە شەڕی ئەمریکا و عێراق دەستی پێکرد، هەمان ئەو کەسانەش کە ئەمڕۆ لە کۆمەلەدا بەرپرسیارەتیان هەیە و ئەوکاتە دەیانگوت “بەەبەه!” زۆر باشە، حكومەتی كوردی سەرهەڵدەدات، لەو كاتەدا ئەو ئارگیومێنتەمان لە دژی ئەم بۆچوونە كرد، ئەوە بوو كە ئەوان كەمپێكی پەنابەران دروست دەكەن و كلیلی ئەو دەبەخشن بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، نەك كۆمەڵگەیەك كە بەرهەمهێنانی تێدا بێت. لەم ئۆردوگای ئاوارەدا، ئەوانیش ئەو خۆراكە وەردەگرن و لەبەر ئەوەی ئەو خۆراكەكەی لایە و دابەشی دەكات، چ هێزێكی بەهێز دەتوانێت كرێكار لە ژێر كاریگەری ئەوان ڕابكێشێتە دەرەوە؟ خەڵک دەڵێن بژێوی من بەندە بەوانەوە کە ئەوان و بەرپرسانی ئەم کەمپی پەنابەرانە لەگەڵ ئەمریکانێوانیان باشە. چۆن ده‌توانین له‌ شاری سلێمانی ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ دەست له‌ كاتێكدا له‌ هه‌مان ساتدا ئیتر په‌تاته‌ بوونی نییه‌ و نان دروست ناكرێت؟ حکومەتی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان جەلال تاڵەبانیان هەیە کە یارمەتی دەڕێژێت. ئەگەر من و تۆ بێینە سەر کار ئەم پارەیە دەبڕدرێت. خەڵک ئەمە دەزانن ئەگەر نەیڵێن بەڵام دەیزانن. بۆ گرنگیمان پێ نادەن؟ چونکە ئەوان ئەم پرسە دەزانن. سەرنج بدەن چی؟ ئەگەر من کوردێکی دانیشتووی سلێمانی بومایە بەهەموو توانام هەوڵم ئەدا کە جەلال تاڵەبانی نەڕوخێنرێت. چونکە نەمدەزانی پارچە نانی داهاتووی ئەم وڵاتە لە کوێوە دێت؟ ئەگەر جەلال تاڵەبانی پەیوەندی خراپی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت چی بکەم؟ مناڵم هەیە، خێزانێکم هەیە. ئێمە دەژین و دەڵێن خودا ڕەحم بەباوکی ئەوانە بکات، کە دواجار ئاسایشی شەقامەکانیان پاراستووە و دەتوانن بچن لە جێگەیەک خواردن وەربگرن و بخۆن. هیچ ئابورییەک لە کوردستانی عێراقدا نییە بڵێت ئێمە دەچین دەست بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دەگرین. کام ئامرازی بەرهەمهێنان؟ لە سەدا هەشتای ژیانی ئەو کۆمەڵگایە پەیوەستە بەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەوە کە دەسەڵاتی کورد تێیدا زاڵە. کەس لە ئەمریکا نەیگوتووە ئەگەر خوسرەو سایە، ناسیک ئەحمەد یان تاهر حەسەن بێنە سەر کار، ئەم یارمەتییانە بەردەوام دەبن. ئێمە خۆمان دەزانین، ئەوانیش دەزانن ئەگەر بێینە سەر کار و مانگرتن و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، سبەینێ کۆمەڵگا بەهۆی برسێتی و نەبونیەوە لەپێ دەکەوێت. ئەوەی کە ئێمە لە کوردستان ڕووبەڕووی یەک کۆمەڵگا نین، فاکتەری ڕاستەقینەیە. ئێمە ڕووبەڕووی دۆخێکی بێبڕیار دەبینەوە. مرۆڤەکان ناسنامەی کۆمەڵایەتییان نییە، ناسنامەی یاسایییان نییە. واتە هیچ پاسپۆرتێک نیە بە ناوی پاسپۆرتی کوردستانی عێراق. تێبینیتان کردووە لە سلێمانی فڕۆکەخانە نییە؟ لە فەلەستین یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل فڕۆکەخانەی فەلەستینە. فەلەستینییەکان دەڵێن لێرە فڕۆکەخانە دروست بکەن تا بتوانم بچمە دەرەوە و بێمەوە بێ ئەوەی کە پێوستتم بە ئیسرائیل بێت و هاوردە و هەناردەبکەم ، بۆ ئەوەی بتوانم ببمە وڵات و ئیسرائیلیش دەڵێت نەخێر! فڕۆکەخانە بەشێک نییە لە دانوستانەکان.

ئەگەر لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا کوردستانی عێراق وڵاتێک بووایە، ئێستا دوو فڕۆکەخانەی دەبوو، گەشتی ئاسمانی دەکرا بۆ ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە بچێت و بگەڕێتەوە. لەم وڵاتەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ڕێڕەوی تورکەوە بۆری غازیان بۆ هاتبێت و لە قەزەرەوە هاتبێتن و کڕیبێتیان. کوردستانی عێراق وڵات نییە. ناتوانی لەگەڵ کەسێک ڕێکبکەویت بۆ داخستنی بۆری غاز. ناتوانرێت فڕۆکەخانە بۆ کەسێک دروست بکرێت، چونکە هیچ کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لە جیهاندا گەشت ناکات بۆ شوێنێک کە دۆخێکی نادیار و ناڕوونی هەبێت. ئەڵێت من بۆینگ بهێنم بۆ ئەو شاخ و گردانەی کە نازانرێت خاوەنی کێیە؟ بۆ چی؟ کێ ئەم ئاسمانەی پێبەخشیوین، کە بتوانین لەوێ سەفەر بکەین. كاتێك شوناسێكی حكومیی نییە، كاتێك نیشتمان نییە، كاتێك وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی دانپێدانەنراوە، كاتێك جوگرافیای سیاسی و یاسایی خۆی نەزانراوە. کاتێک تۆ وەک کوردێکی دانیشتووی عێراق، وەک کەسێکی خەڵکی سلێمانی، نازانیت چۆن بە خەڵک بڵێی خەڵکی کوێیت، وە ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژیت ئاڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە و تۆ کەس نیت، ئەوە وایە نەک وڵاتێک لەوێ. ئەو یاسایانەی کە مارکس سەبارەت بە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی دەیگوت، وەک چۆن لە لەندەن کاریان پێدەکرێت، چیتر بۆ کوردستانی عێراق ناگرێتەوە. ئێستا بە بڕوای من ئەفغانستان بۆ نموونە پرسی خەباتی چینایەتی ناوروژێنێت. بێگومان ئەفغانستان زۆر جیاوازە لە کوردستان و زۆر وێرانە. چینەکان لە کوردستان تا ئێستاش سیمای پێش ئەم قۆناغە خۆیان پاراستووە. بەڵام نازانم ئابوری ئەمڕۆی کوردستانی عێراق چەندە وابەستەی ئەو ڕاستییەیە کە فیشەکەی دەنگی کارگە و بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتن ئەنجام دەدرێت و ئەم ئابورییە چەندە دەرزی یارمەتی داراییە کە دەبێ لەلایەنە جیهانی ڕۆژئاواوە یارمەتی بدرێت؟

چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی سلێمانی، دیار نییە دەستی کێ کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات. خاوەنی سەرەکی ئەو وڵاتە لە بەغدایەئەو خۆی لەژێر سزای ئابوریدایە، بەڵام هەر ڕۆژێک لەوانەیە بگەڕێتەوە و جارێکی دیکە کوردستانی عێراق بگرێتەوە. هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی بەرگری لە حکومەتی جەلال تاڵەبانی ناکات لە سلێمانی. واتە ئەگەر سەدام حسێن بێت و حكومەتی جەلال تاڵەبانی لەناوببات، رۆژئاوا بەهۆی سەدام حسێنەوە توڕە دەبێت، بەڵام كەس ناڵێت حكومەتی یاسایی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی خاپوور كراوە. حکومەتی عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی وەریبگرێت چونکە هێشتا وڵاتەکەیەتی. ئەگەر سەدام حوسێن تەسلیمی ئەو مەرجانە بێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیڵێت سبەینێ کوردستانی عێراقی پێدەدەن و دەڵێن وڵاتی ئێوەیە. ئەگەر سبەی تاریق عەزیز کودەتا بکات و بێتە سەر کار لە بەغدا و ڕایبگەیەنێت کە سەدام حسێن لە زیندانە و ئامادەیە ڕادەستی بکات و بڵێت لە هەر شوێنێک سربەکان بکوژن ئەویش بکوژن یەکسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ڕۆژئاوا ئاسایی دەبێتەوە و… سوپای عێراق دەچێتە ناو سلێمانی و هیچ یاسایەک نییە، هیچ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی نییە، هیچ ڕێککەوتنێکی سنتۆ یان ناتۆ نییە کە کوردستان ئەندام بێت لێی و ڕێگری لە حکومەتی عێراق دەکات. لەم دۆخەدا دەمانەوێت چی بە خەڵک بڵێین؟

ستراتیژیستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ستراتیژی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. لە دۆخێکدا کە کوردستان لە کۆمەڵگا بوون، لە ئابوورییەکی دووبارە بەرهەم هێنراو دوور خراوەتەوە و وەک ئۆردوگای پەنابەران دەربکەوێت، لە دۆخێکدا کە چینە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییەکی یەکتردا نین لەگەڵ یەکتردا، کە بنەمای کۆمەڵگەیەکە ، بەڵام هەردووکیان چاوەڕێی گۆڕانی دۆخەکە دەکەن. وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبێ بە چ پەیامێکەوە بچینە ئەوێ بۆ ئەوەی خەڵک لە دەوری ئێمە کۆببنەوە و چ ئاسۆیەک بخەمە بەردەم خەڵک؟ ئەمە پرسیارێکی جدییە.

ئێمە باس لە فراوان نەبونی هێزەکانمان دەکەین، بەڵام لە واقیعدا، چەندە دەکرێت لە وڵاتێکدا کە هەمووان لە دۆخێکی نائەمنیدا ژیان بەسەر دەبەن و هەمووان بیر لە بژێوی داهاتووی خۆیان دەکەنەوە، لە کۆمەڵگایەکی وادا، کێ ڕیسکی ئەوە دەکات ببێتە سیاسەتمەدار و دواتر بێت لە تەنیشت ڕادیکاڵ ترین بەشی کۆمەڵگادا بوەستێت؟ تەنانەت ئەگەر کەسێکی وا لە دڵی خۆیدا بڵێت ئەمانە باشترین وشەکانن؟ کێ، چ جۆرە کەسێک، کە بەڕاستی پێویستی بە دابینکردنی بژێوی نانی سبەینێی بنەماڵەکەی هەیە، دێتە ناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە و ببێتە ئەندامی ئەو حیزبە؟ ئەمە لایەنێکی گرنگی ئەو پرسەیە. ئایندەی کوردستان چۆن دەبێت؟ ئایا دواجار بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات یان بەشێک دەبێت لە عێراق؟ تورکیا چی دەڵێت؟ ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ به‌سه‌ر سه‌ری ستراتیجیتی كۆمۆنیزمی كرێكاری له‌ عێراقدا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و ئه‌ویش ده‌بێت وه‌ڵامیان بداته‌وه‌. بە بڕوای من هەموو ئەم پرسیارانە وەڵامیان هەیە و دەتوانین وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەینەوە و جێبەجێیان بکەین و بەرەو پێشەوە بچین و تەنانەت تایبەتمەندی ئەو مەرجانەش بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکاربهێنین. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەرجانە ئەوەیە کە جەلال تاڵەبانی ناتوانێت بڵێت من وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان قسە دەکەم. وەک یەک کەس (یەکێتی نیشتمانی) قسە دەکات. جگە لە کۆمەلە کەس بە حکومەتی کوردی ناویان نابات. جگە لە کومەلە کەس بەم هێزە کوردیانە ناڵێت سەرۆکی شارەوانی سلێمانی! كۆمەلە بە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ناویان دەبات و باقی خەڵكیش بە هەر بەهێزی یەكێتی ناویان دەبەن! یەکێتی ڕێکخراوێکە و تا کۆتایی وەک ڕێکخراوێک دەمێنێتەوە.

ئەگەر کوردستانی عێراق وڵاتێک بووایە، ئەگەر سەربەخۆ بووایە، ئەگەر هەڵبژاردنیان ئەنجامدابا، کە پێم وایە کەسێک دەنگی دەدا، ئەگەر لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردنێکی ئازادیان لە سلێمانی لە وڵاتی سەربەخۆی کوردستانی عێراق ئەنجامدابا، کەسێک دەنگی دەدا وەک یێڵتسین لە ڕووسیا کردی، ئەو بەو ئارگیومێنتە دەنگ دەدات کە من دەروازەی ئێوەم بۆ ڕۆژئاوا، بۆ یارمەتییەکانی ڕۆژئاوا و یارمەتی تەکنیکی و ئابووری. وە ئەگەر کۆمۆنیستەکان بێنە سەر کار، ڕۆژئاوا بایکۆتت دەکات. لە ئەنجامدا تۆ وەک کۆمۆنیستێک دەنگ ناهێنیت. لە ئەنجامدا میدیا لە دەستی ئەودایە، پارەکە لە دەستی ئەودایە و بەو پێیەی هەڵبژاردنی لەو جۆرە نییە و کوردستانی عێراق نیشتمان نییە، یەکێتیش هەریەکێتیە و ئەمەش هێزمان پێدەبەخشێت.

ئێمە دەتوانین ڕێکخراوێک لە مەیدان دوور بخەینەوە، دەتوانین فشار بخەینە سەر ڕێکخراوێک، ڕێکخراوێک کە حکومەت هیچ جێگەیەکی تێیدا نییە، حکومەتێک کە بڵێت من شەرعیەتی خۆمم لە هەڵبژاردنەکانی حەوت ساڵ پێش ئێستا بەدەست هێناوە و بیست ملیۆن کەس دەنگیان پێداوم، شتێکی لەم شێوەیە نییە. دەکرێ بڵێین خۆت هاتونەتە سەر دەسەڵات و ئێستاش دەبێت بچنە دەرەوە. لەم دە ساڵەدا ساتگەلێکی گرنگ هەبوون کە دەمانتوانی جێپەنجەی خۆمان دابنێین.
یەکێکیان سەرەتای ئەم کەیسە. کاتێک شەڕی ئەمریکا و عێراق دەستی پێکرد. باشە لەو کاتەدا ئێمە ڕێکخراو نەبووین و هەر پلانێکمان هەبوایە نەماندەتوانی لەمە باشتر کار بکەین. بەڵام کاتێک مەسعود بارزانی سلێمانی گرت و هەموو هێزەکان شارەکەیان چۆڵ کرد، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری شارەکەی بەجێنەهێشت و ئەمە هەڵە بوو. بەڕای من دەبوایە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە هەمان کاتدا ڕووخسارێکی سەربازی بگرێتە بەر و لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و کەسانی تردا شارەکە بەجێ بهێڵن و بچنە سەر شاخ. سی کەسی پڕچەک دەکرد و لە سەر شاخەکەدایدەنان. لەکاتی گەڕانەوە لە ڕیزی ڕزگارکەرانی سلێمانی دەبوون. وێنەی کۆمەڵایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لەو قۆناغەدا دەتوانرا بگۆڕێت. وە ئێمە ئەوەمان نەکرد.

کورش باسی لەوە کرد کە بۆچی ئێمە لە چوارچێوەی بۆچوونە نەریتییەکانداین. چەندین سات هەبووە.لەوانە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کۆمەڵگەی عێراق لەلایەن رۆژئاواوە و دۆخی یەکلایی نەکراوی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ خودی خەڵک. پێم وایە حیزبێک تێنەگات دەبێ چی بکات بۆ ئەوەی ئێستا گەشە بکات و تا چەند دەتوانێت گەشە بکات، ناگاتە هیچ شوێنێک. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق دەبێ ئێستا بزانێت ئەگەر بیەوێت کاری سەربازی بکات، ئێستا ئەم کارە سەربازییە دەتوانێت چ ڕەهەندێکی هەبێت و دواتر دەبێت چ ڕەهەندێکی هەبێت؟ پێویستە بزانێت ئەگەر دەیەوێت ڕێکخستنی گشتی بکات، دەبێت چ جۆرە ڕێکخراوێکی گشتی بێت؟ پێم وایە دەتوانرێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. ئاڵۆز نین.

دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق ڕوونە، تا هێزێکی باوەڕپێکراو ڕانەگەیەنێت، کەس پەیڕەوی ئەم دروشمە ناکات. تا کەسێکی دەسەڵاتدار نەڵێت پێویستە کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت، کەس بەدوایدا نایەت. خەڵک تەنها بە قسەی ئێمە لە بارەگاکانمانەوە ئەم کارە ناکەن. لە ئەنجامدا دەبوو زۆر لەمەوبەر بەرەیەکی لایەنگری ڕیفراندۆمتان پێکهێنابا، چونکە ڕیفراندۆم بابەتی شەخسی و ڕێکخراوەیی من و بزووتنەوەی من نییە. دەبوایە بە سادەترین و ئابوریترین و خەڵک دۆستترین شێوە بابەتی تایبەت بە ریفراندۆمتان تاوتوێ بکردایە. لە ڕێگەی زۆرێک لە وتاردەرانەوە کە بڵێن بەڕیز تاڵەبانی سەیری ئەندەنوسیا بکە، تا ئەندەنوسیا کەمێک ئاڵۆز بوو، تیمۆری ڕۆژهەڵات سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا. لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستانی عێراقدا، ئەگەر کەسێک باسی سەربەخۆیی نەکات، بەڕای من هەرگیز ناتوانێت جارێکی تر بیوروژێنێتەوە. ئێستایە کە کەس ناهێڵێت حکومەتی ناوەندی بجوڵێت. ئەگەر ڕۆژێک حکومەتی بەعس بکەوێت و هەڵبژاردن بکرێت، لەنێو ئەو هەڵبژاردنانەی کە لەم وڵاتانە ئەنجامدەدرێن و حکومەتێکی وەک حوسنی موبارەک بێتە سەر دەسەڵات لە بەغدا، کێ ئامادەیە پارچەیەک خاکی عێراقی لێ جیابکاتەوە؟ بەڕای من لەم جۆرە بارودۆخانەدا کەس ناتوانێت باسی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق بکات.

ئێستا دەتوانیت ئەم کارە بکەیت. ئەمڕۆ دەکرێت بچین بڵێین ئەمە سەربەخۆیە و دەکرێت نیشان بدرێت کە ئەم پرسە ڕێگا چارەی هەیە. ئەگەر کەسێک ئەمە بکات پێویستی بە بزووتنەوەی ڕیفراندۆم هەیە و ئەرکی کوردستان ڕوون بکاتەوە. بۆ بزووتنەوەیەک کە سەرێکی لە نیویۆرک و سەرێکیشی لە سلێمانی و هەولێر بێت. بزووتنەوەیەک کە خۆی لە پێوەرەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا سنووردار ناکات و بیروڕای خۆی دەڵێت. ئەوە دەتوانێت هەمووان ڕازی بکات و مایکرۆفۆنی پێبدات. لە بزووتنەوەیەکی ئاوادا و بەو پشتیوانییە دەتوانی زۆر شت بڵێیت. بە بڕوای من حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراقدا لەم ماوەیەدا وەک بزووتنەوەیەکی پەرەپێدەر مانەوە. تەنانەت نەبووە بە ڕێکخەر، واتە نەبووە نوێنەری ناڕەزایەتی جەماوەریان بۆ باشکردنی بژێوی و داخوازیە ئابوورییەکانی جەماوەری بێبەش کە پشکێکی گەورەیان لەم کۆمەڵگایەدا نییە نەکردوە. هەندێک جار بوو بە نوێنەری ژنان، ئەمەش دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشە و دەبێ لەو جۆرە کارانە زیاتر هەبن. بەڵام هەر بە بزووتنەوەیەکی بانگەشەکار و هاندەر مایەوە، لەکاتێکدا ئەبوو بووبێت بزووتنەوەیەکی سیاسی، لە پێشی ناڕەزایی سیاسی و مافی مەدەنی و بارودۆخی ژیانی خەڵک و لە هەمووی زیاتریش بە بڕوای من دیاریکردنی بەرپرسیارێتی یاسایی کوردستانەوە بوەستایە.

“کوردستان چییە”؟ بەڕای من ئەوە زیاترە لە خاڵێکی بانگەشەیی(تەرویجی) لە بەرنامەکەماندا کە ئێمەش دەمانەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت. بەڕای من دەبوو بڵێین ئێمە دەمانەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت، هەرکەسێک پرسیاری کردبا ئەرکی کوردستان چییە، وەڵاممان دەدایەوە ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراق بیت، بڕۆ پێشەوە و دانوستان بکە و چارەنوسی خەڵکەکە ڕونبکەرەوە. ناتوانێ چونکە کۆمەڵگا سەرگەردانە، مەحاڵە دەسەڵاتی سەرۆک خێڵێک بۆ ماوەی دە ساڵ قبوڵ بکرێت. سەبارەت بەو ڕاستییەی کە دەبێ چارەنوسی کوردستان ڕوون بکرێتەوە، دەتوانین زۆرترین گوشار بخەینە سەر “یەکیەتی” و “پارتی”. ئەگەر وڵاتە هەڵبژاردن کەی ئەنجام ئەدرێت؟ ئەگەر وڵاتە کێ دانی پێدا ناوە، ئەگەر وڵات بێت، کوا دامودەزگاکانی؟ئەگەر وڵاتێک بێت سەرۆکەکەی چۆن دیاری دەکرێت؟ ئەگەر وڵاتێک بێت دەستوورەکەی چییە؟ هێشتا دەکرێت ئەم کارە بکرێت و پێویستمان بە چەک نییە. دەکرێت خەڵک بهێنینە سەر مەیدان و پێیان بڵێین تەکلیفی کوردستان ڕوون بکەنەوە. من دەگەڕێمەوە سەر کەموکوڕییە سەرەکییەکانمان کە کۆڕەشیش ئاماژەی پێدا و بە ڕواڵەت چەند پرسیارێکی وروژاند. گفتوگۆی ڕابەرایەتی! ئەوەی کە ئێمە ڕابەراایەتیمان نییە مانای ئەوە نییە کە کەسێکمان نییە بتوانێت بە باشی ڕابەرایەتی بکات. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کەسەکان جیا نین. ئێمە لە ئێران ڕابەرمان نییە، لە عێراقیش ڕابەرمان نییە، لە ئەوروپاش هیچمان نییە. هەبوونی ڕابەری بە مانای دانانی وێنەکەیان نییە لە ڕۆژنامەکاندا. ئێمە پێویستمان بەو کەسانە هەیە کە لەم قۆناغەدا کۆمەڵگا بە خۆیانەوە گرێ بدەن. هەندێک کەس دەبنە سەرکردەی سەربەخۆیی وڵات و تا کۆتایی تەمەنیان بە سەرکردەی سەربەخۆیی دەناسرێن. موسەدق پێشەنگی بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتە. هەرکەسێک باس لە بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوت بکات، وێنەی موسەدق بەرز دەکاتەوە. چونکە لەو بزووتنەوەیەدا هێڵێکی کێشاوە، ستراتیژێکی لە مێشکدا هەبوو، گرنگ نییە ڕاست بێت یان هەڵە، بیری دەکردەوە و دەیگوت “من” خەڵکەکەی خۆم بەم ئاراستەیە یان ئەو ئاراستەیەدا دەبەم، سەرم بەرز دەکەمەوە کەمێک بەرزتر و دەڵێم، خەڵکینە وەرن بۆ ئەولایە، ئەم کارە پێویستە. نموونەیەکی دیکە گاندییە. گاندی ئاماژەی بەوەشکردووە، خوازیاری سەربەخۆیی لە ئینگلتەرایە. لەلایەکی دیکەوە محەممەد عەلی جینا هەر بەو شێوەیە وتی کە منیش سەربەخۆییم لە هیندستان دەوێت و ئەو بوو بوو بە ڕابەری هەندێک کەس. ڕابەرە ئەو کەسەیە کە ژیان و بیری خۆی تەرخان دەکات بۆ ڕابەراایەتیکردنی خەلکەکەی لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا. لە کوردستانی عێراق لە ئەم ساتەوەختە مێژووییە ئەمڕۆیە. یەکەم دەرفەتە کە کۆمەڵگای مەدەنی بتوانێت لە کۆمەڵگای کوردستانی عێراقدا گەشە بکات، دەکرا لە دوو عەشیرەت و کۆچەری باکوور و باشووری کوردستانەوە هاتبا. دەکرێ واز لە میراتی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە ڕووکەشەکان بهێنرێت، بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵ وەک هێمایەک بۆ ڕزگارکردنی کوردستان و دۆزینەوەی شوناسی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان لە کۆمەڵگادا دەربکەوێت. نەیکردووە ئەنجامی نەداوە! وەک ئەوە نییە بڵێن تۆ دێیت دەبیتە رابەری کوردستان. ستراتیجیستى ئەم کەیسە دەبێتە سەرکردە. سەرکردە ئەو کەسەیە کە دەڵێت ئێمە گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە و دەبێت بیکەین. نەبوونی ڕابەر مەسەلەیەکی ڕێکخراوەیی و تەنانەت ڕەخنەش نییە، بۆ نموونە ئەمجەد غەفور بۆ نەبوویتە ڕابەری بزووتنەوەکە. بە وتەی یەکێک لە هاوڕێکانم وەڵامەکە ئەوەیە ئەگەر دەزانی بۆ خۆت نەتکردووە؟ ئەگەر بوون بە ڕابەر ئەوەندە ئاسانە، ئەوا خۆت بیکە. هەرکەسێک ئەمە بڵێت ئەو پێگەیەی لە کۆمەڵگادا نییە. ئەم بزووتنەوەیە پێویستی بە ستراتیژێک هەیە کە لەم دە ساڵەدا ژیانی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە لە خاڵی A بگەیەننە خاڵی B و دیدگایان هەبێت. ئەوانەی لەم بزووتنەوەیەدا بەشدارن، و سەرکردەکانیان دەبینم، هەموویان کۆمۆنیستی باشی ئەو کۆمەڵگایەن، بەڵام هیچیان سەرکردەیەکی کۆمەڵایەتی نین بۆ کۆمەڵگە بڵێت من سیمبولی ئەم هیوا و خەونانەم لە کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقم و گرێدانی من بەم پرسەوە، من بخەنە هەر شوێنێک هەمان ، ئەم قسانە دەڵێم و دەتوانێ بڵێ ستراتیجی من ئەوەیە:

١- خەڵکی کوردستانی عێراق لە ژێر هەژموونی فیکریی خێڵەکی و بزووتنەوەی پێشمەرگایەتی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دەهێنمە دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژنامەیەک دادەمەزرێنم، ڕادیۆیەک دادەمەزرێنم. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ئەنجومەنانە دروست دەكەین كە هۆشیاری خەڵك بەرز دەكەنەوە.

٢- کوردستان لە نادڵنیایی یاسایی-سیاسی ڕزگار دەکەین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ست به‌ بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی گروپی گوشار له‌ ئه‌وروپای رۆژئاوا و ئه‌مریكا دروست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌ خه‌ڵك بڵێن سه‌ربه‌خۆیییان به‌ تیمۆری رۆژهه‌ڵات دا، ئه‌وان ئاماده‌ن سه‌ربه‌خۆیی به‌ سۆماڵ بده‌ن. ئەوانەی نەیاندەزانی لە جیهاندا بوونیان هەیە، سەربەخۆیییان بەدەستهێناوە. ئەبخازییەکان تا ئێستاش لە جۆرجیا ئیدیعا دەکەن. ناگۆرنۆ قەرەباغ توانی سەربەخۆ بێت و پابەند بێت بە ئەرمینیا. تیمۆری ڕۆژهەڵات کە هەمووان پێیان وابوو ئەندەنوسیا هەرگیز سەربەخۆییەکەی قبوڵ ناکات، سەربەخۆ بوو. لە کۆتاییدا پێویستە کەسێک بێت کۆت و شەرواڵ لەبەر بکات و بە خەڵکی جیهان بڵێت ئێمە نوێنەری ئەو کەسانەین و ئەرکی ئەم خەڵکەی کوردستانی عێراق ڕوون بکەینەوە، ئەگینا شەڕێک ڕوودەدات. من دەمەوێت سەرکردە بڵێت لێرەدا چۆن کۆمۆنیزم دروست دەبێت.

من دەمەوێت سەرکردە بڵێت چ جۆرێک بەدیل لە بزووتنەوەی چەکداری دروست بکرێت لەبەرانبەر ئەو بزووتنەوە چەکدارانەی کە هەن. هەموومان دەزانین کە حیزبی بێچەک لە کوردستانی عێراق چانسی نییە. حیزبی بێچەك لە چوارچێوەی كوردستان و عێراق و ئێران و توركیادا، بێگومان توركیا كەمترە، بەڵام لە چوارچێوەی ئێران و عێراقدا كەسێك كە نەتوانێت چەكێكی بەدەستەوە بێت هاوشان لەگەڵ باسە سیاسییەكەیدا، ئەو بچووکترین چانس نیە، چونکە بۆرژوازی چەکدارە. ئەگەر بۆرژوازی چەکدار بێت، ستراتیجی خەباتی چەکداریمان چییە؟ لاسایی کردنەوە و شوێنکەوتنی یەکێتی، یان پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق یان کومەڵەی پێشوو؟ ئایا دەتوانین هیوامان هەبێت هێزێکی دوو هەزار کەسیمان هەبێت بۆ ئەوەی کە مەسروفاتیان بۆ بکەین؟ تەنها مەسروفاتیان بۆ بکەین. لەم بارودۆخانەدا ستراتیژی ئیدارەکردنی داراییمان چییە؟ پێویستە سەرکردەیەک هەموو ئەمانە حساب بکات و بڵێت من بەم ئاراستەیە دەڕۆم و بتوانێت بێتە دەرەوە و بەڵێنێک بدات و ڕیزێک لەگەڵ خۆیدا بگرێت. ئەتوانێ بێتە دەرەوە و هێندە بە ڕوونی قسە بکات و ڕوونی بکاتەوە و هان بدات کە لانی کەم دە کەس بڵێن ئەمە ڕێگای ڕاستە و منیش بە پەتەکەی دەچمە سەر ئەم چاڵە. ئەگەر دانیشن و گرفت وەربگرن چەند وەڵامی کێشەی نوێ بدەیتەوە بەس نییە. ئەمە ڕابەر دروست ناکات. سەرکردە ئەو کەسەیە کە کێشە دروست دەکات. کێشەیەک بۆ کۆمەڵگا و بۆ بەرەی پێچەوانە دروست دەکات. ئێمە لە کوردستانی عێراق و لە بزووتنەوەمان لە ئێران و عێراق ئەمەمان نییە. ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ عێراق به‌دیده‌كرێت و له‌ ئێرانیش به‌رچاو نییه‌. ئێمە تا ئێستاش لە ئێران لە هەلومەرجێکی نایاساییدا دەژین. ئەگەر تۆزێک زیاتر لەم کرانەوە سیاسییە لە ئێراندا هەبێت، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بەتەواوی ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە، کە ئێمە سەرکردەمان نییە. پێویستە خەڵک خۆی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی سەرکردە کۆمەڵایەتیەکان کە خەڵک لە خوزستانەوە تا خوراسان شوێن قسەکانی ئەوان بکەون و گرنگییان پێبدەن و ڕای خۆیان دەهێننەوە. لە ئاکامدا، پێشکەشکردنی وتارێکی بچووک، نووسینی نامیلکەیەک یان قسەکردن لە کۆمیتەی ئێمەدا، ئەمە شێوازی ژیانی سیاسیی کۆمۆنیستێکی ئەم سەردەمە نییە. کۆمۆنیستێک بچێت و میکانیزمێک دروست بکات کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەبێت. هەموو کەسێک تەلەفزیۆنێکی هەیە جگە لە ئێمە. هەر لەم کوردستانەدا حزبی زەحمەتکێسان و سەندیکای دەرمانسازان تەلەفزیۆنیان هەیە، ئێمەش پەیڕەوی ناکەین، وەک ئەوەی تەلەفزیۆن بۆ ئێمە نەبێت! لە خودی ئێرانیشدا هەمان شتە. دەچین پارە دەخۆین. بۆچی پارە پەیدا ناکەین؟ چونکە ئێمە لە نەریتێکەوە هاتینە دەرەوە کە دەیەوێت جونیۆر بین. هەمیشە کەسی دووەمە. ئەو شێوازەی راست مومکین بۆ بزووتنەوەکەی دەکات، چەپ پێویستی پێی نییە چونکە هەمیشە لە سەریان داوە و بڕیارە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا پڕوپاگەندە بکات. بەڵام ئەگەر بتەوێت پێشەنگی کۆمەڵگا بیت، دەبێت ڕۆژنامەیەکت هەبێت. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ڕۆژنامەیەکی ئاسایی نییە کە وەک ڕۆژنامەکانی دیکە هەموو شەوێک دەربچێت. چۆن دەکرێت بزووتنەوەیەک پێشبخرێت کە ڕۆژنامەی نەبێت، ڕادیۆی هەمیشەیی نەبێت، ڕووخساری سەرکردەکانی پیشان نەدات بۆ قسەکردن لەگەڵ خەڵک (بێگومان هەندێکمان لە ناوچەی سلێمانی واین)؟

بوونی ستراتیژ و بردنی بزووتنه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناخه‌ و دابین کردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌کییه‌کان بۆ ئه‌م کاره‌ شتێکه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌ستی ده‌بینه‌وه‌. ئه‌م کێشانه‌ی حیزبی عێراقی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن چونکه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌وان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت. کەس ڕێگری لە ناسک ئەحمەد ناکات کە بچێتە ناوەڕاستی شاری سالمیانی و قسە بکات، ئێمە ئەو چانسمان نییە. ناتوانین بچین لە تاران قسە بۆخەڵکی بکەین، بەڵام ناسك، تاهیر، خوسرەو، موئەیەد، هەموو ئەم هەڤاڵانە دەتوانن بڵێن من دەمەوێت لە فڵان گۆڕەپانێکدا چاوم بە خەڵک بکەوێت. بۆ نموونە ئەمجەد غەفور دەکرێ بچێتە ماڵی خەڵک و زەنگ لێبدات و بڵێت کە من ئەمجەد غەفورم لە سەرکردایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە و دەمەوێت ڕای ئێوە لەسەر هەندێک بابەت بزانم. لێرەش ئەم کارە دەکەن و لەم وڵاتەشدا کەسێک کە بیەوێت ببێتە پارێزەر جانتاکەی دەخاتە ژێر قۆڵی و زەنگی دەرگای هەموو ماڵێک لێدەدات. ئێمە ئەم ئەگەرەمان هەیە و لێرەدایە کە نەبوونی ئەو جۆرە کەسە و ئەو جۆرە کارەکتەری سیاسی خۆی نیشان دەدات.

ئەوە نییە کە ئێمە ئەم جۆرە کەسەمان لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا نییە، بەڵکو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پڕە لە سەرکردە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران هیچ کامیان نییە. ئەمڕۆ کەس لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ئەم چاوەڕوانییەی نییە، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە، کە ئێوە لە ئاستی کۆمەڵگادا مرۆڤەکان بناسێنن، وردە وردە سەرهەڵدەدات و هەست بە گوشارەکانی دەکەین. بەڵام بۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق جێگای سەرنجە و لەمڕۆدا پێویستە. ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌ركردانه‌ به‌ دیدێكی داهاتووه‌وه‌ به‌رز نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ناچنه‌ پێش، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌كان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشن، كاتیان له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ هاتووه‌ و پرۆلیتاریا بوونی هه‌یه‌، ناچنه‌ پێش. بزووتنەوەیەکی سیاسی جگە لە سەرکردەیەکی سیاسی هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر کەسێک بڵێت ئەم بزووتنەوەیە ئەم کێشانەی هەیە، مەبەست لێی ڕەخنە نییە، ئەگەر بڵێم ڕابەرایەتی مەبەستم کۆمیتەی ناوەندییە، ئەگەر باس لە چالاکی سەربازی بکەم، من واتە هاوڕێیانی مقەڕ. ئەمە پرسەکە نییە. مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر وێنەیەکی ئاسمانی ئەم بزووتنەوەیە بگرین دەبینین لەم دۆخەدا پێویستە ئەم حیزبە لێرە بێت، بەڵام وانییە. بۆچی نا؟ هیچ چارەسەرو نوسخەیەکمان نیە کە لە نیوان شەوڕۆژێکداا ئەنجام بدرێت. هەر ئەوە بەس نییە چارەنامەیەک بنووسیت، کتێبێک بنووسیت، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەیت، کۆنفرانسێک ڕێکبخەیت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. پێویستە بزووتنەوەی سیاسی بنیات بنرێت. پێویستە بە زەحمەت و ئارەقە دروست بکرێت و ئەم کارانەش هەوڵێکن لەم بوارەدا.

هەندێک لە هاوڕێیان دەڵێن ئێمە پێشتر ئەم پرسانەمان نەدەزانی و تازە بۆمان دەرکەوت. هاوڕێیان ئێمە ٢٠ ساڵە باس لە دروستکردنی کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتی دەکەین کە لە پەراوێزەوە بچێتە چوارچێوەی کۆمەڵگاوە، کە میکانیزمە دەستەگەریەکان وەلا بنێت و میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتە دەست و ئەمەش ٢٠ ساڵە دەیکەین. ئایا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م قسانه‌ ده‌كات پێڵاو و كڵاو له‌به‌ر بكات و ببێته‌ سه‌ركرده‌ له‌ هه‌موو وڵاتێكدا؟ ئەمە پراکتیکی نییە. ئێمە هەوڵ دەدەین لە بزووتنەوەکەماندا تێڕوانین دروست بکەین، هێزی دەستنیشانکردن دروست بکەین بۆ ئەوەی ئەم شێوازانە جەماوەری بن و ئەو شێوازانە جەماوەری نەبن، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە دەربکەون، کە ئەم جۆرە کەسانە بتوانن لەم ڕۆڵەدا دەربکەون . لە ئەنجامدا ئەوەی پێویستە سەبارەت بە حیزبی عێراقی بکرێت، بە بڕوای من ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک ستراتیژێک هەبێت. ستراتیژێک کە بزانێت لە وەها دۆخێکدا، بەم ناڕوونییە کۆمەڵایەتیانە، بەم ئەگەرە کۆمەڵایەتی-سیاسییانە، بەم سنووردارکردن و ئەگەرە ڕێکخراوەیییانە، دەبێ چی بکەین.
لەم ماوەیەدا لێیان داین و دیار بوو درەنگ یان زوو یەکێتی دێتە لامان و شتێک دەڵێت. ڕەنگە ئەو بارەگایانەی کە ئێمە لەوێ هەمانە دوای نۆ ساڵ ناچار بین کە لە ساڵی دەیەمدا بیدەینەوە. بەڵام ئەمانە چارەسەریان هەیە. بە بڕوای من حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق دەتوانێ دەرفەتێک لەم دۆخەدا دروست بکات. ئەم حیزبە تا ئێستاش لە کوردستانی عێراق حیزبێکی ئاشکرای یاساییە. ئێمە تا ئێستاش باس لە پێگەی حیزبێکی یاسایی-گشتی لە کوردستانی عێراق دەکەین. دۆخەکەی هاوشێوەی دۆخی نەهزەتی ئازادی و تەنانەت دووی خوردایەکانی تارانە .حەجاریان کە تەقەیان لە سەری کردووە، حیزبەکەی پێکهێناوە. ئێمە بەردەوام باسی هاتن و کوشتنی ئیسلامیەکان دەکەین. باشە ئەوە زانراوە کە ئەوان تیرۆر دەکەن. ئیسلامییەکان لە تاران وەزیری کابینەی حکومەتیان تیرۆر کرد و ئەویش ئیفلیج بوو، بەڵام گەڕایەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە. چالاکی ئاشکرا لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا هەمان شتە. نابێت چاوەڕێی ئەوە بین کە وەک ئینگلتەرا بێت و گرەنتی ئەوە دەدەن کە تۆ تیرۆر ناکەن. ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە ئیسلامیەکان تیرۆر دەکەن و تۆش دەتەوێت ڕێگری بکەیت لە تیرۆرکردنیان. بەهەر حاڵ ئێمە یاسایین. ئێمە لە ئێستادا یاسایین. کەسێک پێی ڕاگەیاندین تۆ هاوڵاتیت و دەتوانیت چالاکیەکانت ئەنجام بدەیت، بەڵام ڕێگەت پێنادرێت بارەگات هەبێت. باشە ئێستا ئەمە دەڵێت بەڵام دەتوانین بچین گفتوگۆ بکەین و هەرچیمان بوێت بیکەین.

بەڵام میکانیزمی ئێمە چییە؟ ئەگەر لەبیرتان بێت پێشتر باسمان لەم بابەتە کرد و نوسیم کە پێویستە لە هێزی سێیەمەوە بگۆڕین بۆ هێزی یەکەم. ئەمڕۆ باسی ئەوە دەکەین کە جارێکی تر ببینەوە بە هێزی سێیەم. لە ڕاستیدا ئەو سیاسەتە چییە کە بتوانێت لە گرووپێکی تاڕادەیەک پەراوێزەوە بمانگۆڕێت کە وا دیارە هێڵەکەی لەدەستداوە و هیچ پلانێکی بۆ داهاتووی نییە، بۆ هێزێک کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئامادەیە؟ ئێمە لە تەبلیغات و بانگەشەی ئایدیالی مرۆڤایەتی و بانگەشەی ئایدیالی کۆمۆنیست و بەرگری لە ژن و بەرگری لە عەلمانیەت و بەرگری لە منداڵان لە کۆمەڵگای کوردستان و بەرگری لە بێبەشەکانمان کەم نەبوو. ئەمە بزووتنەوەی شەرەفمەندانە و شۆڕشگێڕانەی ڕابەرایەتی و کادیرەکانمان لەم کۆمەڵگایەدا بووە و ئەگەر ئەمانەمان نەبوایە لە کوردستانی عێراقدا هیچ نەدەبوو. بەڵام ئەمە بەس نییە. بە بڕوای من دەبێ ببینە بزووتنەوەیەک کە وڵات لێرەوە بۆ ئەوێ ببات و ئەمە بە خەڵک بڵێت. پێم وایە پێویستە ئاڵۆزییەکانی کوردستانی عێراق ببینرێت و لە هەمان کاتدا ئەگەرەکانیشی ببینرێت. منیش وەک کۆڕەش پێم وایە مەسەلەکە گۆڕینی کۆمۆنیزمی کرێکارییە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی. بزووتنەوە سیاسییەکان لە سەرکردە سیاسییەکان جیا ناکرێتەوە کە دەیانەوێت ئەو بزووتنەوەیە بەرەو ئاقارێکی دیاریکراو ببەن. بەگشتی پێموایە ئەم دۆخە نموونەیەکی زیندووی کێشەی کۆمۆنیستەکان و کۆمەڵگایە کە تەنیا لە بزووتنەوەی ئێمەدا قەتیس نییە. کێشەی کۆمۆنیستەکان و کۆمەڵگا. چۆن کۆمۆنیستەکان لە پەراوێزەوە بەرەو ناخی کۆمەڵگا دەڕۆن و دەبنە ئەکتەری سەرەکی دیمەنی سیاسی سەردەمی خۆیان. ئەمە لە کوردستانی عێراقدا بە ڕوونی دیارە.

ئەمە کارەساتێکە بەسەرماندا دێت. واتە کاتێک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ئاشکرا دەبێت و دەچێتە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی لەوانەیە بیبینێت، نەخێر ئەوەندە سادەش نییە. دۆخێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە تۆوە نییە، بەڵام کارەکە بەرەو پێش ناچێت. خەڵک لە دەوری تۆ کۆنابنەوە، ئەوەندە سادە نییە، چونکە ئەمە یارییەکی جیاوازە و یاسای جیاوازی هەیە. بە بڕوای من تا ئێستا باسەکە لە چوارچێوەی حیزب و کۆمەڵگادایە. کێشەی من تەنها تێنەگەیشتن نییە. کێشەکە دیدێکی مێژووییە کە کۆمۆنیستەکان ماوەیەکی زۆرە بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەوەی کە دڵی کۆمەڵگایان داوەتە بۆرژوازی، خەباتیان لەسەر بیر و بیروباوەڕ و نۆرم و نەریتیان بە بۆرژوازی سپاردووە. مەسەلەی ڕاگەیاندنیان بەتەواوەتی داوەتە بۆرژوازی، دەسەڵاتی سەربازییان بەتەواوەتی بە بۆرژوازی سپاردووە، کۆمۆنیستەکان خۆیان بوونەتە گرووپێکی پڕوپاگەندە، ئاژیتاسیۆن، ناڕازی لە پەراوێزی کۆمەڵگادا.

دیارە ئەگەر بیست ساڵی ترمان پێ بدەن لە کوردستان، بەم دۆخەوە ناگەینە هیچ شوێنێک. پێویستە لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسیدا دەرکەوین کە دەسەڵاتی سیاسی دەوێت و کاری بۆ بکات.

دەقەکە لە شریتی ئەرشیفی ئەنجومەنی مارکسە وەرگیراوە
بۆ یەکەمجار لە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی مەنسوور حکمەت، چاپی یەکەمدا، حوزەیرانی ٢٠٠٥، لاپەڕە ١٥٤٠ تا ١٥٤٨
بە شێوەی نووسراو لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری-حکومەتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

١٤\٧\٢٠٢٢
hekmat.public-archive.net #0440fa.html




به‌یت و حه‌یران له‌ فۆلكۆری كوردی دا… ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

بنكه‌ی ڕۆشنبیری وهونه‌ری له‌ڕانیه،‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌دیاری كراوی،له‌17-6- 2022 له‌ئێوا‌ره‌یه‌كی ڕه‌نگاڵه‌ییدا ئاهه‌نگێكی خۆش و پڕسۆزی بۆ(دووه‌مین دیداری به‌یت و حه‌یران)سازكردبوو، به‌شداری ‌چه‌ندین به‌یتبێژ و حه‌یرانبێژی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاهه‌نگه‌كه‌یان جوانتر ڕازانده‌وه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ من شاره‌زا و پسپۆڕی بواری هونه‌رنیم، به‌ڵام له‌ژێر ڕۆشنایی فه‌رموده‌و بیروڕای ئه‌و شاره‌زایانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌‌ دواون، بۆ گرنگی پێدانی زیاتری بابه‌ته‌كه‌، ده‌مه‌وێت به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌ندێك باری سه‌رنجی خۆم ده‌رببڕم.
دیاره‌ هه‌ڵكه‌وته‌‌ و سروشتی‌ ڕازاوه‌ی كوردستان، ئه‌م نیشتمانه‌ی كردووه‌ به‌مه‌ڵبه‌ندی به‌زم و ئاوازو گۆرانی، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌م نیشتمانه‌ خۆشه‌ویسته‌ سه‌رنج بده‌ی ئاوازو گۆرانی و به‌یت و حه‌یران ده‌بیسترێت، سروشت و هه‌ڵكه‌وته‌ی هه‌رناوچه‌یه‌ك له‌كوردستان شێوازێكی تایبه‌تی له‌موزیكی كوردستان به‌دیهێناوه‌، كه‌له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار گوتراوه‌و دواتریش له‌ڕێگای چڕینه‌وه‌ له‌نه‌وه‌یه‌ك بۆ ‌نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ و له‌ڕابردوویه‌كی زۆر دووره‌وه‌ به‌ئاوازخوێنانی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌، ئه‌مانه‌ گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخن، سه‌ره‌ڕای به‌رزی هونه‌ره‌‌كه‌ وشه‌گه‌لی زۆر ڕه‌سه‌نیان له‌فه‌وتان پاراستووه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وای له‌زانای به‌رزی ئه‌ڵمانی (ئۆسكارمان) كردووه‌، به‌سه‌رسامیه‌وه‌ بڵێت:”پیاو واقی وڕده‌مێنێ له‌وه‌ كه‌كورده‌كان چۆن توانیویانه‌ پارچه‌ هه‌ڵبه‌سته‌كانیان ده‌ماوده‌م وا باش به‌وردی و باشی بگێڕنه‌وه‌.”
ئه‌گه‌ر له‌ئاوازی كوردیدا به‌یت و حه‌یران و لاوك و لاوژه‌و به‌سته‌و مه‌قام و گۆرانی جۆراوجۆرهه‌بن، ئه‌وا بەشێك لەگۆرانییە كوردییەكان، تایبەتمه‌ندی هەندێ ناوچەیان هه‌یه‌، وه‌ك: له‌هه‌ورامان هۆره‌، سیاوچه‌مانه‌و گۆرانی و ئاوازی لوڕستان…هتد، لەوێ لەدایك بوون و هەرلەوێش دەگوترێنەوە، سەبارەت بەحەیران و بەیتیش ڕای جۆراوجۆرهەیە، هەندێ كەس پێیان وایە حەیران تایبەتی دەشتی هەولێرەو بەیت لەموكریان لەدایك بووە، هی واش هه‌ن پێیان وایه‌: وڵاتی ڕەسەنی حەیران دزەییاتی و گەردیاتییە، لەوێوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەكانی سۆران و موكریان، ئەوێ زیاتر مەڵبەند و سەرچاوەی بەیتی كوردین، نەك حەیران، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: حه‌یران له‌موكریان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و گه‌شه‌ی كردووه‌ و به‌ناوچه‌كانی تردا بڵاوبۆته‌وه‌.
بێگومان ئەو دابەشكردنە ناوچەییە زیاتر له‌ڕوانگه‌ی ئەمڕۆوه‌ به‌پێی جوگرافیای كوردستان سه‌یرده‌كرێ، بەبێ ئاوڕدانەوە لەمێژوو و ڕابردووی ئەم نەتەوەیە، كەسەردەمانێك كورد بەبێ هیچ لەمپەرێكی سیاسی توانیویانە گەرمێن و كوێستان بكەن و شتێك بەناوی سنوورنه‌بووه‌، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لەنێوان بەشەكانیداهەیە، هه‌ردوور نه‌ڕۆین سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، ئەو خێڵەكوردە كۆچەریانەی زستانان لەدەشتی هەولێر ژیاون، لەوەرزی خێڵ بەرەوژوودا بۆ ناوچەكانی‌ تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵكشاون و‌ له‌وه‌رزی دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گه‌رمیان و پێ ده‌شته‌كان، به‌مه‌ش دەشتی هەولێر و موكریان و گه‌رمیان و كوێستان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بوون، كه‌نه‌ته‌وه‌ هه‌ر یه‌ك نه‌ته‌وه‌ و داب و نه‌ریت و كه‌لتوور، یه‌ك داب و نه‌ریته‌، به‌سانایی له‌یه‌كیان وه‌رده‌گرت.
بەوپێیە، ئەگەر ئەمڕۆ، ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان هەر كامە و لەڕووی كۆمەڵێك دابونەریتەوە لێك جیاوازن، ئەوە هۆكاری ئەو سنوورە دەستكردانەیە، ئەگینا لانیكەم لەداهێنان و بنەما كولتوورییەكاندا، دەگەڕێنەوە سەر یەك بنەماو بنچینە و هەمووان لەدروستكردنی ئەو شتەدا، كەناوی لێ دەنرێ فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری، دەستیان هەبووە، چونكە سەردەمانی پێش دابەشبوونی كوردستان، خەڵكی ئەو ناوچە لێكدابڕاوانەی ئێستا، بەبێ كۆسپ و لەمپەر هاموشۆی یەكتریان كردووە.
ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ئاوازی كوردستان، مێژووی سه‌رچاوه‌كه‌ی دێرینه‌ و بۆ سه‌رده‌مێكی دوورده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێویسته‌ شاره‌زا و پسپۆڕانی ئه‌م بواره‌ توێژینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ربكه‌ن و لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی بدۆزنه‌وه‌ و بۆمان ڕوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا هه‌ركه‌س له‌به‌رخۆیه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌به‌یت و حه‌یران و لاوژه‌ و مه‌قام و لایه‌نه‌كانی تر بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆی بگێڕێته‌وه‌، بۆ خۆمان هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌شێوێنین و ئه‌وه‌ی دوژمن پێی نه‌كراوه‌ تێكی بدات، خۆمان تێكی ده‌ده‌‌ین، به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌ك له‌م ستران و ئاوازانه‌ بێ لێكۆڵینه‌وه‌ زیان به‌هونه‌ره‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نین، كێ ئه‌و زانیاریه‌ی پێداون، كه‌حه‌یران سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و به‌یت سه‌رچاوه‌كه‌ی موكریانه‌، ئه‌گه‌ر له‌م بابه‌ته‌ وردبینه‌وه‌ زۆر ئاڵۆز و ماندووكه‌ره‌، ته‌نیا توێژینه‌وه‌ ئه‌مه‌مان بۆ ساغ ده‌كاته‌وه‌، بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاوازانه‌ چۆن و له‌كوێ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، بۆ وێنه‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین یان هه‌رێمی (بیتوێن و پشده‌ر)، هه‌رچه‌نده‌ واباوه‌ سه‌ربه‌ موكریانی گه‌وره‌یه‌‌ و به‌(موكریانی چكۆڵه)‌ی ناوده‌به‌ن، به‌ڵام باواش بێت، ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ خۆی به‌شێكی هه‌ره‌ گرنگی كورده‌واریه‌، له‌باری كه‌له‌پوور و فۆلكلۆره‌وه‌ ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده‌،‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌وجۆره‌ی شایانی بووه‌ لێی نه‌كۆڵراوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و نه‌ناسراوه‌، ئه‌گینا زۆربه‌ی به‌یته‌ كوردییه‌كانی وه‌ك: (به‌یتی قه‌روگوڵه‌زه‌ر، به‌یتی كاكه‌ میروكاكه‌ شێخ، به‌یتی شێخ فه‌رخ وخاتوون ئه‌ستی، به‌یتی خوڕشیدی خاوه‌ر)، ته‌نانه‌ت به‌یتی ئاسۆسی كه‌سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی دانه‌ره‌كه‌یه‌تی شوێن و جێگا و كه‌ره‌سته‌ی هه‌رێمی بیتوێنه‌، هه‌روه‌ها به‌یته‌كانی (باپیر ئاغای مه‌نگوڕ، ئاوڕه‌حمان پاشای بابان، شاییه‌ ئه‌جندان، به‌یتی پیوازان، نازوخدر، شاییه‌ دۆڵه‌بیه‌، ڕاوێ پاشای، به‌یتێ داران، به‌یتێ كیسه‌ڵی و زۆری تریش)، هه‌موویان تایبه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌ن و عه‌لی به‌رده‌شانی له‌ئاهه‌نگی خۆش و که‌ش و ڕیتمی تایبه‌ت به‌خۆی وتوونی و دواتر كه‌وتوونه‌ سه‌رزاران و به‌زۆر ناوچه‌ی كوردستاندا بڵاوبوونه‌وه‌، ئه‌گینا سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵقڵیوه‌، له‌راستیدا ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌شێكن‌ له‌مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئه‌م ناوچه‌یه ‌و باسی دابونه‌ریتی كۆنی ئاهه‌نگی خۆشی و ڕووداوی كاره‌ستبارده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناخوازم كه‌س به‌م شێوه‌یه‌ بدوێ، ته‌نیا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ به‌ساغ كردنه‌وه‌ی فۆلكلۆروهونه‌رو ئاوازوگۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان سوودی زۆر به‌فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نین.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




قەسیدەی ژنێک لەبەر دەرگای دڵدا… شیعری: ستیڤان شەمزینی

دڵم
دەرگایەکە هەمیشە ئاواڵە
بە رووی ئەو پەریە ژنەی
هەتاوم بۆ دەهێنێتە ژوورە نسرمەکەمەوە
تەنهاییم بە دوو ماچ لێ دەکڕێت
پەرێشانیم لە کانیاوی بزەدا دەشواتەوە
کتێبێک دەنووسێت
لە بارەی ئارەزووە تاساوەکانم
گوێ لە خوڕەی رژانی جوانیم دەگرێ
گریان لەسەر لاپەڕەکانی چاوم دەسڕێتەوە
ئەو هێڵە لۆچانە لەناوچەوانم دەکوژێنێتەوە
شوێنەواری زامی کۆچ بوون
زەمبیلەیەک خولیای ئاڵ
دەچۆڕێنێتەوە دەروونی بزر و بزڕکاوم
بەدەستێکی بەهاریی
پەنجەرە پایزییەکانم دادەخات
زنجیر و پێوەندەکانی مەنفا
لە قاچەکانم دەکاتەوە
رووناکیم بۆ دەچڕێ
کاتێ بەختم رەش دادەگەڕێ
ئەستێرەم بۆ دەژەنێ
لە شەوانی تەڵخبوومدا
خۆرەتاوم بۆ دەخاتە سەما
لە رۆژانی وشکبوومدا
خوێنی زەردی
ختورە خەزاناوییەکانم دەڕژێت
بۆ چنگێک شەوق
سەر دەکات بە ماڵی سەد فانۆسدا
وەک شۆڕەبی دەنوشتێتەوە بۆ لێوتەڕکردنێک
لە چەمە خەمبارەکانی روانینی ماندوومدا
وشکەساڵییەکانی خەیاڵم
تەژی دەکات لە باراناو
چاوەڕوانییەکانم پڕ دەکات
لە شەمەندەفەری هاتن
کاتژمێری دەستی گەردوون
پڕ دەکات لە پەلەپەل
مێژووی پەرتبوونم
لە خۆیدا کۆدەکاتەوە
جوگرافیای دابەشکراوی خەونەکانم
یەکدەخاتەوە
جوڵە دەخاتەوە هەنگاوە سڕبووەکانم
لەسەر شانۆیەکی نهێنی
سەمام لەگەڵ دەکات
گیان دەکاتەوە بەر رامانە کوژراوەکانم
گەرمی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاگرە کوژاوەکەم
دەستی هزرینە رەشتاڵەکانم دەگرێت بەرەو
باخچە سپییەکانی لەشی بریسکەداری خۆی
ئەو بۆشاییە زۆر گەورانە پڕ دەکاتەوە
بە ئەنقەست لەنێوان خۆم و ژیاندا
جێمهێشتوون
ئەو غەمە قورسانە لا دەبات
لەوەتی لەدایکبووم
ژیانم بە شانی هەڵیگرتووە
ناواخنی تازە
بە تێکستە تاڵەکانم دەدات
لەناو رووباری ماچەکانیدا
شیرین شیرینیان دەکات
موعجیزە دەخوڵقێنێت و
بە جادووی نیگاکانی
دنیای مردووی روانینم
سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە
ئولفەت بە خۆشەویستیمەوە دەگرێت
تەنانەت لەو کاتە نەفرەتلێکراوەی
دەستی خواحافیزیی
بۆ ژیان بەرز دەکەمەوە
موچڕکە تەزیوەکان بە لەشیدا دێن
لە چاوەڕوانی هاتنەوەمدا
کزۆڵانە ئێشک دەگرێت
ئەو دەمەی لە پێچی شیعرێکما بزر دەبێت
لە رۆحی هەڵپڕوکاومدا
بەدوای خۆیدا دەگەڕێت
ئەو ئانەی ئاهێکی ساردم دەبیستێت
گوێیەکانی پڕ دەبن لە زریکەی خۆی و
دەبێتە گەرووی زوڵاڵی عاتیفەم
کاتێ خودی خۆمم
لە بیابانی قاقڕی وجوددا لێ ون دەبێت
لە ناو گوڵستانی سینگیدا دەمدۆزێتەوە
ساتێ هەست بە دەعجانیبوونی خۆم دەکەم
بە سەدایەکی لە لۆکە نەرمتر پێم دەڵێت
لێرە رووخساری بریقەدارت چاو لێبکە
دادەچڵەکێت
بەو ئەندێشە بێهوودانەی هانم دەدەن
لە چیای نیگەرانییەوە خۆم هەڵدەمە خوارەوە
بە شەپۆلێک ئەسرینی شنەداری شەرمن
دەمگەڕێنێتەوە گڕوگاڵی یەکەمین ژوان
کاتێک لە دەرەوە بەهەشتێک دەبینێت
لەناوەوەش کەلاوەیەکی داڕوخاو
لە حەوزی لەززەتم هەڵدەکێشێت و
دەمکاتەوە بە خۆمی راستەقینە
بەڵێ، من هەمیشە دەرگاکەم ئاواڵەیە
بۆ ئەو ژنە رەنگ نێرگزییەی
لە بەردەم دەرگای هەستمدا
لە مێژە راوەستاوە
زۆر دەمێکیشە لە دەرگا دەدات.

31-5-2019
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…17…شەماڵ بارەوانی

بەشی حەڤدەهەم/
مەزهەبی شافیعی(١). مەزهەبێکی نێرسالارانەیە و هەموو شتێکی لە بەرژەوەندی پیاو دژی ژنە..!

لە بەشی پێشووترباسم لەوەکرد، کە، ئێمە مەزهەبی شافیعیمان دەخوێند لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.

شافیعی خاوەنی کومەڵێک دانراو کتێبە، دوو لە کتێبەکانی لە بواری (فیقه)دا، هەردووک کتێبەکانی:
(الٲُم) و (الرسالە)ن، شافیعی هەردووکیانی لە دوو سەردەم و شوێنی جیاواز لە(میسر و عیراق)دا، نووسیوە و قەولەکانی بە (قول الجدید)و (قول القدیم)ناسراون و لە لایان پیاوانی ئایینی(مەلاکان) و شافیعی مەزهەبەکانەوە، هەمیشە قسەکانی شافیعی لەو دوو سەرچاوە فیقهیە وەکو ئستدلال و بەڵگە دەهێندرێنەوە.

هەڵبەت ئێمە لە فەقێیاتی کە دەستمان بە خوێندنی وانەی ئایینی و و نەحو سەرف و تەجوید و سیرە و فقهی ئیسلامی و ڕیوایات(فەرمودەکان)ی پەیامبەر و چەند بابەتێکی تر دەکرد بۆ خوێندنی مەلایەتی، یەکەم کتێب وەکوو دەستپێک، سەبارت بە فیقهی ئیسلامی(فتح القریب)بوو. کە ناسراوە بە(متن ابی شجاع)و لەسەر ڕێڕەوی مەزهەبەکەی شافیعی نووسراوە. ئینجا دوایی ئەوە(منهاج الطالبین)ـەکەی (ئیمام ئەلنەوەوی) بوو، کە ئەمیش هەمان شێوە لەسەر مەزهەبی شافعی داڕێژراوە و نووسراوەو درێژکراوە و تەفاسیلی هەمان کتێبی فیقهی(فتح القریب) بوو، کە ئێمەی فەقێ دەمان خوێند.

دەتوانم بڵێم:
فیقهی شافعی و مەزهەبەکەی، فیقه و مەزهەبێکی زۆر کلاسێکی تاڕادەیەکی زۆر وشک و توندو ناتولێرانس و نالۆژیکی و نا ئینسانییە، فیقهو مەزهەبێکی تابڵێیت پاتریارك و نێرسالارانە و دژە ژنە.
مەزهەبێک، ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکیانەی دژی یەکسانی جێندەری و دەمارگیرانەی ئایینی و بیرێکی تەسک و مەزهەبێکی داخراو ناهیومانیستانە و ئەقڵیەتێکی نیمچە شۆڤێنیانەی عەرەبی و ئومەویانەی بەسەردا زاڵە.
مەزهەبێک، پڕی لە فیقهی بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی کۆلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.

شافعی وەکوو ئاماژەم دا، مەزهەبێکی زۆر وشک و داخراوە، “شافیعی، یان بابڵێین مەزهەبەکەی شافعی، دەستێکی باڵای هەیه لە بەبەستڵەککردنی ئەقڵی ئیسلامی و زیندانی کردنی ئەو ئەقڵەی کە، باوەڕی بەو مەزهەبە هەیە لە ژێر دەسەڵاتی تێکستە ئایینیەکان(٢).

تۆ کاتێک بە ئاگایی و هۆشیاری و لە ڕوانگەیەکی بەرز و هیومانیستییەوە، شافعی و مەزهەب و فیقهەکەی دەخوێنیتەوە، هەستدەکەیت، کە لە لایان خەلیفەیەکی ئەمەوی و بە بیرێکی زۆر عرووبیانە و تەنها بۆ خزمەتی پرۆژی تەعریب و فیکری توندڕۆیی نووسراوەتەوە.
بە بۆچوونی من، ئیبنولتەیمیە و و شافیعی، دوو رووی دراوێکن لە گەڵ تەعریبدا و دەتوانین بڵێین دوو عەرەبی شۆڤێنین و کاریان بۆ بیری عرووبە کردووە، وەلێ لە بەرگی مەزهەب و ئاییندا،

بەرلەوەی هەندەک نموونە لەسەر تەعریبەکەی شافیعی بێنینەوە، ئەو شافیعیەی کە زۆربەی کوردی بەدبەخت و داماو، لەسەر فیقه و مەزهەبەکەی دەڕۆن.
با هەر بە نووسینێکی ئیبنولتەیمە و لە زاری خۆیەوە، ئەو بیرە شۆڤێنیەی ئەو پیاوە فێندەمێنالیست و تیورسەنەی فیکری ڕادیکاڵی و ئیلهام بەخشی بیری تەکفیری و باوکی بزووتنەوە توندئاژۆکان بسەلمێنین بە پشت بەستن بەو ڕیوایەتە هەڵبەستراو ساختەی ئومەویەکان، کە دەڵێت”حب العرب إيمان وبغضهم نفاق” واتا:خۆشویستنی عەرەبەکان لە باوەڕ و ئیماندایه و ڕق لێ بوونەوەشیان نیفاق و دوو ڕوویییە”

ئیبنولتەیمیه لەو سۆنگەیەوەدەڵێت
“الذي عليه أهل السنة والجماعة اعتقاد أن جنس العرب أفضل من جنس العجم: عبرانيهم وسريانهم ورومهم وفرسهم وغيرهم”(٣)،
بە کوردیەکەی، واتا:ئەوەی ئەهلی سونە و جەماعەت باوەڕیان پێیەتی و ئایین و بیرو باوەڕیانە، ئەوە ڕەگەزی عەرەب باشتر و باڵاترە، لە ڕەگەزی عەجەم: لە عیبرانی و سریانی و ڕۆمیەکان و پارس و هەموو ئەوانی تری ناعەرەب!سەیرکەن، ئەو بیرە شۆڤێنیەی ئیبنولتەیمیە، کەسەلەفیەخەرەفاوەکان و کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینی پێی دەڵێن(شێخولئیسلام)، تەعریب بە عەقیدە و بیر و باوەڕ دادەنێت.
بۆ زمانی عەرەبیش سەیری ئەو فێندەمێناتالست و شۆڤێنیه بکەن و چۆن ڕوایەتێکی(مەرفوع) و مەوزوع دێنێت و لە ڕووی سەنەدەوە، خۆیشی دەڵێت هەڵبەستراوە و باوەڕی پێی نییە، وەلێ مادام ڕوایەتەکە بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی تەعریب باشە و لە خزمەتی بیرە دەمارگیر و شۆڤینیەکەی ئەودایە، سەنەدەکەی با کێشەیشی هەبێت و با سەت لەسەت درۆ و هەڵبەستراویش بێت، خۆ ئەو ڕیواتە بۆ پرۆژەی تەعریب واتاکەی جوان و ڕاستە، لە نموونەی ئەو ڕیوایەتەی ئومەویەکان “أن العربية ليست لأحدكم بأب ولا أم إنما هي لسان، فمن تكلم بالعربية فهو عربي” سەیرکەن ئیبنولتەیمیە چۆن دەڵێت”معناه ليس ببعيد بل هو صحيح من بعض الوجوه”(٤).

بۆ شافیعیش، ئەو زمانی عەرەبی بە قورئانەوە پەیوەستدەکات و فەزڵی بەسەر زمانەکانیتر دەدات و پیرۆزی دەکات و بە پێویستی نازانێت موسڵمانان جگە لە زمانی عەرەبی خۆیان فێری هیچ زمانێکیتر بکەن و گرنگی پێبدەن
: “لا يجب على أحد من المسلمين أن يتعلم من الألسن غير العربية”. (٥).
هەروەها شافیعی دەڵێت هەموو موسڵمانێک عەرەبە،
” أن كلّ مسلم عربي”.(٦).

بەڕاستی شافیعی”بە ئاشکرا لایەنگری بۆ ئیدەلۆجیەتی عرووبە پێوە دیارە و کاریگەری ململانێی شعوبیەت بەسەر تەواوی(رسالە)کەیەوە دیارە”، (٧).

حەققەت شافیعی کەسێکی ئایدیۆلۆژیست و “ئومەوی بیرو باوەڕی قوڕەیشی و عرووبی و شۆڤینی دژه ئەقڵانیەت و دژە ئجتیهادبوو..”(٨).

بۆ نموونە:بە پێی مەزهەب و بۆچوونی شافیعی (مەزهەبی تریش هەن) هەمان ڕایان هەیە، جێ نشین و پێشەواو خەلیفەی موسڵمانان دەبێت تەنها لە نەتەوەی عەرەب و لەناو عەرەبیش دا، لە تیرەی قوڕەیش بێت.(الٲئِمە مِنْ قُرَیْش).
هەر بە پێی مەزهەبی شافیعی، کە ئێمە لە حوجرە و خوێندنی ئیسلامی و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی زانستەئیسلامیەکان دەمانخوێند، دروست نییە، نوێژ جگە لە زوبانی عەرەبی بە هیچ زوبانێکی تر بێتە ئەنجام دان.

وتاری ڕۆژی هەینیش، مەلا، یان، وتاربێژ، پێشەکی و نزای کۆتایی وتارەکەی، لە ڕوانگەی شافیعی مەزهەبان و شافیعییەوە، ئەرکێکی ئایینییە و دەبێت تەنها بە زوبانی عەرەبی بێت.
گەر وانەکەیت، ئەوە لادان و تاوانە، بە تایبەت مەڵا کۆن و کلاسیکیەکان زۆر دەمارگیرن بۆ مەزهەبی شافیعی و بە موو لە مەزهەبەکەی لانادەن.

جا بەو بۆنەیەوە،
لە قوتابخانەی ئایینی”مەڵا عەبدوڵلا پەلپیتانی)، کاتێک فەقێ بووین، مامۆستایەکمان هەبوو، مەڵا(م. وەرتێ) دین و ئیمانی نەدەما و دەهری دەبوو گەر ڕەخنەت لە شافیعی بگرتبووایه.

بیرمە ساڵی٢٠٠٩ بوو و پۆلی پێنجی ئامادەیی(یانزەی ئێستا)بووین، پێشووتر لە چەند فەقێیەکی هاوڕێمەوە ئەوەم بیستبوو زانیبوومەوە کە هنێدە شافیعی پەرستێک و دەمارگیرە بەرامبەر بە فیقهو مەزهەبەکەی شافیعی و هەر بەو بۆنەیەشەوە، ڕۆژەک نووسینێکی هێنابوو قوتابخانە و گووتی: ئەوەم لە دژی دکتۆر(موستەفا زەڵمی) نووسیوە و بەرپەرچم داوەتەوە، نازانم نەگووتی لە ڕۆژنامە بڵاوبووەتەوە، یان بەتەمام بڵاوی بکەمەوە، ئەوەیانم باش بیرنەماوە!
جە مەلا(م.وەرتێ) گوتی:
ئەو(واتا دکتۆر موستەفا زەڵمی) کەسێکی لا مەزهەبی و لادەره و باوەڕی بە مەزهەب نییە و ڕەخنەی لە شافیعی گرتووە، جائەو نەیگووت ڕەخنە، بەڵکو دەیگووت قسەی پێگووتووە، چونکوو لە تێڕوانینی ئەوانە، ڕەخنە یەکسانە بە جوێن و قسە پێ گووتن!

جا منیش ئەوکات تازە دەستم کردبوو بە خوێندنەوەی فەلسەفە و کتێبی دەروون ناسی و کۆمەڵناسی و، ڕۆمان و چیرۆک و چی و چیم دەخوێندەوە و لە هەندەک ڕیوایات(فەرموودە) و حوکم و حەد و حدودی ئیسلامی دەکەوتمە گومان و خەریک بوو بڕوام بە مەزهەب و شافیعی و شت لەق دەبوو و بەرەو ڕوانگەیەکی هیومانیستانە و لیبڕانەو ئەقڵانیانە هەنگاوم دەهاوێشت.
جا کە زانیم مەڵا هێندە شافیعی پەرست و دەمارگیرە بۆ مەزهەبەکەی، ویستم میزاجی بترشێنم و هەندەک جەوی بگرم،
نازانم ڕێک چی بوو، بەڵام قسەیەکم لەبارەی شافیعیەوە کرد، ئەی باوکە ڕۆ، خوێن زایە چاوەکانی و وەکوو دووژمنێک لێی ڕوانیم و وەختابوو لێم بدات. هەر خۆیشی نەمن خۆشیم بە چارەی ئەو مەڵایە دەهات و نە ئەویش حەزی بە چارەی من دەکرد.

ئەو مەڵایه زۆر ڕقی لە من دەبوویەوە و قەت دانوومان پێکەوە نەدەکوڵا، ئەوەی بیرم بێت، چی لە خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی پەروەردە و چی لە خوێندنی ئەوقاف، چ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و چی لە خوێندنی باڵا و ماجستێر، هیچ مامۆستایەک ڕقی لێم نەبووەتەوە و هەمیشە مەحبوب ڕێزلێ گیراو خۆشەویست بوومە لای مامۆستاکان، چونکو دایمە فەقێ و قوتابی و خوێندەکارێکی جدی و زیرەک بوومە، ڕقی ئەو مەڵایەش لە هەمبەر من، تەنها لە سۆنگەی ئەوەبوو، ئەو هەرفەقێیەک کڵاو و جامانەی نەکردبا سەر، زۆری ڕق لێدەبووە و دەیگووت:ئەوە فەقێیەکی جدی نییە و نابیتە مەڵا لەداهاتوو، جامانەی کردبوو بەپێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی فەقێی، بە کورتیەکەی و کوردیەکەی، تۆ مەولاناو مەلای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بوایتا، مادام جامانەت لەسەر نەبوایە، لای ئەو مەڵایه، حیسابی فەریکە فەقێیەكی بۆت نەدەکرد و پوولێکی سوتاوت نەدەهێنا.

جا بۆ مەسەلەی ئەو جامانەو شتە، من، لە لایە هەستم کرد لە پۆلی پێنج قژم زۆر دەوەرا، بۆیه زۆر بەینم لەگەڵ جامانەنەما و لەلایەکیتریش هەر لە داخی ئەو مەڵایه لە ڕق ڕاچووبووم و جامانەم نەدەبەستا.

بۆیه زۆر بە چاوێکی نزم و لاپۆز و خراپ سەیری دەکردم و هەر فەقێیەکیش کڵاو، یان جامانەی لەسەر نەبوایە، لێنەدەگەڕا لەوانەکەی دانشیت، دەیگووت پەڕۆیەک بخە سەر سەرت و وا بێ لەچک نەتبینم جائیز نییە، هاهاها، فەقێکان هەموان دەماندا قاقا کەوای دەگووت، یان هەر هەر فەقێیەک کڵاو جامانەی نەبەستبا، دەری دەکرد، ڕقی لە کڵاویش دەبوویەوە، منیش تەنها کڵاوێکم دەکردە سەر، بۆیه زۆر ڕقی لەدڵ لەهەمبەر هەڵگرتبووم و لە دەرفەتێک دەگەڕا، داخی جامانەم بەسەردا بڕێژێت.

ڕۆژێک تاقیکردنەوەی بابەتەکەی ئەومان هەبوو، بابەتی(میــرات)

کەمن و فەقێی تری لەو بابەتە سەقەت کرد، وەکوو لە بەشەکانی پێشوو باسم کرد، لەو تاقیکردنەوە،
کاتێک وەرەقەکەمان وەرگرتەوە، سەیردەکەم نیوەی نمرەی لێ کوشتووم، من ڕاستە لە میرات خراپ بووم، وەلێ لەو تاقیکردنەوەیە چوونکوو خۆم زۆر هیلاک کردبوو، باشم وڵام دابویەوە، کەچی هەر لەوگۆڕەی نیوەی نمرەی لێ کوشتبووم، سەیری ئەسیلەکەمم کرد بۆ دڵنیابوون، وڵامەکانم هەمووی ڕاستە!
پێم گووت: هەڵەت ڕاستکردووەتەوە و نیوەی نمرەت لێ کوشتووم، دەمی کەوتە تەتەڵە و نەیزانی چی بڵێت و ناچار بۆ ئەوەی خۆی قورتاربکات، گووتی: کوڕە تۆ قۆپیەت کردووە! کە وای گووت: ڕێک دەهری بووم و لە ژێر لێوەوە هەرچی جوێنی ناشیرین بوو، بۆم حەواڵەکرد و لە ڕقان بە ئیدارەی قوتابخانەشم نەگووت، کە، ئەو مەڵایه بە غەدر و ناحەقی نمرەی کوشتووم و ستەمی لێکردووم و ئەو مەڵایه غەرەزشەخسی و ڕقی لەسەر بابەتێکی وا(مەسەلەی جامانە) لێ هەڵگرتووم.

دڵنیام بە ئیدارەم بگووتبا، بابەتەکە لە بەرژەوەندی من یەکڵایی دەبوویەوە، چونکوو بەڕێوەبەرەکەو هەم یاریدەدەکەیشی(مەلا سەعدەدین و مەلا سەڵاحەدین) کە هەردووکیان برابوون و زۆر منیان خۆشدەویست و مەڵا سەعدەدین، وتاربێژی مزگەوتی(سپی)بوو لەتەیراوەو بە منی دەگووت:کوڕم شەماڵ، ئەو دوو چاوەم لێ داوا بکەیت بۆ دەردێنم و مەڵا سەلاحەدینیش، پێی دەگووتم: پوولە و دوو سێ فەقێی خوێڕیلکەمان لەگەڵ بوون لە پۆلەکەمان، چەندین جار بەدانەکیانی دەگووت: حەیف بۆتۆ، هاوڕێی شەماڵیت و هێشتا ئەخڵاقت سفره، هەوڵدە لەشەماڵ فێری ڕەوشتی بەرزبە. لەو بە پوولەیه فێری ڕێز بە.
جامن حافیزولقورئانیش بووم، ئەوە هێندەیتر لای ئەو دوو مەڵایەو خەڵکێکی زۆر، خۆشەویستی کردبووم.
بابێینەوە سەر مەسەلەی شافیعی و فیقه و مەزهەبەکەی، گووتم مەزهەبی شافیعی مەزهەبێکی نێرسالارانەیەو هەموو شتێکی بە ئەقڵیەتێکی نێرگەرایانە و بۆ بەرژەوەندی پیاو لە دژی ژن نووسراوەتەوە.

لە مەزهەبی شافیعی دا: خوێنی ئافرەتی کوژراو نیوەی خوێنی پیاوە، هەروەها خوێنی ئەندامەکانیشی نیوەی خوێنی ئەندامەکانی پیاوە.

مەزهەبی شافیعی مەزهەبێکە، ڕەگی لەسەر دەمارگیری ئایینی دا کوتاوەو لە ڕوانگەیەکی تا بڵێیت دژ پلورال و ئەنتی ئینسانیانە نووسراوە.
لە مەزهەبی شافعی:
ئەگەر موسوڵمانێک، نا موسڵمان(کافرێک)ی کوشت، لە شوێنیدا، موسڵمانە بکوژەکە ناکوژرێتەوە!

لە مەزهەبی شافیعی دا: نابێ کوژراوەکە کەمتر بێ لە پلەی مرۆڤ کوژەکە. بەچی کەمتر بێت؟
بە (کفر) واتا:بە هۆی کافری و بیر و باوەڕ و ئایینی جیاوازەوە.
یان(ٲَوْ رقّ)کۆیلەیی. بۆیە بە پێی مەزهەب و فیقهەکەی شافیعی ئەگەر موسڵمانێک (ناموسڵمان(کافرێک)ی پەیمان لە گەڵکراو بکوژێ، یان کۆیلەیەک بکوژێ،
ناڕەوایە و نابێت و هەرگیز دروست نییە، لە تۆڵەی ئەو کووشتنە بکوژ، بیکوژرێتەوە، بۆچی؟ چونکوو مرۆڤ کوژەکە و کوژراوەکە یەکسان نینە. ئەو کافر و کۆیلە، ئەویش موسوڵمان و ئازاد!

هەروەها بە تێگەیشتنی شافیعی و شافیعی مەزهەبەکان،
خوێنی ئافرەت و پیاوی گاور، سێیەکی خوێنی پیاو ئافرەتی موسڵمانە.
خوێنی مەگوس و ئاگر پەرستەکان(زەردەشتیەکان) و بت پەرستەکانیش دوو سێیەکی دەیەکی خوێنی موسڵمانە.

هەڵبەت من وەکوو نووسەرێکی ئاڕاستە سیکۆلار و لیبڕاڵ، دژی ئەو دووباره کوشتنەی بکووژ و قانوونی تۆڵەسەندنەوەم و بیرۆکەی لەسێدارەدان و ڕشتنی خوێنی مرۆڤم و، بە هەموو شێوەیەک پڕۆتستۆی حوکمی لەسێدارەدان دەکەم، جا لە ژێر هەرناوێکدا بێت و بەهەرپاساوێکبێت، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و کوشتنی مرۆڤ ڕەت دەکەمەوە. چونکوو ئەوە چارەسەر نییە و جگە لەو سزادانە فیزیکی و هۆڤ و نامرۆڤانەیە، چەندین ڕێگا و سزای تری مرۆڤانە و شارستانیانەتر هەیە، بۆ سزادانی بکووژ.

…………………………………………………….
١-ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد کوڕی ئیدریس شافعییە، ساڵی ١٥٠ک/٧٦٦ز لە دایکبووە، یەکێکە لە دیارترین پێشەواکانی سوننە لە ڕێڕەوی مێژوودا، و خاوەنی فیقهی شافعییە لە زانستی فیقهی ئیسلامیدا، هەروەک بە دامەرێنەری زانستی ئوسوڵ دادەنرێت و یەکەم کەسە لەو بوارەدا کتێبی نووسیوە و ناویناوە (الرسالة)، سەرچاوە(ویکیپدیا).

-٢تاريخ الفكر العربي، محمد أركون ص: 74
٣-شيخ الإسلام أحمد بن عبد الحليم بن عبد السلام بن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم مخالفة أصحاب الجحيم، تحقيق: عصام الدين الصبابطي، القاهرة (دار الحديث) 1972، ص141.

٤-ابن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم، ص142.

٥-فهم العلاقة بين اللغة العربية والعروبة الجديدة: ابن تيمية ومحمد الشافعي وابن باديس
أضافه الحوار اليوم في أحد, 04/05/2015 –

٦-هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٧-نصر حامد أبوزيد : الامام الشافعي وتأسيس الإيديولوجيا الوسطية.

٨-حوار الأجيال، حسن حنفي ص: 466.




دوای جەژن… نەوزاد بەندی

هەندێ جار خەوتن لە مەوقیفی پاسەکانا ،
خۆشترە لە خەوی ماڵێ ..
کەچی هەر خەو ئەبەینەوە بۆ ماڵەوە ..
ئەمانەوێ مایەی تاقمی نوستنەکە دەربێنینەوە .
لەو دنیا گەورە خۆشەدا ،
لەم چەمە بۆگەنە وشکەی سلێمانیدا ،
پەنجا ساڵە ئەتلێینەوە ..
گەمژەین ..گەمژە ..گەمژەییەک ئاو لێڵ ناکا
لێڵیشی کا ،
هەر لێرە سەرئەنێینەوە …!

٭ ٭ ٭
ڕێک کەوتووە بەیانییەک ،
وتبێتم چی ئەبێ واز لە هەرچی
کەس و ماڵ و ناو و نازناو و کەل و پەل هەیە بهێنم و ..
وەک بۆق ، بازێک هەڵدەم ، تا ئەوسەری دنیا ،
نەوەستمەوە ..!!؟؟
ناتوانم و ..
خۆم تەواو گیری خواردووە بە دەستمەوە ..!!

بە قورسایی ئەو ڕۆژانەی
وەکو لۆکە شی بوونەوە و
وەک شاخ لەسەر شانم وەستان ،
چاوەڕوانم ..
بۆ تێکدانەوەی ئەم دنیایە و ..
بنیاتنانی یەکێکی تر‌ …
ڕزگار بوون له دەمی گورگێ ..
بۆ بەر قەپی سەگێکی تر . …!!