دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیا… ئیدریس موستەفا

ئەم بابەتە نوسینێکی رەخنەیی منە لەسەر رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی. بۆ یەکەم جارە رۆمانی بەختیار عەلی بخوێنمەوە ئەویش دوای ئەوەی بیستم ئەم رۆمانە وەرگێڕدراوەتە سەر هەندێ زمانی بیانی لەوانە ئەڵمانی. من تەنها وەک خوێنەرێک، خوێندنەوەی خۆم بۆ ئەو رۆمانە بە جەندان رەخنەی جۆراوجۆردەخەمە روو. لەمەشدا پشت بەو تیئۆریە ئەدەبیە دەبەستم کە رێگە بە خوێنەر دەدات دەق هەڵبسەنگێنی و رەخنەی لێبگرێ. ئەو تیئۆریە پێی دەوترێ (Reader-Response Criticism). لەبەر دوورودرێژی بابەتەکە بڕیارمداوە لەمەودوا بە جەند بەشێک بڵاوی بکەمەوە. ئەو رۆمانە دەکرێ لە زۆر رووی ئەدەبی ترەوە وەک زمان بە نموونە رەخنەی توندی لێ بگیرێ بەڵام من لە هەندی باری فکری و چەمکخوازی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە رەخنەکانم دەخەمە روو. بە یارمەتی هەندێ قوتابخانە و تیئۆری ئەدەبی و چەمکی فکری دید و بۆچوونەکانم بەیان دەکەم. لەوانە تیئۆری رەخنەگرانەی رەگەزی (Critical Race Theory) یاخود سۆسیۆلۆجیای فەرق و جوداخوازی، فیمینیزم، جەندەر، مارکسیزم، ستراکچراڵیزم، دیراسەی کەلتورەکان و میژوو وەک چەمکێک…. هتد

بەشی یەکەم: ناوچەگەرێتی یاخود لەکەدارکردنی گەرمیانی
لەم بەشەدا باس لە بابەتی ناوچەگەرێتی دەکەم کە ئەسەرەکەی بە ئاشکرا لەم رۆمانەدا دەردەکەوێ، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ناتوانی بە دیاریکراوی لە کام قوتابخانە و تئیۆری ئەدەبی یاخود چەمکی فکریەوە لێی دەڕوانی چونکە باسی ناوچەگرێتی بەوشێوەیەی لە وڵاتی ئێمەدا هەیە و بەو شێوەیەی نوسەر نوسیوێتی کەمێک ئەستەمە رێچکەیەکی ئەدەبی بدۆزیتەوە تاکو رەخنەکانی خۆتی لەسەر بونیاد بنێی، ئەمە جگە لەوەی خوێنەرگەلی نەتەوەکانی دی چۆن لێی تێبگەن بەو رادەیەی ئێمە دەیزانین. فەرق و جودایی لە نێوان کەسەکانی یەک کۆمەڵگە خاوەنی یەک زوبان و یەک رەگەز و یەک ناسنامە و یەک خاکن چەندان رەهەندی فکری و سیاسی و سایکۆلۆجی لە خۆی دەگرێ. بۆ نموونە ئەو جیاوازیەی لە نیوان ناوجەی سلێمانی و ناوچەی گەرمیان دەکرێ لە رێگەی کاراکتەرەکانی نێو ئەم رۆمانەوە زۆر بێ پەردە و ئاشکرایە، بە رادەیەک خودی نوسەر و رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقی و رۆسنبیریەوە.
گەرمیانیەکان بەتابیەت خەڵکی کەرکوک و دەوروبەری بەهۆی پێشینیەکی دژواری بارودۆخی سیاسیەوە کە هەموان دەیزانین یان دەرکراون یاخود ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو شارەکانی تری وڵات کۆچیان کردووە لەوانە سلێمانی و هەولێر. کاتێکیش دێنە شارەکانی تر دەست دەبەن بۆ هەر کار و وەزیفەیەک ژیانی خۆیانی پێ بەڕێ بکەن. هەر خودی نوسەر تەوزیفی هەردوو کاراکەترەکەی جوان کردووە کاتێک گەرمیانەکە بە پۆلیسێکی دادەنێ و سڵێمانی مەزنی مەسئولی حزبی بە پیاو مەعقوڵی شار، دیارە مەبەست لە شار سلێمانیە، ناودەبات. بەڵام، لێرەوە گرفت و کێشە ئەخلاقیەکان سەرهەڵدەدەن.

هەموو ئەو کاراکتەرانەی لەو رۆمانەدا ناویان دەهێنرێت ئاماژە بە ناسنامەی ناوچەێتیان ناکرێ تەنها یەک کاراکتەر نەبێت ئەویش پۆلیسە شەقوەشێنەکەی عەرەبانچیەکان و دەستفرۆشەکانی شاری سلێمانیە ” مەلیک دولبەری گەرمیانیەکی سەرسەختی ژنحیز. ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان.” لا ١٥٦ لە بەرامبەردا کەسێتیەکی تری شاری سلێمانی هەیە کە باوکی محمدی دڵشوشەیە. محمدی دڵشوشە ” کوڕی یەکێک لە پیاوە ناسراوەکانی شارە، سڵێمانی مەزن. ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەڕا ئەمینداری نهێنیە ترسناک و گەورەکانی ئەو شارەیە.” لا٢٢ لەم دوو وەسفەدا رەهەندی ئەو فەرق و جوداییە دەبینی کە لە نیوان دوو ناوچەی کوردستانی باشرودا دەکرێ ئەویش ناوچەی سێمانی و ناوچەی گەرمیانە. بزانە ئەو روحی سلێمانچیتیانە لە کوێدا خۆی مەڵاسداوە. لە لایەک چ وەسفێکی ئیجابی کابرای سلێمانی، سڵیمانی مەزن، دەکات بەوەی مێژوویەکی پڕ شۆڕ و شەوق و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرزی دەداتێ. لە لایەکیتر، کابرایەکی گەرمیانی دەهێنێ و دەورێکی نابووت و پیسی دەداتێ بە سەرسەخت ناوی دەبات. سەرسەخت گەر دایبتاشین و مانایەکی ئەرێنی لێ پەیدابکەین ئەوا نوسەر لێرەدا بە مانایەکی قوڵی پڕ لە تەوهین و ئیهانە بە مرۆڤی گەرمیانی بەکاری هێناوە گوایە گەرمیانی توڕە و کەلەپوتن و هێز و بازوو هەموو شتێکە لە لای ئەوان. لەمەش واوەتر لەسەر ئاستی شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی لەکەداری دەکات و ژنەکەی بە حیز و خۆیش بە گەواد ناوزەد دەکات. نوسەر لێرەدا توشی گرفتێکی مەنتقی بووە. باشە کەسێک گەر ژنەکەی بەرێ بۆ بەرپرسی گرنگی گەورەی حزبەکان و وەزارەتەکان واز لەو کارە تاقەت پروکێنە پۆلیسیە ناهێنێ کە دەست پان بکاتەوە لە جەند منداڵێکی دەستفرۆش تاکو شتێکی بدەنێ. لەو هەریمەی ئێمە، وەک هەموان دەزانن، ئەوەی گەوادی لەوجۆرە بۆ مەسئولە گەورەکان و وەزیرەکان بکات بە تایبەت ژنی خۆی ببات بۆیان ئایا نانی ناکەوێتە رۆنەوە و ناشبێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شار!.
وەک گوتمان لەگەڵ ئەوەی گەرمیانیەکە وەک درەندەیەک نیشان دەدات بە کوشتنی سەریاسی پالەوانە گەنجەکەی، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش لەکەداری دەکات بەوەی ژنەکەی حیزە و ژنەکەی دەبات بۆ مەسئولەکان؛ لە بەرامبەردا سڵیمانی مەزن هەیە پیاوی مەعقوڵی شارە، شاری سلێمانی، و مەسئولە و لە چاوتروکانێکدا دوو کچت بۆ خانەنشین دەکات و دەیان نێرێت بۆ شوێنێک کە خۆیان هەڵی دەبژێرن تەنها لەبەرئەوەی دڵی کوڕە مردووەکەی شاد بکات، بە قەولی خۆی، بەوەی سەردانی گۆرەکەی بکەن جار ناجارێ. تۆ سەیری ئەم پیاوە ناودارەی شارەکە بکەن: مەسئولە، کوڕەکەی لە کوشکێکدا داناوە، دوو خانمی گەنج خانەنشین دەکات، ئەو سیاسەتی لێدان و کوشت و بڕەی لە مندالانی هەژار دەدرێت لەسەر شەقامەکانی شارەکەی ئەو پیاوە گەورەیەدا لە دارودەستەی ئەمەوە دەردەچێت کەچی ئەم پیاوی ناسراوی شارە و مەلیک دولبەری کارمەندی ئاسایش و پۆلیس دڕەندەیە، کەلەپوت و منداڵکوژە و نەک هەر ئەمەش ژنحیزە و مندالانی دەستفرۆش هاواری لێدەکەن ژنحیز چونکە “هەموان دەزانن مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” لا ١٥٦ دواتر دەگەرێمەوە سەر وشەی “ژنحیز” و چ رەهەندێکی فکری و ئەخلاقی بە دواوەیە، بەڵام من دەپرسم باشە نوسەر بۆ ناڵێت شارباژێریەکی ژنحیز، شارەزووریەکی ژنحیز، پێنجوێنیەکی ژنحیز، پشدەریەکی ژنحیز یاخود سلێمانیەکی ژنحیز؟!

هەڵبژاردنی گەرمیانیەک لە لایەن نوسەرەوە و بەرجەستە کردنی لە کاراکتەرێکی ئاوهادا رێکەوت نیە. لیرەدا ناچمە سەر ئەو فاکتەرە مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیانەی کە روحی ناوچەگەرێتی لە سلێمانی دروست کردووە؛ بەڵکو راستەوخۆ دەچمە سەر ئەو واقعی سلێمانچێتیەی کە لەو شارەدا هەیە و بۆچی لە عەقڵیەتی رۆشنبیری و سیاسیکانیدا بەرجەستەیە هەر وەک چۆن لە نیو بەشێکی زۆری ئەو خەڵکانە خۆیان بە ئەهلی شارەکە یاخود رەسەنی شارەکە ناودەبەن. ئەو شارە وەک شارەکانی دی کوردستان چەندان شاعر و هونەرمەند و نوسەری پێگەینادووە و شایانەی ریز و ستایشە بەڵام نەک بکرێ بە شانازیەک و بەسەر شوێنەکانی تردا رایبدەن. سلیمانچێتی لە بەرامبەر ناوچە و شارەکانی تردا بە تایبەت گەرمیان و بە دیاریکراوی ناوچەی کەرکوک شتێکی بەڵگەنەویستە. ناوچەگەرێتی جگە لەوەی لە روحێکی شانازی و خۆ بە موهیم زانیەوە دێت، بۆخۆی دەرئەنجامی فەرهەنگ نزمی و خەڵەفاوی رۆشنبیری و تەنانەت گرفتی دەروونیشە. لە باری تیئۆریەوە دەخزێتە نێو بیروکرداری شۆفێنستیانەوە کە رەگەزێک یاخود جۆرێک لە خەڵک بە گرنگ تەماشابکرێ و ئەوانی تر بە کەم و جاهیل و بودەڵ. هەولێر نموونەیەکی زیندووە کە رۆژانە دەکەوێتە بەر توانج و تەلاری ناوجەگەرێتی. تەنانەت لە نیو حزبێکیشدا لەسەر ئاستی باڵادا دەبینین سلێمانچێتی چۆن دەوری خۆی دەگیڕێ لە هاوسەنگی نیوان کەسەکان و هیزەکاندا. تێگەیشتن لم کێشەیە لە سەر ئاستی جیهان چەند چەمک و تیئۆریەکی هێنایەدەر لەوانە تیئۆری رەخنەگرانەی رەگەزجودایی (کریتیکاڵ رەیس تیئۆری) کە نەک ەهر رادەوەستێتەوە دژ بە رەگەزپەرستێتی رەش پیست و نەتەوە بوومییەکانی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکور و باشور بەڵکو بەرامبەر جوداخوازێتی ناوجەیی خەڵکانی ئاسیایی و ئەمریکای لاتینیش.

لە سەر ئاستی رۆشنبیری ئێمە شاهیدی دەرکەوتنی رەوتێکی رۆشنبیرین وەک رەهەندیەکان و بازنیەکی رۆشنبیریش بە دەوریاندا کە سلێمانچێتی لە نوسین و بەرخوردەکان و ئەسەرێکی تەواوی هەیە. ئەم رەوتە تەواوکەرە لەگەڵ عەقڵێکی سیاسیدا کە پێی وایە خەڵکانی کەرکوک و ناوجە دابراوەکانی تر دەبێ سلێمانی بە جێبهێڵن و بڕۆنەوە شوێنی خۆیان چونکە شارەکەیان ناخۆش کردووە! کێ هەیە گوێی لەم قسانە نەبووبێ گەر بۆ مانگێک لەو شارەدا ژیابێت. سەرباری ئەو سێ دەیەی خەڵکانی گەرمیانی لەو شارەدا دوو سێ نەوەیان لی دروست بووە بیری سلێمانچێتی هەر هەیە و لە برەودایە. شاری شاران، شارە حەیاتەکە یان پایتەختی رۆشنبیری چەند تێرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرین لەو ئاراستەیەدا. لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم من باس لە رەوتێکی شۆفێنی ناوچەگەرێتی دەکەم نەک تەعمیمی بکەم بەسەر هەموو خەڵکی ەئو شارەدا. جا ترسناکیەکە لەوەدایە ئەو رەتە لە عەقڵی سیاسیەکان و قەلەم و هزری رۆشنبیریەکاندا خراپ بەرجەستە بووە. بەختیار عەلی خۆی و رۆمانەکەی نمونەیەکی زیندووی ئەو عەقڵی سلێمانچێتی و رق هاتنەوەیە لە گەرمیانی. بۆیە دەلێم بەختیار خۆی چونکە لیرەدا ئەستەمە نوسەر لە دەق جیابکەیتەوە بگرە لە دەقێکی ئاوهادا بەرجەستەیی نوسەر و دەق مۆری تاپۆی رەش تۆخترە. لە شوێنیکی تردا دێمەوە سەر پەیوەندی نوسەر و دەق.

بەشی دووەم: چەمکی عەشقی ئەفلاتونی
ئەم رۆمانە لە رووی زمانەوانیەوە پرە لە هەڵە، هەورەها ائستی وێژەیی نوسینی رۆمانەکە لاوازە و لێرەدا من ناچمە سەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوەی من لە دواهەمین هەناری دونیادا دەیبینم هەر بەتەنها هەندی هەڵەی بەکارهێنانی وشە نیە بەڵکو هەڵەی بەکارهێنانی چەمکە، چەمکی عەشقی ئەفلاتونی دژوار (ل٢٢) واتە لەم رۆمانەدا نەک هەر شوشە شکاوە بەڵکو وا رەزدەسوتێ. ئەو عەشقەی موحەمەدی دڵشوشەیەی نوسەر بەو تۆخی و سۆزداری و خوێناویەی باسی دەکات و ناوی لێ دەنێ عەشقی ئەفلاتونی، پەیوەندی بە ئەفلاتون و ئەوینی ئەفلاتونیەوە نیە بەڵکو تەواو خۆشەویستیەکی سۆزداریە، رۆمانسیە. عەشقی ئەفلاتونی کە خودی ئەفلاتون ئاگای لێ نەبووە ناوی لێ نراوە، گەر وەک پێناسە باوەکەی باسی بکەین ئەوا دوورە لە هەر سۆزداری و دڵداری و خۆشەویستی ناکامیەوە بەڵکو وەک ئەوەی دوای ئەفلاتون خۆی نوسراوە عەشقی ئەفلاتونی بریتیە لە عەشق بۆ زانین و حیکمەت و بەها خێرخوازیەکان. چەمکی عەشقی ئەفلاتونی یەکەمجار لە لایەن ئەدیب و ئەکادیمیستی ئیتالیەوە، فارسیلیۆ فینۆچی، لە سەدەی پانزەدا بەکارهێنرا و ئەویش لەویدا باس لەوەدەکات کە عەشقی ئەفلاتونی عەشقێکی روحیە و دوورە لەهەر هەستێکی سۆزداری و سەکسی و جەستەیی و لەش و لارەوە. دیارە ئینکاری لەوەناکرێ ئەم چەمکە دواتر بەکارهات بەڵام ئایا چۆن و تا جەند لە راستیەوە نزیکە.

ئەرکی نوسەرە چەمکی هەڵە بە خوێنەرانی نەناسێنێ چەندە باو بێت چونکە تۆ بە رۆمان مێژوویەکی تەدوین کراو دەنوسیتەوە کە پرە لە زانیاری و رووداو و بیروباوەڕ و پەیوەندیە رەنگاڵەییەکانی کۆمەڵەگەیەکی دیاریکراو. بۆ وەسفی کەسێتی محمەدی دڵشوشە چەندان وشە و چەمکی تر هەبوون کە ئیشی من نیە بە نوسەر بڵێم ئەوەیان دابنێ بەڵکو شارەزایی نوسەر دەبێ خۆی ئەو شتانە بدۆزێتەوە. ئەو وشانەی نوسەر ریزی کردوون لە وەسفی محمدی دڵشوشەدا(عيشقی ناکام و خۆشەویستی ناکام و پرچی درێژ و ….هتد.) ئەو کەسێتیەی لە ئیوارەیەکی عەشقاویدا دەچێتە بەردەم ماڵی کچێک و پێی دەلێ کە من تۆم خۆش دەوێ لە کاتێکدا کچەکە رەتی دەکاتەوە و پێشنیاری خوشک بوونی بۆ دەکات، کەچی ئەم هەر ئینکاری دەکات لەوەی یەکیک لە کچەکان کە ناوی لاولای سپیە هەر دەبێ خۆشی بوێت، بگرە هەرەشەیەکی سۆزئامێز دەکات بەوەی پێیان دەلێت ” شتی وانیە، ئێوە خوشکی من نین، من بە هەموو تۆفاندا هاتوم تا حەز لە یەکیکتان بکەم. من باران ناردومی تا لاولاوم خۆش بوێت.” لا٢٣ . ئەمە جگە لە ئەوپەڕی رۆمانسیەت و زۆردارەکی سۆزداری و شێتگیری سۆزی و هەستێکی کوێرانە هیچی تر نیە. دژواری وەک نوسەر ناوی لێ دەنێت عەشقێکی ئەفلاتونی دژوار، ئەوە نیە گەر لە مانا باوەکەی ئەوینی ئەفلاتونیشەوە لیوەی بڕوانی.
یەک شتێکی تر لە پەیوەند بەم جەمکەوە دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە عەشق و ئەوین یان عەشق و خۆشەویستی دوو شتی جیاوازن چ وەک وشە و چ وەک مانا و چ ئەوەی لەوێدا بەکارهێنراوە و خراوەتە پێش وشەی ئەفلاتون. لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و ئیتالیەکەشیدا (لۆڤ، حب، ئامۆر یان ئامۆرێ) بە خۆشەویستی ئەفلاتونی یان ئەوینی ئەفلاتونی باس کراوە نەک عەشقی ئەفلاتونی. من لێرەدا ناچمە وێزەی ئەو جیاوازیانەی نێوان عەشق و ئەوین بەڵکو هەر ئەوە دەلێم کە لە جیاتی عەشقی ئەفلاتونی دەبوو ئەوینی ئەفلاتونی بوایە لەبەر رۆشنایی ئەو خالانەی باسم کردن.

بەشی سێیەم: کۆنەپەرستی و خورافات…
لەم رۆمانەدا بە ئاشکرا دەقی ئاینی و کۆنەپەرستی و پڕ لە خورافات نەک هەر دەبینرێ بەڵکو برەوی پێ دەدرێ و تئیۆریزەش دەکرێ. دیارە تیئۆریزە کردنەکە لەسەر بنەمایەکی مێژوویی بابەتی یاخود زانستی نیە بەڵکو تەنها لەسەر کەلتور و نەریتێکی کەڵەکەبووی بۆماوەییە کە سەدن ساڵە لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا پەیرەو دەکرێ کە ئاین و خورافات و کۆنپەرستیە کەلتوریەکەی بەوپەڕی هێزەوە لە پشتیەوە وەستاوە. لە لاپەرە ٨٦ پاڵەوانی رۆمانەکە، موزەفەری سوبحەدەم،دەڵێ “شتەکان وەهان، حیکمەتێک هەیە من بیستویەک ساڵە دیلم.. حیکمەتێک هەیە من لێرەم… حیکمەتێک هەیە من و تۆ لەم شوێنەدا یەکدەگرین.”. لە بیروباوەڕی ئاینیدا بۆ نموونە ئیسلام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، باوەڕهێنان بە قەدەر یەکیکە لەو روکنە پایەییانەی عەقیدەی ئاینی لەسەر بونیاتنراوە و بە دیاریکراوی لە ئیسلامدا یەکیکە لەو شەش عەقیدەیەی ئاینی ئیسلام ریزی کردووە. شەش عەقیدەکە باوەڕهێنانە بە: خوا، فریشتەکان، کتێبە ئاسمانیەکان، پەیامبەرەکان، ئەو دونیا، قەدەر.

قەدەر ئەوەیە کە خودا خۆی پێشوەختە هەموو چارەنوسەکانی لە تەوێڵەکان نوسیوە و ئەوەی ئەوەی بەسەر سروشت و گەردوندا دێت هەمووی لە نەخشە پێشوەختەکانی خودایە و ئەمەش بۆ خۆی حیکمەتێکی تیدایە. لە گێرانەوەیکی تردا کە نوسەر خۆیەتی، لە تەئەمول کردنێکدایە دەڵێت “من پێم وایە ئەو منداڵانەی زوو دەمرن ئولفەتێکی قوڵتریان بە ئاسمانەوە هەیە.” لا١٣٧ باوەڕهێنان بە ئاسمان و جیاوازکردنی روحی منداڵ لە مردندا و پێدانی ئولفەتی قوڵ بەو مردنە داڕشتنێکی ئەدەبی نیە بەڵکو هەڵە تێگەیشتنێک و بەکارهێنانێکی نالۆجیکی و دوور لە هەر گوزارشتێکی عەقڵانیە بۆ مردن و منداڵ مردن. هەر سەبارەت بە مردن لە لاپەرە ١٦٣ دەلێت ” من پێم شتێکی قەشەنگە مرۆڤە بیر لە شوێنی مردنی خۆی بکاتەوە، مافی ئەوەی هەبێت ئەو جێگایە هەڵبژێرێت، مافی ئەوەی هەبێت نەیەوێت لەگەڵ سەدان هەزار مردووی تردا بیخەنە گۆڕستانەوە.” مرۆڤ حەز لە شوێنی مردنی خۆی بکات و کوێی دەوێ لەوێ بنێژرێ دیدێکی کۆنەپاریزی و بگرە گاڵتەجاڕیشە و دوورە لە هەر مەنتقێکی مادیەوە. رەگەی مێژوویی دید و هەڵوێست وەرگرتن و تەداروکات لە ناشتنی مرۆڤ بۆ ناوچاڵێک، خەرافی و سۆزداریە و پشتی بە هیچ ئاوەزێکی زاهیدی و بابەتی و زانستی وەها نەبەستووە تاکو بڵێن ناشتن پیرۆزە. ئەوەی هەیە لە بارەی مردنەوە ئەو بیر و عادات و خورافەتە ئاینی و کۆمەڵایەتیە کۆنەویستیەیە کە لەسەر مردن و گۆڕ هەیە. لە دێرۆکی مرۆڤدا و تەنانەت لە ئێستاشدا سوتاندن و سپاردنی لەش بە ئاو یاخود بە خۆڵ کردنی لەشی مرۆڤ مانایەکی تیدایە بەڵام لە نآشتندا بەتایبەت کە ئاین بیڕازێنێتەوە بە دەق و حەدیسەکانی خۆی جگە لە نەزانی و کۆنەپەرستیەک هیچی دیکە نیە. سوتاندنی مردوو یاخود بە خۆڵکردنی وەک ئەوەی ئێستا لە زۆر ولاتی دەرەوەدا ئەنجام دەدرێ هەندێ تێروانینی مادی و بابەتی تێدایە کە لێرەدا بواری ئەوەم نیە باسی بکەم؛ بەڵام برەودان بە کەلتوری مردن و گۆڕ دیاریکردن بە: رفاندنی منداڵێکی فیشەک پێکراو و خوێن لەبەر رۆیی بۆ بن دارێک یان جێاگیەکی دوور بوایە و شەرعیەتدان پێی گوایە خواستی خۆیەتی…. ئەمە جگە لە خورافاتێک و پیرۆزکردنی مردن بەو شیوە خورافاتە هیچی دی نیە. هەڵاتن لە دەسەڵاتدارێتی ناعەدالەتی تەندروستی شار و پەنابردنە بەر پەناگەی مردن بەو شیوەیە هەمان ئەو وێنەیام پێ نیشان دەدات کاتێک دەسەڵتدارێتی کوردی بنەبست بوو لەوەی وەڵام بە باری سیاسی و روحی کۆمەڵگەی کوردی بداتەوە ئیسلامیەکان خۆیان پیداکرد و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆنەپەرستی کەلتوری خۆیان هێنایە نێو زهنی خەڵکەوە و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جەمکی مردن لە لایەن نوسەرەوە لەو تەلیسمە بابەتیەوە سەرچآوەدەگرێ. لە رووی هونەریەوە مردن و گیان کێشانی مێردمنداڵێکی لانەواز، سەریاسی سوبحەدەم، بە دەردەسەری و ترسەوە لە شەوێکی تاریک و تنۆکدا و خستنە خەتەریاتی گیانی چەندان هاوڕێ و کەسی ترەوە جگە لە راکێشانی سۆزی خوێنەر بەلای رۆمانەکەدا هیچ حیکەمتێکی تری تێدا نابینرێ.

هەر لە پەیوەند بە مردنی سەریاسەوە و پیرۆزکردنی کردنی گۆڕەکەی و ئەو پەنهانییەی لە ژیانی سەریاسدایە دوو ناوی تر دێنە پێشێ ئەوانیش ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست و ژینۆی مەخمەڵی کە ئیسلامیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم دوانە هەردووکیان هاوڕێی نێزیکی سەریاسن و هەردووک وەک یەک لە ژیان و مردنی سەریاس دا بوونیان هەیە، کەچی لە گێڕانەوەدا نوسەر بایەخێکی ئەوتۆ بە ئادەم مەرجان نادات چونکە کۆمۆنیستە بەڵام گێرانەوەی چیرۆکێکی درێژ دەداتە ژینۆی مەخمەڵی ئیسلامی کە تێیدا شەرحی بیروباوەڕی ئیسلامیانەی خۆی بکات لە پەیوەند بە شەوی مردن و ناشتنی سەریاسەوە. بۆچێ؟ چونکە ناسنامەی ئاینی ژینۆی مەخمەڵی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گێڕانەوەی ساتەکانی مردن. هەردوو لاپەرەکانی ١٦٤ و ١٦٥ هەمووی قسەکانی ژینۆن. باسکردنی ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست لە یەک دوو دیمەن و لە زمانی دوو کەسەوە باس دەکرێ بە یەک دوو وشە و هیچی تر لە کاتێکدا ژینۆی موسڵمان دوو لاپەڕەی بۆ تەرخان دەکرێ لە لایەن نوسەرەوە. ئەمە رێکەوت نیە و لە بابی هونەریەوە نیە بەڵکو لە ئایدیا و هەڵوێستی خودی نوسەرەوەیە کە دەیەوێ بایەخ بەو چەمک و کایانە بدات کە ئامادە و حازربەدەستن و زووتر دێن بەدەستەوە بۆ ئیشکردن و حونەرکردن تێیدا وەک ئاین و تەداروکاتەکانی تری کەلتوری ئاینی وەک مردن و ناشتن. گەر لە بابی سیاسیەوە تەماشای چەمکی مردن بکەین بەوەی کێ ئارەزووی لە کوێیە با لەوێ بنێژرێ، ئەوا شەرعیەت دانێکی تەواوە بە مردن و گۆڕەکانی سەرکردە و خێزانە حزبی و سیاسیەکانی لای خۆمان. لەسەر ئاستی جیهانیش داکۆکی کردنە لەو گۆڕستانانەی بۆ پیاوە ماوەقوڵەکان یان ئینسانە گەورەکان. گۆڕستانی پێغ لاشێس لە فەرەنسا یەکێکە لەو رەمزانەی نەک هەر کەلتوری مردن برەو پیدەدا بگرە جیاکاریەکی چێنایەتی رەنگ پێدەداتەوە کە دوای مردنیش جیاوازی لە نیوان ئینسانەکاندا دەکات. ئەو مرۆڤەی لەبەر ژیان یاخود رێکەوتی ژیان ئەوەی پێ نەبەخشی ببی بە کەسێکی ناودار و هەر بە سادەیی و سانایی خۆی مایەوە و ماڵ و منداڵی گوناهیان چیە باوکیان یا دایکیان لەو گۆڕستانە بە ناوبانگانەدا نانێژرێن یاخود ئەو ملیۆنان مرۆڤەی جینۆسایدکران و لە مەرگەساتی جۆراوجۆردا مردن و فریای ئەوە نەکەوتن بە دڵی خۆیان و لە شوێنی دڵخوازی خۆیان بە “قەشەنگی” بنێژرێن.

بەشی چوارەم: نابوت کردنی چەمکی سیاسەت و شۆڕش
لە باس کردنی چەمکی سیاسەتدا نوسەر رێک دەکەوێتە نێو ئەو بەرەی عەوامەی کە پێیان وایە سیاسەت هەمووی درۆیە، پیسی و چڵپاوە، تاقمێکی حزبی و سەرکردە و بنەمالەی دەسەڵاتداری چەکدار خاوەنی سیاسەتن. دەسەڵاتداران لە گشت شوێنێکی ئەم دونیایە و بە تایبەت لە ناوچەکەی ئێمە تێڕوانینی ئاوها بە پارە دەکڕن و بگرە خۆشیان بە چەندان شێواز و رێگای جۆراوجۆر برەوی پێدەدەن تاکو خەڵک هیچ ئامادەییەکی نەبێ لە کاری سیاسیدا و ئەوەبکەنە عەقڵ کە سیاسەت تەنها ماڵی ئەوانەیە دەسەڵاتیان بەدەستە یان لە حزب و چکداریەوە تێوەگلاون. گەر ئاوڕێک لە سەرهەڵدانی چەمکی سیاسی بدەینەوە دەبینین کە دەسەلاتدارەکان سواری ملی سیاسەت بوون و بەکاریان هێنا بۆ خۆیان، چونکە دەسەلاتدارێتی پێش سیاسەت هەبووە و سیاسەت لەگەڵ دەرکەوتنی شار و بۆ بەڕێوەبردنی شار هاتە ئاراوە و هەر خودی رەگەی وشەکە و چەمکەکەی لەوێوە هاتووە. بۆیە سیاسەت لە بنەرەتدا هی خەڵکی شارە و ئەوان بزوێنەر و کاراکتەری سەرەکیەکەین بەڵام مانا راستەقینیەکەی خۆی لە دەست دەدا کاتێک دەستبژێرێک لە چینی دەسەلاتدار و هێزی جەکدار و بنەمالەکان دەستی بەسەردا دەگرن و دەیکەنە مۆرکی هەمیشەیی خۆیان و لە تەوێڵی خۆیانی دەدەن.
بەدبەختیەکە ئەوەیە نوسەر و رۆشنبیر بێن و ببنە تیئۆریسیەنی ئەم عەقڵیەتە، عەقڵیەتی رق هاتنەوە لە سیاسەت، هەر وەک چۆن لە چەند شوێنێکی دواهەمین هەناری دونیادا رەنگ دەداتەوە . بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٧، یاقوبی سنەوبەر یاخود سەرۆک بە موزەفەری سوبحەدەمی هاوڕێی گیانی بە گیانی سیاسی دەڵێت نەمدەویست “بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سیاسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی رۆژانە.” لە لایەکی تر ئێمە بەرەو روی قسەیەکی تر دەبینەوە کە قسەوباس زۆر هەڵدەگرێ. بۆ نموونە هەر لە لاپەڕە ٥٧ دا بە یاقوبی سنەوبەر بە موزەفەر دەڵێت “تۆ زێڕێکی دەگمەنی رۆژە پاکەکانیت” بۆیە نەمویستووە “بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سایسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی رۆژانە.” رۆژگاری پاک و زێڕێن و دەگمەن یانی چی! ئایا لە چ دەورانێکدا سیاسەت لە وڵاتی ئێمە بەتایبەت سیاسەت کردن لە شاخ، رۆژگاری پاک و بێگەردی هەبووە؟! بگرە لە کام ولاتانی تری دونیا سیاسەت پاک و بێگەردی هەبووە. کام وێستگە هەیە لە مێژووی سیاسی ولاتی ئێمەدا پاک و بێگەرد بە تایبەت رۆژگاری زێڕین بێت!
من وەک خوێنەریک نەک هەر گرفتم لەگەڵ تێگەیشتنی چەمکەکاندا هەیە بەڵکو خودی وشەکان هێند ناحەز و کرچ و کاڵن و مانایەکی ئەوتۆ نادەن بەدەستەوە. بۆ نموونە: پێدەچێ، بە پێی تەمەنی موزەفەر و رووداوی گرتنەکەی بێت نوسەر باسی کۆتایی دەیەی حەفتاکان و بەرەبەیانی ساڵی هەشتاکان بێت. ئەو دەورەیە یەکێک لە پیسترین و نابوتترین رۆژگارەکانی دەورەی سیاسی بوو لە وڵاتی ئێمە دەست پێکرد و بگرە بنەمای کارەساتگەلێکی نەبڕاوە بوو بەسەر میللەتی کورددا کە ئێستاش بەردەوامی هەیە و کارەساتباوراوترین شت کە ئەو دەورەیە هێنای لەگەڵ خۆیدا بۆ رۆژگاری ئێستە کاڵ بوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و بیزاربوون و نابوتبوونی نیشتمان لە لای خەڵکەی، ئەو ناسنامە نەتەوەییەی مرۆی کورد دەهاڕێ لەوەتەی چاوی هەڵهێناوە. ئایا “رۆژگاری پاک و زێڕینە” ئەوەیە سەرکردە و بەرپرسیی جاسوسی ناوچەیی و جیهانی و مافیایی بهێنێتە دەر و خەڵکانی دڵپاک و سادە و دڵسۆزی ناو شار و ژیانی هەزاران جوتیار و گوندەکانیان بکاتە قوربانی و خۆڵەمێش بۆ سیاسەتە نامۆراڵیەکانی خۆی. لەسەر ئاستی حزبی و سیاسیش ئەو دەورەیە بە پیلانگێڕی و پاکتاوی ناوخۆیی حزبی و شەڕی فەوتاندنی گروپەکان دەستی پێکرد کە لە مێژووی سیاسی کوردا وێنەی کەمە.
شتێکی سەیرتر ئەوەیە لەو رۆمانەدا لە هەندێ شوێن وشەگەلی وەک شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش بەکاردەهێنرێت کەچی لە شوێنێکی تردا، لا ١٠٤، شۆڕش بە درۆیەکی گەورە لە قەڵەم دەدات. کام شۆڕش؟ ئەگەر مەبەست لەوەیە لە کوردستانی باشور روویدا ئەوە بە هیچ شێوەیەک شۆرش نەبووە، بەلام لێرەدا چەمکی شؤرش لە ژێر هەڕەشەدایە و هۆکارەکەش ئەوەیە نوسەر بێ ئومێد بووە ، کەچی لە لا ٥٢ هەر خۆی باس لە سەرکەوتنی شۆڕش دەکات کاتێک باس لە سڵێمانی مەزن باوکی محمەدی دڵشووشە دەکات، دەلێ ” ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەرا ئەمینداری نهێنیە گەورە و ترسناکەکانی ئەو شارەیە.” هێندە دژبەیەکی هەیە لە باس کردن یاخود فەوزایەک و هەرایەک لە بیرکردنەوە و دیدی نوسەردا هەیە سەبارەت بە شۆڕش و سیاسەت کە ئەمسەر و ئەوسەری دیار نیە. گریمان شۆڕش سەرکەوت بەڵام کام سەرکەوتنی شۆڕش؟ ئەوەی لە کۆتایی حەفتاکانەوە سەری دەرهێنا و بووە بەڵا و نەگبەتی بۆ ئەو وڵاتە جوڵانەوەیەکی سیاسی چەکداری بووە و پەیوەندی بە شۆڕش و مافی گەلێکەوە نەبووە ئەمە چ لە باری واقعی و مێژووییەوە وادەرچوو هەروەها لە باری تیئۆریشەوە هیچ بنەمایەک و جیهانبینیەکی شۆڕش و خەباتی گەلێکی تێدا بەرجەستە نەبوو بوو.

بەشی پێنجەم: تاڵکردنی ژن لە هەنارە ترشەکەی بەختیار عەلیدا
فیمینیزم ئەو قوتابخانە فکری و ئەدەبیەیە کە جێگەیەکی ئێجگار باڵای هەیە لە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتە ئەدەبیەکاندا. کاری سەرەکی فیمینزم لە دونیای ئەدەبیاتدا باس و خواسی بابەتیانەیە لەسەر جێگەورێگەی کچ و ژن لە کۆمەڵگەدا. رەخنەی سەرکی فیمینیزم لە کارە ئەدەبیەکان ئەوەیە گەر هۆکاری هەل و مەرجە ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگیەکان فەرامۆش بکات. ئەو فەرامۆشیەی لە خوێندنەوەی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا دەیبینین. لە بری ئەوەی ببینین ئافرەت چ قوربانیەکی ئەو سیستەمە سیاسیە ئابوریە ناعەدالەتخوازیەیە کەچی دەبیبین وەک عەیبەیەک یان شەرمێکی کۆمەڵایەتی پیشان دەدرێت. کاتێک ژێرخانی ئەو عەیبەکاریەی ئافرەت نەبینرێت، نابیناییەک لە تێڕوانیەکان دروست دەبێت و کەلتوروفەرهەنگی کۆنپەرستی و پیاوساری لێ بەرهەم دەهێنرێت. سۆزانی و ژنە خراپەکان (لا٢٠٣)، ژنحیزەکان (لا١٥٦) ئەو چەند چەمک و وشەگەلەن کە لە رۆمانەکەی بەختیار عەلیدا بەرچاو دەکەون. ئاساییە گەر لە زمانی کارەکتەرەکانەوە بێتە دەر بەڵام لە زاری نوسەر خۆیەوە بێنە دەر یاخود ئەو پاڵەوانەی تەمسیلی خۆی دەکات ئەوا رۆمانەکەی دەکەوێتە بەر رەخنەی جدی لە لایەن قوتابخانەی فیمینیستیەوە. بۆ نموونە باس لە خراپی مەسئولەکان دەکات لە بێ رەوشتی ئافرەتەوە، کاتێک مەسئولەکان دیار نەبن ئەوا “لە دەوری ماڵی ژنە سۆزانی و خراپەکان کۆبوونەتەوە.”(لا٢٠٣) یاخود بۆ ئەوەی بەرپرسێکی پۆلیسی خراپی وەک مەلیک دولبەر پیشان بدات لە ریگەی سووکردنی ژنەکەیەوە دەیناسێنێ بە خوێنەر بەوەی کە “گەرمیانیەکی سەرسەخت بوو.” ژنحیز بوو، ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان: (لا١٥٦)
کاتێک ئافرەت وەک مرۆڤێک ناچار دەکرێت لەشفرۆشی بکاتە ئیشیک وەک هەر کارێکی تر لەو سیستەمەدا هەیە، لەشفرۆشیەکەی هەر بە تەنها لە یەکەیەکی قەڵبی ئابوری دا نامێنێتەوە بەلکو دەبێتە مۆرکێکی کۆمەڵایەتی خراپ لە نیوجەوانی ئافرەتەکە دەدرێت و وشەگەلی وەک سۆزانی و ژنحیز و ئافرەتی خراپی لێدەکەوێتەوە. دیارە لێرەدا ئەو پیاوانەشی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کارانە دەکەن قوربانیەکن، و لەبەرئەوەی جەندەریان جیاوازە وشەگەلی وەک گەواد بەکاردەبرێت بۆیان. لە ورانگەی بابەتی فیمینزمەوە “مەلیک دولبەری گەرمیانی ژنحیز”، وەک بەختیار دەڵێ، قوربانی ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوریە سیاسیەیە. سۆزانی و گەواد دوو قوربانی مۆراڵی ئەو دونیایەن کە ناعەدالەتی تا بیناقاقای مرۆڤەکانی کۆمەڵگە هاتووە بەهۆی ئەو سیستەمە سیاسیەی کە پیاوماقولی شاری وەک سڵێمانی مەزن و سەرۆک یاقوبی سنەوبەر سەرکدرایەتی دەکەن.

دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیا
بەشی شەشەم: نوسینەوەی واقع وەک ئەوەی نوسەر دەیەوێت یاخود وەک ئەوەی کە هەیە.
ئەمە یەکەم رۆمانە ببینم کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی شتەکانی نێو واقعی کۆمەڵگەیەک بە دڵی خۆی بنوسێتەوە نەک وەک ئەوەی کە هەیە. لە ناوی کاراکتەرەکان، لە حیواراتی نێوان کاراکتەرەکان، دەستکاری کردنی کەلتوری قسەکردن، تا دەگات بە دەستەواژەی هەڵە. ئێمە هەموومان خەڵکی ئەو وڵاتەین بەتایبەت لە سلێمانی زۆر ژیاوین و ئەو ناوانەی لەو رۆمانەدا هەن نەک هەر زۆر سەیرن بەڵکو غەریبیشن چونکە ناوی ئاوها نین وەک لەویدا دارێژراوە. هیچ رۆمانێک، ئەوەندەی من ئاگاداربم، نەمدیوە ناو و ناودارێتی کاراکتەرەکان بە دڵی خۆی دروست بکات یاخود بە پیتی لێکدراوی دڵخوازی خۆی دابنێ بەڵکو ئەوەی لە واقعدا هەیە بەتایبەت لەقەب و ناوونیشان ئاوها نوسیویانەتەوە. پاشان هەموو ناوەکان لەقەبێکیان پێوەیە کە ئەمە بۆخۆی ناسازیەکی داوە بە رۆمانەکە کە نەتوانی چێژی ئەدەبی لێ بکەی بە تایبەت زمانی نوسینی رۆمانەکە زمانێکی سەرفی سلێمانچیانەی دوور لە ئەدەب و وێژەیی ئەو نوسەر و ئەدیبانەیە کە لە شاری سلێمانیدا هەڵکوتوون هەمیشەش وەک ئەستێرەیکی پرشنگداری نەکوژاوە دەمێننەوە. گریمان ناوەکان هەموویان هەن لە کۆمەلگەی ئێمەدا بەڵام ئەستەمە هەموویان لە یەک شوێندا کۆببنەوە. ئایا ناوی بەو شێوەیە لە کوێی کوردستاندا هەیە بە تایبەی هەموویان بە کۆمەڵ لە یەک شویندا هەبن: ئادەم مەرجان، ژینۆی مەخمەڵی، نەدیمی شازادە، سەریاسی سوبحەدەم، مەلیک دولبەر، یاقوبی سنەوبەر، شادەریای سپی، ….هتد.

ئەم شیوازە لە ناودروستکردن ئەو دیاردە سەیرەی باشوری کوردستانی خۆمانم دێتەوە کە هەندێ کاراکتەری سیاسی بە تایبەت ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن “ئۆپۆزسیۆن” لە ئەسڵدا ناوەکانیان عەرەبی بووە، کردوویانن بە کوردیەکی پەتی کەچی پڕوپاگەندەی ئیخوانیزمچێتی و کۆنەپەرستی ئاینی پێدەکەن. بۆ نموونە کابرا ناوی فتاح بووە ناوی خۆی کردووە بە رێبین، لە کاتێکدا ئەو دەمەی ناوی فەتاح بوو ئیدیعای مەدەنیەت و پێشکەوتووخوازی دەکرد بەڵام کە ناوی خۆی گۆڕیوە بە ناوێکی تازەی کوردانە خەریکی ئیدیعای کۆنەپەرستی ئاینیە و فەرهەنگی کوردەواری پێ وێران دەکات. ئەم دیاردەیە پێش ئەوەی بەختیار عەلی بیسەپێنێ بەسەر خوێنەردا گوایە ناوی جوان و کوردین، نابودیەکەیمان لە ئەزمونە سیاسیەکەیدا دیت. فەرج فۆدەی گەورە نوسەری میسری پێی وایە کە: سەپاندنی ئەخلاقی جوان بەزۆرەکی کۆمەڵگەیەکی جوانی لێ بەرهەم نایات بەڵکو کۆمەڵگەیەکی مونافیق. ئەم قسەیەی فۆدە بنەمایەکی بابەتی هەیە و من لەم سونگەیەوە بەرجەستەی دەکەم بەسەر ئەو دیاردەی ناوە دروستکراوانەی نێو رۆمانەکەی بەختیار و دەلێم خزاندنی ناوی خوازراو و دروستکراوی بە کۆمەڵ لە ناوهێنانی کاراکتەری ئەدەبیدا نەک هەر بەرهەمەکە دەڕازینێتەوە بەلکو ناحەزی دەکات و ناسازی دەکات. هەروەک چۆن باسمان لە دووروویی کاراکتەرە سیاسیەکان کرد لە بارەی دژایەتی ناوەکانیان لەگەڵ پەیامەکانیان، لەم رۆمانەشدا هەمان تاس و حەمام دروست بۆتەوە. بەختیار ناوی کوردی پەتی دەهێنێ کەچی پەیامی کۆنەپەرستیان لێوە بڵاودەکاتەوە. لە بەشی سێهەمی ئەم نوسینە بە ناوی (کۆنەپەرستی و خورافات) ئاماژەیەکی تەواوە بەم بابەتە.
حیواراتەکان… شوێنگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان ئاستی ئاخاوتن و رۆشنبیریان دەردەخات. ئەستەمە کارەکتەری نەخوێدنەوار و بێ خانە و لانە کە هیچ یەکێکیان حەرفێکیان نەخوێندۆتەوە یاخود کۆلکە خوێنەواریەکیان هەیە کەچی ئەو گفتوگۆیەی ئەوان دەیکەن هێند لە ئاستێکی بەرزدان کە زۆر دژ دەکەوێتەوە لەگەڵ بارە کۆمەڵایەتیەکەیاندا. لێرەدا مەبەستم لە ئاستی تێەگیشتن نیە بەڵکو لە ئاستی لەباقەتی قسەکردنەوەیە. چونکە دەکرێ کەسێکی عەوام زۆر تێگەیشتووتر و عاقڵتر بێ لە هەزاران رۆشبیر و ئەکادیمی و نوسەر بەڵام ئاستی گفتوگۆکردن شتێکی ترە. گفتوگۆی نێوان یاقوبی سنەوبەر و موزەفەری سوبحەدەم نەک هێندە لە ئاستێکی بەرزدایە کە هیچ سیاسیەکی کورد بەوەی رۆیشتوون و ماویشن لە ئاستی بالایی ئەوگفتوگۆیانەدا نین بەڵکو لە هەندێ بڕگەدا قوڵبوونێکی ئینسانی وەهای تیدایە کە مرۆڤ سەرسام دەبێ ئایا ئەوانە دوو ئەدیب، دوو قوتابی فەلسەفەن یان دوو کەسی سیاسین. دەکری لە کادرەکانی خوارەوە کەسانی بە توانا هەبووبێ بەڵام لە ئاستی سەرکردەێتیاندا کام سەرکردەی کورد رۆشنبیر و بیرمەند بووە و کامیان دڵ و ویژدانیان بۆ هاوڕێیەتی لێیداوە و رێزیان لە یەکتر گرتووە وەک لە دەمی یاقوبی سنەوبەرەوە دەیبیستی. لە دیمەنێکی تردا، ئەو گفتوگۆیەی لە نیوان رۆژنامەنوسەکە و سەریاس دەکرێت، لا ١١٥، بەڕیوە دەچێ لە شەوێکی بەرئاگرداندا لەوە دەچێ سەریاس قوباییەکی زیرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت. دەکرێ را و بۆچوونی واقعی و جوانی هەبێت بەڵام بەو ئاستە بەرزە لە بەکارهێنای وشە و رستە و جەدەلیەتی گفتوگۆکە ئەستەمە گەنجێکی بێ بەخت و بێ کەس ئاوها بدوێ. ئایا لە کام رۆمانی دونیادا دیاردەی ئاوها دەبینرێ، ئەمە کارێکی ئارەزومەندانە نیە تاکو نوسەر خۆی بخوازێ وابێ. حیواراتی ناو چیرۆک و رۆمانەکان ئەوە نیە کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی موناقەشە بۆ کەسەکان دیاری بکات بەڵکو ئەوە پێگەی کۆمەلایەتی و رۆشنبیریانە جۆرێتی بوونی ئاستی گفتوگۆ دەردەخات. لە چەندان بڕگەی تردا ئەم جۆرە لە گفتوگۆی قوڵ دەبینرێ کە لەوە تێپەڕیوە وەک کاک بەختیار دەیەوێ قەناعەتمان پێ بکات کە “هەندێ کەس دەتوانن خۆیان خۆیان پەروەردەبکەن!! لا٢٣٦.
لەم بەشەدا من شەڕی وشەی ریزمانی ناکەم نەڵکو باس لە رێک کردنەوە و دانانەوەی مانای وشەکان دەکەم. لە کەلتوری قسەکردنی کاراکتەرەکاندا نوسەر دیسانەوە ئیرادەی خۆی فەرز دەکات و ئەو وشانەی لە کەلتوری کۆمەڵگەی کوردیدا بەکاردین ئەم ئاوها ناکات واتە واقع نانوسیت وەک ئەوەی هەیە بەڵکو ئەوەی خۆی حەزی پیدەکات بینوسێتەوە. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا، هەروەها لە زۆرێک لە زمانەکانی تریشدا، هەمێشە وشەی قوربان بەکارهاتووە بۆ کەسێک ڕیزی لێبگری یاخود پایەی کۆمەڵایەتی و مادیەکی شتێکی تر بێت لە ناو کوردا هەر گوتراوە قوربان، نەوتراوە گەورەم بەتایبەت گەر کەسەکان لە یەک تەمەن و یەک چینبەندی کۆمەڵایەتیدابن. بۆ نموونە هاوڕێ هاوتەمەن و هاوپیشەکانی سەریاس بە سەریاس دەلێن سەریاسی گەورەمان. دیارە لێرەدا دەتەوێ سەریاس و کەسێتیەکەی ببەستێتەوە بە کەسێتی باوکی کە سەرۆک یاقوبی سنەوبەرە گوایە سیفەتی رابەرایەتی تیداهەیە. یاخود، کاتێک موزەفەری سوبحەدەم وەک کابرایەکی بە تەمەنی ریش سپی بۆ یەکەم جار کچەکان، دوو کچی گەنج، دەبینێ و دەچێتە سەرگۆڕەکەی سەریاس دەست بە گریان دەکات، کچەکان پێی دەلێن “موزەفەری سوبحەدەم تۆ ئازاری دەدەیت.. بێدەنگ بە موزەفەری سوبحەدەم.. بێدەنگ بە.” لا١٧٤. یاخود لە لاپەرە ١٩٨ بە “پیری بەدبەخت موزەفەری سەبحەدەم” گازی دەکەن. لە کوردەواریدا عادەتەن لەو حاڵەتەدا دەبێ بڵێن کاک موزەفەر نەک موزەفەر بە تەنها. لادانی وشەی وەک “کاک” یان “خانم، خاتوون، دادە” دەستکاری کردنی کەلتوری زمانە کەیە کە لە پشت ئەم وشانەوە چەمکی کۆمەڵایەتی خۆی مەڵاسداوە مانای رێزی تێدا رەنگدەداتەوە هەرچەندە رەگەی ئەو وشانەوە لە کویوە هاتبن. بانگکردنی ناوی کەسەکان بێ گوێدانە تەمەن زۆرتر لە کەلتوری رۆژئاواییدا هەیە و کۆپی کردنی ئەو کەلتورە بۆ ناو زمان و ئاخاوتنی کوردی بەو رێەگەیە نەزانیە. ئیستاش دەبینین لە میدیا کوردیەکاندا کە بە بێ لکاندنی وشەیەک لەگەڵ یەکدیدا هەست دەکەی دروستکراویەک یان ناسازیەک هەیە لە ئاواز و رشتەی قسەکردنەکانیاندا. من کاتێک سەیری کەناڵە کوردیەکان بە تایبەت هەواڵیەکان دەکەم و دەبینم بە ناوی رووتی خۆیانەوە یەکتری گاز دەکەن، ناسازیە و بگرە بێ ئەدەبیەک دەبینم.
هەندی دەستەواژە هەیە کاتێک بەکاردێت راستەوخۆ نەک هەر مانا رێزمانیەکەی دەبینیت کە جیاوازە بەڵکو دەستەواژە هەیە مانای جیوگرافی ناوچەیەک و ولاتێک دەستنیشان دەکات هەر وەک چۆن ناوی مەلیک دولبەری گەرمیانی پێناسەی ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی بۆ کردین. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥٦ دەستەواژەی “دەفتەری سیاسی” بەکاردەهێنێت کاتێک باسی پۆلیسە گەرمیانەکە دەکات و دەلێت ” هەموان دەزانن کە مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بۆ بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” دەفتەری سیاسی لە سەداسەد دەستەواژەیەکە تەنها و تەنها کوردانی رۆژهەڵات بەکاری دەهێنن و ئەوانیش لە فارسیەکەوە وەریانگرتووە و بە هیچ شێوەیەک لە کوردستانی باشور بەکارنایات و لە بری ئەوە “مەکتەبی سیاسی” هەیە و تەواو، تەنانەی خودی کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی دەیەی نەوەدەکان کە راستەوخۆ لە ژێر کارکردی سیاسی و فکری کۆمینیستی ئێراندا بوون ئەو دەستەواژەیان بەکار نەدەهێنا و گەر بەکاریش هاتبا نەبوو بە وشەیەکی باوی ناوخەڵک لە کوردستانی باشور. کاتێک خوێنەر ئەو دەفەری سیاسیە دەبینێت وادەزانێ ژنەکەی دەبات بۆ زڕگوێز کە مەقەڕی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی لێیە نەک بۆ مەکتەبی سیاسی حزبێک لە سلێمانی. ئەمە شتێک نیە بڵێی من وشەیەکی نوێ یان دەستەواژەیەکی تازە دەهێنمە نێو نوسینەکەمەوە بەڵکو رۆمان خەسلەتی خۆی هەیە کە وشەکان و دەستەواژەکان نەک هەر هەموو دووراییە فکری و سیاسی و ئەخلاقیەکان دیاری دەکەن بگرە تخوبە جوگرافیەکانیش دیاری دەکەن.

بەشی حەوتەم: خوێنەری رۆژئاوایی
وەرگیڕانی بابەت بۆ سەر زمانی جیهانی، ئەوروپایی، هەرگیز بە مانای گرنگی بوون و بەهیزبوونی ئەو بابەتە نیە بە تایبەت لە بواری چیرۆک و رۆماندا. چیرۆک وەک بابەتی سیاسی و ئابوری و لێکۆڵینەوەی زانستی و سایکۆلۆژی رووت نیە بۆیە هەلبژاردنی ئاسانترە بۆ خوێندنەوە و خوێنەری رۆژئاوایی بە دوای بابەتی لەو جۆرەن. دیارە، ئەمە سیفاتێکی هاوبەشی خوێنەرە لە هەموو جیهاندا بەڵام خەسڵەتێک کە لە خوێنەری رۆژئاواییدا هەیە ئەوەیە کە زۆر شەیدای ئەو چیرۆکانەن لە دەرەوەی دونیای خۆیانەوە دێن. ئەو چیرۆکانەی خەڵکانی تر بە داماو و گوناه نیشان دەدا، چونکە ئەم خۆی لە شوێنێکی باشترە و کاتێک سەرگەردانی خەڵکانی دونیای تر دەخوێنێتەوە بەزەیی پێیاندا دێتەوە و زۆر لە ژیان و وڵاتەکەی رازیە. هەر بابەتێک بازنەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیان واتە دەوڵەتەکانیان بخاتە بەرباس و خواسەوە یان رەخنەوە کەمتر بەلایدا دەچن بەتایبەت گەر نوسەرەکە لە فەزای خۆیاندا نەبێ. ئەو چیرۆکانەشی مەتەڵ ئامیزن وەک ئەم سێ مەدالیای هەنار و سەریاسەی لە دواهەمین هەناری دونیادا هەیە زیدەتر سەرنج رادەکیشن یاخود خەڵکانێک هەن بیانخوێننەوە. خوێنەر لە دونیای رۆژئاوادا زۆرن بەڵام خوێنەری بە ئاگا و هۆشیاریان ئێجگار کەمە وەک چۆن لە هەموو دونیادا هەر وایە. رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا ئەو چیرۆکەیە خوێنەری رۆژئاوایی ئەزیەت نادات بەڵکو هەبوونی بونی سێ منداڵی مەلۆتکە و هەر سێکیان بە یەک ناوەوە ناونرابن و سێ مەدالیای هاوچەشن نهێنی هەڵقەی دۆزینەوەی ئەو مەتەڵە بێت ئەوا دڵخۆشیەک بە خوێنەر دەدات بۆ خوێندنەوەی تا کۆتایی بەتایبەت ئەوەی کە ماوە دەبرێت بۆ رۆژئاوا بۆ جارەسەر. دوایین دیمەنی رۆمانەکە رۆژئاوا بە فریادرەس دادەنێ بۆیە خوێنەرێکی رۆژئاوایی ختوکەی دێت بە خوێندەوەی رۆمانی ئوها و دەبێتە جێگەی ستایش و پیاهەڵدانیان. ئەگەرنا، گەر ئەو رۆمانە کە هەمووی گفتوگۆی سیاسی و وشەی قەبە و زلن دەیتوانی باسی لەوەش بکردایە گەر بە ئاماژەیەکیش بوایە، کە ئەوە تەکنۆلۆجیای سەربازی و فرۆشتنی جەکەکانی وڵاتانی غەربیە کە حکومەتە بە زەبرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهێز دەکات تاکو پەلاماری میللەتی ژێردەست بدەن، بەڵام ئەو رۆمانە لە بری ئەمە وەک گوتم، رێگای غەرب بە رێگای جارەسەر و بە فریاکەوتنی مندالە بۆردومانکراوەکانی جەنگ دادەنێت.
خاڵێکی تر بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە دلخۆش بوون یاخود بە گرنگی وەرگرتنی ئەوەی کە رۆمانە کوردیەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانانی ئەوروپایی لەو مەیلە لە خۆ بە کەمیەوە دێت کە دنیای ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی لە نیو هزر و دڵی مرۆڤەکانی (الشعوب المقهورة)دا دروست کردووە گوایە ئەدەبەکەمان دەچێتە ئاستێکی باڵاتر گەر بێتوو وەربگێڕدرێتە سەر زوبانانی ئەوروپایی. ئەم جۆرە لە هزر و مۆراڵی خۆ بە کەم زانین یاخود بە نزم زانین لە نیو عەرەب و میللەتەکانی تریشدا هەیە. بۆ نموونە. عومەر شەریف یاخود جەمیل راتب کە بە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەوریان بینیوە لە فیلمە ئەوروپاییەکاندا ئیدی لە سینەمای میسری و بینەرەکانیدا بە پلەیەکی تر سەیر دەکران لە کاتێکدا هیچینا ئەوەندەی عادل ئیمام یان ئەحمەد زەکی دەور و فیلمی گرنگیان نەبوو.




دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا لە شیعری “بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ” ی نەزەند بەگیخانی دا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

(بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ) ناونیشانی شیعرێکی نەزەند بەگیخانیە، کە لە کۆمەڵە شیعری ( زەنگۆڵی وتن)دا لە لاپەرە ١٤١- ١٤٦دا بڵاوبووەتەوە، کە ساڵی ٢٠٠٧ نووسیوێتی. ئەزمڕ زنجیرە چیایەکە لە باکوری سلێمانی، بەرزاییەکانی وەزەرینگ شوێنێکە لە یۆرکشیر لە بەریتانیا. ئیمیلی برۆنتێ (١٨١٨-١٨٤٨) رۆمانێکی بەم ناونیشانە نووسیووەو لە راستیشدا ئەم رۆماننووسە کە خوشکی شارلی برۆنتێی رۆماننووسی بەناوبانگی سەدەی نۆزدەی ئەدەبی ئینگلیزیە، ئەمیش هەم شاعیرو هەم رۆماننووس بووە، بەڵام لە بواری رۆماندا هەر ئەم تاکە رۆمانەی نووسیووە. بیرۆکەی سەرەکی ئەم رۆمانە دووانەی چاکە / خراپە -یە، کە لە رێگای بەزەیی و خۆشەویستی و تۆڵەو خولیاوە گوزارشتی لێ دەکرێت. هێڵی سەرەکی رۆمانەکە قسەکردنە لەبارەی چیرۆکی خۆشەویستی نێوان دوو کەسێتی سەرەکی رۆمانەکە کە ئەوانیش هیسکلیف و کاترین-ن.
لەم رۆمانەدا، رووداوەکان لە نێوان دوو شوێنی سەرکیدا روودەدەن، کە ئەوانیش یەکەمیان بەزاییەکانی وەزەرینگە، کە ناوچەیەکە لە یۆرکشیر، دووەمیان سراشکرۆس گرینجە کە ماڵێکی گەوەرەیە لە دەوروبەری بەرزاییەکان، واتە ئەویش لە هەمان جوگرافیادایە. رۆمانەکە زیاتر لە سەر زمانی بەخێوکەر یان پەروەردەکارێکەوە دەگێڕرێتەوە. کاترین و هیسکلیف یەکترییان خۆش دەوێت، بەڵام دواجار کاترین هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن دەکات لەبەر دەوڵەمندییەکەی، بەڵام سەباری ئەو هاوسەرگیریەش، هێشتا خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر بەردەوام دەبێت. هیسکلیف بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیدگار لینتن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزابیلای خوشکی ئیدگاردا دەکات. ئەمە کورتەی رۆمانەکەیە.
هەروەک هەندێ لە رەخنەگرانی ئەم رۆمانە بەراوردێکی گرنگ لە نێوان بەرزاییەکانی وەزەرینگ و سروشکرۆس گرینجدا دەکەن، کە یەکەمیان وەکو سروشت و چۆڵەوانی نمایش دەکرێت، دووەمیشیان وەکو نموونەی شارو شارستانی و شوێنێک بە کەلتوری شارەوە نمایش دەکرێت. کاترین و هیسکلیف پەروەردەی بەرزاییەکانی وەزەرینگن، بەڵام کاترین ماوەیەک لە سروشکرۆس دەمێنێتەوەو گۆڕانکاری بەسەر رەفتارو بۆچوونیدا دێت. دوای مانەوەی بۆ ماوەی ماوەیەک لە سرۆشکرۆس، کاترین کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکان وەکو خانمێک خۆی نمایش دەکات و رەفتار دەکات، هەرچەندە هەستی بۆ هیسکلیف ناگۆڕێت، بەڵام عەقڵی شتێکی تر دەڵێت و روانینی بۆ خۆشەویستەکەی دەگۆڕێت و وەها سەیری هیسکلیف دەکات، کە رەش و وشک و مایەی گاڵتەجاڕی و پەستی بێت و دەگاتە ئەوەی کە شووکردنی بە هیسکلیف روخان و هەرەسە بۆ ئەو، بۆیە شوودەکات بە ئیدگار لینتن. لە راستیدا ئیدگار لینتن یەکلایەنە عاشقی کاترینە، بەڵام کاترین هیچ هەستێکی بۆ ئەو نییە. کاترین دوای هاوسەرگیرییەکەی، لەناخیدا پەشیمانەو بەردەوام خەیاڵی لای خۆشەیستی یەکەمیەتی. کەواتە با چاوەڕوان بکەین و بزانین دوای شیکردنەوەی بنیادی پێکهێنەرانەی دەقەکەی نەزەند بەگیخانی، چ پەیوەندییەک لە نێوان بەرزاییەکانی ئەزمڕ و بەرزاییەکانی وەزەرینکدا هەیەو ئەم دوو شوێنە وەکو کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکە چ رۆڵێک لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەو پرسیارو جیهانبینی دەقەکەدا دەبینن. هەروەها با چاوەڕوان بکەین بزانین شوێن و پێگەی هەریەکە لە کاترین و هیسکلیف و ئەمی قسەکەر لە ژێر ماسکی کاترینداو ئەوی نادیار لەژێر ماسکی هیسکلیفدا چیەو چۆنە.
ئایا لێکچوون لە نێوان قسەکەری دەقەکەو کەسێتی کاترینی رۆمانەکەدا هەیە؟ ئایا دەشێت هەمان جۆر لە عەشق لە رۆمانەکەو لە دەقە شیعرییەکەدا هەبێت؟ واتە عەشقی قسەکەری شیعرەکەو ئەو کەسەی دەقەکەی پێشکەشکراوە، هاوشێوەی عەشقی کاترین و هیسکلیف بێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی کاترین شوودەکات بە ئیدگار لینتن، بەڵام خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر بەردەوام دەبێت؟ یان دەشێ بە ئامرازکردنی بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکانی ئەزمڕ وەکو کەرەستەیەک بێت بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک بۆ دروستکردنی دووانەیەک کە ئەویش دووانەی رۆژئاوا / رۆژهەڵاتەو لەوێشەوە قسەکەدن لەسەر دوو جوگرافیا، دوو کەلتوور، دوو عەقڵ و لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە دوو کۆمەڵگا بێتە ئاراوە، کۆمەڵگای شارستانی ئەوەروپاو کۆمەڵگای سەرەتایی و دواکەوتووی رۆژهەڵاتی، یان ناوەندو کەنار، یان شارستانێتی و سروشت. بەهەرحاڵ لێرەدا قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بەجێدەهێڵین و هەوڵدەدەین لە میانەی شیکردنەوەی دەقەکەوە خوێنەر وەڵامی ئەو پرسیارانە بدۆزێتەوە کە دەشێ ئەم پێشەکیە دروستیان بکات، یان بەرزیان بکاتەوە. هەروەک دەمانەوێت لێرەشەوە ئاماژەیەک بۆ ئەوە بکەین و بپرسین ئایا دەشێت درووستکردنی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا زیاتر بۆ گێرانەوەو نیشاندانی دابەشبوونی کەسێتی ئامادەی نێو جوگرافیای دەقەکە بێت واتە ” من ” کە لە نێوان دوو کەلتووردا، یان لە نێوان زێدو تاراوگەدا دابەش بووە؟ لە دەستپیکی دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / کاترین / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە / دەدەمە شەقەی باڵ / لە لووتکە نەسرەوتەکانی ئەزمڕ / لە باوەشی هیسکلیف ئارام دەگرم./
لە دەستپێکی دەقەکەدا قسەکەر خۆی دەناسێنێت و بە ئێمەی خوێنەر دەڵێت ئەو خانمە عاشقەکەی بەرزاییەکانی وەزەرینگە، لەوێوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ بۆ ئەوەی لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا کە هیسکلیفە ئارام بگرێت. هەرخۆیشی دووبارەی دەکاتەوە کە ئەم رۆحیانەتی ئەو ژنە عاشقەیە. واتە لێرەدا زیاتر ئاماژەیەکی بەگشتیکردن خۆی نمایش دەکات، کە دەشێ رۆحی هەر ژنە عاشقێک بێت، بەڵام دیارە لە روانگەی ئەمەوە کاترین نموونەی بەرزو باڵای ژنی عاشقە. لێرەدا ئەم کاترینی کردووە بە هۆکارێک یان بە ماسک هەتا لە پشتی ئەوەوە باسی خۆی بکات. هەروەک هیسکلیف-ی وەکو ماسکێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەوی خۆشەویست لە پشتیەوە بشارێتەوە. ئەم کاترین و هیسکلیف لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دەگوازێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەو ئامانجەی لە پشتی ئەوانەوە باسی خۆی و خۆشەویستەکەی بکات، یان باسی پەرتبوونی خۆی بکات. ئەمەش بارێکی ئاساییە لە ئەدەبدا بە گشتی، کە لەبری دواندنی راستەوخۆ دەشێ لەپشتی دەمامکەوە- ماسک- گوزارشتی زۆر شت بکرێت کە ئەم تەکنیکەش بەشداری دەکات لەبەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەدا و جوانیەکی هونەری زیاتری پێدەبەخشێت.
لەم چوونە ناوەوەی دەقەکەدا کەسێک دەبینرێت نیگەران و پەرۆشەو ئەوەش لەبارێکی ناجێگیردا نیشانی دەدات. هۆکاری ئەو نیگەرانیەی تیایدایە دووریە لە خۆشەویستەکەیەوە. بێگومان ئەوە بەڵگەنەویستە کە مرۆڤی نیگەران و پەرۆش و شلۆق لەباری دەروونی و رۆحیەوە بەدوای ئارامگرتندا دەگەڕێت. ئەوەش تەنیا لە رێگای چارەسەری هۆکارەکانی دروستکردنی ئەو بارە نیگەرانیەوە دەبێت. ئەم رۆحی ژنێکی عاشقە. کەواتە ئەم تەنیا لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا ئارام دەگرێت. بۆیە ئەو ئارامیە لە هەر شوێنێک دەستبکەوێت بەدوایدا دەچێت. لەراستیدا عەشق سنوور ناناسێت. ئەمەش وای لێ دەکات لەوێوە لە شەقەی باڵ بدات و لەسەر ئەزمڕ لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا بنیشێتەوە، چونکە تەنیا لەوێدا ئارام دەگرێت. لێرەدا ئەم خۆی دەچوێنێت بە کاترین و خۆشەویستەکەیشی بە هیسکلیف. پرسیار ئەوەیە ئایا لە روانگەی ئەمەوە خۆشەویستی ئەم دووانە بەرزترین و جوانترین نموونەی خۆشەویستی و عەشقە یان دەشێ هۆکاری تر لە پشتی ئەم لێكچواندنەوە هەبێت؟ یان شاعیر ویستوویەتی لەو نموونە دیارو باوانەی کە بۆ بەرزی و باڵایی و جوانی عەشق دەهێنرێنەوە لابدات. بۆنموونە لە شیعری کوردیدا بۆ نموونەی باڵای عەشق مەم و زین، خەج و سیامەند و لاس و خەزاڵ و شیرین و فەرهادو…دەهێنرێنەوە. نموونەی دیار لە ئەدەبی جیهانیشدا بۆ عەشق رۆمیۆو جولێت و لەیلاو مەجنون و چەندان نموونەی ترن.
شاعیر دەڵێت:
من وەرزێکم پڕ لە زریکەی زریان / لە زەمەنێکی ناوەخت هەڵمکرد / لەسەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ/ من هەورە تریشقەم دەشریخێنم / من دەمێکە لە ناخی ئەم خاکە یەخسیرە هەڵکشاوم / چەشنی بروسکە / بەرەو بەرزاییەکانی وەزەرینگ / پانتایی عەشقێکی پڕ لە گێژاو./
ئەم خۆی بە کات دەچووێنێت، ئەو کاتەش وەرزێکی ساڵە، بەڵام کام وەرزە لە چوار وەرزەکەی ساڵ؟ ئەم ئەوە دیاری ناکات، بەڵام خاسێتی تایبەتی ئەو وەرزە دیاری دەکات، کە وەرزێکی زریاناویە، زریانێک کە زریکەی دێت. لێرەدا لە ئاستێکی قوڵتردا لێکچوونێک لە نێوان خۆی و بەرزاییەکانی وەزەرینگدا دروست دەکات لە کاتێکدا وەزەرینگ لە لای دانیشتوانەکەی بە مانای زریان دێت. بەڵام ئایا ئەم لێکچوونە هیچ بەشدارییەک دەکات لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی گستی دەقەکەدا؟ ئەمەش لێرەدا بە کراوەیی بەجێدەهێڵین تا دەقەکە خۆی وەڵامی بداتەوە. ئەم خۆی دەچووێنێت بە وەرز، بەڵام وەرزێکی پڕ لە زریان. فرمانی ” هەڵمکرد”، ئەو کاتە نیشان دەدات و دیاری دەکات کە زریانەکە دەستی پێکردووە، واتە ئەو کاتەی کە ئەم دێت. ئەوەش بە کاتێکی ناوەخت، واتە بە کاتێکی نەگونجاو و نالەبار وەسف دەکات. ئەم لەم کاتە ناجۆرەدا دێت و لەسەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ هەڵدەکات. بەرزاییەکانی ئەزمڕیش شوێنێکی ئاسایی نین، هەربۆیە ئەو بە شوێنێکی نیگەران باسیان دەکات، واتە ناجێگیر و شلۆق و شڵەژاو. بێگومان لە رووی سروشتیەوە بەرزاییەکانی ئەزمر وەکو کانگای رەشەبا وایە، لەوێ زۆر کات رەشەبا نرکەی دێت. هەرچۆن وەزەرینگ لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە بە هاوواتای زریان دادەنرێت، دەشیا ئەزمڕیش وەکو هاوواتای رەشەبا سەیر بکرایە، یان ناو ببرایە. هەرچەندە لە لای دانیشتوانی سلێمانی ناوی ئەزمڕو رەشەبا نزیکیان هەیە. لێرەشەوە جۆرێک لە لێکچوون لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دروست دەبێت. لەوێ دوو عاشق و لێرەش دوو عاشق هەن. ئێمە دەمانەوێت رووە لێکچووەکانی ئەم دوو جووتە عاشقە ئاشکرا بکەین. لەوێ کاترین و هیسکلیف هەن، لێرەش ئەم و ئەو کەسەی شیعرەکەی پێشکەش دەکرێت.
ئەم سەرنجمان بۆ مێژووی رابردووی خۆی رادەکێشێت و پێمان دەڵێت لە کوێوە هاتووە. لە راستیدا لە دەستپێکی دەقەکەدا رەنگە خوێنەر وا تێبگات کە ئەم کەسێکەو لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە هاتووە بۆ سەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ. بەڵام دواتر رایدەگەیەنێت ئەم وەکو وەرزێکی زریاناوی لە کاتێکی نەگونجاودا لە گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ هەڵیکردووە. کەواتە شوێنی یەکەمی ئەم بەرزاییەکانی ئەزمڕە، کە ناوچەیەکی رووت و پڕ لە رەشەبای کوردستان و رۆژهەڵاتە. لە کاتێکدا شوێنی دووەم بەرزاییەکانی وەزەرینگە، ناوچەیەکی یۆرکشیرە لە بەریتانیا و لە رۆژئاوا. ئەم لەسەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ هەورە تریشقەیەو دەشریخێنێت. ئایا ئەم ئێستا کە گەڕاوەتەوەو دەیەوێت لە باوەشی هیسکلیفدا ئارام بگرێت، هەورە تریشقەیەو دەشریخێنێت، یان پێشتر، پێش ئەوەی لەم خاکە یەخسیرە هەڵبکشێت دەیشریخاند؟ بێگومان لە رووی بەراوردی دۆخەکەوە، ئەوێک ئێستا لەوێوە گەڕابێتەوە بۆ باوەشێ خۆشەویستەکەی، ئایا دەشێت وەکو هەورە تریشقە گەڕابێتەوەو باوەشی خۆشەویستەکەی لە پێشوازیدا بێت و ئەمیش بتوانێت تیایدا ئارامبگرێت؟ ئاشکرایە هەورە تریشقەو شریخاندن خاسێتی فەزایەکی تووندو تیژی وەکو زریانن و هیچ ئاماژەیەک بۆ رەخساندنی زەمینەی ئارامگرتن پێشکەش ناکەن. ئەم لێرە بووە، بەڵام وەکو ئاماژەی بۆ دەکات دەمێکە هەڵکشاوەو ئێرەی بەجێهێشتووە. ئەم وەسفی ئێرە وەکو خاکی یەخسیر دەکات. ئەمەش سێ لێکدانەوە هەڵدەگرێت. یەکەمیان ئەزمڕ وەکو بەشێک یان نموونەی زێدو نیشتیمانی ئەو کە تاکو ئیستاش بەدەست نەبوونی ئازادی و سەربەخۆییەوە دەناڵێنێت، خاکی یەخسیر بەتەواوی لەگەڵ ئەم لێکدانەوەیەدا دەگونجێت. دووەمیان و بە ئاستێکی لاوازتر دەشێ خاکی یەخسیر مەبەست لە سەزەمینی ئێرەو هەموو رۆژهەڵات بێت کە هیچ ئازادییەکی تاکەکەسی تیادا فەراهەم نەکراوەو مرۆڤ لە رووی ئازادیە کەسیەکانەوە لەم جوگرافیایەدا وەکو دیل و دەستبەسەر وایە، واتە لەم روانگەیەوە رۆژهەڵات جۆرێکە لە زیندان. هەروەها خاکی یەخسیر کە مەبەست ئێرەیە پەیوەست بە ئەوی شاعیر وەکو ژن، دیسان ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە سەرباری ئەوەی لە رووی ئیتنیکی و لە رووی ئازادی تاکەکەسیەوە وەکو یەخسیر وایە، دیسان وەکو ژنیش دیسان یەخسیرەو ئازادییەکانی پێشێل دەکرێت. ئەم وەکو بروسکە لەم زیندانە خنکێنەرە هەڵدێت و بەرەو بەرزاییەکانی وەزەرینگ دەفڕێت، کە ئەوێ زەمینەی ئازادیە کەسیەکانە و ئەم بە زەمینەی عەشقێکی پڕ لە گێژاو باسی دەکات. بێگومان ئەم بۆچوونەی ئەم لەسەر بنەمای روانین بۆ خۆشەویستی نێوان کاترین و هیسکلیف بنیادنراوە، کە خۆشەویستیەکی ناهاوسەنگەو سەرئەنجام دەبێت بەهۆی وێرانکردنی هەردووکیان و کەسانی تری دەوروپشتیان لەگەڵیاندا وێران دەبن. هەرچۆن گێژاوی دەریا، یان ئاو دەبێتە هۆی قووتدان و لەناوبردن و وێرانکردن.
ئەم لە خاکی یەخسیرەوە دەفڕێت بۆ خاکی خۆشەویستی پڕ لە گێژاو. خاکی یەخسیر لە ئاستی قوڵدا دەلالەتی سەرەتاییبوون هەڵدەگرێت، هەروەک پانتایی عەشقی پڕ لە گێژاو دەشێت دەلالەتی شارستانێتی و هەموو فشارو کێشەو گرفتە ئاڵۆزەکانی هەڵبگرێت، کە سەرباری جوانکردنی بە رووکەشی عەشق بەڵام لەناوەوەڕا جیهانێکی ئاڵۆزو پڕ لە کێشەو گێژاو بێت. ئەم کە ئێستا لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە گەڕاوەتەوە بۆ سەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ بە ئومێدی حەوانەوە لە باوەشی ئارامی خۆشەویستەکەیدا، پێشتر لەم خاکی یەخسیرەوە هەڵکشا بەرەو ئەوێ. دەشێت پێشتر وەها سەیری ئەوێی کردبێت کە گەیشتن بەوێ بەدەستهێنانی ئازادیە و دەربازبوونە لە خاکی یەخسیر. ئێستا لەوێی پڕ لە گێژاودا، لە شەقەی باڵ دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە بەو هیوایەی ئارام بگرێت. واتە ئێستا لە نێوانی دووانەی ئێرەو ئەوێدا ئەم هەر دەمەو یەکێکیان وەردەگرێت، یان هەڵدەبژێرێت. ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە هەریەکە لەم دوو جەمسەرە خاسێتی گونجاو و خاسێتی نەگونجاویان هەیە بۆ ئەم، یان لە روانگەی ئەمەوە.
لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / زارۆکێکی زیتەڵ / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگ / لە وەرزێکی تۆفانەوە دێم و/ لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ / گوێ لە حەیرانی ئەو خاکە دەگرم / وەک بوومەلەرزە / من رادەچڵەکێم / جەستەی چیا بە قودرەتی تاسەی من دەجووڵێ / تۆ کڕوزانەوەی دڵی ئەم بەردانە نابیستی؟ / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / من ئەوم / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێم / دەستی هیسکلیف دەگرم و/ پەنجەرەیەک دەکەمەوە کە / کە دەمێکە لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخراوە./
ئەم جارێکی تر دڵنیایی دەداتەوە لەوەی کە ئەو کەسەی دێت ئەوە کاترینە، یان رۆحی ئەو خانمە عاشقەیە کە لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ. ئامانجە سەرکیەکەی ئاشکرایەو بۆ ئەوە دێت لە باوەشی هیسکلیفدا ئارام بگرێت. ئەم رۆحی کاترینە کە کاترین نموونەیە بۆ هەر عەشقێکی لەمجۆرەی ئەم. بێگومان لەبەرامبەردا هیسکلیف دەبێتە نموونەی هەر عاشقێکی لەوجۆرەی دڵدارەکەی ئەم. ئەم دیسان خۆی لە رێگای لێکچوواندنەوە پێشکەش دەکات، کە ئەوەش زیاتر بۆ دەرخستنی شوناسی خۆیەتی. ئەم ئێستا خۆی دەچوێنێت بە زارۆکێکی زیتەڵ و لە وەرزێکی تۆفاندا دێت. پێشتر ئەم خۆی دەچواند بە هەورە تریشقە. واتە لە جاری یەکەمدا خاسێتی دیاردەیەکی سروشتیی بەخۆی دەبەخشێت، بەڵام لەجاری دەەومدا وەکو زارۆک خۆی پێشکەش دەکات، کە ئەمەش گواستنەوەیە لە شتەوە بۆ مرۆڤ، کە ئەمەش سەرباری بەهاداری و جوانی رەگەزەکانی سروشت، بەڵام هەنگاوێکی گواستنەوەیە لە شتەوە بۆ مرۆڤ، کە ئاشکرایە هەمیشە بەهای مرۆڤ لە سەرووی هەموو بەهاکانی ترەوەیە. ئەم کە وەکو مرۆڤ دێت بەپێویست دەبێت هەڵگری خاسێتەکانی مرۆڤیش بێت، کە لێرەدا گوێ لە حەیرانی خاک دەگرێت، بەڵام کام خاک؟ بێگومان خاکی بەرزاییەکانی ئەزمڕ، چونکە ئاشکرایە حەیران بەرهەمی ئەو سەرزەمینەیە، کە ئەزمڕ بەشێکە لێی. ئەو گوێگرتنەش دەبێتە هۆی راچڵەکینی. کەواتە دەشێت بگوترێت لە ئەنجامی ئەو ئاشناییەی رۆحی ئەم بە دەنگی ئەم خاکە هەیەتی، کە لێرەدا حەیران بەرجەستەی ئەو دەنگە دەکات، ئەم لە ناخی خۆیدا رادەچڵەکێت. دەشێت هۆکارەکەشی پەرۆشی و تاسەی ئەم بێت بۆ بیستنی ئەو دەنگە کە لە یادەوەری ئەمدا ئامادەیەو وەکو رەگەزێک لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی ئەمدا ئەگەر دەنگیشی نەبێت، بەڵام بە بێدەنگی دەژی. ئەم پەرۆشی و تاسەیەی ئەم چی بۆ ئەو دەنگەو چی بۆ باوەشی ئارامی خۆشەویستەکەی هێند بەهێزە چیا دەجوڵێنیت. کاتێ چیا دەجوڵێت لەوە دەچێت بەردەکان بکڕووزێنەوە، رەنگی گیا ببڕسكێت، واتە بەردەکان دەنگیان لێ بەرزدەبێتەوە، رەنگی گیا دەگۆڕێت. ئەم لە خۆشەویستەکەی دەپرسێت ئایا ئەو دەنگی کڕووزانەوەی بەردەکانی چیا نابیستێت، یان هەڵبڕسکانی رەنگی گیای چیاکە نابینێ، کە تاسەی ئەم خستوونێتیە جوڵەو گۆڕیوونی.
ئەم دیسان پێداگری دەکاتەوە کە رۆحیانەتی ژنێکی عاشقەو ئەویش ناسراوە کە کاترینەو لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ بۆ ئەوەی دەستی هیسکلیفی خۆی بگرێت. بەڵام ئامانجەکەی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەیەوێت لەپاڵ ئەوەدا پەنجەرەیەک بکاتەوە. ئەو پەنجەرەیەش لەسەر زمانی ئەوەوە لە مێژە لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخراوە. لێرەوە ئەو پرسیارە سەرەکیەی کە دەقەکە بەدوایەوەیە کەمێک ئاشکراتر دەبێت، کە ئەویش ناوهێنانی رۆژهەڵاتە. ئەم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕەوە کە هیسکلیفی خۆی لەوێیە، دەست لەناو دەستی ئەو دەیەوێت پەنجەرەیەک بخاتە سەرپشت، کە حەسرەتەکانی ئێرە لێیەوە دەربکەون، نمایش بکرێن، ببینرێن. رەنگە ئەو پرسیارەش سەرهەڵبدات: مەبەست لە حەسرەتەکانی رۆژهەڵات چییە؟ بێگومان ئەوەی مرۆڤی ئێرە دەیخوازێت و ئارەزووی دەکات و دەیەوێت و ناتوانێت جێبەجێی بکات و دەستی پێی ناگات و بۆی رامناکرێت و سەرئەنجام ئاخ و ئۆف و داخی بۆ هەڵدەکێشێت، بریتین لە حەسرەتەکانی رۆژهەڵات. لە پشتی ئەم بۆچوونەوە، ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە رۆژهەڵات زەمینەی کپ کردن و سەرکوتکردن و چەپاندنی کۆی ئازادیە تاکەکەسییەکانە. لەبەرامبەردا ئەوێ، واتە رۆژئاوا کە ئەم لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ئەم پەنجەرەیە لێرە، لەوێ ئازادیە تاکەکەسیەکان کە بنەمان بۆ دروستبوونی تاکەکەسی خاوەن شوناس نە دەرگاو نە پەنجەرەیان لەسەر دانەخراوەو لە راستیدا لە کاتێکدا لێرە نەک هەر ئازادی جەستە بەڵکو کۆی ئازادیە فیکری و ئایینی و نەریتی …کان حەرامن، لەوێ ئازادییەکان تا ئەو سنوورە دەڕۆن کە نەبنە هۆی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ئەوانی تر. ئەمەش جیاوازیەکی ئاشکرای ئەم زەمینەیە کە بەرزاییەکانی ئەزمڕ دەینوێنێت لەبەرامبەر ئەو زەمینەی ئەوێدا کە بەرزاییەکانی وەزەرینگ نوێنەرایەتی دەکات.
من ئەوم / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە فەزای نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕ / دەدەمە شەقەی باڵ / من بە فڕین ئاماژەکانی نێوان پێکنەگەیشتنی ئەو دوو تەنە دەنووسمەوە / تەنێ نووری رۆژهەڵات و/ تەنی فزوولیەتی رۆژئاوا/.
ئەم وەکو رۆحیانەتی ژنێکی عاشق لە فەزای فراوان و ماوە درێژی نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دەفڕێت. پێشتر ئامانجی فڕینی لەوێوە بۆ ئێرە نیشتنەوە بوو لە باوەشی هیسکلیفدا، ئەویش بۆ ئارام بوونەوەو هەروەها بۆ ئەوەی دەستی ئەو بگرێت و پەنجەرەیەک بەسەر بەدبەختیەکانی رۆژهەڵاتدا بکاتەوە. بەڵام ئەمجارەیان ئامانجێکی تر لە پشتی فڕینی ئەمەوەیە. ئەویش ئەوەیە کە ئەم دەیەوێت بە فڕین ئاو ئاماژانە بنووسێتەوە کە نیشانی دەدەن ئەم دوو تەنە بەیەکتر ناگەن. مەبەست لەو دوو تەنە چییە؟ ئایا خۆی و خۆشەویستەکەیەتی، کە لەژێر دەمامکی کاترین و هیسکلیفدا خۆیان حەشارداوە؟ یان مەبەست بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکانی ئەزمڕە کە هەرچۆن لە رووی جوگرافیەوە هەرگیز بەیەکتر ناگەن، لە رووی هیچ تایبەتمەندییەکی تریشەوە بەیەکتر ناگەن، کە یەکەمیان نوێنەرایەتی رۆژئاواو دووەمیان نوێنەرایەتی رۆژهەڵات دەکات؟
ئەگەر مەبەست خۆی و خۆشەویستەکەی بێت، ئەم بە فڕین نیشانی دەدات، کە ئەم دووانە هەرگیز بەیەکتر ناگەن، هەرچۆن کاترین و هیسکلیف سەرباری ئەوەی عەشقی یەکتربوون، بەڵام بەیەکتر نەگەیشتن و سەرئەنجام عەشقەکەیان لەبری ئەوەی بیانکاتە یەک و هەموو دیوارەکانی نێوانیان بڕوخێنێت، خۆیان و کەسانی تری دەوروبەریشیانی روخاند. ئەمیش ئەگەر پێش ئەوەی ئەم خاکی یەخسیرەی بەجێهێشتبێت، عاشق بووبێت و بە مەبەستی گەیشتن بەوێ خۆشەویستەکەی بەجێهێشتبێت، هەرچۆن کاترین لە پێناوی سامان و پێگەدا خۆیی لێ گۆڕاو هیسکلیفی لە ئاستی خۆیدا نەبینی و بەجێیهێشت و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن کرد، یان ئەم بە ئامانجی گەیشتن بە رۆژئاوا ئێرەی زێدی خۆیی بەجێهێشتبێت، کە بایەخی ئێرە بۆ ئەم لەراستیدا لە بایەخی هیسکلیف بۆ کاترین کەمتر نییە، واتە ئێرە بۆ ئەم هاوشێوەی هیسکلیفە بۆ کاترین. ئەم بە فڕین ئاماژەکانی بەیەکترنەگەیشتن دەنووسێتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئومێدێک بۆ بەیەکتر گەیشتنیان نەماوە. فڕین لە ئاسمان، یان لە بۆشایدا ئەنجام دەدرێت، واتە لە فەزای نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا، کە ئەگەری بەیەکترگەیشتن لەو فەزایەدا ئەستەمە. بەڵام شوناسی ئەو دوو تەنە لە دەربڕینی ئەمدا تەواو ئاشکرا دەبێت کە بریتین لە نووری رۆژهەڵات و فزوولیەتی رۆژئاوا. مەبەست لە نووری رۆژهەڵات، نوورو پرتەوی رۆحی رۆژهەڵاتیە. رۆژهەڵات بە جیهانی رۆح و ئیشراقاتی رۆح و خەیاڵ ئەندێشەو سروشت و رۆمانسیەت و هارمۆنیاو گونجاندن و ئازادی سادەی نێو سروشت دەناسرێت، لەکاتێکدا رۆژئاوا جیهانی مادیەت و زانست و پیشەسازی و تەکنۆلۆجیاو عەقڵ و بیرکردنەوەیە. فزوولیەتی رۆژئاوا، فزوولیەتی گەڕانە بە دوای زانستدا، بەداوی دۆزینەوەو ئاشکراکردندا، بەدوای بەرهەمهێنان و بنیادناندا، بە دوای دەسەڵات و هەژموون و باڵادەستبووندا.
لێرەدا رۆژهەڵات / رۆژئاوا وەکو دووانەیەکی بەرامبەر بەیەکتر دەردەکەون هەریەکە بە خاسێت و سیفات و بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە. بەڵام ئاشکرایە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا هاوتایی یان یەکسانی نییە. رۆژئاوا وەکو ناوەند، هێز، دەسەڵات، هەژموون، عەقڵ، بیرکردنەوە، شارستانێتی باڵادەستترە بەسەر رۆژهەڵاتی کەنار، بێ هێز، بێ دەسەڵات، هەژموون بەسەردا کراو، خەیاڵ، ئەندێشە، سروشت و سەرەتاییبووندا. ئەم دوو جەمسەرە نایەکسانە بەیەک ناگەن. ئەم بە فڕین ئاماژەکانی ئەم بەیەکتر نەگەیشتنە دەنووسێتەوە. کەواتە هەرچۆن فەزای، یان ماوەی نێوان بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکان ئەزمڕ فەزایەکی فراوان و ماوەیەکی درێژەو ئەم دوو شوێنە بەیەکتر ناگەن، بەهەمان شێوە رۆژهەڵات و رۆژئاواش بەیەکتر ناگەن. کە لە راستیدا بەیەکترگەیشتن لە ئاستی قوڵدا دەلالەتی هاوتایی یان یەکسانی هەڵدەگرێت. رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە هیچ بنەمایەکی هاوتایی یان یەکسانی لە نێوانیاندا نیە، ئەگەری بەیەکتر گەیشتنیان زۆر لاوازە.
ئەی چی دەربارەی بەیەکتر گەیشتنی ئەم کە خۆی لە کەسێتی کاتریندا بەرجەستە دەکات و ئەوی خۆشەویستی کە لە کەسێتی هیسکلیفدا بەرجەستە دەکرێت؟ ئایا دەشێت کاترین و هیسکلیف بە رۆژئاواو رۆژهەڵات بچوێنرێن؟ لەو روانگەیەوە کە کاترین سەگ پەلاماری دەدات و بۆ ماوەی پێنج هەفتە لە سروشکرۆس دەمێنێتەوە، کە بەراورد بە بەرزاییەکانی وەزەرینگ ئەوێ شوێنێکی شارستانی ترە. ئەم خانووە نموونەی ماڵێکی داخراوی دیکۆر کراوی پارێزراوە لە لایەن خزمەتکارو سەگی پاسەوانی و بە ئەتەکێت و داب و نەریتی شارییانە دەڕوات بەڕێوە، لە کاتێکدا بەرزاییەکانی وەزەرینگ سروشت و هارمۆنیای سروشت و سادەیی دەنوێنێت. کاترین دوای ئەو پێنج هەفتەیەی لەوێ دەمێنێتەوە گۆڕانکاری بەسەر رەفتاریدا دێت و خۆی وەکو خانمێکی شاریی دەردەخات و وەکو لادێیەکی رەشۆکی و رەق و پەست و مایەی گاڵتەپێکردن سەیری هیسکلیف دەکات. لەم روانگەیەوە کاترین دەبێتە هەڵگری کەلتوری شارو خۆشەویستەکەی هەڵگری کەلتوری سروشت، یان سەرەتایی و لادێ، کە ئەوەی یەکەمیان رۆژئاوا دەنوێنێت و ئەمی دووەمیان رۆژهەڵات. لەبەر ئەوە سەرباری خۆشەویستی ناتوانن هاوسەرگیری بکەن. ئەم وێنەی کاترینە، واتە رۆژئاوایە و خۆشەویستەکەی وێنەی هیسکلیفە، واتە رۆژهەڵاتەو ئەگەری ئەوە ناکرێت بەیەک بگەن. ئەم ئێستا بە فڕین نیشانەکانی ئەم بەیەکتر نەگەیشتنانە دەنووسێتەوە، کە بریتین لە بەیەکنەگەیشتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەیەکنەگەیشتنی ئێرەو ئەوێ، بەیەکنەگەیشتنی کاترین و هیسکلیف و بەیەکنەگەیشتنی خۆی و خۆشەویستەکەی، ئەوکەسەی ئەم دەقە شیعرییەی پێشکەش دەکات.

شاعیر دەڵێت:
من ئەوم / ئەوەتا دەستەکانم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ سەوز بوون / لەوێ من پێشوازی لە هیسکلیف دەکەم/ پەنجەکانم وەک مۆم دادەگیرسێن / تەماشام نیگای خۆڵ رۆشن دەکاتەوە / من تارمایی عاشقێکم / لە نێوان دوو پانتایی / گوزەر دەکەم/ لە سپێدەکانی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێم / لەبەر دەرگای خوداکان / دەبمە درەختێک لە تیشک / لە رۆژئاواش / لەناو ژووری خەڵوەت / لە پشت هەنگاوە هەمیشەییەکانی تەنهایی / من بەخۆم دەگەم /.
جارێکی تر ئەم رایدەگەیەنێت کە کاترینی خۆشەویستی هیسکلیفە، لە جیاتی ئەوەی لە بەرزاییەکانی وەزەرینک پێشوازی لە هیسکلیف بکات، لە بەرزاییەکانی ئەزمر پێشوازی لێ دەکات. ئەم پێشتر هیسکلیفی بەجێهێشت و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن کرد. بەڵام خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر کۆتایی نەهات، بۆیە ئێستا بەجۆرێک لە پەشیمانیەوە دەگەڕێتەوە بۆ عەشقە کۆنەکەی و بە خۆشیەوە چاوەڕوانی ئەوەیە پێشوازی لە دڵدارەکەی بکات. ئایا ئەوی خۆشەویستی لەدڵدا زیندوو، کە ئەم دەقە شیعریەکەی پێشکەش کردووە دێت، یان بەو پێشوازیە رازی دەبێت و ئامادەیە باوەشی بکاتەوە هەتا ئەم تیایدا ئارام بگرێت؟ ئەم باسی پەرۆشی خۆی بۆ گەیشتنەوە بە خۆشەویستەکەی دەکات و باسی ئەو بارە ناسەقامگیرەش دەکات کە لە نێوان ئەوێ و ئێرەدا تیایدایە و وەکو تارمایی عەشقێک بەردەوام دێت و دەچێت. واتە باسی ئەو دابەشبوونە دەکات کە ئەم لە نێوان ئەوێ و ئێرەدا واتە لە نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتدا، یان لە نێوان هیسکلیف و ئیدگار لینتندا دابەشبووە.
لە راستیدا دابەشبوونی ئەم یان گوزەرکردنی ئەم کە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادایە لەسەر بنەمای جیاوازی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا دروستبووە. ئەم لە سپێدەکانی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، واتە بەپێی ئەو کاتەی دیاری دەکات، واتە سپێدەکانی رۆژهەڵات، ئەم خۆرە، هەرچەند پێشتر وەکو عاشق و وەکو تارمایی عاشقێک خۆی پێشکەش کرد. ئێستا چاوەڕوانی ئەوە لە خۆر یان لە تیشکی هەتاو دەکرێت کە بگاتە رۆژئاواو گۆڕانکاری لە سروشتی جوگرافی، یان کەشوهەوادا رووبدات، بەڵام تیشکی ئەم خۆرە ناگاتە رۆژئاوا، بەڵکو لەبەردەم دەرگای خواکاندا دەبێتە درەختێک لە تیشک. ئەو خودایانەی ئەم باسیان دەکات خوداکانی رۆژهەڵاتن، چونکە ئەم لە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوادا، هێشتا لە جەمسەری رۆژهەڵاتە. ئەم لەبەر دەرگای خوداکان دەبێتە درەختێک لە تیشک. لە راستیدا ئەوە رۆژهەڵاتە وەکو سروشت هێشتا وەکو جیهانی میسۆلۆجیاو رۆح سەیر دەکرێت و و دنیای ئایینە جۆراوجۆرە ئاسمانی و ئەرزیەکانەو بەو پێیەش جیهانی فرە خوداییە. هەروەک دەشیت خوداکان وەکو دالێک هەڵگری دەلاتی ئیمپراتۆرو دیکتاتۆرو تاکە دەسەڵاتدارە بە ژمارە زۆرەکان و ئایین و ئایدیۆلۆجیا داخراوەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت نەریت و کەلتوری داخراوی رۆژهەڵات بن، کە هەریەکە لە سنووری قەڵەمرەوی خۆیدا دەسەڵاتی رەهای خوایانەی هەیەو هەر ئەم خودا جۆراو جۆرانەن دەرگاو پەنجەرەیان لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخستووەو، ئەم لەوێوە لە رۆژئاواوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە بۆ ئەوەی پەنجەرەیەک لەسەر ئەو هەموو حەسرەتانە بکاتەوە. ئەم لێرە لەبەردەم دەرگای خوداکاندا دەبێتە درەختێک لە تیشک. ئایا بەرهەمی درەختی تیشک چی دەبێت؟ ئایا دەشێت ئەو عەقڵ و بیرکردنەوە تاریکانە روون بکاتەوە کە بەرهەمی خوداکانی رۆژهەڵاتن؟ یان دەشێت ببێتە مەشخەڵی رووناکیەکی گەورەو داڵانە تاریک و نوتەک و بێ کۆتاو ونکەرەکانی رۆژهەڵات رۆشن بکاتەوە؟ یان ئایا ئەم وەکو درەختی تیشک لەبەر دەرگای خوداکانی رۆژهەڵاتدا چ ئەرکێکی تر جێبەجێ دەکات، یان دەتوانێت چ ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ؟ هەروەک دەشێت سپێدەکانی رۆژهەڵات دەلالەتی سەرەتاییبوون و مانەوەی رۆژهەڵات وەکو سروشت هەڵبگرێت. ئەم وەکو کەسێکی رۆژهەڵاتی لەم سەرەتایەوە دەستپێدەکات.
ئەم لە کاتێکدا لە رۆژهەڵات دەبێتە درەختی تیشک، لە رۆژئاوا لە خەڵوەت و لە تەنهایدا خۆی دەبینێتەوە. بێگومان لە کاتێکدا جیهانی رۆژهەڵات زەمینەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزو تێکەڵاوبوون و پشبەستنی تاکەکانی کۆمەڵگایە بەیەکتری، رۆژئاوا زەمینەی بوونی تاکەکەسە، واتە هەر یەکە لە جیهانە تایبەتەکەی خۆیدایەو خاوەنی خۆیەتی و بۆ خۆی دەژی، کە ئەوەش بۆ خۆی جۆرێکە لە تەنهایی و خەڵوەت. بێگومان ئەمەش شتێک نییە کە لە دەستی تاکەکەس خۆیدا بێت، بەڵکو ئەمە بەرهەمی دوو کەلتوری جیاوازو دوو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی جیاوازو دوو زەمینەی جیاوازی ژیانە. هەر ئەو جیاوازییانەشە کە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوای دروستکردووە.

لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / گزنگێکی رێحانی لەسەر پەرچەمی با / لە هەڵکشانمدا لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕ/ من دەبمە شینەشاهۆ/ دەدەمە شەقەی باڵ / ئەی هیسکلیف / تۆ بیابانێکی پڕ لە گەردەلولی حەسرەت / چاوەڕوانی فڕینم بکە / لەبەرزاییەکانی ئەوێ / من دێم و لە پەنجەرەی کۆشکێکی قرمزیەوە / دەستەکانم درێژ دەکەم/ چەشنی ئەسحابە / لەسەر روخسارت بەدوای جارانی خۆمدا دەگەڕێم / لەسەر روخسارم بەدوای خۆتدا دەگەڕێی/ من لە باخچە بەئاگاکانی ئێرەوە / دێمە ناو ژووری سووتانی تۆ/ لە کەنارەکانت رادەکشێم / جەستەت پڕە لە بۆنی مناڵی من / جەستەم پڕە لە ئازاری رۆژهەڵات/.
ئەم بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە، کە ئەم کاترینە، واتە ئەو ژنەی کە عەشقی هیسکلیفە. لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دێت و دەچێت. ئەم هاتوو چۆ و ئارام نەگرتنە لەبەر ئەوەیە کە پشتی لە خۆشەویستەکەی کردو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر کرد، بەڵام ئەم هەر خەیاڵی لای خۆشەویستەکەیەتی و بەخەیاڵ دەگەڕێتەوە باوەشی ئارامی ئەو. بەڵام وەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، ناوی کاترین و هیسکلیف دەمامکن و لە پشتی ئەو دەمامکەوە مەیل و ئارەزووی کەسێکی رۆژهەڵاتی کە قەدەر یان خواست و ویست بە دوای ئاشکراکردندا گەیاندوویەتیە ئەوێ، واتە گەیاندویەتیە بەرزاییەکانی وەزەرینگ، یان – رۆژئاوا – لەوێوە دەیەوێت لە شەقەی باڵ بدات و لەسەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ، واتە لێرە لە رۆژهەڵات بنیشێتەوە و ئارام بگرێت. لێرەدا باوەشی ئەزمر بۆ ئەم هەمان شێوەی باوەشی هیسکلیفە بۆ کاترین. کاترین دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ باوەشی هیسکلیف بۆ ئەوەی ئارام بگرێت، ئەمیش دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی بەرزاییەکانی ئەزمر، واتە یەکەم عەشق کە رۆژهەڵاتیش دەنوێنێت بەو ئومێدەی ئارام بگرێت و لە هەنگاوە هەمیشەییەکانی تەنهایی و خەڵوەتی رۆژئاو رزگاری بێت.
ئەم پەیامیک بۆ هیسکلیف دەنێرێت و تیایدا دەڵێت کە دەبێتە شینە شاهۆ. لە راستیدا شێنەشاهۆ بە ماسی گرەش ناودەبرێت. شاهۆ لە زمانی کوردیدا بەدەر لەوەی کە ناوی باڵندەو چیایەکیشە وەکو هێمای لێهاتوویی و گورج و گۆڵی و هەڵمەت باس دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش واتە بنەمای هێز زیاتر هێمای نێرینەیە. بەڵام لێرەدا ئەم کە شوێنی کاترینی گرتووە، دەبێتە شینەشاهۆ. هیسکلیف وەکو بیابانێک وەسف دەکات کە گەردەلولی حەسرەت داگیری کردووە. ئاشکرایە بیابان هێمای وشکی و بێبەرهەمی بی ژیانیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژیانی هیسکلیف بە بێ کاترین وەکو بیابان وایە. هەروەک ئەگەر لەو روانگەیەوە سەیری هیسکلیف بکرێت، کە کاترین پێیوابوو رەش و رەق و گاڵتەجاڕو پەستە، کە ئەمانەشی بە خاسێتی ناشارستانی بۆ ئەو دادەناو لەم رووەشەوە ئاماژەیەک بۆ رۆژهەڵاتیبوون هەیە. دوای ئەم وەسفکردنەی هیسکلیف، ئەم پێی دەڵێت کە چاوەڕوانی بکات ئەم لەوێوە، واتە لە رۆژئاواوە دەفڕێت و بەرەو لای ئەو دێت. ئەم لە پەنجەرەی کۆشکێکی قرمزیەوە دەستەکانی درێژ دەکات بۆ ئەو، بۆ بیابانێکی پر لە حەسرەت. بێگومان کۆشکی قرمزی دەلالەتی ئاوەدانی و شارستانێتی هەڵدەگرێت، واتە رۆژئاوا، بیابانی پڕ لە حەسرەتیش دەلالەتی وشکی و مەرگدۆستی هەڵدەگرێت. ئاشکرایە ئەگەری ئەوە نییە لە بیاباندا هیچ جۆرێکی عیمران یان ئاوەدانکردنەوە بکرێت، کە ئەمەش لەگەڵ عەشقدا ناگونجێت چونکە بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە عەشق سەرچاوەی بوون و ژیان و پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی شارستانێتیە.
ئەم لەوێوە لە رۆژئاواوە دێتەوەو لەسەر روخساری ئەو واتە دڵدارەکەی، یان هیسکلیف، یان رۆژهەڵات بەدوای رابردووی خۆیدا دەگەڕێت. واتە ئەم پێیوایە مێژووی ئەم، رابردووی ئەم، یادەوەرییەکانی ئەم، کە هەموو ئەمانە پێکەوە بوونی ئەم لە رابردوودا نیشان دەدەن، واتە لەو زەمینەی تیایدا لە دایکبووە، کەواتە بوونی رابردووی ئەم لێرەیە، لە رۆژهەڵات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم رەگوڕیشەی لێرەیەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی بەرزاییەکانی ئەزمڕ هەتا لەوێ هەست بە بوونی خۆی بکات و ئارام بگرێت، هەمان شێوەی کاترین چۆن عاشقی هیسکلیف بووەو لەناو بوونی ئەودا تواوەتەوەو ئێستا دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئیدگار لینتن و هەستکردنی بە نیگەرانی و نەتوانینی لەبیرکردنی هیسکلیف، هەوڵدەدات بگەڕیتەوە ئامێزی هیسکلیف و ئارام بگرێت. واتە لێرەدا ئەم لێکچوونە تەریبە دەبینرێت کە رووبەرێکی فراون لە پانتایی دەقەکە داگیردەکات و لە هەردوو هاوکێشەکەشدا گەڕانەوە بۆ رابردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئارامی، چی گەڕانەوەی کاترین بێت بۆ باوەشی هیسکلیف، یان گەڕانەوەی ئەمی رۆژهەڵاتی بۆ باوەشی بەزاییەکانی ئەزمڕ کە زێدی ئەمەو قۆناغێکی ژیانی رابردووی لێرە بەسەربردووە.
ئەم لەسەر روخساری هیسکلیف بەدوای روخساری خۆیدا دەگەڕێت. هەروەک هیسکلیفیش لەسەر روخساری ئەم بە دوای خۆیدا دەگەڕێت. واتە هەریەکە هەوڵدەدات روخساری خۆی لەوی تردا ببینێت، یان بدۆزێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە هەریەکە رەنگدانەوەی ئەوی ترە، یان ئەمان هەردووکیان هەمان رووخسارن. گەڕانی هەریەکەیان بەدوای خۆیدا لەسەر روخساری ئەویتریان دەشێت وەکو بەڵگە سەیربکرێت بۆ سەلماندنی عیشقەکەیان و کۆتایی نەهاتنی. هەروەک دەشێت مەبەست لە دوو رووخسار، رۆژهەڵات و رۆژئاوا بێت. بەڵام ئێستا ئەوە دەبینرێت کە هیسکلیف بەتەواوەتی پێگەی بەرزاییەکانی ئەزمری پێدەدرێت و ئەمیش وەکو زێدی خۆی یان بوون و رابردووی خۆی سەیری دەکات.
بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا پەیوەندی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەو جۆرە هاوسەنگەیە کە هەریەکە لەوی تریاندا بەدوای شوناسی خۆیدا بگەڕیت؟ بەڵێ ئەمەش جۆرێک لە راستی تێدایە چونکە شوناس لەسەر بنەمای بەراوردو جیاوازی بەدەست دێت. هەر لەم روانگەیەوە لە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا-دا هەرکام لەو دوو جەمسەرە جیاوازە بسڕینەوە، شتێک نامێنێت بەناوی دووانەو ئەو تاکە جەمسەرەی دەمێنێتەوە ئەو ماناو دەلالەتەی نامێنیت کە لەبەرامبەر ئەویتردا هەیەتی، کەواتە لە دووانەی بەرامبەردا ئەوەی گرنگە یەکسانی و هاوسەنگی نییە، بەڵکو جیاوازی و لەبەرامبەر یەکتردا وەستانە.
جارێکی تر ئەم لە باخچە بەئاگاکانی ئەوێوە، واتە لە رۆژئاواوە دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو بۆ لای خۆشەویستی یەکەمی، یان بۆ رۆژهەڵات، کە لێرەدا زیاتر رۆژهەڵات وەکو چەمک دەبینرێت کاتێ دەڵێت ” دێمە ناو ژوورە سووتاوەکانی تۆ، لە کەنارەکانت رادەکشێم”. تۆ لێرەدا بریتیە لە رۆژهەڵات، وشەی راکشان لە شوێندا دەبێت، واتە لە دەرەوەی شوێن راکشان نیە، هەروەک چۆن لە دەرەوەی شوێن هیچ رووداوێک بوونی نییە . ژوورە سووتاوەکانی رۆژهەڵاتیش هەموو کەموکورتی و وێرانیەکانی رۆژهەڵات دەنوێنن بە سەرچاوە مرۆیی و نامرۆییەکانیشیەوە. ئەم کە لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، باسی ئەوە دەکات ئەم کە لێرەوە گەیشتووەتە ئەوێ، هێشتا یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و ئازارەکانی ئەو سەردەمە لە بوونیدا دەژین، چونکە ئەم لێرە لە رۆژهەڵات لە دایکبووەو نەوەی ئەم زێدەیە. واتە ئەم دەیەوێت بڵێت سڕینەوەی یادەوەرییەکانی رابردوو ئاسان نییە. هەروەها ئەوە دەگەیەنێت کاتێک ئەمی رۆژهەڵاتی دەچێتە رۆژئاوا، رابردووی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ئەوێ و دەشێ تەنیا لە رووی شوێنەوە جیاوازی هەبێت، ئەگینا ئەم بەو پاشخانە مێژوویی و کەلتورییەی رۆژهەڵاتەوە دەچێتە رۆژئاواو لەوێش لەسەر هەمان شێوەو بەهەمان روانین و نەریت و کەلتوری ئێرەوە دەژی. واتە ئەوە دیاردەیەکی لەبەرچاوە کە زۆرینەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی، کە دەشگوازنەوە بۆ رۆژئاوا، لەسەر زەمینەی رۆژئاوا، رۆژهەڵاتێکی بچووک بۆ خۆیان دروست دەکەن. هەر لە ئەنجامی ئەوەشدایە، زۆربەی کات دەبینرێت، ئەو رۆژهەڵاتیانەی دوای بەسەربردنی تەمەنێکی دوورودرێژیش لە رۆژئاوا هەر وەکو خۆیان ماونەتەوەو گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە. ئەوەتا ئەمیش کە لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، باسی ئەوە دەکات کە هێشتا جەستەی پڕە لە بۆنی منداڵی، واتە بۆن و بەرامەی ئەو سەردەمەی کە لێرە بووە. هەروەها جەستەی هێشتا پڕە لە ئازارەکانی رۆژهەڵات. واتە رۆژهەڵات بەشێکە لە بوونی ئەم و نەیتوانیووە لێی جیابێتەوە.
ئەوە منم / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە نێوان داکشانی بەرزاییەکانی رۆژهەڵات و/ هەڵکشانی نشێوییەکانی رۆژئاوا / من گڕێکی نوورانیم / بەرزاییەکانی ئەزمر پڕن لە رەشەبا / لە هاواری هیسکلیف/ وەزەرینگ- یش پڕە لە زەنگۆڵی عەشق / ئیدگار لینتن لە ناوەوەڕا دەگریا / منیش گزنگێکی رێحانیم لەسەر پەرچەمی با / لە ئاسمانی بەرزاییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا / حزورێکی هەمیشەیی نادیارم / پڕم لە هێما / هێمای ئیشراق لەسەر خاکێکی نائارام/.
لەپاڵ دووانەی رۆژهەڵات/ رۆژئاوا-دا ئەم زانیاری تر لەبارەی هەردوو جەمسەرەکەوە پێشکەش دەکات، کە لە ئاستی بینراودا ئەو زانیارییانە وەکو نەگونجاو دەبینرێن. لە راستیدا ئەوەش لە رێگای دووانەیەکەوە نیشان دەدات کە ئەویش دووانەی بەرزایی / نشێو-ە کە لەم ئاستەدا دووانەیەکی ئاساییە. بەڵام بەرزایی وەکو ئاوەڵناوێک دەخرێتە پێش رۆژهەڵات و نشێو دەخرێتە پێش رۆژئاوا. بێگومان کاتێک لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا سەیری بەرزاییەکانی رۆژهەڵات/ نشێوییەکانی رۆژئاوا بکەین دەشێ وەهای لێکبدەینەوە کە بە ماناو تێڕوانینی جوگرافی ئەوە بەکارهێنرابێت. بەڵام لە ئاستی نەبینراو یان لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەم دەربڕینە زمانیە دەلالەتی شارستانی، زانست، پێشکەوتن تەکنۆلۆجیا، عەقڵ، بیر، کەلتور هەڵدەگرێت. بەڵام ئایا ئەوە چێ دەگەیەنێت کە بەرزاییەکانی رۆژهەڵات دادەکشێن و نشێوەکانی رۆژئاوا هەڵدەکشێن؟
دەشێت لە چوارچێوەی دەقەکەو بەستنەوەی بەو واقیعەی دەقەکە پەیوەندی پێیوە هەیە، وەها لێکبدرێتەوە کە پێشتر رۆژهەڵات زەمینەی شارستانێتی بووە، بەرزاییەکانی رۆژهەڵات مەبەست لە شارستانێتی رۆژهەڵات بوو بێت کە نموونەی ئەو شارستانێتیانەش شارستانێتی دێرینی چینی و هیندی و ئێرانی و میسۆپۆتامیاو میسری کۆنە. ئێستا ئەو شارستانێتیانەی رۆژهەڵات هەرەسیان هێناوە. واتە رۆژهەڵات ئەو پێگە بەرزەی هەیبوو لە دەستیداوە. لە سەردەمی کۆندا شارستانێتی دیاری رۆژئاوا شارستانێتی گریک و رۆمان بووە. بەڵام ئەم واینیشان دەدات کە بەراورد بە رۆژهەڵات، رۆژئاوا لە ئاستێکی نزمتردا بووە. بەڵام لە ئێستادا بەو ئەندازەی رۆژهەڵات لە پاشەکشەدا بووەو تاکو ئێستاش لە پاشەکشەدایە، رۆژئاوا لە هەڵچووندا بووەو تاکو ئێستاش لە هەڵچووندایە.

ئەم لە نێوان داکشانی رۆژهەڵات و هەڵکشانی رۆژئاوادا، خۆی وەکو گڕێک دەناسێنێت، بەڵام گڕێکی نوورانی. ئاشکرایە کە نوورانی دەلالەتێکی ئایینی یان ئیشراقی هەیە. هەروەک رۆژهەڵات کە زەمینەی رۆح و رۆمانسیەتە وەکو دنیای پرتەو و ئیشراق ناودەبرێت و زەمینەیەکە بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردن لە رێگای رۆحەوە. ئەم کە خۆی وەکو نوور پێشکەش دەکات، لە راستیدا لە رووی رەگوڕیشەوە بەشێکە لەو نووری رۆژهەڵاتیەی کە سەرچاوەی زوهدو تەسەوفیشە. لە کاتێکدا ئەم خۆی وەکو نووری ئیشراقی رۆژهەڵات دەناسێنێت، ئەزمر کە هاوتای رۆژهەڵاتە کانگای رەشەبایە. واتە زەمینەی توڕەیی و ئاڵۆزی و پشێویی و هەڵچوون و ناسەقامگیریە، واتە زەمینەی هەست و سۆزو عاتیفەیە.. ئێستا بەرزاییەکانی ئەزمڕ وەکو کانگای رەشەبا لەبەرامبەر وەزەرینگ دادەنرێت کە لە هاواری هیسکلیفدا وەکو عاشقێکی دڵشکاو پڕدەبێت لە زەنگۆڵی عەشق. بەڵام لە راستیدا ئەگەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ نموونەی رۆژهەڵات بێت و بەرزاییەکانی وەزەرینگ نموونەی رۆژئاوا بێت، ئەوا هەمیشە یەکەمیان وەکو زەمینەی رۆح و هەست و سۆزو رۆمانسیەت دەبێ ببێتە زەمینەی عەشق. بەڵام ئەم هەر لەسەرەتاوەو بە پشتبەستن بە هەڵوێستی کاترین بەرامبەر بە هیسکلیف و هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ ئیدگار لینتن، فەزایەکی ناشارستانی بەدەوری هیسکلیفدا دروست دەکات. هەروەک ئەم هیسکلیف دەخاتە شوێنی دڵدارەکەی و خاسێتی رۆژهەڵاتی پێدەدات و دەیهێنێتە سەر بەرزاییەکانی ئەزمڕو لەوێوە دەگەڕێتەوە هەتا لە باوەشی ئەمدا ئارام بگرێت. کەواتە ئەوەندەی عیشق و زەنگۆڵی عیشق لێرەدا پەیوەستن بە هیسکلیفەوە لەو روانگەیەوە کە خاسێتی رۆژهەڵاتی پێدەدرێت، ئەوەندە پەیوەندی نییە بە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە. ئیدگار هەرچەندە لای خۆیەوە کاترینی خۆش دەوێت، بەڵام پێدەچێت هەست بەوە بکات هێشتا کاترین لە خەیاڵی هیسکلیفدایە.
لە راستیدا ئێستا هەمووان( کاترین، هیسکلیف، ئیدگار لینتن و ئێزابێلای خوشکی لینتن کە هاوسەرگیری لەگەڵ هیسکلیف دەکات ) هەریەکە بەجۆریک پارچە پارچەبوون. هۆکاری سەرەکی ئەم پارچە پارچەبوونەی هەمووان عەشقی نێوان کاترین و هیسکلیفە، ئەویش لە ئەنجامی هاوسەگیریکردنی کاترین لەگەڵ ئیدگار لینتن. کەواتە بەو ئەندازەی کە عیشق و هێزی عیشق دەبێتە پاڵنەری داهێنان و بنیادنان، بەڵام ئەگەر بە نادروست و هەڵەشەیی و لوتبەرزانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ترسناکترین هێزی وێرانکەرە. راستە ئەم کە ئەمی شاعیرەو خۆی دەچوێنێت بە کاترین لەو رووەوە کە کاترین کەسێکی خۆش دەوێت و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تردا دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی پەرتبوون و پارچە پارچەبوونی لە نێوان هێزی عەشق و هێزی خواستدا، کە دەشێت ئەمەی دووەمیان پاڵنەرەکەی لەبری هەست و سۆزو دڵ، عەقڵ و بیرکردنەوەو مێشک بێت. دەشیت ئەمی شاعیر بە تەنیا بە ئەندازەی هەموو ئەم کەسێتانەی لە بەرزاییەکانی وەزەرینگ پارچە پارچە بوون، ئەم پارچە پارجە بووبێت لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا. ئەم لە ژێر کاریگەری کەلتوری رۆژهەڵات و رەگوڕیشەی رۆژهەڵاتیدا کە زێدی ئەمەو لێرە لە دایکبووەو رۆژهەڵات بەشێکە لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی ئەم و ناتوانێت لە بوونی خۆیدا بیسڕێتەوە. حەسرەتەکانی رۆژهەڵات بە گشتی و تاڵی کوردبوون بە تایبەتی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە پەراوێزی رۆژهەڵاتداو حەسرەت و ئازارو تفت و تاڵی و بەدبەختی ئافرەتبوون لە رۆژهەڵاتدا و لە کۆمەڵگای داخراو و پەراوێزیی کوردیداو بەتایبەتیش پاسیڤکردنی تەواوەتی ئافرەتیش لێرە هەمووی هۆکارن بۆ داخورانی رۆح و هەستی ئەم. گواستنەوەش لەم پاشخانەوە بۆ زەمینەی رۆژئاوا کە ئەم لە ئاستی یەکەمدا لەوێ دووچاری نامۆبوون و هەستکردن بە نائامادبوون و بێ شوناسی دەکات دووچاری ترسناکترین داخورانی رۆحی و هەستی و مەعنەوی دەکای.
ئێستا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، ئەم لەم ئازارو ژانی رۆح پڕوکێنەی پارچە پارچە بوونی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دەژی و وەکو ئەوە وایە لە نێوان هەردوو لادا بەسەر پشتی باوە بێت و لەهەر چرکەساتێکدا ئەگەری بەربوونەوەو وێرانبوونی تەواوەتی هەیە. ئەم بەردەوام لەم بارەدا دەژی، بارێکی هەڵواسراو و شلۆق کە نە دەتوانێت بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ رەگوڕیشەی خۆی، بۆ زێدو بۆ شوێنی یەکەم بوون و خۆناسین، نە دەتوانێت ئەم رابردووە، ئەم رەگوڕیشەیە لە بوونی خۆیدا هەڵبکەنێت و لەوێ لە رۆژیاو ئارام بگرێت. ئەم ئێستا لە هەمان باری کاتریندایە. نە لە باوەشی ئیدگار لینتیدا ئارام دەگرێت و رۆحی بحەوێتەوە، نە دەگاتەوە باوەشی هیسکلیف و لە ئامێزی گەرمی یەکەم عەشقدا بەهێوری پشووبدات و هەست بە عیشق و بە ئاسودەیی ئامێزی دڵدارەکەی بکات. ئەمەش واتە ئەم بارە شلۆقە بۆ ئەوی ژنی رۆژهەڵاتی وەکو راوەستانە لەسەر دەمی ئەو خەنجەرە رۆژهەڵاتیەی کە هێزی نەریت و ئایین و پیاوسالاری لا لا مووی پێدەکەن و نەک رۆحی تەنیا ئەمی شاعیر وەکو ژنێک بەڵکو رۆحی هەموو ژن و رۆحی ئازادی و رۆحی هەموو بوونی پێ سەردەبڕن. ئەم بەردەوام لەم بارە ناسەقامگیرو پر دڵەراوکێیەدایە. لەو بارەشدا باسی ئەوە دەکات کە ئەم پڕە لە هێما، هێمای ئیشراق لەسەر خاکێکی نائارام. بێگومان لە سەر بنەمای ئامادەبوونی ئەم لە دەقەکەدا کە چۆن هەست بە ونبوون و پارچەپارچەبوون دەکات لە نێوان ئێرەو ئەوێداو بەرجەستەکردنی دوو جیهان لە جوگرافیای دەقەکەدا کە رۆژهەڵات و رۆژئاوایە و وێناکردنی خۆی لە هاتن و چوونی نێوان ئەم دوو جیهانەداو نەتوانینی ئارام گرتن لە هیچ کامیاندا و نەتوانینی دەستبەرداربوونی هیچ کامیان، ئەم وەکو هێمای ئیشراق لەم باری ناجێگیریەدا پێشکەش دەکات کە وەکو بوویەکی هەڵواسراو وایە لە بۆشاییدا.

لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ دێمەوە / گزنگێکی رێحانیم / لە خەڵوەتگای وەزەرینگ من زیکر دەکەم/ تەنێکی تەنکم / نیوەم هی ئێرەیەو / نیوەکەی دیکەم هی ئەوێ / من نە لەوێ پڕم / نە لێرە کامڵ / لەسەر رووبەری ئەو تێکەڵنەبوونە / سەرگوزشتەیەک دەمنووسێتەوە / عاشقێکم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ و وەزەرینگدا / بە دوای ئاوێتەبوونی دوو رۆحدا وێڵم /حزوری هەمیشەیی پیاوێکی نادیار / من بە دوای رۆحیانەتی تۆدا دەدەمە شەقەی باڵ./
لەم کۆپلەیەدا کە کۆتایی دەقەکەیە سنوورەکانی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا بە تەواوی لەسەر نەخشەی جوگرافیای دەقەکە دەکێشرێت و ئەمیش لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دێت و دەچێت، یان یەکلایی نابێتەوە بەوەی لە جەمسەرێکیاندا ئارام بگرێت و شوناسی یەکێکیان وەربگرێت. هەربۆیە لێرەدا کەسێک دەبینرێت بە دوو شوناسەوە، شوناسی رۆژهەڵاتی کە بۆ ئەو شوناسی بوونە، شوناسی رۆژئاوایی کە شوناسی وەرگیراو یان بەدەستهێنراوە. کە ئەم ناتوانێت دەستبەرداری هیچیان بێت. لە ئەنجامی ئەوەدا ئەم دابەش دەبێت یان پارچە پارچە دەبێت، کە دەشێت بە دابەشبوونی بوونێک یان کەینوونەیەک ناوببریت یان بە دابەشبوونی شوناس دابنرێت چونکە شوناس خاسێتی ئامادەبوون و بوونی ئەو بووەیە یان ئەو کەینوننەیە. ئاشکرایە هیچ ئازارێک بە ئەندازەی ئازاری دەبەشبوونی بوون یان شوناس ئازاربەخش نیە. ئێستا ئەمی شاعیر یان ئەو کەسێتیەی لەژێر ماسکی کاتریندا خۆی نیشان دەدات لەم پێگەیەو لەم باری دابەشبوونەدا دەژی. هەربۆیە لە هیچ لایەک ئارام ناگرێت و بەردەوام لە نێوان ئێرەو ئەویدا دێت و دەچێت، کە دەشێت ئەم هاتن و چوونە وەها لێکبدرێتەوە کە جەستە لەوێ بێت بەڵام بە خەیاڵ و هەست و یادەوەری لێرە بێت.
ئەم وەکو تەنێکی تەنک باسی خۆی دەکات کە کەرتبووە بۆ دوو نیوە، نیوەی لە رۆژهەڵاتەو نیوەکەی تری لە رۆژئاوایە. بێگومان هەروەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لە هیچ لایەکیان بوویەکی تەواو نیە. لە راستیدا تەنیا بوویەکی تەواو یان کەسێکی تەواو هەست بە بوونی تەواوەتی دەکات، نەک بوویەکی دابەشبوو، ئەگەرچی ئەمەش دەربڕینێکی گریمانەییە چونکە تەواویی هەموو بوونێک بە مرۆڤیشەوە رێژەییەو مرۆڤی تەواو، یان بوونی تەواو جۆرێکە لە وەهم. بەڵام ئەم ئەوە نییە بە سروشتی تەواو نەبێت، وەکو هەموو مرۆڤەکانی تر، بەڵکو ئەم بەو شێوەیەی هەیە جارێکی تر کەرت بووە، بەڵام کەرتبوونێکی رووکەش نا، بەڵکو کەرتبوونی جەوهەری، کەرتبوونی رۆح، کەرتبوونی هەست، کەرتبوونی تێڕامان و بیرکردنەوە، کەرتبوونی هەموو بوون بەهەموو رەهەندەکانیەوە، کە ئەوەش وەکو گوتمان ئازاربەخشترین بارە کە مرۆڤی تێ بکەوێت.
ئەم هەر ئەوە نییە بە بێ ئاگایی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا بێت و بچێت و تەنانەت ئاسودەش بێت، کاتێک کە دەتوانێت لە گەشتی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا تا ئەندازەیەک بە ئازادی بجوڵێت. نەخێر ئەم کەسێتیە بەو ئەندازەی لە ئاستێکی بەرزی هەستکردندایە بە کاریگەری کەلتوری و عەقڵی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەریەکە لە رۆژهاڵات و رۆژئاوا لەسەری، بەو ئەندازەیەش هوشیارو بەئاگایە لەوەی چۆن بوون و پێگەو ئامادەبوونی خۆی لە هەریەکەیاندا ببینێت و لەوەش تێدەگات کە دابەشبوون لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا چۆن لە لایەک رەگوڕیشەی لە رۆژهەڵاتیی لەق و لاوازکردووە بە جۆرێک ناتوانێت بوونی ئەوێ، واتە رۆژئاوا لەخۆیدا بسڕێتەوەو لێرە رەگوڕیشەی خۆی دابکوتێتەوە. هەروەک سەرباری ئەوەی کە توانیوێتی تا ئەندازەیەکی باش شوێن پێی خۆی لەوێ، واتە لە رۆژئاوا بکاتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی رەگوڕیشەی ئێرە، واتە رۆژهەڵات رێگای نادات بەتەواوی لەوێ لە رۆژئاوا رەگ داکوتێت و ئێرە، واتە رۆژهەڵات بەهەموو پاشخانەکەیەوە، واتە رابردوو، رەگوریشە، ئەسڵ، کەلتور، مێژوو، هەست، بیرکردنەوە، یادەوەری لەخۆیدا بسڕێتەوەو بەتەواوی لەوێ جێگای خۆی بگرێت. واتە دەستبەرداری جووت شوناسی ببێت کە شوناسی رۆژهەڵاتی و شوناسی رۆژئاواییە.
لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کەسی شاعیر دووچاری هەمان ئەو دابەشبوونە، یان ئەو جووت شوناسیە بووە کە بووەتە بنەمای رەخنەگرتنی زۆرێک لەو رەخنەگرانەی رۆژئاوا کە رەخنە لە ئیدوارد سەعیدی خاوەنی تیۆریی رۆژهەڵاتناسی و تیۆرییە ناوازەکەی دەگرن لەسەر بنەمای جووت شوناسی ئەم بیرمەندە رۆژهەڵاتیەی کە بە بۆچوونی رەخنەگرەکانی خاوەنی شوناسی رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییە. بێگومان دەستبەرداربوونی شوناسی رۆژهەڵاتی، کوردبوون، ژنبوون بە گوێرەی ئەم کەسێتە کە کەسێتی شاعیرە، دەستبەردابوونی ئەو دەگەیەنێت لە بەشێک لە بنەما سەرەکیەکانی بوونی خۆی وەکو بوویەکی ئامادەو خاوەن شوناس. ئاشکرایە لە روانگەی عەقڵ رۆژئاواو یۆرۆسێنتەر و عەقڵی ئەوی خۆبەباڵابینی رۆژئاواوە، رۆژهەلات وەکو ئەوی سەرەتایی و ناشارستانی و تووندوتیژو دواکەوتوو.. سەیردەکرێت. ژنبوون بە مانای ئەویترو رەگەزی دووەم و نزم و تەنیا جەستەو هۆکاری چێژی رەگەزی یەکەم سەیر دەکرێت. کوردبوون کە نەک رۆژئاوا، بەڵکو تەنانەت عەقڵ و سیاسەت و شارستانێتی رۆژهەڵاتیش دان بە بوونیدا نانێت، ئەوا لە روانگەی رۆژئاواوە مەگەر تەنیا وەکو قوربانی و لە روانگەی بەزەییەوە ببینرێت، کە ئەوەش لە رووی ئامادەبوون و شوناسەوە هیچ بەهایەکی نیە… هەموو ئەم خاسێتانەی کە رۆژئاوا دەیداتە پاڵ رۆژهەڵات، کە لە راستیشدا رۆژهەڵات ئەم خاسێتانەی هەن، هەموویان لە کەسێتی شاعیردا، یان لە رووبەری هەست و نەستیدا ئامادەبوونیان هەیە. واتە ئەو رۆژهەڵاتەی لە وەسفی رۆژئاوادا هەیە، بریتیە لە پاشخانی ئەم کەسێتەو ناتوانێت لەخۆیدا بیسڕێتەوە. ئەمی کەسێتی ئامادەی ئەم دەقە شیعریە کە خۆی بە کاترین ناودەبات، لە روانگەی رۆژئاواوە لەم بارە شلۆق و نائامادەییەدایەو خۆیشی هەست بە تێروانینی رۆژئاوا بۆ خۆی دەکات، کە بارێکی ئازاربەخش و خنکێنەرە، ئەمەش گەوهەری نائارامی رۆحی ئەم کەسیتەیە کە لە نێوان دوو کەلتوردا پارچەپارچە بووە.

ئەم چاوەڕوانی ئەوە ناکات کە رۆژهەڵات و رۆژئاو تێکەڵ بن، واتە لێرەدا رووبەرووی هەمان بۆچوونی رۆژهەڵاتناسی و تێگەیشتنی خاوەنی چەمکی رۆژهەڵاتناسی، ئیدوار سەعیدی نوسەری بە رەگەز فەلەستینی و جێگیربوو لە ئەمەریکا- رۆژئاوا-. هەڵبەت بە پێی چەمکی رۆژهەڵاتناسی هەگیز نەک تێکەڵاوبوون لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دروست نابێت، بەڵکو هاوتایی لە نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتدا دروست نابێت. رۆژئاوایەک کە وا سەیری خۆی دەکات ناوەندە، پێشکەوتنە، پەرەسەندنە، تەکنۆلجیایە، عەقڵە، بیرە، تێڕامانە، کارو پیادەکردنە، رۆژئاوایەک کە وەها سەیری خۆی دەکات هێزە، دەسەڵاتە، هەژموونە، دۆزەرەوەو ئاشکراکەری نهێنیەکانی گەردوونە، شارستانێت و مێژووە، هەموو ئەمانەش رەوایەتی ناوەندبوون و یەکەمبوون و سەروەرێتی جیهانی بۆ فەراهەم دەکەن، وەها سەیری رۆژهەڵات دەکات کەنارە، دواکەوتووە، پەرەسەندنی نیە، تاکو ئێستا کۆمەڵگای خێڵ و فیودالیە، لە دەرەوەی عەقڵە، سۆزو عاتیفەو هەڵچوونە، زەمینەی گوتاردان و مەوعیزەو ئامۆژگاری ئایینیە، لاوازو بێ دەسەڵات و بێ هەژموون و پاشکۆو بەکاربەرو بەکارهێنەرەو خاوەنی شارستانێتی نییەو لە دەرەوەی مێژووە، کە هەموو ئەمانەش وای لێ دەکەن کەنار یان پەراوێزی رۆژئاوا بێت و رۆژئاواش رەوایەتی هەبێت هەژموونی بەسەردا بکات و بە گوتەی خۆی بۆ ئەوەی بەرەو ئاستێکی باشتر بیگوازێتەوە. ئەمەش گەوهەری گوتاری کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوا بوو لە پەلاماردانی رۆژهەڵاتدا، کە ئامانجی سەرەکی ئۆرینتالیزم بوو. کە لەوەشدا باڵادەستی کۆڵۆنیالیستی رۆژئاوا- واتە هێزو هەژموون و دەسەڵات و عەقڵ و کەلتوری باڵا- سەپێندرا بەسەر ئێرەی رۆژهەڵاتدا- ئێرەی لاوازو بێ هێزو بێ هەژموون و دەسەڵات بەسەرداکراو، ئێرەی دەرەوەی عەقڵ و بیرو ئێرەی کەلتوری رۆژهەڵاتی، کەلتوری رۆمانسی و خەیاڵ. بێگومان بەم دوو پاشخانە جیاوزەوە ناشێت ئەم دوو جەمسەرە تێکەڵاو ببن.
ئەم کەسێتیەی لە دەقەکەدا ماسکی کاترینی پۆشیووەو نیگەران و ماندووەو کەرتبووە، هوشیارەو باش دەزانێت هیچ ئەگەرێکی تێکەڵاوبوونی جەمسەری رۆژئاوا / رۆژهەڵات نییە، بۆیە لەبەردەم مەترسی بەردەوامبوونی باری کەرتبوونی خۆیدا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا راماوەو وێڵ و نیمچە سەرگەردانەو دەشێت بەردەوام ئەم پرسیارە لەخۆی بکات: ئایا ئەم دوو جەمسەرە تێکەڵاو دەبن؟ ئایا رۆحی رۆمانسیانەو خەیاڵ و ئەندێشاوی رۆژهەڵاتی لەگەڵ رۆژئاوای مادی و رووتکراوە لە هەست و سۆزو خەیاڵ، رۆژئاوای عەقڵ و تەکنۆلجیادا تێکەڵاودەبن؟ ئەم وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی دەست ناکەوێت، هەربۆیە بەو ئەندازەی ئازارو ژانەکانی دابەشبوون رۆحی دەکرۆژن، بەو ئەندازەیەش سوورە لەسەر گەڕان بەدوای نەوایەک یان وارێکدا ئارامی تێدا بگرێت. تاکە شوێنێکی لەو جۆرەش تەنیا ئامێزی ئەوە، ئەو کەسەی کە لەژێر ماسکی هیسکلیفدا حەشاردراوە، کە بە بۆچوونی ئەو ئامێزێکی ئارامە. هەڵبەت دەشێت ئەو شوێنە ئامێزی هاوشێوەکەی هیسکلیف بێت، یان ئەو شوێنە بەرزاییەکانی ئەزمڕ، یان رۆژهەڵات بێت، واتە زێدو نیشتیمانی راستەقینەی ئەو، کە رەگوڕیشەی هێشتا لێرە لەم رۆژهەڵاتەو لە قوڵایی ئەم خاکەدایە. ئەم دەیەوێت بە فڕینی بۆ ئێرە لە ئامێزێکی هێوردا ئارام بگرێت و لە کەرتبوونی نێوان ئێرەو ئەوێ رزگاری ببێت.




به‌ره‌و نه‌مانی خۆشه‌ویستی… د. حیكمه‌ت نامیق

ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ربكه‌م توانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌ له‌سه‌ر ده‌می به‌جیهانیكردن و به‌ سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمه‌ڵگا، ڕه‌ه‌نگه‌ فۆڕم و جۆره‌كانی خۆشه‌ویستی له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌شه‌كردوی ئه‌قڵی تاڕاده‌یه‌ك جیاواز بێت له‌هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌دیدا، به‌ڵام به‌گشتی به‌پێی توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌كان خۆشه‌ویستی سۆزداری نێوان ژن و پیاو تواوه‌ته‌وه‌ یان ته‌واو وون بوه‌ له‌به‌رچه‌ندین هۆكار، ڕه‌نگه‌ به‌ سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمه‌ڵگا پشكی شێری به‌ركه‌وێت، چونكه‌ كاتێك خۆشه‌ویستی له‌هه‌موو شوێنێكی كۆمه‌ڵگا به‌رده‌ست بوو هه‌ركاتێك ویستت به‌ده‌ستی بێنیت ئه‌وا ده‌بێته‌ شتێكی هه‌رزان ده‌گۆڕێت بۆ كاڵاو مه‌ودا كورت ده‌بێت ئامانج و وه‌زیفه‌ی له‌ده‌ستده‌دات.

له‌مێژه‌ سۆسیۆلۆژیسته‌كان ئه‌وه‌یان به‌گوێی خوێنه‌ر داوه‌ كه‌وا خۆشه‌ویستی له‌سه‌رده‌می ئێستادا كۆتایی پێهاتوه‌ ، سێكس و ڕابواردن و چێژ وه‌ر گرتن شوێنی گرتۆته‌وه‌ بۆنموونه‌ كۆمه‌ڵناسێكی وه‌ك( باومان) له‌كتێبی( خۆشه‌ویستی شل) پێی وایه‌ كه‌ سێكس له‌سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه‌دا شوێنی به‌های خۆشه‌ویستی گرتۆته‌وه‌، ژنه‌ كۆمه‌ڵناسی فه‌ڕه‌نسی به‌ڕه‌گه‌ز مه‌غریبی (ئیڤا لۆز) له‌كتێبی (نه‌مانی خۆشه‌ویستی) ده‌لێ ئه‌وانه‌ی پێشتر یه‌كتریان خۆشده‌ویست ئیًستا یه‌كتر به‌جێده‌هێڵن ئه‌و له‌توێژینه‌وه‌كه‌یدا به‌تێرو ته‌سه‌لی ئاماژه‌ به‌ نه‌مانی چیرۆكی خۆشه‌ویستی ده‌كات و دان به‌وه‌ داده‌نێت كه‌ ژیانی خێزان و په‌یوه‌ندی رٍه‌گه‌زه‌كان پڕیه‌تی له‌ نائارامی و نا هۆگربوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیه‌كان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ توشی شۆك ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ هۆگریه‌ی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز یان به‌ومانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و ئازادیه‌ خودیه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌یكی ڕه‌سمی و كۆنتراكت گرێدراوه‌ تێیدا یه‌كانگیری خێزان ده‌كه‌نه‌ وه‌زیفه‌ی یه‌كتر هه‌روه‌ها له‌پێناو خێزانێكی ته‌ندروست كۆشش ده‌كه‌ن، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی له‌پێشودا پابه‌ندبونی ئه‌خلاقی نێوان دوو ڕاگه‌ز بوو بێت به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر ئه‌وا ئێستا به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ ئه‌خلاقیه‌ بزر ده‌بێ له‌نێودنیای سۆشیاڵ میدیا و به‌رخۆریزم و سه‌رمایه‌داری و ڕیكلامدا. كوردستان له‌سه‌رده‌می جیهانگیری ناژیت به‌ومانایه‌ی قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و خێڵایه‌تی و سه‌رمایه‌داری به‌ سروشتی تێپه‌ڕاندبێت ، به‌ڵام شه‌پۆلی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ كه‌به‌رهه‌می سیستمی سه‌رمایه‌داری و پڕۆژی به‌ جیهانگیریكردنی نیو لێبڕالیزمه‌ یه‌كسه‌ر به‌ بێ سێ و دوو به‌ بێ پشكنین و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر خێزان وكۆمه‌ڵگا هاته‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، خۆشه‌ویستی كرده‌ ماده‌یه‌كی لاستیكی شل خه‌ریكه‌ ئه‌و به‌ها جێگیره‌ی كه‌ هه‌بوو به‌ته‌واوی له‌ناوی ده‌بات، له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی كۆتایی تۆكمه‌و یه‌كانگیره‌وه‌ گۆڕی بۆ ماده‌یه‌كی شل هه‌ركاتێك بیه‌وێت ئه‌و وه‌زیفه‌ به‌هاییه‌ به‌یه‌كجاری پێدێنێت.به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌لته‌رناتیفێكی ماقووڵ بۆ ژیانكردن و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.




گرنگی و پێگەی مانگرتنی سەرتاسەری و مانگرتنی گشتی… دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

لەسەر بنەمای گفتوگۆیەک لەگەڵ بەرنامەی هێڵی خۆشگوزەرانی لە کەناڵی نوێدا کۆکراوەتەوە
حەسەن ساڵحی: حەمید تەقوایی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا چەند ساڵێکە جەخت لەسەر هاندانی مانگرتنی سەرتاسەری و پێکهێنانی مانگرتنی گشتی وەک دەستپێکی خەبات دەکاتەوە. وەک پرسیاری یەکەم، بۆچی ئەو جۆرە جەختکردنەوەتان هەیە و گرنگی ئەم پرسە لە ڕوانگەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانەوە چییە؟

حەمید تەقوایی: لە هەموو ناڕەزایەتی و تێکۆشان و هەموو شۆڕشەکاندا مانگرتن چەکێکی گرنگە کە خەڵک لە دژی حکومەتەکان بەکاری دەهێنن. مانگرتنەکان بەزۆری یان لە دەوری داخوازی تایبەت یان لە دۆخێکی قەیراناوی سیاسیدا، وەک دۆخی ئەمڕۆی ئێران، دژی تەواوی حکوومەتە. هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە مانگرتن راستەوخۆ لە دژی حکومەت دروشم بەرز نەکاتەوە، بەڵام کاتێک حکومەت رووبەڕووی قەیران و بنبەست دەبێتەوە، هەر مانگرتنێک بە هەر خواست و داواکارییەکەوە دەگۆڕێت بۆ هێرشی سیاسیی خەڵک. لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێراندا ئەم لایەنە سیاسییە تەنانەت لە ئاستی داخوازی و دروشمەکانیشدا دەبینرێت. ئەمڕۆ لە ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی دروشم بەرز دەکرێتەوە – نزیکەی هەموو هەڵمەت و مانگرتنەکان ئەم دروشمەیان هەیە – یان دژی هەژاری، دژی حەقدەستەکانی پێنج هێندە لە خوار هێڵی هەژاری، دژی بێ یاسایی، دژی گەندەڵی، تەنانەت دژی بەرپرسانی حکومەت، دژی سەرۆک، دژی وەزیر کار، دژی ئەم یان ئەو بەڕێوەبەر و خاوەنکار و هتد. ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی مانگرتنەکان لە چوارچێوەی داواکاری تایبەت تێپەڕیون و بوونەتە هێرشێکی سیاسی بۆ سەر حکومەت.
بە تایبەت لە بارودۆخی گرینگی کۆمەڵگای ئێراندا کە دەکرێ بگوترێ لە ساڵی ١٣٩٦ەوە بەردەوام بووە و بزووتنەوەی ڕوخاندنی خەڵک فراوانتر و هێرش بەرانەتر بووە، مانگرتنی کرێکاریش گەیشتووەتە لوتکە. بە بڕوای من لە هەلومەرجی ئێستادا پێکهێنانی مانگرتنەکان هەم تەواو کردەیی و هەم مومکینە و لە پرۆسەی ڕووخاندنی ڕژیمدا جێگەیەکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەیە. جەختکردنەوەمان لەسەر مانگرتن لەسەر ئەم هەلومەرجە بابەتی و راستەقینەیە دامەزراوە.

حەسەن ساڵحی: ئێستا هەندێ ناڕەزایەتی سەرتاسەریمان هەبوو، بۆ نموونە لە پیشەسازی نەوتدا، کە کرێکاران بەشێوەیەکی سەرتاسەری دەستیان بەمانگرتن کرد، هەروەها مامۆستایانیش ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەرییان هەبوو، هەروەها کەرتەکانی دیکەش لە شێوەی هۆشداری و کورتخایەندا مانگرتنی سەرتاسەرییان هەبووە. پرسیاری من ئەوەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری باسی مانگرتنی گشتی دەکات، چۆن دەکرێت ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە، ئەو مانگرتنانەی کە هەن، ببنە مانگرتنی گشتی؟

حەمید تەقوایی: سەرەتا پێویستەبەوردی بیر لەوە بکەینەوە کە مانگرتنی گشتی واتای چییە و لە ڕاستیدا مانگرتنی گشتی چۆن و بە چ میکانیزمێک ڕوودەدات. ئەزموونی شۆڕشەکانی جیهان و خودی ئێران، لە هەر شوێنێک ڕووبەڕووی مانگرتنی سەرتاسەری و بەرفراوان ببینەوە، ئەوە نیشان دەدات کە مانگرتنی گشتی مەرج نییە و بە گشتی لە دەوری یەک دروشم پێک بێت. وا نییە کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەک دروشم مانگرتن بکەن، بۆ نموونە ڕووخاندنی حکومەت، یان دژی سیاسەتێکی دیاریکراوی حکومەت یان دژی ئەم یان ئەو بەرپرسە حکومییە. بەگشتی ئەمە ڕوونادات. مانگرتنی گشتی بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، لەدەرەوەی ئەو کرێکارانەی کە بەزۆری لە پێشەنگی مانگرتنەکاندان، وەک خوێندکاران، فەرمانبەرانی حکومەت، بازرگانان، دوکاندار و کاسبکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بە هەمان شێوە مانگرتن دەست بۆ مانگرتن ببەن. ڕەنگە هەرکەسێک مافی خۆی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە شەپۆلێک لەم مانگرتنانە لە هەمان کاتدا ڕوودەدات، لە ماوەیەکدا لە کۆمەڵگایەکدا، بە واتای مانگرتنی گشتی دێت. ئەم مەرجانە ئاماژەن بۆ دوو ڕاستی: یەکەم: ناڕەزایییەکی گشتی لە دۆخی کۆمەڵگا هەیە، کێشەیەکی گشتی فشاری خستۆتە سەر هەموو کۆمەڵگا و خەڵک چیتر بەرگەی ئەو هەلومەرجانە ناگرێت، دووەم: چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک بەوئەنجامە گەیشتوون کە دەتوانن مانگرتن بکەن، دۆخەکە بگۆڕن. ئەمانە ئەو مەرجە گشتییانەن کە مانگرتنی سەرتاسەری و دواجاریش مانگرتنی گشتی دروست دەکەن. بەکورتی بەڕای من مانگرتنی گشتی بریتییە لە مانگرتنی هاوکاتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، کە سەرەتا لە دۆخێکی قەیرانی سیاسیدا ڕوودەدات و دووەمیش کاتێک ڕوودەدات کە هەر چینێکی کۆمەڵگا گەیشتبێتە ئاستێک کە نەتوانێت داواکارییە ڕەواکانی بەدەستی بهێنێت جگە لە مانگرتن. پێم وایە ئەم ڕێسایە لە شوێنی خۆیدایە و مانگرتنی گشتیش بە هەمان شێوە ڕوودەدات.

حەسەن ساڵحی: پێت وایە کۆمەڵگای ئێران لە ئێستادابەرەو پێهینانی مانگرتنی گشتی هەنگاو دەنێت؟ تاچەندئاسۆو زەمینەکانی پێکهێنانی مانگرتنی گشتی دەبینن؟

حەمید تەقوایی: پێموایە ئەو ڕەوتەی ئێمە شاهیدی دەبین دەریدەخات کە بەرەو مانگرتنی گشتی دەڕۆین. دەبینن ئێمە چەند ساڵێکە وەک پێشمەرجێک بۆ مانگرتنی گشتی جەخت لەسەر مانگرتنی سەرتاسەری دەکەینەوە و ئەمڕۆش خۆشبەختانە نموونەی مانگرتنی سەرتاسەری زۆرن. نموونەیەک مانگرتنی کرێکارانی نەوتە. لە دوو ساڵی رابردوودا بەشێكی زۆری كرێكارانی نەوت لە چەند شار و ناوەندێكی بەرهەمهێنان مانیان گرتووە، كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. پێشتر لە ساڵی ١٣٩٧دا مانگرتنێکی سەرتاسەریمان هەبوو لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگرەوە. مانگرتنی مامۆستایان نموونەیەکی دیکەیە. بۆیە دەکرێ بڵێین جەختکردنەوەمان لەسەر مانگرتنی سەرتاسەری ئەمڕۆ بۆتە واقیع و ئەمەش دەریدەخات کە ئێمە هەنگاوێکی گەورە لە مانگرتنی گشتی نزیکین. لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا بینیمان کە کرێکاران بۆ پشتیوانی لە چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هۆشداری مانگرتنیاندا، یان دایکانی داواخواز داوای مانگرتن دەکەن و باس و خواسی مانگرتن و بانگەوازی مانگرتن ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت ، و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ڕوو لەم بابەتە دەکەن. ئەم ڕاستییە هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پرۆسەیەی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا دەستی پێکردووە بەرەو پێکهێنانی مانگرتنی گشتی هەنگاو دەنێت.

حەسەن ساڵحی: تۆ باسی ئەوەت کرد کە پرسی هاوکاتی مانگرتن لە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی مانگرتنی گشتی و سەرەتای شەپۆلێکی مانگرتن بێت لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەو پرسیارەی کە دەوروژێنرێت ئەوەیە کە دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە یەک کاتدا مان بگرن، یان وەک ئێوە دەڵێن هەر بەشێک بۆ داواکارییەکانی خۆی. بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەبێت چی بکرێت؟

حەمید تەقوای: ئەم مانگرتنانەی چەند مانگی ڕابردوو و پێویستە لە ساڵی ڕابردوودا بگوترێ کە ئێمە شاهیدیین، جگە لەوەی سەرتاسەری بوون، ئەوانیش ڕێکخراون. واتە ئۆرگان و دامەزراوە و کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی ناو کۆمەڵگا ڕابەرایەتیان دەکەن. وەک ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەو سەندیکاکانی مامۆستایان، یانشوارای ڕێکخستنی مانگرتنی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، یان شورای کرێکارانی نەوت بەگشتی کە ساڵی ڕابردوو لە حەفەشجان گردبوونەوەیەکی شایستەیان ئەنجامدا، یان شورای هەفت تەپە کە ٥ هەزار کەسی تێدایە، هتد. بۆیە باسەکە تەنها لەسەر ئاستی سەرتاسەری نییە. هێزێکی گرنگی مانگرتنەکانی ئێستا ڕێکخستنە. ئەگەر ئەم ڕێکخراوبونە نەبوایە مانگرتنی سەرتاسەری مومکین نەدەبوو.
بۆ ئەوەی بەرەو مانگرتنی گشتی بڕۆین، هەمان ئەم ڕێکخراوانە و ئەم سەرکردە کردەییانەی مانگرتنەکان ڕۆڵی چارەنووسسازیان هەیە. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ئەم دامەزراوانە پاڵپشتی یەکتر بکەن، پشتیوانی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا بکەن- و نەک تەنها مانگرتنی دیکە، بەڵکو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و گردبوونەوەی خانەنشینان و هتد.. دەکرێت هۆشدارییەک بێت، دەتوانێت مانگرتنێکی چەند ڕۆژێک بێت ، بەڵام ئەوەی کە لە پاڵپشتی بەشەکانی تری کۆمەڵگایە، سیمایەکی گشتی پێدەبەخشێت و ڕێگە بە هەموو کۆمەڵگا دەدات سەرنجی خۆی بۆ خەباتێکی دیاریکراو ڕابکێشێت و ببێتە مۆدێلێک بۆ بەشەکانی تر.کە ئەوانیش دێنە مەیدانەکە.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە مەرج نییە مانگرتنەکان داواکارییەکی هاوبەشیان هەبێت، بەڵکو داواکاریگەلێک هەن کە لە ئێستادا هاوبەشن. بۆ نموونە با گریمانە بکەین کە مامۆستایان کاتێک خەبات دەکەن بۆ ڕیزبەندی یان بەرزکردنەوەی پلە و بۆ دابین کردنی بارودۆخی ژیانیان، ئەمە تەواو گونجاوە، هاوتەریبە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ خەباتی کرێکاران دژی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری. یان خەباتی خانەنشینان، تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە بارودۆخی ژیانەوە هەیە، رێک پەیوەندی بە پرسی مووچە و حەقدەستەوە هەیە. بەم مانایە، لە ڕووی بابەتییەوە، داواکاریگەلێک هەن کە لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسیان لێدەکرێت. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەم داواکاریانە تەنیا داواکاری مانگرتن نین، بەڵکو داواکاری ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی شارەکانە و هتد هەیە، پێویستە جەخت لەسەر ئەم داواکاریانە بکرێتەوە.
وە دواجار لەڕووی ڕێکخستنەوە پێم وایە پەیوەندی راستەوخۆ و نزیکی نێوان ئەم ئەنجومەنانە و ئەم لیژنانە و ڕابەرە چالاکەکانی بەشە جیاوازەکان یەکلاکەرەوەیە. دەتوانن خۆیان هەماهەنگ بکەن و لە هەمان کاتدا پەیوەندی بکەن. ئێستا كاتێك خانەنشینەكان داوای گردبوونەوە دەكەن، دەبینن مامۆستایان پشتگیریان دەكەن یان كەرتەكانی تر پشتیوانیان دەكەن، لە حاڵەتی مانگرتندا دەكرێت و دەبێ هەمان شت ڕووبدات. ئەمانە هەنگاوی کۆنکرێتین کە دەتوانرێت بەرەو مانگرتنی گشتی بنرێت.

حەسەن ساڵحی: ئێوە ئاماژەتان بەوە کرد کە مەرج نییە مانگرتنی گشتی لەسەر بنەمای یەک داواکاری بێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئاماژەتان بەوە کرد کە زۆرێک لە داواکارییەکان وەک یەکن و لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکدا باون، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم تاکە داواکارییە؟ ناتوانێت بنەما بێت بۆ بزووتنەوەیەکی گشتی لە شێوەی مانگرتنی گشتی لە هەموو کۆمەڵگادا؟

حەمید تەقوایی: داواکاری هاوبەش هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە شێوەی داواکاری تایبەتی هەر کەرتێکدا خۆیان نیشان دەدەن. پێم وایە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکەوە هەیە، بۆ نموونە مامۆستایان، ئەگەر پێشنیاری زیادکردنی مووچە و کرێکان بکەن، بەڵام پرسی خوێندنی بێبەرامبەر و ڕیزبەندیکردنی کارەکان کە مامۆستایان ناڕەزاین لێی، یان بەنا ئایدۆلۆژی کردنی قوتابخانەکان، کە داواکارییەکی مامۆستایانە، ئەگەر کەمی بکەیتەوە، سەرنجڕاکێشی مانگرتنەکە لە ناو خودی مامۆستایاندا کەم دەکەیتەوە. بۆیە لە کاتێکدا دروشمەکان تاکن و پێویستە جەختیان لەسەر بکرێتەوە، هەروەها گرنگە دروشمی تایبەت دابڕێژرێت کە هەر بەشێک داوای دەکات، بۆ ئەوەی جەماوەری کرێکار یان جەماوەری هێرشکراو لەو بەشەدا بهێنرێتە گۆڕەپانەکە و مانگرتن بکەن. بۆ ئەوەی مانگرتنەکە بەردەوام بێت و بەهێز بێت، پێویستە داواکارییە تایبەتەکانی ئەو کەرتە بەرز بکرێتەوە.
خاڵێکی تریش ئەوەیە کە بە ڕاستی دەبێ کۆمەڵگا لە هەڵمەتەکانی دژە وێرانکاریدا پێشکەوتنێکی زۆر بێت بۆ ئەوەی یەک دروشم بەسە بۆ کۆکردنەوەی هەمووان. تا ئێستا ئەو دروشمانەی کە لە ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی شارەکاندا هەمانبوو، کۆمەڵێک لەم داخوازییە تایبەتانە لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا دروشمی چەقۆی سیاسی وەک مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ ڕەئیسی و مەلا، بڕۆ ون ببەو هتد لە خۆپیشاندان و پشێوی شەوانە دەوروژێنرێت. ناکرێ چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە لەم هاوسەنگییەی ئێستای هێزەکاندا، کرێکاران یان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە ئاشکرا بە دروشمی بڕوخێ خوازییەوە مانبگرن. لەم دۆخەدا مانگرتن لە دەوری ئەمانە دروست نابێت، بەڵكو لە دەوری بژێوی و داخوازییە گشتیەكان، داخوازی مافی گشتی دژی گرانی، بۆ زیادكردنی کرێ و ئاسایشی كار و هتد، دەتوانن ببنە گشتی. لە هەمان کاتدا هەر بەشێک داواکاری تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن زۆر ترین بەشی کۆمەڵگە بەدای خۆتاندا بهێنن، پێویستە ئاماژە بەو داواکارییە تایبەتانە بکرێت. بەم مانایە مانگرتنەکان دەتوانن دروست ببن و فراوان ببنەوە.

حەسەن ساڵحی: ئەم مانگرتنانە لە هەندێک ناوەنددا ڕوودەدەن و دەبێتە هۆی داخستنی ناوەندەکانی کار، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە لە ئێران ناڕەزایەتی شەقاممان هەیە. هەندێک جار ڕۆژانە یان شەوانە. چۆن دەتوانرێت ئەمانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە تا بتوانێت هێزێکی کاریگەر بێت بۆ گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی؟

حەمید تەقوایی: ئەمانە شێوەی جیاوازی ناڕەزایەتین کە بەزۆری لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەدا لە یەک کاتدا ڕوودەدەن و لە ئێرانیشدا ئەمە دەبینین. ئێمە لە لایەک ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەر شەقامەکانمان هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە مانگرتن و خەباتی سەرتاسەریمان هەیە. وەک خەباتی کرێکاران یان مامۆستایان و خانەنشینان و هتد. ڕوونە کە لەگەڵ یەکتردا یەکدەگرن و یەکتر بەهێز دەکەن. بەڵام پێویستە جەختی تایبەت لەسەر ڕۆڵی مانگرتن بکرێتەوە، چونکە چەکێکە بۆ ئیفلیجکردنی تەواوەتی ماشێنی حکومەتە و لەڕووی دەسەڵاتی سەرکوتکردن و هتدەوە تا ڕادەیەکی زۆر ئەم دەسەڵاتە لە حکومەت وەردەگرێت.
دەبینن كۆماری ئیسلامی چەندین جار رووبەڕووی خۆپیشاندانی شارەكان بووەتەوە و بە قێزەونترین و دڕندانەترین كوشتار و هتد، یان بە دەستبەسەركردنی بەرفراوان و هتد بەهێزەکانی دژە یاخیبوون مامەڵەی لەگەڵ كردووە. بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ مانگرتنی کرێکاری یان مانگرتنی کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بکات. بۆیە مانگرتن چەکێکی باڵایە لەڕووی ئەوەی پێی دەوترێت هاوسەنگی هێز. لانی کەم لەم دۆخەدا کە ئەمڕۆ باسی دەکەین، بۆ ئەوەی هەموو کۆمەڵگا بجوڵێنین، دەبێت هانی مانگرتن بدەین و ئەمەش لە بەرامبەردا ڕۆحیە و توانا دەبەخشێت و دەبێتە مۆدێلێک بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە و نائارامی شارەکان. بەم مانایە مانگرتنەکان وەک پاڵپشت و بڕبڕەی پشتی ناڕەزایەتی شارەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.
دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە مانگرتنی کەرتی خزمەتگوزاری زۆر چارەنووسسازە. بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی، بۆ نموونە میترۆ، پاس، شەمەندەفەر، شۆفێری بارهەڵگر، کرێکاری شارەوانی و هتد. مانگرتنی ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵگا ئیفلیج ده‌کات و به‌م مانایه‌ حکومه‌ت ده‌خاته‌ ژێر گوشاری ته‌واوه‌ته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ بنبه‌ست و له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ پشتیوانی له‌م مانگرتنانه‌ و دژی کۆماری ئیسلامی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. هەروەها ئەمەش ڕۆڵێکی تایبەت دەدات بە مانگرتنەکان، بە تایبەت مانگرتنەکانی کەرتی خزمەتگوزاری.

حه‌سه‌ن ساڵحی: ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا بچێته‌ مانگرتنێکی گشتی وه‌ک ئێوه‌ باسی ده‌که‌ن، پێت وایه‌ ده‌توانێ کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بهێنێت و ببێته‌ هۆی ڕووخانی حکومه‌ت؟

حەمید تەقوایی: هیچ جۆرە خەباتێک بە تەنیا ناتوانێت ئەمە بکات، بەڵام مانگرتنی گشتی دەتوانێت گورزێک لە حکومەت بدات. كاتێك مانگرتنی گشتی هاوكات دەبێت لەگەڵ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی شارەكان- دڵنیابن لە هەلومەرجی مانگرتنی بەربڵاودا، بەدڵنیاییەوە گردبوونەوەی گەورەمان دەبێت، واتە ئەمە لە بۆشاییدا روونادات- لەم حاڵەتەدا، بە بۆچوونی من، کۆماری ئیسلامی لە كۆتایی ژیانی نزیک بووەتەوە. ڕوونە کە هەر شۆڕشێک ڕەنگە ببێتە هۆی خەباتی چەکداری. زۆر ئەگەری ئەوە هەیە کە خەڵک چەک هەڵبگرن، ئێمە ڕاپەڕینی شارەکانمان هەبێت، ئەبێت هێزە چەکدارەکانی حکومەت بێلایەن بکەین، هەموو ئەمانە ڕوودەدەن، بەڵام هەموو ئەمانە دەتوانن لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکدا کاریگەر بن کە لە دۆخی مانگرتندا بێت و لەحاڵەتی خۆپیشاندان بێت. بەگشتی دەمەوێت ئەوە بڵێم مانگرتنی سەرتاسەری لەم خاڵەدا کە ئێمە باسی دەکەین ئەڵقەی سەرەکین لە بەهێزکردنی خۆپیشاندانەکانی شارەکان و بەهێزکردنی تەواوی بزووتنەوەی ڕووخاندن دژی کۆماری ئیسلامی و دەتوانێت گورزێک بێت لە حکومەت. وەک وتم لە ڕووی هێزی سەرکوت و ئەو تاکتیکانەی کە دەیانەوێت پاڵ بەخەڵکەوە بنێن بۆ دواوە، ڕژێم لە بەرامبەر مانگرتن زۆر لاوازترە وەک لە دژی بۆ نموونە ئاژاوەی شارەکان و ئەمەش خاڵێکی بەهێزە کە گرنگییەکی زۆر بە مانگرتنەکان دەدات لەم بارودۆخانەدا.

حەسەن ساڵحی: سروشتییە کاری چالاکانی کۆمەڵایەتی، چالاکانی کرێکاری، و ڕابەرە کردەییەکانی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتی و کرێکاریەکان زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بەم خاڵە کاتێک مانگرتنی گشتی ڕوودەدات.

حەمید تەقوایی: خاڵی یەكەم یەكڕیزییە، سەیری خودی مانگرتنی گشتی بكە، كە بە واتای یەكڕیزیی بەشە جیاوازەكانی كۆمەڵگا بەشێوازێكی شەڕكردن دێت، ئەمەش بەدی نایەت، مەگەر ئەو كەسانەی لەو بزووتنەوانە ناڕەزاییانە تێوەگلاون، ئەو بەشە كرێكارییانە و ئەوانی تر بەشەکانی کۆمەڵگا، پێش ئەوە لەگەڵ خۆیان ڕێکدەکەون، گەیشتوونەتە هەماهەنگییەک، گەیشتوونەتە یەکێتییەکی پراکتیکی، تەنانەت گەیشتوونەتە لێدوان یان بانگەوازێکی هاوبەش. بۆیە یەکەم مەرج و گرنگترین مەرجی پێشوەختە بۆ ئەوەی ئێمە مانگرتنی هاوکاتمان هەبێت و دواجار مانگرتنێکی گشتی ئەوەیە کە چالاکوانان و ئەوانەی بەشدارن لە بزووتنەوەکاندا – کە وەک وتم ئێستا ناسراون و چالاکن و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر… پێکهێنانی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکاندا هەیە – ئەمانە یەکەم، ئەبێت بگەن بە کۆدەنگی، بگەن بە هاوئاهەنگی، لە داواکاری گشتیانەوە کە دەتوانرێت بخرێتە سەر مێز تا پشتیوانی لە داواکارییەکانی کەرتەکانی تر و تەنانەت بانگهێشتکردن و دانانی ڕۆژ و کات و شوێنێکی دیاریکراو بۆ مانگرتن، یاخود یاوەری مانگرتن و گردبونەوەکان بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان، مانگرتنی هۆشداری یان پشتیوانی، بۆ نموونە بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، ئازادکردنی ئەو خۆپیشاندەرانە کە مامۆستایان و هەموو کەرتەکانی کۆمەڵگا دەیانەوێت ئازادیان بکەن. زۆر گرنگە بگەینە ڕێککەوتن لە دەوری ئەمانە، بۆیە بانگەوازەکەم بۆ چالاکوانان و ڕابەرە کردارییەکانی ناڕەزایەتیەکان وبزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان لە نێوان کرێکاران، کرێکارانی نەوت، هەفت تەپە، پۆڵای ئەهواز ، کرێکارانی میترۆ، کرێکارانی یەکەکان، مامۆستایان، خوێندکاران، بزووتنەوەی دادخوازی، بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.بانگەوازی من بۆ ئەو کەسانەی کە بەشدارن لەم بزووتنەوەیانەدا ئەوەیە کە لە پەنایەکدا بوەستن و بگەن بە کۆدەنگی و هەماهەنگی بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی گشتی فراوان بۆ ئەوەی بتوانین گورزی کۆتایی لە کۆماری ئیسلامی بسرەوێنین.

٢١ی تەمموزی ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ ئامادەکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.
٢٣\٧\٢٠٢٢




میدیای خەواڵوو و نیشتمانێکی دڵشکاو… هۆمەر نۆریاوی

کورد بۆ پتر لە 25ساڵ دەچێت کە بۆ خۆی ئەو توانایەی دەست کەوتووە خۆی خودانەتی کەناڵێکی سەتەلایتی بکات یان بە واتایەکی دی،بۆ خۆی خاوەنی کەناڵی سەتەلایتی بێت(مەد تێ ڤێ،کۆتاییەکانی 1995ی زایینی). کەچی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە هەست بە پلانێکی وردی نەتەوەیی لە نێو هیچ کەناڵێکی کوردیدا ناکرێت. ڕۆژانە بە بەرچاو هەموومانەوە گوند و شار و شاخ و داخمان دەکەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی ناحەزانمان کەچی کەناڵەکانمان، جەماوەر هەر بە دراما،فیلم و ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانی وڵاتانی تا سەر ئێسقان دژە کورد و لە ڕاستیدا کوردکوژەوە لە خەو دەکەن.

کەناڵێکی وڵاتانی سەردەستم بۆ دەستنیشان بکەن تاقە بەرنامەیەک لەسەر ئەم گەلە بندەستە بڵاو بکاتەوە و ئەو ویژدانەی تێدا بێت ڕاستینەکانی ئەم نەتەوە ژێردەستە وەک خۆی بخاتە بەردیدەی بینەر و بەردەنگەکانی و تۆسقاڵە باسێک لەسەر مافە ڕەواکانی بێنێتە ئاراوە. ئەوەی ئەوان لەسەر ئێمە پیشانی بینەر و بەردەنگی خۆ دەدەن،ڕاست پێچەوانەی واقیعە و سەد هێندە تاڵ و تفتترمان دەکات بەڵام میدیای ئێمە ،ئەوەندە بەردەنگی خۆی خاسما توێژی گەنجی خوێندەواری گەمژاندووە هەتا لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەستەمووڵ ،تاران و قاهیرەدا دووی خەونەکانی بکەوێت.
تکایە بۆ ساتێکیش بووە هەڵوەستەیەک بکەن و لەمە زێتر خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن. کاتێک ئاستی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری نێوان ئێمەی کورد و ناحەزانمان هەر بەراوەرد ناکرێت و حسێبی سەرە دەزوویەکیشمان بۆ ناکەن و تەنیا یەکلایەنە وەبەر بۆردمانی میدیاییمان دەدەن،ئیدی ئەم هەموو ملکزکردن و نوشتانەوەیە بۆ؟!
ئێستا ڕوو لە هەر کەناڵێکی کوردی بکەیت تا دڵت بیەوێت بەناو وەرگێڕی ئەم زمان و ئەو زمانی تێدایە. دە با بۆ ساڵانێک خۆ لە دراما و فیلم و ڕیکلام بۆ بەرهەمی چرووک، بێبایەخ و تێکدەری وڵاتانی ناحەزی کورد پەڕ بگرین. وا بچێتە پێش سبەی گەنجی کورد بەرانبەر چاند و کولتوورەکەی خۆی بە تەواوەتی نامۆ دەبێت و لە نێو بەها و ڕەوشتە نزمەکانی ئەودیو فیلم و درامای ناحەزاندا نغرۆ دەبێت و ڕزگارکردنی زۆر زەحمەتە.
پرسەکە زۆر قووڵتر لەوەیە بکرێت بە وتارێک باس لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی بکەین. ئەمە ئەرکی بە ناو بنکە و ناوەندەکانی توێژینەوەی میدیایییە کە خێراتر بێنە نێو مەیدانەکە و باسکی مەردانەی بۆ هەڵبماڵن و دەرەنجامە هەژێنەرەکانی ئەم پرسە پڕمەترسییە بخەنە بەردەست دەستەڵاتی کوردی و لێرەوە سنوورێک دابنێن و چیدی بە بیانووی بەرنامەی بێ ناوەڕۆک،شکۆی نەتەوەیەک نەشکێنن. لەو لایشەوە دەستەڵاتدارانی کورد بە بۆ تاقە جارێکیش بووە لە جیاتی ئەو هەموو شان و قۆڵماچکردنەی بێگانەکان،لەم هەموو خەواڵووییە دەستکردە ڕاببنەوە و تۆسقاڵێک لەو گشت ڤیان و میهرەی بەرانبەر داپڵۆسێنەران دەکاری دێنن،بەرانبەر خودی نەتەوەکەیشیان بەو چەشنە میهرەبان بن.
دوا وتە ئەوەیە با وانەیەکیش لە مێژوو وەربگرین و سەرەڕای هەموو جیاوازیی و بگرە ناکۆکییە ورد و درشتەکانمان،لە هەندێک قۆناخی هەستیاردا پاڵپشت و پشتیوانی یەکدی بین و لە هەمبەر ناحەزانماندا یەکهەڵوێست بین.
وڵاتانی سەردەست گەر هەزار کێشە و ناکۆکیی ورد و قووڵیشیان لە نێواندا هەبێت، کاتێک پرسەکە ڕووی لە کورد بێت سێ و دووی لێناکەن و لە کوێی جیهان بێت بەتوندی دژ بە هەموو دەستکەوتێکمان دەوەستنەوە.

ئێمە هەزار جار لە خۆڵ و خوێندا دەگەوزێندرێن کەچی وەک پێویست دەنگمان دلێر نییە چونکە ناوماڵمان پەرتە و بۆ خۆ یەکگرتوو و یەکڕیز نین لێ دەنگی ناحەزانمان لە نێو خودی خاکەکەی خۆماندا وەک تۆپ لە دنیادا دەنگ دەداتەوە. بۆ؟
چونکە سەرەڕای یەکهەڵوێستبوونیان بەرانبەر کورد،خودی خۆیشمان شینی دنیایان بۆ دەکەین.
بەخۆدا نەچینەوە سبەی دەبینە بەرداشی مێژوو و هەڵەکان دیسانەوە لە زەرەری خۆ پاتە دەکەینەوە. پێویستە مرۆییانە هەڵسوکەوت بکەین بەڵام لە ناوماڵی خۆدا بە هەمان ڕۆحییەتەوە بەرانبەر گەلەکەمان هەڵسوکەوت نەکەین ئەم پرسە تەنێ وەک ڕووداوێک سەیر دەکرێت و سبەیش بە فەرامۆشی دەسپێردرێت. سەرەتا گەرەک لە هەمبەر خۆدا دڵسۆز و خەمخۆر و پەرۆش بین دواتر بەرانبەر بەوانەی هەڵوێستی مرۆیی و بڵند دەنوێنن.
میدیای کوردی نابێت شەرمنانە لە هەمبەر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیدا بجووڵێتەوە و نەتوانێت لە نێو ستۆدیۆکانی خۆی(لە کورستان)دا قسەی خۆی لە هەمبەر ناحەزاندا(وەک میوان،شارەزا و …)بێنێتە زمان. هەرگیز ئەو ڕۆژە بە چاو نابینین ناحەزان بە هیچ دەستکەوتێکی مە خەنی و خۆشحاڵ بن؛ئیدی با دەستبەرداری خۆشحاڵکردنیان بین و وەک چلۆن مامەڵەمان دەگەڵ دەکەن ئێمەیش بە هەمان شێوە بجووڵێینەوە.
دیرۆک و مێژوومان بە دڵخۆشکردنی ئەم و ئەوەوە تێپەڕی و چ دادیشی نەداین کەچی دڵشکاوی ڕاستینە نیشتمانەکەی خودی خۆمانە و ڕۆژانەیش بە بەرچاومانەوە دەتوێتەوە و بۆکڕووزیشی تا عەرشی عالا دەچێت!!




پێشبینییەکانی دوای تۆپبارانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ… فازیل شــەوڕۆ

گەرچی تورکیا لە ساڵی (٢٠٠٣)وە، ڕشتر لە جاران، بە هەموو هێز و چەک و توانایەکی سەربازیی خۆیەوە بەردەوام بووە لە هێڕش و پەلاماردانی باشووری کوردستان و بە سەتان سڤیل و گەریلایەکانی پەکەکەی کردووەتە قوربانی، بەدرێژایی ئەو ساڵانە حکوومەتی بەغدا، لە سەرکۆنەکردنێکی شەرمنانەی تورکیا بەولاوە فزەی لێوە نەهاتووە، بەڵام کوشتارەکەی هەوارگەی پەرەخ، لە ٢٠/٧/٢٠٢٢ کە (٣٢) سڤیلی باشوور و ناوەندی عیراقی کردە قوربانی، گڕکانێک هەڵچوون و توڕەیی و هەڕەشە و چالاکی شەقام و ڕێکخراوە مەدەنی و حکومییەکانی بەدوای خویدا هێنا، کە بێنەزیر بووە لە حەماسەت و جۆش و خرۆش و کاردانەوەدا. ڕاستە، تا بڵێی کارەساتەکە، تاوانێکی کۆمەڵکۆژیی بە ئەنقەستی ژن و لاو و منداڵی بیگوناحن و هەموومان بۆیان بە پەرۆشین، بەڵام گرژی و توندی و حەماسەتی جەماوەری تۆڕە و گەفی تۆڵەسەندنەوە لە تاوانکارانی تورکیا، جێگەی سەرنجی هەموو کەسێکە و چەندان پرسیاری بێ وەڵام هێناوەتە ئاراوە. هەیە لێکدانەوەکەی لەو بازەیەدا چرکردۆتەوە، کە چونکە قوربانییەکان (عەرەب)ن ، شەقام و حکوومەت وا دەروێشانە کەوتوونەتە جەموجۆڵ و کارو کاردانەوە، خۆ ئەگەر ئەوان (کورد) بوونایە، وەک تاوانەکانی دیکەی تورکیا پەردەپۆش دەکرا و بێدەنگ دەپێچرایەوە.
بۆیە، حەقمانە بپرسین، تۆ بڵێی، ئەو توپبارانەی هەوارگەی پەرەخ، پیلان و نەخشەیەک نەبێ بە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق و هەرێمی باشوور و تورکیا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان ئەنجام درابێ؟
پێش ئەوەی من، بۆچوون و پێشبینییەکانی خۆمتان عەرزکەم و ئەو پرسیارە وەڵام بدەمەوە، با ئەم سەرەقەڵەمانەتان بە بیربێنمەوە:
یەک: ئەردۆگان، پێش شەش مانگێک، لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، مووژدەی ئەوەی دا کە لە مانگی (ئایار)ی ئەمساڵ، ئاڵای تورکیا لەسەر لووتکەی قەندیل هەڵدەکەن و ئەفسانەی پەکەکە، هەتا هەتا کۆتایی پێ دێ.
دوو: لە بەیاننامەی لوتکەی جددە، لە نێوان جۆون بایدن و سەرانی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی میسر و ئوردن و عێراق، دەربارەی هەرێم هەر ئەوەندە گوترا:” ئەمن و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عێراق ئاواتی هەمووانە، هەمان شتیش بۆ هەرێمی کوردستان”
سێ: لە بەیاننامەی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و ئێران و ڕۆسیا، بە عەلەنی هەر یەک ڕستە ناوی کورد هاتووە، دەڵێ”ڕێگرتن لە سەربزێویی کوردەکان لەو ناوچەیەدا، بەرژەوەندیی هاوبەشی تورکیا و ئێرانە، بۆ سەرکووتکردنیان ئەوان درێغی ناکەن.”
چوار: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تۆپبارانەکەی هەوارگەی پەرەخ، یەکسەر حکوومەتی عێراقی و شەقامی باشوور و ناوەند و بەغدا، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە نێو داواکاری و درووشمەکانیانیدا ئەو (٣) داخوازییە بە گەرمی جەختی لەسەر کرایەوە: ١) کشانەوەی هێزی سەربازیی تورکیا لە باشوور، ٢) وەدەرنانی پەکەکە لەو ناوچەیەدا، ٣) گەڕانەوەی هیز و سوپای عێراقی بۆ خاڵە سنوورییەکانی باشوور.
پێنج: بۆ یەکەمینجار، ڕاستەوخۆ، بەبێ پەردە و پێچ و پەنا حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە ئەندامانی باڵای پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە)، زوو، بە دەنگێکی بەرز گوتیان:”تورکیا هەوارگەی پەرەخی تۆپباران کردووە و ئەو خەڵکە سڤیلەی کردووەتە قوربانی”.
شەش: تا ئەمساتە وەختە، تورکیا ئینکاریی دەکات و دەڵێ تیڕۆڕستانی پەکەکە، تاوانەکەیان ئەنجام داوە. بەهیچ شێوەیەکیش گلەیی لە (دۆستەکانی) ناکات کە چۆن، ئەو تاوانە دەدەنە پاڵ تورکیای بێ گوناح.
ئێستا، من وای بۆ دەچم، کە لە کۆبوونەوەکانی جددە و تاران، بە تایبەتی لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق ــ بە ئاگاداریی حکوومەتی هەرێم، ئەو نەخشەیە داڕێژرابێ:
((تورکیا ناتوانی بە هێزی سەربازیی کۆتایی بە پەکەکە بێنێ و دوایین شاڵاوی بۆ دەڤەری بادینان، تەواو شەکستی هێناوە و ساڵی دادێش هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئەنجام دەدەرێن، جا باشترین چارە ئەوەیە، بە هەمووان ،(تورکیا و عێراق و ئێران و هەرێم)، کارێک بکەن، پەکەکە، وەک چەکدارانی موجاهیدی خەڵقی ئێرانی، لە ناوچەکە دوورخەنەوە یان چەکیان پێدابنێن، بە ئاشتییانە بێ یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکەی گونجا. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ سوپای عێراق بچێتە هەموو خاڵە سنووریەکانی نێوان کوردستانی باشوور و تورکیا و ئێران. بەوەش سوپای ئەردۆگان بە ڕووڕەشی ناگەڕێتەوە ناو تورکیا و دەڵێن، سنوورمان ڕادەستی هێزەکانی بەغدا کردووە. بەرامبەر ئەوە، حکوومەتی بەغدا بە پشتیووانی ئێران و ئەمەریکا، بەڵێن بە حکوومەتی باشوور دەدەن، کە کێشەکانیان لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکەن و ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و کوردستان و ناوچەکە.
تورکیا بۆیە ئینکاری تۆپبارانەکە دەکات، تا شانۆگەرییەکە کۆتای نەیەت و پەردەی دووەم دەست پێبکات، ئەوەیش هاتنی سوپای عێراقە بۆ سەر سنووری کوردستان. خۆ ئەگەر تورکیا عزووربخوازێتەوە ئەوا شانۆگەرییەکە کۆتایی پێ دێ.
ئیمڕۆ، حکوومەتی هەرێمیش درکی بەوەکردوە، کە کێشەی پەکەکە بە شەڕ چارەناکرێ و ئەو هەموو خەڵک و گوند و زەوی و زارو ئاوایی و ڕەز و باخە، نابێ هەتا هەتایە، هەر لەناو دۆزەخ دابن. پەکەکەش ڕەنگ بێ ئامادەبێ ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکان ڕێکەوێت.. باری ناوخۆی هەرێمیش پێویستی بە ئاشتی و ژیاننەوە و خۆشی هەیە و خەڵک پر گلەییە.
ئەمە لێکدانەوەی منە، تۆپبارانکردنی هەوارگەی پەرەخ، بۆ جولاندنی کێشەکانە. لە ساڵی (١٩٧٣) میسر هێڕشی کردە سەر ئیسرائیل، نەک بۆ ئازارکردنی فەلەستین، بەڵکو بۆ جولاندنی مەسەلەکە… هەرواش دەرچوو، بووە دانووساندان و پێکهاتن.
من لە وتار و گوتاری سەرکردەکان، ڕاستەوخۆ یان لە نێو دێڕەکان، ئەو پێشبینییانە دەبینم کە لەسەرەوە باسم کردن.
بەومەرجەی لە عێراق کارەسات و ڕووداوێک سەرهەڵنەدا، ڕیسەکە بکاتەوە خووری، وەک دووبار بوونەوەی بۆمبەکەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان. یان درووست بوون کێشەیەک لە تورکیا یان ئێران.

فازیل شــەوڕۆ ــ دوبلن




خەتای کێییە؟… زانا ڕزاق   

سەرەتا زۆر کۆمەلگا هەن بوارانێکیشیان هەیە لەگەل بەڕێوەبەرانی و سەرپەشتیارانی ، لەهەمان کاتدا ئەوانەش بەهۆی یاسا و ڕێسای ئەو کۆمەلگایانە کار و پڕۆژە و شتانی تر جێبەجێ دەکەن ،بێگومان هەماهەنگیش هەیە .

خۆی ئەو ووڵاتانە و کۆمەلگایانە مرۆڤ وەک مرۆڤێکی ئەخلاقی کار دەکات یانی لە پێشتر کارەکە ئەوجا هەقی ماندووبوون و مادییەکە ،ئەوەش پەیوەندی بەئاستی تێگەیشتن و پەروەردەوەیە ،کاتێکیش ئاوا کار بکەن  و بزانن بۆچی کارەکە دەکەن ئاوا ئەنجام بەهۆی بۆچییەکە دەردەکەوێت.

یانی کاتێک بۆڕی ئاو چەندینجار دەشکێ  دەبێ بزانین ئەوە کێشە لە بەڕێوەبەرانی ئەو کارە و  پڕۆژەیە هەیە لەگەل کەمتەرخەمی لە چاودێری و نەبوونی سزا بەهۆی یاسای باشەوە چونکە، یەکەم پڕۆژەکە بە ملمڵانێ نەدراوەتە کەسەکە ئەویش بە ئارەزووی خۆی کار دەکات چونکە ترسی نیە ئەگەر خراپ کار بکات و ئەنجام خراپ بێت ئەوا پڕۆژەکانی لەدەست نامێنێت دەبێتە پڕۆژەی ئەوەی کار و پڕۆژە بە باشی دەکات.

دووەم چونکە ئەوانە پارەی زۆر لایان گرنگترە لە کارەکە هەر بۆیەش زوو زوو خراپ و تێدەچن یان کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێ.

سێیەمیش کاتێک بۆڕی یان هەر شتێکی تر وەک قیرتاو کردنی شەقام ،یان هەر شتێکی تر زوو خراپ و تێکدەچێ ئەوا زیاتر ئەوانە بۆ قازانجی زۆر کار دەکەن، کاتێکیش بۆ قازانجی زۆر کار بکەن ئەوا شتی هەرزان و خراپ  دەکڕن نەک بچن شتی ئەسلی و باش بکڕن ،بۆیە ئاوای لێدێت .

ئیدەی  ئەگەر بۆڕیەک دە جار بکشێت ئەوا دەبێ هەقی دەجار چاکردنەوەی بدەیتە ئەوانەی چاکی دەکەنەوە ،بێگومان بۆ هەموو شتەکانی تریش ئاوایە بەڵام کاتێک تۆ بۆڕیەکی چاک و باش یان بۆ هەر شتێکی تر لە شوێنەکە دادەنێی ئەوا خەرجی داهاتووشی کەم دەبێ چونکە زیانی زۆر نابێت و زۆر خراپ نابێ بەس ئەگەر خراپت دانا ئەوا زۆر خراپ دەبێ.

لەکۆتاییدا ئەو دوو جۆرە کامەی باشترە؟

22 7 2022




پاڵەوانێك لە دەرەوەی مێژوو… شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

دەردە دڵێك.. بۆ گیانی پاڪی ( مامۆستا عەزیز گەردی ) مامۆستاو برای ڕوحیم .
سەرەتای مانگی /٧ /٢٠٢٢ هەولێر

لە ئەفسانەیەڪی هاوبەشی ئازەری و ڪوردی دا پاڵەوانێك هەیە بە ناوی ( دومرلە سەرشێت ) ، ئەو پاڵەوانە وەختی مردنی دێت ، عیزرائیل لە شێوەی ڪۆتر لێی دێتە ژوورێ ، دومرلەسەرشێت دەیناسێتەوە و ڕادەڪێشێتە شیمشێری و دەڵی : هێی ..عزرائیل نەڪەی لێم بێیتە پێش دەنا بەم شمشێرە باڵت دەپەڕێنم ، من هێشتا زۆرڪارم ماوە بیانڪەم ! تۆ بڕۆ ڕوحی ئەوانە بڪێشە ڪە ڪارناڪەن ! یان ڪاردەڪەن و زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن ! بڕۆ ..بڕۆ ڕوحی ئەوانە بڪێشە ڪە خۆشی خۆیان لە بەد بەختی ڪەسانی تردا دەبێنن !! من زۆر ڪارم ماوە بیانڪەم ! مامۆستا ( عەزیز گەردی ) ش زۆر ڪاری مابوو بیانڪات .
**
پاڵەوانێك لەدەرەوەی مێژوو..
مێژووێك
ڕووی نەداوەو نە نووسراوەتەوە
مێژووێك
نە بیستراوەو نە خوێندراوەتەوە
مێژووێك
لە هیچ مێژووێك ناڪات
لەو مێژووەوە دا
پاڵەوانێك هەڵڪەوتووە
لە هیچ پاڵەوانێك ناڪات
پاڵەوانێك
نە شمشێری دەم تیژی هەیە
سەران بپەڕێنێ
نە ڕمی نوك تیژی هەیە
ئەسپ و سوار پێڪەوە بسمێ
نەگورزی گرانی هەیە
دیواری قەڵایان بڕوخێنێ و وڵاتان داگیر بڪات
پاڵەوانێك
نە ڪیشوەران گەڕاوەو
نە لە دەریایان پەڕیوەتەوە
پاڵەوان چەندین قەڵای داگیرڪرد
**
پاڵەوانێك
لەماڵێڪی سادە
لە دایك و باوڪێڪی سادە
لە گوندێڪی سادە
لە ( بەحرڪە )یەڪی سادەتر(١)
بە سادەیی پێی خستە سەر زەوی
بەسادەیی زمانی گرت
بە سادەیی گەورە بوو
بەسادەیی زمانی دایك و باوڪە سادەڪەی فێربوو
هەر بە سادەیی
بە بەرزترین پلەی بەرزیی گەیی
**
پاڵەوانێك
زمان..نا
بنزاری بنزار
بنزاری دایك و باوڪە سادەڪەی
ڪرد بە چەڪی ژیان
بە چەڪی بەرگری
بە چەڪی تێڪۆشان
پاڵەوان ئەم چەڪەی ڪرد
بە چەڪی بەرگری لە میللەتەڪەی
بەو چەڪە بەگژ داگیرڪەر داهاتەوە
**
پاڵەوان ..ئەو زمانە بنزارەی ڪرد
بەزمانی شیعر
بەزمانی ئەدەب
بەزمانی زانست و لێڪۆڵینەوە
لەو زمانە قەڵایەڪی دروستکرد
قەڵایەك بەڪەس داگیر ناڪرێ
قەڵایەك بە هیچ ڪەس ناڕوخێ(٢)
قەڵایەڪ.. ئیتر بوو بە مێژوو
مێژووێك لەدەرەوی مێژوو
قەڵایەك دەستڪردی پاڵەوانێك
پاڵەوانێك لە هیچ پاڵەوانێك نەچوو
پاڵەوانێك لەدەرەوی مێژوو
مێژووێك لە دەرەوەی ڕوودان


پاڵەوانێك
لەسەرەتاوە پرسی بەڪەس نەڪرد
چاوی لە ڪەس نەڪرد
پشتی بەڪەس نەبەستا
پاڵەوانێك لە ڪەسی نەدەڪرد
هەر خۆی خۆی بوو پاڵەوان
پاڵەوان
پاڵەوانی مێژووێك بوو
لە هیچ مێژووێڪی نەدەڪرد


پاڵەوانێك
پاڵەوانێڪی ئەفسانەیی نەبوو
پاڵەوانێڪی بەرچاو بوو(٣)
ئەفسانەیەڪی پاڵەوان بوو
پاڵەوانێڪی بەرچاو
پاڵەوانێك لە دەرەوەی مێژوو
بەرچاوێك لە دەرەوەی ئەفسانە


ئەو پاڵەوانە
مرۆڤێك بوو لە پاڵەوانیەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێك بوو لە مرۆڤایەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێك بوو لە خزمەتڪردن دا
ئەو پاڵەوانە
خزمەتڪارێك بوو لە پاڵەوانیەتی دا
**
پاڵەوانێك
بەتەنیا هات و
بەتەنیا ڪاری ڪردو
بەتەنیاش ڕۆیشت
تەنیاتر لە تەنیایی
جێی هێشتین
بەرەو تەنیاییەڪی تر
**
پاڵەوانێك تەنیاو تەنیا
نا .. پاڵەوانێك لەشڪری وشەی لەبەردەست بوو
ڪێوی زمانی لە پشت بوو
پاڵەوانێك خاوەنی دەریای ڪلتوور بوو
پاڵەوانێك لە خەلوەتی خوێندنەوەو
لە ڪێڵگەی نووسینەوە
لە خەرمانەی بڵاوڪردنەوە دابوو


پاڵەوانێك بەسادەیی ژیا
بە سادەیی دەیخوارد
بە سادەیی دەیپۆشی
بەسادەیی دەژیا
بەسادەیی ڪاری دەڪرد
بەسادەیی داهێنانی دەڪرد
بە سادەیی قەڵای وشەی هەڵنا
قەڵایەك بە هیچ دیڪتاتۆرێك داگیرناڪرێ
بە هیچ بۆمبێك ناڕوخێ


پاڵەوانێك چەندین قەڵای داگیرڪرد
قەڵای زمان .. بەسادەیی
پاڵەوان پردی لە نێوان زمانەڪان دروستڪرد
پردی وشە
پردی ڪتێب ..
پردی وەرگێڕان
پاڵەوانێك بەسادەیی
وەرگێڕانی ڪرد بە وەرگێڕان
لێڪۆڵینەوەی ڪرد بە لێڪۆڵینەوە
پاڵەوانێك .. ڪۆڪردنەوەی ڪرد بە ڪۆڪردنەوە
پاڵەوانێك .. ڪۆڪردنەوەی ڪرد بە ڪتێب


پاڵەوانێك
ڪە دەچووە مەیدان
لەسەر لبادێڪی ڕووت
شانی دەخستە سەر بالیفێڪی تووك
لاپەڕەی سپی نە نووسراو
خۆی لە بەردەم نەدەگرت
وەك لەشڪرێڪی هەرگیز نەشڪاو
**
پاڵەوانێك
پێش ئەوی بمرێ
ئەو مەرگی ڪوشت
ئەگەر مردن نەمانی – جەستە – یە
ئەو ئاوی زیندووێتی – ناو – ی ڕشت
پالەوانێک پێش ئەوەی بمرێ ئەو مەرگی ڪوشت
**
پاڵەوانێك
عاشق .. عاشق تر لە هەرچی عاشق هەیە
عاشق بە وشە
عاشق بە ڪلتوور
عاشق بە زمان
پاڵەوانێك
عاشق ..عاشق تر لە هەرچی عاشق هەیە
عاشق بە نووسین
عاشق بە ڪتێب
عاشق بە وەرگێڕان
پاڵەوانێك یەڪەمجارە- داستانی عەشقی وشە – ی داهێنا
**
پاڵەوانێك
مامۆستای هەموو پاڵەوانان
مامۆستای هەموو مامۆستایان
مامۆستای هەموو نەوەڪان
پاڵەوانێك
مامۆستای هەموو پاڵەوانەڪان
پاڵەوانی هەموو مامۆستایان


پاڵەوانێك
ڪۆمەڵگا
مەدالیای شێتی ڪردە مل
عاقڵانە بەردەوام ڪاری داهێنانی دەڪرد
ڪۆمەڵگا
گۆشەی تەنیایی بۆ هەڵبژارد
عاشقانە بەردەوام بەڪۆمەڵ ڪاری دەڪرد
**
پاڵەوانێك
مێژوو دروستی نەڪرد
ئەو مێژوی دروستڪرد
مێژووێك
لە هیچ مێژووێك نەدەچوو
مێژووێك ڕووی نەداوە
مێژووێك نەنووسراوەتەوە
مێژووێك نەخوێندراوەتەوە
مێژووێك لە دەرەوەی مێژوو
**
پاڵەوانێك
چاوی بەسەر لاپەڕەی خوێندنەوە بوو
پەنجەی بە سەر وەرگێڕانی لاپەڕە بوو
دەستی لە گەرمەی چاپ دا بوو
عێزڕائیل بە شێوەی ڪۆتر نا
بە هەناسەیەك هەناسەی مەرگ
لە دەمیەوە چوو
لە لووتیەوە هاتە دەرەوە
پاڵەوانێك هێشتا ڪاری زۆری مابوو
ئەو پاڵەوانە عەزیزێڪی بێگەرد بوو
(گەردی )یەڪی پڕ عەزیز بوو(٤)
ئەو پاڵەوانە عەزیز بوو
ئەو پاڵەوانە لەدەرەوەی مێژوو بوو
ئەو پاڵەوانە ( عەزیز گەردی ) بوو
ئەو پاڵەوانە هه ر خۆی خۆی بوو
ئەو پاڵەوانە لە هیچ پاڵەوانێك نەدەچوو
**

تێبینی :
(1) بەحرڪە .. زێدی لە دایڪبوون و ژیان و نووسین و مەرگی مامۆستایە .
(2) لەم دێرە شێعرەدا بۆنی شیعرێڪی (فیردەوسی) دێت ڪە لە پەسنی ( شاهنامە ) دا دەنووسێ : ( قەڵایەڪم لە وشە دروستڪردوە بە باوباران لە نێو ناچێ )
(3) بەرچاو : من ساڵانێڪە ( بەرچاو ) لە بەرامبەر وشەی (واقیع) دا بەڪاردەهێنم .
(4) عەزیزگەردی : مامۆستا هه رچەندە نازناوی ( گەردی) لە ناوی ئەو عەشیرەتەوە وەرگرتووە ڪە خۆی سەربەو عەشیرەتەیە ، بەڵام؛ بە هیچ شێوەیەك لە ژیانی دا (خانی) مەزن گوتەنی: ( تەعەسوبی عەشیریی ) نەبووە، هەمیشە مرۆڤێڪی ڪـــــورد بوو




كۆڕه‌وی ته‌نیایی… ستار ئه‌حمه‌د

 

له‌ تیشكا خۆم بزر ده‌كه‌م
له‌ كه‌ناری ئه‌ستێره‌یه‌كا
ده‌چمه‌ تابلۆی تاریكییه‌وه‌
شه‌وه‌زه‌نگ ده‌مداته‌ ده‌ستی بێده‌نگی
په‌لكێشم ده‌كات , بۆ خۆزگه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی
رامووسان له‌ چرپه‌ی خۆر ده‌چنن
كانیه‌ك ماچده‌كه‌ن
لێویان له‌ ده‌روونی ته‌رمده‌كه‌وێ
ئه‌م هه‌واره‌ ره‌جمكراوه‌
چاوگی ئه‌نفال‌و ژه‌هرو خۆینه‌
بۆیه‌ گه‌واڵه‌یه‌ك به‌ سه‌رما بگرمێنێ
ده‌روونم بریسكه‌ ئه‌دات
گلێنه‌م ده‌بێته‌ قه‌زوانی سووتاو
به‌ بێده‌نگی له‌ ته‌نیایی ئاسمان ,
ژاكانی خاك ,
به‌ربوونه‌وه‌ی روحی ئه‌ستێره‌كان
زریانێك ده‌كه‌مه‌ كه‌پر ,
باڕه‌شتێك ناسنامه‌م لوولده‌دات
سه‌رابێك په‌نجه‌كانم ده‌كا به‌ گژی ده‌ستما
سه‌به‌ته‌یه‌ك له‌ هێشووه‌ وشه‌
له‌ سینه‌مدا ده‌ته‌قنه‌وه‌
ئه‌ی شنه‌ی ئارام‌و خوواوه‌ندی جوودایی
له‌ نێو سه‌مفۆنیای بێده‌نگیا
به‌ پاكی ئاشنامبكه‌
گڤه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ هه‌ناوما شیكه‌ره‌وه‌
چیتر مه‌مده‌ره‌ ده‌ستی قه‌ده‌ری ئاوه‌وه‌
له‌ ژوانگه‌ی خنكانێكا به‌ مردن بسمیلمكه‌
من له‌ گوناه‌ هه‌ڵكێشراوم
له‌ به‌رائه‌ت ده‌سرازه‌یان بۆ چنیوم
تازه‌ له‌سه‌دا تێناگه‌م
ماڵه‌كه‌م له‌ گۆڕی غه‌ریبان كپتره‌
له‌ كوێ له‌م سه‌فه‌ری عه‌شقه‌
به‌ گرمه‌ی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هه‌ور ,
ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك رادێم
به‌ حه‌وت ئاسمانه‌وه‌ , له‌ شیله‌ی حه‌زێكا دانامركێم
بۆ به‌م سووتانه‌م له‌ خۆرم نزیكده‌كه‌یته‌وه‌
له‌ به‌رامه‌ی گڵ‌و باران دامده‌بڕێنی
ئه‌م عومره‌م له‌ خه‌ڵوه‌تی ده‌روێشان درێژتره‌
ئیتر بۆ ده‌فی دڵم ئه‌ده‌یت به‌ شانی رووباردا
به‌رامبه‌ر زریان‌و ره‌هێڵه‌ یه‌قینم پێده‌دوڕێنی
من دڵنیام , ئه‌م هه‌وره‌ پاڵتۆی گژو گیایه‌
چیاش برسێتی به‌ كوڵمی ئاونگێك ده‌سپێرێ
دیرۆكی ئێمه‌ی نوسیوه‌ته‌وه‌
له‌ باده‌ی شه‌ودا ده‌نگه‌كان به‌ گوێمانا ده‌دات
بۆیه‌ له‌ خۆم بێزار بم , ترس ده‌بێته‌ زایه‌ڵه‌ ,
كۆڕه‌وی ته‌نیایی به‌ ده‌روونمدا ده‌گوزه‌رێنێ
په‌لكه‌زێڕینه‌ روومه‌تم ده‌كاته‌ په‌راوێزی تابلۆكان
پاشماوه‌ی ده‌نگه‌كان ئامێته‌ی روحم ده‌بن.

ستار ئه‌حمه‌د




بەتوندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیـیە تیرۆریستیـیەی حکومەتی ئەردۆگان و سوپاکەی دەکەین بەرامبەر گەشتیاران لە هاوینەهەواری (پەرەخێ).

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ئەمڕۆ (٢٠-٧-٢٠٢٢) حکوومەتی ئەردۆگان و هێزە سەربازیـیەکانی کۆمەڵکوژیـیەکی تری تیرۆریستیـیان لە دژی دانیشتوانی سڤیل لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ئەمجارەیان لەسەر هەمان ڕێچکەی داعش و ئەلقاعیدە، دژی گەشتیارانی بێتاوان و منداڵەکانیان کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە هاتبوون بە هیوای چەند ڕۆژێک چێژوەرگرتن لە کەش و هەوایەکی سەلامەت لە هاوینەهەواری (پەرەخێ) لە زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، لە ئەنجامدا هەشت هاوڵاتی گەشتیار گیانیان لەدەستدا کە مناڵیشیان لەناودایە و بیست و چوار کەسیشیان بریندار بوون.
هەر لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، هێزە سەربازیەکانی تورکیا و بنکەکانی لە هەرێمی کوردستاندا جێگیربوون و بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان دژی هاوڵاتیان؛ لە ڕێگەی هەڵمەتی سەربازی و بۆردومانی تۆپخانە و پەلاماری ئاسمانی بۆ سەر گوند و شارۆچکە جیاوازەکان و زەویوزاری ناوچەکە، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی تۆڕێکی ئەختەبوتی لە سیخوڕ و بەکرێگیراو لە لایەن حکومەتی تورکیاوە لە ناوچەکە و ئەنجامدانی تیرۆر، هەموو ئەمانە بە بیانووی شەڕ دژی پەکەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەم حیزبە لە ناوچەکەدا.
ئەوە ستڕاتیژی فراوانخوازانەی سەربازی دەوڵەتی سەرمایەداری تورکیا و حکومەتە ناسیۆنالیستە – ئیسلامی و شۆڤێنیستیـیەکەی ئەردۆگان و بەرژەوەندیـیە جیۆ-پۆلەتیک و جیۆ-ئابوریـیەکانیـیەتی کە لە پشت ئەم کردە سەربازیـی و دەستێوەردانانەیە، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە لیبیا و سوریا و لە زۆر وڵاتی تری ناوچەکەش.
دەستێوەردانی دەوڵەتی تورکیا لە عێراق و پەلامارە سەربازیەکانی و تاوانە قێزەون و ئاشکراکانی لە پشتیوانیکردنی داعش و هێزە تیرۆریستیـیەکانی تر، تەنیا درێژکراوەی ئەو سیاسەتە فراوانخوازە ئیمپریالیستیـیەن، کە نەک هەر وا دەڕوانێت بۆ مەیدانی سیاسیی عێراق و قەیرانە خنکێنەرەکەی کە هەلێکی گونجاوە بۆ دەستێوەردان، بەڵکو وەک باقی هێزە ناوچەیی و ئیمپریالیستییەکانیش لە پێشبڕکێیەکی دڕندانەدایە بۆ دەستکەوتی ئابووری و هەژموونی سیاسی و سەربازی لە سەراسەری عێڕاقدا، ئەویش لەسەر حیسابی بەکۆیلەکردنی سیاسی کۆمەڵگا و بەهەژارکردنی جەماوەر.
ڕێگریکردن لە دەستێوەردان و تاوانەکانی تورکیا لە عێراق، هەروەها ڕێگریکردنیش لە دەستێوەردان و ئەنجامدانی تاوان لە عێڕاقدا لە لایەن باقی وڵاتانی تری ئیمپیریالیستی و ناوچەیی وەک ئەمریکا و ئێران و سعودیە و هاوشێوەکانیان، بەندە بە بەهێزکردنی خەباتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری و هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بەم سیستەمە سیاسیـیە گەندەڵەی ئێستا لە عێراقدا.
ئەمە و لە تورکیاش ڕێگای ڕزگاری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان لە کۆت و بەندی سەرمایەی تورکی و نوێنەرە سیاسیـیە فاشیستەکانی، بریتیـیە لە ئاراستەکردنی نوکی ڕمی خەباتیان دژ بە دەوڵەتی بۆرژوازی تورکیا و حکومەتە ناسیۆنالیستە-ئیسلامیـیەکەی و دژ بە سەرکەشی و تاوانە سەربازیـیەکانی لە دەرەوەی سنورەکانی.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) لە کاتێکدا سەرەخۆشی گەرم و دڵسۆزانە لە کەسوکاری گیانبەختکردوانی ئەم تاوانە تیرۆریستیـیە دەکات، و هاوبەشی ئازارەکانیانە لەم کاتە سەختەدا، بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە تاوانکاریـیە بە ئەنقەستەی حکومەتی شۆڤێنیستی ئەردۆگان دەکات لە هاوینەهەواری (پەرەخێ)، هەروەها ئیدانەی هەڵوێستی شەرمەزارانەی حکومەتی عێراقیش دەکات لەئاست ئەو تاوانەدا.
ئەمە و (ڕێکخراوی بەدیل) داوا لە جەماوەری عێراق دەکات دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕن دژ بەم تاوانە قێزەونە، وە بانگەوازی جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازیش دەکات لە تورکیا کە ڕووبەڕووی تیرۆری دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ئەو تاوانەشی لە (پەرەخێ) بوەستنەوە.

٢٠ ی تەمموزی ٢٠٢٢